هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەى هێرشەکانی تورکیا و بەکار‌هێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی، راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە رایگەیاند، "لە پێنج چالاکیی گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگەدا لە رۆژانی 17 تا 19ی تەمموز لە گۆڕەپانی گوندی جیان، شارگئلاتا و گوندی سێگوزا لە گەڤە، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرگەلی لە هەرێمی مەتینا، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ، زاپ پێنج سەربازی سوپای تورکیا کوژران، دوو سەنگەر و کامێرایەکی چاودێری لەناوبراون". هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە 18ی تەموز تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکراوە". ئەوەشی خستەڕوو، "لە 18 و 19ی تەموز گۆڕەپانەکانی لۆلان، کۆلیت و شەهید شەریفی هەرێمی خواکوڕک، گۆڕەپانەکانی ئاڤتەهلی، دەشتی کافیا، سپیندار، کانی گوزێ، گرگاشێ و مژێی هەرێمی گارە، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی و شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ؛ بەگشتی 25 جار بە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون". هەروەها 20ی تەموز گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە هەلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومانکراوە.

هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا بکات. ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە میدیای یەکێتی راگەیاند، "سبەینێ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024 شاندێک بۆ پرسی مووچە و بودجە سەردانی بەغدا دەکات و لیستی مووچەی مانگی حەوت رادەستی بەغدا دەکات". ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکردووە، "وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان دەکرێت، ئەگەر تەواوبێت سبەی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدا دەکات لیستی مووچەی مانگی حەوت رادەستی چاودێریی دارایی عێراق دەکرێت".

هاوڵاتی قایمقامییەتى سلێمانى هۆشداری دەدات و دەڵێت "نابێت دووكان و ماركێته‌كان جگه‌ره‌ و جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ منداڵی خوار 18 ساڵ بفرۆشن". ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، "نابێت دووكان و ماركێته‌كان جگه‌ره‌ و جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ منداڵی خوار ١٨ ساڵ بفرۆشن، هەروەها گه‌یم سه‌نته‌ره‌كان (ئه‌و شوێنانه‌ی مۆڵه‌تیان بۆ سه‌رو 18 ساڵ وه‌رگرتوه‌)، هۆڵه‌كانی بلیارد، گازینۆ، كافتریا و شوێنی نێرگه‌له‌ كێشان، باڕ و دووكانه‌كانی فرۆشتنی خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان دەبێت رێگری لە منداڵی نەوجەوان بۆ شوێنەکانیان بكه‌ن، نێرگه‌له‌ و خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كانیان پێنه‌فرۆشن". بەپێی راگەیەندراوەکەی قایمقامییەتی سلێمانی بێت، بەپێچەوانەوە خاوەنى ئەو شوێنانە رووبەڕوی رێکارە یاساییەکان دەکرێنەوە.

