شلێر ڕەشید باسی ئەو دۆزەخەیە کەبەدەستی مرۆڤ خۆی درووست کراوە.The Shellروایە القوقعە، ڕۆمانی قاوغ ئەم ڕۆمانە سەفەریکی تاڵ وپڕ لە ئازارت پێدەکات بۆ ناو بەندیخانەی "تەدمور"ی سوریا، بەندیخانەیەک لە بیابان و دوور لە هەموو شتێک، لەناوەڕاستی چۆڵەوانی و بەتاڵاییەک هەزاران زیندانی لەناو ئەو زیندانەدایە، تروسکاییەکی ڕووناکی لێوە نابینرێت. بەندکراون بەبێ هیچ لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوەیەک فڕێدراونەتە ناو ئەو شوێنە تەنگەوە. ڕۆمانی قاوغ٢٥٢ لاپەڕەیە ٢٠٠٦ بەزمانی عەرەبی بڵاوبووەتەوە، پاشان لەلایەن وەرگێڕی بەریتانی پۆڵ ستارکی یەوە وەرگێڕدراوەتە سەرزمانی ئینگلیزی، لە نویسنی نوسەری عەرەبی چالاکوانی سیاسی یاخی چەپ و ئەثییەست مستەفا خەلیفەیە، باس لە ئەزمونی خۆی و بەندییەکانی تری ناو بەندیخانە دەکات، مستەفا خەلیفە نوسەرێکی یاخییە لەبەرانبەر سیستمێکی چەوسێنەرو داپڵۆسێنەرو تاسەر ئێسک خوێنڕێژو دکتاتۆر. ئەویش سیستمی ڕژێمی بەعسی سوریایە لەژێر دەسەڵاتی حافز ئەسەد. زیندان زیندان لەوڵاتە سەرکوتکەرەکان و لەژێر دەسەڵاتی دکتاتۆردا دروستکراوە، بۆسەندنەوەی بچوکترین مافی ئازادی لە مرۆڤ. دابڕانێکی جەستەیی مرۆڤە لە هەموو ئەوشتانەی تر کە لەدنیای دەرەوەدا هەن، نەبوونی هیچ بەرکەوتنێک لەگەڵ هیچ شتێکدا و بەهیچ جۆرێک. زیندان شوێنێکە بۆ تێکشکانی مرۆڤ و بەرگرتن بە پێشکەوتن و هەرجۆرە داهێنانێک.هەر لەزۆر کۆنەوە زیندان هەبوو، زەحمەتە مێژووی درووستبوونی بزانرێت، بەڵام پێش هەبوونی زیندان، دوورخستنەوەی زیندانی بوو بۆ شوێنکی زۆر دوور کە پێیان دەگوت مەنفا Exile وەکو مەنفای سیبیریا لە وڵاتی ڕوسیا. شوێنێک بوو بۆ سزادانی تاوانکار بەهەرهۆکارێک بێت، یان تاوان بۆ درووستکراو بەبێ ئەنجامدانی هیچ جۆرە تاوانێک. زیندان لەوڵاتانی سەرکوتکەردا جگەلەوەی لەڕووی جەستەییەوە داتدەڕزێنێت، لەڕووی دەروونیشەوە دەتڕوخێنێت، لە هەموو کەسێکت دادەبڕێنێت. کاریگەری دەبێت بەسەر هەستەکانی مرۆڤدا، هەستەکانی بینین و بیستن و تامکردن و بۆنکردن و بەرکەوتن و بیرکرنەوە کە پەیوەندی زۆر قوڵیان بەدەروونەوە هەیە. لە ڕاستیداو لەو وڵاتانەی کە لەخەمی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەدان، زیندان شوێنێکە بۆ ڕیفۆرم و دوورکەوتنەوە لە کاری نەشییاوو دووبارە گەڕانەوە بۆ ناو کۆمەڵگە وەکو کەسێکی کامڵ. زیندان لە دنیای مۆدێرن دا لەسەردەمی مۆدێرنەدا زیندان کەمێک گۆڕانی بەسەردا هات، ئەوەش تەنها دەولەمەندەکان سودمەندن لێی، لەبەرانبەر هەرچی تاوانێک کە دەیکەن دەتوانن بە بڕێک پارە ئازاد بکرێن، بۆ نمونە لێرە لە وڵاتی کەنەدا لە شاری تۆرۆنتۆ پۆلیسێک ٩ گوللەی نا بە گەنجێکی ئەرمەنی ١٧ ساڵانەوەو یەکسەر گیانی لەدەستدا، گەنجەکە بە ئەسڵ خەڵکی وڵاتی سوریا بوو، ناوی "سامی یتیم" بوو پۆلیسەکە توانیتی بە پارە ئازاد بکرێت. ئەنجامدانی تاوانەکە بەبەرچاوی خەڵک و کامیرەوە بوو. ئەمەش لینکی کاتی ڕوودانی تاوانەکەیە لە یوتوب: https://en.wikipedia.org/wiki/Death_of_Sammy_Yatim https://www.youtube.com/watch?v=FfaxoEbCGuM ڕیزبەندی توندوتیژترین زیندان لەجیهاندا زیندانی تەدمور ئەو زیندانەی کەنوسەر لەناویدا زیندانیی بوو، زیندانی تەدمور لەڕیزبەندی دووەمدایە لەنێوەندی ئەو بەندیخانانەی کە تابڵێی توندو تیژن و لەو جۆرە سزادانە لە هیچ زیندانێکی تردا بەو ئەندازەیە بوونی نەبووە، زیندانی تەدمور لە ١٩٦٦ درووستکراوە لە نزیک شاری تەدمور، لە٢٧ جوڵای ١٩٨٠ سەدان کەس لەناو ئەم زیندانەدا بە فەرمانی حافز ئەسەدی خوێنڕێژ سەربڕان بەتاوانی (اخوان مسلمین) ئەمەیە بێبەهاکردنی وتێکەڵکردنی دین لەگەڵ کاری سیاسی. لە ٣٠ ئایاری ٢٠١٥ بەندییەکانی ناو زیندانی تەدمور گوێزرانەوە بۆ زیندانی باڵونە زیندانی تەدمور لەلایەن ئیسلامییەکانەوە تەقێندرایەوە. زیندانی کارەدیرۆیە لە بەڕازیل لەڕیزبەندی یەکەمە لە ١٩٢٠ درووست کراوە، دووەمیان زیندانی تەدمورە لە سوریا، دوابەدوای ئەو لاسەبەنیتا لە ڤەنزویلا، زیندانی دیاربەکر لە خواروی تورکیا، زیندانی لاسانتی لەپاریس، زیندانی فلۆرانس لە کۆڵۆرادۆ-ئەمریکا، زیندانی کاتراز لە سانفرانسسکۆ لە ئەمریکا، زیندانی رایکرز ئایلەند لە نییویۆرک لە ئەمریکا. هەزاران زیندانی تر. کەسمان نییە ئەم زیندانانەمان نەبیستبێت قەسابخانەی موسڵ، زیندانی ئەمنی شیمالی یان قوات خاسەی کرکوک، زیندانی ئەبوغرێب، زیندانی ئاوشڤیتزی جولەکەکان لە پۆڵەندا. ئەو نوسەرانەی لەناو زیندان نویسویانە کەم نین ئەو کەسانەی لەناو زیندان شیعروچیرۆک و یاداشتنامەو ڕۆمانیان نوسیوە، ئەو زیندانە سیاسییانەی کە بۆخۆیان بە فیعلی لەناو زیندان بوونەو بەتاوانی بەشداربوون لەکاری سیاسی گیراون و ئەزمونی ئەو مردنە لەسەرخۆو ئەو زیندانە تاریک وتاڵەیان کردووە. هەر چرکەیەکیان بە ساڵێک لێتێپەڕیوە. نمونەی نوسەرانی ناو زیندان و نوسینەکانیان ئەدەبی زیندان ئەو ئەدەبەیە ، نوسەر لەشوێنێکدا کۆت وبەندە،ئەو شوێنە بەندیخانەیە، یاخود ماڵەکەی خۆیەتی لەوێدا بیرەوەرییەکانی و ئازارەکانی دەنوسێتەوە. شاعیر شەهید مەلا عەلی شیعری زیندان "برا دوورو خزم دوورو کەسم دوور بەنابەڵەد تەمەن دەمبا بەرەوژوور" ئەنتۆنیۆ گرامشی - هەڵبژاردەی نامەکانی لەزیندان، عەبدوڵا ئۆجەلان، تێکۆشان ژیانمە ، سڵاڤۆی ژیژەک و نادیە سڵاوی هاوڕێیانە، نامەکانی ناو زیندان ، ، مارتن لوثەرکینگ - نامەکانی ناو زیندانی برمنگام ەوە "نیگرۆکان براتانن" نەوال سەعداوی - یاداشتەکانی ژنێکی زیندانی - بیرەوەرییەکانی ئانارشستێک - پیتەر کرۆپتکن ەوە، بیرەوەرییەکانی زیندانییەک -جەفری ئارچەر، گۆڤاری بەندییەتیم - جۆن سمث،، لە مردنەوە بۆ ژیان مومیا ئەبو جەمال. زیندانی دوورگە- کۆڵین فرەیکس، ژیانم سەمای هەتاومە- لەنەرد پەڵتییەر، ، شیعرەکانی زیندان- دیترچ بۆنهوفەر، ڕەگی شارستانییەت- - نێڵسن ماندێلا، زیندانییەکی بێناو، خانەیەکی بێژمارە - جاکۆبۆ تیمەرمان، نامۆیەک لەوڵاتەکەی خۆم ١٩٤٤ یاداشتەکانی ناو زیندان - هانس فەڵادە، دەرگا، بیست وشەش ساڵ کارکردنم لەناو زیندانەکانی کەنەدا- ڤێرن تبیدۆ، لەناو ماڵی مەیموندا، جۆن کەف کاتەکەم وەکو ئەفسەر لەناو زیندانی ئیرلەند - ، ئەنجڵا ئیڤان دەیڤد ئایا بەندیخانە ڕەهاییە؟ کەشینگ جیانگ- ژیانم لە زیندان، یاداشتەکانی سیاسییەکی یاخی چاینیزی، دیترچ بانهۆڤەر- نامەو کاغەز لەزیندانەوە، نیل سام ۆرث- ڕێگە نامۆکان: ژیانم وەکو ئەفسەری زیندان، وەڵتەر ڕاڵی نایت - مێژووی جیهان، لەپێنج کتێبدا، بۆبی ساندس - نوسینەکانی ناو زیندان، نگوجی وا ثۆنگۆ- پێشبڕکێ لەگەڵ شەیتان، کۆمەڵێک نوسەری تر کە زیندانی کراون بە هۆکاری جیاجیا لەوانە ئۆسکار وایڵد، فییۆدۆر دستۆڤسکی- ماڵی مردن ، تۆماس مەڵۆری، کرستفر مەرڵۆوی، دەنیاڵ دیفۆی، مارکیس دو ساد، پۆڵ ڤارلەین، ئەدۆڵف هتلەر- کتێبی تێکۆشانم ، ئان پێری، چەستەر هایمس، ڕۆبەرت ڕۆتستین، ئەدوارد بەنکەر، ئەلمۆر لەنەرد، مارک براندن رید، نێڵسن ماندیلا -گفتۆگۆ لەگەڵ خۆمدا، شاعیری ئیتاڵی دانتی بۆگیری، عبدالرحمن منیف ڕۆمانی "خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست"، شاعیرو ئەدیبی سوری محمد ماغوط. مستەفا خەلیفە وڵاتی یەکەمی خۆی کە سوریا یە جێدەهێڵێت و دەچێت بۆ فەرەنسا، لە زانکوی پاریس بەشی سینەما دەخوێنێت، هەر لەوێ لەگەڵ کچێکی سوری یەکتر دەناسن و یەکتریان خۆشدەوێت، دوای دەرچوونی لە زانکۆ بڕیاردەدات بگەڕێتەوە بۆ سوریا ئەزمونی ئەوچەند ساڵەی خوێندنی گوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی، کچەکە زۆر لێی دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی نەگەڕێتەوە، نوسەر هەر سوردەبێت لەسەر گەڕانەوەو دەڕوات، لە فڕۆکەخانەش کچەکە هەر لێی دەپاڕێتەوەو دەڵێت مەڕۆ، بەڵام ئەو هەر دەڕوات، کەدەگاتە فڕۆکەخانەی سوریا، بەتاوانی "اخوان المسلمین" دەیگرن و سیانزە ساڵ حوکمی بەسەردا دەسەپێنن، بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێکی هەبێت. ١٣ ساڵ لەناو چوار دیواری بەندیخانەی تارێک وتابڵیی تاڵ وپڕ ئازارو دڵتەنگی بەسەردەبات. لەناو بەندیخانە،دوای ئەوەی کە بەو گەنجە دەڵێن تۆ "اخوان المسلمین" یت، ئەویش دەڵێت نا وانییە، من کەسێکی بێدینم وبڕوام بە هیچ دینێک نییە، موسڵمانەکانی ئەوێ هەموو ڕقیان لێیدەبێتەوە، لەناو بەندییەکان جیادەکرێتەوەو بەجیاو بەتەنها لەشوێنێک دادەنرێت. نوسەر پاش ئازادبوونی لەزیندان، بیرەوەرەی سیانزەساڵی ناو زیندانمان بۆ دەگێرێتەوە، نوسینەکەی خەیاڵی ئەو کاتانەی ناو زیندانە، نوسەر خەیاڵ و واقع، خودو بابەت تێهەڵکێش کردووە، تەکنیکی گێڕانەوەی نوسەر بەجۆرێکە خوێنەر ناتوانتێت دەست لەکتێبەکە هەڵبگرێت، خوێنەر پەلەیەتی بزانێت ڕووداو دوای ڕووداو چیتر بەدوایدا دێت، چیتر ڕوودەدەن. جۆری نوسینی ئەم رۆمانە لەو نوسینانەیە کە پرسیارت لا درووست دەکات، زیندان ئەو شوێنەیە کە تاوانکار سزای خۆ وەردەگرێت، ئەی کە سزاکەی تەواو کرد، دوای ئەوە چی؟ ئەی ئەوەی بێتاوان پەستێندراوەتە ناو ئەو دۆزەخەوەو ڕۆژانە سزا دەدرێت، باری دەروونی مرۆڤەکان چ گۆڕانێکی بەسەردا دێت؟ دەیان پرسیاری تر... سەدان زیندانی پەستێنراونەتە ژوورێکی تەسکەوە، لەسەرەوەش چاودێری دەکرێن، نابێت کەس لەگەڵ کەس قسەبکات و جوڵە بکات، چاودێریکەرەکانیش بۆخۆیان زیندانین، هەرچی کەسێک کەلەناو ئەو بەندیخانەیەیە خۆشی بەندییە. کیشەی بێ ئاوییان هەیە، لە تاوی تینویەتی دەم دەنێن بە بۆرییەکانەوە بۆ ئەوەی ئەگەر ئاوی تێدابێت هەڵیبمژن، ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، زۆر جار دەمیان برینداردەبێت و خوێن جێدەمێنت بە بۆرییەکانەوە. بەشێک لە جۆری سزادانی ناو زیندانی تەدمور یەکەمجار بۆ ئازاردان بە گروپی جیاجیاو بە پێی جۆری کارەکان بانگ دەکراین قوتابیان بانگ دەکران و ئازار دەدران، پاشان ئەوانەی کە پلەی بەرزی سەربازییان هەبووە داوایان لێدەکرا چڵکاو بخۆنەوە، ئەوەی دەیخواردەو نایخواردەوە، لێی دەدرا تاکو گیانی لەدەست دەدا. جۆرێک ئازاردانیان هەبوو، بە دە تاکو دوانزە کەس کەسێک بە پاڵکەوتنەوە لەسەر دەستیان کە لەسەر پشت پاڵیاندەخست و بەرزیان دەکردەوە بۆ سەرەوەو دوای دەستیان لێبەردەدا بۆ سەرزەوییەک، پشتی دەشکا، یان سەری دەتەقی و دوایش گیانی لەدەست دەدا. مستەفا خەلیفە لەزمانی بەندییەکەوە دەڵێت:جارێکیان یەکێک لە بەرپرسی بەشەکان هات و وتی دەمت بکەوە، بەڵغەمێکی تفانە ناو دەممەوەو شەقێکی لە گونم دا ئەو شەقە بوو بەهۆی ئەوەی بەڵغەمەکە بە قوڕکمدا بچێتە خوارەوەو بواری تفانەوەیم نەبوو، بۆ هەتاهەتا بێزم لەخۆم دەکردەوە، چەند خۆم ئەشۆری و ئاوم ئەخواردەوە، هەر هەستم ئەکرد پیسم وپاک نابمەوە. باوکێک و سێ کوڕی لەگەڵمانا زیندانی بوون، هاتن لە باوکەکەیان پرسی یەکێک لە کوڕەکانت هەڵناواسین، کام لە کوڕەکانت هەڵدەبژێریت، هەر چەندە هەموویانی خۆش دەویست بەڵام وتی بچوکەکەیان ، بەڵام دوایی هەرسێکیان لە سێدارەدا، چ یاری کردنێکە بە ڕوحی مرۆڤەکان، چ سزایەکی دەروونییە، چ دڵڕەقییەک هەیە لەناو جەلادەکاندا، چ دڵ بەردییەکە! بەندییەک ئەقڵی لەدەست دابوو، هەمیشە بەتانییەکەی دەدات بەسەرخۆیدا، نەیدەویست هیچ شتێک ببینێت، جارێکیان بەردێک لەدیواری ژوورەکە بەربووەوە، منیش لەترسا چووم لەجێی خۆی داینێمەوە. بینیم ئەودیو دیوارەکە دیارە. منیش خۆم وەکو ئەو بەندییە لێکرد کە ئەقڵی لەدەستدابوو، بەتانییەکەمم دەدا بەسەرماو لەکونەکەوە سەیری ئەودیوم دەکرد. جارێکیان بەندییەک لەبەشەکەی ئێمە مرد، یەکێک لەبەندییەکان وتی شەهید بوو، کە بەرپرسی بەشەکەمان گوێی لە وشەی شەهید بوو هات بەندییەکەی برد، لەکونەکەوە سەرم کرد، بەندییەکەی کوشت. وەکو کیسەڵ هەستم بەترس کرد، چوومەوە ناو قاوغەکەی خۆم ودانیشتم. لەبەندیخانەی سەحرا ئەگەر ژیان یەکسان بکرێت بەمردن. مردن سەلامەتترە. شەوی کرسمس زۆر دڵم تەنگ بوو، دەمگوت ئێستا خەڵک هەموو دڵخۆشن وئاهەنگ دەگێڕن، زۆر سەرمام بوو، سەرمای بیابان لەوادانییە، وەکو چەقۆ ئەتبڕێ بەتانییەکەم بەسەرخۆمدادا، خەیاڵم دەکرد لەناو ماڵێکی خۆشم مێزێک لەبەردەممەو پڕسەری لە خواردنی خۆش وخواردنەوەیە. بەرپرسی شوێنەکە هات وتی وەرنەدەرەوە، بەجوێن وپاڵنان هەموومانیان فڕێدایە دەرەوە، هاواریان دەکرد بەسەرماناو دەیانگوت ئێمە لەبەرئێوە لێرەین، ئەگەر ئێوە نەبوونایە ئێستا ئێمە لەئاهەنگ بووین. وتیان خۆتان ڕووت بکەنەوەو بووەستن ئەوەی بکەوتایە تێریان لێیدەدا، دەیانگوت باگەرمت بکەینەوە. زۆر دەترسام بکەوم، هەستم دەکرد ئەقڵم لەجەستەم جیادەبووەوە، کەوتم، کەوتنە گیانم زۆریان لێمدا. هەر لەنوکی پێمەوە تاکو تەوقی سەرم لەبەرئازار دەیبریسکاند، ئازارێک بەزمان وەسف ناکرێت، دوایی وتیان بچنە ژوورەوە. نوسەر لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت ئەم هەموو زوڵمە، ئەم هەموو تاڵی و ئازارەی ژیان، ئەگەر خوایەک بوونی هەبێ بۆ پێش بەم نادادپەروەرییە ناگرێت؟ بۆ تەداخولێک ناکات؟ هەموو سەرمان نزم و لەحاڵەتی ترسدا، چۆن هەموو بەندییەکان بەوجۆرەن!؟ هەر دەڵێی پێشتر مەشقمان پێکراوە. بڵێی یەکەم بەندی لەمێژوودا کێ بووبێت؟ بڵێی کێ بەندیخانەی دروستکردبێت، ئەبێ یەکەم بەندیخانە شێوەی چۆن بووبێت؟ بڵیی تەنها بەندییەک هەبووبێت بەتەنها لەیەک دنیادا، لەیەک زەمەندا؟! نەخۆشی "گەڕیی" بڵاوبووەوە، یەکەم کەس من گرتم، یەکێک لەبەندییەکان دکتۆربوو، هاتە پێشەوەو قسەی لەگەڵم کرد، یەکەمجارم بوو لەو چەند ساڵەی ناو بەندیخانە کەسێک سەیری ناوچاوەکانم بکات و قسەم لەگەڵ بکات، دڵخۆشییەکی پێبەخشیم کە وەسف ناکرێت. پێی گوتم مەیخورێنەو پاک ڕایگرە، چاک دەبیتەوە، ئیتر هەوڵمدا نەیخورێنم و هەمووڕۆژێکیش بەسابوون دەمشۆری چاک بوومەوە. نوسەر دەڵێت بڕوام بەو قسەیە هەیە کە دەڵێت. ئینسان یەکجار نامرێت. هەرچی جارێک کەسێکت یان هاوڕێیەکی نزیکت دەمرێت. پارچەیەک لەتۆ دەمرێت. ئەم زنجیرە مردنە گۆڕستانێک لەناختدا درووست دەکات. بەشەو دەرگای ئەوگۆڕستانە دەکرێتەوەو مردووەکان دێن لەخەو هەڵت دەستێنن و زڕخەوت دەکەن. مستەفا خەلیفە دوای سیانزەساڵ بەندییەتی و پاش ئازادبوونی لەزیندان ئەم ڕۆمانەی نوسیوە هەروەها دەڵێت هەست دەکەم لەناو زیندانێک دەرچووم و کەوتمە ناو زیندانێکی ترەوە، چونکە کەسەکان نامۆن بەمن، هاوڕێکانم لەدەستدا، هاوڕیی زۆر نزیکی خۆم پێم دەڵێت بمبورە ناتوانم سەردانت بکەم. بۆیە حەز بەتەنهایی دەکەم، حەزناکەم تێکەڵ بم، ڕقم لەناو قەرەباڵغییە. هەمیشە هەست دەکەم ئەوان دنیای خۆیان هەیەو منیش دنیای خۆم، یان هەر بەهیچ جۆرێک سەربەدنیای ئەوان نیم. بەسەر شەقامەکاندا، باخ و ڕێگەکاندا پیاسەدەکەم. خەڵکێکی زۆر لەدەوروبەرمن. بەڵام تێبینی دەموچاویان ناکەم. هەست دەکەم خەڵک بارستاییەکن لەوهەوایەی دەوروبەرم، هیج نابینم، مرۆڤ عادەتەن هەوا نابینێت. شتێک لەناخمدایە، خۆشی ڕەت دەکاتەوە، ڕەتی دەکاتەوە چونکە ناتوانێت. نوسەر لەشوێنێکی تردا دەڵێت: کە بەشەقامەکاندا ڕێدەکەم تەماشای دەموچاوی ئەو خەڵکە بێخەم و بێهەستە دەکەم، دەڵێم ئەم خەڵکە چۆن بەوجۆرە بیباکن، ئاگایان لەو دنیایەی ئەو دیو خۆیان نییە، ئەو دۆزەخەی کە دروستکراوە، ڕۆژانە سەدان کەس لەوێدا دەکوژرێن. ئەو دۆزەخەیە کەبەدەستی مرۆڤ خۆی درووست کراوە
ڕانانی: بەکر ئەعمەد "ئەوەی کول نابێت، بەفر و سەرما و تاریکی مانگی یانیوەرییە، بەردەوام بەفر ئەبارێ و سەرما وەک چەقۆ هەڵدەکات. تاریکیش هەموو شتێکی مرۆڤەکان، بە ژیانیشییانەوە دادەپۆشێت". لە كەش و هەوایەکی ئاوا زستانانەدا پاڵەوانی "ماڵی پشیلەکان"ـی هیوا قادر لە خەوهەڵدەستێت و لە شەشی یانیوەریەوە تا پێنجی فێبریوەری هەمان ساڵ، بەڕێوەیە بۆ کارێکی زۆرەملێ لە یەکێک لە ماڵی پشیلەکانی شاردا. ئەو ناوی "یوسف موهەمەد"ە و تەمەنی چل ساڵە. لە دە ساڵ پێش ئێستادا، لە پۆلی خوێندنی فێربوونی زمانی سویدیدا، لەگەڵ خوێندکارێکی دیکەی تورکدا لەسەر ناوی کوردستان دەبێتە دەمەقاڵەیان و دە ساڵ دواتر، لە باڕێکدا ئەم کۆنە دەمەقاڵەیەی ناو پۆڵ دێتەوە سەر شانۆ و لە بەیەکداهەڵشاخانێکی تا ڕادەیەک خوێناویدا، یوسف ڕاپێچی دادگا دەکرێت و لە بری سزایەکی تووند، کاری زۆرە ملێی بۆ ماوەی مانگێک بۆ دەبڕنەوە. جۆرێک لە سزا کە لە سویددا بە "خزمەتگووزاری کۆمەڵگا" ناودەبرێت و کەسی تاوانبار لەبری چوونەزیندان، لە کۆمەڵەیەکی خێرخوازی و دەستگا قازانجنەبەرەکاندا بە پێی ماوەی سزاکەی ، دەبێ کاربکات. "ماڵێ پشیلەکان" لە ٣١٥ لاپەرە پێکهاتووە، سەفەری هەمەڕۆژەی یوسفە بۆ شوێنی کارەکەی و ئاشنابوونی ئەوە بە شاشتین، کارینا، پیا، زیباخانم، فریشتە شەریفی، گوونیللا، سۆفی و دەیڤید. کۆمەڵێک ناو و دەمووچاوی دیکە دێنە ناو ماڵی پشیلەکان و جێگایەکی ئەوتۆ داگیرناکەن. بەڵام لە ماڵی پشیلەکاندا، لە ڕێگای ئەو کاراکتەرانەوە کە ڕێیان دەکەوێتە ئەوێ، خوێنەر شایەتی کۆمەڵێک چیرۆک و سەرگووزشتەی جوان دەبێتەوە کە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە پێکدەهێنێ. "ئەلێکساندرا پاسکالیدۆ" لە کتێبی "تاکسی"دا و لە ڕیی ئاخاوتن لەگەڵ شۆفێری تاکسییەکانی کۆمەڵێک وڵاتدا، چیرۆکی ژیانی زیاتر لە بیست و چوارشۆفێر تۆماردەکات و دەبێتە پەنجەرەیەکی واڵا بۆ زانینی گۆشەیەکی ژیان لەو وڵاتانەدا. ئەگەر دانیشتن لە پشتی سووکانی تاکسییەکانەوە شوێنی گێرانەوەی حەکایەتەکانی هاوڵاتییانی کۆمەڵێک وڵاتە کە پاسکالیدۆ پێشکەشی خوێنەری دەکات، ئەوا ماڵی پشیلەکانی هیوا قادر، شانۆی گێڕانەوەی ژیانی کۆمەڵێک کاراکتەری جیاوازن کە خوێنەری لەبەرانبەردا ڕادەگیرێت. بەڵان نەک هەر ئەم کاراکتەرانەی سەرەوە کە ناویان هێنرا، بەڵکە لە هەر بەشێکی ڕۆمانی ماڵی پشیلەکاندا، خوێنەر ئاشنای کۆمەڵێک ناو و ڕەگەزی پشیلەش دەبێت کە سەروکارییان لەگەڵ ناوەکانی سەرەوەدا هەیە. مایا، ئەنگۆرەی تورکی، فیندەوسی دارستانی نەرویجی و زیبای ئێرانی، مەینی کوون، پشیلەی وانی، ماناکی نیکۆ، لوسیڤەر، بەشێک لە ناوی پشیلەکانن کە هەریەکە و خاوەنێک و تایبەتمەندییەکی خۆی هەیە. هیوا قادر لە گەرانیدا بەشوێن زانیاری تایبەت سەبارەت بە ڕەگەزی پشیلەکاندا، ماندووبوونێکی زۆری نیشانداوە و خوێنەر بە سادەیی لە تایبەتمەندیی و خەسڵەتە جیاوازەکانی ئەم پشیلانەدا دەکەوێتە ناو فەزایەکی دیکەوە کە بۆ کەسێک سەروکاری لەگەڵ پشیلەدا نییە، جیهانێکی سەرنجڕاکێشە. بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە، لە ماڵی پشیلەکاندا، ئەوە پشیلەکان نین کە لە سەنتەری ڕووداوەکاندان. ڕەنگە ئەمە ئەو فێڵە ئەدەبییە وەستایانە بێت کە هیوا قادر سەرکەوتووانە لە خوێنەری دەکات. بەڵکو پشیلەکان لەوێن و دەکرێ لە وەسفکردنێکی سادەی چەند دێڕەدا شوێنی خۆیان چۆڵبکەن بۆ خاوەنی پشیلەکان و چیرۆکەکانی ژیانییان. بە کورتییەکەی، پشیلەکان ئامرازێکی ئەدەبین و لە نیگاو ناو و تەنانەت ڕەنگیشییانەوە، خوێنەر دەچێتە ناو ماڵی ڕاستەقینەی ئینسانەکان و لە چیرۆکەکانی تەنهایی، بێوەفایی، خۆشەویستی، خیانەت و تەنانەت دێوەزمە دەروونییەکانی ناخی ئەواندا لە بەرانبەر چارەنووسێکدا ئۆقرە دەگرێت. بۆیەش پشیلەی زیبای ئێرانی هێندە دەهێنرێتە سەر شانۆی ناو قەفەسەکانی ماڵێ پشیلەکان، تا لە ڕێگەی ئەوەوە ئاشنایەتی لەگەڵ ئاغای شەریفی و فریشتەی کچی و زیباخانمی خێزانیدا پەیدا بکەیت. بەڵام ئەم چیرۆکانەی خاوەنی پشیلەکان هێندە سەرنجڕاکیشەر و سیحراوییانە پێشکەشی دەکرێت، خوێنەر حەزدەکات یەک بەیەکی پشیلەکانی ماڵی پشیلەکان بۆ ساتێک دەرگای قەفەسەکانییان بکرێتەوە و لە ڕێگای ئەوانەوە گوێبیستی ئەو چیرۆکانە بین کە هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا خوێنەر کیشدەکاتە ناو ماڵە بچکۆلانەکەی "سیمابا"وە کە ڕۆژانە سێ کەس کاری تیادەکەن و چەندە مشتەری جۆراوجۆر ڕوویتێدەکەن. پاڵەوانی سەرەکی ئەم ڕۆمانە، هێندەی "شاشتین" کە خاوەنی ماڵی پشیلەکانە، کەمتر لە یوسفی کورددا بەرجەستەدەبێتەوە، ئەگەر چی ئەوە کارکردنە ڕۆژانەییەکانی یوسف و سەفەری ئەو بۆ ئەم ماڵەیە کە ڕووداوەکان بەشوین خۆیدا دەخوڵقێنێ. هیوا قادر لە خوڵقاندنی کەسایەتی شاشتیندا سەرکەوتووانە کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئەم پاڵەوانە دەنەخشێنێ کە بە جۆرێک نزیکایەتی بە کەسایەتی پشیلە و ئەو تایبەتمەندییەتییەوە هەیە کە ئەم ئاژەڵە لە کولتوری سویدیدا هەیەتی. پشیلە لە زمانی سویدیدا بە ئاژەڵێک دەناسرێت کە خاوەنی کونجکووڵییەکی لە رادەبەدەرە. حەزی ناسینی خاوەنەکەیی و خۆتێهەڵسووین و نزیکبوونەوە لێی بەشێک لەو پراکتیکانەن کە پشیلەی پێدەناسرێتەوە. بەڵام دەکرێ تۆ خاوەنی ماڵی پشیلەکان بیت و ئەم کونجکووڵییەت تێدا نەبێت؟ ئەگەر ژێر سەقفی ماڵی پشیلەکان ئەو فەزایەیە کە خاوەنی پشیلەکان کۆدەکاتەوە لە کاتی وەرگرتن و جێهێشتنی ئەواندا، بەڵام ئەوە کونجکووڵی لەرادەبەدەری "شاتشتین"ـە کە پالەوەنەکان ناچاردەکات لە گێرانەوەی چیرۆکەکانی ژیانیاندا، سنوورەکانی کامە شەخسییە و کامە ناکڕی ببەزێنرێت، تا ئاستی بەزاندن و ڕووتبوونە ببات و سیمای پاڵەوانەکان بە جوانی دەربخات. لێسەندنەوەی ئەم کونجکووڵییە وەک سیفەتێکی بەرجەستە لە شاشتین بە مانای درووستنەبوونی هیچ چیرۆکێک. لە بەرگی ئەم ڕۆمانەدا نووسراوە: "ماڵی پشیلەکان ڕۆمانێکی کوردییە بە نەفەس و تەکنیک و گێرانەوەیەکی ئەوروپی. لەم رۆمانەکەدا ، فەزا، شوێن، کات و چۆنێتی ڕووداوەکان هەمووی ئەوروپییە". ئەگەر ئەم دەربڕینەی سەربەرگی کتێب وەربگیردرێتە سەر زمانێکی ئەوروپی، گۆشەنیگاکان بۆ ئەم دەربڕینە چۆن دەبن؟ چی وادەکات ئەوروپی بێت؟ من بە پێویستی دەزانم ئێستێکی کورت لەبەرانبەر ئەم دەربڕینەدا بکەم بۆ ئەوەی هەندێ لایەنی دیکەی ئەم ڕۆمانە دەربخەم. لە ماڵی پشیلەکاندا، هیوا قادر هیچ دەرفەتێکی دیکەی لەبەردەستدا نییە کە بەو نەفەس و تەکنیکە نەنووسێت کە پاڵەوانەکانی ناو ڕۆمان خۆیانی تیادەبیننەوە. بە کورتییەکەی، ئەو ژینگە کولتوری و کۆمەڵایەتییەی ڕووداوی تیا دەسازێ، ئەو جەبرە ئامادەیەیە کە تەکنیک و نەفەس شێوازی ئاخاوتنی پاڵەوانەکان دەستنیشاندەکات. بەم جۆرەش گێرانەوەی ئەوروپی و نەفەس و تەکنیکی هەڵبژێردراوی ئەوروپی ماناکانی خۆیان لەدەستدەدەن. ناکڕێ شاشتین و ئاخاوتنی ئەو لەگەڵ یوسف و گونیلادا کوردانە بێت بەوەی نووسەری ڕۆمانەکە کوردزمانە. ئەوەی هیوا قادر لەم ڕۆمانەدا دەیکات، خوێندنەوەیەکی بەئاگاهانەی نووسەرە بۆ کەسایەتی و شوێنپێی پاڵەوانەکانی لەو کۆمەڵگایەی ڕووداوی تیا دەگوزەرێ. ئەم لایەنە هێندە وەک گوێپێدانی نووسەرە بەو کۆد و ئاماژانەی کە پالەوانەکانی تیاسازێنراوە، ڕووچوونە ناو ناخی پاڵەوانەکانەوە وەک ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەبێ ببێت، کەمتر لە ڕیعایەتکردنی "تەکنیک و گێرانەوەیەکی ئەوروپییەوە" دەکرێ سەرنجی بدرێتێ. باشترین نموونەیەک بۆ دەرخستنی ئەم لایەنە لە ڕۆمانی ماڵی پشیلەکاندا، پەیوەندی نێوان یوسف و کارینایە. ئەگەر ئیشکالییەتێکی گەورە لە ئاخاوتن و کومینیکاسیۆنی نێوان ئەم دوو پاڵەوانەدا تا کۆتایی ڕۆمان ئامادەیی هەیە، هۆکارەکەی بە بڕوای من لە کەسایەتی کارینا دا شاراوەیە کە هیوا قادر زیرەکانە مامەڵەی لەگەڵدا کردووە. هیچ خوێنەرێکی ئەوروپی لە هەڵسەنگاندنیدا بۆ پەیوەندیی و مامەڵەی ئەم دوو کارەکتەرە لەگەڵ یەکتریدا لەم ڕۆمانەدا ناگێڕێتەوە بۆ ریعایەتکردنی "نەفەس و گێرانەوەیەکی ئەوروپی". بەڵکو هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا پەیڕەوی سادەترین پرەنسیپەکانی پاڵەوانسازی ناو ڕۆمانە کە لەم دەربڕینە سادە سویدییەدا خۆی کورتدەکاتەوە: لەگەڵ جوتیاردا بە زمانی ئەو بپەیڤە و لەگەڵ قەشەشدا بە زمانی لاتینی بدوێ! نەفەسی ئاخاوتن و داڕشتنی ڕستەکان و دوورکەوتنەوە لە زمانێکی بەلاغەیی زۆر خۆرهەڵاتییانە بەزەقی لە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەدا هەستی پێدەکرێ. هەر لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەیشی کە نووسەرێکی کورد فەزای گێڕانەوەی چیرۆکەکەی دەباتە وڵاتێکی ئەوروپییەوە و ئەم کارەیشی سەرکەوتووانە بە ئەنجامدەگەێنێت. خالێکی دیکە کە من لە پەیوەند بە "نەفەس و تەکنیک و گێڕانەوەی ئەوروپی"دا دەکرێ ئاماژەی پێبدەم دوو کەرتبوونی شوناسی ئەو نووسەرانەیە کە لە تەمەنێکی گەورەییاندا وڵاتی دووەم دەبێتە شوێنی ژیانییان بە هۆی کۆچ و جەبرەکانییەوە. کۆمەڵگای دووەم نووسەرانی کۆچکردوو دەخاتە ناو جەبرێکی قورسترەوە کە پرسیارەکانی ئینتیما، یادەوەری، قاچێک لە ناو دوو کولتوردا کە نووسەری کۆچکردوو لەگەڵ یەکەمیاندا گرفتێکی ئەوتۆی نییە و بە کۆدە دەرەکیی و ناوەکییەکانی ئاشنایەتی هەیە، بەڵام لە گەڵ کۆمەلگای دووەمدا کۆمەڵە پانتاییەکی ناڕۆشن هەن کە ناوێرێ دەستییان بۆ بەرێ. بۆیە لە دۆخێکی ئاوادا، بەشێکی زۆری نووسەرانی کۆچکردوو، دەکەونە دۆخێکی تایبەتی نووسینەوە کە دووبارە نووسینەوەی تاقیکردنەوەی کۆچ و شووناسی تازە و یادەوەری ناوەرۆکەکەی پێکدەهێنێت. کەم نووسەری کورد هەیە لە سوییدا کە لانی کەم بەرهەمێک یان زیاتری سەبارەت بەم جۆرە نووسینانە نەبێت. بەشێکی زۆرییان تا زەمەنێکی دووریش لەسەر فرۆشتنی حەکایەتەکانی کۆچبەربوونی خۆیان دەژین. ئەوەی لە کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا بە نووسینی نووسەرانی کۆچکردوو ناویان دەبرێت، ناوهێنانی ئەم کاتیگۆرییەیە لە کاری ئەدەبیدا. ماڵی پشیلەکان ناچیێتە خانەی ئەدەبیاتی نووسەرانی کۆچکردووەوەوە بەوەی سەرگوزشتەی کۆچی تیادەنووسرێتەوە و پاڵەوانی ڕۆمانەکە کوردە و نووسەرەکەیشی کوردێکی کۆچکردووە بۆ سوید. بەڵکو کۆششێکی هەتا بڵێێ سەرکەوتوانەی هیوا قادرە وەک هەر نووسەرێکی دیکەی کۆمەڵگای سوید کە کەرەستەی نوێ بۆ نووسینەکانی هەڵدەبژێرێت. هیوا قادر لە ماڵی پشیلەکاندا لە نووسەرێکی کوردەوە ، لە نووسەرێکی پەنابەرەوە دەبیتەوە بە نووسەر. ماڵی پشیلەکان بۆ هیوا قادر بازدانێکی گەورەی شەخسییە و سەرکەوتووانە ئەم شوێنپێگۆڕینەوەیە لە نووسەرێکی دیاریکراوەوە بۆ نووسەر ئەنجامدەدات. لە شوێنێکی ئەم نووسینەدا ئاماژەم بەوە دابوو کە لە ماڵی پشیلەکاندا، پشیلەکان لە سەنتەردا نین. بەڵام لە پەراوێزدابوونیشیاندا، بە مانای نادیاربوونی ئەوان لێکنادرێتەوە. کاتێکیش دەربرێنە جوانەکەی ژنە شاعیری ئوستراڵی، پام بڕاون لەبەرچاوبگیرێت کاتێک دەنووسێ: بەچکە پشیلەیەکی وردیلە کارێکی وادەکات کە ئینسان نایەتەوە بۆ ماڵێکی چۆڵ، بەڵکو دێتەوە ماڵ." ئەوا ئەوسا هەستدەکرێت پرۆسەی کردنەوەی ماڵی چۆڵ بە ماڵ یان بە پێچەوانەوە، بۆ یەک بەیەکی پاڵەوانەکانی ماڵی پشیلەکان ئامادەییەکی گەورەی هەیە و ئەم تابلۆیەی پێکەوەژیانی ئینسان و ئاژەڵ، لە ماڵی پشیلەکاندا، پڕدەبێت لە دەنگ و ڕەنگ و ژیان.
یەکێک لە نوێترین کارە ئەدەبیەکانی نووسەر و ڕۆمان نووس(هیوا قادر) ڕۆمانی "ماڵی پشیلەکان"ە. لەم دیدارەدا مەبەستم بوو نوسەر دەربارەی چەند لایەنێک لە ڕۆمانەکەی بدوێت. سازدانی: شاخەوان سدیق هاوڵاتی: بۆ ماڵی پشیلەکان؟ - یەکێک لەو پرسیارە هەمیشەییانەی لە سەروەختی منداڵیمەوە هەتاکو ئێستا لەگەڵمدا بەردەوامی هەیە و سنوورەکانی بیرکردنەوە و تێگەیشتنم بۆ فراوانتر ئەکات، تەنهاییە. ئەم بابەتە بۆ من هەم وەک کێڵگەی مین وەهایە کە هەمیشە ئەمکوژێت و لەناویدا زیندووئەبمەوە، هەمیش وەک ئاسمانێکی شینی فراوان لە ناویدا ئەفڕم و لەگەڵ پرسیار و خەیاڵەکانمدا تیایدا باڵ ئەگرمەوە. من لە ڕێی تێگەیشتنێکی متەوازعانە لە تەنهایی هەم بەشێک لە مرۆڤ و هەمیش بەشێکی کەم لەو گیرۆدەبوونانەی مرۆڤ لە ژیاندا تێگەیشتووم، بۆیە هیچ موبالەغە نییە گەر بڵێم بابەتی تەنهایی بۆ من، شابابەتە بۆ نووسین و بیرکردنەوەکانم. ئەم بیرکردنەوە بەردەوامەم هەرە هۆکاری گەورەی پشتی بیرۆکەی نووسینی ڕۆمانی ماڵی پشیلەکانە. هاوڵاتی: تەکنیک، چ ڕۆڵێکی لە ڕۆمانەکەدا هەیە؟ - تەکنیکی باش لە ڕۆماندا، یانی ڕێگای باشی گێڕانەوە، تەکنیکی باش، کورترین ڕێگایە بۆ گەیشتن بە گەنجینەکە، کە ئەویش خوێنەرە. ئێمە ڕۆژانە هەموومان قسە ئەکەین، بەڵام ناتوانین هەموومان سەرنجی هەمووان ڕابکێشین، چەند کەسێکی کەممان نەبێت، کەوایە هەموو گیڕانەوەیەک، یاخود هەموو ئاخافتنێک تا ئەگاتە نووسین، هەمووی پێویستی بە شێواز و تەکنیکی خۆی هەیە. پێشموایە هەموو بابەتێک لە ناو زماندا هەڵگری جۆرێک لە تەکنیکی خۆیەتی، زۆر گرنگە ئەو درکەت بۆ جیاوازی بابەتەکان هەبێت و لەو هەستیارییەی زمانیش تێبگەیت، بۆ ئەوەی بتوانیت بە پێی پێویست ئەو تەکنیکە هەڵبژێریت کە بابەتەکە ئەیخوازێت. دیارە تەکنیکیش بە کۆمەڵێک داوە دەزووی ناو بابەتەکەوە بەستراوە کە ئەوانیش، شوێن، کات، کەلتوور، خەیاڵە تاکەکەسییەکان و گشتییەکانی کەسایەتییەکان و دەیان شتی تر کە لە ناو سنووری دنیای ڕۆمانەکەدا پێویستە بەردەوام بیریان لێبکرێتەوە. هاوڵاتی: بۆ کارەکتەری پشیلە؟ - هەڵبژاردنی پشیلە لە ناو ڕۆمانەکەدا، نە بیانووە، نە دروستکراو. بەڵکە تەواو پەیوەندی بە کەسایەتییەکان و شوێنی هەڵبژێراوی ڕۆمانەکەوە هەیە. زۆرینەی کەسایەتییەکان ژنن. پێ ئەچێت پشیلەکان لە ژنەکانەوە نزیکبن و سەگەکانیش لە پیاوەکانەوە، دوای پشتئەستوربوون بە کۆمەڵێک خوێندنەوە بۆ کەسایەتی نێر و مێ و پشیلە و سەگ، پشیلەم هەڵبژارد. دیارە کە ویستوومە باس لە ماڵی پشیلەکان بکەم، بێگومان ئەبێت باسی پشیلە بکەم دەنا هیج دەرفەتێکی ترم لەبەردەستدا نییە. گەڕانی زۆرم بە دوای جۆری پشیلەکاندا وای لێکردم ئاشنایەتییەکی باش لەسەر پشیلە پەیدابکەم، کە پێشتر شتێکی ئەوتۆم لەسەریان نەئەزانی. ئەمەش کارەکەی ئاسانترکردم و من زیاتر سەرقاڵی پێکەوەبەستنەوەی گرێی ڕووداوەکان بووم لەگەڵ بەرجەستەکردنی ئەو تێمایەی لە خەیاڵمدا بوو کە ئەویش تەنهاییە. هاوڵاتی: کامیان: پشیەلەکان یان مرۆڤەکان کەسایەتی سەرەکی ڕۆمانەکەن؟ - پشیلەکانیش وەک مرۆڤەکان بە قەبارەی خۆیان، ڕۆڵی گرنگیان لە ڕێڕەوی ڕووداو و بیرکردنەوەکاندا هەیە، ئەو هەموو چیرۆکانەی مرۆڤەکان لەگەڵ پشیلەکاندا هەیانە بەس نین، کە بڵێین ڕۆڵی پشیلەکانیش هیچی کەمتر نییە لە ڕۆڵی مرۆڤەکان. لە ڕۆمانی نوێدا چیتر پاڵەوانی سەرەکی ئەو ڕۆڵەی جارانی نەماوە، کە ببێتە چەقی هەموو ئەو دنیا ئەندێشەکراوە و ئەوانی تر ڕۆڵی لاوەکیان هەبێت، هەموو کەسایەتییەکان پێکەوە بە پشیلەکان و مرۆڤەکانەوە، هەر یەک بە قەبارەی خۆی، پێکەوە بونیادی ڕۆمانەکە دروست ئەکەن. مرۆڤی ئەوروپی بەراورد بە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی زیاتر ژیانی ڕۆژانەی بە ئاژەڵەکانەوە گرێدراوە، یانی ئاژەڵەکان دەستیان هەیە لە خەیاڵ و بیرکردنەوە و بڕیاری ژیان و ئەو شێوازە ژیانەی کە هەریەک بۆ خۆیی هەڵیبژاردووە. دیارە جیاواز لە ژیانی کەسی خۆرهەڵاتی، کە ئاژەڵەکان هێشتا مانا سەرەتاییە فیودالیەکەیان فرێنەداوە لەناو ژیانیاندا، کە تۆ پشیلەت هەیە بۆ ئەوەی مشکت بۆ بگرێت و سەگیش پاست بۆ بکات، بەڵام ئەم ڕۆڵە بۆ پشیلە و سەگ لە ئەوروپادا نەماوە، بەڵکە بەشدارە لە ژیانی تاکەکاندا و بەشێک لە خۆشبەختی و سەرقاڵی مرۆڤەکانی ئەوروپا پێک ئەهێنن. هاوڵاتی: ماڵی پشیلەکانت بۆ خوێنەری کورد نووسیوە یان ئەوروپی؟ - بێگومان من ئەمەوێت ماڵی پشیلەکان خوێنەری کورد بیخوێنێتەوە، ڕۆمانەکە بە کوردی نووسراوە، هەڵگری بەشێک لە خەیاڵی زمانی کوردییە و هەموو کوردێک ئەتوانێت خۆی بە خاوەنی بزانێت. بەڵام ترسی من کە تا ئێستاش نەڕەوییوەتەوە سەرباری ئەو هەموو پێشوازیکردنە لە ڕۆمانەکە، بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە، کە من باسم لە کاریگەریی ئاژەڵان و بەتایبەتیش لە پشیلە کردووە لە ناو ژیانی مرۆڤەکاندا، کە ڕەنگبێت تا ڕادەیەک بۆ کوردێکی ناو جەنگەکان جێی پرسیاربێت، بۆ پشیلە و بۆ ماڵی پشیلەکان؟ بۆ شتێکی تر نەبێت کە وابکات مرۆڤ بە مانا ئاسایی و گشتییەکەی چەق بێت؟ ئەمە ئەو بیرکردنەوە سادەیەیە کە ئەیترساندم کە ڕەنگبێت ڕۆمانەکە وەکو پێویست نەخوێنرێتەوە، دیارە بێگومانم خوێنەری ئەوروپی بە شێوازێکی تر پیشوازی لە ڕۆمانەکە ئەکات و ئەو پرسیارە سادانەی سەرەتا باسمکرد لای ئەو دروست نابێت، چونکە ئاژەڵ لە ژیانی ئەودا بەشێک و کایەیەکی تایبەتی خۆی هەیە و بەشدارە لە ژیانی ڕۆژانەیدا. من هیچ کات شوێن و بەهای خوێنەری کوردم بە بچووک نەبینیوە، تا بڵێم خوێنەری کورد نابێت ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، بە کوردی و کورتییەکەی ئەوەیە کە خوێنەری ئەوروپی ڕەنگە پچەک زیاتر چێژ لەو بە دنیایکردنەی پشیلە لەناو ژیانی مرۆڤەکاندا ببینێت، کە ڕەنگە لە کلتوری ئێمەدا هێندە باو نەبێت. هاوڵاتی: باری دەروونی کەسایەتییەکان لە چ دۆخێکدایە! - من زۆر بەدەستە ئەنقەست کاری وردم لەسەر باری دەروونیی کەسایەتییەکان کردووە، چونکە لایەنێکی گرنگە و من بۆ خۆم زۆر حەزم لێیەتی، هەست ئەکەم لە ڕێگای پیشاندانی باری دەروونییەوە زیاتر دیوە نادیارەکانی کەسایەتییەکان ئەبینرێت، ڕەنگە لەو ڕێگەیەوە زووتر خوێنەر بیان ناسێت و ئەو کەشوهەوایە بخولقێنن کە لە ڕۆمانەکەدا پێویستە پیشان بدرێت، بێ ئەوەی خوێنەر ڕاستەوخۆ بزانێت ئەو وێنە بچووکانەی باری دەروونی کەسایەتییەکان دروستی ئەکەن بوونەتە هۆی وروژاندنی بەشێک لە کونجکوڵی و بەردەوامیدان بەخوێندنەوە، هەروەها لەگەڵدا ڕۆیشتن تا کۆتایی چیرۆکەکان. هاوڵاتی: گۆڕینی ژینگەی کوردی بۆ ئەوروپی بۆ؟! - هەست ئەکەم ئاسانیش نییە گۆڕینی ئەو ژینگە کوردییە و چوونە ناو ژینگەیەکی ئەوروپی و وێناکردن و دروستکردنی کەسایەتیگەلێک کە کورد نین، پێش هەرشت گەر ئاشنا بە کلتووری ئەو کۆمەڵگەیە نەبیت، ئەکەویتە هەڵەی زۆر سادە و هەندێک جاریش ئاڵۆزەوە، من ئەزموونی ژیانم لە کۆمەڵگای سویدیدا کار ئاسانی زۆری بۆ کردووم لە دروستکردنی ئەو کەسایەتییە سارد و هەندێک جار کونجکوڵ و سەیرانەدا، کە هەموویان تەنهایی تا سەرئێسقان کول و ماندووی کردوون. من پێموایە بەشێک لە ئاژەڵدۆستی مرۆڤی ئەوروپی هۆی مرۆڤدۆستی نییە، بەڵکە هۆی تەنهاییەتی، بەشێک لەو ئاژەڵنەویستییەی مرۆڤی کوردیش هۆی نامرۆڤدۆستی نییە، بەڵکە هۆی کلتوور و شپرزەیی ژیانییەتی. بۆیە نابێت هیچ کات بڕیاری گشتگیر بدرێت لە هەڵسەنگاندنەکانماندا بۆ کەسایەتی ناو کلتوورە جیاوازەکان دەنا تووشی هەڵە و تێنەگەیشتنی ترسناک ئەبین. جارێ بۆ نووسەر بڤەیە بە گشتگیری باس لە کلتورێک و گروپێک لە مرۆڤێک بکات و حوکمێکی گشتگیریان بەسەردا بدات، چونکە هەر مرۆڤێک بۆ خۆی تایبەتمەندی و دانسقەیی خۆیی هەیە. هاوڵاتی: تاچەند گرنگیتان بە شتە بچووکەکانداوە. - ئیشکردن لە مەساحە وردەکاندا لە ناو ئەم ڕۆمانەدا ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی من بۆ ژیان و مرۆڤەکان لە ڕێگەی شتە بچووکەکانەوە، کە من پێموایە کۆی ئەو شتە بچووکانەن ژیانی مرۆڤەکان پێکدێنن نەک بیرۆکە گەورەکان. پێشموایە لە ڕوودانی شتی زۆر بچکۆلەوە ئەگەری ڕووداوی زۆر گەورە هەیە، ئەوەی لە ڕووداوی بچکۆلە نەترسێت گەمژەیە، چونکە هەر بچکۆلەکانن گەورەئەبن، دڵۆپە ئاوەکانن کە پێکەوە کۆ ئەبنەوە و لافاو دروست ئەکەن. من مرۆڤ لە وردەکارییەکاندا ئەبینم، هیچ کات بەرامبەر گەورەیی سەرسام نیم، هەست ئەکەم گەورەی فێڵێکە بۆ نەبینینی شتە بچووکەکان.
" کاتێک ئەو دەنگە دڵۆپ دڵۆپ دادەچۆرێتەوە نێو ناخی هەرە تاریکم وەک رستێ هۆنراوە پڕم دەکا وەک شەرابیش پڕ نەشئەم دەکا (پشیلە/ بۆدلێر) ئەحمەدی مەلا بە زمانێکی هێور، بە ریتمێکی هاوسەنگ، لە نێو دوو فەزای دەرەوە-ناوەوە، هیوا قادر رۆمانێکی دانسقە دەنووسێ. قسەکردنێکی یەکجار زۆر هەڵدەگرێ، من تەنها لەسەر چەند خاڵێک قسە دەکەم. ئەگەر بێت و ژینگەی سروشتی سەگ، لادێ بێ، فەزای بەرینی شوانکارەیی و ئاژەڵ بەخێوکردن بێ، ئەوە پشیلە و شار تەواوکەری یەکترن. لەم روانگەیەوە رووداوەکان نێو ئەم رۆمانە بەرهەمی ناوجەرگەی شارە کە لە یەکێک لە وڵاتەکانی ئەسکێندینافیا روو دەدەن ، وەرزی زستان، کڕیوە و زریان، ئاسمانێکی بۆر و نزم کە ئەم فەزا سەهۆڵبەندە بەرامبەر بە ماڵی پشیلەکان رادەگرێ، گەرموگوڕ، تایبەت کە دەبێتە مۆڵگەی دەیان چیرۆکی سەرنجڕاکێش، لە سەرووی هەمووییەوە سەفەرێکی ئەفسووناوییمان پێ دەکات بەرەوە کێشوەری ئەفسوونئامێزی پشیلە. ئەو شازادەیەی کە شوێنەکان دەکات بە هی خۆی، سەربەست و ئازاد، ملکەچی هیچ بڕیاڕێک نییە. هەر لێرەوە، نووسەر بە ئەدەبیاتێکی تایبەت و دەگمەن سەبارەت بە دنیای پشیلەکان ئاشنامان دەکات، رەگەزە جیاوازەکان، خاوەنەکانیان، شەیدایی مرۆڤەکان بۆ ئەم ئاژەڵە، چیرۆکی عەشقی مرۆڤ بۆ مرۆڤ، مرۆڤ بۆ پشیلە. دووڕێیانی هەڵبژاردن هتد. یوسفی پەناهەندە سزا دراوە بەوەی کە دەبێ مانگێکی رەبەق لە ماڵی پشیلەکان بباتە سەر، چونکە دەمەقاڵەی بووە لەگەڵ تورکێکی رەگەزپەرست کە نکۆڵی لە بوونی وڵاتیک کردووە بە ناوی کوردستان، بە بێ ئەوەی نووسەر رۆمانەکەی بکاتە رۆمانێکی سیاسیی، بەڵکو هاتووە ئەم هەلەی قۆزتۆتەوە و بە هێمنی داوەتمان دەکات تاکو دنیایەکی جودامان پێ ئاشنا بکات. چیرۆکی ژوانێکی لەبارچووی لە نێوا کارینای چەند روخسار و یوسف، ئەو پردە تەسک و ناسکەمان پێ نیشان دەدات کە دەکەوێتە نێوان مرۆڤی پەناهەندە/کوڕ و هاوڵاتی خودی وڵاتەکە کارینای کچ کە لە ماڵی پشیلەکان دەستبەکارە. ئەوەی جێی بایەخە، چنینێکی زۆر ورد و لێزانانەی لە پشتەوەیە، لە فەزا بچووکە - ماڵی پشیلەکان- هەست بە مەلەل ناکرێت، رستە و وێنەی دووبارەمان تووش نابێ، سەلیقەیەکی ورد لە شۆڕبوونەوە بۆ ناو سایکلۆژییەتی کارەکتەرەکان و تاکو کۆتایی رۆمانەکەش نازانین چۆن کۆتایی پێدەهێنێ. ئەوەی تێبێنیم کرد کە هیچ حوکمێکی موسبەق پێش نووسینەکە نەکەوتووە، کارەکتەرەکان ئازادانە قسە دەکەن، دەجولێنەوە، بە کورتی هەن. نووسینێکی واقیعی بەڵام وێنەی شیعریی، نەرمیی لە ریتمی هۆنینەوەی رستەکان، جۆرە شیعرییەتێکی بە دەقەکە بەخشییوە و لە سادەیی گێرانەوە رزگاری کردووە. رۆمانی سەرکەوتوو ئەو رۆمانەیە دوای خوێندنەوەش کارەکتەرەکان دەژین...ئێمە بیر لە پرۆژەکەی شاشتین دەکەینەوە دوای سووتانی ماڵی پشیلەکان، بیر لە کارینا و دایکی دەکەینەوە، بیر لە خانمی زیبا و پشیلە فارسییە توک درێژەکە دەکەینەوە کە هەندەی مرۆڤەکان جێی خۆیان لە ناو رۆمانەکە کردۆتەوە. ئەم رۆمانە فەزایەکی مۆرڤانە دەبەخشێتە ئاژەڵ و خەسڵەتی ئاژەڵیش دەگەڕێنێتەوە بۆ مرۆڤەکان، نموونەی کارینا، ئەو ئاژەڵەی کە لە ناو هەموو تاکێک دا دەژی. دابەشکردنی رۆمانەکە : رۆماننووس هاتووە ٣١٥ لاپەڕەی بەسەر مانگێکدا دابەش کردووە، لە شەشی یەنیوەرییەوە تاکو پێنجی فێبریوەری، واتە سی رۆژ کە دەکاتە ئەو مانگەی کە دەبێ یوسفی سزادراو لە ماڵی پشیلەکان بیباتەسەر. دابەشکردنێکی وریایانەیە، تەنانەت کردەی خوێندنەوە ئاسانتر دەکات، خوێنەر تووشی هەناسەسواریی ناکات، بە پێچەوانەوە هەوایەک دەبەخشێتە نووسینەکە. دابەشکردنی فەزای دەرەوە ( بەفر و زوقم و زریان) لەگەڵ فەزای ناوەوە هاوسەنگیی بەخشێوەتە رۆمانەکە کە لە نێو پانتاییەکی نیمچە شانۆییدا، خوێنەر تووشی مەلەل ناکات. کارە رۆتینییەکان دووبارە دەبنەوە، بەڵام هەر رۆژەوە بە شێوازێکی جیا باسی دەکات، ئەگینا خوێنەر تووشی بێزاریی دەکرد. ئەم دابەشکردنە لە زۆربار بەسەر دوو دیویی کارەکتەرەکانیش رەنگی داوەتەوە. رابردووی یوسف و "ئێستا"ی یوسف. کەسایەتی کارینا، دیوەن ئاساییەکەی، دیوە ئاژەڵەییەکەی... دیالۆگ : رەنگە لە نووسینی رۆمان، شێوازی دیالۆگ پێویستی بە لێزانین و هونەرسازییەکی زۆر بێ، چونکە بە بێ دروستبوونی کارەکتەر، بە بێ ناسینی رەهەندە جیاوازەکانی کارەکتەر لە لایەن نووسەرەوە، قسەپێکردنی کەسایەتییەکان ئاسان نییە، بەڵکو زۆریش دژوارە، هیوا قادر بە وردیی ئەم رووەوەی بەسەرکردۆتەوە، ژێست و جولەکان تێکهەڵکێشی دیالۆگەکان کردووە کە کەلێنی نەهێشتۆتەوە. بە واتایەکی دیکە، جەستەش بەشدارە لە دەوڵەمەندکردنی زمانی رۆمانەکە، ئەمە وایکردووە کە رەنگێکی واقیعی ببەخشێتە تەواویی رۆمانە. بەڵام، هەر وەک لەسەرەوەش ئاماژەم بۆی کرد، ئەم واقیعییە بە زمانێکی شیعریی لە زۆر شوێن ئاوێتەکراوە، واقیعێکی هونەرییانەی بەخشێوە بە رۆمانەکە. زمان : زمانی ئەم رۆمانە زۆر پاراوە، زۆر بە وردیی چاودێری خاڵبەندیی رستەکان لەبەرچاو گیراوە و گواستنەوەی پەڕەگرافێک بۆ پەڕەگرافێکی دیکە سەنعەتی نووسینی هیوا قادرمان بۆ دەخاتە روو.زمانی دیالۆگ و زمانی وەسف و گێڕانەوە بە وردیی جیاکراونەتەوە و هەندێ موفرەدەی رۆژئاوایی تێکەڵکردووە، زۆر ئاسایی ئاوێتەی زمانەکەمان بوونە. لەزۆر شوێن هەست دەکرێ کە زمانی سوێدی کراوەتە کوردیی، بە واتایەکی دیکە، سەرجەم ئەتەکێت و زمانی رێز و تەنانەت زمانی توڕەبوون و هەڵچوونەکانیش ئەم راستییە دەردەخەن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی فەزای کۆمەڵایەتی و ژینگەی زمانەوانییەکە کوردیی نییە، بەڵام زۆر بە وردیی کوردێندراون. نموونە، لە زمانی فلۆراوە : " سڵاو، من ناوم فلۆرایە، یەکێکی تریش دیارە وەک من ئەیەوێ بێت بۆ ئێرە." لا ٤٥. لە زمانی یوسفەوە، " تا رادەیەک ئەتوانم بڵیم بەڵێ." لا ٤٧. تارواگە : یوسف بە رەچەڵەک خەڵکی کوردستانە و پەناهەندەیە لە سوید، بەڵام نووسەر نەهاتووە لەسەر ئەم پنتە بگیرسێتەوە و کروزانەوە و نۆستالژیا بکات بە تەوەری نووسینەکەی، بەڵکو لە رێگەی پەیوەندیی نێوان یوسف و کارینا ئەم پەیوەندییە گیر و عاسیی و فرەرەهەندییە رەنگی داوەتەوە بە بێ ئەوەی راستەوخۆیی پێوەدیار بێ، بە بێ هەوەی گەمە بە هەستەکان بکا، بە بێ ئەوەی دوالیسمی "ئێرە و ئەوێ" قوت کاتەوە. ئەم یەکێکە لە خاڵە پتەوەکانی ئەم نوسینە، چونکە زۆرجار "ئەورپای دۆزەخ و کورستانی بەهەشت" کە لە ژێر پەڕەمووچی نووسەرگەلێکی تاراوگەنشینەوە سادەیی و ساوێلکەیی بەخشێوەتە ئەم بینین و دیدگایە. بەڵام دەرەوەی باو و رەشەبا و سەرماوسۆڵە و ژینگەیەکی سەهۆڵبەندانە لە پەیامێک زیاتری پێیە. پشیلە : "ماڵی پشیلەکان" وەک دیمەنی سەرەکی رۆمانەکە دەردەکەوێ و ئەم ئاژەڵە ماڵیی و دەستەمۆیانە وەکو کارەکتەری بێدەنگ، بەڵام هەر یەکەوە خاون کارەکتەر و رەنگ و سیما و ئادگاری خۆیەتی، بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشدارن لە چنینی تەونی کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکە. لێرەوە، جەخت لەسەر پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و پشیلە کراوە ؛ هەر پشیلەیەک وەک خاوەنەکەی خاوەن چیرۆکی تایبەتی خۆیەتی. هەر لەم سۆنگەیەوە، نووسەر لە رێگەی ئەو دەقانەی کە هەموو رۆژێک لەبارەی پشیلەوە لە ناو ماڵی پشیلەکان هەڵدەواسرێن، زانیارییەکی زۆرمان سەبارەت بەم ئاژەڵە بۆ دەخاتە روو. چونکە پشیلە، وەک هیچ ئاژەڵێکی دیکە نییە، دێتە ناوماڵەکانمانەوە، دێنە سەر تەختی خەوتنمانەوە و بەشدارن لە ژیانێکی زۆر شەخسی و زۆر تایبەت. لەرێگەی ئاژەڵەوەوە ئێمە ئاستی شارستانیی میللەتانمان بۆ روون دەبێتەوە. رەنگە دواجار، گۆڕستان و ئاژەڵەکان ناوەڕۆکی مۆرڤی شارستانییەتێکی دیارییکراومان پێ بڵێن. لەم رووەوە ماڵی پشیلەکان پێگە و کۆڵەگەی کۆمەڵگەیەکمان بۆ دەنەخشێنێ کە ئاژەڵ لە پاڵ مرۆڤ، پشیلە وەک نموونە پردی نێوان سروشت و کەلتوور تەواو دەکەن. ئەو پشیلانەی کە لە کۆڵان و کوچەکانی کوردستان راودەنرێن و ئازار دەدرێن و شپرزە و هەمیشە لە ناو دڵەڕاوکێ دەژین هەر وەکو خوددی مرۆڤەکان، دەیان چیرۆکی شکستیی ئەم شارستانییەتمان بۆ دووبارە دەکەنەوە، کەچی لە رۆژئاوا، لە ئەسکەندیناڤیا، ئەم پەیوەندیی لە ئاستێکی شیاوتر، لە ئاستێکی مرۆڤانەتر دەردەکەوتووە. ماڵی پشیلەکان دواجار باسی دو شارستانییەتمان بۆ دەکات، شارستانی هەڵاتن و دڵەڕاوکێی و گەڕان بە دوای رچەکانی خۆ دەربازکردن، لە پاڵ شارستانییەتێکی ئاسوودەتر و مرۆڤەکان ئەگەر سزاش بدرێن ئەوەی سزایەکە دەچێتە خانەی پەروەردەوە...ئەمە یەکێکە، ئەگەر کرۆکی بنەڕەتی ئەم رۆمانە نەبێ.
پێشەوا کاکەیی »ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بە کورتی باسی بکەم، نە توێژینەوەیە، نە ناوی لێدەنێم خوێندنەوە لەسەر بنەمای میتۆد، چۆن ئەمە کاتێکی زیاتر و خوێندنەوەی وردتری دەوێت، کە ئەوە لێرەدا کاری من نییە، بگرە خوێندنەوەی خۆمە بۆ ئەو ڕۆمانە، لە یەک گۆشەنیگاوە؛ ئەویش ئەوەیە کە پێم وایە ئەم ڕۆمانە: ”ڕۆمانێکی جیهانی ڕۆحانیی و بە سەنتڕاڵبوونی بوونە.“ ئەم ڕۆمانە، خوێندنەوەی جیاواز و وردتریش هەڵدەگرێت لە ڕووی ڕووداو و شوێن و کارەکتەر و پێکهاتەی دەقەوە، کە ئەوە بۆ لێکۆڵەران و ڕەخنەگران جێی دەهێڵم.« لێرەدا باس لە ڕۆڵی شاشتین، کارینا، ئاغای شەریفی، فریشتە، زیبا، گۆنیللا، پیا و کاللێ، سۆفی و نەنکی، پیا کۆرپ و خۆشەویستەکەی و لوسیفەر و هتد... ناکەین، کە باسێکی دیکەی نێو گێڕانەوەی ڕۆمانەکەن. ئەم ڕۆمانە، کارەکتەرەکانیان لە جوگرافیایەکی ڕۆژاوادایە، لە وڵاتی سویدە. دیسانەوە، نووسەر لە جوگرافیایەکی دیکە ڕۆڵەکان دابەش دەکات. ئەو جوگرافیایە بۆ هەردوو شوێنەکە لە ڕووبەرێکی بچووکدا خوانەکان دەگێڕدرێنەوە. نووسەر لە سلێمانی، باس لە کارەکتەرەکان دەکات کە شوێنیان لە سوید، ئەویش ماڵێکە کە پشیلە کۆیان دەکاتەوە. پشیلە، سەرگوزەشتەی عیشقی پیا و کاللێ هەڵدەداتەوە و لە ڕووتییەوە دەڕوانێت بۆ جەهەری عیشق. لەو ڕۆمانەدا، پشیلەکانن کە هەریەکە ڕووداوێکی وە ئەستۆی خۆی گرتووە، پشیلە خۆشەویستیی و کینەی کارینا و گۆنیللامان لە کۆتاییدا بۆ باس دەکات کە گۆنێللا و کارینا دایک و کچن، لە ئەنجامی چییەوە ئەو کینەیە سەری هەڵداوە. بەهەرحاڵ، لێرەدا خوانی چل ڕۆژەکە ناگێڕینەوە و دابەشی ڕۆڵی کارەکتەر و شوێن و ڕووداوەکان بکەم، وەک لەسەرەوە گوتم ئەمە بۆ خوێندنەوە و کەسانی دیکەی جێدەهێڵم. ئەم ڕۆمانە، پێش هەموو شتێک دەتوانم بڵێم ماڵێکە، دوور لەو ماڵەی کە ڕۆمانی کوردی بیناسازیی تێدا دەکات. بەو واتایەی بیناسازیی کوردی، کەرەستەکانی وە کارهێنانی لە مێژووی خانوودروستکردندا، کەرەستەکانی خۆماڵی بوون. لەم بیناسازییەدا، جۆرێکی تر ماڵی کوردی لە ڕۆمانی کوردیدا بونیاد نراوە، کە وەستاکەی کوردە، بـەڵام کەرەستەکانی جیهانین؛ ئەمیش مانای ئەوە نییە، ماڵەکە دوورە لە ماڵی کوردی، بەڵکوو لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە، لەم ماڵەدا کوردێک دەبێتە بونیادی گێڕانەوە. ئەم ڕۆمانە، فەزاسازیی نوێی دروست کردووە بۆ ڕۆمانی کوردی. لێرەدا دەمەوێت بڵێم، دەگمەن قسەم لەسەر ڕومانی کوردی کردووە، چۆن ڕۆمانی کوردی هەمووی لە فەزایەکدا دەخولێتەوە، یەک مەکینەیە بۆ بەرهەمهێنانی گێڕانەوە. مانای ئەوە نییە قسەکەم ڕووی لەوە بێت بڵێم ڕۆمانی کوردی فەزاسازیی تێدا نەکراوە، کرچوکاڵە، نا، ڕۆمانی کوردیش پێشڕەوییەکی باشی بە خۆوە بینیوە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان، بیر و ڕامان و مێژوو و شکستی سیاسیی حیزبیی کوردی و سەراوبنکردنەوەی مێژوو بە دەست کورد خۆیەوە و جوانی عیشق و دەرهاویشتەکانی، هتد... لە ڕۆمانەکانیدا بناغە هەیە، بـەڵام زۆرینەی ڕووداوەکان و کەرەستەکان لە نێو ماڵێکی کوردیدایە و بناغەیەکی بۆ ئەندێشەکاری خوێنەری کوردی خوڵقاندووە. لای خۆم ئەوانە پێشەنگی ڕۆمانووسی کوردن بەختیار عەلی و عەتا نەهایی و عەتا محەمەد و جەبار جەمال غەریب و بەیان سەلمان و سەید قادر هیدایەتی و هتد... لێرەدا نامەوێت ناوی ڕۆمانووسەکان ڕیز بکەم چۆن قسەمان لەسەر بەراوردکاری ڕۆمانی کوردی نییە، بەڵکوو ڕۆمانی کوردی لە ئاستێکدا باس دەکەم، کە کەرەستەی جیهانیی و کەرەستەی کوردییە لە ڕۆماندا. گەر وردتر قسە بکەم و بە خاڵێک قسە بکەم، لە ڕۆمانی کوردیدا، کێڵگەیەک هەیە کە بۆ گێڕانەوەی سیاسیی و مێژوو و شکستی خۆشەویستی و هتد...ە، ئەم ڕۆمانەی هیوا قادر، ڕۆمانێکی جیهانی ڕۆحانییە، بە زمانێکی کوردی. بە زمانێکی زۆر سادە و پاراوی کوردی بـەڵام قووڵ و جوان. بۆچی دەڵێین جیهانی ڕۆحانی؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە نووسەر زۆر ڕۆحانیانە کێشەی مرۆڤ و پشیلە، کێشەی بوون و بوونێکی تر دەکاتەوە بە هەمان کێشەی بوون؛ بە واتایەکی دی، جەوهەری کێشەکە، هەوڵدانە بۆ گێڕانەوەی جیهانی بوون. ئێمە لە کوێی بوونداین. لە چ ئێستایەکی گێڕانەوەداین. ئەم ڕۆمانە، بیرکردنەوەمان بۆ خوێندنەوە دەگۆڕێت، ئەگەرچی لە دۆخێکدا هاتۆتە بەرهەم کە بە دەست کێشەی سیاسیی و ناتەبایی و قەیرانی فیکر و هتد... کورد خوێندنەوەکانی بۆ ڕووداوەکان هەیە، بەڵام لەم ڕۆمانەدا سەرباری ئەوەی کە نووسەرەکە خۆی کوردە، بەڵام دەتوانێت لە کێشە ناوخۆییەکاندا بێتە دەرەوە و شەپۆلی ئەندێشەکانی بباتە دەرەوە و لە کێشەی دیکەش قووڵتر وردبێتەوە کە کێشەی خودی بوونە، بۆ تێڕوانین دەیکاتەوە کەرەستەی نووسین. مانای ئەوە نییە، نووسەر خەیاڵی خۆی لە کێشە هەنووکەییەکانی ڕۆژگار بدزێتەوە کە بەرهەمی خودی سیاسییەکانە، بەڵکوو لە سەرەتای ڕۆمانەکە بەوە دەست پێ دەکات، کە: یووسف موهەمەد، کە تاکە کارەکتەری کوردی نێو ڕۆمانەکەیە، دەزانێت کوردبوونی چ کێشەیەکە، بـەڵام ناتوانێت لێ ڕاکات، هەربۆیە شەوێک لە باڕمەنێکدا لەگەڵ نەژادپەرستێکی تورکدا بە نێوی «ئۆزدن» لە کاتی مەستیدا تووشی دەمەقاڵەیەک دەبێت و گاڵتە بە کێشەی کوردبوونی دەکات و دەڵێت تۆ نیت، بەم هۆیەشەوە یووسف پەلاماری دەدات و هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکات و لێی دەدات، تا وای لێ دەکات کە تورکەکە بڵێ: کوردستان لەسەر نەخشەی جیهان هەیە و کوردیش لە تورکیا دەژی، بە بەرچاوی هەموو خەڵکانی ناو باڕمەنەکەدا. بەو هۆیەوە سزای چڵ ڕۆژ بەسەریدا دەسەپێندرێت و لەو چل ڕۆژەدا، گێڕانەوەکانی لە ڕۆمانێکدا یادداشت دەکات. لێرەدا من هیچ ڕووداوێک ناهێنم شی بکەمەوە، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتیی لێی دەدوێم.دەمەوێت بڵێم، بۆیە سەرەتا باسی ئەو خاڵە دەکات، کە کوردستان نەک لەسەر نەخشەی جیهان نییە، بەڵکوو کورد دەتوانێت ڕۆمانی جیهانییش بخوڵقێنێت. خاڵێکی سەرەکی ئەو ڕۆمانە ئەوەیە، کە یووسف موهەمەد لە قەزیەی ناسیۆنالیزمەوە بڕوانێتە قەزیەی جیهانی، بەو واتایەی کە یووسف سەرباری ئەوەی کە کوردبوون شووناسێکی وجوودیەتی، دەتوانێت شووناسی تر لە خۆیدا بخوڵقێنێت. سیحری ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە یووسف موهەمەد لە ناسیۆنالیستێکەوە دەبێتە پیاوێکی ڕۆحانی و میهرەبان. تێڕوانینی بۆ بوون دەگۆڕێت، بـەڵام دەستبەرداری بوونی خۆی نابێت کە کوردبوونییەتی، چۆن سزاکەی بەسەردا سەپێندراوە، بگرە لەپاڵ غەمی بوونی کوردبوونی غەمێکی دی دەسازێنێت کە کێشەی بوونی مرۆڤ و گیاندارە، مرۆڤ و ئەوی دیکەی ڕۆح. ماڵی پشیلەکان، ڕۆمانێکە بۆ تێڕوانین لە بوون بە سەنتەر، نەک مرۆڤ سەنتەر. ماڵێکە، جێی هەموو جۆرە پشیلەیەکی ئەفریقیی، ئێرانی، ژاپۆنی، تورکی، سویدی، ئوستڕاڵی، کەنەدی، ڕووسی، هیندی و هتد... دەبێتەوە، ئەمەش جوانی ئەو ڕۆمانەیە کە نووسەر توانیویەتی لەو چڵ ڕۆژەدا، یادداشتەکانی لە کاتی خۆیدا بگێڕێتەوە. ماڵێک بکاتە سەنتەری بوون، کە پشیلەی وڵاتەکانی دی، لە ماڵێکدا جێی بێتەوە و پەیوەندییەکانی مرۆڤ و ڕۆحلەبەرمان بۆ بگێڕێننەوە، کێشەیەکەمان بۆ کەشف دەکات ئەویش ئەوەیە پشیلە چۆن کولتووری نەتەوەکان دەخوێنێتەوە و تێڕوانینیان لە ڕۆحلەبەری دیکە چییە. چۆن کورد لەو بە سەنتڕاڵی بوونە دەڕوانێت. سیحری پشیلە لە ناو لم و دەرەوەی لم، لە بۆمبای بۆ ڕووسیا بۆ ئەفریقا تا دوایی، جۆرییەتی ڕەنگ و ڕەگەزی پشیلەکان، ناڕاستەوخۆ چیرۆکی مرۆڤەکانمان بۆ دەگێڕنەوە. ئەگەر بڕوانینە ئەو شیعرانەی کە سۆفیا بۆ یووسفیان دەخوێنێتەوە لەمەڕ پشیلەکان، ڕاستییەکەی زمانی پشیلەیە بۆ مرۆڤ کە کەوتۆتە جەنگ و ئاگای لە خۆی نییە، چ جای گیانداری دی. پشیلە، خۆی دوو جۆری هەیە: پشیلەی ماڵی و پشیلەی کێوی. لەم ڕۆمانەدا، نووسەر بە جوانی کاری لەسەر خاڵی یەکەمی کردووە کە ماڵی پشیلەکانە؛ کە مرۆڤ چۆن لە ماڵی پشیلەکاندا گوێ لە کێشەکانی مرۆڤ دەگرێت کە پشیلە ڕایەڵێکە بۆ کەشفکردنی ئەو نهێنیانە، ئینجا چۆن لە کێشەی ئەوی دیکەی ڕۆح بڕوانێت کە پشیلەیە. خاڵی دووەم، زۆر شارەزایانە نووسەر گرنگی داوە بە پشیلە، کە پشیلەی کێوی غیابە تێیدا؛ بۆیە پشیلەی ماڵی، مرۆڤ وەک پشیلەیەکی کێوی سەیر دەکات و چۆن لە بونیادی مرۆڤ دەڕوانێت و چۆن مرۆڤ دەکاتە بە ڕۆحگەرایی. ئەم ڕۆمانە، هەڵوەشاندنەوەیەک دەکات لە تێڕوانیمان کە جارێکی دی خوێندنەوەی ترمان هەبێت بۆ بوون نەک ڕەنگ و ڕەگەزی بوون؛ ئەویش ئەوەیە کە پیاو سەگی خۆشدەوێت و ژنیش پشیلە، لێ ئەم ئەو دیدەمان دەگۆڕێت، چۆن لە ماوەی چل ڕۆژدا یووسف مامەڵە لەگەڵ پشیلەدا دەکات، حکایەتەکانی مرۆڤانی دیمان بۆ دەگێڕێتەوە لە ڕێی پشیلەوە. لە کۆتاییدا دەڵێم، هێڵێکی گشتی هەیە لەو ڕۆمانەدا، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤ لە میهرەبانیی و ڕۆحی پشیلەوە، دەتوانێت کەڵک لە جوانی بوون وەرگرێت. بۆیە مرۆڤ ئەو سەنتەرە نییە، کە جوانیی و میهرەبانی خۆی بەسەر ڕۆحلەبەری دیکەدا سەپێنێت، چۆن مرۆڤ خۆی لە کێشەدایە، پشیلەش هەست بە کێشەی وجوودیی و دەستکردەکانی دەکات و دەتوانێت ئارامیی بۆ مرۆڤ بگەڕێنێتەوە. گەر مرۆڤ بیهەوێت بێ ڕۆحلەبەری دیکە سەنتڕاڵ بێت، ئەوا جیهانی ڕۆحلەبەریی دیکەش دەتوانێت بێ مرۆڤ سەنتڕاڵ بێت. ئەوە زمان و پەیوەندییە، چۆن دەگەڵ بوون و جیهانی بووندا خۆ دەسازێنیت. گەر زمان لای ڕۆحلەبەری دیکە نەبێت، ئەوا پەیوەندیی خێرا و خۆشەویستیی وای کردووە خۆی زمان بسازێنێت.
ئا: شاخی لە نوێترین کاریدا نووسەرو وەرگێڕ (شێرزاد هەینی) ڕۆمانی (پۆستەی شەوی) هودا بەرەکات وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی کە ئەم ڕۆمانە، براوەی خاڵاتی پۆکەری عەرەبی ساڵی ٢٠١٩ یە. وەرگێر دەربارەی کارەکەی بە هاوڵاتی ووت: لە رۆمانی یەکەمی هودا بەرەکات بەناوی "حجر الضحك" خوێنەران لێ رازی دەبن، بە گێڕانەوەی حیکایەتەکان و شێوازی نووسینەکانی سەرسام دەبن. زوو خەڵاتی "جائزة النقد" وەردەگرێت و لەسەر رۆمانی "حارث المياه" خەڵاتی "نجيب محفوظ" نەجیب مەحفوزیشی وەرگرتووە. دوو جار لە فەرەنسا رێزی لێ گیراوە. ساڵی ٢٠٠٢ مەدالیای سوار لە ئەدەب و هونەر و لە ساڵی ٢٠٠٨یش مەدالیای شایستە وەردەگرێت. هودا بهرهكات لە ساڵی ١٩٥٢ لە بەیروت لەدایک بووە و ماوەی زۆرتر لە سی ساڵ لە فەرەنسا دەژیت، رۆمانەکانی وەردەگێڕدرێتە سەر چەندین زمان. هەندێ لە رۆمانەکانی بە قەبارە بچووکن لەوانە "بريد الليل" كهتهنها ١٢٦ لاپەڕەیه. ئەو لە چاو نوسەرەکانی دیكه كه ساڵانە رۆمانی نوێ دەنووسن، کەمتر دەنووسێت. هودا لە نووسیندا شێواز و پێوانەی تایبەتی خۆی هەیە، پابەندی بازاڕ و فرۆشتن نابێت، ئەگەر دەسکەوتیشی هەبێت. ئەو گوتویەتی: دەزگای پەخشی ئاکت سود هانی دەدام زوو نووسینەکانم تەواو بکەم. بەڵام ئەوە ریتمی منە، ناتوانم بیگۆڕم، هاندانی دەزگا و چێژی وەرگێڕان و بازاڕی گەرمیش من ناگۆڕێت. من بەو شێوازە ئاسودەم، ناتوانم بە شێوازی تر کار بکەم، ئەگەر خوێنەرەکانم لەناو رۆمان و نوسەرانی دیكهش لەبیرم بکەن. ئەم ڕۆمانە بەم زوانە لە ناوەندی سارا لە شاری سلیمانی چاپ و بڵاودەبێتەوە.
جهمال نوری خوێندنەوەی دەق هەڵگری جۆرێک لە کارکردنە بە مانا (بارت )یەکەی،جودا لە کارەکانی تر، بەو مانایەی خوێندنەوە لەناو سیاقی خۆیدا لەگەڵ ماناکان وشیکردنەوەکاندا دەکەوێتە گومان و پرسیارکردنەوە، تا سەر ئەنجام شرۆڤەیەک لە هەڵێنجاوی دەقەکە دێتە بەرهەم، کە بەسانایی ئەو دەرگایانه دەکاتەوە کە نوسەر لەزمانی شیعرەوە لە ژیان دەڕوانێت ڕامانی نوسەر بەپرس و گومانەکانی ڕەخنەگر دەخاتە سەر کەڵکەڵەی ماناکان بە پێی قوتابخانە ئاکادیمی و فکرییەکان. ئەگەر ئاوڕێک لە (هانس گادامیر) بدەینەوە ئەوا بۆمان دەردەکەوێت، کە شەڕی هەرە گرنگی دیاردەگەراکان و پێکهاتەگەراکان. لەسەر خودی ماناکانی دەرەوەی دەق و ناوەوەی دەقە.. نوسەری دەق، بە ڕۆحێکی پڕ لە زامەوە کەتەواوی پڕە لە برین، هەست بە بەوە ناکات برینەکانی بوبێتە هۆکار گەلێک لە لادانی لە ڕیتمی ئاسایی ژیانی ڕۆژانەی، بەڵکو ئەوەی لەڕێگای برینەکانیەوە نوسەری دووچاری ژانێکی گەورە کردۆتەوە، ژانی دۆزینەوەی شوناسی خود، برینەکانی نوسەر، خۆڕسک نین ،بەڵکو دەرئەنجامی مێژوویەکن کەنوسەر لەو سیاقە مێڕژوویەدا غایب بوە لە کامڵ بوون و بەرکەوتنی لەگەڵ کارەکتەرەکانی ئەو مێژوە ی پێش خۆی، کەوەک نەریتێک، وەک هەڵگری واریسی جورێک لە وخوو ڕەوشتە ی ناو بازەی خێزان، بۆ ئەوی نوسەر دەگوازرێتەوە، لێرەدا بەڕوونی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و دەڵێت: باشبوو نەمردم هاتنە قسە ئەو برینانەى بەدەستى ئێوە لەسەر گیانم ڕووێنراون و شاهیدن بەسەر خراپی ئەم ڕۆژانەمەوە نوسەر، لەبەرامبەر ئەو برینانەی لەیەک کاتدا چێژێ پێ دەبەخشێ و دەبێتە سەرچاوەی ژانگرتنی لەنوسینەوەی هەستەباڵاکانی، لە ڕوبەروبونەوەی بۆ موخاتەبەکردنی عەقڵی لەبەرامبەر پرسارو گومانەکانی، ئاماژەی بە برینەکانی خۆی دەکات، ئەم پارادۆکسە لە ڕامانی نوسەر بۆ چۆنێتی برینەکانی کەلەسیاقی مێژوویەکی پێشووتردا سەریان هەڵداوە، ئێستا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، دەڵێ ئەمێستا دڵنیام لەو ڕاستیانە برینەکانم ئەگەرچی لەدەرەوەی ئیرادەی خۆمن، بەڵام نەبۆتە کێشە، بەڵکو برینەکانم ژانێکی گەورەن لە بیرو هزرو ڕامانمدا ،لە سروشتی ژیانی و دەڵێ دەبێ ڕێز لە برینەکان بگرین، چون برینەکان گەنجینەتانن، مرۆڤی خاوەن برین شۆێنیان بەرزایەکانە، موخاتەبەکردنی شاعیر، بۆ هاوشێوەکانی خۆی ،بۆ نوخبەیەک لەوانەی هەست بە بونی برینەکانیان ناکەن،هەستکردن بە برینەکان لای نوسەر ،دەتوانین لەچەمکی سادیەت و ماسۆشیەتەوە چەند کۆدێکی پشتی دەقمان چنگ کەوێت بۆ خۆێندنەوەی دەق. کاتێک شاعیر دەڵێت من هاتووم پێتان بلێم/ ڕێزی برینی خۆتان بگرن/،برینەکانتان گەنجینەتانن/مرۆڤە بریندارەکان شوێنیان بەرزایەکانە/،لەبرینەکانتانەوە سەیری دونیا بکەن،/ کەتوانیتان ئەوە بکەن،/خەم بۆشادی ناخۆن کەنیتانە،/ بڕۆن سەیری دەرگاکانتان بکەن، دڵۆپە خۆێنی شینی منە ڕەنگی کردون /،ئێستا تاقتم نیە بۆتانی باس بکەم زۆربەی ڕۆحانیەکان ماسۆشی بوون وەک ئەوەی سادی بن. کاتێک سوقرات پەرداخە ژەهرەکە دەخواتەوە دەڵێ دەتوانم ستەم چێژبم، بەڵام ناتوانم ستەم کاربم، ئەمە پێمان دەڵێ ئەندێشەمەندان و ئەهلی فکر دەتوانن ماسۆشی بن، بەڵام ناتوانن سادی بن لەبەر ئەوەی ئەهلی دڵ ناتوانن سروشتێکی بەد ویژدان، بەد ئەخلاق، بەد خووییانەیان هەبێت و بە رۆحێکی دەغەزارەوە خوازیاری ژیانێکی پاکیزە بن! مەحوی دەفەرموێ: " کە رۆحم تێگەیی تۆ حەز بە دەرچوونی دەکەی دەرچوو٠٠ عاشق کە دی بێزارە یاری؛ دەبێ بێ بڕۆ بڕوا" " شاعر پەشێوحاڵانە بە دەست برین و ژانەکانیەوە هانا بۆ فریادرەسێک دەبات و بێ هیچ دڵەڕاوکێ یەک دەڵێت.. مچوڕکەیەکى کۆدائین لە گیانمدایە و دەمەوێت بۆ هەمیشە تێمدابێت دەچمە سەر پەڵەیەک هەور و خەون بە ڕۆژانێکەوە دەبینم کە منیش باسی دونیام دەکرد شاعیر، کاتێک ئاماژە بۆ ئەو چێژبەخشینەی دەکا لە یەکێک لەومادانەی هۆشبەر بەناوی (کۆدائین)، پەنای بۆ دەبات و موچڕکێک هاوشێوەی ئەو موچڕکەیەی کۆداین دەیبەخشێتە بەکاربەری، موچڕکی کۆداین شێوەیەکە لەو نەشئەیەی بەکار بەر دەخاتەوە ناو قوڵایی خودگەرایی و وردتر لەمسی برینەکانی خۆیی پێ بکات و ببێتە فاکتەری ژانێکی گەورەی خود ،،خودێکی بوێر، کا لەسەرەوە چوون و قوڵایی چوون و ئافەریدەکانی خۆیی جوداناکرێتەوە، شاعیر لەڕێگای ئەو فریاد ڕەسەی پێی دەڵێ(کۆدائین)، لە شیعردا ئەوانەی مادەی هۆشبەریان بەکارهێناوە و تەوزیفیان کردوە لەپەنجەی دەست تێپەڕناکەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دژی عەقڵی باو و سەردەم بیریان کردۆتەوە، نەچونەتەژێر باری عەقڵی باوی کۆمەڵگا، بەڵکو فەلسەفەی گومانخوازی و تێکشکاندنی دەقە باوەکانیان توڕ هەڵداوە،لای عەقڵی باویش بونەتە جێگای پرسیارو لەخانەی لامونتەمی یدا سەیر کراون. (کۆدائێن) " ئەو ماددەیەی لای شاعیر چۆنێتیەک ی" ئەم فریاد ڕەسە ،دەبێتە هۆیەکی پۆزەتیڤ بۆ ناسینی کۆشش و هەڵبژاردنە پڕ لەهێوریی و پڕ ڵە مەغزاکانی شاعیر کە پێوەی بناسرێتەوە چیەتییەک."..کە موچڕکێکی کێماسی دەبەخشێتە "کۆدائین" ڵای شاعیر ویستەڕێیە، دەدا بە ئاگایی و هەستەکانی خۆی.. تا ناوەوەی خۆی رێک بخات و قایل بکات. چون پێیوایە(مرۆڤ تەنها ئەو کاتە بەشێوەیەکی راستی مۆڕاڵی دەژی، کە بتوانێت لە هەموو جۆرە فریوێکی دەرەکی تەواو سەربەست بێت) شاعیر، بەردەوامە لە و موخاتەبەیە و دەڵێت" مچوڕکەیەکى کۆدائین لە گیانمدایە و دەمەوێت بۆ هەمیشە تێمدابێت دەچمە سەر پەڵەیەک هەور و خەون بە ڕۆژانێکەوە دەبینم کە منیش باسی دونیام دەکرد لەو حاڵەتە نەشئەیەی شاعیردا، کەدەیشوبهێنێ بە (موچرکێکی کۆدائینی) ،کە بەردەوام لەگیانیدایە، ئەم ووزە شاراوەیەی ناخی شاعیر کە چێژێ پێدەبەخشێت، بەڵام ئەو دەیەوێ تەنها ئەوحاڵەتەی هەیەتی تەوزیفی بکات، حاڵەتێک دەکرێت بۆ ئەوی نوسەر جورێک بێت لە درکپێکردنی بە حاڵەتێک، لای دەوروبەرەکەیەوە درکیان پێنەکردبێ، بۆیە خوازیاری ئەوەیه وەک هەور بارانی ئەو نەشئەبەخشیە ببارانێ و لەوێوە سەیری دنیای پێ بکات،، واتە بەچەشنی پەیام بەرێک لە ویستگەی کامڵبوونی ژیانیدا نهێنی بوون و سروشت بدرکێنێ و سیحری پابەندبوونی خەڵک بە ژیانێکی خۆش نودی، یا بەهەشت ئاسا بڕەوێنێتەوە بۆیان و ڕوبەڕوی بەربپرسیارێتی ژیانەیان بکاتەوە وەک ئەوەی لەهزر و هۆشمەندی تاکێکی هوشیاردا وێنایکردوە، نەک وەک ئەوەی لەدەرەوەی عەقڵ و هۆشمەندیانەوە بۆیان وێنا دەکرێت. لێردا ئاماژەی بەم حاڵەتە کردوە.;کاتێک شاعیر دەڵێت " بۆ خۆشیی مەگەڕێن لە هیچ کوێ نییە//بەهەشتیش تەنیا وشەیەکە بە هەموو زمانەکان دەنووسرێت و دەگوترێت//خوداش دوورە //خودا زۆر زۆر دوورە شاعیر،بەجورێک موخاتەبەی خود دەکات، لەو موخاتەبەیەوە دەیەوێت حەقیقەتێک بدرکێنێ، واتە دەیەوێ پێچەوانەی نەریتی باو بجوڵێتەوەو بەر لەهەموو شتێک عەقڵ و عەقڵگەرایی دەکاتە پێوەری دۆزینەوەی شوناسی خود و سروشتێتی بوون، و ڕۆڵی ئەو بوونە لە ناو سروشتی موڕاڵی ژیاندا،ئەو پێی وایە بۆ په نابردنە بەر خودا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانتان، ئەوا بەتەنگەوەهاتنی خودا بۆ کەسی داواکار ، مەودای نێوانیان زۆر زۆر دورە، بەڵکو ئەوەی بیەوێ لەم ڕێگایەوە چارەسەری گرفت و کێشەکانی بکات، ئەوا پێویست ناکات لە بیری دورو نزیکی خوداکەیدا بێت لەبیری خۆشکردنی دڵیدابێت بەو بەهەشتەی کە بەهەموو زمانەکان دەنوسرێت، بەڵکو خودا لەناو قوڵایی ناخی خودی خۆتایه، ئەو بەهەشتەشی تەمەنایی بۆ دەکرێت لەوێناو نەخشاندنی هەستە باڵاکانی خۆتدا بەدی دە.کرێت . شاعیر بەوردی گوزارشت ڵە و حاڵەتە ی مرۆڤ دەکات،چۆن دووچار تەنایی و دڵەڕاوکێ و پەنابردن دەبێت بەوەدا بزانن کە مرۆڤ تەنیایی خواردوویەتى/ /تەنیایی سواری مرۆڤ بووە//تەنیایی ئاژدادى مرۆڤى گاوە.//شادییەکانتان بشارنەوە/ /ڕۆژگارێک تێکەوتووین شادییمان خەڵکى توڕە دەکات//برینەکانتان نمایش بکەن/ /بۆ ئەوەى خەڵکى دەست بەسەرتاندا بهێنن و / /دڵسۆزانە خوێ بە برینەکانتاندا بکەن/ /ئەمەیە مرۆڤى ئەم ڕۆژگارە/ واتە مرۆڤ توشی دوو جۆر لە ماندوویی بۆتەوە: یەکەم; "ماندوبونی جەستەیی،" بریتییە لە هیلاکبوون لەڕووی جەستەییەوە لەئاکامی کار و ئیشکردنێکی لەڕادەبەدەر . دووەم ماندوبون (لەڕووی ڕۆحییەوە) ئەمەش بریتییە لەهەموو ئەو فشارانەی لەلایەن ئەوانیترەوە وەکو فاکتۆرێکی دەروونی دەخرێنە سەر دیوی ناوەوەی مرۆڤ و لەئەنجامدا لەڕووی سایکۆلۆژییەوە وەکو خەمۆکێ و دڵەڕاوکێ و ترس و فۆبیا و ڕەشبینی و هاوشێوەکانی دەستنیشان دەکرێن ماندوویی ئیتر وەک دۆخێکی وجودی پرسیار لە مانای بوون و ڕەسەنێتی بوون دەکات، وەک هایدێگەر ئەوەمان دەهێنێتەوە بیر کەوا ئێمە بوونمان لەیادکردووە.، وەک نیتچە چەکوشێکمان دەداتە دەست بۆ تێکشکاندنی مۆرالی کۆیلەیەتی. وەک فوکۆ بیرمان دەهێنێتەوە چیتر بایەخ بە خود بدەین. پێش مۆدێرنە سۆفیزم بەو ئەرکە هەستاوە بیناکردنێکی ڕۆحی و فەلسەفییانەی دۆزیوەتەوە بۆ دەرچوون لە ماندوێتیی بە دەست ژیانەوە و بە دەست سیستەمەوە وەک جۆرێک لە ئازارشکێنی ڕۆحی، چونکە چاوەڕوانی سەفەرکردن بۆ بەهەشت بەشێک نەبووە لە چارەسەر ئەوەی پێی ئەوترێت بەهەشت لە ئاینە ئاسمانییەکاندا ئەشێت وەک وچانگە و ئیسراحاتخانەیەکی هەمیشەیی سەیری بکەین کە مرۆڤ بۆ دەرچوون لە ماندوێتی بە دەست بیرۆکەی مردن و سەختی و نەهامەتی ژیانەوە وێنای کردووە. شاعیر دەڵێت ئەگەر زانیاریت لەبارەی شێواندنی ژیانەوە زانیاریت نیە ئەوا ئەم شیعرە مەخۆێنەوە، واتە زانیاری لەبارەی شێواندنی ژیانەوە، مەبەستی ڵە هوشیاری تاکە لە سروشت و بون و دەوربەری، بەواتا گەر تاکێک نەتوانێ لەڕێگای عەقڵانێتەوە شوناسی خۆی بدۆزێتەوە ئەوا پێویست ناکات ئەم شیعرە بخۆێنێتەوە کەتەواوی شیعرەکە لەدەرگای پرسیارە جەوهەریەکانی بوون ددات ؟ ئەوەی نەیتوانیبێ دەقەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە تێک و پێکی بشکێنێت و لە پیرۆزڕاگرتنی قوتاری نەبوبێ ئەوا چاکتر وایە واز لەتەواوکردنی شیعره کە بهێنێت کە کۆی هەموو ئەمانەی خستۆتە ژێر پرسیارەوە. /دەستت لەسەر پارچەیەک سەهۆڵ دابینێ و/ /بیر لە چیا سەهۆڵینەکان بکەرەوە//دەست بخەرە ناو جامێک ئاو و //بیر لە قوڵپدانى کانى بکەرەوە/ /دەستت بخەرە سەر ڕووى گەڵایەک و//بیر لە باغەکان بکەرەوە//دەستت بخەرە سەر مێزێکى تەختە شاعیر پریار لەوەدەکات هەرکاتێک دەستت خستە ناو جامێک ئاوەوە لەسەرچاوەی ئاوەکە بڕوانە، واتە هەرکاتێک ئه وەی لەژیاندا بەری دەکەویت، یا بۆتە نەریتێک و بۆتە بڕوای زۆرینە ی خەڵک، نابێ بکەویتە ژیر کاریگەری ئەوەی کە سەپێنراوە بەسەرتا، بەڵکو دەبێت لەڕێگای تێگەیشتن و شیکردنەوە عەقڵانیەتەوە کۆی ئەوانە بخەیتە ژێر پرسیارەوە، گومانخۆازی دەگەیەنێتە ڕاستی یەکی بەڵگە نەویست .
یەکێک لەو دەنگە ناسراو دیارانەی ناو دونیای شیعری ئێمە، کە ساڵانێکە بەرهەمەکانی دەخوێنینەوە، خاتوو (کەژاڵ ئەحمەد)ە، ئەو هێمن و لەسەرخۆ و عاریفانە ڕۆژ دوای ڕۆژ دەست لەملانی شیعرو دونیا تایبەتەکەی خۆی دەبێت. لەم دیدارەدا سەرنجەکانیمان دەربارەی شیعرو کاریگەری لەسەر دونیا و ئەو وەرگرت و پرسیمان. سازدانی: شاخەوان سدیق هاوڵاتی: شیعر یەکێکە لە گرنگترین و کۆنترین ئەو ژانرە ئەدەبیانەی کە بەدرێژای مێژوو لەگەڵ مرۆڤدا ژیاوە، نیچە پێى وایە (ئەسەفە کە ژیان شاعیرێک دروستى نەکردووە) بەبڕوای ئێوە ئەم گرنگیەی شیعر لە چییەوە ھاتوە. بۆ تۆ دەتەوێت شیعر بنوسیت و بۆ تۆ شیعر چییە؟ - شیعر چییە و گرنگییەکەی لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، پرسیاری زۆر کۆنن لە ھەموو سەردەم و زەمانێکدا شاعیران و فەیلەسوفەکان ئەو پرسیارانەیان لە خۆیان کردووە و لێکدانەوەی جیایان بۆ کردووە. خۆ دەبێت دوای بەسەربردنی زیاتر لە سی ساڵ لەگەڵ شیعردا ، منیش ئەو پرسیارەم لەخۆم کردبێت : ئەی شیعر تۆ چ نیشتمانێکی ئارامیی بەخشیت کە توانیوومە ئەو ھەموو ساڵانەت لەگەڵ بەڕێبکەم. لە کاتێکدا چەندین جار نیشتمانم بەجێھێشتووە و گەڕاومەتەوە بۆلای؟! پێدەچێت وەک عاشقێکی راڕا لەگەڵ نیشتمان ژیابم، بەڵام وەک ھاوسەرێکی ھەمیشەیی لەگەڵ شیعر! لەبەرئەوەی شیعر بۆ کەژاڵ ئەحمەدی ناخم ھەر گرنگ بووە و گرنگە. وەک ئەوەی رۆحم بێت. ئەمە بۆچوونی منە بەپێی ئەزموونی تایبەتی خۆم لەگەڵ ئەو ژانرە خاوەن مێژووە دێرینەی ئەدەب. لە سەرەتاکانی نووسینیشمەوە لە ناوەڕاستی ھەشتاکانەوە تا ئێستا خوێندنەوە و لێکدانەوەی کەسانی تر بۆ شیعر جێگای سەرنجە بۆم و دەزانم لە کۆی لێکدانەوەکاندا ئێستایش شیعر لە نێوان تاوانبارکردن و ئەستۆپاکیدا راگیراوە لەناو کۆمەڵگە جۆراو جۆرەکانی ئەم سەرزەمینە دیجیتاڵی و گەردوونیەدا، شیعر ھەندێ ھەناسەی پڕ لە حەسرەتی پێماوە. نیتشە کە بۆخۆی فەیلەسوف و شاعیر بوو یەکێک لە بۆچوونەکانی ئەوەیە کە شاعیران "ئاوەکە لێڵ دەکەن بۆئەوەی قووڵ دەربکەوێت"! واتا شاعیرەکان بەوە تاوانبار دەکات راستییەکان دەشارنەوە. وەک چۆن ئەفلاتوونیش تاوانبایکردوون بەوەی بنەما ئەخلاقییەکانی ئەو کۆمارە دەڕمێنن کە ئەو دەیوویست لە کۆمارەکەیدا ھەبن، ئەم بە گرنگ و بەپێویست نەزانینەی شیعر و شاعیران بەم بیرکردنەوە ئەفلاتوونییە لەم سەردەمەیشدا بە شێوەیەک لە شێوەکان شوێنکەوتووانی خۆی ھەیە. بەڵام شیعر بێ پشتیوانیش نییە، سوقرات وەک ئامرازی پێشکەوتنی مرۆڤ وەسفی دەکات و بەباڵاتر لە فەلسەفەشی دادەنێت. نەک ھەر شیعر ئەدەب بەگشتی لە لێکدانەوەی پەیوەست بە سەردەمە جیاکانەوە رزگاری نەبووە و ناشبێت، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا چەمکی مردنی ئەدەب یان مەرگ دەق جێگای باسبوو، ھەڵگرانی ئەم باوەڕە پێیان وابوو ھیچی نوێ نەماوە بنووسرێت ئەوەی دەنووسرێت داڕشتنەوەی نوێیە بۆ ھەمان ئەو دەقانەی پێشتر نووسراون. پێیان وابوو ئەو دەقانە نەماون کە گۆڕانکارییان لەدنیادا بەرپا دەکرد، لەم ساڵانەی دواییدا نووسورێک بەناوی (یۆھان فایربر) بە کتێبی (دوای ئەدەب- نووسینەوەی سەردەم) بۆچوونێکی دیکەی خستەڕوو کە نەمردنی دەق رەتدەکاتەوە و نە نەمریشیی، لەو نێوەندەدا لێکدانەوەیەکی بەرھەمھێناوە کورتکراوەکەی ئەوەیە (ئەدەب دەمرێت وەک ھەلێک بۆ لەدایک بوونەوەیەکی تر) بۆچوونەکەی لەسەر پاکنووسکردنی نووسین بنیات ناوە و دەڵێت (ئەو لاپەڕەیەی نووسینێکی تیادا پاکنووس دەکەین دەبێتە گۆڕی دەقەکە و لەھەمان کاتیشدا شوێنی لەدایکبوونەوەی دەقەکەیە ) . بە بۆچوونی من ئەگەر (گۆران) ی مەزن ئەو بازە گەورەیەی بە شیعری کوردیی دابێت بەرەو ئازادبوون و سەردەمیانەبوون بەھەمان کەرەستە زمانیی و ھەستییەکانی سەردەمی کلاسیکەوە ھەمان کاری کردووە کلاسیکی ناشتووە لەو شوێنەی ھاوچەرخی خستۆتە بێشکەی لەدایکبوونەوە. لەڕاستیدا ھەموو لێکدانەوەکان بەوانەشەوە کە شیعر و شاعیر فڕێدەدەنە دەرەوەی جیھانەکانیان جەختکردنەوەن لەسەر گرنگی و کاریگەریی شیعر لەسەر ژیانی مرۆڤ وئەو ژینگەیەی تیایدا دەژی. ئینجا ئەگەر شیعر بۆ شاعیرێکی گەورە و بەئەزموونی وەک ئەدۆنیس ئەو گەرووە بێت کە ھەناسەی لێوەدەدات و بۆ ھەندێ نوسەری جیھانیش ئەو ژانرەبێت کە مرۆڤ توانای پێناسە کردنی نییە، شیعر بۆ من ئەو جیھانە گریمانەییەیە کە تیایدا دەژیم، ئەگەر نەبووایە ژیانم زەحمەت دەبوو. هاوڵاتی: (مارتیڤ ئەرنۆڵدە)ش دەڵێت" ئەدەب ڕەخنەی ژیانە" بەڕاستی ئێوە پێتان وایە ئەدەب و تێکستی شیعرى بۆ کاری ڕەخنەگرتنن لە ژیان، یان ئەدەب و شیعر خوڵقاندنی دونیایەکی نوێن لەو دیو ژیانی واقیعییەوە، بەگشتی پەیوەندی ئەدەب، بەتایبەت شیعر بە ژیانەوە چۆن دەبینن؟ - ئەدەب و تێکستی شیعریی ئامرازنین بۆ رەخنە گرتن لە ژیان لەوانەشە رەخنەگر بێت لە ژیان، ھیوادارم مەبەستەکەم گەیشتبێت. ئێمە رەخنە دەگرین، چونکە دەقی ئەدەبیی ژیانە لەسەر کاغەز یان لاپەڕە، بەڵام شیعر ئامڕاز و ئامانج نییە بۆ مەبەستێکی دیایکراو کە ڕەخنەیە. دەقی ئەدەبیی ئامانج و ئەرکەکانی فراوانترن و ناکرێت لەیەک ئەرکدا قەتیسبکرێت. پەیوەندیی ئەدەب بەگشتی و شیعر بەتایبەتی بە ژیان و مەرگیشەوە رەنگ و تام بە ئەدەب دەبەخشن، جۆری پەیوەندییەکەش ئاوێنەی ئەو سەردەمەن کە نووسەر تیایدا ژیاوە. كتێبی ( ئەدەب چییە) کەی (جان پۆل سارتەر) کە وەڵامی سێ پرسیاری جدیی تیادەداتەوە: ئەدەب چییە ؟ بۆچی دەنووسین ؟ بۆ کێ دەنووسین؟ زۆر جوان ئەم ھاوکێشەیە دەکات و لەنێو ھەموو ژانرەکانی ئەدەبدا بە تەنیا شیعری لە بازنەی پابەندبوون (الالتزام) دەرھێناوە و بارگاویی نەکردووە بە ھیچ جۆرە ئیلتزامێک و ئازادی کردووە و نەیکردووە بە ئامرازی ھیچ ئەرکێکی ئیجباریی. ئەمەی لە سەردەمێکدا خستەڕوو کە سەراپای جیھان بەھۆی بیری شۆڕشی ئیشتراکییەوە ئەدەبی وەک ئامرازی دژبە کاپیتالیزمی جیھانی و بەرەنگاربوونەوەی نادادپەروەریی چاولێدەکرد. ئینجا کاک شاخەوان ئەگەر ئەم پرسیارەت لە سەرەتاکانی دەرکەوتنمدا لێبکردمایە کە ھەڵگری بیروباوەڕیی مارکسی بووم وەڵامەکەم جیاواز دەبوو، من لەئێستادا پێم وایە شیعر و ئەدەب خودی ئەو ژیانەن کە ئێمەی نووسەر خوازیارین ھەبێت یان ئەو ژیانەن کە رەتیدەکەینەوە بەو شێوازەی ئێستای تیایدا بژین، ئەدەب و شیعر چەک نین بۆ کوشتنی دوژمن و نامەی دڵداریی نین بۆ بەدەستھێنانی دڵی دڵخوازەکەمان ئەو ئاوێنەیەکە بە ئامرازی بوونی خۆمان نیشاندەدات، من پێم وایە شاعیرەکان حیکایەتخوانی کارامەی سەردەمەکانی خۆیان و ئەفسونگەرە ناودار و ئایندە بینەکانی گەردوونن. ئەمە بۆچوونی منە بۆچوونی کەسێکی ئەم سەردەمە کە روانینێکی ئێستایی ھەیە، مەرجیش نییە ھەموو ئەوانەی باسی ئێستا دەکەن ھاوچەرخ و سەردەمییبن وەک چۆن مەرج نییە ئەوەی نووسەرێکی ئەم سەردەمە بێت نووسینەکانی ئێستایی و رەنگدانەوەی ئەو سەردەمە بێت کە تیایدا دەژیی. بە سەدان شیعر و شاعیرمان ھەن لە کۆندا دەقەکانیان چەقیوە و لە ئەمڕۆ و ئێستادا مرۆڤی ھاوچەرخ و سەردەمین. هاوڵاتی: زۆر جار دەوترێت پرۆسەی نوسین بەسەرھاتی تەواو نەبووی ھەریەکێک لە ئێمەیە، یان کاتێک مرۆڤ دەستی بە ھێنانەدی خەونەکانی ناگات پەنا بۆ نوسین دەبات. بەڕاستی نوسەر بوون دواکارتی فشاری مرۆڤە بۆ بەردەوام بوون لە ژیان، یان نوسین بۆ دەستڕاگەیشتنی مرۆڤە بە ئاشنابوون بە دیوێکی کەی ژیان و کەشف کردنی دونیا یەکی نوێیە؟ - نازانم بۆ کەسێکی تر ھەستەکە چۆنە، بەڵام شیعر بۆ من ئەوەی دووەمییانە. واتە ھەوڵدانە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئاشنابوون بە دیوێکی دیکەی ژیان ودۆزینەوەی دنیایەکی نوێ، زۆر بەم دنیایە نەچێت کە تیایدا دەژین، دەتوانم بڵێم شیعر دنیای خەونە کوژراوەکانمە، چیرۆکە تاڵ وگۆشە ناشیرین و تاڵەکانی جیھانە راستەقینەکەمی تیادا دەگێڕمەوە و خواست و روانینەکانمی تیادا دەنووسمەوە کە لەوانەیە خواست و خەون و روانینی تەواوی میللەتێک یان تەواوی مرۆڤایەتیبن. پێم وایە لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشوودا بەڕوونی وتوومە نووسین چییە بۆ ژیانی من، بەڵام پرۆسەی نووسین لای ھەر نووسەرێک مەبەستێک دەپێکێت و لە شێوە گشییەکەیشیدا ئامانجێکی فراوانتری دەبێت. بۆچوونەکان زۆرن وەلێ نووسین بۆ ھەندێکمان وەک خوێندنی ئەو باڵندە دەنگخۆشەیە کە ئەگەر دەنووکی ببەسترێت و بخرێتە قەفەسێکەوە دەمرێت. ھەموو مرۆڤێک بەوانەیشەوە کە نووسەرنین گۆرانییەکیان ھەیە حەز دەکەن بیچڕن لەژیاندا ئەوانەی نووسەرنین گۆرانییەکە بۆ خۆیان دەڵێن و نووسەرەکان ھەموو دارستانەکە و زیندەوەرانی ئەرز و ئاسمان گوێی بۆ ھەڵدەخەن و مانایەک دەدۆزنەوە بۆ ژیانیان لەسەر زەوی. هاوڵاتی: ( ماغوت) لە دیدارێکدا دەڵێت"شاعیرە ڕاستەقینەکان شاعیری ژیانن، ئەو شاعیرانەن مەرگی باڵندەیەک و لێڵ بوونی جۆگەیەک، ھێندەی مەرگی مرۆڤێک نیگەرانیان دەکات، ئەم تێڕوانینە تا چەند لە ڕاستیەوە نزیکە لە کاتێکدا زۆرێک لە شاعیران تەنھا لەکاتی نوسینی شیعردا شاعیرن. - ماغوت لە ژیانی رۆژانەیشیدا شاعیر بوو، لە کۆتاییەکانی ژیانیدا بوو کە لەگەڵ (ھێرۆخان و د. شێرکۆ عەبدوڵڵا و فەخری کەریم) چووین بۆ سەردانی، لە شوقەیەکی سادەی شام دا لەسەر قەنەفەیەک کەوتبوو، لەسەر مێزەکەی بەردەمی ژمارەیەکی زۆر لە حەب و دەرمان ھەڵدرابوونەوە. رووانین و قسە و رەفتارەکانیشی شاعیرانەبوو. لەڕاستیدا (ماغوت و ئەدۆنیس و مەحمود دەروێش و سەلیم بەرەکات) ئەو قەڵەمانە بوون کە ساڵانێكی زۆرە لەو دیوو شاکارەکانیانەوە سەیری کەساتییە شیعر ئاساکانیان دەکەم، ئەگەرچی مەرج نییە شاعیران لەژیانی ئاسایشدا شاعیرانەبن، بەڵام بەپێی ئەزموون گەیشتوومەتە ئەو راستییەی ئەوانەی نووسەر و شاعیری راستەقینەن لە ژیانی رۆژانەشیاندا شاعیربوون رەنگدەداتەوە و رەفتاریان رەنگدانەوەی ئەو دنیایەن کە لە بەرھەمەکانیاندا بەریدەکەون. لەناو کوردا ئەزموونی (حەمە عومەر عوسمان) و تاکە دیوانەکەی (لەغوربەتا) شایستەی قووڵبوونەوەیە لە ھەڵسەنگاندندا، جارێک ویستم بزانم ئەو جەنەڕاڵی پایزەی کە پایز شان و ملی درەختێک رووت دەکات ئەم پاڵتۆکەی خۆیی لەبەردەکات، ئەم شاعیرە لە ژیانی ئاسایدا چۆنە، گەیشتم بەچەند چیرۆکێک یەکێک لەوانە ئەوەیە پاڵتۆکەی بەخشیووە بە سەگێکی تەزیووی کۆڵانێکی وەرزی زستان. ئەزموونێکی تری شاعیرانە ژیان ئەو چیرۆکەی مامۆستا (لەتیف ھەڵمەت) ە کە لە حەفتاکاندا بە رۆژی رووناک بەچرایەکەوە گەڕاوە، یان لە ھەشتاکاندا (ئەحلام مەنسوور) لە کۆڕێکی مامۆستا ھێمن دا چۆتە سەر شانۆ و ماچی داوەتێ لەوەڵامی ئەو شیعرەیدا کە دەڵێت "وەرە ماچم دەیە ماچی خودایی کەبێزارم لە ماچی سینەمای". ئایا لەبیرتانە یان بیستووتانە لە نەوەدەکان فەرھاد پیرباڵ بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ چۆن بە ھەموو باوەڕێکەوە دەیوویست خۆی بسوتێنێت، ئایا شاعیرانە نییە کە مامۆستا شێرکۆ بێکەش وەسێتی کرد ولە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی نێژرا؟! ئەی بیستووتە چۆن خۆشەویستیی ژنە شاعیری رۆژھەڵات ژیلا حوسەینی بۆ دیداری شاعیرێکی گەورە لە رۆژێکی تەماویدا بە منداڵێكەوە لە سنەوە بۆ تاران دەچێت و لەرێگە خۆی و کۆرپەکەشی لەئەنجامی وەرگەڕانی ئوتۆمبێلی ھاوسەرەکەیدا کۆچی دوایی دەکەن، چیرۆکەکانی شاعیرانە ژیان و مردن زۆرن و ئەوەمان بۆ دووپاتدەکەنەوە کە شاعیر و نووسەرە راستەقینەکان بەشێوەیەکی خۆڕسک ژیانیشیان شاعیرانە دەبێت. هاوڵاتی: کاتێک بەر نوسین یان دەقێکی تۆ دەکەوین لەگەڵیدا بەر دونیایەک خۆزگ و هیواوى نوێ و وێنەى شتەخوانەکان بە زمانێکى سادەو بێگرێوگۆڵ دەکەوین، دەمەوێت بپرسم زمانی جیاواز یان جیاواز نوسین، تاچەند بۆ نوسەر گرنگە؟ ئایا زمانی جیاواز مەرجە بۆ پرۆسەی داھێنان؟ - ئەدەب خۆی کارکردنە لە سەر پانتایی زمان و شیعر باشترین ئەسپی تاودراوی ئەو ناوەندەیە بۆ دەرخستنی ھونەر و جوانییەکانی زمان و ئاست و توانای زمانەوانیی نووسەر. ئەو نووسەرەی خاوەنی زمانێکی جیاواز نەبێت نابێتە خاوەنی مێژوویەکی ئەدەبیی جیاواز لە نووسورانی سەردەمەکەی خۆیی و ئەوانی پێش خۆی و ئەوانەیش کە لە ئایندەدا دێن. بەشێکی زۆر لە ناوداریی و گەورەیی شاعیرێکی وەک نالی کارکرنە جیاوازەکەی بووە لەکایەی زمانی کوردیدا، کاری نوێگەرانەی ئەم شاعیرە ئەوە بوو بەشێوەزارێک تێکستی شیعری کوردیی نووسی کە لەسەردەمی خۆیدا زۆر سەرزەنشت کراوە لەسەری بەڵام دواتر بەو ھەنگاوە جەریئەی چۆتە مێژووی ئەدەبی کوردییەوە. ئەگەرچی شێوازەکەی کوردییەکی سۆرانی تەواو پەتی نییە و کاریگەریی زمانی عەرەبی و تورکی و فارسی پێوەدیارە، بەڵام ئەم ھەنگاوەی نالی زۆر گرنگ بووە بۆ دامەزرانی پایەکانی نووسین بەشێوەزارێکی نوێی کوردیی خۆئەگەر شیعری نالی بەشۆڕشێک لەبواری زمانی شیعریدا سەیربکەین ئەوا عەبدوڵڵا گۆران بە شۆڕشێک لەبواری فۆڕم و زمانیشدا چەند ھەنگاوێکی کە شیعری کوردیی بەرەوپێش بردووە. با ئەوەش بڵێم کە نالی لە وەڵامی لۆمەکارەکانیدا وتوویەتی:" کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆی کوردییە خۆ کردییە، ھەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مانا دەکا" بەم شیعرە نەمرەی کە ھەر ئەو چەند کۆپلەیەم بیرماوە کاری پاڵەوانانەی خۆی لەناو مەیدانی زمانی شیعر نووسیندا کردووە بەمێژوو بۆ نەوە شیعرییەکانی دوای خۆی. لە ھاوچەرخەکانیش ئەزموونی مامۆستا شێرکۆ بێکەس دیارترینە، بەرھەمە ناوازەکانی ئەو فەرھەنگێکی دەوڵەمەندی زمانن. ئەسڵەن زمانی نووسین لای کاک شێرکۆ وەک ئەو قوڕە لەبارەیەیە کە دەیتوانیی ھەموو توحفەیەکی سەرسوڕھێنەری لێ دروستبکات. وەستاکانی زمانی کوردیی لەبواری ئەدەب و شیعردا کەم نین و ھەر شاعیرێکی دیار خاوەنی زمان و شێوازی نووسینی تایبەت بە خۆیەتی. ھەروەھا گروپە ئەدەبییەکانیش جیاوازییان لە نووسیندا بەشێکە لە ناسنامەیان ھەر بۆ نموونە: گروپی کفریی یان نووسەرانی روانگە یان رەھەندییەکان یان تەمبور قوڕییەکانی ھەولێر و ئەوانی دیکەیش ھەوڵدانیان بۆ کارکردن لە پانتایی زمانی کوردیدا جیاواز و جیاکەرەوەیش بووە. ھەر ئەو جیاوازیی نووسینەیشە دەبێتە ناسنامە بۆ نووسەرەکە، ئەگەر سەبارەت بە ئەزموونەکەی خۆم پرسیارم لێدەکەیت بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی پسپۆڕە ئەکادیمییەکانی جیھان و کوردستان سەبارەت بەشیعری من وتوویانە وەک (ئینگەر ئونستساد) ی مامۆستای کۆلێژی ئاداب لە ئۆسلۆ و (ئالانا لیڤنسون ماری لابروس) ی مامۆستای زانکۆی ئەمریکی و سەنتەری وەرگێڕانی شیعری جیھانی لە لەندەن و پرۆفیسۆر دکتۆر (عیزەدین مستەفا رەسوڵ و خاتوو لەیلا عەتاڵڵا) ی لێکۆڵەر وشاعیری مەغریبیی لەگەڵ زۆرێک لە ناوی درەوشاوەی تر، پێیان وایە خاوەنی زمانی نووسینی جیاواز و ژنانە و تایبەت بە خۆمم. لەوانەیە بۆ شاعیرێکی مێینەی ناو پانتاییەکی رۆشنبیریی پیاوانە ئاسانتر ئەو جیاوازیی زمان و تایبەت بوونەی دەق ھەست پێبکرێت، بەڵام لەوباوەڕەدام ھیچ داھێنانێک لە دنیادا نییە خاوەنی جیاوازیی لە زمان و شێوە و دەربڕینیدا نەبێت. هاوڵاتی: زۆر جار باس لە قەڵەمى (نێر و مێ) دەکەوێت، لە پرۆسەى نوسینا، تۆ تاچەند بڕوات بە نوسینى (نێرانە و مێیانە) هەیە، پێتانوایە ئەوو دووقەڵمە لەنوسیندا جیاوازن، یان نوسین هەر نوسینە جا نوسەرەکەى نێربێت یان مێ؟ - بڕوای تەواوم بە نووسینی ژنانە ھەیە، بەڵام بەو مانا سادە و ساویلکەیە نا کە ئەو تێکستە ژن نوسیوویوتی یان پیاو. باشترین ئەمەیە جیاکاریی کاتێک یەکێک باڵاتر لەویکە دابنێین بەھۆی رەگەز یان نەتەوە یان ئاینەوە، ئەدەبی ژنان بەومانایە پشتیوانیم کە زمانێک ھەیە سەربە جیھانی ژنە لەم دنیایەدا کە ژن چەوساوەیە وھێشتا پلەدووە. زمانێک ھەیە زمانی پیاوە، کەباڵا دەست و خۆسەپێن و خۆ بەپلە یەک زانە. ئێوە ئەو پیاوانەتان پێ چۆنە کە لە شەست و حەفتاکاندا و لە سەر شانۆ و لەتەلەفزیۆنی رەش و سپیدا رۆڵی ژنیان دەبینی خۆ ھەندێکیان ھەرزۆر سەرکەوتوو بوون، بەڵام ئایا دەیانتوانی قەناعەت بە منداڵێکیش بکەن ئەوان ژنن؟ نەخێر نەیانتوانی ھەردەبووایە ژنان بێنە سەر شانۆ و لەتەلەفزیۆنە رەش و سپی و رەنگاورەنگ و دیجیتاڵەکانەوە دەربکەون و رۆڵ ببینن، ئەدەب و شیعریش بەھەمان شێوەن، (نزار قەببانی) لە زمانی ژنەوە زۆر شیعری جوانی نوسیووە و شاعیری کوردی واماشمان ھەن ھەموو شیعرەکانیان بۆ ژنە، بەڵام ھیچکام لەمانە جیھانی راستەقینەی ژن وێنا ناکەن. وەک ئەوەیە بمانەوێت قەناعەت بە خەڵک بکەین گوڵی دەستکرد دەتوانێت جێگرەوەی گوڵی سروشتی بێت. ھاوڕێم ئێمەی ژن لەکۆمەڵگەیەکی رۆژھەڵاتیدا بە ئومێدێکی دوور لە واقیع و بە وتنی قسەیەک کەدەڵێت ئەدەب رەگەزی نییە و نابێت بەسەر ژنانە و پیاوانەدا دابەش بکرێت، نابین بە پلە یەک یان ھاوشانی پلەیەک. تا ژنکوشتن ھەبێت، تا دوورخستنەوەی مێینە ھەبێت لە بوارەکانی رۆشنبیریی و ژیان، زمانی ژنانە لە ئەدەبدا یەکێک دەبێت لە ئەگەرە حەتمییەکان کە دەبێت ھەبێت. ژن دەبێت ئەدەبیاتی ژنانە پەرەپبدات و خۆزگە دەیتوانی باوەڕی پێی ھەبێت. پیاو پێویستی بەوەنییە ھەوڵبدات ئەدەبیاتی ھەبێت لەبەرئەوەی ئەدەبیاتی کوردیی تاپۆی رەشی پیاوەکانی بواری ئەدەبە تاک و تەرا دەنگی ژن دەبیسترێت لەو تاک و تەرایەش ھەمووان بە ژمارەیەکی کاریگەری بوارەکە دانانرێن! بەڕای من نووسین ھەر نووسین نییە، ژن بینووسێ یان پیاو. لەبەرئەوەی تایبەتمەندیی قەڵەمی ژن لە گێڕانەوەی ئەو ئەزموونانەدا کە بەتەنیا رەگەزی مێ پێیدا تێپەڕیووە بەدرێژایی مێژوە قوڵترین و کاریگەرترینە. پرۆسەی دووگیانی و منداڵبوون بۆ ژن ولە بەرامبەر ئەمەشدا ھەستی پیاو کە بەکۆرپەیی لەلایەن دایکییەوە لە رەحمێکی ئارامەوە فڕێدراوەتە ناو دنیایەکی دڵڕەق و بێڕەحم. کە گەورەش دەبێت بە ھەموو ھێزیەوە ئەم مەخلوقەی ناوی پیاوە ھەوڵدەدات بگەڕێتەوە ناو ئەو ئارامییە لەرێگەی خۆشەویستی و ھاوسەرگیرییەوە و شکست دەخوات و باڵا دەستێکی تۆڵە سێنەوەی لێ دەردەچێت، ژنیش کە لەپای میھرەبانییەکانیدا ھەر دڵڕەقی دەچنێتەوە لە دەوروبەری رادەوەستێت و بەگومانەوە لە دنیا دەڕوانێت. ئیتر ئەم دوو ھەستە مەگەر ھەر دوو رەگەزەکە خۆیان بتوانن باسیبکەن. ژنان و پیاوان بەدوو ھەستی جیاواز و ئاڵۆزەوە لەیەک جیھانی ھاوبەشدا دەژین و بەھۆی کۆدی خۆ گونجاندنەوە درێژە بە پێکەبوون ئەدەن. نووسین ئەو ئاڵۆزکاوییە تەواو خاو دەکاتەوە، بەمەرجێ ھەردوو رەگەزەکە بەزمانی رەگەزی خۆیان باس لەھەستەکانیان بکەن نەک کۆیلە لاسایی سەردارەکەی بکاتەوە. بەلامەوە مەبەستە ئەگەر ناوەکەشم لەسەر شیعرەکەم نەنووسم بەلای کەمەوە بزانرێت ئەمە شیعری ژنێکە. ئەگەر نەشزانرا کە شیعری (کەژاڵ ئەحمەد)ە. ئەو رەگەزی مێیەی لە رۆژھەڵاتدا ترس لە خێزان و پیاوانی عەشیرەت لاڵی کردووە یان کردوویەتی بە کەسێک ھەموو ھەستەکانی بە باشیی بشارێتەوە ئیتر چۆن ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرێت لەبواری نووسیندا ئازاد و ئازا بێت ؟! زۆر کەمن ئەوانەی دەوێرن خۆیانبن لەسەر کاغەز و لەژیانی رۆژانەیشدا. هاوڵاتی: زۆرجاران ڕەخنە لە نوسەرە خانمەکان دەگیرێت بەتایبەت لە شیعر نوسەکان کە ئەوخانمانە بە بەکارهێنانى ووشەى ئیرۆتیکى و جنسى و جەستەیەکان سەرنجى خوێنەران ڕادەکێشن بۆ ئەوەى زۆربخوێنرێنەوە، ئێوەبۆچونتان لەم بارەیەوە چۆنە؟ پێتان وایە ئەو ڕەخنانە بێبنەمان و ئەوە جوانى دونیاى خانمان خۆیان و نوسین و دەقە یان ئەوە دیدى پیاوسالارانەى کۆمەڵگایە یان نەخێر ڕاستەو زۆرێک لە قەڵمى لاوازى هەندێک خانمە ئەو هەلە دەقۆزنەوە بۆ خۆێندنەوەیان و سەرنج ڕاکێشان مەبەستمە دیدى تۆبزانم. - رەخنەکە لەشوێنی خۆیدایە، ئەگەر بەڕاستی دۆخەکە بەوجۆرە بێت کە باسیدەکەیت. سەردەمانێک ئەو کاتانەی خاتوو (شیرین کاف) بەرپرسی ئەدەب و ھونەر بوو، بەمجۆرە دەقانەی دەوت: (عەرزی عەزەڵاتی جورئەت) واتا نمایشکردنیی لەشجوانیی جورئەت، ئەم شیعرانە نەدەچوونە قاڵبی داھێنانەوە بەڵام ئارەزووی پیاوانیان دەجووڵاند و قەرەباڵغییان لە دەوری خۆیان دروست دەکرد. پیاوی شاعیریش ھەن بە باسکردنی ھەمیشەیی جەستەی ژن لەشیعریاندا یاریی لەسەر پەتی ئەو ھەست و ئارەزووانەی خوێنەردەکەن، بەڵام مەرج نییە دەقی نەمر و شاکاری ئەدەبیبن. نزار قەببانی لە دیدارێکدا دەڵێت: ناوبانگی ھەندێک وەک ناوبانگی سەماکارەکانی سەمای رۆژھەڵاتییە کە دەتوانن قەرەباڵغیی سەیر لە دەوری خۆیان دروستبکەن بەجۆرێک ھیچ نووسەرێکی گەورە نەتوانێت ئەو ھەموو جەماوەرەی ھەبێت بەڵام ناتوانێت وابکات تاسەر بەو تامەزرۆییەوە لە دەوری بمێنن. کەواتە کاری نووسەری راستەقینە وروژاندنی دەوروبەر نییە پێشەوایەتی کردنی جەماوەر و خوێنەرەکانیەتی بەرە و ئامانجێکی روون و ئایندەیی. پێم وانییە رەخنەیەکی بێ بنەماو دیدێکی پیاوسالارانەی لەپشت نیە ئەگەر باس لە ناشیعرییەت بکرێت لەو دەقانەی بەشیعر حسابیان بۆ دەکرێت ھەر لەبەرئەوەی نووسەرەکانیان ژنن و باسی جەستەی خۆیان دەکەن بۆ وەوژاندنی بەرامبەر نەک لەپێناوی خوڵقاندنی دەقێک. لەدوو ھەزارەکاندا باسی ئەو جۆرە نوسەرانەمان دەکرد، کە قەڵەمی لاواز بوون، بەڵام زیاتر لە نووسەرێکی گەورە گرنگییان پێدەدرا، ئەمانە نەتوانیان بمێننەوە بۆ ئەمڕۆ نە بەو نووسینانە توانیان سەرنجی ناوەندەکانی وەرگێڕان و چاپ و بڵاوکردنەوە جیھانییەکان بۆلای خۆیان رابکێشن، لەبەرئەوەی داھێنان و ناوبانگی راستەقینە شتێکی زیاتر لەدەھۆڵ کوتانی راگەیاندنەکان و لە ختوکەدانی ئارەزووە رووکەشەکانی پێویستە. بە زمانێکی ناپوختی کوردیی و توێشوویەکی خاڵیی لە مەعریفەت و ھەڵوێستی شاعیرانەی ئەو سەردەم و زەمانەی تیایدا دەژین نابینە نووسەر و شاعیری راستەقیینە، ناوبانگ بەرپرسیارێتیەکە قوربانیدان و زەمان و زەمینەی لەبار دروستیدەکات و کاری بەردەوام و نوێگەریی بەردەوامییەکەی مسۆگەر دەکات. نووسەری راستەقینە چ نێر بێت یان مێ رۆژگار دروستیدەکات. دەکەوێتە بەردەم تاقیکردنەوەی سەخت و رۆژانی تاڵ کە تیایدا کەسانێک ئەو مەودایەی تۆ بە سەختی بڕیووتە زۆر سانا پێی بگەن. لەیەکێ لەشیعرەکانی دیوانی بەندەری بەرمۆدا دا وتوومە: "ئەوەی کە من بەنیووەی تەمەنم سەندم . یەکێکی تر، بەدەرخستنی لاسکی ستیانەکەی وەریگرت"!!! نائومێدیی لەو دوورییەدا نییە کە ھەندێ کەس بە وروژاندن کورتیدەکەنەوە، نائومێدیی ئەوەیانە قوربانیدان و رەنجی چەند ساڵەی میللەتێک بەقووربانی لاسکی ستیانێک بکرێت!
دلێر محەمەد نووری رەنگە هیچ شتێک لە سەر ئەم گۆی زەوییە هێندەی قۆناغەکانی مێژووی کورد لە یەک نەچن. ئەم مێژووە ئەوەندە دووبارەیە گۆڕینی ناوی کارەکتەرەکانی وشوێنەکان و کاتەکانیش تۆزقاڵێک کۆمەکی ناکەن لەوەی کەمێک ئەگەر بە ئاستەمیش بێت؍ خەت وخاڵ وشێوەی دەموچاوی قۆناغەکانی لە یەک دووربکەونەوە.ئەم قۆناغانەی مێژووی کورد کۆپییەکی هێندە کووشندەن ولە بەریەکگرتنەوەیەکی هێندە ترسناکن کە خودی کارەکتەرەکانیشی کە خۆیان داهێنەرین ڵەو دووبارە بوونانە تێناگەن ووانەیەکی ئەوتۆی لێ وەرناگرن تا هەنگاوی داهاتوویان لە هەڵگری هیچ گەرایەکی میحنەتەکانی دوێنێ نەبن. کورد لەو کەمە نەتەوانەیە کە لە هەموو قۆناغکانی مێژووی خۆیدا سوننەتەکانی پێشووی پیادە دەکاتەوە وزۆربەی خەلک وەکو خزمەتکارو مورید ژیاوە بۆ بتە شکاوەکانی دوێنێ و بتە درووستکراوەکانی ئەمرۆی؍ بە جۆرێک هەر سە رۆکێک کە خۆی دروستی دەکات هەموو هیواکانی تا پلەی قودرەتی ئیلاهی بە پێوە هەڵدەواسێت. کاتێکیش پێچەونەکەی بۆدەردەکەوێ بتەکەی خۆی تێک ئەشکێنی وساتێک بێ هیوا ولە وەهمدا دەژی تا کاتی درووستکردنی بتێکی تازە وپەرستنی بە هەمان سوننەتەکانی پێشووەوە. لە بەرەبەیانی مێژووەوە شۆڕببەرەوە تادەگەیتە رۆژی ئەمڕۆمان ڕاستی ودروستی ئەم گریمانەیەت بۆ روون دەبێتەوە. ئەمە کرۆکی بیرۆکەی ڕۆمانی دەریاس ولاشەکانە. وەهمی سەرەکی مێژووەیەکی دوور ودرێژی کوردە کە هەر گەیشتنە لووتکەیەک بەداڕمان ووەهمێک کۆتایی دێت. بەختیار عەلی هاتووەلە دووتوێی رۆمانەکەیدا ئەم ڕاستییە تاڵانە بەرجەستە بکات. هەرچەندە من دەرچووی بواری زمان وئەدەبی کوردیم؍ بەڵام ئەم تێکستەم بە ڕەخنەیەکی ئەدەبی رووت لێ وەرمەگرن؍ هیندەی ئەوەی کەچەند وردە سەرنجێکی بچووکە لە هەندێ ڕەمزی ناو ڕۆمانەکە کە سەرنجی منی بۆخۆی بردبوو. ئەوەی من هەستم پێکردبێت نووسەر پەنجە بۆ قۆناغی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەرینی هەرێمی کوردستان ڕائەکێشێت و زۆری ئاماژەکان بۆ سەرۆک و سەرکردەی حزبە کانی کوردستانە؍ جا وەکوو خوولقێنەری ئەو مێژووە بێت . یان مێژوو مێژووی خەڵکە و بە جۆرێک لە جۆرکان خەڵکی خۆی عەرشێک دادەمەزرێنێ و سەرۆکێک لە وێنەی خودا دەخاتە سەر عەرش و لە قۆناغێکی تردا هیوای بەم خودایەش نامێنێت وبە سەرپەرشتی خودایەکی تازە هەوڵی تێکشکانی بتی سەرۆک یان خودا کۆنەکە دەدات؍ یان هەر نەبیت لە سەر عەرش دەیهێنێتە خوارەوە.نووسەر لە لاپەرە ۵ و٦ و۷ ودواتریش بە گێڕانەوەیەک دەستمان ئەگرێت و دەمانباتە ناو ڕۆمانەکەوە کە باس لە هێنانەوەی تەرمی سەرۆکێک ئەکات کە شانزەساڵە بە ئەمانەت نێژراوەو لە مەراسیمێکدا ئەهێنرێتەوە بۆ خاکی وەتەن. بە هەندێ سەرنجی سەیرو هەندێ جار دژبە یەک کە لە ڕووانگەی خوودی خەڵکەکە خۆی سەرچاوەی گرتبوو؍ دەیەوێت بینینی خەڵک بۆ سەرۆک نیشانبدات لەو کات ودەڤەرەدا. هێنانەوەی تەرمی سەرۆکێک دوای شانزەساڵ لە مردنی لە مەراسیمێکی پڕ شکۆدا؍ لەولاشەوە ئەلیاس کە دواتر ئەبێت بە کاراکتەرێکی سەرەکی رووداوەکان لاشەی ئەو سەرکردەیەی وەکو دارجگەرەیەکی رزیوی بێ بایەخ تەماشا دەکات و ئەو بۆ کەسێکی دی دەگەڕا تا بیکا بە سەرۆکی خۆی وهیواکانی پیا هەڵواسێت. لە سەرێکی دیکەشەوە باسکردن نووسەرلە ژمارەی زۆری سەرۆکەکان و مردنی لەناکاوویەک لە دوای یەکیان وتێگەیشتنی حیزبەکان لەوەی کە هەمیشە پێویستە سەرۆکی یەدەک وخەزنکراویان هەبێت وشەڕی سەرۆکەکان لە سەر موڵکایەتی ئازادی ورزگاری و دانانی گۆرستانی تایبەت بە سەرۆکەکان دەیەوێت گرنگی سەرۆکمان لای ئەم میللەتە بۆبخاتە ڕوو کە مەحاڵە شۆرش بە بێ سەرۆک هەڵگیرسێ وسەررێبکەوێت. لە باسکردن لە تەرمی قەمەرخانیشدا کە دوای شانزە ساڵ لە مردنی تێکنەچووە و بۆنی مردووی لێ نایات و لە کەسێکی نووستوو ئەچوو تا مردوو. درووستکردنی ئەم هالەیە لە موعجیزە سەیرکردنی خەڵکیمان نیشان ئەدات بۆ سەرۆک جیاواز لە سەیرکردن بۆ مرۆڤێکی ئاسایی؍ کە دواتریش لە کەسایەتی ژەنەرال بیلال و تارماییەکەشی جوانتر ڕەنگدەداتەوە. کە هەندێک لە سیفەتی نەمری یان خوایی بوون پێئەبەخشێت لە ڕۆمانەکەدا کە لە ڕاستیدا وا نییە و بەڵام بۆ بەردەوامی دان بە ڕێبازی سەرکردەیەک پێویستی بە جۆرێک لە نەمرییە. بۆ زیاتر پاڵپشتی ئەو بۆچوونەشم سەرنجتان بۆ گفت وگۆیەکی نێوان مامۆستا مەردان و دەریاس ڕادەکێشم لە لاپەڕە ۸۹ کاتێ مامۆستا بە دەریاس دەڵێت ( خەڵک ئەسڵەن ئایینیان بۆ گرنگ نییە؍ لە راستیدا هیچ بیروڕاو ئەفکارێکی دونیاشیان بۆ گرنگ نەماوە....خەڵکی ئێرە شتێکیان دەوێت بیپەرستن؍ خودا بە تەنها بەشیان ناکات...گەر خودا بە تەنها بەشی بکردینایە نەدەکەوتینە عیبادەتی شتی تر...)ئەمەش ئەو دەرئەنجامەیە کە بەختیار عەلی ویستوویەتی ل ڕێگەی ئەم ڕۆمانەوە بیگەیێنێ؍ کە ئەرکی سەرۆک وخودا بە جۆرێک تێکەڵ بووە کە خەڵکی چاوەڕوانی تواناوقودرەتی ئیلاهی لە سەرۆک ئەکەن و تا ئەو ڕادەیەی کە باوەڕێکی ئەوتۆیان بە تواناکانی خوداش نییە ولە گۆڕانکارییەکانی ژیاندا ئەوە خودایە کە لە سەرۆکدا بەرجەستە بووە لەم سەرزەمینە تا دونیایان بۆ بگۆڕێت. کاتێکی سەرۆک دەمرێت یان دەکوژرێت یاخود پەیام وئەرکەکەی بە هەر هۆکارێک بێت ناگات ئەوا وەهمێکی کووشندە؍ بێ ئومێدییەکی ڕووخێنەر؍ بێ هیوابوونێکی ڕەش سەرتاسەری کۆمەڵگا دادەگرێت؍ وەک ئەوەی نەک تەنها سەرۆک بەڵکو خوداش جێیهێشتبن. رێگەم پێ بدەن بۆ ئەوەی لە بیرۆکەکە نزیکتان بخەمەوە ووتەیەکی فرۆید بە نموونە بهێنمەوە کاتێ لە باسی ئاییندا لە کتێبی (ئاینده ی وەهم ١٩٢٧) کە شیکارییەکی دەروونییە لەبارەی سەرهەڵدان وپێشەوەچوونی ئایینەکان، دەڵێت ئایینەکان هیچ نین جگە لە وەهمێک کە لە هیوایەکی قووڵی مرۆڤ سەریهەڵداوە بۆ پاراستنی خۆی. بە ڕای فرۆیید ئایین لە لای تاک لە گرێی ئۆدیبەوە سەریهەڵداوە کاتێک لە ململانێیدا لەگەڵ سرووشت وشارستانییەت ومەرگدا پێویستی بۆ خوا پەیدادەبێت، هەروەک پێویستی مناڵ بۆ باوک.. تد نەتەوەی کوردیش بەو پێییەی یەکێکە لەو نەتەوەدەگمەنانەی کە سەرڕای هەبوونی زمان وخاک وکولتورو کۆی پێداویستییەکانی تری سەربەخۆبوون؍ کەچی تا ئەمرۆش لە وەهمی دەوڵەت بوون وئازادیدا دەژی. هەربۆیە هەمیشە بە دوای فریادرەسدا گەڕاوەو هەر لە خوداوە تا ڕاپەڕین وشۆڕش وچالاکی چەکداری وسیاسی وکۆبوونەوە لە دەوری سەرۆک وڕەمزی نەتەوەیی..هتد هەتا ئەمڕۆش هیچکام لەوفریادرەسانە لە وەهم وبێ هیوابوون لەولاوە هیچی تری بۆ بەرهەم نەهێناوە. من نموونەیەکی سادەی خەڵکێکی سادەی هەشتاکان دەهێنمەوە بۆ ئەو بێهیوابوونە؍ لە کۆتایی هەشتاکاندا کە کورد لەوپەری نائومێدی و تێکشکاندا بوو بەرانبەر بە رژێمێک لە ئەوجی سەرکەوتنەکانیدا بە سەر کورددا چەندین جار نەنکی خۆمم بە سەر بەرماڵەوە گوێ لێ بووە کە ووتوویەتی خوایە تۆ ئەم ستەمە دەبینی؟ ئەی بۆ بە جواب نایەیەت؟ دەیان ڕەخنە وگازەندەی تریش...هەمان بێهوابوون وهەمان وەهم بەرانبەر بە مێژوو؍ حیزب؍ سەرکردە؍ کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەبووە وکراوە. لە خەیاڵدانی دەریاس ولاشەکاندامەودایەکی فراوان بۆ حیزب وسەرۆک بەرانبەربەئایین وخوداوەند دانراوە. نووسەری ڕۆمان بەمەبەست وەها ئەم گوزارشتانەی ئاوێتەی یەکتری کردووە کە خوێنەر لە قوولایی خوێندنەوەدا لێکیان جیا ناکاتەوە ولە ناو هزریدا بێ گوێدانه مانای تایبەتی خۆیان ووشەی خواوەند ئەبەستێتەوە بەسەرۆک وحیزبیش وەکو ئایین تەماشا ئەکات و فەرمانەکانی زۆر پیرۆزتر لە هەر شتێکی تر ئەبینێت ئەمەش بە روونی هەست پێ دەکەین کاتێک لە ناشتنی تەرمی ژەنەرال بیلالدا ئەلیاس ئامادە نابێت لە مەراسیمی ناشتنی دایکی ئامادەبێت. دەبینین هەرچەندە بابەتی سەرەکی ماددەکە باس لە ڕووداوی مێژوویی وململانێی حیزبی وسیاسی ئەکات کەچی فۆڕمی ئایین وخواوەند له نێو هەر لاپەڕە وپنتێکدا وجودییان هەیە بەڵام لە بەرگی سەرۆک وحیزبدا. نووسەر لەمەیاندا بەبێ ویستی خۆمان ڕاممان دەکات بۆ باوەڕهێنان بەوەی له سەردەمی ئەم ڕووداوانە بە ڕادەی پەرستن خەڵکی سەرۆک وسەرکردەکانی حیزبی دەپەرست وملکەچی وبەندەیی خۆی بۆ دووپات دەکردنەوە، وەبە ئەندازەی پیرۆزی ئایین پەیڕەوی لە پرۆگرامەکانی حیزب کردووە. بە گشتی ئەم وەهمانەی کە پەیوەستکراوە بە سەرکەوتنەوە لە زیهنییەتی تاکی کورد؍ وای کردووە نووسەر کارێکتەری سەرەکی رۆمانەکەی بۆداتاشێت کە ئەویش دەریاسە ودکتۆرای هەیە لەمێژووی وەهم؍ لە ئەوروپاوە گەڕاوەتەوە بە گوومانێکی گەورەوە تا سەر لەم وەهمە دەربکات.
ئۆرکێسترای سیمفۆنی تۆرنتۆ یەکێکە لەئۆرکێسترا گەورەو شایستە ئەکادیمییەکانی جیهان لەئاستی ئۆرکێسترا بەنێوبانگەکانی ئەمریکاو کەنەدا-دایەو ساڵانە بەبەشداری چەندین موزیکدانەرو کۆمپۆزەرو موزیکژەنی بەتوانای کەنەدیو جیهانی چالاکییە هونەرییە ئەکادیمییو جیهانییە بەرزەکانی پێشکەشدەکات. لەدرێژەی چالاکیە هونەریاکانی هونەرمەندی مۆسیقادانەرو پیانۆژەنی کورد نەورۆز تەنیا، ڕۆژی 27ی ئەپریل لەسەر شانۆی Roy Thomson Hall سەمای کوردی ژمارە 1ی نەورۆز تەنیا لەنێو کۆمەڵێک کاری جیهانی پێشکەشدەکرا. دەربارەی چۆنێتی بەڕێوە چونی ئەم کارەش ئەم دیدارەمان لەگەڵ مۆسیقادانەرنەورۆز تەنیادا ئەنجامدا. سازدانی: شاخەوان سدیق هاوڵاتی: ڕۆژی 27ی ئەپریل لەسەر شانۆی Roy Thomson Hall سەمای کوردی ژمارە 1 کۆمەڵێک کاری جیهانی پێشکەشدەکرا، پەیوەندی تۆ لەگەڵ ئەم کارانە چی بوو؟ ئایا هیچ کارێکی ئێوە پێشکەشکرا لەو چالاکیەدا؟ نەورۆز تەنیا- من وهك موسیقادانهرێكی كهنهدی بهشداریم كرد و نوێنهری دانهرهكهنهدیەكانم كرد، Kurdish Dance پارچه موسیقایهك بو له ساڵی یهكهمی خوێندنم نوسیم و دواتر لهزۆر بۆنهداو له چهند زانكۆیهك پێشكهشكرا.ئۆركێسترای سیمفۆنی تۆرۆنتۆ دوای ههڵبژاردنی كارهكهی من لهناو زیاترله ١٠ كاری موسیقا دانهره كهنهدیهكان پهیوهندیان پێوهكردم و بۆ من چركهساتێكه كه وشهم نیه وهسفی بكهم چهنده دڵخۆشبوم پێی. چهندجارێك بهختی ئەوهم ههبوه تۆرۆنتۆ سیمفۆنی كارهكانی منیان خۆیندوتهوه، بۆ موسیقا دانهر ئەوه شتێكی زۆر گرنگه چونكه پێش ههمو مامۆستایهك باشترین ڕێگاكه فێری نوسینی موسیقات بكات ئەوهیه كه خۆت له ڕێگای پراكتیكیهوه فێری دهبیت. كۆنسیرتهكه ٣ جار پێشكهشكرا و جگه له ئامادهبوانی ئاسایی زۆربهی قوتابخانهكانی تۆرۆنتۆ قوتابیهكانیان هێنابو بۆ ئاشنابون به ستایڵهجیاوازهكانی سهما له جیهان. هاوڵاتی: وەک دەزانی ئەم پڕۆژە هونەرییە پێشتر لە ئۆرکێسترای بەناوبانگی سیمفۆنی نۆڤاسکۆشیا پێشکەشکراوە و لەهەمان کۆنسێرتدا داواکراوە بۆ جاری دووەم پێشکەشبکرێتەوە. هۆکاری ئەمە چیبوو بۆ داوای دوبارەبونەوەی کرا؟ نەورۆز تەنیا- لهم چهند ساڵهی دوایی پهنابهرێكی زۆر هاتنه كهنهدا، من وهك خۆبهخش له ڕێكخراوی دۆكتۆرانی بێ سنور كاردهكهم، له ڕێی ئەوانهوه پێیان وتم كه كۆنسێرتێك بۆ پهنابهره تازه هاتوهكان دهكرێت و پێیان خۆشببو كارهكهی منیش لهوی پێشكهشبكرێت. لهوكۆنسیرته چیرۆكی هاتن و خوێندن و ژیانی من باس كرابو، بۆ پهنابهرهكان چیرۆكێك بو زۆربهیان خۆیان تیا دهبینیهوه ههربۆیه لهبری ههركارێكی تر سهمای كوردیم نارد. دهزانم ژیانی داهاتویان لهباشترین سیناریۆدا به ئەستهمی گەوره تێدهپهڕێت، بهڵام وهك هانا ئەرنێت دهڵێت ''گێڕانهوهی چیرۆكهكان ماناكانمان بۆ دهردهخهن بهبێ ئەوەی ئەو ههڵهیه بكات پێناسهیان بكات". بۆ من مۆسیقا ههندێك جار ڕۆڵی گێڕانهوه دهگێڕێت بهبێ ئەوەی مهبهستی بێت, ههندێك جار من وای دهبینم موسیقا وهك ههر فۆرمێكی تری هونهر دهتوانێت بتخاته گریان لهكاتێكدا یهكزهڕه دڵتهنگی وهك وهسیلهیهك بهكارناهێنێت. مهبهسم لهوهیه كه كارهكهی من مۆسیقای سهمایه لهگهڵ ئەوهش لهناو خۆیدا چیرۆكی ئەستهنگی بێوینه له سهرلهبهری پێكهاتهكهدا ههیه، ئەوهی سهرنجڕاكێشه گوێگرهكان ههمویان ئەمهیان نهبینی تهنیا ئەوانه بیستیان كه سوێی بهجێهێشتنی نیشتیمانیان چهشتوه. ڕهنگه ههر لهبهر ئەوەش كه كارهكهی من تهواو بو چهند ئامادهبویهك هاواریان كرد Agian Agian Again. كه ڕوانیمه ڕوخساریان له مهزاجی دڵخۆشی نهبون وهك ئەوهی موسیقاکە (پێشنیاری دهكات) بهڵكو ئەیان ویست گوێیان لهو ئاستهگانهیانه بێتهوه كە بینیبویان یان به ڕێوهیه بیبینن. بۆ ههموو دانهریكی موسیقا خهونێكی گهورهیه داوابكرێت كارهكهی بژهنرێتهوه. هاوڵاتی: وەک بینرا لەو مۆسیقا دانەرانەی ناویان لەو کۆنسێرتە هێنرابوو Dvorak, Schostakovitch, Tchaikovsky و چەندین دانەری دیکە لەپاڵ ناوی ئێوەدا هاتبو کە ئێوە موزیک سیان و موزیکدانەری کوردن. چۆن لەگەڵ ئەم موزیکدانەرانە ئاشنا بویت و کۆبونەوە؟ نەورۆز تەنیا- من ئەو دانهرانهم له مناڵیمهوه ناسیوه، و دواتر له ڕێی خوێندنهكهمهوه به وردی لهسهریان خوێندومه، ههر من نا زۆر كات ڕو دهدا، بینینی ناوی خۆت له پاڵ ئەو ناوانهدا هیچ نیه جگه لهوهی ئەوه پیشان دهدا كه تۆ چیتر ئەو پهنابهره تهنیایه نیت كه كهس نایناسێت تۆ ناوێكیت شایانی گوێ لێگرتنیت و چیتر گوێگر وهك شتێكی سهیر لێت ناڕوانێت بهڵكو وهك بهرههمهێنهری پارچهیهكی بهنرخی هونهر لێت دهڕوانیت، بۆ من ئەوه زۆر زۆر گرنگه.ڕهنگه پرسیارهكه ئەوه بێت كهی و چۆن دهگهیته ئەو ئاستهی له ئۆركسترایهكی جیهانی ناوت لهگهڵ ئەو ناوانه بنوسرێت، بۆ ئەوهش ڕهنگه وهڵامم دابێتهوه له پرسیارهكانی تر هاوڵاتی: وەک دەزانی پێشتر لەم ئۆرکێسترایە مۆسیقای ئۆرکێسترالی کوردی بەو جۆرە پێشکەش نەکراوە." چۆنبو ئەم کارە کرا؟ ئەی هەستت چی بوو؟ نەورۆز تەنیا- دانیهڵ كهسێكی بهتوانایه و هاوڕیهكی ئەزیزی منه، ههر ئەو له زانكۆ كۆنشێرتۆی پیانۆكهمی ڕابهری كرد. دیاره سهدان جار به شێوهی جیاجیا موسیقای كوردی لێره پێشكهش دهكرێت، بهڵام ئەوهندهی من ئاگاداربم دانهری كوردی- كهنهدی كاری ئۆركیسترالی لهلایهن ئۆركیسترای سیمفۆنی تۆرۆنتۆوه پێشكهش نهكردوه پێدهچێت گرنگیهكهی تهنیا ئەوهبێت یهكهم جار بو و زۆر كهس هاتنه لای من و دانیهڵ و پرسیاری ئەوایان دهكرد كورد چیه؟ یان كوردهكان چۆنه وڵاتیان نیه؟ ههست دهكهم ئەگهر من هیچم نهكردبێت دهستم ههبوه له تیشك خستنهسهر ئەو پرسهیارانه. دوای كۆنسیرتهكه نامهم له چهند كوردێكی دانیشتوی تۆرۆنتۆ بۆ هات كه لهوێ ئامادهبون بۆ ئەوان و بێگومان بۆمن ڕوداوێكی تابڵییت دڵخۆشكهر بو. هاوڵاتی: بایەخ و گرنگی بەشداری کۆمپۆزەرو موزیکدانەرێکی کورد لە ئاوەها ئۆرکێسترایەکی گەورەی جیهانیدا راماندەگرێت لەبەردەم بەرپسیارێتییەکی راستەقینەی ئەکادیمیدا؛ کورد خاوەنی چەندین ئەکادیمیست و هونەرمەندو پەیکەرساز و نوسەر و نیگارکێش و رۆمانوسی بە توانایە؛ بەڵام ئایا لە ناوخۆی کوردستان چ لەسەر ئاستی گروپ و ج لەسەر ئاستی تاک گرنگی بەم توانا جدیانە دراوە؟ بەتایبەت لەلایان وەزارەتی ڕۆشنبیری؟ نەورۆز تەنیا- من ساڵانێكه له كوردستان دور كهوتومهتهوه، ڕاسیهكهی ئەمه پرسیارێكی زۆرگرنگه، لهلایهك گوێم له ههندێك گروپ دهبێت كاری ههتا بڵییت جوان دهكهن و دڵنیام بێئەندازه هیلاك دهبن. لهلایهكی ترهوه ئەیبینم شڵاوێكی دامهزراندن و دروستبونی زانكۆھەیە. بڕوام وایه كارێكی ڕاست نهبێت، چونكه سهرلهبهری سیستهمی خوێندن لهژێر پرسیاردایه، لهژێر پرسیاردایه، چونكه بهرههم هێنانی كاری نویێ و توێژینهوهی نویێ كه شایهنی ئاماژه بۆكردن بێت سهدان جار كهمتره لهو ژماره بێشومارهی زانكۆ و پهیمانگا کەلهسهر ههمو كۆڵانێك له شاره جیاوازهكان دروست بون . ڕهنگه من زۆر ورد نهتوانم باسی ئەوه بكهم چۆن وهزارهتێك دهتوانێت یارمهتی توانای جدی بدات، ههستدهكهم ئەگهر توانایەك ههبێت بتوانین به (جدی) ناوی بهرین، لێره، لهوێ،به نوسین، له زیندان،به موسیقا وههر ڕێگایهكی تر بێت دێتهدهرهوه و له ههندێك كاتتدا ڕێگرهیهكان تهنیا هێزی تهقینهوهكهی زیاتر دهكهن. من وای دهبینم ئەو دامهزراوانه كاریان ئەوه بێت له ئاست كاری (جدی) واقیان بوڕمێت. كهسی جدی دهست گرتنی ناوێت دهستبهردانی دهوێت. له كوردستان توانای گهوره ههیه، هێجگارگه وره بهڵام ناتوانم و نامهوێت بڕوابهوه بكهم چاوهڕێی كهس دهكهن تا كار بكهن، لهوهش تێدهگهم دهبێت بژین، ڕهنگه هەوڵی نان په یداكردن ڕێگرێكی جدی بێت ڕهنگه ئەوهش له ههمو دونیا زۆری جیاوازی نهبێت. من بهڕێوبهری كارهكانی ئۆركێسترای شارێكم له كهنهدا بهڵام، بیرم نییه ئیشێكی ئەستهم ھەبوبێت نهمكردبێت. كات ههبوه له ١٠ شهو بۆ ١٠ بهیانی كارم دهكرد و تا كاتژمێر٤ ی ئێواره زمانی ئنگلیزیم دهخوێند ههمو داهاتهكهیم دهدا به پرۆفیسۆریكی پیانۆو هارمۆنی تا بتوانم له زانكۆ وهربگیرێم. له چێشتخانه و باخ و چهندین شوێنی تر كارم كردوه، ژیان ههتابڵێیت ئەستەمه. من هاوڕێم ههیه له كوردستان قهد بڕواناكات ئەو كارانهم كردبێت، ڕۆژگارێك ههبوه له بونی خۆم بێزار بوم، بهڵام ههر ئاوا دهتوانیت ئەو ههزاران دیواره ببڕیت و له سوچێكی ئەم دونییایه ناوێك بۆ خۆت دروست بكهیت. ههموشتێك نرخی ههیه، نرخی به دیهێنانی خهون دهكرێت گرانترینیان بێت. هاوڵاتی: تاچەند پێتان وایە ئەوەی شاکارییەکی موزیکی و رۆمانێکی گەورەو شاکارێکی هونەریی دەتوانێت لەدنیای مۆدێرندا بەداهێنان و جوانیی و ئەکادیمیبوونەوە کورد وەک کۆمەڵگەیەکی زیندو بەجیهان بناسێنن هەرگیز سیاسەت و سیاسەتمەندارو ململانێکان ناتوانن ئەو هەنگاوە جیهانییە هەڵبهێن. ئێوە چۆن لەم بۆ چونە دەروانن؟ نەورۆز تەنیا- من ئەگهر گوێگرێك لهو قاڵبه بهێنمه دهرهوه كه ئەو دایناوه بۆ نوسهر و دانهرێكی به ڕهچهڵهك ڕۆژههڵاتی یان دهرهوهی كولتوری خۆراوا ههسدهكهم كارێكی گرنگم كردبێت و ئەوەش ئێجگار ئەستهمه، بەڵام مهحاڵ نیه. من گهر وهسفێكی بهختیار عەلی بهكار بهێنم کە ئە وەسفی دەکات چۆن “پەنابەر وێنەی کۆنی خۆی دێتەبەرچاو”دهڵێم چیتروێنهی خۆم له ئاوێنەداوهك خۆینابینم، من ئیتر لهدیو ئەو سنورهوه خۆم دهبینم كه ڕۆژگارێك تیا زیندان بوم، ڕۆژێك من له كۆنسێرت هۆڵێكا خۆم بینییهوه كه كوڕهكهی نیو ئاوێنەكه ههرگیز خهونی پێوه نهدهبینی، ئیتر من سنوری خهونه به دیهاتوهكانی خۆم بڕی، لهو تهنیا دهرگایام دا كه لهناو ههمو دهرگاكانی تر لێم داخرابو، سهرهڕای ترس لهوهی دهبێ چی لهودیو ئەو ده رگایهوهیه، خۆم به ئازا هاته بهر چاو ئەو كاتهبو كه به دڵێكی بێ ترس ئەودەرگایهم كردەوه و لهوه نهترسام چیدهبینم، ئەوه لهلام گرنگ بو وێنهی خۆم ببینم وهك كهسێك كه ئاوێنهكه ناتوانێت بیناسێتهوه.
ئەم کتێبە خوێندنەوەی سێ ڕۆمانی نوسەر و ڕۆمان نووس (بەختیارعەلی)ە،و لە نووسینی: نوسەر(ئومێد حەمە عەلی)ە ئەم کتێبە سێ لێکۆڵینەوەی چڕوپڕە سەبارەت بە سێ ڕۆمانی نووسەر و رۆمانووس بەختیار عەلی کە ئەوانیش ڕۆمانەکانی "کەشتی فریشەتەکان، هەورەکانی دانیاڵ، دەریاس و لاشەکان"ـە. کتێبەکە کارکردنە لەسەر دیوە فیکریی و پەیامەکانی پشت چیرۆک و حیکایەتەکان و کەشفکردنی دیوێکی تاڕادەیەک پەنهانی تێکستەکانە. زیادەڕەوی نابێت ئەگەر بلێین ئەم کتێبە کارکردنە لە قووڵایی ئەم سێ تێکستەدا، نەک ئەو دیوەی هەموو خوێنەرێک بەری دەکەوێت. بۆیە خوێندنەوەی کۆمەکی زیاتری خوێنەر دەکات لە زیاتر لە دونیای کارکردنی بەختیار عەلی شارەزا بێت. ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهەند و ئێستا لە کتێبخانەکاندا دەست دەکەوێت.
یەکێک لە دەنگە دیارەکانی ژانری چیرۆکی ئێمە کە تاڕادەیەک لە دونیای تایبەت و بێدەگی خۆیەدا کار دەکات چیرۆک نووس(فەڕۆخ نێعمەتپوور)ە. کە بەم دواییانە دوو بەرهەمی نوێی بڵاوکردەوە. کە پێکهاتبون له رۆمانێک بە ناوی 'خەیاڵاتی بێهوودە' و کۆمەڵە چیرۆکێک بە ناوی 'دەستەکلیل' دەربارەی چیرۆک بەگشتی و کێشەکانی چیرۆکی کوردی لەم دیدارەدا ڕاو سەرنجەکانیمان وەرگرت. سازدانی: شاخەوان سدیق هاوڵاتی ـ چیرۆک یهکێک له کۆنترین ژانرهکانى ئهدهبه که ههمیشه مرۆڤ له قۆناغه جیاوازهکاندا چ به زارهکى یان بهنووسین ههوڵى گێڕانهوهى داوه، عهتا محهمهدیش دهڵێ "ئهوهى مرۆڤى له فهوتان ڕزگارکرد گێڕانهوهبوو" دهپرسم گرنگى چیرۆک و گێڕانهوه بۆ مرۆڤ چین؟ ـ برووسکە ڕستەکان هەمیشە بە هۆی تیژبوونیان لە گەیاندنی مانا، جێگای سەرنجن، بەڵام هەر بەو شێوەیە دەتوانن جێگا بە یەک لەق کەن و یەکتر بسڕنەوە. برووسکەڕستەکان، چونکە پشت ئەستور بە بەڵگە نین و زیاتر هەلێنجراوی زەینی نووسەرن دەتوانن یەکجار فرەچەشن بن. جا هەر بەم پێیە، لە مانایەکی ئاوەژوودا، دەتوانین بڵێین "ئەوەی مرۆڤی فەوتان گێڕانەوە بوو!" رەنگە پێت سەیر بێت ئەمە دەڵێم، بەڵام زۆر جێگای سەرسووڕمانیش نیە، چونکە زۆر جار مرۆڤ لە رێگای گێڕانەوەکانەوە بەرەو دۆزەخ راپێچکراوە. بۆ وێنە لە بواری ئایدیۆلۆژیا دونیاییەکاندا سەیری فاشیزم بکە. فاشیزمی ئاڵمانی گەلێک چیرۆکی جوانی لەسەر مێژووی نەتەوە هۆنییەوە و لێرەوە ئاڵمان و گەلی ئاڵمانی بەرەو کارەساتێکی مێژوویی پاڵ پێوەنا. یان لە بواری ئایدیۆلۆژییە ئاسمانییەکان، بڕوانە ئەو چیرۆکانەی دینی یەهوود بۆ باوەڕدارانی خۆی دەیانڵێتەوە و بزانە یەکێک لە دەرکەوتەکانی کارەساتی گەلی فەلەستین و ئەو شەڕە بێکۆتاییەیە مێژووی نوێی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داگیرکردووە. ئەمەم وت نەک لەبەر ئەوەی رستەکەی عەتا محەممەد رەدبکەمەوە، نا، بێگومان ئەو رستەیە لە خۆیدا و لە گۆشەنیگایەکی ترەوە خاوەن مانایەکی پوزەتیڤ و جوانە، بەڵام ویستم پێ لەسەر ئەوە دابگرم کە گێڕانەوە لە بەربڵاوترین مانای خۆیدا دەتوانێ دیاردەیەکی ترسناکیش بێت وەک هەموو دیاردەکانی خوڵقاوی دەستی بەشەر. بۆیە ئێمەی نووسەر نابێ زۆر خۆمان بە هونەرەکەمانەوە بابدەین و پێمان وابێ خاوەنی خاوێنترین کەرەسەین وەها کە دەتوانێ مرۆڤایەتی رزگار بکا. کەواتە گێڕانەوە لەخۆیدا پارادۆکساڵە. بەڵام ئەوەیکە چیرۆک یەکێک لە کۆنترین ژانرەکانی ئەدەبە، دەبێ بلێم کە ئەم پێناسەیە زۆر دەقیق و ورد نیە. لەبەر ئەوەی چیرۆک لە راستیدا ژانرێکی مودێڕنە و خۆی جیادەکاتەوە لەوەی سەردەمی کۆن کە بە حەقایەت و ئەفسانە ناوبانگی دەرکردبوو. چیرۆکی مودێڕن خاوەن کاراکتێری کۆمەڵایەتییە، موتیڤ و پێوەندی (علت ـ معلول)ی تیا رچاو کراوە و هەندێ تایبەتمەندیی تریش. راستە لە حەقایەت و ئەفسانەدا رەگی گێڕانەوە هەیە، بەڵام نەفسی ئەمە ئەم دووانە ناکا بە یەک. (هەڵبەت لە چیرۆکی ئەمڕۆدا مەرج نیە ئەو پێناسانەی وا باسم کرد توخمی سەرەکیی چیرۆک بن.) چ حەقایەت و ئەفسانە و چ چیرۆک ئەوە دەسەلمێنن مرۆڤ هەمیشە مەیل و حەزی گێڕانەوەی هەبووە. رەنگە گێڕانەوە یەکەمین شێوازی مرۆڤ بووە بۆ تەعبیر لە ژیان، لە بوون و لە دونیا. ئەو کاتانەی هێشتا بیرکردنەوە بە شێوەی ئەبستراکت باو نەبووە، گێڕانەوە رۆڵی گرینگی لە بەماناکردنی ئەو دیاردە ئاڵۆزانە هەبووە وا لە دەرەوەی مرۆڤ، واتە لە دونیای دەورووبەری بینیویەتی. گێڕانەوە شێوازێک بووە بۆ ناسین و بۆ تێگەیشتن لە دونیا و رووداوەکانی. کەواتە چیرۆک میتۆدێکی ناسینە، رێک وەک زانست و فەلسەفە. سەیر ئەوەیە دوواتر بە هاتنە ئارای زانست و فەلسەفە و بە گشتی زانستە مرۆییەکان، قەت گێڕانەوە (بەمانای مودێڕنی خۆی چیرۆک) پاشەکشەی نەکرد و بەردەوام لە پاڵ ئەو جەمسەرانەی تردا رێگای بڕیوە. بگرە هەندێ جار لە هەندێ دۆخدا پشکی شێریشی بەرکەوتووە. بەڵام دەبێ بڵێم کە ناکرێ هەموو پێناسەکە لەسەر ناسین خڕبکەینەوە. لەبەر ئەوەی چیرۆک سەر بە بەشی هونەر و ئەدەبە، هەڵگری هەستی مرۆڤیشە و لێرەوە توخمێکی تری وەک پێناسە پێ زیاد دەبێ کە جیای دەکاتەوە لە زانست و لە فەلسەفە. چیرۆک هەڵگری دونیای چیرۆکنووسە، ئەگەرچی باسی دونیا دەکا. چیرۆک بەرهەمی لێککەوتنی دونیای دەرەوە و دونیای دەروونییە. شێوازێکە بۆ بینینی جیهان بەو شێوازەی چیرۆکنووس دەیەوێ. ئەم نیازەیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێ کە مرۆڤ هەمیشە لە خولیای داڕشتنەوەی جیهانی دەرەوە بە شێوازی دڵخوازی خۆی بووە. واتە مرۆڤ لێرەدا رۆڵی خوڵقێنەر دەگێڕێ. وەک خودا. بەڵام خودایەکی زەمینی. چیرۆک سەرلەنوێ داڕشتنەوەی جیهانە، جا چ جیهانی دەرەکی و چ ناوەکی. هاوڵاتی ـ واتهلبنیامین دهربارهى گێڕانهوه دهڵێت "ڕهنگه له داهاتوودا کهسمان نهبێت تواناى گێڕانهوهى ههبێت" ئهم قسهیه تاچهند پهیوهندى به کاریگهرى تهکنهلۆژیاوهیه لهسهر ئهدهب و بهتایبهت چیرۆک و گێڕانهوه، ئایا له ئێستادا مهترسى نهمانى کاریگهرى چیرۆک بۆ دونیاى مرۆڤهکان ههیه؟ ـ بەڕای من گێڕانەوە هەمیشە وەک نیازێک دەمێنێتەوە و هیچ دۆخێک ناتوانێ بیکوژێ. رەنگە لاواز بێت، بەڵام نامرێ. مەگەر تەکنەلۆژیایش بەردەوام کەڵک لە گێڕانەوە نابینێ؟ مەگەر نوێترین فیلمەکان پشت ئەستور بە گێڕانەوە نین؟ مەگەر کایە دیجیتاڵییەکان پشت ئەستور بە بەسەرهاتێک نین؟ مەگەر لە جیهانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئێمە هەموو رۆژێ بەسەرهاتەکان ناخوێنینەوە؟ بێگومان، بەڵام هاوکات دەبێ دان بەوەدا بنێین کە رەنگە گێڕانەوە گەورەکان ئیتر وەک جاران لە دوو توێی کتێبەکاندا حوزوریان نەبێ. رەنگە بزربوونی رەوایەتە گەورەکان (وەک پۆستمودێڕنەکان باسی دەکەن) تەنیا بەرۆکی بە ئایدیۆلۆژیاکانی نەگرتووە و بەڵکو بەرۆکی گێڕانەوەیشی گرتووە. بە رای من گێڕانەوە وەک هەمیشە فۆڕم دەگۆڕێ. وەک چۆن لە حەقایەت و ئەفسانەوە بوو بە چیرۆک، ئاوایش دەتوانێ ببێ بە شتی تر. کەواتە ژیانی لەگەڵ ژیانی مرۆڤە. هاوڵاتی ـ له ئێستادا چیرۆکى مۆدێرن و شێوازى گێڕانهوه، ئهوهندهى پشت به تهکنیک دهبهستێت هێنده گوێ به ڕهگهزو ئامرازه و بنهماکانى تر نادات که له پێکهاتهى بونیادى چیرۆکدا پێویستن. که بهبڕواى ههندێک ئهمه کارى له چێژى گێڕانهوه کردووه. ئێوهپێتان وایه مۆدێرنێته تا چهند زیانى له بنهماکانى چیرۆک و گێڕانهوه داوه له ئێستادا؟ ـ چێژ، دیاردەیەکی مێژووییە، واتە بە گوێرەی دۆخ و نەریت شێوازی تر بە خۆیەوە دەگرێ. نە مرۆڤی سەردەمی شکسپیر دەتوانێ ئەو چێژە لە شانۆی سەردەمی نوێ ببینێ و نە مرۆڤی ئەم سەردەمە هەمان چێژ لە شانۆی سەردەمی شکسپیر. ئاساییە بونیادەکان، یاخود توخمەکانی گێڕانەوە گۆڕانیان بەسەردابێت. وە هەمیشەیش چێژ لەگەڵ ئەم گۆڕانانە خۆی دەگۆڕێ. من وا تێدەگەم کە مەبەستی تۆ لە چیرۆکی مودێڕن، چیرۆکی پۆستمودێڕنە. ئەگینا چیخۆفیش چیرۆکنووسێکی مودێڕنە و تەنیا پشت بە تکنیک نابەستێ. کەواتە ئەو دیاردەی تۆ باسی لێدەکەی دیاردەی زیاتر پۆستمودێڕنە تا مودێڕن. منیش پێم وایە چیرۆکی باش ئەو چیرۆکەیە کە باڵانس و یەک وەزنییەک لە ناو هەموو توخمەکانی پێکهێنەریدا هەبێ (دیارە ئەم توخمانە لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکی تر گۆڕانیان بەسەردا دێت). تەنیا تکنیک ناتوانێ خوڵقێنەر بێت، تکنیک بە تەنیا رۆحی چیرۆک کە بریتییە لە گۆشەنیگای تایبەتی چیرۆکنووس سەبارەت بە رووداوێکی تایبەت، دەکوژێ و وەک پۆڵای ساردی لێدەکا. گێڕانەوە لەهەر حاڵەتێکدا دەبێ گەرمییەکی تیا بێت کە ئەمەیش تەنیا ئەو کاتە دروست دەبێ چیرۆکنووس رووداوەکان لە دەروونی خۆیەوە گوزەر بدا و مۆرکی خۆیانی لێبدات. واتە دەبێ لە گەڵیان بژی. نووسەر گەر ئەمە نەکا تەنیا دەبێ بە راگوێزەری وشە ساردەکان و بەس. هاوڵاتی ـ ئهگهرچى له دونیادا چیرۆک قۆناغهکانى بهرهو پێشچوونى زۆر بڕیوهو زۆر گۆڕانکارى بهسهردا هاتووه. بهڵام تا ئێستاش چیرۆکى کوردى له قۆناغهکانى کلاسیک و تا ڕادهیهک پێش مۆدێرن دا له شێوازى گێڕانهوهى تهقلیدى باو و زۆر کهم به چیرۆکى جوان به ئاست و تهکنیکى نوێ دهکهوین، ئێوه هۆکارى ئهمه بۆچى دهگێڕنهوه؟ کێشهکان له گێڕانهوهى چیرۆکى ئێمهدا چین؟ ـ من زۆر لەگەڵ ئەم رایە نیم. چیرۆکی کوردی بەڕای من تا رادەیەکی زۆر نەدۆزراوەتەوە، پیش لەهەر شتێک بە هۆی نەبوونی رەخنەگری شارەزا و باشەوە. دەق گەر خوێندنەوەی لەسەر نەکرێ و بە شوێن چاپبوونی بەرهەمدا نەبێتە جێگای گفتوگۆ ئەوا دونیای ئەدەب نازانێ چی نووسراوە و چی کراوە. چیرۆکی کوردی خاوەن دەقی باشە، بەڵام بێ ناز کەوتووە. چیرۆکی کوردی لە دونیایەکی ئاڵۆزدا دەژی. دەقەکان لە دایک دەبن بە بێ گفتوگۆ و رەخنە لەسەریان و بۆیە کەس نازانێ ئەدەبی کوردی لە بواری چیرۆکدا لە کوێدا راوەستاوە. بەڕای من چیرۆکی کوردی هێشتا نرخی خۆی پێنەدراوە و بۆیە دەقە باشەکانیش دەتوانن لەگەڵ لە دایکبوونیان بمرن، مەگەر ئەوەی لە داهاتوودا نەوەیەکی بە مشوورتر بێت و ئاوڕێکی جددییان لێبداتەوە. هاوڵاتی ـ ههندێک له نوسهران دهڵێن ئهوهى به چیرۆک دهى نوسین دهتوانین بیکهینه ڕۆمان و ئهوهش به ڕۆمان دهى نوسین دهتوانین بیکهینه چیرۆک، تا چهند لهگهڵ ئهم بۆ چونهن؟ ئایا کارى وا دهکرێت؟ ـ چیرۆک دەتوانێ ببێ بە رۆمان، بەلام رۆمان ناتوانێ ببێ بە چیرۆک. رۆمان ناتوانێ ببێ بە چیرۆک پێش لە هەر شتێک بەم هۆکارانە: ـ زۆریی وشە و رستەکان، ـ زۆربوونی کاراکتێرەکان، ـ کردنەوەی بەردەوامی جیهانە نوێیەکان لە ناو دەقی رۆماندا، ـ سەرئەنجام ئەگەری هەبوونی گێڕەرەوەی زۆر لە دەقی رۆماندا. بەڕای من ئەوانەی بەم شێوازە لەسەر چیرۆک و رۆمان دەدوێن، ئاگاداری جیاوازییەکانی ئەم دوو ژانرە نین. رەنگە ئەوان 'تێم'یان لا بەرجەستە بێت بۆیە وا دەڵێن، بەلام خۆ تێم Theme تەنیا رەگەزەی پێکهێنەری رۆمان و چیرۆک نیە. هاوڵاتی ـ چۆن له چیرۆکى ئێستاى کوردى دهڕوانن؟ پێتان وایه ئهدهبى گێڕانهوهى ئێمه له کوێى دونیادایه؟ ئهتوانین بڵێن چیرۆکى کوردى خاوهن سهبک و تایبهتمهندێتى خۆیهتى؟ ـ پرسیارێکی قورسە و ئەمە لە راستیدا کاری رەخنەگرە. وەک ئەنجامی خوێندنەوەکانی خۆم دەتوانم بڵێم کە چیرۆک و رۆمانی کوردی، چونکە پشت ئەستوور بە بەرهەمی ریالیستی و رۆمانتیکی باش نیە بە تووش کێشەوەیە. سەیری سەدەی نۆزدە بکە. سەدەی نۆزدە سەدەی نووسەرە گەورە ریالیستی و رۆمانتیکیەکانە لە ئۆرووپا و لە رووسیا. ئەوان لە سەر ئەو بنەمایانە شۆڕش دەکەن و دەگەنە ئەدەبی سەدەی بیست و کۆتایی سەدەی بیست. دیارە مەبەستم ئەوە نیە ئێمە دەبێ بگەرێینەوە ئەو سەردەمە و بەو شێوازە بنووسین، بەڵام ریالیزم هەمیشە بەرگی گۆڕیوە و وەک دەشزانین یەکێک لە بنەماکانی ئەوەیە کە نووسەر دەبێ زانیاری زۆری لەسەر کۆمەڵگاکەی خۆی هەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ دەقی ریالیستی پێشکەش بکا. بەلام داخۆ نووسەری ئێمە خاوەن ئەو زانیاریانەیە؟ من کە بۆ خۆم گومانم لەمە هەیە. من لام وایە چیرۆکنووسی ئێمە لە رۆمان و چیرۆکیش وەک شیعر دەڕوانێ و بۆیە دەقەکانی زیاتر دەروونین و کەمتر خوێنەر بە رووداوەکانی دەرەوە، ئەو رووداوانەی وا خوێنەریش دەتوانن خۆیانی تیا ببیننەوە، گرێ دەدا. بەڵام سەرەڕای هەموو کەم و کوڕییەکان من دڵخۆشم بە ئایندەی چیرۆکی کوردی. بەو مەرجەی نووسەرەکەی خۆی لە جیهانی شیعر راپسکێنێ!
یوسف عزەدین { کەبنووسیت کەواتە دەبێت دەنگێک یان شێوازێک دابهێنیت،تا فۆرمێکی شێوازگیرانە بەجیهان ببەخشیت،مەرج نییە شیک و ڕۆشنفکرانە بێت، بەڵکو دەبێت تایبەت بێت بەخۆت} کارلۆس لیسکانۆ1- { بنیادەم ناتوانێت لەڤێرجیڵ بگات، گەر لانی کەم پێنج ساڵان کشتکاری نەکردبێت..مرۆڤ ناتوانێت لەنامەکانی شیشرۆن بگات و تەنانەت ناشتوانێت لێشی خوورد بێتەوە؛گەر بۆماوەی بیست ساڵان لەگەڵ زل وڵاتاندا سیاسەتی نەکردبێت..کەسیش ناتوانێت بەتەوایی لەکتێبی پیرۆزدا ڕۆبچێت،گەر بۆماوەی سەدەیەک کڵێساکانی بەڕێوەنەبردبێت و لەتەک پەیامبەرانی وەک ئیلیا و یۆهەننای مەعمەددان و مەسیح و موریدانی ئەواندا ڕێی نەکردبێت؟! ئێمە دەرۆزەکارین و ئەمەش ڕاستە؟!} مارتن لۆسەر2- لەگەرمەی گفتوگۆو ئاخافتنە گەرمەکانی پیاوانی ئایینی،ئەوانەی بەفەرمانی فیلیپی دووەم،ساڵی هەزار و پێنج سەد و بیست و نۆ، لەئەڵمانیا و سویسراوە بۆ ساغکردنەوەی پرەنسیپە سەرەکی و تەوەرەییەکانی پرۆتستانت-ییەتی تازەگەشەکردوو هاتبوون؛ هاوکات ئەرتەشی عوسمانییەکان بەسەرکردایەتی سوڵتان سلێمانی قانوونی، ڤییەننای پایتەخی نەمسایان ئابڵووقەدابوو. بەر لەم گەمارۆدانە "مارتن لۆسەر"-ی باوکی ڕۆحی پرۆتستانت-ییەت، لەقەواڵەنامەی نەوەدو پێنج مەسەلەکەیدا،ڕەفزی وەستانەوەی دژ بەعوسمانییەکان ڕاگەیاندبوو،هەرچەند لای وی وەک تەسەوراتی کەڵچەریانەی سەردەمەکەی،عوسمانی و موحەممەدی و موسڵمان،هاوتا بوون و بەبەڵایەکی گەورەی خودا، بۆ سزادانی مەسیحییەکان ئەژمار دەکران. "مارتن لۆسەر" یەکێکە لەکاراکتەرە پڕ ئیشکالە ڕادیکاڵەکانی نێو ئایینی مەسیحی و لەبنڕا دەستی بۆ گۆڕینی پرەنسیپە سەرەکییەکانی کاسۆلیکییەت بردو پاش دەرئەنجامی کێشمانکێشێکی توند و ترسناک، توانی ببێتە وەرگێڕی کتێبی پیرۆز لەلاتینییەوە بۆ ئەڵمانی.. کەپێشترو پێش ئەم کارەی ئەو،مومکین نەبووە باس لەوەرگێڕانی بکرێت!؟ هەر خودی لۆسەر ڕێگەیدا کەشیشەکان هاوسەرگیری بکەن و هەر بۆخۆشی ئافرەتێکی پێشتر ڕاهیبەی کردە هاوسەری.. دژ بەجەور و ستەمی کڵێسا وەستایەوە، بەتایبەت لەو دەمەی لەپێناو پارە پەیداکردندا، قەواڵەی لێخۆشبوونیان بەکریستانەکان دەفرۆشت و مزگێنی چوونە فیردەوسیان پێدەدان. وردەکارییەکانی ژیان و گوزەرانی ئەم زاتە تەلیسماوییە دەور پڕ لەهالەیە، فرەن و ئەوەی لێرەدا گەرەکمانە هاوردەی نێو وتارەکەمانی بکەین، بەرجەستەکردنی کەمێک لەهەموو ئەو دنیا سەیروسەمەرە تراژیدی ئامێزەی مارتن لۆسەر-ە؛ لەزەمەنی سڕینەوەی هەموو فیکر و تەرح و بۆچوون و دنیابینییەکی دژ بەکاسۆلیکییەت و دەسەڵاتی پاپا..لەزەمەنی کوشتن و سوتاندن و لەناوبردن و کوژاندنەوەی فیزیکی سەرجەم نەیارونەویستراوەکانی نێو قەڵەمڕەوی حوکمی کڵێسا و دەسەڵاتە فیوداڵە کوشندەو سەرکوتگەرەکانی ئۆروپا..ئەم زاتە هات و پاش مملانێیەکی توندو خەتەرناک،دوای چەند قۆناغ و مەنزڵێک..نەخشەی؛ گەر نەڵێین سەرجەم..ئەوە نەخشەی ئایینی و کۆمەڵایەتی و بگرە سیاسی بەشێکی هێجگار گرنگی ئۆروپای گۆڕی و دواجار بووە مایەی زەمینەخۆشکردن، بۆ لەدایکبوونی دواتری کۆمەڵێک لەقوتابخانەو تێز و ڕێبازە فەلسەفییەکانی ناوەوەو دەرەوەی ئەڵمانیا. لەم کورتە بەراییەوە دەگەڕێینەوە بۆ سەر ئەسڵی مەتڵەب، ئەویش بەرجەستەبوون و بینینەوەی گەلێک لەتراژیدیا و مەرگەسات و پێکدادانە دەروونییەکانی سەردەمەکەی لۆسەر-ە، لەڕۆمانێکی ئەڵمانیدا و بەدانپێدانانی زۆرێک لەڕەخنەکاران و خوێنەرانی زمانی ئەڵمانی، لەئاست و پلەیەکی باڵای بەلاغی و گرامەری و زمانسازیدا نووسراوە و درێژکراوەی ئەو چەشنە زمانە تۆکمەو باڵایەی لۆسەر-ە؛ کەبۆ خۆی زمانزانێکی داهێنەر و دۆزەرەوەی شاراوەو پەنهان و جوانییەکانی زمانی ئەڵمانی بووە. ئەوەی لەڕۆمانی "ئیڤانگیلیۆ"ی تایبەت بەتراژیدیای مارتن لۆسەر و کێشمانکێشەکانی سەردەمەکەشی بۆتە مایەی سەرنجڕاکێشان و ئیعجاب، ئەوەیە خودی ئەو ڕۆماننووسەی "ئیڤانگیلیۆ"ی چەند ساڵێک لەمەوبەر لەئەڵمانیا و بەزمانی ئەڵمانی بەچاپ گەیاندووە، بەساوایی لەگەڵ باوانیدا گەیشتۆتە ئەڵمانیا و بەڕەگەز تورکە. ئەم ڕۆماننووسە یەکێک بووە لەخوێندکارە سەرکەوتووەکانی کۆلێژی پزیشکی، کەچی لەدوا ساڵ و دوا تاقیکردنەوەیدا دەست بەرداری خوێندن بووەو پاشان چۆتە کۆلێژی هونەر و دواتر،پاش دەرکردنی بۆ هەتا هەتایە ماڵئاوایی لەخوێندنی ڕەسمی و پیشەیی دەکات..ئەمەش دەبێتە هۆکاری کارکرنی بۆ ماوەی ١١ ساڵ وەک هەر کرێکار و کۆچبەرێکی تر، لەپێناو بژێوی ژیانیدا وەک نەقاش و سپیکەرەوە، ڕۆژەکان بەڕێدەکات..ئیدی لەپڕ؛ بێ زانیارییەکی ئەوتۆ لەنهێنی و پەنهانەکانی دنیای چاپ و بڵاوکردنەوەو چۆنیەتی بەرزکردنەوەی یەکێک و لێدانی ئەوی تر و سڕینەوەی نووسەرێک و پێداهەڵدان و گەورەکردنی یەکێکی تر..یەکەم کتێبی بەناونیشانی "شێوەزاری کاناک" بەچاپ دەگەیەنێت. ناوی ئەم نووسەرە ئەڵمانییە بەڕەگەز تورکە "فەرەیدون زائیمئۆگڵو"ەو پاش جۆرێک لەونبوون و پاشاگەردانی و لەدەستدانی هەموو هیوایەک بەداهاتوویەک کەتێیدا ببێتە خاوەن کارو گوزەرانێکی مسۆگەری هاوشانی ئەڵمانەکان و دوای یانزە ساڵ خولانەوەو ڕاوحکردن لەبێمانایی هیچ نەبوون لەنێو دنیایەکی نەیار بەوی موغتەریب، کەئەم و هاوشێوەکانی ئەمی لەپەراوێزدا سیخناخ کردووە، دەبێتە نووسەر. هەر دواتر خودی خۆی لەچاوپێکەوتنەکانیدا ئەو سەردەمانەی پێشتری ژیانی وبەتایبەتیش ئەو دەمانەی کەخوێندکار بووە؛ خۆی وەک فاشلیترین کەسێک وێنادەکات؟! جێگەی سەرنج و تێڕامانە،بەدرێژایی مێژوو،زۆربەی ئەوانەی توانستێکی داهێنەرانەیان لەبواری ئەدەب و هونەردا نمایش کردووە،نەیانتوانیوە لەمیانی خوێندنی تەقلیدی و ڕەسمی دەوڵەتییەوە پلە پلە و قۆناغ قۆناغ بچنەبان.. یان ئەگەر چووبێتیش وەک "فەرەیدون زائیمئۆگڵو" ئەوە لەساتەوەختێکدا و تەنانەت زۆر جاران بێ هۆکارێکی ئاشکراو دیاریش دەستبەرداری بوون!؟ تەنانەت ئۆرهان پامووک-یش پاش سێ ساڵ لەخوێندنی فاکڵتی جیۆمەتری لەئەمریکا، وازی لێ دەهێنێت و دەگەڕێتەوە تورکیاو دواتر هەرچۆنێک بێت،فاکڵتی جۆڕناڵیستی تەواو دەکات؟! "فەرەیدون زائیمئۆگڵو" لەساڵی هەزارو نۆسەدو شەستوچوار-دا هاتۆتە دنیاوەو لەئێستادا یەکێکە لەنووسەرە هاوچەرخە ناسراوەکانی ئەڵمانیا..لەمیانی وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی " ئێرین گوڤەرجین3-" لەچاوپێکەوتنێکیدا..دەڵێت: " من مەیلی ددانپێدانانم بەهێزو توانای ڕۆشنگەرەکاندا نییەو ڕۆشنگەری بۆتە لەمپەرێک لەئاست خەیاڵکردنەوەداو ئەوان خەونەکانیان تێکشکاندوو...... گەرەکیان بوو کەلێنێکی مەزن بەوێنە پڕبکەنەوە..بەڵام ئەو وێنانە دەستکردن وسەرباری ئەوەش نەقەشەنگن و نەخەیاڵیشن...؟!" کەواتە لای ئەو ئیدی سەردەمی ڕۆشنگەریی و باڵادەستی ڕۆشنگەران بەسەرچوو،پێی وایە ئەوەی ئەوانیش هەر هەوڵدان بوو بۆ جێگرتنەوەی ئایینەکان، لەمیانی لێدان و دژایەتیکردنییەوە..ڕاستییەکەشی هەر ئەمەیە هەر ئەوانەی دژایەتی پێشووتر دەکەن و پاش بۆ لووان و تێکشکاندنی ئەوەی هەیە، هەر خودی خۆیان سیستمێکی لەوەی پێشووتر تۆکمەتر و ڕەقتر دەخەنەگەڕ. "زائیمئۆگڵو" خاوەنی کۆمەڵێک کتێبەو هەرچەند سەرەتا پاش بڵاوکردنەوەی کتێبی"شێوەزاری کاناک" لەساڵی هەزارو نۆسەدو نەوەدو سێ-دا کەوتە بەر هێرشێکی نێگەتیفانەی ڕەخنەکاران و بەنووسەرێکی بێ بەهرەو بێ کەڵک لەڕووی ئەدەبییەوە هاتە ئەژمار. بەڵام دواتر و بەتایبەتیش دوای بڵاوکردنەوەی ڕۆمانی"لەیلا" لەساڵی دووهەزاروشەش-دا، هاوكێشەکە گۆڕاو بەجدییەتەوە خوێنەرانی ئەدەبی کەوتنە خوێدنەوەیی و بەبڵاوکردنەوەی ڕۆمانی"سوێی ئەڤین"یش لەساڵی دوو هەزار و هەشت-دا، بەتەوایی خۆی لەپەراوێز هێنایە دەرو بووە یەکێک لەڕۆماننووسە جالیب و فرە خوێنەرەکانی ئەڵمان و"ئانا نۆردمان4-"یش لەبارەی ئەم ڕۆمانەیەوە دەڵێت:"بەڕۆمانی سوێی ئەڤین سەرکەوتوو بوو لەورووژاندنی گفتوگۆگەلێکی ڕۆمانسییانە لەڕۆژنامە فیکرییەکاندا..هەرچەند شتێکی لەم چەشنە زۆر ڕوو نادات و هاوشانی چاخەکەی ئێستامان ڕەو ناکات و دەرحەق بەئەڤین و ئەشقی ڕۆمانسییانە نووسراوە..ئەم ڕۆمانە لەیاسا و ڕێسای نووسینی هونەری گێڕانەوەی خۆشەویستی ساردو سڕو داخراو دەچێتە دەرو ئەمەش مەدح وسەنایەکە بۆ ڕۆمانەکەو شایانیشیەتی" ڕۆمانی "ئیڤانگیلیۆ" لەساڵی دووهەزار و هەڤدە-دا چاپ و بڵاوبۆتەوەو "زائیمئۆگڵو" لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی دی دەبلیو-5-، وردەکاری نووسینی ڕۆمانەکە بەزمانێکی سادەو سانا دەخاتەڕوو..باس لەوە دەکات چۆن لەساڵانی هەفتاکاندا و بەڕێکەوت لەکتێبخانەیەکدا نوسخەیەک لە"بایبڵ"ە وەرگێراوەکەی مارتن لۆسەر-ی دەکەوێتە بەردەست و پاش خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەکی درک بەوە دەکات؛ بۆ یەکەمجارە ئاشنای زمانێکی جوداو جیاوازی ئەڵمانی زۆر باڵاو کاریگەر دەبێت..جیاواز لەو زمانەی خۆی و خوشکەکەی لەگەڕەکە هەژارنشینەکەی خۆیاندا گوێ بیستی بوون..دیارە پاش ساڵانێک و دوای باڵادەستبوون و ناسراوبوونی لەبواری ڕۆماننووسیندا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە، یان دەتوانین بڵێین بەدرێژایی ساڵانێک بەردەوام لەڕێی سەردانی کڵێسا و دێر و شوێنە پیرۆزەکان و پاشانیش خوێندنەوەی بەردەوامی کتێبە تایبەت و ئایینییەکانی ئەو سەردەمانەوە خۆی بەوابەستەیی لەگەڵ ئەو بیرۆکە زۆر گرنگەدا هێشتۆتەوە؛ بیرۆکەی ڕۆمانێکی تایبەت بەزاتێکی کاریگەر و گرنگی نێو مێژووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایینی و کلتووری ئەڵمانی. هەر وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات لەپێناو نووسینی ڕۆمانەکەیدا سەردانی گشت ئەو شوێنانە دەکات کە"مارتن لۆسەر" تێیدا ژیاوە یان پێیدا گوزەریکردووەو بەمەشەوە نەوەستاوەتەوەو وەک ئەو دەستی کردووە بەپەرستش و خودا پەرستی..هەربۆیە ڕۆژانێکی دوور و درێژ وەک "لۆسەر" شەوان کاتژمێر سێ-ی شەو هەستاوە بۆ نوێژکردن و هەروەک ئەویش بەڕۆژوو بووەو هەر "زائیمئۆگڵو"ش بۆ خۆی دەڵێت؛ هەن بەگاڵتەجاڕییەوە دەڕواننە ئەوەی من کردوومە، بەڵام خودی نووسەر بوون، هەر بۆ خۆی زۆر جاران مایەی گاڵتەجاڕی و پێڕابواردنە ؟! هەر لەهەمان چاوپێکەوتنیشیدا دەڵێت؛ خۆشحاڵم بەوەی کەخۆم وەک کەشیشێک دێتە پێشچاوو دەمەوێت ئەم نامە تەڵخ و تاڵ و لەهەمان کاتیشدا مزگێنی بەخشە بەدنیا بگەیەنم. لەهەمان چاوپێکەوتندا کاتێک "ڕیکاردا ئوتە"ی پێشکەشکاری بەرنامەکە لێی دەپرسێت؛ لوتی قرتاو و قوڵپەقوڵپی خوێن و ئەو ژنەی کۆرپە ساواکەی نێو منداڵانی خۆی، دەرئەنجامی باوەڕهێنانی بەخوڕافاتێک دەهێنێتەدەر..ئایا مەبەستت بوو هەموو ئەمە بڵێیت و بگەڕێیتەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست؟ "زائیمئۆگڵو" لەوەڵامدا دەڵێت؛ لەپێناو ئیبرازپێکردنی ڕۆڵی گەورەی "مارتن لۆسەر"و ئەو بارودۆخە گەنیوو و لێک هەڵوەشاوو داڕماوەی لەو زەمەنەدا تێیدا گوزەراوە..ئەمەم کردووەو منیش وەک خوێنەرێک پێویستە خۆم بخەمە ناو هەمان ئەتمۆسفێرێک کەئەوی تێدا گوزەراوە، نەک لەبەر ئەوەی دەمەوێت خۆم ئەشکەنجە بدەم..بەڵکو لەبەر ئەوەی نەدەکرا بەچەشنێکی تر فەزاعەتی چاخەکانی ناوەڕاست بگەیەنم و وێنای بکەم. لەڕۆمانەکەیدا زۆر باس و خواسی تریش بوونەتە جێی باس؛ وەک خەون بینینە ئیبلیسییەکان و لەسێدارەدانەکان و منداڵە ئاوارەکان و فەناتیکە ئیسلامییەکان و زۆر بابەتی سەرنجڕاکێشی وەک ئەوەی خودی گێڕەڕەوەی ڕۆمانەکە پارێزەری غەیبیانەی مارتن لۆسەر-ەو لەنەهامەتی و کارەساتەکان دەیپارێزێت و ئەم جۆرە تەسەورەش لەخودی ئایینی مەسیحییەتدا هەیەو ئەوەی کەسەکان دەپارێزێت بەفریشتەی پارێزەر دەناسێنرێت و گوایە هەر کاتێک ئەوان دەستبەرداری بوون، ئینجا ئەو کەسە ڕووبەڕووی کارەسات و شتگەلە خراپە هەمەجۆرەکانی تر دەبێتەوە!؟ تەنانەت کڵێسا کاسۆلیکەکان ساڵانە لەدووی ئۆکتۆبەردا یادی فریشتە پارێزەرە پیرۆزەکان دەکەن-ەوە، بەفەرمانی پاپا ئەکلیمندۆس لەساڵی هەزار و شەسەدو هەفتا-ەوە ئەم یادە دەکرێتەوە. یەکێک لەو کەسایەتییە ناسراوە مێژووییانەی باوەڕی بەبوونی فریشتەی پارێزەر هەبووە، قەشە "تۆما ئەکوینی"یە؛ پێی وابووە هەموو شار و شارۆچکەو کڵێسایەک، تەنانەت؛ کەسایەتییە ئایینییەکانی نێویشیان لەلایەن فریشتەی پارێزەرەوە دەپارێزرێن. لەکۆتایی ئەم کورتە وتارەشدا واباشە پەرەگرافێکی کتێبەکەی کارلۆس لیسکانۆ" الکاتب و الاخر" وەبیرخۆمان بهێنینەوە،لەلاپەڕە هەفتاو چوار-دا دەڵێت: " کەبنووسم، بەواتای کردنەوەی دەرکە دێت بەسەر شێتیدا،ئەمەش ئەوەیە کەنابێت بیکەم. نووسین دەبێت ڕێگەیەک بێت، بمانگەیەنێتە ڕامانێکی نورانی و وامان لێبکات پێویستمان بەنووسین نەبێت..هەرچەند هیچ کاتێک نەشگەینە ئەو ئاستە،بەڵام هەر دەبێت ڕۆژێک ڕابوەستین..وشەکان لەجێی خۆیاندا جێ بهێڵین و بەردەوام نەبین لەنووسین لەسەر زیندەگی،بەڵکو دەبێت دواتر، خۆمان بۆ زیندەگی تەرخان بکەین..ئەم شەو وەک شەوەکانی تری ئەم ساڵانەی دوایی،ئەو هەستەم لا دروست دەبێت؛ کاتی وەستان لەنووسین هاتووە". ژێدەر: ١ – الکاتب و الاخر/کارلوس لیسکانو/ترجمە؛نهی ابو عرقوب/ابوضبی-٢٠١٢ ٢- مارتن لوثر-ویکبیدیا ٣-https://ar.qantara.de/content/hwr-m-lktb-frydwn-zym-wglw-sr-itnwyr-fqd-bryqh ٤-انا نوردمان/ترجمە:رائد الباش/قنطرە٢٠٠٩-Feridun Zaimoglu-Liebesbrand-kiepenheuer&Witsch-2008-ISBN978-3-462-03969-6. ٥-https://www.dw.com/ar/فريدون-زعيم-اوغلو-وروايته-إيفانجليو-عن-لوثر/av-41159334 e.mail: [email protected]
ئامانج عەبدوڵا دەمەوێت ڕاستەوخۆ و بە بێ هیچ پێشەکییەک بچمە ناو باسەکەوە، کە ئەمەیە: یەک لە سەرەکیترین و یەکەمین خاڵ لە ریزبەندی گرفتەکانی شانۆ لە باشوری کوردستاندا شانۆکاران خۆیانن. پشت بەست بە بینینی هەمان گرفت و دیاردە لە ئەزموون و کارە شانۆییەکانی سەر بە گرووپ و کۆمەڵە جیاوازاکانی ناو ئەو مێژووە کورتەی شانۆ لە کوردستاندا، ئەو ڕاستییەت بۆ دەردەکەوێت کە ڕێژەیەکی زۆری شانۆکاران چەندە هەوڵیان داوە بۆ بەرهەم هێنانی کاری شانۆیی و بە زیندو هێشتنەوەی ئەم هونەرە ئەوەندەش هەوڵی سڕینەوە و قبوڵ نەکردنی کاری هاوپیشەکانی خۆیان داوە. ئەگەرچی مێژووی دروست بوونی ئەم دیاردەیە لە ئاستی جیاوازدا بە تەریبی لەگەڵ بەردەوامی ڕەوتی شانۆ لە کوردستاندا ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بوونی هەبووە و بەشێوەیەکی نێگەتیڤ لەسەر پڕۆژە و ئەزمونە شانۆییەکان بەردەوام ئامدەیی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا بە ئەندازەیەکی ئێجگار گەورە و دیار لەناو شانۆکاراندا بوونی هەیە و ڕۆژ لە دوای رؤژ بەرەو سەر هەڵدەکشێت. هەڵبەت چەندین هۆکار و هێڵی ڕێخۆشکەر لەپشت ئەم دیاردەیەوەن، کە هەریەکەو بە ئەندازەی خۆی یارمەتی دەر و دروستکاری ئەو دۆخەن. من لێرەدا و بەپێێ تێگەیشتنی خۆم و پشت بەست بە بینین و بەدواداچونم بۆ ئەزمونی جیاوازی وڵاتانی پێشکەوتوو باس لە بەشێک لەو هۆکار و دەرئەنجامانە دەکەم کە لە پشت ئەم دیاردەیەوەن. نە بوونی رەخنەی دروست و زانستی و پڕکردنەوەی بۆشایی ڕەخنەی شانۆیی لە ڕێگەی سۆشیال ـ میدیا بە گشتی و فەیسبوک ـەوە بەتایبەتی. لە ئەنجامی نەبوونی کەسانی پسپۆڕ لە بواری رەخنەی شانۆدا کە بتوانن بە شێوەیەکی پیشەیی و دروست و دوور لە بەرژەوەندی تایبەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەزمون و کارە شانۆییەکان بنوسن، بەشێک لە شانۆکاران یاخود ورد تر بڵێم کەسێک یان چەند کەسێک لەهەر گروپ و کۆمەڵەیەک دەست دەکەن بە نوسین و شیکاری جیا جیا و لە سەر دیواری فەیسبوکەکانیان بڵاوی دەکەنەوە. وە بەداخەوە بەشی هەرە زۆری ئەو نوسینانە بابەتی زۆر خراپ و بێ ئەندازە نا هونەرین و ناتوانیت وەک بابەتی ڕەخنەیی سەیریان بکەین. چونکە بەشی هەرە زۆری ئەو نوسینانە لەسەر بنەمای ڕەخنەی شانۆیی نە نووسراون، زیاتر ریزکردنی ووشە و ڕستە دەچن لە شێوەی پەخشاندا کە هیچ بەهایەکی هونەری ڕەخنەسازیان تێدا نیە. وە زۆر جار نوسینەکان لە چێوەی دووری و نزیکی کەسەکان لەیەکتری و لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بونیات دەنرێن و جۆرێک لە ستایش یا شکاندنی تێدایە. ئەمەش دەبێتە گرێیەکی دەرونی و کەسی لە بارەوە نوسراو وەڵامی کەسی نوسەر دەداتەوە، ئیتر لەوێوە شۆڕ دەبنەوە بۆ ناو جۆرێک لە گفتوگۆ و قسەکردن کە شیاوی وتن و نووسینی کەسی شانۆکار نییە. خۆ ئەگەر بابەتێکی ئاست بەرزی رەخنەییانەش لە لایەن شانۆکارێکەوە لەسەر کارێکی شانۆیی بنوسرێت و سیما و بنەماکانی هونەری رەخنەسازی تێدا بەرجەستە بێت، ئەوا لە کۆتایدا هەر وەک دژایەتی یاخود ستایش کردن دەخوێنرێتەوە! واتە هێشتا بەشی هەرە زۆری شانۆکاران لە بازنەی ستایشکردن یان ڕەتکردنەوەدا خوڵ دەخۆن و توانای بەرهەم هێنانی ڕەخنەیەکی دروست و بونیاتکاریان لەسەر کارە شانۆییەکان نییە. لێرەوە و بۆ خاڵی یەکەم، دەبێت بگەینە دەرئەنجامێک کە لەوە تێبگەین نمایشی شانۆیی و هونەری رەخنەسازی دوو پڕۆسەی جیاوازی هەمان کاری هونەرین بەڵام لە دوو سیاق و شێوەی جیاوازدا. وە بەهەمان شێوەی ڕەچاوکردنی بنەماو ڕێساکانی کاری دەرهێنان و نواندن لە لای دەرهێنەر و ئەکتەرەکانەوە دەبێت ڕەچاوی ڕێسا و بنچینەکانی هونەری ڕەخنەسازی بکرێت. وە دەبێت کاری رەخنەیی لە شێوەی نوسراوی فەرمی و لەناو بڵاوکراوە و پێگە فەرمییەکاندا بڵاوبکرێتەوە، یاخود لە شێوەی کۆڕ و سیمیناری تایبەتدا بخرێتە ڕوو. گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە دەبێت هەموو نوسراوێکی سەر دیواری فەیسبوک و قسەی ناو دانیشتنە کۆمەڵایەتییەکان و هاوشێوەکانی وەک ڕایەکی شەخشی و دوور لە کاری پرۆفێشناڵی سەیر بکرێت و نەکرێتە سەرچاوە و کەرەستەی هیچ جۆرە گڤتوگۆیەکی جدی. شانۆکار و ڕەتکردنەوە و بڕوا نەبوون بە شێوەی کارکردنی ئەوانی تر. بەشێکی زۆری شانۆکاران توانای وەرگرتن و جێژ بینین لە کاری یەکتریان نییە و هەمیشە وەک چاوێکی ئامادە بۆ ڕەخنەگرتن و دۆزینەوەی کەم و کورتییەکان دەچنە هۆڵەکانی شانۆوە بۆ بینینی نمایشەکان. زۆر جار تەنانەت ئامادە نین کاری هاوپیشەکانیان ببینن. بڕوا بوون و تەنیا بە دروست زانینی شێوەی کارکردنی گروپێک یان کەسانێک لای خۆیان، تێڕوانین و بۆچونی نا دروست و بە کەمتر بینینی کارەکانی تری لێ کەوتۆتەوە. ئەمەش پەرتەوازەیی و دابەشکارییەکی گەورەی لای شانۆکارن دروست کردووە، وە پرۆسەی یەکتر قبوڵکردن و پێکەوە کار کردن بۆ شانۆیەکی دەوڵەمەند و کاریگەری زۆر زەحمەت و ئاڵۆز کردووە. بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی پۆزەتیڤ و بونیاتکار لە خاڵی دووەمدا، دەبێت شانۆکاران لەوە تێبگەن کە بۆ ئەوەی شانۆیەکی زیند و کاریگەرمان هەبێت و ببێت بە بەشێکی چالاکی ناو چالاکییە کولتورییەکان، دەبێت لە یەک ڕەنگی و هاوشێوەیی ڕزگاری بکەین و نمایشی سەر بە ڕێباز و شێوە جیاوازەکانمان هەبێت. وە لەگەڵ هەبوونی کاری شێوە جیاوازدا دەبێت هونەرمەندی شانۆکار بیر و ڕوانگەی خۆی بۆ شانۆ نەکاتە پێوەر و هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی تر. هەر نمایشێک وەک خۆی و بە ئەندازەی ئاستی هونەری و توانای کاریگەری لەسەر بینەران لێی بڕوانین. دەبێت زۆر سادە و ئاسان لەوە تێبگەین کە توانا و تێروانینەکان بۆ شانۆ جیاوازن، هەر لەبەر ئەوەشە کە بەرهەمە شانۆییەکان جیاوازن. وە لە کۆتایشدا ئەم جیاوازییە لە بەرهەمهێناندا دەبێتە زەمینەیەک بۆ دروست بوونی شانۆیەکی دەوڵەمەند و کاریگەر کە لە توانایدا هەبێت زۆرترین بینەر بێنێتە هۆڵەکانی شانۆوە و ببێتە بەشێک لە پڕۆسەی بە کولتور کردنی شانۆ. جیاکاری و نا یەکسانی لە دابەشکاری هاوکاری نێوەندە شانۆییەکاندا. بەو پێیەی تا ئێستا شانۆکاران ناتوانن تەنیا لە ڕێگەی فرۆشتنی بلیتەوە ئیدارەی کارەکانیان بدەن، زۆر جار پێویستیان بە هاوکاری مادی و یارمەتی ئیداری نێوەندە شانۆییە حکومی و نا حکومییەکان دەبێت کە سەرچاوەی دارای و دابەش کردنی ئەو برە یارمەتیەن کە لە لایەن حوکمەتەوە بۆ شانۆکاران دابین کراوە. بەڵام بە داخەوە زۆر جار جیاوازی لە نێوان شانۆکاراندا دەکرێت و خودی ئەو شانۆکارانەی لەو نێوەندانەدا کاربەدەستن بودجەیەکی باش و کار ئاسانییەکی زۆر بۆ هەندێ لە شانۆکاران بەردەست دەخەن، لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک فەرامۆش دەکەن و وەک پێویست هاوکاریان ناکەن و دەبنە ڕێگر لە بەردەم پرؤژەکانیاندا. واتە زۆر جار هاوکارییەکان لەسەر ئاستی نزیکی و گەرمی پەیوەندییە کۆمڵایەتییەکاندایە نەک ئاستی هونەری و جۆری پڕؤژەکە. ئەم جیاکارییەش دابەشکارییەکی گەورەی لە ناو شانۆکاراندا دروست کردووە و بووەتە خولقێنەری جۆرێک لە جەنگی دەروونی. بۆ گەیشتن بە دەرئەنجامێکی دروست و کاریگەر کە ئەم خاڵە نێگەتیڤە لەناو ببات، دەبێت هەموو ئەو دەسەڵات و هاوکارییە مادییانە لە ژێر دەستی تاکە کەس دەربهێنرێت و بە لیژنە و دەستەی پسپۆڕ بسپێردرێن، تا بتوانن بە یەکسانی و بە پێی قەبارەی کارەکان هاوکارییەکان دابەش بکرێن و ئەو جیاکاری و دابەش بوونە نەهێڵێت. ناکۆکی نێوان گروپ و کەسەکان. بەداخەوە کە ناکۆکی و دژایەتی نێوان بەشێک لە شانۆکاران چ وەک تاک یان گروپ، دیاردەیەکە بوونی هەیە و کاریگەریەکی خراپی هەیە. ئەگەر چی ئەم دیاردەیە ڕاستەوخۆ و ئاشکرا نییە، بە ڵام تارماییەکی گەورەی ڕوخێنەری لەناو کایەی شانۆدا دروست کردووە و جەمسەر گیری بۆ کار و پڕۆژە شانۆییەکان خولقاندووە. مەترسی ئەم ناکۆکی و تەنیا خۆ بە درووست زانینە تەنیا لە یەک زەمەندا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە بەشێک لە نەوەی نوێ یاخود کەسانێک کە تازە دێنە ناو دونیای کاری شانۆوە و ئاگاییەکی ئەوتۆیان لە مەترسییەکانی ئەم جەمسەرگیرییە نییە دەکەونە ژێر کاریگەری (ستایش یان رەتکردنەوە)ی کەسێک یان گروپێکەوە و دەوامە بەو کارە نا دروست و روخێنەرە دەدەن. یەک لە دەرئەنجامە نێگەتیڤەکانی ئەم دیاردەیە بریتییە لە ستایشکردن و گەورە کردنی لە ڕادە بەدەر بۆ کار و پڕۆژەی کەسانێک و رەتکردنەوە و قبوڵ نەکردنی تەواوەتی کەسانێکی تر لە کایەی شانۆدا، وە بۆ ئەوانی ترش بە پێچەوانەوە. لێرەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە دەبێت شانۆکاران سودمەند و دەوامەپێدەر و تەواوکاری کارەکانی یەکتر بن. واتە هەرکەس و گروپە لەسەر هێڵ و شێوەی کارکردنی خۆی، بەڵام بەرەو یەک ئاراستە، ئاراستەیەک ڕوەو بونیاتنانی شانۆیەکی زیند و دەوڵەمەند . نەک یەکتر ڕەتکردنەوە و خۆ سەپاندن و دژایەتی کردنی یەکتری. ئەمانە وەک خاڵی سەرەکی و هەندێ هۆکاری تر خولقێنەری ئەو گرفتەی نێوان بەشێکی زۆر لە شانۆکارانن کە لە سەرەوە باسمان کرد. ئەوەی پێویستە و دەبێت بکرێت، کار کردنە بە ئاراستەی جێ هێشتنی ئەو گرفتانە و بە کولتور کردنی هونەری شانۆ و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەی دەسەڵات و سیاسەت لە کایەی شانۆدا دروستیان کردووە. چونکە بەرپرسیاری یەکم و بەکار خستنی ئەم پرۆسەیە شانۆکاران خۆیانن، نەک دەسەڵات و بینەر.
سیمیۆلۆژیای گێڕانەوە نوێترین بەرهەمی چاپکراوی نووسەرو لێکۆڵەر (د.حەمە مەنتک)ە. کە بڕیارە بەم زوانە بڵاو بکرێتەوە. دەربارەی کتێبەکە نووسەر بە هاوڵاتی ڕاگەیاند" لە بنەڕەتدا ئەم کتێبەم تێزی دکتۆراکەمە، ئیشکردنە لەناو گێڕانەوەناسیدا.ئاراستەی سیمیۆلۆژیای گێڕانەوە ئاراستەیەکی نوێی توێژینەوەیە لە دەقی گێڕانەوەیی. من هەوڵمداوە توێژینەوە لە کەرەسەیەکی کۆنی وەکوو هەقایەت بە مێتۆدێکی نوێ بکەم. هاوکات ئەوەیشم سەلماندووە، کە توخم و رەگەزەکانی ڕۆمان چۆن لە هەقایەتەوە هاتوون و ڕەوتی گەشەسەندنیان چۆن بووە. بە کۆمەکی ئاراستەی سیمیۆلۆژیای گێڕانەوە گوتاری دەقی هەقایەتم ڕاڤە کردووە، هەموو ئەو بار و گۆڕانکاریانەی بوونەتەوە بەرهەمهێنانی واتا توێژینەوەمان لەبارەوە کردوون. ئەوەی لای من گرینگ بووە لەم توێژینەوە پرسیاری ئەم دەقە چی دەڵێ؟ ت و کێ دەیڵێت؟ گرینگ نەبووە، بەڵکوو پرسیاری ئەم دەقە چۆن دەیڵێت؟ بووە. واتە چۆنیەتی گێڕانەوە. ئەم کتێبە لە بڵاوکراواکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەدەمە.