هاوڵاتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سبەینێ تیروپشکێکی تایبەت بۆ پێدانی ژمارە بە هاوپەیمانی و حیزب و کاندیده‌ نوێیەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات. کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تائێستا زۆربه‌ی ڕێکاره‌کانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ته‌واوكردووه‌، كه‌بریاره‌ 20-10-2024 له‌سه‌رجه‌م پاریزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت. جومانه‌ غه‌لای وته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ڕایگەیاند:ڕۆژی شەممە 10-8-2024 لە هەولێر، تیروپشکێکی تایبەت بۆ پێدانی ژمارە بەو هاوپەیمانی و حیزب و كاندیدانە ده‌کەین كه‌ لە تیروپشکی پێشوودا ژمارەیان وەرنەگرتووە، " ئەم تیروپشکە تەواوکه‌ری تیروپشكه‌كه‌ی پێشووه‌ و له‌ژماره‌ 170 ـه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، ئه‌و کاندیدانەش ده‌گرێته‌وه‌ کە له‌لیستی هه‌ڵبژاردنی گشتیەوە گواسترانەوە بۆ پشکی كۆتای پێکهاتەکان و ژماره‌ی نوێیان پێده‌درێت. غەلای ئەوەشی وت.

هاوڵاتی ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاوی کردەوە و دەڵێت، داهاتی ئەم هەفتەی نانەوتی سنووری پارێزگای سلێمانی، 12 ملیار و 658 ملیۆن و 376 هەزار و 672 دیناربووە. ئەمڕۆ هەینی، 9ی ئابی 2024، ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و ڕێکخستنی داھاتە نانەوتییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ھەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان، ڕایگەیاند لە 3ی ئاب تاوەکو 9ی ئاب، داهاتی نانەوتی سلێمانی 12 ملیار و 658 ملیۆن و 376 هەزار و 672 دیناربووە. ماڵپەڕی شەفافییەت، ئەوەشی خستۆتەڕوو، داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی، بڕی 10 ملیار و 744 ملیۆن و 819 هەزار و 90 دیناری بەشێوەی نەختینە بووە کە دەکاتە 85٪. دەشڵێت، ملیارێک و 520 ملیۆن و 917 هەزار و 200 دینار بەشێوەی چەک بووە. هەر بەپێی داتاکانی ماڵپەڕەکە، 392 ملیۆن و 639 هەزار و 570 دیناریش بەشێوەی مەقاسە بووە. جێگەی ئاماژەیە بە گوێرەی داتاکانی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی بەراورد بە هەفتەی ڕابردوو 13 ملیار و پێنج ملیۆن و 507 هەزار و 619 دینار کەمیکردوە، بەجۆرێک لە 27ی تەمووز تاوەکو 2ی ئاب داهاتی سلێمانی 25 ملیار و 663 ملیۆن و 884 هەزار و 291 دیناربووە.

هاوڵاتی هاتووچۆی هەڵەبجە شۆفێران له‌ دیارده‌یه‌ك ئاگادارده‌كاته‌وه‌ و ڕایدەگەیەنێت، سه‌رپێچیكاران تووندترین سزا ده‌درێن. ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی ئابی 2024، بەرێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە ڕایگەیاند، "هەندێ حاڵەت پەیدا بووە کە شوفێر تابلۆی دواوە لێ دەکەنەوە بۆ ئەوەی لە کامێرای تیژڕەویی تۆمار نەکرێن، هاوڵاتییانیش وێنەیان بۆمان دەگرن و ئێمەش رێوشوێنی یاسایی تووندیان لەبەرانبەر دەگرینەبەر".    راشیگه‌یاندووه‌، "هەر شوفێرێک بەو حاڵەتەوە بگیرێ، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێ و سزایەکی دارایی تووند دەکرێت".    ئاماژە بەوەشدراوە، "خۆتان لەو جۆرە سەرپێچییە بەدوور بگرن، چونکە ئەگەر نەکەونە بەر چاوی ئەفسەر و کارمەندانی هاتووچۆ، هەزاران هاوڵاتیی بەرپرس و هاوکار هەن کە وێنە و ڤیدیۆتان دەگرن و بۆ هاتوچۆ رەوانەیان دەکەن".

هاوڵاتی   بەڕێوەبەرایەتیی كۆنتڕۆڵكردنی هێنان و دروستكردنی دەرمان و ئامێر و پێداویستیی پزیشكی لە بازاڕی دەرمانی چەند ناوچەیەك، دەستی بەسەر دەرمانێكی ساختەدا گرتووە.  بەڕێوەبەرایەتیی KMCA بەردەوام هۆشداریی دەداتە هاونیشتمانیان دەرمان لەڕێگەی ئۆنڵاین نەكڕن و لە بەدواداچوونی بەردەوام دایە بۆ نەهێشتنی دەرمانی بێ ستیكەر و دوور لە ڕێنماییەكان. بەڕێوەبەرایەتیی (KMCA) بڵاویكردەوە: تیمەكانی چاودێریی دەرمان لە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان لە میانی سەردانە مەیدانییەكانیان بۆ شوێنە دەرمانسازییەكانی سەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان، دەستیان بەسەر دەرمانێكی ساختەدا گرتووە بە ناوی "Duphaston" بە سێ ژمارە باجی (364935, 361984, 368563). بەڕێوەبەرایەتییەكە داوا لە هەموو شوێنە دەرمانسازییەكان دەكات لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كە مامەڵەی فەرمی بە كڕین و فرۆشتنی دەرمانەوە بكەن و خۆ بەدوور بگرن لە فرۆشتنی دەرمانی بێ ستیكەر، بەپێچەوانەوە بەتووندی سزادەدرێن.

هاوڵاتی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆكی لیستی بەرەی گەل وەك ئامادەكارییەك بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سەردانەکانی لە ناوچەی هەولێر چڕتر کردووەتەوە  و بە تایبەت سەردانی دهۆكیشی کرد. لاهوور شێخ جەنگی، پلانی هەیە سەردانەكانی بەردەوام بێت بۆ ناوچە جیاوازەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، وەك خۆی  دەڵێت، "گۆڕانكاری لە بادینان و هەولێرەوە دەكرێت". لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، ناوبراو سەردانی هەولێری كرد و پێشوازی لە گەنجان و چین و توێژە جیاوازەكان كرد و ئەوانیش پشتیوانی خۆیان بۆ بەرەی گەل دووپاتكردەوە. هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ هەولێر سەرۆکی بەرەی گەل، بەشداری لە چەند پرسەیەكدا كرد. بەپێی وتەی بەرپرسانی بەرەی گەل، لە هەولێر پێشوازییەكی باش لە لاهوور شێخ جەنگی كراوە لە كاتی سەردانەكەیدا و ئەمەش سەرەتایەكی باشە بۆ بەرەی گەل، كە لە قۆناغی خۆناساندندایە.  پێشوازییەكی باشی لێكرا مامۆستا سابیر فەڕەنسی، ئەندامی سەرکردایەتی بەرەی گەل لە هەولێر بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "سەردانی لاهوور شێخ جەنگی بۆ هەولێر سەردانێکی ئاسایی بوو، لەلایەن جەماوەری بەرەی گەلەوە پێشوازییەکی باشی لێکرا". وتیشی:"لە سەردانەکەیدا سەرۆکی بەرەی گەل پێشوازی لە چین و توێژە جیاوازەکان کرد و دڵنیایی بە خەڵکدا کە بەرەی گەل بەشداری هەڵبژاردن دەکات و گۆڕانکاریی بەڕێوەیە". وەک مامۆستا سابیر فەڕەنسی باسی دەكات"هەولێر بەشێکی گرنگە لە هاوکێشەی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆیە لاهوور شێخ جەنگی سەردانی هەولێری کرد، چونکە چەقی ململانێکان لە هەولێرەوە و گۆڕانکاریش لەوێوە دەکرێت". هەروەها لاهوور شێخ جەنگی پێی وایە "سیاسەت لە هەرێمی كوردستان دەبێت گشتگیر بێت و دەبێت مەركەزی سیاسەت لە هەولێر بێت كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە". لە چوارچێوەی سەردانەكانیدا ڕۆژی سێشەممە 6ی ئابی 2024، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل سەردانی پارێزگای دهۆكی كرد و پێشوازییەكی گەرمی لەلایەن پشتیوانیانی بەرەی گەلەوە لێكرا، هەر لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ هەولێر ڕایگەیاند: "لە 33 ساڵی ڕابردوودا بە ئەنقەست و بیروبۆچوونی حزبایەتی هەوڵدراوە تۆوی ڕق و كینە لەنێوان بادینانی داگیركراو و گەرمیانی ئەنفالكراودا بچێنرێت و هاتنی ئێمە بۆ ئێرە شكاندنی ئەو بەربەستەیە". "گۆڕانكاری لە بادینان و هەولێرەوە دەكرێت، ناكرێت ئێمە لە سلێمانی دانیشین چاوەڕوان بكەین خەڵك لە بادینانەوە گۆڕانكاریمان بۆ بكەن".  لە درێژەی قسەکانیدا، لاهوور شێخ جەنگی وتی: "بە بەرچاومانەوە داگیركەران نیوەی خاكی بادینانیان داگیركردووە و حیزبانی دەسەڵات بە پارتی و بە یەكێتییەوە، وشەیەكیان نەوتووە بەرانبەر بە داگیركارییەكانی توركیا". لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی لەوەكرد، "دەبێت ستۆپێك بكرێت بەو هەموو نادادپەروەرییەی كە بەرانبەر میلـلەتەكەمان دەکرێت، ئێمە تێكدەر نین و خەمخۆری خاك و خەڵكین و بوون بە ئەندام لە بەرەی گەل كارێكی ئاسان نییە، چونكە ئەوانەی بەرەی گەل هەڵدەبژێرن خاك و خەڵكەكەی خۆیان خۆشدەوێت و دژی نادادپەروەری و داگیركاری دەوەستنەوە". لەبارەی سەردانەكەی سەرۆکی بەرەی گەلەوە بۆ پارێزگای دهۆك، زیكری زێباری؛ بەرپرسی بارەگای بەرەی گەل لە دهۆك بە هاوڵاتی وت "سەردانی لاهوور شێخ جەنگی بۆ بادینان سەردانێكی زۆر باشبووە و گرنگی خۆی هەبوو، چونكە یەكەمجارە سەردانی بادینان دەكات و وەك سەرۆکی لیستێکی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان و لە دهۆك كۆبوونەوەیەكی گەورەی جەماوەری لەو شێوەیە بكات". وەك زیكری زێباری ئاماژەی پێكرد "سەردانی لاهوور شێخ جەنگی ئامادەكاریی بوو بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و كۆبوونەوەیەكی فراوانی لەگەڵ كاندیدانی بازنەی دهۆك ئەنجامدا". بەپێی وتەی زیكری زێباری بێت "سەردانی سەرۆکی بەرەی گەل بۆ دهۆك بەردەوام دەبێت و جەماوەری بەرەی گەل لەو سنوورە زۆر بە باشی پێشوازیان لە لاهوور شێخ جەنگی كردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی دەكەن، وتیشی، "خەڵیكش پێیان وایە ئەو گۆڕانكارییە بە لاهوور شێخ جەنگی دەكرێت".  "لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە %73ی خەڵك بەشداری هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستانیان نەكردووە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت خەڵك بێ ئومێد بووە لە دەسەڵات، بۆیە بەرەی گەل بووەتە ئومێدێك بۆ ئەو خەڵكە ناڕازییە لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش وایكردووە پێشوازییەكی گەرم لە بەرەی گەل بكرێت و خەڵك هیوایەكی گەورەی بە لاهوور شێخ جەنگی هەبێت".  سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، وادەی نوێی هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دیاری كردووە، بەرەی گەل كە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی لیستەكەیەتی، بەشداری هەڵبژاردن دەكات و ئامادەكارییەكانیشی دەستپێكردووە. پێشبینی چی دەكرێت؟ بەپێی بەدواداچوونەكانی هاوڵاتی، پێشبینی دەكرێت لیستی بەرەی گەل كە لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكایەتی دەكات، لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان دەنگێكی زۆر بەدەست بهێنێت و "سوپرایز" ی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بێت.

هاوڵاتی دادوەر یاسین محەمەد فەتحی له‌ دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا بڕیاری ده‌ستگیركردنی بۆ قاسم شه‌شۆ ده‌ركرد. هۆكاری ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ گرته‌ ڤیدیۆیه‌كی قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی شەنگال كه‌ تیایدا ناوبراو باسی پێغەمبەری ئیسلام دەکات. بەپێی دەقی بڕیارەکە بەپێی مادەی 195 لە یاسای سزادانی عێراقی "بەهۆی سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و نانەوەی شەڕ و دووبەرەکی لەنێوان پەیڕەوانی ئایین لە عێراق بڕیارەکەی بۆ دەرچووە".  

هاوڵاتی بەدواداچوونێکی هاوڵاتی، ڕێگرییەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات. لە 25-3-2023 بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا. سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند پابەندە بە ڕێککەوتنەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە. بەڵام تاوەکو ئێستا دەستیپێنەکردووەتەوە.  بەوتەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان کە بەشداری گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدایە، " دوو ڕێگریی سەرەکیی هەن لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، یەکەمیان پابەندیی عێراقە بە ڕێککەوتنی ئۆپیک کە پێویست ڕۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل هەناردە بکات، عێراقیش ئەو بڕەی لە نەوتی کوردستان کە ئێستا هەناردە ناکرێت، بە نەوتی بەسرە پڕی کردووەتەوە". بە وتەی سەرچاوەکە"ئەگەر بەغدا نەوتی کوردستان هەناردە بکاتەوە، دەبێت لەو بەشەی نەوتی بەسرە ببڕێت، ئەمەش لە زیانی خۆیەتی، بۆیە ئەم کارە ناکات. هۆکاری دووەمیش بەهۆی تێچووی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێمی کوردستان". بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیریی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ ڕێکخراوی ئۆپیک ڕێککەوتنی هەیە بۆ سنووردارکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، بانكی ناوەندی عێراق بڕی 255 ملیۆن و 856 هەزار  273 دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە. ئاماژەی بەوەشداوە، لەو بڕە 13 ملیۆن و 550 هەزار دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە، بڕی 269 ملیۆن و 406 هەزار و 273 دۆلاریش بە شێوەی حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەی نزیكەی ساڵێكە نرخی دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

هاوڵاتی ١. ناوچەی کفر؛  ڕۆژی ٢٩/ ٧، ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس لە گەڕەکی جمهوریەت لە ناحییەی کفر کرایە ئامانج. لەم ئۆپەراسیۆنەدا دوو پۆلیس بریندار بوون و ئۆتۆمبێلەکەش زیانی پێگەیشت. ڕۆژی ١/ ٨، ئۆتۆمبیلێکی پۆلیس لە گەڕەکی ئۆرمان لە ناحییەی کفر کرایە ئامانج. ئەمەش کوشتنی سێ پۆلیس و برینداربوونی دوو پۆلیسی دیکەی لێکەوتەوە. ٢. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛ لە ٧/ ٨، کاتژمێر ٠٩:٠٠ شەڕڤانانی  یەکینەکانی ژنانی ئازاد، سەربازانی داگیرکەریان کردە ئامانج لە کاتێکدا کە هەوڵیان دەدا بە چەکی قورس بەرەو بەرەکانی بەرخۆدان لە گردی جودی پێشڕەوی بکەن و ناچاریان کردن ڕابوەستن. لە ٧/ ٨، کاتژمێر ١:٤٠ خولەکی پاشنیوەڕۆ هێزەکانی پارستنی گەل هەوڵێکی سەربازانی داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج، کە پێشڕەویان دەکرد بەرەو گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی و ناچاریان کردن بوەستن. ڕۆژی ٨/ ٨ کاتژمێر ٠٥:٣٠ شەڕڤانان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی بە قەنناس فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە سوپای داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج و خستیانە خوارەوە. لە ٧/ ٨ کاتژمێر ٠٦:٣٠ و ٠٩:١٧ خولەک هێزەکانمان بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامێدیە کردە ئامانج. لە ٧/ ٨ کاتژمێر ٠١:٣٠ و ٠٣:٢٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان کردە ئامانج. ڕۆژی ٨/ ٨ کاتژمێر ٠١:١٥ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل دەستوەردانیان کرد لە هەوڵی نیشتنەوەی هەلیکۆپتەرەکانی داگیرکەر لەو ناوچەیەی کە هێزەکانمان بۆسەیان بۆ یەکەیەکی سوپای داگیرکەر نابوویەوە و بە تەواوی لەناویان بردن. ٣. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛ لە ٧/ ٨ ، داگیرکەران ٣ جار تونێلەکانی بەرخۆدانیان لە گردی ئێف ئێم بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومان کرد. لە ٧/ ٨، داگیرکەران ٧ جار تونێلەکانی بەرخۆدانیان لە گردی جودی بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومان کرد. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛ لە ٧/ ٨، داگیرکەران دوو جار ناوچەکانی شەهید شەریف و لولان لە خاکورکەیان بۆردوومان کرد، دوو جار ناوچەکانی کاری و شەیهەیان لە کاری و دوو جار ناوچەکانی سری مەتینا و بیشیلەیان لە مەتینا و ناوچەکانی گردی بەهار و گردی جودییان  لە ڕۆژئاوای زاب، ١١ جار بە فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانکرد، کە  کۆی گشتی دەکاتە ١٧ هێرشی ئاسمانی. ٨/ ٨/ ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل

هاوڵاتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەربارەی نوێترین پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئێران دژی هاوڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زانیاری نویێ بڵاوکردەوە و دەڵێت، چوار بەندکراوی کوردی لە سێدارەدا و  سزای زیندانیکردنیشی بەسەر چالاکوانێکی خەڵکی شاری دێولاندا سەپاند. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕاگەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ ڕژێمی ئێران لە زیندانی کەرەج چوار بەندکراوی کوردی بەناوەکانی فرود گەراوەند، محەمەد غوڵامی، ئیسماعیل شەرەفی و شەهاب مەلێکی بەتۆمەتی جیاواز لە سێدارەدا. دەشڵێت، ڕژێمی ئێران هەر لەو ڕۆژەدا، سزای زیندانیکردنی بەسەر حیکمەت ئەمیری چالاکوانی خەڵکی شاری دێولاندا سەپاند، بە تۆمەتەکانی” بانگەشە دژی  حکومەت” و ” هاوکاریکردنی گرووپە دژبەرەکان”. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئەوە خراوەتەڕوو، حیکمەت ئەمیری لە بواری ژینگەپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکە، لە لایەن دادگای شاری دێولانەوە سزای 6 مانگ بەندکران و 36 مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا.

هاوڵاتی کۆمپانیای دانەغاز دەڵێت، بەرزبوونەوەی قازانجی پوختەی کۆمپانیاکە لە چارەکی دووەمی ئەمساڵدا بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی پوختەی قازانجی نیوەی یەکەمی ئەمساڵ. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، كۆمپانیای دانەغاز لەبارەی داهات و قازانجی و ڕێژەی بەرهەمهێنانی نیوەی یەكەمی ئەمساڵی كۆمپانیایەكی ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، كۆی داهاتی كۆمپانیای دانەغاز لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ 190 ملیۆن دۆلار بووە، لەكاتێكدا لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2023 كۆی داهاتەكانی 222 ملیۆن دۆلار بووە. دەشڵێت، داهاتی نیوەی یەكەمی ئەمساڵی كۆمپانیای دانەغاز 190 ملیۆن دۆلار بووە و 72 ملیۆن دۆلاری قازانج بووە، لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ قەبارەی بەرهەمهێنانی بەڕێژەی 3% بەرزبووەتەوە بۆ 37 هەزار و 600 بەرمیل. کۆمپانیای دانەغاز ئەوەشی خستۆتەڕوو، بەرزبوونەوەی قازانجی پوختەی كۆمپانیاكە لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا بووەتە هۆكار بۆ بەرزبوونەوەی پوختەی قازانجی نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، لە چارەكی دووەمی ئەمساڵدا 34 ملیۆن دۆلار پوختەی قازانجی هەبووە، كە بەراورد بە چارەكی دووەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێژەی 3% بەرزبووەتەوە. کۆمپانیاکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، كۆی داهاتی كۆمپانیا دانەغاز لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ 190 ملیۆن دۆلار بووە، لەكاتێكدا لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2023 كۆی داهاتەكانی 222 ملیۆن دۆلار بووە. لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەشدا دەڵێت، بەهۆی هێرشەكەی 26ی نیسانی ئەمساڵ بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر، دانەغاز و هاوبەشەكانی كاردەكەن بۆ دانانی كاتێكی نوێ بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی پەرەپێدانی كیڵگەی كۆرمۆر كە بە (KM250) ناسراوە، بڕیاربوو پرۆژەكە تا كۆتایی ئەمساڵ تەواوبكرێت، بەڵام هێرشەكە دوایخست.

