یه‌کێک له‌ ده‌نگه‌ ناسراودیاره‌کانى ناو دونیاى نووسینى ئێمه‌(یوسف عزه‌دین)ه‌، ئه‌و خاوه‌نى چه‌ند كتيَب وچەندین نووسینە. ده‌رباره‌ى نوسین و خوێندنه‌وه‌ و دونیابینى ئه‌و بۆ نوسین و په‌یوه‌ندى ئه‌ده‌ب به‌ ژیانه‌وه‌ ئه‌م دیداره‌مان له‌گه‌ڵدا سازدا. سازدانی: شاخەوان سدیق   هاوڵاتی: هەڵبژاردەو کاروکردەی ئێستات لەدنیای ئەدەبیات و مەعریفەدا، وەک نووسەر و ڕۆماننووس؛ حەز و خولیای منداڵیتە.. یان دواتر هۆکارگەلێکی خودی و تایبەت، بەرەو دنیای ئەدەبیاتی بردیت؟ یوسف عزەدین: بۆ نزیک بوونەوە لەوەڵامێکی شایستە بەبگرەو بەردەی نێو پرسیارەکەتان، دەبێت بپرسین بوونەوەرە کتێبییەکان کێن؛ ئەوانەی کتێب دەبێتە بەشێکی جیانەکراوەی بوونیان. ئەوانەی تا لەدنیای مەتەریاڵیداهەبن و هاوکات بەپاڵپشتی توانستە فیکری و زەینی و ئەقڵییەکانیان، بەردەوام دەبن لەخوێندنەوەیەکی نەپساوەی دیالێکتیکیانەدا؟! بۆ نزیک کردنەوەی زێدەتری ئەوەی مەبەستمانە بیڵێین، بەناچاری دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هەردوو ڕۆمانی "سایەی با"و "گەمەی فریشتەکان"ی "کارلۆس زافۆن".. تا لەواتای خوێنەربوون و دنیای نووسەران و پاڵنەرەکانی بوون بەنووسەریان تێبگەین و بشزانین هۆکاری پەیوەست بوونیان بەهەموو ئەوەی لەودنیایەدا دەگوزەرێت چییە؟! لە"سایەی با"دا "دانێڵ"ی کاراکتەری ڕۆمانەکە، پاش چوونی بۆ کتێبخانەی گۆڕستانی کتێبە کۆنەکان، کتێبێک بەناوی "سایەی با" هەڵدەبژێرێت و پاش خوێندنەوەی دەکەوێتە گەڕان بەشوێن "جۆلیان کاراکس"ی نووسەرە نەناسراوەکەی کتێبەکەداو تا دەگاتە حەقیقەتی کوژرانی "جۆلیان کاراکس" لەپاریس. پاشان هەست دەکات، کەسێک هەیە وەدووی کەوتووە هەتا دواهەمین نوسخەیەکی ڕۆمانەکەی لێ بسێنێت و تادوایی سەرجەم ڕووداوە سەرنجڕاکێشەکانی و شایانی باسیشە لێکچووە لەگەڵ ڕۆمانی "گەمەی فریشتە"ی "زافۆن"داو "داڤید" کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە لەکتێبخانەی "گۆڕستانی کتێبەکان"ەوە دەست پێدەکات؛ وەک خوێنەرێکی کتێب بەگشتی و بەتایبەتیش شاکارەکانی چاڕڵس دیکنز...تا دەگاتە ئەوەی کەسێک بەناوی "ئەندریاس کۆریلی" داوای لێدەکات بابەتێك سەبارەت بەدامەزراندنی ئایینێکی نوێ-وە بنووسێت، بەرانبەر بەپارەیەکی زۆر و ئیدی "داڤید" لەم پێناوەدا دەکەوێتە گەڕانێکی بەردەوام بەشوێن زۆرێک لەبیروباوەڕ و ڕێچکە و مەزهەبە ئایینییەکان و تاکتێبێکی سەبارەت بەدامەزراندنی ئایینێکی نوێ دەست دەکەوێت و زۆر وردەکاری کاریگەری مێژوویی و ئەنتۆلۆژیی و وێنەی سیحرئامێز لەنێو ڕۆمانەکەدا دەبینرێتەوەو هەموو ئەوەی کەئاماژەشم پێدا پەیوەستە بەپرسیارەکەتانەوە.. کەواتە هەموو ئەوانەی وەک؛'دانێڵ"و"داڤید" ژیانیان پەیوەست دەبێت، بەکتێبخانەکان، یان"بەگۆڕستانی کتێبەکان'ەوە دەبنە خوێنەری جدی و بەپەرۆشی کتێبەکان.. بێگوومان دواجار ئەمانە بنووسن یان نەنووسن؟! حەزێک یان جۆرێک لەتوانستی گێڕانەوەی تایبەت بەخۆیان تێدا دروست دەبێت.. مەبەستمان ئەوەیە سەرەتای سەرەتاکانی بوون بەنووسەر لەخوێندنەوەوە دەست پێدەکات.. هەر ئەمەشە شاگرد کتێبخانەیەکی وەک "ئەلبێرتۆ مانگوێل" لەداهاتوودا دەکاتە نووسەر و هەر ئەویشە کەبەمێردمنداڵی، " بۆرخیس" ڕۆژانە بۆ ماوەی دوو سەعات، بەکرێ دەیکاتە خوێنەری سەرجەم ئەو کتێبانەی کەمەبەستیەتی موتاڵایان بکات. دواتر " ئەلبێرتۆ مانگوێل" وردەکارییە تایبەتەکانی سەبارەت بەخوێندنەوەی کتێب و پەیوەست بوون و ئیعجابی بەتوانستە جدی و نائاساییەکانی "بۆرخیس"، لەکتێبێکی تایبەتدا دەردەبڕێت و ئیدی دواجار دەبێتە خوێنەرێکی نووسەر و نووسەرێکی خوێنەر.. واتە دەبێتە یەکێک لەخوێنەرە دەگمەنە جدییەکانی دنیاو بابەتی زۆربەی کتێبەکانیشی لەمەدار و پانتاییەکانی دنیای بێ بنەوپەی خوێندنەوەدا هەڵدەسووڕێت.. بۆیە دەرحەق بەوەڵامی پرسیارەکەتان ماوەتەوە بڵێم، دەشێت؛ ئەوەی منی کردبێتە نووسەر؛خوێنەربوون و پەیوەست بوونی نەپساوەو پتەوم بێت؛ بەخوێندنەوەیەکی بەردەوامەوە کەبەچەشنە کەشێکی تایبەتی پەنهان و نهێنی ڕاهیبێکی  دوورەپەرێز و تەنهای نێو کڵێسایەکی دوورەپەرێزی سەرچیایەکی عاسی دەچێت!   هاوڵاتی: هارۆکی مۆراکامی" لەدیدارێکدا دەڵێت:( من لەکاتی سەیرکردنی یاری باسکتبۆڵ-دا لەپڕ بیرۆکەیەکم بۆ هات و بڕیارمدا ببمە نووسەر) ئێوە کەی بڕیاری هاتنە نێو دنیای نووسینی ئەدەبیتانداو بەتایبەتیش دنیای گێڕانەوەی هونەری وەک لە ڕۆمانەکانی خۆتاندا، هەر لەڕۆمانی "تەنها ڕۆژێکی سارد"ەوە تا دەگاتە "وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان" بەرجەستەتان کردووە؟ یوسف عزەدین: "کارلۆس لیسکانۆ" پاش ئەوەی وەک کەسێکی میلیتاری سەر بەڕێکخراوێکی چەپی پارتیزان، بەزامداری دەستگیردەکرێت..دوای ئەشکەنجەدان و تەحقیق و لێدانێکی زۆری وەحشییانەو حوکمدانی بۆ ماوەی چەند ساڵێک.. پاش ئەو هەموو فشارە دەروونیی و جەستەییەی کەتەحەموول کردنی ئاستەمە.. لەپڕ و بێ هیچ پێشینەیەک لەدنیای نووسیندا، بڕیاردەدات؛ ببێتە نووسەر و بەدزییەوە ڕۆژانە لەنێو زینداندا دوانزە سەعاتی خۆی لەنووسینی" کۆشکی دیکتاتۆر"دا سەرف دەکات و کاراکتەرە سەرەکیەکەشی ناو دەنێت "م" و هەر خودی"کارلۆس لیسکانۆ"ش لەبارەی "م"ەوە دەڵێت؛ "م- منی لەتاریکیدا داهێنا"..کەواتە لەجێی ئەوەی خۆی ببێتە داهێنەر و نووسەری"م"، لای ئەو "م"دەبێتە داهێنەرو نووسەری کەسایەتی نووسەرێکی پێشتر میلیتاری تێکشکاو و زیندانی.. مەبەست لەدەستدانە نووسین لای ئەو زاتە، هەوڵدان بووە بۆ ئازادبوون لەهەموو ئەو دیسپلین و ئیلتیزامانەی کەپێشتر هەیبووە لەڕێی قۆزتنەوەی هەلی تەنهابوون و تەنهایی.. هەرچەند چواردەوری لەزینداندا قەرەباڵغ بووە؛ بەبوونی ئەو هەموو جەللادو سەرباز و زیندانیانەی دیکە..بەڵام بەحوکمی بێ دەسەڵاتی و بێ چارەیی  دەرحەق بەوەی لەچواردەوریدا هەڵدەسووڕێت و سەبارەت بەو تەنهاییە کوشندەیەشی کەتێیدا گوزەراوە، دەڵێت: (تەنهایی مەرجی بوونە، بێ تەنهایی من نیم). کەواتە تۆی تەنها کەخودی تەنهاییەکەت بەواتای قبووڵنەکردنی ئەوانی تر دێت، بەهەموو مەودا فیکری و فەلسەفی و تەنانەت سایکۆلۆژییەکانیشەوە، ئەویتر یان ئەوانیتر دادەهێنیت و دەبیتە ئافەریدەکاریشیان، لەکاتێکدا بەبێ ئەوەی بەخۆت بزانیت، ئەوان تۆیان داهێناوە؟! هاوڵاتی: هەر بۆیە "باختین" دەڵێت: ( ئەوەی دوێنێ ئەرکی ڕۆماننووس بوو، ئەمڕۆ ئەرکی کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانە) مەبەستمە بپرسم؛ ئێوە وەک ڕۆماننووسێک چۆن دەڕواننە، ئەرکی سەرەکی ڕۆماننووس لەڕێگەی گێڕانەوە هونەرییە جۆراوجۆرەکانییەوە؟ یوسف عزەدین: ئوستادی بواری ئەدەب و ڕەخنە، خاتوو "کارینا بلیکن" دەربارەی لیستی ئەو ئەدەبەی پرسیاری دەرحەق بەنووسین و ماهییەتی هەیە.. ئەدەبێک کەلەبوون و عەدەم دەکۆڵێتەوە..ئەدەبێک نووسەرەکانی لەمابەینی نووسین و نەنووسیندا دێن و دەچن و هەمیشە پرسیارە سەرەکیەکەشیان لەخودی خۆیان ئەوەیە؛ بۆ دەنووسن؟ دەڵێت:( ڕۆبێرت ڤالسەر و کافکا و خوان ڕۆلفۆ و فیلیسبێرتۆ هێرناندیز؛ هەندێکن لەوانەی دەچنە ناو ئەو لیستەوە، هەروەها کارلۆس لیسکانۆ-ش هاوشێوەی ئەوانە لەبەر ئەوەی ئەدەبەکەی "ئەدەبی قبووڵنەکردنە" کەدەیباتەوە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی خودی  خۆی). سەرجەم ئەو نووسەرانەی کەپێشتر ناوهێنران، هاوشانی چەندین نووسەرانی دیکەی دنیا، لەڕێی ئافەریدەکردنی ئەویترەوە هەوڵدەدەن بێنەوە ناو خۆیان و لەماهیەتی بوونیان بکۆڵنەوە، وەک داهێنانی "فرانز کافکا" بۆ کەسایەتی" گریگۆری سامسا" کەهەر لەدەسپێکی رۆمانی مەسخ-ەوە دەبێتە قالۆنچە.. بەواتای دروستکردنی ئەویترێکی نامۆو نائاسایی تا لەڕێی ئەوەوە ئاسایی بوون و نامۆنەبوونی خۆت بخوێنیتەوە..یان بەپێچەوانەوە؟! نووسین فەزایەکی ناکۆتای بەرفراوانی تایبەتەو تەنها نووسەرە جدییە تەنهاکان دەتوانن لەنێو ئەو دنیایەدا بمێننەوەو بنووسن؟! بەڵام هەن دنیای نووسین بەدنیای موهەڕیجەکانی شانۆ بازرگانییە بێ تامەکان تێ گەیشتوون و دەیانەوێت لەڕێی خۆنمایشە بەردەوامەکانیان و قۆزتنەوەی بابەتە دووبارەبووەکانی ڕۆژانەو جووڵاندنی هەست وسۆزی گوێگرەکانیان؛ بازنەی گوێگران و تەماشاکاران و دواتر خوێنەرانیان بەرەو فراوانتر بەرن؟! بەڵام ئەسڵی مەتڵەب زۆری و کەمی خوێنەران نییە، یان دەرکەوتنی بەردەوام و بەشداری هەردەم وهەمیشەی سەرجەم مەحفەل و بۆنەو فێستڤاڵە جۆراوجۆرەکان؛ جگە لەنمایشێکی بێ تام هیچی تر نییە. کارەساتە تۆ بێی بەمەبەستی سەرسامکردنی خەڵکانێکی زۆری عەرەبی نەزان یان ناموتابیعی ئەوەی لەدنیای رەخنەکارانەی نەتەوەکانی تردا  هەڵدەسووڕێت.. بێیت تەرح و بۆچوونەکانی زاتێکی بیرمەندی وەک "ئەحمەد قوبانچی" بدزیت و بەناوی خۆتەوە دەرخواردی گوێگرانێکی داماوی ناوەو دەرەوەی بدەیت..ئیدی هەر ڕۆژەی لەوڵاتێک وەک ڕووناکبیر و ڕەخنەکار بانگهێشت بکرێیت. لەجێی خۆ ماندووکردن و گەڕان بەشوێن سەرچاوەو ساغکردنەوەی ڕاست و دروستی ئەوەی کەدەیڵێیت.. بەقەولی هەر ئیش بڕوا..تێکەڵ و پێکەڵ رەنجی چەند ساڵەی ئەم و ئەو، کۆکتێل ئاسا.. تێکەڵ بکەیت..دەمێک بەئۆشۆ-ەوە بیگریت..تاوێک بە دووبارەکردنەوەی تێزەکانی "رەشید خەیون" و جار جار ئەوەی لێرەو لەوێ بەرچاوت کەوتووە سەبارەت بەدنیابینییەکانی "فراس سواح"و تا دوایی ئەو مەهزەلە بەردەوامەی کەچەند ناوێکی دیار و بەناوبانگی نێو وەسەتە بەناو ئەدەبی و فیکرییەکەی باشوور، بەمەبەستی ئیستیهلاکی مەحەلی، لەپاش ڕاپەڕینەوە تا ئێستا دەستبەرداری نەبوون...؟!   هاوڵاتی: زۆر باس لەسیحری ئەدەب دەکرێت و بەگەورەترین داهێنانی مرۆڤ دەدرێتە ئەژمار، ئێوە وەک ئەدیب و نووسەر ڕاتان چییە؟ یوسف عزەدین: بەڵێ دەبێت بچینەوە بۆ سەر دوالیزمی ئەو-ی ئەدیب و ئەو نووسەرەی کەدایهێناوە، پڕاوپڕترین ئاماژە پێدانیش ئەوەی "کارلۆس لیسکانۆ"یە کەپێی وایە؛ هەموو نووسەرێک داهێنراوێکە لەلایەن ئەدیبێکەوە دێتە بوون و کەتەواو سەریهەڵداو خۆی سەپاند، ئەو دەم ئەدیب دەبێتە خزمەتکاری ئەو نووسەرە داهێنراوەو ئەمەش دوالیزمەکەیە.. هەر بەتەسەووری "لیسکانۆ"ش نووسەر پێش ئەوەی خزمەتکارەکەی "کەئەدیبەکەیە" دایبهێنێت؛ هیچ بوونێکی نییە!؟ هاوڵاتی: ئەمڕۆ بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو بەتایبەتیش ئینتەرنێت..زۆرێک پێیان وایە بایەخ و گرنگی ئەدەبیات بەگشتی و بەتایبەتیش ڕۆمان، لەئێستادا وەک جاران نەماوەو تا دێت خوێنەرانیان بەرەو کەمی دەچێت، بەبەراورد لەگەڵ سەیرکەران و تەماشاچیانی ئینتەرنێت و میدیا بینراو و بیستراوەکان؟ یوسف عزەدین: خۆی بەدەر لەو ڕاستیانەی کەپرسیارەکەتان لەدوو توێی خۆیدا هەڵیگرتووەو دروستە هاوکات چەندین پرسیارگەلی دیکەش، دەرحەق بەو ئاڵوگۆڕە خێراو کتوپڕانەی دنیای میدیاتیک و تەکنۆلۆژیی و ئیکۆنۆمی و پۆلەتیکی و سەرجەم ئاڵوگۆڕە ناسەقامگیرەکانی دنیای بخرێتە سەر. بەڵام باشترە بۆئەوەی گفتوگۆکەمان درێژ نەبێتەوە، سنووری پرسیارەکە وەک خۆی  بهێڵینەوە، یان تەسکتریشی بکەینەوە!؟ بۆیە خۆم وابەستەی کەمبوونەوەی خوێنەران دەکەم، وەک لەپرسیارەکەتاندا هاتووە. " بۆرخیس" تەڕحێکی زۆر جوان و کاریگەر و سەرنجڕاکێشی هەیە.. وەختایەک یەکێک لەکتێبەکانی بەژمارە دوو هێندەو قسوور لەپەنجەکانی دەستی بنیادەم زیاتری لێ دەفرۆشرێت و ئیتر سەیر و سەمەرەیی ئەم کەم فرۆشتنەی کتێبەکەشی، هەرچەند سەرەتا بێتاقەتی دەکات.. بەڵام دواجار بۆخۆی لەچاوپیکەوتنێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە تەسەوورکردنی ژمارەیەکی زۆر و بێ شوماری خوێنەرانی موعجیب و سەراسیمە کارەساتەو وا باشترە ژمارەیەکی کەم بتخوێننەوەو بەمەش تەسەوورێکی دیاریکراو و خەیاڵکردنەوەیەکی سنووردارت دەبێت، دەرحەق بەوانەی دەتخوێننەوە؟! بۆیە پرفرۆشی کتێبێکی دیاریکراوو زۆری شکڵییانەی کڕیاری، هیچ کاریگەریەکی ئەو تۆی لەسەر دایەگنۆسسی جدییەت و نا جدییەتی، یان بەپێوانە تەقلیدییەکان باش و خراپی کتێبەکەوە نییە.. زۆر و کەم بخوێنرێتەوە یان نەخوێنرێتەوە،چی لەمەسەلەکە دەگۆڕێت؟! هەموو ئەوەی لەبازاڕی کڕین و فرۆشتنی کتێبدا هەڵدەسووڕێت، هەر لەڕیکلام بۆ کردن و ڕاسپاردنی کەسانێک بۆ پێداهەڵدان و بەئیجابی هەڵسەنگاندنی..تەنها کارکردنە لەبەکاڵاکردنی کتێب و بەکارهێنانی ناوی نووسەرەکەشی لەنێو هالەیەکی خەیاڵی و میتافیزیکی موقەدەسکراودا، بۆ ڕاکێشانی زیاتری کڕیار و ساغکردنەوەی کاڵاکەیە..ئیتر ئەم جوغزانە هێندە بەرفراوان و فرە جەمسەر و سەرن.. هەر کوتلەیەکیان بەجیا لەئەختەبووتێکی سەربەخۆ و کامڵ دەچێت..تۆ بڕوانە مامۆستاکانی بەشە جیاجیاکانی زمانی کوردی..مامۆستاکانی کوردۆلۆژی لەزانکۆکان، بابڵێین هەندێکیان کار بۆ گەورەکردن و هێنانە پێشی ناوێکی دیاریکراوی بە"مارکە"کراوی دنیای نووسین دەکەن..هاوکات کار لەسەر سڕینەوە یان بچووکردنەوەی ئەوانەی تر دەکەن.. بۆیە پێدەچێت لەیەک سەرچاوەوە پێکڤە تەوجیهی ئەو کارەیان پێ بگات؟! یان ئەگەر حوسنوولزەنمان هەبێت؛ دەبێت پێمان وابێت، هەموویان لەغەیبەوە بەرزکردنەوەو ڕیکلام بۆ کردنی کەسێکی دیاریکراو و لێدانی کۆمەڵێکی تری دەستنیشانکراو.. بەوەحی بۆیان نازڵ بووبێت؟! وەک زۆرجار ئاماژەم پێداوە"ئۆرهان پامووک" دەڵێت؛ دەترسم لەداهاتوودا نەخوێنرێمەوە؟! هەر لەهەمان چاوپێکەوتنیدا ئاماژە بەناوی نووسەرێکی زۆر بەنامێ و ناسراوی سەردەمی عوسمانییەکان دەکات، لەو سەردەمەدا زۆرترین خوێنەری هەبووەو کەچی لەئێستادا خوێنەرانی نوێی زمانی  تورکی..ئەو ناخوێننەوەو دەست دەدەنە خوێندنەوەی نووسەرە پەراوێزخراو و لێدراوەکانی ئەو سەردەمەی عوسمانییەکان؟!    

گۆران ڕەسووڵ برین مێژووی ئێمەیە وەک کانییە  کی تازە تەقیوو خوێنی ڕە 􀘡شی لەبەر دەڕوات، زەمەن لێ ناگەڕێ قەتماغە بگرێ هەرجارە و بە مارکەیە  کی جیاوازی چەقۆ هەڵی دەکۆڵێتەوە.   من برینناسم دەزانم جەستەم چەند گوللەی بەرکەوتووە دڵم وەک توورەکەی بزمار کون کون... دەستم ناچێتە تیری ژەهراویی چەقیوو لەجەستەی بوونم خەیاڵم خەسێندراو و ئارەزووم دەست بەسەر، بلوتوس و وایفای بوون و گێڕانەوەمیان بەیەک بەستووەتەوە.   بوونم پێویستی بەوە هەیە لەسەر تەختەی «کات » برینە لەبنەهاتووەکانی بۆ نمایش بکرێت!   حەشیش، هێواش هێوش کۆشکی بوونم دادەڕمێنێت کحول چووەتە ناوخوێنمەوە چۆن دەربارەی جوانیی بدوێم کە بوونم سەرتاپا درۆی ناو مارکێتەکان بێت. ویستم مانیفێستی ڕەشبینیی بنووسمەوە، کەچی بینیم ئاسۆی بوونم خۆی یەک پارچەدووکەڵە!   دووکەڵ ڕوانینی لێڵ کردووم! ڕەنگەکان بێدەسەڵاتانە لەبەردەم دووکەڵدا خۆیان ڕووت دەکەنەوە، پەلکەزێڕێنەکان خۆڵەمێشیین، دووكەڵی جەنگەکان دووکەڵی کارگەکان وەک برینی تەقیووی بوونم نیگاری ڕۆژە ڕەشەکانم دەکێشن.   گەر درۆزان بام دەمگوت داهاتوو ڕۆشنە بەڵام ئەوەتا ژیان و بوون خۆیان بلیتی دۆڕاوی یانسیبێکن، هەمووتان دەستان خستووەتە نووسینەوەی فێڵی جوانکردنی ڕۆژەکانتان بەڵام... ئەم ڕۆژانە «خوێ »ن بۆ برینی من!   نازانم چەند دەبێت کە خۆر بەر جەستەم نەکەوتووە ئەم باڵەخانە هەوربڕە لەعنەتییانە سەربانی ماڵەکەشیان لێ کردووم بە ژێرزەمین.   گرێگۆر سامسا نییم بەڵام جەستەم قورس و شەکەتە، ئاگام لێیە کە هەموو بەیانییەک چەندان دوگمەی نوێ لەجەستەم دەڕوێن،   پێمخۆشە بە تەنیا لە ژوورە پەرتوبڵاوەکەمەوە چێژ لە تاڵییەتی کوپێک قاوە وەرگرم، بچمە ناو کتێبەکانەوە و یەخەی یەک بەیەک لە کارەکتەرەکان بگرم، بەڵام باشتر دەبوو کە بمتوانیبا لەگەڵ خواردنی لەقوتوونراوی ناو مارکێتەکان و مرۆڤی لەقوتوونراوی ناو شارەکان و ژیانی لەقوتوونراوی ناو شاشەکان نەژیابام!   ئەم بوونە ساختە لەقوتوونراوە تەنیاییم دەداتە بەر چەقۆ هەزار و یەک ماسک دەخاتە سەر برینەکانم، خوێنم وەک بارانێکی ناوەختی ڕاگوزەر نمایش دەکات.   سمارت-فۆنەکان خەیاڵم دەخەسێنن. کامێراکان جوانییم لا ئاڵۆز دەکەن، ناچارییانە ڕۆژەکانم بە ڕیمۆت-کۆنتڕۆڵ دەگۆڕم.   ببمە سامساش کەس برینی جەستەی پڕ وایەرم نابینێت شانی شکاو و سەری وایفایی و قاچی ئەلیکترۆنییم، کەس سەرسام ناکا کەس ناترسێنێت!   ئەمجارە ناڵێم من مرۆڤی ئەم سەدەیە نییم بەڵام من شەش سەدە زیاتر لە خۆم ژیام، مردم.   بۆ ئەم ڕۆژە تازانە دەبم بە گرێگۆر سامسا، لەبری سێو هەر ڕۆژەی ئەپلیکەیشنی تازە بەر پشتم، بەر سەرم دەکەوێت.   حەزم دەکرد بەدوای کۆلارەی بیرکردنەوەکانم ڕۆیشتبام، بەڵام سێلفی-ستیک کوێرانە پەتی خستۆتە ملی کاتەکانمەوە.   لە نێوان ئەم بوون و نەبوونانەدا ئێستا برینەکانم ئەلیکترۆنیین ڕۆژانە بە خوێنی ناو وایەرەکان بارگاوییان دەکەمەوە.    

  خۆم: شێرزاد هەینی ستۆکهۆلم ئەو: رووخۆش مستەفا   خۆم: حەزدەکەیت بەیەکەوە شتێ بنووسین؟ ئەو: نازانم چ بڵێم! نازانم دەترسم زۆر لەیەک جیاواز بنوسین. خۆم: نووسین ئارەزوومەندایە! ئەو: بەڵێ وایە خۆم: لەبەر چۆلەکە نەبێت، دەڵێم با بەفر نەتوێتەوە! ئەو: جوانە! خۆم: وەڵامم بدەوە ئەو: باشە. منداڵەکە بەو سەرمایە نازانێت، لەسەر ئەم شەقامە دڵڕەقە، دەستی تەزیووی چ لێ بکات، من چۆن بەفرم خۆش بوێت! خۆم: دڵی سووتاوی عیشق خۆرێکی گەرمە! دەستیش، بۆ گەمە گەرم دەکاتەوە، منداڵ و پیرەکانیش ئەوە دەکەن! ئەو: عاشقەکان، دنیایان خەیاڵاوییە، "چەتر"ێکیان بۆ پێکەوەبوون دەوێت. خۆم: چەتر، هەڵمەدە با قژت وەک رووبار و کانیش تەڕ بێت! ئەو: بای بێ مروەتی، پەرێشانی کردووم، زەفەری بە دڵیشم بردووە. خۆم: کلیلی دڵت کۆپی مەکە، مەیدە دەست کەس، نەوەک ونی بکات و زۆلێک بیدۆزێتەوە! ئەو: دڵ، بە دەست یارەوە کەیلە، پێویست بە قوفڵ ناکات. خۆم: بۆیە بەرۆژیش لەسەر ئاسۆس تروسکایەک دەبینم، دڵی تۆیە سەما دەکات! ئەو: دڵم دڵ نییە، هێندە غەمگینە وەک رۆژ دەسووتێت. خۆم: ئەوە خەم نییە، پەریشانییە، دەیسووتێنێت. ئەو: گوتیان وەک خۆر بسوتێ، تا هەستت پێ بکەن، کەچی بۆم دەرکەوت درۆ بوو درۆ. رستەی سەر دیواری کۆڵانەکان بوون، کەسیش بەبەزەییش ئاوڕی لێ نەدامەوە. خۆم: هەموو درۆکان بەو رستانە هەڵواسراوە، با وشک ببنەوە و بفڕن! ئەو: مەل، کە باڵی شکا ئیدی باڵناگرێتەوە. خۆم: وەرە لەسەر "سەرە سپی"یەکەم، هێڵانەیەکت بۆ دەکەم! ئەو: تۆ تاجی زێڕینیت، من دەتخەمە سەرسەرم، سەری خۆم. خۆم: دەترسم، ببمە پاشایەکی زاڵم! شوێن و ناوی ترت نییە؟ ئەو:  من وەک مەلێکی بێ لانەم لە ناونیشانی من مەترسە. خۆم: دەست لە گەردەنت بدە، بزانە هەر ئێستا زەنجیری ناونیشانێکت لە مل نەکرا!؟ ئەو: من لەگەڵ هەستم جەنجاڵ بووم، خۆمم بیرچوبووەوە... نازانم لەکوێدابەجێماوم؟ خۆم: منیش بۆیە پەرۆش لێت دەگەڕێم! ئەو: دیارە، تۆش دەزانی تەنیایی بخوێنیتەوە؟ خۆم: ئەوە تەنیایی نییە دوو کەسن، یەکێکیان بەدزییەوە سەیرت دەکات. ئەو: حەزم لە وشەی دزی نییە، ئەو منداڵەم بیردەکەوێتەوە بەدزییەوە لە نانەوایەک دەڕوانێت، تا جەستەی گەرمی سەموونێک ببینێت. خۆم: سەموونەکە بۆ من نابێت، من ورد ورد کونجییەکەی سەری هەڵدەگرم، ئەوەی بەر زمانم دەکەوێت! ئەو: ناکرێت لەجیاتی ئەوە، بۆ خۆت لە گوڵێک رامینێت. خۆم: من باسی شەو دەکەم. ئەو: زۆرجار شەویش دەستی ساردە، کزکز دەسووتێت. خۆم: دەزانم بۆیە پرسیارم کرد! ئەو: زۆری نەماوە بۆ سپێدە. ئیتر تۆش پێ دەخەینە رۆژێکی تر، سپێدە. خۆم: بەیانی ملپێچێکی سوور دەبەستم، هەموو دەزانن بۆ ئیمڕۆ من زۆر چالاکم! ئەو: کەواتە، تۆ رۆژ، بیری شەو دێنیتەوە. خۆم: ببوورە ئەگەر بێزاربوویت، قسە بکە. ئەو: هههه، نانا تۆ ببورە گەر جوانم نەنووسیبێت. خۆم: ئاسمان هەر جوانە، ئەدی ئاسمان نییە خودا و بەفری میوانە. ئەو: ئەی گیان... تۆ ئازیزیت. خۆم: ئەدی ئاسمان نییە، هەردووکمان دادەپۆشێت، کەس ناماندۆزێتەوە. ئەو: ئەوە چییە، ئەوە شیعرە، یان هەر گفتوگۆیە؟ خۆم: شیعر خۆی گفتوگۆیە. ئەو: وایە خۆم: هەر چەند قسە بکەین، کەس لە زمانی چۆلەکە تێناگات، چاویش بەژنی سپی نابینێت! ئەو: باڵام بەرزنیە، مەسرەفم هەر هێندەی چۆلەکەیەکە. خۆم: من بەس سوخمەیەکت بە ریحان بۆ دەکەم. ئەو: من لە دەرەوەم بۆ گوڵ دەڕوانم ، پێویستم بەبەرگ نییە. خۆم: منیش ئەوەم دەوێ. ئەو: ئاسمانم کردووە بە سێبەرم، ئەستێرەکان بە کراسی بەرم، لە رۆژ ناترسم، کراسەکەم گوڵ گوڵینە. خۆم: گوڵ دەبێ گوڵزار بپۆشێت، ئەگەرنا چیتر بەفر لەو دەڤەرە نابارێت. ئەو: بەفر دەستی تەزیووی منداڵانی بێ باوکم بیردێنێتەوە. خۆم: دەرزێک بکەوە بێمە ژوورەوە. ئەو: تەنیایی ماڵێک نییە بەش بکرێت. خۆم: ئەگەر هاتم؟ ئەو: هیچم نییە لەگەڵ تۆ بەشی بکەم، تەنیا پاشماوەی سیگارەکانی دایکمم لایە! خۆم: دووبارە دایدەگیرسێنینەوە، دووکەڵێک بەرپادەکەین، کەس نامانبینێت. ئەو: من ئاسمانم کردووە بە سێبەرم، لێرەم هەموویان دەمبینن. خۆم: میوەیەک هەیە بیخۆم! ئەو: حەرامزادە نییم. خۆم: حەواش حەرامی خوارد. ئەو: من هەر لە وەچەی ئادەم نیم. خۆم: دەزانم بۆیە ناوێرم هیچ بڵێم! ئەو: بێ دەنگی جوانترە. خۆم: بیکاسۆش بێدەنگ ژنی زۆر بە جوانی نەخشاند! ئەو: هەمیشە مردووەکان گەورە دەکرێن. خۆم: ناتوانم چیتر بێدەنگ بم، تۆ ئاسمان و دەریای. ئەو: دەریام، بەڵام هیچ کەسم نەخنکاندووە،  ئاسمانێکی بێ دەنگم لە گوناهی مرۆڤەکان دەڕوانم و سەرم سوڕدەمێنێت! خۆم: سەیری پەنجەکانم بکە، بێجگە لە قەڵەم هیچیان نەگرتووە! ئەو: لەو رۆژە دەترسم بێجگە لە عەسایەک هیچی ترم نەبێت. خۆم: ئاخر ئاوایە، بۆیە پیری نائومێدم دەکات.      

سروشت نةوزاد   لە دەستپێکى ئەم نووسینەدا، دەبێت دان بەوەدابنێم کە کردەى نووسین لە بارەى شیعرەوە، بە بەراورد بەژانرەکانى دیکەى ئەدەب، کردەیەکى سەخت و دژوارە. هەڵبەت ئەم قسەیە لەنێو کەلتورێکى ڕەخنەیى ئاسایى و باودا، کەخاوەنى زەمینەیەکى مێژویی و زانستى وتیۆرى نییە، هیچ سەنگ و قورساییەکى نییە. هەرئەوەشى کەتائێستاش ڕەخنەى ئەدەبى کوردى، هێشتاش قۆناغى پیاهەڵدان و ڕەتکردنەوەى ناڕەخنەییانەى تێنەپەڕاندووە، بێشک پەیوەندى بەو کەلتوورو قۆناغەوە هەیە، کە ڕەخنەى ئەدەبى ئێمەى تێدادەژى، کە کە لتورێکە لە ژینگەیەکى گەلێک داخراوو هەژارو تەنگەبەردا ڕێدەکات. هەربۆیە ڕەخنەى ئەدەبى ئێمە بەشێکى زۆرى بۆتە قسەى ئاسایى و بازاڕى و کەمترین جارلەسەر ئەو هێڵە نەریتییە لادەدات، کە لە دەرەوەى بەرهەم و دەقە ئەدەبیەکان، بگەڕێتەوە نێو جیهانبینى و تایبەتمەندى نێو دەقەکان وفۆکسى خۆى لەنێو شێواز و پێکهاتەى فۆڕمى و زمانى و تەکنیکى ژانرە ئەدەبیەکان جێگیربکات .جیهانبینى ڕەخنەییى ئێمە دەربارەى ژانرە ئەدەبیەکان بەگشتى و شیعر بەتایبەتى، جیهانبینییەکى کورت و کەم مەودایە و لەدەرەوەى پێکهاتەوتایبەتمەندییەکانى دەقدا ئیشدەکات. شیعر بەوپێیەى زیاتر لەهەر ژانرێکى دیکەى ئەدەب سەروکارى لەگەڵ زماندایە، زمانیش ئەوچەمکەیە وەک ئەوەى هایدیگەربە (ماڵى بوون)ى دادەنیت.واتە زمان ئەوجێگەیەیە،کەمرۆڤ دەتوانێت زات و بوونى خۆى تێدا بدۆزێتەوەو بەهۆیەوە تەعبیر لەبوون و خۆشى و ئازارو مەینەتیەکانى بکات.مرۆڤ لەزماندا دەژى و بوونى ئێمە وەک زمان وایەوقەت ناتوانین شوێنێک کەزمانى تێدا نەبێت، شتەکان هەڵسەنگینین. واتە ئەوەى ماهیەت و بوون و شوناس دەبەخشێت بەمرۆڤ زمانەو سنوورى مرۆڤ تا ئەو شوێنەیە کە زمان پێی دەبەخشێت. کەواتە زمان لاى هایدیگەر ئەو چەمکە ئاڵۆزەیە کەلەخۆیدا، هەموو حەقیقەتى بوون هەڵدەگرێت. دیارە شیعریش پێش هەرشتێک،دیاردەیەکى زمانەوانییەو بەکارهێنانى زمان لاى شاعیر،بەکارهێنانێکى جیاوازتر لەزمانى باوو ئاساییە،بەکارهێنانێکە پڕە لە لادان و میتافۆڕو تێکشکاندنى دەستورو یاسا ڕێزمانییەکان. بۆیە پێکهاتەى زمانى شیعرى، پێکهاتەیەکى ئاڵۆزەو یەکەم ڕوبەڕوبوونەوەى شیعرلەگەڵ زماندایە. وەک ئەوەى شکلۆڤسکى پێى وابوو کە نامۆیی و سەمەرەیى زمانى شاعیرانە، هەرشیعرێک دەکاتە بوونەوەرێکى تەنیا،وە بۆ ئەم مەبەستەش شێوازە زمانییەکان زۆر بەکەڵکى شاعیر دێن.شیعربەرلەهەرشتیک، یارییە لەگەڵ زمان. داهێنانى شاعیران لەو وێنانەدا نییە کەدروستیان دەکەن، بەڵکو لەوزمانەدایە کەبەکارى دێنن. شیعرەکانى شاعیران بەپێى شێوەى دەربڕین، شێوازى ڕستەیى و بەکارهێنانى تایبەتى زمان لێک جیادەکرێنەوە. گۆڕانى وێنەسازى لەکامڵبوونى شیعردا گرنگ نییە، خاڵى گرنگ لەشیعردا، گۆڕان لەبەکارهێنانى زمانە. پاوڵ سیلانى شاعیریش لەجیگەیەکدا، پشتگیرى لەوەها بۆچونێک دەکات:(شیعرنووسین واتە ڕۆشتن لەسەر سەر) واتە شیعرنووسین، پێچەوانەکردنەوەى دەرکەوتنەباوەکانى شتەکانە لەڕێگەى زمانەوە. کتێبى شیعرى (وشەکانیش بریندارن)ى گۆران ڕەئوف، جیالەوەى کەلەڕووى زمانى شیعرییەوە، کەمترین پرۆسەى یاریکردن بەزمان و تێکشکاندنى کۆت وڕێسا واتاییەکانى زمانى باو و لادانیان تێدابەرجەستەیە، هاوکات یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکیەکانى پێکهاتەى شیعرى شیعرەکانى ئەو، خەسڵەتى فۆڕمى و زمانییە.جیاکارى فۆرمى و زمانى شیعرەکان، پرۆسەى ئاشناى و ناسیاوى شیعرى لەزەینى وەرگر(خوێنەر)دا دروست دەکات.واتە ئەو حاڵەتەى کەلەگەڵ خوێندەوەى شیعرەکانى گۆراندا، ئاشنایەتییەکى تایبەت بەوشیعرانە لە زەیندا دروست دەبێت. ئەوەش پەیوەندى بەو بەکارهێنانە زمانییەوە هەیە کە گۆران لە شیعرەکانیدا کارى لەسەر کردوون، کە بریتین لەهەڵبژاردنى شێوازى تایبەت لەبەکارهێنانى وشەو هەڵبژاردنى جۆرى ڕستەو دەربڕینەکان و ڕیتم و شیعریەت و فەزاسازى.. شیعرەکان بەگشتى پێکدێن لە کۆمەڵە ئیشێکى جیاوازلەڕووى فۆڕم و تەکنیکەوە. لە ئاستى گشتى فۆڕم و تەکنیکدا، هەرشیعرێک ئەوى دیکە تەواو ناکات، ئەوەش پەیوەندى بە پێکهاتەى خودى و کەسایەتى وسایکۆلۆژیاى نێوشیعرەکانەوە هەیە،کەپەرت و پارچەپارچەن و هیچ خودێکیان ئەوى دیکە ناناسێتەوە. بۆیە پێکهاتەى دەرەکى ئەم کتێبە، یەک ئاڕاستەى نییە و هەڵگرى فۆڕمى جیاواز جیاوازن. بەڵام لە ئاستى گشتى بەکاربردنى زماندا، شیعرەکان کەمتر دەکەونە نێو پرۆسەى نامۆکردنى زمانەوە. واتە شیعرەکان کەمتر هەڵگرى زمان و خەیاڵێکى کۆت شکێن و هەڵگەراوەن. لەمەشدا زیانى گەورە بەردروستکردنى وێنە شیعریەکان کەوتوون. دیارە تەقاندنەوەى زمان کە جۆرێکە لەسەنعەتکارى، یەکەم سودى بەر وینە شیعریەکان و مۆسیقاو بونیادى فۆڕمە شیعریەکان دەکەوێت. وێنە شیعریەکانى نێو دەقەکان لەزۆرجێگادا، وێنەى ئاسایى و کۆنکرێتین، چونکە زمان نەتەقینراوەتەوە و وشەکان کۆنکرێتى و ڕێکن، هەربۆیە بونیادى فۆڕمى شیعرەکان لەهەندێک دەقدا، بونیادێکى یاخییانە نییەو تەکنیک و فۆڕمەکان بزۆک و پەرش و بڵاونین. زمانى شیعرى لاى گۆران،هێندە بەدواى گەیاندنى بیرۆکەو دەربڕینى پەیام و بیرۆکەکانەوەیە، هێندە بەدواى چۆنیەتى فۆڕمى گەیاندنەکەوە نییە.فۆڕمى شیعریەتى شیعرەکان،یان فۆڕمى ناوەکى شیعرەکان، جێگیرەولە چەقدا وەستاوە وسەنتەرى گرتووە. شیعریەت سازیش لەچەقدایەو یەک ئاڕاستەیەو چەقیوە. هەموو ئەمانە، بۆجۆرى بەکاربردنى زمانێکى ڕامکراوو کۆنکریتى دەگەڕێتەوە لەنێو پێکهاتەى دەقەکاندا.. لەئاستى گشتى دونیابینى و پێکهاتەى ناوەڕۆکى نێو دەقەکاندا، دەقەکان بەگشتى غەمگین و تەریکن. سەربەوژینگەیەن کە زەوییان نییەو سنوور ناناسن. خودى نێو شیعرەکان، خودێکى پەرت و نائارامە، خودێکە بەنێو دێڕەکاندا دەگەڕێت، بریندارەو لەنێو وشەکاندا خوێنى لەبەردەڕوات. ناونیشانى کتێبەکە بیرى گشتى ناوەڕۆکى شیعرەکانى نێو کتێبەکەى تێدا چڕبۆتەوە.واتە ناونیشانەکە دەرهاویشتەى نەستیى کۆى جیهانبینى و فەزاى شیعرى نێوشیعرەکانە. خودى پارچە پارچەو پەرتى نێوشیعرەکان، لەوشەکانیشدا نائارام و بریندارن.   شیعرى (سەدەى قوپاندن) هەڵگرى تێمایەکەلەبارەى ئێش و ئازارو دەردەسەریەکانى ژیانەوە. شیعرەکە بەگشتى گوزارشتکەرى ژیانى دونیاى مۆدێرنە. درزوکەلێن و نەخۆشى وئازارو مەینەتى ژیانى نێو کەپیتاڵیزم وێناکراوە و پارچەپارچەبوون و کەرتبوونى کەسایەتى و مرۆڤ و مرۆڤبوون چەقى بابەتى نێوشیعرەکەن : ئەم سەدەیە چى پێبوو بۆ من جگە لە بێدەنگکردنم و هەڵگرتنى وەسوەسەکانم بۆکۆتایی دنیا ئەم سەدەیە هەستدەکەم لێرەوەیە کۆتایى ژیان لێرەوەیە مردنى چاخى زێڕینى زەوى ئەم دەقە مانیڤێستى نائومێدییە، هەڵچوون و دەربازبوون هیچ مومکین و ئەگەرێکى نییە. جگە لە بێدەنگبوون و هەڵگرتنى وەسوەسەکانمان بۆکۆتایی دونیا. ئەم دەقە غەریب و غەمگین دەدوێت و پۆشاکى گۆشەگیرى و دژایەتیکردنى جیهانى نوێى پۆشیوە. ئەو ئارامییەى کەهەمووان لەباوەشیان گرتووەو ژیانى نوێى تیدادەژى، لە دیدگاى ئەم دەقەوە، ئارامییەکى ساختەو ڕوکەش و لەرزۆکە. دونیاى مۆدێرن بەرهەمهێنەرى ئەو فەزاو واقیعە بۆش و فشەڵەیە،کەهەست و ژیرى جیهانى مرۆڤ و مرۆڤبوونى بەنج کردووە. جیاوازى من لەگەڵ دەوروبەردا ئەوەیە ناتوانم گوێنەدەم بەم هەموو تڕۆهاتە من بەردەوام هەستدەکەم هیندەى ژمارەى ئەستێرەکان غەریبم بەم سەدەیە" وردەکارى زمان و تەکنیک لەدەقى (بەژیان بڵێن: بائیترسڵاو نەکات)ڕیتمێکى مۆسیقى غەمگینى دروستکردووە، ئاوێتەى هەمان ئەوفەزا غەمگینە پڕلە یادەوەرییە دەبێت، کەوەک تەمێک بەسەر کۆى دەقەکەدا نیشتووە. ترس و گومان و شکست لەبۆتەى تەکنیکێکى ئاڵۆزو پەرشدا،تێماى سەرەکى دەقەکەن. ئەم دەقە هەڵگرى تێمایەکى قوڵ و فەلسەفییە لەبارەى ژیان و بوون و تراژیدیاى بوونى مرۆڤدا. خوێنەر لەگەڵ ئەم دەقەدا، دەگەڕێتەوە سەرجەوهەرى ڕاستەقینەى بوونى خۆیی و لەگەڵ تراژیدیاى بوونى خۆیدا ڕوبەڕوو دەبێتەوە. دیارە تراژیدیا مەبەست لەو خەسلەتەجەوهەرییەى بوونە، کە بەدرێژایی ژیان لەگەڵ گومان و ئێش و ئازارەکاندا ڕێدەکات. هەربۆیە کەشێکى دەرونى نائارام باڵى بەسەر فەزای گشتى دەقەکەدا کێشاوە. کەشێکە تژى لەترس و گومان و شکست.. کێشەى من ئەوەیە بەردەوام لەژیان ترساوم ڕەنگە بەتەنیا ئەم دێڕە نەبێتە بابەت بەڵام گرفتەکە لێرەدایە هەمیشە پشتەوەى دێڕەکان بابەتى ڕاستەقینە بوون وەک چۆن ژیان سڵاوى لەمن نەکرد شیعرەکانى گۆران، لەفەزاو ژینگەیەکى تەنگ و ژەهراویدا دەژین. نامۆبوون و نائومێدى شوناسى شیعرى ئەون. هەمیشە پرسى بێهودەیی و ئەزموونى مایەپووچى، وەک موفرەدەیەکى کاڵ و هەندیک جار زەق، لەپاڵ پرسگەلى دیکەدا، لەنیو شیعرى گۆراندا ئامادەن. بەشێک لەو نامۆبوون و تەنیاکەوتنەش، زادەى بچڕانى پەیوەندى ئەون بەدیاردە سروشتیەکانى بوونەوە. واقیع وەک دیاردەیەکى سروشتى و تێکنەدراو، گریمانەیەکى بۆش و بەتاڵە. دەرون و سایکۆلۆژیاى پەرت و هەڵوەشاوەى نێو شیعرەکان، گوزارشتکەرى ئەوواقیعە زبرەن، کە هەناوى بوونیان تەنیوەو ژیان و دەرکەوتە نوێیەکانى مۆدێرنەش، تابێت زیاترمرۆڤ لە خۆیى و دەورووبەرو سروشتى خۆى دادەبڕن و ڕۆح و دەرونى مرۆڤ بەرەو کەرتبوون و داخوران دەبەن: پرسارێک لەناخمدا گینگڵدەدات هەموو لۆژیکەکان دێنێتە لەرزە ژیانکردن لەپێناوى چیدا وەڵامى ئەم پرسیارە عەجولەم هەرئەمەیە کەزیندووم و چاوەڕێم مەرگ بێتە پەیڤین دانیشتن لەگەڵ ئازیزەکاندا بۆماوەیەکى درێژ کەچى هەربێدەنگین و تاقەتمان نییە سەیرى چاوەکانى یەکتربکەین ئەمەیە بەرهەمى مرۆڤى نوێ شۆڕشى پیشەسازى و دەرکەوتە تەکنەلۆژیا نوێیەکانى،لەڕووى ژیانەوە،دۆخێکى تازەى کۆمەڵایەتى بۆمرۆڤەکان خوڵقاند. تیایدا هەست بە ئامێربوون و داماڵینى خۆیان بکەن لەهەموو خەسڵەتێکى ڕۆحى و دەرونى،لەدەرئەنجامى کارکردنى بەردەوام و سەرقاڵبوون بەلایەنى مادى ژیانەوە، ئیدى مرۆڤ وەک بوونەوەرێکى لاواز و گۆشەگیرو بێ ئیرادە دەردەکەوێت کەهەستدەکات تەنیا وەک ئامێرێک لەژیاندا بوونى هەیە. مرۆڤ لەم فەزا تازەیەى ژیاندا،دەرفەتى گەڕانەوە بۆنێو خۆی و خەون و خولیاکانى لەکیس دەچێت.غەریبى و دابڕان دەبێتە ڕەهەندێکى کوشندەى ڕۆحى و سەوداو بەریەککەوتنە کۆمەڵایەتیەکانى مرۆڤ،ڕەهەندێکى ڕووکەش و کاڵ و درۆزنانە وەردەگرێت. لەنێو ڕۆحى مۆدێرنێتەدا ڕۆحى ژیاندۆستى هەرەسدێنێت و هەمووان لەیەک جۆر پۆشاک و خەون و خولیاى کاتى و تیژتێپەڕدا دەژین. : زەمەنى خۆم چى تێدایە جگە لە نائومێدییەکى کرچوکاڵ؟ لێرەدا ئینسانەکان هەموویان لەیەک دەچن هەمووان پێکەوە یاخین هەمووان پێکەوە وەڕسن وادەزانم ئیدى کارى شاعیرەکان تەواو بووە ئەى مەگەر شاعیرەکان لەهەوڵى  یاخیبووندانین؟ بۆ دەربازبوون و خۆ قوتارکردن لەو نامۆبوون و تەنیایى و نائومێدیانە، شاعیر پەنا دەباتە بەر نۆستالۆژیاو گەڕانەوە بۆ نێو یادەوەرییەکانى منداڵى و خۆزگەى گەڕانەوە بەرەو جیهانى پاکى منداڵى و یادەوەرییەکانى دەخوازیت. بەڵام ئایا فریادڕەسى شکست و ئازارو بێهودەییەکانى ژیان لەنێو کامە وەهمدان؟ بێگومان جیهان قەدەرێکى تاڵى نوشوستییەو شیعریش لاى گۆران جگە لە وەهمێک بۆهەڵهاتن شتێکى دیکە نییە (بۆنى تەڕبوونى خاک یانى چى؟ تێدەگەم : مرۆڤ بەردەوام لە ژیان هەڵدێت( مرۆڤ مەحکومە بە مانەوەو ئازارە لەبن نەهاتوەکانى ژیان، چارەنووسە تاڵەکانى مرۆڤن.. من ڕقم لە ئازادى دەرەوەى ژیانەکەى جارانە من دەمەوێت لە ژیانەکەى جارانەوە دووبارە بژیمەوە من دەمەویت لە پەنجەرەیەکى ژیانەکەى جارانەوە ژیان ببینم   سەرنج : ناونیشانى بابەتە کە دێرەشیعرێکى نێو دیوانەکەیە.

سواره‌ نه‌جمه‌دین   -ئێواره‌ دایکم له‌ حه‌مام تۆی ده‌شۆرد، من ژووره‌که‌تم پاکرده‌وه‌، په‌‌ڕه‌یه‌کم له ‌ژێر مێزی نووسینه‌که‌تدا دۆزییەوه‌. -ئه‌گه‌ر له‌ ژووره‌که‌ی خۆم بووبێت، لێم ون نه‌بووه‌. - که‌وتبووه‌‌ شوێنێکی په‌نهانه‌وه‌، شوێنه‌که‌ی زۆر ناقۆڵا بوو، منیش به‌ ناڕه‌حه‌ت ده‌ستم پێی گه‌یشت، له‌ پشت ئه‌و ڕیزه‌ کتێبه‌وه‌ بوو که‌ له‌ ته‌نیشت قاچی مێزه‌که‌وه‌ هه‌ڵتچنیون، وا ده‌زانم لێت ون بووبێت، له‌سه‌ر مێزه‌که‌ دامنایه‌وه‌. -ده‌ستخۆش. -سوپاس بۆ ده‌ستخۆشیه‌که‌ت، به‌ڵام له‌ مێشکم ده‌رناچێت، له‌ ئێواره‌وه‌ چیرۆکه‌که‌ له‌ بیرما دێت و ده‌چێت، به‌ نیوه‌ناچڵی جێتهێشتووه‌، خۆزگه‌ ته‌واوت ده‌کرد. -کام چیرۆکه‌یه‌؟ بیرم نایەت به‌م نزیکه‌ ده‌ستنووسی چیرۆکم لێ ون بووبێت؟ -نا به‌ ته‌پوتۆزه‌که‌ی سه‌ر په‌ڕه‌که‌ بێت، ده‌مێکه‌ که‌وتۆته‌‌ ئه‌و په‌نایه‌وه‌‌، چیرۆکی کابرایه‌کی فه‌رشچنه‌، وه‌ستایه‌کی کارامه‌ و ده‌ستڕه‌نگین، وه‌ستایه‌ک نه‌خشێک له‌ سه‌ریدایه‌ و ده‌یه‌وێت بیخاته‌ سه‌ر قاڵییه‌ک، چه‌ندەها جۆر خوری و به‌نی جیاواز به‌کار ده‌هێنێت، به‌ درێژایی ڕۆژ له‌ کارخانه‌که‌یدا بیر ده‌کاته‌وه‌ و ڕۆژی ڕیزێک یان دوو ڕیز ڕایه‌ڵ ده‌کات، ورده‌ ورده‌ نزیک ده‌بێته‌وه‌ له‌ ته‌واوکردنی قاڵییه‌که‌، لێ تا نزیکتر ده‌بێته‌وه‌ له‌ ته‌واوکردنی کاره‌که‌، بێهێز و ڕه‌نگزه‌ردتر ده‌بێت، له‌و په‌ڕەیه‌دا هێشتا قاڵییه‌که‌ی ته‌واو نه‌کردوه‌، په‌ڕه‌که‌ی تری لای خۆته‌، نازانم چی به‌سه‌ر دێت، وه‌ستای ده‌ستڕه‌نگین له‌ کۆتایی په‌ڕه‌که‌یدا هێزی ده‌ست و جوڵه‌ی به‌ ته‌واوی که‌م ده‌بێته‌وه‌. -نازانم په‌ڕه‌که‌ی تریم له‌ کوێ داناوه‌، به‌ ته‌واوه‌تی بیرم نییه‌ چۆن کۆتاییم به‌و چیرۆکه‌ هێناوه‌، لێ ئه‌وه‌ ده‌زانم که‌ له‌به‌ر ڕۆشنایی چیرۆکی پۆرترێته‌ هێلکه‌ییه‌که‌ی ئه‌دگار ئالان پۆدا ده‌مویست چیرۆکێکی هاوشێوه‌ بنووسم، وابزانم پێشتر چیرۆکی پشیله‌ ڕه‌شه‌که‌ی ئه‌و نووسه‌ره‌م پێداویت بیخوێنیته‌وه ‌؟ -بریا نه‌مخوێندبایه‌ته‌وه‌، زۆر ترساندمی. -چیرۆکی پۆرترێته‌ هێلکه‌ییه‌که به‌و ڕاده‌یه‌ ترسناک نییه‌‌، که‌مێک جیاوازه‌. -هه‌ر باسی مردن و کوشتن ده‌کات؟ -وێنه‌کێشێک ژنه‌که‌ی وه‌ک مۆدێل داده‌نێت تا وێنه‌ی بکێشێت، چه‌ندان ڕۆژ لێبڕاوانه‌ داده‌نیشێت تا تابلۆکه‌‌ ته‌واو بکات، کاتێک تابلۆکه‌ ته‌واو ده‌بێت ژنه‌که‌ی مردووه‌، لێ ژنی ناو تابلۆکه‌ ڕووح چووه‌ به‌ به‌ریا.  -که‌وایه‌ تۆش ده‌تویست وه‌ستاکه‌ بکوژیت کاتێک قاڵییه‌که‌ ته‌واو ده‌کات. -نازانم، ڕه‌نگه‌ وام کردبێت، بیرم نه‌ماوه‌، ئه‌شێ هه‌ر ته‌واوم نه‌کردبێت. -بۆچی بیرت نه‌ماوه‌، خۆ خۆت نووسیوته‌؟ -ڕه‌نگه‌ ته‌واوم نه‌کردبێت، ئێستا زۆرێک له‌ چیرۆکه‌کانم بۆ ته‌واو ناکرێت، حه‌وسه‌ڵه‌ی جارانم نه‌ماوه‌. که‌مێک په‌نجه‌ره‌که‌ بکه‌ره‌وه‌ هه‌ست به‌ گه‌رما ده‌که‌م. -ده‌ره‌وه‌ هه‌وایه‌کی خۆشی هه‌یه‌. -که‌وایه‌ با بچینه‌ به‌له‌کۆنه‌که‌، ده‌بێت له‌ناو ده‌رگاکه‌یدا که‌مێک تایه‌ی دواوه‌ی کورسییه‌که‌م به‌رز بکه‌یته‌وه‌، خۆم تایه‌ی پێشه‌وه‌م بۆ به‌رز ده‌بێته‌وه‌‌. -ده‌زانم. -ده‌زانم ئه‌وه‌ ده‌زانیت، به‌س ئه‌وه‌ نازانیت زۆر شه‌و دڵم نایەت که‌ستان خه‌به‌ر بکه‌مه‌وه‌ و حه‌زیش ده‌که‌م بچمه‌ به‌له‌کۆنه‌ و سه‌یری ده‌ره‌وه‌ بکه‌م ‌. زۆر شه‌و دره‌نگان له‌ په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ سه‌یری ده‌ره‌وه‌ ده‌که‌م. -بیر له‌و چیرۆکانه‌ ده‌که‌یته‌وه‌ که‌ نه‌تنووسیون؟ -نا بیر له‌و چیرۆکانه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ نایانبینم. -ئه‌گه‌ر نه‌یانبینی له‌ ژووره‌وه‌ بیت و له‌ به‌له‌کۆنه‌که‌ بیت هه‌مان شته‌. -جیاوازن، سه‌یرکه‌ ئێمه‌ لێره‌وه‌ چه‌ند باڵه‌خانه‌مان لێوه‌ دیاره‌؟ -چوار، ئه‌وه‌ی ئه‌وسه‌ریش سوچه‌که‌ی دیاره‌، بڵێ پێنج. -له‌و پێنج باڵه‌خانه‌یه‌وه‌ سه‌دان ژوور هه‌یه‌، زۆربه‌یان گڵۆپه‌کانیان کوژاندۆته‌وه‌، چه‌ندیان گلۆپه‌کانیان داگیرساوه‌؟ -بووه‌سته بیانژمێرم: پێنج، ئه‌وه‌ حه‌وت، ئه‌وه‌ی ئه‌وسه‌ریش، یانزه‌ ژوورم لێوه‌ دیاره‌. -ئه‌وانه‌ ده‌بێت که‌سێک تیایاندا دانیشتبێت و به‌خه‌به‌ر بێت. -ده‌ته‌وێ بڵێیت ئه‌وانه‌ هه‌ر یه‌که‌ و چیرۆکێکیان هه‌یه‌ و تۆ نایبینیت؟ -نا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، چه‌ند چیرۆکێک له‌ ژووره‌ تاریکه‌کاندا هه‌ن‌، چیرۆکی ژووره‌ ڕووناکه‌کان چیرۆکی ساده‌ و دووباره‌ن، ناکرێت له‌و سه‌دان ژووره‌ی گڵۆپه‌کانیان کوژاندۆته‌وه‌، هه‌موویان نووستبن، ڕه‌نگه‌ ده‌یان ژووری تیابێت به‌ئاگا بن. -بۆ چیرۆکی ژووره‌ تاریکه‌کان ده‌گه‌ڕێیت؟ - چیرۆکه‌ نه‌نووسراوه‌کان له‌ ژووره‌ تاریکه‌کاندان، نا خه‌یاڵت بۆ شتی پڕوپووچ نه‌ڕوات، کچێکی جاحێڵ به‌ ته‌له‌فۆن ڕاز و نیاز بکات، یان پیاوێک دانیشتبێت به‌ دیار گۆرانییه‌کی خه‌مبار و ئه‌لبوومێک وێنه‌وه‌ بخواته‌وه‌، ئه‌وانه‌ چیرۆکی دووباره‌ و بێ ئه‌نجامن، چیرۆک ئه‌وه‌یه‌ به‌ ته‌نها له‌ ژوورێکدا دانیشتبیت و هیچ نه‌که‌ی. وابزانم ئه‌وه‌ ده‌نگی دایکته‌ خه‌به‌ری بۆته‌وه‌ . -دایکه‌ لێره‌ین، له‌ به‌له‌کۆنه‌که‌. -بڕۆ به‌ ده‌میەوه‌، ئێستا ده‌یکات به‌ هه‌را و دڵی داده‌خورپێت. *** -باوکم خه‌وی لێ نه‌ده‌که‌وت، بردمه‌ به‌لۆکه‌نه‌که‌، که‌مێک هه‌وا هه‌ڵه‌مژین و ده‌چین ده‌نووین، وه‌ره‌ که‌مێک دانیشه‌ لامان. -ئه‌وه‌ دووی شه‌وه‌‌، دانیشتنی چی! تۆ بڕۆ بنوو خۆم باوکت ده‌به‌مه‌وه‌ سه‌ر جێگەکه‌ی. -نا لێمگه‌ڕێ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ ده‌تانه‌وێ بڕۆن، خۆم هه‌رچۆنێک بێت دێمه‌وه‌ ژووره‌وه‌. -منیش جارێ نانووم، له‌گه‌ڵ باوکمدا باسی ئه‌و ژووره‌ تاریکانه‌ ده‌که‌ین. تۆ بڕۆ با خه‌وت نه‌زڕێ.  -من چاوم هه‌ڵنایەت، ئێوه‌ش تازه‌ که‌وتونه‌ته‌ هه‌وای شیعره‌وه‌. من ده‌ڕۆم، که‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌ بیرت نه‌چێت کاره‌بای بۆیله‌ره‌که‌ بکوژێنەره‌وه ‌. -بڕۆ خه‌مت نه‌بێت. -دایکت ئه‌و قسانه‌ی پێ خۆش نییه‌، بیست ساڵه‌ گوێ له‌ وڕێنه‌کانی من ده‌گرێت، تا بێزار بوو، ناهه‌قی نییه‌، بیست و پێنج ساڵه‌ ده‌مه‌وێت چیرۆکێک بنووسم، چیرۆکێک کارا‌کته‌ره‌که‌ی وه‌ک ژنی ناو تابلۆی پۆرترێته‌ هێلکه‌ییه‌که‌ی پۆ هه‌ستێته‌ سه‌رپێ و بڕوات، له‌ناو په‌ڕه‌کانه‌وه‌ بێته‌ ناو ژووره‌که‌م و له‌وێوه‌ ده‌رگای شوقه‌که‌ بکاته‌وه‌ و بڕواته‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و وه‌کو هاوڵاتیان بگه‌ڕێت‌. -ئاخر وه‌ک وێنه‌کێشه‌که‌ بێت، ده‌بێت یه‌کێک له‌ بری ئه‌و بمرێت! -نا وه‌ک ئه‌و نا، چیرۆکنووس زیاتر له‌وه‌ی کارا‌کته‌ر بکوژێت دروستی ده‌کات، که‌سی ناو چیرۆکه‌کان ڕۆحیان ده‌کرێت به‌ به‌ردا، ئێمه‌ له‌ نه‌بوونه‌وه‌ که‌سێک ده‌هێنینه‌ بوون. -به‌س خۆت جارێک پێت وتم، هیچ شتێک له‌ نه‌بوونه‌وه‌ نایەته‌ بوون، هه‌موو شتێک سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر گه‌ردێکیش بێت. خۆت وتت چیرۆکه‌کانیش وان. -بیرم نییه‌ که‌ی وام پێ وتوویت. نازانم بۆ ئه‌وه‌م وتووه‌. -ڕۆژێکی زستان بوو، به‌فرێکی چڕ ده‌باری، ئه‌و کاته‌ هێشتا له‌ ناوه‌ندی بووم، له‌گه‌ڵ خۆت بردمت بۆ پێشانگای په‌یکه‌ر‌سازێک، ده‌یان په‌یکه‌ر‌ی بچوکی دروستکردبوو، یه‌کێک کەله‌سه‌ر و یه‌کێک ته‌نها ده‌ستێک، یه‌کێک باڵی کۆترێک له‌ پشیله‌یەک ڕووابوو، دانه‌یه‌کی تر له‌ کورسییه‌که‌وه‌ بزمار هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌موویانم بیر نه‌ماوه‌، ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌ سوچه‌که‌ی ده‌سته‌ چه‌پ، له‌و شوێنه‌ی له‌ هۆڵه‌که ده‌چووینه‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ردێکی ناڕێک دانرابوو، به‌ردێک له‌ جۆری قایه‌ سپییه‌کان، هیچ هونه‌رێکی تیا نه‌بوو، ته‌نها به‌ردێکی ئاسایی و هیچی تر، به‌وه‌ ده‌چوو له‌ دیوارێکی ده‌رهێنابێت و ڕاسته‌وخۆ هێنابێتی له‌وێ داینابێت. تۆ به‌دیارییه‌وه‌ دۆشدامابوویت، به‌س تۆ سه‌یری ئه‌و به‌رده‌ت ده‌کرد، ئه‌وانه‌ی تر له‌ په‌یکەره‌کان ورد ده‌بوونه‌وه‌، تۆش له‌ سووچی هۆڵه‌که‌دا به‌دیار به‌ردێکی ئاساییه‌وه‌ تاسابوویت و هیچت نه‌ده‌وت، بیرمه‌ بانگی په‌یکه‌رتاشه‌که‌ت کرد و که‌مێک قسه‌تان کرد، هیچ له‌ قسه‌کانتان تێنه‌گه‌یشتم، ئه‌وه‌ نه‌بێت، هونه‌رمه‌نده‌که‌ سه‌رسامی پێوه‌ دیاربوو، هه‌ستم کرد له‌به‌رده‌م باوکێکی زۆر بلیمه‌تدام، شانازیم پێوه‌ ده‌کردی . -ئێستا بیرم که‌وته‌وه‌، به‌س ئه‌وه‌ی خاوه‌نی زیره‌کییه‌که‌ بوو، باوکت نه‌بوو، هونه‌رمه‌نده‌که‌ بوو. هونه‌رمه‌نده‌که‌ هه‌موو په‌یکه‌ره‌کانی له‌ به‌رد داتاشیبوو، ئه‌و به‌رده‌ی دانابوو، تاکو بینه‌ر خۆی بۆ په‌یکه‌ره‌که‌ بگه‌ڕێت، خۆی له‌ زه‌ینی خۆیدا شێوه‌ی جیاوازی لێ دروست بکات. -به‌ڵام زیره‌کی تۆشی تیابوو، بیرمه‌ هونه‌رمه‌نده‌که‌ له‌ناو هه‌موو ئه‌وانه‌ی بۆ پێشانگاکه‌ هاتبوون، ده‌ستی خسته‌ سه‌ر شانت و وێنه‌یه‌کیشتان پێکه‌وه‌ گرت. -ئاخر ئه‌وه‌م بیره‌، ئێستا بیرمکه‌وته‌وه‌ بۆ وتوومه‌ هیچ شتێک له‌ نه‌بوونه‌وه‌ نایەته‌ بوون، هه‌ر ده‌بێ سه‌رچاوه‌یه‌کی هه‌بێت، لێ سه‌رچاوه‌ی چیرۆک خه‌یاڵه‌، خه‌یاڵێک خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینم بیگوێزمه‌وه‌ بۆ ڕاستی و به‌رجه‌سته‌ی بکه‌م.  -باوکه‌ وابزانم شه‌و دره‌نگی کردووه‌، پێویست به‌وه‌ ده‌کات که‌مێک پشوو بده‌ی، ده‌تبەمه‌ سه‌ر جێگەکه‌ت . -نا بمبه‌ره‌وه‌ لای مێزه‌که‌م، خۆم دوایی ده‌توانم بچمه‌وه‌ سه‌ر جێگەکه‌، ته‌نها له‌ ده‌رگای بالکۆنه‌که‌ بمکه‌ره‌ ژووره‌وه‌، بیریشت نه‌چێت هه‌وڵبده‌ کورسییه‌کی باشترم بۆ په‌یدا بکه‌ی. -ناته‌وێت میزت پێ بکه‌م، ئینجا بتبه‌مه‌ سه‌ر جێگەکه‌ت. -نا ده‌مه‌وێت بچمه‌ لای مێزه‌که‌م. -ده‌ته‌وێت چیرۆکێک بنووسی؟ -ده‌مه‌وێ قسه‌کانی ئه‌م شه‌ومان بنووسمه‌وه‌. -ده‌یکه‌یت به‌ چیرۆک؟ -نازانم ده‌بێت به‌ چی. -ئه‌گه‌ر توانیت چیرۆکی کابرای فه‌رشچن ته‌واو بکه‌. -نا جارێ با گفتوگۆکه‌مان بنووسمه‌وه‌. -مه‌یکه‌ به‌ چیرۆک، نه‌ک وه‌ک ژنی کابرای وێنه‌کێش یه‌کێکمان بمرین. -ئه‌وه‌ی ده‌بێت بمرێت له‌م چیرۆکه‌دا، یان منم یان تۆیت یان دایکت، ئه‌گه‌ر من بووم له‌سه‌ر مێزه‌که‌م ده‌ستنووسه‌که‌ت بۆ داده‌نێم. -ئه‌گه‌ر منیش بووم.. -نا قسه‌که‌ت ته‌واو مه‌که‌، منیش ئه‌و کات چیرۆکه‌که‌ ته‌واو ناکه‌م،‌ چۆن ده‌هێڵم تۆ بیت .   تێبینی: ئە‌م چیرۆکه‌ له‌ بیست و دووهه‌مین ڤیستیڤاڵی گه‌لاوێژ په‌راوێزه‌کانی لابرابوو، که‌ به‌شێکی دانه‌بڕاوی چیرۆکه‌که‌یه‌ بۆیه‌ لێره‌دا به‌ ته‌واوه‌تی بڵاوی ده‌که‌مه‌وه‌. په‌راوێزه‌کان: [1] - من ده‌مویست ئه‌و جیاوازییه‌ پیشانی كچه‌كه‌م بده‌م، پۆ له‌ چیرۆكی پشیله‌ ره‌شه‌كه‌دا ژنه‌كه‌ی به‌ ده‌ستی خۆی ده‌كوژێت، به‌ڵام له‌ پۆرترێته‌ هێلكه‌ییه‌كه‌دا له‌ ڕێگەی دۆناودۆنه‌وه‌، ڕۆحی ژنه‌كه‌ی ده‌كاته‌ ناو جه‌سته‌ی ژنی دووهه‌مییه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ستم كرد، كچه‌كه‌م هێشتا ئاماده‌ی ئه‌وه‌ی تیا نییه‌ مێشكی به‌ دۆناودۆن و مه‌سه‌له‌ ڕۆحییه‌كانه‌وه‌ سه‌رقاڵ بكه‌م. ناوبه ناو چیرۆكی یان ڕۆمانی ده‌ده‌مێ بیخوێنێته‌وه‌، ئه‌و هێشتا قۆناغی یه‌كه‌می زانكۆیه‌، زۆر مێشكی به‌ ئه‌ده‌به‌وه‌ سه‌رقاڵ ناكه‌م، ده‌مه‌وێ ببێته‌ پارێزه‌رێكی وریا، نه‌ وه‌ك من و نه‌ وه‌ك دایكی. -2هه‌ست ده‌كه‌م خه‌ریكه‌ كچه‌كه‌شم لێم بێزار ده‌بێت، ئه‌وه‌ پێنج ساڵه‌ پیره‌ پیاوێكی په‌كه‌وته‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن، باوكێك ئه‌بوو ببێت به‌ چه‌تر بۆ كچه‌كه‌ی، كه‌چی ئه‌و بووه‌ به‌ به‌رده‌ستم، زۆر نیگه‌رانم، زۆر جار ئاوات به‌ مه‌رگ ده‌خوازم، لێ بوێری ئه‌وه‌م نییه‌ ڕۆژێك له‌ بالكۆنه‌كه‌وه‌ خۆم بخه‌مه‌ خواره‌وه‌. پێنج ساڵه‌ ژنه‌كه‌م و كچه‌كه‌م له‌سه‌ر ئه‌م كورسییه‌ ده‌مهێنن و ده‌مبه‌ن. 3- بیست ساڵ پێش ئێستا دایكی كچه‌كه‌مم ناسی، ئه‌و له‌ ڕێگه‌ی كتێبه‌وه‌ ئاشقی من بوو، وای ده‌زانی دنیای ناو كتێبه‌كان ئه‌و به‌هه‌شته‌یه‌ بۆی ده‌گه‌ڕێت، وای ده‌زانی ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ پیاوێكی كتێبنووسی كتێبخوێندا بكات، به‌خته‌وه‌ر ده‌بێت، ساڵ دوای ساڵ له‌ كتێبه‌كان دووركه‌وته‌وه‌، تاكو گه‌یشت به‌وه‌ی تاقه‌تی گوێگرتنیشی نه‌ما، له‌ عاشقێكی سه‌رسه‌ختی كتێبه‌وه‌ بوو به‌ دوژمنێكی دڵره‌ق، له‌و بروایه‌دام ڕۆژێك هه‌ق له‌ كتێبه‌كان بكاته‌وه‌، ڕۆژێك ڕه‌نگه‌ هه‌مووی پێكه‌وه‌ بسوتێنێت، ئه‌و كتێب به‌ سه‌رچاوه‌ی دوره‌په‌رێزیمان ده‌زانێت، لای وایه‌ من ئه‌وه‌نده‌ی دڵم لای كتێبه‌كانه،‌ نیو ئه‌وه‌نده‌ دڵم لای ئه‌و نییه‌. چه‌ند جار ئه‌وه‌ی پێ وتووم، له‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ چیرۆكه‌كانم بۆ ئه‌و ده‌خوێنده‌وه‌، ورده‌ ورده‌ ئه‌و وه‌ڕس بوو، ئێستا له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌م خه‌ریكم، ده‌زانم ئه‌ویش ڕۆژێك ده‌زانێت به‌هۆی كتێبه‌كانه‌وه‌ چ‌ غه‌درێكم لێ كردووه‌ و چ باوكێكی خراپ بووم.  4- كه‌مێك قسه‌ی تریشی كرد، له‌وانه‌ی هه‌میشه‌ ده‌یڵێت، لێ ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ی گفتوگۆكه‌م نووسیوه‌ته‌وه‌، كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ باسی چیرۆكه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. 5- له‌وێدا ده‌مویست به‌ كچه‌كه‌م بڵێم ڕۆژانێك دایكیشت شانازی پێوه‌ ده‌كردم، قسه‌كه‌م گه‌ڕانده‌وه‌. 6- لێره‌دا كچه‌كه‌م وای ده‌زانی وڕێنه‌ ده‌كه‌م، هه‌رچی جارێك باسی خه‌یاڵیان بۆ ده‌كه‌م، وا ده‌زانن وه‌ك قاچه‌كانم عه‌قڵیشم له‌ده‌ست داوه‌. 7- ڕه‌نگه‌ كچه‌كه‌م له‌ ترساندا خه‌وی لێ نه‌كه‌وێت، یان ڕه‌نگه‌ له‌سه‌ر جێگەكه‌ی به‌ گوێی دایكیدا چرپاندبێت، باوكم وا عه‌قڵیشی له‌ده‌ست ده‌دات.  وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌واڵێكی چاوه‌ڕوانكراوی پێ بدات، زۆر حه‌زم ده‌كرد ئه‌وه‌ بێت له‌ بری ترسه‌كه‌.    

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن نزار زێوێیى به‌ڕێوه‌به‌رى گروپى میوزیکى لوڕ رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشوازی گەرمیان لێکراوە لە فێستیڤاڵی بابل، ئەوەش بیرو ڕاى خۆی و گروپەکەی لەبارەی عەرەبەوە گۆڕیوە. نزار زێوێیى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتی باس له‌وه‌ده‌کات، که‌مته‌رخه‌مى حکومه‌ت و په‌روه‌رده‌یه‌ که‌ هونه‌ر و میوزیک پشتگوێخراوه‌. ‌هاوڵاتی: گروپى میوزیکى لوڕ که‌ى دامه‌زراوه‌و چه‌ند ئه‌ندامى هه‌یه‌؟ نزار زێوێیى: گروپى میوزیکى لوڕ له‌ ساڵى 2008وه‌ دامه‌زراوه‌، هه‌شت ئه‌نداممان هه‌یه‌. بیرۆکه‌که‌ى جه‌بار یاوه‌ره‌ و له‌گه‌ڵ مندا باسیکرد و به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ به‌ده‌م ئه‌و پرۆژه‌یه‌وه‌ چووم، که‌ به‌شێک بوو له‌ سه‌نته‌رى هاوبه‌شى لوڕ، به‌ڵام ئێستا گروپه‌که‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ و ئیداره‌ و کارکردنى خۆى جیاوازه‌. ‌هاوڵاتی: ئامانجى کارکردنى ئه‌م گروپه‌ چییه‌؟ نزار زێوێیى: ئامانجمان زیندوو ڕاگرتنى میوزیک و گۆرانى کوردى و پاراستن و گه‌شه‌پێدانى هونه‌رى میللى کوردییه‌. ‌هاوڵاتی: چه‌ند ئه‌ندامى گروپه‌که‌تان خه‌ڵکى رۆژهه‌ڵاتى کوردستانن و پارچه‌کانى ترى کوردستانن؟ نزار زێوێیى: ئه‌ندامه‌کانى ئێمه‌ زیاتر خه‌ڵکى باشورن و رۆژهه‌ڵاتیشمان تێدایه‌. سیستمى ئه‌ندام وه‌رگرتنى ئێمه‌ وایه‌ هه‌موو که‌سێکى به‌ ئه‌زمون و لێهاتوو وه‌رده‌گرین، ناشیبه‌ستینه‌وه‌ به‌ گروپه‌که‌ى خۆمانه‌وه‌ که‌ ته‌نها کار له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بکات، ئه‌نداممان هه‌یه‌ له‌ چه‌ند گروپێکى تریش کارده‌کات. ‌هاوڵاتی: بۆچى ناوى لوڕتان له‌ گروپه‌که‌تان ناوه‌ ئایا ئیش له‌سه‌ر فۆلکلۆرى لوڕ ده‌که‌ن؟ نزار زێوێیى: ویستومانه‌ ئه‌و پێکهاته‌ى سه‌ره‌کییه‌ى کورد که‌ لوڕه‌ به‌شێکى که‌وتۆته‌ باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان و به‌شێکیشى که‌وتۆته‌ کوردستانى باشورى خۆمانه‌وه‌، ئه‌مانه‌ به‌چه‌ند هۆکارێک له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌، دورخراونه‌ته‌وه‌ و به‌ش به‌ش کراون. بۆیه‌ ئامانجمان ئه‌وه‌ بووه،‌ جارێکى تر ئه‌م ناوه‌ زیندوو بکه‌ینه‌وه‌، بۆ ئه‌و نه‌وه‌ى نوێیه‌ى که‌ پێ ده‌گات که‌متر خۆشه‌ویستى و دڵسۆزى بۆ خاک و وڵات مابێت. ورده‌ ورده‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ بتوانین ئه‌بده‌یتى ئه‌و ناوه‌ بکه‌ینه‌وه‌ و به‌ زیندوویى ڕایبگرین وه‌ک پێکهاته‌کانى تر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناوه‌که‌مان وه‌ک تایتڵ هه‌ڵبژاردووه‌ و پاراستنى و گه‌شه‌پێدانى هونه‌ر و میوزیکى کوردى، پاراستنى هه‌ریه‌ک له‌و پێکهاتانه‌ ئامانجى کارکردنمانه‌. ‌هاوڵاتی: له‌م 11ساڵه‌ى ماوه‌ى کارکردنى گروپى میوزیکى لوڕ کاره‌کانتان چین که‌ کردوتانه‌؟ نزار زێوێیى: له‌ماوه‌ى ئه‌و یانزه‌ ساڵه‌دا 10 ئه‌لبوممان تۆمار کردووه‌ تایبه‌ت به‌ گروپه‌که‌مان، نزیکه‌ى 30 ڤیدیۆ کلیپمان هه‌یه‌، له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا ئیسپانیا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و نه‌مسا داوا کراوین و کۆنسێرتمان هه‌بووه‌. له‌ وڵاتانى دراوسێ ئێران و تورکیا کارمان کردووه‌ و به‌شداریمان کردووه‌، له‌ بۆنه‌ نه‌ته‌وه‌یى و نیشتیمانیه‌کان، به‌رده‌وام به‌شداریمان کردووه‌، چالاکترین گروپ بوین به‌تایبه‌ت له‌کاتى قه‌یرانه‌کان و شه‌ڕى داعش، به‌شێکى زۆرى گروپه‌کان کۆتاییان پێهات، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌  گروپه‌که‌ى ئێمه‌ زۆر چالاکتر بوو. ‌هاوڵاتی: هیچکات هه‌بووه‌ ده‌عوه‌ت کرێین و نه‌توانن بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌؟ نزار زێوێیى: به‌هۆى قه‌یرانه‌کانه‌وه‌ له‌م ساڵانه‌دا زۆرجار ده‌عوه‌ت کراوین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌  نه‌مانتوانیوه‌ بچین، چونکه‌ له‌ وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیریه‌وه‌ بودجه‌مان نه‌ماوه‌. ‌هاوڵاتی: له‌ ماوه‌ى ڕابردوودا به‌شدارى هه‌شته‌مین فێستیڤاڵى بابلتان کرد؟ پیشوازى جه‌ماوه‌رى ئه‌وێ چۆن بوو؟ نزار زێوێیى: له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیارى فێستیڤاڵه‌که‌وه‌  ده‌عوه‌ت کراوین و له‌ ڕۆژى دووى ئایار  به‌شداریمان کرد له‌و فێستیڤاڵه‌ و ئه‌وه‌ یه‌که‌مجاره‌ که‌ له‌سه‌ر ئاستى عێراق، گروپێکى کوردى  ده‌عوه‌ت کرێت و به‌و شێوازه‌ گه‌رمه‌ پێشوازى مان لێکرا که‌ بیرو ڕاى من و گروپه‌که‌شى ده‌رباره‌ى عه‌ره‌ب گۆڕى. من پێموایه‌ ئێمه‌ خۆمان به‌ناهه‌ق ئه‌و بیره‌مان لاى خۆمان چه‌سپاندووه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان ته‌نها سێ پارێزگایه‌، ئه‌و هه‌ژده‌ پارێزگایه‌ هى ئێمه‌ نییه،‌ به‌ڵکو ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ ئه‌وه‌ى سه‌لماند که‌ کوردیان خۆش ده‌وێت و ئیمه‌ هه‌موومان یه‌کین و ئیمه‌ش په‌یامى برایه‌تى و خۆشه‌ویستیى کوردمان پێگه‌یاندن. به‌  ئاڵا و جلى کوردى، به‌شداریمان کرد. پیشوازییه‌کى زۆر گه‌رمتر و جیاواز ترمان لێکرا. ‌هاوڵاتی: ئه‌و ئامێرانه‌ى له‌ کار و چالاکیه‌کانتاندا به‌کارى دەهێنن، چین؟ نزار زێوێیى: گروپه‌که‌مان گروپێکى رۆژهه‌ڵاتییه،‌ ئامێره‌کانمان کۆمه‌ڵێک ئامێرى رۆژهه‌ڵاتین، وه‌ک ئامێرى تار و سه‌نتور و عود و ده‌ف و زه‌ڕب و نه‌ى و تارباس ...وه‌ خۆشبه‌ختانه‌ هونه‌رمه‌ندى وامان هه‌یه‌ که‌ ئاماده‌باشى پیشانداوه‌ که‌ له‌ هه‌ر شوێنێک، پێویستمان به‌ ئامێره‌که‌ى بوو، پێمان ده‌دات. ‌هاوڵاتی: گروپه‌که‌تان هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م شێوازى کارکردنه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟ نزار زێوێیى: ستایلى گروپه‌که‌ به‌م شێوازه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، به‌رده‌وام ده‌بین، چونکه‌ په‌یڕه‌وى پرۆگرامه‌که‌ وایه‌. ‌هاوڵاتی: ئایا بڕیارتان نه‌داوه‌ کار له‌سه‌ر ستایله‌کانى ترى میوزیک بکه‌ن، وه‌کو پۆپ و جاز و ستایله‌ رۆژئاواییه‌کانى تر؟ نزار زێوێیى: هه‌موو شتێک و هه‌موو کارێکمان پێ جوانه‌، به‌ڵام ئه‌م کاره‌ى ئێمه‌ ئیشى ده‌سته‌ و ئه‌مه‌ کلتوره‌ نابێت فه‌رامۆشى بکه‌ین، خۆمان به‌ نوێنه‌رى کلتورى کورد ده‌زانین، بڕیارمان نه‌داوه‌ گۆڕانکارى له‌ ستایله‌کان بکه‌ین، چونکه‌ ئه‌مه‌ بۆته‌ ستایلى کارکردنى ئێمه‌ و به‌ موزیک و ئاله‌ته‌کانه‌وه‌ ده‌ناسرێینه‌وه‌. ‌هاوڵاتی: چۆن کارى گۆرانیبێژه‌ تازه‌کان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن که‌ زیاتر به‌ ستایلى رۆژئاوایى کارده‌که‌ن؟ نزار زێوێیى: ئێمه‌ هه‌موو کارێکى هونه‌ریمان پێ جوانه‌، به‌ڵام شێواز و ئامانجى کاره‌کان جیاوازه‌، به‌شێک له‌ هونه‌رمه‌ند هونه‌ریان کردۆته‌ بازرگانى و بۆ خۆشى خۆیان کار ده‌که‌ن، ئێمه‌ ئه‌رکمان پاراستنى هونه‌رى میللى نه‌ته‌وه‌ى کوردییه،‌ بۆیه‌ کاره‌که‌مان جیاوازه‌. ‌هاوڵاتی: ئێوه‌ وه‌ک گروپه‌که‌تان کار له‌گه‌ڵ کام له‌ هونه‌رمه‌ندان ده‌که‌ن؟ نزار زێوێیى: ناتوانم هونه‌رمه‌ندێک بهێنم که‌ ستایله‌که‌ى له‌گه‌ڵ ئێمه‌ نه‌گونجێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ کار له‌گه‌ڵ هه‌موو هونه‌رمه‌ندان ده‌که‌ین که‌ له‌گه‌ڵ ستایلى گروپه‌که‌ بگونجێت له‌ ڕوى میوزیکه‌وه‌. ‌هاوڵاتی: کێ پشتیوانى دارایى گروپه‌که‌تان ده‌کات؟ نزار زێوێیى: جه‌بار یاوه‌ر ئه‌شقێکى بۆ هونه‌ر و نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمان هه‌یه‌. له‌ قۆناغى یه‌که‌مى هێنانه‌ سه‌رپێى گروپه‌که،‌ هه‌موو هه‌وڵێکى داوه‌، له‌ڕێگه‌ى په‌یوه‌ندى تایبه‌تى خۆیه‌وه‌ هه‌وڵى داوه‌، به‌ڵام تائێستا به‌ بچوکترین وشه‌ ده‌ستى له‌ کاره‌که‌مان وه‌رنه‌داوه‌ و دواى ئه‌وه‌ تا چوار ساڵ له‌ حکومه‌ته‌وه‌ پشتیوانى ده‌کراین و بودجه‌مان هه‌بوو، دواتر به‌هۆى قه‌یرانه‌وه‌ بڕاو گروپه‌که‌ توانى به‌ هه‌وڵ و تواناى خۆى خۆى بسه‌پێنێت و بۆئه‌وه‌ى بتوانین به‌رده‌وام بین، یه‌کێتى پشگیرى کردین و تائێستاش که‌سێک نه‌هاتووه‌ که‌ بڵێت ناومان بهێنن له‌کاتێکدا که‌ حکومه‌ت پشگیرى بکردینایه‌ ده‌بوایه‌ هه‌موو رۆژێک ناوى بهێنین و بچین مۆسیقایان بۆ بژه‌نین. ‌هاوڵاتی: داواکاریتان له‌ حکومه‌ت چییه‌ که‌ بۆ هونه‌ر و بوارى هونه‌ریى بکات؟ نزار زێوێیى: پێویسته‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا با ئێمه‌ش فێستیڤاڵ یان یادکردنه‌وه‌یه‌کمان هه‌بێت، وه‌ک ئه‌وه‌ى بابل، کۆکردنه‌وه‌ى پارچه‌کانى تر یاخود وڵاتانى دراوسێ، واته‌ قه‌تیس نه‌بین له‌م دوو سێ شاره‌دا، بۆئه‌وه‌ى وامان لێبێت که‌ چوینه‌ شوێنێکى تر نه‌زانین چۆن هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ین، ئه‌م چالاکیانه‌ بۆ گۆڕینه‌وه‌ى هونه‌ر بکه‌ین تاببێته‌ هۆى پێشکه‌وتنمان. که‌مته‌رخه‌مى حکومه‌ت و په‌روه‌رده‌یه‌ که‌ هونه‌ر و میوزیک پشتگوێخراوه‌ و منداڵه‌کانمان فێر ناکرێن وه‌ک په‌روه‌رده‌ میوزیک بخوێنرێت بۆیه‌ که‌ کۆنسێرتێک ده‌کرێت ژماره‌یه‌کى که‌م خه‌ڵک ئاماده‌ ده‌بێت، له‌کاتێکدا که‌ ناوى ده‌نێیت ئاهه‌نگ به‌ پاره‌یه‌کى زیاتر  خه‌ڵکانێکى زۆر زیاتر ئاماده‌ ده‌بن.

بڵاوکراوەکانی نووسیار لە یەکەمین دەرکەوتنیدا، لە زنجیرە کتێبی «خەرمانەی نووسیار» کتێبی «گەردووننامە»ی پێشەوا کاکەیی چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ئەم بەرهەمە: لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ۲۰۱۸ نووسراون، پێک هاتووە لە ۱۰ شیعر، لە دووتوێی ١٠٨ لاپەڕەدا. کە کاری ڕێنووس و هەڵەچن: وشیار عەلی، بەرگ و نەخشەسازی ناوەوە: محەمەد زاری ئەنجامی داوە، هەروەها لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی چاپ کراوە.        ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی نوێی شاعیرە.  کاکەیی لەم بارەوە دەڵێت: ئەم بەرهەمەم: لەمەڕ دونیای فیزیکی و میتافیزیکییەوەیە، لە لایەکەوە خۆدانەوەیە بەر حیکمەی بوون و لەلایەکی دیکەشەوە زمان چۆن دەڕوانێتە ئەو دوو دیوە، چۆن زمان دەخاتەوە نێو ماڵی بوون. ئەوەی من گەرەکمە بيكه‌م، ئه‌وه‌يه‌ هاوسەنگییەک بۆ وشە بگێڕمەوە و چیدی وشە لە خودێتیی مرۆڤدا قەتیس نەکرێتەوە. قووڵبوونەوە لە شەو، یان تەنیایيی چەکچەکیلەیەک، سەفەرکردن بە نێو جیهاندا یان چوونەنێو-جیهانه‌وه‌ بچووک نەکرێتەوە بۆ خودێتی(ـى من و تۆ و ئێمە)، بەڵکوو کارکردن بێت لەسەر شەو، گەردوون وەک ڕووبەری گشتی، ئەستێرە، یان هەرهەسارەیەکی دیكه‌، بگرە گەمەی مەیموون، ڕوانین لە گیاندار، جوانيی ڕووەک، ڕامان لە باڵندە و... تا دوایی. لە ڕووبەرێکی گشتیدا خۆی وەک خۆی بناسرێت و خۆی لە کایەی شیعریدا وەک خۆی بەشدار بێت، نەک ببنە کەرەستەیەکی شیعری بۆ خودێتیی شاعیر. هاوکات، گفتوگۆیەک لە نێوان «یاسین حوسێن و پێشەوا کاکەیی،» لەمەڕ «شەونامە، بە تامی ڕۆشنایی» ئەنجام دراوە، کە شیعرە دەپاڵ گەردووننامەدا. هەروەها، «شەنیار جەلال» خوێندنەوەیەک بە نێوی: «ئەدەبی زانستییانە و زانستی ئەدەبییانە» بۆ کتێبەکەی نووسیوە.  پێشەوا کاکەیی، خاوەنی چەند کتێبێکی شیعرییە، هەروەها خاوەن پڕۆژەی شیعرییە، بە نێوی: «شعرە/ڕێ» کە کارنامەکەی لە هەشت پڕۆژە پێک هاتووە، ئەوانیش: ۱- ئەفریقانامە، بە تامی شیعر. ۲- زەمیننامە، بە تامی شیعر. ۳- ئەمریکای باشوور، بە تامی شیعر. ٤- ئەمریکای باکوور، بە تامی شیعر. ٥- زەریا و بەستەڵەکی باشوور، بە تامی شیعر. ٦- ئۆقیانووسیا، بە تامی شیعر. ۷- ئاسیانامە، بە تامی شیعر. ۸- ئەورووپانامە، بە تامی شیعر.         شاعیر، لە ساڵی ۲۰۱٦ەوە تاکوو ئێستا، چوار پڕۆژەی نووسیوە، ساڵی ۲۰۱۸، لە دوو کتێبدا بە چاپی گەیاندوون، بە نێوی: «ئەفریقانامە و زەمیننامە، بە تامی شیعر» و «ئەمریکانامە، بە تامی شیعر»         پارچە شیعرێک لە کتێبەکەوە: شەو لەوەتی چووەتە دونیای مۆدێرنەوە، مانگ تووشی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە بووە؛ لە نەخۆشخانەی گەردووندا پاڵ کەوتووە و یەک ئەستێرەش ناناسێتەوە.  

لە ئێستاداو لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە دونیای ئەدەبیدا شەپۆلێكی گەورەی وەرگێڕانی بەرهەمە بیانیەكان بەدی دەكرێت، كە ئەم بەرهەمانە هەیانە لە زمانی یەكەمەوەو هەیانە لە دووەم ‌و سێیەمەوە وەردەگێردرێن، بەبێئەوەی بەدونیای ڕەخنەیداو بە بێ هیچ فلتەرێكی ئەكادیمیدا تێپەڕببن، بۆ زیاتر قسەكردن دەربارەی ئەم بابەتە بە پێویستمان زانی ئەم دیدارە، دەربارەی پرۆسەی وەرگێڕان و گرفتەكانی لە هەرێمی كوردستان، لە گەڵ وەرگێڕی بەتوانا (سیامەند شاسواری)دا ساز بدەین.   سازدانی: شاخەوان سدیق   *هەمیشە دەوترێت وەرگێڕان نووسینەوەى دەقێکى نوێیە لە لایەن کەسى وەرگێڕەوە، ئێوە چۆن لەمە دەڕوانن؟ پێتان وایە وەرگێڕان دەتوانێت ڕۆحى زیندووى تێکستەکان بگوازێتەوە؟   سیامەند شاسواری: من له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌م. مه‌گه‌ر زۆر به‌ ده‌گمه‌ن، ئه‌گینا که‌م وه‌رگێڕ هه‌یه‌ شه‌یدا و خولیای پیشه‌که‌ی خۆی نه‌بێ و ئه‌وپه‌ڕی توانای بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌کار نه‌هێنێ. دیاره‌ ڕاده‌ی به‌هره‌ و توانای وه‌رگێڕه‌کانیش سنوورداره‌ و وه‌رگێڕی وا هه‌یه‌ ئه‌وپه‌ڕی توانای خۆی به‌کار ئه‌هێنێ، هێشتاش وه‌ک هیی وه‌رگێڕێکی تر ده‌رناچێ. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر خوێنه‌رێکی کورد وه‌رگێڕانی کوردی چوارینه‌کانی خه‌یام بخوێنێته‌وه‌ هه‌ست ناکا ئه‌و هۆنراوانه‌ وه‌رگێڕدراون. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ندێ له‌ چوراینه‌کانی خودی بابا هه‌ژاری موکریانی که‌ له‌ هه‌مان په‌رتووکدا هه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی خه‌یام به‌راورد بکا لای سه‌یر ئه‌بێ، چونکه‌ هیچ دیارده‌یه‌ک نابینی که‌ ده‌ری بخات ئه‌میان وه‌رگێڕدراوه‌ یان سۆلانی خودی زمانه‌که‌یه‌. دیسانه‌وه‌ نموونه‌یه‌کی تر: چامه‌ی "پیره‌ هه‌ڵۆ"ی "ئه‌لکساندر پۆشکین" هه‌م "هه‌ژار" کردوویه‌تی به‌ کوردی و هه‌م "سواره‌". ئینجا هه‌رکه‌س که‌ وه‌رگێڕانه‌ی هه‌ژار بخوێنێته‌وه‌ چێژێکی دارماڵی لێ وه‌رئه‌گرێ و زۆی به‌دڵي ئه‌بێ. به‌ڵام وه‌ک برای ئازیزم کاک کۆچه‌ری شاسواری کاتی خۆی له‌ ڕۆژنامه‌ی "گڕوگاڵ" که‌ له‌ کرماشان بڵاوی ئه‌کرده‌وه‌، ئه‌ماژه‌ی پێدابوو، خودی هه‌ژار کاتێک وه‌رگێڕانی "پیره‌هه‌ڵۆ"ی سواره‌ ئه‌خوێنێته‌وه‌ ئه‌ڵێ: "بمزانیبا سواره‌ ده‌یڵێ، من نه‌مده‌گوت!" واته‌ خودی هه‌ژار وه‌رگێڕانه‌که‌ی سواره‌ی له‌ هینه‌که‌ی خۆی پێ جوانتره‌ یان با بڵێین لای وایه‌ سواره،‌ باشتر"گیان"ی زیندووی هۆنراوه‌که‌ی گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ زمانی کووردی. له‌ هه‌مان کاتدا ئه‌وه‌ نیشانه‌ی بێتوانایی هه‌ژاریش ناگه‌یه‌نێ، چونکه‌ بۆی هه‌یه‌ سواره‌ش سه‌باره‌ت به‌ خه‌یامی کوردی وه‌رگێڕانی هه‌ژار وای بوتایه‌ت. له‌وه‌ش زیاتر من پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر خۆشه‌ویستی ده‌ق و به‌هره‌ و پسپۆڕی، وه‌کو سێ ڕه‌هه‌ندی گرنگی وه‌رگێڕان له‌ لای وه‌رگێڕێک کۆ ببێته‌وه‌، بۆی هه‌یه‌، نه‌ک هه‌میشه‌، به‌ڵکو هه‌ندێ جار، له‌ خودی ده‌قی سه‌ره‌کی باشتر ده‌ربچێ. بۆ نموونه‌ من پێم وایه‌ "ئه‌فسانه‌ی چیای ئاگری" شوکر مسته‌فا له‌ تورکییه‌که‌ی خودی یاشار که‌مال زیندووتر و وێژه‌ییتر و هۆنه‌رانه‌تر ده‌رچووه‌. (پێم خۆشه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ ئه‌و دوو به‌رهه‌مه‌یان به‌ کوردی و تورکی خوێندوه‌ته‌وه‌، بڵێن وایه‌ یان نا!) سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌ش، دیاره‌‌ ته‌نها گواستنه‌وه‌ی "گیان"ی ده‌قێک بۆ زمانی دووه‌م مه‌رج نییه‌. هه‌ندێ که‌س هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ گیان و کاکڵ و ناوه‌رۆکی ده‌قی یه‌که‌می لا گرنگه‌، ئه‌گه‌ر زمانه‌که‌ی خۆی تێک بدات هیچ لای گرنگ نییه‌. به‌ڵام وه‌رگێڕ چه‌ندین ئه‌رکی جیاوازی له‌سه‌ر شانه‌ و ئه‌بێ هه‌ر هه‌مووی ڕه‌چاو بکات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ گیانی ده‌قی یه‌که‌م ڕه‌چاو ئه‌کات، ئه‌بێ زمانه‌که‌ی خۆی و وشه‌ و ده‌سته‌واژه‌ و ڕه‌وانبێژیی و ڕێزمانی خۆیشی له‌ به‌رچاو بێ. ئه‌بێ وابێ: "نه‌ سیخ بسووتێ و نه‌ که‌باب!"     *ئەو بنەما سەرەکیانە چین کە دەبێت لە کەسى وەرگێڕدا هەبن، ئایا زانینى زمانێک بەتەنها دەتوانێ وا لە مرۆڤ بکات تواناى وەرگێڕانى تێکستەکانى هەبێت، وەرگێڕان پیشەیە یان زانستە یان هونەرە.   سیامەند شاسواری: دیاره‌ ئه‌م پرسیاره‌ به‌ چه‌ند دێڕ وه‌ڵام نادرێته‌وه‌ و هه‌زاران بۆچوونی جیاواز له‌مباریه‌وه‌ وتراوه‌ و نووسراوه‌. به‌ڵام وه‌رگێڕ ئه‌بێ لانیکه‌م شاره‌زای بوار و ده‌سته‌واژه‌ی بابه‌ته‌که‌بێ، به‌رامبه‌ر به‌ ده‌قی سه‌ره‌کی ئه‌مه‌گدار بێ و فه‌رهه‌نگۆک و په‌راوێزی پێویستی بۆ بنووسێ به‌بێ ئه‌وه‌ی بۆچوونی خۆی ده‌رببڕێ، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به‌ تێگه‌یشتنی خۆی به‌رداشت بکات. ئه‌بێ ڕێنووس و ڕێزمان و ئیدیت یان ئارایشت بزانێ... ئینجا وه‌ک له‌ نموونه‌ی هه‌ژار و سواره‌دا ئه‌ماژه‌م پێدا، زۆر جار وتراوه‌ که‌ وه‌رگێڕان ڕه‌وتێکی ئه‌ندێشه‌یی داهێنه‌ر و ئافرێنه‌ره‌ و ناتوانێ له‌ که‌وشه‌نی ڕێسایه‌کی سیستماتیکدا قه‌تیس بکرێ. که‌چی ئه‌شتوانرێ بوترێ وه‌رگێڕان زانسته‌، چونکه‌‌ ئه‌توانێ: ئه‌و ڕۆڵه‌ گرنگه‌ی‌ به‌رهه‌مێک له‌ زمانی یه‌که‌مدا هه‌یه‌تی بگوێزێته‌وه‌ بۆ زمانی دووه‌م و هه‌مان کا‌ریگه‌ریی ببه‌خشێ. به‌ڵام به‌و پێیه‌ی که‌ ئه‌بێ ئیستاتیکا و جوانی و کاریگه‌ریی هه‌ستی و ڕه‌وانبێژی له‌ وه‌رگێڕاندا ڕه‌چاو بکرێ، وه‌رگێڕان هونه‌ره‌ و له‌ هه‌مان کاتدا که‌ وه‌رگێڕ شێواز و بنه‌ماکانی وه‌رگێڕانی خوێندووه‌ و فێر بووه‌ و وه‌ک پسپۆڕێک به‌ شێوه‌ی درێژخایه‌ن به‌و کاره‌ هه‌ڵئه‌سێ ئه‌وا پیشه‌یه‌.   *وەرگێڕان دەتوانێت چ ڕۆڵێک لە بەرەوپێشەوەبردنى کتێبخانەى کوردیدا بگێڕێت؟ بۆ هەوڵ نەدراوە وەرگێڕانى پێچەوانە بکەن؟ واتە بەرهەمەکوردیەکان وەربگێڕنە سەر زمانە بیانییەکان، پێتان وانیە لە ئێستادا ئەوە پێداویستییەکى گەورەیە؟   سیامەند شاسواری: وه‌رگێڕان ئه‌توانێ ده‌رگای جیهانی فراوان و بێسنووری کوولتور و زانستی مرڤایه‌تی به‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا بکاته‌وه‌ و په‌رتووکخانه‌ی کوردی بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێک که‌ خوێنه‌ری کورد بتوانێ پێداویستی خۆیله‌ نامه‌خانه‌ی کوردیدا ده‌سبخات. به‌ڵام من خۆم به‌فه‌رمیکردنی زمانێکی وه‌ک ئینگلیزی که‌ ئه‌مڕۆ زمانی زانست و ئه‌نفۆماتیکه‌، له‌ بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان به‌ گرنگتر و پێویستتر ئه‌زانم. سه‌باره‌ت به‌ وه‌رگێڕانی پێچه‌وانه‌ ئه‌وه‌تا ده‌ستی پێکردووه‌ و هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌م دیارده‌یه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و هه‌ر زمانێک چه‌نده‌ به‌رهه‌می گرنگی هه‌یه‌ و‌ زمانه‌کانی تر هه‌ست به‌وه‌ بکه‌ن ئه‌و به‌رهه‌مه،‌ به‌ زمانه‌که‌ی ئه‌وان چه‌نده‌ شیاوی خوێندنه‌وه‌یه‌ و چه‌نده‌ کاریگه‌ری، له‌بواره‌که‌ی خۆیدا ئه‌بێ. ته‌نانه‌ت زمانه‌ ئوورووپاییه‌کانیش تا کۆتایی سه‌ده‌کانی ناونجی،نه‌ له‌ بواری زانست و نه‌ وێژه‌ی مه‌زندا به‌رهه‌مێکی ئه‌وتۆیان نه‌بوو. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می وێژه‌یی و مێژوویی و زانستی مه‌زن له‌دایک ئه‌بێ و پێداویستی ئافراندنی زمانی زانستی دێته‌ ئاراوه‌، هه‌م ئه‌و زمانه‌ وه‌ک زمانی کراوه‌ی مرۆڤ له‌دایک ئه‌بێ و هه‌م بزووتنه‌وه‌ی وه‌رگێڕان ئه‌وه‌نده‌ په‌ره‌ ئه‌سێنێ که‌ زۆربه‌ی نووسه‌رانی بلیمه‌ت و هه‌ڵکه‌وتوو، وه‌رگێڕان به‌ ئه‌ندازه‌ی ئافراندنه‌که‌ی خۆیان به‌ گرنگ ئه‌زانن و کاتی بۆ ته‌رخان ئه‌که‌ن. بۆ نموونه‌ جۆڕج ئێلیۆت، بۆدلێر و زۆری تر. له‌ زمانی کوردیش‌دا،ئه‌وه‌تا ئه‌وه‌ندی هۆنراوه‌ و ڕۆمانی قه‌شه‌نگی کوردی په‌یدا بووه‌، ئه‌بینین که‌ په‌رتووکی کوردیش خه‌ریکه‌ ئه‌چێته‌ په‌رتووکخانه‌ی زمانه‌کانی تره‌وه‌، وه‌ک چامه‌ی شێرکۆ بێکه‌س و ڕۆمانه‌کانی به‌ختیار عه‌لی و شێرزاد حه‌سه‌ن و... من خۆم له‌سه‌ر داخوازی خودی کاک شێرکۆ بێکه‌س، پێنج په‌رتووکی ئه‌وم کردووه‌ به‌ فارسی، که‌ چاپ و بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ و کاک شێرکۆ پاش گه‌شتی بۆ تاران و بینینی کاریگه‌ری په‌رتووکه‌کانی له‌ لای ڕووناکبیرانی ئێرانی زۆر دڵخۆش ببوو.   *له‌ماوه‌ى ڕابردودا دوو پڕۆژه‌ى جدیتان ئەنجامدا.که ‌ئه‌وانیش وه‌رگێڕانى هەر دوو ڕۆمانی (گەڕان بۆ کاتی لەدەستچووی(مارسێل پرۆست)و (کلیدەر)ی(مەحمود دەوڵەت ئابادی). چۆن بوو بڕیارى ئه‌م پڕۆژه ‌گه‌ورانە‌تاندا؟ ئەنجامدانی کاری ئاوا گەورە ئاستەنگ و گرنگیەکانی چین؟ ئێستا پڕۆژه‌ى داهاتووتان بۆ وه‌رگێڕان چییه‌؟   سیامەند شاسواری: من لام وایه‌ که‌ وه‌رگێڕان پێویسته‌ و ئه‌بێ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ڕاژه‌ی وێژه‌ی کوردی بکات. داگیرکه‌ری کوردستان له‌ درێژخایه‌ندا هه‌وڵی داوه‌ زمان و فه‌رهه‌نگی خۆی به‌سه‌ر کورددا بسه‌پێنێ، بۆیه‌ به‌شێکی زۆر له‌ کورد به‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و ته‌نانه‌ت بیرمه‌ندیشیه‌وه‌ تووشی نه‌خۆشینی "ئۆبلۆمۆڤیزم"[1]بوون و بڕوابه‌خۆیی و بڕوا به‌ زمان و کولتووری خۆیان له‌ده‌ست داوه‌، وشه‌ و وێژه‌ی خۆیان له‌ لا که‌م و بێبایه‌خه‌. هه‌ر هه‌موو وشه‌ی (مراسم) به‌کار ئه‌هێنن که‌چی ئه‌وه‌تا چه‌ندین وشه‌ی وه‌کو (ئاهه‌نگ و ئایین و نه‌ریت و داب و باو و بۆنه‌)مان هه‌یه‌. ئه‌و نه‌خۆشینه‌ش له‌ پڕۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌ندا به‌رپه‌رچی ئه‌درێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ر ئه‌کرێ. بۆیه‌ هه‌وڵ ئه‌ده‌م له‌ چوارچێوه‌ی په‌رتووکی دوورودرێژدا ئه‌و کرداره‌ دزێوه‌ی داگیرکه‌ر به‌رپه‌رچ بده‌مه‌وه‌. بۆ نموونه‌، من له‌ بری وشه‌ی "حالت"ی عه‌ره‌بی ئه‌نووسم "داره‌ت". دیاره‌ خوێنه‌ر یه‌که‌م جار لای سه‌مه‌ره‌یه‌، دووه‌م و ده‌یه‌م و بیسته‌م هێشتا لای نامۆیه‌، سه‌ده‌م و دووسه‌ده‌مین جار لای ئه‌بێ به‌ ئامۆ و ئاشنا، که‌ له‌ ماوه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان یان سه‌ربرده‌یه‌کی دوورودرێژدا ژماره‌ی به‌کارهێنانی وشه‌یه‌ک له‌ هه‌زار تێپه‌ڕی، ئه‌گه‌ر کچه‌ ئه‌و وشه‌یه‌ وه‌ک کوڕی ماڵه‌ دراوسێی لێدێ و، ئه‌گه‌ر کوڕه‌ وه‌ک کچی ماڵه‌ هاوسێ لای ئاشنا ئه‌بێ و ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ شه‌و خه‌ویشی پێوه‌ ببینێ! من ته‌نها له‌ وه‌رگێڕانی ڕۆمانی "گه‌ڕان بۆ کاتی له‌ده‌ستچوو"دا 1798 جار، وشه‌ی "داره‌ت"م به‌کار هێناوه‌. دڵنیاشم ده‌یان وشه‌ی وه‌کو داره‌ت له‌و پڕۆسه‌یه‌دا ئه‌چێته‌ ناو ئه‌ندێشه‌ی خوێنه‌ره‌وه‌ و،ئه‌وه‌ش ئه‌بینم که‌ له‌ لای زۆر نووسه‌ر و وه‌رگێڕ ئه‌و دیارده‌یه‌ بووه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی ڕۆشنبیری و زۆر وشه‌ی بێگانه‌ جێگه‌یان پێ له‌ق بووه‌ و زمانی کوردی له‌گه‌ڵ بڕوابوون به‌ زمانی کراوه‌ی زانستی، به‌ره‌و پاقژبوونه‌وه‌ی زیاتری ڕواڵه‌ت و ناوه‌رۆک ئه‌ڕوا؛ که‌ نه‌خوازه‌ له‌م ڕه‌وته‌دا ئه‌وه‌ی که‌ گرنگه‌ ته‌نها وشه‌ نییه‌، به‌ڵکو چه‌مکی کوردییه‌ که‌ زیاتر په‌ره‌ ئه‌سێنێ و واتای قووڵتر په‌ره‌گر و ‌ به‌ناوه‌رۆکتر ئه‌بێ. ئینجا پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ پێم وانییه‌ ئاسته‌نگی هه‌بێ ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ڵ نه‌بین. وه‌ک ئه‌وه‌یه‌ چه‌ند په‌رتووک به‌ دوای یه‌کدا وه‌ربگێڕی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ کێشه‌ری زیاتریش بێ، ئه‌گه‌ر ئارمانجی دیاریکراومان هه‌بێ و ئه‌گه‌ر سوور بین له‌سه‌ر کاره‌که‌مان. کاری داهاتووم: له‌گه‌ڵ جارجاره‌ هاوکاری گۆڤار و بڵاوکراوه‌ی وێژه‌یی، پاش بڵاوکردنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی شاسوار- وێنه‌دار، که‌ کاتی زۆری ویست و له‌ کوردیپێدیا دانراوه‌ به‌ بێبه‌رامبه‌ر[2]، 3 په‌رتووکم به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ که‌ 11 به‌رگن: هه‌ژده‌ی برومێری لویی بۆناپارت، له‌ به‌رهه‌مه‌ گرنگه‌کانی مارکس، که‌ 38 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وه‌رمگێڕابوو و له‌ شاخ، وه‌ک زنجیره‌ی وه‌رگێڕانی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان چاپ و بڵاو کرایه‌وه‌، جارێکی تر کردومه‌ته‌وه‌ به‌ کوردی و له‌ ڕیزی پڕۆژه‌ی "ناوه‌خت"دا چاپ و بڵاو ئه‌بێته‌وه‌؛ دێکامێرۆن یان هه‌گبه‌ی 100 چیرۆک، نووسینی جیۆڤانی بۆکاچیۆ، کۆتایی هاتووه‌ و له‌ دوو به‌رگی 800 و 750 لاپه‌ڕه‌یی له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌وه‌ بڵاو ئه‌بێته‌وه‌؛ یانه‌سای تیبۆThe Thibaults، ڕۆمانی 8 به‌رگی ڕۆژه‌ مارتن دو گار، براوه‌ی خه‌ڵاتی وێژه‌یی نۆبێل، پڕۆژه‌ی سێیه‌می درێژه‌ که‌ به‌رگی یه‌که‌می گه‌یشتوه‌ته‌ کۆتایی و له‌ لایه‌ن ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووسه‌وه‌ بڵاو ئه‌بێته‌وه. ڕۆمان و نووسینی خۆیشم هه‌ن‌ که‌ کاریان له‌سه‌ر ئه‌که‌م...           [1]- ئۆبلۆمۆڤیزم: Oblomovism ئه‌م وشه‌یه‌ له‌ باری ده‌روونی و ئه‌دگاری، ئۆبلۆمۆڤ که‌سایه‌تی ڕۆمانی ئیڤان گه‌نجارۆف وه‌رگیراوه‌، به‌ واتای سستی و بێوازی نه‌خۆشانه‌ و بێبڕوایی، له‌ده‌ستدانی متمانه‌ به‌ خۆیی، خۆ به‌که‌مزانی و پشت هه‌ڵکردن له‌ هه‌ست و ئه‌وین و ژیان، تا ئه‌و ڕادەیەی کە ئەبێ بە تایبەتمەندی نەتەوەیی.بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانه‌ گۆڤاری (سه‌رده‌م) ژماره‌  70 وتاری (ئۆبلۆمۆڤیزم چییه‌؟) وه‌رگێڕانی سیامه‌ند شاسواری. هه‌روه‌ها ئه‌و وتاره‌‌  له‌ دیواری فه‌یسبووکی Siyamend Shaswari دانراوه‌.    

  بڵاوکراوەکانی نووسیار لە یەکەمین دەرکەوتنیدا لە زنجیرە کتێبێ ''خەرمانەی نووسیار'' کە تا ئێستا سێ کتێبیان ئامادەیە. کتێبی (جەنگاوەرکان پیشەیان مردنە) ی ئالان پەری چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ئەم بەرهەمە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابرودوودا نووسراون و لە دوتوێی ١١٣ لەپەڕەدا پێک هاتووە لە ٢٦ چیرۆکە شیعر کە ئەزموونێکی نوێی شاعیرە. هاوکات نووسەر ئەحمەدی مەلا پێشەکی بۆ کتێبەکەی نووسیوە. لە نێو دەقەکاندا چەند کاری ئیلێسترەیشن لە لایەن هونەرمەند خاتوو سابات عەباس نەخشێنراوە. ئالان پەری خاوەنی چەندین کتێبی شیعریە هەروەها و کاری وەرگێڕانی کردووە کە دواترینیان کاری وەرگێڕانی کتێبی شاعیری دانیمارکی نیلس هاو ''شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە''. بوو. تێکستێک لە کتێەکە: ''جەنگاوەرەکان عاشقن، بێهیوا و تا ئەوپەڕی بیر لە ژیان ناکەنەوە، بۆ گوڵ دەجەنگێن بێ ئەوەی فریای بۆنکردنی بکەون، بۆ یار خۆیان بە کوشت دەدەن بێ ئەوەی لێوی کیژێک بگەزن. بێڕەحمن بەرانبەر بە خۆیان، شاعیرانە خەباتی مردن دەکەن. ئەوان قوربانیی دەستێکی نامۆن، یان مەرگپێشی خەونن، ئەوان ئێشکگری برینەکانن، وشە ساڕێژ دەکەنەوە لە هەڵواسین، باخ ئازاد دەکەن، دڵ دەچێنن، شەڕانگێزن، بەڵێ شەڕانگێزن بۆ مانەوەی بۆنی تەڕی باران، بۆ مانەوەی مرۆڤی گەشتیار لەسەر مانگ؛ جه‌نگاوه‌ره‌کان بۆ نه‌هێشتنی پیربوونی زه‌وی ده‌چنه‌ به‌ره‌کانی جه‌نگ.'' بڵاوکراوەکانی نووسیار لە کۆتایی ساڵی 2018 دامەزراوە.    

کۆمار و ئەڤین شەریف فەلاح - سنە مژاباد، یەک لە ڕۆمانەکانی جان دۆست، نووسەری کوردی خەڵکی کۆبانێیە کە بە قەڵەمی فەرهاد چۆمانی، لە شێوەزاری کورمانجیی سەرووەوە بۆ کورمانجیی ناوەڕاست (سۆرانی) گۆڕدراوە و لە دووتوێی ٢٧١ لاپەڕەدا و یەکێکە لە بڵاوکراوەکانی ماڵی وەفایی و ساڵی ٢٠١٦ چاپ و بڵاو کراوەتەوە.   پێشەکی: مێژوو و ڕۆمان هەروەک لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا نووسیویە ئەم ڕۆمانە لەبەر ڕۆشنایی کۆماری کوردستاندا دەخوێندرێتەوە. لەبارەی پەیوەندیی نێوان مێژوو و ڕۆمان و دەوری مێژوو لە خوڵقاندنی ڕۆمان وەک دەقی هاوچەرخ، گەلێک کتێب و سەرچاوە لەبەردەستن و گەلانی دیکە لەمبارەوە خاوەن گەنجینەی دەوڵەمەندن. لەبارەی جیاوازییەکانی نێوان نووسینەوەی مێژوو و ڕۆمانی مێژوویی و دەوری مێژوو لە ئاراستەکردن و داڕشتنەوەی ڕۆمانی مێژوویی لە ئەدەبی کوردی سەرچاوەیەکی ئەوتۆ لەبەردەست نییە. جۆرج لۆکاچ لە کتێبی "ڕۆمانی مێژوویی"دا دەنووسێ: "ڕۆمانی مێژوویی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم و لە بەرەبەری دەورانی ڕووخانی دەسەڵاتی ناپلیۆن بۆناپارتدا سەری هەڵداوە و (ڤیڤرلی ئێسکات لە ١٨١٤ چاپ کرا). هەڵبەت چەندان ڕۆمان بە ناوەرۆک و تێمی مێژوویی لە سەدەکانی هەڤدە و هەژدەش نووسراون و ئەگەر بمانەوێ نووسراوەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، مێژووی عەتیقە و ئەفسانەکان، لەبەرچاو بگرین، دەکرێ پێشەنگانی ڕۆمانی مێژوویی لەڕاستیدا بگەڕێنینەوە بۆ وڵاتانی چین و هێندوستان. لەبارەی ئێمەی کوردەوە کە ڕەوڕەوەی نووسینەوەی مێژوومان جیا لە لێڵی و ناڕوونی و تاریکی، هاوکات زۆربەی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانمان پڕن لە تەمومژ و لارەسەنگن و زۆربەیان بە دەستی کارەکتەرە ناوچەییەکان و بەتایبەت زلهێزەکان پووکاونەتەوە و ڕووخاون و وەک بایەک هاتوون و چوون، یان وەک قوماشێک چوونەتە ئاو، یان بەدەست خورەی خۆخۆری و خیانەتی ناوخۆییەوە لەناو چوون. ئایا کە ئێستا کورد بووەتە خاوەن ئەدەبی گێڕانەوە و دەرەتانی نووسینەوەی مێژووی خۆی هەیە، ئایا نووسەرانی ئەم بوارە (ئەدەبی گێڕانەوە) دەبێ چۆن و لە کام گۆشەنیگاوە ڕووبەڕووی ئەو واقیعە تاڵەی ڕابردوو ببنەوە؟ مێژووی پڕ لە خوێن و قوربانی و دۆڕان، مێژووی دەڵەمە و لەرزۆک، ئایا دەبێ بە نیگا هەستۆکییەوە ئاوڕ لە مێژووی خۆماڵی بدرێتەوە؟ واقیع لە نێوان ڕاستی و ئەدەبی گیڕانەوەدا دەبێ چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؟ ئایا چیرۆکنووس و ڕۆماننووسی ئێمە توانیویانە ئەو قۆناغ و بڕگە مێژووییانە و ئەو هەوراز و نشێو و شکست و نسکۆیانە بگوازنەوە ناو دەقێکی هونەری و ئەمڕۆیی و بیدەنە بەر نەشتەر؟ ڕۆماننووسانی ئێمە چەندە شارەزای مێژوون؟ گێڕانەوەی ڕەوڕەوەی مێژووی لێڵ و ئاڵۆزمان لەناو ڕۆمان و چیرۆکی هاوچەرخدا لە چ دۆخێکدایە؟ لەمبارەوە ئێمە هەژار و کۆڵەوارین و ڕۆمانی مێژوویی و ڕیالیست و واقعی تاڵی شۆڕشەکانمان کەمتر پەرژاوینەتە سەریان کە پێویستە پەنجەرە و ڕۆچنەیەکی نوێیان بەڕوودا بکەینەوە کە من لام وایە "جان دۆست" لە (مژاباد)دا هەنگاوێکی بەم ئاراستەیە هەڵگرتووە کە سەرەتایەکی گرنگە، هەرچەند لەڕووی شوێن – کاتەوە هەوڵی داوە ڕووداوە مێژووییەکان، شۆڕشەکانی باکوور، باشوور (ئەیلوول) تێکەڵ بکات و دواتر لە قەوارەی نووسینەوەی دوو ئەڤینی تێکشکاو و کۆستکەتوودا لەناو چەقی لەدایکبوون و ڕووخانی کۆماری کوردستاندا یەکیان بخات. کە بەڕای من ئەو جۆرەی کە جان دۆست هەوڵی داوە لە شۆڕشی شێخ ڕەزای دێرسیم، دواتر شێخ مەحموود و شۆڕشی ئەیلوول و بارزان، پاشان کۆماری کوردستان لێک گرێ بدات، هێندە پەیوەندییەکە قووڵ و ڕیشەیی و ڕێکخراو نەبووە. دواتر هەرکام لەو شۆڕشانە و ئەو هەموو زەمەنە مێژووییە لە ناوەڕاستی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تا ساڵی 1946 کاتێکی زۆرە و لێکگرێدانی شۆڕشی سێ پارچەی کوردستان بەو هەموو ئاڵوگۆڕ و کارەکتەر و سەرکردەوە لە دووتوێی یەک ڕۆماندا گەلێک دژوارە و لە هەندێ شوێن هەست دەکەی زیاتر لە نووسینەوەی ڕەوتی مێژوو دەچێت هەتا ئەدەبی گێڕانەوە. هەرچەند دەبێ ئەوەشمان لەبیر نەچێت جان دۆست لە (مژاباد)دا بە ئاراستە و هێڵێکی ئاسۆیی دەچێتە پێش و ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەوە کارەکتەر و پاڵەوانن چیرۆکەکە دەبەنە پێش، سەرکۆنەی یەک دەکەن، نقورچک لێک دەگرن خیانەت لە یەکدی دەکەن، پاشەملەی یەکتر قسان دەکەن و بە نەریتی خیانەت بە سیاسەت و ئەڤین و بە فیتی زلهێزەکان پشت لە یەکتر دەکەن و لایان وایە (نە بای دێ و نە بۆران)، کەواتە مژاباد، پەردە لەسەر مێژووی مژێک هەڵدەداتەوە کە واقیعی تاڵی ئێمەیە بەڵام بە دەربڕین و گێڕانەوەیەکی نەشتەرگەرانە و ڕەخنەگرانە، نەشتەرێک کە بە هەر دێڕێک خوێن لە جەستەی زامارێک دەچۆڕێت کە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوا لە مەهابادی پڕ لە تەم و بێ ئاو و تژی لە گوریس و تەنافدا چنگ لە بینەقاقای یەکتر دەگرن، کەچی نازانن باکان لەکام لاوە هەڵدەکەن تا ئەوکاتەی لەناو تەمدا ون دەبن. چەقی ڕۆمان: مژاباد، خاوەنی کارەکتەرێکی سەرەکییە (بادین ئامێدی) کە بە شێوازی یەکەم کەسی تاک چیرۆکی خۆی و کارەکتەرەکانی دیکە دەگێڕێتەوە. ئەو ڕۆژەی بادین لەدایک دەبێ، دایکی بەدەم ژانەوە دەمرێت، بادین کوڕی یوونس ئامێدی (مزووری)یە کە لە شەڕی دەربەندی (بازیان) و شۆڕشەکەی شێخ مەحمووددا باوکی شەهید دەبێت، ئەو باوکی خۆی نەبینیوە و دایکی سەر بە ئایینی کریستیانە و لەلای داپیرەی گەورە بووە. بادین شاعیر و مامۆستایە و پاشان ڕەوڕەوەی ژیانی وای بەسەر دێت تێکەڵی شۆڕشەکانی کورد دەبێت و دەبێتە ئەندامی حیزبی هیوا و دواتر شۆڕشی شێخ مەحموود. هاوکات لە ڕۆژنامەی ژین لەگەڵ پیرەمێرد و شاعیران و نووسەران و چالاکانی سیاسیی سلێمانی تێکەڵ دەبێت و دوایی لەگەڵ "ژاڵە" ئەڤینێک بنیات دەنێت و تێکەڵ بە یاریی سیاسی و ئەڤینی قووڵ دەبێت، نەریتی کۆنی حیزبی کوردی و پشتتێکردن و پلانداڕێژی لەلایەن ئەندامانی هیواوە تۆمەت و تانە لە "ژاڵە" دەدەن و ژاڵەی لێ دوور دەخەنەوە و ڕەوانەی بەغدای دەکەن و لەگەڵ ئینگلیزییەکان دەست تێکەڵ دەکات و ئەمەش "بادین" شێت و هار دەکات و پاش تێکەڵ بوون بە پێشمەرگەکان و شۆڕشی بارزانی و شەڕ و بەرەنگاری و شکست و نسکۆ و بڕینی چەند قۆناغێک لەگەڵ بارزانییەکان ڕوو لە کۆماری کوردستان دەکەن. لەوێش دیسان درێژەی هەمان یاریی سیاسی و ئەڤینە و دیسان مامۆستایەتی و ئەشقی نیشتمان، ئەڤینی "موژدە" دەرگایەکی دیکە و ئومێدیکی نوێ بە ڕووی ژیانی "بادین" دەکاتەوە. هەرچەند ڕەوڕەوەی گێڕانەوە لە "مژاباد"دا زۆر فلاشبەک و تەکنیکی نوێی تێدایە، بەڵام چەقی زۆربەیان ڕووداوەکان دەگەڕێنەوە بۆ مەهاباد. بادین ئامێدی کە خۆی کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەیە، هاوکات خەریکی نووسینەوەیە و پێی وایە "تەنێ نووسین دەتوانێ مردن بترسێنێت". ئەو چیرۆک و سەربردەی ئەو کارەکتەرە ڕاستەقینانە دەگێڕێتەوە کەلە شۆڕشی سیاسی و فەرهەنگیی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆمار)دا بەشدار بوون. وەک: "سادق بەهادین ئامێدی، نوورەدین زازا، نووری ئەمین، پیرەمێرد، شێخ مەحموود، شێخ ڕەزا، مەلا مستەفا بارزانی، میرحاج، مەناف کەریمی، هەژار، هێمن، مستەفا خۆشناو، پێشەوا، سمکۆ، کەریم و عومەرخانی شکاک و... چەندانی دیکە". ئەم گێڕانەوەیە ململانێی نێوان دوو ئەڤینی دزراو و داگیرکراوە کە گرێدراوە بە ئەڤینی نیشتمانەوە، نیشتمانێک کە بەدەم باوەیە، بادین ئاشقێکە گیری خواردووە، ڕوو لە هەر سەنگەرێک دەکا دەدۆڕێت، ئەو سادە و ساکار و بێخەوشە و هەڵوەدای ژین و ئازادییە، تەنیا "باپیرە"ی ڕاستی لەگەڵ دەکات. مژاباد نقورچکە لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێو، مژاباد هەڵدانەوەی ئەو برینە پڕ لە کیم و زامە خۆییانەیە کە ڕاستیی سیاسەتی کورد دەخاتە ڕوو. تیپ و هێماکانی مژاباد: جان دۆست لە دووتوێی گێڕانەوەی "مژاباد"دا بەردەوام کۆمەڵێک چەمک و دەستەواژەی زەق کردووەتەوە و هێمایی و ڕەمزییانە بەردەوام وەک قسەی سەر زار، یان خەسڵەت و تایبەتمەندیی کارەکتەرەکان دووپاتیان دەکاتەوە و بەمانەش کۆمەڵێک پەیام و قسەی نەگوتراو و شاراوەی پێیە و وەک کۆدی نەکراوەی ناو دەقەکە دێنە ئەژمار. هەرکام لەوانە دەکرێ وەک تیپیکاڵ و مۆتیڤ لێیان بڕوانرێت و واتا و مانای جیاواز لە ماناکانی خۆیان هەیە. هێما و چەمکەکانی وەک: "نووسین، ئەڤین، خەنە، تووتن، قوتووە جگەرە، ترێ، شەراب، با، ئاو، ڤۆدکا، مژ، گوریس، و...". نووسین: لە سەراپای دەقی مژاباددا لە پشت گیڕانەوە و نووسینەوەی سەربردەی (بادین)ەوە هەست دەکەی ئەوە سێبەری کەسێکی دیکە هەیە کە حەزی لە نووسین و خوێندنەوە و فێربوونە. ئەو بەردەوام خەون و خولیاکانی لەبارەی ئەدەب، زمان، شیعر، مامۆستایەتی لە زۆر شوێن و دیالۆگدا دەخاتە ڕوو. هەندێ جار گلە و گازندەی ئەو پشتگوێخستن و پەراوێزخرانەی کورمانجیی سەروو لەلایەن نووسەرانی سۆرانی زمانەوە دەکات کە بە بیانووی پیتی لاتینی سانسۆر دەکرێن و ئەمە بە ڕوونی دیارە و وەک بەشێک لە دابڕان و لێک تێنەگەیشتنی نێوان دیالێکتەکان باسی دەکات. "بادین" نوێنەری توێژێکە لەناو شۆڕشی سیاسی و ڕاپەڕینەکانی کورددا لە نێوان دوو بەرداشی شێوازی خەباتی فەرهەنگی، ڕۆشنبیری و خەباتی چەکداریدا گیری خواردووە و هەر جارە ڕوو لە یەکیان دەکات و خۆشی نازانێ خەونەکەی لە نووکی خامەوە بەدی دێت، یان لە لوولەی چەکەوە. ئەڤین: هەرچەند لە مژاباددا حزووری کارەکتەری ژن کەمە و تەنیا "ژاڵە و مژدە و داپیرە"ی بادین ئەویش بە چەند دێڕیک حزووری هەیە و ئەمەش دەریدەخات شۆڕش و ئەڤینی کورد کوردانەیە و ژن تێیدا پیوار (غایبە). ئەشق بە ژن و گیرۆدەبوون بە ئەڤین کە مژاباددا کە "بادین" داهێنەریەتی، قوڵپ دەدات و لە دوو هەرێمی سلێمانی و مەهاباد تووشی دەبێت. لە سەراپای ئەم دەقەدا بە دوو واتای نیشتمان و دڵدارییەوە ئەڤین دەردەکەوێ. ئەڤینێک کە دەکرێ وەک ئامانجی ڕاستەقینەی شۆڕشی کورد بە ژیان لێک بدرێت، لەم ئەڤینانەدا کە یەکیان (ژاڵە) پرەنسیپی وشکی حزبی لێی داگیر دەکات و دەیکاتە قوربانیی ئایدیۆلۆژی و دواتر دەزگای سیخوڕیی ئینگلیز لەدژی شۆڕشەکانی کورد بەکاری دێنێت و دەیکاتە سۆزانی و لە کراسی سۆزانیدا لەگەڵ بادین لە مەهاباد دەخەوێت، هەم کەرامەتی شۆڕشگێڕیی کوردی پێ دەشکێنن و هەم وەک سیخوڕی ئینگلیز بۆ ناو کۆمارێکی دەنێرن کە ڕووسیا لە پشتیەتی کە پڕە لە ڕەمز و هێما. ئەڤینی "بادین" و "موژدە" کە ئەویش مامۆستایە و لەناو خەونی کۆمار و لە مەهابادی رەنگین و پڕ بژوێندا دەیان ژوان و ئەشقێنییان هەبووە، گرێدراوی ئەشقی کۆمارێکە کە سەدان کەسی ئەڤینداری لە خۆی کۆ کردۆتەوە. کەریم شکاک کە ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک)ە و سوێندی خواردووە خیانەت لە خاک و ئاو شەرەف و کەرامەتی نیشتمان نەکات، هەر لە سەرەتاوە بە ئەشقی ژاڵە و بادین دەزانێ، لە ناخەوە دەکوڵێ وەلێ نایدرکێنێ، نەتەنیا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی فکری خێڵکەکییانەی "عومەر خان"ەوە و پشت لە کۆمار دەکات، بە فێڵ و هەڵخەڵەتاندنی "موژدە" لە بادین هەڵدەگەڕێنتەوە و خیانەت لە دۆست و هاوڕێی نزیکی دکات و لەدەستدانی ئەم ئەڤینە بە قەت ڕووخانی کۆمار و خیانەت و پشتتێکردنی ڕووسیا لەو کۆمارە کاریان کردە سەر ڕۆح و دەوونی بادین و تەواو دایدەڕووخێنن و تەنیا مەرگی باپیرەی هێندە ئازاری دا. کۆد و ڕەمزەکانی پشت ئەم ئەڤینە کە وەک بایەک هاتن و وەک زریان دڵی بادینیان هەڵکۆڵی گەلێک زۆرن و لەگەڵ ئەو بایانە تێکەڵن کە تەنیا عومەر خان و ڕووس و ئینگلیز و تاران و ئەڵمانیا و ڕەزم‌ئارا دەیانزانی کەی و لەکوێ و چۆن هەڵدەکات، بۆیە پیرەی "گوریس"چن لە مەهاباد هەر خەریکی چنین بوو و تفاقی مەرگی گشتیی تەیار دەکرد. خەنە: خەنە، یەک لەو گیایە دەرمانییانەیە کە بۆ ڕەنگکردنی قژی ژنان و کچان و پەنجە و لاق بەکار دەهێنرێت و بۆنێکی خۆشی هەیە و لە کولتووری زۆرێک لە گەلاندا پێگە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. لەناو کولتووری کوردیشدا خەنە لە زەماوەند و بۆنەکان و بەتایبەت شەوی خەنەبەنداندا بەکار دێت. لە مژاباددا جان دۆست، بە شێوەی هێمایی بەکاری هێناوە و وەک سیمبۆلێکی بۆنخۆش و ڕەنگاڵە کردوویەتە بەری شۆڕشەکەی شێخ ڕەزای دێرسیم. ئەو خەنەیە لەباتی خوێنی دەست و پێی و سەری ئەو سەدان کچ و کوڕ و کاڵ و جوامێرانەی دێرسیمە کەە چیاکانەوە خۆیان هەڵدا، یان خۆیان هاویشتە چەمی "مونزوور"ەوە، بۆ ئەوەی نەکەونە چنگی تورکانەوە. (حوسێن دێرسیمیم هێنایەوە و لە ژوورەکەم نیشتەجێم کرد، ژوورەکەم پڕ بوو لە هەڵمی خەنە، تژی بوو لە گریان.) ل 41 و لە چەندان ڕستە وەک هێما دووپاتی کردووەتەوە. تووتن و قوتووە جگەرە: تووتن، یەکێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستانە کەلە زۆر ناوچە لەلایەن وەرزێڕ و جووتیارانی دەستەنگ و بەلەنگازەوە دەچێندرێت، ناوچەکانی وەک سەردەشت موکریان و کۆیە ناوچەیەکی شیاون کە هەموو کات سەرقاڵی وەبەرهێنانی تووتن بوون. جان دۆست لە مژاباددا هێماییانە تووتنی بەکار هێناوە کە تاکە سەرچاوەی بژیومان لەلایەن عوسمانییەکان لە کۆیە و ڕووسەکان لە موکریان چاوی تێبڕاوە و تاڵانیان کردووە و بەڵێنیی چەک و تەقەمەنیان داوە کەچی بەڵێنێکی بێ بنەما بووە. یان قوتووە جگەرە وەک کەرەستەیەکی شەخسی و تاکەکەسی و هێما و ڕەمز و ڕازێکی سەرداپۆشراو نەوە بە نەوە بۆمان ماوەتەوە. وەلێ ئەو تاقە ڕەمزەشمان لێ زەوت دەکرێت و هیچ نهێنییەکمان بۆ نامێنێتەوە و لەو ڕێگەیەوە کەسێتی و پێگەمان دەشکێندرێت. (زۆر درەنگ تێگەیشت کە ڕووسەکان پەیماننامەی نەوتیان بە خوێنی مەهابادییەکان واژۆ کردووە، زۆر دەرەنگ پێی زانی کە ئەو هەموو تووتنەی مەهاباد کە برایە مۆسکۆ و کرایە سیگار، دووکەڵێکی ئەفسانەیی لێ بەرز بووە و ڕاستییەکانی مێژووی لەگەڵ خۆیدا سووتاند. لەو شارە خۆی بەتەنیا دەبینی، قوتووی تووتنەکەی گەیشتەوە دەستی، وەلێ پڕ خوێن بووبوو، ئاخۆ خوێنی کچێنیی موژدە بوو، یان خوێنی دڵی ئەو! ل. ٢٧٠). ترێ و شەراب: ترێ لە ژیانی کورددا جێگەی زۆری هەیە (ترێ میوەیەکە وەک سیحرە، دەبێتە مەی، دەبێتە مێوژ و دۆشاو، دەکرێتە باسووق و سجووق و دەبێتە هەموو شتێک، من ترێ وەک خۆم دەبینم، لە نێوان من و ترێدا تێکەڵبوونێکی گیانی هەیە، تاکە جیاوازیی نێوان من و ئەو میوە هاوینییە کە من ساڵانێکی زۆرم پیویستن بۆ گەنین و پڵیشانەوە، بەڵام ئەو لە مانگێکدا) ل. ١٨٣ ترێ سەرچاوەی شەراب و مەستبوون و ڕاستییە. ترێ تژییە لە ئاو، تژییە لە ڕەنگ و گیان دەدات تاکوو ئێمە گەشاو و شاد بین. با: ئەو دیاردە سروشتیەیە کەلە ئەدەبدا زۆر بەکار دەهێنرێ و لە کولتووری کوردیشدا چەند ناوچەیەک بە بای زۆر بەناوبانگن، وەک "ڕەشەبای سلێمانی، بای کۆیە" و هەر بایەکیش ناوی جیاوازی هەیە وەک: "ڕەشەبا، شنە، زریان، گێژەڵووکە، زەلان، شەماڵ و...". لە مژاباددا، "کەریم شکاکی نێچیرڤانی بایەکان"، لەم تێکستەدا ئاماژەیە بۆ ئەو ئاڵۆگۆڕ و ئاراستە سیاسییانەیە کە کورد بەبێ ئەوەی بزانێ ئەو بایانە چۆن و کەی و لەکوێوە دێن، ئاشقانە خۆیان ئەدەنە دەم "بای قەدەر"ەوە. لە مژابادی کۆماردا ڕەشەبایەک هەڵیکردووە، دەوار و ئەستووندەکی و چوار پەلی کۆماری خستۆتە شەکە، وەلێ ئیرادە و باوەڕ و ئەشق بە ژیان لەلایەک و بیرتەسکی و چوارچێوەداربوونی فکرەکان و یاری و ململانێی نێوان ڕووسیا و بەریتانیا ناهێڵێ هەڵسووڕێنەرانی کۆمار (با)کان بناسن. تەنیا کەریم و عومەر خانی شکاک و سەرۆک هۆزە بەرژەوەندیخوازەکان کە بە هەموو (با)یەک شەن دەکەن و "با"یەکان دەناسن. ئاو: ئاو مایەی حەیات و ژیانە، لە فەرهەنگی کوردیدا دەڵێن "ئاو و ئاوەدانی"، جان دۆست لە مژاباددا زۆر بە جوانی و ڕەمزییانە مامەڵەی لەگەڵ ئاو کردووە. کارەکتەری ئەمیراڵ ئاغا (بارین) کە هێمای ئاوە و هەر لە سەرەتای ژیانییەوە دایک و باوکی لە ئاویان دوور خستۆتەوە و بە گوتەی شێخێک پێیان وابووە ڕۆژێک بە ئاو دەخنکێ، ئەو لەلای خەڵک کە بە شێت دەناسرێت و گوێ بە قسە و هاوار و دادەکانی نادەن، لەڕاستیدا دەوری ئاقڵ و زانایەکی ڕاستەقینە دەگێڕیت لە پێستی شێتدا. (مەهاباد بەبێ دەریا نابێ، ئەگەر ئێستا بەندەرێکی هەبوایە، تووتن لە کەشتییەکان بار دەکرا. ل ١٣٩ و ١٤٠). بارین ئاشق و ئۆگری (ئاو) و ڕۆژانە بە سەتڵێکەوە سواڵی ئاو دەکات و دەیهەوێ چەمی سووری مەهاباد بکاتە دەریا و لای وایە هەتا دەستمان بە ئاو ڕانەگات، کۆمار سەرکەوتوو نابێ. ئەو پێکەنینین بە گەشبینییەکانی خەڵک دێت کە ئەرخایەن دانیشتوون و بیر لە بێ (ئاو)ی ناکەنەوە. سەرەنجام ئەمیراڵ ئاغا چارەنووسی وەک کۆمارە ساواکە دەبێتە دڵۆپێک و لەگەڵ چەمی سوور تێکەڵ دەبێت. ڤۆدکا: یەکێکی دیکە لە مۆتیڤە مژاباد، ڤۆدکایە، ڤۆدکاش کە بەرهەمی وڵاتی ڕووسیایە، لەم ڕۆمانەدا هێماییانە لەلایەن باپیرەی (بادین) و (ئاگۆپ)ی مەیفرۆش کە هەردوویان ئەرمەنین، کاری لەسەر کراوە. باپیرەی (بادین) کە سارد و گەرمیی ڕۆژگاری چەشتووە و لە زۆر شوێن و شۆڕشی کورد وەک: "باکوور، باشوور، بەغدا، تاران، ڕۆژهەڵات" بەشدار بووە و ئەزموونی زۆری هەیە و درۆ و ڕاستییەکان دەزانێت، پشتی لە هەموو شتێک کردووە و ژیان لای ئەو "وێنە" و خواردنەوەی ڤۆدکا و ڕابوارنە و هیچ شتێکی دیکە لەلای مانای نییە و تەنیا دارایی و داهاتی ژیانی شووشەی ڤۆدکایە. باپیرە، بە تانە و توانج و جنێو وەڵامی باسە جدییەکانی (بادین) دەداتەوە و گاڵتەی بە گەشبینییەکانی دێت و هانی دەدات لە ڕاستییەکان تێ بگات و لە دانیشتن و خواردنەوەکانیدا لەگەڵ ئاگۆپ، گاڵتەیان بە ژیان دێت و هەموو باسێکیان دەڕواتەوە سەر خوادنەوە و ڤۆدکا و ڕووسیا و دەڵێت "تەنیا لەبەر ڤۆدکا ڕووسیام خۆش دەوێ، ئەگەر ئەڵمانیا ڤۆدکای هەبایە، دەبوومە نازی". ئەم دوو کەسە کەلە کەمینەکانی کۆمار و مەهابادن، تێکەڵی ژیان و کولتووری کوردان بوون کار و ڕەفتار و خەیاڵ و ئایدیای ئەم دوو کارەکتەرە گەلێک واتا و مانای دیکەیان لە پشتە. کاتێک ڕووسیا هەموو تووتنی مەهاباد دەبەن و بۆ خۆشیان دەکشێنەوە، دەبێتە قات و قڕیی ڤۆدکا و ژیانی ئەمانیش بێ ڤۆدکا تاڵ دەبێت. (باپیرم هێشتا تووڕە بوو، ڕووی لە ئاگۆپی داماو کرد و گوتی: ئاگۆپ! سێ  ڕۆژ مۆڵەتت پێ دەدەم، هات و ڤۆدکات پەیدا کرد، تۆ باوکمی، ئەگەر نا ئەز هەردوو گونەکانت دەتەقێنم) ل. ١٨٨. باپیرە هێندە نوقمی مەستی و ڕاستییە و دەیهەوێ خەمەکان بشارێتەوە، (خۆشەویستیی باپیرە بۆ کورد و کۆمار و پێشەوا لە نامە و وەسیەتەکەیدا بۆ بادین دەردەکەوێ) دەزانێ بە ڤۆدکاش دەمرێت، وەلێ هەر دەخواتەوە، دەخواتەوە و ڕادەبوێری لە گیانەڵا و دەمە مەرگیشدا سەرەڕای بەرگریی پزیشک و سیستەریش، لەباتی ئاو داوای ڤۆدکا دەکات و بەدەم چاوتێبڕین لە کچە پەرستارەکە ماڵاوای دەکات. ئاگۆپیش ڕێبازی باپیرە بەر نادات و دوای مەرگی بە یەکجاری تێک دەچێت هێندە دەخواتەوە، هانای لێ دەبڕێت و هەموو ڕۆژێک چەند شووشە ڤۆدکا لەسەر قەبرەکەی باپیرە دەخواتەوە و لە کۆتاییدا خۆی بە شووشەی لەسە گۆڕەکەی باپیرە دەکوژێت. مژ: دیاردەکانی کەشوهەوا، سروشت و بەگشتی ژینگە و جوغرافیا لە مژاباددا دەوریان زۆرە و یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم ڕۆمانەش ئەو وەسف و پەسنە جوانانەیە بۆ شوێنەکان کراوە. مژیش وەک مۆتیڤێکی باڵا لە پشت مانا و کاریگەرییە ژینگەیەکەی خۆیەوە چەند واتا و دەور دەگێڕێت. بەو پێیەی ناوی ڕۆمانەکە (مژاباد)ە، خۆی هەڵگری ئەو تەمومژە خەستەیە کە بەسەر مێژووی کوردەوەیە و پێش چاوی هەموانی گرتووە و نا‌هێڵێ بەرچاوی خۆیان ببینن و ئەو ئاسۆیەی کە شۆڕشەکانی کورد ئەسپی هیوای بۆ تاو دەدەن، لەناو "مژ"ی سەر مەهاباددا ون بوون و ئەم تەمەش دوای زیاتر لە حەفتاو سێ ساڵ هەر ناڕەوێتەوە!. مژ، چارەنووسی گشتمانە، چارەنووسێکی نادیار، لێڵاییەکی خەست کە پێش چاومانی گرتووە، ئەم تەمومژە لە دێرسیم و بازیان و سلێمانی، بارزان و مەهاباد نابڕێتەوە. شۆڕش و کۆمار لەناو مژدا گیان دەدات و ئێمە هەرچەند پەل دەکوتین و (تفەنگ بە تاریکییەوە دەنێین)، سواری ئەسپی هیوا بووین و ئاسۆمان لێ ون بووە. هەرچەند بێ دەریا و بەندەر و کەشتین، وەلێ تەم لێمان ناگەڕێ و مژێک هەڵمانی گرتووە و ناگەینە کەناری ئارامی. مژ و مەهاباد و هیوا سێیانەی شۆڕشی کوردن. مژ بەرەو کەساسی پەلکێشمان دەکات و مەهابادیش هەرچەند بێشکەی کۆرپەی هیوامان ڕادەژێنێ، وەلێ تفڵی دڵمان بۆی ژیر نابێ. لە لاپەڕە ٢٦٣دا دەڵێت: (ئەو ڕۆژەی هاتیتە مەهاباد، لەو ڕۆژەوە تەمومژی خۆی بە دەوری تۆ و گیان و ڕۆژەکانت و شاری مەهاباددا وەرپێچاوە، چیتر بەرپێی خۆتت نەدەبینی، هەموو شوێنێک مژ بوو، تۆ لە مژاباد بووی.  گوریس: یەکی دیکە لەو دەستەواژانەی لە "مژاباددا" ڕەمزییانە کراوەتە هێما، وشەی (گوریس)، گوریس کە بەرهەمی خۆماڵی و پیشەی دەستە، وەک پەت و سێدارە بۆ کۆتایی ژیانی کۆمار و (پێشەوا) مانای پێ بەخشراوە. پیرەی گوریسفرۆشی مەهابادی کە جگەلە چنین و هۆنینەوەی ئامرازی مەرگ (گوریس)، بیر لە هیچ ناکاتەوە و سەری بەر داقەتەوە و لە دووکانێکی تاریک و نووتەکی ناو بازاڕی مەهاباددا، حەزی لێیە هەر ڕۆژە کەسێک بە دارەوە بکرێت و بازاڕی ئەمیش گەرم ببێت. ئەو لەوە تێناگات بەم گوریسانە کۆمار دەخنکێن، کاتێک ئەفسەرێکی حکوومەت خۆی بە دووکانەکەیدا دەکات و داوای سێ گوریس دەکات و پێشنیار دەکات لەناو زەیت بۆ ماوەیەکی زۆر بیهێڵنەوە، ئەمە دەربڕی دەرد و ژانێکی خۆییە، ئەمە ڕازاندنەوەی کۆڕ و مەجلیسی مەرگە بەردەستی خودی کورد، ئەمە هەڵکۆڵێنی جەستەی داری نیشتمانە بە (خورە و هۆرە)ی خۆیی. ئەو سێ گوریسەی پیرەی گوریسفرۆشی مەهابادی بۆ (پیشەوا، سەیف و سەدری قازی)یە. لە لاپەڕە ٢٥١دا بادین دەڵێت: (نازانم بۆچی هەرکە باسی پێشەوا دەکرێ، گوریسیم بە بیردا دێن، بۆنی گوریسان – لەبری سووتان – لە وشەی پێشەواوە دێت، ناوی پێشەوا خۆی، هۆنینەوە و بادانی گوریسانم دێنێتە بەرچاو. گەلۆ قەت مومکینە ئەو عەجەمانە ملی ناسکی پێشەوا بە گوریسێکی بە زەیتکراەوە بکەن؟) گوریس چارەنووسە، ئەو چارەنووسەی کە کولتووری خێڵ و عەشیرە نەیهشێت بەرژەوەندیی نیشتمان ببینن و ژێر بە ژێر پشتیان لە پێشەوا و کۆمار کرد و هەرکامەیان بە جۆرێک گورسییان بۆ کەلەپچە و خنکانی کۆمار چنی. لە شوێنێکی دیکەدا ئاوا وەسفی چیرۆکی گوریس دەکات: "پیری گوریسفرۆش لە قووڵایی دووکانەکەیدا بوو، وەکوو هەر جار گورسێکی دەهۆنییەوە و بای دەدایە سەر یەک، دوای سڵاوکردن، گوتم: خۆزگە دەمزانی تۆ چی دەکەی؟ هەر گاه و بەردەوام تۆ ئەم گوریسە با دەدەیتە سەر یەک و دەیهۆنییەوە." وەک هەموو جار بێ ئەوەی سەری بەرز بکاتەوە، گوتی: "وەک خۆت دەڵێی گەنجی نیوە ئەرمەنی، کە من گوریسان با دەدەمە سەر یەک و دەیانهۆنمەوە تۆ نازانی چەندە کار بە گوریس دەکرێت، جۆلانە کۆمەڵایەتییەکان هەموویان لەسەر گوریس وەستاون، کەر دەرماڵەکانی پێوە گرێ دەدەن و وەکوو وەکوو تۆ پێیەکانیان بە ستوونی تەکیەخانەکان دەبەسترێنەوە، باری قڕشە و دار و باری هێسترەکانی پێوە گرێ دەدرێ، بەو دۆلکە و سەتڵانە دەبەسترێتەوە لە ئاویان لە ژێری بیرەکان پێ دەردەهێنرێ، بەهۆی گوریسەوە کەشتی و گەمییەکان لە کەنارەکان شەتەک دەدرێن،  ئەوەش بزانە کە بە ملی مرۆڤەکانیشەوە دەپێچرێن".١٢٩ل. کارەکتەر: جان دۆست لە مژاباددا، لەبەر ئەوەی ڕەوڕەوی مێژوو و شۆڕشی کورد دەگێڕێتەوە، زۆرێک لە کارەکتەرەکانی ئەم دەقە بۆ خوێنەر ناسراو و ئاشنان، بۆ لە گێڕانەوەدا کەمتر دەپەرژێتە سەر دنیابینی، خەیاڵ و ڕەوتی ژیانی ئەو کارەکتەرە ناسراوانە. "بادین" کە پاڵەوانی سەرەکیی مژاباد و هاوکات گێڕەرەوەی سەرەکیشە، زۆر بە جوانی بە خوێنەر دەناسرێت. هەر لە ژیانی باوکی (یوونس ئامێدی)یەوە بگرە، تا چۆنیەتی لەدایکبوون، مردنی دایکی، گەورەکردنی لەلایەن داپیرەی. یەکەم ئەڤینی بادین کە کچە پووریەتی، بە هۆیەکی نادیار شێت دەبێ، دوایی ئیدی کرۆکی سەرەکیی ڕۆمانەکە دەبێتە ژیانی بادین چ وەک گێڕانەوەی سێ چیرۆکی ئەڤین و چەند شۆڕشی کورد کە خۆی یەکێک لە کارەکتەرەکانی ئەم دوو مەیدانەیە و بۆ خۆشی گێڕەوەی سەرەکییە و هاوکات وەک مامۆستا و نووسەرێک ڕۆژانە ئەو بەسەرهات و سەربردانە دەنووسێتەوە. کارەکتەرەکانی "ژاڵە و مژدە" کەلە دوو شوێن – کاتی جیادا دەور دەگێڕن، هەڵگری ڕوانگەی مرۆڤ و شۆڕشی کوردە بۆ ژن. وەک چۆن شۆڕشەکانی وابەستە و گرێدراوی ئەو "با" و لایەنە سیاسییە ناوچەیی و جیهانییانە بوون و لەناو "مژ" و خەونی بێ پلانیدا هەڵپڕووکاون و لە ڕیشەیان دراوە. وەک چۆن کۆمار دەکەوێتە بەر پلار و پیلانی نەیار و گێژەلووکەی بەرژەوەندی هەڵی دەتەکێنێ، ئاواش ئەڤینە بێخەوشەکانی بادین لەخشتە دەبرێن و بێ ئەوەی بزانێ سادە و ساکار و بە بەرچاوییەوە هاوبیرەکانی ئەڤینەکانی لێ داگیر دەکەن و سەری بێ‌کڵاو دەمێنێتەوە. دوو کارەکتەری "باپیرە و ئاگۆپی مەیفرۆش"، وەک دوو ئەندامی نەتەوەی کەمینە لە مەهاباد، مەهابادی پڕ لە تەم و "مژ"دا ساردی و گەرمیی زەمانەیان چەشتووە، نائومێد و بێ هیوا بوون و تەنیا ژیان لە مەستی و خواردنەوەدا دەبینن. ئەو وێنای ئەو تیپە لە مرۆڤ دەکەن کە زۆر بە جوانی دەزانن چارەنووسی کۆمار چی بەسەر دێت و ڕووسیا و ئێران چ پیلانێکیان داڕشتووە و هەموو هەوڵیان تێگەیاندنی "بادین"ە و کاتێ ئەو نایهەوێ "واقیع" قەبووڵ بکات، دەیانەوێ بە تانە و توانج و جنێو و لە مەستیدا ڕاستییەکانی پێ بڵێن، وەلێ بادین هەر ڕەوتی ژیانی خۆی دەپێوێ، چونکە بادین ئاوێنە باڵانوێنی مرۆڤی کوردی گەشبین و خۆشباوەڕە و لەناو "مژ"دا گیری خواردووە و "با"و زریانەکان ناناسێت. "هاشمۆف هەستایەوە و بە تووڕەییەوە گوتی: "ئێوەی کورد بە سەرگەرمییەوە کیشەکان چارەسەر دەکەن، هەزار ساڵی دەوێ تا ئێوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی تێدەگەن". ئەنجام: مژاباد، هاواری خنکاوی شۆڕشێکی شەکەت و بریندارە، مژاباد زریکەی ئازاری مرۆڤێکی زامارە کە پەلێکی بەدەستی داگیرکەر و نەیارەوەیە و ئەو پەلەکەی دیکەشی زەدەی دەستی خەیانەت و دەردی ساڕێژنەبووی ناوخۆیە. ئەم دەقە لێک گرێدانی ئەڤین و شۆڕشی کوردە کەلە دووتوێی گێڕانەوەیەکی مێژوودا، باڵی دوو ئەڤین دەقرتێت. ئەڤینێک کە دەبێتە قوربانیی ئایدیۆلۆژیا و پاشان داگیرکەر و زلهێز بۆ سیخوڕی و شکاندنی شان و شکۆی شۆڕشەکان دەیکاتە ئامراز. لە مژاباددا وێنای بیری تەسکی خێڵەکی و عەشیرە دەکرێت کە لەلایەک دەبێتە خورەی گیانی کۆمار و لەگەڵ "تاران"ی نەیار دەست تێکەڵ دەکەن و لەلایەکی دیکەش پشت لە بەڵێن و سوێندی نیشتمانی دەکات و ئەڤینێک لەخشتە دەبات و بونیادی لێک هەڵدەتەکێنێ. ئاوابوونی ئەستێرەی ئەم دوو ئەڤینە هێندەی ڕووخانی کۆمار ئەستەم و دژوارە. زامی ئەم دڵشکان و دەستخەڕۆکردنە، هێندەی گوریس و پەتەکەی مل پێشەوا ئازاریان هەبووە. وەک دەڵێت: "ئەرێ مومکینە، مادام کەسێکی وەک موژدەی دڵناسک و ڕوونەرم و دلۆڤان بتوانێ ئەو دڵە بێخودانەم بداتە بەر کێردان و هەزار پارەی بکات، عەجەمیش دەتوانن پێشەوا بە پەتەوە بکەن مەگەر ج جیاوازییەک هەیە لە نێوان ئەوەی کۆمارێک لەبەین بچێ، یان ئەڤینێک بە سێدارەوە بکرێت؟"

ئێدیت سوێدەرگران وەرگێڕانی خەبات عارف   لە چی دەترسم من؟ بەشێکم من لەوەی کە کۆتایی نییە. بەشێکم لە هێزە مەزنەکەی گەردوون و دونیایەکی تەنیام لەنێو ملیۆنان دونیادا، شائەستێرەیەکی نێو ئەستێران، ئەوەی کە دوای هەموویان دەکوژێتەوە. سەرکەوتنە کە بژیت و سەرکەوتنە هەناسە بدەیت، سەرکەوتن ئەوەیە کە هەبیت! سەرکەوتنە هەست بکەیت کات سەهۆڵیین، بەنێو دەمارەکانتدا بچۆڕێت، گوێ بۆ ڕووباری بێدەنگی شەو هەڵخەیت و لەژێر خۆردا لەسەر چیایەک بوەستیت. من لەسەر خۆر دەڕۆم، لەسەر خۆر وەستاوم من و بێ لە خۆر هیچ شتێکی تر ناناسم. کات- تۆ ئەی ئەوەی دەگۆڕیت، ئەی ئەوەی تێک دەدەیت، کات- تۆ ئەی ئەوەی جادوو دەکەیت، بڵێیت بە تەڵەکە نوێیەکانتەوە بێیت، یا بە هەزاران فێڵەوە دێیت تۆ، تا وەک تۆوێکی بچووک ژیانم پێ بدەیت؛ وەک مارێکی پەپکخواردوو و وەک تاوێرێک لە نێوەڕاستی زەریادا؟ کات- ئەی بکوژ- واز بێنە لێم! خۆر لێوانلێو سنگم پڕ لە هەنگوینی دڵڕفێن دەکات و پێم دەڵێت: دەمێک دێت و گشت ئەستێران دەکوژێنەوە، بەڵام ، بێ ترسن ئەوان و هەمیشە دەدرەوشێنەوە. (1916)   ئێدیت سوێدەرگران Edith Södergran 1892-1923 نووسینی نێللی لایتینێن   ئێدیت سوێدەرگران؛ کچی ماتس سوێدەرگران و هێلێنا سوێدەرگران -کە پێشتر پاشناوی هۆڵمڕوس بووە، لە 4/4/1892، لە سان-پێتەرسبورگ، لە دایک بووە. لە نێوانی ساڵانی 1902 تا 1908 لە خوێندنگەی دۆیچە هاوپشولە-ی سانت پێتری خوێندویەتی. ئێدیت، ڕۆژگاری خوێندن، لە سان-پێتەرسبورگ ژیاوە و هاوینانی لە ڕایڤۆلای سەر باریکەی کارێل، کە لەوێ خێزانەکەیان ڤیلایەکی گەورەیان هەبووە و لە باووباپیرانەوە بە میرات بۆ دایکی مابووەوە، بە سەر بردووە. شیعرەکانی نێو کۆمەڵەشیعری؛ دەفتەرە بەرگنایلۆنەکە، کە لەنێوان ساڵانی 1907-1909دا نووسراون و دوای مەرگی خۆی بڵاو کراونەتەوە، زۆربەیان بە ئەڵمانیایی، نووسراون. تەنیا یەک لە دەی شیعرەکانی ئەو سەردەمەی بە سوێدی نووسیون. لەگەڵ ئەوەیش زمانی شیعرنووسینی ئەو پاشان، دەبێت بە زمانی سوێدی. ماتس سوێدەرگرانی باوکی ئێدیت، کە هێشتا ئێدیت خوێندکار بوو، تووشی نەخۆشیی سیلی سی بوو و لە 1907دا لە ڕایڤۆلا مرد. ئێدیت سوێدەرگران خۆیشی، ساڵی 1908، لە تەمەنی 18 ساڵیدا، تووشی سیل بوو، هەر لەبەر ئەوەیش لە خوێندن دابڕا. لەنێوان ساڵانی 1909 تا ١٩١٤دا چەندین جار لە نەخۆشخانەکانی سیل لە نومێلا و لە داڤۆس-دۆرف لە سویسرا مایەوە. کە ساڵی 1914یش لە داڤۆس-دۆرفی سویسرا گەڕایەوە و خرایەوە نەخۆشخانەی نومێلا، دواتر نامەیەکی بۆ ئاگادارکردنەوەی دۆکتۆرەکەی نووسی و لەوێ ڕایکرد، بۆ ئەوەی هەرگیز بۆی نەگەڕێتەوە. ئێدیت ئەو ماوەی کە لە ژیان مابووی، نەیدەویست توخنی هیچ شوێنێک بکەوێتەوە کە تێیدا چاودێریی ئەو کەسانەی تێدا دەکرا کە تووشی نەخۆشیی سیل بووبوون. ئێدیت سوێدەرگران ساڵی 1916 بە کۆمەڵەشیعری؛ شیعر، دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد و فریای بڵاوکردنەوەی سێ کۆمەڵەشیعری تر و کۆکراوەیەکی پەندەکانیشی کەوت. دوای بەرپابوونی شۆڕشی ڕووسیا و گۆڕانی دەستەڵات لەوێ، ساڵی 1917، دایکی ئێدیت؛ هێلێنا سوێدەرگران، سەرلەبەری سامانی خۆی لە دەست دا، لەبەر ئەوەیش کە چیی تر نەیاندەتوانی لە ڤیلا گەورەکەدا، لە ڕایڤۆلا، بمێننەوە، ئەویشیان بە کرێ دا. دایک و کچ ئیتر، گواستیانەوە بۆ کۆختێکی ئاسایی نێو هەمان زەوی کە ڤیلاکەی تێدا دروستکرابوو. بژێوی ماڵی سوێدەرگران، بژێوییەکی زۆر هەژارانە بوو، بۆ هەموو ئەوانەیش کە ئەوسا لە باریکەی کارێل دەژیان هەروەها بوو. ڕۆژگاری ئەوسا، ڕۆژگارێک بوو پڕ لە پشێوی و بێخۆراکی. دووەمین کۆمەڵەشیعری سوێدەرگران؛ چەنگەکەی خەرمانان، کە ساڵی 1918 بڵاو کرایەوە، تەواو لەژێر کاریگەریی ئەو سەردەمە پڕ لە پێشێوییەدا بوو کە تێیدا ژیا بوو. شیعرەکان بەتەواوی کاریگەریی ئەو خواستی جەنگین و بەرەنگاربوونەوەی ئەو سەردەمەیان پێوە دیارە بەڵام، کاریگەریی باوەڕێکی گەشکەهێن بە داهاتوو و توانستە تایبەتەکانی خودیش نەخشیان لەسەریان هەیە. چەنگەکەی خەرمانان، پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ نەکرا، تەنانەت تا ڕادەیەک دژایەتیی کرا و بووە مایەی ڕقهەستاندنیش. زۆر بوون ئەوانەی پێکەنینیان پێی دەهات و ئاشکرا گاڵتەیان پێی دەکرد و تەنانەت تاوانی ئەوەیش درایە پاڵ سوێدەرگران کە شیعرەکانی دەبن بە هۆی نەخۆشخستنی هەستەکان. یەک لەوانەی کە لەسەر سوێدەگران بە دەنگ هات و پاشان تا مردنی بوویش بە نزیکترین کەس لێیەوە، هاگار ئوڵسۆن بوو. بەڵام یاڵمار پرۆکۆپێ، ڕونار شیلدت، بێرتیل گریپنبێرگ، ئارڤید مۆرنە و زۆری تریش لە نووسەران لەڕێی نووسینێکەوە کە لە 23/1/1919دا بۆ ڕۆژنامەی هیوڤدستادسبلادێتیان نارد لەسەر سوێدەگران بە دەنگ هاتن. لە نامەکەیاندا هاتووە کە ''ئاشکرا و بێ دوودڵی خۆمان دەخەینە پاڵ ئەو کۆمەڵەشێتەی کە لە شیعرەکانی ئێدیت سوێدەرگراندا هەوڵ و کۆششێکی هونەرییانەی باڵا و پڕ لە خۆشەویستی دەبینن و لەنێو ئەو شیعرانەدا درەوشانەوەی جوانییەکی گەورە و تایبەتیان دۆزیوەتەوە...'' سوێدەرگران، بەر لە مردنی، زیاتر وەک مەلێکی لە دونیایەکی ترەوە هاتوو سەیری دەکرا. ئەو لە سان-پیتەرسبۆرگ پێوەندی لەگەڵ ئەدەبیاتێکی نوێ و ئەدەبیاتێک کە لەگەڵ ئەزموونگەراییدا خەریک بوو، پەیدا کردبوو. ئێکسپرێشونیستە ئەڵمانیایی و فوتوریستە ڕووسەکانی خوێندبووەوە و خوێندنەوە بە چەند زمانی جیاواز کاریگەریی لەسەری دانابوو؛ سوێدەرگران وەک چۆن زمانی ڕووسی و فینلاندی چاک دەزانی، ئاوها ئەڵمانیایی و سوێدی و فرەنسایی و ئیتالیایی و ئینگلیزیشی چاک دەزانی. دونیابینیی بەرفراوان و ئەدەبیی ئەو، پەیوەست لەگەڵ شێوازی نوێگەرایی ئەودا بۆ نووسینی شیعری ئازاد، سووک و ئاسان، وا هەست دەکرا کە بۆ سوێدی-فینلاندییە دابڕاوەکان لەو دونیابییە، ئەوسا، نامۆ بێت. سوێدەرگران، دوای کۆمەڵەشیعری؛ قوربانیگەی گوڵڕەنگ، ساڵی 1919 و سێبەری داهاتوو، ساڵی 1920، خۆی خەریکی وەرگێڕانی شیعری فینلاندی-سوێدی بۆ ئەڵمانیایی کردبوو. ئامانجی ئەوە بوو ئەنتۆلۆگیایەکیان لێ بەرهەم بهێنێت، بەڵام بە تەواوکردنی پڕۆژەکەیدا نەگەیشت. تەنیا شتێک کە سوێدەرگران دوای ئەوە پێڕاگەیشت بە ئەنجامی بگەیەنێت، چەند شیعر و وتارێک و چەند وەرگێڕانێک بوون کە لە گۆڤاری ئولترادا، ساڵی 1922، بڵاو کرایەوە. سوێدەرگران، لە سێ ساڵانی دوایینی ژیانیدا، لەگەڵ پرسە ئایینی و ئەنترۆپۆسۆفییەکانیش خەریک بوو و گرنگیی پێ دەدان، بەتایبەت بیروبۆچوونەکانی ڕۆدۆڵف شتێینەر. دوایین زستانی ژیانیشی لەگەڵ خوێندنەوەی ئینجیلدا خەریک بوو. سوێدەرگران لە تەمەنی 31 ساڵیدا مرد. تەواوی ئەو هەلومەرجانەی کە پەیوەست بە ژیانی ئێدیت سوێدەگرانەوە بوون، تا ڕادەیەکی بەرفراوان، نەخشیان لەسەر ئەو و بەرهەمەکانی داناوە. سەرباری ئەوەیش ئێمە، ڕاستییەکەی، کەمێک نەبێت لەبارەی ژیانی ئەوەوە نازانین. ئەو بۆ خۆی بەشێکی زۆر لە نووسراوەکانی خۆی سووتاند. ئەوە نەبێت کە لە سای هاگار ئوڵسۆن و ئێلمێر دیکتۆنیوس-ەوەیە، کە لەڕێی گۆڤاری ئولتراوە بوون بە دوو هاوڕێی نزیکی سوێدەگران، شتێک لە جێدەستی ئەو بۆ داهاتوومان ماوەتەوە. سوێدەرگران وەک گرنگترین ناو و یەکێک کە لە هەمووان زووتر لەگەڵ نوێکردنەوەی شیعری سوێدی خەریک بوو چاوی لێ دەکرێت، بەڵام زرنگەی ئەو هەستە پڕ لە بەختەوەرییەی لە شیعری سیمبۆلی و سەرڕێژ لە دەربڕینەی لە شیعرەکانی ئەودا هەیە، ڕەگوڕیشەی بۆ ئەو نەریتە ئەدەبییانەیش دەگەڕێنەوە کە لە شیعری ڕۆمانتیکیدا هەبوون. سەرچاوە: http://www.sls.fi/en/node/1570   سەرچاوەی شیعرەکە: کۆشیعری ئێدیت سوێدەرگران، ل161-162، ڕێکخستن و ئامادەکردن: گوننار تیدەستریۆم، پێشەکی: هاگار ئوڵسۆن. چاپ و بڵاوکردنەوە: ڤالستریۆم و ڤیندستراند.  

هەوراز محەمەد / فیلمساز و توێژەر  پەیوەندی سینەما بە چیرۆکە جیاوازەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەوە، بە گێڕانەوەی رووداو و بەسەهاتەکانەوە، بە فۆکەس خستنە سەر کارەکتەرێک، کێشەیەک، دیاردەیەک، نەخۆشیەک، بابەتێکی نامۆ و ..هتد، دەست پێدەکات.. سینەما جۆرێکی نوێی نووسینەوەی مێژووی ئینسانە لەم سەردەمەدا کە تیای دەژی، بەئازار و دڵخۆشیەکانیەوە، بە بیرکردنەوە و ئاکتەکاننیەوە.. سینەما گوزارشتکردنێکی ئەدەبی و هونەریانەی هاوچەرخە بۆ ئەو رووداوانەی کە مرۆڤ بەسەری دێن، کە بەسەر ژیاندا دێن بە گشتی.. گەرچی مێژووی ئەم هونەرە زۆر نوێیە و بەرهەمی شۆڕشی پیشەسازی و مۆدێرنەیە هەر وەک چەکە کۆکوژە مۆدێرنەکان، بەڵام بەشێکی گەورە لەوەی مێژووی ئەم هونەرە داگیر دەکات رەخنەی ئەم هونەرەیە لە مۆدێرنە و دەرەنجامە کارەساتبارەکان کە بە دوای خۆیدا هێناویەتی، یەکێک لەوانە کارەسات و جەنگ و جینۆسایدە.. سینەما و کارەسات: لەگرنگترین کارکردی سینەما بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانی کارەسات و جەنگ و ماڵوێرانی و جینۆساید، بەرهەمهێنانی فیلمەکانە لەبارەی جەنگی جیهانی و بەتایبەتیش سینەمای قڕکردنی جووەکان و کارەساتی هۆلۆکۆستە. بەشێوەیەکی بەردەوام و سیستماتیک چەندین ناوەند و دامەزراوە و کۆمپانیا ساڵانە فیلم لەمبارەیەوە بەرهەم دەهێنن. لە پێناو لەبیرنەچوونەوەی کارەساتەکان و بیرنەچوونەوەی ئەو چیرۆکانەی لەناو دوکەڵی رەشی جەنگەکاندا روویاندا، لە پێناو رەخنەکردنی ئەو دۆخانەی وایانکرد مرۆڤ ببێتە سوتەمەنی شەڕ و چەکەکۆژەکان.. لە پێناو زیندوو هێشتنەوەی ئەو نەتەوانەی دووچاری قڕکردن بوونەوە، سینەما دێت و دەیەوێت ئەم قڕکردنە یاداشت بکات.. سەروەختێک چیرۆکەکان تەنها گێڕانەوەی سەربوردی ئەو رۆژگارانە و رووداوەکان بوون، بەڵام لە ئێستادا کەمێک قوڵتر و وردەکارانە تر، چیرۆکی پاڵەوانەکانە، لە ئێستادا سینەمای جووەکان و سینەمای جینۆساید پەیامێکی گرنگتری هەیە و پێمان دەڵێت راستە ئێمە بووینەتە قوربانی، بەڵام ئێمە پاڵەوانی راستەقینەی ناو ژیانی خۆمانین و هەردەم ئاماژەیەک هەیە بۆ سەرکەوتن.. لە ئێستادا فیلمەکان وێڕای نمایشکردنی ئازار و نەهامەتیەکان، وێڕای نمایشکردنەوەی بە قوربانی بوون، بەڵام هەرگیز ئەو هەستە نابەخشێت کە تۆ ئەی ئەو کەسەی لە رەگەزی قوربانیت، تۆ مرۆڤێکی ستەملێکراوی دۆڕاویت و تۆ بێهێزیت، بگرە رێک بە پێچەوانەوە پەیامەکە پەیامی هەڵوێست و نەبەردی نەدۆڕان و پاڵەوانێتیە، بەڵام هەمیش کار لەسەر وەرتەرێک دەکات کە بیری نەچێتەوە ئەو لە مێژوودا ستەمی لێکراوە.. سینەما و مێژوو: جگە لەوەی ژانرایەکی فیلممان هەیە کە پێی دەڵێن (فیلمی مێژوویی)، کە تایبەتە بەو رووداو و چیرۆکانەی لە مێژوودا روویانداوە، جا لە مێژووی دێرین دا بێت یان مێژووی نوێ. جۆرە کارکردنێکی تری سینەما هەیە کە روئیای جیاواز لەناو مێژوودا بەرهەمدەهێنێتەوە، ئەوەش ئەو هێزەیە کە سینەما لە خەیاڵ وەریگرتوە و دیوە ئەدبی و فکریەکەیەتی، کە دەتوانێت لە گۆشەنیگای جیاوازەوە یەک چیرۆک، یەک بابەت، یەک بەسەرهات بگێڕێتەوە. هەرواش لە توانایدایە شیکاری نوێ، تێگەیشتنی تازە، خوێندنەوەی جیاواز بۆ بابەتەکان بکات.. هەر یەک رووداوی کامپی ئاشویتز، کە جووەکانی تیادا کۆکرانەوە و قڕدەکران لەسەر دەستی نازیەکان، دەیان فیلمی لێ بەرهەم دێت، بە تەنیا رووداوی سوتانی ناو کارگەکانی سوتاندن، لە چەندین دیمەنی جیاوازدا و هەر یەکەو لە گۆشەنیگایەکەوە نیشاندراوە، لە هەردیمەنێکدا فۆکەس خراوەتە سەر شوێنێکی رووداوەکە، لە هەر بەشێکدا لەچاوی کەسێکەوە دیمەنەکە دەبینرێت.. لێرەوە گەرچی زۆرینەی فیلمەکان ریالیستین و شتێکی زیادە نەخراونەتە سەر چیرۆکەکانیان، بەڵام بە دیدێکی نوێوە ئەو مێژووە بینراوە و فیلمەکان مێژووەکەیان لەلایەک بە نەمری هێشتۆتەوە لەلایەکی تریشەوە جۆرێکی تری مێژوویان بەرهەمهێنانەوە.. چەمکەکانی (ئازایەتی و لە خۆبردوویی و خۆشەویستی و یەکترجێنەهێشتن و گیانفیدایی لە پێناو ئەوانی تر و مەزڵومیەت و مەردایەتی و نەترسان) دەبنە سیما گشتیەکانی قوربانی و هەر ئەمانەش وا دەکات قوربانیەکان وەک پاڵەوان ببینرێن.. کورد و کارەسات: هەرچەند هیچ مایەی خۆشحاڵی نیە، بەڵام فاکتێکی مێژووییە کە کورد جگە لەوەی بە ئازایەتی دەناسرێت، بەشێک لە شوناسەکەی لە ناو کارەساتە بەردەوامەکانەوەیە. کارەسات رەنگی هەر دیاری مێژووی ئەم نەتەوە و کۆمەڵە مرۆییەیە.. لە مێژووی دوور و نوێشدا کارەسات هەمیشە شتێکە ئامادەیی هەبوە و هەیە، لەوەش کارەسات تر بەردەوامی مەترسی ئامادەیی کارەساتە کە هەر کاتێک بێت دەشێت روو بدات.. قڕکردن بە هەموو جۆرەکانیەوە، لە سڕینەوەی فیزیکیەوە بۆ سڕینەوەی شوناس و هەوڵدان بۆ لە زمانخستنی نەتەوەکە بابەتێکە هەمیشە لە ناو مێژوودا ئامادەیی هەیە.. قوربانی بوون بۆتە شوناسی باو و کەسێتی تاکی کوردی هەمیشە خۆی پێ دەناسێتەوە و جۆر جارانیش بەرخورد لەگەڵ ئەم شوناسەیدا دەکات و لە هەر دەرفەتێکی خۆناساندندا گرنگترین پێناسەیەکی بۆ خۆی وەک کەسێکی ستەمدیدە و قوربانی خۆی بەیان دەکات.. بەڵام لە کارەساتەکان کارەساتتر بێزمانی لە گێڕانەوە و هەڵنەگیڕانەوەی مێژووە، بەمانایەکی تر کورد نەیتوانیوە سود لەکارەسات وەربگرێت بۆ ئەوەی پارێزراو بێت، بەڵکو هەمیشە جەستەیەکی ئامادەیە بۆ ئەوەی کارەساتی بەسەردا بێتەوە.. زمان و گێڕانەوە، ئەدەب و هونەرەکە بەرخوردێکی رووکەشیانە لەگەڵ کارەساتەکان دەکات، چوون زمان تەنها ئەداتی گوزارشت نیە و زمانی بیرکردنەوەشە، هەر بۆیە لەم ئاستە رووکەشیەدا قوربانی بوونی خۆی قبوڵکردوە و هێندەی ویستویەتی پێی بناسرێتەوە نەیتوانیوە ئەم قورانی بوونە بکاتەوە بە چەکی دەستی بۆ خۆ پارێزی.. کارەسات هەرچەند ناخۆشە بەڵام دەتوانێت زۆر بەرهەمی ببێت. جووەکان قوربانی بوونیان لە مێژوودا کردۆتە ئەداتی پاراستنی ئێستا و داهاتویان، تا ئاستی ئەوەی کارەسات دەوڵەتی بۆ دروستکردون. ئەرمەنەکان بەهەمان شێوە، ئەمەش تەنها لە رێی دەستکاری کردنی زمان و گێڕانەوە و بیرکردنەوەی نوێوە. بەڵام بەداخەوە کورد لەم بوارەدا هێشتا هیچ.. زەمەنی ئەنفال و زمانی گێڕانەوە: ئەنفال گەورترین کارەساتی قڕکردن و لەناوبردنی بەکۆمەڵە لە مێژووی نوێی کورددا، سەدان هەزار کەسی تیا قڕ کراوە و دەیان هەزار گوند وێرانکراوە و تەنانەت چەکی کۆکوژ و کیمیایشی تیا بەکارهێنراوە.. گەر لەسەر ئاستی گێڕانەوەی سادە بیگرین تا گێڕانەوەی یاداشت، تا گێڕانەوەی ئەدەبی لە چیرۆک و رۆمان، تا دەکاتە سینەما.. کورد ئەم ماتریاڵە گەورەیەی تا ئاستی فەرامۆشی فەرامۆش کردوە، لەوەش کارەساتتر هەمیشە نوخبەیەک و بەشێک لە خوێندەواران کاتێک کارێک لەسەر جینۆسایدی کورد دەکرێت هەمیشە پرسیارە دووبارە و جاڕسکەرەکەیان ئامادەیە (ئەرێ‌ ئەم ئەنفال و نەهامەتیە بوو بەچی؟ ئەرێ بۆ ئیشێک لەسەر ژیانی ئێستا ناکرێت؟ ئەرێ تا کەی ئێمە هەر لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە ئیش بکەین)، ریشەی پرسیارەکە بۆ دوو تەوەر شی دەکەمەوە: - هەرچەند پرسیارەکە لەناو خۆیدا هەڵگری ئیشکالەیەتە و ئێمە چەند فیلمی باش و رۆمان و دەقی باشمان لەسەر ئەم بابەتانە بەرهەمهێناوە تا پرسیارێکی لەو شێوەیە بکرێت، بەڵام ئاستە سەتحی زمانە کرچەکەی گێڕانەوە لە زۆرینەی ئەو بەرهەمانەدا رێگەی بۆ ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە خۆش کردوە. - لەلایەکی ترەوە هیچ یەکێک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و نوخبەی ئەدەبی و هونەری ئەم سەبجێکتەیان بۆ نەبۆتە بابەتی کاری جدی، کە جگە لەوەی ئاستی تێگەیشتن لە کارەسات-رووداوەکە، هێشتا وەک پێویست گرنگی پێ نەدراوە، لەبارێکی تریشەوە ئەوەی کە بەرهەم هاتوە لە رووی چەندێتی و چۆنایەتیەوە زۆر زۆر کەمن. بەداخەوە ئەتوانین بڵێین تا ئێستا کورد هیچ تۆمارێکی لە مێژوەی خۆی دۆکیومێنت نەکردوە و هیچ بەرهەمێکی جدی فیکشنیشی لێ بەرهەم نەهێناوە، جچا ئەوەی لەم رێگەیەوە روئیا و دنیا بینی جیاواز دروست بکات، مێژوو دروست بکاتەوە، وێنا بگۆڕێت و قوربانی بکاتە پاڵەوان.. بە بڕوای من ئەم کارە هەم تێگەیشتنی قوڵی دەوێت هەم دامودەزگای تایبەتمەندی بیرکەرەوە..

  له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج   له‌ بوارى ئیشکردنى ئه‌ده‌بى له‌ سه‌ر ئه‌نفال کۆمه‌ڵێک و هه‌وڵ و ته‌قه‌لا هه‌ن به‌ تایبه‌ت نۆڤلێت و رۆمان و چیرۆک، لێ هێشتا نه‌یانتوانیوه‌ وێنه‌ى ئه‌نفال وه‌ک خۆى نیشانى ئه‌وى تر بده‌ن، هه‌ڵبه‌ت له‌ بوارى شیعریشدا کارى جوان هه‌ن، کێشه‌یه‌ک که‌ ناکرێ هه‌ڵوه‌سته‌ى له‌ سه‌ر نه‌کرێت گوازتنه‌وه‌ى تاوانه‌که‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى کاریگه‌ر بۆنمونه‌، چاره‌نووسى ئاده‌میزادى شۆڵۆخۆف، یان سه‌عاتى 25 ، ئایه‌ ئێمه‌ توانیومانه‌ کار له‌ سه‌ر ئه‌و هه‌موو تارژیدیایه‌ به‌و جۆره‌ بکه‌ین که‌ سه‌رنجى ئه‌وانى تر په‌لکێش بکات هه‌ڵبه‌ت وه‌ک پێویست نه‌خێر، هه‌زاران چیرۆک هه‌یه‌ له‌ ئه‌نفال دا بۆ ئه‌وه‌ى له‌ سه‌رى بوه‌ستین، هه‌زاران ئازارکه‌ گێڕانه‌وه‌یان ده‌توانێت کارێکى ناوازه‌ى ئه‌ده‌بى لێ ده‌ربچێت، کاتێ )عاسى مسته‌فا ئه‌حمه‌د( دواى گه‌ڕانه‌وه‌ى سۆراغى خانه‌واده‌که‌ى ده‌کات و نامه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تى کۆمارو سه‌دام ده‌نووسێت و دیوانى سه‌رۆکایه‌تى زۆر خوێن ساردانه‌ ده‌ڵێت هاوسه‌رو مناڵه‌کانت له‌ کرده‌ى ئه‌نفالدا تیاچوون، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر رۆمان نوسێکى به‌ توانا هه‌بێت ده‌توانێ چى لێدروست بکات، عاسى له‌ نامه‌که‌یدا باسى ئه‌وه‌ ده‌کات ئێستا بێ جێگه‌و رێگه‌یه‌و له‌ مزگه‌وت رۆژ ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ى ببرێت بۆ سه‌ربازى و به‌ دیل بگیرێت ئه‌و خانه‌واده‌و هاوسه‌رو کچ و کوڕو ماڵ و گوندو که‌س و کارى هه‌بووه‌، من چه‌ندین جار باسى ئه‌شکه‌وتى کونه‌ که‌متیارم کردووه‌، کاتى خۆى تیمێکى روداویشم له‌گه‌ڵ یه‌حیا به‌رزنجیدا برد بۆ ئه‌و ئه‌شکه‌وته‌و دیدارێکى دورو درێژیان تۆمار کرد، بۆ بڵاو نه‌کرایه‌و هۆکار چى بوو، یان ئاخۆ روداولانى که‌م نرخى ئه‌و کارو ته‌قه‌لایه‌ى منى به‌ هه‌ند وه‌رگرت، ئه‌وه‌یان له‌و لاوه‌ بوه‌ستێت، به‌ڵام له‌و ئه‌شکه‌وته‌دا که‌ 6 خێزان بۆ ماوه‌ى 5 مانگ ماونه‌ته‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌وێ مناڵێک له‌ دایک بوه‌، هه‌ر له‌وێ هاوسه‌ر گیریه‌ک کراوه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و په‌ڕى به‌ گژاچوونه‌وه‌ى به‌عس و سته‌مکاریه‌، ئه‌مه‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ک سه‌یرى ده‌که‌یت به‌رده‌وامى دانه‌ به‌ مانه‌وه‌ و ژیان، له‌و باره‌یه‌وه‌ من فیلمى له‌ تاریکیدام بینیوه‌ له‌ سه‌ر جوله‌که‌، شێوازى به‌رده‌وامى دانه‌که‌ به‌ ژیان و خۆ به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌دان له‌م دوو ڕوداوه‌دا زۆر هاوشێوه‌ن . ئه‌و کوڕو کچه‌ى له‌ ئه‌شکه‌وتى کونه‌که‌متیار هاوسه‌رگیریان کردووه‌، گه‌وره‌ ترین شه‌ڕیان دژى جینۆ سایدو سڕینه‌وه‌ راگه‌یاندووه‌، ئاخۆ توانرا ده‌قێکى ئه‌ده‌بى له‌و به‌ گژاچونه‌وه‌یه‌ دروست بکرێت، ئه‌ده‌ب ده‌توانێ چیرۆکه‌کان به‌ شێوازێکى کاریگه‌رتروهونه‌ریانه‌و جیاواز له‌وه‌ى ڕوویداوه‌ بگێڕێته‌وه‌، ده‌توانێت له‌ روداوه‌کان داستانى ناوازه‌ دروست بکات، کورد تا ئێستا وه‌ک پێویست نه‌یتوانیوه‌ جێى ئه‌نفال له‌ ئه‌ده‌بدا دیارى بکات، دیاره‌ ناکرێت ئه‌وه‌نادیده‌ بکه‌ین، که‌ چه‌ندین رۆمان و نۆڤلێت نوسراون، ئاخۆ ئه‌و رۆمان و نۆڤلێتانه‌ى نوسراون تواناى ئه‌وه‌یان تێدایه‌ فیلمێکى وه‌ک کوڕه‌ بیجامه‌ خه‌تخه‌ته‌که‌یان لێ دروستبکرێت ، ئه‌مه‌ گرنگه‌ . ئه‌و رۆمانانه‌ى ده‌کرێنه‌ فیلم و کاریگه‌رى گه‌وره‌ له‌ سه‌ر بینه‌ر جێده‌هێڵن و ده‌بنه‌ کارى نێو ده‌وڵه‌تى و جیهانى، ده‌قه‌کانیان هه‌مان ئه‌و چیرۆکانه‌ن که‌ له‌ئازاره‌کانى ئه‌نفالدا  هه‌ن بگره‌ ئه‌نفال و چیرۆکه‌کانى ناو ئه‌و تاوانه‌ له‌وانه‌ زۆر کاریگه‌ر ترن، ئه‌گه‌ ر له‌ کوڕیژگه‌ بیجامه‌ خه‌تخه‌ته‌که‌دا وێنه‌ى ئه‌وه‌ نیشانى ئێمه‌ ده‌درێت که‌ له‌ هه‌رچرکه‌یه‌کدا ده‌کرێت که‌سانى تریش ببنه‌ قوربانى، که‌ سته‌مکاران ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ جلى مه‌رگ بکه‌نه‌ به‌ر قوربانیه‌کان، ئێمه‌ له‌ به‌رده‌م نادادیه‌کى گه‌وره‌دا راده‌گرێت، ئه‌وه‌ له‌ 11ى 4ى 1988 ئه‌و کچه‌ ته‌له‌به‌یه‌ى کۆپته‌ره‌کانى به‌عس " بارق عه‌بدوڵا" له‌ ناو شارى چه‌مچه‌ماڵ ده‌یکوژن، باوکى فه‌رماده‌ى کۆمه‌ڵێک چه‌کدارى کورده‌ ، ئه‌ده‌ب ده‌توانێت ئه‌م وێنانه‌ هه‌موو له‌ خۆیدا کۆبکاته‌وه‌، ده‌توانێت له‌ رێگه‌ى وێنه‌ى هونه‌ریه‌وه‌ ده‌قى نه‌مر به‌رهه‌مبێنێت، ئه‌ده‌بى کوردى و کتێبخانه‌ى کوردى و ئه‌دیبى کورد هێشتا له‌و بواره‌دا هه‌ژارو ده‌سته‌ پاچه‌ن، ئه‌مه‌ش به‌ بڕواى من لایه‌نێکى په‌یوه‌سته‌ به‌ زانینى زمانى دیکه‌و وه‌رگێڕانى ده‌قه‌کانه‌وه‌ بۆ سه‌ر زمانانى تر، با ڕوونتر بڵێم ئه‌گه‌ر ناوه‌ندێکى وه‌رگێڕان لانى که‌م ساڵانه‌10 رۆمان و نۆڤلێتى کوردى وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر زمانه‌کانى )عه‌ره‌بى، فارسى، تورکى، فه‌ڕه‌نسى و ئینگلیزى(، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هانده‌رێکى باش بۆ ئه‌وه‌ى نوسه‌رنى کوردیش کارى باش بکه‌ن، کارى باش به‌و مانایه‌ى مۆرکى کوردى پێوه‌بێت و باس له‌ تراژیدیاو ئازاره‌کانى کورد بکات، لێ کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌سه‌ڵاتى کوردى وێڕاى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تێکى تایبه‌ت به‌ شه‌هیدو ئه‌نفالى هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو کارى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ چڕکراوه‌ته‌وه‌ له‌ پێدانى موچه‌و شتى له‌م جۆره‌ و ئه‌و لایه‌نه‌ گرنگه‌ له‌ بیر کراوه‌، که‌ من لام وایه‌ رێگه‌یه‌کى زۆر باش ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نفال و جینۆسایدى کورد به‌رینه‌ زۆربه‌ى کتێبخانه‌کانى دنیاوه‌ . دواى سێ ده‌یه‌ زیاتر له‌ ئه‌نفال و جینۆسایدى گه‌لى کورد ئاخۆ زۆر دره‌نگ نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ناوه‌ندێکى تایبه‌ت به‌ کۆکردنه‌وه‌ى چیرۆکه‌کان و رێکخستنیان و تۆمار کردنیان و به‌ داستانکردنیان دروست بکرێت، یانى من به‌ ڕوونى مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌ت و ئه‌و ناوه‌نده‌ به‌ فه‌ڕمى خۆیان داوا له‌ ئه‌فرێنه‌ران و نوسه‌ران بکه‌ن چیرۆک و داستانه‌کان به‌ شێوازێکى هونه‌رى بنووسنه‌وه‌و ئه‌رکى ناوه‌نده‌که‌و حکومه‌تیش وه‌رگێڕان و گه‌یاندنى داستانه‌کان بێت به‌ دنیا، من پێشترو له‌ ساڵانى رابردووشدا هه‌مان پێشنیازم خستوه‌ته‌ به‌رده‌م ده‌سه‌ڵات و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار، لێ ئه‌وان زۆر گرنگیان به‌و بابه‌ته‌ نه‌داوه‌، هه‌ڵبه‌ت من له‌ هۆکارى ئه‌و گرنگیپێنه‌دانه‌ نه‌گه‌یشتوم . حکومه‌ت و وه‌زاره‌تى شه‌هیدو ئه‌نفال و ناوه‌نده‌کانى سه‌ر به‌و وه‌زاره‌ته‌ ده‌توانن ئاسانکارى زۆربۆ بابه‌تێکى له‌و جۆره‌ بکه‌ن، ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگاداریش بم زۆر که‌س ئاماده‌ن خۆبه‌خشانه‌ هاوکارى پڕۆژه‌و بابه‌تى له‌و جۆره‌ بن.  

پرسى (داهێنان و مه‌رگه‌سات) یه‌کێکه‌ له‌ پرسه‌ گرنگ و تایبه‌ته‌کانى ناو دونیاى ئه‌ده‌بى ئێمه‌و پێویسته‌ هه‌میشه‌ هه‌ڵوێسته‌ى جدى له‌سه‌ر بکرێت. به‌و پێیه‌ى به‌شێکى گه‌وره‌ له‌ مێژووى ئێمه‌ مێژووى کاره‌ساته‌کانه‌و ئه‌مه‌ش ڕاسته‌وخۆ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌ناو ئه‌ده‌ب و هونه‌رى ئێمه‌دا هه‌یه‌.ده‌رباره‌ى ئه‌م پرسه‌ دکتۆر (ڕێبوار سیوه‌لى)مان دواند. سازدانى: شاخه‌وان سدیق هاولآتى: هەمیشە جەنگ و كارەسات و ماڵوێرانی نەهامەتی گەورەن بۆ مرۆڤ، بەڵام زۆرجار دەوترێ ئەم ڕووداوانە پاش خۆیان ئەدەب و هونەری گەورە بەدوای خۆیاندا دەهێنن و دەبنە ئیلهام و سەرچاوەی گەورە بۆ گێڕانەوە. بۆ نمونە تابلۆی جێڕنیكای (پابلۆ بیكاسۆ) پاش بۆردومانی شارەكە لەلایان سوپای ئیسپانیاوە. یان ئەوەی جوو پاش (هۆلۆكۆست) لە ئەدەب و سینەمادا بەرهەمیان هێنا. تا چەند لەگەڵ ئەم بۆ چونەدایت؟ -بۆچوونەكە تا ئەو شوێنە ڕاستە كە ئەو بەرهەمهێنانەی پاش جەنگ و كارەسات، هونەریی و ئێستاتیكی بێت. واتە گێڕانەوەكان، دووبارەكردنەوەكان، ڕەنگدانەوەكان، هێنانەوەپێشچاوەكان، وێناكردنەكان و خەیاڵلێكراوەكان بۆ ئەو ڕووداوانە، ئاستێكی هونەریی و داهێنان بەخۆیانەوە بگرن. ئەدەبی پاش مەرگەسات هەرگیز خودی تراژیدیا و مەرگەساتەكە نییە، بەڵكو هونەریانە لەسەر تراژیدیا قسەكردنە، بەجۆرێ كە مانا بەسەر فۆرم و ڕووخساردا باڵا دەست نەبێت و دواجار خوێنەر هەست بكات لەبەردەم دەقێكی داهێنەرانەیەدا، كە ناوەڕۆكێكی تراژیدیانەی هەیە، یان داهێنانێك لە هەناوی تراژیدیاوە، تروسكەیەك لە دڵی تاریكییەوە، دەلاقەیەك لە كۆڵانێكی داخراودا لەبەردەم مرۆڤدا دەكاتەوە. مەرجێكی دیكەی ئەمجۆرە داهێنانە ئەوەیە، كە هەموو ڕووداوێكی لۆكاڵیی و دیارگەرایانە، بكاتە ڕووداوێكی مرۆیی و گەردوونیانە. ئەمجۆرە ئەدەب و داهێنانە، ئەركێكی میژوویی لەسەر شانە، كە لەسەرووی سنوور و كەوشەن و پرسگەی نێوان وڵاتان و سیاسەتەكانیانەوە، پردی پەیوەندیی و لێكحاڵبوون لە نێوان مرۆڤەكان و گەلاندا دروستدەكات و بەمەش تراژیدیا لە دۆخی مەرگەساتیانە و داڕمانەوە، دەچێتە دۆخی بیناكردنەوە و دەستپێكردنەوە و ئەدەب و هونەر و داهێنانێك بەرهەمدەهێنێت، كە ڕزگاركەرانە و ئومێدبەخشانەیە. ئەدەب و هونەرێك، كە لەگەڵ دۆخی هەبوو  دەكەوێتە ململانێیەكی هەمیشەییەوە، بۆ ئەوەی بیكاتە دۆخێك كە دەبێت هەبێت. ئەمە جەوهەری ئەو جیاكارەیەیە كە ئەریستۆتالیس لەنێوان مێژوو و شیعردا دەیكات. شیعر بەمانای (پۆئیسیس)، یان داهێنان: مێژوو باس لەو ڕووداوانە دەكات كە ڕوویانداوە، بەڵام داهێنان باس لەو ڕووداوانە دەكات پێویستە ڕوو بدەن. بەمجۆرەش، تراژیدیا لە زەمەنی واقیعییدا ڕووداوێكی مێژووییە، بەڵام لە بۆتەی ئەدەبیات و داهێناندا دەبێت ببێتە ڕووداوێكی داهێنەرانە و شیعرییانە.         هاولآتى: پەیوەندی تراژیدیا بە ئەدەبەوە چییە؟ پێتان وایە ئەدەب دەتوانێت دیوێكی تری ڕووداوە تراژیدیایەكان پیشان بداتەوە، جیا لەوەی  مێژوو دەینوسێتەوە یان ئەوەی كە میدیا باسی دەكات؟ - پەیوەندیی تراژیدیا و ئەدەب، پەیوەندییەكی جەوهەرییە. بەو مانایەی كە ئەدەب هەمیشە هەوڵدانە بۆ گۆڕینی واقیع، كە سیاسیی تیایدا باڵادەست و نەخشەداڕێژە، بۆ هێنانەدی واقیعێك، كە تیایدا هونەرمەند نەخشەڕێ دادەڕێژێت و هونەر و داهێنان سیاسەت دەكات.. تراژدیا، لە واقیعدا و وەك ئەوەی ڕوو دەدات، لەبەرژەوەندیی سیاسییەكانە، چونكە ئەوانە بۆنەكانی بەكار دەهێنن بۆ نومایش و چاوبەستەكانیان، بەڵام ئەدەبیی تراژیدیی، سیاسەتی هونەرمەند و داهێنەرانە بۆ ئەوەی جیهانێكی جیاواز لە واقیعی تراژیدیانە بەرهەم بهێنێت، كە نەكەسی تێدا دەكوژرێت و نە پێویستە كەسیش تێیدا ببێتە قوربانی. هاولآتى:  "ئەنفال" یەكێكە لە ڕووداو و كارەساتە تراژیدییەكانی ناو مێژووی ئێمە، ئەم كارەساتە تاچەند گونجاوە بۆ ئەوەی بە ئەدەب بكرێت و كاری جدی لەسەربكرێت. ئایا ئەنفال ڕەنگدانەوەی هەیە لە ئەدەبی ئێمەدا پاش كارەساتەكە؟ - من كێشەیەكی گەورەم لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا هەیە. ئەفال ڕووداوێكی ناو دنیای پەراوێزیی ئێمەیە، كە شوێنەكەی دەرەوەی شارە. جوگرافیای ئەنفال لە پەراوێزی شارەكانی هەرێمی كوردستاندایە و چەقی شار نییە. ئەدەبی ئێمە بەرهەمی شار و بە زاراوەی شارییانەیە. لێرەدا كێشەكی زۆر گەورە هەیە: چۆن شارییەك بە زمانی نیمچە ستاندارد دەتوانێت گوزارشێكی هونەرییانە لە ڕووداوێك بكات لە پانتایی ناشاردا ڕوویداوە، كە زاراوە زمانییەكەی ئەوە نییە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك، پێی دەئاخڤن؟ ئەمە ئەستەم و بگرە نوێنەرایەتیكردنێكی دەمامكدارانەشە. ئەو كاتە مەرگەساتی ئەنفال دەتوانێت گوزراشی هونەریی و ئەدەبیی لە خۆی بكات، كە زمانی دانسقەی قوربانی بۆخۆی بێتە گۆ. زمانی دانسقەی قوربانی، زمانێكی ئۆرگێناڵ و ڕەسەنی ڕووداوەكەیە، كە شیاوی وەرگێڕان بۆ زاراوەیەكیتر نییە، چونكە ئەزموونی قوربانی ئەزموونێكی تایبەت و بێنموونەیە. من لەو بڕوایەدام، هەتا ئەم زمانە خۆی نەتوانێت گوزارش لە ئەزموونی تایبەتی خۆی بكات و بە زمانی دانسقەی ڕووداوەكە، كە زمانی قوربانییە، بدوێت، هەر جۆرە گوزارشكردنێكی شاریانە، وەكئەوە وایە جۆرێ لە پشتگیری و نوێنەرایەتی كرابێت و ئەمەش پێچەوانەی هەر ئەزموونێكی دیاردەناسانەی ڕووداوەكانە و نامانگەیەنێت بە هیچ ڕاستەقینەیەك. هاولآتى: ئێوە دیوانێكی شیعریتان هەیە بەناوی (زمانی عەشق و زەمەنی ئەنفال) تاچەند ئەم دیوانە ئیلهامەكەی لە كارەساتەكەوە وەرگرتووە؟ پەیوەندی عەشق و ئەنفال لەچیدا كۆدەكەنەوە؟ پێتانوایە ئەم دیوانە پیشاندانی دیوێكی تری چیرۆكی ئەنغالی گەرمیانیەكانە. یان ئەوە ئەنفالی ڕۆحی تاكەو سودت لەو وشەیە بۆ ناونانی دیوانەكەت وەرگرتوە؟ - ئەو قەسیدەیەی ئێوە باسی دەكەن، لە كەشی دوای ئەنفال بەرهەمهاتووە. لە ئاستی كولتووریی و مێژووییەوە، كاریگەریی ئەو كارەساتەی بە توندیی لەسەرە. من ئەوسا لە دانمارك بووم و تازە ڕووداوی تراژیدیای هەڵەبجە ڕوویدابوو. زەین و دەروونی من بەو هووشیارییەی لەسەر شوناسی مرۆیی و نەتەوەیی خۆم هەمبوو، بەو مەرگەساتە كاریگەر بووم. لە ناخی خۆمدا دەمزانیی زوڵمێكی نەتەوەییم لێكراوە، بەڵام هەر لە ناخی خوشمدا دەمزانیی كە گێڕانەوەی زوڵم وەكخۆی، بەناوی ئەدەبەوە، بێمانایە. بۆیە تراژیدیای تایبەتی خۆم كە چەندین سەرچاوەی هەبوو، تێهەڵكێشی كارەساتە گەورەكە كرد بۆ ئەوەی بتوانم لە هەردوو ئاستی تایبەت و گشتی، گوزارش لە خۆم بكەم. هێڵی گشتی دەقەكە تراژیدیانەیە، بەڵام نییەتی دەقەكە هەستانەوە و دەستپێكردنەوەیە لەناو كارەساتدا، ئەوەش ئەركی ئەدەب و داهێنانە و زمان لەمەدا ناوەندە. لەو نێوانەدا پردێكی پەیوەندییم لە نێوان ئەزموونی تێكشكانی تاكەكەسیی و مێژووی تراژیكی نەتەوەییمدا، دروستكردووە. بێگومان شانازیی دەكەم گەرمیانیی و بارزانییەك خۆیان لە دەقەكەدا ببیننەوە، بەڵام من پێش هەموو شتێك چیرۆكی خۆم دەگێڕمەوە وەك مرۆڤێك و وەك كوردێك.. پەیوەندیی نێوان عەشق و ئەنفال پەیوەندییەكی پێچەوانەییە: لەكاتێكدا ئەنفال وەك كارەساتێك شكست بەدوای خۆیدا دەهێنیت، عەشق وەك دۆخێكی دەروونی وەك وزەیەك، سەرهەڵدانەوە و دەستپێكردنەوە پێشنیاز، دەكات. هاولآتى: زۆرێك پێیانوایە ئەدەبی ئێمە ئەدەبێكی غەمگینە و پڕە لە نائومێدی، بەڵام ئەدەبێكە كەمتر سودی لەو هەموو ڕوداوە تراژیدیانە وەرگرتوە كە بەسەری هاتون تەنها چەند هەوڵێكی كەمی وەك (گۆڕستانی چراكانی) مامۆستا شێركۆ بێكەس نەبێت. هۆكاری ئەمە چییە؟   - هۆكاری ئەمە ئەوەیە، كە ئەدەبی ئێمە ناتوانێت دژەباو بێت و زیاتر لە دەوری پۆپۆلیزم و عاممەگەرایی دەسووڕێتەوە بۆ ڕازییكردنی زۆرینە و ڕەشۆك.. ڕەشۆكییەتپەرستی نامانگەیەنێت بە دۆخێكی ئەدەبیی لە ئاستی داهێناندا. بۆیە غەمگینی و نائومێدی دوو تایبەتمەندیی واقیعی سیاسی و كولتووریی و مێژوویی ئێمەن و خزمەت بە دۆخی مانەوەی واقیع وەكخۆی دەكەن، ئەمەش وایكردووە كە ئەدەبی ئێمە لە بنەمادا دواكەوتووانە و موحافیزەكار و پۆپۆلیستانە بێت، نەك یاخیگەرانە و دژە واقیعیانە. ئەدەب و داهێنان، تەواو پێچەوانەی واقیع دەجووڵێنەوە و واقیع وەكخۆی، ڕەتدەكەنەوە. بۆیە ئەدەبی غەمگین و لەبەرچاوڕەشكەر، نیشتیماندزێوی و نائومێدكەر، لە بنەمادا خزمەت بە سیاسەتێك دەكات كەبەرژەوەندیی لە مانەوەی واقیعدایە وەكئەوەی كە هەیە، نەك وەكئەوەی كە دەبێت هەبێت. ئەدەبی ئێمە سیاسەتی خۆی ناكات، بەڵكو خزمەت بە سیاسەتی باو دەكات. ئەوەش لە بێئاگایی و ناهووشاریی بەرهەمهێنەری ئەدەبییەوە سەرچاوە دەگرێت. هاولآتى: پێتانوایە چی بكرێت بۆ ئەوەی دیوی شاراوەی ئەنفال و تراژیدیكانی ئێمە  لە ڕێگەی ئەدەبەوە بخرێنە ڕوو، چیرۆكە شاراوەكان خوێنەوەیەكی نوێ‌ وەربگرن، جیهان جارێكیتر لە ڕێگەی ئەدەبەوە ئەو كارەسات و تراژیدیانەی ئێمە بخوێنەو؟. - پێویستە دەستەبژێری شاریی بكشێتەوە و كەنار بگرێت و ئەوەندە خۆی نەكاتە نوێنەر و دەمڕاستی كارەسات. ئەمەش دەرفەتێك دەداتە قوربانیانی ڕاستەقینە تاكو بە زمانی دانسقەی خۆیان بدوێن و بتوانن لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ئەدەبییەوە، ئەو بارە قورسە ئەزموونی و مێژووییە، لە كۆڵی خۆیان بكەنەوە. باڵادەستی شێوەزاری سلێمانی و بادینی بەسەر گوزارشلێكردنەكانی كارەسات و مەرگەساتەكانی ئێمەدا، شێوەیەكی تاكڕەهەندانەی داوەتە گوزارشكردنەكان و وەكئەوەی لێهاتووە زمانی قوربانی وەرگێڕدرابێتە سەر زمانێكی دیكە. زمانی دانسقەی قوربانیانی كارەساتەكانی ئێمە لە دەرەوەی جوگرافیای شار و زمانەكەیەتی. تایبەتمەندییەكانی زمانی پەراوێزیی و دەرەشار جیاواز گوزراش لە ئەزموونی كارەساتەكە دەكەن. هەر وشە و پیت و نیشانەیەك، هەر ئاكتێكی زمانی لە ئاستی دەربڕین و ڕەمزیی و گۆكردن و تەنانەت بێدەنگییشدا، بگرە كۆی دەنگی هەناسەدان، هەنیسك، وەستان و پچڕین و كۆكە و تف قووتدانەوە و لە گێڕانەوەی كارەساتتدا، مانای قووڵی خۆیانیان هەیە. لە زمانی شاریانەدا بەهۆی دووركەوتنەوەی گێڕەرەوەكان لەو كەشەی مەرگەساتەكانی تێدا ڕووداوە، بەهۆی نەبوونی ئەزموونی كەسی یەكەم لە ڕووداوەكاندا، ئەوە كارەسات و زمانە دانسقەكەی قوربانی، كە خۆی لە فرەڕەهەندیی زمانی و گوزراشكردنی نازمانییدا، دەبینێتەوە، هیچیان نامێنن و دەبێتە زمانێكی تاكڕەهەند و داخراو. بۆیە لەبەشێكی زۆری ئەو ئەدەبیاتەدا كە بۆ كارەسات نووسراوە،  بە ئاشكرا بێدەسەڵاتی نووسەران دەبینرێت و نەشارەزاییان لە شێوەژیان و زمانی ڕۆژانەی قوربانییەكاندا، جگە لە تاكڕەهەندیی زمانی، ئەوە جۆرێك لە ستەمی شێوەزارەكانی وەك سلێمانی و بادینییش بەسەر زمانی ڕاستەقینەی قوربانییەكاندا، دەبینرێتەوە. ئەم بۆچوونە، بەرهەمی هونەرەكانی وەك موزیك، شیعر و شێوەكاریش ناگرێتەوە. لەم هونەرانەدا بەرهەمگەلێكی بەرزمان هەن.

  خانمه‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕو ڕۆمان نووس (به‌یان سه‌لمان) یه‌کێک له‌ناوه‌دیاره‌کانى ناو دونیاى ئێستاى ئه‌ده‌بى ئێمه‌و له‌ بوارى ڕۆمان نوسیندا خاوه‌نى هه‌ریه‌که‌ له‌ رۆمانه‌کانى (نه‌وه‌کانى مادائى، خه‌زنه‌ مه‌ملوک، له‌ به‌رزایى شوراکانه‌وه‌، شه‌وانى ئاده‌م، یاداشتى عه‌ترو ئاگر)ه‌، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ بوونى سێ ڕۆمان به‌زمانى عه‌ره‌بى، ئه‌و له‌ هه‌ردوو ڕۆمانى (نه‌وه‌کانى مادائى و شه‌وانى ئاده‌م)دا کارى له‌ نوسینه‌وه‌ى تراژیدیا و چیرۆکى ئه‌نفالدا کردوه‌و ئێمه‌ش وه‌ک په‌ڕاوى هاوڵاتى سه‌رنجه‌کانیمان له‌م دیداره‌دا ده‌رباره‌ى ئه‌م دوو ڕۆمانه‌و چیرۆکى په‌یوه‌ندى ئه‌ده‌ب و تراژیدیا وه‌رگرت.   سازدانى: شاخه‌وان سدیق هاوڵاتى: ئه‌ده‌ب چۆن ده‌توانێت سوود له‌ تراژیدیا ببینێت، چۆنده‌توانێت چیرۆکه‌ تراژیدیه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ى واقیع بگۆڕێت بۆ فه‌نتازیا یان بۆ شتێکى نوێ‌؟ -به‌بڕواى من ئه‌ده‌ب یه‌کێکه‌ له‌و کایانه‌ى که‌ ده‌توانێنت زۆر ئیشى گه‌وره‌بکات له‌ چیرۆکى تراژیدیا، تۆ که‌ ده‌ڵێت ئه‌ده‌ب، واته‌ پانتاییه‌ک هه‌یه‌ که‌ مرۆڤ ده‌توانێت تیایدا باس له‌ بلۆگرافیابکات، باس له‌ ناسنامه‌ى هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌بکات که‌ به‌شدارى ئه‌و تراژیدیایه‌ بوونه‌ وه‌ک تراژیدیاى ئه‌نفالى کورد، وه‌ نوسه‌ر ده‌توانێت له‌م حاڵه‌ته‌دا به‌ناوى ئه‌وانه‌وه‌ ئیشى تیابکات، چونکه‌ ئێمه‌ که‌سمان نه‌ماوه‌ له‌ کاره‌ساته‌که‌. ته‌نها هه‌ندێک خه‌ڵکى که‌م نه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ لێره‌دا کاتێک نووسه‌رێک ده‌یه‌وێت ئیش له‌ تراژیدیاى ئه‌نفال بکات و بیه‌وێت ئه‌م ڕووداوه‌ بێنێته‌ناو ئه‌ده‌ب ئه‌وا چیرۆک یان ڕۆمان باشترین شوێنه‌و نوسه‌ر ده‌توانێنێت زۆر به‌باشى کارى تێدا بکات. من وه‌ک ڕۆمانووسێک له‌ دوو کارى خۆمدا هه‌وڵمداوه‌ سوود له‌م چیرۆکانه‌ ڕاسته‌وخۆ یان نا ڕاسته‌وخۆ ببینم، که‌ ئه‌وانیش هه‌ردوو ڕۆمانى (نه‌وه‌کانى مادائى، شه‌وانى ئاده‌م)ن، له‌ ڕۆمانى (نه‌وه‌کانى مادائی)دا ته‌نانه‌ت پێشبینى دووباره‌ ڕوودانه‌وه‌ى تراژیدیاى هاوشێوه‌ى (ئه‌نفال)ى تێدایه‌، که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ دواتردا تراژیدیاى (ئێزیدیه‌کان) ڕووده‌دات. هه‌ر چه‌نده‌ ڕۆمانه‌که‌ تاڕاده‌یه‌ک مێژووییه‌، به‌ڵام مێژوویه‌ک به‌واتا به‌حته‌که‌ى نا، به‌ڵکو مێژوویه‌کى نوێ‌ به‌شێوه‌ى به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ى خه‌یاڵى. که‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ ڕۆمانى (شه‌وانى ئاده‌م)یشدا دووباره‌ بۆته‌وه‌. یه‌کێک له‌و ته‌کنیکانه‌ى که‌ له‌ ڕۆمانى نه‌وه‌کانى مادائی دا گرنگى پێدراوه‌ مه‌سه‌له‌ى تێکشکانى زمانه‌ که‌ ئه‌مه‌ به‌ ومه‌به‌ستکراوه‌، چونکه‌ که‌ تۆ وه‌ک گه‌لێکى ژێرده‌سته‌ په‌لامارده‌درێیت و توشى جۆرێک له‌ (ئه‌نفال) ده‌کرێیت، یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ ئامانجه‌ به‌هێزه‌کان له‌ناوبردنى کلتورو زمانه‌ته‌، واته‌ هه‌وڵى سڕینه‌وه‌ زمانه‌که‌ت و تێکشکاندنى ده‌درێت، وه‌ له‌مه‌وه‌ زمانى نوسین بۆ ده‌ربڕین و گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م چیرۆکانه‌ ده‌بێت زمانێکى جیاوازبێت، چونکه‌ له‌ خودى ماره‌ساته‌که‌دا زمان تێکده‌شکێت مێژوو تێکده‌شکێت و ته‌نانه‌ت ئه‌رشیفه‌که‌شت تێک ده‌شکێت. هاوڵاتى: ئه‌ده‌ب چۆن ده‌توانێت دیوێکى ترى ڕووداوه‌کانمان پیشان بدات واته‌، ئه‌وه‌ى مێژوو ناتوانێت باسى کات و ڕه‌نگه‌ له‌بیرى بکات، ئه‌ده‌ب چۆن ده‌توانێت به‌ زمانێکى جیاواز له‌ فه‌رامۆشى ده‌ربازیان بکات؟ -بێگومان ئه‌ده‌ب زۆر به‌باشى ده‌توانێت ئه‌م ڕۆڵه‌گرنگه‌ ببینێت، بۆنمونه‌ من له‌ ڕۆمانى (نه‌وه‌کانى مادائی)دا زۆر هه‌وڵمداوه‌ ئه‌مکاره‌ بکه‌م و خۆم له‌ قه‌ره‌ى تراژیدیاداوه‌ له‌ ئه‌ده‌بدا، من باس له‌ تراژیدیا ده‌که‌م هاوشێوه‌ى (ئه‌نفال) به‌بێئه‌وه‌ى ناوى ئه‌نفال بێنم، مه‌رج نییه‌ تۆ باس له‌کاره‌ساته‌بکه‌یت و هه‌میشه‌ ناوى ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بێنیت. ده‌کرێت له‌ ڕۆماندا نووسه‌ر باس له‌ تراژیدیا بکات و جۆرێک له‌ پێشبینى تێبێت، پێشبینیه‌ک که‌ جۆرێک له‌ جیهانبینی بۆ ڕوداوه‌کان تێدابێت، ئه‌گه‌ر به‌ ووردى سه‌یرى چیرۆکى تراژیدى ڕۆمانى نه‌وه‌کانى مادائى بکه‌یت، ده‌کرێت ئه‌م تراژیدییه‌ له‌ هه‌ر شوێنێکدا ڕووبدات، که‌ ئه‌مه‌ ڕوئیاى منه‌ وه‌ک نووسه‌ر بۆ ڕوداوێک که‌ جیهانییه‌و ده‌کرێت له‌ هه‌ر جێگایه‌ک که‌ گه‌لى هاوشێوه‌ى ئێمه‌ى لێبێت ڕووبدات. هاوڵاتى: هه‌موو ئه‌و میله‌تانه‌ى که‌ تراژیدیاى گه‌وره‌یان به‌سه‌ر هاتوه‌، دواتر چیرۆکى تراژیدى کاره‌ساته‌کانیان کردوه‌ به‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌رى گه‌وره‌، ئایا ئێمه‌ وه‌ک کورد که‌ خاوه‌نى هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالین توانیومانه‌ سود له‌و چیرۆکانه‌ وه‌رگرین؟ ئه‌گه‌ر نه‌مانتوانیوه‌ بۆ؟ -خۆى ڕاسته‌ نراژیدیاى گه‌وره‌ پاش خۆى چیرۆکى گه‌وره‌ جێدێڵێت و ئه‌مه‌ش هه‌م هانده‌ره‌و هه‌م پێویسته‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانى به‌رهه‌مى گه‌وره‌. ئه‌گه‌ر باس له‌ ئێمه‌ وه‌ک کورد بکه‌ین به‌ته‌سه‌ورى من پرسیاره‌که‌ لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌وه‌مییه‌ که‌ ئێمه‌ نه‌مانتوانیوه‌، چونکه‌ چه‌ند هه‌ولێک دراوه‌ و هه‌یه‌ و ده‌درێت، به‌ڵام خۆى له‌ ڕاستیدا مه‌سه‌له‌که‌ به‌شێکى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ڕۆمان نووسى زۆرمان نییه‌ و هه‌موو خاوه‌نى چه‌ند نووسه‌رێکین، که‌ وه‌ک ژنێک ڕه‌نگه‌ کم یه‌کێکبم له‌وان. ئێباشه‌ من له‌و چه‌ند ڕۆمانه‌ى هه‌مه‌ له‌ دووکارى گه‌وره‌مدا که‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسمانکرد، کارم له‌سه‌ر ته‌نها بابه‌تى ئه‌نفال و تراژیدیا کردووه‌. هه‌ر بۆیه‌ من پێم وایه‌ له‌ بوارى تراژیدیادا، ده‌ق به‌رهه‌م هاتوه‌و بگره‌ ده‌قى باشیش به‌رهه‌م هاتووه‌، هه‌ر بۆ وێنه‌ من له‌ ڕۆمانى (شه‌وانى ئاده‌م)دا زۆر باسم له‌ چیرۆکى ئه‌نفال کردوه‌، که‌ باسکردنه‌ له‌ دوو جیهانى ته‌واو دابڕاو له‌یه‌ک، که‌ یه‌کێکیان جیهانى ناو کۆشکه‌ که‌ پیاوه‌کانى تێدان و ئه‌وى دیکه‌شیان جیهانى ده‌ره‌وه‌ى کۆشکه‌ که‌ پێکهاتووه‌ له‌ جیهانى ئه‌و ژنانه‌ى که‌ له‌ ئه‌نفال به‌ جێماون یان له‌ ئه‌نفاله‌وه‌ هاتونه‌ته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م پاشماوانه‌ به‌مه‌ستى حه‌وانه‌وه‌ دێنه‌ نزیک کۆشک، به‌ڵام له‌پاش ئه‌نفال دیسان ناحه‌وێنه‌وه‌، ڕاپه‌ڕین ڕووداده‌ت پاشان کۆڕه‌و و پاشان شه‌ڕى براکوژى که‌ کۆى گشتى ئه‌م ڕووداوانه‌ ماڵ وێرانى دروستده‌که‌ن بۆیه‌ سه‌رانسه‌رى ڕۆمانى (شه‌وانى ئاده‌م) باسکردنه‌ له‌ (ماڵ وێرانى). لێره‌شه‌وه‌ من دێمه‌وه‌ سه‌ر پرسیاره‌که‌ى به‌ڕێزتان که‌ ئایا سودمان له‌ تراژیدیاکانمان بینى بۆ به‌هێزکردنى ئه‌ده‌به‌که‌مان من ده‌ڵێم به‌ڵێ‌، ڕه‌نگه‌ کارى که‌م یان باش نه‌کرابێت. به‌ڵام هه‌وڵ دراوه‌و ئه‌م هه‌وڵانه‌ش جێگاى پێزانین. هاوڵاتى: من هێشتا وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌م ده‌ستنه‌که‌وتوه‌ که‌ ئایا ئه‌ده‌ب ده‌توانێت دیوى شاراوه‌ى ڕووداوه‌کانمان پیشان بدات؟ -به‌ڵێ بیگومان هه‌موو ئه‌وه‌ى له‌ ڕۆمانێکدا نووسه‌ر هه‌وڵى نووسینه‌وه‌ى ده‌دات خۆ واقیع نییه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ خه‌یاڵى نووسه‌ره‌ بۆ ئه‌و ڕووداوه‌، که‌ چۆت نوسه‌ر خۆى به‌پێى تێگه‌یشتنى خۆى ده‌ى بینێت، ئه‌مه‌ش دووباره‌ پیشاندانه‌وه‌ى ئه‌و گۆشه‌ جیاوازانه‌ى ئه‌و ڕووداوانه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ تراژیدیانه‌ى وه‌ک (ئه‌نفال)ن، پڕن له‌ چیرۆکى گه‌وره‌، یڕن له‌ ڕووداوى دڵته‌زێن, چونکه‌ ڕووداو کاره‌ساته‌کان خۆیان گه‌وره‌ن. هه‌ربۆیه‌ له‌ ئیشکردن له‌ سه‌ریان و نووسینه‌وه‌شیان خه‌یاڵ و ئیشکردنى هه‌ر نووسه‌ریچک جیاوازه‌. به‌ڵام به‌گشتى ئه‌ده‌ب ئه‌و پانتاییه‌ که‌ ده‌کرێت بتوانرێت سه‌یرى دیوى نه‌بینراوى ڕووداو تراژیدیکانى لێوه‌ببینرێت.