هاوڵاتی بەدواداچوونێکی هاوڵاتی، ڕێگرییەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات. لە 25-3-2023 بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند پابەندە بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە. بەڵام تاوەکو ئێستا دەستیپێنەکردووەتەوە.  بەوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان کە بەشداری گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدایە، " دوو ڕێگریی سەرەکیی هەن لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، یەکەمیان پابەندیی عێراقە بە ڕێککەوتنی ئۆپیک کە پێویست ڕۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل هەناردە بکات، عێراقیش ئەو بڕەی لە نەوتی کوردستان کە ئێستا هەناردە ناکرێت، بە نەوتی بەسرە پڕی کردووەتەوە". بە وتەی سەرچاوەکە"ئەگەر بەغدا نەوتی کوردستان هەناردە بکاتەوە، دەبێت لەو بەشەی نەوتی بەسرە ببڕێت، ئەمەش لە زیانی خۆیەتی، بۆیە ئەم کارە ناکات. هۆکاری دووەمیش بەهۆی تێچووی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێمی کوردستان". بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ ڕێکخراوی ئۆپیک ڕێککەوتنی هەیە بۆ سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، بانكی ناوەندی عێراق بڕی 255 ملیۆن و 856 هەزار  273 دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە. ئاماژەی بەوەشداوە، لەو بڕە 13 ملیۆن و 550 هەزار دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە، بڕی 269 ملیۆن و 406 هەزار و 273 دۆلاریش بە شێوەی حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەی نزیكەی ساڵێكە نرخی دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

هاوڵاتی ١. ناوچەی کفر؛  ڕۆژی ٢٩/ ٧، ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە گەڕەکی جمهوریەت لە ناحییەی کفر کرایە ئامانج. لەم ئۆپەراسیۆنەدا دوو پۆلیس بریندار بوون و ئۆتۆمبێلەکەش زیانی پێگەیشت. ڕۆژی ١/ ٨، ئۆتۆمبیلێکی پۆلیس لە گەڕەکی ئۆرمان لە ناحییەی کفر کرایە ئامانج. ئەمەش کوشتنی سێ پۆلیس و برینداربوونی دوو پۆلیسی دیکەی لێکەوتەوە. ٢. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛ لە ٧/ ٨، کاتژمێر ٠٩:٠٠ شەڕڤانانی  یەکینەکانی ژنانی ئازاد، سەربازانی داگیرکەریان کردە ئامانج لە کاتێکدا کە هەوڵیان دەدا بە چەکی قورس بەرەو بەرەکانی بەرخۆدان لە گردی جودی پێشڕەوی بکەن و ناچاریان کردن ڕابوەستن. لە ٧/ ٨، کاتژمێر ١:٤٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ هێزەکانی پارستنی گەل هەوڵێکی سەربازانی داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج، کە پێشڕەویان دەکرد بەرەو گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی و ناچاریان کردن بوەستن. ڕۆژی ٨/ ٨ کاتژمێر ٠٥:٣٠ شەڕڤانان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی بە قەنناس فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە سوپای داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج و خستیانە خوارەوە. لە ٧/ ٨ کاتژمێر ٠٦:٣٠ و ٠٩:١٧ خولەک هێزەکانمان بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدیە کردە ئامانج. لە ٧/ ٨ کاتژمێر ٠١:٣٠ و ٠٣:٢٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج. ڕۆژی ٨/ ٨ کاتژمێر ٠١:١٥ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل دەستوەردانیان کرد لە هەوڵی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەرەکانی داگیرکەر لەو ناوچەیەی کە هێزەکانمان بۆسەیان بۆ یەکەیەکی سوپای داگیرکەر نابوویەوە و بە تەواوی لەناویان بردن. ٣. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛ لە ٧/ ٨ ، داگیرکەران ٣ جار تونێلەکانی بەرخۆدانیان لە گردی ئێف ئێم بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومان کرد. لە ٧/ ٨، داگیرکەران ٧ جار تونێلەکانی بەرخۆدانیان لە گردی جودی بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومان کرد. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛ لە ٧/ ٨، داگیرکەران دوو جار ناوچەکانی شەهید شەریف و لولان لە خاکورکەیان بۆردوومان کرد، دوو جار ناوچەکانی کاری و شەیهەیان لە کاری و دوو جار ناوچەکانی سری مەتینا و بیشیلەیان لە مەتینا و ناوچەکانی گردی بەهار و گردی جودییان  لە ڕۆژئاوای زاب، ١١ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکرد، کە  کۆی گشتی دەکاتە ١٧ هێرشی ئاسمانی. ٨/ ٨/ ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەربارەی نوێترین پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئێران دژی هاوڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانیاری نویێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، چوار بەندکراوی کوردی لە سێدارەدا و  سزای زیندانیکردنیشی بەسەر چالاکوانێکی خەڵکی شاری دێولاندا سەپاند. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاگەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ ڕژێمی ئێران لە زیندانی کەرەج چوار بەندکراوی کوردی بەناوەکانی فرود گەراوەند، محەمەد غوڵامی، ئیسماعیل شەرەفی و شەهاب مەلێکی بەتۆمەتی جیاواز لە سێدارەدا. دەشڵێت، ڕژێمی ئێران هەر لەو ڕۆژەدا، سزای زیندانیکردنی بەسەر حیکمەت ئەمیری چالاکوانی خەڵکی شاری دێولاندا سەپاند، بە تۆمەتەکانی” بانگەشە دژی  حکومەت” و ” هاوکاریکردنی گرووپە دژبەرەکان”. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئەوە خراوەتەڕوو، حیکمەت ئەمیری لە بواری ژینگەپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکە، لە لایەن دادگای شاری دێولانەوە سزای 6 مانگ بەندکران و 36 مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.

