ئەم چاوپێکەوتنە لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٨ دا، لە گۆڤاری کتێبخانە بڵاوبۆتە. * لە زۆربەی ڕۆمانەکانتاندا ئاماژە بە یاری شەتڕەنج دەدەن. لە "کتێبی ڕەشی"یشدا پەڕەگرافێکی تێدایە،کە شێخ ئیسماعیل و یاوس سەلیم شەتڕەنج دەکەن. دەتوانیت کەمێک باس لەو پەیوەستییەت بکەی بە یاری شەتڕەنجەوە؟ پاموک: من لە خێزانێکدا گەورە بووم، کە ئارەزوویان لە ماتماتیک و شەتڕەنج بوو. کاتێک تەمەنم هەشت ساڵ بوو، کاکم فێری شەتڕەنجی کردم و ئیتر لەو تەمەنەمەوە دەستم کرد بە یاری شەتڕەنج. خێزانەکەمان بەتوانا بوون لە بواری ماتماتیک و یاری زیرەکیدا. باوکم لە تیپی میللی یاری کاغەزی تورکیادا بەژداری کردووە. مورات پاموکی ئامۆزاشم سەرەتا لە تیپی گەنجانی تورکیادا بوو، دواتر لە تیپی میللی‌دا یاری کرد. هەموو ئەو کتێبانەی لە ماڵەوە هەیبوون، لەبارەی شەتڕەنجەوە بوون. نەیتوانی بگاتە پلەی پرۆفێسیۆناڵی، بەڵام هێندە شەتڕەنجی دەکرد تا دواتر وای لێهات، کە وەک نوێنەری تورکیا لە بواری شەتڕەنجدا بچێت بۆ ئەوروپا. لە بارەی شەتڕەنجەوە زۆر چیرۆکی بۆ دەگێڕامەوە. واتە دەمەوێت ئەوە بڵێم، کە خێزانەکەی ئێمە بەهۆی مەراقی ماتماتیک و زیرەکییەوە لە ناو کۆمەڵگەدا هەنگاوێک لە پێشەوە بوو. بۆ نمونە باپیرم ئەندازیار بوو، یاخود با چیرۆکێکت بۆ بگێڕمەوە، کە سەلمێنەری زیرەکیی باوکمە؛ کاتێک لە قۆناغی ئامادەیی بووە، ئەوانەی سێ پۆل لەسەرو خۆیەوە بوون، بانگیان کردووە بۆ ئەوەی پرسیاری ماتماتیکیان بۆ شیکار بکات و چەندەها چیرۆکی تریش... ئەمانە کەمێک بە زیادەوە دەگێڕمەوە، بەڵام بۆ ئەوە نییە کە شانازی پێوە بکەم. لە ڕاستیدا بۆ ئەوەی کەمێک لەوان ڕابکەم، بووم بە هونەرمەند. چونکە لە ماڵەوە ئەم کەشە زیرەکییە تیرۆریزمئاسایە هەبوو. مامم پرسیاری ووشەی یەکتربڕی دەکرد، کاکم لە زانکۆ‌دا لە تاقیکردنەوەکانی وانەی ماتماتیکدا، وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دەدایەوە و یەکەم دەبوو. لەڕۆمانەکانیشمدا لەم جۆرە کارەکتەرانە هەن، بۆ نمونە لە "ماڵی بێدەنگ"دا مەتین شانازی بەوەوە دەکات، کە ژمارەی دووخانەیی زەڕب دەکات... لە سەردەمی منداڵیمدا لەگەڵ کاکمدا زۆر یاری شەتڕەنجمان دەکرد. هەمیشە دەمدۆڕان، بەڵام فێری ئەوەبووم بزانم چۆن ئەقڵم بەکار بهێنم. زۆر سوپاسی کاکم دەکەم. *لەم ماوەیەدا ئەوەم بیست، کە پڕۆژەیەکی سەیرتان هەیە بە ناوی"دیمەنەکان لە باڵەکۆنەکەی پاموک"ەوە... پاموک: بەڵی لەماوەیەکی کەمدا کتێبێکی وەها بڵاودەکەمەوە. وەک لێرەدا دەیبینن کامێرای فۆتۆگرافم هەیە. بەو کامێرایە لە هەموو شوێنێک، بە تایبەتی لەم باڵەکۆنەوە فۆتۆگراف دەچرکێنم. لە ساڵی ٢٠١٢ دا وێنەم زۆر چرکاندووە، پێدەچێت لەبەر ئەوە بوبێت، کە کامێراکەم تازە کڕیبوو. بەڵام لەو کاتانەدا پرسیارگەلێکی زۆر لە مێشکمدا بوو، کە وەڵامەکانیم نەدەزانی. ئێستا دەڵێن دۆخی خەمۆکی بووە. نەمدەتوانی وەک من دەمەوێت ڕۆمانەکەم بنووسم. ئەوکات لە جیاتی ئەوەی بەردەوام بم لە نووسینی ڕۆمانەکە، دەچوومە باڵەکۆنەکە و وێنەی هەموو ئەو شتانەم دەگرت کە دەمبینین. دوای چەندەها ساڵ کاتێک لەگەڵ بڵاوکەرەوەیەکی فۆتۆگرافدا یەکتریمان بینی، پێم وت، دەمەوێت کتێبێکی وەها بڵاوبکەمەوە، ئەویش وتی دەتوانم بیانبینم. دوای ئەوەی سەیری هەموو وێنەکانی کرد، زۆری بە دڵ بوو. وتی زۆر باشە ئەمانە دەکەین بە کتێبێک. بەهێواشی کارمان تێدا کرد و بوو بە کتێبێک. پێشەکییەکی هەشت پەڕەییم بۆ نووسی. کتێبە فۆتۆگرافییەکان، لە تورکیا و لە دنیاشدا کتێبگەلێک نین کە سەرنج ڕابکێشن و زۆر بفرۆشرێن، بەڵام من ئاسوودەم، لەبەر ئەوەی کتێبێکی وەهام ئامادە کردووە. *ئێوە باستان لەوە کرد کە ڕۆمانی"ژنە قژسوورەکە" فێمەنیسترین کارتانە. لە ڕۆمانی "ماڵی بێدەنگ"دا حەسەن نیلگونی خۆش دەوێت، بەڵام دەیکوژێت؛ لە ڕۆمانی "سەمەرەیەک لە سەرمدا" ئەوە دەبینین، کە ژنان دەکرێنە دەرەوەی کۆمەڵگە؛ لە بارەی چیرکی خۆشەویستییە بە ئازارەکەی فسونەوە دەڵێیت "ئەمە چیرۆکی ژنانە لە تورکیا"... چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکەیت، کە لە کۆمەڵگەکانی هاوشێوەی ئێمەدا، کوڕان بە عەشقەکەکانیان ژنان دەچەوسێننەوە؟ پاموک: ئەمە بە نیسبەت منەوە بابەتێکی گرنگە. وەڵامێکی زۆر هەیە بۆ پرسیاری ئەوەی چۆن هەڵیدەسەنگێنم. با بە ڕەخنەگرتن لەخۆم، کەمێک باس لە خۆم بکەم. لە یەکەم ڕۆمانەکانمدا بەگوێرەی پێویست خۆمم نەچواند لە ژنە قارەمانەکانم، بەڵام ئەو سەردەمەش، تێڕوانینم بۆ ژیان هێندە کامڵ و دەوڵەمەند نەبوو. منیش ژیانم کەم دەناسی. دواتر هەستم بەم کەموکورتییە کرد، ڕەخنەم گرت و مافیشم دا بەم جۆرە ڕەخنانە. ڕەنگە دوای تەمەنی چل ساڵی و دوای ئەوەی بەباشی ژنانم ناسی، ئیتر بێزار بووم لە گێڕانەوەی چینی ناوەڕاست، لایک، بەڕۆژئاوابوو، بۆرجوازەکانی نیشانتاشی. بە تەنها لەبەر ئەوە نا کە لەو ناوەندە بێمە دەرەوە، بیرم لەوە کردەوە، کە بچمە دەرەوەی ڕەگەزی خۆم، زیاتر لە چاوی ژنانەوە باس لە دنیا بکەم. * لەبارەی یەکەمین ڕۆمانت بە ناوی "جەودەت بەگ و کوڕەکانی" و دوایین ڕۆمانت بە ناوی "ژنە قژسوورەکە" دەڵێیت، کە هەڵسەنگاندنی سێ نەوەن. لە نێوان ئەم دوو ڕۆمانەدا چڵ ساڵ تێپەڕیوە. باشە، جیاوازییەکی چۆن هەیە لە نێوان ئەو پاموکەی "جەودەت بەگ و کوڕەکانی" نووسیوە لەگەڵ ئەو پاموکەی "ژنە قژسوورەکە"ی نووسیوە؟ پاموک: پرسیارێکی جوانە. من چل ساڵە ئەم کارە دەکەم. بە نیسبەت منەوە وەک بڵێی چوار ساڵە ئەم کارە دەکەم. "جەودەت بەگ و کوڕەکانی"م نووسی، خەڵاتی مییلەتی بۆ ڕۆمان وەر گرت، بەڵام بڵاو نەکرایەوە. منیش دەستم کرد بە نووسینی ڕۆمانێکی ڕامیاری سیاسی. دواتر لە ساڵی ١٩٨٠دا کودەتای سەربازی ڕووی دا، ئەم ڕۆمانەش بڵاو نەبووەوە. ڕۆمانەکەم فڕێ دایە سووچێکەوە. دواتر دەستم کرد بە نووسینەوەی ڕۆمانی"ماڵی بێدەنگ". ئەو ڕۆمانەی کە بڵاونەکرایەوە، کاریگەری هەبوو لەسەر ڕۆمانی"ماڵی بێدەنگ"، لەبەر ئەوەش ڕۆمانی"ماڵی بێدەنگ" کەمێک لەو ڕۆمانە دەچێت کە بڵاو نەکرایەوە. لەو ڕۆژانەی پێشوودا، لە ئەرشیفەکەمدا ئەو ڕۆمانەم دۆزییەوە، کە بڵاو نەبوبووەوە، وتم من دەمەوێت ئەم ڕۆمانە تەواو بکەم. بۆچی باس لەمە دەکەم، چونکە لەو ساتەدا هەستم بەو چل ساڵە کرد، کە تێپەڕیبوو. ئەگەر یەکێک بە منی بووتایە ئەم پیاوە چل ساڵە ڕۆمان دەنووسێت، ڕەنگە وەک کەسێک سەیری بکەم، کە لە چاخی ناوەڕاستەوە مابێتەوە. هەستێکی زۆر سەیرە... تکات لێ دەکەم پرسیارەکەتان دووبارە بکەنەوە. *جیاوازییەکی چۆن هەیە لە نێوان ئەو پاموکەی "جەودەت بەگ و کوڕەکانی" نووسیوە لەگەڵ ئەو پاموکەی "ژنە قژسوورەکە"ی نووسیوە؟ پاموک: چل ساڵە سەرقاڵی هەمان کارم، بیر لەوە دەکەمەوە، کە چوارسەد ساڵی تریش دەتوانم ئەم کارە بکەم. بەڵام لە لایەکیشەوە بیر لەوە دەکەمەوە، کە بە داخەوە هەمیشە بەو شێوە تەندروستە نامێنمەوە و کات نزیک بۆتەوە بۆ ئەوەی بچم بۆ ئەو لا! لەگەڵ ئەوەشدا بیر لەوە دەکەمەوە، دەتوانم هەموو دوو- سێ ساڵ جارێک ڕۆمانێک بنووسم و چوارسەد ساڵی تر بەردەوامبم. ئەوەی جێی داخە ئەمەیە. بەڵام تایبەتمەندییەکانی ئێستام هەمان تایبەتمەندی ئەو سەردەمەیە، کە دەستم کرد بە ڕۆمان نووسین. بە هەمان شێوە بیر دەکەمەوە، هەست بە هەمان نائومێدی و هەمان دڵخۆشی دەکەم. هەمان مر‌ۆڤم. بەڵێ وەک ڕۆماننووس ئەزموونێکی زۆرم هەیە، کاتێکی کەمتر لەدەست دەدەم. ناڵێم ئۆرهان گیان ئەگەر لێرەوە زۆر لەم بەشە بکەیت دەتوانیت تەواوی بکەیت. دەڵێم ئۆرهان گیان، تۆ جارێ ئەم بەشە لێرەدا ڕابگرە، بچۆرە بەشەکەی تر. هەست بە نزیکبوونەوەی سەرنەکەوتن و قورساییەکان دەکەم. یاخود هەست بەوە دەکەم، کە پێویستە زیاتر جەخت لەسەر بڕگەیەک بکەمەوە. لە لایەکەوە خەڵات وەر دەگرم و کتێبەکانم وەرگێڕدراونەتە سەر شەست زمان... بەڵام سەرکەوتن زیاد لەوەی خاکیترم بکات، پێداگرم دەکات لە کارەکەمدا. لە سەرو ئەوەشەوە من وەک خۆم خاکیم. بەڵام ڕەنگە وەک ڕۆماننووسێک متمانەیەکی باشم بەخۆم هەبێت. دەتوانم بە شێوەیەک بیر لەوە بکەمەوە، کە ئەگەر ئەم بڕگەیە بەو شێوەیە بنووسم، ئەوکات زۆر جوان دەبێت، بەڵام ئەمە لە سەردەمی گەنجێتیشمدا هەبوو. جوانترین لایەنی ڕۆماننووسین ئەوەیە، پێش ئەوەی ڕۆمانەکە بنووسین، بڕگەبەبڕگە و بەشبەش بیری لێ بکەیتەوە. تاکو ئێستاش بەو شێوەیە بیر دەکەمەوە. لە کۆتاییشدا جیاوازییەکی هێندە گەورەم نییە لەگەڵ ئۆرهانەکەی پێشوودا. ئێستاش بەهەمان شێوە هەندێک جار دەکەومە دۆخی نائومێدییەوە، هەندێک جار دەڵێم نووسینەکەم باش دەرنەچووە. ئەم جۆرە شتانە هەروەک چل ساڵ پێش ئێستایە.
چرا چۆلی: یه‌کێکه له گه‌نجه چالاکه‌کانى شارى ڕانییه، له‌بوارى شیعر‌و شانۆداو له زۆربه‌ى کاره ئه‌ده‌بى و هونه‌ریه‌کانى شاره‌که‌دا جێگا ده‌ستى دیاره، هاوڵاتى بۆ زیاتر ناساندنى ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵ سازدا. چرا چۆلی: لەدایک بووی: ١٩٩٦. بەشی ڕاگەیاندنی لە سلێمانی تەواوكرد. (چرا) دەلیت" لە منداڵیەوە شعر دەنوسم زۆرێك لە شعرەكانی لە گۆڤار‌و ڕۆژنامەكاندا بڵاو كراونەتەوە. تا ئێستا ٧ كۆڕی شعری كردوە لە ڕانیەو شارە جیاجیاكان. هاولاتی. هەموو مرۆڤیک لە ژیاندا حەزو خولیایەکی هەیە کاری لیبکات تۆ بۆ شیعر نوسینت هەڵبژارد ئەو حەزەت لە چیەوە بوو؟ چرا چٶلی: بێگومان هەموان ئارەزویەكیان هەیە كە دەیانەوێ نیشانی بدەن، بەڵام من جگە لە خولیا بەهرەیە كە خودا پێی بەخشیوم بۆیە دەتوانم بڵێم. هەڵمنەبژاردوە، بەڵكو لە خۆمدا دۆزیمەوەو پەروەردەم كرد. هاولاتی. زۆرکەس شیعر وەک پەیامێکی گرنگی ئینسانی سەیر دەکەن و هەندێکیش وەک شتێکی سادەو ئاسان و بە دەردە دڵی دەزانن تۆ چۆن لە شیعر دەڕوانی؟ چرا چٶلی: هەردوكی هەر گونجاوە، لە ڕاستیدا من شعر بۆ داكۆكی ڕەگەزی بەكاردەهێنم، لە كاتێدا. دەرونیشم ئاسودەدەكات، بەڕای من شعر جوانترین و باشترین ڕێگەی گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتیە. هاولاتی: دەوترێت کچان زیاتر دۆستی شیعرن بۆ بەتاڵکردنەوەی خەمەکانیان تۆ لە شیعرەکانتا زیاتر باسی خۆت و موعاناتەکانت دەکەی یان خەمی گشتی؟ چرا چٶلی: وەك گوتم كێشەو معاناتی گشتی دەگەیەنم بەتایبەت كێشەكانی ژن. هاولاتی: چۆن لە شیعری خانمان دەڕوانی و تاچەند دەیان خوێیتەوە و حەزلە شیعری کام نوسەری ژن دەکەیت؟ چرا چٶلی: من هەرگیز حەز بە خوێندنەوەی شعر ناكەم، بەڵام بڕێك جار گوێ دەگرم. بەڵام زۆر بە دەگمەن و. زۆر بە سوتفە، پەروەردەكردنی لایەنی شعریم تەنیا بەهۆی خوێندنەوەی ڕۆمان و كورتە چیرۆك و داستانە. هاولاتی: پڕۆژەت بۆ داهاتوو چیە؟ چراچٶلی: پڕۆژەم هەیە لە داهاتوداداو خەونی گەورەم هەیە، بەڵام لة ئيستادا ناتوانم باسیان بكەم.
مرۆڤ بۆیە کتێب دەخوێنێتەوە، بۆ ئەوەی فێربێت پرسیار بکات فراتنس کافکا کردنەوەی پێشانگەی کتێب، ڕووداوێکی زۆر گەورەی پۆزەتیفە بۆ خوێنەران و نووسەران. لەوێدا چەندین ناونیشانی نوێ لە هەموو بوارێک‌دا دەخرێنەڕوو، کە ئەوەش دەرفەتێکی باشە بۆ دەستکەوتنی ئەو کتێبانەی ئارەزووی خوێندنەوەیان دەکرێت. لێرەدا باس لە سوودەکانی کردنەوەی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب ناکەین، چونکە هەموو کەسێک کۆکە لەسەر گرنگی ئەو پێشانگەیە و بەردەوامبوونی. لە سەرەتای نەوەدەکاندا کاتێک ئێمە دەستمان بە خوێندنەوە کرد، زۆر بە زەحمەت کتێبمان دەست دەکەوت و زۆرجاریش بەدوای چەند ناونیشانێکدا دەگەڕاین و دەستمان نەدەکەوت. ئەوەش دەکرێت بە سەردەمی قەیرانی کتێب ناوی ببەین. بەوەی ئەو خوێنەرانەی بەدوای کتێب‌دا دەگەڕان، نەیاندەتوانی دەستیان بە سەرچاوە جۆراوجۆرەکاندا بگات، بەڵام ئێستا تا ڕادەیەک کێشەی سەرچاوە و دەستکەوتنی کتێب کەم بۆتەوە، واتا قەیرانی کتێب و نووسین و سەرچاوە تا ڕادەیەک نییە، بەڵکو وەک (ئەدۆنیس) دەڵێت قەیرانی خوێنەرە. هەموو ئەوە دەزانین کە گەڕان بۆ کتێب و خوێندنەوە، ئارەزووی چەند کەسێکی زۆر کەمی ئەم کۆمەڵەی ئێمەیە و زۆرینەی خەڵک دوورن لە خوێندنەوەوە و لای ئەوانەش ئەهلی کتێب و خوێندنەوە ڕوویەکی نێگەتیڤی وەرگرتووە و وەک خوویەکی بێکەڵک تەماشای دەکرێت. ئەوەش ئاشکرایە کە بەکولتوورکردنی خوێندنەوەش بە تەنها لە پێشانگەی کتێب‌دا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو دەبێت لە چەند ڕوویەکی جیاوازەوە ئیش بۆ ئەو مەبەستە بکرێت، بەڵام پێشانگەی کتێب بۆنەیەکی گەورەیە بۆ ئەوەی کتێب بە ژمارەیەکی زۆرتری خەڵک ئاشنا بکەیت. بۆ ئاشناکردن و هاندانی خوێندنەوە لەناو ئەو میللەتانەی کە خوێندنەوە تێیاندا نەبووەتە کو‌لتوور، حکومەت وەک کارئاسانی کۆمەڵێک هەنگاو دەنێت. لە پشت ڕێکخستنی پێشانگەی کتێبیشەوە، بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئامانجی پێشانگەکە برەودانە بە خوێندنەوە، ئەوەش هەر بە دروشم و قسەکردن نایەتەدی، بەڵکو دەکرێت بۆ ئەو مەبەستە چەند هەنگاوێک بگیرێتە بەر: - پێویستە هەوڵ بدرێت ئەو پێشانگەیە لە شارەکانی تریش بکرێتەوە، مەرج نییە لە هەمان کاتدا بێت، دەکرێت کاتەکانیان تا ڕادەیەک دوور بێت لە یەکەوە، بەوەش ژمارەیەکی زیاتر دەتوانن پێشانگەکە ببینن. - ڕێکخستنی پێشانگەی کتێب بۆ کتێبی فارسی، چونکە بەشێک لە نووسەران و خوێنەران زمانی فارسی دەزانن، هەروەها بەشی کتێبەکانی زمانی ئینگلیزیش زیاد بکرێت. - بردنی خوێندکارانی قۆناغە جیاوازەکان بۆ پێشانگەکە و هۆکاری گواستنەوەیان بۆ دابین بکرێت، نموونەی لەو شێوەیەم لەم پێشانگەیەی ئەمساڵدا بینی، بەڵام پێویستە ئەوە فراوانتر بکرێت. - هاوکاریکردنی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆ، بۆ ئەوەی کتێبی زیاتر لە بوارە جیاوازەکاندا چاپ بکەن و نرخی کتێبەکانیش دابەزێنن بۆ ئاستێک کە زۆرترین خوێنەر دەستیان پێیان بگات. بە هەمان شێوەیە هاوکاری دەزگاکانی دەرەوەش بکرێت لە گواستنەوە و شوێنی مانەوە و کرێی شوێنی خستنەڕووی کتێبەکانیان، بە مەبەستی داشکاندنی نرخی زیاتری کتێبەکانیان. - پێویستە ڕیکلامێکی زیاتر بۆ پێشانگەکە بکرێت و ڕاگەیاندنەکانیش کاری فراوانتری لەسەر بکەن. بەدەر لەو پێشانگەیەش، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن بەرنامەی زیاتر لەسەر کتێب بکەن و گفتوگۆی جددی دەربارەی ئەو کتێبانە دروست بکەن کە بڵاودەکرێنەوە. - پێویستە پێشانگەی کتێب بکرێتە بۆنەیەک بۆ خۆشەویستکردنی کتێب و بەرزڕاگرتنی بەهای کتێب، بەو شێوەیەی خوێنەر وەک کەسێکی ئاگادار و پڕزانیاری و خاوەن ئیرادە و بڕیار وێنا بکات. بەکولتوورکردنی خوێندنەوە و خۆشەویستی کتێب لای خەڵک، پێویستی بە پرۆژەی گەورە هەیە (بۆ نموونە وەک ئەو پرۆژەیەی سۆزان موبارەک لە میسر بە ئەنجامی گەیاند). بۆ ئەوەی خوێنەر زیاد بکەیت، دەبێت بیر لە کردنەوەی چەند دەرفەتێک بکەیتەوە، تا تاکەکانی ئەم کۆمەڵە لە چەند کەناڵێکی جیاوازەوە بەر کتێب بکەون. لە پشت هەموو ئەو سەرەتایەی کە کەسێکی تێیدا بووە بە خوێنەر، چیرۆکێک هەیە کە سەرەتای خوێندنەوەی لەوێوە دەستی پێ کردووە. هەربۆیە بەردەوامبوون و فراوانکردنی ئەم جۆرە پێشانگەیەش، بە شێوەیەک لە شێوەکان خوێنەری زیاتر دروست دەکات.
ساڵانه له هه‌رێمى کوردستان له هه‌ردوو پارێزگاى (هۆک و سلێمانى) ڤێستیڤاڵى فیلمى سینه‌مایى سازده‌درێت، ئه‌م ڤێستیڤاڵانه به میواندارى چه‌ندین که سایه‌تى و هونه‌رمه‌ندى ناوخۆیى و بیانى به‌ڕێوه ده‌چێت، به‌ڵام هونەرمه‌ندانى ئه‌م بواره سه‌ڕه‌ڕای پێویستى بوونى ئه‌م جۆره چالاکیانه، پێیان وایه که هێشتا ئه‌م ڤێستیڤتڵانه که‌موکورتى زۆریان هه‌یه‌و پێویسته بۆ ساڵانى داهاتوو باشتر ئاماده‌سازیان بۆ بکرێت. تایبه‌ت به‌م بواره له هونه‌رمه‌ند و ده‌رهێنه‌ر (هه‌وراز مه‌حه‌مه‌د)م پرسى ساڵانە ڤیستیڤاڵی فیلم لە سلیمانی و دهۆک دەکرێ تاچەن ئەم ڤێستیڤاڵانە گرنگن بونیان؟ (هه‌وراز مه‌حه‌مه‌د): هەمیشە بونی ئیڤێنتە كلتوریەكانم لە نەبونیان بە باشتر زانیوە، بەڵام چیتر دوای ئەم هەموو ساڵە لە رێكخستنی فێستیڤاڵ و ئیڤێنت و سەرجەم ئەو موناسەباتانەی كە لەبوارە فەرهەنگیەكاندا دەكرێت ناكرێت لەسەر چەند هەڵە و كێماسیەك بێدەنگ بین كە هەمیشە دوبارە دەبنەوە.. لەوانە ناڕێكی لە پرۆگرام و تێكچوونی كاتەكان كە ئەمەیان راستەوخۆ كاریگەری لەسەر زهنی بینەر و میوان دەبێت كە جۆرێكە لە گرنگی نەدان پێیان ئەمە لە كاتێكدا خۆی قەرارە ئەم چالاكیانە لە پێناو كۆمەڵانی خەڵك و بینەراندا ساز بدرێن، بەتایبەت كێشە تەكنیكیەكانی دەنگ و روناكی و كوالێتی بەرهەمە پێشكەشكراوەكان. لەسەر ئەم ئاستە پێویستە فێستیڤاڵەكانی فیلم بەتایبەت باشتر كارەكانیان رێكبخەن، جۆرێك لەو فەوزایەی كە هەیە دەبێت رێكبخرێتەوە.. دواتر لێم پرسى: هاتی میوانی بیانی بۆ ئەم ڤێستیڤاڵانە چ ئیزافەیەکیان بۆ پێشخستنی هونەری فیلمی کوردی هەیە؟ (هه‌وراز مه‌حه‌مه‌د): فێستیڤاڵەكان لە دونیادا بۆ بەریەككەوتنی كلتوری و ئاڵوگۆڕی مەعریفی كار لەسەر بانگهێشتی میوانی وڵاتانی تر دەكەن، كە من پێم وایە بەشێكی ئەم كارەش لە فێستیڤاڵەكانی فیلم لە ماوەی ساڵانی رابردوودا كراون، بەڵام بەداخەوە وەك پێویست ئەو ئامانجەی نەپێكاوە و لە كۆی ئەو هەموو میوان و هاتن و رۆشتنە ئەوەی ماوەتەوە دەعوەت و ئاهەنگەكان و یادگاری بووە زیاتر، تا بەرهەمهێنانی كاری پێكەوەیی و كاریگەر لەسەر بەجێهێشتن، بەداخەوە لایەنێكی تری ئەم دۆخە بۆ بانگهێشتكردن، جۆرێكی تر بووە بۆ بانگهێشتكردنەوەی ستافی فێستیڤاڵەكان و ئەگەر سودێكی هەبووبێت لە چوار چێوەیەكی بچوك و تاكە كەسیدابووە.. ئەمە جگە لەوەی كە ئێمە دەزانین كوردان بۆ میوانداری خاوەنی بەهایەكی بەرزن و زۆر رێز لە میوان دەگرن، بەڵام ئەمە لە چوارچێوەیەكی عەشایریدایە، بەڵام كە مەسەلەكە دێتە سەر لایەنی هونەری دەبێت توانا ناوخۆیی و هونەرمەندە ناوخۆییەكان لەبەرامبەر میوانەكاندا بەكەم نەگیرێن و چۆن مامەڵە لەگەڵ میوانەكان دەكرێت ئاوهاش مامەڵە لەگەڵ هونەرمەندە ناوخۆییەكان بكرێت.. ده‌رباره‌ى بوون یان نه‌بوونى فیلمى سینه‌مایى کوردى دواتر لێم پرسى: ڤیستیڤاڵی سینەما دەکرێت و فیلمی سینەمایمان نییە هۆکاری ئەمە چیە؟ هه‌وراز مه‌حه‌مه‌د وتی" هەرچەندە من پێم وایە بەرهەم هێنانی فیلم و رێكخستنی فێستیڤاڵ دوو كایەی جیاوازی پرۆسەی فیلمسازین، بەڵام دەبێت بەرپرسان و فەندەرەكانی فێستیڤاڵ ئەوەشیان بیر بێت كە چۆن فێستیڤاڵ گرنگە، پرۆسەی بەرهەمهێنانی فیلمیش گرنگە و ناكرێت تۆ لە ساڵیكدا چوار پێنج فێستیڤاڵ لە وڵاتەكەیە هەبێت بەڵام فیلم نەبێت، ئەمە شەرمێكی گەورەیە.. ده‌رباره‌ى نه‌بوون یان نه‌بوونى فیلمى سینهمایىدواتر بۆ قسه‌کردنى زیاتر ده‌رباره‌ى ئه‌م بابه‌ته و وه‌رگرتنى بۆ چوونى زیاتر چه‌ند پرسیارێکم له (دانه‌ر عومه‌ر) به‌ڕێوبه‌رى هونه‌رى ڤێستیڤاڵى فیلمى نێوده‌وڵه‌تى سلێمانى کرد‌و لێمپرسى" ئەو پێوەرانەی فیلمەکانیان پێوەرگیراوەو خەڵاتەکانیان لەسەر دراوە تاچەند دادپەروەرانەو ئەکادمی بون؟ دانه‌ر عومه‌ر" هەڵسەنگاندنی فیلم هەڵبەت کارێکی زۆر زەحمەتە بەر لەهەموو شتێ پوێستە ئەو دادوەرانە ئاگایان لە بواری فیلم سازی بێت لە دنیای فیلم ، فێستیڤاڵ شوێنی فیلمی تارت هاوسە زیاتر ئەو فیلمانە لە فێستیڤاڵەکان نمایش دەکرێت کە دوورە لە فیملی بازاری و فیلمی کۆمێرشەڵ بۆیە پێویستە ئەو دادوەرانی کە هەڵسەنگاندن بۆ فیلمەکان دەکەن تەواو ئاستێکی رۆشنبیر‌و و باگراوندێکی سینەمان باشیان هەبێت ، هەرەوها مەرج نیە تەنها سینەماکار ببنە دادوەری فیلمەکان هەندێک جار رۆشنامەنوسێکی سینەمای زۆر باشتر دەچێتە نێوەرۆکی فیلمەکان هارەها زۆر فێستیڤاڵ هەیە نوسەری رۆمان دەکاتە دادوەری فیلمەکان بەتایبەت قسە لەسەر سینارێوی فیلمەکان دەکات. دواتر لێم پرسى: ئەو خاڵە گرنگانە چیە کە دەبوو لیژنەی سەرپەرشتی ڤێستیڤاڵ لە بەرچاوی بگرتایەو نەیگرتوە؟ دانه‌ر عومه‌ر" ئاستی فیلمی کوردی فێستیڤاڵ بەرپرسنیە لێی بەپێچەوانەوە فێستیڤاڵ پەنجە ئەخاتە سەر ئەو فیلمانەی کە ئاستیان خراپە تا فیلم سازەکانبەر پرسیار بکات بەرامبەر بە کارەکانیان واتا هەندێ جار فێستیڤاڵ دەبێتە سەنتەری هەڵسەنگاندنی فیلەکان واتا فێستیڤاڵ بریار دەدات ئاستی باش و خراپ چیەدەبێت فیلم سازانی ناوخۆی ئەو راستیە تاڵە قبووڵ بکەن کە ئاستی فیلمی کوردی لاوازەو فیلم سازانیش بەرێژەیەکی زۆر لێ بەرپرسیارن. دواتر لێم پرسىدواتر بۆ وه‌رگرتنى زانیارى زیاتر هه‌ر له (دانه‌ر عومه‌ر) مپرسى: ڤیستیڤاڵی سینەما دەکرێت و فیلمی سینەمایمان نییە هۆکاری ئەمە چیە؟ دانه‌ر عومه‌ر" دروست بوونی فێستیڤاڵ لە هەموو دینادا بۆ ئەوەیە کە تۆ زەمینە خۆش بکەی بۆ دروست کردنی فیلم لە بنەرەتدا فیلمان زۆر کەمە ئێمە هەوڵ دەدەین کە رێژەی دروست کردنی فیلم زیاد بکای فێستیڤاڵ وا دەکات کێبرکێ ی دروست کردنی فیلم زیا بکات.
کاری هونەری فوتوگرافی یەکێکە لە گرتگترین ئەو هونەرانەی، کە لە ئێستادا گەنجان کاری تێدا دەکەن، (بنار سەردار) یەکێکە لە کچە چالاکەکانی بواری فوتۆگرافی لە هەرێمی کوردستان و ساڵانێکە لەم بوارەدا کار دەکات، هاوڵاتی بەمەستی زیاتر ناساندنی ئەم دیدارەی لەگەلدا سازدا. سازدانی: هانە شاخی هاوڵاتی/ هه‌موو مرۆڤێک هاندهرو خولیایه‌کى هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانى کارێک و هه‌ڵبژاردنى، هاندهرو هه‌ڵبژاردنى تۆ بۆ هونه‌رى فۆتۆگرافى چی‌بوو؟ بنار سەردار: چەند هۆکارک هەبوو بۆ بوون بە فۆتۆکرافەریم یەکێک لەوانە کاتی خۆی ئاوارەی ئێران بووین لە ۱۹۹۱ دا کاتێ ئەمبینی رایپۆرتەرو فۆتۆگرافەرە بیانیەکان دەهاتن بۆ ئەو کەمپەی کەلەوێ بووین وێنەی گوزەرانی ئەو ئاوارانەیان دەگرت کەلەوێ بوون وای کرد لە گەورە بوونم بیر لەوە بکەمەوە کە ببم بە فۆتۆگرافەر، لەلایەکی ترەوە کۆتای ساڵ ۲۰۰۹ بوو کە لە ئیش ئەگەرامەوە بینیم کە خۆپیشاندانەو فۆتۆگرافەرە پیاوەکانم زۆر ئەبینی هیچ خاتونێکم نە ئەبینی بۆیە بوو بە پرسیار بۆ من ئو کارە نەکەم. هاوڵاتی/ ده‌وترێک فۆتۆ چاوى سێیه‌مى مرۆڤه، ئه‌وه‌ى ورده‌کارى چاروى مرۆڤ نایبینێ فۆتۆ تۆمارى ده‌کات، تۆ چى له فۆتۆوه فێر بوویت؟ بنار سەردار: لەرێی فۆتۆوە ئاشنا بووم بە هەند کلتوروداب و نەرێتی جیاوازی شارەکان و وڵاتانی جیهان، کە زۆر یەک لەو وڵاتانەی کە کاری فۆتۆیم تیا کردووە لە خەونیش بەخەیاڵم دا نەهاتووە رۆژێ لە رۆژان بچم لەو شوێنانە کاری فۆتۆی بکەم. هاوڵاتی/ له نێوان کارى فۆتۆیى ڕۆژنامه‌گه‌رى و کاری فۆتۆیى هونه‌رى (ئیستاتیکى) له‌کامیاندا زیاتر خۆت ده‌بینیته‌وه و بۆ ؟ بنار سەردار: لە هونەری فۆتۆی رۆژانامەوانی دا خۆم زیاتر ئەبینمەوە، چونکە فۆتۆی رۆژنامەوانی بەلای منەوە بەشێکی زۆر زیندووە بەردەوام رووداوی تازەی تیایە، بە حوکمی ئەوەی کوردستانیش کێشمەکێشمی زۆر تیایە بۆیە فۆتۆی رۆزنامەوانی بۆمن گرنگترین بەش بوو. هاوڵاتی/ له ڕابردوودا ئه‌رشیفى فۆتۆیى کاره‌ساته‌کانى ئێمه لاوازبوه‌و فۆتۆگرافهرهکانى ده‌ره‌وه وێنه‌یان بۆ گرتوین، پێتان وایه له ئێستادا توانیومانه خۆمان وێنه‌ى سه‌رکه‌وتن و ژیان و کاره‌ساته‌کانمان ئهرشیفبکهین به فۆتۆ؟ بنار سەردار: بێگومان لە ئێستادا زورباش چووینەتە پێشەوە بۆ بە ئەرشیف کردنی کارەساتەکان و ئو رووداو‌و پێشهاتانەی کە لە کوردستان و عێراق دا روو ئەدەن، ئێستا ئەتوانین فۆتۆگرافی وای تیاببینین کە بەشێوەیەکی زور رێک و پێک توانیویانە ئەرشیفەکان کۆبکەنەوە. هاوڵاتی/ ئێستا کۆمه‌ڵێک گه‌نجى زۆر سه‌رقاڵى کارى فۆتۆین تا چه‌ند ئه‌و هه‌نگاوانه به گرنگ ده‌زانى؟ بنار سەردار: هەریەکێک لەو گەنجانە زور ئاساییە کە دەستیان داوەتە ئەم هونەرە، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە کایەوە ئایا ئامانجیان چیە لە بوون بە فۆتۆگرافەرو ئایا ئەیانەوێت لەکام بواری فۆتۆگرافەریکار بکەن، کە ئەمە خاڵێکی گرنگە لە هونەری فۆتۆگرافی، چونکە کارکردن لەهەموو کایەکانی فۆتۆگرافی وا دەکات وون بیت و خۆت نەدۆزیتەوە چیت دەوێت لەو هونەرەدا. هاوڵاتی/ تا چه‌ند توانیوته کاره‌کانت به‌ریته ده‌ره‌وه‌و به‌شدارى چالاکیه‌کانى ده‌ره‌وه له بوارى فۆتۆدا بکه‌یت؟ بنار سەردار: تا رادەیەکی زور باش توانیومە کارەکانم لە دەرەوەی وڵات لەناو وێب سایتەکان و رۆژنامەو گۆڤارەکان بڵاو بکەمەوە، خاوەنی مەدالیای برۆنزیم بۆ یەکێک لە وێنەکان لەشاری مصر. هاوڵاتی/ کامێرا بۆ تۆ چى ده‌گه‌یه‌نێت؟ بنار سەردار: کامێرا لە لای من پەیوەندی نێوان چاو روحە.
لۆڤا محەمەد شێوەکارێک بەفڵچەکەی دەستی هەمیشە وێنەی سروشت دەکێشێت هیچ کات لە بیری ناکات و لەپێشانگاکاندا نمایشی دەکات و سەرنجی شێوەکاران و هاوڵاتیان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. ئاریان لەتیف ئەو شێوەکارەیەو تەمەنی ٢٤ ساڵەو لەسلێمانی لەدایک بووە و دەرچووی بەشی تیشکە لەپەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، لەئێستاشدا کارمەندە لەنەخۆشخانەی فێرکاری سلێمانی، لەساڵی ٢٠١٣وە دەستی کردووە بەکاری هونەری شێوەکاری. ئاریان، سەبارەت بەدەستپێکی کاری هونەری بۆ « وتی «سەرەتای دەستپێکردنم بۆ هونەر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٣و لەڕێگەی سەنتەری چالاکی گەنجانەوە بوو، مامۆستا ئەیوب مامۆستای من بووە و سوپاسی ئەکەم لە حەوت پێشانگای هاوبەشدا بەشداریم کردووە». تابلۆکانی ئاریان بەشێوەیەکی گشتی بەبۆیەی زەیتی لەسەر کانڤاس کێشراوەو زۆربەی تابلۆکانی تایبەتن بەسروشت و دەڵێت «هەوڵمداوە سروشت بەشێوە جوانەکەی خۆی بهێڵمەوە دوور لەدەستی مرۆڤ کە بەردەوام وێرانی کردووە». ئەو شێوەکارە وەک سەرچاوەیەکی ژیان هونەری شێوەکاری ناکات، بەڵکو تەنها وەک حەزێک ئەنجامی دەدات و وەک خۆی دەڵێت، بەفرۆشتنی تابلۆ نا‌توانیت پشتی پێ ببەستیت، چونکە ئەوەندە نیە، بێگومان لێرە هیچ کەس ناتوانێت بەهونەرەکەی بژی و بگرە دەبێت پارەش لەهونەرەکەدا خەرجبکەیت بۆ بەردەوامبوونت لەهونەرەکە.
لۆڤا محه‌مه‌د پێشانگایەکی هاوبەشی کاریکاتێری بۆ هونەرمەندانی باشور‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەشاری سلێمانی کرایه‌وه‌و ٤٧ کاریکاتێریست تێیدا به‌شداربوون به ١٧٩ تابلۆی کاریکاتێری. بڕیاره پێشانگاکه لهسنهش بکرێته‌وه. بەختیار سەعید، سەرپەرشتیاری ناوەندی حه‌وت ڕەنگ و پێشانگاکە، بە هاوڵاتی وت «ماوەی دوو ساڵ زیاترە ناوەندەکەمان وەکو ناوەندێکی هونەری کار بۆ هونەری کاریکاتێری دەکات و چەندین پێشانگای تایبەت بەو هونەرەمان کردوەتەوە». سەبارەت بە پێشانگاکەش ڕایگەیاند کەپێشانگاکە لەنێوان کاریکاتێریستانی باشور‌و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە لەژێر ناوی «ژینگە ژیانە» که تێیدا ٤٧ کاریکاتێریست بەشداریان تێداکردووە کە ١٢ کاریکاتێریستیان خه‌ڵکى باشور بوون و ٣٥ کاریکاتێریستەکەی دیکە لەڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداربوون. لەپێشانگاکەدا ١٧٦ تابلۆی کاریکاتێری نمایش کران کە هەریەکێک لەکاریکاتێریستەکان بە پێنج تابلۆ بەشداریان کردبوو کە سێ تابلۆیان تایبەت بوو بەژینگەو لەدوو تابلۆکانی دیکەدا ئازاد بوون کەچیان کێشابێت و نمایشی بکەن. بەختیار سەعید نیگەران بوو لەوەی کە بەشێک لەکاریکاتێریستەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیانتوانیبوو خۆیان لەپێشانگاکەدا ئامادەبن و تەنها وێنەکانیان ئامادەییان هەبووه. وتی «بەهۆی ئەوەی کە دۆخی خەڵکی ڕۆژهەڵات باش نیەو لەسەر سنوریش لەکاتی هاتنیان بۆ باشور بڕێک پارەیان لێوەردەگیرێت، بۆیە نەیانتوانیوە کە لەپێشانگاکەدا ئامادەبن، بەڵام بڕیارە لەمانگی ١١دا لەشاری سنە بۆ دووەمین جار پێشانگاکە بکەینەوە».
هاوڵاتی به‌هرۆز بوچانی پەنابەرێکی کوردە لە دوورگه‌ی مانیسی خه‌ڵاتی (ئه‌ننا پۆلیتكۆڤسكایه) ی بۆ ساڵی 2018وه‌رگرت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار، رۆمانێکی لە رێگەی کورتە نامەوە نووسی. بەهرۆز بوچانی ساڵانێکە لەکەمپێکی ئوستراڵیا کە لەدەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتەیەو لەدورگەی مانیسی سەر بەوڵاتی نیو گینیایە دانراوە، ئەو لەمیانەی مانەوەی لەو کەمپە لەئوستراڵیاو جیهاندا وەک ڕۆژنامەنوسێک و دەنگی پەنابەرانی جیهان ناوبانگی دەرکرد، لەمیانەی مانەوەیدا وەک پەنابەرێک چەند وتارێکی بۆ ڕۆژنامەی گاردیان نوسیوەو لەدەرهێنانی فیلمێکی دۆکیومێنتاریدا لەسەر پەنابەری بەشداربووە. خه‌ڵاتكردنی ئه‌م په‌نابه‌ره له به‌رامبه‌ر كار و چالاكییه‌كانی دێت كه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌و دورگه‌یه ئه‌نجامی داوه و به‌به‌رده‌وامی گرفت و نه‌هامه‌تییه‌كانی په‌نابه‌رانی له نوسینه‌كانیدا بڵاو ده‌كاته‌وه. بوچانی، خه‌ڵكی ڕۆژههلاَتی كوردستانه و ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه له كه‌مپه‌كانی دوورگه‌ی مانوس ده‌ستبه‌سه‌ره. په‌نابه‌رانی دوورگه‌ی ناورۆ و مانیسی پاپانیوگینیا ئه‌و كه‌سانه‌ن كه پێشتر ویستویانه به قاچاخ و به به‌له‌م ڕوو له ئوسترالیا بكه‌ن و هه‌رگیز له ئوسترالیا نیشته‌جێ ناكرێن. خه‌ڵاتی (ئه‌ننا پۆلیتكۆڤسكایه) خهلاَێكی ساڵانه‌یه كه به‌ناوی ڕۆژنامه‌نوس ئه‌ننا پۆلیتكۆڤسكایه ناونراوه كه له ساڵی 2006 دا كوژراوه له به‌رامبه‌ر بێده‌نگنه‌بوونی له‌سه‌ر كاره ڕۆژنامه‌نووسییه‌كانی. راپۆرتێکی پێشتری رۆژنامەی هاوڵاتی بخوێنەوە لە سەر بوچانی بەناونیشنای: کوردێک لەناو کەمپەوە بەکورتەنامە ڕۆمانێک لەسەر پەنابەریی دەنوسێت
هاوڵاتى که‌مال ڕه‌ئوف محه‌مه‌د(باوکى لالۆ) نوسه‌ر و ره‌خنه‌گرى ئه‌ده‌بى کوردى له ده‌ره‌وه‌ى وه‌ڵات کۆچ دواییکرد. که‌مال ره‌وف ناسراو به (باوکى لالۆ یه‌کێک له‌نوسه‌ر و ره‌خنه‌گرانى ئه‌ده‌بى کوردى و نوسه‌رێکى حه‌فتاکانى سه‌ده‌ى رابردوو شه‌وى رابردوو له ده‌ره‌وه‌ى وڵات کۆچى دوایکرد. که‌مال ره‌وف له ساڵى ١٩٤٢ له سلێمانیى له‌دایکبووه‌و له‌سه‌ره‌تاى حه‌فتاکانه‌وه، له رێگه‌ى نووسینه‌کانییه‌وه له رۆژنامه‌ى هاوکاریی، ناوێکى دیار‌و ناسراو بوو، سه‌رپه‌رشتیاریى هاوکارى بوو له‌سه‌ره‌تاى حه‌فتاکاندا. پاشتر وه‌ک پسپۆڕێکى بوارى میدیایی، له ڕادیۆى کوردى به‌غدا ساڵانێکى زۆر کاریکردهو نزیکه‌ى ١٥ کتێبى نوسراوى پێشکه‌ش به کتێبخانه‌ى کوردیى لهبواریى "مێژوو، ئه‌ده‌بیات، لێکۆڵینه‌وه. میدیا " کردووه. به شێک لهوکتێبانهى تا بڵاوى کردوونه‌ته‌وه وه‌ک (مسته‌فا سائیب ئه‌ستێره‌ى گه‌شى کورد-هونه‌رى دراماى ڕادیۆى کوردی-عه‌قیده‌ى ئیمان عه‌قیده‌ى کوردى مه‌ولانا خالیدى شاره‌زووریی-گوتوێژێکى ده‌گمه‌نى تۆفیق وه‌هبى و دیدێکى ڕه‌خنه‌گرانه-ئه‌ده‌بى نامه‌نووسینى کوردیی-گه‌ڕان بۆ ڕاستیی)
سازدانى: هیوا غەفور شێخ پاڵه‌وانى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ ، جه‌وهه‌ر مه‌حمود ئاغا نوسه‌رو وه‌رگێڕو خاوه‌نى هه‌شت کتێبى وه‌رگێڕدراو تیشک ده‌خاته‌سه‌ر کارى وه‌رگێڕان و چیرۆکى وه‌رگێڕانى شاکارى هه‌زارو یه‌ک شه‌وه بۆ کوردى ده‌گێڕێته‌وه‌و ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌کات وه‌رگێڕان بۆ نــهوهیهک و دوان و سه‌ده‌یه‌ک و دوان ناکرێت. وه‌رگێڕان وه‌کوو (ئــاو ڕوونکه‌ره‌وه) وایه، بیر‌و هزر ڕوون ده‌کاته‌وه. هاوڵاتى: وه‌رگێڕان چیــه؟ پێموابێت تۆ یه‌که‌م وه‌رگێڕی کوردیت کههـــهزارو یه‌ک شه‌وه‌ت وه‌رگێڕاوه بۆ زمانی کوردی و تائێستاش سێ جار‌و له‌سێ ده‌زگای جیاواز چاپکراوه‌ته‌وه. چۆن بیرت لەپڕۆژهیهکی له‌و جۆره کرده‌وه؟ به‌تایبه‌ت هـــهزارو یه‌ک شه‌وه شاکارێکی جیهانییه؟ جه‌وهه‌ر مه‌حمود: وه‌رگێڕان گواستنه‌وه‌ی (ده‌ق)ه، ئیدی ئه‌ده‌بی بێت یان هه‌ر ره‌هه‌ندێکی دی، له‌زمانی سه‌رچاوه‌ی لــێوەرگیراوهوه، بۆ ئه‌و زمانه‌ی بۆی وه‌رده‌گێڕدرێت. له‌هه‌مان کاتدا گواستنه‌وه‌ی دنیابینی و فه‌لسه‌فه‌و شارستانیی باو‌و نه‌ریتی خاوه‌ن ده‌قی لێوه وه‌رگێڕدراوه. شاکاری (هـــهزارو یه‌ک شه‌وه) شاکارێکی جیهانیه‌و مرۆڤ به‌خوێندنه‌وه‌ی بیری باڵ ده‌گرێت، جیهانی دێرینی چه‌ندین سه‌ده به‌سه‌رده‌کاته‌وه‌و کلتووری چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ی جیاواز. ئه‌م شاکاری هه‌زارو یه‌ک شه‌وه‌یه (3) ساڵی ته‌مه‌نی منی برد‌و خوێندنه‌وه‌ی (3)چاپ و ساڵی جیاوازی زمانه ره‌سه‌نه‌که. له‌هه‌موو ئه‌مانه سه‌ختتر دوو شت بوو: یه‌کێکیان کۆنیی زمانه عه‌ره‌بیه کلاسیکه‌که‌ی و دووه‌میان ئه‌و شیعرانه‌ی نێوی. خۆ شیعره‌کانیش به‌لای منه‌وه‌و به‌ددان پێدانانی به‌ڕێز حه‌مه‌ی مه‌لا که‌ریم، که‌ئێستایش له‌پێشه‌کیی چاپی یه‌که‌مدا ئه‌م وته‌یه‌ی ماوه: شیعره‌کان زۆر په‌رپووت و زمانی بازاڕی و ناوچه‌یی بوون. هه‌زارو یه‌ک شه‌وه تائێستا سێ جار چاپکراوه‌ته‌وه، 3500 دانه‌ى لێفرۆشراوه. ئه‌مساڵی (2018)یش له (10) به‌رگدا چاپی چواره‌می ده‌کرێته‌وه. ئه‌و کات که‌من ئه‌و کتێبه‌م وه‌رگێڕا بــواری وه‌رگێڕان زۆر‌و بۆریی پێوه دیاربوو. بۆیه منیش ویستم به‌کارێکی نــاوازهو که‌م که‌س کرده ده‌ستپێبکه‌م و ئه‌وه یه‌که‌م به‌رهه‌می کاری من بوو. هاوڵاتى: ئه‌و کتێبانه‌ى تائێستا وه‌رتگێڕاوه بۆ زمانى کوردى له چ زمانێکه‌وه بووه، به‌شێوه‌یه‌کى گشتى له چ زمانێکه‌وه وه‌رگێڕان ده‌که‌یت؟ جه‌وهه‌ر مه‌حمود: خوێندنی سه‌ره‌تایی و نــاوه‌ندی و خانه‌ی مامۆستایانم به‌زمانی عه‌ره‌بی بووه، بۆیه حه‌زم به‌وه‌رگێڕانه له‌زمانی عه‌ره‌بییه‌وه. ساڵ و نیوێک مانهوهیشم له‌وڵاتی فه‌ڕه‌نسا بۆ فێربوونی زمانی فه‌ڕه‌نسی که‌مه. منیش تائێستا خولێکی فێربوونی زمانی فه‌ڕه‌نسیم لهتولووز خوێندووه‌و خاوه‌نی دبلۆمم له‌و بواره‌دا! هێشتایش بوێریی ئه‌وه‌م نیه له‌زمانی ئینگلیزی و فــهڕهنسیهوه وه‌رگێڕان بکه‌م! به‌ڵام ئومێد ده‌که‌م دوای چه‌ند ساڵێک و گه‌ر ته‌مه‌ن بواری دا، به‌تاکی ته‌نیــا، له‌زمانی فهڕهنسیشهوه وه‌رگێڕان بکه‌م. هاوڵاتى: ئــه‌و کتێبانه‌ی که وه‌ریده‌گێڕیت، به‌پێی چ تایبه‌تمه‌ندییه‌ک که به‌شیاوی ده‌زانیت له‌و ده‌قه‌دا هه‌بێت و وه‌ریده‌گێڕیته سه‌ر زمانی کوردی؟ واته کاتێک کتێبێک وهردهگێڕیته سه‌ر زمانی کوردی، چ هۆکارێک به‌گرنگ ده‌زانیت له‌و کتێبه‌دا هه‌بێت؟ جه‌وهه‌ر مه‌حمود: وه‌رگێڕان پردی په‌ڕینه‌وه‌ی بــاوو نه‌رێت و کلتووره و گواستنه‌وه‌ی بیر‌و فه‌لسه‌فه‌یه. شکاندنی سنووری ده‌وڵه‌تان و کیشوه‌رانه. بۆیه وه‌رگێڕان به‌رپرسیارێتییه! شایه‌نی لێپێچینهوهشه، چ له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵگاو چ له‌لایه‌ن خوداوه. وه‌رگێڕه‌کان له‌توێژه باڵاکانی نه‌ته‌وه‌ن، ناکرێت له‌هه‌ڵبژاردنی کتێبه وهرگێڕاوهکانیاندا ڕه‌چاوی ئامانج له‌و کتێبه نه‌که‌ن. نه‌ته‌وه‌ی من پێویستی به‌فه‌لسه‌فه و په‌ندو رازی کۆنینه‌ی پڕ ئــامۆژگاری هه‌یه، بۆیه منیش (هــهزارو یه‌ک شه‌وه)م خسته نێو بیر‌و هزری نه‌ته‌وه‌که‌مه‌وه. ژنانی نه‌ته‌وه‌که‌م بهستهملێکراو ده‌بینم، بۆیه ڕۆمانی (تێریزا باتیستا)ی کۆڵنه‌ده‌رو خه‌مخۆرم کرده کوردی. منیش له‌گه‌ڵ (لیۆ تۆڵستۆی)ی روسییدام که شه‌ڕی قێزه‌ون نه‌خشاندووه‌و چۆناو چۆن ئاشتیی قه‌شه‌نگ و باڵا خستووه‌ته‌ڕوو. بۆیه شاکاری (شــه‌ڕو ئــاشتی)یه‌که‌یم وه‌رگێڕاوه بۆ زمانی شیرینی کوردی. ڕه‌نگه بڕێک به‌لاقرتێوه بڵێن: خۆ ئه‌وه‌تا هێشتایش کوردستان بۆ جه‌نگ و کاولکاری و مردن، بووه‌ته گۆڕه‌پان! منیش ده‌ڵێم به‌ڕێزینه وه‌رگێڕان بۆ نــهوهیهک و دوان و سه‌ده‌یه‌ک و دوان ناکرێت! وه‌رگێڕان وه‌کوو (ئــاو ڕوونکه‌ره‌وه) وایه، بیر‌و هزر ڕوون ده‌کاته‌وه. با ئاکارهکهیشی که‌مێک دووره‌ده‌ست بێت. که‌وابوو پاڵنه‌ره‌کانم جوانکردنی ژیانه‌و، کتێبانێک هه‌ڵگری ژیان دۆستی بن. هاوڵاتى: له‌و کتێبانه‌ى تائێستا وهرتگێڕاون زیاتر مه‌یل و خولیات بۆ ژانرى رۆمان رۆیشتووه، که‌متر ژانره‌کانى ترت به‌سه‌رکردووه‌ته‌وه، هۆکارى ئه‌وه چییه؟ ئایا رۆمان بهپێویستتر ده‌زانیت لهژانرهکانى تر، یاخود، هۆکارێکى تر هه‌یه له‌پشت ئه‌و کاره‌وه؟ جه‌وهه‌ر مه‌حمود: بۆیه زۆر تر رۆمانم وه‌رگێڕاوه، چونکه ژانــری ڕۆمان، هێشتایش له‌گه‌شه‌دایه و سه‌رده‌میانه‌یه‌و جێی بایه‌خی کۆمه‌ڵگا خاوه‌ن شارستانیه‌کانه. تائێستایش سه‌رچاوه‌ی فیلمه‌کانن! خهونگهی مرۆڤانی ژیان دۆستن! تائێستا نه‌مبیستووه، ڕۆمانێک هه‌بووبێت، خزمه‌تی به‌سته‌مکاران کردبێت! خزمه‌تی به‌کرده‌وه ناجۆره‌کانی سروشت و ده‌رباری ده‌سه‌ڵات کردبێت! بۆیه منیش کار له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی ژانری رۆمان ده‌که‌م. جگه له‌وه‌ش کارم له‌سه‌ر وه‌رگێڕانی فیلمه دیکۆمێنتارییه‌کانی TV (ناسیوناڵ جیوگرافیک)و نوسینی ده‌روونی و په‌روه‌رده‌یی کردووه. ئه‌مه بێ له‌وه‌ی چه‌ندین کاریکاتێرم بڵاوبووه‌ته‌وه. هاوڵاتى: یه‌کێک له‌و کێشانه‌ى له‌ئه‌ده‌بى کوردی‌دا جێگه‌ى که‌موکوڕییه، ئه‌وه‌یه تائێستا گه‌لى کورد نه‌یتوانیوه خۆى به‌دنیاى ده‌ره‌وه‌و میلله‌ت جیاوازه‌کان بناسێنێت و شاکاره‌کانى بۆ زمانه زیندووه‌کانى دنیا وه‌ربگێڕێت، به بڕوای تۆ هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه، ده‌قی کوردی خۆى لاوازه به‌که‌ڵکى ئه‌وه نایات وه‌ربگێڕدرێت؟ یــاخود هۆکاری دیکه‌ی هه‌یه؟ جه‌وهه‌ر مه‌حمود: من پێموایه دوو که‌س نادۆزیته‌وه که له‌سه‌ر ئه‌وه کۆک بن: ده‌قه کوردییه‌کان لاواز بــن! به‌بڕوای من هۆکاره‌کانی وه‌رنه‌گێڕانی ده‌قه کوردیه‌کان فره‌ن، له‌ئه‌وانه: که‌مته‌رخه‌میی ده‌سه‌ڵاتداران و نه‌ته‌وه‌کانی سه‌رده‌سته‌ی کورد و داخراویی سنووره‌کان و به‌رته‌سکیی ئــازادی و ڕه‌نگه چه‌ند هۆکارێکی تریش هه‌بن. هه‌رکاتێک دڵسۆزانێک له‌نه‌ته‌وه‌که‌م، هه‌ر لهبــازرگانانهوه بیگره، تاکو سه‌رمایه‌داران، بواری چاپبوونی کتێبیان ڕه‌خساندو رێگاکانی بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی وه‌رگێڕدراون، له‌زمانی خۆمانه‌وه بۆ زمانانی بیانى بخه‌نه به‌رده‌ست، ئه‌وکات ده‌رده‌که‌وێت که وه‌رگێڕه‌کان تا چه‌نده کار له‌سه‌ر ئه‌م جۆره وهرگێڕانهیش ده‌که‌ن. هاوڵاتى: یه‌کێک لهپڕۆژهکانت وه‌رگێڕانی ڕۆمانی (کلیله‌که‌ی سارا)یه و، له‌گه‌ڵ کچه‌که‌تدا! ئه‌و کاره چۆن بوو؟ ئایا ئه‌ویش به‌دوای ڕێچکه‌ی تۆدا ڕۆیشتووه، له‌شێوازی وه‌رگێڕاندا؟ جه‌وهه‌ر مه‌حمود: ڕۆمانی (کلیله‌که‌ی سارا) فره وه‌گیانم خۆش بوو! ئاخر له شوێنانیش ئه‌م نهێنییه‌م وتووه که من وه‌کوو بڕێک له‌هاوڕێ وه‌رگێڕه‌کان، سه‌ره‌تا چه‌ند جارێک رۆمانه‌که ناخوێنمهوهو به‌دوایدا ده‌ست بکه‌م به‌وه‌رگێڕان! من ده‌چم له‌سه‌ر ئه‌و ڕۆمانه ده‌خوێنمه‌وه و له‌گووگڵ زانیاریی له‌سه‌ر کۆده‌که‌مه‌وه و له هاوڕێ نزیکه‌کانم له باره‌ی ئه‌و رۆمانه‌وه ده‌پرسم! دواتر له فیلمه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێم و به‌ژێرنووسکراوی دهستمبکهوێت باشتر ده‌بێت. له‌ولایشه‌وه هـــهواری کچم له سلێمانی، کۆلیژی زمانی ئینگلیزیی خوێندووه‌و له‌وڵاتی فه‌ڕه‌نسا کۆلیژی زمانی فــهڕهنسیی خوێندووه. ئــێ له کۆنه‌وه بــاوکی کتێبخانه‌ی ماڵی هه‌بوو خۆیشی خوێنه‌رێکی نایاب بوو. ئه‌مه بێ له‌ئه‌وه‌ی خۆیشی له‌فه‌ڕه‌نسا کاری وه‌رگێڕی ڕاسته‌وخۆ بۆ کوردانی شاری تولووزی فه‌ڕه‌نسا ده‌کات. بۆیه منیش هه‌له‌که‌م قۆسته‌وه‌و هانمدا و خۆیشی ئازایانه هاته پێشه‌وه. وه‌رگێڕانه‌که به‌سه‌ر چه‌ندین ده‌ریاوه‌و لهههواداو به‌ئاماده‌بوونی هه‌ردوکمان و من له‌شاری سلێمانیی هه‌رێمی کوردستان و ئــهویش لهتولووزی فه‌ڕه‌نساوه کراوه! ئه‌م کاره‌یش به‌هۆی ئه‌پڵیکه‌یشنی (سکایپ)ه‌وه جێبه‌جێ بووه و پتر له (5) مانگی پێچوو. له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک رۆمانه‌که‌مان هه‌ڵبژارد؟ به‌م شێوه‌یه بوو، بێ له‌هێڵه گشتییه‌که که‌زووتر وه‌ڵامیم نوسیوه، رۆماننووسه ژنێکمان هه‌ڵبژارد، به‌وه‌ی که فه‌ڕه‌نسی زانه خۆیشی ژنــهو خێزاندار. ڕۆمانێک سته‌می ڕه‌گه‌زی ژنی تێدا پیاده‌کراوه و کۆمهڵگاکهیشمان هه‌مان ئه‌شکه‌نجه‌ی بینیوه. له‌ڕاستیدا به‌هه‌ردوکمان له وهرگێڕانهکهماندا توله‌ڕێیه‌کی زۆر نزیکمان له‌ڕێبازی»تاتیانا دی رۆزنێ«وه دۆزیه‌وه، چونکه ژنه رۆمان نووسهکهیش، ڕێبازی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه! هاوڵاتى: به‌شێک له وه‌رگێڕه‌کان بۆ بژێوى ژیان کارى وه‌رگێڕان ده‌که‌ن، به‌شێکى دیکه‌شیان وه‌ک حه‌زو خولیایه‌ک لێى ده‌ڕوانن، هاوکات به‌شێکى دیکه‌ى وه‌رگێڕه‌کان لایه‌نى ئه‌ده‌بى و رۆشنبیرییان به‌لاوه گرنگه، ده‌یانه‌وێت ئه‌و کاره‌ى ده‌که‌ین، خزمه‌تێک به گه‌له‌که‌یان بکه‌ن تۆ له پێناوی چیدا وه‌رگێڕان ده‌که‌یت؟ جه‌وهه‌ر مه‌حمود: به‌لای منه‌وه وه‌رگێڕان خولیایه و، چێژ بینین! به‌شداری کردنی گۆڕینی کلتووره به‌ره‌و باشتر! باشتر ناسینی ژیانــه! من له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کانه‌وه، کاسبی ناوبازاڕ بووم و دوای به‌مامۆستا بوونم، چه‌ندین جۆر کاری ئــازادم کردووه. بۆیه نه ئه‌وکات و نه ئێستا پێویستم به کتێب و نرخه‌که‌ی نه‌بووه. هه‌میشه مێمڵی خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نووسه‌رانی بلیمه‌ت بووم. که‌م ڕێککه‌وتووه به‌ته‌نیا یه‌ک جار خوێندنه‌وه‌ی کتێب، کۆڵ بده‌م. ئێستایش جاروبار ده‌چمه‌وه سه‌ر نووسینه‌کانی هــه‌ژار و هێمن و علاالدین سه‌جادی و عه‌زیز گه‌ردی و...، وه‌کوو قوتابیه‌ک خۆم فێر ده‌که‌مه‌وه. به‌هێنده‌ی توانای خۆم، هه‌وڵم داوه وشه ڕه‌سه‌نه کوردیه‌کان بێنمه‌وه نێو ده‌قه‌کانم، فره خۆشم له جوینه‌وه‌ی ناو و وته‌کانی که‌ڵه‌پیاوانی جیهان نایه‌ت و خۆم به یه‌کێک لهزمانپارێزه کلاسیکه‌کان ده‌زانم. هاوڵاتى: کێشه‌کانی وه‌رگێڕانی کتێبێک له زمانێکه‌وه بۆ زمانی کوردی چین؟ جه‌وهه‌ر مه‌حمود: من پێم وایه، زمان زانین له‌خۆیدا سنوورێکی گشتگیری نیه، تاکو به‌هۆیه‌وه دادوه‌ری بکه‌ین. به‌ڵام پێموایه مه‌حاڵه وه‌رگێڕی رۆشنبیر بوێریی ئه‌وه‌ی هه‌بێت، ده‌ست بۆ ده‌قێک ببات، گه‌ر زمانی ئه‌و ده‌قه‌یش وه‌کوو زمانی بۆ وه‌رگێڕدراو، که زمانه‌که‌ی خۆیه‌تی نه‌زانێت! ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ، ڕۆشنبیرییه‌کی گشتیی له‌باره‌ی کلتوورو ئیدیۆم و نه‌رێتی کۆمه‌ڵگای خاوه‌ن ده‌قه وهرگێڕدراوهکهوه نه‌بێت، بۆی نییه کاری له‌سه‌ربکات. مه‌گه‌ر له‌وڵاتێکی بێ سنوور و بێ ڕه‌خنه و بێ ڕه‌قابه و فلته‌ری وه‌کوو هه‌رێمی خۆماندا ئه‌وه روو بدات. من بۆ خۆم کێشه له‌وه‌رگێڕانی کتێبه فه‌لسه‌فی و پیشه‌سازی و ئــابورییهکاندا هه‌ست پێده‌که‌م. ماریۆ بارگاس یۆسا بۆ گه‌ڕان بۆ بابه‌تی ڕۆمانه‌کانی، هه‌گبه‌ی له‌پشت به‌ستووه و وڵاته و وڵات چووه و تێکه‌ڵی کۆمه‌ڵگاکان بووه. ته‌نانه‌ت گه‌یشتووه‌ته هه‌رێمه‌که‌ی ئێمه و شاری سلیمانییش! به‌ڵام ئێمه‌ی رۆماننووس و وه‌رگێڕه‌کانی کورد، چۆن ئه‌وه‌مان بۆ ده‌ڕه‌خسێت!؟ به‌ڵام من بۆ خۆم بۆم ڕه‌خساوه و، شاره‌که‌ی پاریس چووم و کڵێسه‌ی نۆتردام و مۆزه‌خانه‌ی لۆڤــهر و په‌یکه‌ری ناپلیۆنم به‌سه‌رکردووه‌ته‌وه، به‌و کاره‌یشم باری وه‌رگێڕانه‌که‌م له‌بارتر بووه، به‌تایبه‌تی له وه‌رگێڕانی ڕۆمانه‌کانی «ڤیکتۆر هۆگــۆ»دا. جـەوهەر مەحمود حسین • له دایکبووى ساڵى (1949) زایینیه. • لەساڵى (1967 ــــ 1968) بڕوانامەى خانەى مامۆستایانی سلێمانى بەدەستهێناوە. • لەساڵی (1971) به پیشەى مامۆستا له گوندى (ئەحمەد بڕنده)ى سەر به (وارماوه) دامەزراوه. • رۆمانى (هـــەزارو یەک شەوه ـــ الف لیله و لیله)ى لەزمانى عەرەبیەوە وەرگێڕاوه بۆ زمانى کوردى لەساڵى 2007 دواتر سێ‌جار چاپکراوەتەوە. • ئەم رۆمانانەی چاپکردوە (شەڕو ئـاشتى، قومارچی ، قەموورەکەی نۆتـردام، کۆتەڵى ڕۆژ، کەتنەکانى کچۆڵەیەکى لاسار، تیریـزا باتیستا، خۆشەویستى و سێبەرەکان، کلیلەکەى سارا، نرکەی چیاکه.
هاوڵاتى هونه‌رمه‌ندێکى کورد له‌پرۆژه‌یه‌کدا به‌ناوى (هه‌زار و یه‌ک خه‌ون، هه‌زار و یه‌ک چیرۆک) باس له‌داماڵینى چه‌ک ده‌کات و له‌و رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت ئاشتى به‌رقه‌رار بێت و چیتر هه‌وڵى یه‌کتر کوشتن و یه‌کتر سڕینه‌وه نه‌درێت، که هه‌مووکات بێهێزه‌کان ده‌بنه قوربانى. رێبوار سه‌عید هونه‌رمه‌ندو مامۆستاى زانکۆ، سه‌باره‌ت بهپرۆژهکهى به هاوڵاتى راگه‌یاند «من له رێگه‌ى ئه‌م پرۆژهیهمهوه ده‌مه‌وێت ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نم، ئه‌گه‌ر ئه‌و چه‌که‌ى له شانته داینهنێى، چه‌که‌که سه‌رت داده‌نێ، ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش پرۆژه‌یه‌کى جیهانییه‌و په‌یوه‌ندى به‌پیاو و ژن، ره‌ش و سپى، نێرومێ، په‌یوه‌ندى به‌دینه‌وه نییه، مرۆڤ لهههرشوێنێکى دنیادا بێت زاده‌ى ئه‌و بهرکهوتنانهیهو ئه‌و رۆحیه‌تى چه‌کدارییه‌ى تێدا ده‌ڕوێت، بۆیه ئه‌گه‌ر ئاگامان له‌خۆمان نه‌بێت، تووش ده‌بین». سه‌باه‌رت بهپرۆژهکهى وتیشى «من هه‌زار و یه‌ک تابلۆم کێشاوه، تابلۆکانیش به ره‌ش و سپییه هه‌ریه‌ک له‌تابلۆکان هه‌ڵگری چیرۆکێکه، که به‌هێڵکاری ئه‌نجامدراوه‌و پاشان سکان کراون و به‌فۆتۆشۆپ گۆڕانکاری له‌سه‌رکراوه‌و ئاماده‌کراوه بۆ چاپی گرافیک، چاپی سهرکهنڤاس، سیرامیک، په‌یکه‌ر، دیزاینی سه‌ر تێکستایڵ، ئه‌نیمه‌یشن». ئه‌و هونه‌رمه‌نده سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنى ته‌نها ره‌نگى ره‌ش و سپى رایگه‌یاند «تابلۆکان به ره‌ش و سپییه، مه‌به‌ستیشمه به ره‌ش و سپى له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌نێوان ئه‌و دوو ره‌نگه، ره‌نگى سێیه‌م نییه، تۆ ئه‌بێ یه‌کیان هه‌ڵبژێرى. ره‌ش ههڵهبژێرى ده‌چیته ناو زۆنى تاریکى و جه‌نگه‌وه، سپى ههڵهبژێرى ده‌چیته ناو زۆنى ئاشته‌واییه‌وه«. له‌باره‌ى نمایشکردنى ئه‌م پرۆژه هونه‌رییه‌وه، وتى «وێنه‌کان هه‌مووى ته‌واو بووه‌و ته‌نها هه‌ندێ کارى دیجیتاڵى ماوه، بڕیاروایه مانگى پێنج له‌ئه‌ڵمانیا به‌شێک له‌تابلۆکان نمایش بکرێت، دواتر له‌چه‌ند وڵاتێکى تر نمایش ده‌کرێت، هیوادارم ئه‌مساڵ پێش ئه‌وه‌ى ساڵ ته‌واوبێت له‌کوردستانیش هه‌مووی نمایش بکرێت». رێبوار سه‌عید ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد که‌هه‌میشه باس له‌داماڵینی چه‌ک ده‌کرێت که‌بونی هۆکاری توندوتیژی و به‌رده‌وامی کاره‌ساته گه‌وره‌کانی دنیایه له‌چه‌که بچوکه‌کانه‌وه تاده‌گاته چه‌که گه‌وره وێرانکه‌ره‌کان، کات و وزه‌و پاره‌یه‌کی زۆر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌رف ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ی رێژه‌ی توندوتیژی دابه‌زێت، هه‌میشه ریکلام و کۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، هه‌میشه فیلمه دۆکیومهنتاریهکان، هه‌میشه پارته سیاسیه‌کان به‌ر له‌واده‌ی هه‌ڵبژاردن بانگه‌شه‌ی ئه‌م چه‌که نه‌فره‌تییه ده‌که‌ن و که‌چی هه‌ر خۆشیان له‌پشتی په‌رده‌وه ده‌بنه کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنان و ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی داهێنانه‌کانی.
خالید حوسه‌ینی رۆماننوسی ناوداری ئه‌فغانی و دانیشتووی وڵاتی ئه‌مریکا نوێترین رۆمانی خۆی بڵاوکرده‌وه، ناوه‌ڕۆکی رۆمانه‌که‌شی باسی ئالان کوردییه. (نزاى ده‌ریا) (prayer sea) دواڕۆمانی رۆماننوسى ئه‌فغانى خالید حوسه‌ینییه که له‌مانگی ئابی 2018 به زمانی ئینگلیزی بڵاویکردووه‌ته‌وه. نوسه‌ر له‌م رۆمانه‌دا باس له‌و ململانێ سه‌خته‌ی مرۆڤ ده‌کات که به‌هۆی جه‌نگه‌وه رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌ت باسی کۆچکردن و به‌جێهێشتنی وڵاتی خۆت و رووکردنه غوربه‌ت. پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی له‌م رۆمانه‌دا که‌خالید حوسه‌ینی کاری له‌سه‌ر کردووه، (ئالان کوردی)یه که له رێگاى گه‌یشتن به ده‌ره‌وه‌ى وڵات و رزگاربوون له‌و جه‌نگه‌ى رووى لهوڵاتهکهیانى کردووه ده‌بێته قوربانی و لەکەناراوەکانی تورکیا دەخنکێت. بابه‌تى سه‌ره‌کى رۆمانه‌که له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که وێنه‌ى ئالان کوردى ته‌مه‌ن سێ ساڵ کاتێک له ساڵى 2015 له رێگه‌ى گه‌یشتن به ئه‌وروپا گیانى له‌ده‌ستداو ته‌رمه‌که‌ى له که‌ناراوه‌کانى تورکیا دۆزرایه‌وه، هه‌ر ئه‌وکات، له‌لایه‌ن وێنه‌گرێکى تورکییه‌وه وێنه‌ى ئه‌و منداڵه سێ ساڵانه گیراو، ئه‌و وێنه‌یه به‌زوویى به‌جیهاندا بڵاوبووه‌وه‌و کاریگه‌رى له‌سه‌ر خالید حوسه‌ینى داده‌نێت و وای لێده‌کات ئه‌و رۆمانه له‌سه‌ر ئه‌و منداڵه کورده بنووسێت. خالید حوسێنی، یه‌کێکه له‌نووسه‌ره ناسراوو دیاره‌کانی ئێستای دنیای ڕۆمانووسین و ناوبانگێکی زۆری له‌جیهاندا هه‌یه. رۆمانه‌کانی بۆ زۆربه‌ی زمانه زیندووه‌کانی جیهان وه‌رگێڕدراون له‌ناویاندا زمانی کوردیش که زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م نووسه‌ره کراوه‌ته کوردی و خوێنه‌رێکی زۆری به‌لای خۆیدا راکێشاوه. خالید حوسێنی ڕۆژی 4ی مانگی مارسی 1965 له‌کابول له‌دایکبووه. ژیانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ «ڕوئیا حوسێنی» بوو، دوو منداڵیان هه‌یه کوڕێک و کچێک به‌ناوه‌کانی (حارس و فه‌ره‌ج)ه‌وه. ئه‌م نووسه‌ره تا ئێستا چوار ڕۆمانی له‌چاپ داوه؛ که گرنگترینیان (کۆلاره‌وان) و (هه‌زار خۆری دره‌وشاوه) و (چیاکان ده‌نگیان دایه‌وه) یه،سه‌رجه‌م رۆمانه‌کانی باس له بارودۆخی ئه‌فغانستان ده‌کات.
هاوڵاتی. شاره‌زوور ژماره‌یه‌ک کچانی شاره‌زوور نزیکه‌ی دووساڵه گروپێکیان بۆ بەکلتورکردنی خوێندنەوەو ئاشتکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌کتێب و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری خۆیان و خانمانی دیکه به‌ناوی کچانی گه‌وهه‌ر پێکهێناوه‌و ده‌یان سیمینار‌و کۆڕ‌و کۆبونه‌وه‌و چالاکی و پرۆژه‌ی جۆراوجۆریان ئه‌نجامداوه. ئه‌وان هه‌فتانه هه‌موو رۆژانێکی پێنجشه‌ممان له‌ده‌وری مێزێک و له‌ژوورێکی بچوک کۆده‌بنه‌وه‌و خوێندنه‌وه بۆ کتێبێک ده‌که‌ن و به‌گه‌رموگوڕییه‌وه گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌که‌ن. نارین عوسمان سه‌رپه‌رشتیارو دامه‌زرێنه‌ری گروپی کچانی گه‌وهه‌ر له‌باره‌ی بیرۆکه‌ی دروستکردنی گروپه‌که به وت «گروپه‌که‌مان سەربەخۆیهو نزیکەی دووساڵە دامەزراوەو شوێنی کارمان لەسەرەتادا لەبینای کتێبخانەی گشتی شارەزور بوو تائەوکاتەی کتێبخانەی گشتی بەهۆی بومەلەرزە ڕووخاو دەوامی تێدا راگیرا، ئێمە وەک کچانی گەوهەر چالاکیمان گواستەوە بینای بەڕێوبەرێتی ڕۆشنبیری شارەزورو تائێستایش بەردەوامین.» ئه‌و له‌باره‌ی کار‌و چالاکیه‌کانیانه‌وه ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو که‌کاریان دیاریکراوە لەقاڵبی بەکلتورکردنی خوێندنەوەو چالاکیە ڕۆشنبیریەکان ده‌خولێته‌وه، بەجۆرێک هەفتانه کتێبێکی دیاریکراو لەلایەن گروپەوە دیاریدەکرێت و دەخوێنرێتەوەو زۆرجار بەئامادەبونی نوسەر یان وەرگێڕی کتێبەکەی گفتوگۆی کراوە لەسەر کتێبەکە دەکرێت. وتیشی «لەماوەی ڕابردوو هەستاوین بەکردنەوەی پێشانگای کتێب لەقەزاکەو ئەنجامدان و ڕێکخستنی چەندین سیمیناری تایبەت بەبوارەکانی ئەدەب و فەلسەفەو بەشداریکردن لەچالاکیە هونەریەکان لەقەزای شارەزوور.» ئامانجی گروپه‌که بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بەکلتورکردنی خوێندنەوەیە لەلای تاک بەتایبەت لەلای ژنان و کچان لەپێناو پێگەیاندنی چینێکی خوێنەرو هۆشیار لەنێو کۆمەڵگەدا. سه‌باره‌ت به‌سه‌رچاوه‌ی داهاتوو و خه‌رجیه‌کانیان نارین عوسمان ده‌ڵێت «ئێمە هیچ سەرچاوەیەکی مادی دیاریکراومان نیەو کارەکانمان خۆبەخشیە هەندێکجار لەسەر ئەرکی دەستەی کارگێڕو ئەندامانی گروپەو تەنها سەرچاوەمان کۆمەڵێک کەسایهتین کە لەهەندێ کاتدا سپۆنسەری کارەکانمان دەکەن بەشێوەیەکی سەرپێی.» گروپه‌که تائێستا ئه‌ندامه‌کانی کچ بوه‌و تەنها کچان دەتوانن ببنە ئەندام، بەڵام وه‌ک سه‌رپه‌رشتیاره‌که‌ی ئاماژه‌ی پێده‌دات بەڕێوبەرو کۆمەڵێک کەسی خۆبەخش و چالاکوان و رۆژنامه‌نوسان لەبەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری شارەزوور هاوکارو یارمەتیدەریانن لەجێبەجێکردنی چالاکیەکانیاندا. سه‌رپه‌رشتیاری گروپی کچانی گه‌وهه‌ر ئاماژه به‌وه‌ده‌کات گروپه‌که‌یان روبەڕوی گرفت ده‌بێته‌وه له‌وانه نەبونی هاریکاریە لەلایەن لایه‌نه پەیوەندیدارەکان کەیاساو ڕێسایەکی تایبەت نیە بەو گروپە خۆبەخشانە وەک هاریکاری و پەرەپێدان بەکارەکان، وتیشی « نەبونی جێگایەکی تایبەتە بەکاری گروپ ئەوەی هەیە بەهاریکاری ڕۆشنبیری شارەزووره، لەم کۆمەڵگایە کەتاڕادەیەک کۆمەڵگایەکی داخراوە لەبواری ڕۆشنبیری و فیکری، ئه‌کرێت کارکردن لێره کەمێک زەحمەتتر بیت بەبەراورد بەسەنتەری شارەکان». گروپی کچانی گه‌وهه‌ر له‌چه‌ند مانگی رابردودا پرۆژه‌یه‌کی هه‌بوو که‌هه‌فتانه چه‌ند ئه‌ندامێکیان کتێب و چیرۆکی جیاوازیان ده‌خوێنده‌وه بۆ منداڵان، نارین ده‌ڵێت «بەهۆی نه‌بوونی شوێنی تایبه‌ت و گواستنەوه‌ی شوێنه‌که‌مان بۆ جێگایه‌کی بچوک نەمانتوانی بەردەوامی پێبدەین». ده‌رباره‌ی کاره‌کانی داهاتویان سه‌رپه‌رشتیاری گروپی کچانی گه‌وهه‌ر وتی «لە بەرنامەماندایە بۆ برەودان بەتوانای کچان و چینی گەنج لەبوارەکانی خوێندنەوەو توانا مرۆیەکان لەپێناو پێگەیاندنی چینێکی هۆشیارو چالاک لەقەزاکە به‌رده‌وامی بده‌ین به‌کاره‌کانمان و فراوانتری بکه‌ین، هەروەها بانگهێشتکردنی نوسەرو دەرونناس و ڕۆشنبیران لەپێناو گفتوگۆکردن و ڕێکخستنی سیمیناری تایبەت بۆ هەموو ئاستەکان».
هاوڵاتى دواى کردنه‌وه‌ى هۆڵى سینه‌ما له سعودییه، رۆژى پێنجشه‌ممه یه‌که‌م فیلمى سینه‌مایى عه‌ره‌بى نمایش ده‌کرێت ئه‌و فیلمه عه‌ره‌بییه‌ى که بڕیاره بۆ یه‌که‌م جار له سینه‌ماى سعودیه نمایش بکرێت ناوى "به‌دله"یه و هونه‌رمه‌ند تامر حوسنى رۆڵى سه‌ره‌کیى تێدادا ده‌بینێت. هونه‌رمه‌ند تامر حوسنى له‌په‌یجى خۆى له‌تۆڕ کۆمه‌ڵایه‌تیی فهیسبهکهوه بڵاویکردووه‌ته‌وه که "فیلمه‌که له 20ى ئه‌یلووله‌وه له سعوودیه نمایش ده‌کرێت" سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆکى فیلمه‌که رایگه‌یاندووه "فیلمه‌که کۆمیدییه، جه‌ژنى قوربانى ئه‌مساڵ له چه‌ند وڵاتێکى عه‌ره‌بى نمایشکرا و ئه‌مه‌ش ده‌بێته یه‌که‌م فیلمى عه‌ره‌بى که له سعوودیه نمایش بکرێت که له هۆڵێکى سینه‌ماى شارى ریازى پایته‌ختى سعودیه نمایش ده‌کرێت" مانگى کانوونى یه‌که‌مى 2017 وه‌زاره‌تى زانیارى و کولتوورى سعوودیه له راگه‌یه‌ندراوێکدا، بڕیارێکى ده‌رکرد بۆ پێدانى مۆڵه‌ت به کردنه‌وه‌ى هۆڵى سینه‌ما له سعوودیه و رایگه‌یاندبوو، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت یه‌که‌م هۆڵى سینه‌ما له مانگى ئادارى 2018 بکرێته‌وه. یه‌که‌م فیلم که نمایشکرا دواى کردنه‌وه‌ى هۆڵه‌کانى سینه‌ما له سعوودیه، فیلمى "Black Panther" بوو.
هیوا غفور شێخ پاڵەوانی كتێبی (حەسار و سەگەكانی باوكم)، رۆمانێكی قەبارە مام ناوەندی نوسەر و رۆماننوس شێرزاد حەسەنە، لە ساڵی 1998 وەرگێڕدراوە بۆ زمانی فارسی و لەو ساڵەدا كۆماری ئیسلامی ئێران رێگەی نەداوە بە زمانی فارسی بڵاو ببێتەوە، پاش شەش ساڵ و بە سانسۆرێكی زۆرەوە، لە ساڵی 2004 لە ئێران چاپ و بڵاوبووەتەوە. دواتر بۆ جاری دووەم رێگە لە بڵاوبونەوەی گیراو لەماوەی تەنها ساڵێك دا لە ئێران كە مۆڵەتی چاپیان پێدابوو، شەش جار چاپكراوەتەوە. دواتر بۆ ماوەی سیانزە ساڵ مۆڵەتی چاپكردنەوەی لێدەسەنرێتەوە. ئێستا پاش سیانزە ساڵ جارێكی تر بە سانسۆرێكی زۆرەوە، دووبارە لە ئێران مۆڵەتی چاپیان پێداوەتەوە، لەم چاوپێكەوتنە تایبەتەدا، مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی رۆمانی (حەسار و سەگەكانی باوكم) بە وردی باسی ئەم كتێبەو رێگرییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات سەبارەت بەم كتێبە. هاوڵاتی: بیرۆكەی وەرگێڕانی ئەم كتێبە بۆ زمانی فارسی چۆن لەلات گەڵاڵە بوو هەروەها چۆنیەتی قەدەغەكردنی لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، روونبكەرەوە؟ مەریوان هەڵەبجەیی: من لەتەمەنی 18 ساڵیدا لە ساڵی 1998 دا، ئەو ساڵانە لە تاران ئەژیام، یەكەم وەرگێڕانی من (حەسار و سەگەكانی باوكم بوو) لە ساڵی 1997 لە سەفەرێكمدا هاتم بۆ شاری سلێمانی لەوێ مۆڵەتم لە مامۆستا شێرزاد حەسەن وەرگرت و داوام لێ‌كرد مۆڵەتم بدات ئەو كتێبە وەربگێڕمە سەر زمانی فارسی، ئەگەر ئاستەكەی پێ باش بوو و دای بە خەڵكانی تر و خوێندیانەوە، موافەقاتێك بكەن. دیارە ئەو كاتە من لەبەرئەوەی تەمەنم كەمبوو ، بەكۆمەڵی فلتەردا بڕوات بۆ ئەوەی رەزامەندی ئەو وەربگرم و دواتر چاپی بكەم. دیارە كە تەواوم كرد و وەرمگێڕا، پێش چاپ كۆمەڵێك وەرگێڕی بەناوبانگ و نووسەر و رەخنەگر خوێندویانەوە زۆر پێی سەرسام بوون و زۆر پێیان باشبوو، زۆریان پێ‌خۆش‌بوو كە شتێكی واهەیە، لە ئەدەبی كوردیدا، دیارە ئەوان هیچ شتێكیان لەسەر ئەدەبی كوردی نەبیستبوو جگە لە شیعر وەك شیعرەكانی شێركۆ بێكەس و عەبدوڵا پەشێو و رەفیق سابیر و یەك دوو شاعیر دواتر لەتیف هەڵمەت ئەوانی تریش هەبوون لە بڵاو كراوەكاندا بینیبویان. دیارە ئەو كاتە هیچ كتێبێكی كوردی بە فارسی نەبوو و بڵاونەبوو بویەوە سەبارەت بە ئەدەبی نوێی كوردی. لەبەرئەوە ئەو كتێبە كە بینییان وەرگێڕدراوە بۆ فارسی وەكو راچڵەكانێك وابوو، زۆر خۆش بوو بەلایانەوە. لەیەك كاتدا یەك شت بۆ من و بۆ ئەوانیش زۆر ناخۆش بوو، ئەوە بوو پێیان ئەوتم تۆ ساڵانیكی زۆر ژیانت هەر لە ئێران‌دا بووە هەموو هێڵەكانی سانسۆر لەم وڵاتە ئەزانی، چۆن هاتووی ئەم كتێبە زۆر جوانەت هەڵبژاردووە. ئەبێت دڵنیابیت بەداخەوە ئەم كتێبە بەهیچ شێوەیەك لە ئێران‌دا چاپنابێت،چونكە زۆر لە هێڵە سورەكانی ئەمانی تێپەڕاندووە. من لە پێشەوە ئەبوو ئەوەم بزانیایە، كە من ئەم كتێبە وەردەگێڕمە سەر زمانی فارسی، بەڵام لەوەیە بۆ بیست ساڵی دوایی چاپبێت یان لەدەرەوە ئێران بە زمانی فارسی چاپی بكەم یان لەشوێنێكی تر . هاوڵاتی: ئەو كتێبە لە ساڵانی هەشتاكاندا نووسراوە، بەڵام شێرزاد حەسەن لە ساڵی 96 چاپی دەكات، تۆ ئاگاداریی ئەوەبویت، كە لەسەردەمی حكومەتی بە عسیشدا ئەم كتێبە مۆڵەتی چاپیان پێنادا ئەگەر تەواو بوایەو ئامادەبوایە بۆ چاپ؟ مەریوان هەڵەبجەیی: بەڵێ ، ئەو كارە لە بونیادەوە مامۆستا شێرزاد خۆی لە هەشتاكاندا دەستی پێكردووە كۆتایی هەشتاكان بووە، دواتر مەعلومیش بووە ئەگەر ئەو رۆمانە لەسەردەمی بەعسدا تەواویش بوایە بدرایە بە چاپ چاپنابوو، لەبەرئەوەی بەعیسیش ئەو كاتە سانسۆری لەسەر شتەكان هەبوو، سانسۆرێكی زۆر خراپ و كوشندەبوو، دواتر لە ساڵی 96 چاپ بوو، بەڵام رۆمانەكە خۆی زووتر نوسرابوو. لەبەر ئەوە هەرواش دەرچوو كاتێك دەزگای (چەشمە) گەورەترین و بەناوبانگترین چاپ و بڵاوكراوەی ئێرانە لەماوەی چل ساڵی پێشوودا، قبوڵی كرد و ستایشیان كرد ئەوانیش هەمان شتی نووسەرەكانیان پێوتمەوە لەبارەی سانسۆری كتێبەكە بەڵام نە ئەكرا بوەستین. كتێبەكەمان دا پێیان و شارەزاكانیان سەیریان كرد و بە پرۆسەیەكدا تێپەڕی و ناردیان بۆ مۆڵەتی چاپ و ئیدارەی سانسۆری وڵات رەتیانكردەوە، وتیان كتێبێكی نائەخلاقییەو نایاتەوە لەگەڵ پێوەرەكانی ئەم وڵاتە، هێڵی سوری زۆر تێكشاندووە. هاوڵاتی: بۆچی ئەم كتێبەیان رەتكردەوە؟ ئەو هێڵە سورانە چی بوون، كە پێانوابوو، بەزێندراوە لەم رۆمانەدا؟ مەریوان هەڵەبجەیی: ئێران وڵاتێكی ئاینییە دەیەوێت ئاین پەیڕەو بكات، نابێت هیچ شتێك لەسەر و ئاینەوە بێت ، دەبێت ئاین پیرۆز بێت و ناكرێت رەخنەی لێبگیرێت. رۆمانەكەش وەك دەزانی بەشێكی زۆری رەخنەیە لە ئاین و باوكسالاریی و ئەو ستەمكارییەی ژنان. مناڵەكان بە باوك و كوڕەوە لە ژێر ستەمی باوك سالاریدا دەچەوسێندرێنەوەو پاساوی ئاینیت بۆ دێنێتەوە، دیارە تێمایەكی تری ئەسڵی رۆمانەكە قسەكردنە لەسەر پرسی شۆڕش و راپەڕاین . ئەم رۆمانە تەنها رەخنە لە رادیكالیزمی دینی وئاینی نییە، بەڵكو زیاتر رەخنەشە لە پرسی شۆڕش و پرسی راپەڕین و گۆڕانكارییەكان. بەداخەوە یەكێك لە سانسۆرەكان ئەوەیە دێڕێك یان دوو دێڕ لە شانۆی ماراسادی تێدایە، كە خۆی لە ئینگلیزییەوە وەریگێڕاوەتە سەرزمانی كوردی و لە پێشەكی رۆمانەكە بڵاویكردوەتەوە. دیالۆگێكی نێوان مارا و سادە، كە لەوێدا :(ساد) بە (مارا) دەڵێ: +مارا...بەندیخانەكانی نێوزاتی مرۆڤ، گەلێ لە زیندانە تاریك و بەردینەكان ناخۆشتر و تەنگترە، تاوەكو هەر ئاواهی داخراوبن، هەموو شۆڕشێكی ئێوە دەبێ بە زیندانی... هەر هەڵگەڕانەوەیەك كە دەبێ جارێكی دیكە لەلایەن بەدخووەكان بڕمێ و داڕووخێتەوە. یەكەم جار وتیان دەبێت ئەوە لادەی كە دوای پێنج ساڵ مۆڵەتی پێدرا لەسەردەمی خاتەمی دا، هەروەها بۆ جارێكی تر قەدەغە كرایەوە، كە 13 ساڵی پێچوو. بەداخەوە 20 ساڵ زیاتر تێپەڕیوەو تا ئێستاش ئەم رۆمانە نەكراوە بە عەرەبی ئەم شاكارەی كورد، كە هەر ئەوكات ئەو رەخنەگرانەی وڵاتی ئێران پێش ئەوەی چاپبكرێت، وتیان ئەمە شاكارێكە ئەكرێت لە كتێبخانەكانی دونیادا بدرەوشێتەوە نەك تەنها لە ناو میلەتانی رۆژهەڵاتدا. رۆمانێك 80 لاپەڕەیە لەوەیە 80 رۆژی نەوێت ئەگەر وەربگێردرێتە سەر زمانی كوردی. بەداخەوە نەكراو نەبوو. هاوڵاتی: هۆكارێكی تری قەدەغەكردنی ئەم رۆمانە بەدەر لە رۆمانەكە وتارێكیشی لەگەڵ دایە كە شێرزاحەسەن خۆی نوسیویەتی لە كۆنگرەی نوسەرانی جیهان لە 1997 خوێندویەتییەوەو ئەو وتارەش لێی سانسۆر كرا؟ مەریوان هەڵەبجەیی: بەڵێ، خۆی حەوت لاپەڕەی لێ سانسۆر كرابوو هەم لە رۆمانەكە، هەم لەو وتارە درێژەی كە نزیكەیی 30 لاپەڕە دەبێت لەناو كتێبەكەدا دامنابوو ئەو وتارە، كە شێرزاد حەسەن لەكۆنگرەی نوسەرانی جیهان لە فینلەندا لە ساڵی 1997 خوێندییەوە بە ناوی (وەڵامێكی تازە بۆ پرسیارێكی كۆن) كە ئەو وتارە بۆ خۆی شاكارێكە كە جیهانبینییەكی كامڵ و قوڵی شێرزاد حەسەن لەو وتارە دەبینیتەوە. وتارەكەش زۆری لێ سانسۆر كرابوو كە باس لە ژێر دەستەیی زمانی كوردی دەكات لەلایەن ئەو چوار وڵاتەی كە كوردی لێ دەژێت و سەركوتكەر بوون بەسەر ئێمەدا وەكو كورد هەروەها رەخنەی شێرزاد خۆی بۆتاكی كورد لەوتارەدا رووندەبێتەوە وەك چۆن لە رۆمانەكەشدا هەیە. من ئەو وتارەم بەدەستنوس وەرگرت كە تازە لە فیلەندا گەڕابووەوە. هاوڵاتی: هۆكاری قەدەغەكردنی بۆ جاری دووەم چی بوو، چۆن یەكەمجار رێگەیان دا بڵاوبكرێتەوە ، دواتر جارێكی تر قەدەغەیان كردەوە؟ مەریوان هەڵەبجەیی: لەسەردەمی محمد خاتەمی وەزیرێكی رۆشنبیری بەناوی عەتا عوڵای موهاجیری كە خۆی رۆماننوسیش بوو، ئێستا هەڵاتوەو لە دەرەوەی ئێرانە تا رادەیەك دەستكرانەوەیەك هەبوو، لەبەر ئەوە بوو بە سانسۆركردنی ئەو چەند لاپەڕەیەشەوە هێشتیان چاپبێت، سانسۆرەكە لە بابەتەكانی ئاین و سیاسەت و سێكس بوو سانسۆرەكان لەو قەوارەیەدا بووە لە كتێبەدا. دواتر كە خاتەمی نەما ئەحمەدی نەژاد هات. ئێران گەڕایەوە بۆ سەرەتاكانی سەردەمی شەڕی ئێران عێراق و بگرە زۆر خراپتر لە رووی سانسۆرەوە. سانسۆرێكی ترسناك روویدا، كتێبەكە هەر سوتاو بەزوویی كۆكرایەوە، لە كتێبخانەكاندا قەدەغەكرا وەكو كتێبێكی غەیرە ئەخڵاقی و ناتەندرووست ناوی دەركرد و بەڵكو هەندێ كێشەشی بۆ من درووستكرد، من ناچاربووم لەو كاتانەدا ئێران جێبهێڵم، كە رەنگە باش نەبێت لێرەدا هەموو وردەكارییەكانی باسبكەم. دواتر من ئەچووم بزانم چ شتێك بوە هۆی ئەوەی كە مۆڵەتی لێبسەنرێتەوە كە خۆی مۆڵەتی فەرمی هەبووە؟ دواتر زانیم كە سكاڵای لەسەرە لەلایەن هێزێكی سەربازی گەورەی ئەو وڵاتەوە، هێزێكە هەموو شتێكی ئەو وڵاتەی بەدەستەوەیە، دیارە پێشتر دەزگایەكی ئەو وڵاتە سكاڵای كردبوو.دواتر دەزگای بڵاوكردنەوەكەشیان داخست كە ئەم كتێبەی منیان چاپكردبوو. من لەو كاتەیە بووم بە قوربانی، چونكە چەند كتێبێكی ترم لەگەڵ ئەو دەزگایەدا هەبوو بۆ چاپ و بڵاو كردنەوە وەك دواهەمین هەناری دونیا، ئێوارەی پەروانە، مولازم تەحسین و شتی تریشی فەرهاد پیرباڵ، گەڕەكی داهۆڵەكانی شێرزاد حەسەن، زۆر شتی تریش كە وەرمگێڕابوو، لەلای ئەم دەزگای بڵاوكردنەوەیە بوو، كە دەزگایەكی گەورەبوو زۆربەی رۆماننوسە بەناوبانگەكان لێرە كتێبەكانیان چاپ دەكرد. ئیتر ئەو ماوەیە من بێ كتێب مامەوە ئێرانم جێهێشت. هاوڵاتی: واتە سەردەمی سەرۆكایەتی حەسەن رۆحانی، باشتر بوو وا دوای سیانزە ساڵ رێگەیان داوە بە چاپدانەوەی، ئایە دوو بارە لێی سانسۆركراوەتەوە، یان بێ سانسۆر چاپ دەكرێت؟ مەریوان هەڵەبجەیی: سەردەمی رۆحانی كە لە چاو هەشت ساڵی سەرۆكایەتی ئەحمەدی نەژاد كەمێك باشترە، ناڵێم زۆر باشە. من لەماوەی ئەو سیانزە ساڵەدا هەر هاتووچۆی وەزارەتی رۆشنبیریم كردووەو دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەكەش هەر هاتوچۆی كردووە تا مۆڵەتی چاپكردنی بدەن، كە من لەو پێناوەدا ئازاری زۆرم چەشتووە، ئاواتە خوازبووم بێ سانسۆر مۆڵەتی چاپی بدەن، بەڵام بەداخەوە نەیان هێشت. ئەگەر سیانزە ساڵەكە ببێتە سی ساڵیش نەیان دەهێشت بێ سانسۆر چاپبكرێت لەبەر ئەوە ناچاربووم ئەو چەند لاپەڕٍەیە كەهەرچەندە زیان ئەدا لە رۆمانەكەش لای بەرم. واتە بەلابردنی چەند لاپەڕەیەك و دەستكاریكردنی رستەكان كە زۆر مانا نەگۆڕێت و رۆمانەكە زیان گەورەی بەرنەكەوێت و لایەنی هونەری رۆمانەكە بمینێتەوە، بەوشێوەیە چارەسەرم كرد. بەڵام لەبەر ئەوەی لەسەردەمی خاتەمی یەك ساڵ لە بازاڕدا بوو شەش جار چاپكراو كرا بە شانۆ و لە چەند شارێك. زۆرشتی لەسەر نوسرا دوو بەرامبەریی ئەوەی من هەر بەرێكەوت بینیومە زیاد لەسەد رۆژنامەو گۆڤار هەیە من ناتوانم لەماوەی بیست ساڵدا چاودێری هەمووی بكەم، بەڵام ئەوەی من بە رێكەوت چاوم پێكەوتووە لەبەرئەوەی من ئابوورییەكم نییە هەموو رۆژنامەو گۆڤارەكان بكڕم، زیاد لە دوو بەرامبەرەی لاپەڕەی رۆمانەكەیە و رەخنە لە ستایشی رۆمانەكە نوسراوە وەكو شاكارێك تەماشا كراوەوە، ناچار بووم رازیبم بە سانسۆرەوە چاپبكرێت.
