هاوڵاتی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پرۆژە یاسامان بۆ لێبوردنی گشتی زیندانیانی هەرێمی کوردستان ئامادەیە، ئاماژە بەوەشدەکات بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمان و ناکۆکییە سیاسییەکانەوە نەتوانراوە یاسای لێبوردنی گشتی لە هەرێم دەربکرێت. کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، "لە سەردەمی کۆرۆنا نامەیەکم ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت کرد و داوای دوو شتم کرد، یەکەم پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن بۆ سزا سوکەکان، دووەمیش لێبوردنی گشتی، ئەوکات سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی باڵای دروستکرد بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و نوینەرایەتی چەند وەزارەت و دەستەیەک پڕۆژە یاسایەکمان ئامادەکرد، پڕۆژەکە چوە ئەنجومەنی شورا  و ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکیشمان لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان کرد، چونکە ئەوانیش پرۆژە یاسایەکیان ئامادەکردبوو". وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەبەر ناکۆکییە سیاسییەکان کۆبونەوەی پەرلەمان کەم دەکرا تا گەشتە ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشایەوە، ئێمە ئێستا پڕۆژە یاساکەمان حازرە و پەرلەمانیش یاساکەی خۆی حازرە، دەتوانن لە یەکەم وەرزی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەردوکی بکرێت بە یەک و لێبوورنی گشتی بۆ دەربکەن، چونکە لێبوردنی گشتی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە و دەبێت یاسای بۆ دەربکرێت و بکرێتە بواری جێبەجێکردنەوە". ئەوەشی وت، "لەبەر زۆری ژمارەی سزادراوان دەبێت پەرلەمان یاساکە بکاتە کاری لە پێشینە و ڕایگەیاند، "لەئێستادا لیژنەیەک دروستکراوە لە سەرۆکایەتی هەرێم بە ئەندامێتی چەند وەزارەت و دەستەیەک بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێم لێبوردنی تایبەت دەربکات بۆ چەند سزادراوێکی پەککەوتە، کە دەبێت کارمەندەکانمان بیان شۆن و بیانگۆڕن کە لە 25 کەس زیاتر نییە". "سەرۆکی هەرێم لەوە زیاتر ناچێتە ژێر باری لێبوردنی تایبەت، بۆیە تەنها ڕێگە چارە ئەوەیە لە یەکەم وەرزی خۆیدا پەرلەمان لێبوردنی گشتی دەربکەن و لەبەر قەرەباڵخی زیندانەکان دەبێت پەرلەمان بیکاتە کاری لەپێشینە"، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان وادەڵێت. بەپێی وته‌ی کوێستان محەمەد بێت، تەنها لە چاکسازی گەورانی سلێمانی هەزارو 600 سزادراوی تێدایە و زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێریش 1800 سزادراو و چاکسازی گەورانی دهۆکیش 2500 سزادراوی تێدایە.

هاوڵاتی قائیمقامیەتی قەزای دوکان 22 هەلی کاری بەشێوەی گرێبەست راگەیاند ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی تەمووزی 2024، قائیمقامیەتی قەزای دوكان دەرفەتی دامەزراندن لە بەڕێوەبەرایەتییەكی قەزاكە بەشێوەی گرێبەست راگەیاند لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، 22 هەلی دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای دوكان راگەیەندراوە كە بەپێی چەند مەرجێك و لە فۆڕمەكەدا ئاماژەیپێكراوە. دەشڵێت، ئەم دەرفەتی دامەزراندنە تەنها بۆ هاوڵاتییانی ناوەندی قەزای دوكان و هەردوو ناحیەی سوورداش و خەلەكان و گوندنشینانی سنوورەكانیانە. ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕكردنەوەی فۆڕمەی دامەزراندنەکە بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت.

هاوڵاتی یەرەکە ناسنامەی سێ شەهیدی راگەیاند، کە لە ئەنجامی هێرشی دەوڵەتی تورکیا لە 14ی تەمووزدا لە پێنجوێن شەهیدبوون. ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ی تەمووزی 2024، فەرماندەی یەکینەکانی رزگاریی کوردستان-یەرەکە، لە راگەیاندراوێکدا ناسنامەی سێ شەهیدی بڵاوکردەوە کە بەهۆى بۆردوومانی دەوڵەتی تورکیا لە پنجوێن شەهید بوون دەشڵێت، بەڵێن دەدەین، کە تادوایی لەسەر رێبازی ئەو شەهیدانە هەنگاو بنێین و بە دڵنیاییەوە خەونەکانیان دەهێنینەدی. لە راگەیاندراوەکەدا ئەوە خروەتەڕوو، وەک دەزانرێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قۆناغێکی شەڕی جیهانی سێهەم لەئارادایە، لەم قۆناغەدا وەک گەلی کورد بە پرۆسەیەکی مێژوویدا تێپەڕدەبین، گەلە خۆڕاگرەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات بەشێوەی بێهاوتا تێدەکۆشێت. دەشڵێت، لەم کاتەدا گەلەکەمان لە هەموو کات زیاتر لە سەرکەوتنەوە نزیک بووەتەوە. یەرەکە باس لەوەشدەکات، لەم دواییەدا بەردەوام سوڕانەوەی فڕۆکەی سیخوریی بەسەر گۆڕەپانی پێنجوێن هەبووە، لە 14ی تەمووزدا فڕۆکەی جەنگی لە کاتژمێر 6 و 6:30دا سێ جار گۆرەپانەکانمانی بۆردوومان کرد. ئاماژە بەوەشدەکات، یەکینەیەکمان لەو کاتەی لەسەر ئەرکە شۆڕشگێڕییەکەیان بوون، بوونە ئامانجی ئەو بۆردوومانانە و لە ئەنجامدا سێ هەڤاڵمان شەهیدبوون. لە کۆتایی راگەیەندراوەکشدا هاتووە، سەرەخۆشی لەگەلی کوردستان بە تایبەتی بنەماڵەی شەهیدانی قارەمانمان دەکەین، لێرەدا جارێکی دیکە رایدەگەینین، لە پێناو سەرکەوتن لەسەر رێگەی ئەو شەهیدانە تا دوا دڵۆپی خوێنمان هەنگاو دەنێین و ئاواتەکانی ئەو هەڤاڵانەمان دەگەیەنینە سەرکەوتن. یەرەکە ناسنامەی ئەو شەهیدانەی بەم شێوەیە بڵاوکردۆتەوە، ناو و پاشناو: هیدایەت ڕەسوڵی ناسناو: جەنگاوەر میکایل کات و شوێنی بەشداربوون: 2020 مەریوان کات و شوێنی شەهیدبوون: 14ی تەمووزی 2024 پێنجوێن ناو و پاشناو: عومەر فرات ناسناو: ئاندۆک تۆڵهەڵدان کات و شوێنی بەشداربوون: 2020 فەرەنسا کات و شوێنی شەهیدبوون: 14ی تەمووزی 2024 پێنجوێن ناو و پاشناو: عیرفان زەندی ناسناو: ڕامان ڕێناس کات و شوێنی بەشداربوون: 2022 بانە کات و شوێنی شەهیدبوون: 14ی تەمووزی 2024 پێنجوێن

هاوڵاتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا، لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن بەیاننامەیەکیان لەبارەی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی خوێندەوە و تیادا ئاماژە بەوەکرا، کە سزاکە سیاسییە. ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە تیادا هاتبوو، "رۆژی 2ی تەموز، لیژنەی گواستنەوەو گەیاندن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی سەردانی مەیدانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کرد, ئامانج لەسەردانەکە لەنزیکەوە ئاگاداربوون بوو لەو سزایانەی ساڵ و نێوێکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیای دراوسێیەوە بەسەریدا سەپێنراوە، جگە لەراگرتنی گەشتەکان لەتورکیاوە بۆ سلێمانی بەڵکو هەموو ئەو گەشتانەی بەسەر ئاسمانی تورکیا تێئەپەرن بۆ فرۆکەخانەی سلێمانی راگیراون، بەمەش زۆربەی گەشت و جوڵەکانی فرۆکەخانەکە وەستاون و زیانێکی گەورەی لە فروکەخانەکە داوەو بارگرانی زۆریشی بۆ هاوڵاتیان و ئابووری سلێمانی دروستکردووە". ئاماژە بەوەکرا، "لیژنەکەمان لەو سەردانە مەیدانیەو ئەو بەدواداچوونانەی لەسەرەتای کێشەکەوە کردوویەتی، بۆی دەرکەوتوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کە خاوەنی موڵەتی ژمارە دووە لە دەستەڵاتی فرۆکەوانی مەدەنی دوای فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا هیچ کێشەیەکی ئیداری و هونەری و ئەمنی و خزمەتگوزاری نیە و بەمانجگرتنی فرۆکەخانەکە سزای سیاسییە".  لیژنەکە لە بەیاننامەکەدا داوایکرد، ئەنجومەنی نوێنەران لیژنەکەیان و لیژنە پەیوەندارەکانی تری وەک ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هەنگاوی جددی کردەیی بنێن و حکومەتیش لەرێگەی دیپلۆماتیەوە هەوڵی جددی بدات بۆ کۆتایی هێنان بەسزاکانی سەر فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی وەک یەکێک لە فرۆکەخانە مەدەنیەکانی عێراق. بڕیار وابوو 22.12.2023 قەدەغەی ئاسمانی سلێمانی بۆ گەشتی فرۆکەی هێڵی ئاسمانی و ئەو فڕۆکانەی ئاسمانی تورکیا بۆ سلێمانی بەکاردەهێنن هەڵبگیرێت، بەڵام پێچەوانەکەی روویدا و تا 22.6.2024 قەدەغەکە لەلایەن تورکیاوە درێژکرایەوە بۆ جاری دووەم تا 7.12.2024 قەدەغە درێژکرایەوە. 

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی بڵاویکردەوە کە مەفرەزەكانی بنكه‌ی پۆلیسی عه‌ربه‌ت تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كه‌ ته‌قه‌ی له‌ هاوڵاتییه‌ك كردبوو. ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە ته‌قه‌ی لێكراوه‌، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی بنكه‌ی پۆلیسی عه‌ربه‌تەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت‌". ئەوەشخراوەتەڕوو، "له‌كاتی ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباردا ده‌ستگیرا به‌سه‌ر ئه‌و چه‌كه‌دا كه‌ تۆمه‌تبار ته‌قه‌ی پێكردبوو، لەئێستادا تۆمەتبار (هـ، م، أ) لەدایكبووی 1989 بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405/31 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وامه‌".

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات". ئاماژە بەوەکراوە، تونراوە بڕی (685،974.940) هەزار تۆن وەربگیرێت بەم شێوەیە: - بڕی (277,495.420) هەزار تۆن سلێمانی و هەڵەبجە. - بڕی (222,159.760) هەزار تۆن هەولێر. - بڕی (186,355.760) هەزار تۆن دهۆک. بەپێی ئەو رێژەیە بێت کە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە لە سلێمانی و هەڵەبجە زۆرترین رێژەی گەنم لە جوتیاران وەرگیراوە.

هاوڵاتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان بێت، پلەی گەرما زیاتر بەرزدەبێتەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ". ئاماژە بەوەشکراوە، "سبەینێ دووشەممە 22ی تەموزی 2024، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەی گەرما ەرز دەبێتەوە بە ( 2-3) پلەى سیلیزى بەراوورد بە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر : 42   سلێمانی : 41  دهۆک : 42   کەرکوک : 46 هەڵەبجە : 43  زاخۆ : 42   سۆران : 41 حاجی ئۆمەران : 03 گەرمیان : 46  

هاوڵاتی جومانە غەلای، دوو ھاوپەیمانی و 13 حزب بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. ئەمڕۆ شەممە، 20ی تەمووزی 2024، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 124 کاندید بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. دەشڵێت: 19 کاندیدی پێکھاتەکانی کریستیان، 20 کاندیدی پێکھاتەی تورکمانیش تۆمارکراون. ئاماژەی بەوەشکرد، تا ناوەڕاستی مانگی داھاتوو تیروپشک بۆ ژمارەی لیست و کاندیدەکان دەکرێت. وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق ناوی لیست و هاوپه‌یمانێتی و كاندیده‌كانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان به‌مجۆره‌ ئاشكرا كردوه‌:  ژمارەی هاوپەیمانێتی: 2 ژمارەی حزبەكان: 13 ژمارە لیستەكان: 139 كاندیدی سەربەخۆ: 124 كاندیدی پێكهاتەكان مەسیحی: 19 هەولێر: 7 سلێمانی: 4 دهۆك: 8 كاندیدی توركمان: 20 هەولێر : 14 سلێمانی: 6

هاوڵاتی فەرماندەی  گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە رایگەیاند، پشتیوانی له‌هەر هه‌وڵێك دەکەین بۆ گفتوگۆیەک کە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕو گەیشتن بەچارەسەرێکی سیاسی بۆ قه‌یرانی‌ سوریا. ئەمڕۆ شەممە، 20ی تەمووزی 2024، مه‌زڵوم عه‌بدی‌، فەرماندەی  گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە- بەبۆنەی 12 ساڵەی “شۆڕشی 19ی تەمموز”، ئەو رۆژەی هێزەکانی حکومەتی‌ سوریا لەشاره‌كانی کۆبانێی‌‌و جه‌زیرەو عەفرین له‌ رۆژئاوای‌ كوردستان دورخرانەوە و دواتر ئیدارەی خۆسەر دامه‌زرێنرا، مەزڵوم عەبدی وتارێکی ڤیدیۆیی لەماڵپەڕی هێزەکانی سوریای دیموکرات -هەسەدە- بڵاوكرده‌وه‌ و رایگەیاند، هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌ و پێکهاتەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بنه‌مای‌ كاركردنی‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌و به‌یه‌ك چاو سه‌یری‌ هه‌موو لایه‌ن‌ و پێكهاته‌كان ده‌كات. مەزڵوم عەبدی دەڵێت، قەیرانی سوریا بەتوندوتیژی‌و شەڕ چارەسەر ناکرێت، "ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان‌ و هەموو هێزەکان بەتورکیاشەوە، پشتیوانی له‌هەر هه‌وڵێك دەکەین بۆ گفتوگۆیەک کە دەبێتە هۆی وەستاندنی شەڕو گەیشتن بەچارەسەرێکی سیاسی بۆ قه‌یرانی‌ سوریا.  ئەوەشی خستۆتەڕوو، هێزەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات‌ و پێکهاتەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بنه‌مای‌ كاركردنی‌ تایبه‌تیان هه‌یه‌ و به‌یه‌ك چاو سه‌یری‌ هه‌موو لایه‌ن ‌و پێكهاته‌كان ده‌كات، لەسەر ئەو بنه‌مایه‌ش، "پێویستە بەرەو دیالۆگ بڕۆین بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ قه‌یرانی‌ سوریا". ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەوەی هەمووان هەست بەئاسودەیی‌و دڵنیایی بکەن، "هێزەکانمان له‌ئامادەیی ته‌واودان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی‌ هەموو جۆرە هێرشێک بۆ سەر ناوچەکانمان". سه‌باره‌ت به‌و جوڵه‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رێمیی‌و ناوچه‌كه‌ ده‌درێت بۆ نزیكبونه‌وه‌ له‌به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆكی‌ سوریا، عه‌بدی‌ ده‌ڵێت، نابێت له‌سه‌ر حیسابی گەل بێت. فەرماندەی  گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ هه‌سه‌ده‌ خاوه‌نی‌ 100 هه‌زار شه‌ڕكه‌رن‌و نوێترین جۆرەکانی تەکنەلۆجیای سەربازیی له‌به‌رده‌ستیاندایه‌.

هاوڵاتی لە ناحیەی دینارتە ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە و بەھۆیەوە ژنێکی تەمەن 45 ساڵ گیانیلەدەستدا. ئەمڕۆ شەممە، 20ی تەمووزی 2024، عەقید ئیبراھیم فەریق، بەڕێوبەریی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایگەیاند، دوای ئەوەی ئاگادارکرانەوە لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە ماڵێک لە سەنتەری ناحیەی دینارتە، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانیان کۆنتڕۆڵی ئاگرەکە بکەن. دەشڵێت، بەھۆی رووداوەکەوە ژنێکی تەمەن 45 ساڵ گیانیلەدەستدا. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تائێستا ھۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە نازانرێت و لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە. 

هاوڵاتی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەى هێرشەکانی تورکیا و بەکار‌هێنانی چەکی قەدەغەکراوی کیمیایی لە دژی گەریلاکانی ئازادیی، راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە رایگەیاند، "لە پێنج چالاکیی گەریلاکانى یەژاستار و هەپەگەدا لە رۆژانی 17 تا 19ی تەمموز لە گۆڕەپانی گوندی جیان، شارگئلاتا و گوندی سێگوزا لە گەڤە، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی دەرگەلی لە هەرێمی مەتینا، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی جودی، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی رۆژئاوای زاپ، زاپ پێنج سەربازی سوپای تورکیا کوژران، دوو سەنگەر و کامێرایەکی چاودێری لەناوبراون". هەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە 18ی تەموز تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئێف ئێم دوو جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومانکراوە". ئەوەشی خستەڕوو، "لە 18 و 19ی تەموز گۆڕەپانەکانی لۆلان، کۆلیت و شەهید شەریفی هەرێمی خواکوڕک، گۆڕەپانەکانی ئاڤتەهلی، دەشتی کافیا، سپیندار، کانی گوزێ، گرگاشێ و مژێی هەرێمی گارە، گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی ئامێدی و شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ؛ بەگشتی 25 جار بە فرۆکەی جەنگی بۆردوومانکراون". هەروەها 20ی تەموز گۆڕەپانی بەرخۆدانی شاخی بەهار لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە هەلیکۆپتەری جەنگی بۆردوومانکراوە.

هاوڵاتی بڕیارە سبەینێ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا بکات. ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە میدیای یەکێتی راگەیاند، "سبەینێ یەکشەممە 21ی تەموزی 2024 شاندێک بۆ پرسی مووچە و بودجە سەردانی بەغدا دەکات و لیستی مووچەی مانگی حەوت رادەستی بەغدا دەکات". ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشیکردووە، "وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان دەکرێت، ئەگەر تەواوبێت سبەی ئەو شاندەی هەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدا دەکات لیستی مووچەی مانگی حەوت رادەستی چاودێریی دارایی عێراق دەکرێت".

هاوڵاتی قایمقامییەتى سلێمانى هۆشداری دەدات و دەڵێت "نابێت دووكان و ماركێته‌كان جگه‌ره‌ و جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ منداڵی خوار 18 ساڵ بفرۆشن". ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، قایمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، "نابێت دووكان و ماركێته‌كان جگه‌ره‌ و جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ منداڵی خوار ١٨ ساڵ بفرۆشن، هەروەها گه‌یم سه‌نته‌ره‌كان (ئه‌و شوێنانه‌ی مۆڵه‌تیان بۆ سه‌رو 18 ساڵ وه‌رگرتوه‌)، هۆڵه‌كانی بلیارد، گازینۆ، كافتریا و شوێنی نێرگه‌له‌ كێشان، باڕ و دووكانه‌كانی فرۆشتنی خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان دەبێت رێگری لە منداڵی نەوجەوان بۆ شوێنەکانیان بكه‌ن، نێرگه‌له‌ و خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كانیان پێنه‌فرۆشن". بەپێی راگەیەندراوەکەی قایمقامییەتی سلێمانی بێت، بەپێچەوانەوە خاوەنى ئەو شوێنانە رووبەڕوی رێکارە یاساییەکان دەکرێنەوە.

هاوڵاتی ئەفسەرێکی باڵای سەربازی تورکیا لە پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان کوژرا وەزارەتی بەرگریی تورکیا، گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی بەناوی عەبدوڵڵا جەم دەمیرکان، ئەفسەری هێزی وشکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "رۆژی 12ی مانگ لە کاتی رووبەڕووبوونەوەیەکی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەی زاپ، مینێک لەژێر پێی سەربازێک بەناوی بەهادر ردڤان تالای تەقییەوە کە دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و عەقید عەبدوڵڵا جەم دەمیرکانیش بە سەختی بریندار بوو". وەک وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی پێکردووە، "دوای هەفتەیەک چارەسەرکردن و سەرباری هەوڵی پزیشکەکان، عەقید عەبدوڵڵا شەوی رابردوو لە نەخۆشخانەی سەربازی لە ئەنقەرە گیانی لەدەستدا".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پرسی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان پرسێکی هەستیارە، ئاماژە بەوەشدەکات، هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە زیانی گیانی و قوربانی هاوڵاتییانی مەدەنی، زیانی مادیشی لێدەکەوێتەوە. ئەمڕۆ شەممە 20ی تەموزی 2024، دارا سێکانیانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پرسی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "ئەم پرسە پرسێکی هەستیارە و ئەمە یەکەمجار نییە سنووری هەرێمی کوردستان دەبەزێندرێت و ترس و دڵەڕاوکێ بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە دروستدەکات". سێکانیانی وتی، "هاتنی سوپای تورکیا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جگە لە زیانی گیانی و قوربانی هاوڵاتییانی مەدەنی، زیانی مادیشی لێدەکەوێتەوە و رەز و باخی هاوڵاتییان دەسوتێندرێت". ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق باسی لەوەشکرد، چەندینجار لە پەرلەمان باسی ئەم پرسە کراوە و بە پلەی یەکەم ئەرکی حکومەتی عێراقە پارێزگاری لە سنوورەکانی بکات بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. وتیشی، "ئەگەر کێشەیەک هەبێت باشترە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، چونکە شەڕ جگە لە ماڵوێرانی و زیانگەیاندن هیچ سوودێکی دیکەی نییە، تەنها نائارامی دروستدەکات لە ناوچەکە". دارا سێکانیانی ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای کۆتایی هاتنی پشووی پەرلەمانی عێراق دوور نییە پرسی لەشکركێشییەکانی تورکیا یەکێک بێت لە پرسەکانی پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بکات". ئەوەشی خستەڕوو، "کە تاوەکو ئێستا هەنگاوەکانی هەردوو حکومەت تەنها لێدوان و کۆبوونەوە بووە و هیچ هەنگاوێکی دیکە نەنراوە بۆ راگرتنی بەزاندنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەن سوپای تورکیاوە". لەشكركێشییەکانی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان بە بیانووی هەبوونی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە بەردەوامی هەیە بە تایبەت بۆ ناوچەکانی قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک.