خانمه ئه‌کته‌رى ئوستراڵی که‌یت بلنشێت، له‌گه‌ڵ خانمه فیلمسازى فه‌ڕه‌نسی، ئانیس ڤاردا، پێشڕه‌وى ٨٢ خانمه دادوه‌ر و ئه‌ندامى دیکه‌یان له فێستیڤالى ساڵانه‌ى کان له فه‌ڕه‌نسادا کرد بۆ ڕێپێوانێکى ناڕه‌زایى دژى نایه‌کسانى نێوان ژن و پیاو. ڕێپێوانه‌که له لایه‌ن فیستیڤاڵه‌که‌وه سپۆنسه‌ر کرا بوو، مه‌به‌ستیش لێى نیشاندانى نایه‌کسانى جێنده‌رى بوو له‌ناو بوارى فیلمسازیدا. گۆڤارى سیدنى مۆرنینگ نووسیویه‌تى که له ماوه‌ى ٧٢ ساڵى ئه‌نجام دانى ئه‌و فێستیڤاڵه، ته‌نها ٨٢ ده‌رهێنه‌رى ژن ئاماده‌ییان بۆ پێشکه‌شکردنى کاره‌کانیان هه‌بووه به‌رامبه‌ر به هه‌زار و ٦٨٨ ده‌رهێنه‌رى پیاو. ڕێکخه‌رانى ئه‌و ڕێپێوانه داوایان کرد که چیدى ژنان وه‌ک که‌مینه ته‌ماشا نه‌کرێن له‌ناو هونه‌رى فیلمسازی دا. یه‌کێک له‌و فیلمانه‌ى که له‌م ساڵدا له‌و فێستیڤاڵه به‌شداره و بینه‌رى یه‌کجار زۆرى هه‌بووه، فیلمى ( کچانى ڕۆژ)ه، باس له کچانى شه‌ڕکه‌رى کورد ده‌کات له سووریا و عێراق که به‌جۆرێکیش باس له ڕۆڵى ژن ده‌کات له کایه جیاوازه‌کانى ژیاندا.
هەرێم جەعفەر خەڵاتی نۆبڵ تایبەت بە ئەدەب ئەمساڵ نابەخشرێتە هیچ کەسێک، ئەمەش بەهۆی بوونی تۆمەتی سێکسی و کێشەی جیایا لە ناو ئەکادیمیای سووید کە بەرپرسە لە هەڵبژاردنی کەسی ساڵ بۆ بردنەوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب. بڕیارە خەڵاتی ساڵی ٢٠١٨ ئەم ساڵ لە ساڵی ٢٠١٩ ببەخشرێت، ئەم بڕیارەش دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەو ئەکادیمیایە هات لە شاری ستۆکهۆڵم، بەهۆی بوونی تۆمەت سێکسی و تاوانی دارایی لە ناو ئەو ئەکادیمیایە. گەندەڵی و تۆمەتەکان لە ئێستا دا ئاڕاستەی کەسایەتی ئەدەبی دیاری سوویدی و ئەندامی ئەکادیمیا ژان کلودیۆ ئارناوڵت، هاوسەری شاعیری ناودار کاتارینا فرۆستێنسۆن دەکرێت. ماڵپەڕی هەواڵی عەرەب نیوز ئاشکرای کردوە، ساڵی ١٩٤٣ ەوە، ئەوە یەکەمجارە کە ئەو خەڵاتە نەبەخشرێت کە بە گرنگترین خەڵاتی ئەدەبی جیهانی دادەنرێت.
هیوا غفور شێخ پاڵه‌وانى له زانستى ده‌رووناسى دا ئه‌و که‌سه‌ى چێژ له ئازارى که‌سانى تر وه‌رده‌گرێت، پێى ده‌وترێت که‌سێکى (سادیزم)ه واته پێى خۆشه ئازارى که‌سانى تر بدات، ئه‌و چێژ له‌و ئازاردانه ده‌بینێت، به‌پێچه‌وانه‌ى که‌سى (ماسۆشییهت) که حه‌ز به ئازاردانى خۆى ده‌کات، یان حه‌زده‌کات ئازار بدرێت و چێژ له‌و ئازاردانهش ده‌بینێت. گه‌ر ئه‌م دوو زاراوه ده‌روونناسییه بخوازین و له دونیاى عیشق و ئه‌وینداراندا ته‌وزیفى بکه‌ینه‌وه، ده‌توانین بڵێین عاشق که‌سێکى (ماسۆشییهت)هو ئه‌و ئازاره‌ى خۆش ده‌وێت که له‌لایه‌ن مه‌عشوقه‌که‌یه‌وه پێى ده چێژرێت، مه‌عشوقیش که‌سێکى (سادیزم)ه و چێژ له‌و ئازاره ده‌بینێت که به عاشقى ده‌چێژێت، له‌م روانگه‌یه‌وه ئێمه ده‌توانین دوو زاراوه‌ى تر وه‌ربگرین، ئه‌ویش (چێژ و ئازاره). چێژ‌و و ئازار دوانه‌یه‌کى دانه‌بڕاون، که هه‌میشه مه‌عشوق له‌پێناو عاشقه‌که‌ى خۆى دا ئازار ده‌چێژێت و مه‌عشوقیش چێژ له‌و ئازاره ده‌بینێت. مه‌عشوق که وتمان که سایهتییهکى سادیزمى هه‌یه، چێژ له ئازاردانى عاشق ده‌بینێت، پێى خۆشه عاشق له‌ناو ئازاردا بتلێته‌وه‌و چاوى پڕخوێنینى ببینێت، مه‌عشوق ببینێت و تریقه‌ى پێکه‌نینى به‌رزبکاته‌وه، دڵشکانى یار ببینێت و بڵێ سوڵتانى دڵى بیمارى تۆ منم. مه‌عشوق، زۆرجار مه‌به‌ستێتى عاشقى دڵى خۆى تاقیبکاتهوهوه، بۆ ئه‌وه‌ى بزانێت تا چه‌ندێک ئاماده‌ى ئازار چه‌شتنه، گه‌ر سه‌یرى ئه‌ده‌بى کلاسیکى کوردى بکه‌ین، هه‌مویان زه‌لیل و بچوکى ده‌ستى مه‌عشوقن، هه‌مویان خه‌ریکى خۆ بچوککردنه‌وه‌و ئازار چه‌شتن و له‌به‌رده‌م یاردا که‌وتنن. سه‌یرى مه‌حوى بکه، کاتێک یاره‌که‌ى دێت، له‌برى به‌پێ رۆیشتن، به‌سه‌ر سه‌ر ده‌ڕوات به‌ره‌و رووى یار: به‌پیر ئه‌و ماههوهچووم و به‌سه‌رچووم په‌رى بوو ئه‌و نه‌بوو شه‌وبوو به‌سه‌رچووم مه‌حوى هه‌ر ئه‌وه‌نه‌ش نا که به‌سه‌ر سه‌ر ده‌ڕوات به‌ره‌و رووى یار، به‌ڵکو چێژ له زهلیلبوونى خۆشى ده‌بینێت و سوپاسى مه‌عشووقیش ده‌کات، که نه‌ک رقى لێى نییه و پێى ناخۆش نییه که ئازارى ئه‌دات، به‌ڵکو سوپاسى ئه‌وه‌شى ده‌کات که رێى داوه بۆ ئازاره‌کانى خۆشى بگریت شکور یار ئیزنى دام هه‌م گرییه که‌م هه‌م قوڕ به‌سه‌ردا که‌م به‌جارێ شاهى من به‌ڕو به‌حرى به‌خشى بهدەروێشێ یاخود سه‌یرى نالى که‌ن له شیعرێکدا ده‌ڵێ: یار دڵى خوێنین و چاوى پڕگریانى ده‌وێ ئارێ ئارێ گوڵ له‌باخان ئاوى بارانى ده‌وێ ئه‌ها مه‌عشوق ئه‌یه‌وێ دڵى نالى ببێ به خوێن و چاوى هه‌میشه پڕ له‌گریان بێت، سه‌رچاوه‌ى هه‌موو ئه‌م گریانه‌ى نالى و چاو پڕ لهخوێنهى، دڵبهرهکهى نالى یه که هه‌میشه دڵى ده‌شکێنێت و چێژ له‌و دڵشکانهش ده‌بینێت: بۆچى نه‌گریم سه‌د که‌ڕه‌ت دڵم ده‌شکێنى مه‌ى بۆ نه‌ڕژێ شیشه له‌سه‌د لاوه شکاوه ره‌نگه ئه‌و پرسیاره جێگه‌ى خۆى بێت که بکرێت، که‌سێکى وه‌ک نالى و مه‌حوى ئه‌م هه‌موو خۆ بچووکردنهوهیهو ئه‌م هه‌موو زه‌لیلى و خۆ به‌که‌مزانینه بۆ؟ وه‌ڵامه‌که‌ى ئه‌وه‌یه له عیشقدا گه‌وره‌یی و خۆ به زلزانى نییه. عیشق سوتان و توانه‌وه‌یه، جێگه‌ى خۆ به پاڵه‌وانکردن و خۆ بادان به‌سه‌ر ئه‌ودا کردن نیه، به‌ڵکو جێگه‌ى ئه‌وه‌یه ببیت به گه‌ردى پێى یار و مه‌منونیش بیت یار پێیه‌کت پیابنێت، گوێ بداتێ یانهداتێ تۆ ده‌بێ ئاه و فهریادى خۆت بکه‌یت، پێ بزانێ یان نه‌زانێ، تۆ ده‌بێ به‌دڵ یادى بکه‌یت. خۆشه‌ویسته‌که‌ى شێخى سه‌نعانیش، هه‌ر ئه‌وه‌ندەى نه‌کرد که دڵى شێخى کهمهندکێشکردبوو، به‌ڵکو واشى لێکرد، له دینه‌که‌ى ههڵگهڕێتهوهو ده‌م و چاوێکى نورانى که شه‌ست ساڵ بوو، خۆى له‌ژێردا شاردبووه‌وه، هه‌ڵى دایه‌وه‌و دایه به‌ر ئازارى تانه‌و ته‌شه‌رى خه‌ڵکى، ئاخر خۆ ئه‌و ده‌یتوانى بێ ئه‌وه‌ى شێخى سه‌نعان واز لهدینهکهشى بهێنێت، ببێته خۆشه‌ویستى و شوى پێ‌بکات، به‌ڵام واى نه‌کرد، تا فیداکارى و قوربانى دان و ئازارى شێخى سه‌نعان ببینێت. شێخى سه‌نعانیش وایکرد، ئازارى له دین هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ى چه‌شت، گوێبیستى هه‌موو نهفرینێکیش بوو که پێى ده‌وترا، ئه‌و هه‌م چێژى له‌و ئازاره ده‌بینى، هه‌م خۆشحاڵ بوو که دڵى مه‌عشوقه‌که‌ى رازى کردووه. له رۆمانى (کۆشکى باڵنده غهمگینهکانى) به‌ختیار عه‌لیش دا، کاره‌کته‌رى (سه‌وسه‌ن فیکره‌ت گوڵدانچى) به‌یه‌کجار سێ له داواکار و عاشقه‌کانى خۆى ده‌خاته مه‌ترسى و ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌وه، ئه‌و ده‌یه‌وێت ئه‌و سێ داواکارهى هاتوون بۆ داواى تاقییانبکاته‌وه. هه‌موو دونیا بگه‌ڕێن و ئازار بچێژن، ئه‌وسا شوو به یه‌کێکیان بکات. ئه‌و خۆشحاڵ ده‌بێت دواى ئه‌وه‌ى ئه‌وسێ داواکارهى دنیا ده‌گه‌ڕێن، بگه‌ڕێنه‌وه لاى. سه‌وسه‌ن ده‌ڵێت (گه‌ر منیان بیرنه‌چێته‌وه، من به‌خته‌وه‌ر ده‌بم، چونکه ئه‌وکات دڵنیاده‌بم که عاشقى گه‌وره‌م هه‌یه، عاشقێک بینینى دونیا، بینینى ژنهجوانهکانى سه‌رزه‌مین، منى بیر نه‌بردووه‌ته‌وه) له شوێکى تریش ده‌ڵێت (ئاخۆ من کچێکم، دواى بینینى دونیاش مرۆڤ هه‌ر ده‌توانێت عاشقم بێت) سه‌ره‌نجام، ئه‌و سێ داواکاره به مه‌رجه‌کانى رازى ده‌بن و هه‌رسێکیان ئاماده‌ن، ئه‌مسه‌رى دونیا بۆ ئه‌و سه‌رى دونیا له پێناوى مهعشوقهکهیاندا ته‌ى بکه‌ن، ئازار بچێژن و خه‌م بخۆن، ئه‌مه ئه‌و شته‌یه که ده‌ڵێن عاشق ئێش و ئازاره‌کانى که له‌لایه‌ن مه‌عشوقه‌وه پێى ده‌چێژرێت، خۆشده‌وێت.
ئا: بارام سوبحى بۆچى بنه‌ماڵه‌ى بن لادن له یه‌مه‌نه‌وه گه‌یشتنه سعودییه؟ چۆن بوون به ملیاردێر؟ په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى شاهانه‌ى سعودییه‌و سه‌رۆکه‌کانى ئه‌مه‌ریکادا چۆن بووه؟ ئوسامه چۆن بووه که‌سێکى جیهادى؟ کتێبى بنه‌ماڵه‌ى بن لادن به‌دورو درێژى وه‌ڵامى ئه‌م پرسیارانه ده‌داته‌وه. کتێبى بنه‌ماڵه‌ى بن لادن: خێزانێکى عه‌ره‌ب لهسهدهیهکى ئه‌مریکى دا، نوسینى نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسى ئه‌مه‌ریکى ستیڤ کۆڵه، گروپى وه‌رگێڕانى سه‌نته‌رى نیشتیمانى بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ى جێنده‌ر کردویانه‌ته کوردى‌و ئه‌کادیمیاى هۆشیارىو پێگه‌یاندنى کادیران له‌دووتوێى (660) لاپه‌ڕه‌دا چاپ‌و بڵاویان کردۆته‌وه. (گا)و نهوتو چاره‌نوسى بنه‌ماڵه‌یه‌ک عهوهزى باپیرى ئوسامه سێ کوڕ‌و سێ کچى هه‌بوه، محه‌مه‌دو عه‌بدوڵاو سێیه‌میان به‌منداڵى مردوه، له حهرزهمهوت له باشورى یه‌مه‌ن ژیاون، که ناوچه‌یه‌کى بیابانى رهقو ته‌ق بووه، به‌مه‌به‌ستى کارکرد، گایه‌ک به‌قه‌رز له که‌سێک وه‌رده‌گرێ، به‌ڵام له به‌دبه‌ختیدا گایه‌که مردار ده‌بێته‌وه و به‌هۆى نه‌دارییه‌وه قه‌رزه‌که‌ى پێنادرێته‌وه، بۆیه به‌ناچارى و له‌ترسى تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه لێى، ناوچه‌که جێده‌هێڵێت‌و په‌ناده‌باته به‌ر هۆزى کینده، لێره‌ش زۆر ناژێت و ده‌مرێت. محه‌مه‌دى باوکى ئوسامه به‌مه‌به‌ستى ژیاندنى خێزانه‌که‌ى له ته‌مه‌نى چوارده ساڵیدا، ده‌بێته کرێکارى کارگه‌یه‌کى بیرههڵکهندنى نه‌وت، به‌ڵام ئه‌م کاره بژێوى دابین ناکات، بۆیه به‌ره‌و سعودییه کۆچ ده‌کات. سه‌ره‌تا له شارى جه‌ده ده‌گیرسێته‌وه‌و وه‌کو کۆڵکێشێک له بازرگانى حه‌جدا ده‌ست به‌کارکردن ده‌کات، پاشان دوکانێکى لهفهفرۆشى داده‌نێت. له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ى نه‌وت له سعودییه، محه‌مه‌د ده‌چێته شارى زههرانو له کۆمپانیاى ئارامکۆ وه‌کو وه‌ستاى خشت‌و بیناکارى کارده‌کات، له ساڵانى (1929- 1930)و له‌ماوه‌ى هه‌ڵاوسانى ئابورییدا، ده‌ستده‌داته کرێکارى بیناسازىو له‌وێوه بۆ وهستایىو بهڵێندهرى ده‌ڕوات، به‌هۆى لێهاتووییه‌وه ده‌بێته جێگه‌ى متمانه‌ى بنه‌ماڵه‌ى پادشاى سعودییه‌و له ئه‌نجامدا ده‌بێته خاوه‌نى کۆمپانیایه‌کى بیناسازى. خانه‌واده‌ى محه‌مه‌د محه‌مه‌دى باوکى ئوسامه له ژیانیدا (22) ژنى خواستوه، کۆى گشتى خاوه‌نى (29) کچ‌و (25) کوڕ بووه. به‌رده‌وام چوار ژنى هه‌بووه، هه‌ر کاتێک ویستبێتى ژنێکى تر بخوازێت، له‌هه‌ر ژنێکى ناڕازى بووبێت ته‌ڵاقى داوه‌و خانوو ماڵى له کۆمه‌ڵگه نیشتهنییهکهى خۆى بۆ دروستکردووه، کوڕ‌و کچه‌کانى له‌و ژنه وه‌ک هه‌ر منداڵێکى تر سه‌رپه‌رشتى کردوه‌و خه‌رجى بۆ دابینکردوون. ئه‌گه‌ر ژنه‌که‌شى گه‌نج بوبێت خۆى مێردێکى لایه‌قى بۆ دۆزیوه‌ته‌وه‌و هه‌ر لهکۆمهڵگهکهى خۆى نیشتهجێیکردوهو له کۆمپانیاکانیدا کارى پێداوه. محه‌مه‌د رۆژى (3/9/1967) به‌هۆى که‌وتنه خواره‌وه‌ى فڕۆکه‌که‌ى گیانى له‌ده‌ستدا، له‌وکاته‌دا ته‌مه‌نى نزیکه‌ى شه‌ست ساڵ بوو. دواى ته‌واوبوونى پرسه‌که‌ى، پادشاى سعودییه هه‌ندێک له کوڕه گه‌وره‌کانى بن لادنى بانگهێشتکردو پێیوتن: له‌ئێستاوه من باوکى ئێوه‌م. له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه حکومه‌تى ئه‌مه‌ریکا له‌ڕێگاى باڵوێزخانه‌که‌یانه‌وه به‌رده‌وام بوون له هه‌وڵه‌کانیان، بۆ وه‌رگێڕانى مردنى بن لادن بۆ هه‌لى بازرگانى بۆ کۆمپانیایه‌کى ئه‌مه‌ریکى. ئوسامه‌و دایکى دایکى ئوسامه ناوى عالیه غه‌نیم بوو، خه‌ڵکى سوریا بوو، له‌کاتى له‌دایکبوونى ئوسامه‌دا ته‌مه‌نى پازده ساڵ بوو، پێش ئه‌وه‌ى ته‌مه‌نى بگاته هه‌ژده ساڵى، محه‌مه‌د ته‌ڵاقى دا، بۆیه تاکه منداڵى عالیه بوو. دواتر شوى به محه‌مه‌د ئهلعهتهس کرد که به‌ڕێوه‌به‌رێکى پله مامناوه‌ندى یه‌کێک له کۆمپانیاکانى بن لادن بوو، خه‌ڵکى یه‌مه‌ن بوو. له‌م مێرده‌ى چوار منداڵى بوو. ئوسامه حه‌ڤده‌هه‌مین کوڕى محه‌مه‌د بووه، که‌سایه‌تییه‌کى شه‌رمنى هه‌بوه. له ته‌مه‌نى سیازده ساڵى ده‌خرێته خوێندنگه‌یه‌کى نمونهیىو لێره‌وه تێکه‌ڵ به گروپه‌کانى ئیخوان موسلمین ده‌بێت. له گه‌نجیدا یارى دووگۆڵىو ئه‌سپسوارى له‌گه‌ڵ کوڕه دراوسێکانیدا ده‌کات. هه‌موو هاوینێک بۆ سه‌ردانى که‌سوکاره‌کانى دایکى ده‌چووه سوریا. ساڵى (1976) له زانکۆى شاعهبدولعهزیز له جه‌ده وه‌رگیراو به‌پێى به‌ڵگه‌نامه‌کان خوێندنى زانکۆى ته‌واونه‌کردوه. له سه‌ره‌تاى ساڵى (1980) داهاتى ئوسامه دواى لێدهکردنى باج له‌ساڵێکدا له (150) هه‌زار دۆلار تێده‌په‌ڕى. له (1993 - 1994) ته‌واوى پشک‌و به‌شى خۆى له خێزانه‌که دابڕاندو به‌ته‌نها که‌وته سه‌رمایه‌گوزارى، له‌کاتى دانانى پاره‌کانى له‌بانکه ئه‌وروپى‌و جیهانییه‌کاندا وه‌رگرتنى سوى به حه‌رام نه‌زانیوه. کاتێک ئوسامه ده‌چێته پاکستان‌و دواتر ئهفغانستانو ده‌بێته سه‌رۆکى رێکخراوى قاعیده، وه‌کو نوسه‌ر ده‌ڵێت: به‌رده‌وام بایه‌خى به پڕۆژه‌کانى میدیا ده‌دا، ئه‌وانه‌ى وایانده‌کرد خۆى‌و شوێنکهوتوهکانى له‌لاى بینه‌رى عه‌ره‌ب شیرین بن. خۆى به‌نوسه‌ر و ده‌رهێنه‌رو بهرههمهێنى جیهاد ده‌هاته پێش چاو. به‌رده‌وام پاره‌ى ده‌دا به فیلمسازێکى میسرى به‌ناوى (عیسام دیراز) که شوێنى که‌وتبوو بۆ ناو به‌ره‌کانى جه‌نگى جه‌لال ئاباد. کاتێک ئوسامه له ئه‌فغانستان ده‌گیرسێته‌وه‌و ده‌بێته میوانى مه‌لا عومه‌رى سه‌رۆکى تاڵیبان، خاوه‌نى یانزه کوڕ‌و سێ ژن‌و کۆمه‌ڵێک کچى بچوک بووه که هیچ له هاوکاره‌کانى نه‌یانتوانیوه بیانژمێرن. له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه‌کانى ئه‌مه‌ریکادا له‌م کتێبه‌دا نوسه‌ر زۆر به‌وردى باس له په‌یوه‌ندییه‌کانى بنه‌ماڵه‌ى بنلادنو بنه‌ماڵه‌ى شاهانه‌ى سعودییه‌و شێوه‌ى ژیان‌و رابواردن‌و ناکۆکییهکانو موڵک‌و ماڵه‌کانیان ده‌کات، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندى بن لادنهکانو حکومهتو کۆمپانیاکانى ئه‌مه‌ریکا ده‌خاته‌ڕوو. نوسه‌ر ده‌ڵێت: هه‌تا ئوسامه خۆى وه‌ک تیرۆریستێکى نێوده‌وڵه‌تى راگه‌یاند، خێزانه‌که‌ى زۆر زیاتر له ئه‌مه‌ریکا کارى وه‌به‌رهێنانیان ده‌کرد، جۆرج بۆش‌و جیمى کارتهرو شازاده چارلسیان وه‌ک هاوڕێى خێزانه‌که سه‌یر ده‌کردو له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى ئێستاى ئه‌مه‌ریکا تره‌مپ وتوێژیان ده‌کرد. نوسه‌ر له‌هه‌مبه‌ر جیاوازییه‌کانى بنه‌ماڵه‌ى بن لادن، ده‌نوسێت: ئوسامه مۆبایله سورهیاکهى بۆ په‌ڕینه‌وه له زه‌ریاى هیندىو پێکانى ئامانجه ئه‌مه‌ریکییه‌کان بۆ کۆنتڕۆڵى دوور به‌کارهێنابوو. زڕبراکانیشى وه‌به‌رهێنانیان له ته‌له‌فۆنى مانگى ده‌ستکردا له واشنتن ده‌کرد، ئوسامه‌ش هه‌مان ته‌کنه‌لۆجیاى بۆ په‌لاماردانى باڵیۆزه‌کانى واشنتن له ده‌ره‌وه به‌کارده‌هێنا. له‌باره‌ى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ سه‌رۆکه‌کانى ئه‌مه‌ریکا، نوسه‌ر ده‌ڵێت: جۆرج بۆشى کوڕ له ساڵى (2000) سه‌ردانى سعودییه‌ى کرد‌و چاوى به بن لادنهکان که‌وت، سوپاسنامه‌ى میهره‌بانى بۆ میواندارییه‌که‌یان نوسى. له ئه‌یلولى هه‌مان ساڵدا به‌کرى براى ئوسامه چوه ئه‌مه‌ریکاو چاوى به‌سه‌رۆکى پێشوتر جیمى کارته‌ر که‌وت، بڕى یه‌ک ملیۆن دۆلارى پێ به‌خشى بۆ سه‌نته‌ره‌که‌ى به‌مه‌به‌ستى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ههژارىو نه‌هامه‌تى. له‌م کتێبه‌دا نوسه‌ر باس له دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆکى ئێستاى ئه‌مه‌ریکا دهکاتو ده‌ڵێت: باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا له سعودییه سالمى براى ئوسامه‌ى به دۆناڵد تره‌مپ ناساند، پێکه‌وه باسیان له ئه‌نجامدانى چه‌ند پڕۆژه‌یه‌کى ته‌لارسازى گه‌وره کرد. له دیداره‌که‌یاندا تره‌مپ وتى: خه‌ڵکى خواخوایانه بازرگانى له‌گه‌ڵ بن لادنهکاندا بکه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى پێویستیان به‌وه نییه پاره بده‌ن، تاوه‌کو یه‌کێک کاریان له‌گه‌ڵدا بکات. نوسه‌رو سه‌رچاوه‌کانى ستیڤ کۆڵ له‌ساڵى (1958) له‌دایکبووه، له‌ساڵى (1985) وه‌ک رۆژنامه‌نوس له رۆژنامه‌ى واشنتۆن پۆست ده‌ستى به‌کارکردوه. له (1998 - 2004) بووه‌ته به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینى رۆژنامه‌که. ساڵى (2005) له‌سه‌ر کتێبى (جه‌نگى خێوه‌کان) که باس له‌مێژوى نهێنى (CIA)و شه‌ڕى ئهفغانستانو بن لادن هه‌ر له داگیرکارى سۆڤیه‌ته‌وه تا (10/ئه‌یلول/2001) ده‌کات، خه‌ڵاتى پۆلیتزهرى به‌ده‌ستهێناوه. سه‌باره‌ت بهسهرچاوهکانى نوسینى کتێبه‌که‌ى، نوسه‌ر ده‌ڵێت: ئه‌م باسه به‌رمه‌بناى زیاتر له (150) چاوپێکه‌وتنه له سعودییه‌و یهمهنو ئه‌مه‌ریکاو به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیاو ئیسرائیل‌و میسر‌و لوبنان‌و حه‌وت وڵاتى تر، جگه‌له ئه‌رشیفى تایبه‌تى حکومه‌ته‌کانى سعودییه‌و ئه‌مه‌ریکاو به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیاو ئیسرائیل‌و تۆمارنامهکانى دادگا. به‌ڵام ئه‌ندامانى خێزانى بن لادن ئاماده‌نه‌بوون چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵدا بکرێت. هه‌رچه‌نده بۆ ماوه‌ى زیاتر له سێ ساڵ داوام لێکردن، هۆکاره‌که‌شیان گه‌ڕانده‌وه بۆ ترسانیان له‌بوارى داخوازییه مه‌ده‌نییه‌کان له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ى قوربانیانى هێرشه‌کانى یانزه‌ى ئه‌یلوله‌وه.
هاوڵاتی – هەرێم جەعفەر هەزاران شوێنەواری دێرین کە بەقاچاغ برابونەتە ئەمریکا دەگەڕێنرێنەوە بۆ عێراق. وتەی ئۆفیسی نەریت و پەنابەری ئەمریکا، ئای سی ئی هەزاران شوێنەواری عێراق کە بە قاچاغ براونەتە وڵاتەکەیان لەلایەن کۆمپانیای هۆبی لوبی، دەگەڕنرێتەوە بۆ ئەو وڵاتە. هۆبی لۆبی، کۆمپانیایەکەی تایبەت بە وەرگرتنەوەی ئەو شوێنەوارانە، دەڵێت سەرەتا ئەو شوێنەوارانە بەهەڵە وەرگیراون بەوەی بەهەڵە لەسەریان نووسراوە ” سیرامیک“ یاخود“ نموونە“ و بە قاچاغ هاتوونەتە ناوی خاکی ئەمریکا. مێژووی هەندێک لەو شوێنەوارانە دەگەڕێنەوە بۆ ١٦٠٠- ٢١٠٠ ساڵ پێش زاینی و هەندێکی دیکەشیان مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 500 ساڵ لەمەوبەر. بی بی سی ئاشکرای کردوە کە بەم نزیکانە باڵیۆزی عێراق لە واشنتن و جێگری سەرۆکی ئای سی ئی بڕیار لەسەر کاتی گەڕاندنەوەی ئەو شوێنەوارانە دەدەن. وەزارەتی دادی ئەمریکاش نیازی هەیە بڕی سێ ملیۆن دۆلار سزای کۆمپانیای هۆبی لۆبی بدات لەسەر وەرگرتنی ئەو شوێنەوارانە.
