ئەمریکا: چەکدارانی ئێران لە سوریا 83 هێرشیان دژی بنکەکانمان ئەنجام داوە

ئەمریکا تەنها چوار جار وەڵامی هێرشەکانی ئێرانی لە سوریا داوەتەوە

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا

2 ساڵ لەمەوپێش



ئەمریکا رایگەیاند لە ماوەی دوو ساڵدا چەکدارانی سەر بە ئێران هێرشیان دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا زیاد کردوە و سیانتۆرێک دەڵێت: لە دوای دەستبەکاربونی بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکان زیادی کردوە.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە بەردەم دەستەی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە ئەنجومەنی پیران رایگەیاند؛ لە دوو ساڵی رابردودا چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا 83 هێرشیان دژی هێز و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە ئەنجام داوە.

ئەو لە وەڵامی پرسیای تۆم کۆتۆن، سیناتۆری کۆمارییەکان وتی: ئەمریکا لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا تەنها چوار هێرشی ئەنجام داوە چونکە بە وردیی ئامانجەکان دیاریی دەکرێن .

ئۆستن رونی کردەوە کاردانەوەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر ئەو لایەن و چەکدارانە بوە کە هێرشەکانیان دژی بنکە سەربازییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە و ئەوەش پێویستی بە زانیاریی ورد و کات هەیە.

کۆتۆن، پرسیاری ئەوەشی لە وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی کردوە کە ئایا هێرشەکانی چەکدارانی سەر بە ئێران دوای دەستبەکاربونی جۆ بایدن، وەک سەرۆکی ئەمریکا زیادی نەکردوە؟ ئایا هێرشەکانی هەفتەی رابردوی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا وەڵام دراونەتەوە؟

وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەگەڵ پشتڕاستکردنەوە هێرشەکان رایگەیاند تا ئێستا وەڵامی ئەو هێرشە نوێیانی چەکدارانی ئێران لە سوریا نەدراونەتەوە لە کاتێکدا سەرچاوەکانی هەواڵی سوریا بڵاویان کردەوە بە هۆی هێرشێکی ئەمریکا بۆسەر بنکەی چەکدارانی سەر بە ئێران لە سوریا 19 چەکدار کوژراون.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) پێشتر رایگەیاندبو کە رۆژی پێنجشەممەی رابردو لە رێکەوتی 23ی مانگ بەهۆی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکدارانی سەر بە ئێران بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا گرێبەستکارێکی ئەمریکی کوژراوە و پێنج سەربازی دیکەش برینداربون و هەر لەو رۆژەدا بنکەیەکی دیکەی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رمێلان لە رۆژئاوای کوردستان کراوەتە ئامانج.

دوای راگەیەنراوەکەی پنتاگۆن گروپێکی چەکداریی بە ناوی (لوائـ غالیبون) لە بەیاننامەیەکدا رۆژی یەکشەممەی رابردو هێرشەکانی بۆسەر بنکەیەکی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان لە ئەستۆ گرتەوە و رایگەیاندوە؛ تا کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بە چەکی پێشکەوتو دەکەنە ئامانج.

ئێران رایگەیاندوە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر بنکەکانی لە سوریا کاردانەوەی توندیان دەبێت و ئەو وڵاتە دەیەوێت قەیرانەکانی ناوچەکە قوڵتر بکاتەوە.

کەیوان خوسەرەوی، وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رۆژی شەممەی رابردو رایگەیاند؛ هێرشەکانی رۆژی پێنجشەممە 23ی ئەم مانگە بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا پەیوەندییان بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نەبوە.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار