هاوڵاتی هێزەکانی 70 لەبارەی پێدانی لیستی مووچەکانیان بە بەغدا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، ئەگەر عێراق راستەوخۆ لیستی مووچەمان لێوەر بگرێت ئامادەکاری تەواومان کردووە و تەسلیمی دەکەین. ئەمڕۆ سێشەممە 17ی تەموزی 2024، هێزەکانی 70 رایگەیاند، "خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، وەک شایستەیەکی دارایی مانگانە و بەرامبەر  ئەرکەکانیان لە پاراستنی  هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق مایەی خۆشحاڵییە و دەبێتە مایەی هاندانی زیاتریان بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانیان لە خزمەت کردنی ووڵاتدا هیوادارین لە مەودوا هیچ  ئاستەنگێک نەیەتە رێی ئەم پرۆسەیە لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و عێراق". ئاماژە بەوەکراوە، "بەم بۆنەیەوە ئێمە لە فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگەی کوردستان  بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین لەناو هێزەکانی فەرماندەیمان هیچ ناوێک بوونی نییە کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی تر بێت جگە لە رەگەزنامەی عیراقی و یەک ناویش نییە کە وجودی ماددی و فیزیکی نەبێت، واتە ناوی وەهمی بێت بەتایبەت دوای ئەوەی تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجام دراوە". ئەوەش هاتووە، "بۆیە روون و رەوان رایدەگەیەنین کە بۆ مووچەی ئەم مانگی تەموزە ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە کە لیستی تەواوی ناوی پێشمەرگەکانمان بە زانیاری و بەڵگەنامەی داواکراوی پێویستیەوە پێشکەش بکەین و چیتر ئامادە نین مووچە و قوتی بنەماڵەکانیان بکرێتە بارمتەی ناروونی زانیاری و داتا گەلێک کە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە نییە". ئەوەشخراوەتەڕوو، "تەنانەت ئەگەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ راستەوخۆ لیستەکانمان لێوەربگرێت ئێمە ئامادەکاری تەواومان کردووە و گومانمان لە راستی و دروستی زانیاری و داتاکانمان نییە".

هاوڵاتی دەزگای ئاسایش هەرێمی کوردستان دەستگیرکردن و هەڵوەشاندنەوەی گروپێکی مەترسیداری تاوانی ئەلیکترۆنی راگەیاند، کە زیاتر لە 250 کەسیان کردووەتە ئامانج لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک. ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تەموزی 2024، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبار لەلایەن تیمە تەکنیکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی توانیان ئەندامێکی سەرەکی باندەکە دەستگیربکەن، ئەم باندە داواکراون لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول)ەوە". ئاماژە بەوەکراوە، "لەسەر سکاڵای ژمارەیەکی زۆر لە قوربانیانی ئەم باندە کەبەشێوەی گروپ کاریان کردووە لە دەرەوەی وڵات، بوونەتەهۆی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیانی 250 کەس". ئەوەش ئاشکراکراوە، "بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا ئەندامی سەرەکی باندەکە بەناوی (پ،ئ،ح) بە ئامانج بگرن و لە وڵاتی تورکیاوە بە پلانێکی تۆکمە بەناونیشانی رێکخستنی ژوانێک بیگەڕێننەوە شاری سلێمانی و دەستبەجێ دەستگیری بکەن".

هاوڵاتی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە وردەکاری ژمارەیەک چالاکی هێزەکانی گەریلای کوردستانی بڵاوکردەوە کە دژی سوپای تورکیا ئەنجامیان داوە، ئەو زیانانەیان ئاشکراکرد کە بەر سوپای تورکیا کەوتون، هەروەها ئاماری ئەو هێرشانەشی خستەڕوو کە تورکیا بۆسەر هێزەکانیان ئەنجامیان داوە. ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تەموزی 2024، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە ئەنجامی ژمارەیەک چالاکی هێزەکانی گەریلای کوردستانی بڵاوکردەوە، رایگەیاند، "لە 15ی تەموز کاتژمێر 2:34 دوانیوەڕۆ هێزەکانمان لە ناوچەی شەهید دەلیل، رۆژئاوای زاپ سوپای تورکیایان کردە ئامانج لە کاتێکدا لە هەوڵی دانانی یەکێک لە سیستەمی کامێرای چاودێری لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بوو، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی جوڵەی سوپای تورکیا". ئاماژە بەوەکراوە، "رۆژی 16ی تەموز، کاتژمێر 1:35 خولەکی شەو هێزەکانمان رێگرییان لە هەلیکۆپتەرەکانی سوپای تورکیا کرد کە هەوڵیان دەدا لەسەر گردی نەورۆز لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار بنیشنەوە، هەروەها هەلیکۆپتەرێکی “سکۆرسکی” دوای ئەوەی بەر باڵەکەی کەوت و کەوتە خوارەوە، لە ئەو ناوچەیەی کە هەوڵی نیشتنەوەی دەدا تێیدا ئەفسەرێک بەناوی مستەفا بە پلەی نەقیب و دوو فڕۆکەوان بە پلەی نەقیب و دوو تەکنیکار و حەوت سەربازی تورکیا کە لەناو ئەم هێلیکۆپتەرەدا بوون بریندار بوون". هەپەگە وتی، "لە 17ی تەموز، کاتژمێر 12:45ی خولەکی شەو و 2:00 بەرەبەیان هێزەکانمان لە یەکەکانی ژنانی ئازاد - ستار (یەژا-ستار) رێگرییان لەو هەلیکۆپتەرانە کرد کە لە ئاسمانی گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهاردا دەسوڕانەوە، هەروەها رۆژی 16ی تەموز کاتژمێر 7:40 خولەکی ئێوارە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئێف ئێم خرایە خوارەوە". ئەوەش ئاشکرا کراوە، "رۆژی 17ی تەموز کاتژمێر 1:30ی خولەکی شەو هێزەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئێف ئێم ئۆپەراسیۆنێکی چۆنایەتییان ئەنجامدا لە ئۆپەراسیۆنەکەدا یەک ئامێری بلاجکتۆر و یەکێک لە سیستەمی کامێرای چاودێری و چەند تەقەمەنییەک کە سەر بە تورکیا بوو دەستیان بەسەردا گیرا، هەروەها ڕۆژی 15ی تەموز کاتژمێر 4:35 خولەکی دوانیوەڕۆ هێزەکانمان بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی داگیرکەرانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامدە کردە ئامانج و پێگەیەکی سوپای تورکیایان کردە ئامانج". ئاماژە بەوەشکراوە، "لە 16ی تەموز کاتژمێر 1:15 خولەکی دوانیوەڕۆ و 5:45 خولەکی دوانیوەڕۆ هێزەکانمان لە یەکینەکانی ژنانی ئازاد - ستار بە چەکی قورس داگیرکەرانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی ئامدیە کردە ئامانج و پێگەیەکی سوپای داگیرکەریان تێکشکاند، هەروەها لە 16ی تەموز کاتژمێر 6:40 خولەکی ئێوارە هێزەکانمان لە یەکەکانی ژنانی ئازاد - ستار بە چەکی نیمچە ئۆتۆماتیکی داگیرکەرانیان لە گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی جودی کردە ئامانج". هەپەگە وتیشی، "رۆژی 16ی تەموز، کاتژمێر 12:30 خولەکی شەو هێزەکانمان رێگرییان لە کۆپتەرەکانی سوپای تورکیا کرد کە لە ئاسمانی گۆڕەپانی بەرخۆدان لە بێشێلی دەسوڕانەوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە کۆپتەرەکەی تورکیا ناچاربن ناوچەکە بەجێبهێڵن". هەر بەپێی راگەیەندراوەکە بێت، "رۆژی 16ی تەموز تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئێف ئێم شەش جار بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کران، هەروەها لە ڕۆژانی 15 و 16ی تەموزدا 12 جار هێرش کرایە سەر گۆڕەپانەکانی شەهید شەریف، گردی شەهید هەیمان، لولان، کولیت، سێنین، و گردی شەهید هاوار لە دەڤەری خاکورک، هەروەها گۆڕەپانەکانی کاریی زەنکێل و دەشتی کافیا لە ناوچەی کاری سێ جار، و گۆڕەپانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید سێ جار، و گۆڕەپانی بەرخۆدان لە چیلاز لە ناوچەی متینا دوو جار، بە گشتی 20 جار بۆردومان کراوە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە". ئەوەش هاتووە، "لە ڕۆژانی 15 و 16 و 17ی تەموزدا مەیدانی بەرخۆدان لە گردی بەهار لە ناوچەی شەهید دەلیل لە رۆژئاوای زاب و گۆڕەپانی بەرخۆدان لە سری متینا لە ناوچەی متینا لە لایەن تورکیاوە بۆردوومانکران".

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەلی عەلی بەگ لە سنووری ئیدارەی سۆران کەسێک خنکا کە خەڵکی کفریە و بە مەبەستی گەشت هاتوونەتە ناوچەکە. ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تەموزی 2024، رەوند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی سۆران بە هاوڵاتی راگەیاند، "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هاوڵاتییەک کە خەڵکی قەزای کفریە بە مەبەستی گەشت لەگەڵ چوار هاوڕێی سەردانی ناوچەکەیان کردبوو لە گەلی عەلی بەگ خنکا". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو کەسەی خنکاوە ناوی (زیاد عەبدولقادر)ە و تەمەنی 49 ساڵە بە ڕەگەز تورکمانە و دانیشتووی شاری هەولێرە لەکاتی مەلەکردندا خنکاوە و تیمەکان سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمەکەین".

هاوڵاتی بەڕێوەبەرێتى خۆسەرى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا بڕیاری لێبوردنی گشتی دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکەش لێبوردن ئەوانە ناگرێتەوە کە بە تاوانی تیرۆر و کوشتن سزادراون. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی تەمووزی 2024، بەڕێوەبەرێتى خۆسەرى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا بڕیارى لێبووردنى گشتى دەرکرد و بەگوێرەى بڕیارەکە "لێبووردنە گشتییەکەى بەڕێوەبەرێتى خۆسەر تۆمەتبارانى دۆسیەى تیرۆر و تاوانەکانى دیکەش دەگرێتەوە بەمەرجێک سووری بن". لە بڕیارەکەدا هاتووە، بڕیارەکە ئەو زیندانییانە دەگرێتەوە کە نیوەى سزاى زیندانییەکەیان بەسەربردووە". ئاماژە بەوەش کراوە "ئەو کەسانەى سزاى زیندانیی هەتاهەتاییان هەبووە سزاکەیان دەگۆڕێت بۆ 15 ساڵ بەندکردن". ئەوەشخراوەتەڕوو، هەموو ئەو زیندانییانەى نەخۆشیی درێژخایەن و چارەسەرنەکراویان هەیە ئازاد دەکرێن". بەگوێرەى بڕیارەکەى بەڕێوەبەرێتى خۆسەر"هەر زیندانییەک تەمەنى 75 ساڵ یان زیاتر بێت ئازاد دەکرێت". جەختیشکراوەتەوە "لێبووردنەکە بەرپرسانى رێکخراوە تیرۆریستییەکان و چەکدارانى تیرۆر ناگرێتەوە".

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی شەش تۆمەتبار كە كوردیشی تێدایە، بەشێک بوون لە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە كە بنکەکەیان لە شاری تیسایدی بەریتانیا بوون و بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئوتۆمبێل و بارهەڵگرەكاندا، چەندین كۆچبەریان بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە لە لایەن دادگایەکی بەریتانیا سزا دران. دادگایەكی شاری نیوکاسڵ لە بەریتانیا شەش كەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتی و گواستنەوەی نایاسایی سەدان کۆچبەری کوردی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا سزا دا، بەڵام ئاماژە بە جۆری سزاكە نەدراوە. لەم بارەیەوە، ئاژانسی نیشتمانی تاوان لە بەریتانیا رایگەیاند، شەش تۆمەتبارەکە كە كوردیشی تێدایە بە ناوەكانی محەممەد زادە، پارێز عەبدوڵڵا، خالید مەحموود، بێستون ساڵح و گۆربرێت سینگ و ماریك سوشانیچ، بەشێک بوون لە تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە كە بنکەکەیان لە شاری تیسایدی بەریتانیا بوو، پێشتر لەساڵی 2017 لەبەرامبەر وەرگرتنی 5 هەزار تا 10 هەزار پاوەند چەندین كەسیان بە قاچاخ بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە. ئەوەشی خستۆتەڕوو، تاوانباران بەشێوەیەكی نایاسایی لە ئوتۆمبێل و بارهەڵگرەكاندا، چەندین كۆچبەریان بۆ بەریتانیا گواستووەتەوە. پێشتریش ئاژانسی نیشتیمانی تاوان، لەساڵی 2018 بڵاوی كردبووەوە، لە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دژی تۆڕێکی گومانلێکراوی تاوان، 21 گومانلێکراو کە بە رەگەز کوردن و تۆمەتبارن بە گواستنەوەی نایاسایی سەدان کوردی باشووری كوردستان لە بەریتانیا دەستگیر كراون.

هاوڵاتی بە بڕیاری پارێزگاری هەولێر لە ئەمڕۆوە دەرۆزەکار و فاڵگرەوە و ئەوانەى لە بەردەم پیشانگاکانی فرۆشتنى ئۆتۆمبێل کاردەکەن و لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن دەستگیردەکرێن. ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی تەمووزی 2024، نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، بە فەرمانى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە سەر داواکارى و گلەیی و گازاندەى هاووڵاتییان و لە پێناو نەهێڵانى دیارەدەى ناشارستانى و لە چوارچێوەی هەڵمەتی رێگەگرتن لە روونەدانى رووداوى نەخوازرا و دوور لە ئادابى گشتیى و بەهۆی سەرپێچیی و پابەند نەبوون بە بڕیار و رێنمایەکان، لە ئەمڕۆوە چوارشەممە 17ی تەمووزی 2024، لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە هەڵمەتی دەستگیركردنى سواڵکەر و فاڵگرەوە و هەموو ئەوانەى لە بەردەم پیشانگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن و ئەو منداڵ و مێردمنداڵانەى لە ترافیكەکان کەلوپەل دەفرۆشن دەستی پێ کرد. بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەڵمەتەكە بەردەوام دەبێت و سەرجەم ئەو ژنانەی بە بیانووی سواڵكردن و فاڵگرتنەوە لە ناوچەی پیشەسازیی باشوور و باکوورى شارى هەولێر هەن و هەموو ئەو منداڵ و مێرد منداڵانەى کە لە ترافیكەکان کەل و پەل دەفرۆشن و ئەوانەشى کە لە بەردەم پیشەنگاى فرۆشتنى ئۆتۆمبێلان کاردەکەن، دەستگیردەكرێن و رێكاری یاساییان لە بەرمبەردا دەگیرێتەبەر.        

هاوڵاتی سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاندوە، کە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی سەرەتایی ئەم ساڵەوە نزیکەی 25 هەزار مووچەخۆر زیادیکردووە. ئەم سەرچاوەیە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی مووچەخۆرانی ئاشکراکردووە و ئەوەی خستۆتەروو، لەماوەى شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ چەندین دامەزراوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێویستیان بە دامەرزاندن بووە و بەشێک لەوانە بە گرێبەست دامەزراون. دەشڵێت، ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان نزیکەى یەک ملیۆن و 205 هەزار کەسە و سەرجەم داتاى مووچەخۆران دراوەتە دیوانى چاودێریى دارایى و وەزارەتى دارایى عێراق. باسی لەوەشکردووە، تا کۆتایى ساڵى رابردوو ژمارەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان یەک ملیۆن و 180 هەزار کەس بووە. جێگەی ئاماژەیە، بەگوێرەى یاساى بودجەى 2024، بڕى 11 تریلیۆن و 557 ملیار دینار بۆ مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان تەرخانکراوە کە مانگانە 963 ملیار دینار دەکات. سەرچاوە، کەناڵ 8

هاوڵاتی  بڕیاردرابە كۆتایی هێنان بە وەرزی بەبازاڕكردنی گەنمی جوتیارانی هەرێم و، 20ی ئەم مانگە وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان كۆتایی دێت. ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024، وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، "لیژنەی ناوەندی بەبازاڕکردنی سەر بە کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە بە سەرۆكایەتی حەیدەر نوری گڕاوی، بەڕێوەبەری گشتی دانیشتنی ژمارە 20ی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین و دوایین پێشهاتەکانی وەرزی بەبازاڕکردنی بەروبوومی گەنم". ئاماژە بەوەکراوە، "لیژنەکە گرنگترین پرسەکانی بەرنامەی کارەکەی تاوتوێ کردووە و بە کۆی دەنگ بڕیاری دا لە 20ی مانگی تەمموزی ئەمساڵ وەرزی بەبازاڕکردن لە هەرێمی کوردستان دابخرێت بۆ ساڵی 2024 لە (هەولێر، دهۆک، سلێمانی)". لە میانی دانیشتنەکەدا جەخت لەوەکرایەوە، کە ستافی تەکنیکی و کارگێڕی بەردەوام دەبن لە پرۆسەی وەرگرتن و دابەزاندنی ئۆتۆمبێل تا درەنگانی شەو بۆ وەرگرتنی زۆرترین بڕی گەنمی ماوەتەوە بۆ پشکی هەرێم، لەگەڵ ڕێنماییەکان بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند لە بەشی کۆنترۆڵ و ئەندازیاری و تەکنەلۆژیای زانیاری بۆ بەدواداچوون و چالاککردنی سیستەمی پەنجەمۆری شەوانە بۆ کاری فەرمانبەران.

هاوڵاتی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان چارەسەركرا و هەفتەی داهاتوو مووچەکەیان دابەش دەكرێت. ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024، میدیاكانی پارتی لە زاری سەرچاوەیەكی حكومەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاویانكردەوە، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبای هەرێمی کوردستان وسەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان چارەسەركراوە. ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە، لە كۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو مووچەی فەرمانبەرانی ئەو دامەزراوانە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵییەوە خەرج دەكرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان دەكرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024 بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکانی رەوانەی هەرێمی کوردستان کرد و رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دابەشدەکرێت.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ بەغدا مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی نارد و مووچەی هێزەکانی رۆژ و حسێن یەزدان پەنا و هێزە بیانییەکانی بڕیوە. ئەمڕۆ سێشەممە 16ی تەموزی 2024، غالب محەمەد، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "وەزارەتی دارایی و ئابووری، خشتەی مووچەی هێزئەمنییەكانی بڵاوكردەوەو ئاماژە بەوەدەكات، بڕی 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنان لە کۆی مووچەی ئەو دوو مانگەی هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان دروست بووە، بەغدا نەیناردووە". ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوەش بودجەی هێزەكانی رۆژ كە پاراستنی هێزەكانی توركیای لە ئەستۆیە لە هەرێمی كوردستان و هێزەكانی حسێن یەزادان پەنا كە ماوەیك دژ بە خۆپیشاندان بەكاریان دەهێنا". ئەوەشی وتوە، "ئێستا دەبێت بۆ خەڵك و هێزە ئەمنییەكان دەركەوتبێت كە قسەكانی ئێمە هەمووی راستبوو كە دەمانوت ئەم هێزانە لە بودجەی هەرێم پارەیان پێ دەدرێت و خەریكی پاراستنی بنەماڵەی بارزانین و هێزی توركیان، هەروەها بەهۆی بندیوارەكان و ئەو هێزانە، هێزی راستەقینەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان بێ مووچە بوون".

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی تۆمەتبارێك دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا . ئەووشخراوەتەڕوو، دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی دەنگی تەقە بیسترا ، دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتە شوێنی رووداوەكە و دەركەوت كە مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان گیانی لەدەستداوە. ئاماژی بەوەشکردووە،" لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی هێزەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو سەرنجام دەركەوت كە تۆمەتبار كارمەندە لە فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ، هەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتنی و فەرمانی راستەوخۆی بەڕێز فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆ، تۆمەتبار دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی كرا" . دەشڵێت، لە ئێستادا تۆمەتبار (ف ، ف ، م ) بە بڕیاری بەڕێز دادوەر و بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراق راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدواداچوون بۆ کەیسی هەوڵی تیرۆرکردنی ئەکرەم ساڵح دەکەن، کە دوێنێ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کەلار لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو.   سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا، هه‌واڵى ئه‌كره‌م ساڵح، به‌رپرسى لقى 22ی پارتى ديموكراتى كوردستانى پرسى، كه‌ دوێنێ له‌به‌رده‌م ماڵى خۆيدا له‌ كه‌لار له‌ هه‌وڵێكى تيرۆركردن به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ى ئۆتۆمبيله‌كه‌ى، رزگار بوو. ئەوەشی خستۆتەڕوو، نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى هه‌واڵپرسى و هيواى سه‌لامه‌تى بۆ خۆى و ياوه‌رانى بريندارى، سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هه‌وڵه‌ تيرۆرستييه‌ و هه‌موو هه‌وڵێكى تيرۆرى سياسى كرد و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان به‌دواداچوون بۆ كه‌يسه‌كه‌ ده‌كه‌ن تاوەكو ئه‌نجامده‌رانى بدۆزرێنه‌وه‌ و رووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، ئه‌كره‌م ساڵح وێڕاى ئاماژه‌كردن به‌ چۆنيه‌تيى هه‌وڵه‌ تيرۆرستييه‌كه و زيانه‌كانى‌، سوپاس و پێزانينى بۆ خه‌مخۆرى و هه‌واڵپرسى و به‌دواداچوونى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌. جێگەی ئاماژەیە، رووداوەکە کاتژمێر 09:22ی بەیانیی دووشەممە روویدا، کاتێک ئەکرەم ساڵح لەگەڵ پێشمەرگەیەک و شۆفێرەکەی لەنێو ماڵەکەی خۆیدا دەیویست بچێتە دەوام، بەڵام وەک لە کامێرای چاودێری دەردەکەوێت، ئۆتۆمبێلەکەی دەتەقێتەوە، لە رووداوەکەدا هیچ کەسێک بە قورسی بریندار نەبوو.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دام و دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە. بەگوێرەی خشتەكە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە دوو مووچە دابەشدەكرێت. دەشڵێت، بۆ دابەشکردنی دوو مووچەی هێزە ئەمنییەکان، 26 ملیار و 790 ملیۆن دینار کورتهێنانمان هەیە. جێگەی ئاماژەیە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوکردەوە، کە بەغدا بڕی زیاتر لە 676 ملیار دیناری مووچەی مانگەكانی ئایار و حوزیرانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەكانی خسۆتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هاوڵاتی ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی تەمووزی 2024، بانکى ناوەندى عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بڕى 268 ملیۆن و 96 هەزار  384 دۆلار خراوەتە بازاڕەکانەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو بڕە 12!ملیۆن و 550 هەزار دۆلار بە شێوەى نەقد فرۆشراوە و 255 ملیۆن و 546 هەزار و 384 دۆلاریش بە شێوەى حەواڵە فرۆشراوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەى نزیکەى ساڵێکە بەهاى دۆلارى ئەمریکى لە بازاڕەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بەرامبەر دینارى عێراق بە شێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە.