جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی لە هەولێر جەختی لەوەکردەوە: خواستی ئێمە ئەوەیە پارتی ئەمجارە ژمارەی دەنگەکانی بگاتە یەک ملیۆن دەنگ و هەر هێزی یەکەم دەبێت. ئەمڕۆ سێشەممە، 14-10-2025، لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە ئەندامان و کادیرانی پارتی کرد کاربکەن بۆ سەرخستی لیستی پارتی و هەندانی هاووڵاتییان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن. نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستی 275 پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: هەولێرییەكان لە قۆناغی زۆر سەختدا پشتیوانی پارتی بوون جێگەی سوپاسن، خەڵك و دەنگدەرانی پارتی سەلماندیان كە پارتی پێشڕەوە و كۆڵنادات، جەختیشی كردەوە كە دەبێت خەڵك بە گڕوتینەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەشدار بن گوتیشی، دەبێت بەڵێنمان بۆ خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دووپات بكەینەوە، پارتی ئەو حیزبەیە كە گەورەترین شۆڕشی لە كوردستان هەڵگیرساند، خواستی ئێمە ئەوەیە ئەمجارە پارتی یەك ملیۆن دەنگ بهێنێت. جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند، سەرۆك بارزانی فێری كردووین كە پارتی ئامرازە و كوردستان ئامانجی هەموومانە، ئەندام و كادیرانی پارتی جێگەی سەربەرزین و پارتی لە هەر شوێنێك بێت ئاوەدانی لەوێیە. نێچیرڤان بارزانی لەمیانەی گوتارەكەیدا كە بۆ ئەندام و كادیرانی پارتی لە هەولێر پێشكەشی كرد گوتی: خەمخۆری گەورەی شاری هەولێر پارتییە، دەبێت شانازیی بە ئەو ئاوەدانییە بكەین كە لە هەولێر هەیە، بەردەوامی و گەورەیی پارتی بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، سوپاسی هەولێر و شار و شارۆچکەکانی دەورووبەری دەکەم، هاوكات سوپاسی مووچەخۆرانی کوردستان دەکەم بۆ خۆڕاگرییان. وتیشی: خەڵکی کوردستان سەلماندوویانە پارتی پێشڕەوە و بە پێشڕەویش دەمێنێتەوە، ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگ و چارەنوسسازە، ئەو کێشانەی ئەمڕۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن، هۆکارەکەی جێبەجێنەکردنی دەستوورە،بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و بەدەستهێنانی مافەکان دەبێت بەهێزەوە لە بەغدا بین، پارتی لە بەغدا بەهێز بێت كوردستان بەهێزە، لەپێناو کوردستانێکی بەهێز دەبێت پارتی بەهێزەوە بنێرین بۆ پەرلەمانی عێراق، پارتی لە كوێ بێت ئاوەدانی لەوێیە.
هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە پەرلەمان لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا باسی پێشهاتەکانی ڕۆژەڤی کرد. باقرخان، لە سەرەتادا بە بۆنەی ساڵیادی کوشتنییەوە، کارمەندی ڕاگەیاندن، ئازاد کادری باگدوی بەبیرهێنایەوە. باقرخان، بیری هێنایەوە کە کادری باگدو کاتێک ڕۆژنامەی بڵاودەکردەوە لە ئەدەنە لەلایەن داعشەوە کوژرا و وتی کە لە ئێستاشدا ڕۆژنامەوان هاکان تۆسون کوژراوە. باقرخان ڕایگەیاند کە سەرەڕای تێپەڕینی ساڵێک هێشتا بکوژانی ڕۆژین کابایش نەدۆزراونەتەوە و سزانەدراون، داوای گرتن و سزادانیانی کرد. لە بەردەوامیی قسەکانیدا باقرخان تیشکی خستە سەر پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ڕایگەیاند: "لە قۆناغێکی زۆر گرنگداین. گۆڕانکاریی گرنگ ڕوودەدەن. لەگەڵ کرانەوەی ساڵی نوێی پەرلەمان چاو و گوێی کۆمەڵگە لەسەر ئەم گۆڕانکارییانەیە. لە ساڵی ڕابردوودا، هەموومان گەواهیدەری ساتەوەختی گرنگ بۆ چارەسەری و ئاشتی بووین. ئەمە زۆر بەنرخە. ئەو کۆمیسیۆنەی کە لەژێر چەتری پەرلەماندا دامەزراوە زۆر بەنرخە. یەکێکە لە گرنگترین پلاتفۆرمەکانی ئەم پرۆسەیە. ئەم کۆمیسیۆنە بۆ چارەسەریی پرسێک کە سەدساڵە لە ڕۆژەڤدایە، زۆر گرنگە. هەموو ئەو کەسانەی لە کۆمیسیۆندا گوێیان لێ گیراوە سەرەڕای بیروڕای جیاواز داوای هاوبەشی ئاشتییان کرد و داوایانکرد بۆ مافی هیوا هەنگاو بنرێت. ئەو بنەماڵانەشی کە زۆرترین ئازاریان چەشت لە شەڕدا، لە کۆمیسیۆندا داوایانکرد ئیتر شەڕ کۆتایی بێت. ئێمەش بۆ کۆتاییهاتنی ئازاری ئەم بنەماڵانە، درێژە بە کار و تێکۆشان دەدەین. پێویستە ئیتر کۆمیسیۆن گوێ لە بەڕێز ئۆجالان بگرێت. بەڕێز ئۆجالان، کاتێک قسەدەکات، بنەماکانی چارەسەری بەهێزدەکات. هەر کە بەڕێز ئۆجالان قسەدەکات، چارەسەری و ئاشتی دێتە پێشەوە. هەموومان بینیمان کە بەڕێز ئۆجالان بەو دیدگای ئاشتییەی کە پێشکەشی کرد، پرۆسەکەی ڕووناککردوە. پێویستە لە کێشەیەکی لەم شێوەیەدا ترسنۆک نەبین. بوێر بین. پێویستە دیداری