هاوڵاتی تەرمی 13 کۆچبەری کورد کە لە ڕۆژی 17ی حوزەیرانی 2024، لە یەختەکەی ئیتاڵیا ژێرئاو کەوتبوون ئەمڕۆ دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان. ئه‌مڕۆ هەینی 2ی ئابی 2024، تەرمی 13 کۆچبەری کورد، کە لە یەختەکەى ئیتاڵیا ژێرئاو کەتبوون و بە تەواوى ناسراونەتەوە، لە ئیتاڵیاوە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمى کوردستان و لە زێدى خۆیان بەخاکدەسپێردرێن. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی 17ى حوزەیرانی 2024، ، میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویان کردەوە، بەلەمێکی کۆچبەران لە ئاوەکانی ئیتاڵیا تێکشکاوە و دەیان کۆچبەر، کە بەشێکیان کوردن خنکاون. دواىی گەڕانێکى چەند ڕۆژى تیمەکانى فریاگوزارى، هەشت تەرمى کوردى هەرێمى کوردستان و پێنج تەرمیان خەڵکى ڕۆژهەڵاتى کوردستانن و ئەمڕۆ دەگەرێنرێنەوە هەرێمى کوردستان.

هاوڵاتی لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا بۆ دووەم جار ئاگر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی کەوتەوە.  ئەمشەو پێنجشەممە 1ی ئابی 2024، جارێکی دیکە ئاگر لە چیای گۆیژەی شاری سلێمانی کەوتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سلێمانی چوونە شوێنی رووداوەکە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. دوای کاتژمێرێک لە رووداوەکە گۆران قادر، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، "ئاگرەکەی چیای گۆیژە کۆنترۆڵکراوە". ئەمە دەبێتە دووەمجار لەم هەفتەیە ئاگر لە چیای گۆیژە بکەوێتەوە و تائێستا زیانەکانی رووداوەکەی ئەمشەو ئاشکرا نەکراوە، بەڵام لە جاری یەکەمدا 200 دۆنم زەوی لە چیای گۆیژە سووتا کە ژمارەیەکی زۆر داری تێدابوو.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی ئابی 2024، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە گوندی ئەسکۆڵی شاری مەریوان هێزە چەکدارەکانی ئێران بەبێ ئاگادارکردنەوەى پێشوەختە دەستڕێژی گولەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێکى کورد کوژراوە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە کوژرانی کۆڵبەرکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بە دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، ئەو کۆڵبەرە کوردە ناوی ئەسعەد ئەفرەنجە تەمەنى 25 ساڵە و  ژیانى هاوژینی پێکهێناوە و باوکی منداڵێکە و خەڵکی گوندی سیاناوی مەریوانە. جێگای ئاماژەیە، بەپێی  ئامارێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگەکانی حوزەیران و تەمووزدا سێ کۆڵبەری دیکە بە دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی مەریوان، نەوسوود و سەردەشتدا کوژراون.

هاوڵاتی ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب: ڕۆژی ٣١/٧ کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی دوای نیوەڕۆ هێزەکانی پاراستنی گەل بە بەکارهێنانی تاکتیکی قەناس بەدەستەکان، کامێرای چاودێری سەر بە داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی تێکشکاند. لە ٣١/٧ کاتژمێر ٥:٢٠ خولەکی ئێوارە، شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد بە بەکارهێنانی تاکتیکی قەناس بەدەستەکان سەربازێکی داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی کردە ئامانج و بە ئامانجگرتنەکە کوژرانی لێکەوتەوە. ڕۆژی ٣١/٧، کاتژمێر ٠٨:١٠، ٠٨:٣٠، و ٦:٥٥ خلەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس بەرگرییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدیە کردە ئامانج و پێشبینیش دەکرا زیانیان پێگەیشتبێت. ڕۆژی ٣١/٧، کاتژمێر ١١:٤٥ خولەکی شەو، هێزەکانی پاراستنی گەل دەستوەردانیان کرد لە جموجۆڵی هەلیکۆپتەرەکانی داگیرکەر، کە لە ئاسمانی گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهاردا دەسوڕانەوە. ڕۆژی ١/٨، کاتژمێر ٠٠:١٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس بنکەکانی سوپای داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئێف ئێم کردە ئامانج، پێشبینیش دەکرا زیان بە بەرگرییەکانیان گەیشتبێت. ڕۆژی ١/٨، کاتژمێر ٠٦:٥٦ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی لە چەند میحوەرێکەوە سەربازانی سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە سەرکەلی کردە ئامانج. ٢. هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا بە بۆمبی قەدەغەکراو: لە ٣١/٧، داگیرکەران دووجار تونێلەکانی بەرخۆدانیان لە گۆڕەپانی گردی جودی بە بۆمبی قەدەغەکراو بۆردوومانکرد. ٣. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا: ڕۆژانی ٣٠ و ٣١/٧، ناوچەکانی سنینە، لولان و شەهید شەریف لە خاکورکە ٨ جار بۆردوومانکران، ناوچەکانی ئارکنێ، دۆلا میران لە کاری ٣ جار بۆردوومانکران، ناوچەکانی بیشیلە و شیلازێ لە مەتینا ٥ جار بۆردوومانکران، ناوچەی گردی بەهار لە ڕۆژئاوای زاب ٢جار بۆردوومانکران، کە کۆی گشتی دەکات ١٨ هێرشی ئاسمانی. ١/٨/ ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی بانکی ناوەندی عێراق بڕی زیاتر لە 284 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ی ئابی 2024، بانکی ناوەندی عێڕاق بڕی 284 ملیۆن و 489 هەزار و 187دۆلاری خستە بازاڕەکانەوە. دەشڵێت، لەبڕە دۆلارەی خراوەتە بازاڕەکانەوە 14 ملیۆن و 50 هەزار دۆلار بەشێوەی نەقد فرۆشراوە و 270 ملیۆن و 439 هەزار و 187 دۆلاریش بەشێوەی حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەى نزیکەى ساڵێکە نرخی دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرامبەر دینارى عێراقی بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە.

هاوڵاتی عەمار سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق دەڵێت، بۆ مانگەکانی داهاتوو لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە وردبینی نابێت، دەشڵیت، هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی کارەکانیان زۆر هاوکاریان بووە. عەمار سوبحی ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەر گۆڕنکارییەک لە لیستی مووچەدا ڕووبدات، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی عێراقی لێ ئاگاداردەکاتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا بۆ داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجییەکان بەشێوەیەکی وەرزی وردبینیی دەکەین. سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، جەختیشی کردەوە، نابنە بەربەست لەبەردەم مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ئامانجیان دروستکردنی بەربەرست و ڕاوکردنی هەڵەکان نییە. باسی لەوەشکرد، کار بۆ رڕاستکردنەوەی ئاڕاستەکان دەکەن تاوەکو خەڵکی بەشێوەیەکی ڕاست و دروست مافەکانیان بەدەستبهێنن. سەرچاوە، کەناڵ8

هاوڵاتی کەنەکە: هێرشە ڕەگەزپەرستییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر بەها، نرخ و پیرۆزیەکانی نەتەوەی کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرفراوانتر دەبن. کۆمیسیۆنی زمان، کەلتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، لە بارەی هەوڵە قڕکەرییە کەلتوویی و هونەرییەکان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، کە ماوەیەکە دەستی پێکردووە، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە دەڵێت، هێرشە ڕەگەزپەرستییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر بەها، نرخ و پیرۆزیەکانی نەتەوەی کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرفراوانتر دەبن، کوشتن و کۆمەڵکوژیی و تاڵانکردنی خاک لە 100 ساڵی ڕابردوودا، کە بەسەر گەلەکەمان ئەنجامیان داوە بەس نەبوو! ئێستا ڕێ لە شایی و هەڵپەرکێ و نمایشە فۆلکلۆرییەکانی گەنجان و گەنجانى کورد دەگرن و دەیانخەنە زیندانەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕێ لە شایی و هەڵپەرێکی گەنجانی کورد دەگرن، بۆیە پێویستە ڕۆشنبیران و سیاسیی و کوردستانیان لە دژی ئەو شەپۆلە نوێیەی فاشیزمی تورکیا بووەستنەوە و هەڵوێستی نەتەوەیی خۆیان بنوێنن. ئەوەشخراوەتەڕوو، هێرشە ڕەگەزپەرستییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر بەها، نرخ و پیرۆزیەکانی نەتەوەی کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرفراوانتر دەبن، کوشتن و کۆمەڵکوژیی و تاڵانکردنی خاک لە 100 ساڵی ڕابردوودا، کە بەسەر گەلەکەمان ئەنجامیان داوە بەس نەبوو! ئێستا ڕێ لە شایی و هەڵپەرکێ و نمایشە فۆلکلۆرییەکانی گەنجان و گەنجانى کورد دەگرن و دەیانخەنە زیندانەوە. باسلەوەشدەکات، ئەو نووسین و هێما و تابلۆی سەر شەقامەکان لادەبەن کە لەلایەن شارەوانییەکانی باکووری کوردستانەوە بە زمانی کوردی نوسراون، وەک چۆن پێشتریش ئەو نوسراوە کوردییانەیان لەسەر کێلی مردوو و شەهیدەکان نوسرابوون لایانبردن و پۆستەرەکەی “ئەحمەدی خانی”ـیان تێکشکاند و چەندین تاوانی دیکەی لەم جۆرەیان بەرامبەر بە گەلەکەمان ئەنجامداوە. جەختیشیان کردووەتەوە، ئەمە سەرەتای شەپۆلێکی نوێی فاشیزم و ڕەگەزپەرستییە و دەوڵەتى تورکیا دەیەوێت دەستکەوتی خەبات و تێکۆشانی 100 ساڵەی نەتەوەکەمان لەناو ببات، دەوڵەت ئەوە باش دەزانێت کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەتەوەیەکی ڕەسەنە و هەمیشە لەسەر خاکی خۆی ژیاوە و مێژوویەکی هەزاران ساڵی هەیە، بۆیە دەیەوێت ئێستای نەتەوەی کورد، کەلتوور، هونەر، وێژە و فۆلکلۆرەکەی لە ڕێگای کردە ڕەگەزپەرستییەکانیانەوە لەناو ببات. کەنەکە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشیدا دەڵێت، لەپێناو تێکشکان و لاوازکردنی ڕەگەزپەرستی، بە پلەی یەکەم پێویستە لەسەر دەزگا ڕۆشنبیریی و سیاسییەکانی کورد بە گشتیی و کورد و کوردستانیان لە بەرامبەر ئەم شەپۆلە نوێیەی فاشیزمی دەوڵەتی تورکیا بوەستنەوە و هەڵوێستی نەتەوەیی خۆیان نیشان بدەن و لە هەموو ماڵ، کوچە هەر شوێنێکی ژیان بە کەلتوور، هونەر  و کاری فۆلکلۆری کوردیەوە بڕازێننەوە و ڕۆحی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێ بەهێزتر و پتەوتر بکەن.  

هاوڵاتی بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیا نووسینی "بەهێواشی، پێشڕەوی بۆ پیادەیە" لەسەر شەقامەکان سڕایەوە. نووسینی "بەهێواشی، پێشڕەوی بۆ پیادەیە" بە زمانی کوردی هەفتەی ڕابردوو لە چەند پارێزگایەکی باکووری کوردستان لە لایەن شارەوانیەکانی دەم پارتییەوە لەسەر شەقامەکان نووسرابوو، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک لە نووسینەکە لەسەر شەقامەکان سڕایەوە. ڕۆژنامەی ئەڤرەسەلی تورکیش لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت: بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی تورکیا نووسینەکە سڕایەوە.

هاوڵاتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بە نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانن. ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی تەموزی 2024، ئيسماعيل هه‌نييه‌ سه‌رۆكى مه‌كته‌بى سياسيى بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس لە تاران کوژرا، لەو بارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "به‌ ئامانجگرتنى ئيسماعيل هه‌نييه‌ سه‌رۆكى مه‌كته‌بى سياسيى بزووتنه‌وه‌ى حه‌ماس كه‌ به‌ ميوانى له‌ تاران بوو، سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ين و به‌ نيگه‌رانييه‌كى قووڵه‌وه‌‌ له‌و پێشهاته‌ مه‌ترسيداره‌ ده‌ڕوانين". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاڵۆزكردنى زياترى دۆخه‌كه‌، هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى ته‌واوى ناوچه‌كه ده‌كات و لێكه‌وته‌ و پێشهاتى خراپترى به‌دوادا دێت". بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 31-07-2024 لە تارانی پایتەختی ئێران ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەنێو ژووری پشوودانی کرایە ئامانج.

هاوڵاتی بانکی ڕەشید بە مەبەستی کڕینی خانوو بڕیاداوە قەرزبداتە هاوڵاتییان، هەروەها بڕیاریشی داوە بڕی پارەکە لە 150 ملیۆن دینارەوە بۆ 200 ملیۆن دینار زیادبکات. ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی تەموزی 2024 رایگەیاند، "هەر کەسێک خوازیاری کڕینی خانوو، شوقە، یاخود زەوییە دەتوانێت قەرزێک بەبڕی 200 ملیۆن دینار لە بانکەکە وەربگرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "قەرزەکە بە دوو بەش و بە دوو قۆناغ دەدرێتە هاووڵاتیان، بەشی یەکەمی قەرزەکە لە دوای تۆمارکردنی ناوی هاوڵاتییەکەیە لە تۆماری خانووبەرە و لە دوای تەواوکردنی رێکارەکانی کڕینی خانوو یان یەکەی نیشتەجێبوونەکە بەشەکەی دیکەی قەرزەکە دەدرێتە هاوڵاتییەکە". وەک بانکەکە روونیکردووەتەوە، "هاوڵاتییان دەتوانن لە لقەکانی بانکەکە لە بەغدا و ناوچەکانی دیکە مامەڵەی وەرگرتنی قەرزەکە بکەن".

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان لە نووسینگەکەی لەگەڵیدا کۆبووەوە و دەڵێت، خۆشحاڵم بە بینینی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی، خۆشحاڵم بە بینینی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی لە نووسینگەکەی.  دەشڵێت، چاوم لەوەیە پێکەوە کاربکەین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران.  جێگەی ئاماژەیە، ئێواره‌ى ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 30ی تەمووزی 2024 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ ياوه‌ريى شاندێكى باڵا له‌ تاران له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و به‌رپرسانى باڵاى ديكه‌ى وڵاتانى بانگهێشتكراو، به‌شداریى له‌ ڕێوڕه‌سمى سوێندخواردن و ده‌ستبه‌كاربوونى مه‌سعود پزيشكيان، سه‌رۆكى ئێراندا كرد، كه‌ له‌ ئه‌نجوومه‌نى شوراى ئيسلامى به‌ڕێوه‌چوو.

هاوڵاتی وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕی 69 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە تەرخانكراوە و ئەگەر پێویستیش بكات گۆڕانكاری بەسەر بودجەی تەرخانكراودا دێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمووزی 2024، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێكارەكانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان بەردەوامی هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا كۆمیسیۆن چوار جۆر نموونەی وەرەقەى دەنگدانى پەسەندكردووە بۆ پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە، بەجۆرێک هەر پارێزگایەك وەرەقەی تایبەت بە خۆی هەیە. دەشڵێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕی 69 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە تەرخانكراوە و ئەگەر پێویستیش بكات گۆڕانكاری بەسەر بودجەی تەرخانكراودا دێت. جومانە غەلای ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەهۆی سڕینەوەی ناوی مردووان و دووبارەكان ژمارەكە كەمیكردووە. جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ‌ئەنجام بدرێت، هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.  

هاوڵاتی لە گوندی بینەی سەر بە ناوچەی شێراوا لە کانتۆنی عەفرین بەهۆی تۆپبارانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر ناوچەکە دوو هاوڵاتی برینداربوون. ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمووزی 2024، میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایانگەیاند، بەهۆی تۆپبارانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بۆ سەر گوندی بینەی سەر بە ناوچەی شێراوا لە کانتۆنی عەفرین دوو هاوڵاتی برینداربوون، دەشڵێن، یەکێک لەو هاوڵاتیانەی برینداربووە منداڵە. ئەوەشخراوەتەڕوو، بەهۆی تۆپارنکردنەکە دووهاوڵاتی برینداربوون کە یەکێکیان منداڵێکە و هاوڵاتیەکەی دیکەش ناوی محەمەد عەبدول ڕەحیمە.  

هاوڵاتی عەمار سوبحی دەڵێت، وردبینیمان بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ئەنجامداوە و پرۆسەکەش کۆتاییهاتووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمووزی 2024، عەمار سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەکەناڵی عێراقییەیەکانی ڕاگەیاند، دیوانی چاودێریی دارایی ئەو ئەرکەی پێیسپێردرابوو بۆ وردبینیکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بەئەنجامی گەیاندووە. دەشڵێت، ڕاپۆرتێکی تایبەتیان لەوبارەیەوە ئاڕاستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و دیوانی چاودێریی داراییش تەواوی ئەو بەربەستانەی تێپەڕاندووە کە لەبەردەمیدا بوون، لە وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پاش وردبینیکردنیان بەشێوەی تاک تاک. عەمار سوبحی ئەوەشی خستۆتەڕوو، وردبینییان بۆ داتای داهات و خەرجییەکان کردووە، دوای بەردەستخستنی داتاکان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستانەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە ئەنجامەکانیش ئاگادارکردووەتەوە، وتیشی: وردبینیییەکە ئامانج لێی ڕاستکردنەوەیە. سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک زانیاریی لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ورد نەگەیشتووەتە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێک کە بتوانرێت پشتی پێببەسترێت. بڕیارە لە سبەینێوە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. سەرچاوە، کەناڵ8

هاوڵاتی دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و جەختی کردووەتەوە: نابێت و ناکرێت دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی کەسی و سیاسی و حزبی بکرێن. ئەمشەو سێشەممە 30ی تەموزی 2024، دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) رایگەیاند، "ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی ماوەیەکە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ڕوو دەدەن مایەی نیگەرانی و جێی هەڵوەستە لەسەر کردنن، بەداخەوە ڕووداوەکان ڕۆژانە لەژێر ناوی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکاندا ئەنجام دەدرێن کە تێیاندا هاونیشتمانییان دوور لە پرەنسیپی یاسایی دەستگیر دەکرێن، دەڕفێندرێن، ئازار دەدرێن و دەکوژرێن". ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم کردەوانە ناو و گەورەیی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان کە ئەرکی سەرەکییان پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستانە، دەخاتە ژێر پرسیار و لەکەداریان دەکات و ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن بڵاودەکەنەوە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەرکی دامەزراوە سەربازی و و ئەمنییەکان، پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاووڵاتییانە، نەک بەکارھێنانیان لە ململانێیە سیاسییەکان بۆ کوشتوبڕی خەڵکی سڤیل و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن کە لەگەڵ پرەنسیپی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان ناگونجێت". لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە، نابێت و ناکرێت دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی کەسی و سیاسی و حیزبی بکرێن و لە بەرژەوەندیی تایبەت و تاکلایەنە بەکار بهێندرێن".