ئارا ئیبراهیم ئەندامێكی بەڕێوەبەری كۆمیتەی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەڵێت:» ئێستا لەنێوان ئێمەو پارتی پەیوەندی هەیەو هەندێك دۆست نێوەنگیری دەكەن شەڕ روونەدات»، دەشڵێت:» داگیركەری تورك گیریخواردووە بەرانبەر بەرخۆدانی گەریلا». موراد قەرەیلان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە بەشداری لەبەرنامەیەكی تایبەتی تەلەڤزیۆنی ستێرك تی ڤیدا و شیكردنەوەی بۆ رووداوەكانی مەتیناو هەوڵەكانی سوپای تورك بۆ داگیركاری راگەیاند. موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوەكرد لەئێستادا دۆزی ئازادی گەلی كورد لەسەردەمێكی زۆر گرنگدا تێدەپەڕێت، لەسەر تێكۆشانی ئازادی گەلی كورد پلانی دوژمن و نەیارەكان هەیە وەك دەزانرێت لەباكوری كوردستان رێبەر ئاپۆ لەساڵی 2013دا ئاگربەستێكی راگەیاندو دوو ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام دەوڵەتی تورك بینی كە ئاگربەستەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی گەلی كورد بەهێز دەكات و وادەكات كورد لەهەرێمەكەدا ببێتە هێزێك. بۆ ئەوەش لەگەڵ ئەوەی چاوپێكەوتنەكان گەیشتنە ئەنجامێك و پەیامی هاوبەش بڵاوكرانەوە، بەڵام ئەردۆغان قبوڵی نەكردو لەگەڵ پارتە توندڕەوەكانی وەك باخچەلی و دۆغو پەرینچەك كەدوژمنی گەلی كوردن، هاوپەیمانی بەست و لەبەرانبەر تەڤگەرەكەیان هێرشێكی گشتگیری دەستپێكرد. موراد قەرەیلان باسی لەوەشكرد لەسەر باشوری كوردستانیش داگیركەری دەیەوێت هەنگاو بەهەنگاو خاك داگیربكات. دوای داگیركردنی حەفتانین و بەشێك لەخواكوڕك وەك دەزانرێت لە (23 – 24)ی نیسانی ئەمساڵدا هێرشێك لەبەرانبەر هەرێمەكانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دروست بوو. ئەمڕۆ (50) رۆژی لەدوای خۆی بەجێهێشت. ئەو ئەندامەی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە پێشیوابوو لەسەردەمێكی بەم شێوەیەشدا كەهێرشی فراوان لەبەرانبەریان ئەنجامدەدرێت، ئایا چۆن هێرش دەكەنەسەر پێشمەرگە؟ وتیشی:»ئایا ئەمە دەچێتە عەقڵەوە؟ بۆچی بەدەستی خۆمان بەرەیەكی دیكەی شەڕ لەبەرانبەری خۆمان بكەینەوە؟ هەر كەسێك كە كەمێك ژیر بێت و لەشەڕێكی بەم شێوەیەدا بێت، لەشەڕی مان و نەماندا بێت، چۆن بەرەی دووەمی شەڕ لەدژی خۆی بكاتەوە؟ هەم لەشوێنێكی وەك مەتینا!». موراد قەرەیلان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە « پلانیان هەیە كە ئیلاو بیلا پێشمەرگە لەبەرانبەر گەریلا بۆ شەڕ بەكاربهێنن، ئێمەش هیچ فەرمانێكمان نەداوە كە لەدژی پێشمەرگە شەڕ بكرێت و تەڤگەرەكەمان بەهیچ شێوەیەك بڕیارێكی بەم شێوەیەی نەداوە. ئێمە شەڕی كورد و كورد لەم سەردەمەدا وەك كارەسات دەبینین، وەك گەورەترین هەڵە دەبینین». ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوەبەری پەكەكە هێمای بۆ ئەوەشكرد لەسەر ئەم بناغەیە پێویستە باش لە رووداوەكەی مەتینا تێبگەن كاتژمێر چواری سەرلەبەیانی لەدوو لاوە، بەهەموو ئامێرێكی شەڕو بە ئۆتۆمبێڵی زرێپۆش، خۆیان بۆ شەڕ ئامادە كرد‌و هاتنە ناو هەرێمەكانی گەریلا، بە راستی هیچ واتایەكی نییە، ئەو هەرێمانە هەرێمی سەربازین و (25) ساڵە پێشمەرگە نەچووەتە ئەو هەرێمانەو هەرێمێكە لەژێر كۆنتڕۆڵی گەریلادایە. موراد قەرەیلان ویشی:»بێ ئەوەی ئاگادارییەك بدەن هەڵیانكوتایە سەر هەرێمەكە، ئایا سەد ئۆتۆمبێڵی سەربازیی زرێپۆش راستە؟ دەڵێن، (ئێمە لەوێ سەروەرین، بۆ ئەوەی لەگردێك بچین بۆ گردێكی دیكە، یان بچینە شوێنێكی پێویست، فەرمان لەكەس وەرناگرین. ئێمە لێرەین و ئێمە سەروەرین)، قەرەیلان وتی:»سەر سەری من، باشە تۆ سەروەری. كاكی خۆم پێنج كیلۆمەتر نزیكی لەوێ شەڕ هەیە، ئێستا بچۆ لایەكەوە، بۆچی هاوكاری توركیا دەكەی؟، تو سەروەربە باشە. دۆخێكی نائاسایی هەیە، وا دەیبینی لەبەرانبەر دوكەڵ هەیە، زەویەكان دەسووتێن و فڕۆكە دەگەڕێت، تۆپ كاردەكات و تۆش هاتوویت و لەپشتەوە دەستت بەجووڵە كردووە. ئەمە تاچ رادەیەك دۆخێكی مرۆڤییە، ئەمە تا چ رادەیەك یاساییەو تاچ رادەیەك كوردپەروەرییە؟». بەرێوەبەری كۆنسەی پەكەكە وتی:»ئێستا لەنێوان ئێمەو پارتی پەیوەندی هەیە، هەندێك دۆست نێوەنگیری دەكەن. لەم رۆژەدا كەئێمە لەسەدەی (21)داین، هەموو مرۆڤێك كێشەكانی بەگفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر دەكەن، باشە، ئێمەی كورد بۆچی بەدیالۆگ كێشەكانمان چارەسەر ناكەین، بۆچی دەیانەوێت بەسەربازیی بیكەن، بەبێدەنگی، سەربازو لەناكاودا هێرش دەكەن، بۆچی، هۆكار چییە و ئەمە لەخزمەتی كێدایە؟». «ئێستا لەباكوری مەتینا لەهێڵی كێستێ و گردی زەندورا، هەرێمی زاپ لەقەڵای بەدەوێ، لەئاڤاشین لەدۆڵی ماران و لەگردی مەرڤانۆس داگیركەری تورك گیریخواردووەو ناتوانێت پێشبكەوێت، ئەو بەرخۆدانەی ئەمڕۆ لەگردی زەندورا و مەرڤانۆس دەكرێت، بۆ هەموو كوردێك جێگەی شانازیی و شادومانیە. بە راستی كوڕ و كچە كوردەكان بەشێوازێكی نوێ، ئەمە (47) رۆژە لەبەرانبەر داگیركەری تورك بەرخۆدان دەكەن و رێگەنادەن داگیركەری تورك پێشڕەوی بكات...فڕۆكە، تۆپ هەموو جۆرە گازی ژەهراوی بەكاردەهێنن، بەڵام داگیركەری ناتوانێت بەرخۆدانی گەریلا بشكێنێت. لەبەرانبەر گەریلا گیری خواردووە». قەرەیلان ئاماژە بەكارێكی مەترسیدار دەكات كە سوپای تورك «خائینان» لە دژی گەریلا بەكاردەهێنن، وتی:»بۆ ئەوەی بتوانن گردی زەندورا بگرن، كورد بەكاردەهێنن، لەنێو جاشەكانی سێگركێدا كوردی خائین هەیە، دەیانەوێت ئەوان بخەنە تونێلەكانی شەڕ لە زەندورا، بەڵام ناتوانن. كورد دەخەنە پیش خۆیان و دەیانەوێت بەدەستی كورد ئەم بەرخۆدانە بشكێ. قەریلان پێشیوابوو كە «ئێمە بمانەوێت و نەمانەوێت، ئەو بڕیار‌و دەستوەردانەی پارتی لەسەر چیای مەتینا، بۆ توركیا دەبێتە پشتگیری و بۆ بەرخۆدانی گەریلا لەگردی زەندورا تێكبچێت، هەوڵدانێكە، ئەوان دەتوانن بڵێن وانییە، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ تەڵەكە بەم شێوەیەیە، راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ ئەو رۆڵە دەبینن». موراد قەرەیلان نهێنییەك ئاشكرا دەكات و دەڵێت:» بەڕاستی شتێكی شاراوە بوو، تا ئێستا من دەمگوت ئەگەر كاك مەسعود ببینم، ئەو شتەی پێڕادەگەیەنم، یان بەرپرسانی پارتی ببینم پێیان دەڵێم، بەڵام ئێستا بۆ رای گشتی كورد ئاشكرای دەكەم، بەر لەچەند مانگێك لە رێگەی هەندێك دۆست، دەوڵەتی تورك هەتا تەیب ئەردۆغان خۆی، داوای لەئێمە كردبوو كە (لەناو توركیا واتە باكوری كوردستان ئێوە ئاگربەست رابگەیەنن، ئێوە لەبەشەكانی دیكەی كوردستان هەرچیەك دەكەن، ئێمە سەرقاڵی نابین)، واتە لەگەڵ ئێمەدا ئاگربەست رابگەیەنن، ئەوەتە شەڕتان لەگەڵ پارتی هەیە، بڕۆن لەگەڵ ئەوان شەڕ بكەن. ئەمە یاری دوژمنە. پێویستە لەبەرانبەر ئەم یارییەی دوژمن هوشیار بین». موراد قەرەیلان ئاماژەی بە ئامانجەكانی پارتی بۆ مەتینا كرد‌و باسی لەوەكرد لەسەر مەتینا دۆڵ و كەندێكی زۆر گرنگ هەیە، كە مەتینا دەكات بە دوو بەشەوە. هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی) لەوێ جێگیر بوون. لەوێ لەحەوت شوێن و خاڵدا خۆیان جێگیركردووە، «هێزەكانی ئێمەش لەو شوێنانەوە نزیكن، ئەمڕۆ زانیاری‌یان پێدام، كە بەرەو ئێمە رێگا دروستدەكەن. نێوانمان (200) بۆ (300) مەترە». ئێمە (40) ساڵە لێرەین، بۆ تا ئێستا ئەوەتان نەدەوت، بابەتی دووەم ئەوەیە، لەئاگربەستی 2013دا، كە رۆڵی كاك مەسعودیشی تێدا بوو، بەڕەزامەندیی ئەوان و بەقبوڵكردن و پەسەندكردنی هەمووان ئێمە گەریلاكانمان لەباكوورەوە كشاندەوە بۆ باشووری كوردستان، ئەو كاتە هەموویان ئەوەیان قبوڵ بوو قەرەیلان دەشڵێت:» هێزەكانمان لێمان دەپرسن و دەڵێن، (ئێمە چی بكەین؟) ئێمەش وتمان، ‹هەڤاڵان ئێستا راوەستن. یانی بڵێیت كارێك بكەن، كە رێگاكە بهێنن تاشوێنەكەی ئێوە؟› یانی بابەتێكی هەستیاری لەو جۆرە لەگۆڕێدایە، لەوێ سەنگەری شەڕ دروست دەكەن، حەفارە و شۆفڵ و زرێپۆشیان هێناوە، لەهەمان كاتدا بەرەو كامپەكانی هەڤاڵانمان دەڕۆن». هاوكات موراد قەرەیلان وتیشی: »ئێمە (40) ساڵە لێرەین، بۆ تا ئێستا ئەوەتان نەدەوت، بابەتی دووەم ئەوەیە، لەئاگربەستی 2013دا، كە رۆڵی كاك مەسعودیشی تێدا بوو، بەڕەزامەندیی ئەوان و بەقبوڵكردن و پەسەندكردنی هەمووان ئێمە گەریلاكانمان لەباكوورەوە كشاندەوە بۆ باشووری كوردستان، ئەو كاتە هەموویان ئەوەیان قبوڵ بوو، دوای ئەوە دەوڵەتی تورك پرۆسەی ئاشتیی تێكدا‌و خواستی بەشەڕ كۆتایی بە ئێمە بهێنێت، لە باكوور‌و باشوور لەهەموو شوێنێكدا هێرشی كردە سەرمان». بەڕێوەبەری پەكەكە وتیشی:»ئێستا لەمەتینا دۆخێكی مەترسیدار هەیە، هەموو ساتێك ئەگەری ئەوە هەیە لەنێوان ئێمە و پارتیدا شەڕ رووبدات، من بۆ ئەوە بانگەوازم هەیە و لەپێش هەمووانەوە داوا لەكۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (كەنەكە) دەكەم، داوا لەهەموو حزبە سیاسییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەم، بەڕاستی ئێستا دۆخێكی جددی هەیە ئێمە نامانەوێت شەڕی كوشتنی خوشك و برا رووبدات، بەڵام خۆیان خستووەتە ناو شەڕەكەی ئێمە». «داوا دەكەم بەرپرسانی پەدەكەو یەنەكە، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ، زەحمەتكێشان، سۆسیالیست، حزبی شیوعی، هەموو رۆشنبیران، هونەرمەندان، رێكخراوە مەدەنییەكان لەبەرامبەر ئەوەدا هەڵوێستیان هەبێت و بڕۆن بۆ ئەوێ، رەنگە مرۆڤ نەتوانێت بڕوات بۆ ئاڤاشین و زاپ و هەندێك شوێنی تر، چونكە رۆیشتن بۆ ئەو شوێنانە زەحمەتە، بەڵام رێگای مەتینا كراوەیەو رێگاكە دێت تا ناوەند، هەر كەس بیەوێت دەتوانێت بێت و سەیر بكات تابزانێت كێ مافدارە و كێ مافدار نییە. دەستی خۆتان بخەنەسەر رووداوەكە، ئێمە هەرگیز لەدژی سەروەریی حكومەتی هەرێمی كوردستان نین». «هەموو تەمەنی خۆمم بۆ كوردستان تەرخانكردووە، هەموو هەڤاڵانی تریشمان تەمەنی خۆیان بۆ كوردستان تەرخانكردووە، من ئەو تەمەنەشی ماومە تادوا هەناسە بۆ كوردستانی تەرخان دەكەم، دڵم دەسوتێت و ئاگر دەگرێت. حزبەكەمان نایەوێت، سەرۆكایەتیمان نایەوێت جارێكی‌تر شەڕی كورد‌و كورد رووبدات». «لەسەر شاخی زەندوراو لەهەموو شاخەكاندا سەربازانی تورك ورەیان رووخاوە، ماندو شەكەت بوون، باری دەروونییان تێكچووە، هیچ ورەیان بە بەرەوە نەماوە و بۆ ئەوەش هەموو دوو رۆژ جارێك هەموو سەربازەكان ئاڵوگۆڕدەكەن، ئێمە دوژمنمان چەقاندووەو بە بنبەستمان گەیاندووە، بەڵام ئەو دوژمنە دڕندەیەو بەسەرماندا دێت. ئەگەر ئێوە هاوكاریمان ناكەن، بۆ رێگریمان لێدەكەن و گرفتمان بۆ دروستدەكەن و دێنە سەر رێگامان»، قەرەیلان وای وت. لەبارەی وردەكاری رووداوەكەی مەتینا موراد قەرەیلان جەخت لەوە دەكاتەوە كە بەپێی راپۆرتی فەرمیی هەڤاڵانیان لەوێ و بەپێی ئەو رووداوەی روویداوەو بەپێی شتە بەرچاوەكان وادیارە رووداوەكە بەمشێوەیە روویدابێت؛ «ئەو هێزە لەلای باكوورەوە یانی لەلای كانی ماسییەوە قۆڵێكی دەستی جموجوڵ كرد‌و قۆڵێكی تریشی لەلای ئامێدییەوە دەستی بەجموجوڵ كرد، ئەو قۆڵەی لە كانی ماسییەوە دێت، هەڤاڵان لەسەر رێگە بۆ ئەوەی رایانبگرن و نەڕوات، بۆ هۆشیاركردنەوەو ئاگاداركردنەوەیان گولـلەیان تەقاندووە، بەڵام راناوەستن و تێدەپەڕن. لەوێ بەدواوە ئەو ئۆتۆمبێلە زرێپۆشە دەتەقێتەوە. موراد قەرەیلان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە لێكۆڵینەوەیان لەسەر كرد‌و جارێكی‌تر پرسیاریان لەسەری كرد هەڤاڵانیان هیچ چەكێكی وەك مووشەك، كە ئەو ئۆتۆمبێلە بتەقێنێتەوە و پارچەی بكات و مرۆڤی تیادا بكوژێت، بەكارنەهێناوە، هەڤاڵانی ئەوێش سەریان سوڕماوە، ئەو رووداوە چۆن روویداوە، بەڵام لەو كاتەدا پێنج بۆ شەش فڕۆكەی چاودێری بەئاسمانی ئەو ناوچەیەوە بوون، وتیشی:»ئێمە لەو ئۆتۆمبێلەمان نەداوە، بەڵام ئەوان (پارتی) ئێستا دەڵێن، (پەكەكە خۆی دانی بەوەدا ناوە، كەتەقەی كردووە)، ئێمە بەچەكی كەسی تەقەمان كردووە نەك تەقەیەك، كە زرێپۆشێك تێكبشكێنێت، جگە لەوەش ئەو مرۆڤانە بەپارچەی بۆمب یان بەهۆی تەقینەوەكەوە زیانیان بەرنەكەوتووە، بەڵكو ئەوەندەی ئێمە بەدوایدا چوون، ئەو كەسانە سووتاون. لەبەر ئەوەشە دیارە بەرامبەریان مووشەك، یان رۆكێتی ئاگرین بەكارهاتووە». ئەو ئەندامەی بەرێوەبەرێتی پارتی كرێكارانی كوردستان داوا دەكات كە دەستەیەك لەهەردوو لایەن پێكبهێنرێت، یان دەستەیەكی سەربەخۆ بێت و لەڕووی تەكنیكییەوە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكات، وتی» لەپێناو ئەو مرۆڤانەدا، كە گیانیان لەدەستداوە دەبێت مرۆڤ ئەو لێكۆڵینەوەیە بكات. من ئەوە دەڵێم، كە ئەو كەسانە بێ‌تاوانن». هەروەها قەرەیلان جەختی لەوەشكردەوە كە» ئێمە ئەوەشمان بۆ روون بووەتەوە، كە زۆرێك لەو كەسانە نازانن دەیانبەن بۆ كوێ، بێگومان ئەوانە مرۆڤی بێ‌تاوانن، كە ژیانی خۆیان لەدەستداوەو شەهیدن، من سەرەخۆشی لەبنەماڵەكانیان، لەكەسوكارەكانیان دەكەم، بۆ هەموو بریندارەكان هیوای چاكبوونەوە دەخوازم، ئەو رووداوە ئێمەی غەمگین كرد، بەڕاستی ئەوە شتێكە، كەهیچ كەسێك خوازیاری نەبوو، ئێمە نامانەوێت لە نێوانماندا شەڕێك رووبدات. ئەو رووداوە بەو شێوەیە پێكهات، لەبەرئەوەش ئێمە دەمانەوێت لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت».
ئارا ئیبراهیم پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات لەهەرێمی كورستان ژمارەو داتای جیاواز لەبارەی داهاتی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ ئاشكرا دەكەن، ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان كە وەزیری دارایی سەر بەبزوتنەوەكەیەتی ئەوە ئاشكرا دەكات كە بەفەرمی 825 ملیار دیناری مانگانە دەگاتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی هەرێم. سەرەڕای ئەوەی فشارەكان بۆ نەهێشتنی لێبڕینی موچە لەپەرلەمان بەردەوامەو هاووڵاتیان و فەرمانبەران لەتۆڕەكانی كۆمەڵایەتی فەیسبوك رەخنەی توند لەحكومەت دەگرن، بەڵام بۆ ئەم مانگەش بڕیاردراوە كە لێبڕینی موچە هاوشێوەی شەش مانگی پێشوو بەڕێژەی لەسەدا 21% بۆ فەرمانبەران و لەسەدا 50%ی موچەی پلە باڵاكان ببڕدرێت. هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەكۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ نوێنەرو بەرپرسانی كونسوڵخانەو یوئێن باسی لەوەكرد كە بڕیارە ئەم هەفتەیە وەفدێكی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بكەن بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە، بەڵام تائێستا بەفەرمی كاتی سەردانەكە یەكلانەكراوەتەوە. پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی كوردستان جەخت لەزیادبوونی داهاتەكانی حكومەتی هەرێم دەكەنەوەو بەداتا دەیخەنەڕوو كە مانگانە داهاتی نەوتی و نانەوتی گەیشتووەتە ترلیۆنێك و 170 ملیار دینار. عومەر گوڵپی، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:» تەنها ئەو راپۆرتانەی دیلۆیت بۆ فرۆشتنی نەوت كەخۆی گومانی لەسەرە ئەگەر نرخی بەرمیلێك نەوت (10) دۆلار كەمتر بكات لەنەوتی برێنت و ئەگەر لەسەدا 47%ی داهاتی نەوتیش بۆ خەرجییەكانی بڕوات، داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێم دەگاتە (600) بۆ (650) ملیار دینار». ناوبراو باسی لەداهاتەكانی ناوخۆ كرد كەتەنها داهاتی خاڵە گومرگییەكان دەگاتە (300) ملیار دینار‌و داهاتی مانگانەی باج دەگاتە (90) ملیار‌و داهاتی رسومات دەگاتە سەد ملیار دینار، واتا بەكۆی گشتی (500) ملیار دینار داهاتی ناوخۆیی هەیە لەگەڵ (30) ملیار دیناری مانگانەی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە. پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ:داهاتی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ بودجەی مانگانەی هەرێم دەگاتە ترلیۆنێك و (170) ملیار دینار پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵ ئەوەی دووپاتكردەوە كە بەداهاتی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ بودجەی مانگانەی هەرێم دەگاتە ترلیۆنێك و (170) ملیار دینار، كە زیاتر لە(200) ملیار دیناری زیاترە لەخەرجی موچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم كەحكومەت باسی (890) ملیار دینار دەكات. عومەر گوڵپی وتیشی:» بڕوامان بە حكومەت نییە كەدەڵێن داهاتی گومرگەكان مانگانە (110) ملیار دینارە بەڵكو (300) ملیار دیناری مانگانەیەو باسی ناكەن». پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی دادگەری كەپارتێكی ئۆپۆزسیۆنە جەختی لەوەكردەوە كە ئۆپۆزسیۆن لەپەرلەمانی كوردستان (16) كورسی هەیەو ناتوانن بێجگە لە رێكاری مەدەنی لەپەرلەمان شتی دیكە بكەن، وتیشی:» هەر كار‌و هەنگاوێكی مەدەنی لەهەر شوێنێك بێت بۆ كۆتایی هێنان بەلێبڕینی موچە پشتیوانی لێدەكەین». ئەندامێكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە»شاگردی» حكومەت وەسف دەكات و دەڵێت:» ئەوەی حكومەتی هەرێم رازی نەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نایخەنە بەرنامەی كارەوە، كەواتە لەگەڵ لێبڕینی موچەدان». مژدە مەحمود، ئەندامی فراكسیۆنی نەوی نوێ لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»بەپێی ئەو داتایانەی حكومەتی هەرێم خۆی بڵاویدەكاتەوە لەفرۆشتنی نەوتدا كەپێشتر بەشی خۆیان بردووە، لەگەڵ داهاتەكانی ناوخۆ بەزیادەوە بەشی موچە دەكات». هەروەها باسی لەوەشكرد لەپەرلەمانی عێراق رێگە نەدرا بڕێك لەموچەی فەرمانبەران پاشەكەوت بكرێت یان لێی ببڕدرێت، وتیشی:» پەرلەمانی كوردستان نوستووە، ئەوە حەوت مانگە موچە بەلێبڕینەوە دابەش دەكرێت دەنگ ناكەن، ئەگەر فراكسیۆنەكانی دەسەڵات لەگەڵ لێبڕینی موچەدا نین فەرموون وەرن بەیەك دەنگ دانیشتنێكی پەرلەمانی بۆ تەرخان دەكەین، بەڵام رێگە نادرێت لەكاتی دانیشتنەكانیشدا باسی بكەین». پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی تۆمەتبار كرد كە بوونەتە»شاگردی» حكومەتی هەرێم، وتیشی:»ئەوەی حكومەتی هەرێم رازی نەبێت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان نایخەنە بەرنامەی كارەوە، كەواتە لەگەڵ لێبڕینی موچەدان». «چارەسەری لێبڕین تەنها فشاركردنە لەپەرلەمان یان ئەوەتا شەقام لەحكومەت بگرین و فشارەكان فراوانتر بكەین»، مژدە مەحمود وای وت. كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2019 لەمانگی حەوتدا دەستبەكار بووە كەنزیكبوونەتەوە لەدوو ساڵی كاركردنیان كە لەلایەن پارتی و یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان پێكهێندراوە و رووی رەخنەكان زیاتر ئاراستەی ئەو سێ لایەنە دەكرێت كەپێكهێنەری حكومەتن. ئەندامێكی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەفرۆشی نەوت و داهاتی ناوخۆ‌و هاوپەیمانان و داهاتی پاڵاوگەكان زیاتر لە (825) ملیار دیناری مانگانە دەگاتە خەزێنەی وەزارەتی دارایی. دابان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە باسی چاكسازیمان كردووە كەحكومەت خۆی نەخاتە بەردەم پاشەكەوت و لێبڕینەوە، بەداخەوە یاسای چاكسازی راپۆرتی یەكەم و دووەمی بەو پێیە بڕوات بەدوو كابینەی دیكەی حكومەت جێبەجێ ناكرێت، ئەوەی گەڕاوەتەوە كاریگەری زۆری لەسەر داهات نەكردووە». ناوبراو باسی لەوەشكرد بۆ زیادكردنی داهات و پەنا نەبرێت بۆ بڕینی قوتی خەڵك باسی كۆمەڵێك پرسیان كردووە كە قاچاغچێتی خاڵە سنورییەكان و گرێبەست و مەلەفی نەوت و بەهەدەردان و گەندەڵی و پرسی كۆمپانیا سێبەرەكانی حزب كە لەژێر سایەی ئەوانەوە خەریكی پارە كۆكردنەوەن كەهیچیان نەخراوەتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە. وتیشی:» ئەو رێككەوتنەكەی لەنێوان هەرێم و عێراق كراوە لەسەرەتاوە زۆر باس كرا، بەڵام ئێستا بێدەنگی لێكراوەو دەبێت بەغداو هەولێر بەیەك بگەیەنرێت كە بزانرێت ئیمكانی جێبەجێكردنی هەیە یان بە مەقاسە وەك ساڵانی رابردوو بڕێك پارە رەوانە دەكرێت، هێشتا ئەوە یەكلانەكراوەتەوە». هاوكات پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەوەی هەیە تەنها مانگانە (350) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ لەگەڵ سەروو (300) ملیۆن دۆلاری داهاتی نەوت دەگاتە وەزارەتی دارایی لەگەڵ پارەی هاوپەیمانان و هەندێ داهاتی پاڵاوتنی نەوت، وتیشی:» ئەو داهاتانە وەك داهاتی فعلی دەچێتە خەزێنەی دارایی، بەڵام ئەوە داهاتی فعلی نییە، چونكە داهاتی ناوخۆ ئەگەر چاكسازی تێدا بكرێت دەگاتە (500) ملیار دیناری مانگانە». بەپێی وتەكانی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان داهاتی نەوت ئەگەر تەنها (300) ملیۆن دۆلار بۆ هەر سەد دۆلارێك لە (148) هەزار دینار بشكێنینەوە دەگاتە (445) ملیار دینار‌و لەگەڵ (30) ملیار دیناری هاوپەیمانان و (350) ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەگاتە (825) ملیار دینار. دابان محەمەد پێشیوابوو ئەو گەندەڵییەی لەكابینەكانی رابردوو هەبووە ئێستا بەردەوامە، تەنها جیاوازییەكە ئەوەیە لە رابردوودا بەزەقی قسەی لەسەركراوەو ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندنی كارا هەبووە، ئێستا ئەوە نەماوە. ماوەی حەوت مانگە بەهۆكاری قەیرانی دارایی، لێبڕینی لەسەدا 21%ی موچەی فەرمانبەران جێبەجێ دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكکەوتنی لەسەر یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق كردووە كە لەبەرانبەر داهاتی رۆژانەی (250) هەزار بەرمیلی هەرێم بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق لەگەڵ لەسەدا 50%ی داهاتە فیدڕاڵییەكان تەسلیمی بەغدا بكرێت، لەبەرانبەردا لەسەدا (12.67) بودجە رەوانە دەكرێت. بودجەی ئەمساڵی عێراق لە31ی ئازاری 2021 لەپەرلەمانی عێراق پەسەندكراوەو هێشتا ئاسۆی رێككەوتنەكە لەنێوانیاندا یەكلانەكراوەتەوە كەبڕیارە وەفدێكی تەكنیكی حكومەتی هەرێم بچێتە بەغدا بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 11ی بودجەی عێراق كە تایبەتە بەپشكی هەرێم. وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی: داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم ئەگەر هەمووی بنێرنەوە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كۆتایی پێدێت هەریەكە لەسەرۆكی هەرێم و حكومەت لەبەرپرسانی پارتی پێكهاتوون و لەپەرلەمانی كوردستانیش خاوەنی (45) كورسی پەرلەمانن و پارتی تۆمەتبار دەكرێت وەك لایەنێكی دەسەڵات كە دەتوانێت بەداهاتەكان لێبڕینی موچە نەهێڵێت. وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت:» ئەگەر تەنها كۆی گشتی داهاتەكانی ناوخۆی زۆنی سەوز بگاتەوە حكومەتی هەرێم، حكومەت دەتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەش بكات». پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى وت:»پێش چەند رۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم كۆبووینەوە تەفاسیلی داهاتی نەوتمان پێبدات، ئەمە خەمی تەنها ئۆپۆزسیۆن نییە خەمی ئێمەو حكومەتیشە، دوو رۆژی دیكە هەڵبژاردنی لەبەردەمدایە ئەی نایەوێت دەنگ بەدەستبهێنێت كەئەوەش رەزامەندی خەڵكی دەوێت، هیچ كەسێك پێی خۆش نییە لێبڕینی موچە هەیە». دەربارەی ئەوەی تا كەی لێبڕینی موچە بەردەوام دەبێت كە هاووڵاتیان ناڕازین، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت ئێستاش چاوەڕێی جێبەجێكردنی رێكکەوتنی هەرێم و عێراقن كە ئۆپۆزسیۆن و هەموو لایەنەكان لەگەڵیدابوون» بۆ خۆم لەسەرەتاوە ئەوەم وتووە كە لەناوخۆی هەرێم چارەسەری دۆخی دارایی بكەین، هەتا ئێستا پارەی داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، مانگی رابردوو (80) ملیۆن دۆلاریان گەڕاندووەتەوە كە زۆر زۆر زیاترە، ئەگەر هەمووی بنێرنەوە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران كۆتایی پێدێت». پێشەوا هەورامی جەختی لەوەشكردەوە كە:» تەنها لەسەدا 30% باج و خاڵە گومرگییەكان گەڕێندراوەتەوە بۆ حكومەتی هەرێم و لەسەدا 70%ی داهاتەكانی سلێمانی نەگەڕێندراوەتەوە». وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو كە داهاتی ئیبراهیم خەلیل و سەرجەم داهاتەكانی زۆنی زەرد دەگاتەوە حكومەتی هەرێم. هاوكات پێشەوا هەورامی پێشیوابوو كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ خاڵە سنورییەكانی زۆنی زەرد ئەو هێزە هاوبەشەی بڕیاربوو دروستبكرێت و رێگری لەقاچاغچێتی بكەن بینێرێت. لەبەرانبەر قسەكانی وتەبێژەكەی فراكسیۆنی پارتی، پەرلەمانتارەكەی گۆڕان وتی:» بەداخەوە كە وادەڵێم لەهەردوو زۆنی زەردو سەوز قاچاغچێتی و گەندەڵی هەیە لەخاڵە سنورییەكان و فرتوفێڵی گومرگی هەیە، بۆ نموونە مەوادێك داخڵ دەكرێت بەناوی مەوادێكی تر گومرگی بۆ دەكرێت».
ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:" ده‌بێت وهفدى حکومه‌تى هه‌رێم به‌م زوانه بچێته به‌غدا و گفتوگۆ له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى بودجه بکات"، ده‌شڵێت:" هه‌رێم مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه پاره‌ى پێنج مانگى رابردوو له به‌غدا وه‌ربگرێت به(مه‌قاسه)". بودجه‌ى عێراق له 31ى 3ى 2021 له په‌رله‌مانى عێراق په‌سه‌ند کراو تێیدا له‌مادده‌ى 11 پشکى هه‌رێم جێگیرکرا له‌به‌رانبه‌ر داهاتى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه به نرخى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى زائیده‌ن نیوه‌ى داهاته فیدراڵییه‌کان. جه‌مال کۆچه‌ر، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:"ده‌بێت وهفدى هه‌رێم به‌م زوانه بچێته به‌غداو گفتوگۆ له‌باره‌ى جێبه‌جێکردنى مادده‌ى 11ى یاساى بودجه بکات، تا ورده‌کارى داهاته‌کان له‌نێوانیاندا یه‌کلابکرێته‌وه". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد یاساى بودجه له 1ى 1ى 2021 جێبه‌جێ ده‌کرێت بۆ کۆتایى ساڵ، وتیشى:" هه‌رێمى کوردستان مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه ته‌واوى پاره‌ى ئه‌م پێنج مانگه‌ش وه‌ربگرێت به (مه‌قاسه) له به‌غدا، به‌ڵام ده‌بێت وهفدى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆى له‌سه‌ر بکات". هه‌رێمى کوردستان بهخهمڵاندن داهاته‌کانى نه‌وت و نانه‌وتى له‌مانگێکدا 700 ملیار دینار بێت، واته به‌کۆى ئه‌م پێنج مانگه ده‌گاته سێ تریلۆن و 500 ملیار دینار، به‌ڵام پشک و ئیستحقاقى هه‌رێم به‌پێى یاساى بودجه بۆ هه‌ر مانگێک 956 ملیار دیناره، ئه‌وا پێویسته به‌غدا بۆ هه‌ر مانگێک بڕى 256 ملیار دینار بداته هه‌رێم، به‌کۆى ئه‌م پێنج مانگه ده‌کاته تریلۆنێک و 280 ملیار دینار. جێبه‌جێکردنى (مه‌قاسه) به‌م شێوه‌یه‌یه ئه‌گه‌ر له‌مانگه‌کانى 1، 2،3، 4، 5ى ئه‌مساڵ، هه‌رێمى کوردستان بهخهمڵاندن داهاته‌کانى نه‌وت و نانه‌وتى له‌مانگێکدا 700 ملیار دینار بێت، واته به‌کۆى ئه‌م پێنج مانگه ده‌گاته سێ تریلۆن و 500 ملیار دینار، به‌ڵام پشک و ئیستحقاقى هه‌رێم به‌پێى یاساى بودجه بۆ هه‌ر مانگێک 956 ملیار دیناره، ئه‌وا پێویسته به‌غدا بۆ هه‌ر مانگێک بڕى 256 ملیار دینار بداته هه‌رێم، به‌کۆى ئه‌م پێنج مانگه ده‌کاته تریلۆنێک و 280 ملیار دینار. پێشتر، سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى بۆ هاوڵاتى دووپاتکرده‌وه که پاش پشووه‌کانى جه‌ژن وهفدى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌چێته به‌غدا و ئه‌و پرسه یه‌کلاده‌کرێته‌وه، وتیشى:" ده‌مانه‌وێت پێش 25 مانگ به‌رچاومان روون بێت بۆ ئه‌وه‌ى پێش دابه‌شکردنى موچه بریار له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه یان لابردنى لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و موچهخۆرانى هه‌رێم بده‌ین". تا کۆتایى ئه‌م هه‌فته‌یه له عێراق پشووى فه‌رمییه‌و چاوه‌روان ده‌کرێت کۆتایى ئه‌م هه‌فته‌یه یان سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو وه‌فدێکى ته‌کنیکى حکومه‌تى هه‌رێم بچێته به‌غداو ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى سه‌رۆکایه‌تى وه‌فده‌که ده‌کات و هه‌ریه‌ک له وه‌زیرى پلاندانان و سکرتێرى یاسایى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سه‌رۆکى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک شاره‌زاو راوێژکار که پێشتر لهوهفدهکاندابوون، بچنه به‌غدا، ئه‌وه‌ش به‌پێى زانیارى نوێى سه‌رچاوه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم که بۆ هاوڵاتى خرایه‌روو.
هاوڵاتى ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى کوردستان، کۆى گشتى داهاتى هه‌نارده‌کردنى نه‌وت و ناوخۆى هه‌رێمى کوردستانى ئاشکراکرد که زیاتر له تریلۆنێک و 412 ملیار دینارى مانگانه‌یه‌و ده‌شڵێت:" هه‌مو مانگێک حکومه‌ت ده‌توانێت به زیاده‌وه موچه دابه‌شبکات له‌مه‌ودوا هه‌ڵوێستى جدیمان ده‌بێت و ئه‌م ناحه‌قیه قبوڵ ناکه‌ین". ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه سێى ئایارى 2021 سه‌رکۆ ئازاد گه‌ڵاڵی، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی، رایگه‌یاند:"به‌و ئامارانه بن که وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌کان خۆى بڵاوى ده‌کاته‌وه ، که 430.000 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕۆژانه ده‌فرۆشرێت له ڕێگایى تورکیاوه، حکومه‌تى هه‌رێم مانگانه بڕى زیاتر له 670.000.000 ملیۆن دۆلار که نزیکه‌ى 991 ملیار دینار ده‌کات نه‌وتى فرۆشتوه، کۆى موچه‌ى موچهخۆرانى هه‌رێمیش به بێ لێبڕین 895 ملیار دیناره". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: "داهاتى ناوخۆ مانگانه سه‌رو 350 ملیار دیناره جگه له پاره‌ى هاوپه‌یمانان که 27 ملیار دیناره". هاوکات ئه‌وه‌ش ئاشکرا ده‌کات داهاتى ئه‌و نه‌وته‌ى به کۆمپانیا ناوخۆیه‌کان ده‌فرۆشرێت نزیکه‌ى 44 ملیار دیناره، مانگانه‌ش نزیکه‌ى 100 ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ته‌نکه‌ر ده‌فرۆشرێت له‌ڕێگه‌ى تورکیاوه ئه‌و نه‌وته قورسه‌ى ناکرێته بۆریه‌وه. سه‌رکۆ گه‌ڵاڵى ده‌شڵێت، کۆى گشتى داهاتى مانگانه‌ى هه‌رێم له زارى خۆیانه‌وه یه‌ک تریلۆن و 412 ملیار دیناره و کۆى گشتى موچه بێ لێبڕین 895 ملیار دیناره، ئه‌مه‌ش به‌بێ جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازی، "به‌ڕاست خێره لێبڕینى موچه به‌رده‌وامه؟". په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه "خوا به‌ردارى نیه حکومه‌ت به‌رده‌وامى بدات به لێبڕینى موچه و ده‌ستببات بۆ قوتى فه‌رمانبه‌ران، له کاتێکدا ده‌توانێت هه‌مو مانگێک به زیاده‌وه موچه دابه‌ش بکات نه‌ک لێیان ببڕێت". ئه‌وه‌شى رونکردووه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر بیانوى حکومه‌ت ئه‌وه‌یه مانگانه پاره‌ى حه‌قده‌ستى کۆمپانیاکان و کرێ بۆرى نه‌وت و قه‌رزى تورکیا 546 ملیار دینار ده‌بات که گومانى زۆر له‌م خه‌رجى نهوتهشدا بوونى هه‌یه" چه‌ند ساڵه ده‌ڵاڵه‌کانى نه‌وت و کۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌کانى بوارى نه‌وتى نزیک له‌و حیزبه‌ى ده‌ستیگرتوه به‌سه‌ر مه‌له‌فى نه‌وتى بون به مۆرانه به‌سه‌ر قوتى خه‌ڵکى کوردستانه‌وه، به‌ڵام له‌وکاته‌شدا ئه‌گه‌ر پاره‌ى حه‌قده‌ستى کۆمپانیاکان و کرێ بۆرى و قه‌رزى تورکیا ده‌ربکه‌ین ، ئه‌وه‌ى ده‌مێنێته‌وه 866 ملیار دیناره و بۆ موچه‌ى موچه خۆران خه‌رجبکه‌ن به‌رێژه‌ى 2% کورتهێنانى ده‌بێت نه‌ک 21%. ئه‌ندامه‌که‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مان وه‌ک خۆى ده‌ڵێت بۆ له‌مه‌ودوا ئه‌و ناهقییه قبوڵ ناکه‌ن"لێبڕینى موچه که ناحهقیهکى گه‌وره‌یه‌و ده‌رحه‌ق به هاوڵاتیان ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر کۆتایى نه‌یه‌ت دڵنیابن له‌مه‌ودوا هه‌ڵوێستى جدیمان ده‌بێت و ئه‌م ناحه‌قیه قبوڵ ناکه‌ین".
هەڵۆ سەربەست ماوەی رابردوو بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێكی پەتای كۆرۆناو لێكەوتەكانی بەدابەزینی نرخی نەوت و خاوبوونەوەی جوڵەی بازرگانیی، ئابوریی عێراق كشانەوەو گرژبوونێكی توندی بەخۆوە بینی، كار گەیشتە ئەوەی بۆ چەند مانگێك رووبەڕووی كێشەی جددی بووەوە لەدابینكردنی موچەی كارمەندەكانی حكومەتدا، ئەوە بەدەر لە بەجێگەیاندنی پابەندییە داراییەكانی تر، بەڵام لەئێستادا دۆخی ئێستای بازاڕی نەوت و پێشبینی بانكە نێودەوڵەتییەكان بۆ نرخەكەی وادەردەخات عێراق نەك هەر ئامانجەكانی بودجەی ٢٠٢١ بەدیدەهێنێت، بەڵكو لەكۆتایی ساڵدا، لەبری كورتهێنان، بودجەكەی بەزیادهێنان كۆتایی دێت. بانكی ناوەندی عێراق لەچەند مانگی رابردوودا بەهای دیناری بەرانبەر بەدۆلاری ئەمریكی دابەزاند كەهەر سەد دۆلارێك لە (119) هەزار دینار بەرزكردەوە بۆ (145) هەزار دینار، ئەوەش بەپێی بڕیاری بانكی نەختی نێودەوڵەتی تا بەغدا لەقەیرانی دارایی رزگار بكات، بەوپێیەی لەسەدا 85%ی داهات پشت بەفرۆشتنی نەوت دەبەستێت. حكومەتەكەی مستەفا كازمی دەستی بەچاكسازی كردووە لەكۆكردنەوەی داهاتەكان لەدەروازە سنورییەكان و چەندین بەرپرسی دراوەتە دادگا‌و دەستەی نەزاهەش چەندین بەدواداچوون دەكات بۆ لێكۆڵینەوە لەو گەندەڵییانەی كە لەڕابردوودا كراون، هەموو ئەمانە خەزێنەی دارایی حكومەت بەرەو بووژانەوە دەبات. داڕمان و كشانەوە بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، ئەو هۆكارانە بوونە مایەی ئەوەی گەشەكردنی ئابوریی عێراق لەساڵی ٢٠٢٠دا بەڕێژەی ١٢٪ بكشێتەوەو كورتهێنان لەبودجەی گشتیی‌دا بگاتە ٢٠٪ی كۆی بەرهەمی ناوخۆ‌و كورتهێنان لەحسابی جاریشدا بگاتە ١٦٪. هەر ئەو فشارانەی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە تووشی هات، وایكرد لەساڵی یەكەمی كۆرۆرنادا كۆی بەرهەمی ناوخۆی لە (٢٣٠) ملیار دۆلارەوە، كەمببێتەوە بۆ (١٧٨) ملیار دۆلار و قەرزی حكومی بگاتە نزیكەی ٦٦٪ی كۆی بەرهەمی ناوخۆ، لەكاتێكدا پێش قەیرانی كۆرۆنا ٤٤٪ بوو. لەگەڵ ئەوانەشدا، كەمبوونەوەی فرۆشی نەوت و دابەزینی نرخەكەی بەڕێژەی زیاتر لە ٨٠٪، وایانكرد نەختینەی بیانی زۆر بەكەمیی بێتە عێراقەوە، بەوەش توانای خەرجكردن لەلای حكومەت، چ بۆ خەرجییە گشتییەكانی ناو بودجە، یان بۆ خەرجییە كتوپڕەكان لەچوارچێوەی پلانەكانی هانداندا بۆ پشتیوانیكردنی ئابوریی لەڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكەدا، بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمیكردو بەهۆیەوە نەتوانرا هاوكاریی كۆمپانیا‌و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت بكرێت تاوەكو بێكاریی زیاتر نەبێت و چینە كۆمەڵایەتییە كەمدەرامەتەكان هێندەی تر زەرەرمەند نەبن. بەرەو بووژانەوە دوای تێپەڕینی زیاتر لەساڵێك بەسەر قەیرانی كۆرۆنادا، ئابوریی عێراق وەكو هەموو وڵاتانی تر، پێی نایە ساڵی دووەمی كۆرۆناوە. ئەوەبوو دوای كێشمە كێشێكی زۆر، بودجەی ساڵی ٢٠٢١ بەبڕی (١٣٠) ترلیۆن دینار (٨٩.٦٥) ملیار دۆلار‌و كورتهێنانی نزیكەی (٢٨.٧) ترلیۆن دینار (١٩.٧٩) ملیار دۆلار پەسەندكرا، كەتیایدا نرخی نەوت بە (٤٥) دۆلار ئەژماركراوە لەسەر بنەمای فرۆشتنی سێ ملیۆن و (٢٥٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە. دۆخی ئێستای بازاڕی نەوت و پێشبینی بانكە نێودەوڵەتییەكان بۆ نرخەكەی، وادەردەخات عێراق نەك هەر ئامانجەكانی بودجەی ٢٠٢١ بەدیدەهێنێت، بەڵكو لەكۆتایی ساڵدا، لەبری كورتهێنان، بودجەكەی بەزیادهێنان كۆتاییدێت. لەئێستادا نرخی نەوت بۆ (٦٥) دۆلار بەرزبووەتەوەو پێشبینییەكانیش وادەردەخەن، لەچارەكی دووەمی ئەمساڵدا، نێوەندی نرخ لەو ژمارەیەدا بێت. بەپێی پێشبینییەكانی بانكی گۆڵدمان ساكسی ئەمریكی فرەنەتەوەیی، لەچارەكی سێیەمی ئەمساڵدا نێوەندی نرخەكان بۆ (٧٥) دۆلار بەرزدەبێتەوەو بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی بانكی (ی‌و بی ئێس)ی سویسریی فرەنەتەوەیی، لەتەواوی نیوەی دووەمی ئەمساڵدا نێوەندی نرخی نەوت (٦٨) دۆلار دەبێت. ئەوە لەكاتێكدا حكومەتی عێراق لەبودجەكەیدا نرخی نەوتی بە (٤٥) دۆلار ئەژمار كردووە. بۆیە دەكرێت بوترێت، بودجەی ٢٠٢١ی عێراق لەكورتهێنانەوە دەبێتە زیادهێنان، چونكە بەدەر لەبەرزبوونەوەی نرخەكەی، خواستیش لەسەر نەوت لەهەڵكشاندایەو بەوەش چیتر پێویستییەك بۆ بڕیارەكانی ئۆپیك نامێنێتەوە كەبەرهەمی وڵاتە نەوتییەكانی بەهۆی كەمیی خواست و دابەزینی نرخەوە سنوردار كردبوو، چونكە بانكی گۆڵدمان ساكس مەزەندەی كردووە تا كۆتایی ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت بگاتە (١٠٠) ملیۆن بەرمیلی رۆژانەو ئەوەش وادەكات عێراق بتوانێت ئەو بڕەی لەبودجەكەیدا دایناوە، هەمووی بفرۆشێت. سەرەتای دەركەوتنی ئەو بووژانەوەیەش بەوە دیاریدا كەڕۆژی (١١)ی ئەم مانگە، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق رایگەیاند، یەدەگی نەختینەی عێراق لەدراوی بیانی (٦٠) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی بلومبێرگ، ئەو گۆڕانكارییانە وایكردووە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەمانگی ١٢ی ٢٠٢٠دا مەزەندەی ئەوە بكات كەگەشەی ئابوریی عێراق لەئەوەوە كە لە ٢٠٢٠دا بەڕێژەی ١٢٪ كشابووەوە، لە ٢٠٢١دا، بەڕیژەی ٢.٥٪ گەشەبكات. بەڵام هێشتا سندوقەكە هۆشداریدا لەئەوەی كەئەگەر عێراق چارەسەری كێشەی گەندەڵیی و بردنە دەرەوەی پارە نەكات، ئەوا تاساڵی ٢٠٢٤ ئسوڵی بیانی لە وڵاتەكەدا زۆر كەم دەبێت و رێژەی قەرزەكانیش بەراورد بەكۆی بەرهەمی ناوخۆ، لەبەرزترین رێژەدا دەمێنێتەوە. دەرگا نوێیەكان وێڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیاتربوونی بڕی فرۆش، لەماوەی رابردوودا جووڵەكانی كازمی لەگەڵ وڵاتەكانی كەنداوو میسر‌و ئوردوندا، دەرگای نوێی بۆ سەرچاوەی دارایی بۆ عێراق واڵا كردووە. هەوڵی وڵاتانی كەنداو بۆ ئەوەی عێراق لەژێر هەژموونی ئێران ببەنە دەرەوەو جارێكی تر بیگێڕنەوە نێوەندە عەرەبی و كەنداوییەكەی، وایكرد وڵاتانی سعودیەو ئیمارات دەستپێشخەری ئابوریی بكەن و مستەفا كازمیش دەرفەتەكەی بەباشی قۆستەوە. لەو چوارچێوەیەدا سەرەتای ئەم مانگە لەسەردانیدا بۆ شانشینی سعودیە، مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق پێنج بۆندی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا واژۆكرد، كەیەكێكیان تایبەتە بەسندوقێكی هاوبەشی وەبەرهێنانی سعودی-عێراقی بەبڕی سێ ملیار دۆلار. هاوكات ئاژانسی هەواڵی سعودیەش ئەوەی بڵاوكردەوە كە لەماوەی داهاتوودا، وەبەرهێنانی سعودیە لەعێراقدا، لەدوو ملیار ریاڵی سعودییەوە (نزیكەی ٥٤٠ ملیۆن دۆلار) بەرزدەبێتەوە بۆ (١٠) ملیار ریاڵ (٢.٦٧ ملیار دۆلار). دوابەدوای سەردانەكەی سعودیە، كازمی سەردانی ئیماراتی كرد‌و رۆژی چواری ئەم مانگە، ئاژانسی هەواڵی ئیماراتی بڵاویكردەوە كەوڵاتی ئیمارات رایگەیاندووە، لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەكدا بەئامانجی پتەوكردنی پەیوەندییە ئابورییەكان و رەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ هاوكاری و هەماهەنگی و بەرەوپێشبردنی عێراق لەڕووی ئابوری و كۆمەڵایەتی و گەشەسەندنەوە، ئەو وڵاتە بڕی سێ ملیار دۆلار لەكۆماری عێراقدا وەبەردەهێنێت. رۆژهەڵاتی نوێ دوای كۆبوونەوەی لوتكەی عێراق و میسر و ئوردن لەمانگی ئازاری ٢٠١٩دا لەقاهیرەو دووبارەكردنەوەی لەمانگی ئابی ٢٠٢٠دا لەعەمانی پایتەختی ئوردون، بڕیاربوو كۆتایی مانگی ئازاری ئەمساڵ بۆ جاری سێیەم لەبەغدا كۆببنەوە، بەڵام پێكدادانی دوو شەمەندەفەر لەمیسر كۆبوونەوەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخست. بەوتەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران، عێراق بەنیازە لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیاری پرۆژەیەكی ئابوریی گەورەبكات بەناوی «رۆژهەڵاتی نوێ» هەر بەپێی وتەكانی كازمی عێراق دەیەوێت لەڕێی ئەو پرۆژەیەوە گۆڕانكاریی گەورەی ئەوتۆ بكات، كە تائێستا ناوچەكە بەخۆیەوە نەدیوە، لەڕووی ئابوری و وەبەرهێنان و هەماهەنگیی هەڵوێستەكان دەربارەی دۆسیەكانی ناوچەكە. بەپێی وتەی بەرپرسە عێراقییەكان كۆبوونەوەی لوتكەی داهاتوو وادەكات پلانی تەواوكاریی ئابوری لەنێوان سێ وڵاتەكەدا دابڕێژرێت، لەنێویاندا پرۆژەی وزەی كارەبا و دابینكردنی بۆ عێراق و هەناردەكردنی نەوتی عێراق لەڕێی بەندەری عەقەبەی ئوردونی و لێكتێگەیشتن دەربارەی وەگەڕخستنی هێزی كار. یەكێكی تر لەئامانجەكان ؛بەوتەی كازمی؛ بریتییە لەبەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئوردوندا، تاوەكو لەقۆناغی یەكەمدا بگاتە ملیارێك دۆلار و لەقۆناغی دووەمیشدا بگاتە پێنج ملیار دۆلار. بۆ ئەوەش لەسەرەتای ئەمساڵەوە حكومەتی عێراق هەندێك بەرهەمی وڵاتی ئوردونی لەگومرگ بەخشی و بەنیازیشە لەچوارچێوەی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی نوێ‌دا، شارێكی ئابوریی پیشەسازی لەسەر سنوری نێوان عێراق و ئوردون دروستبكرێت، كەتێیدا سەرجەم بەرهەمی ئەو سێ وڵاتە لەكاتی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا، بەبێ گومرگ هەناردەی یەكتری بكرێن. هاوكات رێگایەكی وشكانیش دروستبكرێت، كە هەرسێ وڵات ببەستێتەوە بەیەكەوە. ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەناردەی ئێران و توركیا بۆ عێراق و عێراق زیاتر و زیاتر لەژێر هەژموونی ئەو دوو وڵاتە ؛بەتایبەتی ئێران؛ دەهێنێتە دەرەوەو بەرەو قوڵاییە عەرەبییەكەی دەیباتەوە. ئەوە بێجگە لەزیانە ئابورییەكانی بۆ ئێران و توركیا، كە لەئێستادا عێراق بووەتە بازاڕێكی گەرم بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان. بۆیە زۆرێك لەچاودێرانی ئابوری دەڵین توركیا‌و ئێران بەهەموو هێزیانەوە هەوڵی سەرنەگرتن و تێكدانی ئەو پرۆژەیە دەدەن. ئاماژە ئابورییەكان ئەوە دەردەخەن عێراق بەرەو كرانەوە و بووژانەوەی زیاتر دەڕوات، بەڵام لەگەڵ هەموو كرانەوەو بووژانەوەیەكدا، دووبارە بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، هۆشدارییەكانیان بۆ بەرپرسانی وڵاتەكە دووبارە دەكەنەوە، بەوەی ئەگەر سنورێك بۆ گەندەڵی و بەهەدەردان و سپیكردنەوەی پارەو بردنەدەرەوەی دانەنرێت، ئەوا ئەو بووژانەوانە كاتیی دەبن و ئامانجی خۆیان ناپێكن و لەگەڵ یەكەم قەیرانی ئابوری‌دا دادەڕمێن.
هاوڵاتی برسیەتی و هەژاریی تەنگی بەخەڵكی ئێران هەڵچنیوەو بەپێی نوێترین ئامارەكان ئاستی خۆراكی بەراورد بەدانیشتوانی وڵاتی ئەفغانستان و یەمەن و ئەفەریقا خراپترە، چونكە تەنها لەماوەی هەشت ساڵدا نرخی زۆربەی پێداویستی و خۆراكەكان لەو وڵاتە (10) هێندە بەرزبوونەتەوەو رۆژانە (570) ملیار تمەن چاپ دەكات. كۆماری ئیسلامی ئێران كەخۆی بەیەكێك لەزلهێزە ئابوریی و سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و (18)یەمین ئابوریی جیهان دەزانێت، رووبەڕووی گەورەترین هەڵاوسانی ئابوریی بووەتەوەو زۆرترین رێژەی هەژاریی لە (42) ساڵی تەمەنی دەسەڵاتەكەیدا تۆمار كردووە و سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی كردووە هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لەساڵی (2021) بگاتە زیاتر لە (40%)و كورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە لە (13) ملیار دۆلار نزیك ببێتەوە، چونكە بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە لەقۆناغێكدا بۆ رێگریی لەهەڵاوسانی ئابوریی، رۆژانە بڕی (570) ملیار تمەن پارەی چاپ كردووە. سەرەڕای هەژاریی و گرانی، پیربوونی كۆمەڵگەی ئێران بووەتە مەترسییەكی گەورەو گەشەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە لە (سفر) نزیك بووەتەوە، كەئەمەش دەبێتە هۆكارێكی دیكەی هەڵاوسان، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت بەزیادكردنی بازرگانیی لەسنوری وڵاتانی دراوسێی بەتایبەت عێراق و هەرێمی كوردستان و رێككەوتنی (25) ساڵە لەگەڵ چین و پەرەپێدانی كشتوكاڵ ئاستی هەڵاوسانە گەورەكەی دابەزێنێت. گەورەترین هەڵاوسانی ئابوریی ئێران بەپێی ئامارەكانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو؛ ئاستی نێوەنجی هەڵاوسانی ئابوریی ئێران لەساڵی (2020) گەیشتووەتە (36.5%) كەپێشبینی دەكرێت ئەمساڵ بگاتە (39.5%)و تازیاتر لە (40%) بەرز ببێتەوە، چونكە بەپێی بەراوردە داراییەكان و چاپكردنی زۆری پارە لەئێران رەنگە كورتهێنانی بودجە بگاتە (12) ملیار دۆلار‌و پێشبینییەكەی ئەو ناوەندە لەگەڵ ئامارەكانی ئێران هاوشانەو ئەگەری روودانی ئەو هەڵاوسانە گەورەیە لەئێران بەهێزە. ئەم پێشبینییە لەكاتێكدایە كەهەڵاوسانی ئابوریی وڵاتی ئەفغانستان تەنها (4.1%)ە، بەڵام هەڵاوسانی ئێران (25%)ە، نێوەنجی هەڵاوسانی ئابوریی ئەفغانستان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی كە بە (4.1%) مەزەندە دەكرێت و ئەمەش كەمترین ئاستی هەڵاوسانە لەحەوت مانگی رابردوودا‌و نێوەنجی ئەو هەڵاوسانە لە (12) مانگی وڵاتەكەدا (7.7%) بەراورد كراوە، لەكاتێكدا جەنگ و ناسەقامگیریی ساڵانێكە بەرۆكی ئەو وڵاتە بەرنادات، بەڵام نێوەنجی هەڵاوسانی ئێران لەنێوان (25%) بۆ (50%) بەرزو نزم دەبێتەوەو هەڵاوسانەكەی چەند هێندەی ئەفغانستانە. حكومەتێكی قەرزدار بەپێی ئامارەكانی بانكی ناوەندیی ئێران بڕی پارەی چاپكراوی وڵاتەكە تامانگی رابردوو گەیشتووەتە سێ هەزارو (300) ملیار تمەن و بانكی ناوەندیی تەنها لەمانگی رابردوودا رۆژانە (570) ملیار تمەن پارەی قورسی تمەنی خستووەتە بازاڕەوە. رۆژنامەی ئیعتیماد كە سەر بە ریفۆرمخوازانی ئێرانە بەناونیشانی (قەرزی 13 ژمارەیی حكومەتی داهاتوو) نووسیویەتی: بەهۆی زۆری چاپكردنی پارە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بۆ چارەسەركردنی كورتهێنانی بودجە، حكومەتی ئێستا (177) هەزار ملیار تمەن كەدەكاتە زیاتر لەحەوت ملیار دۆلار كورتهێنانی بۆ حكومەتی داهاتوو جێدەهێڵێت. رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە كەحكومەت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵ كۆمەڵێك بەڵگەنامەو سەرچاوەی بانكیی و دارایی خستووەتە مەزادەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەسودی ئەو سەرچاوانە كورتهێنانی بودجە قەرەبوو بكاتەوە، بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە بەهۆی ئەوەی لەساڵەكانی (2018 و 2019) پارەی چاپكراوی زۆری خستووەتە بازاڕەكانەوە، بووەتە مایەی هەڵاوسانی ئابوریی. ئەگەرچی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە كردەووەتەوە كەكورتهێنانی بودجە دەگاتە نزیكەی (13) ملیار دۆلار، بەڵام حكومەتی ئێستای وڵاتەكە زیاتر لە (177) هەزار ملیار تمەن كورتهێنان یان قەرزی هەیە، كە بێگومان بۆ حكومەتی داهاتووی جێدەهێڵێت. هەشت ساڵ هەژاریی بەپێی ئامارەكان زیاترین هەڵاوسان و قەرزو گرانی لەماوەی نزیكەی هەشت ساڵی حكومەتی حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لەو وڵاتە روویداوە، چونكە تەنها لەسەردەمی ئەودا نرخی زۆربەی كاڵا‌و پێدوایستییە سەرەكییەكانی ژیان (10) هێندە بەرزبوونەتەوە. ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم ) سەر بەتوندڕەوەكانی محافزكاران لەئێران بەناونیشانی (خراپترین حكومەت بەزمانی ئامار) نووسیویەتی: حكومەتی حەسەن رۆحانی بۆ یەكەمجار دوای (40) ساڵ لەمێژووی كۆماری ئیسلامی ئێران‌دا، لەماوەی سێ ساڵی بەدوای یەكتردا ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی بۆ (30%)و لەدوو ساڵی بەردەوامی دیكەدا ئاستی هەڵاوسانی بۆ (40%) بەرزكردووەتەوە، كە لەساڵی (1980) هیچ حكومەتێكی ئێران هێندەی ئەم حكومەتە ئاستی هەژاریی لەو شێوەیەی نەخوڵقاندووە. تەسنیم روونیكردووەتەوە؛ بەپێی ئامارەكانی بانكی ناوەندیی ئێران ئاستی هەڵاوسان لەساڵی (2018) گەیشتووەتە (31.2%)و ساڵی (2019) بۆ (41.2%) بەرز بووەتەوەو لەساڵی (2020) گەیشتوەتە زیاتر لە (44%)و بەپێی نرخی كاڵاكان دەردەكەوێت كە لەماوەی هەشت ساڵ لەحكومەتەكەی رۆحانیدا، نرخی كاڵا‌و پێداویستییە سەرەكییەكان بۆ (10) هێندە بەرز بووەتەوەو ئەم ژمارانە دەریدەخەن كە تاچ ئاستێك هەژاریی لەماوەی ئەو حكومەتەدا لەئێران قوڵتر بووەتەوە. بەدخۆراكی لەوڵاتێكی دەوڵەمەند گرانبوونی كاڵا‌و خۆراك و كەمبوونەوەی ئاستی داهاتی تاك دانیشتوانی ئێرانی تووشی بەدخۆراكی كردووە، بەجۆرێك كەبەكارهێنانی شیرەمەنی بۆ هەر كەسێكی ئێرانی (130) كیلۆ لەپێوەری جیهانی كەمترەو ئاستی بەكارهێنان و خواردنی گۆشت لەو وڵاتە بەراورد بەوڵاتانی هەژاری وەك ئەفەریقا، یەمەنو كۆریای باكور كەمترە . دامەزراوەی ئاسایشی خۆراكی ئێران ئاشكرای كردووە كەئاستی ساڵانەی بەكارهێنانی گۆشت بۆ هەركەسێك لەئێران دەگاتە شەش بۆ هەشت كیلۆ، لەكاتێكدا بەپێی راپۆرتی رێكخراوی خۆراكی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان (فاو) ئاستی بەكارهێنانی گۆشت بۆ هەركەسێك لەساڵێكدا لەغینا (9) كیلۆیە لەگینە (6.5) كیلۆو نیجیریا (8.5) كیلۆو تانزانیا (10) كیلۆو لەیەمەن (14.5) و لەكۆریای باكور (10.5) كیلۆیە. وەزارەتی بازرگانی ئێران بڕیاری داوە رێگە بەهاوردەی مریشكی دەرەوە تائاستی (50) هەزار تۆن بدرێت لەكاتێكدا پێشتر‌و لەساڵی (2020) تەنها (112) تۆن مریشك هاوردەی ئێران كراوە، كە بەراورد بەساڵی (2019) هاوردەكە بەڕێژەی (90%) كەمی كردووە. لەلایەكی دیكەوە بەپێی ئامارەكان و پێوەرە جیهانییەكان، نێوەنجی خواردنی بەرهەمی شیرەمەنیی وەك ماست و پەنیرو..هتد بۆ هەر كەسێك لەجیهاندا دەگاتە (180) كیلۆگرام، بەڵام لەئێران دەگاتە (50) كیلۆگرام و جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان پێورە جیهانییەكان و ئاستی بەكارهێنانی شیرەمەنی لەئێران. ساڵانە تەنها (10) ملیۆن تۆن شیر لەئێران بەرهەمدەهێنرێت، كە شەش ملیۆن تۆنی لەبواری پیشەسازی بەكاردەهێنرێت و هاوكات بەهۆی دۆخی ئابوریی خراپی خەڵكەوە ئاسان نییە خەڵكی وڵاتەكە بتوانن خۆیان لەگەڵ پێوەرو ستانداردی جیهانی بەكارهێنانی شیرەمەنی بگونجێنن و ئەمەش بووەتە مایەی بەدخۆراكیی. (95%)ی خەڵكی ئێران هاوكاریی دارایی وەردەگرن ئێران (10) ساڵە سەرقاڵی جیاكردنەوەی ئەو هاووڵاتیانەیەتی كەداهاتیان زۆرەو پێویستیان بەهاوكاریی دارایی (یارانە) لەوڵاتەكە نییە، بەڵام تائێستا حكومەت و پەرلەمان نەیانتوانیوە چارەنووسی سێ ئاستی كۆمەڵایەتیی ئابوریی لەكۆی (10) ئاستی كۆمەڵایەتیی كەپێویستیان بەو هاوكارییە نییە، یەكلایی بكەنەوەو لەنوێترین هەنگاویشدا بڕیاری لابردنی هاوكاریی ئەو كەسانە لەبودجەدا لابراوە. ژمارەی دانیشتوانی ئێران نزیكەی (84) ملیۆن كەسەو (95%)ی ئەو ژمارەیە واتە (78) ملیۆن كەس مانگانە بڕی (45) هەزار تمەن كەدەكاتە نزیكەی دوو دۆلار دەخرێتە سەر ئەژمارە بانكییەكانیان و كۆی گشتی ئەو بڕە یارانەیە لەساڵێكدا دەكاتە زیاتر لەیەك ملیار‌و (600) ملیۆن دۆلار لەكاتێكدا بەپێی لێدوانی بەرپرسان نزیكەی یەك لەسەر سێی كۆی دانیشتوانی ئێران داهاتیان باشەو پێویستیان بەو هاوكارییە داراییەی حكومەت نییە كەپێی دەوترێت یارانە. گرانیی وەچەخستنەوەی لەئێران كەمكردووەتەوە.. بەپێی ئاماری (10) مانگی رابردووی ساڵی رابردوو لەئێران گەشەی ژمارەی دانیشتوان بۆ كەمتر لە(1%) دابەزیوە، لەكاتێكدا ئاستی گەشە لەساڵی (1986) گەیشتووەتە نزیكەی (4%)، بەڵام لەساڵی (2019) ئاستی گەشە بۆ كەمتر لە (0.6%) دابەزیوە، واتە لەسفر نزیك بووەتەوەو دابەزینەكەش بەردەوامە. بەپێی ئامارەكان لەساڵی رابردوودا نزیكەی (946) هەزار منداڵ لەئێران لەدایكبوون، بەڵام لەبەرامبەردا ژمارەی كەسانی بەتەمەن و بەساڵاچوو پێنچ هێندەی منداڵانی تازە لەدایكبووەو هاوكات ئاستی بەرزبوونەوەی رێژەی بەساڵاچووان بەراورد بە لەدایكبوونی منداڵان گەیشتوە (15%)، بۆیە ئەگەر ژمارەكان بەوشێویە بەردەوام بێت ئاستی گەشەی دانیشتوانی ئێران تا (10) ساڵی دیكە دەبێتە سفر. بەرپرسان و تووێژەرانی كۆمەڵایەتی گرانی و دۆخی بژێویی خەڵك بەهۆكاری سەرەكیی كەمبوونەوەی وەچەخستنەوەو گەشەی دانیشتوان لەئێران دەزانن. ئێران بەهیوای فرۆشی نەوت و رێككەوتنی چینە پێگەی ئەلیكترۆنیی ئۆیل پرایس (Oil Price) ئاشكرای كردووە كە چین كڕینی نەوتی لەسەرجەم وڵاتان و بەتایبەت عێراق كەمكردووەتەوە، بەڵام بەپێچەوانەوە دوای رێككەوتنە (25) ساڵەكەی لەگەڵ ئێران كڕینی نەوتی لەو وڵاتە بۆ نزیكەی یەك بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا بەرز كردووەتەوە. ئۆیل پریس ئاماژەی بەوەكردووە كە چین كڕینی نەوتی لەمانگی مارسی رابردوو بەڕێژەی (8.81%) بەراورد بەمانگەكانی پێشووتر كەم كردووەتەوەو لەو مانگەدا رۆژانە بڕی زیاتر لە (11) ملیۆن بەرمیل نەوتی كڕیوەو بەپێی ئامارەكان لەو ماوەیەدا رۆژانە لەنێوان (856) هەزار بۆ یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی لەئێران كڕیوە، كە بەراورد بەمانگی رابردووتر دوو هێندە بەرزبووەتەوە لەبەرامبەرداو لەو ماوەیەدا كڕینی نەوتی لەعێراق و سعودیە كەمكردووەتەوە كە رەنگە هۆكاری ئەمەش بۆ رێككەوتنی (25) ساڵەی نێوان تاران و پەكین بگەڕێتەوە. ئێران (90%)ی بودجەكەی پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت و سزاكانی ئەمەریكا بووە هۆی لەدەستدانی بەشێكی بەرچاوی ئەو داهاتە، چونكە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا رایگەیاندبوو كە واشنتۆن مەبەستیەتی هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە سفرو رێگریی لەفرۆشتنی نەوتی ئەو وڵاتە بكات، لەبەرامبەردا ئێران دەیەوێت بە رێككەوتن لەگەڵ چین زۆربەی بەرهەمی نەوتەكەی كە لەدوو ملیۆن و (450) هەزار بەرمیلی رۆژانە نزیك دەبێتەوە رەوانەی چین بكات و قەرەبووی كورتهێنان و بودجەی وڵاتەكەی پێبكاتەوە. ئێران ئاسانكاریی بازرگانیی بۆ هەرێم دەكات عێراق دوای وڵاتی چین زیاترین كاڵای ئێرانی بۆ هاوردە دەكرێت و سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتە بۆ تاران، بۆیە لەو چوارچێوەیەشدا ئێران دەیەوێت سنورە بازرگانییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان زیاد بكات و لەنوێترین هەنگاودا سنوری سەیرانبەن بەشێویەكی فەرمی بۆ گەشتیاری و بازرگانیی بەتەواوەتی دەكاتەوەو هەوڵی زیادكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەسنورێكی دیكەش لەگەڵ هەولێر دەدات. ئاژانسی هەواڵی مێهر بەناونیشانی (ئامادەیی ئێران بۆ بەهێزكردنی ئاڵوگوڕی بازرگانیی لەگەڵ هەولێر) لێدوانی محەمەد عەلی شەهریاری، پارێزگاری ورمێ لەڕۆژهەڵاتی كوردستانی بڵاوكردووەتەوە، كە لەدیدارێكی هەفتەی رابردوو لەگەڵ سەركۆنسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر رایگەیاندووە كەئێران دەیەوێت ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكانی لەگەڵ هەولێر زیاتر بكات و بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكاریی پێویست دەكات. شەهریاری وتوویەتی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بوارە كەلتوری و ئابورییانەی لەنێوان ئێمە و هەولێر هەیە، ئەو پارێزگایە یەكێكە لەو شوێنانەی كەئێران كاڵای بۆ رەوانە دەكات، ئامادەین هەوڵی نەمانی ئەو ئاستەنگانە بدەین كە رێگرن لەبەردەم بەهێزكردنی بازرگانیی نێوانمان. بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسەی ئێران ساڵانە بەبەهای سێ ملیار دۆلار كەلوپەل و خۆراكی ئێرانی لەسنوری پارێزگای ورمێ بۆ وڵاتانی (عێراق و توركیا و ئازربایجان) هەناردە دەكرێت. خەڵكی هەژارو ئابوریی گەورە وەك لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێكراوە نزیكەی (78) ملیۆن دانیشتوی ئێران بۆ بژێویی رۆژانەیان پێویستییان بەهاوكاریی داراییەو ئەم ژمارەیە بەزمانێكی دیكە بەهەژار ئەژمار دەكرێن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو دۆخە نالەبارو سزا ئابورییانەی بەسەر ئێران‌دا سەپاوە بەپێی راپۆرتی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو‌و بانكی جیهانی؛ پلەی ئابوریی ئێران لەماوەی (10)ساڵدا سەرەڕای سزا توندەكان لەنێوان (16) بۆ (22) بووە لەئاستی وڵاتانی جیهاندا. ئێران لەماوەی (40) ساڵدا بە بەردەوامی لە رووی ئابوریی و هێزی كارەوە گەشەی بەخۆیەوە بینیوەو هاوكات ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی گەشەی كردووەو بەو پێوەرانە پلەی ئێستای ئابوریی ئێران لەجیهاند لە(18)یەو سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی كردووە كە ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ساڵی (2021) لەئێران بگاتە (651) ملیار دۆلار، لەكاتێكدا ئەو بڕە لەساڵی (2017) نزیكەی (430) ملیار دۆلار بووە.
هاوڵاتى رێککەوتنی ستراتیژیی (25) ساڵەی نێوان ئێران و چین یەکێکە لەدورودرێژترین رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کەخۆی لەزیاتر لە (100) گرێبەستی ئابورییدا دەبینێتەوەو سەرمایەکەشی بە (400) ملیار دۆلار خەمڵێنراوەو پێدەچێت ئامانجەکەی پاشەکشێی ئابوریی و سیاسیی زلهێزەکانی وەک ئەمەریکا و بەریتانیا و ئەوروپا بێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا ناوەندی ئەمەریکی بۆ چاودێریی سەرمایە لەجیهان (American Enterprise) بڵاویکردووەتەوە رێککەوتنە (25) ساڵەکە کە (100) بەڵگەنامەو گرێبەستی لەبوارەکانی (نەوت و غاز، پترۆ کیمیایی، پرد‌و هێڵی شەمەندەفەر، بیناسازی، دەریاوانی ، بانکیی، پەروەرەدە..هتد) بەبڕی (400) ملیار دۆلار سەرمایەی چینی لەئێران لەخۆ دەگرێت لەکاتێکدا ساڵی (2004) تا (2019) هەموو سەرمایەی چین لەئەمەریکا (182) ملیار دۆلار بووە کە ساڵانە دەکاتە نزیکەی (12) ملیار دۆلار، بەڵام چین دەیەوێت بەو رێککەوتنە ساڵانە (16) ملیار دۆلار سەرمایە لەئێران بخاتەگەڕ، بۆیە ئەمە گومانی زۆر دروستدەکات لەکاتێکدا ئاستی سەرمایە و ژمارەی دانیشتوان و پێگەی ئابوریی و سیاسیی ئەمەریکا بەراورد ناکرێت بەئێران. ئەو ناوەندە ئابورییەی ئەمەریکا رایگەیاندووە چین دەیەوێت لەڕێگەی ئەو سەرمایەیەوە ئێران بخاتەژێر باری قەرزێکی گەورەوە بۆ ئەوەی بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی بکات و ئێران وەک بەنزینخانەیەک هەموو داهاتەکەی بڕژێنێتە گیرفانی چینەوە، چونکە ئەگەر تاران نەتوانێت ئەو قەرزە بداتەوە چین بۆی هەیە دەست بەسەر کۆمەڵێک سەرچاوەی داهات و دارایی ئێران لەناوخۆو دەرەوەدا بگرێت. پلانی چین بۆ ئێران و جیهان چین پلانێکی ستراتیژیی و درێژخایەنی ئابوریی بۆ پێگەو گرێدانەوەی کیشوەرەکانی (ئاسیا، ئەفەریقا، ئەوروپا) لەساڵی (2013) دەستپێکردوە کە بە (یەک بازنە و یەک رێگا) ناودەهێنرێت و لەکۆندا بە (رێگای ئاوریشم) ناوی هێنراوە، ئەم بازنەیە (70) وڵات لەخۆدەگرێت و ئێران دەکەوێتە چەقی ئەو بازنەیە کە بەدڵی بازنەکە ناوی دهێنرێت، بۆیە چین بە رێککەوتنێکی (25) ساڵە لەگەڵ ئێران دەیەوێت ستراتیژە گەورەکەی خۆی بەدیبهێنێت و ئێران ببێتە ناوەندێکی گواستنەوەو گەیاندن و بازرگانیی چین بۆ وڵاتانی رۆژئاوا. پەکین لەساڵی دەستپێکی ئەو پلانە ستراتیژییەوە نزیکەی یەک ترلیۆن و (300) ملیار دۆلاری بە مەبەستی گەشەی ژێرخانی ئابوریی بۆ (60) وڵاتی نێو ئەو بازنەیە تەرخانکردووە و پێدەچێت بەم رێککەوتنە لەگەڵ ئێران ببێتە هۆی جۆرێک لەبووژاندنەوەی ئابوریی لەو وڵاتە. ساڵی (2017) لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەو پلانە ستراتیژییە نزیکەی (31) وڵات جگە لەئەمەریکا بە رەسمی پشتیوانیی خۆیان بۆ (یەک بازنە و یەک رێگا) راگەیاند کە پێدەچێت ئەو ژمارەیە لەئێستادا زۆر زیاتری کردبێت، بەڵام وەک ئاماژەی پێدراوە پلانی بازنەکە (70) وڵات دەگرێتەوە کە روسیا‌و تورکیا بەگرنگترین پشتیوانی پلانەکەی چین لەناوچەکەدا لەقەڵەم دەدرێن. رێککەوتنەکە تەمەنی دەسەڵات لەئێران درێژ دەکاتەوە.. شارەزایان و شیکەرەوانی سیاسی پێیانوایە دۆخی ئابوریی و سیاسیی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران خراپەو رەنگە ئەمەش ببێتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتە، بۆیە ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ چین جۆرێکە لەبەهێزکردنی ئابوریی و پشتیوانێکی بەهێزە بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزا سیاسی و ئابورییەکانی ئەمەریکا و ئەمەش وادەکات تەمەنی دەسەڵات لەئێران درێژ بکرێتەوە. ئەوەی لەتێڕوانینی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئەو رێککەوتنە بەدیدەکرێت کە نزیکەی (10) ساڵی خایاندووەو مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئەو وڵاتە، ئەوەیە کە ئێران بەبەردەوامی نایەوێت بە تەنها رووی سیاسیی و ئابوریی لەڕۆژهەڵات یان رۆژئاوا بێت، چونکە مێژووی دەستپێکردنی قۆناغی واژۆکردنی رێککەوتنە (25) ساڵەکەی لەگەڵ چین دەگەڕێتەوە بۆ دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) لەساڵی (2015)، کەئەویش بە گەورەترین رێککەوتنێکی ستراتیژیی نێودەوڵەتیی نێوان تاران و رۆژئاوا لەقەڵەمدەدرا، بەڵام دۆخی ناوخۆیی و پێگەی نێودەوڵەتیی ئێران وای لەچینییەکان کرد کە واژۆکردنی ئەو رێککەوتنە لەساڵی (2017) بۆ ئەمساڵ واتە رۆژی (27)ی مارسی (2021) دوابخەن و تەنانەت لەناوخۆی ئێران‌دا ئاماژە بەوە دەکرا کەچینییەکان دەیانەوێت رێککەوتنەکە لەگەڵ باڵی محافزکار لەحکومەتی داهاتوودا بکەن کەنزیکەی پێنج مانگی داهاتوو لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران یەکلایی دەبێتەوەو پێدەچێت حکومەت بکەوێتە دەست ئەوان، چونکە حکومەتی ئێستا بە ریفۆرمخواز پێناسە دەکرێت. ئەو رێککەوتنە لەناوخۆی ئێران‌دا ناکۆکییەکانی باڵی محافزکار بەڕێبەرایەتیی عەلی خامنەیی و باڵی ریفۆرمخواز بەپێشەنگیی حەسەن رۆحانی لەحکومەتی وڵاتەکەدا زەق کردەوەو ئەمەش بووە هۆی ئەوەی عەلی لاریجانی وەک نوێنەری خامنەیی لە واژۆکردنی رێککەوتنەکەدا بەشداریی پێبکرێت، تەنانەت هەواڵەکە وا بڵاوکرایەوە کە چین پێشنیاری بەشداریی لاریجانی کردووە، بەڵام محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران هەواڵەکەی رەتکردەوەو رایگەیاند کەئەو جۆرە هەواڵانە لەئاستی پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا نییەو هیچ کاتێک چین لەو ئاستەدا دەستوەردان لەکاروباری ناوخۆیی وڵاتەکەدا ناکات و تەنانەت پێشنیاری بەشداریی لاریجانی لەسەر داوای ئەو بووە. ساڵی (2016)ش جین پینگ، سەرۆکی چین چاوی بەعەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کەوت و خامنەیی لەو دیدارەدا رایگەیاند کە خەڵک و حکومەتی ئێران بەبەردەوامی هەوڵی بەرفراوانکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین دەدەن و لەو سۆنگەیەوە رێککەوتنی ستراتیژیی (25) ساڵەی نێوان بەرپرسانی چین و ئێران زۆر دروست و باشە، بۆیە ئەم لێدوانەی خامنەیی ئاماژەیەکی گرنگ بوو بۆ بەئەنجامگەیاندنی رێککەوتنەکە. ناکۆکییەکانی ئەو دوو باڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر رێککەوتنەکە ئاماژەیە بەگەورەیی و گرنگیی رێککەوتنەکە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئێران لە رووی نێودەوڵەتیی و نێوخۆییەوە، بۆیە هەردوو باڵەکە هەوڵدەدەن خۆیان بکەن بەخاوەنی سەرەکیی رێککەوتنە (25) ساڵییەکە لەگەڵ چین و ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کۆمەڵێک ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و رێککەوتنەکەیان بەداگیرکردنی خاکی ئێران لەلایەن چینەوە وەسف کردووە و تەنانەت نزیکەی پێنج هەزار ئیمزا لەدووتوێی نامەیەک بۆ چین رەوانە کرا، ئەو رێککەوتنەی پەکین لەگەڵ تارانیان بە ناشەرعی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بەخاکفرۆش ناوهێنا، بەڵام چین هیچ جۆرە کاردانەوەیەکی نەبووە لەبەرامبەر ئەو ناڕەزایەتییانەی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی ئێرانیی دژ بەو رێککەوتنە. چین ئامانجی ئابوریی لەئێران هەیە.. چین ژمارەی دنیشتوانی دەگاتە یەک ملیار‌و (400) هەزار کەس و ساڵانە بەبڕی چوار ترلیۆن و (700) ملیۆن دۆلار بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی جیهان هەیەو ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بازرگانیی ساڵانەی لەئێستادا لەگەڵ چین دەگاتە (21) ملیار دۆلار، بەڵام ئەم ژمارەیە پێشتر زیاتر بووە لە (27) ملیار دۆلار، بۆیە چین دەیەوێت بەبیانوی رێککەوتنی (25) ساڵە ئاستی بازرگانییەکەی لەگەڵ ئێران بەرزبکاتەوە، یان لانی کەم وەک رابردووی لێبکاتەوە. پێگەو هەڵکەوتەی جوگرافیای ئێران بە بەردەوامی مایەی سەرنجی وڵاتە زلهێزەکانە، چین یەکێکە لەو وڵاتانەی زیاترین گرنگیی بەئێران دەدات، بۆیە ئەگەر سەرنج بدرێتە نەخشەی جیهان و ئەو بازنەیەی چین وەک (یەک بازنە و یەک رێگا) ناوی دەهێنێت، دەردەکەوێت وڵاتی ئێران دەکەوێتە ناوەندی ئەو بازنەیەوە، ئەمەش وا لەچین دەکات بەزۆر داواکاری ئێران رازی بێت و چاوپۆشیی لەدۆخی ناوخۆ‌و نێودەوڵەتیی بکات تەنها لەپێناو بەدەستهێنان و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچە ستراتیژییە، کەئەمەش لەهەڵسوکەتەکانی چەند ساڵی رابردووی چین بەرامبەر ئێران بەدیدەکرێت، چونکە لەساڵی (2017) کەدۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا بڕیاریدا بەکشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) و بەسفر گەیاندنی فرۆشی نەوتی ئێران، تەنها وڵاتێک زیاترین نەوتی لەئێران کڕیوەو رێگەی نەدا ئامانجەکەی ئەمەریکا بەدیبهێنرێت وڵاتی چین بوو، چونکە رۆژانە (480) هەزار بەرمیل نەوتی لەو وڵاتە دەکڕی و لەئێستاشدا سەرەڕای سزاکانی سەر ئێران، وڵاتی چین رۆژانە نزیکەی (850) هەزار بەرمیل نەوت لەئێران دەکرێت. چین لە رووی بازرگانییەوە یەکەم وڵاتە بۆ ئێران، چونکە زیاترین هەناردەو هاوردەی کاڵای هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتەداو بەپێی ئامارەکانی گومرگی ئێران لەساڵی (2020) زیاتر لە (25%)ی سەرجەم کاڵاو خۆراکی هەناردەی ئێران رەوانەی چین کراوە، کە بەهاکەی دەگاتە نزیکەی (10) ملیار دۆلار. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە بەجێبەجێکردنی رێککەوتنی (25) ساڵە لەگەڵ چین، ئاستی هەناردەی ئێران بۆ ئەو وڵاتە بۆ سێ هێندە بەرزدەبێتەوە، واتە ساڵانە بە بەهای (30) ملیار دۆلار کاڵای ئێرانی رەوانەی چین دەکرێت و لەلایەکی دیکەوە ژووری بازرگانیی هاوبەشی ئێران و چین ئاشکرای کردووە کە ئاستی هەناردەی ئێران بۆ چین لە رابردوودا بەهای (27) ملیار دۆلاری ئەزموون کردووە، بەڵام دۆخی سیاسی و سزاکانی ئەمەریکاو بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هەناردەی کاڵای ئێرانی بۆ چین تا نۆ ملیار دۆلار دابەزاندووە. بەپێی یەکێک لە رێککەوتنەکان ئاستی هەناردەو هاوردە لەگەڵ چین دەبێت هاوشان بێت، واتە ئەگەر ئاستی هەناردە لەئێرانەوە بۆ چین گەیشتە (30) ملیار دۆلار، دەبێت لەبەرامبەردا ئێران ئاستی هاوردەو کڕینی کاڵا لەچینەوە بگەیەنێتە (30) ملیار. چین شەڕی ئەمەریکا بەئێران دەکات.. لەکاتی قوڵبوونەوەی ململانێی نێوان پەکین و واشنتۆن، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمەریکا وتی» ئەگەر ئێمە چین نەگۆڕین ئەوا ئەو هەموومان دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە بەرەنگاری ببینەوە» ئەمە بە یەکێک لەدێڕە سەرنجڕاکێشەکانی بەرپرسێکی ئەمەریکی لە دوو دەیەی رابردوودا دژی چین لەقەڵەمدەدرێت، بۆیە ئەمەریکا بەهەموو شێویەک دەیەوێت بەرەنگاری چین ببێتەوەو هەمو کارتێکی فشاری سیاسی و ئابوریی بەکاردەهێنێت. جەنگی ئابوریی نێوان چین و ئەمەریکا لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا لەساڵی (2017) دەستیپێکردو ساڵی (2018 و 2019) گەیشتە لوتکەی خۆی و کار گەیشتە ئەوەی ئەمەریکا سێ کەشتیگەلی ئەتۆمی و فڕۆکەهەڵگری رەوانەی باشوری دەریای چین لەزەریای هێمن بکات، چونکە چین خۆی بەخاوەنی ئەو بەشە لەئاوی زەریاکە دەزانێ و ئەو ئاوانە بەڕێڕەوێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیی لەقەڵەمدەدرێت و بەپێی ئامارەکان سێ ترلیۆن بازرگانیی هەموو جیهان لەو ئاوانەوە دەگوازرێتەوە، بۆیە چین لەبەرامبەر رێگرییە ئابورییەکانی ئەمەریکا دەیەوێت بەخێراترکردنی دروستکردنی (یەک بازنە و یەک رێگا) کەئێران دەکەوێتە ناوەندی ئەو بازنەیەوە ململانێی ئابورییەکانی دژی ئەمەریکا بەهێزتر بکات و ئێران وەک کارتێکی فشار بۆ زیادکردنی دەسەڵاتەکانی لەدەریای باشوری چین بەکاربهێنێت. چین نەوتی ئێرانی دەوێت.. بەپێی هەندێک راپۆرت کە لەڕێککەوتنی چین و ئێران بڵاوبووەتەوە، چین بەبێ گوێدانە سزاکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران نەوتی ئەو وڵاتە بە (32%) کەمتر لەنرخی جیهانی دەکڕێت و دەتوانێت پێدانی پارەی نەوتەکە بەئێران تا دوو ساڵ دوابخات، ئەمەش بەو واتایە دێت چین چیتر گوێ بەسزاکانی ئەمەریکا لەدژی ئێران نادات، بەڵام نەوتی ئێران بەیەک لەسەر سێی نرخی جیهانی دەکرێت، کەئەمەش بەوەرچەرخانێکی سیاسیی چین وەسف دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردوەتەوە کەنەوتی وڵاتەکەی بەدابەزاندنی (32%) نرخەکەی رادەستی هیچ وڵاتێک تەنانەت چین بکرێت. رێککەوتنێکی نهێنی و نادیار.. ئەگەرچی رێککەوتنی (25) ساڵەی نێوان چین و ئێران واژۆ کراوە، بەڵام بەپێی دەستورو یاسای چین نابێت هیچ بەڵگەنامەیەکی هاوکاریی نێودەوڵەتیی وڵاتەکەی بڵاوبکرێتەوە و لەهەمان کاتێشدا بەپێی یاسا‌و دەستوری ئێران هەر بەڵگەنامەیەکی رێککەوتنی حکومەت کە پەیوەندیی بەدارایی و ئابورییەوە هەبوو، پێویست بەبڵاوکردنەوە ناکات و حکومەت ناچار نییە ئەو بەڵگانە بڵاوبکاتەوە، بۆیە هەردوو یاسای ئەو دو وڵاتە بووەتە هۆی ئەوەی وردەکارییەکانی ئەو رێککەوتنە بەنهێنی و نادیاریی بمێننەوەو ئەو زانیارییانەی کە بڵاوکراونەتەوە، بەشێکی زۆری زانیارییەکانی ناوەندی ئابوریی جیهانی کیل Kiel Institute for the World Economy (IfW Kiel) لەوڵاتی ئەڵمانیایەو تەنها شتێک کە لە رێککەوتنەکەدا زۆر روونە چین دەیەوێت جەمسەرێکی بەهێز بێت لەناوچەکەداو لەو چوارچێوەیەشدا پێویستی بەچەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت ئێران هەیە.
ئارا ئیبراهیم بەپەسەندكردنی بودجەی عێراق مانگانە نزیكەی ترلیۆنێك دینار دەگاتە هەرێمی كوردستان و ئەو بڕەش زیاترە لە (895) ملیار دیناری مانگانەی موچەخۆران، وتەبێژی جێگیری سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە»ئەو بڕەی لەبەغداوە دێت بگاتە (895) ملیار دینار موچەی تەواو دەدرێتە موچەخۆران». بەپێی خەمڵاندن و راپۆرتی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاكانی هەرێم (13.9)و ئەوەش لەیاسای بودجە جێگیركراوە كە لە (نەفەقاتی فعلی) گشتی بودجەی عێراق ئەو رێژەیەی بۆ رەوانە دەكرێت كەنزیكەی ترلیۆنێك دیناری مانگانە دەكات لەبەرانبەر داهاتی (250) هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراق و زائیدەن نیوەی داهاتە نانەوتییە فیدڕاڵییەكان. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی وەفدی دانوسانكاری هەرێم پاش پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دوای یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە 15/7/2019 لە رۆژی 16/7/2019 وەفدێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و بەشداری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی بەغدایان كرد. لەدوای ئەو سەردانەوە قوباد تاڵەبانی مانۆڕێكی سیاسی دەستپێكرد لەپێناو چارەسەركردنی كێشە داراییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و عێراق كەزیاتر لە (18) جار ئەنجامدرا تا لەدوا سەردانیاندا رێككەوتنی كۆتایی ئەنجامدراو یاسای بودجەی عێراق پەسەندكرا. قوباد تاڵەبانی، دوای پەسەندكردنی بودجە لەپەرلەمانی عێراق لەپەیامێكی ڤیدیۆییدا لەبەغدا رایگەیاند: «پەسەندكردنی بودجە دەستكەوتی تەنها قوباد نییە، بەڵكو هەموو ئەندامانی وەفدەكە ماندووبوون». هەروەها ئاماژەی بەهەوڵەكانی سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم كرد لەگەڵ هەموو ئەندامانی كوردی پەرلەمانی عێراق. قوباد تاڵەبانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە رێككەوتن و پەسەندكردنی بودجە هەنگاوێكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی هەرێم لەگەڵ عێراقدا، وتیشی:» ئەم هەوڵەمان لەپێناو باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتیاندا بووەو هیوادارم هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق پابەند بن بەیاسای بودجەوە». سەمیر هەورامی: بۆ مووچەی فەرمانبەران مانگانە پێویستمان بە (895) ملیار دینارە، ئەگەر ئەوەی لەبەغداوە دێت گەیشتە ئەو بڕە پارەیە ئەوا بەدڵنیاییەوە مووچەی تەواو دەدرێتە مووچەخۆران سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بۆ مووچەی فەرمانبەران مانگانە پێویستمان بە (895) ملیار دینارە، ئەگەر ئەوەی لەبەغداوە دێت گەیشتە ئەو بڕە پارەیە ئەوا بەدڵنیاییەوە مووچەی تەواو دەدرێتە مووچەخۆران». ناوبراو وتیشی:» چاوەڕێین یاسای بودجە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە رێنمایی پێ دەربچێت و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەگەر ئەوەی لەبەردەستی حكومەتی هەرێمدا هەبێت موچەی تەواو دابەش دەكەین». دەربارەی هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی، سەمیر هەورامی وتی:» لەماوەی رابردوو دابڕانێك هەبوو لەنێوان حكومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی عێراق و كێشەی دارایی هەبوو، ئەوەی ئێستا بەشێوەیەكی باش چارەسەر كراوە بۆ ساڵی 2021 كە رەنگە هەر بۆ ساڵی 2022 بەم یاسایەی ئەمساڵ كاربكرێت». وتەبێژەكەی قوباد تاڵەبانی جەختی لەوەشكردەوە كە لەناو یاسای بودجەدا ماددەی (11) تایبەتە بەپشكی هەرێمی كوردستان و رێنمایی پێ دەدردەچێت، وتیشی:» كاك قوباد هەر لەبەغدا پابەندی حكومەتی هەرێمی دووپاتكردەوە بۆ جێبەجێكردنی یاساكەو داوای لەحكومەتی عێراق و وەزیرەكانی هەرێم كرد كە پابەندبن بەیاساكەو پەلە بكرێت لەجێبەجێكردنی». جەمال كۆچەر: هێشتا بەپێی ئەو ژمارەیە بێت حكومەتی هەرێم مانگانە (225) ملیار دیناری زیاتری پێدەگات، كەمانگانە (975) ملیار دیناری لەبەغداوە پێدەگات، واتا مووچەی فەرمانبەران دەتوانێت بەتەواوی بدات، چونكە لەیاسای بودجەشدا ئەولەویەت دراوە بەمووچەی مووچەخۆران ئەندامێكی فراكسیۆنی هیوا لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت:» هەوڵەكانی قوباد تاڵەبانی و وەفدی حكومەتی هەرێم، باردی دارایی كوردستان باشتر دەكات و دەتوانن بەبێ لێبڕین مووچە دابەش بكەن». جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» پشكی هەرێمی كوردستان بەپێی ژمارەی دانیشتوانی كە نووسراوی فەرمی وەزارەتی پلاندانانی عێراقە (13.9)یە لە نەفەقاتی فعلی بودجەو بەو پێیە مانگانە نزیكەی ترلیۆنێك دینار كەزیاترە لە (950) ملیار دینار دەگاتە هەرێمی كوردستان و ئەوەش لەو بڕە زیاترە كە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پێویستە». ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی هیوا ئەوەشی دووپاتكردەوە كەهەوڵەكانی وەفدی هەرێم وایكرد كەبڕیاری سیاسی لەلایەن حزبەكانی شیعەوە دەربكرێت كەپشكی هەرێم جێگیر بكرێت لەبودجەدا، وتیشی:» هەموو تێیدا بەشداربووین بەپەرلەمانتارانی كورد‌و وەفدی حكومەتی هەرێمیشەوە». بەپێی یاسای بودجە حكومەتی هەرێم داهاتی نەوت رادەست دەكات بەنرخی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی كە لەمانگی رابردوودا بەغدا یەك بەرمیل نەوتی فرۆشتووە بە (63) دۆلار‌و (29) سەنت. واتا حكومەتی هەرێم داهاتی حەوت ملیۆن و (500) هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە بەبڕی (63) دۆلار‌و (29) سەنت دەداتە حكومەتی عێراق زائیدەن نیوەی داهاتە فیدراڵییەكان كە بەم شێوەیەیە: حەوت ملیۆن و (500) هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە زەڕبی (63) دۆلار‌و (29) سەنت دەكاتە (474) ملیۆن و (675) هەزار دۆلار زەڕبی (145) هەزار دینار دەكاتە (688) ملیار دیناری مانگانە. هەروەها ئەگەر بەخەمڵاندن مانگانە (124) ملیار دیناری داهاتی فیدراڵی هەبێت، نیوەی دەدرێتە بەغدا كە تەنها (62) ملیار دینار دەكات، لەگەڵ داهاتی نەوت دەكاتە (750) ملیار دیناری مانگانە. جەمال كۆچەر دەشڵێت:» هێشتا بەپێی ئەو ژمارەیە بێت حكومەتی هەرێم مانگانە (225) ملیار دیناری زیاتری پێدەگات، كەمانگانە (975) ملیار دیناری لەبەغداوە پێدەگات، واتا مووچەی فەرمانبەران دەتوانێت بەتەواوی بدات، چونكە لەیاسای بودجەشدا ئەولەویەت دراوە بەمووچەی مووچەخۆران». ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی هیوا پێشیوابوو ئەوان وەك پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا ئەركی خۆیان بەجێهێناوەو پێویستە هاووڵاتیان و مووچەخۆران و پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان داكۆكی بكەن لەوەی مووچەی تەواوی مووچەخۆران بدرێت» ئەركی حكومەتی هەرێمە كەپارەی لەبەردەستدابێت مووچەی تەواو بداتە فەرمانبەران، هێشتا داهاتی ناوخۆ‌و داهاتی دیكەی بۆ دەمێنێتەوە بێجگە لەوەی لەبەغداوە بۆی دێت». لەبارەی شایستە داراییەكانی سێ مانگی رابردووی ئەمساڵ، جەمال كۆچەر ئەوەی دووپاتكردەوە داهاتەكانی هەرێم ژمارەكەی دیاری دەكرێت و لەبەرانبەردا بەغدا بەشێوەی «مەقاسە» كەجیاوازییەكە چەندە هی هەرسێ مانگەكە بۆ هەرێم دەنێرێت، كەمانگانە لەسنوری (220) ملیار دیناردایە، كە پێویستە بەغدا رەوانەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بكات. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، حكومەتی هەرێم بەم زووانە هەژمارێكی بانكی دەكاتەوە بۆ داهاتی نەوت و داهاتە فیدراڵییەكان لەبانكی ناوەندی عێراق لقی هەولێر تابگاتە بەغدا. هاوكات، ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی دووپاتكردەوە كەئەولەویەتی حكومەتی هەرێم بۆ مووچەی مووچەخۆرانە، وتیشی:» حكومەتی هەرێم نەك ئێستا بەڵكو پێشتریش ئەولەویەتی ئەوەی هەبووە كە مووچەی فەرمانبەران دابین بكات، بەپێی یاسای بودجەی عێراقیش یەكێك لەبڕگەكانی مادەی (11)ی بودجە باسی شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێمە». ناوبراو پێشیوابوو حكومەتی هەرێم ئەگەر ئەو بودجەیەی لەبەغداوە بۆی رەوانە دەكرێت بگاتە ئەو بڕەی بۆ مووچە پێویستە»مووچە بێ لێبڕین دابەش دەكات». دوێنێ یەكشەممە لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند:» دوای پەسەندكردنی بودجەی فیدراڵی عێراق پێویستە هەرێمی كوردستان هەوڵی جددی بدات بۆ نەهێشتنی پاشەكەوتی مووچە و دابەشكردنی لەوادەی خۆیدا، ئەوەش بەئەنجامدانی چاكسازی و نەهێشتنی قاچاخچییەتی لەخاڵە سنورییەكان و گەڕاندنەوەی داهات بۆ خەزێنەی حكومەت دەبێت». رێكخەری گشتی گۆڕان ئەوەی دووپاتكردەوە كەوەك بزوتنەوەی گۆڕان هەموو هەوڵێكی تیمەكانیان لەحكومەت و پەرلەمان بەو ئاڕاستەیەدا دەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی بازاڕ و سەقامگیری سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا‌و وتیشی:» دەبێت موچە بەبێ لێبڕین دابەش بكرێت».
کەمێک لمەوبەر پرۆژە بوودجەی عێراق دەنگی لەسەر دراو پشکی هەرێم بە ١٣.٩٪ جێگرکرا بەوەش هەرێمی کوردستان ماناگەن نزیکەی ترلیۆنێک دیناری بەردەکەوێت ئەگەر هەرێمی کوردستان پێیەوە پابەندبێ. پەپێی پڕۆژە یاسایبودجەی عێراق مووچەی فەرمانگە فیدڕاڵیەکان خرایە سەر حکومەتی عێراق و لە پڕۆژەکەدا جێگیرکرا. هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند "دەنگدرا لەسەر ئەو مادەیەی کە تایبەتە بە گواستنەوەی راژەی تێکرای فەرمانبەری فەرمانگە فیدرالییەکان بۆسەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق". وتیشی "ئەو هەوڵە، چەندە خزمەتی ئەو فەرمانبەرانە دەکا ئەوەندەش باری شانی حکومەتی هەرێم سوک دەکا، هیوادارم هاوکار بن و گرفت بۆ گواستنەوەی راژەکانیان دروست نەکەن"
هاوڵاتی پەپێی پڕۆژە یاسایبودجەی عێراق مووچەی فەرمانگە فیدڕاڵیەکان خرایە سەر حکومەتی عێراق و لە پڕۆژەکەدا جێگیرکرا. هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند "دەنگدرا لەسەر ئەو مادەیەی کە تایبەتە بە گواستنەوەی راژەی تێکرای فەرمانبەری فەرمانگە فیدرالییەکان بۆسەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق". وتیشی "ئەو هەوڵە، چەندە خزمەتی ئەو فەرمانبەرانە دەکا ئەوەندەش باری شانی حکومەتی هەرێم سوک دەکا، هیوادارم هاوکار بن و گرفت بۆ گواستنەوەی راژەکانیان دروست نەکەن"
هاوڵاتی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دەنگی دا لەسەر ماددەی ١١ی پرۆژەیاسای بوودجەی کە پەیوەیدی بە پشكی هەرێمەوە هەیە. لە مادەی ١١ی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی عێراقدا هاتووە، هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە پێدانی موچەی فەرمانبەرەکانی لەو پارەیەی کە بۆی دەنێردرێت، پێویستە کاری لەپێشینەی حکومەتی هەرێم موچەی موچەخۆران بێت. لە پرۆژەیاساکەدا پشکی کورد کەمکراوەتەوە، بەپێی رەشنووسی یاساکە، پشکی هەرێم پێشتر ٪١٢.٦٧ی بۆ دانرابوو، بەڵام ئێستا کراوەتە ٪٩.٥، کە ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بووە. رۆژی یەکشەممە 28-03-2021 دوای زیاتر لە چوار کاتژمێر لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، دەنگ بە پشکی هەرێمی کوردستان درا و لایەنەکانیش لەسەر بودجەی 2021ی عێراق رێککەوتن.
سه‌رکۆ جه‌مال لایه‌نه شیعییه‌کان به‌فه‌رمى هێشتا هیچ جێگره‌وه‌یه‌کیان بۆ ئه‌و ده‌قه‌ى رێککه‌وتنى له‌سه‌رکراوه له‌نێوان هه‌ولێر به‌غدا نییه‌و به‌نافه‌رمى باسى ته‌سلیمکردنى (460) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه ده‌که‌ن، وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت:»تاکاتى دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق بۆ بودجه‌ى 2021 دیارى نه‌کرێت وهفدى هه‌رێم ناچێته‌وه به‌غدا». به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى هاوڵاتى، شیعه‌کان دابه‌شى دوو به‌ره‌ى سه‌ره‌کى بوون له‌پرسى پشکى بودجه‌ى هه‌رێمدا، به‌شێکیان کهفراکسیۆنى سائیرونى موقته‌دا سه‌در رێبه‌رى ره‌وتى سه‌در و فراکسیۆنى حیکمه که عه‌مار حه‌کیم سه‌رۆکایه‌تییان ده‌کات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ئه‌وه‌ى له‌پرۆژه بودجه‌دا هاتووه په‌سه‌ند بکرێت. هه‌روه‌ها فراکسیۆنه‌کانى ده‌وڵه‌تى یاسا به‌سه‌رۆکایه‌تى نورى مالیکى و فراکسیۆنى نه‌سر به‌سه‌رۆکایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى و فراکسیۆنى فه‌تح به‌سه‌رۆکایه‌تى هادى عامرى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان رۆژانه (460) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه له‌هه‌رێم وه‌ربگیرێت وه‌ک جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ ئه‌و ده‌قه‌ى هه‌رێم و عێراق رێکه‌وتوون له‌سه‌رى، که رۆژانه (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یه. ئه‌و لایه‌نه شیعییانه‌ى داواى (460) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه ده‌که‌ن، ده‌یانه‌وێت هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى کۆمپانیاى سۆمۆى نیشتمانى عێراق بێت و له‌به‌رانبه‌ردا شایسته داراییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کانى هه‌رێمى لێ دهربکرێتهوهو به‌نه‌وت بیده‌نه‌وه به‌حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان. پرۆژه بودجه‌ى 2021ى عێراق که بڕیاربوو ئه‌مڕۆ گفتوگۆى له‌سه‌ربکرێت، به‌ڵام سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان بڕیاریدا بۆ کاتێکى نادیار دوایبخات و ته‌نها گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى دادگاى فیدراڵى له‌به‌رنامه‌ى کاری‌دا هێشتووه‌ته‌وه. جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، تائێستا هیچ رێککه‌وتنێکى نوێ له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا نه‌کراوه که‌ببێته جێگره‌وه‌ى ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى له پڕۆژه‌یاساى بودجه‌دا ئاماده‌کراوه. قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ماڵپه‌ڕى «ناوه‌ندى هه‌واڵى نیشتمانی» راگه‌یاندووه، پێشووتر حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021 رێککه‌وتوون و دواتر پرۆژه‌یاساکه نێردراوه بۆ په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق تاووتوێ کراوه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه، تائێستا سه‌باره‌ت به‌پشکى هه‌رێمى کوردستان پێشنیازى جێگره‌وه نیه، به‌وپێیه‌ى هه‌ر پێشنیازێک ئاماده‌بکرێت پێویسته له‌لایه‌ن هه‌ردوو حکومه‌تى فیدڕاڵ و حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه جێبه‌جێ بکرێت. په‌یوه‌ست به رێککه‌وتنى «50 ساڵه‌ى نه‌وت» له‌گه‌ڵ تورکیاش قوباد تاڵه‌بانى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، ئه‌وه‌ى له‌م باره‌یه‌وه باسده‌کرێت راست نیه، چونکه ئه‌وه‌ى له‌و رێککه‌وتنه‌دا هاتووه بریتیە له‌گواستنه‌وه‌و به‌بازاڕکردنى نه‌وت له‌ڕێگه‌ى تورکیاوه‌و حکومه‌تى عێراقیش هه‌مان شێوازى رێککه‌وتنى هه‌یه. وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ڵێت:» تاکاتى دانیشتن و ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه بودجه له‌په‌رله‌مان دیارى نه‌کرێت، وهفدى هه‌رێم ناچێته‌وه به‌غدا». سه‌میر هه‌ورامی، وته‌بێژى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى، وت:» وهفدى باڵاى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا تادانیشتنى په‌رله‌مان له‌باره‌ى بودجه‌ى 2021ى عێراق رۆژه‌که‌ى دیارى نه‌کرێت ناچنه‌وه به‌غدا». سه‌میر هه‌ورامى وتیشی:»هه‌رکاتێک واده‌ى دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق دیاری‌کرا، وهفدى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌سه‌رۆکایه‌تى قوباد تاڵه‌بانى ده‌چێته‌وه بۆ به‌غدا، تائێستاش هه‌مان ئه‌و پێشنیازه بۆ رێککه‌وتن جێگیرکراوه که له‌ناو ده‌قى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021دا هه‌یه«. سێ ئه‌ندامى هاوپه‌یمانى فراکسیۆنى هیوا ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر پشکى کورد به‌دڵى فراکسیۆنه کوردییه‌کان نه‌بوو ئه‌وکات قسه‌ى دیکه‌یان ده‌بێت. ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى فراکسیۆنى هیوا له‌په‌رله‌مانى عێراق، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: »لایه‌نه شیعه‌کان یان ئه‌و ده‌قه ده‌هێنن که‌کورد پێى رازییه، یاخود ده‌قێک ده‌هێنن که‌قابیلى گفتوگۆیه، ئه‌و ده‌قه‌ى کهداویانه پێمان، به‌ڵام رێککه‌وتنى هه‌موو لایه‌نه‌کانى له‌سه‌ر نییه، ئه‌وه‌ش لاى فراکسیۆنه کوردییه‌کان قبوڵ کراوه«. ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد، پشکى کورد له‌ناو بودجه هه‌ر ده‌بێت» ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕاندنى پشکى کورد به‌دڵى فراکسیۆنه کوردییه‌کان نه‌بوو ئه‌وکات قسه‌ى دیکه‌مان ده‌بێت، جارى وا هه‌بووه به‌دڵمان نه‌بووه بایکۆتمان کردووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى دراوه به‌کورد زۆربه‌ى پێى رازییه«. «پێشنیاره‌کان گۆڕاون، له‌ئێستادا پێشنیارى (460) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌یه له‌لایه‌ن شیعه‌کانه‌وه، به‌ڵام بهشیعهکانمان وتووه تاخۆتان له‌سه‌رى رێکده‌که‌ون ئێمه گفتوگۆى له‌سه‌ر ناکه‌ین، به‌ڵام نازانرێت که‌ى پرۆژه‌ى بودجه ده‌خرێته به‌رنامه‌ى دانیشتنى په‌رله‌مانه‌وه«، ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید وا ده‌ڵێت. هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامێکى دیکه‌ى فراکسیۆنى هیوایه‌و ده‌ڵێت: «هه‌ر پرسێک له‌گه‌ڵ مافه ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێم یه‌کبگرێته‌وه له‌گه‌ڵى ده‌بن». هۆشیار عه‌بدوڵا، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: «هه‌ر پرسێک له‌سه‌ر مافه ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان یه‌کبگرێته‌وه یه‌کێتى و پارتى دژى بن یان دژى نه‌بن په‌سه‌ندى ده‌که‌ین». هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که‌ته‌نها هێڵى سوور مافه ده‌ستورییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستانه، «ئه‌گه‌رنا ئه‌وه‌ى بیانه‌وێت درێژه‌بده‌ن به‌سیاسه‌تى تاڵانى نه‌وتى هه‌رێمى کوردستان ئێمه بێگومان دژى ده‌بین». هاوکات موسه‌ننا ئه‌مین ئه‌ندامى فراکسیۆنى هیوا وتى:»ئه‌گه‌ر پشکى کورد له‌بودجه تێنه‌په‌ڕێت له‌ئه‌ستۆى حکومه‌ته شکستخواردووه‌که‌ى کوردستانه که‌ناتوانێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێک بکه‌وێت». سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى جه‌ختده‌کاته‌وه کهفراکسیۆنه کوردییه‌کان له‌سه‌ر پشکى کورد یه‌کده‌نگن. ڤیان سه‌بری، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌په‌رله‌مانى عێراق، له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت: »تائێستا روون نییه که‌ى دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق سه‌باره‌ت بهبودجهى 2021 ئه‌نجامده‌درێت، وه‌کو کورد تائێستا یه‌کده‌نگین که‌پشکى کورد به‌و شێوه‌یه‌ى هه‌یه تێبپه‌ڕێت». هه‌روه‌ها ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ى کورد ده‌یه‌وێت بودجه تێنه‌په‌رێت مه‌رج نییه بایکۆت بکه‌ن. شیروان میرزا، ئه‌ندامى ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت: «مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌کاتێکدا پشکى کورد له‌بودجه‌ى عێراق به‌دڵى فراکسیۆنه کوردییه‌کان تێنه‌په‌ڕێت بڕیارى سیاسى ده‌وێت». شیروان میرزا پێشیوابوو مه‌رج نییه ئه‌مجاره وه‌کو رابردوو کورد بایکۆتى دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق بکات، به‌ڵام ئه‌گه‌رێکى دووره پشکى کورد له‌بودجه به‌و شێوه‌یه‌ى فراکسیۆنه‌کان ده‌یانه‌وێت تێنه‌په‌ڕێت،» تائێستاش پێشنیارى (460) هه‌زار به‌رمیله‌که هه‌یه کهشیعهکان باسى ده‌که‌ن، به‌ڵام تائێستا به‌فه‌رمى پێشنیاره‌که نه‌هاتووه‌ته لاى فراکسیۆنه کوردییه‌کان». ئه‌و ئه‌ندامه‌ى فراکسیۆنى یه‌کێتى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که‌سه‌رجه‌م فراکسیۆنه کوردییه‌کان پێشنیارى (460) هه‌زار به‌رمیلى رۆژانه که له‌لایه‌ن شیعه‌کانه‌وه بێت قبوڵ بێت، به‌ڵام جارێ ده‌بێت شیعه‌کان له‌نێو خۆیاندا له‌سه‌رى رێکبکه‌ون ئه‌وکات پێشنیاره‌که گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت. به‌پێى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتیى ساڵى 2021، که له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان کراوه‌و رێککه‌وتنى نێوان هه‌ولێرو به‌غداى له‌سه‌ره، هه‌رێم جگه له‌ڕاده‌ستکردنى (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى خاوى رۆژانه‌و نیوه‌ى داهاته فیدراڵییه‌کان بنێرێته‌وه بۆ عێراق، ئه‌وکات پشکى له‌سه‌دا (12.67)ى بۆ ره‌وانه ده‌کرێت.
سه‌رکۆ جه‌مال وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ئه‌وه ئاشکراده‌کات که‌داهاتى تاک له‌هه‌رێمى کوردستان له‌دواى 2014وه مانگانه (200) هه‌زار دیناره، به‌ڵام له‌عێراقدا (500) دۆلارى مانگانه‌یه. حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ساڵى 2014 به‌دواوه له‌قه‌یرانى داراییدا بووه‌و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران پاشه‌که‌وت کرداوه‌و به‌شێکى نه‌دراوه‌و قه‌رزێکى (28) ملیار دۆلارى له‌سه‌ره که‌نزیکه‌ى (10) ملیار دۆلارى موچه‌ى موچه‌خۆرانه. له‌سه‌دا 31%ى خێزانه‌کانى عێراق له‌دۆخێکى خراپى ئابووریدان به‌پێى دوایین راپۆرتى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق، ده‌رکه‌وتووه له‌سه‌دا 31%ى خێزانه‌کانى عێراق له‌دۆخێکى خراپى ئابووریدان و داهاتى مانگانه‌ى هه‌ر خێزانێک له‌خوار (200) هه‌زار دیناره‌وه‌یه، وه‌زاره‌تى پلاندانان جه‌ختى کردووه‌ته‌وه، نزیکه‌ى له‌سه‌دا 28%ى گه‌نجانى عێراق بێکارن و له‌سه‌دا 90%ى هێزى کارى ژنانیش له‌که‌رتى گشتیى حکومی‌دا کارده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش روونکراوه‌ته‌وه له‌سه‌دا 31%ى خێزانه‌کان مانگانه که‌متر له‌یه‌ک ملیۆن دینار خه‌رج ده‌که‌ن و له‌سه‌دا 48%یشیان له‌نێوان یه‌ک ملیۆن و زیاتر‌و له‌سه‌دا 14%ى خێزانه‌کانیش له‌نێوان دوو تا سێ ملیۆن دینار داهاتیانه. به‌پێى ئامارێک کهدهزگاى ناوه‌ندى عێراق بۆ سه‌رژمێرى ئه‌نجامیداوه «له‌ساڵى 2018دا ژماره‌ى تێکڕایى خێزانى عێراقى شه‌ش سه‌ر خێزانن، به‌و پێیه‌ش له‌سه‌دا 45.7%ى هاووڵاتییانى عێراق مانگى (200) هه‌زار دینار خه‌رجده‌که‌ن بۆ هه‌ر تاکێک، هه‌روه‌ها له‌سه‌دا 26.8%یان خه‌رجیى مانگانه‌یان له (200) هه‌زار دیناره‌وه تا (300) هه‌زاره، به‌پێى هه‌مان ئه‌و ئاماره، له‌سه‌دا 13.3%ى هاووڵاتیانى عێراقى له‌مانگێکدا (400) هه‌زار دینار یان زیاتر خه‌رجده‌که‌ن، به‌ڵام خه‌رجیى خێزان بۆ هه‌ر تاکێک له‌هه‌رێم به‌پێى دوایین ئامارى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم (239) هه‌زار دینار بووه بۆ مانگێک، به‌وپێیه‌ش داهاتى تاک له‌هه‌رێم که‌متره له‌داهاتى تاک له‌عێراق. ده‌زگاى ناوه‌ندى بۆ سه‌رژمێرى عێراق، ئاماژه‌ى به‌وه داوه، به‌پێى سه‌رژمێریى ساڵى 2018 کۆى ژماره‌ى دانیشتوانى عێراق (38) ملیۆن و (124) هه‌زارو (182) که‌سه، ژماره‌ى نێرینه له‌عێراقدا (19) ملیۆن و (261) هه‌زارو (253) که‌سه، که‌ده‌کاته له‌سه‌دا 51%. داهاتى تاک له‌عێراقدا مانگانه 500 دۆلاره به‌پێى وته‌ى عه‌بد زه‌هره هینداوی، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانى عێراق بێت، داهاتى تاک له‌عێراقدا ساڵانه شه‌ش هه‌زار دۆلاره‌و پێش 2003 ته‌نیا (300) دۆلار بووه. ده‌زگاى ناوه‌ندیى بۆ سه‌رژمێری، ئاشکراشیکردووه، عیراق ساڵانه (850) هه‌زار بۆ یه‌ک ملیۆن که‌س زیاد ده‌کات، پێشبینیش ده‌کرێت تاساڵى 2030 ژماره‌ى دانیشتوانى عێراق بگاته (50) ملیۆن که‌س. له 2003 تا 2012 هه‌رێم باشترین ئاستى داهات و خه‌رجى تاکى هه‌بووه له‌مانگى 7ى 2012دا، عه‌لى سندی، وه‌زیرى پلاندانان له‌حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌میانى دانیشتنێکى په‌رله‌ماندا که‌تایبه‌ت کرابوو بهتاووتوێکردنى بودجه ئاشکرایکردووه، که «له‌ساڵى 2003 داهاتى ساڵانه‌ى تاک له‌هه‌رێمى کوردستاندا (300) دۆلار بووه تا 2012 گه‌یشتووه‌ته چوار هه‌زار دۆلار». داهاتى تاک له‌هه‌رێم به‌راورد به‌عێراق له‌دواى ساڵى 2012ه‌وه له‌هه‌رێمى کوردستان به‌وپێیه‌ى سه‌ر به‌عێراقه به‌هه‌مانشێوه‌ى عێراق هێڵى هه‌ژارى (110) هه‌زارو (800) دینارى عێراقى هه‌ژمارکراوه وه‌ک که‌مترین داهاتى تاک له‌مانگێکدا. له‌سه‌ر ئاستى عێراق، له‌ساڵى 2012 رێژه‌ى هه‌ژارى له‌سه‌دا 19.1%، به‌ڵام له‌هه‌رێم له‌و ساڵه‌دا له‌سه‌دا 3.5% بووه، له‌ساڵى 2014 رێژه‌ى هه‌ژارى له‌عێراق ئه‌وه‌نده‌ى تر به‌رزبووه‌ته‌وه‌و گه‌یشتووه‌ته له‌سه‌دا 22.5%، له‌هه‌رێمیش بۆ 12.5% به‌رزبووه‌ته‌وه، له‌ساڵى 2018دا له‌عێراق و هه‌رێمیش ئاستى رێژه‌ى هه‌ژارى دابه‌زیوه، له‌عێراق رێژه‌ى هه‌ژارى دابه‌زیوه بۆ 20% و له‌هه‌رێمیش بۆ له‌سه‌دا 5.5%. وه‌زیرى پلاندانانى عێراق رایگه‌یاند که‌ژماره‌ى ئه‌و که‌سانه‌ى له‌ژێر هێڵى هه‌ژارییه‌وه‌ن له‌عێراق (11) ملیۆن و (400) هه‌زار که‌سه. خالید به‌تال، وه‌زیرى پلاندانانى عێراق وتیشى:» به‌به‌راورد به‌ساڵى 2019 رێژه‌ى هه‌ژارى له‌عێراق له‌ساڵى 2020دا له‌سه‌دا 20% زیادى کردووه«. به‌پێى خه‌مڵاندنى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم، خه‌رجى خێزان له‌ساڵى 2018دا له‌هه‌رێم له‌ماوه‌ى ساڵێکدا ملیۆنێک و (293) هه‌زار دینار بووه، به‌پێى ئه‌و ئامارانه له‌ئێستادا به‌تایبه‌ت دواى قوڵبوونه‌وه‌ى قه‌یرانه‌کانى هه‌رێم له‌دواى ساڵى 2014ه‌وه داهاتى تاک له‌هه‌رێم له‌داهاتى تاک له‌عێراق که‌متره. هه‌رچه‌نده هه‌رێمى کوردستان سامانێکى زۆرى نه‌وتى هه‌یه، به‌ڵام به‌پێى دوایین خه‌مڵاندنه‌کانى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم له 2020دا هه‌ژارى له‌سه‌دا 20%ی تێپهڕاندووهو داهاتى تاکیش که‌مبووه‌ته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا خه‌رجییه‌کان زیادیان کردووه. پسپۆرێکى ئابوورى ده‌ڵێت له‌ساڵى رابردوودا به‌شێکى زۆر له‌هاووڵاتیان په‌نایان بۆ قه‌رزکردن بردووه بۆ ئه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کانیان دابین بکه‌ن. بیلال ره‌ئوف پسپۆڕى ئابوورى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: »له‌ساڵى 2020دا زۆربه‌ى تاک و خێزانه‌کانى هه‌رێم په‌نایان بۆ قه‌رز یاخود فرۆشتنى زه‌وى و که‌لوپه‌له‌کانیان بردووه تا بژێویى ژیانیان دابین بکه‌ن، به‌شێکیشیان ده‌ستیان بۆ ئه‌و داهاته بردووه که‌چه‌ندین ساڵه پاشه‌که‌وتیان کردووه‌و خه‌رجیان کردووه«. به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى له‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانى هه‌رێمه‌وه ده‌ستى هاوڵاتى که‌وتوون، له‌دواى ساڵى 2018ه‌وه داهاتى مانگانه‌ى هه‌ر تاکێک له‌کوردستان له (500) دۆلاره‌وه دابه‌زیوه بۆ که‌متر له (200) دۆلار، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌و قه‌یرانه یه‌ک له‌دواى یه‌کانه دێت که به‌سه‌ر خه‌ڵکى کوردستاندا هاتوون. بیلال ره‌ئوف پسپۆڕى ئابوورى گومانى له‌ئه‌م ئامارهو ئاماره‌کانى دیکه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانانى حکومه‌تى هه‌رێم هه‌یه، چونکه پێوه‌ره‌کان به‌واقیعى نازانێت، ده‌شڵێت:»حکومه‌تى هه‌رێم (100) هه‌زار دینارى داناوه بۆ هه‌ر تاکێک له‌خێزاندا، له‌کاتێکدا زۆربه‌ى خێزانه‌کان له‌هه‌رێم که‌سێک یاخود دوو که‌س تیایدا کارده‌کات، که‌ئه‌مه‌ش شتێکى ناواقیعییه«. ئەو پسپۆڕه ئابوورییه پێشیوابوو ده‌بوو هه‌رێمى کوردستان به‌راورد به‌عێراق تاکه‌کانى زۆر باشتر بژیانایهو داهاتیان زیاتر بوایه، به‌وپێیه‌ى له‌دواى 2003ه‌وه له‌عێراق ناسه‌قامگیرى بوونى هه‌یه‌و حکومه‌ت نه‌یتوانیوه خزمه‌تگوزارى به‌هاووڵاتیان بگه‌یه‌نێت. هاوکات، عیزه‌ت سابیر شاره‌زاى بوارى ئابووری پێیوایه رێککه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ئه‌نجامبدرێت بۆ ئه‌مساڵ داهاتى تاکه‌که‌س زیاد ده‌کات. عیزه‌ت سابیر شاره‌زاى بوارى ئابووری له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» به‌دڵنیاییه‌وه له‌دواى 2015ه‌وه تائێستا تێکڕاى داهاتى تاکه‌که‌س که‌میکردووه، به‌به‌راورد به 2013 و 2012 ، چونکه بودجه له‌به‌غداوه نه‌هاتووه و داهاتى نه‌وت که‌متربووه له‌جاران، ئه‌مه‌ش وایکردووه داهاتى تاکه‌که‌س که‌م ببێت». هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق رێکبکه‌ون، داهاتى تاکه‌که‌س به‌رزده‌بێته‌وه.
ئارا ئیبراهیم پڕۆژه خه‌مڵێندراوى بودجه‌ى 2021ى هه‌رێم بڕیاره رۆژى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو بگاته حکومه‌تى هه‌رێم و له‌ماوه‌ى که‌متر له دوو هه‌فته‌دا ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان بکرێت و بڕه‌که‌ى 14 تریلۆن دینار ده‌بێت. دواى فشاره‌کانى فراکسیۆنه جیاوازه‌کانى په‌رله‌مانى وکوردستان و لیژنه‌ى دارایى حکومه‌تى هه‌رێم بڕیاریدا بۆ 2021 پڕۆژه‌ى بودجه‌ى هه‌بێت. به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى، حکومه‌تى هه‌رێم مه‌به‌ستییه‌تى هه‌فته‌ى ئاینده پشکى هه‌رێم له بودجه‌ى عێراق یه‌کلابکرێته‌وه تا پێش ناردنى بۆ په‌رله‌مانى کوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى داهاته‌کان که له‌به‌غداوه بۆ هه‌ولێر ره‌وانه ده‌کرێت رێکبخرێته‌وه. ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى ده‌ڵێت:" پڕۆژه‌ى بودجه‌که بڕه‌که‌ى 14 تریلۆن دینار ده‌بێت ئه‌گه‌ر رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق بکرێت و چاکسازى به‌رده‌وام بێت کێشه داراییه‌کان بۆ ئه‌مساڵ چاره‌سه‌ر ده‌بن". به‌ڵێن ئیسماعیل، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:"پڕۆژه‌ى بودجه‌ى ئه‌مساڵ بڕیاره 15ى شوبات بگاته حکومه‌تى هه‌رێم و به‌شى یاسایى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێداچونه‌وه‌ى پێدا ده‌کات و دواى په‌سه‌ندکردنى بریاره کۆتایى ئه‌م مانگه بگاته په‌رله‌مانى کوردستان و ئه‌وله‌ویه‌تیش بۆ کاره‌کانى په‌رله‌مان گفتوگۆى بودجه‌که ده‌بێت". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، پڕۆژه بودجه‌ى 2021ى هه‌رێم بڕه‌که‌ى 14 تریلۆن دیناره و کورتهێنانى تێدایه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق رێککه‌وتن بکه‌ن کورتهێنان به‌ته‌واوى تێیدا که‌مده‌بێته‌وه. به‌ڵێن ئیسماعیل باسى له‌وه‌شکرد، سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌کان راپۆرتى خه‌رجى و دارایى خۆیان داوه‌ته وه‌زاره‌تى دارایى ته‌نها وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌کان نه‌بێت "ئه‌ویش له دوو تا سێ رۆژى دیکه راپۆرتى خۆى ته‌سلیمى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌کات و ئه‌وانیش پرۆژه‌که ده‌به‌نه ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران". له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى رێککه‌وتن له‌نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق، دوخى ئابوورى باشتر ده‌بێت، ئه‌و په‌رله‌مانتاره جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که ئه‌وه‌ى ئه‌وله‌ویه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمه رێککه‌وتنه له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق، وتیشى:"ئه‌گه‌ر هه‌رێم رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق بکات دۆخى ئابوورى بۆ ئه‌مساڵ زۆر باش ده‌بێت، له‌هه‌مانکاتدا پێویسته ئه‌و بڕیارانه‌ى له‌باره‌ى چاکسازى ده‌رکراون به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به ده‌روازه سنورییه‌کانه‌وه هه‌یه بۆ رێگرتن له قاچاغچێتى و کۆکردنه‌وه‌ى داهات وه‌ک خۆى جێبه‌جێ بکرێت". "ئه‌گه‌ر داهاته‌کانى هه‌مووى به شێوه‌یه‌کى شه‌فاف کۆبکرێته‌وه‌و رێگرى له گه‌نده‌ڵییه‌کان بکرێت به‌شى موچه‌و پڕۆژه‌کانى وه‌به‌رهێنان ده‌کات"، به‌ڵێن ئیسماعیل وا ده‌ڵێت
عه‌مار عه‌زیز .دهۆک له‌سنورى پارێزگاى دهۆک قومارکردن به‌ڕێژه‌یه‌کى به‌رچاو زیاد بووه‌و خه‌ڵکێکى زۆر تێوه‌گلاون و چه‌ندین که‌س به‌و هۆیه‌وه مایه‌پووچ بوون وه‌ک ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکه ده‌ڵێت:» به‌شێک لهقومارچییهکان ژن و کچى خۆیان دۆڕاندووه‌و دواتر سوڵحیان به‌پاره بۆ کراوه«. به‌پێى به‌دواداچوونه‌که‌ى په‌یامنێره‌که‌ى هاوڵاتى، قومارکردن له‌پارێزگاى دهۆک به‌دوو جۆر ده‌کرێت، به‌شێکى به ئۆنلاین و ئه‌وى دیکه شوێن و جێگاى تایبه‌تیان هه‌یه. یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ى که بۆ ماوه‌ى (18) مانگ قومارى کردووه‌و دواى ئه‌وه‌ى مایه‌پوچ ده‌بێت داوا ده‌کات هاووڵاتیان لێى دووربکه‌ونه‌وه. مسته‌فا نه‌زیر، فه‌رمانبه‌رو دانیشتووى پارێزگاى دهۆک له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «سه‌ره‌تا قازانجێکى زۆرم کرد، هه‌ندێک رۆژ سێ هه‌زار دۆلار قازانجم ده‌کرد، هیچ ئیشێکم نه‌ده‌کرد جگه له‌قومار، له‌ماوه‌ى ساڵێکدا نزیکه‌ى ملیۆنێک و (500) هه‌زار دۆلارم ده‌ستکه‌وت». ئه‌و هاووڵاتییه ده‌شڵێت هه‌موو ئه‌و پاره‌یه‌ى ده‌ستى که‌وتووه له‌مانگى رابردوو دۆڕاندوویه‌تى و ئۆتۆمبێلێکیشى بۆ فرۆشتووه، وتیشى:» ئێستا نه پاره‌م ماوه و نه ئۆتۆمبێل، بۆیه بڕیارمدا به‌یه‌کجارى وازى لێبهێنم». «هاوڕێیه‌کم سێ ملیۆن دۆلارى لهقومارکرندا دۆڕاندووه‌و مایه‌پوچ بووه، بۆیه داوا له‌هه‌موو دانیشتوانى پارێزگاى دهۆک ده‌که‌م واز لهقومارکردن بهێنن، چونکه له‌کۆتاییدا هه‌موو پاره‌که ده‌دۆڕێنن و قه‌رزاریش ده‌بن»، مسته‌فا نه‌زیر واى وت . «ئێستا دوو جۆر قومار له‌پارێزگاى دهۆک هه‌یه، یه‌که‌م: قومارى سیسته‌مى واته ئه‌لیکترونى که له‌ڕێگاى ئینته‌رنێت هه‌رکه‌سێک له‌ماڵى خۆى ده‌توانێت بیکات و کۆنتروڵکردنیشى قورسه‌و ده‌بێت وه‌زاره‌تى گه‌یاندن به‌یه‌کجارى رایبگرێت» به‌پێى به‌دواداچوونى ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک (50) شوێنى قومارخانه له‌پارێزگاکه‌دا بوونى هه‌یه‌و به‌دوو شێوازیش ئه‌نجامده‌درێت و ئه‌نجامدانیشى له‌زیادبووندایه‌و به‌لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمیش راگه‌یەندراوه. سه‌باح باپیری، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: «ئێستا دوو جۆر قومار له‌پارێزگاى دهۆک هه‌یه، یه‌که‌م: قومارى سیسته‌مى واته ئه‌لیکترونى که له‌ڕێگاى ئینته‌رنێت هه‌رکه‌سێک له‌ماڵى خۆى ده‌توانێت بیکات و کۆنتروڵکردنیشى قورسه‌و ده‌بێت وه‌زاره‌تى گه‌یاندن به‌یه‌کجارى رایبگرێت». هه‌روه‌ها باسى جۆرى دووه‌مى قومارکردنى کرد که له‌ڕێگاى هه‌ندێک ئامێرى تایبه‌ت ده‌کرێت و چه‌ند شوێنێکیان له‌سنورى پارێزگاى دهۆکدا هه‌یه. ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک پێشیوابوو جۆرى دووه‌میان ده‌توانرێت کۆنتروڵ بکرێت، چونکه چه‌ند شوێنێکى تایبه‌تیان هه‌یه، وتیشى:» ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنانه داخران که‌س ناتوانێت ئه‌و جۆره قوماره بکات». له‌ساڵى 2015 ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک به‌کۆى ده‌نگ بڕیاریاندا به‌داخستنى هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ى قومارى لێده‌کرێت، دواى ده‌رخستنى بڕیاره‌که هه‌موو شوێنه‌کان داخران. سه‌باح باپیرى له‌مباره‌یه‌وه وتى:»راسته ئه‌وکاته داخران، به‌ڵام به‌داخه‌وه جارێکى تر به‌شێوازێکى دیکه کرانه‌وه«. هاوکات، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک حکومه‌تى هه‌رێمى تۆمه‌تبارکرد به‌وه‌ى «جددى نیه« له‌داخستنى ئه‌و شوێنانه‌ى که قومارى لێده‌کرێت. به‌پێى وته‌ى سه‌باح باپیرى به‌شێکى زۆر له‌دانیشتوانى پارێزگاى دهۆک قومارده‌که‌ن و تووشى زیانى گه‌وره بوون، نموونه‌ى ئه‌وه‌شى هێنایه‌وه که به‌هۆى قومارکردنه‌وه خه‌ڵک هه‌بووه چوار ملیۆن دۆلارى دۆڕاندووه یان بینایه‌کى به‌به‌هاى (120) ده‌فته‌ر دۆلارى دۆراندووهو مایه‌پووچ بووه. «له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کدا (10) قومارخانه داخراون و (16) که‌سیش ده‌ستگیرکراون، هه‌موو ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ى قوماریان پێده‌کرا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه، تاوانباره‌کان به‌پێى مادده‌ى (389) له‌یاساى سزادانى عێراقى مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت» سه‌باح باپیرى مه‌ترسییه‌کى دیکه‌ى قومارکردنى خسته‌ڕوو که له‌دۆڕاندن و مایه‌پووچ بوونى پاره مه‌ترسیدارتره، وتی: «له‌هه‌مووى خراپتر که‌سانێک ژن و کچى خۆیان له‌سه‌ر قومار داناوه، دواتر له‌ڕێگاى په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵاتییه‌کانه‌وه له‌جیاتى ژن و کچى خۆیان به‌بڕێک پاره رێککه‌وتنیان کردووه«. به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى په‌یامنێره‌که‌ى هاوڵاتى، ئه‌و شوێنانه‌ى قوماریان لێده‌کرێت له‌سنورى پارێزگاى دهۆک زۆرن و ته‌نها له‌قه‌زاى سێمێل له (16) شوێن بوونى هه‌یه. ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى دهۆک ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که‌ده‌بێت بڕیاره‌که‌ى ئه‌نجومه‌ن بۆ داخستنى قومارخانه‌کان پێداچوونه‌وه‌یان پێدا بکرێته‌وه‌و له‌و رێگه‌یه‌وه بڕیار ده‌ربکرێت بۆ داخستنیان،»چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌و بڕیارى ئه‌نجومه‌ن ده‌ریکردووه ده‌بێت به‌دواداچوونى وردی بۆ بکرێت و دووباره جێبه‌جێ بکرێت تا هه‌موو شوێنه‌کان دابخرێن». وته‌بێژى پۆلیسى پارێزگاى دهۆک ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که‌چه‌ندین که‌سیان له‌سه‌ر قومارکردن ده‌ستگیرکردووه‌و چه‌ندین شوێنیان داخستووە، هێمن سلێمان، وته‌بێژى پۆلیسى پارێزگاى دهۆک له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: «له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌کدا (10) قومارخانه داخراون و (16) که‌سیش ده‌ستگیرکراون، هه‌موو ئه‌و که‌لوپه‌لانه‌ى قوماریان پێده‌کرا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه، تاوانباره‌کان به‌پێى مادده‌ى (389) له‌یاساى سزادانى عێراقى مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت». -مادده‌ى (389) له‌یاساى سزادانى عێراقى ژماره (111) ساڵى 1969 هه‌موارکراو، تێیدا ئاماژه به‌جۆرى سزادانى ئه‌و که‌سانه ده‌کات کهقوماردهکهن یان شوێنیان هه‌یه، که به‌م شێوه‌یه‌یه: ده‌توانرێت ئه‌و که‌سه بۆ ماوه‌ى ساڵێک زیندانى بکرێت یان غرامه بکرێت یان به‌یه‌کێک له‌و سزایانه مامه‌ڵه‌ى لەگەڵدا ده‌کرێت. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ى شوێنى قومارکردنیان هه‌یه تایبه‌ت بێت به‌قومار یان ماڵێکیش بێت، ئه‌و سزایانه ده‌یگرێته‌وه‌و ده‌بێت ساڵێک ئه‌و شوێنه دابخرێت، ئه‌وانه‌شى قومار ده‌که‌ن مانگێک زیندانى ده‌کرێت یان غرامه ده‌کرێت. هێمن سلێمان ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو پۆلیسى تایبه‌تمه‌ندیان هه‌یه‌و هه‌ر شوێنێک بزانن قومارى لێده‌کرێت دایده‌خه‌ن، وتیشى:»قومار تاوانه، هه‌رکه‌سێک له‌پشت ئه‌م کاره‌وه بێت ئه‌ویش ده‌ستگیر ده‌که‌ین». وته‌بێژى پۆلیسى دهۆک داواى لهزانکۆکاکانى دهۆک و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى رۆشنبیرى و رێکخراوه ناحکومییه‌کان کرد پانێل و سمینار ئه‌نجامبده‌ن له‌پێناو نه‌هێشتنى قومارکردن له‌پارێزگاکه‌دا تا زیان و لێکه‌وته خراپه‌کانى بۆ خه‌ڵک روونبکرێته‌وه.