هاوڵاتی ئەفسەرێکی باڵای سەربازی تورکیا لە پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان کوژرا وەزارەتی بەرگریی تورکیا، گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی بەناوی عەبدوڵڵا جەم دەمیرکان، ئەفسەری هێزی وشکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "رۆژی 12ی مانگ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەیەکی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەی زاپ، مینێک لەژێر پێی سەربازێک بەناوی بەهادر ردڤان تالای تەقییەوە کە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و عەقید عەبدوڵڵا جەم دەمیرکانیش بە سەختی بریندار بوو". وەک وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی پێکردووە، "دوای هەفتەیەک چارەسەرکردن و سەرباری هەوڵی پزیشکەکان، عەقید عەبدوڵڵا شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی سەربازی لە ئەنقەرە گیانی لەدەستدا".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پرسی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان پرسێکی هەستیارە، ئاماژە بەوەشدەکات، هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە زیانی گیانی و قوربانی هاوڵاتییانی مەدەنی، زیانی مادیشی لێدەکەوێتەوە. ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پرسی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەم پرسە پرسێکی هەستیارە و ئەمە یەکەمجار نییە سنووری هەرێمی کوردستان دەبەزێندرێت و ترس و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دروستدەکات". سێکانیانی وتی، "هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە زیانی گیانی و قوربانی هاوڵاتییانی مەدەنی، زیانی مادیشی لێدەکەوێتەوە و رەز و باخی هاوڵاتییان دەسوتێندرێت". ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق باسی لەوەشکرد، چەندینجار لە پەرلەمان باسی ئەم پرسە کراوە و بە پلەی یەکەم ئەرکی حکومەتی عێراقە پارێزگاری لە سنوورەکانی بکات بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. وتیشی، "ئەگەر کێشەیەک هەبێت باشترە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، چونکە شەڕ جگە لە ماڵوێرانی و زیانگەیاندن هیچ سوودێکی دیکەی نییە، تەنها نائارامی دروستدەکات لە ناوچەکە". دارا سێکانیانی ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای کۆتایی هاتنی پشووی پەرلەمانی عێراق دوور نییە پرسی لەشکركێشییەکانی تورکیا یەکێک بێت لە پرسەکانی پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکات". ئەوەشی خستەڕوو، "کە تاوەکو ئێستا هەنگاوەکانی هەردوو حکومەت تەنها لێدوان و کۆبوونەوە بووە و هیچ هەنگاوێکی دیکە نەنراوە بۆ راگرتنی بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن سوپای تورکیاوە". لەشكركێشییەکانی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی هەبوونی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بەردەوامی هەیە بە تایبەت بۆ ناوچەکانی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایدەگەیەنێت، کە ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی کچێکی تەمەن 23 ساڵ لە پاشاوی قوڕەگۆو خنکا. ئەمشەو هەینی 19ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، "کاتژمێر 9:30 خولەکی ئەمشەو هێزەکانمان لە بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی راپەڕین ئاگادارکرانەوە لە بوونی تەرمێك بەناوی(لا، هـ، ع) لەدایکبووی ساڵی 2001 ساڵ لە ڕەگەزی مێ دانیشتووی رانیە لە گەڕەکی کێوەڕەش". بەپێی وتەی کەسوکارەکەی بێت ناوبراو باری دەروونی تەواو نەبووە و بە تەنیا رۆیشتووە بۆ نزیك گوندی قوڕەگۆ، لەوێش خۆی خستوووەتە ناوی پاشاوی قوڕەگۆو بەو هۆیەوە خنکاوە. ئاماژە بەوەکراوە، "تەرمی ناوبراو رەوانەی پزیشکی دادوەری رانیە کرا دوای ئەنجامدانی پشکنینی توێکاری ناوبراو رادەستی کەسوکاری کرایەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".

هاوڵاتی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی 12ـی ئامادەیی راگەیاند و ناوی یەکەم و دووەمەکان و سێیەمەکان بڵاوکردەوە. یەکەمەکانی بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان: یەکەمەکانی بەشی زانستی: - ئاران لوقمان حەمەغەریب - سلێمانی - ئەژی دارا جەلال - سلێمانی - دیما هیوا عەلی - سلێمانی یەکەمەکانی بەشی وێژەیی: - ئیمان رەمەزان سەعید - دهۆک یەکەمەکانی بەشە پیشەییەکان: - ئاسوودە جەزا کەریم - سلێمانی - مەروا شێرزاد خزر - هەولێر - راستی رۆژگار کامەران - سلێمانی - شێوە جەمال حەمەساڵح - سلێمانی دووەمەکانی بەشەکانی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان: ئارا حەمەدئەمین ئەحمەد - راپەڕین ئۆژۆ فارووق عومەر - سلێمانی ئەلەند جەمال حوسێن - سلێمانی دانیا عادل کەریم ساڵح - سلێمانی زاگرۆس ئیسماعیل عەبدوڵڵا - گەرمیان زەینەب دانا سەعدوڵڵا - سلێمانی سۆڤە سەرکەوت حەمەحوسێن - سلێمانی عومەر عەبدولڕەحمان عومەر - هەولێر لانە عەزیز شەوکەت - هەڵەبجە نیگا ئارام دارا - سلێمانی/چەمچەماڵ هانۆ حەسەن بابەڕەسوڵ - سلێمانی پەیمان حەمەئەمین نەجیب - هەڵەبجە دانەر محەممەد حەسەن حەمەد عەلی - هەولێر شنیار محەممەد حەسەن ئەحمەد - سلێمانی ئیبراهیم وەلید رەشید ئەحمەد - هەولێر نارین ئەحمەد حەمەئەمین - سلێمانی   سێیەمەکانی هەرێمی کوردستان لە وێژەیی، زانستی و پیشەیی کە نمرەکانیان 99.4ـە   ئیلاف ئیسماعیل ئیبراهیم - راپەڕین ئەلەند ئەبوبەکر رەزا - سلێمانی ترێ تۆفیق مەولوود - سلێمانی دانا ئیبراهیم محەممەد - هەولێر داهێن شیروان حوسێن - هەولێر دێبەر خەسرەو محەممەد - سلێمانی سارا ئەکرەم حوسێن - گەرمیان/کەلار سان سامان ساحێب - سلێمانی شانیا جەمال عەزیز - سلێمانی

هاوڵاتی ژمارەیەک قوتابی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەمن، دوو کەس لەوان لە شاری سلێمانین و یەکێکیان لە قوتابخانەیەکی سەر بە پەروەردەی رۆژهەڵات و ئەوی دیکەش لە قوتابخانەیەکی سەر بە پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانییە، بەگوێرەی زانیارییەکان، قوتابییەکی دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەییش لە هەولێر هەر یەکەمە. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە رووداو بڵاویکردووەتەوە، دوو قوتابی لە هەڵەبجە دووەمن، یەکێکیان ناوی لانە عەزیز شەوکەتە لە ئامادەیی هەڵەبجەی کچان، هەروەها دەرچوویەکی دیکە لە شاری سلێمانی دووەمە؛ قوتابییەکی قوتابخانەی ئامادەیی فامی ناحکومی لە رانیە دووەمە و قوتابییەکی دیکەش لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دووەمە. ئەو دەرچووەی گەرمیان ئەم ساڵ لە قوتابخانەی شەهید ئارام خوێندوویەتی. ئاماژە بەوەکراوە، دوو قوتابی لە سنووری ئیدارەی راپەڕین سێیەمن؛ یەکێکیان لە ئامادەیی کێوەڕەشە لە رانیە و ئەوی دیکەش لە ئامادەیی سەنگەسەرە. هەروەها لە سنووری ئیدارەی گەرمیانیش دەرچوویەکی 12ی ئامادەیی سێیەمە کە لە قوتابخانەیەکی ناحیەی رزگاری خوێندوویەتی.

هاوڵاتی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی رایگەیاند، هێزی ئاسمانی عێراقی ژمارەیەک چەکدارانی داعشیان لە سنووری نێوان ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و سەلاحەدین لە زنجیرە چیای حەمرین کردە ئامانج.   بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 19ی تەمووزی 2024، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، پاش بەدواداچوونی وردی هەواڵگری بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەهاوئاهەنگی لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆر و شانەی بەئامانجکردنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی هێزی ئاسمانی عێراقی ژمارەیەک چەکدارانی داعشیان لە سنووری نێوان ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و سەلاحەدین لە زنجیرە چیای حەمرین کردە ئامانج. فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە راگەیێنداوەکەیدا ئەوەشی خستۆتەڕوو، دواتر زانیاری ورد لە بارەی هێرشە ئاسمانییەکەی چیای حەمرین بڵاودەکەنەوە.

هاوڵاتی ئارام عەلی دەڵێت، ئاگر له‌ دوو كۆگای ناوچه‌ی پیشه‌سازیی یه‌ك له‌ سلێمانی كه‌وتووه‌ته‌وه‌. ئەمڕۆ هەینی 19ی تەمووزی 2024، ئارام عەلی وتەبێژی به‌رگریی شارستانیی سلێمانی رایگه‌یاند، بەیانی ئەمڕۆ رووداوی ئاگر کەوتنەوە كه‌ له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی سلێمانی روویداوە بەهۆیەوە دوو كۆگا سوتاون و تیمه‌كان ئاگره‌كه‌یان كۆنترۆڵكردووه‌. دەشڵێت، تیمه‌كانمان گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی ئاگره‌كه‌ و دوای‌ هه‌وڵێكی‌ زۆر ئاگره‌كه‌یان كۆنترۆڵ كرد. ئەوەشی خسۆتەڕوو، كه‌ ئاگره‌كه‌ زیانی گیانی نه‌بووه‌، به‌ڵام زیانی ماددی زۆری‌ هه‌بووه‌. ئارام عه‌لی ئاماژەی بەوەشدا، ‌تا ئێستا هۆكاری ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ دیار نییه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێكردووه‌.

هاوڵاتی لیژنەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دوای سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و وردبینی لە لیستی ناو و مووچەدا، چەند تێبینییەکی داوەتە هەرێمی کوردستان. بەپێی زانیارییەکان لیژنەکە رایگەیاندووە "کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر دەکرێت". لە 8ی تەممووز، لیژنەیەکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بۆ وردبینی لە ناو و لیستی مووچەی مووچەخۆران (سەربازی و مەدەنی) سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لیژنەکە بە هەرێمی کوردستانیان راگەیاندووە، "کێشەیەکی ئەوتۆ نەماوە و بەمزووانە کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر دەبێت". لەبارەی کێشەی مووچەی سەربازیشەوە، لیژنەکە بە هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، پێشمەرگەی لیواکانی بەرگری و فریاکەوتن و نەوت و گاز بخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و یەکەکانی 70 و 80ش بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. سەرەتای ئەم هەفتەیە، دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینییان لە لیستی مووچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانی کوردستان تەواوکرد و "هیچ کێشەیەک لە لیستی میلاکات و مووچەی ئەو دوو دامەزراوەیەدا نەبووە".  

هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە رایدەگەیەنێت، هێزەکانیان داگیرکەری زاب و خاکورکیان کردە ئامانج، هەروەها چوار ئۆتۆمبێلی سەربازییان تێکشکاند. ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەموزی 2024، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە رایگەیاند، "گەریلاکانی ئازادیی کوردستان زنجیرەیەک چالاکییان لە ناوچەکانی خاکورک و هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاب دژ بە سوپای تورکیا ئەنجامدا". ئاماژە بەوەکراوە، "رۆژی 15ی تەموزی 2024، لە دوو قۆڵەوە لە ناوچەی سەرکەلی دوو کاروانی سوپای تورکیایان کردە ئامانج، لەو چالاکییەدا دوو زرێپۆشی جۆری کیربی کرانە ئامانج و دوو بارهەڵگری سەربازی تورکیاش تێکشکێندران، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانەی تورکیا دیارنین کە کوژراون". هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی هەپەگە بێت، "دوێنێ 17ی تەموز هێزەکانی گەریلا دوو چالاکیان لە هەرێمی شەهید دەلیل لە رۆژئاوای زاب دژ بە سوپای تورکیا ئەنجامدا، گورزی تووندیان لێوەشاندون، هەروەها لە رۆژانی 14 و 17ی تەموز هێزەکانی گەریلا دوو چالاکییان لە ناوچەی خواکورک ئەنجامداوە بەرپەرچی ئەو هێلیکۆپەتەریان داوەتەوە کە هەوڵیانداوە بنکەی سەربازی لە ناوچەکە دابمەزرێنن". لە راگەیەندراوەکەدا هەپەگە ئاماژەی بەو هێرشانە کردووە کە لە رۆژەکانی 17 و 18ی تەموز ئەنجامیان داوە، لە رۆژی 17ی ئەم مانگە تورکیا مەیدانەکانی شەهید شەریف و کۆلێت لە ناوچەی خاکورک سێ جار، گۆڕەپانی دێرش لە ناوچەی کاری جارێک، گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار و گردی ئامدە لە ناوچەی شەهید دەلیل لە رۆژئاوای زاب بوون دوو جار بۆردوومان کراوە، بە گشتی شەش جار تورکیا بۆردوومانی ئەو ناوچانەی کردووە". ئەوەش هاتووە، "لە رۆژی 18ی مانگ تورکیا گۆڕەپانی بەرخۆدانی لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە رۆژئاوای زاب بە فڕۆکە بۆردوومان کردووە، بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگر لە ناوچەکە کەوتەوە".

هاوڵاتی فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور، دەستگیرکردنی هەشت کەسی راگەیاند کە هەوڵی دەربازبوونیان لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک دەدا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەموزی 2024، فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی هەشت کەسی راگەیاند لەلایەن هێزەکانیان لە سنووری پارێزگای دهۆک، کە هەوڵیانداوە بەشێوەیەکی نایاسایی دەربازی سنوور بن. ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەو هەشت کەسەی دەستگیر کراون شەش کەسیان هاووڵاتی بیانین و دوو کەسی دیکەیان رەگەزنامەی عێراقییان هەیە". فەرماندەیی هێزەکانی پاسەوانی سنوور روونیکردووەتەوە، "پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دەستگیرکراوەکان کراوەتەوە و ڕێککاری یاسایی پێویست بەرامبەریان گیراوەتەبەر".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی کورتهێنان لەو پارەی کە بەغدا ناردوویەتی تەنها مووچەی یەک مانگی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی دابەشکرد، هەروەها بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانیش مووچەکانیان لێی بڕاوە. بەپێی ئەو زانیاریانەی هاوڵاتی وەریگرتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ی تەموزی 2024 بەپێی ئەو خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردبووەوە مووچەی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80 و لیوا هاوبەشەکان مووچەی هەردوو مانگی چوار و پێنجیان وەرگرت، بەڵام لە دابەشکردنی مووچەدا کێشە هەبوو بەشێک لە هێزەکانی 70 و خانەنشینانی پێشمەرگە تەنها مووچەی مانگی پێنجیان پێدراوە. هەروەها بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی کە لە چەند سەرچاوەیەکی تایبەت وەریگرتووە، کارمەندانی بەرگریی فریاکەوتن بڕی 100 هەزار و یەکەی پاسەوانی بڕی 60 هەزار دینار لە مووچەکانیان بڕاوە. سەرچاوەیەکی تایبەتیش کە نەیویست ناوێ ئاشکرابکرێت لە هێزەکانی 80 بە هاولاتی راگەیاند، "ئەمڕۆ مووچەمان وەرنەگرتووە و لەکاتێکدا بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی بوایە دەبوو ئەمڕۆ مووچەی یەکەی 80 دابەشبکرێت". وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی بڕی 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنان لە مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە هەیە کێشەی لە دابەشکردنی مووچەی بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان دروستکردووە، چونکە بەغدا دوای وردبینی لە لیستی مووچەی ‌هێزە ئەمنییەکان بەغدا مووچەی هێزەکانی رۆژ و حسێن یەزدان پەنا و هێزە بیانییەکانی بڕی.

هاوڵاتی بەهۆی ئەو کەموکورتی و کەمتەرخەمیانەی لە پڕۆژەیەکەدا هەبوون و بەهۆیەوە کرێکارێک گیانی لەدەستدا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەکەدا رابگیرێت. ئەمڕۆ پێنج شەممە، 18ی تەمووزی 2024، عوسمان زیندانی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی رایگەیاند، بەهۆی کەمتەرخەمی و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی تێیدا، کارکردن لەو پرۆژەیەدا راگیرا کە سەرەتای ئەم هەفتەیە کرێکارێک لێیکەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا. عوسمان زیندانی دەشڵێت، دوای رووداوەکە سەرەتا سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە رێگەیان نەدا بچینە شوێنی رووداوەکە، بۆیە دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ پشکنەرێکی وەزارەتی کار سەردانی شوێنەکەمان کرد، بۆمان دەرکەوت سەرجەم ئاسەوارەکانی رووداوەکەیان نەهێشتووە. سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی ئەوەشی ئاشکرا کرد، بەهۆی ئەو کەموکورتیانەی لە شوێنی کارەکەدا هەیە لەگەڵ ئەو کەمتەرخەمیانەی کراوە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیاریدا کارکردن لە پرۆژەکەدا رابگیرێت. دەشڵێت، لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکە قسەم کردووە، ئەوان بە نیازن لە دادگا داوای یاسایی تۆماربکەن و داوای مافی کوڕەکەیان بکەن کە بەهۆی کەمتەرخەمی خاوەن پرۆژەکەوە گیانیلەدەستداوە. جێگەی ئاماژەیە، شەممەی رابردوو گۆران ئەکرەم کە کرێکاری بیناسازی بوو، لە کاتی کارکردن لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە سلێمانی لە نهۆمی 40 کەوتەخوارەوە و گیانیلەدەستدا.