هاوڵاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق چوار كاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دوورخستەوە، داوایکرد لیستەکانیان لە سێ رۆژدا جێگرەوەیان دیاریبکەن. بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە 20-10ی ئەمساڵ دەکرێت، دەرگای پێشکەشکردنی ناوی كاندیدان داخراوەو لەئێستادا ناوی كاندیدەكان لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکیی عێراقە تا شیاوبوونی كاندیدبوونیان بۆ هەڵبژاردن پەسەند بکرێت. ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند: بەهۆی ئەوەی کاندیدبوونیان پێچەوانەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بووە، بڕیاردراوە هەریەک لە (هێلین ئەكرەم، هێمن عومەر، سامان مەحمود و دیاری هیدایەت) لە كاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دووربخرێنەوە. "پێویستە سێ لەو کاندیدانە لە سێ رۆژی دوای ئەم بڕیارە، لەلایەن لیستەکانیانەوە جێگرەوەیان بۆ دیاری بکرێت، بەڵام هێلین ئەكرەم بەهۆی ئەوەی کاندیدی تاکە کەسییە، شوێنگرەوەی بۆ دانانرێت".ئەنجوومەنی كۆمیسیاران وا دەڵێت.  

هاوڵاتی بەهۆی کۆچی دوای هاوژینی عومەری سەید عەلی، نازەنین عەبابەکر کەریم، لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل، پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی عومەر سەید عەلی کرد و دەڵێت، بۆ ئەو کۆستە هاوبەشیى خەم و پەژارەتان دەکەم و پرسە و ماتەمینى قووڵیى خۆم ئاڕاستەى یەک بە یەکى خانەوادە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم. دەقی پەیامی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل: بە ناوى پەروەردگاری بەخشندە و میهرەبان برای بەڕێزم کاک عومەر سەید عەلی بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی ماڵئاوایی خاتوو(نازەنین ئەبابەکر کەریم) خێزانی بەڕێزتانم بیست، کە خەمبار و نیگەرانی کردم، بۆ ئەو کۆستە هاوبەشیى خەم و پەژارەتان دەکەم و پرسە و ماتەمینى قووڵیى خۆم ئاڕاستەى یەک بە یەکى خانەوادە و بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەکەم. لە پەروەردگارى مەزن داواکارین گیانى نازەنین خان بە بەهەشت شاد بکات، دڵنەوایی و سوکناییش بە ئێوە و خانەوادە و بنەماڵە تێکۆشەر و سەربەرزەکەتان ببەخشێت و هەرگیز خەم نەبینن و ئەمەش دوایین ناخۆشی و تەنگانەتان بێت. هەر سەلامەت و سەربەرز بن. انا لله وانا الیە راجعون لاهور شێخ جەنگی

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی سێ شەهیدی ڕاگەیاند، بەناوەکانی سەما، بەهرۆز و فرات. هەپەگە لە ڕاگەندراوەکەدا ئەوەی خستۆتەڕوو، لە نیسانی 2024، لە ئەنجامی هێرشی دوژمن لە خواکورک، هاوڕێیانمان سەما، بەهرۆز و فرات شەهیدبوون. دەشڵێت، ئەو هاورێیانەمان بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی گەلەکەمان بۆ هەموو جۆرە گیانبازییەک ئامادەبوون، بە تێکۆشانی داستانییان ئەوەیان دووپات کردەوە هەپەگە ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو هاوڕێیانە لەناو هەلومەرجی سەخت و دژواردا بە ئیرادەی ئاپۆییەوە لە دژی دوژمن دەوەستانەوە، بە بەرخۆدانیان نیشانیاندا کە جەنگاوەریی گیانبازیی ئاپۆیی تێکناچێت، لە چەندین ناوچەی جیاوازە درێژەیان بە تێکۆشاندا بوون بە جەنگاوەری نموونەیی. لە کۆتایی ڕاگەندراوەکەدا هەپەگە باسلەوەدەکات، بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە درێژە پێدەری هێڵی تێکۆشانی هاوڕێیانمان بین، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هێژای هاوڕێیانمان و تەواوی گەلی وڵاتپارێزی کوردستانمان دەکەین. هەپەگە ناسنامەی ئەو سێ شەهیدەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو: ناسناو: باهۆز هەولێر ناو و پاشناو: فاواز ئۆسۆ شوێنی لەدایکبوون: کۆبانێ ناوی دایک و باوک: عەدولە-مەحموود کات و شوێنی شەهیدبوون: نیسانی 2024/خواکورک ناسناو: سەما جویا چەولیک ناو و پاشناو: زیلان ئازاک شوێنی لەدایکبوون: چەولیک ناوی دایک و باوک: گوڵتەن-یوکسەل کات و شوێنی شەهیدبوون: نیسانی 2024/خواکورک ناسناو: فرات هاروون ناو و پاشناو: حالەف کاراجان شوێنی لەدایکبوون: ڕحا ناوی دایک و باوک: سالیحا-محەمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: نیسانی 2024/خواکورک

هاوڵاتی دوو کۆمپانیای هێڵی فڕۆکەوانی نزیکەی هەفتەیەکە گەشتەکانیان لە شەوەوە خستووەتە ڕۆژ، ئەوەش بەهۆی مەترسی هێرشی ئێران. دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران، گریمانەی هێرشی مووشەکی ئێران بۆسەر ئیسرائیل زیادیکردووە، بەو هۆیەوە چەندین گەشتی ئاسمانی گرفتیان تێکەوتووە. بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی، هەفتەیەکە هەریەکە لە هێڵی فڕۆکەوانی تورکیش ئێرلاین و قەتەری، گەشتەکانیان لە شەوەوە خستووەتە ڕۆژ، واتا ئەو کەسانەی کاتی گەشتەکانیان دەکەوێتە شەو دوادەخرێت بۆ هەمان کاتی ڕۆژی دواتر. بەپێی زانیاریییەكان هۆکاری دواخستنی گەشتەکانی هەردوو کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین و قەتەری لە شەوەوە بۆ ڕۆژ، بەهۆی مەترسییەکانی هێرشی مووشەکی ئێرانە بۆسەر ئیسرائیل.

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، كۆمەڵێك ئاستەنگ ڕووبەڕووی یەكخستنی مووچەی 250 هەزار خانەنشینی هەرێمی كوردستان بووەتە بۆ هاوتاكردنی مووچەكانیان هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق. ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئابی 2024، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا بە ڕۆژنامەی (الصباح)ی ڕاگەیاند، مەرجی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی بۆ فەرمانبەرێك بەم شێوەیە، بەغدا مووچەی فەرمانبەرێک خەرج دەكات كە لەكاتی خزمەتدا پارەی خانەنشینی لێبڕدرابێت. موعین کازمی دەشڵێت، تائێستا نەگەیشتوینەتە ئەنجامێك لە دۆسیەكە، بۆ ئەوەی بە دەستەی خانەنیشنی نیشتمانی ڕابگەیەنین و پێویستە بڕی لێبیڕینەكان بدرێت بە دەستەكە، كە شایستەی خانەنشینان لەڕێی سندوقی خانەنشینیەوە دابین دەكات. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لێبڕینی خانەنشینی، لە مووچەی فەرمانبەر دەبڕدرێت و دەچێت بۆ دەستەی خانەنشینی، كە سندوقی خانەنشینان بەڕێوەی دەبات، بەڵام ئەمە لە هەرێمی كوردستان نیە ئەو جیاوازییەی ئێستا ڕێگەنادات شایستەكان یەكبخرێن و زامنی بەردەوامیدان بە شایسەی خانەنشینی هەرێم ناكات. موعین کازمی ئاماژەی بەوەشداوە، داواشکراوە چارەسەری دارایی بەردەوام بۆ زامنكردنی مافەكانی خانەنشینانی هەرێم بدۆزرێتەوە، بەبێ‌ دروستكردنی بارگرانی دارایی و دیراسەكردنی ئەگەری وەرگرتن و ناردنی پارەی لێبڕینی خانەنیشین لە 250 هەزار خانەنیشینی كوردستان بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ وەك مەرجی وەرگرتنی موچەی خانەنشینی، تا كۆتایی تەمەنی. لە کۆتایشدا موعین کازمی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئەوە پێویستە بەوپێیەی وەزارەتی دارایی و دەستەی خانەنشینی پارەی خانەنشین خەرجناكەن، تەنها بۆ فەرمانبەرێك نەبێت كە پارەی خانەنشینی لە خزمەتی 20بۆ 30 ساڵ و بەرەو ژوور لێبڕاوە.

هاوڵاتی بەهۆی ڕەخنەگرتن لە بەرپرسێكی سنوورەكە، دوو ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەسنووری سەیدسادق دەستگیركران. بەهۆی دامەزراندنی شەش كەس لە پڕۆسەیەكی "ناڕوون" چەند ڕۆژێكە هەڵمەتێك بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی شارەوانیی سەیدسادق لەلایەن ژمارەیەك چالاكوان و ڕۆژنامەنووسی سنوورەكە دەستیپێكردووە، هەڵمەتەكە بەرپرسانی یەكێتیشی گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە دوو ڕۆژنامەنووس دەستگیر كراون و یەكێك لەوان دوو ڕۆژە لە زیندانە. بەپێی زانیارییەكان، هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی هەریەك لە ڕۆژنامەنووس مەحموود شێخ نووری و ئەبوبەكر حوسێنیان لە سنووری سەیدسادق دەستگیر كردووە، ئەبوبەكر حوسێن ئەمڕۆ دەستبەسەر كراوە و پاشان لە دادگە ئامادە بووە و ئازاد كراوە، بەڵام مەحموود شێخ نووری دوو ڕۆژە دەستگیركراوە و ئێستا لە زیندانە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دووبارە دەستگیرکردنەوەی (دکتۆر سوهەیب)ی ڕاگەیاند، ئەو کەسەی هەڕەشەی لە ئافرەتان دەکرد. لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، "تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دووبارە (دکتۆر سوهەیب)یان بە تۆمەتی فریودان و هەڕەشەکردن لە ئافرەتان و خراپ بەکارهێنانی هێڵەکانی پەیوەندی دەستگیر کردەوە". ئاماژە بەوەکراوە، "تۆمەتباری ناوبراو، کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرابوو ،دواتر بە دەستەبەری (کەفالە) ئازاد کرابوو، دووبارە دەستی بە هەڕەشەکردن لە ئافرەتان کردبووەوە و هەروەها خۆی وەکو پزیشکی جوانکاریی ناساندبوو، کە لەو ڕێگایەوە ئافرەتانی هەڵدەخەڵەتاند و وێنە و ڤیدیۆی دەگرتن و هەڕەشەی لێ دەکردن، بۆیە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە، دووبارە لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیر کرایەوە و ڕادەستی دادگا کرا".

هاوڵاتی محەمەد شیاع سودانی لە 10ەمین ساڵیادی تاوانی کۆمەڵکوژی دژی شەنگال و پێکهاتە عێراقییەکانی تر چەند بڕیارێکی تایبەتی بە خەڵکی شەنگال دەرکرد. ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئابی 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق،لە میانەی بەشداریکردنی لە یادی 10ەمین ساڵیادی تاوانی كۆمەڵكوژی دژی ئێزیدییەکان و باقی پێكهاتەكانی دیكەدا و چەند برٍیارێكی دەركرد. محەمەد شیاع سودانی دەڵێت، لەشكركێشی بۆ سەر گوند و شارۆچكەكانی شنگال و گوندی كۆجۆ ئەو بۆ تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتیانە بوو، تیایدا خەڵكەكەی تووشی دڕندەییەكی بێ وێنە بوونەوە و بەهۆیەوە سەدان كەس كوژران و بریندار بوون. سەرۆک وەزیران ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو كۆمەڵكوژییەی لە دژی ئێزیدییەكان و پێكهاتەكانی دیكە لە سەر دەستی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش ڕوویدا، وامان لێدەكات كە خوازیارى ڕاگرتنی شەڕ بین لە هەموو شوێنێكی دنیادا. سودانی وتیشی، سندووقی ئاوەدانكردنەوەی دەشتی شەنگال و نەینەوامان دامەزراندووە، پێشتریش بڕیارمان دەركرد بۆ درووستكردنی 14 هەزار و 500 یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی شەنگال، دوێنێ ڕێنماییمان دەركرد بۆ ئەوەی خەڵكی شەنگال و دەشتی نەینەوا بتوانن قەرزی بانكی خانووبەرە و سندووقی نیشتەجێبوون و دەستپێشخەرییەكانی بانكی ناوەندی وەربگرن. سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد، بۆ كردنەوەی لقی زۆربەی دامەزراوە خزمەتگوزاری و دارایی و بانكییەكانی دەوڵەت لە شەنگال و پێدانی بڕوانامەی كار بە خەڵكی ناوچەكە ڕێنمایمان دەركردووە، هەروەها ڕێنمایمان بۆ دامەزراندنی زانكۆی شەنگال دەركرد، قەرەبووی ماڵە ڕووخاوەكانی ئاوارەكان و ناوچە زیانلێكەوتووەكانیش دەكرێتەوە.

هاوڵاتی لەبەر ڕۆشنایی بڕیارێکى دادگاى فیدراڵى موچەى ئەم مانگەى ئەندامانى پەرلەمانى عێراق کەمکرایەوە و پەرلەمانتارانیش دژى بڕیارەکەن و پێیان وایە، نابێت پەرلەمانتار وەک پلە تایبەت مامەڵەى لەگەڵ بکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئابی 2024، كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی بە ماڵپەری فەرمی یەكێتی ڕایگەیاند په‌رله‌مانتارانی عێراق مووچه‌كانیان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ داواكرابوو كه‌ پله‌ باڵاكان له‌حكومه‌ت مووچه‌كانیان كه‌مبكرێته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مانتار پله‌ باڵا نییه‌ ته‌نها بۆ چوار ساڵ له‌و پله‌یه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویست ناكات ئه‌و بڕیاره‌ په‌رله‌مانتاران بگرێته‌وه. دەشڵێت، به‌پێی بڕیاره‌كه‌ ساڵی خزمه‌ت و بڕوانامه‌و هاوسەر‌گیری و بوونی منداڵ كراوه‌ته‌ پێوه‌ر بۆ مووچە و به‌ڵام له‌ ڕابردوودا په‌رله‌مانتاران موچه‌یه‌كی جێگیریان هه‌بوو كه‌ 8 ملیۆن و 200 هه‌زار دینار بووه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ نوێیە به‌شێكی زۆری په‌رله‌مانتاران موچه‌كانیان كه‌می کردووە. کاروان یاروەیس ئاماژەی بەوەشداوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێویستبوو كارو چالاكی و هه‌وڵی په‌رله‌مانتاران بكرێته‌ پێوه‌ر نه‌ك بڕوانامه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ هه‌موو په‌رله‌مانتارێك 4 ملیۆن دیناری جێگیری هه‌یه‌و پاشان ده‌رماڵه‌كانی دیكه‌ وه‌رده‌گرێت، له‌م چوارشێوه‌یه‌شدا مووچه‌ی په‌رله‌مانتاران وه‌ك یه‌ك نابێت و ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕوانامه‌ی دكتۆرایان هه‌یه‌ مووچه‌كانیان زیادیكردوه‌. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆ مانگی حه‌وت په‌رله‌مانتارانی عێراق، بڕی 4 ملیۆن دیناری جێگیر و ده‌رماڵه‌كانی دیكه‌ش به‌پێی بڕوانامه‌و ساڵی خزمه‌ت و ژن و منداڵ پێیان دراوه‌، به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی دكتۆرایان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 100% و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی ماسته‌ریان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 75% و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی دبلۆمیان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 35% و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌شی بڕوانامه‌ی ئاماده‌ییان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 25% یان پێدراوه‌.

هاوڵاتی پارێزگاری هەولێر ئاگاداری دانیشتووانی شاری هەولێر دەکات، لە کاتژمێر 12ی ئەمڕۆ نیوەڕۆوە بۆ ماوەی 34 کاتژمێر هەموو ئەو گەڕەکانەی دەکەونە سەر پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ بێ ئاو دەبن. سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر لەڕێگەی بیر و سێ پڕۆژەی گەورەی ئیفرازەوە دابین دەکرێت. پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند: ماوەیەکە بەهۆی شکانی بۆڕی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز 3 لە جۆری GRP پڕۆسەی گواستنەوەی ئاو بۆ هاونیشتمانیان %20ی کەمیکردبوو، بەڵام بە چاککردنەوەی لە ڕۆژێکدا (60 هەزار مەتر سێ جا ئاو) بۆ شاری هەولێر زیاد دەکات. لە پڕۆژەکەدا دەبوو پێنج پەمپی گواستنەوەی ئاو کار بکات، هەر پەمبێک دوو هەزار مەتر سێجا ئاو بگوازێتەوە، یەکێک لەو پەمپانە کاری نەدەکرد، لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر پڕۆژەى گۆڕینی هێڵى 1500ملم جۆری GRP بۆ جۆری کاربۆن ستیل لە هێڵی گوێزەرەوەی ئیفراز 3 بەکۆتایی هات و بەمە هەنگاوە دوو هەزار مەتر سێجا زیاد دەکات. پارێزگاری هەولێر وادەڵێت. پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3 ئاوی پاک بۆ 40%ی دانیشتووانی شارى هەولێر دابین دەکات، لە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاوی ئەو پڕۆژەیە دەوەستێت بەمەبەستی بەیەکەوە بەستنەوەی بۆرییەکان. ئەمەش بەوتەی پارێزگاری هەولێر  

هاوڵاتی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق سکاڵایەکی ڕەتکردەوە، کە لەلایەن دوو پەرلەمانتار تۆمار کرابوو. ئەمڕۆ دووشەممە، 5ی ئابی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای دوو پەرلەمانتار کۆبووەوە کە سكاڵاكەیان لەسەر محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و دکتۆر لەتیف ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق تۆماركردبوو. هەریەكە لە پەرلەمانتاران (باسم خەزعەل خەشان)و (مستەفا جەبار سەنەد)، سكاڵاكەیان لەسەر سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماری عێراق تۆماركردبوو، تێیدا داوایان لە دادگای باڵای فیدراڵی كردبوو بڕیار بدات بەوەی، ڕەزامەندی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار بۆ ڕێگەدان بە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق نادروستە و بڕیارەكەیان هەڵوەشێنێتەوە. لە سکاڵاکەشدا هاتووە، لەمەش زیاتر سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار پابەند بكات دوای تەوابوونی ماوەی ڕێككەوتنەكە، ئەو ناوچەو دامەزراوانە بگەڕێننەوە كە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بەكاردەهێنرێن. دادگای فیدراڵی سكاڵاكەی ڕەتكردەوەو ڕایگەیاند، سكاڵاكە لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەكانیدا نییە.

هاوڵاتی دوای ئەوەی لەچەند ماڵپەڕێکی عەرەبی وا بڵاوکراوەتەوە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر کەسێک بەهۆی ڤایرۆسی ئایدز مردووە، بەڵام وەزارەتی تەندروستی ڕەتیدەکاتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان لە هەرێمی کوردستان کەیسی نەخۆشی ئایدز هێشتا نەبووەتە مەترسی. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی وت، "مردنی کەسێک بەنەخۆشی ئایدز لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر ڕەتدەکەینەوە، ئەوەی باسکراوە گوایە لە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنە، ئەمە خۆی دەرخەری ناڕاستی بابەتەکەیە لەبەرئەوەی کەیسی ئایدز ناچێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن". سەرچاوەکە ڕەتیکردەوە  بە فەرمی لێدوان بدات و وتیشی، "ڕوونکردنەوەمان دەبێت و بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو بابەتە دەکەین".

هاوڵاتی سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایدەگەیەنێت، ئەو پرسیارانەی ڕۆژانە ئاڕاستەیان دەکرێن، بۆچی ڕۆژانە ڕێژەی شێرپەنجە ڕوولەهەڵکشانە، بۆچی ژینگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پیس دەبێت، بۆچی هەوای شارەکان پیسن، بۆچی هەمیشە تەمێکی ڕەش شارەکانی داگیرکردووە، بۆچی بۆنێکی ناخۆش پایتەخت و شارەکانی تری تەنیوە، و چەندان پرسیاری تر. لە وەڵامدا مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە ڕایگەیاند، "بەپێی ئاماری ساڵی 2018 بێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانی 41 پاڵاوگە هەن، هەموویان بە ئەمبارەكانیشیانەوە نایاسایین، هەروەها نزیكەی 100 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، كە بەسەر نزیكەی 40 پارچە زەویدا دابەشبوونە، ئەو پاڵاوگانە بەناوی كارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام دواتر كراون بە پاڵاوگەی نایاسایی، هەموو پاڵاوگەكان نایاسایین". ئاماژە بەوەشدەدات، "پارێزگای هەولێر زۆرترین پاڵاوگەی نایاسایی لێن، كێشەكە تەنیا لە سنووری ناوەندی هەولێر نییە، بەڵكو لە سنووری قەزای مەخموور و خەبات و كۆیەش هەیە و پاڵاوگەی نایاسایی زۆری تێدان كە زیاتر لە 300 پاڵاوگەی نایاسایی دەبێت". سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە وتی، "دوای زیاد لە شەش ساڵ لەو بەروارە دوێنێ هەواڵی داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاوبووەوە کە بەپێی زانیارییەکان ئەو بڕیارە لە 8/2/2021 دراوە واتە سێ ساڵ و شەش مانگ لەمەوپێش هۆکاری جێبەجێنەکردنی لە ڕۆژی دەرچونییەوە چیە، کێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، ئاخۆ ئەو پاڵاوگانەی تر داخراون یاخود ماون دابخرێن، ئاخۆ پاڵاوگەکانی تری سلێمانی و دهۆک داخراون یا ئەوانیش ماون". وتیشی، "، ئەم پاڵاوگانە هی کەسانی دەستڕۆیشتووی ئەم هەرێمەن، ئەگەرنا ئەگەر ڕاست دەکەن فەرموو بیانهێننە سەر شاشەی تیڤییەکان با خەڵکی بزانن ئەمانە هۆکاری شێواندنی ژینگەی ئەم وڵاتە بوونە و بە پارەیەکی باش سزایان بدەن"،  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە ڕاگرتنى گواستنەوەى کارتى زانیارى لە سنوورى هەرسێ پارێزگاکەى هەرێمی کوردستان. بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی یەکانی کارتی زانیاری لە هەرسێ پارێزگای هەرێم (هەولێر و سلێمانی و دهۆک ) کراوە ،بڕیار دراوە بە ڕاگرتنی گواستنەوەی کارتی زانیاری لە نێوان شار و قەزاو ناحیەکان تا کاتێکی نادیار. بەپێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی وەریگرتووە، دەرکردنی کارتی نوێی زانیاری بەردەوامە، بەڵام گواستنەوەکەی تەنها بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگیراوە. هەروەها کارمەندی یەکێک لە بنکەکانی کارتی زانیاری لە سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "ئەم بڕیارە دوای ئەوە هاتووە کە لە ئێستادا ئەو کەسانەی فەرمانبەرن و مافی وەرگرتنی زەوی یان هەیە، بەشێکی زۆر لەو فەرمانبەرانە مامەڵەی گواستنەوەی کارتی زانیاریان ئەنجام داوە، بۆئەوەی لە شارەکان و قەزاکان سوودمەندبن لە پێدانی زەوی، بەهۆی ئەمەشەوە قەرەباڵغییەکی زۆر دروستبووە، بۆیە حکومەت بڕیاری ڕاگرتنی گواستنەوەی داوە".

هاوڵاتی  لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاگرێک لە گوندی ڕاوگانی سنووری  پێنجوێن کەوتەوە و بەو هۆیەوە نزیکەی 250 دۆنم پوش و پاوان داری سرووشتی سوتان. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: دواى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیمان دوو هاووڵاتى بەهۆکارى ئاگرەکە دەستگیربکەین. ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەند ڕووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە چیاكانی گۆیژە و ئەزمەڕی سلێمانی ڕوویاندا، دوێنێ قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، كەسێك بە تۆمەتی دەستهەبوون لە ئاگرکەوتنەوەکانی گۆیژە دەستگیركراوە.