کۆمیسیۆن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالاندا نەکەینە تابوویەک. دیموکراسی بە دانوستاندنی دیموکراتیک پێشدەکەوێت، نەک بە تابووەکان. هیوای گەل بە پەرلەمان ئەوەیە ئەو ڕێسایانە جێبەجێ بکات کە بەپێی بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپان. هەموو چاوەکان لەسەر ئەم ساتەیە کە دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ ئازادکردنی هەڤاڵانمان لە دۆسیەکانی پیلانگێڕی کۆبانێدا دەمیرتاش، یوکسەکداغ و هەموو هەڤاڵانمان. بەرپرسیارێتییەکی سەد ساڵە لەسەر شانی پەرلەمان هەیە. پەرلەمانی ئەمساڵ بەقەد پەرلەمانی یەکەم گرنگە. بانگەواز لە پەرلەمان دەکەین؛ وەرن با ئەم ساڵە نوێیەی یاسادانان بکەین بە ساڵی چارەسەری. وەک دەم پارتی بۆ دادپەروەری و دیموکراسی تەواوی تورکیا تێکۆشان دەکەین. سەروەری یاسامان دەوێت نەک ڕژێمی بێسەروبەر. ئازادی بیرکردنەوەمان دەوێت. مافی پەروەردەمان بە زمانی دایک دەوێت. داوای ئازادکردنی زیندانیانی نەخۆش و سیاسی دەکەین. هەڵوەشاندنەوەی یاسای تیرۆر و یاسای یەکسانمان دەوێت. هەمواکردنەوەی یاساییمان دەوێت. هەرکات باسی ئاشتی و دانوستاندن دەکەین، بە لایەنگری دەسەڵاتداری تاوانبارمان دەکەن. ئێمەش دەڵێین لایەنگری کەس نین. ئێمە ڕێگەی سێیەمین. لە پەنای گەل، کرێکاران و بندەستان وەستاوین. لەگەڵ هەمووکەسێک بۆ دیموکراسی، یەکسانی، ئازادی و دادپەروەری قسەمانکردووە. چارەسەری بە دادوەری سەربەخۆ، ئازادی بیرکردنەوە و دیموکراسی بەدی دێت. هەروەها لە سیاسەتی دەرەوەشدا ڕێگەی سێیەمین. ئێمە لەسەر ڕێگەی ڕاستین، شان بە شان لەگەڵ گەلەکەمان بەرەو ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی دەڕۆین. ئەم ڕێگەیە ئاسان نییە. ئەوانەی بەم ڕێگەیەدا دەڕۆن، لە زیندانەکان، لەسەر شەقامەکان و لە بەرخۆدانی بێپچڕاندا بەردەوامن، بەڵام دەزانین ئەم ڕێگەیە دەستکەوت لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. هیوامان بەرزە. دەستکەوتەکانمان بەهەمان شێوە گەورە دەبن. بەم بۆنەیەوە یادی دامەزراندنی هەدەکە و هەدەپە کە ناوی ڕێگای سێهەمە پێرۆز دەکەین. ١٥ی تشرینی یەکەم ساڵڕۆژی دامەزراندنی ئەم دهاتوویەیە. بە ڕێز و پێزانینەوە هەموو ئەو هەڤاڵانەمان بەبیر دێنمەوەکە لەم تێکۆشانە شکۆمەندانەدا گیانیان بەخشی. هەروەها سڵاو و ڕێزی خۆمان لە کۆبوونەوەی فراکسیونی خۆمان پێشکەشی سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و هاوڕێانی دیکەمان دەنێرم کە ئێستا لە دۆسیەی کۆمپاسی کۆبانێدا ڕووبەڕووی دادگایکردنەوە دەکرێن، هەروەها هەموو هەڤاڵانمان لە زیندانەکان." باقرخان بەردەوام سەرنجی خستەسەر پێشهاتەکانی غەززە و ڕێککەوتنی ئاشتی و وتی: "ئاگربەست گرنگە، بەڵام بۆ چارەسەری بەردەوام دەبێت داواکارییەکانی گەلی فەلەستین جێبەجێ بکرێت. هەروەها سەبارەت بە سووریا دەڵێن ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پابەند نییە بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئادارەوە، بەڵام ئەوە ڕاست نییە، ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار هەنگاوێکی گرنگە کە لایەنە سووریەکانەوە بۆ جێگیر کردنی چارەسەری دیموکراتیک دەستیان پێکردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەستوورێکیان بۆ خۆیان دەست نیشان کردووە، نە کورد، نە درووزی، نە عەلەوی و نە پێکهاتەکانی سووریا لەو دەستوورەدا بەشدار نەبوون." لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو هێزەی دەیەوێت بە ڕێگەی سیاسەتەوە کێشەکان چارەسەر بکرێت، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە. مەزڵۆم عەبدی فەرماندەی هێزی قەسەدە ڕایگەیاند، شاندێکی سەربازی دەچنە دیمەشق بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی. هەروەک دەزانرێت لە دیمەشق کۆبوونەوە بەڕێوەچوو، دانوستانەکان بەردەوامن. ئێمە هیوادارین ئەم دانوستانانە چارەسەری بەدوای خۆیاندا بهێنن. بەڵام پێویستە دیمەشق وڵامی جددی و کاریگەر بۆ ئەم هەنگاو و دەستپێشخەرییانە بداتەوە. هەروەها پێویستە تورکیاش لەگەڵ ئیدارەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، پەیوەندی سیاسی خۆی دروست بکات و بە کردنەوەی دەروازەی سنووری نسێبین دەتوانرێت هەنگاوێکی مێژوویی بنرێت. ئەمەش بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی متمانە لە نێوان هەر دوو لا." لە کۆتاییدا باقرخان سەرنجی خستەسەر دۆخی ئابووری، بودجەی ساڵی نوێ و ڕایگەیاند، بودجەی ساڵی نوێ دەبێت بودجەیەکی ئاشتیانە بێت کە هەموو گەلانی وڵاتەکەمان لێ سوودمەند بن.
بەپێى ڕاگەیەندراوێکى ڕۆژنامەوانى بارەگاى بارزانى، ڕۆژی سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025 سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە پاتریك دورێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق كرد. لە دیدارەكەدا كە یان برێم كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر ئامادەی بوو. باڵیۆزی فەرەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ بەشداربوونیان لە مەڕاسیمی کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لە پاریس و ئەمەی بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناوبرد لەپێناو قووڵترکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان گەل و حکوومەتی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان. هەروەها کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگەی لە پاریس بە هێمای ڕێز و پێزانینی گەلی فەرەنسا وەسفکرد بۆ قوربانیدان و ڕۆلی بەرچاوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکان و پاراستنی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە. هەروەها پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەرەنسا و شارەوانی و سەرۆکی شارەوانیی پاریسی کرد لە پێناو ئەو بڕیارە مێژوویەی بۆ کردنەوەی ڕێڕەوی پێشمەرگە لەناو جەرگەی پاریس دایان و ئەوەی بە سیمبوڵێک بۆ تێکۆشان و قوربانیدانی پێشمەرگە لە پێناو ئازادیدا وەسفکرد. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد کە سەرەڕای سەرنجی زۆرمان لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە کەموکوڕی زۆری تێدایە بەشداری هەڵبژاردن دەکەین، گرنگە دوای هەڵبژاردن هەموو ئەو لایەنە سیاسیانەی دەیانەوێت شەفافیەت لە هەڵبژاردن دا هەبێت پێکەوە کار لەسەر دەرکردنی یاسایەک بکەن بۆ هەڵبژاردنەکان کە یەکسانی و دادپەروەری تێدابێت، چونکە ئەم یاسایەی ئێستا کاری پێدەکرێت یاسای ساڵی 2010یە و ئەوکات بەلێنمان پێدرا کە ماددەی 140ـی دەستوور جێبەجێ بکرێت و یاساکەش بۆ تەنها یەک خولی هەڵبژاردن کاری پێ بکرێت، بەڵام ئەم یاسایە تا ئێستا بەردەوامە و بەڵێنەکانیش جێبەجێنەکران. پێشهات و گۆڕانکارییەکان بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە بە گشتیی و دۆخی سووریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتیی لە تورکیا تەوەرێکی دیکەی ئەم دیدارە بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا کە ئەندرۆ بیزلی، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستووری و دابينكردنى شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پابەندبوون بە دەستوور و ڕێککەوتنەکان کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی پێویستە كێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت و نابێت بابەتەکە بە سیاسی بکرێت. هەروەها بە گرنگییەوە باسی ڕێککەوتنی سێ لایەنییەکەی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا کە پێویستە ببێتە دەستپێکێک بۆ دەرچوونی یاسای نەوت و گاز لە خولی داهاتووی پەرلەماندا. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە کەرتە جۆراجۆرەکاندا، بە تایبەتی بەئەنجامگەیشتنی هەردوو پڕۆژەی (هەژماری من) و (ڕووناکی). باڵیۆزی بەریتانیا پیرۆزبایی و دەستخۆشی سەرکەوتنی ئەو چاکسازییانەی لە سەرۆکی حکوومەت کرد. هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
نوری شێخۆ، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەڕەکە کوردييەكان لە حەلەب دەڵێت: سەرەڕای وەستانی پێکدادانەکانی ئەم دواییە، هێشتا دۆخی گەڕەکە کوردییەکان ئارام بەخش نین. ئاماژەی بە بەردەوامی دۆخی گەمارۆ و هەڵكشانی گرژییە ئەمنییەکانیش كردووە لەگەڵ توندكردنەوەی گەمارۆی سەربازی لە دەوری ئەو گەڕەکانە. نوری شێخۆ لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی "نۆرس پرێس"ی راگەیاندووە: لەم دواییانەدا دەسەڵاتداران دە خاڵی سەربازییان زیادکردووەو چەکی قورسیان لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە دیوی باکور و رۆژهەڵات و باشورو رۆژئاوا جێگیركردووە، جگە لە زیادکردنی ژمارەی دەورییە ئاسمانییەکان لە دەرەوەی بازگە هاوبەشەکان. ئاماژەی بەوەشکردووە: حەوت دەروازەی چوونە ژوورەوە بە داخراوی ماونەتەوە، لەکاتێکدا تەنها سێ دەروازە لە دوای وەستانی پێکدادانەکان کراونەتەوە. جەختیشیکردەوە: گەمارۆدانەکە بەردەوامەو رۆژانە دانیشتوان روبەڕوی پەڵپگرتن دەبنەوە، لەوانە سوکایەتیکردن، دەستگیرکردن و پشکنینی جانتای ژنان. بەوتەی ناوبراو، گەڕەکە کوردییەکان بوونەتە زیندانێکی کراوە، دەشڵێت، دۆخی گرژی و دنەدان بەردەوامە سەرەڕای کۆتایی هاتنی پێکدادانەکان، ئەمەش ترسی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لای هاوڵاتیان زیاتر كردووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان یەکە ژمێریارییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە سیستم کراوەتەوە و دەست بە ناردنی لیستی مووچەی مانگی 10 بکەن و ڕەچاوی لێبڕینی خانەنشینی بکرێت. لیستی مووچەی مانگی نۆ لە بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی بۆ کراوە و هیچ گرفتێکی نییە. ئێستا کار لەسەر لیستی مووچەی مانگی 10 و ڕێکارەکانی بە سیستمی پەیڕۆڵ دەکرێت، چاوەڕوانیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ بەغدا بنێرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ئاڤای گوت، لە دوێنێوە یەکە ژمێریارییەکان ئاگادارکراونەتەوە، ئێستا سیستم کراوەتەوە، دەتوانن لیستی مووچەی مانگی 10 بۆ گەنجینەکان بنێرن. یەکە ژمێریارییەکان لەوەش ئاگادارکراونەتەوە کە وردبینی لە لێبڕینی خانەنشینی بکەنەوە و هەڵەکان ڕاست بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە خێرایی لیستی مووچە ئامادەبکرێت و بۆ بەغدا بنێردرێت. لەلایەکی دیکەوە یادگار جەبار، بەڕێوەبەری بایۆمەتری سلێمانی بە ئاڤا میدیای وت، پرۆسەی دانانی لیستی مووچەی فەرمانگەکان لە سیستمی پەیڕۆڵ سێ بۆ چوار ڕۆژی پێدەچێ. تا ئێستا تەنیا لیستی مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بە پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت. لیستی مووچەی خانەنشینان و وەزارەتی شەهیدان و چاودێری کۆمەڵایەتی مانگانە بە ئەکسڵ لیستی مووچەیان دەنێردرێت بۆ بەغدا. بڕیارە لە مانگی 10ـی ئەمساڵەوە بە پەیڕۆڵ ئامادە بکرێت. دوای ئامادەبوونی لیستی مووچەی مانگی 10 تیمێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا و لیستی ئەو خانەنشینانەی 12 مووچەکە دەیانگرێتەوە لەگەڵ خۆیان دەبەن.
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان جەختدەکاتەوە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەوادەى خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دواناخرێت. جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆن لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەرى سبەى رایگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دواناخرێت و لە وادەى خۆى لە 11ى مانگى داهاتوودا بەڕێوەدەچێت". بڕیارە کەمتر لە مانگێکى دیکە پڕۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت و 10 رۆژە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستیپێکردووە. کۆمسیۆن سەرجەم ئامادەکارییەکانى بۆ بەرێوەچوونى هەڵبژاردن تەواوکردووەو لە ئێستادا سەرقاڵى دابەشکردنى کارتى نوێی دەنگدانە بە ئامانجى بەشداریکردنى زۆرترین دەنگدەر لە هەڵبژاردندا. بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆن کە دەست “سبەى” کەوتووە، لە نێوان 23ى ئەیلول بۆ 12ى تشرینى یەکەم، ملیۆنێک و 265 هەزار کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە، لەکۆى 3 ملیۆن و 583 هەزار و 751 کارت. بەپێی ئامارەکان رێژەى دابەشکردنى کارتە نوێیەکان گەیشتووەتە 35.3%. ئامارەکان دەریدەخەن لە پارێزگاى دهۆک زۆرترین کارتى نوێی دەنگدان دابەشکراوە بە رێژەى 56.7%، پاشان نەینەوا بەرێژەى 47.2%، دواتر ئەنبار بە رێژەى 42.8%. بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، پێویستە دەنگدەران ببنە خاوەنى کارتى بایۆمەترى. نەبراس ئەبو سودە جێگرى وتەبێژى کۆمسیۆن بە ئاژانسى فەرمى عێراقى راگەیاند، "کۆمسیۆن ڕێوشوێنی توندی خۆپارێزی دەگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی کارتی دەنگدەران. کارتەکە بە شێوەیەک دروستکراوە کە تەنها لەلایەن خاوەنەکەیەوە بەکاربهێنرێت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پەنجەمۆرى سێ رەهەندى، و دوای بەکارهێنانی بۆ ماوەی 72 کاتژمێر لەکار دەخرێت. جگە لەوەش، کارتەکە تەنها بە دەنگدەر یان ئەندامێکی خێزانەکە دەدرێت دوای پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکانیان لەسەر فۆرمى بەشەخۆراک". رونیشیکردەوە، "تاوانەکانی پەیوەست بە کارتی دەنگدەر دەکەونە ژێر بڕگەکانی یاسای سزادانی عێراقی و یاسای هەڵبژاردن ژمارە (12)ی ساڵی 2018 و هەموارکردنەوەی ژمارە (4)ی ساڵی 2023. ئەوانیش تاوانەکانی وەک: دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی کارتی دەنگدەر، کڕین یان فرۆشتنی کارتی دەنگدەر، بەکارهێنانی کارتەکە بۆ دانانى کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان". ئەبو سودە ئاماژەی بەوەشکرد "سزای یاسایی لەم حاڵەتانەدا ڕەنگە زیندانیکردن یان غەرامەکردن لەخۆبگرێت، ئەمەش بەپێی قورسی تاوانەکە، ئەمە جگە لەوەی کاندیدەکە لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان بێبەش دەکات".
بەوتەى بەرپرسێکى باڵا پێشبینى دەکرێت، لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی هەشت بدرێت و سوودانی بەڵێنەکەی بکاتە کردار. هەفتەی ڕابردوو محەممەد شیاع سوودانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاوی کەوت بە وەزیرە کوردەکان و بەشێوەی زارەکی بەڵێنی خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی پێدان، ئەمە لە کاتێکدایە پرسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە کارنامەی کۆبوونەوەی سبەیدا نییە بەڵام ئەو بابەتە گرفت نییە و هاوشێوەی جارەکانی ڕابردووە. محەممەد شیاع سوودانی ئێستا لە شەرمشێخی میسرە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی لووتکەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ڕێککەوتننامەنی ئیسرائیل و حەماسی تیادا واژۆ دەکرێت، دەگەڕێتەوە و سبەی بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات. بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بەمأپەرى ئاڤای وتووە: سوودانی بەڵێنی ناردنی مووچەی داوە، چاوەڕوانین سبەی بەڵێنەکەی بکاتە بڕیار و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارە بنێردرێت. - لەسەر هەرێمی کوردستان پێویستە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بنێرێت. لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری کوردستان دەڵێت، 120 ملیارەکە ئامادەیە، تەنانەت 120 ملیاری مانگی نۆش ئامادەیە، بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدرێت بە چەند کاتژمێرێک دەتوانین پارە بە کاش بە لقی هەولێری بانقی ناوەندی بدەین.
سەرۆک بارزانی لەگەڵ جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، دەستوور ڕێگەچارەی یەکجارییە بۆ ڕزگاربوونی عێراق لەو تەنگەژە سیاسییانەی کە تێیدایە. ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک بارزانی پێشوازی لە جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا (سی ئای ئەی) کرد. لە دیدارەکەدا جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆس خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە دیتنەوەی سەرۆک بارزانی نیشان دا و ئاماژەی بەوە كرد کە دوایین جار سەرۆک بارزانی بینیوە لە بەرەکانی جەنگ لە سحێلا بووە لە ساڵی 2016. هەروەها ستایشی ڕۆڵی بەرچاوی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی کرد کە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و لەپێناو بەدیهێنانی ئارامی و دیموکراسی و پێکەوەژیان، ڕووبەڕووی ئەو گرووپ و رێکخراوە تیرۆرستیانە بوونەوە کە دوای ساڵی 2003 لە عێراق سەریان هەڵدا و بوونە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە و جیهان. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی بەخێرهاتنی جەنەراڵ دەیڤد پێتریۆسی کرد و هەروەها سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانان و ئەمەریکای کرد کە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە دیکتاتۆرییەت و دوای ئەوەش پاڵپشتییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق، سەرۆک بارزانی جەختی لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستووری هەمیشەیی عێراق کردەوە کە ڕێگەچارەی یەکجارییە بۆ ڕزگاربوونی عێراق لەو تەنگەژە سیاسییانەی کە تێیدایە و هیوای خواست هەموو لایەنە سیاسییەکان پێکەوە بەدوای چارەسەری گرفتەکانەوە بن و واز لە تۆڵەسەندنەوە و ڕق و کینە بەرانبەر بە یەکتری بێنن. هەروەها سەرۆک بارزانی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ـی بە نموونە هێنایەوە کە ئەگەر ئەو کات پەسەند و جێبەجێ کرابا، لە ئێستادا هیچ گرفتێکی یاسایی لەبارەی نەوت و گاز نەدەبوو و جەختیشی لە دوایین ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق کردەوە لە بارەی نەوت گاز و بە ئەرێنی وەسفی کرد و هیوای خواست ئەم ببێتە بناغەیەک بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان. هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بە گشتی و دۆخی سووریا و هەنگاوەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بانگەشەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، لە وتارێکدا بارزانی وتی، دەمانەوێت گەورەترین سەرکەوتن لەسەر ئاستی عێراق بەدەستبهێنین. جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: بە پشتیوانی خودا، بەپشتیوانی پێشمەرگە و کادیرانی ڕاستگۆی پارتی و ڕێبازی بارزانی، ئێمە دڵیاین ئەم جارەش سەردەکەوین، بەڵام دەمانەوێت گەورەترین سەرکەوتن لەسەر ئاستیی عێراق بەدەست بهێنین. مەسرور بارزانی جەختیشی کردەوە، هەموو هەڵبژاردن گرنگە، بەڵام ئەمجارە ئێمە ئەم هەڵبژراندەمان بۆ ئەوەی کە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان بنێرینە بەغدا، تاوەکوو لەوێ داکۆکی لە مافی دەستووری خەڵکی کوردستان بکەن. جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، ئەو کاندیدانەی هەڵبژێردراون خوشک و برای ئێوەنە، من باوەڕم وایە بە باشترین شێوە پارێزگاریی لە مافی خەلكی کوردستان دەکەن، هیوادارم سەرکەوتوو بن. مەسرور بارزانی باسی لەوەشکرد، لایەنی دیکە هەوڵدەدەن لە جیاتی پارتی بچن پۆستی گرنگی حکوومەت یان پەرلەمان وەربگرن، ئێمەش بینیمان چەندین جار ئەگەر پارتی لەجێگایەک حزووری نەبێت و هەندێکی دیکە بچنە نوێنەرایەتی خەڵک بکەن، ئەوە مافی خەڵکی کوردستان پیشەل کراوە. لەبەر ئەوە زۆر گرنگە نوێنەری خەڵکی کوردستان ئەوانەی کاندیدی پارتین سەرکەون، بۆیە گرنگە ئێوە بەشداریی کارای هەڵبژاردن بکەن. مەسرور بارزانی گوتیشی: دوێنێ سەرۆک بارزانی بانگەشەی هەڵبژاردنی دەستپێکرد، پێویستە ئێمە لەسەر ڕێنمایی ئەو بەردەوام بین، کە لەسەرخۆ بانگەشە دەستپێبکەین، کە بەئاستێکی بەرز، ڕەوشتیی بەرزی پارتایەتی و ڕێبازی بارزانی کە شایەنی ئێوەیە. ڕوونیشی کردەوە، سەرۆک بارزانی دوو پەیامی هەبوو دەمەوێت دووبارەی بکەمەوە، پەیامی یەکەمی ئەوەیە پێویستە هەر پارتییەکی دڵسۆز دەبێت بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی مافی خەڵکی کوردستان، پەیامی دووەم ئەوەیە پارێزگاریی لە مافی دەستووری خەڵکی کوردستان بکەن. بۆیە پێویستە پارتی پارێزگاری لە مافی خەڵکی کوردستان بکات. دەشڵیت: پەیامی دووەمی سەرۆک بارزانی بۆ ناحەزانی پارتی بوو، بەسە خۆمادیکردن چونکە پارتی بە ئێوە ناشکێت. ڕاشیگەیاند، ئێمەش باوەڕمان وایە پارتی ناشکێت، چونکە سەرۆک بارزانی سەرۆکی ئێمەیە، ڕێبازی ئێمە پڕە لە قوربانیدان و ماندووبوونی پێشمەرگەی قارەمان خوێنی شەهیدان، کە کوردستانیان گەیاندە ئەم قۆناغە، بۆیە تاوەکوو ڕۆحی شەهیدان و دوعای بنەماڵەی شەهیدان و ئەو جەماوەرە لەگەڵ ئێمە بێت پارتی ناشکێت. مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد، ئەو هەڵبژاردنە بۆیە گرنگە چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە بینیمان لە ماوەکانی رابردوو چەند ئاستەنگمان هاتە پێش، چەندین پلانیان بەرانبەر هەرێمی کوردستان گێڕا بۆ ئەوەی سەرکەوتوو نەبین، سەرەڕای ئەو هەموو پلانە و قەیرانانە، نەک نەوەستاین بەڵکو بەرەو پێشەوە چووین. بەڵام گرنگە لەو شوێنەی شەڕی کوردستان دەکرێت، ئێمە شەڕی خۆمان ببەینە ئەو گۆڕەپانە. جێگری سەرۆکی پارتی گوتیشی: خەڵکی دیکە شانزی بەوەدەکەن کە نەیانهێشتووە بەرنامەی حکوومەت بەرەو پێشەوە بچێت، ئێمەش شانازی بەوەدەکەین کە لگۆڕەپانی هەرێمی کوردستان هەموو کات لە خزمەتی خەڵکی خۆمان دابین و هیچ کات سازشمان لەسەر مافی میللەتی خۆمان نەکردووە. جێگریی سەرۆکی پارتی جەختیشی کردەوە، پێویستە ئێمە بەشدارییەکی بەهێزمان لەو جێگەیە هەبێت کە بەرگریی لە مافی دەستووری دەکرێت، تاوەکوو نەهێڵێن هیچ کەس کە هەربیروباوەڕێکی هەبێت نەتوانێت پلانەکانی خۆیان دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن. ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەوان پلانیانژ هەبووبێت دژایەتیمان بکەن، ئێمەش توانای ئەوەمان هەبووە، کە تواناکانمان بەشێک بووە بۆ زمەتی ئێوە، بەشەکەی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوان، ئەگەر لەوێندەر ئێمە بەهێز بین، بێگومان هەموو هێز و توانای ئێمە خزمەتکردنی کوردستان و کە تاوەکوو ئێستا چەند پێشکەوتووە دوو ئەوەدەنی دیکە پێشکەوێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. باڵیۆزەکە ستایشی هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانیی کرد بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا بۆ سلێمانی. نيوهڕۆى ئهمڕۆ دووشهممه 13-10-2025 نێچيرڤان بارزانى، سهرۆكى ههرێمى كوردستان پێشوازيى له ئيرفان سديق، باڵيۆزى بهريتانيا له عێراق كرد. لە راگەیێندراوێکدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، له ديدارێكدا هەردوولا جهختيان له برهودان به پهيوهندييهكانى بهريتانيا لهگهڵ عێراق و ههرێمى كوردستان له ههموو بوارهكاندا كردهوه، ههروهها دهربارهى دۆخى گشتيى عێراق و ههرێمى كوردستان، پهيوهندييهكانى ههولێر ـ بهغدا، ههوڵهكانى پێكهێنانى كابينهى نوێى حكومهتى ههرێمى كوردستان و ههڵبژاردنى داهاتووى ئهنجوومهنى نوێنهرانى عێراق، بيروڕايان گۆڕييهوه. پهيوهندييهكانى عێراق و ههرێمى كوردستان لهگهڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچهكه، تهوهرێكى ديكهى ديدارهكه بووە، بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەوبارەیەوە باس له دوايين سهردانى نێچيرڤان بارزانى بۆ توركيا و دوايين پێشهاتهكانى پرۆسهى ئاشتى لهو وڵاته كرا، "باڵيۆزى بهريتانيا ستايشى ههوڵهكانى سهرۆكى ههرێمى كوردستانى بۆ كردنهوهى ئاسمانى توركيا بهڕووى گهشته ئاسمانييهكاندا بۆ سلێمانى كرد." پێشهاتهكان و دۆخى كورد و پێكهاتهكان له سووريا و رهوشى رۆژههڵاتى نێوهڕاست بهگشتى، لايهنێكى ديدكهى ديدارهكه بوون كه كۆنسووڵى گشتيى بهريتانيا له ههرێمى كوردستان ئامادهى بوو.
لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى لیستی ڕەوتی هەڵوێست بەرنامەکانی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕادەگەیەنێت. بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى ئەو لیستە کاربۆ ئەوەدەکەن کە - هێزی پێشمەرگە ببێتە سوپایەكی نیشتمانی ناحزبی ببێتە بەشێك لە هێزی بەرگری نیشتمانی لە عێراقدا موچەكانیان هاوتای سەربازانی عێراق بێت. هەروەها ئەوەش دەخەنەڕوو کە گرفتەكانی هەرێمی كوردستان لە هیچ وڵاتێكەوە چارەسەر نابێت و لە پەرلەمانی عێراقەوە چارەسەر دەبێت، دەشلێن بۆ پرسی موچە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی باشترین بژاردەیە ، گرفتی موچە بە تەوتین و پلە بەرزكردنەوە چارەسەر دەبێت. هەر لەو کۆنگرەیەدا ئەوەیان باسکرد کەکاربۆ ئەوەدەکەن دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز و پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانی هەرێم و هەناردەكردنی لەرێگەی سۆمۆوە، كردنەوەی لقی بانكی رەشید و رافیدەین لە هەرێمی كوردستان. دەشلێن کاردەکەین بۆ سەلماندنی زمانی كوردی وەك زمانی پلە یەك لە عێراقدا، درووستكردنی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان. جەخت دەکەنەوە بۆ دامەزراندنی نوسینگەی هەرێمی كوردستان لەسەرجەم باڵێۆزخانەكانی عێراقدا، چارەسەركردنی بنەڕەتی مافی فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی كوردستان، هەروەها كاركردن بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140ی عێراق.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، لەسەر میکانیزمی تێکەڵکردنی هێزەکانیان بە دامەزراوەکانی حکوومەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی سەرەتایی. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی سووریا گەیشتوونەتە 'ڕیککەوتنی سەرەتایی' دەربارەی میکانیزمی تیکەڵکردنی هێزەکانیان بەوەزارەتی بەرگریی سووریا و ناوخۆ، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولا لە دیمەشق بەردەوامە. مەزڵووم عەبدی گوتیشی: "ئەوەی نوێیە لە گفتوگۆکانی ئەم دواییەمان لە دیمەشق، ئیرادەی هاوبەش و بەهێز هەیە بۆ خێراکردنی جێبەجێکردنی مەرجەکان"ـی ڕێککەوتنەکە. ئاماژەی بەوەشکرد، گرنگترین خاڵ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتاییە سەبارەت بە میکانیزمی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی 'کورد' لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆدا. بە گوتەی عەبدی، شاندە سەربازیی و ئەمنییەکانی هەسەدە ئێستا لە دیمەشقن بۆ تاوتوێکردنی میکانیزمی یەکگرتنیان لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگریی و ناوخۆ. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڕۆڵی تورکیا، فەرماندەی هەسەدە گوتی: "هەر سەرکەوتنێکی دانوستانەکان بە دڵنیاییەوە پەیوەستە بە ڕۆڵی تورکیاوە"، بەو هیوایەی "ڕۆڵی پاڵپشتیکار و بەشداربوو لە پرۆسەی دانوستانە بەردەوامەکاندا بگێڕێت." مەزڵووم عەبدی باسی لەوەشکرد، ئێمە داوای سیستەمێکی لامەرکەزی لە سووریا دەکەین، ئەمەش هێشتا قبوڵ نەکراوە چونکە لەسەری ڕێکنەکەوتوین، ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا گفتوگۆ لەسەر دیدگا هاوبەشەکان دەکەین کە بۆ هەمووان قبوڵکراو بێت. جەختیشی کردەوە " خاڵە هاوبەشەکانمان لە خاڵە ناکۆکەکان زیاترە"، ڕوونیشیکردەوە، "ئێمە لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا، یەکگرتوویی نەتەوەیی، سەربەخۆیی بڕیاردانی سیاسی و شەڕی دژی تیرۆر هاوڕاین." ڕۆژی چوارشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا داوای لە هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد "پابەندبن بە بەڵێنەکانیان و یەکخستنی خۆیان لەگەڵ دامەزراوەکانی حکوومەت تەواو بکەن. ژمارەی هێزە چەکدارەکان و ئەمنییەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نزیکەی 100 هەزار کەسە. مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا لە 10ـی ئاداردا ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد، کە چەند بڕگەیەکی لەخۆگرتبوو، دیارترینیان یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر بوو بە دامەزراوە نیشتمانییەکان، بەڵام بۆچوونە جیاوازەکانی نێوان هەردوولا ڕێگری لە پێشکەوتن و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا کردووە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان دابەشدەکرێت. ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی ئۆکتۆبەری 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە ڕێگای لێژنەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی نەوت و کانزاکان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتیان ڕادەگەینێت بۆ زستانی ئەم ساڵە (2025 -2026) بۆ هەر خێزانێک بڕی ( 200) لیتر نەوت دابەش دەکرێت. ڕاشیگەیاند، وەکو هەنگاوی یەکەم دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ( هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک) و ئیدارە سەربەخۆکانی (سۆران و ڕاپەڕێن و گەرمیان و زاخۆ ) دەست پێدەکات .
ساڵح موسلیم ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی سووریا هیچ پەیوەندییەکیان نییە بە پرۆسەی چارەسەرییەوە لە تورکیا، قەسەدە بە شێوەیەکی سەربەخۆی لەناو سوپای سووریای نوێدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت و ئاماژەی بەوەش کرد، کە تورکیا لەناو ئەم هاوکێشەیەدا نییە. ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پەیەدە، ساڵح موسلیم لە سەرەتادا باسی ڕاگەیاندراوەکانی فەرماندەی گشتیی قەسەدە مەزڵوم عەبدی سەبارەت بە مژاری ئەنتێگراسیۆنیت سەربازی و دوایین پێشهاتەکانی سووریای کرد. 'لەگەڵ بارودۆخێکی نوێدا ڕووبەڕووین' ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوان لەگەڵ بارودۆخێکی نوێدا ڕووبەڕوون و وتی، "لەبەرئەوەی هێشتا دیدارمان لەگەڵ جەنەڕاڵدا نەکردووە، زۆر لەبارەی وردەکارییەکانەوە نازانین. بەڵام هەوڵدەدەم شرۆڤەی بکەم و ئەوەی دەیزانم بیڵێم. ئەو شتانەی جەنەڕاڵ وتی، بۆ ئێمە خراپ نییە. ئێوەش دەزانن، ڕێکەوتننامەی ١٠ـی ئادار ڕوویدا؛ یەکێک لە خاڵەکانی ڕێکەتننامەکە لەسەر ئەنتێگراسیۆن بوو. پرسی ئەنتێگراسیۆن هەم لە ڕووی سەربازییەوە، هەم لە ڕووی مەدەنییەوە، هەموو ئیدارەکە دەگرێتەوە. بەڵام حکومەتی دیمەشق پشتبەستوو بەو هێزانەی پشتی دەگرن، ڕێکەوتننامەکە بەجددی نابینێت و هەوڵدەدات لێی ڕابکات. لەبەرئەوە ئەم پرسی ئەنتێگراسیۆنە دواکەوت و وەستا. پەیوەندی و دیدارێک لەنێوان حکومەتی شام و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدا هەبوو، بەڵام نەدەچووە سەر. ئێوە دەزانن، لەم دواییانەدا باڵیۆزی باڵای ئەمریکا لە تورکیا و نوێنەری تایبەتی سووریا تۆم باراک لەگەڵ فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) ئەمیراڵ براد کوپەر سەردانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییان کرد. ئەم سەردانە جددیبوونێکی خستە بەر چاو. لەبەرئەوەی کاتێک ڕێکەوتننامەی ١٠ـی ئادار واژۆکرا، ئەوان خۆشیان وەک چاودێر لە پرۆسەکەدابوون. لە دۆخی هەنووکەییدا دەزانن کە بەجێنەهاتنی ئەم ڕێکەوتننامەیە لەبەر ئێمە نییە، لەبەر هەڵوێستی لایەنی بەرامبەرە. هەربۆیە ماوەیکی کەم لەمەوبەر شاندێک لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و قەسەدە چوونە دیمەشق و لەگەڵ حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشقدا کۆبوونەوە. بەرپرسانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەت لەژێر چاودێریی ئەو شاندەدا هەندێک مژاریان هەڵسەنگاند. 'ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەژێر کۆنترۆڵی قەسەدەدا دەمێنێتەوە' لەناو ئەو بابەتانەدا کە قسەیان لەسەر کرا، پرسی ئەنتێگراسیۆنی سەربازیش هەبوو. ئەوەی جەنەڕاڵ مەزڵوم گوتی، دەرئەنجامێک بوو لە کۆبوونەوەی کۆتایی. دوو لایەنی پرسی ئەنتێگراسیۆنی سەربازی هەیە. واتا لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێک دەچێتە دیمەشق و لەسەر ڕێ و ڕێبازەکانی ئەنتێگراسیۆنی سەربازی قسەدەکات. ئێمە زانیارییەکمان لەسەری نییە، لەبەرئەوەی هێشتا سەبارەت بەمە هێشتا دەرئەنجامێک بەدەستنەهاتووە. بەڵام دیارە، کە هەندێک لە یەکینەکانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) ئەنتێگرەی پێکهاتەی سەربازیی نوێ دەبێت. واتا ناوچەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەژێر کۆنترۆڵی قەسەدەدا دەمێننەوە. پێشبینی و داخوازی لەسەر دۆخێکی لەم شێوەیە هەیە. لە پاراستن و ئاساییشی هەندێک ناوچەدا لەوانەیە هاوکارییەکی بچووک بەیەکەوە دروستببێت. سەرەتا بەم شێوەیەیە. 'یەکینەی هاوبەش دژی تیرۆر دادەمەزرێن' دووەم شت پرسی یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)ـە. ئەمەش لەژێر ناوی تێکۆشانی هاوبەش لەدژی تیرۆریزم پێکدێت. وەکو ئاشکرایە لە ساڵی ٢٠١٥ـدا سەرەتا لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان و یەپەگە، دواتر لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان و قەسەدەدا، بۆ تێکۆشان دژی تیرۆر ڕێکەوتننامەیەک واژۆکرابوو. لەو کاتەوە لەنێوان هێزە هاوپەیمانەکان و قەسەدەدا متمانەیەکی گەورە دروستبوو و تێکۆشانێکی هاوبەش درێژەی پێ درا. لە ١٠ـی ئادارەوە بەیەکەوە کاردەکەن. لە زۆرێک لە ناوچەکانی سووریا و لەنێویاندا ڕۆژئاواش، دژی داعش چالاکی ئەنجامدراون. ئەم چالاکییانە هەموویان بە هەماهەنگی لەنێوان هەردوو هێزدا ئەنجامدەدران. ماوەی ڕابردوو لە زۆرێک لە ناوچەکان کاریگەریی داعش دەستیپێکردووە، زۆرتر بووە و هەوڵدەدات لە هەندێک ناوچە چالاکی بکات. بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە بە کشانەوەی ڕووسەکان چۆڵبوون، داعش خۆی جێگیرکرد، بەرفراوان بوو. هەروەها دزە دەکەنە ناو ناوچەکانی ئێمەش. بە گوێرەی دوایین ئەو زانیارییانەی پێمان گەیشتووە، دەستیانکردووە بە دزەکردنە ناو شارە گەورەکانەوە. هێزەکانیان تاوەکو دەوروبەری دیمەشق فراوانکردووە. هەربۆیە هاوپەیمانەکان لەگەڵ یەکینەکانی دژەتیرۆر (یات)ـدا دەیانەوێت گۆڕەپانەکانی تێکۆشان دژی داعش بەرفراوان بکەن. یەکێک لەو مەرجانەی کە هاوپەیمانان پێشکەشی حکومەتی نوێی دیمەشقیان کردووە، ئەوەیە کە ئەوانیش بەشداری تێکۆشان دژی داعش ببن. لە کۆبوونەوەکەدا دەستنیشانکرا کە ئەم تێکۆشانە بە هاوکاریی یەکینەکانی دژە تیرۆر (یات)، هێزە هاوپەیمانەکان و یەکینە تایبەتەکانی حکومەتی نوێ ئەنجامدەدرێت. قسەکانی جەنەڕاڵ مەزڵوم لەم چوارچێوەیەدا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە. واتا هێزەکانمان، یەکینە تایبەتەکانی دیمەشق و هێزە هاوپەیمانە نێونەتەوەییەکان لە سەرانسەری سووریا دژی داعش تێدەکۆشن. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا زانیاری و ئەنجامەکانی ئاشکرادەکەین. 'قەسەدە دەبێتە هێزی سەرەکی' پەیوەست بە شێوەی ئەنتێگراسیۆن لە سوپای سووریای نوێ ساڵح موسلیم ڕایگەیاند، "ئەو شاندەی دەچێتە دیمەشق قسە لەسەر هەموو لایەنەکانی ئەنتێگراسیۆن دەکات. سوپای نوێی سووریا دادەمەزرێت و هێزەکانی سووریای دیموکراتیکیش دەبێتە بەشێکی گەورە لێی. واتا ئەوەی ئێمە دەبێتە 'دەنکە' هێزی سەرەکیی سوپای سووریا. ئەمە لەبری تێکۆشانە هاوبەشەکان دژی تیرۆریزم دادەمەزرێت." 'کۆمیتە هاوبەشەکان سەرلەنوێ دادەمەزرێن' سەبارەت بە ئەنتێگراسیۆنی مەدەنی ساڵح موسلیم ڕایگەیاند: "هێشتا زانیاریمان سەبارەت بە وردەکارییەکانی نییە. بەڵام لە کۆبوونەوەکانی دواییدا سەبارەت بە ڕێ و ڕێبازەکانی بەشێوەیکی زارەکی قسە لەسەر هەندێک مژار کراوە. لە پراکتیکدا کۆمیتە دادەمەزرێن؛ هەرخۆی پێشتریش دامەزرابوو. ئەو کۆمیتانە کۆدەبنەوە و هەوڵدەدەن لە ڕێی گفتوگۆوە چارەسەری بهێننەدی. بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەنجامگیری. پرۆسەیەکی لەم شێوەیە پێویستی بە کاتە. ئەگەر کۆمیتەکانمان ئامادەش بن، کۆمیتەی لایەنەکانی تر هێشتا ئامادە نین. دوای دامەزرانیان کۆمیتەی هاوبەشیش دادەمەزرێن و پرۆسەی گفتوگۆ دەستپێدەکات." 'دۆخی ئێستا پەیوەندی بە پڕۆسەی چارەسەرییەوە نییە' بۆ پرسیاری "ئایا پرسی ئەنتێگراسیۆن پەیوەندی بە پڕۆسەی چارەسەری بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە هەیە؟" ساڵح موسلیم گوتی: "نەخێر، دۆخەکە پەیوەندی بەم پرۆسەیەوە نییە، بەڵام سوود لەم پرۆسەیە وەردەگرین. ڕاگەیاندراوەکانی ڕێبەرێتی لەبەرچاو دەگرین، بەڵام هیچ دۆخێک نییە پەیوەندی بەوەوە هەبێت، لە لایەکی دیکەوە ڕێبەرێتی بە تێڕوانینەکانی ئەم دواییەی خۆی کاریگەریی لەسەر هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین داناوە". ئێوەش دەزانن هەمیشە پەیوەندیمان بە پەکەکەوە هەبووە، بەڵام بە ڕاستی وانەبوو؛ بڕیاری خۆمان، خۆمان دەیدەین. بێگومان ڕێز لە فەلسەفە و قسەکانی ڕێبەرێتی دەگرین و خۆمان بەوپێیە دەگونجێنین، بەڵام بڕیارەکانمان لە دەستی خۆماندایە. وەک وتم سوود لەم پرۆسەیە وەردەگرین. واتە مەبەستم ئەوەیە؛ لێرەدا بڕیاری خۆمان دەدەین بەڵام سوود لە بیرۆکەکانی ڕێبەرێتی وەردەگرین. نەک هەر ئێمە، زۆر کەس دەیانەوێت سوود لەم شتە وەربگرن. چونکە قسەکانی ڕێبەرێتی ڕێگە بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین نیشان دەدات." 'تورکیا لە نێو ئەم پڕۆسەیەدا نییە' ساڵح موسلیم لەسەر 'شوێنی تورکیا لەم پرۆسەیەدا' ئەم هەڵسەنگاندنەی کرد: "تورکیا هێشتا لەم پرۆسەیەدا نییە. بێگومان تورکیا پرۆسەیەکی بەم شێوەیەی ناوێت. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمەکەش ئەم بیرۆکەیە پشتڕاست دەکەنەوە. لە ڕووداوەکانی حەلەب وەک ئاژاوەگێڕی تێگەیشتین. هاتنی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و مرۆڤ ڕووداوەکانی ئەم دواییە لەبەرچاو بگیرێت، وەک ئاژاوەگێڕی دەبینرێت." 'هەڵوێستی ڕێبەرێتی لەم پڕۆسەیە ڕوونە' سەبارەت بە هەوڵی بەشێک لە بەرپرسانی دەوڵەتی تورک کە دەیەویانەوێت وەهای نیشان بدەن کە "لە نێوان ڕێبەر ئاپۆ و هێزەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا بیرکردنەوەی جیاواز هەیە"، ساڵح موسلیم گوتی: "بێگومان هیچ شتێکی وەها بوونی نییە. هیچ شتێک نییە ڕاستەوخۆ پێمان گوترابێت. هیچ بەشێک لە قسەکانی ڕێبەرێتی پێچەوانەی بۆچوونی ئێمە نییە. هەروەها ئێمەش هیچ شتێکمان نییە پێچەوانەی بیرۆکەکانی وی بێت. تورکیا هەوڵ دەدات بە هەندێک ڕێ و ڕێباز ئەمە لەناوببات. بە گوتنی 'گوێ لەیەکتر ناگرن، کۆنابینەوە'. بەڵام حەقیقەتێکی بەو شێوەیە نییە. تورکیا چی دەویست؟ ویستیان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، بەشێوەی تاکەکەسی بڕۆن و بچنە ناو سوپای سووریا. ئەمە ڕەتدەکەینەوە. هەڵوێستی ڕێبەرێتی لەسەر ئەم پرسە ڕوونە. خۆی دەڵێت ئەگەر دەست لە چەک هەڵبگرین لە شەوێکدا لەناومان دەبەن. ڕێبەرێتی دۆخێکی بەم شێوەیە هەرگیز قبوڵ ناکات." 'لە نێوان تورکیا و هێزە هەژموونگەراکان نیگەرانی و ناکۆکی هەیە' لە بەردەوامی قسەکانییدا ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەدا ئیدی لە نێوان تورکیا و هێزەکانی ڕۆژئاوا، واتە هێزە هەژموونخوازەکان جیاوازی و ناکۆکی ڕوون هەیە و گوتی: "ئەوانەی ئیدارەی دیمەشقیان هێنایە سەر دەسەڵات خۆیان ئەو هێزانەن. ئیدی جیاوازی لە نێوان ئەم هێزانە و تورکیادا هەیە. ئەوەی تورکیا دەیەوێت بە دی نایەت. بێگومان نازانم کەی ئەو ناکۆکی و تێڕوانینە جیاوازانە کۆتایی دێت. لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە. هەموو ئەو هێزانەی پەیوەندییان بە سووریاوە هەیە، بەپێی بەرژەوەندییەکانیان سەقامگیری سووریا دەبینن. بە شێوەیەکی جدی دەیانەوێت ئاشتی لە سووریا بە دی بهێنرێت. ئەم ئاشتییە چۆن بە دی دێت؟ لێرەدا ئاشتییەکی دادپەروەرمان دەوێت. ئەگەر ئاشتییەکی دادپەروەرانە بە دی بهێنرێت، ئەوا هەمیشەیی دەبێت. جیاوازی نێوان ئێمە و ئەم هێزانە ئەمەیە. بۆ نموونە نێردەی ئەمریکا تۆما باراک پێشتر هەندێک شتی وتبوو، بەڵام دوای ماوەیەک ئەم قسانەی گۆڕا. پاشان خۆی هاتە ئێرە، پشتگیری لە بیرۆکەکانمان کرد و ویستی دۆخێکی لەم شێوەیە بە دی بهێنرێت." 'لەگەڵ تورکیا کۆبوونەوە هەیە' سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و تورکیا ساڵح موسیلم گوتی: "بە دڵنیاییەوە نازانم. هەندێک پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا هەیە. ئەم کۆبوونەوانە لە پشت پەردەوە ئەنجام دەدرێن. واتە بۆ ڕای گشتی کراوە نین. هەرچەندە نازانم لە چ ئاستێکدان، بەڵام کۆبوونەوە ئەنجام دەدرێت." 'هەمووکەس لەگەڵ بۆچوونەکانمان هاوڕایە' بۆ پرسیاری "ئایا لەسەر پرسی داننان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، سووریایەکی ناناوەندی یان فیدراڵی بۆچوونێکی هاوبەش هەیە؟" ساڵح موسلیم گوتی: "ئەمە هێواش هێواش پەرە دەسێنێت. پێشتر هەمووکەسێک خواستەکانی تورکیا یان قسەکانی ئەوانیان دەردەبڕی، حکومەتی ڕاگوزەری دیمەشقیش هەمان شت دووبارە دەکردەوە. دوای ئەوەی پێداگریمان کرد، هەندێک هێز، هەروەها هەمووکەسێک تێگەیشتن دەبێت پێکهاتەیەکی ناناوەندی هەبێت."
