هاوڵاتی تەنها لە لەماوەی 25 ڕۆژی ڕابردوودا 11 ڕووداوی خنکان لە هەرێمی کوردستان تۆماركراون کە کۆی گشتی حاڵەتەکانی خنکانی گەیاندووە بە 51 حاڵەت و بەم چوار حاڵەتەی ئەمڕۆشەوە گەیشتووە بە 55 حاڵەتی خنکان. ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، چوار حاڵەتی خنکان لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، یەکەمیان لە بەنداوی خاسەی کەرکوک گەنجێک بەرەبەیانی ئەمڕۆ خنکا، دووەمیان ژنێکە لە زێی بچوک لە سنووری ئاغجەلەر خنکاوە، سێیەمیان پیاوێکی تەمەن 55 ساڵە لە سنووری زاخۆ خنکاوە. چوارەمیشان گەنجێک بوو کە نزیک کاتژمێر چواری دوانیوهرۆی ئهمرۆ ههینی بەمەبەستی مەلەکردن ڕۆشتبۆوە ناو زێی گەورە لە ناوچهی ئەبوشیتە نزیک گوێر، بهڵام لەکاتی مەلەکردندا خنکا. گهنجه خنکاوەکە ناوی ئەحمەد محەمەدە و تەمەنی 30 ساڵه، دانیشتووی گەڕەکی حەی شورتەی شاری هەولێرە، تائێستا تەرمەکەی نەدۆزرایتەوە. جێگەی ئاماژەیە، تەنیا ئەمساڵ هەشت کەس لە زێی گەورەدا خنکاون و لە ماوەی نزیکەی شەش مانگی ئەمساڵیشدا 40 حاڵەتی خنکان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگاکان تۆمار کراون.
وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل و هێرشی سوپای داگیرکەری تورکیا بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
هاوڵاتی ١. ناوچەی مەتینا: لە ٢٤/٧ کاتژمێر ٢:١٠ و ٣:١٠ خولەکی دوای نیوەڕۆ، هێزەکانی پاراستی گەل بە چەکی قورس داگیرکەریان لە گۆڕەپانی گوڵکا کردە ئامانج و زیانیان بە دوو بەربەستی بەرگری گەیاند. ڕۆژی ٢٥/٧ کاتژمێر ٥:١٠ی ئێوارە هێزەکانی پاراستنی گەل لە گۆڕەپانی سەریی مەتینا دەستوەردانیان لە جموجۆڵی هەلیکۆپتەرەکانی داگیرکەر کرد و ناچاریان کردن لە ناوچەکە دوور بکەونەوە. ٢. ناوچەی شەهید دەلیل، ڕۆژئاوای زاب: لە ٢٤/٧ کاتژمێر ٨:٢٥خولەکی بەیانی، هێزەکانی پاراستنی گەل لەکاتی دانانی کامێرای چاودێریدا لە لایەن سوپای داگیرکەری تورکیاوە لە گردی جودی، یەکینەکانی ژنانی ئازاد، چاودێری داگیرکەریان کرد و بە چەکی قورس کردیاننە ئامانج و جموجۆڵەکانیان ڕاگرت. لە ٢٥/٧ کاتژمێر ٤:٣٠ ی عەسر، شەرڤانانی هێزەکانی پاراستنی گەل لە یەکینەکانی ژنانی ئازاد - بولدۆزەرێکی داگیرکەری تورکیایان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامیدیە بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی کردە ئامانج و چالاکییەکانیان وەستان. ٣.، ناوچەی حێفتانین: لە ٢٤/٧ کاتژمێر ١١:٥٠ خولەکی نیوەڕۆ شەڕڤانانی هێزەکانی پاراستنی گەل بە چەکی قورس بنکەی کاریارشی سوپای تورکیایان کردە ئامانج. ٤. سەبارەت بە هێرشە داگیرکەرەکانی تورکیا: لە ڕۆژانی ٢٣ و ٢٤ و ٢٥ فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا لە ناوچەکانی شەهید شەریف، لولان، گۆشینا، گردی شەهید هاوار و گردی شەهید هێمن لە خاکورکە ١٠ جار بۆردومانیان کرد، لە سپیندارە، دێرشە و ماجی لە کارا ٨ جار جار بۆردومانیان کرد، لە گردی بەهار و گردی جودی لە ڕۆژئاوای زاب ٥ جار و زیرکلی پۆبلیسکان و لە قەندیلیش دووجار بۆردومانیان کرد، کە بە گشتی کۆ هەموویان دەکاتە ٢٥ هێرشی ئاسمانی. هەروەها ئەم هەڵمەتانە بوون بە هۆی سەرهەڵدانی ئاگرکەوتنەوە لە چەند ناوچەیەک. لە ٢٤/٧، داگیرکەران گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهاریان لە ناوچەی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاب، لە ڕێگەی هێلیکۆپتەرەوە بۆردومان کرد. ٢٦ی تەمموزی ٢٠٢٤ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووزی 2024، ئەحمەد مازن بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارنەکانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاند: ئامادەكارییەكان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەكەم ئەنجام بدرێت. دەشڵێت، لە كۆی لیستە تۆمارکراوکان بۆ بەشداریى لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 121 لیست، لەنێویاندا دوو هاوپەیمانی، 13 حزب، 19 كاندیدی پێكهاتەی مەسیحی، 14 كاندیدی توركمان و 85 كاندیدی سەربەخۆ هەیە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە ڕێگەی 53 ناوەندمانەوە لە شارى هەولێر و هەروەها، 85 تیمی گەڕۆكەوە كارتی بایۆمەتری دەنگدەران دابەش دەكرێت. باسی لەوەشکرد، بەپێى کۆتا ئاماریش تا ڕۆژى 11ی تەمووز حەوت هەزار و 924 كارتی دەنگدەر دابەشكراون. ئەوەشی بە میدیاکان ڕاگەیاند، پرۆسەی تۆماركردنی بریكاری حزبە سیاسییەكان، ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیكاكان، تۆڕەكانی چاودێری هەڵبژاردن، دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن، كەناڵەكان، ڕادیۆكان، ڕۆژنامەكان لە بارەگای فەرمانگەكەیان ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی پێدانی مۆڵەت بۆ بەشداریكردن لە چاودێریكردن و ڕووماڵكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم. جێگاى ئاماژەیە، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی 20ی تشرینی یەكەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت، هەروەها هەڵبژاردنەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.
هاوڵاتی لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاوڵاتییەک، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانی دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد. ئەمڕۆ هەینی 26ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو کەسێک بەسەردان دەچێتە ماڵێک لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی، دواتر لەماڵەکەدا لەگەڵ دوو کەسی تردا دەبێتە شەڕو دەماقاڵێی، لەئەنجامدا کەسەکە بەچەقۆ بەسەختی بریندار دەکرێت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانلەدەستدەدات، تۆمەتباران بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێن". وەک پۆلیس ئاماژەی پێکردووە، "دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکەو ئەنجامدانی کەشف و هێڵکاریی بۆ شوێنی ڕووداوەکە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەستیانپێکرد، سەرەنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا لەماوەیەکی کەمدا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی سلێمانییەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن". ئەوەشخراوەتەڕوو، "لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار (ن، ع، م - أ، ج، م) کە دایک و کچن، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405 لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە".
هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئەنجامی ژمارەیەک ئۆپەراسیۆنیان دژی هێزەکانی داگیرکەری تورکیا بڵاوکردەوە، ئاماری ئەو هێرشانەشی راگەیاند کە تورکیای داگیرکەر بۆ سەر هێزەکانیان ئەنجامی داوە. ئەمڕۆ هەینی 26ی تەموزی 2024، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە راگەیاند، "رۆژی 24ی تەموزی 2024، هێزەکانمان بە چەکی قورس لە ناوچەی مەتینا دوو بنکەی سەربازی تورکیایان کردووەتە ئامانج و زیانیان پێگەیاندوون". هەر بەپێی راگەیەندراوەکە بێت، "لە رۆژی 25ی ئەم مانگە هێزەکانمان لە گۆڕەپانی سرێی مەتینا دەستوەردانیان لە جموجۆڵی هەلیکۆپتەرە داگیرکەرەکان کرد و ناچاریان کرد لە ناوچەکە دوور بکەونەوە". چالاکی دووەم لە ناوچەی شەهید دەلیل لە رۆژئاوای زاب لە کە 24ی ئەم مانگە ئەنجام درا، هێزەکانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد - یەژا ستار لەکاتی دانانی کامێرای چاودێریدا چاودێری جموجۆڵەکانی سوپای داگیرکەری تورکیایان کرد لەسەر گردی جودی و بە چەکی قورس کردیانە ئامانج و جموجۆڵەکانیان ڕاگرت، هەروەها لە 25ی تەموز شەڕڤانانمان لە یەکینەکانی ژنانی ئازاد - یەژا ستار بولدۆزەری داگیرکەری تورک لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدیە بە چەکی جۆری قەناس کردە ئامانج و چالاکییەکانیان وەستا. وەک هەپەگە لە راگەیەندراوەکەدا باسی لێکردووە چالاکی سێیەمی گەریلاکان لە ناچەی حەفتانین بووە لە 24 ئەم مانگە شەڕڤانان بە چەکی قورس بنکەی قەریاڕەشی سوپای تورکیایان کردووەتە ئامانج. لەبارەی هێرەشەکانی سوپای داگیرکەری تورکیاوە هەپەگە رایگەیاندووە، "لە ڕۆژانی 23 و 24 و 25ی ئەم مانگە فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا ناوچەکانی شەهید شەریف، لولان، گۆشەنە، گردی شەهید هاوار و گردی شەهید حەیمان لە خاکورکە 10 جار بۆردوومانکردووە، هەروەها سپیندەرە، دێرەجە و ماجی لە قەرە 8 جار بۆردوومانکردووە و لە گردی بەهار هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی و گردی جودی لە ڕۆژئاوای زاب پێنج جار بۆردوومانکراوە و زیرکلی و پبلیکان دوو جار، بە کۆی گشتی تورکیا 25 هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئەو ناوچانە ئەنجامداوە کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاگر لە رەز و باخی هاوڵاتییان.
هاوڵاتی تیمى رۆژنامەوانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى کاندیدانی هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان دەکرێت. ئەمڕۆ هەینی 26ی تەموزی 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەوانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاندووە، "وردبینی کۆمیسیۆن لە دۆسیەى کاندیدان تەواو بووە و هەفتەى داهاتوو ناوەکان ئاڕاستەى لایەنە پەیوەندارەکان دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان". ئاماژەی بەوەشدا، "ناوى کاندیدان ئاڕاستەى هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان، دەستەکانی دەستپاکیی هەردوولا دەکرێت، تاوەکو دڵنیا ببنەوە کە دۆسیەى تاوان و گەندەڵییان لەسەر نییە". وتیشی، "دەبێت لە ماوەى 15 رۆژدا ئەو لایەنانە وەڵاممان بدەنەوە، چونکە لە نێوان 10 بۆ 15ى ئاب تیروپشک بۆ ژمارەى کاندیدان و لیستەکان دەکرێت". بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، ئەو فەرمانبەرانەی لەكاردابڕاون و بە دەستلەكاركێشاوە دانراون یان خۆیان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە بە ڕەزامەندی فەرمانگەكەی مافی خانەنشینی بیانگرێتەوە. بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت کە ئاڕاستەی وەزارەتەکان کراوە، مافی خانەنشینی بۆ ئەو فەرمانبەرانەی لەکاردابڕاون و بە مستقیل هەژمارکراون یاخود داواکاری دەست لەکارکێشانەوە (استقالە)یان پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدار کردووە و پەسەند کراوە مافی خانەنشینیان دەبێت بە مەرجێک ڕاژەیان 15 ساڵ کەمتر نەبێت. لە نووسراوەکەشدا ئاماژە بەوەدراوە، "ئەو فەرمانبەرانە مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت تاوەکو تەمەنیان دەبێتە 45 ساڵ". ئەوەشخراوەتەڕوو، “تەنها ئەو حاڵەتانەی داواکاری دەستلەکارکێشانەوە (استقالە)یان پێشکەش كردووە و لەلایەن فەرمانگەکەیانەوە قەبوڵ ناکرێت، مافی خانەنشینیان نییە".
هاوڵاتی ئەمڕۆ هەینی 26ی تەموزی 2024، نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەیە: - زێڕی عەیارە 21 به 505 هەزار دینار. - زێڕی عەیارە 18 به 433 هەزار دینار. - زێڕی عەیارە 22 به 530 هەزار دینار. - زێڕی عەیارە 24 به 577 هەزار دینار. - ئۆنسەی زێر 2374.00 دۆلار. بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو نرخی زێڕ دابەزینێکی کەمی بەخۆیەوە بینیوە.
هاوڵاتی شارەزایەکی کەشناسی رایدەگەیەنێت، سبەینێ لە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پلەی گەرما دادەبەزێت. پشتیوان ئیبراهیم، شارەزای کەشناسی بە هاوڵاتی ڕاگەیاند، "سبەینێ هەینی 26ی تەموزی 2024، پلەکانی گەرما نزمبوونەوەی تۆماردەکەن بەپێی ناوچەکان، بە جۆرێک لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر هەست بە فێنکی دەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ناوچەکانی وەک سلێمانی، ئیدارەی سۆران، دهۆک و زاخۆ و دەوروبەریان دێتە خوار 40 پلەی سەدەی، بەڵام ئەم نزمبوونەوەی تاڕادەیەک کاریگەری لەسەر ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان، کەرکوک و خانەقین نابێت و پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێنیتەوە".
هاوڵاتی دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی لەبارەی ئەو سکاڵایەی داواکاری گشتی لەسەر دەستەکەیان و مامۆستایەکی دەستکەیان تۆماری کردووە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە. دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دەستگیرکردنی مامۆستایەک و تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر دەستەکەیان رایگەیاند، "داواکاری گشتی تۆمەتی هەڵپەسێردراوی بۆ مامۆستا دڵشاد میرانی دروستکردووە و دەستگیرکردووە و تۆمەتەکان ناڕاست و هەڵپەسێردراون". ئاماژەیان بەوەشکرد، "دەبوو داواکاری گشتی لێپێچینەوەی لەگەڵ ئەوانە بکردایە کە بە رۆژی روناک سوپای بێگانە پەلکێشی خاکی پیرۆزی هەرێمی کوردستان دەکەن و هاوڵاتییانی مەدەنی شەهید دەکەن و دار و دەوەن و ڕەز و باخی هاوڵاتییان دەسووتێنن، هەروەها دەبوو داواکاری گشتی سکاڵای دژی نەوت دز و مووچە دزەکان تۆمارکردایە". لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "دەستەی داکۆکی مامۆستایان دەستەیەکی کاریگەرە و وایکردووە داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر تۆماربکات"، هەروەها جەختیان لەوەکردەوە، دەستەکەیان بێ لایەنە و راستییەکان وەک خۆی ئاشکرادەکات.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەموو رێکارێکمان بۆ رێگریکردن لە ساختەکاری گرتووەتەبەر، هەروەها بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، "بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو دەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستاندا". مەروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەندووە، ”ئێمە وەکو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەمو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو قسە و باسانەی کە پێشووتر دەکرا لە بارەی ساختەکارییەوە ئەمجارە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت و دەرگاکانمان داخستووە، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات، کارتی بایۆمەتریش تەنیا بۆ ئەوانە کراوە کە سەردانی کۆمسیۆنیان کرد و خۆیان تۆمارکردوە و کارتی کورت خایەنی پێشوو کاری پێناکرێت". وتیشی، "جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ڕێگای دەستی و ئەلیکترۆنیەوە دەکرێت و ئێمە وەکو کۆمسیۆن ڕێگا نادەین ساختەکاری بکرێت". بە خوێندنەوەی چاودێران، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر دەرفەتی ساختەکاری زۆربوو، بۆیە زۆریەک لە هاوڵاتییان متمانەیان بە دەنگدان نەمابوو و بەڕێژەیەکی کەم بەشداری پرۆسەکەیان دەکرد و دەیانوت “هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت”، بەڵام ئەمجارەیان چاودێران ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە مەحاڵە ساختەکاری بکرێت، چونکە هەڵبژاردنەکە عێراق بەڕێوەی دەبات نەک هەرێمی کوردستان. هەروەها ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای وتوە، ”بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردو ئەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەدا، چونکە بە ئەزموونی بینینی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 تەنانەت لە هەڵبژاردنی 18ی 12 ی 2023 بۆ ئەنجومەنی پاریزگاکان بە ڕاستی ئەو دەرفەتە زۆر زۆر کەم ماوەتەوە بۆ ئەوەی کاری ساختەکاری بکریت، گەر بشکرێت زیاتر لە دەنگدانی تایبەتدا و ئەویش ئەوەیە بتوانن هێزی ناوچەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بتوانن بخەنە سەر هەرێمی کوردستان دیسانەوە ئەوەش ئاسان نییە". بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن دەشڵێت، "داخستنی تەواوی دەرگاکان بۆ ئەوەی ساختەکاری نەکرێت، کارێکی هەروا ئاسان نەبوە و ماندوبونێکی زۆری ویستوە و تێچوویەکی زۆر هەبو کە تەنها دەنگدەر بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات". ڕۆژی 26ی حوزەیرانی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاریدا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 بەرێوەبچێت.
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد نزیکەی ساڵێک و سێ مانگ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی چاکسازییەوە مینحەی بەشێک لە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بڕیوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی تەموزی 2024، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە بە هاوڵاتی راگەیاند، "نزیکەی ساڵێک و سێ مانگ دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناوی چاکسازییەوە مینحەی ئەو بەرکەوتووانەی چەکی کیمیایی بڕیوە کە مووچەی دیکەی حکومەتیان هەیە". ئاماژەی بەوەکرد، "ئەو پارەیەی بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەدرێت بۆ وەرگرتنی چارەسەری مانگانەیانە، ئەوانەی مینحەکانیان راگیراوە لە بارودۆخێکی تەندروستی و کۆمەڵایەتی خراپدان". سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە روونیشیکردەوە، "ئەو کەسانەی مووچەکانیان بڕاوە 339 بەرکەوتەی چەکی کیمیاییە، مانگانە بڕي 400 هەزار دیناریان پێدەدرا". وەک لوقمان عەبدولقادر باسی لێوەکرد، "بەپێی ئەو نووسراوەی کە لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووەتە ئەنجومەنی وەزیران مینحەی ئەو 339 کەسە رەتکراوەتەوە و بۆیان ناگەڕێتەوە، بۆیە کۆمەڵەکەمان لە هەوڵدایە ئەو مینحەیە بۆ ئەو بەرکەوتووانە بگەڕێنێتەوە". وتیشی، "ئەو مینحەیەی دەدرێت بە بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی بەشی دەرمانەکەیان ناکات، چونکە ئەوان بەردەوام دەبێت سەردانی پزیشک بکەن و دەرمان بەکاربهێنن نرخی دەرمانەکانیش گرانە". ئەوەشی وت، "یاداشتمان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران تاوەکو مینحەی ئەو کەسانە بگەڕێنێتەوە کە بڕاوە، هەروەها داواشمان کردووە بڕی مینحەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی زیادبکرێت".
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناسنامەی سێ شەهیدی ڕاگەیاند، کە لە 30ی حوزەیرانی 2024 شەهیدبوون و دەشڵێت، "وەک هەڤاڵانیان بەڵێن دەدەین، کە ئەو تێکۆشانەی ئەوان ڕادەستی ئێمەیان کردووە بگەیەنینە سەرکەوتن و وەڵامێکی بەهێز بدەینەوە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی قڕکەر-کۆلۆنیالیست و هێڵی خیانەت". هەپەگە دەڵێت، لە 4ی تەمووزی 2024 بە ڕاگەیاندراوێک زانیاریی ئەوەمان بڵاوکردەوە، کە لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر گۆڕەپانی سەری مەتینا سێ هەڤاڵمان شەهیدبوون، لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمندا هەڤاڵانمان نەوال مێردین، ژیان ڕێدور و دژوار کەلەش شەهیدبوون. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە، هەڤاڵانمان نەوال، دژوار و ژیان کە دڵیان بە ئاواتی کوردستانی ئازادەوە لێیدەدا و بێ دوودڵی تێکۆشان، بوونە دوایین نوێنەرانی گەنجانی کوردی شکۆمەند و هۆشیاری ئازاد، لە هەموو ساتەکانی ژیانیاندا بەبێ ئەوە ڕێگە بە داگیرکەری و خیانەت بدەن، بە تەواوەتی خۆیان لەپێناو ئازادیی گەلەکەماندا بەخت کرد و بۆ تێکۆشانی ئازادیی سڵیان لە هیچ قوربانیدانێک نەکردەوە. هێزەکانی پاراستنی گەل لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، بێگومان ئەوان دەبنە بەردی بناغەی کوردستانی ئازاد و سەرکەوتوو، بە شەهیدبوونی خۆیان بوونە هێمای تێکۆشان بۆ هەموو هەڤاڵانمان و گەلەکەمان. ئەوەش خراوەتەڕوو، وەک هەڤاڵانیان بەڵێن دەدەین، کە ئەو تێکۆشانەی ئەوان ڕادەستی ئێمەیان کردووە بگەیەنینە سەرکەوتن و وەڵامێکی بەهێز بدەینەوە بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی قڕکەر-کۆلۆنیالیست و هێڵی خیانەت، لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بە تایبەتی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شکۆمەندی هەڤاڵانمان نەوال، دژوار و ژیان و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین. هەپەگە ناسمانەی ئەو شەهیدانەی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو: ناسناو: دژوار کەلەش ناو و پاشناو: سەردار دوشەرگە شوێنی لەدایکبوون: ئامەد ناوی دایک- باوک: بەحریە- فەخری کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا ناسناو: ژیان ڕێدوور ناو و پاشناو: دارشین موسا شوێنی لەدایکبوون: شام ناوی دایک- باوک: فاتمە- محەمەد عەلی کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا ناسناو: نەوال مێردین ناو و پاشناو: نوودەم کورت شوێنی لەدایکبوون: ئیزمیر ناوی دایک- باوک: فەیروز-شاکر کات و شوێنی شەهیدبوون: 30ی حوزەیرانی 2024 مەتینا
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، ڕێکخراوی ئای یو ئێم ڕایگەیاند، ناوی نزیکەی 200 خێزانی ئاوارەی شەنگالی تۆمارکردووە و ئامادەییان دەربڕیووە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان. ئەوەشی خستۆتەڕوو، پاش تێپەڕبوونی 10 ساڵ، ئەمڕۆ وادەی گەڕانەوەی ئەو خێزانانەیە بۆ شەنگال. ڕێکخراوی ئای یو ئێم باسی لەوەشکرد، بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەبوو هەر خێزانێک کە دەگەڕێتەوە شەنگال بڕی چوار ملیۆن دیناری پێبدرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێت و ئەو 200 خێزانە ناگرێتەوە کە ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە شەنگال. جێگەی ئاماژەیە، لە ڕۆژی 23ی ئەم مانگە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەزار و 841 ئاوارەی دانیشتووى كامپەكانی سنووری پارێزگاى دهۆك بە ڕەزامەندی خۆیان گەڕێندرانەوەتەوە بۆ شەنگال و هاوكاری داراییان بەبڕی چوار ملیۆن دینارپێدراوە و بەشێكى كەرەستەکانى ناو ماڵیان بۆ دابینكراوە.
هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ی تەمووزی 2024، نازم شەمەری ڕێكخەری دەستەی بیروڕای عەرەبی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئەوەی ئێستا لە كەركوك دەگوزەرێت، بێ متمانەیی درووستكردوە و ئەستەمە لایەنەكانی كەركوك لەسەر دانانی پۆستی پارێزگار ڕێكبكەون. دەشڵێت، باشترین چارەسەر بۆ كێشە ئیدارییەكانی ئێستای کەرکوک، دانانی وەزیرێكە كە سەربە هیچ كام لە پێكهاتەكانی كەركوك نەبێت. نازم شەمەری، ئەوەشی خستۆتەڕوو، پۆستی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاش هەر جارە و نوێنەری پێكهاتەیەك سەرۆكایەتیی بكات و ئەنجومەنیش دەست بەكاری چاودێریی خۆی بكات. باسیلەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكەم دانیشتنی خۆی ئەنجامدا، بەڵام تائێستا لەلایەنەكانی كەركوك لەسەر دانانی پۆستی پارێزگار ڕێكنەكەوتوون. جێگەی ئاماژەیە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق، دەبێت دوای یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە ماوەی 30 ڕۆژدا پارێزگار هەڵببژێردرێت، بەڵام 14 بەسەر یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی كەركوك تێپەڕێوە هێشتا لایەنەكان نەگەیشتوون بەڕێككەوتن.
