هاوڵاتی لهقهزای بهردهڕهش سەعید بارانی وەک لێکۆڵەرێک ٣١ ساڵە تەمەنی خۆی بەخشیووە بۆ کۆکردنەوەی پارچە کەلەپوورییەکان و تا ئێستا، توانیوویەتی زیاتر لە ھەزار پارچەی کەلەپووریی لە مۆزەخانەی قەزای بەردەڕەش کۆبکاتەوە و پارێزگارییان لێ بکات. سەعید بارانی-ی لێکۆڵەر یەکێکە لەو کەسانەی کە لە خەمی پاراستنی کەلەپووری کوردەواریی سنووری قەزای بەردەڕەشە و لێکۆڵینەوەی لەسەر زۆر بابەتی میژوویی سنوورەکە کردووە، ئەو باس لەوە دەکات کە لە پێناو پاراستنی کەلەپووری کوردەوارییدا، حەزبە کۆکردنەوەی پارچەی مێژوویی و کەلەپووریی ھەبووە و لە ساڵی ١٩٧٦ ئەو کاتەی کە قوتابی بووە، سەردانی مۆزەخانەی زانکۆی مووسڵی کردووە و لەو کاتەدا، بیرۆکەی ئەوەی بۆ پەیدا بووە کە لە خەمی پاراستنی کەلەپووردا بێت و مۆزەخانەیەک لە سنووری پارێزگای دھۆک بکاتەوە. سەعید بارانی لەبارەی بیرۆکەی کارەکەیەوە لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١، ئەو هەلەمان بۆ رەخسا و دەستم کرد بە کۆکردنەوەی پارچەی کەلەپووریی لە سنووری قەزای بەردەڕش و زیاتر دوو ھۆکار ھەبوون کە دەستم بەم کارە کرد، یەکەمیان لەبەر پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا کە مەترسی لەناوچوونی کەلوپەلی کەلەپووری دروست کردووە، چونکە دەبێت مرۆڤ رابردووی خۆی بپارێزێت بۆ ئەوەی داھاتووی دیاربێت، دووەمیان لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوو، رژێمی بەعسی لەناوچوو ھەموو گوندەکانی کوردستانی تێکدا و وێرانیکردن، تەنھا ١٠٠ گوندێکی بەردەڕەش مابوونەوە، بۆیە بە دەرفەتم زانی دەست بە کۆکردنەوەی ئەو کەلوپەلانە بکەم کە مەترسی لەناوچوویان لەسەرە، بەھۆی نەبوونی شوێنەوە، سەرەتا خانووی خۆم کرد بە مۆزەخانە و لە رێگای جۆراوجۆرەوە داوامان لە خەڵکی گوندەکان کرد کە ئەو پارچە کەلەپوورییانەی کۆنن و موڵکی پیرانمانن و لە ماڵەکانیان ماون، بۆ ئەوەی لەناونەچن و پارێزراو بن، ئەوا بیهێنن لەو مۆزەخانە دایبنێن، چونکە تاکە شوێن کە ھەندێک شتی کۆنی تێدا مابوو، گوندەکان بوو". سەعید بارانی گلەیی دەکات لە نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ مۆزەخانە لە قەزاکەیان و جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەناچاری کەلوپەلەکانی لە ھۆڵێکی ناوەندیی وەرزش و لاوانی بەردەڕەش داناوە و کردوویەتی بە مۆزەخانە، ئەو شوێنە ئێستا زیاتر لە ھەزار پارچەی کەلەپووریی تیادا کۆکراوەتەوە کە کۆنترین پارچەی بازنێکە کە تەمەنی ١٤٩ ساڵە، ھەروەھا جووتە پێلاوێک لە مۆزەخانەکە هەیە کە تەمەنی ٨٠ ساڵە و چیڕۆکەکەی بریتییە لەوەی کاتی خۆی گەنجێکی ئەم ناوچەیە، بۆ دەستگیرانەکەی لە بەردەڕەشەوە بەپێ دەچێتە شاری حەلەب باکووری سووریا و جووتە پێلاوێکی بە دیاری بۆ دەکڕێت. لە دیارترین ئەو پارچانەی کە لە ساڵانی کۆندا بەکارھاتوون و لەناو مۆزەخانەکەی سەعید بارانی-دا پارێزراون و دەبینرێن فترەی سفر، ترگاری ئاو، بەردە سێل، درویشە، کەژی، سەرەدی گەنم، کەژی، تەوشۆ، قادە، قەڵانگ، پارزین، تەشکەبەر، قەرتاڵە، ھەمبانە، کورتان، شەی خۆری، سم تراش، زەنگوڵ، کەرستی ناڵبەندی، ناڵ، مەقەسی موو، بێلۆک، قەڵانگ، گاسن، مەنجەڵ، پەرداخ، قاپ، دەستاڕ، خشڵ و بابەتی جوانکاری ژنان، رادیۆ، ماکێتی لەدەست دروستکراو، فەرش، بەڕە، گڵێم، لبادی چنراو، بڕنەو، جلی کوردی و سەربازیی شۆڕشەکانی سەدەی رابردوو، دەسک و دۆڵ، پێڵاو، جانتای چنراو، گۆزە، کونە و ھەزاران پارچەی دیکە کە ھەندێکیان تەمەنیان زیاتر لە یەک سەدەیە. سەعید بارانی ئاماژەی بەوەش دا کە چەندجارێک داوایان کردووە شوێنێکی تایبەت بۆ مۆزەخانەی بەردەڕەش دروست بکرێت، ھەر چەندە شوێنێک لە بەردەڕەش لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە دیاریی کراوە کە بکرێتە مۆزەخانە و کتێبخانە، رێژەیەکی زۆری بیناکە تەواو کراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ بەھۆی قەیرانی داراییەوە کار تیایدا وەستاوە و گوتیشی: "داوا دەکەین کە ئەم بینایە تەواو بکرێت، بۆ ئەوەی ئەم پارچە کوردەوارییانەی کە کۆمانکردووەتەوە کە بەھا و ناسنامەی کوردن ھەر بە پارێزراوی بمێننەوە". سهرچاوه: ئاژانسی ئانادۆڵۆ
هاوڵاتی بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ناشڤیڵ ڤی پی ئێڵ ئێن، سێ شەپۆلی کۆچی کوردەکانی عێراق بۆ شاری ناشڤیڵی ئەمریکا سەربە ویلایەتی تێنسی، ئەم شارە گەورەیەی کردۆتە شوێنی نیشتەجێ بوونی کوردەکان لەو وڵاتە. شاری ناشڤیڵی ئەمریکا بەهۆی نیشتەجێبوونی نزیکەی 20 هەزار کوردی عێراقەوە نازناوی "کوردستانی بچووک"ی لێنراوە. میدیاكانی ویلایەتی تێنسی لە چەند ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ژیانی کۆمەڵگای كوردی لەم ناشڤیڵ باسیان لە دامەزراندنی كوردەکان لە زۆربەی پیشەكاندا كردووە، لە پۆلیسەوە تا مامۆستای زانكۆ و چالاكوانی فەرهەنگی. پەروەردەی شاری ناشڤیڵ لەسەر داوای دەستەی ئەمیندارانی چەند قوتابخانەیەکی ئامادەیی و ناوەندی، سێ ساڵ لەمەوبەر ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی ئەم شارەدا. بەڵام بەهۆی هەندێک کێشەوە ئەم پلانە بە باشی نەڕۆیشتە پێشەوە. گۆڤاری ناشڤیل ڤی پی ئێڵ ئێن لە ڕاپۆرتێکدا لێکۆڵینەوەی کردووە کە چۆن ناشڤیڵ بووەتە گەورەترین شوێنی نیشتەجێبوونی کورد لە ئەمریکا. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، کوردەکان لە سێ قۆناغدا ناچار بوون لە عێراق هەڵبێن و شوێنێکی گونجاوتر بۆ دەربازبوون لە دەسەڵاتی ڕژێمی سەدام و ڕژێمەکانی پێشوو بدۆزنەوە. لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە یەکەم قۆناغی کۆچی کوردانی عێراق لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا روویداوە ئەوەش دوای شکستی بزووتنەوەی کورد لەو ساڵانەدا؛ کۆچبەرانی کوردی عێراق، بە هۆکارگەلێک لەوان لێکچوونی کەشوهەوای تێنسی و هەرێمی کوردستانی ناشڤیلیان بۆ ژیان بەسەر بردن هەڵبژارد. شەپۆلی دووەمی کۆچی کوردانی عێراق لە کاتی ڕوودانی کارەساتی ئەنفال لەلایەن ڕژێمی سەدام حوسێن لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ڕوویدا. سێیەم و گەورەترین شەپۆلی کۆچی کوردان بۆ ناشڤیڵ لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا بەهۆی گوشارەکانی حکوومەتی سەدام حسێن ڕوویدا. نەوزاد هەورامی، یەکێکە لە کۆچبەرانی شەپۆلی سێیەم بۆ ناشڤیڵ و لەو کەسانەیە کە سەنتەری سەڵاحەدینی لە باشووری ناشڤیل دامەزراندووە. دوای زیاتر لە 40 ساڵ لە بوونی کورد لە کوردستانی بچووکی ئەمریکا، ئێستا کورد مزگەوت و مۆڵ و ناوەندی رۆشنبیری خۆی لە شارەکەدا هەیە و ناوەندگەلێک دامەزراون بۆ دروست کردنی کەشێکی پێکەوەژیان لەگەڵ ئەمریکییەکان و دیکەی کۆچبەرە بیانییەکان. هەروەها دانیشتووە کوردەکانی شاری ناشڤیڵ دەڵێن هۆکارێکی دیکەی کۆچی کوردەکان بۆ ئەو شارە ئەوەیە کە کۆمەڵگایەکی کوردی لەوێدا دروست بووە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە کۆچبەرە نوێ کوردەکان هەست بە نامۆ بوون نەکەن
هاوڵاتی بهڕێوهبهری مۆزهخانهی ئادیامان له باکوری کوردستان ئاشکرایکرد له شاری مێژوویی پێڕا کە یەکێکە لە پێنج شاری گەورەی شانشینی کۆماجینی و لە ساڵی ٢٠٠١ەوە کارهکانی کنهوپشکنین تیایدا دەستی پێ کردووە، ئێسکەپەیکەری چوار گەنج لەناو گۆڕێکدا دۆزرایەوە کە مێژووەکەیان بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. بەڕێوبەری مۆزەخانەی ئادیامان، مەهمەت ئاڵکان لە لێدوانێکیدا به ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکیای ڕاگهیاند، کارەکانی کنەوپشکنین کە لە ساڵی ٢٠٠١ەوە لە شاری مێژوویی پێڕا دەستی پێ کردووە، بەردەوامە. مەهمەت ئاڵکان ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارەمین رۆژی قۆناغی دووەمی کارەکانی کنەوپشکنینی ئەمساڵدا گۆڕێکی جۆری سندوقی دۆزرایەوە و گوتی: "گۆڕەکە کە لە شێوەی سندوقێکدابوو بە قەپاغێک داپۆشرابوو، کاتێک قەپاغی سندوقەکەمان لابرد، ئێسکەپەیکەری چوار مرۆڤمان دۆزییەوە. پێمان وایە مێژووی ئەم ئێسکەپەیکەرانە دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر". بەڕێوبەری مۆزەخانەی ئادیامان، مەهمەت ئاڵکان روونیشی کردەوە کە کارەکانی کنەوپشکنین بە پاڵپشتی ئیدارەی تایبەتی پارێزگاکە و دەزگای مێژووی تورکیا بەردەوامە و گوتی: "لێرەدا لەگەڵ تیمیکدا کە پێکهاتوون لە ٣٠ کەس بەردەوامین لە کارەکانمان. لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا، کاری زۆر گرنگ ئەنجام دەدەین". ناوبراو رایگهیاند که ژمارهی سهردانیکهران لە سایەی کارهکانیانهوه زیادی کردووه و گوتی: "ژمارهی سهردانیکهرانمان ئهمساڵ زۆر زیادی کردووە، سهردانیکەرمان ههیه که دێن بۆ ئێرە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە کارەکان ببینن. له کاتێکدا له ساڵانی رابردوودا، ١٠ ههزار سهردانیکەرمان ههبووه. دەبینرێت کە ئەمساڵ ژمارەی سەدانیکەرانمان بۆ ٢٣ هەزار زیادی کردووە".
هەورامان قانیع من لهسهر پشكی سلێمانی، ئهندامی ئهو لیژنهیه بووم كه دهبوا بهسهر ئهم كتێبهی زانستی پۆلی یهك، بچینهوه و ههر ههڵه و كهموكورتییهكی تێدابێت، دهستنیشانی بكهین. بۆ ئهو مهبهسته له بهرواری 29-3-2022، لهگهڵ بهڕێزان لیژنهی باڵای زانستهكان كه له ههولێرهوه هاتبوون بۆ سلێمانی، كۆبوینهوه. لهو كۆبوونهوهیهدا، ئهندامانی لیژنهی باڵا، زۆریان پهله بوو، ئهوان سێ شهممه هاتبوون و وتیان دهبێ تا یهك شهممه، چی سهرنج و تێبینیتان ههیه بۆمان بنێرن، دوو نوسخه له كتێبهكهیان پێبوو، نوسخهیهكیان بۆ خۆیان گلدایهوه و نوسخهكهی دیكهیان دا به لیژنهكهی ئێمه. لیژنهكهی ئێمه كه له ههشت مامۆستا و سهرپهرشتیارێكی زانست و شارهزایهكی پرۆگرمهكانی زانستهكان پێكهاتبووین، تهنها بۆ ماوهی خولهكێك و زۆر بهخێرایی سهیرێكی كتێبهكهمان كرد. لهوێدا به ئامادهبوونی ههموان، تكایهكی زۆرم كرد كه نوسخهیهك لهم كتێبه تازهیهی زانستم بدهنێ، بۆ ئهوهی له بهرگهوه بۆ بهرگ، به وردی بهسهریدا بچمهوه. داوام له لیژنهكهی ههولێر و بهتایبهت مامۆستا (یهحیی رضا گوڵ) كرد كه نوسخهیهك لهم كتێبهم بداتێ، بۆ ئهوهی به وردی بیخوێنمهوه و ههڵهبڕییهكی باشی بكهم. بهڵام بهداخهوه ئهو لیژنه چوار كهسییهی له ههولێرهوه هاتبوون، وهك وتم دوو نوسخه له كتێبهكهیان پێبوو، نوسخهیهكیان بۆ خۆیان گلدایهوه و دانهیهكیشیان دا به بهڕێز مامۆستا (لوقمان) كه سهرپهرشتیاره و سهرۆكی لیژنهكهی ئێمه بوو. لهوێدا بهدهق قسهیهكی ئاوام كرد: (من ئۆكهی لهسهر چاپكردنی ئهم كتێبه ناكهم، ئهگهر بهسهر ههر ههمویدا نهچووبمهوه). ههر لهوێدا تكام له مامۆستا (لوقمان)یش كرد كه نوسخهكهم بۆ كۆپی بكات، یان ههر هیچ نهبێت ئهگهر به پی دی ئێف ههیه، بۆم بنێرێت و خۆم پرێنتی دهكهم و دهیخوێنمهوه. بهڵام ههر دهستم نهكهوت. ڕۆژی دواتر (چوارشهممه) سهرۆكی لیژنهكهمان، پانزه لاپهڕهی له كتێبهكه بۆ هێنام و وتی تۆ تهنها ئهم پانزه لاپهڕهیهت بهردهكهوێت و بهسهریدا بڕۆرهوه. لاپهڕهكانی دیكهی كتێبهكهی، دابهش كردبوو بهسهر ئهندامانی لیژكهماندا، ئهوانیش ههر یهكهیان پانزه لاپهڕهیهكیان بهركهوتبوو. من ڕۆژی دواتر (پێنج شهممه)، پانزه لاپهڕهكهی خۆم تهواو كرد و ڕادهستی سهرۆكی لیژنهكهمانم كردهوه، لهوێدا پێم وتهوه، تكایه با بهسهر ههمو كتێبهكهدا بچمهوه، نهوهكو ههڵه و كهموكورتی تیابێت. وهلێ بهداخهوه، ڕازینهبوو، بۆچی؟ نازانم. پاش ماوهیهك به مهبهستی دهستكهوتنی نوسخهیهك له كتێبهكه، له ههولێر، سهردانی بهڕێوهبهرێتی گشتی پرۆگرام و چاپهمهنییهكان-م كرد، لهوێ داوام لهمامۆستا (ئهسكهندهر مصطفی عبدالرحمن) كرد كه ئهندامی لیژنهی باڵای دانانی كتێبهكانی زانست بۆ ههموانه، ههرچییهكی كردووه نوسخهیهكم له كتێبهكه بۆ پهیدا بكات، تاكو بهسهریدا بچمهوه. ئهو نوسخهی لا نهبوو، لهگهڵمدا هات بۆ نهۆمی دووهم، بۆ لای بهڕێزانی لیژنهی زانستهكان، له ژوورێكدا بهڕێز (نهسرین عثمان صالح) و دوو خانمی دیكه دانیشتبوون، دیاربوو خهریكی پێداچوونهوهبوون به كتێبهكهدا، مامۆستا ئهسكهندهر پێی وتن ئهمه مامۆستا ههورامان-ه و حهز دهكات بهسهر كتێبهكهی زانستی پۆلی یهكدا بچێتهوه و نوسخهیهكی بدهنێ. ئهوان وتیان جارێ خۆمان بهسهریدا دهچینهوه و هێشتا تهواو نهبووه. ئیدی لهوێش نوسخهم دهست نهكهوت. دواتر ههر چاوهڕون بووم، ئهندامێكی ئهو لیژنهی باڵایه، تهلهفۆنێك بكات و بڵێت ئهوه ئێمه تهواو بووین و فهرمو تۆش بهسهریدا بچۆرهوه. وهلێ ههی هوو، من چهند دڵساف و نهزان بووم، چاوهڕوانی مهحاڵم كردووه، ئاخر ئهو ڕۆحی هاوكاری و ئهو خهمخۆرییه بۆ پهروهرده و چاككردنی كتێبهكانی زانست- بێ هیچ بهرامبهرێك- كه لای من ههیه، لای خودی وهزیریش نییه، چ جای ئهوانی دیكه. ئیدی نه تهلهفۆن كرا و نه من نوسخهی كتێبهكهم دهستكهوت. سهروهختێك ههواڵی چاپكردنهكهیم بیست، له ههولێر و له ڕێگهی سهرپهرشتیارێكی بهڕێز، له بهرواری 29-8- 2022 نوسخهیهكی چاپكراوی تازهم دهستكهوت و له چاوپیاخشاندنێكدا، كۆمهڵێ ههڵهی زهقی زمانهوانی و زانستیم بینی كه زۆر به ئاسانی دهبینرێن و دهكهونه بهر چاوی ههمو كهسێك، تهنها چاوی ئهندامانی لیژنهی باڵا نایبینن. ئهمه جگه لهوهی ههندێ وێنه به ههڵه دانراون، له زۆر شوێندا وێنهی كتێبه كۆنهكه زۆر له وێنهكانی ئهم كتێبه تازهیه جوانتربوون كه دهكرا ههر ئهوان دابنرانایهوه. لێرهوه من به هیچ شێوهیهك بهرپرس نیم لهو ههڵانهی لهم كتێبهدا ههیه، تهنها ئهو پانزه لاپهڕهیه نهبێت كه چاكم كردووه. چونكه ههوڵێكی زۆرمدا، بێ بهرامبهر و بێ هیچ سود و دهستكهوتێكی شهخسی، بهسهر ئهم كتێبهدا بچمهوه، تكام لێكردن نوسخهیهكم بدهنێ بۆ ئهوهی به جوانی بهسهریدا بچمهوه، بۆچی؟ چونكه دڵنیابووم ههڵه و كهموكورتی تێدایه، باش دهمزانی ئهو لیژنه باڵایهی خهریكی چاككردنی كتێبهكهن، زمانه كوردییهكهیان، لهو ئاستهدا نییه كتێبێكی زانست به زمانێكی كوردی پوخت ئاماده بكهن. وهلێ ئهوان نوسخهیان نهدا به من و كتێبهكهشیان پڕ كردووه له ههڵهی سهیر و سهمهره. بهداخهوه كهس گوێی لهو تكایهی من نهگرت و كهس بهدهم ههوڵهكهمهوه نههات و وهك ئهوهی ئاسنی ساردم كوتیبێت. دهرئهنجامیش چاپكردنی 126 ههزار و 625 نوسخهی پڕ ههڵه و كهموكوڕییه. ههر لێرهوه ڕایدهگهیهنم، چیتر ئامادهنیم بۆ یهك چركه لهو لیژنهیهدا بمێنمهوه، لیژنهیهك توانای نهبێت نوسخهی كتێبێك بۆ ئهندامهكهی پهیدا بكات، شایهنی ئهوه نییه ئهندامی بیت. لیژنهیهك به میزاج و ههواو ههوهسی لیژنهی باڵای زانستهكانی ههولێر كار بكات و ئێمهیان وهك دیكۆر و تهنها بۆ ناو دانابێت، ههر بۆ ئهوه باشه لێی بێیته دهرهوه. من له لیژنهی كارتۆنی و بێ كهڵك نامێنمهوه، له لیژنهیهكدا نابم حسابی تورێكی بۆ نهكرێت و جهماعهتی ههولێر، به ئارهزووی خۆیان دهستكاری كتێبهكه بكهن و له پشتی منهوه، كار بكهن و كتێب پڕ بكهن له ههڵه، نا من پرسه گورگانهم ناوێت. لیژنهی لهو جۆره و كتێبی لهو جۆره و ههڵهی زهق و زۆپی لهو جۆره، پیرۆزی خۆیان بێت و پۆست و پلهی گهورهتری پێوهربگرن و ئیفادی زیاتریان بۆ بنووسن. بهداوای لێبوردنهوه كورد زۆر له مێژه وتوویهتی: ماڵی قهڵب سهر به ساحێبهكهیهتی.
هاوڵاتی لە ئەنجامی کارەکانی کنەوپشکنین لە میانی نۆژەنکردنەوەی دیوارەکانی دیاربەکر، کە لە ٢٠١٥ەوە لەلایەن یونیسکۆوە خراونەتە لیستی میراتی کولتووری جیهانییەوە، چرایەکی رۆن دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. گەورەشارەوانیی دیاربەکر لە ڕاگەیەندراوێدا رایگەیاند: لە میانی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی دیوارەکانی دیاربەکردا، چرایەکی رۆن دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەی لە میانی کارەکانی کنەوپشکنینی شوێنەوارناسیی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەی دیاربەکر، چرایەکی رۆن دۆزراوەتەوە کە بەپێی شێوەی دروستکردن و نەخشەکانی سەری پێ دەچێت بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی بگەڕێتەوە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر. شارەوانی دیاربەکرڕاشیگەیاند پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی دیوارەکانی دیاربەکر کە لانکەی چەندین شارستانییەت بووە، بەردەوامە. جێگەی باسە دوای ئەنجامدانی کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هۆبەکانی چاودێری و جێبەجێکردنی پاراستنی فەرمانگەی ئاوەدانکردنەوە و شارسازی، دەرکەوتووە چراکە هیچ تێک نەچووە و ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی مۆزەخانەکە کراوە.
هاوڵاتی تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاشكرایكردووە، لەداهاتوویەكی نزیكدا تایبەتمەندی چاككردن بۆ بەكارهێنانەی تۆڕەكە زیاد دەكات، ئەم تایبەتمەندییەش رێگە بە بەكارهێنەرانی تویتەر دەدات، دوای بڵاوكردنەوەی هەر تویتێك، دەستكاری بكەن و چاكسازی تێدا ئەنجام بدەن. پێشتریش ئیلۆن ماسك ملیاردێری ئەمریكی كە هەوڵی كڕینی ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتییە دەدات، پشتگیری خۆی بۆ زیادكردنی تایبەتمەندی چاككردنی بڵاوكراوەكانی تویتەر راگەیاند بوو. جێگەی باسە تویتەر کۆمپانیایەکی پەیوەندی ئەمریکییە کە لە سان فرانسیسکۆی کالیفۆرنیا دامەزراوە،و 396.5 ملیۆن بەکارهێنەری جیهانی هەیە.
هاوڵاتی بهپێی ههواڵێکی میدیاکانی تورکیا لە شاری مێژوویی مەترۆپۆلیس لە قەزای تۆرباڵی سەربە پارێزگای ئیزمیری تورکیا، بینایەکی گشتیی دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لهوبارهیهوه سەرۆکی بەشی شوێنەوارناسی لە زانکۆی جەلال بەیار و سەرۆکی لیژنەی کنەوپشکنین، پڕۆفیسۆر دکتۆر سەردار ئایبەک بە ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکییان راگەیاندووه: لە میانی کارەکانیاندا، نزیکەی ٥٠٠ مەتریان لەو بینایە دەرهێناوەتەوە کە مەزەندە دەکرێت مێژووەکەی بۆ هەزار و ٨٠٠ ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە و هەوڵ دەدەن بزانن ئەو بینایە بۆ چ مەبەستێک بەکار هێندراوە. سەردار ئایبەک بە ئاماژەدان بەوەی کە مەزەندە دەکرێت ئەم بینایە لە سەردەمی رۆما هاوتەریب لەگەڵ فراوانکردنی شارەکە بونیاد نرابێت، وتی: "هەرچەند هێشتا زۆر زووە، بەڵام بە لێکۆڵینەوە لە شوێنناسی "topography" لەوانەیە گۆڕەپانی گشتیی بووبێت. مێترۆپۆلیس یەکێکە لەو شارانەی ئانادۆڵوی رۆژئاوا کە لە مەودایەکی زۆر فراوان دا دەتوانرێت بکرێت بە مۆزایک. لەو بینایەی پێشتر دۆزرایەوە مۆزایکمان لە نزیکەی ٨٠٠ مەتردا دەستنیشان کرد. لەو بینایەیشدا مۆزایک هەن کە دەرخەری هەمان تایبەتمەندین". ئایبەک هەروەها وتیشی: "بیناکە تێپەڕگەیەکی هەیە کە لە سێ پلیکانەی لە بەردی مەڕمەڕ دروستکراو پێک هاتووە. حەوشەی ناوەوەیشی لە بەرد و قوڕ دروست کراوە".
هاوڵاتی لەنوێترین ئەو گۆڕانکارییانەی دامەزرێنەری فەیسبووک بۆ بەرنامەی (وەتسئاپ) زیادیکردووە ڕایدەگەیەنێت کە ئیدی لەمەولا ئەندامانی گرووپەکان دەتوانن بڕۆنە دەرەوە بەبێ ئەوەی کەسەکانی دیکەی ناو گرووپ ئاگاداری بن، ئاماژە بەچەند گۆڕانکارییەکی دیکەش دەدات مارک زۆرکەربێرگ نووسیوویەتی" نوێترین تایبەتمەندێتی زیاد دەکرێت بۆ وەتس ئاپ : ڕۆشتنە دەرەوە لە گروپەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی ھیچ کام لە ئەندامانی گروپەکە ، و توانای ھەڵبژاردنی ئەو کەسانەی کە لەسەر ھێڵ دەتوانن بتبینن ، وە نەھێشتنی وێنەگرتنەوەی ئەو نامانەی یەک جاربینراون وەتسئاپ بەرنامەیەکە بۆ گۆڕینەوەی پەیوەندی و نامە و وێنە، لەساڵی 2009ەوە دامەزراوە و لەساڵی 2014 لەلایەن دامەزراوەی فەیسبووکەوە کڕدراوەو زیاتر لە 2 ملیار کەس لە 180 وڵاتی جیهاندا بەکاری دەهێنن.
سەركۆ جەمال پەنجا ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەك تێدەپەڕێت، هاوسەری پێنجەمی بۆ هاوڵاتی دەڵێت:» هەموو گۆرانیەكانی بۆ من وتووە». كاتێك باس لەهونەری میوزیك و گۆرانیی كوردی دەكرێت، حەسەن زیرەك بەیەكێك لەئەستێرە هەرە درەوشاوەكانی هونەری كوردی دادەنرێت كە تائێستاش گۆرانییەكانی بە زیندوویی ماوەتەوە. حەسەن زیرەك لە 29ی تشرینی دووەمی 1921 لە دایكبووە، دوو بۆچوونی جیاواز لەبارەی زێدی ئەو هونەرمەندە هەیە، یەكێكیان بۆ بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی دەگەڕێننەوە، ئەوی دیكەشیان بۆ گوندی هەرمێلەی سەقز. جگە لەوتنی، حەسەن زیرەك تێكست و ئاوازی بۆ گۆرانیەكانیشی داناوە، بەهۆی دەنگە خۆش و هونەرە بەرزەكەیەوە لەهەر چوار پارچەی كوردستان ناسراوە، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان. ئەو هونەرمەندە لەتەمەنی منداڵییەوە گۆرانی وتووەو بەهۆی ئەوەی لێهاتوو بووە، بەزیرەك ناسراوە، بەهۆی رووداوێكەوە رووی كردووەتە باشووری كوردستان، لە 1953 دەچێتە بەغداو هونەرمەند عەلی مەردان دەبینێت، بۆ یەكەمجار دەنگی لە رادیۆی بەغدا تۆمار دەكرێت، دواتر چەندین بەرهەمی دیكەی لەو رادیۆیە تۆماركردووە و ئەوەش هۆكارێكی دیكەی بەناوبانگبوونی بووە. هونەرمەند حەسەن زیرەك لە 1958 گەڕاوەتە ئێران و لە رادیۆی تاران، كرماشان و تەورێز گۆرانی وتووە، هەر لەو ساڵەدا، میدیا زەندی، میدیاكاری كورد دەناسێت و ژیانی هاوسەری لەگەڵدا پێكدەهێنێت و دوو منداڵیان دەبێت. زیرەك شیعری بەشێك لەشاعیرانی كوردی لەبەرهەمەكانیدا بەكارهێناوە، لەوانە نالی، وەفایی، پیرەمێرد، هێمن، سەید كامیل ئیمامی، كوردی و هەردی. لەبەرهەمە بەناوبانگەكانی ئەو هونەرمەندە، «نەورۆز»، «وەك قومری»، «كەتانە»، «هەی نار»، «كرماشان شاری شیرینم»، «ئەمان دكتۆر» و «ئەسمەر» ن. حەسەن زیرەك لە 26 حوزەیرانی 1972 بۆ دواجار چاوی لێكنا، بەڵام هونەرەكەیی هەر زیندووە، پاش كۆچی دوایشی لەبۆكان بەخاكسپێردرا. لەرۆژهەڵات و باشوری كوردستان بەگۆرانی و میوزیك و گێڕانەوەی بەسەرهاتەكانی 50 هەمین ساڵیادی كۆچی دوایی حەسەن زیرەك بەرزڕاگیرا. لەسلێمانی لەچەند شوێنێك لەیەك كاتدا یادی حەسەن زیرەك كرایەوە، رابیعەخان هاوسەری پێنجەمی حەسەن زیرەك، لەیەكێك لەمەراسیمەكان ئامادەبوو، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:» حەسەن زیرەك، لەزەماوەندێكدا منی ناسی و عاشقم بوو دواتر ژیانی هاوسەریمان پێكهێنا، ئەو قوتابخانەیەكی جوانی بۆ تەواوی جیهان جێهێشتووە، بە نەخوێندەواری خۆی ئەو گۆرانیە جوانانەی وتووە، هەموو كەس لێی رازی بووە». هاوسەری پێنجەمی حەسەن زیرەك كە بەوتەی خۆی كۆتا هاوسەری بووە، داوا دەكات ئەو هونەرمەندە كۆچكردووە لەیاد نەكرێت، چونكە وەك ئەو دەڵێت هیچ كوڕێكی نەبووە، تەنها دوو كچی هەیەو ئەوانیش لەتارانن. وەك رابیعەخان دەڵێت:»حەسەن زیرەك هەزار و 800 بەرهەمی هەبووە، ئێستاش زیاتر لە 800 بەرهەمی بەتۆماركراوی ماوەتەوە». هەروەها وتیشی:» حەسەن زیرەك تەنیا دەفێكی جێماوە تاخۆم بمێنم بە كەسی نادەم». لەوەڵامی پرسیارێك كە ئایا حەسەن زیرەك هیچ گۆرانییەكی تایبەتی بۆ وتووە، رابیعەخان وتی:» ئەرێوەڵا تا بەیانی گۆرانی بۆ دەوتم، وەكو كراس رەشێ و لەسیلەی قەبران و هەموو گۆرانیەكی بۆ دەوتم هیچ گۆرانیەكیم لەیادناچێت». «من پێنجەم هاوسەری حەسەن زیرەكم، ئەو كەسایەتیەكی زۆر ئاغا بوو، رێزی بوو لەهەموو جێگایەك كەس لێی ناڕەحەت نەدەبوو، منیش هەمووكات لەخزمەتی بووم و نەمهێشتووە بەتەنیا بێت، منداڵەكانی لای من نەبوون، لای دایكی خۆیان بوون، سێ بۆ چوار مانگ نەخۆش بوو، كۆتا قسەی وتی رابە گیان دوای پرسەكەم بچۆرەوە ماڵی باوكت و زوو زوو بێرە سەر گۆڕەكەم»، رابیعە وای وت. هاوكات، هونەرمەند سەڵاحی خزری بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد كە زیرەك نازناوێكی زۆر شیاو بوو بۆ حەسەن زیرەك، یەكێك لەبەختەوەرترین گۆرانیبێژانی كورد بووە، ئەو خۆی خۆی پێگەیاندووە لەسفرەوە هەتا سەد، لەگەڵ گەورەترین ئۆركێستراكانی ئەوكات گۆرانی وتووە، هەمیشە شانازی بەكوردبوونیەوە كردووە پێویستە كوردیش شانازی پێوەبكات. هاوڕێ كوڕی رابیعە خان، هاوسەری پێنجەمی حەسەن زیرەك ئەوەی خستەڕوو كە ماڵی سۆفی كەریم هەموو ساڵێك یادی حەسەن زیرەك دەكەنەوە لەڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان هەمیشە یاد دەكرێتەوە، وتیشی:»زۆر گۆرانی حەسەن زیرەك هەیە بڵاونەكراونەتەوە و لای ئەو بنەماڵەو شوێنانەن كە تێیدا تۆماركراوە، ئەوەی تائێستا تۆماركراوە زیاتر لەهەزار گۆرانی تۆماركراوی هەڵگیراوە». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە ئەوەندەی زانیاریم هەیە حەسەن زیرەك تەنیا پێنج جار هاوسەرگیری كردووە.
دكتۆر مەولود ئیبراهیم پێشەکی: تائێستا زۆر پێناسەی جوان و پێدا هەڵگوتنی جوانتر بۆ هونەرمەند (حەسەن زیرەک) کراوەو نووسراوەو گوتراوە، کە هەموویان باس لە گەورەیی و کەموێنەیی ئەو هونەرمەندە دەکەن، هەموو ئەمانەش رای کەسانی پسپۆرو شارەزا بووە. من خۆم لە هەمووان شیاوترو گرنگتر ئەو پێناسەیە بەجوان دەزانم کە دەڵێ: (حەسەن زیرەک..هونەرمەندێکی ئەفسانەییە!) رەنگە کەسانێکی بەڕێز..بپرسن حەسەن زیرەک هونەرمەندێکی بەرچاوو- واقیعی-مێژووییە! بۆچی ئەفسانەیە؟! لێرە من ئەفسانە بەمانا جوانەکەی وەک – بەرزترین ئاستی داهێنان – وەک مرۆڤێکی تەواو تاقانە بەکاردەبەم، تۆ سەیرکە کەکارێکی هونەری ئەدەبی یان هەر داهێنانێکی تر کە زۆر جوان و سەرنجڕاکێش بێ، وەختێ بمانەوێ سەرسامی خۆمان لەئاستیا دەربڕین! یەکسەر دەڵێن: ئەفسانەیە! ئەفسانە بەو مانایەی کە زیاتر لەشیکردنەوەیەک و مانا لێکدانەوەو بۆ چوونێک هەڵدەگرێ و کەمترین کەس دەتوانن داهێنانی ئاوا بکەن! بەڵێ، زیرەک خۆی و ژیان و هونەرەکەی، ئەفسانەیەکی سەردەم و زەمینەو مەیدان و کەرەستەی دەیان و سەدان لێکۆڵینەوەن؛ ئەگەر لێکۆڵەران شارەزای ژیان و هونەری ئەم – ئەفسانەیە – بن و بەوردو باریکی ژیان و هونەرەکەیدا بچنە خوارەوە. مامۆستا (حسێن سۆران) لەبارەی ئەفسانەبوونی زیرەکەوە دەنوسێ:(لە جیهانی هونەری کوردیشدا، زیرەک وەک ئەنیشتاین هەسارەیەکی پڕشەنگداری دەنگ و مۆزیک و گۆرانی کوردییە، بۆ خۆی جیهانێکی ئەفسانەیی و جیاکارو تاکگەرای بێوێنەو هەمەچەشنی بەجیهانی ئێمە بەخشی، کەکێشی دەنگ و ئاوازو ئەنتۆلۆجیای مۆزیکی گەیاندە ئاستێک لەسەر تراژیدیای دنیای خۆی، باڵای بەقەد شوێنەوارە گەورەکانی مێژووی دێرینی یەک نەتەوەی زیندووە.)(*١) بەڵی..ئەو ئەفسانەیە زیندووە، ئەو کەسایەتیە هونەرمەندە – نەخوێندەوار – ە!! تائێستا هێندەی من ئاگاداربم، نزیکەی..زیاتر لە (٤٠) کتێب لە بارەی خۆی و هونەرەکەیەوە بڵاوکراوەتەوە، زۆربەی هەرە زۆری نووسەری کتێبە کان، کەسانی پسپۆرو نووسەرو پسپۆرو شارەزاو هونەرمەندو نووسەری بەتواناو ناودارن، ئەوە جگە لە سەدان و سەدان نووسین و وتارو لێکۆڵینەوەو کۆڕو سمینارو بەرنامەی رادیۆیی و تەڵەفزیۆنی و رۆژنامەیی و بەگشتی میدیایی لەبارەوە نووسراوەو تۆمارکراوە و لە میدیای کۆمەڵایەتیش بەرچاوترین هونەرمەندی ناوچەکەو رۆژهه ڵات دەژمێردرێ! بەڵام، لەگەڵ خۆشەویستیم بۆ تەواوی ئەو بەڕێزانەی کە بەوشەیەک لە زیرەک دواون.. لەپێش هەموویان بە کارەکانی خۆشمەوە!! هێشتا هەموو ئەم کارانە هه ر سەرەتایەو مەیدانە کە چاوەڕێی سەدان پسپۆرو لێکۆڵەری ترەو دەیان ساڵ و دەیانی تر دەکات کە بتوانن کۆدی ژیان و هونەری ئەم - ئەفسانە – یە بدۆزنەوەو وەک پێویست دەکات شیبکەنەوەو لێکبدەنەوە! زیرەک ئەو هونەرمەندە یە، هەتا زۆرتر لەبارەی ژیانی بزانی، پتر هونەرەکەت خۆشدەوێ، هەتا پتریش لە بارەی هونەرەکەی بزانی، کەسایەتیەکەیت لا خۆشەویستر دەبێت، بەڕاستی ئەفسانەیە!! زیرەک و ناسینی ئامێرە مۆسیقییەکان ئەم لێکۆڵینەوەی ئێمە، ئەمجارە لەڕاستیدا دەبوایە پسپۆرێکی خاوەن تاقیکردنەوەو زانیاریەکی زۆری مۆسیقاو ئامێرناسیی بیکردایە! ناسینی ئامیرە مۆسیقیکان، لە ئامێرە کوردییەکانەوە بیگرە تا دەگاتە ئامێرە جیهانیەکان و لەئامێرە مێژویویەکانەوە را تا بەئەمڕۆ، چۆن ئەوەی کە (هونەرمەند حەسەن زیرەک) کردوویەتی کارێکی زۆر پسپۆریەو زانست و وردەکاری و شارەزاییەکی بێ سنووری دەوێ! من لێرەوە بەناچاری و – نووسەرانە – ئەم کارە - بە ناتەواوی - دەکەم، نەک پسپۆرانە، تەواوی کارەکە بۆ داهاتوو و پسپۆرانی شارەزا لە – هونەرو مۆسیقا – بە جێ دەهێڵم! بە جێدەهێڵم بۆ ئەو ڕۆژەی بە نامەی ماستەرو تێزی دکتۆرا، کار لەسەر بەش بەشی.. ژیان و هونەرەکەی دەکرێ و پتر بەرە بەرە گەوهەری مرۆڤ بوون و نهێنی ژیانی خۆی ونهێنی هونەرەکەی و هونەرمەندیەکەی دەردەکەوێ!! لەبارەی هونەرمەند (حەسەن زیرەک) گوتوویانە زۆرن ئەوانەی کە لە بارەی زیرەک قسەیان کردووەو سەرسامی خۆیان بۆ تواناو دەنگی زیرەک دەربڕیوە، هەمووان زیرەک بە مامۆستاو (عەبقەر) و (نابیغە) و (ئەعجوبە) و (ئەفسانە) ناودەبەن و لەگوتن و پێیدا هه ڵگوتنیشی پشتڕاست و دڵنیان، لە پێش هه مووان هونەرمەندی ناوداری کورد هاوڕێ و شاگردی زیرک (مامۆستا موجتەبای میرزادە) کە لەڕووی مۆسیقیەوە خوڵقێنەری گۆرانییەکانی (هونەرمەند حەسەن زیرەک) ی قۆناغی کرماشانە.. دەفەرمووێ:(زیرەک بەڕاددەیەک لە بەهرەکەی خۆیدا قاڵ و شارەزاو لێهاتوو بوو، کە ئیتر جێی قسەلێکردن نیە!)(*٢) هەروەها هونەرمەند (ئامانج غازی) دەنووسێ:(گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک، دەروازەیەکن بۆ ناسینەوەی مۆرکی نەتەویی مۆزیکی کوردی)(*٢) مامۆستای گەورەی مەقاماتی کوردی (هونەرمەند عەلی مەردان) نووسیویەتی:(دەنگی حەسەن زیرەک دەنگی زوڵاڵی کوردە و دروشمی کوردایەتیە.(*٢) خاتوو میدیای خێزانی مامۆستا حەسەن زیرەک باس لەڕۆژێک دەکات کە خۆی بە خۆشترین رۆژی ژیانی خۆی دادەنێ لە گەڵ زیرەک دا و لە وەڵامی پرسیارێکی میدیاکارێکی ڕادیۆی تاران دا کە لێی دەپرسێ: خۆشترین بیرەوەرییەک کە لە مامۆستا حەسەن زیرەک هەتانە چییە؟ دەڵێ: (لە سەردەمی رژێمی پەهلەوی بەرنامەیەک لەمەنزەرییە سازکرا کە 72 پێ پلیکانی هەبوو، لەسەر هەر پێ پلیکانی هەر گەل و نەتەوەیەک بە جلوبەرگی تایبەتی خۆی لەوێ راوەستا بوو، کاتێک حەسەن هات دەست بەگۆرانی بکات، من لەپشت میکڕۆفۆن داوام لەحەسەن کرد کە دەستپێبکات، کە دەستیپێکرد، بۆ رەشت بەڕەشتی، بۆ تورک بەتورکی، بۆ عەڕهب بەعەڕەبی، بۆ فارس بەفارسی گۆرانی دەخوێندو تەواوەتی مەنزەرییە وەشەوق و زەوق کەوتبوون و ئەوە خۆشترین بیرەوەری منە کە قەتم لە بیرناچێ. راستییەکەی ئەوەیە زیرەک هونەرمەندێکی ئەفسانەییە!!..زیرەک هونەرمەندو گۆرانیبێژی هیچ قوتابخانەو مامۆستایەک و رێبازێک نەبوو، زیرەک خۆی زیرەک بوو. ئەم توانایەو لەهەمان کات بەوهەندەزمانە گۆرانی بڵێ و هەمووان دڵخۆش بکات و میدیا خانمیش لەهەمووان دڵخۆشتر..(*٢-١). هونەرمەندی لێکۆڵەری مۆسیقا هۆشەنگ جاوید لێکۆڵەری مۆسیقای کوردو ئێران. هونەرمەندی ناودار (هۆشەنگ جاوید) لەبارەی (هونەرمەند حەسەن زیرەک)ەوە دەنووسێ:(...هەروەها مامۆستا حەسەن زیرەک کە هه ر بەڕاستی دەتوانین ئەو وەک شوالیەی مۆسیقای کوردی ناوببەین، چۆن لەنێوان تەواوی کوردەکان ناسراوەو تەواو بێ هاوچەشنە، لەهەر سەد ساڵ دەکرێ یەکێک بەناونیشانی نابیغە لەمەیدانێکدا دەربکەوێ، کە ئەو نابیغەیە حەسەن زیرەکە.)(*٣) بەڵێ..ئەم نابیغەیەو ئەفسانەیە حەسەن زیرەکە، حەسەن زیرەکی نەخوێندەوار... شیعری هونەرو مۆسیقا زیرەک لەکتیبی (چریکەی کوردستان- ١٩٦٦)(*٤) دا جگە لەنووسینەوەی ژیانی خۆی لەسەرەتاوە تاساڵی (١٩٥٨) و گەڕانەوەی بۆ ئێران کە بە شیعر نووسیویەتی، کەتوحفەیەکە هەر لەزیرەک خۆی دەوەشێتەوە، لەوێدا زیرەک هونەری شاعیریەتی خۆی لە ئاستێکی بەرز خستووەتە بەرچاو و دەیان کۆدو نهێنی ژیانی خۆی و هونەرەکەی خستووەتە بەردەست لێکۆڵەران زۆر راستگۆیانەو ئازایانە و دانپێدانانە ژیان و کارو کەموکورتیەکانی لەژێر پەردە دەرهێناوەو ئێسک و پێستی خۆی تاسەرهێسک و مۆخی هێسک رووتکردووەتەوە، هەر لەو کتێبەدا زیرەک لەژێر ناوی (هونەرو مۆسیقا) بەشیعرێکی درێژو دووانەیی باسی لە (٤٤) ئامێری مۆسیقی کوردی و جیهانی کردووە، کە بۆ من ئەمجارەش و لەم کارەشیدا زیرەک جێگای سەرسامیی و بەئەفسانەیی بوونە، کەسێک نەخوێندەوار!! کە بێ سەرپەرشت و سەرپەرشت خراپ، جگە لە هەڵاتن بەردەوام و کاری زۆرو زەحمەت و بەندیخانەی ئەمدیوو و ئەودیو، هیچ (خوڵ)و(قوتابخانە) و (مامۆستا) یەکی نەبووەو نەدیوە! چۆن توانیویەتی و زانیویەتی (٤٤) ئامێری مۆسیقی بناسێ و باسی تایبەتمەندییەکانی دەنگ و شێوەیان بکات و بەدروستی ناویان بنووسێ!!؟ ئەگەر ئەمڕۆ - بەداوای لێبوردنەوە -!! بێت و بەخۆشەویستیەوە، بۆ تاقیکردنەوەیەکی سەرپێی، کاغەز بخەینە بەردەم هونەرمەندە گۆرانیبێژەکان و مۆسیقیەکانمان و داوایان لێبکەین، زەحمەت نەبێ، ناوی (٤٤) ئامێری مۆسیقیمان بۆ بنووسن!! دڵنیام..لەوەڵامدانەوەکانیان ئاستی دەرچوون زۆر لەخوار نمرەی پیویست دەبێت!؟ من خۆم ئەمە لەبرا هونەرمەندە گۆرانیبێژو مۆسیقیەکان..بەعەیب نازانم! بەڵام، بۆ (هونەرمەند حەسەن زیرەک) کە زانیویەتی و نووسیویەتی، بەم هەموو نەخوێندەواریەی خۆی و (٦٠) ساڵ پێش ئەمرۆ بەکاریکی مەزن و توانایەکی ئەفسانەیی دەبینم! ئەم هەست و زانستە (ئامیرناسییەی زیرەک) جارێکی ترو لە گۆشەیەکی تر هونەرمەندیی زیرەک و زیرەکیی زیرەک دەباتە ئاستێکی بەرزو ئەفسانەیی!! ئەم زانیاریە گرنگ و زۆرو زانستیەی زیرەک سەبارەت بە (ئامێرناسیی) هەر تەنیا لەنێو شیعرەکەدا نەماوەتەوەو بەهۆشیاریەوە چووەتە نێو ژیان و هونەرەکەشی!! ناوهێنانی ئامێرە مۆسیقییەکان لەگۆرانییەکانیدا زیرەک چۆن بەبەردەوامی لەنێو شیعرو ئاوازدانان و گۆرانی گوتندا ژیاوە، ئاواش بەردەوام لەنێو ئامیرە مۆسیقییەکاندا ژیاوە، ژیاوەو چاوی پڕ بووە لەدیتنی دیمەنی ئامێرەکان و گوێی پڕ بووە لەبیستنی ئاوازە جۆراوجۆرەکانیان؛ هەرچەندە گومان دەکەم؛ بەئێستاشەوە بەشێک لەو ئامێرانە، نەک ئەوکات..ئێستاش لەنیوەندە هونەری و مۆسیقیەکانی کوردستان و ئێران و عێراق بەردەست بن و بەرچاوبکەون!!، ئەمانە هەمووی وایکردووە کە ئامێرەکانیش بەشێک بن لەژیانی زیرەک و بەردەوام لەنێویاندا بژی! بژی و شارەزایان بێت و بیانناسێ و بەکاریان بێنی و لەززەت لەئاوازەکانیان ببێنی و تێکەڵ دەنگ و ئاوازی خۆییان بکات و دڵی پێان خۆش بێ و هونەرەکەی خۆی و گۆرانیەکانی بەشیعرو ئاوازو گوتنەوە پێ جوانترو جوانتر بکات و ئەویش بەدەنگە تایبەتەکەی خۆی جوانی و گرنگیەکی زۆرتری هونەری بدات بەئەو ئامێرانە و وەک دەنگ و گۆرانیەکانی خۆی بەرزیان بکاتەوەو جۆرێک لە نەمرییان پێ ببەخشێ. هەربۆیە.. جگە لەوەی کە لەشیعری (هونەرو مۆسیقا)دا بەتایبەت باسی (٤٤) ئامێری مۆسیقی کردووەو تایبەتمەندییەکانیانی نووسیون، لەنێو گۆرانیەکانیشیدا ناوی زۆر لەو ئامیرانەی هێناوە وزیندووی راگرتوون. ناوهێنانی ئامێرە مۆسییقیەکان بەم شێوەیە یەکەم: لەنێو گۆرانیەکانی خۆیدا، واتە ئەو گۆرانییانەی کە شیعرەکانیان هی خۆیەتی، ناوی زۆر ئامێری مۆسیقی هێناوە. دووەم: لەنێو ئەو شیعرانەی کە شیعری شاعیرانی کوردن و زیرەک کردوونی بەگۆرانی، ناوی زۆر لەئامێرە مۆسیقیەکان هاتووە. سێیەم: هەروەها لەنێو ئەو شیعرانەش کە شیعری فارسین و زیرەک کردوونی بەگۆرانی، لەوانیش دا ناوی ئامێرە مۆسیقیەکان دەبیسترێن. چوارەم: ئەو شیعرە تورکی و ئازەرییانەش کە زیرەک بەگۆرانی گوتوونی، لەوانیشدا ناوی هەندێ لە ئامێرە مۆسیقییەکان هاتووە. پێنجەم: لەنێو شیعرە فۆلکڵۆریە کوردیەکانیشدا کە زیرەک بەگۆرانی گوتوونیەتی، لەوانیشدا ناوی هەندێ ئامێر بەرگوێ دەکەوێ. تێبینی: لەبەرئەوەی ژمارەی گۆرانیەکانی زیرەک زۆرن و بەڕای (نێوەندێکی کلتوری لەبۆکان) دوو ساڵ لەوە پێش رایانگەیاند: (ژمارەی گۆرانیەکانی زیرەک (٣٦٢٣) گۆرانییە!)(*٥) کە ئەم ژمارەیەش هێشتا بە تەواوی پشتڕاست نەکراوەتەوە!! هه ر بۆیە و بەهۆی ئەو ژمارە زۆرە تا ئێستا هیچ کەس لەئێمە ناتوانێ، بڵێ: من تەواوی گۆرانیەکانی زیرەکم لایە، ئەوەش کە هەیە هەمووی چاپ نەکراوەو نەنووسراوەتەوە، ئێمەش هەرگیز تەواوی گۆرانیەکانی زیرەکمان لەبەردەست نیەو هەموومان نەمانبیستوون! هەربۆیە ناتوانین سەرژمێری تەواوی ئەو ئامێرانە بکەین کە زیرەک لەنێو تەواوی گۆرانییەکانیدا ناوی هێناون! هەر بۆیە وەک نموونە.. ناوی هەندێک لەو ئامێرانە دەهێنین کە بیستوومانەو خوێندوومانەتەوە: وەک- دەف، نەی، شمشاڵ، ساز، سەمتوور.تار، دووتار، سێ تار، کەمان، کەمانجە، تەمبوور، تەپڵ، زوڕنا، دەهۆڵ، دەمبک، تاس، نەوا، دوزەلە، زۆری تر. زیرەک و ڕیزگرتن لە هونەرمەندە مۆسیقارەکان زیرک چەند هونەرو ئامێرە مۆسیقیەکانی خۆشویستووە، دوو هێندەش ڕێزی لە هونەرمەند مۆسیقیەکان گرتووە، ئەوانەی کە لە نزیکەوە زیرەکیان دیوەو ناسیوە، باس لەوە دەکەن کە زیرەک پیاوێکی زۆر بەڕێزو قسە خۆش و یەکماڵ بووە، ئەگەر لەگەڵ خەڵک بەگشتی ئاوا بووبێ! دەبێ لەگەڵ هونەرمەندو مۆسیقیەکان چۆن بووبێت!؟ هەرگیز دڵی کەسی نەشکاندووە، رابیعە خانم دەڵی: (زیرەک کە دەچووە ئاهەنگێک و پارەیەکیان بۆ دادەنان، زیرەک هەر بەلەپ پارەکەی بەسەر مۆسیقیەکان دابەش دەکردوو هیچی بۆ خۆی هەڵنەدەگرتەوە! پێم دەگوت: زیرک ئاوا نابیت ئێمەش پێویسیمان بەپارە هه یە، دەڵی زیرەک دەیگوت: رابە..ئێمە دوو کەسین خودا نانێکمان هەر دەداتێ، ئەوان ساحێب منداڵن و لەئێمە زیاتر پێویستیان پێیەتی)(*٦) بەم جۆرە رێزی لە موسیقیەکان دەگرت وهەمووی دەدا بەئەوان و هیچی بۆ خۆی هەڵنەدەگرت. هەر بەو رێزلێگرتنەوە لەمۆسیقیەکان، بەجەشنێکی تر ڕێزی لە تیپ و هونەرمەندە مۆسیقیەکانی (رادیۆی کرماشان و ئازەربایجان و تەهران و تەورێزو مەهاباد ) گرتووەو وێنەو ناوی لەکتێبی (چریکەی کوردستان) دا بڵاوکردوونەتەوە. سەیرکەن لە ژێر وێنەی تیپەکەیان زیرەک خۆی چۆنی باسکردوون وناوی نووسیون: (تیپی مۆسیقای ئازەربایجان، لەڕادیۆی تاراندا، بە سەرۆکایەتی هونەرمەند (جاوید)، هونەرمەندی بەنرخ؛ کاک (ئابازەر) کە دایەرەی لێ ئەدا، لە پرکردنەوەی شریتی بەستەو گۆرانی، هاوڵانی بەڕیز (محەمەدی ماملێ) گۆرانیبێژی مەهاباد عەبدوڵلازادە، بەستە وێژی شادی و زەماوەند هاشمی فیدایی، مەقام وێژی سابڵاخ لەگەڵ مندا هاوکارییان کردووە - حەسەن زیرەک -)(*٤) تیپی مۆسیقای ئازەربایجان لەتاران دیسان لەباسی تیپ و هونەرمەندانی مۆسیقای رادیۆی کرماشان زیرەک لەژێر وێنەکەیان ناوی خۆیان و ئەو ئامێرە مۆسیقیە دەهێنێ کە دەیژەنن، دەنووسێ: (تیپی مۆسیقای رادیو کرماشان، بەسەرۆکایەتی، (عەبدولسەمەدی) کە بە قەرنەو لاوی هونەرمەند (میرزادە) بەوییەلۆن و (ئیزە دی) بە سەنتورو (پولەکی) بەزەرب هاوکاریم لە گەڵ دەکەن، لەکاتی شریت پڕکردنەوە! (حەسەن زیرەک) زیرەک چ ئامێرێکی مۆسیقی ژەنیوە؟ زیرەک کە لەنێو ئامێرە مۆسیقییەکاندا ژیاوەو لەتۆمارکردنی گۆرانییەکانیدا بەکاریهێناون و ناسیونیەتی و لەنێو گۆرانییەکانیدا ناوی بردوون، عەقڵ بۆ ئەوە دەچی کە زیرەک بەو شارەزاییە زۆرەو بەو هەموو خۆشەویستییەوە کە هەیەتی لەبارەی ئامێرە مۆسیقیەکانەوە، دەبێ بزانێ چەندین ئامێر بژەنێ!؟ با بزانین ژیانی بەرچاو – واقیع- ی زیرەک چیمان پێ دەڵێ؟! ئایا هونەرمەند حەسەن زیرەک دەیزانی هیچ ئامێرێکی مۆسیقی بژەنێ؟ زیرەک وەک هونەرمەندێک، لەنێوەندە میدیاییەکانی ئێران و عێراقدا ژیاوەو دۆست و برادەرەکان و وهاوپێشەکانی نووسەرو هونەرمەندو مۆسیقژەن بوون و بەردەوام لەنێو وێستگەی رادیۆو تەلەفزیوندا لەهاتووچۆدا بووە، ئەوەش بەو مانایە وە دێت، ئەگەر گۆرانیەکانی بۆ تەلەفزیۆن تۆمار نەکردبێ ئەوا بۆ رادیۆیی تۆمارکردوون و کامیرای وێنەی فۆتۆگرافیی و کامیرای تەلەفزیۆنی تێدابووە، لە(رەش و سپیی)ەوە تادەگاتە (رەنگاوڕەنگ)، ئەمە بۆ ئەوەمان دەبات دەبێ زیرەکی هونەرمەند بەهەردوو جۆری وێنەو ڤیدیۆی زۆرهەبێتن و لەو وێنانەدا بە ئامێرەوە دەرکەوێ!!، بەڵام، بەداخەوە هونەرمەند حەسەن زیرەک لەم رووەوە وێنەی سەردەمی عێراقی زۆر کەمە!! ئەگەرچی وێنەو ڤیدیۆی سەردەمی تاران و کرماشان و بەگشتی ئێرانی زۆرترە، بەڵام، ئەویش هێشتا زۆر نیەو زۆر ڤیدیۆی تۆمارکراوی گۆرانی و ئاهەنگەکانی ناویان هەیەو رەنگیان نیە!؟ ئەم وێنەو ڤیدیۆیانەی تۆمارکراوی کاتی گۆرانی و ئاهەنگەکان، بەڵگەیەکی باشن بۆ ئەوەی بەدوای ئەوەدا بچین کە، ئایا زیرەک لەکاتی گۆرانی گوتندا چ ئامێرێکی مۆسیقی بەدەستەوە بووە؟! ئەوەی تائێستا، لای کەم من دیومن و لەبەردەست بن، زیرەک لەزۆر ئاهه نگ، کە وێنەی گیراوە لەکاتی گۆرانی گوتندا. تەنیا (دەف – دائیرە) ی بەدەستەوەیە! تا ئێستا من خۆم نەمدیوەو نەمبیستووە وێنەی زیرەک لەگەڵ هیچ ئامێرێکی تری مۆسیقی گیرابێت!. ئەوانەی لەگەڵ زیرک ژیاون چی دەڵێن؟ ئەو بەڕێزانەش کە لەنزیکەوە لەگەڵ زیرەک ژیاون و باسی زیرەکیان کردووە، کە زیرەک چ ئامێرێکی ژەنیوە، بەڕێزان (خاتوو میدیای زەندی) خێزانی و (رابیعە خانم)ی دوا خێزانیەتی لەگەڵ (میرزا کەریم خۆشناو)ی هاوڕێی و هاوماڵیی!!. میدیای زەندی لەپێشەکی چاپی دووەمی کتێبی (چریکەی کوردستان) لە بارەی زیرەک و ئامێر ژەنیەوە دەنووسێ: (حەسەن بەڕاستی هونەرمەندێکی بێوێنە یە، گەوهەرێکی یەک دانەیە و بۆ خۆی کۆڕی مۆسیقایە، سەیری کتێبی چریکەی کوردستان بکەن، بزانن پیاوێکی بێ سەواد، کە جگە لەدەف لێدان، لە گەل هیچ کەرەستەیەکی مۆسیقادا ناسیاوی نیە! چەند جوان بە کەلوپەلی مۆسیقادا هەڵ دەڵێ، )(*٤) لێرە میدیا خانم مەبەستی ئەو شیعرە درێژەی زیرکە کە لەژێر ناوی: (هونەرو مۆسیقا) دا لە کتێبی (چریکەی کوردستان) ناوی (٤٤) ئامێری مۆسیقای هێناوە باسی ئاوازەکانی کردوون، لێرەدا میدیا کێشەکەی بڕاندووتەوەو بێ ئەوەی کەس پرسیاری لێکردبێ، باسی ئەوەدەکات کە زیرەک جگە لەژەنینی (دەف)، ئاشنای ژەنینی بەدەستی خۆی لە گەڵ هیچ ئامێرێکی تری مۆسیقیدا نەبووە! دیسان (رابیعە خانم) یش لە چاوپێکەوتنەکانیدا هه ر باسی ئەوەدەکات کە(زیرەک تەنیا دەفی بەکاردەهێناو دەفەکەشی ئێستاش ماوە!)(*٦) هەموو ئەوانەش کە بۆ دیتنی زیرەک چوونەتە (کانی مەلا ئەحمەد) و داوای گۆرانییان لە زیرەک کردووە، زیرەک کە ویستوویەتی گۆرانی بڵێ: سەرەتا داوای کردووە دەفەکەی بۆ بهێنن و ئەوسا چریکاندوویەتی! میرزا کەریم خۆشناو برادەرێکی دڵسۆزی زیرەک بووەو چوار ساڵ پێکەوە ژیاون و ماوەیەکیش هەردوکیان لە یەک حەوش دا ژیاون و دوو بەرگ لە بەسەرهات و یادەوەری خۆی لەگەڵ زیرەکدا نووسیوە بەناوی (حەسەن زیرەک، هه ندێک لە بەسەرهاتەکانی) لەو دوو بەرگە دا زۆر جار باسی زیرەک دەکات لە کاتی گۆرانی گوتن دا، هیج جارێک باسی ئەوەی نەکردووە کە زیرەک ئامێرێکی تری مۆسیقی لە کاتی گۆرانی دا جگە لە (دەف) بە کار هێنابێ! هه موو جارێک لە سەرتا دەڵی: زیرەک دەستی دایە دەفەکەی و لە کۆتایی دا دەڵی دەفەکەی دانا! جارێک لە جاران جوامێرێکی بەڕێز و ئاشق بە دەنگی زیرەک لەدووەرە دەچیتە (کانی مەلا ئەحمەد) و دەیهەوێ لە نزیکەوە زیرەک لەکاتی گۆرانی گوتندا ببێنێ، لەزیرک دەپرسێ: ئەرێ تۆ جەنابی حەسەن زیرەکی؟ -بەڵی کاکە من من حەسەن زیرەکم! زیرەک دەڵی: -تو خوا یەک گۆرانیم بۆ ناڵێی؟ چونکە گەلێ لە دڵما بوو، کە لەنزیکەوە چاوم پێت بکەوێ وگوێم لەگۆرانییەکت بێت.. شوکر بۆ خوا ئاواتم هاتەدی! بەرلەوەی کابرا قسەکەی تەواو بکات زیرەک دەستی دایە دەفەکەی و زۆر بە ئارامی دەستی کرد بە گۆرانی: (ئای لەمینا لێ بە قوربان شەڕ دەکا چاوی، تاکەی دایبێنم بە پەنجەم ئەگریجەی خاوی) لەکۆتاییدا دەنووسێ: (لە پڕ زیرەک دەفەکەی دانایە عەرزو کۆتایی بە گۆرانیەکە هێنا)(*٧) ئەگەر ئەمانە کە لەگەڵ زیرەک ژیاون، بەڵگەی ئەوە دەدەنە دەست کە زیرەک جگە لە ژەنینی (دەف) هیچ ئامێرێکی تری نەزانیوەو بەکارنەهێناوە!! بەڵام، نووسەری دیارو ناسروای کورد بەڕێزمامۆستا (محەمەد حەمە باقی) کە لەکۆتایی شەستەکان لە گەڵ (هونەرمەند حەسەن زیرەک) پێکەوە لە زیندان بووین و لەنزیکەوە بینیویەتی و ناسیویەتی وزۆریش باسی ژیان و هونەری زیرەکی کردووەو جوانیشی باسکردووە، ئەمە رێککەوتێکی باش و مێژووییە کە بەڕێزێکی وەک مامۆستا محەمەد حەمە باقی لە گەڵ زیرەک پێکەوە لە بەندیخانە دەبن وئەم پێکەییەوە ئەو مێژووەی زیندانی کردنی زیرەکی زیاتر زیندووکردووە، چۆن زیرەک زۆرجار لە ئێران و لەعێراق گیراوە، بەڵام، هیچ کەس وەک مامۆستا، هێندەی من ئاگادار بم، ئاوا یادگاری خۆی لەگەڵ زیرەک و بەندیخانە نەگێڕاوەتەوە؛! مامۆستا محەمەد لە چاوپێکەوتنیێکی تەڵەفزیۆنی (کوردسات) دا کە بەیادی زیرەک تۆمار کراوە، لەمیانی قسەکانی دەفەرمووێ:(حەسەن زیرەک لەگەڵ گرتنەکەیا، کەهەموو کەس نایزانێ، حەسەن زیرەک بۆچی بەردەوام ئاهەنگی تازەو گۆرانی تازەو ئاوازی تازەی هەبوو، حەسەن زیرەک عود ژەن بوو ئەیزانی عود بژەنێ، لەبەرئەوە عودەکەشی لەگەڵ خۆیدا گیرابوو، وەک کەرستەکانی ئەو مرۆڤە، کە ئەگیرێ لەگەڵیدا پێی بوو، )(*٨) ئەمەی مامۆستا محەمەد حەمە باقی دەیڵێ، راستیەکە کەس ناتوانی نکۆڵی لێبکات! چۆن مامۆستا لەگەڵ زیرەک لەچەند شارێکی کوردستان پێکەوە زیندانی بوون!! ئاگاداری زیرەک بووە لە نێو بەندیخانە. بۆ دڵنیایی زیاتر لەشەوی(٨ لەسەر ٩ی مانگی ٤ی ٢٠٢٢) پەیوەندیم بە مامۆستاوە کردو لێم پرسی: مامۆستا جەنابت لە بەندیخانە زیرەکت بینی (عود) بژەنێ؟ لەوەڵامدا، فەرمووی نە خێر! چۆن ئیدارەی سجن عودەکەی وەک کەلوپەلی هەموو زیندانیەکان لای خۆی گڵدابووەوە) هەر مامۆستا خۆی فەرمووی زیرەک لە مەرج کردنێکدا لەگەڵ برادەرێکی ئەم عودەی دەسکەوتبوو، واتە زیرەک و برادەرێکی لە نێو خۆیان مەرجیان کردووە، زیرەک گوتبووی: ئەگەر من بردمەوە ئەم عودەم دەوێ! لەئەنجامدا زیرەک عودەکە دەباتەوە. دیارە کە بە گرتنیش دراوە!؟ عودەکەی پێبووە و بردووویەتیە زیندان.(*٩). دەبێ ئەوەش بڵێین، نەزانینی ژەنینی ئامیرە مۆسیقیەکان بۆ زیرەک نەبووەتە هۆی ئەوەی کە پەکی بکەوێ لە ئاوازدانان، ئەو نەک ئاواز دانەریش بووە، ئەو ئاوازی لێ هەڵڕژاوە و ئاوازی زۆرو چاکی داناوە، ئەگەرچی تەنیا وێنەی لەگەڵ دەف دەکەوێتە بەرچاوو باسی ئەوەش دەکرێ، تەنیا دەفی زانیوە، بەڵام، دەتوانم بڵێم زیرەک ئاوازی بۆ هەموو ئامیرە مۆسیقیەکان داناوە و ئاوازی زۆرو چاکی داناوەو چاکتر لەئەوانەی کە زانیویانە ئامیر بژەنن، واتە توانیویەتی گۆرانی لەگەڵ ئۆرکیستراو تیپ و دوو دوو و تاک تاکەی ئامێرە مۆسیقیەکان بڵێ! بڵی و مامۆستا بێت و داهێنانیش بکات. شیکردنەوەیەک زیرەک کە لەڕادیۆی کرماشان دەردەکرێ و ئیتر کەمتر گۆرانی گوتن و تۆمارکردنی رادیۆو لەگەڵ تیپ و ئۆرکستیرا بۆ ڕێکدەکەوێ، دیارە بیری کردووتەوە خۆی فێری عود بکات، بۆیە هەوڵی داوە عودێکی هەبێت، بەڵام، لە بەختی خۆی و کورد! بەعودەوە دەگیرێ و گیرانێک کە خۆی لەکاسێتی (ئەبووسەباح) دا باسی دەکات و دەڵێ (مەخلەس شەش مانگ لە ژێر تەعزیبی سازمانی ئەمنیەتی عێراق، ئەوەی بەسەریان هێنام! هێنام..خوا کردی من لە هیچا نەبووم؛ خوا هاوار خۆم هاوار)(*١٠) ئەمە لە زیندانی عێراق و هەر بەم گیراوی و ئازارەوەش عیراق دەیداتەوە دەست ئێران و وەک (میدیای زەندی)(*١١) و(محەمەدی کەمانگەر(*١٢) و زیرەک خۆشی باسی دەکات، لەئێرانیش بەپانکەوەی هەڵدەواسن و لەعێراق خراپ ترو زیاتر ئازاری دەدەن!! ئیتر ئەم ئازارو بەندیخانەو ژیانە حەواسی ئەوەی بۆ ناهێڵن زیرەک بەدوای عودەکەیەوە دابچێ و خۆی فێری عود بکات، لەوە ناچێ پاش دەسکەوتنی عودەکەش فرسەتی ئەوەی بۆ هه ڵکەوتبێ راهێنان بکات و فێری عود ژەنین بووبێ!! دەنا زیرەک پیاوێکی زیرەک و بە زەین بووە، هەر کارێکی کردبێ، هەتا ئەگەر بە ناچاری و لەبرسانیش کردبێتی، جوان و سەرکەوتوانە کردوویەتی! دیارە کە لەعێراق و بەندیخانەوە دەیدەنەوە ئێران و لەوێش دەیخەنە بەندیخانەوە، لەم وڵات گۆڕین و بەندیخانە گۆڕینە، ناکرێ عودەکەی بۆ دەرباز بووبێ!؟ کە دەیەوێ لە (کانی مەلا ئەحمەد) چایخانەیەک بۆ کارو کاسبی چێبکات، کانی مەلا ئەحمەد جێگای کەرو گاگەل بووە، پیس و پۆخڵ، میرزا کەریم خۆشناو دەنووسێ:(... سەیرم کرد ئەو چایخانە پیس و پۆخڵە بەو ناشیرینە، بووە بەگازینۆیەکی خۆش و پاک و خاوێن وسپی کاری و چیمەنتۆکراو، هەر حەز ئەکەی لێی دابنیشی (...) ئەم هەموو گۆڕینە جوان جوانە بەم پەڵە پەڵە، لێهاتوویی زیرەکی دەرئەخست، ئەوەندەی تر زیرەکم لا خۆشەویست بوو بوو)(*٧) دەنا ئەگەر زیرەک ماوەیەکی کەم خەریکی فێربوونی عود بوایە، بێشک بەباشی فێر دەبوو، دیارە دواتریش کە لەزیندانی عێراق و ئێران بەردەبێت جارێکی تر فرسەتی فێربوونی عودی بۆ هەڵناکەوێ، هەر ئەو فرسەت بۆ هەڵنەکەوتنە هی ئەوەیە کە زیرەک فێری عود نەبێ و نەتوانێ لەگۆرانی گوتندا بە کاری بێنێ و لە وینەکان بەعودەوە دەرکەویت؛ دەنا ئەوەی مامۆستا محەمەد حەمەباقی باسی دەکات، راستە.. بەڵام، بەداخەوە ئەو راستیەو ئەم ئارەزووەی زیرەک، بەندیخانەکانی ئێران و عێراق و ئازادانە بێ سنوورەکاننی لێنەگەڕان ئەو راستیە بەردەوام بێ و ئەم ئارەزووە، بێتە دی!! گۆرانییەکانی زیرەک لەگەڵ ئامێرە مۆسیقییەکان هونەرمەند حەسەن زیرەک، تایبەتمەندیەکی تری هەیە کە لەهیچ یەک لەهونەرمەندو گۆرانیبێژەکانی تردا نیە، نەک لە نێو کورد..بەلکو لە هەموو جیهان! ئەویش تۆمارکردنی گۆرانیەکانیەتی لەگەڵ ئۆرکیستراو تیپ و مۆسیقژەنە جۆراوجۆرەکان! زیرک بەهۆی ژیانی پڕ دەردەسەری و دربەدەری و بەتایبەتی خۆی لەعێراق و لە ئێران.. لەوڵاتێک و لەشارێک و لە کارێکدا جێگیر نەبووە و بەردەوام پێیەکی لە هەڵاتندا بووە، ئەم ژیانە نەیهێشتووە لەگەڵ ئۆرکیستراو تیپ و هونەرمەندە مۆسیقیەکان بمێنتەوەو بتوانێ گۆرانییەکانی هەردەم لەگەڵ مۆسیقا تۆمار بکات، چۆن خۆشی زیرەک هونەرمەندی بەردەوام گۆرانی گوتن بووە و ئاوازو شێعری لێ هه ڵڕژاوە، بەو توانایە هونەری و شیعرییەی کە هه یبووە، هەردەم گۆرانی تازەی هەبووەو بە دوای شوێنێکدا گەڕاوە کە تۆماریان بکات، لەبارەی توانای زۆرو هونەری دەستەوڕستی زیرەک زۆر کەس باسی ئەم توانایە ئەفسانەییەی زیرەکیان کردووە، هونەرمەندی گەورەی کوردو دۆستی گیانی بە گیانی زیرەک، موجتەبای میرزادە دەفەرمووێ: (زۆر جار پرۆڤەی گۆرانییەکی زیرەکمان دەکرد؛ کەچی کە دەچووینە ستۆدتۆ بۆ تۆمارکردن، زیرەک گۆرانییەکی تری بەشیعرو ئاوزەوە ئامادە بوو، داوای دەکرد ئەو تازەیە تۆمار بکەین! کە دەمانگوت: چۆن دەبێت ئێمە پرۆڤەی گۆرانییەکی ترمان کردووە؟ کەچی دەیگوت: ئەو زانراوە، ئەمە ئێستا لەسەر زارو نێو گەروومدایە؟ بە ناچاری گۆرانییە تازەکەمان تۆمار دەکردو زۆر جوانیش دەردەچوو!)(*١٣) مامۆستا هەژاری موکریانی شاعیرو نووسەری گەورەی کورد دەفەرمووێ: (سەرەتای پەنجاکان دوکانی وێنەگریم هەبوو لە بەغدا، زۆرجار زیرەک دەهات و داوای لێدەکردم شیعری گۆرانییەکانی بۆ بنووسمەوە، دەفتەرێکی گەورەم بە تایبەت بۆ گۆرانییەکانی زیرەک کڕی بوو، هەرجارەی دەهات چەندین گۆرانی دەگوت و منیش دەمنووسینەوە، جاری واهەبوو دەپازدە گۆرانی بەشیعرو ئاوازەو ئامەدەبوون و من شیعرەکانیم بۆ دەنووسیەوە)(*١٤) ئەم توانە بێسنووریەی ئاوازو شیعریی هونەرمەند حەسەن زیرەک کە هەموو لایەک باسی دەکەن، هەر بەڕاستیی توانایەکی ئەفسانەییە!! هەر ئەوە شە وای کردووە زیرەک بەردەوام پێویستی بە گۆرانی گوتن و تۆمارکردن هەبێت! لە گوتندا بێت و گوتنی داهێنەرانە!! هەر ئەوەشە هۆی ئەوەی کە زیرەک ژمارەی گۆرانییەکانی هێندە زۆر بێت لەجیهان وێنەی نەبێ! لە تۆمارکردنی ئەم هەموو گۆرانیی و ئاهەنگانە دا زیرەک هێندەی تیپگۆڕی و ئامێرگۆڕی کردووە؛ کە زەحمەت بتوانرێ تیپ و مۆسیقاڕەکان هەموویان بەسەر بکرێنەوە! ئەوە جگە لەوەی کە زۆر جاریش تیپ و مۆسیقاڕی دەست نەکەوتووەو بەتەنیا چریکاندوویەتی و قاسپاندوویەتی ولەو بێ تیپ و مۆسیقاییەش داهێنانی گەورەی تێدا کردوون، هەر بۆ نموونە: کاسێتی ماڵی بەڕێز (شێخ لەتیف بەرزنجی)(*١٥) لە هەولێرو گۆرانییەکانی سەرە مەرگ (وامن نەخوشم، کوێستانان خاڵ خاڵ،)(*١٦) لە بۆکان و مەهاباد، زۆری تر کە هیچ ئامێرێکی مۆسیقی لەگەڵدا نیەو بەبێ مۆسیقا توحفەی تۆمارکردووەو ریکۆردی داهێنانی شکاندووە؛ ریکۆردشکاندنێک..کە کەرەستەی داهێنانی دەیان لێکۆڵینەوەی هونەری و ئەدەبی و دەروونین!! ئەو گۆرانیانەش کە زیرەک لەگەڵ مۆسیقا تۆماری کردوون، دەتوانین ناوی جۆرەکانیان بەرین، چۆن ئێمە گوێمان لەتەواوی گۆرانییەکانی زیرەک نە بووە، هەرگیز ناتوانین ئاماری دروست بەدەست بێنین، بەڵام، ئەوەی هەیە هێماکردنێکە بۆ جۆراوجۆری مۆسیقاکانی گۆرانییەکانی هونەرمەند حەسەن زیرەک. سەردەمی رادیۆی بەغدا، ئەوا گۆرانیەکانی لەگەڵ تیپی مۆسیقی رادیۆی عێراق تۆماری کردوون و کە زۆر بەی ئەندامەکانیان عەرەب بوون، بەداخەوە ژمارەی ئەندامانی تیپەکە من نایزانم! هەروەها لەسلێمانی لە گەڵ (تیپی مەولەوی) و لەتاران لەگەڵ (تیپی ئۆرکیسترا) رادیۆی تاران لەگەڵ تیپی مۆسیقی ئازەر گۆرانیەکانی تۆمارکراون، لیرەش ژمارەی ئەندامانی ئۆرکیستراکان دیار نین! میدیای زەندی باسی ئەوە دەکات کە زیرەک لە کرماشان کۆڕێکی مۆسیقا- تیپی مۆسیقا – ی تایبەت بەخۆی پێکهێنابوو، دەنووسێ:(لە ساڵەکانی (٤١تا٤٣ی هەتاوی)، حەسەن زیرەک کۆڕێکی مۆسیقای بۆ خۆی پێکهێنا بووکە بەڕاستی پەنجەیان شیرین بوو، لەوکاتانەدا حەسەن ژیانی ئیداری کەوتبووە سەرەو لێژی، چونکە دەوڵەت پارەکەی نەئەدا، لەبەرئەوەی سەرۆکی بەرنامەی کوردی،(شوکروڵلای بابان) گوتبووی، ئێمە نزیکەی(١٥٠٠ گۆرانی) مان بەدەنگی حەسەن زیرەک هەیە، ئیتر ئەومان ناوێ؟!؟.)(*٤) جگە لەوەی کە زیرەک گۆرانیەکانی لەگەڵ تیپ و ئۆرکیسترای جۆراوجۆر تۆمارکردووە لەعێراق و لە ئێران، زۆر گۆرانیشی لە زۆر شوێنی جیاجیای عێراق و ئێران لەگەڵ سێ ئامێرو دوو ئامێرو یەک ئامێریش تۆمارکردووە، کە بەسەرکردنەوەی هەموو ئەمانەش کارێکی ئاسان نیە! ئەو ئامێرانەش کە من خۆم بیستوومن، دەتوانم ناوی عودو دەف وتەپڵ و تەمبوورو سازو نەی و شمشاڵ و دوزەلەو زوڕناو دەهۆڵ..بهێنم!! بۆ نموونە هونەرمەند حەسەن زیرەک لەگەڵ هونەرمەند (محەمەد عارف جزیری) پێکەوە گۆرانی (کیژان دەچنە مێرگوڵان) یان تۆمارکردووەو محەمەد عارف عود دەژەنێ و مامۆستا گیژان دەچنە مێرگوڵان دەچڕێ، بەڵام چ چڕین و چ عود ژەنینێک!!؟ کە ئەم دوو هونەرمەندە لوتکەیە لەکارێکی هونەری گۆرانی گوتندا یەکیان گرتووتەوە، چ یەکتر گرتنەوەیەک...پڕاوپڕ لەداهێنان. مێژووی دەف لەکوردستان وەک دەرکەوت زیرەک تەنیا (دەف) ی ژەنیوە، کە ژەنیویەتی زۆر جوانیشی ژەنیوە، دەفیش لەکوردستان دۆستانێکی زۆری هەن و پیرۆزییەکی مەزنیشی هەیەو تیپ و گروپی گەورەو دەفژەنی ژن و پیاوی چاکی زۆرە، بۆیە واچاکە لەڕووی مێژووییەوە باسێک لەدەف بکەین. بەڕێز(هۆشەنگ جاوید) وەک لێکۆڵەرێکی مۆسیقای کوردو ئێران و خاوەن بەرهەم، لەگفتوگۆیەکی لەگەڵ (سایتی - کرد پرس) لە باسێکی کورتی مێژوویی مۆسیقاو کۆنی ئامێرە مۆسیقیەکان لەکوردستان دەڵێ: (کوردستان – پایتەختی دەفە لەجیهان – و مامۆستا حەسەن زیرەکیس بەشوالیەی مۆسیقای کوردی ناودەبات)(*٣) هەر ئەو لێکۆۆڵەرە (هۆشەنگ جاوید) لێکۆڵەری مێژووی مۆسیقا دەڵێ:٠(لە لایەکی ترەوەو، مێژووی دەف بەگەڕانەوە بۆ بەردە نووس و – وێنە بەردینییەکان – ی (کول فرە) لەناوچەی (مال امیر- ماڵە میر) لە (ایزە – ئیزە) لەدوا پایگای کورد نشینی ئێرانی کۆن دەبینم!، ژنانی دەفژەن خەریکی خۆدەرخستنن، بەڕاستی دەتوانین کوردستان (ناوچە کوردنشینەکان بە پایتەختی دەفی هەموو جیهان بزانین)(*٣) بەشێوەیەکی گشتی ئامێری هەوایی و کوتین کە کوردەکان بە کاریان هێناون، مێژووێکی یەکجار کۆنیان هەیە، بەکارهێنانی تەنبوورو نەی و دەف بۆ ئەو رۆژگارانە دەگەڕیتەوە، دەتوانین بڵێین.. کۆنترین بەشی مۆسیقای ئێران، بەپشتگیری بەردە نووسەکان و وێنە بەردینەکان و یان نامە نووسینەکان بۆ بەشی رۆژئاوای ئێران و تەواوی ناوچە ی کوردنسین و لوڕنشین دەگەڕێتەوە.)(*٣) لەزۆر لەوێنە بەردینەکانی شارستانییەتە جیاجیانی کۆنی کوردستان، وێنەی دەفژەن دەبینین، کە لەئاهەنگەکان دا هاوبەشیان کردووە. ئامێرە مۆسیقییەکانی زیرەک لە(هونەرو مۆسیقا)دا باسی کردوون مۆسیقا بەمانا تایبەتیەکەی بەشێکە لەهونەر، هونەر بەمانا گشتییەکەی، لەپێناسەی مۆسیقادا گوتراوە:(مۆسیقا هونەری رێکخستنی دەنگەکانە، لەکاتە کورتەکان، بەهۆی رەگەزەکانی ئاوازو گونجاندنی ئیقاع و جەڕە س)(*١٧)، لەپێناسەیەکی تر هاتووە:(مۆسیقا یەکێکە لە هونەرەکانی دەنگ، کەتێکەڵە لە گۆرانی و ژەنینی ئامێرە مۆسیقیەکان، بەشێوەیەک بگونجێ لەگەڵ ئاوازو ئیقاعە دیاریکراوەکە.)(*١٧) لەم شیعرە دا زیرەک هونەرو مۆسیقای پێکەوە ناوبردووە، لەڕاستیشدا هەر پێکەوەن، بەڵام، زۆر بە دیاریکراوی زیرەک ئامێرژمێریەکی کردووەو ناوی هێناون و باسی شێوەو دەنگ و ئاوازەکانی کردوون، ئەمەش پێمان دەڵێ: زیرەک تەنیا ناوی ئامێرەکانی نەبردووە، زانیاری لەسەر جۆری دەنگ و ئاوازەکانی هەریەک لەو ئامێرانە هەبووەو ئەو ئاوازانەی بەهۆی خۆشی ژیان زانیوەو بەپێکەوە هەمووانی بە مۆسیقای (خۆشی ڕوحی بەشەری) زانیوەو پێی وابووە کە (لادەبەن غەم ودەبەن دڵتەنگی) کە زەمانێ (ئینسان ئەخاتە عالەمی مەستی) و خەڵک (دەتخاتە شایی و هەراو هەڵهەڵە) و ئەمانە هەرکام بەسۆزو سازێ، بۆت دەکەن بەدڵ رازو نیازێ، مۆسیقای کوردی ئەڕازێننەوە، ریشەی دڵ بەجۆش دەلەرێننەوە. فەرموون..ئەمەش شیعرە جوان و پڕ لەزانیاریە گرنگەکەی ئامێرە مۆسیقیەکان، کە لێرە زیرەک (ئەدەب – شیعر) و(زانستی ئامێرناسیی) و (هونەری ژەنین) و (خۆشی دەنگەکان)ی باسکردووە. هونەرو مۆسیقا (مۆسیقا) خۆشی روحی بەشەری ساحێبی دەست و پەنجەی گەوهه ری ** (ئۆرکێسترا) مردم لەسەر قەبرەکەم بێت دەنگی (نەوا)ت بۆ هونەرەکەم ** مۆسیقا شەرتە هاوڕازم تۆ بی پاشی مردنیش دەمسازم تۆبی ** مۆسیقا هەر تۆی روح و گیانی من مۆسیقا خۆشیی بۆ ژیانی من ** مۆسیقاو بەستەو نەغمەو گۆرانی مردوو بانگ دەکا لە قەبرستانی ** لا دەبەن غام و دەبەن دڵ تەنگی هەرکەس بە نەوعێ دەبیستێ دەنگی ** ئەما داد لەدەس دەنگی (گزنفۆن) بە شیددەت دەدا جوابێ بە (باسۆن) ** ئەوەل (ویرافۆن) دووهەمیش (ئۆرگ) پیاو نەجات دەدا لە غەم و لە مەرگ ** ئەوەلیان(سنج)ە دووهەمیان (بانجۆ) پیاو رزگار دەکەن لەشین و رۆ رۆ ** (هارمۆنیک) وەختێ ئەگریتە دەستی ئینسان ئەخاتە عالەمی مەستی ** زەمانێ گەردێ سەدای (ساکسیفۆن) لەدەنگی دەپسێ پەردەی (میکرۆفۆن) ** نەوای(قەرەنە)ی بانگ دەکا (تەنبوور) پەردەی گوێ دەدڕێ لە نزیک و دوور ** (تەنبوور)نەجیبە، سەدای زۆر گەرمە دەنگی مەحزوونە، پەردەی لە بەرمە ** (دووتار) و (گیتار) شاگردی (سێ تار) دەنگیان هێند خۆشە لە دڵ دەبەن بار ** ئافەرین (سەنتور) دەنگت چەن خۆشە ساحێب هونەران، دەکەی بێ هۆشە ** دەنگی (ماندۆلین)، گرمەی (ترومپێت) دەتخاتە خەیاڵ سواری ئەسپی کوێت ** وەختێ دەبیسترێ دەنگی (گرنترباس) دەنگی لیوە دێ، بە هەزار تەماس ** دەنگی (دەمبەک) و سەدای (دووزەڵە) دەتخاتە شایی و هەراو هەڵهەڵە ** دەنگی (دەف) چاکە بۆ دروێشەکان بۆ سۆفی و مرید، بۆ قوڕکێشەکان ** (دەهۆل) و (زوڕنا) خۆشە سەحەری سەر لەسەر سەرین، بتکا خەبەری ** یا لە بۆ سوارەو لە بۆ شەڕەکەڵ ئینسانی بە زەوق دەاتە گونگەڵ ** لە خەو هەڵدەستن یاران خەرامان دەچنە هەڵپەڕکێ بە هەڵهەڵەو داوان ** ئەمما (کە مانچە) دەکا فیکە فیک دڵی جوان و پیر دێتە جیکە جیک ** ئەمما داد لەدەس دەنگی (بالەبان) شوان دێنێتە رەقس، لەدەشت و لە بان ** (شمشاڵ) تایبەتی دەستی شووانە مۆسیقای کوردان، نەغمەی کوێستانە ** سەدای (فلووت) دێ، چەندە بە لەنگی بانگ دەکا برام! (دایەرەی زەنگی)(١) ** (زەرب) و(دایەرە) گەر دینە سامان بەبێ ئیختیار دەمکەن سەر گەردان ** (چەنگ) موسیقایی هی چەند سەدە پێش وەختێ لێ دەدرێ، دڵ دەکاتە کێش ** ئەمما داد لەدەس (جازی ) فەڕەنگی گەر هونەرمەندێ دەیگرێتە چەنگی ** (ویلۆن سڵ) دەدا سەدای دڵ تەنگی بڕوانە سیمی، ببیستە دەنگی ** (پیانوو) شای هونەرو مۆسیقە دارە خۆشتر لەکول شت، (ویلۆن) و (تارە) ** (عود) گەر بانگ دەکا، دەڵی هۆی (قانوون) سیمی دەلەرزێ، دڵ دەکا زەبوون ** (ئۆکۆردۆئۆن) سەدای لە چەندین نەزمە (جونبش) کاسەی زیو چەند زمی جەزمە ** ئەمانە هەر کام بە سۆزو سازێ بۆت دەکەن بە دڵ سۆزو نیازێ ** مۆسیقای کوردی ئەڕازێننەوە ریشەی دڵ بە جۆش دەلەرزێننەوە(*٤) لەکۆتاییدا هیوادارم هونەرمەندێکی پسپۆر لەمۆسیقاو ئامێرناس بەوردی ئەم ئامیرانەوە وەسفەکانی زیرەک بەسەربکاتەوەو بزانێ کە زیرەک تاچەند لە باسکردنی ئامێرە مۆسیقیەکان سەرکەوتووە؟ ** ئەو سەرچاوانەی بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە سودیان لێبینراوە (*١) حسێن سۆران، حەسەن زیرەک... لەکۆچەرێکی نۆستالیژیەوە بۆ نەقاشێکی ئیرۆتیکی، چاپی تاران، چاپی یەکەم ٢٠٢١ (*٢)رۆڵی حەسەن زیرەک...لەمۆزیکی کوردییدا، ئەمادەکردنی؛ زۆزک ئەحمەد قەرەداغیی، زاهیر محەمەد عەزیز، بەسەرپەرشتی:ع.ج.سەگرمە، چاپخانەی شڤان سلێمانی، چاپی یەکەم ٢٠٠٤ سلێمانی. (*٢-١) چاوپێکەوتنێکی رادیۆی تاران لەگەڵ (میدیای زەندی) لەواڵی(سەید حەکیم بەرزنجی)یەوە. (*٣)موسیقی کردی بر موسیقی جهانی تاثیر گذاشته است / حسن زیرک شوالیه موسیقی کردی است ،بخش-استان-ها-10/91912-موسیقی-کردی-بر-موسیقی-جهانی-تاثیر-گذاشته-است-حسن-زیرک-شوالیه-موسیقی-ردی-است. لێرە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ هونەرمەندی لێکۆڵەر (هۆشەنگ جاوید) کراوە، ئەو هونەرمەندە لێکۆڵەرە چەندین کتێبی هەیە لە بارەی مێژووی مۆسیقای ئێران و کورد، بەچاکی دەزانم برایانی هونەرمەند بەدوای لێکۆڵینەوەکانیدا بچن. (*٤) حەسەن زیرەک، چریکەی کوردستان، بەکۆشش و گرداوردەی؛ میدیازندی، سازمان انتشارات بورەکەیی، نوبی چاپ،٢٦٩٨(ماد)،١٣٧٦ خورشیدی – چاپ نخست. (*٥) کۆمەڵەی کلتوری – بۆکان،ئیران (*٦) رابیعە خانم – خێزانی زیرەک،چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی.؟ (*٧) حەسەن زیرەک هەندێک لەبەسەرهاتەکانی، بەشی دووەم، طبع/ مطبعة دار القادسیة / بغداد – الاعظمیة – سنة ١٩٦٨ (*٨) محەمەد حەمە باقی، چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی کوردسات؟ (*٩) پەیوەندی تەلەفۆنی لە گەڵ بەڕێز مامۆستا محەمەد حەمەباقی، شەوی ٨/٩٤/٢٠٢٢- هه ولێر (*١٠) قسەکردنی هونەرمەند حەسەن زیرەک. لەکاسێتی ناسراو بەئەبووسەباح، بۆکان- ١٩٦٨ (*١١) میدیای زەندی، چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی؟ (*١٢) محەمەدی کەمانگەر، چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی؟ (*١٣) موجتەبای میرزادە، چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی؟ (*١٤) هەژار موکریانی، سیدی دەنگی. ئامادەکردنی؛ محەمەد رەمەزانی، تاران، ساڵی؟ (*١٥) حەسەن زیرەک گۆرانی تۆمارکراوی ماڵی شێخ لەتیف بەرزنجی، هەولێر. ساڵی (*١٦) حەسەن زیرەک، سیدی پێش مەرگی، بۆکان- مەهاباد.ساڵی ١٩٧٢ (*١٧) ماهی الموسیقی https://mawdoo3.com (*١٧) ماهی الموسیقی
لهتیف فاتیح فهرهج له چیاكان تهوار دهڕوێن له كوختهكان ههژار دهڕوێن له تهلارو ڤێللاكاندا ستهمكارو زۆردار دهڕوێن ئهمه نهخشی سهر بهردیێكی كوردستانه تۆش دهتتوانی بێدهنگ بیت و ستهمكاری بهردهوام بێت كهچی وتت مادام سروشت ههربزاوته و روبارو دهریا ناوهستن خۆر دوای ئاوابونیش دێتهوه زهوی له دوای ههر سستبوونێ دهژێتهوه مهل تا باڵی ههبێ دهفڕێ ئاگر ههتا نوزهی تیابێت چهخماخه دهداو دهگڕێ بێدهنگ نابم زۆر جار مێژوو له شوێنێكا دهوهستێت و كهسێك دێت و دهیخاته ڕێ دهشێ مێژوو له توڕهی دڵی تۆوه رێگه بگرێ لهسهردهمی ئهم كوێربوونی دنیایهدا روناكیهكی ههڵبوویته له سهردهمی ئهم كهڕبوونی دنیایهدا دهنگێكی نای بیستراوی به دیار سهمفونیای دهنگتهوه بیرم له بوون دهكردهوه دهشێ له شوێنێ ون بێت و له شوێنێ تر دهربكهوێ تۆ خاتونه ئاویهكه گهرمه سێرهكهی خهیاڵت له گهرمیان و جهستهت له زۆزانی تهزیو له دیرۆكی ڤاكینگاندا وانهی خهمت دهوتهوه وانهی برین وانهی ئازار تۆبویت و بهس بووبوون به گوێ دارو دیوار دڵه كیمیا زهدهكهی تۆم تهنها بینی له ماڵهكهی ئۆڵف پاڵمێ به ختی كوردی دهكردهوه له پایتهختی سویدهوه تهتهرێكی فرمێسكم دی پهیامی تۆی بۆ نیشتمان دهبردهوه نیشتمانێكی لهت لهتی برینهكانی سهر لهشت ئێرهی ئێستا لێت قهدهغه كه تیای رژا خوێنی گهشت له ملیۆنان ئهستێرهدا گهشترین به فروخ مهبه مهلای لای نا ساكینه به لهیلا مهبه خۆت به تهنها ئامینه به
شەنای فاتیح پۆشاكی بوكێنی یەكێك لەپۆشاكە تایبەتەكانە لەژیانی هەموو كچێكدا و خەونیانە كەپێوەی دەربكەون، چونكە تەنها لەڕۆژی هاوسەرگیریدا لەبەردەكرێت، خانمێكیش دەڵێت:» كچان تەنها بۆ یەك رۆژ پۆشاكی بووكێنی دەپۆشن و دەڵێن ئەو رۆژە وەك فریشتە ئاسا دەردەكەون». ماری شاژنی سكۆتلەندا یەكەمین كەس بووە لەڕۆژی هاوسەرگیریەكەیدا لەگەڵ پاشای فەڕەنسا جلی سپی لەبەركردووە لەساڵی 1559، پاشان لەساڵی 1840 شاژن ڤیكتۆریا هاوسەرگیری لەگەڵ ئەلبێرت ساكس كرد و جلێكی سپی پۆشی لە ئاهەنگەكەیدا و پاش زەماوەندەكەیان رەنگی سپی بووە مۆدێكی نوێ لەنێو چینی دەوڵەمەندەكاندا و پاشان لەناو خەڵكدا دوای ساڵی 1990 بڵاوبووەوە. خانمێك: لەبەركردنی پۆشاكی بوكێنی دەبێتە جوانترین یادگاری ژیان. لەنجە سەركۆ تەمەن 23ساڵ، خانمێكە هاوسەرگیری ئەنجامداوە و لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتى ئاماژەی بەوەكرد كە ئەو پۆشاكە لەرۆژێكی تایبەتیدا دەپۆشرێت و ئاواتی هەموو كچێكە كە ئەو پۆشاكە لەبەربكات وتیشی:» بەڵام گرنگ ئەوەیە پاش لەبەركردنیشی ئەو كەسەی دێتە ژیانتەوە دڵخۆشت بكات». هەروەها خەرمان ئەنوەر تەمەن 34ساڵ، دووكانی پۆشاكی بووكی هەیە لەشاری هەولێر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» عادەتەن پۆشاكی سپی بۆ كاتی گواستنەوە بەكاردێت و ئارامی بەدڵی بووك دەدات هەندێك پێیانوایە بووك لەو رۆژەدا فریشتە ئاسا دەردەكەوێت». خەرمان ئەنوەر ئەوەشی خستەڕوو، خانمان زیاتر پۆشاكی بووك بەكرێ دەبەن و كەم خانم هەیە بەدلەی بوكێنی بكڕێت. هاوكات ئەوەشی باسكرد كە لەهەرێمی كوردستاندا كارگەی پۆشاكی بوكێنی نییەو وەك كاری سەرەتایی هەوڵ دراوە بەڵام بەشێوەیەكی فراوان كاری بۆ نەكراوە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ كەمی دیزاینەر و نەبوونی ژینگەیەكی لەبار بۆ ئەو كەسانەی ئارەزووی ئەو كارە دەكەن. بازرگانێكی پۆشاكی بووك: بەشێكی زۆری پۆشاكی بوكێنییەكان هاوردە دەكرێن. ئومێد عەباس تەمەن 51ساڵ، بازرگانێكی پۆشاكی بووكە لەشاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت:» پۆشاكی بوكێنی مۆدێلەكانی زۆرن و بەهۆی ئەوەی بۆ یەك رۆژ بەكاردەهێنرێت كچان زیاتر بەشێوەی كرێ دەیبەن، بەهۆی نرخەكەیەوە زیاتر خواست لەسەر پۆشاكە توركییەكانە بەراورد بەپۆشاكی بوكێنی فەرەنسی وڵاتانی دیكە». هاوكات باسی نرخەكەی كرد كە ئەگەر خانمێك بەوێت بیكڕێت لە 300 دۆلار تا 500 دۆلار هەیەو ئەگەر خانمێك بیەوێت بەتایبەت بۆی دیزاین بكرێت نرخەكەی دەگاتە 700 دۆلار. پەیامنێرەکەی هاوڵاتى دوای بەدواداچوونی زیاتر بۆی دەرکەوت کەهەندێک لەپۆشاکی بووک کرێکەی زیاترە لە 700 دۆلار کە لەفەرەنساو وڵاتانی تری ئەوروپاوە دەگەنە هەرێم و هەندێکیشیان نرخی کڕینیان دەگاتە پێنج هەزار دۆلار.
ئامادەکردنی هاوڵاتى مانگرتنی حەوت نەخۆشی سلێمانی، ناوی ئەو نمایشە هونەریەیە کە شێوەکار حەمە هاشم بەماتڕیاڵی سادەو شێوەی دەربڕین ئامێز نیشانی دایین. بەرهەمە هونەرییەکەی لەسەر تابلێتێکی حەپی ئەمۆکسلینە کەزۆربەمان لەماڵەکانمان و لەبەکارهێنانەکانی رۆژانەماندا بەرچاومان دەکەوێت، بەڵام لەنمایشەکەی ئەم هونەرمەندەدا بەفۆڕمێکی ئیستاتیکی و بەناوەرۆکێکی ئایدیایی جیاواز دەیبینینەوە، ئەم بەرهەمە هونەریەی هونەرمەند بۆ زۆرێک لەبینەرەکانی وەک داهێنانێکی هونەری دەدرێت لەقەڵەم بەتایبەتی لایەنی فکریی کارەکە. سەبارەت بەم بەرهەمە هونەرییەی هونەرمەند (حەمە هاشم) و روانگە ئایدیاییەکانی زیاتر بۆ (هاوڵاتى) دەدوێت و دەڵێت: ئەم کارە هونەرییە سادەتریین سادەییە لەماتڕیاڵدا، بەڵام دەربڕی رەهەندی گەورەی فکرییە، ئەو رەهەندانەی کەیەکانگیر دەبنەوە لەگەڵ باری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ئیداری خەڵک، لەنێو تەنگەژەی نادادپەروەرییەکی رووتدا، بیرۆکەکە زۆرتر لەکۆتایی هاتنی ئەو حەپانەوە هات کاتێک بۆ ئارامکردنەوەی سەرئێشەی خۆم پێویستم پێی بوو، دواتر سەیرمکرد من لەسەرئێشەیەکی گەورەتردام، خەڵکانی دەورووبەرم لە دەردەسەری و نەهامەتی گەورەدان، کۆمەڵگایەک دەناڵێنێ بەدەست نادادپەروەری و سیستەمی بەڕێوەبردنەوە، کاتێک کە مرۆڤ بیردەکاتەوە خەستەخانەکانی شارێکی وەک سلێمانی دەرمانی تێدا نامێنێت، دەبێت بیربکاتەوە لەو کارەساتە، دەبێ بیهەژێنێت، تۆ ئەگەر مرۆڤیت و رۆحت تەریبی مرۆڤایەتییە دەبێ سڵ نەکەیتەوە لەدەربڕینە راستگۆیەکانت بەردەوام بیت، من وەک هونەرمەندێک تاکە چەکی دەستی من هونەرەکەمە، دەبێ هونەرەکەم بەهێزو گوزارشتی بەتوانای بخەمە بەر بۆئەوەی پەیامەکەی بگات، ئایدیاکەی بچێتە جێگای خۆی، ئەمە گرنگە لەهونەری پۆست مۆدێرندا، بەهای هونەری پۆست مۆدێرن زۆرتر لەبیرۆکە و ئایدیادایە نەک ماتریاڵ و فۆڕمی ئیستاتیکی، بەڵام من نەمهێشتووە بەها ئیستاتیکییەکەش وون بێت، چونکە بینەری کورد تائێستاش چاوێکی عاتیفی هەیە بۆ بینینی بەرهەمی هونەری و زۆر تاقەتی سەوداسەری و گەڕانی نییە بۆ تەفسیرکردنی کاری هونەری، بۆیە من ویستوومە لەڕێگای حەوت دەموچاوی قوپاوی تێکشکاوی خەمناکەوە باس لەکۆی نادادییەکە بکەم، باس لە روانین و فکری کۆی ئەو نەخۆشانە بکەم کەهیوابڕاو دەکرێن لە نەبوونی دەرمانی پێویست،. بەو ماتریاڵە سادەیەی کە بەکارمهێناوە دەتوانم گوزارشتێکی زۆری فکری دەرببڕم، ئەمەش کاری هونەرمەندی راستەقینەیە . هەروەها سەبارەت بەشێوازی کارکردن لەسەر فۆڕمی گشتی ماسکەکان زیاتر دواو گووتی : ئەو شێوە بینراوانەی کە لەکارەکەدا بەکارم هێناون، هەمان ئەو ماسک و دەموچاوانە بوون کە نزیکەی ٢٥ ساڵ لەمەوبەر وەک ستایڵی کارکردنی خۆم بەکارم دەهێنا، بەتایبەتی لەپێشانگای تایبەتیم بەم جۆرە ستایڵە هونەرییە بەناوی (ئەنفال.. سێبەری وڵاتێکی ونبوو) کەساڵی ٢٠٠١ کردوومەتەوە ئەم کارە هونەرییانە مێژووەکەیان بۆ ساڵی ١٩٩٨ دەگەڕێتەوە ماتڕیاڵی کارەکان جۆراوجۆربوون، هەندێکیان پێستەی خۆشکراوو و هەندێکیان قوماش و ئیسفەنج و هەندێکیان پلێت بوون، لەم دواییانەدا چەند کارێکی دیکەم لەم چەشنە بە (فایبرگڵاس) ئەنجامدا، وە رەنگی بەکارهاتوو لەزۆربەی کارەکاندا بریتی بوو لە (خم) ، ئەم جۆرە رەنگە پاودەرێکی تایبەتە لە رەنگکردنی قاڵی و فەرشدا بەکارهاتووە لەکۆندا، هەڵبەتە من سوودم لەئەزموونەکانی (نەنکە شیرین)م وەرگرتبوو کە دەکاتە دایکی باوکم (رۆحیان شادبێت) چوونکە ئەو بەگەنجی خۆی تەونچی بووەو تا لەژیاندا مابوو جارجار ئەو تەجرەبانەی دووبارە کردبۆوە، بۆ من گرنگ بوو ئەو رەنگە بەکاربهێنمەوە، چوونکە پێم وابوو ئەگەر بمەوێ لەکارەکانمدا رۆحێکی گەرمیانیانەو کوردانە بدەم، دەبێ هیچ نەبێ لەماتریاڵ و تەکنیکیشدا ئەوکارە بکەم، بەو پێیەش ئەنفال شاڵاوی زۆری گەیشتە گەرمیان و دەشتی کۆیە، ئەم بەکارهێنانی (خم)ە جۆرێک لەنزیکایەتی و هاوبەشی پێدەبەخشیم، لەلایەک وەک ئەوەی کەهونەرێک دەکەم جیاوازە لەهونەری (باو ) کە بۆ ئەوکاتەی باشووری کوردستان زۆر مۆدێرن بوو، لەلایەکیش وەک پەیوەندییەکی لۆکاڵی بەکەرەستەوە بایەخی خۆی هەبوو. لەکارەکانمدا وا تەفسیرم دەکردن کەفۆڕمێک بدەم بەدەستەوە شێوەی لەدەمووچاو بچێت، دەمووچاوی ماندوو، پڕ ئازارو ژان، نیگەران، تەنیا ، هەموو ئەمانەم کۆدەکردەوە لەو رواڵەتانەی کە شێوەی قوماشێک وەریدەگرێت کە دەربڕ بوو بۆ ئەو قوماش و جلوبەرگانەی کە مرۆڤی ئەنفالکراوی کورد دوای زیندەبەچاڵکردنی و دوای چەندین ساڵ لەنێوو رووکەشی خاکەکەدا قووماشەکانی دەمێنێت و شێوە تراژییدیە گەورەکە بەیان دەکاتەوە . ئەم کارانە لەفۆڕمدا دەکەونە خانەی هونەری (مۆدێرن ئاڕت) تێماکانی وەک پەیکەری ئەبستراکتی دەربڕینخوازی پیشان دەدات، کەرەستەی سادەو فۆڕمی سادە دەخووڵقان، هەرچەندە بۆ زەمەنی خۆی زۆر قبووڵکراوو نەبوون لەپانتایی گشتی هونەری شێوەکاری لۆکاڵی کوردی، بەڵام من ئیمانم موکڕبوو لەسەر بەرهەمێکی ناوازەو دانسقەی دوونیای مۆدێرنیتە،. ئەمە بۆمن لە ئاکامی گەشەی فیکری و تێگەیشتنی زۆرم بوو لەو ئاگاییانەی لەدوونیای هونەری مۆدێرن و پۆست مۆدێرن لەجیهاندا گوزەری دەکرد، بۆیە ئێستاش بەهەوڵێکی جددی و و قووڵی دەزانم لەمێژووی هونەری خۆم، جۆرێکیش بوو لەئاماژەی هەڵوێستی مرۆڤدۆستانە بۆ کارەساتی ئەنفال. ئەم بەرهەمانەم لەچوار پێشانگای تایبەتی نمایشکرد لەکاتی خۆییدا، هەروەها لەنمایشێکی تایبەتی دیۆەشدا لەشاری (گووا) لەهیندستان ئەزموونەکەم دووبارەکردەوە . بۆیە دەتوانم بڵێم ئەو بەرهەمە تازەیەم گەڕانەوەشە بۆ بینگەی یەکەمی کارە هونەرییەکان مـوەک تەکنیک و بەکارهێنانی بۆ ئایدییایەکی بەهێز بۆ ئێستای خۆمان.
د. هێرش رەسوڵ هەمیشە بۆن-ە تایبەتەکەی مەستمدەکات. ئەو بۆنە لای من تەواو ناوازە و سروشتییە. کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاری هەمو ساڵێ حەزدەکەم ئەو بۆنە هێمن هێمن رۆبچێتە نێو هەست و رۆح و، تەنانەت مولولەکانی خوێنیشمەوە. تا ئەو ساتەوەختە، تەنها بە دەستی ئەم و ئەوەوە بینیبوم و بۆنیم کردبو.. بۆنی ئەو گوڵە قەد سەوز و چاو زەرد و شەش باڵ سپییە. کە چەپکەنێرگز توند بە لوتتەوە دەگریت و پڕ بە سییەکان بۆنەکەی هەڵدەمژی، دەنکە زەردەکانی ناو گوڵەکە، سەری لوتت زەرد دەکەن. رەنگکردنێکی زۆر جوان، کە هەندێجار هەستیشی پێناکەیت، یا یەکێک ئاگادارت نەکاتەوە. تەمەنم تەنها دوانزە ساڵ و چەند مانگێک بو. لەگەڵ شوانەی خاڵۆزام و کۆمەڵێ منداڵ و گەنجی دیکەی خزم و ناسیاو و دراوسێی ماڵی باپیرم دەچین بۆ چنینەوەی نێرگز. رۆژی پێشتر، من و دایکم لە رانیەوە هاتوینەتە حاجیاوا، شوانە، کە زوتر لەگەڵ هاوڕێکانیدا پلانی ئەو کار و گەشتەیان داناوە، داوا دەکات منیش بۆ سبەینێ هاوەڵییان بکەم. بەیانییەکی زوی مانگی رەشەمێیە، پشوی نیوەی ساڵی خوێندنمانە. ساڵی ١٩٩٥ـە، و من لە پۆلی یەکەمی ناوەندیم. کۆمەڵێ کوڕ و کچ لە حاجیاواوە بەرەو بناری ماکۆک بەڕێدەکەوین. ماکۆک چیایەکی دڵگیرە و لەلایەکەوە بەسەر ناوچەی بیتوێن و خۆشناوەتی و لەلاکەیترییەوە بەسەر دۆڵێ-دا دەڕوانێت. گەشتی لەوجۆرە بۆ من، تاموچێژی تایبەتی هەبو، سەرەتا زۆر بە تاسەوە رێمدەکرد، بە ناو دەشت و دەر و بەردەڵان و تەنانەت پەڕینەوە لە روباریش. دواتر وردە وردە هەستدەکەم هیلاکدەبم. دەکەومە دوای هەموان. شوانە و هەندێ لە برادەرەکانی ئاوڕم بۆ دەدەنەوە، و بزەیەک دێتە سەر لێوەکانییان، وەکئەوەی بڵێن: ها شلەشاری، ئەوجۆرە گەڕان و رۆیشتنانە بۆ تۆ نابن! منیش بەردەوامدەبوم لەسەر هەنگاونان، گوایە ماندونیم و زۆر حەزم لێیەتی. ئەگەرچی دەرکەوتنی نێرگز دەکەوێتە پێش هاتنی وەرزی بەهار، بەڵام بە "گوڵی بەهار"ـیش ناودەبرێت. ئاخر ئەو کوێستانییە و لەناو بەفرەوە سەردەردێنێ و لەگەڵ رەشبونەوەی چیا و بەندەن و نواڵە و بنارەکانیش، وردە وردە جێماندێڵێت. هێشتا نەگەیشتوینەتە شوێنە دیاریکراوەکە. من زو زو دەپرسم: زۆرمان ماوە؟ ئەوانیش دەڵێن: پەلەمەکە، ئێستا دەیگەینێ. لە رێگاکە، ناوە ناوە پەڵەنێرگز دەبینین، بەڵام ئەوان هێشتا پێیانوایە دەبێ زیاتر بڕۆین، تاکو دەگەینە ئەوێ. ئامانجی نێرگزچنین بەرەو سەفەرێکی درێژی بردین. سەفەرێکی جوان و پڕچێژ و یادگاریی. وەکئەوەی بڵێی ئەوە بۆنی ئەو گوڵە کوێستانییە ناسکە شۆخوشەنگەیە بەرەو لای خۆی راماندەکێشێت. خۆ ئەوکاتە بە چیرۆکی ناوی ئەو گوڵە و ئەفسانەکەیم نەدەزانی. دەگوترێت ناوەکە لە ئەفسانەیەکی گریکییەوە هاتوە، گوایە کوڕێکی زۆر قۆز هەبوە بە ناوی (نرسیس)، ئەو کوڕە قۆزە رۆژێک لە کاتی ئاوخواردنەوەدا لەسەر روبارێکدا، روخساری خۆی دەبینێت و تەواو شەیدای جوانی خۆی دەبێت و ئاگای لە خۆی نامێنێت، بۆیە بە دەمدا دەکەوێتە ناو روبارەکە و دەخنکێت، لەو شوێنەشدا کە (نرسیس) گیانی سپاردوە، گوڵێک رواوە، کەوا دواتر بە ناوی ئەو کوڕە خودشەیدایەوە ناونراوە، بەوشێوەیەش ناوی گوڵەکە ئاوا رۆیشتوە و لە ناو زمانە جیاوازەکانی دنیادا بە شێوەگۆکردنی جیاجیا جێی خۆی گرتوە. تا ئەوکات نەمدیبو پانتاییەکی گەورەی زەویی بەرین بەو گوڵە زەرد و سپییە داپۆشرابێت. مەزرای گوڵی نێرگز، یان وەک کورد پێیدەڵێت "نێرگزەجاڕ"، دیمەنێکی زۆر جوان دەبەخشێت بە ناوچەکە. ماوەیەکی باش لەناو نێرگزەجاڕەکە دەستدەکەین بە نێرگزچنین. هەریەکەمان بەشی خۆی نێرگزی دەکاتە تەلیس (گوێنی)ـەوە. کەشێکی زۆر خۆش و تایبەت بو. بۆنی سەوزایی و شێداریی خاک و نۆبەرەی نێرگز ئاوێتەی یەکتر دەبن. مەستمان دەکەن. پاش بڕینی هەمان رێگا، کاتی نیوەڕۆ تێپەڕیبو، کە بە هیلاکییەکی زۆرەوە گەیشتینەوە ماڵی باپیرم. ماڵی باپیرم (سۆفی حەسەنی ئاڵڵای) لە گەڕەکی (خەندەکەییەکان) بو لە ناحیەی حاجیاوا، خانوەکە لە روبەری ٤٠٠ مەتردا بو، ژورەکانی کەم بون، بەڵام گەورە، حەوشەیەکی فراوانیشی هەبو، ماڵی خاڵە گەورەکەشم (خاڵە حسێن) هەر لەو خانوەدا بو. ئێمە دەگەینە ماڵەوە، هەر کە نەنکم ئێمە بەو ماندوێتییەوە دەبینێ یەکسەر بە پیرمانەوە دێت. نەنکم (هەمینی وسێنی ئاڵڵای ئەمەری) ژنێکی وردیلەی رۆحسوکی میهرەبان بو، تا ئەوکاتەوە هەر چالاک و گورجوگۆڵ بو. چەند ساڵ دواتریش، کارین-ی خوشکەزام کە تازە فێری قسەکردن ببو، ئەمەی بە زارییەوە گرتبو: "نەنکۆڵێ، گورجوگۆڵێ". نەنکم، دەزانێ سەرباری هیلاکییەکەشمان زۆر برسیمان بوە، بە پەلە چەند هێلکەیەکی خۆماڵیمان بۆ دەکاتە رۆنەوە. بە پەلە نانەکەمان دەخۆین. لەسەر نانخواردنەکەش هەر بیرمان لای نێرگزەکانمانە، ئاخۆ چۆن بە پەلە بیانکەینە چەپک؟ ئەو پاشنیوەڕۆیە هەریەکەمان بە تەشتێ چەپکەنێرگزەوە بە کۆڵان و شەقامەکانی حاجیاوا وەردەبین. "یەڵا نێرگز.. نێرگزی گەش و جوان". بەڵام بەداخەوە من ئەو رۆژە بێئومێد دەبم، تەنها چەپکێکیشم بۆ نافرۆشرێت! خۆ من یەکەمجارم نەبو شت بفرۆشم. لەگەڵ هیوا و هێمن-ی برامدا، کە یەکەمیان پێنج ساڵ و دوەمیشییان دو ساڵ لە من گەورەترە، بەردەوام هاوینان، و دوای تەواوبونی خوێندن دەکەوینە شتفرۆشتن، تاکو لانیکەم بەشی جلی خوێندنگە کۆبکەینەوە. من لە ژیانی منداڵییمدا، ئاو، پسکیت، گوڵەبەڕۆژە، جگەرە، بنێشت، چلورە و مۆطا و ئایسکرێم و کتێب و رۆژنامە و گۆڤار و زۆر شتی تریشم فرۆشتوە. دروست نازانم بۆ هەر چەپکێ نرخی چەندمان دانابو، بەڵام پێموابێ دینارێک یان نیو دینار بو. رۆژی دواتر لەگەڵ دایکم دەچینەوە رانیە. لەوێش بە هەمانشێوە تەشتێ چەپکەنێرگز دەخەمەژێر باڵمەوە و هاواری نێرگزفرۆشتن دەکەم. پێموابێ چەند چەپکێکی کەم دەفرۆشم و ئەوەیتر لە ماڵەوە دابەشدەکەم. هەموجارێ کە لەسەر رێگای دەرەوەی شارەکان و، لە قەراغی جادەکاندا منداڵە نێرگزفرۆشە جوانکیلەکان دەبینم، دەگەڕێمەوە بۆ ئەو یادگارییە جوانە.