له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: زانیار عه‌لى ئه‌م دیمانه‌یه‌، خانمه‌ڕۆژنامه‌نووس (جین ستین)، بۆ ڕۆژنامه‌ی پاریس ڕیڤیو، سازیکردووه‌. * باسی ویڵیه‌م فۆکنه‌ری نووسه‌رمان بۆ بکه‌. -  ته‌نانه‌ت گه‌ر منیش له‌دایکنه‌بووبام، که‌سێك هه‌ر ده‌بوو، ئه‌وه‌ی من و هه‌مینگوای و دۆستۆیڤسکی گێڕامانه‌وه‌، بیگێڕێته‌وه‌. به‌ڵگه‌یش ئه‌وه‌یه‌؛ سێ نووسه‌ر هه‌ن، وا گومان ده‌کرێت یه‌کێک له‌وانه‌ نووسه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی شانۆکانی شکسپیربن. به‌هه‌رحاڵ، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌سێک هه‌یه‌ شانۆی (هاملێت) و (خه‌ونی نیوه‌شه‌وێکی هاوین)ـی نووسیوه‌. نووسه‌ر چ به‌هایه‌کی نییه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت به‌هاداره‌. شکسپیر، به‌لزاک و هۆمێر له‌سه‌ر هه‌مان شت دواون و نووسیویانه‌، خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ت، یان دووسه‌ت ساڵی تر ژیابان، وه‌شانخانه‌کان نووسه‌ر‌ی دیکه‌یان پێویست نه‌ده‌بوو و هه‌ر ئه‌وان به‌س بوون! ‌* هیچ په‌یڕه‌وێک هه‌یه‌ نووسه‌ر بیگرێته‌به‌ر، تا ببێته‌ ڕۆماننووسێکی باش؟ -  نووسين له 99% به‌هره‌، 99 % پێگیریی*، 99 % کارکردن. ئه‌وه‌ مه‌رجه‌ نووسه‌ر، هه‌رگیز له‌وه‌ی نووسیویه‌تی قاییل نه‌بێت. نووسه‌ر ده‌بێت دوور بڕوانێت و بنمیچی خه‌یاڵدانی به‌رز ڕۆبنێت. گه‌ره‌که‌ هێنده‌ بڕوای به‌ خۆی هه‌بێت، وای دابنێت له‌ نووسه‌ره‌ هاوچه‌رخه‌کانی خۆی باشتره‌، بگره‌ ده‌بێت هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدات، له‌ خۆیشی باشتر بێت! نووسه‌ر بوونه‌وه‌رێکه‌، ئه‌هریمه‌ن دنه‌ی ده‌دات. زۆرجار نازانێت بۆچیی کراوه‌ته‌ په‌یامبه‌ری نووسین و، له‌به‌ر چ هۆیه‌ک ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێڕاسپێردراوه‌، به‌رده‌وام مژووڵی کارکردنه‌ و بواری بیرکردنه‌وه‌ی له‌و بابه‌ته‌ نییه‌. ‌ *نووسه‌ر ده‌بێت دڵڕه‌ق بێت؟ - تاکه‌ په‌یڕه‌وێک نووسه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌کانی بیگرێته‌به‌ر؛ دڵڕه‌قییه‌. ئه‌گه‌ر بۆی لوا نووسه‌رێکی باش بێت، بێگومان ده‌بێت دڵڕه‌قتر بێت و به‌زه‌یی به‌ خۆیدا نه‌یه‌ته‌وه‌. ئه‌و خه‌ونێکی هه‌یه‌، به‌رده‌وام به‌رۆکی ده‌گرێت و خه‌و و خواردنی لێ حه‌رام ده‌کات، ده‌بێت ئه‌و خه‌ونه‌ بێنێته‌دی، هه‌تا هه‌ست به‌ ئارامیی بکات. به‌خاتری نووسین، هه‌موو شتێک ده‌وه‌ستێت؛ شانازییکردن، ڕێز، ئارامیی و خۆشنوودیی. ته‌نانه‌ت گه‌ر نووسین وات لێبکات دایکت له‌ خۆت زویربکه‌یت، نابێت لێی سڵبکه‌یته‌وه‌ و دوودڵ بیت!   *بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بتوانێت بنووسێت، پێویستی به‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی ماددیی هه‌یه‌؟ -  نه‌خێر؛ پێداویستییه‌کانی نووسه‌ر، ته‌نێ پێنووس و ڕووپه‌لن. هیچ کتێبێکی باش شک ‌نابه‌م، به‌خاتری پاره‌ و سامان نووسرابێت. نووسه‌ری باش، بۆ خه‌ڵات و پاره‌ نانووسێت، ئه‌و به‌رده‌وام سه‌رقاڵی نووسینه‌ و بواری پاره‌بژاردنی نییه‌! به‌ڵام بێگومان گه‌ر نووسه‌رێکی پله‌ یه‌ک نه‌بێت، هه‌ر زوو به‌و شتانه‌ ده‌خه‌ڵه‌تێت و ده‌که‌وێته‌ ژێر ڕکێفیانه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ئابووریی سه‌رچاوه‌ی نووسینی باش بوایه‌؛ ئه‌وا دز و بازرگانانی مادده‌ هۆشبه‌ره‌کان، له‌ باشترین نووسه‌ره‌کان ده‌بوون! خه‌ڵک له‌ هه‌ژاریی ده‌ترسێت و نایکاته‌ سه‌رچاوه‌ی داهێنان. هیچ شتێک ناتوانێت نووسه‌ری باش بڕووخێنێت. تاکه‌ شتێک بتوانێت بیگۆڕێت؛ مه‌رگه‌. نووسه‌ره‌ باشه‌کان، کاتیان بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سامان و خه‌ڵات نییه‌. سه‌رکه‌وتن و خه‌ڵات وه‌رگرتن، وه‌ک ئافره‌ت وان؛ گه‌ر خۆتی بۆ ده‌سته‌مۆ بکه‌یت، به‌ویستی خۆی مشتوماڵت ده‌کات! بۆیه‌ ده‌بێت به‌ساده‌یی خۆتی پیشان‌بده‌یت، هه‌نگێ نووسین خۆی به‌خشکه‌ بۆ باوه‌شت هه‌نگاوده‌نێت.   *چ ته‌کنیکێکی نووسین به‌کارده‌به‌یت؟ -  ئه‌گه‌ر بڕیار وابێت نووسین ته‌کنیکی هه‌بێت، ده‌ با نووسه‌ر بیناسازێک بێت و ته‌واو! ئاخر نووسین چ په‌یڕه‌و و ته‌کنیکێکی نییه‌، گه‌ر نووسه‌رێکی لاو په‌یڕه‌وی ته‌کنیکی کرد، گه‌مژانه‌ دێته‌ پێش چاوان. نووسه‌ر ده‌بێت له‌ هه‌ڵه‌کانی خۆی که‌ڵک و وانه‌ وه‌ربگرێت، هه‌مووان له‌ هه‌ڵه‌وه‌ فێرده‌بن. نووسه‌ری باش ده‌بێت باوه‌ڕی به‌وه‌ هه‌بێت، ده‌قی هیچ که‌سێک نییه‌ بێ هه‌ڵه‌ و په‌ڵه‌ بێت و که‌س ناتوانێت ده‌ستی بگرێت، چونکه‌ نووسه‌ر که‌سێکی خودئه‌ڤینه‌. هه‌رچه‌نده‌ نووسه‌ر سه‌رسامی نووسه‌رانی دیکه‌ بێت، سه‌رئه‌نجام هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌وه‌ ده‌دات، له‌وان باشتر بێت. ‌ *که‌واته‌ نکۆڵیی له‌ هه‌بوونی ته‌کنیک ده‌که‌یت؟! - نه‌خێر؛ هه‌ندێک ته‌کنیک هه‌یه‌، به‌ویستی خۆی نووسه‌ر ئاڕاسته‌ده‌کات و خه‌یاڵی ده‌بزوێنێت. کرده‌ی نووسین وه‌ک ته‌لارسازیی وایه‌، خشت ‌له ‌سه‌رخشت ڕۆیده‌نێیت و بۆ ئاسمان بڵندی ده‌که‌یته‌وه‌. زۆرجار نووسه‌ر، پێشئه‌وه‌ی یه‌که‌م وشه‌ به‌ڕووی کاغه‌زدا بسره‌وێنێت، هه‌موو ڕووداوه‌کانی له‌ ئاوه‌زی خۆی مشتوماڵ ‌کردووه‌. که‌ سه‌رقاڵی نووسینی ڕۆمانی (کاتێک سه‌رده‌نێمه‌وه‌) بووم، ئه‌وه‌م به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی. نووسین ئاسان نییه‌، به‌ڵام نووسینی ئه‌و ڕۆمانه‌ بۆ من سانا بوو. که‌ له‌سه‌ر کاره‌ دوازده‌ کاتژمێرییه‌که‌م ده‌گه‌ڕامه‌وه‌، له‌ کاتی پشوومدا مژووڵی نووسینی ئه‌و ڕۆمانه‌ بووم و ته‌نێ شه‌ش هه‌فته‌م پێویست بوو تا ته‌واوم‌کرد. ڕووداوه‌کان به‌به‌رچاومدا هاتوچۆیان بوو، هه‌ندێک کاره‌کته‌رم درووستکرد و تووشی چه‌ند ڕووداوێکی سرووشتیی وه‌ک لافاو و ئاگرم کردن. نهێنیی کاره‌که‌ ئه‌وه‌ بوو؛ خۆم بۆ ته‌کنیک ده‌سته‌مۆ نه‌کرد، که‌ ته‌کنیک خۆی هه‌ڵنه‌قورتانده‌ نووسینته‌وه‌، بێگومان ئاسان ده‌بێت. بڕوام وایه‌ له‌ سه‌روه‌ختی نووسیندا ده‌گه‌یته‌ خاڵێک، ئیتر کاره‌کته‌ره‌کان خۆیان هه‌ڵده‌ستنه‌ سه‌رپێ و جڵه‌وی گێرانه‌وه‌که‌ ده‌گرنه‌ده‌ست، وه‌ک چۆن له‌ لاپه‌ڕه‌ی دووسه‌ت‌وحه‌فتاوپێنجی ئه‌و ڕۆمانه‌دا ڕوویدا. نازانم چیی ڕوویده‌دا، ئه‌گه‌ر له‌ لاپه‌ڕه‌ی دووسه‌ت‌وحه‌فتاوچوار ڕۆمانه‌که‌ ته‌واوبوایه‌! تاکه‌ ته‌کنیکێک نووسه‌ر له‌پاڵ ڕاستگۆیی و بوێرییدا په‌یڕه‌وی ‌بکات، ئه‌وه‌یه‌ جڵه‌وی گێڕانه‌وه‌که‌ی بگرێته‌ده‌ست. مادام هێشتا نه‌گه‌شتووم به‌ مرازی خۆم، ده‌بێت زیاتر هه‌وڵی جڵه‌وکردنی ده‌قه‌کانم بده‌م، چونکه‌ تووشی وه‌ڕسبوون و ئازاریان کردووم، وه‌ک ئه‌و دایکه‌ی؛ منداڵه‌ دز و بکوژه‌که‌ی، له‌ منداڵه‌ له‌خواترسه‌که‌ی زێده‌تر خۆشده‌وێت! ‌‌ *ئیلهام کەرەستەیەکی گرنگی نووسینە؟ ‌- نازانم ئیلهام چییه‌، بیستوومه‌، به‌ڵام نه‌مدیوه‌! ‌ ‌ *ده‌قی هاوچه‌رخه‌کانت ده‌خوێنیته‌وه‌؟ ‌- نا، ئه‌و کتێبانه‌ی ده‌یانخوێنمه‌وه‌، ئه‌وانه‌ن که‌ له‌ تافی لاوییدا سه‌رسامیان‌ بووم و خۆشمویستن. له‌وانه‌؛ (په‌یمانی کۆن)، کاره‌کانی دیکنز، کۆنراد، ڕۆمانی (دۆن کیشۆت)ـی سێرڤانتس. هه‌موو ساڵێک ئه‌مانه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌، وه‌کچۆن ئینجیل ده‌خوێندرێته‌وه‌. هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌؛ فلۆپێر، به‌لزاک، دۆستۆیڤسکی، تۆڵستۆی و شکسپیر، ناوه‌ناوه‌یش هێرمان مێلڤل ده‌خوێنمه‌وه‌. به‌نسبه‌ت شاعیره‌کانه‌وه‌؛ کریستۆڤه‌ر مارلۆ، تۆماس کامبیان، جۆنسن، ڕۆبێرت هێرک، جۆن دۆن، کیتز، شیلی و هاوسمان ده‌خوێنمه‌وه‌. ‌ *هیچ قسه‌یه‌کت له‌سه‌ر داهاتووی ڕۆمان هه‌یه‌؟ ‌ - تاکوو خه‌ڵک بخوێنێته‌وه‌، نووسه‌رانیش ڕۆمان ده‌نووسن، پێچه‌وانه‌که‌یشی هه‌ر ڕاسته‌. ئه‌م ڕه‌وته‌ به‌رده‌وام‌ده‌بێت و ئه‌ده‌ب پێشده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر گۆڤاره‌ وێنه‌داره‌کانی پڕ له‌ قسه‌ی به‌تاڵ، چێژ و سه‌لیقه‌ی خوێنه‌ر نه‌کوژن و له‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیان دوانه‌خه‌ن! ‌     *ئه‌ی ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گر؟ ‌- نووسه‌ر کاتی ئه‌وه‌ی نییه‌ گوێ له‌ ڕه‌خنه‌گر ڕادێرێت. خوێنه‌ران لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی ده‌خوێننه‌وه‌، پێویستیانه‌، به‌ڵام نووسه‌ران بواری خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یان نییه‌. ڕه‌خنه‌گرانیش بۆیه‌ ڕه‌خنه‌ده‌گرن، تا بڵێن ئێمه‌یش هه‌ین! ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گر ئاراسته‌ی نووسه‌ر ناکرێت، چونکه‌ نووسه‌ر له‌ ڕه‌خنه‌گر باشتره‌، ئاخر ئه‌و به‌ نووسینه‌کانی، ڕه‌خنه‌گر ده‌بزوێنێت و بۆ ڕه‌خنه‌ دنه‌ی ده‌دات، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گر، هه‌موو که‌سێک ده‌جووڵێنێت، نووسه‌ر نه‌بێت! ‌ ‌ ‌      

ئامادەکردنی: شێرزاد هەینی گابریل مارکیزی رۆماننووسی گەورەی کۆلۆمبی، لە وتارێکی لە رۆژنامەی گاردیانی ساڵی ٢٠٠٦ باس لە پەرۆشی و شەیدابوونی بە شاکاری هونەری ستران و سەما شکیرای گۆرانیبێژ دەردەبڕێت و دەڵێت: ئەو کەسێکی بەتوانایە بۆ سەفەرکردن "لەیەک مانگ چل هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت"، زۆریش بایەخ بە مەشق و راهێنانەکان و هەموو ئەندامەکانی تیپەکەی دەدات، زمانە ئینگلیزییەکەی ئەوەندە باشە، بەخەوتووییش باش قسەی پێ دەکات. هەروەها ئەو ژنە پەنجەمۆرێکی تایبەتی لەسەر شەهوانیەتی پاکدا هەیە. مارکیز ئەو ژنەی مەبەست بووە، چونکە ئەویش وەک ئەو لە شاری بارانکویلا لەدایکبووە. باوکی بەڕەچەلەک لوبنانییە، لەبەر ئەوەی بۆنی عەرەبی لێ هاتووە، ئەویش بە خوێندنەوەی رۆمانە ناودارەکە، هەزار و یەک شەوە، کە بە منداڵی شەیدای کردووە، کەلتوور و سیحری ناوچەکەی خۆشویستووە ئەو دەڵێت: ئەگەر سیحری ئەو کتێبە نەبوایە، نەدەبوومە نووسەر. عەرەب لەناو خەیاڵی ئەو بوونی هەبووە، لەوانە کەسایەتی سانیتاگو نەسار، یەکێک لە پاڵەوانەکانی رۆمانی "چیرۆکی مردنێکی راگەیەندراو"، کەسێکی عەرەب بووە. هەروەها بەپێی بۆچوونی نووسەری میسری یوسف ئەلقعید، ژنەکەی مارکیز، مارسیدس بەڕەچەڵەک میسری بووە.  مارکیز دەڵێت شکیرا لە تەمەنی حەڤدە مانگی پیتەکانی نووسینی لەبەرکردووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیش تێکستی گۆرانی نووسیوە، گۆرانیشی گوتووە، بێجگە لە بوارەکانی گۆرانی و سەما، ئەو لە بیرکاری لە هەموو وانەکان یەکەم بووە. لیستی ئەو نووسەرە خۆرئاوایانەی شەیدای ژنە ئەکتەری ناسک و بەتەمەن بچووک بوون درێژە، لەوانە رۆماننووسی ئەمریکی سکۆر فیترجیرالد، کە کیژە ئەکتەری گەنجی ئەمریکی لویس مورانی خۆشویستوە. ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٠ کۆچیدوایی کردووە. فیترجیرالید ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٤٠ مردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ یەکێک لە رۆمانەکانی بەناوی "گاتسبی مەزن" کراوە بە فیلم. ئەلبیر کامۆش شەیدای سترانبێژی ئۆپرا ماریا کالاس بووە. لەناو عەرەبەکانیش زۆر لە شاعیر و نووسەرەکان شەیدای ئوم کلسوم و نەجات سەغیرە بوون، شیعریان بۆیان نووسیوە، ئەوانیش بە دەنگە نازدارەکانیان کردویانە بە گۆرانی نایاب. مارکیز، زۆر سوود و نەشئەی بۆ نووسین لە جوانییەکانی شاکیرا لە شاکارە رۆژنامەگەرییەکانی بینیووە. بەیەکەوەش هاوکار و پشتیوانی رێکخراوێکی خێرخوازی منداڵانی کۆلۆمبیایان کردووە. دووریش نییە، ئەو بابەتە لە رۆمانی "بیرەوەری سۆزانییە خەمگینەکان" و هەڵوێستی پیاوە پیرە بەتەنەمەکەی شەیدای کیژێکی هەرزەکار بووە، رەنگی داوەتەوە، ئەو پیاوەی بێ ئەوەی رامووسانی کیژەکە بکات یان پەنجەیەک لە شوێنێکی ناسکی بدات، شەیدای بووە. ئیتر ئەوەیان، ئەو پەیوەندی و سۆزە بۆ نووسەرێکی گەورە لەگەڵ دیاردەیەکی بچووک، یان شەیدابوون بە شاکارێکی ستران و سەما، کاردانەوەی لەسەر بووە، بۆیەش ئەو رۆمانەی نووسیوە. ئەو دانیش بەوەدادەنێت، کە پەیوەندی جوانی نێوان پیرێکی تەمەن حەفتا ساڵی و کیژێکی بیست ساڵانەی نێوانی تەمەنیان پەنجا ساڵە، کاردانەوەی لەسەر نووسینەکانی هەبووە، بەتایبەتی ئەو رۆمانە. بە مردنی مارکیز لە ١٤ی ئەپریلی ساڵی ٢٠١٤ لە شاری مکسیکۆ، شکیرا لە نامەیەک بەو جۆرە پرسە و سۆزی بۆ ئەو نووسەرە راگەیاندووە، ئەو پەیڤەی لەسەر وێنەیەکی ئەو نووسیوە: "ئەزیزەکەم جابۆ، جارێکیان گوتت ژیان تەنیا ئەوە نییە چۆن یەکێکمان دەژیت، ژیان ئەوەیە چیمان دەرباری یەکتر لەبیرە، چۆن و کەی بیرەوەرییەکەت بەبیردێتەوە، تا بیگێڕێتەوە. ژیانی تۆ وەک دیارییەک، کە دووبارەبوونەوەی نییە یاد دەکەینەوە. ئاسان نییە و زۆر ئەستەمە بتوانین بە کۆچی تۆ بڵێن ماڵئاوا. تۆ بەردەوام لە ناو دڵی من، هەموو ئەوانەی تۆیان خۆشدەویست، نەمرە و دەژیت".   :    

ئەردەلان هەڵەبجەیی "ئەی گۆڕی میهرەبان، ئەی خاکی پیرۆز،  ئەم گیانە گوناهبارە، ئەم ڕۆحە پیسە لە خۆت بگرە و فڕێی مەدەرە دەرەوە!..."  نووسەر لەم ڕۆمانەدا کە تراژایدیاکانی ژیان لەگەڵ هەموو دێڕەکانیدا ڕێدەکات، پێمان دەڵێت: دواجار جەنگەکان بەم دەرەنجامەیان گەیاندین! "جەنگ تەواو بوو، ئەوین تەواو بوو، خەونەکان تەقینەوە، مێشکی کچی ناو تابلۆکە پژا، خەڵکینە وەرنەدەرێ گوێ لە تەقینەوەی خەونەکان بگرن، من دەگریم و خەڵکی پێدەکەنن!" تەواوبوونی جەنگ بۆ ئێوە هەر پەیامێکی پێ بووبێت، بۆ پاڵەوانی ڕۆمانەکە تەواو پێچەوانەیە، ترۆپکی نائومێد بوونە، جەنگ و ژیان دڵڕەقانە ناخ و دەروونی دەرزیئاژن دەکەن، بیمارەکەمان، هێندەی دی بیمار دەکەن، لەم بارودۆخە هستریەدا، تێکەڵ بە ئاپۆڕای خەڵک دەبێت، جلەکانی فرێدەدات، دەگری و سەما دەکات، سەمای مەرگ، ئەو دەگری و ئەوانی دی پێدەکەنن، تەنانەت وێنەیەکی سەرۆکیشیان داوەتە دەستی، بۆ بیمارەکە کۆتایی جەنگ و تەقەی خۆشییەکان کۆتایی هیوا و ئومێدە، وەستان، یان بەردەوامی هیچ جێگای بایەخ نییە، کە بێگومان، جەنگ بە جۆرێکی دیکە بەردەوام دەبێت. هەر بۆیە دەڵێت: شتێک هەیە لە ناوەوەی مندا، لە ڕابردوی مندا، لە ئێستای مندا، کە دەبێت بۆی بگریم. بەرجەستەکردن و وێنا کردنی بێدەنگیی لەم رۆمانەدا، واتاگەلێکی گرنگ بە خوێنەر دەگەیەنن، کە وشە یان پەیڤ هەرگیز توانای گەیاندنی نییە، لە زمانی بیمارەکەوە دەڵێت: بێدەنگی لە جۆری ئەو چەکە کۆمەڵکوژەیە کە سووک و ئاسان دەتوانێت منی پێ لەناوبەرێت. بە هەمان شێوە، بەراوردی نێوان بێدەنگیی بیمارەکە و خۆشەویستەکەی، بە بێدەنگیی بیابان، بیابانێک کە بۆنی خوێن و خەونە پژاوەکانی لە دێت! (ئەوەندەی بێدەنگی خۆمان دەیترساندین، دەنگی تەقینەوەکان نەیدەترساندین). ئەمە وا لە خوێنەر دەکات کە زیاتر لە بێدەنگییەکان رابمێنێت، وەک لە وشە و پەیڤەکان. لەم رۆمانەدا، بەرکەوتەیەکی دیکە هەیە کە بریتییە لە ڕەتکردنەوەی دونیای مرۆڤەکان، کە بە حساب خاوەنی هۆشمەندین و گوزەری رووداو و کارەساتەکان لە دەستی ئەواندایە، دونیای بیمارە دەرونییەکان یاخود ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە پێی دەڵێیت (شێت) دونیایەکی گەلەک ڕاستگۆیانە و جوانترە لە دونیای مرۆڤە بە حساب هۆشمەندەکان. دوبارە نووسەر پێمان دەلێت: مرۆڤ گوناهکارێکی گەورەیە و توانای پیسکردن و وێران کردنی هەموو شتێکی هەیە. بەهای نەزیر: دکتۆرێک کە سەرنجی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، نووسەر لەم رێگەوە پەلکێشمان دەکاتە نێو ڕووداوەکان، بە مەرگەسات و بێمانییەکانی جەنگ و مرۆڤ، زیاتر و زیاتر ئاشنامان دەکات، بەهای نەزیر، جیاوازە لە هەموو پزیشک و تاکەکانی کۆمەڵگەکەی، بە شێوازی تایبەتی خۆی و پاشخانی کۆمۆنیست بوونی، هەڵسوکەوت لەگەڵ بیمار و کۆمەڵگەكەی دەکات. نووسەر لە ڕێگای (بەها)وە پەلکێشمان دەکات بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەو بێ ماناییانەی لە کۆمەڵگەی مرۆڤدا دەگوزەرێت. نووسەر لێزانانە یاری بە کات و شوێن و وێنەکان دەکات، وا دەکات تۆی خوێنەر بیر بکەیتەوە و وەدوی ڕووداوەکاندا بڕۆی، بۆ ئەوەی تێبگەیت، ببینیت کە مرۆڤ چ کارەساتێکی لەم ژینگەیەدا خوڵقاندوە کە بەزەوی ناوزەد کراوە. بەرجەستەکردنی ئازار و شکستەکانی ئێمە، ئێمەی مرۆڤ، کە قێزەونترین بوونەوەری ئەم سەر زەمینەین،جەرگبڕانە لە ڕۆمانەکەدا ڕەنگیداوەتەوە، ئێمە کە لەم گەشتە کورتە سنوردارەدا چ مەرگەساتێک دەخوڵقێنین... چۆن کارەساتێکی وا دەخوڵقێنین و یەکدی نائومێد دەکەین، تەنانەت بەوەشەوە ناوەستین، ژینگەکەشمان وێران و قێزەون دەکەین. (ئاوەکە لیخن دەکەین) تەنانەت ناهێڵین (کۆترێکیش لە خوارەوە لە ئاوەکە بخواتەوە). مشکە جوانەکانی (کامەران)ی ناو ڕۆمانەکە، برسی و نائومێد دەکەین، ڕۆژانە (کراش) بۆ (شیلان)ە لەدەست چووەکەمان دەکڕین و لێدەگەڕێین تا گەرم بێت و پاشان فرێی دەدەین. چەندە قێزەونین، چەندە دڕندەین، ئێمەی مرۆڤ... پاش خوێندنەوەی ڕۆمانی تەقینەوەی خەونەکان تۆی خوێنەر خۆزیا دەخوازیت مرۆڤ نەبایت، یان هەر بوونت نەبایە... چ کارەساتێک دەخوڵقێنین و چۆن دەجەنگین و چ جەنگێک بەرپادەکەین، جەنگێک کە هەموو بەهاکانی تێدا لەدەست دەدەین. ئێمە، نەوەی ساڵانی تەمەنی نووسەر، لەم گەشتە کورتەدا شاهیدی چەندین جەنگی خوێناوی و بە ئاگا لە چەندین جەنگی پێشتر کە مرۆڤەکان خوڵقاندوویانن و خەونەکانی یەکدیان پێ لەبار بردوون. بۆچی؟ لەبەرچی من هاتمە نێو ئەم دونیا جەنجاڵ و پڕ لە جەنگە؟ من هاتم بەخاتری ئەوەی ئەم هەموو جەنگە ببینم، من هاتم بۆ ئەوەی نائومێدبم لە ژیان، لە خۆشەویستەکەم، لە بوونی خۆم. نووسەر لە دێڕەکان و وێنەکانی ڕۆمانەکەدا، مەرگەساتەکانی جەنگ و ژیان و نائومێدبوونەکانمانی بە جۆرێک بەرجەستە کردووە، گریانمان بۆ مرۆڤبوونی خۆمان دێت، لەتەک خوێندنەی وشەو دێڕەکاندا، بەردەوام فرمێسک لە چاوانمان دەبارێ، ئێمە چین؟ بۆچی هاتووین؟ هاتووین بەخاتری ئەوەی ئەم هەموو مەرگەساتە بخوڵقێنین و ببینین؟ تۆی خوێنەر لێرەوە لە پاش خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەوە، نەفرەت لە ژیان، لە بوون، لە مرۆڤ دەکەیت، مەرگەساتەکانی ئێمەی پاشماوەی جەنگەکان، پاشماوەی هەموو گلان و کەوتنەکان، گیرۆدەی نائومێدبوونمان بە دەستی مرۆڤەوە لە ژیان، بە جۆرێک لە (تەقینەوەی خەونەکاندا) وێناکراوە، کە بێوێنەیە، تەنانەت لە ئاست ئەدەبی جیهانیشدا. من (هێندە بچوک دەبمەوە جەستەم وەک تاڵە دەزویەک دەچێت بە کونی دەرزیەکدا). بۆ وا لە مرۆڤ دەکەن، من وا دەزانم مرۆڤ بۆ ئەمە نەهاتووەتە بوون، گەر ئەمەیە بوون و ژیان، تف لە بوون، تف لە ژیان. جەنگی درێژخایەنی عێراق- ئێران، جەنگی کەنداو، تا جەنگی ناوخۆش، هەموو جەنگەکانی پێشتریش، هەزاران برینی ساڕێژ نەبوو، نەبینراو، نەبیستراوی، وەک برینەکانی نێو ئەم ڕۆمانەی تێدایە. لە ڕۆمانەکەدا (ئازادی) و (دادگای گەل) خوێ دەکەنە برینەکە و بە سوێ تری دەکەن، ئەو تروسکەی هیوایەی لە ناخی مرۆڤی کورددا مابوو لێی دەستێننەوە و بە کەنارەکانی نائومێدی دەسپێرن. فرمێسکەکانی چاوانی کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە، فرمێسکی نائومێدی چاوانی تاکی کوردە، کە دەرئەنجامی جەنگەکان و ئازادییە!. لەم ڕۆمانەدا جەنگ و دەستەڵات تاکەکانی کۆمەڵگە کەم ئەندام دەکەن، کەم ئەندامی جەستەیی و دەروونی و هۆشی، برینێک لە جەستەماندا دەخولقێنێت هەرگیز ساڕێژ نابێت. (دیسان دەنگی تەقە دێت) پاڵەوانی پاشماوەی جەنگی کوەیت و خوێن و بیابان دەنگی تەقەی خۆشی وەستانی جەنگی براکان، هەمان مێژووی وەستانی جەنگەکانی رابردووی بۆ دوبارەدەکاتەوە، ئیدی خۆشییەکانی ئێوە بە من چی کە جەنگەکانتان هەموو شتێکی لێ ستاندم، هەموو شت! دڵنیام بەیانی جەنگێکی دیکە بەرپا دەکەن و چەندانی تری وەک من لە هەموو ڕەهەندەکانەوە دەکەنە قوربانی. (گەڕانەوە بۆ نیشتمان(،ئەی نیشتمان تۆ چیت بە من بەخشی جگە لە ئازار؟ ئازادی زۆر نامەردانە شەقێکی لە گونی پالەوانەکەمان هەڵدا و تا کۆتا ڕۆژی تەمەنی لە خۆشییەکانی ژیان و خۆشەویستەکەی و چێژی سێکس و ئومێدی بە باوک بوون، نائومێدی کرد! ئازادی تۆ چیت بە پاڵەوانەکەی ئێمە و تاکی کورد بەخشی جگە لە ئازار! (مردن) فرە ڕەهەندە، یەک لەوانە هەر مرۆڤە بە دڕندانە ترین شێواز دەیکاتە دیاری بۆت، ئازادی مەرگێکی بەسوێ و ترسناکتر بۆ پاڵەوانەکەی ئێمە دەکاتە دیاری. (ماڵێک لە خەیاڵ) بۆخۆمان چێ دەکەین، پڕە لە ماچ، خۆشەویستی، گوڵ، ئەستێرە، باران، بەڵام تەنانەت ئەوەشمان پێ ڕەوا نابینن، وێرانی دەکەن بە سەرماندا، بۆ خۆشمان دەبینە یادەوەری ئەو خەیاڵە. نۆستالۆژیا دونیای جوان و بیگەردی مناڵی و پێش گەورەبوون هەموویان بیرەوەری جوانن، قوتابخانەکەی ئێمە ئەوەی تەنیشتمان یارییەکانمان، یارییەکانی ئەوان، سەرکێشی و شەڕەکانمان، خۆشەویستی و فرمێسک و توڕە بوونەکانمان، کە جەنگ و گەورەبوون هەمووی لەبار برد، زۆر دراماتیکی و جوان لە رۆمانەکەدا وێناکراون. کامەران:  نووسەر لە ڕێی کامەرانەوە زیاتر و زیاتر بێ ماناییەکانی مرۆڤمان پێ دەناسێنێت، برینەکانی (کامەران) فرمێسک لە چاوانمان دێنێت، ئەو برینانەی تا هەنوکە خوێنیان لەبەر دەڕوات. کامەرانی پاشماوەی ئەنفال، کارەساتەکانی پاش ئەنفال وێرانتری دەکەن و تا دواجار بۆمبێکی ناپاڵم هەپرون هەپرونی دەکات. خاڵێکی دیکە کە ناکرێت قسەی لەسەر نەکەین، تۆ کە دەبیتە سەرباز بەکار دەهێنرێیت بۆ کوشتن تا ئەو ساتەی خۆشت دەکوژرێیت، ئیدی تۆ خۆت نیت تۆ هی خۆت نیت، تۆ دەبێت ڕابردوت لەبیر بکەیت. مێژووی تۆ لەو ساتەوە دەست پێ دەکات کە بەرگی سەربازی دەپۆشیت، تەنانەت خەیاڵیشت هەر لە سنوری ئەو بازنە داخراوەدایە و بۆت نییە بیبەزێنیت، ئیدی تۆ تەنها سەربازیت و بۆ سەرکەوتنی سەرۆکی هێژا تێدەکۆشیت و هیچی تر!. دواجار جەنگ تەسکەرە و شوناس لە پاڵەوانی ڕۆمانەکە دەستێنێتەوە و تەنانەت ناوی خۆی و باوکی و هەموو شتەکانی چواردەوری لەبیر دەباتەوە. هیوادارم ئێوە لە گەشتەکەتاندا بە دونیای (تەقینەوەی خەونەکان)دا هێندەی من فرمێسک نەڕێژن، بەڵام لەمن زیاتر قێزتان لە مرۆڤ بێتەوە.            

سوەیلا_مێهەمی خود سانسۆڕکردن تایبەتمەندی و میراتگری مرۆڤ و کۆمەڵگاییەکی دەستپەروەردەیی دەسەڵاتێکە کەساڵانێکە ساڵ بەساڵ لە بازنەی دیکتاتۆرییەتدا هەڵسووڕاوە، کە خۆ سانسۆرکردن لەم کۆمەڵگایە دەبێتە باو. ئێمە لێرەدا لە باسی ئەدەبیاتدا بەربڵاوی بەم باسە گرینگە دەدەین ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا هەموو کات پێوەرەکانی بەباڵای پیاو دەپێوێ بەردەوام لەژێر ڕکیفی پیاوانەدا خۆی سانسۆر کردووە بەدڵنیاییەوە ئەم سەرەرۆییە لەناخیدا جێگیر دەبێ و خود سانسۆری دەستپێدەکات سڕینەوەی خۆی و سڕینەوەی کەسانێکی دیکە دەست پێدەکات. ژن لە وێنای چەکێک ئەم سانسۆرە بەکار دەهێنێ بۆ خود بەهێزی پێیشان بدات لەچاوی پیاودا و هەر ئەو بۆ نموونە ئارامییە دەروونییە دەبێتە هۆی بەپەراوێز دانانی و لەفڕین بەرەو خەونەکانی بەجێدەمێنێتەوە لەپەراوێزدا و لەبازنەی پیاودا دەمێنێتەوە و ئەدەبیاتی ئەم ژنانە زایەڵەی ئەم بیرۆکەیەییە. لەکولتوور و نەریتی کۆمەڵگای ئێمەدا خەریکبوون بەجەستە و لەش بەچاوی سووک سەیری دەکەن و باو نییە و هەمووکات رۆح و جەستەیان لەبەرانبەری یەکدا داناوە کە لەجێبەجێکردنی باسی رۆحی ئاسان بووە و بواری لەش کارێکی ئاستەم هاتووتە بەرچاو ئێستا تا ڕادەیەک باس لەعەشق ئاسان بووە لە نێو ئەدەبیاتدا بەڵام پێشتر دەربڕینی عەشقی ژنێک بۆ ڕەگەزی بەرانبەری کارێکی شەیتانی و تاوان بووە بۆیە کۆمەڵگای پیاوسالار کارێک دەکات کچان و ژنان لە پەسیوەکان و ژوورەکانی ماڵدا پاوان دەکات و لەپەروەردەکردن بێبەش دەبن و ژن بەس لە بازنەی جنسییەت و سیکس و خۆ ڕازاندنەوە و میکاپ و خشڵ و ئەوانەدا دەمێنێتەوە، کەوەکوو کەرەستەییەک بۆ ڕابوواردنی پیاودا دەرکەوێت و ژنێک کەبەدوای ئارەزووەکان و خەونەکانییدا بکەوێت وەکوو کەسێکی ناباو و جیاواز دەروانن بەودا لەدەقە کۆنەکاندا ئێمە دەبینیین لە ژن وەکوو کەسێک کە پاکیزەییە و نابێت هیچ هەڵەیەک بکات و نابێت گوێ بە ئارەزووەکانی بدات چۆن فریوی شەیتان دەخوات دراوە. سمبولی سێبووری و پاکی و لێبووردەیی پیشان دراون و ژنبوونیان لەپاکی و بێدەنگ بوونیاندا پێناسە دەکرێ و ژنبوونیان ئەوەیە کەکۆمەڵگا قبووڵی دەکات و پێناسەی بۆ کردووە. ئەمانە ژنانێکن بێ دەسەڵات کە چارەنووسی خۆیان قبووڵ کردووە. ئێمە لەلاشەمان چاوپۆشیمان کردووە و بەشێوەیەکی سووک فێربوویین باسی نەکەیین، ژن لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەردەمدا لە ڕواڵەتدا ئەزمونی عەقڵانییەت و مۆدیڕنیتە دەکات، بەڵام ئەو بەهۆی ئەوانەی باسمان کرد هێشتا بە ئاسانی نەیتوانیوە لەپێستی خود سانسۆری بێتە دەرێ و خۆی پێناسە بکات . لەڕواڵەتدا ژنی مودیڕن شەرم ناکات خۆی بنوێنێ بەڵام ژنی نووسەر لەبازنەی ئەدەبیاتدا هێشتا ئەو بوێرییەی نییە و خۆی لەپشت کومەڵێ وشەی کۆنەپارێز حەشار داوە ئەو نەیتوانیوە لە ژنبوونی لەسەرکوتکردنی غەرایزی لەژیانی هاوبەشییدا بنووسێ و بدوێ هێشتا خەریکە خۆی سانسۆر دەکات. زۆر بەرچاوە ئەم ژنە هێشتا لەژێر سەیتەرەی پیاودا هەنگاو هەڵدێنێ. وا دەبینین ژن لەدەقەکانییدا خۆی نییە و خۆی دەسڕێتەوە. زۆر نەزانانەیە لەوێ کەباسی جەستەی ژن دەکرێ بەس بیر لەچێژ بردنی کێشەی سیکس بکەینەوە. زۆربەی جیابوونەوە و تێکچوونی ژیانی هاوبەشی ژن و پیاو دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن لە لەش و جەستەی بەرانبەرەکەیاندا. بۆ زۆربەی پیاوانی ئێمە دەقی ئیروتیک لەلایەن ژناندا کە دەنووسرێتەوە وایدەبینن کە ئەو ژنە بێ ڕەوشتیە رووناکبیرانەیە تەنانەت لە شانۆکانی شکسپییر لە وشەی " سرشت" بۆ دایکی مرۆڤی بەکار هێناوە و لەوشەی " عەقڵ" بو پێناسەی باوکی مرۆڤ. تاڕادەیەک هەموو قارەمانە ژنەکانی نێو ئەدەبیات بە سرشت وێناکراون ئەم ڕەگەزە پێشتر ناپاک بووە و دوایی دەتواننن بە دوای شتێکی سەرتر بکەون. لەکتێبە ئایینییەکاندا زوڵەیخا ژنێکە ناتوانێت ڕێگری لەخود بکات و ژنێکی مەکربازە!. مێژووی ئێمە مێژووییەکی پیاوانەیە ئێمە هەموو کات لەژێر ڕکیفی پیاوسالاردا بوویین، یاسای پیاوانە و دامودەزگای بەهاداری پیاوانەمان بووە. لەڕواڵەتدا ئێمە بەرەو پێش دەرۆین و خوێندن و ئیش و چالاکی کۆمەڵایەتی و مافی دەنگ و ....تاد، بەڵام هەمووی ئەوانە لە ژێر سەیتەرەی پیاودا رۆڵدەگێڕێ و بەردەوام بەرهەمهێنانەوە دەکات. (ژولیا کریستوا) فەیلەسووف و ڕەخنەگری ئەدەبی دەڵێت: "خواستی ژنان بۆ خۆ تاریفکردن لەهۆگرایەتی خەڵقکردنی هونەر و بە تایبەت خوڵقاندنی ئەدەبیاتدایە". ئەمە بەو واتایە نییە، ئەدەبیات لەبەرەنگاربوونەوەی نەریتەکانی کۆمەڵگا هەندێجار هوشیارانە پەردە لەسەر نهێنییەکان لادەبات و نەوتراوەکان و بێدەنگییەکان لەڕێگای ئەدەبیاتەوە دەوترێ ؟ پرۆسەی ئەدەبیات دەتوانێ هەموو ئەو خاڵە گرینگانە کەسەرپۆشیان بەسەرەو داناوە بوترێتەوە. خاڵێکی گرینگ لەجیهانی ئەدەبیاتدا ئەوەیە ژنی رەخنەگرمان لەئەدەبیاتدا بەدەگمەن دەستدەکەوێت و ئەمە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەو باسانە کەکردمان و ئەگەر چی لەم سەردمدا خەڵاتی ئەدەبی دەکرێ و وتنەوەی کێشەکانی ژنان بەرچاوە، بەڵام ئەمیش هەر لەبازنەی بەرتەسکێکدا ماوەتەوە گۆڕەپانی ئەدەبیات، تریبوونی وتنەوەیە ئەو شوێنەیە کەژن دەتوانێ لەلووتکەکانی فڕین باس‌بکات و دەنگ هەڵبڕێت، بەڵام بەخەستی تووشی ئاستی نزمی کولتووری و ئابووری پەروەردەیی دەبێتەوە، چون سیستم و کۆمەڵگای ئێمە پیاوسالارە و تواناکانی ژنی بەرتەسک و سنووردار کردووە. بەهەرحاڵ ژنی سەردەم هەوڵی ئەوە دەدا جیهانێکی ژنانە بخۆڵقێنێ کەپێناسەی خۆی بکات زمان و هونەری ژنانە هەر وەها کە (ویرجینیا وۆڵف) دەڵێت " ماڵێک بۆ خۆی بەرهەم بێنێ"، بەڵام بەربەست و کێشەکانی ئایین و کولتوور و کۆمەڵگا بەردەوام لەدیوارێکی زۆر بەرز بووە تا ڕێگری لەیاخی بوونی ئەدەبیاتی ژنان بکات. دەقی ژنانە بەرهەم دێت بەڵام بە کار ناهێنرێت. ئەڵبەت ئەدەبیاتی سەردەم لەسەر ڕەوتی حاشالێکرن بونیات نراوە کە بە پۆستمۆدێڕن و یا ئەدەبیاتی زمان و ئەدەبیاتی جیاواز و دەتوانیین بیبینین. ڕوانگەییەکی دیکە لەبەرەی چواردا ئەوەیە شتێک بەناوی ئەدەبیاتی ژنانە و پیاوانەمان نییە لەم ڕوانگەیەدا ژن و پیاو وەکوو دوو چاودێر سەیری یەکدی دەکەن. بەهەر حاڵ گەشەی ئەدەبیاتی ژنان لەرۆژهەڵاتی ناویندا و بە تایبەت کوردستان رۆژ بەرۆژ لە گەشەدایە و هاوتەریبی جیهانی مۆدیڕنیتە ڕێ دەکات و ئەدەبیات چەشنێکی زاو زێیە و خۆڵقێنەرە و تەنانەت شەڕخوازترین دیکتاتۆرەکان لەژنێک لەدایک دەبن ، ژنانی نووسەر لەم سەردەمەدا هەوڵی خۆیان داوە ژنێکی هزرمەند و بیرمەند بەتایبەتمەندییەکانی خۆیان پێناسە بکەن لەبەرانبەری دەسەڵاتێکی بەهێزی پیاوانەدا بەردەوام لەخەباتن.

هاوڵاتی – لۆڤە محەمەد شەوی ١٥ی ئەم مانگە، نوسەر و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری کورد (مستەفا ساڵح کەریم) لە تەمەنی (٨٥)ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد. کۆچکردنى ئه‌م نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسه‌، بۆ هاوڕێ و هاوپیشه‌کانى و ڕۆژنامه‌ و میدیاى کوردى خه‌ساره‌تێکى گه‌وره‌بوو. (کاروان ئەنوەر)، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەسەر کۆچی ئەو نوسەر و ڕۆژنامەنووسە بۆ هاوڵاتی ووتى:" مامۆستا لە ڕۆژنامەی (ژین)دا، گۆشەی هەبووە و لە گۆڤارى (گەلاوێژ)ەوە بابەتی بڵاوکردوەتەوە و یەکەم ڕۆژنامەنووسی کوردە کە خاوەنی گۆشەی خۆی ببوێت، لە کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامەدا کاری کردووە و دەستێکی باڵای هەبووە لە چیرۆک نوسین و توانیوێتی تەکنیکی نوێ بهێنێتە ناو ڕۆژنامەگەری کوردیەوە، مستەفا ساڵح یەکێک لەو قەڵەمانە بوو کە خوێنەری تایبەت بە خۆی هەبوو لە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، کەسێک بوو زۆر تایبەت دەینووسی، هه‌ر ئه‌مه‌ش واى کردووه‌ که‌ نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسه‌ عەرەبەکان زۆر پێی سەرسامبن". کاروان ئەنوەر، وتیشی:"کورد بە شێوەیەکی گشتی زەرەرمەند بوو لە کۆچەکەی، لەبەرئەوەی ئەم پیاوە خاوەنی هۆش و بیر و مێژووی گەلی کورد بوو، کە هەموو ڕوداوەکانی ساڵانی چلەکانی تاوەکو پێش کۆچی بە ڕۆژ و سەعات لەبیر بوو، بۆ بابەتە مێژوویەکان پشتمان پێی دەبەست و وەک ڕۆژمێرێک بوو بۆ کورد و ئێمە". مسته‌فا ساڵح که‌ریم له‌ ساڵی 1933 له‌دایک بووه‌. - له‌ سه‌ره‌تای لاوییه‌وه‌ واته‌ له‌ قۆناغی خوێندنی دواناوه‌ندییه‌وه‌ چووه‌ته‌ ریزی حزبی شیوعی عیراقه‌وه‌. - له‌ مانگی 11ی ساڵی 1948 له‌ قۆناغی چواره‌می ئاماده‌یی به‌شی زانست له‌سه‌ر چالاکی سیاسی بۆ ماوه‌ی ساڵێک فه‌سڵکراوه‌، دوای ته‌واوبوونی فه‌سڵه‌که‌ی به‌پێی بڕیاری ته‌حقیقات – ئه‌من له‌ ئاماده‌یی وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ چووه‌ته‌ – خانه‌ی مامۆستایان- له‌ به‌غدا. - له‌بواری په‌روه‌رده‌دا ماوه‌ی 32 ساڵ مامۆستاو به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی بووه‌ له‌ قه‌ڵادزێ و سێوسێنان و دارۆخان و چوارتاو سلێمانی و فه‌لوجه‌و رومادی. - ساڵی 1973 له‌ کۆرسی سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌ له‌ زانکۆی موسته‌نسریه‌ به‌ سێیه‌می عیراق ده‌رچووه‌. - له‌ژیانی مامۆستایه‌تیدا چه‌ندینجار توشی دوورخستنه‌وه‌ بووه‌ چ له‌ناو پارێزگای سلێمانی و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی، دواجاریان ساڵی 1975 بوو بۆ رومادی دوورخرایه‌وه‌و سێ ساڵ له‌وێ مایه‌وه‌. -له‌بواری ئه‌ده‌بیدا نیو سه‌ده‌ زیاتره‌ ده‌نووسێت و هه‌میشه‌ قه‌ڵه‌می له‌خزمه‌تی گه‌لدا بووه‌، چه‌ندین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌چاپ گه‌یاندووه‌، له‌بواری نووسین و چیرۆک نووسین و وه‌ڕگێڕاندا به‌ کوردی و به‌ عه‌ره‌بی رۆڵی دیاری هه‌بووه‌. له‌بواری رۆژنامه‌نووسیدا: - سه‌ره‌تا وه‌ک خۆبه‌خش دوو ساڵ له‌ڕۆژنامه‌ی (ژین) کاریکردووه‌. بۆ یه‌که‌مجار له‌و رۆژنامه‌یه‌دا (ستونی رۆژنامه‌نووسی) داهێنا. - دوای رێککه‌وتننامه‌ی ئازاری 1970 بووه‌ به‌ لێپرسراوی راگه‌یاندنی یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان، هه‌روه‌ها دامه‌زرێنه‌رو یه‌که‌م سکرتێری گۆڤاری (ده‌نگی مامۆستا) بووه‌ که‌ به‌پێشنیاری ئه‌و ده‌رچوو. - له‌ 1970-1974 له‌ چوار کۆنفراسی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد دا چوار جار به‌ سکرتێری لقی سلێمانی یه‌کێتی نووسه‌ران هه‌ڵبژێردراوه‌و ساڵی 1978 دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ رومادی به‌ سه‌رۆکی لق هه‌ڵبژێردراوه‌و به‌شداری له‌هه‌موو چالاکییه‌کانی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد دا له‌ سلێمانی و به‌غداو که‌رکوک و هه‌ولێرو له‌ سه‌ری ره‌ش و سه‌ڵاحه‌دین و دهۆک کردووه‌. - له‌ساڵی 2001 تا 2011 له‌ کۆنگره‌یه‌کی سلێمانی و دوو کۆنگره‌ی هه‌ولێردا به‌ جێگری نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی کوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ کۆنگره‌ی سێیه‌م 2011 خۆی نه‌پاڵاوته‌وه‌. شەوی ١٥ی ئەم مانگە، (مستەفا ساڵح کەریم) لە تەمەنی (٨٥)ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ 16-12-2018 به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ که‌سایه‌تی و رۆشنبیرو به‌رپرسانی حزبی و حکومی له‌ گۆڕستانی شێخ مارفی نۆدێ له‌سلێمانی به‌خاکسپێدرا.  

لۆڤە محەمەد هونەرمەندێک زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە بواری شێوەکاری و دەستڕەنگینیدا کار دەکات و سێ ساڵیشە لەسەر کریستاڵ و شوشەی ناسک وێنەی کەسایەتی و شاعیران و هونەرمەندان هەڵدەکۆڵێت.کاربین عومەر، ئەو هونەرمەندەیە و لە ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە و لە تەمەنی ١٨ ساڵیەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و سەرەتا لە ڕێگەی قەڵەم جاف و دواتریش بە فڵچە و بۆیەی ئاویی تابلۆی سروشت و کەسایەتی و کەلوپەلەکانی چواردەوری و کاریکاتۆری دەکێشا. ئەو هونەرمەندە سێ ساڵیشە حەزی هونەری خۆی تێکەڵ بە کریستاڵ کردووە و وێنەی کەسایەتیە دێرینەکانی کورد و خانمە شۆڕشگێرەکان و هونەرمەندان و شاعیرانی گەورەی کوردی لەسەر کریستاڵ هەڵکۆڵیوە و وەک کاربین بۆ هاوڵاتی دەڵێت:" حەزدەکەم وێنەی کەسایەتیەک یان هونەرمەندێک لەسەر کریستاڵەکان هەڵکۆڵم کە توانیبێتی جێگە دەستی لە مێژووی ژیان و هونەری کوردیدا هەبوبێت، نەک کەسێک بێت کە لە ساڵانی دواتر ڕەخنەم بێتە سەر و هیچی ئەنجامنەدابێت".کاربین دەشڵێت:"تەنها کەسم کە لەسەر کریستاڵ وێنەی کەسایەتیەکانم هەڵکۆڵیووە، چونکە هەم کارەکە قورسە و شوشە ناسکە و مامەڵە کردن لەگەڵیدا ئاسان نیە و هەڵە قبوڵ ناکات و پێویستی بە وردی و دەستڕەنگینی هەیە، وە خەڵکم بینیوە کە لەسەر تەختە و دار وێنەی هەڵکۆڵیوە بەس وەک شوشە و کریستاڵ کەس نەبووە ئەم کارە بکات". جگە لە کاری وێنەکێشان لەسەر وەرەقە و کریستاڵ، وێنەش لەسەر دار و دەرگا و دیوار و کەلوپەلەکان دەکێشێت و لە تازەترین کاریشیدا دەستی داوە دیزاین کردنی باخچە و حەوشە و جوان کردنی بە شێوازێکی هونەرییانە و بۆ هەر کەسێکیشی دەکات کە داوای لێبکات.  

له‌ فارسیه‌وه‌: جه‌بار سابیر   تاقه‌ گوڵ   له‌به‌ر خاتری تاقه‌‌ گوڵێك كچان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تا سڵاو له‌ باخه‌وان بكه‌ن.       دڵم   دڵم مینا منداڵێكه‌ ئێستا ده‌گری و گوڵه‌كانی باخی ئه‌و نامۆیه‌ی ده‌وێ.     ده‌رمان   هه‌ر‌ په‌ڕه گوڵێكی ته‌نیشت كانییه‌كه‌، ده‌رمانی هه‌موو ده‌رده‌كانه‌. چمكی له‌چكی كچه‌كان نه‌وازشیان ده‌كا كاتێك سه‌تڵه‌ ئاوه‌كانیان پڕ ده‌كه‌ن.   دوعا   بڕوانه‌ له‌ یارم! خه‌ریكه‌ له‌وپه‌ڕی ڕووباره‌كه‌ دوعا ده‌كا. به‌ دڵنیاییه‌وه خودا قبوڵی ناكا، پرچه‌ ڕه‌شه‌كه‌ی قوڕاوی كردووه‌.   ئه‌ستێره‌كان   یارم گوڵه‌كانی وه‌رنه‌گرت لێم! باڵیۆزگه‌لێكی له‌ ئه‌ستێره‌كان بۆ ده‌نێرم تا ڕازی بكه‌م.               دز   په‌له‌كه‌! ده‌مه‌وێ لێوه‌كان به‌ تۆ ببه‌خشم، ئێستا كه‌ مردن له‌ ده‌وری گوند ده‌گه‌ڕێ و ده‌توانی بمدزێ.     لێوه‌كانم ماچ كه‌   دیواره‌كه‌ كون بكه‌ و لێوه‌كانم ماچ بكه‌! مێرده‌كه‌م وه‌ستایه‌ و نۆژه‌نی ئه‌كاته‌وه‌.     بخۆره‌وه‌   لێوه‌كانم هیی تۆیه‌، بیخۆره‌وه‌! له‌ هیچ شتێك مه‌ترسه‌، شه‌كر نییه‌، ناتوێته‌وه‌.   سوور   یارم، حه‌زی له‌ چاوانی سووره‌، له ‌كوێ ده‌توانم چاوه‌ ڕه‌شه‌كانم بگۆڕم؟     له‌به‌ر خودا   له‌به‌ر خودا، ئه‌ی مانگ! تیشكی ڕووناكیت مه‌خه‌ره‌ نێوان دوو عاشقه‌وه‌!     هێی مانگ   هێی مانگ! په‌له‌ بكه‌ و وه‌ره‌ سه‌رێ یارم موسافیری شاخه‌ به‌رزه‌كانه‌.  

به‌ڕیِز عه‌باس له‌ماوه‌ی پێشوودا کتێبێکی گرنگی هزری مێژوویی له‌باره‌ی چه‌مکی "کاریزما" و "سه‌رکرده‌ی کاریزما"ه‌وه‌ چاپ و بڵاوبویه‌وه‌، که‌ پسپۆڕی بواری مێژوو "د. جه‌عفه‌ر عه‌لی" نوسیویه‌تی به‌ قه‌باره‌ی 217 لاپه‌ڕه‌، نووسه‌ر بۆ نووسینی کتێبه‌که‌ی سه‌د سه‌رچاوه‌ی جیاوازی به‌ زمانه‌کانی کوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی به‌کارهێناوه‌. "کاریزما" به‌ مانای مرۆڤی مه‌زن، پاڵه‌وان، یاخود قاره‌مان دێت، وشه‌ی کاریزما له‌ بنه‌مادا لاتینیه‌و به‌ مانای به‌خششی خودایی یاخود گه‌وره‌یی دێت. مشتومڕو دیالۆگێکی به‌رده‌وام هه‌یه‌ لای مێژوونووسان و فه‌یله‌سوفان به‌وه‌ی ئایا خه‌ڵک و ژینگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و سیاسی و فه‌رهه‌نگی مێژوو دروست ده‌کات، یاخود به‌ده‌رله‌وانه‌ ئه‌وه‌ی بزوێنه‌ری مێژوه‌و مێژوو دروست ده‌کات به‌ ته‌نها سه‌رکرده‌یه‌؟ هه‌روه‌ها به‌ چ که‌سێک ده‌وترێت سه‌رکرده‌ی کاریزمی و سیفه‌ته‌کانی سه‌رکرده‌ی کاریزمی چییه‌؟ بۆ ئه‌مه‌ش جیاوازی ڕاو بۆچوون هه‌یه‌. هزری سه‌رکرده‌ی کاریزمایی و به‌ خودایکردنی فه‌رمانڕوایی و کردنی سه‌رکرده‌ به‌ بونه‌وه‌رێکی بانمرۆیی و بانمێژوویی و وه‌ک تاقه‌ بزوێنه‌ری مێژوو و ڕوداوخوڵقێن  مێژووییه‌کی کۆنی هه‌یه‌و سه‌رتاکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شارستانییه‌تی ڕۆژهه‌ڵات  له‌وانه‌ فیرعه‌ونی میسرییه‌کان و پاشاکانی دۆڵی نێوان دووڕوبارو چین و هیندستان و فارس،"ئه‌رستۆ" پێی وایه‌ دوای هاتن و په‌لاماردانی ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌که‌دۆنی بۆ دونیای رۆژهه‌ڵات و فارس و له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ یۆنان هاوشێوه‌ی ڕۆژهه‌ڵات و فارس بیرۆکه‌ی به‌ خودایکردنی فه‌رمانڕه‌وایی و پاشایه‌تی گواسته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ێ! هزرمه‌ندان و مێژوونووسانی یۆنانی کۆن هه‌ریه‌که‌یان به‌ شێوه‌ی جیاواز باسیان له‌ سه‌رکرده‌ی کاریزمی کردوه‌و ڕۆڵ و کاریگه‌ریه‌کانیان ئاماژه‌پێکردوه‌ له‌وانه‌ سوقرات و ئه‌فلاتۆن و ئه‌رستۆو توکیدیدیس و هیرۆدۆتس و..... هتد.نووسه‌ر له‌ کتێبه‌که‌یدا ته‌نها ئه‌و هزرمه‌ندو مێژوونووسانه‌ی وه‌رگرتوه‌و باسیان ده‌کات که‌ بۆچوونیان وایه‌ ئه‌وه‌ی مێژوو دروست ده‌کات ته‌نها پاڵه‌وانه‌کان و قاره‌مه‌نه‌کانن، ئه‌و هزرمه‌ندو مێژوونووسانه‌ی ئاماژه‌ پێ نه‌کردووه‌ که‌له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئه‌وه‌ی بزوێنه‌ری مێژوه‌و مێژوودروستده‌کات به‌ ته‌نها پاڵه‌وانه‌کان نین، به‌ڵکو بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و جیوگرافی و فه‌رهه‌نگی و ئابووری ڕۆڵێکی گرنگی هه‌یه‌ له‌ دروستکردنی مێژووداو و هاوکارێکی به‌رچاوی سه‌رکرده‌یه‌. زۆربیرمه‌ندو مێژوونووس له‌بابه‌تی پاڵه‌وان و سه‌رکرده‌ی کاریزمی و ڕۆڵی له‌ دروستکردنی مێژوو دواون، به‌ڵام له‌ ئه‌ده‌بیاتی مێژوودا هه‌ندێک له‌و بیرمه‌ندو مێژوونووسانه‌ زیاتر بایه‌خیان پێدراوه‌ و ئاماژه‌یان پێده‌کرێت. نوسه‌ر له‌ کتێبه‌که‌یدا وه‌ک لایه‌نی تیۆری لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی چوار بیرمه‌ندو کۆمه‌ڵناس و مێژوونووسی دیارو به‌ناوبانگی وه‌رگرتوه‌و به‌نموونه‌ی هێناوه‌ته‌وه‌ که‌ هه‌ریه‌که‌یان سه‌ر به‌ هزرو ڕه‌وتی جیاوازن، واته‌ ئه‌وانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئه‌وه‌ی بروێنه‌ری مێژوه‌و ڕووداو و مێژوو دروست ده‌کات به‌ ته‌نها سه‌رکرده‌کانی کاریزماو پاڵه‌وان و قاره‌مانه‌کان، که‌ بریتین له‌ "تۆماس کارلایل" و" ماکس ڤیبه‌ر" و "هنری برگسۆن" و "هیگڵ"، هه‌ریه‌ک له‌م فه‌یله‌سوف و مێژوونووسانه‌ به‌ شێوه‌ی جیاواز باس له‌ سیفات و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌سی کاریزمی و پاڵه‌وان و قاره‌مان و دروستکه‌ری مێژوو ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌وه‌دا چونیه‌که‌ن که‌ ئه‌وه‌ی مێژوو دروستده‌کات به‌ ته‌نها پاڵه‌وان و قاره‌مانه‌کانن و ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سه‌رکرده‌ هیچ ڕۆلیان نییه‌و مێژوو دروست ناکه‌ن! "تۆماس کارلایل" پێی وایه‌ سه‌رکرده‌ی کاریزمی هه‌ڵبژارده‌ی خوایه‌و خودا خۆی دیارکردوه‌ جا له‌ هه‌رچ بوارێکدا بێت مه‌رج نییه‌ ته‌نها کایه‌ی سیاسی بێت و ته‌قدیسیان ده‌کات و پێی وایه‌ ڕه‌فتارو بیرکردنه‌وه‌کانی جیاوازن و له‌ که‌سی ئاسایی ناچن! ماکس ڤیبه‌ر پێی وایه‌ که‌سی کاریزمی کارو کرده‌وه‌ی جیاوازده‌کات و کاروکرده‌وه‌کانی گۆڕانکاری گرنگ ده‌خه‌نه‌وه‌، "هنری برگسۆن" پێی وایه‌ سه‌رکرده‌ی کاریزمی تایپێکی نوێیه‌ له‌ مرۆڤبوون و له‌ هه‌موو که‌سێکدا نییه‌و هه‌ستی ناوه‌کی"ئیدراک" ده‌یجوڵێنێت، "هیگڵ"یش پێی وایه‌ سه‌رکرده‌ی کاریزمی ڕۆحی سه‌رده‌می خۆی به‌یانده‌کات. نوسه‌ر ته‌نها له‌سه‌ر لایه‌نی تیۆری سه‌رکرده‌ی کاریزمی ناوه‌ستێت و دێت پراکتیکی ده‌کات له‌سه‌ر مێژووی کورد له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه‌ تاوه‌کو کۆتایی نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م، له‌ نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا که‌ سه‌رده‌می میرنشینه‌کان ده‌گرێته‌وه‌و سێ میری میرنشینه‌کانی به‌ نموونه‌ وه‌رگرتوه‌ که‌نووسه‌ر کاروکرده‌وه‌و سه‌رده‌مه‌کانی هه‌ڵسه‌نگاندوه‌و ده‌رده‌که‌وێت کاریزمی نه‌بوون میرکانیش بریتین له‌ عه‌بدولره‌حمان پاشای بابان و میرمحه‌مه‌دی ڕه‌واندزی سۆران و میر به‌درخانی بۆتانن. دوای میره‌کان و له‌ نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتی سه‌رده‌می شێخه‌کان و بنه‌ماڵه‌ ئاینییه‌کان ده‌ستپێده‌کات که‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ شێخ عوبه‌یدوڵای نه‌هری و شێخ سه‌عیدی پیران و شێخ مه‌حمودی نه‌مر و قازی محمه‌ده‌و نوسه‌ر باسیان ده‌کات و ئه‌م سه‌رکردانه‌ش ئه‌وه‌نده‌ به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک و به‌ بنچه‌ی ئاینی و شێخایه‌تی بوون به‌ سه‌رکرده‌ ئه‌وه‌نده‌ خودی خۆیان به‌ خۆیان ده‌رنه‌که‌وتوون، له‌ کۆتاییدا ده‌ڵێین گرنگه‌ له‌ ئێستادا ئه‌م کتێبه‌ بخوێنینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هوشیاربین و به‌ ئاگابین له‌وه‌ی به‌ کێ ده‌ڵێین سه‌رکرده‌ی کاریزما و هه‌روه‌ها سۆزو ناهوشیاری به‌هه‌ڵه‌دا نه‌مانبه‌ن وه‌ک باقی شته‌کانی دیکه‌!      

عه‌بدولخالق یه‌عقووبی مێژووی ئه‌ده‌بیاتی جیهان شاهیدی بۆ ئه‌وه‌ ده‌دات که‌ ژن له‌ گوتاری ئه‌ده‌بیدا، چ وه‌ک داهێنه‌ری ئه‌ده‌بی و چ وه‌ک که‌سایه‌تیی نێو جیهانی ئه‌ده‌بیات، له‌چاو پیاو، هه‌مووکات پێگه‌یه‌کی پله‌ دووی په‌راوێزنشینکراوی بووه‌. ئه‌و راستییه‌ له‌ هۆکارێکی زۆر ساده‌ و روونه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت: زۆرینه‌ی نووسه‌رانی گوتاری ئه‌ده‌بی پیاو بوون و زۆرینه‌ی ئه‌م نووسه‌ره‌ پیاوانه‌ش له‌ گه‌مه‌ی هێزی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئاگامه‌ندانه‌ و نائاگامه‌ندانه‌، لایه‌نگرییان له‌و گوتاره‌ کردووه‌ که‌ پیاو به‌ هێزی باڵاده‌ست و بڕیارده‌ری سه‌ره‌کی له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات: واته‌ گوتاری نێرسالاری (discourse of patriarchy). گوتاری نێرسالاری له‌ ژنی وه‌ک ئامێرێک بۆ دابینکردنی پێداویستییه‌کانی خۆی روانیوه‌ و هه‌ر بۆیه‌ راڤه‌ی ئه‌و گوتاره‌ بۆ ژن راڤه‌یه‌کی ئامێرته‌وه‌ر بووه‌ و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ به‌ها مرۆییه‌کانی ژن له‌ به‌رنامه‌ و باسوخواسی ئه‌و گوتاره‌دا پێگه‌ و جێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌. سه‌رهه‌ڵدانی ره‌خنه‌ و روانگه‌ی فێمینیستی له‌ ده‌یه‌ی ١٩٦٠دا جۆرێک دژکرده‌وه‌ بوو به‌ نیسبه‌ت ئه‌و به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتنه‌ی ژن به‌ درێژایی مێژوویه‌کی چه‌ند سه‌ده‌یی. سه‌ره‌تا ره‌خنه‌ی فێمینیستی وه‌ڵامێکی خێرا بوو بۆ دیدی فۆرمالیسته‌کانی رووس و بیرۆکه‌ی "ره‌خنه‌کارانی نوێ"ی ئه‌مریکا که‌ له‌ ده‌وروبه‌ری ده‌یه‌ی ١٩٣٠ به‌ره‌و ژوور سه‌ریان هه‌ڵدا. به‌ رای ئه‌و دوو تاقمه‌ له‌ تیۆری داڕێژان و ره‌خنه‌کاران، "عه‌ینییه‌ت" (objectivity) به‌ردی بناغه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌ و "ده‌ق" (text) دیارده‌یه‌کی "ناتاکه‌که‌سی"یه‌ و تێڕوانینه‌ شه‌خسییه‌کانی نووسه‌ر له‌ پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قدا، نه‌ک هه‌ر گرینگ نین، به‌ڵکو ناشێت ئاوڕیشیان لێ بدرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌ باوه‌ڕی فێمینیسته‌کان به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ئاوێنه‌ی باڵانومای باوه‌ڕی شه‌خسیی نووسه‌رانه‌، هه‌ر بۆیه‌ ره‌خنه‌یان له‌ شێوه‌ی نواندنی که‌سایه‌تیی ژن له‌ ئاسه‌واری فۆرمالیست و ره‌خنه‌کارانی نوێی ده‌گرت.ورده‌ و ورده‌ و له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی بیرۆکه‌ی فێمینیزم، که‌ ئێستا ئیتر بازنه‌ی دژکرده‌وه‌یه‌کی رووتی ره‌خنه‌گرانه‌ی له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌ده‌بیاتی پیاوان به‌زاندبوو و ببوو به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌رفراوانی هزری و کۆمه‌ڵایه‌تی، دوو داگه‌ڕانی سه‌ره‌کی له‌ ره‌خنه‌ و روانگه‌ی فێمینیستیدا هاتنه‌ ئاراوه‌. داگه‌ڕانی یه‌که‌م، که‌ پێی ده‌گوترێت "وێناکانی ژن" (Images of woman)، له‌وه‌ ده‌کۆڵێته‌وه‌ که‌ ژن له‌ به‌رهه‌مگه‌لی ئه‌ده‌بیدا، به‌ تایبه‌تی ئه‌ده‌بیاتی ده‌ستکردی پیاو، یان هه‌ر ئه‌ده‌بیاتێک که‌ تێڕوانینی پیاوانه‌ به‌رهه‌می بهێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌که‌ی ژن بێت، چ پله‌ و پایه‌یه‌کی هه‌یه‌ و چۆن وێنا کراوه‌. به‌ باوه‌ڕی ئه‌م داگه‌ڕانه‌ فێمینیستییه‌، پێش گریمانه‌ی زۆربه‌ی نووسه‌رانی پیاو ئه‌وه‌یه‌، که‌ به‌رهه‌می خۆیان بۆ خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی پیاو ده‌نووسن و هه‌ر بۆیه‌ جۆرێک له‌ جیهانی ئه‌ده‌بی چێ ده‌که‌ن، که‌ تێیدا ژن به‌ پێی ویست و داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای نێرسالاری وێنا ده‌کرێت و ده‌ور ده‌گێڕێت. به‌ کورتی، ئه‌م داگه‌ڕانه‌، له‌سه‌ر راڤه‌ی دۆخی ژن له‌ جیهانی ئه‌ده‌بیاتدا پێ داده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی وێنه‌ راسته‌قینه‌کانی ژن چیتر له‌ قاڵبـی روانینه‌کانی پیاوانه‌دا قه‌تیس نه‌مێنێت داگه‌ڕانی دووه‌م، که‌ به‌ "ره‌خنه‌ی ژنانه‌" (gynocriticism) ناوبانگی ده‌رکردووه‌، پتر سه‌رنج ده‌گرێته‌ پێگه‌ی ژن وه‌ک نووسه‌ر و به‌رهه‌مهێنی گوتارێکی نوێی ره‌خنه‌گرانه‌ له‌ هه‌مبه‌ر گوتاری نێرسالاری. تیۆریی داڕێژانی ئه‌م داگه‌ڕانه‌ پێیان وایه‌ دیدگای "وێناکانی ژن" ته‌نیا ئاوڕ له‌ تێڕوانینی پیاو، یان تێڕوانینی پیاوانه‌، بۆ ژن ده‌داته‌وه‌ و هه‌ر بۆیه‌ پانتاییه‌کی به‌رته‌سک و ده‌ره‌تانێکی که‌می بۆ ده‌رخستنی راستییه‌کان ده‌رباره‌ی ئه‌زموونی راسته‌قینه‌ی ژن و ژنێتی هه‌یه‌. ئه‌م داگه‌ڕانه‌ پتر له‌وه‌ی دژکرده‌وه‌یه‌ک بێت له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌ده‌بیاتی پیاوان و ئه‌ده‌بیاتی پیاوانه‌، هه‌وڵێکه‌ بۆ نزیککردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر و به‌رده‌نگانی ئه‌ده‌بیات له‌ هه‌ستی راسته‌قینه‌ و ئه‌زموونی راسته‌خۆی ژنان. ناسنامه‌ی زاتیی ژنان له‌م تێڕوانینه‌دا چیتر نابێته‌ قوربانیی وێناکارییه‌کانی ژن له‌سه‌ر ده‌ستی پیاو، ئه‌و پیاوه‌ی که‌ ژن له‌ ئه‌ده‌بیاتی خۆیدا له‌سه‌ر بنه‌مای دووانه‌ لێکدژی (binary opposition) پیاو/ ژن وێنا ده‌کات و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌وری کاریگه‌ر و سه‌ره‌کی به‌ پیاو ده‌دات و ده‌وری لاوه‌کی و په‌راوێزنشینیش به‌ ژن ده‌به‌خشێت. له‌م داگه‌ڕانه‌دا پتر له‌وه‌ی دۆخی ژن بکه‌وێته‌ به‌ر راڤه‌کاری، ره‌خنه‌ له‌و دۆخه‌ ده‌گیرێت که‌ ژن تێیدا بووه‌، دۆخێک که‌ زۆر جار، له‌سه‌ر ده‌ستی گوتاری نێرسالاری، به‌ سروشتی له‌ قه‌ڵه‌م دراوه‌ و رێگا نه‌دراوه‌ گومانی بچێته‌ سه‌ر. ئه‌گه‌ر له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه‌ له‌ فێمینیزم بڕوانین که‌ هه‌وڵێکه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ که‌سایه‌تیی ونبووی ژن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (deconstruction) ئه‌و ناسنامه‌یه‌ له‌ ژنایه‌تی که‌ به‌ ده‌ستی پیاو و تێڕوانینی پیاوانه‌ چێ کرابوو، ئه‌وه‌، وه‌ک جاناتان کالێر باسی ده‌کات، ئه‌م شێوازه‌ له‌ ره‌خنه‌ و روانین جۆرێکه‌ له‌ رێبازی ره‌خنه‌کارانه‌ی پاش پێکهاته‌خوازی (post-structuralism)، که‌ تێیدا پێکهاته‌ی په‌یوه‌ندیی دووانه‌ لێکدژی پیاو/ ژن هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و نه‌ریتێکی نوێ بۆ ژیانی ژن و پێگه‌ی ژن له‌ کۆمه‌ڵگادا ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌. له‌م نه‌ریته‌دا، ژن چیتر ده‌نگی خۆی له‌ زمانی پیاوه‌وه‌ نابیستێت و سیمای خۆی له‌ ئاوێنه‌ی نێرسالاریدا نابینێت. له‌ دۆخێکی نوێی ئه‌وتۆدا، ژن هه‌وڵی کۆتاییهێنان به‌ مێژووی په‌راوێزنشینیی خۆی ده‌دات و ناسنامه‌یه‌کی نوێ، له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌ون و خواستی ژنانه‌ی، بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌کات .دیاره‌ ئه‌م نه‌ریته‌ له‌ روانین بۆ نیسبه‌تی نێوان پیاو و ژن له‌ ئه‌ده‌بیاتدا نه‌ریتێکی رۆژاواییه‌ و له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌رهه‌ڵدانی ژیانی پیشه‌سازی و ئازادیی تاکه‌که‌سی و یه‌کسانیی کۆمه‌ڵایه‌تیی جیهانی رۆژاوایی هاتووه‌ته‌ کایه‌وه‌. ئه‌و خاڵه‌ی که‌ بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی ناڕۆژاوایی له‌ چه‌شنی کۆمه‌ڵگای کوردی له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا گرینگ و شایانی باسه‌ ئه‌نجام و ده‌ستکه‌وته‌کانی وه‌ها نه‌ریتێکه‌ که‌ ده‌توانێت ژنی کوردیش له‌ پێگه‌ی پله‌ دوویی و په‌راوێزنشینی، ئه‌گه‌ر نا به‌ ته‌واوه‌تی و له‌ کورت ماوه‌دا، که‌م و زۆر و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاو رزگار بکات و دید و دنیابینییه‌کی نوێی پێ ببه‌خشێت. ژنی کورد له‌م نه‌ریته‌ نوێیه‌دا بۆی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به‌ شێوه‌یه‌کی رێژه‌ییش بێت، ببێته‌ خاوه‌نی وێنه‌ و ده‌نگی خۆی و ناسنامه‌ی مرۆڤانه‌ی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای دۆخ و داخوازیی خۆی چێ بکات. ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ واتای رزگاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و ده‌ستاوبه‌جێی ژن نییه‌ له‌ چنگ گوتاره‌ باو و نێرسالاره‌کانی سه‌رده‌می مۆدێرنیش، به‌ڵام لانیکه‌م ژن ده‌خاته‌ پێگه‌یه‌که‌وه‌ که‌ چیتر رێگا نه‌دات به‌ ناوی ره‌گه‌زی پله‌ دوو بچه‌وسێندرێته‌وه‌ و ببێته‌ کرێکاری مادی و مانه‌وی بۆ خاوه‌ن سه‌رمایه‌کانی گوتاری نێرسالاری.  

ڕەووف بێگەرد لێكدانەوەو شرۆڤەكردنی هەر دەقێكی ئەدەبی-لەچوارچێوەی ڕەخنەو هەڵسەنگاندندا، كاری ڕەواو ڕێ پێدراوە، داهێنەر پڕ كێشی ناكات ڕێگا لەڕەخنەگر بگرێت چ جۆرە شرۆڤە و لێكدانەوەیەك بۆ بەرهەمەكەی دەكات، یان بەپێوەری كام قوتابخانەی ئەدەبی و ئیستاتیكی هەڵیدەسەنگێنێت. نموونەی زۆر بۆ ئەم ڕاستییە لەسەر ئاستی ئەدەبی گەلان كە هەندێك لەو كارانە بەدەقی نەمر یان بەدەقی هەموو سەردەمانێک ناوزەد دەكرێن هەیە. بۆ نموونە نووسەرێكی وەك فرانز كافكای چیكی، كە یەكێكە لەلووتكە بڵندەكانی نووسینی ڕۆمانی هاوچەرخ و جێگای ئەو مشت‌ومڕەیە كە مەبەستمانە لێرەدا بیڵێین، تا ئێستا و بەدرێژایی زیاد لەپێنج دەیە گەلێك لێكدانەوە و شیكردنەوەی جیاواز بۆ كارەكانی كراوە كە هەیانە بەیەكدی ناكۆك و ناتەبان. ئەمە لەبچوكترین پێناسەدا مانای ناوازەیی و دەگمەنی كارەكانی دەردەخات كە ئاسان بەدەستەوە نایەن و لەهەر خوێندنەوەیەكی تازەدا بۆچوونی جیاواز هەڵدەگرن. ناوەڕۆكی ڕۆمانی كافكا گەلێك جار وا لێكدراونەتەوە كە ژیان نامەی تایبەتی خودی نووسەرن ( كەسێكی بەڕەچەڵەك جوولەكە، باوكێكی دڵڕەق و بێ بەزەیی، شكست خواردووی دنیای خۆشەویستی، بەردەوام تەنیا، نەخۆشێكی لاواز کە ماوەی حەوت ساڵ بە ئازارییەوە دەتلێتەوە تا دوایی دەیکۆژێت، كارمەندێكی ئاسایی دایرەی بیمە، بێزار لە ژیان و کەسوکار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، بەردەوام ڕاڕا و ناسەقامگیر لە بڕیاردا) هەروەها ژیانی ( لەناو كۆمەڵگایەكی تۆتالیتاریای ماشینی كە مرۆڤ تیایدا ئامێرێكی ڕووتی دوور لەهەست و خولیای مرۆڤایەتییە) یان ( ڕۆمانی كافكا واتا بێ هوودەیی و دنیایەكی كابووسی) بەڵام لەسەرووی ئەم بۆ چوونانەوە دەقێك ئامادەگیی هەیە کە زۆرجار پابەندی گەلێك لەو چوارچێوە و قاڵبانە نییە و، لەخوێندنەوەی تازەدا ڕای پێشووترت فەرامۆش دەكەیت. واتا ناتوانیت بەپێوەری كەرەسە باو و تەقلیدییەكان پرەنسیپی ڕەخنە و شیکارییەکەت سەقامگیر بکەیت، چونکە ڕووداو و پاڵەوانی ناو ڕۆمانی كافكا نە ڕوویەكی تەواو واقیعیان هەیە نە فانتازیای ڕووت، هەردووكیان هەست پێدەكەیت و هیچیشیان نین. (دیارە بەو مانا باوەی چەسپێنراوە) بۆ نموونە ڕۆمان نووسانی پێش كافكا دامەزراوەكانی دەوڵەتییان واداناوە كە گۆڕەپانی ململانێی نێوان بەرژەوەندی تایبەتی و گشتین، بۆیە کارەکتەرەکان هەمیشە لەنێو هەلومەرجێكی وادا هەڵسووڕاون. بەڵام لای كافكا دامەزراوەكان میكانیزمێكی ملكەچی یاسای تایبەتی خۆیانن، كەس نازانێت ئەم یاسایانە كێ دایناون و، چ پەیوەندییەكیان بەخەم و ئازاری مرۆڤەوە هەیە. بەو مانایە كە یاساگەلێكی نادیار و بەتەم‌ومژن. لای كافكا وەك (میلان كوندێرا) باسی دەكات بەپێچەوانەی نووسەرانی دیكەوە، هەمیشە سزا بەدوای تاواندا دەگەڕێت، ئەمە دیاردەیەكی زۆر سەیرە. چونكە ڕاستییەكە ئەوەیە كە تاوان بەدوای سزای خۆیدا بگەڕێت. بۆ نموونە ڕاسكۆلینكۆفی پاڵەوانی تاوان و سزای دۆستۆیفسكی تاوانی كردووە و دوو ژنی كووشتووە، ئێستا بەدوای سزایەكدا دەگەڕێت بۆ خۆی و پاشان پێی دەگات. كەچی لای كافكا جوزیف ك. لەڕۆمانی كۆشكا هیچ تاوانێكی نەكردووە، لەناكاوێكدا دێنە سەری دەیگرن و زیندانی دەكەن. ئەو هیچ نازانێت، تەنیا بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت كە بزانێت تاوانی چییە، تا تاوانێكی وەهمی بۆ خۆی دروست دەكات و لای ئاساییە و خۆیشی بە کوشتن دەدات. جارێكی دی ئەوە دەڵێمەوە دەسەڵاتی دەقی زیندوو لەو دەسەڵاتە دیسپلین كراوە گەورەترە كە بەزمانی ئاسایی واقیع و یاسایەكی كۆنینەی باو مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت. هەرئەمەیشە ئەدەب دەخاتە سەرووی كۆمەڵێك چەمك و زاراوەی دیار و پێشتر زانراوەوە كە لەئاستی لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی نهێنی و تایبەتمەندییەكانیدا نین، بۆیە دەبێت خوێنەر لەو ڕاستییە بگات کە ڕووداوی ناو کاری ئەدەبی، بەتایبەتی لە چیرۆک و ڕۆماندا، دەشێت لە خوێندنەوەی ئاساییدا – لە ڕوانگەی واقیعەوە – نامۆ بێت و بڕواپێکردنی زەحمەت بێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەشێت ئەویان لە جەوهەری بیرکردنەوە و کارەکانی مرۆڤەوە نزیکتر بێت لەو واقیعەی بەزۆر ڕووی جیاواز خۆی نمایش دەکات و دەشێت گەلێک جار ڕووە ڕاستەقینەکەی نەدۆزرێتەوە.   

سمکۆ محه‌مه‌د (نهلی له‌وشەیەکی لاتینیەوە هاتووە واته‌ (هیچ)ە، نهلیزم ماناکەی دەبێتە (هیچ گەرایی) هەندێکجاریش پێیدەڵێن (پوچگەرایی) و بەو مانایە دێت ئەوانەی کەلایەنگر، یان سەر بەو جهانبینیه‌ن و ئینتیمایان بۆی هەیە وەکو )کیرکەگۆرد و شۆپنهاوەر و نیچە( کەهاوزەمانی یەکتر بوون. لەکورترین مانا و پێناسەشدا، واتە بێبایەخ کردنی هەر شتێکی بەبەها کەبەهۆی هەر بەڵگەیەکەوە بێت بەرامبەر هەر دیاردە یان بۆچوونێک کەپشت بە ئامانجێک دەبەستێت و گەشە بەعەقڵباوەڕی دەدات، "ئەم دونیابینیە ئاراستەیەک بوو مۆدێرنیتە لەسەروەختی خۆیدا بەرهەمیهێنا، به‌م تیگه‌یشتنه‌ مەبەستە بەرزەکان هەموویان بێ‌ بایەخ دەبن و قۆناغێکی ناهەرمانی و ده‌که‌ویته‌ مەترسیەوه‌، چونکە گەلێک بایەخی بەرزی تر، دەستبەجێ‌ و پێش ئەوەی بایەخەکانی پێشوو لەنێو بچن، زاڵ دەبن، له دیالێکتیکدا تەنیا پۆزەتیڤیستەکان دەرکەوتن، هەموو بایەخێکی بەرز بەچ شێوەیەک دەسەلمێنێ‌، بەتەنز؟، بەڵام تەنز هەمیشە لەپێگەیەکی جێی دڵنیاییەوە و لەتوندو تیژیه‌وه‌ سەرچاوە دەگرێ‌. سەرهەڵدان و هاتنی فکری نهلیزم بۆ نێو دونیای ئەدەب و تێڕوانینەکانی دیکە بۆ ژیان و کۆمەڵگە، هەمان ئەو فەزایە نەبوو کەرۆژگارێک ئەوروپای گرتبۆوە، یان ئەوەی ئاین و ئاینگەرێتی خوڵقاندبووی، رەنگە بەشێکی بۆ فەزای سیاسی ئەوکات بگەڕێتەوە کەهێزە سته‌مکارەکان وەگەڕیانخستبوو، لەپەنا ئەمەشدا کۆنەپەرستی خەریک بوو جارێکی دیکە بەشێوەیەکی فراوان چەکەرەی دەکرد، لەمڕاستایەشدا رۆشنبیر و نوسەر و ئەدیب هیچ توانایەکیان نەبوو بەرانگاری ئەو تەوژمە بوەستنەوە. جکه‌ له‌ نهلیزم بوون.  بەشێکی دیکەی نیهلیزمی کوردی بۆلاوازی و هەژاری لەبیرکردنەوە و هۆشیاری بووە، بەڵام بەشە گرینگەکەی ئەوەبوو کەچەمکەکە لەنوێ‌ هاتبووە نێو دونیای ئەدەبیەوە، بەوپێیەی کەهیچ باگڕاوندێکی مەعریفی نەبوو تاکو ئەو وردەکاریەی کەنیچە درکاندی و پێی لەسەر دادەگرت و بیانووی بۆ بهێنریتەوە.  نیهلیزمی ئەدیبی کوردی له‌ویوه‌ هاتبوو که هیچ ئەلتەرناتیڤێکی نەبوو بۆ شێوەی بیرکردنەوە و ئاڵوگۆڕ لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، واتە لایەنگیری لەهیچکام لەو بیرکردنەوانە نه‌کردووه‌ کەگوتاری ئیدیالیزم یان ماتریالیزم بەرگرییان لێدەکرد، بۆیە رێگەیەکی بەرزەخیان گرتبووە بەر و کەڵکیان لەزاراوەی سەربەخۆیی وەرگرتبوو، سەربەخۆییەک کەجگە لەبێ‌ هەڵوێستی هیچی دیکە نەبوو، لەحاڵێکدا نیهلیزم جەنگێکە ماهیەتی شتێک دەنرخێنێ‌ و ماهیەتی شتێکی دیکە و بەهاکەی بێنرخ دەکات، ئەدەبی کوردی لەو پنتەدا بێبه‌رهه‌م بوو که‌لانیکه‌م ده‌بوو رەوتێکی ئەدەبی بخوڵقێنێ‌ کەنیهلیزمیەتی پێوەدیاربێت دژی سیاسەت. نیهلیزم لەشوێنێکی دیکەدا بۆخۆی بەشێکە لەجۆرە ئیرادەیەک بەرامبەر ئیرادەیەکی سەرکەوتکەرانە، ئه‌م چەمکە کارى خۆى نەکرد کەخۆی لەجەنگێکی نادیاردا ئاشکرا بکات، به‌لکو خراپ ره‌نکیدایه‌وه‌ له‌ئه‌ده‌بدا، وەختێک کەئەمە نەکرا بەخەمێک و شێوەی بیرکردنەوەکە جێگەی قەبوڵ نەبوو، بەڵام نەشتوانرا شۆڕبکرێتەوە بۆ خوارەوە کەخوێنەر و گروپە کۆمەڵایەتیەکان زیاتر هەستی پیبکه‌ن، لەبەرامبەر ئەمەدا پێچەوانەکەی کرا بەمۆدێل و زۆربه‌ى ئەوانەی بەناوی رۆشنبیر و نوسەر و قەڵەمبەدەستەوە کاریان دەکرد، نەک هەر نیهلیستی نەبوون، بەڵکو زۆر واقیعیانە بوون. 

    له‌ ساڵى (2004)وه‌ له‌ شارى سلێمانى به‌ردى بناغه‌ى (مۆزه‌خانه‌ى هونه‌رى هاوچه‌رخ)دانراوه‌، له‌وکاته‌وه‌ تا ئێستا ناوبه‌ناو کار له‌م پڕۆژه‌یه‌دا ده‌کرێت، پرۆژه‌که‌ کارى هاوبه‌شى هونه‌رمه‌ندانى کورد و وڵاتى فه‌ره‌نسایه‌و له‌سه‌ر ئه‌رکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دروستکراوه‌، به‌ڵام وه‌ک سه‌رپه‌رشتیارانى پڕۆژه‌که‌ ده‌ڵێن هێشتا به‌ته‌واوه‌تى کاره‌کانى مۆزه‌خانه‌که‌ ته‌واو نه‌بوه‌و هێشتا بۆ نمایشى کارى هونه‌رى جیهانى نه‌شیاوه‌، ده‌رباره‌ى بیرۆکه‌و کاره‌کانى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌، (په‌ڕاو)ى هاوڵاتى ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵ خانمه‌ هونه‌رمه‌ندى فه‌ڕه‌نسى(ئیدیت هینرى) یه‌کێک له‌ ڕێکخه‌رانى کاروبارى مۆزه‌خانه‌که‌ ئه‌نجامدا. سازدانى: هانه‌ شاخى *چۆن بیرۆکه‌ى مۆزه‌خانه‌ى هاوچه‌رختان دانا؟ - مێژووى دروستکردنى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ کۆنه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ باسى بکه‌م، زۆرى ده‌وێت، به‌ڵام پێش دروستکردنى بیرۆکه‌ى مۆزه‌خانه‌یه‌کى وه‌ها هه‌بوو، وه‌ هه‌ر ئه‌وکات له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند (ڕێبوار سه‌عید)دا باسمان کردبوو، که‌ هونه‌رمه‌ندێکى (پۆڵۆنی)ش هاوکارمان بوو، دواتر پڕۆژه‌که‌ گه‌ڵاڵکراو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانى کورد و فه‌ره‌نسى کۆبوینه‌وه‌و یه‌کترمان ناسى و کارمان بۆ دروستکردنى تێیداکرد، پێشتریش له‌ ساڵى (1994)دا ڕێکخراوى (باڵنده‌باران)مان دروستکرد، وه‌ چه‌ند چالاکى و نمایشێکمان له‌ کوردستان ئه‌نجامدا، له‌ ساڵى (1998) له‌سه‌ر پێشنیارى هونه‌رمه‌ند (ڕێبوار سه‌عید) تابلۆى چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکى فه‌ره‌نسیمان کۆکرده‌وه‌، که‌ ژماره‌یان (50) تابلۆبوو، مه‌به‌ست له‌م کاره‌ش کردنه‌وه‌ى په‌نجه‌ره‌و ده‌رگایه‌کى نوێى هونه‌رى کوردى بوو به‌ڕووى دنیادا، به‌ڵام بیرمان له‌وه‌ کردوه‌ له‌ کوێ کاره‌کان نمایش بکه‌ین، چونکه‌ هیچ مۆزوخانه‌یه‌ک لێره‌ بوونى نه‌بوو، دواتر بیرۆکه‌ى مۆزه‌خانه‌یه‌کى وامان گه‌ڵاڵه‌کردو له‌گه‌ڵ (ڕێبوار) چوین قسه‌مان له‌گه‌ڵ دیزاینه‌رێکى کورد له‌ وڵاتى هۆڵانداکرد، به‌ناوى (کاروان فه‌تاح) تا دیزایتى مۆزه‌خانه‌یه‌کمان بۆ دروستبکات، وه‌ من له‌ فه‌ره‌نساوه‌ به‌ ئۆتۆمبیله‌ دوو ته‌نیه‌که‌ى خۆم چوم بۆ هۆڵه‌ندا بۆ ئه‌وه‌ى (کاروان)ببینم. دیزاینه‌که‌ دروستکراو خۆشبه‌ختانه‌ له‌ کوردستانیش (شاره‌وانى)سلێمانى پارچه‌ زه‌ویه‌کى بۆ دابینکردو پارێزگاریش ڕازى بوو له‌سه‌ر دروستکردنى، ئه‌وه‌بوو ساڵى (2004) ده‌ستکرا به‌ دروستکردنى مۆزه‌خانه‌که‌. * ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ ماوه‌ى ته‌واو بونه‌که‌ى زۆرى خایاند و تا ئێستاش به‌باشى ته‌واو نه‌بووه‌، هۆکارى ئه‌مه‌ چییه‌؟ ئایا ئێوه‌ ته‌نها له‌ڕووى هونه‌ریه‌وه‌ کارى تێدا ده‌که‌ن، یان سه‌ر په‌رشتى دروساکردنى مۆزه‌خانه‌که‌ش ده‌که‌ن، هۆکارى ته‌واو نه‌بوونى تا ئێستا چییه‌؟ - ئێمه‌ ته‌نها سه‌رپه‌رشتى کارى هونه‌ریه‌که‌ى ده‌که‌ین و هیچ بڕه‌پاره‌یه‌کمان بۆ دروستکردنى نه‌داوه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ هۆکارى ته‌واو نه‌بوونى بۆ ئێمه‌ش جێگاى پرسیار بووه‌، وه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌داین ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ ببستینه‌وه‌ به‌ مۆزه‌خانه‌کانى ئه‌وروپاوه‌. * له‌ ئێستادا ئه‌م موزه‌خانه‌یه‌ تاچه‌ند بنه‌ماکانى مۆزه‌خانه‌ى جیهانى تیایه‌؟ - به‌داخه‌وه‌ که‌ ده‌ڵێم هێشتا هیچ بنه‌مایه‌کى تێدا نییه‌و بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ مۆزه‌خانه‌یه‌کى جیهانى کارى زۆرى ماوه‌، ئێستا به‌ته‌نها بینایه‌که‌و تۆش به‌ته‌نها بینا چى لێده‌کیت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم بیه‌وێت و هاوکار بێت ده‌توانرێت به‌ ماوه‌یه‌کى که‌م بهێنرێته‌ ئاستى مۆزه‌خانه‌گه‌وره‌کانى دونیا. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ ئیشکردنى خه‌ڵکانى شاره‌زایه‌ له‌و بواره‌دا، له‌ ڕاستیدا زۆر که‌س پێیان خۆشه‌ له‌ مۆزه‌خانه‌که‌ کاربکه‌ن، به‌ڵام پێویستیان به‌ هاوکارییه‌، له‌ ڕابردوودا زۆرێک له‌وکارانه‌ى له‌م مۆزه‌خانه‌یه‌دا کراون خۆبه‌خشانه‌بوون، به‌ڵام هه‌موو شتێک به‌ خۆبه‌خشانه‌ ناکرێت، به‌تایبه‌ت بۆ مۆزه‌خانه‌یه‌ک که‌ به‌ ڕاستى پڕۆژه‌یه‌کى گه‌وره‌یه‌. *له‌ ئێستادا پڕۆژه‌که‌تان گه‌یشتوه‌ به‌چى؟ به‌نیازى چ چالاکیه‌کى هونه‌رین له‌ نێوان هونه‌رمه‌ندانى فه‌ره‌نساو کوردستاندا؟ - له‌ ڕاستیا به‌رده‌وام پڕۆژه‌ هه‌یه‌ وه‌ هونه‌رمه‌ندانێکى زۆرى فه‌ره‌نسى ده‌یانه‌وێت بێن و لێره‌ کاره‌کانیان پیشان بده‌ن، به‌مه‌ستى ئاڵوگۆڕى هونه‌رى، به‌ڵام لێره‌ هاوکارى هیچ نییه‌، هه‌ر چه‌نده‌ له‌ پێشتردا هه‌ندێک کارمان کردوه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ داهاتوودا، له‌ ئێستادا (90) هونه‌رمه‌ندى فه‌ره‌نسى به‌ بێبه‌رامبه‌ر تابلۆکانى خۆیان به‌خشیوه‌ به‌ مۆزه‌خانه‌ که‌و ئاماده‌ن بێنه‌ ئێره‌و پڕۆژه‌ى هونه‌رى بکه‌ن، به‌ڵام بیگومان ئه‌وه‌ پێویستى به‌ هاوکارى مادى هه‌یه‌. ئێمه‌ ده‌توانین هاوکارى بچوکى بۆ په‌یداکه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى که‌ مۆزه‌خانه‌که‌ هى سلێمانى و موڵکى حکومه‌تى هه‌رێمه‌، ده‌بێت ئه‌وان هاوکارى مادى گه‌وره‌ى بکه‌ن، * تا ئێستا سه‌ردانى به‌رپرسانى حکومه‌تان کردوه‌ به‌ مه‌به‌ستى هاوکارى پڕۆژه‌کانتان، ئایا ئه‌وان هیچ پێشوازى له‌ بیرۆکه‌و پڕۆژه‌کانتان ده‌که‌ن؟ - له‌ ڕاستیا ئێمه‌ سه‌ردانمان نه‌کردوون، به‌ڵام له‌ پێشتردا وتیان که‌ وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند کارمه‌ندێک ده‌نێرێت بۆ فه‌ره‌نسا بۆ بینینى خول و وۆرک شۆپ به‌مه‌به‌ستى کارکردن له‌ مۆزه‌خانه‌که‌دا، به‌ڵام هیچیان دیارنییه‌و ئه‌و کاره‌ش نه‌کراوه‌ تا ئێستا، له‌ کوردستان که‌سانى دڵسۆز له‌ نمونه‌ى (شیروان فاتیح) هه‌ن که‌ خۆبه‌خشانه‌ ده‌یانه‌وێت کار له‌ مۆزه‌خانه‌که‌دا بکه‌ن، به‌ڵام خۆ ئه‌وه‌ش سنورداره‌و ناتونرێت تاسه‌ر هه‌روا بمێمێنه‌وه‌، ده‌کرا له‌ سه‌ره‌تادا گرۆپێک بۆ به‌ڕێوه‌چونى کاره‌کانى دروستبکرایه‌ به‌ڵام تا ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌کراوه‌. * بۆ شارێکى وه‌ک سلێمانى که‌ پایته‌ختى ڕۆشنبیریه‌ گرنگى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ چیه‌؟ به‌و پێیه‌ى یه‌کێک له‌ بنه‌ماکانى شارى مۆدێرن بونى (مۆزه‌خانه‌و هۆى سینه‌ما و ئۆپیراو شانۆ) یه‌؟ - راستیه‌که‌ى بونى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ زۆر پێویسته‌، به‌تایبه‌ت بۆ شارێکى وه‌ک سلیمانى که‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌وره‌بوندایه‌و پایته‌ختى ڕۆشنبیریشه‌، وه‌ بوونى مۆزه‌یه‌کى وا ته‌نها بۆ پیشاندانى تابلۆ نییه‌ یان بۆ کافى و قاوه‌ خواردنه‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بێته‌ ناوه‌ندێکى به‌هێز بۆ توێژینه‌وه‌و گه‌ڕان و دیراساتى گرنگى پڕچالاکى له‌ سه‌رجه‌م بواره‌کاندا، وه‌ ده‌بێته‌ ماڵێکى گرنگ بۆ ناساندنى هونه‌رمه‌ندانى کوردو جیهان، وه‌ ده‌بێته‌ پردى ناساندنى خه‌ڵکانى ئاساى و بینه‌رى کاره‌ هونه‌ریه‌کان و هونه‌رمه‌ندان، وه‌ ده‌بێته‌ شوێنێکى گرنگ بۆ پاراستنى ئه‌رشیفى کاره‌ هونه‌ریه‌کانى هونه‌رمه‌ندان. ئومێده‌که‌م ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ له‌ داهاتودا ببێته‌ ده‌رگایه‌ک به‌ ڕووى هونه‌رى هه‌موو دنیادا بکرێته‌وه‌ نه‌ک ته‌نها هونه‌رمه‌ندانى فه‌ره‌نسا. هه‌رچه‌نده‌ مۆزه‌خانه‌که‌ له‌ ئێستادا کارى زۆر تیاماوه‌، به‌ڵام ده‌توانین به‌ ماوه‌یه‌کى که‌م بیکه‌ینه‌ موزه‌خانه‌یه‌کى گرنگ و به‌ (یونسکۆ)ى بناسێنین و بیکه‌ینه‌ مۆزه‌خانه‌یه‌کى جیهانى. * ئێوه‌ ئه‌و په‌یامه‌تان بۆ به‌برپرسانى ڕۆشنبیرى سلێمانى نه‌گه‌یاندووه‌ که‌ پایته‌ختى ڕۆشنبیرى پێویستى به‌ پڕۆژه‌یه‌کى گه‌وره‌ى گرنگه‌. - نه‌خێر من وه‌ک خۆم هیچى وام نه‌کردووه‌، به‌ڵام قسه‌م له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هونه‌رى له‌ سه‌فاره‌ت و قونسوڵى فه‌ره‌نسى له‌ به‌غداو هه‌ولێر کردوه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بم. * بونى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ تا چه‌ند ده‌توانێت هونه‌رى شێوه‌کارى کوردى له‌ لۆکاڵیه‌وه‌ به‌رێته‌ ده‌ره‌وه‌و بیکاته‌ جیهانى. - به‌و پێیه‌ى هونه‌رمه‌ندانى باشتان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات هه‌یه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وروپاو ئه‌مریکا ئه‌وا شانسێکى باشتان هه‌یه‌ به‌زووى به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆن و هونه‌ره‌که‌تان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ به‌رن، چونکه‌ به‌ڕاستى ئێره‌ هونه‌رمه‌ندى باشى لێیه‌و کاره‌کانیان زۆر پێشکه‌وتوون. * ڕۆڵى پێشکه‌وتنى ته‌کنه‌لۆجیا چیه‌ له‌ پێشکه‌وتنى هونه‌رى شێوه‌کاریدا؟ تا چه‌ند له‌ کوردستان سود له‌ ته‌کنه‌لۆجیا بۆ پێشخستنى ئه‌م هونه‌ره‌ بینراوه‌؟ - هونه‌رى نوێ‌ (هونه‌ر بیستن و بینین و بیر کردنه‌وه‌و تێڕامانه‌)، مه‌رج نییه‌ بۆ هونه‌ر خوێندن پێویست بێت ئه‌وه‌نده‌ى بیرکردنه‌وه‌و تێڕامان پێویسته‌، هه‌ندێکجار کارێکى هونه‌رى که‌ ئه‌نجامى بیرکردنه‌وه‌ى قوڵه‌ سه‌دانجار باشتره‌ له‌وه‌ى چه‌ند ساڵێک بۆى بخوێنیت، * ئاستى هونه‌رى هونه‌رمه‌ندانى ئێره‌ له‌ چ ئاستێکدا ده‌بینیت؟ - من وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک قسه‌ ده‌که‌م، وه‌ک چۆن له‌ فه‌ره‌نسا هونه‌رمه‌ندى (باش و مام ناوه‌ند و خراپ) هه‌یه‌ لێره‌ش هه‌ر وایه‌ به‌راستى هونه‌رمه‌ندى زۆر باش لێره‌ هه‌یه‌ و من به‌ کاره‌کانیان سه‌ر سامم. به‌ڵام ئه‌وه‌ى کێشه‌و کێماسیه‌ له‌به‌رده‌م هونه‌رمه‌ندانى ئێره‌ نه‌بوونى هۆڵى گه‌له‌رى باش و ئیناره‌ بۆ نمایشى کاره‌کانیان و شوێنى ئه‌رشیفیه‌ بۆ تابلۆکانیان. * کاتێک باس له‌ هونه‌رى هاوچه‌رخ ده‌که‌ین، مه‌به‌ستمان له‌مه‌ چیه‌؟ ده‌توانین چۆن له‌ هونه‌رى هاوچه‌رخ بڕوانین؟ وه‌/ هونه‌رى هاوچه‌رخ له‌ مۆزه‌خانه‌کانه‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى لێتێبگه‌ین ده‌بێت گرنگى به‌ مۆزه‌خانه‌ بده‌ین و که‌سانى شاره‌زاى لێوه‌ به‌رهه‌م بهێنین. *ئایا ده‌کرێت له‌ داهاتودا ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ بکرێت شوێنى به‌ ده‌ساهێنانى داهات؟ به‌ هاتنى گه‌شتیارى بیانى بۆ سه‌ردانى کاره‌ هونه‌ریه‌کانى ناوى؟ - له‌ ڕاستیدا له‌ کوردستان بۆ هه‌ر شتێک باسى پاره‌ بکه‌یت باش نییه‌؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌خێر. چونکه‌ لێره‌ پیشانى فیلم و شانۆ گه‌ر به‌ پاره‌ بێت که‌س ناچێت. بۆ سه‌ردانکردنى گه‌شتیارى بیانیش بڕواناکه‌م داهاتێکى واهاى هه‌بێت که‌ پشتى پێببه‌سترێت و وه‌ک سه‌رچاوه‌ى ده‌ستکه‌وتنى داهات لێى بڕوانرێت. ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ شوێنه‌که‌ زیندو که‌ینه‌وه‌و بیناسێنین له‌ دواتردا بۆ شتى تر خوا گه‌وره‌یه‌. *له‌ ئێستادا ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک هونه‌رمه‌ندى جیهانى بیانه‌وێت نمایشى کاره‌کانیان له‌م مۆزه‌یه‌دا بکه‌ن ده‌توانن؟ - نه‌خێر له‌ ئێستادا ناتوانن، چونکه‌ کارکردنى زۆر تیادا ماوه‌. * هیچ ئومێدێکتان به‌وه‌ هه‌یه‌ به‌و زوانه‌ بتوانن کاره‌کانى ته‌واو بکه‌ن و بۆ نمایش بشێت؟ - به‌ڵێ بۆ نا له‌ داهاتودا ده‌توانین ئه‌و کاره‌ بکه‌ین، به‌ڵام بۆ ئێستا نا. له‌ ئێستادا (217) تابلۆى هونه‌رمه‌ندانى به‌ناوبانگى فه‌ره‌نسیم له‌سه‌ر ئه‌رکى خۆم هێناوه‌و ئاماده‌ن بۆ نمایش، به‌ڵام هیچ که‌س نییه‌ سپۆنسه‌رى ئه‌و کاره‌ بکات. * ئێستا چه‌ندى ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌ به‌ ته‌واوه‌تى ته‌واو بێت و ئاماده‌بێت بۆ نمایش؟ - له‌ ڕاستیدا وه‌ک کارکردن ماوێتى ڕێکخراوى (باڵنده‌ باران)ى کورد، پێشتر ماوه‌ى (3) ساڵیان دانابوو بۆ ته‌واو بوونى ئه‌م مۆزه‌خانه‌یه‌، ئێستا له‌و (3) ساڵه‌، ماوه‌ى ساڵ و نیوێکى ته‌واو بووه‌، ئه‌گه‌ر به‌م ساڵ و نیوه‌ى که‌ ماوه‌ ته‌واو نه‌بێت، ئیتر شتێک نابێت به‌ناوى (مۆزه‌خانه‌ى هونه‌رى هاوچه‌رخ) وه‌ ئه‌گه‌ر کاره‌کانى به‌باشى ته‌وبکرێت ئه‌وا ئه‌م مۆزه‌خانه‌ ده‌بێته‌ دووه‌م مۆزه‌خانه‌ى هونه‌رى له‌ دونیادا که‌ هونه‌رمه‌ندانى جیهانى بێبه‌رامبه‌ر کارى تێدابکه‌ن و کاره‌کانى پێشکه‌ش بکه‌ن. که‌ مۆزه‌خانه‌ى یه‌که‌م له‌ وڵاتى (پۆڵه‌ندا)یه‌ به‌ناوى مۆزه‌خانه‌ى (مۆدێرن) و مۆزه‌خانه‌ى (هونه‌رى هاوچه‌رخ) له‌ هه‌رێمى کوردستان و شارى سلێمانى، که‌ ئه‌مه‌ش له‌ڕاستیدا ده‌سکه‌وتێکى گه‌وره‌یه‌. بۆ کوردو شارى سلیمانى و هونه‌رمه‌ندانى.  

ئا/ لۆڤە محەمەد ڕەحیمی زەبیحی، سینەماکار و دەرھێنەری ناوداری کورد، درەنگانی شەوی هەینی 7/12/2018، ئۆتۆمبێلەکەی لەسەر رێگای نیزەڕۆی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەرگەڕا و دواتریش ئاگری تێبەربووە، بەوهۆیشەوە خۆی و براکەی کە لە نێویدا بوون گیانیان لەدەستدا. نوری کاکە خان، ئەکتەری دیاری شاری سلێمانی و بەشداربووی درامای (ماڵەکەی مەعرووف) سەبارەت بە کۆچی دوایی ڕەحیمی زەبیحی بۆ هاوڵاتی وتی:"گیان لەدەستدانی ڕەحیمی زەبیحی کارەساتێکی زۆر ناخۆش بوو بۆ من، کاتێک هەواڵەکەیم بیست ڕووخام، جگە لەوەی کە هاوڕێ بووین و دەرهێنەرم بوو، ٢٠ شەو پێش گیان لەدەستدانی لە ڕێگەی مەسنجەرەوە پەیوەندیمان ئەنجامدا و پێی وتم کە من ئێستا دکتۆرا دەخوێنم لە تارانم  کە تەواوبووم و هاتمەوە سلێمانی هەنگاوێکی دیکە دەنێم و فلیمێک بەرهەم دەهێنم کە زۆر جیاواز بێت لە کارەکانی پێشووتر و پێویستیم بە تۆیە لە هاوکاریکردنم بۆ ئەنجامدانی ئەو فلیمە، بەڵام بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا ئەو خەونەی بەدی بهێنێت". لە دەرخستنی کەسایەتی و کارەکتەری ئەو سینەماکار و دەرهێنەرەی کورد، نوری کاکە خان ئاماژەی بەوەدا:"ڕەحیمی زەبیحی هەم دەرهێنەر بوو، هەم هاوڕێ بوو، پیاوێک بوو ئیشی جوانی هەبوو خەیاڵ و فکری زۆر جوانی پێبوو، بە سەلیقەبوو زۆر نەرمونیان بوو لەگەڵ ئەکتەرەکانی و وەک هاوڕێ و دۆست مامەڵەی دەکرد و توڕە بوونی نەبوو لە کاتی کارکردندا، ئایندەیەکی زۆر باشی دەبوو، بەڵام بەداخەوە کە هەواڵی کۆچیمان بیست، بە کۆچی دوایی تەنها لە خانەوادەکەی و هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەڕۆیی بەڵکو لە هەموو میللەتی کورد و هونەرمەندانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ڕۆشت". فلیمە سینەماییەکانی و دراما بە چێژەکانی وایکرد کە هەموو کورد لە پارچەکانی کوردستان ئاشنا بێت ڕەحیمی زەبیحی و بە گیان لەدەستدانی ماتەم بگێڕن و پرسەی بۆ دابنێن.  ئەزموونی ئەم سینەماکارە لە فلیمە سینەماییەکانی و دراما کوردەوارییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە و وایکردووە کەسانی ئەکادیمیش سەریان بسوڕمێت لەو شاکارانەی کە پێشکەش بە بینەری دەکرد و لایخۆشیەوە دڵشاد مستەفا، سەرۆک بەشی فلیمسازی لە زانکۆی سلێمانی بۆ هاوڵاتی وتی: ڕەحیمی زەبیحی هەر بەتەنها هونەرمەندێکی سادە و ساکار و ئاسایی نەبوو، بە تێکەڵاوبوونی لەگەڵ سینەما لە شارەکەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وایکردبوو توانای ئەم کوڕە بگاتە ئەو ئاستەی کە لێوەی چاوەڕوان دەکرێت، بە ئەزموونی خۆی توانی کۆمەڵێک فلیم بەرهەم بهێنێت کە بە مامەڵەیەکی باش و ورد لەگەڵ فۆڕمی سینەمادا بکات و زمانێکی سینەمایی بهێنێتە کایەوە کە بینەرەکەی خۆی بەو وێنانە ڕازی بکات کە لە میانەی فلیم و دراماکانیدا بینەر دەیبینی. )دڵشاد مستەفا(، کۆچی ڕەحیمی زەبیحی بە دەرفەتێک دەزانێت کە پشتگوێخستنی هونەر و ژیانی هونەرمەندان بخاتەڕوو و ڕایگەیاند:" کۆچی ڕەحیمی زەبیحی لە ئێستا و ئەمڕۆدا بەو شێوەیەی بەرامبەری کراوە ئەوەمان بەبیر دەهێنێتەوە کە ئێمە چەند  تەنهاین، ئێمە کەوتوینەتە شوێنێکەوە کە جگە لە خۆمان کەسیترمان نیە کە داکۆکی لە خەون و خەیاڵمان بکات، هونەرمەندی کورد وایلێهاتووە کەوتوەتە بەر هەڕەشە و مەترسیانەی کە ئیتر بە ئینسان و بە ژیانی ئینسان دەکرێت، بۆیە مەرگی ڕەحیم ئەوەمان بە بیر دەهێنێتەوە کە لەبەردەم لەناوچونێکی نزیک و خێراداین کە دەبێت زوو فریایی ئەوە بکەوین کە چیمان هەیە بە بینەر و بە وەرگری خۆمانی بڵێین". )ڕەحیم زەبیحی( لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووەو یەکێکە لەسینەماکارە بەتواناکانی کورد، چەندین کورتە فلیمی وەک “هاوار”، “سەتەلایت”، “کۆتایی شەڕ”، “ئەو پیاوەی کە چو بۆ سەیران”، “ساتە مەزادکراوەکان”، “تیرۆریستێک دادەبەزێ”، “ڕۆژی دوایی”، “ئیسترێس″، “سەمای ڕەنگەکان”، “ژانی دابڕانی ئەبەدی”، فیلمی “وڵاتی ئەفسانە” و چەند کورتە فلیمی سینەمایی  دیکەی بەرهەم هێناوە و لەچەندین فیستیڤاڵی سینەمایی ناوخۆیی ‌و جیهانیدا نمایشكراون ‌و خەڵاتیان وەرگرتووە، هەروەها لە شاری سلێمانیش درامای (ماڵەکەی مەعرووف)ی بەرهەم هێناوە کە پڕبینەرترین درامابووە لە باشوری کوردستان و ئەمەش وایکرد کە لەباشووری کوردستانیش بینەرێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە. لە دوای بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی ڕەحیمی زەبیحی شەپۆلێكی ناڕەزایی توند لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا و باسیان لەوەکرد کە ڕەحیمی زەبیحی بە ڕووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستنەداوە، بەڵکو کوژراوە و دەستیان بەستراوە و پاشان ئۆتۆمبێلەکەی فڕێ دراوەتە شیوێک و سوتێنراون، هەر بۆیە لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکاندا پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کران.   هۆکاری ئەم ئاڕاستەکردنەش لەلایەن (رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە گرنگی بە پرسی مافی مرۆڤ دەدات لە رۆژهەڵاتی كوردستان)، ئاشکرای کردووە کە ڕەحیم زەبیحی، دەرهێنەر سەرقاڵی بەرهەمهێنانی فلمێكی دۆكیۆمێنتاری بووە لەسەر دۆخ و ژیانی كۆڵبەران لەرۆژهەڵات و كوشتنیان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، ئەو ڕێکخراوە ئەوەشی بڵاوکردوەتەوە کە دوای ئەوەی زەبیحی سیناریۆی فلیمەكەی ڕادەستی بەرپرسانی حكومەتی ئێرانی كردووە، بەتوندی بەرپەرچیانداوەتەوە و چەندجارێكیش بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەكانیان كردووە و فشاریان لێكردووە تا كارەكەی رابگرێت، بەڵام ناوبراو سوور بووە لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمەكە و نیوەی زیاتریشی تەواوكردوووە، هەرئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە پەنجەی تۆمەت بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران درێژ بکرێت. جێگای باسە پاش کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دەزگا ئەمنیەکانی شاری بانە کەسێکیان دەستگیردوو و ڕایانگەیاند کە کەسێکی نزیکی خۆی لەسەر کێشەی دارایی ڕەحیمی زەبیحی کوشتووە. لە 9-12-2018 تەرمی دەرهێنەر و سینەماكاری گەورەی كورد، ڕەحیمی زەبیحی و كەیوان زەبیحی برای، لە کەسێکی ساردو سڕدا و لەناو هەڵوێستی گەرموگوڕی جەماوەریدا لەشاری بانەی ڕۆژهەڵات بەخاك سپێردران.

فه‌ره‌یدون که‌ریم "داهێنانى هونه‌ریى گوزارشته‌ له‌ حه‌قیقه‌تى بوون، پێویسته‌ کارى هونه‌ریى وه‌ها سه‌یر بکرێ‌ که‌ ده‌یه‌وێ‌ شتێکمان پێبڵێ‌ ، شتێ‌ که‌ په‌یوه‌ندییه‌کى پته‌وى به‌ بوون و ژیانه‌وه‌ هه‌یه‌."مارتن هایدگه‌ر نوسین له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارییه‌وه‌ ئه‌و بابه‌ته‌یه‌ که‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌مه‌ودوا به‌پێى پێویست و له‌ شوێن و کاتى گونجاودا قسه‌ى له‌باره‌وه‌ بکه‌ین، به‌و هێوایه‌ى له‌ ناوه‌ندى هونه‌رى شێوه‌کاریدا جوڵه‌یه‌ک دروست ببێ بۆ دامه‌زراندنى زمانێکى تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆ له‌ هه‌موو ئه‌و شێوازه‌ جیاوازانه‌ى بۆ نووسین له‌ کایه‌کانى تردا به‌کاردێت، که‌ به‌ بڕواى ئێمه‌ نه‌ له‌رابردوو نه‌ له‌ ئێستادا زمانێک نییه‌ سود به‌م بواره‌ بگه‌یه‌نێ‌، به‌ڵکو به‌ نائومێدییه‌وه‌ ده‌ڵێین زۆربه‌ى ئه‌و نوسینانه‌ى وه‌کو هه‌وڵى جدى و  دڵسۆزانه‌ش بۆ قسه‌کردن له‌ سه‌ر هونه‌ر ده‌درێ‌، له‌برى کردنه‌وه‌ى بواره‌که‌ له‌به‌رده‌مماندا بۆ تێگه‌یشتن، زیانیشى پێده‌گه‌ینن و ئاراسته‌ سروشتیه‌که‌ى ده‌گۆڕن بۆ شتێک که‌ چیدى هونه‌رى شێوه‌کاریى نییه‌. یه‌کێک له‌و زامانانه‌ى له‌پاڵ چه‌ند شێوازێکى تردا خوێندنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ى بۆ هونه‌رى شێوه‌کاریی پێکراوه‌، زمانى فه‌لسه‌فه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ى فه‌لسه‌فییه‌ به‌ هه‌موو زاراوه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و سیمبوله‌ ئاڵۆز و فره‌ ماناو فره‌ ره‌هه‌نده‌کانییه‌وه‌، که‌ له‌ کۆدڕێژکردن و شاردنه‌وه‌ى واتاو ناوه‌ڕۆکى به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌کان به‌ولاوه‌ سودێکى به‌ خوێنه‌ر و هونه‌رمه‌ندانیش نه‌گه‌یاندووه‌. کاتێکیش ده‌که‌وینه‌ به‌رده‌م نوسێنێکى هاوشێوه‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى تێنه‌گه‌یشتن له‌وه‌ى قسه‌ى له‌باره‌وه‌ ده‌کرێ‌، ده‌بێ‌ فه‌رهه‌نگێکى زاراوه‌کانمان به‌ ئینگلیزى و عه‌ره‌بى پێبێ، خۆ ئه‌گه‌ر زاراوه‌کان به‌بێ‌ پێناسه‌ و چه‌مکه‌کان به‌بێ‌ سیاق به‌کارهاتبن وه‌کو له‌ بابه‌تێکى به‌ڕێز"نه‌به‌ز سه‌مه‌د له‌باره‌ى مس گه‌له‌ری"یه‌وه‌ نوسیوێتى، ئه‌وا به‌ته‌واوى ئه‌رکى ره‌خنه‌گرتنیش قورستر ده‌بێت.  کاک نه‌به‌ز سه‌مه‌د له‌ گۆڤارى ئه‌له‌کترۆنى کولتوور مه‌گه‌زین،دا رۆژى  20/11/2018 بابه‌تێکى به‌ ناونیشانى "فره‌- میدیۆمى له‌ گێڕانه‌وه‌دا" بڵاو کردۆته‌وه‌ و له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا کۆتایى هیچ کام له‌و زاراوانه‌ى پێناسه‌ نه‌کردووه‌ که‌ به‌کارى هێناون و گرنگترینیان زاراوه‌ى"هه‌قیقه‌ت"ه‌، که‌ به‌درێژایى نوسینه‌که‌ى چه‌ند باره‌ى ده‌کاته‌وه‌، وه‌کو چه‌مکێک که‌ کاره‌ هونه‌رییه‌کانى ناو مس گه‌له‌رى هه‌ڵگرین. بۆ رونکردنه‌وه‌و پێناسه‌کردنى "هه‌قیقه‌ت" ده‌بوایه‌ پانۆرامایه‌کى دوورودرێژى مێژوویى له‌سه‌ر واتاو ماناى زاراوه‌که‌ له‌ ئه‌رستۆوه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ بخه‌ینه‌روو، کارێک که‌ ئێمه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕمان پێى نییه‌، به‌و پێیه‌ى ئیشى توێژه‌ر و ره‌خنه‌گرى هونه‌ر فه‌لسه‌فاندن و شیعراندنى کارى هونه‌ریى نییه‌، به‌ڵکو رونکردنه‌وه‌ و لێکدانه‌وه‌ى ئه‌و کۆنسێپتانه‌یه‌ که‌ هه‌ڵیگرتون و بردنیانه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ى که‌ کۆنسێپته‌کانى بۆ ئاراسته‌ کراوه‌، دۆزینه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌ له‌نێوان ماتریاڵ و بابه‌ته‌کان، و په‌یوه‌ندى ئه‌ودوانه‌شه‌ به‌ ژینگه‌که‌ى خۆیه‌وه‌.  به‌به‌رداکردن، یاخود "بۆ داتاشین و دروستکردن"ى ماناو واتاى ته‌مومژاویى و ئاڵۆز، نه‌ریتێکه‌ که‌ تا ئه‌مڕۆ له‌ نوسینه‌کاندا ئه‌زموونمان کردووه‌ و ده‌ریخستووه‌ که‌ له‌توانایدا نییه‌ و نه‌بووه‌ زه‌مینه‌یه‌ک بۆ زمانێکى سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌ت به‌هونه‌رى شێوه‌کاریى دابمه‌زرێنێ‌. قسه‌کردن له‌باره‌ى هه‌قیقه‌تى هونه‌ره‌وه‌ به‌ گشتى جیاوازى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستنیشانکردن و ئاشکراکردنى ئه‌و هه‌قیه‌ته‌ى له‌ ناو هونه‌رى شێوه‌کاریدا ده‌شێ‌ هه‌بێ، به‌و مانایه‌ى ئه‌گه‌ر تیۆره‌یه‌ک هه‌یه‌ نوسه‌ر ده‌یه‌وێ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌قیه‌تمان له‌ هونه‌رى شێوه‌کاریدا پێبناسێنێ‌، یاخود له‌ن چه‌ند به‌رهه‌مێکدا بسه‌لمێنێ‌، پێویسته‌ له‌ پێشدا تیۆره‌که‌ى رونبکاته‌وه‌. به‌وپێیه‌ى نوسه‌رى ئه‌م بابه‌ته‌ ئه‌وکاره‌ى نه‌کردووه‌، به‌ڵکو به‌جیا له‌ به‌رهه‌م و کاره‌ هونه‌رییه‌کانى ترى کوردستان، کۆمه‌ڵێ‌ کارى هونه‌ریى دیارى کراو ده‌خوێنێته‌وه‌ که‌ له‌ گه‌له‌ریى مس پیشان دراون، ئێمه‌ش هیچ کام له‌ پرسیارو داواکارییه‌کانمان له‌ سیاق و فه‌زاى گشتیى هونه‌ردا نه‌کردووه‌، ئه‌گه‌ر چی وتارو لێکۆڵینه‌وه‌ى زۆر له‌باره‌ى هه‌قیه‌تى هونه‌ر و ئه‌و هه‌قیه‌ته‌ى هونه‌ر هه‌ڵیده‌گرێ‌ یان په‌ى پێده‌بات و نمایشى ده‌کات، ئێجگار زۆرن، به‌ڵام پشت نه‌به‌ستن به‌ هیچ بیروڕایه‌کى فه‌لسه‌فى و ره‌خنه‌یى ناسراو له‌م بابه‌ته‌دا به‌ راسته‌وخۆیى، رێگه‌ى ئه‌ومان نادات ئێمه‌ش بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌بابه‌ته‌که‌ بیان هێنینه‌ ناو باسه‌که‌مانه‌وه‌.  له‌هه‌ر جێیه‌کى باسه‌که‌ى کاک نه‌به‌زدا حوکمى ئه‌وه‌ درابێت که‌ فڵان کارى هونه‌ریى فڵان شت به‌یان ده‌کات، ئێمه‌ پرسیارمان ئاراسته‌ کردووه‌ که‌ چۆن و به‌چى شێوه‌یه‌ک ئه‌و شته‌ وایه‌، ئه‌مه‌ش هیچکاتێ‌ ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ ئێمه‌ ئه‌و حوکمه‌ى ئه‌و داوێتى ره‌تى ده‌که‌ینه‌وه‌و شتێکى خۆمان له‌برى داده‌نێین، وه‌ک چۆن نکووڵیکردن نییه‌ له‌وه‌ى که‌ کاره‌ هونه‌رییه‌که‌ هه‌ڵگرى ئه‌و مانایه‌ یان "ئه‌رک-وه‌زیفه‌"یه‌ بێت که‌ نوسه‌ر ده‌یخاته‌ پاڵى، به‌ڵکو ته‌نها گومانمان له‌ دروستیى ئه‌و حوکمانه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌لاى ئێمه‌ به‌هۆى ناڕونى و نه‌سه‌لماندنیانه‌وه‌ وه‌کو حوکمى نادروست و لێکدانه‌وه‌ى ناڕون و بێ به‌به‌ڵگه‌ خراونه‌ته‌ڕوو.  هه‌وڵ ده‌ده‌ین له‌ ده‌ره‌وه‌ى نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز هیچ بیروڕایه‌کى خۆمان نه‌خه‌ینه‌ڕوو، هه‌روه‌ها به‌ زنجیره‌ى نوسینه‌که‌ى خۆیدا بڕۆین و له‌و سیاقه‌شدا قسه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ ده‌که‌ین که‌ سیاقى بابه‌ته‌که‌ى خۆیه‌تى. کاک نه‌به‌رز له‌باره‌ى مس گه‌له‌رییه‌وه‌ ته‌نها "وه‌سف" ده‌کات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رئه‌نجامێکى کردووه‌ و ده‌ڵێت" سه‌رجه‌م ئیشه‌کان له‌م پیشانگه‌یه‌دا هه‌قیقه‌ت ده‌گێڕنه‌وه‌". به‌کارهێنانى هه‌قیقه‌ت به‌بێ‌ پێناسه‌کردن و رونکردنه‌وه‌ى سیاقه‌که‌ى و به‌و گشتگیرییه‌، له‌ هونه‌رێکى قسه‌که‌ر و  واتاداردا که‌ خاوه‌نى ده‌قه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ باس له‌ هه‌قیقه‌تێکى ره‌ها بکات، ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌که‌ له‌ توناى ئێمه‌دا نییه‌ زیاتر له‌سه‌رى بڕۆین، ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێ‌ که‌ جگه‌ له‌ ئاراسته‌ کردنى هه‌ندێ‌ پرسیارى پێویست، کۆى نوسینه‌که‌ به‌و ته‌مومژه‌وه‌ به‌جێده‌هێڵین و به‌ کاک نه‌به‌ز ده‌ڵێین ئێمه‌ له‌و حوکمانه‌ تێناگه‌ین، هه‌تا نه‌زانین مه‌به‌ستیان له‌ هه‌قیقه‌تى چى شتێکه‌؟ ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ى کاره‌کان بۆمانى ده‌گێڕنه‌وه‌ چه‌ند دانه‌ن و کامانه‌ن و له‌باره‌ى چییه‌وه‌ن؟ حوکمى ئه‌وه‌ى که‌ فڵان شت هه‌قیقه‌ته‌ پێویستى به‌ سه‌لماندن هه‌یه‌ و چۆن بتوانین ئه‌م حوکمه‌ به‌ دروست بزانین ئه‌گه‌ر نه‌سه‌لمێنرابێت؟ به‌ چیدا ئه‌وه‌ى له‌ کاره‌کاندا به‌یان کراوه‌ به‌ هه‌قیقه‌ت وه‌ربگرین و له‌ راى که‌سیى و به‌کارهێنانه‌ رۆژانه‌ییه‌که‌ى زاراوه‌که‌ى جیا بکه‌ینه‌وه‌؟ هه‌قیقه‌ت شتێکه‌ له‌  هونه‌ردا خۆى هه‌یه‌و دانراوه‌ و ئێمه‌ به‌س له‌سه‌رمانه‌ به‌ ئاماژه‌یه‌ک بیبینین، یان پێویسته‌ بیدۆزینه‌وه‌و به‌ده‌ستى بهێنین؟ په‌یوه‌ندى مێژوویى نێوان هه‌قیقه‌ت هونه‌ر چۆنه‌ و چییه‌؟ له‌ کارى هونه‌رى شێوه‌کاریدا و به‌تایبه‌ت هونه‌رى "کۆنسێپچواڵ" که‌ فیکرى هونه‌رییانه‌ بناغه‌که‌یه‌تى و واقیع به‌هه‌موو دووریه‌کانیه‌وه‌ بابه‌تى سه‌ره‌کى و سه‌رنجى ئه‌م هونه‌ره‌ن، ئایا په‌یوه‌ندیى فیکرو هه‌قیه‌ت و واقیع له‌م ده‌قه‌دا چۆن شیکراوه‌ته‌وه‌؟  بۆیه‌ نه‌ریتى هه‌ر نوسینێک ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ستایش و پیاهه‌ڵدانیش بێت، مادام حوکمى به‌ده‌سته‌وه‌دانى هه‌قیقه‌تى تیادایه‌ لانى که‌م ده‌بێ‌ ئه‌و به‌رنجامه‌ له‌و پێشه‌کیانه‌وه‌ هاتبن که‌ پێشتر به‌یانکراون، بۆئه‌وه‌ى بزانین ئه‌و نوسینه‌ باسى چیى ده‌کات. کاک نه‌به‌ز وتاره‌که‌ى به‌ وه‌سف و لێکدانه‌وه‌ى شوێنى گه‌له‌ریه‌که‌ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: زانا ره‌سول خانویه‌کى "په‌راوێزى ناوبازاڕى" گۆڕیوه‌ بۆ گه‌له‌رى، کردنه‌وه‌ى گه‌له‌رى له‌ "شوێنێکى په‌راوێزى شاردا"، ده‌شێ‌ جارێکیتر له‌ "په‌راوێزێوه‌ بێینه‌وه‌ ناوه‌ند" و یاده‌وه‌رى و هه‌قیقه‌تى شوێنه‌ په‌راوێزخراوه‌کان بێدار بکه‌ینه‌وه‌. به‌ بڕواى ئێمه‌ هه‌ڵه‌، یان له‌خۆوه‌ به‌کارهێنانى وشه‌ى په‌راوێز کاک نه‌به‌زى توشى هه‌ڵه‌ى دووه‌م کردووه‌ که‌ باسکردنى دوانه‌ى"په‌راوێز و ناوه‌ند"ه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچى ترى له‌سه‌ر ئه‌م دوانه‌یه‌ خستبێته‌ روو، بۆنموونه‌ په‌راوێز چییه‌ و کوێیه‌؟ ئه‌گه‌ر ویستمان شتێک له‌ په‌راوێزه‌وه‌ بهێنینه‌وه‌ بۆ ناوه‌ند، ئه‌و ناوه‌نده‌ کوێیه‌و چییه‌؟ سیاقى به‌کارهێنانى ئه‌م چه‌مکى په‌راوێز و ناوه‌نده‌ خوێندنه‌وه‌ى شوێنى ئه‌و خانووه‌یه‌ که‌ هونه‌رمه‌ندێک کردویه‌تى به‌گه‌له‌رى له‌ناو بازاڕى شاردا. بۆچى وه‌سفکردنى خانوویه‌کى "چه‌په‌ک" گۆڕدراوه‌ بۆ خوێنده‌نه‌وه‌ى به‌ خانوویه‌کى "په‌راوێز"؟ له‌کاتێکدا کاک زانا به‌ ویستى خۆى/ وه‌ک کاک نه‌به‌ز هه‌وڵیداوه‌ ئاماژه‌ى بۆبکات/ شوێنێکى کۆنى نۆژه‌ن کردۆته‌وه‌ و گۆڕیویه‌تى بۆ گه‌له‌رى، له‌ چى دۆخێکدا دروسته‌ ئه‌و شوێنه‌ واتایه‌کى له‌وه‌ زیاتر هه‌ڵبگرێ  که‌ هه‌یه‌تى؟ ئه‌ڵبه‌ته‌ نازانین هۆکارى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى بۆ ئه‌و شیوێنه‌ چییه‌ و ته‌نها له‌سه‌ر باسه‌که‌ى کاک نه‌به‌زه‌وه‌ قسه‌ى لێده‌که‌ین.  ئه‌و خانووه‌ له‌ناو جه‌رگه‌ى بازاڕدایه‌ و وه‌ک خۆى ده‌ڵێ‌ چوارده‌ورى پڕه‌ له‌ کرێکار و دوکان و بازاڕ، هه‌روه‌ها له‌ناو سه‌نته‌رى شاریشدایه‌ و خاوه‌نى هه‌یه‌و کرێى لێ وه‌رده‌گرێ‌، خانووه‌که‌ ئه‌گه‌ر راستبێ‌ بۆ گه‌له‌رى چه‌په‌ک بێت به‌و واتایه‌ى له‌سه‌ر شه‌قامێکى سه‌ره‌کیی نییه‌، ئه‌وا وه‌کو خانوو راست نییه‌ چه‌په‌کیش بێت، چونکه‌ له‌ ژینگه‌ى ناوبازاڕو کارو کاسبیدایه‌ و ئه‌وه‌ شوێنى سروشتیى خۆیه‌تى، ئه‌گه‌ر نا هه‌موو بیناکانى پشتى شه‌قامه‌ سه‌ره‌کییه‌کانى شار به‌ وته‌ى کاک نه‌به‌ز ده‌بێت له‌پاراوێزدا بن! خوێنده‌نه‌وه‌ى وه‌ها بۆ شوێنه‌که‌ به‌ شوێنێکى په‌راوێزخراو ته‌نها داتاشینى واتایه‌کى زیاتره‌ که‌ خۆى هه‌ڵیناگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ خانووه‌که‌ خاوه‌نى هیچ روداوێک نییه‌، هه‌روه‌ها هیچ به‌هایه‌کى که‌له‌پووریى بیناسازیى و شوێنه‌واریى نییه‌، ئیتر بۆ ئێمه‌ش له‌ زمانى نوسه‌ره‌وه‌ رون نه‌کراوه‌ته‌وه‌ چیرۆک و هه‌قیقه‌تى ئه‌و شوێنه‌ کامه‌یه‌ و چییه‌ و بۆچى و چۆن بهێنینه‌وه‌ بۆ کام "ناوه‌ند"؟  که‌ ده‌چینه‌ ناو گه‌له‌رییه‌که‌وه‌ کاک نه‌به‌ز یه‌که‌م ماتریاڵ که‌ سه‌رنجمان راده‌کێشێ‌ بۆى پێڵاوه‌کانى هونه‌رمه‌ند "سه‌روه‌ت سه‌وز" ه‌، ده‌ڵێ‌: ده‌شێ‌ بینه‌ر وه‌ک شتێکى په‌راوێز به‌لایدا تێپه‌ڕێ، له‌ کاتێکدا خاوه‌نى چیرۆک و یاده‌وه‌رییه‌ و به‌شێک له‌ هه‌قیقه‌تمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌. لێره‌شدا ئه‌گه‌رى سه‌رنج نه‌دانى ماتریاڵێکى ناو گه‌له‌رییه‌که‌ له‌لایه‌ن بینه‌ره‌وه‌ به‌ په‌راوێز وه‌سف کراوه‌، که‌ وشه‌یه‌کى نه‌گونجاو و نادروسته‌ و ئه‌وه‌ زیاتر پێى ده‌وترێ‌ گرنگى نه‌دان یان به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گرتن. که‌ به‌ڕاى ئێمه‌ شتێکى سروشتییه‌ و یه‌کێک له‌ ئه‌رکه‌کانى هونه‌ر و ئه‌و گه‌له‌ریه‌ پێدانى گرنگیى و راکێشانى سه‌رنجه‌ بۆ سه‌ر ئه‌و شتانه‌ى له‌وه‌وبه‌ر فه‌رامۆش کراون و بیریان لێنه‌کراوه‌ته‌وه‌ یان به‌هاکه‌یان نه‌بینراوبووه‌. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ"پێڵاوه‌کان یادگارى و یاده‌وه‌ریى ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ و له‌ روى به‌هاو سیمبوله‌وه‌ هچیى که‌متر نییه‌ له‌ تابلۆو ئیشه‌ هونه‌رییه‌کانى سه‌روه‌ت سه‌وز". باواى دابنێین ئه‌م رسته‌یه‌ ته‌نها خراپ داڕیژراوه‌ و بڕێک له‌ راستى تیادایه‌، بۆنموونه‌ به‌ته‌واوى راسته‌ که‌ پێڵاوه‌کان یادگاریه‌کى سه‌روه‌ت سه‌وزن، به‌ڵام چۆن خاوه‌نى یاده‌وه‌رییه‌؟ ئایا چۆن جوتێ پێڵاوى ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ له‌ روى به‌هاو سیمبولییه‌وه‌ هاوتاکراون به‌ تابلۆکانى؟ جگه‌له‌وه‌ى له‌ نوسینه‌که‌دا هیچ چیرۆکێکى یاده‌وه‌ریی تایبه‌ت به‌سه‌روه‌ت سه‌وز نییه‌، بۆنمونه‌ کاتێ‌ توشى روداوى لێدانى ئۆتۆبێل بۆوه‌ ئه‌و پێڵاوانه‌ى له‌پیادابوو؟ ئه‌گه‌ر واشبێت نازانین چیرۆکه‌که‌ چۆن له‌ سیاقى کارێکى هونه‌ریى و له‌ناو گه‌له‌رییه‌کى هونه‌رییدا تێکهه‌ڵکێشکراوه‌، دواتر پێڵاوه‌کان باسى کام هه‌قیقه‌ته‌ ده‌که‌ن؟ ئه‌وه‌ى به‌لامانه‌وه‌ گرنگه‌ هاوتاکردنى به‌هاو سیمبولى تالبۆکانى هه‌نه‌رمه‌نده‌ به‌ پێڵاوه‌کانى، کاک نه‌به‌ز هیچ جیاوازییه‌ک نابینێ‌ له‌نێوان به‌رهه‌مى هزر و مه‌عنه‌ویى و ته‌کنیک و شێوازى تابلۆى هونه‌رمه‌ندێک و پێڵاوه‌کانیدا! که‌ پێلاوه‌کانى له‌وه‌وبه‌ر کاڵایه‌کى کڕدراوى فرۆشگاکان بووه‌، ئه‌رکیان جوڵه‌ کردن بووه‌، له‌پێکردن و رۆیشتن و ڕاکردن و له‌رزاندن، ئه‌وه‌ى له‌ ژیانى سه‌روه‌ت سه‌وز ئاگاداربێ‌ ده‌شى به‌و پێڵاوانه‌وه‌ چوبێته‌ کێڵگه‌کانى مین هه‌ڵگرتنه‌وه‌وه‌، پێڵاوه‌کان به‌رهه‌م و داهێنانى هونه‌رمه‌نده‌که‌ نین له‌کاتێکدا تابلۆکان وه‌هان، ئه‌و شوێنه‌ى پیڵاوه‌کانى لیوه‌هاتووه‌ و ئه‌و ئه‌رکه‌ۆمه‌ڵایه‌تى و میکانیکییه‌ى هه‌یبووه‌ به‌ته‌واوى جیوازن له‌ شوێنى هاتنى تالبۆکان و ئه‌رکه‌کانیان، دۆزینه‌وه‌و هێنانه‌وه‌ى بۆناو گه‌له‌رى ده‌یکات به‌ بابه‌تێکى ئه‌رشیفی و مۆزه‌یى وه‌ک"موڵکى که‌سیى هونه‌رمه‌ندێک" و واتایه‌کى تر پیه‌دا ده‌کات، وه‌ک چۆن ئه‌رکێکى تریش وه‌رده‌گرێ‌ که‌ نه‌وه‌ک رابدرووه‌ و نه‌له‌ره‌مزو ده‌لاله‌تیشدا وه‌کو تابلۆکانى ده‌خوێندرێته‌وه‌.  یه‌کێکى تر له‌و شتانه‌ى "ده‌شێ‌ بینه‌ر په‌راوێزى بخات"،" کووله‌یه‌که‌ که‌ به‌هۆى گه‌رماى هاوینه‌وه‌ مرداربۆته‌وه‌و زانا پاراستویه‌تى، رۆژانه‌ له‌ڕێگه‌ى ده‌فته‌رى "دانوستان" له‌گه‌ڵ کولله‌که‌دا زانا  ده‌ئاخڤێ و باسى میوانه‌کانى بۆ ده‌کات، له‌ڕێگه‌ى گێڕانه‌وه‌ى چیرۆکى ئه‌م کولله‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت چالاکییه‌ ئابوورى و سه‌رمایه‌دارییه‌کانى مرۆڤ ژیانى هاومرۆڤانى تێکداوه‌ و لێره‌وه‌ هونه‌رمه‌ند هه‌قیقه‌تى سه‌رمایه‌داریى به‌ ئێمه‌ ده‌ڵێت".   به‌ گوزارشته‌کانى کاک نه‌به‌ز بێت هونه‌رمه‌نده‌که‌ ته‌نها چیرۆکى کولله‌که‌ بۆ ئێمه‌ ناگێرێته‌وه‌، به‌ڵکو هى میوانه‌کانیش بۆ کولله‌که‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى ده‌فته‌رى دانوستانه‌وه‌، که‌ به‌راستى نازانم دانوستان به‌ته‌واوى چى مانایه‌ک ده‌به‌خشێت له‌گه‌ڵ کووله‌یه‌کى مردوودا و له‌باره‌ى مرۆڤه‌وه‌ چى به‌ کووله‌که‌ ده‌وترێ‌؟ به‌ڵام ئه‌مه‌ش وه‌کو خۆى به‌جێده‌هێڵین بۆ نوسه‌ر و ئه‌وه‌ى رون نییه‌ له‌ دواتردا هۆکارى مردنى کولله‌که‌یه‌ به‌هۆى چالاکیه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌کانه‌وه‌.  له‌ ژیانى سروشتیى رۆژانه‌دا زینده‌وه‌ران دروست ده‌بن و ده‌مرن، کولله‌ که‌ له‌ شاردا بێت یان له‌ که‌ژوکێو ته‌مه‌نێکى دیارى کراوى هه‌یه‌و رۆژێک له‌ جێگه‌یه‌کدا ره‌ق هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و مردار ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ک مرۆڤه‌کان تووشى روداو ببن یان نا رۆژێ ده‌مرن. ئه‌گه‌رچى به‌ده‌ر له‌م سیاقه‌ ئه‌و وته‌یه‌ راسته‌ که‌ به‌شێکى زۆرى چاکییه‌کانى سه‌رمایه‌داریى بووه‌ته‌ هۆى پیسکردن و گه‌رم کردنى ئه‌تمۆسفێرى سه‌رزه‌وى و زیان به‌ هه‌موو زینه‌وه‌ران ده‌گه‌یه‌نێ، به‌ڵام وه‌ک ئاشکرایه‌ ئه‌مه‌ وته‌ى ئێمه‌یه‌ و نوسه‌رى ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ هیچ شوێنێکدا، گه‌رماو کولله‌و سه‌رمایه‌داریى پێکه‌وه‌ له‌ سیاقێکدا کۆناکاته‌وه‌، تاوانبارکردنى سه‌رمایه‌داریى به‌ کوشتنى کولله‌یه‌ک و گۆڕینى لاشه‌ى کولله‌که‌ بۆ کارێکى هونه‌ریى پێویستى به‌ رونکردنه‌وه‌ و شیکردنه‌وه‌ى زانستیى و دروست هه‌یه‌، کاتێ‌ "روداوێکى واقیعى" به‌بیرێکى هونه‌ریى سه‌یر ده‌کرێ‌، یان "روداوێکى ناو واقیع" که‌ ده‌کرێ‌ واقیعی یان راستیش نه‌بێ‌ و دروست کراو بێت، ده‌بێته‌ بیرۆکه‌ی کارێکى هونه‌ریى، زۆر له‌وه‌ زیاتر شیکردنه‌وه‌ى پێویسته‌ که‌ کاک نه‌به‌ز لێره‌دا به‌سه‌ریا بازده‌دا.      وه‌ک بڕیار بوو به‌ زنجیره‌ى نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز بڕۆینه‌ خواره‌وه‌، به‌ڵام باسى ئیشه‌که‌ى کاک زانا ده‌خه‌ینه‌ کۆتایى ئیشه‌ هونه‌رییه‌کانى تره‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌و به‌سته‌نه‌وه‌ به‌هێزه‌ى که‌ نوسه‌ر له‌گه‌ڵ ئیشه‌کانى ترو ئه‌م ئیشه‌دا ده‌یکات. له‌باره‌ى کارى فۆتۆکانى کاک"سامان عه‌لى"ه‌وه‌ ده‌ڵێت: له‌و فۆتۆیانه‌وه‌ چیرۆک، هه‌قیقه‌ت، ریالیتى ناوبازاڕ و کۆڵانه‌کان و شه‌قامه‌کانى سلێمانى ده‌بینین و یاده‌وه‌ریى و مێژوو و ژیانى رۆژانه‌ى شار و شه‌قامه‌کان و ساته‌ خۆش و ناخۆشه‌کان تۆمار ده‌که‌ن، له‌ رێگه‌ى ئه‌م فۆتۆیانه‌وه‌ ده‌توانین کلتوورى شاری سلێمانى به‌وانى دى بناسێنین و بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو دۆکۆمێنتیان بکه‌ین، هاوکات به‌هۆیانه‌وه‌ ده‌توانین راڤه‌ى دۆخ و داکه‌وتى سه‌ر شه‌قامه‌کان بکه‌ین، فۆتۆکان ته‌نها گواستنه‌وه‌ یان گه‌یاندنى ریالێتى نین وه‌کو خۆى، به‌ڵکو ده‌شێ‌ وه‌کو ره‌خنه‌ى ریالێتى و دۆخى هه‌بوو لێیان بڕوانین". ده‌مانه‌وێ بزانین وێنه‌یه‌کى فۆتۆگرافى چۆن و به‌ چى شێوه‌یه‌ک ده‌توانێ‌ هه‌ڵگرى ئه‌و هه‌موو کرده‌ و چالاکى و به‌هایانه‌ بێت که‌ کاک نه‌به‌ز دیانخاته‌ پاڵى، به‌ده‌ر له‌وه‌ى پێناسه‌یه‌کى فۆتۆو وێنه‌ ناکات که‌ واتاو ئه‌رک و رۆڵیان له‌ هونه‌ردا چییه‌و جیاوازیان له‌گه‌ڵ  فۆتۆى جۆرنالیستیدا چییه‌ و ئه‌وه‌شى بۆ خوێنه‌ر به‌جێهێشتووه‌، به‌نزیکى هه‌موو کارو چالاکییه‌کانى مۆرڤی ئاخنیوه‌ته‌ چه‌ند وێنه‌یه‌کى فۆتۆگرافییه‌وه‌. به‌ مه‌به‌ست هیچ جۆره‌ پێناسه‌ و بۆچونێکى فه‌یله‌سوفانى ئه‌و بوارانه‌مان نه‌هێناوه‌ته‌ ناو باسه‌که‌وه‌ و ده‌مانه‌وێ له‌ناو ئه‌م سیاقه‌ خۆیدا پرسیاره‌کانمان بکه‌ین، وه‌ک ئه‌وه‌ى یه‌که‌مجارمان بێت وێنه‌یه‌کى فۆتۆگرافى ببینین، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ به‌ نوسه‌رى بابه‌ته‌که‌ بڵێین ده‌کرا له‌سه‌ر رۆڵى گشتى هونه‌رى فۆتۆگرافى به‌ کورتى شتێمان پێ بوترێ‌، یاخود خوێندنه‌وه‌یه‌کى وردو ته‌واو بۆ ئه‌و وێنانه‌ بکرایه‌ که‌ له‌و فۆتۆگرافانه‌دا هه‌ن. ئێمه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ده‌سته‌و یه‌خه‌نابین له‌گه‌ڵ واتاو لێکدانه‌وه‌ى وێنه‌کاندا، به‌ڵکو ته‌نها تێبینیمان له‌سه‌ر ئه‌و که‌موکوڕییه‌ هه‌یه‌ که‌ به‌رامبه‌ر فۆتۆکان و کۆى کاره‌ هونه‌رییه‌کانى تر پیاده‌کراوه‌، تێبینیمان له‌سه‌ر بارکردنى کاره‌کان به‌ واتاو چه‌مک و وه‌سفى هه‌م ساده‌ و هه‌م ئاڵۆز و ته‌مومژاویدا هه‌یه‌. له‌ کاتێکا فۆتۆگراف ده‌توانێ واقع له‌خۆى واقیعى تر پیشان بدات به‌تایبه‌تى شێوازى کلاسیکى که‌ ره‌ش و سپییه‌، له‌هه‌مانکاتدا فۆتۆ "گرتنى" واقیعه‌ پتر له‌وه‌ى گواستنه‌وه‌ى بێت له‌لایه‌ک، و ده‌کرێ‌ بڵێین ئه‌وه‌ى واقیعییه‌ "وه‌ریده‌گێڕێ‌-ترجمه‌" بۆمان پتر له‌وه‌ى باس له‌ هه‌قیه‌تێ‌ بکات، له‌هه‌مان کاتدا ده‌کرێت فۆتۆ خاڵى بێت له‌و بنه‌مایانه‌ى ئێمه‌ واقعیى پێده‌ناسین، جیاکردنه‌وه‌مان لێره‌دا و له‌ شوێنه‌کانى تریشدا له‌ نێوان هه‌قیقه‌ت و واقیعدا له‌و دیده‌وه‌ هاتووه‌ که‌ ده‌شێ‌ ئه‌وشته‌ یان روداوه‌ى له‌واقیعه‌وه‌ به‌ناو یه‌کێک له‌ نێوانگره‌کاندا"وه‌کو کامێرا و وێنه‌کێشان"دا تێیده‌په‌ڕێ بۆ به‌رهه‌مێکى هونه‌ریى، ئه‌و راستییه‌ نه‌گوازێته‌وه‌ که‌ له‌ واقیعدا به‌رى که‌وتووین، به‌هه‌رحاڵ هونه‌رى فۆتۆگراف وێنه‌یه‌ک نییه‌ له‌باره‌ى بابه‌تێک یان دنیایه‌کى ته‌واو و یه‌کگرتوه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ى له‌تکردن و جیاکردنه‌وه‌ى شتێک، روداوێک، بابه‌تێکه‌، له‌دیمه‌نه‌ گشتییه‌که‌ى.  ئه‌مانه‌ش وه‌کو سه‌نجێکى بچوک بۆ کاک نه‌به‌ز که‌ ده‌کرا باکگراوندێکمان له‌سه‌ر فۆتۆ بداتێ‌ له‌م سیاقه‌ى خۆیدا، هه‌تا تێبگه‌ین باسى چیمان بۆ ده‌کات.  بۆ نموونه‌: یه‌کێک له‌ فۆتۆکانى کاک سامان وه‌رده‌گرین که‌ کاک نه‌به‌ز له‌گه‌ڵ نوسینه‌که‌ى خۆیدا دایناون، منداڵێک یارى به‌ پاسکیله‌که‌ى ده‌کات، ئه‌م وێنه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو وێنه‌کانى ترى فۆتۆگرافه‌ره‌که‌دا جیاوازه‌، که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ى کۆمه‌ڵه‌که‌ى به‌ناوى"تاریک و روناکى" ه‌وه‌ دایناوه‌، وێنه‌کانى تر هه‌موویان گرته‌ى کۆمه‌ڵێک که‌سن له‌ منداڵ و ژن و پیاوى کۆڵبه‌رو کرێکارو ده‌ستگێڕ، به‌ته‌نها ئه‌و وێنه‌یه‌ که‌ نازانین جیاوازى بابه‌ته‌که‌ى مه‌به‌ستێکى دیارى کراوى  هونه‌رمه‌نده‌که‌یه‌ بۆ ده‌رخستنى جیاوازى و نایه‌کسانیى شێوازى ژیانى دوو منداڵ" که‌ یه‌کێکیان کارده‌کا و ئه‌ویتر یارى ده‌کات" یان رێکه‌وته‌؟ چونکه‌ نوسه‌ر له‌باره‌ى ئه‌م ورده‌کاریانه‌وه‌ هیچ تێبینیه‌کى نه‌خستۆته‌ڕوو، به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌ر وێنه‌ى دوو منداڵ "کرێکارێک و یاریکارێک" یه‌کى چیرۆکێکیان هه‌بێت، بۆ بینه‌رى ئه‌مڕۆ و دواى چه‌ندین ساڵى تریش بایه‌خ و گرنگى ئه‌م وێنانه‌ چین؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى که‌ ده‌کرا له‌ پێناسه‌یه‌کى خێرادا گرنگیى دۆکۆمێنتمان له‌ رێى فۆتۆوه‌ پێبڵێ، هیچ شتێک له‌باره‌ى کاریگه‌ریی و ئه‌رک و به‌هاى ئه‌و وێنانه‌وه‌ له‌سه‌ر بینه‌ر "له‌ ئێستادا" ناخاته‌ ڕوو، جگه‌له‌ "گێڕانه‌وه‌ى چیرۆکى هه‌قیه‌تى ریالێتى ناوبازاڕ" که‌ پرسیارمان هه‌یه‌ له‌سه‌رى، هه‌موو قورسایى به‌ها و ئه‌رکى وێنه‌کان له‌ مێژوودا ده‌بینێته‌وه‌ و رۆڵى کاره‌که‌ له‌مڕۆدا فه‌رامۆش ده‌کات.  هه‌ر بینه‌رێک بکه‌وێته‌ به‌رده‌مى دوو وێنه‌ى وه‌هاوه‌ و ئاشناى ژیانى کوردستان بێت یان هى وڵاتێکى تر، به‌بێ‌ هیچ ده‌قێکى هاوپێچکراو له‌گه‌ڵ وێنه‌کاندا ده‌توانێت زنجیره‌یه‌ک خه‌یاڵ و وێناکردن له‌ زه‌ینى خۆیدا له‌باره‌ى کاره‌کته‌رى ناو وێنه‌که‌و ژیانییه‌وه‌ دروست بکات، به‌ڵام پرسیارى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ گرته‌ى که‌سێکى هه‌ژار له‌ وێنه‌یه‌کدا و له‌مڕۆدا شۆکه‌که‌ى  بۆ بینه‌رێکى خۆماڵى و بیانى چییه‌؟ ئایا هه‌ژاریى و کارى قورس له‌ مێژوودا نه‌بووه‌؟ ئایا بڕیارێک هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ داهاتوودا نه‌مێنێت و ئه‌م وێنانه‌ چیرۆکى واقیعێکى له‌ناوچوو ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌کانى داهاتوو؟ ئه‌ى ناتوانین وێناى ئه‌وه‌ بکه‌ین ده‌شێ له‌ داهاتوودا مرۆڤه‌کان به‌هۆى ئامێرى پێشکه‌وتووه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌مڕۆ و له‌ناو ئه‌و واقیعه‌دا ژیان بکه‌ن وه‌کو جۆرێک له‌ گه‌شتوگوزار؟ ئه‌وکاته‌ کێ پێویستى به‌ فۆتۆیه‌؟ ئایا هه‌ژارى دۆخێکى نامۆیه‌ به‌ وڵاتانى ترى سه‌ر زه‌مین؟ ئێمه‌ ئه‌م پرسیارانه‌ له‌ وێنه‌ فۆتۆگرافییه‌کان ناکه‌ین، به‌ڵکو مه‌به‌ستمانه‌ به‌ نووسه‌رى ئه‌م بابه‌ته‌ بڵێین باشتر وابوو وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه‌ى بدایه‌ته‌وه‌ به‌رله‌وه‌ى  باسى وێنه‌کان بکات. هه‌روه‌ها دواین پرسیارمان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و وێنانه‌ هه‌قیه‌تن چۆن هه‌قیقه‌تى کلتووریى ژیانى شارن؟ ئه‌ى ژیانى سه‌ر شاقه‌مه‌که‌ى ئه‌ودیو؟ئه‌ى گه‌له‌رى و مۆزه‌خانه‌و کتێبخانه‌و چایخانه‌و فه‌رمانبه‌ران و شێت و باخچه‌ و مه‌کته‌ب و پۆلیس و نه‌خۆشخانه‌؟ ئه‌ى باڵه‌خانه‌ و تاوه‌ر و شه‌قامه‌کانى تر و کۆى روداو و به‌سه‌رهات و چالاکییه‌کانى تر چین؟ به‌کارهێنانى ده‌سته‌واژه‌یه‌کى وه‌کو"به‌شێک له‌ ژیانى ئیشکه‌ران و هه‌ژاران" له‌برى "ژیانى کلتوورى و ریالێتى شه‌قام و شار" هه‌موومانى له‌م گرفته‌ رزگارده‌کرد. راستییه‌ک که‌ ئه‌و وێنانه‌ وه‌کو شتێکى به‌ڵگه‌نه‌ویست پێمانى ده‌ڵێن ئه‌وه‌یه‌که‌ له‌ناو شاردا که‌سانى هه‌ژار هه‌ن و کارى گران ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بژین، نوسه‌ریش ده‌یتوانى له‌و مانا سه‌رپێییانه‌ى به‌ نیگایه‌ک له‌ فۆتۆکاندا دیویه‌تى زیاتر تێبپه‌ڕاێنێ‌. ئه‌ڵبه‌ته‌ وێنه‌ى فۆتۆگرافى به‌کارهێنان و سودو گرنگى هه‌مه‌چه‌شنى هه‌یه‌ به‌پێى ئه‌و دیمه‌نه‌ى له‌ وێنه‌که‌یدا ده‌رده‌رده‌که‌وێت. چیرۆک گێڕانه‌وه‌ خۆى مه‌ودایه‌کى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ واقیعدا ده‌گوزه‌رێ‌ و ئه‌وه‌ى هه‌قیقییه‌ له‌و واقیعه‌دا، له‌به‌ر هیچ نا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ فلته‌رى هونه‌رمه‌نده‌که‌دا تێده‌په‌ڕێت، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ که‌ وێنه‌ى دیمه‌نێکى وه‌ستاو ناکرێ‌ ئه‌و هه‌موو خه‌سڵه‌تانه‌ى هه‌بێت که‌ ده‌خرێته‌ پاڵى له‌کاتێکدا که‌ ئه‌مڕۆ وێنه‌ خۆى جێگه‌ى مشتومڕ و گومانه‌. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى نازانین وێنه‌کان چۆن ره‌خنه‌ له‌و ریالیتیه‌ ده‌گرن؟ ده‌توانین به‌ کارى فۆتۆگرافى دژیه‌کى و جیاوازى روداو دیارده‌کان بخه‌ینه‌ روو، به‌ڵام ئایا ئه‌م کردانه‌ له‌و فۆتۆیانه‌دا ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن که‌ نوسه‌ره‌که‌ باسیان ده‌کات؟ ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى نوسه‌ر ناونیشانى ئه‌و کاره‌ى "تاریک و روناکى" و شێوازى ده‌رخستنى کۆنتراستى به‌هێزى ره‌ش و سپى گرێنه‌داوه‌ته‌وه‌ به‌ کۆنسێپتى هونه‌رمه‌نده‌که‌و بابه‌ته‌که‌ى خۆیه‌وه‌، که‌ به‌ پێویست ده‌بوایه‌ شتێکمان پێبڵێ. نوسه‌ر له‌باره‌ى کاره‌کانى یه‌کێکى تر له‌ هونه‌رمه‌ندانى به‌شداربووه‌وه‌ تابلۆیه‌کى به‌ناوى "هه‌قیقه‌ت" به‌ نموونه‌ وه‌رگرتوه‌و ده‌ڵێت: تابلۆ سوریالییه‌کانى ئاوێزان به‌جۆرێکى تر ریاڵێتى و داکه‌وت و هه‌قیقه‌تمان پیشان ده‌ده‌ن، له‌م تابلۆیه‌ و چه‌ند دانه‌یه‌کى تردا فیگه‌ره‌کان به‌ ئاوه‌ژووکراوى وێنه‌کێشراون، واتاى ئه‌وه‌یه‌ ده‌شێ‌ ئێمه‌ تا ساتى روانین له‌ تابلۆکه‌ به‌ ئاوه‌ژویى له‌ هه‌قیقه‌ت تێگه‌یشتبین، ئاوێزان له‌م رێگه‌یه‌وه‌ ده‌یه‌وێت به‌ شێوه‌یه‌ک و روانگه‌یه‌ک و هاوارێکى دیکه‌وه‌ هه‌قیقه‌ت به‌ ئێمه‌ ئاشنا بکات"! ئه‌گه‌ر نوسه‌ر لانى که‌م هه‌قیقه‌تى له‌ سیاقى قوتابخانه‌ى سوریالیزمدا بۆ پێناسه‌ بکردینایه‌ ده‌مانزانى باس له‌ هه‌قیقه‌تى نه‌ست ده‌کات، پاشان پێمان بڵێت چۆن و به‌کام رێگه‌ سوریالیزم ریالێتى پیشانده‌دات؟ ئه‌گه‌ر وانییه‌ ئێمه‌ به‌ په‌رۆشین بۆ داهێنان و دۆزینه‌وه‌ى نوێ‌ له‌باره‌ى په‌یوه‌ندى سوریالیزم به‌ هه‌قیقه‌ته‌وه‌، یان هاواتاکردنى "هه‌قیقه‌ته‌ گشتگیره‌که‌ى کاک نه‌به‌ز به‌ سوریالیه‌ت"که‌ به‌بێ‌ راوه‌ستان و هیچ شیکردنه‌وه‌یه‌ک راده‌کات به‌سه‌ریدا و ده‌یانلکێنێ‌ به‌یه‌که‌وه‌. پاشان به‌سه‌رسوڕمانه‌وه‌ له‌ کاک نه‌به‌ز ده‌پرسین مه‌به‌ستتان چییه‌ له‌وه‌ى مادام فیگه‌ره‌کان ئاواژوو وێنه‌کێشراون که‌واته‌ باسى هه‌قیقه‌ت ده‌که‌ن؟ له‌وێشه‌وه‌ بڕیار بده‌ن هه‌تا ساتى روانین له‌ تابلۆکه‌ ئێمه‌ به‌ ئاوه‌ژوویى له‌ هه‌قیقه‌ت تێگه‌یشتبین؟ کاک نه‌به‌ز مه‌به‌ستى له‌ خۆیه‌تى یان له‌ هه‌موو بینه‌ره‌کان؟ به‌ مانایه‌کى تر هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ى سه‌ر زه‌مین که‌ هێشتا نه‌هاتونه‌ته‌ به‌رده‌مى تابلۆى"هه‌قیقه‌ت" له‌ جه‌هلدا ده‌ژین و به‌ ئاوه‌ژوییى له‌ هه‌قیه‌ت گه‌یشتوون؟  جگه‌له‌وانه‌ش ئێمه‌ له‌ زۆر شوێندا ئاماژه‌مان به‌ هه‌ڵه‌ى زمانه‌وانى نه‌داوه‌ و تێمانپه‌ڕاندووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى کاک نه‌به‌ز مه‌به‌ستیه‌تى بیڵێ فیگه‌رى ئاوه‌ژوو نییه‌، چونکه‌ ئاوه‌ژوو دیوێکى ترى شتێکه‌ وه‌ک هه‌ڵگێڕانه‌وه‌شى بۆ به‌کاردێت، ئه‌و فیگه‌رانه‌ سه‌راوژێر یان سه‌ره‌وخوارن نه‌وه‌ک ئاوه‌ژوو. کاک نه‌به‌ز له‌ کۆى نوسینه‌که‌یدا جگه‌ له‌ حوکم و خوێنده‌نه‌وه‌ى نادروست، یان نه‌خوێنده‌وه‌و شینه‌کردنه‌وه‌ى دروست، که‌وتۆته‌ جۆرێک له‌ هه‌ڵه‌ کردنه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ پێى ده‌ڵێن هه‌ڵه‌ى زنجیره‌یى زمان، ئه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ندێ‌ جار به‌هۆى به‌کار هێنانى وشه‌یه‌که‌وه‌ ده‌قه‌که‌ ده‌سه‌ڵات و کۆنترۆڵى نوسه‌ره‌که‌ى" به‌تایه‌به‌ت ئه‌گه‌ر بێ ئاگابێ‌ له‌بابه‌تى باسه‌که‌ى"وه‌رده‌گرێته‌وه‌ و زنجیره‌یه‌ک وشه‌و واتا و بۆچون دروست ده‌کات که‌ ئیلهام یان مانا له‌یه‌کتره‌وه‌ وه‌رده‌گرن، له‌وانه‌ بۆ نموونه‌ کاتێ‌ وشه‌ى په‌راوێز به‌کار ده‌هێنێ‌ به‌دوایدا هه‌ڵه‌ى بۆچونیش دروست ده‌بێ‌ وه‌ک خوێندنه‌وه‌ى شوێنه‌که‌ به‌ دوانه‌ى "په‌راوێز و ناوه‌ند". هه‌ندێ‌ جاریش یه‌که‌م بۆچوون یان ده‌ستنیشان کردن یان دۆزینه‌وه‌ى چوارچێوه‌ بۆ بابه‌تێک، کۆى هه‌ڵه‌کانى تر به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت که‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمان چه‌مکى "هه‌قیقه‌ت"ه‌که‌ى ناو مس گه‌له‌رییه‌. به‌دوایدا هه‌ڵه‌ى زنجیره‌یى له‌ تابلۆ سوریالییه‌کانه‌وه‌ ده‌یبات بۆ ئه‌وه‌ى بڕیار بدات که‌ که‌شى کۆى گه‌له‌رییه‌که‌ که‌شێکى سوریالییه‌، ئه‌مه‌ش به‌رئه‌نجامێکى چاوه‌ڕوانکراوه‌، مادام ریاڵ و چیرۆک و یاده‌وه‌رى و هه‌قیه‌ت و سوریالیه‌ت هاوتاى یه‌کترن له‌ناو گه‌له‌رییه‌که‌دا، که‌واته‌ ده‌توانین بڵێین که‌شه‌که‌ش سوریالییه‌ وه‌ک چۆن ده‌توانین بشڵێین که‌شێکى هه‌قیقیه‌ یان چیرۆکاوییه‌ یان ریاڵێتییه‌، و لێره‌دا به‌کار هێنانى هه‌ر یه‌کێکیان چى بۆ گه‌له‌رییه‌که‌و چى بۆ کاره‌ هونه‌رییه‌کان ئاساییه‌ و شیاوه‌ به‌پێى نوسه‌رى ئه‌م بایه‌ته‌. له‌ کۆتاییدا پێویسته‌ نوسه‌ر ئه‌م دوا وتانه‌ى له‌باره‌ى که‌شى سوریالى و هه‌قیه‌ته‌وه‌ پێکه‌وه‌ گرێبداته‌وه‌ و باسى کۆى کاره‌کانى هونه‌رمه‌ند زانا ره‌سول ده‌کات. ده‌ڵێت: زانا ئه‌و که‌شه‌ سوریالییه‌ى خودى شوێنه‌که‌" خانووه‌که‌" و ناو گه‌له‌رییه‌که‌ى تۆختر کردۆته‌وه‌،  له‌ رێگه‌ى دانانى پێڵاوه‌کانى سه‌روه‌ت سه‌وز و لاشه‌ى کولله‌که‌ و ده‌فته‌رى دانوستانى خۆى و کولله‌که‌، هه‌روه‌ها هه‌ڵواسینى پسوڵه‌ى خه‌رجیى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى بیناکه‌ له‌لاى ته‌والێته‌که‌، که‌ له‌سه‌رى نوسراوه‌ ئه‌گه‌ر چاودێریى دارایى هات، ئه‌مه‌شى وه‌کو ته‌وس و ره‌خنه‌و لاقرتێ‌ به‌ فه‌رمانگه‌ى ناوبراو داناوه‌". له‌ راستیدا دیمه‌ن و کرده‌ى قسه‌کردن له‌گه‌ڵ کووله‌یه‌کدا زیندو یان مردووه‌، وه‌کو کرده‌یه‌کى هونه‌ریى وه‌رده‌رگرین و ده‌توانین به‌هایه‌کى پێبده‌ین، هه‌روه‌ها ده‌شێ‌ ئه‌م پرۆسێسه‌ هونه‌رییه‌ سوریالیانه‌بێ، به‌ڵام پسوڵه‌ى تایبه‌ت به‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ چۆن ده‌بێته‌ کارێکى سوریالى؟ ئایا به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ که‌ هه‌رگیز چاودێرى دارایى ناچێت بۆ گه‌له‌رییه‌که‌ وه‌کو نوسه‌ر ده‌یڵێت؟ یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌لاى ته‌والێته‌وه‌ هه‌ڵواسراوه‌؟پاشان چۆن پێشبینى ئه‌وه‌ کراوه‌ که‌ ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ رۆژێ‌ ناچێ بۆ ئه‌و گه‌له‌رییه‌ و چى کاتێ‌ هونه‌رێکى سوریالى ده‌توانێ‌ پێشبینى داهاتوو بکات بۆ ئه‌وه‌ى سوریالى بێت؟ چۆن ماناکه‌ى پێش روداوه‌که‌ که‌وتووه‌؟ که‌ واده‌کات هه‌ر رۆژێ‌ ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ چون بۆ بینیى ئه‌و پسوڵانه‌ ئیدى ئه‌وکاره‌ش سوریالى نه‌بێ.  له‌باره‌ى پێڵاوه‌کانیشه‌وه‌ چى وه‌کو میراتیى هونه‌رمه‌ندێکى کۆچکردو،و چى وه‌کو ماتریاڵێکى مۆزه‌یى و چى وه‌کو "شتێکى په‌راوێخراو"وه‌ک نوسه‌ر ده‌یڵێت نازانین چۆن ئه‌وشتانه‌یه‌و له‌هه‌مان کاتیشدا ده‌شتوانێ سوریالیبێ؟ ئه‌مه‌ش دژى ئه‌و لێکچواندنه‌ى پێڵاوه‌کانه‌ به‌ تابلۆکان له‌روى به‌هاو سیمبوله‌وه‌، که‌ تابلۆکانى سه‌روه‌ت سه‌وز سوریالى نین، به‌ڵام که‌ له‌گه‌ڵ پێڵاوه‌ سوریالییه‌کاندا هه‌ڵگرى هه‌مان سیمبول و  به‌هابن ده‌بێ‌ تالبۆکانیشى سوریالیبن! له‌ په‌ره‌گرافێکى ترى نوسینه‌که‌دا باسى هه‌ندێ‌ له‌و ماتریاڵانه‌دا ده‌کات که‌ له‌گه‌له‌رییه‌که‌دا هه‌ن، وه‌کو گۆزه‌ و سندوق و روه‌ک و به‌وه‌ى که‌ ئه‌مانیش به‌شدارن له‌ گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیه‌ت و که‌شى سوریالى گه‌له‌رییه‌که‌دا، ده‌ستێکى ته‌ڕ به‌ بابه‌ته‌که‌دا ده‌هێنێ و دایده‌خات. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ى که‌ کاریترى هونه‌رى و ماتریاڵى تر هه‌ن، له‌باسکردن په‌ڕیون. دواجار دێینه‌ سه‌ر تێبینیه‌کانمان له‌باره‌ى لێکدانه‌وه‌کانى نوسه‌ر بۆ کاره‌ هونه‌رییه‌کانى زانا ره‌سول.  له‌باره‌ى ڤیدیۆکانه‌وه‌ هیچ تێبینیه‌کى نوێمان نییه‌، چونکه‌ دیمه‌ن و شێوازى دانانى کاره‌که‌ وه‌کخۆى ده‌گێڕێته‌وه‌ و هه‌مان وه‌سف و واتاى کاره‌کانى پێشوى له‌سه‌ر دابه‌زاندۆته‌وه‌. نوسه‌ر ده‌ڵێت:"زانا له‌م ئیشه‌ تازه‌یه‌یدا ده‌یه‌وێت پێمان بڵێت وڕێنه‌ ده‌شێ‌ هه‌قیه‌ت بێ‌، ده‌شێ‌ ئێمه‌ له‌ رێگه‌ى وڕێنه‌وه‌ به‌ هه‌قیقه‌ت بگه‌ین، یان هه‌قیقه‌ت له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌ وڕێنه‌ هیچى دیکه‌ نییه‌"!  پاشان ده‌لێت"زانا فۆتۆکان و تابلۆکان و مۆزیکه‌که‌ له‌ پێناوى ته‌واو کردنى گێڕانه‌وه‌که‌یدا، گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت، له‌گه‌ڵ ئیشه‌که‌ى خۆیدا ئاوێته‌ ده‌کات".   هه‌ر له‌م به‌ستنه‌وه‌ تراژیدییه‌ى کۆنسێپتى گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیه‌ت له‌ کاره‌کاندا به‌ یه‌ک کاره‌وه‌ ده‌ڵێ" گێڕانه‌وه‌ له‌م پیشانگه‌یه‌دا وه‌کو ده‌زویه‌کى باریک به‌نێو سه‌رجه‌م ئیشه‌کاندا درێژده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانم بڵێم هه‌موو میدیۆمه‌کانى دیکه‌ راژه‌ى گێڕانه‌وه‌که‌ى زانا ده‌که‌ن". پرسیارى ئێمه‌ له‌م به‌شه‌ى کۆتایی نوسینه‌که‌دا له‌ کۆتایى په‌ره‌گرافه‌که‌یه‌: ئایا نوسه‌ر خوێنه‌رى دڵنیا کردۆته‌وه‌ له‌وه‌ى که‌ هه‌موو کاره‌کان شتێک ده‌گێڕنه‌وه‌ به‌ناوى هه‌قیقه‌ته‌وه‌؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نوسه‌ر به‌شێوه‌یه‌کى به‌ڵگه‌نه‌ویست مه‌سه‌له‌ى گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌تى له‌ کاره‌کاندا خستۆته‌ڕوو، به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌موو کاره‌کان له‌ ده‌زوى هه‌قیه‌ت هه‌ڵده‌کێشێ‌ و به‌کاره‌که‌ى زاناوه‌ ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ کاتێ‌ ده‌ڵێ" هه‌موو میدۆمه‌کانى دیکه‌ ڕاژه‌ى گێڕانه‌وه‌که‌ى زانا ده‌که‌ن". لێره‌دا ئه‌وه‌ى سه‌یره‌ بۆ تێگه‌یشتن ئه‌وه‌یه‌ که‌ دیارى نه‌کردن و پێناسه‌ نه‌کردنى چه‌مکى "هه‌قیه‌ت" بۆ چه‌ند چرکه‌یه‌ک وا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌م وته‌یه‌ راستبێ‌، خوێنه‌ر ده‌ڵێت مادام هه‌موویان هه‌قیه‌ت ده‌گێڕنه‌وه‌/ئه‌گه‌ر پرسار نه‌که‌ین له‌سه‌ر هه‌قیه‌ته‌که‌/ ئه‌وا شیاوه‌ هه‌موو هونه‌رمه‌نده‌کان له‌سه‌ر یه‌ک کۆنسێپت کاریان کردبێت و رازیشبوون به‌وه‌ى بوترێ‌ له‌ خزمه‌تى گێڕانه‌وه‌که‌ى زانا دان. ئه‌گه‌رچى خۆیان کۆنسێپتى شار و چه‌ند بیرۆکه‌یه‌کى سانه‌وییان خستۆته‌ڕوو که‌ پێکه‌وه‌ کاریان له‌سه‌ر کردووه‌ و نووسه‌ر باسى ئه‌وه‌یانى نه‌کردووه‌.  با هه‌ر له‌و مانا ئه‌بستراکته‌ى نوسه‌ر داوێتى  به‌چه‌مکى هه‌قیقه‌ت نه‌چینه‌ ده‌ره‌وه‌ و بپرسین ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌کێک له‌و کارانه‌ى ناو گه‌له‌رییه‌که‌ جۆرێکى جیواز  له‌ هه‌قیه‌ت ده‌گێڕنه‌وه‌، چۆن له‌ کۆتاییدا ده‌چنه‌ خزمه‌تى یه‌ک هه‌قیقه‌ته‌وه‌؟  ئه‌گه‌ر هه‌موویان یه‌ک جۆر هه‌قیقه‌ت ده‌گێڕنه‌وه‌، ئایا ئامانجى هه‌موو به‌رهه‌مه‌کان له‌ بنه‌ڕه‌تدا چییه‌، مادام ده‌توانن به‌ یه‌ک کارى هونه‌ریى هه‌مان هه‌قیقه‌ت به‌یان بکه‌ن بۆمان؟ وه‌ڵامى پرسیارى یه‌که‌م دیار نییه‌، به‌ڵام پرسیارى دووه‌م له‌ناو ده‌قه‌که‌ى کاک نه‌به‌زدا هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ "هه‌قیه‌ت ناشێ‌ به‌یه‌ک چه‌شن بگێڕدرێته‌وه‌ به‌ڵکو گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت فره‌ چه‌شنه‌" ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هه‌موو کاره‌کان به‌جیاوازى ماتریاڵه‌کانیشه‌وه‌ هه‌قیقه‌تێک ده‌گێڕنه‌وه‌.  ئه‌وه‌ى وامان لێده‌کات بگه‌ینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى که‌ سه‌رله‌به‌رى ئه‌و ده‌قه‌ ده‌یه‌وێ‌ ئه‌وه‌مان بۆبسه‌لمێنێ که‌ هه‌قیقه‌ت به‌یه‌ک شێوه‌و چه‌شن ناگێڕدرێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م هه‌موو کاره‌ى بۆ به‌رهه‌م هاتووه‌. دواین ده‌ره‌نجامیش که‌ کاک نه‌به‌ز له‌باره‌ى پیشانگه‌که‌ى مس گه‌له‌رییه‌وه‌ ده‌یدات به‌ده‌سته‌وه‌ که‌ گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ته‌ له‌ ڕێگه‌ى فره‌- میدیۆمییوه‌، له‌ شوێنێکى پێش کۆتایى باسه‌که‌یدا سه‌رله‌به‌رى هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌و واله‌م ده‌قه‌ نوسراوه‌ ده‌کات که‌ نه‌نوسرابێت! کاتێ‌ هه‌موو پیشانگه‌که‌ بریتى بێت له‌ کۆمه‌ڵێ‌ میدیۆمى جیاواز بۆ گێڕانه‌وه‌ى هه‌قیقه‌ت و ئاوێته‌ببن به‌ یه‌کێک له‌ گێڕانه‌وه‌کان و بکه‌ونه‌ خزمه‌تى یه‌ک کارى هونه‌رییه‌وه‌ که‌ کارێکى هونه‌رمه‌ند زانا ره‌سوله‌ به‌ناوى "وڕێنه‌"وه‌، ئه‌وا دوا به‌رئه‌نجام ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ى له‌ مس گه‌له‌رى نمایش کراوه‌ بریتییه‌ له‌ کۆنسێپتى وڕێنه‌، یان هه‌قیقه‌ته‌که‌ى مس گه‌له‌رى وڕێنه‌یه‌، یاخود وڕێنه‌که‌ى مس گه‌له‌رى هه‌قیقه‌ته‌. وڕێنه‌ Hallucination ، زاراوه‌یه‌کى سایکۆلۆژیه‌، نه‌خۆشییه‌و چه‌ندین جۆرى هه‌یه‌ که‌ توشى مێشک و هه‌سته‌وه‌ره‌کان ده‌بێت به‌ مانا گشتییه‌که‌ى هه‌ستکردنه‌به‌ شتێکى هه‌ستپێکراو که‌ بوونى نییه‌، کاتێ‌ هونه‌رمه‌نێک ناونیشانى کارێکى هونه‌رى ناوده‌نێت وڕێنه‌، دیاره‌ کۆنسێپتێکى هه‌یه‌ له‌کاره‌که‌یدا که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ناونانه‌که‌وه‌، ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان نییه‌ به‌و واتایه‌ى له‌ بینینى کاره‌ هونه‌رییه‌که‌وه‌ ده‌رده‌چێت، به‌ڵکو پرسیار له‌ کاک نه‌به‌ز ده‌که‌ین به‌پێى چى و چۆن وڕێنه‌ هاوتاى هه‌قیقه‌ت کراوه‌؟ ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندێک پێى وتین خه‌ڵکینه‌ له‌لاى من هه‌قیقه‌ت ته‌نها وڕێنه‌یه‌، ئه‌وا ده‌ستخۆشى لێناکه‌ین و به‌جێى بێڵین، به‌ڵکو گفتوگۆى له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین و کاره‌که‌ى شیده‌که‌ینه‌وه‌ هه‌تا هونه‌رمه‌ند بخه‌ینه‌ پاى به‌رپرسیارێتى وته‌که‌ى خۆیه‌وه‌ له‌پێناوى تێگه‌یشتن و شیکردنه‌وه‌ى هونه‌ردا، چونکه‌ به‌لاى ئێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ى هونه‌رمه‌ندێک ده‌یدۆزێته‌وه‌و ده‌یبینێت له‌ پێش هه‌موو دۆزینه‌وه‌کانى تره‌وه‌یه‌، به‌ڵام لێکدانه‌وه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز ته‌نها له‌باره‌ى کارێکه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو له‌باره‌ى کۆمه‌ڵێ‌ کاره‌وه‌یه‌، یه‌که‌مجار ده‌ڵێ "ده‌شێ‌ وڕێنه‌ هه‌قیقه‌ت بێ‌" واتا هه‌موو وڕێنه‌یه‌ک هه‌رکه‌سێک ده‌یکات وه‌کو هه‌قیقه‌ت وه‌ربگیرێت، دوه‌م جار ده‌ڵێ"هه‌قیقه‌ت ده‌شێ‌ له‌ وڕێنه‌یه‌ک زیاتر نه‌بێت" واتا هه‌موو درکاندن و راگه‌یاندنێکى هه‌قیقه‌ت وڕێنه‌یه‌" جیاوازى ئه‌و رسته‌یه‌ له‌ مانادا بریتییه‌ له‌وه‌ى ئه‌گه‌ر له‌ یه‌که‌مدا وڕێنه‌ ببێت به‌ هه‌قیقه‌ت جگه‌ له‌وه‌ى هه‌موو شتێکى هه‌ستپێکراوى نه‌بوو ده‌گۆڕێت بۆ هه‌قیقه‌ت، ده‌کرێ‌ بڕ و راده‌ى هه‌قیقه‌ت له‌ ژیانماندا زۆرتر بێت و زۆر شتى تریش بگرێته‌وه‌ که‌ ئێسته‌ وانین، واتا وڕێنه‌ش بگۆڕدرێت بۆ راسته‌قینه‌، له‌ دۆخى دووه‌مدا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رچى هه‌قیقه‌ته‌ و مرۆڤایه‌تى باوه‌ڕى پێیه‌تى و پێى ده‌ژى چیتر هه‌قیقه‌ت نییه‌و ئیدى هه‌موو راسته‌قینه‌کان بونیان نیه‌و ته‌نها وڕێنه‌ن و ئێمه‌ له‌ دۆخى نه‌خۆشیه‌کى به‌کۆمه‌ڵدا هه‌ستى پێده‌که‌ین، سێهه‌میان که‌ ده‌شێ‌ وڕێنه‌ رێگه‌یه‌ک بێت بۆ گه‌یشتن به‌ هه‌قیقه‌ت، به‌ته‌واوى دوو واتاکه‌ى پێشتر ده‌سڕێته‌وه‌، مادام رێگه‌یه‌که‌ که‌واته‌ ناشێ‌ خۆى هه‌قیقه‌ت بێ‌، ئیدى له‌ هه‌ر سێ‌ دۆخه‌که‌دا نازانین چۆن و به‌ پێى کام پاساو و به‌ڵگانه‌ نوسه‌رێک رستێک زاراوه‌ و چه‌مکى هه‌مه‌جۆر و جیاواز له‌یه‌کترى هاوتا ده‌کات که‌ به‌ درێژاى ئه‌و نوسینه‌ ده‌یبینین؟  له‌کاتێکدا ده‌شێت کارێکى هونه‌رى هه‌ڵگرى کۆنسێپتێکى هاوشێوه‌ بێت، ئه‌وه‌ى که‌ سه‌رله‌ بینه‌ر تێکده‌دات خۆێنده‌نه‌وه‌یه‌کى وه‌ها هه‌ڕه‌مه‌کى و مه‌سره‌فکردنێکى نا به‌رپرسارانه‌ و نارونى وشه‌ و زاراوه‌و مانایه‌ له‌ کاری هونه‌رییدا، نوسه‌ر واتاى به‌رهه‌مه‌کان به‌ واتاى ترى دروست کراو له‌ زمان داده‌پۆشێت، له‌برى ئه‌وه‌ى کۆنسێپیتى خودى کاره‌کان له‌ زمانه‌وه‌ بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.  هونه‌رى کۆنسێپچواڵ له‌ دونیادا به‌و جوڵه‌ به‌هێز و ئازایه‌ى ناسراوه‌ که‌ له‌گه‌ڵ خۆیا هه‌موشتێکى له‌باره‌ى هونه‌ره‌وه‌ له‌ چنگى په‌یمانگه‌کانى هونه‌ر و گه‌له‌رییه‌کان هێنایه‌ ده‌روه‌و بڵاوى کرده‌وه‌ به‌ هه‌موو لایه‌کدا، له‌ دۆخى پیرۆز و دانسقه‌ییه‌وه‌ گۆڕى بۆ هونه‌ر بۆ هه‌موو خه‌ڵک، وه‌ک چۆن ماناى هونه‌ریشى له‌ ژێر بارى گران و  په‌ستانه‌کانى فه‌لسه‌فه‌و زمانه‌که‌ى هێنایه‌ ده‌وره‌ بۆ ئه‌وه‌ى خۆى زمانێکى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌ته‌واوى ماناکانى هونه‌رى له‌ سیفاته‌ نمونه‌یه‌کانى پێشترى کارى هونه‌ریى و هونه‌رمه‌ند و بایه‌تى ستاتیکاى گۆڕى بۆ تیۆره‌ و زمانى هونه‌رى شێوه‌کارى، له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ هونه‌رمه‌ندى کۆنسێپچاڵ که‌سێکى هۆشیارى ناو جیهان و سایه‌قه‌ کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیه‌کانیشه‌.  له‌ کۆتاییدا نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز ده‌مان گه‌یه‌نێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ى کێشه‌که‌ ته‌نها به‌رده‌ست نه‌بوونى زمانێک نییه‌ و هه‌ڵه‌ى به‌کارهێنانى زمان نییه‌ که‌ وا ده‌کات ئه‌م نوسینه‌ یه‌کێک بێت له‌ نوسینه‌ خراپ و بێ‌ خه‌م و ده‌ربه‌سته‌کانى بوارى هونه‌رى شێوه‌کارى، به‌ڵکو بڕوامان وایه‌ که‌ به‌ڕێزیان به‌چاوێکى کزه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ هونه‌رى شێوه‌کارى. ئێمه‌ دڵنیاین که‌سێک له‌دواى خوێنده‌نه‌وه‌ى نوسینه‌که‌ى کاک نه‌به‌ز ده‌چێت بۆ مس گه‌له‌رى و به‌دواى هه‌قیه‌تدا ده‌گه‌ڕێ‌، به‌ڵام کاتێ ده‌چێته‌ ناو گه‌له‌رییه‌که‌وه‌ و هه‌موو جیاوازییه‌ ورده‌کانى ئه‌و کارانه‌ له‌ یه‌کترو  له‌گه‌ڵ کاره‌کانى ده‌ره‌وه‌ى خۆیاندا ده‌بینێ، ئه‌و که‌شه‌ سوریالییه‌ پڕ له‌ هقیقه‌ته‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ى ئه‌و بینه‌رانه‌دا به‌م جۆره‌ تێناپه‌ڕێ، به‌ڵکو شۆکى جیاوازیى نوسینه‌که‌و کاره‌ هونه‌رییه‌کان جارێکى تر بینه‌ر له‌ مۆزه‌و گه‌له‌رییه‌کان ده‌تۆرێنێ، وه‌ک چۆن به‌درێژاى ساڵانى نه‌وه‌ده‌کان بینه‌رى کورد نه‌یتوانى ته‌لیسمى کاره‌ هونه‌رییه‌کان بکاته‌وه‌ و له‌ کۆتاییدا پشتی کرده‌ هونه‌ر. له‌باره‌ى هونه‌رمه‌ندانى به‌شداربوو له‌و پیشانگه‌یه‌دا ئێمه‌ نازانین له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا کۆتایى چه‌ندێ‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م خوێنده‌وه‌و لێکدانه‌وانه‌دان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى نیگه‌رانییه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ وتاره‌که‌ى کاک نه‌به‌ز له‌ناو دوتوێى ئه‌و رۆژنامه‌یه‌دا هه‌یه‌، که‌ له‌ سه‌ردانکردنى گه‌له‌رییه‌که‌دا ده‌یبینیت له‌ شوێنێکدا به‌رده‌ستخراوه‌ بۆ میوانه‌کان، که‌ واى نیشان ده‌دات هاوڕاییه‌ک هه‌یه‌.  کۆکردنه‌وه‌ى به‌زۆرى کۆمه‌ڵێ کارى هونه‌ریى به‌ بیرۆکه‌ و واتاو ماناى هه‌مه‌ چه‌شن و فره‌ دووریه‌وه‌  له‌ ناو یه‌ک زاراوه‌ یان واتادا، خۆشترین و ئاسان ترین کارێکه‌ ره‌خنه‌گر و توێژه‌ر و  لێکۆله‌ر بیکات. بوارى هونه‌رى شێوه‌کارى یه‌کێکه‌ له‌و بوارانه‌ى که‌ که‌مترین و خراپترین ده‌قى له‌سه‌ر هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌راورد به‌ بواره‌کانى ترى هونه‌ر له‌ کوردستان. له‌دواى ساڵانى نه‌وه‌ده‌کانى سه‌ده‌ى رابردووه‌و تاکوته‌را له‌ رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کاندا هه‌وڵى نووسین و جوڵاندنى ئه‌م کایه‌ بێده‌نگه‌ دراوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێ هونه‌رمه‌ند و شاعیر و نوسه‌ره‌وه‌، به‌ بڕواى ئێمه‌ ئه‌گه‌ر چى ئه‌مه‌ وا ده‌رده‌که‌وێ‌ که‌ قۆناغى دامه‌زراندى ره‌خنه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ى شێوه‌کارى بێ، به‌ڵام به‌ یه‌کێک له‌ توندترین زه‌بره‌ زیان به‌خشه‌کانى نوسین دا ده‌نرێ‌ که‌ به‌ر هونه‌رى شێوه‌کاریى که‌وتووه‌. زمان و فۆرمى ئه‌و نوسینانه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئه‌بسراکت و ته‌عبیرین خۆیان پێویستیان به‌ لێکۆلێنه‌وه‌و رونکردنه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌شێک له‌و نوسه‌رانه‌ ته‌واو خۆیان بواردووه‌ له‌ ره‌خنه‌کردن و ده‌ستنیشانکردنى کێشه‌کان و پرسیارکردن، به‌تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر تابلۆ نوسراون و به‌گشتى نوسینى "ئاشتیخوازانه‌و بێوه‌ین"، سه‌رجه‌میان زمانى نوسینه‌کانیان له‌ بواره‌کانى ئه‌ده‌ب و فه‌لسه‌فه‌ و شیکارى ده‌رونیى و و قوتابخانه‌ فه‌لسه‌فیه‌کانى تره‌وه‌ خواستووه‌، زمانى قسه‌کردن و نووسین له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارییه‌وه‌ به‌ دنیایه‌ک وشه‌ى داتاشراو و قورس و ناڕونى فه‌لسه‌فى و شیعرى بارکراوه‌. جگه‌ له‌ دابڕینى به‌رهه‌مه‌ هونه‌ریه‌کان له‌ واقیع و دنیاى ده‌روه‌و خوێندنه‌وه‌ى له‌ناو خۆیدا، که‌ وا ده‌کا "خوێنه‌ر- بینه‌ر" له‌ کاره‌ هونه‌رییه‌که‌ خۆیه‌وه‌ راسته‌خۆ هه‌ڵهێنجانى باشتر بکات هه‌تا ئه‌و نوسینه‌ى له‌باریه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌. هه‌ندێکى تر له‌وانه‌ى له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کاریه‌وه‌ وتارو کتێبیان نووسیوه‌ نه‌ک هه‌ر زمانه‌که‌یان سه‌راپا وه‌سفو غه‌زه‌ل و شیعره‌ به‌ڵکو واتاو ماناى جیاواز و دوور له‌ ناوه‌ڕۆکى به‌رهه‌مه‌که‌یان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌و نوسینه‌کانیان له‌باره‌ى هونه‌ره‌وه‌ خۆى بۆته‌وه‌ به‌ به‌رهه‌مێکى ئه‌ده‌بیى ئالۆِز و شیعریى که‌ پێویستى به‌ شیکردنه‌وه‌ و رونکردنه‌وه‌ هه‌یه‌، قسه‌کردن له‌سه‌ر وێنه‌ به‌ شیعرو فه‌لسه‌فه‌ ئه‌و بارگرانیى و کاره‌ساته‌یه‌ که‌ هه‌تا ئێستا هونه‌ریى شێوه‌کاریى نه‌ک نه‌هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ى دیمه‌نه‌ رۆشنبیرییه‌که‌، به‌ڵکو چه‌نداجارێک کۆدڕێژ کراوه‌ته‌وه‌ و دوورخراوه‌ته‌وه‌ له‌ تێگه‌یشتن. ئه‌گه‌رچى هونه‌رمه‌ندان به‌شێکى زۆریان له‌ غیابى ره‌خنه‌دابوبێ‌ یان هه‌ر هۆیه‌کى تر، به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ ئه‌و ده‌قانه‌یان وه‌رگرتوه‌و هه‌رچی له‌باره‌ى به‌رهه‌مه‌کانیانه‌وه‌ نوسرابێ‌ قبوڵکردووه‌. به‌ جیاوازى هه‌ندێ‌ بیروراى شه‌خسى که‌ له‌ شوێنى جیاواز په‌خش و بڵاو ده‌کرێته‌وه‌، تا ئێستا شتێک نییه‌ پێى بوترێ‌ زمان و ره‌خنه‌ى هونه‌رى شێوه‌کاریى که‌ دووربێ‌ له‌ زمانى شیعر و فه‌لسه‌فه‌ و بتوانێ‌ به‌ شێوه‌یه‌کى زانستیانه‌ له‌باره‌ى ئه‌م هونه‌ره‌وه‌ قسه‌ بکات. ئێمه‌ پێشوازى له‌ هه‌موو نوسینێکى باش و زانستیى له‌باره‌ى هونه‌رى شێوه‌کارییه‌وه‌ ده‌که‌ین، به‌ڵام پێویسته‌ کاک نه‌به‌ز و هه‌ر به‌ڕێزێکى تر که‌ ده‌یانه‌وێ‌ له‌سه‌ر هونه‌ر بدوێن له‌ هونه‌رى شێوه‌کارى تێبگه‌ن و له‌ نوسینى به‌په‌له‌و ئاشتى خوازو بێوه‌ى بوه‌ستن و له‌ پێشدا هه‌وڵى دامه‌زراندى زمانێکى سه‌ربه‌خۆ له‌و کایانه‌ى باسکران په‌یدا بکه‌ن.   ته‌واو تێبینى: سه‌ره‌تا ویستمان ئه‌م بابه‌ته‌ له‌هه‌مان ئه‌و گۆڤاره‌ ئه‌له‌کترۆنیه‌ بڵاو بکه‌ینه‌وه‌ که‌ ده‌قه‌که‌ى کاک نه‌به‌زى تیادا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دواى  9 رۆژ چاوه‌ڕوانى ئه‌و به‌ڕێزانه‌ وه‌ڵامیان نه‌دایه‌وه‌.

رۆژه‌ حسن   له‌سه‌ر ئاوازى نۆته‌یه‌ک راکشاوم له‌ ناو ده‌نگێکى وون بودا ئه‌تلێمه‌وه‌، هیچ ناناسمه‌وه‌ ... هیچ ته‌نانه‌ت ژێکانى ناو ئه‌م ئامێره‌ش جاران ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک ژێ بووین ژیانمان له‌سه‌ر ده‌نگ دروست ده‌کرد له‌گه‌ڵ هه‌وادا ته‌ماسمان هه‌بوو له‌سه‌ر هێڵى هیچ شه‌مه‌نه‌فه‌رێک نه‌بوین و به‌ هه‌موو دنیادا سه‌فه‌رمان ده‌کرد هه‌ندێکمان چاومان بارته‌قاى بینینى به‌رپێى خۆمان ڕوناکى نه‌بوو که‌چى که‌ باسى هاوڕێکانم ده‌کرد که‌ تا ئه‌و کات نه‌مانبینى بوون ئه‌که‌وتمه‌ ژێر گومانى چاوساغه‌ کانه‌وه‌،  دواى ئه‌وه‌ى به‌ر نه‌شته‌رى رۆژگار که‌وتین بارته‌قاى هه‌تاو ڕوناکى ڕژایه‌ بینینمه‌وه‌ هیچ شوێنێکم نه‌دییه‌وه‌ بۆسه‌فه‌رکردن هیچ که‌سێکم نه‌بینى بیناسمه‌وه‌ من ئه‌مخواست، وه‌ک جاران  له‌ ناو ڕه‌شى بینینما هه‌میشه‌ ئه‌وانم به‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ببینیایه‌ هه‌میشه‌ وام بزانیایه‌ بینیى حه‌ قیقه‌ت چێژى یه‌که‌م سه‌یرانى ناو  قوتابخه‌یه‌ له‌ ساحه‌که‌یا.. وامانبزانیایه‌،   عه‌شق ئه‌و خه‌یاڵه‌یه‌ که‌ له‌ ژێر به‌تانییه‌کانه‌وه‌ ئه‌مانکرد نه‌ک ڕووتبونه‌وه‌یه‌کى ئه‌به‌دى وامانبزانییایه‌، ماڵه‌ باجێنه‌ ته‌رجه‌مه‌ى ژیانى گه‌وره‌کانه‌ . که‌چى، ژیان ڕه‌قبونه‌وه‌ى نانێکه‌، له‌به‌رده‌م  هه‌ناسه‌ سارده‌کانى مناڵیدا به‌ دیار یارییه‌که‌وه‌ که‌ دڵنیات بس سه‌یرکردنت پێ ده‌بڕێت.  ئه‌و کات، خۆم هه‌ڵخستبوو به‌سه‌ر پشتى ئومێدا رۆَڵى خۆم و کابراى دوکاندارم ده‌گۆرییه‌وه‌ من ده‌بوم به‌ دوکانداره‌که‌و دڵى مناڵه‌که‌م ده‌خوێنده‌وه‌ یارییه‌کانم  ئه‌پێچایه‌وه‌ ئه‌مووت بڕۆ بێده‌نگ برۆ به‌ڵام ئێستا، ئومێد چاوه‌ڕوانى  نانى هه‌ژارێکه‌ به‌ ته‌نورى سه‌رمایه‌داره‌کانه‌وه‌ . من له‌ تلانه‌وه‌ى خۆم به‌رده‌وامم به‌ڵام ڕه‌نگم گۆڕاوه‌ خۆڵه‌مێشیم، خۆڵه‌مێشى سوتووى ئه‌و ته‌نوره‌م که‌به‌ ئێسکى خۆمان داخراوه‌. من ئه‌م ژێیانه‌ نانسمه‌وه‌ .