یەکێک لە قەڵەمە دیارە گەنجەکانى ئێستاى ناو دونیاى نوسینى ئێمە، کە خاوەن دەنگ و ڕەنگى تایبەت بەخۆیەتى، خانمە شاعیر(کۆچەر ئەبوبەکر)ە، ئەو جگە لە شیعر نووسین خاوەنى کتێبى (هیچ)ە کە گێڕانەوەى بیرەوەرى و جۆرێک لە وەسیەت و پێشبینیە بۆ داهاتوو لە شێوەى گێڕانەوەى نامەیدا بۆ کوڕەکەى، لەم دیدارەدا راو بۆچونەکانى ئەومان تایبەت بە هەندێک پرسى ئەدەبى وەرگرت. سازدانى شاخەوان سدیق هاوڵاتی: نووسین یەکێکە لە هەرە تایبەتمەندیە خودییەکانى ئینسان و هەر یەکەو بە بیانو هۆیەکەوە دەنوسێت، دەکرێت بزانین نووسین لاى تۆ چییەو بۆ دەنووسن؟ -نوسین شەڕی منە لەگەڵ جیهان، بۆ ئەوەی باڵانسی ژیانم راگرم ئەبێت بنوسم، بنوسم و بنوسم. نوسین وا ئەکات زیاتر بژیم، پشیلە ماڵیەکەی تۆیە، کە نەخۆشی خۆی، گۆشەنشینی خۆی توڕەبون و دڵشکانی خۆی هەیە. نوسین وا ئەکات خۆ بە دەستەوە نەدەیت، هەناوت هەو نەکات. ئەدەبیات وەکو رۆژی یەکشەممە گرنگە لە هەفتەدا، نوسین ئەیەوێت فریای دونیا بکەوێت، ئەوە نوسینە وا ئەکات ژیان بە سینگمەوە بنوسێنم، ئەگەر نا بە دیار گۆڕێکی بەتاڵەوە جۆلانەیەکم هەڵدەواسی و جۆلانەم ئەکرد، نوسین وا دەکات لە ئێوارەدا دڵ نەیبەستێت، ئەو کاتەی هەست ئەکەم لە گەردوندا هیچ شتێک پاڵپشتم نییە، نوسین ئەبێتە قەڵام. باشیەکەی لەوەدایە تا کۆتایش پێمان وایە نوسین رزگارکەرەکەیە، وەلێ... هاوڵاتی: زۆرکەس پێى وایە نووسینى ئێستاى گەنجانى ئێمە، ئەگەرچى بە تەمەن و بە قەڵەم لە ڕووى ئەزموونى نوسینەوە گەنجن. بەڵام نووسینەکانیان بەزۆرى نوسینى نائومێدى و ڕەش بینیەو تەواو نەوەیەکى بێهیوان لە ناو دەقەکانیاندا. تاچەند ئەم بۆ چونە ڕاستەو هۆکارەکەى چییە گەروایە؟ -ئەم پرسیارە وەڵامەکەی کتێبێکە، چون ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، کە پەیوەندی بە نەریت و میراتی فەرهەنگی وتەواوی ئەو زەبرو زەنگەوە هەیە کە بەر ئێمە کەوتووە، گۆرانکاریە جیاوازەکانی بواری ژیان و کۆمەڵگە کاریگەری بەسەر ئەرێنی و نەرێنی ژیانی هەر تاکێکەوە هەیە، کە بێگومان نوسینیش وەرگێڕانی ئەو ژیانەیە بۆ ناو نوسین. کۆمەڵگەی ئێمە کۆمەڵگەی پاش شەڕەو کارتێکەرەکانی ئەم نەوەیەن، کە بە قۆناغ ئەم زەبرەیان بەر کەوتووەو هێشتا خەریکن باجی جەنگ ئەدەن، هەر تاکێک بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت رۆژانە لە لایەن سیستمێکی سیاسییەوە سزا ئەدرێت، رەنگدانەوەی کۆمەڵگەیەکی نائازادە لە هەموو بەندو پێوەندە کۆنەکان.هەر ئەوەشە وای کردووە ئێمە شاعیرمان زۆر بێت، چون هێشتاش ئێمە لە خەیاڵێک ئەگەڕێین تێیدا ئارام بگرین، خوێنەری کورد هەتا ئێستایش ئارەزووی خوێندنەوەی رۆمانی خەیاڵئامێزو فیلمی رۆمانسی ئەکات. ئەم بابەتە لێکۆڵینەوەیەکی وردی ئەوێ، پاشان خودی نوسین لە قۆناغێکدا بەرهەمی نا ئومێدی و برینە، یاخود خاڵی ناکۆکی تۆیە لەگەڵ ژینگەو دەوروبەرت، لەگەڵ بون، لەگەڵ جیهان، بە جۆرێک ئەتەوێت خۆت لە رەگەوە هەڵبکەنی و لە جێگەیەکی تردا بڕوێیتەوە، کە بۆ هەندێک ئەو جێگەیەی تر نوسینە، نوسین جار هەیە دامەزراو و جێگیرت ئەکات، جاریش هەیە بۆ سەفەر ئەتباو هەرگیز ناگەڕێیتەوە، دوور دوور ئەتبات. نا ئومێدی لە نوسیندا و بە تایبەت لە نێو نوسەرانی گەنجدا گەر لە ئاگاییەوە بێ و بزانن ئەو نا ئومێدیە لە نێو کۆی خۆیدا بەرەو کوێ دەچێت و بۆ ئەنوسرێت، وە هەڵگری بەرپرسیاریەتیەک بێ بەرامبەر بە دەقی راستەقینە، وە لە دەرەوەی نەریت کاری تێدا بکرێ، ئاسایی وەر ئەگیرێت، بەڵام لە قۆناغێکدا، کە نائومێدی ئەبێت بە چەشنێک لە مۆدێل ئەمە خاڵە ترسناکەکەیە، کە مەترسی هەیە بۆ سەر ئەدەبیاتی ئێمە، کە بە نیگەرانیەوە ئەڵێم لای گەنجانی ئێمە چەشنێک لە عەبەسیەت و نا ئومێدی پەیدا بووە، گەیشتۆتە ئەو خاڵەی کە پێیان وایە لە دەرەوەی نا ئومێدی دەق دەلالەت و واتایەکی قوڵی نییە، کە ئەمەش بێگومان بێئاگایی نوسەر دەردەخات لەمەڕ ئەدەبیات و نوسینی دونیای دەرەوە، بەم هۆکارەشە من پێم وایە ئەدەبیاتی ئێمە هەتا ئێستا لە بازنەیەکدا خول ئەخوات... هاوڵاتی: بۆچى زۆربەى گەنجانى ئێمە کە دەنووسن بە شیعر نوسین دەستپیێدەکەن؟ بۆچى نوسەرى گەنجى چیرۆکنووس یان ڕۆماننووس یان ژانرەکانی دیکەمان زۆر کەمە هۆکارى ئەمە چییە؟ ئەمە تاچەند پەیوەندى بە و قسیەوە هەیە کە دەڵێن ئەم نەوەیە ناخوێنەوە و تاقەتى خۆ ڕۆشنبیرکردنیان نییە؟ -وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشودا تیشکم خستە سەر، لە نێو ئەدەبیاتدا ژانری شیعر لە زۆر رووەوە گرێدراوی جیهانی خەیاڵەو کەمێک دورکەوتنەوەیە لە فەوزای واقع، بارو دۆخ و هەلو مەرجی رۆژهەڵات کەشێکی خوڵقاندووە بۆ گەنج، هەمیشە بە دوای ئارامیەکدا گەڕاوە و ئەم ئارامیەشی لە شیعردا دۆزیوەتەوە، شیعریش پتر رەنگدانەوەی گرفتگەلی تاکی ئێمەیە و من وای دەبینم نزیکە رۆڵی سندوقی سکاڵا ببینێت، لە کاتێکدا ئێمە پێویستمان بە خاڵێکی وەرچەرخانە لە ئەدەبیاتدا و بەتایبەتتر شیعر، پێویستمان بە تەکنیک و خەتێکی جیاوازە، پێویستمان بە تەکانێکە، بە شێوە گۆڕکێیەکە، ئێمە خەریکی جوینەوەی خۆمانین، لە شیعردا هەموو ئەڵێیت بە سکێک لەدایک بوین. سەبارەت بە ژانرەکانی تری نوسین، بەتایبەت ئەگەر قسەی من لەسەر رۆمان بێت، ئەکرێت بگەڕێینەوە بۆ درەنگ کەوتنی رەوتی رۆماننوسین لای ئێمە، لە کاتێکدا لە خۆرئاوا لە سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەوە سەری هەڵداوە، گەنجی ئێمە گەنجینەیەکی رۆماننوسی بەر لە خۆیان شک نابەن تا بچنەوە سەری، ئەوەی هەیە چەند هەوڵێکی کەمن، وە هەندێکیان ئەوەندە سەرەتایین ئەتوانی هەست بکەیت، کە چەند بێ ئەزمونانە نوسراون. خودی گەشەسەندنی رۆمان پەیوەستە بە ئەزمون و تەمەنەوە، ناکرێت نوسەر بێ ئەوەی ئەزمونێکی هەبێت و تەمەنێکی بەسەر بردبێ دەست بۆ ژانری رۆمان بەرێت، تۆ ناتوانی رەخنە لە گەنجێک بگری بەوەی بۆچی شیعر ئەنوسێ و رۆمان نانوسێت، زۆربەی زۆری رۆماننوسانی دونیا سەرەتا شاعیر بون، پاش ئەزمون و قوڵبونەوەیەکی زۆر و ئاشنابونێکی باش بە ئەدەبیات ئەوکات دەستیان بۆ رۆماننوسین بردووە، پاشان. با ئێمە شعر وەکو گوتارێکی بێبایەخ چاولێنەکەین، کە یەکێکە لە هەرە ژانرە گرنگەکانی ئەدەب لە دونیاداو گرنگی تایبەتی پێ ئەدرێت. هاوڵاتی: تا چەند بڕواتان بە تەمەن یان ئەزموون هەیە لە بوارى نووسیندا؟ ئایا بۆ نووسینى باش پیێتان وایە تەمەن ڕێگربێت؟ بەو پێییەى هەمیشە باس لەنەوەى کۆن و نەوەى تازە دەکرێت لە ناو دونیاى نوسیندا؟ - ئەم پرسیارەی تۆ بە چەشنێک گشتگیرەو زەینی من یان خوێنەر بەو ئاراستەیەدا ئەبات، کە دروست مەبەستت کام جۆری نوسەری نەوەی نوێ و نەوەی کۆنە، رێگەم بدە من وەڵامەکە تایبەت بکەم بە نوسەری نەوەی کۆن و نەوەی نوێ لە باشور، چون ئێمە نوسەرمان هەیە وە کەسانێکیشمان هەن لە هەوڵی بە نوسەربوندان، تا کۆتاییش لەو قۆناغەدا ئەمێننەوە وە توشی چەشنێک لە وەهم ئەبن، کە پێیان وایە بەڵێ ئەمانە نوسەرن، بەوەی کۆمەڵێک کتێبی ریز کردووە، لە بەرامبەردا ئەشێ گەنجێکمان هەبێ تەنیا سێ بۆ چوار دەقی هەبێ، بەڵام بە مانا نوسەرە و جێی خۆی لە مێژودا ئەکاتەوە. ئێمە ناتوانین ناسنامەیەکی لە قاڵبدراومان بۆ نوسەرانی نەوەی کۆن و نەوەی نوێ هەبێ، وە ئەدەبیاتی کوردی بەو چەشنە گەی و نییە بتوانی پۆلێنبەندییەکی وردی بۆ بکەیت، لە دۆخێکی واشدا گرنگە پشت لە (کێیە) بکەین و بیر لە( چییە) بکەینەوە، ئەمەیان پەیوەندی بە تەمەنەوە نییە بەو شێوە باوەی کە ئەمڕۆ لە باشور پۆلێن کراوە، کە ئەتوانم بڵێم زیاتر فۆرمی قوتابی و مامۆستای وەرگرتوە، وەک لە نەوەی کۆنو نەوەی نوێ. لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە وتومە، ئەزمون بۆ نوسەر گرنگە، کات و شوێن رەمز و رازی دەق و سیحری ئافراندنی نوسەر دیاری ئەکەن، ژیانی نوسەر، یاخود ژیانی ئەدەبی نوسەر پۆلێن کراوە بەسەر چەند قۆناغێکدا، هەر چەند ساڵ جارێک نوسەر بە پێی ئەزمون و بەر یەککەوتنی لەگەڵ دونیا، نوسینەکانی پێویستە فۆرمێکی تر وەرگرن و شتێکی جیاوازتر لەوەی پێشو بە خوێنەر ئاشنا کات، هەندێک جێگە هەن لە نێو مرۆڤدا لە لاوێتیدا نەگەییون و لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا ئەگەن، لێرەدا تەمەن رۆڵی خۆی ئەگێڕێت، بەڵام دیسانیش لەم پۆلێنکردنەدا مانای وا نییە هەوڵی لاوان هەوڵێکی نەزۆکە.
بەختیار حەمەسوور قۆناخی ئامادەیی بووم، لە ئامادەیی سلێمانی کوڕان. پشت پاڵاس. ئەم قوتابخانەیە لە مێژووی ئەم شارەدا جێیەکی تایبەتی هەیە، چەندین کەسی دیار و بەناوبانگی سلێمانی، قۆناخی ئامادەییان لەم مەکتەبەدا تەواو کردووە. یەکێکە لە قوتابخانە هەرەکۆن و قەدیمەکان، لە ساڵانی ١٩٢٤ – ١٩٢٥ دامەزراوە. من ئەزموونێکی خۆشم لێرە نەبوو؛ لە گەڕەکە خوارەکانی شارەوە بەرەو ئێرە بەڕێ کەوتم، هەر کە لێرە چاوم کردەوە، چواردەورم لە چینە بەرز و هەبوو و ڕاقییەکان بوون، نامەوێ ئەم حەکایەتە تاڵە بگێڕمەوە، وەک چۆن نامەوێ یادەوەرییەکانی تریش بگێڕمەوە، پلانم داناوە بە زنجیرە ئەم قۆناخە بنووسمەوە، دانە بە دانە. بە تەنیشت ئەم حەکایەتانەوە، حەکایەتی جددیەت و بەپرەنسیپ و بەرپرسیارێتی، وەک خەسڵەت و سیما و ناسنامەیەک ئەم مەکتەبەی پێ دەناسرایەوە، ئەمە زۆر ئازاری دەدام، دەیڕەنجاندم، بەردەوام ماندوو و وەڕزی دەکردم، بە هەموو توانامەوە دەمخوێند، دەکۆشام و دەجۆشام، لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر بەناڕەحەت دەردەچووم؛ زۆرترین هەوڵم دەدا، بە کەمترین ئەنجام. لە پۆلی چوار بووم، چوار دەی ئێستەیە. ئەوکاتە بەشی ئەدەبی و عیلمی لە پۆلی پێنجەوە جیا دەکرانەوە، لە چواردا، تێکەڵەیەک لە هەردوو بەشەکە دەخوێنرا. چواربڕین ئاسان نەبوو. دوای نیوەی ساڵ، مامۆستایەکمان بۆ هات، ناوی مامۆستا ئامانج جەبار بوو، پیاوێکی بەژن ڕێک و بۆشناخ، چاویلکەلەچاو و جددی، وردبین و بێ بزە، خۆی وەک مامۆستای هونەر و شێوەکاری ناساند، لەو کاتە و دواتریشدا، وانەی هونەر، لە پاڵ وانەکانی وەرزش و موزیکدا، لە وانە فەرامۆشکراوەکان بوو، کە هەمیشە بەر ڕێست و فەراغ دەکەوت، یان لەبریی، وانەیەکی تر دەگوترایەوە، لە زۆر حاڵەتیشدا دەخرایە وانەی کۆتاییەوە و نەدەخوێنرا و دەڕۆیشتینەوە. هاتنی ئەو مامۆستایە پێچێکی خستە ئەم ڕێسایە و وانەی وێنەکێشانی کرد بە وانەیەکی سەرەکی، سووربوو لەسەر ئەوەی وانەکە چۆن لە جەددوەلدا هەیە، وا بخوێنرێ و گرنگی تەواویشی پێ دا. هەموو ئەمانەی لە یەکەم وانەدا گوت. حەفتەی جارێ وانەکەی ئەومان هەبوو، دەهات و بە کۆمەڵێک قسەی تازە و نەبیستراوەوە، لە حاڵەتی حەپەسان و دەمکردنەودا، جێی دەهێشتین. جارێ لەگەڵ هاتنەژوورەوەیدا، گوتی: «سەرو پەڕەی سپی دەربێنن، بە دڵی خۆتان پڕی بکەنەوە، بە هەرچییەک کە دەتانەوێ؛ گرنگ پڕ و ڕەشی بکەنەوە.» و دەنگی دڕان و لێکردنەوەی پەڕەکان لە دەفتەر، بۆ ساتێک سەدایەکی ناجۆر و خشەخشکەری لە هەوای پۆلەکەدا سازاند و هەر زوویش لە هەمان هەوادا توایەوە. دواتر مامۆستا ئامانج بەسەر ڕیزەکاندا ڕەحلەبەڕەحلە دەستی بە گەڕان کرد و پاش وردبوونەوەیەکی کەم بەڵام قووڵ، لەناو ئەو پەڕە ڕەشکراوانەی بەردەمماندا، شتی سەیروسەمەرەی دەدۆزییەوە. ئێستە کە ئەم دێڕانە دەنووسم بیری ئەو قسە بەناوبانگەی شێوەکار و پەیکەسازیی ئیتاڵیی، مایکڵ ئەنجیلۆ کەوتوومەتەوە؛ کە ڕۆژێک لە تەماشاکردنی گاشەبەردێکدا گوتوویەتی: «ئەسپێک لەناو ئەم گاشەبەردەدا گیری کردووە، دەبێت ڕزگاری بکەم.» و دواتر جوانترین پەیکەری ئەسپی خۆی و سەردەمی ڕۆنیسانس لەناو دڵی گاشەبەردەکەدا دەردەهێنێت. ئەمە دەلالەت لە درک و هەستی قووڵ و وردبینیی هونەرمەند دەکات، کە دەتوانێت لە کەلاوەیترین و شپڕێوترین جێیەکاندا کاری هونەریی دانسقە کەشف بکات و بدۆزێتەوە. بەهەرحاڵ، مامۆستای هونەرەکەی ئێمەیش شتێک لەو نابیغەبوون و درککردنە وردەی تێدا بوو؛ بەوەدا کە ئەو هەموو ژن، پیاو، مناڵ، ئەسپ، باڵندە، کانی و... لە پەڕە شپڕێو و شپرزەکانی ئێمەدا دەرهێنا، کاتێکیش گەیشتە ڕەحلەکەی من و لە تەنیشتم دانیشت، وانەکە بەرەو کۆتایی لێژ دەبووەوە. کەمێک لە پەڕەکەم ورد بووەوە، پەڕەیەک، کە دەتگوت پشیلە شەڕی تێدا کردووە، داینا و گوتی: «چی تیا دەبینی؟» بزەیەکی ساکارم کرد و گوتم: «هیچ.» گوتی: «چی هیچ!» گوتم: «وەڵڵا نازانم.» گوتی: «کوڕی باش، تۆ جوانترین ژنی ڕووتت کێشاوە، کە لەسەر گازەرای پشت لێی ڕاکشاوە!» حەپەسام و گوتم: «چۆن؟» گوتی: «قەڵەمەکەتم بەرێ.» و دامێ. هەندێ لە خەتە خوارەکانی منی تۆخ کردەوە و جوانترین ژنی لەناو دڵی ئەو پەڕە پڕکراوە بە هێڵ و خەتی لەخۆوەکێشڕاو و بێسەروبەرەدا دەرهێنا. زەنگ لێی دا و وانەکە کۆتایی هات، بەڵام ئەو چرکەساتە چون بیرەوەرییەکی سەوز کۆتایی نەهات و نایەت. وەک وەفایەک بۆ ئەو مامۆستایە نزیکی پازدە ساڵە ئەم وێنەیە و ئەم لاپەڕەیەم هەڵگرتووە، ناڵێم بێوەفاییم نەکردووە و بێوەفا نەبووم، بووم و هەم، بەڵام لە ئاست ئەم مامۆستایەدا، دەتوانم کەمێک بە تۆنێکی بڵند بڵێم: «نا، نەبووم و نیم.» پاش ئەو ڕووداوە چەند جار هەوڵم دا وێنە بکێشم و شکستم خوارد، بە ئێستەیشەوە، هەر پەڕەیەکی ڕەشکراوە بە شەڕەپشیلە دەبینم، دەزانم ژنێک، پیاوێک، مناڵێک، ئەسپێک، باڵندەیەک، کانییەک و... گیری کردووە و دەبێت دەربهێنرێت، بەڵام من دەستم ناگاتە قووڵایی و دڵی پەڕەکان و تێپەڕ دەبم.
هاوکار موسا ئەو کاتەی دەستم بە خوێندنەوەی شیعری ئازاد کرد، بە کۆمەڵە شیعری ''سەراپام خەونە''ی ئالان پەری دەستمپێکرد، بۆیە هیچ یەکەمینێک لەیاد ناکرێ! یەکەمین ئەزموونەکان هەمیشە لە تیرێژ و کەلێنەکانی یادگەدا دێن و دەچن. کاتێک کتێبی ''شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە'' ی وەرگێڕا، کە هی نیلس هاوی شاعیری دانیمارکییە و کۆمەڵێ وتار و شیعر لە خۆی دەگرێ، ناونیشانەکەی سەرنجی ڕاکێشام و یەکسەر خوێندمەوە، بۆچوونی نوێ بوون لە هەمبەر شیعر. ئالان پەری چەند کۆمەڵە شیعری هەیە و بە عەرەبی و دانیمارکیش دەنووسێ، من تەنها یەکێکیانم دەستکەوت، چەندین ساڵ تێدەپەڕن بەسەر خوێندنەوەی من بۆ ''سەراپام خەونە''، بەڵام کاتێ لەم کۆتاییانە زانیم کە ئالان پەری کتێبێکی دیکە بڵاودەکاتەوە، خۆشحاڵبووم، بۆیە کە بڵاوکرایەوە یەکسەر چووم کڕیم. ''جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە'' دواترین بەرهەمێتی و ئەزموونێکی تەواو جیاوازە لەگەڵ کتێبی پێشووتری، چ لە ڕووی هەردوو پایەکانی ڕەخنەی ئەدەبی کە چی نووسین و چۆن نووسینن، چ لە ڕووی بیرۆکە و دنیابینی دوای دەقەکانەوە، چۆن نووسین بریتییە لە تەکنیک، هەڵبەت تەکنیکی ئەو دیوانەی شاعیر تەکنیکێکی نوێیە و هەستدەکەین بەر ستایلێکی دیکەی شیعر دەکەوین، چۆن نووسینیش ناوەڕۆکە و لەم دیوانەشدا بابەتی نوێ بەرباس دراون. بە گشتیی ئەم ئەزموونەی شاعیر نەک تنێ لە کارەکەی پێشتری، بەڵکو لە ئەدەبی کوردیدا جیاوازە و دەنگێکی نوێیە، پێشتر لەو تەکنیک و زمانە بەدی نەکراوە، ئەمەش ئەرکی شاعیری ڕاستەقینەیە، چونکە شیعر نوێبوونەوە و گۆڕانکاری بەردەوامە و گرنگترین کەرەستەی شیعر، زمانە، هەڵبەت زمانیش هەمیشە لە پێشڤەچووندایە و بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە و هیچ وێستگەیەک نایوەستێنێ. ئەوەی لەم دیوانەدا زیاتر جێگەی باسە، بێهیزبوونی سوبیکتە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا نوێگەرییە، چونکە زۆربەی ئەو دەقانەی ئێستا دەنووسرین بەوە دەستپێدەکەن: من من من!. بەڵام سوبیکت لەم دیوانەی ئالان پەریدا شوێنێکی زۆر لاواز و کەمی پێدراوە، دەتوانین بڵێین نەمانی سوبیکت لای وی دەشێ کاریگەری وتارە ئەدەبییەکەی نیلس هاوی لەسەر بێ کاتێک لە کتێبی ''شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە'' دا دەڵێ: ''ئەگەر شاعیر لە شیعرەکانیدا باسی ژیانی تایبەتیی خۆی کرد، لە چاوی خەڵکی تردا زۆر پێکەنیناوی دەبینرێت، چونکە هەموو کەسێک ژیانی تایبەتی خۆی هەیە، کەس ئارەزووی ئەوەی نییە، تەواوی ژیان و کەسایەتیی کەسێک بخوێنێتەوە'' . ئەم بۆچوونەی نیلس هاو جێگەی ڕەزامەندییە، چونکە سوبیکت کێشەیەکی گەورەی شیعری ئەمڕۆیە، لەبەر ئەوەی زۆربەی شاعیرەکان کەوتوونەتە نمایش و وەسفی خۆیان، لە کاتێکدا کۆمەڵێ بابەتی تر هەن کە هێشتا پەییان پێ نەبراوە و دەبێ لە ڕێگەی شیعرەوە کەشف بکرێن. ئالان پەری کە وەرگێڕی ئەو کتێبەی نیلس هاوە دەشێ سوودی زۆری لەو بۆچوونەی نیلس هاو وەرگرتبێ، هەر بۆیە لە سوبیکت دوور کەوتۆتەوە، مەرجیش نییە هەموو سوبیکتێک خودی شاعیر بێ، ئەم پرسەش خوێنەر بڕیاری لەسەر دەدات. جوانییەکی دیکەی نێو ئەو دیوانە شیعرە، بریتییە لە پرسیارکردن و ورووژاندنی پرسیاری بەردەوام و نەبڕاوە، پرسیار لەپێناو و بۆ ئامانجی وەڵام نا، بەڵکو پرسیار لە پێناو بەرهەمهێنانی پرسیاری دی، شاعیر ئەو کەسەیە کە زۆرترین پرسیار دەکات، شیعر پرسیارە نەک وەڵام و ڕوونکردنەوە. ئاڵان پەری دەیەوێ شاعیرێکی نوێگەر و بیرکەرەوە بێ، نەک شاعیرێک بێ بۆ چێژ و هەستناسکیی، ئەمە لە شیعری ''ژیان و خەون لە چێشتخانەیەکدا'' دەردەکەوێ، کاتێ دەڵێ: ''سەرەڕای ئەوەی شوێنەکەم گۆڕیوە، بەڵام من هەر دەنووسم، من ئێستا جیاوازتر دەنووسم، ئێستا من ناتوانم باسی ئەو نووسینانە بکەم کە ئارامی دەبەخشنە دڵ و هزر و زاخاو دەدەنەوە، نووسینەکانم باس لە دڵەڕاوکێ و سووتان و قیژە دەکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ ژینگەی شوێنە نوێیەکەمدا بگونجێم. ناکرێت باسی عیشق بکەم و خۆم نیشتەجێی چێشتخانەیەکی مەترونیویی ئەم گەردوونە زلە بم.'' لەم دەقەدا بۆچوونەکانی شاعیرمان لە هەمبەر شیعری نوێ بۆ دەردەکەون، شاعیر دەیەوێ بڵێ ڕۆمانسییەت و شیعری خۆشەویستی و هەوری پەمەیی باوی نەماوە و سەردەمەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بۆیە پێویستە شاعیر لەگەڵ سەردەمەکاندا بڕوا و خۆی نوێ بکاتەوە و لە هیچ کۆسپێکدا قاچی نەلەرزێ، نەبادا دەمولموزی بەر زەوی بکەوێ. ئەرکی شاعیر گۆڕینی پیشەی ڕاستەقینەی کەرەستەکانە، کارەستەکانی چێشخانە لەو دەقەدا هەمان ئەرک و ماهییەتی کەرەستەی ڕاستەقینەی چێشتخانەیان نییە، بەڵکو لێرەدا هەر یەکێکیان ئەرکێکی شیعریی وەرگرتووە و داخڵی شیعرییەت بوونەتەوە، ئەرکی شیعریی چییە؟ ئەوەیە کە هەر وشەیەک بۆ نموونە وشەی دار یان کەوچک یان پێنووس کە واتایان دیار و ڕوونە، بەڵام کاتێک دێنە نێو شیعرەوە و شاعیر بەکاریان دەهێنێت، ئەرکێکی دی وەربگرن و هەمان واتای ڕاستەقینەیان نەبێ. لە هەمان شیعردا سەرنجمان بۆ پرسێکی گرنگ ڕادەکێشێ و دەڵێ: ''ناوبەناویش دەستم لە کتێبێک گیر دەبێت و ڕووناکی دەکوژێنمەوە و دەست دەکەم بە خوێندنەوە!'' ئەگەر دەزانن چەند سەختە خوێندنەوە بە تاریکی؟! مەبەستی شاعیر لێرەدا ئەو کتێبانەی کە باشن و بە تاریکیش دەخوێندرێنەوە، چونکە کتێبە باشەکان ئەمڕۆ دەگمەنن، کتێبی باش خۆی دەبێتە چرا و ڕوناکیی پەخش دەکات، بەڵام ڕەخنەی شاعیر لە کتێبە قوفڵدراوەکانە، ئەوانەی بێ سەروبەرانە لە بازاڕ پەخش دەکرێن و بە هیچ فلتەرێکدا تێناپەڕێنرێن. دیارە مەبەستی لە سەختی و قورسیی پڕۆسێسی خوێندنەوە نییە و دەرخواردی خوێنەر دەدرێن، بەڵکو مەبەستی ماندووبوونە لە دیار ئەو کتێبانەی نابن بە ڕوناکیی و هەر لە زوڵمەتدا دەمێننەوە. لە شیعری ''کەوتنی دەنگی هارمۆنیکا لە دەمی گوناهەوە'' دا دەڵێ: ''نەدەبوو هەر لە قاوغی ڕزینی سووراوی لێوێکدا مات بوومایە'' واتە نەدەبوو هەر خەریکی شیعری ڕۆمانسی و شیعری خۆشەویستی بم، بەڵکو پێویستە گۆڕانکاری ئەنجام بدەم و بەرەوپێشەوە بچم، چونکە شیعر گۆڕانکاریی و جوڵەیە، نەک خولانەوە دەنێو بازنەیەکی دیاریکراو، شاعیر ئاماژە بە گۆڕانکاری ناوەڕۆکی شیعر دەدا چونکە پێی وایە ناکرێ بە لاشەی خوێناوییەوە وەک کەسێکی سەراپا برین باسی ناسکی و خۆشەویستیی و ڕۆمانسییەت بکات. شاعیران چۆن دەتوانن ڕووی چرای ڕۆمانسییەت بەرەو ئاڕاستەی کەلێنە بۆش و تاریکەکانی بوون وەرگێڕن؟! ئاخر ئەم تیرێژە تژیی زوڵمەتانە پێویستە کەشف بکرێن و پەیپێ ببرێن، نەک بڕازێنرێنەوە و وەسف بکرێن!. ئالان پەری پێچەوانەی شاعیرانی تر دێتە دەنگ و خۆی بە خراپ دەزانێ بەرامبەر خۆشەویستیی و ئەویتر و دەیەوێ خۆی لێ بپارێزرێ. وەک دەزانین زۆربەی شاعیران داوای هاتن و دەرکەوتن و نێزیکبوونەوەی ئەویتر دەکەن، تا گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی بۆی دەپاڕێنەوە و دەکروزێنەوە، بەڵام ئەمانە تنێ دەردەدڵن نەک شیعر، شیعری نوێ زمان و هزرە نەک گرینۆکیی، شیعری نوێ ڕەق و تیژ و ئاگرە و ترسناک و تۆقێنەرە، نەک ناسکیی و پارێزراوی و موقەدەس، ئەم بابەتەی ئالان پەری لە شیعری ''باکوری خۆشویستن'' دا دووپات دەبێتەوە، کاتێ بە هەستێکی کافکایانەوە کە لە نامەکەی بۆ میلینادا هەستی پێ دەکرێ، دەڵێ: ''ئێستا لەم کاتەدا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، لە خۆم دڵنیا نیم کە من خۆشمدەویست، یان تەنها وەرزێک بوو و تێدەپەڕێت؟'' ئەمە نادڵنیایی نییە، بەڵکو لوتکەی ڕاستگۆییە، وەک چۆن شتێک لێوڕێژ دەبێ، ئەم دڵنیاییەی شاعیریش بەهەمان شێوەیە، بەڵام بە جۆرێکی دیکە دەریبڕیوە و نەیویستووە خۆی وەک فریشتەیەک و موقەدەسێک لە قەڵەم بدا، ئەم پرسە لە دەقی ''لەچی ڕاماویت'' دا ڕوونتر دەردەکەوێ، کاتێک دەڵێ: ''نازانم ئەو شەوە بۆ هاتیتە خەوم؟ لە چییت دەڕوانی؟ لەچی ڕاماوی؟ من هیچ شتێکم نییە پێشکەشی جوانی خۆشەویستی بکەم، من ناتوانم جیهانێکی ئارامت بۆ بێنم، من نەخۆشی نووسینەوەم هەیە، من ناتوانم تا هەتایە سەیری چاوە گەشەکانت بکەم، من بێ دووکەڵی خەم ناژیم، بێ سنگی ساردی شەوان هەناسەم بۆ نادرێت، من ئەو جەستە بێزارەم کە ناتوانم لەخاچی بدەم. من بۆ تۆ ناشێم، من بەجێ ماوم، لەمێژە بەجێ ماوم و ئێستاش تۆزی ڕابوردوو لەخۆم دەکەمەوە.'' شاعیر بەهۆی ئەوەی لە چییەتی شیعر تێگەیشتووە، بۆیە بڕوای بە جیهانێکی ئارام نییە، چونکە شیعر هیچ کاتێک ئارامی و چێژ نییە، بەڵکو شیعر وەسوەسە و ڕاڕایی و ترس و زراوڕژانە، شیعر کارەسات دەئافرێنێ، نەک دونیایەکی خۆش و ئاسوودە دابین بکات، مەبەستمان لەم قسەیە ئەوە نییە کە دژی شیعر بین، بە پێچەوانەوە شیعر باشترین ئازارە کە مرۆڤ لەگەڵی دەژی، لەگەڵیدا دەبێتە بیرکەرەوە و بوونەوەرێکی گومانکار، نەک کەسێکی دەستەمۆ و دەست و پێ قوفڵکراو.
داستان بهرزان سوێند به برین، که ههڵهات ئاوابوونى بۆ نییه، ئهم دڵۆپه خوێنانه نامۆنین به من، ههرکات دهگهڕێمهوه بۆ ناو شکست، بهشتێک خۆمى لێ دهرباز دهکهم، من ژیانم کێشهى گهورهى نییه، من ژیانم ژانى گهورهى ههیه، لهگهڵ ههندێک خواریدا، ئهمجاره بهنیازم به کۆدائین ئهو ژان و خوارییانه چارهسهر بکهم، واته شکست به شکست. باشبوو نهمردم هاتنه قسه ئهو برینانهى بهدهستى ئێوه لهسهر گیانم ڕووێنراون و شاهیدن بهسهر خراپی ئهم ڕۆژانهمهوه. من هاتووم پێتان بڵێم: ڕێزى برینى خۆتان بگرن برینهکانتان گهنجینهتانن. مرۆڤه بریندارهکان شوێنیان بهرزاییهکانه له برینهکانتانهوه سهیری دونیا بکهن که توانیتان ئهوه بکهن خهم بۆ شادى ناخۆن که نیتانه. بڕۆن سهیری دهرگاکانتان بکهن دڵۆپه خوێنى شینى منه ڕهنگى کردوون ئێستا تاقهتم نییه بۆتانى باس بکهم مچوڕکهیهکى کۆدائین له گیانمدایه و دهمهوێت بۆ ههمیشه تێمدابێت دهچمه سهر پهڵهیهک ههور و خهون به ڕۆژانێکهوه دهبینم که منیش باسی دونیام دهکرد. بۆ خۆشیی مهگهڕێن له هیچ کوێ نییه بهههشتیش تهنیا وشهیهکه به ههموو زمانهکان دهنووسرێت و دهگوترێت خوداش دووره خودا زۆر زۆر دووره بهوهدا بزانن که مرۆڤ تهنیایی خواردوویهتى تهنیایی سواری مرۆڤ بووه تهنیایی ئاژدادى مرۆڤى گاوه. شادییهکانتان بشارنهوه ڕۆژگارێک تێکهوتووین شادییمان خهڵکى توڕه دهکات برینهکانتان نمایش بکهن بۆ ئهوهى خهڵکى دهست بهسهرتاندا بهێنن و دڵسۆزانه خوێ به برینهکانتاندا بکهن ئهمهیه مرۆڤى ئهم ڕۆژگاره. ئهگهر له بارهى شێواندنى ژیانهوه زانیاریت نییه واز لهم شیعره بێنه، باشتره لهوهى تهواوى بکهیت تهنیا سهرئێشهت بۆ دروست دهکات چون ئهم شیعره بۆ ئهوانهیه ژیانیان دهڕشێنهوه به قورسی خۆیان له پهتاکهى ڕزگار دهکهن و به ژههری ڕۆژهکانیان شهربهتى نائومێدى دهگرنهوه. ئهگهر تهمهنت بیست و پێنج ساڵه و پێت وایه گومان نهخۆشییه ئهگهر تهمهنت سی ساڵه و خهون بهوهوه دهبینى گۆمهڵگا لێت ڕازی بن ئهگهر تهمهنت چل ساڵه و تاکو ئێستاش کهسێک ههیه له سهروتهوه دادهنیشێت ئهگهر تهمهنت پهنجا ساڵه و ئومێد به ساڵانى ڕابردووت دهخوازى ئهگهر تهمهنت شهست ساڵه و بهنیازى زیاتری ئهگهر تهمهنت حهفتا ساڵه و سهما بۆ مردن ناکهیت ئێستا واز لهم شیعره بێنیت باشتره لهوهى تهواوى بکهیت چون تۆ پێویستت به کهسێکه ئیش له بیرکردنهوهکانتدا بکات پرسیار مهکه بۆچی؟ تۆ بیرکردنهوهکانت لهسهر عهرهبانه دهڕۆن به دارشهق ڕێدهکهن خهیاڵهکانت هیچیان لێ سهوز نابێت ئهندێشهکانت یهعنى ئهمهوێت پێت بڵێم: تۆ بهجێماوى فاریزه تۆ فهوتاوى. مرۆڤ زیاد له ههر سهردهمێک پێویستى شینایی ئاسمانه به بریقانهوهى گهڵای سهوز لهبهر تیشکى خۆردا به دهنگى خوڕهى ئاو له شاخێکى بهرزهوه به باران و بهفر و تهرزه به بهرد و گیا و ئهستێره به دارستان و ڕێگا چێنراوهکان به ئهڤین به گوڵی گهنم و تامی ههنگوین تامى تووى وشک و تامى قهزوانى تهڕ بۆنى نارنج بۆنى کاڵهک و بۆنى خهیار ڕهنگى کهلهرمى مۆر و ڕهنگى سێوى سهوز و ڕهنگى شهرابی سور. دهستت لهسهر پارچهیهک سههۆڵ دابینێ و بیر له چیا سههۆڵینهکان بکهرهوه دهست بخهره ناو جامێک ئاو و بیر له قوڵپدانى کانى بکهرهوه دهستت بخهره سهر ڕووى گهڵایهک و بیر له باغهکان بکهرهوه دهستت بخهره سهر مێزێکى تهخته و بیر له درهختێکى ناو جهنگهڵهکان بکهرهوه دهست بخهره بهر دڵۆپه بارانهکان و بیر له زهریاکان بکهرهوه دهستت بخهره سهر دهنکێک لم و بیر له بیابانهکان بیر له تهقینى دڵی تۆوهکان له درزبردنى هێلکه و هاوار و ناڵهى ساتى زاین بکهرهوه (بیکهرهوه بیرت وهکو زنجیری پانتۆڵهکهت) به کۆدائین ئهم ڕۆژانهم بزمار ڕێژ دهکهم به تهنافی شهوهکانى سلێمانیدا ههڵیان دهواسم من دهمهوێت بڕۆم و پشت بکهمه ئهم شاره من دهمهوێت بڕۆم و تف بکهمه ئهم ههواره.
هاوڵاتى ئهمڕۆ رێکهوتى 21 ى 5 ى 2019، هونهرمهندى کورد "عهلى توانا" له تهمهنى 76 ساڵیدا کۆچى دوایى کرد. هونهرمهند عهلى توانا پاش ململانێیهکى زۆر لهگهڵ نهخۆشى، ئهمڕۆ سێ شهممه له شارى سلێمانى کۆچى دوایى کرد. هونهرمهند "عهلى توانا" له ساڵى 1943 له شارى سلێمانى له دایکبووه و بهشدارى له چهندین درامادا کردووه و زۆربهى کاتهکانى تهمهنى بۆ خزمهتکردن به هونهرى کوردى تهرخانکردووه. هونهرمهند عهلى توانا له ساڵى 1959 لهگهڵ ژمارهیهک نووسهر، کۆمهڵهى ئهدیبانیان دروستکرد و بووه سهرۆکى کۆمهڵهکه.
هاوڵاتی وەزارەتى پەروەردە رایدەگەیەنێت نابیت مامۆستایان هیچ تێبینیەک لەسەر تاقیکردنەوەکان باس بکەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تا دوای تاقیکردنەوەکان و دەڵێت ئەوەش لەپێناو دۆخی دەروونی خوێندکاران. وەزارەتى پەروەردە لە نوسراوەکەدا ، بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەکانى ئاگادارکردەوە و تێیدا هاتووە " لەبارەى دەروونى و ئەو دۆخە هەستیارەى کە قوتابیان و خوێندکاران پێیدا تێپەڕ دەبن هەر سەرنج و تێبینییەکیان هەبێت لەسەر پرسەکە نابێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و میدیاکان بڵاوى بکەنەوە، بەڵکو لە ڕێگەى ناوەندى کارگێڕى خۆیانەوە بەرزى بکەنەوە و بەپێچەوانەوە ڕێکارى یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
محمد عەلوش "قەدی بامبۆ" ڕۆمانێکی جیاوازی نووسەری کوێتی "سعود ئەلسنعوسی"یە کە خەڵاتی جیهانی بۆ ڕۆمانی عەرەبی (بوکەر)ی بۆ ساڵی ٢٠١٣ بەدەست هێناوە. ئەم ڕۆمانە ڕووداوەکانی لە نێوان هەردوو وڵاتی فیلیپین و کوێت ڕوودەدەن و لەگەڵیدا هەندێک ڕووداوی مێژوویی و سیاسی و ئایینی تۆمار دەکات. ئەم ڕۆمانە لەڕێگەی چیرۆک خوانەکەیەوە دەست دەبات بۆ بابەتی جووت ناسنامەیی لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، کە پاڵەوانەکەی کوڕی باوکێکی کوێتی و دایکێکی فلیپنییە و ڕووداوەکان لە نیوان ئەم دوو وڵاتە ڕوودەدەن. هەرچەندە ئەمە یەکەم ڕۆمان نییە دەست ببات بۆ بابەتی دەستی کاری بیانی لە وڵاتانی کەنداو، بەڵام ئەوەی جیای دەکاتەوە لەوانی دی پاراوی زمانەکەی و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزی و لە قووڵبوونەوە لە شیکارییەکان، جووت ناسنامەی کاراکتەری سەرەکی هەر لە ڕێگەی ناوەیەکەوە دەخاتە ڕوو عیسا/خوسێ/هوزێ. لە لێکۆڵینەوەکانی ڕۆمانی عەرەبیدا کۆمەڵێک ڕێچکە هەیە بۆ گەڕان بەدوای ناسنامەدا، سنعوسی لە ڕێگەیانەوە ئەم کارەی ئەنجام داوە. لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا چەند ڕۆمانێک هەیە باس لە جووت ناسنامەیی و کێشەکانی پێکەوەژیان دەکات لە نێوان دوو ژینگەی نیشتیمانی دایک و نیشتیمانی خانەخوێدا. چۆنیەتی ئافراندنی ناسنامەیەک توانای پێکەوەژیانی هەبێت لەگەڵ ئەوانی تر، یان ناسنامەیەک تووشی بەرکەوتن و ڕەتکردنەوە ببێت. لەم چوارچێوەیەدا نووسەرە عەرەبەکان چەندین ڕۆمانیان نووسیووە، بەڵام جیاوازییان لەگەڵ "قەدی بامبۆ" ئەوەیە ئەوانەی پێشوو باسی ناسنامەیەک دەکەن لە چوارچێوەی کۆچ لە نیشتیمانی دایکەوە بۆ نیشتیمانی دووەم ئایدیاکانی دەخاتە ڕوو، بەڵام ئەم ڕۆمانەی سعود ئەلسنعوسی باسی مرۆڤێک دەکات ڕەچەڵەک و تەڤلیبوونێكی (ئینتیما) ئاوێتەی هەیە لە نێوان کوێت و فیلیپین. لە جیهانی ئەم ڕۆمانەدا هەمووان تووشی بەریەک کەوتن دەبن بۆ گەیشتن بەو کەشە تازەیە، وەک ئەوەی تەمەن و یادەوەرییە سەرەتاییەکانی خێزان و نیشتیمان و ژیان، پاڵەوانەکانی ناو ڕۆمانەکە بگێڕێتەوە بۆ نیشتیمانی یەکەم. لێرە ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە بەرپا دەکرێت لەسەر ئەو پرسانەی خاوەنی ئەو دیدگایانە دەیخەنە ڕوو بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان کلتوورە جیاوازەکان. بەگەڕانەوە بۆ کلتووری ڕەسەن دەقێکی ئەدەبی بەرهەم دێت دیدگای مرۆڤایەتی دەگۆڕێت بەرامبەر بە نیشتیمانی یەکەم. ئەم ڕۆمانەی مژارێکی ڕەخنەگرانەی قووڵ دەخاتە ڕوو دەربارەی تێکەڵاوبوونی ئایین و کلتوور لەلای عەرەب، هەروەها دەربارەی ئەو تێڕوانینە سەرپێییەی زاڵە بەسەر گوتاری ئایینی و پیادەکردنی لەلایەن عەرەبەوە. ئەم ڕۆمانە پڕە لە ڕووداوگەلێک بە ڕووکەش سادە دیارە، بەڵام ڕەهەندێکی مرۆیی قووڵی هەڵگرتووە. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە دەوری گەنجێک دەسووڕێتەوە لە ژنە کارەکەرێکی فیلیپینیە لە ماڵێکی کوێتی کار دەکات و کوڕە تاقانەکەیان "ڕاشد" حەزی لێدەکات و بەنهێنی هاوسەرگیری لەگەڵ دەکات. کاتێک خێزانی ئەم کوڕە بەم نهێنییە دەزانن مکوڕ دەبن کوڕەکەیان واز لە هاوسەرەکەی و لە منداڵەکەشی بهێنێت، چونکە بە پێی پێوەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوێتی ئەمە دەبێتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئەو چینە کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندە ناسراوە، لەوێ وەک خۆیان دەڵێن لەهەموو شت گرنگتر ناو و ناوبانگە نەک پارە و پووڵ. ئەم گەنجە لە نیشتیمانی دایکی لە مانێلا – فیلیپین بە هەژاری گەورە دەبێت، لە چاوەڕوانی ئەوەی باوکی بیباتەوە بۆ ئەو بەهەشتەی بەڵێنی پێ دراوە (کوێت) وەک ئەوەی دایکی بۆی وەسف دەکات. هەر کاتێک لە فیلیپین ژیانی سەخت دەبوو، بیری دەکەوتەوە لە کوێت بەهەشتێك چاوەڕێی دەکات. لەو ماوەیەدا "هوزێ" بەدوای خۆی و ڕاستی کەسایەتی و ئایین و نیشتیمانێکدا دەگەڕا بیگرێتە خۆی. هوزێ نازانێت ئایا ئەو لەسەر ئایینی مەسیحییە وەکو دایکی یان موسوڵمانە بەو پێیەی دەڕوات بۆ کوێت، دواتر بۆی دەردەکەوێت باوکی لە جەنگی کەنداو لە نێوان عێراق و کوێت گیانی لەدەست داوە، بەڵام لە ڕێگەی هاوڕێیەکی باوکی "غەسان" دەگەڕێتەوە بۆ کوێت. لەوێ لە جیهانێکی نامۆ و تەواو جیاواز لەوەی پێشوو خۆی دەبینێتەوە. بێگومان وەک چۆن بەکۆرپەیی نەنکی نەیهێشت بێتە ماڵەکەیەوە، کاتێک گەورە بوو بەهەمان جۆر ڕەتی دەکردەوە و دانی پێدا نەدەنا، بەڵام لە قووڵاییەکانی ناخیدا خۆشی دەویست بەهۆی ئەوەی دەنگی لە باوکی دەچوو و هەروەها تاکە پیاو بوو لە خێزانەکەیان نازناوی "تارووف" هەڵبگرێت. بەڵام وەک پێشتر گوتم لە کوێت ناوبانگ گرنگترە لە پارە. نەنکی وەک گەنجێکی فیلیپینی هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرد و لە پاشکۆی ماڵەکەیان وەک خزمەتچییەک ژوورێکی بۆ دابین کرد. دواتر هوزێ بۆی دەردەکەوێت لە باوکەوە خوشکێکی هەیە بە ناوی "خەولە". ئەم هەواڵە هەردووکیان دڵخۆش دەکات و خەولە دەبێتە پەرچۆیەک (موعجیزە) بۆ ئەم برایەی، کە لە ڕەتکردنەوەی داپیرەی ڕزگاری دەکات، بەو پێیەی نەنکی خۆشەویستییەکی زۆری هەیە بۆ ئەم خوشکەی و بەهۆیەوە ڕۆژ بە ڕۆژ دڵی نەرمتر دەبێت و زیاتر سۆزی بەرامبەری دەجووڵێت. بەڵام هوزێ هەر هەست بەتەنیایی دەکات، بەهۆی ئەوەی خێزانەکەی دانی پێدا نانێن و لە بۆنەکاندا بەشداری پێ ناکەن و ڕێگە نادەن تێکەڵاویان ببێت. هوزێ نازانێت هەڵگری چ ئایینێکە بەهۆی ئەو پەیامەی بەهەڵە دەربارەی ئیسلام و بانگخوازانی ڕۆیشتووە، هەروەها بەهۆی ڕووکەشیی ئایین لە کۆمەڵگەدا. لەلایەکی تر هەستی نەدەکرد کوێت نیشتیمانی خۆیەتی، چونکە لە کەشی خێزانی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بەهرەمەند نەبوو، بەو پێیەی نەیتوانی سیما فیلیپینییەکەی تێپەڕێنێت. لەکۆتاییدا نهێنی خێزانەکەی ئاشكرا کرد، کە کوڕێکی فیلیپینییان هەیە و هەر خێرا هەواڵەکە بڵاو بوویەوە، بۆیە بڕیاریان دا لە وڵات دەری بکەن، هوزێ ڕازی نابێت، بەڵام لە کۆتاییدا تەسلیمی ئەو واقعە دەبێت و بەناچاری سەفەر دەکات بەهۆی ئەوەی پووری باسی ئەو دۆخە سەختەی خۆیی بۆ دەکات کە ناچاری دەکات سەفەر بکات، چونکە بوونی ئەم کوڕە کاریگەری لەسەر ناوبانگ و پێگەی دەبێت لای خێزانی هاوسەرەکەی، هەروەها هوزێ هەستی نەدەکرد کوێت نیشتیمانی خۆیەتی و دەقی ڕۆمانی "قەدی بامبۆ" بریتییە لەوەی هوزێ دەربارەی ژیانی خۆی و تێڕوانینەکانی بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی لە کوێت و فیلیپین نووسیویەتی. لە ڕاستیدا زۆر بابەتی گرنگی ناو کۆمەڵگە عەرەبییەکان لە نێوان دێڕەکانی ئەم ڕۆمانەوە خراونەتە ڕوو، وەک بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسی، مافی زەوتکراوی بیانییەکان و هەندێک نەریتی باوی کۆمەڵگەی کوێتی. ئەم سەرکەوتنە بەڕێکەوت و بە چانس بەدەست نەهاتووە لەلایەن ئەم ڕۆماننووسە گەنجەوە. هەرچەندە ئەم ڕۆمانە زۆرترین پەسن کرا، بەڵام شایستەی هەموو ئەو پەسنانە بوو چونکە "یەکێکە لە باشترین و کامڵترین و پڕ ئەزموونترین ڕۆمانی عەرەبییە لەم ساڵانەی دوایی خوێندبێتمەوە" بە گوێرەی بۆچوونی یەکێک لە گەورەترین ڕەخنەگرانی. ڕۆمانی "قەدی بامبۆ"ی سنعوسی، زۆر کەسی سەرسام کرد، چونکە ئەمە دووەمین ڕۆمانیەتی پاش ڕۆمانی "سجین المرایا" سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی ئەم گەنجە لەگەڵ دونیای ڕۆمان نوێیە، بەڵام بەشێوەیەکی قووڵ مژاری ناسنامە و تەڤلیبوون دەخاتە ڕوو. ئەو بە ناسنامەی ناو و ڕەگەز و ئایینەوە ناوەستێت، بەڵکو دەست دەبات بۆ ناسنامەی گەڕان و زانین و دۆزینەوە، لەگەڵ خستنەڕووی تەڤلیبوونێک مرۆڤ لە مۆتەکەی تەنیایی دوور بخاتەوە، سەرەڕای ئەو گەشتە سەختەی بە ژیاندا، لەم ڕۆمانەدا تەوژمێکی بوونگەرایی ئاشکرا بەدی دەکرێت، لەگەڵ هەستێکی مرۆیی بێگەرد. هەرچەندە وردەکاری ڕووداوەکانی زۆر بەوردی لە هەناوی دوو جیهانی دوور لەیەکتری کوێت و فیلیپیندا دەئافرێنێت. سنعوسی بەجۆرێک کاراکتەرەکانی داڕشتووە، لە ڕێگەیانەوە بەبوێری و ڕاستگۆیی و وریاییەوە ڕەخنە لە کۆمەڵگەی کوێتی دەگرێت. کوێت لە چاوی ئەم گەنجەی هاتووە تێیدا بژی بچووک دەردەکەوێت، نووسەر لە ڕێگەی پاڵەوانەکەیەوە هەوڵدەدات هەموو ئەو بەربەستانە بشکێنێت کە دەوری خێزنەکەیان داوە. نووسەر لە هەر بەشێکدا و لە ماوەیەکی زەمەنی جیاوازدا ژیاننامەی "عیسا" دەگێڕێتەوە. پێش لەدایکبوونی، لەو کاتەوەی دایکی وەک کارەکەرێک هاتووە بۆ کوێت، بۆ هەڵهاتن لە توندوتیژییەکانی باوکی. پاش لەدایکبوونی لە کوێت و ڕاگوێزرانی لەگەڵ دایکی بۆ فیلیپین و ژیانی لە ماڵی باپیری. دەرچوونی لە ماڵی باپیری و کارکردنی لە بواری مەساج و چارەسەری سروشتی. یەکتر ناسینی لەگەڵ کۆمەڵێک گەنجی کوێتی و ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە بۆ کوێت. ژیانی لە ژوورێکی پاشکۆی ماڵی داپیرەی و شاردنەوەی تەنانەت پاش گەڕانەوەی بۆ کوێت، لە ترسی ئەوەی بەم هۆیەوە کچەکانی تەڵاق بدرێن ئەگەر هاوسەرەکانیان بە بوونی ئەم کوڕە لە ماڵەکەی بزانن. دەرچوونی لە ماڵی نەنکی و نیشتەجێبوونی بەتەنیا لە گەڕەکی جابریە لە کوێت، ناسۆری لەگەڵ ژیانی تەنیایی. کارکردنی لە یەکێک لە ڕێستۆرانتەکان، کە ئەم کارە بۆ کەسێکی کوێتی نەخوازراوە. ناچاربوونی بۆ جێهێشتنی کوێت بەهۆی ڕەتکردنەوەی لەلایەن خێزانەکەی و ڕێگری کردن لەوەی لە کوێت بژی. تەنانەت گەیشتە ئاستێک پووری نووریە داوای لە خاوەنکارەکەی کرد لە کارەکەی دەری بکات و ئەویش داواکەی جێبەجی کرد و هەروەها داوای لە دایکی کرد مووچەکەی ببڕێت، ئەویش بڕی.
سهدیق سهعید ڕواندزی هیچ ژانرێکی ئهدهبی وهکو ڕۆمان، ناتوانێت ببێته ئاوێنهیهک بۆ ناسین و ڕهنگدانهوهی ژیانی گهلان. ڕۆمانگهلێک ههن، تهنها بهخوێنهوهیان ئێمه دهزانین ژیانی ئهونهتهوهیه چۆنهو چ نههامهتییهکییان بینیوه کهڕهنگه ڕۆمانهکانی خالد حوسێنی نموونهیهکی دیاری ئهوناساندنه بێت. بهو پێیهی باسی وڵاتهکهی دهکات. گهلێک جار لهدووتوێی دهقێکی ڕۆماندا، مێژووی نهتهوهیهک، یاخود ڕووداوێک دهخرێته ڕوو، کهله پهراوێزییهوه خوێنهر بهبهشێکی زۆری لایهنه شاراوهکانی نهتهوهیهک ئاشنادهبێت. لهو ڕوانگهیهوهڕۆمانی(قهدی بامبۆ)یهکێک لهوڕۆمانانهی کهلهمیانهی گێڕانهوهی ڕووداوهکان، خوێنهر ئاشنای کلتوورو شێوه ژیانی دوونهتهوهو کۆمهلگهی جیاوازدهبێت. چونکه پاڵهوانی ڕۆمانهکه، کهسایهتییهکی دووسهری و دووناسنامهیی ههیه. بهو پێیهی له دایکێکی فلیپینی و باوکێکی کوێتی لهدایک بووه. ئیدی لهنێوان کلتووری دایک و باوانیدا، دۆش دادهمێنێت و ناتوانێت دواجارله یهکیان ناسنامهی خۆی ببینێتهوه.چیڕۆکی ئهو ڕۆمانه، دهکرێ بڵێم چیڕۆکێکی تراژیدیهو سهرگوزشتهی نههامهتی خێزانێکی ئهوپهڕی ههژارو نهدارو بێ لانهوجێ دهگێڕێتهوه، کهلهوڵاتی فلیپین، لهوسهری خۆڕههڵاتی گۆی زهوی و لهشوێنێکی دورهدهست و دابڕاولهدنیا دهژین.ئیدی ئهوخێزانه لهپێناو ژیاندا، ناچارن چارهنووسێک ههڵبژێرن دوورله خواستی خۆیان که ڕهنگه سهرهنجام بهمهرگی خۆشیان کۆتایی بێت. ئهم ڕۆمانه باسی کهسێک دهکات کهناوی(هۆزێ)یه. هۆزی که گێڕهڕهوی ڕووداوهکانه، بهڵام گێڕهڕهوهی یهکهم و ههمووشتزان نییه، بهڵکو ئهو ڕووداوهکان لهدهمی یهکێکی تر دهگێڕێتهوه کهئهویش دایکیهتی. ئهودایکهی هۆزێی بهژیانێک ئاشنا کرد، کهلهیهککاتدا ڕووبهڕووی دوو ئایین و دوونیشتمان و دووکلتووری ئهو پهڕی جیاوازی له یهکتری ببێتهوه. بهبێ ئهوهی خواستی خۆی بێت.لێرهوهش پاڵهوانی ڕۆمانهکه، لهنێوان ئهو دوودنیاجیاوازهدا، نامۆدهبێت و بهرداشی زهمانه دهیهاڕێت. لهکاتێکدا، ئاواتی دهخواست وهک ههر منداڵێکی دیکهی فلیپینی، کهئهگهرچی رووت و نهدارو ههژارن، بهڵام دهژین و شانازیش بهو ژیانهی ههیانه دهکهن.بهرلهدایکبوونی هۆزێ، جۆزافینی دایکی له ئامێزی خێزانێکی ههژارکهله خوشک و برایهک و دایکێک و باوکێکی زۆردارپێکهاتبوو، هاوشێوهی ملیۆنان خێزانی دیکهی فلیپینی دهژیا.جۆزافین له پێناو ژیانی خێزانهکهیدا، ناچارهکاربکات و بهدوای کارێکدا بگهڕێت. بهتایبهتیش دوای ئهوهی ئایدای خوشکه گهورهی بههۆی لهشفڕۆشییهوه کهباوکی ناچاری کردبوو، منداڵێک دێنێته دنیاوه. ئیدی ئایدا واز لهکارکردن دێنێت و جۆزافینی خوشکی شوێنی دهگرێتهوه. بهڵام ئهوئهگهر چی نایهوێت ههمان چارهنووسی خوشکهکهی ههبێت، بهڵام سهرهنجام چارهنووسێکی هاوشێوهی ئهووبگره تراژیدیتریشی دهبێت، بهڵام لهکات و زهمینهو شوێنێکی دیکهی جیاوزدا. جۆزافین دوای ئهوهی بهدوای کارکردن دهگهڕێت له پێناوبهخێوکردنی خێزانهکهی،دواجار لهڕێی دهزگایهکهوه کهئهرکی دۆزینهوهی کارهکهرهکانه بۆدهرهوهی وڵات، لهکوێت دهبێته خزمهتکارو کارهکهری دایکێک و سێ کچی و ڕاشدی تاقهکوڕهکهی. جۆزافین ههگبهی سهفهر دهپێچێتهوهو لهپێناو خێزانهکهیدا، بهرهو کوێت کۆچ دهکات و دهبێته خزمهتکاری ماڵه دهوڵهمهندێک. جۆزافین لهوماڵهدا کارهکهری دهکات، تاکو نزیکهی دوای دووساڵ ڕاشدی کوڕه تاقانهکهی ئهو خێزانه، جۆزافین دهخوازێت و لهکۆتاییشدا منداڵێکی لێ دهبێت که ناوی دهنێت(عیسا)، که هۆزێی پاڵهوانی ڕۆمانهکهیه.دایکی ڕاشد کهپێشتر بهڵێنی دابوو کچێکی تربۆکوڕهکهی بێنێت، بهو کارهی ڕاشد یهکجار نیگهران و توڕهدهبێت. دیارهئهمهش لهسۆنگهی ئهوهی کهجۆزافین نهعهرهبهو نهموسڵمان،هاوکات له ئاستی پێگهی کۆمهڵایهتیشدا، لهخوار ئهوانهوهیه کهخزمهتکاری ماڵهکهیانه. گهرچی ڕاشد ههوڵدهدات کهدایکی ڕازی بکات بهوهی کهبوکهکهو نهوهکهی لای ئهو بمێننهوه، بهڵام ئهو ههرسووردهبێت له سهرئهوهی کهدهسبهرداری ژنهکهی و منداڵهکهی بێت.سهرهنجام جۆزافین دهگڕێتهوه فلیپین و منداڵێکی تازه لهدایکبووش دهباتهوه ئهوێ. کاتێ مینۆزای باوکی جۆزافینیش کچهکهی بهو بارودۆخهوهدهبینێت،بهکچهکهی دهڵێت:_(دیسان منداڵی بێ باوک؟ ئهم کارهت لهوڵاتهکی خۆت بکردایه باشتر نهبوو؟). بهڵام ئهو وڵامی دهداتهوه که منداڵهکهی باوکێکی ڕاستهقینهو شهڕعی ههیه،کهلهسهر بنهماکانی ئایینی ئیسلام پێشت مارهیکردووه.جۆزافین دوای ئهوهی دهگهڕێتهوه وڵاته ڕاستهقینهکهی خۆی،ئیدی ناوی کوڕهکهی دهبێته هۆزێ.لهکوێت عیسای ناو بوو، وهلێ ئهوناوهچونکه ناوێکی نامۆو لهدهرهوی ناوی فلیپینییهکانه، ئیدی دهبێته هۆزێ. پهیوهندی لهنێوان جۆزافێن و ڕاشدههربهردهوام دهبێت و مانگانه یارمهتی دهدات. ئهگهرچی دواجاربههۆی فشارهکانی دایکی وبهریهککهوتنی کۆمهڵایهتی و پهروهردهیانهی ئهودووکهسه،ڕاشدتهلاقنامهیهک بۆجۆزافێن دهنێرێته فلیپین. بهڵام لهبهرکوڕه ڕاستهقینهکهی خۆی،بهردهوام دهبێت لههاوکاریکردنی. تائهوکاتهی ڕژێمی بهعس پهلاماری کوێت دهدات وههمووشتێک سهراوژووردهبێت. چونکه ڕاشدی هاوسهری به دیلی دهکهوێته دهست سوپای عێراق و بێ سهرو شوێن دهکرێت و ساڵانێک دواتر، ڕوفاتهکهی دهدۆزنهوه. هۆزێ بهردهوام لهلایهن دایکییهوه هانددهرێت کهبگهڕێتهوه وڵاتی باوانی و لای نهنکی وپوورهکانی.هۆزێ وا خهیاڵ دهکات ئهگهر بگهڕێتهوه کوێت، ئهوا ههموو خهونهکانی دێنه دی و تاههتایه بهختهوهردهبیت. بێ ئاگا لهوهی کهلهوێش ئهو ههر فلیپینییهکه کهههمووشتێکی جیاوازه له نهریتی ماڵه باوانی. دوای بیرکردنهوهیهکی زۆر، هۆزێ ڕوودهکاته کوێت، بهیارمهتی غهسانی کۆنه هاوڕێی باوکی ماڵی نهنه غهنیمهی دایکی باوکی دهدۆزێتهوه. بهڵام ئهوان لهسووچێکی نێوحهوشهکهیان و لهگهڵ کارهکهرهکانییان، ژوورێک بۆ نهوهکهیان تهرخان دهکهن.چونکه نایانهوێت دراوسێکانیان وتهنانهت هیچ کهسێکیش بهوچیڕۆکه خهمناکه بزانێت کهعیسا نهوهی ئهوان و کوڕی ڕاشدی کوڕیانه. لهبهر ئهوهی لای ئهوان نهنگییه کوڕهکهیان منداڵێک لهژنێکی فلیپینی بوزا پهرست بخاتهوه. که ئهمه بۆ ئهوان بههیچ شێوهیهک گونجاونییه و لهکلتووری عهرهبهکان نهشیاوه. هۆزێ کهلهکوێتی وڵاتی باوکی ناوی دهبێتهوه بهعیسا، وهک کارهکهرێک لهلایهن پوورو نهنکییهوهتهماشا دهکرێت. هیچ سۆزوحۆشهویستییهکی پێ نابهخشن،بهڵکو وهک تهنێکی نامۆ لهنێوجهستهیهکی پیرۆزدهیبینن.لهبۆنهوجهژنهکاندا، ناچاردهکرێت له ژووره تایبهتییهکهی، خۆی له چاوی خزم و پوورو دراوسێ و کهسانی تر بشارێتهوه. بۆئهوهی پرسیارلهنهنکی نهکهن که ئهم فلیپینییه چی دهکات لهماڵی ئهوان. کهس سۆزو خۆشهویستی پێ نابهخشێت. ئهوههموو شتێکی ههیه لهژیان، تهنها لاوانهوهو خۆشهویستی نهبێت.بۆیه دواجار ناچاردهکرێت ماڵ نهنکی جێبێلێت و دهچێت له چێشتخانهیهک کار دهکات. لهوێش ڕۆژانه بهرفیزو بێ ڕێزی کوێتییهکان دهکهوێت که ههمیشه بهچاوی هاووڵاتی پلهدوو سهیری ئهو کهسانه دهکهن کهوهک کارهکهر لهو وڵاتهدا کاردهکهن. عیسا ناچاره بهرگهی ههموو ئهو تێههڵدان و شکاندنهوهیه بگرێت، چونکه کوێتی نییه و فلیپینییه.ئهو ئهگهرچی بهرله هاتنی بۆ کوێت، وێنای بهههشتێکی دهکرد،بهڵام کههاتهنێوکوێتییهکان شتێکی پێچهوانهی دیت. هۆزی گهیشته ئهو ڕاستییهی کهقهدی بامبۆله فلیپین نهبێت،لهقوڵایی خاکی هیچ وڵاتێکی دیکهدا ڕهگهکانی داناکوتێت.کوێت بۆکوێتییهکان بهههشته، نهک بۆهۆزێ و هاوشێوهکانی.ههموو ئهو دروشم و بانگهشانهی باسیش لهوهدهکهن کهمرۆڤهکان وێرای ههمووجیاوازییهکانیان وهک یهک مرۆڤن و ههموویان یهکسانن، دروشمی فریودهرن.هۆزێ دواجار بهدڵێکی شکاوهوهبڕیاری گهڕانهوه بۆ وڵاتی دایکی دهدات و بهسهرهاتهکهشی دهکاته ڕۆمانێک.بهمهش کۆتایی بهڕووداوهکانی ڕۆمانی قهدی بامبۆ دێت. ئهم ڕۆمانه وێرای ئهوهی بهقهبارهڕۆمانێکی گهورهیه، وهلێ یهکێکه لهجوانترین وبهچێژترین ڕۆمانهعهرهبییهکان.خوێنهربههیچ شێوهیهک لهخوێنهوهی ڕۆمانهکه ماندوو بێزارنابێت. ئهمه وێرای ئهوهی کهوهرگێڕی ڕۆمانهکه بهزمانێکی یهکجار جوان و سهرکهوتوو ڕۆمانهکهی وهرگێڕاوه،وهک ئهوهی بهکوردی نووسرابێت وایه. لهوماوانهی ڕابردوودا،چهندین ڕۆمانم خوێندنهوه، بهڵام دوو لهو ڕۆمانانه زۆرسهرنجیان ڕاکێشام و چێژی زۆرم لهخوێنهوهیان بینی، ئهوانیش ڕۆمانهکانی(وێرانه پیاو)و(قهدی بامبۆ)بوون. هیوادارم خوێنهران ئهودوو ڕۆمانه لهدهست خۆیان نهدهن. دهستخۆشانهش لهوهرگێڕهکانی ئهودووڕۆمانه دهکهم، کهلهڕاستیدا دوو لهتێکسته ههره جوانهکانی ڕۆمانی عهرهبییان وهرگێڕایه سهرزمانی کوردی و خوێنهرانیان له خوێنهوهیان بێبهش نهکرد.... *پهراوێز/ قهدی بامبۆ/ڕۆمان/نووسینی( سعودئهلسنعوسی)/وهرگێڕانی (ڕهنجدهر جهبار)/بڵاوکراوهی(ناوهندی ڕۆشنبیریی ڕهههند_سلێمانی 2019).....
مەحمود نەجمەدین ئەم رۆمانە یەکەم بەرهەمی نووسەری گەنجی کوهیتى (سعود ئەلسنعوسی)ه کە من خوێندبێتمەوە، بە حەقەت کاتێ رۆمانەکە کرایە کوردی و بڵاوبووەوە نامۆ بوو بەلامەوە، هێشتا نەمناسی بوو، نێوەندی ئەدەبیات و رۆمان بەتایبەتی لە جیهاندا نێوەندێکی فراوانە، بەردەوام رۆماننووسی تازە دێنە پێشێ، بۆیە ئاسان نییە بتوانی هەموو ئەو بەرهەمانە بخوێنیتەوە و هەموو نووسەرەکان بناسی. ئیتر بۆ منیش سعود نامۆ بوو، کاتێ رۆمانەکەم خوێندەوە سەرنجی راکێشام و حەزم کرد قسەیەکی لەبارەوە بکەم، دەستخۆش و ئافەرین لە برای وەرگێڕ (رەنجدەر جەبار) دەکەم و هیوام وایە بەردەوام بێت، خوازیاری ئەوەشم گرنگی زیاتر بە زمان بدات، چون زمان چەند بۆ نووسەر گرنگە، ئەوەندەش بۆ وەرگێڕ و وەرگێڕان گرنگە. تێمای رۆمانەکە ئەم نووسەرە کوهیتیه، دەستی بۆ بابەتێکی گرنگ بردووە، کە بابەتی رۆژگارە و ئێمە لەم دوورەوە زۆرجار لە رێگای رۆژنامە و تەلەفزیۆنەکانەوە لە بارەیەوە دەبیستین، ئەویش بوونی قەرەواش و خزمەتکارە فلیپینی و بەنگلادیشییەکانە لە کویتی بچووک و زەنگین، کە ئێستا بەهۆی باشبوونی باری ئابووری کۆمەڵگەی کوردییەوە ئەم مرۆڤە هەژار و بەدبەختانە بەخۆشمان گەیشتوون، لە ماڵی دەوڵەمەندەکانی وڵاتی خۆشماندا دەبینرێن. نووسەری ئەم رۆمانە دەستی ئەو بابەتە گرنگە بردووە و لێرەوە دەیەوێت چیرۆکی تێکەڵ بوونی ئەو دوو کەلتوورە بگێڕێتەوە. تێمای ئەم رۆمانە باسی شوناسە، ونبوونی مرۆڤە لە نێوان شوناش و کەلتوورە جیاوازەکاندا، شەڕی کەلتوور و شوناس و چینەکانە، ناچمە ناو رووداوەکانەوە و نامەوێت وەکو خۆی چیرۆکە بگێڕمەوە چون ئەوە لە رۆمانەکەدا هەیە و پێویست ناکات من بیجوومەوە. تەنیا لە چەند دێڕێکدا بەگشتی قسە لەسەر ئەو تێمایە دەکەم وەک بەرچاو روونییەک ئەم رۆمانە چیرۆکی دوو خێزانە، خێزانێکی کویتی و خێزانێکی فلیپینی. کە رۆمانەکەی بەش کردووە، بەشێکی لە فلیپین رووئەدات و بەشێکی لەکویت. خێزانی تارووف لە کویت و خێزانی میندۆزا لە فلیپین. تارووف نازناوی ئەو خێزانە کویتییەیە ناسراوەیە و گیرۆدەی ئەو ناسراوییەن کە رێگایان لێ دەگرێ بەکوڕی بنەماڵەکەیان ئاشنا بنەوە ناتوانن بەئاشکرا دان بە نەوەکەیاند بنێن، لەبەر ئەوەی رەگێکی دەچێتەوە سەر خزمەتکارێکی فلیپینی کە بۆ بژێوی ژیانی لە فلیپینەوە گەیشتووەتە کویت. خێزانی دووەم خێزانی میندۆزایە پیاوێکی سەربازییە و خانەنشین بووە، بەڵام ئەوەندە ئەڵوەدەی شەڕە، خووی شەڕی راستەقینەی گواستووەتەوە بۆ شەڕە کەڵەشێر. لە تێکەڵ بوونی ئەم دوو خێزانە بە هۆی سێکسەوە دنیایەک کێشە دروست دەبێ، کە قوربانی سەرەکی تێیدا عیسایە. شوێن و کات وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا شوێن لەم رۆمانەدا کویت و فلیپینە، رووداوەکان لەو دوو شوێنە روودەدەن. کاتیش لەکۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە دەست پێدەکات، تا دەگات بەساڵی دوو هەزار و یانزە. ئەو رووداوانەش لەمیانی ئەو زەمەنەدا روودەدەن هەندێکیان رووداوی واقیعین و هەندێکیان رووداوی دروستکراوی ناو رۆمانەکەن. هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی، مەرگی ئەمیری کویت، شەڕ، کودەتا، داگیرکردنی کویت لەلایەن عیراقەوە... ئەمانە و چەندین رووداوی دیکەی مێژوویی، لە پاڵ ئەمانەشدا کۆمەڵێک رووداوی نێو رۆمانەکە هەیە کە رووداوە خەیاڵییەکەن و گرنگی رۆمانەکەش لەو رووداوانەدایە، ئەویش سێکس کردنی ئایدا و لەدایک بوونی میرلای کچێتی کە دیار نییە باوکی کێیە، چون ئایدا بۆ پەیدا کردنی نان سەری بە مەلهاکاندا کردووە و جەستەی خستووەتە کار و نانی پێ پەیدا دەکات. رووداوی لە دایکبوونی عیسا کە رووداوی سەرەکی رۆمانەکەیە، بەهۆی هاوسەری و راشد و جۆزافینەوە کە کارەکەرێکی فلیپینییە لە ماڵی تارووف دا دەژی. گێڕانەوە لەم رۆمانەدا گێڕانەوە ئەگەرچی لە سەرەتادا و پاشان لە بەشەکانی دیکەشدا ناوبەناو لە رێگەی نامەکانەوە کارئەکتەرەکانی دیکە دەگێڕنەوە، بەڵام گێڕەوی سەرەکی رۆمانەکە عیسایە، عیسا هەم خۆی پاڵەوانی سەرەکییە و هەم گێڕەوی رووداوەکانە. هەندێک لە رووداوەکان پێش لە دایکبوونی ئەون و لەرێگای جۆزافینی دایکییەوە دەیگێڕێتەوە. کارئەکتەر قەدی بامبۆ کۆمەڵێک کارئەکتەری تێدایە نووسەر زۆر بەوردی کاری لەسەر کردوون و پێگە کۆمەڵایەتییەکەیان، لایەنی فیزیکی و دەروونیانی شیکردووەتەوە، ئێمە لێرەدا باس لە شێوە و خوو و خەدە و هەڵسوکەوتە جیاوازەکانیان دەکەین. کارەئەکتەری سەرەکی عیسا یان هوزێ نووسەر رۆحی هیلاکی ئەم کارئەکتەرەی شیکردوەتەوە، زۆر جوان دەچێتە نێو ناخییەوە و دەردە دڵەکانی نیشان دەدات، چۆن بیر دەکاتەوە، چۆن هەڵسوکەوت دەکات، لەنێوان کویت و فیلپیندا چۆن دابەش بووە، نەنە غەنیمە ئەو پیرێژنە دەسەڵات دارەی ماڵی تارووفە کارئەکتەرێکی دیکەیە لە رۆمانەکەدا رۆڵی بەرچاو و گرنگی هەیە لە رەوتی رووداوەکاندا، نووسەر وێنەی ئەمیشی وەکو خۆی کێشاوە، پیرێژنێک شانازی بە بنەماڵەکەیەوە دەکات، تارووف بەلای ئەوەوە زۆر گرنگە. غەنیمە لە مامەڵەکردندا توندە و گرنگی بە خێزانەکەی دەدات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بوونی عیسا بەلای ئەوەوە گرنگە تاقە نێرینەی بنەماڵەی تارووفە، لێ خەوشی ئەوەیە کە دایکی خزمەتکارێکی فلیپینییە ئەمەش بووە بەهۆی ئەوەی کە قبوڵ نەکرێت لە ماڵی تارووف بمێنێتەوە. غەنیمە لەو نێوانەدا تووشی غەمێکی گەورە بووە نازانێ چۆن مامەڵە لەگەڵ عیسادا بکات، بەتایبەت عیسا خوشکێکی هەیە بەنێوی خەولەوە، بۆ خەولە بوونی برایەک گرنگە. کارئەکتەری راشد تا ئەندازەیەک لاوەکییە و زۆر رۆڵی نییە، راستە هۆکاری رووداوە گەورەکەیە کە هاتنە دنیای عیسایە و تا کۆتایی ناوی لەناواندایە و باس دەکرێت، بەڵام لە رێگای عیساوە. عیسا ئەو باوکە مردووەی بەلاوە گرنگە، بوونی ئەو پەیوەستە بەو باوکەوە. شوناسی ئەو پەیوەستە بە راشدەوە. نوورییە ئەو کارئەکتەرە تووڕەیەی کە لە هیچ کام لە کچەکانی بنەماڵەی تارووف ناچێ زۆر تووڕەیە و بێ بەزەییەوە هیبەتی بنەماڵەکەی لەبوونی برازایەکی دوو ڕەگ بەلاوە گرنگ ترە، نووسەر لە هەڵسوکەوتی نوورییەدا بەرانبەر بەعیسا وێنەی ژنێکی تووڕە و دڵ رەق دەکێشێ کە لە هیچکام لە کچەکانی ئەو ماڵە ناچێ، نە لە عەواتف دەچێ و نە لە هیند، هەریەک لە هیند و عەواتف خەسڵەت و شێوە و بیرکردنەوەی خۆیان هەیە و لەیەک ناچن. غەسان کارئەکتەرێکی دیکەی رۆمانەکەیە کە رۆڵی کەسێکی باش دەبینێ و ئەویش هاودەردی عیسایە و عاشقی پووری عیسایە، پوورە هیند. لە پاڵ ئەمانەدا چەند کارئەکتەرێکی لاوەکی هەیە، کە رۆڵێکی ئەوتۆیان نییە و زۆر نامێننەوە و تیژتێپەڕن، ئەوانە زیاتر وەسیلەیەکن بۆ درێژەدان بە رەوتی رووداوەکان. ئەو کارئەکتەرانەی دەکەونە مانیلا یان فلیپینەوە واتە بنەماڵەی میندۆزا بریتین لە میندۆزای باپیرە، جۆزافین، میرلا، ئایندا.. چەند کارئەکتەرێکی دیکە ئەمانەش کەم و زۆر رۆڵیان پێدراوە، کارئەکتەری جیاوازن لەبیرکردنەوە و هەڵسوکەوتدا، بۆ نموونە ئایدا زۆری رق لە پیاوە، دەڵێیت پیاوەکان هەموویان خراپن، بەڵام جۆزافین هەمیشە دەڵێت راشد نا، ژیانی ئایدا جیاوازە لە ژیانی جوزافین، ئایدا پیاوێک شک نابات بیکات بە باوکی میرلا، بەڵام جوزافین باوکێکی باش بۆ کوڕەکەی بنیاد ناوە، ئەویش راشدە، گەرچی راشد گیرۆدەی ناوبانگ و بنەماڵەیە و ناتوانێ کوڕەکەی لە تەک خۆیدا گەورە بکات. لەپاڵ ئەم کارئەکتەرانەدا چەندین کارئەکتەری دیکە هەیە، ئەوانە لاوەکین، بۆ نموونە ژنی دووەمی راشد، مێردی دووەمی جوزافین، مێردی نوورییە و عەواتف... بەڵام ئەوانەی رۆڵی سەرەکی دەگێڕن و لەناو رووداوەکاندان چەند کارئەکتەرێکی زیندووی چالاکن، عیسا، جۆزافین، ئایدا، میندۆزا، غەنیمە، غەسان، نوورییە، مێرلا. پێشڕەوی ئەمانەش عیسایە. سێکس و شکست هەموو ئەو شکست و داتەپین و بەدبەختیانەی لەم رۆمانەدان بەهۆی سێکسەوەیە، کە بەداخەوە سێکس وەک کردە، وەک فەلسەفەی سێکس کاری لەسەر نەکراوە و نووسەر بەلایدا نەچووە، ئیتر نازانم کۆمەڵگەی کویتی ئەوەی پێ هەزم ناکرێ یان نووسەر نەیویستووە بەلای ئەو بابەتەدا بچێت. ئەمە لەکاتێکدا دەبوو سێکس پانتاییەکی فراوانی هەبێ لە رۆمانەکەدا، نەک هەر جوڵەی سێکسی، بەڵکە دەبوو کارئەکتەرەکان لە بارەی سێکسەوە قسەیان هەبوایە کە نییە. چونکە رووداوەکانی ئەم رۆمانە بەهۆی سێکسەوەیە، رۆمان بەبێ سێکس کەمە، کەلەبەرێکی تێدایە، چون رۆمان خودی ژیانی کەسەکانە و مرۆڤەکانیش هەمیشە پەیوەستن بە سێکسەوە، سێکس یەکەم رووداو لە ژیانی هەر ئینسانێکدا دروست دەبێ. تۆ بەر لەوەی بێیتە دنیایەوە پەیوەستی بەو سێکسەوە کە تۆ دێنێتە بوونەوە. بە بۆچوونی خۆم سێکس لە رەوڕەوەی رووداوەکانی هەر رۆمانێکدا گرنگترینیانە، هەم وەکو لایەنی رۆحی، دیوە فەلسەفییەکەی و هەموو وەکو دیوە بوونیەوییەکەی کە کردەیەکی خەلاقیانەیە. لەم رۆمانەدا کارئەکتەرێک هەیە بەناوی ئایداوە ئەم ژنە بۆ بژێوی ژیان لەگەڵ چەندین پیاودا سێکسی کردووە، بەشێک لە ژیانی لە مەلهاکانی مانیلا بەسەر بردووە و بەرهەمەکەشی کچێکە بەنێوی میرلاوە. جۆزافین شوو بە راشد دەکات و سێکس دەکەن و عیسا دێتە بەرهەم. ئەو هەموو سێکس و جووت بوونە، کەچی رۆمانەکە خاڵییە لە گرتە و جوڵەی سێکسی، تەنانەت وەکو باسکردنیش بەلایدا ناچێت. لەگەڵ ئەوەشدا رۆمانێکی جوان و سەرنجڕاکێشە، دەست خۆشی بۆ برای وەرگێڕ و بۆ ناوەندی رەهەند کە ئەم رۆمانەیان چاپ کردووە.
لهماوهى ڕابردوودا ڕۆمانێکى تایبهت و ناوازه، له ئهدهبیاتى عهرهبى و وڵاتى کوهیت، بهزمانى کوردى کهوته بهر دیدهى خوێنهران، ئهویش ڕۆمانى (قهدى بامبۆ)ى نوسهر (سعود لسنعوسى)ه، ئهم ڕۆمانه لهلایهن وهرگێڕى لاو (ڕهنجدهر جهبار)هوه، وهرگێڕاوه، که پاش بڵاوبونهوهى دهنگدانهوهى یهکى باشى لهناو خوێنهراندا دروستکرد، بۆ قسهکردن دهربارهى ڕۆمانهکهو چۆنێتى وهرگێڕانى ئهم دیدارهمان لهگهڵ سازدا. سازدانى: شاخهوان سدیق هاوڵاتی: کەى بوو ڕۆمانى (قەدى بامبۆ)تان خوێندەوەو چۆن بوو بڕیارى وەرگێڕانیتان دا؟ - یەکەمجار ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٧ بوو قەدی بامبۆم خوێندەوە، هەر ئەو کاتەی خوێندمەوە بیرم لە وەرگێڕانی کردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی پێم وایە ڕۆمانێکی بێ پێشینە و کارێکی داهێنەرانەیە و بەرهەمێکە شایستەی ئەوەیە کاتی بۆ تەرخان بکرێت، چ وەک خۆم، بۆ وەرگێڕانی و چ وەک خوێنەر بۆ خوێندنەوەی و، چ وەک کتێبخانەی کوردی، کە لەم دوو دەیەی کۆتاییدا پێشکەوتنی زۆر بەباشی بە خۆیەوە بینیووە. هەروەها ئەم ڕۆمانە ساڵی ٢٠١٦ زنجیرە درامایەکی لێ بەرهەم هاتووە و لە سەر شاشەی کەناڵی (mbc) پەخش کراوە، ئەوەش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی زیاتر هانی دام ئەم ڕۆمانە وەربگێڕم. هاوڵاتی: پرۆسەى وەرگێڕانى ڕۆمانەکە چەندى خایاند تا ئەوکاتەى چاپ و بڵاوکرایەوە؟ - ئەم پرسیارە دەکرێت بە دوو بەش وەڵامی بدەمەوە، سەبارەت بە کاتی وەرگێڕانی پێنج مانگی خایاندووە لە ساڵی ٢٠١٨. بۆ کاتی بڵاوکردنەوەشی، شەش مانگ پاش ئامادەبوونی چاپ و بڵاوکرایەوە. هەرچەند بە گوێرەی ئەو پلانەی هەمانبوو دەبوو زووتر بڵاو بکرایەوە، بەڵام کاتی بڵاوکردنەوەی کەوتە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵی ٢٠١٩. هاوڵاتی: ئەم ڕۆمانە لەگەڵ بڵاوبونەوەیدا پێشوازى باشى لێکراو باش خوێنرایەوە، ئایا ئەمە بەهۆى جوانى و سیحرى ڕۆمانەکەوەیە یان هۆکارەکەى وەرگێڕانەکەى بەڕێزتان و ناوبانگى ئەو دەزگایەیە کە بۆى بڵاوکردیتەوە؟ - لە بنەڕەتدا ڕۆمانەکە کارێکی دانسقە و داهێنەرانەیە و بەئاسانی خوێنەر بۆ خۆی ڕادەکێشێت، دەکرێت بڵێم کارێکە هێندەی خوێنەر لاپەڕەی یەکەمی خوێندەوە، ئیتر هیچ شتێک ناتوانێت ڕایبگرێت لە تەواوکردنی. سەرەڕای ئەوەش وەرگێڕانی جوان و خۆماندووکردن پێیەوە و هەروەها ناوبانگی دەزگای بڵاوکردنەوە و ئاستی مەعریفی و ناوبانگی بەڕێوەبەرانی ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە ناساندن و جوانترکردنی ئەم ڕۆمانە لای خوێنەری کورد. بەکورتی دەکرێت بڵێم هەریەک لە توانای نووسەر و وەرگێڕ و دیزاین و ناساندنی ئەم بەرهەمە لەلایەن هاوڕێیانم لە ناوەندی ڕەهەند ڕۆڵی خۆیان هەبووە بۆ ئەوەی بەو جۆرە پێشوازی لێ بکرێت. هاوڵاتی: زۆرجار شاکارى گەورەى جیهانیمان خوێندووەتەوە و هیچ چێژێکمان لێ نەبینیوە، لەکاتێکدا لەسەر ئاستى دونیا ناوبانگى گەورەى هەیە، ئایا ئەمە کێشە لە وەرگێڕانەکەیدایە بۆکوردى یان بەبڕواى تۆ چییە؟ تۆ تاچەند هەوڵت داوە لەم ڕۆمانەدا ناوەرۆکى زیندوانەى دەقەکە بگوازیتەوە؟ - وەرگێڕان ڕۆڵی گرنگی هەیە لە گەیاندنی هەر بەرهەمێک بە خوێنەرانی زمانی دووەم، کاتێک وەرگێڕان بەجۆرێکی وەها نەبێت لە دڵی خوێنەردا جێگەی خۆی بگرێت و دەقە بەکارهێنراوەکانی وەرگێڕ لە زمانی دووەم داهێنەرانە نەبێت، هەرگیز ئەو بەرهەمە ناتوانێت بەو جوانییەی خۆی دەرکەوێت و ماندووبوون و لێزانی نووسەرەکەی بێبایەخ دەکات. بۆ خۆم چەندین جار بەر ئەو دەقە گرنگانە کەوتووم کە وەرگێڕ نەیتوانیووە بەجوانی کاری لەسەر بکات و مافی خۆیی پێ بدات، یان بە جۆرێکی تر بڵێم کەمترین خۆماندووکردنی پێوە دیاربووە. بەو پێیەی من هەستم بە گرنگی و جوانی ئەو ڕۆمانە کردووە، هەموو توانای خۆمم خستووەتە خزمەت وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانەوە. ئەوەش خوێنەران دەتوانن بڕیار لەسەر بەزیندوو ڕاگرتنی دەقی ڕۆمانەکە بدەن. بە بڕوای من هەرگیز نابێت خوێنەر بەکەم یان بە نەزان تەماشا بکرێت، دەبێت وەرگێڕ بە جۆرێک کار بکات، کە خوێنەرەکانی لە خۆی بە وشیارتر و وردتر و شارەزاتر بزانێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەرهەمێکیان پێشکەش بکات شایەنی خوێندنەوە بێت. هاوڵاتی: ئایا پەیوەندیتان لەگەڵ نووسەرى ئەم ڕۆمانەدا هەیەو ئەو دەزانێت ڕۆمانەکەتان وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانى کوردى و لێرە ئەو پێشوازییە باشەى لێکراوە؟ - هەموو ئەو ڕۆمانانەی وەرمگێڕاون بەم ڕۆمانەشەوە، پێشتر پەیوەندیم بە نووسەرەکانیانەوە کردووە. سەبارەت بە (قەدی بامبۆ) لەو کاتەوەی بڕیارم دا ئەم ڕۆمانە وەرگێڕم، پەیوەندیم بە نووسەرەکەوە کرد و ئەویش خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، هەروەها مافی لەچاپدانی ئەم ڕۆمانە بە زمانی کوردی لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند وەرگیراوە، بەو پێیەی ئەرکی لەچاپدان و بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانەیان لەئەستۆ گرتووە. هاوڵاتی: مەرجى ئێوە بۆ هەڵبژاردن و وەرگێڕانى هەر بەرهەمێکى ئەدەبى چییە؟ ئایا بەنیازن لە ئایندەدا هیچ بەرهەمێکیترى ئەو نووسەرە واتە نوسەرى ڕۆمانى (قەدى بامبۆ) وەربگێڕن بۆسەر زمانى کوردى؟ - هەر بەرهەمێک پێش ئەوەی بڕیار لە وەرگێڕانی بدەم، دەبێت دەقێکی داهێنەرانە بێت و کارێک بێت ئاستێکی ئەدەبی باڵای هەبێت، بەرهەمێک بێت بتوانێت بچێتە دڵی خوێنەرەوە، هەروەها لە ڕووی هزرییەوە لەگەڵ فەلسەفەی ئەو بەرهەمە ئەدەبییە هاوڕابم. کاتێک بڕیار لەسەر وەرگێڕانی بەرهەمێک دەدەم جۆرە پەیوەندییەکی ڕۆحیم بۆ دروست دەبێت لەگەڵ ئەو دەقە، کە وادەکات بە ئاسوودەیی کاری لەسەر بکەم و پەرۆش بم بۆ ئەوەی کارێکی پێشکەش بکەم شایەنی کتێبخانەی کوردی و خوێنەری کورد بێت، چونکە پێم وایە کتێبخانەی کوردی و خوێنەری کورد شایستەی باشترینەکانن. لە پلانمدا هەیە لە داهاتوودا بەرهەمێکی دیکەی نووسەر (سعود ئەلسنعوسی) بە ناوی (حمام الدار) بکەم بە کوردی، هەروەها خودی نووسەر پێشنیاری دوو بەرهەمی دیکەیی بۆ کردووم کە یەکێکیان هێشتا بڵاونەکراوەتەوە. هاوڵاتی: ئەوەندەى ئێوە ئاگاداربن لەناو دونیاى ئەدەبى کوەیتى و بەگشتى عەرەبیدا دەنگدانەوەى ئەم ڕۆمانە چۆن بووە؟ - لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕۆمانە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو لە ناو جیهانی ئەدەبیاتی عەرەبی بەگشتی و کوێتی بەتایبەتی. هەر ئەمەش وایکرد هەریەکە لە خەڵاتەکانی: خەڵاتی نێودەوڵەتی هاندان لە کوێت ساڵی ٢٠١٢ و خەڵاتی جیهانی بۆ ڕۆمانی عەرەبی (بوکەر) ساڵی ٢٠١٣ وەربگرێت. هەروەها لە هەمووی گرنگتر دەنگدانەوەی ئەم ڕۆمانە وایکرد بکرێتە زنجیرە درامایەک و لە سالی ٢٠١٦ لە ژێر هەمان ناو "ساق البامبو" پەخش بکرێت. هاوڵاتی: ئەم رۆمانە بەگشتى کار لەسەر پرسى شوناسى مرۆڤ دەکات، کە لە ئێستادا بووەتە کێشەیەکى جیهانى. پێتان وایە ئەم ڕۆمانە بچێتە خانەى ئەو نوینانەوە کە باس لە سەرگەردانى و داماوى مرۆڤى مۆدێرن دەکەن بۆ وێڵبوون بەدواى شوناسى ونبوویاندا؟ - ئەم ڕۆمانە و چەندین دەقی ئەدەبی دیکەش هەیە لە جیهانی ئەدەبیاتی عەرەبیدا پرسی شوناس وەک بابەتێکی گرنگ دەناسێنێت. لە کاتێکدا لە جیهانی ئەمڕۆی ئەم ناوچەیەی کە دەوڵەمەندە بە کلتووری جۆراوجۆر و سەرچاوەی سروشتی زۆر و سەرەنجام هەموو ئەمانە پێکەوە وایان کردووە ناوچەکە سەر بکێشێت بۆ جەنگ و کاولکاری، مرۆڤەکان چیتر پێویستیان بە جۆرێکی تر لە تێڕوانین هەیە بۆ مژاری شوناس و ناسنامە بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی دی ناوچەکە لە هەموو ئەو قەیرانانە ڕزگار بکەن کە وەک هەورێکی ڕەش باڵی کێشاوە بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا. بۆیە چیتر ئەو دیدانەی ڕابردوو بۆ شوناسی مرۆڤ لەم سەردەمە و لەم ناوچە جوگرافییە ناتوانێت وەڵامی پێداویستییە کۆمەڵایەتی و هزرییەکانی توێژە کۆمەڵایەتییەکان بداتەوە. هاوڵاتی: تاچەند پێتان وایە وەرگێڕان لە زمانى یەکەمەوە هاندەرە بۆ گواستنەوەى ڕۆحى زیندووى دەقەکان بەو پێیەى ئەم کارەى تۆ لە زمانى یەکەمەوە کراوە؟ - هەموو زمانێک تایبەتمەندی و جوانییەکی تایبەت بە خۆیی هەیە. لە کاتی وەرگێڕاندا ئەگەر وەرگێڕ زۆر وریا نەبێت ڕەنگە دەقی وەرگێڕدراو بەشێکی بەرچاوی جوانییەکەی لەدەست بدات. هەرچەندە زۆرجار ئەگەر بەشێکی کەمیش بێت لە جوانییەکانی زمانی یەکەم لەکاتی وەرگێڕاندا ون دەبێت یان پەنهان دەبێت، ئەوەش بەهۆی جیاوازی و تایبەتمەندی هەریەک لە زمانەکان لە یەکتری. ئەمە وا دەکات من وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە بە گرنگتر بزانم و هەست دەکەم زیاتر جێگەی متمانەیە. بەڵام ئیتر ئەمە مانای ئەوە نییە وەرگێڕان بۆ زمانی سێیەم و چوارەم نەکرێت، بکرێت، بەڵام هەتا زمانزان و وەرگێڕی باش هەبن، وەرگێڕان لە زمانی یەکەمەوە بکرێت باشترە و زیاتر دەبێتە جێی متمانەی خوێنەر. پێم وایە ئێمە وەکو کورد هێندە توانای مرۆییمان هەیە بتوانین وەرگێڕانی دەقەکان لە زمانی یەکەمەوە ئەنجام بدەین کاتێک بە زمانە جیهانییەکان نووسرابن، بەڵام ئەو توانایانە دەبێت بدۆزرێنەوە و هان بدرێن بۆ ئەوەی ئەم بوارە بەرەو پێش ببەن.
نەجات نوری (سعود ئەلسنعوسی) لەم دەقەدا (قەدی بامبۆ) كە (رەنجدەر جەبار) بە كوردیەكی باشو بە وەرگێڕانێكی ورد كردویەتی بە كوردیو ناوەندی رەهەند بڵاوی كردۆتەوە لە ساڵی 2019دا... بە شوێن كێ دا دەگەڕێت؟ (سعود ئەلسنعوسی) دەیەوێت لە كێ ئەو پرسیارە بكات كە مرۆڤ دەبێت كێ بێت؟ ئەو كاتانەی كە نوسەرێك دەقێك دەنوسێت لە قوڵایی دەقەكەیدا ئەو كەلێنانە بەو پرسیارانە پڕدەكاتەوە كە دەبێت خوێنەران بتوانن ورد وەڵامی بدەنەوە ئەگەر نا ئەوا هیچ لە دەقەكان تێناگەن، ئەمە دەكاتە نیشانە بۆ ئەو نوسەرانەی كە دەزانن دەقی ئەدەبی دەقێكی سەرپێیو بچوك نیە، ئەوانەی لە قوڵایی دەقی ئەدەبی تێدەگەن دەزانن كە دەقە گەورەكان دەبنە هەڵگری پانتایەكی پڕ لە ماناو وێنە بۆ مرۆڤ، مرۆڤ لە هەموو دەقە گرنگەكاندا ئەو خاڵە دیارەیە كە نوسەرەكانیان پێوەی سەرقاڵ دەبن. قەدی بامبۆ راستە دەبێتە دەقێكی ئەدەبی پڕ لە ماناو وێنەی گرنگ بۆ مرۆڤە جوداكانو خوێندنەوەی بەهایی ئەو مرۆڤانە لە ناو رۆژگارە ترسناكو نائومێدكەرەكاندا، بەڵام بە دیوەكەوی ترشیدا دەبێتە هەڵگری جۆرێك لە تێڕامانی فەلسەفیو رۆشنگەری بۆ تەمەنی مرۆڤ لەو جیهانەی تێیدا دەژیو بەشوێن خۆیدا دەگەڕێت، ئەو جیهانەی كە زۆركات بۆ مرۆڤ دەبێتە دۆزەخی هەمیشەیو تێیدا لەگەڵ مەینەتیەكانی خۆیدا بەردەوامی دەدات بە ژیان، ژیانێك كە دەبێتە وێرانەی رۆحو ئاواتەكانی، ئەو مرۆڤانەی كە لەناو نیشتمانو خاكو خێزانی خۆیاندا دەبنە هۆكاری گەلێك لە گێڕانەوەی كوشندە بۆ تێڕامان لە مرۆڤو ویستو ئیرادەیان... ئەم دەقە لەگەڵ ئەوەی كە دەقێكی ئەدەبیە بەڵام لەمە دەردەچێتو لەژێر وردكردنەوەی دەیان بیرو وێنەو پرسیاری قوڵدا دەبێتە كتێبێكی رۆشنگەری گرنگ بۆ وەڵام دانەوەی هەموو ئەو پرسیارە ونبوانەی كە لەدەوری رۆحی مرۆڤ لە جیهاندا دێنو دەچن، كاركردنە لەسەر گێڕانەوەیەكی وردی ناو كایە رۆشنگەریەكان بۆ نا ئومێدیو بیری مرۆڤ لە تەمەن جیا جیاكانداو بیری ئەو خێزانە ستەمكارانەی كە سەرمایە كردونی بە رۆحێكی شومو تێكشكێنەر لە زۆر لای ئێمەداو جگە لە رۆحی شومی خۆیان ئیتر لایان گرنگ نیە كێ هەیەو كێ نیە. لەگەڵ هەر بەشێكی ئەم رۆمانەدا كە پڕە گێڕانەوەی وردو فەنتازییانە بۆ ژیانی مرۆڤ و ئایندەی بە جۆرێكی تر ئەو تێڕامانەیش لەخۆ دەگرێت كە لەگەڵ هەر رۆژگارێكدا با رۆژگاری رۆشنگەریو پێشكەوتنو روناكیش بێت بەڵام تاكەكانی كۆمەڵگا لە زۆرلای دونیادا دەبنە تاكێك كە هەمیشە گیرۆدەی ناو ئەو عەقڵ و بیرو ناوەندە كوشندانەن كە هیچ رێگای رزگاریان بۆ تێدا نادۆزرێتەوەو لەگەڵ ململانیە سەختەكاندا دواجار سەردەنێنە سەر ئازارەكانی خۆیانو دەبنە قوربانی خەونە تاریكەكانی ئەو بەناو مرۆڤانەی كە لە زۆر شوێن وەكو دڕندە بڵاوبوونەتەوەو هێزی بێ نەوایانو ژیانیان رادەماڵن. ئەم دەقە تێڕامانە بۆ بیرو ئەخلاقی زۆر خێزانو تاكو دەسەڵاتداران لە نیشتیمانە جیاوازەكاندا، لەو قوڵایەدا كار دەكات كە ورد ورد دێنە رێگەمانو لێوەی دەبێ بە شوێن ئەو كایە نادیارانەدا بگەڕێین كە ئایا مرۆڤ بۆ دەبێت بەم جۆرە بكرێتە قوربانی ئەو هەستە شومو گڵاوانەی كە هەموو وادەزان هەر خۆیان خودا خوڵقاندوونی. قەدی بامبۆ وەكو دەقێكی ئەدەبی كاركردنە لەسەر برینی ئەو مرۆڤ گەلەی كە لە زۆر شوێن چیرۆكەكانی ژیانیان ون بووە، بەمەش دەكرێت هەریەكەمان یەكێك بین لەو مرۆڤە بریندارو سەرگەردانو بێ لانانەی كە دەبنە بەركەوتەی ئەو ئیرادە پیسانەی نایانەوێت كەسانی تر وەكو خۆیان بژینو هەمیشە بە سوكو قێزەون لە خوار خۆیان دەڕوانن. سیمای (عیسا) لەم دەقەدا هەڵگری دەیان خوێندنەوەی وردو بێ وەڵامە بۆ نائیسنان بوونی ئەو كەسانەی كە هەمیشە كاریان پەراوێزخستنی كەسانی تربووە لە رۆژگارە جۆربەجۆرەكاندا بە لەژێر زۆر بیانوی بێ ماناو پوچ دا... عیسا لێرەدا دەبێتە ئەو رۆحەی كە دەكرێ رۆحی زۆركەسی تریش بێت، رۆحێك كە هیچ نیشتیمانێك بۆی لەخۆ ناگیرێت، ململانیەدەكات بۆ ئەوەی بە راستی ئەو پرسیارە بگات مرۆڤ بۆچی دەگەڕێت؟ مرۆڤ بوون لە رۆحو روخساری عیساوە لەلای نوسەر ئەم دەقە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە بەشوێن زۆر بوونی مرۆڤی ونبووی تردا بگەڕێت تابە ئەو وەڵامە دەگات دەبێ مرۆڤەكان كەی لەم رێگا هەڵەو كوشندانە كۆڵبدەنو وەكو مرۆڤ لەیەكتری بڕوانن نەك وەكو كۆیلەو خاوەن ماڵو سەرمایەدارو نۆكەر.بەشی سەرەكی ئەم دەقە پرسیارە بۆ بوونی مرۆڤ لە نێوان دوو كەلتوری هێجگار جیاوازدا، لە نێوان دوو نیشتمانو دوو خێزانی هێجگار دوور لەیەكتریدا بە جیاوزای بیرو كەلتورو ئیمانیانەوە... لەم رێگایەوە ئەم دەقە خوێنەران دەباتە سەر ناسنامەی ئەو مرۆڤانەی كە وەكو عیسا دەبێ لە كوێدا جێگەیان ببێتەوە، دەبێ نیشتمانو خێزانیان كوێ بێت؟ دەبێت لە كوێدا وەكو مرۆڤ بە هەقو ئیرادەو بوونی خۆیان بگەن؟ تێكڕا دەقە گەشتێكی پڕ لە مەرگەساتە بۆ ناسینەوەی رۆحی ئەو مرۆڤانەی كە رەنگە ئێمە درەنگ بە ئازارەكانیانمان زانیبێت، راوەستانە بۆ كاركردنی ئەو بیرە قوڵەی تا مرۆڤ وەكو مرۆڤ ببینین نەك وەكو نۆكەرو زۆڵو بێ وڵاتو بێ خێزان... مرۆڤ لەم دەقەدا مرۆڤێكی تەواو شێواو بێ بیرو بێ وەڵامە بۆ خۆیو لەگەڵ چارەنوسی خۆیدا لە جەنگێكی نەبڕاوەدایە تا بە مەرگی دەگات، لەگەڵ جەنگە جیاوازەكاندا كەوتوونەتە وێزەی رۆحی خۆیانو یەكتری وێراندەكەن لەپێناو ئەوەی كە ئەمیان خاوەن پارەو موڵكو نیشتمانەو ئەویتریشیان نۆكەرو كارەكەرو كۆیلەو بێ وڵاتو بێ پارەیەو بێ ناسنامە یە ، ئەم جەنگە شومە بۆ ئەمڕۆ لەم دەقەدا دێژەی هەیە خوێندنەوەیەكی وردی دەرونیانەیە بۆ رۆحی ئەو ئینسانانەی كە لە جیهاندا خراونەتە پەراوێزی هەموو بەها مرۆیەكانەوە، دەقەكە لەگەڵ هەموو ئەو وێنە جیاوازانەی كە هەڵگری چەندن خوێندنەوەی قوڵە بۆ ژیانو مرۆڤ و ئایندەیان تێڕامانیشە بۆ ئەخلاقیەتو بیرو وەیشومەی ئەو كەسانەی كە بیر لە هیچ ناكانەوە جگە لە ویستو داهاتی خۆیان نەبێتو لەسەر رێگای نا مرۆڤ بوونی خۆیان كەسانی تر دەخەنە دۆزەخی ژیانەوە. ئەم دەقە لەگەڵ رۆحی زۆركەسدا دەجەنگێت تا دەیخاتە ناو سەدان پرساری ئەو تۆوە كە دەبێ مرۆڤ بۆچی لەم ئاستانەدا ببنە هەڵگری ئەو دونیا مەرگ هێنەرەی كە جیاوازی دەخەنە نێوان بوونو ژیانو مافیانەوە. ئەم دەقە بەتانیا لە خاڵی جەنگی نێوان كارەكەرێكی فلیپینی وەكو ژنو ماڵباتێكی مشەخۆرو سەرمایەداردا رامان ناگرێت بەڵكو لەو خاڵەدا بەجێمان دەهێڵێت كە مرۆڤ بۆخۆی رێگایەكی هێجگار هەڵەی لە پێناو زۆرشتی پوچدا گرتووەو مرۆڤایەتی خۆی پیسو ناشیرین دەكات، قوڵایی ئەم رۆمانە جەنگی مرۆڤە جیاوازەكانە لە پانتایی رۆژگارێكدا كەپێی دەڵێن رۆژگاری مۆدرێن بەڵام بۆ زۆركەس تاریكو كوشندەو پوچ كە نەك ئەم رۆژگاری مۆدرێنە نەبۆتە هۆكارێك بۆ رزگاری بەشێكی زۆری مرۆڤایەتی بەڵكو زۆر مرۆڤی تێدا بەرەو سەرگەردانیو مەرگ دەبرێت، لێرەوە نوسەری ئەم دەقە لەوەدا رامان دەگرێت كە خوێندنەوەی مرۆڤو كارەكانی وا بەئاسانی لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بۆ ئێمە شیكاری ناكرێتو ناتوانین بە دیدێكی ئومێدبەخشانەوە تێدا بۆ ئایندەی مرۆڤ بڕوانین. دەقەكە هەڵگری دیدێكی نوێ یە بۆ مرۆڤ وەكو دەبینین لەنێوان كارەكەرەكاندا چ ڤلیپینی بێت یان هەر رۆحێكی تر لەگەڵ خێزانی (راشد تاروف)دا دەبنە دوو هۆكاری دژ بەیەكی كوشندە بۆ ناسینی خێزانەكان لە دوو كەلتوری گەلێك دوور لەیەكدا كە دەبێت لە دەقەكەدا بە وردی بەشوێن ئەودا بگەڕین كە تا ئەم رۆژگارەش پارەو دەسەڵات چەند گران رۆحی مرۆڤی كردووە بە رۆحێكی كوشندەو تاریك. چەند مرۆڤ ئاوا لەنێوان وڵاتەدا نەدارو سەرمایەدارە شومەكاندا لە نێوان خێزانە بەدبەختەكانو خێزانە دەوڵەمەندە كوشندەكاندا هەمیشە لە چاوەڕوانی دەربەدەریو مەرگدا بێ وەڵام لە دونیای تاركی خۆیان دەڕوانن.
ئهدهبى کلاسیک یهکێکه له پایهگرنگهکانى بههێزى ئهدهبیاتى ههموو گهل و نهتهوهیهک، که وهک بانقێکى زانیارى ههمیشه پێویسته بۆى بگهڕێینهوهو لێوهى فێربین، له ناو ئهدهبى کلاسیکى ئێمهدا (نالى) یهکێکه لهو شاعیرانهى که له ههموو سهردهم و رۆژگارێکدا خوێندنهوهى نوێ بهدواى خۆیدا دێنێ، تایبهت به ناسین و دیدێکى نوێ بۆ ئهم شاعیره پێمانباشبوو لهگهڵ ڕەخنەکاری ئەدەبی (عەبدولخالق یەعقووبی) ئهم دیداره سازبدهین. سازدانی: شاخەوان سدیق ھاوڵاتی: لە ئەدەبی کوردیدا زۆر بابەت لێرەو لەوێ لەسەر نالی و ئەدەبیاتی ئەو نوسراوە. پێتان وایە ئێمە توانیومانە باش ئەو شاعیرە گەورەیەمان بخوێنینەوە؟ -من پێم وا نییە لە سەر نالی بابەتی زۆر نووسرابێت، یان لانیکەم بابەتی باش زۆر نووسرابێت. تۆ دەزانی نیزیکەی دوو سەد ساڵ لە سەردەمی ژیانی نالی تێدەپەڕێ، و زۆر زەحمەتە بە خۆمانی بسەلمێنین تا ئێستا لە گۆڕەپانی ئەدەبی کوردی دوو سەد بابەتی باشمان لە سەر نالی نووسیبێت. ئەگەر سووکەئاوڕێک لە شاعیرانی دەوروبەری خۆمان وەکو حافیزی شیرازی و مەلانای رۆمی و ھتد بدەینەوە، دەبینین دراوسێکانمان زۆر زیاتر لە ئێمە گرینگییان بە شاعیرانی کلاسیکی خۆیان داوە، چ وەک ساغکردنەوە، چ وەک بڵاوکردنەوە، و چ وەک شیکردنەوەی دەقی شیعرەکانیان. لای فارسەکان حافیزناسی و مەولاناخوێنی بۆتە دیاردە، و ساڵ نییە لە سەر ئەو شاعیرانە، چ لە ئاستی دامەزراوەگەلی حکوومیان و چ لە ئاستی ھەوڵی تاکەکەسیی نووسەرانیان، کتێبی نوێ و تۆژینەوەی تازە نەکەوێتە بەردەستی خوێنەرانیان. بەڵام لای ئێمە، چ سیاسەتێکی کولتووریی بەکەڵک لە ئاستی دەسەڵات و چ ھەوڵی بێوچانی پڕدەستکەوت لە لایەن تۆژەرانمان (بە خۆشمەوە) ھەست پی ناکرێت کە، بۆ وێنە، نالی ناسی وەکو پێداویستییەکی گۆڕەپانی کاری ئەدەبیی وەزارەتی ڕۆشنبیری یان زانکۆکان یان ناوەندەکانی وەشاندن بێتە ئاراوە. لایەنی دووھەم، ناوەڕۆکی پڕگرفت و و ناواخنی زۆرجار بەتاڵی ئەو بابەتانەیە کە جارجارە لێرە و لەوێ لە سەر شیعری نالی دێتە وەشاندن. بەشێکی بەرچاوی ئەو کارانە ئەو تۆژینەوانەن کە مامۆستایانی زانکۆکانی کوردستان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی پلەی زانستیی خۆیان دەینووسن، و ھەر بۆیە بەر لەوەی نالی ناسانەبن، پلەخوازانەن. بۆ وێنە، کاتێک ناونیشانێکی وەکو "گوڵ لە شیعری نالی" لە وتارێکی ئەکادیمیدا دەبینیت، و پاشان کە وتارەکە دەخوێنیتەوە، دەبینی نووسەر تەنیا ناو و ژمارەی ئەو گوڵە جۆراوجۆرانەی کە لە شیعری نالی-دا ھاتووە ڕیز کردووە، تازە تێدەگەی ھەم تۆی کات بەفیڕۆچوو، ھەمیش نالیی بەستەزمان کڵاوێکی گەورەتان کراوەتە سەر، چونکی ئەو بابەتە چ فڕی بە سەر مەعریفە و جیھانبینی و جوانیناسیی شیعری نالییەوە نییە، بەڵکو تەنیا وێنەیەکی بێڕووتووشی زەق و زۆپی گوڵستانەکەی باغی شیعری نالییە. کورت و کورمانجی بڵێم، ئێمە تا ئێستا نەمانتوانیوە باش نالی بناسین و بیناسێنین، ھەر بۆیە پێویستە لە مەولا باش بیناسین و بیناسێنین. هاوڵاتی: زۆرجار کەباس لە شاعیرانی کلاسیکی کورد بەتایبەت (نالی و مەحوی) دەکرێت یەکڕاست باس لە پەیوەندی و خەیاڵی عیرفانی ئەوان دەکرێت و دەبەسترێتەوە بە لایەنی دینی و عیشقی ئیلاھیەوە، ئەمە تا چەند ڕاستە؟ - کەسایەتیی وەکو نالی و مەحوی پەروەردەی مەعریفەی حوجرەیین، مەعریفەیەک لە سەر بنەمای ئاین و شەریعەت. بۆیە لە جیھانی شیعریی زۆربەی شاعیرانی کلاسیکی ئێمە ھزری دینی دەوری سەرەکی دەگێڕێت، و پارادایمی زاڵی فەلسەفەی شیعرییان پارادایمێکی دینییە؛ واتە باڵادەستیی تێڕوانینی ئیلاھییانەیە بۆ ئینسان و ژیان و جیھان. بەڵام داھێنەربوونی ئەم شاعیرانە لە پانتایی شیعری کوردیدا ناگەڕێتەوە بۆ ئامادەبوونی ئەم پارادایمە لە شیعری ئەواندا، بەڵکو زیاتر پەیوەندیی بەو دیدە نوێیەوە ھەیە کە ئەوان بۆ ئەو مەعریفە باڵادەستەی سەردەمی خۆیان ھەیانە. لە وتارێکمدا لە سەر شیعری مەحوی بە ناوی "مەحوی: شاعیری ئادابی مەحەببەت" تێزی سەرەکیم بریتی لەوەی عیشقی مەحوی دین نییە، بەڵکو دینی مەحوی عیشقە. واتە راستە مەحوی شاعیرێکی دیندارە و بە زمانێکی پڕ لە ئیماژی سۆفیانە و دینی دەدوێت، بەڵام دواجار ئەو لە دەرگای عیشقەوە دێتە نێو ئەم جیھانەوە و بە کردەوە، پتر لەوەی بە ئەلفوبێی دین بجوولێتەوە، بە ڕۆحییەتێکی ئاشقانەوە ھەڵسوکەوت دەکات. ھەمان دیدگا بۆ نالی-ش وەڕاست دەگەڕێت، کاتێک دەبینین نالی لە زۆر شیعریدا، وەکو قەسیدەکەی بۆ کەر، سنووری مەعریفەی دینی دەبەزێنێت و پتر لەوەی نوێنەری دەنگی شەریعەت بێت، پەیڤداری جھانیبینیی تایبەتی خۆیەتی. یان لە شیعری ھەرمانی "قوربانی تۆزی ڕێگەتم..." نیشتمان خۆشەویستێکە کە حاشا لە دەسەڵاتی سوننەی عوسمانییەکان دەکات. کە واتە، ئەم شاعیرانەی ئێمە نیشتەجێی نیشتمانی دین ھەن، بەڵام زۆرجار سنووری ئەم جوگرافییەیان بەزاندووە، و لە دەرەوی کیشوەری شەریعەت، لە ھەوای ھیومانیزم و جوانپەرەستییان ھەڵمژیوە. هاوڵاتی: ئێمە چۆن بتوانین خوێندنەوەیەکی نوێ بە دیدێکی تازەوە نالی بخوێنینەوە؟ ئایا ھیچ گۆشەنیگایەکی نوێ ھەیە؟ - دیدی مەلا عەبدولکەریم و کوڕەکانی بۆ شیعری نالی پتر فەساحەت-تەوەر و بەلاغە-بونیاد بووە. دوای ئەوان، مەسعوود محەمەد خوێندەوەی وشە- تەوەر و ڕستە- بونیادی بۆ نالی کردووەتە باو. ھەر دووکی ئەم جۆرە خوێندنەوانە بۆ سەردەمی خۆی و بۆ تێگەیشتن لە شیعری نالی زۆر باش و پێویست بوون. خاڵی ھاوبەشی ئەو دوو بەرە ھاوسەردەمە بۆ خوێندنەوەی شیعری نالی گرینگیدانیان بوو بە مێژووگەرایی و تۆژینەوە لە سەر کەسایەتیی خودی نالی وەکو تاک و ساغکردنەوەی ژیانی ئەو لە سەر بنەمای شیکردنەوەی شیعرەکانی. بەڵام دواتر نەوەیەکی تر لە تۆژەرانی کورد ھاتنە گۆڕەپانەکەوە کە پتر ھەوڵیان دا بە دیدێکی گوتار-تەوەر (discourse-based) لە شیعری نالی بڕوانن، وەکو ڕێبوار سیوەیلی و ئەم قەڵەمە، عەبدولخالق یەعقووبی. لە ڕوانگەی ئەمانەوە، ئەوە گوتاری (کۆی سیستەمی ھزری، مەعریفی، زمانیی) شیعری نالی-یە کە دەبێت بکەویتە ناوەندی سەرنجەوە، نەک تەنیا موفرەداتی شیعری و سەنگوسووککردنی ڕستەکانی. لە خوێندنەوەی گوتارناسانەدا نالی چیتر تەنیا شاعیری مەعریفەیەکی تایبەت (تۆ بڵێ حوجرەیی) نییە، بەڵکو شاعیرێکە فرەمەعریفە کە مافی ئەوەی ھەیە لە سەر ھەموو جیھان و کاینات وەدەنگ بێت، و تەنانەت جاروبار ھێڵی سووری ئەو مەعریفەیەی تێێدا گۆشکراوە ببەزێنێت (بڕوانە شیعری "مەستوورە کە حەسناو و ئەدیبە بە حیسابێ..."). دیارە گۆشەنیگای نوێ و جیازواز بۆ خوێندنەوەی نالی، و ھەر شاعرێکی تریش، ھەمیشە بۆی ھەیە بێتە ئاراوە، و جیھانی ڕەخنەکاریی و شیکاریی ئەدەبی جیھانێکی سنوورنەناس و زەمەنپەڕێن و شوێنبەزێنە. هاوڵاتی: لە ڕابردوودا ھەریەکە لە مامۆستایان (مەلاعەبدولکەریی مودەرەس و مەسعود محەمەد) زۆریان لەسەر شەرحی نالی نوسیوە، پێتان وایە کێماسیەکانی ئەو نوسینانە لەکوێدایەو دەکرێت لە نێوان تێڕوانینی ئەو دوو نوسەرەدا ئێمە نالیەکی نوێ بناسین و بخوێنینەوە؟ - لە سەر خوێندنەوەی مەلا عەبدولکەریم و کوڕەکانی، سەرباری ئەوەی دەسپێشخەرانە و بوێرانە بووە، چەند تێبینی و ڕەخنەم ھەیە. یەکەم، ئەوان لە زۆر جێگادا نالی وەکو شاعیرێک لە دوورگەیەک بە تەنیا دەبینین. ئەمە بەو ھەڵانەدا دەردەکەوێت کە بۆ ساغکردنەوەی ھەندێک لە وشە شیعرییەکانی نالی-دا بە سەریاندا تێپەڕیوە. بۆ نموونە، لە پیشینەی شیعری کلاسیکی فارسی وشەی "مل" [مول] (شەرابی ترێ) وشەیەکی ناسراو و زۆر بەکاربراوە، بەڵام ئەوان بە "مل"ی دەخوێننەوە (مەجلیسێکی چەمەن و بولبول و بەزمی گوڵ و مول / بە دووسەد مەدرەسە و دەرس و کیتابی نادەم). دووھەم، زۆرجار ھەوڵ دەدەن ژیانی نالی لە سەر بنەمای شیعرەکانی ساغ بکەنەوە، وەکو ئەوەی بڵێی جیھانی شیعریی جیھانێکی پڕفاکت و بێگرێوگۆڵ و و ڕاستەقینەی مێژووییە و ھەموو دیڕەشیعرێک راستەوخۆ دەربڕی واقیعەکانی ژیانی داھێنەرەکەی. بۆ وێنە، ھەڵوێستیان بۆ پرسی ژندار یان بێژنبوونی نالی بە پێی لێکدانەوەی ئەو شیعرانەی کە ناوی "حەبیبە"یان تێدا ھاتووە نیشاندەری ئەوەیە ئەوان شیعر وەکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەوڕاستی ژیانی شاعیر دەبینین، نەک جیھانێکی سەربەخۆی پێکھاتوو لە پەیڤ و گوتار، کە ھەڵبەت بێبەری نییە لە ژیانی شاعیر خۆی، بەڵام کۆپیی دەقاودەقی ژیانی شاعیریش نییە. لەولاوە، مەسعوود محەمەد بۆ خوێندنەوەی نالی چەند ھەنگاوێک ھاتۆتە پێش و گەلێک جار نالی لە زەمینەی شیعری جیھانی دەوروبەریدا دەخوینێتەوە، و لە ھەمان کاتیشدا لە شیکردنەوەی جوانیناسانە نیزیک دەبێتەوە. دوو سەرنجم لە سەر شیکردنەوەکانی ئەو نووسەرە ھەڵکەوتەیەشمان ھەیە. یەکەم، مەسعوود محەمەد بۆ شیکردنەوەی شیعری نالی زۆر قورسایی و گرینگی بە رستە شیعرییەکان دەبەخشێت، و زۆر جار شیکردنەوەکانی دەبن بە شەرحی موفرەداتی شیعری نالی، نەک جیھانبینی و ھزری نالی. ھەر ئەوەشە وای کردووە کتێبی نایابی "دەستەودامانی نالی"یەکەی زیاتر ڕاستکردنەوە و ساغکردنەوەی شەرحەکەی مەلا عەبدولکەریم بێت نەک شەرحێکی نوێی لە سەر بنەمای تێڕوانینێکی جیاواز. دووھەم، مەسعوود محەمەد لە شیکردنەوەکانی خۆیدا، زۆرتر لە "چەپکێک لە گولزاری نالی"، ھەندێک جار خواستی ڕەخنەکارانەی خۆی دەخاتە پێش پێدراوەکانی دەقی نالی. واتە، بارێکی قورسی چەمکی و واتایی دەخاتە سەرشانی شیعری نالی، کە لە ڕاستیدا ئەو مەفھووم و مانایانە ڕێتێچوو نین، بەڵام ئەو، وێدەچێت لە سۆنگەی خۆشەویستیی ڕادەبەدەری بۆ نالی، ھەوڵ دەدات وەکو واتای شیعری نالی بیانسەلمێنێت/بیانسەپێنێت. (نموونەکانی ئەو ھەوڵەی ئەوم لە وتاری "بژاری مژاری نالی ناسانەی مەسعوود محەمەد" ھێناوەتەوە(. پێشنیاری من بۆ خوێندنەوەی نوێی نالی، وەکو پێشتریش باسم کرد، خوێندنەوەی گوتارناسانەیە، خوێندنەوەیەک کە شیعر وەکو گوتار و ڕەوتێکی مەعریفیی مێژووکرد دەبینێت، نەک تەنیا تەتەڵەکردنی بەلاغی یان وشەناسانە لە رەوتێکی دوورەپەرێز لەمێژوو. بۆ وێنە، چاو لەم شیعرەی نالی بکەن: نالی عەجەب بە قووەتی حیکمەت ئەدا دەکا/ مەعنایی زۆر و گەورە بە لەفزی کەم و بچووک چەند سەدە پیش نالی حافیزی شیرازی ئەمەی نووسیوە: بیا و حال اھل درد بشنو / بە لفڤ اندک و معنی بسیار (وەرە و گوێ بۆ حاڵی ئەھلی ئازار بگرە/ بە لەفزی کەم و مانای زۆر) تێگەیشتن لەم شیعرەی نالی و شیکردنەوە و چێژلێوەرگرتنی و باسکردن لە شوێندانان و شوێنوەرگرتنی شیعریی نالی بە بێ گەڕانەوە بۆ گوتاری شیعری کلاسیکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی شیعری کلاسیکی فارسی ئەستەمە. بۆیە پێویستە نالی بخرێتە نێو یەکەیەکی گەورەتری شیکردنەوەوە، کە ئەویش گوتارە. هاوڵاتی: پێم وابێت ئێوە پرۆژەیەکی نوێتان لەسەر نالی ھەیە دەکرێت بزانین ئەو پرۆژەیە چیە؟ عەبدولخالق یەعقووبی: من ئێستا کتێبێکم لە سەر شیکردنەوەی شیعری نالی ئامادەیە بە ناوی "ئاشنای سیڕڕی قەڵەم"، کە ھەوڵ دەدەم بەمزوانە چاپی بکەم (لە سایەسەری دۆخی داڕووخاوی چاپەمەنیی کوردستان بۆ کاری جیددی، بەمزووانە لە یەک ساڵەوە دەگرێتەوە تا سێ سال!). ئەم کتێبەم پێکھاتووە لە چەند ڕەخنەی پراکتیکی لە سەر شیعری نالی و وتوێژێکی درێژیش لە بابەت ھزر و جیھانبینیی نالی. پڕۆژەی ترم شیکاریی شیعر بە شیعری دیوانی نالییە لە سەر بنەمای لێکدانەوەی گوتارناسانە، کە سەرەتا بە شێوەی دەنگیی ئامادەی دەکەم و پاشان دەیکەم بە دەقی نووسراویش. ئەم کارە پەلەی لێ ناکەم و بەکاوەخۆ، مانگان و ساڵان، لەگەڵی دەژیم.
لە ئەڵمانییەوە: یاسین بانیخێڵانی هاوڕێ ئازیزەکەم، قسە بکە دەزانم، تۆ دەتوانیت جادوو بکەیت لە جیهان یەک وشە درووست بکەیت وشەکەی تۆ هەموو جیهانە **** من کێم؟ کاتێک نائومێد دەبم، دەنووسم، من دڵخۆشم کاتێک لەخۆما شیعر دەنووسم من کێم ئەگەر نەنووسم **** نیشتیمانی باوکمیان* کوشت لەناو ئاگردا ناشتیان ئێستا من لە نیشتیمانی دایکمدا دەژیم، کە وشەیە *- لە زمانی ئەڵمانیدا بە نیشتیمان دەڵێن: نیشتیمانی باوکVaterland **** من دەمێکە ونبووم هێشتا بەردەوام لەناو ژوورێکی ونبوودا وەک مناڵێکی گەمژە گەمە لەگەڵ وشەکاندا دەکەم ****
پەخشان عەبدولڕەحمان ئەوکاتەی ئەوین پروشەی دەکرد .... غرور پەپولەیەکی توڕەبوو، لە باخچە یاخی دەبوو دوستێکی وڕکگرتوو بوو ، نازی بەسەر شەبەنگدا دەکرد ، ئێستا ئەگەر دارودیواری ئەو ئەوینە بە قوڕنەگرم..... دەمباتەوە سەر خەمێکی تەڕ ، ناچارم دەکا دەستی مەراقم لەسەر تەنورێک دابنێم..... ئەمبەر و ئەو بەری نییە ، ئەوسەری ئاگاییم پڕدەکا لە نائومێدی وام لێدەکا بیر لەوانە بکەمەوە کە نازانم لەسەر سفرەی کێ گەورەبوون ئەوانەی دوعایان لە گوڵەکان دەکرد ، کۆترەکانیان لە هەیوانە نیوە سێبەرەکان ڕاودەنا ، فریوی دنیای پشت ئەشکەفتەکانم خوارد لە چاوی مامزێکی سرکەوە بۆ بستێ زەوی ئارام دەگەڕام نەشمدەویست سەر لە دەوڵەتە دوورە دەریاکەی ئەفڵاتون بدەم ، لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکەی مارکۆزەش هەڵم نەدەکرد شارستانیەتی ئیرۆس بە من چی ! هەولێر، شاری ئێوارە لاڵەکان..... هەورەکانتم خۆشدەویست ، بەڵام ڕۆژێک ، لە ڕق ڕاچووی و پێت وتم ،.... خۆ هەور هەتا سەر نەخشی سنگی ئاسمان نابێ دووبارە گوێم لە دەنگی شکانی تاقی کیسرا بوو سەرم پڕ لە قەلەقی چوون و نەچوونی ڕێیەکی هات ونەهات بوو کە هەورەکان ڕۆیشتن دنیا هێندە تۆزاویی بوو.... پێم وانەبوو ئەسپە ڕەسەنەکانیش لێی دەرچن پێم وانەبوو ماڵە خانەدانەکانیش..... دەرگا ، بەڕوی میوانێکی زامداردا بکەنەوە هێندە تاریک بوو دەستی عەدەمێکم گرت و بە یاوەری ئەستێرەیەک گەڕامەوە بەبێ ئیزنی ئەوین تەنیاییم بە ڕەنگی هەناریی بۆیەکرد و لە مەزادێکدا بە قیمەتی غوربەت فرۆشتمەوە بە "با " دنیا هێندە تۆزاویی بوو کەسێکم شک نەبرد لێی بپرسم سوڕەیاکان زیاتر لە بومەلەرزە دەترسن یا گۆزەکان؟ کە موحەمەد کۆچی کرد بیلال چەند شار ڕۆیی؟ "با"یەکی ڕۆژهەڵاتی شار چەندە لە گرێی دێڕێکدا گیر دەبێ؟ هەر بەڕاستی کێ ڕادیکاڵترین پیاوی مێژوو بوو؟ هەورێک لەسەر فنجانەکەم دایکرد پێم خۆش بوو ئەو قوڕی میحنەتەم شێلا بەڵام گران کەوتەوە کە پەنجەکانم پەیکەری نائومێدیان خەلق کرد ئەو هەموو ئەستێرەیەی لە ناوما شکان..... غیابی هەموو ڕووناکیی دنیایان پڕدەکردەوە کە ڕۆیشتی دنیا زەنگیانەیەکی ڕەش بوو لە فەزا بەرببۆوە دیواری حەوشەکەمان بەرزتربوو بۆمبەکان زۆرتر و سێدارەکان بە گوریسی ئەستورتر جێگیر کران کە ڕۆیشتی دنیا پێی نایە چاخێکی تر دەبوو دڵم بە سنگێک دا کوتم هەر بۆئەوەی لەوێ نەبێ بەڵام لەبەر تۆ بە کۆڵانی چاخی بەردیندا هاتمەوە چی دڕک و داڵی مێژوو هەبوو لە پێم چەقی، سەرم بە کتێبەکاندا کردەوە و شەڕەکانم هەڵگیرساندەوە بە خەرابستان و شەڕگەکاندا چوومەوە ئەو دەمانە دڵی بەرد لە سنگی ئاودا لێی دەدا ، دەستم بە کراسە نارەنجییەکەی ڕۆژدا هێنا و بۆنی کوریکی پڕتەقاڵ خەیاڵی دوور بردم خەبەری ئەو ئایەتانەت نییە کە ئاو بردنی مەوسمی لەحزەکان کە وەک نەیزەک دادەبارین و شوختیان دەکردە بێئۆقرەییم ئەو خەونانەی لە هەنارەکان عاجز بوون مەوسمی سەرابستان ڕۆژەکانی داغانکردم نەخشی سەر دیوارەکان بزر بوون زەخرەفەکان کاڵبوونەوە پشتت کردە خاک و خۆڵ و ئاوڕێکت نەدایەوە،..... گلەیی لە "بـــــــا " ناکرێ !!
ئارام حەمە گەربمانەوێت پێناسەی ئەدەبیاتی پۆست مۆدێرن بکەین تا ڕادەیەک کارێکی دژوارە،چونکە ئەدەبیاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ هەندێک تایبەتمەندی دیاری کراوی دوای جەنگی جیهانی دووەم post world war literature II کە ئەوانیش (پارادۆکس، جیاوازی، فرە دەنگی، ڕێژەیی، ڕووبەڕووبوونەوەی واتای جێگر، فۆرمی کراوە ، دەقئاوێزان(. یەکەمین کەس کە زاراوەکەی بەکار هێنا (ئیهاب حەسەن) کە بیرمەند و ڕەخنەگرێکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک میسری بوو هەر ئەو لە ساڵی ١٩٧١ کتێبێکی نوسی بە ناوی (تقگیع أوصال أورفیوس: نحو أدب ما بعد حداپی) هەر دوای ئەوە کتێبێکی دیکەی بە ناوی (منعگف ما بعد الحداپه) نوسی ئەم دەلالەتەش واتە چەمانەوەی پاش مۆدێرنەتە و ئاماژەکانی دوای مۆدێرنەتە ئەمەش بە مانای دانانی ناوبڕ نە بوو لە نێوانیان بەڵکە ئەو کاریگەری و ڕوداوانە بوون کە بوونە هۆی گۆڕینی ڕێچکە یاخود ڕێگای مۆدێرنەتە بۆ پۆست مۆدێرن بۆ ئەم ناونیشانەش گەڕایەوە بۆ بەکارهێنانی زاراوەیەکی ئەفسانەیی گریکی کە ئەیش ئۆرفیوس بوو. بەو پێیە ڕۆمانەکەی عەتا محەمەد ڕۆمانێکی پۆستمۆدێرنە چونکە هەموو تایبەتمەندییەکانی ڕۆمانی پۆست مۆدێرنی تێدایە،بە بڕوای من بۆ نوسینی ڕۆمان پێویست بەوە ناکات سەرەتا قاڵب بۆ کارەکە دابنێیت،ئەم سەردەمەی ئێمەی تێدا دەژین سەردەمی پۆست مۆدێرنە و هەموو لێکەوتەکان خۆیان لەگەڵ چیرۆکی نوێ دەگونجێنن و دواتر خۆیان قاڵب وەردەگرن. وابەستە بوونی ڕۆمانی پۆست مۆدێرن لەسەر بنەچەی دژوار دەکرێت،دەشێت ئێمە ڕۆمانێک بنوسین تاڕادەیەک کلاسیک بێت بەڵام چێژ بدات بە خوێنەرەکەی چونکە ئەرکی ئەدەب لەسەرەتادا بەخشینی چێژە پاشان دونیابینی و زانیاری و تەکنیک کە ئەوەش بۆ خوێنەری پلە باڵا دەبێت. بە مانایەکی تر ئێمەی کورد درەنگ بە دنیای ڕۆمان ئاشنا بووین و دواتر لەگەڵ جیهانگیریدا هەر زوو بە ڕووی ڕۆمانی پۆست مۆدێرندا کراینەوە چونکە ڕۆمانی پۆست مۆدێرن لێکەوتی لەگەڵ دونیای نوێدا هەیە بۆ ئەمەش بەختیار عەلی سەرمەشق بوو. هەر سەرەتا کە تەماشای بەرگی کتێبەکەی عەتا محمەد دەکەین ناونیشانەکەی بۆخۆی پەلکێشمان دەکات ئەمەش بە یەکەمین کلیلی چونە ناوەوەی دەقی نوێ دادەنرێت کە گومان و پرسیار لەلای خوێنەرەکەی دروست دەکات،نوسەریش لێرەدا ناونیشانێکی دژوار بەکار دەهێنێت کە هەم ڕیاڵە هەم ئەندێشە و خوێنەر دەخاتە بەردەم پرسیارکردن . گەرچی ئەدەبیاتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ڕادەیەک بە جیهان نەناسێنراون بەڵام شەمسی لەنگرودی شاعیر و ڕەخنەگر و نوسەری دیاری ئێران پێی وایە " کلتوری باوی ئێمە بە گۆچان دەڕوات و توانای خولقاندنی شاکاری جیهانی نیە" من پێچەوانەی ئەو پێموایە کە ئەدەبیاتی فارس و عەرەب و کورد و تورکێش لە پلەیەکی باڵادان، سادقی هیدایەت نوسەرێکی جیهانی بوو هەروەها ڕۆمانی چاوەکانی بوزورگ عەلەوی شاکارێکی ئەدەبیاتی فارسە و هیچی لە تێکستی گەلانی ڕۆژئاوا کەمتر نیە. ئەدەبیاتی کوردیش بەختیار عەلی و عەتا محەمەد و چەند نوسری دیکە لە پلەی باڵادان و گەر زمانەکەمان لۆکاڵی نەدەبوو ئەوا شاکاری جوانمان هەیە.واتە باڵا دەستی زمان دەتوانێت کلیلی سەرکەوتنی نەتەوەش بێت یەکەمین ڕۆمانی پۆست مۆدێرن (تریسترام شندی) ی لارن ستێرن، بە زمانی ئیسپانی نوسراوە و ئەدەبیاتی ئیسپانی زمانەکەیانی دەوڵەمەند کردووە. عەتا محەمەد بەوردی دەست دەخاتە ناو برینەکانمانەوە و باسی زۆر چەمک و گوزارە دەکات ، هەڵاتن لە ڕۆژهەڵات بۆ بەهەشتی رۆژئاوا بەڵام هەر لە ڕۆژهەڵاتە،واتە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی هیچ کات ناتوانێت ببێتە ڕۆژئاوایی کلتور و سیاسەت و ئاین کارێکیان پێکردووە کۆت و بەندیان کردووە و سایکۆلۆژیایان شیواندووە،مرۆڤی پەنابەر دەربەدەر و لانەوازە و دوو جیهان رەتی دەکەنەوە. عەتا محەمەد لەم رۆمانەدا دەمانخاتە بەردەم چەندین پرسیار و ڕەخنە و پەرش و بڵاومان دەکات ئەو وەک هەمیشە،چەندین دەرگامان بەڕودا دەکاتەوە و وامان لێ دەکات کە حەپەساو و لە نێوان چەندین ڕێگادا دۆشدابمێنین،وەک تونی بابا دەرگا گەلی زۆری هەیە و بە ئاسانی ناتوانین پەی بەو دەقە ببەین. ڕۆمان نابێت سەرقاڵی گێڕانەوەی پەتی و ڕوت بێت.دەبێت پڕ بێت لە کۆد و شیفرەی نەزانرا و نە کراوە دەبێت لە کۆی تێکستەکەدا ماناو دەلالەتی نا ڕون لەخۆی بگرێت.ڕۆلان بارت پێی وایە کە دەق گڵۆڵە بەنێکی ئاڵۆسکاوە و خوێنەر دەبیت بە دوای سەرەداوەکەیدا بگەڕێت تا شیبکاتەوە و ئاڵۆسکاوییەکەی نەهێڵێت تا گڵۆڵە بەنەکە دەکاتەوە دواتر بەر کۆمەڵێک مانای شاراوە دەکەویت. دەقی باش و سەرکەوتوو دەبێت تا ڕادەیەک ئاڵۆز بێت و خوێنەر عەوداڵی خۆی بکات تا پەڕە پەڕە بە دوای وەڵامی پرسیارەکاندا بکەوێت.درێژ دادڕی لە نوسیندا زەرە لە دەق دەدات و بێ پێزی دەکات و خوێنەر ماندو و وەڕس دەکات،ئێستا لە ئەدەبییاتی ڕۆژ ئاوادا هەوڵ بۆ نوسینی کورت و پارەگرافی کورت دەدرێت کە پێی دەوترێت شەپۆلی فەڕەنسی وەک ڕۆمانەکانی ماکسینێس فێرمین بۆ نمونە بەفر کە بەشەکان کورت و چڕن و بوار بە خوێنەر دەدات بەشدار بێت لە بونیاد نانی دەقدا واتە نوسەر بە ورد و درشتی و وەسفی زیادە خوێنەر ماندو ناکات و خوانێکی ئامادەکراوی پێشکەش ناکات بەڵکو کەرەستەکانی دەداتێ تا خۆی لەو کەرەستانە دەق بونیاد بنێت ئەمەش تایبەتمەندی ڕۆمانی یان تێکسیتی پۆست مۆدێرنە یان ڕۆمانی دژە رۆمانە. خاڵێکی تری گرنگ دروست کردنی کەسایەتیە ئەویش نابێت کەسایەتی ڕێک و ڕاستی بەرجەستە بێت بەڵکو دەبێت فیگۆری پڕ تەمو مژ و شاز و شێواو بێت تا خوێنەر بە خۆی سەرسام بکات. بەو مانایە نا کەسایەتی ئەفسانەیی و لە ڕادە بەدەر خارق بێت بەڵکو دەبێ هەم ڕیاڵ و هەم ئەفسونگەر بێت، پێیەکی لە خەیاڵ و پێیەکەی تری لە دونیای ڕیاڵدا بێت. ئیهاب حەسەن ی لێکۆڵەری ئەدەبی پۆست مۆدێرن پێی وایە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تێکسیتی پۆست مۆدێرن دژایەتی کردنی ئەخلاقە. ئەم گوزارەیە بە مانای بڵاوکردنەوەی بەد ڕەوشتی نایەت واتای دژایەتی کردنی سیستەمێکی چەپێنەرە کە دەبێتە بەربەست لە بەردەم تاکەکان و دژایەتی کردنی خونەریتی کۆمەڵایەتی باوە. واتە بونیاد نانی کەسایەتی دژەباو. ئەم شەپۆلە لە نوسین لە دوای جەنگی جیهانی دووەم بەرپا بوو بە دروستی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابرد.ئیتالێۆ کالڤینۆ و جاک درێدا و میلان کۆندێرا و ئۆرهان پاموک و هارۆکی مۆراکامی و سەلمان ڕوشدی ....هتد لە نمونەی ئەو نوسەرە دیارانەن کە بە تایبەتمەندییەکانی پۆست مۆدێرن دەنوسن. هاوکات ئەدەبییاتی ئەندێشەی زانستی بەو پێیەی کار لەسەر دوو جیهانی ئەندێشەیی و واقیعی دەکات دەچێتە خانەی پۆست مۆدێرنە وە. لە بەشی یەکەمی ڕۆمانی هەنار و فریشتەی مردنی عەتا دا، گێڕەرەوەی هەمووشتزانمان هەیە کە ئاگاداری کۆی چیرۆکەکانی ناو ڕۆمانەکەیە و هەموو کەسایەتییەکان لەژێر ڕکێفی ئەودان،نوسەر لە ڕێگای ئەو رۆمانەوە کە چەندین چیرۆکی لەخۆ گرتووە وەک پەلو پۆی درەخت گەڵاڵەی کردووە دەیەوێت باسی ئازارەکانی مرۆڤی پەنابەرمان بۆ بکات،کە لەم سالانەی دوایدا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستەوە بە لێشاو بەنابەر لە ترسی مەرگ و کوشتن و دەسدرێژی سێکسی ملی ڕێگایان گرت بەرە بۆ ئەو بەهەشتەی پێی دەڵین ڕۆژئاوا. "پەناهندە هیچ نیە جگە لە چیرۆکێکی وێڵ بوو" سەربەست بە خۆی ووت"ئەوەی جیهان دەگۆڕێت پەنابەرە نەوەک زانست" هەر لەسەرەتاوە نوسەر لە رووی سایکۆلۆژییەوە مرۆڤی پەنابەر شیکار دەکات کە چی مرۆڤ گەلێکی شیواو و پەرتەوازەیە،ئەو دەیەوێت بڵیت کە مرۆڤی پەنابەر خاوەنی دوو یادەوەرییە یەکەم لە منداڵی تا سەردەمی پەنابەری و دووەم لە سەردەمی پەنابەرییەوە دەست پێدەکات.ئەو پێی وایە پەنابەر هیچ ڕەگێک لە رۆژئاوا داناکوتێت چونکە رەگی پەنابەر زێدی خۆیەتی. لەلاپەڕەی ١٦ وە پلۆت دەست پیدەکات و گرییەک لەلای خوینەر بەجێ دەهێڵێت کاتێک سەربەست کە فیگۆری سەرەکی ڕۆمانەکەیە لە وڵاتی سویدەوە دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی بۆ سۆراخی ڕێباز ناوێک تا بەشێک لە چیرۆکیکی لێ وەربگرێتەوە کە لەسەردەمی شۆڕشدا ڕۆیداوە.سەربەست گفتوگۆ لەگەل هەناردا دەکات کە فیگۆرێکی دیکەی سەرەکی رۆمانەکەیە و بە ڕێکەوتێکی سەیر سەربەست دەناسیت چونکە هەنار بە دوای چیرۆکی مردووەکانی ئەم شارەدا وێڵە و دەیەوێت لیستیکیان بۆ دروست بکات. لێرەدا شیوەیەک لە فیلمی (Death Note) دەبین کە کەسایەتی سەرەکی ئەو فیلمە کوڕیکە و بە ڕێکەوت یاداشتی مردنی دەکەوێتە دەست و خودای مەرگ یاخود فریستەی مەرگ بە ناوی Ryuk هەموو جارێک دێتە لای هەڵگری کتێبەکە، کوڕێکە و پێی دەڵێت ناوی هەر کەس لەسەر ئەو یاداشتە بنوسیت ئەوا ئەو کەسە دەمریت و قەدەر و ئەجەلی دیت،هەڵبەت چیرۆکەکەی عەتا محەمەد بە شێوازێکی ترە بەڵام لێکچونیک لە نێوان ئەو فیلمە و فریشتەی مردنی ناو ڕۆمانەکەی نوسەردا هەیە. فیگۆری سەربەست زۆر نزیکە لە خودی نوسەر یاخود دەتوانین بڵێن هەر نوسەر خۆیەتی. هەنار بە سەربەست دەڵێت "تۆ نەخۆشی گیڕانەوەت هەیە" ل١٧ لیرەدە دەزانین کە خودی سەربەست عەتا محەمەدە بەلام لە بەرگێکی تردا. لە گۆشەنیگای سەربەستەوە تێدەگەین کە گەلی ئێمە چی گەلێکی ژێردەستە و کۆیلەن و ئەوان خەونی گەورەیان نەبووە چونکە میتۆدی خەونەکان هەڵە بوون "ئەگەرچی ئێمە چیرۆکی مەزنمان نەبوو" ل١٨ . سەربەست بە فلاش باک دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمە کۆنەکان و بەر چەندین چیرۆکی گەورە و بچوک دەکەوین هەر لە هەمان لاپەڕەی پێشودا بەر چیرۆکی کیژێکی ئەفریقایی دەکەوین کە چۆن لە لایەن گروپە چەکدارەکەنەوە دەسدرێژی دەکرێتە سەری و لە پارەگرافێکدا دۆخی شلۆقی ئەسیوپیا و دیکتاتۆر و بێبایەخی مرۆڤ و چەتەیی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیمان بۆ دەردەکەوێت. تەکنیک و بونیاد (Structure) ی گێرانەوە لەم ڕۆمانەدا زۆر بەرزە و یەکێک لەو بونیادانە سندوقی چینی یە واتە سندوق لە ناو سندوق لە گەورە بۆ بچوک، چیرۆک لە ناو چیرۆک شۆڕدەبێتەوە، لە میانی گێڕەرەوەی هەمووشتزانەوە وە بەر چیرۆکی نەتەوەکانی تر دەکەوین تا لە گۆزەرانی خراپی ئەوانیش شارەزا ببین و بزانین کە هەر نەتەوەی ئێمە نیە کێشەن لەسەر ئەم هەسارەیە،نوسەر بە وریاییەوە چیرۆکەکان لە بارێکی بینای تێهەڵکێشدا بە پلۆت دەبەستێتەوە بەیەکەوە. بونیادی گێڕانەوە یەکێەکە لەو نەخشەسازییانەی چۆن ئەندازیارێک نەخشە بۆ بینایەک دەکێشت و دەبێت بە پێی نەخشەکە بیناکە دروست بکرێت ڕۆماننوسیش بەو شێوەیەیە گێڕانەوە و ڕوداوەکان بینا دەکات. زاراوەی بونیاد سەرەتا لە ساڵی ١٩٢٩ بەکارهات بەڵام زانای زمانەوانی فێردیناند دیسۆسێر بە دامەزرێنەری ئەم ڕێبازە دادەنرێت. ئەوەی ڕۆمان لە حیکایەت جیادەکاتەوە بوونی plot گەڵاڵە یە. لێرەدا نامەوێ بە دورو درێژی باسی بونیاد structure ی ڕۆمان بکەم و ئەو باسە دورو درێژە بەڵام بۆ بەرچاو ڕوونی چوار شێوازی باوی بونیادی ڕۆمان هەیە: ١- بونیادی شوێنکەوتە ”هێڵی گێڕانەوەی ڕاست” کە روداوەکان بە شێوازی هێلی کاتی کڕۆنۆلۆجی دەڕوات و لە خاڵی یەک بۆ خاڵی دوو سێ و هتد دەڕوات و ئەم شێوازە بە شێوازی کلاسیک ناودەبرێت و لە سەردەستی دانیاڵ دیفۆ و ١٦٦٠-١٧٣١ز ساموێل ڕیچارد سۆن ١٦٨٩-١٧٦١ و هێنری فیڵدینگ ١٧٠٧-١٧٥٤ گەشەی سەند و ئاسۆیەکی نوێی بە هونەری گێڕانەوەی ڕۆمان بەخشی. ٢-بونیادی تێهەڵکێش: تێکەڵکردنی چیرۆکێک لە ناو چیرۆکێکی تردا یاخود زیاد لە چیرۆکێک لە چوارچێوەی ڕۆمانێکدا بەبێ گوێدانە زنجیرەی کات و لێرەدا زنجیرەی کات تێکدەشکێنرێت،ئەم شێوازەش لە ڕۆمانی هاوچەرخدا بەرجەستە بووە،لە سەرەتای سەدەی بیستەم لە کارەکانی ڕۆماننوسان جەیمس جۆیس ١٨٨٢-١٩٤١ مارسیل پرۆست ١٨٧١-١٩٤٤ ڤێرجینیا ۆلڤ ١٨٨٢-١٩٤١ لە شێوازی بونیادی شوێنکەوتە دورکەوتنەوە و شێوازی بونیادی تێهەڵکێشیان بەکارهێنا. ڕۆماننوسانی کوردیش زۆر لەم شیوازەیان بەکار هێناوە نمونەش ڕۆمانی ئەژدیها ی محەمەد موکری. ٣-بونیادی هاوسەنگ ”نورەیی” متناوب: ئەم شێوازە گێڕانەوەی دوو چیرۆک یان زیاترە بە شێوازی نۆرەیی واتە تاک و جووتی بەشەکان بۆ نمونە دوو ڕوداو دەگێڕێتەوە سەرەتا باسی ڕوداوی یەکەم دەکرێت پاشان باسی ڕوداوی دووەم واتە دوو هێڵی گێڕانەوە بە تەریبی یەکتر دەڕۆن تا دەگەنە خاڵی بەیەکگەیشتنیان. نمونەی ئەم جۆرە ڕۆمانەش دواهەمین هەناری دونیا ی بەختیار عەلی کە دوو هێڵی گێڕانەوەمان هەیە و ئەم شێوازە زیاتر لە هونەری سینەمادا بەرجەستە دەبێت و شێوازێکی مۆدێرنە. ئۆرهان پاموک پێوایە سینەما کاریگەرترە لە ڕۆمان چونکە لە کاتی ماندویشدا دەتوانێت ڕاتبگرێت و چیرۆکت بۆ بگێڕێتەوە. ٤-بونیادی بازنەیی سەرەتای بەکارهێنانی ئەم جۆرە بونیادە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرەتای سەدەی بیستەم شێوازی ئەم بونیادە گێڕانەوەیە لەسەر شێوازی خولانەوە لەسەر بازنەیەک وەک چۆن سەعات لە خاڵی یەک بۆ دوو سێ تا دوانزە دەڕوات و دواتر دێتەوە بۆ خاڵی یەک ئەمەش وەهایە،ڕودانی ڕوداوەکان لە خاڵی دەسپێک پاشان گێڕانەوەی ڕوداوەکان گەشە دەسێنێت و لە کۆتایدا دەگەینەوە بە گێڕانەوەی خاڵی سەرەتا. واتە گێڕەرەوە باسی ڕوداوێک دەکات کە کۆتایی پێهاتووە پاشان دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری ڕودانەکان گێڕانەوەی سەرەتایی ڕوداوەکان. نمونەی ئەم جۆرە ڕۆمانەش ئێوارەی پەروانە ی بەختیار عەلی یە. بەکارهینانی تەکنیکی موگناتیسی لە ڕۆماندا ئەوەیەیە کە خوێنەر سەرقاڵ بکەیت بەوەی (page turner) پەڕە پەڕە بەدوای ڕوداوەکان بکەویت و بەشداری بکەیت لە بینای ڕۆمانەکەدا ئەمەش خەسڵەتی (ڕۆمانی پۆست مۆدێرنە) و وەک چۆن موگناتیس وردە ئاسن بەدوایی خۆیدا رادەکێشیت ئاوا خوێنەر پەلکێشی ناو چیرۆکەکان بکەیت. نوسەر دەمانبات بۆ ناو ئەندێشەکانی خۆیی چەندان چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە و چیرۆکەکان تەواو ناکات و بە کراوەیی دەیانهێڵتەوە بەو شێوەیە هزر و هۆشمان پەرت دەکات، دیسان وەک (ئیهاب حەسەن) و (لیزڵی فیدڵەر) پێان وایە کە خەسڵەتێکی دیکەی ڕۆمانی سەردەمی پۆستمۆدێرن پشێوییە لە گێڕانەوەدا عەتاش بەو شێواز و ڕێگایە پشێوی دروست کردووە. لە لاپەرەی ٢٨ دا نوسەر دیسان بەرەو جوگرافیاییەکی دیکە ڕێنمویمان دەکات و جیهانمان پێ نیشان دەدات،کە بزانین لە کۆی ئەم جیهانە گەورەیەدا چەندان چیرۆکی پەنهان و تراژیدی هەیە،کە مرۆڤ ئازار دەچێژێت. چیرۆکی تاسنیم ئەو کچە بەنگلادیشییەیی لە چارەنوسی خۆی هەڵات و هاتە سلێمانی بۆ کارکردن بەڵام کلتوری ناوگەڵسالاری کورد ئەویشیان کردە لەشفرۆش،لەو خێر و بێڕەی بودجەی نەوت کە ساڵانی ڕابردوو لە بەغداوە دەهاتە کوردستان و پارە زۆر بوو گەنجان بۆ سێکس پەنایان بۆ هەموو شوێنێک دەبرد هەر لە ئاوارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بۆ ئاوارەی وڵاتانی تر و چینی و بەنگلادیشی و ئەسیوپی و ....هتد.تاسنیم بە نمونە،ئا لێرەدا زۆر نیگەران بووم. لە سەرەتای بەشی دووەمدا نوسەر دیسان پارچە پارچەمان دەکات و نازانین لەو هەموو ڕێگایانەی بە ڕوماندا دەیکاتەوە لە کامیانە وە سەفەری ئەبەدی لێوە بکەین و چەند چیرۆکی ترمان بۆ نیشان دەدات و ناچارمان دەکات ملی ڕێگە بگرین و شوێن ڕوداوەکان بکەوین. *ڕیالیزمی جادووی لە چیرۆکی کامەران دا : کاتێک بەدەر لە هەموو پێوەرە زانستی و پزیشکییەکان دۆخی لە ڕەگەزی پیاو دەگۆڕێت بۆ ئافرەت و لە یەکەم ژانی سوڕی مانگانەیدا بەرگەی ئەو ئازارە ناگریت وخۆی دەکوژێت لێرەدا بەر جۆرێک لە (مەسخ) بەدگۆڕانی کافکایی دەکەوین و لەم جارەدا پیمان دەڵێت پیاوەکان لە ئازارەکانی ژن تێناگەن گەر جارێک خۆیان بخەنە شوێنی ئەوان ئەوا هەرگیز ناتوانن ئەزمونی ژنێک بکەن و بەرگە ناگرن. مەسخ بوون لێرەدا زۆر ئاماژە و دەلالەتی شاراوە و مەجازی هەڵدەگرێت،یەکێکی تر لەو مانایانەی لەم چیرۆکەدا هەیە ئەوە یە گەر هاتوو پیاوەکان بۆ ساتێک خۆیان بخە شوێنی ژنان دەبێت لە دونیادا چی بگۆڕێت. لە لاپەڕە ٤٣ دا دیسان بەر وردە چیرۆکی دیکە دەکەوین کە لە تێمای چیرۆکەکەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە مرۆڤی ئەفریقایی و عەرەب و کورد و رۆژهەڵاتی ئامادەن لە ناو فیردەوسیشدا لەسەر پرسی شەرەف خوین بڕێژن هەر بۆیە لەسەر پارچە پەڕۆیەک (ستیان)ێک شەڕ بەرپا دەکەن. )تێ ناگەم ئەوان لە وڵاتێک هەڵدێن کە بە ئاگر و ئاسن بەرێوە دەبریت و کاول بووە ، بەڵام لێرە لەسەر پارچەیەک پەرۆ یەکتر دەکوژن،کە بازار پڕیەتی،"پاشان بە پێکەنینەوە ووتی "دەزانی مارکەی ستیانەکە،زارایە")) ل٤٣. سەبارەت ڕۆحی شارەکان نوسەر دەیەوێت لەو ئەفسونە بێتە دەرەوە و وێنای سلێمانی بکات بەوەی وەک دەعبایەکی ڕەش ، ناچیزیی باڵی کێشاوە بەسەریدا و ناسروشتی گەورە بووە و پر بووە لە باڵەخانەی ناسروشتی و بێ زەوق و کۆنکرێتی کە سەلیقە لە ڕێکخستنیاندا نیە، لێرەدا دەگەینە دەرەنجامی ئەوەی کە شۆڕشی کورد هەمووی نەفرەت و شکست بوون "دەڵێیت ڕادەبوێریت یاخود دەمێکە لێرە دوریت ئەگینا منداڵێکیش دەزانێت کێ ڕۆحی ئەم شارەی کوشت،ئێمە درەنگ زانیمان کە کورد شۆڕشی کرد بۆ ئەوەی خۆی وێران بکات،نەوەک خۆی ئازاد بکات" ل٥٠. لە ڕۆمان و چیرۆکەکانی عەتا محەمەد دا نهێنی کتێبی دیکە خۆیان حەشار داوە،کە دەکریت هەوێنی نوسینی کتێبی تر بن بۆ وێنە "برینێک لەسەر ڕێگا-فەرهەنگێک بۆ جنێو و کۆمێنتی سەرشەقام" ل٥٣ ،نوسەر لێرەدا کۆمەڵگا و دابوو نەریت ڕەخنە دەکات،کە گەنجە بێکارەکانی ئەم وڵاتە وەها پەروەردە کراون تانە و تەشەر لە کچانی پیادە ڕۆیی بازاڕەکان بدەن،چونکە بۆشاییان زۆرە. لە میانی چیرۆکی سەربەست کە پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەیە و بە دوای کەسێکدا ویڵە بە ناوی ڕێباز کە زوو پێشمەرگە بووە بەر کۆمەڵێک چیرۆکی دیکەی کورت و پڕمانا دەکەوین بە چواردەوری هێڵی درامی ڕۆمانەکەدا خول دەخۆن کە دەتوانین لەشێوەی ستراکچەری درەختێکدا وێنای بکەین وەک پلۆت یاخود لولپێچ. لەو کاتەی کە سەربەست بە دوای ڕێبازدا دەگەڕێت لە شاری سلێمانی لە ڕێگای زیندانێکی سیاسییەوە کە ناوی هێرشە لە بەردەم باخی گشتی ،نوسەر دیسان چیرۆکەکە،کە هێلی سەرەکی درامییە و بە شیوەی کرۆنۆلۆجی و هێڵی زەمەنی ڕاست بەرەو پێشەوە دەڕوات بە هەڵپەسیردراویی دەهێڵێتەوە و خوێنەر لە خاڵێکی تردا بە ئاراستەیەکی تردا دەبات،بەمەش دەوترێت گرێچن(الحبکە) کە خوێنەر عەوداڵی ڕودواوەکانی دواتر دەکات و وێڵت دەکات. لێرەدا پرسیارک دێتە پێشەوە، سەربەست کە زانای گشتی نیە و گێڕەرەوەی هەمووشتزان نیە چۆن بەر لە بەرکەوتنی لەگەڵ ئەو کرێکارە بەنگلادیشییەی کە خەڵکی شاری خولنا بوو، بیری لە نازیا دەکردەوە؟ •لە ل٦١ دا نوسەر لە ڕێگای ژنێکی نەناسەوە ،کە لەسەر یەکێک لەو کورسییەکانی پارکی ئازادی دادەنیشێت،دیسان دەیەوێت دەرگای یەکێکی تر لە دیاردە قێزەونەکانی کۆمەڵگا بکاتەوە کە ئەویش دیاردەی لەشفرۆشیی ئافرەتانە،کە بە بڕوای من ئەوە لە هەموو جیهاندا هەیە،بەڵام نوسەر دەیەوێت لێزانانە وەک تراوما لە دڵمان بدات و بڵێت کە کۆمەڵگا لە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە. دیسان مەسەلەی تارمایی سەرهەڵدەداتەوە،بەوەی دەکرێت فیزیاییەن هەموومان وەک ماددە بەرجەستە بین بەڵام وەک ڕۆح و میتافیزیکا مردووین و تەنها چیرۆکەکەمان دەژی نەوەک خۆمان،دیسان پێمان دەڵێت دەکرێ ئاین فریودەر و داپڵۆسێنەری خەڵک بێت،دەکرێت دیووی دووەمی ئیسلام کە داعش وێنای دەکات و بوونە دێوەزمە بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر قێزەون بن، وەک مارکس دەڵێت "ئاین تلیاکی گەلانە" بەو چەشنە بێت دەنا چۆن دەکرێت سەرلەبەری کۆمەڵگا لەژێر هەڕەشەی ئایندا بێت یان دەوڵەتی ئیسلامی دا بن،چۆن وڵاتیان کاول کرد و جەهالەتیان هێنایەوە بۆ خەڵکی و شارستانیەت و شارەکانیان کاول کرد. •لە ل٦٦ دا نوسەر لە دەرگایەکی ترەوە دەچێتە ناو بابەت گەلی ئاڵۆزی وەک قۆرخکاری و گەندەڵی و کاری مافیایی و چەتەگەرانی بازرگانییەوە و دەلاقەیەکی دژواری دیکەمان بۆ دەکاتەوە،کە هەموومان پێی ئاشناین ئەویش کاری ساختەکاری لە خواردن و سوتەمەنیدا و ساخکردنەوەی دەرمان و خواردن و کەرەستەی ماوە بەسەرچوو بەسەر ئەم گەلە بەشمەینەتەدا. •لە ل٧٠ دا نوسەر دەیەوێت بڵێت ڕاستە نەوت سەرمایەیەکی گرنگی ئێستایە و وزەیەکی گرنگی جیهانی مۆدێرنە بەڵام بۆ وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت بەتایبەت عێراق و کوردستان جگە لە نەفرەت و نەگبەتی هیچی تر نەبووە،چونکە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت،خەڵکەکەیان فێر دەکەن کە کار نەکەن و تەمبەڵی لە کۆمەڵگادا پەرەدەستێنێت و وەک زەڕنەقوتە چاواڕوان بن لوقمەیەکیان بخرێتە ناو دەم،لێرەدا سیستەم ڕەخنە دەکات،کە نابێت بەو چەشنە کۆمەڵگا بەڕێوە ببرێت،دەبێت کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری وەگەڕبخرێن،کە ئێمە هێچکام لەوانەمان نیە. هەر لە میانەی گێڕانەوەدا ئەم جارە نوسەر خەڵک و کۆمەڵگا پڕ ڕەخنە دەکات،کە دەکرێت "مرۆڤ بخوات بۆ ئەوەی بژی" نەک "بژی بۆ ئەوای بخوات" کلتوری چڵێسی دیاری سیستەم بوو بۆ خەڵک،پاشان لە دوای هەبوونی کار و موچە و پارەیەکی زۆر دیسان خەڵکی برسی کرانەوە و موچەکانیان بڕا. نوسەر دەیەوێت بڵێت کە زۆرینەی هەڵەکان خەڵک دەیکەن،بەوی هەڵەخەرجن و ئیسراف زۆر دەکەن و دەست بە شتەوەناگرن،ئەو گەلانەی پێشکەوتن و ئێستا جڵەوی دونیا دەکەن کەمتر چڵێسن و زیاتر خەمی زانست و پێشکەوتنیانە نەوک ورگیان. •لە ل٧٥ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن) دا باسی پرسی کۆچ و پەنابەر دێتەوە ئاراوە،گەیشتن بە بەهەشتی ئەوروپا خەونی زۆرێک لە لاوان و مرۆڤی ڕۆژهەڵاتییە دەکرێت چیرۆکە تراژیدییەکان ڕۆحێکی کۆمیدییان تێدا بەرجەستە ببێت واتە گەیشتن بە بەهەشت قوربانی دانی دەوێت، لە ل٢٥ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن) هەنار و فریشتەی مردن وەک بەشێکی بچوک لە ناو بەشێکی گەورەدا واتە قاژێک سێو لە سێوێکی تەواو کە ل ٧٦ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن) بەشە گەورەکەیەتی •ل٨٤ نوسەر لێرەدا دەست بۆ تابۆ و یاساخەکان دەبات و ڕەخنە لە فەلسەفەی وجود دەگرێت و خودا و گەردوون ڕەخنە دەکات بەوەی کە دەکرا نێرەموکەکان یەک ڕەگەز بن یان نێربن یان مێ،تێکەڵەیەک لەو دوو جۆرە بۆچی؟کە ئەوەش بەشێکە لە کارەکانی ئافەرێنەر،ئەو دەیەوێت بڵێ کە دوو ڕەگەزی جیاواز هەیە بۆچی سێیەم هەبێت سودی چیە جگە لە نەنگی بۆ دروستکراو.گەرچی ئەوە بابەتێکی زانستییە و پەیوەندی بە کڕۆمۆسۆم و بۆماوەیی هەیە و لێکۆڵینەوەی وردی دەوێت(دلۆڤان ئاوڕدەداتەوە و ڕو لە کامێراکە دەڵێت"من ئەو بونەوەرەم کە خودا فەرامۆشی کردووم،وەک ئەوەی هەڵەیەکی ناو بوون بم")ل٨٤(عەتا: هەنار و فریشتەی مردن( "قوربانیی و جەلاد دەیانەویست مافی پەنابەری وەربگرن،ژیان چی گاڵتە جاڕییەکی تاڵە"ل ٩٠ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن( ئەم دێڕەی سەرەوە ماناو دەلالەتی زۆر قوڵ هەڵدەگرێت،کە دەکرێت بڵێین جەنگ و ئامڕازەکانی دروستکردنی جەنگ تراژیدیاییەکی وەها خوێناوی دەخولقێنن کە دواجار شەڕ بڵێسەی سەند وەک چۆن ئاگر لە پوش و پاوان بەردەبێت و بای لە ناکاو نێڵە نێڵ دەیبات و جڵەوگیر ناکرێت ئاوەها جەنگ دواتر جڵەوی لەدەست قوربانی و لەدەست جەلاد دەردەچێت و تەڕووشک دەسوتێنێت و دواتر هەمان جەلاد هەوڵی خۆدەربازکردن دەدات ئا ئەوەیە قێزەونیی جەنگ. نوسەر لە نوسینی ئەم ڕۆمانە پڕ تێما و ماناو دەلالەتەدا زۆر ماندو بووە و لە مردن نزیک بۆتەوە وەک عەباسی مەعروفی دەڵێت "ڕۆماننوسین وەک گیان کێشان وایە" هەروەها مەحمودی دەوڵەتئابادی دەڵێت "ڕۆماننوس ئەوکاتەشی کە نانوسیت هەر خەریکی نوسینە" واتە مێشک و هزری هەمیشە پەرت و بڵاوە (ماری .م)ی شاعیری ئەمریکی دەڵێت " مرۆڤی ئاقڵ نابێتە نوسەر" واتە لە کۆتایدا خۆت وندەکەی و خۆت لەناو دەبەی لە پێناو مرۆڤایەتیدا . •نوسەر لە ڕێگای دایەلۆگی هەنار و فریشتەی مەرگەوە،چەندین جار دەمانخاتە بەردەم پرسیاری گەورە و تێڕامان و جوگرافیای جیاوازمان پێ دەناسێنێت،ئەوەی لەم نوسەرەدا بەدیدەکەم تا ئێستا لە هیچ نوسەرێکی تری کورددا نەمبینیووە،عەتا محەمەد لە هیچ ڕۆماننوسێکی تر ناچێت جگە لە خۆی. (فریشتەی مردن بەبێ ئەوەی بێزاری پێوە دیار بێت ووتی"قسە لەسەر بێزاری نیە،سەرەڕۆییەکانی مرۆڤ بێ سنورن،لەم ڕۆژانەدا لە شاری فارۆ لەوپەڕی باشوری پورتوگال ڕێمکەوتە کتێبخانەیەکی بچوک و ڕۆمانێکی بچکۆلانەم بۆ یەکەم جار بینی"ل١٠٦ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن( نوسەر دیسان دەیەوێت ڕەخنەگرانە بڵێت کە چەندەها شاعیر هەن دەنوسن و بەناو شاعیرن و شیعرییەت لە تێکستەکانیاندا نیە،هەروەها لەناو کۆمەڵگاکاندا بەگشتی شیعر بەرەو توانەوە دەڕوات لە ناو ژانری ڕۆماندا و خەریکە شیعر بەهاو سەنگ و قورسایی نامێنێت،کە کۆمەڵگای ئێمەش لەوە بێبەش نیە. هەر وەک شەمسی لەنگرودی پێی وایە " شیعر ئارەزوییەکی تەواو چڕوپڕە،هەر بۆیە بەشێکە لە هونەرە سەرەتاییەکان،بەڵام ڕۆمان کە بەرهەمی مۆدێرنێتەیە و بەخششێکی تاکە کەسییە و تا ڕادەیەک لە ژیانی ڕۆژانە نزیکترە،مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرچاو ژیانی خۆی لە ڕۆماندا دەبینێت" نوسەر لێرەدا دەیەوێت لە ئەرزش و گرنگی شیعر کەمبکاتەوە لە پێناو رۆماندا. •نوسەر دیسان لەسەر نەهامەتییەکانی جەنگ دێتە گۆ و دەیەوێت بڵێت کە جەنگ سیما جوانەکانی منداڵی و لاوی ئێمەی هەڵکوڕوزاند و هەموومانی تۆراند " کوڕم ئێوە نەوەیەکی بەدبەخت بوون،ئاگری شەڕی گەورەکان هەمووتانی هەڵکوڕوزاند" ل١٢٢(عەتا: هەنار و فریشتەی مردن( تەماشا جەنگ چی سیمایەکی ناشیرینی و ناحەزی هەیە و بێ فەڕە و کەس لە جەنگدا براوە نیە هەموومان دۆڕاوین هێنری میلەر پێیوایە "مادام لە جیهاندا جەنگ هەیە،نابینە خاوانی جەوهەری بە مرۆڤ بوون". نوسەر لە ل١٢٣ دا (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن) لە ڕێگای چیرۆکی پارادۆکس دەیەوێت ڕەخنەی عەقڵی ئیسلامی بکات و ڕۆژهەڵات واتە سەرزەمینی موسوڵمانان بە ناوی نوێنەرایەتی خوداوە کە لەم سەرزەمینە هەموو کەسێک تەکفیر دەکەن،تەقینەوە دەکەن،خەڵک سەردەبڕن،بەڵام هەر لەو دۆزەخەی کە خۆیان خولقاندویانە،هەڵدێن بۆ سنورەکانی ڕۆژئاوا (سەرزەمینی ئەهریمەن) دێن. "زۆرینەی ڕۆژهەڵاتییەکان بەخۆیان و باوەڕ و بەرماڵ و سیواک و پەچەو حیجابەوە،سەرزەمینی پیرۆزی خودایان جێهێشت و گەیشتنە سەر سنورەکانی ڕۆژئاوا" ل١٢٣(عەتا: هەنار و فریشتەی مردن( هەر لە میانی گێڕانەوەکاندا دیسان باسی دزیوییەکانی مرۆڤ و پیشەسازییە خراپەکان دەبیستین و تێدەگەین کە مرۆڤ چەندە کاولکارە "ڕژێمەکان پەلەیانە لە وێرانکردنی ئەم ئەستێرە شینەدا،بە کەلوپەل و کەرەستەکان فریومان دەدەن"ل ١٧٤(عەتا: هەنار و فریشتەی مردن( هەربۆیە (میشێل فۆکۆ) زۆر بە وردی کار لەسەر مرۆڤی مۆدێرن و بە ئامێر کراو دەکات مۆدێرنەتەیش بە واتای کۆتوبەندی مرۆڤەکان و بە یاسا و ڕێساکردنی شێواز و ژیاری کۆمەڵگا،فۆکۆ پێی وایە کە مرۆڤی مۆدێرن واتە مرۆڤێکی ئاماژە بۆکراو و لە قاڵب دراو،بە واتایەکی دیکە،مرۆڤی شار و سەردەمی مۆدێرنیەت واتا مرۆڤێکی چەپێنراو و مەحروح،واتە مرۆڤی دڵشکاو و بە ئامێر بوو،گەر تەماشایەکی ئەو فیلمە خەیاڵییە زانستیانە بکەین،کە باس لە موسەخەر بوونی جیهان دەکەن باسی بچوک بوونەوەی گەردون بە مانا فەلسەفییەکەی دەکەن،یان باسی پەرەسەندی ئامێر و ڕۆبۆت گەلی جیاواز دەکەن،دەبینین چون مرۆڤەکان خاڵی دەکەنەوە لە هەست و سۆز و مرۆڤ لە چوارچێوەی سەدان دەستورو یاسادا لە قاڵب دەدەن،ئەمە بەو مانایە نیە کە مرۆڤی سەدەکانی ناوەڕاست مرۆڤی ئازاد بوون بەڵام،لەو سەردەمەشدا بە شێوازی ئازار بەر تر ژیاون،میشێل فۆکۆ پێی وایە شێوازی بەراوردکاری لە جۆری سزای مرۆڤی سەدەکانی ناوەڕاستی فەڕەنسا و سەدەی بیستەم شێوازی جیاوازی وەرگرتووە،مرۆڤی سەدەکانی ناوەڕاست سەری دەپەڕێنرا یان لە سێدارە دەدرا یان لە زیندان دەمایەوە،بەڵام پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و مرۆڤی مۆدێرن جۆری سزاکانی گۆری بۆ شێوازی یاسایی و لە قاڵب دراوی تر کە هەندێک لە سزاکان گەلێک لە سێدارە قورس تر بوون کە کرانە بابەتگەلی فیزیایی و ئاڕاستە کراو،کە دڵ و دەرونی مرۆڤیان پەک دەخست. سەربازەکانی ئەم سەردەمە هێندە یاساو دەستوریان بۆ هەڵقوڵاوە کە بە موو ناتوانن لێی لابدەن،شێوازی خوێندنی زانکۆیی و چەندەها سیستەمی تر کە تەژین بە یاسا و پابەندی و هیچ بەهایەکیان بۆ مرۆڤی ڕەها نە هێشتۆتەوە،چەمکی مرۆڤی ڕەها واتە مرۆڤێک خاڵییە لە پێودانگو یاسا دەسکردەکان و یاسا زەوتکەر و مرۆڤکوژەکان. شار بەو هەموو شەقام و باڵەخانەو ئوتۆمبێل و یاسای هاتوچۆو فێرگەو سەربازگە و حیزب و ئامێر و مۆبایل و تاوەری کارەبا .....هتد ی بڕستیان لە مرۆڤی ڕەها بڕییوە ومرۆڤیان کردۆتە کۆیلە،فەزایی گشتی بۆ وێنە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وایان کردووە کە نەریت و پێگەی کۆمەڵایەتی خێزانەکان لە ژێر هەڕەشەو هەڵدیردا بن. مرۆڤەکان لە شارەکان گەورەترن،دەبێ شارەکان ملکەچی مرۆڤەکان بن. ئیرادەی ئینسانی مۆدێرن گەورەترە لە شار و هەموو یاسا و ڕێساکان تێکدەشکێنێ،نابێ مرۆڤەکان دیلی شارەکان ببن،وەک فۆکۆ پێی وایە تا زیاتر مرۆڤایەتی بەرەو پێش بڕوا زیاتر مرۆڤاکان ملکەچی یاسا و ڕێسا دەبن و ئەشکەنجە دەدرێن. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مرۆڤی مۆدێرن تازە دیەوێ وەک سۆبێکتێک لە شاردا ڕەفتار بکات و شار ڕام بکات،شار بکاتە ئۆبێکت گەرچی شارەکان سێبەری خۆیان زال کردووە بەسەر مرۆڤەکاندا،و مرۆڤیان کردۆتە کۆیلەیی خۆیان ئێستا گەر بشمانەوێ لە شارە بچوکەکان هەڵبێین پەنا بۆ شارە گەورەکان دەبەین،شار بۆتە مەعشوقی مرۆڤەکان و بە ئاستەم ناتوانین لێی دەرباز بین. هەر لەم ڕۆمانەدا عەتا باسی گۆڕانی خێرای فیگەری شاری سلێمانی دەکات،کە زۆر خیرا و ناسروشی گەشەی کردووە وەک لە پێشتردا باسم کرد. ئەمیل سیوران پێی وایە کە "مرۆڤ شیرپەنجەی زەوییە" لە ل ١٧٦ (عەتا: هەنار و فریشتەی مردن) دا،مرۆڤ کاولکارە لەبری خەلیفەیەکی گوێڕایەڵ تێکدەر و ناپەسەند بوو،لیرەوە تێدەگەین بوونی مرۆڤ لەسەر ئەم هەسارەی سیهەمە چەند خەلەلێکی گەورەیە،ئادەمیزاد نوێترین مەخلوقی خودا بوون لەسەر ئەم هەسارەیە و کاتێک هاتن ژیانیان لە بونەوەر و ئاژەڵانی تر کردە دۆزەخ بڕوانن دۆخی کەشوهەوای سەر زەمین و ژیانی ملیونان ماسی و نەوڕەس و باڵندە کە بەهۆی پاشماوەی خراپی کارگە زەبەلاحەکان و پلاستیکەوە چۆن لەژێر هەڕەشەی لەناوچوندان. خودا لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت" خلق الانسان من العجل" واتە خودا مرۆڤی دروست کرد کە هەمیشە لە ڕاکردن و پەلەپەلیدان بۆ ژیان،هەر بەپێی ڕیوایەتەکان لە کاتی خەلق بوونی ئادەمدا پاش ئەوەی خودا ڕۆحی بەبەردا دەکات،یەکسەر هەڵدەستێت و ڕادەکاتە ناو باغاتی عەدن. هەر لەسەروبەندی باسی پەنابەراندا،کە بە بڕوای من کارکردنی ئەم ڕۆمانە زیاتر پرسی چیرۆکەکانی پەنابەرانە کە مێژووی پەنابەرێتیان لە ئەوروپادا خولقاندووە،نوسەر باس لە نەهامەتییەکانی ژیانی پەنابەران دەکات و دەیەوێت بڵێت ڕاستە پەنابەران لە دۆزەخی ڕۆژهەڵات هەڵدێن و بەرەو بەهەشتی ڕۆژئاوا کۆچ دەکەن بەڵام لە ناخیاندا دۆزەخێک دروست دەبێت کە مەحاڵە لێێ ڕزگار ببن،تەنانەت دەگاتە ئەو ئاستەی خەون بە زمانی زگماکی خۆت نابینیت " زۆر تاسەی ئەوە دەکەم خەونێک بە فارسی ببینم"ل١٧٩. •لە ل١٨٥ دا نوسەر دیسان ژیرانە ڕەخنەی کلتوری باوکسالاری و کۆمەڵایەتی دەکات بەوەی پیاوی کورد لەترسی مەسەلەی ئابڕو شەرەف و سمێڵیان پێیان نەنگییە لەکاتی سەرجێی کردنیشدا ژنەکانیان تێربکەن و بیانگەیەننە پلەی ئۆرگازم و کارێک ناکەن کە ژنەکانیان لەبری ترس و شەرم و ئازار چێژ وەربگرن لێرەدە بۆمان دەردەکەوێت کە پیاوی کورد و ڕۆژهەڵاتی چەند وەک کاڵا تەماشایی ژن دەکەن." ئەو شەوەی زوڵەیخا بۆ یەکەم جار هەستی کرد لەژێر قورسایی سوڵتاندا هەستێکی نامۆ بەلەشیدا دەگەڕێت،هەستێک لە نێوان مردن و فڕین"ل١٨٥ هەر لە هەمان لاپەڕەدا " تۆگەیشتویتە ئەو تامەی کە زۆربەی ژنان دەمرن و پێی ناگەن" واتە پلەی ئۆرگازمی سێکسی کە تێیدا ژن و پیاو دەگەنە ئەوپەڕی پلەی چێژ وەرگرتن. •بچوکەکان و پاکەکان باجی هەڵەی گەورەکان دەدەن، شۆڕش و خەبات هەوێنی ئازادی نەبوون و نەفرەت بوون و دابارین بەسر خەڵکی دا،منداڵەکان وەک باروت لە جەنگەکاندا گڕدران و ژنان و کچان جەستەیان بەخشی و بوونە قوربانی گەمەی شەیتانی گەورەکان ،ساکار قوربانی بە جەستەی خۆیدا چونکە ژنان هەستیان ناسکە و زوو دەکەونە ژێر کاریگەری سۆزەوە هەر بۆیە تاکە شت بۆ متمانەی بەرانبەرەکانیان بەخشینی جەستەیانە،"ڕووتی کردمەوە و لەوکاتەدا هەستم دەکرد بەدەم ئازارەوە دەمرم،ئەو نەوەک گوێی لە گریان و پاڕانەوەکانم نەگرت،بەڵکو لەناکاو ووتی قەحبە تۆ کچی ئەو گەوادە بوویت کە دەستی هەبوو لە کوشتنی ئامۆزاکەمدا،من دەمێکە دەمەوێت تۆڵەی بکەمەوە"ل٢٠٤. نوسەر پەیکەری ڕۆمانەکەی بە بونیادی بازنەیی تەواو دەکات و کۆتایی بە ڕۆمانەکە دەهێنێت کە وەک هەمیشە دەمانخاتە دۆخی شڵەژان و پارچە پارچە بوون و پەرت بوون کە خوێنەر بە ئاسانی ناتوانێت خۆی کۆبکاتەوە و لە چەند ڕیانێکدا ڕاماندەگرێت و ڕەخنەمان دەکات و بەکراوەیی بەجێمان دەهێڵێت و پێـمان دەڵێت ئەوەی دەژی چیرۆکەکانمانە نەوەک خۆمان چونکە ئەوەی چیرۆکی نەبوو وەک مردوو وایە. سەرچاوەکان: ١-هەنار و فریشتەی مردن ڕاپۆرتێک لەبارەی مەحوییەوە،عەتا محمەد، ڕۆمان، ناوەندی ئەندێشە،٢٠١٨. 2-Literature of Shakespeare Ramen Sharma and Dr. Preety Chaudhary Research Scholar, Singhania University, Rajasthan, India. ٣- جریده العرب ,نُشر فی 28-02-2016، العدد: 10199، ص(14( الصفحه : پقافه العرب - خلدون الشمعه – لندن. 4- International Journal of Educational Planning & Administration. ISSN 2249-3093 Volume 1, Number 2 (2011), pp. 189-198 © Research India Publications ٥- ڕۆمانی پۆستمۆدێرن ،حەمە مەنتک – وتار، ئەدەب و کلتوری ڕوداو بەرواری ٩-١٠-٢٠١٨. ٦- هونەرەکانی چیرۆکنوسین- حەمە مەنتک،ئەدەبی، پڕۆژەی چاپی کتێب مێخەک ژمارەی کتێب ٢٠ چاپخانە تاران،٢٠١٨. ٧-نوسین و ئەزمون،کۆمەڵێک نوسەر،دەزگای موکریانی،زنجیرەی کتێب ٥٧٠،ساڵی ٢٠١١ . ٨-ئەخلاق و بەرگری،مەریوان وریا قانع،ناوەندی ئەندێشە،٢٠١٧. ٩-ڕاز و ڕەمزەکانی ڕۆمان، وەرگێڕانی محمەد کەریم،دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم،ساڵی ٢٠١٢. ١٠-ڕۆلان بارت،وەرگێرانی کۆمەڵێک نوسەر،دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵینەوە،ساڵی ٢٠١٧. ١١- شاری دەستەو تاقمەکان، شارام قەوامی ١٢-ئەفسونی ئەدەب،نزار ئاگری،وەرگێڕانی شوان ئەحمەد،ناوەندی ئەندێشە،٢٠١٦. ١٣- بونیاتی ڕوداو لە ڕۆمانی کوردیدا،میران جەلال محەمەد،لێکۆڵینەوە،ساڵی ٢٠٠٩. ١٤- ڕۆمان چیە،کۆمەڵێک نوسەر،دەزگای موکریانیزنجیرەی کتێب ٢٣٦،ساڵی ٢٠٠٨.