هاوڵاتی سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی رایدەگەیەنێت، توركیا هەزاران دۆنم زەوی پارێزگای دهۆكی داگیركردووە، ئاماژە بەوەشدەکات، لە ماوەی هەفتەیەكدا سوپای توركیا 100 جار خاكی عێراقی پێشێلكردووە و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش بەرامبەر پێشێلكارییەكان هیچ هەڵوێستێكی نەبووە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی تەموزی 2024، جەبار عودە، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، "سوپای توركیا هەزاران دۆنم زەوی پارێزگای دهۆكی داگیركردووە"، داواش لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكات دۆسیەی نێودەوڵەتی دژی ئەنقەرە بكاتەوە. ئاماژە بەوەشدەکات، "لە ماوەی هەفتەیەكدا سوپای توركیا 100 جار خاكی عێراقی پێشێلكردووە و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش بەرامبەر پێشێلكارییەكان هیچ هەڵوێستێكی نەبووە". وەک ئەو سەرکردەیە دەڵێت، "ئەوەی سوپای توركیا لە دهۆك دەیكات كاریگەری مەترسیداری هەیە و بەشێكە لە داگیركاری خاكی عێراق، بەجۆرێك سوپای توركیا 50 بنكەی سەربازی كردووەتەوە كە پێنجیان بنكەی گەورەن و هەزاران سەربازی تێدا جێگیركردوون".  داوا دەكات، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بێدەنگی بشكێنیت و جیهان لە پێشێلكارییەكانی توركیا بەرامبەر عێراق و هەرێمی كوردستان ئاگادار بكاتەوە.

هاوڵاتی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ماوەی 30 رۆژ بۆ رێككەوتنی لایەنەكان دانراوە و كۆبوونەوەکەش بە کراوەیی جێهێڵدرا. ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی تەموزی 2024ی پەروین فاتیح، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند، "كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەكراوەیی دەمێنێتەوە تاوەكو رێككەوتنێكی سیاسی ئەنجامدەدرێت و دواتریش دانیشتنێكی دیكە لەو بارەیەوە دەكرێت''. ئاماژەی بەوەشکرد، "ماوەی 30 رۆژ بۆ رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان دانراوە و دوای ئەو ماوەیە كارەكان ئەنجامدەدرێن''. وتیشی، "ئێمە شەرعیەتمان دا بەوەی کە ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کارایە، لە ڕووی یاساییەوە کەس ناتوانێت  ئەو ئەنجوومەنە هەڵوەشێنێتەوە". ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بوو لەدوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە لە 18ی کانونی یەکەمی 2023 ئەنجامدرا.    

هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارکراوە و لەئێستادا لەژێر چاودێری پزیشکدایە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی تەموزی 2024، د. سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، "حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارکراوە کە پیاوێکی تەمەن 55 ساڵ، کە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و لە ماڵەوە ئاژەڵیان هەبووە و بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵەکان هەبووە، تووشی نەخۆشی تای خوێنبەربوون بووە و ئێستا لە شاری هەولێر چارەی پزیشکی وەردەگرێت و دۆخی تەندروستی جێگیرە". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە هەشتەمین حاڵەتی تای خوێنبەربوونە لەم ئەمساڵدا کە لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت، لەو هەشت حاڵەتە تەنها یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووە لە شاری دهۆک".

هاوڵاتی لە رێگەی نووسراوێکی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان درا. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی تەمووزی 2014، نووسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە نوسراوێکدا بە ژمارە 3005 کە رێکەوتی ئەمڕۆ 11ی تەمموزی لەسەرە ئاڕاستەی وەزارەتى دارایی و ئابووری عێراق کراوە، تێیدا هاتووە، "سەرۆک وەزیرانى عێراق رەزامەندیی پیشانداوە لەسەر خەرجکردنى مووچەى مانگەکانى ئایار و حوزەیرانى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستان. لە نووسراوەکەشدا هاتووە، تا ئەو کاتەى تێبینییەکانى دیوانى چاودێریى دارایی عێراق لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە چارەسەر دەکرێت و پاشان مووچەى مانگەکانى دیکە خەرج دەکرێت. جێگەی ئاماژەیە، مووچەی ئەو دوو مانگەی هێزە ئەمنییەکان بەهۆى بوونى تێبینى لە لایەن دیوانى چاودێرى دارایی عێراقەوە راگیرابوو، بەو هۆیەوە دوایی وەرگرتنى مووچەى مانگى نیسان، ئەو هێزانە ماوەى 71 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی تەمووزی 2024، ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، "بە شێوەیەکی رەسمی کەمپی ئاشتی تایبەت بە ئاوارەکانی عێراقیمان داخست لە کەمپی عەربەت". دەشڵێت، 1500 خێزانی ئاوارەی کەمپەکانی سلێمانی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان. ئاماژەی بەوەشکردووە، کار دەکەن بۆ داخستنی کەمپەکانی ھەولێر و دھۆک.

هاوڵاتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی تەمووزی 2024، بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ بڕی 270 ملیۆن و 387 هەزار و 731 دۆلار خراوەتە بازاڕەكانەوە. دەشڵێت، لەو بڕەدا 23 ملیۆن و 310 هەزار دۆلار بە شێوەی نەقد فرۆشراوە و 247 ملیۆن و 77 هەزار و 731 دۆلاریش بە شێوەی حەواڵە فرۆشراوە. ئەوەش لە كاتێكدایە، ماوەی نزیكەی ساڵێكە نرخی دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرامبەر دیناری عێراق بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

هاوڵاتی گەنجێکی کوردی خەڵکی دەربەندیخان لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی لە رێگەی چوونیان بۆ ئەورووپا شەمەندەفەر لێیدا و گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی تەمووزی 2024، سلێمان سەعید قایمقامی قەزای دەربەندیخان راگەیاند، گەنجێکی دانیشتووی شاری دەربەندیخان لەگەڵ هاوژین و سێ منداڵەکەی چوونەتە ئەورووپا و لە ئیتاڵیا شەمەندەفەر لێیداوە و بەهۆیەوە گیانیلەدەستداوە.    باسی لەشکردووە، ئەو گەنجە لەگەڵ هاوژین و سێ منداڵی لە ئیتاڵیاوە ویستوویانە بچنە فەرەنسا، بەڵام لە رێگەدا رووداوەکە روویداوە. سلێمان سەعید چیرۆکی گیان لە دەستدانیشی باسدەکات و دەڵێت، "چیا قارەمان لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی سواری شەمەندەفەرەکە بوون، بەڵام بەر لەوەی بەڕێ بکەوێ، منداڵەکانی داوای ئاوییان لە باوکیان کردووە، ئەویش دابەزیوە، ئاوی بۆ هێناون، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە شەمەندەفەرەکە دەکەوێتە رێ، چیا هەوڵدەدات بچێتە نێو شەمەندەفەرەکە، بەڵام کاتێک خۆی پێدا هەڵدەواسێت، دەکەوێتە ژێر شەمەندەفەرەکە و گیان لەدەستدەدات."  ئەوەشی خستۆتەڕوو، ئەو گەنجە پێشتر پۆلیس بووە لە قایمقامیەتی دەربەندیخان و پاسەوانی قایمقامی قەزاکە بووە (واتە پاسەوانی خۆی بووە). سەچاوە، رووداو

هاوڵاتی شەوی رابردوو محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆی راگەیاند. لەم بارەوە لیوا یەحیا رەسوڵ،وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئەوەی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران رێنمایی دەرکردووە کە شاندێک بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ پێداچوونەوە بۆ دۆخی گشتیی و کۆک بوون لەسەر هەڵوێستێکی یەکگرتوو و ئیدانەکردنی دەستدرێژی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان. هەروەها باسی لەوەشکرد، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا محەمەد شیاع سودانی ئەوەی خستۆتەڕوو، ئێمە دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق رەتدەکەینەوە. جێگەی ئاماژەیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی تەمووزی 2024، شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق بە سەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بۆ تاوتوێکردنی لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، گەیشتە شاری هەولێر.  

مەهران رەمەزان هاوڵاتی، سلێمانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تەمەنی دەستووری عێراق كۆتایی هاتووە و پێویستە لە هەمواركردنەوەی دەستوردا سیستمی سیاسی بكرێت بە سەرۆكایەتی و مادەی (140) هەڵبوەشێتەوە.  ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی تەمووزی 2014، محەمەد جاسم خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی (الصباح)ی راگەیاند، تەمەنی دەستووری عێراق كۆتایی هاتووە و هەمواركردنەوە قورسە، لەم خولەدا هیچ قسەیەكی لەسەر ناكرێت، دەشڵێت، ئەو لایەنانەی داوای هەمواركردنەوەی دەكەن جدیی نین. محەمەد جاسم خەفاجی ئاماژەی بەوەشکردووە، هەمواركردنەوە دەستووری عێراق كارێكی سادە و ئاسان نیە ئەو لایەنانەشی داوای دەكەن و جدی نین. ئەوەشی خستۆتەڕوو، زۆرینەی كێشەكان بەهۆی جێبەجێنەكردنی دەستوورەوەیە و لەوانەش كێشەی پێكهێنانی حكومەت دوای هەموو خولێكی هەڵبژاردن. باسی لەوەشکردووە، هەمواركردنەوەی دەستوور كارێكی پێویستە بەڵام تائێستا تێپەڕاندنی ئەو بابەتە قورسە، چونكە خەونی گۆڕینی سەرتاسەری دەستوور بەهیچ جۆرێك ناكرێت، پێویستە رێككەوتن لەسەر هەندێك ماددەی دیاركراو بكرێت بۆ هەمواركردنەوەی. لە کۆتایشدا محەمەد جاسم خەفاجی بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، تەمەنی كاریگەریی دەستووری عێراق كۆتایهاتووە، هیچ باسێكیش بۆ هەمواركردنەوەی لە ئارادانیە نیە، تەنانەت لەم خولەی ئێستادا هیچ ئاماژەیەكیشی بۆ نەكراوە.

هاوڵاتی رۆژی 8ی تەمموزی 2024، کۆنفرانسێكی به‌رفراوان لەسەر تۆڕی "زووم" لە لایەن کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان بەڕێوەچوو. بە ئامادەبوونی نوێنەری دەیان حیزب و رێکخراو و دامەزراوەی کوردستان و سەدان کەسایەتی سەربەخۆ لە نوسەر، هونەرمەند، رۆشنبیر، ئەکادیمی، رۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، نوێنەری  پێكهاته‌ و ئایینزاكانی کوردستان، دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی راوێژی نەتەوەی دژی داگیرکاری ئەنجامدرا و تێیدا ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکە بۆ رای گشتی خرایەڕوو. دەقی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی راوێژی نەتەوەیی دژی داگیرکاری: ئه‌نجامنامه‌ی کۆبوونەوەی ڕاوێژی نەتەوەوەیی دژی داگیرکاری لەسەر بانگەواز و بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە، ئێمە نوێنەری دەیان حیزب و ڕێکخراو و دامەزراوەی کوردستانین، سەدان کەسایەتی سەربەخۆین لە نوسەر، هونەرمەند، ڕۆشنبیر، ئەکادیمی، ڕۆژنامەنووس، سیاسەتمەدار، نوێنەری  پێكهاته‌ و ئایینزاكانی کوردستان،  خۆمان وەک دەنگی ویژدانی نەتەوەیی و نیشتیمانی دەیبینین، بۆ ئەوەی هەڵوێست هەبێت بەرامبەر هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، بۆ ئەوەی پشتیوانی له‌ بەرخۆدانی هێزی پاراستنی گەلی کوردستان هەبێت، لە ٨ی تەمموزدا - ٢٠٢٤، کۆنفرانسێكی به‌رفراوانمان لەسەر تۆڕی "زووم" بەڕێوە برد. لەو بارەیەوە‌ ئەم بانگەوازەی خوارەوە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی. ڕۆژی ١٥\٦\٢٠٢٤ ده‌وڵه‌تی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە باشووری کوردستان لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین دەستپێکرد. لە هەمان کاتدا هێزێكی سەربازی گەورەی هێناوه‌ته‌ باشووری کوردستان و لە لەشکرکێشیش بەردەوامە. بەداخەوە رێبەرایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان بە فەرمی ڕێگەی بۆ سوپای داگیرکەری تورکیا کردۆتەوە و بەتەواوەتی کۆنترۆڵکردنی گەلێک شوێنی ڕادەستی سوپای تورکیا کردووە. لە ٢٥\٦\٢٠٢٤ وه‌ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا چۆتە قۆناغێکی دیکەوە. وەک هێزێکی ناوخۆیی بازگە (سه‌یته‌ره‌) دادەنێت و ناسنامەی خەڵک دەپشکنێت. بە واتایەکی دیكه‌ پرۆسه‌ی داگیركاری خۆی ناشارێتەوە و بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لەگەڵ فراوانبوونی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، وردە وردە دەست بەسەر خاک و دەسەڵاتی باشووری کوردستاندا دەگرێت. لە لایەکی ترەوە سوپای تورکیا ڕەز و باخی خەڵک و سروشتی كوردستان دەسوتێنێت و گوندەکان بۆردومان دەکات و یەک بە یەک چۆڵیان دەکات. تا ئێستا پارتی دێموکراتی کوردستان هاوکاری دەوڵەتی تورکیای کردووە، ئەمجارە حکومەتی عێراقیش بەشێوەیەکی دیکە بووەتە شەریکی دەوڵەتی تورکیا. حکومەتی تورکیا بەڵێنی ئاو و ئابووری بە حکومەتی عێراق دەدات. با عێراق باش بزانێت کە حکومەتی (ئاکەپە-مەهەپە) بە عەقڵی داگیرکەرانی نیوعوسمانی کاردەکات. دەیەوێت سنوورەکانی (میساقی میلی) داگیر بکات کە پڕۆژەیەکی ناسیۆنالیستی و ڕەگەزپەرستانەیە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەوڵ دەدات شەڕەکە چڕتر بکاتەوە، خەڵک لە دژی یەکتر بوه‌ستێنه‌وه‌، ئاشتی و ئارامی هه‌رێمی كوردستان تێکبدات. لە ئێستادا شەڕی سەخت لە ناوچەکانی زاپ، مەتینا، ئاڤاشین و خاکورک بەڕێوەدەچێت. هێزەکانی گەریلا بە قارەمانێتی و فیداكاری گەورەوه‌ بەرەنگاری داگیرکاری و جینۆساید دەبنەوە. ئێمە بە دڵێکی گەرمەوە ئەم بەرخۆدانە مانادار و گەورەیە ستایش ده‌كه‌ین. ئەم هێرشانه‌ تەنها دژی هێزەکانی هەپەگە نییە، به‌ڵكو دژی هەموو هێزە کوردییەکانه‌ و داگیرکردنی باشووری کوردستان ئامانجی سەرەکی ئه‌م هێرشانه‌یه‌. سه‌رتاسه‌ری باشووری کوردستان ئامانجی ئەو هێرشانەن. هێرش دەکرێتە سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد و بەهاکانی کوردستان، هەروەها ئەم هێرشانە دژی سەروەری عێراقیشە. ئامانجیان کوشتنی ئێمەیە. دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت کورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان (ئاشووری،سوریانی، كه‌لدانی و ئەوانی تر) لەسەر خاکی خۆیان ئازاد نەبن، دیل بن و وڵاتەکەیان داگیر بکرێت. سەد ساڵە دەوڵەتی تورکیا ناسیۆنالیزمی تورکی لەسەر لەناوبردنی گەلانی دیکە بنیات دەنێت. دەوڵەتی تورکیا دژی بوونی کوردە، دژی کوردستانە. مەبەستی خۆی ناشارێتەوە، بە کردەوەی کولتووری و سیاسی و سەربازی هەڵوێستی خۆی نیشانی دەدات. دەوڵەتی تورکیا لە هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانیدا بە مەبەستێکی خراپەکارانە و پلان بۆ داڕێژراو دیمۆگرافیا و ژینگەی کوردستان دەکاتە ئامانج و لەناوی دەبات. لە ساڵی ٢٠١٧ حکومەتی تورکیا پشتیوانی حکومەتی بەغدای کرد لە هێرشی عێراق بۆ سەر کەرکوک، خورماتوو، خانەقین، شنگال و ناوچه‌كانی تری ده‌وروبه‌ر. لە هێرش و داگیرکارییەکانی داعش بۆ سەر کوردستان و بەتایبەت هێرشی سەر کۆبانێ، دەوڵەتی تورکیا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو و هاوکاری داعشی کرد.   دەوڵەتی تورکیا لە سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا ئێستا  بەرامبەر بە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدارەی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵوێستێکی شەڕانگێزانەی هه‌یه‌. هه‌ر وه‌ها له باشووری کوردستان زیاتر له سه‌دان بنکه‌ وباره‌گای سه‌ڕبازی و هه‌واڵگری دامه‌زراندوه‌ و ئه‌و بنکه‌ وباره‌گانه‌ له دژی ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان به کار ده‌هێنرێن. ئێستا هێرشێکی گەورە لە ناوچەی مێتینا و زاپ و ئاڤاشین دەستی پێکردووە. دژی ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیە، تا ئێستا، لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، هه‌ڵوێسته‌كان لاوازن و کاردانەوەکان كێمن وەک چاوەڕوان دەکرا نییه‌. هاوکات لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەسانی هاوکار لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنی نزیک لێی، خه‌ریكی چه‌واشه‌كاریین، دەیانەوێت دۆخه‌کە ئاسایی بکەنەوە و ڕاستییەکان بشێوێنن. ئەمە مه‌ترسییه‌كی گەورەیە و ئەم ڕەفتارە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکرێت. ئەم دۆخە نابێ وه‌ك دۆخێكی ئاسیی ببینڕێت، ده‌بێت ئه‌م بێ ده‌نگییه‌ بشكێنڕێت و کاردانەوەكان بەرامبەر داگیرکاری فراوانتر بكرێن. پێویستە هێزەکانی بەرخۆدان هەڵوێست و هاوکاری ئێمە لەگەڵ خۆیان ببینن. بە یەکڕیزی پتەو و پاڵپشتی دۆستانمان دەتوانین ئەم هێرشانە تێکشکێنین. دەوڵەتی تورکیا ئەوەندە بەهێز نییە، بە بەرخۆدانێکی نەتەوەیی دەتوانین دەسەڵاتیان تێکشکێنین. لەم دۆخه‌دا ده‌بێت هەڵوێستێکی نەتەوەیی به‌هێز سەرهەڵبدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە هەموو هێزەکانی کوردستان هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر داگیرکاری و لە بەرزترین ئاستدا بێت. ده‌بێت به‌ره‌یه‌كی بەرگری نیشتمانی لە دەوری به‌رخۆدێران ئاوا بكرێت. هەڵوێستێکی یەکگرتوو دەتوانێت بێدەنگیی ئەکتەرە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانیش بگۆڕێت. ڕاوێژی دژی داگیرکەری بەپەلە و گرنگییه‌وه‌  ئه‌م داواكریانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خاته‌ به‌ر ده‌م خەڵکی کوردستان و جیهانی مرۆڤایه‌تی و دیموکراسی : ١- دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت بەم هێرش و داگیاركارییه‌ هەموو  ده‌سكه‌وته‌کانی گەلی کوردستان له‌ناوبه‌رێت و جینۆساید ئەنجام بدات. ئێمەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە، هەستیارین بەرامبەر بەم هەڵوێستە دڕندەیەی دەوڵەتی تورکیا، بە هەموو توانایەکمانەوە دژی ئەم هێرشە دەوەستینەوە و لەگەڵ هێزەکانی پاراستنی کوردستان جێگە دەگرین. ٢- ناتەبایی ناوخۆیی کوردستان پێگەی بەرگریی وپاراستنی‌ دەستکەوتەکانی کوردستان لاواز دەکات و زەمینە بۆ بەرەی دوژمنان خۆش دەکات. ئەمەش دوایین جار لە داگیرکردنی کەرکوک و خانه‌قین و شه‌نگالدا بینرا. بەڵام هاوپەیمانی ناوخۆ هێرشی دوژمنان دەشکێنێت و زەمینە بۆ سەرکەوتن خۆش دەکات، ئەمەش لە بەرگری و سەرکەوتنی کۆبانێشدا بینرا. کۆبوونەوە یەکێتی ناوخۆیی وەک مەرجی مانەوە دەبینێت و بانگەوازی پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی دووبارە دەکاتەوە. ٣- پێویستە لە کوردستان  و لە دەرەوەی وڵات پشتیوانییەکی بەهێز  بۆ هێزی پاراستنی کوردستان بكرێت، هەروەها بە روحی پاراستنی کۆبانێ داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان ڕابگیرێت. لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ئامانجەدا پێویستە کارێکی بەهێزی دیپلۆماسی هاوبەشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی لە وڵات و دەرەوەی وڵات ئەنجام بدرێت. ٤- ئەو دۆخه‌ی ئێمە تێیداین، دۆخێكه‌ کە دەبێت لە هەموو شوێنێکدا بەرخۆدانێکی تەواو بکەین و لە بەرامبەر هێرش و کۆمەڵکوژیدا بە ڕۆحێكی یه‌كگرتوویی بەشداری له‌ هه‌موو جالاكییه‌كان بکەین. لە کۆبوونەوەکەدا، دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا، داوا لە کوردستانییان کرا شەو و ڕۆژ بە هەموو جۆرێك‌ لە چالاکییەکاندا جێگەی خۆیان بگرن و لە تەنیشت هێزەکانی بەرخۆدان بوەستن و بەرخۆدانی گه‌وره‌ لە هەموو شوێنێک بەهێز بکەن. ٥- کۆبوونەوەکە داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان و هەموو خەڵکی ناوچەکە دەکات دژی ئەو هێرش و داگیرکاریانەی دەوڵەتی تورکیا بوه‌ستن و سوپای تورکیا لە باشووری کوردستان وه‌ده‌ر نێن. ٦- کۆبوونەوەکە داوا لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق دەکات کە هاوکاری دەوڵەتی تورکیا نەکات، ئەو ڕێککەوتنانەی دەروازە سنوورییەکان هەڵبوەشێنێتەوە کە لە سەردەمی سەدام لەگەڵ تورکیادا کراوە، ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بە داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان ده‌ربڕێت، قەدەغەکردنی ئاسمانی عێراق بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕاگه‌یەنێت و  ڕێوشوێنی کردەیی بۆ چوونەدەروەی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سنوورەکانی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق بگرێتبه‌ر. ٧- کۆبوونەوە داوا لە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی دەکات، هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە هێرش و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان، و شەرمەزاری بكه‌ن. ٨- کۆبوونەوە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و هەموو هێزە پەیوەندیدارەکان دەکات بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر گەلی کورد. ٩- کۆبوونەوە داوا لە دۆستانی گەلی کوردستان و جیهانی دیموکراسی و به‌ ویژدان بە گشتی دەکات و دەڵێت "لە شەڕەکانی کۆبانی و عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی، هەڵوێستێکی باشتان نیشانداوە، هیوادارین کە لەم شەڕەدا هه‌مان هه‌ڵوێست نیشان بده‌ن. گەلی کورد پێویستی بە پشتیوانی ئێوەیە. ١٠- کۆبوونەوە داوا لە کوردستانیان و دۆستانی کوردستان دەکات مامەڵەی ئابووری لەگەڵ تورکیا ڕابگرن، بایکۆتی گەشتیاری تورکیا بکەن. ١١- ئێمە و وه‌ك كه‌سایه‌تی  و نوێنەرانی گه‌لی كوردستانی ئامادەبووی ئەم کۆبوونەوەیە، هەڵوێستی خۆمان بەرامبەر بە هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕاده‌گەینین و شه‌رمازاری ده‌كه‌ین و پشتیوانی خۆمان بۆ هێزەکانی پاراستنی کوردستان دووپات دەکەینەوە و دەڵێین "پاراستنی ناوچەکانی مەتینا و زاپ و ئاڤاشین پاراستنی هەموو کوردستانه‌"، هەموو تواناکانمان بەکاردەهێنین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم هێرشانه‌. جگە لەوەش ئێمە داوای هەمان هەڵوێستمان لە هەموو حزب و ڕێکخراو و دامەزراوە و تاکەکانی کوردستان و لە هەموو خەڵکی کوردستانە دەکەین. کۆبوونەوەی راوێژی نەتەوەیی دژی داگیرکاری 2024.07.10

هاوڵاتی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، پرۆسەی وردبینیکردنیان بۆ لیستی ناو و مووچەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی شارستانیی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە. بەپێی راگەیەندراوێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، "بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق و تەواوکردنی پابەندییەکانی دیوانی چاودێریی دارایی،کە لەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا بۆ ساڵی 2023 بڕیاری لەبارەوەدراوە، پرۆسەی وردبینیکردنیان بۆ لیستی میلاکات و مووچەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە". ئاماژە بەوەشکراوە، "تیمی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی رۆژی چوارشەممە 10ـی تەمووزی 2024، بەهەماهەنگی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، کارەکانیان بۆ چاودێریکردن و وردبینیکردنی میلاکات و مووچەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە". ئەوەش هاتووە، "تیمی چاودێریی دارایی عێراق چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ئەنجامداوە بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆسەی وردبینیکردنەکە".

هاوڵاتی ئەنجومەنی وەزاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هێرشەکانی تورکیا لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، دەبێت تورکیا رەچاوی دراوسێیەتی باش بکات. ئەمشەو چوارشەممە 10ی تەموزی 2024، ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە ژمارەیەک لە وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکان لەخۆدەگرێت، دوای کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی تورکیای تاوتوێکرد. وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا دیارترین بابەت و پێشهاتە ئەمنییەکانی خشتەی کار باسکراون لەسەروویانەوە "دەستوەردان و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی تورکیا لە ناوچە سنوورییە هاوبەشەکان". جەخت لەوەکرایەوە، لەشکرکێشی و پێشێلکارییە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق رەتکرایەوە، هەروەها تورکیا دەبێت رەچاوی بنەماکانی دراوسێیەتی باش بکات، مامەڵەی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات و لە هەر بابەتێکی ئەمنی، هاوئاهەنگی لەگەڵدا بکات. سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا شاندێک بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئەویش لەپێناو "ئاگاداربوون لە دۆخی گشتی و دەرکردنی یەک هەڵوێستی یەکگرتوو لەبارەی ئەو بابەتەی پەیوەندیی بە سەروەرەیی عێراقەوە هەیە." ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، داوای لە سەرجەم لایەن و هێزە نیشتمانییەکان کرد پشتیوانی لە هەڵوێستی حکومەت لەوبارەیەوە بکەن. ئەنجومەنەکە دووبارە جەختی لەسەر هەڵوێستی عێراق کردەوە کە پشت بە دەستوور دەبەستێت، ئەویش بریتییە لە "رێگەگرتن لە دەستدرێژیکردنە سەر خاکەکەی، یان بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ ئەوەی ببێتە دەرچەیەک بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ." هەریەک لە وەزیرانی ناوخۆ، بەرگری، داد، دارایی، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، بەرپرسانی دەزگا هەواڵگری و ئەمنی و سەربازییەکان بەشداریان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.  

هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئۆپراسیۆنە بەردەوامەكان و پێشێلکارییەکانی تورکیا بەرامبەر بە خاکی عێراق جێگەی قبوڵکردن نییە. ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی تەموزی 2024، باسم غەریباوی، ئەندامی  سەربەخۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەكات هەڵوێستی جددی بەرامبەر بە هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییە دووبارەبووەکانی تورکیا لەسەر هەرێمی كوردستان و خاکی عێراق هەبێت، لەبەر ئەوەی پێشێلکردنی سەروەری خاكی وڵات هێڵی سورە. ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەدات، "ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەكان و پێشێلکارییەکانی تورکیا بەرامبەر بە خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان جێگەی قبوڵکردن نییە و پێویستە حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوێستی جددی و هەبێت بۆ ئەوەی سەروەری عێراق بپارێزێت". پێی وایە، یاسا و رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی هەیە کە پەیوەندی نێوان وڵاتان رێکدەخات، بۆیە پێویستە رێز لە سەروەری یەكدی بگرن و پێشێلكاری بەرامبەر یەكتری ئەنجام نەدەن.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایدەگەیەنێت، هەموو ئەو گەڕەکانەی بەهۆی شکانی لوولەی گوێزەرەوەی ئیفرازی سێ، بێئاو بوونە، دوای 12 کاتژمێری دیکە لوولەکە چاک دەکرێتەوە و ئاو دەگاتەوە گەڕەکەکان. ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی تەممووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایگەیاند، "ئەمڕۆ هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێر شکا، ئێستە وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفرازی سێ کارەکانی ڕاگرتووە و پڕۆسەی کارکردن بۆ چاککردنەوە دەستی پێ کردووە". وەک بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی پێکردووە، "بە بەردەوامی کار لە چاککردنەوەی لوولەکە دەکرێت و لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێری داهاتوو، ئاوی پاك دەگاتەوە هاوڵاتییان. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر داوا لە هاوڵاتیان دەکات هاوکاربن تا کاتی چاککردنەوەی لوولەکە دەست بە ئاوەوە بگرن. دەشڵێت، "بەشێك لەو گەڕەکانەی کە لە هێلی ئاوی ئیفراز سێ ئاویان بۆ دابین دەکرێت کەبەهۆی شکانی لوولەکە بێ ئاو بوونە، بریتین لە گەڕەکەکانی هەولێری نوێ، فەرمانبەران، پێنجـی حەسارۆکان، مامۆستایان، قەلاتی نوێ، هاوکاری، تەواوی گەڕەکەکانی نێوان شەقامی شۆڕش و شەقامی کەرکووک ، شێخ ئەحمەد، گوڵان، هەڤاڵان، باداوە ، 94ی باداوە، زانکۆ و گەڕەکەکانی ناو شەقامی 60 مەتری". پرۆژەی ئیفرازی سێ‌ 40%ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابین دەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی، چەند جارێك لوولەکە دەشكا و بۆ ماوەیەك بەشێكی زۆری دانیشتیوانی شاری هەولێر بێ‌ ئاو دەبوون.

هاوڵاتی بەغدا داوای زیاتر لە ترلیۆنێک و 600 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی چوار مانگی یەكەمی ئەمساڵ لە حكومەتی هەرێم دەکات و دەڵێت، ئەگەر ئەو پارەیە رەوانە نەکات، دەبێت بەرپرسیارێتیی یاسایی لە ئەستۆ بگرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق، بە واژۆى تەیف سامی، وەزیری دارایی، نووسراوێکى ئاڕاستەی نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدا کردووە و رایگەیاندووە، حكومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 85 ملیار و 199 ملیۆن دیناری داهاتی نانەوتیی خستووەتە سەر هەژمارى 70018 لە بانکى ناوەندیی و داوا دەکات روونکردنەوە بدات ئەو داهاتە بۆ چ مانگێک دەگەڕێتەوە. دەشڵێت، نەناردنى ئەو داهاتە بەرپرسیارێتیی یاسایی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئااماژەی بەوەشکردووە، داهاتى نانەوتى تاوەکو مانگى نیسان، بەگوێرەى خشتەى داهاتەکان کە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق  نێردراوە، بڕەکەى ترلیۆنێک و 646 ملیار و 444 ملیۆن دینار بووە و پێویستە بڕى ماوە لە داهاتى ساڵى 2024 رەوانە بکەن، بە رەچاوکردنى چوارچێوەى کارى پەیڕەوکراو لە ساڵى 2023 و ساڵەکانى دواتر. جێگەی ئاماژەیە، رۆژی یەکشەممە 30ی حوزەیرانی 2024، حکومەتی هەرێم رایگەیاند بڕى 70 ملیار و 131 ملیۆن و 250 هەزار دینار خرایەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق.