وەرگێڕان و ئامادەکردنی: سامان کەریم پاکۆ دە لوسییا، یەکێکە لە بەناوبانگترین گیتار ژەنەکانی دنیا، بە تایبەتی لە ستایلی فلامێنکۆدا. ناوی ڕاستەقینەی(فرانسیسکۆ سانچێس گۆمێز)ە، لە بەرواری ٢١ی کانونی یەکەمی ١٩٤٧دا " لە باشوری ئەندەلوس، لە شارۆچکەی "ئەلگیسیریاس"ی نزیک شاری "کادیز" لە دایک بووە. هه‌رزوو لە بواری هونەری موزیک‌دا وەک ئەستێرەیەکی دنیا ناسرا. وەک خۆشەویستییەک بۆ دایکی، پاشناوی خۆی گۆڕی بە "لوسییا" کە ناوی دایکی بوو. خاوەنی ٢٦ ئەلبوومە و لە دنیای هونەری موزیک‌دا وەک ئەفسانەیەک ناسراوە و خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانییە. لە ١٤ی شوباتی ساڵی ٢٠١٤دا و لە تەمەنی 66 ساڵیدا، کاتێک لەگەڵ منداڵەکانیدا لە کەنار دەریا یاری دەکرد، بە جەڵدەی دڵ کۆچی دوایی کرد. ئه‌م دیداره‌ى بۆ یه‌کێک له گۆڤاره‌کان ئه‌نجامداوه‌و له بهرگرنگى دیداره‌که بهباشمانزانى لیره‌دا بڵاویبکه‌ینه‌وه. *هەستێکى چۆنە، کە لە دنیادا وەک ئەفسانەیەکى زیندوو قبوڵ کراون؟ - زۆر سوپاستان دەکەم، کە بەم شێوەیە لە من دەڕوانن، ئەمڕۆ کاتێک تەماشا دەکەم هەموو هەڵ و کارەکانم بە سەرکەوتوویى ئامانجى خویان پێکاوە، ئەمە شتێکی تایبەتە و مایەی دڵخۆشییە بۆ من، ئەوەی ویستوومە بیکەم ئەوەیە، کە بتوانم فلامینکۆی میللى بگوێزمەوە بو دنیاى مۆدێرن. ئێستا دەبینم فلامێنکو لە ناو موزیکى مۆدێرندا شوێنێکى بۆ خۆى کردۆتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێت. ئیتر فلامێنکۆ لەو قاڵبە دەرچوو، کە نماییشێک بێت بۆ گەشتیار، یان موزیکێک بێت لە ناو مۆزەخانەکاندا مابێتەوە و بیرچووبێتەوە. ئێستا فلامێنکۆ سەرلەنوێ لە ژیاندایە. *ئێوە چۆن موزیکەکەی خۆتان دەناسێنن؟ - من ژەنیارێکی گیتاری فلامێنکۆم، بەو شێوەیەش دەمێنمەوە. هەرچەندە لەگەڵ موزیسیانی بەتوانای ستایلەکانی (جاز و پۆپ و ستایلى تر......)کارم کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆم وەک ژەنیارێکی گیتاری فلامێنکۆ دەبینم. ڕاستە زۆر سوودم لە ستایلەکانی تر وەر گرتووە بۆ (ئیرتیجالییەت)و زۆر شت فێر بووم، بەڵام هەرگیز ناڵێم من گیتارژەنی ستایلی (جاز)م . *لە تەمەنی منداڵییەوە دەستان کردووە بە ژەنینی ئامێری گیتار، ئەمە مەرجە بۆ ئەوەی کەسێک بییەوێت ببێت بە ژەنیارێکی باش و سەرکەوتوو؟ - نازانم مەرجە یاخود مەرج نییە، بەڵام گیتارژەنی باش و سەرکەوتوو دەناسم کە زۆر لە من درەنگتر دەستیان کردووە بە ژەنین، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا، کە پێویستە زۆر هەوڵ بدەیت بۆ ئەوەی ببیت بە ژەنیارێکی سەرکەوتوو، چەندە لە تەمەنێکی کەمیشدا دەست بکەیت بە ژەنین، ئەو کات هێندە سەرکەوتووتر دەبیت. * ئێوە کەسێکی گرنگن چونکە فلامێنکۆتان هێناوەتە ئاستى موزیکى جاز و کلاسیک!! دەتوانین بڵێین ئێوە فلامێنکۆی خۆتان دەژەنن؟ - کاتێک لەگەڵ چەند گروپێکی فلامێنکۆدا چەند ئامێرێکی نوێم بەکارهێنا، هەندێک پروپاگەندەیان بۆ دەکردم و بە خائین ناویان دەبردم، سەرەڕای ئەوەی، کە من دەمویست بە واتایەکى تر موزیک لە کەلەپچەکانی ڕزگار بکەم. ناڵێم فلامینکۆی من و ئەمە ڕاستیش نییە، "دڵ و ئاوێتەبوون و هەست" لەناو موزیکی مندا وەک یەکن، تەنها بۆ ئەوەی دەرببڕم ڕێگای تر بەکار دەهێنم. *ڕۆژانە گوێ لە چ موزیسیانێک دەگرن و ئارەزووتان لە کێیە؟ ژەنیارێک هەیە، کە بە تایبەتی ئارەزوو بکەیت گوێی لێ بگریت؟ - لەبەر ئەوەی ژەنیاری گەنج لە ناو گروپەکەمدایە گوێم لە موزیکی نوێ دەبێت و هەموویان بە گوێرەی خۆیان پرۆژەی جیاوازیان هەیە و زۆر گوێیان لێ دەگرم. * لەگەڵ موزسیانی بە ناوبانگی وەک(Chick Chorea,John Mclaughlin,Larry Coryell) کارتان کردووە و زۆر بە جوانی باس لەم کارانەتان دەکرێت، ئەگەر بتانویستایە لەگەڵ ئەستێرەیەکی ستایلی پۆپدا کار بکەن، کێتان هەڵدەبژارد؟ - پێدەچێت(sting) لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە نازانم چونکە کەمێک پەیوەندی بە پرۆژەکەوە هەیە، سەرەتا دەبێت پرۆژەکەم بە دڵ بێت. *ڕۆژانە جگە لە موزیک ئارەزووی لەچی دەکەن؟ - ئەگەر پێویست بکات بەڕاستی وەڵامت بدەمەوە دەتوانم بڵێم، کە ئیستا چێژێکی زۆر لە ژیان دەبینم. ئیتر تەمەنم چووتە ناو شەست ساڵییەوە، ئەو کاتە دڵخۆش دەبم، کە بتوانم لەگەڵ خێزانەکەمدا کات بەسەر بەرم. تاکو ئێستاش زۆر گەشت دەکەم و تا بتوانم خێزانەکەم لەگەڵ خۆمدا دەبەم. لە وەرزی هاویناندا زۆربەی کاتەکانم لە مەکسیک بەسەر دەبەم. کاتێک گەشت دەکەم بۆ وڵاتان زیاتر کات جیادەکەمەوە بۆ ناسین و تێگەیشتنی ئەو وڵاتەی کە بۆی دەچم و هەروەها لە نێوان کۆنسێرتەکانمدا کات جیادەکەمەوە بۆ بینینی مۆزەخانەکان و شوێنی جیاواز. * یەکەم ئەلبومتان، کە لە ساڵی ١٩٧٣دا بە ناوی(Fuente y Caudal) بڵاوکرایەوە، پارچە موزیکی( Entre dos Aguas)ناوبانگێکی زۆری بەدەست هێنا، لەم دواییانەشدا ئەو پارچە موزیکە لە فیلمى(Vicky Barcelona Cristina )دا سەرلە نوێ ناوی دەرکردەوە، دەتوانن بڵێن ئەم پارچە موزیکە لە ژیانی(پاکۆ) دا گەورەترین پارچە موزیکە؟ - لەڕاستیدا بەڵێ... تا ئێستاش لەگەڵ گروپەکەمدا ئەو پارچە موزیکە دەژەنم و زۆر ئارەزووی لێ دەکەم، هەروەها ئارەزوو لەوە دەکەم، کە هەموو پارچەکانی ترم بەشێوەیەکی نوێ بژەنم، ئەگەر هەموو پارچە موزیکەکانم وەک خۆیان نۆتەبەنۆتە دووبارە بژەنیایەتەوە، ئەوکات کەمێک بێ چێژ دەبوو.
پێشەوا کاکەیی نازانین مرۆڤ چی لە زانست دەوێت، خۆی پێ دەگۆڕدرێت، یان وەک خۆی دەیگونجێنێت دەچێتەوە نێو گەردوون و، دەیەوێت ببێژێ: لۆ خۆم نەمایمە؛ بە حەیرانی ژیان، ڕێ دەکەمەوە، تا بڵێ: دەگەڵ گەردووندا دەتەقمەوە. وەی بە میوانی زانست بم، هەی بە قوربانی هونەر و توانایی بم؛ بۆ خۆم نا، تا لە تەقینەوە ورد ببمەوە. چاو خشێندرا بە ئەزەلدا، لە دیارەوە بۆ نادیار، لە تەقینەوەی گەردوونەوە، تا هەڵاوسان. گوێیان نەگرت لە لەرینەوە، ئاخۆ لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە. لە گەردیلەیان نەڕوانی چۆن دروست بووە، تا خۆیان بوونە گەرد و، بە نێو گەردووندا بڵاو بوونەوە. وای لە من، گەردیلە لە دوای گەردیلە، ئێژێ: پێکهاتەی تاریکیی وەهایە، لە جووتبوونی نێر و مێیەوە، ڕووناهیی لێ پەیدا دەبێ؛ وەختێک تێکەڵ دەبن، تیشکێک دێتە دەرێ، گەردوون، درەوشانەوەی لێ پەیدا دەبێ. گەر له گەردتتان قووڵ ببنەوە، پێ دەنێنە، سەردەمی تاریکییەوە؛ بە کێ بڵێم: کوا ئەستێرە؟ ئەی گەلەئەسێرە، چۆن دەدرەوشێتەوە. گەلەئەستێره، پەرەدەستێنێ، تا هێشووەکانی ئاسمان دروست ببێ؛ کەچی مرۆڤ، هەموو هێشووەکان دەڕنێ، تا شەڕابی لێ دروست بکا و، سەرخۆش ببێ. ئاخر لە تەقینەوەی گەورەدا، هەموو گەردوون بە بونیاد دێ؛ لە هی بچووکیشدا: مرۆڤ، کەچی دەیهەوێ، دە خۆیدا گەردوون بزێ
شوان ئەحمەد فرجینیا وۆڵف (1882-1941)، یەكێكە لەهەرە بەناوبانگترین خانمە ڕۆماننووسەكانی سەدەی بیستەم. لەپاڵ بەرهەم و تێكستە ئەدەبیەكانیدا، ئەوەی زیاتر بۆ خوێنەران جێ سەرنج و مایەی تێڕامانە، ژیان و گوزەرانیەتی. هەر ئەوەش وایكردووە تاهەنووكە وتار و كتێب و لێكۆڵینەوەی بەردەوام لەسەر ژیانی بنوسرێت و لەبواری هونەری حەوتەمیشدا، سەربووردەی ژیان و خۆكوشتنەكەشی بكرێتە فیلم. فرجینیا وۆڵف، خانمێكی نیگەران و ڕەش بین و نائارام بووە. لەدەستدانی دایكی لەتەمەنی سیانزە ساڵی و پاشان مردنی دوو خوشكی و دەستدرێژی كردنە سەری لەلایەن زڕ برایەكیەوە، ژیانی وێران دەكەن و گوزەرانی لێ تێك دەدەن. ئەمانە وادەكەن لەتەمەنی 22 ساڵیدا هەوڵێكی خۆكوشتنی شكست خواردوو بدات، بەخۆهەڵدانە خوارەوە لەپەنجەرەی ماڵەكەیانەوە. ڕاستە ئەو هەوڵەی سەركەوتوونابێت و گیان لەدەست نادات، بەڵام كەڵكەڵەی خۆكوشتن بەرۆكی بەرنادات و لەمێشكی دەرناچێت. دوای بێ ئومێدبوون لەهەموو شتێك و بینینەوەی خۆی وەك كارەكتەرێكی شكست خواردوو لەشەڕی ژیاندا، خۆكوشتن بەباشترین چارەسەرێك دەبینێت. هەربۆیە لەتەمەنی پەنجا و نۆ ساڵی و لەبەرواری 28-3-1941، دوای ئەوەی پاڵتۆكەی لەبەردەكات و گیرفانەكانی بەبەرد دەئاخنێت، لەنزیك ماڵی خۆیانەوە خۆی فڕێ دەداتە ڕووباری (ئۆس) و كۆتایی بەژیانی دێنێت. دوای سێ هەفتە گەڕان و سۆراخکردنی ، لە 18-4-1941 تەرمەكەی دەدۆزرێتەوە. ڕووداوی خۆكوشتنەكەی كراوەتە فیلم و فیلمەکەش بەناوی (كاتژمێرەكان - (thehours ەوەیەو نیكۆڵ كیدمان ڕۆڵی دەگێڕێت. شایەنی باسە بەر لەوەی خۆی بکوژێت، نامەیەك بۆ لیۆناردۆی هاوسەری دەنێرێت و ماڵئاوایی لێدەكات. ئەمەش دەقی نامەكەیە: ئازیزەکەم من دڵنیام لەوەی، سەرلەنوێ دەگەڕێمەوە ئامێزی شێتیەتی و پێموانیە بتوانین جارێكی دی، بارودۆخێكی وەها بگوزەرێنین. ئەمجارەیان چاك نابمەوە. گوێ بیستی دەنگگەلێكی زۆر دەبم لەمێشكمداو حەوسەڵەم نەماوە. هەر بۆیە كارێك دەكەم، كەبۆ هەردووكمان بەسوودبێت. تۆ گەورەترین بەختەوەریت پێ بەخشیم. لەو بڕوایەدانیم، كەس وەك من و تۆ هەستی بەو بەختەوەریە کردبێت، تا ئەوكاتەی توشی ئەم دەردە كوشندەیە بووم. ئیتر توانام نەماوەو بەرگە ناگرم. دەزانم من ژیانت لێ تێك دەدەم و گەر بێ من بیت، ئەوا ژیانێكی باشترت دەبێت. من لەوە دڵنیام. سەیركە تەنانەت توانای خوێندنەوەشم نەماوەو ناتوانم ئەم نامەیەشت بەباشی بۆ بنووسم. من هەموو شت لەدەست دەدەم. ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە: (هەموو ئەو خۆشی و بەختەوەریەی لەژیانمدا دەسگیرم بوو، قەرزارباری تۆم. تۆ زۆر پشوو درێژ بوویت لەگەڵمداو بێ حەد، باش و میهرەبان بوویت. دەمەوێت پێتی بڵێم و- هەمووانیش ئەوەدەزانن- گەر كەسێك هەبێت بتوانێت قوتارم بكات، ئەوا ئەو كەسە تۆیت. هەمووشتێكم لەدەست داوە، جگە لەبڕوا بوون بەچاكی تۆ. نامەوێت لێرە بەدوا لەسەر تێكدانی ژیانت بەردەوام بم. ئیتر بەسە.. بڕوا ناكەم دوو كەس هەبێت، وەك من و تۆ بەختەوەر بووبن).
داستان به‌رزان له گریکى کۆنه‌وه بینه‌ران ڕه‌گه‌زێکى گرنکى نێو کاری شانۆیین، هه‌ر له‌و زهمهنهشهوه هیچ شانۆکارێک نییه به‌هاى بینه‌ری به که‌م ته‌ماشاکردبێت(مه‌گه‌ر له دونیا دهستکورتهکهى شانۆی کوردی‌دا) ئه‌ویترى شانۆکاران و خاوه‌ن تیۆران و گه‌وره ده‌رهێنه‌رانى جیهان هه‌موو به‌وپه‌ری به‌هاوه وه‌ک ڕه‌گه‌زێکى ئاکتیڤى شانۆ وه‌سفکردووه، پێیان وابووه هێنده‌ى نمایش گرنگه. به‌ڵام به‌و پێیه‌ى هونه‌ری شانۆ له ناو کوردا ڕهگوڕیشهیهکى کولتوریی و مێژوویی نییه، زۆرجاران شانۆکارانى کورد بۆچوونى هه‌ڵه و نابه‌رپرسیارانه ده‌ده‌ن و له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌نگه‌رێک هه‌ڵده‌چنن و ئه‌وه‌ى جۆرێکى دیکه بڕوانێت ده‌یکه‌نه نێچیری تانهوتهشهرهکانیان، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌م هه‌ستى به که‌م سهیرکردنهى بینه‌ر له‌لای شانۆکاری کورد بۆته هۆیه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى بینه‌ر زیاتر دیواری نێوان خۆی و شانۆ هه‌ڵبچنێت. له ئه‌مڕۆدا به‌جۆرێکى دیکه له شانۆدا به‌رجه‌سته ده‌بێت که ئه‌مه‌ش دیسان گرفتێکه مایه‌ى له‌سه‌ر وه‌ستانه، ده‌بینین شانۆش به‌هان شێوه‌ى گۆرانییه ئاستزمهکانى که هه‌ر ڕۆژه له وڵاتێکه‌وه ده‌که‌نه سه‌ر بێژه‌ره‌کانیان بۆی ئاوازه دزراوه‌کانیان بۆ بگێڕدرێنه‌وه، کۆپی ده‌کرێته سه‌ر ته‌کنیک و ستایلی شانۆی وڵاتانى ده‌وروبه‌ر، جا ئه‌م کاره له چه‌ند ساڵی داهاتوودا ده‌ره‌نجامه خراپه‌کانى ده‌رده‌که‌وێت و تێده‌گه‌ین که ئه‌م نابه‌رپرسیارێتییه له کۆپیکردن، بۆ ساڵانێکى زۆر گاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌کانى له شانۆکهماندا ده‌مێنێته‌وه، له‌وه‌ش مایه‌ى قسهسهرکردن ئه‌وه‌یه که ڕێژه‌ى بینه‌ران ده‌کرێته پێوه‌ر بۆ باشی و خراپی کاره شانۆییه‌کان، به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى که ئه‌و جۆره‌ى له بینه‌ر که تیۆریسان و گه‌وره ده‌رهێنه‌ران ئاماژه‌ى بۆ ده‌که‌ن، جۆره ئاکتیڤهکهى بینه‌ره، که تواناى یه‌کانگیربوونى هه‌یه له‌گه‌ڵ جیهانه تایبه‌ته‌که‌ى شانۆدا (چونکه مه‌رج نییه هه‌مووان بتوانن له‌گه‌ڵ شانۆدا یه‌کانگیربن)، ئه‌و جۆره‌ى بینه‌ره که ده‌توانێت شرۆڤه‌ى نمایشی شانۆیی بکات و له‌گه‌ڵ هه‌ر ساتهوهخێکیدا ئه‌م ورتر ده‌چێته نێو مه‌ودا جیاوازه‌کانى نمایشه‌وه، ئه‌و بینهرهیه له به‌هاى شانۆنامه گرنگه‌کان تێده‌گات و جیهانبینى ده‌رهێنه‌رانى گه‌وره‌ى دونیا شاره‌زایه و ده‌زانێت ئه‌و کاره‌ى بۆی ده‌چێت سه‌ر به کامه سه‌بک و ستایله و ده‌رهێنه‌ره‌که‌ى ده‌یه‌وێت له کام گۆشه‌نیگاوه سه‌یری دونیا و ئاکتهرهکانى به کامه میتۆد نواندن ده‌که‌ن، ئه‌و بینهرهیه که چاوه‌ڕوانى پێش وه‌خته‌ى نییه بۆ نمایشی شانۆ، به‌ڵکو مه‌به‌ستێتى ته‌ماس له‌گه‌ڵ وێناکردنى ده‌رهێنه‌ر و سه‌لیقه‌ى نواتدنى ئاکتهردا بکات. کێشه‌ى بینه‌ری ئێمه له زۆر جێگه‌دا ئه‌وه‌یه خۆی ماندوو ناکات و شانۆکاریش له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ستبه‌رداری به‌هاى به‌رزى هونه‌ره‌که‌ى خۆی ده‌بێت و ده‌ست ده‌داته نمایشی ساده و ئاستنزمى وه‌ها که هه‌ر ئه‌وه‌ى بینه‌ره‌که تۆزێک له جیهانى ڕاسته‌قینه‌ى شانۆ نزیک بۆوه و به‌ر چه‌ند نمایشێکى دیکه‌ى شانۆیی که‌وت، ئیتر تێده‌گات که ئه‌وه‌ى بینیویه‌تى نه‌ک شانۆ نه‌بووه، به‌ڵکو یارییه‌ک بووه بۆ به‌فیڕۆدانى کات. له دونیادا نمایشه جیاوازه هونه‌رییه‌کان هه‌ریه‌که‌یان ڕێژه‌ى بینه‌ری خۆیان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه هونه‌رمه‌نده‌کان نیگه‌رانبن و خه‌مباربن له‌وه‌ى ڕێژه‌یه‌کى زۆر له بینه‌ر نه‌هاتوون بۆ بینینیان، هه‌ر بۆیه ئێمه‌ش کاتێک ده‌ستمان دایه کارکردن له شانۆنامه‌ى (کورسییه‌کان)ى (یۆژین یۆنیسکۆ) ئه‌وه‌مان ده‌زانى که ئێمه خه‌ریکین له کام شانۆنامه و به کام ستایل کار ده‌که‌ین و ئه‌گه‌ری ئه‌وشمان دانابوو که ڕه‌نگه ڕێژه‌یه‌کى که‌مى بینه‌ر ئاماده‌ى نمایشه‌که‌مان بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش واینه‌کرد ده‌ستبه‌رداری یه‌ک چرکه‌ى کاره‌که‌مان بین و به ئه‌نقه‌ست ساتێک له کاره‌که‌مان بگۆڕین بۆ ئه‌وه‌ى ببێته هۆی ئه‌وه‌ى بینه‌ران والێبکات که فریوى نمایشه‌که‌مان بخۆن و له ئه‌نجامدا له به‌هاى هونه‌ری کاره‌که‌مان که‌م بکاته‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه گرنگ بوو، ئه‌وه‌بوو بینه‌رانمان له نێو ئه‌م که‌شه پڕله ههراوهۆریایهى شانۆدا که شه‌ڕی ڕێژه‌ى بینه‌ر و لایک و کۆمێنت و ڤیوى زۆر بۆته خه‌مى شانۆکار، وه‌ک ئه‌وه‌ى گۆرانیبێژه فه‌یکه‌کان ده‌یکه‌ن، ئێمه بێین جۆرێکى دیکه له شانۆ و ستایلێکى دیکه له شانۆ نیشانى بینه‌ران بده‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى شانۆیی کورسییه‌کان نزیکترین شانۆنامه و ستایل بووه له خۆمان و پێشمان وابووه له ژیانى زۆرینه‌ى مرۆڤى وڵاته‌که‌شمانه‌وه، له ئه‌نجامیشدا ئاماده‌بوونى ئه‌و ڕێژهبهرچاوهى بینه‌ر و ئه‌و کاردانه‌وه‌یه‌ى ئه‌وان بووه جێگه‌ى خۆشحاڵیمانى و بووه هۆی پێدانى وزه‌ى زیاتر بۆ کارکردن.
نەجات نوری زمان مەرگە، نوسەر تەرمی خۆی لە زماندا دەنێژێ... دنە دەدرێ‌و دەمرێو دیسان زیندوو دەبێتەوە... رەزا بەراهەنی ئەو نهێنیو گوتارانە چین کە دەقێکی ئەدەبی دەیەوێت ئاشکرایان بکات؟ ئەمە رێگا‌و بیری گەورەی ئەو ئەدیبانەیە کە دەزانن لە کوێی دەقەکانیاندا وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، بەبێ ئەمە ئەدیبە گەورەکان نایەن دەق بنوسن‌و چەندان لاپەڕەی روزەرد بەبێ ناوەرۆک بخەنە بەردەم خوێنەران، ئەوە خوێنەرە کە دەیەوێت لە دیدو بیری نوسەرەکانەوە لە جەنگ و بیابان‌و روداو شتە شاراوەکانی ناو ژیان دوبارە تێبگاتەوە، خۆ ئەگەر ئەمەی بۆ نەهاتەدی ئەوا دەبێت لۆمەی ئەو نوسەرانە بکات کە نەک تێنەگەیاندووەو نهێنیەکانی بۆ نەدرکاندووە بەڵکو دەقو روداوەکانیشی لەبەرچاو خستووە، لەمەوە دەبێت ئەدیبان بە جۆرێک لە جۆرەکان شەرم لە خوێنەربکەن ئەگەر بۆ خوێنەران دەنوسن، خۆئەگەر وەکو سادقی هیدایەتیش وتەنی: ئەگەر بۆسێبەرەکانی خۆیان دەنوسن ئەوا ئەوەی دەینوسن نابێتە دەق، ئیتر خۆیان هەچ ناوێکی لێدەنێن ئەمە گرنگ نیە. بە دیوێکی تریشدا ئەگەر زۆری ئەدیبان بۆ خۆیان نەبنە رەخنەگری دەقەکانی خۆیان‌و نەتوانن لە خاڵێکدا ئەوە یەکلایی بکەنەوە کە ئەوەی نوسیویانە نابێتە دەقو باشترە فڕێبدەنو بگەڕێنەوە بۆ شێواز و بیرێکی نوێ تر لە دەقێکی تردا... خۆ ئەگەر ئەمەیان نەکرد ئەوا شەرم لە خوێنەرو ئەدەب ناکەنو هەرچیان نوسی بڵاویدەکەنەوە. 1- (ئێمە لە شارە گەورەکەوە دێین، بە درێژای شەو بەڕێوەبووین) (ئاگوتا کریستۆف) لە رۆمانی دەفتەری گەورەدا بەم جۆرە خوێنەران دەباتە ناو رۆژگاری جەنگو سەرگەردانیەوەو لەم نیوە دێڕەوە خوێنەران ئیتر بە شوێن ماناکانی تری ناو رۆمانەکەدا وێڵ دەبن... 2- سانتیاگۆ نازار، ئەو رۆژەی رایانگەیاند دەکوژرێت... گابرێل ماکیز بەم وشە کەمانە لە رۆمانی (راپۆرتی مەرگێکی پێشوەخت راگەیەندراو)دا خوێنەران دەخاتە بەردەم سەدان پرسیارەوە لە خۆیان دەپرسن بۆچی سانتیاگۆ دەکوژن‌و ئیتر هەڵوەدایانە تا بزانن ئەم نەگبەتە بۆچی دەکوژرێت. 3- ئەم کتێبە لەو رەشنووسانە پێکهاتووە کە پیاوێک لەدوای خۆی جێی هێشتن، بەو پیاوەمان دەگوت (گورگی رووتەڵان) هێرمان هیسە لە رۆمانی گورگی رووتەڵان دا خوێنەران وەها دەخاتە بەردەم ناوی پاڵەوانەکەیەوە کە دەبێت خوێنەر ناچاربێت بزانێت ئەم گورگی روتەڵانە کێ یەو بۆچی ئەم ناوەیان لێناوەو چی کردویەتی بەم ناوە... 4- لە هەڵدێرێکی تاریکەوە دێین‌و لە هەڵدێرێکی هاو شێوەیدا کۆتاییمان دێت. نیکۆس کانتزاکیس لە دەقی (سۆفیگەرێتی)دا خوێنەران وەها رادەگرێتو سەرسامیان دەکات کە بەم دێڕە دەیانباتە ناو دۆزەخی ژیانی خۆیان کە ئەوان بۆیان نەدۆزراوەتەوە. 5- لەوەتی دایکم مردووە، باران دەبارێ... ئاکی شیمازاکی لە رۆمانی (تسووباکی)دا بەم وشە کورتانە خوێنەران دەباتە بەردەم جادویەکی کوشندەوەو لێرەوە بە خێرای پەلکێشی ناو روداوگەلێکی مەرگ هێنەریان دەکات لە ناو وڵاتی یابان‌و دەوروبەریدا. ئەم نمونانە بۆ ئەو دەقانەی لێرەدا وەکو خۆم کردومەتە ئەو پرسیارەی کە ئایا دەقی زیندوو هەر لە یەکەم دێڕیانەوە ناتخەنە بەردەم دەقێکی پڕ لە پرسیار‌و نهێنیو بیری نەدۆزراوە؟ ئەوانەی دەزانن بنوسن لەوە تێگەن کە چۆن چۆنی یەکەم دێڕی رۆمانەکەیان دەنوسن، ئەمە گرنگترین خاڵی نوسینی دەقەو دەقەی پێ دەکاتە دەقێکی گران‌و زیندوو... ئەم نوسەرانە دەزانن لە پشتی ناوی رۆمان‌و پاڵەوانو بیری ناو دەقەکانیانەوە کام جوانی‌و مانایانە بە جێدەهێڵن‌و خوێنەران دەخەنە بەردەم شێوازێکی تری بیرکردنەوە لە دەقو ناوەرۆکی رۆمانەکانیان. بەڵام لەلای ئێمە ئەوە چەند ساڵێکە تا بە ئێستا دەگات، هەندێک کەس دەستیان کردووە بە رۆمان نوسین، بەبێ ئەوەی بزانن رۆمان چی یەو چۆن چۆنی دەنوسرێتو دەبێت چیتێدا بوترێت، بۆخۆم ئەگەر هەمویانم نە خوێندبێتەوە ئەوا بەشی زۆریانم خوێندۆتەوەو ئامادەم لە کۆڕێکدا یەک یەک هەموو ناتەواویو سەرگەردانی ئەو وێرانە دەقانە کە لەژێر ناوی رۆمان‌دا نوسراون بخەمە روو، ئەم دۆستانە کە دێن رۆمان دەنوسن وادەزانن رۆمان خەونەو دەیگێڕنەوە، تەنانەت نازانن ناوی رۆمان‌و یەکەم دێڕی رۆمانەکانیشیان بنوسن، تا کۆتایی ئەم دەقانە خوێنەر بەشوێن یەک پەرەگرافی جوان‌و تەواودا دەگەڕێت بەڵام بۆی نادۆزرێتەوە، رۆمان ئەگەر پەخشانێکی ئەدەبیش بێت ئەوا ئەمانە نەیانتوانیوە دوو دێڕ وەکو مانا‌و جوانی بنوسن لەم دەقانەیاندا... هەر دەگێڕنە بەبێ ئەوەی توخنی ماناکانی گێڕانەوە لە دەقدا کەوتبن، ئەم پاڵەوان نەخۆشە، ئەم یان رایکردووە، ئەمیان لەسێدارە دەدرێت، ئەمیان عاشقە، ئەمیان لە غەریبی دا دەژی، ئەمیان سواڵکەرە، ئەمیان گیراوە، ئەمیان پیربووە، ئەمیان لە ئەنفال رزگاری بووە، ئەمیان فڵانە هێز ئەشکەنجەی داوە... بەبێ ئەوەی خوێنەران بزانێت ئەم نوسەرانە بۆچی دێن ئەم پاڵەوانو کێشانەیان دەخەنە روو لە دەقەکانیاندا، بەبێ ئەوەی شیکاریەکی وردی ئەدەبیانە بۆ پاڵەوانو شوێن‌و روداوەکان بکەن دێن هەموو رێساکانی گێڕانە دەخەنە لاوەو وەکو ئەوەی چیرۆکی گوێ ئاگردان بۆ منداڵ بگێڕنەوە ئاوا گەشتێکی نا ئەدەبیانەو بێ فیکر بێ وێنەی مانادار بە پاڵەوانەکانیان دەکەنو لە کۆتایشدا یەک وشە لە مانا بۆ خوێنەران بە جێ نامێنێت، ئەم دۆستانە ئەوەندە خراپ لە رۆمان تێگەیشتون تەنانەت نازانن جوانی پشتی دەقو نهێنی و بیری ناو دەق لە کوێدا جێ بکرێتەوە، نازانن وێنەی ئینسان لە کوێدا دەکێشنو دەیانەوێت ئەم ئینسانانە چۆن چۆنی بە خوێنەران بە هەموو باشی‌و خراپی‌و مەینەتیەکانیانەوە وێنە بکشێن... دەق بۆخۆی هەڵگری ئەو چەمکەیە کە تێیدا پاڵەوانەکان پێکدادەدەن، پێکدادانێک کە خوێنەرانیش لەگەڵ خۆیاندا دەبنە قوڵایی بیر‌و ماناکانی ناو روداوەکانەوە، دەیان بەنە ناو جوگرافیایی شوێنە نادیار‌و ون بۆکانەوە، وەکو ئەوەی هێرتا میولەر لە رۆمانی (هەناسەسواری)دا خوێنەران لەگەڵ پاڵەوانەکەیدا دەباتە قوڵایی شار‌و گوند‌و ئۆردوگا زۆرەملێکانەوە، تا ئەو ئاستەی کە خوێنەران وادەزانن خۆیان برسینو دیلکراونو بەرگە دڕاوەکا لە تەلی دەوری ئۆردوگاکان گیردەبێت... ئەمە گرنگی دەقە بەو مانایەی کە دەبێت ناونیشانی پاڵەوانەکان لە دەقدا بکرێنە جادویەک تا خوێنەران بگەیەننە ئاستی وەڵام دانەوەیەکی فەلسەفیانەو تێڕامان لە بیری پاڵەوانەکانو لەگەڵیاندا بژین... بەمەش بەبێ پاڵەوانی جاودی دەق نابێتە دەقێکی گرنگ‌و شیکاری گەورە بۆ روداوەکان. لەم چەندان رۆمانەی کە بۆ روداو‌و مەرگەساتو کێشە کۆمەڵایەتیەکان لێرە خوێندومنەتەوە سەرسام دەبم بەوەی کە ئەم کەسانە زاتیانکردووە ناوی ئەم نوسینانەیان ناوە رۆمان، سەیر لەوەدایە ئەم دۆستانە بەبێ ئەوەی بەزییان بە خۆیاندا بێتەوە ناتوانن یەک پاڵەوانی جادوی یەک روداوی سەرنجڕاکێش یەک بیر‌و وێنەی جوان لەو دەقانەیاندا بۆ خوێنەران بەوەڵامەوە بە جێبهێڵن، نازانن لەم پەرەگرافەوە بچن پەرەگرافێکی باشتر بنوسن، چۆن لەیەکەم دێڕەوە ملیان ناوە ئاوا تا دوا دێڕ ئاوڕێک لە پاڵەوانو روداوەکانی ناو دەقەکانیان نادەنەوەو نازانن لە کوێدا پرسیارە گرنگ‌و جەوهەریەکان بۆ خوێنەران دەکەنە دوا وەڵامی دەقەکانیان. ئەوەی زمانی دەق بێت نایزاننو سەدان روداو‌و کێشە وەها لەرێگەی ئەم زمانە خراپەی دەقەکانیانەوە ناشیرین دەکەن کە خوێنەران وادەزانن راپۆرتی کەسێکی بێ ئاگا لە روداوەکان دەخوێننەوە، جوگرافیای شوێن‌و ئیرادەی پاڵەوانو گرنگی روداوەکان لە دەقەکانیاندا وەها دەشێوێنن کە خۆیشان دواجار ئەگەر پرسیاریان لێبکەیت هیچ وەڵامێکی قایلکەریان پێ نیە بۆ ئەم خراپەکاریانەیان... بۆیە بەهیوام بە زووی لەم وێرانە دەقانە رزگارمان ببێت‌و ئەم دۆستانە بتوانن دەقی باشترمان لە ئایندەدا بۆ بنوسن.
ئەردەڵان عەبدوڵڵا پێش پێنچ ساڵ لەمەوپێش هونەرمەند و دەرهێنەری ناسراوی گەلەکەمان رەحیم زەبیحیم ناسی، ئەوکاتە من لە رۆژنامەی هاوڵاتی کارم دەکرد، بە مەبەستی سازدانی دیدارێک بۆ رۆژنامەکە، سەردانی کاک رەحیممان کرد. کاک رەحیم کەسێکی زیرەک و هۆشیار و بە توانا، لە هەمووشی گرنگتر، کەسێکی خاکیی و رۆح سووک. لەگەڵ برای هێژام کاک " ئاکۆ کەریم" کە ئەوکاتە فۆتۆگرافەری رۆژنامەی هاوڵاتی بوو، بەداخەوە ئەویش بەجێیهێشتین و ئێستا لە بەریتانیا دەژی. لە سیتی سینەما لە سەرچنار، ئەم دیدارە تایبەتەمان لەگەڵ کاک رەحیم سازکرد، نزیکەی سەعات و نیویک پێکەوەبووین، لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک قسەوباسی زۆرمان لە بارەی هونەر بە گشتی و سینەمای کوردی بە تایبەتی کرد، لەو ماوە کورتەدا زیرەکیی و بلیمەتی ئەم پیاوەم بۆ دەرکەوت. بەداخەوە لەو کاتەدا میدیای کوردی زۆر کەم گرنگیان بەم هونەرمەندە مەزنە دەدا و کەسیش باسی کارەکانی نەدەکرد، بەڵام من هەر زوو توانا و بلیمەتی ئەم دەرهێنەر و سینەماکارە مەزنەم بۆ دەرکەوت و ئەم دیدارەم لەگەڵدا سازکرد. بە داخێکی زۆرەوە لە ماوەی پێشوودا ئەم هونەرمەندە مەزنە ماڵئاوایی لێ‌کردین، چەندە کۆچەکەی پڕ ئازار بوو، شێوازی مەرگەشی بێزارتری کردم. وەکو وەفایەک بۆ ئەو چەند ساتە خۆشەی کە پێکەوەبووین کە هەمیشە لە یادەوەریمدا وەکو ساتێکی خۆش دەمێنێتەوە، پێمخۆشبوو دووبارە ئەو دیدارە لە رۆژنامەی هاوڵاتی ئازیز بڵاو بکەینەوە، کە تاڕادەیەکی زۆر ژیان و مەینەتییەکانی خۆی باسکردووە، بە تایبەتی ئەو ئاستەنگە گەورانەی کە لەو کاتەدا رووبەروی کارەکانی بۆتەوە. رەحیم زەبیحی کۆمەڵێک خەونی گەورەی بۆ سینەمای کوردی هەبوو، لێ بەداخەوە مەرگ رێگەی پێ نەدا ، ئەو خەونانەی بهێنێتە دی. هەزاران سڵاو لە گیانی پاک و بێگەردی ئەم هونەرمەندە مەزنە. رەحیم زه‌بیحی: خه‌ونی گه‌وره‌م بۆ سینه‌مای کوردی هه‌یه ده‌رهێنه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان رەحیمی زه‌بیحی له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی هاوڵاتی تیشک ده‌خاته سه‌ر کار‌و چالاکیه‌کانی له‌سه‌ر دوایه‌مین به‌رهه‌می "به پێی ده‌ستور" که یه‌که‌مین فیلمی کۆمیدی سیاسیه، لە هەمانکاتیشدا نیگه‌رانی خۆی نیشان ده‌دات که تا ئێستا هاوکاری هونه‌رمه‌ندی کورد ناکرێت و به‌ڵام هونه‌رمه‌ندی بێگانه سه‌یاره‌ی به‌دوا ده‌خه‌ن. هاوڵاتی: سه‌ره‌تای ده‌ست پێکردنی کاری هونه‌ریت چۆن بوو ؟ رەحیم زه‌بیحی: من سه‌ره‌تا وێنه‌گری ئاهه‌نگ وشاییهکان بووم له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌و ڕێگه‌یه‌وه کامێرام ناسی، له دوای بینینی فیلمی یه‌ڵماز گۆنای به‌ناوی "مێگهرد" ئه‌م فیلمه کاری تێکردوم وام کرد کامێراکه‌م له خزمه‌تی سینه‌ما به‌کار بهێنم . من له شانۆ خوێندوومه، یه‌که‌مین فیلمی سینه‌مای که به‌رهه‌م هێنا به ناوی "ژیانی دابڕانی ئه‌به‌دی" بوو که ماڵه‌که‌ی خۆم بۆ فرۆشت بۆ دروست کردنی فیلمه‌که، به‌رده‌وام بووم له فیلم دروست کردن له رێگه‌ی ئه‌وه‌ی من باگراوندێکی شانۆیه‌م هه‌بوو چونکه له‌شانۆ خوێندوومهو زیاتر ئاشنا بووم به‌سینه‌ما، هه‌تا ئێستاش چه‌ندین فیلمم به‌رهه‌م هێناوه به‌شداری چه‌ندین فیسفاڵی نێوده‌وڵه‌تیم به‌فیلمی کوردی کردووه. هاوڵاتی: ئایا له‌کاتی نمایش کردنی فیلمه‌کان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هیچ کێشه‌ت بۆدروست بوه؟ رەحیم زه‌بیحی: چه‌ندین جار فیلمه‌کانم قه‌ده‌غه‌کراوه له ئێران‌دا و توشی کێشه بووم فیلمه‌کانی من له فیلمه‌کانی به‌همه‌نی قوبادی زیاتر قهدەغهکراوه، سێ ساڵ له‌مه‌و پێش فیلمێکم دروست کرد له‌سه‌ر ئه‌وکه‌سانه کاری قاچاخ ده‌که‌ن دوایی له لایه‌ن پاسدارانه‌وه ده‌ستگیر کرام، فیلمێکی تریشم دروست کرد له ئێران له‌سه‌ر خۆسوتاندنی ژنان ئه‌م جاره له ته‌واوی ئێران فیلمه‌که‌م قه‌ده‌غه‌کرا بهڵێنامهم پێ پڕ کرایه‌وه که نمایشی نه‌که‌م، دوای چه‌ند ئه‌وه‌ی ڕێگرییان لێکردم ناچار بووم ئێرانم به‌جێ هێشت و هاتم بۆ سلێمانی، به‌ڵام ئێستا ده‌توانم بچمه‌وه ئازادم بۆ هاتوچۆ به‌ڵام کۆمه‌ڵێك هێڵی سور هه‌یه ناتوانی کاریان له‌سه‌ر بکه‌یت. هاوڵاتی: دواین فیلمی سینه‌مایت له‌کوردستان فیلمی "به پێی ده‌ستوره"، بیرۆکه‌ی ئه‌م فیلمه چۆن بوو؟ رەحیم زه‌بیحی: سه‌ره‌تا فیلمی" بابه خانم" به ده‌سته‌وه بوو که ئه‌ویش کۆمیدی بوو، هه‌وڵم دا فیلمێکی کۆمیدی دروست بکه‌م، چونکه ئێمه فیلمی کۆمیدیمان که‌مه ناچنه ژانری کۆمیدیه‌وه، خۆم زیاتر له کۆمیدیدا ئه‌زمونم هه‌یه، له لایه‌ن ماهیر حه‌سه‌نه‌وه ئاگادار کرامه‌وه که ده‌قێک هه‌یه د. شێرکۆ عه‌بدوڵڵا نوسیویه‌تی ئیزنمان لێ وه‌رگرت بیکه‌ین به فیلم ، له کاتی کارکردن ماهیر حه‌سه‌ن پێی وتوم که ئه‌و ده‌قه فیلمێکی میسریه کوردانویهتی بۆ کوردی به ناوی (عایز حقی) من پێم خۆش نه‌بوو ئه‌و فیلمه وهرگرمه ده‌قاو ده‌ق دروستی بکه‌مه‌وه، پاشان من بیرۆکه‌ی ده‌قه‌که‌ی د. شێرکۆم وه‌رگرت و ته‌واو ده‌ستکاریم کرد گۆشه‌ی جیاوازم لێ دروست کردوه کارم له‌سه‌ر کردوه. ئه‌م فیلمه تایبه‌ت نیه به میسر من تا ئێستا ئه‌و فیلمه‌م نه‌بینیوه من حه‌ز به‌فیلمی عه‌ره‌بی ناکه‌م، توانیم به شێوه‌یه‌کی جیاواز کاری له‌سه‌ر بکه‌م. بیرۆکه‌که‌ی هی د. شێرکۆیه و من نوسین و ده‌رهێنانم بۆ کرد و،فیلمه‌که بیرهێنانه‌وه‌ی خه‌ڵکه که چۆن داوای مافه‌کانیان ده‌که‌ن له ڕێگه‌ی ده‌ستوره‌وه بۆیه ناومان نا به پێی ده‌ستور. هاوڵاتی: چۆنیه‌تی کارکردن له‌سه‌ر ئه‌م فیلمه چۆن بووه؟ هێڵه‌کانی چین؟ رەحیم زه‌بیحی: ئه‌م فیلمه یه‌که‌مین فیلمی ژانری کۆمیدی کوردییه، که هاوکات فیلمێکی کۆمیدی سیاسیه که چه‌ند هێڵێکی جیاواز کاری له‌سه‌ر کردووه هێڵی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و کۆمیدی و کێشه‌ی که‌می خوێندنه‌وه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، چه‌ندین ئه‌کته‌ری ترمان هێناوه بۆ ناو فیلمه‌که، له شاره جیاوازه‌کانی کوردستان و هه‌ولێر و سلیمانی ڕۆژههڵایی کوردستان، بۆئه‌وه‌ی هه‌موو شاره‌کان خۆیان تێدا بینه‌وه، جیاوازی ئه‌م کاره نواندنێکی جیاوازه‌و ڕۆڵبینێکی تر له کاره‌کانی تریان نه‌چێت، به‌داخه‌وه هه‌تائێستا له کوردستان فیلمی ژانری کۆمیدیم نه‌بینیوه فیلمه‌کان له یاده‌وەری خه‌ڵکدا نامێنێته‌وه، چونکه تایبه‌تمه‌ندی سینه‌مایی تێدا نییه ئه‌م فیلمه ده‌ستپێکێکی باشه بۆ دروست کردنی ژانری کۆمیدیمان له ناو کوردا. هاوڵاتی: ماوه‌ی وێنه‌گرتنی فیلمه‌که چه‌ند بوو؟ ستافی فیلمه‌که کێبوون؟ رەحیم زه‌بیحی: له مانگی 11 ی 2012 ده‌ستیمان به‌کاری وێنه‌گرتنی کرد و ماوه‌ی 37 ڕۆژ له سلێمانی سه‌رقاڵی وێنه‌گرتنی فیلمه‌که بوین، قۆناغی مۆنتاژ ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی وه‌کو هاوکار و کاریان کردوه 2000 که‌س ده‌بن و 10 ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کیش کاری نواندنیان بۆ کردوه، ستافی وێنه‌گرتنی ئێرانی بون کاری و مۆنتاژ و ده‌نگدانان له ئێران کراوه له لایه‌ن کۆمپانیای "کوچه سینه‌ما"وه کراوه، دیارترین ئه‌کته‌ره‌کانی بریتین له : ماهیر حه‌سه‌ن و عه‌بۆ و دایکی ئاریان و چه‌ندین ئه‌کته‌ری تر به‌شدارییان کردوه. هاوڵاتی: له فیلمه‌که‌دا هێڵکی تێدایه باسی نه‌خوێنده‌ورای کۆمه‌ڵگه ده‌کات به شێوه‌یه‌کی کۆمیدی نوێ چۆن ئه‌مه‌ت دیاری کرد؟ رەحیم زه‌بیحی: کۆمه‌ڵگه‌که‌مان ئاستی خوێندنه‌وه زۆر دابه‌زیوه بۆیه له فیلمه‌که‌دا کاری تێدا کردوه هه‌وڵم داوه که ده‌ستپێشخه‌ربم، ئه‌وه پێوستی به هۆشیاری میدیا هه‌یه به‌ڵام به‌داخه‌وه بێژهرەکان و ڕۆژنامه‌نوسه‌کان ناخوێنه‌وه. که‌سێک خه‌وتبێت چۆن ده‌توانێت خه‌ڵکی به‌خه‌به‌ر بێنێت، تیراژی کتێبه‌کان ده‌ریده‌خه‌ن که کاره‌سات له‌م ووڵاته هه‌یه، تا ئێستا خوێندنه‌وه و بینینی سینه‌مان نه‌بۆته‌وه به‌شێک له ژیانمان، بۆیه له فیلمه‌که‌دا باسی ئه‌وه‌ی کردووه که کتێب فرۆشێک ده‌چنه لای په‌یکه‌ره‌که‌ی ئه‌حمه‌دی خانی باسی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ده‌کات و ده‌رده‌ڵی خۆی بۆ په‌یکه‌ره‌که باس ده‌کات. ئه‌م کتیب فرۆشانه چۆن ده‌ژین چونکه که‌س کتێبیان لێ ناکڕن، خه‌ڵکی به‌هۆی نه‌خوێندنه‌وه‌یان ئاگان له‌مافه‌کانی خۆیان نه‌ماوه،ئێمه دواکه‌وتوین به هۆی باو پایرانمانهوه پێوسته قه‌ره‌بوی دواکه‌وتووی خۆمان بکه‌ین، هه‌موو پێکه‌وه بێن کار بکه‌ن هۆڵه‌کان پڕ بکه‌نه‌وه ناو کتێبه‌کان خوێنه‌ریان زیاد بێت، ئێمه نه‌مان توانیوه یه‌ک بگرین ته‌نها لهسهرچۆپیدا کورد پێکه‌وه‌ن ئه‌ویش ئه‌گه‌ر له کۆتاییدا شه‌ڕ دروست نه‌بێت. هاوڵاتی: ئایا له کوردستان تا چه‌ند هه‌ل بۆ سینه‌ماکاران و هونه‌رمه‌ندان فه‌راهه‌م کراوه تا کاری هونه‌ری بکه‌ن و هاوکاریان ده‌کرێت؟ رەحیم زه‌بیحی: به‌شداربووم له هه‌موو ناخۆشیه‌کانی ئه‌م وڵاته، وه‌کو کوردێک به‌رده‌وام هه‌وڵی ئاشتهواینم داوه فیلمم دروست کردوه له‌سه‌ر نه‌هامه‌تیه‌کانی کورد، به‌ڵام زۆر بێکه‌سم کاتێک پرۆژه‌یه‌کی هونه‌ریم ده‌بێت، هاوکاریم ناکه‌ن، له به‌رامبه‌ر کاره‌کانم من داوای پاره ناکه‌م ته‌نها داواکارم یارمه‌تی بیرۆکه‌م بدده‌ن بۆ فیلم . پێشتر فیلمێکی دۆکۆمێنتم له‌سه‌ر مه‌سعود بارزانی دروست کرد، باس له نامه‌ی کوڕه شه‌هیدێک ده‌کات که نامه ده‌نوسێ بۆ مسعود بارزانی ، ئێمه کێشه‌ی نه‌ته‌ویمان هه‌یه من مه‌سعود بارزانی به‌سه‌رۆکی خۆم ده‌زانم ، به‌ڵام ئه‌و چووه پێشوازی لهڕاغب عه‌لامه کردوه، که تا ئێستا فرمێسکی بۆ کورد نه‌ڕشتوه، سه‌یاره‌ی به‌دوا ده‌خرێت، له ڕێگه‌ی فیلمه‌کانمه‌وه نه‌هامه‌تی کوردم گێڕاوه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری هاوکاری ئیشهکانیاین نه‌کردووم و تا ئێستا وه‌زیری ڕۆشنبیریم نه‌بینیوه، بۆیه کار کردن بۆ فیلمساز له کوردستان قورسه و ده‌بێت خۆت کاربکه‌یت له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆت. هاوڵاتی: تێچوی فیلمی به پێی ده‌ستور چه‌ند بوه؟ کێ هاوکاری کردویت ؟ رەحیم زه‌بیحی: ئه‌م فیلمه له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆم به‌رهه‌مم هێناوه، 15 ده‌فته‌ری تێچوه ته‌واوی وێنه‌ی گرتنی له سلێمانی و کاری مۆنتاژ و ده‌نگی له ئێران بووه، له به‌رهه‌م هێنانی ئه‌م فیلمه که‌س هاوکاری نه‌کردووم، ته‌واوی تێچوه‌که‌ی له ئه‌ستۆی خۆم بووه، له ماوه‌ی نمایشیدا له‌سلێمانی زیاتر 7800 که‌س بینه‌ر هاتوون بۆ بینی فیلمه‌که، ئێستاش له سیتی سینه‌ما به‌رده‌وامه له‌نمایش کردنی فیلمه‌که، هه‌تا ئێستا نهم توانیوه پاره‌ی فیلمه‌که ده‌ربهێنمه‌وه به‌ڵام خۆشحاڵم که بینه‌ری هه‌بووه. ئه‌م فیلمه بۆ ناوخۆ به‌رهه‌مم هێناوه، ئه‌گه‌ر کرا به‌شداری فیستیڤاڵی ده‌ره‌وه‌ی کوردستانی پێ ده‌که‌م. هاوڵاتی: دواین پڕۆژه‌ی هونهرییاتن چیه؟ رەحیم زه‌بیحی: هه‌وڵ ده‌ده‌م به‌رده‌وامبم خه‌ونی گه‌وره‌م هه‌یه بۆ سینه‌مای کوردی، من سینه‌مان له‌ڕێ به‌دبه‌ختی و ماندوو بونه‌وه ناسیوه، له‌ڕێگه‌ی پاره‌ی گشتیه‌وه نه‌بوه، سه‌رقاڵی کارکردنی سێ به‌رهه‌مم که له ئێستادا ڕاوێژ ده‌که‌م بۆ ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی کارییان تێدا بکه‌م، ده‌مه‌وێت کاری داهاتوو بۆ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بێت، بینه‌ری فیستیڤاڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی بێت، پێوسته هه‌وڵ بدرێت فیلمه‌کانی داهاتومان بۆ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بێت، ئێمه کۆمه‌ڵێک نه‌هامه‌تیمان به‌سه‌ر هاتوه، که تائێستا نه‌مانتوانیوه بیگه‌یه‌نین به دونیا وه‌کو " ئه‌نفال و هه‌ڵەبجه و ته‌واوی ئازاره‌کانی ترمان "سینه‌ما ههنگاوێکی باشه بۆ ئه‌وه‌وی جیهان له نه‌هامه‌تیه‌کانمان تێبگات.
له‌یادى 34 ساڵه‌ى مێژوونووسى کورد مامۆستا عه‌لادین سهجادىسهجادى خه‌رمانێک لهووشە، گه‌نجینه‌یه‌ک لهکهلهپوورى کورد موته‌لیب سه‌عید عومه‌ر له‌و وڵاته‌ى ژان و خه‌مى چه‌وسانه‌وه‌ى چینایه‌تى و سته‌مکارى چه‌پۆکى داگیرکارانى کوردستان بوونه هه‌وێنى هه‌وڵ و ئامانجه‌کانى مرۆڤه بهئاگاو سته‌مدیده‌کان له‌وێوه زمانى گفتوگۆ بووه زمانى نووسین، له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ى مونهوهرانى کورد خه‌م و ئازارى چه‌وسانه‌وه‌و بنده‌ستى، دیلى وایلێکردن نوکى خه‌مه‌کانیان بکه‌نه چه‌کى به‌رگریکردن بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافڕهوانى کورد و ناساندنى ئه‌م زمانه له‌نێو لاپه‌ره‌کانى ڕۆژنامه‌ى کوردستان بهنهتهوهکانى دهوروبهورو دونیا، هه‌ر له‌م بیر‌و سۆنگه‌یه‌وه ئه‌ده‌بى زاره‌کى و زمانى گفتوگۆ به‌هه‌وڵ و تێکۆشانى هونهرانى کورد وه‌ک، ئه‌حمه‌دى خانى، مه‌لاى جه‌زیرى، حاجى قادرى کۆیى گوازرایه‌وه بۆ ده‌شتى شاره‌زوور بۆ لاى حه‌زره‌تى نالى و مه‌ولانا خالید، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمى موده‌ریس، بوونه زمانى خوێندن و نووسین، هه‌وڵى ئه‌م مرۆڤه مه‌زنانه بووه داینه‌مۆو ههڵگێرسینهرى ده‌یان به‌رهه‌مى ناوازه‌و هه‌زاران تێکستى به‌رز، بههاتنهکایهى نالى و سالم زمانى کوردى وه‌چه‌رخانێکى نوێ هاته‌ناو زمانى ئه‌ده‌بى کوردى، به‌سه‌رهه‌ڵدانى کاروانى دووه‌مى قوتابخانه‌ى شیعرى کوردى وه‌ک (شێخ نورى شێخ ساڵح، عه‌بدولڕه‌حمان به‌گى میسباح، عه‌بدوڵا گۆران زمان و ئه‌ده‌بى کوردى رێچکه‌و شێوازێکى نوێى هێنایه کایه‌وه له‌پاڵ ئه‌وانه‌شدا مامۆستایان و زانایانى کورد له‌م ڕه‌وته پێشکهوتنخوازییهى زمان و ئه‌ده‌بى کوردى بێ‌ئاگا نه‌بوون، له‌نێو حوجره‌و مزگه‌وت و خانه‌قاکانى کوردستاندا ژماره‌یه‌کى زۆر فه‌قێ بونه مامۆستا، زانا‌و ئه‌دیب، له‌وانه (مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمى موده‌ریس، شێخ محمدى خاڵ، م عه‌لادین سه‌جادى، بێخود، مه‌وله‌وى، چروستانى، مه‌حوى، بێسارانى، وه‌فایى، مه‌لاى کۆیه، ئه‌م زانا‌و ئه‌دیبانه زۆر رۆشنبیرى کورد به‌خه‌مێکى گه‌وره‌و ژیانێکى دژوار هاتنه نێو کایه‌ى ئه‌ده‌ب و زانستى ئیسلامی وێراى خۆشه‌ویستى بۆ نه‌ته‌وه‌ى کورد‌و خاکى کوردستان. له‌نێو ئه‌و منهوهرانهدا مامۆستا عه‌لادین سه‌جادى ناوێکى به‌رزه له‌بوارى مێژوونووسى، رۆژنامه‌وانى، ئه‌ده‌ب و کولتوورى کورد، به‌تایبه‌تى کۆکردنه‌وه‌و نووسینى ڕشته‌ى مروارى، ده‌قه‌کانى ئه‌ده‌بى کورد، مێژووى ئه‌ده‌بى کوردى، ئه‌م به‌رهه‌مانه به‌شێکه له‌سه‌رمایه‌و سامانى نه‌ته‌وه‌ییمان. زاتێک له‌رۆژهه‌ڵاتى کوردستان به‌ره‌و شارى سلێمانى زۆرن ئه‌و مرۆڤه رۆشنبیرانه‌ى له‌پێناو فێربوونى زانست و به‌ده‌ستهێنانى زانیارى به‌نێو شار‌و گونده‌کانى کوردستاندا گه‌ڕان و هه‌ڵوه‌داى فێربوون و خوێندنى زانستى ئاین و زمان و ئه‌ده‌بى کوردی‌یان کردووه، کهڵکهلهى زانستخوازى و زمانزانى و کورد بوون بووه‌ته به‌شێک له‌خه‌ون و ئامانجه‌کانیان . له‌شارى سنه‌ى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان لاوێک تینوو به‌زانست هێمن وه‌ک زرێبارى مه‌ریوان به‌ره‌و شارى سوله‌یمانى به‌مه‌به‌ستى خوێندن و بەدهسهێنانى ته‌حسیلى ئاینى له‌سلێمانى لاى مامۆستا شێخ بابه على تهکیهیى ئیجازه‌ى مامۆستایى وه‌گرتووه . بوارى رۆژنامه‌وانى له‌ساڵى 1939 مامۆستا ده‌ستیکردووه به‌کارى رۆژنامه‌وانى له 1941 بووه به‌رێوه‌به‌رى گۆڤارى گه‌لاوێژ له‌گه‌ڵ مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د تاداخستنى گۆڤاره‌که له‌ساڵى 1949 پێکه‌وه هاوکار بوون. بایه‌خى کارکردنى ئه‌و ده ساڵه‌ى رۆژنامه‌وانى به‌ده‌ستهێنانى ئه‌زموونێکى ده‌وڵه‌مه‌ند بوو له‌بوارى سیاسى کۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگى ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى مرۆڤێکى بیر فراوان بووه له‌بوارى زماندا له‌ناو کۆمه‌ڵى کورد له‌به‌غدا و له‌کوردستان وێراى ئه‌وه‌ش ئه‌ندامى یانه‌ى سه‌رکه‌وتنى کوردان بووه په‌یوه‌ندییه‌کى پته‌وى له‌گه‌ڵ روناکبیرو سیاسه‌تمه‌دارانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى کورد و نه‌ته‌وه‌ى تریش بووه . ده‌رکردنى گۆڤارى نزار له‌ساڵى 1948 یه‌کێکه له‌هه‌وڵه به‌نرخه‌کانى مامۆستا سه‌جادى به‌هه‌ردوو زمانى عه‌ره‌بى کوردى ده‌رچووه، گۆڤارى نزار بڵاوکراوه‌یه‌کى نیشتمانى و سیاسى بووه . گۆڤارى نزار سه‌کۆیه‌ک بوو بۆ پێشکه‌شکردنى داخوازییه سیاسى و مه‌ده‌نییه‌کانى کورد‌و هوشیارکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵى کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌هه‌مانکاتدا په‌یامێکى سیاسى بووه بۆ حکومه‌تى عێراق و کۆڵۆنیالیستى ئینگلیز. وێستگه‌ى زێڕ‌ینى سهجادىو به‌رهه‌مه ناوازه‌کانى خۆته‌رخان کردن بۆ نووسین و یه‌کلابوون بۆ زمان و ئه‌ده‌بى کوردى، وشه‌ى کوردى، کۆکردنه‌وه‌ى که‌له‌پوورى کورد، وته‌ى نه‌سته‌ق، که‌ڵک وه‌رگرتن له‌به‌سه‌رهات و سه‌رگوزشته‌ى کورده‌وارى، بنه‌مایه‌ک بوون بۆ به‌ده‌ستهێنانى خه‌رمانێک له‌ووشه، وێراى ئه‌وه‌ى مامۆستا عه‌لادین پاشخانێکى هه‌بوو له‌زمان و ئه‌ده‌بى فارسى، دانیشتن و تێکه‌ڵبوون به‌ژیانى کورده‌وارى و دێهات، حه‌زو خواستى مامۆستا سه‌جادى بۆ مێژووى کورد‌و خۆشه‌ویستى بۆ خاکى کوردستان بیرکردنه‌وه له‌خۆى وه‌ک کورد که له‌ڕاستیدا کوردێکى گۆشکراوى خانه‌واده‌یه‌کى ناودارى ئاینى، زمان پاراو بووه، سه‌ربارى نه‌فس به‌رزو بیر فراوانى هه‌موو ئه‌مانه وایکرد سه‌جادى گووته‌نى مادام کوردم، کوردیش وه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کى دونیا خاوه‌نى زمان و مێژوو، ئه‌ده‌ب و کهلتوورى خۆیه‌تى ده‌ى که‌وایه با چاکى مه‌ردانه‌ى لێ ههلماڵین . ساڵى 1952 نووسینى مێژووى ئه‌ده‌بى کوردى چه‌رده‌یه‌کى گرنگه له‌ژیانى مامۆستا‌و به‌یه‌کێک له‌به‌رهه‌مه دانسقه‌کان داده‌نرێت له‌بوارى ئه‌ده‌بیاتى نووسین. پوخته‌یه‌ک له‌ژیان و ئه‌زموونى مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى ناوى (عه‌لائه‌دین نەجمهدین عیسامه‌دین)ه له‌بنه‌ماڵه‌ى ناودارى سه‌جادییه، له‌رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، له‌ساڵى 1907 زاینى له‌شارى سنه له‌باوه‌شى خانه‌واده‌یه‌کى ئایینى گوشکراوه. ساڵى 1927 ئیجازه‌ى مه‌لایه‌تى لاى مامۆستا (شێخ بابهعلى تهکیهیى) وه‌رگرتووه دواتر چووه بۆ به‌غداو له‌مزگه‌وتى نه‌عیمه خاتوون له‌گه‌ڕه‌کى مه‌یدان بووه به‌پێشنوێژ، هه‌رله‌وێ لاى مامۆستایان شێخ ئه‌مجه‌دى زه‌هاوى و شێخ محمدى قزڵجى، به‌هه‌ندێ له‌زانسته ئیسلامیه‌کاندا چووه‌ته‌وه. له‌ساڵى 1939 چووه‌ته بوارى ڕۆژنامه‌نووسى و له‌ساڵى 1941 بوو به به‌ڕێوه‌به‌رى گۆڤارى گه‌لاوێژ تا داخستنى گۆڤاره‌که له 1949 به‌رده‌وام بووه. له‌ساڵى 1948 گۆڤارى نزارى به‌هه‌ردوو زمانى کوردى و عه‌ره‌بى ده‌رکردووه، نزار گۆڤارێکى سیاسى و نیشتمانى بووه، ماموستا سه‌جادى تاساڵى 1974 مامۆستاى وانه‌ى ئه‌ده‌ب و مێژووى ئه‌ده‌بى کودى بووه لهکۆلێجى ئادابى زانکۆى به‌غدا. ساڵى 1974 کراوه بهئهمیندارى گشتى ئه‌وقاف و سێ ساڵ له‌و کاره‌یدا ماوه‌ته‌وه. ئێواره‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه 14/12/1984 کۆچى دوایى کرد‌و له‌گۆڕستانى شێخ عه‌بدولقادرى گه‌یلانى ئه‌سپه‌رده خاک کرا. عه‌لائه‌دین سه‌جادى زیاتر له 40 ساڵ خه‌ریکى زیندوکردنه‌وه‌ى که‌له‌پوورو نووسینى مێژوو، وێژه‌ى کورد بوو، بهتێکوشانى ئه‌م پایه به‌رزه گه‌نجینه‌ى که‌له‌پوورى کورد له‌فه‌وتان ڕزگارى بوو. گفتوگۆکردن له‌باره‌ى نووسین و به‌رهه‌مه بهپێزهکانى مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى به‌ده‌یان په‌ڕاو دوایى نایه‌ت. سه‌رچاوه: هه‌میشه به‌هار، نووسینى مامۆستا سه‌جادى، لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنى فه‌رهاد شاکهلى .چ، دووه‌م 2012 ده‌قه‌کانى ئه‌ده‌بى کوردى، نووسینى مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى.
ئامادەکردنی: تاڤگە محەمەد ساڵانێکی زۆرە هزری مارکسیزم، چی وەک فەلسەفە، چی وەک سیاسەت و حزب، لەناو کۆمەڵگەی کوردییدا قسەی لە بارەوە دەکرێت. ئاشکرایە کە دیوە سیاسییەکەی زووتر پێی ناوەتە ئەم کۆمەڵگەیەوە. ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی کە ئەم بزووتنەوەیە نەتوانێت لە خوارەوەی کۆمەڵگە گەشە بکات و تەنها لەناو نوخبەیەکی سەرەوەی چەند حزبێکدا بمێنێتەوە. بێگومان ئەمەش بۆتە مایەی هەڵە تێگەیشتن، هەڵە لێکدانەوە، هەڵە بەکارهێنان و چەندین هەڵەی دیکە دەرهەق بە هزری مارکسیزم. بەڵام لە چەند ساڵی پێشوودا، بە دیاریکراوی لە سەرەتاکانی دەیەی دووەمی سەدەی بیستویەکدا، لەو دەمەی هزری مارکسیزم و سیاسەتی ڕاستەقینەی مارکسیستی وەک شتێکی بێزراو تەماشا دەکرا، لەو دەمەی چیتر نەوە نوێیەکان ئاشنا نەبوون بە ناوی مارکس و هزری مارکسیزم، لەو دەمەی نەوە دێرینەکانیش بەرەو بێهیوایی و داڕووخان و دوورکەوتنەوە لە مارکسیزم دەڕۆیشتن، کۆمەڵێک گەنج دەستیان برد بۆ گەشاندنەوەی ژیلەمۆی مارکسیزم لەناو کۆمەڵگەی کوردییدا، شنەبای ئەم گەشانەوەیەش بریتی‌بوو لە وەرگێڕان، واتە پڕۆسەی وەرگێڕانی ئەدەبیاتی مارکسیستی. لە پاڵ دەیان هۆکاری تردا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە ئەم نەوە نوێیە لە وەرگێڕانەوە گەڕانەوە بۆ مارکسیزم، ئەو هەڵە تێگەیشتنە بوو بەرامبەر مارکسیزم، کە بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویست بە زمانی کوردی لەو بوارەدا دروست بووبوو، بەتایبەت هەڵە تێگەیشتن سەبارەت بە هەڵوێستی مارکسیستەکان دەربارەی ئایین، نەتەوە، پرسی ژن، ئەدەب و هونەر، دەوڵەت و ...هتد. ئەم کتێبە دەچێتە چوارچێوەی پڕۆژەی پڕاکسیسەوە، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەی پڕاکسیس بڵاوکردنەوە و ڕاڤەکردن و وەرگێڕانی ئەو چەمک و بوارانەی ناو جیهانی مارکسیزمە، کە هەتاوەکە ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردییدا بە هەڵە لێی تێگەیشتوون و بە هەڵە لێکدراونەتەوە. کتێبی "زیاتر لە تلیاک" یەکەمین کتێبی ئەو پڕۆژەیەیە و تەرخانکراوە بۆ پرسێکی جێمشتومڕ، ئەویش مارکسیزم و ئایینە. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی هەڵوێستی ڕاستەقینەی مارکسیزم بەرامبەر ئایین و ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو چەواشەکاری و بەلاڕێدابردننانەی دەرهەق بەم هەڵوێستە کراون. کتێبەکە پێکهاتووە لە هەموو ئەو تێکستە گرنگانەی لە میراتی مارکسیزمدا دەربارەی ئایین نووسراون، هەر لە ڕۆژگاری مارکس و ئەنگڵسەوە، تا دەگات بە خوێندنەوەی سەرهەڵدانی گروپە ئایینییەکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەدەی بیست و بیستویەک. نووسەرەکان بریتیین لە (مارکس، ئەنگڵس، لینین، ترۆتسکی، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، جۆرج لۆکاچ، واڵتەر بنیامین، میشێل لووی، ئالان وودس، جۆن مالینۆ، کریس هارمەن، ژیلبەر ئاشکار، پاوڵ دیکسۆن). کتێبەکە پێکهاتووە لە ٦٠٠ لاپەڕە و لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە لەلایەن هەریەکە لە (بابان ئەنوەر، پێشڕەو محەمەد، هێمن خالید) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.
شاخه‌وان سدیق ڕه‌نگه شتێکى سه‌یرو نوێ نه‌بێت که بڵێین ژیان چیرۆکێکى درێژه‌و ئێمه پاڵه‌وانه بێئاگاکانى ناو ئه‌م چیرۆکانهین، که ده‌شێت ڕۆژێک هه‌ریه‌کێک له ئێمه ڕۆڵه‌که‌مان تیایدا ته‌واو بێت‌و ده‌وره‌که‌مان مرۆڤێکى که به‌رجه‌سته‌ى بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به نه‌مرى ئه‌م چیرۆکانه ده‌دات گێڕانه‌وه‌یه، که جگه له چێژوخۆشى، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ى په‌ندو ئامۆژگارى بۆ نه‌وه‌کانى دیکه، وه‌ک ئه‌وه‌ى (عه‌تا محه‌مه‌د) ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به ژیانى مرۆڤ دا گێڕانه‌وه بوو" ڕه‌نگه چیرۆکه‌کانمان جیاوازبن‌و هه‌ریه‌که‌مان له گۆشه‌نیگایه‌که‌وه بڕوانینه ژیان‌و دهستو په‌نجه‌ى له‌گه‌ڵدا نه‌رم بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌موومان له چیرۆکه‌کاندا کۆده‌کاته‌وه، دواجار ئه‌زمونکردنى ژیان خۆیه‌تى، بۆیه هه‌موومان دهژینو هه‌مووشمان چیرۆکمان هه‌یه، موعجیزهکهش لێره‌دایه کهچیرۆکى که‌سمان له هیکهسى که‌مان ناچێت، گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م له‌یه‌ک نهچونانهشه به‌رده‌وامى به‌خودى ژیان دهداتو واده‌کات به نمایش کردنى ڕۆڵه‌کانى هه‌موومان هاوکێشه‌ى ژیان هاوسه‌نگ بێت‌و ژیان به‌رده‌وام بێت، بهبڕواى منیش ئه‌وه‌ى یارمه‌تیده‌رو هاوکارى مانه‌وه‌ى ئه‌م چیرۆکانه‌یه شیعر‌و ئه‌ده‌به، که ده‌توانێت زیندوێتى به چیرۆکه‌کانى هه‌موومان بدات، چونکه وه‌ک (ئه‌دۆنیس) ده‌ڵێت "شیعر دروستکردنى په‌یوه‌ندى داهێنه‌رانه‌یه له نێوان ئێستا‌و داهاتوو، له نێوان دیار‌و نادیاردا، له نێوان زهمهنو ئه‌به‌دییه‌تدا، له نێوان واقیع‌و میتاواقیعدا" لێره‌وه ده‌مه‌وێت که‌مێک له‌سه‌ر شیعرى (په‌یکه‌رى تۆم)ى خانمه شاعیر(که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) بوه‌ستم، که شاعیر له‌م ده‌قه‌یدا تێماى (ئه‌ڤین)، ده‌کاته پێکهاته‌ى سه‌ره‌کى تێکسته‌که‌ى و شیعریش ده‌کاته ئه‌و میمبهرهى که په‌یامى عاشقانه‌ى خۆى لێیه‌وه بۆ مه‌عشوقه‌که‌ى ده‌نێرێت، شاعیر به‌م جۆره شیعره‌که‌ى ده‌ست پێده‌کات" وه‌ک یه‌کێ له‌و په‌یکه‌رانه‌ى به‌رده‌م کتێبخانه‌ى گشتى سه‌یرم بکه... له شوێنى خۆمدا ڕووام. بۆ بینینى ملپێچه شینه‌که‌ى ملت له‌م ته‌مه‌دا، داکوتراوم هه‌ر له‌به‌ر تۆ بووک به‌کتێب کتێبێک که له حه‌وشه‌ى کتێبخانه‌دا ڕاوه‌ستاوه ئه‌گه‌ر به‌وردى ئه‌م چه‌ند دێڕه له‌م شیعره بخوێنینه‌وه ده‌بینین نوسه‌ر وه‌ک خودێکى تواوه له‌پێناو وێناى به‌رجه‌سته‌بووى ئه‌وی دی‌دا هێنده‌ى نامێنێت وجودى خۆى به‌ڕه‌هایى له بیربکات و بۆ ئه‌وده‌بێته ژیانێکى وه‌ستاو(ستلایڤ)، به‌ڵام په‌یکه‌رێکى پڕله سه‌رگوزشته‌و چیرۆک، پڕ له قسه‌و هاوارى نه‌بیسراو، هه‌ر بۆیه شاعیر ناڕوات، به‌ڵکو (گۆدۆ) ئاسا له چاوه‌ڕوانى ئه‌وى دی‌دا وه‌ک کتێبێکى هه‌ڵواسراو ده‌یه‌وێت ئه‌وانى دى بێن و چیرۆکه نه‌بیسراو ناکۆتاکانى بخوێنه‌وه، تێماى ئه‌ڤین لاى ئه‌م شاعیره باڵایه، هه‌ر بۆیه ژیانیشى پڕاوپڕه له عیشق، بۆ منیش ئه‌و پرسیاره‌ى ههمیشهلام دووباره ده‌بێته‌وه، ئه‌وه‌یه که ئایا عه‌شقى ڕاسته‌قینه له ژیاندا بوونى هه‌یه؟ یان ئه‌وه شیعر‌و ئه‌ده‌به جوانییه‌کیان له ڕێگاى (زمان‌و خه‌یاڵ)ه‌وه به‌ناوى عه‌شقه‌وه دروستکردووه. چونکه عه‌شق به‌هه‌موو گهورهییهکانیهوه مه‌وداکانى ژیان تیایدا به‌ته‌سک ده‌بێته‌وه، به‌جۆرێک که عاشق بوون ده‌بێته قورسترین شتێک که مرۆڤ بتوانێک موماره‌سه‌و ئه‌زمونى بکات، به‌داخه‌وه مرۆڤ هه‌میشه هه‌موو ناشیرینیه‌کانى ئاره‌زووى به‌ناوى عهشقو خۆشه‌ویستیه‌وه ده‌کات، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ى (عه‌تا محه‌مه‌د) ده‌ڵێت" هه‌زاران ڕێگه بۆ فریودانى مرۆڤ هه‌یه، به‌داخه‌وه خۆشه‌ویستى ئاسانترینیانه" بۆیه من هه‌میشه پێم وایه ئه‌وه شیعر‌و ئه‌ده‌به دوور له ژیانى واقعى، عه‌شقیان به جوانى هێشتوهتهوهو نه‌یان هێشتوه ده‌ستى ناشیرینیه‌کان پێیبگات. هه‌ر وه‌ک چۆن شاعیر له به‌رده‌وامى شعره‌که‌یدا ده‌ڵێت" نیوه‌ڕۆ چه‌ند جوانه له‌گه‌ڵ تۆ که گه‌شتن و ماڵئاوایمان له یه‌کتر هه‌ر وه‌کو چاوتروکانه. له دێڕێکه‌وه بۆ دێڕێک له‌وتارى (له نێوان فۆتۆ و شیعردا تێڕامانێک) به‌ختیار عه‌لى، ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندى شیعر‌و فۆتۆ ده‌ڵێت" فۆتۆ ناتوانێت بوون له پرۆسه‌ى گۆڕان و وه‌رچه‌رخانى ته‌واوه‌تیدا ببینێت، به‌ڵام شیعر سه‌روکارى له‌گه‌ڵ جۆره بوونێکى جووڵاودایه، بوونێک که له چوارچێوه‌یه‌کدا ناوه‌ستێت و کۆناکرێته‌وه" هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌م شیعره‌شدا (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) وێنه‌کان وه‌ک وێنه‌ى فۆتۆى ڕاده‌گرێت، نه‌وه‌ک زه‌مه‌ن جوانیه شاراوه‌کانى له‌گه‌ڵ خۆیدا ببات، هه‌ربۆیه به مه‌عشوقه‌که‌ى ده‌ڵێت" تۆ وه‌ک یه‌کێ له‌و په‌یکه‌رانه‌ى به‌رده‌م کتێبخانه‌ى گشتى سه‌یرم بکه... ئه‌گه‌ر کۆى ئه‌م شیعره وه‌ک ده‌قێکى ئه‌ده‌بى وه‌رگرین، جگه له فه‌زا ئهدهبیکهى به‌رجۆرێک له هونه‌رى فۆتۆگرافى له کۆى وێنه گشتیه‌که‌یدا ده‌که‌وین، به‌و پێیه‌ى (په‌یکه‌ر) له هونه‌رى شێوه‌کاریدا یه‌کێکه له هونه‌ره وه‌ستاوه‌کان و فۆتۆش وه‌ک هونه‌رى وه‌ستاوى بینراو ئه‌ژمار ده‌کرێت، له نێوان به‌رکه‌وته‌ى ئه‌م دوو هونه‌ره‌دا شاعیر وه‌ستایانه وێنه شیعریه‌کانى بۆ خوێنه‌ر ڕاده‌گرێت، به‌ڵام دووباره له‌ڕێگه‌ى عیشق وه جوڵه به چیرۆکى ئه‌ڤینه‌که‌ى ده‌دات و نایه‌ڵێت جوانیه‌کانى بوه‌ستن و له‌وه‌ستاندا ژیان و ئیستاتیکا به‌رهه‌م دێنێته‌وه. هه‌روه‌ک ده‌ڵێت" وه‌ره ده‌ست بخه‌ره سه‌ر شانم و وه‌ک کارێکى ناوازه‌ى خۆت سمارتهمکه ڕۆژێک په‌رده‌م له‌سه‌ر لاده‌و پێجگه له‌خۆت هیچ که‌سێ بۆ ئه‌و بۆنه‌یه بانگهێشت مه‌که!! ئه‌م شیعره یه‌کێکه له ده‌قه جوانهکانى خاتوو (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) و ده‌کرێت له چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌که‌وه لێى بڕوانرێت به‌و پێیه‌ى شیعره‌که تێکه‌ڵیه‌که له ژانره‌کانى (هونه‌رو ئه‌ده‌ب) له بنه‌ما گێڕانه‌وه‌یه‌که‌یدا، ئه‌ویش به هێنانه ناوه‌وه‌ى هونه‌ره‌کانى (په‌یکه‌رسازى و فۆتۆگرافى) و دوباره پیشاندانه‌وه‌یان به‌زمانێکى جوان و ئیستاتیکیانهى ئه‌ده‌بى، که ئه‌مه‌ش نیشانه‌ى قودره‌ت و تواناى زمان و خه‌یاڵ فراوانى ئه‌وه. هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌شه واده‌کات خوێنه‌ر چێژ له شیعرى ئه‌م خاتونه وه‌رگرێت.
کەژاڵ ئەحمەد وەک یەکێ لەو پەیکەرانەی بەردەم کتێبخانەی گشتی سەیرم بکە... لەشوێنی خۆمدا رووام. بۆ بینینی ملپێچە شینەکەی ملت لەم تەمەدا، داکوتراوم. ھەر لەبەر تۆ بووم بە کتێب، کتێبێک کە لەحەوشەی کتێبخانەدا راوەستاوە. نیوەڕۆ چەند جوانە لەگەڵ تۆ کە گەشتن و ماڵئاوایمان لەیەکتر ھەروەکو چاوتروکانە، لەدێڕێکەوە بۆ دێڕێک. شەو چەند رووناکە لەگەڵ تۆ کە دەپرسم کامە مانگە؟! ئەوەی ئاسمان یان خەیاڵێک ھێند نزیکە لە تەنیشتم راکشاوە، وەک ئەوەی راستی بێت ؟ ! بەیانی چەند زوو دێت لەگەڵ تۆ خەم وەک پەپولە پایزە چەند ئاسان دوور دەڕوات بە فوویەک، لە لێوی خەمکوژت! وا بۆ ئەو شوێنە دەچمەوە کە رۆحی شیرینمم تیا ونکردووە خەیاڵت سێبەرمە. تۆ کە ساحیری بێوێنەی ژیانمی ببینە خوێنم لەبەردەم، پەیکەرە سەرەوخوارەکەی لەتیف ھەڵمەت چۆن رژاوە! منی پرژە وەک نابینایەک دوای دەنگی پێت ئەکەوم، وادەزانم دەنگی دڵمە « وردە وردە وا رێئەکەم ھەنگاوەکانیشم وردن وەکو خاڵی ورد وسپی ملپێچەکەت. ورد و سپین سپی و رووناک وەکو رۆحت، وەکو ھەستت، وەکو ھەموو ئەو وشانەی بۆتدەنووسم و بۆمنوسیوویت. سپی و وردن وەکو رەنگم، وەکو نیگام شین وشیرین لەئاسمانی قەدەرتام، خۆشەویستم بادەستم ھەر لەملتابێ من رەنگی ملپێچەکەتم.» لەبەرئەوەی پەیکەری تۆم بەو چاوە جوانانەت سەیرمبکە. بۆ دۆزینەوەی ناڕێکیم بەودەستە تامەچەک سپییانەت چەکوشکاریم تیادا بکە. وەرە دەستخەرە سەر شانم و وەک کارێکی ناوازەی خۆت سمارتەمکە . رۆژێک پەردەم لەسەرلادە و بێجگە لەخۆت ھیچ کەسێ بۆ ئەو بۆنەیە بانگھێشت مەکە!! وادیارە من زۆر عاشقتم ئینجا چییە ! تۆ ھەر بڕۆ و ھەرگیزاو ھەرگیزیش باوەڕم پێمەکە.!
له عه‌ره‌بیه‌وه: زانیار عه‌لى ئه‌م دیمانه‌یه، خانمه‌ڕۆژنامه‌نووس (جین ستین)، بۆ ڕۆژنامه‌ی پاریس ڕیڤیو، سازیکردووه. * باسی ویڵیه‌م فۆکنه‌ری نووسه‌رمان بۆ بکه. - ته‌نانه‌ت گه‌ر منیش له‌دایکنه‌بووبام، که‌سێك هه‌ر ده‌بوو، ئه‌وه‌ی من و هه‌مینگوای و دۆستۆیڤسکی گێڕامانه‌وه، بیگێڕێته‌وه. به‌ڵگه‌یش ئه‌وه‌یه؛ سێ نووسه‌ر هه‌ن، وا گومان ده‌کرێت یه‌کێک له‌وانه نووسه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی شانۆکانی شکسپیربن. به‌هه‌رحاڵ، گرنگ ئه‌وه‌یه که‌سێک هه‌یه شانۆی (هاملێت) و (خه‌ونی نیوه‌شه‌وێکی هاوین)ـی نووسیوه. نووسه‌ر چ به‌هایه‌کی نییه، ئه‌وه‌ی ده‌ینووسێت به‌هاداره. شکسپیر، به‌لزاک و هۆمێر له‌سه‌ر هه‌مان شت دواون و نووسیویانه، خۆ ئه‌گه‌ر سه‌ت، یان دووسه‌ت ساڵی تر ژیابان، وه‌شانخانه‌کان نووسه‌ری دیکه‌یان پێویست نه‌ده‌بوو و هه‌ر ئه‌وان به‌س بوون! * هیچ په‌یڕه‌وێک هه‌یه نووسه‌ر بیگرێته‌به‌ر، تا ببێته ڕۆماننووسێکی باش؟ - نووسين له 99% به‌هره، 99 % پێگیریی*، 99 % کارکردن. ئه‌وه مه‌رجه نووسه‌ر، هه‌رگیز له‌وه‌ی نووسیویه‌تی قاییل نه‌بێت. نووسه‌ر ده‌بێت دوور بڕوانێت و بنمیچی خه‌یاڵدانی به‌رز ڕۆبنێت. گه‌ره‌که هێنده بڕوای به خۆی هه‌بێت، وای دابنێت له نووسه‌ره هاوچه‌رخه‌کانی خۆی باشتره، بگره ده‌بێت هه‌وڵی ئه‌وه بدات، له خۆیشی باشتر بێت! نووسه‌ر بوونه‌وه‌رێکه، ئه‌هریمه‌ن دنه‌ی ده‌دات. زۆرجار نازانێت بۆچیی کراوه‌ته په‌یامبه‌ری نووسین و، له‌به‌ر چ هۆیه‌ک ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێڕاسپێردراوه، به‌رده‌وام مژووڵی کارکردنه و بواری بیرکردنه‌وه‌ی له‌و بابه‌ته نییه. *نووسه‌ر ده‌بێت دڵڕه‌ق بێت؟ - تاکه په‌یڕه‌وێک نووسه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی کاره‌کانی بیگرێته‌به‌ر؛ دڵڕه‌قییه. ئه‌گه‌ر بۆی لوا نووسه‌رێکی باش بێت، بێگومان ده‌بێت دڵڕه‌قتر بێت و به‌زه‌یی به خۆیدا نه‌یه‌ته‌وه. ئه‌و خه‌ونێکی هه‌یه، به‌رده‌وام به‌رۆکی ده‌گرێت و خه‌و و خواردنی لێ حه‌رام ده‌کات، ده‌بێت ئه‌و خه‌ونه بێنێته‌دی، هه‌تا هه‌ست به ئارامیی بکات. به‌خاتری نووسین، هه‌موو شتێک ده‌وه‌ستێت؛ شانازییکردن، ڕێز، ئارامیی و خۆشنوودیی. ته‌نانه‌ت گه‌ر نووسین وات لێبکات دایکت له خۆت زویربکه‌یت، نابێت لێی سڵبکه‌یته‌وه و دوودڵ بیت! *بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بتوانێت بنووسێت، پێویستی به هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کی ماددیی هه‌یه؟ - نه‌خێر؛ پێداویستییه‌کانی نووسه‌ر، ته‌نێ پێنووس و ڕووپه‌لن. هیچ کتێبێکی باش شک نابه‌م، به‌خاتری پاره و سامان نووسرابێت. نووسه‌ری باش، بۆ خه‌ڵات و پاره نانووسێت، ئه‌و به‌رده‌وام سه‌رقاڵی نووسینه و بواری پاره‌بژاردنی نییه! به‌ڵام بێگومان گه‌ر نووسه‌رێکی پله یه‌ک نه‌بێت، هه‌ر زوو به‌و شتانه ده‌خه‌ڵه‌تێت و ده‌که‌وێته ژێر ڕکێفیانه‌وه. ئه‌گه‌ر ئابووریی سه‌رچاوه‌ی نووسینی باش بوایه؛ ئه‌وا دز و بازرگانانی مادده هۆشبه‌ره‌کان، له باشترین نووسه‌ره‌کان ده‌بوون! خه‌ڵک له هه‌ژاریی ده‌ترسێت و نایکاته سه‌رچاوه‌ی داهێنان. هیچ شتێک ناتوانێت نووسه‌ری باش بڕووخێنێت. تاکه شتێک بتوانێت بیگۆڕێت؛ مه‌رگه. نووسه‌ره باشه‌کان، کاتیان بۆ کۆکردنه‌وه‌ی سامان و خه‌ڵات نییه. سه‌رکه‌وتن و خه‌ڵات وه‌رگرتن، وه‌ک ئافره‌ت وان؛ گه‌ر خۆتی بۆ ده‌سته‌مۆ بکه‌یت، به‌ویستی خۆی مشتوماڵت ده‌کات! بۆیه ده‌بێت به‌ساده‌یی خۆتی پیشانبدهیت، هه‌نگێ نووسین خۆی به‌خشکه بۆ باوه‌شت هه‌نگاوده‌نێت. *چ ته‌کنیکێکی نووسین به‌کارده‌به‌یت؟ - ئه‌گه‌ر بڕیار وابێت نووسین ته‌کنیکی هه‌بێت، ده با نووسه‌ر بیناسازێک بێت و ته‌واو! ئاخر نووسین چ په‌یڕه‌و و ته‌کنیکێکی نییه، گه‌ر نووسه‌رێکی لاو په‌یڕه‌وی ته‌کنیکی کرد، گه‌مژانه دێته پێش چاوان. نووسه‌ر ده‌بێت له هه‌ڵه‌کانی خۆی که‌ڵک و وانه وه‌ربگرێت، هه‌مووان له هه‌ڵه‌وه فێرده‌بن. نووسه‌ری باش ده‌بێت باوه‌ڕی به‌وه هه‌بێت، ده‌قی هیچ که‌سێک نییه بێ هه‌ڵه و په‌ڵه بێت و که‌س ناتوانێت ده‌ستی بگرێت، چونکه نووسه‌ر که‌سێکی خودئه‌ڤینه. هه‌رچه‌نده نووسه‌ر سه‌رسامی نووسه‌رانی دیکه بێت، سه‌رئه‌نجام هه‌وڵ و ته‌قه‌لای ئه‌وه ده‌دات، له‌وان باشتر بێت. *که‌واته نکۆڵیی له هه‌بوونی ته‌کنیک ده‌که‌یت؟! - نه‌خێر؛ هه‌ندێک ته‌کنیک هه‌یه، به‌ویستی خۆی نووسه‌ر ئاڕاسته‌ده‌کات و خه‌یاڵی ده‌بزوێنێت. کرده‌ی نووسین وه‌ک ته‌لارسازیی وایه، خشت له سه‌رخشت ڕۆیده‌نێیت و بۆ ئاسمان بڵندی ده‌که‌یته‌وه. زۆرجار نووسه‌ر، پێشئه‌وه‌ی یه‌که‌م وشه به‌ڕووی کاغه‌زدا بسره‌وێنێت، هه‌موو ڕووداوه‌کانی له ئاوه‌زی خۆی مشتوماڵ کردووه. که سه‌رقاڵی نووسینی ڕۆمانی (کاتێک سه‌رده‌نێمه‌وه) بووم، ئه‌وه‌م به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی. نووسین ئاسان نییه، به‌ڵام نووسینی ئه‌و ڕۆمانه بۆ من سانا بوو. که له‌سه‌ر کاره دوازده کاتژمێرییه‌که‌م ده‌گه‌ڕامه‌وه، له کاتی پشوومدا مژووڵی نووسینی ئه‌و ڕۆمانه بووم و ته‌نێ شه‌ش هه‌فته‌م پێویست بوو تا تهواومکرد. ڕووداوه‌کان به‌به‌رچاومدا هاتوچۆیان بوو، هه‌ندێک کاره‌کته‌رم درووستکرد و تووشی چه‌ند ڕووداوێکی سرووشتیی وه‌ک لافاو و ئاگرم کردن. نهێنیی کاره‌که ئه‌وه بوو؛ خۆم بۆ ته‌کنیک ده‌سته‌مۆ نه‌کرد، که ته‌کنیک خۆی هه‌ڵنه‌قورتانده نووسینته‌وه، بێگومان ئاسان ده‌بێت. بڕوام وایه له سه‌روه‌ختی نووسیندا ده‌گه‌یته خاڵێک، ئیتر کاره‌کته‌ره‌کان خۆیان هه‌ڵده‌ستنه سه‌رپێ و جڵه‌وی گێرانه‌وه‌که ده‌گرنه‌ده‌ست، وه‌ک چۆن له لاپه‌ڕه‌ی دووسه‌ت‌وحه‌فتاوپێنجی ئه‌و ڕۆمانه‌دا ڕوویدا. نازانم چیی ڕوویده‌دا، ئه‌گه‌ر له لاپه‌ڕه‌ی دووسه‌ت‌وحه‌فتاوچوار ڕۆمانه‌که ته‌واوبوایه! تاکه ته‌کنیکێک نووسه‌ر له‌پاڵ ڕاستگۆیی و بوێرییدا په‌یڕه‌وی بکات، ئه‌وه‌یه جڵه‌وی گێڕانه‌وه‌که‌ی بگرێته‌ده‌ست. مادام هێشتا نه‌گه‌شتووم به مرازی خۆم، ده‌بێت زیاتر هه‌وڵی جڵه‌وکردنی ده‌قه‌کانم بده‌م، چونکه تووشی وه‌ڕسبوون و ئازاریان کردووم، وه‌ک ئه‌و دایکه‌ی؛ منداڵه دز و بکوژه‌که‌ی، له منداڵه له‌خواترسه‌که‌ی زێده‌تر خۆشده‌وێت! *ئیلهام کەرەستەیەکی گرنگی نووسینە؟ - نازانم ئیلهام چییه، بیستوومه، به‌ڵام نه‌مدیوه! *ده‌قی هاوچه‌رخه‌کانت ده‌خوێنیته‌وه؟ - نا، ئه‌و کتێبانه‌ی ده‌یانخوێنمه‌وه، ئه‌وانه‌ن که له تافی لاوییدا سه‌رسامیان بووم و خۆشم‌ویستن. له‌وانه؛ (په‌یمانی کۆن)، کاره‌کانی دیکنز، کۆنراد، ڕۆمانی (دۆن کیشۆت)ـی سێرڤانتس. هه‌موو ساڵێک ئه‌مانه ده‌خوێنمه‌وه، وه‌کچۆن ئینجیل ده‌خوێندرێته‌وه. هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌مانه؛ فلۆپێر، به‌لزاک، دۆستۆیڤسکی، تۆڵستۆی و شکسپیر، ناوه‌ناوه‌یش هێرمان مێلڤل ده‌خوێنمه‌وه. به‌نسبه‌ت شاعیره‌کانه‌وه؛ کریستۆڤه‌ر مارلۆ، تۆماس کامبیان، جۆنسن، ڕۆبێرت هێرک، جۆن دۆن، کیتز، شیلی و هاوسمان ده‌خوێنمه‌وه. *هیچ قسه‌یه‌کت له‌سه‌ر داهاتووی ڕۆمان هه‌یه؟ - تاکوو خه‌ڵک بخوێنێته‌وه، نووسه‌رانیش ڕۆمان ده‌نووسن، پێچه‌وانه‌که‌یشی هه‌ر ڕاسته. ئه‌م ڕه‌وته به‌رده‌وامده‌بێت و ئه‌ده‌ب پێشده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر گۆڤاره وێنه‌داره‌کانی پڕ له قسه‌ی به‌تاڵ، چێژ و سه‌لیقه‌ی خوێنه‌ر نه‌کوژن و له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیان دوانه‌خه‌ن! *ئه‌ی ڕۆڵی ڕه‌خنه‌گر؟ - نووسه‌ر کاتی ئه‌وه‌ی نییه گوێ له ڕه‌خنه‌گر ڕادێرێت. خوێنه‌ران لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی ده‌خوێننه‌وه، پێویستیانه، به‌ڵام نووسه‌ران بواری خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یان نییه. ڕه‌خنه‌گرانیش بۆیه ڕه‌خنه‌ده‌گرن، تا بڵێن ئێمه‌یش هه‌ین! ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گر ئاراسته‌ی نووسه‌ر ناکرێت، چونکه نووسه‌ر له ڕه‌خنه‌گر باشتره، ئاخر ئه‌و به نووسینه‌کانی، ڕه‌خنه‌گر ده‌بزوێنێت و بۆ ڕه‌خنه دنه‌ی ده‌دات، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی ڕه‌خنه‌گر، هه‌موو که‌سێک ده‌جووڵێنێت، نووسه‌ر نه‌بێت!
ئامادەکردنی: شێرزاد هەینی گابریل مارکیزی رۆماننووسی گەورەی کۆلۆمبی، لە وتارێکی لە رۆژنامەی گاردیانی ساڵی ٢٠٠٦ باس لە پەرۆشی و شەیدابوونی بە شاکاری هونەری ستران و سەما شکیرای گۆرانیبێژ دەردەبڕێت و دەڵێت: ئەو کەسێکی بەتوانایە بۆ سەفەرکردن "لەیەک مانگ چل هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت"، زۆریش بایەخ بە مەشق و راهێنانەکان و هەموو ئەندامەکانی تیپەکەی دەدات، زمانە ئینگلیزییەکەی ئەوەندە باشە، بەخەوتووییش باش قسەی پێ دەکات. هەروەها ئەو ژنە پەنجەمۆرێکی تایبەتی لەسەر شەهوانیەتی پاکدا هەیە. مارکیز ئەو ژنەی مەبەست بووە، چونکە ئەویش وەک ئەو لە شاری بارانکویلا لەدایکبووە. باوکی بەڕەچەلەک لوبنانییە، لەبەر ئەوەی بۆنی عەرەبی لێ هاتووە، ئەویش بە خوێندنەوەی رۆمانە ناودارەکە، هەزار و یەک شەوە، کە بە منداڵی شەیدای کردووە، کەلتوور و سیحری ناوچەکەی خۆشویستووە ئەو دەڵێت: ئەگەر سیحری ئەو کتێبە نەبوایە، نەدەبوومە نووسەر. عەرەب لەناو خەیاڵی ئەو بوونی هەبووە، لەوانە کەسایەتی سانیتاگو نەسار، یەکێک لە پاڵەوانەکانی رۆمانی "چیرۆکی مردنێکی راگەیەندراو"، کەسێکی عەرەب بووە. هەروەها بەپێی بۆچوونی نووسەری میسری یوسف ئەلقعید، ژنەکەی مارکیز، مارسیدس بەڕەچەڵەک میسری بووە. مارکیز دەڵێت شکیرا لە تەمەنی حەڤدە مانگی پیتەکانی نووسینی لەبەرکردووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیش تێکستی گۆرانی نووسیوە، گۆرانیشی گوتووە، بێجگە لە بوارەکانی گۆرانی و سەما، ئەو لە بیرکاری لە هەموو وانەکان یەکەم بووە. لیستی ئەو نووسەرە خۆرئاوایانەی شەیدای ژنە ئەکتەری ناسک و بەتەمەن بچووک بوون درێژە، لەوانە رۆماننووسی ئەمریکی سکۆر فیترجیرالد، کە کیژە ئەکتەری گەنجی ئەمریکی لویس مورانی خۆشویستوە. ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٠ کۆچی‌دوایی کردووە. فیترجیرالید ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٤٠ مردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ یەکێک لە رۆمانەکانی بەناوی "گاتسبی مەزن" کراوە بە فیلم. ئەلبیر کامۆش شەیدای سترانبێژی ئۆپرا ماریا کالاس بووە. لەناو عەرەبەکانیش زۆر لە شاعیر و نووسەرەکان شەیدای ئوم کلسوم و نەجات سەغیرە بوون، شیعریان بۆیان نووسیوە، ئەوانیش بە دەنگە نازدارەکانیان کردویانە بە گۆرانی نایاب. مارکیز، زۆر سوود و نەشئەی بۆ نووسین لە جوانییەکانی شاکیرا لە شاکارە رۆژنامەگەرییەکانی بینیووە. بەیەکەوەش هاوکار و پشتیوانی رێکخراوێکی خێرخوازی منداڵانی کۆلۆمبیایان کردووە. دووریش نییە، ئەو بابەتە لە رۆمانی "بیرەوەری سۆزانییە خەمگینەکان" و هەڵوێستی پیاوە پیرە بەتەنەمەکەی شەیدای کیژێکی هەرزەکار بووە، رەنگی داوەتەوە، ئەو پیاوەی بێ ئەوەی رامووسانی کیژەکە بکات یان پەنجەیەک لە شوێنێکی ناسکی بدات، شەیدای بووە. ئیتر ئەوەیان، ئەو پەیوەندی و سۆزە بۆ نووسەرێکی گەورە لەگەڵ دیاردەیەکی بچووک، یان شەیدابوون بە شاکارێکی ستران و سەما، کاردانەوەی لەسەر بووە، بۆیەش ئەو رۆمانەی نووسیوە. ئەو دانیش بەوەدادەنێت، کە پەیوەندی جوانی نێوان پیرێکی تەمەن حەفتا ساڵی و کیژێکی بیست ساڵانەی نێوانی تەمەنیان پەنجا ساڵە، کاردانەوەی لەسەر نووسینەکانی هەبووە، بەتایبەتی ئەو رۆمانە. بە مردنی مارکیز لە ١٤ی ئەپریلی ساڵی ٢٠١٤ لە شاری مکسیکۆ، شکیرا لە نامەیەک بەو جۆرە پرسە و سۆزی بۆ ئەو نووسەرە راگەیاندووە، ئەو پەیڤەی لەسەر وێنەیەکی ئەو نووسیوە: "ئەزیزەکەم جابۆ، جارێکیان گوتت ژیان تەنیا ئەوە نییە چۆن یەکێکمان دەژیت، ژیان ئەوەیە چیمان دەرباری یەکتر لەبیرە، چۆن و کەی بیرەوەرییەکەت بەبیردێتەوە، تا بیگێڕێتەوە. ژیانی تۆ وەک دیارییەک، کە دووبارەبوونەوەی نییە یاد دەکەینەوە. ئاسان نییە و زۆر ئەستەمە بتوانین بە کۆچی تۆ بڵێن ماڵئاوا. تۆ بەردەوام لە ناو دڵی من، هەموو ئەوانەی تۆیان خۆشدەویست، نەمرە و دەژیت". :
ئەردەلان هەڵەبجەیی "ئەی گۆڕی میهرەبان، ئەی خاکی پیرۆز، ئەم گیانە گوناهبارە، ئەم ڕۆحە پیسە لە خۆت بگرە و فڕێی مەدەرە دەرەوە!..." نووسەر لەم ڕۆمانەدا کە تراژایدیاکانی ژیان لەگەڵ هەموو دێڕەکانیدا ڕێدەکات، پێمان دەڵێت: دواجار جەنگەکان بەم دەرەنجامەیان گەیاندین! "جەنگ تەواو بوو، ئەوین تەواو بوو، خەونەکان تەقینەوە، مێشکی کچی ناو تابلۆکە پژا، خەڵکینە وەرنەدەرێ گوێ لە تەقینەوەی خەونەکان بگرن، من دەگریم و خەڵکی پێدەکەنن!" تەواوبوونی جەنگ بۆ ئێوە هەر پەیامێکی پێ بووبێت، بۆ پاڵەوانی ڕۆمانەکە تەواو پێچەوانەیە، ترۆپکی نا‌ئومێد بوونە، جەنگ و ژیان دڵڕەقانە ناخ و دەروونی دەرزیئاژن دەکەن، بیمارەکەمان، هێندەی دی بیمار دەکەن، لەم بارودۆخە هستریەدا، تێکەڵ بە ئاپۆڕای خەڵک دەبێت، جلەکانی فرێدەدات، دەگری و سەما دەکات، سەمای مەرگ، ئەو دەگری و ئەوانی دی پێدەکەنن، تەنانەت وێنەیەکی سەرۆکیشیان داوەتە دەستی، بۆ بیمارەکە کۆتایی جەنگ و تەقەی خۆشییەکان کۆتایی هیوا و ئومێدە، وەستان، یان بەردەوامی هیچ جێگای بایەخ نییە، کە بێگومان، جەنگ بە جۆرێکی دیکە بەردەوام دەبێت. هەر بۆیە دەڵێت: شتێک هەیە لە ناوەوەی مندا، لە ڕابردوی مندا، لە ئێستای مندا، کە دەبێت بۆی بگریم. بەرجەستەکردن و وێنا کردنی بێدەنگیی لەم رۆمانەدا، واتاگەلێکی گرنگ بە خوێنەر دەگەیەنن، کە وشە یان پەیڤ هەرگیز توانای گەیاندنی نییە، لە زمانی بیمارەکەوە دەڵێت: بێدەنگی لە جۆری ئەو چەکە کۆمەڵکوژەیە کە سووک و ئاسان دەتوانێت منی پێ لەناوبەرێت. بە هەمان شێوە، بەراوردی نێوان بێدەنگیی بیمارەکە و خۆشەویستەکەی، بە بێدەنگیی بیابان، بیابانێک کە بۆنی خوێن و خەونە پژاوەکانی لە دێت! (ئەوەندەی بێدەنگی خۆمان دەیترساندین، دەنگی تەقینەوەکان نەیدەترساندین). ئەمە وا لە خوێنەر دەکات کە زیاتر لە بێدەنگییەکان رابمێنێت، وەک لە وشە و پەیڤەکان. لەم رۆمانەدا، بەرکەوتەیەکی دیکە هەیە کە بریتییە لە ڕەتکردنەوەی دونیای مرۆڤەکان، کە بە حساب خاوەنی هۆشمەندین و گوزەری رووداو و کارەساتەکان لە دەستی ئەواندایە، دونیای بیمارە دەرونییەکان یاخود ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە پێی دەڵێیت (شێت) دونیایەکی گەلەک ڕاستگۆیانە و جوانترە لە دونیای مرۆڤە بە حساب هۆشمەندەکان. دوبارە نووسەر پێمان دەلێت: مرۆڤ گوناهکارێکی گەورەیە و توانای پیسکردن و وێران کردنی هەموو شتێکی هەیە. بەهای نەزیر: دکتۆرێک کە سەرنجی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، نووسەر لەم رێگەوە پەلکێشمان دەکاتە نێو ڕووداوەکان، بە مەرگەسات و بێمانییەکانی جەنگ و مرۆڤ، زیاتر و زیاتر ئاشنامان دەکات، بەهای نەزیر، جیاوازە لە هەموو پزیشک و تاکەکانی کۆمەڵگەکەی، بە شێوازی تایبەتی خۆی و پاشخانی کۆمۆنیست بوونی، هەڵسوکەوت لەگەڵ بیمار و کۆمەڵگەكەی دەکات. نووسەر لە ڕێگای (بەها)وە پەلکێشمان دەکات بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەو بێ ماناییانەی لە کۆمەڵگەی مرۆڤدا دەگوزەرێت. نووسەر لێزانانە یاری بە کات و شوێن و وێنەکان دەکات، وا دەکات تۆی خوێنەر بیر بکەیتەوە و وەدوی ڕووداوەکاندا بڕۆی، بۆ ئەوەی تێبگەیت، ببینیت کە مرۆڤ چ کارەساتێکی لەم ژینگەیەدا خوڵقاندوە کە بەزەوی ناوزەد کراوە. بەرجەستەکردنی ئازار و شکستەکانی ئێمە، ئێمەی مرۆڤ، کە قێزەونترین بوونەوەری ئەم سەر زەمینەین،جەرگبڕانە لە ڕۆمانەکەدا ڕەنگیداوەتەوە، ئێمە کە لەم گەشتە کورتە سنوردارەدا چ مەرگەساتێک دەخوڵقێنین... چۆن کارەساتێکی وا دەخوڵقێنین و یەکدی نا‌ئومێد دەکەین، تەنانەت بەوەشەوە ناوەستین، ژینگەکەشمان وێران و قێزەون دەکەین. (ئاوەکە لیخن دەکەین) تەنانەت ناهێڵین (کۆترێکیش لە خوارەوە لە ئاوەکە بخواتەوە). مشکە جوانەکانی (کامەران)ی ناو ڕۆمانەکە، برسی و نا‌ئومێد دەکەین، ڕۆژانە (کراش) بۆ (شیلان)ە لەدەست چووەکەمان دەکڕین و لێدەگەڕێین تا گەرم بێت و پاشان فرێی دەدەین. چەندە قێزەونین، چەندە دڕندەین، ئێمەی مرۆڤ... پاش خوێندنەوەی ڕۆمانی تەقینەوەی خەونەکان تۆی خوێنەر خۆزیا دەخوازیت مرۆڤ نەبایت، یان هەر بوونت نەبایە... چ کارەساتێک دەخوڵقێنین و چۆن دەجەنگین و چ جەنگێک بەرپادەکەین، جەنگێک کە هەموو بەهاکانی تێدا لەدەست دەدەین. ئێمە، نەوەی ساڵانی تەمەنی نووسەر، لەم گەشتە کورتەدا شاهیدی چەندین جەنگی خوێناوی و بە ئاگا لە چەندین جەنگی پێشتر کە مرۆڤەکان خوڵقاندوویانن و خەونەکانی یەکدیان پێ لەبار بردوون. بۆچی؟ لەبەرچی من هاتمە نێو ئەم دونیا جەنجاڵ و پڕ لە جەنگە؟ من هاتم بەخاتری ئەوەی ئەم هەموو جەنگە ببینم، من هاتم بۆ ئەوەی نائومێدبم لە ژیان، لە خۆشەویستەکەم، لە بوونی خۆم. نووسەر لە دێڕەکان و وێنەکانی ڕۆمانەکەدا، مەرگەساتەکانی جەنگ و ژیان و نائومێدبوونەکانمانی بە جۆرێک بەرجەستە کردووە، گریانمان بۆ مرۆڤبوونی خۆمان دێت، لەتەک خوێندنەی وشەو دێڕەکاندا، بەردەوام فرمێسک لە چاوانمان دەبارێ، ئێمە چین؟ بۆچی هاتووین؟ هاتووین بەخاتری ئەوەی ئەم هەموو مەرگەساتە بخوڵقێنین و ببینین؟ تۆی خوێنەر لێرەوە لە پاش خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەوە، نەفرەت لە ژیان، لە بوون، لە مرۆڤ دەکەیت، مەرگەساتەکانی ئێمەی پاشماوەی جەنگەکان، پاشماوەی هەموو گلان و کەوتنەکان، گیرۆدەی نائومێدبوونمان بە دەستی مرۆڤەوە لە ژیان، بە جۆرێک لە (تەقینەوەی خەونەکاندا) وێناکراوە، کە بێوێنەیە، تەنانەت لە ئاست ئەدەبی جیهانیشدا. من (هێندە بچوک دەبمەوە جەستەم وەک تاڵە دەزویەک دەچێت بە کونی دەرزیەکدا). بۆ وا لە مرۆڤ دەکەن، من وا دەزانم مرۆڤ بۆ ئەمە نەهاتووەتە بوون، گەر ئەمەیە بوون و ژیان، تف لە بوون، تف لە ژیان. جەنگی درێژخایەنی عێراق- ئێران، جەنگی کەنداو، تا جەنگی ناوخۆش، هەموو جەنگەکانی پێشتریش، هەزاران برینی ساڕ‌ێژ نەبوو، نەبینراو، نەبیستراوی، وەک برینەکانی نێو ئەم ڕۆمانەی تێدایە. لە ڕۆمانەکەدا (ئازادی) و (دادگای گەل) خوێ دەکەنە برینەکە و بە سوێ تری دەکەن، ئەو تروسکەی هیوایەی لە ناخی مرۆڤی کورددا مابوو لێی دەستێننەوە و بە کەنارەکانی نائومێدی دەسپێرن. فرمێسکەکانی چاوانی کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە، فرمێسکی نائومێدی چاوانی تاکی کوردە، کە دەرئەنجامی جەنگەکان و ئازادییە!. لەم ڕۆمانەدا جەنگ و دەستەڵات تاکەکانی کۆمەڵگە کەم ئەندام دەکەن، کەم ئەندامی جەستەیی و دەروونی و هۆشی، برینێک لە جەستەماندا دەخولقێنێت هەرگیز ساڕ‌ێژ نابێت. (دیسان دەنگی تەقە دێت) پاڵەوانی پاشماوەی جەنگی کوەیت و خوێن و بیابان دەنگی تەقەی خۆشی وەستانی جەنگی براکان، هەمان مێژووی وەستانی جەنگەکانی رابردووی بۆ دوبارەدەکاتەوە، ئیدی خۆشییەکانی ئێوە بە من چی کە جەنگەکانتان هەموو شتێکی لێ ستاندم، هەموو شت! دڵنیام بەیانی جەنگێکی دیکە بەرپا دەکەن و چەندانی تری وەک من لە هەموو ڕەهەندەکانەوە دەکەنە قوربانی. (گەڕانەوە بۆ نیشتمان(،ئەی نیشتمان تۆ چیت بە من بەخشی جگە لە ئازار؟ ئازادی زۆر نامەردانە شەقێکی لە گونی پالەوانەکەمان هەڵدا و تا کۆتا ڕۆژی تەمەنی لە خۆشییەکانی ژیان و خۆشەویستەکەی و چێژی سێکس و ئومێدی بە باوک بوون، نائومێدی کرد! ئازادی تۆ چیت بە پاڵەوانەکەی ئێمە و تاکی کورد بەخشی جگە لە ئازار! (مردن) فرە ڕەهەندە، یەک لەوانە هەر مرۆڤە بە دڕندانە ترین شێواز دەیکاتە دیاری بۆت، ئازادی مەرگێکی بەسوێ و ترسناکتر بۆ پاڵەوانەکەی ئێمە دەکاتە دیاری. (ماڵێک لە خەیاڵ) بۆخۆمان چێ دەکەین، پڕە لە ماچ، خۆشەویستی، گوڵ، ئەستێرە، باران، بەڵام تەنانەت ئەوەشمان پێ ڕەوا نابینن، وێرانی دەکەن بە سەرماندا، بۆ خۆشمان دەبینە یادەوەری ئەو خەیاڵە. نۆستالۆژیا دونیای جوان و بیگەردی مناڵی و پێش گەورەبوون هەموویان بیرەوەری جوانن، قوتابخانەکەی ئێمە ئەوەی تەنیشتمان یارییەکانمان، یارییەکانی ئەوان، سەرکێشی و شەڕەکانمان، خۆشەویستی و فرمێسک و توڕە بوونەکانمان، کە جەنگ و گەورەبوون هەمووی لەبار برد، زۆر دراماتیکی و جوان لە رۆمانەکەدا وێناکراون. کامەران: نووسەر لە ڕێی کامەرانەوە زیاتر و زیاتر بێ ماناییەکانی مرۆڤمان پێ دەناسێنێت، برینەکانی (کامەران) فرمێسک لە چاوانمان دێنێت، ئەو برینانەی تا هەنوکە خوێنیان لەبەر دەڕوات. کامەرانی پاشماوەی ئەنفال، کارەساتەکانی پاش ئەنفال وێرانتری دەکەن و تا دواجار بۆمبێکی ناپاڵم هەپرون هەپرونی دەکات. خاڵێکی دیکە کە ناکرێت قسەی لەسەر نەکەین، تۆ کە دەبیتە سەرباز بەکار دەهێنرێیت بۆ کوشتن تا ئەو ساتەی خۆشت دەکوژرێیت، ئیدی تۆ خۆت نیت تۆ هی خۆت نیت، تۆ دەبێت ڕابردوت لەبیر بکەیت. مێژووی تۆ لەو ساتەوە دەست پێ دەکات کە بەرگی سەربازی دەپۆشیت، تەنانەت خەیاڵیشت هەر لە سنوری ئەو بازنە داخراوەدایە و بۆت نییە بیبەزێنیت، ئیدی تۆ تەنها سەربازیت و بۆ سەرکەوتنی سەرۆکی هێژا تێدەکۆشیت و هیچی تر!. دواجار جەنگ تەسکەرە و شوناس لە پاڵەوانی ڕۆمانەکە دەستێنێتەوە و تەنانەت ناوی خۆی و باوکی و هەموو شتەکانی چواردەوری لەبیر دەباتەوە. هیوادارم ئێوە لە گەشتەکەتاندا بە دونیای (تەقینەوەی خەونەکان)دا هێندەی من فرمێسک نەڕێژن، بەڵام لەمن زیاتر قێزتان لە مرۆڤ بێتەوە.
سوەیلا_مێهەمی خود سانسۆڕکردن تایبەتمەندی و میراتگری مرۆڤ و کۆمەڵگاییەکی دەستپەروەردەیی دەسەڵاتێکە کەساڵانێکە ساڵ بەساڵ لە بازنەی دیکتاتۆرییەتدا هەڵسووڕاوە، کە خۆ سانسۆرکردن لەم کۆمەڵگایە دەبێتە باو. ئێمە لێرەدا لە باسی ئەدەبیاتدا بەربڵاوی بەم باسە گرینگە دەدەین ژن لە کۆمەڵگای پیاوسالاردا هەموو کات پێوەرەکانی بەباڵای پیاو دەپێوێ بەردەوام لەژێر ڕکیفی پیاوانەدا خۆی سانسۆر کردووە بەدڵنیاییەوە ئەم سەرەرۆییە لەناخیدا جێگیر دەبێ و خود سانسۆری دەستپێدەکات سڕینەوەی خۆی و سڕینەوەی کەسانێکی دیکە دەست پێدەکات. ژن لە وێنای چەکێک ئەم سانسۆرە بەکار دەهێنێ بۆ خود بەهێزی پێیشان بدات لەچاوی پیاودا و هەر ئەو بۆ نموونە ئارامییە دەروونییە دەبێتە هۆی بەپەراوێز دانانی و لەفڕین بەرەو خەونەکانی بەجێدەمێنێتەوە لەپەراوێزدا و لەبازنەی پیاودا دەمێنێتەوە و ئەدەبیاتی ئەم ژنانە زایەڵەی ئەم بیرۆکەیەییە. لەکولتوور و نەریتی کۆمەڵگای ئێمەدا خەریکبوون بەجەستە و لەش بەچاوی سووک سەیری دەکەن و باو نییە و هەمووکات رۆح و جەستەیان لەبەرانبەری یەکدا داناوە کە لەجێبەجێکردنی باسی رۆحی ئاسان بووە و بواری لەش کارێکی ئاستەم هاتووتە بەرچاو ئێستا تا ڕادەیەک باس لەعەشق ئاسان بووە لە نێو ئەدەبیاتدا بەڵام پێشتر دەربڕینی عەشقی ژنێک بۆ ڕەگەزی بەرانبەری کارێکی شەیتانی و تاوان بووە بۆیە کۆمەڵگای پیاوسالار کارێک دەکات کچان و ژنان لە پەسیوەکان و ژوورەکانی ماڵدا پاوان دەکات و لەپەروەردەکردن بێبەش دەبن و ژن بەس لە بازنەی جنسییەت و سیکس و خۆ ڕازاندنەوە و میکاپ و خشڵ و ئەوانەدا دەمێنێتەوە، کەوەکوو کەرەستەییەک بۆ ڕابوواردنی پیاودا دەرکەوێت و ژنێک کەبەدوای ئارەزووەکان و خەونەکانییدا بکەوێت وەکوو کەسێکی ناباو و جیاواز دەروانن بەودا لەدەقە کۆنەکاندا ئێمە دەبینیین لە ژن وەکوو کەسێک کە پاکیزەییە و نابێت هیچ هەڵەیەک بکات و نابێت گوێ بە ئارەزووەکانی بدات چۆن فریوی شەیتان دەخوات دراوە. سمبولی سێبووری و پاکی و لێبووردەیی پیشان دراون و ژنبوونیان لەپاکی و بێدەنگ بوونیاندا پێناسە دەکرێ و ژنبوونیان ئەوەیە کەکۆمەڵگا قبووڵی دەکات و پێناسەی بۆ کردووە. ئەمانە ژنانێکن بێ دەسەڵات کە چارەنووسی خۆیان قبووڵ کردووە. ئێمە لەلاشەمان چاوپۆشیمان کردووە و بەشێوەیەکی سووک فێربوویین باسی نەکەیین، ژن لە کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەردەمدا لە ڕواڵەتدا ئەزمونی عەقڵانییەت و مۆدیڕنیتە دەکات، بەڵام ئەو بەهۆی ئەوانەی باسمان کرد هێشتا بە ئاسانی نەیتوانیوە لەپێستی خود سانسۆری بێتە دەرێ و خۆی پێناسە بکات . لەڕواڵەتدا ژنی مودیڕن شەرم ناکات خۆی بنوێنێ بەڵام ژنی نووسەر لەبازنەی ئەدەبیاتدا هێشتا ئەو بوێرییەی نییە و خۆی لەپشت کومەڵێ وشەی کۆنەپارێز حەشار داوە ئەو نەیتوانیوە لە ژنبوونی لەسەرکوتکردنی غەرایزی لەژیانی هاوبەشییدا بنووسێ و بدوێ هێشتا خەریکە خۆی سانسۆر دەکات. زۆر بەرچاوە ئەم ژنە هێشتا لەژێر سەیتەرەی پیاودا هەنگاو هەڵدێنێ. وا دەبینین ژن لەدەقەکانییدا خۆی نییە و خۆی دەسڕێتەوە. زۆر نەزانانەیە لەوێ کەباسی جەستەی ژن دەکرێ بەس بیر لەچێژ بردنی کێشەی سیکس بکەینەوە. زۆربەی جیابوونەوە و تێکچوونی ژیانی هاوبەشی ژن و پیاو دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن لە لەش و جەستەی بەرانبەرەکەیاندا. بۆ زۆربەی پیاوانی ئێمە دەقی ئیروتیک لەلایەن ژناندا کە دەنووسرێتەوە وایدەبینن کە ئەو ژنە بێ ڕەوشتیە رووناکبیرانەیە تەنانەت لە شانۆکانی شکسپییر لە وشەی " سرشت" بۆ دایکی مرۆڤی بەکار هێناوە و لەوشەی " عەقڵ" بو پێناسەی باوکی مرۆڤ. تاڕادەیەک هەموو قارەمانە ژنەکانی نێو ئەدەبیات بە سرشت وێناکراون ئەم ڕەگەزە پێشتر ناپاک بووە و دوایی دەتواننن بە دوای شتێکی سەرتر بکەون. لەکتێبە ئایینییەکاندا زوڵەیخا ژنێکە ناتوانێت ڕێگری لەخود بکات و ژنێکی مەکربازە!. مێژووی ئێمە مێژووییەکی پیاوانەیە ئێمە هەموو کات لەژێر ڕکیفی پیاوسالاردا بوویین، یاسای پیاوانە و دامودەزگای بەهاداری پیاوانەمان بووە. لەڕواڵەتدا ئێمە بەرەو پێش دەرۆین و خوێندن و ئیش و چالاکی کۆمەڵایەتی و مافی دەنگ و ....تاد، بەڵام هەمووی ئەوانە لە ژێر سەیتەرەی پیاودا رۆڵدەگێڕێ و بەردەوام بەرهەمهێنانەوە دەکات. (ژولیا کریستوا) فەیلەسووف و ڕەخنەگری ئەدەبی دەڵێت: "خواستی ژنان بۆ خۆ تاریفکردن لەهۆگرایەتی خەڵقکردنی هونەر و بە تایبەت خوڵقاندنی ئەدەبیاتدایە". ئەمە بەو واتایە نییە، ئەدەبیات لەبەرەنگاربوونەوەی نەریتەکانی کۆمەڵگا هەندێجار هوشیارانە پەردە لەسەر نهێنییەکان لادەبات و نەوتراوەکان و بێدەنگییەکان لەڕێگای ئەدەبیاتەوە دەوترێ ؟ پرۆسەی ئەدەبیات دەتوانێ هەموو ئەو خاڵە گرینگانە کەسەرپۆشیان بەسەرەو داناوە بوترێتەوە. خاڵێکی گرینگ لەجیهانی ئەدەبیاتدا ئەوەیە ژنی رەخنەگرمان لەئەدەبیاتدا بەدەگمەن دەستدەکەوێت و ئەمە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەو باسانە کەکردمان و ئەگەر چی لەم سەردمدا خەڵاتی ئەدەبی دەکرێ و وتنەوەی کێشەکانی ژنان بەرچاوە، بەڵام ئەمیش هەر لەبازنەی بەرتەسکێکدا ماوەتەوە گۆڕەپانی ئەدەبیات، تریبوونی وتنەوەیە ئەو شوێنەیە کەژن دەتوانێ لەلووتکەکانی فڕین باس‌بکات و دەنگ هەڵبڕێت، بەڵام بەخەستی تووشی ئاستی نزمی کولتووری و ئابووری پەروەردەیی دەبێتەوە، چون سیستم و کۆمەڵگای ئێمە پیاوسالارە و تواناکانی ژنی بەرتەسک و سنووردار کردووە. بەهەرحاڵ ژنی سەردەم هەوڵی ئەوە دەدا جیهانێکی ژنانە بخۆڵقێنێ کەپێناسەی خۆی بکات زمان و هونەری ژنانە هەر وەها کە (ویرجینیا وۆڵف) دەڵێت " ماڵێک بۆ خۆی بەرهەم بێنێ"، بەڵام بەربەست و کێشەکانی ئایین و کو‌لتوور و کۆمەڵگا بەردەوام لەدیوارێکی زۆر بەرز بووە تا ڕێگری لەیاخی بوونی ئەدەبیاتی ژنان بکات. دەقی ژنانە بەرهەم دێت بەڵام بە کار ناهێنرێت. ئەڵبەت ئەدەبیاتی سەردەم لەسەر ڕەوتی حاشالێکرن بونیات نراوە کە بە پۆست‌مۆدێڕن و یا ئەدەبیاتی زمان و ئەدەبیاتی جیاواز و دەتوانیین بیبینین. ڕوانگەییەکی دیکە لەبەرەی چواردا ئەوەیە شتێک بەناوی ئەدەبیاتی ژنانە و پیاوانەمان نییە لەم ڕوانگەیەدا ژن و پیاو وەکوو دوو چاو‌دێر سەیری یەکدی دەکەن. بەهەر حاڵ گەشەی ئەدەبیاتی ژنان لەرۆژهەڵاتی ناویندا و بە تایبەت کوردستان رۆژ بەرۆژ لە گەشەدایە و هاوتەریبی جیهانی مۆدیڕنیتە ڕێ دەکات و ئەدەبیات چەشنێکی زاو زێیە و خۆڵقێنەرە و تەنانەت شەڕخوازترین دیکتاتۆرەکان لەژنێک لەدایک دەبن ، ژنانی نووسەر لەم سەردەمەدا هەوڵی خۆیان داوە ژنێکی هزرمەند و بیرمەند بەتایبەتمەندییەکانی خۆیان پێناسە بکەن لەبەرانبەری دەسەڵاتێکی بەهێزی پیاوانەدا بەردەوام لەخەباتن.
هاوڵاتی – لۆڤە محەمەد شەوی ١٥ی ئەم مانگە، نوسەر و ڕۆژنامەنووس و سیاسەتمەداری کورد (مستەفا ساڵح کەریم) لە تەمەنی (٨٥)ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد. کۆچکردنى ئه‌م نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسه، بۆ هاوڕێ و هاوپیشه‌کانى و ڕۆژنامه و میدیاى کوردى خه‌ساره‌تێکى گه‌وره‌بوو. (کاروان ئەنوەر)، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لەسەر کۆچی ئەو نوسەر و ڕۆژنامەنووسە بۆ هاوڵاتی ووتى:" مامۆستا لە ڕۆژنامەی (ژین)دا، گۆشەی هەبووە و لە گۆڤارى (گەلاوێژ)ەوە بابەتی بڵاوکردوەتەوە و یەکەم ڕۆژنامەنووسی کوردە کە خاوەنی گۆشەی خۆی ببوێت، لە کۆمەڵێک گۆڤار و ڕۆژنامەدا کاری کردووە و دەستێکی باڵای هەبووە لە چیرۆک نوسین و توانیوێتی تەکنیکی نوێ بهێنێتە ناو ڕۆژنامەگەری کوردیەوە، مستەفا ساڵح یەکێک لەو قەڵەمانە بوو کە خوێنەری تایبەت بە خۆی هەبوو لە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی، کەسێک بوو زۆر تایبەت دەینووسی، هه‌ر ئه‌مه‌ش واى کردووه که نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوسه عەرەبەکان زۆر پێی سەرسامبن". کاروان ئەنوەر، وتیشی:"کورد بە شێوەیەکی گشتی زەرەرمەند بوو لە کۆچەکەی، لەبەرئەوەی ئەم پیاوە خاوەنی هۆش و بیر و مێژووی گەلی کورد بوو، کە هەموو ڕوداوەکانی ساڵانی چلەکانی تاوەکو پێش کۆچی بە ڕۆژ و سەعات لەبیر بوو، بۆ بابەتە مێژوویەکان پشتمان پێی دەبەست و وەک ڕۆژمێرێک بوو بۆ کورد و ئێمە". مسته‌فا ساڵح که‌ریم له ساڵی 1933 له‌دایک بووه. - له سه‌ره‌تای لاوییه‌وه واته له قۆناغی خوێندنی دواناوه‌ندییه‌وه چووه‌ته ریزی حزبی شیوعی عیراقه‌وه. - له مانگی 11ی ساڵی 1948 له قۆناغی چواره‌می ئاماده‌یی به‌شی زانست له‌سه‌ر چالاکی سیاسی بۆ ماوه‌ی ساڵێک فه‌سڵکراوه، دوای ته‌واوبوونی فه‌سڵه‌که‌ی به‌پێی بڕیاری ته‌حقیقات – ئه‌من له ئاماده‌یی وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه چووه‌ته – خانه‌ی مامۆستایان- له به‌غدا. - له‌بواری په‌روه‌رده‌دا ماوه‌ی 32 ساڵ مامۆستا‌و به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی بووه له قه‌ڵادزێ و سێوسێنان و دارۆخان و چوارتاو سلێمانی و فه‌لوجه‌و رومادی. - ساڵی 1973 له کۆرسی سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده له زانکۆی موسته‌نسریه به سێیه‌می عیراق ده‌رچووه. - له‌ژیانی مامۆستایه‌تیدا چه‌ندینجار توشی دوورخستنه‌وه بووه چ له‌ناو پارێزگای سلێمانی و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی، دواجاریان ساڵی 1975 بوو بۆ رومادی دوورخرایه‌وه‌و سێ ساڵ له‌وێ مایه‌وه. -له‌بواری ئه‌ده‌بیدا نیو سه‌ده زیاتره ده‌نووسێت و هه‌میشه قه‌ڵه‌می له‌خزمه‌تی گه‌لدا بووه، چه‌ندین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌چاپ گه‌یاندووه، له‌بواری نووسین و چیرۆک نووسین و وه‌ڕگێڕاندا به کوردی و به عه‌ره‌بی رۆڵی دیاری هه‌بووه. له‌بواری رۆژنامه‌نووسیدا: - سه‌ره‌تا وه‌ک خۆبه‌خش دوو ساڵ له‌ڕۆژنامه‌ی (ژین) کاریکردووه. بۆ یه‌که‌مجار له‌و رۆژنامه‌یه‌دا (ستونی رۆژنامه‌نووسی) داهێنا. - دوای رێککه‌وتننامه‌ی ئازاری 1970 بووه به لێپرسراوی راگه‌یاندنی یه‌کێتی مامۆستایانی کوردستان، هه‌روه‌ها دامه‌زرێنه‌رو یه‌که‌م سکرتێری گۆڤاری (ده‌نگی مامۆستا) بووه که به‌پێشنیاری ئه‌و ده‌رچوو. - له 1970-1974 له چوار کۆنفراسی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد دا چوار جار به سکرتێری لقی سلێمانی یه‌کێتی نووسه‌ران هه‌ڵبژێردراوه‌و ساڵی 1978 دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له رومادی به سه‌رۆکی لق هه‌ڵبژێردراوه‌و به‌شداری له‌هه‌موو چالاکییه‌کانی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد دا له سلێمانی و به‌غداو که‌رکوک و هه‌ولێرو له سه‌ری ره‌ش و سه‌ڵاحه‌دین و دهۆک کردووه. - له‌ساڵی 2001 تا 2011 له کۆنگره‌یه‌کی سلێمانی و دوو کۆنگره‌ی هه‌ولێردا به جێگری نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی کوردستان هه‌ڵبژێردراوه، له کۆنگره‌ی سێیه‌م 2011 خۆی نه‌پاڵاوته‌وه. شەوی ١٥ی ئەم مانگە، (مستەفا ساڵح کەریم) لە تەمەنی (٨٥)ساڵیدا بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد ڕۆژى یه‌کشه‌ممه 16-12-2018 به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌کی زۆر له که‌سایه‌تی و رۆشنبیر‌و به‌رپرسانی حزبی و حکومی له گۆڕستانی شێخ مارفی نۆدێ له‌سلێمانی به‌خاکسپێدرا.