ئاماده‌کردنى: هانه‌ شاخى نووسه‌ر و ڕەخنەگر (عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی) له‌ درێژه‌ى کاره‌کانیدا کتێبێکى ڕه‌خنه‌ى و لێکۆڵینه‌وه‌ى نوێى به‌ناونیشانى (هیشام تاهیر بەرزنجی دەنگێکی دیاری حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو) بڵاوکرده‌وه‌، کتێبه‌کە لە (166) لاپەڕە پێکهاتوه‌و چەند شیعرێکی (هیشام تاهیر بە رزنجی وچەند لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەیی، ڕەخنەگر عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی وچەند نامە و یادگارییەکی لەخۆگرتووە). لێکوڵینەوەکان بریتین لە شوناس و پرسیار وگرفتی شوناس- دەروازەیەک، دەقی  (جاران) وەک بەیاننامەیەکی شیعری بۆ شوناسێک لەنێوان ڕابردووگەرایی و ئایندەگەراییدا، سەر ئینجانەیەک بۆ جوانی مۆتیڤێک بۆ پرسیار و حەپەسان، شیکردنەوەی مۆرفۆلۆجیانەی دەقی خەون، گوتراوی کۆمەڵایەتی ڕۆژانە وەک دیدو پێکهێنەری شیعری، ده‌رباره‌ى کتێبه‌که‌ نووسه‌ر وتى: نامەکراوەکانم  بۆ هیشام، نامەیەک لە هیشامەوە، من و هیشام و هەندێک یادگاری، لەبری بێوگرافیایەک. به‌شێکى ترى ناوکتێبه‌که‌ن.هیشام دەنگێکی دیاری حەفتاکان بوو، لە قۆناغێکی تەمەنمدا سوودم لێبینیوە، وتیشى: ڕەنگە ژمارە دووی ئەم پرۆژەیەم لەسەر کامەران موکری بێت. ئێستا ئه‌م کتێبه‌نوویه‌ له‌ زۆربه‌ى کتێبفرۆشیه‌کان ده‌ستده‌که‌وێت.

لۆڤا محەمەد خانمە هونەرمەند (ئەمەل سەعید کوردە) له‌ درێژه‌ى کاره‌هونه‌ریه‌کانیدا گۆرانی (پەلەمەکە) بە هه‌ردووزمانی (کوردی و یۆنان)ی بڵاودەکاتەوە. سەبارەت بەم بەرهەمەش هونه‌رمه‌ند تایبه‌ت به‌ ڕۆژنامه‌ى هاوڵاتی وتى: گۆرانی "پەلە مەکە"ئاوازێکی یۆنانیە و (زاغۆڕێۆس) کە ئاوازدانەر و گەورە هونەرمەندی یۆنانە لە ڕابردوودا ئه‌م گۆرانییه‌ى وتوه‌ و  هه‌ر خۆشى ئاوازى بۆ داناوه‌. وتیشى: هەمان ئاواز لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو (ئاوات چالاک) به‌زمانى کوردى وه‌ک گۆرانى وتویەتی، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ یەکێکە لە خێزانی هونەرمەند (ڕەفیق چالاک)، هەروەها دواتریش هه‌مان گۆرانى و ئاواز هونەرمەند (نەجمەدین غوڵام)یش وتویەتیەتیەوە. ئەمجارەیان ئەمەل کەڤەری کردۆتەوە بە هەردوو زمانی کوردی و یۆنانی و بە موزیک و هۆنراوەیەکی نوێ و ناسک و ریتمێکی خێرای وتوێتیەوە و لەلایەن هونەرمەند ڕۆژ کەریم ئاوازی بۆ دانراوە و هۆنراوەی بەڵێن سەنگاوییە. جێگاى باسه‌: ئەم بەرهەمەى هونه‌رمه‌ند تا ئێستا کلیپى بۆ نەکراوە. تایبه‌ت به‌م پرسه‌ش  ئەمەل دەڵێت: هێشتا بڕیارم نەداوە کلیپی بۆ بکەم.

سازدانی: شاخەوان سدیق نووسه‌رو شاعیرى و ڕۆمان نووس (هیوا قادر) له‌ نوێترین کاریدا، ڕۆمانێکى نوێ‌ به‌ناوى (ماڵى پشیله‌کان) چاپ و بڵاوده‌کاته‌وه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌ ئه‌زمونێکى نوێ‌ و تایبه‌تى نوسه‌ره‌ و باس له‌ په‌ناهه‌نده‌ى و تراژیدیاى ته‌نیاى مرۆڤ ده‌کات، بڕیاره‌ به‌م زوانه‌و له‌ ناوه‌ندى (ئه‌ندێشه‌)ى شارى سلێمانى، ئه‌م ڕۆمانه‌ نوێیه‌. بڵاوبکرێته‌وه‌. وه‌ک بڵاوکراوه‌ى (په‌ڕاو) ده‌رباره‌ى هه‌ندێک له‌ زانیارى ده‌رباره‌ى  ڕۆمانه‌که‌، به‌باشمانزانى ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا سازبده‌ین.بابه‌ته‌که‌ت له‌ ئێره‌ بنووسه‌ *یه‌که‌م جاره‌ له‌ ئه‌ده‌بى کوردیدا، به‌ر خوێندنه‌وه‌ى ڕۆمانێک بکەوم ته‌واوى چیرۆک و کاره‌کته‌ر و شوێن و فه‌زا و کلتوره‌که‌ى کوردى نه‌بێت، ته‌واوى ڕۆمانه‌که‌ش باسکردنبێت له‌ وڵات و فه‌زاو کلتورێکى تر، واته‌ جیاوازبێت له‌ چیرۆکى شۆڕش و به‌رگرى یان کاره‌سات و راپه‌رین و دواى شۆڕش یان داستان و چیرۆکى ئه‌وینى کوردیانه‌، به‌ڵام نوسه‌ره‌که‌ى کورد بێت و له‌ کوردستانه‌وه‌ ڕۆمانه‌که‌ى نوسیبێت، مه‌به‌ستمه‌ بپرسم بیرۆکه‌ى نوسینى ڕۆمانێکى وا له‌ چییه‌وه‌ هات و بۆچی؟ هیوا قادر: زۆرینەی جار دوای تەواوبوونی ئەو ڕۆمانە ئەورووپیانەی بە زمانی تر ئەم خوێندنەوە، هەڵوێستەیەکم ئەکرد و بە خۆمم ئەوت، منیش ئەتوانم لەم ئاستەدا ڕۆمان بنووسم و خوێنەرانێکی زۆری دنیاش بمخوێننەوە، منیش ئەو توانای خەیاڵ و دروستکردنی کەسایەتیانەم هەیە. لەبەرئەوە بڕیارمدا ڕۆمانێک بۆ خوێنەری ئەوروپی بنووسم، ڕۆمانێک تەواو لە دەرەوەی زمانی پەخشان و ئەو کەشوهەوایەوە بێت کە هەندێک جار خەیاڵی ناو زمانی کوردی و زەبری مێژووی شکستەکانی ئەیسەپێنن بەسەرتدا. لەسەرەتاوە بڕیارمدا ڕۆمانەکەم تەواو مۆدێرن بێت، باس لە مرۆڤی مۆدێرن و خەمەکانی بکات، لە ڕوویەکەوە بۆ ئەوەی هێزی خۆم وەک نووسەرێکی کورد پیشانبدەم کە هیچم کەمتر نییە لە نووسەرێکی ئەوروپی، هەمیش ڕۆمانە نوێکەم لێدانێک بێت لەو شێوازە باوەی گیڕانەوە کە زۆرینەی کات نووسەرانی ئێمە بە خۆشمەوە لەناو تاریکی بەردەوامی تراژیدیاکانماندا عاسی ئەکات. دیارە ئەو هەستکردن بە تەنهاییەم لەوەی بەرهەمەکانم نەگەیشتوون بە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان هەر هی من نییە و بەشێک لە نووسەرانی کوردیش هەیانە. ئەویش پەیوەندی بەو فەوزا سیاسی و کلتوورییەی کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە. بە گشتی ئەم بیرکردنەوەیە پاڵنەری سەرەکی من بوو بۆ نووسینی ڕۆمانەکە. بەهەرحاڵ دوای بڕیاردانم لە نووسینی ڕۆمانەکە کەوتمە سەر کەڵکەڵەی بیرکردنەوە لە هەڵبژاردنی ستروکتوری زمانەکەیی و ئەو دنیایەی کە ئەبوو بیخولقێنم. من پێموایە بەشی هەرە زۆری ڕووبەری زمانی کوردی زیاتر هەست و سۆز داگیری کردووە، ئەم جۆرە زمانانەش بەهەشتی ڕاستەقینەی پەخشانن، پەخشانێک کە وا لە زمان ئەکات نەتوانێت یان نەیەوێت زۆر کۆنکرێت و چڕ گوزارشتەکانی خۆی دەربڕێت. هەندێک جار وا لە زمان ئەکات ترسنۆک دیاربێت و ڕاستەوخۆ گوزارشتی خۆی نەگەیەنێت. بە پێچەوانەی زمانە ئەوروپییەکانەوە کە زمانگەلێکن تا ڕادەیەک عەقڵانی ترن. بۆیە لە کاتی نووسینی ڕۆمانەکەدا زیاتر خوێنەرێکی ئەوروپیم ئەهێنایە بەرچاوی خۆم، بیرکردنەوەش لە خوێنەری ئەوروپی بیرکردنەوە لە وێنە و ڕوخساری کەسێکی ئەوروپی نییە، نەخێر بەڵکە ئیشکردنە لە ستراکچەری زمان و بیرکردنەوەدا، هەروەها گرنگیدانی زۆر بە دروستکردنی ڕووداوەکان و بەستنەوەیانە بەیەکەوە. من پێموایە پەخشان تا ئەو کاتە لە ڕۆماندا جوانە کە جێگا بە چیرۆکەکان و ڕووداوەکان لەقنەکات، نەبێتە ئەو فرە بێژییەی کە ڕووداو و کەسایەتییەکانت لەبیرئەبەنەوە. بموورن کە ئەڵێم خوێنەرێکی ئەوروپیم هیناوەتە بەردەمی خۆم، نیشانەی ئەوە نییە من حورمەتی خوێنەرە کوردەکانم نەگرم، ڕۆمانەکە خۆی بە کوردی نووسراوە، واتا لە ناو خەیاڵی زمانی کوردیدا کاری کردووە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە تا ئەوپەڕی توانا هەوڵمداوە خۆم لە هۆنینەوەی پەخشان بدزمەوە و کۆنکرێت تر گوزارشتەکانی خۆم بگەیەنم، گرنگییەکی زۆر بدەم بە چیرۆکەکان، باس لە ژینگەیەک بکەم کە ژینگەیەکی ئەوروپییە، قسە لەو مانایانە بکەم کە بۆ مرۆڤی ئەوروپی بەهای خۆیان هەیە. بە گشتی فەزای ڕۆمانی ماڵی پشیلەکان باس لە تەنیایی مرۆڤەکان ئەکات، لەگەڵ پیشاندانی بەشێک لە هۆکاری گیرۆدەبوونی مرۆڤی مۆدێرن بە ئاژەڵەوە. *ماڵى پشیله‌کان، که‌ ڕۆمانێکى قه‌باره‌ ٤٠٠ لاپه‌ڕه‌ییه‌، دابه‌شکراوه‌ به‌سه‌ر ٢٤ بەشدا، هه‌ریه‌ک له‌م بەشانەش تایبه‌ته‌ به‌ پێدانى زانیارى ده‌رباره‌ى جۆرێک له‌ ڕەگەزه‌ جیاوازه‌کانى پشیله‌، ده‌کرێت ئه‌م جیاکارى و دابه‌شکردنه‌ وه‌ک ته‌کنیکى گێڕانه‌وه‌ سه‌یربکه‌ین، یان وه‌ک پیشاندانی زانیارییه‌ شاره‌وه‌کانى ئه‌و گیانله‌به‌ره‌؟ هیوا قادر: من لەو بڕوایەدام نووسینی هیچ ڕۆمانێکی مۆدێرن کە بە فاکت قسەبکات بەبێ کۆکردنەوەی زانیاری مەحاڵە بنووسرێت و دواتریش سەرکەوتووبێت، چی تر نووسەری ئێستا ئەو نووسەرە نییە لەبەردەم مێزەکەی خۆیدا دابنیشێت و دەست بکات بە گێڕانەوە بەبێ گەڕان بەدوای ئەو زانیاریانەدا کە بۆ دنیای ڕۆمانەکەی پێویستی پێیەتی. من کاتێک بڕیارمدا پشیلە وەک ئاژەڵێکی سەرەکی ڕۆمانەکەم بەکاربهێنم، دەستم کرد بە خوێندنەوە و گەڕانێکی چڕوپڕ، لەو ماوەیەدا دوو دکتۆرام لەسەر پشیلە و خەسڵەت و خووە تایبەتەکانی خوێندەوە، سەیری دەیان گفتوگۆی تەلەفزیۆنیم کرد لەسەر پشیلە، جۆری نەخۆشییەکانیان، خەسڵەتە تایبەت و گشتییەکانیان و بارە دەروونییەکانیان، هەروەها پێگەی کلتور و زمان لە شێوازی میاواندنی پشیلەکاندا. زانیاریم زیاد لە سەر سەد ڕەگەزی جۆراوجۆری پشیلە کۆکردەوە و دواتر تەنیا نزیکەی چل دانەیەکیانم هەڵبژارد بۆ ئەوەی لە ڕۆمانەکەمدا بەکاریان بهێنم. وەک ئەزانرێت پشیلە لە دنیای خۆماندا ئاژەڵێکە نیمچە ماڵییە و ماڵانگەڕە و کەم جار وەک ئاژەڵێکی ماڵی لە ماڵدا ڕائەگیرێت، دیارە ئەمە بۆ سەگ و زۆر ئاژەڵی تریش ڕاستە و گرێدراوی کلتووری کۆمەڵگەیە. هەربۆیە بیرکردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەدا لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا بەراورد بە کۆمەڵگەی خۆمان زۆر جیاوازە. دیارە بەشێکی کەمی پەیوەندی بە بەردەوامی جەنگەکان و نەمانی حورمەتی ئینسانەوە هەیە لە کۆمەڵگاکانی وەک خۆماندا و دواتریش ئەو مرۆڤدۆستییەی بەرامبەر ئاژەڵەکان هەیە لە ئەوروپادا، لەگەڵ هۆکاری ئەو تەنهاییەی کە مرۆڤ لە کۆمەڵگە زۆر مۆدێرنەکاندا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕووبەڕووی ئەبێتەوە. بەکارهێنانی پشیلە وەک ئاژەڵێکی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا تا ڕادەیەک بیانوویەکە بۆ پیشاندانی تەنهایی مرۆڤ لە گۆشەنیگایەکی تا ڕادەیەک نەدیدەوە. من ئەبوو بیانوویەک بدۆمەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانم لەسەر تەنهایی ئینسانی مۆدێرن، هەروەها ئەو تەنهایی و شەڕکردنە ڕۆژانەییەی مرۆڤی پەناهەندە لەسەر شوناسی خۆی لە ئەوروپادا. *تاچه‌ند ئه‌م ڕۆمانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ یاده‌وه‌ریی تایبه‌ت بە خۆته‌وه‌ هەیە وه‌ک نووسه‌ر، به‌و پێیه‌ى سه‌رده‌مێک له‌ وڵاتى سوید ژیاویت و لەوێ ڕۆمانى منداڵانى گه‌ڕه‌کت نووسى و ئێستاش که‌ لێره‌ن ماڵى پشیله‌کانتان نوسیوه‌، که‌ شوێنى ته‌واوى ڕوداوى ڕۆمانه‌که‌ وڵاتى سویده‌، ده‌کرێت باسێکى ئه‌م به‌راورده‌م بۆ بکه‌ى؟ هیوا قادر: یادەوەری لای من بەشێکی گەورە لە بیرکردنەوە و کارکردنم پێک ئەهێنێت،کاتێک ڕۆمانی منداڵانی گەڕەکم نووسی و پێشتریش کتێبی سەفەرنامە، یادەوەری سەرچاوەیەکی بێ ئەندازە گەورەبوون لەبەردەممدا بۆ نووسین و خەلقکردنی کەسایەتییەکانی. بێگومان دورکەوتنەوە هەمیشە بۆ نووسەر ئەبێتە ئەو ڕووبەرە نوێیەی کە ئەتوانێت بێ لایەنانەتر و تا ڕایەک ئازادتر بنووسێت. ڕاستە ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک باس لە قۆناغێکی مێژووی شاری سلێمانی و شۆڕشی کورد ئەکات، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە چنینی خەیاڵی خۆمن، لەسەر چەند ڕووداوێکی هاوشێوە دروستکراون کە هی سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕش و شەڕی ناوخۆن. بێگومان شوێن گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ خەلقکردنی ڕۆمان. ماڵی پشیلەنیش کە هەموو بەسەرهاتەکان و کەسایەتییەکانی سەر بە کۆمەڵگەی سویدن و لە ماڵی پشیلەکاندا ڕووئەدات، لە ماڵێکدا کە تەرخانە بە بەخێوکردنی پشیلە و فرۆشتنیان، هیچ پەیوەندی بە یادەوەری تاکەکەسی خۆمەوە نییە، بەڵکە بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندی بەو دنیایەی ئەوروپاوە هەیە کە من پیشتر تیایدا ژیاوم، هەم لە ژینگەکەی و بیرکردنەوەی ئینسانەکان و کلتوورەکەیەوە. سەرلەبەری ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە تەنها خەیاڵی خۆمن و لە فۆرمێکی فیکشندا دامڕشتوون. بێگومان بەیارمەتی ئەو فاکتانەی کە لەسەر پشیلە خوێندوومنەتەوە. بەڵام ئەگەر من ئاشناییەکی تا ڕادەیەک باشم لەسەر ئەو کلتوورە نەبوایە، بێگومان هەرگیز نەم ئەتوانی ئەو کەسایەتیانە خەلقبکەم و بزانم کە چۆن ئەدوێن و چۆن بیرئەکەنەوە و خەیاڵیان بە دەوری چ تەمەنا و کێشەگەلێکدا ئەخولێتەوە. هەمان ئەو پرسیارە هاوڕێی چیرۆکنووسم ئارامی کاکەی فەلاح لێیکردم کە ئەڵێت: تا لە لە سوید بوویت ڕۆمانت لەسەر کۆڵانەکانی منداڵیت ئەنووسی لە کوردستان، کاتێکیش لە کوردستانی لەسەر سوید ئەنووسیت، ئایە بیرت لەم پارادۆسکە کردووەتەوە؟ ئایە تۆ لەوێیت یان لێرە؟ ئایە ڕۆمان ئەتوانێت ئەو دابەشبوونە چارەسەربکات؟ ئایە شوێنێک هەیە نووسەران بە شوێنی خۆیانی بزانن؟. من لە وڵامدا وتم: منیش هەمان ئەو پرسیارەم لە خۆم کردووە، بەڵام وەڵامەکەی نازانم! ئەوەندە نەبێت هەمیشە دوورکەوتنەوە لە شوێنێک وا ئەکات بیری بکەیت. ئەگەرچی من تازە هیچ شوێنێک بە هی خۆم نازانم، چونکە پێموایە شوێنی ڕاستەقینەی نووسەر، تەنیا نووسینەکانییەتی.    

سازدانی: شاخەوان سدیق بەشی سێیەم    *(دڵشکان) ناونیشانى کتێبه‌ شیعریه‌که‌ى تۆیه‌، ئه‌م ناونیشانه‌ بۆ من و زۆر خوێنه‌ری دیکە سه‌رنج ڕاکێشه‌و ده‌توانێت له‌ خۆیدا چه‌ندین واتاو ماناى جیاوز جیاواز کۆبکاته‌وه‌، ده‌توانیت پێمبڵێیت (دڵشکان) بۆ؟ چ واتایه‌ک، یان چ په‌یامێکى نهێنى و شاراوه‌ له‌پشت ئه‌م ناونیشانه‌وه‌ هه‌یه‌؟   مەریوان وریا قانع: لە ڕاستیدا نازانم ئایا ناونیشانەکە بۆ خوێنەر سەرنجڕاکێشە یاخود نا، بەڵام تێمای دڵشکان یەکێکە لە تێما سەرەکییەکانی ناو کتێبەکە. دڵشکان و نیگەرانیی، یان دڵشکان بە مانای نیگەرانیی، بە شێوازی جیاواز لەم کتێبەدا ئامادەیە: نیگەرانیی لە دونیا، لە ئەوانیتر، لە خود خۆی، لە بەشێکی زۆری ئەو پەیوەندیانەی کە ژینگەیەکی ئینسانی دروستدەکەن، نیگەرانیی لە جەنگەکان و لە سەفەر و لە بێماڵیی و نیگەرانیی لە کوردبوون  ھتد... بەشێکن لەو تێمایانەی لەم کتێبەدا ئامادەن. دڵشکان ھێما بۆ جۆرێک لە پەیوەندیی و پێکەوەبوون و بۆ شێوازێک لە تەنھایی دەکات کە شەرحکردنیان زەحمەتە، بەڵام پێموایە شیعر دەتوانێت شتێکیان لەسەر بڵێت و شتێکیشیان لێدروستبکات جیاواز لەوەی کە فۆرمەکانی تری فیکر و بیرکردنەوە و نووسین دروستیدەکەن. بە بۆچوونی من دڵشکان وا لە مرۆڤ دەکات نەتوانێت ژیانێکی ئاسایی لەگەڵ شتەکان و بوونەوەرەکان و پەیوەندییەکانی دەوروبەریدا بژیی، دڵشکان شتێک لە مرۆڤدا دەشکێت ناکرێت بە ئاسانی پێناسبکرێت و بناسرێتەوە. مرۆڤی نیگەران و دڵشکاو نە پێکەوەبوونی ئاساییە لەگەڵ کەسانیتردا، نە زمانی ئاسایی  گفتوگۆکردن، نە ئامادەبوونی ئاسایی لەناو ژینگە جیاوازەکاندا ناتوانن داڵدەی بدەن. شتێک لەناوەوە وردوخاش دەبێت کە ھەڵگرتنەوەی پارچەکانی دەشێت ھەم دروستکردنەوەی خود خۆی و ھەم سەرلەنوێ ناونانەوە و ڕاڤەکردنەوەی مانا و پێناسە و شوناسەکانی ئەو دونیایەی لێبکەوێتەوە، کە مرۆڤ تیایدا دەژیی. دڵشکان لەم ئاستەدا وەک کێشەیەکی وجودیی ئامادەیە، وەک دەرەنجامی تێپەڕین بەناو ئاڵۆزییەکانی دونیادا وەک بوونەوەرێکی خاوەن ھەست و چاوەڕوانیی، کەسێک توانای بینینی ئازاری ناو زیاد لە ڕووبەرێک و ناو زیاد لە فۆرمێک لە فۆرمەکانی مرۆڤبوونی ھەبێت. دڵشکان بەشێکە لە پەیوەندیی مرۆڤ بە جیھانەوە، بە ئەوانیترەوە و بە خود خۆشیەوە.  ئەو دڵشکانەی من باسی دەکەم ئامادەگیی کۆمەڵێک ھەست و چاوەڕوانیی و خەونیشە کە بە ھیچ شوێنێک ناگەن و لەنێوان خود و خۆیدا و خود و دونیادا دەمێنێتەوە، تەنھا لەناو فەزاکانی شیعر و لەناو ئاستە نەناسراوەکانی زمان و لەناو پرۆسەیەکی بەردەوامی خودسازییەکی بێکۆتاییدا ئامادەیە. لەوکاتەدا کە خەریکی دروستکردنی ماڵێکە لەناو زمان و وێنە و فەزای تایبەتی تێکستەکاندا، لە ھەمانکاتدا مەسافەی نێوان تاکەکەس و دونیا گەورەتر و فراوانتر دەکات. مرۆڤی دڵشکاو بە نیگەرانییەکی قورسەوە بەناو دونیا و پەیوەندیی و خەون و چاوەڕوانییەکاندا تێدەپەڕێت. لە ھیچ وێستگەیەکدا ناوەستێت و بەبێ مەبەستێکی کۆنکریت ھەر دەڕوات. لەڕاستیدا ھەندێکجار نیگەرانیی وزەیەکی ناوەکیی گەورەی ڕانەوەستان و بەڕێوەبوونە. دڵشکان شڵەژانێکی گەورە لە مرۆڤدا دروستدەکات، زمان لە ناوەڕاستدا دەکات بە دوولەتەوە، بە جۆرێک نەکرێت جارێکی تر لەحیمبکرێتەوە و شتێکی ئاسایی و کۆگیریی لێدروستبکرێت. دڵشکانی ڕاستەقینە نیگەرانیی لەتلەتبوونی زمان و بەشنەکردنی ئەو لەتانەیە بۆ چوونە پەیوەندییەکی مانادار و ھاوسەنگەوە لەگەڵ دونیا و ئەوانیتردا. بەم مانایە دڵشکان مرۆڤێکی ماندوو دروستدەکات بەدەست زمان و بەدەست خۆی و بەدەست شتەکانی دەوروبەرییەوە، وەکچۆن دڵشکان دەکرێت بە ئاسانی بگۆڕدرێت بۆ ڕق و توڕەبوونێکی زۆر. مرۆڤی دڵشکاو ھەستدەکات لە باتی دڵ شتێکی تر لە سنگیدایە، ئیشی ئەم شتەش ئەوەیە فۆرمی تری نیگەرانیی بەرھەمبھێنێت. لە سەرێکی دیکەوە دڵشکان کاردانەوەیەکی ئینسانییانە و بەرپرسانەیە بەڕووی ئەو بونیادە نایەکسان و نادادپەروەر و بەربەریانەدا کە لە دونیادا ئامادەیە. کاردانەوەیە بەڕووی زوڵم و بێمافی و بێکەسایەتییکردنی مرۆڤدا، بەگژاچوونەوەی فۆرمە جیاوازەکانی سوکایەتکردنە، جۆرێکە لە دوورکەوتنەوە لە بڕێکی زۆر لەو پۆخڵەواتانەی دەشێت لە ساتەوەختێکی مێژوویی دیاریکراودا دروستببن.  دڵشکان لێرەدا دەرەنجامی دۆخی ئامادەگیی زیاد لە فۆرمێکە لە سوکایەتیکردن بە مرۆڤ لە ناو جیھان و لەناو کۆمەڵگا و لەگەڵ ئەوانیتردا. من نازانم چەند فۆرم و شێوازی دڵشکان لە کتێبەکەی مندا ھەیە، بەڵام دەزانم شتێک لەوانەی لێرەدا باسیاندەکەم لەناو زیاد لە تێکست و دێڕ و پەرەگرافێکی ئەو کتێبەدا ئامادەیە. لە دۆخی میلەتی ئێمەدا دڵشکان ھەلومەرجێکی سۆسیۆلۆژییە، بەزەحمەت کوردێک لە سەدەی بیستەمدا ئەدۆزینەوە نیگەران نەبێت و چەندەھا جار دڵی نەشکابێت، تووشی خەمۆکییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی نەبووبێت، لەناو ژینگە گەمارۆدراوەکەیەدا نائومێد و لەتلەت و شڵەژاو نەبووبێت. دۆخی کوردبوون لە سەدەی بیستەمدا دۆخی دڵشکانی مرۆڤی ئێمەیە لە ھەموو شتێک، تەنانەت لە کەسایەتی خۆشی. بێگومان من لێرەدا باس لە کوردێک  دەکەم کە ھۆشیاریی ئەوەی ھەبێت لە بیماربوونەکانی کوردبوون تێبگات، کارەساتەکان بەچاوێکی ئینسانییەوە ببینێت و ئەو ئازار و سوکایەتییانە بناسێتەوە کە وەک مرۆڤ ڕووبەڕووی کراونتەوە. لە مێژووی سەدەی بیستەمی میلەتی ئێمەدا دڵشکان ئەزمونێکی دەستەجەمعیی گشتیی و ھاوبەشە. بەتایبەتی لە دۆخی ئامادەگیی بەردەوامی جەنگ و خوێن و وێرانبووندا، لە دۆخی ڕاکردنێکی بەردەوامدا، لەدۆخی شەرمکردنێکی گەورەشدا لە پێگەی دەستەجەمعی خۆت، لە وێناکردنی خود خۆیدا وەک کۆیلە، وەک بوونەوەرێکی لاوازیی قابیلی تێکشکان، وەک مرۆڤی بێمافی پلە دوو و پلە سێ. ئەم دۆخە دەستەجەمعییە نالەبارە دیاردەیەکی دروستکردوە کە دەشێت بە ”خودنەفرەتیی“ ناویببەین. کەمنین ژمارەی ئەو نووسەر و خوێندەوارانەی کورد کە کورد وەک وەحشیی و گەمژە و نەزان دەبینن و پێیان وایە کۆمەڵگایەکمان ھەیە لە ئاژەڵ زیاتر شتێکی تری بەرھەمنەھێناوە و بەرھەمناھێنێت. ڕەنگە لەدوای ”خودنەفرەتیی“ جولەکەکانەوە، خودنەفرەتیی کوردیی بەھێزترین شێوازی خودنەفرەتیی بێت لە دونیادا، ڕەنگە تەنانەت لە خونەفرەتیی جولەکە بەھێزتر و ھەمەلایەنتر بێت. ئێستا لە بواری پزیشکیدا شتێک ھەیە بەناوی، پزیشکیی ئەتنیی، یان دەرمانسازیی ئەتنیی، ethnomedicine. ئەم بوارە تازەیە ھەندێک نەخۆشی جەستەیی و دەرونیی تاکەکەسیی بە ژینگەیەکی ئەتنیی و فەرھەنگیی تایبەتەوە و بە مێژوویەکی دەستەجەمعییەوە گرێئەدەن. پێموایە لە دۆخی میلەتی ئێمەدا دڵشکان و نیگەرانیی ئەو بیمارییە دەستەجەمعیی و نەتەوەییەیە کە  ئێمە لە سەدەی بیستەمدا تووشی بووین و بەدەستییەوە دەناڵێنین. دڵشکان پەیوەندییەکی قووڵ و ھەمەلایەنیشی بە مەسەلەی نەمانی متمانەوە ھەیە. مرۆڤ کە متمانەی بە دونیا و بە مرۆڤ و بەو ژینگەیە نەما کە تیایدا دەژیی، یان کە متمانەی بە خۆی نەما، دەگۆڕرێت بۆ بوونەوەرێکی نیگەران، بۆ کەسێکی دڵشکاو. لەدەستدانی متمانە مەسەلەیەکی ھێجگار گرنگ و بنەڕەتییە. لە مێژووی فیکردا دەکرێت دوو وێنە بۆ مرۆڤ لەیەکتری جیابکەینەوە کە گرنگیی ئەم مەسەلەیەمان نیشانبدات. یەکەمیان ئەو دیدە ئەفلاتونیی و ئەرستۆییەیە کە پێیوایە گرنگترین ئاکار لە مرۆڤدا توانای بیرکردنەوە و ناسین و بەرھەمھێنانی مەعریفەیە لەسەر ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی. واتە وێناکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ناسەر و بیرکەرەوە. ھەرچی وێنەی دووھەمی مرۆڤە لەو دیدەدا بەرجەستەیە کە پێیوایە گرنگترین ئاکاری مرۆڤ ناسین و بیرکردنەوە نییە، بەڵکو توانای ئەوە بۆ بۆ کاری پێکەوەیی و ھاریکاریی و متمانەکردن بە یەکتری. من گەر ناچاربم لەنێوان ئەم دوو وێنەیەدا یەکێکیان ھەڵبژێرم ئەوا وێنەی دووھەم ھەڵدەبژێرم و ھاریکاریی و پێکەوەبوون و متمانەکردن بە مرۆڤەکانی تر و بە دونیا و بەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی بە گرنگترین ئاکاری مرۆڤ دەزانم. نیگەرانیی و دڵشکان لەدەستدانی ئەم متمانە و خواستی پێکەوەبوون و ھاریکارییە ئینسانییەیە. ”کتێبی دڵشکان“ ھەوڵدانی منە بۆ ژیان لەگەڵ دڵشکاندا بەبێ تەسلیمبوون پێی، ھەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەو ڕاستییە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی شوشەیی و قابیلی وردوخاش و ھەپرون بە ھەپرون بوونە. تەحەدای سەرەکییش ئەوەیە چۆن مرۆڤ بتوانێت ئەو بەش و پارچانە کۆبکاتەوە و بوونەوەرێکی تازەیان لێ دروستبکات. کە جەنگ دێت ئێمە وردوخاش دەبین، کە عەشق دێت لەت لەت ئەبین، کە سەفەر دەکەین دەبین بەسەدان پارچەوە، کە ماڵ و ئولفەت لەدەستئەدەین ووندەبین، کە غەریبدەکەوین شتە بنەڕەتییەکانمان دەشکێت. ئەوەی گرنگە دروستکردنەوەیەکی نوێی سەرجەمی ئەو شتانە و شتگەلێکی تازەیە لەو پارچەپارچەبوونە. شیعر ئامرازی ئەو دروستکردنەوەیە. بەم مانایە دڵشکان دەشێت سەرەتی ھەوڵێک بێت بۆدروستکردنی ”سەرەتای نوێ“ و ”ژیانی نوێ“و ”فۆرمی نوێ لە خود“. ئەگەرێک بێت بۆ پەڕینەوە  بۆ ئەودیوی دۆخی دڵشکان، بۆ سەردەمی دوای دڵشکان. بە کورتیی دڵشکان لەیەک کاتدا ھەم ھێمایە بۆ دۆخێکی وجودیی، ھەم بۆ دۆخێکی دەرونیی و ڕۆحیی، ھەم بۆ دۆخێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەخلاقیی، ھەم بۆ دۆخێکی سیاسیی. دڵشکان باس لە جۆرێک لە مرۆڤ دەکات کە بە نیگەرانییەکی قووڵ و بەردەوامەوە بەناو مێژوو و پەیوەندییەکاندا تێدەپەڕێت و وەک بەشێکی ناوەکیی کیمیای ژیان و پەیوەندییەکان دەیبینێت.

 دلێر محه مه د نووری هه ر کاتێک ناوی شێرکۆ بێکه س ده بیستین، بێ هیچ بیرکردنه وه یه ک چاوه ڕوانی شیعرێک ئه بین، که ووشه کانی بۆ نشتیمان، ئازاره کانی مێینه ی کۆمه ڵگای کوردی، نادادپه روه ری سیاسی و کۆمه ڵاتی و هه ندێ بابه تی تر نووسرابن.  دوو بابه ت زۆر به زه قی وبه شێوه یه کی گه وره هه میشه خۆیان له شیعره کانی شێرکۆدا نمایش ده که ن، که ئه وانیش خۆشه ویسی نشتیمان وکێشه کۆمه ڵایه تییه کانی ژنانه. به ڵام له (ئێستا کچێک نشتیمانمه)دا ئه م دوو بابه ته به ته رزێکی زۆر تازه وه خۆیان ده نوێنن. تا ئێستاش له لای هیج شاعیرێکی دیکه به م شێوه یه ته وزیف نه کراون. شێرکۆبێکه س له (ئێستا کچێک نشتیمانمه)دا له لایه ک تازه گه ری و داهێنانێکی واتایی گه وره ده هێنێته ناو کرۆکی شیعری کوردییه وه وله لایه کیش هه ندێک چه مک و واتای باو ئاوه ژوو ده کاته وه یان ده یانگۆرێت. نشتیمان که واتای دایک و باوه شی گه رم وئارام به خش ده به خشێته رۆڵه کانی که چی لێره گۆڕاوه بۆ پیاوێکی که ته ی له شێوه ی پۆلیس که هه میشه وه کوو گوومانلێکراو سه یری رۆڵه کانی خۆی ئه کات و ده مێک منه ت ئه کات به سه رییاندا وده مێکی تریش تۆڵه یان لێده کاته وه. لێره نشتیمان له جێگه ی به خشنده یی و میهره بانی ده بێته بازرگانێکی چاووچنۆک و بازرگانی به خوێن و جه سته ی خۆی و رۆڵه کانێوه ده کات. هه رچه نده من له وه تێده گه م که شێرکۆ مه به ست له ناووزڕادنی نشتیمان خۆدی کاراکته ره خراپه کانی ناوو نشتیمانه نه ک خودی نشتیمانه که.  به ڵام ئه و لێره گرنگی به ئه نجامی کۆتایی داوه و نشتیمانی به هه موو پیاوانی ده سه ڵات و گه نده ڵکارانێوه وه کوو یه ک جه سته ی نه خۆش و سه رئه نجامێکی خراپ ته ماشا ده کات. به ڵام ئه وه ی زۆر سه رنجی منی بۆ ئه م باسه ڕاکێشا بابه تی ژنه له م قه سیده یه دا. شێرکۆ له (ئێستا کچێک نشتیمانمه) دا وه ک که سێکی بێزار و ته واو بێ هیوا له نشتیمان و پیاوه کانی خۆی ئه نوێنێ. ئه و نشتیمانه ی که ساڵانێک بوو شێرکۆ گۆرانی به باڵا ودیمه نی جوانی ده ‌گووت ودێهات وشار کوچه وکۆڵانه کانی ده گه ڕا و مێژووی کۆن ونوێی به سه ده کرده وه وبه پیاوان وشۆرشگێره کانی دا هه ڵیده دا. که چی لێره دا بێپه روا هه رچی دیوی دزێو وتاریک و ڕه شی هه یه هه ڵیده داته وه. ئه و لێره دا په ی به هه موو ده رده کانی نشتیمان بردووه وپانتایی باشی بۆ هه موو کاره دزێوه کان ته رخان کردووه و ده ستی خستۆته سه ر هه موو برینه کان وله کۆتایی هه ر کێشه یه کیشدا چاره سه رێکی له ڕه گ وریشه وه بۆ داناوه. ئه و زۆر به ئاشکرا باس له نشتیمان وه ک نه خۆش وگه نده ڵ و ده رده دارێک ده کات که هیوای چاکبوونه وه ی لێ ناکات و ته نها به گۆڕینی بنه ڕه تیی چاره ره سه رده بێت. به ڵام ئه وه ی به لای منه وه سه یره له هه ر هه نگاوێکی ئه م قه سیده یه دا ده مانهێنێته سه ر مه سه له ژنان و کێشه کۆمه ڵایه تییه کانی ژنان. کاتێ ره خنه له ئایین ئه گرێت ژنان ده بن به سه رقافڵه ی قوربانییه کان. کاتێک ره خنه له خۆدی نشتیمان ده گرێت ژنان به شێکن له قوربانی و کاتێک ره خنه له نه ریتی باوو کۆمه ڵگا ده گرێت وقوربانی سه ره کی ژنانن. کاتێک باسی پیاوسالاری ده کات ئه وه ژنان تاقه قوربانی هاوکێشه که ن. پانتایی ژن له له م قه سیده یه دا پانتاییه کی هێجگار زۆره، زۆرتر له هه ر کێشه یه کی ناو قه سیده که، وه ک ئه وه ی پێمان بلێت به چاره سه رکردنی کێشه ی ژنان نشتیمان به شێکی زۆر له جوانییه که ی خۆی بۆ ده گه ڕێته وه. دوای خوێندنه وه ی ئه ده ققه له ٢٥ جێگه دا ته نها باس له کێشه ی مێینه کراوه وئه مه جگه له وه ی له دووتوێی قه سیده که دا له زۆر شوێنی دیکه شدا ئاماژه بۆ هه مان بابه ت کراوه. لێره دا هه وڵ ده ده م ئاماژه به هه ندێکیان بکه م به کورتی... ١/ ناوونیشانی قه سیده که (ئێستا کچێک نشتیمانمه) کچێک که ناوی (ڕۆزانا) یه جێگه به نشتیمان له ق ئه کات وئه بێته نشتیمانێکی تازه وگه نج بۆ (کامه ران) ئه میش کارێکته رێکه له ڕێگه ی گێڕانه وه باس له هه موو کێشه کانی خۆی ومرۆڤی کورد ده کات له بێزاری و بێهیواییدا ده گاته خالی خۆکوشتن به ڵام خۆشه ویستی کیژێک هه موو ماناکانی لا ده گۆڕێت و روانگه کانی بۆ ژیان نوێ ده کاته وه وئاراسته یه کی تازه یان پێ ده به خشی. هه رچه نده کارێکته ری رۆزانا زیاتر مه جازییه و به واتای رۆژێکی نوێ دیت و شاعیر مه به ستێتی بڵێت کامه ران (هاوڵاتی کورد) ناتوانێت ئه م نشتیمانه پیر و چڵکن وبه دکاره ی خۆشبوێت و نشتیمانێکی تازه ی گه نجی بێگوناهی گه ره که تا عاشقی بێت. لێره دا له قووڵایی مانادا ده گه ینه ئه و ئه نجامه ی که چۆن نشتیمان له رۆژگاری کۆندا بووبوو به مایه ی بێزاری و سه هه ڵگرتن وخۆکوشتن به ڵام له رۆزانا دا یان له رۆژێکی نوێدا ده بێته دلخۆشکه ر و رزگار که ر. ٢/له کۆپله ی (من کراسی ژنانه م ...)دا له رێگه ی کراسی ژنانه وه ئازار ومه ینه تییه کانی مێینه ی وڵات ده خاته روو که چۆن په راوێز خراوو گوێ لێنه گیراوون. له و کۆپله یه شدا که کارێکته ی پشیله باس له ناسینی کامه ران ئه کات دیسان له ده می کامه رانه وه با س له دایکی کڵۆل وخوشکه قه یره به دبه خته کانی کامه ران ئه کات وه کوو دوو ئه ندامی بێنه وای کۆمه ڵگای کوردی ئه یانخاته به رچاوو. له کۆپله ی (من ناووم کۆتره شینکه یه و کچم...)دا دیسان باسی کۆت وزنجیری کچانی کۆمه ڵگای کوردی ده کات که چۆن له نێو زیندانی ماڵه وه هه نگاوه کانیان بۆ ده ژمێردرێ وسنووری جووڵه یان بۆ دیاری ده کرێت وه کو خۆیان باس له خۆیان ده که ن وه ک له جاره نووسی حه رام و جه سته ی حه رام پێکهاتبن وهه میشه له ژێر چاودێری نێر و ئاییندان. هه روه ها له کۆپله ی (له سه ر جاده ی سه هۆڵه که ڕاوه ستاوم، ئه وه کچه ...) شاعیر وێنه ی کچێک ئه کێشی که پێ ئه چێت جلێکی مۆدێرن و نیمچه ڕووتی له به ردا بێت و ئازادانه له سه ر جاده ی سه هۆڵه که ئه سوورێته وه و کامه رانیش وه کوو سه راب و خه یاڵ دێته به رچاوی. له کۆپله ی( من ناووم پرچه ...) باس له مه سه له ی ئازادییه کانی ژن وحیجاب ده کات که چۆن ژنان له سروشت وخۆیان ده رده هێنرێن، چۆن ئایین کۆت وزنجیری ژنی کردووه. شاعیر لێره دا له جیاتی ئه وه ی به ته عبیری سواوو راسته وخۆ باسی ژن بکات دێت له کونجێکی تری ئه م مرۆڤه وه باس له کێشه کانی ده کات که ئه مه ش جوانییه کی له ڕاده به ده ر به ده قه که ئه به خشێت و کاریگه رتر ده گاته دڵی خوێنه ر وه ک ئه وه ی باس له پرچ وقۆلی رووت و مه مک و دوو په ڕی باڵی کۆتره شینکه وکراسی ژنانه وجووته پێڵاوی دایکی کامه ران وجووته گواره ی گوێ خوشکی کامه ران وئه و کتێبانه ی حه ز له رۆزانا ناکه ن وبۆکرووزی پرچ وجه سته ی ژن وزۆری رتر. که زۆربه ی ئه م ده لالاتا نه ش بۆ خۆیان کارێکته ر وقسه که رن له سه ر ته ختی شانۆی قه سیده که. ٣/قوولتر له وانه ی که له سه ره وه باسمان لێوه کرد، شێرکۆ بێکه س له ڕێگه ی هه ندێ شایه تحاڵی ئیحائییه وه هه ندێ له و کاره ساتانه مان بۆ ریز ده کات که به سه ر ژنانی کۆمه ڵگای کوردیدا هاتوون به تایبه تی له دوای ڕاپه ڕینه وه، که ئه مانه ش دیسان سه لیقه و توانای شێرکۆ ده رده خه ن له گێرانه وه کانیدا بۆ نموونه له کۆپله ی (من ناوم گابه رده گابه رد...)کۆمه ڵێک کاره سات و رووداوی کوشتنی ناهه ق وخوێن ڕشتن ده خاته روو که گابه رد بینیونی، جا گابه رد خودی خۆی بێت یان نیشانه بێت بۆ شاهیدێکی بێده نگ وتاساوکه به ر له مردنی هه ندێ ڕاستی ئاشکرا ده کات و خۆی به تاڵ ده کاته وه له و تاوانانه ی به به رچاوی ئه وه وه ئه نجام دراون. لێره شدا شێرکۆ رووداوی کوشتنی ژنێک له سه ر شه ره ف به ناوی خوا و ئایینه وه دیسان به کاره ساتبارترین تاوان ده بینێ له چاو کوشتنی رۆژنامه نووسێکی ئازاد یان هه ڵگرانی بیرێکی جیاواز. لێره دا گابه رد به ئاشکرا ئه ڵێ له هه موو تاوانه کان ناخۆشتر ئه و ژنه بوو که ناوی شه ره فه وه کوشتیان. هه روه ها له جێگه یه کی تریش کاتێ باسی قه ڵه مه که ی نشتیمان ئه کات که چه ند نووکێکی ره نگاڵه یی پێوه یه کاتێ نشتیمان به م قه ڵه مه (...به ڕه ش ده نووسێت ئازادی مێ و به سووری نێر ده یکوژێنێته وه ...) یاری کردنی شاعیر به ڕه نگه کان و دابه شکردنیان به سه ر نێر و مێدا یه ک دونیامان له پرسیار وڕامان و گوومان له ڵا درووست ئه کات کاتێک باس له ئازادی مێ ئه کات ره نگی ڕه شی که نیشانه یه بۆ فێڵ و درۆ وگوومان ، سووری نێریش نیشانه یه بۆ خوێن و هه ڵچوون وکه ف وکووڵ به کارده هێنێت. ٤/ له به شی دووه می قه سیده که دا و له کۆپله ی ( له سه ر جاده ی سه هۆڵه که راوه ستاوم، یه که م جاره خۆم وناوه که م وجاده که له یه ک بچن چه ند رۆژێکه وه کو ئه وه ی چه ند ساڵێک بێت کچێک هاتۆته رووحمه وه ....) دا لێره دا زۆر به جوانی و زۆر به روونی شاعیر باس له عیشق و خۆشه ویستی ئه کات که چ کاریگه رییه ک له سه رهه ڵسوکه وتی مرۆڤه کان داده نێت و چ به رچاوروونییه کیان له ژیاندا پێ ده به خشێت. ته نانه ت له جێگه یه کدا ده ڵێت (...ئه گه ر دنیا له م عه شقه ی من و رۆزانای له ناو دڵی ژن وپیاوی سه رزه میندا تۆو کردایه، دڵنیابووم رق وتۆڵه وشه روشۆری به خۆیه وه نه بینایه...) ئا لێره دا رێک ووته کانی فرۆییدم به بیر دێته وه کاتێ له وه ڵامی پرسیارێکی ئه نیشتایندا که ده پرسێت ئاخۆ چۆن له شه ڕ رزگارمان ده بێت، فرۆییدیش به وه وه ڵام ده داته وه که مه حاڵه مه گه ر به گه مارۆدان و به ڵارێدابردنی گیانی شه ڕانگێزی و مردن وه ک خۆی ده لێت به په ره پێدانی ئیرۆس (خۆشه ویستی) ده توانین هێزی شه ڕ له دلێ مرۆڤه کان که م بکه ینه وه. ئه مه ش به شێکه له فه لسه فه و بیری قووڵی شاعیر که له زۆر شوێن و جێگه له شیعره کانیدا په ی پێ ده برێت. شێرکۆ بێکه س له مێژه به قه له می پڕ به ره که تی شیعر ده نووسێت وتا دوا ساته کانی ژیانیشی له به خشش نه که وت. من به م که مه زانیارییه که هه مه وای بۆ ده چم که شێرکۆ هیچ شتێکی زیاده ی نه نووسیبێت وهه رچیشی نووسیبوو بۆ ئازادی ژن هه ر هه موویان گرنگ و له جێگه ی خۆیان بوون. به ڵام گه ر ئه م قه سیده یه ی نه نووسیبا من نازانم جگه له بێکه س کێ شۆڕشێکی له م جۆره ی ته نها به قه سیده یه ک به رپا کردایه کێ؟ له کۆتاییشدا ڕووی ده مم ئه که مه شانۆنووسان و ده ڵێم قه سیده ی (ئێستا کچێک نشتیمانمه) بابه تێکی خاوی جوانترین شاکاری شانۆیه و به فیلمسازانیش ده ڵێم ئه مه سیناریوی جوانترین فیلمی سه رده م و به گۆرانیبێژانیش ئه وه قه سیده یه ک پڕاوپڕ له کۆپله ی پڕ ئاهه نگی گۆرانی یه.         

 عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی یەكێكە لە شاعیرەكانی شەپۆلی سێیەمی نوێگەریی عەرەبی و ئەمڕۆ بووە بە دەنگێكی دیار و گفتوگۆی زۆر لەسەر شیعركانی دەكرێت، لێكۆڵینەوەی زۆری لەسەر دەنووسرێت، بە تایبەتی لەسەر ئەو هەنگاوە ڕاستەقینانەی كە لە شیعری پەخشانی عەرەبیدا ناونی و لەم بوارەدا تایبەتمەندیی دیاری بۆ خۆی تۆمار كردووە. شیعرەكانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕاون، ناوی ڕاستەقینەی خۆی (یحیی النمیری النعیمات) كە بە ئەمجەد ناسر ناوبانگی دەركردووە. ساڵی 1955 لە باكووری ئوردوون لەدایك بووە و لە نێو خێزانێكی دەشتەكیدا پەروەردە بووە. لە وڵاتی خۆی لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەدا كاری كردووە. پاشان چووەتە بەیرووت، لەوێ‌ لە گۆڤاری (الهدف) كاری كردووە، كە چیرۆكنووسی فەلەستینی (غەسان كه‌نه‌فانی) دای مەزراندبوو. لە سەردەمی عەبدولفەتاح ئیسماعیلدا، لە كۆماری یەمەنی دیموكراسیی شەعبیی جاران زانستی سیاسیی تەواو كردووه‌. سەعدی یوسف پێشەكیی بۆ یەكەم كتێبی نووسیبوو كە ساڵی 1979 چاپ كرا و دەنگدانەوەیەكی زۆری لە بواری ڕەخنە و شیعری عەرەبیدا هەبوو. هەرچەندە ئەو لە نێوەندێكی سیاسیدا كاری دەكرد، بەڵام شیعرەكانی لە كاریگەریی سیاسەت دوور خستەوە. لەم بوارەدا بایەخی بە وردەكاری و شتی ڕۆژانە دەدا و لەو ناوچانەدا كاری شیعریی خۆی دەكرد. ئەمجەد پاش نووسینی چەندین شیعری تەفعیلەی سەربەست، دەستی دایە نووسینی شیعری پەخشان. لە كۆمەڵەشیعری دووەمیدا، كە ساڵی 1981 چاپ كراوە، شاعیری عێراقیی بەناوبانگ، سەعدی یوسف بە "عرار"ی نوێی ئوردوونی وەسف كرد، ئەو عەرارەی كە شیعری ئوردوونیی بەرەو جیهانی نوێگەری برد. لە كۆمەڵەشیعری "ئەوەی بتبینێت دڵخۆش ئەبێت"دا ئەزموونی نوێی لە بواری خۆشەویستیدا پێشكەش كرد و هەندێك لە ڕەخنەگران بە چەشنێكی نوێی شیعری خۆشەویستیی عەرەبییان دانا . ڕەخنەگری عێراقی "حاته‌م ئەلسەگەر" ئەم كۆمەڵەشیعرەی بە نوێكردنەوەی دیوانی غەزەلی عەرەبی دانا. ئەمجەد لە هەوڵی تریدا وزەی خۆی وەگەڕ خستووە تاكو نەفەسێكی پانۆرامیی لیریكی داستانئامێز لە قۆناغێكی شیعریی نوێیدا بدۆزێتەوە. ئەوەی سەرنجی زیاتری ڕەخنەگرانی بە لای شیعری ئەمجەد ناسردا ڕاكێشاوە، بەكارهێنانی هێزی نێو جیهانی پەخشانە بۆ نێو دەقی شیعری، كە دەق دەگەیەنێتە ئەوپەڕی سنووری پەخشان و تەكنیكی گێڕانەوە، لەگەڵ ئەمەیشدا هەوڵی داوە گرژیی (مەبەستم لە لایەنە چاكەكەی گرژییە) زمان بپارێزێت. لەبارەی ئەم ئەزموونە نوێیەی ئەمجەد ناسرەوە، ڕەخنەگران ڕای جیاوازیان هەیە؛ هەندێكیان وا دەبینن كە شیعری پەخشانی عەرەبی لە هەنگاوەكانی پێشوویدا نەگەیشتبووە ئەم ڕادە پەخشانئامێزە. هەندێكی تریشیان وا دەزانن كە پانتایی پەخشان شیعرییەتی تێدا پارێزراوە، ئەزموونی ئەمجەد ئەزموونێكی نوێیە و گوڕوتینێك بە شیعری پەخشانی عەرەبی دەدات. تا ئێستا شیعرەكانیان بۆ چەندین زمان وەرگێڕاوە، لەوانە: فەڕەنسی، ئیتالی، ئیسپانی، ئەڵمانی، هۆڵەندی، ئینگلیزی و ڕووسی.   