هاولاتی ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە نیازن سبەینێ كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەن و تێیدا تاوتوێی ئەو لە شكركێشییە و داگیركەرییەی دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر سنوورى دهۆك بكەن. محەمەد شەمەری ئەندامی لیژنەی ئەمنیی و بەرگری پەرلەمانی عێراق راگەیاند، سبەی دەستپێكی خولی نوێی یاسادانانی پەرلەمانی عێراق دەبێت، هەروەها  لیژنەی ئەمنی و بەرگری  لە پەرلەمانیش كۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر لەشكركێشییەكانی ئەم دواییەی دەوڵاتی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق. ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكەیان دوای كۆبوونەوەی سبەینێ هەڵوێست و بڕیار و راسپاردەی دەبێت سەبارەت بەو دەستدرێژییە مەترسیدار و گەورەیەی توركیا، هەروەها لە كۆبوونەوەكەیاندا میوانداری ژمارەیەك بەرپرسیش دەكرێت، بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵ بكرێت لەبارەى چەند پرسێک، كە تایبەتن بە سەروەری عێراق. جێگەی ئاماژەیە، لە چەند رۆژی رابردوودا دەوڵەتی توركیا هێزێكی زۆری هێناوەتە ناوچە سنوورییەكانی ئامێدی.

هاوڵاتی لە قەزای دوزخورماتوو کوڕ و باوکێک لەکاتی چوون بۆ راوەماسی لەلایەن چەکداری داعشەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێکرا و هەردووکیان گیانیان لەدەستدا. بەپێی ئەو زانیارییانە بێت کە سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دوزخورماتوو ئاماژەی پێکردووە، ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەموزی 2024 لە دەریاچەی زەرگە دەستڕێژی گولـلە لە دوو کەس کراوە و کوژراون. هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو دوو کەسە کە بە مەبەستی راوەماسی چوونەتە دەریاچەکە بە رەگەز عەرەبن و باوک و کوڕن و لەلایەن چەکدارانی داعشەوە تەقەیان لێکراوە.  

هاوڵاتی کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی ئەیوب محەمەدی بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود گیانی لەدەستداوە و شەش کۆڵبەری دیکەش برینداربوون. ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەموزی 2024، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە سنوورییەکانی ئێران لە نەوسوودی سەر بە پارێزگای کرماشان تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەران کردووە و بە هۆیەوە حەوت کۆڵبەر برینداربوون. وەک ئاماژەی پێدراوە، یەکێک لە کۆڵبەرە بریندارەکان بە ناوی ئەیوب محەمەدی خەڵکی سەلاسی باوەجانی لە دوای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی قودسی شاری پاوە بە هۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا. هەروەها شەش کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی ئەیوب مورادی، مەسیح مورادی، مەهدی بەشارەتی، مێهران عەبدی، پەیمان وەیسی و سەمیع زارعی برینداربوون کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی زیران سەر بە شاری جوانڕۆ بوون.

هاوڵاتی کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەموزی 2024، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "لە پارێزگای هەولێر یەک ملیۆن و 366 هەزار و 462 دەنگدەری گشتیی هەن، کە لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 16 هەزار و 357 دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە". ئاماژەی بەوەشکرد، "لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە یەک ملیۆن و 496 هەزار دەنگدەری گشتیی هەن لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 146 هەزاریان کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە". جومانە غەلای لەبارەی دەنگدەرانی دهۆکەوە وتی، "لە دهۆک 926 هەزار دەنگدەری گشتیی هەن تاوەکو 3ی تەموزی 2024، 738 هەزار دەنگدەر کارتی بایۆمەتریان دەرهێناوە". بەپێی ئامارەکەی کۆمسیۆن بێت، کۆی گشتیی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سێ ملیۆن و 789 هەزار دەنگدەرە و تاوەکوو ئێستاش دوو ملیۆن و 901 هەزاریان کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە. بەپێی ئەو وادەیەبێت کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە، رۆژی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هاوڵاتی شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی هەولێر دەکات. بەپێی زانیارییەکانی هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 8ی تەموزی 2024، بە مەبەستی وردبینیکردن لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەولێر بکات. ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی 69 رۆژ دەبێیت هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە مووچەیان وەرنەگرتووە و بەغدا رایگەیاندووە، تاوەکو وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە تەواو نەکرێت پارە نانێرێت بۆ مووچە.

هاوڵاتی  ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایدەگەیەنێت، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی کەرکوک ناکات، ئاماژە بەوەشدەکات هیچ رێككەوتنێكیش لە ئارادانییە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا. ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە ماڵپەڕی شەفەق نیوزی راگەیاندووە، "ئەو هەواڵانەی باس لە سەردانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەن بۆ پارێزگای كەركوك, دوورن لە راستیەوە, هیچ شتێكمان لەوبارەیەوە پێ رانەگەیەندراوە، هیچ رێككەوتنێكیش لە ئارادانییە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا". ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک وتویەتی، " ئومێد دەكەین سودانی سەردانی كەركوك بكات و كێشەكانی چارەسەربكات، چونكە دواخستنی حكومەتی خۆجێی كەركوك كاریگەری لەسەر بەرژەوەندی پێكهاتەكانی كەركوك دەبێت لەڕووی وەزیفە، پرۆژە و خزمەتگوزارییەكانەوە". جێگای ئاماژەیە، تائێستا هیچ رێككەوتنێك نەكراوە بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا یان هەڵبژاردنی پارێزگار، هیچ رێككەوتنێكی عەرەب یان كورد لە ئارادنییە بۆ هەنگاونان بەرەو پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی.

هاوڵاتی بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی کەرکوک دەڵێت، بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە لە کەرکوک هەشت هاوڵاتی گەیەندرانە نەخۆشخانە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، لە دوو گەڕەکی کەرکوک سەگ پەلاماری ژمارەیەک ھاوڵاتی داوە و هەشت کەس بەو ھۆیەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە. لەم بارەیەوە سامان یابە باسی لەوەکرد، بریندارەکان لە ھەر دوو گەڕەکی شۆرجە و ڕزگاریەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و سەرجەمیان چارەسەریان بۆ کراوە.  

هاوڵاتی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تەمووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە تەرمی دارین گەیلانی تەمەن دوو ساڵ بدۆزرێتەوە، کە ئەمڕۆ لە باوەشی باوکی کەتۆتە ناو ئاو و خنکاوە. دەشڵێت، تیمەکانمان گەڕانێکی وردیان کرد بەڵام بەهۆی بچوکی منداڵەکە و سەختی شوێنەکە تا ئێستا نەتوانراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە، زیاتر لە شەش تیمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بەشداری گەڕانیان کردوە. ئەوەشی خستۆتەروو، بەیانی تیمەکانمان بەردەوام دەبن لەگەڕان و بەئومێدی دۆزینەوەی تەرمی منداڵەکە و بەخشینی تۆزێ ئارامی بە دڵی کەس و کارەکەی پشتیوان بەخودای گەورە. ئاماژەی بەوەشدا، ئەمساڵ تا ئێستا حەوت قوربانی خنکان لە ئاودا هەیە لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

هاوڵاتی دیوانی پارێزگای نەینەوا مەرج و رێنماییەکانی تایبەت بە دامەزراندنی 17 ھەزار و 50 کەس بەشێوەی گرێبەست بۆ ماوەی سێ ساڵ بڵاوکردەوە. ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، محەمەد جاسم ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، دەرگای پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندنی زیاتر لە 17 ھەزار کەس لە سنوری پارێزگای نەینەوا کرایەوە، کە ھەزار پلەی لەدەرەوەی رێنماییەکان بۆ سنوری شنگال تەرخانکراوە. دەشڵێت، دامەزراندنەکە بەپێی ژمارەی دانیشتووان دەبێت و ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لیژنەیەکی 5 کەسی پێکھێناوە بۆ ئەوەی چاودێری پڕۆسەکە بکات. محەمەد جاسم ئاماژەشی بەوەکرد، پڕۆسەی دامەزراندنەکە بەپێی خاڵبەندی دەبێت و بەشێکیشی بۆ پێکھاتەکان و کەسوکاری شەھیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان تەرخانکراوە. ئەم ئەندامی ئەنجوومەنە وتیشی، لەکۆی 17 ھەزار و 50 پلەی دامەزراندن، لەدەرەوەی رێنماییەکان ھەزار پلەی دامەزراندن بۆ سنوری شنگال تەرخانکراوە بۆ ئەوەی ھانی ئاوارەکانی سنوری قەزاکە بدرێت بگەڕێنەوە. لە کۆتایشدا باسی لەوەکرد، ھاوڵاتیانی سنوری پارێزگای نەینەوا بۆ ماوەی 30 رۆژ دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەرى ژمێریارى لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى هەرێمى کوردستان دەڵێت: لیستی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ بەغدا ئامادەکراوە لە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمیش سەرجەم خانەنشینان سودمەنددەبن. ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، سارا حەمە نەجیب، بەڕێوەبەرى ژمێریارى لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینى سلێمانی رایگەیاند، لەسەر فەرمانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لیستى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵ ئامادەکراوە و ئەمشەو لیستەکان ئاراستەى وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان دەکرێن. دەشڵێت، لەهاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ سەرجەم خانەنشینان سودمەند دەبن بەجۆرێک ئەو خانەنشینانەى بەر لەساڵى 2014 خانەنشین بوون و مووچەکانیان لە 500 هەزاردینار کەمترە مووچەکانیان دەکرێتە 500 هەزاردینار و بڕى 100هەزار دینارى مانگانەى باشترکردنى بژێوى ژیانیان بۆخەرج دەکرێت. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوانەى لەدواى ساڵى 2014ەوە خانەنشین بوون دەرماڵەى ساڵانى خزمەت و بڕوانامەیان بۆ ئەژماردەکرێت. سارا حەمە نەجیب ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەرخانەنشینێک مووچەى لە یەک ملیۆن دینار کەمتربێت لەگەڵ مووچەى خانەشینى مانگانە بڕى 100هەزار دینارى پێدەدرێت. گوتیشی، ئەو خانەنشینانەى کۆچى دواییانکردووە 100 هەزاردینار لەگەڵ مووچەى خانەنشینى دەدرێتە واریسەکانیان. لە کۆتای قسەکانیشیدا باسی لەوەکرد، کۆى گشتى ئەو بڕە پارەیەى خانەنشینان کە زیاد دەبێت لەسنورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر لە 28 ملیار دینارە و لیستەکان تەواوبووە و ئەمشەو ئاراستەى وەزارەتى دارایی دەکەن. سەچاوە، کەناڵ 8  

هاوڵاتی بەغدا بۆ ناردنی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان داوای چەند زانیارییەکی دیکە دەکات. ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی تەمووزی 2024، ئەحمەد لەتیف، "گوتەبێژى هێزەکانى 70ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، بەغدا داواى زانیارى نوێى لە هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئێمەش هەموو ئەو زانیاریانەى داواکرابوون داومانەتە وەزارەتى پێشمەرگە". گوتەبێژی هێزەکانی 70 ئەوەشی خستۆتەڕوو، "ئەو داواکاریانەى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە مووچەخۆر هەیە لە هەرێمى کوردستان و لە عێراقیش مووچەى هەیە". دەشڵێت، مووچەخۆر هەیە خەڵکى عێراق نین و مووچەیان هەیە لەناو هێزە ئەمنییەکان، گوتیشى" لاى ئێمەوە هیچ گرفتێک نەبووە و سەرجەم زانیارییەکانمان رەوانە کردووە". ئاماژەی بەوەشدا، "بەغدا داواى رۆژى دامەزراندن، کۆدى مووچە، ناوى چوارى مووچەخۆر، ناوى سیانى دایکى ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان و پلەی سەربازی کردووە". باسی لەوەشکرد، "وەک هێزەکانی 70 سەرجەم ئەو زانیارییانەی بەغدا داوای کردووە هەموویمان رەوانە کردووە بۆ وەزارەتى پیشمەرگەى حکومەتى هەرێمى کوردستان". سەرچاوە، کەناڵ 8

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بەپێی پێشبینییەکان پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەستبە نزمبوونەوە دەکات و ئەگەری نمە باران هەیە. ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تەموزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە، کەشی ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ کشانەوەى خۆڵبارین لە شارى سلێمانى وە پلەکانی گەرما یه‌ك بۆ سێ پلە نزم دەبێتەوە بەراورد بە پلە تۆمارکراوەکانی دوێنێ". له‌ باره‌ی كه‌شوهه‌وای سبه‌ینێ دووشه‌ممه‌ 8ی ته‌موزی 2024، ئاماژەی بەوەکراوە، "سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە ناوچەکانى باکوورى هەرێمی کوردستان نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینى کەمێک نمە باران لە ناوچە سنوورییەکانى باکووری هەرێمی کوردستان". بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: 42 سلێمانی: 38 دهۆک: 38 کەرکوک: 43 هەڵەبجە: 41 زاخۆ: 38 سۆران: 39 حاجی ئۆمەران: 27 گەرمیان: 44

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد وتەبێژی یەکەکانی 70ی هێزەکانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، رەنگە ئەم هەفتەیە وردبینی ئەو لیستەی نوێیەی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە کە ناردوومانەتەوە بۆ بەغدا تەواوبێت و مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە بێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تەموزی 2024، لە لێدوانێکی تایبەتدا ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی یەکەکانی 70ی هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوڵاتی راگەیاند، "رەنگە ئەم هەفتەیە وردبینی ئەو لیستەی نوێیەی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە کە ناردوومانەتەوە بۆ بەغدا تەواوبێت و بەغدا پارەی مووچەی هێزی پێشمەرگە بنێرێت". لەبارەی دۆخی دارایی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی پێشمەرگە ئەحمەد لەتیف وتی، "هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی پێشمەرگە ماوەی 68 رۆژ دەبێت مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی زۆر خستووەتەسەر دۆخی داراییان". وتیشی، "پێشمەرگە نیگەرانە کە لەلایەن حکومەتەوە مافەکانیان پێشێلدەکرێت، بۆیە ئومێد دەکەین ئەو داواکارییانەی بەغدا داوای کردبوو لە لیستەکەدا هەمووی جێبەجێ کرابێت، بۆ ئەوەی مافی پێشمەرگە وەک مووچەخۆرێک بەبێ کەموکوڕی بدرێت".

هاوڵاتی پێشمەرگەکانی لیوای 9ی پیادە دژی راگرتنی هاوكارییەکانیان و پێنەدانی مووچەکانیان گردبوونەوە و داوادەکەن وەک چۆن ئەوان ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن حکومەتیش مافی خۆیان بداتێ. بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تەموزی 2024، بەشێک لە پێشمەرگەکانی لیوای 9ی پیادە دژی پێنەدانی مووچەکانیان و راگرتنی ئەو هاوکارییەی کە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بۆیان خەرجکراوە گردبوونەوە. وەک خۆیان ئاماژەی پێدەکەن، ئەوان ئەرکەکانیان بەبێ هیچ کەموکوڕییەک جێبەجێ دەکەن، حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لەوەی مووچەکانیان پێنادات، ئەو هاوکارییەشیان پێنادات کە هاوپەیمانان دەینێرێت. 28 لیوای دیکە ئەو هاوکارییە وەردەگرن کە هێزەکانی هاوپەیمانان ناردوویەتی، بەڵام بەهۆی ئەوەی دەوترێت کێشە لە لیستەکانیان هەیە بەشێک لە لیواکان تائێستا هاوکارییەکانیان وەرنەگرتووە.

هاوڵاتی سەرەڕای پشووی فەرمی ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی بەشێک لە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی تەموزی 2024، بەپێی ئەو خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بەو بڕە پارەی کە بە‌غدا ناردوویەتی کە بڕەکەی 200 و 31 ملیار و 605 ملیۆن و 531 یەک هەزار دینارە مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی دابەشدەکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە 80 رۆژ دەبێت مووچەیان وەرنەگرتووە و تاوەکو ئێستاش هیچ وادەیەک دیارینەکراوە بۆ ناردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هێزە ئەمنییەکان.