هاوڵاتی بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەموو رێکارێکمان بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری گرتووەتەبەر، هەروەها  بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، "بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا".  مەروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەندووە، ”ئێمە وەکو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەمو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو قسە و باسانەی کە پێشووتر دەکرا لە بارەی ساختەکارییەوە ئەمجارە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت و دەرگاکانمان داخستووە، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات، کارتی بایۆمەتریش تەنیا بۆ ئەوانە کراوە کە سەردانی کۆمسیۆنیان کرد و خۆیان تۆمارکردوە و کارتی کورت خایەنی پێشوو کاری پێناکرێت". وتیشی، "جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ڕێگای دەستی و ئەلیکترۆنیەوە دەکرێت و ئێمە وەکو کۆمسیۆن ڕێگا نادەین ساختەکاری بکرێت". بە خوێندنەوەی چاودێران، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر دەرفەتی ساختەکاری زۆربوو، بۆیە زۆریەک لە هاوڵاتییان متمانەیان بە دەنگدان نەمابوو و بەڕێژەیەکی کەم بەشداری پرۆسەکەیان دەکرد و دەیانوت “هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت”، بەڵام ئەمجارەیان چاودێران ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە مەحاڵە ساختەکاری بکرێت، چونکە هەڵبژاردنەکە عێراق بەڕێوەی دەبات نەک هەرێمی کوردستان. هەروەها ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای وتوە، ”بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردو ئەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەدا، چونکە بە ئەزموونی بینینی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 تەنانەت لە هەڵبژاردنی 18ی 12 ی 2023 بۆ ئەنجومەنی پاریزگاکان بە ڕاستی ئەو دەرفەتە زۆر زۆر کەم ماوەتەوە بۆ ئەوەی کاری ساختەکاری بکریت، گەر بشکرێت زیاتر لە دەنگدانی تایبەتدا و ئەویش ئەوەیە بتوانن هێزی ناوچەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بتوانن بخەنە سەر هەرێمی کوردستان دیسانەوە ئەوەش ئاسان نییە". بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن دەشڵێت، "داخستنی تەواوی دەرگاکان بۆ ئەوەی ساختەکاری نەکرێت، کارێکی هەروا ئاسان نەبوە و ماندوبونێکی زۆری ویستوە و تێچوویەکی زۆر هەبو کە تەنها دەنگدەر بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات". ڕۆژی 26ی حوزەیرانی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاریدا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەرێوەبچێت.  

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد نزیکەی ساڵێک و سێ مانگ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی چاکسازییەوە مینحەی بەشێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بڕیوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی تەموزی 2024، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە هاوڵاتی راگەیاند، "نزیکەی ساڵێک و سێ مانگ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی چاکسازییەوە مینحەی ئەو بەرکەوتووانەی چەکی کیمیایی بڕیوە کە مووچەی دیکەی حکومەتیان هەیە". ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو پارەیەی بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەدرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری مانگانەیانە، ئەوانەی مینحەکانیان راگیراوە لە بارودۆخێکی تەندروستی و کۆمەڵایەتی خراپدان". سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە روونیشیکردەوە، "ئەو کەسانەی مووچەکانیان بڕاوە 339 بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە، مانگانە بڕي 400 هەزار دیناریان پێدەدرا". وەک لوقمان عەبدولقادر باسی لێوەکرد، "بەپێی ئەو نووسراوەی کە لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە ئەنجومەنی وەزیران مینحەی ئەو 339 کەسە رەتکراوەتەوە و بۆیان ناگەڕێتەوە، بۆیە کۆمەڵەکەمان لە هەوڵدایە ئەو مینحەیە بۆ ئەو بەرکەوتووانە بگەڕێنێتەوە". وتیشی، "ئەو مینحەیەی دەدرێت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بەشی دەرمانەکەیان ناکات، چونکە ئەوان بەردەوام دەبێت سەردانی پزیشک بکەن و دەرمان بەکاربهێنن نرخی دەرمانەکانیش گرانە". ئەوەشی وت، "یاداشتمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو مینحەی ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە کە بڕاوە، هەروەها داواشمان کردووە بڕی مینحەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی زیادبکرێت".  

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی سێ شەهیدی ڕاگەیاند، کە لە 30ی حوزەیرانی 2024 شەهیدبوون و دەشڵێت، "وەک هەڤاڵانیان بەڵێن دەدەین، کە ئەو تێکۆشانەی ئەوان ڕادەستی ئێمەیان کردووە بگەیەنینە سەرکەوتن و وەڵامێکی بەهێز بدەینەوە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی قڕکەر-کۆلۆنیالیست و هێڵی خیانەت". هەپەگە دەڵێت، لە 4ی تەمووزی 2024 بە ڕاگەیاندراوێک زانیاریی ئەوەمان بڵاوکردەوە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر گۆڕەپانی سەری مەتینا سێ هەڤاڵمان شەهیدبوون، لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمندا هەڤاڵانمان نەوال مێردین، ژیان ڕێدور و دژوار کەلەش شەهیدبوون. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، هەڤاڵانمان نەوال، دژوار و ژیان کە دڵیان بە ئاواتی کوردستانی ئازادەوە لێیدەدا و بێ دوودڵی تێکۆشان، بوونە دوایین نوێنەرانی گەنجانی کوردی شکۆمەند و هۆشیاری ئازاد، لە هەموو ساتەکانی ژیانیاندا بەبێ ئەوە ڕێگە بە داگیرکەری و خیانەت بدەن، بە تەواوەتی خۆیان لەپێناو ئازادیی گەلەکەماندا بەخت کرد و بۆ تێکۆشانی ئازادیی سڵیان لە هیچ قوربانیدانێک نەکردەوە. هێزەکانی پاراستنی گەل لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، بێگومان ئەوان دەبنە بەردی بناغەی کوردستانی ئازاد و سەرکەوتوو، بە شەهیدبوونی خۆیان بوونە هێمای تێکۆشان بۆ هەموو هەڤاڵانمان و گەلەکەمان. ئەوەش خراوەتەڕوو، وەک هەڤاڵانیان بەڵێن دەدەین، کە ئەو تێکۆشانەی ئەوان ڕادەستی ئێمەیان کردووە بگەیەنینە سەرکەوتن و وەڵامێکی بەهێز بدەینەوە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی قڕکەر-کۆلۆنیالیست و هێڵی خیانەت، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بە تایبەتی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شکۆمەندی هەڤاڵانمان نەوال، دژوار و ژیان و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین. هەپەگە ناسمانەی ئەو شەهیدانەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو: ناسناو: دژوار کەلەش ناو و پاشناو: سەردار دوشەرگە شوێنی لەدایکبوون: ئامەد ناوی دایک- باوک: بەحریە- فەخری کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا ناسناو: ژیان ڕێدوور ناو و پاشناو: دارشین موسا شوێنی لەدایکبوون: شام ناوی دایک- باوک: فاتمە- محەمەد عەلی کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا ناسناو: نەوال مێردین ناو و پاشناو: نوودەم کورت شوێنی لەدایکبوون: ئیزمیر ناوی دایک- باوک: فەیروز-شاکر کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا  

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، ڕێکخراوی ئای یو ئێم ڕایگەیاند، ناوی نزیکەی 200 خێزانی ئاوارەی شەنگالی تۆمارکردووە و ئامادەییان دەربڕیووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان. ئەوەشی خستۆتەڕوو، پاش تێپەڕبوونی 10 ساڵ، ئەمڕۆ وادەی گەڕانەوەی ئەو  خێزانانەیە بۆ شەنگال. ڕێکخراوی ئای یو ئێم باسی لەوەشکرد، بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەبوو هەر خێزانێک کە دەگەڕێتەوە شەنگال بڕی چوار ملیۆن دیناری پێبدرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێت و ئەو 200 خێزانە ناگرێتەوە کە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە شەنگال. جێگەی ئاماژەیە، لە ڕۆژی 23ی ئەم مانگە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند،  هەزار و 841 ئاوارەی دانیشتووى كامپەكانی سنووری پارێزگاى دهۆك بە ڕەزامەندی خۆیان گەڕێندرانەوەتەوە بۆ شەنگال و  هاوكاری داراییان بەبڕی چوار ملیۆن دینارپێدراوە و بەشێكى كەرەستەکانى ناو ماڵیان بۆ دابینكراوە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، نازم شەمەری ڕێكخەری دەستەی بیروڕای عەرەبی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئەوەی ئێستا لە كەركوك دەگوزەرێت، بێ متمانەیی درووستكردوە و ئەستەمە لایەنەكانی كەركوك لەسەر دانانی پۆستی پارێزگار ڕێكبكەون. دەشڵێت، باشترین چارەسەر بۆ كێشە ئیدارییەكانی ئێستای کەرکوک، دانانی وەزیرێكە كە سەربە هیچ كام لە پێكهاتەكانی كەركوك نەبێت. نازم شەمەری، ئەوەشی خستۆتەڕوو، پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاش هەر جارە و نوێنەری پێكهاتەیەك سەرۆكایەتیی بكات و ئەنجومەنیش دەست بەكاری چاودێریی خۆی بكات. باسیلەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا، بەڵام تائێستا لەلایەنەكانی كەركوك لەسەر دانانی پۆستی پارێزگار ڕێكنەكەوتوون. جێگەی ئاماژەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق، دەبێت دوای یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە ماوەی 30 ڕۆژدا پارێزگار هەڵببژێردرێت، بەڵام 14 بەسەر یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی كەركوك تێپەڕێوە هێشتا لایەنەكان نەگەیشتوون بەڕێككەوتن.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، بانكی ناوەندی عێراق بڵاوی كردەوە، کە بڕی 274 ملیۆن و 734 هەزار  232 دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە. دەشڵێت، لەو بڕە پێنج ملیۆن و 250 هەزار دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، لەو بڕە پێنج ملیۆن و 250 هەزار دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە و 279 ملیۆن و 484 هەزار و 232 دۆلاریش بە شێوەی حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەی نزیكەی ساڵێكە بەهای دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.  

هاوڵاتی لە گەڕەکی ماڵتای شاری دهۆک لە ئەنجامی گڕگرتن و تەقینەوەی تانکییەکی گاز، دوو منداڵی تەمەنی هەشت ساڵان و نۆ ساڵان سووتان، ڕێژەی سووتاوی یەکێکیان %90  زیاترە. ئەمڕۆ پێنجشەممە،25ی تەمووزی 2024، بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی دهۆک بە میدیاکانی راگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەمان لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە سەربانی ماڵێک، کە هۆکارەکەی تەقینەوەی تانکییەکی گاز بووە ،دەشڵێت، تیمەکانمان توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بە داخەوە بە هۆی ئاگرەکەوە دوو منداڵ سووتاون. دەشڵێت، ڕێژەی سووتانی یەکێك لە منداڵەکان زیاترە لە 90% و ئەوەی دیکەیان ڕێژەی سووتاوییەکەی %25 و هەردووکیان گواستراونەتەوە نەخۆشخانە. لەبارەی چۆنێتی ڕووداوەکەش ئەوەی خستەڕوو، ئەو دوو منداڵە لە سەربانی ماڵەکەیاندا یارییان کردووە و دەستکاریی حەنەفیی تانکیی گازەکەیان کردووە و ئاگریان کردووەتەوە و بووەتە هۆی ئەو کارەساتە.    ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما و دانانی تانکی نەوت لەبەر تیشکی خۆر جۆرە گازێک دروست دەکات و دەبێتە هۆی خێرا گڕگرتن و تەقینەوەی.

هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی 15 ساڵەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان دا، پیرۆزبایی ئاراستەی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتی و ئەندام و لایەنگرانی بزووتنەوەکە کردووە دەڵێت، لەم ياده‌دا پێزانينم بۆ ڕۆڵى ديارى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ژيانى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى سياسيى عێراقدا ده‌رده‌بڕم، هه‌روه‌ها به‌ رێزه‌وه‌ له‌ هه‌وڵ و كۆششه‌كانى بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانم.   دەقی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان:   له‌ يادى پازده‌ ساڵه‌ى دامه‌زراندنى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕاندا، پيرۆزبايى له‌ به‌ڕێز عومه‌ر سه‌يد عه‌لى و به‌ڕێزان هه‌ردوو جڤاتى نيشتمانى و گشتى و ته‌واوى ئه‌ندامان و لايه‌نگران و جه‌ماوه‌رى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونى به‌رده‌واميان بۆ ده‌خوازم.   وێڕاى داكۆكى له‌ گرنگى و پێويستيى هاريكاريى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگيى هه‌موو لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستان له‌پێناو ئێستا و داهاتوويه‌كى باشتردا بۆ هه‌رێمى كوردستان، له‌م ياده‌دا پێزانينم بۆ ڕۆڵى ديارى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ ژيانى سياسيى هه‌رێمى كوردستان و پرۆسه‌ى سياسيى عێراقدا ده‌رده‌بڕم، هه‌روه‌ها به‌ رێزه‌وه‌ له‌ هه‌وڵ و كۆششه‌كانى بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانم.   نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان  

هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڕەشە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەڵێت، دەبێت ئەو نەوتەی لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیرکراوە بگەڕێنرێتەوە بۆ خاکی سوریا. هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی، ڕایگەیاند، سەبارەت بە به‌ئیدارەی خۆسەر له‌ڕۆژئاواى كوردستان، نیازى په‌لاماردانى نه‌شاردوه‌ته‌وه‌ و دەڵێت، دەبێت سوریا لەو چه‌كدارانه‌ پاکبکرێتەوە، بەتایبەت ئەو ناوچە عەرەبیانییەی پەکەکە داگیریکردون، پەکەکە دەستی بەسەر دامەزراوە نەوتییەکاندا گرتوە، ئەمەش واتە داگیرکردنی سەرچاوەی بژێویی‌و داهاتی خەڵکی سوریا. ئەوەشی خستۆتەڕوو، پێویستە شەڕی ئەو گروپە بکرێت بۆ ئازادکردنی ناوچە نەوتییەکان‌ و سەرچاوەی وزەی‌و گەڕاندنەوی بۆ خەڵکی سوریا، چونکە بەدڵنیاییەوە پەکەکە فرۆشتنەوەی بەرهەمی ئەو کێڵگە نەوتیانەو داهاتەکەی شەڕی دژی خەڵکی سوریاو حکومەتی تورکیا کردووە. هاکان فیدان ئەوەشی خستۆتەڕوو، تورکیا هاوشێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریاش ئاسایی بکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕەجەت تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەبەرزترین ئاستی سیاسیدا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەموو پرسەکان بۆ چارەکردنی کێشەو ناکۆکییەکانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن، ئەمەش داواکارییەکی گرنگ‌و بەنرخە، هەربۆیە پێویستە کۆبونەوەو گفتوگۆ بۆ چارەکردنی کێشەکان بکرێت.        

هاوڵاتی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە، بە تۆمەتی بە قاچاغبردنی نەوت لە كەركوكەوە بۆ پاڵاوتگەی كار لە هەرێمی كوردستان، چوار تۆمەتبار لە كەركوك دەستگیركران و وەک گاڵتەپێکردنێکیش دەڵێت، "بە قاچاغبردنی نەوت بوونی نیە". مستەفا سەند، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس نووسیویەتی: بە تۆمەتی بە قاچاغبردنی نەوت لە كەركوكەوە بۆ پاڵاوتگەی كار لە هەرێمی كوردستان هێزێكی بەغدا چوار تۆمەتباریان لە كەركوك دەستگیركردووە، لای خۆشیەوە وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆ توانیویەتی بە قاچاغبردنی 21 ملیۆن لیتر لە پێكهاتە نەوتیەكان پوچەڵ بكاتەوە. لەم بارەیەوە، میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، دۆسیەی بە قاچاغبردنی پێكهاتە نەوتیەكان لە گرنگترین ئەو دۆسیانەن، كە فەرماندە ئەمنیەكان كاری لەسەر دەكەن بە تایبەت پۆلیسی وزە. میقداد میری ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە نیوەی یەكەمی ئەم ساڵدا، وەزارەتی ناوخۆ توانیویەتی بە قاچاغبردنی 21  ملیۆن لیتر لە پێكهاتە نەوتیەكان پوچەڵ بكاتەوە. ئاماژەشی بەوەداوە، ئەو ڕێوشوێنانەی وەزارەت گرتویەتیەبەر بۆ ڕێگرتن لە پرۆسەكانی بە قاچاغبردن، بۆ هۆی كەمكردنەوەی بە ڕێژەی 98%، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبیلانەشی كە لەو شەش مانگەدا دەستی بەسەرداگیراوە و لە پرۆسەی بە قاچاغبردندا بەكارهێنراون، گەیشتووەتە 404 ئۆتۆمبیل، لەگەڵ ئاشكراكردنی 532 شوێندا.

هاوڵاتی چوار لەو کەسانەی بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکرابوون، بە بڕیاری دادگایەکی بەغدا ئازادکران. بەپێی بەڵگەنامەیەک کە دوێنێ سێشەممە 23ی تەموزی 2024 لە دادگای تاوانەکانی ناوەندیی سەر بە سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافەی بەغدا دەرچووە، دادگاکە بڕیاری ئازادکردنی چوار کەسی دەرکرد کە تۆمەتبارن بە هێرشەکردنە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی. ئەو کەسانەی ئازادکراون لە هێزەکانی حەشدی شەعبین و لەو هێزەدا بەرپرسیاریێتییان هەیە، نیشتەجێی پارێزگاکانی کەرکوک و سەڵاحەدینن، ئەوانەی ئازادکراون پێکدێن لە: - موحسین سەلمان مەجید حەسەن - عەلی جەعفەر مستەفا شەهبار - محەممەد هاشم کازم ئیبراهیم - عەباس جاسم محەممەد عەلی دادگا ئاماژە بەوەدەدات، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست، ئەو تۆمەتانەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 دراوەتە پاڵ ئەو چوار کەسە، هەڵدەوەشێتەوە و ئازاد دەکرێن. جێگەی ئاماژەیە، ئەمساڵ چەند جارێک هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هێرشەکان بە مووشەک و درۆن بوون، لەوانە هێرشەکانی 25ی کانوونی دووەم و 26ی نیسان، ئەو کەسانەی دەستگیرکراوبوون و ئازادکراون، بەهۆی هێرشەکەی 26ی نیسانی ئەمساڵ بووە، کەگیانلەدەستدانی چوار کارمەندی کێڵگەکەی لێکەوتەوە.

هاوڵاتی زانیاری ورد لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ١. ناوچەی مەتینا: ڕۆژی ٢٣/٧ کاتژمێر٢:٣٠ی دوای نیوەڕۆ، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدان جموجۆڵەکانی سوپای داگیرکەری تورکیایان لە کۆلکا کردە ئامانج و بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی  جموجۆڵەکەیان ڕاگرت. ڕۆژی ٢٣/٧  کاتژمێر ١٠:٣٠ی شەو، هێزەکانی پاراستنی گەل دەستوەردانیان لە جموجۆڵی کۆپتەرە هێرشبەرەکانی تورکیادا کرد لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە شیلازێ و هەلیکۆپتەرەکانیان ناچارکرد بۆ پشتەوەی بەئامانجکردنەکە هەڵبێن. ٢. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب: رۆژی ٢٢/٧ کاتژمێر٩:٠٠ ی بەیانی، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس سوپای داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی کردە ئامانج. لە ٢٣/٧ کاتژمێر ١:١٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ، شەڕڤانانی هێزەکانی پاراستنی گەل لە یەکینەکانی ژنانی ئازاد، دوای چاودێریکردنی جوڵەی سەربازانی داگیرکەر، بۆ ئاشکراکردنی ناوچەکەیان لە ڕێگەی تاکتیکی قەناس بەدەستەکانەوە، پەردەیەکی سەربازانی داگیرکەریان کردە ئامانج و سەربازێکی داگیرکەریان لەناو برد. لە ٢٣/٧  کاتژمێر٢:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، چەکدارانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد دوای چاودێریکردنی جموجوڵەکانی سەربازانی داگیرکەر، لە ڕێگەی تاکتیکی قەناس بەدەستەکانەوە، سەربازێکی داگیرکەریان کردە ئامانج. لە ٢٢/٧  کاتژمێر ٧:٤٨ خولەکی ئێوارە، هێزەکانی پاراستنی گەل بە بەکارهێنانی تاکتیکی مینچاندن، سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی کردە ئامانج. ڕۆژی ٢٣/٧، کاتژمێر ٠٤:٤٥، قەناس بەدەستەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی سوپای داگیرکەریان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سەربازێکی داگیرکەر کوژرا. ڕۆژی ٢٣/٧ کاتژمێر ٩:٤٥ خولەکی شەو، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار دەستوەردانیان لە جموجۆڵی هەلیکۆپتەرەکانی داگیرکەردا کرد. دوای بە ئامانجگرتنیان ناچاربوون لە ناوچەکە دوور بکەونەوە. ٣. ناوچەی کاری: ڕۆژی 23/٧ کاتژمێر ١٠:٠٠ ی شەو، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی حەفتاباخ دەستوەردانیان لە جموجۆڵی هەلیکۆپتەرەکانی سوپای داگیرکەردا کرد. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە بۆمبی قەدەغەکراو: ڕۆژی ٢٢/٧ سوپای داگیرکەری تورکیا تونێلەکانی بەرخۆدانی لە گردی ئامێدی بە بۆمبی قەدەغەکراو بۆردومان کرد. ٥. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا: لە ڕۆژانی ٢٢ و ٢٣/٧، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا ٦ جار هێرشی ئاسمانیان کردە سەر ناوچەکانی شەهید شەریف، لۆلان، سەنینە و بەربەزنە لە خاکورکە. لە دەشتا کافیا، زینکڵ و کانی سارکییش لە کاری ٤ جار هێرشیان کرد، لە گردی بەهاریش لە ناوچەی شەهید دەلیل جارێک هێرشیان کرد، لە لیفجی و گردی هیواش لە قەندیل ٤ جار هێرشیان کرد و لە ناوچەی بیشیلیش لە مەتینا جارێک هێرشیان کرد، کە کۆی گشتی دەکاتە ١٦ هێرشی ئاسمانی. ئەم هەڵمەتانە بووە هۆی  ئاگرکەوتنەوە لە زۆربەی ناوچەکان، کە تا ئێستاش بەردەوامە. لە ڕۆژانی ٢٢ و ۲۳/٧، هەلیکۆپتەرە هێرشبەرەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا ناوچەکانی دەشتا کاڤیا و حەفتاباخیان لە کاری، ناوچەکانی شەهید شەریف و شەهید کەریم لە خاکورکە، ناوچەی سێری مەتینا لە مەتینا و گردی بەهاریان لە ناوچەی شەهید دەلیل، لە ڕۆژئاوای زاب بۆردومان کرد. ٢٤/٧/ ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی لاهوور شێخ جەنگى لە کۆبوونەوەى لەگەڵ لیو جیون کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، دەمانەوێت گۆڕانکاری و چاکسازی گەورە لە دەسەڵات و حکومڕانی ئەنجامبدەین، کە پێشتر نەتوانراوە بکرێت. ئەمرۆ چوارشەممە 24ی تەموزی 2024، لاهوور شێخ جەنگی پێشوازییکرد لە لیو جیون، کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین لە هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا بیرورایان ئاڵوگۆڕکرد دەربارەی دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان. لە کۆبوونەوەکە جەختکرایەوە، لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان. هەروەها باس لە، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پارلەمانی کوردستانکرد و گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنمان دووپاتکردەوە لە وادەی دیاریکراودا. ئاماژەیان بۆ ئەو پرۆژە و پلانانەکرد کە وەک بەرەی گەل ئامادەمانکردووە کە دەمانەوێت بیکەینە بەرنامەی لیستەکەمان بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە گۆڕانکاری و چاکسازی گەورە  لە دەسەڵات و حکومڕانی ئەنجام بدەین کە پێشتر نەتوانراوە بکرێت. لە کۆتایی دیدارەکەدا گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستانمان لە بوارەکانی کەلتوری بازرگانی و ئابوری و تەواوی بوارەکانیتر دووپاتکردەوە.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ن بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن لە سەمونخانەکان، نانەواخانەکان و چێشتخانەکان قەدەغەدەکات. د.سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی  رایگەیاند، "بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن لە سەمونخانەکان، نانەواخانەکان و چێشتخانەکان قەدەغەکراوە، بڕیارەکە بەو جۆرەیە لەمەودوا لە جیاتی کیسەی نایلۆن دەبێت کیسەی کاغەز بەکاربهێنرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەش لەبەر ئەوەی لە رووی زانستییەوە کیسەی نایلۆن زیانبەخشە بۆ تەندروستی مرۆڤ و دەکرێت ببێتە هۆی سەرچاوەیەک بۆ توشبوونی مرۆڤ بە شێرپەنجە". جێی ئاماژەپێدانە، لەبەر ئەم هۆکارانە لە ئێستادا لە جیهان کیسەی کاغەز وەک و جێگرەوەیەک لە جیاتی کیسەی نایلۆن بەکاردەهێنرێت . 

هاوڵاتی پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤێن کە لەم دواییانەدا لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ خێزانەکەی بێبەش کرابوو، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تەموزی 2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، چالاکوان و بەندکراوی سیاسیی کورد کە خەڵکی شاری مەهابادە و نزیکەی ساڵێکە دەستبەسەرە، لەلایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی “بەغی” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی لە کاتێکدایە کە ناوبراو ماوەی چەند مانگی سەرەتایی دەستبەسەرکرانەکەی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و دادگاییکردنی دۆسیەکەی لە پرۆسەیەکی ناڕوون و نادادپەروەرانەدا بەڕێوەچووە. پەخشان عەزیزی، ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی شاری تاران لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.