هاوڵاتی کۆمپانیای دانەغاز دەڵێت، بەرزبوونەوەی قازانجی پوختەی کۆمپانیاکە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی پوختەی قازانجی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، كۆمپانیای دانەغاز لەبارەی داهات و قازانجی و ڕێژەی بەرهەمهێنانی نیوەی یەكەمی ئەمساڵی كۆمپانیایەكی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، كۆی داهاتی كۆمپانیای دانەغاز لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ 190 ملیۆن دۆلار بووە، لەكاتێكدا لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2023 كۆی داهاتەكانی 222 ملیۆن دۆلار بووە. دەشڵێت، داهاتی نیوەی یەكەمی ئەمساڵی كۆمپانیای دانەغاز 190 ملیۆن دۆلار بووە و 72 ملیۆن دۆلاری قازانج بووە، لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ قەبارەی بەرهەمهێنانی بەڕێژەی 3% بەرزبووەتەوە بۆ 37 هەزار و 600 بەرمیل. کۆمپانیای دانەغاز ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەرزبوونەوەی قازانجی پوختەی كۆمپانیاكە لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا بووەتە هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی پوختەی قازانجی نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا 34 ملیۆن دۆلار پوختەی قازانجی هەبووە، كە بەراورد بە چارەكی دووەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی 3% بەرزبووەتەوە. کۆمپانیاکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، كۆی داهاتی كۆمپانیا دانەغاز لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ 190 ملیۆن دۆلار بووە، لەكاتێكدا لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2023 كۆی داهاتەكانی 222 ملیۆن دۆلار بووە. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا دەڵێت، بەهۆی هێرشەكەی 26ی نیسانی ئەمساڵ بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر، دانەغاز و هاوبەشەكانی كاردەكەن بۆ دانانی كاتێكی نوێ بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی كیڵگەی كۆرمۆر كە بە (KM250) ناسراوە، بڕیاربوو پرۆژەكە تا كۆتایی ئەمساڵ تەواوبكرێت، بەڵام هێرشەكە دوایخست.

هاولاتی هەپەگە ناسنامەی دوو شەهیدی ڕاگەیاند بە ناوەکانی گەلهات و دۆغان، کە لە هەرێمی مەتینا شەهیدبوون. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەهیدبوونی دوو گەریلا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هاوڕێیانمان گەلهات کۆچەر و دۆغان عامودێ لە هەرێمی مەتینا لە کاتی جیاجیادا لە هێرشەکانی دوژمندا شەهیدبوون. هەپەگە ئەوەشی خستۆتەڕوو، هاوڕێیانمان گەلهات و دۆغان کە بە کاریگەری وەرگرتن لە ڕۆحی ئازادیی ئاپۆیی لە کوردستان تێکەڵ بە ڕیزەکانی تێکۆشان بوون، بە بەرخۆدانی خۆیان لە دژی هێرشە قڕکارییەکان بۆ سەر گەلەکەمان، بوونە نمونەی هەرە بەرچاوی یەکێتی نەتەوەیی گەلەکەمان. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەندراوەکدا باس لەوەشدەکەن، هاوڕێانمان ئەوەی بە ئەرکی شۆڕشگێڕی خۆیان دانا کە لە کوێ هێرش بکرێتە سەر گەلەکەمان، ئەوان لەوێ بن و بجەنگن، بەو تایبەتمەندیەشیان بۆ سەرجەم گەنجانی کورد بوونە نموونە، هاوڕێیانمان گەلهات و دۆغان کە لە هەموو ساتێکی ژیانی تێکۆشانیاندا مۆرکی خۆیان لە سەرکەوتنی گەورەدا، بە بەشداربوونی چالاک لە هەموو کارێکدا و هەڵوێستی جەنگاوەرانەی خۆیان، لە بەرەکانی بەرخۆدان لە دژی هێرشەکانی دوژمن بە کەسایەتی گیانبازانە شوێنپێی گرنگیان لە مێژووی تێکۆشانمان بەجێهێشت. هەپەگە باسلەوەشدەکات، گەلهات و دۆغان بڕوایان بەوە هەبوو کە سەرکەوتن لە شەڕ و ئازادیی گەلەکەمان تەنیا لە ڕێگەی تێکۆشانێکی فیداییەوە مسۆگەر دەبێت، بە ڕەنج دەبێت و لەو پێناوەدا بە تێکۆشانی دەروێشانە بوونە جەنگاوەری نمونەیی ئاپۆیی. وتیشی، هاوڕێیانمان خاکەڕایی بوون و لە خۆبوردەیی کە یەک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی جەنگاوەری ئاپۆییە وەک شێوەی ژیان قەبوڵیان کرد، بە ڕاستگۆیانەوە ولە دڵەوە ژیان و ورەی بەرزی خۆیان، بە قوڵبوونەوەیان لە جیهانی واتا بۆ تێکۆشانمان و هاوڕێیانیان بوونە هێز و ورە. لە کۆتایی ڕاگەندراەکەشدا هاتووە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەلهات و دۆغان و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکات و بەڵێن دووبارەدەکەنەوە کە لە کوردستانی ئازاد دا یادی ئەو جەنگاوەرە ئاپۆییە بەنرخانە بکەنەوە. هەپەگە بەم شێوەیە زانیاری لەسەر ناسنامەی هەر دوو شەهید خستۆتەڕوو: ناسناو: دۆغان عامودێ ناو و پاشناو: ئەحمەد عومەر شەریف شوێنی لەدایکبوون: دێرەزور ناوی دایک- باوک: شوکریە – عومەر کات و شوێنی شەهیدبوون: 17ی حوزەیرانی 2024/مەتینا ناسناو: گەلهات کۆچەر ناو و پاشناو: عەبدوڵا ئارسلان شوێنی لەدایکبوون: شڕنەخ ناوی دایک- باوک: خەزال – ئەحمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: 9ی حوزەیرانی 2024/مەتینا  

هاوڵاتی وەلید خالید عەباس دەڵێت، کۆمیسیۆن پرۆسەی ئەزمونیی هەڵبژاردن بۆ تاقیكردنەوە لە 181 وێستگەی دەنگدان لە هەرێم ئەنجامدەدات و ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیەش زانینی ئاستی چالاكی ئامێرەكان و خێراكردنی ئەنجامەکانە و دڵنیابوونە لێیان. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، وەلید خالید عەباس, بەڕێوەبەری فەرمانگەی پرۆسەكان و تەكنەلۆجیای زانیاری لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، كۆمیسیۆن ڕۆژی 12و 25ی ئەم مانگە دوو پرۆسەی ئەزمونیی هەڵبژاردن بۆ تاقیكردنەوە لە 181 وێستگەی دەنگدان ئەنجامدەدات. وەلید خالید ئاشکراشیکردووە، پرۆسەكە لە 53 وێستگەی دەنگدانی گشتی و 3 وێستگەی دەنگدانی تایبەت لە هەولێر و دوو وێستگەی تایبەت لە دهۆك و 74 وێستگەی گشتی و 2 وێستگەی تایبەت و 5 وێستگەی گشتی لە سلێمانی و یەك وێستگەی تایبەتیش لە هەڵەبجە ئەنجامدەدەرێت. دەشڵێت، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە زانینی ئاستی چالاكی ئامێرەكان و خێراكردنی ئەنجامەکانە و دڵنیابوونە لێیان، وەك ئامادەكاریەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. بەڕێوەبەری فەرمانگەی پرۆسەكان و تەكنەلۆجیای زانیاری، ئەوەشی خستۆتەڕوو، كارمەندانی كۆمیسیۆن لە 10ی مانگی داهاتوو، ناوەندی گواستنەوە تاقیدەكەنەوە، بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەی ئەنجامەكان لە وێستگەكانەوە بۆ سێرڤرەكان و ناوەندەكانی گواستنەوە زۆر پارێزراوە و بەهیچ شێوەیەك بواری چوونە ناوەوەی نیە. جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی بڵاوکردەوە، لە یەکی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران. بەپێی خشتەی خەرجی و داهاتەکانی عێراق بێت، خەرجییەکانی حکومەتی عێراق لەو شەش مانگەدا 58 ترلیۆن و 253 ملیار دینار بووە کە لەو بڕە 5 ترلیۆن و 73 ملیار دیناری بۆ مووچەی هەرێم ناردووە و 15 ترلیۆن و 954 ملیار دیناریشی داوە بە پێشینە. هەر لەو خشتانەدا هاتووە کە زیاتر لە 40 تریلیۆن دیناری عێراق بۆ مووچە رۆیشتووە کە دەکاتە 77.1%ـی کۆی خەرجییەکان. کۆی گشتی داهاتی عێراق لە شەش مانگەدا 65 ترلیۆن و 921 ملیار دینارە. لەکۆی ئەو داهاتەی عێراق، تەنها 230 ملیار دیناری داهاتی هەرێمە. هەروەها لەو 58 ترلیۆن دینارەی خەرجی کردووە 40 ترلیۆن و 433 ملیار دیناری بۆ موچەو چاودێری کۆمەڵایەتی خەرج کراوە بەم جۆرە: - 28 ترلیۆن و 189 ملیار دیناری بەهەرێمیشەوە بۆ مووچە بووە. - 12 ترلیۆن و 244 ملیار دیناریش بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی بووە قەبارەی خەرجییەکانی بودجە لە ساڵی 2024دا 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و داهاتەکانیش 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، کورتهێنانیش 64 تریلیۆن دینارە.

هاوڵاتی زانیاری ورد سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛ ڕۆژی ٥/ ٨، کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە،  هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی تاکەکەسی. دەستوەردانین لە هەوڵێکی سوپای داگیرکەری تورکیادا کرد، بۆ پێشڕەویکردن بەرەو تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی جودی. ڕۆژی ٦/ ٨ کاتژمێر ٠٤:٤٥ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، چاودێری جموجۆڵەکانی سوپای داگیرکەری تورکیایان کرد لەسەر گردی جودی و بە چەکی قورس کردیاننە ئامانج بۆ ئەوەی داگیرکەر ناچار بە وەستان بکەن. ڕۆژی ٦/ ٨، کاتژمێر ٠٥:١٥ خولەک،  هێزەکانی پاراستنی گەل، مینێکی سوپای داگیرکەریان لە گردی جودی تەقاندەوە. لە ٦/ ٨، کاتژمێر ١٠:٠٠ شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد دوای چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی سوپای داگیرکەرەوە لە کاتی تاکتیکی مینچاندندا، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی ئۆپەراسیۆنێکیان دژی سەربازانی داگیرکەر ئەنجامدا. ڕۆژی ٥/ ٨، کاتژمێر ٠٨:١٠ خولەک،  شەڕڤانان بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی کردە ئامانج. لە ٥/ ٨، کاتژمێر ١٢:٠٠، ١٢:٣٥، ٠١:٠٢، و ٠٣.١٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی کردە ئامانج. ڕۆژی ٥/ ٨ کاتژمێر ٠٩:٠٠ و ٠٥:٥٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، دوو کامێرای چاودێری سەر بە سوپای داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار تێکشکاند. لە ٦/ ٨، هێزەکانی پاراستنی گەل، چاودێری جوڵەکانی یەکەیەکی سوپای داگیرکەری تورکیایان کرد و خستیاننە ژێر کۆنترۆڵ و بۆسەیەکی ئامادەکراوەوە. هێزەکانی پاراستنی گەل، لە کاتژمێر ٠٧:٣٠ خولەک، بە چەکی تاکەکەسی و نیمچە ئۆتۆماتیکی لە  نزیکەوە لە دوو باڵەوە سوپای داگیرکەریان کردە ئامانج. لەگەڵ دەستپێکردنی بەئامانجگرتنەکە، ئازوخەی تەقەمەنی ڕیزەکانی داگیرکەر تەقییەوە و ئاگرکەوتنەوەی لێکەوتەوە. ئەمە بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەنێو سەربازانی داگیرکەردا، کە ناچار بوون پەرتەوازە و بڵاو ببنەوە. ئەم ئۆپەراسیۆنەی هێزەکانی پاراستنی گەل، بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی ١٥/ ٨وە، ئەنجامدرا، کە بووە هۆی کوژرانی ١٤ سەربازی داگیرکەر و یەکێکیان ئەفسەرێک بوو بە ناوی عەلی و برینداربوونی ٥ سەربازی دیکەش بە سەختی. سوپای داگیرکەری تورکیا تا کاتژمێر ٠٢:٣٠ خولەک، بە کۆپتەرەکانی سیکۆرسکی ٦ نیشتنەوەیان ئەنجامدا بۆ گواستنەوەی کوژراو و بریندارەکان لە بەرەکانی شەڕەوە. ٢. ناوچەی مەتینا؛  لە ٧/ ٨، کاتژمێر ٠٧:٢٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، کامێرای چاودێری سەر بە سوپای داگیرکەری تورکیایان بە قەناس کردە ئامانج و لەناویان برد. ٣. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛ لە ٥ و ٦/ ٨، داگیرکەران ٧ جار تونێلەکانی بەرخۆدانیان لە گردی ئێف ئێم بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومان کرد. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛ ڕۆژانی ٤ و ٥ و ٦/ ٨،  تورکیای داگیرکەر ٤ جار ناوچەکانی شەهید شەریف، سونینە، گردی شەهید هێمن و لولانیان لە خاکورکە ٤ جار بۆردوومان کرد، دینارتی، زیڤکی، دێرجە، زینکڵ، کانی سەرکە، دەشتا کافیا، یەکمالێ، خەیری، گردی کۆنێن، سیدارە و گردی حەفتاباخیان ١٧ جار بۆردوومانکرد، ناوچەی بیشیلەشیان لە مەتینا٥ جار بۆردوومانکرد، گردی بەهاریشیان لە ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب، ٦ جار بۆردوومانکرد، کە کۆی گشتی دەکاتە٣٢ هێرشی بۆردوومانکردن بە فڕۆکە جەنگییەکان. ٥. سوپای داگیرکەری تورکیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و هەموو ڕۆژێک لە کوردستان تەقەمەنی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت. داگیرکەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە بریتییە لە شکاندنی بەرخۆدانی گەڕیلا و داگیرکردنی باشووری کوردستان، هەموو جۆرە شێوازێکی دوور لە ئەخلاق و یاسا بەکاردەهێنێت. هەرچەند بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامانجی سەرەکی ئەو گەڕیلاکانە، بەڵام بە هەزاران هێرشی نامرۆڤانە، سەلماندوویەتی کە دوژمنی هەموو بەهاکانی گەلی کورد و سروشتی کوردستانە. یەکێک لە دوایین تاوانەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا وێرانکردنی گۆڕستانێکی سەد ساڵەی خەڵکی گوندی سیگری فەوقایە، کە سەر بە قەزای عیمادیەی باشووری کوردستانە. داگیرکەر بە پاڵپشتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەستا بە ڕوخاندنی ئەم گۆڕستانە کە دەکەوێتە کۆئۆردینیاتی ٣٨ SLG٧١٨٤٧   ٠٦٣٣٧و لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا کردی بە بنکەیەکی سەربازی. وەک چۆن بە تێپەڕین بە دەروازەی سنووری سەرزێری و بەکارهێنانی ڕێگای قیردا بۆ گەیشتن بە قەزای عیمادیە، ئامێری هەڵکەندن دەهێنرێتە ناوچەکە. بەم کردەوانە دەوڵەتی تورک و سوپاکەی جارێکی تر پێوەرە ئەخلاقی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان تێپەڕاند و بە کارە دووڕووییەکانیان سووکایەتییان بە بەهاکانی گەلەکەمان کرد. ٧/ ٨/ ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، بەلەمێكی كۆچبەران كە 70 كۆچبەری لەسەر بووە لە كەناراوەكانی یۆنان كون بووە، پۆلیسی یۆنان بە هانایانەوە چووە و ڕزگاركران. بەلەمێك لە توركیاوە بەرەو یۆنان بەڕێكەوتووە، بەلەمەكە كون بووە، كۆچبەرەكان تووشی مەترسی بوون و پێش ئەوەی بكەونە ناو ئاوەكەوە لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە ڕزگاركراون. بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی هیچ پەنابەرێك نە خنكاوە وهەواڵە ڕاستەكە ئەوەیە تەنیا بەلەمەكەیان كون بووە، بەپێی زانیارییەكانیش دۆخی پەنابەرەكان باشە و هەموویان ڕزگاركراون و سەرجەمیان خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بوون.

هاوڵاتی بەوتەی شایەتحاڵێك بۆ هاوڵاتی لە گوندی عامورەی سەربەقەزای خورماڵ هاوەنێک کەوتووەتەخوارەوە. وەك شایەتحاڵەكە دەڵێت "هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە بەڵام ترسێکی زۆری لەناو دانیشتوانی گوندەکەدا بڵاوکردووەتەوە و چەند منداڵێکیش بووراونەتەوە". بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنیش بۆ هاوڵاتی، هاوەنەكە بۆ هێزێكی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە و لەناوچەكە ڕاهێنانیان كردووە.

هاوڵاتی  نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەربووە. ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئابی 2024، فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "حكومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم داتاكانی پەیوەست بە فەرمانبەرانی داوەتە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق كە وردبینی دەكات و ئەوەش پێویستی بە كات هەیە". ئاماژەی بەوەشکرد، "وەک ئاشکرایە وردبینی لە لیستی مووچەدا کاتی دەوێت و رەنگە هەندێک تێبینی مابێت و لە ماوەیەکی نزیکدا بەغدا پارەی مووچە دەنێردرێت".  نزیکەی سێ هەفتەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام بەهۆی هەبوونی هەندێک کەموکورتی لە لیستەکەدا لەڕووی نەبوونی بایۆمەتری و چەند گۆرانکارییەک هێشتا وردبینی لە لیستەکە بەردەوامی هەیە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی ئابی 2024، هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە، سەبارەت بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق بۆ داخستنی هەریەکە لە حزبەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی، بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، سێ پارتی سیاسیی یاسایی کە لە عێراق کاری سیاسیی دەکەن، بە بیانووی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەکەمان هەیە بریاری داخستنیان درا، ئاشکرایە کە حکومەتی عێراق لە سەر داوا و فشاری پارتی و دەوڵەتی تورکیا ئەو بڕیارەی داوە ئەوەشخراوەتەڕوو، داوا لە هێزە دیموکراتییەکان، ڕۆشنبیران، دامودەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی باشووری کوردستان و عێراق دەکەین لە دژی ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە هەڵوێستی بە کۆمەڵى خۆیان نیشان بدەن. هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەرێوەبەری کەجەکە لە ڕاگەندراوەکدا ئاماژە بەوەدەکات: سێ پارتی سیاسیی یاسایی کە لە عێراق کاری سیاسیی دەکەن، بە بیانووی ئەوەی پەیوەندییان لەگەڵ بزوتنەوەکەمان هەیە بریاری داخستنیان درا، ئاشکرایە کە حکومەتی عێراق لە سەر داوا و فشاری پەدەکە و دەوڵەتی تورک ئەو بریارەی داوە، هەربۆیە ئەو بڕیارە بە تەواوەتی سیاسییە، بریارێکی نادیموکراتیکە کە هیچ پەیوەندییەکی بە یاساوە نییە. بەهۆی ئەو بڕیارە نادیموکراتیکەوە بە توندی حکومەتی عێراق شەرمەزار دەکەن، حکومەتی عێراق سەری بۆ فشارەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک دانەواندووە و بەم جۆرە دەوڵەت و کۆمەڵگای عێراقی خستووەتە ژێر تۆمەتێکی قورسەوە، ئەو بڕیارە نادیموکراتیکە بووەتە پەڵەیەکی ڕەش بۆ دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق و بەو جۆرە دەچێتە ناو لاپەڕەکانی مێژووەوە پادێ، تەڤگەری ئازادیی و پارتی بەرەی تێکۆشانی دیموکراتیک بە گوێرەی دەستوری هەمیشەیی عێراق دامەزرابوون و لە چوارچێوەی دەستوری هەمیشەییدا کاری سیاسی دەکەن، هەربۆیە تۆمەتبارکردنیان بەوەی پەیوەندیان بە بزوتنەوەکەمانەوە هەیە و ئەوەش کراوەتە بیانووی داخستنی هەرسێ پارتەکە، مامەڵەیەکی بێ بنەما و ناتەبایە، جگە لە پەسەندکردنی ئەندێشەکانی ڕێبەر ئاپۆ ئەو سێ پارتە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەییان بە بزوتنەوەکەمانەوە نییە. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزی سەرەکی کە بزوتنەوەکەمان پەیوەندی لەگەڵ داناوە دەوڵەتی عێراقە، بزوتنەوەکەمان بە بێ هیچ چاوەڕوانیەک لە دژی داعش بە هانای گەلی عێراقەوە چوو، لە چوارچێوەی داواکاری و  بانگهێشتی حکومەتی عێراق هێزەکانمان ڕوویانکردە ئەو ناوچانە کە داعشی لێبوو و ئەو ناوچانەیان لە دەستی داعش ڕزگار کرد. حکومەتی عێراق ئەو کاتە دیداری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بزوتنەوەکەمان ئەنجامدا، لەبەردەم ڕای گشتی سوپاسی بزوتنەوەکەمانی کرد، بەڵام بەداخەوە حکومەتی عێراق ئێستا لەناو مامەڵەیەکی پێچەوانەدایە، لەگەڵ ئەو هێزانەی کە هەڵگری مێشکی داعشن پەیوەندی سازکردوە و لە دژی بزوتنەوەکەمان هەڵوێستی نیشان داوە، ئەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا پێچەوانەکردن، هەڵگەڕاندنەوە و نکۆڵیکردنە لە ڕاستیەکان، بە هیچ جۆرێک لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە. هەنگاونان لەگەڵ تەیب ئەردۆغان هەنگاونانە لەگەڵ داعش، هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییە، ئێمە جارێکی دیکە ئەوە دەخەینەڕوو، کەوتنە دوای تەیب ئەردۆغان دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق بەرەو مەترسی گەورە دەبات، دەوڵەتی تورک بە مێشکی نیۆعوسمانی لە هەڕێمەکەدا لە هەوڵی سازکردنی هەژموونی خۆیدایە، دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی هەڵگیرساندنی شەڕەوە دەیەوێت ئەو ئامانجەی بپێکێت و کوردەکان، تورکەکان، عەرەبەکان، جووەکان، فارسەکان و گەل و ئایینزاکانی هەرێمەکە بەگژ یەکتردا بکات و بەم جۆرە ئامانجە کانی عوسمانییەکانی بهێنێتەدی. پەیوەندی لەگەڵ هێزێکی خاوەن ئەو مێشکە و هەڵچنینی هیوا لەسەری هەڵەیە، هەمیش بە واتای خزمەتکردنە بە هێزی دژبەر، هەربۆیە ئێمە جارێکی دیکە داوا لە هێزە سیاسیە عێراقیەکان، پارتی، ڕۆشنبیرانی عێراقی دەکەین کە بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن، لە بەرامبەر ئەو پێشهاتە کە دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراق بەرەو مەترسی دەبات هەڵوێستی یەکلاکەرەوە و بڕیاردارانە نیشان بدەن. پادێ لە ناو خەڵکی شنگالدا خاوەن پێگەیەکە و سەرنجی خەڵکی شنگال بۆلای خۆی ڕادەکێشێت، زۆر واتادارە کە لە دەیەم ساڵیادی کۆمەڵکووژی شنگالدا بریاری داخستنی پادێ دراوە، ئەوە بە ڕوونی بە واتای هەڵوێستێکە بۆ لایەنگری لە قڕکردن و دڵخۆشکردنی تورکیا، پادێ لەلایەن ئەو کەسانەوە دامەزراوە کە لە کاتی هێرشەکەی داعشدا چوونە سەرچیا و شنگالیان جێنەهێشت، هەربۆیە ڕێکخستنێکی تێکۆشانی دیموکراتیکە کە لە دژی قڕکردن و جینۆساید دامەزراوە، ئێستا دەخوازرێت، پارتێکی بەو جۆرە دابخرێت و ئەو هێزانەی کە لە کاتی هێرشەکەی داعشدا هەڵاتن و خەڵکی شنگالیان لەناو قڕکردندا بەجێهێشت لە شنگال باڵادەست بکرێن. ئەو هەڵوێست و مامەڵە بەرامبەر بە گەلی شنگال، مامەڵە لەگەڵ قڕکردنی شنگال دەخاتەبەرچاو، لە هەمان کاتدا دەریدەخات کە عێراق لەسەر دەستی حکومەتی ئێستا بەرەو چ هەڵەیەک ئاڕاستە دەکرێت، سەرکوتکردنی ئیرادەی خەڵکی شنگال خزمەت بە چارەسەرکرندی کێشەکان لە شنگال ناکات، جگە لە قووڵکردنەوەی کێشەکان هیچ ئەنجامێکی نابێت، ئەوە مامەڵەیەکە کە هەم زیان بە خەڵکی شنگال و هەمیش عێراق دەگەیەنێت، داخستنی پادێ بە تەواوەتی پلانی دەوڵەتی تورک و پەدەکەیە، دەوڵەتی تورک و پەدەکە بۆ ئەوەی بتوانن پلانەکانیان جێبەجێ بکەن هەوڵ دەدەن کێشەکانی شنگال بەچارەسەرنەکراوی بهێڵنەوە و قووڵیان بکەنەوە، داخستنی پادێ بەهۆی ئەو نیاز و ئامانجەوەیە. ئێمە ئەو بڕیارە یەکجار هەڵە، مەترسیدار و نادیموکراتیکەی حکومەتی عێراق جارێکی دیکە شەرمەزار دەکەین، جارێکی دیکە دەمانەوێت سەرنجی هەموو کەسانی پەیوەندیدار ڕابکێشین بۆ سەر پێشهاتە هەنووکەییەکان، دەبێت بزانرێت کە ئێمە نەک هەر تەنیا حکومەت بەڵکو هەموو ئەوانەی بەرپرسیارن لەو بەرەوپێشچوونە دەخەینە ژێرباری بەرپرسیارێتیەوە. هەربۆیە جاڕێکی دیکە بانگەواز ئاڕاستەی هێزە عێراقیەکان دەکەین کە بەرپرسیارانە بجوڵێنەوە، هەروەها دەبێت هێزە دیموکراتیەکەکانی باشوری کوردستان و عێراق، ڕۆشنبیران، ڕێکخراوە مەدەنیەکان لە بەرامبەر ئەو بڕیارە ناڕەوا و نادیموکراتیکە کە لە سەر دەستی دەسەڵاتی دادوەری عێراق دراوە، هەڵوێست نیشان بدەن و شان بە شانی خەڵکی باشور، عێراق و شنگال بوەستن.

هاوڵاتی  ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ی ئابی 2024، بانکى ناوەندى عێراق بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ بڕى 274 ملیۆن و 280 هەزار و 749 دۆلار خراوەتە بازاڕەکانەوە. ئەوەشخراوەتەڕوو، لەو بڕە 12 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بە شێوەى نەقد فرۆشراوە و 261 ملیۆن 680 هەزار و 740 دۆلاریش بە شێوەى حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەى نزیکەى ساڵێکە نرخی دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرامبەر دینارى عێراقی بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە.

١. لە ناوچەی حێفتانین؛ ڕۆژی ٣/٨ کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی کیشان کردە ئامانج. ڕۆژی ٣/٨ کاتژمێر ١٢:٠٠، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی و چەکی قورس سەربازانی دوژمنیان لە گۆڕەپانی کانی بەی کردە ئامانج. ٢. لە ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛ لە ٢/٨ کاتژمێر ٧:٠٣ خولەک، شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە قەناس سیستەمی کامێرای چاودێرییان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لەناوبرد. لە ٣/٨ ئاب، کاتژمێر ٠٩:٣٠خولەک،  شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە قەناس سیستەمێکی کامێرای چاودێرییان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی لەناوبرد. ڕۆژی ٣/٨، کاتژمێر ٠٨:٠٥ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، بولدۆزەرێکی سوپای داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج  بە چەکی قورس، کە هەوڵی دروستکردنی ڕێگایەکی لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدیە دەدا، لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا، گورزێکی بەهێز لە بولدۆزەرەکە وەشێنرا و جوڵەی سوپای دوژمن وەستێنرا. ڕۆژی ٣/٨ کاتژمێر ٠٨:٤٠ خولەک، چەکدارانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدیە کردە ئامانج و کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەک، بە قەناس سوپای داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ئەم دوو ئۆپەراسیۆنە کوشتنی سەربازێکی تورک و لەناوبردنی تەقەمەنییەکانی سوپای داگیرکەری لێکەوتەوە. ڕۆژی ٣/٨، کاتژمێر ٠٨:٣٢خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ٤ سەربازی تورکیا بریندار بوون، کە دوو سەربازیان پلەی عەریفیان هەبوو. ڕۆژی ٥/٨ کاتژمێر ٠٢:٣٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار کردە ئامانج. ٣. هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا بە چەکی قەدەغەکراو؛ لە ٣ و ٤/ ٨، تونێلەکانی جەنگ لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئێف ئێم ٩ جار بە چەکی قەدەغەکراو بۆردومان کران. ٤. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛ لە ٣ و ٤ /٨، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ١٢ جار، مەیدانەکانی لولان، شەهید شەریف، قەنداکولە و سێنینیان لە ناوچەی خاکورک بۆردوومان کرد،  ٧ جار، گۆڕەپانی دێریک، کۆزە، دەشتی کافیا، شێکفتیایان گ لە ناوچەی کاری بۆردوومانکرد، ٥ جار گۆڕەپانی بەرخۆدانیان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب،  جارێکش گۆڕەپانی بەرخۆدانیان لە شیلازێ لە ناوچەی مەتینا بۆردوومانکرد، کە کۆی گشتی دەکاتە ٢٥ جار بۆردومانکردن. ڕۆژی ٤ و ٥/ ٨، گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاب و گۆڕەپانی بەرخۆدان لە شیلازێ لە ناوچەی مەتینا و گۆڕەپانی کەندەکولە لە ناوچەی خاکورک، بە کۆپتەرەکانی هێرش بۆردومان کران. ٥/٨/ ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل