هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان لە نووسینگەکەی لەگەڵیدا کۆبووەوە و دەڵێت، خۆشحاڵم بە بینینی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران. نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی، خۆشحاڵم بە بینینی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی لە نووسینگەکەی. دەشڵێت، چاوم لەوەیە پێکەوە کاربکەین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران. جێگەی ئاماژەیە، ئێوارهى ڕۆژی سێشهممه 30ی تەمووزی 2024 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان به ياوهريى شاندێكى باڵا له تاران لهگهڵ سهركرده و بهرپرسانى باڵاى ديكهى وڵاتانى بانگهێشتكراو، بهشداریى له ڕێوڕهسمى سوێندخواردن و دهستبهكاربوونى مهسعود پزيشكيان، سهرۆكى ئێراندا كرد، كه له ئهنجوومهنى شوراى ئيسلامى بهڕێوهچوو.
هاوڵاتی وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕی 69 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە تەرخانكراوە و ئەگەر پێویستیش بكات گۆڕانكاری بەسەر بودجەی تەرخانكراودا دێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمووزی 2024، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ڕێكارەكانی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان بەردەوامی هەیە، لەو چوارچێوەیەشدا كۆمیسیۆن چوار جۆر نموونەی وەرەقەى دەنگدانى پەسەندكردووە بۆ پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە، بەجۆرێک هەر پارێزگایەك وەرەقەی تایبەت بە خۆی هەیە. دەشڵێت، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بڕی 69 ملیار دینار لەلایەن حكومەتی عێراقەوە تەرخانكراوە و ئەگەر پێویستیش بكات گۆڕانكاری بەسەر بودجەی تەرخانكراودا دێت. جومانە غەلای ئەوەشی خستۆتەڕوو، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، بەهۆی سڕینەوەی ناوی مردووان و دووبارەكان ژمارەكە كەمیكردووە. جێگەی ئاماژەیە، بڕیارە ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
هاوڵاتی لە گوندی بینەی سەر بە ناوچەی شێراوا لە کانتۆنی عەفرین بەهۆی تۆپبارانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر ناوچەکە دوو هاوڵاتی برینداربوون. ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمووزی 2024، میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایانگەیاند، بەهۆی تۆپبارانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بۆ سەر گوندی بینەی سەر بە ناوچەی شێراوا لە کانتۆنی عەفرین دوو هاوڵاتی برینداربوون، دەشڵێن، یەکێک لەو هاوڵاتیانەی برینداربووە منداڵە. ئەوەشخراوەتەڕوو، بەهۆی تۆپارنکردنەکە دووهاوڵاتی برینداربوون کە یەکێکیان منداڵێکە و هاوڵاتیەکەی دیکەش ناوی محەمەد عەبدول ڕەحیمە.
هاوڵاتی عەمار سوبحی دەڵێت، وردبینیمان بۆ لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان ئەنجامداوە و پرۆسەکەش کۆتاییهاتووە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 31ی تەمووزی 2024، عەمار سوبحی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەکەناڵی عێراقییەیەکانی ڕاگەیاند، دیوانی چاودێریی دارایی ئەو ئەرکەی پێیسپێردرابوو بۆ وردبینیکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بەئەنجامی گەیاندووە. دەشڵێت، ڕاپۆرتێکی تایبەتیان لەوبارەیەوە ئاڕاستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و دیوانی چاودێریی داراییش تەواوی ئەو بەربەستانەی تێپەڕاندووە کە لەبەردەمیدا بوون، لە وردبینیکردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پاش وردبینیکردنیان بەشێوەی تاک تاک. عەمار سوبحی ئەوەشی خستۆتەڕوو، وردبینییان بۆ داتای داهات و خەرجییەکان کردووە، دوای بەردەستخستنی داتاکان لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستانەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لە ئەنجامەکانیش ئاگادارکردووەتەوە، وتیشی: وردبینیییەکە ئامانج لێی ڕاستکردنەوەیە. سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەندێک زانیاریی لە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ورد نەگەیشتووەتە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، لەپێناو گەیشتن بە ئەنجامێک کە بتوانرێت پشتی پێببەسترێت. بڕیارە لە سبەینێوە رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی تەمووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. سەرچاوە، کەناڵ8
هاوڵاتی دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و جەختی کردووەتەوە: نابێت و ناکرێت دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی کەسی و سیاسی و حزبی بکرێن. ئەمشەو سێشەممە 30ی تەموزی 2024، دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) رایگەیاند، "ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی ماوەیەکە لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ڕوو دەدەن مایەی نیگەرانی و جێی هەڵوەستە لەسەر کردنن، بەداخەوە ڕووداوەکان ڕۆژانە لەژێر ناوی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکاندا ئەنجام دەدرێن کە تێیاندا هاونیشتمانییان دوور لە پرەنسیپی یاسایی دەستگیر دەکرێن، دەڕفێندرێن، ئازار دەدرێن و دەکوژرێن". ئاماژە بەوەکراوە، "ئەم کردەوانە ناو و گەورەیی دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان کە ئەرکی سەرەکییان پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستانە، دەخاتە ژێر پرسیار و لەکەداریان دەکات و ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن بڵاودەکەنەوە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەرکی دامەزراوە سەربازی و و ئەمنییەکان، پاراستنی ئاسایش و سەروماڵی هاووڵاتییانە، نەک بەکارھێنانیان لە ململانێیە سیاسییەکان بۆ کوشتوبڕی خەڵکی سڤیل و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن کە لەگەڵ پرەنسیپی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان ناگونجێت". لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە، نابێت و ناکرێت دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان تێکەڵ بە ململانێی کەسی و سیاسی و حیزبی بکرێن و لە بەرژەوەندیی تایبەت و تاکلایەنە بەکار بهێندرێن".
هاوڵاتی له پهراوێزی بهشدارییاندا له ڕێوڕهسمى سوێندخواردنى سهرۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێراندا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە. ئێوارهى ئهمڕۆ سێشهممه 2024/7/30 له پهراوێزی بهشدارییاندا له ڕێوڕهسمى سوێند خواردنى سهرۆكى كۆمارى ئيسلاميى ئێراندا، نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان و هاكان فيدان، وهزيرى دهرهوهى توركيا كۆبوونهوه. له كۆبوونهوهكهدا جهختيان له خواستى دوولايهنه بۆ فراوانكردنى هاريكاريى هاوبهش و برهودان به پهيوهندييهكانى توركيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان له ههموو بوارهکاندا كردهوه، ههروهها تيشكيان خستهر دوايين پێشهاتهكانى ناوچهکه و چهند پرسێكى جێى بايهخى هاوبهش.
هاوڵاتی سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هەرێم لە بەغداوە هیچ گرفتێك نەماوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی سێ مانگە هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی داهاتی نانەوتیی هەرێم. ئەمڕۆ سێشەممە 30ی تەموزی 2024، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی هیچ گرفتێك نەماوە و كێشەی مووچەی هێزە ئەمنییەكان تارادەیەك چارەسەربووە". ئاماژەی بەوەشکرد، "ماوەی سێ مانگە هەرێمی كوردستان پابەندە بە رادەستكردنی داهاتی نانەوتیی هەرێم و بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت حكومەتی هەرێم ئامادەیە". لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وتی، "لیستی خانەنیشینان بە یاسا نوێیەكە ئامادەكراوە و دواتر حكومەتی عێراق بڕیاردەدات كە لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێكهێندراوە".
هاوڵاتی زانیاری ورد لەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە: ١. لە ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب: ڕۆژی ٢٨/٧ کاتژمێر ٤:٥٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل لە مەیدانی بەرخۆدان لە گردی ئامەدیە بە بەکارهێنانی تاکتیکی قەناس بەدەست، سیستەمی کامێرای چاودێری سەر بە سوپای داگیرکەری تورکیایان تێکشکاند. ڕۆژی ٢٩/٧، کاتژمێر ٥:٥٠خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامەدیە کردە ئامانج، هەروەها گورزێکی تێکشکێنەریان ئاراستەی ناوچەی داگیرکەر کرد. ڕۆژی ٢٨/٧ کاتژمێر ٠٩:٠٠، هێزەکانی پاراستنی گەل بە بەکارهێنانی تاکتیکی قەناس بەدەستەکان، سیستەمی کامێرای چاودێری سەر بە سوپای داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار تێکشکاند. ڕۆژی ٢٨/٧ کاتژمێر٨:٠٥ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل دەستوەردانیان لە جموجۆڵی کۆپتەرەکانی سوپای داگیرکەردا کرد، لە گۆڕەپانی بەرخۆدان، لە گردی بەهار. ڕۆژی ٢٩/٧ کاتژمێر ٠٩:٠٠ سیستەمی کامێرای چاودێری سەر بە سوپای داگیرکەری تورکیا لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار، بە بەکارهێنانی تاکتیکی قەناس بەدەستەکان تێکشکێندرا. ڕۆژی ٢٩/٧ کاتژمێر ٨:١٠ خولەک، هێزەکانی پاراستنی گەل، لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار، بە بەکارهێنانی تاکتیکی قەناس بەدەستەکان، سیستەمێکی کامێرای چاودێری سەر بە سوپای داگیرکەری تورکیایان تێکشکاند. ٢. ئەو هێرشانەی لەلایەن سوپای داگیرکەری تورکیاوە کراون: لە ڕۆژانی ٢٧، ٢٨، ٢٩، ٣٠/٧، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا یەکجار گۆڕەپانی نەورۆزیان لە ناوچەی قەندیل بۆردومان کرد، ١٢ جار گۆڕەپانی گردی شەهید هاوار و شەهید شەریف و سێنینیان لە ناوچەی خاکورک بۆردومان کرد، ٦ جار گۆڕەپانی شەهید ئەسلان، زیڤیک، زەنکێل، یاکمال، سپیندار و کانی سارکیان لە دەڤەری کاری بۆردوومانکرد، ٣جار مەیدانەکانی بەرخۆدانیان لە شیلاز و بیشیل لە ناوچەی مەتینا بۆردوومانکرد، ٣ جار گۆڕەپانی بەرخۆدانیان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاب بۆردوومانکرد، کە کۆی گشتی دەکاتە ٢٥ هێرشی بۆردوومانکردن. ڕۆژانی ٢٧ و ٢٩/٧، گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی و ناوچەی خاکورک لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاب، بە هەلیکۆپتەری هێرشبەر بۆردومان کران. ٣٠/٧/ ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل
ڕاگەیەندراوی دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی بەرەبەیانی ٢٩ی تەموزی ٢٠٢٤، ئاگر لە بناری چیای گۆیژەی باکوری سلێمانی کەوتەوە و بەهۆی ئەو رەشەبا بەهێزەوە کە هەڵیکردووە لە ماوەیەکی کەمدا رووبەرێکی بەرفراوانی چیاکەی گرتۆتەوە و تابەیانی بەردەوام بووە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، نزیکەی ١٥ هەزار داری جۆراوجۆری تەمەن جیاواز سووتاون. کەوتنەوەی ئاگرەکە ئەگەر لە کاتێکی تردا بووایە و کاتژمێر نزیکی ٣:٣٠ ی خولەکی بەرەبەیانی نەبووایە، رەنگە بە ئاگرکەوتنەوەیەکی ئاسایی ناوزەد بکرایە، بەڵام کاتێک کە ورد دەبینەوە لە کاتەکەی و لە بەرەبەیانێکدا کە رەشابەیەکی بەهێزیش لە ناو سلێمانیدا هەڵیکردبوو کەس خۆی پێنەدەگیرا، خەڵکانێکی سەیرانکار چیدەکەن لەو کاتەدا لە سەر ئەو چیایە تا ببنە هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە. لەلایەکی ترەوە چیای گۆیژە زۆرێک لە دارستانەکەی ئاگربڕ کراوە و لە هەندێک شوێندا ئاگربڕەکەی نزیکی ١٠ مەتر پانە، نازانین بە چ قودەرتی قادرێک ئەم ئاگرە پەڕیوەتەوە لەو ئاگربڕانە و ئەو رووبەرە فراوانەی سووتاندووە. چیای گۆیژە لە سەرەتایترین خزمەتگوزاری ئاگرکوژانەوە و ئاودێری و چاودێریکردن و دەستیکار بێ بەشە. تا ئێستا هیچ سیستەمێکی ئاگرکوژاندنەوەی نییە، بگرە لەوەش زیاتر لە هەموو چیای گۆیژەدا تاکە بیرێکی تێدا نییە لە کاتێکدا کە بە بڕێک پارەی کەم دەتوانرێت چەندان بیر هەڵبکەندرێت و لەو رووشەوە رووپێووی (کەشف) بۆ لێدانی بیر بۆ کراوە، بەڵام پارەی بۆ خەرجناکرێت. ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە ئاودێری و چاندانی نەمام و ئاگربڕیش دەکەن بۆ ئەو چیا گەورەیە تەنها ١٠ کرێکارن، لە کاتێکدا لە ساڵانی رابردوودا رۆژانە سەدان کرێکار کاری لەو چیایەدا کردووە. هەرچەندە لە بناری چیاکە بنکەیەکی پۆلیسی لێیە، بەڵام نە جێگەی بنکەی پۆلیسەکە باشە، نە ئەو ژمارە کەمەش دەتوانێ سەرپێچیکردن لەو چیا گەورە قەرەباڵغەدا رابگرێت، لە کاتێکدا کە پێویستە ئەو چیایە لە لە هەموو شوێنێکەوە لەلایەن پۆلیس و بگرە لە رێگای کامێراشەوە چاودێری بکرێت. ئێمە لێرەوە لایەنە دەسەڵاتدارە ئیدارییەکانی پارێزگای سلێمانی و دادگاو داواکاری گشتیش ئاگادار دەکەینەوە کە بەرامبەر ئەو سووتانە هەریەکە و لەلای خۆیەوە هەڵوێستەیەک بکات و بە رووداوێکی ئاسایی تەماشای نەکات، لە کاتێکدا کە پێشتر ئێمە سووتانی لەو جۆرەمان لە گۆیژە و شوێنەکانی تری سلێمانی بینیوە، بە دەستی ئەنقەست و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بووە. دەستەی داکۆیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی ٢٩ ی تەموزی ٢٠٢٤
هاوڵاتی بەڕێوەبەری ئۆفیسی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە فەرمی پارتیمان ئاگادارکردووەتەوە لە دوورخستنەوەی دادوەر محەمەد ئەمین، سەرۆکی لیستەکەیان لە دهۆک و پەروین ئەکرەم کاندیدی هەمان حزب. ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی تەمووزی 2024، خالید عەباس، سەرۆکی ئۆفیسی دهۆکی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق کە ئەمڕۆ ئاگادارکراونەتەوە، دوو کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنەکان دوورخراونەتەوە، دەشڵێت، هۆکاری دوورخستنەوەی ئەو دوو کاندیدە کارتە نیشتیمانییەکەیانە، کە سەر بە نەینەوایە، کە بەپێی یاسا ناتوانن لە دهۆک خۆیان کاندید بکەن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو دوو کەسە كە بریتین لە حاکم محەمەد ئەمین، سەرۆک لیستی پارتی لە دهۆك، هەروەها پەروین ئەکرەم بەهۆی نەبوونی مەرجە پێویستەکان، لە لیستی کاندیدەکان دوورخرانەوە. خالید عەباس وتیشی، ئەو دوو کەسە دانیشتووی دهۆکن بەڵام کارتی نیشتمانی و کارتی دەنگدانیان لە دهۆک نەبووە کە بە گوێرەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم دەبێت کاندید خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت و بە رەگەزنامە خەڵکی پارێزگاکانی هەرێم بێت نەوەک ناوچە دابڕاوەکان. باسیلەوەشکرد، پێویستە پارتی لەماوەی سێ رۆژدا، جێگرەوە بۆ شوێنەکانیان دابنێت و ناوەکانیان بداتە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.
هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی تەمووزی 2024، بانکى ناوەندى عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بڕى 265 ملیۆن و 773 هەزار 443 دۆلار خراوەتە بازاڕەکانەوە. دەشڵێت، لەو بڕەشدا سێ ملیۆن و 550 هەزار دۆلار بە شێوەى نەقد فرۆشراوە و 262 ملیۆن 223 هەزار و 443 دۆلاریش بە شێوەى حەواڵە فرۆشراوە. جێگەی ئاماژەیە، ماوەى نزیکەى ساڵێکە دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرامبەر دینارى عێراق بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە.
هاوڵاتی كهمێك لهمهوبهر ئاگرێكی گهوره له پشتی شووقهكانی كرێنشینان له ناحیهی سیتهك كهوتهوه. ئەمڕۆ سێشەممە، 29ی تەمووزی 2024، ئاگرێکی گەورە لە پشتی شووقەکانی کرێنشینان لە ناحیەی سیتەک کەوتەوە. ئەمە ئاگرەی ئەمڕۆش لە کاتێکدایە کە دوێنێ 29ی تەمموزی 2024، ئاگر لە شاخى گۆیژە و ئەزمەڕ کەوتەوە زیانێکی زۆر بەر ناوچەکان کەوتن بە پێی دواین زانیارییەکان بەهۆى ئاگرەکەی دوێنێوە 200 دۆنم زەوی لەشاخی گۆیژە و 300 دۆنمیش لە ئەزمەڕ سووتاوە، کە بەهۆیەوە زیانێکى زۆر بەر درەختەکان کەوتووە و هەندێک لەدارەکان بەتەواوى سوتاون.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە تاران بەشداری لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پزیشکیان سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران دەکات. ئەم سەردانی کردنەی نیچیرڤان بارزانی بۆ ئێران دەبێتە سێهەم سەردانکردنی لە ماوەی سێ مانگی ئەم ساڵدا، سەردانی یەکەمی لە 5ی ئایاردابوو کە تێیدا بەجیا لەگەڵ عەلی خامنەی ڕێبەری ئێران و ئیبراهیم ڕەیسی سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ئێران و محەمەد باقر سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، عەلی ئەحمەد ئەکبەریان سکرتێری باڵای ئەنجوومەنی باڵای نیشتیمانی ئەو وڵاتە کۆبۆوە. سەردانی دووهەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران لە 22ی ئایاردابوو، کە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوو، ڕۆشتە تاران بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی ئیبراهیم ڕەیسی، سەرۆک کۆماری کۆچکردووی ئێران. جێگەی ئاماژەیە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 4ی ئابی 2013ەش لە ڕێوڕەسمی سوێند خواردنی حەسەن ڕۆحانی و 3ی ئابی 2021یش لە ڕێوڕەسمی سوێند خواردنی ئیبراهیم ڕەیسیدا بەشداربوو. سەردانەکەی نیچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، 14ی حوزەیرانی ئەمساڵ عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەولێر و سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و سەرۆکی بەشێک لە حزبە سیاسییەکان کۆبۆوە.
هاوڵاتی دکتۆر خهلیل دۆسكى دەڵێت، یهكشهممهى داهاتوو مووچهى فهرمانبهران و هێزه ئهمنییهكان و هێزهكانى پێشمهرگه، لە لایەن بەغداوە ڕهوانهى ههرێمی کوردستان دهكرێت. دکتۆر خهلیل غازى دۆسكى پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا له تۆڕی کۆمەڵایەتی فهیسبووكى خۆیی نووسیویهتى، دوێنێ سهردانى مهسعود حهیدهر بریكارى وهزارهتى دارایی عێراقى كردووه و چهند پرسێكى تایبهت بهداراییان تاووتوێكردوه. دەشڵێت، لهو كۆبونهوهیهدا بهڕێوهبهرى ژمێریارى وهزارهتى دارایی عێراقیش ئامادهبووه و ڕایگەیاندووە، مووچهى مانگى تەمووزی فهرمانبهرانى ههرێمی کورستان ههفتهى داهاتوو ڕهوانه دهكرێت. ئەوەشی خستۆتەڕوو، بهڕێوهبهرى ژمێریاریى و بریكارى وهزارهتیش جهختیانكردوهتهوه، ههفتهى داهاتوو مووچهى تهواوى فهرمانبهران و موچهخۆرانى ههرێمی کوردستان بهسهربازیى و هێزه ئهمنیهكانیشهوه بهبێ هیچ كێشهیهك لە لایەن بەغداوە ڕهوانهی هەرێمی کوردستان دهكرێت.
هاوڵاتی كۆمسیۆن ژمارەی دەنگدەرو بنكەو وێستگەكانی بڵاوكردەوە، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، بەم شێوەیە، ژمارەی دەنگدەر، 2 ملیۆن و 888 هەزارو 162 كەس و ژمارەی وێستگە،7 هەزارو 47، ژماەری بنكە هەزارو 427. ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی تەمووزی 2024، كۆمسیۆنى باڵاى ههڵبژاردنهكانى عێراق ڕایگەیاند، دوو ملیۆنو 888 هەزارو 162 هاوڵاتی هەرێمی کوردستان مافى بەشداریكردنیان لەپرۆسەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ههیه. ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، 29ی ئهم مانگهش نمونە سەرەتاییەکانی کارتی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پەسەندکرد کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت. جێگەی ئاماژیە، لهڕاگەیەندراوەکەی کۆمیسیۆندا، ئەنجومەنی کۆمسیاران چوار نمونەی بۆ دەنگدانی گشتی لەبازنەکانی هەڵبژاردنی هەولێر، سلێمانی، دهۆکو هەڵەبجەو نمونەیەکیش بۆ دەنگدانی تایبەت پەسەندکردوە. بەگوێرهى ئامارەکانی کۆمسیۆن، دوو ملیۆنو 888 هەزارو 162 هاوڵاتی هەرێم مافى بەشداریكردنیان لەدەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ههیه و کارتی بایۆمهتری دەنگدانیشیان وەرگرتوەتەوە، هاوکات هەزارو 427 بنکەو حەوت هەزارو 47 وێستگەی دەنگدانیش ئامادەکراون بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدان لەهەڵبژاردنی پەرلەماندا. لەپارێزگای هەولێر، ژمارەی دەنگدەران بریتییە لەیەک ملیۆنو 16 هەزارو 357 دەنگدەر کە 928 هەزارو 823 دەنگدەر لەدەنگدانی گشتیو 82 هەزارو 525 دەنگدەریش لەدەنگدانی تایبەت لەخۆدەگرێت. وهكو كۆمیسیۆن ئاشكرایكردوه، ژمارەی دەنگدەران لەپارێزگای سلێمانی، بریتییە لەملیۆنێک و 146 هەزارو 530 دەنگدەرو یەک ملیۆنو سێ هەزارو 772 دەنگدەر لەدەنگدانی گشتی بۆیان هەیە دەنگبدەنو 74 هەزارو 915 دەنگدەریش لەدەنگدانی تایبەت. سهبارهت بهسنووری پارێزگای دهۆکیش زانیاریهكانیى كۆمیسیۆن ئاماژهى بهوهداوه، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران بریتییە لە 738 هەزارو 193 دەنگدەر کە 680 هەزارو 443 دەنگدەر لەدەنگدانی گشتیو 55 هەزارو 100 دەنگدەریش لەدەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. کۆی گشتی دەنگدەران لەپارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە 62 هەزارو 584 دەنگدەر کە 59 هەزارو پێنج کەس مافی ئەوەیان هەیە لەدەنگدانی گشتی دەنگبدەنو 579 دەنگدەریش لەدەنگدانی تایبەت دەنگدەدەن.