لەبارەی ئەمجەد ناسرەوە وتوویانە: ٭ شیعری ئەمجەد ناسر، بە خۆشی و پەرۆشیی خوێنەرێك دەخوێنمەوە كە بەدوای نووسینی شیعریدا دەگەڕێت. لەم شیعرانەدا ڕێگەیەكی تاك بۆ ڕزگاركردنی وشە لە یادگەی خۆی دەبینم، تاكو سەرلەنوێ‌، لە بزاوتێكی پرشنگداردا بەرەو فەزایەكی تر بەرەڵای بكات.   ئەدۆنیس پێشەكی بۆ هەڵبژاردنی شیعرەكانی ئەمجەد ناسر بە فەڕەنسی     ٭ ئەمجەد ناسر شیعری پەخشانی عەرەبی بۆ ناوچەیەكی سەخت و دەگمەن دەگوێزێتەوە. ڕەخنەگر سوبحی حەدیدی   ٭ جیهانی شیعریی ئەمجەد ناسر لەسەر چین و شێوازی هەمەچەشن دروست بووە كە لە كۆتاییدا دەڕژێنە ناو یەك ئەزموونەوە.   شاعیر :عه‌بدە وازن   ٭ خوێندنەوەی ئەزموونی ئەمجەد ناسر، لەسەر ئاستی هونەر زۆرمان پێ دەبەخشێت.   ڕەخنەگری عێراقی حاته‌م ئه‌لسەگەر         هەجوو   وەك هەڵۆیەكی دڵشكاو وەك زریانێكی بێددان شان دەدەمە لێواری شارەوە بە پشتیشم ڕێ‌ لە پرش و پارچەی هاوڕێیان ئەگرم سەبیلە درێژەكەی نەنكم دێنمەوە یاد فتوحاتی سەرەتای عەرەب بە خەیاڵ ناهێنمەوە پاشان باوەڕ ناهێنم بەوەی پاریس تەویلەی ئەسپەكانمان بێت بە سەر شاخی (ئەلبرانس)ه‌وە ناگریم كە وەك قاڵبێك بەفر لە نێو دەستماندا ئەتوێتەوە لەبەر (غافیقی) سەر دەستی كراسەكەم بەرز ناكەمەوە بۆ ئەو شوێنەی خودای لێیە كاتێكیش كەژاوەی مەلیكەكانی بەنی ئەحمەڕ بە بەردەمما تێپەڕ ئەبێت زۆر لە برۆ ناكەم سڵاو بنێرێت. هەر باسی شمشێر و كەوڵ و ئاڵتوون ‌و زیو دەكەم، باسی برسێتی و سێبەر باسی سالووك و ئاسك كە دێن و لە لەپی كونتێبوومدا ئاو دەخۆنەوە. منیش شانم داوە بە لێواری شارەوە دڵڕووخاو وەك هەڵۆ ڕەگهەڵكەنراو وەك زریان.   ئەو پیاوە لە كوێوە دێت؟   ئەو پیاوەی كە بە پشتەملیدا دەدەم لە شەقامە تاكەكاندا دژی وردەواڵەفرۆشە گەڕۆكەكان هانم ئەدات تاڵەدەماری خوێناوییش لە لەپم دەرئەهێنێت بە شادییەوە دەیجوێت و ون دەبێت. ئەو پیاوەی كە بە پشتەملیدا دەدەم لە بازاڕە جەنجاڵەكانماندا كە پڕن لە تووتكەی پیس و سەوزەی لادێ دژی دزە تازەپێگەیشتووەكان هانم ئەدات و بەقەد پەڕۆی فتیلەیەك گۆشت لە شانم دەرئەهێنێت بە خۆشییەوە دەیجوێت و ون دەبێت. كێیە ئەو پیاوەی كە بە پشتەملیدا دەدەم و دژ بە  كچگەكان هانم ئەدات و ون دەبێت؟         چڵی شۆڕبووەوە   ئەمەوێت ڕۆحم لە نیشانەی تاعەت و هێشووی مەغفیرەت پاك بكەمەوە ئەمەوێت ڕوخسارم لە سیمای نەژاد و چڵی درەختی خانەوادە پاك بكەمەوە. ئەمەوێت لاپەڕە لە وڕێنەی شیعر و بێهودەیی بیرپژان پاك بكەمەوە ئیتر ئارەزووی سەردەمی خۆڵەمێشی و بەركەوتنی تیشكی گونجانی خەیاڵی ناكەم. ئەمەوێت تەنها لەرزینی گەردوون ببیستم كە لە دیواری دڵم دەدات، تیشك ببینم لە ئاوی كانیی وەستاودا بتوێتەوە ئەمەوێت سەرم لە پاشماوەی ئامۆژگاری و پارچەی شكاوی یەكەم خۆشەویستی و شووشەی ڕەنگاوڕەنگ پاك بكەمەوە ئەمەوێت چاوم لە تۆڕی دڕاوی مانگ و پەردەی پەنجەرە داخراوەكان پاك بكەمەوە ئەمەوێت دەنگم لە ئۆكسیدی ستران بانگی بەستراو بە شریتی زیوین پاك بكەمەوە ئەمەوێت شانم لە لانەی چۆلەكە و باڵندەی لاڵی بەیان پاك بكەمەوە. ئەمەوێت جەستەم لە جلوبەرگی جەنگ و ئاشتی و تۆز و گەردی دژە فتوحاتەكان پاك بكەمەوە ئەمەوێت هەر خۆم بە تەنیا ڕێ بكەم لە دوایشمەوە دەرگای مۆڵگەكە خڕ داخەم.   ئەم نووسینە بەشێکە لە کتێبێکم لە بارەی شیعرەکانی ئەمجەد ناسرەوە لە دەزگای سەردەمەوە دەرئەچێت .          

لۆڤا محەمەد هونەرمەندی شوان قەرەداغی دواى ئه‌وه‌ى له‌ ساڵى (2004)دا گۆرانییه‌کى به‌ناوى (نیگا) بڵاوکرده‌وه‌، له‌ ئێستاداو پاش (15) ساڵ له‌ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر بڵاوبونه‌وه‌ى ئه‌و به‌رهه‌مه‌دا دوباره‌و بۆ جارێکى دیکه‌، هه‌مان به‌رهه‌مى به‌ ستایل و شێوازێکى نوێێ تۆمارو بڵاوکرده‌وه‌. وا بڕیاریشه‌ له‌ ماوه‌ى دوومانگى داهاتوودا ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ دوو به‌رهه‌مى دیکه‌ تۆمارو بڵاوبکاته‌وه‌. بە ناوی (ڕۆژانێ بوو)، که‌ ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ش بەهەمان شێوە بەرهەمەێکی عاشقانەیە و هۆنراوەی هونه‌رمه‌ند خۆیه‌تى. بەرهەمی نیگا کە گۆرانیەکی عاشقانەیە و لە ساڵی ٢٠٠٤دا تۆماری کردووە و بڵاوی کردووەتەوە، بەڵام لەمساڵدا بە کلیپێکی نوێوە دیسان خستویەتیەوە بەر گوێی هەوادارانی، قەرەداغی سەبارەت بە بەرهەمەکەی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: ئەو بەرهەمە لە هۆنراوەی ئەحمەد محەمەدی شاعیرە و ئەم بەرهەمە نوێیە ئاوازی (مهران جەمالیزادە)یە و کاری دەرهێنان و کامێرا (دیارمەهدی) ئەنجامی داوە و مۆنتاژکردنیشی لەلایەن هاوڕێ سەعیدەوە کراوە و کەناڵی(JSN)سپۆنسەری بەرهەمەکەیان کردوە، بەرهەمەکەم هێندە لاجوان بوو پێمخۆشبوو دوای ١٥ ساڵ دووبارە زیندووی بکەمەوە. شیاوى باسه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ جگە لە گۆرانی به‌ شێوه‌زارى سۆرانی بە شێوەزاری هەورامیش گۆرانی دەچڕێت و بڕیارە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە هەورامان گۆرانیەک بەسەر سروشتی جوانی هەوراماندا بچڕێت، کە هۆنراوە و ئاوازی فۆلکلۆری کوردیە.

ئاماده‌کردنى: هانه‌ شاخى نوسه‌رو ڕۆمان نووس (عومه‌ر سه‌ید) له‌ نوێترینکاریدا ڕۆمانێکى نوێى به‌ناوى(ئەسپەرە) چاپ و بڵاوکردوه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌ نوێییه‌ى نووسه‌ر لە دووتۆی ١٧٨ لاپەڕەی قه‌باره‌ نیو ئەیفۆردایه‌ بە تیراژی ٥٠٠ دانە که‌وته‌ به‌ر ده‌ستى خوێنه‌ران. تەوەرى سه‌ره‌کى و چیرۆکی رۆمانەکە، تایبەتە بە ئەنفال و قوربانیانى ئێزدی دەستی داعش، ژمارە گەلێک لە ژنان و کچان و پیاوانی مێژوی دور و درێژی جینوساید چیرۆکەکانێ خۆیان دەگێڕنەوە. تا دواجار لە نێو دادگایەکی فەنتازیدا، قوربانییەکان دادگایی جەلادەکەیات دەکەن و مێژوی ستەم و داگیرکارییەکەی ریسوا و شەرمەزار دەکەن و ناچار بە دانپێدانەکانی دەکەن. (عومه‌ر سه‌ید) یه‌کێکه‌ له‌ ڕۆمانووسه‌ جدیه‌کانى ناو ئێستاى ئه‌ده‌بى کوردى و ڕۆمانى (ئەسپەرە) سێیەمین رۆمانی نوسەرە کە سەرجەمیان تایبەتن بە جینوسایدی کورد.    

ئاماده‌کردنى: سه‌روه‌ت محه‌مه‌د پاش ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى ساڵانى پێشوودا، کارگه‌ى جگه‌ره‌و پوخته‌کردنى توتن له‌ شارى سلێمانى له‌کارکه‌وت و به‌رهه‌مهێنان تیایدا وه‌ستا و بیناکه‌ى به‌ چۆڵى مایه‌وه‌. له‌ ئێستادا کۆمه‌ڵێک گه‌نج به‌شێوه‌ى ئێکس لاین ڕۆژانه‌ کارى هونه‌رى تێدا ئه‌نجامده‌ده‌ن.  (شێرۆ به‌هره‌دار) به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌رپه‌رشتارى پرۆژه‌ى(ئێکس لاین) ده‌رباره‌ى پڕۆژه‌که‌ وتى: ئه‌و ڕێخراوه‌ى سه‌رپه‌رشتى کارگه‌ى جگه‌ره‌ ده‌کات، مه‌به‌ستیه‌تى ئه‌و شوێنه‌بکات به‌ سه‌نته‌رێکى هونه‌رى و کلتوورى گه‌وره‌ له‌ داهاتوودا, ئێمه‌ به‌شێکین له‌و هه‌نگاوه‌ که‌ ده‌یانه‌وێت پاش بینینى کاره‌کانمان پڕۆژه‌که‌مان ببیچت به‌ به‌شێک له‌ سه‌نه‌ته‌رى کلتورى ناو خۆى له‌ ناو بیناى کارگه‌دا. وتیشى: ئه‌و به‌شانه‌ى (ئێکس لاین) له‌ خۆى ده‌گرێت بریتین له ‌(هونه‌رى دانس، شانۆ، سینه‌ما،مۆسیقا،بزنس، شێوه‌کارى، زانسته‌کانى گه‌ردوون، زینده‌وه‌رزانى، کیمیا، فیزیا، ئه‌لیکترۆنیات، کافێ, کتێبخانه‌...هتد) ڕه‌وه‌ند ئه‌حمه‌د که‌ خوێندکارى په‌یمانگاى هونه‌ره‌ جوانه‌کانى سلیمانییه‌ له‌ به‌شى(شانۆ)، و یه‌کێکه‌ له‌و گه‌نجانه‌ى که‌ پڕۆژه‌ى هونه‌رى هه‌یه‌، ده‌رباره‌ى کاره‌که‌ى وتى: (ئێکس لاین) به‌کارهێنانى شوێنێکه‌ بۆ کۆمه‌ڵێک ڕاهێنانى جه‌سته‌ى و فێربوونى کۆمه‌ڵێک ته‌کنیک له‌ هونه‌رى (دانس) ئه‌وه‌ش له‌ پێناوى ئه‌وه‌دا نا که‌ ببمه‌ دانسه‌ر، به‌ڵکو ئه‌مه‌وێت وه‌ک ئه‌کته‌رێک جه‌سته‌یه‌کى ئاماده‌کراوم هه‌بێت. وتیشى: به‌هیوام ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ گه‌وره‌بکرێت و بتوانرێت سودێکى باش له‌ شوێنى کارگه‌ى جگه‌ره‌ وه‌ربگیرێت بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ مالَى هونه‌رى گه‌نجان.    

ئاماده‌کردنى: سه‌روه‌ر محه‌مه‌د به‌ هاوکارى پاێزگارى سلێمانى و به‌مه‌به‌ستى به‌ره‌وپێشبردنى فه‌رهه‌نگ و کلتوورى کوردى، ئۆرکێستراى لاوانى سلێمانى کۆنسێرتى ساڵانه‌ى خۆى ئه‌نجامده‌دات، له‌ به‌روارى 8/2/2019 له‌ هۆڵى ڕۆشنبیرى سلێمانى, کاتژمێر(4:30) سه‌ر له‌ ئێواره‌. ده‌رباره‌ى چۆنێتى به‌ڕێوه‌چوونى کاره‌کانى ئۆکستراکه‌یان، ئاکۆ عه‌زیز عینایه‌ت سه‌رپه‌رشتیارى ئۆکستراکه‌ وتى: ئێستا جگه‌ له‌ کونسێرتى بچوک بچووک، ئه‌م کاره‌ حه‌وته‌مین کۆنسێرتمانه‌ که‌ ئه‌نجامى ده‌ده‌ین، ئه‌مساڵ 10 کارمان ئاماده‌ کردووه‌، هه‌مووى  کاره‌کان خۆم ئاماده‌مکردوه‌، جگه‌ له‌ یه‌ک کارییان، ئه‌ره‌نجى من نیه‌,  جگه‌ له‌وه‌ش دووکاریى ترم کردووه‌ به‌شێوه‌ى گۆرانى به‌ناوه‌کانى(خۆزگه‌ و ئه‌زدچم) که‌ هه‌ردووکى ئاباس له‌ ئازاره‌کانى میله‌ت ده‌کات، باسکردنه‌ له‌ ئه‌و دۆغه‌ ناخۆش و نا هه‌موواره‌ی که‌ به‌سه‌ر ئه‌و میلله‌ ته‌داهاتووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ند کارێکى جیهانى و فیلم و دوو کاریان  سۆڵۆى که‌مان و دووکارى تریشیان پیانۆیه‌. ده‌رباره‌ى پاڵپشتى کردنى کاره‌کانیشیان ووتى: تاکه‌ سه‌چاوه‌ى به‌رده‌وامیوو بژێووى ئه‌م ئۆرکێسترا ئه‌و فێرگه‌یه‌ که‌ لێره‌ کردوومه‌ته‌وه‌، ئه‌م" فێرگه‌یه‌ تاکه‌ هێزى پاڵپشتى ئۆرکێستراکه‌یه‌." ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و خوێندکارانه‌ى که‌ دێنه‌ ئێره‌ بڕێک پاره‌یان لێوه‌ر ده‌گرم وه‌ک پاڵپشتییه‌ک یاخوود بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم کرێى فێرگه‌که‌ به‌م له‌گه‌ڵ دابین کرنى پێداویستیه‌کان.        

رۆمانی "دەریاس و لاشەکان" نوێترین ڕۆمانى نوسه‌رى دیار (به‌ختیار عه‌لى)ه‌ و ئێستا له‌ چاپخانه‌یه‌و به‌م زوانه‌ له‌ ناوه‌ندى (ڕه‌هه‌ند) ى شارى سلیمانى بڵاوده‌بێته‌وه‌، لەگەڵ ئەم رۆمانەشدا کتێبێکی تیۆری نویی نووسەر لە هەمان کاتدا بڵاو دەبێتەوە.

  ژۆزێ لاپوانت لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی هەندێک کەس پێیان وایە پیاوە، هی واش هەن وا دەزانن لە فەڕەنسا یان لە ژاپۆن دەژی: ئەوەی ڕاستی بێ، ئاکی شیمازاکی کە کتێبەکانی بە دە زمانێک وەرگێڕدراون، هێندەی رێژان دووشارم [ی نووسەر] نهێنیپارێزە. ئەم نووسەرە بە ڕەچەڵەک ژاپۆنییە کە نزیکەی بیستوپێنج ساڵە لە مۆنترال دەژی، بەردەوام چاوپێکەوتن ڕەت دەکاتەوە، هەروا بە خۆشی نا، بەڵکوو لەبەر ئەوەی پێی وایە خودی کتێبەکان باسی خۆیان دەکەن. "من پێم خۆش نییە ئەوە شیی بکەمەوە کە چۆناوچۆن چیرۆکەکانم بخوێنرێنەوە. حەز دەکەم خوێنەران خۆیان بڕیار بدەن." ئاکی شیمازاکی، شانزە ساڵ لەمەوبەر، لە دەسپێکی پیشەکەیدا، بە پیر میدیاکانەوە هات. بەڵام وازی لەم لایەنەی پیشەکەی هێنا، کەمێک بێتاقەت بوو لەوەی بەردەوام پرسیاری هاوشێوەی لێ بکرێ. ئەم ژنە کورتەباڵا بەکەفوکوڵ و ڕازدارە دەڵێ پێش هەموو شتێ لەبەر ستایشی بۆ چییەتی خوێندنەوەمان پەسندی کردووە چاوی بە ئێمە بکەوێ - هەڵبەت چوار ساڵ پاش داواکاریی یەکەممان! لێ پاش خەفەت دەربڕین بە هۆی ئەوەی قسەکانی بە گشتی لەلایەن ڕۆژنامەنووسەکانەوە دەشوێنرێ، ڕەتی دەکاتەوە وتوێژەکە تۆمار بکەین. بەر لەوەی ئێمە ناڕەزایی دەرببڕین، دەڵێ: "ئاسایی نییە. نامەوێ دەنگی من هەڵبگرن." کەواتە، دواجار ئەمە "کەسایەتی"یەکە کە پاشنیوەڕۆیەکی خۆشی پاییز لە چایخانەیەکی "گەڕەکی لاتین"، دێتە لامان، بەڵام بە سینگفراوانی و بۆ ماوەی سەعاتێک پەسندی دەکا لە خۆی بدوێ، لە شێوازی خەبات و مەیل و هەوڵدانی بێوچانی بۆ نووسین و هەروەها ئەو شتەی هانی دەدا بە دوور لە خۆدەرخستن بژی. "دەمەوێ ئاسوودە بم، ئاکی شیمازاکی وا دەڵێ. ئەگەر چاوپێکەوتنەکان قەبوڵ بکەم، چیتر کاتم بۆ نووسین نامێنێتەوە. ئەمە جاڕز و تووشی بنبەستم دەکا." ئەم نووسەرە ٦١ ساڵە ماوەی چوار ساڵە خێراییەکەی بردووەتە سەر. ئێستا هەموو ساڵێ ڕۆمانێک چاپ دەکا، ڕۆمانە هەرە تازەکەی "هۆزوومی"یە کە ئەم پاییزە کەوتە بەر دیدی خوێنەرانەوە. بەدەم پێکەنینەوە دەڵێ لە ئێستاوە "دووگیان"ە بۆ ڕۆمانی داهاتوو. "هەموو کەسێک دەبێ چارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی شتێک لە ژیانی بکا. بۆ من نووسینە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێویستیم پێیەتی. ناتوانم دەست هەڵگرم، ئەگینا هاوسەنگیی خۆم لەدەست دەدەم." ئاکی شیمازاکی لە هەرێمی کێبێک بەم هاوسەنگییە دەگا، لەوێ بۆی دەرکەوتووە دەبێ بنووسێ. لەکاتێکدا ٢٦ ساڵ لە ژاپۆن و ١١ ساڵ لە بەشی ئینگلیزی زمانی کەنەدا ژیابوو، لە کێبێک ئازادی خۆی و ورەی دەستپێکردنی دۆزییەوە. لە تسووباکییەوە (١٩٩٩) بۆ هۆزووکی، ئێستە خاوەنی دوانزە ڕۆمانە (دە ڕۆمانی یەکەم دوو پێنجێنە پێک دێنن) کە هەموویانی ڕاستەوخۆ بە زمانی فەڕەنسی نووسیوە. ئایا بە ژاپۆنی جیاواز دەنووسی؟ "بەدڵنیاییەوە. لە ژاپۆنیدا ڕستەکانم دوور و درێژترن. لە زمانی فەڕەنسیدا، زۆر کورتن." ستایلی شیمازاکی ئاوایە: نووسینێکی لەڕادەبەدەر سادە، ڕستەی کورت و ڕاستەوخۆ، بێ قۆرت و پێچ و دەربڕینی شاعیرانە. هەر کام لە کتێبە کورتەکانی هێڵێکی جیاوازی نێو چوارچێوەی پڕ لە کۆدی کۆمەڵگەی ژاپۆنی دەگرێتە بەر، بەگشتی لە دەوری نهێنییەکی ڕابردوو دەسووڕێنەوە، زۆربەی کاتەکان سەبارەت بە بنەماڵەیە، بەتایبەتیش لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ژن و مێردایەتی.      "لە بارەی ژیان و خۆشەویستییەوە دەنووسم"، نووسەر وا دەڵێ کە خۆی بە کۆمیدیکارێک بەراورد دەکا و هەموو جارێ دەچێتە نێو پێستی کەسایەتییەکەیەوە بۆ ئەوەی بتوانێ مۆنۆلۆگە دوور و درێژەکانی بخوڵقێنێ. "ئەوە من نیم قسە دەکا، بەڵکوو من خۆم دەخەمە شوێنی ئەوان. ئەگەر من ئەوان بوایەم چیم دەکرد؟" بەم جۆرە لەسەر پانتایی ئارامیی ڕۆمانەکانی ئاکی شیمازاکی ئاوهەڵدێری هەستەکان و مەیل و تاسە زەق دەبێتەوە. ئەو پێی وایە ڕۆڵی وی نووسینەوەی هەستەکان نییە، بەڵکوو لێ دەگەڕێ خۆیان دەربخەن. "نامەوێ کورت و پوختیان بکەمەوە، بەس ئەو شتە دێنمە خەیاڵ کە کەسایەتییەکان هەستی پێ دەکەن."   واتای نووسین ئاکی شیمازاکی، بەر لە هەڵبژاردنی کەسایەتییەک، ناونیشانێک هەڵدەبژێرێ - تەنیا وشەیەک، ئەویش بە ژاپۆنی، کە بە گشتی ناوی شتێک، گیایەک یان گوڵێکە. "سەرنج دەدەم بزانم لە گوێمدا چۆن دەزرینگێتەوە. بۆ نموونە هۆزووکی [بزگیلە] و میتسووکۆی قارەمانی نێو ڕۆمانەکە. ئەوسا بیر لەوە دەکەمەوە لە تەک هەردووکیان چیم بۆ دەکرێ." لە ڕۆمانی هۆزووکیدا، ئیلهامی لە چیرۆکێک وەرگرتووە کە چل ساڵ لەمەوپێش بیستوویەتی، چیرۆکی دۆزینەوەی کۆرپەیەک بە مردوویی. "نەمدەزانی چۆناوچۆن ئاڕاستەی بکەم، بە پێی پێویست بەهێز نەبووم. جاری وایە، هەندێک تۆو هەن بۆ ماوەیەکی زۆر بە چێندراوی دەمێننەوە، زەمەن تێدەپەڕێ و دواجار ڕۆژێک کۆیان دەکەیتەوە." هۆزوومی چیرۆکی میتسووکۆ دەگێڕێتەوە، ژنە خاوەنی کتێبفرۆشییەکی دەستی دووی تایبەت بە کتێبی فەلسەفی، دایکێکی تەنیا لەگەڵ کوڕیژگەیەکی دووڕەگە و کەڕ. بەڵام ژنە گەنجەکە نهێنییەکی بەنرخی هەیە کە بۆی هەیە لە لایەن کڕیارێکی نوێوە لەقاو بدرێ. ئەم ڕۆمانە خەفەتهێنە کە لە کۆتاییدا ڕەنگە فرمێسک بە چاوی زۆربەی هەرە زۆری خوێنەرانیدا بێنێ، بۆ نووسەرەکەی دەرفەتێک بووە بۆ بیرکردنەوە لە هێزی پەیوەندیی دایکانە، جا بایۆلۆژی بێ یان بە پێچەوانەوە. بەڵام بابەتی کتێبەکە، وەک هەمیشە، لە کۆتایی بەسەرهاتەکەدا خۆ دەنوێنێ. "واتای نووسین چییە؟ من خۆم لە کاتی نووسیندا بۆم دەردەکەوێ، چونکە نازانم کۆتایی چۆنە. پێم وایە ئەگەر هەر لە سەرەتاوە بابەتەکە دیاری بکەم، ناوەڕۆکەکەی هێندە قووڵ نابێ، تەنانەت هەندێک جاڕزکەر دەبێ." بەم جۆرە، لە ڕۆمانی هۆزووکیدا، بابەتی خۆشەویستی دایکانە هێدی هێدی خۆی نیشان دەدا. لەبەر ئەم هۆکارەیە دەبێ ئەو دواتر، پێش ئەوەی دەستنووسەکانی بدا بە وەشانخانەکەی، دەقەکانی چەندین جاری تر بنووسێتەوە - سێ تا پێنج جار! "کاتێک تێدەگەم کە دەمەوێ چ بڵێم، لە سەرەتاوە دەست پێ دەکەمەوە تا کۆتایی. بە ڕاستی جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان نوسخەی یەکەم و کۆتاییدا! خۆم دەروونشیکاریی خۆم دەکەم." ئاکی شیمازاکی بە ئەسپایی بەرەو ئەو شتە دەڕواتەوە کە لە دونیادا بۆ وی ئازیزترینە، نامۆبوون و ئارامی. ماڵئاواییمان لێ دەکا، ئێمە هیوا دەخوازین هێشتا زۆر چیرۆکی تر بنووسێ کە لە ناخەوە بمانهەژێنێ. "گەلێک نووسەر هەن خەون بەوەوە دەبینن بەناوبانگ بن. من، بەپێچەوانەوە. لە سۆنگەی منەوە، نووسەرێک، کەسێکە کە دەنووسێ."  

سەنگەر زراری ئێستاش لای ھەندێ نووسەر و ئەدیب و شیعرنووس، باو باوی نەتەوەپەرستی و قەومچێتییە، ئەوان بێ ئەوەی ھەستی پێبکەن نەتەوەچێتی ناکەن، بەڵکو تەنھا دژایەتی عەرەب دەکەن، بۆ نموونە وشەی عەرەبی بەکارناھێنن، بەڵام وشەکانیشیان نەکردۆتە وشەی کوردی پاراو، بەڵکو کردویانەتە ئینگلیزی یان زمانێکی دیکەی ئەوروپی کە خۆشیان تێی ناگەن (چونکە خۆیان نەیانھێناوە، بەڵکو لە خەڵکی دیکەیان وەرگرتووە و بە ھەڵە بەکاری دێنن)، زۆرێکیش لەوانە نانیان لە قاپی عەرەبان خواردووە و لە ڕێگەی عەرەبەوە فێری ئەو بڕە سەقافەتە بوونە، کەچی بە ناوی کوردایەتییەوە دژایەتی عەرەب دەکەن، ئەم بابەتە بەرگریی نییە لە عەرەب، بەڵكو گوتنی واقیعێكە كە ئەوەندەی پەیوەندیی بە خۆمانەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندیی نە بە عەرەب و نە بە هیچ نەتەوەیەكی دیكەوە نییە. بێکەس گوتبووی: "ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە". باشی گوتبوو. کاتێ بەختیار عەلی لە بەرامبەر ئەوەدا گوتی: "ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم، بەڵام نامەوێ شێوەتم بیرکەوێتەوە". ھەندێک دەیانگوت چۆن ئەدیبێکی وا بەناوبانگ کە کتێبەکانی ھەر کورد دەیخوێننەوە و یەکێکە لەو ئەدیبانەی زۆرترین کتێبی لەناو کوردان دەفرۆشرێن، دەبێ دژی وەتەنی خۆی قسە بکات و نەیەوێ شێوەی وەتەنی بیرکەوێتەوە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە وەتەنی سەردەمی بێکەس، وەتەنێکی داگیرکراو بوو، لەکاتێکدا وەتەنی سەردەمی بەختیار بە جۆرێک بوو کە خەڵک شەرمی دەکرد بڵێ: خەڵکی ئەم وڵاتەم، وەتەنێک بوو بەشەر بەشەری دەخوارد و کەس نەیدەوێرا سەر لە ماڵ دەربێنێ. شاعیری عێراقی ئەحمەد مەتەڕ زۆر ڕەخنە لە نەتەوەکەی خۆی دەگرێ و تەنانەت گاڵتەشیان پێ دەکات: "کوڕیژگەکە بە گوێدرێژەکەی گوت: ھەی گەمژە گوێدرێژەکە بە کوڕیژگەکەی گوت: ھەی عەرەب". واتا گەمژەیی چەندە عەیبە، عەرەبێتی عەیبتر، چونکە کاتێ یەکێک جوێنێک دەدا، ھەمیشە ئەگەر بەرامبەرەکەی بە جوێن وەڵامی بداتەوە، جوێنێکی خراپتری پێ دەدات، ئەحمەد مەتەڕیش (ھەی عەرەبی) لە کاردانەوەی (ھەی گەمژە) نووسیوە. مەتەڕ لە کورتە شیعرێکی دیکەدا دەنووسێ: "سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ئاگادارکەرەوەی کاتژمێرەکە بە ئاگای ھێنامەوە و پێی گوتم: ئەی ڕۆڵەی عەرب ئێستا کاتی نووستنە". مەتەڕ پێی وایە کە عەرەب ئەوەندە دواکەوتوون، خەو لە خەو گرێ دەدەنەوە، کەچی ڕۆشنبیرانی عەرەب نەک بە خۆفرۆشی دانانێن، بەڵکو بەردەوام دەیخوێننەوە و بە یەکێک لە شاعیرە پێشەنگەکانی خۆیانی دادەنێن. داھێنانی نووسەرانی گەورە بە نەتەوەچێتی نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، بەوەیە شیعرێك، چیرۆكێك، ڕۆمانێك، یان هەر هونەرێكی دیكە بەرهەم بێنی، كە سنووری نەتەوەكان ببڕێ، وەكو چۆن نووسەرە گەورەكانی دنیا وایان كردووە و بۆیەشە كامە نووسەر جیهانییتر دەنووسێ، ئەو براوەترە.

سازدانى: شاخه‌وان سدیق بەشی دووەم یه‌کێک له‌ ده‌نگه‌ جدییه‌کانى ئێستاى ناو دونیاى ئه‌ده‌بى و فکرى ئێمه‌، که‌ هه‌موومان به‌ کتێب و نوسین و شیکردنەوە و سه‌رنجه‌کانى ئاشناین، دکتۆر(مه‌ریوان وریا قانح)ە، ئه‌و ئه‌گه‌رچى له‌ ئێستادا کەمتر سه‌رقاڵى ئه‌ده‌بیاته‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌و بواره‌دا دانه‌بڕاوه وجێده‌ستى دیاره‌، وه‌ک بڵاوکراوه‌ى (په‌ڕاو) به‌ باشمان زانى ده‌رباره‌ى شیعر و گرنگى ئه‌م ژانره‌ بۆ ژیان، ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا سازبده‌ین. *زۆر که‌من ئه‌وانه‌ى که‌ده‌زانن تۆ ڕۆژێک یان ئێستا شیعرت نووسیوە و شیعر ده‌نوسیت،‌پاش ساڵانێکى زۆریش له‌نوسینى شیعر، دواجار ساڵى (2005) بڕیارتدا ”کتێبى دڵشکان“، که‌ئه‌زموونى تۆیه‌له‌بوارى شیعر نووسیندا، بڵاوبکه‌یته‌وه‌. خۆشت له‌پێشه‌کى کتێبه‌کەدا‌ده‌ڵێیت: نوسینم زۆره‌، به‌ڵام ترسم له‌بڵاوکردنه‌وه‌هه‌یه‌. تا چه‌ند پێتان وایه‌شیعر حاڵه‌تێکى زاتیه ‌و که‌متر شاعیرى ڕاسته‌قینه‌دان به‌خۆیدا ده‌نێت ئه‌و هه‌سته‌تایبه‌تانه‌ى بڵاو بکاته‌وه‌؟   مەریوان وریا قانع: لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا باسم لەوە کرد کە من شیعر وەک ئامرازیی ڕاڤەکردنی مرۆڤ بۆ خودی خۆی و بۆ ئەو پەیوەندییەی بە دونیا و بە زمانەوە دروستیدەکات، دەبینم. شیعر وەک شیکردنەوەیەکی وردیی ژیان، ژیانی تاکە کەسێک کە لەناو زماندا فۆرم و مانا و ناوەرۆکێکی دیکە وەردەگرێت. من زۆر پێ لەسەر مەسەلەی زاتیبوونی شیعر دادەگرم، شیعر و ئەزموون و شیعر و مامەڵەکردنی جیھان بەیەکەوە گرێئەدەم. ھەمووشیان لە دیدی تاکە کەسێکەوە کە لە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و سەختدایە لەگەڵ ھەر یەکێک لەو شتانەدا. با کەمەکێک وردتر ئەم خاڵە ڕوونبکەمەوە و بۆ ئەمەش بۆ ھەندێک بۆچوونی ھایدگەر دەربارەی شیعر دەگەڕێمەوە، بەڵام بەبێئەوەی سەرجەمی دیدە ھایدگەرییەکە قبووڵبکەم. لە دیدی ھایدگەردا شیعر بریتییە لە زمان لە دۆخی پاکیەتییەکی ڕەھادا، زمانە بە پاکژیی و پاکیزەیی، pure language. لە شیعردا ”وجودی زمان“ بەرجەستەدەبێت، جودێک کە لە بنەڕەتدا جەوھەرێکی نەناسراو و نادیارە. لای ھایدگەر شاعیر کە دەنووسێت ”گوێ بۆ زمان دەگرێت“، وا دەکات ”زمان قسەبکات“ و لەڕێگای ئەم قسەکردنەوە ”زمان جەوھەری خۆی دەربخات“. بەڵام ھایدگەر تەنھا بەوەوە ناوەستێت کە شیعر وەک زمانێکی پاکیزە، زمانێکی پاکژ، ببینێت، بەڵکو ھەنگاوێکی ڕادیکاڵانەی تر دەنێت و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە شیعر تەعبیر نییە لە جیھانیبینی شاعیرەکە یان لە ئەزموونەکانی، بەڵکو تەنھا تەعبیرە لە خودی زمان خۆی. ئەوەی لە شیعردا دەدوێت زاتیەتی شاعیرەکە نییە، بەڵکو زمانە کە لەناو شیعردا قسەدەکات، ”تاریکییەکی جەوھەریی“ قسەدەکات کە تاریکیەکانی ناو زمانە. واتە ھایدگەر زاتیەتی شاعیرەکە دەکاتە دەرەوەی زمان و دەرەوەی کردەی شیعرییەوە. ئەمەش خاڵێکە من نەک تەنھا باوەڕم پێینییە، بەڵکو ڕێک پێچەوانەکەی بە ڕاست دەزانم. ئەوەی بەلای منەوە لەم دیدە ھایدگەریەدا گرنگە و پێموایە دەکرێت شتێکی جەوھەریمان لەسەر شیعر پێ بڵێ ئەو ڕوانینەیە کە شیعر وەک ”زمان لە دۆخی پاکێتیەکی ڕەھا“دا، لە دۆخی ”پاکژیی و پاکیزەیی“دا وێنادەکات. واتە زمان لە دۆخی بەر لە بەکارھێنانیدا بۆ گەیاندنی دیدێک یان مەبەستێکی پێشتر ئامادەکراو لە دەرەوەی کردەی شیعری خۆیدا. ئەگەر شیعر زمانێکی پاکژبێت، زمان بێت وەک کەرەستەیەکی خاوی دەست بۆنەبراو، ئەودەم ئینسان دەتوانێت بەم کەرەستەخاو و پاکژە، چەندەھا شت دروستبکات کە پێشتر بوونیان نەبووبێت  و جیاوازبن لەوەی کە ھەیە و لەئارادایە، دەتوانێت شتێک بە زمان بگوترێت کە پێشتر نەگوترا بێت، ئەزموونێک بەرجەستەبکات کە بەرجەستەبوونی لە مەحاڵەوە نزیکبێت، ماڵێکی لێدروستبکرێت کە تەنھا لەناو شیعردا بکرێت دروستبکرێت، ”بوون“ یان ”خود“ ێک بە جۆرێک دابڕێژێتەوە تەواو جیاواز لەوەی کە بەر لە کردە شیعریەکە لەئارادابووە، یاخود ھاوسەنگییەک دروستبکات کە پێشتر بوونی نەبووبێت، یان دید و ڕوانینێک بەرجەستە بکات کە بەر لە لەدایکبوونی ئەو شیعرانە بوونیان نەبووبێت. بەبۆچوونی من ئەم کردەی دروستکردنانە وادەکەن شیعر زۆر دیاردەیەکی زاتیی و شەخسیی بێت، ئەو کەرستەخاوە و پاکژییە دەستبۆنەبراوە لەڕێگای کەس و ئەزموونێکەوە دەستی بۆدەبرێت و دەکرێت بە شتێک بە جۆرێکی تایبەت لەناو زمان و لەناو جیھاندا ئامادەیە. ھەر کەسە دەتوانێت شتێک بەو ”زمانە پاکژ“ە دروستبکات، یەکێک تەنھا مانای پێ دروستدەکات، یەکێک بوونی خۆی پێ دەگۆڕێت، یەکێک ماڵێکی میتافۆریی پێدروستدەکات، ھتد.. لە دۆخی مندا شیعر ئامرازی دروستکردنی ئەو ماڵە میتافۆریەیە کە لە دۆخی بێماڵییەکی ڕەھاوە لەناو دونیادا دروستدەبێت. ھاوکات کارکردنە لەگەڵ ئەزموونێکی تایبەتی مرۆڤبووندا کە تەواو شەخسیی و تاکەکەسییە. لەم ڕوانینەدا شیعر ھەوڵدانی تاکە کەسێکە بۆ دروستکردنی زمانێکی تر کە بتوانێت ڕوانینێکی تر بۆ مرۆڤ و بۆ دونیا دروستبکات و پەیوەندییەکی نوێش لەنێوان خود خۆیدا وەک تاکەکەسێک و ئەو دونیایەدا پێشنیاربکات کە تیایدا ئامادەیە، لە ھەموو ئەو دۆخانەدا شیعر دەتوانێت شتێک لەسەر خۆی و لەسەر زمان و لەسەر جھیان بڵێت کە بەر لە نووسینی، نەزانراوبێت. بە کورتییەکەی شیعر جۆرێکی تایبەتی ژیانە لەناو زماندا، یان وەک من دەڵێم دروستکردنی ماڵێکە لەناو زماندا، کە ھەم زمان مانا تەقلیدییەکانی لە دەستئەدات و ھەم ماڵ و ھەم ژیانیش، ھەر یەکێکیش لەمانە یەکێکە لە شەخسیترین ئەو شتانەی تاکەکەسێک بتوانێت ھەیبێت. بەبۆچوونی من شاعیری ڕاستەقینە لەناو شیعردا دەبێت بە خۆی، دەبێت بەو ”من“ەی کە دەشێت لە شوێنی تردا و لەناو پەیوەندیی تردا بزری بکات. بۆ نموونە لە ناو کولتور و دین و سونەت و ڕای گشتیی و شتی تری لەو بابەتەدا. بەم مانایە شیعر دروستکردنی ماڵێکە بە ڕستە و ریتم و وێنە و بۆشایی کە تیایدا مرۆڤ کەسایەتی خۆی سەرلەنوێ دوستدەکاتەوە.  لەم ڕوانینەدا شیعر ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، بەڵام دەتوانێت بەرچاوڕوونییەک بە مرۆڤ ببەخشێت لە پەیوەندیدا بە خودیی خۆی و بە زمان و بە دونیاوە، وەکچۆن ئامرازێکی زۆر گرنگ و سەرەکیی دروستکردنی ئەم خودە خۆشیەتی. ئەگەر بکرێت دەستەواژەیەک لە میشێل فوکۆ وە وەربگرم، دەکرێت بڵێم شیعر جۆرێکی تایبەت و گرنگی ”تەکنۆلۆژیای خود“ە، تەکنیکی دروستکردن و داھێنانی خودە لەناو پرۆسەیەکی ئازاد و داھێنەرانەدا. لەشیعردا مرۆڤ دەیەوێت خۆی وەک تاکەسێکی تایبەت و دەگمەن دروستبکات و دابھێنێت، تاکەکەسێک خوەنی زمان و ڕوانین و ئەخلاقی تایبەت. دونیایەکیش دوستدەکات کە دونیای تایبەتی ئەوە نەک ھی بوونەوەرێکی تر.  پێموایە بەشێکی گرنگیی مێژووی شیعر لەم ئاستە تایبەتەدا کاریکردوە، ئەرکی ژمارە یەکەی ئەوەبووە بوونەوەرێکی ئەخلاقیی   و بەرپرسار دروستبکات یەکەمجار لەبەردەم خود خۆیدا، دواتر لە بەردەم دونیا و ئەوانیتردا. بێگومان ئەمە تەنھا دەرکەوێکی شیعر نییە لەناو مێژووی ئەدەبیاتدا. بۆ نموونە شیعر لە ئەدەبیاتی ئێمەدا، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەم و لەگەڵ ئەزموونی حاجی قادری کۆیی دا، تا سەر شێرکۆبێکەس، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی بریتیبووە لە ”دروستکردنی نەتەوە لە تێکست“دا. ئەم دروستکردنەش لە زیاد لە ڕێگایەکەوە، لە ڕێگای بەکارھێنانێکی تایبەتی زمانەوە، لەڕێگای دروستکردنی یاداوەرییەکی دەستەجەمعیی تایبەتەوە، لە ڕێگای تۆمارکردنی بڕێکی گەورە لە پەژارە و کۆستە گشتییەکانەوە، لەڕێگای کارکردن لەسەر ئەو فۆرمە لە حەماسەت و ئەو شێوازە لە سایکۆلۆژیا پۆزەتیڤەوە کە ئەم پرۆژەی دروستکردنی نەتەوەیە پێویستیی پێیەتی. بە مانایەکی دیکە شیعر لێرەدا خەریکی دروستکردنی ماڵێکی دەستەجەمعییە. بەم مانایە بەشێکی گەورەی شیعری کوردیی لە حاجی قادری کۆیەوە ”تەکنۆلۆژیای دروستکردنی خودێکی دەستەجەمعییە“ لەناو مێژوویەکی خوێناویدا کە شوێنێک بەو خودە دەستەجەمعیەی نابەخشێت، شاعیرەکانیش لە پەیوەندیاندا بەو پرۆژە دەستەجەمعییەوە کەسایەتی خۆیان دادەھێنن و دروستدەکەن. من باوەڕم بە دروستکردنی ھیچ ماڵێکی دەستەجەمعیی لەناو شیعردا نەماوە، نە ماڵی نەتەوە، نە ماڵی حیزب، نە ماڵی ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای دەستەجەمعیی، نە ماڵی دین، نە ماڵی ھیچ دونیابینییەکی عیرفانیی، نە ماڵی ھیچ چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیی. ئەوەی لە شیعردا دروستدەکرێت ئەو ماڵ و زمان و ئاکارە تاکەکەسیانەیە کە مرۆڤێک دەکەنە بوونەوەرێکی تایبەت و کە شیعریش دەکەنە ڕووبەرێکی تایبەتی نووسین. بەلای منەوە ئەو بوونەوەرەی کە خۆی لەناو شیعردا دروستدەکات، بوونەوەرێکی بەرپرسیار و ئەخلاقییە، کەسێکە لەسەرێکەوە دەچێتە دەرەوەی عادەتەکانی زمان و گرامەریی ژیانی ڕۆژانە و فشاری گوتارەکانەوە، بەڵام لەلاوە وەک بوونەوەرێک دێتەدەرەوە کە ھەم مشور لە خۆی و ھەم مشور لە دونیا دەخوات. ھەم بوونەوەرێکی ئەخلاقییە بەرامبەر بە خۆی، ھەم بەرامبەر بە جیھان. لەناو شیعردا مرۆڤ ھەم دەبێت بە ھاوڕێی خۆی، لەڕێگای کردەی خۆدروستکردنێکی بەردەوامەوە، ھەم ئەبێت بە ھاوڕێی زمان لەڕێگای بەکارھێنانێکی زۆر تایبەتییەوە، ھەم بە خەمخۆری ئەو دونیایەی کە وەک تاکەکەسێک تیایدا دەژیی. لێرەدا کە باس لە ئەخلاق دەکەم مەبەستم ئەخلاق بە مانا تەقلیدییەکەی نییە، بە مانای پیاوماقوڵبوون و موحتەرەمبوون و ئەو شتانە نا، بەڵکو بەمانای بونیادنانی پەیوەندییەکی دوو جەمسەرەی ئازاد ھەم لەگەڵ لەگەڵ خود خۆیدا لە ساتەوەختی دروستکردن و چاودێریکردنیدا، ھەم لەگەڵ دونیای دەرەوە و مرۆڤەکانی تردا. ئەخلاق لێرەدا بەرزکردنەوەی ئازادییە بۆ ئاستی ھێزێک کە بەھا و یاسا و نۆرم دروستبکات، بەڵام بەھا و یاسا و نۆرمێک کە خود خۆی خاوەن و دروستکەریانە. ھەموو ئەمانەش مانای دروستکردن و داھێنانی خود وەک بوونەوەرێکی بەرپرسیار، وەک کەسێک کە پەیوەندیی خۆی بە خۆیەوە و پەیوەندیی خۆی بە جیھانەوە وەک پەیوەندییەکی ھونەریی ببینێت و مامەڵە بکات.  ئەم دۆخە وادەکات شیعر تایبەتیترین و خودیترین شێوازی نووسین بێت، ئینسان شیعر نانوسێت بۆئەوەی لە دونیا بگات، بەڵکو بۆئەوەی دەنووسێت لە خۆی بگات، دونیا لەڕێگای شیعرەوە دروستناکرێت، بەڵام خود لەم ڕێگایەوە دروستدەکرێت..

لە عەرەبیەوە: شوان ئەحمەد بەرایی: مارتن هایدیگەر و هێربەرت ماركۆزە، دوو ناوی دیاری ناو كاروانی فەلسەفەی خۆرئاوان لەسەدەی بیستەمدا. هایدیگەر وەك فەیلەسوفێكی ئۆنتۆلۆژی و خاوەنی (بوون و كات) كە بەشاكارێكی فەلسەفی گرنگ و ناوازە ئەژمار دەكرێت، هێربەرت ماركۆزەش وەك یەكێك لەبیرمەندە دیار و چالاكەكانی قوتابخانەی فرانكفۆرت. لە 1928-1932 ماركۆزە خوێندكاری هایدیگەر بووەو لەزانكۆ لەسەردەستی ئەو خوێندویەتی. كەنازیەكان دێنە سەر كورسی حوكمڕانی لەئەڵمانیا، بیرمەندانی قوتابخانەی فرانكفۆرت وڵات جێدێڵن (ئەدۆرنۆ، هۆركهایمەر، واڵتەربنیامن و هێربەرت ماركۆزە و.... هتد). لەو چوارە سیانیان دەگەنە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لێ‌ بنیامین لەسەر سنورەكانی فەرەنسا و ئیسپانیا خۆی دەكوژێت. دوای كۆتایهاتنی دووەم جەنگی جیهانی و ژێرەو ژوربونی حوكمڕانی نازیەكان، ماركۆزە و ئەندامانی قوتابخانەی فرانكفۆرت دەگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا، ئەوكات هایدیگەر لەتوتناوبرگ دەبێت و ماركۆزە سەردانی دەكات. هایدیگەر لەو قۆناغەدا بەتۆمەتی نازیی بوون كەنارگیر كرابوو. لەسەر ئەو پرسە ماركۆزە دوو نامەی ئاڕاستە دەكات، یەكەم نامەیان لەبەرواری 28-ئابی- 1947دا نوسراووەو ئێمەش لێرەدا دەقی ئەو نامەیە دەخەینە ڕوو كەقوتابیەك ئاڕاستەی مامۆستاكەیی دەكات و هەندێ‌ پرسیار و دەردەدڵ و گلەیی لەخۆ دەگرێت.           دەقی نامەكە وات بۆ باسكردم كەلەساڵی 1934 پەیوەندیت بەڕژێمی نازیزمەوە نەماوەو لەدەرسگوتارەكانیشتدا، هەڵوێستێكی ڕەخنەگرانەت هەبووەو بەوەش كەوتونەتە ژێر چاودێری گستاپۆوە. من لێرەدا نامەوێت گومان لەقسەکانتان بکەم، وەلێ ئێوە لەنێوان ساڵانی 1933 بۆ 1934، زۆر بەخەستی تەماهیتان لەگەڵ نازیزمدا كردبوو. بەجۆرێك زۆرێكی زۆر پێیان وابووە، ئێوە گەورەترین ڕۆشنبیرێك بوون كەلایەنگری ڕژێم بوون. هەندێ‌ لەوتارو نوسین و بەرهەمەكانتان كەهی ئەو قۆناغەن، ئەوە دەسەلمێنن و ئێوەش هەرگیز نکوڵیتان  لەوە نەكردووە، تەنانەت دوای كۆتایهاتنی جەنگیش. لەبەرامبەر ڕای گشتیشدا ئەوەتان ڕوننەكردەوە كەچۆن چۆنی، گەیشتنە ئەو بڕیارانەی پێچەوانەیە لەگەڵ ئەوەی لەنوسینەكانی ساڵانی  1934و1935  دا باستان لێكردووە. دوای ساڵی 1934 هەر لەئەڵمانیادا مانەوە، هەرچەندە دەتان توانی لەهەر جێیەك بێت لەدەرەوە، شوێنێكی گونجاو بدۆزنەوە. پاشان بۆ تەنها یەك جاریش چییە، بەئاشكرا هیچ یەك لەكارو كردووەو ئایدیۆلۆژیاكانی ڕژێمی نازیتان سەركۆنە نەكرد. هەر بۆیەو لەبەر ئەو هۆكارانە، ناوی ئێوە هەتا ئەمڕۆش هەر وابەستەیە بەنازیزمەوە. زۆرێكی زۆر لەئێمەو مانان چاوەڕوانی ئەوە بووین، قسەیەكتان هەبێت و بەزمانێكی ڕوون و ڕەوان و یەك بینە، باس لەبێبەری بوونی خۆتان لەڕژێمی نازیزم بكەن. بۆ خاتری ئەوەی هەڵوێستی ئێوە لەئاست ئەوەی كەڕوویدا، ڕوونبكاتەوە. وەلێ‌ ئەوەتان نەكردو گەر كردبێتیشتان، ئەوا لەسنوری ژیانی تایبەتی نەچۆتەدەر. من و زۆرێكی وەك من كەوەك فەیلەسوفێك پێتان سەرسام بووین و لەئێوەوە فێری شتگەلێكی بێشومار بووین، ناتوانین جیاوازی لەنێوان هایدیگەری فەیلەسوف و هایدیگەری مرۆڤدا بكەین. ئاخر ئەوە لەگەڵ فەلسەفەكەی ئێوەدا ناکۆک دێتەوە. دەکرێت فەیلەسوف لەپرس و باسی سیاسیدا هەڵە بكات، وەلێ‌ لەوەها حاڵەتێكدا پێویستە لەسەری، ڕێك و ڕاست و بەئاشكرا دان بەهەڵەكەی خۆیدا بنێ. ‌ئاخر ناكرێت فەیلەسوف دەرهەق بەڕژێمێك بەهەڵەدابچێ‌ كەشەش ملیۆن جولەكەی قەتڵ و عام كردبێت، هەر تەنها لەبەرئەوەی جولەكەبوون. ڕژێمێك كەترس و تۆقاندنی كردبوو بەدۆخێكی ئاسایی ڕۆژانەو هەموو شتێكیش كەسەروكاری لەگەڵ ویژدان و ئازادی و هەقیقەتدا بوو، هەڵیگێڕابووەو خوێناوی كردبوو. نازیزم بەهەموو ڕوویەكدا، شێواندنێكی قێزەونانەی ئەو كەلەپوورەی خۆرئاوابوو كەئێوە خۆتان باستان لێدەكردو زۆر سەرسەختانە بەرگریتان لێدەكرد. تەنانەت لەحاڵەتێكدا گەر نازیزم شێوێنەری ئەو كەلەپوورەی خۆرئاواش نەبێت، بەڵكو خاڵی بەركەماڵ بوونی بوو بێت، لەو حاڵەتەشدا هەر نەدەبوو بكەونە ئەو هەڵەیەوەو دەبوو سەركۆنەتان بكردایەو سەركۆنەی ئەو كەلەپوورەشتان بكردایە. هەستی میللی و تەنانەت ڕۆشنبیرانیش كەبیرمەندێكی نازیزمی پێ‌ قبوڵ ناكرێت، هەر ئەو هەست و نەستە میللیەش ڕەتی ئەوە دەكاتەوە كەبەفەیلەسوفتان دابنێت، لەبەرئەوەی فەلسەفە و نازیزم پێكەوە كۆنابنەوە. لەم خاڵەشدا هۆشیاری میللی، پاساو و بەهانەی خۆی هەیە. ئێمە دەتوانین بەرخوردی ئەو تەماهیكردنە بكەین كەلەنێوان كارەكتەری تۆو بەرهەمەكانت لەگەڵ نازیزمدا دەكرێت و (بەوەش ئەو تەوقە بشكێنین كەدەوری فەلسەفەی ئێوەی داوە)، ئەویش تەنها بەوەدەكرێت بەئاشكرا دان بەوەدابنێن كەڕای خۆتان گۆڕیوە.