هاوڵاتی – لۆڤە محەمەد )بێریڤان جەلال) یه‌کێکه له کچه وه‌رزشه‌وانه چالاکه‌کان، ئه‌و پەیمانگای وەرزشی (هەڵەبجە) تەواو کردووە و بەهۆی بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا لە کۆلیژی وەرزش لە (هەڵەبجە) وەرگیراوەتەوە و لە ئێستاشدا خوێندکارە لە کۆتا قۆناغی ئەو کۆلیژە و لەسەر ئاستی (کوردستان و عێراق) یاریزانێکی زۆر باشە و توانیوێتی لە زۆربەی یاریەکاندا پلەی باش بۆ یانەکەی یاخود هەڵبژاردەکەی بەدەستبهێنێت. بێریڤان سەبارەت بە وەرزشوانیەکەی بۆ هاوڵاتی دەڵێت:"١١ ساڵە وەرزشی تۆپی پێ دەکەم و یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقم و لە هەمان کاتدا یاریزانی تۆپی دەستیش بووم، وە بۆ چەندین یانە یاری گۆڕەپان و مەیدان و فووتساڵ و تۆپی دەست و تێنسی سەرمێزم کردووە، هەروەها وە لە ئێستاشدا بۆ یانەی سیروانی نوێ کاردەکەم لە شاری سلێمانی و ڕاهێنان دەکەین بۆ خولی کوردستان بۆ یاری فووتساڵ" له ئێستادا (بێریڤان) لە فێرگەیەکی تۆپی پێی بۆ منداڵان بە ناوی فێرگەی (ئاسۆ) ڕاهێنەرە، تاوەکو منداڵان هەر لە تەمەنی بچوکیانەوە فێری وەرزش بکات و منداڵانی سەروو تەمەن (٦)ساڵان وەردەگرێت و لە ئێستاشدا (٢٥)خوێندکاری کچی هەیە، هەروەها ڕاهێنەریشە لە هۆڵێکی لەشجوانی لە شاری هەڵەبجە.
هاوڵاتی – لۆڤە محەمەد خانمه شێوەکار (شوعله سلێمان) پێشانگای (٢١ تابلۆ بۆ سەدەی ٢١) لە شاری بریستول لە لەندەن کردەوە کە ماوەی هەفتەیەکی خایاند. پێشانگاکە ٢١ کاری هونەری لەخۆ گرتووە کە سەرجەمی کارەکان هێڵکاری بوون بە ماددەی (پاسیل و تێکەڵ کۆلاج) دروستیکردوون. هونه‌رمه‌ند (شوعله سلێمان) سەبارەت بە پێشانگاکەی بە هاوڵاتی ڕاگه‌یاند: له ڕێی ئەم ئەزموونەوە دەمەوێت بزانم ئایا سەدەی ٢١ بەراورد بە سەدەکانی ڕابردوو چارەسەر دۆزراوەتەوە بۆ کێشە کۆمەڵایەتیەکان، یاخود مرۆڤ لەبری چارەسەر شێوازی تازەگەری و داهێنانی داڕشتووە بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان، ئایا مرۆڤایەتی لەوپەڕی ڕۆچووندایە؟ وە زۆر پرسیاری دیکە هەڵدەگرێت کە هەر تاکێک دەشێت تەواو هەست بە دواکەوتنی سەدەی سەردەم دەکات لە ڕێیەوە. تابلۆکان هێما بوو بۆ ئەو ناخۆشیانەی کە بەسەر ژنان و هاوڵاتیاندا گەیشتووە لە سەدەی ٢١دا و ئەو نەهامەتیانەی کە هاوڵاتیان تێیدا دەژین.ئەمە چوارەمین پێشانگای تایبەتی شوعلە سلێمانە کە لە ئێستادا لە کلەندەن دەژی و لە وڵاتانی دەرەوەش بەردەوامە لەسەر کاری هونەری و دەیەوێت لە ڕێگەی هونەرەوە کلتوری کوردی و کلتوری دەرەوە بەیەک ئاشنا بکات.
ئاماده‌کردنى: تاڤگه محه‌مه‌د خانمه هونه‌رمه‌ندى شێوه‌کار(مژده فه‌تاح) له ئه‌زمونێکى نوێ‌دا یه‌که‌مین پێشانگاى تایبه‌تى خۆى ده‌کاته‌وه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده له‌دایک بووى ساڵى (1985)ه له شارى سلیمانى و ساڵى (2011) په‌یمانگاى هونهرهجوانهکانى له سلیمانى ته‌واو کردوه، له ڕابردوودا به‌شدارى چه‌ندین چالاکى هونه‌رى له په‌یمانگا و ده‌ره‌وه‌ى په‌یمانگا کردوه، ئه‌م پێشهنگایهى یه‌که‌مین کارى تایبه‌تى ئه‌وه که ناوه‌ندى (7) ڕه‌نگ بۆى ده‌کاته‌وه. ده‌رباره‌ى پێشه‌نگاکه(به‌ختیار سه‌عید) سه‌رپه‌رشتیارى ناوه‌ندى (7) ڕه‌نگ، به هاوڵاتى ڕاگه‌یاند" (7) ره‌نک وه‌کو هه‌موو جاره‌کانی تر پشتگیری هونه‌رمه‌ندان ده‌کات بۆ کردنه‌وه‌ى پیشانگهکانیان و ئه‌م پیشانگه‌یه ده‌بیته (33) هه‌مین پیشانگه که له سالی 2018 کردوماتىوهو ئه‌م پیشانگهیهش یه‌که‌مین ئه‌زموونی تایبه‌تی خاتوو مژه فه‌تاح و پیشانگهکهڕۆژى (8/12/2018) له هۆڵى ئهمنهسورهکهى شارى سلیمانى ده‌کرێته‌وه‌و بڕیاره،(3) رۆژ به‌رده‌وام ده‌بیت.
ڕێبین ره‌سوڵ: یه‌کێکه له‌وه‌رگێڕه شاره‌زاکانى بورى فکر و ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه له‌و بواره‌دا چالاکانه کارده‌کات، (په‌ڕاوى)هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنى بیر‌و بۆچونه‌کانى ده‌رباره‌ى وه‌رگێڕان، به‌باشى زانى ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا سازبدات. سازدانى: هانه شاخى * هه‌میشه ده‌وترێت وه‌رگێڕان نووسینه‌وه‌ی ده‌قێکی نوێیه له لایه‌ن که‌سی وه‌رگێڕه‌وه، ئێوه چۆن له‌مه ده‌ڕوانن؟ پێتان وایه وه‌رگێڕان ده‌توانێت ڕۆحی زیندووی تێکسته‌کان بگوازێته‌وه؟ ــ پێم وایه له‌سه‌ر ده‌ستى وه‌رگێڕدا ئاسۆیه‌کى ڕوحى تازه له‌دایک ده‌بێت، که ئێمه پێشتر نه‌مانبینیوه‌و نه‌مانناسیوه، ئه‌وه وه‌رگێڕه ئه‌م ئاسۆیه تازه‌یه‌مان پێده‌ناسێنێت و بۆمانى ڕۆشن ده‌کاته‌وه، ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕ نه‌بێت ئێمه ناتوانین ئه‌م ئاسۆیه تازه‌یه ببینین، ئه‌وه زیندووێتى تێکسته‌کان ده‌پارێزێت و ده‌یانباته نێو ئاسۆى تازه له‌میانه‌ى زمانێکى تازه‌وه. له‌گه‌ڵ پڕۆسه‌ى وه‌رگێڕاندا، ئاسۆیه‌ک له‌نێو زمانى خۆمان، له‌میانه‌ى زمانێکى بێگانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌دات. لێره‌وه وه‌رگێڕان کارێکى مه‌ترسیداره، چونکه بریتییه لهڕێکخستنى دیدارێکى سه‌خت و ئه‌سته‌م له‌نێوان دوو زماندا، ئه‌م دوو زمانه شێوه‌و فۆڕمیان جیاوازه، زۆرجاریش سه‌ر به‌بنه‌ماڵه‌ى زمانه‌وانى جیاوازن، به‌ڵام هه‌ڵگرى هه‌مان مانان، یا ده‌توانن هه‌مان مانا له‌نێو خۆیاندا هه‌ڵبگرن. وه‌رگێڕان فێرى ئه‌وه‌مان ده‌کات ئێمه سه‌ره‌ڕاى جیاوازیشمان، به‌ڵام هه‌ڵگرى هه‌مان ماناین. لێره‌دا زمانى ئه‌سڵى ده‌بێته میوان، زمانى ئێمه‌ش ده‌بێته خاوه‌ن ماڵ، بۆیه زمان بریتییه له‌هونه‌رى میوانداریکردن، زۆر نین ئه‌وانه‌ى لهمیوانداریکردن شاره‌زان، چونکه ستایلى جیاواز هه‌یه بۆ میوانداریکردن، بۆیه ستایلى جیاوازیش هه‌یه له‌وه‌رگێڕاندا. *ئێوە کار لە وەرگێڕانی بەرهەمە فکریەکاندا دەکەن، دەکرێت بزانین جیاوازییە دیارەکانی نێوان وەرگێڕانی کارێکی فکرو کارێکی ئەدەبیدا چیەو کامیان بۆ وەرگێڕان شارەزایی وماندوبونی زیاتری دەوێت؟ ــ ئه‌وه‌ى له‌نێو کارى وه‌رگیڕاندا ده‌گۆڕێت و ده‌چێته سه‌ر زمانێکى تر، مانا نییه، به‌ڵکو چه‌مک و زاراوه‌و وشه‌کانن، بۆیه له‌نێو هه‌ردوو زمان و له‌هه‌ردوو حاڵه‌تیشدا، مانا هه‌ر وه‌کو خۆیه‌تى. هه‌ر که‌سێک مانا فه‌لسه‌فییه‌کان بزانێت، تێده‌گات له‌به‌رده‌م کۆمه‌ڵێک خه‌مى گه‌وره‌دایه که پێوه‌ندییان به‌مرۆڤ و گه‌ردوونه‌وه هه‌یه، ئه‌م خه‌مه ئه‌گه‌ر خۆى له‌میانه‌ى ئیمزا‌و ناوى که‌سێکیشه‌وه پێمان بگات، به‌ڵام له‌ڕاستیدا هیچ پێویستى به‌ئیمزاى که‌س نییه، خه‌مێکه له‌نێو هه‌مووماندا هه‌یه. لێره‌وه مانا فه‌لسه‌فییه‌کان جیاواز ده‌بن له‌ماناکانى تر، لێره‌شه‌وه زمانى فه‌لسه‌فى زمانێکه دووچارى نامۆبوون دێت، ماناکان نامۆ نابن، به‌ڵام وشه‌و زاراوه‌و چه‌مکه‌کان نامۆ ده‌بن. بڕوام وایه ئه‌و پانتاییه‌ى گه‌مه‌کردن که له‌نێو ده‌قى ئه‌ده‌بیدا هه‌یه، ده‌قى فه‌لسه‌فى که‌متر ڕێگاى پێده‌دات، لێره‌وه ماندوو بوونى زیاترى پێویسته. * ئێستا له کوردستان پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان له زمانی دووه‌م و سێیه‌مه‌وه ده‌کرێت، پێتان وایه ئه‌م جۆره وه‌رگێڕانه وه‌رگێڕانی زیندوبێت، ئایا تا چه‌ند ده‌قه‌که جوانیی خۆی ده‌پارێزێت له‌م جۆره وه‌رگێڕانانه‌دا. ــ هه‌میشه ئه‌م قسه‌یه به‌و مانایه دووباره ده‌کرێته‌وه تاوه‌کو جۆرێک لهتۆمهتبارکردنى وه‌رگێڕى تێدا بشاردرێته‌وه، هه‌میشه مه‌به‌ست له‌به‌کارهێنانى وه‌رگێڕان له‌زمانى دووه‌م و سێیه‌م به‌و مانایه به‌کاردێت بۆ ئه‌وه‌ى مه‌ترسى ئه‌وه پیشانبدرێت که وه‌رگێڕ ئه‌مین نییه‌و خائینه، یا به‌مانایه‌کى تر زۆر دڵسۆز نییه. پێم وایه زمانى یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م له‌وه‌رگێڕاندا کێشه نییه، ئه‌وه‌ى کێشه‌یه تواناى وه‌رگێڕه له‌سه‌ر گه‌مه‌کردن، گه‌مه‌کردنى فه‌لسه‌فییانه به‌و مانایه‌ى دریدا به‌کارى دێنێت. هه‌موو فهلسهفهکارو هزرڤانێک مه‌حکومه به‌وه‌ى وه‌رگێڕان بکات، به‌و مانایه‌ى، مانا له‌نه‌ته‌وه‌یه‌ک و زمانێکه‌وه بگوازێته‌وه بۆ زمانێکى تر، ئه‌م گواستنهوهیهى ماناکان ته‌نیا وه‌رگێڕان نییه، به‌ڵکو له‌لایه‌نى چییه‌تییه‌وه ده‌بێته به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى بیرکردنه‌وه، بۆیه مه‌سه‌له‌که هه‌ر ته‌نیا بریتى نییه له‌وه‌رگێڕانى زاراوه‌و وشه. *ئه‌و بنه‌ما سه‌ره‌کیانه چین که ده‌بێت له که‌سی وه‌رگێڕدا هه‌بن، ئایا زانینی زمانێک به‌ته‌نها ده‌توانێ وا له مرۆڤ بکات توانای وه‌رگێڕانی تێکسته‌کانی هه‌بێت، وه‌رگێڕان پیشه‌یه یان زانسته یان هونه‌ره. ــ به‌ته‌واوى له‌م بروایه‌دام هه‌موو وه‌رگێڕێک له‌میانه‌ى وه‌رگێڕانه‌وه خودى خۆى ده‌نووسێته‌وه، بۆیه وه‌رگێڕان به‌شێکه لهژیاننامهمان، نه‌وه‌کو کارێکى له‌ناکاوو تێپه‌ڕ بێت. لێره‌وه ئه‌گه‌ر پێشتر وه‌کو هونه‌رێک ته‌ماشاى وه‌رگێڕان کرا بێت، به‌ڵام پێم وایه له‌ئێستادا تێکه‌ڵه‌یه‌که لههونهرو زانست، بێگومان ئه‌گه‌ر کرایه پیشه، وا ده‌کات وه‌رگێڕ پیشه‌ییانه‌تر کاره‌که‌ى خۆى ئه‌نجام بدات. ته‌نیا به‌زانینى زمانێک یا دووان که‌س نابێته وه‌رگێڕ، چونکه ئه‌و سیفه‌تانه‌ى لهکهسایهتى وه‌رگێڕدا هه‌یه، له‌نێو هه‌موو زمان‌زان و نووسه‌رێکدا نییه. به‌ڕاستى ئازایه‌تى ده‌وێت هه‌موو جیهان بهخائینت بزانێت، به‌ڵام تۆ وه‌کو وه‌رگێڕێک خۆت به‌شۆڕشگێڕ بزانیت و، هه‌ر وه‌کو شۆڕشگێڕێکیش ڕه‌فتار بکه‌یت. لێره‌وه سه‌ختى پیشه‌ى وه‌رگێڕان ده‌ست پێده‌کات، له‌هه‌موو لایه‌که‌وه به‌نووسه‌رى پله دوو و، بێ به‌هره‌و، کرمێکى مشه‌خۆر ته‌ماشا ده‌کرێت که له‌سه‌ر که‌له‌شى ده‌قى نووسه‌راندا ده‌گوزه‌رێت. *وه‌رگێڕان ده‌توانێت چ ڕۆڵێک له به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی کتێبخانه‌ی کوردی‌دا بگێڕێت؟ بۆ هه‌وڵ نه‌دراوه وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه بکه‌ن، واته به‌رهه‌مه کوردیه‌کان وه‌ربگێڕنه سه‌ر زمانه بیانییه‌کان، پێتان وانیه له ئێستادا ئه‌وه پێداویستییه‌کی گه‌وره‌یه؟ ــ بڕواى ته‌واوم به‌وه هه‌یه هه‌موو وه‌رگێڕێک ده‌یه‌وێت له‌میانه‌ى وه‌رگێڕانه‌وه، له‌ناوه‌وه خودى خۆى له‌م دۆخه ڕزگار بکات که تێیدایه، دۆخى ئه‌وه‌ى به‌ناچارى فێرى زمانێکى تر یا دووان و چه‌ند زمانێک بووه، چونکه مه‌رجى ژیانکردن له‌نێوان دوو زمان و چه‌ند زمانێکدا، مه‌رجه بۆ ڕزگاربوونى خودى خۆى، بۆیه وه‌رگێڕان هونه‌رى گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ خود له‌میانه‌ى نامۆ بوون له‌نێو زماندا. هونه‌رێکى سه‌خت و ئه‌سته‌م و دژواره، وه‌رگێڕى کورد هه‌میشه خه‌مه‌کانى زمانى دایکى لهکۆڵناوهو له‌خه‌مى ئه‌وه‌دایه واى لێبکات له‌زمانێک زیاتر بێت، ماناکان وه‌کو کانیاوێکى ڕوون تێیدا بڕژێن، بیسه‌لمێنێت هیچ ده‌قێک نییه نه‌توانرێت بکرێته کوردى. تا ئێستاش ئه‌و ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ى کتێبخانه‌ى کوردى هه‌ژار، له‌میانه‌ى وه‌رگێڕانه‌وه‌یه، ڕه‌وتێکى باشى وه‌رگێڕان هه‌یه له‌سه‌ر زۆر ئاست و بابه‌تى جیاواز، ئه‌وه‌ش جێگاى دڵخۆشییه. *ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا وه‌رگێڕانی پیادا تێپه‌ڕده‌بێت له هه‌رێمی کوردستان چۆن ده‌بینن، پێتان وایه زۆر و بۆریی له وه‌رگێڕانداهه‌یه، کێ به‌رپرسیاره له‌و دۆخه و چی بۆ باشتربونی بکرێت؟ ــ له‌راستیدا من هیچ جۆره زۆرى و بۆرییه‌ک نابینم، به‌ڵکو که‌م و کووڕییهکى زۆر ده‌بینم و، پێم وایه ئێمه زۆر دواکه‌وتووین له‌بوارى وه‌رگێڕاندا، ئه‌گه‌ر نه‌وه‌کانى پێش ئێمه به‌هه‌مان هه‌ناسه‌ى ئه‌م نه‌وه‌یه‌ى ئێستا کارى وه‌رگێڕانیان بکردبووایه، به‌شێک له‌ئه‌رکى سه‌رشانى نه‌وه‌ى ئێمه ئاسانتر ده‌بوو. بۆ ئێمه له‌م هه‌رێمه‌دا ساڵانه چه‌ند کتێب ده‌که‌ینه کوردى تا باسى زۆرى و بۆرى بکه‌ین؟ زۆرییه‌که له‌کوێیه‌و بۆرییه‌که له‌کوێیه؟ ئێمه له‌م ڕه‌وشه‌دا هه‌موو لایه‌کمان به‌رپرسیارین، هه‌ر لایه‌ک و به‌پێى ئاستى قه‌باره‌ى به‌رپرسیارێتى خۆى به‌رپرسیاره.
و. لە عەرەبییەوە: هیوا قادر ئەو دەمەی شیعری گەورە گەورەم ئەنووسی، لە چاو ژیاندا زۆر بچکۆلەبووم. ئەو دەمەشی بە یەک چاو سەیری داهاتووی دوورم کرد و لە دنیام پرسی چی ڕوودەدات. زۆر لەوە بچکۆلەتربووم تەنانەت قسەش بکەم. نەوال شەریف هەمووان هەمووان.. بەدوای شەمەندەفەردا ڕائەکەن من نەبێت. هەمووان.. بەدوای پاسدا بەدوای بەردەوامیدا ئەگەڕێن. کەچی من بەدوای خۆمدا، بە دوای منێکی ونبووی ناو قەرەباڵغیدا ئەگەڕێم. هەمووان.. لەسەر قەدی درەختێک وێنەی دڵ و تیرێک ئەکێشن، کەچی من لە کانگای دڵمدا بەدوای سەوزایدا ئەگەڕێم. هەمووان.. خەون بە ژیانەوە ئەبینن و عاشق ئەبن بە ڕووناکی، هەمووان سەرسامن بەو شتانەی من پێیان سەرسام نیم. ئەوان.. سێبەری منیان خۆشناوێت، سێبەری من دارێکە بێ ڕەنگ ڕەنگەکان خیانەتیان لی کرد. بەتەنیا بەجێتهێشتم ڕۆیشتیت، نازانم بۆ ئاسمان سەرکەوتیت یان بە قوڵایی زەویدا ڕۆچوویتە خوارەوە. بەتەنیا لە نێوان دیوارەکانی ژیاندا وەک گوڵدانێک لە شکان بترسێت بەجێتهێشتم. وەک منداڵێکی بچکۆلە خەونی گەورە گەورەی هەبێت بۆ دوور ڕۆیشتی و بەجێتهیشتم. بەدوو دەستی ساردەوە باوەش بە تەنهایدا ئەکەم وەک ئەوەی تۆ پاکیزەیی زەمەن و دڵ‌پاکی شوێنت لەگەڵ خۆتدا بردبێت، هەموو ڕوخسار و چاوەکان و لارولەنجەکانی بەردەمم فریوم نادەن. ** تۆ دوور ڕۆیشتیت و ماڵئاوایت کرد بێ ئەوەی تەمەنای بەختێکی باشم بۆ بخوازیت. بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە ئەکرا من نەبم بەڵام هەبووم و هەرواش ئەمێنمەوە، ئەکرا ژن یان مرۆڤێکی ئازاد نەبم، ئەکرا من باڵدارێک درەختێک یان بەردێکی ساردبم و شەپۆلی ناو دۆڵێک بەر قامچیم بدات. بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە ئەکرا من لە ساتی فڕین‌دا بکەومە خوارەوە ئەشکرا لە ساتی عاشق بوونمدا بمرم، ئەکرا خانەدانێکم خۆشبوێت. بەڵام من وا دروست بووم... شتە بێ ڕۆحەکان و خۆڵەمێش و کەللەڕەقی و لەیەک نەچوونم خۆشبوێت. بەخت یارییەکی فێڵزانانەیە ئەکرا من ڕۆژێکی هەینی لە دایکبم و پیرۆز بم، خاوەنی عاقڵێکی جێگیر نەلەنگاو نەلەقیبووبم. ئەکرا من هیتلەر بم بە تابلۆ ئاوییەکانم بەناوبانگ بم ئەو دەم بیر لە سووتانی جووەکان نەکەمەوە. ئەکرا من "داهیا"ی# ئەمازیغ بم دۆعایەکی نەمر بهۆنمەوە تاکو ئەمازیخییەکان زمانەکەی خۆیان بیرنەچێتەوە. ئەشکرا من ئیمزایەک بم بە "سایکسبیکۆ" بانگ بکرێم. بەخت یارییەکی فیڵزانانەیە ئەکرا من دۆستێکی "هیباتیا" بم یان ئەو پیرێژنەی سێوەکەی دا بە نیوتن. بەخت یارییەکی فیڵزانانەیە هەموو یارییە فێڵاوییەکان سەرەتا بەخت دروستی کردوون. # "داهیا": 585 م-ـ 712 م، بە جادوگەری بەربەر بەناوبانگ بووە، سەرۆکی بەربەر بووە و بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ دەسەڵاتدار بووە لە سەرووی ئەفەریقا. زەردەخەنەکەت زەردەخەنەکەت لەسەر جێگاکەوە خستمییە خوارەوە دامی بە ئەردا وەک ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوەی بەیانیان بێت، زەردەخەنەکەت وای کرد وەک منداڵێکی بچکۆلەی بەردەمی جادوگەر و کۆترێک دەمم لە تاوا داپچڕم، تۆ چوزانیت کۆتر چییە... ناتوانم نا... نا من وتم ناتوانم بەرگەی ئەو تیشکە ئەو بایە بگرم خەریکە چارۆکەکە ئەدڕێنێت. ناتوانم لەم بێ هێزییەم بێهێزتربم ناتوانم بمرم بەم مردنە نەبێت... ڕاهیبەکە قژی وەک عومری من عومری درێژی من، درێژە... ڕاهیبەکە وەهای وت. من ئەزانم ئەم ڕاهیبەیە فرۆشیاری وەهمە هەموو خشڵەکانی لە بازرگانیکردن بە وەهمەوە چنگ کەوتووە. جا کێ ئەڵێت وەهم خراپە؟ پاڵتاوە ڕەشەکەی لە قژم ئەچێت هەموو شیعرەکانی منیش ڕەشن، چونکە دانپیانانی زۆر و لەخاچدانی حەقیقەت مەترسیدارە. کچە شاعیری مەغریبی نەوال شەریف، لەدایکبووی ١٩٩٣ یە. پسپۆڕە لە ئابورییی گشتی و بەرێکخستنی بەڵێندەریدا، بەڕێوبەر و ئامادەکاری بەرنامەی ڕۆشنبیریی و هونەرییە، ئامادەکار و بەڕێوبەری دیداری شانۆیی و هونەری نووسینە. لە ساڵی ٢٠١٥ ـەوە ئەندامە لە ماڵی داهێنانی نیشتمانی بەشی خریبکە. ئەندامە لە بەرێوبەرایەتی شەپۆلی ڕۆشنبیریی. سەرۆکی یانەی ڕەوتی ژنان و ڕۆشنبیریی و لاوانە. بڵاوکراوەکانی: دیوانێکی هاوکۆیی لەگەڵ کۆمەڵێک شاعیر، لە بڵاوکراوەکانی ماڵی داهێنانی نیشتمانی ساڵی ٢٠١٧. "گەڕان بەدوای جەستەدا لە هونەری شێوەکاریدا" شۆڕشە یان گرێ. دیوانی شیعری "من خراپم". سەرچاوە: نوال شريف" -ديوان شعري "سيئة أنا
شوان ئەحمەد ڕۆژی (30 -تشرینی دووەمی- 2018) سێیەمین ساڵیادی كۆچی دوایی نوسەر و كۆمەڵناس و یەكێك لەژنە هەرە چالاكەكانی وڵاتی مەغریبە كەئەویش فاتیمە مەرنیسییە ( 1940 -2015 ). ئەڵبەتە قسەكردن لەبزاوتی فێمێنستی لەدنیای عەرەبیدا، بەبێ ناوهێنان و بەسەركردنەوەی كەسانی وەك نەوال سەعداوی (لەمیسر) و فاتیمە مەرنیسی (لەمەغریب)، كاری نەكردەیە. بەرهەم و نووسینەكانی ئەم دوو خانمە سەر بەگۆبەندە، ژێدەرێکی سەرەكی بوون بۆ بزوتنەوەی فێمێنستی و خەباتی ژنان لەپێناو بەدەست هێنانی مافەكانیان لەوڵاتانی عەرەبیدا. سەعداوی و مەرنیسی، چ وەك وانەبێژێك لەهۆڵەكانی زانكۆدا و چ وەك نوسەرێك بە كتێبەكانیان و چ وەك توێژەر و چالاكوانێك، هەوڵێكی بێ وچانیان داوە بۆ بەرەو پێشبردنی پرسی ژنان و بۆ دەسكاریكردنی هۆشیاری كۆمەڵگەی عەرەبی. هەر گۆڕانكاری و پێشكەوتنێك لەو بوارەدا بەدیهانبێت، كەم تازۆرێك نەخش و جێ دەستی ئەوانی پێوە دیارە. ئەم دوو خانمە لەشەڕێكی سەخت و بێ وچاندابوون، دژی كۆنەپەرستی و دژی دەسەڵاتی سیاسی كۆنزێرڤاتیڤ و تۆتالیتاری وڵاتەكانیان و لەگەڵیشیدا، بەگژ ئەو سستم و گوتارە ئایینیەشدا چونەتەوە كەژنانی وەك بوونەوەرێكی كەم ئەقڵ و نوقسان ئەژماركردووە و لەپەراوێزی كۆمەڵگەدا دیلی كردن. سێ ساڵێك بەر لەئێستا لەیەكێك لەنەخۆشخانەكانی ئەڵمانیا بۆ دواجار و لەتەمەنی حەفتا و پێنچ ساڵیدا فاتیمە مەرنیسی كۆچی دوایی دەكات، نەوال سەعداویش وەك هاوڕەگەزو هاوخەبات و هاوڕێیەكی لەمێژینەی، بەكورتە نوسینێك بەسەری دەكاتەوە و ڕێزی لێدەنێت. ئەوەی لەخوارەوە دەیخوێنیتەوە، دەقی ئەو نوسینەیە. کەسانی وەک تۆ نامرن شەوێكیان گوێم لەلێدانی دەرگای ماڵەكەم بوو لەجیزە. حەپەسام و وتم: (دەبێت جگە لەپۆلیس كێ بێت بەبێ مەوعیدی پێشوەختە، بۆ سەردانیكردنم هاتبێ؟). ئەوە لەكۆتایی شەستەكان یاخود سەرەتای حەفتاكانی سەدەی بیستەمدابوو، واتە پەنجا ساڵ و زیاتریش پێش ئێستا بوو. لەپشتی دەرگاکەوە پرسیم كێیە؟ دەنگی خانمێك هاتە گوێم كەبەشێوەزاری مەغربییانە دەیپرسی: (ئەمە ماڵی نەوال سەعداویە؟). دەرگام لێكردەوەو وتی من توێژەرێكم لەوڵاتی مەغریب و ناوم فاتیمە مەرنیسی یە، لەزانكۆی (محەمەدی پێنجەم) لەشاری (ڕەبات) كتێبەكەت (ژن و سێكس)، بەخوێندكارەكانم دەڵێمەوە. بۆ ئەوەش هاتووە بۆ میسر، لەسەر داوای خوێندكارەكانی داوەتم كات بۆ مەغریب، تا لەزانكۆ دەرسگوتارێكیان پێشكەش بكەم. باسی ئەوەی بۆكردم كەخوێندكارەكانی چەند پەرۆشی كتێبەكەمن و بۆخۆیشی كتێبەكە بەشۆرشێك دادەنێت لەبواری هزر و پرسی ئازادی ژناندا، بەوپێیەی بێ چەند و چون دەست بۆ تابۆ سیاسی و ئابوری و سێكسیەكانی نێو كلتوری ئایینی دەبات لەوڵاتانی عەرەبیدا. وڵاتانێك كە لەژێر باری گرانی سستمێكی سەرمایەداری باوكسالاری كۆلۆنیالستیدا دەناڵێنن و هەر ئەو سستمەشە ، لەخۆرهەڵات و خۆرئاوای دنیادا باڵادەستە. ئەوكاتەی فاتیمە مەرنیسی هاتە لام، ساڵێك یان زیاتر بوو كتێبی (ژن و سێكس) بڵاو بووبووەوە، وەلێ دەسەڵاتدارانی میسر (چ سیاسی و چ ئایینی)، فەرمانیان بەقەدەغەكردن و پێچانەوەیدا لەبازاڕەكاندا. ئەوەبوو پیاوانی پۆلیس كەوتنە خۆیان و لەكتێبخانە و كوشك و ڕۆژنامە فرۆشەكانی سەرشۆستە و شەقامەكانی قاهیرە و پارێزگاكانی دیكەدا، دەستیان بەكۆكردنەوەی كرد. بەڵام چەند دانەیەكی ئاودیوی میسری كرا‌و پاشان بە (ئاشكرا و بەنهێنی)، لەوڵاتانی دیكەی عەرەبیدا چاپكرایەوە. بەتایبەت لەبەیروت دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی لوبنان، قوڵیان لێهەڵماڵی و بەتیراژێكی زۆر بەدنیادا بڵاویان كردەوە. یەكەمین دەرسگوتارم لەزانكۆی (محەمەدی پێنجەم) و لەسەر بانگهێشتی فاتیمە مەرنیسی، هەزاران خوێندكاری كەمەندكێش كرد‌و ئەو خوێندكارانەش لەحەوشەكەدا لەدژی سەرۆكی زانكۆ گردبوونەوە، چونكە فەرمانیدا بوو بەداخستنی هۆڵە گەورەكە لێیان و تەنها هۆڵێكی بچوكی پێڕەوا بینیبوون. خوێندكارەكانیش بەوە تووڕەبوون و بەپاڵ دەرگای هۆڵە گەورەكەیان شكاند. لەوەدابوو دەرسگوتارەكەم بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندان. فاتیمە مەرنیسی ئایدیای ڕادیكالانەی فێری خوێندكارەكانی دەكرد، دژ بەچەوساندنەوەی ژن و ستەمكاریی سەرمایەداری كۆلۆنیالستی ئەوروپی و ئەمریكی. كتێبەكانیشی بەزمانی فەرەنسی بڵاودەكردەوە، پاشان وەردەگێڕدرانە سەر زمانەكانی دیكە، لەوانەش زمانی عەرەبی. ئیتر بۆ ماوەی نیو سەدەو زیاتر بوو بەهاوڕێم و ئەو و چەندین ژنی دیكە لەتێكڕای وڵاتانی عەرەبی، هاوكارم بوون لەدامەزراندنی (ڕێكخراوی هاریكاریی ژنانی عەرەب)، لەسەرەتای هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا. ڕێكخراوەكە هێندەی سەرپێی خۆی كەوت و دەستی بەچالاكی كرد، ئیدی بەهەزاران ئەندامی لەدەور كۆبووەوە و چەندین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ ژنان ڕێكخست، تا ئەوكاتەی حكومەتی میسر بەبڕیارێكی نایاسایی دایخست. لەبەرامبەر ئەوەدا ژمارەیەك پارێزەر لەمیسر و وڵاتانی دیكەی عەرەبیدا، خۆبەخشانە هاتنە مەیدان و لەدادگای قاهیرە داوایەكیان لەدژی حكومەتی میسری بەرزكردەوە، وەلێ هەرگیز نەمانتوانی مافی یاسایی خۆمان وەرگرینەوە. فاتیمە مەرنیسی مامۆستا و نوسەرێكی لێهاتوو بوو. بەرهەمگەلێكی گرنگی لەبواری ئازادی ژناندا نووسیووە. هاوكات خوێن گەرمانە كتێبەكانمی بۆ خوێندكارەكانی ڕوون دەكردەوە و پشتیوان و هاو هەڵوێست دەبوو لەگەڵمدا، سەروەختێك لەمیسر زیندانی بكرامایە یان ناچار بكرامایە وڵات جێبێڵم. ئێمە زۆر كات لەكۆنگرە نێودەوڵەتیەكاندا یەكترمان دەبینی، چ لەوڵاتانی عەرەبی یان لەشوێنانی دیكە. ئەوەم بیرناچێت كاتێك لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا‌و لەكۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لەئەڵمانیا بەرگری لێكردم. ئاخر بەهۆی منەوە حەبیب بۆرقێبە بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی لەتونس لەسەر كارەكەی دەركردبوو، چونكە لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا میوانداری كردبووم و منیش باسم لە بزوتنەوەی ژنان لەتونس و لەژنە چالاكوانەكانی تونس كردبوو، بەڵام ناوی بۆرقێبەم نەهێنا بوو. ئەفراندنی ئەدەبی و ئایدیای شۆڕشگێڕانە دژ بەكۆلۆنیالیزم و سەرمایەداری پاتریاركی، ئەو تەوەرانە بوون كەبوو بوونە باعیسی دۆستایەتی پتەوی نێوان من و فاتیمە مەرنیسی، بەڵام لەهەندێ بۆچوندا ناكۆك بووین. من لەنوسین و دەرسگوتارەكانمدا ڕەخنەم لە هزری چینایەتی باوكسالاری دەگرت لەسەرجەم ئایینەكاندا، بەهەر سێ ئایینە یەكتاپەرستیەكەشەوە (مەسیحیەت و یەهودیەت و ئیسلام). دەساڵ لەتەمەنی خۆم تەرخانكرد بۆ تاو توێكردنی ئایینەكان و بەراوردكردنیان بەیەكتری. ڕێزم لەبیرو بۆچونە ئایینی و كلتوری و هونەرییەكانی فاتیمە مەرنیسی دەگرت كەجیاواز بوو لەگەڵ بۆچوونەكانی مندا. بەوانەشەوە كەحەزی لەنەخش و نیگاری هونەری پێشەنگا و جوانكاری ژنانەوە هەبوو. بیرمە ڕۆژێكیان ئاوا لەڕوخسارم وردبووەوە و وتی: (ئای نەوال، بۆ دەست بەخۆتدا ناهێنیت؟ گەر ماكیاژ بكەیت و چاوەكانت بەكل بڕێژیت، ئەوا دەبیتە شاجوان. پێكەنیم و پێمووت: ئاخر بۆچی ڕوخساری خۆم بەڕوپۆشێك لەو دەرمانانە بشارمەوە كە بەبۆچونی من، جیاوازی لەگەڵ ڕووپۆشی ئاینیدا نییە؟). هەر دووكمان دەستمان بەپێكەنین كرد. ئێمە هەردووكمان ڕێزمان لەبۆچوونە جیاوازیەكانمان دەگرت، دەربارەی چەمكی ژنانە و چەمكەكانی دیكە. دواین جار كەداوەتی كردم بۆ ماڵەوەیان لە شەقامی (بین الودان) لەشاری (ڕەبات)، ساڵێك بەر لەمردنەكەی بوو. لەوپەڕی چالاكی و تەندروست باشیدا بوو. دانیشتنێكی لەگەڵ هەندێ كەسایەتی مەغریبیدا بۆ ڕێكخستبووم لەژن و لەپیاو، دانیشتنێك بوو هەم بیر‌و ڕامان تێدا ئاڵ‌و گۆڕ كرد و هەم هەستی خۆشەویستی و دۆستایەتیش بەسەریدا زاڵ بوو. سەروەختێك میوانەكان ڕۆشتن و دوو بەدوو ماینەوە، پێمووت: (فاتیمە تۆ لەمەغریبدا خۆشەویستیت و زۆرێكی زۆریش لەجیهاندا لەژێر كاریگەری خۆت و كتێبەكانتدان. وتی بەڵێ وایە، بەڵام پیربووم و هەستدەكەم مەرگ لێمەوە نزیكە.. پێمووت: فاتیمە مردنی چی؟ كەسانی وەك تۆ نامرن).
حەمە مەنتك ئاشکرایە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕۆمان شێوەیەک بوو لە شێوەکانی واقیع، ئەرکی سەرەکی ڕمانیش ئافراندنی وێنەیەکی خەیاڵی بوو بۆ واقیع، یان بۆ ژیانی ڕۆژانە. ئەم وێناکردنەی واقیع هەوڵێک بوو بۆ پیشاندانی ژیانی مرۆڤ. واتە واقیع تاکە سەرچاوەی نووسینی ڕۆمانە. بۆ نموونە "ئا‌یان وات" لە توێژینەوەیەکیدا بە ناوی (گەشەی ڕۆمان) دەڵێت: ڕۆمان هەمیشە بەرەو تۆمارکردنی حەقیقەت و ئەزموونی مرۆڤ دەڕۆیشت. کاتێک ڕۆمان پەیدا دەبێت (وەکوو ژانرێکی نوێ) گوزارشت بوو لە واقیع، نیزیک بوو لە واقیع، ئەمەیش دەبووە بەڵگە لەسەر ڕۆمانی سەرکەوتوو. دواتر نووسەران و ڕۆماننووسان دێن پرسیار لەبارەی ئەو واقیعەوە دەکەن. ئەو واقیعە شێوەییە چۆن بگۆڕێت؟ دەمەوێ بڵێم لە سەرەتادا ڕۆمان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لاسایی واقیعی دەکردەوە، ئەمەیشی بە کۆمەڵێ پێوەر و ڕێی هاوبەش ئەنجام دەدا. مۆدێرنیزم کار لەبارەی ئەمەوە دەکات. دێت کۆمەڵێ پرسیار لەبارەی ئەو واقیعەی لاسایی دەکەینەوە دەکات: واقیع چییە؟ چۆن پێناسەی بکەین؟ "ستانداڵ"ی فرەنسی، کە بە ڕۆمانی (سوور و ڕەش) بەناوبانگە، ڕۆمان بە ئاوێنەیەک وەسف دەکات، کە لە شەقامەکان دەسووڕێتەوە، واتە ڕەنگدانەوەی واقیعە. لێرەوە پرسیار لەبارەی واقیعەوە لە ڕۆماندا دروست دەبێت. بۆ نموونە ئەو ڕەنگدانەوەیەی "ستانداڵ" باسی دەکات چۆنە؟ ئایا ئاوێنەکە (ڕۆمانەکە) تەواو حەقیقەت و واقیع دەگوازێتەوە؟ ئەم پرسیارانە بەردەوامیان دەبێت، ئەگەر واقیع نەبێت ڕۆمانیش نابێت. واتە پیشمەرجی ڕۆمان ئەوەیە ڕەنگدانەوەی واقیع بێت. لەگەڵ پەیدابوونی ڕۆمانی نوێ‌دا ئەم پرسیارانە پتر ڕوون دەبنەوە. بەتایبەت پرسیارەکان بەرەو ناوەڕۆکی ڕۆمان ئاراستە دەکرێن، بەوەی ڕۆماننووس وەکوو حەقیقەتێکی بەتاڵ مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکات. لەم بارەیەوە "یۆژین جۆلاس" لە ساڵی ١٩٢٧دا دەنووسێت: ((هیچ کەسێک هەوڵنادات بە شێوەیەکی فۆتۆگرافیانە وێنای ڕووداوەکان بکات، بەڵکوو ئەمە بۆ کەشفکردنی پرۆسێسەی وێناکردنەکەیە.)) [ماتز، ٢٠١٦، ص١٠٧] کەواتە هەموو گرێ و تێمەیەکی ڕۆمان دیاری کراوە، سنووردارە. واتە لێرەدا ڕۆمان ڕەنگدانەوەی کتومتی واقیع نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ئەوەی وێنای واقیع بکرێت، یان لە واقیعدا شێوەی ئەو ڕووداوە بدۆزینەوە. لە ڕۆمانی نوێ‌دا واقیعی ڕووت دەسکاری زۆری کرا. ئەوەی لەوێدا دێتە بەرهەم واقیعێکی نوێیە، کە بە ڕێیەکی سەیر بەرهەم هاتووە، ئەو ڕێیەیش گومانکردنە لە واقیعێکی یەقین. هەموو کارێکی ئەدەبی بەتایبەت ڕۆمان بەرهەمی ئافراندنی خەیاڵە، بەڵام شێواز و جۆری ئافراندنەکە لە ڕۆماننووسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت. هەرچەندە خەیاڵی ڕۆماننووسیش لە واقیع نێزیکە، واتە بە شێوەیەک لە شێوەکان واقیع کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی ڕۆماننووسدا هەیە. کەواتە واقیع و خەیاڵ دەبنە واقیعی ئەو ژیانەی لەناو ڕۆماندا کارەکتەرەکان تێیدا دەژین. ڕۆماننووس کاتێک پەنا بۆ خەیاڵ دەبات بۆ ئەوەی یادگە و بیرکردنەوەی چالاک بکات، هێندێ جاریش بە شێوەیەکی هونەریانە خەیاڵ بەسەر واقیعدا زاڵ دەکات، بۆ ئەوەی خەیاڵەکە پتر لە واقیع بچێت. هەموو ئەوانە بۆ ئەوە دەکرێن، چونکە واقیع بوونێکی ماددی و هەستپێکراوی هەیە، هەمیشە ئامادەیە، دەتوانین بە هەستەکانمان د‌رکی پێ بکەین. بەڵام خەیاڵ بنیادێکی زیهنی بزری هەیە، تەنێ لە چوارچێوەی فیکردا د‌رکی پێ دەکەین. لێرەوەیە خەیاڵ لەگەڵ واقیع و مێژوودا ناکۆک دەمێنێتەوە. هەرچەندە ڕۆمان لە بنەڕەتدا ماددە خاوەکەی واقیعە، بەڵام بۆ خەیاڵ دەگۆڕێت. پێوەندی واقیع و خەیاڵ وەکوو پێوەندی دال و مەدلوول وایە. دال بە هۆی ئەوەی دەتوانین هەستی پێ بکەین، بەڵام مەدلوول وێنە زیهنیەکەی دالە، بۆیەیش ئەستەمە جودایان بکەینەوە، بەڵام دوو ڕووی یەک دراون. ڕۆماننووس هەمیشە پەنا بۆ خەیاڵ دەبات بۆ ئەوەی ئەو واقیعەی هەیە لەوێدا دەسکاری بکات، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو واقیعە لەسەر زەوی ناتوانێ دەسکاری بکات، بۆیەیش ڕۆماننووس لە ڕێی نووسینەوە دەیەوێ هەرچی چەپاندنی هەیە بەتاڵی بکاتەوە، بە ئامانجی ئەوەی واقیعێکی جوانتر لەوەی هەیە دروست بکات. بۆیەیش هەمیشە ڕۆماننووس لە ڕێی خەیاڵەوە دەیەوێ واقیع ببڕێت، یان لە واقیع دەرچێت، بۆ ئەوەی خوێنەریش بۆ جیهانێکی دیکە بگوازێتەوە. بۆیەیش لە ئێستادا بەردەوام ڕۆمان گەشە دەکات، خوێنەری ڕۆمان بەردەوام لە زیادبووندان. دەمەوێ بڵێم ڕۆمان ژانرێکە لە هەر جۆرە ژانرێکی دیکە پتر دەکرێتە هۆکارێک بۆ گوزارشتکردن لە دیاردەکان، چونکە ڕۆمان ساتێکی جەدەلیە، هێز و کاریگەری خۆی لە شتە ڕەت کراوەکانی ناو کۆمەڵ هێناوە، بۆ ئەوەی هوشیاریی پەرە پێ‌بدا. لە کاتێکدا شێوەکەی هەرگیز کامل نابێت، هەمیشە بەسەر زۆربەی شێوەکانی گوزارشتکردندا کراوەیە. لێرەوەیە خەیاڵ هێزێکی جادوویانەی لە پێناو پتر ڕووناککردنەوەی واقیع هەیە، ئەو دژبوونەی لەنێوان واقیع و خەیاڵدا هەیە، هێندە توند نییە، بگاتە ئەوەی یەکدی ڕەت بکەنەوە. هەر یەکەیان ڕەگەزێکی سەرەکییە لە دەقدا. ڕۆماننووس کاتێک خەیاڵی دەخاتە گەڕ مەبەستی هەڵاتن لە حەقیقەتی نییە، بەڵکوو دەیەوێ واقیع و حەقیقەت ڕام بکات. کەواتە خەیاڵ هۆکارێکە بۆ وێناکردنی شت و ڕووداوەکان، بەڵام وێناکردنێکی بەهێز و کاریگەر ماتز (جیسی)، ٢٠١٦، تطور الروایە الحدیثە، ت:لطفیە الدلیمی، دار المدی.
تارا شێخ عوسمان ئه‌م رۆمانه له نووسینی(سابیر ره‌شید)هو به قه‌باره‌ی بچووك پێكهاتووه له(97).لاپه‌ڕه نووسه‌ر به‌م وته‌یه پێشه‌كی رۆمانه‌كه‌ی ده‌خاته‌ڕوو (كه چوویته شاری كوێران ده‌بێت ده‌ست به چاوته‌وه بگریت)،دواتریش كه ده‌ست ده‌كات به رۆمانه‌كه‌ی به‌م وته‌یه ده‌ست پێده‌كات(ئێمه له هه‌موو چركه‌یه‌كدا به كوێرێی سپی گه‌مارۆدراوین)كهلهڕۆمانی(كوێریی )نووسه‌ر و رۆماننووسی پورتوگالی(ساراماگۆ)وه وه‌ریگرتووه.له‌م ڕۆمانه دا نووسه‌ر خۆی كاراكته‌ری سه‌ره‌كی ڕۆمانه‌كه‌یه و به دوای بابه‌تێكی گونجاو‌دا ده‌گه‌ڕێت بۆ ئه‌وه‌ی بگاته سووژه‌یه‌كی گونجاو و ڕۆمانێكی پێ بنووسێت،تاكو به‌شداریی پێشبركێیه‌كی ڕۆمانی پێبكات،هه‌رچی دێت به بیریدا له ڕووداو و بیره‌وه‌ریه‌كانی خۆی و چوارده‌وری ده‌یخاته پێش چاوی و بیریان لێده‌كاته‌وه،هه‌ر له ڕووداو‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌ی خۆیداهاتووه تا ده‌گاته ئه‌وانه‌ی به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كه‌یدا هاتووه.وه‌ك له ڕۆمانه‌كه دا ده‌یخوێنیته‌وه كاته‌كه‌ی ئێستایه‌و ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی تێدا ره‌نگ ده‌داته‌وه كه ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابردوو كورد له باشووری كوردستان به سه‌ختی و دژواریی تێیدا ژیاوه.نووسه‌ر زۆر جار ده‌بێته ده‌نگی خه‌ڵك و زۆر جار یش ده‌نگی خۆیه‌تی،زۆر جار ده‌رده دڵه‌كانی ناو ناخی خۆی دێنێته به‌رده‌م خوێنه‌رو زۆر جاریش هی كۆمه‌ڵگه،تا ئه‌و كاته‌ی(مام سیامه‌ند)ده‌بینێت كه خه‌ڵك به(كوێره‌ی چاو ساغ)بانگی ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ی ڕاده‌كێشێت به‌لای ئه‌وپیاوه‌دا ئه‌وه‌یه كه به ناوی كورد و دروشمی بژی كورد و كوردستان و سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب تووڕه و په‌ست ده‌بێت تا ڕاده‌ی جنێودان،بۆیه نووسه‌ر واته نووسه‌ری ڕۆمانه‌كه‌ی ناو ڕۆمانه‌كه بڕیار ده‌دات بچێته بنج و بناوانی ژیانی ئه‌و پیاوه.دواتر و به ڕێگه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆی له‌و پیاوه نزیك ده‌بێته‌وه و ده‌توانێت به شێوه‌یه‌ك لێی نزیك بێته‌وه كه(كوێره‌ی چاو ساغ)،یان (مام سیامه‌ند)شه‌وانه باسی ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانی خۆی و خێزانه‌كه‌ی بۆ نووسه‌ره‌كه بكات،نووسه‌ریش بڕیار ده‌دات ئه‌وه بكاته سووژه‌ی ئه‌و ڕۆمانه‌ی كه ده‌یه‌وێت بینووسێت به‌شداریی پێشبڕكێكهی پێبكات،هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش،له‌وه ده‌گات كه(مام سیامه‌ند)،یان (كوێره‌ی چاو ساغ)چۆن له سه‌ره‌تای لاوییه‌وه خۆی و برایه‌كی و دواتریش خێزانه‌كه‌ی خۆی ده‌بنه قوربانی شۆڕش و كوردایه‌تی و هه‌موو به‌شێك له ڕۆمانه‌كه‌ی كه له هه‌شت به‌ش پێكهاتووه ته‌رخانكراوه بۆ كه‌سایه‌تییه‌ك، یان چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك و له‌وێوه خوێنه‌ر هێدی هێدی ڕاده‌كێشێت تا له نهێنی تووڕه بوونه‌كانی(مام سیامه‌ند)،یان(كوێره‌ی چاو ساغ) تێبگات،نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده به‌ڵكو نووسه‌ر زۆر وریایانه بۆ هه‌ر به‌شێك له‌گه‌ڵ هه‌ر ناونیشانێك وته‌یه‌كی داناوه كه گونجاو و ڕێك له گه‌ڵ بابه‌تی سه‌ر به‌و ناونیشانه دێته‌وه و تێهه‌ڵكێشی كردوون.نووسه‌ر له ڕۆمانه‌كه‌یدا به كورتی و به پڕی توانیویه‌تی باسی لایه‌نێكی ڕۆژانی كه‌وتنی كۆماری كوردستان،و دروستبوونه‌وه‌ی شۆڕش و نسكۆ و هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ و ڕاپه‌ڕین و شه‌ڕه‌كانی براكوژیی ساڵی نه‌وه‌ده‌كان بكات و بیهێنێته ناو ڕۆمانه‌كه‌یه‌وه،هه‌روه‌ها له یادیشی نه‌چووه زوڵم و زۆری سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسی و دڕنده‌یی ڕژێمه‌كه و سڵ نه‌كردنه‌وه‌ی له هه‌موو كارێكی دڕندانه و نا مرۆڤانه دژ به گه‌لی كورد بخاته ڕوو و نووسه‌ر زۆر به ساده‌یی و زمانی خه‌ڵك به بێ درێژ دادڕی و به سه‌لیقه‌یه‌كی ورده‌وه زۆر جار وه‌ك خوێنه‌ر به دوای چیرۆكه‌كان و نهێنیییهكاندا ده‌گه‌ڕێت و زۆر جاری تریش وه‌ك خۆی ده‌ڵێت وه‌ك گێڕه‌ره‌وه‌یه‌كی هه‌موو شتزان،ڕووداوه‌كان شیدهكاتهوهو نهێنییه‌كان ئاشكرا ده‌كات،به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێت له باسی(شاناز)دا كه تاقه كچی (مام سیامه‌ند)هو لای باوكی ماوه‌ته‌وه و شووی نه‌كردووه،هه‌ر چه‌نده وه‌ك باوكی نهێنییه‌كانی ژیانی نادركێنێت،به‌ڵام نووسه‌ر بۆ خۆی وریایانه چیرۆكێكی تراژیدیی وای بۆ ده‌هۆنێته‌وه كه پڕاوپڕبێ بۆ ئه‌و دڵه‌ڕاوكێ و خه‌یاڵ ڕۆیشتن و ڕق لێبوونه‌وه‌ی بێت كه له پیاو هه‌یه‌تی.ئه‌م ڕۆمانه‌ی كاك(سابیر ره‌شید)كارێكی ئه‌ده‌بیانه‌ی جوانه كه له ڕێگه‌یه‌وه پێمان ده‌ڵێت جه‌نگ و شۆڕشه‌كان چه‌نده مالوێرانیی ده‌هێنن هێنده‌ش ناخی كۆمه‌ڵ و تاكه‌كانی هه‌لا هه‌لا ده‌كه‌ن و له كاتی فه‌رمانڕه‌وایی سته‌مكاره‌كاندا خه‌ڵكانێك چۆن ده‌بنه دارده‌ستی و چۆن له پێناوی پاره‌و پله‌و پایه‌دا ئاكارو مۆرالیان له ده‌ست ده‌ده‌ن و هه‌ندێك ده‌بنه ده‌وڵه‌مه‌ند له سه‌ر حسابی خوێن و ژیانی كه‌سانی دیكه،هه‌ر وه‌ك شۆڕشه‌كانیش به جۆرێكی دیكه ده‌بنه په‌یژه‌یه‌ك كه زۆر جار كه‌سانێكی ناشایسته به سه‌ر كه‌سانی شایسته‌دا پێیدا هه‌ڵده‌گه‌ڕێن و قوربانییه ڕاسته‌قینه‌كان په‌راوێز ده‌خرێن و هه‌ندێكی دیكه‌ش ده‌توانن به ناوی شۆڕشه‌وه به‌ری ره‌نج و تێكۆشانی دڵسۆزه‌كان بخۆن،باس له‌وه ده‌كات له شه‌ڕی برا كوژیدا چۆن برا ده‌ستی ده‌چێته خوێنی برای خۆی و برایه‌ك ده‌بێته گورگ و برایه‌كی دیكه ده‌بێته نێچیره‌كه‌ی،چیرۆكی (شاناز)یش هه‌ر چه‌نده دروستكراوی نووسه‌ری ناو ڕۆمانه‌كه‌یه،به‌ڵام چیرۆكێكی واقیعییه و له‌م كۆمه‌ڵگه داخراوانه‌ی ئێمه‌ی خۆر ههڵاتیدا به چه‌ندین ڕه‌نگ و فۆرم دووباره و چه‌ند باره ده‌بنه‌وه.به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م ڕۆمانه،یه‌كێكی تره له‌و ڕۆمانانه‌ی كه له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌دا نووسراون سه‌باره‌ت به رووداوه‌كانی ژیانی كورد به تایبه‌ت له باشووری كوردستان و برێك ئازادانه‌و ئازایانه له ده‌رگای زۆر ئازار‌و كۆژان و نهێنی داوه، پێشتر زۆرجار باس ده‌كرا كه ڕۆماننووس و چیرۆكنووسان كه‌مته‌رخه‌من له نووسینی خه‌م و ئازاری میلله‌ته‌كه‌مان له شێوه‌ی ڕۆمان و چیرۆكی درێژ كه هیچیان كه‌متر نه‌بێت له وانه‌ی له جیهاندا له باره‌ی رووداوه مێژووییه‌كانیان نووسراون،به‌ڵام به نووسینی ئه‌م ڕۆمانه‌ی(سابیر ره‌شید)و چه‌ند ڕۆمان و چیرۆكێكی دیكه ده‌كرێت بتوانین بڵێین،خه‌ریكه نووسینی ئه‌ده‌بیمان بێبه‌ش نه‌بێت له‌و جۆره ڕۆمان و چیرۆك و ده‌قانه‌ی كه ده‌توانن ڕۆژێك وه‌ك كارێكی ئه‌ده‌بی ناوازه بچنه خانه‌ی ئه‌ده‌بیاتی دوای جه‌نگ و دوای كاره‌ساته مێژووییه‌كان،هه‌ر وه‌ك ئه‌و ڕۆمان و شاكارانه‌ی دیكه‌ی دنیا كه له هه‌ردوو جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می جیهانی و دوای ئه‌و دوو جه‌نگه و چه‌ندین ڕووداو و كاره‌ساتی دیكه‌ی جیهاندا نووسراون،یان ئه‌وانه‌ی له دوای جینۆسایدی ئه‌رمه‌ن و هۆلۆكۆستی جووه‌كان و چه‌ندین قه‌یرانی دیكه‌ی مێژوویی‌دا نووسراون.
ئاماده‌کردنى: تاڤکه محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ ساڵیادی کردنه‌وه‌ى (وێب سایتی GALAWEZH.COM) کتێبێکی نۆی به‌زمانی عه‌ره‌بی به ناونیشانی" کلاویز وفاعلیه إلابداع الادبی"له نووسینی ڕۆژنامه‌نووس (ژینۆ عه‌بدولڵا) به‌زمانی عه‌ره‌بی بڵاو کرایه‌وه. له‌م به‌رهه‌مه‌دا بێجگه له‌وه‌ی بیۆگرافیایه‌کی ته‌واووی بواری ئه‌ده‌بی و سیاسی خاتوو گه‌لاوێژی خراوه‌ته ڕوو، هاوزه‌مان چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌کیش له خۆده‌گرێت ده‌رباره‌ی ئه‌ده‌بیاتی گه‌لاوێژ له دیدی ئه‌کادیمی و نووسه‌ران و ئه‌دیبانه‌وه. له لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى (ژینۆ عه‌بدولڵا) نووسه‌ری کتێب وبهڕیوبهری وێب سایتی (GALAWEZH.COM) ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، به‌رده‌وام نووسه‌ران و ئه‌دیبان و توێژه‌رانی عه‌ره‌ب به‌حوکمی ئه‌و په‌یوه‌ندیه ئه‌ده‌بیه‌ی له‌گه‌ڵ خاتوو گه‌لاوێژدا هه‌یان ده‌یانوویست زانیاریان هه‌بێت به زمانی عه‌ره‌بی ده‌رباره‌ی بیۆگرافیاو شێواز‌و ته‌کنیکی نووسینی و ئه‌و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیانه‌ی هه‌یه‌تی، هه‌ربۆیه ئه‌م به‌رهه‌مه بۆ خوێنه‌رانی عه‌ره‌ب نووسراوه.
(بەرهەم جەلال) یه‌کێکه له هونه‌رمه‌نده لاوه‌کانى شارى هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید، پاش کۆچکردنى بۆ ولآتى فه‌ره‌نساو مانه‌وه‌ى وه‌ک په‌نابه‌ر له‌و وڵاته ، ده‌ستبه‌ردارى کاره هونه‌ریه‌کانى نه‌بووه‌و له نوێترین کاری‌دا به‌شدارى له نمایشێکى شانۆیدا ده‌کات به‌ناونیشانى (ئێگزیل exils) ئه‌م به‌رهه‌مه هونه‌ریه، لە دەرهێنانی (marie heene ain ماریلێن ئاین) و لةلايان هه‌ریه‌که له (بەرهەم جەلال، کامی کویزینیێ، کلوێ دێبۆرد وە چەند ئەکتەرێک وەک کۆرس) كارى نواندنی بؤ كراوة. ئه‌م کاره بابەتێکى سیاسی کۆمەڵایەتیهو، ناوەڕۆکهکهى باس له بارودۆخی کۆچبەرانی جەنگ و پەنابەرێتی ده‌کات، جۆری شانۆکه هونه‌رى شانۆی هاوچەرخی گۆرانیه، کە بۆ ئەمجۆڕە شانۆیە مەرجە ژەنیارو گۆرانیبێژ و ئەکتەربیت لەهەمان کاتدا، ئەمشانۆیە لەسەر تەختەی شانۆی (ئسپاس جیرار فیلیب) لە ڕۆژانی( ۹ و ۱۰) ی نۆڤەمبەر نمایش کراوە لە (۲٤)نۆڤەمبەر لەسه‌ر تەختەی شانۆی بەناو دارستا (TFFO) دوباره نمایش کراوەته‌وه. چەند ڕۆژنامەیەکی بەناوبانگی ئەم هەرێمە لەسەریان نوسیوەو سەرنجی تایبەتیان هەبوە لەسەر دەرهێنەر وە نواندنێ دوان لە ئەکتەرەکان (بەرهەم جەلال و کامی کویزینیێ)و بە خاوەنی موزیکی جیاواز و تایبەت ناوبراون.
سازدانی: نوا چارنی وەرگێڕانی: ئەژین باجەڵان ڕۆماننووس و شاعیر و چیرۆک‌نووسی کەنەدی مارگرێت ئەتوود خاوەنی چەندین خەڵات و بڕوانامەی ڕێزلێنانە لە درێژایی مێژووی کارکردنی، هەروەها براوەی خەڵاتی مان بۆکەری بریتانی بووە لە ساڵی ٢٠٠٠ بە ڕۆمانی (بکوژە کوێرەکە)، لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆیەوە زیاتر ئاشنای ڕۆتینی ڕۆژانەی ئەم نووسەرە دەبین. چارنی: باسی ڕۆتنی بەیانیمانەی خۆتمان بۆ بکە. ئەتوود: خۆشبەخت دەبم گەر ڕۆتینێکی بەیانیمانەم هەبێت! بەڵام با وا خۆم دەرخەم کە هەمە، ئەو کات بەیانی بەخەبەردەبوومەوە، نانی بەیانیم دەخوارد، کۆفیەکم دەخواردەوە، پاشان بەرەو نهۆمی دووەم سەردەکەوتم، بۆ ئەو ژوورەی لێی دەنووسم، ئینجا دادەنشتم بە سپی کردنەوە ئەوەی ڕۆژی ڕابردوو نووسیومە. چارنی: ئایا هیچ شتێکی تایبەت یان نا ئاسایی هەیە لەو ژوورەی تێیدا دەنووسی؟ ئەتوود: زۆر جار من لە شوێنە نابم کە تایبەتە بە نووسین، بۆیە پێم وانییە کە شتێکی نائاسایی تێدابێت، تەنها ئەوەیە کە پڕە لە کتێب و دوو مێزی تێدایە. یەکێکیان کۆمپیوتەرێکی لەسەرە بە بێ ئەوەی ئینتەرنێتی هەبێت، دووەمیشیان بە هەمان شێوە کۆمپیتەرێکی لەسەرە بەڵام ئەمەیان ئینتەرنێتی هەیە، دەتوانێت درک بە مەبەستەکەم بکەیت! چارنی: پێویستت بە چی دەبێت بۆ ئەوەی هەست بەوە بکەیت کە ڕۆژێکی پڕ لە نووسینی بەسوود تێپەڕکردبێت؟ ئەتوود: باشە، زۆرجار بریتی دەبێت لە ژمارەیەکی دیاریکراو لە وشە، لەنێوان هەزار بۆ دوو هەزار. چارنی: ئەو خوو یان نەریتە تایبەتەی خۆت چییە؟ ئەتوود: نازانم ئەمە خووە یان خۆ بە زۆرزانە، زۆر جار کە دەست دەکەم بە نووسینی کتێب بە دەستنووس دەست پێدەکەم، پێم وایە کە ئەمە خووە، زۆریشم حەز لە نووسینە بە پێنوسی مرەکەبدار، ئەو ڕێگەیەیی تێیدا مرەکەبەکە دەکەوێتە سەر پەڕە سپییەکە دەمورژێنێت. چارنی: ئەگەر خوێنەرێک ویستی کتێبێکت بخوێنێتەوە، ئاشنای کتێبەکانیشت نەبوو، چی بۆ پێشنیار دەکەی بخوێنێتەوە لەو پەنجا کتێبەی کە نووسیوتن، بۆچی؟ ئەتوود: سەرەتا با بپرسین ئەو ج جۆرە خوێنەرێکە کە باسی دەکەین. ئەگەر گەنج بوو، ئەوە دەبێت بە (ئۆریکس و کریک) دەست پێ‌بکات. ئەگەر کچێکی گەنجیش بوو، ئەوە با (چیرۆکی کەنیزەکە) بخوێنێتەوە. ئەگەر خوێنەرەکەش بە تەمەنبوو و گرنگی بە میژوو بدات، پێشنیاری (تاوانبار) یان (بکوژە کوێرەکە)ی بۆ دەکەم. ئەگەر یەکێکش بوو ئارەزووی خوێندنەوەی شتی زۆر کورتی کرد، ئەوە هەر یەکە لە کتێبە کورتەکانی بۆ پێشنیاردەکەم. ئەگەر لەمەش کورتتری ویست، ئەوە دەتوانن (ئێسکە باشەکان) یان (تاوانی کوشتن لە تاریکییدا) یان هەرکام لەو کورتە چیرۆکانەی بۆ پێشنیاردەکەم. ئەگەریش ئارەزووی خوێندنەوەی شیعریان هەبوو، دەتوانن (هۆنراوە هەڵبژاردەکان) یان (چرای ماڵە سووتاوەکە) یان (دەرگە) بخوێننەوە. چارنی: لەنێو هەموو ئەو کتێبانە، کتێبێکی تایبەتت هەیە؟ ئەتوود: گەر هەمبووایە، هەرگیز پێتم نەدەگوت. چارنی: باسی ڕۆتینی نووسینمان بۆ بکە، چۆن بیرۆکەی کتێبەکەت و گرێکەیت بۆ دێت، پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکەی. ئایا حەز لە پلاندانانی پێشوەخت دەکەی بۆ کتێبی داهاتووت، یان وازی لێ دەهێنی خۆی وەکو لافاو بۆت بێت؟ ئەتوود: بە بێ هیچ پلانێک، تەنها بڕۆ نێو چیرۆکەکە، بازبدە بۆ ناوی وەکو چوون بۆ مەلەوانی. چارنی: ئەدەبی کەنەدی چییە؟ ئەتوود: لق و پۆپی زۆر بۆ دەرچووە، بەڵام با لە ڕەوانگەی خۆمانەوە بڵێین (ئەگەر نووسەر خۆی بە ئەمریکی دەرنەخات، ئەوانیش زۆر جار وا دەکەن) کە هەرگیز هەست بەوە ناکات کە وڵاتەکەی خاوەنی هێزێکی ئیمبریالی مەزنە، چونکە لە ڕاستیدا کەنەدا خاوەن هێزێکی مەزن نییە. چارنی: چی وات لێدەکات پێبکەنیت؟ ئەتوود: وەڵامێکی کورت بۆ ئەم پرسیارە نییە، لەوانەیە شتە هیچەکان بێت! چارنی: ئایا هیچ نوشتەیەکت هەیە؟ ئەتوود: لەسەر ئەو کتێبانە نادوێم کە خەریکی نووسینیانم. چارنی: چی وات لێدەکات بگریت؟ ئەتوود: بە خوڕ دەگریم لە کۆتایی فیلم و کتێبە خەمگینەکان، من گەمژەم. چارنی: ئەگەر لە توانات هەبوو مردوویەک بگەڕێنیتەوە ژیان، ئەوە کێ دەبێت و بۆچی؟ ئەتوود: تەنها یەکێک؟ ئۆۆە، ناتوانم یەکێک هەڵبژێرم. چەندین مردوو دەناسم بە گەڕانەوەیان بۆ ژیان خۆشحاڵدەبم. لە لایەکی تریشەوە، کەسانێک دەناسم خۆشحاڵ نابم بە گەڕانەوەیان. چارنی: دەتەوێت چی لەسەر کێڵەکەت بنووسرێت؟ ئەتوود: ئەمە دەتگەیەنێت بەو پرسیارەی ئاخۆ کێڵم دەوێت یان نە. چارنی: ڕاستە. ئەتوود: ڕەنگە بمەوێت درەختێک وەدەستبهێنم. چارنی: جۆرێکی دیاریکراو لە درەخت هەیە؟ ئەتوود: هێشتا بڕیارم نەداوە، بەڵام بزوتنەوەیەک هەیە بۆ (ناشتنی سروشتی) ئەویش ئەوەیە کە لە جیاتی ئەوەی کێڵت بۆ دانێنن، دەتوانیت لە زەوی بنێژرێیت پاشان درەختێک وەدەستبهێنیت لەسەرت بچێنرێت، وابزانم دەتوانین لافیتەیەکی بچووکمان هەبێت لەسەر ئەو درەختە ئاماژە بە ناومان بکات. سەرچاوە/http://www.versopolis.com/interview/292/how-i-write-margaret-atwood
دڵشاد عەبدوڵڵا نەخشەکەی لەسەر مێزی بەردەمم دانا بە پەنجەی ناسکی هێمای بۆ بازنەیەکی سوور کرد، ئێرە شوێنی مەبەستە، پراگ. کچێک، لە کۆمپانیای دریم بۆ گەشتوگوزار هەوای سارد پێستی ڕوومەتی هێند تەنک کردووە بە هەناسەی گەرم دەخوسێتەوە وەک نانی تیریی. پراگ! لە دڵی ئەو کەسەی بۆ جارێک دەیبینێ دەمینێ تا ئەبەد ئەو دێڕە شیعرەی یارۆسلاف سێفرتم هاتەوە یاد. وەک بازرگان! بیر لە دەستکەوت و مایە بکاتەوە چ شوێن زۆرترین گەوهەری تێدایە ئەوێ دڵاوایە. پراگ! وەک ئۆرگۆنێک لە پشووی نێوان ژەنیندا وەستابێ پەنجەی ژەنیار بەسەر تەختەی نۆتەکان شۆڕبووبێتەوە بۆ سەرلەنوێ ژەنینی تر، شەو و ڕۆژی. نووستن چەند ساتێکی کورتە، مۆسیقا درێژترینە. پراگ! لە خەوێکدا دەیبینم نەخەوتووم باخچەیەکە لە گوڵێکدا، زەمەنێکە لە چرکەیەک چرکەی سەما، سەما لە ناو پاس، لە کلێسا، بەدەم ڕێگاوە. هەمیشە خەونەکان بۆ شوێنێک دەمانبەن ڕێگای گەڕانەوەی نەبێ. وەک کەسێک تەماشای ئاوێنە بکا و شتێک ببینێ لە ڕووی پێشتر نەیدیبێ، مایەی ترس بێ، یان هەورێک دابکا و نەزانێ دەیکا بە لافاو. شەوێک، لە باڕێکی خوار پردی چارلس دەمخواردەوە چەند هەنگاوێک دوور لە مۆزەی کافکا کەسێک بێ ئەوەی ڕوخسەت بخوازێ، کەسێک! پێشتر لە کتێبێک لەناو کتێبەکان دیبووم، گریگۆری سامسا. پەنجەی خستە سەر سەعاتە گەورەکەی پراگ بە ئاراستەی پێچەوانە خولاندیەوە تا گەیشتە ١٩١٥ کە پەنجەی هەڵگرت میلەکان بوون بە فڕفڕۆک وردەوردە مەسکەکان لادران لە ڕوو، بازرگانی چی؟ لە وڵاتی مردووەکاندا هەر بازاڕی مردن گەرمە بەخۆمم وت. کە ویستم هەستم قاچەکانم تێک ئاڵان وەک سیسرکەیەک پەلەپەل ڕابکا بۆ ناو زێراب چرکەچرکی سەعاتە گەورەکە دوام کەوتبوو. ٢٠١٨
ڕێباز محه‌مه‌د جه‌زا قورسه باسی شانۆ بکه‌ین له کوردستان به‌بێ ئه‌وه‌ى تێبگه‌ین کێشه‌ى چییه؟ له‌به‌رئه‌وه‌ى شانۆ به یه‌کێک لهماناکان قوڵبونه‌وه‌یه له هه‌موو ئه‌و پێشگریمانه و پێشمه‌رجه ناڕاستهوخۆیانهى له‌ناو فه‌لسه‌فه‌ى جوانیدا کارده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش خۆى هۆکارێکه و له ڕیزى بیرلێنهکراوهکاندایه و زۆرێک له مامۆستایان و شانۆکارانى له دۆزه‌که دوورخستووه‌ته‌وه و نه‌بوه‌ته پهخشکهرهوهى گومان به‌سه‌ر که‌ره‌سته‌و بابه‌ته جیاوازه‌کانى ئه‌وهونه‌ره دا. هه‌رله به‌ر ئه‌وه‌شه به‌م شێوه‌یه له‌م باسه ده‌دوێین وه‌کو ئه‌وه‌ى ( کێشه)یه‌کى فه‌لسه‌فیه‌و پێویسته خوێندنه‌وه‌ى بۆ بکه‌ین چونکه (جوانى) خۆى یه‌کێکى تره له‌و دۆزه گرنگانه‌ى که لهناوشکاراندا به مسقاڵ نایدۆزینه‌وه چ جاى ئه‌وه‌ى بمانه‌وێت په‌خشی بکه‌ینه‌وه به‌سه‌ر بینه‌ران و خوێنه‌رانى شانۆدا، ئه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستیشم له کێشه دوره له‌مانا سایکۆلۆجیه رۆژانهییهکهى به‌ڵکو لێره‌دا کێشه وه‌کو کهڵکهڵهیهکى (ئیستاتیکى) و خاوه‌ن نۆرم و به‌هاى جوانى و پێگه‌ى هونه‌ریه . به‌ڵێ کارکردن له‌سه‌ر هه‌ر گریمانێک واتا کارکردن له‌سه‌رفه‌لسه‌فه و هزر.. گرفته‌که‌ش ئه‌وه‌یه له سه‌ره‌تاى کێشه‌کاندا که په‌یوه‌سته به‌م هونه‌ره‌وه "شانۆ"، زۆر به‌ڕوونى گومانى (شانۆییانه)له‌سه‌ر هه‌ر ڕووداو و پێشهاتوو گریمانه‌یه‌ک ده‌رده‌خه‌ین.. وه‌کو "هایدگه‌ر"ده‌ڵێت :"مرۆڤ له‌و شوێنه‌دا ده‌دوێ که به‌زمان، وه‌ڵام ده‌داته‌وه" له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته له(شانۆ)دا به‌دواى نهێنیه‌کاندا بگه‌رێین و له‌وانه‌ش له‌ڕووى ئیستاتیکى و به‌ها فه‌لسه‌فى و فیکرى ومه عریفیهکاندا. وه‌کو چۆن "هرمان بروگ "ڕاى وایه :"ئه‌وه‌ى (.. ) که هیچ نادۆزێته‌وه، له‌دیدى ئه‌ودا بێ ئه‌خلاقانه‌یه. ده‌مه‌وێت بڵێم ده‌شێت (شانۆ) شێوه‌یه‌ک بێت له‌شێوه‌کانى یاخى بوونى جوانى، ئه‌گه‌ر زمانى (ئیکۆ) به‌کاربهێنین ده‌ڵێین (شانۆ) بۆخۆى چێژ له‌و ناو نانه بێ سنوره وه‌رده‌گرێت و ته عبیر له جیهانێکى هه‌لاهه‌لا ده‌کات، ده‌کرێت هه‌مان زمانى ئه‌و بیریارانهش بۆ(شانۆ) به‌کاربهێندرێت. به‌م پێوه‌ره (شانۆ) ده‌چێته ئه‌م خانه‌یه‌وه که چاره‌سه‌رکردنى لاى شانۆکار ته‌نهاو ته‌نها له‌ڕێى نمایشه‌وه ده‌بێت وئا ئه‌مه خۆى شێوهیهکیشه له خۆ هاوشێوه‌کردن به‌و ئازار‌و نه‌خۆشیه‌ى ناوشانۆکارانى کوردستان، چونکه ژیان له‌م پنته نامهعریفیهدا، گومان و دوودڵیهکانى دونیاى تازه به جۆرێک ئالوده‌مان ده‌که‌ن که له‌گه‌ڵ چاوه‌ڕوانى و دڕدۆنگى و قهلهقیهکاندا ماناکان پڕ‌و ته‌ژى ده‌بن له ئالوده‌یی و که‌متر به‌ره‌و حه‌قیقه‌تى شته‌کان ده‌چین. "سوکرات" وته‌نى: "مه‌عریفه‌ى چێتى مه‌عریفه‌ى حه‌قیقیه ". له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه "نمونه‌ى ئایدیا" یاخود "وێنه "حه‌قیقه‌تى هه‌مه‌کى هه‌بووه‌کانه به‌کردار وبونیان ده‌ره‌کین . که‌واته نزیکبوونه‌وه له‌و وێنه‌یه‌و پیشان دانى ئهتمۆسفێرێکى سایکۆلۆجى تێکه‌ل به فه‌زاى سروشتى نزیکمان ده‌کاته‌وه له یه‌قین ، زۆریش پێویستى به‌هه‌ستى ڕاسته‌وخۆ هه‌یه که‌وا ده‌کات به‌ته‌واوه‌تى نیشته‌جێ ببین له‌ناو ڕووداو‌و کرداره‌کاندا . چونکه به‌رهه‌مى هونه‌رى ده‌مانباته ناخى خۆیه‌وه، ئێمه ئاگامان له‌ناخى خۆمان نامێنێت. رۆڵى ئێمه وه‌کو شانۆکاران و ئهکادیمستهکانى ئه‌و بواره ئه‌وه‌یه که زانیارى خۆمان لهوشتهى کهلهزماندا گوزه‌رده‌کات قوڵتر بکه‌ینه‌وه، بیرۆکه‌ى بێ گیانى زانیاریه‌کان ڕه‌خنه بکه‌ین، ئاڵۆزى له‌به‌ر چاو نه‌هاتوو لهجهرگهى زماندا ئاشکرابکه‌ین. وه‌کو چۆن له‌یۆنانى کۆندا جوانییه‌کان ده‌نگى خواوه‌ند بوون (لۆنجینیۆس) نووسه‌رى کۆنى گریکى لهوکتێبهى به‌ناونیشانى "له‌باره‌ى جوانیه‌کان- عن الرائع"دا ده‌نووسێ:"جوانیه‌کان سۆزێکن بۆخواوه‌ند، خواوه‌نده‌کان به‌ره‌و پاکیمان ده‌به‌ن، به‌ره‌و ناخ، به‌ره‌و حه‌قیقه‌ته خواوه‌ند ئامێزه‌کان، ده‌بێت ئه‌وه‌ش باش بزانین لایه‌نگرى "ئیستاتیکاى موتڵه‌ق"بهمهعناى دابڕان له‌هه‌لومه‌رجه مێژوویى و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان نیه، چونکه ئه‌و ههلومه رجانه ئه‌م چێژه ستاتیکیه دیارى ده‌که‌ن که شانۆ له‌کوردستان دهردارى ئه‌و نائاماده‌ییه مهعریفیهو ئه‌و کاره‌ساته‌یه که له‌ئێستادا پیایدا تێپه‌ڕده‌بێت.
جــــــهواد حـــــــهیدهری ئه‌ریک فرۆم ئه‌ڵمانی ده‌ڵێت:هه‌ر که‌سێک حه‌زی لێیه که شوناسێکی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت، هه‌ر بۆیه هه‌وڵده‌دات که خۆی بدۆزێته‌وه و خۆی بناسێ بۆ ئه‌وه‌ی جێگه و پێگه‌ی خۆی له‌ناو کۆمه‌ڵگادا بزانێ و ببێته که‌سێکی نموونه. که‌ریم و عه‌بدولموته‌للیب دوو گه‌نجی ناو ڕۆمانه‌که‌ش هه‌مان ئامانجیان هه‌یه. گابۆڕ ڕۆمانێکی تری سه‌ید قادری هیدایه‌تی نووسه‌ری بۆکانییه. ڕۆمانێک که ده‌توانین بڵێین ئه‌ده‌بی نارٍهزایهتی، ئه‌ده‌بی به‌ره‌نگاری، یان به‌شێوه‌یه‌کی تری ئه‌ده‌بی به‌رگری. سه‌ر له‌به‌ری ئه‌م ڕۆمانه باس له پرسێک ده‌کات که ئه‌ویش پرسی " شوناس" (هویت) ده‌کات که تێیدا دوو کوڕ که له‌ڕاستیدا ده‌توانین بڵێن نوێنه‌ری کۆمه‌ڵگان ههوڵوهدای شوناس و کلتوور و زمانی خۆیانن . ڕۆمانی گابۆڕ پرسی ناسنامه و شوناسی پارچه‌یه‌کی کوردستانه له‌کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا که نه‌وه‌یه‌ک یان نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌ڵواسراوه لهنیًوان ڕابردوویه‌کی ون و داهاتوویه‌کی لێڵ. که‌ریم و عه‌بدولموته‌للیب دوو کورٍِه کوردی شاری بۆکانن که سه‌ره‌تا له یاری تۆپێنه‌وه ده‌ستیان پێ‌کرد، گه‌نجانێک که ته‌نانه‌ت پاره‌ی کڕینی تۆپێکیان نه‌بوو، دوای کڕینی تۆپیش مه‌قه‌ره‌که‌ی پاسداره‌کان ڕیًگه ناده‌ن له‌ناو مه‌یدانه‌که‌دا تۆپێن بکه‌ن به‌هۆی ئه‌وه‌ی که مه‌یدانی یارییه‌که له ته‌نیشت مه‌قه‌ری ئه‌وانه. له‌ڕێگه‌ی دۆزینه‌وه‌ی بابه‌تێکی کوردی، هه‌ردوو گه‌نجه‌که خولیای زمانی دایکی خۆیان ده‌بن و دواتر به قه‌رز کتێبی هێمن موکریانی و هه‌ژار موکریانی ده‌کڕن و قۆناغێکی تری ژیانیان ده‌ستپێده‌کات و ئه‌ویش قۆناغی قه‌یرانی شوناسه. که‌ریم و عه‌بدولموته‌للیب به دوای، ئه‌وان گه‌ڕه‌که خۆیان و نه‌ته‌وه‌که‌یان بناسن و له‌و هه‌موو غه‌در و سته‌مانه ڕزگاریان بێت. له ڕاستیدا که‌ریم و عه‌بدولموته‌للیب نوێنه‌رانی کۆمه‌ڵگایه‌کن که له‌نێوان دووناسنامهی جیاواز به‌سه‌ر لێشێواوی ماونه‌ته‌وه، له‌و کۆمه‌ڵگایه به هه‌زاران که‌ریم و عه‌بدولموته‌للیب ده‌ژین، عه‌بدولموته‌للیب که‌یفی به ناوه‌که‌ی خۆی نایه و ده‌یه‌وێ ئه‌و ناوه دوور و درێژ و ناکوردییهی له‌کۆڵ بێته‌وه و ته‌نانه‌ت به دزی باوکییه‌وه ده‌ستکاری ناسنامه‌که‌ی خۆی ده‌کات که دواتر کێشه‌شی بۆ دروستده‌کات. ئه‌ویش ده‌یه‌وێت وه‌ک هێمن موکریانی ناوه دوور و درێژه‌که‌ی له‌کۆڵ خۆی بکاته‌وه .ڕۆمانی گابۆڕ ڕۆمانی هیوا و ئاواتهتیشه، ئومێدبه‌خشه بۆ گه‌نجان که ده‌توانن له‌ڕێگه‌ی خۆ وشیارکردنه‌وه و خۆناسین به‌ره‌نگاری غه‌در و چه‌وسانه‌وه ببنه‌وه و ئه‌م به‌ره‌نگارییه‌ش له ناسینی شوناسه‌وه ده‌ستپێده‌کات. ڕۆمانی گابۆڕ گوزارشت له کۆمه‌ڵگایه‌کی تا سه‌ر ئێسقان پۆلیسی ده‌کات که تێدا ته‌نانه‌ت یاریکردنی تۆپێنیش ده‌بێت له‌سه‌ر مۆڵه‌ت و ئیجازه‌ی به‌رپرسانی سه‌ربازی بێت. له‌و ڕۆمانه‌دا به‌ڕاستی گه‌مه‌ی زمانی کراوه و هه‌رکام له ڕۆڵگێڕه‌کان به شێوازی و ئوسلوبی خۆیان ده‌دوێن بۆ نموونه ننه عه‌جه‌م که پیرێژنێکی تورکه( له موکریان به تورک ده‌ڵێن عه‌جه‌م) ئه‌و ژنه به کوردێکی ده‌ستوپێ شکاو قسه ده‌کات و نووسه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ی ننه عه‌جه‌م وشه‌کانی به‌کارهێناوه .دیالۆگ له ڕۆمانی گابۆڕدا زۆر به هێز و پاراو و به‌جێ و ڕێیه، ئێمه له‌ڕێگه‌ی دیالۆگه‌کانه‌وه که‌سایه‌تی ناو ڕۆمانه‌کان ده‌ناسین، هه‌ر ئه‌و دیالۆگانه که فه‌زامان بۆ ده‌رده‌خات له‌به‌ری ئه‌وه‌ی که وه‌سفی بکات، نیشانی ده‌دات. دیالۆگی زیادی و بێ که‌ڵک له‌و ڕۆمانه‌دا نابیندرێت.زمانی رٍۆمانهکه، زۆمانێکی کوردی په‌تی و پاراو و شیرین و بێ گرێ و گۆڵ، رسته کورت و پوخت و پڕمانا، دیالۆگ ڕێک و ڕه‌وان، گۆشه‌نیگا سالم و بێ عه‌یب.
سەنگەر زراری خوێندنەوە بزووێنەری سەرەكی عەقڵی هەر كۆمەڵگایەكە، ئەگەر بمانەوێ كۆمەڵگایەكی پێشكەوتوو و شارستانی دروست بكەین، دەبێ بەر لە هەموو شتێك كەسانی خوێنەر دروست بكەین، (خوێنەر بەو مانایەی شەونخوونی بەدیار كتێبەوە بكات، نەك ئەو خوێندەوارییەی لە قوتابخانەوە فێری دەبین). بۆ جووڵاندنەوەی ئەم عەقڵەش دەبێ لە بەردی بناغەی یەكەمەوە دەست پێ بكەین كە تاكە، واتا پێش هەموو شتێك دەبێ تاكی خوێنەر دروست بێت، بۆ ئەوەی ببێتە بنەڕەتێك بۆ دروستبوونی كۆمەڵگایەكی خوێنەر، لێرەشدا پرسیارە جەوهەرییەكە ئەوەیە: چۆن تاكێكی خوێنەر دروست دەكەین؟ بێگومان ڕێگای جۆراوجۆر هەیە بۆ دروستكردنی خوێنەر، كە باسكردنیان درێژە دەكێشێ و لێرەدا ئەو دەرفەتە نییە، بەڵام بە بۆچوونی من سەرەكیترین و كاریگەرترین ڕێگا ئەوەیە، كە لە ڕێگای دایك و باوكانەوە بێت، دایك و باوك دەتوانن هاندەری سەرەكی بن بۆ ئەوەی منداڵەكانیان خوێنەر دەرچێت، ئەگەر منداڵ چاوبكاتەوە و لە منداڵییەوە ببینێ لەپاڵ هەبوونی سەلاجە و تەلەفزیۆن و كانتۆر، لە سووچێكیش كتێبخانەیەك دانراوە (با بچو‌وكیش بێت)، ئەگەر منداڵ ببینێ كاتێك باوكی دەگەڕێتەوە لە دەستێكی عەلاگەی پرتەقاڵ و مۆز و دەسكە كەوەر و كەرەوز هەیە و دەستەكەی دیكەی كتێبە، یان كاتێك دایك دەگەڕێتەوە، لەگەڵ جلوبەرگ و كەلوپە جوانكارییەكانی، زەرفێكیشی پێیە كە كتێبێكی تێدایە، ئەوكاتە منداڵەكە هەست بەوە دەكات كە دیارە كتێبیش بەقەدەر خواردن و كەلوپەل و پێدایستییەكانی دیكە گرنگە، لێرەوەش بەهای كتێبی بۆ دەردەكەوێ و هۆگر و شەیدای دەبێت و خۆنەویستانە پەڕەكانی هەڵدەداتەوە و دواجار فێری خوێندنەوە دەبێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر كتێب لە ماڵەوە نەبینی و دواتریش چووە قوتابخانە و تەنیا كتێبە ڕەزاقوڕس و بێزەوقەكانی قوتابخانە ببینێ، ئەوا نەك هەر كتێبی خۆش ناوێ، بەڵكو ڕقێكی ئەستووریشی بەرامبەر كتێب بۆ دروست دەبێ، چونكە بەداخەوە وەكو دەزانین قوتابخانە و مەنهەجەكانی خوێندن لەم وڵاتە، بەهیچ جۆرێك هاندەری خوێندنەوە نین. بەهەرحاڵ.. هەرچەندە كولتووری خوێندنەوە و دروستكردنی خوێندنەوە لە قۆناغی زووی منداڵی، هێشتا لای ئێمە زۆر كەمە، بەڵام دروستكردنی خوێنەر لە قۆناغەكانی دی، خەریكە لە ڕێگای هەندێ گروپ و كەسایەتی و دەزگاوە گرنگی پێدەدرێت و ئەمەش جێگای دڵخۆشییە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو كەموكووڕییەی لە منداڵییەوە لای تاكەكانی ئێمە هەیە و ئاشنای كتێب و خوێندنەوە نین، تاڕادەیەك لە ڕێگای ئەم گروپ و دەستانەوە پڕ بكرێنەوە و وردەوردە خوێنەر دروست دەبێت.