دوران کاڵکان: ئەوەی ئێستا روسیا لە ئۆكرانیا دەیكات، پێشتر ئەمریكا لە سەرانسەری جیهان كردویەتی

"لە دوای ئۆکراین زۆرترین زیان بەر تورکیا دەکەوێت"

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەی پەکەکە رایگەیاند:" ئەوەى ئێستا رووسیا لە ئۆکراینا دەیکات، دوێنی ئەمریکا لە سەرتاری جیهاندا ئەنجامی دەدا. ئێستا دەڵێن، ئەنجومەنی ئاسایش لە کوێیە؟ دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردان بکات، بەڵام هەر خۆی ئەنجومەنی ئاسایش ئێستا لە شەڕدایە، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەوروپا، رووسیا و چین لە شەڕدان. جا بۆیە لێکدانەوەی وەک دۆخی ٣٠ ساڵ لەوە پێش هەڵەیە". دەشڵێت:"لە دوای ئۆکراین زۆرترین زیان بەر تورکیا دەکەوێت". 

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکەلە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی میدیا خەبەر لەبارەی شەڕی رووسیا و ئۆکرایناوە وتی: "لەو شەڕەدا ئیدارەی ئێستای ئۆکراینا تێکدەشکێت. هەر لە ئێستاوە زیانی زۆر گەورەی پێگەیشتووە و زیانی زیاتریشی بەردەکەوێت. دواتریش روون دەبێتەوە ئەوروپا، بەریتانیا، ئەمریکا و ناتۆ چ مامەڵەیەکیان کردووە، بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەو شەڕە کاریگەرییەکی قورسی لەسەر تورکیا دەبێت".

ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە وتیشی:" ئیدارەکانی وەک ئەوەی ئێستای ئۆکراینا تێکدەشکێن، چونکە وەک ئیدارەی سەردەمی جەنگی سارد و سەردەمی دوو جەمسەریی نێوان ئەمریکا و سۆڤیەت دەجوڵایەوە. ئۆکراین پشتی بە ناتۆ و بەریتانیا و ئەمریکا بەست، بەڵام نە ئەمریکا ئەمریکای پێشووە و نە سۆڤیەتیش ماوە. ئەوانە ناتوانن بە باشی لە قۆناغی دوای رووخانی سۆڤیەت تێبگەن و دەیانەوێت دیسانەوە دۆخەکە بۆ ٣٠ ساڵ لەوە پێش بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوە روونادات".

دوران کاڵکان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:"ئیدارەی ئۆکراین پشتی خۆی بەوە قایم کردبوو، بەڵام لە راستیدا ئێستا جیهانێکی دوو جەمسەریی نییە، بۆیە ئەوەی بەسەردا هات، چونکا مرۆڤ ناتوانێت پشت بە لایەنێک ببەسێت و تەنها بە پشتیوانیی لایەنێک لەسەر پێ بمێنێتەوە".

کاڵکان باسی لەوەشکرد، "روودانی شەڕ لە ناوچەیەکی وەک ئۆکراین نیشانەى ئەوەیە، کە سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست تووشی قەیرانی گەورە بووە و ناتوانێت خۆی لەسەر پێ بگرێت، بۆ ئەوەش تەنها نەخۆشی و شەڕ دروست دەکات. ڤایرۆسی کۆرۆنایان دروستکرد و ئێستاش شەڕی ئۆکراینایان هەڵگیرساندووە".

پێشتریش لە سوریا و عێراق و لە زۆرێک لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕیان هەڵگیرساندبوو. ئەو سیستمە سیستمی قەیران و کێشەکانە و بە دروستکردنی نەخۆشیی نوێی وەک میکرۆبەکان و شەڕ و داگیرکەری و خۆزاڵکردن و خۆسەپاندن درێژە بە مانەوەی خۆی دەدات".

کاڵکان باسی ئەوەشیکرد: "ئەوەى ئێستا رووسیا لە ئۆکراینا دەیکات، دوێنی ئەمریکا لە سەرتاری جیهاندا ئەنجامی دەدا. ئێستا دەڵێن، ئەنجومەنی ئاسایش لە کوێیە؟ دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان دەستوەردان بکات، بەڵام هەر خۆی ئەنجومەنی ئاسایش ئێستا لە شەڕدایە، ئەمریکا، بەریتانیا، ئەوروپا، رووسیا و چین لە شەڕدان. جا بۆیە لێکدانەوەی وەک دۆخی ٣٠ ساڵ لەوە پێش هەڵەیە. هەر خۆی ئێستا لە دۆخێکداین، کێ بتوانێت کوێ داگیر بکات هێرشی دەکاتە سەر و داگیری دەکات. تورکیا هەوڵیدا سوریا و عێراق داگیر بکات و هێرشی کردە سەر لیبیا و ئەرمینیا. ئەی بۆ رووسیا هێرش نەکاتە سەر ئەوێ و شوێنی تر؟ ئەوانە هیچ جیاوازییەکیان نییە و ئەوە راستیی دونیای ئەمڕۆمانە".

دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو شەڕە، شەڕی نێوان سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستە و دۆخی شەڕی نوێیە. هەڵوێست لە دژی ئە دۆخە تەنها هەڵوێستی چەوساوەکان و گەلانە و دەبێت بە نەهێشتنی ئەو عەقڵیەت و سیاسەتە، کە بوەتە هۆی هەڵگیرساندنی شەڕەکان کۆتایی بە بناغە و سەرچاوەی مادی و ئابووریان بهێنرێت و گۆڕان و گۆڕانکاری دروست بکرێت. ئەوەش بە تێکۆشانی دژە کاپیتالیستی، دژە فاشیستی و بە هۆشمەندیی ئازادی و دیموکراسیی گەلان دەکرێت. ئەوەی ئێستا روودەدات دەرهاوێشتەى سیاسەتی دەسەڵات و دەوڵەتەکانە".

کاڵکان لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وتی، "ئەو سیاسەتەى پشتیوانی لە ئیدارە و بەڕێوەبەریی ئۆکراین بکات سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانە، دیموکراتیک و دروست نییە، چونکا قسەکەیان بۆ رزگارکردنی ئۆکراین لە دەست داگیرکەری نییە. ئیدارەی ئۆکراین ئیدارەیەکی نۆکەر و هاوکار بوو. بەڕاستی نوێنەرایەتیی ئیرادەی ئۆکراینای دەکرد؟ گوایە وەک دەوڵەتێکی خاوەن سیادە و سەربەخۆ دەجوڵایەوە، بەڵام سیستمێکی داگیرکەر و تاڵانکار بوو، چەتە بوو، چەتەش هەڵدەوەشێت، بۆیە لە ئێستاوە هەوڵی دروستکردنی سیستمێکی نوێ لەوێ دەدەن و هەندێک دەیانەوێت رزگاری بکەن".

کاڵکان لەبارەی کاریگەریی شەڕی ئۆکراین و رووسیا لەسەر تورکیا وتی، "کاتێک شەڕ دەستیپێکرد ئەردۆغان لە هەموو کەس زیاتر شڵەژا. بەڕیوەبەریی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە یەک لەسەر یەک لێدوان دەدەن و راگەیاندراو بڵاودەکەنەوە و کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن. خۆیان بە خوشک و برای ئیدارەی ئۆکراین دەزانن. باشترین دۆستی ئیدارەی ئۆکراین هەر ئەردۆغان بوو، چونکا سیاسەتەکانیان وەک یەک بوو. کاتێک ئەو سیاسەتە ئۆکراینی تووشی ئەو دۆخە کرد ئیدی ئەردۆغان تێکچوو و وتی، کۆتایی بە ئێمەش دێت. هەر خۆی ماوەیەکە ئەردۆغان لە زەلکاودا چەقیوە و لە لێواری رووخاندایە، بۆیە دۆخەکەی لێ قورستر بووە. دەزانێت سەرەی ئیدارەکەى ئەمیش دێت".

دوران کاڵکان ئەوەشی وت، "لە رووی ئابووریشەوە زۆر وابەستەی یەکتر بوون. ئەو پەیوەندییانە ببوونە هۆی درێژەدان بە مانەوەیان. لەبەر ئەوەش لە دوای ئۆکراین گەورەترین زیانی ئابووری بەر تورکیا دەکەوێت. لە ئیستاوە ئەنجامی شەڕەکە دیارە، ئەوەى لە دوای ئۆکراین زۆرترین زیانی پێدەگات، ئیدارەی فاشیستییەکەى ئاکەپە – مەهەپە و دەسەڵاتی ئێستای تورکیایە، بۆیە پێویست ناکات، کەس پاساویان بۆ بهێنێتەوە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار