هاوڵاتى هونه‌رمه‌ندێکى کورد له‌پرۆژه‌یه‌کدا به‌ناوى (هه‌زار و یه‌ک خه‌ون، هه‌زار و یه‌ک چیرۆک) باس له‌داماڵینى چه‌ک ده‌کات و له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت ئاشتى به‌رقه‌رار بێت و چیتر هه‌وڵى یه‌کتر کوشتن و یه‌کتر سڕینه‌وه نه‌درێت، که هه‌مووکات بێهێزه‌کان ده‌بنه قوربانى. رێبوار سه‌عید هونه‌رمه‌ندو مامۆستاى زانکۆ، سه‌باره‌ت بهپرۆژهکهى به هاوڵاتى راگه‌یاند «من له رێگه‌ى ئه‌م پرۆژهیهمهوه ده‌مه‌وێت ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نم، ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌که‌ى له شانته داینهنێى، چه‌که‌که سه‌رت داده‌نێ، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش پرۆژه‌یه‌کى جیهانییه‌و په‌یوه‌ندى به‌پیاو و ژن، ره‌ش و سپى، نێرومێ، په‌یوه‌ندى به‌دینه‌وه نییه، مرۆڤ لهههرشوێنێکى دنیادا بێت زاده‌ى ئه‌و بهرکهوتنانهیهو ئه‌و رۆحیه‌تى چه‌کدارییه‌ى تێدا ده‌ڕوێت، بۆیه ئه‌گه‌ر ئاگامان له‌خۆمان نه‌بێت، تووش ده‌بین». سه‌باه‌رت بهپرۆژهکهى وتیشى «من هه‌زار و یه‌ک تابلۆم کێشاوه، تابلۆکانیش به ره‌ش و سپییه هه‌ریه‌ک له‌تابلۆکان هه‌ڵگری چیرۆکێکه، که به‌هێڵکاری ئه‌نجامدراوه‌و پاشان سکان کراون و به‌فۆتۆشۆپ گۆڕانکاری له‌سه‌رکراوه‌و ئاماده‌کراوه بۆ چاپی گرافیک، چاپی سهرکهنڤاس، سیرامیک، په‌یکه‌ر، دیزاینی سه‌ر تێکستایڵ، ئه‌نیمه‌یشن». ئه‌و هونه‌رمه‌نده سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنى ته‌نها ره‌نگى ره‌ش و سپى رایگه‌یاند «تابلۆکان به ره‌ش و سپییه، مه‌به‌ستیشمه به ره‌ش و سپى له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌نێوان ئه‌و دوو ره‌نگه، ره‌نگى سێیه‌م نییه، تۆ ئه‌بێ یه‌کیان هه‌ڵبژێرى. ره‌ش ههڵهبژێرى ده‌چیته ناو زۆنى تاریکى و جه‌نگه‌وه، سپى ههڵهبژێرى ده‌چیته ناو زۆنى ئاشته‌واییه‌وه«. له‌باره‌ى نمایشکردنى ئه‌م پرۆژه هونه‌رییه‌وه، وتى «وێنه‌کان هه‌مووى ته‌واو بووه‌و ته‌نها هه‌ندێ کارى دیجیتاڵى ماوه، بڕیاروایه مانگى پێنج له‌ئه‌ڵمانیا به‌شێک له‌تابلۆکان نمایش بکرێت، دواتر له‌چه‌ند وڵاتێکى تر نمایش ده‌کرێت، هیوادارم ئه‌مساڵ پێش ئه‌وه‌ى ساڵ ته‌واوبێت له‌کوردستانیش هه‌مووی نمایش بکرێت». رێبوار سه‌عید ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد که‌هه‌میشه باس له‌داماڵینی چه‌ک ده‌کرێت که‌بونی هۆکاری توندوتیژی و به‌رده‌وامی کاره‌ساته گه‌وره‌کانی دنیایه له‌چه‌که بچوکه‌کانه‌وه تاده‌گاته چه‌که گه‌وره وێرانکه‌ره‌کان، کات و وزه‌و پاره‌یه‌کی زۆر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌رف ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی توندوتیژی دابه‌زێت، هه‌میشه ریکلام و کۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، هه‌میشه فیلمه دۆکیومهنتاریهکان، هه‌میشه پارته سیاسیه‌کان به‌ر له‌واده‌ی هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌ی ئه‌م چه‌که نه‌فره‌تییه ده‌که‌ن و که‌چی هه‌ر خۆشیان له‌پشتی په‌رده‌وه ده‌بنه کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنان و ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی داهێنانه‌کانی.
خالید حوسه‌ینی رۆماننوسی ناوداری ئه‌فغانی و دانیشتووی وڵاتی ئه‌مریکا نوێترین رۆمانی خۆی بڵاوکرده‌وه، ناوه‌ڕۆکی رۆمانه‌که‌شی باسی ئالان کوردییه. (نزاى ده‌ریا) (prayer sea) دواڕۆمانی رۆماننوسى ئه‌فغانى خالید حوسه‌ینییه که له‌مانگی ئابی 2018 به زمانی ئینگلیزی بڵاویکردووه‌ته‌وه. نوسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا باس له‌و ململانێ سه‌خته‌ی مرۆڤ ده‌کات که به‌هۆی جه‌نگه‌وه رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌ت باسی کۆچکردن و به‌جێهێشتنی وڵاتی خۆت و رووکردنه غوربه‌ت. پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی له‌م رۆمانه‌دا که‌خالید حوسه‌ینی کاری له‌سه‌ر کردووه، (ئالان کوردی)یه که له رێگاى گه‌یشتن به ده‌ره‌وه‌ى وڵات و رزگاربوون له‌و جه‌نگه‌ى رووى لهوڵاتهکهیانى کردووه ده‌بێته قوربانی و لەکەناراوەکانی تورکیا دەخنکێت. بابه‌تى سه‌ره‌کى رۆمانه‌که له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که وێنه‌ى ئالان کوردى ته‌مه‌ن سێ ساڵ کاتێک له ساڵى 2015 له رێگه‌ى گه‌یشتن به ئه‌وروپا گیانى له‌ده‌ستداو ته‌رمه‌که‌ى له که‌ناراوه‌کانى تورکیا دۆزرایه‌وه، هه‌ر ئه‌وکات، له‌لایه‌ن وێنه‌گرێکى تورکییه‌وه وێنه‌ى ئه‌و منداڵه سێ ساڵانه گیراو، ئه‌و وێنه‌یه به‌زوویى به‌جیهاندا بڵاوبووه‌وه‌و کاریگه‌رى له‌سه‌ر خالید حوسه‌ینى داده‌نێت و وای لێده‌کات ئه‌و رۆمانه له‌سه‌ر ئه‌و منداڵه کورده بنووسێت. خالید حوسێنی، یه‌کێکه له‌نووسه‌ره ناسراوو دیاره‌کانی ئێستای دنیای ڕۆمانووسین و ناوبانگێکی زۆری له‌جیهاندا هه‌یه. رۆمانه‌کانی بۆ زۆربه‌ی زمانه زیندووه‌کانی جیهان وه‌رگێڕدراون له‌ناویاندا زمانی کوردیش که زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره کراوه‌ته کوردی و خوێنه‌رێکی زۆری به‌لای خۆیدا راکێشاوه. خالید حوسێنی ڕۆژی 4ی مانگی مارسی 1965 له‌کابول له‌دایکبووه. ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ «ڕوئیا حوسێنی» بوو، دوو منداڵیان هه‌یه کوڕێک و کچێک به‌ناوه‌کانی (حارس و فه‌ره‌ج)ه‌وه. ئه‌م نووسه‌ره تا ئێستا چوار ڕۆمانی له‌چاپ داوه؛ که گرنگترینیان (کۆلاره‌وان) و (هه‌زار خۆری دره‌وشاوه) و (چیاکان ده‌نگیان دایه‌وه) یه،سه‌رجه‌م رۆمانه‌کانی باس له بارودۆخی ئه‌فغانستان ده‌کات.
هاوڵاتی. شاره‌زوور ژماره‌یه‌ک کچانی شاره‌زوور نزیکه‌ی دووساڵه گروپێکیان بۆ بەکلتورکردنی خوێندنەوەو ئاشتکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌کتێب و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری خۆیان و خانمانی دیکه به‌ناوی کچانی گه‌وهه‌ر پێکهێناوه‌و ده‌یان سیمینار‌و کۆڕ‌و کۆبونه‌وه‌و چالاکی و پرۆژه‌ی جۆراوجۆریان ئه‌نجامداوه. ئه‌وان هه‌فتانه هه‌موو رۆژانێکی پێنجشه‌ممان له‌ده‌وری مێزێک و له‌ژوورێکی بچوک کۆده‌بنه‌وه‌و خوێندنه‌وه بۆ کتێبێک ده‌که‌ن و به‌گه‌رموگوڕییه‌وه گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌که‌ن. نارین عوسمان سه‌رپه‌رشتیارو دامه‌زرێنه‌ری گروپی کچانی گه‌وهه‌ر له‌باره‌ی بیرۆکه‌ی دروستکردنی گروپه‌که به وت «گروپه‌که‌مان سەربەخۆیهو نزیکەی دووساڵە دامەزراوەو شوێنی کارمان لەسەرەتادا لەبینای کتێبخانەی گشتی شارەزور بوو تائەوکاتەی کتێبخانەی گشتی بەهۆی بومەلەرزە ڕووخاو دەوامی تێدا راگیرا، ئێمە وەک کچانی گەوهەر چالاکیمان گواستەوە بینای بەڕێوبەرێتی ڕۆشنبیری شارەزورو تائێستایش بەردەوامین.» ئه‌و له‌باره‌ی کار‌و چالاکیه‌کانیانه‌وه ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو که‌کاریان دیاریکراوە لەقاڵبی بەکلتورکردنی خوێندنەوەو چالاکیە ڕۆشنبیریەکان ده‌خولێته‌وه، بەجۆرێک هەفتانه کتێبێکی دیاریکراو لەلایەن گروپەوە دیاریدەکرێت و دەخوێنرێتەوەو زۆرجار بەئامادەبونی نوسەر یان وەرگێڕی کتێبەکەی گفتوگۆی کراوە لەسەر کتێبەکە دەکرێت. وتیشی «لەماوەی ڕابردوو هەستاوین بەکردنەوەی پێشانگای کتێب لەقەزاکەو ئەنجامدان و ڕێکخستنی چەندین سیمیناری تایبەت بەبوارەکانی ئەدەب و فەلسەفەو بەشداریکردن لەچالاکیە هونەریەکان لەقەزای شارەزوور.» ئامانجی گروپه‌که بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەکلتورکردنی خوێندنەوەیە لەلای تاک بەتایبەت لەلای ژنان و کچان لەپێناو پێگەیاندنی چینێکی خوێنەرو هۆشیار لەنێو کۆمەڵگەدا. سه‌باره‌ت به‌سه‌رچاوه‌ی داهاتوو و خه‌رجیه‌کانیان نارین عوسمان ده‌ڵێت «ئێمە هیچ سەرچاوەیەکی مادی دیاریکراومان نیەو کارەکانمان خۆبەخشیە هەندێکجار لەسەر ئەرکی دەستەی کارگێڕو ئەندامانی گروپەو تەنها سەرچاوەمان کۆمەڵێک کەسایهتین کە لەهەندێ کاتدا سپۆنسەری کارەکانمان دەکەن بەشێوەیەکی سەرپێی.» گروپه‌که تائێستا ئه‌ندامه‌کانی کچ بوه‌و تەنها کچان دەتوانن ببنە ئەندام، بەڵام وه‌ک سه‌رپه‌رشتیاره‌که‌ی ئاماژه‌ی پێده‌دات بەڕێوبەرو کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش و چالاکوان و رۆژنامه‌نوسان لەبەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری شارەزوور هاوکارو یارمەتیدەریانن لەجێبەجێکردنی چالاکیەکانیاندا. سه‌رپه‌رشتیاری گروپی کچانی گه‌وهه‌ر ئاماژه به‌وه‌ده‌کات گروپه‌که‌یان روبەڕوی گرفت ده‌بێته‌وه له‌وانه نەبونی هاریکاریە لەلایەن لایه‌نه پەیوەندیدارەکان کەیاساو ڕێسایەکی تایبەت نیە بەو گروپە خۆبەخشانە وەک هاریکاری و پەرەپێدان بەکارەکان، وتیشی « نەبونی جێگایەکی تایبەتە بەکاری گروپ ئەوەی هەیە بەهاریکاری ڕۆشنبیری شارەزووره، لەم کۆمەڵگایە کەتاڕادەیەک کۆمەڵگایەکی داخراوە لەبواری ڕۆشنبیری و فیکری، ئه‌کرێت کارکردن لێره کەمێک زەحمەتتر بیت بەبەراورد بەسەنتەری شارەکان». گروپی کچانی گه‌وهه‌ر له‌چه‌ند مانگی رابردودا پرۆژه‌یه‌کی هه‌بوو که‌هه‌فتانه چه‌ند ئه‌ندامێکیان کتێب و چیرۆکی جیاوازیان ده‌خوێنده‌وه بۆ منداڵان، نارین ده‌ڵێت «بەهۆی نه‌بوونی شوێنی تایبه‌ت و گواستنەوه‌ی شوێنه‌که‌مان بۆ جێگایه‌کی بچوک نەمانتوانی بەردەوامی پێبدەین». ده‌رباره‌ی کاره‌کانی داهاتویان سه‌رپه‌رشتیاری گروپی کچانی گه‌وهه‌ر وتی «لە بەرنامەماندایە بۆ برەودان بەتوانای کچان و چینی گەنج لەبوارەکانی خوێندنەوەو توانا مرۆیەکان لەپێناو پێگەیاندنی چینێکی هۆشیارو چالاک لەقەزاکە به‌رده‌وامی بده‌ین به‌کاره‌کانمان و فراوانتری بکه‌ین، هەروەها بانگهێشتکردنی نوسەرو دەرونناس و ڕۆشنبیران لەپێناو گفتوگۆکردن و ڕێکخستنی سیمیناری تایبەت بۆ هەموو ئاستەکان».
هاوڵاتى دواى کردنه‌وه‌ى هۆڵى سینه‌ما له سعودییه، رۆژى پێنجشه‌ممه یه‌که‌م فیلمى سینه‌مایى عه‌ره‌بى نمایش ده‌کرێت ئه‌و فیلمه عه‌ره‌بییه‌ى که بڕیاره بۆ یه‌که‌م جار له سینه‌ماى سعودیه نمایش بکرێت ناوى "به‌دله"یه و هونه‌رمه‌ند تامر حوسنى رۆڵى سه‌ره‌کیى تێدادا ده‌بینێت. هونه‌رمه‌ند تامر حوسنى له‌په‌یجى خۆى له‌تۆڕ کۆمه‌ڵایه‌تیی فهیسبهکهوه بڵاویکردووه‌ته‌وه که "فیلمه‌که له 20ى ئه‌یلووله‌وه له سعوودیه نمایش ده‌کرێت" سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆکى فیلمه‌که رایگه‌یاندووه "فیلمه‌که کۆمیدییه، جه‌ژنى قوربانى ئه‌مساڵ له چه‌ند وڵاتێکى عه‌ره‌بى نمایشکرا و ئه‌مه‌ش ده‌بێته یه‌که‌م فیلمى عه‌ره‌بى که له سعوودیه نمایش بکرێت که له هۆڵێکى سینه‌ماى شارى ریازى پایته‌ختى سعودیه نمایش ده‌کرێت" مانگى کانوونى یه‌که‌مى 2017 وه‌زاره‌تى زانیارى و کولتوورى سعوودیه له راگه‌یه‌ندراوێکدا، بڕیارێکى ده‌رکرد بۆ پێدانى مۆڵه‌ت به کردنه‌وه‌ى هۆڵى سینه‌ما له سعوودیه و رایگه‌یاندبوو، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت یه‌که‌م هۆڵى سینه‌ما له مانگى ئادارى 2018 بکرێته‌وه. یه‌که‌م فیلم که نمایشکرا دواى کردنه‌وه‌ى هۆڵه‌کانى سینه‌ما له سعوودیه، فیلمى "Black Panther" بوو.
هیوا غفور شێخ پاڵەوانی كتێبی (حەسار و سەگەكانی باوكم)، رۆمانێكی قەبارە مام ناوەندی نوسەر و رۆماننوس شێرزاد حەسەنە، لە ساڵی 1998 وەرگێڕدراوە بۆ زمانی فارسی و لەو ساڵەدا كۆماری ئیسلامی ئێران رێگەی نەداوە بە زمانی فارسی بڵاو ببێتەوە، پاش شەش ساڵ و بە سانسۆرێكی زۆرەوە، لە ساڵی 2004 لە ئێران چاپ و بڵاوبووەتەوە. دواتر بۆ جاری دووەم رێگە لە بڵاوبونەوەی گیراو لەماوەی تەنها ساڵێك دا لە ئێران كە مۆڵەتی چاپیان پێدابوو، شەش جار چاپكراوەتەوە. دواتر بۆ ماوەی سیانزە ساڵ مۆڵەتی چاپكردنەوەی لێدەسەنرێتەوە. ئێستا پاش سیانزە ساڵ جارێكی تر بە سانسۆرێكی زۆرەوە، دووبارە لە ئێران مۆڵەتی چاپیان پێداوەتەوە، لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەدا، مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی رۆمانی (حەسار و سەگەكانی باوكم) بە وردی باسی ئەم كتێبەو رێگرییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات سەبارەت بەم كتێبە. هاوڵاتی: بیرۆكەی وەرگێڕانی ئەم كتێبە بۆ زمانی فارسی چۆن لەلات گەڵاڵە بوو هەروەها چۆنیەتی قەدەغەكردنی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، روونبكەرەوە؟ مەریوان هەڵەبجەیی: من لەتەمەنی 18 ساڵیدا لە ساڵی 1998 دا، ئەو ساڵانە لە تاران ئەژیام، یەكەم وەرگێڕانی من (حەسار و سەگەكانی باوكم بوو) لە ساڵی 1997 لە سەفەرێكمدا هاتم بۆ شاری سلێمانی لەوێ مۆڵەتم لە مامۆستا شێرزاد حەسەن وەرگرت و داوام لێ‌كرد مۆڵەتم بدات ئەو كتێبە وەربگێڕمە سەر زمانی فارسی، ئەگەر ئاستەكەی پێ باش بوو و دای بە خەڵكانی تر و خوێندیانەوە، موافەقاتێك بكەن. دیارە ئەو كاتە من لەبەرئەوەی تەمەنم كەمبوو ، بەكۆمەڵی فلتەردا بڕوات بۆ ئەوەی رەزامەندی ئەو وەربگرم و دواتر چاپی بكەم. دیارە كە تەواوم كرد و وەرمگێڕا، پێش چاپ كۆمەڵێك وەرگێڕی بەناوبانگ و نووسەر و رەخنەگر خوێندویانەوە زۆر پێی سەرسام بوون و زۆر پێیان باشبوو، زۆریان پێ‌خۆش‌بوو كە شتێكی واهەیە، لە ئەدەبی كوردیدا، دیارە ئەوان هیچ شتێكیان لەسەر ئەدەبی كوردی نەبیستبوو جگە لە شیعر وەك شیعرەكانی شێركۆ بێكەس و عەبدوڵا پەشێو و رەفیق سابیر و یەك دوو شاعیر دواتر لەتیف هەڵمەت ئەوانی تریش هەبوون لە بڵاو كراوەكاندا بینیبویان. دیارە ئەو كاتە هیچ كتێبێكی كوردی بە فارسی نەبوو و بڵاونەبوو بویەوە سەبارەت بە ئەدەبی نوێی كوردی. لەبەرئەوە ئەو كتێبە كە بینییان وەرگێڕدراوە بۆ فارسی وەكو راچڵەكانێك وابوو، زۆر خۆش بوو بەلایانەوە. لەیەك كاتدا یەك شت بۆ من و بۆ ئەوانیش زۆر ناخۆش بوو، ئەوە بوو پێیان ئەوتم تۆ ساڵانیكی زۆر ژیانت هەر لە ئێران‌دا بووە هەموو هێڵەكانی سانسۆر لەم وڵاتە ئەزانی، چۆن هاتووی ئەم كتێبە زۆر جوانەت هەڵبژاردووە. ئەبێت دڵنیابیت بەداخەوە ئەم كتێبە بەهیچ شێوەیەك لە ئێران‌دا چاپنابێت،چونكە زۆر لە هێڵە سورەكانی ئەمانی تێپەڕاندووە. من لە پێشەوە ئەبوو ئەوەم بزانیایە، كە من ئەم كتێبە وەردەگێڕمە سەر زمانی فارسی، بەڵام لەوەیە بۆ بیست ساڵی دوایی چاپبێت یان لەدەرەوە ئێران بە زمانی فارسی چاپی بكەم یان لەشوێنێكی تر . هاوڵاتی: ئەو كتێبە لە ساڵانی هەشتاكاندا نووسراوە، بەڵام شێرزاد حەسەن لە ساڵی 96 چاپی دەكات، تۆ ئاگاداریی ئەوەبویت، كە لەسەردەمی حكومەتی بە عسیشدا ئەم كتێبە مۆڵەتی چاپیان پێنادا ئەگەر تەواو بوایەو ئامادەبوایە بۆ چاپ؟ مەریوان هەڵەبجەیی: بەڵێ ، ئەو كارە لە بونیادەوە مامۆستا شێرزاد خۆی لە هەشتاكاندا دەستی پێكردووە كۆتایی هەشتاكان بووە، دواتر مەعلومیش بووە ئەگەر ئەو رۆمانە لەسەردەمی بەعسدا تەواویش بوایە بدرایە بە چاپ چاپنابوو، لەبەرئەوەی بەعیسیش ئەو كاتە سانسۆری لەسەر شتەكان هەبوو، سانسۆرێكی زۆر خراپ و كوشندەبوو، دواتر لە ساڵی 96 چاپ بوو، بەڵام رۆمانەكە خۆی زووتر نوسرابوو. لەبەر ئەوە هەرواش دەرچوو كاتێك دەزگای (چەشمە) گەورەترین و بەناوبانگترین چاپ و بڵاوكراوەی ئێرانە لەماوەی چل ساڵی پێشوودا، قبوڵی كرد و ستایشیان كرد ئەوانیش هەمان شتی نووسەرەكانیان پێوتمەوە لەبارەی سانسۆری كتێبەكە بەڵام نە ئەكرا بوەستین. كتێبەكەمان دا پێیان و شارەزاكانیان سەیریان كرد و بە پرۆسەیەكدا تێپەڕی و ناردیان بۆ مۆڵەتی چاپ و ئیدارەی سانسۆری وڵات رەتیانكردەوە، وتیان كتێبێكی نائەخلاقییەو نایاتەوە لەگەڵ پێوەرەكانی ئەم وڵاتە، هێڵی سوری زۆر تێكشاندووە. هاوڵاتی: بۆچی ئەم كتێبەیان رەتكردەوە؟ ئەو هێڵە سورانە چی بوون، كە پێانوابوو، بەزێندراوە لەم رۆمانەدا؟ مەریوان هەڵەبجەیی: ئێران وڵاتێكی ئاینییە دەیەوێت ئاین پەیڕەو بكات، نابێت هیچ شتێك لەسەر و ئاینەوە بێت ، دەبێت ئاین پیرۆز بێت و ناكرێت رەخنەی لێبگیرێت. رۆمانەكەش وەك دەزانی بەشێكی زۆری رەخنەیە لە ئاین و باوكسالاریی و ئەو ستەمكارییەی ژنان. مناڵەكان بە باوك و كوڕەوە لە ژێر ستەمی باوك سالاریدا دەچەوسێندرێنەوەو پاساوی ئاینیت بۆ دێنێتەوە، دیارە تێمایەكی تری ئەسڵی رۆمانەكە قسەكردنە لەسەر پرسی شۆڕش و راپەڕاین . ئەم رۆمانە تەنها رەخنە لە رادیكالیزمی دینی وئاینی نییە، بەڵكو زیاتر رەخنەشە لە پرسی شۆڕش و پرسی راپەڕین و گۆڕانكارییەكان. بەداخەوە یەكێك لە سانسۆرەكان ئەوەیە دێڕێك یان دوو دێڕ لە شانۆی ماراسادی تێدایە، كە خۆی لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەرزمانی كوردی و لە پێشەكی رۆمانەكە بڵاویكردوەتەوە. دیالۆگێكی نێوان مارا و سادە، كە لەوێدا :(ساد) بە (مارا) دەڵێ: +مارا...بەندیخانەكانی نێوزاتی مرۆڤ، گەلێ لە زیندانە تاریك و بەردینەكان ناخۆشتر و تەنگترە، تاوەكو هەر ئاواهی داخراوبن، هەموو شۆڕشێكی ئێوە دەبێ بە زیندانی... هەر هەڵگەڕانەوەیەك كە دەبێ جارێكی دیكە لەلایەن بەدخووەكان بڕمێ و داڕووخێتەوە. یەكەم جار وتیان دەبێت ئەوە لادەی كە دوای پێنج ساڵ مۆڵەتی پێدرا لەسەردەمی خاتەمی دا، هەروەها بۆ جارێكی تر قەدەغە كرایەوە، كە 13 ساڵی پێچوو. بەداخەوە 20 ساڵ زیاتر تێپەڕیوەو تا ئێستاش ئەم رۆمانە نەكراوە بە عەرەبی ئەم شاكارەی كورد، كە هەر ئەوكات ئەو رەخنەگرانەی وڵاتی ئێران پێش ئەوەی چاپبكرێت، وتیان ئەمە شاكارێكە ئەكرێت لە كتێبخانەكانی دونیادا بدرەوشێتەوە نەك تەنها لە ناو میلەتانی رۆژهەڵاتدا. رۆمانێك 80 لاپەڕەیە لەوەیە 80 رۆژی نەوێت ئەگەر وەربگێردرێتە سەر زمانی كوردی. بەداخەوە نەكراو نەبوو. هاوڵاتی: هۆكارێكی تری قەدەغەكردنی ئەم رۆمانە بەدەر لە رۆمانەكە وتارێكیشی لەگەڵ دایە كە شێرزاحەسەن خۆی نوسیویەتی لە كۆنگرەی نوسەرانی جیهان لە 1997 خوێندویەتییەوەو ئەو وتارەش لێی سانسۆر كرا؟ مەریوان هەڵەبجەیی: بەڵێ، خۆی حەوت لاپەڕەی لێ سانسۆر كرابوو هەم لە رۆمانەكە، هەم لەو وتارە درێژەی كە نزیكەیی 30 لاپەڕە دەبێت لەناو كتێبەكەدا دامنابوو ئەو وتارە، كە شێرزاد حەسەن لەكۆنگرەی نوسەرانی جیهان لە فینلەندا لە ساڵی 1997 خوێندییەوە بە ناوی (وەڵامێكی تازە بۆ پرسیارێكی كۆن) كە ئەو وتارە بۆ خۆی شاكارێكە كە جیهانبینییەكی كامڵ و قوڵی شێرزاد حەسەن لەو وتارە دەبینیتەوە. وتارەكەش زۆری لێ سانسۆر كرابوو كە باس لە ژێر دەستەیی زمانی كوردی دەكات لەلایەن ئەو چوار وڵاتەی كە كوردی لێ دەژێت و سەركوتكەر بوون بەسەر ئێمەدا وەكو كورد هەروەها رەخنەی شێرزاد خۆی بۆتاكی كورد لەوتارەدا رووندەبێتەوە وەك چۆن لە رۆمانەكەشدا هەیە. من ئەو وتارەم بەدەستنوس وەرگرت كە تازە لە فیلەندا گەڕابووەوە. هاوڵاتی: هۆكاری قەدەغەكردنی بۆ جاری دووەم چی بوو، چۆن یەكەمجار رێگەیان دا بڵاوبكرێتەوە ، دواتر جارێكی تر قەدەغەیان كردەوە؟ مەریوان هەڵەبجەیی: لەسەردەمی محمد خاتەمی وەزیرێكی رۆشنبیری بەناوی عەتا عوڵای موهاجیری كە خۆی رۆماننوسیش بوو، ئێستا هەڵاتوەو لە دەرەوەی ئێرانە تا رادەیەك دەستكرانەوەیەك هەبوو، لەبەر ئەوە بوو بە سانسۆركردنی ئەو چەند لاپەڕەیەشەوە هێشتیان چاپبێت، سانسۆرەكە لە بابەتەكانی ئاین و سیاسەت و سێكس بوو سانسۆرەكان لەو قەوارەیەدا بووە لە كتێبەدا. دواتر كە خاتەمی نەما ئەحمەدی نەژاد هات. ئێران گەڕایەوە بۆ سەرەتاكانی سەردەمی شەڕی ئێران عێراق و بگرە زۆر خراپتر لە رووی سانسۆرەوە. سانسۆرێكی ترسناك روویدا، كتێبەكە هەر سوتاو بەزوویی كۆكرایەوە، لە كتێبخانەكاندا قەدەغەكرا وەكو كتێبێكی غەیرە ئەخڵاقی و ناتەندرووست ناوی دەركرد و بەڵكو هەندێ كێشەشی بۆ من درووستكرد، من ناچاربووم لەو كاتانەدا ئێران جێبهێڵم، كە رەنگە باش نەبێت لێرەدا هەموو وردەكارییەكانی باسبكەم. دواتر من ئەچووم بزانم چ شتێك بوە هۆی ئەوەی كە مۆڵەتی لێبسەنرێتەوە كە خۆی مۆڵەتی فەرمی هەبووە؟ دواتر زانیم كە سكاڵای لەسەرە لەلایەن هێزێكی سەربازی گەورەی ئەو وڵاتەوە، هێزێكە هەموو شتێكی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە، دیارە پێشتر دەزگایەكی ئەو وڵاتە سكاڵای كردبوو.دواتر دەزگای بڵاوكردنەوەكەشیان داخست كە ئەم كتێبەی منیان چاپكردبوو. من لەو كاتەیە بووم بە قوربانی، چونكە چەند كتێبێكی ترم لەگەڵ ئەو دەزگایەدا هەبوو بۆ چاپ و بڵاو كردنەوە وەك دواهەمین هەناری دونیا، ئێوارەی پەروانە، مولازم تەحسین و شتی تریشی فەرهاد پیرباڵ، گەڕەكی داهۆڵەكانی شێرزاد حەسەن، زۆر شتی تریش كە وەرمگێڕابوو، لەلای ئەم دەزگای بڵاوكردنەوەیە بوو، كە دەزگایەكی گەورەبوو زۆربەی رۆماننوسە بەناوبانگەكان لێرە كتێبەكانیان چاپ دەكرد. ئیتر ئەو ماوەیە من بێ كتێب مامەوە ئێرانم جێهێشت. هاوڵاتی: واتە سەردەمی سەرۆكایەتی حەسەن رۆحانی، باشتر بوو وا دوای سیانزە ساڵ رێگەیان داوە بە چاپدانەوەی، ئایە دوو بارە لێی سانسۆركراوەتەوە، یان بێ سانسۆر چاپ دەكرێت؟ مەریوان هەڵەبجەیی: سەردەمی رۆحانی كە لە چاو هەشت ساڵی سەرۆكایەتی ئەحمەدی نەژاد كەمێك باشترە، ناڵێم زۆر باشە. من لەماوەی ئەو سیانزە ساڵەدا هەر هاتووچۆی وەزارەتی رۆشنبیریم كردووەو دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەكەش هەر هاتوچۆی كردووە تا مۆڵەتی چاپكردنی بدەن، كە من لەو پێناوەدا ئازاری زۆرم چەشتووە، ئاواتە خوازبووم بێ سانسۆر مۆڵەتی چاپی بدەن، بەڵام بەداخەوە نەیان هێشت. ئەگەر سیانزە ساڵەكە ببێتە سی ساڵیش نەیان دەهێشت بێ سانسۆر چاپبكرێت لەبەر ئەوە ناچاربووم ئەو چەند لاپەڕٍەیە كەهەرچەندە زیان ئەدا لە رۆمانەكەش لای بەرم. واتە بەلابردنی چەند لاپەڕەیەك و دەستكاریكردنی رستەكان كە زۆر مانا نەگۆڕێت و رۆمانەكە زیان گەورەی بەرنەكەوێت و لایەنی هونەری رۆمانەكە بمینێتەوە، بەوشێوەیە چارەسەرم كرد. بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەردەمی خاتەمی یەك ساڵ لە بازاڕدا بوو شەش جار چاپكراو كرا بە شانۆ و لە چەند شارێك. زۆرشتی لەسەر نوسرا دوو بەرامبەریی ئەوەی من هەر بەرێكەوت بینیومە زیاد لەسەد رۆژنامەو گۆڤار هەیە من ناتوانم لەماوەی بیست ساڵدا چاودێری هەمووی بكەم، بەڵام ئەوەی من بە رێكەوت چاوم پێكەوتووە لەبەرئەوەی من ئابوورییەكم نییە هەموو رۆژنامەو گۆڤارەكان بكڕم، زیاد لە دوو بەرامبەرەی لاپەڕەی رۆمانەكەیە و رەخنە لە ستایشی رۆمانەكە نوسراوە وەكو شاكارێك تەماشا كراوەوە، ناچار بووم رازیبم بە سانسۆرەوە چاپبكرێت.
کتێبى «هونه‌رى ڕۆمان.. مێژوو، خوێندنه‌وه، به‌رده‌وامی» له‌نووسینی سه‌نگه‌ر زراری، بڵاوکرایه‌وه که باسى گرنگیى ڕۆمان ده‌کات، وه‌کو ژانرێکى سه‌ره‌کى ئه‌ده‌ب. سه‌نگه‌ر زرارى له‌لێدوانێکیدا به راگه‌یاند «کتێبه‌که له‌سێ به‌شى سه‌ره‌کى پێکهاتووه، به‌شى یه‌که‌م له چه‌ند باسێکى جیاوازدا هونه‌رى ڕۆمان و پێناسه‌و مێژووى ڕۆمان و په‌یوه‌ندى ڕۆمان بهڕهگهزه ئه‌ده‌بى و هونه‌رییه‌کانى دیکه‌ى وه‌کو: شیعر، سینه‌ما، ژیاننامه، مێژوو و... ده‌خاته‌ڕوو، هه‌روه‌ها باسى مێژووى ڕۆمانى کوردى ده‌کات له‌سه‌ره‌تاوه تاڕاپهڕینى ساڵى (1991)ى کوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش بیبلۆگرافیایهکى تێروته‌سه‌ل دروستکراوه‌و بیبلۆگرافیاکه ناوى سه‌رجه‌م ئه‌و ڕۆمانه کوردییانهى تێدایه که له‌سه‌ره‌تاوه تاڕاپهڕینى 1991 ده‌رچوون، چ ئه‌وانه‌ى نووسراون و چ ئه‌وانه‌ى وه‌رگێڕدراونه‌ته سه‌ر زمانى کوردی». وتیشى «به‌شی دووه‌می کتێبه‌که ڕه‌خنه‌و خوێندنه‌وه‌ى ژماره‌یه‌ک ڕۆمانى کوردییه‌و به‌شى سێیه‌میش ڕه‌خنه‌و تێڕامانه له‌چه‌ند ڕۆمانێکى وه‌رگێڕدراو بۆ سه‌ر زمانى کوردی». سه‌نگه‌ر زرارى ئه‌وه‌شى وت «قوتابى و خوێندکارانى به‌شه‌کانى زمانى کوردى و به‌شه‌کانى ئه‌ده‌بیات و توێژه‌رانى بوارى ئه‌ده‌بی، بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌بوارى ڕۆمان ده‌توانن سوودى زۆر له‌م کتێبه ببینن، به‌تایبه‌تیش به‌هۆى ئه‌و به‌شانه‌ى باسى مێژووى ڕۆمان و پێناسه‌ى ڕۆمان و په‌یوه‌ندى ڕۆمان بهژانره ئه‌ده‌بى و هونه‌رییه‌کانى دیکه ده‌کات، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌شانه‌ى په‌یوه‌ستن بهڕۆمانى کوردى و مێژووى تێروته‌سه‌لى ڕۆمانى کوردی». کتێبه‌که له‌لایه‌ن «نووسینگه‌ى ته‌فسیر بۆ چاپ و بڵاوکردنه‌وه« چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه. سه‌نگه‌ر زرارى خاوه‌نى پێنج کتێبى دیکه‌ى نووسین و وه‌رگێڕانه.
چۆن خوێندنه‌وه بکه‌ین به کلتور؟ ئه‌ژین باجه‌ڵان پرسیارێکی قورسە، سەرەتا پێویستە ئێمە لەکۆمەڵگای خۆمان تێبگەین، دوای ئەوە هەوڵبدەین لەسەر خوێندنەوە ڕایان‌بێنین، هەروەها بزانین بەچ شێوەیەک بتوانین سەرنجیان بۆ لای کتێب ڕابکێشین. باشترین ڕێگەش ئەوەیە کەکتێب بەردەوام لەبەرامبەر خەڵک بێت، شتێکی قەتیسکراو نەبێت تەنها لەکتێبخانەکان، بۆ من تەنها لەکتێبخانەکان کتێبم بەرچاو بکەوێت، بۆ لەمارکێت و مۆڵەکان بەشێکی تایبەت نەبێت بۆ فرۆشتنی کتێب! یان لەکافێ و ڕێستۆرانتەکان یان لەکاتی چاوەڕوانی کردن لەلای دکتۆرەکان، لەجیاتی ئەوەی هەر بەدەست بەتاڵی چاوەڕێ بکەن خەریکی خوێندنەوە دەبن، ڕەنگە بڵێن ئەگەر تاک خوێنەر نەبێت پەنا ناباتەبەر کتێب، نەخێر وانییە، تەنها دووان کتێبیان بەدەستەوە بوو دەبینین دووانی تریش حەزیان لێ دەبێت سەیربکەن بزانە چی دەخوێننەوە. گرنگتر لەکتێب خوێندنەوەی ڕۆژنامەیە، کەئەمیش بەنرخێکی زۆر ڕەمزی لەبەردەستە، بەڵام یەک کێشە هەیە کەئەمیش تەنها لەکتێبخانەکانە، بریا لەهەموو دوکانێک بەردەست بێت ئەوکات کاریگەرییەکی باش دەبێت لەسەر بەکلتوورکردنەوەی خوێندنەوە، چونکە ڕۆژنامە هەموو شتێکی تیایە لەباسی سیاسی تاکو ئابووری، ئەدەب و هونەرو جوانکاریش، واتا دوای ئەوەی پیاوەکە لەخوێندنەوە دەبێتەوە هاوژینەکەیشی گۆشەیەکی تیا دەدۆزێتەوە تایبەت بە ئەو بێت. رۆڵی میدیامان لەیاد نەچێت، ئەو بەرنامانەی کەبینەریان زۆرەو پێشکەشکارانیان خاوەن بنچینەیەکی جەماوەری گەورەن دەتوانن لەگۆشەیەکی بەرنامەکەیان ئەماژە بەکتێبێک یان بۆ نووسەرێک بکەن، ئەمە وا لەهەوادارانیان دەکات بەدوای ئەو نووسەرە یاخود کتێبە بگەڕێن و بیخوێنەوە. هەروەها بەهۆی سۆشیاڵ میدیاوە بڕێکی باش ڤڵۆگ و فاشننیستامان هەیە کەئەوانیش بڕێکی باش لە گەنجان فۆڵۆیان دەکەن، ئەگەر ئەوان خۆشەویستی خۆیان بۆ خوێندەنەوە دەربڕن دەتوانن کاریگەری بکەنەسەر ئەم جیلە نوێیە، هیچ نەبێت ئەمان چاویان لێبکەن و ئەو کتێبانە بخوێنەوە کە باسدەکرێن لەوڵاتانی ئەوروپا کتێبیان لەمیترۆو پاسەکان داناوە، لەو ماوەیەی لەناو پاسەکەن ئەگەر خەریکی خوێندنەوەی کتێبێک بن ئەوە کرێکەیان بەلاشە، واتە بخوێنەوەو پارە مەدە، ئەمیش شێوازێکە بۆ ئەوەی تاکی ئەوان گرنگی بەخوێندنەوە بدەن، چونکە ئەوان کۆمەڵگایەکن ئاگایان لەئابووری خۆیانە، بۆیە ئەم شێوازە ئەنجامی پۆزەتیڤی هەیە لایان. بەڵام ئەم شێوازە لای ئێمە سوودی نییە، بۆیە دەبێت بزانین تاکی ئێرە گرنگی بەچی دەدەن و چی سەرنجیان ڕادەکێشێت و لەڕێگەی ئەو شتانەوە وایان لێبکەین حەز لەخوێندنەوە بکەن.
نەجات نوری ئەم نمونەیە بۆ ساڵانێكی زۆر زوتر لەم شارەدا بخوێننەوە: لە رۆژنامەی ژین ژمارە 1288 رۆژی 15/3/1956 نوسراوە ژمارەی خوێندەوارانی كتێبخانەی گشتی بۆ مانگی شوبات (842) كەس بوون، لەمانە زۆرترین كتێبی كوردی‌و ئینجا عەرەبی‌و ئینجا ئینگلیزی‌و فارسی‌و توركی‌و مجلاتیان خوێندۆتەوە، لەوانە (60)یان كچ بوون. ئەمە بۆ ئەو كاتانە كە كتێب لەو رۆژگارەدا بۆ كۆمەڵگا سەرچاوەی عەقڵو گەڕانبووە بەشوێن ناسینی مرۆڤ خۆیدا، ئەمە بۆ ئێستا دەبێتە بنەمایەكی كوشندەو بچنە كتێبخانەی گشتی بزانن چەند كەس دەخوێننەوە؟ ئەركی سەرەكی نوسەرانو رۆشنبیران هەر لە سەرەتاوە لەسەر ئەو مانایە كاریانكردووە كە كۆمەڵگا لەرێگەی نوسین‌و كتێبەكانیانەوە بە راستی‌و درككردن بە حەقیقەتەكان بگەیەنن، ئەمە ئەو پرۆسە گرنگ‌و هەستیارەبووە كە نوسەران تاكو ئێستا كردویانە بە پیشەی خۆیان‌و لەمەش زیاتر هیچ وەزیفەیەكی تریان نیە بۆ كۆمەڵگا. ئیتر لەدەرەوەی كاری نوسەران، كتێب و خوێندنەوە دەبێتە بەشێكی تر لە تێڕامان لەلای كۆمەڵگا. تۆ بپرسە جارێ خوێندنەوە بۆخۆی چی یە؟ لە كوێدا خوێندنەوە بۆ كۆمەڵگا دەبێتە خاڵی گرنگ؟ ئەگەر تاكی كورد لەم پرسیارەوە دركی بە ئەوەكرد كە خوێندنەوەی كتێب گرنگە ئەی بۆچی تاكوئێستا كتێب نەبۆتە بنەمانی عەقڵو وشیاری لەناوماندا؟ لەمەدا ئێمە وەكو كۆمەڵگا گرفتی هێجگار گەورەمان هەیە لەگەڵ كتێب دا، تا بەئێستا دەگات كتێب ئەو مانا گەورەیەیی نیە بۆ خۆناسین‌و گەیشتن بە ناسینی مرۆڤ و ژیان‌و شارستانیەكان. لە كۆی كۆمەڵگای ئێمە خاڵێكی گەورە لە كەموكوڕی هەیە بۆ خوێندنەوە، ئاخر ئەوانەشی دەخوێننەوە زۆریان وەكو خوێنەری جدی نەیانتوانیوە لە رێگەی كتێبەوە ببنە مرۆڤی راستەقینەو بتوانن د‌رك بە كەمووكوڕیە گەورەكان بكەن‌و بتوانن كاریگەری گەورە بكەنە سەر خاڵە لاواز‌و خراپەكانی كەسانی تر، لە ناو ئەم كایەیشدا زۆری نوسەرەكان خۆیان گرفتی گەورەیان هەیە لەگەڵ خوێندنەوەداو هیچ لە كتێب خوێندنەوە نازانن، ئەو مەعریفە گرنگەیان نیە كە بتوانن كتێب بخوێننەوە. ئەمەیە دیوە كوشندەكەی ناو كایە شپرزەو وێرانەكەی ئێمەیە. لەناو كۆی چین‌و توێژەكانی كۆمەڵگاكەی ئێمەدا كەوتووینەتە ناو كایەیەكی كوشندەوە كە كتێب نەبۆتە بنەمایەك بۆ گەیشتن بە خۆناسین‌و وشیاریەكی ئەو تۆ تا لە رێگەی ئەوانەوە كۆمەڵگا بە نوسین‌و كتێب ئاشنابكرێت. كە ئەمە حاڵی كتێب‌و كۆمەڵگابێت من نازانم لەكوێوە خوێندنەوە بكەین بە كلتور، ئەمە لە دەست نوسەرانو رۆشنبیرانی ئێمە دەرچووە تا بتوانن وا لە بەشێكی زۆری كۆمەڵگا بكەن لەرێگەی كتێبەوە بە حەقیقەتەكان بكەن، بۆشاییەكی هێجگار گەورە هەیە كە كۆمەڵگای پێدا گوزەردەكات، بۆشاییەك كە بە تەنیا بە هەندێك نوسەرو خوێنەر پڕناكرێتەوە.. تۆ ببینن بەشێكی زۆری كۆمەڵگا كە زۆریشیان خوێندەوار و دەرچوی زانكۆ و بەشەكانی تری خوێندنن، هیچ دەربارەی كتێب و خوێندنەوە نازانن و لە خاڵی سفردان... بۆیە دەبێت سەر لەنوێ لەرێگەی دەسەڵاتێكی خوێندەوار و دامودەزگایەكی بەهرەمەندەوە كار بۆ دووبارە ئاشناكردنەوەی كۆمەڵگا بە خوێندنەوە بكەین. ئیتر دەبێ بڵێم خوێندنەوەی كتێب لەوەدا دەبێتە مانای حەقیقەتێكی گرنگ‌و تەواو كە خوێنەر لەرێگەی دەقەكانەوە خۆی پێ بخوێندرێتەوە.
شاهۆ عوسمان په‌یوه‌ندیى نیوان فه‌لسه‌فه و هونه‌ر، هه‌روا سانا و ساده نییه، هه‌ر ئه‌وه نییه که هه‌ردووکیان پێکه‌وه له زه‌مه‌نێکى زۆر زووهوە هاتبن و به‌س، به‌ڵکو په‌یوه‌ندیى نێوان فه‌لسه‌فه به‌هونه‌ره‌وه، په‌یوه‌ندیى نێوان بیرکردنه‌وه و کرده‌یه. ئه‌گه‌ر بیرکردنه‌وه سروتێکى په‌تى و جیهانێکى نابه‌رده‌ست و داخراوبێت، ئه‌وا کرده سروتێکى پراکتیکى و جیهانێکى به‌رده‌سته. ئه‌گه‌ر بیرکردنه‌وه عه‌قڵ بێت له‌و کاته‌دا که له خۆى ڕاده‌مێنێت، ئه‌وا کرده عه‌قڵه له‌وکاته‌دا که جیهان لێى ڕاده‌مێنێت. هه‌ربۆیه فه‌لسه‌فه له ڕێگه‌ى بیرکردنهوهوە خۆى ده‌نوێنێت و هونه‌ریش له ڕێگه‌ى کرده‌وه. لێره‌دا که ده‌ڵێین هونه‌ر، مه‌به‌ستمان له (تەخنێ)یه له زمانى فه‌لسه‌فیى یۆنانى کۆندا. (تەخنێ) ته‌نیا هونه‌ر نییه. به‌ڵکو ئه‌وه‌یه که هه‌ر شتێک ده‌کات به هونه‌ر. هه‌ر کرده‌یه‌کى هونه‌ریى به‌بێ (تهخنێ) نابێته هونه‌ر. تهخنێ هێنانى جوانییه بۆ ناو هونه‌ر. تهخنێ و هونه‌ر پێکه‌وه ئه‌و شته پێکده‌هێنن، که پێیده‌وترێت (ئیستاتیکا). هه‌ربۆیه تهخنێ واته ڕۆحى هونه‌ر، ئه‌وه‌ى که وێنه‌یه‌ک ده‌کات به تابلۆ، ئه‌وه‌یه که به‌ردێک یان کۆمه‌ڵه مادده‌یه‌ک ده‌کات به په‌یکه‌ر، ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵێک ده‌نگ و نۆته ده‌کات به مۆسیقا. به‌بێ تهخنێ شته‌کان بۆخۆیان هه‌ن، مادده و به‌رد و که‌ره‌سته‌کان، ئاواز و نۆته‌کان، ڕه‌نگ و فڵچه و ڕووته‌خته‌کان، هه‌موو ئه‌مان بۆخۆیان له‌وێدا سه‌ربه‌خۆ هه‌ن، ئه‌ى ئه‌وه چییه که وا له‌م شتانه ده‌کات ببن به په‌یکه‌ر، ببن به تابلۆ، یان ببن به مۆسیقا و شتى دیکه، تێخنێ بریتییه له هونه‌رى گۆڕینى ئه‌م که‌ره‌سته خاوانه بۆ شتى باڵاتر. تێخنێ وا ده‌کات که‌ره‌سته‌کان دونیاى خۆیان بهجێبهێڵن و بکه‌ونه ناو دونیایه‌کى دیکه‌وه، دونیاى واقیعى جێبهێڵن و بچنه ناو دونیاى ئیستاتیکاوه. هه‌ربۆیه تێخنێ ئه‌وه‌یه که جیهانگۆڕکێ به شت و که‌ره‌سته‌کان ده‌کات. زۆرجار ئه‌و پرسیاره‌مان له خۆمان کردووه که چۆن بتوانین په‌یکه‌رێک له په‌یکه‌رێکى دیکه و تابلۆیه‌ک له تابلۆیه‌کى دیکه به هونه‌ریتر دابنێین؟ چى وا ده‌کات ئێمه بکه‌وینه ناو بڕیارى ئه‌وه‌ى ئه‌م کاره هونه‌رییه یان نا؟ لێره‌دا ئه‌و سه‌ره‌تایه دیاره که ئه‌وه تهخنێیه، که وا ده‌کات کارێکى ئاسایى له کارێکى هونه‌ریى جیابکه‌ینه‌وه، ئه‌مه چۆن ده‌بێت؟ لێره‌دا ئه‌وه‌نده‌ى بیرکردنه‌وه ده‌رفه‌تمان بدات و له‌توانادا هه‌بێت شتێکى له‌باره‌وه روونده‌که‌ینه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ى کارێک وه‌ک کارێکى هونه‌رى ده‌ربکه‌وێت، پێویستى به دوو شت هه‌یه: یه‌که‌م هونه‌رمه‌ندێک، دووه‌م هونهربینێک. هونه‌رمه‌ند کێیه؟ هونه‌رمه‌ند ئه‌و که‌سه‌یه که کارێکى هونه‌رى ده‌کات، ئه‌ى کارى هونه‌رى چییه؟ کارى هونه‌رى ئه‌وه‌یه که چییهتیى هونه‌ر له‌خۆیدا هه‌ڵگرێت. چییهتیى هونه‌ر چییه؟ چییهتیى هونه‌ر بریتییه له‌وه‌ى، که بابه‌ته هونه‌رییه‌که وه‌زیفه و ئه‌رکێک له‌خۆیدا هه‌ڵبگرێت، جا ئه‌م وه‌زیفه و ئه‌رکه چاره‌نووسێک هه‌یه له ڕێگه‌ى ئه‌و چاره‌نووسه‌وه کاره هونه‌رییه‌که ده‌خاته به‌ر دیده و ئیتر ده‌بینرێت. هیچ کارێکى هونه‌ریى وه‌ک خۆى نابینرێت، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ تهماشاکردنهکهیدا وه‌زیفه و ئه‌رکى بابه‌ته‌که‌ى ناو کاره هونه‌رییه‌که ده‌رک نه‌کرێت. له‌به‌ر ئه‌وه چییهتیى کارى هونه‌رى لهوهزیفهکهیدایه. یان هه‌ر کارێکى دیکه که ده‌کرێت و ده‌چێته ناو چوارچێوه هونه‌رییه‌که‌وه، ده‌بێت هه‌ر یه‌که له‌وکارانه، وه‌زیفه‌ى دیاریکراوى خۆى هه‌بێت. ئه‌م وه‌زیفه‌یه بابه‌تى کاره هونه‌رییه‌که دیاریناکات چ وه‌زیفه‌یه‌ک بێت، به‌ڵکو هونه‌رمه‌نده‌که دیاریده‌کات، وه‌ک ئه‌وه‌ى هایدیگه‌ر ده‌ڵێت: ماهییه‌تى هونه‌رمه‌ند له کارى هونه‌ریدایه و ماهییه‌تى کارى هونه‌ریش له‌ناو هونهرمهندهکهدایه. ئه‌مه‌ش خۆى بۆ هه‌موو که‌سێک به‌ده‌رناخات، ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه هونهربین نه‌بێت، واته قودره‌تى بینینى ئه‌و وهزیفهیهى نه‌بێت که له‌ڕێگه‌ى ئه‌وه‌وه، ماهییه‌تى کاره هونه‌رییه‌که خۆى ده‌رده‌خات. ئه‌گه‌ر لێره‌دا قسه‌که‌مان زیاتر وردبکهینهوه، به‌تایبه‌ت قسه له‌سه‌ر هونه‌رى په‌یکه‌رتاشى بکه‌ین. هونه‌رى په‌یکه‌رتاشى ناوه‌که‌ى به خۆیهوهیهتى (هونه‌رى تاشینى په‌یکه‌ره)، تاشینى په‌یکه‌ر ته‌واو جیاوازه له دروستکردنى په‌یکه‌ر. تاشینى په‌یکه‌ر واته ده‌رهێنانى وێنه له‌ناو سروشتدا، دۆزینه‌وه‌ى وێنه‌یه له‌ناو پهنهانێکدا که ئه‌و په‌نهانه شوێنێکه ده‌کرێت پێی بڵێین عه‌ده‌م، بۆ نمونه په‌یکه‌رتاش که به‌ردێک ده‌بینێت له‌ناو به‌رده‌که‌دا، وێنه‌یه‌ک هه‌ستپێده‌کات و به لێکردنه‌وه‌ى پارچه زیاده‌کانى به‌رده‌که، وێنه‌که خۆى ئاشکراده‌کات، سه‌ره‌تا وێنه‌که له‌ناو عهدهمدایه، واته له‌ناو په‌نهان و شارهوهییدایه، ئه‌م په‌نهان و شارهوهییه به‌هۆى کۆمه‌ڵه پارچه‌یه‌کى دیکه‌ى به‌رده‌که‌وه دروستبووه، هونه‌رمه‌ندى ڕاسته‌قینه دێت ئه‌م زیادانه لاده‌دات و وێنه‌که له‌عه‌ده‌مه‌وه ده‌هێنێته بوون. هه‌ربۆیه هونه‌رمه‌ندى ڕاسته‌قینه، وێنه له‌عه‌ده‌مه‌وه ده‌هێنێته بوون. به‌ڵام دروستکردنى په‌یکه‌ر، واته هێنانى سروشته بۆ ناو وێنه‌یه‌ک. وێنه‌ى که‌سێک هه‌یه و بۆئه‌وه‌ى سروشتى بکه‌یته‌وه، له‌برى ئه‌وه‌ى پارچه‌ى زیاده‌ى لێبکه‌یته‌وه، دێیت پارچه‌ى پێوه ده‌نێیت، په‌یکه‌ر دروستکردن که هونه‌رى مۆدێرنه سروشتیکردنهوهى که‌ره‌سته‌کان و پارچه‌کانه بۆئه‌وه‌ى له کارێکى هونه‌ریدا خۆیان بنوێنن. ئه‌و که‌ره‌ستانه بۆخۆیان هیچ وێنه‌یه‌کیان تێدا نییه، به‌ڵام هونه‌رمه‌ندێک دێت و له‌م که‌ره‌سته په‌تییانه، شێوه و ڕووخسارێکى ته‌واو سروشتى دروستده‌کات. که‌ره‌سته‌کان لێره‌دا به‌بێ هونه‌رمه‌ند، هیچ نین و ئه‌وه هونه‌رمه‌نده که مانا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و پارچه و که‌ره‌ستانه و په‌یکه‌رێک یان تابلۆیه‌ک دروستده‌کات. هه‌ربۆیه پێویسته لێره‌دا ئه‌وه بڵێین که هه‌موو ئه‌مانه‌ى باسمانکرد ده‌چێته خانه‌ى داهێنانى هونه‌رییه‌وه. بۆیه لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه بپرسین که داهێنان چییه؟ (داهێنان خۆکردنهوهى شته بۆ مرۆڤ، کاتێک مرۆڤ خۆى بۆ ئه‌و ده‌کاته‌وه). چ شتێک داهێنه‌رانه‌یه و چ شتێکیش سه‌تحى و ڕواڵه‌تییه. داهێنان مامه‌ڵه‌کردنه له‌گه‌ڵ (ڕۆح)ى (شت)دا، جا ئه‌و (شت)ه هه‌رچییه‌ک بێت. ئه‌مه‌ش هه‌موو جۆره مامه‌ڵه‌یه‌ک ناگرێته‌وه، به‌ڵکو جۆرێک له مامه‌ڵه‌ى تایبه‌ته، که وا له (داهێنه‌ر) ده‌کات، به به‌رده‌وامى له‌گه‌ڵ (ڕۆح)ى ئه‌م (شت)هدا بمێنێته‌وه. ده‌بێت مرۆڤ کاتێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ (شت)ێکدا ده‌کات، خۆى به‌ته‌واوه‌تى بۆ ئه‌و (شت)ه بکاته‌وه. بۆئه‌وه‌ى ئه‌و (شت)هش له‌هه‌مانکاتدا خۆى بۆ ئه‌م بکاته‌وه. لێره‌دا ده‌توانین بڵێین داهێنان: جۆرێک له مامه‌ڵه‌ى مرۆڤه له‌گه‌ڵ (ڕۆح)ى ئه‌و (شت)هى که مرۆڤ خۆى ده‌یه‌وێت لێى تێبگات به‌مانه‌وه له‌گه‌ڵیدا. مانه‌وه‌یه‌کى به‌رده‌وام و بێهیلاکبوون تا ئه‌و (شت)هش خۆى بۆ مرۆڤى داهێنه‌ر ده‌کاته‌وه و (ڕۆح)ى خۆى بۆ ئاشکرا ده‌کات و له‌و پهنهانییهى که تێیدایه، دێته‌ده‌ره‌وه. که‌واته داهێنان مامه‌ڵه‌کردنى مرۆڤه له‌گه‌ڵ (ڕۆح)ى په‌نهانى (شت)دا و ده‌رخستنى ئه‌و (ڕۆحه په‌نهانه)یه. دووباره ده‌بێت ئێمه سوپاسى ئه‌م ستافه ئازیزه بکه‌ین به‌وه‌ى، که له خۆیان بوراون و به کارێکى هونه‌ریى له‌م شێوه‌یه هه‌ستاون. دکتۆر محه‌مه‌د که‌مال ئه‌و پیاوه په‌نهانه‌یه، که زۆرى ده‌وێت تا له‌باره‌یه‌وه شتێک ده‌زانین. چونکه محه‌مه‌د که‌مال هه‌ر ئه‌وه نییه که کۆمه‌ڵێک لێکۆڵینه‌وه و وه‌رگێڕانى فه‌لسه‌فى هه‌یه، به‌ڵکو له‌هه‌مانکاتدا ئه‌و که‌سه‌شه، که زۆر شتى دیکه‌ى وه‌لاوه ناوه، بۆئه‌وه‌ى لێکۆڵه‌ر و وه‌رگێڕ بێت. دروست له‌بوارێکدا، که ئه‌و بواره‌ش فه‌لسه‌فه‌یه و له زه‌مین و زه‌مانى ئێمه‌دا، زۆر نامۆیه و زۆر دره‌نگیش ماهییه‌ته‌که‌ى ده‌رده‌که‌وێت. به‌شێک له‌م گوتارە ئێوارەی ١٣–٧–٢٠١٨، لەمەراسیمی پەردەلادان لەسەر پەیکەری ئەکادیمیست و فەلسەفەکاری کورد (د. محەمەد کەمال) خوێندرایەوە. سوپاس بۆ هاوڕێيانى بڵاوكراوه‌ی شيعرو كاك چێنه‌ر نزار، كه ئه‌ركى دروستكردنى په‌يكه‌رى محه‌مه‌د كه‌مالى كێشاوه و ئه‌و دهرفهتهيان بۆ ئێمه ڕه‌خساند، له‌به‌رده‌م يه‌كێك له‌مامۆستاكانى فه‌لسه‌فه له‌ناو كورددا ئه‌م وتاره بخوێنينه‌وه.
ناسک ناسيح کورته فیلمى (پێکه‌نین و بیرچوونه‌وه) که باس له‌سه‌ره‌تاى ساڵانى بیستهکانى سه‌ده‌ى ڕابردوو ئه‌وکاته‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق دروستده‌کرێت ده‌کات و ماوه‌که‌ى ١٢ بۆ ١٤ خوله‌ک ده‌بێت، نزیکه‌ى شه‌ست که‌س تیایدا به‌شدار بووه‌و له‌سلێمانى وێنه‌ى گیراوه، مانگى داهاتوو به‌شدارى ڤیستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى ده‌کات. ئه‌م فیلمه (پێکه‌نین و بیرچوونه‌وه) کورته فیلمه‌که ژانرێکى کۆمیدی، سیاسی، مێژوویى هه‌یه‌و باس له‌سه‌ره‌تاى ساڵانى بیستهکانى سه‌ده‌ى ڕابردوو ده‌کات، ئه‌وکاته‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق دروستده‌کرێت و ویلایه‌تى موسڵ کهههرێمى کوردستانیش به‌شێک بوو له‌و ویلایه‌ته ده‌لکێنرێت به‌عێراقه‌وه. به‌پێى ناوه‌ڕۆکى فیلمه‌که ئه‌وه‌ى له‌م کاره به‌رپرسیاره، هێزى داگیرکارى به‌ڕیتانیا بوو، که پاش جه‌نگى جیهانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى کۆنتڕۆڵ کردبوو. چیرۆکى فیلمه‌که باس له‌خه‌ڵکى شارێک ده‌کات که به‌هۆى نهخواردنهوهى چاوه بۆ ماوه‌ى چه‌ند مانگێک، تووشى ژانهسهربوون، ئه‌ویش به‌هۆى بۆمبارانى فڕۆکه‌کانى بهڕیتانیاوهیه که چا نایاته ئه‌و شاره‌وه، به‌ڵام دوایى هه‌ر خۆیان دێن، ده‌ڵێن ئه‌وه ئێمه‌ین چامان بۆ هێناون، به مه‌رجى ئه‌وه‌ى بچنه سه‌ر ده‌وڵه‌تێکى تازه. هه‌وراز محه‌مه‌د، ده‌رهێنه‌رى فیلمه‌که بە وت «بیرۆکه‌ى ئیشه‌که‌ى ئێمه ئه‌وه‌یه که ده‌ڵێین ڕۆژئاوا خۆیان چهرمهسهریهکه دروستده‌که‌ن و پاشان هه‌ر خۆیان دێن ده‌ڵێن چاره‌سه‌ره‌که‌مان بۆ هێناونه‌ته‌وه« وتیشى "فیلمه‌که چه‌ندێک ڕه‌خنه‌یه لهکۆڵۆنیاڵیزم، ئه‌وه‌نده‌ش ڕه‌خنه‌یه‌کى ناوخۆییه له‌بارودۆخه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌که‌ی خۆمان که خه‌ڵکى ئێمه هه‌میشه ئه‌وى تر‌ى پێ گرنگتره له‌خۆی، هه‌میشه کابرایه‌کى چاو شینى پێ گرنگتره له‌خۆی، بۆیه فیلمه‌که چه‌ندێک ڕه‌خنه‌یه له‌و بارودۆخه دهرهکیهى سه‌پاوه به‌سه‌ر کورددا، هێنده‌ش ڕه‌خنه‌یه له دۆخى ناوخۆى خۆمان" ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد "ئه‌گه‌ر ده‌نگێکى جدیش هه‌بێت بڵێت، نا. هه‌میشه هه‌وڵى سڕینه‌وه‌ى دراوه. ئه‌مه‌یه دیوى ئه‌و دیوى فیلمه‌که". کورته فیلمه‌که ڕووداوێکى مێژوویى بهچیرۆکێکى خه‌یاڵى ده‌گێڕێته‌وه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه ده‌رهێنه‌ر هه‌وڵیداوه کهتیمێک بدۆزێته‌وه تاوه‌کو له‌ڕووى ته‌کنیکییه‌وه ئه‌و حاڵه‌ته مێژووییه وه‌ک خۆى دروستبکه‌نه‌وه. هه‌وراز له‌و باره‌یه‌وه وتى"له‌ڕووى ته‌کنیکیه‌وه چه‌ند تیمێکى پڕۆفیشناڵ له فیلمه‌که‌دا کاریان کردووه. ده‌رهێنه‌رى هونه‌رى و سێت دیزاینه‌ر کارى دروستکردنى دیکۆر به سوودوه‌رگرتن له‌و سه‌رچاوه مێژووییانه‌ى که هه‌ن کاریانکردووهو ته‌واوى لۆکهیشنهکهیان وه‌کو ئه‌و سه‌رده‌مه خۆی دروستکردووه‌ته‌وه ، ئه‌و که‌لوپه‌لانه شێوه‌ى دانان و ڕازاندنه‌وه و مۆدێل و شته‌کان به‌ته‌واوه‌تى هى ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه" بان‌و به‌هادین، یه‌کێک لهئهکتهرانى به‌شداربووى ئه‌م کورتەفیلمە به هاوڵاتی راگه‌یاند " له‌م فیلمه‌دا رۆڵى کچێک ده‌بینم که به‌به‌رده‌م چایخانه‌یه‌کدا دێم و ده‌ڕۆم ، ده‌ڵێن جوانیه‌که‌م سه‌رنجى هه‌مووانى راکێشاوه، کوڕێک له‌وێدا پێم ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئاوڕێکم لێ به‌یته‌وه هه‌موو گیانت له‌ئاڵتون هه‌ڵده‌کێشم، به‌ڵام ده‌م و دانێکى ناشرینم هه‌یه که وا ده‌کات هه‌مویان بترسن». وتیشى «فیلمه‌که باس له‌وه ده‌کات که شتێک روده‌دات ئه‌وى ترمان بیرده‌چێته‌وه". له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵى پێشوودا، به‌هۆى قه‌یرانى دارایی و ئه‌و بارودۆخه‌ى کوردستانى گرتووه‌ته‌وه، که‌مترین فیلم به‌رهه‌مهێنراون، به‌ڵام وه‌ک ئه‌کته‌رى سه‌ره‌کى کورتهفیلمى (پێکه‌نین و بیرچوونه‌وه) ئاماژه بۆ کرد، له‌م فیلمه‌دا به‌شێوه‌یه‌کى خۆبه‌خشانه به‌شداریم تێدا کردووه. نه‌هرۆ شه‌وقى، ئه‌کته‌رى سه‌ره‌کى فیلمه‌که به هاوڵاتی وت "ئه‌وه‌ى له‌هه‌موو زیاتر بۆ من گرنگى هه‌بوو ئه‌وه بوو که چۆن خۆبه‌خشانه فیلمێک به‌رهه‌مبهێنین بێ تێچونێکى زۆر‌و بهپێویستمانزانى که خۆبه‌خشانه ده‌ست له‌ناوده‌ست کارێکى فیلمى پڕۆفیشناڵانه به‌رهه‌م بێنین". وتیشى "بۆ من ئه‌مه مایه‌ى شانازیه که‌پێویسته ئه‌و لهخۆبوردهییه هه‌بێ و ئه‌م که‌لتورى خۆبه‌خشیه بۆ کارى هونه‌رى ببێته نه‌ریتى هونه‌رمه‌نده‌کان، تا بتوانن هه‌مو پێکه‌وه کۆمه‌کى یه‌ک بکه‌ن و هونه‌ر به‌رهه‌مبێنن". ئه‌و هونه‌رمه‌ندە هێماى بۆ ئه‌وه‌شکرد "هونه‌ر ماڵه‌که‌ى خۆمه‌و هه‌میشه بهدونیاى خۆمم زانیوه، بۆم گرنگ نه‌بوه که‌هونه‌ر سه‌رچاوه‌ى بژێویم بۆ دابین بکا یان نا، سه‌رچاوه‌ى ترم هه‌ڵبژاردووه نه‌وه‌ک هونه‌ر، چونکه وا ده‌توانرێ هونه‌رى ڕاسته‌قینه به‌رهه‌م بێت".
هاوڵاتى فیلمى سینه‌مایى (زاگرۆس)، له ده‌رهێنانى ده‌رهێنه‌رى کورد، سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه، کاندیدى شه‌ش خه‌ڵاتى "ئینسۆرس"ـه له فێستیڤاڵى فیلمى ئۆسته‌ندا "Oostende Film Festival" که تایبه‌ته به فیلمه به‌لژیکییه‌کان. فیلمه‌که کاندیدی، خه‌ڵاتى باشترین فیلم، باشترین ده‌رهێنه‌ر، باشترین سیناریۆ، باشترین ئه‌کته‌رى ژن، باشترین وێنه‌گر و باشترین پرۆده‌کشن دیزاینه. خه‌ڵاتى ئینسۆرس، به خه‌ڵاتى ئۆسکارى سینه‌ماى به‌لژیکا ناسراوه و به دوو قۆناخ له‌لایه‌ن 400 سینه‌ماکار و رهخنهکارهوه ده‌نگ له‌سه‌ر فیلمه‌کان ده‌درێت، ئه‌و فیلمه‌ى زۆرترین ده‌نگى لێژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن به‌ده‌ستبهێنێت، ده‌بێته براوه‌ى خه‌ڵاته‌که. چالاکییه‌کانى فێستیڤاڵى فیلمى ئۆستین، له رۆژانى 7-15 ئهیلوول/ سێپتێبه‌ر 2018 له به‌لژیکا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له چوارچێوه‌ى فێستیڤاڵه‌که‌دا، خه‌ڵاتى ئینسۆرس دابه‌شده‌کرێت. "زاگرۆس" که به‌رهه‌مێکى هاوبه‌شى به‌لژیکا، هۆڵه‌ندا و کوردستانه، له‌رێگه‌ى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى فیلمى دهۆکه‌وه بۆ خه‌ڵاتى ئاسیا پاسفیک سکرین نێردراوه و کاندیدى خه‌ڵاته‌که‌یه که به گرنگترین خه‌ڵاتى سینه‌مایى له ئاسیادا ده‌ناسرێت. ئه‌مساڵ 12مین خولى دابه‌شکردنى ئه‌و خه‌ڵاته له 29 تشرینى دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر 2018 دابه‌شده‌کرێت که نوێنه‌رى 70 وڵاتى کیشوه‌رى ئاسیا و ئۆقیانۆسى ئارام له‌خۆده‌گرێت و له شارى بریزبن له ئۆسترالیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت. خه‌ڵاته‌که له ساڵى 2007ـه‌وه به‌هاوکارى رێکخراوى یونسکۆ و یه‌کێتیى نێوده‌وڵه‌تیى بۆ به‌رهه‌مهێنه‌رانى فیلمه سینه‌ماییه‌کان، دابه‌شده‌کرێت. "زاگرۆس" براوه‌ى خه‌ڵاتى باشترین فیلمه له 35مین خولى فێستیڤاڵى نێوهدهوڵهتیى فیلمى ئه‌نۆنایه له شارى ئهنۆناى له فه‌ڕه‌نسا، هه‌روه‌ها له 44مین خولى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى فیلمى گێنت له به‌لجیکا، خه‌ڵاتى گه‌وره‌ى فێستیڤاڵى به‌ده‌ستهێنا که خه‌ڵاتى "Grand Prix" بوو. ئه‌م به‌رهه‌مه سینه‌ماییه دوو خه‌ڵاتى دیکه‌ى له به‌شى پێشبڕکێى 18یه‌مین خولى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى فیلمى ئاڕهس له فه‌ڕه‌نسا به‌ده‌ستهێناوه. "زاگرۆس" ئه‌مساڵ به‌شدارى له چه‌ندین فێستیڤاڵى فیلمى سینه‌ماییدا کردووه، له‌وانه 47مین خولى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى فیلمى رۆتردام له هۆڵه‌ندا و ١٤مین خولى فێستیڤاڵى نێوده‌وڵه‌تیى سینه‌مایى دوبه‌ى که کاندیدى چوار خه‌ڵات بوو. "زاگرۆس" چیرۆکى شوانێک به‌ناوى زاگرۆس ده‌گێڕێته‌وه که هاوژینى خۆى زۆر خۆشده‌وێت، بۆ ئه‌و کوردستان به‌هه‌شته، به‌ڵام هاوژینه‌که‌ى هاڤین و کچه‌که‌ى ره‌یهان، رووده‌که‌نه به‌لجیکا، دواتر زاگرۆزیش بڕیارده‌دات بچێته ئه‌و وه‌ڵاته. سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه، پێشتر له‌رێگه‌ى کورتهفیلمى "میسى به‌غداد"، "وڵاتى پاڵه‌وانان" و "نێچیرڤانى خراپ"، ٩٨ خه‌ڵاتى له فێستیڤاڵه سینه‌ماییه‌کاندا وه‌رگرتووه. راگه‌یاندنى فیلمى زاگرۆس
هاوڵاتی بۆ یه‌که‌مجار کتێبێکى نووسراو له‌باره‌ى شوێنه‌وارى گوندى چه‌رموو چاپ و بڵاوکرایه‌وه، له‌کتێبه‌که‌دا 130 وێنه بۆ یه‌که‌م جاره بڵاوده‌بێته‌وه‌و ده‌بێته یه‌که‌م سه‌رچاوه‌ى نوسراو له‌باره‌ى شوێنه‌وارى گوندى چه‌رموو. ئه‌م کتێبه له‌لایه‌ن هه‌ردوو ڕۆژنامه‌نوس (پێشه‌وا شێخ ڕه‌ئووف و هاوڕێ له‌تیف) ئاماده‌کراوه‌و کتێبه‌که له‌سه‌ر ئه‌رکى «حاتم خاڵدانی» له‌چاپدراوه. پێشه‌وا شێخ ره‌وف له‌باره‌ى کتێبه نوێیه‌که‌یانه‌وه به‌هاوڵاتی راگه‌یاند «کتێبه‌که له‌دوو به‌ش پێکهاتووه، به‌شى یه‌که‌مى بریتیه له‌وتارو توێژینه‌وه‌و چاوپێکه‌وتنى دکتۆرو مامۆستایانى زانکۆ‌و شاره‌زایانى بوارى شوێنه‌وارو مێژوو، هه‌روه‌ها به‌شى دوه‌مى بریتیه له‌وێنه، که‌تیایدا 130 وێنه‌ى شوێنه‌واره‌که‌ى له‌خۆگرتووه، که 120 وێنه‌یان بۆ یه‌که‌مین جاره بڵاوده‌کرێنه‌وه‌و تاکو ئێستا له‌هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کى کوردی‌دا بڵاونه‌کراونه‌ته‌وه«. وتیشى «شوێنه‌وارى گوندى چه‌رموو به 11 کیلۆمه‌تر له‌چه‌مچه‌ماڵه‌وه دووره‌و ده‌که‌وێته ڕۆژهه‌ڵاتى قه‌زاکه‌وه. به‌پێى ئه‌و کنهوپشکنینانهى له‌ساڵانى 1948_1955 له‌لایه‌ن زانکۆى شیکاگۆى ئه‌مریکییه‌وه بۆى کراوه مێژووه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نۆ هه‌زارساڵ پێش ئێستا‌و یه‌که‌مین گوندبووه مرۆڤ تیایدا ده‌ستى بهکشتوکاڵکردن کردووه‌و نیشته‌جێبووه«. پێشه‌وا شێخ ره‌وف جه‌ختی له‌وه‌ش کرده‌وه «بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و شوێنه‌واره گرنگى زیاترى پێبدرێت و خه‌ڵکى مێژووى چه‌رموو باشتر بناسن و هه‌روه‌ها له‌چوارچێوه‌ى کتێبێک‌دا بمێنێته‌وه ئه‌و کتێبه‌مان پێشکه‌ش بهکتێبخانهى کوردى کردووە».
هاوڵاتی حه‌مه‌که‌ریم عارف، نووسه‌رو وه‌رگێڕ له‌دوایین پرۆژه‌ى وه‌رگێڕانى خۆى کهوهریگێڕاوهته سه‌ر زمانى کوردى بریتیه له‌کتێبێک سه‌باره‌ت به‌نووسه‌رى ڕووسیایى «گۆگۆڵ»، دامه‌زرێنه‌رى ڕیالیزمى ڕه‌خنه‌یى له‌ئه‌ده‌بدا. هه‌وڵێکه بۆ ناساندنى ئه‌م نووسه‌ره‌و دونیاى نووسین و بیرکردنه‌وه‌و کارکردنی، که‌یه‌کێکه له‌دامه‌زرێنه‌رانى ڕیالیزمى ڕه‌خنه‌یى و بهشاکارگهلى وه‌کو «پاڵتۆ» و «تاراس بوڵباس»، بناغه‌ى ئه‌و جۆره له‌ئه‌ده‌بى دامه‌زراند. کتێبه‌که به‌ناوى (گۆگۆڵ دامه‌زرێنه‌رى ره‌خنه‌ى ریالیزم)ه. یه‌کێکه لهچاپکراوهکانى ناوه‌ندى ئاوێرو له‌دوتوێى 342 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه. کتێبه‌که له‌چه‌ند ته‌وه‌ره‌یه‌ک پێکدێت و هه‌ریه‌که‌یان باسێکى سه‌ربه‌خۆیه‌و کاریگه‌رى گۆگۆڵ له‌سه‌ر ئهدهیى رووسى و نووسه‌ره‌کانى دیکه‌ش باسی لێوه‌کراوه. به‌شى یه‌که‌مى کتێبه‌که تایبه‌ته به‌ژیانى نووسه‌ر که به‌تێروته‌سه‌لى له‌سه‌رى دواو باسی لێوه‌کراوه، پاشان سه‌باره‌ت به‌و سه‌رده‌مه‌ى گۆگۆڵى تیاژیاوه ڕوونکردنه‌وه‌ى پێویست خراوه‌ته‌ڕوو. گۆگۆڵ له‌هه‌ردوو ژانرى چیرۆک و ڕۆماندا ده‌ستى باڵاى تێدا هه‌بووه‌و له‌هه‌ردووکیاندا له دوو به‌شى جیادا ئاماژه‌یان بۆ کراوه. دواتر په‌یوه‌ندى گۆگۆڵ و شانۆ خراوه‌ته‌ڕوو، دواتر کاریگه‌رى گۆگۆڵ له‌سه‌ر ئه‌ده‌بى رووسى خراوه‌ته‌ڕوو. وه‌رگێڕ سێ چیرۆکى ناودارى گۆگۆڵى که‌بریتین له «پاڵتۆ، لووت و گالیسکهن» کردووه بهکوردى و ده‌قى ڕۆمانى «تاراس بوڵبا»شى بهکوردى بڵاوکردۆته‌وه. نیکۆڵاى ڤاسیلیڤێچ گۆگۆڵ له 21ی ئادارى 1809 له‌دایکبووه، نووسه‌رى کورته‌چیرۆک و ڕۆمان و شانۆگه‌رى ڕووسیهو به‌ڕه‌گه‌ز خه‌ڵکى ئۆکرانیایه. به‌شێکى ڕه‌خنه‌گران به‌باوکى ڕیالیزم له‌ئه‌ده‌بى ڕوسیدا دایده‌نێن. هه‌رچه‌نده له‌یه‌که‌م به‌رهه‌مى شانۆیى له‌ساڵى 1829دا هه‌ستى به‌شکست و سه‌رنه‌که‌وتن کرد، به‌ڵام دواى دوو ساڵ له 1831دا که‌کۆمه‌ڵه چیرۆکێکى ئۆکرانى به‌ناونیشانى (چه‌ند ئێواره وه‌ختێک لهچاندنگهیهکى نزیک دیکانگادا)ى بڵاوکرده‌وه، ناوبانگێکى باشى بۆ خۆى په‌یدا کرد‌و شاعیر‌و نوسهرى ناودارى وه‌کو (پوشکین و جۆکۆڤسکى و ئهکساکۆڤ و بلنیسکى) په‌سه‌ندیان کرد‌و بهنوسهرێکى ڕیالیستى سه‌رکه‌وتوویان له‌قه‌ڵه‌مدا. گۆگۆڵ جگه له‌چیرۆکى کورت و ڕۆمان، کۆمه‌ڵه شانۆگه‌ریه‌کى ڕیالیستى به‌هێزى هه‌یه، دیارترینیان شانۆگه‌رى (جه‌نابى موفه‌تیشى گشتى) له‌ساڵى 1836 نوسى و دهریچواندو سه‌رکه‌وتنێکى باشى به‌ده‌ستهێنا و هێرشێکى توندوتیژى پێکه‌نیناوى برده‌سه‌ر چینى فه‌رمانبه‌ره‌کانى حکومه‌تى ڕوسیاى قه‌یسه‌رى، هه‌روه‌ها له‌ساڵى 1842 شانۆگه‌ریه‌کى سهرکهوتووترى نوسى به‌ناوى (ژنهێنان) و کارێکى ته‌واوى له‌نوسه‌رانى دواى خۆى کرد‌و له‌هه‌مان ساڵ شانۆگه‌رى (قومارچییه‌کان)یشى نوسى و له‌زۆر لاوه په‌سه‌ندکرا. گۆگۆڵ له‌ته‌مه‌نى 43 ساڵیدا له 21ی شوباتى 1852 کۆچى دوایى کردوه.
هاوڵاتی زنجیره ته‌له‌فزیۆنى ژنه شاعیرى کورد‌و مێژوونووس (مه‌ستووره ئه‌رده‌ڵان) له‌لایه‌ن پووران درهخشهندهوه به‌رهه‌مده‌هێنرێت. عه‌لى دارابى، جێگرى کاروبارى پارێزگاکانى ڕێکخراوى ده‌نگ و ڕه‌نگى حکومه‌تى ئێران له‌وتووێژێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى هه‌واڵى «ئیسنا» ڕایگه‌یاند »دروستکردنى زنجیره‌ى مه‌ستووره‌ى ئه‌رده‌ڵان له‌لایه‌ن پووران دهرخشندهوه دروستده‌کرێت و ناوبراو سه‌رقاڵى نووسینى فیلمنامه‌ى ئه‌و زنجیرهیەیە«. ناوبراو ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد که‌هه‌واڵى دروستکردنى زنجیره‌ى مه‌ستووره‌ى ئه‌رده‌ڵان به‌م زووانه ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ. ماه شه‌ره‌ف خانم قادرى (مه‌ستووره‌ى ئه‌رده‌ڵان) شاعیر‌و نووسه‌رو یه‌که‌م ژنى مێژوونووسى جیهانه له‌بنه‌ماڵه‌ى ئهردهڵانهکانى سنه‌یه که‌ساڵى (١٨٠٥ى زایینى ) له‌شارى سنه، ناوه‌ندى حکومه‌تى ئه‌رده‌ڵانه‌کان له‌دایکبووه‌و له‌سه‌رده‌مى خۆیدا، ژنێکى چالاک و ناودار بووه‌و ژنى خوسره‌و خانى والى سنه بووه، ساڵى 1848ز له‌ته‌مه‌نى (44) ساڵیدا کۆچى دوایى کردووه‌و له‌گۆڕستانى گردى سه‌یوان له‌شارى سلێمانى نێژراوه. مه‌ستووره ئه‌رده‌ڵان شاره‌زاى زمانه‌کانى کوردی، فارسى و عه‌ره‌بى بووه‌و له‌ماوه‌ى ژیانیدا به‌دوو زمانى کوردى و فارسى شیعرى نووسیوه. شیعره‌کانى مه‌ستووره نزیکه‌ى (20) هه‌زار به‌یت ده‌بێت، به‌ڵام زۆربه‌ى شیعرەکانی لەناوچوون و تەنیا دوو هەزار بەیتێکی ماوەتەوە کەساڵی (١٩٢٦ز)، میرزا ئەسەدوڵڵا خانی کوردستانی، سەرۆکی فەرهەنگی سنە، لەتاران چاپیانی کردووە. مه‌ستوره جگه له‌وه‌ى شاعیربووه ، هه‌روه‌ها مێژوونووسێکى به‌ناوبانگیش بووه، مێژووى بنه‌ماڵه‌ى ئهردهڵانیشى نوسیوه‌ته‌وه.
هیوا غفور شێخ پاڵه‌وانى پرسیارێک کهپرسیارى زۆربه‌ى خوێنه‌ریشه، ئایا به‌خوێندنه‌وه‌ى کتێب چى له‌من ده‌گۆڕێت، ئایا کتێب ده‌توانێت که‌سێک بگۆڕێت، ئایا له‌خوێندنه‌وه‌دا ده‌بێت مه‌به‌ستێکمان هه‌بێت، یاخود بێ مه‌به‌ست و ئامانجێک ده‌خوێنینه‌وه؟. خوێندنه‌وه به‌ر له‌هه‌مووشت ده‌بێت ئاڕاسته‌ت بکات و ئه‌زموونى ژیانت فراوانبکات و ده‌وروبه‌رت پێ بناسێنێت. ئێمه ده‌بێت له‌ڕێى خوێندنه‌وه‌وه، ئه‌زموونى که‌سانى تر شاره‌زابین، تا رۆشنایی به‌ژیان و ئه‌زموونى ئێمه‌ش ببه‌خشێت. به‌ڵام پرسیاره جدییه‌که لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا ئه‌و کتێبه‌ى ده‌یخوێنینه‌وه، چۆن ره‌وڕه‌وه‌ى چاره‌نووسى ئێمه ده‌گۆڕێت؟. ژان پۆل سارته‌ر ده‌ڵێت »واده‌زانم هه‌موو ئه‌وشتانه‌ى له‌ژیانمدا ده‌زانم، لهپهرتووکهوه فێریان بووم» له‌سه‌ر بنه‌ماى وته‌که‌ى سارته‌ر، ئه‌توانم ئه‌وه هه‌ڵێنجم کهکتێب به‌رپرسى سه‌ره‌کى و یه‌که‌مینه له‌ژیان و ئه‌رک و فێربوون و زانینى ئێمه‌دا. که‌واته کتێب هه‌م ده‌توانێت به‌خته‌وه‌رمان بکات، هه‌م ده‌توانێت ئاڕاسته‌و ڕێڕه‌وى ژیانمان بگۆڕێت. له‌ڕێگه‌ى کتێبه‌وه تۆ ئه‌توانیت بیر له‌خۆت بکه‌یته‌وه‌و هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانى مه‌عریفه‌ى به‌رزى تاکى خۆت بده‌یت و به‌وه قایل نه‌بیت که ئه‌یزانیت. کتێب هه‌یه له‌که‌سێکى شه‌رمن و فه‌قیره‌وه ده‌تکات بهکهسێکى چاوکراوه‌و زیت و وریا، کتێب هه‌یه ده‌تکات بهئیماندارو زۆرجارى به‌ره‌و توندڕه‌ویش ده‌تبات، کتێبیش هه‌یه، له‌لوتکه‌ى ئیمانه‌وه، ده‌تهێنێته‌وه بۆ خوارهوەو ده‌تکات به‌بێ ئیمانێکى رووت. په‌رتووکى (ئه‌و کتێبانه‌ى ژیانیان گۆڕیم) دوا کتێبى نوسه‌ر د.فه‌رهاد پیرباڵه که‌بڵاوکراوه‌ته‌وه، کتێبه‌که خوێندنه‌وه یان گێڕانه‌وه‌و باسکردنى ئه‌و په‌رتووک و نوسینانه‌یه که له‌قۆناغێک لەقۆناغهکانى ژیانى فه‌رهاد پیرباڵدا یاده‌وه‌رییه‌کى هه‌یه‌و له‌ساتێک له‌ساته‌کاندا نووسه‌ر له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه‌و به‌خوێندنه‌وه‌ى ئه‌و په‌رتووکانه، ئاراسته‌و رێڕه‌وى ژیانی گۆڕاوه‌و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى ناویه‌تى له‌پاش خوێدنهوهى ئه‌و کتێبانه، هه‌مان ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى پێشووتر نه‌بووه‌و ئه‌و رێچکانهى پیاى رۆیشتووه، هه‌مان رێچکه‌ى به‌ر له‌خوێندنه‌وه‌ى ئه‌و کتێبانه نه‌بووه. ئه‌م کتێبه (42) بابه‌تى له‌خۆگرتووه‌و له (26) بابه‌تیاندا راسته‌وخۆ باسى ئه‌و کتێبانه ده‌کات کهخوێندویهتیهوهو کاریگه‌رى له‌سه‌رى بووه‌و ئاراسته‌ى ژیانى گۆڕیوه، له(16) بابه‌ته‌که‌ى تریشدا، به‌شێوه‌یه‌کى گشتى، باسى نوسه‌رێک و به‌رهه‌مه‌کانى تر‌ى ده‌کات و ئه‌و کتێبانه‌ى نوسه‌ر شیته‌ڵ ده‌کات که کاریگه‌رییان له‌سه‌رى هه‌بووه. کتێبه‌که، خوێندنه‌وه‌یه‌کى وه‌ردى پڕچێژى فه‌رهاد پیرباڵه بۆ کۆمه‌ڵێک کتێب و نووسه‌رى بیانى و کوردى. له‌هه‌ندێ وتاره‌کاندا ته‌نها په‌رتووکێک یان شانۆیه‌کى نوسه‌رێک باسده‌کات، له‌هه‌ندێکى تریشیاندا سه‌رجه‌م په‌رتووکى نووسه‌رێک ده‌خاته به‌ر نه‌شته‌رى خامه‌ى بهبڕشتى خۆیه‌وه. ئه‌وه‌ى که وایکردووه ئه‌م کتێبه وشک و برینگ و که‌م گرنگ ده‌رنه‌که‌وێت، ئه‌و شێوازهیهتى له‌نووسین که به‌کاریهێناوه. ئه‌و نه‌هاتووه باسێکى ئه‌و کتێبانه به‌شێوه‌یه‌کى وه‌ها بنووسێت، ته‌نها وتار وشکبن و تینوێتى خوێنه‌ر نه‌شکێنن، به‌ڵکو سه‌رجه‌م وتاره‌کان به‌شێوه‌یه‌کى پڕ زانیارى و به‌شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌و یاده‌وه‌رى نووسه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌دا یان نووسه‌ره‌دا که‌هه‌یه‌تى، ده‌نووسێته‌وه. واته وتارگهلێکن جوڵه‌ى تیایه، زانیارى تیایه، هه‌ست و رۆحى نووسه‌ر تێکه‌ڵ به‌بابه‌ته‌که بووه. ئه‌و نووسه‌رانه‌ى کهفهرهاد پیرباڵ له‌م کتێبه‌دا باسیکردوون و کاریگه‌رییان له‌سه‌رى هه‌بووه وه‌ک (پۆل ئێلوار، میلان کۆندێرا، ژان پۆل سارته‌ر، هیگڵ، نه‌وال سه‌عداوى، ئه‌ندرێ برۆتۆن، بدر شاکر سه‌یاب، دیستۆفێسکى، دیکارت، کازانتزاکى، ژاک پریڤێر، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، جه‌میل سائب، مه‌سعود محەمەد، عه‌لادین سه‌جادى، مه‌لاى جزیرى).....هتد. فه رهاد پیرباڵ و سوریالى فه‌رهاد پیرباڵ ئه‌وه‌ى له‌ژیانى تایبه‌تى خۆیدا کارى بۆده‌کات، ئه‌وه‌یه ئه‌و ده‌یه‌وێت خۆى بێت و له‌خۆى بچێت، فه‌لسه‌فه‌ى تاکه‌که‌س له‌بوونى خۆیدا دابڕێژێته‌وه. کاتێک ئه‌م کتێبه ده‌خوێنیته‌وه ئه‌وه‌ت بۆ ده‌ره‌که‌وێت، زۆرترین ئه‌و نوسه‌رانه‌ى که‌باسى یاخیبوون له‌کۆمه‌ڵ و بره‌ودان به‌تاک ده‌که‌ن، جێى تێڕامان و خوێندنه‌وه‌ى ئه‌ون. ئه‌و به‌هۆى ئه‌وه‌ى که‌سایه‌تییه‌کى جیاواز و تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه، جیاوازه له‌هه‌موان. ئه‌و ده‌یه‌وێت تاک بێت، سوریالیانه بیربکاته‌وه‌و یاخى بێت. یاخى له‌فه‌لسه‌فه، له‌ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کان، له‌ڕۆژنامه‌کان و سیاسییه‌کان، له‌شاعیرو هونه‌رمه‌نده‌کان. ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتانه‌ى ئه‌و ده‌یانکات، زۆرجار ئێمه‌ش حه‌زى پێده‌که‌ین و رهتیناکهینهوه، به‌ڵام ئێمه جورئه‌تى ئه‌وه‌مان نیه وابین. رێبوار سیوه‌یلى له‌کتێبى (ئه‌زموون و که‌س)دا له‌باره‌ى فه‌رهاد پیرباڵه‌وه ده‌ڵێت «هه‌موومان به‌و ده‌ڵێین نابێت وابێت، به‌ڵام هه‌موومان له‌ناخه‌وه حه‌زده‌که‌ین وابین». له ساڵى 1991 کاتێک که‌وتمه سه‌ر خوێندنه‌وه‌ى دیوانه شیعرییه‌کانى فلیپ ژاکۆتى، فێرى ئه‌وه بووم، له‌مه‌ودوا وه‌ختى خۆم به‌خوێندنه‌وه‌ى هه‌موو شیعر‌و نووسه‌رێک خه‌سار نه‌که‌م فه‌رهاد پیرباڵ له‌م کتێبه‌دا ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌کات که (ئه‌ندرێ برۆتۆن) رێبه‌رى سوریالیسته‌کان زۆر کارى لێکردووه‌و زیاتر به‌ره‌و سوریالى بردووه‌و فهلسهفەى تاکى پێناساندووه. له‌بارى ئه‌و رێبه‌ره‌ى سوریالیسته‌کانه‌وه ده‌ڵێت «ئه‌ندرێ برۆتۆن، ته‌نها یه‌ک کتێبى دیاریکراوى نیه، پێى سه‌رسام بم دیدى گۆڕیبم، به‌ڵکو سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌کانى و خودى شه‌خسیه‌تى ئیستاتیکى ئه‌و، به‌ناو زه‌وق و بینیمدا، خۆى رهگا ژۆ ده‌کرد». فه‌رهاد پیرباڵ له‌م کتێبه‌دا ئاماژه بۆ کۆمه‌ڵێک کتێب و نووسه‌ر ده‌کات که له‌ژیانى خۆیدا شتى لێوه‌رگرتون و لێیانه‌وه فێربووه. ئه‌و له‌کتێبى (عه‌قڵ له‌مێژوودا) فێرى ئه‌وه بووه، که تاکى کورد، ئینتیماى نیشتیمانى به‌هێزى له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌که‌یدا هه‌یه نه‌ک ده‌وڵه‌ته‌که‌ى. مه‌به‌ستى (عێراق)ه. له‌کتێبى (شه‌یتانه‌کان)ى دیستۆفێسکى دا فێرى ئه‌وه ده‌بێت، که‌تاک ئه‌گه‌ر ئیشى کرد بۆ هه‌ر حزبێک، ئه‌وا به‌رباد ده‌بێت و ئازادى له‌ده‌ست ئه‌دات وه‌کو کۆیله‌ى لێدێت. فه‌رهاد پیرباڵ و محەمەد ماغۆت یه‌کێکى تر له‌و که‌سانه‌ى که‌کاریگه‌رى گه‌وره‌یان کردووه‌ته‌سه‌ر فه‌رهاد پیرباڵ و له‌سه‌رده‌مى گه‌نجیدا به‌ره‌و یاخیگهرى و ئازادى نوسینیان بردووه،، (محەمەد ماغۆت) شاعیرى سورى بووه. فه‌رهاد کاتێک دیوانى (الاثار الکاملة)ى محەمەد ماغۆتى خوێندوه‌ته‌وه، وه‌ک خۆى ده‌ڵێت «هه‌رچى شێتى و یاخیبوون و ئاره‌زوویه‌کى له‌مندا نووستبوون، وهخهبهرى هێنایه‌وه‌و منى زیواڵ زیواڵ ته‌قانده‌وه. وایلێکردم منیش له‌کاتى نوسیندا بیربکه‌مه‌وه‌و ئازاد بنوسم». محەمەد ماغۆت یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ى توڕه‌و یاخییه له‌ده‌سه‌ڵات، شیعره‌کانى به‌شێوه‌ى ئازاد‌و له‌شێوه‌ى په‌خشانه شیعردایه. هه‌ڵوێسته‌کانى و شیعره‌کانى، تاک به‌ره‌و یاخیگهرێتى ده‌بات و تاکێکى توڕه دروستده‌کات. زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى ماغۆت کارده‌کاته سه‌ریان و گوێى لێده‌گرن، گه‌نجان و توێژى تازه پێگهیشتوانن، هه‌رئه‌وه‌ش بووه فه‌رهاد پیرباڵ له‌سه‌رده‌مى قۆناغى یه‌که‌مى زانکۆ‌دا، ئه‌که‌وێته ژێر کاریگه‌رى ئه‌م شاعیره‌و کارى لێده‌کات. وه‌ک خۆى ده‌ڵێت «هه‌ندێ کتێب پێویسته له‌کاتى خۆیدا بخوێنرێته‌وه، مه‌سه‌له‌ن تۆ له‌ته‌مه‌نى 59 ساڵیدا به‌که‌ڵکى چی دێیت، شاعیرێکى یاخى و توڕه‌و ئازادى وه‌کو ماغۆت بخوێنیته‌وه؟ من به‌ختم هه‌بوو له‌وه‌ى که له‌سه‌رده‌مى گه‌نجیمدا چه‌ند نوسه‌رێکى وه‌ک (یه‌سنین، کازانتزاکى، ماغۆت، فروغ، داستایۆفسکى)م ناسى. ئه‌وه‌ى له‌م کتێبه‌ى فه‌رهاد پیرباڵدا هاتووه، هه‌مووى ستایش و پیاهه‌ڵدان نیه، به‌ڵکو یه‌کێکى تر له‌و بایهتهى که لاى لێوهکراوهتهوه، ره‌تکردنه‌وه‌یه. نووسه‌ر له‌م په‌رتووکه‌دا ره‌خنه لهشاعیرانى ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌گرێت که لهشیعرهکانیاندا هیچ په‌یامێکى رۆشنبیرى و دژى جه‌هل و نه‌زانى لهشیعرهکانیاندا به‌دیناکرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه شاعیرانى سه‌ده‌ى بیسته‌م، زۆر به‌تووندى به‌گژ جه‌هل و دواکه‌وتن و گه‌مژه‌ییدا چوونه‌ته‌وه و ره‌خنه‌ى توندیان له‌و بابه‌تانه گرتووه. هه‌روه‌ها ره‌خنه (فلیپ ژاکوتى) شاعیرى ناودارى فه‌ڕه‌نسى ده‌گرێت و پێیوایه شیعره‌کانى هیچى زیاتر نیه له‌شیعره‌کانى (مه‌دحه‌ت بێخه‌و)، له‌کاتێکدا (فلیپ) ناوبانگێکى جیهانى هه‌یه‌و شیعره‌کانى بۆ سه‌ر زمانى تورکى و عه‌ره‌بى و فارسى و ئیسپانى و ئینگلیزى و ئیتاڵى وه‌رگێڕدراون و ناوى له‌کتێبه دهرسیهکانى قوتابخانه‌کانى فه‌ڕه‌نسادا هه‌یه. فه‌رهاد پیرباڵ له‌باره‌ى (فلیپ ژاکوتى) ده‌ڵێت «له‌ساڵى 1991 کاتێک که‌وتمه سه‌ر خوێندنه‌وه‌ى دیوانه شیعرییه‌کانى فلیپ ژاکۆتى، فێرى ئه‌وه‌بووم، له‌مه‌ودوا وه‌ختى خۆم به‌خوێندنه‌وه‌ى هه‌موو شیعر‌و نووسه‌رێک خه‌سار نه‌که‌م».
