هاوڵاتی دوو كچەكە یەكێكیان تەمەنی 10 ساڵە و تەمەنی چەند مانگێك بووە داعش ڕفاندوویەتی وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە ڕفاندنیان لە لایەن داعشەوە، دوو كچی ئێزدی لە سووریاوە گەڕێنرانەوە شنگال. یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند: لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری و بە هەماهەنگی پاسەوانی سنوور هەواڵگری نیشتیمانی عێراق توانی دوو كچە ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار بكات كە لە شنگال ڕفێنرابوون. ڕێكخراوی داعش لە ئابی 2014دا، هێرشی كردە سەر شنگاڵ و هەزاران ئێزدی لە هەردوو ڕەگەز جینۆساید و زیندە بەچاڵكرد و بەشێكیشیان بۆ سووریا ڕفاند. دوو كچە ئێزدییە ڕزگار كراوەكان ناویان ( خوناڤ و تەواف) ە كە تەمەنی یەكێكیان 10 ساڵە و ئەوی دیكەش 23 ساڵە و لە ناوچەی گرشینی ئیدارەی زاخۆ بەكەسوكاریان شاد كرانەوە. بەپێی زانیارییەكان كچەكە ئازادكراوەكان خەڵكی گوندی كۆجۆن لە شنگال. تا ئێستا سێ هەزار و 581 كچ و ژنانی ئێزدی ڕزگار كراون و دوو هەزار و 259 كچ و ژنی دیكەیش ماون ڕزگار بكرێن.
هاوڵاتی بەرپرسێکی سەربازی ئێران سەرجەم ئەو هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە کە هەفتەی ڕابردوو ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بڵاویکردەوە،کە مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران پێشنیازیکردووە ئەو ناوچانە بکرێتە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئیسڕائیلەوە هەیە لە کۆماری ئازەربایجان یان کوردستانی عێراق. ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی ئابی 2024، سەرچاوەیەکی سەربازی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە بغداد الیومی ڕاگەیاند، ئەوەی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی هەینی ڕابردوو بڵاویکردەوە، كە گوایە “سوپای پاسداران بەرەو هێرشی مووشەکی بۆ سەر تەلئەبیب پاڵدەنێت، بەڵام مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران پێشنیاری کرد، کە ئەو ناوەندانە بکرێتە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئیسڕائیلەوە هەیە لە کۆماری ئازەربایجان یان کوردستانی عێراق و ئاگادارکردنەوەی ئەو وڵاتانە پێش هێرشەکە” هەموو ئەو زانیارییانە ناڕاستن. سەرچاوەکە باسیلەوەشکردووە، تیرۆرکردنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس (ئیسماعیل هەنییە)، بەشێوەیەکی دوور لە عێراق (هەرێمی کوردستان) یان کۆماری ئازەربایجان، کە دراوسێی ئێرانە ئەنجامدراوە.
هاوڵاتی تورکیا ڕازی بووە بە چەند مەرجێک هێزەکانی خۆی لە سووریا بکشێنێتەوە، داوا دەکات لە سەر ئاستی وەزاری کۆبوونەوە بۆ ئەم بابەتە بکرێت. تورکیا و سووریا، بە نێودەندگیریی ڕووسیا، لە هەوڵی ئەوەدان پەیوەندییەکانی نێوانیان دەستپێبکەنەوە، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە تێکچوون؛ بەڵام بوونی سەربازیی تورکیا لە سووریا یەکێکە لە بەربەستەکان. باکان گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند ''تەنیا ئەو کاتە خاکی سووریا بەجێ دەهێڵین کە دەستووری نوێ پەسەند بکرێت، هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێن و ئاسایشی سنوورەکان بپارێزرێت''. وەزیری بەرگریی تورکیا '' ئاماژە بە هەوڵەکانی تورکیا دەدات دوای ڕەخساندنی هەل و مەرجی پێویست تورکیا و سووریا جارێکی دیکە هەوڵ دەخەنە گەڕ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، بە دانانی چەند مەرجێک لەلایەن تورکیاوە".
هاوڵاتی دوای دیاریکردنی پارێزگای کەرکوک و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی بەرەی تورکمانیی عێراق لە دادگای فیدراڵیی عێراق سکاڵای تۆمارکرد. ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئابی 2024، محەممەد سەمعان، وتەبێژی بەرەی تورکمانیی عێراق ڕایگەیاند، "سکاڵامان دژی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک تۆمار کرد". ئەمە لەکاتێکدایە، پاش هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک، پۆستی پارێزگاری شارەکە یەکلایی بووەوە و رێبوار تەها وەک پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێردرا. محەمەد ئیبراهیم حافز، بە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوک و ئەنجیل زیا شیبا لە فراكسیۆنی بابلیۆن (كۆتای مەسیحی)، بە بڕیاردەری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبژێردران.
هاوڵاتی سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی ئەزموونی بۆ تاقیکردنەوەی ئامێرەکانە تا هیچ گرفتێک لە کاتی هەڵبژاردنی گشتیی پەلەمانی کوردستان دروست نەبێت. بڕیارە 20-10-2024، هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت. حاکم عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: پرۆسەی هاوشێوەکردنی هەڵبژاردنی گشتیی لەسەرجەم ناوەندەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش بۆ تاقیکردنەوە و پشکنینی ئامێرەکانە تا لە توانای پرۆگرامەکان و سەلامەتی ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن دڵنیا ببینەوە. وتیشی: زیاتر لە 150 بڕگە لە خشتە زەمەنییەی کۆمیسیۆن دانراوە و لە کاتی خۆیاندا جێبەجێکراون، ئێستا ئامادەباشی تەواومان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن هەیە.
هاوڵاتی هێڵی ئاسمانی سویسرا سەرجەم گەشتەكانی بۆ ئێران، عێراق، ئیسرائیل تا 13ی ئەم مانگە ڕاگرت. بەهۆی ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەكانی ئێران لە ئیسرائیل و ئەگەری پێكدادانی ئەو دوو وڵاتە، هێڵی ئاسمانی سویسرا سەرجەم گەشتەكانی تا 13-8-2024 ڕاگرت.. هێڵی ئاسمانی سویسرا ڕاگەیاند "تا 13ی ئابی2024 سەرجەم گەشتەكانمان بۆ عێراق و ئێران و ئیسرائیل ڕادەگرین". بەهۆی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و گرووپە چەكدارەكانەوە زیاتر لە 13 هێڵی ئاسمانی جیهانی گەشتەكانیان بۆ عێراق و ئیسرائیل و ئێران و چەند وڵاتێكی دیكەی ناوچەكە ڕاگرتبوو.
هاوڵاتی لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سیتەكەوە باندێكی دزیكردن دەستگیركران كە چەندین تاوانی دزیكردنیان ئەنجامداوە. ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی چەند هاوڵاتییەك سكاڵایان تۆماركرد كە لەسنوری ناحیەی سیتەك دزییان لێكراوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانیان دەستپێكردو دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سیتەكەوە پێنج تۆمەتبار دەستگیربكرێن كە لە شێوەی باندێك دزییان كردووە و دانیان ناوە بە 20 تاوانی دزیكردن لەسنووری ناحیەی سیتەك و چەند شوێنێكی تر لە شاری سلێمانی". ئاماژە بەوەکراوە، "لە ئێستادا هەریەك تۆمەتباران ،( م، خ، ر لەدایكبووی 1994 – م، ی، ح لەدایكبووی 2000 – ه،ع،ع لەدایكبووی 1999 – م، ج،ع لەدایكبووی 1983 – ش،ع،ك لەدایكبووی 1994 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا كە بە تۆمەتباران بووە".
هاوڵاتی دەستەی کەشناسی عێراق ڕایگەیاند پلەی گەرمی شارەکانی عێراق بەرزدەبنەوە بۆ نیوە کوڵان. کەشناسی هەرێمی کوردستانیش ڕایگەیاند ئەم چەند ڕۆژە فێنکی دەکات. ساڵانە لە وەرزی هاویندا لەبەشێکی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق پلەکانی گەرما بۆ سەروو 50 بەرز دەبنەوە بەو هۆیەوە پشوو ڕادەگەیەنرێت. بەشی پێشبینی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ و بەیانی پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و ئاسمان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت. لەلاین خۆشیەوە، دەستەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای عێراق دەڵێت: لەچەند ڕۆژی ئایندە پلەکانی گەرمای چەند شارێک بۆ نیوەکوڵان واتا 50 پلە بەرز دەبنەوە. پلەکانی گەرمی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمڕۆ دووشەممە بەمجۆرە دەبێت و بەیانی پلەیەک لەهەموو شارەکان دادەبەزێت: هەولێر : 43 سلێمانی :41 دهۆک 42 کەرکوک : 45 هەڵەبجە : 43 زاخۆ :43 سۆران : 42 حاجی ئۆمەران : 32 گەرمیان : 45
هاوڵاتی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئابی 2024 لە سەرجەم بنکەکانی تۆماری دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان، دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێكرد. پڕۆسەی دەنگدان لە بەشێک لە بنكهكان دەنگدان تا ئێوارە بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی ئەو کەموکورتییانە چارەسەر بکەن، کە دێنە بەردەم پرۆسەکە. بڕیاره تا نزیک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، سێ جار دەنگدانی ئەزموونی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوە بچێت. بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی کۆڵبەرێکی گەنجی خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی عەلی ڕەسوڵی لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری سەردەشت بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، ڕۆژی یەکشەممە 11ی ئابی 2024، عەلی ڕەسوڵی تەمەن 33 ساڵ و خەڵکی گوندی کووران سەر بە شاری مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سەر سنووری دوپلوورەی سەردەشت کوژرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە گەنجە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە لایەن هێزە چەکدارەکان تەقەی لێ کراوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە. عەلی ڕەسووڵی خێزاندار بووە و باوکی منداڵێکە، ئەو کۆڵبەرە گەنجەی خەڵکی شاری مەهاباد لەم دواییانەدا دانیشتووی شاری نەڵاسی سەر بە سەردەشت بووە.
هاوڵاتی بەوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی، هێشتا وردبینی لیستی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو نەکراوە. مانگانە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانەی بەغدا دەکات، بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا بەغدا پارەکە ڕەوانە بکات و کێشە بۆ مووچەخۆران دروست نەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەنێردراو هۆکارەکەش درەنگ ناردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانە. بەوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتی، هۆکارێکی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، درەنگ ناردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانە، هۆکارێکی دیکەش بەوتەی سەرچاوەکە "پێمان وتراوە قۆناغێکی تری وردبینی بۆ لیستی مووچە زیاد کراوە، پێشتر تەنیا دیوانی چاودێری دارایی عێراق وردبینی دەکرد، بەڵام ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بودجەش لە وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی دەکات". سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت " پەیوەندیم بە وەزارەتی دارایی عێراقەوە کرد، بەڵام ئەوانیش نازانن کەی وردبینیەکە تەواو دەبێت".
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەو لێدوانانەی دەدرێن سەبارەت بە نەبوونی پارەی کاش بۆ مووچەی مانگی تەمووز دوورن لە ڕاستییەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەو لێدوانانەی لەبارەی نەبوونی پارەی کاش بۆ مووچەی مانگی تەمووز بڵاوکراونەتەوە ڕاست نین. دەشڵێت، دابینکردنی پارەی مووچە لە پێشەنگی کارەکانی وەزارەتی داراییە و مانگانە بڕی 7.5 ترلیۆن دینار بۆ پارەی مووچە تەرخان دەکەن. لە ڕاگەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی مانگی تەمووزیان وەرنەگرتووە.
هاوڵاتی ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، دەڵێت، بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی بڕیاری پارچە زەوی دەدرێت بە هاونیشتمانییانی ئێزدی و سوودمەنیش دەبن لە قەرزی خانووبەرە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ی ئابی 2024، خەلەف شەنگالی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی ڕایگەیاند، لە نووسراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دا کە 5ی ئەم مانگە ئاراستەی وەزارەتەکانی پلاندانان، دارایی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بانکی ناوەندی و پارێزگای نەینەوای کردووە، داوا دەکات پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە بە فەرمانبەرانی کوردی ئێزدی و پێکهاتەکانی دیکە بدرێت بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی گۆڕانی دیموگرافی. دەشڵێت، نووسراوەکەمان بە دەست گەیشتووە و بڕیارەکە گرنگە، چونکە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا هیچ بڕیارێکی وا نەدراوە. خەلەف شەنگالی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی نووسراوەکە، کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، پەروەردە، تەندروستی، شارەوانی و وەزارەتەکانی دیکە، هەروەها کەسوکاری شەهید و رفێنراوان و نیڤشکان سوودمەند دەبن لە بڕیاری پێدانی پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە نووسراوەکەدا هاتووە، داوا لە فەرمانگەکانی تایبەت و پلاندانان کراوە کار بۆ نەخشەکێشانی ناوچەکان بکەن بەشێوەیەک کە نەبێتە هۆی تێکدانی دیموگرافی ناوچەکان و تایبەتمەندی ناوچەی پێکهاتەکان بپارێزن. ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی، ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕیارەکە لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ دەکرێت و هاونیشتمانییانی ئێزدی سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی پارچە زەوی و قەرزی خانووبەرە. وتیشی، ئەم بڕیارەش وەکو رێزلێنانێک بۆ 10 ساڵەی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دراوە. سەرچآوە، ڕوداو
هاوڵاتی سەرەڕای ئەوەی بەرەی تورکمانی دابەشكردنی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک ڕەتدەکاتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بەشێکی تورکمانەکان بە نهێنی لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتوون و پۆستی جێگری پارێزگاری کەرکووک وەردەگرن. تورکمانەکان لە کەرکووک لەلایە دەڵێن دژ بە دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکەن و سکاڵا تۆمار دەکەن، لەلایەکی دیکەش سەرقاڵی وەرگرتنی پۆستی جێگری پارێزگاری شارەکەن. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، ئەحمەد ڕەزمی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەرەی تورکمانی لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتووە پۆستی جێگری پارێزگار وەربگرێت، بەڵام بە فشاری تورکمانەکان بەشداری لە کۆبوونەوەی شەوی ڕابردووی ئەنجوومەنەکەی لە بەغدا نەکردووە. هەر بەپێی زانیارییەکان ئەمڕۆ هاوپەیمانی عەرەبی و بەرەی تورکمانی کۆبوونەتەوە، بەڵام ئەحمەد ڕەمزی بەشداری نەکردووە و ئەمەش بەوە لێکدەدرێتەوە کە لەگەڵ یەکێتی ڕێککەوتنی ژێربەژێری کردووە.
هاوڵاتی هەپەگە ڕایگەیاند، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە هۆکاری ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ چەندین چالاکییان ئەنجامدا و لە چالاکییەکانیاندا نۆ سەربازی تورکیا کوژران و داگیرکەرێکیش بریندار بوو. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەى هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: لە ١٣ چالاکی گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگەدا لە ڕۆژانی ٧ تا ١٠ی ئاب لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گۆلکا لە هەرێمی مەتینا و لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بەهار و لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی و گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ، نۆ داگیرکەر سزادران، داگیرکەرێکیش بریندرابوو، گورز لە سێ حەفارە و میندۆزەرەوەیەک وەشێندرا. هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ١٠ی ئاب تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی ئێف ئێم سێ جار و گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی جودی دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کراون. ئەوەشی خستەڕوو، ٩ و ١٠ی ئاب لە هەرێمی خواکورک گۆڕەپانەکانی گردی شەهید هێمن، شەهید شەریف، بەربزن، سنین، لۆلان، لە هەرێمی گارە گۆڕەپانی دێرشێ، گردی زەنگل، گردی کون، زێڤکێ، شیێ، گرێ، دەریا هەرچێ، لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ گۆڕەپانی بەرخودانی شاخی بەهار و ساخی ئێف ئێم، لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بەرخودانی بێشیلی؛ بە گشتی ٢٥ جار ئەو شوێنانە بە فڕۆکەی شەڕ بۆردوومان کراون. هەروەها ٨، ١٠ و ١١ی ئاب هەرێمەکانی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ گۆڕەپانەکانی بەرخودانی شاخی جودی، شاخی بەهار و لە هەرێمی مەتینا گۆڕەپانی بەرخودانی سەرێ مەتینا بە هێلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردوومان کراون.