هاوڵاتی شاعیرێکى لاوى سلێمانى بۆ چاپکردنى کتێبه‌که‌ى هەموو ئەو شتانەی پێویستی ژیانی بوو و خۆشی دەویست فرۆشتى، ئێستاش کتێبخانه‌کان کتێبه‌که‌ى لێى وه‌رناگرن و ناچار رۆژانه له‌به‌رده‌م باخى گشتى سلێمانى ده‌وه‌ستێت و بوخچه‌یه‌ک که پڕه له‌کتێبه چاپکراوهکهى ده‌کاته شان و رۆژانه چاوه‌ڕوانى خوێنه‌ران ده‌کات تا لێ بکڕن. ئاکار محمد ئه‌و گه‌نجه‌یه دواى ئه‌وه‌ى کتێبێکى شیعرى به ناوى (ژیان کردمى به سێبه‌ر) چاپ ده‌کات، خاوه‌ن کتێبخانه‌کان به‌بیانووى ئه‌وه‌ى کتێبى شیعر نافرۆشرێت، لێى وه‌رناگرن، ئه‌ویش له ناچاریدا شێوازێکى نوێ له فرۆشتنى کتێب بۆ خۆى ده‌دۆزێته‌وه ئاکار محمد شاعیرى به هاوڵاتی وت "بۆ چاپکردنى ئه‌م کتێبه شیعرییه‌م (ژیان کردمى به سێبه‌ر) که‌لوپه‌له‌کانى ماڵه‌که‌ى خۆم فرۆشتووه بۆ ئه‌وه‌ی مافى چاپخانه‌که بده‌م، به‌ڵام هیچ کتێبخانه‌یه‌ک (جگه له دوو کتێبخانه نه‌بێت) ئاماده نه‌بوون، کتێبه شیعرییه‌که‌م له کتێبخانه‌ى دابنێت و بیفرۆشێت". وتیشى "من رۆژانه له‌به‌ر ده‌م باخى گشتى دا ئه‌وه‌ستم بۆئه‌وه‌ى کتێبه‌که‌م بهفرۆشم وه‌ک ناڕه‌زایه‌تییه‌ک دژى کتێبخانه‌کان و زۆربه‌ى نووسه‌ره‌کانیش وه‌ک هیوا قادر و دلاوه‌ر قه‌ره‌داغى و قوبادى جه‌لى زاده سه‌ردانیان کردوو و پشتگیرى له‌م شێوازه فرۆشتنه‌ى منیان کردووه". ئاکار گله‌یی ئه‌وه‌ى هه‌بوو له کتێبخانه‌کان که شیعر و چیرۆکیان ناوێت، ته‌نها گرنگى به رۆمان ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت رۆمان نووسین بره‌وى پێبده‌ن. ئه‌و وتى "ده‌یانه‌وێت فه‌زاى شیعر ناشرین بکه‌ن و شیعر نه‌هێڵن، به‌ڵام ئیشى من شیعره". جه‌ختیله‌وه‌شکرده‌وه که کتێبخانه‌کان ئیشى بازرگانى ئه‌که‌ن، کارى ئه‌ده‌بى ناکه‌ن، خه‌مى نوسه‌ر و شیعر و شاعیرییان نیه، ئه‌وان پاره‌ى خۆیان په‌یا ده‌که‌ن. فرۆشتنى کتێب به‌وشێوه‌یه‌ى من نه‌ک سوکایه‌تییه بۆ کتێبخانه‌کان به‌ڵکو سوکایه‌تییه بۆ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتیش شیعر له سه‌ر و هه‌موو ژانرهکانهوهیه ده‌بێت به گه‌وره‌یی ته‌ماشا بکرێت. خاوه‌نى کتێبخانه‌کان ره‌تیده‌که‌نه‌وه که ئه‌وان کتێب چاپ نه‌که‌ن و نه‌یفرۆشن به‌ڵکو کتێبى شیعریش چاپ ده‌که‌ن و جارى وا هه‌یه چه‌ند جارێکیش چاپ ده‌کرێته‌وه، ئه‌وه په‌یوه‌ندى به جۆرى شیعرهکهوهههیه. سیروان ره‌حیم له کتێبخانه‌ى ئه‌ندێشه به هاوڵاتی راگه‌یاند "ئه‌گه‌ر ئه‌و لاوه شاعیره کتێبه‌ى بهێنیت بۆ ئه‌ندێشه به دڵنیاییه‌وه بۆ دا ئه‌نێین و ئه‌یفرۆشین، ئێمه ئێمه سانسۆرمان له‌سه‌رى نیه". ئه‌وه‌شى وت "ئێمه کتێبى شیعریش چاپ و بڵاو ده‌که‌ینه‌وه، له پێشتووتریش چه‌ند کتێبێکى شاعیره‌کانى ترمان چاپ و بڵاوکردووه‌ته‌وه و چاپى دووبارهشمان کردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له ئێستا ناتوانین هیچ کتێبێک وه‌ربگرین و چونکه کتێبى کۆنمان زۆر لایه ده‌مانه‌وێت ئه‌وانه ته‌واو بکه‌ین".
شوان ئەحمەد کتێبی (ناپاکی ڕۆشنبیران)، کۆکراوەی وتارە ڕۆژنامەوانیەکانی پێنچ ساڵی کۆتایی ژیانی ئێدوارد سەعیدە لەنێوان (1998بۆ ٢٠٠٣). ئەسعەد ئەلحسێن لەئینگلیزیەوە وەریگێڕاونەتە سەر زمانی عەرەبی و زۆربەی زۆری وتارەکانیش، لە (ئەهرام ویکلی)دا بڵاوبونەتەوە. کتێبەکە بەقەوارەی (383) لاپەڕەیەو جگە لەپێشەکیەکی دورودرێژ (11– ٣٨)، سی و شەش وتاری تێدایە. لەگەڵ دوو چاوپێکەوتندا (یەکەمیان داڤید بارسامیان لەگەڵ ئێدوارد سەعیددا ئەنجامی داوە، دووەمیشیان کۆتابەشی کتێبەکەیە بەناوی تیۆریای ئێدوارد سەعیدەوەو گفتوگۆیەکە لەگەڵ بیرمەند و ڕەخنەگر و ئەکادیمیستی بەریتانی تێری ئیگڵتۆن)دا. جگە لەدەرسگوتارێک بەناوی (ڕۆڵی گشتی نوسەران و ڕۆشنبیران) کە لەبەرواری 19-5-2001 لەملبۆرن پێشکەشی کردووە. هەروەها بەشێکیشی تایبەتە بەزۆرێک لەو نوسینانەی لەستایشی سەعیددا نوسراون، دوای مردنی و هەریەک لە: (محەمەد حەسەنەین هەیکەل و مەحمود دەروێش و حەنان شەعراوی و ئەنوەر عەبدولمەلیک و سەمیر ئەمین و دانیال بارینبویم و نەعوم چۆمسکی و ڕۆبەرت فیسک و مونائەنیس) بەشدارییان تێدا کردووە. ئەم کتێبە دیاری برای ئازیز (هاوسەر ڕەشید)ە.. من تەواوی بەرهەمەکانی ئێدوارد سەعیدم بەعەرەبی هەیە، جگە لەزۆرێک لەو کتێبانەشی لەبارەیەوە نوسراون. هەر ئەم کتێبەیم نوقسان بوو، بەسوپاسەوە کاکە (هاوسەر) ئەو کەلێنەی بۆ پڕکردمەوە. ئەڵبەت لەئێستادا ئەوەبڕاوەتەوە کەئێدوارد سەعید (1935–2003) بیرمەندێکی گەورە و کاریگەری سەدەی بیستەم بووەو (ئۆریانتالیزم 1978)و (کلتور و ئیمپریالیزم 1993)ە کەشی، بوونەتە بەردی بناغە و دوو سەرەکیترین تێکستێک، بۆ تیۆریای پۆست کۆلۆنیالیزم. واتە ئەمە بۆتە کڵێشەیەکی حازربەدەست و پێویست بەوتنەوە ناکات. بەڵام کێشەکە لەوەدایە، ئەم بیرمەندە گەورەیەی کەخاوەن جیهانبینی و تێزە و میتۆدی تایبەت بەخۆی بوو، هاوکات خاوەنی ڕۆحیەتێکی ڕەخنەیی وەهاش بوو کەماکی سەرەکی بیرکردنەوە و کارەکتەری ئەوبوون، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا سەروەختێک لەبیرمەندەوە دەبێتە ئەکتیڤستی سیاسی و لەئەکادمیستێکی پسپۆڕەوە، وەردەگۆڕێت بۆ ڕۆژنامەوان و ستون نوس، بڕێکی زۆر لەقوڵی ووردبینی و سەنگینی خۆی لەدەست دەدات. وتارەکانی ناو ئەم کتێبە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن. ئاخر دوراییەکی زۆر لە نێوان وتارە ڕۆژنامەوانیەکانی ئەم کتێبەو ئەو تێزە و تیورانەدا دەبینین کەئێمە لەخوێندنەوەی (ئۆریانتالیزم) و (کلتور و ئیمپریالیزم) و (ڕۆنانی ئیسلام) و (وێناکردنەکانی ڕۆشنبیر)دا پێی ئاشناین. لێرەدا ئەوەی دەبینین قەڵەمی پیاوێکی توڕە و زمان زبر و سادەنوسە کەبەچاوی فەلەستین و لەڕێی کێشەی فەلەستینەوە، هەموو دنیا دەبینێ و بڕیاردەدات. یەکێک لەو وتارانەی لەلاپەڕە (318) کتێبەکەدایەو پێشتر لەبەرواری (26-نیسانی-2001)دا لە (ئەهرام ویکلی) بڵاوبۆتەوە، ئەمە ناونیشانەکەیەتی: (هەموان لەڕزگارکردنی فەلەستین بەرپرسیارن). وەک فەلەستینیەک، ئێدوارد سەعید هەقیەتی کێشەی ئەو جوگرافیایە بەتەوەری سەرەکی بیرکردنەوە و کارکردنی خۆی بزانێت و هەرچیشی لەدەست دێت، لەپێناویدا بیکات. بەڵام سەیرکردنی ئەو کێشەیە وەک سەرەکیترین کێشەی تەواوی مرۆڤایەتی و چاوپۆشی کردن و بەکەم سەیرکردنی کێشەکانی دیکەی دنیا، لەجێی خۆیدانیەو بابەتێکە زۆرێکی زۆر ناچنە ژێرباری. هاوکات تاوانبارکردنی خۆرئاوا لەهەموو شتێکداو بینینی ئەو تاوانەی بەتەنها ئەمریکا بکەریان بووەو بەشداربووە تیایاندا، هەم کورت بینیەو هەم هەڵوێستێکی نادروست و ئایدیۆلۆژیشە. لەم کتێبەدا ئێمە بەسەر ئەم پرسانەدا دەکەوین: (فەلەستینیەکان وەک قوربانی و بەشخوراوترین میلەتی دنیا، لەگەڵ بە ئەهریمەن کردنی ئیسرائیل و ئەمریکا و تەواوی خۆرئاواش لەگەڵیاندا). گرنگی بەرهەم و نوسینەکانی ئێدوارد سەعید وەک بیرمەندێکی ڕەخنەگر و ئەکادیمستێکی پسپۆڕ، هانی دام تائەم کتێبەی بخوێنمەوە، بەڵام زۆرێک لەو وێنەیەی پێشوتری لاکاڵ کردمەوە کەلەسەر خاوەنی (ئۆریانتالیزم) و (کلتور و ئیمپریالیزم) هەمبوون. یەکێک لەخراپیەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە، گەر کەسێک سەرەتای ناسین و ئاشنابونی بەئێدوارد سەعید بەمە دەست پێ‌بکات، ئەوا بەزەحمەت لەهەوڵی دەست ڕاگەیشتن بە بەرهەمەکانی تری‌دا دەبێت و ڕەنگە هەر لێشی بتۆرێت. ئەم کتێبە کەوەرگێڕی عەرەبیەکەی وتاری (ناپاکی ڕۆشنبیران)ی کردۆتە ناونیشانەکەی و وتارەکەش (24- حوزەیرانی -1999) لە (ئەهرام ویکلی) بڵاوبۆتەوەو باس لەڕووداوەکانی کۆسۆڤۆو هەڵوێستی ڕۆشنبیران دەکات، لەدەست تێوەردانی ئەمریکا لەو کێشەیەدا، وێنەی ئێدوارد سەعیدی ڕۆژنامەنوسمان بەزەق و زۆپی و وەک خۆی نیشان دەدات. وێنەیەک کەدڵخۆشکەرنیەو زۆر جیاوازە لەوێنەی ئەو ڕەخنەگر و ئەکادیمی و بیرمەندەی، پێشتر ناسیومانە و خوێندومانەتەوە و ئاشنابووین پێی.
و. پێشه‌وا جه‌لال فیلمی زۆر گه‌وره هه‌ن که هه‌مووان پیا هه‌ڵده‌ده‌ن، وه فیلمی زۆریش هه‌ن که ته‌نها که‌سانێکی که‌م یادیان ده‌مێنێت. فیلمی (دیکالۆگ)ی کیسلۆڤسکی له فیلمه گه‌وره‌کانی مێژوویی سینه‌مایه. ئه‌و هۆکارانه‌ی وایان کردووه که ئه‌م فیلمه ناوازه‌یه وه‌کو پێویست نه‌ناسرێت گران نین که بخرێنه‌ڕوو. ده‌رهێنه‌ره پۆله‌ندییه گه‌وره‌که‌ی ئه‌م فیلمه ٢٢ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له ته‌مه‌نی ٥٤ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. دوای ئه‌وه‌ش فیلمێکی تر نه‌بوو هه‌تا ناوی ئه‌و به زیندوویی بهێڵێته‌وه و هه‌روه‌ها ئه‌م فیلمه بۆ نزیکه‌ی ١٠ ساڵ نه‌خرایه به‌رده‌ستی بینه‌رانی سینه‌ما. فیلمه‌که له بنچینه‌دا بۆ ته‌له‌فزیۆنی پۆله‌ندی به‌رهه‌مهێنرا. (دیکالۆگ- ١٠ فه‌رمانه‌که) هه‌ر وه‌کو له ناوه‌که‌یدا ده‌رده‌که‌وێت، یه‌ک فیلم نییه، به‌ڵکو سریاڵێکی ١٠ زنجیره‌ییه و هه‌ر زنجیره‌یه‌ک له‌نێوان ٥٠-٦٠ خوله‌که هه‌مووشیان به هاوکاری کریستۆڤ پیسیویچ نوسراون و وه هه‌ر ١٠ زنجیره‌که ئیلهامی له ده فه‌رمانه‌که‌ی په‌یامبه‌ر مو‌سا وه‌رگرتووه. هه‌رچه‌نده کۆکراوه‌ی کاریگه‌ری ههمووزنجیرهکان دیکالۆگ ده‌کاته ئه‌زموونی کارێکی گه‌وره‌ی سینه‌ما، به‌ڵام هه‌روه‌کو هه‌ر فه‌رمانێک، هه‌ر زنجیره‌و سه‌ربه‌خۆیی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه. بینینی ته‌نها یه‌ک زنجیره مانابه‌خشه و کێشه نییه کام دانه‌یان هه‌ڵده‌بژێریت. هه‌روه‌ها ده‌رهێنه‌ر به فیلمه‌کانی (هه‌ردوو ژیانی ڤیرۆنیک) و ( سێ ڕه‌نگه‌که! شین- سپی - سوور) ده‌ناسرێت . له بنه‌ڕه‌تدا کیسلۆڤسکی ده‌یویست ١٠ ده‌رهێنه‌ر به‌شداری پێ‌بکات، به‌ڵام وه‌کو خۆی له چاوپێکه‌وتنێکدا ده‌ڵێت «حه‌زم ده‌کرد یه‌که‌م به‌شیی خۆم ئه‌نجامی بده‌م، به‌ڵام نه‌متوانی واز له به‌شه‌کانی تر بهێنم» کیسلۆڤسکی به به‌کارهێنانی نۆ سینه‌ما گرافهر ئەم وێنه‌ی فیلمەی گرت و هه‌موو زنجیره‌کانی له ماوه‌ی ٢١ مانگدا مۆنتاژ کرد. ئه‌و ده‌ڵێت « هه‌ندێکجار وێنه‌ی به‌شێک له زنجیره‌یه‌کمان ده‌گرت له به‌یانیان و به‌شێکی تر له شوێنێکی تر و له دوای نیوه‌ڕوان، دانه‌یه‌کی تر له ئێواران، ئه‌مه وای ده‌کرد که بێزار نه‌بم». ئه‌وه‌ی دیکالۆگ به‌رز ده‌هێڵێته‌وه، ئه‌وه‌یه ته‌نها مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسیاره جدییه‌کانی ژیان ناکات وه‌ک مردن و باوه‌ڕ، به‌ڵکو گه‌ڕانێکی دراماتیکی و پڕ سۆزی هه‌یه بۆیان، وێناکردنی ژیانه که هه‌ڵبژاردنه‌کانی تێدا ئاسان نین. مرڤ له‌نێوان باش و خراپ‌دا هه‌ڵبژاردن ناکات، به‌ڵکو له نێوان باشتر و که‌متر خراپ هه‌ڵبژاردن ده‌کات. به په‌لکێشکردنی بینه‌ر بۆ چیرۆکێکی کورت، کیسلۆڤسکی کاره‌کته‌ره‌کان له شوێنی پڕ ئازار و دووڕیان داده‌نێت و ڕووبه‌ڕوویی کێشه گه‌لێکیان ده‌کاته‌وه که چاره‌سه‌ری ئه‌سته‌مه. ئه‌وان به ئه‌ندازه‌ی میهره‌بانییان ڕه‌شبینن. کیسلۆڤسکی و پیسیویزیچی هاوکاری، له‌وه تێده‌گه‌ن که کاتێک پێویستییه‌کانی مرۆڤ له ململانێدان، ئیترههڵبژاردنهکانی ژیان ئاسان نابن. چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان نابێته جێی گرنگی پێدانی ده‌رهێنه‌ر، به‌ڵکو گرنگی ده‌دات به لێکۆڵینه‌وه له‌و بۆشاییه‌ی هه‌یه له نێوان ئه‌و ئایدیاڵه‌ی که فه‌رمانه‌کانی دیاری ئه‌کات و ئه‌وه‌ی ژیان ئه‌یهێنێته به‌رده‌ممان. بڕیارێکی بچوک، ده‌کرێت ژیانی مرۆڤێکی پێگه‌یشتوو ژێراوژێر بکات. له کاتی کێشه‌دا، زۆرجار مرۆڤ ده‌رفه‌تی نابێت ببێته ئاده‌مییه‌کی جیاواز له خۆی. له کاتی ته‌ماشاکردنی دیکالۆگ، ئه‌و هه‌سته داگیرت ده‌کات، ئایا کیسلۆڤسکی ئه‌یه‌وێ ئه‌و ئه‌ڵقه‌یه بدۆزێته‌وه که له‌نێوان ژیان و مرۆڤ، ڕاستی و درۆ ، تاوان و سزا، خۆشه‌ویستی و ناپاکی هه‌یه یان نایه‌وێت و خۆی نادات له‌وه‌ی خه‌ڵکی بۆچی ئه‌وه‌نده مانا ئه‌ده‌نه ئه‌و شتانه‌ی که هه‌یانه یان کردویانه . دیکالۆگی کیسلۆڤسکی، زنجیره فیلمێک پێشکه‌ش به بینه‌ری پێگه‌شتوو ده‌کات که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و به‌ها ئه‌خلاقییه بنه‌ڕه‌تییانه‌یه که ژیانی مرۆڤی له‌سه‌ر به‌نده. زنجیره‌کان له شێوه‌ی وتاردان نین، به‌ڵام بینه‌ر ڕاده‌کێشن بۆ ڕه‌نگدانه‌وه به‌رده‌وامه‌کانی. بینه‌ر ڕووبه‌ڕووی ته‌حه‌دای دووباره ته‌ماشاکردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌هایانه ده‌کاته‌وه که ده فه‌رمانه‌که‌ی له‌سه‌ر بنیاد نراوه به‌شیێوه‌یه‌کی نوێ. به شێوه‌یه‌ک که پشکنینی و تێڕامانی قووڵتری بۆ ده‌کات.
هاوڵاتی ئاشکرایە تێرمی خۆرهەڵاتناسی لەخۆرهەڵات و بەتایبەتیش لەنێو گەلانی ئیسلامی و وڵاتانی عەرەبیدا، ناوبانگێکی خراپی هەیە و هەموان سڵی لێدەکەنەوەو وەک ئامڕازێکی دەستی ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزمی خۆرئاوایی سەیری دەکەن کە رۆڵی نەرێنی هەبووە، لەشێواندنی کلتور و مێژوو وێنەی مرۆڤی خۆرهەڵاتی و عەرەب و موسڵمانان‌و ... هتد. بەڵام سەیرکردنی خۆرهەڵاتناسی بەوجۆرەو مامەڵەکردن لەگەڵ شارستانیەتی خۆرئاوا، وەک ناحەزو دوژمن و کانگای پۆخڵی، سەیرکردنێکی نادروستەو حوکمدانێکی ژیرانەو ئەقڵانیانە نییە. بەوپێیەی کلتور و ژیاری پێرفێکت لەهیچ دەورو زەمانێکدا نەبوەو نابێت، ئەوا خۆرئاواش وەک شارستانییەتێکی دیاری سەر ئەم جوگرافیایە، نە هی ئەوەیە ستایش بکرێت تا ئاستی تەسلیم بوون پێی و پەرستنی، نەهی ئەوەشە بەنەفرەت بکرێت‌و ڕاست و چەپێکی بەسەردا بهێنرێت. لەودیوو دوالیزمەی ڕق و خۆشەویستی، پەرستنو بەنەفرەتکردندا، گەلانی خۆرهەڵات پێویستیان بەوە هەیە هۆشیارییەکی نوێ، بەرامبەر خۆرئاوا پەیدابکەنو بەزمانێکی دیکە رەخنەی چەوتی و دیدگا هەڵەکانی بکەن. ئەم کتێبە کەبەرهەمی کۆدیدارێکی بەرفراوانەو بەمەبەستی خۆرئاواناسی ئەنجامدراوە، هەوڵێکە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو خراپ لێکتێگەیشتنو بەدحاڵیبونەی لەنێوان خۆرهەڵات‌و خۆرئاوادا دروستبووە. بەوردتر بڵێین ئەمە هەوڵی ژمارەیەکی زۆر بیرمەندو نوسەرو ڕۆشنبیری عەرەبە، بەمەبەستی دروستکردنی وشیارییەکی نوێ‌و تێگەیشتنێکی جیاواز لەسەر ژیاری خۆرئاوا. کتێبەکە 315 لاپەڕەی قەوارە گەورەیەو بەرگی دووەمە لەپرۆژەیەکی نوسەرو رۆژنامەنوسی میسری ئەحمەد ئەلشێخ کەساڵی 1999 بەرگی یەکەمی بەناوی (دیالۆگی خۆرهەڵاتناسی) چاپکردووەو بەرگی دووەمیشی (رۆشنبیرانی عەرەب‌و خۆرئاوا)، ساڵی 2000 لەلایەن سەنتەری عەرەبی بۆتوێژینەوەی خۆرئاوایی چاپکراوە. جگە لەوە ئەحمەد ئەلشێخ خاوەنی کتێبی (خۆرهەڵات‌و خۆرئاوا لەسەردەمی شەڕی خاچپەرستی)دایەو ئەوکتێبەش، لەنوسینی کلۆد کاهنەو ساڵی 1995 لەفەرەنیسەوە کردویەتی بەعەرەبی. بۆتێگەیشتن لە ڕەخنەو گازندەی ڕۆشنبیرانی عەرەب، لەسەر ژیاری خۆرئاوا‌و پرسی خۆرهەڵاتناسی، هەروەها بۆ ئاگادار بوون لەو هۆشیارییە نوێیەی لەبەراییەکانی سەدەی بیستویەکدا سەبارەت بەخۆرئاوا لەلایەن دەستەبژێرانی کۆمەڵگا عەرەبییەکانەوە هاتۆتە ئارا، خوێندنەوەی ئەم گفتوگۆیانەی لەم کتێبەدا هاتوون، هێجگار گرنگ‌و پێویستە. ئەوانەی بەشداربوون لەو گفتوگۆیەداو ڕاوبۆچونیان هەبووە لەسەر گەڵاڵەکردنی ئەو هۆشیارییە نوێیە بەرامبەر بەخۆرئاوا ئەمانەن: (زەکی نەجیب مەحمود، فەتحی ڕەزوان، فوئادزەکەریا، ئەنوەر عەبدولمەلیک، عەلی فەهمی، لویس عەوەز، محەمەد عەزیز ئەلحوبابی، مستەفا سەفوان، سەمیح فرسۆن، کەرەم خلە، ئەنتوان ئەلمەقدسی، ئەلسەید یاسین، ئەلحەبیب ئەلجنحانی، ئەنوەر لۆقا، موحسین مەهدی، عەلال سیناسر، عیزەدین قلوز، محەمەد ئەلنەیرب، ڕینێ حەبەشی، مەحمود ئەلقیعی، ئەمین مەعلوف). جێی خۆیەتی لێرەدا بڵێین ڕۆشنبیری کوردی لەڕێگەی رۆشنبیرەکانیەوە، پێویستی بەوەیە وشیارییەکی نوێ‌و تێگەیشتنێکی سەردەمییانە بەرامبەر (بەویدی) بێنێتە ئارا، ئیتر ئەو (ئەوی دی)یە عەرەب بێت یان تورک یاخود فارس یان خۆرئاوا. ئاخر لەم سەردەمی گڵۆباڵەدا مرۆڤ ناتوانێت هەر لەرێی تێگەیشتنە باوەکانەوە، مامەڵە لەگەڵ دنیادا بکات.
هیوا غفور شێخ پاڵه‌وانى کتێبی (ساتێک پێش بیرچوونه‌وه) کتێبێکی قه‌باره مام ناوه‌ندی کامه‌ران سوبحانهو چاپخانه‌ی سه‌رده‌م به تیراژی (500) دانه چاپ و بڵاوی کردووه‌ته‌وه. ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که کتێبه‌که به‌شێوه‌یه‌کی درامی و سه‌رنجڕاکێش، باس له‌کۆمه‌ڵێک (نوسه‌ر و شاعیر و رۆماننوس و گۆرانی بێژ و هونه‌رمه‌ند)ی کورد ده‌کات. له کتێبه‌که‌دا، (41) که‌سایه‌تی به‌سه‌رکراوه‌ته‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش (5) که‌سیان له ژیاندا ماون و (36) که‌سایه‌تی دیکه‌شیان، کۆچی دواییان کردووه. له گرنگترین ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی له کتێبه‌که‌دا باسکراون، وه‌ک (عه‌لادین سه‌جادی، هه‌ژار موکریانی، شێخ محمدی خاڵ، بێکه‌س، پیره‌مێرد، ئه‌حمه‌د هه‌ردی، جه‌مال شارباژێڕی، ئه‌حمه‌د موختار جاف، شێرکۆ بێکه‌س، عومه‌ر مه‌عروف به‌رزنجی، جه‌مال شارباژێڕی،مه‌زهه‌ری خالقی، ...هتد) گرنگی ئه‌م کتێبه له چی دایه؟ گرنگی ئه‌م کتێبه له‌وه‌دایه، مێژوویه‌کی پرشنگداری پڕزانیاری هه‌ریه‌که له‌و که‌سایه‌تییانه، به‌شێوه‌یه‌کی درامی و جوڵه‌و هونه‌ری خراوه‌ته ڕوو، که تۆ هه‌ستناکه‌یت کتێب ده‌خوێنیته‌وه، به‌ڵکو واهه‌ستده‌که‌یت، به‌رامبه‌ر تیڤییهک دانیشتویت و هه‌ریه‌که له‌و که‌سایه‌تییانه له فیلمێک دا رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆیان ده‌گێڕن. نوسه‌ر له باسی (عه‌لادین سه‌جادی) به‌شێوه‌یه‌ک باسی ده‌کات، که تۆ ئه‌و دێڕانه ده‌خوێنیته‌وه، واده‌زانی رێک له ساڵی سییه‌کاندا ده‌ژیت و له شه‌قامی سابونکه‌ران وه‌ستاویت و به‌چاوی خۆت ئه‌م دیمه‌نانه ده‌بینی، یاخود له شاشه‌یه‌کی تیڤییه‌وه، ده‌یبینی. نوسه‌ر ده‌ڵێت «زۆربه‌ی ئێواران به جانتایه‌کی پڕ کتێبه‌وه ده‌گه‌ڕایه‌وه. به شه‌قامی سابونکه‌راندا سه‌رده‌که‌وت بۆلای مامه یاره‌و به ته‌نیشت کارێزی وه‌ستا شه‌ریف دا ده‌ڕۆیشته‌وه بۆ مزگه‌وتی دیلێژه. هه‌رجارێک مه‌لایه‌کی باڵا مامناوه‌ندی به رووخسارێکی نورانی، به خۆی و جانتا چه‌رمه پڕ له کتێبه‌که‌یه‌وه ده‌رکه‌وتایه، له‌لای دوکاندار وفرۆشیارانی سابوونکه‌ران و گاوران، ده‌بووه جێگه‌ی سه‌رنج و ده‌یانوت ئه‌وه مه‌لا به‌خۆی و جانتاکه‌یه‌وه هات» گرنگی ئه‌م کتێبه هه‌ر له‌وه‌دا نیه، که به‌شێوه‌یه‌کی درامی و سه‌رنجڕاکێش و جوان نوسراوه، به‌ڵکو له خستنه‌ڕووی ئه‌و زانیاری و به‌سه‌رهاتانه‌یه که له‌م کتێبه‌دا باسکراوه. نووسه‌ر، کارێکی باشی کردووه، شاعیرێکی وه‌کو (عبدالرحیمی هه‌کاری) بهسهرکردووهتهوهو له‌م کتێبه‌دا باسی کردووه، ئاخر ئه‌و یه‌کێکه له نوێخوازه‌کانی شیعری کوردی و پێش (گۆران و شێخ نووری شێخ ساڵح و ره‌شید نه‌جیب) که‌وتووه. وه‌ک فه‌ر هاد پیرباڵ له کتێبی، (شیعری نوێی کوردی) ده‌ڵێت (( ع. ره‌حیمی هه‌کاری، پێش شێخ نووری، یه‌که‌م شاعیربووه، له ئه‌ده‌بیاتی نوێماندا که به‌کرده‌وه، کێشی په‌نجه‌ی گۆرانی کوردی، واته هیجائی خۆماڵی له شیعر نووسیندا به‌کار هێنابێت) عبدالرحیمی هه‌کاری، جگه‌له‌وه‌ی شاعیر بووه، چیرۆک نووس و شانۆ نووس و وتار نوسیش بووه. یه‌که‌م نوسه‌ری کورده که شانۆ نامه‌ی هێناوه‌ته ناو ئه‌ده‌بیاتی کوردییه‌وه، که شانۆی (مهمی ئالان)ه له ساڵی 1919. له باسی هه‌ژار موکریانیش دا، که هه‌رچه‌ندی له‌باره‌یه‌وه بنوسرێت که‌مه‌و هێشتا ناگاته ئاستی ئه‌و نووسه‌ره پڕهونهره، که به‌داخه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی کاتی خۆی نزیکی مه‌لا مستهقای بارزانی بووه، وه‌ک پێویست بایه‌خی پێ‌نادرێت و فه‌رامۆشکراوه، به‌ڵام نوسه‌ر له‌م کتێبه‌دا به‌سه‌ری کردووه‌ته‌وه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی شانازییه بۆ هه‌ژار موکریانی، که جگه‌له‌وه‌ی زمانزانێک و شاعیر و نوسه‌ر و خاوه‌ن فه‌رهه‌نگێکی ده‌وڵه‌مه‌ند بووه له‌و شهدا. هه‌روه‌ها وه‌رگێڕێکی به تواناش بووه، وه‌ک نووسه‌ر له کتێبه که‌ی دا ئاماژه‌ی بۆ کردووه و ده‌ڵێت :»فارسه‌کان، (700) ساڵ ویستیان کتێبی (قانون در گب) ی ابن سینا، بکه‌نه فارسی، هیچ وه‌رگێڕێکی فارس، توانا‌و سه‌لیقه‌ی وه‌رگێڕانی نه‌بوو به فارسی، هه‌ژار له‌ماوه‌یه‌کی دیاریکراودا کردی و تائێستا ملیۆنه‌ها دانه‌ی لێ فرۆشراوه« له باسی حوسین حوزنی موکریانی دا، به باشی هه‌وڵ و توانا‌و خه‌مه‌کانی ئه‌و مێژوو نووسه ده‌خاته ڕوو، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی که داخێکی گه‌وره‌یه، ئه‌و مێژوونووسه، به‌و هه‌وڵ و خه‌مه‌ی که هه‌ی بووه بۆکورد، به‌ڵام هه‌موو پاداشتی ئه‌م میژوو نووسه ئه‌وه بووه، به جاسووس و نۆکه‌ری بێگانه‌یان زانیوه. نوسه‌ر له باسی تۆفیق وه‌هبی و ئه‌مین زه‌کی به‌گ و مه‌ولاناخالید و شێخ محمدی خاڵ، فیلمێکی سینه‌مایی درووستده‌کات و تاسه‌ی خوێنه‌ر ده‌شکێنێت. هه‌ر له‌م کتێبه‌دا، جگه له باسی نوسه‌ران و مێژوونووسان و شاعیران، لایه‌کیش له هونه‌ری گۆرانی وتنیش کراوه‌ته‌وه‌و له رێگه‌ی وشه‌وه به ده‌نگی پڕنهغمهی (حه‌مه جه‌زا ، مه‌زهه‌ری خالقی، سه‌ید عه‌لی ئه‌سغه‌ری کوردستانی، که‌ریم کابان، عه‌باسی که‌مه‌ندی، ئه‌حمه‌د کایا) ئاشنا ده‌بیت و کاتێک ئه‌و دێڕانه ده‌خوێنیته‌وه، ده‌ده‌ی له شه‌قه‌ی باڵ و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که له گۆرانییه‌کانی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌دا ئاوێزانی یه‌کتر ده‌بن)) هۆکارێکی تر که جوانی به‌م کتێبه به‌خشیوه، ئه‌وه‌یه له باسکردنی هه‌ندێ له که‌سایه‌تییه‌کان دا، شیعرێکی شێرکۆ بێکه‌س که وه‌سفی ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ی کردووه، هێناویه‌تییه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نزیکی نووسه‌ر له شێرکۆ بێکهسهوهیهوهو ئاگاداری شیعره‌کانی شاعیره. نووسه‌ر خه‌م له‌چی ده‌خوات؟ له باسکردنی زۆربه‌ی ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ی که له‌م کتێبه‌دا باسکراوه، نووسه‌ر خه‌م بۆ ئه‌وه ده‌خوات، که چۆن تا له ژیاندا بوون، به شایسته‌و رێزه‌وه بۆ کار و به‌رهه‌مه‌کانیان نهڕوانراوهو رێزیان لێ نه‌گیراوه، هه‌روه‌ها پرسهکانیشیان به چۆڵی و سارد و سڕی بهڕێکراوهو که‌مترین که‌س وه‌کو وه‌فایه‌ک بۆ که‌سایه‌تییانه به‌شدارییان کردووه، نموونه‌ی پرسه‌ی (جیهاد دڵپاک و محێدین زه‌نگه‌نه‌و که‌ریم شاره‌زا....هتد به نمونه ده‌هێنێته‌وه‌و له پرسه‌ی ناشتنی حوسێن حوزنی موکریانی دا ، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات، جگه له هه‌ژار موکریانی و هاوژینه‌که‌ی و سێ که‌سی تر، که‌س ئاماده‌ی ناشتنه‌که‌ی نه‌بووه. هه‌روه‌ها له‌دوای کۆچکردنیشیان، خه‌م بۆ ئه‌وه ده‌خوات، که گۆڕه‌کانیان ونن و که‌س پێیان نازانێت. وه‌کو گه‌لانی دونیا که گۆڕی نوسه‌ر و شاعیر و که‌سایه‌تیه‌کانیان گرنگییان پێ‌نادرێت، تا بکرێنه شوێنێکی گه‌شتیاری، خه‌ڵکانی بیانی و گه‌شتیاران له‌وڵاتانی دیکه‌وه، کاتێک سه‌ردانی کوردستان ده‌که‌ن، سه‌ردانی مه‌زاری که‌سایه‌تییه‌کانمان بکه‌ن. دوا وته ئه‌گه‌رچی ئه‌م کتێبه له‌وانه‌یه به‌شێک له زانیارییه‌کانی بۆ به‌شێک له خوێنه‌ران دووباره‌بن، به‌ڵام شێوازی نوسین و گێڕانه‌وه‌که‌ی به‌شێوه‌یه‌کی درامی و سه‌رنجڕاکێش و ئاستی زمان و لایه‌نی ههڵهچنیش، چێژێکی له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه‌دا ده‌یبینی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی که‌م و کوڕی بێت، نه‌نوسینی ئه‌و زانیارییانه‌یه که له‌م کتێبه‌دا باسکراوه. زانیاری و وه‌رگرتنی هه‌ر پهرگرافێک له کتێبێکی دیکه، ئه‌مانه‌تێکی زانستی یه‌و ده‌بێت ناوی سه‌رچاوه‌که‌ی بنوسرێت، که به‌داخه‌وه له‌م کتێبه‌دا ئه‌و لایه‌نه فه‌رامۆشکراوه.
هیوا غفور شێخ پاڵه‌وانی ئه‌ده‌بى گاڵته‌جاڕی، که زۆر که‌س به ئه‌ده‌بێکى که‌مبایه‌خ ته‌ماشاى ده‌که‌ن، ئه‌ده‌بێکى گرنگ و پڕ بایه‌خه. حه‌مه‌سه‌عید وته‌نى خوێنه‌رانى کوردستانى نوێ، له‌به‌ر گۆشه‌که‌ى د.شێرکۆ عه‌بدوڵا له لاپه‌ڕه‌ى کۆتاییه‌وه رۆژنامه‌که ده‌خوێننه‌وه. له ئه‌ده‌بى زۆربه‌ى وڵاتان، ئه‌ده‌بى گاڵته‌جاڕی گرنگ و بایه‌خى تایبه‌تى خۆى هه‌یه. نوسهرى ئه‌ده‌بى گاڵته‌جاڕ، هه‌میشه نوسینه‌کانى له نوسینه پڕخوێنهرهکانه، ئاخر ئه‌وه ئه‌و جۆره نوسه‌رانه‌یه، که ده‌توانن ئێش و ئازار و مه‌ینه‌تى گه‌له‌کانیان، به‌شێوه‌ى کۆمیدیا بخه‌نه‌ڕوو. له ئه‌ده‌بى تورکى دا، عه‌زیز نه‌سین، لهپلهیهکى به‌رزى ئه‌ده‌بى گاڵته‌جاڕى دایه. نوسینه‌کانى ته‌ژى یه له ئێش و ئازاره‌کانى کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام له‌شێوه‌ى کۆمیدیادا ده‌رى ده‌بڕێت. ئه‌و له ڕۆمانى (گێله‌پیاو و قۆڵبڕ و بێناسنامه‌کان) و سه‌رجه‌م رۆمان و چیرۆکه‌کانى تر‌ى دا، گاڵته‌جاڕى و ته‌نز، بابه‌تى سه‌ره‌کیه. ڕۆمانى (که‌مانچه ژه‌ن) ى (هان کریستیان) که پیره‌مێردى شاعیر وه‌رگێڕاوه‌ته، سه‌ر زمانى کوردی، یه‌کێکه له‌و ڕۆمانه گرنگ و پڕبایهخانهى که چیرۆکى عیشقێکى پاک و ئه‌ڤینێکى راسته‌قینه، به‌شێوه‌یه‌کى گاڵته‌جاڕییانه ده‌گێڕێته‌وه. ته‌وه‌رى سه‌ره‌کى ڕۆمانه‌که، له‌ده‌ورى به‌سه‌رهاتى (لاو)ێکى که‌مانچه‌ژه‌ن (ئه‌لفرێد مۆله‌ر)ده‌خولێته‌وه که له ماڵى خۆیان ده‌تۆرێت و سه‌رى خۆى هه‌ڵده‌گرین، چاره‌نوس ده‌یکات بههاونشینى کچه ئهرستۆکراتییهکى ئه‌وروپى ده‌وڵه‌مه‌ند. ئه‌لفرێد به‌به‌رگێکى ده‌روێشى و شڕۆڵه‌وه نسیبى ده‌که‌وێته یه‌کێک له(شاتۆ)دڵگیره‌کانى ئه‌وسه‌رده‌مه‌ى ئه‌وروپاوه (شاتۆ ناوى ئهوکۆشکه به‌رزو بڵندانهبوه که ده‌ره‌به‌گ و ئهرستۆکراتهکانى ئه‌وده‌مه‌ى ئه‌وروپا تێیدانیشتهجێ بون). لاوه که‌مانچه ژه‌نه‌که له‌دواى ناسینى کچه ئه‌رستۆکراتى و خوا پێداوهکهدا به‌ناوى (میکائیلا)، لهکاروانێک دا لهقافڵهى کچه دڵخوازه‌که‌ى داده‌بڕێ. ئیتر لێره‌وه دووباره به‌ر نامیهرهبانیى ڕۆژگاردهکهوێتهوه و خولیاى گه‌یشتن و دیتنهوهى دڵبهرهکهى وه‌ک سێبه‌ر به‌دوایه‌وه ده‌بێ و گه‌لێک نه‌هامه‌تى و چه‌رمه‌سه‌رى و ساردى و گه‌رمى ده‌بینێت، بۆگه‌یشتن به‌شارى ڤێنسیاى ئیتاڵیا که بیستبووى خانمه‌که‌ى دڵى له‌وێیه. ئه‌لفرێد مۆله‌ر، ئه‌گه‌رچى به‌ختێکى ره‌شى هه‌یه، به‌ڵام خواى گه‌وره به‌هره‌یه‌کى وه‌ک که‌مانچه ژه‌نینى پێ به‌خشیوه، دواى ونبونى (میکائیلای) ى خۆشه‌ویستى و له ئه‌نجامى گه‌ڕان به‌دواى دا، قه‌ده‌ر ده‌یکاته هاوڕێى (فره‌دریک شۆله‌ر) که ئه‌ویش ده‌نگخۆشێکى بێ وێنه‌یه‌و به‌یه‌که‌وه ده‌بنه دوو هاوه‌ڵى خۆشه‌ویست و ده‌ستده‌که‌ن به گه‌ڕان به‌دواى (میکائیلادا). کاتێک ڕۆمانه‌که ده‌خوێنیته‌وه، تێکه‌ڵ به که‌ش و هه‌واى رۆمانه‌که ده‌بیت و ئاگات له کات نامێنێت. هه‌ست و هۆشت به‌شێوه‌یه‌ک ده‌ڕوات، وا خه‌یاڵ ده‌که‌یت له‌ناو شه‌مه‌نده‌فه‌رى (ویانه)دایت و له ته‌نیشت ئهلفرێدهوه، دانیشتویت و ده‌ته‌وێت بگه‌یته (ڤینیسا)ى ئیتاڵیا. کۆتایى رۆمانه‌که، کۆتاییه‌کى شادى به‌خشه‌و به بینینه‌وه‌ى (ئه‌لفرێد و میکائیلا) کۆتایى دێت، که‌دواى گه‌ڕان و چه‌رمه‌سه‌رى و ناخۆشییه‌کى زۆر ئه‌لفرێد، خۆشه‌ویسته تاک لایه‌نه‌که‌ى ده‌دۆزێته‌وه. کاتێکیش میکائیلا بۆى ده‌رده‌که‌وێت، که ئهلفرێدى کوڕهههژار و لادێی، چه‌ندێک ناخۆشى و ناڕه‌حه‌تى له‌به‌ر دۆزینه‌وه‌ى ئه‌ودا بینیوه، گوێ به ده‌وڵه‌مه‌ندى و سه‌نگینى خۆى نادات و شوى پێده‌کات. شۆلهرى هاوڕێى له (ئه‌لفرێد مۆله‌ر) ده‌پرسێت تۆ چۆن ئه‌م کچه خانه‌دانه‌ت به‌نسیب بوو، ئه‌لفرێد وه‌ڵامى ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: یه‌که‌م: من ده‌رونێکى پاکم بوو، لادێییهکى بێ فڕو فێڵ بووم، که‌توشى میکائیلا هاتم، سه‌فه‌ره‌که‌م کارى تێکرد، تا ئه‌هات له‌لاى په‌سه‌ندتر ئه‌بووم له‌لای. دووه‌م:له وه‌فادا له مێرده کۆنه‌که‌ى بۆى به وهفاترو فیدا کارتر بووم، وه‌فاى من پێش زۆر داواکاریتر که‌وت. سێیه‌م:ئه‌خلاقى من و عه‌شقى راستی، قه‌ناعه‌تى به‌و په‌یاکرد، که له هاوسه‌رى دا، عه‌شق و ئه‌خلاق له سهرسهرێتى و گه‌وره‌یى ساخته‌و قومارى و سه‌رخۆشى بۆ ئافره‌ت چاکتره. من به‌خنکان و حه‌پس و تێهه‌ڵدان، عه‌شقى ئه‌وم فه‌رامۆش نه‌کرد. ده‌ستم له وه‌فا به‌رنه‌دا، تا پێى گه‌یشتم.
سەعید بوکرامی فرانتس کافکا لەکۆتاییەکانی ژیانیدا پیاوێکی بەختەوەربووە. ئەم مەسەلەیەش زۆر دەمێکەیە یەکلابۆتەوە. وەلێ ئەو ئەفسانەیەی تەوقی نوسەری (دادگایی) و (بەدگۆڕان) و (کۆشک)ی داوە، زۆر بەهێزەو ئێجگار تاریکە، ئەمەش وادەکات هەقیقەتی ئەوەی کەسێکی بەختەوەربووبێت، مایەی سەرسوڕمان و شوێن پرسیاربێت. (جوانی ژیان: دواین ئەوینی کافکا)، چوارەمین کتێبی نوسەری ئەڵمانی میکائیلکۆبفمۆلەرە Michal kumpfmuller کەلە بەراییەکانی ساڵی 2013، لەلایەن خانەیAlbin Michel بەقەوارەی 314 لاپەڕە چاپکراوە. نوسەری ئەو کتێبە زۆر بەوردی باس لەچەند لایەنێکی ژیانی فرانتس کافکا دەکات کەخەڵک زۆر پێی ئاشنانین. میکائیل کۆبمفمۆلەر دەمانگێڕێتەوە بۆ هاوینی 1923، سەروەختێک تیشکێکی درەوشاوە لەکۆتایی تونێلێکی تاریک و نوتەکدا دەردەکەوێت کەکافکا لەنێوان نائومێدیەکی قوڵ و نەخۆشیدا، بەڕێی کردووە. ئەو تیشکە سەرچاوەکەی دۆرا دیامانت دەبێت. کافکا ئەوکات بەرەو کۆتایی ملی دەناو تەنها یانزە مانگێکی لەژیاندا مابوو. کاتەکانی لەگەڵ (ئیلی) خوشکیدا، لەبمیۆرتیز بەسەردەبرد. بمیۆرتیز شوێنێک بوو لەکەناراوەکانی سەردەریای بەڵتیک. لەوێدا چاوی بەدۆرا دەکەوێت و پەیوەندی ئەوینداری ڕاستەقینە لەنێوانیاندا دروست دەبێت. لەوماوەیەدا کافکا گەشبینتر دەبینرێت و زیاتر دەربایسی ژیان دەبێت. هەمیشە زەردەخەنە لەسەر لێوی دەبێت و چاوەشینەکانیشی دەبرسیکێنەوە. تەنانەت وای لێدێت گرنگیەکی زۆر بەشیک پۆشی و کەراڤێتەکەی دەدات و هەموو بەیانیەک، خۆی بۆ پێشوازیکردنی ژیانێکی نوێ ئامادە دەکات. وەلێ هەر لەو کاتەدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، دەردە سیل بەلەشیدا بڵاودەبێتەوەو هەردوو سییەکانی دەپوکێتەوەو پاشان قوڕگی و دواتر ڕیخۆڵەکانیشی داغان دەکات. دواین خۆشی ژیانی کافکا ئەوەبووە، تادەتوانێت بنوسێت و ئەوەشی دەینوسێت بۆ دۆرا دیامانتی بخوێنێتەوە. وەلێ لەچەند مانگی کۆتایی ژیانیدا، توانای قسەکردنی نامێنێ و ناچاردەبێت بۆ پەیوەندیگرتن لەگەڵ دۆرا و هاوڕێ دڵسۆزەکانیدا، لەسەر پارچە کاغەز بۆیان بنوسێت و ئەوەی دەیەوێت پێیانی ڕابگەیەنێت. هاوڕێ دڵسۆزەکانی لەوماوەیەدا بریتی بوون لە: (ئیلی خوشکی و ماکس برۆدو ڕۆبیر کلۆبشتۆک). بۆ ڕونکردنەوەی نهێنی ئەم پەیوەندییە سۆزدارییە لەژیانی کافکادا، میکائیل کۆبفمۆلێر لەم کتێبەیدا، هەوڵدەدات لێکۆڵینەوەیەکی بێ غەل و غەش ئەنجام بدات و لەوەشدا پشت بەلانی کەمی، سەدەیەک لە توێژینەوەی قوڵ لەژیاننامەی کافکا دەبەستێت. ئەویش لەڕێی خوێندنەوەی ڕۆژنامەو کتێب و ئەو بەرهەمانەی لەبارەی کافکاوە نوسراون ، لەگەڵ نامەو یاداشتەکانی کەبۆی جێهێشتوین. کافکا وەها باسی ئەو قۆناغەی ژیانی دەکات، وەک ئەوەی (جەوهەرێکی ئەفسوناوی بێت) و نوسەری ئەم کتێبەش، توانیویەتی پەردە لەسەر ڕووی ئەو دواچرکەساتانەی ژیانی کافکا هەڵماڵێ کەئەوینداری دۆرا بووەو دۆراش لای خۆیەوە، سەرسام بووە بەتێکستە ئەدەبیەکانی و دڵخوازی جەستە لەڕوو لاوازەکەشی بووە. لەوێستگەی بمیۆرتیز، کافکا چاوی بەدۆرا دیامانت دەکەوێت کە لەمەتبەخێکدا خەریکی ماسی چاککردنە. لەوکاتەدا کافکا بەموجامەلەیەکەوە دەڵێت»ئەو دوو دەستە جوانە، کاری قەسابی دەکەن!» دۆرا لەلێدوانێکیدا کە لەکتێبی (کافکام ناسی)دا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت»کافکا بەردەوام ڕوخۆش و دەم بەخەندە بووەو حەزی بەگەمەو نوکتەو سەرگەرمی بووە. زۆر گرنگی بەسەروسەکت و جل و بەرگی خۆی داوەو حەزی بەبازاڕکردن هەبووە، لەبەرئەوەی ئارەزووی ئەوەی کردووە، تێکەڵ بەخەڵکانی سادەو ساکاربێت». کافکا لەگەڵ دۆرا، بۆ مانەوە ڕوو لەبەرلین دەکات و ئەوەش هەنگاوێکە ، هەرگیز نەی وێراوە بینێ و بەدرێژایی تەمەنی هەر لەپراگ و لەماڵە باوانیدا ژیاوە. لەوکاتەشدا بەرلین بەهۆی هەڵاوسانی ئابوریەوە، لەدۆخێکی تەواو ناهەمواردا بووە. ڕیزی دوورودرێژی هاوڵاتیان لەبەردەم کۆگا بازرگانیەکان، لەهەموو جێیەکی شارەکەدا بەدی دەکرا. کافکا‌و دۆراش ژیانیان لەوێ زەحمەت بووە، لەبەرئەوەی دۆخی داراییان باش نەبووە. سەروەختێک لەدوسڵدۆرف دەبن، پێکەوە لای خاتوو (ڕێتمان) دەمێننەوەو ژورێکی گەورەیان دەبێت کەکارەبای دەبێت و لەبەردەم ئاپارتمانەکەیدا، پارکێکی جوانی لێدەبێت.لەو قۆناغەدا کافکا کەمێک ئارامی و دڵنیایی بۆ دەگەڕێتەوەو ئەوەش دەقۆزێتەوە بۆ نوسینی چیرۆکەکانی: (بەسەرهاتی سەگێک، جۆزڤینەی سترانبێژ و ژنێکی گچکە). پێدەچێت بۆماوەیەک تارماییەکان وازیان لە کافکا هێنابێت. ئەوەتا بەماکس برۆدی هاوڕێی دەڵێت»هەڵهاتم لەدەستیان، ئەویش بەهۆی ئەم هاتنە قەشەنگەمەوە بۆ بەرلین.. ئەمێستا لەدووم دەگەڕێت، وەلێ نام دۆزێتەوە. لانی کەم، هەتا ئێستا شوێنم نازانێت» بەڵام ئەو ماوەیە زۆر ناخایەنێت و کافکا زۆر بەتوندی خوێن دێنێتەوە. دەردە سیل لەپەل و پۆی دەخات و بەیارمەتی ماکس برۆدی هاوڕێی، دەگەڕێتەوە بۆ پراگ.بەدەم خوێن هێنانەوە داخڵ بە نەخۆشخانە دەکرێت و توانای قسەکردنی نامێنێ. ناچار لەڕێی نوسینی سەرپارچە کاغەز، لەگەڵ دۆراو هاوڕێی گیانی بەگیانی ڕۆبێر کلوبشتۆک و کەسە نزیکەکانی، بەردەوام دەبێـت. لەئان و ساتێکدا کەباری تەندروستی تەواو تێک دەچێت، داوا دەکات دەرزییەکی ئازار شکێنی لێبدەن تا کەمێک پشووبدات، وەلێ ڕۆبێر ڕازی نابێت.زۆر بەزەحمەت دەتوانێت پەنجەی بجوڵێنێت و دوا وشە بۆ هاوڕێکەی دەنوسێت و دەڵێت: (بمکوژە، ئەگەرنا ئەوا تۆ تاوانباریت). دۆرا لەبەڕێکردنی تەرمەکەی کافکادا، بەشداردەبێت و لەگۆڕستانی (ستراز شمیت) لەشاری پراگ بەخاک دەسپێردرێت و دوای ئەوە دۆرا دەگەڕێتەوە بۆ بەرلین و بەجۆدێتی هاوڕێی ڕادەگەیەنێت کە سکی هەیە. میکائیل کۆبفمۆلەر (جوانی ژیان: دواین ئەوینی کافکا)ی زۆر بەناسکی نوسیووەو ویستویەتی، زیاتر لە ژیانی کافکا (بەتایبەت لەقۆناغەکانی کۆتایی) نزیک بێتەوە. ئەوکارەش بە بێ هیچ لاف و گەزافێکی ئایدیۆلۆژی یان ئەکادیمیی، ئەنجام دەدات و خۆی لەپەراوێز نوسین و لێکدانەوە بەدووردەگرێت و هەوڵی داوە، وێنەیەکمان لەژیانێکی بەختەوەر بۆ بگوازێتەوە کەکافکا وەک عاشقێک و دڵخوازێکی ژن و ژیان گوزەراندویەتی. وەرگێرانی: هاوڵاتی
هاوڵاتی بەمزوانە رۆمانێكی نوێی نووسەر و رۆماننوسی كورد بەختیار عەلی، بڵاودەبێتەوە. رۆمانەكە باس لە رزگاركردنی تاك لە دەست كۆمەڵێكی هێزی گەورەتر لە خۆی دەكات كە هەوڵ دەدەن تێكیبشكێنن. بەختیار عەلی، نووسەر و رۆماننوسی كورد لە چاوپێكەوتنێكی تایبەت بە هاوڵاتی دا رایگەیاند" لە ئێستادا لە ناو پرۆژەی رۆمانێكدا ئیش دەكەم كە لە داهاتوویەكی نزیكدا تەواو دەبێت و چاپ و بڵاو دەكرێتەوە، قەبارەی ئەو رۆمانە نوێیەش قەبارەیەكی زۆر گەورە نییە" سەبارەت بە ناوەڕۆكی رۆمانە نوێیەكەشی وتی"رۆمانەكە باسی ئەو هێزە تێكشكێنەرەی كۆمەڵگا دەكات بۆ ئینسان، كە كۆمەڵگا چۆن دەتوانێت ئینسانەكان تێكبشكێنێت، تاك دەكەوێتە نێوان كۆمەڵێك بەرداشی لە خۆی گەورەترەوە هێزی زۆر ترسناك، وەك هێزی دین هێزی دەوڵەت هێزی ئایدۆلۆجی، هێزی خێزان، هێزی دیكتاتۆر، هەموویان یەك دەگرن بۆ تێككشاندنی ئەو خەونەی كە تاك هەیەتی" ئەوەشی وت " رۆمانەكە باسلەوە دەكات، چۆن تاك هەوڵ ئەیات لەناو ئەو هەموو هێزانەدا رێگایەك بۆخۆی بدۆزێتەوەو رزگارییەك بەدەستبهێنێت" بەختیار عەلی تا ئێستا خاوەنی 9 رۆمانی قەبارە گەورەو بچوك و مام ناوەندەو دواهەمین رۆمانیشی بەناوی كەشتی فریشتەكانە، كە لە سێ بەرگ پێكهاتووە، هەروەها تا ئێستا دوو رۆمانی بەناوی شاری مۆسیقارە سپییەكان و دواهەمین هەناری دونیا، وەرگێڕدراون بۆ زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و لەم هاوینەشدا بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەبنەوە.
له ئه‌سته‌مبوڵ سوڵتان عەبدولحەمید دواى لێکردووه وه‌ڵامى نامه‌یه‌کى ناسره‌دین شاى ئێران بداته‌وه هیوا غفور شێخ پاڵەوانی دوێنێ سێشه‌ممه 19/6/2018، 68 ساڵ به‌سه‌ر کۆچى دوایی شاعیر و نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووسى کورد، پیره‌مێردا تێپه‌ڕى. پیره‌مێر ئه‌و شاعیر و رۆژنامه‌س و نووسه‌ره‌ى که هه‌موو ته‌مه‌نى خزمه‌تى گه‌لى کورد و پێشخستنى گه‌له‌که‌ى کردبوو.ئاواتى ئه‌وه‌بوو، کورد پێشبکه‌وێت و به ئاواتى خۆى بگات. پیره‌مێرد کێ بوو؟ چۆن ژیا؟ چ کاره بوو؟ چى کرد و چى به‌جێهێشت؟ چۆن کوردستانى جێهێشت و چۆن گه‌ڕایه‌وه و بۆچى گه‌ڕایه‌وه؟ ئه‌توانین ژیانى پیره‌مێرد لەماوەی (٨٣)ی تەمەنیدا دابه‌شى سێ قۆناغی بکه‌ین. قۆناغى یه‌که‌م له دایکبوونى پیره‌مێرد و چونى بۆ ئه‌سته‌مبووڵ رۆژێ له رۆژانى ساڵى (1867) ماڵى مه‌حمود ئاغاى حه‌مزه ئاغاى مه‌سره‌ف له‌گه‌ڕه‌کى گۆیژه‌ى شارى سلێمانى، به بۆنه‌ى له دایکبوونى مناڵێک، خۆشى و به‌شاره‌تى تێکه‌وت، گوێزه‌بانه به‌خشرایه‌وه، زه‌رده‌خه‌نه له‌سه‌ر لێوى ئه‌و پیاو ماقوڵانه ده‌نه‌خشا که پیرۆزباییان له مه‌حمود ئاغا ده‌کرد، چونکه خوا کوڕێکى دابویه. مه‌لا بانگى به‌گوێى ئه‌م ساوایه‌دا خوێند و ناونرا (تۆفیق) به‌ناز و خۆشه‌ویستییه‌وه گه‌وره‌کرا تا ته‌مه‌نى بوو به حه‌وت ساڵ. بردیانه حوجره‌ى (مهلاحسێنه گۆج) بۆ خوێندن له‌وێ مایه‌وه، هه‌تا هه‌موو قورئانى ته‌واوکرد، هه‌تا رۆژێک له‌گه‌ڵ مامۆستاکه‌ى له‌سه‌ر شیعرێکى (حافز)ى شیرازى تێکده‌چن، دواتر حه‌سه‌نه فه‌ندى مامى که شاعیرێکى ناودارى ئه‌و سه‌رده‌مه‌بوو، ده‌یباته حوجره‌ى (مه‌لا سه‌عیدى زهڵزهڵهیی). هه‌ر ئه‌و رۆژه مامى پێی وت «رۆڵه تۆفیق، ئومێده‌وارم ده‌م و نفوسى ئه‌م ئه‌م زاته بتکات به شاعیرێکى وه‌ک من» هه‌ر واش ده‌رچوو، نوقڵانهکهى به‌ڕاست گه‌ڕا. دواتر پێره‌مێرد بۆ خوێندن چووه مزگه‌وته‌که‌ى خۆیان مزگه‌وتى (هه‌مزه ئاغا) له‌لاى مه‌لا مه‌حمود، ده‌ستى به‌خوێندنى عه‌ره‌بى کرد. پاشان بۆ خوێندنى زیاتر زۆربه‌ى مزگه‌وته‌کانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى سلێمانى کرد، دواتر له‌گه‌ڵ چه‌ند فه‌قێیه‌کى تردا، چونه (بانه)ى کوردستانى ئێران و پاشان گه‌ڕایه‌وه سلێمانى. له ئه‌یلولى (1882) که هێشتا شانزه ساڵى ته‌واو نه‌کردبوو، بوو به (نووسه‌ر) له (نفوسى سلێمانى)، پاش ماوه‌یه‌ک کرا به نووسه‌ر له دادگا، له ساڵى (1895) به وه‌زیفه‌ى یاریده‌ى دادوه‌رى گشتى گوازرایه‌وه بۆ که‌ربه‌لا، به‌ڵام بڕیاڕى دا نه‌چێت بۆ ئه‌وێ و به‌یه‌کجارى ده‌ستى له‌کارى (میریى) هه‌ڵگرت. دواى ئه‌وه‌ى ده‌ستى له‌کارى (میریى) هه‌ڵگرت، به‌هۆى زرنگ و زیره‌کییه‌که‌ى، شیخ مسته‌فاى نه‌قیب کردى به نووسه‌رى تایبه‌تى خۆى و له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى شێخ سه‌عیدى حه‌فید تێکه‌ڵ بوو، هه‌ر ئه‌و زیره‌کى و متمانهییهى پیرهمێردبوو که رۆژێک له رۆژانى ساڵى (1898) له‌ته‌ک شێخ سه‌عیدى حه‌فید و شێخ مسته‌فاى برای و شێخ مه‌حمودى کوڕى و چه‌ند پیاوێکى تر له خزمانى بنه‌ماڵه‌ى شێخ به‌ره‌و تورکیا به‌ڕێکه‌وتن. قۆناغى دووه‌م: ژیان له غوربه‌ت پیره‌مێرد کاتێک چووه ئه‌سته‌مبوڵ، ته‌مه‌نى (30) ساڵ بوو، کاتێک وه‌فده‌که‌ى شێخ سه‌عید و شێخ مه‌حمود و ده‌سته‌و دائیره‌که‌ى شێخ ده‌گه‌ڕێنه‌وه، تۆفیقى لاو که عاشقى جوانى و پێشکه‌وتن بوو مایه‌وه. به‌هۆى ئه‌و زیره‌کى و لێ هاتوویى و ره‌وانبێژییه‌وه که هه‌ى بوو، نووسه‌رى ده‌ربارى سه‌ڵته‌نه‌ت له ئه‌سته‌مبوڵ، وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و نامه‌یه‌ى ناسره‌دین شاى ئێران بۆ سوڵتان عبدالحمیدى ناردبوو، داواى له حاجى تۆفیق(پیره‌مێرد) کرد، وه‌ڵامى سوڵتان بۆ شا بنوسێته‌وه، وه‌ڵامه‌که‌ى هێند جوان و کاریگه‌ر بوو، سه‌رنجى کاربه‌ده‌ستانى سوڵتانى راکێشا، له پاداشتى ئه‌وه‌دا، بوو به ئه‌ندام له ئه‌نجوومه‌نى باڵا له ئه‌سته‌مبوڵ و دواتر پله‌ى (به‌گ)ى پێبه‌خشرا و بوو به که‌سێکى دیار له تورکیا. پیره‌مێرد له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هیچ خوێندنێکى ئه‌کادیمى نه‌بوو، داواى کرد له یاسا بخوێنێت، هه‌رچه‌نده هیچ شههادهیهکى نه‌بوو، به‌ڵام له کۆلێژى یاسا وه‌رگیراو به پله‌ى حه‌وته‌م خوێندنى ته‌واوکرد. پیره‌مێرد به ته‌واوى بوویه جێگه‌ى متمانه‌ى بنه‌ماڵه ناسراوه‌کانى تورکیا، تا کچێکى له بنه‌ماڵه‌یه‌کى ناسراوى (ئهدرنهیی) به‌ناوى (سامیه) خواست، له‌و ژنه دوو کووڕى لێ‌بوو به ناوى (نه‌ژاد و وه‌داد). پیره‌مێرد له تورکیا جگه له کارى پارێزه‌رایه‌تى به کارى رۆژنامه‌نووسیشه‌وه خه‌ریک بوو، سه‌ره‌تا له ساڵى (1908) ئیمتیازى گۆڤارى (رسملى کتاب)ى وه‌رگرت، دواى چوارساڵ، ئه‌م رۆژنامه‌یه داخرا، دواتر رۆژنامه‌ى کوردى به‌ڕێوه‌برد. هه‌روه‌ها جگه له‌و رۆژنامانه‌ى که خۆى سه‌رپه‌رشتى ده‌کرد، له زۆر رۆژنامه‌ى تر‌ى جیهانى نوسین و بڵاوکراوه‌ى هه‌یه‌و له‌و باره‌یه‌وه ده‌نووسێت ((له پایته‌ختدا مه‌به‌ستى (ئه‌سته‌مبوڵه) غه‌زه‌ته‌ى کوردیم ده‌ره‌کرد، له غه‌زه‌ته‌ى (محیت محور)ى میرى دا‌و رۆژنامه‌ى هه‌ره گه‌وره‌ى پاریس (تان) و له (سورخ) و (فه‌رهه‌نگ)ى ئێرانى دا بانگى کوردیم ده‌دا)) جگه له‌و رۆژنامانه، نوسین و شیعر و په‌خشانى تر که هه‌موو به‌رگرى کردن بوو له میله‌تى کورد له رۆژنامه‌و گۆڤاره‌کانى تر‌ى وه‌ک (رۆژى کورد، اقدام شمش، ژین، ژیان) که له‌و رۆژگارانه‌دا له ئه‌سته‌مبوڵ ده‌ره‌چوون، بڵاو ده‌کرده‌وه. ئه‌و پۆستانه‌ى پیره‌مێرد له تورکیا وه‌رى گرتووه پیره‌مێرد له‌به‌رئه‌وه‌ى پله‌و پایه‌کى به‌رز و جێگه‌یه‌کى بڵندى هه‌بوو له‌لاى کاربه‌ده‌ستانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى عوسمانییه‌کان له تورکیا، چه‌ن دین پله‌و پۆستى پێ ده‌سپێرن و ئه‌ویش به ئه‌مانه‌ته‌وه کاره‌کانى خۆى راپه‌ڕاندووه. یه‌که‌م پۆست که پیره‌مێرد له ده‌وڵه‌تى عوسمانى وه‌ریگرت له 5/9/1909 بوو کاتێک کرا به قایم مه‌قامى (جوله‌مێرگ) دواتر ساڵى 1917 چه‌ندین پۆستى تر‌ى وه‌کو قایم مه‌قامى (له قهرهموسڵ، بالاوه، بیت الشباب، گوش کوى، ئهتهبازاڕى) وه‌رگرتووه، هه‌ریه‌که‌و به‌چه‌ند ماوه‌یه‌کى جیاواز له‌و پۆستانه‌دا ماوه‌ته‌وه. پیره‌مێرد له تورکیا له کاروبارى حکومه‌تدا ده‌بێت، هه‌تا کاتى هاتنه‌سه‌ر حوکمى که‌مالییه‌کان که که‌وتنه گیانى کوردان و ئه‌و ساڵانه‌ى دوایی له تورکیا زۆر به‌ناخۆشى برده سه‌ر، به تایبه‌ت کاتێک مسته‌فا که‌مال له ساڵى (1924)وه زمانى کوردى یاساغ کرد. هه‌ر له‌و سه‌ر و به‌نده‌دا پێش ئه‌وه‌ى بێته‌وه، مسته‌فا سائیبى خوشکه‌زاى نامه‌یه‌کى بۆ ناردووه‌و به تورکى نووسیویه‌تى، پیره‌مێردیش ئه‌وه‌ى زۆر پێ‌ناخۆش ده‌بێت که رۆشنبیرێکى کورد به زمانى کوردى نامه نه‌نووسێ، ئه‌مه‌ى به‌لاوه نه‌نگى ده‌بێ و به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامى ده‌داته‌وه و بۆى ده‌نووسێت: مستۆ وادیاره تۆش جل خوار ئه‌که‌ى ئه‌ستۆت ئه‌خورێ و مه‌یلى بار ئه‌که‌ى نامه ئه‌نوسیت به‌زمانى تورکى له میلله‌تدا مائیل به شیرکى حاجى تۆفیق له‌ورۆژگاره‌دا له ژیانێکى نا ئاسایی دابوو، هاورٍێیانى کۆمه‌ڵى (کورد ته‌عالى) هه‌ندێکیان رایان کردبوو، هه‌ندێکیان له بهندیخانهدابوون، هاوڕێیانى تریشى زۆریان گه‌ڕابوونه‌وه عێراق، ئیتر ئه‌ویش دواى (25) ساڵ له ژیان له ئه‌سته‌مبوڵ بڕیاڕى گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستان ده‌دات و له ساتى گه‌ڕانه‌وه‌شى دا، له‌یه‌که‌م خولانه‌وه‌ى پێچکه ئاسنیینهکانى شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌دا ئه‌م شیعره ده‌ڵێت: ئه‌وا رووم کرده تۆ ئه‌ى دایکى موشهفیق بیست و پێنج ساڵه له غوربه‌تدا به یادى تۆ ده‌ژیم خوا شاهیدى حاڵه به‌مجۆره پیره‌مێرد له ڕێگه‌ى حه‌ڵه‌به‌وه دێته به‌غداو دواى دوو مانگ مانه‌وه‌ى له به‌غدا پیره‌مێرد له ساڵى 1926 گه‌یشته‌وه سلێمانى، رۆژنامه‌ى ژیانه‌وه له‌یه‌که ژماره‌ى دا که له 21/1/1926 ده‌رچووه ئه‌م چه‌ند دێڕهى نوسى بوو ((پیرێ له موعتهبهراتى وڵات، جه‌نابى حاجى تۆفیق، به‌گ ته‌شریفى هێنایه‌وه سلێمانى، عه‌رزى به‌خێرهاتنى ئه‌که‌ین) قۆناغى سێیه‌م ژیانى پیره‌مێرد دواى هاتنه‌وه‌ى له ئه‌سته‌مبوڵ پیره‌مێرد له ساڵى 1926 که گه‌ڕایه‌وه وڵات تا ساڵى 1932 توخنى هیچ وه‌زیفه‌یه‌ک نه‌که‌وت، به ساڵى 1932 دواى کۆچى دوای حسێن نازم، شاره‌وانى سلێمانى کردییه به‌رپرسى چاپخانه‌و رۆژنامه‌ى ژیان، له 9/5/1934 به شێوه‌یه‌کى فه‌رمى و له ته‌مه‌نى (67) ساڵى دا بوو به به‌ڕێوه‌به‌رى چاپخانه‌و سه‌رنووسه‌رى رۆژنامه‌ى ژیان و به هیمه‌تێکى لاوێکى (20) ساڵه نه‌ک (67) ساڵه کهوتهکارى رۆژنامه‌نووسى . ورده ورده قۆڵى لێ هه‌ڵماڵى و تاقانه رۆژنامه‌که‌ى کوردستان له‌و سه‌رده‌مه‌دا (ژیان) بوو به ئاوێنه‌یه‌کى بێگه‌ردى میله‌ت که خواست و ئاره‌زووى خۆى تیا به‌دى ده‌کرد، نوسه‌ران و شاعیران له ده‌ورى گردبوونه‌وه، پیره‌مێردیش به وتار و په‌خشان و شیعر و په‌ندى پێشینان گاڵته‌و گه‌پ مێژووى کورد و وه‌رگێڕان، به‌رده‌وام لاپه‌ڕه‌کانى پێدهڕازاندهوه. له‌و ماوه‌یه‌دا پیره‌مێرد، وه‌نه‌بێت ته‌نها خه‌ریکى کارى رۆژنامه‌وانى بووبێت، به‌ڵکو هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ى هاته‌وه سلێمانى، هه‌موو ساڵێک له گردى (یاره) ئاگرى نه‌ورۆزى ده‌کرده‌وه‌و سه‌رجه‌م خه‌ڵکى شارى سلێمانى له‌و سه‌رده‌مه‌دا له خوێنه‌وار و نه‌خوێنه‌وار و خه‌ڵکى به‌گشتى به جلوبه‌رگى کوردى ده‌چوونه گردى یاره‌و شادى و خۆشى ده‌به‌خشییه‌وه‌و ئاهه‌نگى نه‌ورۆزیان قه‌شه‌نگ تر ده‌کرد. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا که گه‌ڕایه‌وه سلێمانى، هه‌ستى کرد نه‌خوێنه‌وارى باڵى به‌سه‌ر شاردا کێشابوو، بۆیه بیرى کرده‌وه قوتابخانه‌یه‌ک بکاته‌وه، بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ى به رۆژ کاسبى ده‌که‌ن و حه‌ز له خوێندن ئه‌که‌ن، به‌ڵام ناتوانن بخوێنن، بۆیه قوتابخانه‌یه‌کى ئێوارانى کرده‌وه و ناوى نا، قوتابخانه‌ى (زانستى) که تایبه‌ت بوو به‌و که‌سانه‌ى به رۆژ به‌هۆى کار و کاسبى یه‌وه نه‌یانده‌توانى بخوێنن. به‌مشێوه‌یه پیره‌مێرد به‌رده‌وام بوو له کارى رۆژنامه‌نووسى و خزمه‌تکردنى ئه‌ده‌ب و مێژووى ئه‌ده‌بى کوردى و دواى داخستنى رۆژنامه‌ى ژیان، جارێکى تر له رێگه‌ى رۆژنامه‌ى ژین که له رێکه‌وتى 26/1/1939 یه‌که‌م ژماره‌ى ده‌رچوو، به‌گوڕ و تینێکى گه‌رمتره‌وه هاته مه‌یدان و تا وه‌فاتى کرد هه‌ر به‌رده‌وام بوو له کارى رۆژنامه‌نووسى. ئه‌و سێ رووداوه ناخۆشه‌ى له ژیانی پیره‌مێردا رووی داوه پیره‌مێرد، به‌رله‌وه‌ى کۆچى دوایی بکات سێ رووداوى ناخۆش له ژیانى دا رویداوه که برتییه له : ١. داخستنی رۆژنامه‌ی ژیان: رۆژنامه‌ی ژیان که یه‌که‌م ژماره‌ی له 21/6/1926 ده‌رچوو، دوا ژماره‌ی له 10/3/1938 دوای ده‌رچوونی (553) ژماره، خاوه‌نی ئیمتیاز له پیره‌مێرد ده‌سه‌ننه‌وه‌و ڕۆژنامه‌که‌ی پێ دا ئه‌خه‌ن. ٢.داخستنی قوتابخانه‌ی (زانستی) که پاش (12) ساڵ خزمه‌ت داخرا. ٣.قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌ڵکردنی ئاگری نه‌ورۆز له رۆژی 21/3/1938 که بڕیاردرا نههێڵێدرێت و نه‌یان هێشت ئیتر پیره‌مێرد یادی نه‌ورۆز بکاته‌وه، که ساڵانی پێشتر هه‌موو 21/3 ئه‌و ئاگری نه‌ورۆزی له‌گردی یاره ده‌کرده‌وه. دیاره قه‌ده‌غه‌کردنی ئه‌و سێ بابه‌ته، به فیتی کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک بوون که پیره‌مێردیان خۆشناویست و چوونه لای (مجید یه‌عقوبی) متهسهڕیفی ئه‌وکاتی سلێمانی و شکاتیان لێکرد، ئه‌ویش بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی هه‌رسێکی دا. پیره‌مێرد دواى مردنى غه‌زاله خانى خێزانى، به‌ته‌نیا مایه‌وه‌و جار جار هه‌ستى به ئازارى گورچیله‌ى ده‌کرد، نه‌خۆشى شهکرهشى هه‌بوو، له هه‌فته‌ى دووه‌مى مانگى حوزه‌یرانى ساڵى 1950 له وزه‌ى دا نه‌ما به‌دیار مه‌کینه‌ى چاپهکهوه بوه‌ستێ و له جێگادا که‌وت پزیشکه‌کان ده‌هاتنه سه‌ردانى و ئه‌و له‌و کاته‌دا که نه‌خۆشى بڕستى لێ بڕى بوو، هه‌ر خه‌مى رۆژنامه‌که‌ى بوو ده‌ى وت ((خه‌مى هیچ نییه، ته‌نها رۆژنامهکهم نه‌بێت)) پیره‌مێرد به‌وحاڵه‌وه ماوه‌ى سێ رۆژ له جێگادا مایه‌وه‌و له‌و سێ رۆژه‌دا ئه‌وه‌ى به بیردا هات به‌ناوى (وه‌سێت نامه)وه که بووه وهسێتنامهیهکى میژوویى نوسییه‌وه‌و له رۆژى 19/6/1950 به‌یه‌کجارى ماڵئاوایی کرد‌و له ژیاندا نه‌ما. (باخێک له وشه). مسته‌فا ساڵح که‌ریم
شوان ئەحمەد لەنێو ئەدەبیاتی جیهانیدا، کافکا وەک دیاردەیەک و وەک نوسەرێکی ناوازەو تایبەتمەند سەیر دەکرێت. ئەوێک کە تەنها چل و یەک ساڵێک ژیا‌و تا لەژیانیشدا بوو برێکی کەم لەبەرهەمەکانی بڵاوکردەوە، توانی پێچێکی گەورە بەنوسینی ڕۆمان و چیرۆک و یاداشت نامەو نامە نوسین بکاتەوەو لەو بوارانەدا، شتێکی نوێ و دانسقە بهێنێتە ئارا. کافکا هەم ژیانی ڕۆژانەی خۆی و هەم بەرهەمەکانی، هەتا ئێستاش هەروەک تەلیسمێک سەیردەکرێت و سەرباری هەموو ئەو لێکۆڵینەوەو باس و خواسانەی لەبارەیەوە کراون، هێشتا وەک ئەوە وایە هیچی لەبارەوە نەوترابێت و شتێکی ئەوتۆی لەبارەوە نەزانین. پێنچ شەش ساڵێکی دیکە، لەسەدەیەکی تەواوەتی بەسەر مەرگی ئەودا نزیک دەبینەوەو لەو ماوە دوور‌و درێژەشدا، سەدان کتێب و وتار‌و توێژینەوەو نامەی ماستەرو دکتۆرای لەسەر نوسراوە، کەچی هێشتا کافکا ناسان و هەوادارانی، تینووی زانیاری دیکەو پەرۆشی باس و خواسی تازەترن دەربارەی خاوەنی (کۆشک و دادگایی و ئەمریکا و بەدگۆڕان). لەم کتێبەدا (هەموو شتێ دەربارەی فرانتس کافکا)، دوو کافکاناس هەوڵدەدەن شتی زیاتر و زۆرتر، لەبارەی ئەو داهێنەرە مەزنەوە بەردەست بخەن. ڕەینەر شتاخی ئەڵمانی و ئیبراهیم وەتفی سوری، هەریەک لای خۆیەوە وەک دوو کافکاناس و وەک دوو عاشقی گەورەی ئەو نووسەرە ئاڵۆز‌و تەلیسماوییە، هەوڵدەدەن هەندێ ڕوبەرو هەندێ پانتایی ژیانی و بەرهەمەکانی، ڕونبکەنەوەو تیشک بخەنە سەر ئەو پنتانەی، هەتا ئەمڕۆ بەنادیاری ماونەتەوە. ڕەینەر شتاخ بەنامەی دکتۆرایەک (ئەفسانەی ئیرۆسانەی کافکا- ٢٧٧ لاپەرە، ساڵی ١٩٨٧) و لەگەڵ کتێبێکی سێ بەرگی دیکەشدا کە سەرو دوو هەزار لاپەرەیەک دەبێت (تایبەتە بەژیاننامەی کافکا) و بەرهەمی هەژدە ساڵ کارکردنیەتی (ساڵەکانی بڕیار ٢٠٠٢ ، ساڵانی دوای دانپیادانان ٢٠٠٨ ، ساڵە بەراییەکان ٢٠١٤). هەروەها ئیبراهیم وەتفی بەکتێبێکی چەند بەرگی قەوارە ئەستوور کە (بڕیار و تونچی و بەدگۆڕان و نامە بۆ باوک و ئەمریکا و دادگایی و نامە و یاداشتەکان) لەخۆ دەگرێت و پرۆژەی تەمەنیەتی، قۆڵیان لێهەڵماڵیووەو توانیویانە زۆرێک لەنهێنی ژیان و بەرهەمەکانی، فرانتس کافکامان بۆ ئاشکرا بکەن. پڕکێشی کردنی ئەوەی دەتوانرێت هەموو شتێ دەربارەی خاوەنی بەدگۆڕان و دنیا سەیرو سەمەرەکەی بوترێت، ڕەنگە جۆرێک لەزیادەڕۆیی پێوە دیاربێت (ئاخر کێ دەتوانێت هەموو شتێ دەربارەی فرانتس کافکا بڵێ و دوایین قسە دەربارەی ژیان و بەرهەمەکانی بکات؟). وەلێ ئەم دوو کافکا ناسە (شتاخ و وەتفی)، لەرێی خوێندنەوەی بەردەوام و بەخەرجدانی ئەو هەموو هەوڵە لەگەڵ جیهانە سەیرو سەمەرەکەی کافکا‌و بەرهەم و نوسینەکانی و ئەوانەشی لەبارەیەوە نوسراون، توانیویانە زۆر نهێنیمان بۆ ئاشکرا بکەن و زۆر نەوتراومان پێ بڵێن کەپێشتر ئێمە گوێ بیستی نەبووین و لێی بێئاگابووین. ئەم کتێبە گەر هەموو شتێکیش لەبارەی فرانتس کافکاوە نەخاتە ڕوو، ئەوا لانی کەم زانیاری نوێمان لەبارەیەوە بەردەست دەخات. کتێبەکە چەند وتار‌و گفتوگۆیەک لەخۆ دەگرێت، هەم لەبارەی پرۆژەکەی ڕەینەر شتاخەوە، هەم لەبارەی پەیوەندی دوور‌و درێژی ئیبراهیم وەتفی بە دنیای فرانتس کافکاوە. بەو ئومێدەی هەوادارانی کافکا زیاتر لە ژیان و بەرهەمەکانی ئەو داهێنەرە گەورەو دانسقەیە نزیک بکاتەوەو ئەوشتانەیان لەبارەی ئەوەوە پێ بڵێت کە پێشتر گوێ بیستی نەبوون. (ئەم کتێبە ئێستا لە کتێبخانەکانی کوردستاندا دەست دەکەوێت).
هاوڵاتی نازک مەلائیکە کە بە ڕابەری شیعری ئازادی عەرەبی دەناسرێت، ١٠ ساڵ دوای مردنی لە شاری بەغدا قاوەخانەیەکی بەناوەوە کراوەتەوە کە بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی رۆشنبیرانی شارەکە. لە دیواری قاوەخانەکەدا وێنەی چەندین شاعیر و داهێنەری عێراقی و جیهانیی هەڵواسراون، لەگەڵ بەخشکردنی گۆرانی و میوزیک لە ناو هۆڵەکە لە رێگەی بڵنگۆیەکەوە. ئەمە جگە لەوەی هۆڵێکی گەورەی تێدایە بۆ نمایش‌کردنی شانۆ و چالاکی هونەری و ئەدەبی. قاوەخانەی نازک مەلائیکە لە ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە، نزیکەی ٤٠٠ مەتر دوورە لەو ماڵەی کە تێیدا لە دایک بووەو تێیدا گەورە بووەو هەر لەوێ ناوبانگی دەرکردوە. نازک سادق مەلائیکە شاعیرێکی عێراقیە و لە ٢٣ ی ئابی ساڵی ١٩٢٣ لەدایک بووە، لەساڵی ١٩٤٤ خانەی مامۆستایانی تەواوکردوە، پاشان چووەتە پەیمانگای هونەرەجوانەکان و لەساڵی ١٩٤٩ بەشی مۆسیقای تەواوکردووە و لەساڵی ١٩٥٩ لە زانکۆی ویسکۆنسن مادیسۆن لەئەمریکا بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەبدا وەرگرتووە و بووەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و بەسرە و کوەیت. نازک مەلائیکە یەکەم کەس بووە لەساڵی ١٩٤٧ شیعری ئازادی نوسیوە و چامەی کۆلێرای بەیەکەم شیعری ئەدەبی دەژمێردرێت لە ئەدەبی عەرەبیدا، ئەگەرچی ناوی بەدر شاکر سەیابیش دەهێنرێت کە ئەویش لە هەمانکاتدا شیعری ئازادی نوسیوە. ئەو سەردەمەی کە دەستی کردووە بە شیعر نووسین، زۆر لە سەردەمی شاعیران بەدر شاکر سەیاب و شازل تاقە و عەبدول وەهاب بەیاتیەوە نزیکبوە و هەر چواریان بەپێشەوایانی نووسینی شیعری ئازاد لەعێراقدا دەژمێردرێن. نازک مەلائیکە لەشاری بەغدا لەنێو خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر پەروەردە بووە و دایکی نازک مەلائیکە بەناوی دایکی نەزاری مەلائیکەوە لەڕۆژنامە وگۆڤارە عێراقیەکان شیعری بڵاوکردۆتەوە و باوکیشی کە بە سادق مەلائیکە ناسراوبووە چەند نووسراوێکی لەپاش بەجێمابووە گرنگترینیان فەرهەنگی ئینسکلۆپیدیای خەڵکی کە لە ٢٠ بەرگدا نوسرابووەوە. نازک مەلائیکە زمانی عەرەبی خوێندووە و دواتر زمانەکانی لاتینی و ئینگلیزی و فەرەنسی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا خوێندووە و ماوەی ساڵێک لەبەیروت ژیاوە و ساڵی ١٩٩٠ لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی کەنداوی یەکەم ڕۆشتووە بۆ قاهیرە. نازک مەلائیکە ساڵی ١٩٩٦ خەڵاتی بابتینی بەدەستهێناوە و لەساڵی ١٩٩٩ یش دەزگای ئۆپرای میسری ئاهەنگێگیان بۆ گێڕا و خەڵاتیان کرد بەبۆنەی تێپەڕبوونی نیو سەدە بەسەر سەرهەڵدانی شیعری ئازاد لە وڵاتانی عەرەبیدا کە دەستپێکی سەرهەڵدانەکەی لەوەوە دەستی پێکردووە. نازک مەلائیکە بەهۆی نەخۆشیەوە لە ٢٠ ی مانگی شەش (حوزەیران) لە ساڵی ٢٠٠٧ و لەتەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. و لەقەبرسانێکی تایبەت بەخێزانەکەیان لە رۆژئاوای قاهیرە نێژراوە.
هاوڵاتی - هەرێم جەعفەر له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى هاوڵاتی-دا، ته‌یڤوون کووک جێگرى به‌رپرسى کاروبارى گشتى له کۆنسوڵگه‌رى ئه‌مریکا له‌هه‌رێم تیشک ده‌کاته سه‌ر به‌رنامه‌ى ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا که پێشکه‌شى هاوڵاتیان و خوێندکارانى کورد و عێراقى ده‌که‌ن، باس له به‌رنامه‌ى وڵاته‌که‌ى ده‌کات سه‌باره‌ت به پرۆگرامى ئاڵوگۆڕى و ناساندنى کلتورى ئه‌و وڵاته به فێرخوازانی کوردستانی، عێراقى هەروەها چۆنیه‌تى پڕکردنه‌وى فۆڕم و پێشکەشکردنی داواکاری هاوڵاتیان بۆ پرۆگرامەکانیان دەخاتەڕوو. هاوڵاتی: حکوومەتی ئەمریکا چ جۆرە پرۆگرامێک پیشکەش بە فێرخوازانی کوردستان و عێراق دەکات؟ تەیڤوون کووک: حکوومەتی ئەمریکا پرۆگرام گەلێکی هەمەچەشن دەربارەی پرۆگرامی ئاڵووگۆڕی و پەروەردەیی پێشکەش دەکات. من بەسەر دوو بەشدا دابەشیان دەکەم. یەکەمجار باس لە پرۆگرامەکانی ئاڵوگۆڕ دەکەم و دواتر دەچمە سەر پرۆگرامەکانی پەروەردەیی. ئێمە پرۆگرامی ئاڵوگۆڕمان هەیە کە زۆربەی تەمەنەکان دەگرێتەوە. لە تەمەنی ١٣ بۆ ٥٠ ساڵ دەگرێتەوە. پرۆگرامان هەیە کە له ناو عێراق به‌ڕێوه‌ده‌برێت بۆ فێربوونى زمانى ئینگلیزى بۆ خوێندکارانى که‌مده‌رامه‌ت کە تەمەنیان لە نێوان ١٣ بۆ ٢٠ ساڵانە و زانیاری ئەوتۆیان نیە دەربارەی کەلتووری ئەمریکا و ئێمە پێیان دەناسێنین. بۆ ئەوە سێ پرۆگرامى فێربوونى زمانى ئینگلیزیمان هه‌یه لە سێ شوێنی جیاواز، وەک هەولێر و سلێمانی و دهۆک. ساڵانە نزیکەی ٦٠٠ فێرخواز لە تەواوی عێراق سوودمەند دەبن لەم پرۆگرامە، هەروەها بۆ فێرخوازانی دواناوەندی و زانکۆکان، پرۆگرامی ئاڵۆگۆڕ گەنجانى سەرکردەکانی عێراق ئایلپ. ئێمە چەند فێرخوازێک لە کۆتا قۆناغەکانی دواناوەندی و سەرەتا قۆناغەکانی زانکۆ هەڵدەبژێرین بۆ مانگێک دەچنە ئەمریکا. ئەوان دەرفەتیان هەیە کە لەگەڵ خێزانێکی ئەمریکی و خەڵکی لۆکا‌ڵی ئەمریکا بژین کە ئەمەش بۆ زیاتر ناساندنی کەلتووری ئەمریکایە، هەروەها وەک باڵیۆزی وڵاتەکەیان وان بۆ ناساندنى وڵاته‌که‌یان به خه‌ڵکى ئه‌مه‌ریکا، ئەمریکیەکانیش دەتوانن لەم فێرخوانە فێربن ئەگەر ئەمان باس لە کەلتووری وڵاتی خۆیان بکەن. تەواوی پرۆگرامەکانمان و خزمه‌تگوزارییه‌کانمان بێ بەرامبەرن هەروەها پڕۆگرامێکی دیکەمان هەیە بۆ خوێندکارانى زانکۆ بەناوی خوێندنی پەیمانگای ئەمریکی سوسی بۆنمونه به‌شێکى ئه‌و پرۆگرامه تایبەتە بە زانیاری دەربارەی هەمەچەشنی ئاینی. با بڵێین کەسێک دەیەوێت زانیاری لەسەر ئاینی جیاواز هەبێت تاکو بتوانێت پردێک لە نێوانیان دروست بکات. هەروەها پڕۆگرامان هەیە بۆ ئەوکەسانەی کە حەز بە شارستانی و تێکەڵبونی کۆمەڵگا جیاوازەکان دەکەن کە تایبەتە بە مامۆستا و فەرمانبەران. پرۆگرامێکی دیکەمان بە ناوی دەستپێشخەری هاوبەشی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە کە ئەگەر ئینگلیزی بزانی دەتنێرین بۆ ئەمریکا و ئەگەر عەرەبی بزانیت دەتنێرین بۆ زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت کە زیاتر تەرکیز دەکاتە سەر ڕێکخراوە کۆمەڵاتیەکان و تێکەڵبوونە شارستانییەکان. پرۆگرامێکی دیکەمان هەیە بە ناوی هەمفرێی، کە تایبەتە بەو کەسانەی کە پێشکەوتوون لە بوارەکانی خۆیاندا. ماوەی ١٠ مانگ لە ئەمریکا دەمێنیتەوە و دەچێتە پۆلەکانی خوێندن و تێکەڵ بە کۆمەڵگا دەکرێیت تاکو ئەو ئەزموون و بەهرەیەی فێربووە بە ئەمریکای نیشان بدات و لە هەمان کاتدا لەگەڵ هاوتا ئەمریکیەکانی پەرەیان پێبدات. ئەمە پێدواچوونەوەیەکی خێرا بوو لە پڕۆگرامەکانی ئاڵووگۆڕی ئێمە. لە لایەکی ترەوە ئێمە پڕۆگرامێکمان هەیە کە جەخت لە پەروەردە دەکاتەوە بە ناوی فوول برایت کە ڕێگەت دەدات ماستەر بخوێنی لە ئەمریکا بۆ ماوەی دوو ساڵ و لە لایەن حکوومەتی ئەمریکاوە خەرجیەکانی تەرخان دەکرێت. بەشێکیشمان هەیە لەناو کونسڵخانە بە ناوى خوێندن له ئەمریکا کە لە من وچەند ڕاوێژکارێک پێکهاتوون و سەردانی دواناوەندی و زانکۆکان دەکەن تاکو زانیاری بدەن بە فێرخوازان لەبارەی چۆنیەتی خوێندن لە ئەمریکا. بۆ نموونە چۆن زانکۆیەک دەدۆزیتەوە، چۆن داوا پێشکەش بکەیت و چۆن یارمەتی دارایی بۆخۆت پەیدا بکەیت. بۆ ئێمە خزمەتگووزاری زۆر پێشکەش دەکەین. که‌واته ئێمه کۆمه‌ڵێک خزمه‌تگوزارى له هه‌ردوو بواره‌که‌دا، بوارى خوێندن هه‌روه‌ها بوارى پرۆگرامه‌کانى ئاڵوگۆڕى پێشکه‌ش ده‌که‌ین. هاوڵاتی: ئەو کەسەی کە خوێندکاران لە پرۆگرامە جیاوازەکان هەڵدەبژێرێت ئێوەن یاخود دامەزراوەی دیکە هەن لە ئەمریکا؟ تەیڤوون کووک: هه‌ر یه‌کێک له‌م پرۆگرامانە مه‌رج و داواکاری جیاوازیان هەیە لە فێرخوازان. هەندێکیان ئێمە هەڵیان دەبژێرین له هەولێر، ئەم پرۆگرامانە له‌سه‌رانسه‌رى عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چن، ئێمە داواکارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرین. بەغدا (باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا) داواکاری بەشەکانی ناوەڕاست هه‌روه‌ها کونسوڵخانه‌ى بەسرە داواکارانی بەشەکانی خوارووی عێراق وەردەگرن. ئێمە میکانیزمێکمان هەیە کە هەڵبژاردن بکەین لەو سێ گروپە جیایە. بەڵام دەگەڕێتەوە بۆ پرۆگرامە جیاوازەکان و بە جیاوازی کار دەکەن. هاوڵاتی: ئەو مەرجانە چین کە دەبێت لە فێرخوازاندا هەبن تاکو پەسەند بکرێن بۆ ئەو پرۆگرامانە؟ تەیڤوون کووک: هەندێک مەرج هەن کە حەتمین و هەندێک مەرجیش هەن کە داواکاران باشتر دەکەن. مەرجێک کە دەبێت لە گشت فێرخوازا هەبێت ئەوەیە کە خەڵک و دانیشتووی عێراق بێت. پرۆگرامەکانیش مەرجی جیاوازیان هه‌یه لە جیاتی ئەوەی لێرە دانیشین و بێزارت بکەم بە وردەکارییەکان، من دەتنێرم بۆ ماڵپەڕەکەمان و لینکی تایبەتی دواکارییەکان بەڵام جیا لە عێراقی بوون و ئەوەی لە کوێ دادەنیشی، ئەوەی گرنگبێت و زیاتر تەماشان دەکرێن ئەوەیە کە ئایا تۆ که‌سێکى بیر کراوه‌یت؟ ئەو کەسە توانای سەرکردایەتی چەندە؟ تۆ چەند ئامادەیت کەلتووری خۆت بەو کەسانە بناسێنێ کە لەبارەیەوە نازانن، چەند دەتوانی لە کەلتووری دیەوە فێر بێت، چونکە ئەمان پرۆگرامی ئاڵووگۆڕین دەبێت هەردوولا زانیاری وەربگرن. بۆیە ئێمە بە دوای ئەوانە دەگەڕێین کە دەتوان زانیاری بدەن و زانیاری وەربگرن ئێمە ساڵانە ٤٠٠ فێرخوازی عێراقی دەنێرینە ئەمریکا هەروەها ئەوەش گرنگە ئەو کەسە چەند لەگەڵ کۆمەڵگاکەی خۆی تێکەڵ بوە و کاری خۆبەخشی کردوە، ئەوانەی جیاوازییان درووستکردووە لە ناوکۆمەڵگاکانیاندا و ئەوانەشی کە دەتوانن جیاوازی دروست بکەن هاوڵاتی: هەر فێرخوازێک پێویستی بە چەند پارەیە تاکو بتوانێت لەو جۆرە پرۆگرامانە بەشدار بێت؟ تەیڤوون کووک: ، لە ماڵپەڕ و پەڕەی تایبەتی خۆمان لە فەیسبووک بە تەواوی ئەوەمان ڕوون کردۆتەوە کە چۆن داواکاری پێشکەش بکەیت، هەرکەس حەز بە پرۆگرامە ئاڵووگۆڕەکان ئێمە دەکات ئێمە هانیان دەدەین کە لە فەیسبووک فۆلۆمان بکە چونکە ئێمە هەر کاتێک پرۆگرامێکیش دەستپێبکات لە فەیسبووک دایدەنێن و تەواوی ڕێکارەکانیشی روون دەکەینەوە کە چۆن فۆرمەکانی داواکاری پڕبکرێنەوە بە بێ بەرامبەر. هه‌مان شت سه‌باره‌ت به خزمەتگوزارى ڕاوێژى خوێندن، من دەچم بۆ دواناوەندی و زانکۆکان لە دەرەوەی و ناوەوەی شار. هەر کاتێکیش زانکۆ یان قوتابخانەیەک پێویستی پێمان بێت و پەیوەندیمان پێوە بکات ئێمە دەچین سیمیناریان بۆ ساز دەکەین. ئەوەی بەم دواییەش بۆ ئەو مەبەستە زیادمان کردوە بەهۆی هاتنی پشووری هاوینەوە، راستەوخۆ قسەکردنە لە فەیسبووک لە پەڕەی تایبەتی کونسوڵخانە لە فەیسبووک. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر من بە لایڤ باسی چۆنیەتی گه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌ى شوێنى خوێندن له زانکۆکانی ئەمریکا کرد و هەفتەی داهاتووش دوای بەربانگ و ئەو کاتەی کە هەمومان تێرمان خواردوە من باس لە پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرى داواکارى پێشکه‌ش کردن دەکەم و هەنگاو بە هەنگاو روونی دەکەمەوە کە خەڵک پێویستە چی بکەن بۆ پێشکه‌شکردنى داواکارى و به‌ده‌ستهێنانى قبول له زانکۆکانى ئه‌مه‌ریکا. .ئەمەش بە تەواوی بێ بەرامبەرە تەنها سەردانی فەیسبووکەکەمان بکەن و لەبەر ئەوەش کە قسەکانم ڕاستەوخۆ دەبن خەڵک دەتوانن پرسیاریەکانیان بکەن هاوڵاتی: تاکو ئێستا چەند کەس سوودمەند بوون لە پرۆگرامەکانی ئێوە لە کوردستان و عێراق؟ تەیڤوون کووک: ژمارەیەکی یەکجار زۆر. من تەماشای تۆمارەکانم کردووە، چونکە ئێمە هاوبەشێکمان هەیە لە ئەمریکا کە تۆماری فێرخوازە بیانیەکانی لایە، لە دواین ڕاپۆرتیاندا هاتووە ، ١٦٩٨ فێرخوازى عێراقى چوونه‌ته ئه‌مه‌ریکا بۆ خوێندن له دامه‌زراوه‌ى خوێندنى جۆراروجۆر له‌ئه‌مه‌ریکا.. بەڵام وەک ئەوەی ئاماژەم پێدا ئێمە هەندێک کۆرسی دیکەمان هەیە کە لێرە لە ناو عێراق بەڕێوە دەچن. بۆ ئەوەش ساڵانە ٦٠٠ خوێندکار سوودمەند دەبن. ئێمە ساڵانە ٤٠٠ فێرخوازی عێراقی دەنێرینە ئەمریکا. کەواتە ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەڕۆن بۆ بەشداری کردن لە پرۆگرامەکانی ئاڵووگۆری و هه‌روه‌ها بۆ خوێندن. هاوڵاتی: ئایا کونسوڵخانەی ئێوە تەنها تایبەتە بە فێرخوازە کوردەکان؟ تەیڤوون کووک: کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر زیاتر تەرکیز دەخاتە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق و ئێمە کار بۆ چوار ناوچە دەکەین، هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە هاوڵاتی: ئایا ئەگەر فێرخوازێک لەلایەن حکوومەتی ئەمریکاوە سپۆنسەر نەکرێت، هێشتا دەتوانێت وەک فێرخوازێکی عێراق لە ئەمریکا بخوێنێت؟ تەیڤوون کووک: بێ گومان، وەک وتم خەڵکێکی زۆر ئاگادارن لە پرۆگرامەکانی ئێمە وەک ئایلپ و فولبرایت، ئێمە فێرخوازی زۆر باشمان هەیە کە بۆ ئەو جۆرە سپۆنسەریە داوا پێشکەش دەکەن وە ئەوە رکابەری زۆر تێدایە چونکی سوودی زۆر دەبەخشن ، بەڵام شتێک کە ئێمە کاری لەسەر دەکەین ئەوەیە کە خەڵکی بخوێنن بێ ئەوەی لەو پرۆگرامانە بن، کە بە خەڵک بڵێن جیا لەو پرۆگرامانە ڕێگای دیکە هەیە کە فێرخوازان بتوانن بچنە ئەمریکا و بخوێنن. تۆ پێویستت بە فوولبرایت نیە گەر بتەوێت لە ئەمریکا بخوێنی، بۆنمونه ئه‌گه‌ر تۆ خەونت ئەوەبێت لە زانکۆی هارڤەرد یان ستاندفۆرد بخوێنی بەڵام پارەکەت نەبێت. لێرەدا فێرخواز دەبێت فێربکرێت کە چۆن خۆی داوا پێشکەش بکات وه‌ک خوێندکارێکى نێوده‌وڵه‌تى و چۆن دەتوانێت پەیوەندی بە زانکۆکە بکات و خۆی بناسێنێت خۆی فۆرمە تایبەتەکان پڕبکاتەوە. پێویست ناکات بێیتە کونسوڵخانە بۆ ئەوە، وە زۆرێک فێرخواز نایەن کاتێک دەیانەوێت بخوێنن. ئێمە ئامانجمان ئەوەیە کە بژاردەی دی دروست بکەین کە ئەویش داواکاری پێشکەشکردنە بە راستەوخۆی. هاوڵاتی: ئایا ئەو فێرخوازانەی کە خۆیان دەڕۆن بۆ خوێندن کێشەی ڤیزایان بۆ دروست دەکرێت وەک لە وانەی بە پرۆگرامەکانی خۆتان دەڕۆن؟ تەیڤوون کووک: ڤیزا جیاوازە لە سکۆلارشیپەکە، ڤیزا دوای ئەوە دێت کە تۆ قبووڵ دەکرێیت لە زانکۆیەک، ئەوەی یەکەمجار گرنگە ئەوەیە کە چۆن وا لەخۆت دەکەیت کە وەربگیرێت لە زانکۆکە، ئەوانی دیکە دەبێت دواتر دێن. دەبێت بۆ ئەوەش فۆرمەکەت بە باشی پڕبکەیتەوە بۆ ئەوەی ڕەتت نەکەنەوە. هاوڵاتی: ئەو کەسانەی کە لەپرۆگرامەکان ئێوە بەشداری دەکەن دواتر چیان لێدێت؟ تەیڤوون کووک: ئەو کەسانەی کە سوودمەند بوون لە پڕۆگرامەکانی ئێمە، زۆر چالاکن. من کاتێکی زۆرم تەرخانکردوە بۆ بینینی ئەوان و ئاگاداری چالاکییەکانیانم. بۆ نمونه لێرە(هەولێر) هەندێکیان لە بانکی خواردن چالاکیان هەیە و لە سلێمانی لەگەڵ ڕێکخراوی پارێزگاری ئاژەڵان کار دەکەن بۆ سەگەکان، هەندێکی کەشیان لە بازرگانی جیاواز و کۆمپانیای نەوت و لە پەیمانگا پەروردەییەکان کاردەکەن. ئەوان هەموو کاری باش بۆ پێشخستنی وڵاتەکەیان دەکەن. من کاتێکی زۆر تەرخان دەکەم بۆ بینینیان و ئاگادار بوون لە کارەکانیان هاوڵاتی: ئێوە بڕوا دەکەن کە ئامانجی خۆتان پێکابێت لە ناردنی ئەو فێرخوازانە بۆ ئەمریکا؟ تەیڤوون کووک: بەڵێ، وەک دەزانی ئەمریکا پابه‌نده به عێراقێکی یەکگرتوو و فیدراڵ و خۆشگوزه‌ران، ئه‌مه‌ش له ڕێى پرۆگرامه‌کانى ئاڵوگۆڕییه‌وه دەکەین. پڕۆگرامەکانی ئاڵوگۆڕى ئێمه پردى په‌یوه‌ندى دروست ده‌که‌ن، هانى په‌یوه‌ندى هاوبەشی دەدەن بۆ درووستکرنی تێگەشتنی هاوبەش، بۆیە ئێمە ئەوە دەبینین کە ئامانجەکانمان بە دەستهێناوە هاوڵاتی:ئایا ئێوە لێرەش کۆرسی هاوینان بەڕێوەدەبەن؟ تەیڤوون کووک: وەک گووتم ئێمە زنجیرەیەک لە گفتوگۆى ڕاوێژکارى خوێندنمان هه‌یه، ئێمە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆى دووەمان ئه‌نجام ده‌ده‌ین ئەوانەی کە حەزی پێ دەکەن فۆلۆومان بکەن لە فەیسبووک و ئێمە ئاگادارییەکان بڵاودەکەینەوە. دواتر دانهیکى ترمان له کۆتایى مانگى شه‌ش ده‌بێت و پاشانیش دانه‌یه‌ک له مانگی تەمووز. پڕۆگرامێکمان هەیە ڕێگەت دەدات ماستەر لە ئەمریکا بخوێنی لە لایەن حکوومەتی ئەمریکاوە خەرجییەکانی تەرخان دەکرێت ئێمە هەروەها بەشێکمان هەیە بە ناوی گۆشەی ئەمریکی لە سلێمانی و دهۆک و هەولێر لە زانکۆی کوردستان. ئێمە زۆر پڕۆگرامان هەیە لە ڕێگای ئەو سێ گۆشەیە وەک نیشاندانی فیلم دەربارەی ژیانی و کەلتووری ئەمریکا و کۆنسێرتی مۆسیقامان هەیە و وۆرک شۆپی جیاوازیشمان هەیە وەک وۆرک شۆپ لەسەر چۆنیەتی نووسینی سی ڤی وە ئێمە هانی خەڵک دەدەین، ئەوانەی حەز بە بەشداری دەکەن لەو چالاکییانە، فۆلۆی فەیسبووکی گۆشەی ئەمریکی(ئەمێریکان کۆرنەر) بکەن چونکە ئەوان چالاکییەکان بڵاودەکەنەوە، هەندێک جار ئێمە لە پەڕەی کوونسوڵخانە چالاکیەکانیان بڵاودەکەیەنەوە هاوڵاتی: ئێمە ئێستا دوو زانکۆی ئەمریکیمان هەیە، ئایە ئەو دوو زانکۆیە تا چەند ئەمریکین و لەگەڵ ستاندەری سیستەمی خوێندنی ئەمریکا یەک دەگرنەوە؟ تەیڤوون کووک: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە و پێویستی بە زانیاری ووردە له‌سه‌ر سیسته‌مى به‌ڕێوه‌بردن و ڕێکخستنى زانکۆکان له‌ئه‌مه‌ریکا. حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا زانکۆکان ڕێکناخات و بەڕێوەیان نابات بۆ ئێمە ناتوانین بڵێین کە ئایا ئەوان لە ئاست زانکۆکانی ئەمریکان یان نا، ئەوانە دامەزراوەی ئەهلین و ئێمە تەداخول ناکەین.
شوان ئەحمەد کارل پۆپەر لەگفتوگۆیەکیدا، سەبارەت بەمنداڵان ئاوادەڵێت:(منداڵان خۆشەویسترین و بەنرخترین ئەمانەتی ژیانن، بۆیە دەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە، لەو ئەمانەتە بڕوانین). ئەڵبەتە پۆپەر وەک بیرمەند و فەیلەسوفێکی دیاری سەدەی بیستەم، بەپلەی یەکەم ڕوی دەمی لەدایکان و باوکانە و دوای ئەوانیش، بەرپرسیارێتیەکە ڕووبەڕووی تەواوی کۆمەڵگە دەکاتەوە. بەڵام ئاخۆ لەم سەردەم و زەمانەدا کەخەریکە (هەموو نەزم و عورف و قانونێک) لەبەین دەچێ، خێزان وەک کۆمەڵگەیەکی بچوک و کۆمەڵگەش وەک خێزانێکی گەورە، دەربایسی ئەوشتانە هەن و وەک ئازیزترین و بەهادارترین ئەمانەتی ژیان، سەیری جگەرگۆشەکانیان دەکەن؟ ئەم فیلمە (Jeune&jolie)، ڕویەکی تاریک و لێڵی ئەو مەسەلەیەمان نیشان دەدات. لەمەترسیەک بەئاگامان دێنێتەوە کەڕەنگە، بەرۆکمان پێبگرێت و ژیانی خۆمان و منداڵ و خانەوادەکانمان بشێوێنێ. سەروەختێک منداڵەکانمان بەفەرامۆشی دەسپێرین، ئەوا لەولاوە زەمانە قەپاڵی گەورەمان لێدەگرێت. ئێزابێل کیژێکی جوان و جەحێلی حەڤدە ساڵانە، لەگەڵ دایک و برایەکی لەخۆی بچوکتر و باوە پیارەکەیدا دەژی. هێشتا خوێندکاری دواناوەندییەو نەچۆتە زانکۆ. هاوینی ئەو ساڵەی تەمەنی دەبێتە هەژدەساڵ، بۆ پشوو لەگەڵ ماڵەوەیان ڕوو لەناوچەیەکی گەشتوگوزاریی فەرەنسا دەکەن. ڕۆژانە بۆ مەلەکردن و خۆبەخۆردان، لەگەڵ برا بچوکەکەیدا دەچنە کەنار دەریا. لەوێ کوڕێکی گەنجی بلۆندی ئەڵمانی دەناسێت، بەناوی فیلیکس کەدوانزە ساڵێک لەخۆی گەورەترە. شەوێک بەدزی ماڵەوەیان لەگەڵ فیلیکسدا دەچنە شەوە ئاهەنگێکی گەنجانەو هەر لەوشەوەدا لەکەنار دەریا، تێک دەئاڵێن و ئێزابێل پەردەی کچێنی لەدەست دەدات. لەوکاتەی سەرگەرمی ماچ و موچن و خۆیان لەیەکتر هەڵدەسون، فیلیکس هەستدەکات پەشۆکاوییەک بەسیمای ئێزابێلەوە دیارە، بۆیە بەگوێیدا دەچرپێنێ: (ئەمە یەکەمجارتە؟). ئێزابێل سەرێک ڕادەوەشێنێ و بەڵێیەکی بۆدەکات. ئەمە تائێرە بۆ کلتوریی خۆرئاوا و پەیوەندی نێوان کوڕ و کچێکی ئەوروپایی، ئاساییە و جێی پرسیار‌و سڵەمینەو شورەیی نییە. ئەوەی نائاساییە و وەک مەترسییەک لەم فلیمەدا نیشان دەدرێت، ئەوەیە کەدواتر پاش گەڕانەوەی ئەو خانەوادەیە بۆماڵەوە و دەست پێکردنەوەی ژیانی ئاساییان، لەنێو دنیا جەنجاڵەکەی شاردا ڕوودەدات. لەقوتابخانە ئێزابێل تەنها کچێک هاوڕێیەتی و هاتوچۆ و چونەدەرەوەیان پێکەوەیە. ڕۆژێک لەکاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە، کابرایەک شوێنیان دەکەوێت و بانگ لەئێزابێل دەکات و پێیدەڵێت (ئامادەیت بەبڕێک پارە لەگەڵمدا بخەوی؟).هەرچەندە ئێزابێل نەبە (بەڵێ) و نەبە (نەخێر) وەڵام ناداتەوە، بەڵام کابرا ژمارەتەلەفۆنی خۆی بۆجێدێڵێت. دوای هەفتەیەک پەیوەندی بەکابراوە دەکات و ڕازی دەبێت، بەوەی لەگەڵیدا بخەوێت. لێرەبەدواوە، ڕۆڵی مەترسیداری تۆڕی ئەنتەرنێت و دنیایی دیجیتاڵی سەردەمی گڵۆبالیزەیشن و گەشەی خێرا و بەپەلەی تەکنۆلۆژیا و ئامرازەکانی پەیوەندی کردن، دێتە پێشێ.کەچۆن گەر ئاگاداری نەبین، دەشێت ژیان و چارەنوسی منداڵەکانمان وێران بکات. بۆئێزابێل ئەوتۆڕی پەیوەندییە بەرفراوانەی دنیای (نێت) دەبێتە دەروازەیەک، بۆبەستنی جۆرەها پەیوەندی نادروست و بۆنمایشکردنی لەشو لاری خۆی و دۆزینەوەی زۆرترین موشتەری و کڕیار کە لە بۆسەدان بۆکچانی هەرزەکار. لەفەترەیەکی زەمەنی کەم و کورتخایەندا، ئێزابێل بازاری گەرم دەبێت. زۆرێک لەوانەی سێکسیان لەگەڵدا دەکات و لەشی خۆیان پێدەفرۆشێت، پیاوانی بەتەمەن و بەساڵاچون و لەعومری باوکیدان. ڕۆژانە ئەم جەستەی وەک کاڵا هەڕاج دەکات و جزدان و جانتای پارەکانیشی تادێت قەبەتردەبێت. یەکێک لەوپیاوە بەتەمەنانەی لەگەڵیدا بە (300) یۆرۆ ڕێک دەکەون، دوای ئەوەی لەناو ئۆتۆمۆبێلی کابرادا سێکسێکی تەڕو بڕدەکەن و لێ دەبنەوە، لەڕێگا دەکەونە دەمەتەقێ: -تۆ زۆر جوانی تەمنت چەندە؟ -بیست ساڵم. -ئەمەت کردووە بەپیشە؟ -بەڵێ. -بۆ پارە دەیکەیت؟ -ئەرێ کابرا لەوێدا پیێدەڵێت: (بەڵام بزانە کەیەکجار بویت بەلەشفرۆش و سۆزانی تائەبەد لێت نابێتەوە.. لەشفرۆشی قۆناغێک نییە جێی بێڵیت و بڵێی تەواو). ئێزابێل لەسەر تۆڕی نێت، ناوی خۆی دەگۆڕێت بە (لیا).. مشتەری زۆری هەیە، بەڵام پیاوێکی بەتەمەنی خاوەن ژن و منداڵ (کەکچەکەی بەچەندین ساڵ لەئێزابێل گەورەترە)، زۆرترین کڕیاری ئەوە و ناوی (جۆرج فێرێر)ە و تاڵی ڕەش لەسەریدا نەماوە.هەم نەرم و نیانە لەگەڵیداو هەم بۆپارەدانیش قسوری ناکات.. شوێنی یەکتربینینیان هۆتێلێکی پێنچ ئەستێرەی گەورەدەبێت، لەژوری ژمارە (6095). ئەو جارەیان کەجۆرج فێرێر ڤیاگرایەکی زۆر دەخوات، باری تەندروستی تێک دەچێت. لەکاتی سێکسکردن کەئێزابێل بەسەریەوەیەتی، گیانی دەردەچێت. مردنی جۆرج فێرێر بەو شێوە و لەو ئوتێلەدا، دەبێتە باعیسی ئاشکرابوونی ئێزابێل لای ماڵەوەیان.کاتێک پۆلیس ڕووداوەکە دەگەیەننە دایکی لەشوێنی کارەکەی و دەست بەپشکنینی ژورەکەی و لاپتۆپەکەی دەکەن، تەواوی سیناریۆو بەسەرهاتەکەیان بۆڕوون دەبێتەوە. دایکە تێدەگات لەبێئاگایی ئەودا، ئێزابێلی کچی بۆتە (لیا). هاوارو لەخۆدان و لێدانی کچەکەی و سەرکردن بەکۆشی دەرونناساندا بۆ ئەوەیە، جارێکی تر کچەکەی لە (لیا)وە بکاتەوە بەئێزابێل. پەیامی فیلمەکەی (فرانسوا ئۆزۆن)ی دەرهێنەری ناسراوی فەرەنسی ئەوەیە پێمان بڵێت، گەر بەڕاست منداڵان خۆشەویسترین و بەنرخترین ئەمانەتی ژیانن، ئەوادەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە، لەو ئەمانەتە بڕوانین و بەفەرامۆشیان نەسپێرین.. دەبێت نەهێڵین لەناو جەنجاڵیەکانی ژیاندا، جگەرگۆشەکانمان بژاکێن و لەناوتۆڕی پەیوەندییە تەکنۆلۆژییەکانی دنیای مۆدێرن و سەردەمی گڵۆباڵدا، فرزەندەکانمان لەخشتەببرێن و ببنە نێچیری ڕاوچییان. پەیامی ئەو بۆئەوەیە نەهێڵین ئێزابێلەکان ببنە (لیا)، چونکە زەحمەتە کاتێک بوون بە(لیا)، جارێکی ترببنەوە بەئێزابێل.
شوان ئەحمەد (هەمیشە شتێکی نادیار ئازارم دەدات) -کامیل کلۆدێل- ژنان کەتوندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت و دەچەوسێنرێنەوەو وەک کارەکتەرێکی پاسیڤ و هیچ لەباردانەبوو سەیردەکرێن، ئۆباڵەکەی تەنها بەئەستۆی خەڵکانێکی عەوام و نەخوێندەوارو بێ‌ئاگا نییە. تراژیدیای ژنان هەر بەرهەمی دەستی پیاوانی نەخوێندەوارو کۆنەپەرست و دەرون نەخۆش نییە، بەڵکو ئەو پیاوانەش بەشدارن لەو پرۆسەیەدا کە ڕۆشنبیرو هونەرمەندو خوێنەوارو لیبراڵ و مۆدێرنن. فیلمی (کامیل کلۆدێل 1915)، زانیاری پێویستمان لەوبارەیەوە بەردەست دەخات. کامیل کلۆدێل (1864- 1943)، ژنە پەیکەرتاشێکی بەهەرمەندو دەست ڕەنگینی فەرەنسایە. بەسەرهاتی پەیوەندیی ئەوینداری ئەو لەگەڵ پەیکەرتاشی بەناوبانگی فەرەنسی ئۆگست ڕۆدان ( ١٨٤٠ -١٩١٧)، یەکێکە لە بەسەرهاتە بەناوبانگەکانی ناو مێژووی هونەر. تراژیدیای ئەم خانمە هونەرمەندە، هێندە بەسوێ و تفت و تاڵە، سینەماکارانی والێکردووە لەماوەی کەمتر لەسی ساڵدا (1988-2015)، دوو فلیمی ئاست بەرزی لەسەر بەرهەم بهێنن! یەکەمیان ساڵی 1988 لەدەرهێنانی برۆنۆ نیوتن و نواندنی ژنە ئەکتەری بەناوبانگ ئیزابیل ئەدجانی، دووەمیان ساڵی 2015 لەدەرهێنانی برۆنۆ دومۆنت و نواندنی ژنە ئەکتەری بەناوبانگ جۆلێت بینۆچێ. وەک خۆم جولێت بیۆچێ یەکێکە لەژنە ئەکتەرە دڵخوازەکانم و دەتوانم بڵێم، زۆربەی زۆری فیلمەکانیم بینیوەو بەڕۆڵ بینینەکانی سەرسامم. لە (کامیل کلۆدێل 1915)یشدا، ڕۆڵگێڕانی بەئاستێکە لەباسکردن نایەت. فیلمەکە حیکایەتی سی ساڵی وێرانبونی ڕۆحی ژنە هونەرمەندێکمان بۆ دەگێڕێتەوە، کەبەهۆی ناپاکی و خەمساردی دوو پیاوەوە (مامۆستا‌و خۆشەویست) ئۆگست ڕۆدان و (برایەک) پۆل کلۆدێلی شاعیر‌و شانۆنامەنوس و دیبلۆماتکاری فەرەنسیەوە، دووچاری دەبێت. ڕۆدان وەک مامۆستا و خۆشەویستێک، ناپاک دەردەچێت لەگەڵیداو پۆل کلۆدێلی براشی، نامەردانە لەنەخۆشخانەیەکی دەرونی نزیک (ئەفینۆن) گیری دەدات. سەرەتا وەک مامۆستا‌و قوتابیەک (کەبیست و پێنچ ساڵ جیاوازی تەمەن لەنێوانیاندا دەبێت)، بەهرەو جوانی و نەرم و نیانی کامیل کلۆدێل، وزەیەکی نوێ و گوڕ‌و تینێکی زۆر دەبەخشێتە ڕۆدان و ئەوەش لە پەیکەری (ماچ)دا، بەزەقی ڕەنگ دەداتەوە. کەچی دواتر ڕۆدان، زۆر خوێن ساردانە کۆتایی بەهەموو شتێک دێنێت و نەک هەر لەکامیل کلۆدێل دوور دەکەوێتەوە، بەڵکو ئەو سکەشی کە بەرهەمی پەیوەندی نێوانیان دەبێت، بەزۆری زۆرداری پێی لەباردەبات. ئەو خانمە هونەرمەندە، بەو هەڵوێستەی مامۆستا‌و ئەویندارەکەی شۆک دەبێت و دەکەوێتە شکاندنی تەواوی کارە هونەرییەکانی خۆی. ئەوەش لەو باوەڕەوە دەکات کەئەو مرۆڤەی ناپاکی لەگەڵدا کردووە، زۆر بەئاسانیش دەتوانێت بەرهەمە هونەرییەکانی بدزێت و بیانکات بەهی خۆی. هەر بەڕاستیش کامیل کلۆدێل، ڕۆدان بەدزینی هەندێ ئایدیا‌و ئیشە هونەرییەکانی تاوانباردەکات و ئەویش بۆ خۆقوتارکردن لەوسکانداڵە، نایکاتە نامەردی و تۆمەتی (شێتی و دەرونشێواویی) دەداتە پاڵ. لەبەرامبەر ئەو ئابڕوچونەدا، خانەوادەکەی و پۆل کلۆدێلی برای لەبری ئەوەی داکۆکی لەکامیل بکەن، بۆ کڕینەوەی حورمەتی خۆیان، وەک بنەماڵەیەکی خواپێداوی کاتۆلیک مەزهەبی پاریس، دەیخەنە نەخۆشخانەیەکی دەرونی بۆ چارەسەرو لەگەڵ ئەو داخڵکردنەشیدا، ئیتر تامردن دەرەوە نابینێتەوە. فیلمەکە لەڕێی دیمەنگەلێکی بێدەنگەوە، حەسرەت و زام و هەلا هەلابونی ڕۆحی ژنێکمان نیشان دەدات کە پیاوە بێشەرەفەکان، لەوێدا گیریان داوە. پۆل کلۆدێلی برای تەنها چەند جارێکی کەم لەماوەی ئەو سی ساڵەدا، سەری لێدەدات و ئەقڵ شێواوی و مانەوەی لەوێدا، وەک قەدەرێکی ئیلاهی سەیر دەکات. لەو دەیان نامەیەی کە بۆی دەنێرێت، لێی دەپاڕێتەوە بیباتە دەرەوەی ئەو شوێنە، تا جارێکی تر بەدیداری پاریس و ژوورەکەی خۆی شاد بێتەوە: (تکایە لەدەست سارد‌و سڕی ئەم شوێنە وەڕس بووم. ئاخر ئیتر هێندە دار‌و تەختەی لێنیە بەشی گەرم کردنەوەی جەستە لەڕو لاوازەکەم بکات و ڕۆحیشم پەرۆشی فڕینە بەرەو ڕوناکی.. دەزانی بیری دایکم دەکەم، بیری ژوورەکەم دەکەم و دەمەوێت جارێکی دی لەپەنجەرەکەیەوە، بڕوانمە شەقامەکان و سەیرێکی دیکەی ژیان بکەم. تکات لێدەکەم بمبەرەوە). ئەو ژنە سی ساڵی ڕەبەق بەو جۆرە دەپاڕێتەوەو داد‌و بێداد دەکات، کەچی نەیاساو نەئاین و نەئەوین و نەئامێزی دایک و نەشاعیربونی براکەی، بەهانایەوە ناچن. تێکڕای فلیمەکە ناخ هەژێن و تراژیدیە، تراژیدیترین دیمەنیش کۆتا دیمەنی فلیمەکەیە کەکامێرا لەنزیکەوە دەم و چاوێکی سارد‌و سڕ‌و بێ تروسکایی کامیلیامان پیشاندەدات کەچاوی لە (ناشوێن) بڕیوەو شەرحی عومری بەباچوی خۆی دەکات.
ساڵانە هەزاراها هاوڵاتی مەسیحی سەردانی مەزارگەی "جەیمسی پیرۆز" دەکەن لەئیسپانیا کە بەحەج ناوی دەبەن. هاوڵاتی هاوشێوەی جیهانی موسڵمانان، مەسیحیەکانیش شوێنێك شك دەبەن تاکۆ بتوانن لەڕێیەوە خۆیان لەگوناحەکانیان پاكبکەنەوە، مەزارگەی کامینۆ دێ سانتیاگۆ یان "جەیمسی پیرۆز"ی وڵاتی ئیسپانیا رۆڵی کەعبەی موسڵمانان بۆ مەسیحیەکان دەبینێت. مەزاری جەیمسی پیرۆز دەکەوێتە باکوری رۆژئاوای ئیسپانیا لەو ناوچەیەی بەگالیسیا ناسراوەو ساڵانە هەزاران هاوڵاتی مەسیحی سەردانی دەکەن کە بەحەجی مەسیحیەکان ناسراوە. ناوی "جەیمسی پیرۆز" کە لەو مەزارگەیە نراوە بەپێی شوێنکەوتوانی ئاینی مەسیحی یەکێكە لە ١٢ هاوەڵەکەی مەسیح "عیسا"و بەیەکەم "شەهید"ئ رێبازەکەی دادەنرێت. ماڵپەری نیویۆڕك تامیزی ئەمریکی لەڕاپۆرتێکدا ئەو سودە ئابوریەی ئاشکرا کردوە کە ئیسپانیا ساڵانە بەهۆی ئەو مەزارگەیەوە دەستی دەکەوێت ئەوەش لەڕێگەی زۆربونی سەردانکەرانیەوە کە وەك دابونەریتێکی ئاینی لێهاتوە. سەردانکەران بەشێوەی گروپ و تیم گەشتێکی یەك مانگی بۆ ئەو مەزارگەیە ئەنجامدەدەن، کۆڵە پشت و جانتای گەورە هاوەڵی سەردانکەرانن، بەنەریتکردنی ئەم جۆرە گەشتە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سەدەی نۆزدە، جگە لە بەجێهێنانی ئەرکێکی ئاینی و رۆحی توانیویەتی کەرتی گەشتیاریش وڵاتی ئیسپانیا گەشە پێبدات، تەنانەت لەو کاتانەی کە ئابوری ئەو وڵاتە و جیهانی توشی قەیران دەبن، ئەم جۆرە حەجکردنە داهات و سەرمایە زۆرەکەی هەر بەردەوام دەبێت. "لەپڕ خۆت دەبینیت بەماندویی لەگەڵ خەڵکانێک رێ دەکەن کە وەك ئەوەی بۆ ئاهەنگ یان پەرکیک هاتبن، بەشەوقن، ئەم گەشتە وەكو ژیان وایە، تێکەڵە لەئەزمونی دڵخۆشکەرو خەمۆکی"، ئەمە وتەکانی ماریایە بۆ رۆژنامەی نیۆیۆرك تامیز کە یەکێکە لە سەردانکەران و لەوێسگەیەکی رادیۆ لەپاریس کاردەکات و نزیکەی ٤٨٠ میل رێگەی لەوڵاتەکەیەوە بڕێوە تا بگاتە مەزارگەی جێمسی پیرۆز. جیا لە مەزارگەکەی جەیمس، خەڵکێکی زۆر ساڵانە بەمەبەستی پەرستن و نوێژکردن سەردانی کۆشکی "ڤێرن مێری" دەکەن کە پەریکەرێکی کۆنی عیسا و مەریەمی دایکی تێدایە. شارەوانی ئەو ناوچەیە لەسەرەتای ئەمساڵدا رایگەیاند کە ئەوان ئیتر باجی ژینگەی لەسەردانکەرانی ئەو شوێنە پیرۆزانە وەردەگرین ئەوەش بەوە دەبێت کە گەشتیارەکان ئەوە خاشاکە کۆبکەنەوە کە دوای خۆیان بەجێیدەهێڵن. بەدەیان کۆمپانیای حکومی و تایبەتی ئیسپانیا لەئێستادا هەوڵ بۆ وەرگرتنی تەندەرو پڕۆژە دەدەن وەك دروستکردنی رێگایەکی نوێ بۆ ئەو پێگە ئاینیە تا بتوانن زۆرترین هادات لەڕێگەی گەشتیارانەوە قازانج بکەن. بەپێی ئامارە رەسمیەکانی حکومەتی مەدرید لەساڵی ١٩٨٤دا تەنها ٤٢٣ هاوڵاتی ئیسپانیا بڕوانامەی بەحاجیبونیان لەمەزارگەی جەیمس وەرگرتبوو، مەرجی سەرەکیش بۆ پێدانی ئەو بڕوانامەیە ئەوەیە دەبێت ١٠٠ کیلۆن مەتر بەپێ ببڕن لەو ناوچەیەدا. دوو لە کەسایەتیە جیهانیەکان کە تائێستا سەردانی مەزاری "جەیمسی پیرۆز"یان کردوە هەریەک لەئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیاو ماریۆ راژۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیایە. لەکاتی سەردانەکەی مێرکڵ، ئۆگستن هێرناندز سەرۆکی شارەوانی گالیسیا کە مەزارگەکەی لێیە رەخنەی لە کەمی ئەو پارەیە گرت کە تەرخانکراوە بۆ ئاسانکردنی گەشتنی گەشتیاران لەمەزارگەکەو داوای لە مێرکڵ کرد کە هەوڵبدات حکومەتی ئیسپانیا قایل بکات بۆ یارمەتیدانی شارەکەی. تائێستا هۆکاری زیادبونی سەردانکەرانی ئەو ناوچەیە بەتەواوی رون نیە، بەڵام کڵێسا‌ی رۆمان کاسۆلیکی ئەو ناوچەیە هۆکارەکە بۆ زۆربونی رێژەی مەسیءیەت دەزانێت. بەگوێرەی بەدواداچونێکی پەیمانگەیەکی حکومەتی ئیسپانیا کە کار لەسەر کایەکانی کۆمەڵگا دەکات رێژەی گەشتیاران بۆ ئەو ناوچەیە بە بەراورد بەساڵی رابردوو لەسەدا ٧،٥ زیادیکردوە. بەڵام بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرك تایمز بەرزی رێژەی بێ‌کاری لەئیسپانیا و هەبونی کاتێکی زۆری زیادە لەژیانی هاوڵاتیانیدا یەکێکە لە هۆکارەکانی زۆربونی سەردانکەرانی مەزاری جەیمسی پیرۆز کە وایکردوە کە خەڵکی زیاتر خوو بدەنە گەشتکردن . لیجیا ژانگ نوسەری ئیسپانی، بۆ نیویۆرك تایمزی وتوە "پێویستە دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا چەند گرنگی دەدەن بە گەشتیاری ئەوەندەش گرنگی بدەن بەشوێنە پیرۆزەکانی ئەو ناوچەیە". زۆرێك لەگەشتیاران دەزانن و رەخنەش لەکەمی خزمەتگوزاری گشتی دەگرن و بەوتەی دانیشتوانی ناوچەکەش زۆری گەشتیاران بۆتە هۆی کردنەوەی هۆتێل و شوێنی گەشتیاری و ئەمەش رێژەی بێ‌کاری لەو ناوچەیە کەمکردۆتەوە. "پێنج ساڵ بوو بێکاربوم، بەڵام دوای کردنەوەی میوانخانەیەکی ٤٠ ژوری ئێستا کاردەکەم،زۆربونی ژمارەی گەشتیاران هۆکارێکە بۆ دەستکەوتنی کار لێرە"، ئەمە وتەی کۆنچای دانیشتوی شاری گالیسیا بوو بۆ نیویۆرك تایمز.