هاوڵاتی / عه‌مار عه‌زیز پێشتر له‌شاری دهۆك كچان به‌وه به‌ناوبانگ بوون كه له‌كاتی خوازبێنی به‌كیلۆ داوای ئاڵتونیان ده‌كرد، كه‌مترینیان 500 گرام بوو، به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه ئه‌م خواسته‌ی كچان بۆ 250 تاوه‌كو 200 گرام دابه‌زیوه. نه‌واف قاسم، كه‌ماوه‌ی دوو ساڵه ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه، له‌كاتی خوازبێنی هاوسه‌ره‌كه‌ی داوای 250 غرام ئاڵتونی لێكردووه، به هاوڵاتی وت: «زۆربه‌ی ژنان زۆر حه‌زیان لهئاڵتونه به‌تایبه‌ت ژنانی دهۆك، پێش چه‌ند ساڵێك كچانی دهۆك زۆرینه‌یان نیو كێلو تا یه‌ك كیلو داوای ئاڵتونیان ده‌كرد، كه‌س ده‌ناسم داوای دوو كیلو ئاڵتونی كردبوو و هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆی كڕیبوو، به‌ڵام ئێستا به‌گشتی ئه‌و داواكارییه بۆ نیوه كهمبووتهوهو 200 بۆ 250 غرام داواده‌كه‌ن ئه‌وه‌ش به‌لای منه‌وه مامناوه‌نده.» وتیشی» هاوسه‌ره‌كه‌م داوای 250 غرام ئاڵتونی كرد، دوای هاوسه‌رگیری ئاڵتونه‌كه‌ی فرۆشت و داویه‌تی به‌پارچه زه‌ویه‌ك ئه‌گه‌ر پاره‌مان ده‌ستكه‌وت خانووی له‌سه‌ر دروستده‌كه‌ین». عه‌بدولسه‌لام به‌شیر، سه‌رۆكی لقی دهۆكی سه‌ندیكای زێڕه‌نگه‌رانی كوردستان به‌هاوڵاتی راگه‌یاند: « پێش قه‌یرانی دارایی كچ هه‌بووه له‌دهۆك به‌دوو بۆ سێ كیلو ئاڵتون شووی كردووه، به‌ڵام له‌دوای ساڵی 2014وه رێژه‌ی داواكردنی ئاڵتون له‌لایه‌ن كچانه‌وه زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه، زۆرینه‌یان 200 بۆ 250 غرام داوا ده‌كه‌ن، خراپی باری دارایی خه‌ڵك و گرانبوونی نرخی ئاڵتون هۆكاری سه‌ره‌كین، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانیم كچ داوای بڕێكی زۆر له‌ئاڵتون بكات، چونكه كاتێك كچێك شوو ده‌كات ماڵێك ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه نابێت ماڵی زاوا كاول و قه‌رزار بكات«. وتیشی: « پێشتر به‌هۆی چاولێكه‌ری و پاره‌ی زۆر ئه‌و بڕه زۆره داواده‌كرا، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك تێگه‌یشتووه كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك داواكردنی بڕێكی زۆر له‌ئاڵتون نابێته مایه‌ی خۆشی و به‌خته‌وه‌ری له‌نێوان ژن و پیاو، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه لێكتێگه‌یشتن و هاوكاریكردنی یه‌كتر دڵخۆشی له‌نێوان ژن و پیاو زیاد ده‌كات«. كاژین سه‌عید ته‌مه‌ن 28 ساڵ، كه ده‌رچووی كولیژی كارگێڕی و ئابووریه‌و هێشتا هاوسه‌رگیری نه‌كردووه، ئاڵتون به‌گرنگ ده‌زانێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نیه برێكی زۆر داوابكرێت تابگاته ئه‌و راده‌یه، كوڕه‌كه زۆر قه‌رزبێت، ئه‌و به‌هاوڵاتی وت: « هه‌ر كچێك به‌ر له‌هاوسه‌رگیری بیر له‌وه ده‌كاته‌وه چه‌ند ئاڵتون داوا بكات، ئه‌و كه‌سه‌ی كه من هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ بكه‌م یه‌كه‌مجار ده‌بێت به‌دڵی من و خانه‌واده‌كه‌م بێت ئینجا بڕێك ئاڵتونم بۆم بكرێت 200 تا 250 غرام زیاتر نه‌بێت». « پێش ساڵێك خوشكێكی من شووی كرد داوای 240 غرام ئاڵتونی كرد، كچان تێگه‌یشتوون ئه‌گه‌ر خواستی زۆری ئاڵتون و مه‌رجی قورسیان بۆ كوڕان هه‌بێت ره‌نگه دواینجار له‌ماڵی باوكی بمێننه‌وه». به‌پێی ئامارێك كه هاوڵاتی له‌دادگای دهۆك ده‌ستیكه‌وتووه، له‌ساڵی 2021 له‌سنوری پارێزگای دهۆك 13 هه‌زارو 441 هاوسه‌رگیری تۆماركراون، رێپێدان به‌ژنهێنانی دووه‌م 28 حاڵه‌ت تۆماركراوه، 1796 حاڵه‌تی جیابوونه‌وه تۆماركراوه.
هاوڵاتی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان پلانیان هه‌یه تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت نزیكه‌ی 25 هه‌زار به‌رمیل زیادبكه‌ن. به‌پێی ماڵپه‌ری ئیراك ئۆیل ریپۆرت، سه‌ره‌ڕای گوشاره به‌رده‌وامه‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق له‌سه‌ر كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام كۆمپانیا نه‌وتییه كاركه‌ره‌كان له هه‌رێمی كوردستان پاره‌ی زیاتریان خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی تاوه‌كو كۆتایی ئه‌مساڵ، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت تێكڕا نزیكه‌ی 25 هه‌زار به‌رمیل به‌رزبكه‌نه‌وه. به‌پێی دوایین راپۆرتی كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان، زیادبوونی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له سێ كێڵگه‌ی سه‌رسنگ، شێخان و ئه‌ترووش ده‌بێت كه له نیوه‌ی دووه‌می ئه‌مساڵدا ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌زۆری له‌و سێ كێڵگه‌یه به‌رزده‌بنه‌وه. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه، حكومه‌تی عێراق چه‌ندینجار داوای له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردوه كه هه‌نارده‌ی نه‌وتییان له‌رێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆ وه بنێرنه ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكردوه‌ته‌وه. فشاره‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ كشانه‌وه‌ی كۆمپانیاكانی نه‌وت له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامیی هه‌یه‌و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌هه‌وڵی زیادكردنی به‌رهه‌مدایه.
هاوڵاتی نوێنه‌ری كاسبكارانی عه‌لوه‌ی سلێمانی ده‌ڵێت، دوای ئه‌وه‌ی له‌ناو عه‌لوه‌ی سلێمانی ئاگرێك كه‌وته‌وه به‌و هۆیه‌وه زیانی ماددی زۆری به‌دوو بازرگانان گه‌یاندوه، كه به زیاتر له یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت. عه‌تا محه‌مه‌د نوێنه‌ری كاسبكارانی عه‌لوه‌ی سلێمانی له لێدوانێكدا به ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی سلێمانی رِاگهیاندوه، تواندرا له‌لایه‌ن تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی ته‌واوی ئاگره‌كه كۆنترِۆڵ بكرێت و هیچ زیانێكی گیانی نه‌بوو ته‌نها زیانی ماددی هه‌بووه. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئه‌وه‌ی سه‌ره‌تا له‌باره‌ی زیانهكهوه زانیومانه به‌یه‌ك ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار دۆلار ده‌خه‌مڵێندرێت له‌وانه‌یه ئه‌و برِه زیاتریش بێت چونكه هێشتا به‌ته‌واوی نه‌گه‌شتوینه‌ته كۆی زیانه‌كان. نوێنه‌ری كاسبكارانی عه‌لوه‌ی سلێمانی ئه‌وه‌شی خستهرِوو، به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه چوار ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگری بهرِاد كه پرِبوه له سه‌وزه به‌ته‌واوی سوتاون له‌گه‌ڵ سێ دوكان باری ناو بهرادهكان كه سهزهیان تێدابووه.
هاوڵاتی ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه باڵه‌خانه‌ی شاره‌وانی سلێمانی به سه‌رپه‌رشتی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بووه‌وه جێی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پارێزگاكه، به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیش ده‌ڵێت، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردراوه كه زیاتر له 50 پرۆژه له‌سلێمانی بكه‌ونه كار. سه‌میر هه‌ورامی به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ كوردسات رایگه‌یاند: لهكۆبوونهوهكهودا دووپاتكرایه‌وه كه پێویسته ئاسانكاری بۆ كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین بكرێت. وتیشی: له‌ئێستا 39 پرۆژه ئاماده‌ن بۆ مۆڵه‌تی كۆتایی كاركردن، هه‌روه‌ها 15 پرۆژه‌ش ساید پلانیان بۆ ئاماده ده‌كرێت و دوو پرۆژه‌ش هه‌ر ئه‌مڕۆ داوای مۆڵه‌تیان كردوه، كه به‌مه‌ش له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا زیاتر له 50 پرۆژه له‌سلێمانی ده‌كه‌ونه كار. ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌م پرۆژانه كاریگه‌ری زۆر باشیان له‌سه‌ر هه‌لی كار‌و به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابووری له پارێزگای سلێمانی ده‌بێت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی چاودێری پرۆژه‌كانیش ده‌كات. سه‌میر هه‌ورامی وتیشی: له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی به به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانی وت، ده‌بێت خزمه‌تكاری خه‌ڵك بن و رۆتین كه‌م بكه‌نه‌وه‌و به‌پێی یاسا كارئاسانی بۆ كه‌رتی تایبه‌ت بكه‌ن.
هاوڵاتی كۆمپانیای به بازارِكردنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ) رایگه‌یاند: هه‌رێمی كوردستان سوره له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی برِیاری دادگای فیدراڵی سه‌باره‌ت به هه‌نارده‌كردنی نه‌وت. عه‌لا خزه‌یه‌ر ئه‌لیاسری بهرِێوهبهری گشتی كۆمپانیای سۆمۆ به رۆژنامه‌ی "سه‌باح"ی نیمچه فه‌رمی حكومه‌تی عێراقی راگه‌یاندوه: هه‌رێمی كوردستان هێشتا جێبه‌جێكردنی برِیاری دادگای فیدراڵی ره‌تده‌كاته‌وه‌و به‌شێوه‌ی نایاسایی نه‌وت هه‌نارده ده‌كات. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: له‌ئێستادا هیچ دانوستانێك له‌سه‌ر ئه‌و پرسه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمدا بوونی نیه، كه به‌ره‌سمی رایگه‌یاندوه برِیارهكهی دادگای فیدراڵی به ته‌واوی ره‌تده‌كاته‌وه. هاوكات رۆژنامه‌ی "سه‌باح" له زاری حه‌مزه جه‌واهیری پسپۆرِی بواری نه‌وت بڵاویكردوه‌ته‌وه: كه یاسای نه‌وت و غازی هه‌رێمی كوردستان نایاسای و نا ده‌ستورییه، و كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان له ره‌تكردنه‌وه‌ی برِیارهكهی دادگای فیدراڵی ئه‌وه‌یه كه برِیارهكانی دادگای فیدراڵی ده‌بێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان پێوه‌ی پابه‌ند بن.
هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی رایگه‌یاند: گومانمان له كوالێتی ده‌رمان له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و پزیشكیش هه‌یه له‌گه‌ڵ ده‌رمانخانه‌كاندا رێككه‌وتووه تا ده‌رمانه‌كانیان ساغ بكه‌نه‌وه. د. سه‌باح هه‌ورامی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ئاشكرای كرد، به‌شێك له‌و ده‌رمانانه‌ی ده‌هێنرێنه هه‌رێم به قاچاخ ده‌هێنرێن و به‌شێكی زۆری به‌ڕێككه‌وتنی پزیشك و ده‌رمانخانه‌كان به‌سه‌ر نه‌خۆشدا ساغ ده‌كرێنه‌وه. د. سه‌باح هه‌ورامی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی، خۆشیان گومانیان له سه‌رچاوه‌كانی ده‌رمان هه‌یه و ئه‌و ده‌رمانانه‌ی ده‌هێنرێنه هه‌رێم به‌شێكیان به رێگه‌ی قاچاخ دێن، به‌شێكی زۆری ئه‌و ده‌رمانه‌ش به رێككه‌وتنی پزیشك و ده‌رمانخانه‌كان به‌سه‌ر نه‌خۆشدا ساغ ده‌كرێنه‌وه، كه ئه‌وه‌ش كارێكی نامرۆڤانه و نائه‌خلاقییه. رونیشیكردووه‌ته‌وه، ده‌رمانی ساخته‌ش بوونی هه‌یه، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو ده‌رمانێكی قاچاخ ساخته بێت، هه‌ندێك ده‌رمان هه‌ن باشن به‌ڵام به رێگه‌ی قاچاخ هێنراون، ده‌كرێت حكومه‌ت ده‌زگای كواڵێتی كۆنترۆڵ له سلێمانیش بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كاری كۆمپانیاكان به زوویی رایی بكرێن بۆ هێنانی ده‌رمان به‌شێوه‌ی یاسایی. هه‌رچی سه‌باره‌ت به كێشه‌ی كه‌می ده‌رمانه له سلێمانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی وتی، حكومه‌ت بڕیاریداوه بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ده‌ر له داهاتی ناوخۆی سلێمانی بۆ ده‌رمان ته‌رخان بكات، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
هاوڵاتی / تایبه‌ت ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌وی و زاری حكومه‌تیان داگیر كردوه‌و پاره‌یان له بازاڕی دۆلاره‌كه‌ی سلێمانی سپی كردوه‌ته‌وه له‌سلێمانی به‌رده‌وامیی هه‌یه‌و سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌وییان داگیركردووه سه‌رجه‌میان ده‌ستڕۆیشتوو بوون. له‌باره‌ی سپی كردنه‌وه‌ی پاره‌وه جه‌بار گۆران وته‌بێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو له‌سلێمانی به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:»ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌تۆمه‌تی سپیكردنه‌وه‌ی پاره ده‌ستگیركراون ژماره‌یان 12 كه‌سه‌و ئێمه كه‌سیان ناناسین، له‌كاتێكدا بازاڕی دۆلاره‌كه هه‌مووی یه‌كتر ده‌ناسن، دواتر بۆمان ئاشكرابوو كه كارمه‌ندی ژماره‌یه‌ك بانكن و له‌یه‌ك كاتدا ده‌ستگیر نه‌كراون». له‌باره‌ی داگیركردنی زه‌وی زاری حكومه‌تیشه‌وه لوقمان حه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌په‌رله‌مانی كوردستان به هاوڵاتی وت:» ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌وییان داگیركردووه سه‌رجه‌میان ده‌ستڕۆیشتوو بوون و هاووڵاتی ئاسایی ناتوانێت زه‌وی داگیربكات، بۆیه پێویسته په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بێته‌ده‌نگ و ئێمه‌ش كهڕاپۆرتهكهمان ته‌واوكرد پێشكه‌شی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ین». هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردن له‌پارێزگای سلێمانی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌كاتێكدایه، ته‌نها له‌پارێزگای سلێمانی زیاتر له 65 هه‌زار پارچه زه‌وی و موڵكی گشتی زیاده‌ڕه‌وییان له‌سه‌ركراوه‌و له‌بری پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كراون به‌پرۆژه‌ی تایبه‌ت و بازرگانی، كه به‌شێك له‌و زه‌ویانه بۆ پارك و باخچه و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه دابینكراون. له‌م لینكه‌وه راپۆرتێك له‌و باره‌یه‌وه بخوێنه‌ره‌وه
یه‌كێتی هه‌نارده‌كاران له ئه‌سته‌نبوڵ ڕایگه‌یاندوه، عێراق له ماوه‌ی 8 مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2022دا خاوه‌نی زۆرترین هاورده‌ی مۆبیلیاتی توركی بووه. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی یه‌كێتی هه‌نارده‌كاران له ئه‌سته‌نبوڵ، به‌های هه‌نارده‌ی مۆبیلیات له ماوه‌ی مانگی ئابی رابردوودا 407 ملیۆن دۆلار بووه، ئاماژه به‌وه‌شكراوه “داهاتی توركیا له هه‌نارده‌ی مۆبیلیاتی ماڵه‌وه له ماوه‌ی هه‌شت مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 3 ملیار و 11 ملیۆن دۆلار بووه”. له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو، له ماوه‌ی هه‌شت مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا عێراق به به‌های 337 ملیۆن دۆلار له پله‌ی یه‌كه‌می ئه‌و وڵاتانه‌یه كه مۆبیلیاتی توركی هاورده ده‌كه‌ن، ئه‌ڵمانیاش به 272.4 ملیۆن دۆلار له پله‌ی دووه‌م و ئیسرائیل به 169.5 ملیۆن دۆلار پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێناوه، ویلایه‌ته یه‌گرتووه‌كانی ئه‌مریكاش به 169.3 ملیۆن دۆلار له پله‌ی چواره‌مدایه.
هاوڵاتی قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، كێشه‌مان نییه كێ نه‌وت ده‌فرۆشێت، به‌ڵكو كێشه‌ی ئێمه گه‌ره‌نتیكردنی بودجه و شایسته داراییه‌كان و مافه ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه. قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ باربارا لیف یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵات كۆبووه‌وه و تیایدا دواپێشهاته سیاسییه‌كانی عێراق و ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و گازیان تاوتوێ كرد. له ته‌وه‌رێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه رۆژی چوارشه‌مه ٧ی ئه‌یلولی ٢٠٢٢ به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا ئه‌لینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق ئاماده‌بوو، باس له ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و گاز و بودجه كرا. جێگری سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ روونكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی ناكۆكییه‌كان و به ئاماژه‌دان به بڕیاری دادگای فیدراڵی رایگه‌یاند ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانییه كێ نه‌وت ده‌فرۆشێت، به‌ڵكو كێشه‌ی ئێمه گه‌ره‌نتیكردنی بودجه و شایسته داراییه‌كان و مافه ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه. داواشیكرد، ئه‌مریكا له‌مباره‌یه‌وه زیاتر هاوكاربێت له چاره‌سه‌ركردنی ده‌ستورییانه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا. له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و دواین پێشهاته سیاسییه‌كانی به‌غدا كرا. هه‌ردوولا هاوڕابوون كه پێویسته لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌ڕێی گفتوگۆی نیشتمانییه‌وه كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن و خۆیان به دووربگرن له هه‌ر لێدوان و هه‌ڵوێستێك كه ناكۆكی و بارگرژییه‌كان قوڵتر بكاته‌وه. له به‌شێكیتری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێم كرا و تیایدا قوباد تاڵه‌بانی جه‌ختی كرده‌وه حكومه‌تی هه‌رێم پێداگره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ی چاكسازی له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كاندا هه‌نگاو به هه‌نگاو جێبه‌جێ بكات و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه له‌ماوه‌ی رابردوودا سه‌رباری گرفت و به‌ربه‌سته‌كان حكومه‌تی هه‌رێم كۆمه‌ڵێك هه‌نگاوی گرنگی ناوه. داواشیكرد ئه‌مریكا وه‌كچۆن له ماوه‌ی رابردوودا هاوكار و پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم بووه له پرۆسه‌ی چاكسازیدا، بۆ له‌مه‌ودواش له هاوكارییه‌كانی به‌رده‌وام بێت.
هاوڵاتی/ سه‌ركۆ جه‌مال دوای داگیركاری زه‌وی و موڵكی گشتی، سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ش یه‌كێكی دیكه‌یه له‌و دۆسیانه‌ی له‌سلێمانی چه‌ندین كه‌سی له‌سه‌ر ده‌ستگیركراوه، ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌سه‌ر سپیكردنه‌وه‌ی پاره ده‌ستگیركراون دانیان به‌وه‌دا ناوه ئه‌و كاره‌یان به‌ته‌نها نه‌كردووه له‌چه‌ند به‌رپرسێكی حزبی و حكومیه‌وه نزیكن، بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ش كه تائێستا ئاشكرابووه‌و مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه زیاتر له 400 ملیار دیناره، به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتی له‌چه‌ند رۆژی داهاتووشدا ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی فه‌رمانگه‌و سه‌ربازی ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام به‌شێك له‌و كه‌سانه دوای ده‌ستگیركردنیان ئازاد ده‌كرێن و چه‌ندین كه‌سیش كه‌بڕیاری ده‌ستگیركردنیان هه‌یه تائێستا ده‌ستگیرنه‌كراون و هه‌ندێكیشیان هه‌رێمی كوردستانیان جێهێشتووه. سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌دادگای سلێمانی كه‌نه‌یویست ناوی بهێنرێت به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:»ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌بڕیاری دادوه‌ر ده‌ستگیركراون له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی داگیركاری زه‌وی و زار‌و سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و به‌بڕیاری دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ئاسایش بووه و نزیكه‌ی 15 كه‌سن». وتیشی:»ئه‌و كه‌سانه‌ی كاری سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌یان كردووه به‌ته‌وافوق چه‌كی بانكییان كڕیوه و له‌بانكه‌كان ئاسانكارییان بۆ كراوه و پاره‌یان بۆ خه‌رجكراوه به‌وه‌ش قازانجێكی زۆریان كردووه». سه‌رچاوه‌كه‌ی دادگا ده‌ڵێت:»چه‌ندین كه‌سیی دیكه‌ش سكاڵایان له‌سه‌ره‌و به‌بڕیاری دادوه‌ر ده‌بێت ده‌ستگیربكرێن به‌ڵام تائێستا به‌شێكیان ده‌ستگیرنه‌كراون و به‌شێكیشیان هه‌رێمی كوردستانیان جێهێشتووه». سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك به‌هاوڵاتی راگه‌یاند: «كار له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی دزه گه‌وره‌كان كراوه‌و په‌ڕوباڵ كراون و له‌كاتی گونجاو‌دا ده‌ستگیرده‌كرێن«. دوای داگیركاری زه‌وی و موڵكی گشتی، سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ش له‌سلێمانی له‌دوو هه‌فته‌ی رابردوودا چه‌ند كه‌سێك ده‌ستگیركراون و كارمه‌ندی بانكه‌كان بوون. ئه‌و كه‌سانه كاتێك ده‌ستگیركراون، كه‌ژماره‌یه‌ك كه‌س له‌بازاڕی دراوه‌كه‌ی سلێمانی سه‌ردانی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تیان كردووه‌و ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه له‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێك مامه‌ڵه‌ی نامۆ ده‌كه‌ن له‌و بازاڕه، دواتر بڕیاردراوه هێزێكی ئه‌منیی (كۆماندۆ) بنێردرێته بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوه‌كه. جه‌بار گۆران وته‌بێژی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو له‌سلێمانی به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:»ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌تۆمه‌تی سپیكردنه‌وه‌ی پاره ده‌ستگیركراون ژماره‌یان 12 كه‌سه‌و ئێمه كه‌سیان ناناسین، له‌كاتێكدا بازاڕی دۆلاره‌كه هه‌مووی یه‌كتر ده‌ناسن، دواتر بۆمان ئاشكرابوو كه كارمه‌ندی ژماره‌یه‌ك بانكن و له‌یه‌ك كاتدا ده‌ستگیر نه‌كراون». وتیشی:»ئه‌و كه‌سانه گوایه چه‌كی بانكییان سپی كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام دۆسیه‌كانیان له‌دادگایه‌و ده‌بێت دادگا یه‌كلایی بكاته‌وه، ئه‌م چه‌كانه‌ش كه مامه‌ڵه‌یان پێوه‌كراوه بهئاشكرابووه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 2014 و 2015 كاتێك به‌ڵێنده‌ره‌كان كاریان بۆحكومهت دهكردو له‌پڕ بانكه‌كان پاره‌یان تێدانه‌ما، بۆیه به‌ڵێنده‌ره‌كان ده‌یانویست چه‌كه‌كان بكه‌ن بهنهختینهو ناچاربوون به‌كه‌متر بیفرۆشن». به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتی كه له‌ئه‌نجامی به‌دواداچوون له‌بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو له‌شاری سلێمانی دهستیكهوتوون، ئه‌و كه‌سانه‌ی چه‌كی پاره‌یان كردووه بهنهختینه، زۆرێكیان چه‌كه‌كانیان به‌نیوه‌ی به‌های خۆی لهبهڵێندهران كڕیوه‌و پاشان له‌بانك ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌سه‌ر چه‌كه‌كه نووسراوه به كاش وه‌ریانگرتووه، بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ش كه تائێستا ئاشكرابووه مامه‌ڵه‌ی پێوه‌كراوه زیاتر له 400 ملیار دیناره. هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كانی هاوڵاتی، ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی بانكه‌كان له‌چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای حزبی و حكومی نزیكن، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستڕۆیشتوویی به‌رپرسه‌كان نه‌توانراوه تائێستا ده‌ستگیربكرێن و كارمه‌نده‌كانیش دانیان به‌وه‌داناوه كه‌ئه‌و كاره‌یان به‌ته‌نها نه‌كردووه‌و له‌قازانجدا ئه‌و به‌رپرسانه‌ش هاوبه‌شیان بوون. هه‌ر به‌پێی زانیاریه‌كانی هاوڵاتی، نوسینگه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان سه‌رپه‌رشتی ده‌ستگیركردنه‌كان له‌سلێمانی و گه‌رمیان و ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی ده‌كات، له‌سه‌رجه‌م شاره‌وانیه‌كان كه‌سانێك راسپێردراون چاودێری به‌ڕێوه‌چوونی كاروباره‌كان بكات. رۆژی دووشه‌ممه 5-9-2022 به‌پێی نوسراوێك، دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌ستپاكی گه‌رمیان فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ به‌رپرسی لیژنه‌ی ئه‌منی كه‌لار ده‌ركردووه، له‌نووسراوه‌كه‌دا، داوای ده‌ستگیركردنی (ئاكۆ عومه‌ر عه‌بدولقادر)، به‌رپرسی لیژنه‌ی ئه‌منی كه‌لار ده‌كات به پێی مادده‌ی ٣٠٧ له‌یاسای سزادانی عێراقی. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه دێت كه له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا ژماره‌یه‌ك هاوڵاتی به‌تۆمه‌تی رێگه‌دان و ئاسانكاریی به‌زیاده‌ڕه‌وی باخ و زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كانی گه‌رمیان ده‌ستگیركران كه‌یه‌كێك له‌وانه پاسه‌وانی به‌رپرسی لیژنه‌ی ئه‌منی كه‌لاره كه به‌پۆلیسی شاره‌وانییه‌كانی گه‌رمیانیش ناوده‌برێت. به‌پێی زانیاریه‌كانی هاوڵاتی دوو كه‌سی دیكه له‌گه‌رمیان به‌هه‌مان تۆمه‌ت ده‌ستگیركراون، به‌ڵام هاوڵاتی په‌یوه‌ندیكرد بهعوسمان عه‌بدولكه‌ریم وته‌بێژی ئاسایشی گه‌رمیان، ناوبراو ئاماده‌نه‌بوو له‌وباره‌یه‌وه هیچ زانیارییه‌ك ئاشكرا بكات و نكوڵیشی له‌ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ش نه‌كرد. به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌گه‌رمیان:»ئه‌و كه‌سانه بۆ هه‌ڵكه‌ندنی بیر‌و سیاجكردنی باخ پاره‌یان له‌هاووڵاتیان وه‌رگرتووه و كه‌سانی به‌رپرس له‌پشتی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ن، بۆیه ئه‌وانه‌ی ده‌ستگیرده‌كرێن كاتێك ناوی كه‌سانی سه‌روو خۆیان ده‌ڵێن پاش ماوه‌یه‌ك ئازاد ده‌كرێن». وه‌ك سه‌رچاوه‌كه ده‌ڵێت: «ته‌نیا له‌سنووری گه‌رمیان حه‌وت هه‌زار بیری ئیرتیوازی كه قه‌ده‌غه‌كراوه به‌به‌رتیل رێگه بهدروستكردنیان دراوه». هاوكات به‌پێی زانیاریه‌كانی هاوڵاتی كه له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌شاره‌وانی سلێمانی ده‌ستیكه‌وتووه، له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا ده‌ستگیركردنی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی فه‌رمانگه‌و سه‌ربازی و ده‌ڵاڵ له‌سلێمانی ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه له‌كۆتایی مانگی رابردوو هێزه ئه‌منیه‌كان چه‌ند جارێك چوونه سه‌ر شاره‌وانی سلێمانی و چه‌ند كه‌سێكیان ده‌ستگیركرد و دواتریش ئاسایشی سلێمانی له‌ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند له‌سه‌ر ده‌ڵاڵی و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی زه‌وی بووه. وتیشی:» هێزه‌كانی ئاسایش و دژه‌تیرۆر كه به‌هاوكاری هێزی كۆماندۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌ستگیرده‌كه‌ن كه له‌لیستێكدا ناویان هاتووه‌و ده‌یان كه‌س له‌خۆده‌گرێت و ئێستا لێكۆڵینه‌وه له‌و كه‌سانه‌ی ده‌ستگیركراون به‌رده‌وامه». به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه له‌سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سلێمانی چه‌ند كه‌سێك پێشتر ده‌ستگیركراون و دواتر ئازادكراون به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وامه. لوقمان حه‌مه‌د، سه‌رۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار له‌په‌رله‌مانی كوردستان به هاوڵاتی وت:» له‌هه‌موو كوردستان داگیركاری زه‌وی كراوه و سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی راپۆرتێكین و هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌ردانی دهۆك و زاخۆ ده‌كه‌ین، ئه‌و لایه‌نه به‌رپرسانه‌شی سه‌ردانمان كردوون تاڕاده‌یه‌ك هاوكاری كراوین، به‌شێوازێكی گشتی به‌هه‌ده‌ردان هه‌یه به‌ڵام له‌شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكه جیاوازه». وتیشی:»ئه‌و كه‌سانه‌ی زه‌وییان داگیركردووه سه‌رجه‌میان ده‌ستڕۆیشتوو بوون و هاووڵاتی ئاسایی ناتوانێت زه‌وی داگیربكات، بۆیه پێویسته په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بێته‌ده‌نگ و ئێمه‌ش كهڕاپۆرتهكهمان ته‌واوكرد پێشكه‌شی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ین». هاوكات كه‌ریم عه‌لی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به هاوڵاتی وت:»ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادارم ئه‌نجومه‌نی پارێزگا‌و لیژنه‌كانی هیچ راسپارده‌یه‌كیان له‌سه‌ر داگیركردنی زه‌وی و زار ئامادهنهكردووه، ئه‌وه‌ی له‌گه‌رمیانیش رووده‌دات زیاتر هه‌ڵكه‌ندنی بیر‌و سیاجكردنهو تائێستا چه‌ند كه‌سێك ده‌ستگیركراون». وتیشی:»له‌و بڕوایه‌دا نیم ئه‌م بابه‌ته مه‌سه‌له گه‌نده‌ڵی بێت و زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ململانێی حزبی و باڵباڵێنه‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌وه ده‌بێت له‌ڕێگای دادگاوه بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وان بیانه‌وێت چاكسازی بكه‌ن، یه‌كه‌م شت ده‌بێت سیسته‌می دادوه‌ری ده‌سه‌ڵاتی بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆی بكه‌ن ئه‌وكات هه‌موو كه‌یسه‌كان ده‌چنه دادگا‌و رێوشوێنی یاسایی خۆیان ده‌گرن». هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیركردن له‌پارێزگای سلێمانی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌كاتێكدایه، ته‌نها له‌پارێزگای سلێمانی زیاتر له 65 هه‌زار پارچه زه‌وی و موڵكی گشتی زیاده‌ڕه‌وییان له‌سه‌ركراوه‌و له‌بری پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری كراون به‌پرۆژه‌ی تایبه‌ت و بازرگانی، كه به‌شێك له‌و زه‌ویانه بۆ پارك و باخچه و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه دابینكراون.
هاوڵاتی له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا وه‌زیری نه‌وتی عێراق ئەنجامی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەسی ئاشکرا کرد‌و ڕایگه‌یاند به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وت بڕیاریانداوه ئاستی به‌رهه‌م به‌ڕێژه‌ی ١٠٠ هه‌زار به‌رمیل له‌ڕۆژێکدا که‌مبکه‌نه‌وه. ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وەزیری نەوتی عێراق، دوای بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی وەزاری (ئۆپێک +) لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیەوە، کە لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاندووه: “(ئۆپێک +) پەرۆشە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری زیاتر بۆ بازاڕەکانی جیهان، و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە نێوان دابینکردن و داواکاری، لە ڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ واقیع لەگەڵ ئەو بارودۆخ و هۆکارانەی کە کاریگەرییان لەسەرە. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد"وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بڕیاریاندا ئاستی بەرهەمهێنانی ئەو وڵاتانەی بەشدارن لە رێككەوتنەكەدا بەڕێژەی (100 هەزار بەرمیل) لە رۆژێكدا كەمبكرێتەوە،کە لە مانگی 10ەوە دەستپێدەكات، دوای ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە بازاڕەکانی نەوت لەم دواییانەدا بەخۆیەوە بینی . وتیشی"كۆبوونه‌وه‌كه پێداچونه‌وه و تاوتوێكردنی راپۆرته ته‌كنیكییه‌كان و راسپارده‌كان بۆ پێشهاته‌كانی بازاڕی نه‌وت و هۆكار و كاریگه‌ره‌كان، و چاوه‌ڕوانییه‌كان له ماوه‌ی مانگه‌كانی داهاتوودا له‌خۆگرتبوو. ھەروەک ئاماژه‌ی به "گرنگی رێككه‌وتنی به‌كۆمه‌ڵ له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕان و ئاڵنگارییانه کرد كه رووبه‌ڕووی بازاڕی نەوت دەبێتەوە . ھەر لەبەیاننامەکەدا ھاتوە " "حامید یونس" بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری تەسفیەكردن و دابەشكردن و "عەلا ئەلیاسری" بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت،و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەت و کۆمپانیای سۆمۆ بەشدار بونە لەکۆبوەکە وەک لایەنی عێراقی.
یۆرۆ نزمترین نرخی لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردودا تۆمار کرد ئەمڕۆ دووشەمە نرخی یۆرۆ نزمترین ئاستی بە خۆیەوە بینی، لە بازاڕەکانی جیهان بە ٠.٩٩ دۆلار مامەڵەی پێوە کراو ٠.٧٠٪ی نرخەکەی لەدەستدا. میدیاکان هۆکاری دابەزینی یۆرۆ بۆ پچڕانی هەناردەکاری گازی روسیا لەڕێگەی بۆری نۆردستریمەوە دەگەڕێننەوە، بەتایبەت کە کاتێکی دیاری کراو دانەنراوە بۆ دوبارە خستنەوە کاری ئەو بۆریەو ناردنی گاز بۆ ئەوروپا .ئەمەش بۆتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە نرخی یۆرۆدا. جێی ئاماژەیە دراوی یۆرۆ لە ساڵی ڕابردووەوە نرخەکەی لە دابەزیندایە .
هاوڵاتی / تایبه‌ت هه‌رچه‌نده رێك ساڵێك به‌ر له‌ئێستاو له‌مانگی ئابی ساڵی رابووردوو (عه‌لی عه‌لاوی) وه‌زیری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی دارایی عێراق رایگه‌یاندبوو كه‌بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٢ی عێراق ئاماده‌یه و بودجه‌كه زیاتر ره‌هه‌ندێكی چاكسازییانه‌ی تیادایه و هیوادارن به‌ر له‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته پێشكه‌شی په‌رله‌مانی بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه زیاتر له ١٠ مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌شدا تێپه‌ڕده‌بێت كه‌چی به‌هۆی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت و دۆخی ناسه‌قامگیری په‌رله‌مانی و سیاسی وڵاته‌وه نه‌توانراوه بودجه ببرێته په‌رله‌مان و حكومه‌تیش به‌كۆت و به‌ندی سیفه‌تی كاربهڕێكهرهوه ده‌سه‌ڵاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی لێسه‌نراوه‌ته‌وه. له‌مێژووی نوێی سیاسی عێراقدا له‌دوای ساڵی 2003 بودجه هه‌میشه بابه‌تێكی سه‌ره‌كی ململانێ و كێشمه‌كێشی لایه‌نه سیاسی و ناكۆكییه‌كانی عێراق بووه كه به‌بڕوای زۆرێك له‌و چاودێر‌و رێكخراوه ئابوورییانه‌ی چاودێری دۆخی عێراق ده‌كه‌ن باشترین شوێنێك بۆ گرووپ و لایه‌نه بڕیاربه‌ده‌سته‌كان بۆ گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی بڕگه‌كانی بودجه بووه كه‌سه‌ره‌ڕای ته‌رخانكردنی سه‌دان ملیار دۆلار له‌و چه‌ند ساڵه به‌دواوه كه‌چی له‌ژیانی واقیعی هاووڵاتیاندا ره‌نگی نه‌داوه‌ته‌وه‌و هێشتا عێراق به‌ده‌ست هه‌ژاری و كه‌می خزمه‌تگوزاری و بێكاری و نه‌بوونی هیچ پیشهسازییهكهوه ده‌ناڵێنێت. به‌پێی ئاماره‌كانیش له‌ساڵی 2003ه‌وه تاوه‌كو 2021 زیاتر له 950 ملیار دۆلار بڕی بودجه‌ی سه‌رفكراوی عێراقه كه‌ئه‌م بودجه‌یه‌ش ژماره‌یه‌كی خه‌یاڵییه‌و ده‌توانرا گۆڕانكاری گه‌وره له‌ژیانی عێراقییه‌كاندا بكات، به‌ڵام به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان و خه‌رجكردنی ناپێویسته‌وه نه‌توانراوه سودی پێویستی لێ ببینرێت. ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ش عه‌لی عه‌للاوی له‌نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌یدا نهێنییه‌ك ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت: "تۆڕی نهێنی و فراوانی گه‌وره به‌رپرسان و پیاوانی كار‌و سیاسه‌توانان و فه‌رمانبه‌ره گه‌نده‌ڵه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌سێبه‌ردا هه‌ن، كه‌هه‌وڵی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر چه‌ندین به‌شی ئابووری به‌ته‌واوه‌تی ده‌ده‌ن؛ هه‌روه‌ها چه‌ندین ملیار دۆلار له‌گه‌نجینه‌ی گشتی راده‌كێشن، ئه‌م تۆڕانه له‌لایه‌ن حزبه سیاسییه گه‌وره‌كانه‌وه پارێزراون و بهپارێزبهندیی په‌رله‌مانی و چه‌كی یاسا‌و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن لایه‌نی بیانییه‌وه پارێزراون". په‌سه‌ندنه‌كردنی بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٢ به‌هۆی پێكنه‌هێنانی حكومه‌ت و ئه‌و گۆڕانكارییه سیاسییانه‌ی كه‌ئێستا له‌عێراقدا رووده‌دات وه‌هایكرد كه‌حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی په‌نابباته به‌ر په‌سه‌ندكردنی یاسای پاراستنی پاڵپشتی فریاگوزاری ئاسایشی خۆراك و گه‌شه‌پێدان، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌هات كه‌دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئه‌وه‌ی یه‌كلاییكرده‌وه كه‌حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق ناتوانێت پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتیی ساڵی ٢٠٢٢ ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكات و ده‌بێت حكومه‌تی نوێ ئه‌و كاره بكات، یاسای ئاسایشی خۆراك له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دارایی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماده‌كراو رۆژی چوارشه‌ممه، ٨ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ له‌دانیشتنی ئاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا، به‌زۆرینه‌ی ده‌نگی ئاماده‌بووان په‌سه‌ندكرا كه بۆ یه‌كه‌م جاره له‌عێراقدا ده‌رده‌كرێت. یاساكه له ١٨ مادده پێكهاتووه‌و بڕی ٢٥ ترلیۆن دینار وه‌ك بودجه بۆ یاساكه ته‌رخانكراوه، تیایدا ئاماژه به‌وه‌كراوه كه‌وه‌زیری دارایی به‌ڕه‌زامه‌ندی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌رده‌وام ده‌بێت لهقهرزكردنی نێوخۆیی و ده‌ره‌كیی به‌مه‌به‌ستی پاره‌داركردنی پڕۆژه‌كانی په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وام و ئه‌وانه‌ی لهقهرزهكانهوه پاره‌دار ده‌كرێن به‌پێی یاساكانی پێشووی بودجه، به‌بێ ئه‌وه‌ی گرێبه‌ستی نوێ بكات. هاوكات به‌پێی شیكردنه‌وه‌ی یاساناسان، یاسای پاڵپشتی فریاگوزاری ئاسایشی خۆراك و گه‌شه‌پێدان كه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه په‌سه‌ندكراوه، ده‌بێت به‌جێگره‌وه‌ی بودجه‌ی گشتیی ساڵی ٢٠٢٢، به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌یاساكه 35٪ی ئه‌و 25 ترلیۆن دیناره‌ی دیاریكراوه بۆ پاڵپشتی ئاسایشی خۆراك و رێگری له‌هه‌ژاری ته‌رخان بكرێت و 35٪ی دیكه‌ی بۆ پرۆژه په‌ككه‌وتووه‌كانی وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه نه‌به‌ستراوه‌كان به‌وه‌زاره‌ت و پارێزگا ناڕێكخراوهكان له‌چوارچێوه‌ی هه‌رێمێكدا ته‌رخان بكرێن، رێژه‌كه‌ی دیكه بۆ دانه‌وه‌ی قه‌رزو تێچووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت و چه‌ند بوارێكی دیكه خه‌رج بكرێت. به‌ڵام هه‌رزوو ئه‌م یاسایه‌ش وه‌ك هه‌موو بابه‌تێكی سیاسی له‌عێراقدا به‌ره‌ی لایه‌نگران و به‌ره‌ی نه‌یارانی بۆ درووستبوو، كه به‌ره‌ی لایه‌نگران زیاتر (سه‌درییه‌كان) بوون ئه‌م یاسایه‌یان به هۆكاری گه‌شه‌پێدانی عێراق ده‌زانی و به‌ره‌ی (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش) یاساكه‌یان بۆ درێژه‌دان به‌ته‌مه‌نی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی ده‌زانی. له‌تازه‌ترین لێدوانیشدا محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگه‌یاند "ئه‌گه‌ر یاسای بودجه په‌سند نه‌كرێت، له‌ڕۆژی 31/12/2022، حكومه‌تی عێراقی، به‌پێی یاسا‌و ده‌ستوور ناتوانێت خه‌رجیی سه‌رجه‌م داموده‌زگه‌كان دابین بكات، هه‌موو ساڵێك له 31ی مانگی 12، ساڵی دارایی كۆتایی دێت". وتیشی: به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و زیادكردنی فرۆشییه‌وه، 80 ترلیۆن دینار له‌داهاتی نه‌وتی عێراق، دوای خه‌رجییه‌كان له خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌تدا ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی یاسای بودجه‌وه كه بهپهكخراوی ماوه‌ته‌وه ناتوانرێت خه‌رج بكرێت. ئاماژه‌شی به‌وه‌شكرد: نه‌بوونی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2022 وایكردووه نه‌توانرێت پاره‌كان خه‌رج بكرێن و بهپهكخراوهیی ماونه‌ته‌وه . ئه‌مه له‌كاتێكدایه به‌گوێره‌ی یاسایی ئاسایشی خۆراك 15 هه‌زار كه‌س له 15 پارێزگاكه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدڕاڵیی عێراق، به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست داده‌مه‌زرێندرێن كه بۆ ماوه‌ی سێ مانگ ده‌بێت تا ئه‌وكاته‌ی له‌یاسای بودجه‌ی نوێ‌دا جێگیرده‌كرێن. هه‌موو ئه‌مانه له‌كاتێكدایه كه‌حكومه‌تی عێراق له‌مانگی ته‌مموزی رابووردودا بایی نزیكه‌ی ١١ ملیار دۆلار نه‌وتی فرۆشتووه‌و مانگانه به‌هۆی زیادبوونی به‌رهه‌م و به‌رزی نرخی نه‌وته‌وه داهاته‌كه‌ی زیاتر ده‌بێت، هاوكات خستنه‌بازاڕی دۆلاریش له‌لایه‌ن بانكی ناوه‌ندییه‌وه به‌رده‌وام به‌رزده‌بێته‌وه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌هۆی نزمی نرخی دینار به‌رامبه‌ر دۆلار داهاتێكی بێ‌شومار ده‌ڕژێته گه‌نجینه‌كانی عێراقه‌وه، هه‌ر بۆ نموونه به‌درێژایی هه‌فته‌ی رابردوو بانكی ناوه‌ندی عێراق، نزیكه‌ی ملیارێك و 300 ملیۆن دۆلاری خستووه‌ته بازاڕه‌وه. له‌ئێستادا به‌بڕوای زۆربه‌ی شاره‌زایان و ئابووریناسان په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی ئه‌مساڵ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌ی كه له‌وڵاتدا هه‌یه زۆر ئه‌سته‌مه چونكه له‌لایه‌ك كاتێكی زۆر كه‌م ماوه، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ناكۆكییه سیاسییه‌كان هێنده زۆرن مه‌حاڵه سیاسییه‌كان به‌ئاسانی له‌سه‌ر بودجه رێكبكه‌ون، بهدیاریكرلوی ئه‌وه‌ی ئێستا له‌عێراقدا هه‌یه فه‌وزایه‌كی ئابوورییه كه ته‌واوی كێشه‌و گرفت و قه‌یرانه ئابوورییه‌كانی ساڵانی دیكه‌شی هاتووه‌ته‌سه‌ر.
هاوڵاتی بە پێی بڵاوکراوەیەکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حوکمەتی هەرێمی کوردستان پشکنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لە ٦ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢، لە هەر سێ پارێزگاى هەولێر و سلێمانى و دهۆک و ئیدارەى گەرمیان ٣٨هەزار و ١٠٩ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کردووە و ١هەزار و ٦٥٠ حاڵەتى سەرپێچییان تۆمار کردووە و دەستیان بەسەر ١ ملیۆن و ٨٤ هەزار و ٧٦٤ تۆن کەرەستەى ماوەبەسەرچوودا گرتووە. نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بە ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندوە: لیژنەکانی چاودێری ڕۆژانە بە پێی پلانەکانیان سەردانی ناوچە ڕێگەپێدراوەکان دەکەن و لە ڕووى کواڵیتی و بەسەرچوون و کەرستەی بەرهەمهێنانى کاڵاکانەوە چاودێریی بازاڕ و مارکێت و دووکانەکان دەکەن، و ئەگەر مادە و کەرەستەیەکى ماوە بەسەرچوو بدۆزرێنەوە، ڕاستەوخۆ دەستى بەسەردا دەگرن و پسوولەى ماوەبەسەرچوون دەدرێتە خاوەنەکانیان و کەلوپەلەکەشیان دەبرێتە بەڕێوەبەرایەتیى چاودێریى بازرگانى تا دواتر لە ڕێگەى لیژنەى تایبەتەوە کە لە نوێنەرى قایمقامییەت و بەڕێوەبەرایەتیى چاودێرى و ئاسایش پێک دێت، لە شوێنى تایبەت و دیاریکراو بسووتێنرێت یا بکرێتە ژێر خۆڵەوە. لە بڵاوکراوەکەشدا ئاماری سەردانی مەیدانی پشکێنەرانی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانی لەسەر ئاستی پارێزگاکان ئاماژەی پێدراوە کە بەم شێوەیەیە: پارێزگاری هەولێر: لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩ هەزار و ٧٢٣ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە، ٥٠٧ حاڵەتی سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ١٦٦ هەزار و ٢٢٩ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە. ـپارێزگاری سلێمانی: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ١١هەزار و ٥٢٠ جار سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و٨٥٠ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٠٤هەزار و ٩٥ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە. پارێزگاری دهۆك لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ٩هەزار و ٦١٥ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٥٢ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٨٨ هەزار و ٨ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە. ئیدارەی سەربەخۆى گەرمیان: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ ٧ هەزار و ٢٥١ سەردانی شوێنە بازرگانییەکان کراوە و ١٤١ سەرپێچی تۆمار کراون و دەست بەسەر ٢٦ هەزار و ٤٣٢ تۆن کەلوپەلی ئێکسپایەر گیراوە.
هاوڵاتی/ ئیمان زه‌ندی ساڵانه نزیكه‌ی هه‌شت هه‌زار تۆن چا هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت و 37 دۆلار‌و نیو باجی گومرگی یه‌ك تۆنی چایه، كێشه‌كانی كوالێتی كۆنترۆڵ زۆرن به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئامێره‌كانی كوردستان له‌كاركه‌وتوون و كادری باش نیه كاری پێبكات. له‌كوردستان 10 جۆر چا بازرگانی پێوه‌ده‌كرێت، كه له‌سه‌دا 85ی سریلانكیهو له‌ڤێتنام، فلیپین، هندستان، كینیا هاورده ده‌كرێن. فاتح یاسین، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیایه‌كی هاورده‌كردنی به‌رهه‌مه خۆراكییه‌كانه به هاوڵاتی وت:»به‌پێی ئاستی ماددی خه‌ڵك جۆره‌كانی چا دێته بازاڕه‌وه، جۆره‌كانیش چای شكسته‌و بارووتی له‌گه‌ڵ قه‌ڵه‌می و بیكۆیه، زیاتر له 50 ماركه‌ی چا هه‌یه»، وتیشی:» نرخی چا بۆ تۆنێك له‌نێوان پێنج بۆ 10 هه‌زار دۆلاره، چای چینی ناگونجێ بۆ كوردستان چونكه یه‌ك كیلۆی زیاتر له 500 دۆلاره تا كۆن بێت خۆشتر ده‌بێت، پێموانیه چا له‌كوالێتی كۆنتڕۆڵ ده‌رنه‌چێت، چونكه چا تابمێنێتهوه باشتر ده‌بێت، هه‌رچی چای بۆنداره‌كانه بۆنی ده‌ستكرده‌و له‌به‌ریتانیا به‌رهه‌مدێت». به‌پێی ئامارێكی فه‌رمی كه هاوڵاتی له‌كۆمپانیایه‌كی هاورده‌كردنی خۆراك ده‌ستیكه‌وتووه، ساڵانه نزیكه‌ی 45 ملیۆن كیلۆ چا هاورده‌ی عێراق ده‌كرێت، بۆ هه‌رێمی كوردستانیش ده‌وروبه‌ری هه‌شت هه‌زار تۆن چا هاورده ده‌كرێت، نرخی یه‌ك تۆنیش به‌حه‌وت هه‌زارو 500 دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، به‌م پێیه ساڵانه به‌به‌های نزیكه‌ی 60 ملیۆن دۆلار چا هاورده‌ی هه‌رێم ده‌كرێت. نه‌وزاد شێخ كامیل، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پیشه‌سازی و بازرگانی هه‌رێم به هاوڵاتیراگه‌یاند:» هاورده‌كردنی چا بازرگانیه‌كی سنوردار‌و گشتییه، ده‌توانن هه‌موو جۆره خۆراكێك بهێنن، واته بازرگانه‌كه بۆ ساڵه‌كه به‌به‌های هه‌شت ملیۆن دۆلار ره‌سیدی بۆ داده‌نێین، ئیتر نایه‌ته‌وه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان تا هه‌موو رهسیدهكه ته‌واو ده‌كات، ئازاده چ خۆراكێك ده‌هێنێت و زیاتر له 35 هه‌زار كۆمپانیا له‌كوردستان هه‌یه نزیكه‌ی سێ هه‌زاریان بیانین. هاوكات ساماڵ عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گومرگی هه‌رێم ده‌ڵێت:» گومرگی هاورده‌كردنی چا بۆ تۆنێك 37 دۆلار‌و نیو وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام پێنج مانگه ئه‌و گومرگه وه‌رنه‌گیراوه له‌به‌ر خراپی دۆخی بازاڕ هه‌تاوه‌كو ئه‌و مادده‌یه گران نه‌بێت. محه‌مه‌د فاروق، لێپرسراوی كۆنترۆڵی جۆری كۆمپانیای ره‌زگه له‌مه‌رزی باشماخ بۆ هاوڵاتی دواو ده‌ڵێت:» سه‌رجه‌م ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی چا كه له‌ڕێگه‌ی مه‌رزه‌وه هاورده ده‌كرێت پشكنینی بۆ ده‌كرێت، له‌كاتی پشكنین هه‌ر جۆرێكی چا ده‌رنه‌چێت لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری لێ ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌و ناردنه‌وه‌ی خۆراكه‌كه بۆ وڵاتی سه‌رچاوه یاخود له‌ناوبردنی، زیاتر ئه‌و چایانه ده‌رناچن كه به‌شێوه‌ی فه‌لن كێشیان 25 بۆ 50 كیلۆیه»، وتیشی:» پشكنینه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای باره‌كان ده‌كرێت، ئه‌و كۆنتێنهرهی دێته ناو ده‌روازه‌وه، پڕۆسه‌ی وه‌رگرتنی نموونه له‌لایه‌ن تیمی كه‌ره‌نتینه‌ی حكومه‌ته‌وه‌یه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه پێنج نموونه له‌كیس و كارتۆن وه‌رده‌گرین». له‌باره‌ی پشكنینی چا محه‌مه‌د فاروق ده‌ڵێت:» له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا پشكنینی فیزیایی بۆ ده‌كرێت به‌پێی تایبه‌تمه‌ندی عێراقی ژماره‌ی1847ی ساڵی 2021 كه‌تایبه‌ته به‌ته‌مه‌نی خۆراك ته‌مه‌نی چاش سێ ساڵه، پاشان پشكنینی له‌یبڵی بۆ ده‌كرێت كه به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی له‌سه‌ر بێت و كێش له‌گه‌ڵ به‌رواری دروستكردن و به‌سه‌رچوون، هه‌روه‌ها رووپۆشه‌كه‌ی، دواتر ئاڕاسته‌ی تاقیگه‌كانی كیمیا‌و مایكرۆبایلۆجی ده‌كرێت و سه‌رجه‌م پشكنینه پێویسته‌كانی رێژه‌ی (شێ، خوڵه‌مێش، كافاین و تانین)ی بۆ ده‌كرێت له‌گه‌ڵ رێژه‌ی كانزا قورسه‌كان و دیاریكردنی رێژه‌ی ئاسن، قۆناغی كۆتاییش تاقیگه‌ی مایكرۆبایلۆجیه بۆ دڵنیابوونه‌وه لهبهكتریاكانی به‌رهه‌مه‌كه». له‌به‌رامبه‌ردا د.سیروان ئه‌حمه‌د پزیشكی یاریده‌ده‌ر له‌زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌كۆلێژی زانستی ئه‌ندازیاره كشتوكاڵییه‌كان به‌شی پیشه‌سازی خۆراك، باوه‌ڕی وایه پشكنینه‌كان سه‌د ده‌رسه‌د نیه‌و له‌و باره‌یه‌وه به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:» كوالێتی كۆنترۆڵا ئامێری پێشكه‌وتووی ده‌وێت و ئامێره‌كانی كوردستانیش له‌كاركه‌وتون و كادری باش نیه كاری پێبكات، به‌مه پشكنینه‌كان سه‌د له‌سه‌د نیه»، وتیشی:» پڕۆژه‌مان پێشكه‌شكردووه داوامان له‌وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی كردووه پێویسته سه‌لامه‌تی و كۆنترۆڵی خۆراك سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یاخود وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و بازرگانی بێت، تا له‌ڕێگه‌یه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كی سه‌ربه‌خۆ سنووره‌كان له‌ئیبراهیم خه‌لیل تا سه‌یرانبه‌ن ببه‌ستێته‌وه، ئه‌ویش به‌سیسته‌مێكی ئه‌لیكترۆنی بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له‌هاتن و نه‌هاتنی هه‌موو جۆره خۆراكێك بگیرێت به‌پێی یاسای گرێبه‌ستی عێراقی، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك یاساكانی جێبه‌جێنه‌كرد سه‌ره‌تا ئاگاداربكرێته‌وه پاشان غه‌رامه بكرێت و دواتر بخرێته لیستی ره‌شه‌وه‌و رێگه‌ی پێنه‌درێت هاورده‌ی خۆراك بكاته‌وه، به‌مه‌ش ده‌بێته داتابه‌یسێكی باشی خۆراك». د. سیروان ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت:» چای سه‌وز ته‌نها گه‌ڵا سه‌وزه‌كه‌یه، به‌ڵام یه‌ك قۆناغ سووتانی به‌سه‌ردا دێت بۆ ئه‌وه‌ی نهئۆكسێدو تام و ره‌نگ و بۆنی نه‌ڕوات، ئه‌ویش به‌دوو رێگا ده‌كرێت بوخاركردن له‌یابان و گه‌رمكردن له‌چین و هندستان، جۆری دووه‌م چای ره‌شه كه‌هه‌مان ئه‌و چایه‌یه به‌ڵام ترشاندنی بهسهردادهكهن تا ره‌نگه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت و وشك ده‌بێته‌وه»، راشیگه‌یاند:» ده‌بێت شوێنی چاندن و كه‌شوهه‌واو خاك له‌گه‌ڵ شێوازی مامه‌ڵه‌كردن بۆ كۆكردنه‌وه‌ی چا گونجاو بێت، جۆرێكیتر دوای كۆكردنه‌وه‌یه‌تی له‌كێڵگه ئه‌ویش شێوازی هه‌ڵگرتن و مانه‌وه‌ی له كۆگادایه»و وتیشی:»رێگای دووه‌م له‌ڕێگای بینینه‌وه‌یه كهچای باش له‌بازاڕه‌كان بناسینه‌وه، جۆری چای گه‌ڵا گه‌وره زۆر لول دراو ئه‌م جۆره جۆرێكی باشه به‌راورد به‌و چایانه‌ی وردكراوهو قه‌دی چاكه‌ی تێدایه، چونكه به‌ناو سلینده‌ردا رۆیشتوه‌و هه‌موو خانه‌كانی تێكشكاندووه، به‌مه چایه‌كی كوالێتی نزمی به‌رهه‌مهێناوه، مادده‌ی كافین به‌ڕێژه‌ی سێی و نیو له‌چادا هه‌یه، به‌مه‌ش مرۆڤ ئالوده‌ی خواردنه‌وه‌ی ده‌كات»، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:»فێڵكردن له‌چا ئه‌وه‌یه كه رووه‌كی تری تێكه‌ڵ ده‌كرێت و زیادكردنی جۆرێكی زۆر له‌بۆن، هه‌روه‌ها له‌كاتی هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی له‌كێڵگه هه‌ندێك له‌ده‌غڵ و گژوگیای تری تێكهڵكرابێت، ئه‌و چایانه‌ی له‌كوردستان هه‌ن ناتوانین بڵێین كوالێتییان باشه یاخود خراپه، ده‌بێت له‌ڕووی كیمیایی و فیزیایی و بایه‌لۆجی تێست كرابێت». له‌جیهاندا سێ جۆری به‌ناوبانگی چا هه‌یه، كه‌ئه‌وانیش ره‌ش و سه‌وزو ئۆلۆنگه، له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه یه‌كێكه له‌مادده هۆشیاركه‌ره‌وه‌كان و به‌رگری له‌ش زیادده‌كات له‌وباره‌یه‌وه پسپۆڕێكی بواری به‌رگری له‌ش، د.شۆخان عوسمان بۆ هاوڵاتی دواو ده‌ڵێت:» چا به‌پێی پێكهاته‌كان ده‌گۆڕێت و سوودو زیانی هه‌یه، سووده‌كانی چا ئه‌وه‌یه به‌رگری له‌ش به‌هێز ده‌كات و سوودی زۆره بۆ ده‌م و پووك و هه‌رسكردن، به‌ڵام زیاده‌ڕه‌ویكردن له‌خواردنه‌وه‌ی زیان به‌گه‌ده ده‌گه‌یه‌نێت و پرۆسه‌كانی بایه‌لۆجی ناو خانه‌كان لاواز ده‌كات، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌هۆی هه‌ڵمژینی ئاسن و ئه‌لیكترۆلایت و كانزاكان كه‌ڕۆژانه له‌ش به‌ده‌ستیده‌هێنێت»، وتیشی:» چا ده‌بێت پێش ژه‌مه خواردن بخورێته‌وه ئه‌ویش یه‌ك كوپ له‌ڕۆژێكدا، هه‌روه‌ها خواردنه‌وه‌ی چا بۆ ماوه‌ی ٢٠ ساڵ به‌ڕێژه‌ی زۆر ئه‌گه‌ری توشبوون به‌برینی گه‌ده‌ی هه‌یه كه‌مرۆڤ دووچاری شێرپه‌نجه ده‌كاته‌وه»، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی چای كێش دابه‌زاندن د.شۆخان ده‌ڵێت:» جه‌سته هه‌موو رۆژ پێویستی به‌مادده‌و كانزاكانه وه‌ریبگرێت، ئه‌م چایانه‌ش هه‌ستی تێربوون ده‌دات به‌جه‌سته‌و ناهێڵێت سوود له‌و وزانه وه‌ربگیرێت، كارده‌كاته سه‌ر گه‌ده‌و غوده‌ی ده‌ره‌قی و كۆڵۆن له‌گه‌ڵ گورچیله‌كان و یاری بههۆرمۆنهكانی له‌ش ده‌كات، چای سه‌وز باشترینه دژی پیریی و نه‌خۆشییه درێژخایه‌نه‌كانه». مام به‌كر نۆبه‌ره‌ی وه‌ستا شه‌ریفی چایچیه له‌گه‌ڵ عومه‌ری برای 52 ساڵه چایی پێشكه‌شی كڕیاره‌كانیان ده‌كه‌ن له‌چایخانه‌ی شه‌عب، چایخانه‌ی شه‌عب له‌ساڵی 1950 دامه‌زراوه، مام به‌كر له‌گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ هاوڵاتی باسی كوالێتی چا ده‌كات و ده‌ڵێت:» زیاتر له‌پێنج جۆر چا تێكه‌ڵ ده‌كه‌ین و كڕیار لێی رازییه، چایه‌كمان به‌كارنه‌هێناوه كه‌خراپ بێت، جاران یه‌ك جۆر چا هه‌بوو ئه‌ویش سیلان بوو، چای ئێستا بۆ ماوه‌ی 15 خولهك دابنرێت ره‌نگه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت وه‌كو خه‌نه‌ی لێدێت و تامی زۆر ناخۆش ده‌بێت»، مام به‌كر وتیشی:» جاران چا كه‌م ده‌خورایه‌وه و چایخانه‌ش كه‌مبوو، یه‌ك چا بهعانهیهك بوو، قۆریهكمان لێده‌نا به‌شی سێ كاتژمێری ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا كڕیار زۆره‌و قۆریه‌ك چا به‌شی چاره‌كێك ده‌كات، موشته‌ری هه‌یه دوو پیاڵه ده‌خواته‌وه‌و هه‌یشه 15 پیاڵه چا ده‌خواته‌وه».
