هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەکارهێنانی شەفتی مووسی تراشکردن لە سەرتاشخانەکان قەدەغەبکات. ئەمڕۆ دووشەممە 29ی تەموزی 2024، د. سەرکار سورجی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە ئاپۆرانیوزی راگەیاند "بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە گوازراوەکان وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی شەفتی مووسی تراشکردن لە تەواوی سەرتاشخانەکان و پابەندکردنیان بە بەکارهێنانی  گوێزانی سەفەری (Disposable) کە تەنها یەک جار  بەکاربێنن، ئەم بابەتە بکرێتە مەرجێکی سەرەکی نوێکردنەوەی مۆڵەتی تەندروستی سەرتاشخانەکان". ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕیارەکە گشتاندنی بۆ کراوە بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە تەندروستییەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کاری پێویست و بەپەلە ئەنجام بدەن بە ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی چاودێری تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ سەردانیکردن و پشکنینی گشتی سەرتاشخانەکان لە هەموو شوێنێک، لەو رۆژەی کە بڕیارەکە دەرچووە دەکەوێتە واری جێبەجێکردن".  

هاوڵاتی  بڕیاربوو ئەمڕۆ بۆ سێیەم جار دانیشتنی دادگایی دۆسێیەى شەهید دەنیز جەودەت، ئەندامی کەنەکە بەڕێوەبچێت، کە لە 18ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو لە هەولێر شەهید کرا، بەڵام لەسەر داواى پارێزەرانى دۆسێیەى شەهید دەنیز دانیشتنەکەى ئەمڕۆ دواخرا. بڕیار بوو ئەمڕۆ بۆ سێیەم جار، دانیشتنی دادگایی دۆسێیەى تیرۆرکردنی دەنیز جەودەت لە دادگای هەولێر بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە دواخرا، بەپێی زانیارییەکان هۆکاری دواخستنی دانیشتنەکەى دادگا دەگەڕێتەوە بۆ داواى پارێزەرانى دۆسێیەکە. هەروەها، لە دانیشتنەکەدا دوو لە توانباران دانیان بە تاوانەکەیان ناوە و دادوەریش بەپێى مادەى دووى تیرۆر سزاى بەندکردنى بەسەردا سەپاندوون، بەڵام تا ئێستا تاوانبارى سێیەم دەستگیر نەکراوە. ڕۆژی 18ی ئەیلولی 2023 لە نووسینگەی نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە شاری هەولێری باشووری کوردستان، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا ئەندام و نوێنەری کەنەکە لە باشووری کوردستان (دەنیز جەودەت بولبون) شەهیدکرا.

هاوڵاتی سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ لە سلێمانى 17 کرێکار لە کاتى کارکرندا گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ دووشەممە 29ی تەموزی 2024، عوسمان زیندانی، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سلێمانی رایگەیاند، "لە ئەمساڵ لە پارێزگای سلێمانی 17 کرێکار لە کاتى کارکرندا گیانیان لەدەستداوە". سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە شەشیان بیانی بوون و 11 کرێکارەکەی دیکەش خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون". ساڵانە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کرێکار بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی لەکاتی کارکردن تووشی رووداو دەبن یان گیانلەدەستدەدەن، یان برینداردەبن و بەوهۆیەوە کەمئەندام دەبن.

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد لە شەوی ڕابردووەوە ڕەشەبایەکی بەهێز چەند ناوچەیەکی هەرێمی گرتووەتەوە و بەپێی وتەی بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بێت تاوەکو سبەینێ بەردەوام دەبێت. ئەمڕۆ دووشەممە 29ی تەموزی 2024، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "ئەو ڕەشەبایەی لە شەوی ڕابردووەوە چالاک بووە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەوە بە تایبەتی ناوچەکانی باشووری هەرێم". بە وتەی بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بێت، "خێرایی ڕەشەباکە 15 مەترە لە هەر چرکەیەکدا کە دەکاتە 54 کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێکدا، هەروەها ئەو ڕەشەبایە بای باکووری رۆژهەڵاتە و دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ ئەمڕۆ پلەکانی گەرما نزم ببنەوە". ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، "ڕەشەباکە تاوەکو سبەینێ سێشەممە، بەردەوام دەبێت، دواتر بەشێوەی پچڕ پچڕ سەرهەڵدەدات".

هاوڵاتی بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر هۆشداری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڤایرۆسی جگەر دەدات و دەڵێت، "لە شەش مانگی ئەمساڵدا زیاد لە 400 کەس تووشی ئەو ڤایرۆسە بوون". د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوه‌بەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاندووە، "ڤایرۆسی جگەر لەجۆری C و B، لەنەخۆشییە قورسەکانن کە ئەگەر چارەسەر وەرنەگرێت دەبێتە یەک لە ڤایرۆسە کوشندەکان، لەبەرئەوە ساڵانە زیاتر لە 300 هەزار پشکنین ئەنجامدەدرێت بۆ ئەوانەی نەشتەرگەریی یاخود قەستەرە دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابین کە توشبوی ئەو ڤایرۆسە نین". ئاماژە بەوەشدەدات، "ئامارەکان دڵخۆشکەرنین‌و لەشەش مانگی ئەمساڵدا، سەروو 400 کەس دەستنیشانکراون توشبووی ڤایرۆسەکەن، کەواتە بەردەوام تووشبوون بە ڤایرۆسەکە هەیە، دەتوانرێت پێشگریشی لێبکرێت بەپێدانی ڤاکسین بۆ ئەو منداڵانەی کە لەدایکدەبن، لە هەرێمی کوردستان ئەو منداڵانەی لەدایکدەبن ڤاکسینیان بۆ دابینکراوە، هاوکات ئەوانەی کاردەکەن، پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەوانەشی کە توشی بون، چارەسەر وەردەگرن". به‌پێی وتەی بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر بێت، "پزیشک‌ و کارمەندەکانی تەندروستی زیاتر دوچاری ئەو ڤایرۆسە دەبن، بەتایبەت ئەوانەی نەشتەرگەریی بۆ ئەو نەخۆشانە دەکەن کە دووچاری نەخۆشییەکە بوونەتەوە، بۆیە دەبێت ئەوان ڤاکسین وەربگرن، یاخود ئەوانەی لەدەرەوەی هەرێمه‌وه‌ دێن، پشکنینیان بۆ دەکرێت". ئه‌وه‌شى روونكرده‌وه‌، "ڤایرۆسی جۆری A و B و C لە کوردستان هەن، جۆری ئەی مەترسی نییەو پێویستی بەچارەسەر نییە، سێ پشکنینی ڤایرۆسیش دەکەن لەجۆری جگەری B و C و ئایدز، ئەگەر لەو پشکنینانە دەرکەوت، توشبوان چارەسەر وەردەگرن، بەئاستێکی زۆرباش توانراوە کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکە بکرێت بەتایبەت لەڕێگە نەدان بەهاتنە ژورەوەی ئەوانەی ئەوانەی هەڵگریی ڤایرۆسەکەن بۆ هەرێم، ئەوانەی لەناوخۆش هەڵگریی ڤایرۆسەکەن، چارەسەرییان پێدەدرێت‌و دەخرێنە ژێر چاودێریی".

هاوڵاتی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەرکی بنەڕەتی هێزە ئەمنیەکان بریتیە لە پاراستنی سەروو ماڵی هاوڵاتیان و ناکرێ خۆیان بەشێک بن لە تاوانەکان و ناکرێ ئەوان شوێن و ئەرکی خۆیان بەکاربینن بۆ ئەنجامدانی تاوان و هەڕەشە و کوشتن و لێدان. ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی تەمووزی 2024، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بەداخەوە ماوەیەکە چەند حاڵەتێکی کوشتن و شەڕو تەقەو دەست درێژی بۆ سەر هاوڵاتیان تۆمارکراوەو ڕوویداوە لەشارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.   دەشڵێتم، " ئەوەی جێگەی نیگەرانی و دڵتەنگی ئێمەیە لە بەشێک لەو حاڵەتانە ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان بەشداربونە و تۆمەتبارن بە حاڵەتەکان کە ئەوە ئاماژەیەکی خراپە، چونکە ئەرکی بنەڕەتی هێزە ئەمنیەکان بریتیە لە پاراستنی سەروو ماڵی هاوڵاتیان و ناکرێ خۆیان بەشێک بن لە تاوانەکان و ناکرێ ئەوان شوێن و ئەرکی خۆیان بەکاربینن بۆ ئەنجامدانی تاوان و هەڕەشە و کوشتن و لێدان".   ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە ئەندامانی دەزگا ئەمنیەکان باشتر ڕابهێنرێن و ئاگادار بکرێنەوە کە بە هیچ شێوەیەک دوای دەوامی فەرمی بۆیان نیە چەک بەکاربێنن و نابێ بەشێک بن لە حاڵەتەکانی تاوان".  جێگەی ئاماژیە، شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گەنجێک بە ناوی ئاری کە پیشەی چایچی بوو، له‌ لایه‌ن چه‌كدارێكی‌ هێزه‌كانی‌ كۆماندۆوه‌ ته‌قه‌ی‌ لێكرا و كوژرا و یەکێکی دیکەشی بریندارکرد.   ده‌قی‌ پەیامه‌كه‌ی دەستەی سەربەخۆی  مافی مرۆڤ:  پەیامی دەستەی سەربەخۆی  مافی مرۆڤ دەربارەی چەند حاڵەتێکی کوشتن و شەڕو دەست درێژی بۆ سەر هاوڵاتیان لەهەرێمی کوردستان.   بەداخەوە ماوەیەکە چەند حاڵەتێکی کوشتن و شەڕو تەقەو دەست درێژی بۆ سەر هاوڵاتیان تۆمارکراوەو ڕوویداوە لەشارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.  ئەوەی جێگەی نیگەرانی و دڵتەنگی ئێمەیە لەبەشێک لەو حاڵەتانە ئەندامانی هێزە ئەمنیەکان بەشداربونەو تۆمەتبارن بەحاڵەتەکان کە ئەوە ئاماژەیەکی خراپە، چونکە ئەرکی بنەڕەتی هێزە ئەمنیەکان بریتیە لە پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان و ناکرێ خۆیان بەشێک بن لەتاوانەکان وناکرێ ئەوان شوێن و ئەرکی خۆیان بەکاربینن بۆ ئەنجامدانی تاوان و  هەڕەشەو کوشتن ولێدان.  لەکاتێکدا لەهەفتەی ڕابردوو ئەندامێکی هێزە ئەمنیەکان لەشاری سلێمانی خۆی کەسێکی کوشت و ئەمجارەش دووبارە ئەندامێکی هەمان ئەو هێزە ئەمنیە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاوڵاتیەکی کاسبکار کە هەردوو حاڵەت جێگەی پرسیارە کە بەچەکی فەڕمی ئەنجام دراون   ئەگەرچی جێی دەستخۆشیە هەردوو تۆمەتباری هەردوو ڕووداوەکە دەستگیرکراون.  ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەمان کات نیگەرانی ئەوەشین کە هێشتا چەک بەدەستی هاوڵاتیانەو لەیەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکاردێ و بۆتە مایەی ڕوودانی حاڵەتەکانی کوشتن و تەقەی بەردەوام و دروست کردنی نائارامی لەهەندێ شوێن و ناوچە کە پێویسته حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆۆر جددی تر کۆنتڕۆڵی ئەو دیاردە ناشارستانی و نایاساییانە بکات و بەتەواوی دیاردەی چەکداری کۆنتڕۆڵ بکاو داواکراوانیش بدرێنە دادگاو بۆ هیچ کەسێک نەبێ داڵدەیان بدات.  لەهەمان کات پێویستە ئەندامانی دەزگا ئەمنیەکان باشتر ڕابهێنرێن و ئاگادار بکرێنەوە کەبە هیچ شێوەیەک دوای دەوامی فەرمی بۆیان نیە چەک بەکاربێنن و نابێ بەشێک بن لە حاڵەتەکانی تاوان.  بەهیواین ئاسایشی کۆمەڵگەکەمان زیاتر پارێزراو بێ هاوڵاتیان باشتر هەست بە ئارامی و ئاسودەیی بکەن.  دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان.   ‌‌ ‌28 تەموزی 2024

ئامادەکردنی: هاوڵاتی نیوز ١ لەگەڵ مێژووی دروستبوونی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتداریدا، یەکێک لەو دەزگایانەی دروست دەکرێت، بریتییە لە دامەزراوەی سەربازی، کە دواتر دەیان لقوپۆی دیکەی لێدەبێتەوە و لە ژێرناوەکانی وەک هێزی بەرگری نیشتیمانی و دەزگای پۆلیس و هێزی ئاسایش و پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان و ...هتد دا، ڕێکدەخرێن، کە دواجار سەرجەمیان لە ژێر فەرمانی فەرمانڕەواکاندان و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و سەرانی حوکمڕان دروست دەکرێن. هەڵبەت مێژووی دروستبوونی سوپا و هێزی چەکدار بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستی دونیادا ئەو ڕاستییەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە بە ئاوارتە و لە دۆخی زۆر حەساسدا نەبووبێت، سوپا و هێزی سەربازی لە بەرژەوەندی خەڵکدا نەبوون. هەڵبەت ئەمە لەو دەوڵەتانەدا کە لەسەر بنەمای دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی دروستبوون، ئەگەرنا لەناو دەوڵەتە ستەمکار و دیکتاتۆر و فاشیستەکاندا، هێزی سەربازی و هەموو ئەو هێزانەی دیکە کە لەژێر دەمامکی پاراستنی ئەمن و ئاسایشدا دروست دەکرێن، سەرجەمیان گوێ لەمستی دەسەڵاتدارانن و ئەرکیان ئەوەیە بەرژەوەندی سیاسییەکان و سەرکردەکانیان بپارێزن و لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی زەبروزەنگ و لێدان و ئازاردانی خەڵک و هاوڵاتییانەوە، فۆبیای گەورەیی فووتێکراوی سەرکردە و سەرۆکەکانیان بەناو ژیانی گشتیدا بڵاو بکەنەوە، کە زۆرجار ئەم پڕۆسەی سەرکوتکارییە، تا ئاستی کوشتنی هاوڵاتیان و سڕینەوەی یەکجارییان دەڕوات. ٢ یەکێک لەو نموونە نزیکانەی دەکرێت بۆ نموونەی شۆڤێنیزم و ستەمکاری و دیکتاتۆرییەت بە نموونە بیهێنینەوە. دەوڵەتانی داگیرکەری دراوسێ و لەناویشیاندا عێراقی سەردەمی بەعسیزم و سەرۆکە فاشیستەکەیەتی. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا و لەگەڵ جێگیربوونی دەسەڵاتی بەعسییەکاندا، سەدام حسێن، دەیان جەللاد و پیاوکوژ و بەڵتەچی و چەقۆکێشی لە دەوری خۆی کۆکردبووەوە، تا لە دەرەوەی هێزە فەرمی و سەربازییەکانی دەوڵەتەکەیدا، ترس و بیم بەناو خەڵکیدا بڵاو بکەنەوە و لەو ڕێگەیەوە وێنەی بەعس وەک دێوەزمە و وەحشێکی تۆقێنەر بڕواتە ناوسەر و سایکۆلۆژیای تاکی عێراقی و هاوڵاتییانی کوردستان و ناوچەکەوە. دیارترینی ئەو خوێنڕێژ و مرۆڤکوژە دزێوانەش (ابو طَبر) بوو، کە کەسێکی ئێجگار نزیکبوو لە سەدامەوە و دەیان و سەدان ژن و پیاو و منداڵ و گەنج و هاوڵاتییانی مەدەنی بە تەور بۆ سەدام حسێنی گۆڕبەگۆڕ کوشتووە، تا لەو ڕێگەیەوە تۆوی ترس و تۆقین لەناو دەروونی خەڵکدا بچێنێ و وێنەی دەسەڵاتی حزبی بەعسیش وەک هێزێکی خنکێنەر و بە زەبروزەنگ لە دڵ و دەروونی هاوڵتیاندا بچەسپێنێ. ٣ ئەوەی جێگای نائومێدی و وەڕزبوونێکی سەرتاسەرییە، ئەوەیە کە لە ئێستادا و لە لۆکاڵێکی بچوکی وەک کوردستاندا، زیاتر لە هەر وڵاتێکی دیکە هێز و سوپا و لەشکری سەربازی ئاشکرا و نهێنی لەژێر ناوەکانی(زێرەڤانی و کۆماندۆ و ئۆپەراسیۆن و سوات و ئاسایشی مەدەنی و دژەتیرۆر و ..چی و چیدیکە)دا، بەناوی هێزی پاراستنی هاوڵاتیان و  نیشتیمانەوە دروستکراون و بە کوچە و شەقام و بازاڕ و پارک و قاوەخانەکانی ئەم مەملەکەتەدا بڵاو کراونەتەوە، بە ڕادەیەک کە ئێستا دیمەنی شارەکانی سلێمانی و هەولێر و زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لە کەمپ و ئۆردووگای زۆرەملێ دەچن و ئێمەی هاوڵاتیان لەناویاندا گەمارۆ درابین. ئەوەشی جێگای مەترسییە ئەم بەسەربازگەکردن و درێژەدانە بە حوکمی پۆستاڵ و چەک، تا دێت زیاتر و زیاتر پەرە دەستێنێت و  کار بە شوێنێک گەیشتووە، ساڵانە دوو پارتە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم، لێبوردنێکی گشتی بۆ ئەو زیندانییانە دەردەکەن کە بکوژ و شەللاتی و چەقۆکێشن، پاشان وەک ئەبو تەورەکەی سەدام، دەیانهێنن و دەیانکەن بە پیاوی خۆیان و ڕایان دەسپێرن لەسەر شەقام و لەناو چالاکی و خۆپیشاندەران و گردبوونەوە مەدەنییەکاندا، کارەساتی خوێناوی و جەرگبڕ بنێنەوە، تا لەو ڕێگەیەوە بە سەرێک ترس و خۆف لە دڵی هاوڵاتیاندا بچێنن و  بە سەرێکی دیکەش بە کۆمەڵگا بڵێن ئێوە هەمووتان لەژێر دیسپلین و کۆنترۆڵی ئێمەدان. لە کاتێکدا ئێمە ڕۆژانە لە ژێر تۆپبارانی سوپای تورکیای داگیرکەرداین و لەشکرکێشی دەکرێت بۆ سەر خاکەکەمان، کەچی بەم هەموو سوپا و جبەخانەیەوە سەرانی حوکمڕان هیچ هەلوێستێکیان نییە و وەک ئەوە وایە نە بایان دیبێت نە بۆران! ٤ بێگومان لە فەزایەکی پڕ لە چەک و جبەخانەی لەم چەشنەدا، ئەوەی نرخی نامێنێت ڕووداوی کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤ و هاوڵاتیانە، وەک ئەوەی دوێنێ شەو لە (مەیدانی لەفەفرۆش و چایچییەکان)ی گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانیدا ڕوویدا و تێیدا گەنجێکی خوێنگەرمی خێرلەخۆنەدیو، بە گوللەی چەکدار و جەللادێکی بێباکی یەکێک لەو یەکە سەربازییانەی بەناوی پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیانەوە دروستکراون، بوو بە  قوربانی. ئەوەی جێگای ئەسەفێکی زۆرە ئەوەیە، سەرباری ئەوەی ژیانی ئەو گەنجە بە فیڕۆچوو، کەچی لێدوانی هیچ یەکێک لە بەرپرس و لێپرسراوانی ئەو یەکە سەربازییەمان نەدی ڕوونکردنەوە بدات و دوای سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو گەنجە بێتاوانە، دەست لەکارەکەی بکێشێتەوە! لە کاتێکدا ئەم ڕووداوە لە هەر وڵاتێکی دیکە بوایە، جگەلەوەی وەزیری بەرگری و سوپا دەستی لەکار دەکێشایەوە، لە ئاستی جەماوەریشدا، شۆڕشی چایچییەکان دەخوڵقا و بە دڵی بریندارەوە بە دەسەڵات و ڕای گشتییان ڕادەگەیاند، لەم چرکەساتە بە دواوە هیچ  چەکدارێک بۆی نییە لای ئێمە لەفە و چا بخوات، بۆیە هەرچی زووترە پێویستە لەم شارە بیانکەنە دەرەوە

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی تەمووزی 2024، ئەنجوومەنی سەربازیی کۆبانێ، خستەنەخوارەوەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایان لە گوندەکانی کۆبانێ ڕاگەیاند. لەم بارەوە ئاژانسی هەواڵیی هاوار نیوز ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 6 شەڕڤانانی ئەنجوومەنی سەربازیی کۆبانێ، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیایان خستووەتە خوارەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز، ئەو دوو درۆنە بۆمبڕێژکراوەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لە ئاسامانی گوندی شێخلەری سەر بە کۆبانێ سووڕاونەتەوە و خستوویانەتە خوارەوە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی تەمووزی 2024، وەزارەتی نەوتی عێراق لە بارەی ڕێژەی فرۆشتنی نەوتی عێراق لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە لە مانگی حوزەیراندا، ڕاگەیادراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، بڕی هەناردەكردنی نەوتی خاو لە مانگی حوزەیراندا، بریتیبووە لە 102 ملیۆن و 314 هەزار و 548 بەرمیل نەوت، كە لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە فرۆشراوە.  ئاماژە بەوەشكراوە، كۆی بڕی نەوتی فرۆشراوی كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە مانگی ڕابردوودا بریتیبووە لە 102 ملیۆن و 11 هەزار و 928 بەرمیل. ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕی 302 هەزار و 620 بەرمیل نەوت بە ئوردن فرۆشراوە.

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، 463 خێزانی ئاوارە لە کامپی شاریا لەسنووری دهۆک گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شەنگال. ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی تەمووزی 2024، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، بە هاوکاری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە هاوکاری کردنی ئاوارەکان لەپێناو گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەمڕۆ 463 خێزانی ئاوارە لە کامپی شاریا لەسنووری دهۆک گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شەنگال. دەشڵێت، سەرجەم ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە هاوکاری ماددی و فریاگوزارییان بەسەردا دابەش کراوە بەپێی رێنمایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەکان. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی 23ی ئەم مانگە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەزار و 841 ئاوارەی دانیشتووى كامپەكانی سنووری پارێزگاى دهۆك بە ڕەزامەندی خۆیان گەڕێندرانەوەتەوە بۆ شەنگال و هاوكاری داراییان بەبڕی چوار ملیۆن دینار پێدراوە و بەشێكى كەرەستەکانى ناو ماڵیان بۆ دابینكراوە. وتیشی، رۆژی 11ی ئەم مانگەش سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپەکانی سنووری سلێمانی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و دواهەمین کەمپ لە ناوچەی عەربەت لەسنووری سلێمانی داخرا.  

هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، ھاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێم کاتی دەوێت و ڕەنگە تا مووچەی مانگی ھەشت ھەر بەھاوتانەکراوی ڕەوانە بکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی تەموزی 2024، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند، "وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم لیستی مووچەی خانەنشینانی بە ھاوتاکراوی ڕەوانەی بەغدا کردووە، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نییە و پەیوەندی بە سیستمی خانەنشینی عێراقەوە ھەیە". ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕەنگە تا مووچەی مانگی ھەشت خانەنشینانی ھەرێم بە ھەمان شێوەی خۆیان مووچە وەربگرن، چونکە فەرمانبەر ھەیە لە ھەرێم کە بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق دەبێت خانەنشین بکرێت و پێداچوونەوە بە مووچە و ئیمتیازاتەکانی بکرێت". وتیشی، "ھاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێم کاتی دەوێت، ڕەنگە تا مووچەی مانگی ھەشت مووچەی خانەنشینان بەھاوتانەکراوی بنێردرێت.” رۆژی 21ی تەموزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی خانەشینانی بە ھاوتاکراوی لەگەڵ لیستی موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.

هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بە یەکجاری پێدانی قەرز و پێشینەکان رابگیرێت و دەڵێت، پێدانی قەرز کاری بانکە ئەهلییەکانە نەک وەزارەتەکانی حکومەت. بەپێی نووسراوێک کە ئاڕاستەی هەردوو وەزارەتی دارایی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "پشتبەست بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 29ـی 5ـی 2024 لەبارەی پێداچوونەوە بە قەرزەکان، هەردوو وەزارەت رادەسپێرن پێداچوونەوە بە پێدانی قەرز بکەن و ئەنجامەکەی بخەنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران". ئاماژە بەوەشدەکات، "لە بنەڕەتدا قەرز کاری بانکەکانە نەک وەزارەتەکان، حکومەت تەنها دەتوانێت پشتیوانی کارئاسانی بۆ بانکەکان پێشکەش بکات، بە یاسا و رێنماییش مافی هاووڵاتیان بپارێزێت". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوەشدەکات، "دەکرێت حکومەت لەم بابەتەدا رۆڵی زامنکار ببینێت، نەک لە بودجەی گشتی قەرز بدات".

هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لیژنه‌كه‌یان تاوتوێی هه‌مواری ژماره‌یه‌ك یاسای گرنگ ده‌كات له‌وانه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی پاسپۆرتی دیپلۆماسی. محەمەد شەمەری، ئه‌ندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق به‌ رۆژنامه‌ی "الصباح"ی راگه‌یاند "لیژنه‌كه‌مان تاوتوێی هه‌مواری ژماره‌یه‌ك یاسای گرنگ ده‌كات له‌وانه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی پاسپۆرتی دیپلۆماسی، ده‌زگای هه‌واڵگری، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ئاسایش و به‌رگرییه‌وه‌ هه‌یه". ئاماژەی بەوەشداوە، "هه‌ندێك بڕگه‌ی یاسایی پاسپۆرتی دیپلۆماسی هه‌مواركراونه‌ته‌وه‌ بۆ  ئاسانكاریكردن لە رێوشوێنەكانی، هەمواركەش دوای ئەوە ئەو تۆمەتانە دێت كە ئاڕاستەی هەردو وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق كراوەن، سەبارەت بەوەی بەشێوەیەكی ناڕەوا پاسپۆرتی دیپلۆماسیان داوە بە هه‌ندێك كه‌س، بەڵام دوای بەدواداچون بۆیان روونبوەتەوه‌ كه‌ تۆمه‌ته‌كان هیچ بنەمایەكی راستیان نییه‌". شەمەری باسی لەوەشکردووە، "ژماره‌ی پاسپۆرته‌ دیپلۆماسیه‌كان كه‌ به‌خشراون ته‌نها هه‌زار و 600 پاسپۆرتن و ئه‌و ژمارانه‌ی كه‌ له‌ میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان باس دەكرێن راست نین". وتوشیەتی، "به‌پێی هه‌مواره‌ نوێكه‌ پاسپۆرتی دیپلۆماسی لە ئەندامی خێزانەكانیان دەسەنرێتەوە كاتێك تەمەنیان دەگاتە 24 ساڵان و ده‌بێته‌ پاسپۆرتی ئاسایی، بەڵام بۆ منداڵ و هاوسەرەكانیان ناگۆڕێت، هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌نگی په‌رله‌مانتاران".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای موەلیدەی سیتییەکان بۆ مانگی تەموز بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون (سیتییەکان) کۆبوونەوەیەکی سازکردو تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی تەموز دیاریکرد، کە بریتییە لە 258 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک". ئاماژە بەوەکراوە، "بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی سیتییەکان ئامادەکراوە نرخی کیلۆوات ئاوەڕێک کارەباى موەلیدەى ستییەکان بۆ ئەم مانگە بریتییە لە 258 دینار". جێگەی ئاماژە بۆکردنە، مانگى ڕابردوو نرخى کیلۆواتێک کارەباى موەلیدەى سیتییەکان 254 دینار بوو. پێویستیشە سەرجەم سیتیيەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

هاوڵاتی شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی شاری سلێمانی بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێوە گەنجێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان بێت ئەو کەسەی تەقەی کردووە کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆیە. دوای رووداوەکە بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "شەوی 27ی تەموزی 2024 لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو هاوڵاتی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک، ڕاستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستگیردەکەن، لەپێناو سەروەربوونی یاسا کارمەندێکی (هێزەکانی کۆماندۆ) بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بکوژەکە، لەلایەن کۆماندۆی کوردستان ڕادەستی هێزەکانی ئاسایش کرا". لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەمە دەبێتە دووەم حاڵەتی کوشتن لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی کە کارمەندانی هێزەکانی کۆماندۆ تیادا تۆمەتبارن و بەپێی راگەیەندراوەکانی ئاسایشی سلێمانی بێت هەردوو کارمەندەکەی کۆماندۆ دەستگیرکراون. رووداوی یەکەم لە شەوی 16ی تەموزی 2024 بوو کە کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستڕێژی گولـلەی لە مێردامنداڵێک بەناوی "شا ڕەوەند" کرد و کوشتی، هەروەها رووداوی دووەم ئەمشەو 27ی تەموزی 2024 بوو کە کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ تەقەیکردووە و بەهۆیەوە کەسێک بە ناوی "ئاری ڕزگار" کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو. بەپێی ئەو زانیارییانە بێت کە هاوڵاتی وەریگرتووە، کەیسی هەردوو رووداوەکە لە ئاسایشی سلێمانی و لەئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. هێزەكانی كۆماندۆ لە شاری سلێمانی هێزێكی راهێندراوی پڕچەكە و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەكریت.