سمکۆ محه‌مه‌د (نهلی له‌وشەیەکی لاتینیەوە هاتووە واته (هیچ)ە، نهلیزم ماناکەی دەبێتە (هیچ گەرایی) هەندێکجاریش پێیدەڵێن (پوچگەرایی) و بەو مانایە دێت ئەوانەی کەلایەنگر، یان سەر بەو جهانبینیه‌ن و ئینتیمایان بۆی هەیە وەکو )کیرکەگۆرد و شۆپنهاوەر و نیچە( کەهاوزەمانی یەکتر بوون. لەکورترین مانا و پێناسەشدا، واتە بێبایەخ کردنی هەر شتێکی بەبەها کەبەهۆی هەر بەڵگەیەکەوە بێت بەرامبەر هەر دیاردە یان بۆچوونێک کەپشت بە ئامانجێک دەبەستێت و گەشە بەعەقڵباوەڕی دەدات، "ئەم دونیابینیە ئاراستەیەک بوو مۆدێرنیتە لەسەروەختی خۆیدا بەرهەمیهێنا، به‌م تیگه‌یشتنه مەبەستە بەرزەکان هەموویان بێ بایەخ دەبن و قۆناغێکی ناهەرمانی و ده‌که‌ویته مەترسیەوه، چونکە گەلێک بایەخی بەرزی تر، دەستبەجێ و پێش ئەوەی بایەخەکانی پێشوو لەنێو بچن، زاڵ دەبن، له دیالێکتیکدا تەنیا پۆزەتیڤیستەکان دەرکەوتن، هەموو بایەخێکی بەرز بەچ شێوەیەک دەسەلمێنێ، بەتەنز؟، بەڵام تەنز هەمیشە لەپێگەیەکی جێی دڵنیاییەوە و لەتوندو تیژیه‌وه سەرچاوە دەگرێ. سەرهەڵدان و هاتنی فکری نهلیزم بۆ نێو دونیای ئەدەب و تێڕوانینەکانی دیکە بۆ ژیان و کۆمەڵگە، هەمان ئەو فەزایە نەبوو کەرۆژگارێک ئەوروپای گرتبۆوە، یان ئەوەی ئاین و ئاینگەرێتی خوڵقاندبووی، رەنگە بەشێکی بۆ فەزای سیاسی ئەوکات بگەڕێتەوە کەهێزە سته‌مکارەکان وەگەڕیانخستبوو، لەپەنا ئەمەشدا کۆنەپەرستی خەریک بوو جارێکی دیکە بەشێوەیەکی فراوان چەکەرەی دەکرد، لەمڕاستایەشدا رۆشنبیر و نوسەر و ئەدیب هیچ توانایەکیان نەبوو بەرانگاری ئەو تەوژمە بوەستنەوە. جکه له نهلیزم بوون. بەشێکی دیکەی نیهلیزمی کوردی بۆلاوازی و هەژاری لەبیرکردنەوە و هۆشیاری بووە، بەڵام بەشە گرینگەکەی ئەوەبوو کەچەمکەکە لەنوێ هاتبووە نێو دونیای ئەدەبیەوە، بەوپێیەی کەهیچ باگڕاوندێکی مەعریفی نەبوو تاکو ئەو وردەکاریەی کەنیچە درکاندی و پێی لەسەر دادەگرت و بیانووی بۆ بهێنریتەوە. نیهلیزمی ئەدیبی کوردی له‌ویوه هاتبوو که هیچ ئەلتەرناتیڤێکی نەبوو بۆ شێوەی بیرکردنەوە و ئاڵوگۆڕ لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، واتە لایەنگیری لەهیچکام لەو بیرکردنەوانە نه‌کردووه کەگوتاری ئیدیالیزم یان ماتریالیزم بەرگرییان لێدەکرد، بۆیە رێگەیەکی بەرزەخیان گرتبووە بەر و کەڵکیان لەزاراوەی سەربەخۆیی وەرگرتبوو، سەربەخۆییەک کەجگە لەبێ هەڵوێستی هیچی دیکە نەبوو، لەحاڵێکدا نیهلیزم جەنگێکە ماهیەتی شتێک دەنرخێنێ و ماهیەتی شتێکی دیکە و بەهاکەی بێ‌نرخ دەکات، ئەدەبی کوردی لەو پنتەدا بێبه‌رهه‌م بوو کهلانیکهم ده‌بوو رەوتێکی ئەدەبی بخوڵقێنێ کەنیهلیزمیەتی پێوەدیاربێت دژی سیاسەت. نیهلیزم لەشوێنێکی دیکەدا بۆخۆی بەشێکە لەجۆرە ئیرادەیەک بەرامبەر ئیرادەیەکی سەرکەوتکەرانە، ئه‌م چەمکە کارى خۆى نەکرد کەخۆی لەجەنگێکی نادیاردا ئاشکرا بکات، به‌لکو خراپ ره‌نکیدایه‌وه له‌ئه‌ده‌بدا، وەختێک کەئەمە نەکرا بەخەمێک و شێوەی بیرکردنەوەکە جێگەی قەبوڵ نەبوو، بەڵام نەشتوانرا شۆڕبکرێتەوە بۆ خوارەوە کەخوێنەر و گروپە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر هەستی پیبکه‌ن، لەبەرامبەر ئەمەدا پێچەوانەکەی کرا بەمۆدێل و زۆربه‌ى ئەوانەی بەناوی رۆشنبیر و نوسەر و قەڵەمبەدەستەوە کاریان دەکرد، نەک هەر نیهلیستی نەبوون، بەڵکو زۆر واقیعیانە بوون.
له ساڵى (2004)وه له شارى سلێمانى به‌ردى بناغه‌ى (مۆزه‌خانه‌ى هونه‌رى هاوچه‌رخ)دانراوه، له‌وکاته‌وه تا ئێستا ناوبه‌ناو کار له‌م پڕۆژه‌یه‌دا ده‌کرێت، پرۆژه‌که کارى هاوبه‌شى هونه‌رمه‌ندانى کورد و وڵاتى فه‌ره‌نسایه‌و له‌سه‌ر ئه‌رکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دروستکراوه، به‌ڵام وه‌ک سه‌رپه‌رشتیارانى پڕۆژه‌که ده‌ڵێن هێشتا به‌ته‌واوه‌تى کاره‌کانى مۆزه‌خانه‌که ته‌واو نه‌بوه‌و هێشتا بۆ نمایشى کارى هونه‌رى جیهانى نه‌شیاوه، ده‌رباره‌ى بیرۆکه‌و کاره‌کانى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه، (په‌ڕاو)ى هاوڵاتى ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵ خانمه هونه‌رمه‌ندى فه‌ڕه‌نسى(ئیدیت هینرى) یه‌کێک له ڕێکخه‌رانى کاروبارى مۆزه‌خانه‌که ئه‌نجامدا. سازدانى: هانه شاخى *چۆن بیرۆکه‌ى مۆزه‌خانه‌ى هاوچهرختان دانا؟ - مێژووى دروستکردنى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه کۆنه ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاوه باسى بکه‌م، زۆرى ده‌وێت، به‌ڵام پێش دروستکردنى بیرۆکه‌ى مۆزه‌خانه‌یه‌کى وه‌ها هه‌بوو، وه هه‌ر ئه‌وکات له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ڕێبوار سه‌عید)دا باسمان کردبوو، که هونه‌رمه‌ندێکى (پۆڵۆنی)ش هاوکارمان بوو، دواتر پڕۆژه‌که گهڵاڵکراو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى کورد و فه‌ره‌نسى کۆبوینه‌وه‌و یه‌کترمان ناسى و کارمان بۆ دروستکردنى تێیداکرد، پێشتریش له ساڵى (1994)دا ڕێکخراوى (باڵنده‌باران)مان دروستکرد، وه چه‌ند چالاکى و نمایشێکمان له کوردستان ئه‌نجامدا، له ساڵى (1998) له‌سه‌ر پێشنیارى هونه‌رمه‌ند (ڕێبوار سه‌عید) تابلۆى چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکى فه‌ره‌نسیمان کۆکرده‌وه، که ژماره‌یان (50) تابلۆبوو، مه‌به‌ست له‌م کاره‌ش کردنه‌وه‌ى په‌نجه‌ره‌و ده‌رگایه‌کى نوێى هونه‌رى کوردى بوو به‌ڕووى دنیادا، به‌ڵام بیرمان له‌وه کردوه له کوێ کاره‌کان نمایش بکه‌ین، چونکه هیچ مۆزوخانهیهک لێره بوونى نه‌بوو، دواتر بیرۆکه‌ى مۆزه‌خانه‌یه‌کى وامان گهڵاڵهکردو له‌گه‌ڵ (ڕێبوار) چوین قسه‌مان له‌گه‌ڵ دیزاینه‌رێکى کورد له وڵاتى هۆڵانداکرد، به‌ناوى (کاروان فه‌تاح) تا دیزایتى مۆزه‌خانه‌یه‌کمان بۆ دروستبکات، وه من له فه‌ره‌نساوه به ئۆتۆمبیله دوو تهنیهکهى خۆم چوم بۆ هۆڵه‌ندا بۆ ئه‌وه‌ى (کاروان)ببینم. دیزاینه‌که دروستکراو خۆشبه‌ختانه له کوردستانیش (شاره‌وانى)سلێمانى پارچه زه‌ویه‌کى بۆ دابینکردو پارێزگاریش ڕ‌ازى بوو له‌سه‌ر دروستکردنى، ئه‌وه‌بوو ساڵى (2004) ده‌ستکرا به دروستکردنى مۆزه‌خانه‌که. * ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه ماوه‌ى ته‌واو بونه‌که‌ى زۆرى خایاند و تا ئێستاش به‌باشى ته‌واو نه‌بووه، هۆکارى ئه‌مه چییه؟ ئایا ئێوه ته‌نها له‌ڕووى هونه‌ریه‌وه کارى تێدا ده‌که‌ن، یان سه‌ر په‌رشتى دروساکردنى مۆزه‌خانه‌که‌ش ده‌که‌ن، هۆکارى ته‌واو نه‌بوونى تا ئێستا چییه؟ - ئێمه ته‌نها سه‌رپه‌رشتى کارى هونه‌ریه‌که‌ى ده‌که‌ین و هیچ بڕه‌پاره‌یه‌کمان بۆ دروستکردنى نه‌داوه، به‌ڵام هه‌میشه هۆکارى ته‌واو نه‌بوونى بۆ ئێمه‌ش جێگاى پرسیار بووه، وه ئێمه هه‌میشه له هه‌وڵى ئه‌وه‌داین ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه ببستینه‌وه به مۆزه‌خانه‌کانى ئه‌وروپاوه. * له ئێستادا ئه‌م موزه‌خانه‌یه تاچه‌ند بنه‌ماکانى مۆزه‌خانه‌ى جیهانى تیایه؟ - به‌داخه‌وه که ده‌ڵێم هێشتا هیچ بنه‌مایه‌کى تێدا نییه‌و بۆ ئه‌وه‌ى ببێته مۆزه‌خانه‌یه‌کى جیهانى کارى زۆرى ماوه، ئێستا به‌ته‌نها بینایه‌که‌و تۆش به‌ته‌نها بینا چى لێده‌کیت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم بیه‌وێت و هاوکار بێت ده‌توانرێت به ماوه‌یه‌کى که‌م بهێنرێته ئاستى مۆزهخانهگهورهکانى دونیا. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستى به ئیشکردنى خه‌ڵکانى شاره‌زایه له‌و بواره‌دا، له ڕاستیدا زۆر که‌س پێیان خۆشه له مۆزه‌خانه‌که کاربکه‌ن، به‌ڵام پێویستیان به هاوکارییه، له ڕابردوودا زۆرێک له‌وکارانه‌ى له‌م مۆزه‌خانه‌یه‌دا کراون خۆبه‌خشانه‌بوون، به‌ڵام هه‌موو شتێک به خۆبه‌خشانه ناکرێت، به‌تایبه‌ت بۆ مۆزه‌خانه‌یه‌ک که به ڕاستى پڕۆژه‌یه‌کى گه‌وره‌یه. *له ئێستادا پڕۆژه‌که‌تان گه‌یشتوه به‌چى؟ به‌نیازى چ چالاکیه‌کى هونه‌رین له نێوان هونه‌رمه‌ندانى فه‌ره‌نساو کوردستاندا؟ - له ڕاستیا به‌رده‌وام پڕۆژه هه‌یه وه هونهرمهندانێکى زۆرى فه‌ره‌نسى ده‌یانه‌وێت بێن و لێره کاره‌کانیان پیشان بده‌ن، به‌مه‌ستى ئاڵوگۆڕى هونه‌رى، به‌ڵام لێره هاوکارى هیچ نییه، هه‌ر چه‌نده له پێشتردا هه‌ندێک کارمان کردوه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین له داهاتوودا، له ئێستادا (90) هونه‌رمه‌ندى فه‌ره‌نسى به بێبه‌رامبه‌ر تابلۆکانى خۆیان به‌خشیوه به مۆزه‌خانه که‌و ئاماده‌ن بێنه ئێره‌و پڕۆژه‌ى هونه‌رى بکه‌ن، به‌ڵام بیگومان ئه‌وه پێویستى به هاوکارى مادى هه‌یه. ئێمه ده‌توانین هاوکارى بچوکى بۆ په‌یداکه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى که مۆزه‌خانه‌که هى سلێمانى و موڵکى حکومه‌تى هه‌رێمه، ده‌بێت ئه‌وان هاوکارى مادى گه‌وره‌ى بکه‌ن، * تا ئێستا سه‌ردانى به‌رپرسانى حکومه‌تان کردوه به مه‌به‌ستى هاوکارى پڕۆژه‌کانتان، ئایا ئه‌وان هیچ پێشوازى له بیرۆکه‌و پڕۆژه‌کانتان ده‌که‌ن؟ - له ڕاستیا ئێمه سه‌ردانمان نه‌کردوون، به‌ڵام له پێشتردا وتیان که وه‌زاره‌تى ڕ‌ۆشنبیرى حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند کارمه‌ندێک ده‌نێرێت بۆ فه‌ره‌نسا بۆ بینینى خول و وۆرک شۆپ به‌مه‌به‌ستى کارکردن له مۆزه‌خانه‌که‌دا، به‌ڵام هیچیان دیارنییه‌و ئه‌و کاره‌ش نه‌کراوه تا ئێستا، له کوردستان که‌سانى دڵسۆز له نمونه‌ى (شیروان فاتیح) هه‌ن که خۆبه‌خشانه ده‌یانه‌وێت کار له مۆزه‌خانه‌که‌دا بکه‌ن، به‌ڵام خۆ ئه‌وه‌ش سنورداره‌و ناتونرێت تاسه‌ر هه‌روا بمێمێنهوه، ده‌کرا له سه‌ره‌تادا گرۆپێک بۆ به‌ڕێوه‌چونى کاره‌کانى دروستبکرایه به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌کراوه. * بۆ شارێکى وه‌ک سلێمانى که پایته‌ختى ڕۆشنبیریه گرنگى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه چیه؟ به‌و پێیه‌ى یه‌کێک له بنه‌ماکانى شارى مۆدێرن بونى (مۆزه‌خانه‌و هۆى سینه‌ما و ئۆپیراو شانۆ) یه؟ - راستیه‌که‌ى بونى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه زۆر پێویسته، به‌تایبه‌ت بۆ شارێکى وه‌ک سلیمانى که به‌رده‌وام له گهورهبوندایهو پایته‌ختى ڕۆشنبیریشه، وه بوونى مۆزهیهکى وا ته‌نها بۆ پیشاندانى تابلۆ نییه یان بۆ کافى و قاوه خواردنه‌وه، به‌ڵکو ده‌بێته ناوه‌ندێکى به‌هێز بۆ توێژینه‌وه‌و گه‌ڕان و دیراساتى گرنگى پڕچالاکى له سه‌رجه‌م بواره‌کاندا، وه ده‌بێته ماڵێکى گرنگ بۆ ناساندنى هونه‌رمه‌ندانى کورد‌و جیهان، وه ده‌بێته پردى ناساندنى خه‌ڵکانى ئاساى و بینه‌رى کاره هونه‌ریه‌کان و هونه‌رمه‌ندان، وه ده‌بێته شوێنێکى گرنگ بۆ پاراستنى ئه‌رشیفى کاره هونه‌ریه‌کانى هونه‌رمه‌ندان. ئومێده‌که‌م ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه له داهاتودا ببێته ده‌رگایه‌ک به ڕووى هونه‌رى هه‌موو دنیادا بکرێته‌وه نه‌ک ته‌نها هونه‌رمه‌ندانى فه‌ره‌نسا. هه‌رچه‌نده مۆزه‌خانه‌که له ئێستادا کارى زۆر تیاماوه، به‌ڵام ده‌توانین به ماوه‌یه‌کى که‌م بیکه‌ینه موزهخانهیهکى گرنگ و به (یونسکۆ)ى بناسێنین و بیکه‌ینه مۆزه‌خانه‌یه‌کى جیهانى. * ئێوه ئه‌و په‌یامه‌تان بۆ بهبرپرسانى ڕ‌ۆشنبیرى سلێمانى نه‌گه‌یاندووه که پایته‌ختى ڕ‌ۆشنبیرى پێویستى به پڕۆژه‌یه‌کى گه‌وره‌ى گرنگه. - نه‌خێر من وه‌ک خۆم هیچى وام نه‌کردووه، به‌ڵام قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هونه‌رى له سه‌فاره‌ت و قونسوڵى فه‌ره‌نسى له به‌غداو هه‌ولێر کردوه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بم. * بونى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه تا چه‌ند ده‌توانێت هونه‌رى شێوه‌کارى کوردى له لۆکاڵیه‌وه به‌رێته ده‌ره‌وه‌و بیکاته جیهانى. - به‌و پێیه‌ى هونه‌رمه‌ندانى باشتان له ده‌ره‌وه‌ى وڵات هه‌یه له هه‌موو ئه‌وروپاو ئه‌مریکا ئه‌وا شانسێکى باشتان هه‌یه به‌زووى به‌ره‌و پێشه‌وه بڕۆن و هونه‌ره‌که‌تان به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رن، چونکه به‌ڕاستى ئێره هونه‌رمه‌ندى باشى لێیه‌و کاره‌کانیان زۆر پێشکه‌وتوون. * ڕۆڵى پێشکه‌وتنى ته‌کنه‌لۆجیا چیه له پێشکه‌وتنى هونه‌رى شێوه‌کاریدا؟ تا چه‌ند له کوردستان سود له ته‌کنه‌لۆجیا بۆ پێشخستنى ئه‌م هونه‌ره بینراوه؟ - هونه‌رى نوێ (هونه‌ر بیستن و بینین و بیر کردنه‌وه‌و تێڕامانه)، مه‌رج نییه بۆ هونه‌ر خوێندن پێویست بێت ئه‌وه‌نده‌ى بیرکردنه‌وه‌و تێڕامان پێویسته، هه‌ندێکجار کارێکى هونه‌رى که ئه‌نجامى بیرکردنه‌وه‌ى قوڵه سه‌دانجار باشتره له‌وه‌ى چه‌ند ساڵێک بۆى بخوێنیت، * ئاستى هونه‌رى هونه‌رمه‌ندانى ئێره له چ ئاستێک‌دا ده‌بینیت؟ - من وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک قسه ده‌که‌م، وه‌ک چۆن له فه‌ره‌نسا هونه‌رمه‌ندى (باش و مام ناوه‌ند و خراپ) هه‌یه لێره‌ش هه‌ر وایه به‌راستى هونه‌رمه‌ندى زۆر باش لێره هه‌یه و من به کاره‌کانیان سه‌ر سامم. به‌ڵام ئه‌وه‌ى کێشه‌و کێماسیه له‌به‌رده‌م هونه‌رمه‌ندانى ئێره نه‌بوونى هۆڵى گه‌له‌رى باش و ئیناره بۆ نمایشى کاره‌کانیان و شوێنى ئه‌رشیفیه بۆ تابلۆکانیان. * کاتێک باس له هونه‌رى هاوچه‌رخ ده‌که‌ین، مه‌به‌ستمان له‌مه چیه؟ ده‌توانین چۆن له هونه‌رى هاوچه‌رخ بڕوانین؟ وه/ هونه‌رى هاوچه‌رخ له مۆزهخانهکانهکانهوه ده‌ست پێده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى لێتێبگه‌ین ده‌بێت گرنگى به مۆزه‌خانه بده‌ین و که‌سانى شاره‌زاى لێوه به‌رهه‌م بهێنین. *ئایا ده‌کرێت له داهاتودا ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه بکرێت شوێنى به دهساهێنانى داهات؟ به هاتنى گه‌شتیارى بیانى بۆ سه‌ردانى کاره هونه‌ریه‌کانى ناوى؟ - له ڕاستیدا له کوردستان بۆ هه‌ر شتێک باسى پاره بکه‌یت باش نییه؟ له‌به‌ر ئه‌وه نه‌خێر. چونکه لێره پیشانى فیلم و شانۆ گه‌ر به پاره بێت که‌س ناچێت. بۆ سه‌ردانکردنى گه‌شتیارى بیانیش بڕواناکه‌م داهاتێکى واهاى هه‌بێت که پشتى پێببه‌سترێت و وه‌ک سه‌رچاوه‌ى ده‌ستکه‌وتنى داهات لێى بڕوانرێت. ئه‌وه‌ى له ئێستادا گرنگه ئه‌وه‌یه شوێنه‌که زیندو که‌ینه‌وه‌و بیناسێنین له دواتردا بۆ شتى تر خوا گه‌وره‌یه. *له ئێستادا ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ندى جیهانى بیانه‌وێت نمایشى کاره‌کانیان له‌م مۆزه‌یه‌دا بکه‌ن ده‌توانن؟ - نه‌خێر له ئێستادا ناتوانن، چونکه کارکردنى زۆر تیادا ماوه. * هیچ ئومێدێکتان به‌وه هه‌یه به‌و زوانه بتوانن کاره‌کانى ته‌واو بکه‌ن و بۆ نمایش بشێت؟ - به‌ڵێ بۆ نا له داهاتودا ده‌توانین ئه‌و کاره بکه‌ین، به‌ڵام بۆ ئێستا نا. له ئێستادا (217) تابلۆى هونه‌رمه‌ندانى به‌ناوبانگى فه‌ره‌نسیم له‌سه‌ر ئه‌رکى خۆم هێناوه‌و ئاماده‌ن بۆ نمایش، به‌ڵام هیچ که‌س نییه سپۆنسه‌رى ئه‌و کاره بکات. * ئێستا چه‌ندى ماوه بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه به ته‌واوه‌تى ته‌واو بێت و ئاماده‌بێت بۆ نمایش؟ - له ڕاستیدا وه‌ک کارکردن ماوێتى ڕێکخراوى (باڵنده باران)ى کورد، پێشتر ماوه‌ى (3) ساڵیان دانابوو بۆ ته‌واو بوونى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه، ئێستا له‌و (3) ساڵه، ماوه‌ى ساڵ و نیوێکى ته‌واو بووه، ئه‌گه‌ر به‌م ساڵ و نیوه‌ى که ماوه ته‌واو نه‌بێت، ئیتر شتێک نابێت به‌ناوى (مۆزه‌خانه‌ى هونه‌رى هاوچه‌رخ) وه ئه‌گه‌ر کاره‌کانى به‌باشى تهوبکرێت ئه‌وا ئه‌م مۆزه‌خانه ده‌بێته دووه‌م مۆزه‌خانه‌ى هونه‌رى له دونیادا که هونه‌رمه‌ندانى جیهانى بێبه‌رامبه‌ر کارى تێدابکه‌ن و کاره‌کانى پێشکه‌ش بکه‌ن. که مۆزه‌خانه‌ى یه‌که‌م له وڵاتى (پۆڵه‌ندا)یه به‌ناوى مۆزه‌خانه‌ى (مۆدێرن) و مۆزه‌خانه‌ى (هونه‌رى هاوچه‌رخ) له هه‌رێمى کوردستان و شارى سلێمانى، که ئه‌مه‌ش له‌ڕاستیدا ده‌سکه‌وتێکى گه‌وره‌یه. بۆ کورد‌و شارى سلیمانى و هونه‌رمه‌ندانى.
ئا/ لۆڤە محەمەد ڕەحیمی زەبیحی، سینەماکار و دەرھێنەری ناوداری کورد، درەنگانی شەوی هەینی 7/12/2018، ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر رێگای نیزەڕۆی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرگەڕا و دواتریش ئاگری تێبەربووە، بەوهۆیشەوە خۆی و براکەی کە لە نێویدا بوون گیانیان لەدەستدا. نوری کاکە خان، ئەکتەری دیاری شاری سلێمانی و بەشداربووی درامای (ماڵەکەی مەعرووف) سەبارەت بە کۆچی دوایی ڕەحیمی زەبیحی بۆ هاوڵاتی وتی:"گیان لەدەستدانی ڕەحیمی زەبیحی کارەساتێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ من، کاتێک هەواڵەکەیم بیست ڕووخام، جگە لەوەی کە هاوڕێ بووین و دەرهێنەرم بوو، ٢٠ شەو پێش گیان لەدەستدانی لە ڕێگەی مەسنجەرەوە پەیوەندیمان ئەنجامدا و پێی وتم کە من ئێستا دکتۆرا دەخوێنم لە تارانم کە تەواوبووم و هاتمەوە سلێمانی هەنگاوێکی دیکە دەنێم و فلیمێک بەرهەم دەهێنم کە زۆر جیاواز بێت لە کارەکانی پێشووتر و پێویستیم بە تۆیە لە هاوکاریکردنم بۆ ئەنجامدانی ئەو فلیمە، بەڵام بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا ئەو خەونەی بەدی بهێنێت". لە دەرخستنی کەسایەتی و کارەکتەری ئەو سینەماکار و دەرهێنەرەی کورد، نوری کاکە خان ئاماژەی بەوەدا:"ڕەحیمی زەبیحی هەم دەرهێنەر بوو، هەم هاوڕێ بوو، پیاوێک بوو ئیشی جوانی هەبوو خەیاڵ و فکری زۆر جوانی پێ‌بوو، بە سەلیقەبوو زۆر نەرمونیان بوو لەگەڵ ئەکتەرەکانی و وەک هاوڕێ و دۆست مامەڵەی دەکرد و توڕە بوونی نەبوو لە کاتی کارکردن‌دا، ئایندەیەکی زۆر باشی دەبوو، بەڵام بەداخەوە کە هەواڵی کۆچیمان بیست، بە کۆچی دوایی تەنها لە خانەوادەکەی و هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەڕۆیی بەڵکو لە هەموو میللەتی کورد و هونەرمەندانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕۆشت". فلیمە سینەماییەکانی و دراما بە چێژەکانی وایکرد کە هەموو کورد لە پارچەکانی کوردستان ئاشنا بێت ڕەحیمی زەبیحی و بە گیان لەدەستدانی ماتەم بگێڕن و پرسەی بۆ دابنێن. ئەزموونی ئەم سینەماکارە لە فلیمە سینەماییەکانی و دراما کوردەوارییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە و وایکردووە کەسانی ئەکادیمیش سەریان بسوڕمێت لەو شاکارانەی کە پێشکەش بە بینەری دەکرد و لایخۆشیەوە دڵشاد مستەفا، سەرۆک بەشی فلیمسازی لە زانکۆی سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی: ڕەحیمی زەبیحی هەر بەتەنها هونەرمەندێکی سادە و ساکار و ئاسایی نەبوو، بە تێکەڵاوبوونی لەگەڵ سینەما لە شارەکەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وایکردبوو توانای ئەم کوڕە بگاتە ئەو ئاستەی کە لێوەی چاوەڕوان دەکرێت، بە ئەزموونی خۆی توانی کۆمەڵێک فلیم بەرهەم بهێنێت کە بە مامەڵەیەکی باش و ورد لەگەڵ فۆڕمی سینەمادا بکات و زمانێکی سینەمایی بهێنێتە کایەوە کە بینەرەکەی خۆی بەو وێنانە ڕازی بکات کە لە میانەی فلیم و دراماکانیدا بینەر دەیبینی. )دڵشاد مستەفا(، کۆچی ڕەحیمی زەبیحی بە دەرفەتێک دەزانێت کە پشتگوێخستنی هونەر و ژیانی هونەرمەندان بخاتەڕوو و ڕایگەیاند:" کۆچی ڕەحیمی زەبیحی لە ئێستا و ئەمڕۆدا بەو شێوەیەی بەرامبەری کراوە ئەوەمان بەبیر دەهێنێتەوە کە ئێمە چەند تەنهاین، ئێمە کەوتوینەتە شوێنێکەوە کە جگە لە خۆمان کەسیترمان نیە کە داکۆکی لە خەون و خەیاڵمان بکات، هونەرمەندی کورد وایلێهاتووە کەوتوەتە بەر هەڕەشە و مەترسیانەی کە ئیتر بە ئینسان و بە ژیانی ئینسان دەکرێت، بۆیە مەرگی ڕەحیم ئەوەمان بە بیر دەهێنێتەوە کە لەبەردەم لەناوچونێکی نزیک و خێراداین کە دەبێت زوو فریایی ئەوە بکەوین کە چیمان هەیە بە بینەر و بە وەرگری خۆمانی بڵێین". )ڕەحیم زەبیحی( لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووەو یەکێکە لەسینەماکارە بەتواناکانی کورد، چەندین کورتە فلیمی وەک “هاوار”، “سەتەلایت”، “کۆتایی شەڕ”، “ئەو پیاوەی کە چو بۆ سەیران”، “ساتە مەزادکراوەکان”، “تیرۆریستێک دادەبەزێ”، “ڕۆژی دوایی”، “ئیسترێس″، “سەمای ڕەنگەکان”، “ژانی دابڕانی ئەبەدی”، فیلمی “وڵاتی ئەفسانە” و چەند کورتە فلیمی سینەمایی دیکەی بەرهەم هێناوە و لەچەندین فیستیڤاڵی سینەمایی ناوخۆیی و جیهانیدا نمایشكراون و خەڵاتیان وەرگرتووە، هەروەها لە شاری سلێمانیش درامای (ماڵەکەی مەعرووف)ی بەرهەم هێناوە کە پڕبینەرترین درامابووە لە باشوری کوردستان و ئەمەش وایکرد کە لەباشووری کوردستانیش بینەرێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. لە دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی ڕەحیمی زەبیحی شەپۆلێكی ناڕەزایی توند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا و باسیان لەوەکرد کە ڕەحیمی زەبیحی بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو کوژراوە و دەستیان بەستراوە و پاشان ئۆتۆمبێلەکەی فڕێ دراوەتە شیوێک و سوتێنراون، هەر بۆیە لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کران. هۆکاری ئەم ئاڕاستەکردنەش لەلایەن (رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە گرنگی بە پرسی مافی مرۆڤ دەدات لە رۆژهەڵاتی كوردستان)، ئاشکرای کردووە کە ڕەحیم زەبیحی، دەرهێنەر سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فلمێكی دۆكیۆمێنتاری بووە لەسەر دۆخ و ژیانی كۆڵبەران لەرۆژهەڵات و كوشتن‌یان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، ئەو ڕێکخراوە ئەوەشی بڵاوکردوەتەوە کە دوای ئەوەی زەبیحی سیناریۆی فلیمەكەی ڕادەستی بەرپرسانی حكومەتی ئێرانی كردووە، بەتوندی بەرپەرچیانداوەتەوە و چەندجارێكیش بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەكانیان كردووە و فشاریان لێكردووە تا كارەكەی رابگرێت، بەڵام ناوبراو سوور بووە لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمەكە و نیوەی زیاتریشی تەواوكردوووە، هەرئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە پەنجەی تۆمەت بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران درێژ بکرێت. جێگای باسە پاش کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دەزگا ئەمنیەکانی شاری بانە کەسێکیان دەستگیردوو و ڕایانگەیاند کە کەسێکی نزیکی خۆی لەسەر کێشەی دارایی ڕەحیمی زەبیحی کوشتووە. لە 9-12-2018 تەرمی دەرهێنەر و سینەماكاری گەورەی كورد، ڕەحیمی زەبیحی و كەیوان زەبیحی برای، لە کەسێکی سارد‌و سڕدا و لەناو هەڵوێستی گەرموگوڕی جەماوەریدا لەشاری بانەی ڕۆژهەڵات بەخاك سپێردران.
فه‌ره‌یدون که‌ریم "داهێنانى هونه‌ریى گوزارشته له حه‌قیقه‌تى بوون، پێویسته کارى هونه‌ریى وه‌ها سه‌یر بکرێ که ده‌یه‌وێ شتێکمان پێبڵێ ، شتێ که په‌یوه‌ندییه‌کى پته‌وى به بوون و ژیانه‌وه هه‌یه."مارتن هایدگه‌ر نوسین له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارییه‌وه ئه‌و بابه‌ته‌یه که هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌مه‌ودوا به‌پێى پێویست و له شوێن و کاتى گونجاو‌دا قسه‌ى له‌باره‌وه بکه‌ین، به‌و هێوایهى له ناوه‌ندى هونه‌رى شێوه‌کاریدا جوڵه‌یه‌ک دروست ببێ بۆ دامه‌زراندنى زمانێکى تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ له هه‌موو ئه‌و شێوازه جیاوازانه‌ى بۆ نووسین له کایه‌کانى تردا به‌کاردێت، که به بڕواى ئێمه نه له‌رابردوو نه له ئێستادا زمانێک نییه سود به‌م بواره بگه‌یه‌نێ، به‌ڵکو به نائومێدییه‌وه ده‌ڵێین زۆربه‌ى ئه‌و نوسینانه‌ى وه‌کو هه‌وڵى جدى و دڵسۆزانه‌ش بۆ قسه‌کردن له سه‌ر هونه‌ر ده‌درێ، له‌برى کردنه‌وه‌ى بواره‌که له‌به‌رده‌مماندا بۆ تێگه‌یشتن، زیانیشى پێده‌گه‌ینن و ئاراسته سروشتیه‌که‌ى ده‌گۆڕن بۆ شتێک که چیدى هونه‌رى شێوه‌کاریى نییه. یه‌کێک له‌و زامانانهى له‌پاڵ چه‌ند شێوازێکى تردا خوێندنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ى بۆ هونه‌رى شێوه‌کاریی پێکراوه، زمانى فه‌لسه‌فه و لێکۆڵینه‌وه‌ى فه‌لسه‌فییه به هه‌موو زاراوه و ده‌سته‌واژه و سیمبوله ئاڵۆز و فره مانا‌و فره ره‌هه‌نده‌کانییه‌وه، که له کۆدڕێژکردن و شاردنه‌وه‌ى واتا‌و ناوه‌ڕۆکى به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کان به‌ولاوه سودێکى به خوێنه‌ر و هونه‌رمه‌ندانیش نه‌گه‌یاندووه. کاتێکیش ده‌که‌وینه به‌رده‌م نوسێنێکى هاوشێوه‌وه، سه‌ره‌ڕاى تێنه‌گه‌یشتن له‌وه‌ى قسه‌ى له‌باره‌وه ده‌کرێ، ده‌بێ فه‌رهه‌نگێکى زاراوه‌کانمان به ئینگلیزى و عه‌ره‌بى پێبێ، خۆ ئه‌گه‌ر زاراوه‌کان به‌بێ پێناسه و چه‌مکه‌کان به‌بێ سیاق به‌کارهاتبن وه‌کو له بابه‌تێکى به‌ڕێز"نه‌به‌ز سه‌مه‌د له‌باره‌ى مس گه‌له‌ری"یه‌وه نوسیوێتى، ئه‌وا به‌ته‌واوى ئه‌رکى ره‌خنه‌گرتنیش قورس‌تر ده‌بێت. کاک نه‌به‌ز سه‌مه‌د له گۆڤارى ئه‌له‌کترۆنى کو‌لتوور مه‌گه‌زین،دا رۆژى 20/11/2018 بابه‌تێکى به ناونیشانى "فره- میدیۆمى له گێڕانه‌وه‌دا" بڵاو کردۆته‌وه و له سه‌ره‌تاوه هه‌تا کۆتایى هیچ کام له‌و زاراوانه‌ى پێناسه نه‌کردووه که به‌کارى هێناون و گرنگترینیان زاراوه‌ى"هه‌قیقه‌ت"ه، که به‌درێژایى نوسینه‌که‌ى چه‌ند باره‌ى ده‌کاته‌وه، وه‌کو چه‌مکێک که کاره هونه‌رییه‌کانى ناو مس گه‌له‌رى هه‌ڵگرین. بۆ رونکردنه‌وه‌و پێناسه‌کردنى "هه‌قیقه‌ت" ده‌بوایه پانۆرامایهکى دوورودرێژى مێژوویى له‌سه‌ر واتا‌و ماناى زاراوه‌که له ئه‌رستۆوه هه‌تا ئه‌مڕۆ بخه‌ینه‌روو، کارێک که ئێمه له بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕمان پێى نییه، به‌و پێیه‌ى ئیشى توێژه‌ر و ره‌خنه‌گرى هونه‌ر فه‌لسه‌فاندن و شیعراندنى کارى هونه‌ریى نییه، به‌ڵکو رونکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ى ئه‌و کۆنسێپتانهیه که هه‌ڵیگرتون و بردنیانه بۆ ئه‌و شوێنه‌ى که کۆنسێپته‌کانى بۆ ئاراسته کراوه، دۆزینه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه له‌نێوان ماتریاڵ و بابه‌ته‌کان، و په‌یوه‌ندى ئهودوانهشه به ژینگه‌که‌ى خۆیه‌وه. به‌به‌رداکردن، یاخود "بۆ داتاشین و دروستکردن"ى مانا‌و واتاى ته‌مومژاویى و ئاڵۆز، نه‌ریتێکه که تا ئه‌مڕۆ له نوسینه‌کاندا ئه‌زموونمان کردووه و ده‌ریخستووه که له‌توانایدا نییه و نه‌بووه زه‌مینه‌یه‌ک بۆ زمانێکى سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌ت به‌هونه‌رى شێوه‌کاریى دابمه‌زرێنێ. قسه‌کردن له‌باره‌ى هه‌قیقه‌تى هونه‌ره‌وه به گشتى جیاوازى هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانکردن و ئاشکراکردنى ئه‌و ههقیهتهى له ناو هونه‌رى شێوه‌کاریدا ده‌شێ هه‌بێ، به‌و مانایه‌ى ئه‌گه‌ر تیۆره‌یه‌ک هه‌یه نوسه‌ر ده‌یه‌وێ به‌هۆیه‌وه ههقیهتمان له هونه‌رى شێوه‌کاریدا پێبناسێنێ، یاخود لهن چه‌ند به‌رهه‌مێکدا بسه‌لمێنێ، پێویسته له پێشدا تیۆره‌که‌ى رونبکاته‌وه. به‌وپێیه‌ى نوسهرى ئه‌م بابه‌ته ئه‌وکاره‌ى نه‌کردووه، به‌ڵکو به‌جیا له به‌رهه‌م و کاره هونه‌رییه‌کانى تر‌ى کوردستان، کۆمه‌ڵێ کارى هونه‌ریى دیارى کراو ده‌خوێنێته‌وه که له گهلهریى مس پیشان دراون، ئێمه‌ش هیچ کام له پرسیار‌و داواکارییه‌کانمان له سیاق و فه‌زاى گشتیى هونه‌ردا نه‌کردووه، ئه‌گه‌ر چی وتار‌و لێکۆڵینه‌وه‌ى زۆر له‌باره‌ى هه‌قیه‌تى هونه‌ر و ئه‌و ههقیهتهى هونه‌ر هه‌ڵیده‌گرێ یان په‌ى پێده‌بات و نمایشى ده‌کات، ئێجگار زۆرن، به‌ڵام پشت نه‌به‌ستن به هیچ بیروڕایه‌کى فه‌لسه‌فى و ره‌خنه‌یى ناسراو له‌م بابه‌ته‌دا به راستهوخۆیى، رێگه‌ى ئه‌ومان نادات ئێمه‌ش بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌بابه‌ته‌که بیان هێنینه ناو باسه‌که‌مانه‌وه. له‌هه‌ر جێیه‌کى باسه‌که‌ى کاک نه‌به‌زدا حوکمى ئه‌وه درابێت که فڵان کارى هونه‌ریى فڵان شت به‌یان ده‌کات، ئێمه پرسیارمان ئاراسته کردووه که چۆن و به‌چى شێوه‌یه‌ک ئه‌و شته وایه، ئه‌مه‌ش هیچکاتێ ماناى ئه‌وه نییه ئێمه ئه‌و حوکمه‌ى ئه‌و داوێتى ره‌تى ده‌که‌ینه‌وه‌و شتێکى خۆمان له‌برى داده‌نێین، وه‌ک چۆن نکووڵیکردن نییه له‌وه‌ى که کاره هونه‌رییه‌که هه‌ڵگرى ئه‌و مانایه یان "ئه‌رک-وه‌زیفه"یه بێت که نوسه‌ر ده‌یخاته پاڵى، به‌ڵکو ته‌نها گومانمان له دروستیى ئه‌و حوکمانه هه‌یه که له‌لاى ئێمه به‌هۆى ناڕونى و نهسهلماندنیانهوه وه‌کو حوکمى نادروست و لێکدانه‌وه‌ى ناڕون و بێ به‌به‌ڵگه خراونه‌ته‌ڕوو. هه‌وڵ ده‌ده‌ین له ده‌ره‌وه‌ى نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز هیچ بیروڕایه‌کى خۆمان نه‌خه‌ینه‌ڕوو، هه‌روه‌ها به زنجیره‌ى نوسینه‌که‌ى خۆیدا بڕۆین و له‌و سیاقه‌شدا قسه له‌سه‌ر بابه‌ته‌که ده‌که‌ین که سیاقى بابه‌ته‌که‌ى خۆیه‌تى. کاک نه‌به‌رز له‌باره‌ى مس گه‌له‌رییه‌وه ته‌نها "وه‌سف" ده‌کات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رئه‌نجامێکى کردووه و ده‌ڵێت" سه‌رجه‌م ئیشه‌کان له‌م پیشانگه‌یه‌دا هه‌قیقه‌ت ده‌گێڕنه‌وه". به‌کارهێنانى هه‌قیقه‌ت به‌بێ پێناسه‌کردن و رونکردنه‌وه‌ى سیاقه‌که‌ى و به‌و گشتگیرییه، له هونه‌رێکى قسه‌که‌ر و واتاداردا که خاوه‌نى ده‌قه، وه‌ک ئه‌وه وایه باس له هه‌قیقه‌تێکى ره‌ها بکات، ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌که له توناى ئێمه‌دا نییه زیاتر له‌سه‌رى بڕۆین، ئه‌وه‌نده نه‌بێ که جگه له ئاراسته کردنى هه‌ندێ پرسیارى پێویست، کۆى نوسینه‌که به‌و ته‌مومژه‌وه به‌جێده‌هێڵین و به کاک نه‌به‌ز ده‌ڵێین ئێمه له‌و حوکمانه تێناگه‌ین، هه‌تا نه‌زانین مه‌به‌ستیان له هه‌قیقه‌تى چى شتێکه؟ ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ى کاره‌کان بۆمانى ده‌گێڕنه‌وه چه‌ند دانه‌ن و کامانه‌ن و له‌باره‌ى چییه‌وه‌ن؟ حوکمى ئه‌وه‌ى که فڵان شت هه‌قیقه‌ته پێویستى به سه‌لماندن هه‌یه و چۆن بتوانین ئه‌م حوکمه به دروست بزانین ئه‌گه‌ر نه‌سه‌لمێنرابێت؟ به چیدا ئه‌وه‌ى له کاره‌کاندا به‌یان کراوه به هه‌قیقه‌ت وه‌ربگرین و له راى که‌سیى و به‌کارهێنانه رۆژانهییهکهى زاراوه‌که‌ى جیا بکه‌ینه‌وه؟ هه‌قیقه‌ت شتێکه له هونه‌ردا خۆى هه‌یه‌و دانراوه و ئێمه به‌س له‌سه‌رمانه به ئاماژه‌یه‌ک بیبینین، یان پێویسته بیدۆزینه‌وه‌و به‌ده‌ستى بهێنین؟ په‌یوه‌ندى مێژوویى نێوان هه‌قیقه‌ت هونه‌ر چۆنه و چییه؟ له کارى هونه‌رى شێوه‌کاریدا و به‌تایبه‌ت هونه‌رى "کۆنسێپچواڵ" که فیکرى هونه‌رییانه بناغهکهیهتى و واقیع به‌هه‌موو دووریهکانیهوه بابه‌تى سه‌ره‌کى و سه‌رنجى ئه‌م هونه‌ره‌ن، ئایا په‌یوه‌ندیى فیکر‌و هه‌قیه‌ت و واقیع له‌م ده‌قه‌دا چۆن شیکراوه‌ته‌وه؟ بۆیه نه‌ریتى هه‌ر نوسینێک ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ستایش و پیاهه‌ڵدانیش بێت، مادام حوکمى بهدهستهوهدانى هه‌قیقه‌تى تیادایه لانى که‌م ده‌بێ ئه‌و بهرنجامه له‌و پێشه‌کیانه‌وه هاتبن که پێشتر بهیانکراون، بۆئه‌وه‌ى بزانین ئه‌و نوسینه باسى چیى ده‌کات. کاک نه‌به‌ز وتاره‌که‌ى به وه‌سف و لێکدانه‌وه‌ى شوێنى گه‌له‌ریه‌که ده‌کاته‌وه و ده‌ڵێت: زانا ره‌سول خانویه‌کى "په‌راوێزى ناوبازاڕى" گۆڕیوه بۆ گه‌له‌رى، کردنه‌وه‌ى گه‌له‌رى له "شوێنێکى په‌راوێزى شاردا"، ده‌شێ جارێکی‌تر له "پهراوێزێوه بێینه‌وه ناوه‌ند" و یاده‌وه‌رى و هه‌قیقه‌تى شوێنه په‌راوێزخراوه‌کان بێ‌دار بکه‌ینه‌وه. به بڕواى ئێمه هه‌ڵه، یان له‌خۆوه به‌کارهێنانى وشه‌ى په‌راوێز کاک نه‌به‌زى توشى هه‌ڵه‌ى دووه‌م کردووه که باسکردنى دوانه‌ى"په‌راوێز و ناوه‌ند"ه، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچى تر‌ى له‌سه‌ر ئه‌م دوانه‌یه خستبێته روو، بۆنموونه په‌راوێز چییه و کوێیه؟ ئه‌گه‌ر ویستمان شتێک له په‌راوێزه‌وه بهێنینه‌وه بۆ ناوه‌ند، ئه‌و ناوه‌نده کوێیه‌و چییه؟ سیاقى به‌کارهێنانى ئه‌م چه‌مکى په‌راوێز و ناوه‌نده خوێندنه‌وه‌ى شوێنى ئه‌و خانووه‌یه که هونه‌رمه‌ندێک کردویه‌تى بهگهلهرى له‌ناو بازاڕى شاردا. بۆچى وه‌سفکردنى خانوویه‌کى "چه‌په‌ک" گۆڕدراوه بۆ خوێنده‌نه‌وه‌ى به خانوویه‌کى "په‌راوێز"؟ له‌کاتێکدا کاک زانا به ویستى خۆى/ وه‌ک کاک نه‌به‌ز هه‌وڵیداوه ئاماژه‌ى بۆبکات/ شوێنێکى کۆنى نۆژه‌ن کردۆته‌وه و گۆڕیویه‌تى بۆ گه‌له‌رى، له چى دۆخێک‌دا دروسته ئه‌و شوێنه واتایه‌کى له‌وه زیاتر هه‌ڵبگرێ که هه‌یه‌تى؟ ئه‌ڵبه‌ته نازانین هۆکارى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى بۆ ئه‌و شیوێنه چییه و ته‌نها له‌سه‌ر باسه‌که‌ى کاک نه‌به‌زه‌وه قسه‌ى لێده‌که‌ین. ئه‌و خانووه له‌ناو جه‌رگه‌ى بازاڕدایه و وه‌ک خۆى ده‌ڵێ چوارده‌ورى پڕه له کرێکار و دوکان و بازاڕ، هه‌روه‌ها له‌ناو سه‌نته‌رى شاریشدایه و خاوه‌نى هه‌یه‌و کرێى لێ وه‌رده‌گرێ، خانووه‌که ئه‌گه‌ر راستبێ بۆ گه‌له‌رى چه‌په‌ک بێت به‌و واتایه‌ى له‌سه‌ر شه‌قامێکى سه‌ره‌کیی نییه، ئه‌وا وه‌کو خانوو راست نییه چهپهکیش بێت، چونکه له ژینگه‌ى ناوبازاڕو کار‌و کاسبیدایه و ئه‌وه شوێنى سروشتیى خۆیه‌تى، ئه‌گه‌ر نا هه‌موو بیناکانى پشتى شه‌قامه سه‌ره‌کییه‌کانى شار به وته‌ى کاک نه‌به‌ز ده‌بێت لهپاراوێزدا بن! خوێنده‌نه‌وه‌ى وه‌ها بۆ شوێنه‌که به شوێنێکى په‌راوێزخراو ته‌نها داتاشینى واتایه‌کى زیاتره که خۆى هه‌ڵیناگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه خانووه‌که خاوه‌نى هیچ روداوێک نییه، هه‌روه‌ها هیچ به‌هایه‌کى که‌له‌پووریى بیناسازیى و شوێنه‌واریى نییه، ئیتر بۆ ئێمه‌ش له زمانى نوسه‌ره‌وه رون نه‌کراوه‌ته‌وه چیرۆک و هه‌قیقه‌تى ئه‌و شوێنه کامه‌یه و چییه و بۆچى و چۆن بهێنینه‌وه بۆ کام "ناوه‌ند"؟ که ده‌چینه ناو گه‌له‌رییه‌که‌وه کاک نه‌به‌ز یه‌که‌م ماتریاڵ که سه‌رنجمان راده‌کێشێ بۆى پێڵاوه‌کانى هونه‌رمه‌ند "سه‌روه‌ت سه‌وز" ه، ده‌ڵێ: ده‌شێ بینه‌ر وه‌ک شتێکى په‌راوێز به‌لایدا تێپه‌ڕێ، له کاتێکدا خاوه‌نى چیرۆک و یاده‌وه‌رییه و به‌شێک له هه‌قیقه‌تمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه. لێره‌شدا ئه‌گه‌رى سه‌رنج نه‌دانى ماتریاڵێکى ناو گه‌له‌رییه‌که له‌لایه‌ن بینه‌ره‌وه به په‌راوێز وه‌سف کراوه، که وشه‌یه‌کى نه‌گونجاو و نادروسته و ئه‌وه زیاتر پێى ده‌وترێ گرنگى نه‌دان یان به هه‌ند وه‌رنه‌گرتن. که به‌ڕاى ئێمه شتێکى سروشتییه و یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانى هونه‌ر و ئه‌و گه‌له‌ریه پێدانى گرنگیى و راکێشانى سه‌رنجه بۆ سه‌ر ئه‌و شتانه‌ى له‌وه‌وبه‌ر فه‌رامۆش کراون و بیریان لێنه‌کراوه‌ته‌وه یان به‌هاکه‌یان نهبینراوبووه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ"پێڵاوه‌کان یادگارى و یاده‌وه‌ریى ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌گێڕنه‌وه و له روى به‌هاو سیمبوله‌وه هچیى که‌متر نییه له تابلۆ‌و ئیشه هونه‌رییه‌کانى سه‌روه‌ت سه‌وز". باواى دابنێین ئه‌م رسته‌یه ته‌نها خراپ داڕیژراوه و بڕێک له راستى تیادایه، بۆنموونه به‌ته‌واوى راسته که پێڵاوه‌کان یادگاریه‌کى سه‌روه‌ت سه‌وزن، به‌ڵام چۆن خاوه‌نى یاده‌وه‌رییه؟ ئایا چۆن جوتێ پێڵاوى ئه‌و هونه‌رمه‌نده له روى به‌هاو سیمبولییه‌وه هاوتاکراون به تابلۆکانى؟ جگه‌له‌وه‌ى له نوسینه‌که‌دا هیچ چیرۆکێکى یاده‌وه‌ریی تایبه‌ت به‌سه‌روه‌ت سه‌وز نییه، بۆنمونه کاتێ توشى روداوى لێدانى ئۆتۆبێل بۆوه ئه‌و پێڵاوانه‌ى لهپیادابوو؟ ئه‌گه‌ر واشبێت نازانین چیرۆکه‌که چۆن له سیاقى کارێکى هونه‌ریى و له‌ناو گهلهرییهکى هونه‌رییدا تێکهه‌ڵکێشکراوه، دواتر پێڵاوه‌کان باسى کام هه‌قیقه‌ته ده‌که‌ن؟ ئه‌وه‌ى به‌لامانه‌وه گرنگه هاوتاکردنى به‌هاو سیمبولى تالبۆکانى هه‌نه‌رمه‌نده به پێڵاوه‌کانى، کاک نه‌به‌ز هیچ جیاوازییه‌ک نابینێ له‌نێوان به‌رهه‌مى هزر و مه‌عنه‌ویى و ته‌کنیک و شێوازى تابلۆى هونه‌رمه‌ندێک و پێڵاوه‌کانیدا! که پێلاوه‌کانى له‌وه‌وبه‌ر کاڵایه‌کى کڕدراوى فرۆشگاکان بووه، ئه‌رکیان جوڵه کردن بووه، له‌پێکردن و رۆیشتن و ڕاکردن و له‌رزاندن، ئه‌وه‌ى له ژیانى سه‌روه‌ت سه‌وز ئاگاداربێ ده‌شى به‌و پێڵاوانه‌وه چوبێته کێڵگه‌کانى مین ههڵگرتنهوهوه، پێڵاوه‌کان به‌رهه‌م و داهێنانى هونه‌رمه‌نده‌که نین له‌کاتێکدا تابلۆکان وه‌هان، ئه‌و شوێنه‌ى پیڵاوهکانى لیوههاتووه و ئه‌و ئهرکهۆمهڵایهتى و میکانیکییهى هه‌یبووه به‌ته‌واوى جیوازن له شوێنى هاتنى تالبۆکان و ئه‌رکه‌کانیان، دۆزینه‌وه‌و هێنانه‌وه‌ى بۆناو گه‌له‌رى ده‌یکات به بابه‌تێکى ئه‌رشیفی و مۆزهیى وه‌ک"موڵکى که‌سیى هونه‌رمه‌ندێک" و واتایه‌کى تر پیهدا ده‌کات، وه‌ک چۆن ئه‌رکێکى تریش وه‌رده‌گرێ که نه‌وه‌ک رابدرووه و نهلهرهمزو دهلالهتیشدا وه‌کو تابلۆکانى ده‌خوێندرێته‌وه. یه‌کێکى تر له‌و شتانه‌ى "ده‌شێ بینه‌ر په‌راوێزى بخات"،" کوولهیهکه که به‌هۆى گه‌رماى هاوینه‌وه مرداربۆتهوهو زانا پاراستویه‌تى، رۆژانه له‌ڕێگه‌ى ده‌فته‌رى "دانوستان" له‌گه‌ڵ کوللهکهدا زانا ده‌ئاخڤێ و باسى میوانه‌کانى بۆ ده‌کات، له‌ڕێگه‌ى گێڕانه‌وه‌ى چیرۆکى ئه‌م کوللهیهوه ده‌ڵێت چالاکییه ئابوورى و سهرمایهدارییهکانى مرۆڤ ژیانى هاومرۆڤانى تێکداوه و لێره‌وه هونه‌رمه‌ند هه‌قیقه‌تى سه‌رمایه‌داریى به ئێمه ده‌ڵێت". به گوزارشته‌کانى کاک نه‌به‌ز بێت هونه‌رمه‌نده‌که ته‌نها چیرۆکى کولله‌که بۆ ئێمه ناگێرێته‌وه، به‌ڵکو هى میوانه‌کانیش بۆ کولله‌که ده‌گێڕێته‌وه له ڕێگه‌ى ده‌فته‌رى دانوستانه‌وه، که به‌راستى نازانم دانوستان به‌ته‌واوى چى مانایه‌ک ده‌به‌خشێت له‌گه‌ڵ کوولهیهکى مردوودا و له‌باره‌ى مرۆڤه‌وه چى به کووله‌که ده‌وترێ؟ به‌ڵام ئه‌مه‌ش وه‌کو خۆى به‌جێده‌هێڵین بۆ نوسه‌ر و ئه‌وه‌ى رون نییه له دواتردا هۆکارى مردنى کوللهکهیه به‌هۆى چالاکیه سه‌رمایه‌دارییه‌کانه‌وه. له ژیانى سروشتیى رۆژانه‌دا زینده‌وه‌ران دروست ده‌بن و ده‌مرن، کولله که له شاردا بێت یان له که‌ژوکێو ته‌مه‌نێکى دیارى کراوى هه‌یه‌و رۆژێک له جێگه‌یه‌کدا ره‌ق هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و مردار ده‌بێته‌وه، هه‌روه‌ک مرۆڤه‌کان تووشى روداو ببن یان نا رۆژێ ده‌مرن. ئه‌گه‌رچى به‌ده‌ر له‌م سیاقه ئه‌و وته‌یه راسته که به‌شێکى زۆرى چاکییهکانى سه‌رمایه‌داریى بووه‌ته هۆى پیسکردن و گه‌رم کردنى ئه‌تمۆسفێرى سه‌رزه‌وى و زیان به هه‌موو زینه‌وه‌ران ده‌گه‌یه‌نێ، به‌ڵام وه‌ک ئاشکرایه ئه‌مه وته‌ى ئێمه‌یه و نوسهرى ئه‌م بابه‌ته له هیچ شوێنێکدا، گه‌رماو کولله‌و سه‌رمایه‌داریى پێکه‌وه له سیاقێکدا کۆناکاته‌وه، تاوانبارکردنى سه‌رمایه‌داریى به کوشتنى کولله‌یه‌ک و گۆڕینى لاشه‌ى کولله‌که بۆ کارێکى هونه‌ریى پێویستى به رونکردنه‌وه و شیکردنه‌وه‌ى زانستیى و دروست هه‌یه، کاتێ "روداوێکى واقیعى" به‌بیرێکى هونه‌ریى سه‌یر ده‌کرێ، یان "روداوێکى ناو واقیع" که ده‌کرێ واقیعی یان راستیش نه‌بێ و دروست کراو بێت، ده‌بێته بیرۆکه‌ی کارێکى هونه‌ریى، زۆر له‌وه زیاتر شیکردنه‌وه‌ى پێویسته که کاک نه‌به‌ز لێره‌دا به‌سه‌ریا بازده‌دا. وه‌ک بڕیار بوو به زنجیره‌ى نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز بڕۆینه خواره‌وه، به‌ڵام باسى ئیشه‌که‌ى کاک زانا ده‌خه‌ینه کۆتایى ئیشه هونه‌رییه‌کانى تره‌وه، له‌به‌ر ئه‌و به‌سته‌نه‌وه به‌هێزه‌ى که نوسه‌ر له‌گه‌ڵ ئیشه‌کانى تر‌و ئه‌م ئیشه‌دا ده‌یکات. له‌باره‌ى کارى فۆتۆکانى کاک"سامان عه‌لى"ه‌وه ده‌ڵێت: له‌و فۆتۆیانه‌وه چیرۆک، هه‌قیقه‌ت، ریالیتى ناوبازاڕ و کۆڵانه‌کان و شه‌قامه‌کانى سلێمانى ده‌بینین و یاده‌وه‌ریى و مێژوو و ژیانى رۆژانه‌ى شار و شه‌قامه‌کان و ساته خۆش و ناخۆشه‌کان تۆمار ده‌که‌ن، له رێگه‌ى ئه‌م فۆتۆیانه‌وه ده‌توانین کلتوورى شاری سلێمانى به‌وانى دى بناسێنین و بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو دۆکۆمێنتیان بکه‌ین، هاوکات به‌هۆیانه‌وه ده‌توانین راڤه‌ى دۆخ و داکهوتى سه‌ر شه‌قامه‌کان بکه‌ین، فۆتۆکان ته‌نها گواستنه‌وه یان گه‌یاندنى ریالێتى نین وه‌کو خۆى، به‌ڵکو ده‌شێ وه‌کو ره‌خنه‌ى ریالێتى و دۆخى هه‌بوو لێیان بڕوانین". ده‌مانه‌وێ بزانین وێنه‌یه‌کى فۆتۆگرافى چۆن و به چى شێوه‌یه‌ک ده‌توانێ هه‌ڵگرى ئه‌و هه‌موو کرده و چالاکى و به‌هایانه بێت که کاک نه‌به‌ز دیانخاته پاڵى، به‌ده‌ر له‌وه‌ى پێناسه‌یه‌کى فۆتۆو وێنه ناکات که واتا‌و ئه‌رک و رۆڵیان له هونه‌ردا چییه‌و جیاوازیان له‌گه‌ڵ فۆتۆى جۆرنالیستیدا چییه و ئه‌وه‌شى بۆ خوێنه‌ر به‌جێهێشتووه، به‌نزیکى هه‌موو کار‌و چالاکییه‌کانى مۆرڤی ئاخنیوه‌ته چه‌ند وێنه‌یه‌کى فۆتۆگرافییه‌وه. به مه‌به‌ست هیچ جۆره پێناسه و بۆچونێکى فه‌یله‌سوفانى ئه‌و بوارانه‌مان نه‌هێناوه‌ته ناو باسه‌که‌وه و ده‌مانه‌وێ له‌ناو ئه‌م سیاقه خۆیدا پرسیاره‌کانمان بکه‌ین، وه‌ک ئه‌وه‌ى یه‌که‌مجارمان بێت وێنه‌یه‌کى فۆتۆگرافى ببینین، هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌سه به نوسهرى بابه‌ته‌که بڵێین ده‌کرا له‌سه‌ر رۆڵى گشتى هونه‌رى فۆتۆگرافى به کورتى شتێمان پێ بوترێ، یاخود خوێندنه‌وه‌یه‌کى ورد‌و ته‌واو بۆ ئه‌و وێنانه بکرایه که له‌و فۆتۆگرافانهدا هه‌ن. ئێمه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌سته‌و یهخهنابین له‌گه‌ڵ واتا‌و لێکدانه‌وه‌ى وێنه‌کاندا، به‌ڵکو ته‌نها تێبینیمان له‌سه‌ر ئه‌و که‌موکوڕییه هه‌یه که به‌رامبه‌ر فۆتۆکان و کۆى کاره هونه‌رییه‌کانى تر پیاده‌کراوه، تێبینیمان له‌سه‌ر بارکردنى کاره‌کان به واتا‌و چه‌مک و وه‌سفى هه‌م ساده و هه‌م ئاڵۆز و ته‌مومژاویدا هه‌یه. له کاتێکا فۆتۆگراف ده‌توانێ واقع له‌خۆى واقیعى تر پیشان بدات به‌تایبه‌تى شێوازى کلاسیکى که ره‌ش و سپییه، له‌هه‌مانکاتدا فۆتۆ "گرتنى" واقیعه پتر له‌وه‌ى گواستنه‌وه‌ى بێت له‌لایه‌ک، و ده‌کرێ بڵێین ئه‌وه‌ى واقیعییه "وه‌ریده‌گێڕێ-ترجمه" بۆمان پتر له‌وه‌ى باس له ههقیهتێ بکات، له‌هه‌مان کاتدا ده‌کرێت فۆتۆ خاڵى بێت له‌و بنه‌مایانه‌ى ئێمه واقعیى پێدهناسین، جیاکردنه‌وه‌مان لێره‌دا و له شوێنه‌کانى تریشدا له نێوان هه‌قیقه‌ت و واقیعدا له‌و دیده‌وه هاتووه که ده‌شێ ئه‌وشته یان روداوه‌ى له‌واقیعه‌وه به‌ناو یه‌کێک له نێوانگرهکاندا"وه‌کو کامێرا و وێنه‌کێشان"دا تێیدهپهڕێ بۆ به‌رهه‌مێکى هونه‌ریى، ئه‌و راستییه نه‌گوازێته‌وه که له واقیعدا به‌رى که‌وتووین، به‌هه‌رحاڵ هونه‌رى فۆتۆگراف وێنه‌یه‌ک نییه له‌باره‌ى بابه‌تێک یان دنیایه‌کى ته‌واو و یه‌کگرتوه‌وه ئه‌وه‌نده‌ى له‌تکردن و جیاکردنه‌وه‌ى شتێک، روداوێک، بابه‌تێکه، له‌دیمه‌نه گشتییه‌که‌ى. ئه‌مانه‌ش وه‌کو سهنجێکى بچوک بۆ کاک نه‌به‌ز که ده‌کرا باکگراوندێکمان له‌سه‌ر فۆتۆ بداتێ له‌م سیاقه‌ى خۆیدا، هه‌تا تێبگه‌ین باسى چیمان بۆ ده‌کات. بۆ نموونه: یه‌کێک له فۆتۆکانى کاک سامان وه‌رده‌گرین که کاک نه‌به‌ز له‌گه‌ڵ نوسینه‌که‌ى خۆیدا دایناون، منداڵێک یارى به پاسکیلهکهى ده‌کات، ئه‌م وێنه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌موو وێنه‌کانى تر‌ى فۆتۆگرافهرهکهدا جیاوازه، که له‌سه‌ره‌وه‌ى کۆمه‌ڵه‌که‌ى به‌ناوى"تاریک و روناکى" ه‌وه دایناوه، وێنه‌کانى تر هه‌موویان گرته‌ى کۆمه‌ڵێک که‌سن له منداڵ و ژن و پیاوى کۆڵبه‌رو کرێکار‌و ده‌ستگێڕ، به‌ته‌نها ئه‌و وێنه‌یه که نازانین جیاوازى بابه‌ته‌که‌ى مه‌به‌ستێکى دیارى کراوى هونه‌رمه‌نده‌که‌یه بۆ ده‌رخستنى جیاوازى و نایه‌کسانیى شێوازى ژیانى دوو منداڵ" که یه‌کێکیان کارده‌کا و ئه‌ویتر یارى ده‌کات" یان رێکه‌وته؟ چونکه نوسه‌ر له‌باره‌ى ئه‌م ورده‌کاریانه‌وه هیچ تێبینیه‌کى نه‌خستۆته‌ڕوو، به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر وێنه‌ى دوو منداڵ "کرێکارێک و یاریکارێک" یه‌کى چیرۆکێکیان هه‌بێت، بۆ بینه‌رى ئه‌مڕۆ و دواى چه‌ندین ساڵى تریش بایه‌خ و گرنگى ئه‌م وێنانه چین؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که ده‌کرا له پێناسه‌یه‌کى خێرادا گرنگیى دۆکۆمێنتمان له رێى فۆتۆوه پێبڵێ، هیچ شتێک له‌باره‌ى کاریگه‌ریی و ئه‌رک و به‌هاى ئه‌و وێنانه‌وه له‌سه‌ر بینه‌ر "له ئێستادا" ناخاته ڕوو، جگه‌له "گێڕانه‌وه‌ى چیرۆکى هه‌قیه‌تى ریالێتى ناوبازاڕ" که پرسیارمان هه‌یه له‌سه‌رى، هه‌موو قورسایى به‌ها و ئه‌رکى وێنه‌کان له مێژوودا ده‌بینێته‌وه و رۆڵى کاره‌که له‌مڕۆدا فه‌رامۆش ده‌کات. هه‌ر بینه‌رێک بکه‌وێته به‌رده‌مى دوو وێنه‌ى وه‌هاوه و ئاشناى ژیانى کوردستان بێت یان هى وڵاتێکى تر، به‌بێ هیچ ده‌قێکى هاوپێچکراو له‌گه‌ڵ وێنه‌کاندا ده‌توانێت زنجیره‌یه‌ک خه‌یاڵ و وێناکردن له زه‌ینى خۆیدا له‌باره‌ى کاره‌کته‌رى ناو وێنه‌که‌و ژیانییه‌وه دروست بکات، به‌ڵام پرسیارى ئێمه ئه‌وه‌یه گرته‌ى که‌سێکى هه‌ژار له وێنه‌یه‌کدا و له‌مڕۆدا شۆکه‌که‌ى بۆ بینه‌رێکى خۆماڵى و بیانى چییه؟ ئایا هه‌ژاریى و کارى قورس له مێژوودا نه‌بووه؟ ئایا بڕیارێک هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى له داهاتوودا نه‌مێنێت و ئه‌م وێنانه چیرۆکى واقیعێکى له‌ناوچوو ده‌گێڕنه‌وه بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو؟ ئه‌ى ناتوانین وێناى ئه‌وه بکه‌ین ده‌شێ له داهاتوودا مرۆڤه‌کان به‌هۆى ئامێرى پێشکه‌وتووه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌مڕۆ و له‌ناو ئه‌و واقیعه‌دا ژیان بکه‌ن وه‌کو جۆرێک له گه‌شتوگوزار؟ ئه‌وکاته کێ پێویستى به فۆتۆیه؟ ئایا هه‌ژارى دۆخێکى نامۆیه به وڵاتانى تر‌ى سه‌ر زه‌مین؟ ئێمه ئه‌م پرسیارانه له وێنه فۆتۆگرافییه‌کان ناکه‌ین، به‌ڵکو مه‌به‌ستمانه به نووسه‌رى ئه‌م بابه‌ته بڵێین باشتر وابوو وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه‌ى بدایه‌ته‌وه به‌رله‌وه‌ى باسى وێنه‌کان بکات. هه‌روه‌ها دواین پرسیارمان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنانه ههقیهتن چۆن هه‌قیقه‌تى کلتووریى ژیانى شارن؟ ئه‌ى ژیانى سه‌ر شاقهمهکهى ئه‌ودیو؟ئه‌ى گه‌له‌رى و مۆزه‌خانه‌و کتێبخانه‌و چایخانه‌و فه‌رمانبه‌ران و شێت و باخچه و مه‌کته‌ب و پۆلیس و نه‌خۆشخانه؟ ئه‌ى باڵه‌خانه و تاوه‌ر و شه‌قامه‌کانى تر و کۆى روداو و به‌سه‌رهات و چالاکییه‌کانى تر چین؟ به‌کارهێنانى ده‌سته‌واژه‌یه‌کى وه‌کو"به‌شێک له ژیانى ئیشکه‌ران و هه‌ژاران" له‌برى "ژیانى کلتوورى و ریالێتى شه‌قام و شار" هه‌موومانى له‌م گرفته رزگارده‌کرد. راستییه‌ک که ئه‌و وێنانه وه‌کو شتێکى به‌ڵگه‌نه‌ویست پێمانى ده‌ڵێن ئه‌وه‌یه‌که له‌ناو شاردا که‌سانى هه‌ژار هه‌ن و کارى گران ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بژین، نوسه‌ریش ده‌یتوانى له‌و مانا سهرپێییانهى به نیگایه‌ک له فۆتۆکاندا دیویه‌تى زیاتر تێبپهڕاێنێ. ئه‌ڵبه‌ته وێنه‌ى فۆتۆگرافى به‌کارهێنان و سودو گرنگى هه‌مه‌چه‌شنى هه‌یه به‌پێى ئه‌و دیمه‌نه‌ى له وێنه‌که‌یدا دهردهردهکهوێت. چیرۆک گێڕانه‌وه خۆى مه‌ودایه‌کى هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له واقیعدا ده‌گوزه‌رێ و ئه‌وه‌ى هه‌قیقییه له‌و واقیعه‌دا، له‌به‌ر هیچ نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به فلته‌رى هونه‌رمه‌نده‌که‌دا تێده‌په‌ڕێت، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه که وێنه‌ى دیمه‌نێکى وه‌ستاو ناکرێ ئه‌و هه‌موو خه‌سڵه‌تانه‌ى هه‌بێت که ده‌خرێته پاڵى له‌کاتێکدا که ئه‌مڕۆ وێنه خۆى جێگه‌ى مشت‌ومڕ و گومانه. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى نازانین وێنه‌کان چۆن ره‌خنه له‌و ریالیتیه ده‌گرن؟ ده‌توانین به کارى فۆتۆگرافى دژیه‌کى و جیاوازى روداو دیارده‌کان بخه‌ینه روو، به‌ڵام ئایا ئه‌م کردانه له‌و فۆتۆیانهدا ئه‌و کاره ده‌که‌ن که نوسه‌ره‌که باسیان ده‌کات؟ ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نوسه‌ر ناونیشانى ئه‌و کاره‌ى "تاریک و روناکى" و شێوازى ده‌رخستنى کۆنتراستى به‌هێزى ره‌ش و سپى گرێنه‌داوه‌ته‌وه به کۆنسێپتى هونه‌رمه‌نده‌که‌و بابه‌ته‌که‌ى خۆیه‌وه، که به پێویست ده‌بوایه شتێکمان پێبڵێ. نوسه‌ر له‌باره‌ى کاره‌کانى یه‌کێکى تر له هونه‌رمه‌ندانى به‌شداربووه‌وه تابلۆیه‌کى به‌ناوى "هه‌قیقه‌ت" به نموونه وه‌رگرتوه‌و ده‌ڵێت: تابلۆ سوریالییهکانى ئاوێزان به‌جۆرێکى تر ریاڵێتى و داکه‌وت و هه‌قیقه‌تمان پیشان ده‌ده‌ن، له‌م تابلۆیه و چه‌ند دانه‌یه‌کى تردا فیگه‌ره‌کان به ئاوهژووکراوى وێنه‌کێشراون، واتاى ئه‌وه‌یه ده‌شێ ئێمه تا ساتى روانین له تابلۆکه به ئاوهژویى له هه‌قیقه‌ت تێگه‌یشتبین، ئاوێزان له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت به شێوه‌یه‌ک و روانگه‌یه‌ک و هاوارێکى دیکه‌وه هه‌قیقه‌ت به ئێمه ئاشنا بکات"! ئه‌گه‌ر نوسه‌ر لانى که‌م هه‌قیقه‌تى له سیاقى قوتابخانه‌ى سوریالیزمدا بۆ پێناسه بکردینایه ده‌مانزانى باس له هه‌قیقه‌تى نه‌ست ده‌کات، پاشان پێمان بڵێت چۆن و به‌کام رێگه سوریالیزم ریالێتى پیشانده‌دات؟ ئه‌گه‌ر وانییه ئێمه به په‌رۆشین بۆ داهێنان و دۆزینه‌وه‌ى نوێ له‌باره‌ى په‌یوه‌ندى سوریالیزم به هه‌قیقه‌ته‌وه، یان هاواتاکردنى "هه‌قیقه‌ته گشتگیرهکهى کاک نه‌به‌ز به سوریالیه‌ت"که به‌بێ راوه‌ستان و هیچ شیکردنه‌وه‌یه‌ک راده‌کات به‌سه‌ریدا و دهیانلکێنێ به‌یه‌که‌وه. پاشان به‌سه‌رسوڕمانه‌وه له کاک نه‌به‌ز ده‌پرسین مه‌به‌ستتان چییه له‌وه‌ى مادام فیگه‌ره‌کان ئاواژوو وێنه‌کێشراون که‌واته باسى هه‌قیقه‌ت ده‌که‌ن؟ له‌وێشه‌وه بڕیار بده‌ن هه‌تا ساتى روانین له تابلۆکه ئێمه به ئاوهژوویى له هه‌قیقه‌ت تێگه‌یشتبین؟ کاک نه‌به‌ز مه‌به‌ستى له خۆیه‌تى یان له هه‌موو بینه‌ره‌کان؟ به مانایه‌کى تر هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ى سه‌ر زه‌مین که هێشتا نه‌هاتونه‌ته به‌رده‌مى تابلۆى"هه‌قیقه‌ت" له جه‌هلدا ده‌ژین و به ئاوهژوییى له هه‌قیه‌ت گه‌یشتوون؟ جگه‌له‌وانه‌ش ئێمه له زۆر شوێندا ئاماژه‌مان به هه‌ڵه‌ى زمانه‌وانى نه‌داوه و تێمانپه‌ڕاندووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى کاک نه‌به‌ز مه‌به‌ستیه‌تى بیڵێ فیگه‌رى ئاوه‌ژوو نییه، چونکه ئاوه‌ژوو دیوێکى تر‌ى شتێکه وه‌ک ههڵگێڕانهوهشى بۆ به‌کاردێت، ئه‌و فیگه‌رانه سه‌راوژێر یان سهرهوخوارن نه‌وه‌ک ئاوه‌ژوو. کاک نه‌به‌ز له کۆى نوسینه‌که‌یدا جگه له حوکم و خوێنده‌نه‌وه‌ى نادروست، یان نه‌خوێنده‌وه‌و شینهکردنهوهى دروست، که‌وتۆته جۆرێک له هه‌ڵه کردنه‌وه که ئێمه پێى ده‌ڵێن هه‌ڵه‌ى زنجیره‌یى زمان، ئه‌ڵبه‌ته هه‌ندێ جار به‌هۆى به‌کار هێنانى وشه‌یه‌که‌وه ده‌قه‌که ده‌سه‌ڵات و کۆنترۆڵى نوسه‌ره‌که‌ى" به‌تایه‌به‌ت ئه‌گه‌ر بێ ئاگابێ له‌بابه‌تى باسه‌که‌ى"وه‌رده‌گرێته‌وه و زنجیره‌یه‌ک وشه‌و واتا و بۆچون دروست ده‌کات که ئیلهام یان مانا له‌یه‌کتره‌وه وه‌رده‌گرن، له‌وانه بۆ نموونه کاتێ وشه‌ى په‌راوێز به‌کار ده‌هێنێ به‌دوایدا هه‌ڵه‌ى بۆچونیش دروست ده‌بێ وه‌ک خوێندنه‌وه‌ى شوێنه‌که به دوانه‌ى "په‌راوێز و ناوه‌ند". هه‌ندێ جاریش یه‌که‌م بۆچوون یان ده‌ستنیشان کردن یان دۆزینه‌وه‌ى چوارچێوه بۆ بابه‌تێک، کۆى هه‌ڵه‌کانى تر به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت که لێره‌دا مه‌به‌ستمان چه‌مکى "هه‌قیقه‌ت"ه‌که‌ى ناو مس گه‌له‌رییه. به‌دوایدا هه‌ڵه‌ى زنجیره‌یى له تابلۆ سوریالییه‌کانه‌وه ده‌یبات بۆ ئه‌وه‌ى بڕیار بدات که که‌شى کۆى گه‌له‌رییه‌که که‌شێکى سوریالییه، ئه‌مه‌ش به‌رئه‌نجامێکى چاوه‌ڕوانکراوه، مادام ریاڵ و چیرۆک و یاده‌وه‌رى و هه‌قیه‌ت و سوریالیه‌ت هاوتاى یه‌کترن له‌ناو گه‌له‌رییه‌که‌دا، که‌واته ده‌توانین بڵێین که‌شه‌که‌ش سوریالییه وه‌ک چۆن ده‌توانین بشڵێین که‌شێکى هه‌قیقیه یان چیرۆکاوییه یان ریاڵێتییه، و لێره‌دا به‌کار هێنانى هه‌ر یه‌کێکیان چى بۆ گهلهرییهکهو چى بۆ کاره هونه‌رییه‌کان ئاساییه و شیاوه به‌پێى نوسهرى ئه‌م بایه‌ته. له کۆتاییدا پێویسته نوسه‌ر ئه‌م دوا وتانه‌ى له‌باره‌ى که‌شى سوریالى و ههقیهتهوه پێکه‌وه گرێبداته‌وه و باسى کۆى کاره‌کانى هونه‌رمه‌ند زانا ره‌سول ده‌کات. ده‌ڵێت: زانا ئه‌و که‌شه سوریالییهى خودى شوێنه‌که" خانووه‌که" و ناو گهلهرییهکهى تۆختر کردۆته‌وه، له رێگه‌ى دانانى پێڵاوه‌کانى سه‌روه‌ت سه‌وز و لاشه‌ى کولله‌که و ده‌فته‌رى دانوستانى خۆى و کولله‌که، هه‌روه‌ها هه‌ڵواسینى پسوڵه‌ى خه‌رجیى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى بیناکه له‌لاى ته‌والێته‌که، که له‌سه‌رى نوسراوه ئه‌گه‌ر چاودێریى دارایى هات، ئه‌مه‌شى وه‌کو ته‌وس و ره‌خنه‌و لاقرتێ به فه‌رمانگه‌ى ناوبراو داناوه". له راستیدا دیمه‌ن و کرده‌ى قسه‌کردن له‌گه‌ڵ کوولهیهکدا زیندو یان مردووه، وه‌کو کرده‌یه‌کى هونه‌ریى وه‌رده‌رگرین و ده‌توانین به‌هایه‌کى پێبده‌ین، هه‌روه‌ها ده‌شێ ئه‌م پرۆسێسه هونه‌رییه سوریالیانهبێ، به‌ڵام پسوڵه‌ى تایبه‌ت به نۆژه‌نکردنه‌وه چۆن ده‌بێته کارێکى سوریالى؟ ئایا به‌هۆى ئه‌وه‌وه که هه‌رگیز چاودێرى دارایى ناچێت بۆ گه‌له‌رییه‌که وه‌کو نوسه‌ر ده‌یڵێت؟ یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌لاى ته‌والێته‌وه هه‌ڵواسراوه؟پاشان چۆن پێشبینى ئه‌وه کراوه که ئه‌و فه‌رمانگه‌یه رۆژێ ناچێ بۆ ئه‌و گه‌له‌رییه و چى کاتێ هونه‌رێکى سوریالى ده‌توانێ پێشبینى داهاتوو بکات بۆ ئه‌وه‌ى سوریالى بێت؟ چۆن ماناکه‌ى پێش روداوه‌که که‌وتووه؟ که واده‌کات هه‌ر رۆژێ ئه‌و فه‌رمانگه‌یه چون بۆ بینیى ئه‌و پسوڵانه ئیدى ئه‌وکاره‌ش سوریالى نه‌بێ. له‌باره‌ى پێڵاوهکانیشهوه چى وه‌کو میراتیى هونه‌رمه‌ندێکى کۆچکردو،و چى وه‌کو ماتریاڵێکى مۆزهیى و چى وه‌کو "شتێکى پهراوێخراو"وه‌ک نوسه‌ر ده‌یڵێت نازانین چۆن ئهوشتانهیهو له‌هه‌مان کاتیش‌دا ده‌شتوانێ سوریالیبێ؟ ئه‌مه‌ش دژى ئه‌و لێکچواندنهى پێڵاوهکانه به تابلۆکان له‌روى به‌هاو سیمبوله‌وه، که تابلۆکانى سه‌روه‌ت سه‌وز سوریالى نین، به‌ڵام که له‌گه‌ڵ پێڵاوه سوریالییه‌کاندا هه‌ڵگرى هه‌مان سیمبول و به‌هابن ده‌بێ تالبۆکانیشى سوریالیبن! له په‌ره‌گرافێکى تر‌ى نوسینه‌که‌دا باسى هه‌ندێ له‌و ماتریاڵانه‌دا ده‌کات که لهگهلهرییهکهدا هه‌ن، وه‌کو گۆزه و سندوق و روه‌ک و به‌وه‌ى که ئه‌مانیش به‌شدارن له گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیه‌ت و که‌شى سوریالى گه‌له‌رییه‌که‌دا، ده‌ستێکى ته‌ڕ به بابه‌ته‌که‌دا ده‌هێنێ و دایده‌خات. ئه‌مه جگه‌له‌وه‌ى که کاریترى هونه‌رى و ماتریاڵى تر هه‌ن، له‌باسکردن په‌ڕیون. دواجار دێینه سه‌ر تێبینیه‌کانمان له‌باره‌ى لێکدانه‌وه‌کانى نوسه‌ر بۆ کاره هونه‌رییه‌کانى زانا ره‌سول. له‌باره‌ى ڤیدیۆکانه‌وه هیچ تێبینیه‌کى نوێمان نییه، چونکه دیمه‌ن و شێوازى دانانى کاره‌که وه‌کخۆى ده‌گێڕێته‌وه و هه‌مان وه‌سف و واتاى کاره‌کانى پێشوى له‌سه‌ر دابه‌زاندۆته‌وه. نوسه‌ر ده‌ڵێت:"زانا له‌م ئیشه تازه‌یه‌یدا ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت وڕێنه ده‌شێ هه‌قیه‌ت بێ، ده‌شێ ئێمه له رێگه‌ى وڕێنه‌وه به هه‌قیقه‌ت بگه‌ین، یان هه‌قیقه‌ت له بنه‌ڕه‌ته‌وه جگه له وڕێنه هیچى دیکه نییه"! پاشان ده‌لێت"زانا فۆتۆکان و تابلۆکان و مۆزیکه‌که له پێناوى ته‌واو کردنى گێڕانه‌وه‌که‌یدا، گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت، له‌گه‌ڵ ئیشه‌که‌ى خۆیدا ئاوێته ده‌کات". هه‌ر له‌م به‌ستنه‌وه تراژیدییهى کۆنسێپتى گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیه‌ت له کاره‌کاندا به یه‌ک کاره‌وه ده‌ڵێ" گێڕانه‌وه له‌م پیشانگه‌یه‌دا وه‌کو ده‌زویه‌کى باریک به‌نێو سه‌رجه‌م ئیشه‌کاندا درێژده‌بێته‌وه، بۆیه ده‌توانم بڵێم هه‌موو میدیۆمهکانى دیکه راژه‌ى گێڕانه‌وه‌که‌ى زانا ده‌که‌ن". پرسیارى ئێمه له‌م به‌شه‌ى کۆتایی نوسینه‌که‌دا له کۆتایى په‌ره‌گرافه‌که‌یه: ئایا نوسه‌ر خوێنه‌رى دڵنیا کردۆته‌وه له‌وه‌ى که هه‌موو کاره‌کان شتێک ده‌گێڕنه‌وه به‌ناوى هه‌قیقه‌ته‌وه؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نوسه‌ر به‌شێوه‌یه‌کى به‌ڵگه‌نه‌ویست مه‌سه‌له‌ى گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌تى له کاره‌کاندا خستۆته‌ڕوو، به‌هه‌مان شێوه هه‌موو کاره‌کان له ده‌زوى هه‌قیه‌ت هه‌ڵده‌کێشێ و به‌کاره‌که‌ى زاناوه ده‌یانبه‌ستێته‌وه کاتێ ده‌ڵێ" هه‌موو میدۆمهکانى دیکه ڕاژه‌ى گێڕانه‌وه‌که‌ى زانا ده‌که‌ن". لێره‌دا ئه‌وه‌ى سه‌یره بۆ تێگه‌یشتن ئه‌وه‌یه که دیارى نه‌کردن و پێناسه نه‌کردنى چه‌مکى "هه‌قیه‌ت" بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک وا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م وته‌یه راستبێ، خوێنه‌ر ده‌ڵێت مادام هه‌موویان هه‌قیه‌ت ده‌گێڕنه‌وه/ئه‌گه‌ر پرسار نه‌که‌ین له‌سه‌ر ههقیهتهکه/ ئه‌وا شیاوه هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌کان له‌سه‌ر یه‌ک کۆنسێپت کاریان کردبێت و رازیشبوون به‌وه‌ى بوترێ له خزمه‌تى گێڕانه‌وه‌که‌ى زانا دان. ئه‌گه‌رچى خۆیان کۆنسێپتى شار و چه‌ند بیرۆکه‌یه‌کى سانهوییان خستۆته‌ڕوو که پێکه‌وه کاریان له‌سه‌ر کردووه و نووسه‌ر باسى ئهوهیانى نه‌کردووه. با هه‌ر له‌و مانا ئهبستراکتهى نوسه‌ر داوێتى به‌چه‌مکى هه‌قیقه‌ت نه‌چینه ده‌ره‌وه و بپرسین ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌کێک له‌و کارانه‌ى ناو گه‌له‌رییه‌که جۆرێکى جیواز له هه‌قیه‌ت ده‌گێڕنه‌وه، چۆن له کۆتاییدا ده‌چنه خزمه‌تى یه‌ک هه‌قیقه‌ته‌وه؟ ئه‌گه‌ر هه‌موویان یه‌ک جۆر هه‌قیقه‌ت ده‌گێڕنه‌وه، ئایا ئامانجى هه‌موو به‌رهه‌مه‌کان له بنه‌ڕه‌تدا چییه، مادام ده‌توانن به یه‌ک کارى هونه‌ریى هه‌مان هه‌قیقه‌ت به‌یان بکه‌ن بۆمان؟ وه‌ڵامى پرسیارى یه‌که‌م دیار نییه، به‌ڵام پرسیارى دووه‌م له‌ناو ده‌قه‌که‌ى کاک نه‌به‌زدا هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که "هه‌قیه‌ت ناشێ به‌یه‌ک چه‌شن بگێڕدرێته‌وه به‌ڵکو گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت فره چه‌شنه" ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو کاره‌کان به‌جیاوازى ماتریاڵهکانیشهوه هه‌قیقه‌تێک ده‌گێڕنه‌وه. ئه‌وه‌ى وامان لێده‌کات بگه‌ینه ئه‌و بڕوایه‌ى که سه‌رله‌به‌رى ئه‌و ده‌قه ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌مان بۆبسهلمێنێ که هه‌قیقه‌ت به‌یه‌ک شێوه‌و چه‌شن ناگێڕدرێته‌وه، بۆیه ئه‌م هه‌موو کاره‌ى بۆ به‌رهه‌م هاتووه. دواین ده‌ره‌نجامیش که کاک نه‌به‌ز له‌باره‌ى پیشانگه‌که‌ى مس گه‌له‌رییه‌وه ده‌یدات به‌ده‌سته‌وه که گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ته له ڕێگه‌ى فره- میدیۆمییوه، له شوێنێکى پێش کۆتایى باسه‌که‌یدا سه‌رله‌به‌رى هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و والهم ده‌قه نوسراوه ده‌کات که نه‌نوسرابێت! کاتێ هه‌موو پیشانگه‌که بریتى بێت له کۆمه‌ڵێ میدیۆمى جیاواز بۆ گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت و ئاوێته‌ببن به یه‌کێک له گێڕانه‌وه‌کان و بکه‌ونه خزمه‌تى یه‌ک کارى هونه‌رییه‌وه که کارێکى هونه‌رمه‌ند زانا ره‌سوله به‌ناوى "وڕێنه"وه، ئه‌وا دوا به‌رئه‌نجام ئه‌وه‌یه که ئه‌وه‌ى له مس گه‌له‌رى نمایش کراوه بریتییه له کۆنسێپتى وڕێنه، یان هه‌قیقه‌ته‌که‌ى مس گه‌له‌رى وڕێنه‌یه، یاخود وڕێنهکهى مس گه‌له‌رى هه‌قیقه‌ته. وڕێنه Hallucination ، زاراوه‌یه‌کى سایکۆلۆژیه، نه‌خۆشییه‌و چه‌ندین جۆرى هه‌یه که توشى مێشک و هه‌سته‌وه‌ره‌کان ده‌بێت به مانا گشتییه‌که‌ى ههستکردنهبه شتێکى هه‌ستپێکراو که بوونى نییه، کاتێ هونه‌رمه‌نێک ناونیشانى کارێکى هونه‌رى ناوده‌نێت وڕێنه، دیاره کۆنسێپتێکى هه‌یه له‌کاره‌که‌یدا که په‌یوه‌سته به ناونانهکهوه، ئێمه په‌یوه‌ندیمان نییه به‌و واتایه‌ى له بینینى کاره هونه‌رییه‌که‌وه ده‌رده‌چێت، به‌ڵکو پرسیار له کاک نه‌به‌ز ده‌که‌ین به‌پێى چى و چۆن وڕێنه هاوتاى هه‌قیقه‌ت کراوه؟ ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندێک پێى وتین خه‌ڵکینه له‌لاى من هه‌قیقه‌ت ته‌نها وڕێنه‌یه، ئه‌وا ده‌ستخۆشى لێناکه‌ین و به‌جێى بێڵین، به‌ڵکو گفتوگۆى له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین و کاره‌که‌ى شیده‌که‌ینه‌وه هه‌تا هونه‌رمه‌ند بخه‌ینه پاى به‌رپرسیارێتى وته‌که‌ى خۆیه‌وه له‌پێناوى تێگه‌یشتن و شیکردنه‌وه‌ى هونه‌ردا، چونکه به‌لاى ئێمه‌وه ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ندێک ده‌یدۆزێته‌وه‌و ده‌یبینێت له پێش هه‌موو دۆزینه‌وه‌کانى تره‌وه‌یه، به‌ڵام لێکدانه‌وه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز ته‌نها له‌باره‌ى کارێکه‌وه نییه، به‌ڵکو له‌باره‌ى کۆمه‌ڵێ کاره‌وه‌یه، یه‌که‌مجار ده‌ڵێ "ده‌شێ وڕێنه هه‌قیقه‌ت بێ" واتا هه‌موو وڕێنه‌یه‌ک هه‌رکه‌سێک ده‌یکات وه‌کو هه‌قیقه‌ت وه‌ربگیرێت، دوه‌م جار ده‌ڵێ"هه‌قیقه‌ت ده‌شێ له وڕێنه‌یه‌ک زیاتر نه‌بێت" واتا هه‌موو درکاندن و راگه‌یاندنێکى هه‌قیقه‌ت وڕێنه‌یه" جیاوازى ئه‌و رسته‌یه له مانادا بریتییه له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر له یه‌که‌مدا وڕێنه ببێت به هه‌قیقه‌ت جگه له‌وه‌ى هه‌موو شتێکى هه‌ستپێکراوى نه‌بوو ده‌گۆڕێت بۆ هه‌قیقه‌ت، ده‌کرێ بڕ و راده‌ى هه‌قیقه‌ت له ژیانماندا زۆرتر بێت و زۆر شتى تریش بگرێته‌وه که ئێسته وانین، واتا وڕێنه‌ش بگۆڕدرێت بۆ راسته‌قینه، له دۆخى دووه‌مدا به پێچه‌وانه‌وه هه‌رچى هه‌قیقه‌ته و مرۆڤایه‌تى باوه‌ڕى پێیه‌تى و پێى ده‌ژى چیتر هه‌قیقه‌ت نییه‌و ئیدى هه‌موو راسته‌قینه‌کان بونیان نیه‌و ته‌نها وڕێنه‌ن و ئێمه له دۆخى نه‌خۆشیه‌کى به‌کۆمه‌ڵدا هه‌ستى پێده‌که‌ین، سێهه‌میان که ده‌شێ وڕێنه رێگه‌یه‌ک بێت بۆ گه‌یشتن به هه‌قیقه‌ت، به‌ته‌واوى دوو واتاکه‌ى پێشتر ده‌سڕێته‌وه، مادام رێگه‌یه‌که که‌واته ناشێ خۆى هه‌قیقه‌ت بێ، ئیدى له هه‌ر سێ دۆخه‌که‌دا نازانین چۆن و به پێى کام پاساو و به‌ڵگانه نوسه‌رێک رستێک زاراوه و چه‌مکى ههمهجۆر و جیاواز له‌یه‌کترى هاوتا ده‌کات که به درێژاى ئه‌و نوسینه ده‌یبینین؟ له‌کاتێکدا ده‌شێت کارێکى هونه‌رى هه‌ڵگرى کۆنسێپتێکى هاوشێوه بێت، ئه‌وه‌ى که سه‌رله بینه‌ر تێکده‌دات خۆێندهنهوهیهکى وه‌ها هه‌ڕه‌مه‌کى و مهسرهفکردنێکى نا به‌رپرسارانه و نارونى وشه و زاراوه‌و مانایه له کاری هونه‌رییدا، نوسه‌ر واتاى به‌رهه‌مه‌کان به واتاى تر‌ى دروست کراو له زمان داده‌پۆشێت، له‌برى ئه‌وه‌ى کۆنسێپیتى خودى کاره‌کان له زمانه‌وه بێنه ده‌ره‌وه. هونه‌رى کۆنسێپچواڵ له دونیادا به‌و جوڵه به‌هێز و ئازایهى ناسراوه که له‌گه‌ڵ خۆ‌یا هه‌موشتێکى له‌باره‌ى هونه‌ره‌وه له چنگى په‌یمانگه‌کانى هونه‌ر و گه‌له‌رییه‌کان هێنایه ده‌روه‌و بڵاوى کرده‌وه به هه‌موو لایه‌کدا، له دۆخى پیرۆز و دانسقهییهوه گۆڕى بۆ هونه‌ر بۆ هه‌موو خه‌ڵک، وه‌ک چۆن ماناى هونه‌ریشى له ژێر بارى گران و پهستانهکانى فه‌لسه‌فه‌و زمانه‌که‌ى هێنایه ده‌وره بۆ ئه‌وه‌ى خۆى زمانێکى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ته‌واوى ماناکانى هونه‌رى له سیفاته نمونهیهکانى پێشترى کارى هونه‌ریى و هونه‌رمه‌ند و بایه‌تى ستاتیکاى گۆڕى بۆ تیۆره و زمانى هونه‌رى شێوه‌کارى، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه هونه‌رمه‌ندى کۆنسێپچاڵ که‌سێکى هۆشیارى ناو جیهان و سایه‌قه کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیه‌کانیشه. له کۆتاییدا نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز ده‌مان گه‌یه‌نێته ئه‌و بڕوایه‌ى کێشه‌که ته‌نها به‌رده‌ست نه‌بوونى زمانێک نییه و هه‌ڵه‌ى به‌کارهێنانى زمان نییه که وا ده‌کات ئه‌م نوسینه یه‌کێک بێت له نوسینه خراپ و بێ خه‌م و دهربهستهکانى بوارى هونه‌رى شێوه‌کارى، به‌ڵکو بڕوامان وایه که به‌ڕێزیان به‌چاوێکى کزه‌وه ده‌ڕواننه هونه‌رى شێوه‌کارى. ئێمه دڵنیاین که‌سێک له‌دواى خوێنده‌نه‌وه‌ى نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز ده‌چێت بۆ مس گه‌له‌رى و به‌دواى ههقیهتدا ده‌گه‌ڕێ، به‌ڵام کاتێ ده‌چێته ناو گه‌له‌رییه‌که‌وه و هه‌موو جیاوازییه ورده‌کانى ئه‌و کارانه له یه‌کترو له‌گه‌ڵ کاره‌کانى ده‌ره‌وه‌ى خۆیاندا ده‌بینێ، ئه‌و که‌شه سوریالییه پڕ له هقیقهته ده‌ڕه‌وێته‌وه، به‌ڵام کێشه‌که له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ى ئه‌و بینه‌رانه‌دا به‌م جۆره تێناپه‌ڕێ، به‌ڵکو شۆکى جیاوازیى نوسینه‌که‌و کاره هونه‌رییه‌کان جارێکى تر بینه‌ر له مۆزه‌و گه‌له‌رییه‌کان ده‌تۆرێنێ، وه‌ک چۆن به‌درێژاى ساڵانى نه‌وه‌ده‌کان بینه‌رى کورد نه‌یتوانى ته‌لیسمى کاره هونه‌رییه‌کان بکاته‌وه و له کۆتاییدا پشتی کرده هونه‌ر. له‌باره‌ى هونه‌رمه‌ندانى به‌شداربوو له‌و پیشانگه‌یه‌دا ئێمه نازانین له سه‌ره‌تاوه هه‌تا کۆتایى چه‌ندێ له‌گه‌ڵ ئه‌م خوێنده‌وه‌و لێکدانهوانهدان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه که وتاره‌که‌ى کاک نه‌به‌ز له‌ناو دوتوێى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌دا هه‌یه، که له سه‌ردانکردنى گه‌له‌رییه‌که‌دا ده‌یبینیت له شوێنێکدا به‌رده‌ستخراوه بۆ میوانه‌کان، که واى نیشان ده‌دات هاوڕاییه‌ک هه‌یه. کۆکردنه‌وه‌ى به‌زۆرى کۆمه‌ڵێ کارى هونه‌ریى به بیرۆکه و واتا‌و ماناى هه‌مه چه‌شن و فره دووریه‌وه له ناو یه‌ک زاراوه یان واتادا، خۆشترین و ئاسان ترین کارێکه ره‌خنه‌گر و توێژه‌ر و لێکۆله‌ر بیکات. بوارى هونه‌رى شێوه‌کارى یه‌کێکه له‌و بوارانه‌ى که که‌مترین و خراپترین ده‌قى له‌سه‌ر هاتۆته ده‌ره‌وه به‌راورد به بواره‌کانى تر‌ى هونه‌ر له کوردستان. له‌دواى ساڵانى نه‌وه‌ده‌کانى سه‌ده‌ى رابردووه‌و تاکوته‌را له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کاندا هه‌وڵى نووسین و جوڵاندنى ئه‌م کایه بێده‌نگه دراوه له‌لایه‌ن هه‌ندێ هونه‌رمه‌ند و شاعیر و نوسه‌ره‌وه، به بڕواى ئێمه ئه‌گه‌ر چى ئه‌مه وا ده‌رده‌که‌وێ که قۆناغى دامه‌زراندى ره‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ى شێوه‌کارى بێ، به‌ڵام به یه‌کێک له توندترین زه‌بره زیان به‌خشه‌کانى نوسین دا ده‌نرێ که به‌ر هونه‌رى شێوه‌کاریى که‌وتووه. زمان و فۆرمى ئه‌و نوسینانه ئه‌وه‌نده ئهبسراکت و ته‌عبیرین خۆیان پێویستیان به لێکۆلێنه‌وه‌و رونکردنه‌وه هه‌یه. به‌شێک له‌و نوسه‌رانه ته‌واو خۆیان بواردووه له ره‌خنه‌کردن و ده‌ستنیشانکردنى کێشه‌کان و پرسیارکردن، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر تابلۆ نوسراون و به‌گشتى نوسینى "ئاشتیخوازانه‌و بێوه‌ین"، سه‌رجه‌میان زمانى نوسینه‌کانیان له بواره‌کانى ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه و شیکارى دهرونیى و و قوتابخانه فه‌لسه‌فیه‌کانى تره‌وه خواستووه، زمانى قسه‌کردن و نووسین له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارییه‌وه به دنیایه‌ک وشه‌ى داتاشراو و قورس و ناڕونى فه‌لسه‌فى و شیعرى بارکراوه. جگه له دابڕینى به‌رهه‌مه هونه‌ریه‌کان له واقیع و دنیاى ده‌روه‌و خوێندنه‌وه‌ى له‌ناو خۆیدا، که وا ده‌کا "خوێنه‌ر- بینه‌ر" له کاره هونه‌رییه‌که خۆیه‌وه راسته‌خۆ هه‌ڵهێنجانى باشتر بکات هه‌تا ئه‌و نوسینه‌ى له‌باریه‌وه هاتۆته ده‌ره‌وه. هه‌ندێکى تر له‌وانه‌ى له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کاریه‌وه وتار‌و کتێبیان نووسیوه نه‌ک هه‌ر زمانه‌که‌یان سه‌راپا وهسفو غه‌زه‌ل و شیعره به‌ڵکو واتا‌و ماناى جیاواز و دوور له ناوه‌ڕۆکى به‌رهه‌مه‌که‌یان هێناوه‌ته ئاراوه‌و نوسینه‌کانیان له‌باره‌ى هونه‌ره‌وه خۆى بۆته‌وه به به‌رهه‌مێکى ئه‌ده‌بیى ئالۆِز و شیعریى که پێویستى به شیکردنه‌وه و رونکردنه‌وه هه‌یه، قسه‌کردن له‌سه‌ر وێنه به شیعر‌و فه‌لسه‌فه ئه‌و بارگرانیى و کاره‌ساته‌یه که هه‌تا ئێستا هونه‌ریى شێوه‌کاریى نه‌ک نه‌هێناوه‌ته پێشه‌وه‌ى دیمه‌نه رۆشنبیرییه‌که، به‌ڵکو چهنداجارێک کۆدڕێژ کراوه‌ته‌وه و دوورخراوه‌ته‌وه له تێگه‌یشتن. ئه‌گه‌رچى هونه‌رمه‌ندان به‌شێکى زۆریان له غیابى رهخنهدابوبێ یان هه‌ر هۆیه‌کى تر، به دڵخۆشییه‌وه ئه‌و ده‌قانه‌یان وه‌رگرتوه‌و هه‌رچی له‌باره‌ى به‌رهه‌مه‌کانیانه‌وه نوسرابێ قبوڵکردووه. به جیاوازى هه‌ندێ بیروراى شه‌خسى که له شوێنى جیاواز په‌خش و بڵاو ده‌کرێته‌وه، تا ئێستا شتێک نییه پێى بوترێ زمان و ره‌خنه‌ى هونه‌رى شێوه‌کاریى که دووربێ له زمانى شیعر و فه‌لسه‌فه و بتوانێ به شێوه‌یه‌کى زانستیانه له‌باره‌ى ئه‌م هونه‌ره‌وه قسه بکات. ئێمه پێشوازى له هه‌موو نوسینێکى باش و زانستیى له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارییه‌وه ده‌که‌ین، به‌ڵام پێویسته کاک نه‌به‌ز و هه‌ر به‌ڕێزێکى تر که ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ر هونه‌ر بدوێن له هونه‌رى شێوه‌کارى تێبگه‌ن و له نوسینى به‌په‌له‌و ئاشتى خواز‌و بێوهى بوه‌ستن و له پێشدا هه‌وڵى دامه‌زراندى زمانێکى سه‌ربه‌خۆ له‌و کایانهى باسکران په‌یدا بکه‌ن. ته‌واو تێبینى: سه‌ره‌تا ویستمان ئه‌م بابه‌ته له‌هه‌مان ئه‌و گۆڤاره ئه‌له‌کترۆنیه بڵاو بکه‌ینه‌وه که ده‌قه‌که‌ى کاک نه‌به‌زى تیادا بڵاوکراوه‌ته‌وه، به‌ڵام دواى 9 رۆژ چاوه‌ڕوانى ئه‌و به‌ڕێزانه وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه.
رۆژه حسن له‌سه‌ر ئاوازى نۆته‌یه‌ک راکشاوم له ناو ده‌نگێکى وون بودا ئه‌تلێمه‌وه، هیچ ناناسمه‌وه ... هیچ ته‌نانه‌ت ژێکانى ناو ئه‌م ئامێره‌ش جاران ئێمه کۆمه‌ڵێک ژێ بووین ژیانمان له‌سه‌ر ده‌نگ دروست ده‌کرد له‌گه‌ڵ هه‌وادا ته‌ماسمان هه‌بوو له‌سه‌ر هێڵى هیچ شه‌مه‌نه‌فه‌رێک نه‌بوین و به هه‌موو دنیادا سه‌فه‌رمان ده‌کرد هه‌ندێکمان چاومان بارته‌قاى بینینى به‌رپێى خۆمان ڕوناکى نه‌بوو که‌چى که باسى هاوڕێکانم ده‌کرد که تا ئه‌و کات نه‌مانبینى بوون ئه‌که‌وتمه ژێر گومانى چاوساغه کانه‌وه، دواى ئه‌وه‌ى به‌ر نه‌شته‌رى رۆژگار که‌وتین بارته‌قاى هه‌تاو ڕوناکى ڕژایه بینینمه‌وه هیچ شوێنێکم نه‌دییه‌وه بۆسه‌فه‌رکردن هیچ که‌سێکم نه‌بینى بیناسمه‌وه من ئه‌مخواست، وه‌ک جاران له ناو ڕه‌شى بینینما هه‌میشه ئه‌وانم به ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ببینیایه هه‌میشه وام بزانیایه بینیى حه قیقهت چێژى یه‌که‌م سه‌یرانى ناو قوتابخهیه له ساحه‌که‌یا.. وامانبزانیایه، عه‌شق ئه‌و خه‌یاڵه‌یه که له ژێر بهتانییهکانهوه ئه‌مانکرد نه‌ک ڕووتبونهوهیهکى ئه‌به‌دى وامانبزانییایه، ماڵه باجێنه ته‌رجه‌مه‌ى ژیانى گه‌وره‌کانه . که‌چى، ژیان ڕهقبونهوهى نانێکه، له‌به‌رده‌م هه‌ناسه ساردهکانى مناڵیدا به دیار یارییه‌که‌وه که دڵنیات بس سه‌یرکردنت پێ ده‌بڕێت. ئه‌و کات، خۆم هه‌ڵخستبوو به‌سه‌ر پشتى ئومێدا رۆَڵى خۆم و کابراى دوکاندارم ده‌گۆرییه‌وه من ده‌بوم به دوکاندارهکهو دڵى مناڵه‌که‌م ده‌خوێنده‌وه یارییه‌کانم ئهپێچایهوه ئه‌مووت بڕۆ بێده‌نگ برۆ به‌ڵام ئێستا، ئومێد چاوه‌ڕوانى نانى هه‌ژارێکه به ته‌نورى سه‌رمایه‌داره‌کانه‌وه . من له تلانهوهى خۆم به‌رده‌وامم به‌ڵام ڕه‌نگم گۆڕاوه خۆڵه‌مێشیم، خۆڵه‌مێشى سوتووى ئه‌و تهنورهم که‌به ئێسکى خۆمان داخراوه. من ئه‌م ژێیانه نانسمهوه .
ئا: شێرزاد هەینی هارۆکی موراکامی نووسەری بەڕەچەلەک ژاپۆنی، ئەوەی رۆمانەکانی کراون بە زۆرتر لە پەنجا زمان، چەندان خەڵاتی بەرزی ئەدەبی لەسەرانسەری جیهان وەرگرتووە، دەڵێت من رۆژانە بەو جۆرە، بەو شێوەیە وەک خشتەی کارکردن دەنووسم. کە ئەو دەچێتە سەر شوێنی دانیشتنەکەی، لەسەر هەمان رۆتین ئیش دەکات، ئەوەش وەک رۆمانەکەی بەو سرووتە تایبەتییە ناسراوە. هەموو ئەوە دەزانن. ئەو بەیانییان زوو سەعات چوار لە خەو هەڵدەستێت، بەو بەیانییە پێنج تا شەش سەعات دەنووسێت. بەوەش رۆژانە دە لاپەڕە دەنووسێت. بەر لەوەی رابکات، دە کیلۆمەترەکەی ببڕێت، دەنووسێت، یان بەر لە نووسین، مەلەوانی دەکات. ئەو گوتوویەتی: کە دەبمە نووسەر، لە خۆمەوە بڕیاردەدەم جوان و رێکوپێک بژیم: بەیانییان زوو لە خەو هەڵسم، ئێوارانیش زوو بخەوم، رۆژانەش مەشقی وەرزش بکەم. بڕوای تەواوم بەوە هەبووە، ئەگەر بمەوێ نووسەرێکی باش و سەرکەوتوو بم، دەبێ تەندروستییەکی باشم هەبێت. کەسایەتی موراکامی بریتی بووە لە لوولەیەک، یان ئامرازێکی پەیوەندی. بۆیەش دەبێت ئەو ئامێرە بەردەوام باش و دروست و بەرهەمهێنەریش بێت. بەپێی ئاکار و رووکەشییەکانی و تەمەنە پەنجا ساڵییەکەی، باش و تەندروست دیارە، ژیانی ئاسوودەیە، ئەوەش دەبێتە مایەی شادمانییەکی قووڵ، بۆیەش تاقەتی نووسینی زۆری تێدایە. لەسەر ئەو دۆخە دەڵێت: لەو رۆژانە جوان و شادمان دەژیم. کەواتە، ئەگەر لەو رۆژگارە بەردەوام بم، زۆرتر شادمان دەبم و ژمارەی لاپەڕەی نووسینەکانم زۆرتریش دەبن. نازانم چۆن خەڵکەکە، خوێنەران، تاقەتی ئەوەیان هەیە، کتێبە گەورەکانی من، لاپەڕە زۆرەکانم بخوێنەوە. بەڵام _بەبێ لووتبەرزی_ دیارە کەسایەتییەکی ناوداریشم هەیە، لەگەڵ ئەو رۆتینییە زۆرەش، وزەی زۆرم پێدەبەخشێت، تا بتوانم زۆرترین کورتە چیرۆک و بەرهەمی ریالیستی بنووسم. مۆراکامی لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی کە دەکرێنە ئینگلیزی تامی زۆر دەبینێت، وەک ئەوەی دەقێکی نوێ بخوێنێتەوە، لەسەر ئەوەیان دەڵێت: دیارە وەرگێڕانی ئەو کتێبانەم ساڵێک یان دوو ساڵی دەوێت. لە کۆتایی وەرگێڕانەکە، بەڕاستی سەرەتاکەت لەبیردەچێتەوە و نازانیت باس لە چ دەکات. ئەو لەکاتی خوێندنەوەیان سەرکەش و پەرۆش لاپەڕەکان هەڵدەداتەوە، بۆیەش دەڵێت: باشە دەبێ دوایی چ رووبدات؟ لەناکاو وەرگێڕەکە تەلەفۆن دەکات و پرسیارێک دەکات: هارۆکی وەرگێڕانەکەت بە دڵە. منیش وەک ئەوەی خۆم دەقەکەم نەنووسیبێت، هیچم لەبیرنەماوە، پێی دەڵێم بەڕاستی تامم لە خوێندنەوەی بینی، زۆریش خۆش بوو! دەقێکی ناوازەیە، بۆ من نوێ بوو.
ساڵانێکه کار له‌بوارى هونه‌رى شێوه‌کاریدا ده‌کات، چ وه‌ک هونه‌رمه‌ند و چ وه‌ک نوسه‌ر له‌و بواره‌دا، ئه‌و خاوه‌نى چەندین کارى هونه‌رى سه‌رنج ڕاکێش و ناوازهیهـ هه‌ربۆیه په‌ڕاوى هاوڵاتى به پێویستى زانى بۆ ئاشنابوون به دیدگاکانى ده‌رباره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارى له هه‌رێمى کوردستان ئه‌م دیداره له‌گه‌ڵ هونەرمەند(حەمە هاشم)دا ساز بدات. سازدانى: هانه شاخى *هونه‌رى شێوه‌کارى یه‌کێکه له‌و هونه‌رانه‌ى ڕاسته‌خۆ په‌یوه‌ندى به ژیانه‌وه هه‌یه هه‌ر له ڕه‌نگ و دیزاین و کتێب و ته‌نانه‌ت جل و به‌رگیشه‌وه، پێتان وایه له هه‌رێمى کوردستان باش بایه‌خ به‌م هونه‌ره درابێت؟ -لەھەرێمی کوردستان ھیچ بایەخێکی جددی نابینم بۆ ھونەری شێوەکاری، چونکە لە راستیدا دەسەڵاتی سیاسی کوردی کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی داناوە لە پەراوێزخستنی ھونەر و کولتور بە گشتی، چونکە لە بنەڕەتدا دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانێتی ھەرێم ھیچ پلانێکی نیە بۆ برەودان بە کولتوو، ئەمەش بۆکەمی مەعریفە دەگەڕێتەوە کە نەتوانراوە وەک پێویست کاری لەسەر بکرێت، ھەرچەندە ھەوڵی تاک تاکی ھەندێ لە ھونەرمەندان دەبینرێت، بەڵام بایەخەکە تێر ناکات، بۆیە پێم وایە دەبیَ ھۆشیاری ھونەری و گەشەدان بکرێ بە ئەولەویەت تا گرنگیەکانی ئەم ھونەرە بەدەربکەوێ، چونکە رۆڵی ھەیە لە گەشەدانی ئاستی جوانبینی تاک. *له ئێستادا کردنه‌وه‌ى پێشانگا هونه‌ریه‌کان تاڕاده‌یه‌ک که‌م بۆته‌وه و ئه‌وانه‌شى که ده‌کرێنه‌وه بینه‌ریان که‌مه. هۆکارى ئه‌مانه نه‌بوونى کارى باشى هونه‌ریه یان لاوازى ئاستى تێگه‌یشتنى هونه‌رى تاکه‌کانه؟ -نەبوونی پێشانگای باش مانای ئەوە نیە ھونەرمەندی باشمان نییە، بەڵام لە راستیدا ھونەرمەند لە نمایش‌کردنی بەرھەمەکانیدا جۆرێک لە بێھودەیی توشبووە، چونکە دەزانێ لە نمایشکردندا ھیچ بایەخێک نابینێ، ئەمەش لەبەر ئەوەی گرنگی نادرێ بە کارەکانی بێگومان ئەم کێشەیەش کۆمەڵێ ھۆکاری ھەیە، لەلایەک کۆمەڵگای کوردی لە ئاستی بینینی ئیستاتیکی کەم بایەخەو بە زەروری نازانێ ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە کۆمەڵگایەکی کولتور شێواوە و پەروەردە بنەڕەتیەکانی پێگەیاندنی کولتوری زۆر لەدواوەیە، جگە لەوەش بە شێوەیەکی گشتی خەڵک گیرۆدەی کێشەی تر کراوە، کێشەی ژیان و گوزەران و ئارامی کە تەرکیزی لەسەر بابەتە کولتوریەکانی کەم بۆتەوە . *تا چه‌ند ته‌کنه‌لۆژیا به‌تایبه‌ت کۆمپۆته‌ر زیانى به کارى ڕاسته‌قینه‌و تاموچێژى تابلۆى هونه‌رى گه‌یاندوه، به‌و پێیه‌و هه‌ندێکجار کارى هونه‌رى هه‌ندێک هونه‌رمه‌ند به کۆمپیۆتهرى ده‌کرێت؟ - تەوژمی تەکنەلۆژیا رۆژ بەرۆژ بەرەو پێشەوە دەڕوات و خێراتر گەشە دەکات، کە ئێمە ناتوانین بەری پێبگرین، ئەم گەشەکردنەی تەکنەلۆژیا ھەم سودی بۆ مرۆڤایەتی ھەیە ھەم لە ھەندێ ئاقاردا زیانی گەورەی گەیاندوە بە مرۆڤایەتی بەتایبەت ئەو زیانە گەورانەی بەر ژینگە کەوتووە بە ھۆی تەکنەلۆژیاوە، ھونەری شێوەکاریش بێبەش نیە لەو زیان و سودانە، ھەندێ لە ھونەرمەندانی دوونیا توانیویانە بەھۆی تەکنەلۆژیاوە کاری داھێنانەی گەورە بکەن و سودی لێوەرگرن لە پنتە ھونەرییەکانیان بەتایبەت لە (گرافیک ئارتی تەلەفزیۆنی و دیزاینکردن و ڤیدیۆ ئارت) و زۆری تر، لەبەرامبەر ئەمەشدا لەھەندێ پێگە ھونەرمەند وەک کەرەستەی وێنەکێشانیش سودی لێدەبینێ، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەچاوی کارەکە چێژ نامێنێ، چونکە ھەندێ کاری وێنەکێشان ھەیە چێژ لە بینینیان دەکەین کاتێک ھەست بە جوڵە و بۆشایی و ھێڵە خێراکانیان دەکەین، کاتێک تۆ لە فۆڕمی کارەکە دا ئەو ھەستەت بۆ دروست نەبوو کاردەکاتە سەر رادەی چێژبینیننت، کەواتە لەھەموو سوچێکەوە تەکنەلۆژیا سودبەخش نیە. *تۆ زۆر گه‌له‌رى جیهانى گه‌ڕاوى، لێره نه‌بوونى گه‌له‌رى تایبه‌ت به پیشاندانى تابلۆى هونه‌رى تاچه‌ند هۆکاره بۆ نه‌بوونى مۆزه‌خانه‌ى هاوچه‌رخى هونه‌رى؟ -یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمە نەبوونی مۆزەی ھونەری تایبەتە، وە زۆر گرنگە لە منداڵیەوە ئێمە رابھێنرێین بە بینینی بەرھەمی ھونەری لە مۆزەخانەکاندا، جگە لە کوردستان لە زۆرێک لە مۆزەخانەکانی دونیا و ئەوانەی من سەردانیم کردوون زۆرجار منداڵم بینیوە جا یان لەگەڵ باوک و دایک یان لەگەڵ گروپی خوێندنگاکانیان و مامۆستاکانیان ھاتوون، تەنانەت منداڵی باخچەی ساوایانیشم بینیوە، گرنگی بینینی مۆزەخانە بۆ منداڵ زۆر و کاریگەرە لەسەر ژیانی پەروەردەییان، چونکە منداڵ بە بینینی مۆزەخانە چاوگە بنیاتیەکانی مێشک و بیرکردنەوە و پەروەردەیی گەشە دەکات، زانیارییە مێژوویی و جوگرافی و ھونەری و ئەدەبی و زانستیەکانیشی پەرەدەسەنێت و بایەخەکانی مێژوو و داھێنا تێدەگات، بۆیە کاتێک کە گەورە دەبێت رێز دەگرێت لە کولتوری داھێنان و زانستی مێژوو. ھەربۆیە گەلانی پێشکەوتوو گرنگی زۆر دەدەن بە چوونی منداڵ بۆ مۆزەخانە، وە زۆر جاران لە ووڵاتێکی دوورەوە منداڵان بە شێوەی گرووپ و لەگەڵ مامۆستای تایبەت دەچنە ووڵاتێکی تر بۆ بینینی مۆزەخانە گرنگەکان . *له‌ماوه‌ى ڕابردوودا به‌رده‌کانى نێوان دێگه‌ڵه که سنورى شه‌ڕى ناوخۆبوو ڕهنگکردهوه هۆکارى دوباره ڕه‌نگ کردنه‌وه‌ى چى بوو؟ مه‌به‌ستان له‌و کاره چیه؟ -ئەو شوێنەی ئەو بەردانەی لێیە پێی دەڵێن (پیرەر)، کە سنوری نێوان دووھێزە شەڕکەرەکەی ناوخۆ بوو ، بیرۆکەکە ھی مامۆستا ئیسماعیل خەیاتە، ئێمە کارمان تێیدا کردوە، لە راستیدا ئامانجی گشتی لە رەنگکردنەوەی ئەم شوێنە بۆ گۆڕینی وەزیفەی شوێنە لە سنوری شەڕ و ماڵوێرانی و مەرگ ، گۆڕینی بە رەنگی جوان و ژیان دۆستی و ئاشتی کە ئەمە بۆخۆی وەزیفە سەرەکیەکەی ھونەرە، لەم ماوەیەدا من لەگەل قوتابیانی ھونەرە جوانەکانی ھەولێر دووبارە بەشێکیمان تازەکردەوە، ئەوەی راستیبێت من مەبەستم بوو قوتابیەکان تەجرەبەیەکی تازە ببینن لە رەسمکردن جیاواز لە پانتای تابلۆ و چوارچێوە، بەڵکوو لە پانتایی گەورەو ئازاد، ئەم جۆرە کردارانەش روانبینییان گەورەتر دەکات بۆ ھونەر و ژیان، جگە لەمەش ئەم شوێنە وەک سیمبولێک بمێنێتەوە جوانە بۆئەوەی ئەو مێژووە رەشە لەبەر چاومان بێت و دووبارە نەبێتەوە، جگە لەوەی بارستەیەکی ئیستاتیکی جوانیش دەبەخشێ بە ناوچەکە . نەبوونی پێشانگای باش مانای ئەوە نیە ھونەرمەندی باشمان نییە، بەڵام لە راستیدا ھونەرمەند لە نمایش‌کردنی بەرھەمەکانیدا توشى جۆرێک لە بێھودەیی بووە. یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمە نەبوونی مۆزەی ھونەری تایبەتە، وە زۆر گرنگە لە منداڵیەوە ئێمە رابھێنرێین بە بینینی بەرھەمی ھونەری لە مۆزەخانەکاندا.
کورتیلە چیرۆک : دابان عەتار )بەڵێ من یەکێک بووم لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ئەو بیردۆزە، تەنانەت لەوانەیە ئێوە لە هاوڕێکانمەوە بیستبێتتان، من چەندە سەرسەختبووم، بە شێوەیەک جاری وا هەبووە سەرکوتم کردوون لەسەر ئەوەی، کە بڕوایەکی پێچەوانەیان دەربڕیوە. هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شتێکی وا ڕووبدات، ئاخر تێ بگەن! بۆ من تا ئەوکاتە باوەڕنەکردەبوو(ئەم دێرانەم لەنێو دوو کەوانە داناوە، چونکە دەشێ لەم چیرۆکەدا چەندجارێک دووبارەبێتەوە. ڕۆژێکیان خۆم گەیاندە نەخۆشخانەی دەروونی، لە تەنیشت نەخۆشخانەی جمهوری لە هەولێر لەو دەرگەیەی دەکەوتە بەرانبەر پردی شۆرش چوومە ژوورەوە. خۆم گەیاندە یەکێک لە ژوورەکان، کۆمەڵێک نەخۆشی تێدابوو. بزانن من خەریکی لێکۆڵینەوەکەم بووم لەسەر چەند جۆرێکی نەخۆشی نیڕۆسی، هەر بۆ ئەو مەبەستەش هاتبوومە ئەو نەخۆشخانەیە، تا بیروڕای دکتۆرەکان وەرگرم و چاویشم بە چەند نەخۆشێک بکەوێت. ئا با لەبیرم نەچێ: )من یەکێک بووم لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ئەو بیردۆزە، تەنانەت لەوانەیە ئێوە لە هاوڕێکانمەوە بیستبێتتان، من چەندە سەرسەختبووم، بە شێوەیەک جاری وا هەبووە سەرکوتم کردوون لەسەر ئەوەی، کە بڕوایەکی پێچەوانەیان دەربڕیوە. هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شتێکی وا ڕووبدات، ئاخر تێ بگەن! بۆ من تا ئەوکاتە باوەڕنەکردەبوو.) خۆم بە ژووری ژمارە سێ‌دا کرد. ئەوەی لە ژوورەکەدا بینیم نەکردەبوو! بەڵێ، بەڵێ، دەڵێم ئەوەی بینیم زۆر سەرسوڕهێنەر بوو! فڕۆیدم بینی لەچەرپای ژمارە سێ ڕاکشابوو، سەرنجی لە پانکەی سەقفەکە گیرکردبوو، بە پەنجەی شایەتومانی کونەلووتی دەکۆڵیەوە. دووسێجار چاوەکانمم هەڵگلۆفت، بەڵام ئەو دیمەنەی بینیم ڕاستی بوو. خۆم گەیاندێ و بەهەرحاڵێک بووە فڕۆیدم دواند. بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی ١٩٣٩ کۆچی دوایی کردبوو، کەچی ئێستا ٢٠١٧ یە و ئەو دەبینم لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر! بەڵێ دڵنیام خۆی بوو. لێیمپرسی: - ئەوە لێرە چی دەکەی ؟ ئەویش بەدەم کۆڵینەوەی لووتیەوە ئەم قسانەی پێ گوتم: -(بەڵێ من یەکێک بووم لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ئەو بیردۆزە، تەنانەت لەوانەیە ئێوە لە هاوڕێکانمەوە بیستبێتتان، من چەندە سەرسەختبووم، بە شێوەیەک جاری وا هەبووە سەرکوتم کردوون لەسەر ئەوەی، کە بڕوایەکی پێچەوانەیان دەربڕیوە. هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شتێکی وا ڕووبدات، ئاخر تێ بگەن! بۆ من تا ئەوکاتە باوەڕنەکردەبوو). من هاتمە ئیرە بۆئەوەی تاقیکاری لەسەر لێکۆڵینەوەکەم فراوانتربێت، بەوەی لە شاری جیاجیا ئەو تاقیکردنەوەیەم ئەنجام بدەم لەسەر مرۆڤی خاوەن کولتووری جیاواز. هەرچەندە پێش بێمە ئیرە وامدەزانی، کە مرۆڤی هەموو کولتوورەکان هەر بەتەنێ یەک پاڵنەڕ هەڵیان دەسووڕێنێ. دەبوایە تاقیکاری لەسەر چەند نەخۆشێکی نیڕۆسی بکەم. -ئەدی چی وای لێ کردی خۆت بکەویە ئەم ژوورەوە و لەگەڵ نەخۆشەکانی ئێرە بەند بکرێیت؟ قاقایەکی لێدا! خۆی گرمۆلەکرد و دواتر چاوانی بۆ دووریان ڕوانی، بەردەوام بوو: - بیردۆزەکەم لیرەوە کەوتە ژێر پرسیارەوە. سەرنجم دا، لێرە ئەوەی هەیە هەر لەبەرگیراوەی باوکەکانە، کەسێک بوونی نییە بەناوی کوڕەوە، تەنانەت ئەو کوڕانەش، کە دەیانەوێ لەباوک هەڵگەڕێنەوە لە کۆتاییدا هەر لەبەرگیراوەکانی باوکەکانیان. باوکانی ئیرە ڕۆژانە وێنەکانی خۆیان لە کوڕەکانیاندا لەبەردەگرنەوە. هاهاها تۆیش باوکی لەکاتێکدا کوڕی خۆشتی، ههههه کوڕە باوکەکە هاهاهاا... بەپەلە خۆم گەیاندە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە تا لێی بپرسم: فڕۆید چی دەکرد لەوێ و چۆن هێنابوویان بۆ ئەوێ. بەڕێوەبەرەکە بۆ ساتێک لێم ڕاما، بزەی هاتێ دواتر سەری ڕاوەشاند و لە ژێر لێوەوە گوتی: - لاحول ولا لەدەستی ئەم نەخۆشانە!
ئیسماعیل حەمە ئەمین چاوم ده‌كه‌وێته سه‌ر لاپه‌ڕه ٣٥٢ ی كتێبه گرنگه‌كه‌ی پیته‌ر سلۆته‌ردایك (منداڵه ترسناكه‌كانی نوێكات) له‌وێدا ده‌ڵێت؛ توانه‌وه‌ی سوبێكت له ناو (بێخود- بوون - Slebstlosigkeit) كه نایه‌وێت په‌یوه‌ندی به گواستنه‌وه‌ی میراتی نه‌وه‌یه‌كه‌وه هه‌بێت بۆ نه‌وه‌یه‌كی دیكه (1)له‌م به‌شه‌دا سلۆته‌ردایك ئاماژه به ده‌ركه‌وتنی قه‌شه فرانسیس ده‌كات(2) كه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی سیانزه نایه‌وێت چیتر ته‌نها وه‌رگری میراتی بێت كه له نه‌وه‌یه‌كه‌وه ده‌به‌خشرێت به نه‌وه‌یه‌كی دیكه. نایه‌وێت ته‌نها میراتی وه‌ك ماتریاڵ و وه‌ك كو‌لتور و نه‌ریت له باوكه‌وه وه‌ربگرێت، نایه‌وێت میراتیخۆر بێت... ئاوه‌ها له قه‌شه فڕانسینسی گه‌نجه‌وه فرانسیسكایهكان له‌ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان به جلی لهگوێنی زبر و قاپی سواڵهوه په‌یداده‌بن. ئه‌مانه منداڵی ده‌وڵه‌مه‌ند و چینی ناوه‌ڕاست و ئۆرۆستوكراتن سواڵده‌كه‌ن بۆ هه‌ژار و بێده‌ره‌تانه‌كان و ژیانی ماتریاڵی و میراتی خانه‌واده‌كانیان ڕهتكردۆتۆتهوه. لێره‌وه خودی خۆیان له‌بیركردووه و ژیانی (بێ – خود) یان هه‌ڵبژاردووه. ته‌نانه‌ت كیژه ئۆرستوكرات و خانه‌دانێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌ك (كلارا) كه ده‌زگیرانی ( فرانسیس) بوو، ده‌بێته ده‌چێته ناو ئه‌و گروپه گه‌نجه‌وه بڕیارده‌ده‌ن هاوسه‌رگیری نه‌كه‌ن و خۆیان بۆ ئایدیای خوا ته‌رخان بكه‌ن و ببن، باوكی سه‌ر سه‌رزه‌وی ڕه‌تبكه‌نه‌وه و ببن به منداڵی باوكی ئاسمان كه خوایه. ئاوه‌ها له‌سه‌ده‌ی سیانزه‌وه (خوشكه كلاریستهكان) له‌گه‌ڵ (برا فرانسیسكایهكان ) له‌هه‌موو شوێنێكدا ده‌بینران، هه‌ر بۆیه ڤاتیكان كه‌وته ژێر فشاری ئه‌م گروپه فرانسیسكایانه و دانیان پێدانان . ئه‌وان سه‌ره‌تای كولتورێكی توانه‌وه‌ی (خود) یان سوژهیان له ناو بێخودیدا دامه‌زراند. به مانای خود له ده‌ره‌وه‌ی خوده هه‌بوو و ڕۆڵه كۆمه‌ڵایه‌تیه هه‌بووه‌كه‌ی گه‌مه‌یه‌كی دیكه ده‌كات، كهگهمهی خۆ ته‌رخانكردنه بۆ ئایدیا باڵاكان و گۆڕینی دونیا، بۆ له‌بیركردنی دونیای شمه‌كخۆری و خۆ ته‌رخانكردن بۆ ئایدیا گه‌وره‌كان. به‌مشێوه‌یه ڕێره‌وێكی دیكه له‌ناو كریستانیزمدا دروستده‌كه‌ن، كه‌سه‌ره‌تای ڕزگاركردنی مه‌سیحیه‌ت بوو له چه‌قبه‌ستوویی و به‌ردی بناغه‌ی گۆڕانكاری سه‌ده‌ی شازده بوو كه جیاكردنه‌وه‌ی ئاین بوو له ده‌وڵه‌ت و دونیای ماتریاڵی و قسه به‌ناوبانگه‌كه‌ی (مارتین لوسه‌ر) ئه‌وه‌بوو؛ ئه‌وه‌ی هی پاشایه هی پاشایه و ئه‌وه‌شی هی خودایه هی خوایه ... ئیسلام له‌مه‌دا شكستی هێنا (ده‌سه‌ڵاتی پاشایی – خودا لێك جودا بكاته‌وه) ئه‌و ڕیفۆرمه له‌خودی خۆیدا بكات، چونكه پڕۆسه‌ی ( بێخود – بوون ) تێدا ڕووینه‌دا. سوبێكت و خودی ئیسلامی به‌درێژایی مێژوو سه‌رقاڵ نه‌بووه به خواوه‌ند و خالیق، به‌ڵكو سه‌رسامبووه به مه‌خلوق و ده‌سه‌ڵاتی، به‌مه‌ش ده‌مێكه كایه میتافیزیكیه ڕۆحانیه‌كه‌ی به‌جێهێشتووه، هه‌ر بۆیه تاوه‌كو ئه‌مڕۆ هێشتا گیرۆده‌یه به په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ژیانه‌وه....سینیزمی ئیسلامی یان بڵێین ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی ئیسلامه‌وی سیاسی له‌وه‌دایه هه‌موو حكومه‌ت و كه‌سه ئیسلامیه‌كی دیار منێكه، خودێكه و شكستخواردووه له‌به‌رامبه‌ر پڕۆسه‌ی خۆته‌رخانكردن بۆ خواوه‌ند و كایه ڕۆحیه گه‌وره‌كه‌ی. سه‌رسامه به ده‌سه‌ڵاتی سه‌ر زه‌وی و بیریچووه كه خودا له ئاسمانه. سه‌رسامه به قازانجه ماتریاڵیهكان، به‌ده‌سه‌ڵات، هه‌ر له پاسپۆرتی ئه‌وروپاییه‌وه بیگره تاوه‌كو ژماره‌ی بانكی له ئه‌وروپا و تاوه‌كو هه‌موو پێداویستیه‌ك كه مۆدێرنه ده‌یخاته به‌رده‌می. ئه‌م خوده ئیسلامیه سیاسیه ته‌واو خودێكی مۆدێرنه... ئاوه‌ها ده‌یانبینین له له‌نده‌نه‌وه، له نه‌رویجه‌وه، له سعودیه‌وه، ئیسلامیه خاوه‌ن ماتریاڵه‌كان؛ ئوسامه‌ی ملیاردێر، قهرهزوای ملیۆنێر و مه‌لیك سه‌لمانی سعودی و ئۆردوگانی ملیاردێر...خۆیان وه‌ك خه‌لیفه‌ی ئومه‌ی ئیسلامی و خاوه‌ن خودێكی ئیسلامی له‌ناو مۆدێرنه‌دا پێناسه ده‌كه‌ن. ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی سیاسی ئه‌مانه له‌وه‌دایه له هه‌موو دونیاوه بانگه‌شه‌ی توانه‌وه‌ی خود ده‌كه‌ن به‌وه‌ی ده‌بێت (بێخودیدا بتوێته‌وه) و به جۆرێك كه‌خۆی له‌ناو هه‌وادا پهرتبكاتهوه بۆ گه‌یشتن به حه‌فتا پاكیزه له‌به‌هه‌شتی به‌ریندا. هه‌روه‌ها داواده‌كه‌ن موسوڵمان كحول نه‌خواته‌وه و سه‌ما نه‌كات، ته‌نانه‌ت پێنه‌كه‌نێت، ئه‌وه نه‌كات له دونیای مۆدێرندا له‌ژێر ناونیشانی (ئازادی جه‌سته و هزردا) بوونی هه‌یه. داواده‌كه‌ن وه‌ك (فرانسیسكایهكان) دونیای فانی و هه‌بوو بكه‌نه قوربانی بۆ به‌هه‌شتی به‌رینی باری ته‌عالا و بچنه ناو گوتاری جیهاده‌وه. به‌ڵام ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی (سینیزم) لێره‌دایه، به‌وه‌ی خۆیان دوای ته‌واوبوونی بانگه‌شه‌كانیان بۆ بێخودبوونی موسوڵمانان له لایڤهكانیاندا و دوای ته‌واوبوونی به‌رنامه‌كانی تی ڤی، سواری ئۆتۆمبێله مۆدێرنه‌كانیان ده‌بن و ده‌چنه‌وه ماڵه مۆدێرنه‌كانیان و خوده مۆدێرنه شمهكخۆرهكهیان تێرده‌كه‌ن! ئه‌وانیش وه‌ك منه‌كانی دونیای مۆدێرن نایه‌نه‌وێت له‌كولتوری باو (مۆدێرنه) جوادا ببنه‌وه وله‌دژی ئه‌وه‌ن خود له بێخودیدا بتوێته‌وه. ٢ سه‌یر له‌وه‌دایه توانه‌وه‌ی خود له‌ناو (بێخودیی) پرۆسه‌یه‌كه له‌سه‌ده‌ی سیانزه‌وه له‌ئه‌وروپاوه درێژ ده‌بێته‌وه و جارێكی‌تر له سه‌ده‌ی بیستدا له كولتوری سۆسیالیزمدا ده‌بێته گوتارێكی دیكه له‌ژێر ناوی (هه‌ڵخلیسكانی چینایه‌تی). ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه گه‌ر له‌چینی ناوه‌ڕاست و بۆرژوا بیت، ئه‌وا ده‌توانیت ببیت به (چینی كرێكار) و له‌م چینه‌دا خوده ههمبووهكهت بتوێنیته‌وه. ئه‌مه‌ش ژیانی سۆڤیه‌تی هێنایه كایه‌وه، كه كۆی خه‌ڵك بوون به كرێكاری ده‌وڵه‌تی سۆسیالستی و ده‌بوایه سامانی وڵات به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر هاوڵاتیانی سۆڤیه‌ت دابه‌شبكرێت! له‌ڕاستیدا سه‌رانی سۆڤیه‌ت و بلۆكی سۆسیالستی جگه له‌بنه‌ماڵه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و دیكتاتۆری قه‌ڵه‌و نه‌بێت هیچیتری لێ بهرههمنههات و دوایش ته‌واو ڕووخا و گۆرباتشۆف كه‌دوا سه‌ركرده‌ی بوو بووه ماركه و ناوی ڤۆدكایهك كه‌ئێستا له‌بازاڕه‌كاندا به ڤۆدگای گۆرباتشۆڤ ناسراوه... ئاوه‌ها خوده سیاسیه‌كه‌ی سۆسیالستی له پرۆسه مێژوویه‌كه‌یدا نه‌یتوانی له (بێخودیدا) بتوێته‌وه، كه‌سیش نه‌یتوانی هه‌ڵخلیسكانی چینایه‌تی ئه‌نجامبدات. دوا فیگوری ئه‌م هه‌ڵخلیسكانه وێنه‌ی (كیم ئیل یونگ - ئونگ) گه‌نجی سه‌رۆكی ئه‌به‌دی كۆریای باكووره، كه ده‌سه‌ڵاتی كۆمۆنیزمی له‌بنه‌ماڵه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه. ئه‌م خوده كۆمۆنیستیه گرفتی قه‌ڵه‌ویی هه‌یه به‌هۆی حه‌زی لهپهنیره گرانبه‌ها سویسریه‌كان، به‌مه‌رجێك كرێكارنی وڵاته‌كه‌ی له‌برساندا و له‌سه‌رماندا له‌سه‌ر جاده‌كان ده‌مردن و به‌یانیان شاره‌وان مردووه‌كانی سه‌رجاده له‌گه‌ل خۆڵ و خاشاك فڕێده‌داته ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان. پێچێكی دیكه‌ی ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ی ئه‌قڵی گاڵته‌جاڕی بێخودبوونه له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا له‌وه‌دایه، سه‌دام حوسێن كه حزبه‌كه‌ی ناوی (پارتی ژیانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی سۆشیالستی) بوو، ئه‌و (هه‌ڵخلیسكانه چینایه‌تی) ی به‌شێوه‌یه‌كی دیكه وه‌رگرت و له‌پڕێكدا له‌كۆتایی هه‌شتاكاندا هه‌موو كارمه‌نده‌كانی حكومه‌تی كرد به (فه‌رمانبه‌ر) ئیدی چینی كرێكار نه‌ما، به‌ڵكو كرێكاران بوون به (فه‌رمانبه‌ر) و به فه‌رمانبه‌ر ناوده‌بران ...ئاوه‌ها توانه‌وه‌ی خوده‌كان له خودی فه‌رمانبه‌ردا، هه‌مان توانه‌وه‌ی خودی كۆمه‌نیستی بوو له‌خودی كرێكاری‌دا و كۆی سیاسه‌ت ده‌یویست خوده‌كان بكاته بێخودی سیاسی. ده‌بێت مه‌لا مه‌حمود یان بێخودی شاعیر (١٨٧٩-١٩٥٥) بیری له‌چی كردبێته‌وه كاتێك ناوی نازناوی شیعری خۆی ده‌كات (بێخود)...بڵێی نه‌یوستبێت چیتر ئه‌و خوده هه‌بووه بێت كه له‌ناو كولتوری باودا هه‌بووه و كوڕی هه‌مان كو‌لتور بێت؟!...بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م غایله‌یه، ده‌توانین له‌وه‌دا له‌و (بێ خودییه‌ی ) ی (بێخود ) تێبگه‌ین، كاتێك به‌شێكی زۆری ژیانی مامۆستایه‌تی كردووه و كاری كولتوریی و په‌روه‌رده‌یی كردووه بێئه‌وه‌ی مانگانه یه‌ك فلس وه‌ربگرێت. به‌جیاواز له درۆكانی سه‌رانی ئیسلامیه‌ت و كۆمۆنیزم، بێخود وه‌ك پیاوی ناو ڕۆحێكی گه‌وره، وه‌ك زاهیدێك، وه‌ك قه‌شه فرانسیسكایهكی زه‌مه‌نی خۆی به‌ناو ژیاندا تێپه‌ڕده‌بێت و كۆچده‌كات. *بڕوانه - به‌ئه‌لمانی – سلۆته‌ردایك – منداڵه ترسناكه‌كانی نوێكات – ٢٠١٤ Peter Sloterdijk, die schrecklichen Kinder der Neuzeit, Suhrkamp Verlag 2014 سوبێكت و خودی ئیسلامی به‌درێژایی مێژوو سه‌رقاڵ نه‌بووه به خواوه‌ند و خالیق، به‌ڵكو سه‌رسامبووه به مه‌خلوق و ده‌سه‌ڵاتی له‌ڕاستیدا سه‌رانی سۆڤیه‌ت و بلۆكی سۆسیالستی جگه له‌بنه‌ماڵه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند و دیكتاتۆری قه‌ڵه‌و نه‌بێت هیچیتری لێ بهرههمنههات و دوایش ته‌واو ڕووخا
سازدانى – لۆڤە محەمەد خانمه هونه‌رمه‌ند و ئه‌کته‌رى دیارى بوارى درامایى کوردیى (هەواڵ عوسمان) له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ڕایگه‌یاند: له ئێستادا ناتوانم وەکو جاران بچمەوە بواری هونەری و لە دراما یان شانۆ و سینەمادا ڕۆڵ ببینم، چونکە سه‌رقاڵى بوارى بازرگانیم و دوکانه‌که‌ى هاوسه‌ره کۆچکردوه‌که‌م به‌ڕێوه ده‌به‌م.. هەواڵ عوسمان لە دایکبووی ساڵی (١٩٧٧)گەڕەکی (تویمەلیک)ى شاری سلێمانیه، تا ئێستا بەشداری زیاتر لە (٣٥) شانۆدا کردووە و لە یەک فلیمی سینەمایشدا بەناوی (نامۆ) ڕۆڵی بینیوە کە فلیمەکە تایبەت بووە بە شێرپەنجە و داهاتی فلیمە سینەماییەکەش دراوە بە نەخۆشخانەی هیوا. هەواڵ عوسمان لەم دواییانەدا و لە دوای کۆچی هاوسەرەکەیەوە لە بواری هونەری دوورکەوتوەتەوە و له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتی ڕایدەگەیاند:"لە ئێستادا هیچ کارێکی هونەریم لەبەردەستا نیە، ئه‌گه‌رچى له‌لایان چەند دەرهێنەرێکەوە داوام لێکراوە کە بەشداری لە درامادا بکەم، بەڵام ناتوانم وەکو جاران بچمەوە بواری هونەری ڕۆڵ ببینم، چونکە ئەرکی ئێستای من زۆر قورسە و هەم دایکم و مامۆستاشم و بازرگانیشم، بەڵام لە ئێستادا زۆر بێ دەرفەتم، ئەو کاتە زۆرەی بۆ هونەرەکە دەڕوات دەتوانم بۆ منداڵەکانمی دابنێم". وتیشى دەمەوێت کارە تەواو نەکراوەکانی هاوسەرەکەم تەواو بکەم کە لە بەرنامەیدا بووە و نەیتوانیوە تەواوی بکات. سەبارەت بەوەی تا چەند توانیوێتی کە لە بواری بازرگانیدا کاربکات، وتی:"لەم وڵاتەدا و لەم ڕۆژەدا هیچ کارێک ئاسان نیە، بەڵام سوپاس بۆ خواهەوڵمداوە کە ئیشەکان بەرەو پێش ببەم و سەرکەوتن بەدەستبهێنم، ئه‌گه‌رچى هیچکارێک بێکێشه‌و ماندوبوون نییه، به‌ڵام من هه‌وڵمداوه به‌پێى توانا شاره‌زابم له کارهکهداو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ى به‌رم تا ڕۆحى هاوسه‌ره کۆچکردوه‌که‌م له گۆڕه‌که‌یدا ئاسووده‌بێت.
هاوڵاتی – لۆڤە محەمەد )بێریڤان جەلال) یه‌کێکه له کچه وه‌رزشه‌وانه چالاکه‌کان، ئه‌و پەیمانگای وەرزشی (هەڵەبجە) تەواو کردووە و بەهۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا لە کۆلیژی وەرزش لە (هەڵەبجە) وەرگیراوەتەوە و لە ئێستاشدا خوێندکارە لە کۆتا قۆناغی ئەو کۆلیژە و لەسەر ئاستی (کوردستان و عێراق) یاریزانێکی زۆر باشە و توانیوێتی لە زۆربەی یاریەکاندا پلەی باش بۆ یانەکەی یاخود هەڵبژاردەکەی بەدەستبهێنێت. بێریڤان سەبارەت بە وەرزشوانیەکەی بۆ هاوڵاتی دەڵێت:"١١ ساڵە وەرزشی تۆپی پێ دەکەم و یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم و لە هەمان کاتدا یاریزانی تۆپی دەستیش بووم، وە بۆ چەندین یانە یاری گۆڕەپان و مەیدان و فووتساڵ و تۆپی دەست و تێنسی سەرمێزم کردووە، هەروەها وە لە ئێستاشدا بۆ یانەی سیروانی نوێ کاردەکەم لە شاری سلێمانی و ڕاهێنان دەکەین بۆ خولی کوردستان بۆ یاری فووتساڵ" له ئێستادا (بێریڤان) لە فێرگەیەکی تۆپی پێی بۆ منداڵان بە ناوی فێرگەی (ئاسۆ) ڕاهێنەرە، تاوەکو منداڵان هەر لە تەمەنی بچوکیانەوە فێری وەرزش بکات و منداڵانی سەروو تەمەن (٦)ساڵان وەردەگرێت و لە ئێستاشدا (٢٥)خوێندکاری کچی هەیە، هەروەها ڕاهێنەریشە لە هۆڵێکی لەشجوانی لە شاری هەڵەبجە.
هاوڵاتی – لۆڤە محەمەد خانمه شێوەکار (شوعله سلێمان) پێشانگای (٢١ تابلۆ بۆ سەدەی ٢١) لە شاری بریستول لە لەندەن کردەوە کە ماوەی هەفتەیەکی خایاند. پێشانگاکە ٢١ کاری هونەری لەخۆ گرتووە کە سەرجەمی کارەکان هێڵکاری بوون بە ماددەی (پاسیل و تێکەڵ کۆلاج) دروستیکردوون. هونه‌رمه‌ند (شوعله سلێمان) سەبارەت بە پێشانگاکەی بە هاوڵاتی ڕاگه‌یاند: له ڕێی ئەم ئەزموونەوە دەمەوێت بزانم ئایا سەدەی ٢١ بەراورد بە سەدەکانی ڕابردوو چارەسەر دۆزراوەتەوە بۆ کێشە کۆمەڵایەتیەکان، یاخود مرۆڤ لەبری چارەسەر شێوازی تازەگەری و داهێنانی داڕشتووە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئایا مرۆڤایەتی لەوپەڕی ڕۆچووندایە؟ وە زۆر پرسیاری دیکە هەڵدەگرێت کە هەر تاکێک دەشێت تەواو هەست بە دواکەوتنی سەدەی سەردەم دەکات لە ڕێیەوە. تابلۆکان هێما بوو بۆ ئەو ناخۆشیانەی کە بەسەر ژنان و هاوڵاتیاندا گەیشتووە لە سەدەی ٢١دا و ئەو نەهامەتیانەی کە هاوڵاتیان تێیدا دەژین.ئەمە چوارەمین پێشانگای تایبەتی شوعلە سلێمانە کە لە ئێستادا لە کلەندەن دەژی و لە وڵاتانی دەرەوەش بەردەوامە لەسەر کاری هونەری و دەیەوێت لە ڕێگەی هونەرەوە کلتوری کوردی و کلتوری دەرەوە بەیەک ئاشنا بکات.
ئاماده‌کردنى: تاڤگه محه‌مه‌د خانمه هونه‌رمه‌ندى شێوه‌کار(مژده فه‌تاح) له ئه‌زمونێکى نوێ‌دا یه‌که‌مین پێشانگاى تایبه‌تى خۆى ده‌کاته‌وه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌دایک بووى ساڵى (1985)ه له شارى سلیمانى و ساڵى (2011) په‌یمانگاى هونهرهجوانهکانى له سلیمانى ته‌واو کردوه، له ڕابردوودا به‌شدارى چه‌ندین چالاکى هونه‌رى له په‌یمانگا و ده‌ره‌وه‌ى په‌یمانگا کردوه، ئه‌م پێشهنگایهى یه‌که‌مین کارى تایبه‌تى ئه‌وه که ناوه‌ندى (7) ڕه‌نگ بۆى ده‌کاته‌وه. ده‌رباره‌ى پێشه‌نگاکه(به‌ختیار سه‌عید) سه‌رپه‌رشتیارى ناوه‌ندى (7) ڕه‌نگ، به هاوڵاتى ڕاگه‌یاند" (7) ره‌نک وه‌کو هه‌موو جاره‌کانی تر پشتگیری هونه‌رمه‌ندان ده‌کات بۆ کردنه‌وه‌ى پیشانگهکانیان و ئه‌م پیشانگه‌یه ده‌بیته (33) هه‌مین پیشانگه که له سالی 2018 کردوماتىوهو ئه‌م پیشانگهیهش یه‌که‌مین ئه‌زموونی تایبه‌تی خاتوو مژه فه‌تاح و پیشانگهکهڕۆژى (8/12/2018) له هۆڵى ئهمنهسورهکهى شارى سلیمانى ده‌کرێته‌وه‌و بڕیاره،(3) رۆژ به‌رده‌وام ده‌بیت.
ڕێبین ره‌سوڵ: یه‌کێکه له‌وه‌رگێڕه شاره‌زاکانى بورى فکر و ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه له‌و بواره‌دا چالاکانه کارده‌کات، (په‌ڕاوى)هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنى بیر‌و بۆچونه‌کانى ده‌رباره‌ى وه‌رگێڕان، به‌باشى زانى ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا سازبدات. سازدانى: هانه شاخى * هه‌میشه ده‌وترێت وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێکی نوێیه له لایه‌ن که‌سی وه‌رگێڕه‌وه، ئێوه چۆن له‌مه ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه وه‌رگێڕان ده‌توانێت ڕۆحی زیندووی تێکسته‌کان بگوازێته‌وه؟ ــ پێم وایه له‌سه‌ر ده‌ستى وه‌رگێڕدا ئاسۆیه‌کى ڕوحى تازه له‌دایک ده‌بێت، که ئێمه پێشتر نه‌مانبینیوه‌و نه‌مانناسیوه، ئه‌وه وه‌رگێڕه ئه‌م ئاسۆیه تازه‌یه‌مان پێده‌ناسێنێت و بۆمانى ڕۆشن ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ نه‌بێت ئێمه ناتوانین ئه‌م ئاسۆیه تازه‌یه ببینین، ئه‌وه زیندووێتى تێکسته‌کان ده‌پارێزێت و ده‌یانباته نێو ئاسۆى تازه له‌میانه‌ى زمانێکى تازه‌وه. له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ى وه‌رگێڕاندا، ئاسۆیه‌ک له‌نێو زمانى خۆمان، له‌میانه‌ى زمانێکى بێگانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات. لێره‌وه وه‌رگێڕان کارێکى مه‌ترسیداره، چونکه بریتییه لهڕێکخستنى دیدارێکى سه‌خت و ئه‌سته‌م له‌نێوان دوو زماندا، ئه‌م دوو زمانه شێوه‌و فۆڕمیان جیاوازه، زۆرجاریش سه‌ر به‌بنه‌ماڵه‌ى زمانه‌وانى جیاوازن، به‌ڵام هه‌ڵگرى هه‌مان مانان، یا ده‌توانن هه‌مان مانا له‌نێو خۆیاندا هه‌ڵبگرن. وه‌رگێڕان فێرى ئه‌وه‌مان ده‌کات ئێمه سه‌ره‌ڕاى جیاوازیشمان، به‌ڵام هه‌ڵگرى هه‌مان ماناین. لێره‌دا زمانى ئه‌سڵى ده‌بێته میوان، زمانى ئێمه‌ش ده‌بێته خاوه‌ن ماڵ، بۆیه زمان بریتییه له‌هونه‌رى میوانداریکردن، زۆر نین ئه‌وانه‌ى لهمیوانداریکردن شاره‌زان، چونکه ستایلى جیاواز هه‌یه بۆ میوانداریکردن، بۆیه ستایلى جیاوازیش هه‌یه له‌وه‌رگێڕاندا. *ئێوە کار لە وەرگێڕانی بەرهەمە فکریەکاندا دەکەن، دەکرێت بزانین جیاوازییە دیارەکانی نێوان وەرگێڕانی کارێکی فکرو کارێکی ئەدەبیدا چیەو کامیان بۆ وەرگێڕان شارەزایی وماندوبونی زیاتری دەوێت؟ ــ ئه‌وه‌ى له‌نێو کارى وه‌رگیڕاندا ده‌گۆڕێت و ده‌چێته سه‌ر زمانێکى تر، مانا نییه، به‌ڵکو چه‌مک و زاراوه‌و وشه‌کانن، بۆیه له‌نێو هه‌ردوو زمان و له‌هه‌ردوو حاڵه‌تیشدا، مانا هه‌ر وه‌کو خۆیه‌تى. هه‌ر که‌سێک مانا فه‌لسه‌فییه‌کان بزانێت، تێده‌گات له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک خه‌مى گه‌وره‌دایه که پێوه‌ندییان به‌مرۆڤ و گه‌ردوونه‌وه هه‌یه، ئه‌م خه‌مه ئه‌گه‌ر خۆى له‌میانه‌ى ئیمزا‌و ناوى که‌سێکیشه‌وه پێمان بگات، به‌ڵام له‌ڕاستیدا هیچ پێویستى به‌ئیمزاى که‌س نییه، خه‌مێکه له‌نێو هه‌مووماندا هه‌یه. لێره‌وه مانا فه‌لسه‌فییه‌کان جیاواز ده‌بن له‌ماناکانى تر، لێره‌شه‌وه زمانى فه‌لسه‌فى زمانێکه دووچارى نامۆبوون دێت، ماناکان نامۆ نابن، به‌ڵام وشه‌و زاراوه‌و چه‌مکه‌کان نامۆ ده‌بن. بڕوام وایه ئه‌و پانتاییه‌ى گه‌مه‌کردن که له‌نێو ده‌قى ئه‌ده‌بیدا هه‌یه، ده‌قى فه‌لسه‌فى که‌متر ڕێگاى پێده‌دات، لێره‌وه ماندوو بوونى زیاترى پێویسته. * ئێستا له کوردستان پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه ده‌کرێت، پێتان وایه ئه‌م جۆره وه‌رگێڕانه وه‌رگێڕانی زیندوبێت، ئایا تا چه‌ند ده‌قه‌که جوانیی خۆی ده‌پارێزێت له‌م جۆره وه‌رگێڕانانه‌دا. ــ هه‌میشه ئه‌م قسه‌یه به‌و مانایه دووباره ده‌کرێته‌وه تاوه‌کو جۆرێک لهتۆمهتبارکردنى وه‌رگێڕى تێدا بشاردرێته‌وه، هه‌میشه مه‌به‌ست له‌به‌کارهێنانى وه‌رگێڕان له‌زمانى دووه‌م و سێیه‌م به‌و مانایه به‌کاردێت بۆ ئه‌وه‌ى مه‌ترسى ئه‌وه پیشانبدرێت که وه‌رگێڕ ئه‌مین نییه‌و خائینه، یا به‌مانایه‌کى تر زۆر دڵسۆز نییه. پێم وایه زمانى یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م له‌وه‌رگێڕاندا کێشه نییه، ئه‌وه‌ى کێشه‌یه تواناى وه‌رگێڕه له‌سه‌ر گه‌مه‌کردن، گه‌مه‌کردنى فه‌لسه‌فییانه به‌و مانایه‌ى دریدا به‌کارى دێنێت. هه‌موو فهلسهفهکارو هزرڤانێک مه‌حکومه به‌وه‌ى وه‌رگێڕان بکات، به‌و مانایه‌ى، مانا له‌نه‌ته‌وه‌یه‌ک و زمانێکه‌وه بگوازێته‌وه بۆ زمانێکى تر، ئه‌م گواستنهوهیهى ماناکان ته‌نیا وه‌رگێڕان نییه، به‌ڵکو له‌لایه‌نى چییه‌تییه‌وه ده‌بێته به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى بیرکردنه‌وه، بۆیه مه‌سه‌له‌که هه‌ر ته‌نیا بریتى نییه له‌وه‌رگێڕانى زاراوه‌و وشه. *ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌کیانه چین که ده‌بێت له که‌سی وه‌رگێڕدا هه‌بن، ئایا زانینی زمانێک به‌ته‌نها ده‌توانێ وا له مرۆڤ بکات توانای وه‌رگێڕانی تێکسته‌کانی هه‌بێت، وه‌رگێڕان پیشه‌یه یان زانسته یان هونه‌ره. ــ به‌ته‌واوى له‌م بروایه‌دام هه‌موو وه‌رگێڕێک له‌میانه‌ى وه‌رگێڕانه‌وه خودى خۆى ده‌نووسێته‌وه، بۆیه وه‌رگێڕان به‌شێکه لهژیاننامهمان، نه‌وه‌کو کارێکى له‌ناکاوو تێپه‌ڕ بێت. لێره‌وه ئه‌گه‌ر پێشتر وه‌کو هونه‌رێک ته‌ماشاى وه‌رگێڕان کرا بێت، به‌ڵام پێم وایه له‌ئێستادا تێکه‌ڵه‌یه‌که لههونهرو زانست، بێگومان ئه‌گه‌ر کرایه پیشه، وا ده‌کات وه‌رگێڕ پیشه‌ییانه‌تر کاره‌که‌ى خۆى ئه‌نجام بدات. ته‌نیا به‌زانینى زمانێک یا دووان که‌س نابێته وه‌رگێڕ، چونکه ئه‌و سیفه‌تانه‌ى لهکهسایهتى وه‌رگێڕدا هه‌یه، له‌نێو هه‌موو زمان‌زان و نووسه‌رێکدا نییه. به‌ڕاستى ئازایه‌تى ده‌وێت هه‌موو جیهان بهخائینت بزانێت، به‌ڵام تۆ وه‌کو وه‌رگێڕێک خۆت به‌شۆڕشگێڕ بزانیت و، هه‌ر وه‌کو شۆڕشگێڕێکیش ڕه‌فتار بکه‌یت. لێره‌وه سه‌ختى پیشه‌ى وه‌رگێڕان ده‌ست پێده‌کات، له‌هه‌موو لایه‌که‌وه به‌نووسه‌رى پله دوو و، بێ به‌هره‌و، کرمێکى مشه‌خۆر ته‌ماشا ده‌کرێت که له‌سه‌ر که‌له‌شى ده‌قى نووسه‌راندا ده‌گوزه‌رێت. *وه‌رگێڕان ده‌توانێت چ ڕۆڵێک له به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی کتێبخانه‌ی کوردی‌دا بگێڕێت؟ بۆ هه‌وڵ نه‌دراوه وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه بکه‌ن، واته به‌رهه‌مه کوردیه‌کان وه‌ربگێڕنه سه‌ر زمانه بیانییه‌کان، پێتان وانیه له ئێستادا ئه‌وه پێداویستییه‌کی گه‌وره‌یه؟ ــ بڕواى ته‌واوم به‌وه هه‌یه هه‌موو وه‌رگێڕێک ده‌یه‌وێت له‌میانه‌ى وه‌رگێڕانه‌وه، له‌ناوه‌وه خودى خۆى له‌م دۆخه ڕزگار بکات که تێیدایه، دۆخى ئه‌وه‌ى به‌ناچارى فێرى زمانێکى تر یا دووان و چه‌ند زمانێک بووه، چونکه مه‌رجى ژیانکردن له‌نێوان دوو زمان و چه‌ند زمانێکدا، مه‌رجه بۆ ڕزگاربوونى خودى خۆى، بۆیه وه‌رگێڕان هونه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خود له‌میانه‌ى نامۆ بوون له‌نێو زماندا. هونه‌رێکى سه‌خت و ئه‌سته‌م و دژواره، وه‌رگێڕى کورد هه‌میشه خه‌مه‌کانى زمانى دایکى لهکۆڵناوهو له‌خه‌مى ئه‌وه‌دایه واى لێبکات له‌زمانێک زیاتر بێت، ماناکان وه‌کو کانیاوێکى ڕوون تێیدا بڕژێن، بیسه‌لمێنێت هیچ ده‌قێک نییه نه‌توانرێت بکرێته کوردى. تا ئێستاش ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ى کتێبخانه‌ى کوردى هه‌ژار، له‌میانه‌ى وه‌رگێڕانه‌وه‌یه، ڕه‌وتێکى باشى وه‌رگێڕان هه‌یه له‌سه‌ر زۆر ئاست و بابه‌تى جیاواز، ئه‌وه‌ش جێگاى دڵخۆشییه. *ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا وه‌رگێڕانی پیادا تێپه‌ڕده‌بێت له هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌بینن، پێتان وایه زۆر و بۆریی له وه‌رگێڕانداهه‌یه، کێ به‌رپرسیاره له‌و دۆخه و چی بۆ باشتربونی بکرێت؟ ــ له‌راستیدا من هیچ جۆره زۆرى و بۆرییه‌ک نابینم، به‌ڵکو که‌م و کووڕییهکى زۆر ده‌بینم و، پێم وایه ئێمه زۆر دواکه‌وتووین له‌بوارى وه‌رگێڕاندا، ئه‌گه‌ر نه‌وه‌کانى پێش ئێمه به‌هه‌مان هه‌ناسه‌ى ئه‌م نه‌وه‌یه‌ى ئێستا کارى وه‌رگێڕانیان بکردبووایه، به‌شێک له‌ئه‌رکى سه‌رشانى نه‌وه‌ى ئێمه ئاسانتر ده‌بوو. بۆ ئێمه له‌م هه‌رێمه‌دا ساڵانه چه‌ند کتێب ده‌که‌ینه کوردى تا باسى زۆرى و بۆرى بکه‌ین؟ زۆرییه‌که له‌کوێیه‌و بۆرییه‌که له‌کوێیه؟ ئێمه له‌م ڕه‌وشه‌دا هه‌موو لایه‌کمان به‌رپرسیارین، هه‌ر لایه‌ک و به‌پێى ئاستى قه‌باره‌ى به‌رپرسیارێتى خۆى به‌رپرسیاره.
و. لە عەرەبییەوە: هیوا قادر ئەو دەمەی شیعری گەورە گەورەم ئەنووسی، لە چاو ژیاندا زۆر بچکۆلەبووم. ئەو دەمەشی بە یەک چاو سەیری داهاتووی دوورم کرد و لە دنیام پرسی چی ڕوودەدات. زۆر لەوە بچکۆلەتربووم تەنانەت قسەش بکەم. نەوال شەریف هەمووان هەمووان.. بەدوای شەمەندەفەردا ڕائەکەن من نەبێت. هەمووان.. بەدوای پاسدا بەدوای بەردەوامیدا ئەگەڕێن. کەچی من بەدوای خۆمدا، بە دوای منێکی ونبووی ناو قەرەباڵغیدا ئەگەڕێم. هەمووان.. لەسەر قەدی درەختێک وێنەی دڵ و تیرێک ئەکێشن، کەچی من لە کانگای دڵمدا بەدوای سەوزایدا ئەگەڕێم. هەمووان.. خەون بە ژیانەوە ئەبینن و عاشق ئەبن بە ڕووناکی، هەمووان سەرسامن بەو شتانەی من پێیان سەرسام نیم. ئەوان.. سێبەری منیان خۆشناوێت، سێبەری من دارێکە بێ ڕەنگ ڕەنگەکان خیانەتیان لی کرد. بەتەنیا بەجێتهێشتم ڕۆیشتیت، نازانم بۆ ئاسمان سەرکەوتیت یان بە قوڵایی زەویدا ڕۆچوویتە خوارەوە. بەتەنیا لە نێوان دیوارەکانی ژیاندا وەک گوڵدانێک لە شکان بترسێت بەجێتهێشتم. وەک منداڵێکی بچکۆلە خەونی گەورە گەورەی هەبێت بۆ دوور ڕۆیشتی و بەجێتهیشتم. بەدوو دەستی ساردەوە باوەش بە تەنهایدا ئەکەم وەک ئەوەی تۆ پاکیزەیی زەمەن و دڵ‌پاکی شوێنت لەگەڵ خۆتدا بردبێت، هەموو ڕوخسار و چاوەکان و لارولەنجەکانی بەردەمم فریوم نادەن. ** تۆ دوور ڕۆیشتیت و ماڵئاوایت کرد بێ ئەوەی تەمەنای بەختێکی باشم بۆ بخوازیت. بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە ئەکرا من نەبم بەڵام هەبووم و هەرواش ئەمێنمەوە، ئەکرا ژن یان مرۆڤێکی ئازاد نەبم، ئەکرا من باڵدارێک درەختێک یان بەردێکی ساردبم و شەپۆلی ناو دۆڵێک بەر قامچیم بدات. بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە ئەکرا من لە ساتی فڕین‌دا بکەومە خوارەوە ئەشکرا لە ساتی عاشق بوونمدا بمرم، ئەکرا خانەدانێکم خۆشبوێت. بەڵام من وا دروست بووم... شتە بێ ڕۆحەکان و خۆڵەمێش و کەللەڕەقی و لەیەک نەچوونم خۆشبوێت. بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە ئەکرا من ڕۆژێکی هەینی لە دایکبم و پیرۆز بم، خاوەنی عاقڵێکی جێگیر نەلەنگاو نەلەقیبووبم. ئەکرا من هیتلەر بم بە تابلۆ ئاوییەکانم بەناوبانگ بم ئەو دەم بیر لە سووتانی جووەکان نەکەمەوە. ئەکرا من "داهیا"ی# ئەمازیغ بم دۆعایەکی نەمر بهۆنمەوە تاکو ئەمازیخییەکان زمانەکەی خۆیان بیرنەچێتەوە. ئەشکرا من ئیمزایەک بم بە "سایکسبیکۆ" بانگ بکرێم. بەخت یارییەکی فیڵزانانەیە ئەکرا من دۆستێکی "هیباتیا" بم یان ئەو پیرێژنەی سێوەکەی دا بە نیوتن. بەخت یارییەکی فیڵزانانەیە هەموو یارییە فێڵاوییەکان سەرەتا بەخت دروستی کردوون. # "داهیا": 585 م-ـ 712 م، بە جادوگەری بەربەر بەناوبانگ بووە، سەرۆکی بەربەر بووە و بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ دەسەڵاتدار بووە لە سەرووی ئەفەریقا. زەردەخەنەکەت زەردەخەنەکەت لەسەر جێگاکەوە خستمییە خوارەوە دامی بە ئەردا وەک ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوەی بەیانیان بێت، زەردەخەنەکەت وای کرد وەک منداڵێکی بچکۆلەی بەردەمی جادوگەر و کۆترێک دەمم لە تاوا داپچڕم، تۆ چوزانیت کۆتر چییە... ناتوانم نا... نا من وتم ناتوانم بەرگەی ئەو تیشکە ئەو بایە بگرم خەریکە چارۆکەکە ئەدڕێنێت. ناتوانم لەم بێ هێزییەم بێهێزتربم ناتوانم بمرم بەم مردنە نەبێت... ڕاهیبەکە قژی وەک عومری من عومری درێژی من، درێژە... ڕاهیبەکە وەهای وت. من ئەزانم ئەم ڕاهیبەیە فرۆشیاری وەهمە هەموو خشڵەکانی لە بازرگانیکردن بە وەهمەوە چنگ کەوتووە. جا کێ ئەڵێت وەهم خراپە؟ پاڵتاوە ڕەشەکەی لە قژم ئەچێت هەموو شیعرەکانی منیش ڕەشن، چونکە دانپیانانی زۆر و لەخاچدانی حەقیقەت مەترسیدارە. کچە شاعیری مەغریبی نەوال شەریف، لەدایکبووی ١٩٩٣ یە. پسپۆڕە لە ئابورییی گشتی و بەرێکخستنی بەڵێندەریدا، بەڕێوبەر و ئامادەکاری بەرنامەی ڕۆشنبیریی و هونەرییە، ئامادەکار و بەڕێوبەری دیداری شانۆیی و هونەری نووسینە. لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە ئەندامە لە ماڵی داهێنانی نیشتمانی بەشی خریبکە. ئەندامە لە بەرێوبەرایەتی شەپۆلی ڕۆشنبیریی. سەرۆکی یانەی ڕەوتی ژنان و ڕۆشنبیریی و لاوانە. بڵاوکراوەکانی: دیوانێکی هاوکۆیی لەگەڵ کۆمەڵێک شاعیر، لە بڵاوکراوەکانی ماڵی داهێنانی نیشتمانی ساڵی ٢٠١٧. "گەڕان بەدوای جەستەدا لە هونەری شێوەکاریدا" شۆڕشە یان گرێ. دیوانی شیعری "من خراپم". سەرچاوە: نوال شريف" -ديوان شعري "سيئة أنا