هاوڵاتی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، پرۆسەی وردبینیکردنیان بۆ لیستی ناو و مووچەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی شارستانیی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە. بەپێی راگەیەندراوێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، "بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق و تەواوکردنی پابەندییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی،کە لەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ساڵی 2023 بڕیاری لەبارەوەدراوە، پرۆسەی وردبینیکردنیان بۆ لیستی میلاکات و مووچەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە". ئاماژە بەوەشکراوە، "تیمی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی رۆژی چوارشەممە 10ـی تەمووزی 2024، بەهەماهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، کارەکانیان بۆ چاودێریکردن و وردبینیکردنی میلاکات و مووچەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە". ئەوەش هاتووە، "تیمی چاودێریی دارایی عێراق چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ئەنجامداوە بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی وردبینیکردنەکە".
هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هێرشەکانی تورکیا لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، دەبێت تورکیا رەچاوی دراوسێیەتی باش بکات. ئەمشەو چوارشەممە 10ی تەموزی 2024، ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە ژمارەیەک لە وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت، دوای کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیای تاوتوێکرد. وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا دیارترین بابەت و پێشهاتە ئەمنییەکانی خشتەی کار باسکراون لەسەروویانەوە "دەستوەردان و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان". جەخت لەوەکرایەوە، لەشکرکێشی و پێشێلکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق رەتکرایەوە، هەروەها تورکیا دەبێت رەچاوی بنەماکانی دراوسێیەتی باش بکات، مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات و لە هەر بابەتێکی ئەمنی، هاوئاهەنگی لەگەڵدا بکات. سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا شاندێک بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەویش لەپێناو "ئاگاداربوون لە دۆخی گشتی و دەرکردنی یەک هەڵوێستی یەکگرتوو لەبارەی ئەو بابەتەی پەیوەندیی بە سەروەرەیی عێراقەوە هەیە." ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، داوای لە سەرجەم لایەن و هێزە نیشتمانییەکان کرد پشتیوانی لە هەڵوێستی حکومەت لەوبارەیەوە بکەن. ئەنجومەنەکە دووبارە جەختی لەسەر هەڵوێستی عێراق کردەوە کە پشت بە دەستوور دەبەستێت، ئەویش بریتییە لە "رێگەگرتن لە دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەی، یان بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەوەی ببێتە دەرچەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ." هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، بەرگری، داد، دارایی، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەرپرسانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنی و سەربازییەکان بەشداریان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئۆپراسیۆنە بەردەوامەكان و پێشێلکارییەکانی تورکیا بەرامبەر بە خاکی عێراق جێگەی قبوڵکردن نییە. ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەموزی 2024، باسم غەریباوی، ئەندامی سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەكات هەڵوێستی جددی بەرامبەر بە هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دووبارەبووەکانی تورکیا لەسەر هەرێمی كوردستان و خاکی عێراق هەبێت، لەبەر ئەوەی پێشێلکردنی سەروەری خاكی وڵات هێڵی سورە. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەدات، "ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكان و پێشێلکارییەکانی تورکیا بەرامبەر بە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان جێگەی قبوڵکردن نییە و پێویستە حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوێستی جددی و هەبێت بۆ ئەوەی سەروەری عێراق بپارێزێت". پێی وایە، یاسا و رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی هەیە کە پەیوەندی نێوان وڵاتان رێکدەخات، بۆیە پێویستە رێز لە سەروەری یەكدی بگرن و پێشێلكاری بەرامبەر یەكتری ئەنجام نەدەن.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایدەگەیەنێت، هەموو ئەو گەڕەکانەی بەهۆی شکانی لوولەی گوێزەرەوەی ئیفرازی سێ، بێئاو بوونە، دوای 12 کاتژمێری دیکە لوولەکە چاک دەکرێتەوە و ئاو دەگاتەوە گەڕەکەکان. ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایگەیاند، "ئەمڕۆ هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێر شکا، ئێستە وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفرازی سێ کارەکانی ڕاگرتووە و پڕۆسەی کارکردن بۆ چاککردنەوە دەستی پێ کردووە". وەک بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی پێکردووە، "بە بەردەوامی کار لە چاککردنەوەی لوولەکە دەکرێت و لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێری داهاتوو، ئاوی پاك دەگاتەوە هاوڵاتییان. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەکات هاوکاربن تا کاتی چاککردنەوەی لوولەکە دەست بە ئاوەوە بگرن. دەشڵێت، "بەشێك لەو گەڕەکانەی کە لە هێلی ئاوی ئیفراز سێ ئاویان بۆ دابین دەکرێت کەبەهۆی شکانی لوولەکە بێ ئاو بوونە، بریتین لە گەڕەکەکانی هەولێری نوێ، فەرمانبەران، پێنجـی حەسارۆکان، مامۆستایان، قەلاتی نوێ، هاوکاری، تەواوی گەڕەکەکانی نێوان شەقامی شۆڕش و شەقامی کەرکووک ، شێخ ئەحمەد، گوڵان، هەڤاڵان، باداوە ، 94ی باداوە، زانکۆ و گەڕەکەکانی ناو شەقامی 60 مەتری". پرۆژەی ئیفرازی سێ 40%ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابین دەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی، چەند جارێك لوولەکە دەشكا و بۆ ماوەیەك بەشێكی زۆری دانیشتیوانی شاری هەولێر بێ ئاو دەبوون.
هاوڵاتی بەغدا داوای زیاتر لە ترلیۆنێک و 600 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵ لە حكومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت، ئەگەر ئەو پارەیە رەوانە نەکات، دەبێت بەرپرسیارێتیی یاسایی لە ئەستۆ بگرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق، بە واژۆى تەیف سامی، وەزیری دارایی، نووسراوێکى ئاڕاستەی نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا کردووە و رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 85 ملیار و 199 ملیۆن دیناری داهاتی نانەوتیی خستووەتە سەر هەژمارى 70018 لە بانکى ناوەندیی و داوا دەکات روونکردنەوە بدات ئەو داهاتە بۆ چ مانگێک دەگەڕێتەوە. دەشڵێت، نەناردنى ئەو داهاتە بەرپرسیارێتیی یاسایی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئااماژەی بەوەشکردووە، داهاتى نانەوتى تاوەکو مانگى نیسان، بەگوێرەى خشتەى داهاتەکان کە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق نێردراوە، بڕەکەى ترلیۆنێک و 646 ملیار و 444 ملیۆن دینار بووە و پێویستە بڕى ماوە لە داهاتى ساڵى 2024 رەوانە بکەن، بە رەچاوکردنى چوارچێوەى کارى پەیڕەوکراو لە ساڵى 2023 و ساڵەکانى دواتر. جێگەی ئاماژەیە، رۆژی یەکشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، حکومەتی هەرێم رایگەیاند بڕى 70 ملیار و 131 ملیۆن و 250 هەزار دینار خرایەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق.
هاوڵاتی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەولێر بڕی 17 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا. ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تەمووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانى هەولێر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە رێکەوتی 26ی ئایاری 2024، تا 3ی ئەم مانگە لە دوو چالاکیدا چوار تۆمەتبار دەستگیرکران و هەروەها، بڕی 17 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە رێکەوتی 26ی ئایاری 2024، تا 3ی ئەم مانگە لە دوو چالاکیدا، توانییان چوار تۆمەتبار، کە کاری گواستنەوە و بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەکەن دەستگیر بکەن. لە بەشێکی تری راگەندراوەکەشدا هاتووە، لەم دوو چالاکیەدا بڕی 17 کیۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەردا گیراوە. ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ئێستادا هەر چوار تۆمەتبارەکە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تەمووزی 2024، راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکوک سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک. ئەمەش لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێت سبەینێ یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت و تێیدا سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگار دەستنیشان بکرێن. ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ساز دەکرێت. سەرۆک وەزیرانی عێراق، داواشی لە لایەنە سیاسییەکان کرد بە رێککەوتنەکانەوە پابەند بن، بێ ئەوەی چۆنێتی رێککەوتنی ئەو لایەنانە لەسەر پۆستەکان روون بکاتەوە
هاوڵاتی لە عێراق 133 حاڵەتى توشبوون بە تاى خوێنبەربوون تۆمارکراون و 14 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تەمووزی 2024، سامر حەبیب خەفاجى، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى ڤێتێرنەرى لە وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگى لەگەڵ دەسەڵاتى کارگێڕى پارێزگاکان و هەردوو مەزارگەى عەباسى و حوسەینى، رێنمایی دراوەتە گۆشتفرۆش و خاوەن ئاژەڵەکان لە مانگى موحەرەمدا رەچاوى رێنماییەکان بکەن و لە دەرەوەى گوشتارگە فەرمییەکان ئاژەڵەکانیان سەرنەبڕن. دەشڵێت، ئەو ئاژەڵانەشى دەرمانکراون دەبێت دواى 14 رۆژ لە دەرمانکردنیان سەرببڕێن. وەزارەتى کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ رێگرى لە تەشەنەکردنى زیاترى تاى خوێنبەربوون لە مانگى موحەرەمدا، رێکارە تەندروستیی و خۆپارێزییەکانى چڕکردووەتەوە، بە گوێرەى ئامارەکانیش لە ئەمساڵدا 133 کەس توشبوون و 14یان گیانیانلەدەستداوە. لەبارەی ئامارەکانى تاى خوێنبەربوون، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى ڤێتێرنەرى راگەیاند، زۆرترین حاڵەتەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە پارێزگاى زیقارن بە 31 توشبوون و چوار گیان لەدەستدان. ئەوەشی خستۆتەڕوو، کەمترین حاڵەتیی توشبوون لە پارێزگاى هەولێرە، کە تەنیا دوو حاڵەت تۆمارکراوە.
هاوڵاتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە لە سەر دوو تەوەر گفتوگۆ دەکات. ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەمووزی 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆبوونەوەى هەفتانەى خۆى ئەنجامدەدات و دوو تەوەرى سەرەکى گفتوگۆى لەبارەوە دەکرێت، کە ئەوانیش مووچەى هێزە ئەمنییەکان و دەروازە سنوورییەکان. بەگوێرەی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان کە بڵاوکراوەتەوە تێدا هاتووە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنى وەزیران گفتوگۆکانى شاندى هەرێمى کوردستان لەبارەى دەروازە سنوورییەکانى لەگەڵ عێراق و داواکارىییەکانى بەغدا لەبارەى داهات و یەکخستنى "رەسمى گومرگى" تاوتوێدەكرێت. لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕیارە وەزیرى دارایى و ئابوورى و وەزیرى ناوخۆ روونکردنەوە لەسەر دۆسییەکان بدەن. ئاماژە بەوەشکراوە، تەوەرى دووەم پرسى مووچەى هێزە ئەمنییەکان و هاتنى شاندى پشکنەرى دیوانى چاودێریى دارایى عێراقە کە بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە کۆببنەوە، بۆ ئەو مەبەستە ئاوات جەناب، وەزیرى دارایى لە چوارچێوەى راپۆرتێکدا دوایین زانیارییەکان دەخاتەڕوو.
هاوڵاتی ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تەمووزی 2024، بە پێی لیستی مووچەی دوێنێ بڵاو کرایەوە ئەمڕۆ چەند وەزارەت و دەستەیەک مووچەی مانگی حوزەیران وەردەگرن. بەپێی ئەو خشتەی لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران کە دوێنێ بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە مووچەی هەریەکە لە وەزارەتەکانی، تەندروستی، کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابوری و ناوخۆ دابەشدەکرێت. هەر بەپێی لیستەکە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رەگەزنامە، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دیوانی چاودێریی دارایی و مافی مرۆڤ، مووچە وەردەگرن. جێگەی ئاماژەیە لە خشتەکەدا، لیستی مووچەکە وەزارەتی کارەبا، سەرۆكایەتی پەرلەمان، هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگەی تێدا نییە.
هاوڵاتی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کێشەی مووچەی وەزارەتەکەیان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە. ئەمشەو سێشەممە 9ی تەموزی 2024، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "وەزیری كارەبا لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی خێرای ئەو كێشەیەی كە بووەتە هۆی خەرج نەكردنی مووچەی وەزارەتەكەمان". ئاماژە بەوەشکراوە، "لەم رووەوە هەمووان ئاگاداردەكەینەوە كە وەزارەتمان بە نووسراوی فەرمی ئەو تێبینییانەی لە راپۆرتی هەردوو دیوانی چاودێری فیدراڵی و هەرێمدا هاتبوو چارەسەری كردووە، لەم پێناوەشدا خەرجی مووچە و تەواوی شایستە داراییەكانی پۆلیسی كارەبای هەرێمی لەسەر میلاكی وەزارەتمان بۆ سەر میلاكی وەزارەتی ناوخۆ گواستووەتەوە". وەزارەتی دارایی و ئابووەیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 9ی تەموزی 2024 لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی بڵاوکردەوە، بەڵام لە لیستەکەدا وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی تێدانەبوو.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حوزەیران بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 9ی تەموزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 10ی تەموزی 2024 بەوەزارەتی تەندروستی دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و ڕۆژی پێنجشەممە 11ی تەموزی 2024 بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆتایی دێت". ئەوەشخراوەتەڕوو، "وەزارەتی کارەباو سەرۆکایەتی پەرلەمان لەخشتەکەدا نییە، لەبەرئەوەی تەمویلەکەیان لەبەغداوە نەهاتووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە".
بەرگری شارستانی هەولێر ئاماری شەش مانگی ئەمساڵی رووداوەکانی ئاگر کەوتنەوەی لە هەولێر بڵاوکردەوە و دەلێت، لە ماوەی شەش مانگدا 971 ئاگر كەوتنەوەتەوەی جۆراو جۆر لە هەولێر روویداوە و بەهۆیەوە 19 کەس گیانیان لە دەستداوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی تەمووزی 2014، شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا لە سنوری پارێزگای هەولێر 971 رووداوی ئاگركەوتنەوەی جۆراو جۆر روویداوە. دەشڵێت، بەهۆی رووداوی ئاگر کەوتنەوەکان 19 كەس گیانیان لەدەستداوە و 69 كەسیش بریندار بوون. ئاماژەی بەوەشدا لەكۆی ئاگركەوتنەوەكاندا 295 حاڵەت رووداوی سوتانی پوش و پاوان بووە، 230 حاڵەتی سوتانی ماڵان هەبووە. سەبارەت بە رووداوی سووتانی ئۆتۆمبێلەکانیش وتی، لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا 137 رووداوی سوتانی ئۆتۆمبێل بەهۆكاری جیاواز تۆماركراوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماری شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی چاكسازیەكانی بڵاوكردەوە و بهگوێرهی ئامارهكهش، پێنج ههزار و 466 سزادراو له چاكسازیەكانی هەرێمی كوردستانن، کە لە ئێستادا 40 منداڵن و لەو ژمارهیهش، 30 منداڵیان لە هەولێرن. ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی تەمووزی 2024، ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كۆی ئەو زیندانیانەی ئەمساڵ هاتونەتە چاكسازیەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەیان چوار ههزار و 311 كەس بوون، ئەو زیندانیانەشی ئەمساڵ حوكمەكەیان تەواوبووە و ئازادكراون ژمارەیان سێ ههزار و 934 كەس بوون. ئیحسان عوبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەشدا، وتیشی، لە ناو چاكسازیەكان 474 خوێندكار ههیه كه لە قۆناغەكانی بنەڕەتی و ئامادەیی و زانكۆ و پەیمانگاكانن. ئەوەشی خستۆتەڕوو، لە چاكسازیەكان منداڵ تا 3 ساڵی دەتوانێت لەگەڵ دایكیدا بێت. وتیشی، بەڵام چەند منداڵێك لە چاكسازیەكان هەن كە تەمەنیان لە نێوان 7 بۆ 10 ساڵە، دایكیان بە مادەی تیرۆر حوكمداراوه و خەڵكی دەرەوەی هەرێمه، كەس نیە لە خۆیان بگرێت، ئهمهش گرفتی بۆ دروستكردوین. باسی لە ئاماری مداڵانی ناو چاکسازییەکانی هەرێم کردوو وتی: لە ئێستادا 40 منداڵ لە چاكسازیەكانیدا هەن و لەو ژمارهیهش، 30 منداڵیان لە هەولێرن".
هاولاتی گەریلاکانی یەژاستار لە رۆژانی 5 تا 8ی ئەم مانگە لە زاپ و حەفتانین و خواکورک چەند چالاکییەکی دژی سوپای تورکیا ئەنجامدا. ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی تەمووزی 2024، هەپەگە سەبارەت بە کاروچالاکیەکانی گەریلا لە بەرامبەر سوپای تورکیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە زنجیرە چالاکییەکی گەریلاکانی ئازادیی دا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای داگیرکەری تورکیا خراوەتە خوارەوە. دەشڵێت، سیستەمێکی کامێرای چادێری و دوو مۆڵگەی داگیرکەرانیش تێکشکێندراون. لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، ئەو چالاکییانە لەلایەن گەریلاکانی یەژاستارەوە و لە رۆژانی 5 تا 8ی ئەم مانگە لە زاپ، حەفتانین و خواکورک ئەنجام دراوە.
