لۆڤا محەمەد تاژان سۆران یه‌کێکه له خاتوونە شێوەکاره‌کانى شارى سلیمانى که‌لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوە کاری هونەری ده‌کات و ماوەی پێنج ساڵیشە بەشی پەروەردەی هونەری لە کۆلیژی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە و لە بواری شێوەکاریدا بە ئەکادیمی پەرەی بە خەونەکەی ده‌دات. تاژان . سەبارەت بە شێوازى کارکردنى تاژان تایبەت بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: من زیاتر ستایلی ئەبستراکت له‌کاره‌کانمدا بەکار دەهێنم و زیاتریش ئه‌لوانى زەیتی و بۆیەی ڕۆنی ئاسایی بەکاردەهێنم لە کێشانی تابلۆکانمدا. ئه‌م هونه‌رمه‌نده بەشێک لە کارەکانى فرۆشراون و یه‌کێک له تابلۆکانى بە بڕى ۱٥٠٠ دۆلار فرۆشتوە، که ئەمەش گرانترین نرخە لە فرۆشتنی تابلۆکانیدا دەستی کەوتبێت. تاژان خاوەنی پێشانگایەکی تایبەتە و بەشداری لە ۱۱ پێشانگای هاوبەشدا کردووە. لە هه‌ریه‌که له شاره‌کانى (سلێمانی و هەولێر چەمچەماڵ و سنە و تاران). ئەو وێنانەی کە تاژان دەیکێشێت، زیاتر بریتی بووە لە (ئەنفال و ژنان و کلتور و سروشت) کە زۆربەی بابەتەکان ڕەنگدانەوەی هەبووە لە کارەکانیدا.
لۆڤا محەمەد دڵزار شەنگە یه‌کێکه له هونەرمەنده لاوه‌کانی شاری هەولێر، کە ماوەی چه‌ند ساڵێکە نیشتەجێی وڵاتى بەریتانیایەو له ئێستادا سه‌رقاڵى کارى هونه‌ریه. که له‌نوێترینکاریدا بەرهەمێک بە ناوی (ماڵئاوا) بڵاودەکاتەوە. دڵزار لە لێدوانێکیدا تایبەت بۆ هاوڵاتی وتی: ئه‌م به‌رهه‌مه ئاوازی خۆمە و هۆنراوەی (هەردی ئەحمەد)ی شاعیرە و لەکۆمپانیای شەنگە میوزیک لە بەریتانیا و بەهاوکاری ستۆدیۆی لاوژە لە شاری هەولێر کارەکان بەرهەم هێنراوە، لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندی بە ئەزموون کارەکان کراوە. وتیشى: کاری وێنەگرتنی ئەم کلیپە لەدوو وڵاتی جیاواز بووە، لەوڵاتی ماڵتا و بەریتانیا، بەسەرپەرشتی دەرهێنەری عێڕاقی محەمەد خالید، هەروەها (کوردم ڕادیۆ) کە ڕادیۆێکی کوردیە لە لەندەنە سپۆنسەری گشتی ئەم بەرهەمەی لە ئەستۆ گرتوە. ئەم هونەرمەندە بەرهەمێکی دیکەی بە ناوی (ڕۆحی بابە) بۆ باوکی بڵاوکردوەتەوە و ئاواز و میکس و مایسترینگ و هۆنراوەی کاری خۆیەتی و لە بەرهەمەکانی کۆمپانیای شەنگە میوزیکە بۆکاری هونەری و لە وڵاتی بەریتانیا بەرهەم هاتووە، تەنیا لە چەناڵی یوتوبی تایبەتی خۆی بڵاویکردوەتەوە.
لە ئینگلیزیەوە: بڕوا عەلادین لە ناو هەموو بیریارەکانی ئەوروپادا، سلاڤۆی ژیژەک سەرنجڕاکێشترینیانە و زۆرترین قسەی لە بارەوە دەکرێت. کارە فەلسەفیەکانی ئەو سلۆڤینییە، پڕن لەبابەت و مەسەلەی جیاواز جیاوازی وەک لینین، جەنگی عێراق، ڕووەبۆشایی ئەلیکترۆنی ''سایبەرنتیک''، جیهانگیریی و هیتچۆک. لە فیستێڤاڵی فیلمی سەرایڤۆدا کە لەپاش ململانێکانی ساڵی ١٩٩٠ ەوە بە رووداوێکی سەرەکی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی پایتەختی بۆسنە دادەنرێت، (Euro news) دیدارێکی لەگەڵ سازکرد و ژیژەکیش بۆچوونەکانی خۆی دەربارەی سینەما و باڵکان، باسکرد. ئەمەی خوارەوە دەقی گفتوگۆکەیە کە لەلایەن پەیامنێری کولتوریی کەناڵەکە (ۆلفگانگ سپیندلەر) وە، ئەنجامدراوە: *ئەم کاتەت باش سلاڤۆی ژیژەک. ئەمێستا لە فێستیڤاڵی فیلم لە سەرایڤۆ، میوانی منیت. بەڕای تۆ ڕۆڵی فیلم و سینەما لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆدا چیە؟ ژیژەک: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە من هێشتا هەر مارکسیستێکم لەسەر ڕێچکە کۆنەکەی مارکسیزم، هەربۆیە باوەڕم وایە کە سینەما گۆڕەپانێکە بۆ ململانێی ئایدیۆلۆژی و هێشتایش هەر ململانێ تیایدا ڕوودەدات. ئەمە شتێکە کە دەتوانین زۆر بە ئاسانی بیبینین کە لە پاش دابەشبوونی یۆگۆسلاڤیاوە ڕوویدا. ئێمە لێرە هەندێک فیلمی واقیعیمان هەبوو، بەڵام بەداخەوە فیلمە خەیاڵیەکان جەماوەریان زیاتر بوو. کە وا دەڵێم، مەبەستم لە فیلمەکەی دەرهێنەر (ئێمیر کوستەریکا) یە بە ناونیشانی (ژێر زەوی)، کە بەڕای من ئەو فیلمە بەڕاستی کارەساتە. هەر بۆیە ئەم پرسیارە دەکەم: ئایا لە ڕێگەی ئەم فیلمەوە چ وێنەیەکمان دەربارەی یۆگۆسلاڤیا دەستدەکەوێت؟ وێنەی وڵاتێک کە تیایدا خەڵکی هەر خەریکی سێکسکردن و زینان، بەردەوام لە دەمەقاڵێ و شەڕکردن و زیادەڕەویکردنن لە مەینۆشین و مەستبووندا. دەرهێنەری فیلمەکە باڵکانمان نیشان نادات، بەڵکو دەیەوێت ئەو شتانە بخاتە بەر چاوی بینەران کە ئەوروپا لە باڵکانی دەخوازێت. دەمەوێت بڵێم ئەم فیلمە بەتەنها بریتیە لەوێنەی ئەوانی تر ''ئەوروپیەکان'' دەربارەی ئەمانی تر ''کە باڵکانیەکانن''. * ئەی تۆ چۆن ئەم دیاردەیە ڕاڤەدەکەیت؟ ژیژەک: دەتوانێک بە جۆرێک لە گاڵتەجاڕییەوە بڵێین کە ناوچەی ''باڵکان'' بەپێی هەڵکەوتە و پێکهاتەکەی وەک نەستی ئەوروپا وایە. ئەوروپا هەرچی نهێنی گەندەڵیەکانیەتی، هەرچی گەندوگوو و بەدئابڕووییەکانی خۆیەتی هەڵیدەداتە ناوچەی ''باڵکان''ەوە، هەر بۆیە بۆچوونی من دەربارەی ئەوەی کە لە ""باڵکان"" دا ڕوودەدات وەک ئەوە نیە کە هەندێک کەس باويریان پێیەتی و دەڵێن: خەڵکی لێرە دیلی خەونە کۆن و لەمێژینەکانیانن، چونکە ناتوانن ڕووبەڕووی واقیعی پۆست – مۆدێرنە ببنەوە. نا! من دەڵێم ڕاستە کە ئەوان دیل و زیندانی کۆمەڵێک خەونن، بەس ئەو خەونانە هی خۆیان نیە، بەڵکو هەر هەموویان خەونی ئەوروپیین. فەیلەسوفی فەرەنسی (ژیل دلوز) وتارێکی جوانی هەیە کە تیایدا دەڵێت: ""گەر هاتو تۆ لە خەونی ئەوانی تردا دیل بوویت، ئەوا دەست لەخۆت بشۆ، بزانە کە لێبوویتەتەوە: کۆتاییت هاتووە"". هەر بۆیە کارەکی سەرەکی سینەما ئەوەیە کە زۆر وردبینانە وێنەی ئەو هەستیاریە بگرێت، بتوانێت وێنەی هەموو فۆلکلۆریش بگرێت، تەنانەت گەر زۆر سەیر و سەمەرەیش بێت. ئێمە هەموومان بەشێکن لە جیهانێکی جیهانگیر. *سەرایڤۆ بە سیمبولی هەمەڕەنگی و فرە کولتوری دادەنرێت، تۆیش جیهانبینیەکی تایبەتیت هەیە سەبارەت بە تۆلێرانس لە چوارچێوەی فرە کولتورییدا. وا نیە؟ ژیژەک: بەباوەڕی من لێرە و لەم فێستیڤاڵەدا، بەشی خۆی (ئەوەندەی پێویست بوو) ئایدیۆلۆژیای تایبەت بە فرە کولتوریمان بینی کە من خۆم لانیکەم وەک ڕەگەزپەرستییەکی پێچەوانە دەیبینم. مەبەستم لەوەیە کە بۆ نمونە کاتێک خەڵکانێک دێن بۆ ئێرە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەگەڵ جیاوازی و فرە کولتورییدان و دەڵین: دەمانەوێت بزانین کە ئێوە چۆن لە ئێمە جیاوازن؟ نا، من دەڵێم ئەوەی کە دەبێت تۆ بیزانیت ئەوەیە کە کەس لێرە جیاوازتر نیە لە تۆ، ئەوەی کە ئەوانی کردووە بە خەڵکانی جیاواز، ڕوودانی هەندێک شتی جیاوازە کە بەسەر ئەواندا هاتووە. بەڵام ئەوە ئێمەین کە بۆ ئەوەی بەرگەی بگرین، ئێمە ئەوانەی کە خۆمان لە جەنگ لادا و هاتین لە خۆرئاوا ژیاین، کردوومانن بە خەڵکانێکی جیاواز لە خۆمان. ئێمە پێویستمان بەوە نیە کە لەمە تێبگەین، بەڵکو دەبێت کەمێک مێشکمان بکەینەوە و ئاقڵ ببین. بە باوەڕی من دەبێت ئەو سوکایەتی پێکردنەی لیبراڵیزم ڕەتبکەینەوە کە دەڵێت: دەبێت ئێمە لە یەکتری تێبگەین چونکە هەر خودی جیهان خۆی زۆر ئاڵۆز و تەلیسماویە، هەربۆیە تێگەیشتنمان لە یەکتری کارێکی هێجگار سەخت و دژوارە. من دەخوازم ئازادی ئەوەم هەبێت کە نە من لە شێوە ژیانی تۆ تێبگەم و نە تۆیش لە شێوە ژیانی من تێبگەیت، بەڵام هەر بیشتوانین پێکەوە بژیین. *بۆچی دوای دەستگیرکردنی ''ڕادۆڤان کارازیچ'' خەڵکانێک هەست بە نائومێدی دەکەن؟ ژیژەک: تراژیدیای ڕاستەقینە، وەک ئەوەی کە هەندێک لە سیاسیە زیرەک و زرنگە بۆسنیەکان وەسفیانکرد ئەوەیە کە ''کارازیچ'' لە ئیش و ئەرکە سەرەکیەکەیدا سەرکەوتوو بوو، چونکە لە بنەڕەتدا پڕۆژەکەی بریتی بوو لە پاکتاوکردنێکی ڕەگەزییانەی بەشێک لە بۆسنە، تاوەکو بەتەنها سڕبەکان تیایدا بژین. ئەوە بوو هەروایش دەرچوو. بۆ نمونە کۆماری سڕبیا نوێنەرایەتی ٥١% ئەو خاکە دەکات کە تیایدا کەمتر لە ١٠% ی خەڵکەکەی ناوی، بە ڕەچەڵەک سڕبی نین. ئەمە کرۆکی پڕۆژەی کارازیچ بوو. خۆی ئایرۆنیەکەیەش لێرەدایە. ئەزانی ئەمە لە چی دەچێت؟ لەو وتەیە دەچێت کە دەڵێت: سیزار مرد، سیزار سەرکەوت... تازە درەنگە بۆ ئەوەی باس لە گرنگی دەستگیرکردنی ''کارازیج'' بکەین. خۆی دووڕووییەکەیش لەمەدایە: تۆ سەرزەنشتی کابرا بکەیت و بە تاوانباری بزانیت، کەچی پڕۆژەکەیشی هەر سەربکەوێت. سەرچاوە: ماڵپەڕی (euronew)، بەرواری (١٨-١-٢٠١٩): https://www.euronews.com/2008/09/12/euronews-talks-films-and-balkans-with-slavoj-zizek
لە ئەڵمانییەوە: یاسین بانیخێڵانی پێش بینی لەو سەرەوە، لە کوێ ئەستێرەکان ئەدرەوشێنەوە ئەبێ ئێمە ئەو شادییە بگەشێنینەوە هی ئەوانەی لە ئامێزی مەرگێکی سارددا بۆلای ئێمە، بۆ خوارەوە بەردەبنەوە ئەشێ ژیان گەرم بێتەوە، کاتێک ڕوناکی جێگای تاریکی شەو بگرێتەوە *** *** گەڕانەوە بۆ نیشتیمان LXII تۆ ئەڵماس و مرواریت هەیە هەموو ئەو شتانەت هەیە، کە مرۆڤ ئارەزوویان دەکا جوانترین چاوی دونیات هەیە ئازیزەکەم، لەوە زیاتر چیت دەوێ؟ لەسەر چاوە جوانەکانی تۆ من یەک سوپام لە گۆرانی ئەبەدی بە شیعر ڕێکخست ئازیزەکەم، لەوە زیاتر چیت دەوێ؟ تۆ بە چاوە جوانەکانت ئازاری زۆرت دام و وێرانت کردم ئازیزەکەم، لەوە زیاتر چیت دەوێ؟ *** *** بە چاوە شینەکانت کاتێک، نازدارانە لێم دەڕوانیت هەموو هەستەکانم دەگەنە ترۆپکی خەوبینین، کە چیتر نەتوانم هیچ بڵێم، لەناو چاوەشینەکانتدا خەیاڵم بۆ هەموو شوێنێک دەڕوا دەریایەکی شین لە هزر دەڕێژێتە ناو دڵمەوە *** *** ئەگەر گوڵە وردیلەکان دەیانزانی برینی دڵم چەند قوڵە بۆ ساڕێژکردنی ئازارەکانم لەگەڵمدا دەگریان ئەگەر بولبولەکان دەیانزانی چەند غەمبارم و هەست بە بیماری دەکەم بۆ شیفای دەردەکەم گۆرانی شادیان دەخوێند ئەگەر ئەستێرە ئاڵتونییەکان دەیانزانی لە ئاه و حەسرەتم لەو ئاسمانە بەرزە، بۆ دڵنەواییم دەهاتنە خوارەوە هەموو ئەوانە ناتوانن بزانن، تەنها یەکێک نەبێ، ئازارەکەم باش دەناسێ کە هەر خۆی پارچەپارچەی کرد‌و شکاندی دڵم
مسته‌فا ڕابه‌ر چیرۆک نووسی مافناس سابیر ره‌شید ڕۆمانێکی خۆی پێشکه‌ش کردم به‌ناوی (کوێره‌ی چاوساغ)،قه‌واره‌ی کتێبه‌که مامناوه‌ندی یه‌و بریتییه له(102)لاپه‌ڕه‌و له تاران به چاپ و دیزاینێکی جوان چاپ کراوه. دوای خوێندنه‌وه پێم گوت ده‌مه‌وێ بابه‌تێکی ڕه‌خنه‌یی له باره‌ی ڕۆمانه‌که‌وه بنووسم،ئه‌ویش گوتی: خه‌مت نه‌بێت له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌و په‌لارو توانجی خه‌ڵک و نووسه‌ران راهاتووم،باکم به‌وه نییه ئه‌گه‌ر که‌سێک نووسینه‌کانم بداته به‌ر نه‌شته‌ری ره‌خنه‌و لێکۆلینه‌وه،منیش که‌زانیم دڵی فراوانه‌و دڵگیر نابێت ئه‌م کورته ره‌خنه‌یه‌م له باره‌ی ڕۆمانه‌که‌یه‌وه نووسی. سه‌ره‌تا به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر ڕۆمانێک ئه‌گه‌ر به‌نیازی ڕه‌خنه لیگرتن بیخوێنیته‌وه پێویسته تێبینی خاڵه سه‌ره‌کییه‌کانی بکه‌یت و له کاتی خوێندنه‌وه‌یدا پوخته‌یه‌ک بۆ هه‌ر به‌شێک بنووسیته‌وه و ده‌ستنیشانی په‌ره‌گرافی نووسه‌ره‌که‌ش بکه‌یت. پێناسه‌ی ڕۆمان ڕۆمان په‌خشانێکی دوور‌و درێژه گوزارشت له کێشه‌کانی ژیان دا ده‌کات له کۆمه‌ڵگه‌داو باسی له که‌سایه‌تی خه‌یاڵی،یان واقیعی ده‌کات. ڕۆماننووس به وه‌سف کردن و دیالۆگ و ململانێی نێوان که‌سایه‌تییه‌کان درێژه به رووداوه‌کان ده‌دات و له کۆتاییدا گرێ کوێره‌که ده‌کاته‌وه‌و ئه‌نجام به ده‌سته‌وه ده‌دات. ڕۆمانیش به‌پێی بیرۆکه‌و ناوه‌رۆک به‌سه‌ر ئه‌م به‌شانه‌دا دابه‌ش ده‌کرێت:ڕۆمانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆمانی مێژوویی،ڕۆمانی پۆلیسی،ڕۆمانی فانتازیا یان خه‌یاڵی،ڕۆمانی فه‌لسه‌فی،ڕۆمانی ڕۆمانسی،ڕۆمانی سیاسی،ڕۆمانی ڕامانی،ڕۆمانی سه‌ربرده‌و به‌سه‌رهات. ڕۆمانی ڕامانی(تأملی)باس له کێشه‌کانی ژیان و گه‌ردوون و دیارده‌کانی سروشت ده‌کات، بنه‌ماکانی ڕۆمان یه‌که‌م: پلان و هێلکاری،یان گرێچن،یان تان و پۆ،به عه‌ره‌بی پێی ده‌ڵێن(الحبکه)و به ئینگلیزی( plot )ی پێده‌ڵێن،واته گرێ کوێره به‌مانای هونه‌ری گێرانه‌وه‌ی رووداوه‌کان و گه‌شه پێدانیان، به واتایه‌کی تر زنجیره‌ی هه‌ڵکشانی رووداوه‌کان و ململانێی که‌سایه‌تییه‌کان له ناو چیرۆکدا و کردنه‌وه‌ی له قۆناغی کۆتایی چیرۆکدا. سابیر ره‌شید ویستویه‌تی خۆی له به‌ندو داوی بنه‌ما کۆنه‌کانی چیرۆک رزگار بکات و خۆی به سێیانه‌ی کلاسیکی جاران (سه‌ره‌تاو گرێ و ئه‌نجامی رووداوه‌کان یان کۆتایی) نه‌به‌ستۆته‌وه‌و به که‌یفی خۆی و خۆی به بنه‌ماکان پابه‌ند نه‌کردووه و زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌ش ساده‌یه‌و خوێنه‌ر گیروگرفتی له تێگه‌یشتنی ده‌قه‌که‌دا نییه. دووه‌م: شوێن و کات له ڕۆمانی (کوێره‌ی چاوساغ) دا به جوانی و ئاسانی خوێنه‌ر هه‌ستی پێده‌کات و ده‌یدۆزێته‌وه.که شوێنه‌کان شاری مه‌هابادو هه‌ولێرو شاخ و داخی کوردستان و زیندانه‌کانی به‌عسه. کاتیش: له سه‌رده‌می کۆماری کوردستانه‌وه له مه‌هاباده‌وه ده‌ست پێده‌کات تا راپه‌رین و دروست بوونی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. سێیه‌م: ئۆتمۆسفیری ڕۆمانه‌که خه‌م و په‌ژاره‌و به‌رچاو تاریکی و ترس و دڵه‌ڕاوکێ و مه‌رگ و برسێتی یه،وێڕای شله‌ژانی باری ده‌رونی که‌سایه‌تییه‌کان. چواره‌م: باری کۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی رۆژانه‌ی که‌سایه‌تییه‌کان جه‌رگبڕه‌و هه‌ژارن و له کاتی دیالۆگ و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کان دیاره به حه‌سره‌ت و ده‌ست کورتن. نووسه‌ر زۆر باسی فڕکردنی چای دیشله‌مه ده‌کات که خه‌ڵکی ئێران خوی پێوه گرتووه. ڕۆمانی کوێره‌ی چاوساغ ناوه‌که‌ی پارادۆکسه واته ناکۆکه،دیاره ڕۆماننووس بۆیه‌ش ئه‌و ناوه‌ی هه‌ڵبژاردووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی ڕۆمانه‌که که ناوی سیامه‌نده هه‌م به فیعلی نابینایه‌و هه‌میش به هۆی زیره‌کی و نه‌ڕژانی بیبیله و ره‌شێنه‌ی چاوی،چاوساغ دیاره. پۆلین کردن ئه‌گه‌ر ڕۆمانه‌که پۆلین بکه‌ین ده‌بێ بڵێین:ڕۆمانێکی سیاسیی و مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌سه‌رهاته.رووداوه‌کا نی به‌سه‌ر شه‌ش کورته چاپته‌ر دابه‌ش بووه.کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کیه‌کانیشی بریتییه له:یه‌که‌م: ڕۆماننووسه‌که یان حیکایه‌تخوان (سابیر ره‌شید).دووه‌م:بایز(که له هه‌ولێر به حه‌مه ڕه‌زا ناسرابوو،گوایه وه‌ختی خۆی ئه‌فسه‌رێکی خوێن گه‌رمی کۆماری کوردستان بووه،له داخی ڕووخانی کۆمار‌و له سێداره‌دانی سه‌رۆک کۆمار(قازی محه‌مه‌د)شێت ده‌بێت، بۆیه‌ش هه‌میشه وێنه‌یه‌کی شه‌هید قازی محه‌مه‌دی له یه‌خه‌ی خۆی ده‌دات و شانازیشی پێوه ده‌کات). ڤێجا بایز، یان حه‌مه‌ڕه‌زا دووای رووخانی کۆمار ئاواره‌ی باشووری کوردستان ده‌بێت و ماوه‌یه‌ک له هه‌ولێر ده‌ژی و خه‌ڵک به‌زه‌یی پێدا ده‌هاته‌وه‌و رێزیان لێی ده‌گرت،به‌ڵام به داخه‌وه شه‌وێکی هه‌ورو تۆز‌و خۆڵ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ(من‌ع تجول)ده‌بێت له نزیک باخچه‌ی کورد‌و عه‌ره‌ب له ته‌یراوه مه‌فره‌زه‌یه‌کی ئه‌من تێی ڕاده‌خوڕن به عه‌ره‌بی(قف)ی لێده‌که‌ن،ئه‌ویش گوێی لێنابێت و ڕاناوه‌ستێت بۆیه مه‌فره‌زه‌که ده‌ستڕێژی لێده‌که‌ن و شه‌هیدی ده‌که‌ن،به‌ڵام سابیر ره‌شید هۆی مردنه‌که‌ی گۆڕیوه و کردوویه به شه‌هیدی ده‌ستی مه‌فره‌زه تایبه‌تییه‌کانی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس و که‌لله‌سه‌ره‌که‌یان به‌ناوی سه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌ک به دائیره‌ی ئه‌من فرۆشتووه که ئه‌و کاته له ساڵانی هه‌شتاکاندا زۆر شتی وه‌ها رووی ده‌دا. سێیه‌م: سیامه‌ند(کوێره‌ی چاوساغ)که برای بایز،یان حه‌مه‌ڕه‌زایه به‌ر له‌وه‌ی ببێته پێشمه‌رگه پیشه‌ی سعاتچی بووه،به‌ڵام له شۆڕشی ئه‌یلوول له شه‌ڕێکدا له چیای سه‌فین هه‌ردوو چاوی له ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته که‌م ئه‌ندام .له‌وکاته‌ش که ئه‌و له‌شاخ چه‌کداربوو ژن و منداڵه‌کانی له لایه‌ن ئه‌منی رژێمی به‌عسه‌وه ده‌سگیر ده‌کرێن و ژنه‌که‌شی له زیندانی به‌عسدا منداڵێکی له‌به‌ر ده‌چێت و خۆیشی له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا گیان له ده‌ست ده‌دات. سیامه‌ند، یان کوێره‌ی چاوساغ که رۆژانه به‌ناو بازاڕ دا گوزه‌ری ده‌کرد ،هه‌ندێ هه‌تیوو توێڕی و گه‌نجی سه‌ره‌ڕۆ توڕه‌یان ده‌کرد و به قه‌شمه‌ری سروودی(ئه‌ی ره‌قیب)یان بۆ ده‌گوت و ناوی شۆڕش و حکومه‌تی هه‌رێمیان ده‌هێنا بۆئه‌وه‌ی توڕه‌ی بکه‌ن و ئه‌ویش جنێو بدات،به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵده‌چوو و هار ده‌بوو چونکه له به‌رووبوومی شۆڕش فه‌رامۆش کرابوو وهه‌ستی ده‌کرد خه‌ڵکێکی زۆری مشه‌خۆر بێ ئاره‌قه‌کردن و ماندوو بوون و قوربانیدان هاتبوونه سه‌ر سفره‌و نازو نیعمه‌تی حازری،که‌چی ئه‌و خۆی هه‌موو ژیانی خۆی قوربانیدان بوو بۆ شۆڕش و ته‌نانه‌ت خێزانه‌که‌شی له‌سه‌ر شۆڕش دانابوو. چواره‌م: مه‌هاباد کچێکی تری سیامه‌نده به هۆی ده‌ستدرێژی پیاوه‌کانی ڕژێم له زیندان دا سکی پڕده‌بێت ودوای ئازاد بوونی له زیندان ڕۆژێک له‌ناو ماڵه‌که‌ی خۆیاندا به په‌ت کۆتایی به‌ژیانی خۆی دێنێت. پێنجه‌م: شاناز کچێکی تری سیامه‌نده که ئه‌ویش کوڕێکی هاوپۆڵی فریوی ده‌دات و ده‌ست درێژی ده‌کاته سه‌رو پاشان وازی لێ دێنێت،ئیتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی کرابووه ژن نه‌یتوانیوه شووبکات،بۆیه به‌رده‌وام خزمه‌تی سیامه‌ندی باوکی ده‌کات.ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش له کۆمه‌ڵگه‌ی دواکه‌وتووی خێله‌کیدا باوه. شه‌ش و حه‌وت: ئاسۆ‌و ئاوات دوو کوڕه‌که‌ی سیامه‌ندن هه‌ر یه‌که‌یان له‌به‌ر هه‌ژاری ده‌بنه چه‌کداری دوو حیزبی دژی یه‌کتر و له‌شه‌ڕی براکوژیدا به‌شدار ده‌بن.ئاوات له زیندانی حیزبێکیان گیان له ده‌ست ده‌دات و ئاسۆش دوای ئه‌وه‌ی ژنه‌که‌ی خیانه‌تی لێ ده‌کات سه‌ری خۆی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵده‌گرێ و سه‌ره‌نجام له ڕێی هه‌نده‌ران گیانی له ده‌ست ده‌دات. چاره‌نووس و ژیان و به‌سه‌رهاتی ئه‌و دوو کوڕه‌ی سیامه‌ند ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌لخی سه‌ر لێشێواوی دوای ڕاپه‌ڕین و شه‌ڕی ناوخۆیه. له کۆتاییدا ده‌مه‌وێ بڵێم که ڕۆماننووس به‌سه‌رهاتی شه‌ش حه‌وت ئه‌ندامی خێزانێکی ئاواره‌ی له کورته ڕۆمانێکدا چڕ کردۆته‌وه که له کۆمه‌ڵگاێکی په‌راوێز خراودا له هه‌ولێر به کوڵه مه‌رگی و مه‌مره‌و مه‌ژی ژیان ده‌یانکوژێت! به‌بیرو بۆچوونی خۆم بابه‌ته‌کان به‌سه‌ر یه‌که‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ری خه‌ڵکی ناڕازی تێک ده‌کاته‌وه‌و زیاتریش له چیرۆکه هه‌واڵی ڕۆژنامه‌کان ده‌کات، راسته هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی له ڕۆمانه‌که باس کراون به‌زیاده‌وه‌ش له سه‌رده‌می ڕژێم دا له کوردستان روویانداوه،هه‌ندێکیشیان زاده‌ی رووداوه‌کانی سه‌رده‌می شۆڕش و دوای ڕاپه‌ڕینه. ئه‌وه‌ی باشه به شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانم بڵێم ده‌ربڕینه‌کان دوورن له خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌و رووداوه‌کان ساده‌و ساکارن و خوێنه‌ر ماندووناکه‌ن و ئازاری ناده‌ن،به‌ڵام ده‌بوایه کێشه‌کان به‌سه‌ر چه‌ند خێزانێکی گه‌ڕه‌کێکی شاردا،یان گوندێکی کوردستانی دا دابه‌ش بکرایه،نه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک خێزاندا‌و ڕووداوه‌کانیشی به ڕایه‌له‌ێکی کوردایه‌تی،یان نیشتمان په‌روه‌ری پێکه‌وه گرێ بدرابوان. (ڕۆماننووس ده‌ڵێ) بنه‌ماڵه‌ی سیامه‌ند(کوێره‌ی چاوساغ) هه‌موویان بوونه‌ته قوربانی کوردایه‌تی و کورد بوونه‌وه))،پاشانیش ده‌سه‌ڵاتی کوردی فه‌رامۆشی کردوون،بۆیه دژی سروودی(ئه‌یره‌قیب)و شۆڕش و حکومه‌ت کاردانه‌وه‌ی هه‌یه، واته به‌هۆی ئه‌و هه‌موو کاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ری دا هاتووه شێت بووه و شه‌لم کوێرم نه‌یپاراستووه، بێگومان له‌سه‌ر هه‌قیش بووه. له کۆتاییدا ده‌ستخۆشی له سابیر ره‌شید ی ڕۆماننووس ده‌که‌م هه‌رچه‌نده تۆپه‌ڵه کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی به‌زۆر له کورته ڕۆمانێکدا ئاخنیوه که لانی که‌م بایی شانزه ڕۆمانی وه‌کو(کوێره‌ی چاوساغ)ده‌کات.هیوام سه‌رکه‌وتنی زیاتری و به‌رده‌وامییه‌تی له بواری ڕۆمان نووسیدا.
لە عەرەبییەوە: رەووف بێگەرد "زۆربا زۆر بە گران هەناسەی دەدا، لەبەرئەوەی خوێن بە ئاسانی نەدەگەیشتە دەزوولەکانی مێشکی. پیر ببوو، دەڕۆیشت و لارەلارەی بوو، ئیتر چۆن دەتوانێت خۆشەویستی بکات؟ بۆیە وای بە باش زانی وەک منداڵێکی پاکژ لەسەر جێگای کۆنە خۆشەویستەکەی پاڵ بکەوێت و چاوەڕێی مردن بێت". بەڵام کازانتزاکیس لە ڕۆمانی بەناوبانگی (زۆربای یۆنانی)دا وای وێنا دەکات کە زۆربا گەلێک زرنگە لە مامەڵەکردنی ئافرەتدا و بەتایبەتی لە سیحری ناوجێگادا. بوهیمیەکی ئەفسونگەرە و دەتوانێت لە چرکەساتی خۆشی و پێکەنیندا بگری. لەکاتی خەم و پەژارەیشدا بداتە قاقای پێکەنین. لەو ساتەدا کە لە کەناری مەرگدایە سەمایەکی سیرتاکی یۆنانی بکات. پاش گەڕان و کون پشکنیەکی دوور و درێژ بەدوای کەسایەتی ڕاستەقینەی زۆربا و ژیاننامەکەیدا، لێکۆڵەری یۆنانی (فیلیبیوس فیلیبیو) لە کتێبەکەیدا (مەرگی زۆربا) زۆر بە توندوتیژی ڕەخنە لەو وێنە ئەفسانەییە دەگرێت کە کازانتزاکیس بۆ ژیانی زۆربای وێنا کردووە و لە نواندنەکەی هونەرمەند ئەنتونی کوین لە فیلمی زۆربادا دەگاتە لووتکە. فیلیبوس هەنگاو بە هەنگاو دوای (زۆربا) پاش باس و خواس و گەڕانی زۆر شوێنی لەدایک بوون و وردەکاریەکانی ژیانی تایبەتی ئەوی دۆزیوەتەوە. لەگەڵ نەوەکانی زۆربادا قسەی کردووە. تا گەیشتۆتە ئەو ڕاستیە تاڵ و ناخۆشەی کە (زۆربا)ی ڕاستیی هەرگیز لە ژیانیدا پاڵەوان نەبووە. ئەو زۆربایەی ساڵی ١٩١٠ بەڕێکەوت تووشی کازانتزاکیس بووە، بێجگە لە مرۆڤێکی ئاسایی و پەراوێزخراو بەناوی (یورگاس زۆربا) هیچی تر نەبووە. ئەو لە دوورگەی کریتدا نەژیاوە، ژیانی لەناو دەریادا نەبووە، هەرگیز نە ئەفسوونگەر بووە و نە ژنانی، خەڵکی مەکدۆنیا بووە و ساڵی ١٩٤٣ بە ناچاری یۆنانی بەجێهێشتووە. تا لەکۆتاییدا لە شاری ئسکوبیای مەکدۆنیادا کۆچی دوایی کردووە. لە کتێبەکەی فیلیبوسدا چەند نامەیەک هەیە لە ئەندریاسی کوڕی زۆرباوە بۆ کازانتاکیسی داهێنەر نێرراوە، لە نامەیەکیاندا بە بێزارییەوە بۆ کازانتاکیس دەنووسێت: "بەڕێز تۆ سووکایەتیت بە خێزانەکەمان کردووە: حەزدەکەم پێت بڵێم کە ئێمە خێزانێکی بەڕێز و بەڕەوشتین، هەرگیز باوکم داوێن پیس نەبووە، هیوادارم هەڵەکانت چاک بکەیتەوە. ئیعتیبار بۆ باوکی خوالێخۆشبووم یورگاس زۆربا بگێڕیتەوە". لەکۆتایی کتێبەکەی فیلیبیوسدا خوێنەر بۆی دەردەکەوێت ئەوەی کازانتزاکیس نووسیویەتی دەست هەڵبەستە، ئەو ئەفسانەیەکی تازەی لەبارەی پاڵەوانێکەوە دروست کردووە کە هەمان ناوی هەیە بۆ ئەوەی لە دنیای کلتور و داهێناندا بە نەمری بمێنێتەوە. ئەفسانەی (زۆربای یۆنانی) لە زەینی ڕووناکبیراندا تەنیا لە سنووری ڕۆمانێکی مەزندا خۆی نابینێت، یان لە سەما جوانەکەی ئەنتونی کویندا، بەڵکوو ئەو یادەوەریانەی هاوئاهەنگن لەگەڵ مۆسیقاکەی تیودراکیسدا بۆ سەمای سیرتاکی. ئەو سەمایەی ئەنتۆنی کوین لە فیلمەکەدا ئەنجامی دا. (زۆربا) وەهمیەکەی کازانتزاکیس زۆر نەمرتر و قووڵتر و ڕەسەنترە لە زۆربا ڕاستەقینەکە. کێ دەڵێت هەقیقەت لە خەیاڵ جوانترە؟. سەرچاوە: سایتی ئیلاف، ڕۆژی ٢٤/٦/٢٠٠٧
دکتۆر. هاشم ئەخمەد زادە گرنگ نییە مەبەستی نووسەر لە نووسین چییە و بۆچی دەنووسێت. سەردەمانێکە ئێمە لە ڕۆلان بارت فێر بووینە کە دەستنیشانکردنی ئامانج و مەبەستی نووسەر کارێکی ئەستەمە و تەنانەت ئەگەر کەسێک وەسوەسە و هەوەسی ئەم کارەشی هەبێت هیچ دەردیک دەرمان ناکات و دواجار ئەوە خوێنەرە کە لەگەڵ دەق دەچێتە ژوان و لە ئاکامی پێوەندیی ئەم دوو لایەنە و یارمەتیی خواوەند هێرمێسدا جیهانی بەرفراوان و هەردەم نوێی ڕاڤەکان لەدایک دەبێ و ماناکان دەخوڵقێن و تامەکان دەچێژرێن. گێڕانەوە، تەنانەت ئەگەر باسی داهاتووش بکات، بەرگی ڕووداو دەپۆشێت و وا خۆی دەردەخات کە گوێگر و خوێنەر، بیسەر و چاوەنواڕی ڕوودانی بن. ڕەنگە ئەو حەزە مێژووییەی مرۆڤ لە مێژوو و گێڕانەوەی هەبووە و هەیەتی و دەیبێ کاراترین هێز و ئامرازی ناسین و ناسینەوەی خۆی بووبێت. ڕەنگە هەستێکی شاراوە بە مرۆڤی گوتبێت کە تێگەیشتن لە خۆی و لە ئێستای تەنیا و تەنیا بە تێگەیشتن لە ڕابردووی خۆی و ئەوانی تری مسۆگەر دەبێت. هەر لەو سەردەمانەوە کە دیمۆکریتس و دواتر فیلسوفەکانی تر هەوڵی تێگەیشتن لە بوون و هەبوونیان دەدا شتێکیان نەدەکرد جگە لە گێڕانەوەی دونیای زەینی چالاک و سەفەرە بەردەوامەکانی خۆیان لەنێوان ئێستا و ڕابردوویاندا. ئەوەش بەهەڵکەوت نییە کە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵی سوقرات و هاوپیشەکانی پێش و پاش ئەو، زنێفۆن و هێرۆدێت گێڕانەوەی بەسەرهاتی شوێن و مرۆڤ دەکەنە دیاریی خۆیان بۆ دامرکاندنی هەستی فێرخوازانەی مرۆڤ. لە هەموو سەردەمەکاندا و لە مێژووی نووسراودا گێڕانەوە ئەو خۆراکە بووە کە دەرگای هەوڵی مرۆڤی بۆ زانین و ناسین کردووەتەوە. دۆزینەوەی نوسخە گڵییەکانی داستانی گەلگەمیش و گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە ئەفسانەییە و چێژێک کە ئێستاش پاش چوار هەزار ساڵ بە ئێمەی دەبەخشێت ڕەگئاژۆیی نیازی مرۆڤ بە گێڕانەوە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دەردەخات. ڕەنگدانەوەی بەسەرهاتەکان لە کەشتییکەی نوحەوە بگرە هەتا چارەنووسە تاڵەکەی قەومی لوت لە کتێبە ئاسمانییەکاندا هەمدیسان ناوەندییەتی و گرنگایەتیی گێڕانەوە دەردەخەن. بەدەر لەوەی کە ئێمە چۆن سەیری مێژووی ژیانی مرۆڤ لەسەرەتاوە هەتا ئێستا دەکەین و کامە پاساوی هزری و ئایدۆلۆژی و ئایینیمان بۆی هەیە، ئەوە گێڕانەوەیە کە لە فۆڕمگەلی ئوستورە، ئەفسانە، حەماسە و ڕۆماندا دەکەوێتە خزمەتی شێوازی تێگەیشتنمان لە ئێستا و ڕابردووی خۆمان. بۆچوونێکی لە چەشنی ڤیکۆ و دابەشکردنی مێژوو بەسەر سەردەمی خوایان، پاڵەوانان و مرۆڤدا یارمەتیدەرە بۆ واڵاکردنی پەنجەرەکانی ژیان بەرەو ڕووناکیی مێژوو لە سۆنگە و گۆشەنیگای گێڕانەوەکانەدا. ئەوەی کە هێگل ڕۆمان وەک حەماسەی بورژوازی ناوزەد دەکات شتێک نییە جگە لە قایل‌بوون بە پێوەندیی جۆری گێڕانەوە و گوتاری سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوویی. پێکهاتنی جیهان لە کۆمەڵگە جۆراجۆرەکانی جۆغرافیایی و مرۆڤی کە سەرەڕای وێکچووییەکانیان لە هەموو سەردەمەکاندا هەڵگری جیاوازیی زۆریشن، فۆڕم و ناوەرۆکی جیاواز بە گێڕانەوەکان دەبەخشێت. هێندێک کۆمەڵگە گوڵمیخی گێڕانەوەی هونەری و مێژوویی خۆیان زووتر و قایمتر دادەکوتن و هێندێک کۆمەڵگەش هاوتەریب لەگەڵ بەسەرهاتی کۆمەڵایەتی و هەستیناسانەی خۆیان و ئەوانی تریان هێدیهێدی دەست بە شێوازەکانی گێڕانەوەی سەردەمییانە و گوتارییانەی خۆیان دەکەن. لایەنی جێندەریی گێڕانەوەکانیش بۆخۆی بەسەرهاتێکی هەیە و دونیای گێڕانەوەی پیاوانە و ژنانەش مێژوویەکی تایبەت بەخۆی تۆمار دەکات. گێڕانەوەی هونەرییانەی بەسەرهاتی شوێنکاتەکانی مرۆڤیش مێژوویەکی هەیە و وەک دەبینین دواجار دەست بۆ هەر شتێک دەبەی گێڕانەوە وازت لێ ناهێنێت و لە داڵانەکانی خۆیدا گەمارۆت دەدات و فەزای زەینت داگیر دەکات. لە دونیای پڕ ڕووداو و کارەساتی سەردەمی نوێ‌دا گێڕانەوە دەکەوێتە بەر بەرپرسیارییەکی قورس و ئاڵۆزەوە. لە سەردەمانێکدا کە ژمارەیەکی زۆر بەرچاوی مرۆڤەکان دەستیان بە کەرەسە و ئامرازەکانی گێڕانەوە ڕادەگات و بۆ نموونە ڕۆژانە سەدان و بگرە هەزاران ڕۆمان چاپ و بڵاو دەکرێنەوە، گێڕانەوەی تۆ دەبێ خاوەنی کامە تایبەتمەندیی بێت کە بتوانێت سرنجی بەردەنگەکان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت؟ لەسەر ئەم پێشەکییە گشتییە کاتێک دەست دەدەیە ڕۆمانێک و سەری دەخەیە سەر کە بکەویتە ناو دونیای گێڕانەوەکەی، هوروژمی پرسیارە کەڵەکەبووەکان شەپۆلئاسا لەخۆت وەردەپێچێ. لەو ناوەدا هەموو ئەو هێمایانەی گێڕه‌وە بۆ خەمڵاندنی دونیای گێڕانەوەکەی دەیانخاتە سەر یەک، لەلایەن خوێنەری وشیارەوە کە نازناوی ڕەخنەگری پێبەخشراوە هەلدەتەکێندرێن و شیکاری دەکرێن تا توانایی هونەری و هزرییان لە مەحەک بدرێت و دونیای هێرمەنەوتیکی ژیان لە ڕەونەق نەکەوێت. بەم پێشینەی خوێندنەوەوە دەست بۆ ڕۆمانەکەی پەری کەریمی نیا دەبەم و هێدی و ئارام لاپەڕەکانی هەڵدەدەمەوە و هەوڵی خوێندنەوە و لێتێگەیشتنی دەدەم. چەند مانگ دوای تێپەڕبوونی بڵابوونەوەی ڕۆمانی "هەموو رێگاکان دەچنەوە قڕەجاڕ؟" لە ٢٠١٥دا لەلایەن ناوەندی غەزەلنووس لە سلێمانی، کتێبەکە دەکڕم و لە ئاپریلدا دەست بە خوێندنەوەی دەکەم. نووسەری کتێبەکە دەناسم و دۆستایەتیمان بە یەکەوە هەیە. دەبێ هەوڵ بدەم دۆستایەتیمان هیچ کار نەکاتە سەر خوێندنەوەکەم. ئەمەش ئاسان نییە. هەر کە نووسەرت ناسی دەبی بە خاوەنی کۆمەڵێک پێشداوەری، جا چ چاک چ خراپ. بەڵام هێندێک ڕێنومایی بۆ هەوڵدان بۆ ئۆبجێکتیڤبوون واتا بێلایەنبوون لە خوێندنەوەی دەقدا هەن و منیش وەبیر خۆمیان دەێنمەوە.[1] کۆمەڵێک یادداشت هەڵدەگرم و لە دەرفەتێک دەگەڕێم بیانخەمە سەر یەک و لە تێکهەڵکێشانیاندا خوێندنەوەکەم بنووسمه‌وه و بڵاوی کەمەوە. چۆن لە ڕۆماندا تێکنیکی هەڵواسین و وەدواخستن هەیە، لە نووسینیشدا ئەو تێکنیکە هەیە و هێندێ جار زەینت یاریدەت نادا وەڵامی ویستی نووسین بدەیەوە. دەرفەتەکان قەتیس دەبن و مانگ و ساڵێک و دوو ساڵ دەگوزەرێن و شوێنی خوێندنەوە و سەردەم دەگۆڕدرێت و بەم پێیەش وەرگرتن و بەدەنگەوه‌چوونی دەقیش لای تۆ دەگۆڕدرێت. ئاسۆی چاوەڕوانییەکان لەنێوان ڵێڵی و ڕۆشنیدا سەروژوور دەبەن و دیسانەوە دوای سێ ساڵ و نیو دەست بۆ کتێبەکە دەبەمەوە. چاو لە یادداشتەکانم دەکەمەوە. بەدەم پێداچوونەوەی ئەوانەوە دیسانەوە کتێبەکە دەخوێنمەوە. شەو درەنگە و ئێستا دیسانەوە وەڵامی یەکەم پرسیارم دەدەمەوە: ناوی ڕۆمانەکە چەندە سەرنجی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت؟ له خۆم ده‌پرسم ئه‌گه‌ر، بۆ نموونە، هەر ناوی قڕەجار بوایە چی دەبوو؟ ئایا ڕستەیەکی پرسیارییانە وەک ناوی ڕۆمان گونجاوە؟ ئایا خوێنەران دەتوانن ناوەکەیان بە سانایی لەبیر بمێنێت و باسی بکەن؟ ئەوە چۆنە کە تەنانەت لە وتاری ڕەخنەگرێکی ڕۆمانەکەشدا نیشانەی پرسیارەکە لەبیر دەچێتەوە و ئاماژەی پێ ناکرێت؟[2] ناوی ڕۆمانەکان لە سەردەمی جیاواز و زمانی جیاوازدا هەڵگری باری مانایی و فەرهەنگی و گوتاریی جیاواز بووە. لە بەراییەکانی سەرهەڵدانی ڕۆمان لە ئینگلیس‌دا کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی تاکبڕوایی (individualism) زۆربەی ڕۆمانەکان هەڵگری ناوی تاکەکانن و نموونەی وەک پامێلا، مول فلاندرز، ڕۆبینسۆن کروزۆ و تام جۆنز دیاردەیەکی بەربڵاو و باو بوون. ئەم دیاردەیە تا ڕادەیەکی زۆر و لە زەمەنێکی دوور و درێژدا سنووری ئینگلیس دەرباز دەکات و دەپەڕێتەوە ئامریکا و تەنانەت سەدەی نۆزدەی ڕووسیاش. ڕۆمانە بەراییەکانی کوردی ئه‌م یاسایه ڕه‌چاو ناكه‌ن و كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی تر ده‌بنه هۆكاری جۆرێكی تر له ناونانی ڕۆمانه‌كان. بۆ نموونە ناوگه‌لی وه‌ك مەسەلەی ویژدان، ژانی گەل، پێشمەرگە، شار، گوڵی شۆڕان، مۆری سەردەمی خۆیان پێوە دیارە و هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زه‌مه‌نی و سیاسی و كولتووریی دیاریكراون. هه‌ڵبژاردنی ناوێكی ڕسته‌ییانه و ئه‌ویش له چه‌شنی پرسیار جۆرێكه له ڕچه‌شكێنی، لانی كه‌م له به‌ستێنی كوردیدا. دووهه‌م پرسیار كه دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه له زه‌ینمدا قوت ده‌بێته‌وه‌ئەم ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ڕۆمانە باسی چی دەکات؟ نەریتێکی بڵاوکردنەوەی ڕۆمان لە ڕۆژاوادا چەند سەدەیە کە باس لە چەمکی پوختەی ڕۆمان یاخود كورته‌ی ته‌ون (plot summary) دەکات. منیش هەوڵی دەستەبەرکردنی ئەم پوختەیە دەدەم. هەن کەسانێک کە دەڵێن ئەمە کارێکی شیاو نییە تۆ پوختەی ڕۆمانەکە بدەیە دەستی خوێنەرەوانەوە. ئاخر ئەوان ئیتر تاقەت و مەیلی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەیان نامێنێت. لەم بۆچوونەدا ڕاستییەک هەیە. بەڵام بۆ ڕەخنەگران بەگوێرەی ئەم بۆچوونە ناکەن و بەردەوام باسی پوختەی ڕۆمانەکان دەکەن؟ بۆ نموونه سه‌ردانی لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌بیی ڕۆژنامه ناسراوه‌كانی دونیای ڕۆژاوا، وه‌ك گاردیه‌ن و نیۆیۆرك تایمز، بكه‌ین و سرنجی به‌شی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كان بده‌ین. ده‌بینین هه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بریتییه له گێڕانه‌وه‌ی كورته‌ی ته‌ونی ڕۆمانه‌كان. كه‌واته وەڵامەکە سانایە. له‌ڕاستیدا ئەوە چلۆنایەتیی و چۆنایەتیی گێڕانەوەیە کە گرنگیی سەرەکی لە هەڵسەنگاندنی ئەدەبیدا هەیە. ڕەخنەگر دەتوانێت تەونی ڕۆمانێک بگێڕێتەوە، بەڵام خۆ ناتوانێت وردەکارییە ئەدەبی و هونەرییەکان بگێڕێتەوە. ڕەنگە لە ڕوانگەیەکی گێڕانەوەناسییانەی پرۆپی و تەنانەت کۆدییانەی بارتییەوە دواجار هەموو گێڕانەوەکان لە چەند پێکهاتە (structure) و كۆد به‌ده‌ر نەبن. کەواتە ئەوەی گرنگە لایەنی هونەریی و تێکنیکیی گێڕانەوەکانە و بێگومان ناوەرۆک دواجار بە پێوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ شیوازدا خۆی دەردەخات و دەبێتە جیهانێکی تر لە جیهانەکانی خەیاڵاتی نووسەر و خوێنەر. بەم پێیە فەرموون لەگەڵ پوختەی ڕۆمانەکە: ماسی و شاباز یەکتریان خۆش دەوێت و دانیشووی وڵاتی قڕەجاڕن کە حکومەت سەردەمانێک سووتاندوویەتی و پاشان ناوەکەی لە هەموو شوێنێک سڕیوەتەوە، بەجۆرێک کە کەس ئاگاداری هەبوونی شارێک یاخود وڵاتێک بەم ناوەوە نییە. پێشتر لەم شارەدا جوولەکەش ژیاون و دواتر بەجێیان هێشتووە. بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ شۆڕشی جەماوەری لەم شارەدا و لەناوبردنی شارەکە بەتەواوەتی، حکومەت پشیلە دە شارەکە بەردەات. ئەم پشیلانە نەخۆشی کوشەندە لە شاردا بڵاو دەکەنەوە و هەڕەشە لە مانەوەی شارەکە دەکەن. کۆمەڵێک لە دانیشتوانی شار هەوڵی ڕزگاری شار دەدەن. ماسی و شاباز لەو سەردەمەدا شار بەجێ دێڵن و پەیوەستی ڕێکخراوێکی سەر بە قڕەجاڕ دەبن کە بۆ ڕزگاریی شار تێدەکۆشێت. بەهۆی ڕازینەبوون لە خەباتی ڕێکخراوەکە و سووڕانەوەی بە دەوری خۆیدا، ماسی و شاباز هەر یەک بە جودا ڕێگای هەندەران دەگرنە بەر و لە بریتانیا دەگیرسێنەوە. هەوڵی سەلماندنی هەبوونی شارێکی لەم چەشنە و وەدەستهێنانی مافی پەنابەری دەبێتە کردەوە و ژیانی ڕۆژانەی شاباز و ماسی. ئەوان هەوڵ دەدەن بە یارمەتیی کچە ڕۆژنامەنووسێکی جوو کە سەردەمانێکی باب و باپیرانی لە قڕەجاڕ ژیاون، لەم کارەدا سەرکەوتوو بن و هەربۆیە بە سەمپاتییەکی زۆرەوە بۆ خەباتی جووەکان بڕیاری خەبات بۆ ڕزگاری قڕەجاڕ دەدەنەوە و بەڵێن دەدەن تا ڕزگاریی وڵاتەکەیان زەماوەند نەکەن. هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر ڕۆمانێك و نووسین له‌سه‌ر شێواز و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی پێویستی به ئاگاداربوونی ڕه‌خنه‌گر و لێكۆله‌ره‌وه له نووسینگه‌لی تری پێش خۆی له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا هه‌یه. هەوڵ دەدەم بزانم گەلۆ کەسی تر لەسەر ئەم ڕۆمانە شتێکی نووسیوە. گەڕانێکی خێرا بە تۆڕی ئینترنێتدا دەمباتە سەر ماڵپەڕی ئاوەدانی ئەنجوومەنی ئەدەبیی بۆکان و وتارکەی کاک عەزیز محەممەدپوور. دەێخۆێنمەوە و زۆرێک لە بۆچوونەکانیم بە دڵە. هەوڵێکی جوان و خوێندنەوەیەکی ژیرانە. من چ لەو خوێندنەوەیە زیاد دەکەم؟ هەوڵی من لەڕاستیدا ڕاهێنانی هەنگاوبەهەنگاو و پێداگۆژییانەی خوێندنەوەی ڕۆمانه‌كه و گرنگیدانە بە پرسی کۆنکرێتی کردەی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی دەقی گێڕانه‌وه‌كه. ئێستا کە دەزانین ڕۆمانەکە باسی چی دەکات، زۆر گرنگە بزانین چۆن ئەم کارە دەکات. نووسەر دەبێ بۆ گەیاندنی گێڕانەوەکەی بە بەردەنگ، گێڕەوەیەک یاخود چەند گێڕەوەی هەبێت. گێڕەوەی ڕۆمانەکە کێێە؟ لە لاپەڕەی ٥ تا ٣٧، یەکەم بەشی ڕۆمانەکە، "کچە ڕۆژنامەنووسە جووەکە"، دەخوێنمەوە. کەسێک وەک یەکەم کەس دێتە گۆ و دەبێ ئەو کەسە بێت کە سەردێڕی بەشەکە، واتا "کچە ڕۆژنامەنووسە جووەکە"یە. لە کاتی خوێندنەوەدا ئەوەی چەندە دەنگەکان دەبیسم و چەندە نایانبیسم بۆم دەبنە پرسیار. ئایا بە هاسانی دەچمە ناو دونیای ڕۆمانەکەوە؟ ئایا دێڕەکانی سەرەتای ڕۆمانەکە سرنجم وا ڕادەکێشن کە لە خوێندنەوە بەردەوام بم. دەزانم دەستپێکردنی گێڕانەوەیەک کارێکی ساكار نییه. هەروەها دەشزانم کاری خوێندنەوەش کارێکی ساکار نییە و دەبێ لەگەل نووسەر یان گێڕەوە کەمێک بە سەبر بی و به شوێن بیانوویه‌كدا نه‌بی بۆ وەلانانی کتێبەکە. دەزانم چۆنگوتن سێحرێکی نەناسراوی هەیە و تەنیا تێکنیک نییە کە دەستەبەری سەرکەوتنی گێڕانەوە دەکات. ئەوە سێحری هونەرە کە پێناسەهەڵگر نییە و بە سانایی دەستنیشان ناکرێت. شازده بچكۆله‌كه‌ی ئێگزۆ‌پێری به هۆی ده‌قێكی سه‌میمی و پڕسۆز و له سه‌ردڵان دوای چه‌ندین ده‌یه و له هه‌موو فه‌رهه‌نگه‌كاندا جێگه‌ی به‌رزی خۆی پاراستووه. ئه‌وه درووست ئه‌و ئه‌ده‌بییه‌ته‌یه كه فۆرمالیسته‌كا‌ن هه‌وڵیان دا وه‌ك شتێكی به‌رهه‌ست ده‌ستنیشانی بكه‌ن و به پێوه‌ری زانستی هه‌ڵیسه‌نگێنن. به‌ڵام دواجار هه‌موو گێڕانه‌وه‌كان ملكه‌چی كۆمه‌ڵێك شێوازی گێڕانه‌وه‌ن و لێكۆله‌ره‌وانی ئه‌ده‌بی هه‌موو ئه‌م ڕێباز و شێوازانه‌یان كه هه‌تا ئێستا ده‌كار هاتوون ده‌ستنیشان كردووه. پرس ئه‌وه‌یه له‌م ڕۆمانه‌دا چ ڕێكارێكی گێڕانه‌وه‌یی ڕه‌چاو كراوه؟ کچە جووە ڕۆژنامەفرۆشەکە باسی کڕینی سێ پەیکەری پشیلە لە دوکانێک دەکات و ژنە دوکاندارەکە دەفتەرێکی سووریشی لەگەڵ پەیکەرەکان دەداتێ و پێی دەڵێت کە ئەم دەفتەره‌ش لەگەل ئەم پشیلانەدا هاتووه، كچە دەچێتەوە ماڵ و دەست دەکات بە خوێندنەوەی دەفتەرەکە و دانانی پەیکەرەکان لە شوێنێکی گونجاوی ماڵەکەی. کچە بەردەوامە لە قسەکردن و دواتر باسی دەنگێک دەکات کە لە جیاتی ئەو ئەرکی گێڕانەوە وەئەستۆ دەگریت. ئەم دەنگە چییە؟ ئایا ئەمه ڕێگەخۆشکردنە بۆ کەڵکوەرگرتن لە تێکنیكی شەپۆلی زەین؟ ڕه‌وتی گه‌شه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه ئه‌م هه‌سته‌م تێدا به‌هێزتر ده‌كات. به‌ڵام كه هه‌موو ڕۆمانه‌كه‌ت خوێنده‌وه و چه‌ند جاریش گه‌ڕایه‌وه دوایه، هه‌ست ده‌كه‌ی جۆرێك له ئاڵۆزیی گێڕانه‌وه‌یی پێش به چوونه پێشی ڕه‌وان و بێگرێوگۆڵی ڕۆمانه‌كه ده‌گرێت. هەر چۆن شەپۆلی دەریاکانیش لەوپەڕی بێنەزمیدا جۆرێک لە باڵانسیان هەیە و بەگوێرەی کەش و هەواوە دەگۆڕێن، دەبێ شەپۆلی زەینی گێڕەرەوەش تەنانەت لە بێنەزمیشدا جۆرێک خۆی دەربخات کە خوێنەر بتوانیت سەری لێ دەرچێت و تێی بگات. بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە کە تا لاپەڕەی ٣٧ لەخۆ دەگرێت لەم ئەرکەدا تەواو سەرکەوتوو نییە. کاتێک گێڕەوە دەڵێت "(دەنگەکە نووسینی وەستاند)"،[3] وەک ئەوە دێتە بەرچاو کە مۆسیقاژەنێک لە کاتی ژەنینی ئامێرەکەیدا ڕاوەستێت و بە بیسەرەکانی بڵێت لێرەوە نۆتەکە دەگۆڕێت. مۆسیقاژەنێکی باش بێئەوەی ئەم کارە بکات، بە کردەوە و ژەنینی وەستایانە بەردەنگەکانی دەخاتە بەردەم ئاهەنگێکی ترەوە. گێڕەوەی چیرۆکیش هەر بەم شێوە دەتوانێت گۆڕینی دەنگ و گێڕەوەکان نیشان بدات. فاکنێری ئه‌مریکی و گوڵشیریی ئێرانی و نەهایی کورد نموونەی سەرکەوتوویان لەمجۆرە گێڕانەوەیەدا پێشکەش کردووە. گێڕەوەی گێڕانەوەیەکی چەندتوێیی دەبێ زۆر بە وریایی هەڵسوکەوت بکات و لە دەکارهێنانی تێکنیکەکەی زۆر دڵنیا بێت، ئەگینا مەترسیی قورسکردنی لە ڕادەبەدەری گێڕانەوەکەی، خوێنەر تووشی سەرلێشێواوی دەکات. هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ك ده‌بێ به‌پێی پێكهاته‌كانی خودی گێڕانه‌وه‌كه ئامانجی گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی به به‌رده‌نگ بدات. لەبیرمان بێت ئەوەی گێڕەوە دەیزانێت منی خوێنەر نایزانم و دەبێ تەنیا و تەنیا بە حوکمی ئەو شتەی لە دەقەکەدا هاتووە ئاگادار بکرێمەوە و زانیاری وەدەست بێنم. بۆ نموونە ئایا من ئێستا دەزانم پەیکەری پشیلەکان چەندە گەورە یان بچووکن و چ ڕەنگن؟ بالانسی پێناسە و وەسفی ڕۆمان یەک لە لایەنە تێکنیکی و لە هەمان کاتدا هونەرییەکانی گێڕانەوەیە. زیادی و کەمییەکەی بە یەک شێوە دەتوانن زەینی خوێنەر ماندوو یان تەمبەڵ کەن. وەسفەکانی یاشار کەمال و هێمینگوای وەبیر خۆمان بێنینەوە و دیسانیش چیای ئاگری لە زەینماندا زیندوو کەینەوە و ئەو ژنەی کە لە کەمپی سوورپێستانی هێمینگوایدا خەریکە مناڵی دەبێت، بێنینەوە بەرچاوی خۆمان. خوێنه‌ری خۆشفكر و جوانخه‌یاڵ پێویست ناكات چیای ئاگری و كه‌مپه‌كه‌ی سوورپێستانی بینیبێت تا چێژ له‌و دوو گێڕانه‌وه‌یه وه‌ر بگرێت و ئاسۆی خه‌یاڵی پێ به‌رفراوانتر بكات. خودی ده‌قه‌كان و ته‌نیا له ڕێی ده‌كارهێنانی وه‌ستایانه‌ی نیشانه‌كان و كه‌ره‌سه‌ی زمان ئه‌م ئه‌ركه‌یان به‌جێهێناوه. لەم بەشەدا پرسی پەیکەری پشیلەکان و دەفتەرە سوورەکە وەک مەتەڵێک (anigma) دەتوانن هۆکاری بەردەوامیی خوێنەر بن لە گەڕان بەدوای ڕووداوەکان و هاندەر بن بۆ داگیرساندنی فتیلەی کونجکۆڵی کردەی خوێندنەوە. ئه‌مه لایه‌نی ئه‌رێنی ده‌قه و خوێنه‌ر به‌دوای خۆیدا ده‌كێشێت. لە گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا زۆر جار جێگۆڕکێ لەنێوان ماسی، کچە جووەکە، شاباز و برای شابازدا دەکرێت. ئەمە تێکنیکێکی شیاوە و لەڕاستیدا ئامانجی چەندەنگکردنی گێڕانەوەکەیە. بەڵام پرس ئەوەیە ئەم چەند دەنگییە بەم تێکنیکەوە دەستەبەر کراوە؟ ئایا تەنیا بە گۆڕینی گێڕەوە دەتوانین چەنددەنگیی ڕۆمانێک دەستەبەر کەین؟ لە ڕۆمانی کەوتنی ئالبێر کامۆدا ئەوە یەک کەسە کە بەسەرهاتەکە دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەو یەک گێڕەوەیە بە گۆڕێنی ئاهەنگ و شێواز و هەمبانه‌ی وشەكانی گێڕانەوەکە دەبێتە ئافرێنەری چەنددەنگییەکی تەواو لە ڕۆمانەکەدا. ڕۆمانی بێ کاراکتێر/کەسایەتی/پاڵەوان نەبووە و نییە. تەنانەت ئەگەر ئەتۆ هەموو گێڕانەوەکەت بخەیە سەر شان و دەمی کاراکتێرێکیشەوە، ئەوە وەستایی نووسەرە کە لەو تاکبێژی و تاکڕەهەندییەدا سەمای جووڵەدار و ژاوەژاوی دەنگەکان تێکهەڵکێشی یەکتر دەکات و تەدارەکی سەمفۆنیای پڕدەنگ و پۆلیفۆنییانەی گێڕانەوەکە دەدات و ئاهەنگی سۆزداری چیرۆک دەژەنێت. کە باسی گێڕانەوەیەکت کرد ئیتر پێی کەس یان کەسانێک دێتە گۆڕێ. ئەم کەسانە لەم ڕۆمانەدا کێن؟ وێده‌چێت كاراكتێره‌كانی ئه‌م ڕۆمانه هه‌ر ئه‌و ناوانه بن كه له سه‌ره‌تای هه‌ر به‌شێكی ڕۆمانه‌كه‌دا ناویان هاتووه و له ڕواڵه‌تدا ئه‌ركی گێڕانه‌وه‌كه ڕاده‌په‌ڕێنن. هه‌ڵبه‌ت له زمانی ئه‌وانه‌وه جار هه‌یه باسی كه‌سانێك ده‌كرێت كه له ئێستادا ئاماده نین و ده‌كرێ ئه‌وانیش وه‌ك كاراكتێری نائاماده‌ی ڕۆمانه‌كه داندرێن. هه‌ڵۆی مه‌یدانی هه‌ڵۆ یه‌ك له‌وانه كه كاتی خۆی هاوڕێی لانی كه‌م دوو له گێڕه‌وه‌كان بووه و دواتر له مه‌یدانی شار له سێداره دراوه. کاراکتێرەکانی ڕۆمان دەبێ لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا هەناسە بدەن و بجووڵێنەوە. کات و شوێنی ڕووداوەکانی ئه‌م ڕۆمانه وه‌ك خودی شوێنگه سه‌ره‌كییه‌كه كه قڕه‌جاڕ بێت زۆر ته‌ماوییه. ئه‌و نامانه‌ی كاتی خۆی بۆ كچه جووه‌كه به‌ڕێ كراون هیچ ڕێكه‌وتێكیان له‌سه‌ر نییه. ناوی یۆنان و كان و پاریس و له‌نده‌ن له ڕۆمانه‌كه‌دا یارمه‌تییده‌رن بۆ جێگۆڕكێی كاراكتێره‌كان. شوێنگه‌لی وه‌ك مه‌یدانی هه‌ڵۆ و په‌پوو سلێمانی ده‌توانن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ زانینی ئاماژه به شوێنگه‌لی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌كان. بواری ناوه‌رۆكییانه‌ی گێڕانه‌وه‌كه و به‌سه‌رهاتی گرووپه شه‌ش كه‌سییه‌كه و چالاكیی ماسی له ڕادیۆیه‌ك یارمه‌تیده‌رن بۆ هه‌ڵدانی كاتی ڕووداوه‌كان كه ده‌توانێ ساڵانی دوای شۆڕشی ئێران بێت له كۆتایی حه‌فتاكاندا. هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌ك خاڵێكی ناوه‌ندیی هه‌یه كه جه‌مسه‌ری هه‌موو ڕووداوه‌كان دواجار ده‌گه‌نه‌وه ئه‌وێ. ئه‌ركی گێڕه‌وه یاخود گێڕه‌وه‌كان ڕاگرتن و به‌یه‌ك گه‌یاندنه‌وه‌ی جه‌مسه‌ره جیاوازه‌كانه بۆ پاراستنی تۆكمه‌یی گێڕانه‌وه‌كه. له خۆم ده‌پرسم کێش و ناوەندییەتی (gravitation) ئەم گێڕانەوەیە چییە؟ دەنگەکان لەکوێ بە یەک دەگەن و سەرەداوی گڵۆڵەی گێڕانەوەکە کوێیە و چۆن دەکرێت بە کێشانی ئەم سەرەداوە، گڵۆڵەی ئاڵۆزی گێڕانەوەکە هەڵوشێنییەوە و خوێنەرانی بەسەرهاتەکە جۆرێک تەیار کەی کە دواتر بتوانن بە سانایی بە کەسێکی تر بڵێن ئەو ڕۆمانە بخوێنەوە و چێژێکی سەداسەد بۆخۆت دەستەبەر کە و تێگەیشتنی خۆت لە ژیان و بوون و هەستونەستتت دەمزەرد کەوە؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌م به سانایی بۆ نادرێته‌وه. گێڕانه‌وه مۆدێرنیستییه‌كانی ڕۆژاوایی، بۆ نموونه هه‌را و تووڕه‌یی، دێنمه‌وه بیری خۆم و ده‌بینم ئه‌گه‌رچی ئاستی ئاڵۆزییه‌كانیان زۆر به‌ربڵاوه، به‌ڵام دواجار لێكۆله‌ره‌وان ده‌توانن پێكهاته و تۆوه‌كانی گێڕانه‌وه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن. من خوێنه‌رێكی ته‌مبه‌ڵم یاخود قڕه‌جاڕ ڕێگام لێ ون ده‌كات؟ له درێژه‌ی هوروژمی پرسیاره‌كاندا، گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامه‌كاندا چڕتر ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر یه‌ك له ئاكامه‌كانی خوێندنه‌وه هاندانی بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر بێت، ئه‌وه قڕه‌جاڕ ده‌بێته هۆكاری تێڕامانێكی قووڵ لای خوێنه‌ر و ده‌یان پرسیاری لا دروست ده‌كات. له پرسی زمانی گێڕانه‌وه‌كه‌ڕا بگره هه‌تا تێم و لایه‌نی خوازه‌یی و ئالیگۆرییانه‌ی ڕۆمانه‌كه، هه‌ر پرسیاره و شه‌پۆلان ده‌دات. ڕه‌نگه خوێنه‌ری ئه‌و ده‌قه‌ی من بپرسێت كه بۆ ئه‌و هه‌موو پرسیاره‌م ڕیز كردوون و بۆ وه‌ڵامیان ناده‌مه‌وه. وه‌ڵامی من ئه‌وه‌یه كه خودی ئاراسته‌كردنی پرسیار به‌شێكه له وه‌ڵام. گرنگ ئه‌وه‌یه کە ڕۆمانەکەت خوێندەوە و ویستت بە خۆت بڵێی چی بوو و چی ڕووی دا، چەندە لە دۆزینەوەی وەلامی ئەم پرسیارە سەرەکییانەداسەرکەوتوو ده‌بی. ئەگەر تۆ یەکم گێڕەوە نەبی، کە نی، و ئەگەر ئەم ڕۆمانەش یەکەم گێڕانەوە نەبیت کە بێگومان نییە، باشە پێوەندیی دەقی تۆ و دەقەکانی تر چییە و من چۆن بزانم تۆ سەدان و بگرە هەزاران دەقی ترت خوێندووەتەوە و دەقێکت ئافراندووە پڕ لە ئاماژە (allusion) و نێواندەقیێتی (intertextuality)؟ زمانی خوازە و وێکچواندن و ڕەمز چەندە و چۆن دەکار هاتوون و ئه‌م كاره چه‌نده پێویست بووه؟ ئایا وێكچووییه‌ك له‌نێوان گێڕانه‌وه‌ی قڕه‌جاڕ و كاتێك ماسییه‌كان تونی ده‌بندا هه‌یه؟ ئیا وێكچوویی ناوی كاراكتێره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م دوو ڕۆمانه، واتا ماسی، به هه‌ڵكه‌وته یاخود تێبینی و ئامانجێكی ئه‌ده‌بییانه‌ی له‌دوایه؟ ئایا پشیله‌كانی قڕه‌جاڕ و كللۆكانی بێهروزی دێهقانی ئه‌ركێكی هاشێوه‌یان نه‌بووه؟ ئایا به‌سه‌رهاتی قڕه‌جاڕ هیچمان له شاره تاعونلێدراوه‌كه‌ی كامو وه‌بیر ناهێنێته‌وه؟ تۆ بڵێی ماسی و شاباز یان هه‌ر نه‌بێت كچه ڕۆنامه‌نووسه جووه‌كه به‌سه‌رهاتی شاری نابینایی ساراماگۆیان نه‌بیست بێت؟ ڕەنگە ڕووم تێکەی و بڵێی بۆ جەین ئاستین چەند دەقی خوێندبووەوە کە به ته‌مه‌نێكی كورت شه‌ش ڕۆمانی گرنگی مێژووی ئه‌ده‌بی جیهانی به‌رهه‌م هێنا و تۆوەکانی ناسنامەی بریتانییایی چاند؟ ئەمەش پرسیارێکی ڕەوایە و وەلامەکەی تا سنووری چەند کەسایەتیی تری ئەدەبی و هونەریی وەک ییتس، ڕامبو، کامو، بێتهۆڤێن و مۆتزارتمان دەبات کە لە تەمەنێکی کەمدا ئافرێنەری بەرهەمی گەورە بوونە. بەڵام من لێرەدا قسە لە ڕەوت و جۆرێک لە یاسامەندیی گشتیی کۆمەڵایەتی و ئافرێنەری دەکەم و ڕیزپەڕەەکان دەکەمە هەوێنی باسێکی تر. زمانی نووسین لە هەموو ڕۆمانێکدا گرنگە. بەڵام لە هەلومەرجی زمانی کوردی‌دا و قایمنەبوونی ئەستووندەکانی زمانێکی ستاندارد هەم لە پەیڤ و هەم لە ڕینووسدا زۆر گرنگە نۆڕمە ناسراوەکان ڕەچاو بکەی و ئەگەر نۆڕمیش دەشکێنی، کە پیرۆزە و دەبێ وەک داهێنەر ئامانجی ئەم مەترسیکردنەت هەردەم هەبێ، دەبێ بە ئاگاییەوە ئەم کارە بکەی و مۆری خۆت بەباشی لەسەر هەر بنەما و بیچمگۆڕینێک بدەی. زمانی قڕەجاڕ لە باری هەمبانەی وشە و ڕێزمان و ڕینووسەوە چەندە دەوڵەمەند و پاراو و گونجاوە؟ ئایا کاراکتێرەکان هەڵگری زمانی تایبەتی خۆیانن یان لە مەزرای ستریۆتایپەکاندا قەتیس دەمێننەوە؟ بۆ نموونه له ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه‌دا له‌گه‌ڵ چ نۆڕمێكی زمانی‌دا ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه؟ "چاوەکانم هاکوو یەکسەر دابخرێت ." "کامپیوترەکەم دایسان." "خانەکانی مێشکم ئەو پرسیارەی لێم دەکرد [...]" "ئەوەندە بەسەرهاتی قڕەجاڕ دەگێڕدرێتەوە و دەگێڕدرێتەوە و دەگێڕدرێتەوە کە بەرگیری لە کوژانەوەی ناوی و بوونی و بکردرێت."[4] پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ك تێمه و له‌م ڕۆمانه‌شدا ئێمه ڕووبه‌ڕووی شارێك ده‌بینه‌وه كه ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت خاپووری بكات و ئه‌مه‌ش له‌ڕاستیدا تێمی سه‌ره‌كیی گێڕانه‌وه‌كه‌یه. پرسیار ئه‌وه‌یه گێڕانەوەکە چەندە لەسەر قاچی خۆی ڕاوەستاوە و بەبێ پێویستیی بە جیهانی دەرەوەی خۆی چه‌نده دەتوانێ ماناساز بێت و خوێنەر تووشی سەرلێشێواوی نەکات؟ بۆ خوێنه‌ری كوردی شاره‌زا له‌گه‌ڵ وڵاتی خۆی زۆر ئه‌سته‌م نییه ئاماژه‌كان بناسێته‌وه و به جێگۆڕكێیه‌كی سانای ناوی قڕه‌جاڕ و كوردستان ناسنامه‌ی خوازه‌یی و ئالیگۆرییانه‌ی ڕۆمانه‌كه بدۆزێته‌وه. ئه‌و نیشانانه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی قڕه‌جاڕدا خوێنه‌ر ده‌خه‌نه‌وه بیری كوردستان زۆرن. کاتێک لە دادگادا ماسی باسی ئەوە دەکات کە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ لەناوچوونی قڕەجاڕ و دانیشتوانەکانیدا ئەوان بڕیاری کوشتنی پشیلەکان دەدەن، نوێنەری وەزارتی ناوخۆ کە لە دادگاکەدا بەشدارە، تاوانی دژەئاژەڵی دەداتە پاڵ و دەڵێت: "ئێوە ئاگرتان بەردایە ئەو بەستەزمانانە؟ ئەوە دوورە لە هەستی مرۆڤ بوون. ئەمە تاوانێکی یەکجار گەورەیە."[5] ئەوە لە کاتێکدایە کە ماسی وەبیر دادگا دێنێتەوە کە ئەم پشیلانە تەنانەت ڕیشەی هەموو داربەڕووەکانیشیان وشک کردبوو. ژمارەیان لە ژومارەی دانیشتوانی قڕەجاڕ زیاتر ببوو و تەنانەت ئەو دکتۆرانەی دەیانویست بەربەرەکانی لەگەڵ پشیلەکان و زاووزێیان بکەن بە ئەمری حکومەت نەزۆک دەکرێن.[6] ئه‌م ئاماژانه بۆ خوێنه‌ری كورد زۆر ئاشنان و زوو ده‌یانناسێته‌وه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا گێڕانه‌وه‌كه ده‌توانێت هه‌مان ده‌رفه‌ت بۆ خوێنه‌ری غه‌یره كوردیش بڕه‌خسێنێت كه ئه‌م ئاماژانه بناسێته‌وه و مه‌ودای جیهانی خوازه و جیهانی واقیغ سه‌ری لێ نه‌شێوێنێت؟ ده‌كه‌ومه‌وه بیری كێڵگه‌ی ئاژه‌ڵانی جۆرج ئۆروێل و ئه‌وه‌ی كه چۆن هێنده له ئه‌نجامی ئه‌ركه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بووه كه هه‌موو خوێنه‌رێك ئه‌ودیو دونیای ئاماژه و سیمۆله‌كان ده‌ناسێته‌وه. لایه‌نێكی به‌رچاوی ڕۆمانه‌كه ده‌توانێ بواری جێنده‌ریی گێڕانه‌وه‌كه بێت كه هه‌مدیسان خۆی له شێوه‌ی كۆمه‌ڵێك سیمبۆلدا ده‌رده‌خات و شایسته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه. كاتێك ده‌بینین كه بڕیار دەدرێت بۆ شەڕ لەگەڵ پشیلەکان قژیان دەرخوارد بدرێت و بەمجۆرە هەموو ژنان و کچانی قڕەجاڕ بە نەخۆش و ساخەوە لە مەیدانی هەڵۆ قژیان ده‌بڕن، ئێمه له‌گه‌ڵ بواری هه‌ستیاری ڕۆڵی ژنان له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریی قڕه‌جاڕ\كوردستاندا ڕووبه‌ڕووین. ئه‌مه‌ش بێ هیچ گومانێك ده‌توانێ كه‌ره‌سه‌ی لێكۆڵینه‌وه و لێدوانێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی جێنده‌ری بێت. هه‌ر به‌مجۆره‌ش كاتێك له شوێنی دیداری كچه جووه‌كه و ماسی ورد ده‌بینینه‌وه هه‌ست ده‌كه‌ین كه زمانێكی سیمبۆلییانه ده‌كار هاتووه كه شیاوی سرنجی زۆره و په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی بە زمەن و لەبیرنه‌چوونەوەوه هەیە: "لەندەن، بەرامبەر بە کاتژمیرەکەی "بیگ بێن". ئەمەش هەر هەوڵێکە بۆ ڕاگرتنی قڕەجار لە کۆیادی لەبیرنەچوونەوە. وەک کچە جووەکە دەڵێت "لە بەردەم کات ژمێری "بیگ بێن"دا ئەوان قڕەجارم بۆ دەگێڕنەوە.".[7] په‌ری كه‌ریمی نیا وه‌ك یه‌ك له پێشه‌نگه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی شه‌پۆلییانه، ڤیرجینیا وۆلف، هه‌وڵی تێكهه‌ڵكێشكردنی زه‌مه‌ن و شێواندنی سنووره‌كانی ئێستا و ڕابردووی داوه. ئه‌و خولانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێكی چه‌ندپاتبووه‌وه‌ی به ده‌وری بازنه‌یه‌كی بۆشدا وێنا كردووه و به‌م كاره‌ی، قڕه‌جاڕی له هه‌ڕه‌شه‌ی پڕمه‌ترسیی فه‌رامۆشی ڕزگار كردووه. "قڕەجاڕ لە سەر ئەوەی داوای شوناسی خۆی کرد یەکسەر حەساریان کێشا و ناویان لە سەر نەخشەدا کووژانەوە. کردیانە زبڵخانە و پشیلەیان تێبەردا."[8] قڕه‌جاڕ ڕاستییه‌كی حاشالێكراوه و هه‌وڵدان بۆ سه‌لماندنی بوون و مێژووه‌كه‌ی، وریایی و تێبینیی زۆری ده‌وێت. "قڕەجاڕ تاوانەکەی بەس ئەوە بوو کە دژ بە حکوومەت وەستایەوە و داوای کرد کە دەبێت دان بە بوونیدا بهێنرێت."[9] په‌ری بۆ خۆی هه‌ڵقوڵاوی فه‌رهه‌نگێكه كه ژماره‌ی نووسه‌رانی ژنی ڕۆماننووسی به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن. كه نه‌ریتێكی جێگرتووی نووسین نه‌بێت و بواری نووسینه‌كه‌ش ژیاندنه‌وه‌ی وڵاتێكی له‌بیركراوه بێت، بوێرییه‌كی زۆر پێویسته بۆ چوونه ناو مه‌یدانی گێڕانه‌وه. گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی قڕه‌جاڕ هه‌نگاوێكی گرنگی قه‌ڵه‌مێكی گرنگه كه چاوه‌ڕوانیی ئافراندنی گێڕانه‌وه‌گه‌لی تری لێ ده‌كرێت. كه‌م هه‌ڵده‌كه‌وێت كه گێڕه‌وه و گێڕدراوه‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌ك به‌جووت حاشایان لێكرابێت. په‌ری، خۆی و گێڕانه‌وه‌كه‌ی له مه‌ترسی حاشالێكراوی ڕزگار كردووه. [1] بۆ نموونه‌بڕوانه ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی خواره‌وه كه به وردی باس له چلۆنایه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها شێوازی بیركردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانیش تاوتوێ ده‌كه‌ن: Nancy Armstrong, How Novels Think: The Limits of Individualism from 1719-1900, Columbia: Columbia University Press, 2006. John Mullan, How Novels Work, Oxford: Oxford University Press, 2006. Jeremy Hawthorn, Studying the Novel, Sixth edition, London: Bloomsbury Academic, 2010. بڕوانه ماڵپه‌ری ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بۆكان و وتاری عه‌یز محه‌ممه‌د پوور له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه. [2] كه‌ریمی نیا، په‌ری، هه‌موو ڕێگاكان ده‌چنه‌وه قڕه‌جاڕ؟، سلێمانی: غه‌زه‌لنووس، ٢٠١٥. ل. ٣٢. [3] . س.پ. ل. ٢٨ و ل. ٢٢٩. [4] س.پ. ل. ٢١٠. [5] س.پ. ل. ٢١١. [6] .٢٣ س.پ. ل. [7] .٢٠٣ س.پ. ل. [8] .١٩٨ س.پ. ل. [9]
یه‌کێک له نوسه‌رو لێکۆله‌ره دیاره‌کانى بوارى ره‌خنه له چه‌ند ساڵى پێشوودا، (د.نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د)ه. که جگه له چه‌ندین بابه‌ت له‌و بواره‌دا، چه‌ندین نووسینیشى بڵاوکردۆته‌وه، ده‌رباره‌ى ئه‌م پرسه وه‌ک بڵاوکراوه‌ى (په‌ڕاو) به‌باشمانزانى ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا ساز بده‌ین. سازدانى: شاخه‌وان سدیق *ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى چییه و چۆن ده‌توانین باس له گرنگییه‌کانى بکه‌ین بۆ به‌هێزبوونى بنه‌ماکانى ئه‌ده‌ب و پێشکه‌وتنى؟ -ئه‌گه‌ر بشێت له چه‌ند په‌ره‌گرافێکدا به‌شێوه‌یه‌کى گشتى چه‌مکى ره‌خنه روون بکه‌ینه‌وه، ئه‌وا ده‌ڵێین ره‌خنه بریتییه له پرۆسه‌یه‌کى مه‌عریفى بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى تێکستێک (سا ئه‌و تێکسته ئه‌ده‌بى بێت یان فه‌لسه‌فى یان مێژوویى یان ئایینى یان که‌له‌پوورى) بۆ ده‌ستنیشانکردنى لایه‌نى ئه‌رێنى و نه‌رێنیى ئه‌و تێکسته، بێگومان ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بیش به‌شێکه له پرۆسه‌ى ره‌خنه‌یى که ره‌خنه‌ى ئایینى و کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى ده‌گرێته‌وه، سه‌باره‌ت به پرسیاره‌که‌ى ئێوه که تایبه‌ته به ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى، ئه‌وا هه‌مان چه‌مک و هه‌مان پێناسه‌ى بۆ ده‌گونجێت، واته هه‌ڵسه‌نگاندنى تێکستێکى ئه‌ده‌بى له‌رووى ئیستاتیکى و مه‌عریفییه‌وه (ئه‌گه‌رچى من له‌گه‌ڵ هیچ جۆره پێناسه‌یه‌کدا نیم، چونکه پێناسه ده‌بێته هۆى سنووردارکردن و چوارچێوه‌دارکردنى چه‌مکه‌که، به‌تایبه‌تى له زانسته مرۆڤایه‌تى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا)، وه‌ک ده‌بینیت هێشتا ئه‌م چه‌مکه تا ئه‌ندازه‌یه‌کى زۆر چه‌مکێکى سنووردار‌و ته‌قلیدییه بۆ ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى. چونکه ره‌خنه زۆر له‌وه به‌رینترو سه‌رجه‌مگیرتره که ته‌نها هه‌ڵسه‌نگاندنى تێکستێک بێت به چه‌ند پێوه‌رێکى دیاریکراو، له‌راستیدا ره‌خنه، له‌وانه ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى، جگه له پێوه‌رى مه‌عریفى، پێوه‌رێکى دیاریکراوى نییه، چونکه ره‌خنه چه‌شن و میتۆد و زاراوه‌و تیۆرى هه‌مه‌چه‌شنى هه‌یه، بۆ نموونه ره‌خنه‌ى سۆسیۆلۆجى، ره‌خنه‌ى سایکۆلۆجى، ره‌خنه‌ى مێژوویى، ئیستاتیکى و بونیادگه‌رى و ره‌وته جیاجیاکانى پاش بونیادگه‌رى، ئه‌مانه هه‌مووى ده‌چنه ناو میتۆد‌و تیۆره ره‌خنه‌ییه‌کانه‌وه، که لێره‌دا میتۆد وه‌ک پێداویستییه‌کى گرنگى پرۆسه‌ى ره‌خنه‌یى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. بۆچى؟ چونکه میتۆد ده‌بێته هۆى سیستماتیزه‌کردنى ره‌خنه‌و دیاریکردنى جیهانبینیى ره‌خنه‌گره‌که، واته میتۆد ده‌توانێت هه‌م توێژینه‌وه‌که رێک بخات و سیستماتیزه‌ى بکات، هه‌م روانین و جیهانبینیى ره‌خنه‌گر روون بکاته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ئه‌مرۆ له ره‌خنه‌ى نوێ‌دا فره میتۆدى به‌کارده‌هێنرێت نه‌ک تاک میتۆدى، واته ره‌خنه‌گر ده‌توانێت له یه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌دا زیاد له میتۆدێک بۆ خوێندنه‌وه‌ى تێکسته‌که به‌کار بهێنێت، بۆ نموونه میتۆدى سایکۆسۆسیۆلۆژى، یان میتۆدى سۆسیۆمێژوویى، یان ئه‌م میتۆدانه له‌ته‌ک میتۆدى زمانه‌وانى و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یى و دیلالى و هیرمینۆتیکى. وه‌ک ده‌بینیت ئه‌م شێوه نووسینه‌ى ره‌خنه زۆر فراوان ده‌بێته‌وه، به‌چه‌شنێک ئه‌مرۆ به‌و پرۆسه ره‌خنه‌ییه ده‌وترێت (ره‌خنه‌ى رۆشنبیرى)، ئه‌مه بۆ ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌گر بتوانێت له‌هه‌موو لایه‌نێکه‌وه تیشک بخاته سه‌ر رووبه‌رى تێکسته‌که نه‌ک ته‌نها له یه‌ک لایه‌نه‌وه. *زۆرجار دەوترێت(ڕەخنە) زانستەو زۆرجاریش وەک بەشێک لە ئەدەب خۆی سەیردەکرێت، مەبەستمە بپرسم ئەو بنەما گرنگانە کامانەن کە دەبێت کەسی ڕەخنەگر بۆ نوسینی ڕەخنە ڕەچاوی بکات؟ -بێگومان ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى زانسته، به‌و پێیه‌ى به‌شێکه له زانسته مرۆڤایه‌تى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. ئه‌گه‌ر بشێت کۆمه‌ڵێ بنه‌ما بۆ ره‌خنه‌گر دیارى بکه‌ین، ئه‌وا ده‌توانین به پله‌یه‌کى تایبه‌تى ره‌چاوى مه‌عریفه‌یه‌کى هه‌مه‌لایه‌ن و ئینسایکلۆپیدیایى بۆ ره‌خنه‌گر بکه‌ین، له‌ته‌ک زانین و شاره‌زایى له میتۆده‌کانى ره‌خنه‌و له زاراوه‌و تیۆره ئه‌ده‌بییه‌کان، هه‌روه‌ها شاره‌زایى له مێژووى ره‌خنه‌و له زاراوه ره‌خنه‌ییه‌کان و ئینجا له ته‌کنیکه‌کانى تێکستى ئه‌ده‌بى، له‌مانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه که پێویسته ره‌خنه‌گر بابه‌تیبوون له‌به‌رچاو بگرێت، واته خۆى که‌سێکى بابه‌تى بێت، بابه‌تیبوون واته دانانى مه‌سافه‌یه‌کى مه‌عریفى له‌نێوان خۆى و تێکسته‌که، له‌نێوان بیروباوه‌ڕى خۆى و ئاراسته‌ى تێکسته‌که، بۆ ئه‌وه‌ى ئایدیاى خۆى به‌سه‌ر تێکسته‌که‌دا نه‌سه‌پێنێت و سۆز رۆڵى له هه‌ڵسه‌نگاندندا نه‌بێت، به‌ڵکو پێوه‌ره زانستییه‌کان رۆڵیان هه‌بێت. *ھەندێک جار دەوترێت، بەرھەمی ئەدەبی زیندوو نییە تا نەچێتە بەردەم لێکۆڵینەوەو ھەڵسەنگاندنی کەسی ڕەخنەگر،بەمەبەستی شرۆڤەکردو دوبارە خوێندنەوەی ڕەھەندە قوڵکانی ئەو بەرھەمە، بەبڕوای بەڕێزتان تاچەند ئەو بۆچونە ڕاستە. -به بڕواى من مه‌رج نییه ئه‌م قسه‌یه به ره‌هایى راست بێت. جاران ده‌مانووت تێکستى زیندوو و داهێنه‌ر ره‌خنه ده‌هێنێته قسه‌و به زه‌روره‌ت ره‌خنه ده‌خوڵقێنێت، چۆن ده‌بێ تێکستى باش به‌بێ ره‌خنه‌ى جدى تێپه‌ڕێت. مه‌رج نییه ئه‌م بۆچونه به‌ته‌واوى راست بێت، چونکه تێکستى وه‌ها زۆرن به‌بێ لالێکردنه‌وه‌ى ره‌خنه‌ییش هه‌ر تێکستى زیندوو و داهێنه‌رن، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌مرۆ به‌گشتى ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى دوچارى هه‌ژارى و لاوازى بووه، واته به به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش، ئه‌مرۆ که‌متر تێکستى ره‌خنه‌یى ده‌نووسرێت و که‌متر ره‌خنه‌گر سه‌رقاڵى ئه‌و پرۆسه‌یه ده‌بێت، ژماره‌ى ره‌خنه‌گرى ئه‌ده‌بیش زۆر که‌م بۆته‌وه، ته‌نها له بواره ئه‌کادیمییه‌کاندا ماوه‌ته‌وه، که ئه‌میش پتر له زانکۆکان‌دا پرۆسه ده‌کرێ بۆ به‌ده‌ستهێنانى خوێندنى باڵا و بۆ ته‌واوکردنى بڕوانامه‌ى ماسته‌رو دکتۆرا. *تاچەند بەرھەمی ئەدەبی بەبێ قسەکردن لەسەری و نەشتەرگەری کردنی ڕەخنە، بەرھەمێکی زیندووە، ئەو گرنگیەی ڕەخنە بە بەرھەمێکی ئەدەبی دەبەخشێت چییە؟ -وه‌ک له وه‌ڵامى پرسیاره‌که‌ى پێشوودا وتم مه‌رج نییه ره‌خنه رۆڵێکى کاریگه‌رى هه‌بێت له به‌خشینى به‌ها به تێکستێکى ئه‌ده‌بى، بگره زۆر جار ره‌خنه رۆڵێکى سه‌لبى هه‌بووه به‌رامبه‌ر به چه‌شنه‌کانى داهێنانى تێکستى ئه‌ده‌بى، واته زۆر جار تێڕوانین و ئایدیۆلۆژیاى ره‌خنه‌گر تێکسته ئه‌ده‌بییه‌که‌ى به ئاراسته‌یه‌کى تردا بردووه که دوور بووه له داهێنان و ئیستاتیکا، واته ئه‌گه‌ر تێکسته‌که له‌گه‌ڵ بۆچوونى ره‌خنه‌گردا ته‌با بوایه ئه‌وا ره‌خنه‌گر ئاستێکى به‌رزى له داهێنان پێده‌به‌خشى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئایدیۆلۆژیاى ره‌خنه‌گر پێچه‌وانه‌ى ناوه‌رۆکى تێکسته‌که بووبێت، ئه‌وا هه‌وڵى داوه وه‌ک تێکستێکى لاواز ده‌ریبخات، بۆیه پێویسته ره‌خنه‌گر دوور بێت له ئایدیۆلۆژیایه‌کى دیاریکراو و ده‌بێ پتر بابه‌تى بێت، واته بتوانێت مه‌سافه‌یه‌کى مه‌عریفى له‌نێوان باوه‌ڕى خۆى و پرۆسه ره‌خنه‌ییه‌که‌دا دابنێت. بۆیه ده‌شێت (ره‌خنه‌ى رۆشنبیرى) باشترین جۆرى پرۆسه‌کردنى کارى ره‌خنه‌یى بێت، چونکه لێره‌دا ره‌خنه‌گر بوارێکى مه‌عریفیى فراوانترى له‌به‌رده‌مدایه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى تێکسته‌که. *ئێمە وەک کورد کەسی پسپۆڕی ڕەخنەگرمان ھەیە؟ بەرھەمە ئەدەبیەکانی ئێمە بۆ بە فلتەری ڕەخنەیدا ناڕۆن؟ -وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا ئه‌مرۆ ره‌خنه‌گرى پسپۆرمان نییه به‌و مانایه‌ى له چه‌ند ده‌یه‌یه‌کى پێشوودا هه‌بوون، ته‌نها چه‌ند که‌سێک هه‌ن ئه‌ویش له ناوه‌ندى ئه‌کادیمییه‌وه ئه‌و پرۆسه‌یه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌مه نه‌بووه به پرۆسه‌یه‌کى ره‌خنه‌یى سه‌رجه‌مگیر، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێکى زۆر ئاساییه، واته من به مانا سه‌لبییه‌که‌ى ئه‌مه ناڵێم، چونکه ئه‌مرۆ بوارى مه‌عریفى به راده‌یه‌ک گه‌وره‌و فراوان بۆته‌وه، خوێنه‌ر چاوه‌ڕێى نووسینى ره‌خنه‌یى ناکات، جاران که کتێبێک چاپ ده‌کرا خوێنه‌ران له‌گه‌ڵیدا چاوه‌ڕێى ئه‌وه بوون چه‌ند که‌س له‌سه‌رى ده‌نووسێت، ئه‌مه پێوه‌ر بوو بۆ باشى یان خراپیى کتێبه‌که، به‌ڵام ئه‌مرۆ ئه‌وه گرنگ نییه. سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى تا راده‌یه‌ک ره‌خنه‌یه‌کى نوخبه‌وییه و هه‌موو خوێنه‌رێک حه‌زى لێ‌ناکات ژماره‌یه‌کى زۆر که‌م نه‌بێت، له‌وانه‌یه ئه‌م قسه‌یه‌ى من له ئاستى رخنه‌ى رۆشنبیری‌دا راست نه‌بێت، واته ده‌شێت ره‌خنه‌ى رۆشنبیرى خوێنه‌رى زیاتر بێت ه‌ک له ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ئه‌مرۆ نووسه‌ر خۆیشى ره‌خنه‌گره، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌کى زۆرى خوێنه‌ران خۆیشیان ره‌خنه‌گرن به‌هۆى فراوان بوونى بواره‌کانى مه‌عریفه. *زۆرجار لە کاتی نوسینی ڕەخنەی کوردی لە سەر بابەتێک، پەلاماری کەسایەتی نوسەرەکە دەدرێت و ئەوەندە باس لە خۆی دەکرێت نیو ئەوەندە باس لە بەرھەمەکەی ناکرێت، بە پێچەوانەشەوە ھەندێکجار نوسەر ئەوەندە قسەلە کەسایەتی ڕەخنەگردەکات ئەوەندە قسە لەسەر بابەتە ڕەخنەیەکی ناکات،ھۆکاری ئەمە چیە؟ بۆ ناتوانین ئەم پرۆسەیە ھەزمکەین؟ -ئه‌مه خراپترین جۆرى ره‌خنه‌یه، واته ره‌خنه‌گرێک هه‌وڵ بدات که‌سایه‌تیى نووسه‌ره‌که بکات به بنه‌ماى سه‌ره‌کیى نووسینه‌که‌ى، سا بۆ ستایش و پیاهه‌ڵدان بێت یان بۆ شکاندنه‌وه‌ى، ئه‌مه له‌راستیدا خراپترین جۆرى پرۆسه‌ى ره‌خنه‌ییه که ناچێته ناو بوارى ره‌خنه‌ى زانستییه‌وه، ئه‌م چه‌شنه نووسینانه به ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى دانانرێن، ئه‌مه له‌راستیدا خوێندنه‌وه‌ى تێکسته‌که نییه له رووى مه‌عریفى و به‌پێى میتۆد و تیۆره ره‌خنه‌ییه‌کان. *پێتان وایە نەبوونی ڕەخنەگری جدی ھۆکارە بۆ زیاتر پێشنەکەوتن و وەستانو سستی ئەدەبی کوردی؟ -نه‌خێر، هه‌بوونى ره‌خنه یان نه‌بوونى، فاکته‌رێکى سه‌ره‌کى نییه بۆ پێشکه‌وتن یان بۆ سستیى ئه‌ده‌ب به‌گشتى، ئه‌مه له‌راستیدا په‌یوه‌ندیى به بزاوت و پێشکه‌وتنێکى گشتى و هه‌مه‌لایه‌نه‌وه هه‌یه که سه‌رجه‌م کایه‌کانى مه‌عریفه‌و زانست و هوشیاریى کۆمه‌ڵگه‌و تاک و گرووپه‌کان ده‌گرێته‌وه، واته ئه‌گه‌ر رۆشنبیریى کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک به‌گشتى هه‌ژارو سست بێت، ئه‌وه په‌یوه‌ندیى به کۆى سست و لاوازیى بونیادى ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه‌وه هه‌یه له‌رووى مه‌عریفى و زانستى و کۆمه‌ڵایه‌تى و نه‌بوونى ئازادییه‌کان، ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى ناتوانێت ئه‌و ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرییه زیندوو و چالاک بکات. له‌راستیدا ره‌خساندنى ئازادییه‌کانى تاک و گرووپه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌و هه‌روه‌ها هوشیاریى کۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و ئازادیى راده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نى و کرانه‌وه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى، ده‌توانێت ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بیش چالاک بکات. له‌مه‌شدا هێشتا ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى ناتوانێت ببێت به مه‌رج بۆ پێشکه‌وتنى ئه‌ده‌ب. وه‌ک وتم ئه‌مرۆ به‌گشتى ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى دوچارى سست و لاوازییه‌کى زۆر بۆته‌وه، بگره له پاشه‌کشه‌یه‌کى به‌رده‌وامدایه، نه‌ک ته‌نها له ئه‌ده‌بى کوردی‌دا، به‌ڵکو له ئه‌ده‌بیاتى گه‌لانى ناوچه‌که‌و له ئه‌ده‌بیاتى جیهانیشدا ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى به‌مانا ته‌قلیدییه‌که‌ى له پاشه‌کشه‌دایه، له‌برى ئه‌وه پتر ره‌خنه‌ى رۆشنبیرى بره‌وى هه‌یه که هه‌موو به‌شه‌کانى ره‌خنه له‌خۆ ده‌گرێت. *ئەدەب و بەرھەمی ئەدەبی بێڕەخنەگر دەبێت؟ -به‌ڵێ، ئه‌ده‌ب و داهێنانى ئه‌ده‌بى به‌بێ ره‌خنه‌یش هه‌ر هه‌یه‌و ده‌توانێت باشترین تێکسته‌کانى خۆى پێشکه‌ش بکات، ئه‌مه هه‌م له سه‌ده‌ى نۆزده‌دا وابووه‌و هه‌م له سه‌ده‌ى بیست‌و یه‌که‌میشدا وایه، به‌ڵام له سه‌ده‌ى بیسته‌مدا ره‌خنه تا ئه‌ندازه‌یه‌ک رۆڵى له به‌ره‌وپێشبردنى تێکستى ئه‌ده‌بیدا هه‌بوو، به‌تایبه‌تى شیعر‌و چیرۆک و رۆمان، سه‌ده‌ى بیسته‌م له ئاستى ئه‌ده‌ب و ره‌خنه‌ى جیهانیدا به چه‌رخى زێڕ‌ینى ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى داده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌مرۆ هه‌م نووسه‌رو هه‌م خوێنه‌رو هه‌م ره‌خنه‌گریش به‌هه‌مان ئاست که‌ره‌سته‌کانیان له‌به‌رده‌ستدایه‌و له ته‌کنیک شاره‌زان، به‌ڵام هه‌مان ئاستیان له ره‌خنه‌ى رۆشنبیری‌دا نییه. بۆچى؟ چونکه ره‌خنه‌ى رۆشنبیرى بۆچوونى جیاواز ده‌ره‌خسێنێت و چه‌ندین ده‌روازه بۆ لێکدانه‌وه‌ى تێکست ده‌کاته‌وه، به‌جۆرێک خوێنه‌رو نووسه‌ریش ده‌هێنێته ناو دیالۆگ و ئه‌رگۆمێنت له‌سه‌ر ئه‌و تێکسته. *چی بکرێت بۆ ئەوەی نوسەرانمان فێری قبوڵکردنی ڕەخنەی ئەدەبی ببن و ڕەخنەگر ئەدەبی ئێمەش ئەدەبیانە ڕەخنەکانیان بنوسن و دەق سەرچاوەی نوسین بێت نەک کەسایەتی و شتی شەخسی؟ -له‌راستیدا ئه‌مه په‌یوه‌ندیى به سایکۆلۆجیاى نووسه‌رى کورده‌وه هه‌یه، واته لێره‌دا ره‌چه‌ته‌یه‌ک یان کۆمه‌ڵێ مه‌رج و پێوه‌ر نییه که بشێت بیانخه‌ینه روو بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ک خۆت ده‌ڵێى نووسه‌رى کورد فێرى قبوڵکردنى ره‌خنه بێت، ئه‌مه په‌یوه‌ندیى به ئاست و بیرکردنه‌وه‌ى نووسه‌ران و رۆشنبیرانه‌وه هه‌یه، ئه‌مه په‌یوه‌ندیى به ئه‌ندازه‌ى هۆشیارى و مه‌عریفه‌و کرانه‌وه‌ى نووسه‌ره‌وه هه‌یه تا چه‌ند ره‌خنه‌و بۆچوونى جیاوازى قبوڵه، که من وایده‌بینم پێویسته نووسه‌ران و رۆشنبیران له ئاستێکى به‌رزى تێگه‌یشتن و قبوڵکردنى جیاوازیدا بن، هه‌م له ئاستى کۆمه‌ڵایه‌تى و هه‌م له ئاستى ئه‌ده‌بى و مه‌عریفیدا. مه‌سه‌له‌ى ئه‌وه‌ش که تێکست ببێت به سه‌رچاوه‌ى نوسینى ره‌خنه‌یى نه‌ک بابه‌تى شه‌خسى و که‌سایه‌تیى نووسه‌ره‌که، ئه‌مه له‌راستیدا ئه‌لف و بێى رۆشنبیرى و تێگه‌یشتنى ره‌خنه‌یه. له نێوه‌ندى رۆشنبیرى و ئه‌ده‌بیى ئێمه‌دا ئه‌م دیارده‌یه زۆر لاوازه، واته به‌ده‌گمه‌ن نووسه‌رێک ده‌بینیت ره‌خنه‌ى قبوڵ بێت و وه‌ک بۆچوونێکى تر‌ى ئه‌ده‌بى وه‌ریبگرێت و به‌لایه‌وه ئاسایى بێت و سایکۆلۆجیاى بریندار نه‌بێت، زوربه‌ى نووسه‌رى کورد وا ده‌زانێت که ره‌خنه‌ت له تێکسته‌که‌ى گرت ئیدى ره‌خنه‌ت له که‌سایه‌تیى ئه‌و گرتووه بۆیه هه‌ست به سووکایه‌تى ده‌کات و هه‌ڵده‌چێت و له ره‌خنه‌گره‌که زویر ده‌بێت ئه‌گه‌ر قینیشى لێ هه‌ڵنه‌گرێت. من خۆیشم ئه‌مه‌م به‌سه‌ر هاتووه، ساڵانى پێشوو له‌سه‌ر چه‌ندین تێکستى کوردیم نووسیوه به‌ڵام به‌زۆرى رووبه‌رووى گله‌یى و زویر بوون بوومه‌ته‌وه، یان لانیکه‌م به پێکه‌نین و گاڵته‌پێکردنه‌وه پێیان وتووم تۆ له تێکسته‌که تێنه‌گه‌یشتوویت.
باران كانوونی ئه‌ده‌ب كه ده‌كرێت له زمانی كوردیدا به (خه‌رمانی ئه‌ده‌ب) ناوببرێت، به كۆمه‌ڵه به‌رهه‌مێكی دیاریكراو ده‌گوترێت كه له ڕووی نۆڕم و پێوه‌ره‌وه بژارده‌ی ئاست و چۆنییه‌تی ئه‌ده‌ب بێت و وه‌ك ده‌قی په‌سه‌ند و باڵا ده‌ستنیشان كرابێت. له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه هه‌بوونی كانوونی ئه‌ده‌ب چه‌ند پێویست و ئه‌رێنیه یاخود چۆن گرفتاوی و نه‌رێنیه گووتوبێژ زۆره. له‌م نووسینه‌دا هه‌ندێك بۆچوونی دژ و ته‌با سه‌باره‌ت به كانوونی ئه‌ده‌ب له‌سه‌ر ئاستی جیهان ڕوونده‌كه‌ینه‌وه و له‌گه‌ڵ ئاماژه‌دان به هه‌ڵوێسته جیاوازه‌كان، مه‌زه‌نده‌ی بوونی كانوونی ئه‌ده‌بی كوردی ده‌كه‌ین و هه‌ندێك پرسیاری له‌باره‌وه ده‌وروژێنین ... وشه‌ی كانوون پێشینه‌یه‌كی دینیی هه‌یه، له كۆندا به‌و ده‌قه موعته‌به‌رانه گووتراوه كه له‌نێو چه‌ندان تێكستدا له ململانێی زیندوودا هه‌ڵبژێردراون. به‌واتایه‌كی تر كانوون وه‌ك لیستی كۆبه‌رهه‌م، ده‌رچووی ڕه‌خنه‌ی نه‌ریتی و هه‌ڵبژارده‌ی نوخبه‌ی كۆمه‌ڵگه و كۆمه‌ڵه‌ی فێركارییه ... كانوونی ئه‌ده‌بی جیهانی له ناوه‌ڕاستی ١٧٠٠ كاندا سه‌ریهه‌ڵداوه. پاشان زۆر وڵات كانوونی ئه‌ده‌بی خۆی دیاریكردووه و وه‌ك لیستی باشترین و گرنگترین به‌رهه‌مه‌كان، له قوتابخانه‌كاندا خراونه‌ته به‌رنامه‌ی خوێندنه‌وه. وڵاتی سوید كه به‌خشه‌ری خه‌ڵاتی نۆبڵه له ئه‌ده‌بدا، هێشتاكه كانوونی ئه‌ده‌بی نییه، وه‌لێ له‌مباره‌یه‌وه، له‌نێو ڕۆشنبیرانی سویدییدا گفتوگۆی زۆر و به‌رده‌وام له ئارادایه و وێڕای له‌گه‌ڵ نه‌بوونی به‌شێكی زۆر، زۆر كه‌س و لایه‌ن له‌و باوه‌ڕه‌دان كه گرنگه سوید كانوونی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت. ئه‌مه له كاتێكدا له سوید زۆر تاووتوێی كانوونی ئه‌ده‌بی دانیماركی ده‌كرێت. كانوونی ئه‌ده‌بی دانیماركی ساڵی ٢٠٠٤ هه‌ڵبژێردراوه و به‌رهه‌می زۆر نووسه‌ری دانیماركی له‌خۆده‌گرێت به‌ڵام ته‌نها (كارین بلیكسێن) له نێویاندا ژنه و ئه‌مه بۆته جێگای ڕه‌خنه‌ی زۆر و ناوبردنی لیسته‌كه به كانوونی پیاوانه. كانوونی هه‌ر وڵاتێك وه‌ك لیسته‌یه‌ك له ئه‌ده‌بی هه‌ڵبژارده، جگه له‌وه‌ی چوون ناسنامه‌یه‌كی ئه‌ده‌بی وڵاته‌كه ده‌ناسرێت، لیسته‌كه بۆ مه‌به‌ستی خوێندنه له خوێندنگه‌كاندا، ئامانج له به‌كارهێنانی كانوون له به‌رنامه‌ی خوێندندا، بوونی بناغه‌یه‌كی هاوبه‌شی خوێندنه‌وه‌ی قوتابیانه، به‌وه‌ی هه‌موو خوێندكارێك هه‌مان ئه‌و به‌رهه‌مانه بخوێنێته‌وه كه به شاكار و ده‌قی گرنگی وڵاته‌كه‌یان داده‌نرێت. وه‌كتر ئه‌وانه‌ی لیسته‌كه هه‌ڵده‌بژێرن كه‌سانی ئه‌كادیمی و پسپۆڕی بواری ئه‌ده‌ب و فێركارین، واته هه‌موو كه‌س بۆی نییه به‌شداربێت له مێزگرتی هه‌ڵبژاردنی كانووندا. نووسه‌ر و پرۆفیسۆری ئه‌مه‌ریكی (هارۆڵد بلووم) یه‌كێكه له‌و دیارترین ناوانه‌ی گفتوگۆی كانوون زۆر ده‌كات، به ڕووانگه‌ی ئه‌و كانوون له‌نێو نووسه‌رانی هه‌مه‌جۆردا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، وه‌ك ململانێیه‌ك ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كێ باشترین به‌رهه‌م ده‌نووسێت. ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له پڕۆسه‌ی كانووندا دیاریده‌كرێن، هۆكاری سه‌ركه‌وتنیان ته‌نها دانسكه‌یی كاره‌كانیانه. به گوێره‌ی بلووم، ڕه‌وتی یاخی و فێمێنیزم و ماركسیزم و هه‌ریه‌ك له پارت و بزوتنه‌وه‌كان كه ده‌ئاخنرێنه پرسه‌كه‌وه، كانوونی وڵاتانی خۆرئاوا ده‌شێوێنن. ئه‌و كانوون سه‌ربه‌خۆ له جوڵانه‌وه‌ی سیاسی و گۆڵی كۆمه‌ڵگه ده‌بینێت. بلووم پێیوایه ئه‌وه‌ی هه‌یه خوێندنه‌وه‌ی ئیستاتیكاییه، وه‌كتر نۆرمه‌كانی كۆمه‌ڵگه هه‌قی به‌سه‌ر بژارده‌ی به‌رهه‌می هه‌نووكه‌ییه‌وه نییه و خوێندنه‌وه‌ش نه به چاك و نه به خراپ له بنه‌ڕه‌تی كه‌س ناگۆڕێت! یه‌كێ له‌و كێشانه‌ی له‌گه‌ل لیسته‌ی كانووندا دێته ئاراوه، ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵكی ڕای جیاوازیان هه‌یه ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كام به‌رهه‌م و كام كتێب له كامه گرنگتره. به‌وپێیه‌ش كه نۆرمداركردنی ئه‌ده‌ب، جۆرێكه له نرخپێدانی، سه‌باره‌ت به لیسته‌ی كانوون ئه‌و پرسیاره سه‌رهه‌ڵده‌دات كه ئایا هه‌ڵبژاردنه‌كان له چ ڕوویه‌كه‌وه ده‌كرێن؟ هه‌روه‌ك چۆن هه‌ستیاریی به‌هابۆدانان جه‌خت له به‌رپرسیارییه‌تی ئه‌و خاڵه ده‌كاته‌وه كه كێ بۆی هه‌بێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بكات. ده‌شێت نرخاندنی وه‌ها لیسته‌یه‌ك كه‌م تا زۆر ببێته ڕه‌نگدانه‌وه و دروستكردنی نۆرم نه‌ك ته‌نها له ئه‌ده‌بدا، به‌ڵكه له كۆمه‌ڵگه‌شدا. خاڵی نه‌رێنی ئه‌مه ئه‌وه‌یه پرسه‌كه ببێته ململانێی ده‌سه‌ڵات و خودی ئه‌ده‌ب بكه‌وێته سێبه‌ره‌وه. له‌م باره‌یه‌وه گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین له سوید له‌سه‌روه‌ختی گفتوگۆكردنی دۆزی كانووندا، زۆر له كاندید و سیاسه‌تمه‌داری پارته‌كان به كۆمێنت و لێدوانی میدیایی پشتگیری و بۆچوونی خۆیان به‌رانبه‌ر پرسه‌كه ده‌رده‌بڕن. هاوكات ڕه‌خنه‌گران چه‌مكی كانوون وه‌ك ئامێرێكی كولی سیاسه‌تێنراو ده‌بینن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ده‌ب و پێیانوایه ئه‌وه ئه‌ركی مامۆستایانه كه به‌بێ بوونی لیسته‌یه‌ك بتوانن وانه‌كان هه‌ماهه‌نگ به ئه‌ده‌ب بكه‌ن. پاشان ڕه‌خنه‌یه‌ك كه له كانوونی ئه‌ده‌ب له جیهاندا ده‌گیرێت، ئه‌وه‌یه كه هه‌ندێك پێیوایه لیسته‌یه‌ك له مانا و به‌رفراوانی ئه‌ده‌بی وڵاتێك كه‌مده‌كاته‌وه و ڕه‌خنه‌یه‌كی دی ئه‌وه‌یه كه ناكرێت كانوونی ئه‌ده‌ب له‌لایه‌ن چه‌ند كه‌س و كۆمیته‌یه‌كه‌وه دیاری بكرێت.، به‌ڵكوو ده‌بێت خودی به‌رهه‌م و كتێبه‌كان بڕیارده‌ربن به‌وه‌ی كاریگه‌رییان چه‌ند ده‌بێت و چه‌ند نه‌وه ده‌بنه خوێنه‌ریان. ڕووانگه‌یه‌كی ئه‌رێنی له‌سه‌ر كانوونی ئه‌ده‌ب ئه‌وه‌یه نووسه‌ران و به‌رهه‌مه باشه له‌بیركراوه‌كان به‌رچاو ده‌خرێنه‌وه. هه‌روه‌ها سوودمه‌ندبوونی كانوونی ئه‌ده‌ب بۆ قوتابخانه‌كان، له‌و ڕووه‌وه كه قوتابییه‌كان پێشینه‌ی جیاوازیان هه‌یه و دایكوباوكه‌كان تێكڕا له ئاستێكی ڕۆشنبیری وادا نین كه هانده‌ری خوێندنه‌وه بن. كانوون هاریكار ده‌بێت به‌وه‌ی كه خوێندكاران به‌ره‌و دونیای خوێندنه‌وه ببات. له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌گووترێت كانوون ئازادی تاك سنووردار ده‌كات، به‌وه‌ی هه‌مووان ناچار ده‌كات هه‌مان ئه‌و به‌رهه‌مانه بخوێننه‌وه كه پێشوه‌خت بڕیاریان له‌سه‌ر دراوه، به‌ڵام ئه‌مه له قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تادا ناكرێت بۆ خوێندكاران و هه‌رزه‌كاران زیانبه‌خش بێت، چوونكه كاره‌كه ناچاركردن نییه به‌قه‌د ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته سرووشی خوێندنه‌وه به قوتابیان ببه‌خشرێت و به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و شووناسی ئه‌ده‌بی وڵاته‌كه‌یان ئاشنا بكرێن. تایبه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه به‌هۆی ته‌كنه‌لۆژیاوه، خوێندنه‌وه لای گه‌نجه‌كان ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی جارانی نه‌ماوه، ده‌توانین بپرسین ئایا ئه‌وه گرنگتره لاوان ئازاد بكرێن به ویستی خۆیان بخوێننه‌وه یان نه‌خوێننه‌وه، یاخود باشتره به فه‌رمی ئاڕاسته‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌ق بكرێن كه به گه‌نجینه‌ی گه‌له‌كه‌یان ناوزه‌دكرابێت. هه‌ڵبه‌ت له‌و وڵاتانه‌شدا كه كانوون نییه، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی په‌روه‌رده‌وه، كه‌م تا زۆر هه‌وڵدراوه هه‌ندێك ده‌ق و پارچه شیعر و كوورته‌ی ژیاننامه له‌گه‌ڵ وانه‌دا به قوتابیان بگووترێته‌وه، وه‌كتر گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م كرده‌یه زیاتر ده‌كه‌وێته سه‌ر سه‌لیقه‌ی مامۆستایانی زمان و وانه وێژه‌ییه‌كان كه بخوازن و بتوانن به‌رهه‌مگه‌لێكی ئه‌ده‌بی به قوتابیان بناسێنن ئه‌گه‌رچی له‌ناو كتێبه‌كانی خوێندنیشدا نه‌بن. به‌ڵام دیاره ئه‌م پڕۆسه خۆكردییه وه‌ك پێویست به‌ڕێوه‌ناچێت و ئه‌و ڕێژه كه‌مه‌ی شیعر و چیرۆكیش كه له‌ناو كتێبه‌كانی خوێندندا هه‌ن، به‌س نین بۆ ڕۆشنبیركردنی خوێندكاران له ڕووی ئه‌ده‌به‌وه، بۆیه بیر له زه‌ڕوره‌تی هه‌بوونی كانوون كراوه‌ته‌وه. به‌م پێیه، له میانه‌ی سه‌رنجدانی ئه‌زموونی وڵاتان ده‌رباره‌ی كانوون و خوێندنه‌وه و له‌و ڕووه‌شه‌وه كه ئه‌مڕۆ له كوردستانیش له‌لایه‌ن زۆر ناوه‌ند و گرووپه‌وه كار بۆ به‌كولتووركردنی خوێندنه‌وه ده‌كرێت ... ده‌كرێت ئێستێك بكه‌ین و بیر له هه‌بوونی كانوونی ئه‌ده‌بی كوردی بكه‌ینه‌وه، كه دیاره تا ئێستا نیمانه و باسێكی ئه‌وتۆشی له‌باره‌وه نه‌كراوه. سه‌باره‌ت به بوونی كانوونی ئه‌ده‌بی كوردی، ده‌شێت دوای تاووتوێكردنی ئه‌وه‌ی سوود و زیانه‌كانی كانوون چییه، پرسیار‌مان ئه‌وه‌بێت كه ئایا به‌ڕاستی بوونی كانوون بۆ ئێمه گرنگه؟ به گریمانه‌ی سازدانی لیسته‌كه، ده‌كرێت چۆن به شێوازێكی به‌سوود پێشكه‌ش بكرێت؟ بناغه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و ڕه‌خنه و پێشمه‌رجییه‌كان بۆ بژارده‌كان ده‌بێت چی بن؟ لێره‌دا ژانره‌كان ڕۆڵ ده‌بینن، هه‌روه‌ها پێشینه‌ی نووسه‌ره‌كانیش، ئایا كێ به نووسه‌ری ڕه‌سه‌ن و ناوه‌ڕۆك و ئاست و زمانی چ به‌رهه‌مێك به شایسته‌ی بوون به كانوون و شووناسی ئه‌ده‌بیی نه‌ته‌وه‌یه‌ك داده‌نرێت؟ ... به‌گشتی مه‌سه‌له‌ی بوون و نه‌بوونی كانوونی ئه‌ده‌ب، لێدوانی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و ڕا و بۆچوونی جیاواز زۆره ده‌رباره‌ی، هه‌ر بۆیه هه‌ندێك وڵات له گفتوگۆی به‌رده‌وامدان و كۆك نین له‌سه‌ری. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كه‌م نین ئه‌و كه‌س و وڵاتانه‌ی بوونی كانوونیان پێ گرنگ و به‌سووده، ئه‌گه‌رچی گرنگتر له كانوون بوونی خودی به‌رهه‌می شایسته به خوێندنه‌وه و ئاماژه‌پێدان بێت ... سه‌رچاوه: - Bloom Harold, Den västerländska kanon: Böcker och skola för eviga tider, sv. övers. 2000 - Svedjedal Johan & Furuland Lars, Litteratursociologi: Texter om litteratur och samhälle, 1997, 2000 - Williams Anna, Stjärnor utan stjärnbilder: Kvinnor och kanon i litteraturhistoriska översiktsverk under 1900-talet, 1997 -”Den fælles kanon”, Dansk litteraturs kanon, 2004
رامبۆ ئەحمەدی مەلا ئایا شیعر تەرجەمە دەکرێ؟ رەنگە، بەڵام "کەشتی مەست" دەقێکی گیرە. رامبۆ بە شێوەیەکی مەجازی باسی ئازادی دەکات. لە دەسپێکی بەهاری ساڵی ١٨٧١ رامبۆ باس لە چەمکی "بینگەرا" دەکات، واتە بینینی پشتەوە شتەکان، یا بینینی نەبینراو. ئەم دەقە شیعرییە دەگمەنە لە تەمەنی ١٦ ساڵان دەنووسی، پێش رامبۆ، هیگۆ " ئەفسانەی سەدە" دەنووسێ، بۆدلێر "سەفەر" دەنووسێ، ژویل ڤێرن " بیست بوار لە ژێر دەریا" دەنووسێ، رامبۆ بە شێوازی خۆی، ئەم ئەزموونە شیعرییە دەنووسێتەوە و سانتێزێکی رەمزییە، هەم لە بواری ئازادی‌دا، هەم لە بواری شیعریی و کەلتووریی دا. رامبۆ خۆی دەبێ بە کەشتی و باسی ئەو سەفەرە ئاوییەمان بۆ دەکات. سەرەتا رووبارەکانن و دواتریش زەریا و ئۆقیانووس ئەم رەوتە لە خۆ دەگرێ، بە وێنەی دەگمەن، سنووری رەوانبێژیی شیعری پێشخۆی تێدەپەڕێنێ. ماڵئاوییەکی یەکجارەکی لە رۆمانسییەت و شیعرە ناسکەکانی پێشخۆی دەکا. ئەم سەفەرە زەریاییە هاوتەریب لەگەڵ شیعری رەها دەوەستێت و ئامادەگییەکی تەواوە بۆ ئەوەی دواتر " وەرزێک لە دۆزەخ" و "درەوشانەوە" بنووسێتەوە. شاعیر دەبێ بینگەرا بێ، دەبێ خاوەن ئازادییەکی رەها بێ. کەشتی مەست رامبۆ ئەحمەدی مەلا بە ڕووبارە ئارامەکاندا لێژدەبوومەوە، هەستم بەوانە نەدەکرد کە گوریسەکانیان رادەکێشام: بوون بە نیشانەی پێستسوورە دەم بەهاوارەکان و بە قەد ستوونە رەنگاوڕەنگاندا هەڵیانواسین. باکم نەبوو چیم هەڵگرتووە گەنمی فلامان یا پەمووی ئینگلیزی، کاتێک گۆبەندەکانی راکێشەرانی گوریسەکان کۆتای‌یان هات، ئیدی بۆ کوێ دەمویست بچم، رووبارەکان بەربەست نەبوون. لە نێو قەڵبەزە سەرشێتەکانی کشان و داکشانی شەپۆلەکاندا، زستانی پار لە مێشکی منداڵان کەڕتر بووم رامکرد! هەرگیز نیمچە دورگە بەڕەڵاکان تووشی پاشاگەردانی سەرفرازی وا نەبووبوون. رەشەبا پیرۆزبایی لە راچەنینی دەریایی لێ کردم. لە تەبەدوورێ سووکتر بووم، سەمام بەسەر شەپۆلەکاندا دەکرد، وەک قوربانییەک تا ئەبەد بخوولێتەوە بۆ ماوەی دە شەو، بە بێ ئەوەی لە چاوی گەلحۆی چرا پەشیمان بم. شیرین‌تر لە پێستی ئەو منداڵانەی هەر دەڵێی سێوی گەییوە، ئاوی سەوز دەچوونە لەشە سنۆبەرییەکەم، پەڵەی شەرابی سەوز و رشانەوە شۆڕدمیانەوە، سوکان و لەنگەرەکانی پەرت کردم. ئیدی، رۆچوومە نێو شیعری زەریاوە، ئاوێتەی ئەستێرە شیرییەکان بووم، ڕازی و ڕەنگپەڕیو، لاژوەردی سەوزم قووت دەدا سەرئاودەکەوتم، خنکاوێک بووم، راماو و رۆچوو، لە پڕێکدا شینیم رەنگ کرد، وڕێنە و ریتمی سست لەبەر تیشکی رۆژ، بەتینتر لە مەی، بەرینتر لە چەنگ، سوورایی تاڵیی ئەڤینی دەهەژاند! دەمزانی ئاسمانەکان بە برووسکە شەق دەبن، هەژان و پێکدادانی شەپۆل و رێڕوەکان: دەمزانی کازێوەی بە نەشئە دەتگوت رەوە کۆترە، هەندێجار ئەوەشم دەبینی کە مرۆڤ حەز بە بینینی دەکرد! خۆرم بینی نەوی، رازی سامناکی بەسەرەوە بوو، بۆ ماوەیەکی زۆر وەنەوەشییەکانی دادەگیرساند، دەتگوت ئەکتەری درامای زۆر دێرینن، لە دوورەوە ئاوەکان هەڵدەلەرزین، لوولیان دەخوارد! خەونم بە شەوی سەوزی بەفرینەوە بینی چاوی سپی دەکرد، ماچیش بە هێوری بەرەو چاوی زەریاکان بەرزدەبووەوە، شیلەی بێوێنە دەگەڕا، راچەنینی شین و زەردی فسفۆرە دەم بە گۆرانییەکان، بۆ ماوەی چەند مانگێک، لاسایی شەپۆلە زل و هار و هاجەکانم دەکردەوە چۆن بەرەو شۆستەکان بەرزدەبوونەوە، بە بێ ئەوەی مەزەنەی پێیە رۆشنەکانی ماریاکان بکەم پاڵیان بە لمۆزی ئۆقیانووسە تەنگەنەفەسەکانەوە دەنا! خۆم بە فلۆریدای سەیر و سەمەرەدا کێشا، ئاوێتەی گوڵە چاو پڵنگەکان بووم کە پێستی مرۆڤانەیان هەبوو! پەلکەزێڕینەکان بە ژێ ئاسۆی زەریاکاندا ڕاکێشرابوون هی مێگەلە سەوزباوەکان. گوێم لە هاژەی زۆنگاوە مەزنەکان بوو، حەزیای زەریای ناو دەوەنەکان بۆگەن دەبوو لە ناو تۆڕەکان؛ /لە ناو تۆڕەکان بۆگەنی دەبوو ئاو لە ناوەندی هێمنیی دا دادڕما، لە دوورەوەش دەتگوت تاڤگەیە دەکەوتە نێو گێژەنەکانەوە! سەهۆڵبەندان و خۆری زیوین، ئاوی هەڵاڵە و ئاسمانی پەنگرین! کەشتی بڵحی نغرۆی قووڵایی کەنداوە تاریکەکان دەکرد کێچ مارە زەبەلاحەکانیان قووت دەدا، دەرختە چەماوەکان و گوڵاوە رەشەکان دەکەوتنە خوارەوە حەزم دەکرد ماسی دۆرادی ئاوی شین ماسی زێڕین و ماسی گۆرانیبێژ نیشانی منداڵان بدەم - کەفاوی گوڵ وێڵبوونی رادەژەنیم لە پڕێکیشدا بایەکی بێوێنە باڵی لێ رسکاندم. ناوبەناویش قوربانیی ماندووی دەستی پۆل و ناوچەکان بووم، هەنسکی زەریا هەڵبەزودابەزە شیرینەکانی پێ بەخشیم، گوڵی سێبەرە هەڵتۆقیینە زەردەکانی بۆ بەرز کردمەوە، مامەوە هەر وەک ژنێک کەوتبێتە سەر ئەژنۆکانی... نیمچە دورگە، شەڕەدەنووک و ریقنەی چۆلەکە دەم بەجریوە چاو زەردەکانی لە رۆخم دووردەخستەوە. سەوڵم لێدەدا، کاتێک گوریسە باریکەکانم رادەکێشا، خنکاوەکان، بە پاشەکشە بۆ نووستن دادەبەزین! کەچی من، لە ژێر پرچی قەوزەکاندا کەشتییەکی گومڕا بووم، زریان فڕێی دامە باوەشی هەوای بێگەرد و بێ باڵندە منێک کە دەریاوان و چارۆگەکان نەیانتوانی لاشە مەستەکەم لە ئاو رزگار بکەن. سەربەستانە، دوکەڵم لێ بەرزدەبووەوە، سەر تەمە مۆرەکان دەکەوتم، منێک کونم لە ئاسمانە سوورەکە دەکرد، وەک دەرگەیەک، کە موڕەبای ئێکجار بەتامی بۆ شاعیران هەڵگرتبێ مشەخۆرانی خۆر، بەڵغی لازەورد رامدەکرد، پەڵەی مانگی کارەباخەش بە لەشمەوە، تەختەداری شێت، ئەسپی دەریایی رەش پاسەوانیان دەکردم، کاتێک تەممووز بە زەبری تێڵا ئاسمانە داغبووەکانی سەروی وەنەوشەییەکانی دەخستە خوارەوە. منێک هەڵدەلەرزیم، لە دووری پەنجا میلەوە هەستم بە هاواری دەڵەبەبای دڕندە شەیتانییەکان و رێڕەوی ئەستووری زەریایی دەکرد، رێسەرە ئەبەدییە چەقبەستووە شینەکان، حەسرەتم بۆ ئەوروپای بەربەست کۆنەکان هەڵدەڕشت. کۆدورگە ئاسمانییەکانم بینی! چەندین دورگەش ئاسمانە وڕێنەکانیان بۆ بەلەمەوانان دەکردەوە. ئایا لە قووڵایی ئەم شەوە بێ بنانە دەنویت و خۆت ئاوارە دەکەیت، ملیۆنان پاساری زێڕین! ئەی هێزی ئایندە! راستە، زۆر گریام، بەرەبەیان دڵ لەتوپەت دەکات، هەموو مانگێک دزێوە و هەموو خۆرێکیش تاڵە ئەڤینی تفتوتاڵ بە گەمژەییەکی مەست ئاوساندمی، با بڕبڕەی پشتم شەق بەرێت !با نغرۆی زەریا بم! ئەگەر ئارەزووی ئاوی ئەوروپاش بکەم، لە چاڵە ئاوێکی رەش و سارد زیاتر نییە، کازێوەیەکی بۆندار منداڵێکی هەڵتووتاو لێواولێوی غەمبارییە، بەلەمێکی لەرزۆک وەک پەپوولەی مانگی نیسان بەڕەڵا دەکا. منی مەلەکەری نێو پەژمووردەیی ئێوە، ئیدی ناتوانم ئەی شەپۆلان، رێڕەوە ئاوییەکانیان لەبەردەم هەڵگرانی پەموو لادەم، نە بە ناو غرووری ئاڵا و ئاگردا تێپەڕبم، نە بەژێر پردە دەستکردە سامناکەکانیشدا مەلە بکەم. تێبینی : لێرە دەبی سوپاسی برایان کەریم پەڕەنگ، بەکری مەلا و جەمال حەمەڕەش بکەم کە ئەم دەقەیان بە سەرنجەکانیان دەوڵەمەند کرد.
بەشی پێنجەم وکۆتایی سازدانی:شاخەوان سدیق پرسیار: یەکێک لە تێماکانی کتێبی دڵشکان مەسەلەی کۆچ و دڵشکانە لە منفا دەتوانی ڕونتر باس لە پەیوەندی کۆچ و غەریبی بە مەنفاو دڵشکانەوە بکەیت؟ هەستناکەن بەشێک لە کۆچی کوردان پەیوەندی بە جۆرێک لە دڵشکانەوە هەیە لە هەموو جومگە و پەیوەندیە جیاوازەکانی نیشتمان؟ وەڵام: بەڵام بۆ وەڵامدانەوەیەکی دروستی ئەم پرسیارە پێویستە سەرەتا چەند دیدێکی تێوری لەسەر دیاردەی کۆچ بە گشتیی بخەمەڕوو، دوای ئەوە ڕوونیبکەمەوە کۆچی کورد بۆ دەرەوەی کوردستان پەیوەندیی بە چییەوە ھەیە؟ دواتریش تێمای کۆچ بە دیاردەی نیگەرانبوون و دڵشکانەوە، گرێیبدەمەوە. وەک دەزانیت من پازدە ساڵێک لەمەوبەر، لە ساڵی ٢٠٠٥ دا، کتێبێکم لەسەر دیاردەی کۆچکردنی کورد لە سەدەی بیستەمدا بە ناوی ”ناسیۆنالیزم و سەفەر“ەوە بڵاوکردەوە. بەشێک لەوەی لێرەدا دەیڵێم سەرچاوەکەی لەو کتێبەدایە. بۆ قسەکردن لەسەر دیاردەیەکی گرنگیی وەک کۆچکردن، بەر لەھەموو شتێک، پێویستە واز لە ئینشانووسین و قسەی گشتیی و حوکمی نەسەلمێندراو بھێنین و ئەم دیاردەیە لەناو سیاق و ڕەوتی مێژوویی خۆیدا نیشتەجێبکەین. ھیچ شتێک ھێندەی گەڕاندنەوە بۆ مێژوو لە دیاردەی گشتاندن و ئینشانووسی لەسەر دیاردەکان ڕزگارمان ناکات. وەک سەرەتا با لەو ڕاستییە دەستپێبکەین کە کۆچی کورد بۆ دەرەوەی کوردستان، تا کۆتایی ساڵانی شەستی سەدەی بیستەم، ”کۆچێکی تاکەکەسیی“ە. کەسانێکی کەم کوردستان بەجێدەھێڵن و ڕوو لە وڵاتانی دەرەوە دەکەن. لە سەدەی نۆزدەھەمدا، بۆ نموونە، ئێمە کۆچی مەولانا خالید و نالی و حاجی قادری کۆیی و چەند خێزانێکی دەسەڵاتدار دەبینین، کە دوای ڕوخاندنی ئیمارەتەکانیان، ناچاردەکرێن بەرەو ئەستەمبوڵ کۆچ بکەن. ئەم کۆچە جگە لەوەی دیاردەیەکی تاکەکەسییە، ھاوکات کۆچیشە لەناو سنوورەکانی ئەو جوگرافیا ئاینییەدا کە ناوی ”ماڵی ئیسلام“ یان دار الاسلام،ە. لە سەدەی بیستەمدا ئەم کۆچە تاکەکەسییانە بەردەوامدەبن و تا ساڵانی شەستی سەدەکە کۆچی کورد لەوە دەرناچێت کۆچێکی تاکەکەسیی و بچووک و سنووردار بێت. بەڵام ئەم کۆچە تاکەکسییانە چیتر تەنھا لەناو سەرزەمین و جوگرافیای ”ماڵی ئیسلام“دا ڕوونادەن، بەڵکو کۆچێکە بۆ دەرەوەی ئەو جوگرافیا دنییە و ڕووی لە شوێنانەیە کە جارێک پێیدەڵێین ئەوروپا و جارێکی تر خۆرئاوا. لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە کۆچکردنی کورد لە ”دیاردەیەکی تاکەکەسیی“ەوە دەگۆڕێت بۆ ”دیاردەیەکی دەستەجەمعیی“، کۆچبەرانیش بە تەنھا نووسەر و ڕۆشنبیر و سیاسیی ڕاکردوو نین، تەنھا ئەم یان ئەو تاکەکەسیش نین بۆ خوێندن و فێربوون وڵاتیان جئھێشتبێت. بەڵکو زۆرینەیان کرێکاری کۆچکردون. لەمەشدا کوردانی تورکیا بەشی شێر، ئەگەر نەڵێم ھەموو بەشەکەیان بەردەکەوێت. ئەم کرێکارە کوردانە بۆ ئەوروپای دوای جەنگی جیھانی دووھەم کۆچدەکەن و لە وڵاتە جیاوازەکانی وەک ئەڵمانیا و ھۆڵەندا و ئەسکەندەنافیدا جێگیر دەبن. ئەگەر لە قۆناغی یەکەمدا پاڵنەرێکی سیاسیی یان مەسەلەی ئاسایشی تاکەکەسیی یان فێربوون لە پشتی کۆچی تاکەکەسەکانەوە بووبێت، ئەوا لە قۆناغی دووھەمدا ئەوەی کرێکارە کوردەکان بەرەو کۆچکردن دەبات، کەمتر پاڵنەری سیاسیی و زیاتر پاڵنەری ئابوریی و گەڕانە بەدوای ژیان و گوزەرانێکی باشتردا. زۆربەشیان وەک ”کرێکاری تورک“ بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکەن و لەو وڵاتانەشدا وەکو تورک ناونوسکراون، بەڵام لە ساڵانی ھەشتا و نەوەددا پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە، ئەم کوردە بە تورککراوانە دەکاتەوە بە کورد و دەیانگۆڕێت بۆ بەشێکی چالاکی ئەو دیاردە سیاسییە ئاڵۆز و فرەڕەھەندەی ناوی ”ناسیۆنالیزمی دوورمەودا“یە. لە پەیوەندیدا بە کوردانی باشورەوە شەپۆلێکی بچوک لە کۆچ لە دوای شکست و کەوتنی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ دا دەستپێدەکات، ئەمانە وەک پەناھەندەی سیاسیی دەگەنە ئەوروپا، بەڵام لەھەمانکاتدا ھەندێک لە کۆچبەری تری باشور لەدەرەوە و بە مەبەستی بەرپاکردنەوەی شۆڕش بۆ کوردستان، دەگەڕێنەوە. کوردانی ئێرانیش لە ساڵانی دوای شۆڕشی ئێرانی و دوای پەلامارەکانی جمھوری ئیسلامی بۆ کوردستان لە ساڵانی ھەشتادا بەرە و دەرەوە کۆچدەکەن. لە دوای ھێرش و وێرانکارییەکانی ئەنفال و بەتایبەتی لە ساڵانی نەوەد و دونیای دوای ڕاپەڕیندا، ژمارەی کۆچبەرانی کوردی باشور بە خێرایی زیاددەکات و کۆچی ئەوانیش دەگۆڕێت بۆ دیاردەیەکی دەستەجەمعیی. ئەوەی شوێنی سەرنجە ئەوەیە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا زیاد لە نەوەیەک لە یەککاتدا و بەیەکەوە کۆچ دەکەن. لە خێزانێکدا باپیرە و داپیرەوە و باوک و دایک و منداڵەکان بەیەکەوە کۆچدەکەن و بەیەکەوە دەبن بە کۆچبەر. وەک وتم لە کتێبی ”ناسیۆنالیزم و سەفەر“ دا بەشی زۆری ئەم مەسەلانە باسکراون و دەرکەوتە سیاسیی و دینیی و فەرھەنگیی و پراکتیکیی شیکرونەتەوە. لە ئێستادا ژمارەی کۆچبەرانی کورد لە ئەوروپادا لە ٢ ملیۆن کۆچبەر نزیکدەبێەتوە کە زۆرینەی ھەرە زۆریان کرێکارە کۆچبەرەکانی کوردستانی تورکیان. ئەوانەش کە وەک پەناھەندەی سیاسیی و ئینسانیی کۆچیان کردوە ژمارەکەیان زۆر کەمترە و لە چەند سەد ھەزار کۆچبەرێک تێپەڕناکات. بەڵام بۆ ئەوەی زیادەڕۆیی نەکەین و وانەزانین تەنھا کورد وڵاتی خۆی بەجێھێشتوە و لەسەر ئەو بنەمایەش قسەی نەسەلمێندراو بکەین، با سەیرێکی دیاردەی کۆچکردن لە دونیای ئەمڕۆدا بکەین. لە ئێستادا کەم وڵات ھەیە کۆچبەری نەبێت، کەم میلەتی دونیا ھەیە خاوەنی دیاسپۆرای تایبەت نەبێت، کە بە وڵات و بەشە جیاوازەکانی جیھاندا بڵاو نەبووبنەوە. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی ١٩٩٠ دا نزیکەی ١٥٠ ملیۆن کۆچبەر لە دونیادا بوونی ھەبووە، بەڵام لە ئێستادا، لە دەیەی دووھەمی سەدەی بیست و یەکەمدا، ئەم ژمارەیە بۆ ٢٤٠ ملیۆن مرۆڤ بەرزبۆتەوە. ئەم ژمارە گەورەیە وەک ووتم تەنھا نزیکەی ٢ ملیۆنی کوردە و زۆربەی ھەرەزۆریشی کرێکاری کۆچکردوە. ئەمە نیشانمان ئەدات کە کۆچی کورد بەشێکی بچووکە لە دیاردەیەکی گلۆباڵی و جیھانیی کە ئەمڕۆکە لە جیھاندا ئامادەیە. ئەگەر بپرسین ئایا ئاکاری سەرەکیی ئەو کۆچبەرە کوردانە چییە؟ بیرکردنەوەیەکی سادە و نیمچە میتۆدیش بەو دەرەنجامە سادەیەمان دەگەینێت کە ناتوانین گشتگیریی بکەین. ناتوانین بڵێین کۆچبەری کورد کۆچبەرێکی ”یاخیگەر“ و ”شۆڕشگێڕ“ە و کۆچ لەلای ئەو ”یاخیبوونێكی ڕەمزیی“ و ”جۆرە شۆڕشێكی ناوەكیی“ە بەرامبەر بە ”ھەموو کۆمەڵگا“. ئەم جۆرە گشتگیریە جگە لەوەی تەواو ھەڵە و ناڕاستە و ھیچ شتێک نایبەتاوە ناو مێژووی کۆچکردنی کورد بەو شێوەیەی باسمکرد، ھاوکات نرخی ئەم جۆرە قسانە لە نرخی ئینشانووسییەکی بێبنەما زیاتر نییە. وەک ووتم زۆرینەی ھەرەزۆری کۆچبەرانی کورد کرێکاری کۆچکردون و ئەوەی کردونی بە کۆچبەر ”یاخیبوونی ڕەمزیی“ و ”ناڕەمزیی“ نەبووە و نییە، بەڵکو پاڵنەری ئابوریی و گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بووە. لەم ئاستەدا کۆچکردنی کورد، وەک کۆچی زۆربەی میلەتانی دونیا، کۆچکردنە بە مەبەستی گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتر و ئاسانتر و ھێمنتردا. ئەوەی پۆڵەندیەک یان میسریەک یان مەغریبیەک یان تورکێک بەرەو کۆچکردن دەبات و بردوە، ھەمان ئەو ھۆکارەیە کوردێکی تورکیای بەرەو کۆچکردن بردوە. ئەوانەشی کە پەناھەندەن، وەک وتم بە ژمارە زۆر زۆر کەمترن لە کرێکارە کۆچکردوەکان، کۆچەکەیان کەمەکێک ئاڵۆزترە. لای بڕێک لەمانە، لای ھەمووان نا، لە پاڵ پاڵنەری ئابوری‌دا، پاڵنەری سیاسیی و دینیی و ھەندێکجار ئەخلاقییش، ئامادەیە. ھەندێک لەمانە ئەوەی بە پلەی یەکەم دەیانجوڵێنێت تەنھا گەڕان نییە بەدوای ژیانێکی مادیی و ئابوریی باشتردا بۆ خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان، گەرچی ئەمە ھەمیشە ڕۆڵێک ھەر دەبینێت، بەڵکو ڕاکردنە لە دەستی ڕاونان و گرتن و کوشتن. لە ڕووی تیوریشەوە کۆچ چەندە دەرەنجامی ھەڵاتن و بەجێھێشتنی ”شوێن“ێکە، ھێندەش ڕۆیشتن و ڕاکردنە بەرەو ”شوێن“ێکی تر. لەو ئەدەبیاتە زۆرەدا کە لەسەر دیاردەی کۆچکردن نووسراوە ئەم دوو ھۆکارە لەیەکتری دانابڕدرێن و پەیوەندییەکی پتەویان بەیەکەوە ھەیە. یەکەمیان ”پاڵ“ بە مرۆڤەوە دەنێت بۆئەوەی بڕوات و کۆچبکات، دووھەمیان مرۆڤ ”ڕادەکێشێت“ بۆ کۆچکردن. ڕەگوڕیشەی یەکەمیان لەناو ئەو جێگەیەدایە کە ناوی نیشتیمان و زادگایە، بەڵای ئەوی تریان لەناو ئەو شوێنەدایە کە بەرەوڕووی کۆچدەکرێت. ئەمە وادەکات کۆچ ھەرگیز کورتنەکرێتەوە تەنھا بۆ ڕاکردن لە ”شوێن“ێک، بەڵکو پابەستە بە ڕاکردنیشەوە بەرەو ”شوێن“ێکی دیکە. لە شەستەکانی سەدەی بیستەمەوە کۆچی کورد و کۆچی زۆرێک لە میلەتانی تر ”ڕۆیشتنە بەرەو“ ئەوروپا، بەرەو شوێنێک کە لە خەیاڵی زۆرینەی کۆچبەراندا ئاکارێکی یۆتۆپی و نیمچە یۆتۆپی ھەیە و وەک مۆدێلێکی سەرکەوتو بۆ بەختەوەریی و وەدیھێنانی خەون و چاوەڕوانییەکانی تاکەکەس لە خۆی و لە ژیان، وێنادەکرێت. ھەموو کورتکردنەوەیەکی دیاردەی کۆچکردن تەنھا بۆ ئەو ھۆکارانەی وا لە مرۆڤ دەکەن ”شوێن“ێک بەجێبھێڵێت ھەڵەیەکی گەورەیە و پەیوەندیی بەھەر شتێکەوە ھەبێت پەیوەندیی بە دیاردەی کۆچکردنی ژمارەیەکی گەورەی کۆچبەرانی سەدەی بیستەمەوە نییە. ”ھێزی پاڵنان“ بەرەو کۆچکردن لە ”ناوەوە“ و ”ھێزی ڕاکێشان“ لە ”دەرەوە“، ھەردووکیان دوو میکانیزمی بەھێز و بنەڕەتیی کۆچکردنن لە دونیای ئەمڕۆدا. من لە زیاد لە نووسنێکدا ھۆکاری کۆچکردنم لە ”ئاستی ناوەکیی“دا بە فەشەلی پرۆژەی دروستکردنی ”نیشتیمان“ەوە گرێداوە، بە نائومێدبوونی مرۆڤەوە لەوەی ”جوگرافیایەکی ئەتنی ڕووت“ بگۆڕێت بۆ ”نیشتیمانێک ئازاد“. یبێگومان نیشتمان بەو مانایانەی لەسەردەمی ماکیاڤیلی و ئیمانۆێل کانتەوە باسدەکرێت. نیشتیمان وەک شوێنێک گرێ‌دراو بە ماف و ڕێز و ئازادییەوە. کۆچبەری کود کۆچبەرێکی دڵشکاو و نیگەرانە، نیشتیمانێکی ھەیە کە نیشتیمان نییە- لەم نیشتیمانەدا شتێک بەناوی ماف و بەناوی نرخ و بەناوی بەھاوە بۆ مرۆڤ وەک نرخێکی ئەبستراکت بوونی نییە، بەڵام سەرەڕای ئەم ڕاستییە سادانە ئەم کۆچبەرە کۆچبەرێکی ”یاخیگەر“ و ”شۆڕشگێڕ“ نییە، نە خاوەنی ”یاخیبوونێكی ڕەمزیی“ە و نە ھەڵگری”جۆرە شۆڕشێكی ناوەكیی“ە بەرامبەر بە ”ھەموو کۆمەڵگا“، تەنانەت بەرامبەر بە ”چین“ و ”توێژ“ و ”دەسەڵاتێک“یش. زۆرینەی ھەرەزۆری کۆچبەران ئەو دونیایەی بەجێیدەھێڵن، ئەو کۆمەڵگایەی کە لێیدەردەچن و ئەو فۆرمی پەیوەندیی و کولتورەی لە وڵاتەکەیاندا ئامادەیە، لە شوێنە تازەکانی ژیانیاندا بەرھەمیاندەھێننەوە و بە زیندوویی ڕایاندەگرن. زۆربەی ئەو بونیاد و ئەخلاقیات و ھەڵسوکەوتە باڵادەستانەی وڵاتەکەیان بەرھەمدەھێننەوە و ھەمان داخرانی کولتوریی و ئەخلاقیی و ڕەمزیی لەگەڵ خۆیاندا بۆ ئەو شوێنەی کۆچی بۆدەکەن، دەبەن. ئەوانەی کە دینین ڕوودەکەنەوە مزگەوتەکانی ناو مەنفا، کە زۆرجار مەلا سەلەفییە تورک و عەرەبە وەھابییەکان بەڕێوەی دەبەن. ھەندێکیان دەچنە ئۆفیسی تەلەفیزیۆن و ڕۆژنامە حیزبییەکانەوە و لەوێدا وەک پیاوانێک لە خزمەتی حیزب‌دا و لە دووری ھەزاران کیلۆمەترەوە کاردەکەن. ھەندێکی تریان لە ھەمان دووریەوە بۆ بەدناوترین ڕۆژنامە حیزبییەکانی کوردستان دەنووسن و ڕەوایەتی بەو میدیا وێرانە ئەدەن کە سەرجەمی فەزا جیاوازەکانی کوردستانی پیسکردوە. ئەوانەیان کە ژنکوژبوون وەک ژنکوژ دەمێننەوە و ئەوانەشیان کە پاتریارکبوون لەدوای کۆچکردنیانەوە پاتریارکبوونیان بەچەندان شێوە زیاددەکات. ھەیانە بە ھەمان لۆژیکی وڵات تونوتیژیی بەرامبەر بە منداڵەکانیان بەکاردەھێنن، ژیانی ژنەکان و کچەکانیان تاڵ دەکەن، بەھاکانی پیاوبوونێکی تەواو ناشیرین درێژەپێئەدەن و دەسەپێنن، بۆیە زۆرجار ھاوسەر و منداڵەکانیان لەدەستیان ھەڵدێن و دادگاکانیان لێدەگرن. ھەیانە تەنانەت ناھێڵن ھاوسەرەکان و کچەکانیان جلوبەرگێک لەبەربکەن لەگەڵ زەوق و ڕوانینی تەقلیدیی و کۆنەپارێزی ئەواندا نەگونجێت. لە ڕاستیدا کۆچ لە زۆر ئاستدا و لە دۆخی ژمارەیەکی گەورە لە کۆچبەراندا دەبێتە سەرزەمینێک بۆ چەکەرەکردن و گەورەبوونی کۆنەپارێزییەکی داخراوتری ئەخلاقیی و کولتوریی و دینیی و سیاسیی، کە زۆرجار لەوەی لە نیشتیمان خۆیدا ھەیە خراپترە. ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە دوای کۆچەوە دەچنە ڕیزەکانی داعشەوە، یان ئەوانەی لە ئەوروپادا ژنەکان و کچەکانیان دەکوژن، یان ئەوانەی ھەموو یارییە ناشیرینەکانی کۆمەڵگا لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، ئەوەمان نیشانئەدات ئەم ”یاخیگەر“ و ”شۆڕشگێڕ“ە گریمانکراوە چەند دروستکراوێکی ئینشایی ساختە و ناڕاست و بێبنەمایە. لە ڕاستیدا زۆرینەی کۆچبەران ھەرچییەک بن یاخیگەر نین، نە یاخیگەریی رەمزیی و نە یاخیگەرێکی ناڕەمزیی، کۆچکردنیشیان پەیوەندیی بەرھە شتێکەوە ھەبێت پەیوەندیی بە یاخیبوونەوە نییە. ئەم بە ڕۆمانسیکردن و بە پاڵەوانکردنەی کۆچبەر تەنھا ھەڵەیەکی فیکریی و میتۆدیی نییە، بەڵکو خواستی دروستکردنی پاڵەوان و یاخیگەرێکی وەھمی ئاراستەی دەکات، لە شوێنێکدا کە یاخیگەریی تێدانییە. بێگومان ئەم قسانە مانای ئەوە نییە کە تاک و تەرا کۆچبەر ھەبێت وەک یاخیگەرێک ڕابکەن و لە دەرەوەشدا وەک یاخیگەر دەژین، بەڵام ژمارەی ئەمانە نەک زۆر زۆر کەم و لاوەکییە، بەڵکو تەواو دەگمەنە. بێگومان ئەم تراژدیا تازەیەی کۆچ دیسانەوە سەرچاوەی نیگەرانییەکی گەورەیە، نیگەرانییەک کە دەشێت شیعر وەک بێماڵیی و وەک وونبوون و وەک کەوتنە دەرەوەی ھەموو پەیوەندییەکی مانادار ببینێت و مامەڵەی بکات. لە دۆخی شەخسی مندا کۆچ لەدوا لێکدانەوەیدا ئەزموونی لەدەستدان و جێھێشتن و تەنھاکەوتنە، فۆرمێکی ڕادیکاڵیی بێماڵییە، ئەوەی لەناو ”کتێبی دڵشکان“دا ئامادەیە ئەم ئەزموونی بەجێمان و لەدەستدانەیە. ئەزموونی تەنھاییەک کە بڕێک لە ئازادیی و بڕێک لە ڕەشبینی دەبەخشێت. پرسیاری شیعر ئەوەیە چی لەو ئازادییە و چی لەو ڕەشبینییە دەکات و چ فۆرمێکی مرۆڤبوونیان لێدروستدەکات؟
ئامادەکردنى: تاڤگە محەمەد گروپی شانۆی گۆدۆ لە درێژەى زنجیرە بڵاوکراوەکانیدا یەکەمین کتێبى شانۆییى بڵاودەکاتەوە، کتیبَبەکە پێکهاتووە لە سێ شانۆنامەى نوسەر (دانا ڕەئووف) کە لە شێوەى سێینەدا نوسیونى، واتە کۆی کەش و بابەتى هەرسێکیان پێکەوە هاوبەشن و هاوکات هەریەکێکیشیان دەکرێت بە تەنیا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بڕیارە ئەم کتێبە لە مانکى سێی ئەمساڵدا بڵاودەبێتەوە. دەربارەى ئەم کتێبە نوسەرو شانۆکار(دانا ڕەئووف) تایبەت بە هاوڵاتى وتى: سەرەتا، کە (من و تۆ لەگەڵ با دا)م نووسی، بە بەشی دووەمی ئەو دەقە (دەتدەمە دەست با) دەستی پێ‌کرد و هیچ پلانێکم نەبوو، بۆ دوو بەشەکەی تری. ڕەوشی ژیان و بارودۆخێکی تایبەتی خۆم و گفتوگۆی نێوان من و هەندێک لە برادەرەکانم، بیرۆکەی نووسینی دوو بەشەکەی تری لا دروست کردم. کە تەواویشم کرد، هەستم دەکرد، هێشتا تەواو نەبووە و لەم بیرکردنەوەیەدا، بە تایبەتی لە ژیانی ئەو دوو کارەکتەرە (ژن و پیاو)ەکە، ئافرەتەکەم بە تەنها لە ژوورەکەدا و لەبەر پەنجەرەکەدا بینی. بەم شێوەیە بەشی کۆتایی ئەو دەقە (بە تەنیا لەگەڵ با-دا)، کە تەنها لاپەرەیەکی بچووکە، لە دایک بوو. دوای چەندان مانگ، دوو دەقی ترم نووسی (ئەو خۆشەویستییە هەر ڕۆژەی پارچەیەکم دەبات) و (ژنی سەر جۆلانەکە)، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بە شێکی تری ژیانی ئەو دوو کارەکتەرەیە، بەڵام لە دەرەوەی زەمەنی ئەو چل ساڵەی لە (من و تۆ لەگەڵ با دا)یە. بەم شێوەیە (من و تۆ لەگەڵ با دا) بوو بە سێینەیەک و ئێستا لە ژێر ناوی (بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین، تاریک داهات!) کۆ بوونەتەوە. ئەم دەقانە، لە ڕووی زمان و تەکنیک و دراماتۆرگی و ڕۆنانی درامییەوە، بە شانۆی کوردی نامۆن و دەتوانم بڵێم بۆ ئەزموونی نووسینی دەقی شانۆنامەی کوردی تازەن.
لۆڤا محەمەد تیپی شانۆیی هاوڕێیانی گەزیزە، شانۆگەری (دکتۆر فاوست) لە شاری سلێمانی نمایش دەکەن و شادی ئارام ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕێت. شانۆیی دكتۆر فاوست دەرھێنان و دەقئاوێزانی (رێباز محەمەد جەزایە)و نوێترین به‌رهه‌می تیپی شانۆی هاورێیانی گه‌زیزه‌یە، بڕیارە لە ٢١ تاکو ٢٨ی ئەم مانگە لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی نمایش بکرێت. شه‌هێن سابیر، به‌رپرسی راگه‌یاندنی تیپی شانۆی هاورێیانی گه‌زیزه، بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: شادی ئارام دوای دوو ساڵ له‌ڕاگرتنی كاره هونه‌رییه‌كانی، له‌شانۆیی (دكتۆر فاوست) به‌كاراكته‌ری (مارگرێت – كچه قه‌ره‌چ) كه خولیای ناوبانگ و ده‌ركه‌وتنی هه‌یه‌و ده‌یه‌وێت ببێت به‌ئه‌ستێره ده‌رده‌كه‌وێته‌وه. شەهێن، دەشڵێت: له‌و شانۆییه‌دا كه به‌مزوانه نمایش ده‌كرێت، هه‌ریه‌ك له (دكتۆر سه‌ردار، لینا عوسمان ، شادی ئارام، گلێنه حه‌مه عه‌لی، محه‌مه‌د تاهیر، سه‌نگه‌ر محمد، ئه‌ژده‌ر سازگار، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن) وه‌ك ئه‌كته‌ر رۆڵ ده‌بینن. ئاماژەی بەوەشدا: شادی جیاواز له‌ئه‌زمونه‌كانی ڕابردووی، ماوه‌ی دوو مانگه سه‌رقاڵی پرۆڤه‌یه و ده‌ڵێت، له‌م ئه‌زموونه‌دا جگه له‌جیاوازی كاركردن، سه‌رله‌نوێ تازه‌بوونه‌وه‌و و وه‌رگرتن و فێربوونی شتی تازه‌بوو له ڕووی نواندن و په‌یوه‌ندی ئه‌كته‌ر به چیرۆكی ده‌قەوە.
له عه‌ره‌بیه‌وه: شوان ئەحمەد *کەی و لە کوێ محەمەد شوکریت ناسی؟ -ڕۆژێکیان ئێدوارد ڕۆدێتی نوسەر، هات بۆماڵمان و پێی وتم: (نوسەرێکی گەنجی بەهرەمەندی مەغریبی دەناسم و پێویستە تۆش بیناسیت). چەند ڕۆژێک دوای ئەوە ئێدوارد خۆی بەماڵداکردو محەمەد شوکریشی لەگەڵدابوو. ئەوکات شوکری شانۆنامەو کورتە چیرۆکی دەنوسی. تێکستێکیم تەرجەمەکردو تێکستەکەش کورتە چیرۆکێک بوو. ناردم بۆ دانییل هاڵبرن تالە گۆڤاری Antaeus بڵاو بکرێتەوەو ئەوە بوو بڵاوکرایەوە. سەروەختێک پیتەر ئۆین هات بۆ تەنجە، ئەو ژمارەیەی گۆڤاری Antaeus داێ و زۆری بەدڵ بوو. پێی وتم: (ئەم تێکستە جوانە و دەمەوێت نوسەرەکەی ببینم)، وتم (باشە). شوکریم لەگەڵ خۆمدا برد بۆ ئوتێل (ڤیلا دوفرانس)، ئاخر پیتەر ئۆین لەوێ دابەزیبوو. لەنزیک مەلەوانگەی ئوتێلەکە دانیشتبوین، پیتەر ئۆین بە محەمەد شوکری وت: (دەقەکەتم زۆر بەدڵ بوو)، دوای ئەوە وتی: (ئایا ئەوە سەرەتای ڕۆمانێکە). شوکریش دەستبەجێ، بێ ئەوەی دابمێنێ وەڵامی (بەبەڵێ)دایەوە. ئەوەی وتی ڕاست نەبوو، ئاخر دەقەکە هەر کورتە چیرۆکێک بوو. پیتەر ئۆین وتی: (دەمەوێت بەشەکانی دیکەشم دەست کەوێت، ڕوداوەکانی دواتری چین؟ گەر پێت خۆش بێت، دەتوانین هەر ئێستا گرێ بەستێ بکەین). لە گیرفانیدا گرێبەستێکی دەرهێنا، ئاخر ئەوە پیشەی بوو. شوکریش زۆر دڵخۆش بوو، واژۆی لەسەرکردو وتی (چاکە). دواتر پیتەر ئۆین ڕویکردە من و وتی: (ڕۆمانەکەی وەردەگێڕێت؟)، منیش وتم: (وادەکەم). پاشان من و شوکری دەستمان بەقسەکردو ڕێکەوتین لەسەر دەسکەوت و پاداشتی وەرگێڕانی ڕۆمانەکە. ڕێکەوتین لەسەرئەوەی، داهاتەکەی بەنیوەیی بەش بکەین. ئەوەی شوکری دەینوسی وەرم دەگێڕا. سەرەتا کە وەڵامی پرسیارەکەی پیتەر ئۆینی دایەوە، نەمدەزانی درۆ دەکات. وامدەزانی ئەو دەقەی بڵاوی کردۆتەوە، بەشێکە لە کتێبێک. بەڵام ئەوە ڕاست نەبوو، ئاخر ئەو هیچ شتێکی نەنوسی بوو، بەڵکو دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە دەستی بەنوسینی کرد. هەموو ڕۆژێک سەردانی دەکردم. بەزمانی عەرەبی و بەپیتێکی درشت دەینوسی. هەموو ڕۆژێک دوو لاپەڕەی گەورەی دەنوسی و لە تەرجەمەکردنی ئەو دوو لاپەڕەیەشدا کۆمەکی کردم، چونکە من پێشوەختە ئاگادارم کردبووەوە لەوەی، من عەرەبی فوسحا نازانم.. ئاخر ئەو پێی وتم کەوا تێکستەکەی بەقەواعیدی دەنوسێت، نەک بەجڵفە. منیش وتم: (باشە ڕازیم) کەدەستمان بەتەرجەمە دەکرد، مانای هەر ڕستەیەکی بە ئیسپانی و هەندێ جاریش بەفەرەنسی بۆ ڕونکردمەوەو گەر پەیوەندی بە گفتوگۆشەوە هەبوایە، ئەوا بە جڵفە تێیدەگەیاندم. ئابەو شێوازە سەیرە (نانی ڕووت)مان هێنایە بەرهەم. لای خۆمەوە هەوڵێکی زۆرم بەخەرجدا تا ئەو مانایانەی ئەو مەبەستی بوو، بگوازمەوە بۆ زمانی ئینگلیزی و شوکریش مکوڕ بوو لەسەر ئەوە. بیرمە ئەوکات و دواتریش، شوکری ئالەوێدا (ئاماژە بۆ هۆڵی خانووەکەی دەکات)، ڤۆدگای دەخواردەوە. ئەو ڤۆدگایەش کابرایەکی ڕوسی بۆی دەهێنام ناوی ڤیکتۆربوو. ئەو کابرایە کوڕێکی هەبوو هەر زۆر سەیربوو. کەسێکی ئاسایی نەبوو. ناتەواوبوو. ماوەیەک لە شێتخانە مابووەوە. کەلێرەش بوون سەردانی بەشی دەرونی نەخۆشخانەی تەنجەیان کردبوو. ڤیکتۆر کە ئەو ڤۆدگایەی بۆدەهێنام، کۆچی دایکرد. ژمارەیەکی زۆر قاپە ڤۆدگای بۆ هێنام و لە کەشتیەکی ڕوسیادا خاوەنی ( هەرزاڵێک )بوو. بەدەوری دەریای سپی ناوەڕاستدا دەسوڕایەوەو دەچوو بۆ دورگەکانی جەعفەریەش. ڤیکتۆ دەیتوانی بەنرخێکی هەرزان ڤۆدگای دەست کەوێت. هەم لەبەرئەوەی کەشتیەکە ڕوسی بوو، هەم لەبەرئەوەشی خۆشی خەڵکی ڕوسیابوو، هەرچەندە بووبووە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکیش. هەرگیز ناوی ڕاستەقینەی خۆی پێنەوتم، بەڵام فلیپ (ڕایمی موزسیان و هاوڕێی پۆڵ پۆڵز بووە)، دەیناسی و ناوی ڕاستەقینەی کرۆبکۆف kyopkoff بوو. هەموو ئەو قاپە ڤۆدگایانەی هێنابوونی بۆ ئێرە، محەمەد شوکری خواردنیەوە. دیارە بەلایەوە زۆر خۆش و بەتام بووە. چەندین جار ئالێرەدا پاڵ دەکەوت و توانای لەسەرپێ وەستان و ڕۆشتنی نەدەماو خەوی لێدەکەوت. میوانەکانم هەمویان دەربارەی شوکری دەیانوت: (ئای ئەوە کابرا مەستەکە هاتەوە) ناوی سەرخۆشیان لێنابوو، چونکە بەردەوام مەست و خومار- سەکران بوو- (پۆڵ بۆڵز بەعەرەبی وادەڵێت). وەک هەموو سەرخۆشێکیش، خەڵک و خوای جاڕس دەکرد. ئەوانەی مەست و خومارن، هەمیشە کەسانێکی بەدفەساڵن، لەبەرئەوەی ئۆغرو مەنتیقی نین. بێ‌ئاگان لەوەی چی دەکەن. بۆیە هەڵسوکەوتکردن لەتەکیاندا زەحمەتە. چەندین جار سەری داویەتی بە دیوار و دەرگا و مێزدا. *ئەڵبەتە چەند تێکستێکی محەمەد شوکریت وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، ئەو چیرۆکانەت بیردێتەوە کە بەرلەوەی (نانی ڕووت) وەربگێڕیت کردبونت بە ئینگلیزی، بەتایبەت ئەوەی لەنێو کتێبەی (پێنچ نیگا1974)دا بڵاوکراوەتەوە؟ -بەڵێ بیرم ماوە و دەتوانم ناوی چیرۆکی (بشیر حیا أو میتا) بێنم. *ئەو چیرۆکانە چۆن هەڵدەسەنگێنێت؟ ئایا وێنەیەکی دیاریکراو لەبارەی وڵاتێکی دیاریکراوەوە (مەغریب) نیشان دەدات؟ -بەڵێ، لەوباوەڕەدام. بەدڵنیاییەوە. من محەمەد شوکری وەک نوسەرێکی ڕیالیستی دەناسم. ئەو حەزبەوە دەکات واقیع بەرهەم بێنێتەوەو پێموایە جۆری ئەو واقیعەشی ئەو خۆی لەقەرەی دەدات، واقیعی کۆمەڵایەتیە. کەواتە پێویستە وەک هەقیقەتگەلێگ مامەڵەیان لەگەڵدا بکەم. بەتایبەت کە شوکری لە نوسینەکانیدا، جڵەو بۆ ئەندێشەی شل ناکات و گەربیشی کات، ئەوا بەکەمی ئەوکارە دەکات. تێکڕای نوسینەکانی محەمەد شوکری ، ئەدەبی بایۆگرافییە. *مەبەستت ئەوەیە جۆرێکە لە بیرەوەری؟ -بەڵێ. *واتە شتگەلێک کە شوکری بینیویەتی، یاخود بیستویەتی؟ -بێگومان. سەرجەم بابەتەکانی (نانی ڕووت)، پەیوەندییان بە یادەوەری و بیروەریەوە هەیە. سەر بەو ڕەگەزە ئەدەبیە بەربڵاوەن کە پێیدەڵێن بایۆگرافیا. *تۆ باس لە ئامادەگیەکی کەم و تەنکی ئەندێشە، یاخود هەر نەبوونی لە نوسینەکانی محەمەد شوکریدا دەکەیت. وەلێ من پێموایە لە (نانی ڕووت)دا ئاستێکی دیاریکراو لە ئەندێشە بونی هەیە، لەبەرئەوەی لەبنەڕەتدا تێکستەکە ڕووی لە جەماوەرێکی خۆرئاواییە کە ئاسۆی چاوەڕوانی، جیاوازترە لە ئاسۆی چاوەڕوانی جەماوەری عەرەب. ڕوکردنە ئەو جەماوەرەش، پێویستی بەوەیە نوسەرەکەی بزانێت لە کتێبەکەیدا باس لەچی دەکات و دەست بۆچی دەبات. بۆیە دەبێت لانی کەمی سیحر‌و سەرسامی بۆ فەراهەم بکات. ئایا ئەم کتێبە (واتە نانی ڕووت)، دوای ئەوە نەنوسراوە کە محەمەد شوکری واژۆی گرێبەستێک لەگەڵ بڵاوکارێکی بیانی‌دا دەکات و بڵاوکارەکەش پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەی، دەبێت کتێبەکەی هاوشێوەی کتێبەکەی (ئەلعەرەبی ئەلعەیاشی) بێت؟ -زۆرێک لە مەغریبییەکان هەمان شت دەڵێن. وەلێ شوکری دەیەوێت سەرنجی کێ بۆلای خۆی ڕابکێشێت؟ بێگومان سەرنجی من نا (پێدەکەنێت). ئەڵبەتە ئەو زۆر باسی سێکس دەکات و سێکسیش بابەتێکی زۆر نایابەو لە خۆرئاوا حەزی پێدەکەن. من دەزانم شوکری زۆر چاک ئاگاداری ئەوشتانەبووە (لەبەرئەوەی پیتەر ئۆربن حەزی بە کتێبێک بوو، لەشێوەی کتێبەکەی ئەلعەیاشی). ئاخر خۆ شوکری کابرایەکی گژۆژە نەبوو. هەندێجار هەست دەکەین کەسێکی کاڵفام بووبێت، بەڵام وانەبووە. لەو بڕوایەدام هەڵوێستی لە ئەدەب هەڵوێستێکی خۆرئاواییانە بووە، زیاتر لەوەی هەڵوێستێکی عەرەبی یان مەغریبی بووبێت. نوسینی نوسەرانی ڕوسیا و فەرەنسای خوێندبووەوە. من ئەو هەوڵەیم بەلاوە باش بوو، چونکە ئەوە زیاتر دەیکردە کارەکتەرێکی جیهانی، لەوەی بهاتبایە تەنها هەر دەربارەی فاس یان دەربارەی ژیان لەبەشە کۆنەکەی تەنجە بینوسیایە. محەمەد شوکری دەربارەی ئەو شتانە دەینوسی کە خۆرئاواییەکان حەزیان پێدەکرد، یاخود لەگەڵ چەشەی ئەم سەردەمەی ئێستای خۆرئاوادا دەگونجان. سەرباری ئەوەی خۆرئاوا بۆخۆی دنیایەکی زۆر گەورەیە. شوکری هەمیشە ئەو هەستەی هەبووە کە ئەدەب لە جیهانی عەرەبیدا بونی نییە. بەلای ئەوەوە ئەدەبی ڕاستەقینە، لەدەرەوەی سنوری وڵاتانی عەرەبیدا بونی هەبووە . یەکێک بووە لەوانەی بەوپەڕی ڕاشکاویەوە قسەی کردووە، چونکە نوسەران لەوڵاتانی عەرەبیدا، ناتوانن هەموو ئەوشتانە باس بکەن کە بەسەریاندا هاتووە. پێودانگ و نۆرم و بەهای زۆر دۆگما هەن و دەرچون لەوانەش، ڕووبەڕووی ڕەخنەی هەموولایەکمان دەکاتەوە. واتە لەلایەن هەموو عەرەبەوە ڕەخنەباران دەکرێین. بەڵام شوکری بوێری نواند‌و باسی لەشتگەلێک کرد کە لەڕاستیدا، لە وڵاتی عەرەبیدا زۆر قسەیان لەبارەوە ناکرێت. شوکری پڕکێشی کرد‌و نەترسا (پێدەکەنێت)
* له‌دیدارێکدا و له‌وه‌ڵامى پرسیارێکدا ده‌رباره‌ى خۆت، ده‌ڵیَيت (کورد بوون گه‌وره‌ترین دڵشکانى منه) یان دڵشکان، قه‌ده‌رى مرۆڤى کورده، ده‌توانى په‌یوه‌ندى دڵشکان و کوردبوون له‌شیعردام بۆ ڕون بکه‌یته‌وه؟ ئه‌ده‌بیات یان شیعر تا چه‌ند ده‌توانێت ته‌عبیر له‌قه‌ده‌رى دڵشکانى نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکات؟ مەریوان وریا قانع: کوردبوون دۆخێکی تایبەتیی مرۆڤبوونە لەناو مێژووی سەدەی بیستەمی ناوچەکە و جیھاندا. لەم سەدەیەدا مێژووی ناوچەکە گۆڕانێکی گەورە و ھەمەلایەنی بەسەردا دێت. لە پێش ھەمووانیشەوە گۆڕانی چەمکەکانی شوێن، شوناس، مێژوو، خود، زمان، ماف، خەون، ھتد.... ئەم چەمکانە لەم سەدەیەدا مانای تازە وەردەگرن و بەسەر یەکیشەوە وێنەیەکی تەواو تازە بۆ کۆمەڵگا و بۆ مرۆڤەکان دروستدەکەن. ھاوکات فۆرمی تازەی پەیوەندیی لەنێوان کۆمەڵگاکان و گروپەکان و ئەتنیەتەکاندا دروستدەبێت. بوونەوەرێکی تازە سەردێنێتە ناو مێژووی ئەم ناوچەیەوە جیاواز لە ئیمپراتۆریەتە دینییە گەورەکان، بوونەوەرێک کە ناوی ”دەوڵەتی نەتەوە“یە و شوناسێک کە ناوی شوناسی تاکەکەسێکی خاوەن نەتەوە و نیشتیمانە. لەھەمانکاتدا سەدەی بیستەم سەدەی دۆزینەوەی نەوت و دروستکردنی دەوڵەتی سەقەت و جوگرافیای ناسەقامگیرە. ئەو دەوڵەت و جوگرافیا ناسەقامگیرانە دەبنە ئەو چوارچێوەیە تازەیە کە مرۆڤ و کۆمەڵگاکانی ئەم ناوچەیەی تێدەکەون و میلەتی ئێمەش لەناویاندا بۆ ”کەمینەیەکی ئەتنی“ و ”ژێردەست“ دەگۆڕێت. ئەم ”مەسەلەی بە کەمینەبوونە“ لەناو چوار دەوڵەتی دەسەڵاتگەری ناوچەکەدا ھێڵە درشتەکانی ئەو مێژووەیە کە فۆرمە جیاوازەکانی کوردبوون لە سەدەی بیستەمدا دەکەونەناویەوە. مێژووی ئەم دەوڵەتە تازانەش مێژوویەکی خوێناوەییە. ئەو زمانەی ئەم دەوڵەتانە لەگەڵ فۆرمە جیاوازەکانی کوردبووندا قسەیپان ێکردوە زمانی بە ”کەمینە“ ھێشتنەوەی ئەم میلەتە بووە. زاراوە سەرەکییەکانی ناو ئەو زمانەش بریتییە لە چەوساندەوە و پەلاماردان و گرتن و کوشتن و ڕاوانان. زۆرجار زمانی بێمافکردنێکی تەواو تا ئاستی وێرانکردنێکی بەرفراوان و ڕاگواستن و کۆچی دەستەجەمعیی و ھەڵاتن. ئەگەر لە مێژووی کوردبووندا شتێک ھەبێت ناوی ”مەنفا“ بێت، ئەوا ئەندازیار و دروستکەرەکەی ئەم مەنفایە سەدەی بیستەم و بکەرە سەرەکییەکەشی دەوڵەتی نەتەوەیە لە ناوچەکەدا. لەم ژینگە تازەیەدا کوردبوون لە فۆرمی بوونەوەرێکی بێ‌ماف و بێ‌شوناس و بێنیشتیماندا لەدایکدەبێت. ھەر لەم سەدەیەدا کردەیەکی درێژ و بەردەوامیی بەرگرییکردن و قبووڵنەکردنی ئەو واقیعە تازەیە دەستپێدەکات، کە ھەر لەسەرەتاوە یەک دەرەنجامی تۆقێنەر و وێرانکەر دەخاتەوە: دەرەنجامی گۆڕانی ”کوردبوون“ لە شوناسێکی مێژووییەوە بۆ ”مەقولەیەکی ئەمنیی“. کوردبوون وەک ھێمایەک بۆ نائارامیی و مەترسیی و ھەڕەشە و وەک ھێما بۆ شوناسێکیش کە پێویستە سنووردار و کۆنترۆڵبکرێت، یاخود بچەپێنرێت تا بە ئاستی لەناوبردنی یەکجارەکی دەگات. ئەوەی دەبێت ئاشکرابێت ئەوەیە من لێرەدا حیکایەتێکی ناسیۆنالیستیی ناگێڕمەوە، بەڵکو بەسەرھاتی دروستبوونی دونیایەک دەگێڕمەوە کە میلەتێک بۆ چوار کەمینەی ناو چوار دەوڵەتی ستەمگەر کورتدەکاتەوە. باس لە دروستبوونی ژینگەیەکی سیاسیی و سەربازیی و ئەمنیی تازە دەکەم کە کوردبوون تیایادا وەک نەخۆشیەکی ترسناک دەبینرێت کە ھەڕەشە لە ”تەندروستیی“ ئەو ژینگەیە دەکات. تا ئەمڕۆ، لە بەشێکی گەورەی ناوچەکەدا، کوردبوون وەک وەبایەک، ”وەبایەکی ئەمنیی“ سەیردەکرێت کە پێویستە لە ڕەگوڕیشەوە بنەبڕ بکرێت. ھەموو ئەمانە کارخانەیەکی گەورەی نیگەرانیی و خەمۆکیی و دڵشکان دروستدەکەن کە دیوێکی سەرەکیی ئەو دونیا ڕۆحییەیە کە لەناو زۆرێک لە فۆرمە جیاوازەکانی کوردبووندا ئامادەیە. تۆ سەیرێکی وێنە ئایکۆنیەکانی ناو مێژووی سەدەی بیستەمی کۆمەڵگای ئێمە بکە، ئێمە چ جۆرە وێنەیەک دەبین؟ وێنە ئایکۆنییەکانی ناو ئەو مێژووە، بەر لە ھەمووشتێک، یان وێنەی جەستەی کوژراوی سەرکردە سیاسییەکانە، یان وێنەی کوژراوی ھاوڵاتیی ئاساییە، یان وێنەی وێرانەکانی دوای جەنگ و پەلاماردانەکانە. لە وێنەی شێخ سەعیدی پیرانەوە بە ڕیشە سپییەکەیەوە دەستپێدەکات، تا بە وێنەی قازی محەمەد دەگات بەسەر سێدارەکەیەوە، بە تێپەڕین بەناو وێنەی چوار ئەفسەرە شەھیدەکەی ساڵی ١٩٤٧ و نامە کۆپیکراوەکەیانەوە، یاخود وێنەکەی ئۆچ ئالان بە دیلی و دەستبەستراوی لەناو فڕۆکەیەک لە ئاسماندا، یان وێنە غەمگینەکەی عومەری خاوەر و کوڕە تاقانەکەی کە بۆمبی ژەھراوی لە کارەساتی ھەڵەبجەدا دەیانخنکێنێت، یان وێنە زۆرەکانی وێرانەکانی ئەنفال و وێنەکانی کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ کە ڕاکردنی میلەتێک لە ماڵ و زادگای خۆی نیشانئەدات، تا بە وێنەی ئەو کۆڵبەرە کوژراوانە دەگات کە تەرمەکانیان لەناو بەفر و لە شاخەکاندا بەجێماوە. سەیری شتێکی ئاسایی وەک مێژووی زمانی کوردیی لەسەدەی بیستەمدا بکە، بزانە ئەم زمانە ڕووبەڕووی چیھا ڕێگر و زەحمەتیی و سنووربۆدانان و یاساغ‌کردن و ئینکارکردن و تەنانەت ھەوڵی لەناوبردنی تەواوەتی کراوەتەوە. سەیرکە زمانی چەندان ملیۆن مرۆڤ بەناو چ تونێکێکی تاریک و پڕ مەترسیدا تێپەڕیوە. لە ئێستاشدا لە سێ بەشی کوردستاندا جەنگ و پێکدادانێکی خوێناوی ئامادەیە. لە تورکیای ئەردۆگاندا کوردبوون لەبەردەم فۆرمە جیاوازەکانی ئیھانەکردن و بێنرخکردن و ئینکارکردن و چەپاندنێکی بەردەوامدایە. لە سوریای بەشار ئەسەد دا شتێک بەناوی ژیانێکی ئاسایی سادەوە بوونی نەماوە ھەڕەشەیەکی گەورە بە ئاسمانی کوردبوونەوەیە، لە ئێرانی خومەینزیزم و دوای خومەینزمی ئایەتوڵاکاندا ژیان بە گشتیی و ژیانی کورد بە تایبەتیی مەسەلەیەکی تەواو بێرنخ و بێبەھایە. لە زۆربەی ئەم دۆخانەدا ئەوەی ھەیە تێکەڵبوونی پیشەسازیی کوشتنە بە فۆرمە جیاوازەکانی ڕقی سیاسیی و دینیی و ئەتنی بە یەکتری، کورد لەناو ئەم پیشەسازیەدا یەکێکە لە کەرەستە خاوەکان. میلەتێک لەپاڵ پاشا ستەمگەرەکانی ئێران و خومەنیزمدا ژیابێت، ڕووی بەڕووی ئەتاتوکیزم و ئەردۆگانیزمدا تەقیبێتەوە، لە بەردەم ڕەحمەتی بەعسیزم و سەدامیزم و بەشاریزمدا ژیانی بەسەربردبێت، میلەتێکە وەک جەستەیەکی بریندار بەناو مێژوودا تێپەڕیوە و ھەڵگری شوناسێک و فۆرمێک لە بوون و ژیان بووە، پڕە دڵشکانی گەورە و قووڵ و بەردەوام. بە کورتیی، یاداوەریی دەستەجەمعیی ئێمە یاداوەرییەکی بریندارە، پڕە لەو جۆرە ”ئاھەنگ“ە تایبەتانەی کە کۆمەڵناسی فەرەنسیی، ئیمیلی دۆرکھایم، ناوی ”ئاھەنگیی خەمبار“ی لێدەنێت. ئاھەنگێک کە تێکەڵێکی ئاڵۆزە لە یادکردنەوەی خەمبارانە و ماتەم و ڕەشدیدیی و قوربانیدان و توندوتیژیی، کە بەسەریەکەوە جۆرێک لە توڕەبوون و جۆرێک لە ڕێزگرتن لە ئازار و جۆرێکیش لە ڕۆحی تۆڵەکردنەوە لەناو مرۆڤدا دروستدەکەن. شانۆی کوردبوون لە سەدەی بیستەمدا تێکەڵێکە لە شانۆی شانازیی و شکۆ بە شانۆی برین و خوێنڕژان. لە دوای ڕاپەڕینیشەوە ئێمە لەبەردەم ئەزموونی حوکمڕانییەکی وێرانی کورد خۆی و لەبەردەم پرۆژەیەکی سوڵتانیی ترسناک و نابەرپرسیارداین کە چەند بنەماڵەیەکی سیاسیی بە ھەمان لۆژیکی ستەمگەرانی سەدەکە بەڕێوەیدەبەن و مامەڵەیدەکەن. ئەم حوکمڕانییە بەشێکی گەورەی فۆرمە جیاوازەکانی گەندەڵ و بێ‌مانا کردوە و لە پرۆسەی ناشینکردنێکی سەرتاسەریی سەرجەمی ڕەھەندەکانی کوردبووندایە. شیعر لەبەردەمی دونیایەکی لەو بابەتەدا چی بۆ دەکرێت؟ دەتوانێت چی ڕزگاربکات و چۆن لە بەرامبەر پیسبوون و داڕماندا ڕاوەستێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، بەڵام ڕەنگە شێرکۆ بێکەس یەکەم وەڵامی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانە بووبێت بەو دۆخە. شیعری شێرکۆ تەعبیکردنێکی ھەمەلایەن و فرەشێوەیە لەو ئەزموونی کوردبوونەی باسمکرد. پێشموایە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی ئەم پیاوە ھەم مەحاڵە ھەم خراپە. لە دەرەوەی ئەزموونی شێرکۆشدا پێموایە خاڵی سەرەتا پیاچونەوەیە بە پێناسی شیعر، یان بە تێگەیشتنمان بۆ شیعر خۆیدا. گەر بمانەوێت شتێک لەو دونیا وێرانە لە ئاستی ئیستاتیکیدا ڕزگاربکەین، پێویستە بەر لە ھەموو شتێک تێگەیشتنمان بۆ شیعر، لانیکەم لەم قۆناغەدا، دەسکاریبکەین. شیعر ھەرچییەک بێت سنعەت یان پیشەیەک لەپاڵ پیشەکانی تردا نییە، شاعیریش کەسێک نییە وەکچۆن کرمی ئاوریشم بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئاوریشم لە دەمیەوە دێتەدەرێ، ئاوا شیعر لە دەمیەوە بێتەدەرێ. کرمی ئاوریشم توانایەکی غەریزیی و ناوەکیی تێدایە وادەکات، خۆی بیەوێت یان نەیەوێت ئاوریشم دروستبکات. بەڵام شاعیری ڕاستەقینە بوونەوەرێکی لەو بابەتە نییە، کەسێک نییە تەنھا توانایەکی تایبەتی بۆ نووسین ھەبێت، یان سنعەتکاری نووسین بێت. شاعیربوون پیشە نییە، بەڵکو تێوەگلانێکی ھەمەلایەنە لە چەندەھا ئەزموونی ئینسانیی تایبەت و ڕاستگۆوە، بەرەنجامی ئامادەبوونێکی ڕاستگۆیانەیە لەناو ژیان و لەناو پەیوەندیی ڕاستگۆ لەگەڵ مرۆڤەکان و لەگەڵ جیھان و لەناو زماندا. ڕزگارکردنی شیعر لە پیشە و سنعەتکاریی، گەڕاندنەوەی ئەزموونی مرۆڤبوونێکی ڕاستەقینە و بەرپرسیار بۆ ناو شیعر، داواکردن لە شیعر و لە شاعیر ڕاستگۆبن لەناو دونیایەکدا پڕ لە درۆ و لە دەمامک، سەرەتای ھەموو سەرەتاکانە. وەکچۆن کوردبوون پێویستی بە ڕزگارکردن ھەیە لە فۆرمە ساختە و ناشیرینەکانی کوردبوون، شاعیربوونیش پێویستی بە ڕزگارکردن ھەیە لە فۆرمە ساختە و درۆزنەکانی شاعیربوون.