ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) لەزاری سێ سەرچاوەوە ئاشكرایكرد، وەزارەتی نەوتی عێراق سكاڵایەكی یاسایی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرزكردوەتەوە سەبارەت بە ئەو گرێبەستانەی نەوت و غاز كە لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان ئیمزای كردووە. سەرچاوەكان باسیان لەوەكردووە، ئەم ئاڵنگارییە یاساییە نوێترین بەربەستە كە روبەڕووی هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەبیتەوە لەرێگەی بۆری عێراق- توركیاوە، كە لە 25ی ئازاری 2023وە راگیراوەو سەرباری فشارەكانی ئیدارەی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ هیشتا دەستی پێنەكردوەتەوە. هەفتەی رابردوو، لەچوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ ئەمریكا، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagrosئیمزاكرد بۆ بۆ كێڵگەكانی (میران)و (تۆپخانەو كوردەمیر). ئەم گرێبەستانە هەرزوو ناڕەزایەتیی وەزارەتی نەوتی عێراقی بەدوای خۆیدا هێنا، رۆژی 20ی ئەم مانگە وەزارەتی نەوت رایگەیاند" ئەم ڕێکارانە پێشێلکردنی ئەو بڕیارانەیە کە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵییەوە دەرچوون، کە ئاماژەی بە نایاساییبوونی ئەو گرێبەستانە کردووە لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە (59/ فیدراڵی 2012و یەكخراوەكەی 110/ فیدراڵی 2019) ئیمزا كراون". وەزارەت نەوت ئاماژە بەوە كردبوو" سەرەڕای پێویستیی عێراق بۆ زۆركردنی وەبەرهێنانی غازو دابینکردنی خواستی ناوخۆیی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەو رێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم گرتوویەتیەبەر، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای عێراقەو سامانی نەوت هی هەموو عێراقییەکانەو هەر وەبەرهێنانێک لەم سامانەدا دەبێت لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵیەوە ئەنجام بدرێت. بەم پێیە وەزارەت بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی پووچەڵبوونەوەی ئەو گرێبەستانە دووپاتدەکاتەوە".
ڕاوێژكارێكی ئیدارهی خۆسهر ئاماژه بهوه دهكات، سازش لهسهر فرهیی و لامهركهزیی سووریا ناكهن، چونكه تاكه چارهسهری دیموكراسییه بۆ كێشهكانی ئهو وڵاته. دووشهممه، 26ـی ئایاری 2025، چیا كورد، ڕاوێژكاری ئیدارهی خۆسهر له ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگهیاندووه، سازش لهسهر فرهیی و لامهركهزیی بۆ بهڕێوهبردنی سووریای نوێ ناكهن، چونكه تاكه چارهسهره بۆ كێشهكانی ئهو وڵاته. هاوكات ئاماژهی بهوه كردووه، فرهیی ڕووخساری كۆمهڵگهی سوورییه و ناكرێت یهك سیستهمی سیاسی قۆرخی ههموو دهسهڵاتهكان بكات و دان به تایبهتمهندی ناوچه و پێكهاته جیاوازهكان نهنێت. چیا كورد جهختی كردووهتهوه، ئهم پرسه له پرسه بنهڕهتی و سهرهكییهكانی دانوستانهكانیان دهبێت لهگهڵ حكوومهتی نوێی سووریا و دهستبهرداری نابن و سازشی لهسهر ناكهن. ئهم لێدوانانهی چیا كورد هاوكاته لهگهڵ ئامادهكارییهكانی شاندی كورد بۆ سهردانیكردنی دیمهشق و تهواوكردنی دانوستانهكانیان لهگهڵ دهسهڵاتی نوێی سووریا. ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە کۆنفرانسی یۆنان، کە بە ناونیشانی 'دۆزی کورد و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست' بەڕێوە چوو، ڕایگەیاند "ئەگەر هەیە سووریا ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەتر ببێتەوە؛ دەسەڵاتدارانی سووریا بە تاکلایانانە بڕیارەکان دەدەن و هەماهەنگیی لەگەڵ گەل ناکەن و ئیرادەی خەڵکیان پشتگوێ خستووە." ئیلهام ئەحمەد، ڕاشیگەیاند، ئەگەر حکوومەتی سووریا لەسەر شێوازی حوکمی مەرکەزیی سوور بێت، وڵات ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورەی ناخۆیی دەبێتەوە. گوتیشی: دەبێت، سیستەمێکی دیموکراتیی فراوان هەبێت و سەرجەم پێکهاتەکان کۆ بکاتەوە. هەینی 23ـی ئایاری 2025، ئاڵدار خەلیل، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند: شاندێکیان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بەم نزیکانە سەردانی دیمەشق بکەن. هەروەها گوتیشی: دیدگای کوردی دەبێتە بنەمای دانوستان لەگەڵ دیمەشق، بۆ ئەمەش ڕووبەڕووی ئاستنەگی زۆر دەبینەوە، چونکە حکوومەتی سووریا هێشتا بە تەواویی جێگیر نەبووە. ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بهوهشدا بوو، شاندەکە بە مەبەستی دانوستان لەبارەی داهاتووی سووریا و ئامانجەکەیان بۆ هەرێمێکی سەربەخۆ دەچنە دیمەشق.
سەنتەری میترۆ رێكارەكانی قەدەغەكردنی كاری راگەیاندن لە قەزای زاخۆ پێچەوانەی ئەو بڕگانەن كە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری وەك رێكارو مەرجی پێویست بۆ دەركردنی رۆژنامە دیاری كردووە كە "تۆماركردنە" نەك " مۆڵەتدان". بەرپرسی نووسینگەی زاخۆی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ رووداو دەڵێت "رێگە بە هیچ راگەیاندن و پەیجێك نادەن بێ هەبوونی مۆڵەت، كاری رۆژنامەنووسی بكات" . لە یاساكەدا خاوەن ئیمتیاز یان دامەزرێنەرەكەی راگەیاندنێك لە دوو رۆژنامەی رۆژانەی هەرێم بڵاوبكاتەوە، كە ناو و نازناو و رەگەزنامە و شوێنی نیشتەجێبوونی خاوەن ئیمتیاز یاخود، دامەزرێنەر و ناوی رۆژنامەكەو ئەو زمانەی كە پێی بڵاودەكرێتەوە، لەگەڵ ناوی سەرنووسەر و ماوەی دەرچوونی تێدا بنووسرێ. راگەیاندنەكەش بە بەیانی دەركردنی رۆژنامەكە دادەنرێ. ئەم رێكارەش بە بەیاننامەی دامەزراندن دادەنرێت لە سەندیكای رۆژنامەنووسان تۆماری دەكات، نەك بچێت "مۆڵەت" لە سەندیكا وەربگرێت. نووسینگەی زاخۆی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، مافی ئەوەی هەیە داوا بكات، ئەو پەیجانەی مۆركی كارەكانیان راگەیاندنە، واتە پەیامنێر و لۆگۆی تایبەت بە خۆیان هەیە، بچنە سەندیكا خۆیان تۆمار بكەن، نەك بڕیاری قەدەغەكردنیان دەربكەن، چونكە یاسا ئەو دەسەڵاتەی پێنەبەخشیوون. سەنتەری میترۆ رێكارەكانی قەدەغەكردنی كاری راگەیاندن لە قەزای زاخۆ پێچەوانەی ئەو بڕگانەن كە یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری وەك رێكارو مەرجی پێویست بۆ دەركردنی رۆژنامە دیاری كردوە كە "تۆماركردنە" نەك " مۆڵەتدان". بە پێی بڕگەكانی یاسای ژمارە (35)ی ساڵی 2007، یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان، "رۆژنامەگەری ئازادەو هیچ سانسۆرێكی لەسەرنییە و ئازادیی دەربڕین و بڵاوكردنەوە بۆ هەموو هاووڵاتیان دەستەبەرە، لە چوارچێوەی رێزگرتنی ماف و ئازادییە تایبەتیەكانی تاكەكان و تایبەتمەندیی ژیانیان".
دادگای فیدراڵیی عێراق لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ تاوتوێی دوو سکاڵای تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەکات. بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکان، رۆژی شەشەی تەمموزی داهاتوو، دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵای هەریەک لە عومەر گوڵپی کاندیدی دەرچوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و سروە عەبدولواحید ئەندامی پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێی هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەکات. هاوکات عومەر گوڵپی رایگەیاند، لە سکاڵاکەیدا کە لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆماریکردووە، داوایکردووە دادگا بڕیاربدات بە هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، راسپاردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بەزووترین کات، وەرگرتنەوەی هەموو ئەو ئیمتیازە مادییانەی کە 97 پەرلەمانتار لە ماوەی رابردوودا وەریانگرتووە لەبەرئەوەی هیچ کارێکیان نەکردووە. عومەر گوڵپی پێیوایە ئەنجامەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەجۆرێک دیزاینکران کە پەرلەمان نەوەک ناتوانێت نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات و ببێتە چاودێر بەسەر حکومەتەوە، دوای زیاتر لە حەوت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هێشتا توانای ئەوەی نییە کۆبوونەوەی یەکەمی ئاسایی خۆی بەڕێوەبەرێت و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت.
تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان 'دەم پارتی' لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هەنگاوەکانی سەرخستنی پرۆسەکە دەڵێت: ئەرکی سەرەکی بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئەستۆی پەرلەماندایە، بەڵام هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا داخوازیی لە پێشینە نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی سیستەمی دیموکراسییە. هاتیمئۆغولاری، بۆ میدیایەکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە، پرۆسەی ئاشتی لە تشرینی یەکەمی ساڵی پارەوە دەستی پێ کردووە، یەکێکە لە گرنگترین دەرفەتەکانی ئاشتی لە مێژووی 100 ساڵەی تورکیا، دەشڵێت: دەبێت هەوڵی جددی بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە و دەرفەتە بدرێت. گوتیشی: کاتێک دەرفەتێکی وەها مێژوویی دێتە پێشەوە، ئەگەر کار و هەوڵی جددی نەکەین، ناتوانرێت ئاشتییەکی هەمیشەیی بهێنرێتە دی. هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش داوە، هەندێک هەنگاوی کۆنکرێتی هەن، پێویستە بنرێن بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش بچێت، ئێمە لە هەموو دەرفەتێکدا جەخت لە هەنگاوەکان دەکەینەوە و درێغی ناکەین لە دووبارەکردنەوەیان تا بەدی دێن، لەوانە پێویستە هەموو زیندانییەکانی دۆسیەی کۆبانی، بە سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و ئەوانەی دیکەش ئازاد بکرێن. هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانکاریی لە چەند یاسایەکدا کرد و گوتی: دەبێت گۆڕانێکی ڕیشەیی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بکرێت، چونکە مانەوەی یاساکە بەم شێوەیەی ئێستا دەبێتە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم دیموکراسیدا. تولای هاتیمئۆغولاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی لە ڕۆڵی ئاشتیی تورکیا لە ناوچەکە کردووە و دەڵێت: ئەو ڕۆڵەی ئێستای تورکیا لە ئاشتەوایی ناوچەکەدا دەیگێڕێت، بە دڵنیاییەوە گرنگە، بەڵام گرنگە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ گەلی کوردی دانیشتووی وڵاتەکە بنرێت و بەدی بهێنرێت، دواتر دەتوانرێت ئاشتییەکی هاوشێوە لە سووریا بکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، و شاندێکی باڵاى ڕێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، دهربارهى چۆنیەتیی كاريگهريى گۆڕانى ئاووههوا و بهبيابانبوون و كهمئاوى و بهرهنگاربوونهوهى ئاڵنگارييهكانى بهردهم كشتوكاڵ و ئاو و خۆراك، بيروڕايان گۆڕييهوه. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى بهيانيى ئهمڕۆ دووشهممه 2025/5/26 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازيی لە شاندێکی باڵاى ڕێکخراوی خۆراك و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO)، بە سەرۆکایەتیی شو دۆنيو، بەڕێوەبەری گشتیى ڕێكخراوهكه، كرد. له كۆبوونهوهكهدا هەریەکە لە بێگهرد تاڵهبانى، وهزيرى كشتوكاڵ و سهرچاوهكانى ئاو و سهيوان بارزانى، باڵيۆزى عێراق له ئيتاڵيا و باڵيۆزى عێراق له ڕێكخراوى FAO ئامادهى بوون. بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارەکانی کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک و سەرچاوە ئاوییەکان لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستاندا تاوتوێ كرا، ههروهها دهربارهى چۆنیەتیی كاريگهريى گۆڕانى ئاووههوا و بهبيابانبوون و كهمئاوى و بهرهنگاربوونهوهى ئاڵنگارييهكانى بهردهم كشتوكاڵ و ئاو و خۆراك، بيروڕايان گۆڕييهوه. نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینی بۆ كار و بهرنامهكانى ڕێکخراوهكه لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕۆڵی لە جێبەجێکردنی پرۆژەكانى گەشەپێدان و بەدیهێنانی ئاسایشی خۆراک، بهرز نرخاند، ههروهها ههموو پشتگيرييهكى لايهنه پهيوهنديدارهكانى ههرێمى كوردستانى بۆ كار و بهرنامهكانى FAO دووپات كردهوه. لای خۆیەوە، دۆنيو سوپاسی ڕێکخراوەکەی بۆ گرنگیدانی هەرێمى كوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ دەربڕی، هەروەها ئامادەیيی فاوی بۆ فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری و جێبەجێکردنی بەرنامە ستراتیژییەکان دووپات کردەوە کە خزمەت بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە هەرێمى كوردستان دەکات.
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت لەبارەی راگەیەندراوی دووەمی وەزارەتی نەوتی عێراق سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەغداد پاشگەزبووەتەوە لەوەی کوردستان تۆمەتباربکات بە دروستکردنی پەیوەندی تاکلایەنە لەگەڵ واشنتن. لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی گرێبەستە نەوتییە ملیار دۆلارییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا نیگەرانی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە، بە هۆکاری ئەوەی گرێبەستەکان بەبێ ئاگاداری بەغداد کراون، هەرزوو لە راگەیەندراوێکی دیکەدا بە زمانێکی نەرمتر داوای پابەندبوونی دەستووری کرد لە چارەسەرکردنی دۆسیەیەکی وا گرنگ. شەرقلئەوسەت باسی لەوە کردووە، دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتنەوە واژۆکردنی دوو گرێبەستی نەوت و غازی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی بە بەهای 110 ملیار دۆلار راگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رێککەوتنەکەی رەتکردەوە و بە نایاسایی لەقەڵەمیدا، بەڵام هەرزوو لە راگەیەندراوی دووەمدا بەغداد لە هەڵوێستی توندی خۆی پاشگەزبووەتەوە و بە زمانێکی نەرمتر تەنها داوای پابەندبوون بە دەستووری عێراقی کردووە. رۆژنامەکە دەشڵێت، ئەمە هەڵوێستێکی نامۆ و لاستیکییە، چونکە هێشتا بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان هەردوولاوە نەتوانراوە یاسای نەوت و غاز پەسەندبکرێت. لەدوای رێککەوتنەکە ئەمریکا راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و پشتگیری خۆی بۆ گرێبەستەکان دەربڕی و لە دانیشتنێکی کۆنگرێسیشدا مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هۆشداری بە عێراقدا بۆ بەهێزکردنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن “دەبێت رێز لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و کارکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق بگرێت.”
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامە لە وردبینیکردن بۆ لیستی مووچەی مانگی پێنج و چاوەڕوانن ئەمڕۆ وردبینییەکە تەواو بکات. ئەو سەرچاوەیە وتى، لە پێشنیوەڕۆى دوێنێوە، وەزارەتى دارایی عێراق دەستیکردووە بە وردبینى بۆ لیستى مووچەى مانگى پێنجى هەرێمى کوردستان، ئەوانەى وردبینییەکە دەکەن دەیانەوێت ئەمڕۆ تەواوى بکەن و بیخەنە بەردەم تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بۆ ئەوەی ناردنی مووچە واژۆبکات، پێش ئەوەی بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج بچێتە مەککە. دوێنێ وەزارەتی دارایی، لیستی مووچەی مانگی پێنجی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق کرد، پێشتریش سەرچاوەیەکی باڵا وتبووى، بەڵێنیان لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق بەوەکالەت وەرگرتووە، 27ـی ئەم مانگە مووچەی مانگی پێنج خەرج بکەن. دواتریش دەستبەجێ لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت و پێش جەژنی قوربان سەرجەم مووچەخۆران مووچەی مانگی پێنج وەردەگرن. 2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە. وتەی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، بەوتەی بەشێك لە میدیا عێراقیەكان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پێش جەژن مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش بكرێت، بە مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە. هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە دەست بە وردبینی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێ و ئەگەر ھیچ بیانوویەکیان نەبێت، لە سێ بۆ چوار رۆژدا وردبینی تەواو دەبێت. بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "بە ئەگەرێکی زۆر، پێش جەژن مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەر بەغدا بیانوو نەهێنێتەوە".
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگهیاند، پیاوێک لە كرماشان بە بەكارهێنانی چەك هەوڵی كوشتنی هاوژینەكەی و دو ژنخوشكەكەی داوە و دواتر هەر بەو چەكە خۆی كوشتوە، هۆكاری كێشهكهش "خێزانی" بوە. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردهوه، پیاوێكی تەمەن 29 ساڵ بە ناوی ئەشكان هیمەتی لە شەهرەكی كەراچیی كرماشان بە كەڵكوەرگرتن لە چەك، هاوژین و ژنخوشكەكەی بە ناوەكانی سەمیرا فەرهادی تەمەن 25 ساڵ و سومەیە فەرهادی كوشتوە. ئاماژهی بهوهشكردوه، هاوژینەكەی دهستبهجێ گیانی لە دەستداوە و دو ژنخوشكەكەی بە ناوەكانی سومەیە فەرهادی و زارا فەرهادی كە بە سهختی برینداربون بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتهوە، سومەیە فەرهادی تەمەن 17 ساڵ دو ڕۆژ دوای ڕودانی ڕوداوەكە گیانی لهدهستداوه. هەروەها خوشكی سێهەمی بنەماڵە بە ناوی زارا فەرهادی كە چاوی بە قوڵی بریندار ببو و زیانی بەركەوتوە، نەشتەرگەریی بۆ كراوە و چاویان دەر هێناوە، بارودۆخی جەستەیی ناوبراو دژوار ڕاگەیهندراوە و تا ئێستا لە ژێر چاوەدێری تایبەتی پزیشكی دایە. بەوتەی یەكێک لە نزیكانی ئەو بنەماڵەیە، "بكوژ دوای هاتنە ژورەوە بۆ ماڵی خەزوری سەرەتا تەقەی لە ژنخوشكەكەی، سومەیە فەرهادی، كردوە سومەیە بە ناوبراوی وتبو "لهبهر منداڵهكهت (سەمیرا) مەمكوژە"، بەڵام تەقەی لێكردوەو دواتر تەقەی لە ژنخوشكەكەی دیكەی كردوە". ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕونیكردهوه، "بكوژ كە خاوەن بڕوانامەی یاسا بوە، دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانه، بە تەقەكردن لە ژێر ملی خۆی هەوڵی خۆكوژی داوه و سەرەڕای ئەوەیكە بۆ نەخۆشخانە گواستراوهتهوه، گیانی لە دەستداوه". ئهوهشی خستوهتهڕو، "بكوژ و هاوژینەكەی دو منداڵی سێ و پێنج ساڵەیان هەبوە، ماوەی نۆ مانگ ناكۆكیان ههبوه و هەر بەو هۆیەوە هاوژینەكەی گەڕابوەوە ماڵی دایك و باوكی".
لە ٢٣هەمین کۆنگرەی نائاسایی کەنەکە دەربارەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کورد، ستراتیژی دیپلۆماسی و یەکێتی نەتەوەیی، گفتوگۆی بەرفراوان کرا. کۆنگرەكە بە هەڵبژاردنی هاوسەرۆک و ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆتایی هات. لە دانیشتنی دوەم ڕۆژی جڤاتی گشتی ٢٣هەمینی کەنەکە، کۆنسەی بەڕێوەبەری هەڵبژاردنی ئەنجامدا. بە گفتوگۆ و کۆی دەنگی نوێنەران، ١٩ ئەندانی کۆنسەی بەڕێوەبەری كران بە ٢٣ ئەندام. پاشان هەڵبژاردن کرا. کۆنگرەکە بە خۆناساندنی ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری و پێشنیارەکان بەردەوام بو. هاوسەرۆکانی کەنەکە زەینەب موراد و ئەحمەد کاراموس کە دوبارە وەک هاوسەرۆک هەڵبژێرانەوەو پاشان قسەیان كرد. زەینەب موراد ڕایگەیاند لەم قۆناغەدا بەرپرسیارێتیی مەزنیان لەسەر شانە بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گەلی کورد، وتی: "دەبێت خەباتی نەتەوەیی بەدیسپلینتر بکرێت و زەمینەی دیپلۆماتیک پتەوتر بکرێت". ئەحمەد کاراموس ڕایگەیاند قۆناغەکە هەستیارەو وتیشی"لە دو ساڵی بەردەمماندا بۆ پتەوکردنی خەباتی یەکێتیی نەتەوەیی و پەیوەندیی دیپلۆماسی و نێونەتەوەیی وەک یەک دەنگ کاردەکەین بۆ نوێنەرایەتی گەلی کورد". ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە زوبەیر ئایدار ڕایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، دەبێت تورکیا دەست هەڵبگرێت لە نکۆڵیکردن لە گەلی کورد. ئایدار بانگەوازیکرد بۆ بەشداربون لەو کۆنفرانسەی لەلایەن کەنەکەوە ڕێکدەخرێت بۆ یادی ١٠٠ ساڵەی لەسێدارەدانی شێخ سەعید و هەڤاڵانی و بۆ ئەو گردبونەوەیەی کە لە ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت. کۆنگرەکە بە گفتوگۆ و پێشنیاری بەشداربوانی چوار پارچە و نوێنەری پارتە سیاسییەکان و کەسانی بەشداربو، وە باسکردن لەسەر پاراستنی دەسکەوتەکانی کوردستان، کۆتایی هات. ئەم کەسانە بۆ کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەنەکە هەڵبژێردران: ١- شێخ شەماڵ ٢_ ڕەفیق غەفور ٣_ ئەکرەم حوسۆ ٤_ ئیبراهیم عەلیپور ٥_ بەهزاد پیرموسا ٦_ شێرکۆ محەمەد ئەمین ٧_ فاروق جەمیل ٨_ میران ساڵەح ٩_ شوکروڵا محەمەد ئەمین ١٠_ عوسمان ئەرگین ١١_ سەعید سەنەندەجی ١٢_ یەعقوب میرزا ١٣_ زوبەیر ئایدار ١٤_ نەیلوفەر کۆچ ١٥_ ڕۆژین موکریان
بارزانی ڕایدەگەیەنێت ناكرێ قووتی هاووڵاتیان بە سیاسی بكرێت و وەك چەكێك لەدژی خەڵكی كوردستان بەكار بهێنرێت. جەختیشی لەوە كردەوە كە حوكمڕانیی لە عێراق كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستوور جێبەجێ بكرێت. بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، ڕۆژی یەكشەممە 25ـی ئایاری 2025 مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازیی لە ژمارەیەك ئەمیر و سەرۆك هۆز و كەسایەتیی هۆزەكانی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق كرد. هەر لەو كۆبوونەوەدا بارزانی، لە وتەیەكدا بۆ ئامادەبووان ئاماژەی بە مێژووی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتی و زوڵمە كرد كە حكوومەتەكانی عێراق بەسەر گەلی كوردستانیان هێناوە. ئەوەشی خستوەتەڕوو كە بوونی ناكۆكیی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەت و ڕژێمەكان بە مانای ناكۆكی لەگەڵ گەل و پێكهاتەكانی عێراق نایەت و سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكان هەرگیز ناتوانێ پەیوەندیی نێوان گەلان تێك بدات. بارزانی ڕاشیگەیاند كە حەز دەكەن هەموو عێراق ئاوەدان بێت و ببوژێتەوە و كەرامەتی هاووڵاتیان لە هەموو بەشەكانی عێراق پارێزراو بێت. جەختیشی لەوە كردەوە كە حوكمڕانیی لە عێراق كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستوور جێبەجێ بكرێت و هەموولایەك پابەندی هەر سێ پرەنسیپی هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی بن. لەو دیدارەدا، سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانە و شەڕی تیرۆردا باوەشیان بۆ ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لە بەشەكانی تری عێراق كردەوە، شاندی میوان ستاییشی سەقامگیری و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانیان كرد كە سەرباری بوونی ئاستەنگ بەڵام هەرێم توانیویەتی لەسەر ڕێگەی بووژانەوە هەنگاو بنێت. هەروەها ڕاشیانگەیاند كە ئەوان لە داخوازییە ڕەواكانی گەلی كوردستان دەگەن و پەیامی پاڵپشتی و موحەبەت و پێزانینیان بۆ گەلی كوردستان هەیە.
ئاسیاسێڵ لە کۆبونەوەی ساڵانەی دەستەی گشتیدا دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە رێژەی 150٪ پەسەندکرد، هاوکات کۆمپانیاکە رایگەیاندووە: بەردەوام دەبین لە داهێنان و باڵادەستی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان. کۆمپانیای ئاسیاسێڵ راگەیەنراوێکی بڵاوکردوە و ئاشکرایکردووە، دەستەی گشتی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگ لە بواری پەیوەندییەکان لە عیراقدا، لە سلێمانی کۆبونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی فاروق مستەفا رەسوڵ، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن ئەنجامدا، خاوەن پشکەکان بە کۆی دەنگ رەزامەندی خۆیان لەسەر سەرجەم بەندەکانی کارنامەی کۆبوونەوەکە راگەیاند. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بڕیارە سەرەکییانەی کە لە میانی کۆبونەوەکەدا دران، بریتی بوون لە پەسەندکردنی راپۆرتی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و راپۆرتی وردبینی دارایی و تۆمارە داراییەکانی کۆمپانیا بۆ ساڵی دارایی 2024، هەروەها راسپاردنی وردبینێکی دەرەکی دارایی بۆ پێداچوونەوە و وردبینیکردنی ژمێرەکانی کۆمپانیا بۆ ساڵی 2025. ئاسیاسێڵ راشیگەیاند، دەستەی گشتی دابەشکردنی قازانجی نەختینەیی بە رێژەی 150٪ ـی لە سەرمایەکە پەسەندکرد، بە بڕی 1.5 دینار بۆ هەر پشکێك کە دەدرێت بە سەرجەم خاوەن پشکەکانی کۆمپانیا کە لە لیستی خاوەن پشکەکاندا تۆمارکراون لە رۆژی بەستنی کۆبونەوەی دەستەی گشتیدا، بە پێی ماددەی "4"ـی بڕیاری ژمارە "25" ـی ساڵی 2024 کە لە لایەن دەستەی کاغەزە داراییەکانی عێراق "هیئە اڵاوراق المالیە العراقیە"ــەوە دەرچووە. ئەوەشی خستەڕوو، ئەم دابەشکردنەی ئەمساڵ بێ وێنەیە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەدای دارایی کۆمپانیایە لە ساڵی 2024 ـدا، سەرباری باڵانسی نەختینەیی بەردەست و سەرمایەی زیادەی کەڵەکەبووی کۆمپانیا، کە بووەتە هۆی ئەوەی دابەشکردنی قازانجی ئەمساڵ بێ وێنە بێت. فاروق مستەفا رەسوڵ سوپاسی خاوەن پشکەکانی کرد بۆ پشتگیریکردنی هەمیشەیی و پابەندبوونیان بە گەشتی گەشەکردنی کۆمپانیا و رایگەیاند: ئاسیاسێڵ بەردەوامە لە چەسپاندنی شوێن دەستی روونی خۆی لە کەرتی پەیوەندییەکانی عیراقدا، هەروەها پابەندبوونی بەهێزی خۆی نیشانداوە بۆ ڕابەرایەتیکردنی وەرچەرخانی دیجیتاڵی و داهێنانی چارەسەری پێشکەوتوو لە بواری پەیوەندییەکاندا. لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئاسیاسێڵ هەوڵدەدات بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی، لە هەمان کاتدا پارێزگاری بکات لە پابەندبوونی بە گەشەپێدان و داهێنان و باڵادەستی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی، سەرباری رۆڵی کاریگەری لە برەودان بە ئابووری عیراق و بەردەوامی لە پابەندبوون بە رێساکانی حوکمڕانی باش و بەرپرسیارێتییەکەی بەرانبەر بە ژینگە و کۆمەڵگای عیراقی.
هێزەکانی هەسەدە ڕایدەگەیەنێت پیلانی هێرشێکی چەتەکانی داعشیان لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزور پوچەڵکردووەتەوە و چەتەیەکیان کوشتووە و یەکێکیش هەڵاتووە. ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک -قەسەدە سەبارەت بە هێرشێكی چەتەکانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزور ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە. قەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژی سێ شەممە لەسەر هەواڵدەری گەلی هەرێمەکە هێزەکانی ئاسایش گەیشتنە سنوورەکە و جموجوڵی گوماناوی هەبوو، یەکینەکان لە ماوەیەکی کورتدا بازنەیەکی ئەمنییان درووستکرد و دوای ئەوەی شانەی چەتەکانی داعش کەوتنە کەمینەکەوە شەڕ ڕوویدا، لە ئەنجامدا چەتەیەک کوژرا، چەتەیەکی دیکەش لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵات. ئاماژەى بەوەشکردووە، چەتەکان پلانیانیان دانابوو مین و بۆمبی چێندراو لەو هەرێمانەدا بچێنن کە هێزەکانی قەسەدە تێیدا جێگیر بوون، هەروەها دوای شەڕەکە لێگەڕینێکی بەرفراوان لە هەرێمەکە دەستیپێکرد. قەسەدە باسی لەوەشکردووە، لە سایەیی هەستیاری و هاوکاری گەلی هەرێمەکەوە ڕووداوەکە ڕێگری لێکراوە، دەشڵێت: ئۆپراسیۆنەکان لە بەرامبەر شانە نووستووەکانی داعش بەردەوامە.
وەزارەتی پەروەردە ژمارەیەک بڕیاری سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی دەرکرد و لەمەودوا ناوی یەکەمەکان راناگەیەندرێت و هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی و مەراسیمێک و خەڵاتکردنێک ئەنجام نادرێت. وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم، نوسراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت، بۆ راگەیاندنی ئەنجامەکانی قۆناغی 12ـی ئامادەیی بە هەمو بەشەکانییەوە، هیچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامنادرێت و بەرێگەی دیجیتاڵی نمرەی قوتابیان بڵاودەکرێتەوە. ئاماژەی بەوەشکردوە، نە وەزارەت و نە دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هیچ جۆرە مەراسیمێکی خەڵاتکردنی دەرچوە یەکەمەکان ئەنجام نادەن و ئامادەی هیچ مەراسیمێکیش نابن. ئەو بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە لە کاتێکدایە ساڵانی رابردوو، دوای ئەنجامدانی خولی یەکەمی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی وەزارەتی پەروەردە مەراسێمێکی رێکدەخست و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوی 10 یەکەمەکەی سەر ئاستی سەرجەم بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و بەشەکانی دیکەی رادەگەیاند و دواتر لەسەر ئاستی سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی حکومی و حیزبی مەراسیمی رێزلێنان و خەڵاتکردن ئەنجامدەدرا. دواتر میدیاکان بەرنامەی راستەوخۆ و چیرۆکی ژیان و چۆنیەتی کۆشش و زانیارییان لەسەر یەکەمەکان بڵاودەکردەوە.
وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێم ڕایگەیاند لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە لیستی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. هاوکات وەفدێكی هەرێمی كوردستانیش لە بەغدادە بۆ وەڵامدانەوەی تێبینیەكان لەسەر لیستەكە. بەوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، بە شێوازی پەیرۆڵ ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی رەوانەی بەغداد كردووە، هەموو داواكاریەكانی بەغداشی جێبەجێكردووە، هەم تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی ناوخۆ و لیستی مووچەشی رادەستی بەغداد كردووە. بەوتەی ئەو سەرچاوەیە "ئێستا لیستی مووچەی هەرێمی كوردستان هیچ گرفتێكی نییە و هەر پاساوێك بهێنرێتەوە بۆ دواخستنی ناردنی مووچەیە". 2025-05-13، وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان خرایە سەر ھەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە لقی ھەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. ھەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە. وتەی ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە، بەوتەی بەشێك لە میدیا عێراقیەكان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە پێش جەژن مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچەخۆران دابەش بكرێت، بە مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە. هاوکات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگەیاند، لە بەغدا دەست بە دابەشکردنی مووچە کراوە و تاوەکو رۆژی دووشەممەش بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە دەست بە وردبینی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان دەکرێ و ئەگەر ھیچ بیانوویەکیان نەبێت، لە سێ بۆ چوار رۆژدا وردبینی تەواو دەبێت. بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "بە ئەگەرێکی زۆر، پێش جەژن مووچە دابەش دەکرێت، ئەگەر بەغدا بیانوو نەهێنێتەوە".