هاولاتی هەپەگە ناسنامەی دوو شەهیدی ڕاگەیاند بە ناوەکانی گەلهات و دۆغان، کە لە هەرێمی مەتینا شەهیدبوون. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە شەهیدبوونی دوو گەریلا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هاوڕێیانمان گەلهات کۆچەر و دۆغان عامودێ لە هەرێمی مەتینا لە کاتی جیاجیادا لە هێرشەکانی دوژمندا شەهیدبوون. هەپەگە ئەوەشی خستۆتەڕوو، هاوڕێیانمان گەلهات و دۆغان کە بە کاریگەری وەرگرتن لە ڕۆحی ئازادیی ئاپۆیی لە کوردستان تێکەڵ بە ڕیزەکانی تێکۆشان بوون، بە بەرخۆدانی خۆیان لە دژی هێرشە قڕکارییەکان بۆ سەر گەلەکەمان، بوونە نمونەی هەرە بەرچاوی یەکێتی نەتەوەیی گەلەکەمان. ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە لە ڕاگەندراوەکدا باس لەوەشدەکەن، هاوڕێانمان ئەوەی بە ئەرکی شۆڕشگێڕی خۆیان دانا کە لە کوێ هێرش بکرێتە سەر گەلەکەمان، ئەوان لەوێ بن و بجەنگن، بەو تایبەتمەندیەشیان بۆ سەرجەم گەنجانی کورد بوونە نموونە، هاوڕێیانمان گەلهات و دۆغان کە لە هەموو ساتێکی ژیانی تێکۆشانیاندا مۆرکی خۆیان لە سەرکەوتنی گەورەدا، بە بەشداربوونی چالاک لە هەموو کارێکدا و هەڵوێستی جەنگاوەرانەی خۆیان، لە بەرەکانی بەرخۆدان لە دژی هێرشەکانی دوژمن بە کەسایەتی گیانبازانە شوێنپێی گرنگیان لە مێژووی تێکۆشانمان بەجێهێشت. هەپەگە باسلەوەشدەکات، گەلهات و دۆغان بڕوایان بەوە هەبوو کە سەرکەوتن لە شەڕ و ئازادیی گەلەکەمان تەنیا لە ڕێگەی تێکۆشانێکی فیداییەوە مسۆگەر دەبێت، بە ڕەنج دەبێت و لەو پێناوەدا بە تێکۆشانی دەروێشانە بوونە جەنگاوەری نمونەیی ئاپۆیی. وتیشی، هاوڕێیانمان خاکەڕایی بوون و لە خۆبوردەیی کە یەک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی جەنگاوەری ئاپۆییە وەک شێوەی ژیان قەبوڵیان کرد، بە ڕاستگۆیانەوە ولە دڵەوە ژیان و ورەی بەرزی خۆیان، بە قوڵبوونەوەیان لە جیهانی واتا بۆ تێکۆشانمان و هاوڕێیانیان بوونە هێز و ورە. لە کۆتایی ڕاگەندراەکەشدا هاتووە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی گەلهات و دۆغان و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکات و بەڵێن دووبارەدەکەنەوە کە لە کوردستانی ئازاد دا یادی ئەو جەنگاوەرە ئاپۆییە بەنرخانە بکەنەوە. هەپەگە بەم شێوەیە زانیاری لەسەر ناسنامەی هەر دوو شەهید خستۆتەڕوو: ناسناو: دۆغان عامودێ ناو و پاشناو: ئەحمەد عومەر شەریف شوێنی لەدایکبوون: دێرەزور ناوی دایک- باوک: شوکریە – عومەر کات و شوێنی شەهیدبوون: 17ی حوزەیرانی 2024/مەتینا ناسناو: گەلهات کۆچەر ناو و پاشناو: عەبدوڵا ئارسلان شوێنی لەدایکبوون: شڕنەخ ناوی دایک- باوک: خەزال – ئەحمەد کات و شوێنی شەهیدبوون: 9ی حوزەیرانی 2024/مەتینا  

هاوڵاتی وەلید خالید عەباس دەڵێت، کۆمیسیۆن پرۆسەی ئەزمونیی هەڵبژاردن بۆ تاقیكردنەوە لە 181 وێستگەی دەنگدان لە هەرێم ئەنجامدەدات و ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیەش زانینی ئاستی چالاكی ئامێرەكان و خێراكردنی ئەنجامەکانە و دڵنیابوونە لێیان. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ی ئابی 2024، وەلید خالید عەباس, بەڕێوەبەری فەرمانگەی پرۆسەكان و تەكنەلۆجیای زانیاری لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، كۆمیسیۆن ڕۆژی 12و 25ی ئەم مانگە دوو پرۆسەی ئەزمونیی هەڵبژاردن بۆ تاقیكردنەوە لە 181 وێستگەی دەنگدان ئەنجامدەدات. وەلید خالید ئاشکراشیکردووە، پرۆسەكە لە 53 وێستگەی دەنگدانی گشتی و 3 وێستگەی دەنگدانی تایبەت لە هەولێر و دوو وێستگەی تایبەت لە دهۆك و 74 وێستگەی گشتی و 2 وێستگەی تایبەت و 5 وێستگەی گشتی لە سلێمانی و یەك وێستگەی تایبەتیش لە هەڵەبجە ئەنجامدەدەرێت. دەشڵێت، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە زانینی ئاستی چالاكی ئامێرەكان و خێراكردنی ئەنجامەکانە و دڵنیابوونە لێیان، وەك ئامادەكاریەك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. بەڕێوەبەری فەرمانگەی پرۆسەكان و تەكنەلۆجیای زانیاری، ئەوەشی خستۆتەڕوو، كارمەندانی كۆمیسیۆن لە 10ی مانگی داهاتوو، ناوەندی گواستنەوە تاقیدەكەنەوە، بۆ دڵنیابوون لە گواستنەوەی ئەنجامەكان لە وێستگەكانەوە بۆ سێرڤرەكان و ناوەندەكانی گواستنەوە زۆر پارێزراوە و بەهیچ شێوەیەك بواری چوونە ناوەوەی نیە. جێگەی ئاماژەیە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10ی تشرینی یەکەمی وەک ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە.

هاوڵاتی وەزارەتی دارایی عێراق خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی بڵاوکردەوە، لە یەکی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران. بەپێی خشتەی خەرجی و داهاتەکانی عێراق بێت، خەرجییەکانی حکومەتی عێراق لەو شەش مانگەدا 58 ترلیۆن و 253 ملیار دینار بووە کە لەو بڕە 5 ترلیۆن و 73 ملیار دیناری بۆ مووچەی هەرێم ناردووە و 15 ترلیۆن و 954 ملیار دیناریشی داوە بە پێشینە. هەر لەو خشتانەدا هاتووە کە زیاتر لە 40 تریلیۆن دیناری عێراق بۆ مووچە رۆیشتووە کە دەکاتە 77.1%ـی کۆی خەرجییەکان. کۆی گشتی داهاتی عێراق لە شەش مانگەدا 65 ترلیۆن و 921 ملیار دینارە. لەکۆی ئەو داهاتەی عێراق، تەنها 230 ملیار دیناری داهاتی هەرێمە. هەروەها لەو 58 ترلیۆن دینارەی خەرجی کردووە 40 ترلیۆن و 433 ملیار دیناری بۆ موچەو چاودێری کۆمەڵایەتی خەرج کراوە بەم جۆرە: - 28 ترلیۆن و 189 ملیار دیناری بەهەرێمیشەوە بۆ مووچە بووە. - 12 ترلیۆن و 244 ملیار دیناریش بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی بووە قەبارەی خەرجییەکانی بودجە لە ساڵی 2024دا 211 تریلیۆن و 900 ملیار دینار و داهاتەکانیش 147 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، کورتهێنانیش 64 تریلیۆن دینارە.

هاوڵاتی زانیاری ورد سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ١. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب؛ ڕۆژی ٥/ ٨، کاتژمێر ٠٦:٠٠ی ئێوارە،  هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی تاکەکەسی. دەستوەردانین لە هەوڵێکی سوپای داگیرکەری تورکیادا کرد، بۆ پێشڕەویکردن بەرەو تونێلەکانی بەرخۆدان لە گردی جودی. ڕۆژی ٦/ ٨ کاتژمێر ٠٤:٤٥ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، چاودێری جموجۆڵەکانی سوپای داگیرکەری تورکیایان کرد لەسەر گردی جودی و بە چەکی قورس کردیاننە ئامانج بۆ ئەوەی داگیرکەر ناچار بە وەستان بکەن. ڕۆژی ٦/ ٨، کاتژمێر ٠٥:١٥ خولەک،  هێزەکانی پاراستنی گەل، مینێکی سوپای داگیرکەریان لە گردی جودی تەقاندەوە. لە ٦/ ٨، کاتژمێر ١٠:٠٠ شەڕڤانانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد دوای چاودێریکردنی جموجۆڵەکانی سوپای داگیرکەرەوە لە کاتی تاکتیکی مینچاندندا، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی جودی ئۆپەراسیۆنێکیان دژی سەربازانی داگیرکەر ئەنجامدا. ڕۆژی ٥/ ٨، کاتژمێر ٠٨:١٠ خولەک،  شەڕڤانان بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی کردە ئامانج. لە ٥/ ٨، کاتژمێر ١٢:٠٠، ١٢:٣٥، ٠١:٠٢، و ٠٣.١٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، بە چەکی قورس سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی کردە ئامانج. ڕۆژی ٥/ ٨ کاتژمێر ٠٩:٠٠ و ٠٥:٥٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، دوو کامێرای چاودێری سەر بە سوپای داگیرکەریان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار تێکشکاند. لە ٦/ ٨، هێزەکانی پاراستنی گەل، چاودێری جوڵەکانی یەکەیەکی سوپای داگیرکەری تورکیایان کرد و خستیاننە ژێر کۆنترۆڵ و بۆسەیەکی ئامادەکراوەوە. هێزەکانی پاراستنی گەل، لە کاتژمێر ٠٧:٣٠ خولەک، بە چەکی تاکەکەسی و نیمچە ئۆتۆماتیکی لە  نزیکەوە لە دوو باڵەوە سوپای داگیرکەریان کردە ئامانج. لەگەڵ دەستپێکردنی بەئامانجگرتنەکە، ئازوخەی تەقەمەنی ڕیزەکانی داگیرکەر تەقییەوە و ئاگرکەوتنەوەی لێکەوتەوە. ئەمە بووە هۆی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر لەنێو سەربازانی داگیرکەردا، کە ناچار بوون پەرتەوازە و بڵاو ببنەوە. ئەم ئۆپەراسیۆنەی هێزەکانی پاراستنی گەل، بۆ ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی ١٥/ ٨وە، ئەنجامدرا، کە بووە هۆی کوژرانی ١٤ سەربازی داگیرکەر و یەکێکیان ئەفسەرێک بوو بە ناوی عەلی و برینداربوونی ٥ سەربازی دیکەش بە سەختی. سوپای داگیرکەری تورکیا تا کاتژمێر ٠٢:٣٠ خولەک، بە کۆپتەرەکانی سیکۆرسکی ٦ نیشتنەوەیان ئەنجامدا بۆ گواستنەوەی کوژراو و بریندارەکان لە بەرەکانی شەڕەوە. ٢. ناوچەی مەتینا؛  لە ٧/ ٨، کاتژمێر ٠٧:٢٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، کامێرای چاودێری سەر بە سوپای داگیرکەری تورکیایان بە قەناس کردە ئامانج و لەناویان برد. ٣. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛ لە ٥ و ٦/ ٨، داگیرکەران ٧ جار تونێلەکانی بەرخۆدانیان لە گردی ئێف ئێم بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردومان کرد. ٤. سەبارەت بە هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا؛ ڕۆژانی ٤ و ٥ و ٦/ ٨،  تورکیای داگیرکەر ٤ جار ناوچەکانی شەهید شەریف، سونینە، گردی شەهید هێمن و لولانیان لە خاکورکە ٤ جار بۆردوومان کرد، دینارتی، زیڤکی، دێرجە، زینکڵ، کانی سەرکە، دەشتا کافیا، یەکمالێ، خەیری، گردی کۆنێن، سیدارە و گردی حەفتاباخیان ١٧ جار بۆردوومانکرد، ناوچەی بیشیلەشیان لە مەتینا٥ جار بۆردوومانکرد، گردی بەهاریشیان لە ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب، ٦ جار بۆردوومانکرد، کە کۆی گشتی دەکاتە٣٢ هێرشی بۆردوومانکردن بە فڕۆکە جەنگییەکان. ٥. سوپای داگیرکەری تورکیا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و هەموو ڕۆژێک لە کوردستان تەقەمەنی قەدەغەکراو و چەکی کیمیایی بەکاردەهێنێت. داگیرکەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی کە بریتییە لە شکاندنی بەرخۆدانی گەڕیلا و داگیرکردنی باشووری کوردستان، هەموو جۆرە شێوازێکی دوور لە ئەخلاق و یاسا بەکاردەهێنێت. هەرچەند بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامانجی سەرەکی ئەو گەڕیلاکانە، بەڵام بە هەزاران هێرشی نامرۆڤانە، سەلماندوویەتی کە دوژمنی هەموو بەهاکانی گەلی کورد و سروشتی کوردستانە. یەکێک لە دوایین تاوانەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا وێرانکردنی گۆڕستانێکی سەد ساڵەی خەڵکی گوندی سیگری فەوقایە، کە سەر بە قەزای عیمادیەی باشووری کوردستانە. داگیرکەر بە پاڵپشتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەستا بە ڕوخاندنی ئەم گۆڕستانە کە دەکەوێتە کۆئۆردینیاتی ٣٨ SLG٧١٨٤٧   ٠٦٣٣٧و لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا کردی بە بنکەیەکی سەربازی. وەک چۆن بە تێپەڕین بە دەروازەی سنووری سەرزێری و بەکارهێنانی ڕێگای قیردا بۆ گەیشتن بە قەزای عیمادیە، ئامێری هەڵکەندن دەهێنرێتە ناوچەکە. بەم کردەوانە دەوڵەتی تورک و سوپاکەی جارێکی تر پێوەرە ئەخلاقی و ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان تێپەڕاند و بە کارە دووڕووییەکانیان سووکایەتییان بە بەهاکانی گەلەکەمان کرد. ٧/ ٨/ ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل