هاوڵاتی ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، ھاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێم کاتی دەوێت و ڕەنگە تا مووچەی مانگی ھەشت ھەر بەھاوتانەکراوی ڕەوانە بکرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی تەموزی 2024، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاند، "وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم لیستی مووچەی خانەنشینانی بە ھاوتاکراوی ڕەوانەی بەغدا کردووە، بەڵام ئەوە کارێکی ئاسان نییە و پەیوەندی بە سیستمی خانەنشینی عێراقەوە ھەیە". ئاماژەی بەوەشکرد، “ڕەنگە تا مووچەی مانگی ھەشت خانەنشینانی ھەرێم بە ھەمان شێوەی خۆیان مووچە وەربگرن، چونکە فەرمانبەر ھەیە لە ھەرێم کە بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق دەبێت خانەنشین بکرێت و پێداچوونەوە بە مووچە و ئیمتیازاتەکانی بکرێت". وتیشی، "ھاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی ھەرێم کاتی دەوێت، ڕەنگە تا مووچەی مانگی ھەشت مووچەی خانەنشینان بەھاوتانەکراوی بنێردرێت.” رۆژی 21ی تەموزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی خانەشینانی بە ھاوتاکراوی لەگەڵ لیستی موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.

هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات بە یەکجاری پێدانی قەرز و پێشینەکان رابگیرێت و دەڵێت، پێدانی قەرز کاری بانکە ئەهلییەکانە نەک وەزارەتەکانی حکومەت. بەپێی نووسراوێک کە ئاڕاستەی هەردوو وەزارەتی دارایی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "پشتبەست بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە رۆژی 29ـی 5ـی 2024 لەبارەی پێداچوونەوە بە قەرزەکان، هەردوو وەزارەت رادەسپێرن پێداچوونەوە بە پێدانی قەرز بکەن و ئەنجامەکەی بخەنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران". ئاماژە بەوەشدەکات، "لە بنەڕەتدا قەرز کاری بانکەکانە نەک وەزارەتەکان، حکومەت تەنها دەتوانێت پشتیوانی کارئاسانی بۆ بانکەکان پێشکەش بکات، بە یاسا و رێنماییش مافی هاووڵاتیان بپارێزێت". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوەشدەکات، "دەکرێت حکومەت لەم بابەتەدا رۆڵی زامنکار ببینێت، نەک لە بودجەی گشتی قەرز بدات".

هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لیژنه‌كه‌یان تاوتوێی هه‌مواری ژماره‌یه‌ك یاسای گرنگ ده‌كات له‌وانه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی پاسپۆرتی دیپلۆماسی. محەمەد شەمەری، ئه‌ندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق به‌ رۆژنامه‌ی "الصباح"ی راگه‌یاند "لیژنه‌كه‌مان تاوتوێی هه‌مواری ژماره‌یه‌ك یاسای گرنگ ده‌كات له‌وانه‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی پاسپۆرتی دیپلۆماسی، ده‌زگای هه‌واڵگری، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ ئاسایش و به‌رگرییه‌وه‌ هه‌یه". ئاماژەی بەوەشداوە، "هه‌ندێك بڕگه‌ی یاسایی پاسپۆرتی دیپلۆماسی هه‌مواركراونه‌ته‌وه‌ بۆ  ئاسانكاریكردن لە رێوشوێنەكانی، هەمواركەش دوای ئەوە ئەو تۆمەتانە دێت كە ئاڕاستەی هەردو وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق كراوەن، سەبارەت بەوەی بەشێوەیەكی ناڕەوا پاسپۆرتی دیپلۆماسیان داوە بە هه‌ندێك كه‌س، بەڵام دوای بەدواداچون بۆیان روونبوەتەوه‌ كه‌ تۆمه‌ته‌كان هیچ بنەمایەكی راستیان نییه‌". شەمەری باسی لەوەشکردووە، "ژماره‌ی پاسپۆرته‌ دیپلۆماسیه‌كان كه‌ به‌خشراون ته‌نها هه‌زار و 600 پاسپۆرتن و ئه‌و ژمارانه‌ی كه‌ له‌ میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان باس دەكرێن راست نین". وتوشیەتی، "به‌پێی هه‌مواره‌ نوێكه‌ پاسپۆرتی دیپلۆماسی لە ئەندامی خێزانەكانیان دەسەنرێتەوە كاتێك تەمەنیان دەگاتە 24 ساڵان و ده‌بێته‌ پاسپۆرتی ئاسایی، بەڵام بۆ منداڵ و هاوسەرەكانیان ناگۆڕێت، هه‌مواركردنه‌وه‌كه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌نگی په‌رله‌مانتاران".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای موەلیدەی سیتییەکان بۆ مانگی تەموز بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، "لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون (سیتییەکان) کۆبوونەوەیەکی سازکردو تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی تەموز دیاریکرد، کە بریتییە لە 258 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک". ئاماژە بەوەکراوە، "بەگوێرەی نرخی گازوایل لەبازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی بۆ خەرجی موەلیدەی سیتییەکان ئامادەکراوە نرخی کیلۆوات ئاوەڕێک کارەباى موەلیدەى ستییەکان بۆ ئەم مانگە بریتییە لە 258 دینار". جێگەی ئاماژە بۆکردنە، مانگى ڕابردوو نرخى کیلۆواتێک کارەباى موەلیدەى سیتییەکان 254 دینار بوو. پێویستیشە سەرجەم سیتیيەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەنرخەکەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

هاوڵاتی شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی شاری سلێمانی بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵێوە گەنجێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان بێت ئەو کەسەی تەقەی کردووە کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆیە. دوای رووداوەکە بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "شەوی 27ی تەموزی 2024 لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو هاوڵاتی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک، ڕاستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستگیردەکەن، لەپێناو سەروەربوونی یاسا کارمەندێکی (هێزەکانی کۆماندۆ) بە تۆمەتی هاوکاریکردنی بکوژەکە، لەلایەن کۆماندۆی کوردستان ڕادەستی هێزەکانی ئاسایش کرا". لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەمە دەبێتە دووەم حاڵەتی کوشتن لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی کە کارمەندانی هێزەکانی کۆماندۆ تیادا تۆمەتبارن و بەپێی راگەیەندراوەکانی ئاسایشی سلێمانی بێت هەردوو کارمەندەکەی کۆماندۆ دەستگیرکراون. رووداوی یەکەم لە شەوی 16ی تەموزی 2024 بوو کە کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستڕێژی گولـلەی لە مێردامنداڵێک بەناوی "شا ڕەوەند" کرد و کوشتی، هەروەها رووداوی دووەم ئەمشەو 27ی تەموزی 2024 بوو کە کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ تەقەیکردووە و بەهۆیەوە کەسێک بە ناوی "ئاری ڕزگار" کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو. بەپێی ئەو زانیارییانە بێت کە هاوڵاتی وەریگرتووە، کەیسی هەردوو رووداوەکە لە ئاسایشی سلێمانی و لەئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن. هێزەكانی كۆماندۆ لە شاری سلێمانی هێزێكی راهێندراوی پڕچەكە و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەكریت.

هاوڵاتی لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا کە هۆکارەکەی نەزانراوە دەیان دۆنم پووش و پاوان و نزیکەی 250 داری سنەوبەر و کالیپ تۆز لە سنووری قەزای دوکان سووتان. ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، "لە گەڕەکی بانوانی قەزای دوکان ئاگرێکی بەرفراوان کەوتەوە". ئاماژە بەوەشکراوە، "دوای ڕووداوەکە مەفرەزەیەک لەکارمەندانی بەشی پۆلیسی دارستانی دوکان گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە بەمەبەستی کوژاندنەوەی و بە هاوکاری بنکەی ئاگرکوژێنەوەو ئاسایشی دوکان و هاووڵاتیان توانرا ئاگرەکە لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا کۆنتڕۆڵ بکرێت". پۆلیسی دارستان ڕاشیگەیاند، "هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە کە سووتانی نزیکەی 30 دۆنم پووش و پاوان و نزیکەی 250 داری سنەوبەر و کالیب تۆزی لێکەوتەوە".

هاوڵاتی ئەمشەو لە گەڕەکی ڕاپەڕین لەشاری سلێمانی، لەبازاڕی لەفە فرۆشەکانی ئەو گەڕەکە بەهۆی دەمەقاڵێوە کەسێک بە گوللە کوژرا و هاوڵاتییەکی دیکەش برینداربوو، بەڕێوبەرایەتی ئاسیشی سلێمانیش دەڵێت بکوژ دەستگیرکراوە. ئەمشەو، 27ی تەمووزی 2024، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، "پاش ئەوەی ئەمشەو کاتژمێر ٩:٣٠ی ٢٠٢٤/٧/٢٧ لە گەڕەکی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان دوو هاوڵاتی دروست دەبێت، بەداخەوە دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک، ڕاستەوخۆ هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستگیردەکەن". دەشڵێت، "لەپێناو سەروەربوونی یاسا کارمەندێکی ( هێزەکانی کۆماندۆ )بەتۆمەتی هاوکاریکردنی بکوژەکە، لەلایەن کۆماندۆی کوردستان ڕادەستی هێزەکانی ئاسایش کرا". ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بەردەوامە".

هاوڵاتی ئەمڕۆ شەممە، 27ی تەمووزی 2024، هێردە ڕەئوف سەرۆکی شاندی ئۆڵۆمپیی عێراق ڕایگەیاند، داوایەکیان بۆ لابردنی ئاڵای ئیسرائیل لە تەنیشت ئاڵای عێراق لە ئۆڵۆمپیادی پاریس ڕەتکراوەتەوە.    ئەوەشی خستەڕوو، کە گەیشتینە یاریگەی لیۆن، بینیمان ئاڵای عێراق لە تەنیشت ئاڵای ئیسرائیل دانراوە، وێڕای ئەوەی تیمی ئیسرائیل هیچ یارییەکی لە لیۆن نییە.  هێردە ڕەئوف وتیشی، داوامان لە لیژنەی نێودەوڵەتیی ئۆڵۆمپیاد کردبوو ئاڵای ئیسرائیل لاببەن یان لە شوێنێکی دیکە دایبنێن، بەڵام داواکەیان رەتکرابووەوە.  سەرۆکی شاندی ئۆڵۆمپیی عێراق دەشڵێت، لیژنەکە ڕایگەیاندبوو، ئاڵای وڵاتان لە یارییەکانی تۆپی پێی ژنان و پیاوان دا بە گوێرەی ریزبەندیی ئەلفوبێی ناوەکانیان دادەنرێن.  ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی چوارشەممە، لە یاریی تۆپی پێی پیاوانی نێوان هەڵبژاردەی عێراق و هەڵبژاردەی ئۆکراینا، لەنێو یاریگە، ئاڵای ئیسرائیل لە تەنیشت ئاڵای عێراق دانرابوو. جێگەی ئاماژەیە، عێراق بەهۆی پرسی فەلەستین، دان بە ئیسرائیل دا نانێت.   

هاوڵاتی دادگای باڵای فیدڕاڵیی لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە، كە دوو سكاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و لە لایەن دوو پەرلەمانتاری کورد تۆمارکراون. سبەی یەکشەممە، 28ی تەمووزی 2024، دادگای باڵای فیدڕاڵیی لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە، كە دوو سكاڵایان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان و کە لەلایەن پەرەلەمانتارێكی یەكێتی و نەوەی نوێوە لەسەر سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەتی هەرێم تۆماركراون. سکاڵای یەکەم، لەلایەن بڕیار رەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراقەوە لە فراكسیۆنی یەكێتی لەدژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا داوادەکات، بڕیار بدرێت بەنادەستوریبوونی هەمواری یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی کوردستان و کارکردن بەو یاسایە ڕابگیرێت. سکاڵی دووهەم ، لەلایەن سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ تۆماركراوە لەدژی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و تیایدا داوادەکات، بڕیار بدرێت بە ناڕاستبوونی ئەو بڕیارانەی لەلایەن مەسرور بارزانییەوە دراون و بڕیاربدرێت بەهەڵوەشاندنەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، ئەگەر لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت.  

‎ هاوڵاتی، عەلی مەحموود لە یادی 26 ساڵەی دامەزراندنی دادگای دادی تاوانكاری نێودەوڵەتی  ICC, رێكەوتی 17-7-2024 لە شارەكانی سلێمانی، كەركوك، هەولێر، چەمچەماڵ، هەڵەبجە، ناحیەی رزگاری گەرمیان لە گۆڕستانی  ئەنفالكراوانی گەرمیان، چەندین گردبونەوە و كۆڕ و سمینار ئەنجامدرا، بە بەشداری دەیان كەناڵی ناوخۆیی و بیانی، دواتر داواكرا عێراق ببێتە ئەندامی دادگاكە بۆ ئەوەی تاوانەكانی جینۆساید و كیمیاباران، هەڵەبجە و ئەنفال دووبارە نەبنەوە. لە میانەی گردبونەوەكانەوە ئەم داواكارییانە خرانە روو: لە یادی 26 ساڵەی بڕیاری پێكهێنانی دادگاكە و 22 ساڵەی دەستبەكاربوونی ئەو دادگایە و رۆژی  دادپەروەری جیهانیدا، وەك گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە، لە هەموو گەلانی دیكە زیاتر پێویستمان بە دادگایەكی جیهانی لەو شێوەیە هەیە، بۆیە داواكارین: ١ــ عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بكات و بە زووترین كات  پەیوەستبوونی خۆی بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە رابگەیەنێت، بۆ ئەوەی دڵنەواییمان بداتێ عێراقی ئەمڕۆ و ئایندە جیایە لە عێراقی تاوان و جینۆسایدی پێشوو، بۆ ئەم  مەبەستە پێویستە پەرلەمانی عێراق بە رۆڵی خۆی هەڵبستێت. ٢ــ حكومەتی عێراق و پەرلەمانی عێراق  فشار بخەنە  سەر حكومەتی كوردستان 258  تۆمەتباری ئەنفال وەك تاوانبار سەیر بكەن و  دادگایی بكرێن. ٣ــ حكومەتی عێراقی هەموو ئەوانەی وەك تۆمەتبار ناویان لە كەیسەكانی جینۆسایدی خەڵكی كوردستاندا هاتووە دادگایی بكات. ٤ــ حكومەتی عێراقی قەرەبووی مادی و مەعنەوی قوربانیانی ڕژێمی پێشوو بكاتەوە بێ جیاوازی، بە داوای لێبوردنكردن لێیان و قەرەبووی مادییان تا گەڕانەوەی روفاتی ئازیزانیان. ٥ــ حكومەتی عێراقی پێشوازی لە هیچ كەسێك نەكات لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە داواكراو بێت، یان گومان لێكراوبێت بەو تاوانانەی لە تایبەتمەندی دادگای ناوبراودا بە تاوان ناسراون. ٦ــ پەلە بكرێت لە هێنانەوەی ڕوفاتی قوربانیان و پشكنینیان بۆ بكرێت. ٧ــ قەرەبووی مادی و مەعنەوەی  قوربانیانی تاوانەكانی جینۆساید، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و جەنگ لە عێرقدا بكرێتەوە و تاوانباران لە سزا ڕزگاریان نەبێت. ٨ــ سەربازگەی تۆبزاوا بپارێزرێت، بۆ بەرزراگرتنی قوربانیان بكرێت بە مۆنۆمێنتێكی شایستە بۆ ئازیزانی ئەنفالكراومان.  

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، لە کۆ بوونەوەی هەفتەی ڕابردووی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی کەرکوک ڕۆژی 11ی ئابی بۆ دووهەم کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دیاری کردووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆ بوونەوەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی کەرکوک، زانیاری نوێی خستەڕوو. ئەو سەرچاوەیه بەکەناڵی "بغداد الیوم"ی ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی هەفتەی ڕابردووی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە عەرەبی و تورکمانی کەرکوک وتویەتی: هەڵبژاردنی ئەم دواییەی کەرکوک سەرکەوتنێکی سیاسییە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت. ئاماژە بەوەشکرد، سودانی 11ی ئابی وەکو وادەی دووەم کۆ بوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دیاری کردووە، بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان لەنێوان خۆیاندا ڕێکبکەون، هەروەها دڵنیایی لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە داوە . سوودانی ئاماژەی بەوەدا، لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی، خۆی بە شەخسی دەستوەردان دەکات و کەسێک بۆ بەڕێوەبردنی کەرکوک دیاری دەکات. کۆتای هەفتەی ڕابردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیکرد لە ئەندامانی پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کرد،جەختی لەسەر پێویستی بەردەوامبوون لە تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای کەرکوک و پەراوێز نەخستنی هیچ پێکهاتەیەک لە بڕیاردان کرد. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی 29ی ئایار محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی سێیەمین كۆبوونەوەی نوێنەرایەتی لایەنە سیاسیەكانی پارێزگای كەركوكی كرد و ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، ڕۆژی 11ی ئەم مانگە ئەنجوومەنەکە کۆبوویەوە، بەڵام نە پارێزگاری دیاری کرد، نە سەرۆکی ئەنجوومەن.  

هاوڵاتی سوپای داگیرکەری تورکیا و ئامڕازەکانی میدیای جەنگی تایبەت، لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچە بەرگرییە ڕەواکان دەستپێدەکەن. کە پارچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لە داتاکانیاندا لەخۆ دەگرێت و هەموو ڕۆژێک زیانەکانمان وەک هەواڵێکی نوێ دەخەنە ڕوو. ئێستا، سوپایەکی تورکیا هەیە لە ناوچە بەرگرییە ڕەواکان گیری خواردووە، چونکە لە ڕووی تاکتیکییەوە بێدەسەڵات بووە و توانای گەیشتن بە ئامانجەکانی نییە و ڕۆژانە لە لایەن چەکدارانی گەریلاوە لێیان دەدرێت، بۆ تێپەڕاندنی ئەمەش پەنایان بردە بەر کەمین و خیانەت، بەڵام ئەمە چارەسەرێک نەبوو بۆ دەرچوون لە دۆخە سەختەیان، هەر لەبەر ئەمەشە کە سوپای داگیرکەری تورکیا پەنا بۆ درۆی شەڕی تایبەت و هەواڵی هەڵبەستراو دەبات، بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە نێو ڕیزەکانی هێزەکانی گەریلادا خەسارە هەیە. با گەل و نیشتیمان و ڕای گشتیمان بزانن کە هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە زیان گەیاندنی بە ئێمە دەکەن لە ئەنجامی ئەم بۆردومانەدا، درۆیە و دوورە لە ڕاستییەوە. ئێمە لەم بۆردومانەدا هیچ زیانێکمان پێ نەگەیشتووە و بە پشتبەستن بەو ئەزموونانەی کە بەدەستیان هێناوە، هێزەکانی ئازادیی کوردستان توانیان میتۆدێکی جووڵە و ڕێسای بەهێز بۆ تێکشکاندنی هەموو هێرشەکان بگرنەبەر. لەکاتێکدا سوپای تورکیا هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و بە یەکجار زۆر ناوچەی بۆردومان کرد، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ڕووبەڕووی ئەمانە بووینەوە و هیچ زیانێک بە ئێمە نەگەیشت. زانیاری ورد سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب: لە ٢٦/٧ کاتژمێر ٠٩:١٥ ی بەیانی شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدیە کردە ئامانج و ناوچەیەکی داگیرکەریان وێران کرد. لە ٢٦/٧ کاتژمێر ٨:٤٢ خولەکی ئێوارە، هێزەکانی پاراستنی گەل سەربازانی سوپای داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج کاتێک بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی دەستیان کرد بە جموجۆڵ لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدیە، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی جموجۆڵەکانی سوپای دوژمن. لە ٢٧/٧ هێزەکانمان ڕێگرییان لە هەلیکۆپتەرێکی دوژمن کرد کە دەیویست لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بنیشێتەوە. ٢. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە چەکی قەدەغەکراو: لە ٢٦/٧، تونێلەکانی جەنگ لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی ٣ جار بە چەکی قەدەغەکراو بۆردومان کران. لە ٢٦/٧، تونێلەکانی جەنگ لە گۆڕەپانی بەرگری لە گردی ئامێدیە جارێک بە چەکی قەدەغەکراو بۆردومان کران. ٣. هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا: لە ڕۆژانی ٢٦ و ٢٧/٧، فڕۆکە جەنگییەکان ٥ جار گۆڕەپانی ئاسکۆلوک، گردی ڕۆژ، گردی شەهید جیهان و بۆبلیسکانیان لە دەڤەری قەندیل بۆردومان کرد، هەروەها ١٧ جار گۆڕەپانی کانی سارک، دەشتی کافیا، کۆزە، سیدار، دیراش، میران، مێروک و دێریکیان لە ناوچەی کاری بۆردمان کرد، کە بە گشتی دەکاتە ٢٢ جار بۆردومانکردنی ئەو ناوچانەی باسکران. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل ٢٧/٧ ٢٠٢٤

هاوڵاتی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی دەڵێت، به‌ نرخی نیو ملیار دینار ده‌ستكاری له‌ گرێبەستی ئامێرە پزیشکییەکانی تەندروستی کەرکوک کراوە. ئەمڕۆ شه‌ممه،‌ 27ی ته‌مووزی 2024، فەرمانگەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگه‌یاند، گه‌نده‌ڵییه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستیی كه‌ركوك ئاشكرا بووه‌، كه‌ تێیدا ده‌ستكاری له‌ گرێبەستی ئامێرە پزیشکییەکان كراوه‌ و نرخەکەی بریتی بووه‌ له‌ 447 ملیۆن دینار و 980 هه‌زار ملیۆن دینار. دەشڵێت‌، دوابه‌دوای به‌دواداچوونه‌كان دوو گه‌نده‌ڵییان له‌ دوو گرێبه‌ستی دابینكردنی 10 ئامێر بۆ نه‌شته‌رگه‌ری و ئەندۆسکۆپ (ناظور) ئاشكرا كردووه. ئەوەشی خستۆتەڕوو، وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەگەڵ كۆمپانیایه‌كی دەرمانسازی بە بڕی 287,500,000 ملیۆن دینار گرێبه‌ستی كردووه‌ و ئه‌و كه‌رستانه‌ی دابین كراون، كوالێتی و سه‌رچاوه‌كه‌یان خراپ بووه‌ و هەندێک لە پارچەکانی بە خێرایی بە کار دەهێنرێن و لە بازاڕە ناوخۆییەکاندا بەردەست نین جگە لە ڕێگەی نووسنگه‌ی تایبەتمەندەوە. باسیلەوەشکرد، توانیوانه‌ گه‌نده‌ڵییه‌كی دیكه به‌ به‌نرخی ‌ 63,000,000 ملیۆن دینار ئاشكرا بكه‌ن و تایبه‌ت بووه‌ به‌ دابینكردنی ئامێره‌ پزیشكییه‌كان پرۆسەی دابینکردنەکە بە سەرپێچی ئەو کۆنتڕۆڵانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کاری پێ ده‌كرێت. لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، گومانیان هه‌بووه‌ له‌ گرێبه‌ستێكی دیكه‌ كه‌ به‌های 88,000,000 ملیۆن دینار بووه‌ و تایبه‌ت بووه‌ به‌ دابینكردنی ئامێری كیمیایی و تاقیگه‌یی به‌ شێوه‌یه‌ك لیژنه‌ی كڕین گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌كانیان كردووه‌، له‌ كاتێكدا ڕاوێژکاری بەڕێوەبەرایەتییەکە نووسراوی كڕینه‌كه‌ی ئاراسته‌ی یه‌كێك له‌ كۆمپانیاكان كردووه‌. وتیشی: لە ئاستێکی پەیوەندیداردا، ستافی فەرمانگەکە تێبینی ئەوەیان کردووه‌ کە دەستکاریكردنه‌كه‌ لە کڕینی کەرتی یەکەمی حەویجەدا بووه‌، بەو پێیەی پسوڵەی دابینکردنی یەکێک لەو کەرەستانەی کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دەرچووە بۆ بازرگانیکردن بە ئامێر و پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی، دەستکاری کراوە، هەروەها پسوولەی دابینکردنی یەکێک لەو کەرەستانەی کە بۆ بازرگانیکردن بە ئامێر و پێداویستی پزیشکی و تاقیگە دەرچووە، ده‌ستكاری كراوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك 7،9900 پارچه‌ كراوه‌ته‌ 79،000 پارچه‌، كه‌ ئه‌مه‌یش زیانی به‌ سامانی گشتیی گه‌یاندووه‌. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا هاتووە،  ئه‌م دۆسیانه‌ خراونه‌ته‌ به‌رده‌م دادگه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌ركوك و گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی یاسایی له‌ به‌رانبه‌ریاندا.  

هاوڵاتی زانیاری لەبارەی ناردنی مووچەی مانگی تەموزی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە ئاشکرادەکرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیای یەکێتی راگەیاندووە، "وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی تەمووزی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکات و بڕیارە پێش کۆتایی ئەم ھەفتەیە پارەی مووچە رەوانە بکات". بەپێی وتەی ئەوە سەرچاوەیە بێت، "بەم نزیکانە دەست بە وردبینیکردن لە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بۆ مانگی تەموز دەکەن و ئەگەر لیستەکەش ھاوشێوەی مانگی حوزەیران بێت، پرۆسەی وردبینییەکە لە دوو رۆژدا کۆتایی دێت". ئاماژەی بەوەشداوە، "لەکاتی بوونی ھەر جیاوازییەکیش لە لیستی مووچەی وەزارەتەکاندا، ئەوکات مووچەی ئەو وەزارەتانە رەوانە دەکرێت کێشەیان نییە، بەڵام پرۆسەی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو وەزارەتەی گۆڕانکاری لە لیستی مووچەیدا کراوە کاتی زیاتری پێویست دەبێت، وەک ئەوەی لە مووچەی مانگی حوزەیرانی وەزارەتی کارەبای ھەرێم روویدا". رۆژی دووشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی مووچەی مانگی تەموزی فەرمانبەرانی مەدەنی و ھێزە ئەمنییەکانی رەوانەی بەغدا کرد و رایگەیاند، "بۆ ئەم مانگە لیستی مووچەی خانەنشینانی بە ھاوتاکراوی خانەنشینانی عێراق رەوانە کردووە".

هاوڵاتی ژمارەیەک کۆچبەر کە بەشێکیان کوردی باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستانن لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بە رێکەوتوون و چارەنوسیان نادیارە.   ئەمڕۆ شەممە 27ی تەموزی 2024، رەنج پشدەری، چالاکوانی بواری کۆچ رایگەیاند، "لە کاتژمێر 4:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆوە زیاتر لە 60 کۆچبەر کە بەشێکی زۆریان کوردی باشوور و رۆژھەڵاتی کوردستانن، لە فەرەنساوە بەرەو بەریتانیا بەرێکەوتوو و تائێستا چارەنووسیان دیار نییە". ئاماژەی بەوەکرد، "بەشێک لەو کۆچبەرانە لە رێگەی تەلەفونەوە پەیوەندییان بە کەسوکارییانەوە کردووە و داوای بەھاناوەچوونیان کردووە". ئەوەش لە کاتێکدایە ھەر ئەمڕۆ پۆلیس و ھێزی دەریاوانی فەرەنسا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەران، شەش بەلەمی چوپی کۆچبەرانیان کونکردوسە و نەیانھێشتووە بڕۆن.