رۆمانی "دەریاس و لاشەکان" نوێترین ڕۆمانى نوسه‌رى دیار (به‌ختیار عه‌لى)ه‌ و ئێستا له‌ چاپخانه‌یه‌و به‌م زوانه‌ له‌ ناوه‌ندى (ڕه‌هه‌ند) ى شارى سلیمانى بڵاوده‌بێته‌وه‌، لەگەڵ ئەم رۆمانەشدا کتێبێکی تیۆری نویی نووسەر لە هەمان کاتدا بڵاو دەبێتەوە.

  ژۆزێ لاپوانت لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی هەندێک کەس پێیان وایە پیاوە، هی واش هەن وا دەزانن لە فەڕەنسا یان لە ژاپۆن دەژی: ئەوەی ڕاستی بێ، ئاکی شیمازاکی کە کتێبەکانی بە دە زمانێک وەرگێڕدراون، هێندەی رێژان دووشارم [ی نووسەر] نهێنیپارێزە. ئەم نووسەرە بە ڕەچەڵەک ژاپۆنییە کە نزیکەی بیستوپێنج ساڵە لە مۆنترال دەژی، بەردەوام چاوپێکەوتن ڕەت دەکاتەوە، هەروا بە خۆشی نا، بەڵکوو لەبەر ئەوەی پێی وایە خودی کتێبەکان باسی خۆیان دەکەن. "من پێم خۆش نییە ئەوە شیی بکەمەوە کە چۆناوچۆن چیرۆکەکانم بخوێنرێنەوە. حەز دەکەم خوێنەران خۆیان بڕیار بدەن." ئاکی شیمازاکی، شانزە ساڵ لەمەوبەر، لە دەسپێکی پیشەکەیدا، بە پیر میدیاکانەوە هات. بەڵام وازی لەم لایەنەی پیشەکەی هێنا، کەمێک بێتاقەت بوو لەوەی بەردەوام پرسیاری هاوشێوەی لێ بکرێ. ئەم ژنە کورتەباڵا بەکەفوکوڵ و ڕازدارە دەڵێ پێش هەموو شتێ لەبەر ستایشی بۆ چییەتی خوێندنەوەمان پەسندی کردووە چاوی بە ئێمە بکەوێ - هەڵبەت چوار ساڵ پاش داواکاریی یەکەممان! لێ پاش خەفەت دەربڕین بە هۆی ئەوەی قسەکانی بە گشتی لەلایەن ڕۆژنامەنووسەکانەوە دەشوێنرێ، ڕەتی دەکاتەوە وتوێژەکە تۆمار بکەین. بەر لەوەی ئێمە ناڕەزایی دەرببڕین، دەڵێ: "ئاسایی نییە. نامەوێ دەنگی من هەڵبگرن." کەواتە، دواجار ئەمە "کەسایەتی"یەکە کە پاشنیوەڕۆیەکی خۆشی پاییز لە چایخانەیەکی "گەڕەکی لاتین"، دێتە لامان، بەڵام بە سینگفراوانی و بۆ ماوەی سەعاتێک پەسندی دەکا لە خۆی بدوێ، لە شێوازی خەبات و مەیل و هەوڵدانی بێوچانی بۆ نووسین و هەروەها ئەو شتەی هانی دەدا بە دوور لە خۆدەرخستن بژی. "دەمەوێ ئاسوودە بم، ئاکی شیمازاکی وا دەڵێ. ئەگەر چاوپێکەوتنەکان قەبوڵ بکەم، چیتر کاتم بۆ نووسین نامێنێتەوە. ئەمە جاڕز و تووشی بنبەستم دەکا." ئەم نووسەرە ٦١ ساڵە ماوەی چوار ساڵە خێراییەکەی بردووەتە سەر. ئێستا هەموو ساڵێ ڕۆمانێک چاپ دەکا، ڕۆمانە هەرە تازەکەی "هۆزوومی"یە کە ئەم پاییزە کەوتە بەر دیدی خوێنەرانەوە. بەدەم پێکەنینەوە دەڵێ لە ئێستاوە "دووگیان"ە بۆ ڕۆمانی داهاتوو. "هەموو کەسێک دەبێ چارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی شتێک لە ژیانی بکا. بۆ من نووسینە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێویستیم پێیەتی. ناتوانم دەست هەڵگرم، ئەگینا هاوسەنگیی خۆم لەدەست دەدەم." ئاکی شیمازاکی لە هەرێمی کێبێک بەم هاوسەنگییە دەگا، لەوێ بۆی دەرکەوتووە دەبێ بنووسێ. لەکاتێکدا ٢٦ ساڵ لە ژاپۆن و ١١ ساڵ لە بەشی ئینگلیزی زمانی کەنەدا ژیابوو، لە کێبێک ئازادی خۆی و ورەی دەستپێکردنی دۆزییەوە. لە تسووباکییەوە (١٩٩٩) بۆ هۆزووکی، ئێستە خاوەنی دوانزە ڕۆمانە (دە ڕۆمانی یەکەم دوو پێنجێنە پێک دێنن) کە هەموویانی ڕاستەوخۆ بە زمانی فەڕەنسی نووسیوە. ئایا بە ژاپۆنی جیاواز دەنووسی؟ "بەدڵنیاییەوە. لە ژاپۆنیدا ڕستەکانم دوور و درێژترن. لە زمانی فەڕەنسیدا، زۆر کورتن." ستایلی شیمازاکی ئاوایە: نووسینێکی لەڕادەبەدەر سادە، ڕستەی کورت و ڕاستەوخۆ، بێ قۆرت و پێچ و دەربڕینی شاعیرانە. هەر کام لە کتێبە کورتەکانی هێڵێکی جیاوازی نێو چوارچێوەی پڕ لە کۆدی کۆمەڵگەی ژاپۆنی دەگرێتە بەر، بەگشتی لە دەوری نهێنییەکی ڕابردوو دەسووڕێنەوە، زۆربەی کاتەکان سەبارەت بە بنەماڵەیە، بەتایبەتیش لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ژن و مێردایەتی.      "لە بارەی ژیان و خۆشەویستییەوە دەنووسم"، نووسەر وا دەڵێ کە خۆی بە کۆمیدیکارێک بەراورد دەکا و هەموو جارێ دەچێتە نێو پێستی کەسایەتییەکەیەوە بۆ ئەوەی بتوانێ مۆنۆلۆگە دوور و درێژەکانی بخوڵقێنێ. "ئەوە من نیم قسە دەکا، بەڵکوو من خۆم دەخەمە شوێنی ئەوان. ئەگەر من ئەوان بوایەم چیم دەکرد؟" بەم جۆرە لەسەر پانتایی ئارامیی ڕۆمانەکانی ئاکی شیمازاکی ئاوهەڵدێری هەستەکان و مەیل و تاسە زەق دەبێتەوە. ئەو پێی وایە ڕۆڵی وی نووسینەوەی هەستەکان نییە، بەڵکوو لێ دەگەڕێ خۆیان دەربخەن. "نامەوێ کورت و پوختیان بکەمەوە، بەس ئەو شتە دێنمە خەیاڵ کە کەسایەتییەکان هەستی پێ دەکەن."   واتای نووسین ئاکی شیمازاکی، بەر لە هەڵبژاردنی کەسایەتییەک، ناونیشانێک هەڵدەبژێرێ - تەنیا وشەیەک، ئەویش بە ژاپۆنی، کە بە گشتی ناوی شتێک، گیایەک یان گوڵێکە. "سەرنج دەدەم بزانم لە گوێمدا چۆن دەزرینگێتەوە. بۆ نموونە هۆزووکی [بزگیلە] و میتسووکۆی قارەمانی نێو ڕۆمانەکە. ئەوسا بیر لەوە دەکەمەوە لە تەک هەردووکیان چیم بۆ دەکرێ." لە ڕۆمانی هۆزووکیدا، ئیلهامی لە چیرۆکێک وەرگرتووە کە چل ساڵ لەمەوپێش بیستوویەتی، چیرۆکی دۆزینەوەی کۆرپەیەک بە مردوویی. "نەمدەزانی چۆناوچۆن ئاڕاستەی بکەم، بە پێی پێویست بەهێز نەبووم. جاری وایە، هەندێک تۆو هەن بۆ ماوەیەکی زۆر بە چێندراوی دەمێننەوە، زەمەن تێدەپەڕێ و دواجار ڕۆژێک کۆیان دەکەیتەوە." هۆزوومی چیرۆکی میتسووکۆ دەگێڕێتەوە، ژنە خاوەنی کتێبفرۆشییەکی دەستی دووی تایبەت بە کتێبی فەلسەفی، دایکێکی تەنیا لەگەڵ کوڕیژگەیەکی دووڕەگە و کەڕ. بەڵام ژنە گەنجەکە نهێنییەکی بەنرخی هەیە کە بۆی هەیە لە لایەن کڕیارێکی نوێوە لەقاو بدرێ. ئەم ڕۆمانە خەفەتهێنە کە لە کۆتاییدا ڕەنگە فرمێسک بە چاوی زۆربەی هەرە زۆری خوێنەرانیدا بێنێ، بۆ نووسەرەکەی دەرفەتێک بووە بۆ بیرکردنەوە لە هێزی پەیوەندیی دایکانە، جا بایۆلۆژی بێ یان بە پێچەوانەوە. بەڵام بابەتی کتێبەکە، وەک هەمیشە، لە کۆتایی بەسەرهاتەکەدا خۆ دەنوێنێ. "واتای نووسین چییە؟ من خۆم لە کاتی نووسیندا بۆم دەردەکەوێ، چونکە نازانم کۆتایی چۆنە. پێم وایە ئەگەر هەر لە سەرەتاوە بابەتەکە دیاری بکەم، ناوەڕۆکەکەی هێندە قووڵ نابێ، تەنانەت هەندێک جاڕزکەر دەبێ." بەم جۆرە، لە ڕۆمانی هۆزووکیدا، بابەتی خۆشەویستی دایکانە هێدی هێدی خۆی نیشان دەدا. لەبەر ئەم هۆکارەیە دەبێ ئەو دواتر، پێش ئەوەی دەستنووسەکانی بدا بە وەشانخانەکەی، دەقەکانی چەندین جاری تر بنووسێتەوە - سێ تا پێنج جار! "کاتێک تێدەگەم کە دەمەوێ چ بڵێم، لە سەرەتاوە دەست پێ دەکەمەوە تا کۆتایی. بە ڕاستی جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان نوسخەی یەکەم و کۆتاییدا! خۆم دەروونشیکاریی خۆم دەکەم." ئاکی شیمازاکی بە ئەسپایی بەرەو ئەو شتە دەڕواتەوە کە لە دونیادا بۆ وی ئازیزترینە، نامۆبوون و ئارامی. ماڵئاواییمان لێ دەکا، ئێمە هیوا دەخوازین هێشتا زۆر چیرۆکی تر بنووسێ کە لە ناخەوە بمانهەژێنێ. "گەلێک نووسەر هەن خەون بەوەوە دەبینن بەناوبانگ بن. من، بەپێچەوانەوە. لە سۆنگەی منەوە، نووسەرێک، کەسێکە کە دەنووسێ."  

سەنگەر زراری ئێستاش لای ھەندێ نووسەر و ئەدیب و شیعرنووس، باو باوی نەتەوەپەرستی و قەومچێتییە، ئەوان بێ ئەوەی ھەستی پێبکەن نەتەوەچێتی ناکەن، بەڵکو تەنھا دژایەتی عەرەب دەکەن، بۆ نموونە وشەی عەرەبی بەکارناھێنن، بەڵام وشەکانیشیان نەکردۆتە وشەی کوردی پاراو، بەڵکو کردویانەتە ئینگلیزی یان زمانێکی دیکەی ئەوروپی کە خۆشیان تێی ناگەن (چونکە خۆیان نەیانھێناوە، بەڵکو لە خەڵکی دیکەیان وەرگرتووە و بە ھەڵە بەکاری دێنن)، زۆرێکیش لەوانە نانیان لە قاپی عەرەبان خواردووە و لە ڕێگەی عەرەبەوە فێری ئەو بڕە سەقافەتە بوونە، کەچی بە ناوی کوردایەتییەوە دژایەتی عەرەب دەکەن، ئەم بابەتە بەرگریی نییە لە عەرەب، بەڵكو گوتنی واقیعێكە كە ئەوەندەی پەیوەندیی بە خۆمانەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندیی نە بە عەرەب و نە بە هیچ نەتەوەیەكی دیكەوە نییە. بێکەس گوتبووی: "ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە". باشی گوتبوو. کاتێ بەختیار عەلی لە بەرامبەر ئەوەدا گوتی: "ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم، بەڵام نامەوێ شێوەتم بیرکەوێتەوە". ھەندێک دەیانگوت چۆن ئەدیبێکی وا بەناوبانگ کە کتێبەکانی ھەر کورد دەیخوێننەوە و یەکێکە لەو ئەدیبانەی زۆرترین کتێبی لەناو کوردان دەفرۆشرێن، دەبێ دژی وەتەنی خۆی قسە بکات و نەیەوێ شێوەی وەتەنی بیرکەوێتەوە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە وەتەنی سەردەمی بێکەس، وەتەنێکی داگیرکراو بوو، لەکاتێکدا وەتەنی سەردەمی بەختیار بە جۆرێک بوو کە خەڵک شەرمی دەکرد بڵێ: خەڵکی ئەم وڵاتەم، وەتەنێک بوو بەشەر بەشەری دەخوارد و کەس نەیدەوێرا سەر لە ماڵ دەربێنێ. شاعیری عێراقی ئەحمەد مەتەڕ زۆر ڕەخنە لە نەتەوەکەی خۆی دەگرێ و تەنانەت گاڵتەشیان پێ دەکات: "کوڕیژگەکە بە گوێدرێژەکەی گوت: ھەی گەمژە گوێدرێژەکە بە کوڕیژگەکەی گوت: ھەی عەرەب". واتا گەمژەیی چەندە عەیبە، عەرەبێتی عەیبتر، چونکە کاتێ یەکێک جوێنێک دەدا، ھەمیشە ئەگەر بەرامبەرەکەی بە جوێن وەڵامی بداتەوە، جوێنێکی خراپتری پێ دەدات، ئەحمەد مەتەڕیش (ھەی عەرەبی) لە کاردانەوەی (ھەی گەمژە) نووسیوە. مەتەڕ لە کورتە شیعرێکی دیکەدا دەنووسێ: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ئاگادارکەرەوەی کاتژمێرەکە بە ئاگای ھێنامەوە و پێی گوتم: ئەی ڕۆڵەی عەرب ئێستا کاتی نووستنە". مەتەڕ پێی وایە کە عەرەب ئەوەندە دواکەوتوون، خەو لە خەو گرێ دەدەنەوە، کەچی ڕۆشنبیرانی عەرەب نەک بە خۆفرۆشی دانانێن، بەڵکو بەردەوام دەیخوێننەوە و بە یەکێک لە شاعیرە پێشەنگەکانی خۆیانی دادەنێن. داھێنانی نووسەرانی گەورە بە نەتەوەچێتی نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، بەوەیە شیعرێك، چیرۆكێك، ڕۆمانێك، یان هەر هونەرێكی دیكە بەرهەم بێنی، كە سنووری نەتەوەكان ببڕێ، وەكو چۆن نووسەرە گەورەكانی دنیا وایان كردووە و بۆیەشە كامە نووسەر جیهانییتر دەنووسێ، ئەو براوەترە.

سازدانى: شاخه‌وان سدیق بەشی دووەم یه‌کێک له‌ ده‌نگه‌ جدییه‌کانى ئێستاى ناو دونیاى ئه‌ده‌بى و فکرى ئێمه‌، که‌ هه‌موومان به‌ کتێب و نوسین و شیکردنەوە و سه‌رنجه‌کانى ئاشناین، دکتۆر(مه‌ریوان وریا قانح)ە، ئه‌و ئه‌گه‌رچى له‌ ئێستادا کەمتر سه‌رقاڵى ئه‌ده‌بیاته‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌و بواره‌دا دانه‌بڕاوه وجێده‌ستى دیاره‌، وه‌ک بڵاوکراوه‌ى (په‌ڕاو) به‌ باشمان زانى ده‌رباره‌ى شیعر و گرنگى ئه‌م ژانره‌ بۆ ژیان، ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا سازبده‌ین. *زۆر که‌من ئه‌وانه‌ى که‌ده‌زانن تۆ ڕۆژێک یان ئێستا شیعرت نووسیوە و شیعر ده‌نوسیت،‌پاش ساڵانێکى زۆریش له‌نوسینى شیعر، دواجار ساڵى (2005) بڕیارتدا ”کتێبى دڵشکان“، که‌ئه‌زموونى تۆیه‌له‌بوارى شیعر نووسیندا، بڵاوبکه‌یته‌وه‌. خۆشت له‌پێشه‌کى کتێبه‌کەدا‌ده‌ڵێیت: نوسینم زۆره‌، به‌ڵام ترسم له‌بڵاوکردنه‌وه‌هه‌یه‌. تا چه‌ند پێتان وایه‌شیعر حاڵه‌تێکى زاتیه ‌و که‌متر شاعیرى ڕاسته‌قینه‌دان به‌خۆیدا ده‌نێت ئه‌و هه‌سته‌تایبه‌تانه‌ى بڵاو بکاته‌وه‌؟   مەریوان وریا قانع: لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا باسم لەوە کرد کە من شیعر وەک ئامرازیی ڕاڤەکردنی مرۆڤ بۆ خودی خۆی و بۆ ئەو پەیوەندییەی بە دونیا و بە زمانەوە دروستیدەکات، دەبینم. شیعر وەک شیکردنەوەیەکی وردیی ژیان، ژیانی تاکە کەسێک کە لەناو زماندا فۆرم و مانا و ناوەرۆکێکی دیکە وەردەگرێت. من زۆر پێ لەسەر مەسەلەی زاتیبوونی شیعر دادەگرم، شیعر و ئەزموون و شیعر و مامەڵەکردنی جیھان بەیەکەوە گرێئەدەم. ھەمووشیان لە دیدی تاکە کەسێکەوە کە لە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و سەختدایە لەگەڵ ھەر یەکێک لەو شتانەدا. با کەمەکێک وردتر ئەم خاڵە ڕوونبکەمەوە و بۆ ئەمەش بۆ ھەندێک بۆچوونی ھایدگەر دەربارەی شیعر دەگەڕێمەوە، بەڵام بەبێئەوەی سەرجەمی دیدە ھایدگەرییەکە قبووڵبکەم. لە دیدی ھایدگەردا شیعر بریتییە لە زمان لە دۆخی پاکیەتییەکی ڕەھادا، زمانە بە پاکژیی و پاکیزەیی، pure language. لە شیعردا ”وجودی زمان“ بەرجەستەدەبێت، جودێک کە لە بنەڕەتدا جەوھەرێکی نەناسراو و نادیارە. لای ھایدگەر شاعیر کە دەنووسێت ”گوێ بۆ زمان دەگرێت“، وا دەکات ”زمان قسەبکات“ و لەڕێگای ئەم قسەکردنەوە ”زمان جەوھەری خۆی دەربخات“. بەڵام ھایدگەر تەنھا بەوەوە ناوەستێت کە شیعر وەک زمانێکی پاکیزە، زمانێکی پاکژ، ببینێت، بەڵکو ھەنگاوێکی ڕادیکاڵانەی تر دەنێت و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە شیعر تەعبیر نییە لە جیھانیبینی شاعیرەکە یان لە ئەزموونەکانی، بەڵکو تەنھا تەعبیرە لە خودی زمان خۆی. ئەوەی لە شیعردا دەدوێت زاتیەتی شاعیرەکە نییە، بەڵکو زمانە کە لەناو شیعردا قسەدەکات، ”تاریکییەکی جەوھەریی“ قسەدەکات کە تاریکیەکانی ناو زمانە. واتە ھایدگەر زاتیەتی شاعیرەکە دەکاتە دەرەوەی زمان و دەرەوەی کردەی شیعرییەوە. ئەمەش خاڵێکە من نەک تەنھا باوەڕم پێینییە، بەڵکو ڕێک پێچەوانەکەی بە ڕاست دەزانم. ئەوەی بەلای منەوە لەم دیدە ھایدگەریەدا گرنگە و پێموایە دەکرێت شتێکی جەوھەریمان لەسەر شیعر پێ بڵێ ئەو ڕوانینەیە کە شیعر وەک ”زمان لە دۆخی پاکێتیەکی ڕەھا“دا، لە دۆخی ”پاکژیی و پاکیزەیی“دا وێنادەکات. واتە زمان لە دۆخی بەر لە بەکارھێنانیدا بۆ گەیاندنی دیدێک یان مەبەستێکی پێشتر ئامادەکراو لە دەرەوەی کردەی شیعری خۆیدا. ئەگەر شیعر زمانێکی پاکژبێت، زمان بێت وەک کەرەستەیەکی خاوی دەست بۆنەبراو، ئەودەم ئینسان دەتوانێت بەم کەرەستەخاو و پاکژە، چەندەھا شت دروستبکات کە پێشتر بوونیان نەبووبێت  و جیاوازبن لەوەی کە ھەیە و لەئارادایە، دەتوانێت شتێک بە زمان بگوترێت کە پێشتر نەگوترا بێت، ئەزموونێک بەرجەستەبکات کە بەرجەستەبوونی لە مەحاڵەوە نزیکبێت، ماڵێکی لێدروستبکرێت کە تەنھا لەناو شیعردا بکرێت دروستبکرێت، ”بوون“ یان ”خود“ ێک بە جۆرێک دابڕێژێتەوە تەواو جیاواز لەوەی کە بەر لە کردە شیعریەکە لەئارادابووە، یاخود ھاوسەنگییەک دروستبکات کە پێشتر بوونی نەبووبێت، یان دید و ڕوانینێک بەرجەستە بکات کە بەر لە لەدایکبوونی ئەو شیعرانە بوونیان نەبووبێت. بەبۆچوونی من ئەم کردەی دروستکردنانە وادەکەن شیعر زۆر دیاردەیەکی زاتیی و شەخسیی بێت، ئەو کەرستەخاوە و پاکژییە دەستبۆنەبراوە لەڕێگای کەس و ئەزموونێکەوە دەستی بۆدەبرێت و دەکرێت بە شتێک بە جۆرێکی تایبەت لەناو زمان و لەناو جیھاندا ئامادەیە. ھەر کەسە دەتوانێت شتێک بەو ”زمانە پاکژ“ە دروستبکات، یەکێک تەنھا مانای پێ دروستدەکات، یەکێک بوونی خۆی پێ دەگۆڕێت، یەکێک ماڵێکی میتافۆریی پێدروستدەکات، ھتد.. لە دۆخی مندا شیعر ئامرازی دروستکردنی ئەو ماڵە میتافۆریەیە کە لە دۆخی بێماڵییەکی ڕەھاوە لەناو دونیادا دروستدەبێت. ھاوکات کارکردنە لەگەڵ ئەزموونێکی تایبەتی مرۆڤبووندا کە تەواو شەخسیی و تاکەکەسییە. لەم ڕوانینەدا شیعر ھەوڵدانی تاکە کەسێکە بۆ دروستکردنی زمانێکی تر کە بتوانێت ڕوانینێکی تر بۆ مرۆڤ و بۆ دونیا دروستبکات و پەیوەندییەکی نوێش لەنێوان خود خۆیدا وەک تاکەکەسێک و ئەو دونیایەدا پێشنیاربکات کە تیایدا ئامادەیە، لە ھەموو ئەو دۆخانەدا شیعر دەتوانێت شتێک لەسەر خۆی و لەسەر زمان و لەسەر جھیان بڵێت کە بەر لە نووسینی، نەزانراوبێت. بە کورتییەکەی شیعر جۆرێکی تایبەتی ژیانە لەناو زماندا، یان وەک من دەڵێم دروستکردنی ماڵێکە لەناو زماندا، کە ھەم زمان مانا تەقلیدییەکانی لە دەستئەدات و ھەم ماڵ و ھەم ژیانیش، ھەر یەکێکیش لەمانە یەکێکە لە شەخسیترین ئەو شتانەی تاکەکەسێک بتوانێت ھەیبێت. بەبۆچوونی من شاعیری ڕاستەقینە لەناو شیعردا دەبێت بە خۆی، دەبێت بەو ”من“ەی کە دەشێت لە شوێنی تردا و لەناو پەیوەندیی تردا بزری بکات. بۆ نموونە لە ناو کولتور و دین و سونەت و ڕای گشتیی و شتی تری لەو بابەتەدا. بەم مانایە شیعر دروستکردنی ماڵێکە بە ڕستە و ریتم و وێنە و بۆشایی کە تیایدا مرۆڤ کەسایەتی خۆی سەرلەنوێ دوستدەکاتەوە.  لەم ڕوانینەدا شیعر ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، بەڵام دەتوانێت بەرچاوڕوونییەک بە مرۆڤ ببەخشێت لە پەیوەندیدا بە خودیی خۆی و بە زمان و بە دونیاوە، وەکچۆن ئامرازێکی زۆر گرنگ و سەرەکیی دروستکردنی ئەم خودە خۆشیەتی. ئەگەر بکرێت دەستەواژەیەک لە میشێل فوکۆ وە وەربگرم، دەکرێت بڵێم شیعر جۆرێکی تایبەت و گرنگی ”تەکنۆلۆژیای خود“ە، تەکنیکی دروستکردن و داھێنانی خودە لەناو پرۆسەیەکی ئازاد و داھێنەرانەدا. لەشیعردا مرۆڤ دەیەوێت خۆی وەک تاکەسێکی تایبەت و دەگمەن دروستبکات و دابھێنێت، تاکەکەسێک خوەنی زمان و ڕوانین و ئەخلاقی تایبەت. دونیایەکیش دوستدەکات کە دونیای تایبەتی ئەوە نەک ھی بوونەوەرێکی تر.  پێموایە بەشێکی گرنگیی مێژووی شیعر لەم ئاستە تایبەتەدا کاریکردوە، ئەرکی ژمارە یەکەی ئەوەبووە بوونەوەرێکی ئەخلاقیی   و بەرپرسار دروستبکات یەکەمجار لەبەردەم خود خۆیدا، دواتر لە بەردەم دونیا و ئەوانیتردا. بێگومان ئەمە تەنھا دەرکەوێکی شیعر نییە لەناو مێژووی ئەدەبیاتدا. بۆ نموونە شیعر لە ئەدەبیاتی ئێمەدا، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەم و لەگەڵ ئەزموونی حاجی قادری کۆیی دا، تا سەر شێرکۆبێکەس، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی بریتیبووە لە ”دروستکردنی نەتەوە لە تێکست“دا. ئەم دروستکردنەش لە زیاد لە ڕێگایەکەوە، لە ڕێگای بەکارھێنانێکی تایبەتی زمانەوە، لەڕێگای دروستکردنی یاداوەرییەکی دەستەجەمعیی تایبەتەوە، لە ڕێگای تۆمارکردنی بڕێکی گەورە لە پەژارە و کۆستە گشتییەکانەوە، لەڕێگای کارکردن لەسەر ئەو فۆرمە لە حەماسەت و ئەو شێوازە لە سایکۆلۆژیا پۆزەتیڤەوە کە ئەم پرۆژەی دروستکردنی نەتەوەیە پێویستیی پێیەتی. بە مانایەکی دیکە شیعر لێرەدا خەریکی دروستکردنی ماڵێکی دەستەجەمعییە. بەم مانایە بەشێکی گەورەی شیعری کوردیی لە حاجی قادری کۆیەوە ”تەکنۆلۆژیای دروستکردنی خودێکی دەستەجەمعییە“ لەناو مێژوویەکی خوێناویدا کە شوێنێک بەو خودە دەستەجەمعیەی نابەخشێت، شاعیرەکانیش لە پەیوەندیاندا بەو پرۆژە دەستەجەمعییەوە کەسایەتی خۆیان دادەھێنن و دروستدەکەن. من باوەڕم بە دروستکردنی ھیچ ماڵێکی دەستەجەمعیی لەناو شیعردا نەماوە، نە ماڵی نەتەوە، نە ماڵی حیزب، نە ماڵی ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای دەستەجەمعیی، نە ماڵی دین، نە ماڵی ھیچ دونیابینییەکی عیرفانیی، نە ماڵی ھیچ چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیی. ئەوەی لە شیعردا دروستدەکرێت ئەو ماڵ و زمان و ئاکارە تاکەکەسیانەیە کە مرۆڤێک دەکەنە بوونەوەرێکی تایبەت و کە شیعریش دەکەنە ڕووبەرێکی تایبەتی نووسین. بەلای منەوە ئەو بوونەوەرەی کە خۆی لەناو شیعردا دروستدەکات، بوونەوەرێکی بەرپرسیار و ئەخلاقییە، کەسێکە لەسەرێکەوە دەچێتە دەرەوەی عادەتەکانی زمان و گرامەریی ژیانی ڕۆژانە و فشاری گوتارەکانەوە، بەڵام لەلاوە وەک بوونەوەرێک دێتەدەرەوە کە ھەم مشور لە خۆی و ھەم مشور لە دونیا دەخوات. ھەم بوونەوەرێکی ئەخلاقییە بەرامبەر بە خۆی، ھەم بەرامبەر بە جیھان. لەناو شیعردا مرۆڤ ھەم دەبێت بە ھاوڕێی خۆی، لەڕێگای کردەی خۆدروستکردنێکی بەردەوامەوە، ھەم ئەبێت بە ھاوڕێی زمان لەڕێگای بەکارھێنانێکی زۆر تایبەتییەوە، ھەم بە خەمخۆری ئەو دونیایەی کە وەک تاکەکەسێک تیایدا دەژیی. لێرەدا کە باس لە ئەخلاق دەکەم مەبەستم ئەخلاق بە مانا تەقلیدییەکەی نییە، بە مانای پیاوماقوڵبوون و موحتەرەمبوون و ئەو شتانە نا، بەڵکو بەمانای بونیادنانی پەیوەندییەکی دوو جەمسەرەی ئازاد ھەم لەگەڵ لەگەڵ خود خۆیدا لە ساتەوەختی دروستکردن و چاودێریکردنیدا، ھەم لەگەڵ دونیای دەرەوە و مرۆڤەکانی تردا. ئەخلاق لێرەدا بەرزکردنەوەی ئازادییە بۆ ئاستی ھێزێک کە بەھا و یاسا و نۆرم دروستبکات، بەڵام بەھا و یاسا و نۆرمێک کە خود خۆی خاوەن و دروستکەریانە. ھەموو ئەمانەش مانای دروستکردن و داھێنانی خود وەک بوونەوەرێکی بەرپرسیار، وەک کەسێک کە پەیوەندیی خۆی بە خۆیەوە و پەیوەندیی خۆی بە جیھانەوە وەک پەیوەندییەکی ھونەریی ببینێت و مامەڵە بکات.  ئەم دۆخە وادەکات شیعر تایبەتیترین و خودیترین شێوازی نووسین بێت، ئینسان شیعر نانوسێت بۆئەوەی لە دونیا بگات، بەڵکو بۆئەوەی دەنووسێت لە خۆی بگات، دونیا لەڕێگای شیعرەوە دروستناکرێت، بەڵام خود لەم ڕێگایەوە دروستدەکرێت..

لە عەرەبیەوە: شوان ئەحمەد بەرایی: مارتن هایدیگەر و هێربەرت ماركۆزە، دوو ناوی دیاری ناو كاروانی فەلسەفەی خۆرئاوان لەسەدەی بیستەمدا. هایدیگەر وەك فەیلەسوفێكی ئۆنتۆلۆژی و خاوەنی (بوون و كات) كە بەشاكارێكی فەلسەفی گرنگ و ناوازە ئەژمار دەكرێت، هێربەرت ماركۆزەش وەك یەكێك لەبیرمەندە دیار و چالاكەكانی قوتابخانەی فرانكفۆرت. لە 1928-1932 ماركۆزە خوێندكاری هایدیگەر بووەو لەزانكۆ لەسەردەستی ئەو خوێندویەتی. كەنازیەكان دێنە سەر كورسی حوكمڕانی لەئەڵمانیا، بیرمەندانی قوتابخانەی فرانكفۆرت وڵات جێدێڵن (ئەدۆرنۆ، هۆركهایمەر، واڵتەربنیامن و هێربەرت ماركۆزە و.... هتد). لەو چوارە سیانیان دەگەنە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لێ‌ بنیامین لەسەر سنورەكانی فەرەنسا و ئیسپانیا خۆی دەكوژێت. دوای كۆتایهاتنی دووەم جەنگی جیهانی و ژێرەو ژوربونی حوكمڕانی نازیەكان، ماركۆزە و ئەندامانی قوتابخانەی فرانكفۆرت دەگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا، ئەوكات هایدیگەر لەتوتناوبرگ دەبێت و ماركۆزە سەردانی دەكات. هایدیگەر لەو قۆناغەدا بەتۆمەتی نازیی بوون كەنارگیر كرابوو. لەسەر ئەو پرسە ماركۆزە دوو نامەی ئاڕاستە دەكات، یەكەم نامەیان لەبەرواری 28-ئابی- 1947دا نوسراووەو ئێمەش لێرەدا دەقی ئەو نامەیە دەخەینە ڕوو كەقوتابیەك ئاڕاستەی مامۆستاكەیی دەكات و هەندێ‌ پرسیار و دەردەدڵ و گلەیی لەخۆ دەگرێت.           دەقی نامەكە وات بۆ باسكردم كەلەساڵی 1934 پەیوەندیت بەڕژێمی نازیزمەوە نەماوەو لەدەرسگوتارەكانیشتدا، هەڵوێستێكی ڕەخنەگرانەت هەبووەو بەوەش كەوتونەتە ژێر چاودێری گستاپۆوە. من لێرەدا نامەوێت گومان لەقسەکانتان بکەم، وەلێ ئێوە لەنێوان ساڵانی 1933 بۆ 1934، زۆر بەخەستی تەماهیتان لەگەڵ نازیزمدا كردبوو. بەجۆرێك زۆرێكی زۆر پێیان وابووە، ئێوە گەورەترین ڕۆشنبیرێك بوون كەلایەنگری ڕژێم بوون. هەندێ‌ لەوتارو نوسین و بەرهەمەكانتان كەهی ئەو قۆناغەن، ئەوە دەسەلمێنن و ئێوەش هەرگیز نکوڵیتان  لەوە نەكردووە، تەنانەت دوای كۆتایهاتنی جەنگیش. لەبەرامبەر ڕای گشتیشدا ئەوەتان ڕوننەكردەوە كەچۆن چۆنی، گەیشتنە ئەو بڕیارانەی پێچەوانەیە لەگەڵ ئەوەی لەنوسینەكانی ساڵانی  1934و1935  دا باستان لێكردووە. دوای ساڵی 1934 هەر لەئەڵمانیادا مانەوە، هەرچەندە دەتان توانی لەهەر جێیەك بێت لەدەرەوە، شوێنێكی گونجاو بدۆزنەوە. پاشان بۆ تەنها یەك جاریش چییە، بەئاشكرا هیچ یەك لەكارو كردووەو ئایدیۆلۆژیاكانی ڕژێمی نازیتان سەركۆنە نەكرد. هەر بۆیەو لەبەر ئەو هۆكارانە، ناوی ئێوە هەتا ئەمڕۆش هەر وابەستەیە بەنازیزمەوە. زۆرێكی زۆر لەئێمەو مانان چاوەڕوانی ئەوە بووین، قسەیەكتان هەبێت و بەزمانێكی ڕوون و ڕەوان و یەك بینە، باس لەبێبەری بوونی خۆتان لەڕژێمی نازیزم بكەن. بۆ خاتری ئەوەی هەڵوێستی ئێوە لەئاست ئەوەی كەڕوویدا، ڕوونبكاتەوە. وەلێ‌ ئەوەتان نەكردو گەر كردبێتیشتان، ئەوا لەسنوری ژیانی تایبەتی نەچۆتەدەر. من و زۆرێكی وەك من كەوەك فەیلەسوفێك پێتان سەرسام بووین و لەئێوەوە فێری شتگەلێكی بێشومار بووین، ناتوانین جیاوازی لەنێوان هایدیگەری فەیلەسوف و هایدیگەری مرۆڤدا بكەین. ئاخر ئەوە لەگەڵ فەلسەفەكەی ئێوەدا ناکۆک دێتەوە. دەکرێت فەیلەسوف لەپرس و باسی سیاسیدا هەڵە بكات، وەلێ‌ لەوەها حاڵەتێكدا پێویستە لەسەری، ڕێك و ڕاست و بەئاشكرا دان بەهەڵەكەی خۆیدا بنێ. ‌ئاخر ناكرێت فەیلەسوف دەرهەق بەڕژێمێك بەهەڵەدابچێ‌ كەشەش ملیۆن جولەكەی قەتڵ و عام كردبێت، هەر تەنها لەبەرئەوەی جولەكەبوون. ڕژێمێك كەترس و تۆقاندنی كردبوو بەدۆخێكی ئاسایی ڕۆژانەو هەموو شتێكیش كەسەروكاری لەگەڵ ویژدان و ئازادی و هەقیقەتدا بوو، هەڵیگێڕابووەو خوێناوی كردبوو. نازیزم بەهەموو ڕوویەكدا، شێواندنێكی قێزەونانەی ئەو كەلەپوورەی خۆرئاوابوو كەئێوە خۆتان باستان لێدەكردو زۆر سەرسەختانە بەرگریتان لێدەكرد. تەنانەت لەحاڵەتێكدا گەر نازیزم شێوێنەری ئەو كەلەپوورەی خۆرئاواش نەبێت، بەڵكو خاڵی بەركەماڵ بوونی بوو بێت، لەو حاڵەتەشدا هەر نەدەبوو بكەونە ئەو هەڵەیەوەو دەبوو سەركۆنەتان بكردایەو سەركۆنەی ئەو كەلەپوورەشتان بكردایە. هەستی میللی و تەنانەت ڕۆشنبیرانیش كەبیرمەندێكی نازیزمی پێ‌ قبوڵ ناكرێت، هەر ئەو هەست و نەستە میللیەش ڕەتی ئەوە دەكاتەوە كەبەفەیلەسوفتان دابنێت، لەبەرئەوەی فەلسەفە و نازیزم پێكەوە كۆنابنەوە. لەم خاڵەشدا هۆشیاری میللی، پاساو و بەهانەی خۆی هەیە. ئێمە دەتوانین بەرخوردی ئەو تەماهیكردنە بكەین كەلەنێوان كارەكتەری تۆو بەرهەمەكانت لەگەڵ نازیزمدا دەكرێت و (بەوەش ئەو تەوقە بشكێنین كەدەوری فەلسەفەی ئێوەی داوە)، ئەویش تەنها بەوەدەكرێت بەئاشكرا دان بەوەدابنێن كەڕای خۆتان گۆڕیوە.    

فازیل ئەلعەزاوی وەرگێڕانی: شێرزاد هەینی هەگبەم پڕدەکەم لە لم بەو لمە، لە تاراوگە وڵاتێک دروست دەکەم". لە چامەی "بیابان" ساڵی ١٩٧٢ سەرەتا مەنفا، زوو وەک سزایەکی خودایی لەگەڵ ئەفسانەی بوونەوەردا دەستپێدەکات. کە ئبلیس سوجدە بۆ ئادەم نابات. خودا لە بەهەشتی خۆی فڕێی دەداتە دۆزەخ و گەڕانەوەی لێ حەرام دەکات. ئیتر ئەو چیرۆک لەگەڵ ئادەم و حەواش دووبارە دەبێتەوە. خودا ئەوان "لە زێدی خۆی نیشتەجێیان دەکات"، لەوێ یەک شتیان لێ حەرام و قەدەغە دەکات. ئەوان لەوێ بەرهەم و میوەی قەدەغەکراو "داری زانیاری" نەخۆن. کە زۆرجار وەک داری سێو مەزندەی دەکەین. بەڵام پەرۆشیان بۆ زانیاری وادەکات سەرپێچی فەرمانەکەی خودا بکەن، سێوە حەرامکراوەکە دەخۆن. خودا، بۆ ئەوەی لە هەوارەکە تاقییان بکاتەوە، لە بەهەشت رەوانەی سەرزەوییان دەکات. ئەگەر لەوێ، لەناو گێژاوەکانی ژیان و تەنگژەی رۆژانەیان رەووشتیان باش بێت، ئەوان دووبارە لە ژیانێکی تر دەگەڕێنەوە بەهەشت. لەکۆنەوە چەمکی مەنفا و مەلەکوتی ئاینی، چەندان ئاراستەی هەبووە. بەپێی ئەفسانەکان گوایە ئادەمیش قابیلی کوڕی لەسەر کوشتنی هابیلی برای دوورخستووتەوە. ئەوەش وەک سزا بووە. ئەو سزایەش هاوشێوەی سزای مردن بووە. لە شارستانیەتی گریگەکانیش حوکمی نەفیکردن هاوشێوەی حکومی کوشتن بووە. ناودارترین کەسی نەفیکراو، شاعیری لاتینی ئوڤید بووە، ئەوەی جوانترین چامەی شیعری ئەڤینی نووسیوە. لە قۆناخەکانی سەرەتایی مێژووی مرۆڤایەتی، خەڵک دەستە دەستەی بچووک لە ئەشکەوت و دەوەنا دەژین. دەرکردنی هەرکەسێک لەناو ئەو کۆمەڵانە، مانای بڕیاری مردن و کوشتن بووە، چونکە مرۆڤ دیارە نەیدەتوانی بەتەنیا بەرگری دژواری سرووشت و تەنگژەکان بکات، چونکە زووتر بە هەرەوەرز خۆیان گونجاندووە. ئەوەش بۆ بونەوەرەکانی تریش ئاسایی بووە، ئاژەڵ و زیندەوەریش بەو شێوە ژیانیان بەڕێکردووە.  بەر لە ئیسلامیش، لە مێژووی عەرەب گەورەترین سزا بۆ ئەندامێکی ناو عەشیرەتێک، دەرکردن و نەفیکردن بووە. لەوەش هەموو کەسێک حەقی ئەوەی هەبووە خوێنی برێژێت، بێ ئەوەی کەس حەق بە خۆی بدات، بەرگری لێ بکات. ئەوەش وەک نەریتێک لەناو عەشیرەتە عەرەبەکان، تا ئیمڕۆ پەیڕەو دەکرێت . بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی بانگەشەی ئیسلامی مەسەلەکە دەگۆڕێت. ژمارەیەک لە موسلمانە سەرەتاییەکان لە دەست و زوڵم و هەڕەشەکانی قوریش، بەرەو حەبەشە کۆچ دەکەن. ئەوەش دەبێتە کاروانی دەرکردنی یەکەمی موسلمانان لە مێژوودا. پاش ئەو کۆچە، موحمەدی پێغمبەر، پاش ئەوەی دەزانێت قوریش بەنیازن بیکوژن، شەوێکیان بە هاوڕێیەتی ئەبوبکری سەدیق لە مەککە بەرەو مەدینە کۆچ دەکەن. لەوێ دەبێتە پەناهەندەیەکی سیاسی، چونکە ژیانی دەکەوێتە مەترسی، ئەوەش مەرجەکانی پەنابەری سیاسی ئیمڕۆی بەسەر جێبەجێ دەبێت. بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی، کە هەموو جۆرەکانی ئۆپۆزسیۆن رەتدەکاتەوە. دەرکردن وەک سزایەک هەڵدەوەشێنێتەوە، دەیکاتە کوشتن بەشیر. ئیتر راکردن و دەربازبوون، دەبێتە هەنگاوی دەربازبوون لە مردن بۆ ئەوانەی نەیاری دەسەڵات بوون و ژیانیان لە مەترسی دابووە. ئەوەش لەکۆنەوە هەبووە و ئێستاش پەیڕەو و بەرقرارە. ... ئیمشەو، لە ژوورێکی تاراوگەییم، بەپێوە بەدیار پەنجەرەیەکی داخراوی وەرزی زستانا وەستام، سەیری دەرەوە دەکەم. هەستەکانم لەسەر مێزەکە جێدەهێڵم، مێژووم بە بزمارێک هەڵدەواسم. خەون بەوە دەبینم کۆمارێک دامەزرێنم تایبەت بێت بە یەک پیاو، ئەویش: خۆم. شەوێکیان، لە کافتریایەک بەتەنیابووم، جامخانەیەک لە دەرەوەی جیادەکردمەوە، سەرنج دەدەمە مێژوو. قاوە دەخۆمەوە و چاو دەبڕمە میوانێکی نەناسی ناو سوپاکانی بیابان، کە سەرکردەکانیان لەسەر پشتی ئەسپەکانیان، یان لەناو ئۆتۆمبێلە سەرکراوەکانیان وەستاون، دەستیان بەرەو سەرەوە بەرزکردیتەوە، مەدالیا رەنگین و پۆشاکە جوانەکانیان نمایش دەکەن. سەیری پاشای سەر تەختەکان دەکەم، سەرنج دەدەمە دزە زیرەکەکان و فشقیاتی کلاون "مهرج"ەکان، زەبری جەلاد و شکۆی لەسێدارەدراوەکان، لەبەرخۆمەوە دەڵێم: "هەڵسە پیاوە تەمبەڵەکە، بەشداری ئەو ئاهەنگە بەجۆشە بکە". "ئای کە سەرکردەکان بە ژمارە زۆرن سەربازەکانیش کەم. ئای، کە بوقلێدەرەکان بە ژمارە زۆرن سترانبێژەکانیش کەم". لەو شەوەدا منی سەرباز، هەڵاتووی شەڕەکە دەگەڕێمەوە، ماندوو وەک پاشایەکی دەرکراوی سەر تەخت، نائومێد لە سەربازە هەڵاتووەکانی بگەڕێت و بیاندۆزێتەوە، تا لە سەریان بدات.  سەر بە دارتووێک دەکەم و دەخەوم. خەون بەو برادەرانە دەبینم، ئەوانەی لە شەڕەکە نەکوژران و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، وەک من، گەورە و پیریش دەبن و بێدەنگیش دەمرن.  بەیانییەکەی کوڕێکی سەرگەردان دەبینم، رەنگە ئەوەش "دیوجین" بێت لە شەقام و رێگاکان بسووڕێتەوە. لە ژێر خۆرەتاوەکە، بەرۆژ بەدەستی لەرزۆک فانووسی ئەبەدی هەڵگرتبێت. منیش بڵێم: "شێتە ئەوە چییە؟ بەو رۆژە رووناکە ئەو فانووست بۆ هەڵگرتووە، بەڕاست رووناکی رۆژەکە بەشت ناکات؟". پیاوە داماوەکە، خەمگین سەیری چاوەکانم دەکات، ئینجا پەندەکەم پێ دەڵێت: "هاوڕێیەکم نابینیت ئەو جیهانە چەند تاریکە. .جاران زوو لەناو زیندانەکانا لەسەر چینچکان دادەنیشتین، گوێمان بۆ غەڵبەغەڵبی شەقامەکان و هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکان هەڵدەخست. لە دیوی دیوارەکانەوە، گوێمان لە "بوذیە"ی پۆلیسێکی هەژاری خەواڵووی سەر تفەنگەکەی رادەگرت، کە گۆرانی بۆ با دەگوت.  لە وڵاتە دوورەکانەوە هاوسۆز لەگەڵ "بیرتولت بریخت" نەماندەگوت: "بۆ لە تاراوگە درەخت دەڕوێنیت، تۆ بەیانی هەر دەگەڕێیتەوە وڵات؟" . لەودەمانە نەماندەتوانی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە. ئیتر بەو جۆرە، ساڵەکان لەبن دەستمان تێدەپەڕین و جەستەمان دەرزی، وەک شەرواڵێکی شڕ پیردەبین. لەودەمانە واماندەزانی ئەبەدەیەت لەبەردەمان دەکشێت، بەڵام ئێستا، قاوەیەک تەواو ناکەین و دەگەیەنە کۆتایی. ئەزیزم بیرتولت بریخت گوێ بگرە: ئەگەر دارێک لە تاراوگە بچێنین یان نەچێنین، ناگەڕێتەوە شوێنێک ئەگەر گەڕانەوەی تێدا نەبێت. ... هەموو شتێک لە وڵاتەکەم تەنیا قسەیە. قسەکردن پیرۆزە، ئەوەندە پیرۆزە وادەزانین وەک دارە سیحراوییەکە، دەتوانێت خۆڵ بکاتە زێڕی بێگەرد. بەردەوام عەرەب دەڵێن: "با دادپەروەری و ئازادی بەرقرار بێت!"، هیچیش روونادات، ئینجا گەمەکەش بەردەوام دەبێت. پرسیارەکە: ئایا عەرەب بوون بە سیزیف، ئەوەی ناتوانیت بەردەکە بباتە سەر لوتکەی ئیڤریست، یان موسایە، ئەوەی ئاوی دەریا رادەگرێت، بۆ دەربازبوونی خۆی و هاوڕێیەکانی وشکی دەکات؟ لەوەیان بەدڵنیاییەوە هەڵەیەک بوونی هەیە. دەبوایە سیزیف زووتر کرێنێک و چەند بارهەڵگری بەهێزی لەگەڵ خۆی هێنابوایە، بۆ موساش وا باشتربوو کەشتییەکی ئەگەر بەکرێش بوایە هێنابوایە، هاوبیرەکانی دەپەڕاندەوە، ئەوەیان سەلامەتتر بوو، نەک روو لە پەرجووێکی گاڵتەئامێز بکات، کە ئێستا کەس بڕوای پێ ناکات . بەشێک لە کتێبی "الرائی فی العتمە" ٣٨_٤٢ فاضل العزاوی دار الجمل ٢٠١٦

  یاروسلاو سایفێرت (Jaroslav Seifert)              و/له ئینگلیزییه وه: عه بدولخالق یه عقووبی   ئه وه تا شار ره سمێکی ناقۆڵا له شار که وه ک دەعبایەکی زەلام له بەرامبەر چاوانتدا خۆ دەنوێنێ تۆ ئەی خوێنه ر! ئەوه کتێبێکی بێ غه لوغه ش ده کەیته وه- و ئەوه تانێ سترانەکانم باڵ دەگرن.                                    *** له مەزنیی شار دەڕوانم که چی شان و شه وکەتی چ چاوم ناگرێ و دڵم نابا من دەشێ بچمەوه باوەشی پڕ لەرازی هەساره، باوەشی کانی و دارستان، باوەشی گوڵ و دەشت و دەر. به ڵام تا ئەو چرکه ساتەی براکانم، تەنانەت تاقه برایەک، به دەم ئازار بتلێنه وه به ژەهری مارم بێ خۆشی و بەخته وەری یاغی گەرانە رادەسێم له هەمبه ر هەرچی زۆر و نایه کسانییه هەر وا کە پاڵ دەدەمەوه به دیواری کارخانە یەک جاڕز له ره‌شایی و دووکەڵ، من سترانی خۆم  دەبێژم. بەو حاڵەوه چ نامۆیه ئا ئەم شەقامه لەگەڵ من رێک هەر وەکو تیرێکی له کەوان دەرچوو بۆ داگیرکردنی جیهان. هەرگیز لەگەڵ ریتم و رەوتی خوێنی من یەک ناگرنەوه گوریسی پاراستنی گیانی شۆفیران که دەست و باڵی من و هه زارانی تری به ستووه و ئێمەش له کاتی هەڵچوونی هەست و هەناسەی دڵماندا ناتوانین خۆشەویسته کەمان له ئامێزی خۆ بگرین. به ڵا‌م ئەو کاتەی رادەکەم بەرەو دارستان و ئاسک، به رەو گوڵزار و کانیاو، خه م و خه فەت وا ته نگ به دڵم هه ڵدەچنن که بێ ئه وەی ئاوڕ بدەمەوه لەو هەموو جوانی و بێدەنگی و عیشقه به رەو شار دەگەڕێمەوه، ئەو شارەی به خێر هێنانی سارد و سڕه، ئەو شارەی تێیدا بولبول  رێ له خوێندنی دەگیرێ و دره ختی کاژ بۆنی خۆشی بزر ده بێ، شوێنێک که نەک ته نیا مرۆڤ، به ڵکو گوڵ و په لەوه ر و ئه سپ و سەگیش دیل و به ندین. تۆ ئەی خوێنەری میهرەبان که ئەم دێڕا‌نه دەخوێنیته وه، تۆزێک رامێنەو هەرگیز له بیری مەکه که ئەم ره سمه ناقۆڵایەی خۆ له بەر چاوت ده نوێنێ رەسمی شاره. چونکی مرۆڤ خۆی گوڵێکه که هەر ناشێ بچنرێت و هه ڵوەرێت و پێشێل بکرێت.   ئاماژه :یارو سلاو سایفێرت (Jaroslav Seifert) ، شاعیری چیک، ساڵی 1901له پڕاگ له دایکبوو. سایفێرت له شیعره کانیدا لایەنگری چینی هه ژار و بێبه شانه. یەکه م کتێبی شیعری به ناوی "نوقمی فرمێسک" له تەمەنی 20 ساڵیدا بڵاو کردەوه.ساڵی 1937 کتێبی "هه شت رۆژ"ی چاپ کرد. سایفێرت ساڵی 1984 خه ڵاتی ئه دەبی نۆبێلی بردەوه و نێو و نێوبانگێکی فراوانی په یدا کرد. سایفێرت 10 جانوڤێری 1986 کۆچی دوایی کرد.   ژێدەر: Iaroslav Seisert, A Bilingual Edition, 2005, pp. 25-29

  لۆڤا محەمەد فیلمى (پێکەنین و بیرچونەوە) یه‌کێکه‌ له‌ کاره‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌کانى ده‌رهێنه‌ر(هه‌وراز محه‌مه‌د) که‌ لە هاوینی ساڵی ۲٠۱۸ لە شاری سلێمانی بەرهەمهاتوە وزیاتر لە 60 هونەرمەند لە پشتی کامێرا و بەردەم کامێراوە کاریان تێدا کردوە. هەوراز محەمەد، دەرهێنەری فلیمەکە، بۆ هاوڵاتی وتی: فیلمەکە بۆ یەکەم جار لە شاری سلێمانی لەچوارچێوەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی نمایشکرا. هەوراز ئاماژەی بەوەشدا: لەئێستادا فیلمەکە بۆ بەشێک لە فێستیڤاڵە جیهانیەکان نێردراوە، لە دواین بەشداریدا لە فێستیڤاڵی (CKF international film festival) لە وڵاتی بەریتانیا، بوە براوی سێ خەڵات کە ئەوانیش: باشترین بەرهەمهێنەر، باشترین دەرهێنەر، باشترین وێنەگرتن. فیلمی (پێکەنین و بیرچونەوە)، فیلمێکی مێژویی سیاسی کۆمیدیە، باس لە روداوەکانی ساڵانی بیستەکان دەکات، ئەوکاتەی دەوڵەتی عیراق دروست دەکرێت و باشوری کوردستانی دەخرێتە سەر، لە فیلمەکەدا باس لە چایخانەیەک دەکرێت کە چای نیە بیفرۆشێت، ئەویش بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەکانی ئینگلیزەکانەوە کە چەند مانگێکە هەموو جوڵه‌یه‌کى بازرگانیان بە ئامانج گرتوە، بەهۆی ئەم چا نەخواردنەوەیەوە خەڵکی شارەکە هەموی سەریان ئەیەشێت، بەڵام بەردەوام خەڵکەکە نوکتە ئەگێڕنەوە و پێ ئەکەنن، سەرەڕای ئەو ئازارەی کە هەیانە.

لۆڤا محەمەد گەنجێکی شێوەکار له‌شاری سلێمانی خۆی بۆیە و فڵچەکانی دەستی دروست دەکات و هەوڵدەدات کە بینا و باڵەخانەکان بە کاری هونەری ڕەنگ بکات. بەهرۆز جەزا ئەو گەنجە شێوەکارەیە و لە ساڵی ١٩٨٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، شێوەکارە و چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ و منداڵانیشە، هەروەها بەشی شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان و زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە. لە ئێستادا ئه‌م شێوه‌کاره‌ لە پانتایەکی گەورەی هونەریدا کاردەکات ولە بواری سینەماشدا وەک ئاڕت دایرێکت کاردەکات.نوێترین کارى ئه‌ویش  پرۆژەی دروستکردنی ڕەنگی کارکردنە لە گڵ، کە بە دەستەکانی خۆی دروستی دەکات، وە تەنانەت فڵچەکەی دەستیشى بە ماتڕیاڵی سروشتی دروستی دەکات کە دوو ساڵە سەرقاڵی ئەم کارەیە و بە نیازه‌  لە پێشانگایەکدا کارەکەی بخاتەڕو.  له‌ ئێستادا ئه‌م شێوه‌کاره‌ سەرپەرشتیاری چەند تەلار و بینایەک دەکات تاوەکو ڕەنگیان بکات و وێنەیان تێدابکێشێت، بەمەش خوازیارە کە شێوازی بیناسازی دەرەوەی بیناکان بە شێوازی ئەکادیمی وێنەی تێدا بکێشن و خەڵک بیکات بە کلتور کە ئیتر وێنە لەسەر دیوارەکانیان بکێشێت.    

ئاماده‌کردنى: سه‌روەر محه‌مه‌د له‌کاتى پیاسه‌کردنێکدا به‌ سه‌هۆڵکه‌ى شه‌قامى سالمى شارى سلێمانیدا، دیمه‌نى بازاڕێکى بچکۆله‌ ده‌بینیت، که‌ پاسێکى جیاوازو و ڕازێنراوه‌یه‌ له‌ هونه‌رى شێوه‌کارى و له‌ شێوه‌ى دووکانێکى گه‌ڕۆک دایه‌،  بۆ فرۆشتنى جلووبه‌رگى کوڕان و کچان. ئه‌م دووکانه‌ گه‌رۆکه‌ له‌لایان (له‌رێ نه‌جمه‌دین) که‌ خوێندکارى قۆناغى چواره‌مى کۆلێژى هونه‌رى به‌شى شێوه‌کاریه‌ و ته‌مه‌نى 21 ساڵه‌ و (چیا جه‌مال محه‌مه‌د) ته‌مه‌نى  24 ساڵه‌ و خوێندکارى قۆناغى دووه‌مى به‌شى میوزیکه‌ و هاوسه‌رى یه‌کتر. ده‌رباره‌ى چۆنێتى بیرۆکه‌ى کاره‌که‌یان چیا جه‌مال وتى: "من پێشتر دوکانى جل و به‌رگم هه‌بوه‌و جۆرێک له‌ شاره‌زایم له‌ کاره‌که‌دا هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش هانده‌ربوو بۆ بیرۆکه‌ى ئه‌م ئیشه‌م، به‌ڵام به‌شێوازێکى جیاواز له‌ دوکانه‌که‌ى پێشووم، بۆیه‌ بیرمان کرده‌وه‌ ئیشَک بێت که‌ کریێیه‌کى زۆرمان نه‌یه‌ته‌سه‌ر، تا بتوانین نرخه‌کانمان جیاوازبێت له‌ بازارو کڕیارێکى زۆرمان هه‌بێت،  ئیتر ورده‌ ورده‌ بیرۆکه‌که‌ بوو به‌وه‌ى که‌ ئه‌م پاسه‌ گه‌ڕۆکه‌ دابنێین."وتیشى ماوه‌ى 23 ڕۆژه‌ ئه‌م پڕۆژه‌مان ده‌ست پێکردووه‌، (له‌رێ نه‌جمه‌دین) که‌ هاوسه‌رى (چیا جه‌مال)ه‌ ده‌رباره‌ى کاره‌که‌یان وتى: له‌دواى ده‌وامى زانکۆمان له‌ کاتژمێر دووى پانیوه‌ڕۆوه‌ پاسه‌که‌ ده‌که‌ینه‌وه‌ به‌ ڕووى کڕیاراندا تا 12 شه‌و. وتیشى: ئێمه‌ پاسه‌که‌مان کڕیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کرێ دوکان نه‌ده‌ین. بۆ وه‌ستانمان له‌م شوێنه‌دا مۆڵه‌تى شاره‌وانى سلێمانى و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشمان وه‌رگرتووه‌ و تێچووى پاسه‌که‌ یه‌ک ده‌فته‌ر دۆلاره‌. ئێستا له‌چاو ئه‌وه‌دا که‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاى کاره‌که‌مانداین، خه‌ڵکى زۆر سه‌ردانمان ده‌که‌ن. ئومێدێکى باش له‌ ئیشه‌که‌ماندا ده‌بینین.

لە ئینگلیزیەوە: شاهۆ عوسمان (گاستۆن باشلار) كه‌ يه‌كێكه‌ له‌ فه‌يله‌سوفه‌ ديار و پڕبه‌رهه‌مه‌كانى سه‌رده‌مى نوێى فه‌لسه‌فه‌ى فه‌ره‌نسى. له‌ چاوپێكه‌وتنێكى ته‌له‌فزيۆنى ده‌گمه‌ندا وه‌ڵامى هه‌ندێك پرسيار له‌باره‌ى فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌رك و مه‌رافى فه‌لسه‌فه‌ و تێزى (جوانى شوێن) ده‌داته‌وه‌. باشلار له‌ دواى هۆسره‌ڵه‌وه‌ به‌ ديارترين فينۆمينۆلۆژيسته‌كان داده‌نرێت. ئه‌وه‌ى گرنگ بێت له‌ فه‌لسه‌فه‌ى باشلاردا ئه‌وه‌يه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌بێت به‌رده‌وام به‌ چاوێكى كراوه‌ ته‌ماشاى دونيا بكات و مرۆڤ لاى باشلار داهێنه‌ر و جوانى خولقێنه‌ له‌ هه‌ردوو جيهانى زانست و هونه‌ردا. لە بەر گرنگی ئەم دیدارە بە باشمان زانی لێرەدا دوبارە بڵاویبکەینەوە. *ئايا پێتخۆشه‌ به‌ (گه‌وره‌م) بانگت بكه‌م؟ - هه‌رگيز، هه‌رگيز.… به‌س گاستۆن باشلار يان ته‌نها باشلار و به‌س هه‌ر به‌بێ گاڵته‌…ته‌نانه‌ت به‌ پرۆفيسۆريش بانگم مه‌كه‌ن. من پياوێكى ته‌واو ئازادم…هه‌مووان به‌ باشلار بانگم ده‌كه‌ن… *كاتێك ئێمه‌ گه‌يشتينه‌ ئێره‌ تۆ گوێت له‌ ڕاديۆ ده‌گرت، چه‌نده‌ گرنگى به‌ هه‌واڵه‌كان ده‌ده‌يت؟ - هه‌وڵه‌كانم لا گرنگه. كچه‌كه‌م ئه‌م ڕاديۆيه‌ى بۆ كڕيوم، له‌و كاته‌وه‌ منيش هه‌موو رۆژێك له‌ به‌يانييه‌وه‌ تا ئێواره‌ هه‌موو سه‌رى كاتژمێرێك گوێ له‌ كورته‌ى هه‌وڵه‌كان ده‌گرم. *بۆچى؟ - چونكه‌ من له‌ماوه‌ى سێ ده‌قيقه‌دا وا هه‌سته‌كه‌م هه‌موو دونيا به‌ ده‌ورى مندا ده‌سوڕێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر دونيا به‌شێوه‌ى هه‌واڵ لاى تۆ ئاماده‌گى په‌يدا بكات، ئه‌مه‌ شتێكى باشه‌. هه‌ربۆيه‌ ناتوانم به‌بێ هه‌واڵه‌كان بژيم. *به‌ڵام خۆ به‌رده‌وام رووداوى گرنگ نييه‌؟ - باشه‌، ئه‌وانه‌ رووداوگه‌لێكن و به‌ڕاستى روويانداوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى كۆمێنتى زياترى له‌سه‌ر بده‌ين. هه‌ندێكجار گوێ له‌ پێشكه‌شكاره‌كان ده‌گرم، به‌ڵام زۆربه‌يجار تووشى بێئومێديم ده‌كه‌ن. هه‌ربۆيه‌ ته‌نها هه‌واڵه‌كه‌ به‌س بيبيستى، من بۆ ئه‌م هه‌واڵانه‌ به‌ شێوازى خۆم كۆمێنت ده‌نووسمه‌وه‌. *ئايا ئه‌كرێت پێناسه‌ى فه‌يله‌سوف بكه‌ين؟ -  ئه‌و كاته‌ى وانه‌مده‌وته‌وه‌ پێناسه‌يه‌كم بۆ فه‌يله‌سوف هه‌بوو، به‌ڵام دواتر ئه‌و پێناسه‌يه‌م خسته‌لاوه‌، به‌ڵام تۆ پێناسه‌ى فه‌يله‌سوفت بۆچييه‌؟ بۆ ئه‌وه‌ى بڵێى ئه‌وه‌ مامۆستاى داناييه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى يه‌كێك له‌وان وا ده‌ڵێت؟ *له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌پرسم، چونكه‌ ئه‌و بيرۆكه‌ ميللييه‌ى خه‌ڵكى له‌باره‌ى فه‌يله‌سوفه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵيانگرتووه‌، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ باوه‌ڕيان وايه‌ فه‌يله‌سوفه‌كان بێسوودن؟ -  به‌ڵێ. به‌ڵام به‌ بۆچوونى من فه‌لسه‌فه‌ كه‌ره‌سته‌ى بيركردنه‌وه‌يه‌. هه‌ربۆيه‌ كاتێك ويستت به‌بێ بيرۆكه‌ى داهێنه‌رانه‌ بيربكه‌يته‌وه‌، ئه‌وا ده‌توانى به‌بێ فه‌لسه‌فه‌ بيربكه‌يته‌وه‌. *ئايا فه‌يله‌سوفه‌كان ده‌كه‌ونه‌ سه‌روو ره‌گه‌زى مرۆييه‌وه‌؟ - نا نه‌خێر، ئه‌وان خودا نين، من بڕوام به‌ مرۆڤى باڵا نييه‌، بڕوام به‌ هيرارشى(ريزبه‌نديى) نييه‌. خه‌ڵكى ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌توانن ببن به‌وه‌ى ده‌يانه‌وێت. خۆش نييه‌ هه‌ميشه‌ خۆت بيت، بۆيه‌ من له‌وه‌ تێناگه‌م چۆن يه‌كێك ده‌توانێت خۆى به‌ يه‌كێكى ديكه‌ به‌راورد بكات. *ئێمه‌ له‌ژێر كاريگه‌رى ئه‌و بيرۆكه‌يه‌داين كه‌ پێى وايه‌: فه‌يله‌سوف ده‌زانێت چۆن له‌ خه‌ڵكى ديكه‌ باشتر بژى. -  باشتر بژى…ئه‌مه‌ چۆن؟ *به‌ ماناى ئه‌وه‌ى خۆپارێزه‌ له‌…سۆزدارى بۆ نموونه‌. -  نا،نا…ئه‌مه‌ هه‌ميشه‌ وا نييه‌، ئه‌گينا ئه‌و شته‌ ده‌بوو كه‌ دواتر لێى په‌شيمان ده‌بوويه‌وه‌. *ئه‌مه‌ وه‌ڵامێكى زيره‌كانه‌ بوو، به‌ڵام به‌ ته‌واوى وه‌ڵامى منت نه‌دايه‌وه‌. - نا…ژيان و بيركردنه‌وه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى ڕه‌ها پێكه‌وه‌ نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه‌. بۆ نموونه‌ كاتێك من كتێبى فه‌يله‌سوفێك ده‌خوێنمه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تى رۆئه‌چمه‌ ناوييه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ واملێناكات وه‌ك ئه‌وانى ديكه‌ له‌ ژيان دووربكه‌ومه‌وه‌. وه‌ك هه‌ر هاوڵاتييه‌ك، سه‌رۆك خێزانێك، فه‌رمانبه‌رێك له‌سه‌ر كاره‌كه‌ى. تۆ ده‌ته‌وێت من له‌ وێنه‌ى فه‌يله‌سوفێكدا گيربكه‌يت كه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ونه‌كانيدا ده‌ژى و دووره‌ له‌ ته‌نگى و چه‌ڵه‌مه‌كانى ژيان. *من ئه‌وه‌م ناوێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ بيرۆكه‌ گشتييه‌كه‌يه‌ له‌سه‌ر فه‌يله‌سوف. - جا باوابێت، ده‌بێت ئێمه‌ ئێستا ئه‌مه‌ ڕاستكه‌ينه‌وه‌. من ده‌زانم چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شته‌كاندا ده‌كه‌م، پێويستم به‌ كه‌ست نييه‌… ده‌زانم خواردن دروست بكه‌ن، من پشتبه‌خۆم ده‌به‌ستم و سه‌ربه‌خۆم. وه‌ك هه‌ر گه‌نجێك، ده‌چم بۆ لاى قه‌ساب و ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ ده‌كڕم. من تاكه‌ يه‌ك رۆژيش له‌ ژيانى ماددى(رۆژانه‌مدا) هه‌ستم به‌ نه‌نگى نه‌كردووه‌. له‌وكارگه‌ بچووكه‌ به‌رده‌وام ده‌مخوێنده‌وه‌، فه‌رهه‌نگێكم پێبوو له‌ به‌رامبه‌ريشمدا باشتيرن جۆره‌كانى په‌نير هه‌بوون، ته‌نها به‌ يه‌ك چاوتروكان ده‌مزانى كامه‌ پارچه‌ى گۆشته‌كه‌ باشترينه‌. ئه‌ى چى له‌باره‌ى تۆوه‌؟ ئايا هيچ گرنگييه‌ك به‌ ژيانى رۆژانه‌ت ده‌ده‌يت؟ *زياتر له‌ تۆ نا. - كه‌چى پرسيارى ئه‌وه‌ له‌م ده‌كه‌ى. *له‌ كۆتاييدا ئه‌م هۆكارى ژيانن به‌ڕێز باشلار. - به‌ڵێ، ئه‌مه‌ جوانه‌: هۆكارى ژيان. تۆ پێويسته‌ هۆكارێكى ژيان بدۆزيته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ى، كه‌واته‌ تۆ ده‌به‌نگێكى ده‌سه‌پاچه‌ى. له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێستادا ده‌بێت خاوه‌ن راوبۆچوونى دامه‌زراوى خۆت بيت. *تۆ له‌ پاريس له‌ شوقه‌يه‌كى بچوكدا ده‌ژيت؟ - دروسته‌، زۆر بچوكه‌. *له‌و باوه‌ڕه‌دام بيرۆكه‌ى شوقه‌ له‌گه‌ڵ بيرۆكه‌كه‌ى تۆ سه‌باره‌ت به‌ ماڵى حه‌قيقى يه‌كناگرێته‌وه‌؟ - بێگومان… لاى من ماڵ ده‌بێت به‌ هه‌ندێك ڤێرتيكاڵى_ستوونى(واته‌ به‌ ئاسماندا بچێت) جيابكرێته‌وه‌. ماڵ به‌بلايه‌نى كه‌مه‌وه‌ پێوستى به‌ كۆڵه‌كه‌ يان ستونێك هه‌يه‌ و هه‌موو ئه‌وانى ديى له‌سه‌ر ئه‌م دابمه‌زرێن و بوونيادبنرێن. *له‌و باوه‌ڕه‌دام تۆ ده‌ته‌وێت بڵێيت: ده‌بێت ئێمه‌ به‌رده‌وام بچنه‌ ناو ئه‌شكه‌وته‌وه‌؟ - وايه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌مه‌وه‌ بتوانين بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌رزبينه‌وه‌، ئه‌وه‌ت خوێندۆته‌وه‌؟ باشه‌ هيچ هه‌ستت به‌و راستييه‌ نه‌كردووه‌؟ كاتێك ده‌چيته‌ ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌وه‌، كه‌ ئه‌شكه‌وتێكى حه‌قيقييه‌ نه‌ك شارستانى و ئه‌وه‌ى كه‌ره‌سته‌ى كاره‌بايى تێدايه‌. من ده‌مه‌وێت بچمه‌ ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ و جامێك شه‌راب له‌ به‌رميله‌كه‌ بهێنم و به‌ ده‌سته‌كه‌ى ديكه‌شم چرايه‌كم پێبێت. وه‌ك ده‌بينيت، تۆ كارێكى گرنگت هه‌يه‌، ئه‌ويش دابه‌زينه‌ (چوونه‌) ناو ئه‌شكه‌وته‌. وابزانم له‌و كتێبه‌مدا (زه‌وى و زينده‌خه‌و) وتوومه‌: زه‌وى وا هه‌يه‌ مرۆڤ تێيدا ناچێته‌ بۆ ناو ئه‌شكه‌وته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ هيچ گرنگييه‌كى بۆ ئه‌و نييه‌. مرۆڤ ترسنۆكه‌ ده‌بێت كه‌سێكى ئازابيت و دابه‌زيته‌ ناو شوێنه‌ قوڵه‌كانه‌وه‌زئه‌مه‌ش ته‌واو جياوازه‌ له‌ چوون بۆ به‌رزاييه‌كان. تۆ له‌كوێ له‌دايك بوويت؟ *له‌ مۆنبيلييه‌. - له‌ خانوودا ده‌ژيت؟ *به‌داخه‌وه‌ له‌ شوقه‌دا ده‌ژيم. - باشه‌ كه‌واته‌ له‌ بيرۆكه‌كه‌ تێناگه‌يت. *ئه‌گه‌ر له‌ توانادا هه‌بێت بگه‌ڕێيته‌وه‌ بۆ ژيانى لادێ، ئه‌وه‌ت ده‌كرد؟ - له‌ ئێستادا ئه‌وه‌نده‌ى بتوانم ده‌چم. خانووه‌كه‌م له‌وێ باخچه‌يه‌كى گه‌وره‌ى هه‌يه‌ و له‌ شاره‌وه‌ دووره‌، له‌وێ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ لادێم. به‌ بيرخۆت بهێنه‌وه‌ يه‌كه‌مجار له‌ به‌هاردا كاتێك دره‌خته‌كانم گوڵده‌گرن، نه‌مده‌توانى باوه‌ڕ بكه‌م، به‌ڵام سه‌رمايه‌دارى واى كردووه‌ ئێتا ده‌توانى دره‌خته‌كه‌ به‌ گوڵه‌وه‌ بكڕيت. له‌وێ من زۆر حه‌زم به‌ ژيانى ناو باخچه‌ ده‌كرد. كاتێك بير له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى يه‌ك مانگ له‌و ماڵه‌دا بمێنمه‌وه‌، ئه‌و كات ده‌زانم ژيان چه‌نده‌ ده‌گۆڕێت. پێشتر به‌ به‌رده‌وامى له‌ گه‌ڕاندابووم، به‌ڵام ده‌بێت بگۆڕدرێيت، چونكه‌ تۆ ناته‌وێت ئه‌و شته‌ ئه‌نجامبده‌يت كه‌ ناتوانيت. *ئايا دڵگرانيت به‌وه‌ى كه‌ پير بوويت به‌ڕێز باشلار؟ - به‌ڵێ، به‌ڵێ بێگومان… پيرى دڵگرانييه‌، چونكه‌ تۆ ده‌ته‌وێت هێزى له‌ ده‌ستچووى جارانت بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵێ بێگومان دڵگرانييه‌، به‌س ئه‌مه‌ تۆمار مه‌كه‌. *به‌ڵام تۆ زۆر چالاك و بزێو ده‌رده‌كه‌ويت؟ - دروسته‌، با ئه‌مه‌ ئاوا بمێنێته‌وه‌.  

مەریوان وریا قانع:  ئەدەبیات، مرۆڤ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناکات بە مرۆڤێکی بەرپرسیار. مرۆڤ بۆئەوەی نەبێت بە دڕندە زۆر زیاتر لە ئەدەبیاتی پێویستە. سازدانى: شاخه‌وان سدیق بەشی یەکەم یه‌کێک له‌ ده‌نگه‌ جدییه‌کانى ئێستاى ناو دونیاى ئه‌ده‌بى و فکرى ئێمه‌، که‌ هه‌موومان به‌ وتارو لێکۆڵینه‌وه‌و سه‌رنجه‌کانى ئاشناین پێى، دکتۆر(مه‌ریوان وریا قانح) ئه‌و ئه‌گه‌رچى له‌ ئێستادا کەمتر سه‌رقاڵى ئه‌ده‌بیاته‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌و بواره‌دا دانه‌بڕاوه وجێده‌ستى دیاره‌، وه‌ک بڵاوکراوه‌ى (په‌ڕاو) به‌باشمان زانى ده‌رباره‌ى شیعر و گرنگى ئه‌م ژانره‌ بۆ ژیان ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا سازبده‌ین.   *زۆرێک له‌نوسه‌رانى ئێمه‌سه‌ره‌تا به‌شیعرنوسین ده‌ست پێده‌که‌ن و دواتر ڕوو له‌بواره‌کانى دیکه‌ى ئه‌ده‌ب و فکرو لێکۆڵینه‌وه‌ده‌که‌ن، مه‌به‌ستمه‌بپرسم شیعر ئه‌و تواناو قودره‌ته‌ى له‌کوێوه‌هێناوه‌، که‌هه‌مووان له‌خۆیدا کۆده‌کاته‌وه‌و دواتر به‌ره‌و دونیا فراوانه‌که‌ى نوسین ئاراسته‌مان ده‌کات، به‌جۆرێک ئه‌گه‌ر واز له‌نوسینیشى بۆ ماوه‌یه‌کى زۆر بێنین ڕۆژێک هه‌ر دێینه‌وه‌سه‌رى؟   مەریوان وریا قانع: من ناتوانم لەباتی کەسانیتر وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، نازانم بۆ کەسانێک کە بە شیعرنووسین ژیانی ئەدەبیی و ڕۆشنبیریان دەستپێدەکەن و دواتر بۆ بوار و کایە و ژانری تر دەڕۆن. بەڵام دەتوانم قسە لەسەر ئەزموونی خۆم لەم بوارەدا بکەم. بەر لە ھەموو شتێک شیعر ھەمیشە بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی ئەو خێزانەی من تیایدا لەدایکبووم و گەورەبووم. لە سەردەمی مناڵیی من لە ساڵانی شەستدا ماڵی ئێمە دوو شتی بە شێوەیەکی بەرفراوان تێدابوو: شیعر و ھەژاریی. ھەم شیعری زۆر و ھەم ھەژاریەکی گەورە. ھەردووکیشیان لە ”قانع“ەوە بۆ ئێمە مابووەوە. لە ماڵی ئێمەدا ھەژاریی و شیعر پەیوەندییەکی پتەویان بەیەکتریەوە ھەبوو. شیعری قانع خۆی ھەم، بەرھەمی ھەژاریی ئەو و ھەم لە جەنگێکی گەورەدایە لەگەڵ ھەژاریدا، لە ھەژاریی مادییەوە بیگرە بۆ ھەژاریی کولتوریی و ڕەمزیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا. بەڵام چونکە قانع نووسەرێکی خاوەن کەرامەت و خاوەن ئیراەیەکی گەورەی تەسلیمنەبوون و سازشنەکردن بوو، بۆیە ژیانی وەکچۆن پڕبوو لە شیعر، ئاواش پڕبوو لە ھەژاریی، زۆرجار ھەژارییەکی ترسناکیش.  باوکم عادەتێکی سەیری ھەبوو، ئەو بەیانیان کە خەبەری دەبووەوە و ڕاستەوخۆ دەستی بە شیعرخوێندەوە دەکرد. منداڵیی من پڕە لەو بەیانیانەی باوکم ھەموومانی بە شیعرخوێندنەوە لەخەو بێدار دەکردەوە. باوکم حەزێکی گەورەی لە شیعرە و  شیعرێکی زۆریشی لەبەرە، بە تایبەتی شیعری کوردیی و فارسیی. تا ئێستاش باوکم ئەو عادەتەی ھەر ماوە و سبەینیان کە لەخەو ڕادەبێت لەبەرخۆیەوە شیعر دەخوێنێتەوە. ماڵی ئێمە گەرچی ھەژاربووین، بەڵام بەھۆی ناوی قانع ەوە ناسراوبووین. بۆیە میوانی زۆرمان ھەبوو، کەم شەو ھەبوو ماڵی ئێمە بێمیوان بێت، تا ماڵیشمان لە سەیدسادق و سلێمانی بوو دۆخی ئێمە بەوشێوەیە بوو. لەبەرئەوەی نەمانئەتوانیی میوە بۆ میوانەکان بکڕین، بۆیە دەبوا شەوانە من چەندان جار شیعر بۆ میوانەکان بخوێنمەوە. باوکم  بە منداڵی بڕێکی زۆری دیوانەکەی قانع و چەندان شیعری شاعیرانی تری بە من لەبەرکردبوو، لەوانەش بۆ نموونە شیعری حاجی قادری کۆیی و  ئەحمەد موختار و ئەحمەدی خانیی. بێگومان من لەو تەمەنەدا لە مانای ئەو شیعرانە نەدەگەشتم، بەڵام دەمبینی شیعرەکان کاریگەرییەکی تایبەت لەسەر میوانەکان دروستدەکەن. کە چومە قوتابخانەی سەرەتاییش، تا خوێندنی سەرەتاییم تەواوکرد، ھەموو ڕۆژێک دەبوایە من لە ڕیزدا بێمە دەرەوە و لەناو گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا شیعرێک بخوێنمەوە. ھەم لە قوتبخانەی سەیدسادقی کوڕان و ھەم لە قوتابخانەی شێخ سەلام لە سلێمانی من ئەم تەقسە ڕۆژانەییەم ئەنجام داوە.  کە  ساڵی ١٩٧٥ ماڵمان بۆ ھەولێر گواستەوە،  ئەو دۆخە گۆڕا، نە میوانی زۆرمان ما، نە لە قوتابخانەش شیعرخوێندەوە ما، بەڵام بەخەبەرھێنانەوەی بەیانیان بە شیعر لەلایەن باوکمەوە ھەر درێژەی ھەبوو. قۆناغی بەریەککەوتنی زمان و چێژ و ھۆشیاریی من بە شیعر لەو کاتە زووەوە دەستپێدەکات، بەڵام دواتر لەگەڵ ناسینی ئەزموونە شیعریەکانی تری ناو ئەدەبیاتی کوریدا و لەگەڵ ئاشنابوون بە شیعری میلەتانی ناوچەکە و بە بڕێکیش لە شیعری جیھانیی، ئیتر ڕوانین و تێگەیشتن و وێناکردنەکان بۆ شیعر قووڵتربوونەوە و گۆڕانیان بەسەرداھات. بەدرێژایی ساڵانی ھەفتا و ھەشتا خوێندنەوەی شیعر بەشێک بووە لە کاری ڕۆژانەی من. بێگومان لەگەڵ ئاشنابوون بە کایەکانی تری فیکردا ئیتر تێگەیشتن بۆ شیعر قووڵتر دەبێتەوە و گۆڕانی تری بەسەردادێت. لە ئێستاشدا شیعر بۆ من ماڵە، ماڵێکە لەناو زماندا، ماڵێکی میتافۆرییە کە ھاوکات پەناگایەکی وجودیی گرنگە، لە ھەموو کاتێکیش زیاتر شەخسیترە.  مرۆڤ  دوای ئەوەی ئەو ماڵەی لەناو دونیادا ھەیەتی تێکئەچێت، دوای ئەوەی ئەو ئولفەتە لەدەستئەدات کە دەشێت لە ”ماڵ“ەوە بەدەستیبھێنێت، ڕەنگە بتوانێت پەناگایەک لە شیعردا بدۆزێتەوە جار نەجار بچێتە ناویەوە. ڕەنگە ئەمە بۆ ھەموو کەسێک وانەبێت، بەڵام لە ژیانی مندا  ئەمە ڕاستییەکە من زۆرجار ئەزموونمکردوە و ئەزموونی دەکەم. من لە خوێندنەوەی فیکر و تیورە ئەدەبیاکانەوە بەم ڕاستییە نەگەیشتوم، لە تیوریزەکردنێکی تایبەتی شیعرەوە ئەم تێگەیشتنەم لا دروستنەبووە، بەڵکو لە ئەزموونی بێماڵیی خۆمەوە پێیگەیشتوم. شیعر لە دۆخی مندا وەڵامدانەوەی مرۆڤە بە ھەستکردنێکی کۆسمۆپۆلیتیانە بە بێماڵیی. لەدیدی مندا شیعر کەمتر پەیوەندیی بە تێگەیشتن لە دونیاوە ھەیە، بەڵکو سەفەرێکە بەرەوە ناوەوەی ئینسان بەمەبەستی دروستکردنی ماڵێک لە زماندا. ماڵێک کە بتوانێت جۆرێک لە وەڵامدانەوە بێت بە دۆخی بێماڵیی.  لە دوای ڕاپەڕینەوە من لەو ڕاستییە گەیشتم  کە ئەدەبیات بەتەنھا دەرەقەتی کێشە و تەحەدا گەورە و زۆرەکانی کوردبوون نایەت. لەوە گەیشتم ئێمە لە دونیایەکدا دەژین بۆ تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی، بۆ وەڵامدانەوەی تەحەداکانی زۆر زیاتر لە ئەدەبیاتمان پێویستە. باوەڕیشم وایە ئەدەبیات بە تەنھا دەرەقەتی تەحەداکانی کوردبوون نایەت. بۆ ئەوەی ڕێ لەوە بگرین ئەدەبیات ببێت بە ئامرازیی ھەڵاتن لە جیھان، یان ببێت بە ئەلتەرناتیڤی کردە ئینسانییە گەورەکانی تر، لەپێش ھەمووانیشەوە کردەی دروستکردنی جیھانێکی ھاوبەش کە مرۆڤەکان بتوانن بە جیاوازییەکانیانەوە لەناویدا بژین، یان کردەی پەرەدان بە ھاریکاریی و بەدەمەوەچوونی ئینسانیی و وێناکردنی ژیان وەک کردەیەکی بەرپرسانە، پێویستە لەو ڕاستییە بگەین کە ئەوە بەس نییە تەنھا شیعر و ئەدەبیات بنووسین. کوردبوون لەناو جیھانێکدا نیشتەجێیە کە ئاکارێکی جەنگەڵییانەی ھەیە، کورد خۆشی چالاکانە بەشدارە لە دروستکردنی ئەم جەنگەلەدا. بۆ ئەوەی بتوانین ئەم جەنگەڵە بگۆڕین بە کۆمەڵگا، بۆئەوەی نەھێڵین بەھێز لاواز و دەسەڵاتدار بێدەسەڵات و کەسانی ھەبوو کەسانی نەبوو لەناوببەن، پێویستە بە بەردەوامی ئەم جەنگەڵە دەسکاریبکەین. ئەدەبیات یەکێکە لە ئامرازەکانی دەسکاریکردنی ئەم جەنگەڵە. من لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا بوومە ھەڵگریی ئەم دیدە بۆ کۆمەڵگا و کوردبوون و نووسین. بۆیە گواستنەوە بۆ شێوازی تری نووسین و بۆ ژانری تر، گرنگیدان بە چەندەھا دیاردەی دیکە لە دەرەوەی ئەدەبیاتدا، بەشەخسیکردنی زیاتر و زیاتری شیعر، پەیوەندیی بەم گۆڕانکارییەشەوە ھەیە. ئینسان پێویستی بەوەیە ژیانێکی ماناداربژیی، کەی بوونی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی مرۆڤەکان بەتاڵکرایەوە لە مانا و مژدە و بڕێک لە گەشبینی، مرۆڤ کە ”ماڵ“ێکی ڕاستەقینەی لەناو دونیا نەما، شیعر دەتوانێت ببێت بەو ماڵە، بەڵام شتی تریش دەتوانن ھەمان ماڵ دروستبکەن. کەسانێکی زۆر ھەن ناتوانن لەناو شیعردا بژین و ناتوانن شیعر بکەن بە ماڵی خۆیان لە جیھاندا. کەسانێک ھەن ئەدەبیات ئەو کیشورە رەمزییە نییە بتوانێت شوناسێکیان پێببخەشێت، یان بەھانای قەیرانە شەخسیی و گشتییەکانیانەوە بێت، یان ھاریکاریان بێت لە ناسینی خۆیان و ناسینی دونیادا، لەمەشدا ھەموو مافێکیان ھەیە. ئەوەی لەشیعردا دەژیی کەسێک نییە لەوانیتر، کە ڕێیان ناکەوێتە ناو شیعرەوە، باشتر یان پاکتر یان مافدارتر بێت. ئەدەبیات، چ نووسینیی و چ خوێندنەوەی، مرۆڤ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناکات بە مرۆڤێکی ئەخلاقیی و ئینسانیی و بەرپرسیار. مرۆڤ بۆئەوەی نەبێت بە دڕندە زۆر زیاتر لە ئەدەبیاتی پێویستە. لەبیرمان نەچێت مرۆڤ بوونەوەرێکی ئیشکەر و دروستکەریشە، یەکێک لە ئیشە سەرەکییەکانی بریتییە لە دروستکردنی کۆمەڵگا، بۆ ئەم دروستکردنەش پێویستی بە دەیەھا و سەدەھا شت ھەیە، کە ئەدەبیات یەکێکیانە. ئەم تێگەیشتنەش بۆ دونیا و کۆمەڵگا و بەرپرسیارێتی مرۆڤ، دیسانەوە لە پشتی ئەوەوەیە من لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا چەند ھەنگاوێک لە نووسینی شیعر و ئەدەبیات دوورکەوتمەوە، بەبێ ئەوەی بەجێیبھێڵم. کەسێک بە نووسینی من ئاشنابێت دەزانێت ڕووبەرێکی زۆر گرنگیی نووسینی من لەدوای ڕاپەڕینەوە تەرخانە بۆ قسەکردن لەسەر ئەدەبیات. بەڵام ئەوە تاقە ڕووبەێک نییە من کارم تێداکردبێت. لە شیعردا مرۆڤ بەر لەھەر شتێک خۆی بۆ خۆی شەرح و ڕاڤەدەکات، دەیەوێت بزانێت چ جۆرە مرۆڤێکە، لە چ مەعدەنێک دروستبووە، چ شتێک لەناویدا لە ڕوخان و وێرانبووندایە، بەدوای شتێکدا دەگەڕێت کە زۆرجار نازانێت چییە و نایناسێت. شیعر یەکەمجار ئەو شەرحە ناوەکییە دەکات، ئینجا دواتر ئەو دونیایە شەرح و ڕاڤەدەکات کە دەکەوێتە ناوییەوە، ئەو ژینگەیە دروستدەکات و دەڕوخێنێت کە لە دەرەوەی خۆیدا ئامادەیە. بە بۆچوونی من ھەر مرۆڤێک کێشەی ژمارە یەکی لەگەڵ خودی خۆیدا نەبێت و پاڵنەرێکی ناوەکیی بەھێز لەئارادا نەبێت بۆ نووسین، ناتوانێت ببێت بە نووسەرێکی ڕستەقینە، بە نووسەرێکی ڕاستگۆ.           

د.هاشم ئه‌حمه‌د زاده بەشی دووەم و کۆتایی گێڕه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ بێئەوەی زۆری لەسەر بڕوات و بڵێت کە پیرەی وەرگێڕ دەکۆخێت و ئەوانی تر وەخەبەر دێنێت، له‌ زمانی خودی پیره‌وه‌ دەڵێت: "کۆخەکۆخی من هەڵیستاندی؟ وانییە؟" وەڵامی یۆنیسیش دوو شت ڕوون دەکاتەوە: هەم ئاکاری خزمەتکارێک لە بەرامبەر سەروەرەکەیدا و هەمیش ئەو ڕاستییە کە پیرەی وەرگێڕ شەوانە دەکۆخێت. (ل. ٦١) گێڕه‌وه‌ بۆ نیشاندانی ئەوپەڕی لیبرالبوونی قەشەی ماڕۆنی زۆری لەسەر ناڕوات و بە درێژدادڕی تاقەتی خوێنەر ناپروکێنێت و لە ڕێگای کردەوەکانییەوە نیشان دەدات کە ئەو چەندە کراوەیە. بۆ نموونە، قشه‌ له‌ ده‌رفه‌تێكدا شوێنی نوێژکردن لە کەشتییەکەدا به‌ موسوڵمانێك نیشان ده‌دات و ئه‌مه‌ش بۆ ده‌رخستنی كراوه‌یی بیری قه‌شه‌، به‌سه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌ش وه‌ك هه‌ر ڕۆمانێكی تری سه‌ر‌كه‌وتوو چه‌ندین گێڕانه‌وه‌ی لاوه‌كی هه‌یه‌ كه‌ زۆر وه‌ستایانه‌ تێكهه‌ڵكێشی گێڕانه‌وه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ كراون. شێوازی گێڕانه‌وه‌ی پێوه‌ندیی مه‌یاسه‌ و بوزان له‌ بواری تێكنیكییه‌وه‌ جوان و سه‌رنجڕاكێشه‌ و وا دەکات کە مرۆڤ چاوەڕوان بێت چی بەسەر ئەڤینی بوزان و مەیاسەدا دێت. بەڵام دیسانەوە داپچڕانی زەمەنی و گیرۆدەیی بە زەمەنی هێڵییەوە تەواو دیارە. هێندێک جار کۆتاییپێنەهاتنی بەشێک لە چیرۆکە لاوەکییەکان دەبێتە مەراقێک بۆ کاراکتێرێک و هەر بەم جۆرەش بۆ خوێنەر. نەبوونی دەرفەت بۆ بیستنی بەسەرهاتی کۆتایی ژیانی دەروێش سیراج لە زمانی قەشەوە نموونەیەکی جوانی ئەم چەشنە تێکهڵکێشانەیە کە گێڕانەوەکە پڕ بە باڵای خۆی ئاراستەی دەکات. "ئیدی نەمزانی ئەو پیاوە ڕووناکە، دەروێش سیراج، چی بەسەر هات؟ (١٤٥. ل) کتێبەکە بە گشتی لە حەوت بەش پێکهاتووە و هێندێک لە بەشەکەان چەند ناونیشانییان هەیە. پیرە بۆ گێڕانەوەی هەر بەشێک تەدارەکێکی تەواو دەگرێت و داوتر بە نووسەرەکەی دەڵێت: "یۆنس بنووسە!" ئەو لە دوابەشدا لە لەززەتی گەیشتن بە کۆتاییەکان ده‌دوێت و تامی کۆتاییەکانی ڕۆمانەکە بەو گوتنانەی زیاتر دەکات. گێڕانەوەی چیرۆکی سێ نەوجەوانەکە بە نۆرە و لە زمانی خۆیانەوە وەبیرهێنەرەوەی گێڕانەوەی حیکایەتەکانی دێکامێرۆنی جیۆڤانی بۆکاچیۆی ئیتالیاییە کە لە دە شەودا دە پاڵەوان هەر یەکەو لە شەوێکدا چیرۆکێک و دواجار بەگشتی سەد چیرۆک (story/tale) دەگێڕنەوە. بەڵام ئەگەر چیرۆکەکانی بوکاچیۆ ڕیشەیان دە فەرهەنگی زارەکیی شارستانییەته‌ کۆن و جۆراجۆرەکاندایە، گێڕانەوەی سێ نەوجەوانەکە ئەزموونی کەسێتیی خۆیانە. هەر سێ نەوجەوانەکە بەسەرهاتی خۆیان دەگێڕنەوە، بەڵام "پیرە" لەبەر ئەوەی تای دێتێ و نەخۆش دەبێت چیرۆکی بەسەرهاتی خۆی ناگێڕێتەوە. ئەمەش پاساوێکی چاکە بۆ وەدواخستنی بەسەرهاتی کاراکتێری سەرەکیی ڕۆمانەکە. بەمجۆرە ڕۆمانەکە توانایی ڕاکێشانی سه‌رنجی خوینەر بە بەردەوامی ڕادەگرێت. هەڵبەت دواتر لە ئاماژەیەکدا گێڕەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە "پیرە" چیرۆکی خۆی بۆ هاوەڵەکانی دەگێڕێتەوە (ل. ١٨١) و بەمجۆرە لەبەر ئاگاداریی خوێنەر لە چیرۆکی "پیرە" نایەوێت جارێکی تر ئەم شتانە دووپات بکرێنەوە. ئاوێنە شکاوەکە کە لە سەرەتاوە گرفتی دەستپێکردنی چیرۆکەکەی دەستنیشان دەکرد، پارچەیەک لەو ئاوێنەیە کە دایک بۆ کورەکەی دانابوو بۆ سەفەرەکی ڕۆما. ئاشكراکردنی ئەم خاڵە لە لاپەڕەی ٢٠٠ی ڕۆمانەکە و کاتێک لە کۆتایی نزیک دەبینەوە، زۆر وەستایانەیە. گێڕانەوەی حەوت باوڵەکەی دایک بۆ کوڕەی پێچابۆوە پڕە لە وردەکاریی جوانی زمانی و داستانی. دوای قوتاربوون لە ترسی گەورەی نوقمبوونی کەشتییەکە لە ئاکامی زریانێکی تونددا، ئەوه‌ باوڵەکانی دایکن کە کوڕە ئارام دەکەنەوە. ئەو هەر حەوت باوڵەکە دەکاتەوە و ناوئاخنە جۆراجۆرەکانیان یادەوەریی نیشتمان و خەمخۆریی بێسنووری دایک و مێهرەبانیی باوک لەوپەڕی وشیاریدا نیشاندەدات. وەسفێکی لەڕادەبەدە جوانی یەکەم هەنگاوەکانی سەر وڵاتێکی نامۆ و غەریب دەبێتە دوا دێڕەکانی ڕٶمانەکە و سەرەتای گەیشتن بە ڕۆما. جێهێشتنی نیشتمان و شکانی ئازاری "دەفرێکی مەڕمەڕی" ئەو تێکشکانەیە نیشتمان دەکات بە یادگارییەکی ڕابردوو و ئیتر گەڕانەوە بۆ ئەم زێدە، تەنێ دەبێتە هیوایەک. پشووی درێژی پیرەی وەرگێڕ کە چیرۆکەکە  دەگێڕێتەوە مەیل و ویستی خوێنەرەوە بە بەردەوامی دەجووڵێنێت. ئەو بە وەستایی و بە بیانووی حەسانەوە، خواردن و سەرخەوشکاندن پشوویەک بە گێڕانەوەکە دەدات و ڕەوتی پڕ لە هەڵواسینی (suspension) گێڕانەوەکە بەردەوام پڕچێژتر و بتامتر دەکات. پرسێک کە مرۆڤ دەتوانێ ئاراستەی پێکهاتە (structure) ی چیرۆکەکەی بکات ئەوەیە کە گەلۆ بینا و پێکهاتەی ئەم چیرۆکە نەدەکرا پتەوتر بوایە و چیرۆکە پەراوێزەکانی وەک هۆدە و ژووره‌كانی ناو بینایەکی گەورەی لەخۆ گرتبوایە؟ له‌م ڕۆمانه‌دا ئاماده‌یی ده‌ریا له‌ ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌كه‌دا توندوتۆڵییه‌كی به‌رچاو ده‌دات به‌ ڕیتمی ڕووداوه‌كان. زریانی گریت و مەترسیی نقومبوونی کەشتییەکە و ترس و دڵەڕاوکێی سەرنشینەکانی و دواجار بردنی کەشتییەکە بە سەوڵلێدانی کەشتیوانەکان و خنكانی دووانیان و حاڵ و هەوای کاراکتێرەکان له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، بەتایبەت هی "پیرە" و قەشە، نموونه‌یه‌كی دیار و جوانی ئه‌م وه‌سف و گێڕانه‌وه‌یه‌یه‌. هێندێکجار گێڕانەوەکە لە ڕەوتی ژیننامەنووسی لادەدات و دەبێت بە باسی پرسی وەرگێڕان لە سەدەکانی سەردەمی گێڕانەوەکەدا و جیاوازیی سیاسەتی وڵاتان، بۆ نموونە فەڕانسە و بریتانیا و ڕۆما لە پەروەردەکردنی وەرگێڕدا. ئەمجۆرە باسکردنە، لاپەڕەکانی ٩٤ تا ١٠٢ لە دیاردەی وەرگێڕان، سەرەڕای گرنگی و پڕبوونی لە زانیاری، خوێنەر ماندوو دەکات و سروشتی دیالۆگییانەی گێڕانەوەکە دەکووژێت.  گێڕه‌وە بە جوانی ئاگاداری کەموکوڕیی بیری مرۆڤە و دەزانێ کە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان ناتوانێت تەواو و سەراسەر ڕاست بن و مرۆڤ زۆر بە ئاسانی ئەوەی لەبیر دەچێتەوە. بەڵام وەک شوێنەکانی تری ئەم ڕۆمانە، گێڕەوە لەسەر ئەم بابەتە بە تاکبێژییەکی ماندووکەرانە نادوێت و باسێکی فەلسەفیی ڕووت و خەست ئاوێتەی ڕۆمانەکە ناکات. ئەو بە دروستی و بەپێی ئەو ڕاستییە کە خەریکی گێڕانەوەیە، هونەری نیشاندان دەکاتە جێگرەوەی گوتن و درێژدادڕی. (ل. ٦٣)   ناسنامه‌ ئەگەرچی نووسەری ئەم ڕۆمانە وەک نووسەرێکی ناسراوی کورد ناوبانگی دەرکردووە و هەتا ئێستا هه‌شت ڕۆمان، چوار به‌ عه‌ره‌بی و چواریشی بە کرمانجیی سەروو، بڵاو بووەتەوە، کاراکتێری سەرەکیی ئه‌م ڕۆمانەی نە کورد بەڵکو چەرکەسە. تەنیا کاراکتێری کوردی ئەم ڕۆمانە "کوردەی گالیسکەوانە". ئەو خەڵکی دەشتی سروجی دەورووبەری شارۆچکەی ئەلبیرەی سەر بە شاری ئورفەیە. ئەو هەمیشە خەمگینە و خەم سیمای داپۆشاندووە. ئەو دەڵێت کە "ئەسپەکەشم وەک خۆم کوردە." (ل. ٦٦). پرس ئەوەیە  کە لەو سەردەمیدا ناسنامەی ئێتنیكیی لەم چەشنە ئه‌وه‌نده‌ باو بووە؟ کاتێک مەیاسەی کچە کۆچەر بە کوردەی گالیسکەوان دەڵێت "کورد بیت و زمانیشت لەنگ. (ل. ٧٢)، ئەو پرسە دێنێتە ئاراوە کە گەلۆ کوردبوون ئەو کاتیش کێشە و کەمایەسی بووە؟ زۆرجار چەمکە دەکارهاتووەکانی ناو ڕۆمانەکە هەڵگری تایبەتمەندی و سەرمایەی کولتوریی سەردەمی خۆیان نین. قسەکردن لە هەبوونی "نەتەوە" و "میللەت" لە سەردەمی ئەم چیرۆکەدا لەجێی خۆیدا نییە. ئاخر "میللەت" لەو سەردەمیدا شتێکی تر بووە و هیچ پێوەندییەکی بە مانای چەمکەکە لە سەردەمی ئێستادا نییه‌. چیرۆکی لاوەکیی کوردەی گەلیسکەوان، بوزان، بەشێکی زۆری چیرۆکەکەی داگرتووە. چیرۆکی ئەڤینی نێوان بوزانی کورد و مەیاسەی عارەب کە بوزان کاتی خۆی بۆ پیرەی وەرگێڕی لە سەردەمی گەنجیدا گێڕاوەتەوە، تا ڕادەیەک درێژە و بەشێکی زۆری لە فەزای گێڕانەوە سەرکییەکە داگیر کردووە. لە هەمانکاتدا تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ پرسی ئەڤینداریی بوزان و شێوازی عاشقبوونی بوزان بە مەیاسە دەریدەخات کە کۆمەڵگەیەکی لەم چەشنە بە زەحمەت دەتوانێت بواری نووسینی "ژیننامە" بڕەخسێنێت.  بوزان بە هۆی خۆشویستنی مەیاسەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە "شێت" بووە. باوکی بوزان ئەو دەباتە لای شێخی بەرکەل کە پێی وایە جنووکە چووەتە ناو گیانی بوزان و بۆ دەرکردنی جنووکەکان بەردەوام بوزانی بێچارە دارکاری و تەنانەت داغ دەکات. مرۆڤ كه‌ بیر له‌ به‌سه‌رهاتی ته‌نیا كاراكتێری كوردی ئه‌م ڕۆمانه‌، واتا بوزانی گالیسكه‌وان، ده‌كاته‌وه، له‌ خۆی ده‌پرسێت تۆ بڵێی نووسه‌ر، تێبینیی ئێستای خۆی له‌سه‌ر كوردبوون نه‌گواستبێته‌وه‌ دوو سه‌ده‌ و نیو پێش ئێستا و مرۆڤی كوردی تووشی نه‌هامه‌تی و نوشوشتیی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی نه‌كردبێت؟   نۆستالژیا و هه‌ڵاتن بۆ دواوه‌ به‌سه‌رهاتی عه‌شیقی وه‌رگێڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مانی ئیمپراتۆرییه‌كان ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ ‌ هه‌ڵاتن له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی سه‌رده‌می مۆدێرن كه‌ تێیدا سه‌پاندنی ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی به‌ مانای سڕینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ناسنامه‌ی تری دانیشتوانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بوو. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ وه‌ك هه‌وڵێكی لێدێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی جۆرێك له‌ ئارامی له‌ ڕابردووی دووردا كه‌ ده‌كرێ وه‌ك‌ نۆستالژیایه‌ك سه‌یر بكردرێت. قەشەی مارۆنی کە هاوڕێی ڕوشدیی بازرگانە یارمەتیدەری گەیاندنی کوڕەکەی ڕوشدییە بۆ ڕۆما. ئەو هەر لە سەرەتای سەفەرەکەوە ناوی یوحەنای ئەنتاکی لە کوڕە دەنێت. ئەم ناوە ناسنامەیەکی کرستیانی بە کوڕە دەبەخشێت و بۆی دەبێت بە جۆرێک لە جەوازی سەفەر. ئاخر لە سەردەمی عوسمانییەکاندا موسوڵمانەکان بۆیان نەبوو بڕۆنە سەرزەمینی کوفر و لەوێ نیشتەجێ بن. نووسەر لە پێشەکیی وەرگێڕانی کوردیی ڕۆمانەکەیدا، ئامانجی خۆی لە نووسینی ئەم ڕۆمانە باس دەکات و دەڵێت کە “ئه‌م ڕۆمانه‌م ته‌نیا بانگه‌شه‌یه‌كه‌ بۆ په‌نابردن بۆ ئاوه‌ز و دانایی له‌سه‌رده‌مێكدا خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دارستانێكی وشك و ئاگری توندڕه‌وی لووشی ده‌دات.” دەکرێت وەسفی جوانییەکان و پەسندانی ڕابردوو و پێداهەڵگوتنی سەردەمی پێشمۆدێرن بۆ بەربەرەکانیی سەردەمی ئێستا و مەوداگرتن لە فەزا پڕ لە شەڕ و کوشتارەکەی جۆغرافیای گێڕانەوەکە و ژینگەی سەرەکیی کاراکتێرەکان واتا ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئەمڕۆ بێت. گرفت ئەوەیە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتدا ئێمە نوینەرایەتیی قەشەی ماڕۆنی و ڕوشدیی بازرگان و هەموو ئەو ئایدیا جوانانەی بانگەشەی ژیانێک لە دەرەوەی باوەڕە ئاینییەکانەوە دەکات و تێیدا هەموو باوەڕ و بۆچوونێک بە هارمۆنییەکی تەواوە لەگەڵ یەکتر دەژین لە گوتارێکدا نابینین. بۆ نموونە ئایا لە دەرەوەی ئەم گێڕانەوەیەدا مرۆڤ دەتوانێت ئاماژە بە بیرمەندێکی سەدەی حەڤدە و هەژددەهەمی هەمو جۆغرافیای گێڕانەوەکە بە تورکی و عه‌رەبییەوە بکات و بڵێت فڵان کەس ئاوا دەنووسێ. بە واتایەکی تر مرۆڤ دەکرێت بڵێت مرۆڤ خۆزگە بە قەشەیەکی ماڕۆنی و ڕوشدییەکی بازرگان و پیرەیەکی وەرگێڕی ڕاستەقینە دەخوازێت و لە نەبوونی ئەواندا قەشەیەک و بازرگانێک و پیرەیەکی وەرگێڕی خەیاڵیی ئیدێئال دەئافرێنێت. هێندێک جار قسەی وا لە دەمی کاراکتێرگەلی وەک دەروێش سیراج و قشە پۆلسه‌وه‌ دەکرێت کە مرۆڤ وەیادی ڕووناکبیرانی سەردەمی ڕۆشنگەریی ڕۆژاوا دەخات و هەست دەکات دیدێرۆ و ڤۆلتەر قسە دەکەن. بۆ نموونە کاتێک دەروێش سیراج دەڵێت کە "ئازادی دەقێکی مەزنە، پەراوێز و ڕاڤەی کورت و زۆری هەن، هەڵبەت پەراوێز نییە بۆ دەقەیلی تر." ، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دێت. ئەمە ئیتر زۆر سەختە جێگای باوەڕ بێت کە لە عەقڵی مرۆڤێکی سەدەی هەژدەهەمی حەڵەبەوە هەڵقوڵا بێت. ئایا نموونەیەکی ئاوا لە زانایەکی ئیسلامی بیستراوە؟ ئەمە ئەگەر ڕاستیش بێت پێشخانی ڕۆمانەکە لە ئاستی پێویستدا دەریناخات بۆچی دەبێت قەشە پۆلس و دەروێش سیراج ئاوا بیر بکەنەوە. ئایا ئەمە هۆکاری سروشت و ژینگەی ئەوانە یان نەزمی سیاسی باو وا دەخوازێت. مرۆڤ بەردەوام ترسی ئەوەی هەیە نووسەر هەر وەک لە "پێشەکی"ی وەرگێڕانی کوردیی بەرهەمەکەی گوتوویەتی، دژایەتیی ئەو لەگەڵ شەڕوشووڕی ئیستا و ڕۆڵی خراپی ئایینەکان لەم پێکهەڵپڕژانی باوەڕە جۆراجۆرەکاندا هانی دابێت بە ڕازاندنەوەی ڕابردوو سوکنایی بدات بە خۆی. مرۆڤ وا هەست دەکات کارتێکەریی ڕەوشی ئێستا و پێداویستیی دۆزینەوەی ڕۆژگارێکی خۆش لە ڕابردوودا بۆ دەرچوون لە فەزای کوشەندەی ئەم سەردەمە، گێڕەوە وا لێدەکات تیفتیفەی ڕابردوو بدات و کەسایەتی ئایدیالیستی وەک قەشەی ماڕۆنی و دەروێش سەراج ساز بکات.   به‌رایی كۆلۆنیالیزم له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا خوێنه‌ر سه‌فه‌رێكی خه‌یاڵی بۆ سه‌رده‌می گه‌شه‌ی ئیمپراتۆریای عوسمانی ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ژیان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌رده‌م ئاشنا ده‌بێت. بۆ نموونه‌ تێده‌گات كه‌ جۆرەکانی کاغەز لەو سەردەمیدا بریتی بوون لە ڕۆمی، میسری، بەغدایی و سەمەرقەندی. بەڵام جۆری ڕۆمایی لە هەموویان باشترە. (٤٤) وێده‌چێت هه‌ر له‌و سه‌رده‌میشدا سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژاوای پیشه‌سازی مۆركی خۆی له‌سه‌ر زه‌ینی ته‌نانه‌ت دانیشتوانی عوسمانییشدا دابێت و پێشكه‌وتوویی ڕۆژاوا بووبێت به‌ ڕاستییه‌كی حاشالێنه‌كراو. بۆیه‌ ده‌بینین كه‌ هەر ئەو سەردەمیش بۆچوون لەسەر فەڕەنگستان بۆچوونێکی ئەرێنی بووە وەک وڵاتێکی کە "ماست و هەنگوینی لێ دەڕژێت" پێناسه‌ كراوه‌ (٣٨ .ل). باوکی شەمعون، یەکێک لەو گەنجانەی لەگەڵ قەشەی ماڕۆنی بەرەو ڕۆما دەڕۆن و خۆی کوڕە کرستیانێکی دەوەری تلکێفی سەر بە موسڵە و تەمەنی شازدە ساڵە، لە باسکردنی بەسەرهاتی خۆیدا دەگێڕێتەوە کە چۆن "کەسانێک لە وڵاتی فەڕەنگانەوە دەهاتن و دەچوون، لە دوای خۆیانەوە جگە لە ناکۆکی هیچیان جینەدەهێشت، تا وای لێهات باوکم بە دووزمانانی ڕۆمای ناودەبردن." (ل. ١٥٧) مرۆڤ جۆرێک لە سەرەتاکانی کۆلۆنیالیزم لەو قسانەدا دەبینێتەوە کە چۆن مژەدبەخشەکان بە هاتنیان بۆ ناوچەکە هێدیهێدی تۆوی دووبەرەکی دەخەنە ناو "بەرخەکانی خوا". نێردەکانی وڵاتی فەڕەنگ بە هاتنیان بۆ ڕۆژهەڵات زیان بە کریستیانەکان دەگەیەنن. ئەمە دەتوانێ سەرەتای شێواندنی نەزمی کۆن و هاتنی سەردەمی مۆدێڕن بێت. باوکی پیرە لەبەر کەسێکی وەک خواجە مارتینی ئاڵمانی مایەپووچ دەبێت.  ئەمەش دەکرێت وەک دیاردەی کۆلۆنیالیستی و هاتنی ڕٶژاواییەکان بۆ ڕٶژهەڵات ببیندرێت.كیبەرکێی ئابووری لەنێوان مارتینی ئاڵمانی و ڕوشدیی بازرگاندا سەرەتای سەردەمانێک دەستنیشان دەکات کە وڵاتانی ڕۆژاوا ‌هێدیهێدی دەگەیشتنە ڕۆژهەڵات. ئەوان بە کەرەسەی باشترەوە کێبەرکێی ئابوورییان لە بازرگانانی ناوخۆ دەبردەوە و چاکتربوونی کالاکانیان ڕەوتی هاوردەکردنی ئابووریی لە سەمەرقەند و بەغداوە بەرەو مەرسیلیا دەگوێزێتەوە. باوکی شەمعون بازرگانێکی کرستیانە کە لە ئاکامی لەتلەتبوونی کلێساکانی ڕۆژهەڵاتدا کاروباری لە بڕەو دەکەوێت و دەخوازێت ببێت بە موسوڵمان و دواجار "شێت" دەبێت و لە ژێرزەمینی کلێسایەکدا دەبەسترێتەوە. شمعون لە ڕەبەنگەی چیای عابدین جێگیر دەبێت و دواجار بەهۆی توانا زمانییەکانییەوە و زانینی ئاسۆڕی، کوردی و عه‌رەبی هەڵیان بژاردووە کە بچێتە ڕۆما بۆ فێربوونی ئیتالیایی لاتینی.  گێڕانەوەی ئاوا بە وردەڕیشاڵی ژیانی نەوجەوانێک ئەم پرسە دێنێتە ئاراوە کە ئایا ئەم وردەکارییە تاکبڕوایانە لەو سەردەمەدا و لە چوارچێوەی ئێپیستیمەی ئەو سەردەمیدا دەگونجا؟   ئه‌نجام ئه‌گه‌رچی هه‌لومه‌رجی جۆغرافیایی كوردستان مه‌جالی ئاماده‌بوونی ده‌ریای له‌ گێڕانه‌وه‌ی كوردی بڕیوه‌، به‌ڵام عه‌شیقی وه‌رگێڕ و زه‌نگه‌كانی ڕۆما به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌كان توانیوییانه‌ چێژی گێڕانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سامی ده‌ریا و شه‌پۆله‌كانی وشه‌ تێكه‌ڵاو بكه‌ن. لە گرنگیی چاوەڕوانیی بۆ بیستنی بەسەرهاتی دەروێش سیراجدا، ئەو کوڕە گەنجەی دواتر دەبێت بە پیرەی وەرگێڕ، بە قەشە دەڵێت لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی دەروێش بەردەوام بێت. چونکە "چیرۆک دەریایەکە ئەوی دابەزێتە ناوییەوە چەندێک زریان هەڵکات و چەندێک شەپۆلەکانی بەرزببنەوە، نوقم نابێت." (ل. ١٣٧) ئه‌م وێكچوواندنه، له‌ڕاستیدا، هه‌ڵگری باری ماناییه‌كی گرنگه‌ له‌ نیشاندانی كارلێكی ده‌ریا و چیرۆكدا.‌ ڕۆمانی عه‌شیقی وه‌رگێڕ و زه‌نگه‌كانی ڕۆما[1] وه‌ك به‌رگی دووهه‌می ئه‌م ڕۆمانه‌، ڕه‌هه‌ندێكی نوێ ده‌دات به‌ گێڕانه‌وه‌ی كوردی و تواناییه‌كانی گێڕه‌وه‌ بۆ وێناكردنی فه‌زاگه‌لی تێكه‌ڵاو له‌ وشكانی و ده‌ریایی. ڕه‌نگه‌ لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌مان بۆ بێته‌ پێش تۆ بڵێی فه‌زایه‌كی له‌م چه‌شنه‌ و كاراكتێرگه‌لێكی ئاوا هه‌مه‌ڕه‌نگی ئێتنیكی، هێشتا بتوانن پێناسه‌ی كوردیی ڕۆمانه‌كان بپارێزن؟ له‌ دونیای تێكسڕماوی ئێستادا كه‌ تێكه‌ڵاویی چڕی مرۆڤه‌كان بووه‌ته دیارده‌یه‌كی ڕۆژانه‌ و هه‌مه‌لایه‌نه،‌ گێڕانه‌وه‌ی كوردی‌ ناتوانێت له ده‌ریای‌‌ بێسنووری هونه‌ردا مه‌له‌ نه‌كات و خوێنه‌ری كورد به‌ پڕشكی ئاوی ده‌ریا شاد نه‌كات. عه‌شیقی وه‌رگێڕ و ڕۆمانی زه‌نگه‌كانی ڕۆمای جان دۆست، سنووره‌كانی گێڕانه‌وه‌ی كوردییان له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ تا ڕۆژاوا درێژ كردووه‌ته و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕابردوو چه‌شنێك له‌ هه‌ستی نۆستالژییانه‌ی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان جووڵاندووه‌ته‌وه‌. ‌‌       ‌                       ‌ له‌ وتارێكی تردا، ڕۆمان و ده‌ریا (٢)، ئه‌م ڕۆمانه‌شم هه‌ڵسه‌نگاندووه‌.           [1]

لۆڤا محەمەد پاش ئه‌وه‌ى دکتۆره‌ خۆشه‌ویسته‌که‌ى منداڵان، دکتۆر (جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شید) دوای (٥٠)ساڵ خزمەتکردن بە منداڵانی نەخۆش، ساڵی ڕابردوو لە وڵاتى ئەڵمانیا بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایکرد. له‌ ئێستادا و  له‌پاى ئه‌و هه‌موو قوربانى و ماندووبونه‌ى، هونه‌رمه‌ندێکى په‌یکه‌رساز، په‌یکه‌رێکى وه‌ک ڕێزلێنان بۆ دروستده‌کات. پەیکەرساز (چێنەر نزار)،  سەبارەت بە بیرۆکەی کارەکەى ڕایگەیاند: پێش ئەوەی دکتۆر جەمال کۆچی دوایی بکات ئێمە چووین بۆلای و پێمان وت کە دەمانەوێت پەیکەرێکت بۆ دروست بکەین، بەڵام دکتۆر جەمال وتی من شایەنی ئەوە نیم پەیکەرم بۆ دروست بکەن". وتیشى:" دیارە ئەمەی دکتۆر جەمال وتی تەنها لە گەورەیی خۆی بوو کە مانای ئەوەبوو من هیچم نەکردووە تا شایانی پەیکەرێک بم، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو شایانی زۆر لەوە زیاترە، پاشان وێنەیمان گرت و دەستمان بە دروستکردنی پەیکەرەکە کرد، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم پەیوەندیم پێوەکرا کە دکتۆر جەمال کۆچی دوایی کردووە". ئەو پەیکەرسازە ئاشکراشی دەکات:" پەیکەرەکە هاوشێوەی باڵای مرۆڤێکی ئاساییە و لە قوڕدروستکراوە و دواتر بە هاڕاوەی بەرد دادەپۆشرێت و بڕیارە بە ماددەی بڕۆنز ڕووپۆشی بکەین تاوەکو بەرگەی زۆر شت بگرێت، وە لە هەردوولای پەیکەرەکەدا پەیکەری بارز دادەنێین کە منداڵی لەسەر بێت و پەیامی سوپاس بە دکتۆر جەمال دەگەیەنن". واش بڕیارە ئه‌وپەیکەرە لە سلێمانی لەبەردەم نەخۆشخانەی (د، جەمال ئەحمەد ڕەشید) دابنرێت کە لە ڕابردوودا بە نەخۆشخانەی فێرکاری منداڵان ناسرابوو.  

دانا رەئووف داستانی (ئەلیازە)ی هۆمیرۆس یەکێکە لە سەرچاوە کلاسیکییە دێرین و گەورەکانی کولتوور و ئەدەب و شانۆی گرێکی، هاوکات بنەمایەکی گرینگی ستراکتوری هەموو ئەدەب و شانۆی ئەوروپییە. بەپێی سەرچاوەکانی مێژووی ئەدەب، ئەلیازە لە ساڵەکانی ٧٠٠ ب. ز دا نووسراوە، بەڵام لە چاخی ناوەڕاست دا (ئەلیازە) و هەروەها (ئۆدیسە)یش ون بوون و دواتر لە فۆرم و دەستنووسی تردا دەرکەوتونەتەوە. مێژووی وەرگێڕانی ئەلیازە و هەموو کولتووری یۆنانی کۆن، بۆ زمانە ئەوروپییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٤٠٠، بەڵام لە ١٨٠٠ەکاندا هۆمیرۆس و داستانی ئەلیازە، وەک شاکارێکی کلاسیکی بە هەموو ئەوروپادا بڵاو دەبێتەوە. ئەلیازە، بۆ گرێکییەکانیش سەرچاوەی سروش بووە و لە دەقە تراجیدیاکانی شانۆی گرێکی کۆندا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە (ئۆرێستێیا)ی ئێسخیلۆس، کە باسی گەڕانەوەی ئاگامێمنون دوای دە ساڵ لە شەڕی تەروادە دەکات، هاوکات (ژنانی تەروادە)ی یوربیدیس، کە باسی ژنەکانی تەروادە دەکات، کە چۆن لە دوای شەڕەکە، وەک کۆیلە دەیانگوێزنەوە بۆ یۆنان. ئەم داستانانە، لە ئەدەبی مۆدێرنی ئەوروپادا، بۆ نموونە (یولیسیس)ی جێمس جۆیس، (ئۆدیسەێی) کازانتزاکیس و چەندانی تر تا دەگاتە ئەم دوا ڕۆمانەی تیۆدۆر کالیفاتیدێس (هێرشەکەی سەر تەروادە) ڕەنگی داوەتەوە. ئەلیازە، لە شانزە هەزار بڕگە شیعر و بیست و چوار گۆرانی پێکهاتووە و لەم ستراکتورە میتۆلۆژییەدا، داستانێکی خوێناویی و شەڕێکی درێژ خایەنی دە ساڵەی نێوان گرێکییەکان و تەڕوادەییەکان دەگێڕێتەوە، شەڕی پاڵەوانە گەورەکان، ئەو پاڵەوانانەی تەنها لەنێو داستانە گەورەکاندا هەن: ئاگامێمنون، هێکتۆر، ئەکیلیس، پاریس، نێستۆر، ئۆدیسیۆس، هەروەها پادشا، شازادە و خواوەندەکان، هاوکات هێلێنا-ی جوان و قەشەنگ، کە هەموو شەڕەکە لە پێناوی ئەودا و لەسەر ئەو دەکرێت. یەکێک لە خاڵە نەمر و گرینگەکانی ئەم داستانەیش ئەوەیە، لە کۆنەوە و تا ئێستایش، خوێنەر و گوێگر، هەندێک لایەنگری بەشێک لە پاڵەوانەکان و هاوکات هەندێکی تر دژی هەمان ئەو پاڵەوانانە بوون. هیچ لایەکێان، نە گرێکەکان و نە تەروادەییەکان لەم شەڕە خوێناوییە دە ساڵییەدا بێتاوان و بێگوناه نەبوون. چارەنووسی کارەکتەرەکان و هەروەها ئەو ڕووداوانەیشی تیا دەژین و کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی مێژوو و ژیانەوە هەیە، پێشوەخت لە لایان خواوەندەکانەوە دیاریکراوە. ئەلیازەی هۆمیرۆس وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا، کراوەتە فیلم و شانۆ و لە قوتابخانە و کۆلیژەکانی دنیادا خوێنراوە و دەخوێنرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا تێگەیشتنی ئەم داستانە بۆ زۆرێک ئاسان نەبووە، لەوانەیە هەندێک لە هۆکارەکان درێژی داستانەکە، چڕ و پڕی ڕووداوەکان، ئەو زمانە شیعرییەی ئەلیازەی پێنووسراوە، زۆری پاڵەوان و ئەو هەموو کارەکتەرەی لەنێو ئەم داستانەدا، لە دایک دەبن، دەژین و هەندێکیان پیر دەبن و هەندێکیشیان لەم جەنگەدا بە گەنجی دەکوژرێن. نووسەری سوێدی/یۆنانی تیۆدۆر کالیفاتیدێس گەڕاوەتەوە بۆ سەر ئەم داستانە گەورەیە و لەنێو ڕۆمانێکدا کاری لەسەر کردووە، ڕووداوەکانی داستانەکە، ئەو هەست و سۆزە گەورەیەی کارەکتەر و ڕووداوەکان دروست دەکەن، خۆشەویستی، سێکس، کۆیلە بوون، ئەو توندوتیژییە نامرۆڤانه‌یه‌ی جەنگ دەیخوڵقێنێت، ئەو توڕەییەی رقێکی گەورە لەنێو هەردوو بەرەی جەنگەکەدا دروست دەکات و لافاوی خوێن هەڵدەستێنێت، دەگێڕێتەوە. ئەم ڕۆمانە تازەیەی کالیفاتیدێس (هێرشەکەی سەر تەروادە) چەندە ڕۆمانێکی جوانە و لەنێو داستانەکەی هۆمیرۆس دا هەناسە دەدات و سەرلەنوێ داستانێکی گەورەی وەک (ئەلیازە)مان بە زمانێکی ئاسان و شیعرئامێز بۆ دەگێڕێتەوە، هێندەیش چەمکێکی پێداگۆگی هەیە و هەموو ڕووداوەکانی داستانەکە، پاڵەوانەکان و ڕێچکەی شەڕەکە و هۆکارەکانی دەخاتە بەردەستی خوێنەران. کالیفاتیدێس لە کۆتایی ڕۆمانەکەیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە یەکێک لە هۆکارەکانی نووسینی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، کە ئەم سەردەمەی ئێستامان، ئەو توانایەی نییە ئەم داستانە بکاتە دەروازەیەکی نوێ بۆ نزیکبوونەوە لە کولتوور و داستانە کلاسیکییە کۆنەکانی ئەوروپا، ئەمە جگە لەوەی ئەو وەرگێرانانەی تا ئێستا لەبەر دەست دان ناتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن. نووسەر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک نە مەبەستی ئەوە و نە دەشتوانێت، جێگای هۆمیرۆس بگرێتەوە، بەڵکو هەوڵی ئەو بۆ ئەوەیە دەروازەیەک بۆ ئەو داستانە شیعرییە گەورەیە بکاتەوە. کالیفاتیدێس لە پەیڤێکی کورتی دوای ڕۆمانەکەیدا، دەڵێت: (من هەمیشە ئەلیازە-م وەک شیعرێکی دژە جەنگ بینیوە.) ئەمەیش ڕاستییەکی ڕەهای ئەو داستانە خوێناوییەیە، هیچ کەسێک لە کارەکتەرەکانی ئەلیازە شەڕیان ناوێت، بەشێکی زۆری داستانەکە، گفتوگۆیە بۆ ئاشتی، ڕێزێکی زۆر بۆ کوژران و ریتواڵی بە خاک سپاردنی پاڵەوانەکان و شەڕ ڕاگرتن، تا بە تەواوی لە ناشتنی پاڵەوانەکان دەبنەوە. بەڵام خواوەندەکان شتێکی تریان ویستوە و ڕێچکەی ڕووداو و شەڕەکانیان بە ئاڕاستەیەکی تردا بردووە.   هەرچەندە کالیفاتیدێس (لە هێرشەکەی سەر تەروادە) دا ڕێچکەی ڕووداوەکانی داستانەکەی هۆمیرۆس-ی هەڵگرتووە، هەمان میتۆلۆژیامان بۆ دەگێڕێتەوە و پاڵەوانەکان، بە تایبەتیش پاڵەوانە سەرەکییەکانی ئەلیازە: مێنێلاۆوس، هێلێنا، ئەگامێمنون، ئەکیلیس، پرێیاموس-ی پادشای تەروادە، هێکتۆر، ، پاریس، هێکابە، ئەندۆماکە، کەساندرا-ن، بەڵام ڕۆمانەکەی ڕۆمانێکە، کە لەسەر بنەما و چەمکەکانی ڕۆمانێکی هاوچەرخی ئەوروپی ڕۆنراوە. کالیفاتیدێس ڕووداوەکانی ئەلیازە و شەڕە خوێناوییەکەی تەروادەی بەستۆتەوە بە جەنگێکی تری خوێناوییەوە؛ ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌، لە دوا ساڵی جەنگی جیهانی دووەم و لە گوندێکی گرێکی دا، کە لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە داگیر کراوە و بە بەردەوامی لەلایەن فرۆکەکانی هاوپەیمانەکانەوە بۆردومان دەکرێت و پارتیزانە یۆنانییەکانیش هێرش چەکداری دەکەنە سەریان، ڕوو ده‌ده‌ن.   تیۆدۆر کالیفاتیدێس بەم شێوەیە ڕۆمانەکەی دەست پێدەکات: (من تەمەنم پانزە ساڵان بوو و عاشقی مامۆستاکەم بووبووم. ساڵی ١٩٤٥ و سەرەتای مانگی چوار بوو. گوندەکەم، هەروەک هەموو یۆنان لە ساڵی ١٩٤١ەوە لەلایەن سوپای ئەڵمانییەوە داگیر کرا بوو.) نووسەر، کە خۆی ڕۆمانەکە دەگێڕێتەوە و باسی ئەو ڕۆژانە دەکات، کە لەگەڵ کچە دراوسێ و هاوپۆل و هاوڕێی منداڵیدا (دیمیتریە) چوون بۆ قوتانخانە و لەناو گوندەکەدا یارییان کردوە و سەردانی کلێسا و قاوەخانە و ناوەندی گوندەکەیان کردووە. یەکەم ڕۆژی قوتابخانە، کە بۆمبابارانە و لەگەڵ مامۆستا تازەکەیاندا، کە کچێکی گەنجی قژ ڕەشی جوانە و هەر لەیەکەم ڕۆژەوە عاشقی دەبێت، دەچنە ئەشکەوتێکەوە تا خۆیان لە بۆمبای فرۆکەکان بپارێزن، کە بەسەر گوندەکەیاندا دەیبارێنێت. هەر لە ئەشکەوتەکەدا و بەدەم چاوەڕوانییەوە، ئەم مامۆستا گەنجە جوانە، پێشنیاری ئەوەیان بۆ دەکات، کە چیرۆکی هێرشە گەورەکەی سەر تەروادە-یان بۆ بگێڕێتەوە. مامۆستاکە، لەو ئەشکەوتەدا دەیەوێت بە گێڕانەوەی ئەو داستانە ترسی فرۆکە جەنگییەکان بە گێڕانەوەی شەڕێکی تر لای قوتابییەکانی بڕەوێنێتەوە. ئەو، کە عاشقی مامۆستاکەی بووە، لەوە دەگات، ئەو خۆشەویستییەی بۆ مامۆستاکەی هەیەتی ناگاتە ئەنجام، هاوکات دەشزانێت، کە مامۆستاکەیشی عاشقە، بەڵام عاشقی ئه‌و نییه‌ و عەشقەکەی ئەویش نەک هەر ناگاتە هیچ ئەنجامێک، بەڵکو یاریکردنیشە بە ئاگر. مامۆستاکەی عاشقی یەکێکە لە سەربازە داگیرکەرە ئەڵمانییەکان.   مامۆستاکە دەست دەکات بە گێڕانەوەی داستانەکە؛ ئەو داستانەی باسی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی یۆنانییەکان، کە لەو سەردەمەدا پێیان گوتراوە (ئەکاییەکان) بۆ سەر تەروادە دەکات، دە ساڵ تێپەڕیوە و خوێنێکی زۆر لەنێوان هەردوو لادا ڕژاوە، بەڵام تا ئێستا ئەکاییەکان نەیانتوانییوە شووره‌کانی تەروادە برۆخێنن و بچنە ناو شارەکەوە. لە بەینی بەشەکانی شەڕی تەروادە و داستانەکەی هۆمیرۆس (ئەلیازە)دا، خوێنەر بە (من)ی گێڕەرەوە زیاتر ئاشنا دەبێت، ئەو عاشقی مامۆستاکەیانە، دیمیتریە-یش عاشقی ئەوە و باوکی لەلایەن ئەڵمانییە نازییەکانەوە بێسەروشوێن کراوە و شەڕەکە (جەنگی جیهانی دووەم) وەک شەڕی نێوان گرێکەکان و تەروادەییەکان، خەڵکی گوندەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە. هەڵواسین و لە سێدارەدانی پارتیزانە یۆنانییەکان، تۆڵەسەندنەوە و بردن و گولەبارانکردنی گەنجانی گوندەکە، وێنە خوێناوییەکانی جەنگی جیهانی دووەمە، کە بە شێوەیەکی تەریبی، لەخۆ دووبارەکردنەوەی مێژوودا، ڕەنگێکی بەهێز دەبەخشێت بە مێژووی شەڕ لە جیهاندا.   کالیفاتیدێس هەر لەسەرەتاوە، هەمان ریتم و تۆن لە ستراکتوری ڕۆمانەکەیدا بەکاردەهێنێت و له‌ ڕیزبه‌ندیی ڕووداوه‌کاندا شوێن پێی هۆمیرۆس دەکەوێت، کاتێك باسی شەڕێکی دە ساڵە دەکات، که‌ هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئافره‌تێك به‌ناوی "هێلێنا". "هێلێنا" ژنێکی جوان و قەشەنگه‌، ژنی پادشای سپارتا، شا مێنێلاۆوس-ە، به‌ڵام لە پڕ زۆر بە قووڵی عاشقی شازادە پاریس، شازادەی تەروادە دەبێت. هێلێنا لەگەڵ پاریس ڕادەکات و پێکەوە دەڕۆن بۆ تەروادە، ئەم ڕەدووکەوتنەی هێلێنایش ئاگری ئەو شەڕە دە ساڵییە هەڵدەگیرسێنێت، کە هەزارەها جەنگاوەر و کوری گەنج و پاڵاوانی هەردوو لای تیا دەکوژرێت. مێنێلاۆوس لەشکرەکەی کۆدەکاتەوە و سەرکردایەتییەکەیشی دەداتە دەست ئەگامێمنون، کە ئێفگینیا-ی کچی دەکاتە قوربانی، تا باکە یارمەتییان بدات و پاڵ بە کەشتییەکانیانەوە بنێت بۆ ئەوەی بپەڕنەوە و تەروادە کاول و داگیر بکەن. ستراکتوری داستانەکەیش، وەک هەموو میتۆلۆژیایەکی دێرینی یونانی لەلایەن خواوەندەکانەوە ڕۆنراوە و خواوەندەکان لە پشت چۆنییەتی ڕەوش و گەشە و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی شه‌ڕه‌که‌ و چارەنووسی پاڵەوانەکانەوەیە.   خاڵێکی گرینگی داستانەکەی هۆمیرۆس و رۆمانەکەی کالیفاتیدێس، کارەکتەری هێلێنا-یە، ئەو شاژنەی پشت دەکاتە مێردەکەی، شا مێنێلاۆوس و لەگەڵ شازادە پاریس بەرەو تەروادە ڕادەکات: ئەنجامی شەڕەکە هەر چۆنێک بێت، هێلێنا به‌ چارەنووسی خۆی دەزانێت؛ مێردەکەی یان پاریس، کە عاشقیەتی هەر کامیان بکوژرێن، سپارتە، وڵاتی گرێکەکان، کە زێدی خۆیەتی و منداڵ و کەس و کارەکەی تیا دەژی وێران بێت، یان تەروادە، ئەو وڵاتەی لەگەڵ پاریس پەنای بۆ بردووە، ئەو دۆڕاوە و لە هەردوو بارەکەدا تۆڵەی لێدەکرێتەوە.   رۆمانەکەی کالیفاتیدێس، هەروەک ئەلیازەی هۆمیرۆس، باسی جەنگ و ئاکامه‌کانی جەنگ و کاولکاری دەکات، بەڵام باسی خۆشەویستی و عەشق و کۆمەڵگەی باوکسالاریش دەکات. نووسەر دەیەوێت ئەوە دووپات بکاتەوە، کە سیستێمی کۆمەڵگە باوکسالارییەکان بەرپرسیارن لە هەڵگیرسانی جەنگ و کوشتن و بڕین. هێلێنا-ی قەشەنگ، کە ژنی شا مێنێلاۆوس-ە عاشقی شازادە پاریس دەبێت و دوای دەکەوێت، هەموو گرێکییەکان، بۆ گەڕانەوەی نامووسی شا و تۆڵەسەندنەوە لە هێلێنا، بۆ ماوەی دە ساڵ دەکەونە جەنگەوە و خوێن دەڕێژن.    خاڵی گرینگ و بەهێزی ئەم ڕۆمانەی کالیفاتیدێس، زمانەکەیەتی. نووسەر هەوڵی نەداوە ڕۆمانەکە بە جۆرێکی تر بخوێنێتەوە و چەمکێکی مۆدێرن و کارەکتارێکی تری پێببەخشێت، بەڵکو تازەکردنەوەی ئەو بۆ ئەو داستانە ئەو زمانە شیعرییە لیریکییە جوانەیە، کە دەوڵەمەندە بە هەموو شتێک؛ شیعر، خوڵقاندنی داستانێکی نوێ، بەکارهێنانی چەندان وشە بۆ دیمەنێک، کارەکتەرەکان زیندوون و بە هەوای ئەمرٶ هەناسە دەدەن. هەندێک لە ڕەخنەگرە سوێدییەکان، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە قووڵی و جوانی زمانەکەی کالیفاتیدێس وا ده‌کات بچێته‌ ئاستی ئه‌و زمانە لیریکییە ئەفسانەییەی هۆمیرۆس پێی نووسیوە.   ئەم ڕۆمانەی کالیفاتیدێس قووڵییەکی ساکار لەخۆ دەگرێت، لەم قووڵییەدا هەست بە تێپەڕبوونی کات ناکرێت، داستانێکی دێرێن دەبێتە چیرۆکێکی واقیعی و بەرجەستەی ئەو هەموو شەڕەمان بۆ دەکات، کە لەم زەمەنە مۆدێرنەدا مرۆڤی خەڵتانی خوێن کردووە، هاوکات لەنێو دێڕ و ڕووداوە شەڕانگیزەکەی ئەم داستانە (مۆدێرنە)دا، جۆرە خەندە و هەستێکی تەژی بە کۆمیدیایەکی ڕەش دەکرێت، کە تەرازوی تراجیدیا/کۆمیدیای چارەنووسی مرۆڤایەتی ڕاگرتووە.   تیۆدۆر کالیفاتیدێس نووسەرێکی بە ئەزموونە و نزیکەی سی ڕۆمانی نووسیوە، جێگای خۆی بەباشی لەنێو ئەدەبی سوێدیدا کردۆتەوە و بەشێکی زۆر لە نووسین و ڕۆمانەکانیشی کارکردنە لەسەر ژیانی یۆنانییەکان، جەنگ و ژیانی گوندەکان، میتۆلۆژیا و ژیانی ڕۆژانە، بێگومان ژیانی ئەمرۆی سوێد و پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤ، بە تایبەتیش پێوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو. کالیفاتیدێس نامۆ نییە بە خوێنەری کورد، تاکو ئێستا دلاوەر قەرەداغی بەشێک لە ڕۆمانەکانی کردووە بە کوردی و بڵاو کراونەتەوە. ئەوەی لەم ڕۆمانەیدا (هێرشەکەی سەر تەروادە) گرینگە، کە یەکێکە لە سیما و تەکنیک و ستایلەکانی نووسەریش، ئەو ساکارییە قووڵەیە لە نووسین دا، ئەو دەتوانێت مەسەلە چر و پڕ لە کێشە و گرانەکان، بە زمانێکی ساکار و تەکنیک و ستایلێکی شەفاف بخاتە ڕوو. هەر بۆ نموونە، داستانێکی گەورە و گرانی وەک ئەلیازە، دەبێتە ڕۆمانێکی چێژبەخش و لە هەمان کات کورت و ساکار و ئاسان. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکەین، ئەوەیە پاڵەوانەکانی نێو ئەم داستانە لای کالیفاتیدێس، تەنها پاڵەوان و جه‌نگاوه‌ری ناو دونیای چیرۆك نین، بەڵکو دەبنە مرۆڤ و هەست بە بوونیان وەک مرۆڤ، لەنێو ڕووداوەکاندا دەکەیت. هۆمیرۆس، هەروەها کالیفاتیدێس دەیانەوێت بڵێن، شەڕ سەرچاوەی فرمێسکە و هیچ براوە و سەکەوتنێکیش لە هیچ کام لەبەرەی شەڕەکاندا نییە و هەموو لایەک دۆڕاون، لەگەڵ ئەوەیشدا جەنگەکان هەرگیز کۆتاییان نایەت، ئەوەتا دوای جەنگی جیهانی دووەم و کشانەوە و نەمانی هێزە ئەڵمانییە داگیرکەرەکان، شەڕی ناوخۆیی لە یۆنان هەڵدەگیرسێت و براکان یەکتری دەکوژن.     سەرچاوە: Theodor Kallifatides, Slaget om Troja, Albert Bonniers förlag, 2018