سەرۆکی حکومەتی ھەرێم: دەستبەرداری یەک مافی دەستوری خۆمان نابین

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: "پێویستە هێزو لایەنەکان و خەڵکی کوردستان بە گشتی، بەهەمان گوڕ و تینی کاتی ڕاپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە ڕەواکانیان بکەن کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون".
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا داوای لە هەموو هێز و لایەنەکان و خەڵکی کوردستان کرد بە "هەمان گوڕ و تینی کاتی راپەڕین، بەرگری لە دەسکەوت و مافە رەواکانیان بکەن کە بە خوێنی هەزاران شەهید بەدەست هاتوون".
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، "ئێمە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە، کە بە هەموو شێوەیەک، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی خۆمان دەکەین و کوردستان وەک نموونەیەکی گەشی پێشکەوتن و ئاوەدانی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گشت پێکهاتەکان دەمێنێتەوە".
هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە داوە، "راپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی و خواست و پەیامی بەهێزی گەلی کوردستان بوو لە رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستی، کە لە ئەنجامی یەکگرتوویی و یەکڕیزی سەرجەم خەڵکی کوردستانیش بە گشت پێکهاتەکانییەوە، توانرا دەسکەوتی مەزن بەدەست بهێنرێت و گەلی کوردستان، ببێتە خاوەنی دامەزراوە دەستوورییەکانی و بۆ داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێت".
رۆژی 05-03-1991 خەڵکی رانیە لە دژی رژێمی بەعس راپەڕین، دواتر ئەو راپەڕینە هەموو شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانی گرتەوە و بووە هۆی ئازادکردنی بەشێکی زۆر لە خاکی باشووری کوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