به‌شێک له شیعره‌کانى به‌ختیار عه‌لى شاعیر و ڕۆماننووسى کورد، له‌لایه‌ن وه‌رگێڕێکى کوردى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستانه‌وه کرایه فارسى و بڕیاڕوایه مانگى داهاتوو له پێشانگاى ساڵانه‌ى کتێب له تاران نمایش بکرێت. ڕه‌زا کهریمموجاور وه‌رگێڕى شیعره‌کانى به‌ختیار عه‌لی، له ئه‌کاونتى تایبه‌تیى خۆى له تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تیى (فه‌یسبووک) بڵاوى کردووه‌ته‌وه " کتێبى(دواجار دێمه‌وه لات ئه‌وه چاره‌نووسمه) که گوڵبژێرێکه له به‌رهه‌مه شیعره‌کانى به‌ختیار عه‌لی، وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانى فارسى" ئه‌و وه‌رگێڕه کورده ئه‌وه‌شى راگه‌یاندووه "ئه‌م به‌رهه‌مه وهرگێراوهى له هه‌فته‌کانى داهاتوودا و هاوکات له‌گه‌ڵ کردنه‌وه‌ى پیشانگه‌ى کتێبى نێوده‌وڵه‌تیى له تاران، چاپ و بڵاو ده‌کرێته‌وه" ره‌زا موجاور ئه‌وه‌شى ئاشکرا کردووه " ئه‌م کتێبه له‌لایه‌ن “وهشانگهى کۆڵه‌پشتی” له تاران چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه" ڕه‌زا که‌ریم موجاور، وهرگێڕێگى کوردى دانیشتووى شارى بۆکانهى رۆژهه‌ڵاتى کوردستانه‌و تائێستا زیاتر له 20به‌رهه‌مى شیعر، ڕۆمان و چیرۆکى هاوچه‌رخى نووسه‌رانى باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان، وه‌ک: “شێرزاد حه‌سه‌ن، فه‌رهاد پیرباڵ، به‌ختیار عه‌لی، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، عه‌بدوڵا په‌شێو، جه‌بار جه‌ماڵ غه‌ریب، شێرکۆ بێکه‌س، قوباد جه‌لیزاده، عه‌تا نه‌هایى و…” بۆ سه‌ر زمانى فارسى وه‌رگێڕاوه.
هاوڵاتی - هەرێم جەعفەر لە وڵاتی پیرۆ گەورەترین گۆڕی بەکۆمەڵی منداڵ و بەچکەی گیانداری لاما لە مێژووی مرۆڤایەتی دۆزرایەوە کە کرابوونە قوربانی لە مەراسیمی تایبەتدا. ئێسک و پروسکی ١٤٠ منداڵ و ٢٠٠ بەچکە لاما (لەشێوەی بزندایە)، لە باکووری پیرۆ دۆزرانەوە کە بە وتەی زانایان مێژووی ئەو قوربانیکردنە دەگەڕێتەوە بۆ ٥٥٠ ساڵ لەمەو بەر. سی ئێن ئێن لە ڕێگای ڕاپۆرتێکی کەناڵی ناشناڵ جیۆگرافی ئاشکرای کردوە، تەمەنی منداڵەکان لە نێوان پێنج بۆ ١٤ ساڵ بوون و بەچکە لاماکانیش کەمتر لە ١٨ مانگ بوون. هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی ناشناڵ جیۆگرافی منداڵەکان لەو مەراسیمەدا قەفەزەی سنگیان هەڵدڕاوە و دڵیان دەرهێندراوە، ئەمەش بەشێک بووە لە مەراسیمی قوربانی‌کردنی ئیمپراتۆری چیمۆ کە لەو کاتە فەرمان ڕەوایی کردوە. بەڵگەکان ئەوەش ڕوون دەکەنەوە، تەواوی ئەو قوربانیانە لە هەمان کاتدا کوژراون و جیا لەو ژمارە منداڵەش، پیاوێک و دوو ژنیش و بوونەتە قوربانی ئەو مەراسیمە. لە ساڵی ٢٠١١ەوە زانایان لێکۆڵینەوە لەو ناوچەیە دەکەن و ئەمە یەکەمجارە بە فەرمی ئەم زانیاریانە ئاشکرا بکەن.
هاوڵاتی - هەرێم جەعفەر لویس سۆریانۆ ئەو مامۆستا ئیسپانییەیە، بۆ ئەوەی فێرخوازەکانی لە گوند و شارۆچکەکانی وڵاتی کۆڵۆمبیا بتوانن کتێب بخوێنەوە، دوو گوێدرێژ دەکاتە کتێبخانە. ئەلفا و بێ‌تۆ ناوی ئەو دوو گوێدرێژەن کە ئێستا ڕۆڵی کتێبخانەی گەڕۆک دەبین لە کۆڵۆمبیا. سۆریانۆ بارپشت و کورتانی دوو هاوسەفەرەکەی بەجۆرێک دروست کردوە کە شیاو بن بۆ هەڵگرتنی چەندین کتێب. ئەو مامۆستایە سەبارەت بەو کارەی بە بی بی سی ووت "منداڵەکان زیاتر تێدەگەن کاتێک کتێبێک هەڵدەبژێرن". سەرسوڕماوی و خەیاڵەکانیان تێکەڵ دەبێت، ئەوان تەنها بە بینینی کتێبەکان دەستدەکەن بە پێکەنین پێکەوە. سۆریانۆ سێ هەزار کتێبی کۆکردۆتەوە و لە ئێستاشدا هەزار و ٧٠٠ کتێب بە لادێکاندا بڵاودەکاتەوە. بە بیانووی ئەوەی کە ئەو مامۆستایە قسە بۆ جووتیاران دەکات و هانیان دەدات بۆ کاری خراپە، میلیشایی دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە ناوبراو دەستگیر دەکەن، بەڵام دوای ماوەیەک ئازادی دەکەن و پێی دەڵێن، دەبێت ووریا بێت کە چی بڵاودەکاتەوە. لەبەر هەژاری و نەداری زۆرێک لە فێرخوازان تەنها تا قۆناغێکی دیاریکراو دەتوانن بخوێن، بەڵام سۆریانۆ نەیهێشتوە ئەو منداڵە هەژارانە لە خوێندنەوە و فێربوون بێ بەش بن و بەردەوام کتێبی نوێ و چیرۆکی سەرنج ڕاکێشیان بۆ دەبات. ماوەی ٢٠ ساڵە ئەو مامۆستایە لەو کارەی بەردەوامە و فێرخوازی هەیە ئێستا لە کتێبخانە کاردەکات.
هەرێم جەعفەر هەردوو گەورە کۆمیدی عەرەبی، عادل ئیمام و سەمیر غانیم، ئەم ڕەمەزانە پێکەوە دوای ٣٣ ساڵ دەگەڕێنەوە سەر شاشەکان. ماڵپەڕی هەواڵی عەرەب نیوز ئاشکرایکردوە کە ئەو دوو ئەکتەرە لە زنجیرە تەلەفزیۆنی «عوالم خفیة» پێکەوە نواندن دەکەن و ئەم هەواڵەش دەنگۆی زۆری لەناو بینەری درامای عەرەبی بەدوای خۆیدا هێنا. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەکتەرانی گەنج و هەوادارانی هەردوو عادل ئیمام و سەمیر غەنیم دڵخۆشی خۆیان بە یەکگرتنی ئەو دوو ئەکتەرە دەربڕی کە لە کاتی بڵاوبوونەوەی وێنەکەیان ناوی «مێژووی کۆمیدی میسڕیان» لێنان. ساڵانە عادل ئیمام لە مانگی ڕەمەزاندا درامایەکی تەلەڤزیۆنی پێشکەشدەکات و سەمیر غەنیمیش بەجیا کاری نواندنی دەکردو ماوەی ٣٣ ساڵە ئەو دوو ئەکتەرە پێکەوە هیچ کارێکی نواندنیان نەکردوە.
هەرێم جەعفەر فۆتۆگوافەری زیندانکراوی میسری. مەحمود ئەبو زەید، ناسراو بە شاوکان، خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەوانی جیهانی لەلایەن یونسکۆ پێدەبخشرێت. ئەل مۆنیتەر لە هەواڵێکیدا نووسیویەتی کە شاوکان لە ساڵی ٢٠١٣ بەهۆی نووسین و کارە ڕۆژنامەوانیەکانی سەبارەت بە جەنگی نێوان هێزەکانی حکوومەت و لایەنگرانی محەمەد مورسی زیندانی کراوە. ئەو یەکێکە لەو ٧٠٠ کەسەی، بە تۆمەتی کوشتنی پۆلیس و تێکدانی موڵکی گشتی زیندانی کراوە. "هەڵبژاردنی مەحمود ئەبو زەید، لە پای ئازایەتی و خۆڕاگری و تەرخان بوونی بۆ ئازادییە" ماریس ڕێسا، سەرۆکی دادگای یونسکۆ، کە ئەو خەڵاتەکە دەبەخشێت وای وت. لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی میسر سەرسامی خۆی دەبڕی بەو خەڵاتە و ڕایگەیاند کە "ئەوە خەڵات بەخشینە بە کەسێک کە تۆمەتبارە بە کاری تیرۆر و تاوانکاری". سەدان کەس، کە سیانیان ڕۆژنامەنووس بوون، کوژران لە کاتی خۆپیشاندانی لایەنگەرانی سەرۆکی لەسەرکار لادراوی ئەوکاتی میسە، محەمەد مورسی، لە ساڵی ٢٠١٣، ئەمەش دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ مورسی کورسی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی گرتە دەست.
کامه‌ران سوبحان بۆ من شێواز و تایبه‌تمه‌ندیى د.فازیل جاف له نووسیندا، تازه نییه. به‌و پێیه‌ى له‌گه‌ڵ براى هێژام عه‌بدوڵڵا مه‌حمود زه‌نگه‌نه دوو کتێبمان له عه‌ره‌بییه‌وه کردووه به کوردی، کتێبى سێیه‌میشمان چاوپێکه‌وتنێکى به‌رفراوان و فره لایه‌ن بوو له‌سه‌ر کار‌و شێوازى ده‌رهێنانی، به‌ناوی(ده‌رهێنان و شانۆى مۆدێرن) له‌گه‌ڵ کاک شۆڕش محه‌مه‌د حسێن... هه‌ر سێ کتێبه‌که‌ى له‌سه‌رده‌م چاپ بوو. یاده‌وه‌رییه‌کم هه‌یه له‌گه‌ڵ کتێبی(ده‌رهێنان و شانۆى مۆدێرن) چاپى یه‌که‌م ساڵى ٢٠٠٥ کاک دڵشاد عه‌بدوڵڵا سه‌رنووسه‌رى گۆڤارى ئاینده، بڕیاریدا وه‌ک کتێبێکى سه‌ربه‌خۆ کتێبی(ده‌رهێنان و شانۆى مۆدێرن)چاپ بکه‌ین. داواى لێکردم کاره هونه‌رییه‌کانى کتێبه‌که خۆم سه‌رپه‌رشتى بکه‌م، ئه‌وکات مامۆستا قادر میرخان نه‌خشه‌سازیى به‌رگه‌که‌ى بۆ ده‌کردین. بیستبووم له هه‌ندێ هاوڕێى ئه‌و کاتى سه‌رده‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى (شێرکۆ بێکه‌س و فازیل جاف)هاوڕێى ته‌مه‌ن بوون، به‌ڵام ئێستا ساردییه‌ک لهبهینیاندایه. منیش هه‌ر ئه‌وکاته به کاک دڵشاد عه‌بدوڵڵام وت، ئاساییه ئه‌م کتێبه، پێشتریش کتێبێکى ترمان چاپ کردووه بۆی، کاک شێرکۆ پێى ناخۆش نییه؟ کاک دڵشاد پێکه‌نى و وتى نا..نا بۆ پێیناخۆشه.! (خۆى ئاسا، به کورتى و پوختى وه‌ڵامى دامه‌وه) به‌س له‌ڕاستیدا من هه‌ر گومانى ئه‌وه‌م ده‌کرد گرفتمان بۆ درووست بێت، ڕه‌نگه کاک شێرکۆ بڵێ ماوه‌یه‌کى که‌مه کتێبێکى تر‌ى فازیل جافمان چاپ کردووه، با بمێنێ بۆ کاتێکى تر.! ئێواره‌یه‌ک له ژوورى نه‌خشه‌سازیى له ده‌زگاى سه‌رده‌م، من و مامۆستا قادر میرخان و کاک خالید محه‌مه‌د که نه‌خشه‌سازیى ناوه‌وه‌ى کتێبه‌که‌ى کردبوو، له‌سه‌ر کۆمپیته‌ره‌که سهیریى به‌رگى کتێبه‌که (ده‌رهێنان و شانۆى مۆدێرن)مان ده‌کرد، قادر میرخان درووستیکردبوو، کاک شێرکۆ خۆى کرد به ژووردا و سڵاوێکى کرد و هاته لامان، له کۆمپیته‌ره‌که‌دا سه‌یرێکى به‌رگه‌که‌ى کرد‌و که‌مێ بێده‌نگ بوو. له‌ژێر چاویلکه‌که‌یه‌وه سه‌یرێکى منى کرد و به تۆنێکى هێمن و پرسیارئامێز، پرسى ئه‌مه کارى تازه‌ى فازیل جافه؟ کاک شێرکۆ نا.. ئه‌وه چاوپێکه‌وتنێکى دورودرێژییهتى من و کاک شۆڕش کردومانه.!(من وا وه‌ڵامم دایه‌وه) که‌وته قسه‌کردن، وه‌ک ئه‌وه‌ى بڵێى پێ بێت و چاوه‌ڕێى ده‌رفه‌تێک بێت، ئه‌و قسانه‌ى بکات. ( کامه‌ران ڕه‌نگه تۆ بزانی، ئێمه ده‌مێکه براده‌رین له‌گه‌ڵ فازیل جاف، کتێبه‌که‌ى تریشتانم خوێنده‌وه، له‌سه‌ر مایرهۆڵد، ئه‌م پیاوه خوێنهوارێکى قوڵه. شاره‌زاییه‌کى زۆر باشى له شانۆ و ئه‌ده‌بیاتدا هه‌یه. به‌ده‌ر له سلێمانى که هه‌ندێ ده‌قى شانۆییم بۆ وه‌رگێڕاو زۆر باش کارى تێدا کرد، له‌سویدیش، هاوڕێ بووین. به‌ڵام ماڵى حیزبایه‌تیم وێرانکرد، برا له برا و هاوڕێ له هاوڕێ ده‌کات.! که‌مێ بێ ده‌نگ بوو، وتى زۆرم پێخۆشه و هونه‌رمه‌ندێکى زۆر باشه، بریا کارى تازه‌مان ده‌بینی، بزانین گه‌یشتووه‌ته چ ئاستێ؟!) هه‌ندێ قسه‌ى تریشى کرد و خۆى ئاسا، کۆتایى قسه‌کانى کرد به نوکته.! پاش بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌و کتێبه‌مان، که پاشتر، دوو جار چاپکرایه‌وه، کاک شێرکۆ کۆمه‌ڵێ ژماره‌ى له ژێر مێزه‌که‌ى خۆى دانابوو، به دیاریى به هه‌ندێ له‌و هاوڕێیانه‌ى ده‌به‌خشی، که‌سه‌ردانیان ده‌کرد. ئه‌م چیرۆکه هه‌ر مایه‌وه، نازانم په‌یوه‌ندییان ئاسایى بوویه‌وه یان نا؟ پاش مردنى که یاده‌وه‌رییه‌کانى کاک شێرکۆ بێکه‌س (نووسین به ئاوى خۆڵه‌مێش) بڵاوبویه‌وه، ستایشى فازیل جاف ده‌کات و وه‌ک هونه‌رمه‌ندێکى مه‌زنى کورد هێماى بۆ ده‌کات. د.فازیل جاف، یش کارێکى باشیکرد، ئه‌م کتێبه‌ى پێشکه‌ش به کاک شێرکۆ بێکه‌س کردووه، له‌ناویشیدا، ده‌یان یاده‌وه‌ریى جوانى خۆى و کاک شێرکۆ و شانۆ ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌م نووسه‌رو ڕێژیسۆر، سه‌ره‌تاکانى یاده‌وه‌ریى کارى هونه‌ریى خۆی، له زیاتر له ٤٠ ساڵى ڕابردوودا، به‌ناوى (ڕێژیسۆر و نمایش له سلێمانییه‌وه بۆ ستۆکهۆڵم) به‌شى یه‌که‌مى له چوارچێوه‌ى (٢١٥ لاپه‌ڕه‌دا) نووسیوهتهوهولهدهزگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م بڵاوکراوه‌ته‌وه. تایبه‌تمه‌ندیى ئه‌م کتێبه، له دوو ڕه‌گه‌زى سه‌ره‌کیدایه، یه‌که‌میان، شێوازى گێڕانه‌وه، دووه‌میان، زانیاریى ناو یاده‌وه‌رییه‌کانى ئه‌و ڕۆژگاره. له‌شێوازى گێڕانه‌وه‌دا، شێوازى نووسینى کتێبه‌که وایه گرتت به‌ده‌سته‌وه، مه‌حاڵه بتوانیت ده‌ستى لێههڵبگریت، تا ته‌واویى ده‌که‌یت. ئه‌ویش به ئه‌فسوونى ئه‌و شێوازه گێڕانه‌وه‌یه که خوێنه‌ر وا هه‌ست ده‌کات، نووسه‌ر یاده‌وه‌ریى خۆى بۆ ده‌گێڕێته‌وه.! ئه‌و هێڵه ڕۆحییه‌ى له‌نێوان نووسه‌ر و خوێنه‌ردا هه‌یه، ئه‌م ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ره، به وریایى کارى له‌سه‌رکردووه‌و توانیویه‌تى ڕامى سایکۆلۆژیاى خوێنهربکات. جارێ به گێڕانه‌وه‌ى ته‌نز، جارێک به فاکت و ڕوداوى گرنگ، جارێ به زانیاریى زۆر له‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌گه‌زانه‌ى که ئاماژه‌ى پێداون (ده‌ق، مۆزیک، ده‌رهێنان، شیعر، فه‌لسه‌فه، سایکۆلۆژیا) ئه‌مانه‌شى خستووه‌ته خزمه‌ت گێڕانه‌وه‌ى ڕۆژگاریى کارکردنى خۆى له هونه‌ردا. ئه‌م نووسه‌ره، به تیشکێکى خێرا له قۆناغى ناوه‌ندییه‌وه ده‌چێته زانکۆ، له ساڵانى خوێندنى له زانکۆ و کۆلیژى هونهرهجوانهکانى به‌غدا یاده‌وه‌ریى خۆی، له‌گه‌ڵ دوو دکتۆرى زۆر دیاریى شانۆ ده‌گێڕێته‌وه، بۆ خۆم پاش چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک له تێکه‌ڵاوى لهدونیایهدا، یه‌که‌مجارمه، خوێندبێتمه‌وه، یان بیستبێتم، که‌سێ به‌و جورئه‌ته‌وه، ئه‌زموونى هونه‌ریى و ئه‌فسانه‌ى ئه‌و دوو که‌سه به‌تاڵکاته‌وه.! «له ئه‌کادیمیاى هونه‌ره‌جوانه‌کان ساڵى یه‌که‌م و دووه‌م به‌شێوه‌یه‌کى گشتى وانه‌ى نواندنم خوێند. له‌و ساڵه‌دا دوو مامۆستا وانه‌ى نواندنیان پێگوتمهوه(ئه‌سعه‌د عه‌بدولڕه‌زاق و بهنام میخائیل)هیچ کام له‌م دوو مامۆستایه لێهاتوو نه‌بوون. د.ئه‌سعه‌د گوایه میتۆدى ستانسلافسکى له ئیتاڵیا خوێندبوو، ساڵێکى ته‌واوى به‌باسى قهلهمونهکهى ستانسلافسکییهوه برده سه‌ر.! بهنام میخائیلیش وه‌ک هه‌وادارێکى سه‌رسه‌ختى ناتۆرالیزم و به‌ناوى ڕیالیزمه‌وه هه‌مو داهێنانێکى ڕاسته‌قینه‌ى له‌گۆڕنا! به‌هره کوژێکى بێمانه‌ند بوو. سیفه‌ت و شقڵى ته‌واوى ئه‌و ووزه کوشتنه بوو، من ناوم نا بوو مامۆستاى ئهنتى شانۆ و نواندن.!» ڕێژیسۆر و نمایش، له سلێمانییه‌وه بۆ ستۆکهۆڵم لا( ٢٧-٢٨) ئه‌مه له‌کاتێکدا له‌نه‌وه‌ده‌کاندا له هونهرهجوانهکانى سلێمانی، ئه‌م دوو که‌سه کرابوونه په‌یامبه‌رى شانۆ له عێراقدا.! ئه‌م دیده ره‌خنه‌گرانه‌ى گێڕانه‌وه‌ى کتێبه‌که، له ده‌یان نمونه‌ى تردا ده‌بینرێت. ئه‌م کتێبه و نووسینه‌کانى تریى ئه‌م ریژیسۆره، پێ زانیارییه، به‌تایبه‌تیش له بوارى «سایکۆلۆژیا و خودناسیندا» گێڕانه‌وه‌کانى پێ تام و چێژه. له‌م کتێبه‌شدا، خوێنه‌ران له زمانى کاره‌کته‌رى ناو ڕوداوو نمایشه‌کانه‌وه ئاشنا ده‌بێت به ڕوداوه هونه‌رییه‌کانى ئه‌و ساڵانه‌ى که خۆى یاده‌وه‌ریى له‌گه‌ڵتا هه‌بووه‌و له‌م کتێبه‌دا نووسیویه‌تییه‌وه. به‌تایبه‌تیش باسى له سێ ئه‌زموونى کارى هونه‌ریى خۆى ده‌کات له سلێمانی، که یه‌کێکیان (پردى ئارتا)یه، که له ساڵى ١٩٨٧ دا له‌سلێمانى پێشکه‌شکراوه‌و تا ئێستاش ناوێکه له‌و به‌رهه‌مانه‌ى وون نابێت و به‌رده‌وام ئاماژه‌ى پێده‌کرێت، به بێ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک ئه‌و زانیارییانه‌ى هه‌بێ که له‌م کتێبه‌دا ئاماژه‌ى پێدراوه. به‌ڵام تا ئێستا ئێمه هه‌ر ده‌ماوده‌م ڕوداوه‌کانمان بیستووه. ئه‌م کتێبه له‌سه‌ر زمانى که‌سى یه‌که‌مى به‌رهه‌مه‌که‌وه، چه‌ندین لایه‌نى شاراوه‌و نهێنى و ڕۆڵى ڕه‌گه‌ز و بنه‌ما هونه‌رییه‌کانى ده‌خاته ڕوو. هه‌ردوو شانۆگه‌ریى (دوو ره‌گ و جیهان له‌ناو له‌پى ده‌ستدا) ئه‌م به‌رهه‌مانه زیاتر بیانویه‌کن بۆ ئه‌وه‌ى کۆمه‌ڵێ نهێنى و ره‌گه‌زیى کاره هونه‌رییه‌کانى ئه‌و ڕۆژگاره بگێڕێته‌وه، هه‌م خوێنه‌ر ئاشنا بکات، به (ستایل و شیوازى کارکردن و ئه‌کته‌ر و ڕێژیسۆر و ده‌رهێنه‌ر و بینه‌ر و ... هتد). ئه‌مه جگه له‌وه‌ى له کتێبه‌دا، خوێنه‌ر ئاشنا ده‌بێت به ستایل و شێوازى کارکردنى چه‌ندین نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر. چاوه‌ڕێى به‌شى دووه‌مى کتێبهکهین، بزانین نووسه‌ر، به‌زمانێکى تر، به‌ده‌ر له زمانى دایک، چ کارێکى تر‌ى هونه‌ریى کردووه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانیان له چیدایه.؟
هاوڵاتی بۆ یه‌که‌م جار له ریازى پایته‌ختى سعودیه هۆڵێکى سینه‌ما ده‌کرێته‌وه‌و یه‌که‌م فیلمى سینه‌مایى له مێژووى ئه‌و وڵاته‌دا دواى 35 ساڵ له قه‌ده‌غه‌بوونى سینه‌ما په‌خشده‌کرێت. د.عواد عه‌واد وه‌زیرى رۆشنبیرى و راگه‌یاندنى سعودیه، له‌میانى کردنه‌وه‌ى یه‌که‌م سینه‌ما له‌و وڵاته رایگه‌یاند "ئێمه ئه‌مڕۆ به‌ختیار و شادومانین، که بۆ یه‌که‌مجاره هۆڵى سینه‌ماى وا گه‌وره له وڵاته‌که‌مان ده‌کرێته‌وه" وتیشى "ئێمه ئه‌م هه‌نگاوه گه‌شه‌پێده‌ده‌ین و له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ى بۆ سینه‌ماو هونه‌ر و رۆشنبیریمان داناوه له 2030 زیاتر په‌ره‌ى پێده‌ده‌ین و چه‌ندین هۆڵى سینه‌ماى گه‌وره‌تر ده‌که‌ینه‌وه" دواى کردنه‌وه‌ى یه‌که‌م هۆڵى سینه‌ما له سعودیه، خه‌ڵکى به په‌رۆشه‌وه به‌ره‌و هۆڵى سینه‌ماکه ده‌چوون، که زیاتر مه‌به‌ستیان بینیى یه‌که‌م فیلمى سینه‌مایى بوو به ناوى (پڵنگى ره‌ش) که به‌رهه‌مى ساڵى 2018 بوو له‌لایه‌ن هۆلیۆده‌وه به‌رهه‌مهێنرابوو و ئێستاش له بۆکس ئۆفیسى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دایه. کردنه‌وه‌ى هۆڵ سینه‌ما لە سعودیه ته‌نها تایبهتنهکراوه به پیاوان، به‌ڵکو پیاوان و ژنانیش، به تێکه‌ڵى ده‌توانن بینه‌رى فیلمه‌کان ببن و هۆڵه‌که‌ش جێگه‌ى 600 بینه‌ر ده‌بێته‌وه. چاوه‌ڕوان ده‌کرێت له ماوه‌ى داهاتوودا و تاساڵى 2030 له سعودیه‌دا 35 هۆڵى سینه‌ماو 2500 شاشه‌ى نمایشکردنى فیلم له چوارچێوه‌ى ئه‌و پلانه‌ى بۆ هونه‌ر و رۆشنبیرى دانراوه درووستبکرێت. کردنه‌وه‌ى یه‌که‌م هۆڵى سینه‌مایى له سعودیه پاش 35 ساڵ له قه‌ده‌غه‌کردن دێت که له ساڵى 1980، دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن که‌سایه‌تییه ئاینییه‌کانه‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌و وڵاته رووبه‌ڕووى ره‌خنه بوونه‌وه، سینه‌ما له‌و وڵاته قه‌ده‌غه‌کرا.
هاوڵاتی فەڕەنسا نیازی هەیە پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی لەگەڵ ووڵاتی ئێران لە ڕێگای کلتووریەوە باشتر بکات و دووبارە پەرەی پێبدات. مۆزەخانەی تاران لە ڕۆژی دووشەممە دەرگای بەسەر ڕۆژنامەنووساندا کردەوە بەهۆی یادی 80 ساڵەی دروستکردنی ئەو مۆزەخانەیە و گەشتنی 50 کاری هونەری لە مۆزەخانەی لوڤەری فەڕەنسیەوە کە پەیکەری میسڕی تەمەن دوو هەزارو 400 ساڵ لەمەوبەر و تابلۆی هونەرمەندان ڕیمبراند و دێلکرۆیکس و پەیکەری ئیمپراتۆری ڕۆمانی مارکۆسی تێدایە. "هاوڕێ ئێرانیەکانمان زۆر حەزیان بە پەیکەرەکە کردوە، بەڵام کێشیان زۆر بوە و زۆر بە ئەستەم گوازراوەتەوە" فرانس 24 لە زاری جودیس هێنۆن، شارەزا لە مۆزەخانەی لۆڤەر، بڵاویکردۆتەوە. ئەم بەخشینەی فەڕەنسا لە دوای دوو ساڵ لە سەردانی حەسەن روحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران، دێت، لەو سەردانەیدا بڕیاری ئاڵووگۆڕی کلتوری لە نێوان پاریس و تاران درا. فەڕەنسا دەیەوێت لە ڕێگای ئەم ئاڵووگۆڕە کلتوریە، پەیوەندی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ ئێران پەرەپێبدات، ئەمەش جیا لەوەی فەڕەنسا هەلی خوێندنی داوە بە هەزارو 700 فێرخوازی ئێرانی.
هەرێم جەعفەر لە ناوچەیەکی کوردستان، (بەهار) فەرماندەی کچانی ڕۆژ، خۆی و بەتالیۆنێکی سەربازی کچانی کورد، دەیەوێت شارەکەی لەدەست تیرۆریستە توندڕەوەکان ڕزگار بکات. کچە ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسیش بەناوی (ماسیلد) سێ ڕۆژی یەکەمی ئەو جەنگە تۆماردەکات و بەدرێژایی جەنگەکە هاوڕێی کچە شەڕڤانەکانە. ئەمە کورتەی ناوەڕۆکی ئەو فیلمەیە کە تیایدا ئەکتەری ناوداری ئێران، گوڵشیفتە فەرەهانی، ڕۆڵی کچە شەڕڤانی کورد دەگیڕێت لە جەنگی دژی بە تیرۆرستان و یەکێکە لەو فیلمانەی کە هەڵبژێردراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی فیستیڤاڵی کان لە فەڕەنسا. ڕۆڵی ئەو کچە ڕۆژنامەنووسە فەڕەنسیە (ئیمانیۆل بێرکۆت)، خاوەنی خەڵاتی باشترین کچە ئەکتەری ساڵی ٢٠١٥ی فێستیڤاڵی کانە لە فیلمی (پاشاکەم). فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی ئیڤا هووسۆنە و لەناو فیلمەکەدا هەر یەک لە زمانەکانی فەڕەنسی و کوردی و ئینگلیزی و عەرەبی بەکاردێت. دەرهێنەر دەربارەی ئەو فیلمە وەک ئەوەی لە ماڵپەڕی سکریندەیلی هاتووە دەڵێت کە ئەو سەرسام بووە بەو کچە شەڕڤانانەی لە سووریا و عێراق دژی داعش و توندڕەوەکان جەنگاون و بە دیلگیراون. ئەوەی کە چەکیان دژی داگیرکەرانیان هەڵگرتوە. بڕیارە هەشتی مانگی داهاتوو فیستیڤاڵی کان لە شاری کانی وڵاتی فەڕەنسا دەست پێ‌بکات و تاکو ١٩ هەمان مانگ بەردەوام بێت. فیستیڤاڵی کان کە ساڵانە لە شاری (کان)ی فەڕەنسی بەڕێوەدەچێت و چەندین فیلم دەپاڵێودرێن بۆ بردنەوەی خەڵاتی تایبەت.