هاوڵاتی لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاگرێک لە گوندی ڕاوگانی سنووری پێنجوێن کەوتەوە و بەو هۆیەوە نزیکەی 250 دۆنم پوش و پاوان داری سرووشتی سوتان. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: دواى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان توانیمان دوو هاووڵاتى بەهۆکارى ئاگرەکە دەستگیربکەین. ئەوەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی ڕابردوودا چەند ڕووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە چیاكانی گۆیژە و ئەزمەڕی سلێمانی ڕوویاندا، دوێنێ قایمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، كەسێك بە تۆمەتی دەستهەبوون لە ئاگرکەوتنەوەکانی گۆیژە دەستگیركراوە.
هاوڵاتی بڕیارە کامێرای چاودێری تیژڕەویی لە سەرجەم شەقامەکانی شاری هەولێر دابنرێن و لەئێستادا کار بۆ ئەوە دەکرێت. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی، پرۆسەی دانانی کامێرای چاودێری تیژڕەوی لە شەقامەکانی 40 مەتری، 60 مەتری و 100 مەتری هەولێر دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بکەونە کار. هەربەپێی زانیارییەکان ئەم سیستەمە جیاوازە لە کامێرای پۆینت توو پۆینت. وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی جێبەجێکردنی دانانی کامێرای چاودێری تیژڕەویی و سیستەمی پۆینت توو پۆینتە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لەسەرەتادا ناڕەزایی هاوڵاتیانی لێکەوتەوەو لەسلێمانی سەرەتای ئەمساڵ چەند کامێرایەک شکێنران.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، کێشەی هێڵی 33 کەی ڤی (دوکان – پرۆژەی ئاو) چارەسەرکراوە و کارەبایان بۆ پڕۆژەکە گێڕاوەتەوە. بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 5ی ئابی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمی هۆبەی چاکسازیی هێڵەکان و هۆبەی وێستگەکان بە هاوکاری هۆبەی ئامێرەکانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی وزەی کارەبای سلێمانی، کێشەی هێڵی 33 کەی ڤی (دوکان – پڕۆژەی ئاو)یان چارەسەرکرد و کارەبایان بۆ پرۆژەی ئاوی سلێمانی گێڕایەوە". ئەوەش لەكاتێكدایە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی شهوى رابردوو ئاماژەی بەوەکرد، "بەهۆی بڕانی چەندجارەی کارەبا، دابەشکردنی ئاو بۆ زۆربەی گەڕەکەکانی سلێمانی بە تایبەتی قڕگە و کوردسات و هەواری شار دوادەکەوێت".
هاوڵاتی شارەوانی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیدەکاتەوە، بناری چیای گۆیژە بکرێتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون. لە ڕوونکردنەوەکەی شارەوانی سلێمانی هاتووە:"چەند ڕۆژێکە لەدوای سوتانی بەشێک لە شاخی گۆیژە، هەندێک پەیج و ڕاگەیاندنی نافەرمی باس لە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون دەکەن لە سەر ئەو شاخە و دامێنی شاخەکە کە دارستانی فەرمیە و ساڵانە خزمەت دەکرێت". "لێرەوە ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین و "ڕایدەگەیەنین کە هیچ پلان و بڕیارێک لەئارادا نیە بۆ ئەنجامدانی (پڕۆژەی نیشتەجێبوون) لە شاخی گۆیژە"، ئەو دەنگۆیانەی کە باسی لێوە دەکرێت هیچ بنەمایەکی ڕاستی و دروستی نیە". شارەوانی سلێمانی وا دەڵێت.
هاوڵاتی وەزیری نەوتی عێراق، نهێنییەکانی پاش رێککەوتننامەی وهزارهتی نهوتی عێراق لهگهڵ کۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانی ئاشكرا كرد و لەمەودوا وەبەرهێنان لە غازی کەرکووک دەکەن. ڕۆژی پێنجشهممهی ڕابردوو عێراق ڕێککەوتننامەیەکی ستراتیژی لهگهڵ کۆمپانیای بریتش پترلیۆمی بەریتانی واژۆ کرد، ڕێکەوتنەکە بۆ نۆژەنکردنەوەی هەریەکه لە کێڵگە نەوتییەکانی هاڤانا و جەمبوور و بای حەسەن و خەباز بوون لە کەرکووک. لەوبارەیەوە حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند: دەمانەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک له 300 ههزار بهرمیل نهوتی ڕۆژانه زیادبکەین بۆ بهرزترین ئاست. وتیشی: بهپێچهوانهی گرێبهستهكانی پێشو كهتهنیا ئامانج لێیان زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بوو, لهمهودا لهكهركووك گرنگی به وەبەرهێنانی غاز دهدهین.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان چەند بەرپرسێکی گۆڕی، ئەمڕۆ لەمەراسییمێکدا بەڕێوەبەری گشتی نوێی گومرگ و جێگرەکەی لە وەزارەتی دارایی دەست بەکاربوون. وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە بارەی ئاڵوگۆڕی چەند پۆستێکی باڵای وەزارەتەکەیان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندنداوەکادا هاتووە، ئەمڕۆ لەمەراسیمێکدا بەئامادەبونی فەیسەڵ عەلی و ڕێباز عەباس ڕاوێژکارانی وەزارەت و یاسین واحید بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی ئەنجامدرا. ئاماژە بەوەشکراوە، کەمال ڕەوف لە شوێنی ساماڵ عەبدول ڕەحمان وەک بەڕێوەبەری گشتی گومرگ و جەوهەر مەحمود لەشوێنی عەبدول قادر عەبدوڵا وەک جێگری بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەست بەکاربوون. لەمەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت هیوای سەرکەوتنیان بۆ بەڕێوەبەری گشتی نوێی گومرگ و جێگرەکەی خواست لە ئەرکە نوێیەکەیاندا و بەناوی وەزیری داراییەوە هەموو پشتیوانیەکیان بۆ سەرخستنی کارەکانیان دوپات کردەوە.
هاوڵاتی وەزاره تی پلاندانانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان پرسیار دەربارەی نەتەوە یان مەزهەب بکرێت. دوای 27 ساڵ بڕیاروایه ئەمساڵ لە 24-11-2024 سەرژمێری گشتی دانیشتووان لەعێراق و هەرێمی کوردستان بکرێت و تاوەکو 15ـ 12ـ2024 بەردەوام بێت. عەبدولزەهرە هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند: سەرژمێری گشتیی دانیشتووان و نیشتەجێبوون تەنها دانیشتووانی نێوخۆی عێراق بە عێراق و غەیرە عێراقی دەگرێتەوە و هیچ پرسیارێک لەبارەی نەتەوە یان مەزهەبی تێدا نییە، وەزارەتی پلاندانانیش هیچ داتایەکی لەبارەی هیچ کام لە پێکهاتەکان لەبەردەست دا نییە.
هاوڵاتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق دوای ئەوەی بڕگەی هەمواری یاسای باری کەسیی بۆ کارنامەی کۆبوونەوەکە زیاد کرا، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و دانیشتنەکە هەڵگیرا. نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 4-8-2024 کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 172 ئەندام دەستی پێکردو کارنامەی دانیشتنەکەش چوار بڕگەی لە خۆ دەگرت، لە میانی دانیشتنەکە بڕگەی هەمواری یاسای باری کەسی زیاد کرا. لە دانیشتنی ڕۆژی 24-7-2024 بههۆی بوونی ناكۆكیی لەسەر هەمواری یاسایەکە، سهرۆكایهتی پهرلهمان خوێندنهوهی یهكهمی هەمواری یاسای باری کەسیی بۆ كاتێكی نادیار دواخست. بەپێی هەمواری یاساکە، لە کاتی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیریدا، پێویسته لهسهر ههردوو هاوسهر ئهو مهزههبه دیاریبکهن "شیعە یان سوننە" بۆ ئەوەی لە ژیانی هاوسەرگیریاندا پشت بە یاساکانی ببەستن، لەکاتی ناکۆکیی نێوان ژن و پیاوێکی مەزهەب جیاوازدا، مەزهەبی پیاوەکە کاری پێدەکرێت. هەمواری یاسای باری کەسێتی لە نێو پێکهاتەکانی پەرلەمان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان مشتومڕی دروستکردووە بەوپێیەی لە ماددەی دووـی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، دادگای باری کەسێتی ئەو گرێبەستی هاوسەرگیریانە پەسەند دەکات کە لەنێوان تاکی موسڵمانی پێگەیشتوو "الافراد البالغون" ئەنجام دەدرێن لەسەر دەستی لایەنێکی دادوەریی یان ئاینی یان لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە.
هاوڵاتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر دەكات. ڕۆژی یەكشەممە 4ی ئابی 2024 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی كوتلەی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پارلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر كرد. بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، "لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها دۆخی كەركووك و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێی و هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك و دیاریكردنی پۆستە ئیدارییەكانی تری كەركووك ئاڵۆگۆڕ كرا". "لەو دیدارەدا جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی ڕەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و لە خزمەت پاراستنی سەقامگیری و ئەو شارە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و بوژانەوەی كەركووك بێت ئەویش لە چوارچێوەی تەوافق و كۆدەنگیی نیشتیمانی". بارەگای بارزانی وادەڵێت، کۆبوونەوەی بارزانی و بەشێک لە لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان لەکاتێکدایە، کەمتر لە هەفتەیەک مۆڵەت ماوە بۆ دیاریکردنی پارێزگار و پۆستە ئیدارییەکانی پارێزگای کەرکووک، ئەگەرنا بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار ڕادەسپێرێت.
هاولاتی دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند جارێک ئاگر لە چیای گۆیژە کەوتەوە، ئەمڕۆ قایمقامی سلێمانی دەستگیردنی کەسێکی ڕاگەیاند بە تۆمەتی سووتاندنی چیاکە. ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2024، ئاوات محەمەد، قایمقامی سلێمانی بە میدیای یەکێتی ڕاگەیاندووە، "کەسێک بە تۆمەتی سووتاندنی چیای گۆیژە دەستگیرکراوە". تەنها لە ماوەی سێ ڕۆژدا پێنج جار ئاگر لە شاخی ئەزمەڕ و گۆیژە و دەوروبەری کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 500 سەد دۆنم زەوی و هەزاران دار سووتاون.
هاوڵاتی بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی هەولێر، ژمارەیەک ڕێنمایی گرنگ بۆ کارپێکردنی مووەلیدەی گەڕەکەکان، ئۆتۆمبێل، وێستگە و پاڵاوتگە یاسایی و نایاساییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دەرکران. ئەمڕۆ شەممە 4ی تەموزی 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، "سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دادەخرێن، هەروەها ماوەی 10 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێت بە پاڵاوگە یاساییەکان کەموکوڕی پارێزگاری لە ژینگە چارەسەر بکەن".' زیاتر لە 200 پاڵاوگەی نایاسایی لە هەولێر هەن تا ئێستا 26 یان داخراون. پارێزگاری هەولێر چەند ڕێنماییەکی بۆ پاراستنی ژینگە دەرکرد: 1. 138 پاڵاوگەی نایاسایی لەسنووری هەولێر دادەخرێن. 2. ماوەی 10 ڕۆژ بۆ پاڵاوگە یاساییەکان دادەنرێت تاوەکو سەرجەم مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ بکەن، هەر کەم و کوڕییەکی ژینگەیی هەبێت مەرجە چارەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزا دەبنەوە. 3. تەواوی کارگەکانی سنووری هەولێر، دەستبەجێ چارەسەری گرفتەکانی ژینگەپارێزی بکەن. 4. موەلیدەی گەڕەکەکان نابێت گازی خراپ بەکاربهێنن گازەکە سەرجەن گازەکەیان دەپشکێنرێت، نابێت دووکەڵ بکەن و یەک هەفتە لەبەردەمیانە موەلیدەکانیان بگۆڕن بۆ بێدەنگ. 5. هەر ئۆتۆمیلێک دووکەڵی پیس بڵاوبکاتەوە دەستیبەسەردا دەگیرێت و خاوەنەکەی سزای دارایی دەدرێت. 6. داوا لە وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان دەکەین مەرجە ژینگەییەکان لە وێستگەی هەڵمی خەبات جێبەجێ بکرێن. 7. لیژنەیەکی باڵا بەسەرپەرشتی جێگری پارێزگار و ئەندامێتیی ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتیی و قایمقام پێکدێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە، هەر بەرپرسێک لە کارەکەی کەمتەرخەمی بکات سزا دەدرێت و هەر بەرپرسێک لە کارەکەی سەرکەوتوو بێت پاداشت دەکرێت.
هاوڵاتی لە ڕێگەی دوو بازگەوە ڕێگری لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت. ئەمڕۆ شەممە 4ی ئابی 2024، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "حکومەتی عێراق دوو بازگەی داناوە و ڕێگری دەکات لە هەناردەکردنی بەرهەمی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق". وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەین، هەموو ئەو ڕێگایانە دەگرینەبەر بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ئەم بارودۆخە". بە ڕێگریکردن لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ئەو کارگانە تووشی زیانی دارایی دەبن و دوورنییە بەشێکیشیان دابخرێن.
هاوڵاتی شەوی ڕابردوو هێزێکی هاوپەیمانی پڕچەککراو لە سەربازگەی "کەی وەن"ی شاری کەرکوک جێگیرکران. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بێت، درەنگانی شەوی ڕابردوو، هێزێکی هاوپەیمانی کە پێکهاتووە لە 60 سەرباز و پلەداری سوپای ئەمەریکا گەیشتوونەتە شاری کەرکوک و لە سەربازگەی "کەی وەن" جێگیرکراون. هەر بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بێت، ئەو هێزە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش هاتوونەتە کەرکوک و لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکانی، حەویجە و ناوچەکانی وادی شای و زغیتۆن و چەمی ڕۆخانە بەشداری دەکەن. سەربازگەی کەی وەن دەکەوێتە دووری 16 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری کەرکوک، ئەمە بۆ جاری یەکەمە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 هێزێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لێ جێگیردەکرێت.
هاوڵاتی لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان لە سلێمانی کۆبووەوە و نرخی موەلیدەی بۆ مانگی تەموز دیاریکرد. ئهمڕۆ یەكشهممه 4ی ئابی 2024، لیژنهی دیاریكردنی نرخی موهلیده ئههلییهكان کۆبووەوە و بهپێی نرخی سوتهمهنی له بازاڕهكاندا نرخی ههر كاتژمێرێك بۆ یهك ئهمپێر (42) دینارە، بهمهش نرخی یهك ئهمپێر كارهبای موهلیدهی ئههلی گهڕهكهكان له ناوشاری سلێمانی لهنێوان (15.000) بۆ (16.000) دیناره، بەو پێیەى موەلیدەکان لە نێوان (365 بۆ 380) کاتژمێر کاریان کردووە، بههۆی جیاوازی كارکردنیان نرخی ئهمپێرێك له گهڕهكێك بۆ گهڕهكێكی دیكه جیاواز دهبێت. هاوكات، خشتهی كارپێكردنی موهلیده بۆ مانگى تهمموز (24) كاتژمێری دەبێت واتە هەركاتێك كارەبای نیشتیمانی كوژایەوە پێویسته موهلیدهكان كارەبا بدەن به هاوڵاتییان.
هاولاتی لیژنەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی هەولێر دەکات لە چوارچێوەى کارەکانى لیستى مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان. بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی ئابی 2024، لیژنەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، سەردانى هەرێمى کوردستان بکات و بە هاوبەشى لەگەڵ بەشی ژمێریاریی لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمى کوردستان، کارلەسەر ئامادەکارییەکانى لیستى مووچەى مووچەخۆران بکەن. بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لە ئامانجەکانى لیژنەکەى وەزارەتى دارایى عێراق، کارکردنى هاوبەشە لەگەڵ وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان، تاوەکو مانگانە لیستی مووچە و دەرخستەی کۆتایی مانگەکان کە ئامادەی دەکەن، هاوشێوەی ئەوە بێت وەزارەتی دارایی عێراق داوای دەکات. هەروەها، لیژنەکە ڕاهێنان بە کارمەندانى بەشى ژمێریاریى وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان دەکەن، بۆ چۆنیەتى ئامادەکردنى لیستى مووچە و وردبینى لە داهاتى نانەوتیى هەرێمى کوردستان.
