وەزیری دەرەوەی توركیا جەخت دەکاتەوە،  دۆخی ئەمنی سوریا پرسی سەرەکی ئێمەیە و لە ئێستادا خەمی سەرەکی ئەوانە (تورکیا) پێشى وایە  هەموو شتێک کە لەوێ روودەدات راستەوخۆ کاریگەری لەسەر یەکپارچەیی خاکەکەمان و ئاسایشی هاووڵاتییانمان هەیە.    لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی" Ülke TV"  توركی، ئەمڕۆ یەکشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند: گەورەترین مەترسی ئێمە بەردەواميی فراوانخوازیی ئیسرائیلە لە سوریا،   لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئەمریکییەکان چووینە گفتوگۆوە بۆ ئەوەی ئیسرائیل ناچار بکەین دەستبەرداری ئەمو سیاسەتە مەترسیدارە بێت کە دەیەوێت وڵاتانی دراوسێ بە لاوازی و دابەشبویی بهێڵێتەوە. ناوبراو لەبارەى  رێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان هێزەکانی سوریای دیموكرات و حکومەتی سوریا، دەڵێت: کشانەوەی دەستبەجێی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە ناوچە عەرەبیەكان لەخۆدەگرێت، ئەمە لە پێشینەی کارەکانمانە،  ئەگەر هەیە چاوەڕوانی سەرهەڵدانی ململانێی زۆر مەترسیدار بکەین ئەگەر یەپەگە لە ناوچە عەرەبییەکان نەکشێتەوە. وەزیرى دەرەوەى تورکیا هەر لەو چاوپێکەوتنەدا هێما بۆ ئەوەشدەکات کە چاوەڕێن و دەبینین هەندێک گفتوگۆ بەردەوامە، بەڵام هێشتا تەواو نەبوون،   پرسی تێکەڵکردنی چەکدارەکانیان لە سوپای سوریا لە گفتوگۆدایە. هەروەها پێشى وایە کە دەبینین یەپەگە هەڵوێستێكی توندڕەوانە پیادە دەكات، ئەمە لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، دووپاتى ئەوەشى کردەوە کە ئەگەر رێککەوتنەکە شکستی هێنا، ئێمە لەم بابەتەدا هاوکاری راستەوخۆ لەگەڵ سوریادا دەکەین.  لەبارەی پرسی گواستنەوەی دەیرەزوریش بۆ حکومەتی سوریا تا ئێستا رێککەوتن نەكراوە،  پلانی ئەوە لە ئارادایە کە بەم نزیکانە کۆبونەوەی سێ قۆڵی ئەنجام بدرێت لە نێوان تورکیا و ئەمریکا و سوریا. وەزیرى دەرەوەى تورکیا واى وت. هاکان فیدان دەشلێت: یەپەگە هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ دەستبەرداربون لەو ئەندامانەی مەترسی لەسەر ئاسایشی تورکیا دروست دەکەن، لە نمونەی چەکدارانی پەکەکە کە لە تورکیا، عێراق، یان ئێرانەوە هاتوون، هیچ گەرەنتییەکیان نەداوە بۆ نەهێشتنی تونێل، سیستەمی موشەکی، یان ئەو ئەندامانەی تورکیا دەکەنە ئامانج.

بەپێى ڕاپۆرتێکى ماڵپەرى ڕوانگەى سوریی بۆ مافەکانى مرۆڤ، هێزەکانى هاوپەیمانان و ئەمریکا کاروانێکی سەربازیی، کە پێکهاتبوو لە ٢٠ بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستانەوە گواسترایەوە بۆ بنکەی قەسرەک لە ڕۆژئاواى کوردستان( باکووری پارێزگای حەسەکە)، کاروانەکە کەرەستەی سەربازیی و لۆجیستیی و سووتەمەنیی لەخۆ گرتبوو. گەیشتنی ئەم کاروانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ بەهێزکردنی هەژموونی خۆی لە سووریا. هاوکات لە دووڕۆژى ڕابردوودا هێزەکانی هاوپەیمانی نێونەتەوەیی لە ڕێگەی فڕۆکەی بارهەڵگری ئەمریکییەوە، چەکی بەرگریی ئاسمانی و مووشەک و سیستەمی ڕاداری پێشکەوتوو و کەرەستەی لۆجیستی لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە گواستەوە بۆ بنکەی قەسرەک لە باکووری حەسەکە، هەروەها دوو هەلیکۆپتەر و ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگی یاوەریی ئەم فڕۆکە بارهەڵگرە بوون. هێزەکانى سوریاى دیموکرات – هەسەدە بەشێکن لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژى داعش و ئەمریکا و هاوپەیمانان لەگەڵ گەیاندنى چەک و تەقەمەنى و پێویستى سەربازیدا بە هەسەدە، ئۆپراسیۆنى هاوبەش دژ بە داعش لە رؤژئاواى کوردستان ئەنجام دەدەن. لەباکوور و رۆژهەڵاتى سووریا 11 بنکەى سەرەکى و چەند بنکەیەکى لاوەکیى ئەمریکا و هێزەکانى هاوپەیمانان جێگیرکراون. هاوپەیمانان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا بە ٨٥ فڕۆکە، ٣٢١ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، چەک و کەرەستەی سەربازییان گواستووەتەوە بۆ رۆژئاوای کوردستان.

عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی دایکانی ئاشتی نارد و وتی: لە هەمووی زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستی ژیان و ئارامگرتن بووم، بەڵام لەوەش زیاتر هەڵوێستی ڕاستی سەربەرزانەم لە دایکمەوە وەگرت، لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو لە هەموو دایکانی ئاشتی دەکەم و بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێبکۆشن. ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی دوای ١٢ ساڵ بە درووشمی “دایکان پێشەنگی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتییەکی هەمیشەیین” سێیەمین کۆنفرانسی خۆی لە چاند ئامەد ئەنجام دەدات، لەگەڵ دایکانی ئاشتی، تەڤگەر ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ڕێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپەی شار و ناوچەکان، هاوسەرۆکانی شارەوانی، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداری کۆنفرانسەکە بوون. لە هۆڵی کۆنفڕانسەکەدا پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ و وێنەی دایکانی ئاشتی کە گیانیان لەدەستداوە هەڵواسراوە، کۆنفرانسەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی ڕێبەر ئاپۆ کە بۆ کۆنفرانسەکە نێردراوە خوێندرایەوە، پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە: ” لە هەمووی زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستی ژیان و ئارامگرتن بووم، بەڵام لەوەش زیاتر هەڵوێستی ڕاستی سەربەرزانەم لە دایکمەوە وەگرت. سڵاو لە دایکانی ئاشتی دەکەم کە خاوەنی ئەم هەڵوێستە سەربەرز و شکۆمەندن و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم. هاوشانی ناسنامەی دایکبوون دەبێت بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێبکۆشن. ژن چۆنی بوێت دەبێت بەو شێوەیە بژیت، بەڵام دەبێت بوێرییان بۆ ژیانێکی ئازاد هەبێت. ڕێزگرتنم لە ژنان لەسەر ڕەگەزی ‘دەبێت ئازادی بە بیرکردنەوە دەست پێبکات’ بنیاتناوە. ئێوە وەک دایکانی ئاشتی کە لە ڕیزی پێشەوە لە گۆڕەپانەکاندا بەرگری لە ئاشتی و بەرخۆدانی ئاشتی دەکەن، هەمیشە لە تێکۆشانی ئازادیی و ئاشتیمانیدا لە گۆڕەپانەکانی پێشەوەدا بەشداریتان کردووە. هەڵبەت وەک دایکان جێگەی ئێوە لە بەرخۆدانەکەماندا قسەی لەسەر ناکرێت، بەڵام من لەوباوەڕەدام کە دەبێت چوارچێوەی ژنبوون و دایکبوون بشكێنردێت کە کۆمەڵگەی نەریتی دەیسپەێنێت. دەبێت لەگەڵ ناسنامەی دایکبوون لە هەمانکاتدا بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێکۆشان بکەن. ئەم جوگرافیایە کە بۆ یەکەمجار کۆمەڵگەی دایکسالاری تێیدا سەریهەڵدا، لە هەمانکاتدا شوێنی یەکەم ناکۆکی و پرسە کۆمەڵایەتییەکانە. بە کۆیلەکردنی ژن و بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە هاوشانی یەکتر دەڕۆن. بەپێچەوانەی تێگەیشتنی باو، کۆیلایەتی بە دەرکەوتنی دەوڵەتەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو بە کۆیلەکردنی ژنان هاتووەتە گۆڕێ. ئەم ناکۆکی و پرسە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕوویانداوە سەرچاوەی ئەو پرسانەن کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین. ڕێگەی دەربازبوون لەم پرسە پێکەوە بنیاتنانی ژیانێکی کۆمیناڵ و دیموکراتیکە. بانگەوازی ئێمە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی، کە لە ٢٧ـی شووباتدا کردمان، ئەرک و بەپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی تەڤگەری ژنان و دیکانی ئاشتی. دەبێتە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ. ڕێکخستنی ژیانێکی سۆسیالیستییانە لەسەر بنەمای کۆمیناڵی دیموکراتیک بە ئاشتی ڕێی تێچووە. لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو لە هەموو دایکان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە هەوڵەکانیاندا. عەبدوڵا ئۆجالان.”

سەرۆک بارزانی، ئومێدەوارە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکبێت. لە بارەی هەڵبژاردنەوە جەختی لەوە کردەوە، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێ کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە. شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بە بەشداریی مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلام و پێکھاتە ئاینەکانی دیكه‌ی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر بەڕێوە چوو. سەرۆک بارزانی لە میانی گوتارێکدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانەکان، ئاماژەی بەوە کرد، فەرھەنگی پێکەوەژیانمان لە باب و باپیرانمانەوە بۆ ماوەتەوە، ئێمە ھەموومان مرۆڤین و بەندەی خواین، بینینی ئێوە بە یەکەوە جوانترین نموونەی ڕەنگینی نیشانی جیھان داوە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، ئەم فەرھەنگی پێکەوەژیانە زۆر خزمەتی کوردستان و مێژووەکەشی کردووە، تیرۆر کە ھات جیاوازیی نێوان ئایینەکانی نەکرد، بۆیە نابێ جیاوازی لە نێوان خۆماندا بکەین. سەرۆک بارزانی، ئومێدەوارە ئەم فەرھەنگی پێکەوەژیانە بەردەوام بێت و پتر بچەسپێت. گوتیشی: پلانی زۆر دژی ئەم ھەرێمە دروست دەکرێت، بە درێژایی مێژوو ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتەکانی عێراق بووە، بۆیە تەنیا بە یەکبوون و پێکەوەییمان بەرانبەر ھەموو ئاڵگنارییەک دەوەستینەوە، ئەمەش لەپێناو بەرژەوەندی و داھاتووی خەڵکی کوردستان. لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، دووژمنان بە ھەموو ڕێگەیەک دەیانەوێت کولتووری ڕەسەنی کوردەواری تێک بدەن و بە زۆر ڕێگەی جیاواز دێنە نێو ئاداب و کولتووری ڕەسەنی کوردەوارییەوە، بەڵام پشت بە خوا و یەکبوونی ئێوە، ئەم ھەنگاوە نامۆیانە لەنێو دەبرێن. سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، سەرۆک بارزانی گوتی: ئومێدەوارین حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە پێکبێت، کاری جیدیش بۆ ئەوەیە. لە بارەی گوتاری میانڕەوییەوە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: "گرنگە زانایانی بەڕێز پتر ڕۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئینتیمای خاک و خۆشەویستی بۆ نیشتمان، ھەروەھا بەرەنگاریی ماددەی ھۆشبەر کە ئافاتی سەردەمە و کار لەسەر تێکدانی شیرازەی گەنجەکانمان دەکرێت، ھەموو ھەنگاوێک بۆ ئەم مەبەستە، بنەما و بڕوا و کاری ھەموو ئایینەکانە." سەرۆک بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانی باسی لە هەڵبژاردن کرد و ئاماژەی بەوە دا، ھەموو کەسێک ئازادە لە دەنگدان، بەڵام گرنگە ڕەچاوی ئەو خزمەتە بکرێت کە پێشکەشی شارەکانی کوردستان کراوە، وێڕای ئارامی تەناھی بەبێ جیاوازی، کوردستان ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە داھاتوو لەگەڵ ئەوانە بێت کە ئاشنان بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێشی دەکەن.

لەمەراسیمى ناساندنى لیستی کۆمەڵی دادگەری و کاندیدەکان لە بازنەکانی (سلێمانی - هەولێر - دهۆک) عەلى باپیر ئەمیرى کۆمەڵ وتارێکى پێشکەشکردو تیایدا چەند پەیامێکى خستەڕوو. لەبەشێکی وتارەکەیدا عەلى باپیر وتى: لەگەڵ هەموو لایەنەکانی موعارەزە قسەمانکرد بۆ هاوپەیمانی، بەتەنیا ماینەوە، هەروەها ئاماژەى بۆ ئەوەکرد هەر کاتێک بزانین پەرلەمان دیزاین دەکرێت، بایکۆتی دەکەین و هەمان هەڵوێستمان دەبێت، لەگەڵ خوا و خەڵکی خۆمان ڕاست دەکەین. سەرۆکی کۆمەڵ وتیشى: داوا دەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەبێ دەستێوەردانی وڵاتانی دەرەكی دووبارە بكرێتەوە.  

پارێزەرى کەیسی  (لاهور شێخ جەنگی‌و هاوڕێکانی) ڕایدەگەیەنێت ئەو ڕونکردنەوەى بەناوى بنەماڵەى شێخ جەنگیەوە بڵاوکراوەتەوە لەسەر خۆپیشاندانەکەى ئەمڕۆى بەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان دوورە لەڕاستیەوە، ئەو بنەماڵەیە هیچ ڕونکردنەوەیان نەبووە. پەیجى ڕەنگ لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک، ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردبویەوەو تیایدا ئەوەى خستبویەڕوو  ئەمڕۆ لەبەردەم بارەگای UN لە شاری هەولێر، ژمارەیەک کەس کە خۆیان وەک لایەنگر و کادیری بەرەی گەل دەناسێنن گردبوونەوە و بە قسەی خۆیان و بەپێی ئەو دروشمانەی بەرزیانکردبوەوە داوای ئازادکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی و چەکدارە دەستگیرکراوەکانی لالەزار دەکەن. ئێمە لەوە تێدەگەین کە ژمارەیەک کەس وەک دڵسۆزیی و وەفا بۆ شێخ لاهور و شێخ پۆڵاد بەشداریان لەو گردبوونەوەیە کردبوو، بەڵام لە بەرزکردنەوەی هەندێک دروشم و وێنە و لافیتە تێگەیشتین کە ئەمە زیاتر دەستێکی سیاسیی و ئەمنیی لەپشت بێت وەک لەوەی هەوڵێک بێت بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان. لە ڕاگەیەندراوێکیدا، بورهان ڕەشید ئەو ڕونکردنەوە بەدرۆ دەخاتەوەو دەڵێت: ئەمڕۆ ١٨-١٠-٢٠٢٥ ڕونکردنەوەیەک بڵاوکراوەتەوە، لەپەیج و ئەکاونتى (rang) بەناوى (ڕونکردنەوەیەک لە بنەماڵەى شێخ جەنگى)  دواى ئەوەى ینەماڵەى شێخ جەنگى پەیوەندییان پێوەکردم، بەڕێزیان داوایانکرد ڕونکردنەوەیەکى پێویست لەوبارەیەوە بدەم کە ئەوان دوورو نزیک ئاگادارى ئەو ڕونکردنەوەیە نیین. بۆیە بۆ هەموولایەکى ڕوندەکەینەوە ئەو ڕونکردنەوەیەى لە پەیجى ناوبراو بڵاوکراوەتەوە دوورە لەڕاستى. دەقى ڕاگەیەندراوەکەى بورهان ڕەشید.. ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕاى گشتى.. ئەمڕۆ ١٨-١٠-٢٠٢٥ ڕونکردنەوەیەک بڵاوکراوەتەوە، لەپەیج و ئەکاونتى (rang) بەناوى (ڕونکردنەوەیەک لە بنەماڵەى شێخ جەنگى)  دواى ئەوەى ینەماڵەى شێخ جەنگى پەیوەندییان پێوەکردم، بەڕێزیان داوایانکرد ڕونکردنەوەیەکى پێویست لەوبارەیەوە بدەم کە ئەوان دوورو نزیک ئاگادارى ئەو ڕونکردنەوەیە نیین. بۆیە بۆ هەموولایەکى ڕوندەکەینەوە ئەو ڕونکردنەوەیەى لە پەیجى ناوبراو بڵاوکراوەتەوە دوورە لەڕاستى. هیوادارین کەسە پەیوەندیدارەکان بەم کێشەیە، بەشێوەیەکى عادیلانە لەڕەگ و ڕیشەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، کۆتایی بەناکۆکیەکان بهێنن، چونکە ئەوە لەبەرژەوەندى هەموولایەکدایەو زامنى چاکبونەوەى برینەکانە.

لە وتارێکدا بەبۆنەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، چەندین پەیامی ئاڕاستەی خەڵکی کوردستان و عێراق کرد. لەبەشێکى قسەکانیدا وتى: قەت حكومەتێك دانامەزرێ لەم كوردستانە تا ئێمە دڵنیا نەبین ئەو حكومەتەیە كە خەڵەتەكانی رابردوو دووبارە ناكاتەوە.  سەرۆکی یەکێتی جەختی لەسەر پێویستی گۆڕانکاری کردەوە و وتی: "پێویستمان بە گۆڕانکاریی جددی هەیە". ئاماژەی بە هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سامانی نیشتمانی کرد و ڕایگەیاند: "وەکو گاز، مەلەفی نەوتیشمان ڕزگار کرد". ئاماژەی بەوەشکرد، یەكێتی لەبەغداد كاردەكات بۆ تەواوی كوردستان و هەر یەكێتی بوو عیراقی ئاشتكردەوە. ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە حكومەت خزمەتی هاووڵاتیان بكات و ئێمە ئاسایش و ئارامی هاووڵاتیان دەپارێزین. بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە کارنامەی یەکێتی ئاشکرایکرد، بەرنامەی یەكێتی خزمەتكردنە بەبێ‌ جیاوازی و لە بەغداد كۆتایی بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەهێنین. سەرۆکی یەکێتی راشیگەیاند، پێویستمان بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری راستەقینەیە هەیە و دۆسیەی نەوتمان رزگاركرد. 

ژمارەیەک لە لایەنگرانى بەرەى گەل و كه‌سوكارى گیراوانى لاله‌زار، گردبونه‌وه‌یه‌كى ناڕه‌زاییان برده‌ به‌رده‌م نوێنه‌رایه‌تى ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان‌و سه‌ربارى ڕه‌خنه‌گرتن لێیان له‌و بێده‌نگیه‌ى هه‌ڵیانبژاردوه‌ به‌رامبه‌ر به‌وه‌ى له‌سلێمانى ڕویدا، داوایانكرد، "هه‌رچى زوه‌ به‌ده‌نگ بێن‌و لاهور شێخ جه‌نگى‌و هاوڕێكانى به‌زوترین كات ئازاد بكرێن".  له‌ گردبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ له‌به‌رده‌م باره‌گای‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ شاری‌ هه‌ولێر له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، وتى: ئه‌و په‌لاماره‌ له‌كاتێكدا ئه‌نجامدرا، لاهور شێخ جه‌نگى كاندیدى ده‌رچوى په‌رله‌مانى كوردستانه‌و سه‌رۆكى قه‌واره‌یه‌و هاوكات ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستانیشه‌. ناوبراو ئەوەشى ڕونكرده‌وه‌، *به‌بێ‌ حسابكردن بۆ ئارامی‌ و ئاوه‌دانی‌ شارێكی‌ وه‌ك سلێمانی‌. له‌ماوه‌ی‌ چوار كاتژمێردا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاگربارانی‌ ماڵه‌كه‌ی‌ و شوێن نیشته‌جێبوونی‌ هه‌ڤاڵه‌كانیان كرد.، له‌ ئه‌نجامدا چه‌ندین كه‌س شه‌هید و برینداربوون و لاهور شێخ جه‌نگی‌ و سه‌دان كه‌س له‌ هه‌ڤاڵه‌كانی‌ ده‌ستگیركران. وتیشىى: ئه‌م ده‌ستدرێژیكردنه‌ به‌ تۆمه‌ت و به‌ڵگه‌ی‌ بێ‌ بنه‌ما ئه‌نجام دران، دوور له‌ ئه‌ركی‌ دادگا و پۆلیس و ئاسایش، *لاهور شێخ جه‌نگی‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ئه‌ندامی‌ هه‌ڵبژێردراوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان و سه‌رۆكی‌ قه‌واره‌ی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌له‌. بەشێکى دیکە لەپەیامەکانى گردبوونەوەکە.. *حكومه‌تی‌ هه‌رێم لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ فه‌رمانده‌كانی‌ ئه‌و یه‌كانه‌ بكات كه‌ له‌ژێر فه‌رمانده‌یی *سه‌رۆكی‌ حزبێك به‌شداری‌ ئه‌م تاوانه‌یان كردووه‌. *لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ره‌شبگیری‌ و گرتن و راوه‌دونانی‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی‌ به‌ره‌ی‌ گه‌ل بوه‌ستێنن. *ئێستا به‌ سه‌دان كه‌س له‌ زیندانه‌كانی‌ كۆماندۆ و دژه‌تیرۆر و ئاسایشدان و به‌سه‌دان كه‌س ئاواره‌ی‌ هه‌ولێر و كه‌ركوك و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات بوون. ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ناڵی‌ زووم و كه‌لوپه‌له‌كانیدا گیراوه‌. ماڵی‌ لاهور شێخ و ئۆتێك لاله‌زار به‌ته‌واوی‌ وێران كراوه‌. *له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سلێمانیش چه‌ندین باخ و ماڵ‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌ و تاڵان كراون، جگه‌ له‌ بردنی‌ گوژمه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ پاره‌ی‌ یانه‌ی‌ نه‌ورۆز.

سیبپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات  دووپاتی کردەوە کەهەسەدە ئامادەیە بچێتە ناو سوپای نوێی سوریا کە بڕیارە پێکبهێنرێت، بەڵام تەنها ئەگەر یەکگرتنەکە لەسەر بنەمای بنەمایەک بێت کە ڕێز لە ناسنامەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و خەباتەکەی و قوربانیدانەکانی بگرێت و مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا بپارێزێت گەلی سوریا. لەمیانەى چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، ئەو بەرپرسە حەمۆ تێڕوانینێکی گشتگیری لە دیدگای هێزەکان سەبارەت بە دانوستانە بەردەوامەکان لەگەڵ حکومەتی دیمەشق خستەڕوو، باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی یەکگرتن لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ کرد.  هاوکات جەختیشی لەوە کردەوە کە هێزێکی یەکگرتووی نەتەوەیی دەمێنێتەوە کە بەرگری لە هەموو سوورییەکان دەکات تا ئەو کاتەی سیستەمێکی دیموکراسی دادپەروەرانە بەدی دێت. سیبپان حەمۆ دەڵێت: ئێمە بەدوای یەکگرتن لە سوپای داهاتووی سوریادا دەگەڕێین، و پێمان وایە کە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بناغەی بنیاتنانی سوپای نیشتمانی نوێن. لە ڕاستیدا سوپایەکی نیشتمانی سوریا بەبێ بەشداری هێزەکانی (هەسەدە) دروست نابێت. لەم چوارچێوەیەدا ئامادەیی خۆمان بۆ پەیوەست بوون بە سوپای نوێ ڕاگەیاندووە و ئەمەش ئامانجی ستراتیژی ئێمەیە. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو لە ماوەی ڕابردوودا هێزەکانیان بە ڕێگریکردن یان خاوکردنەوەی پرۆسەی یەکگرتن تۆمەتبارکراون. ئەم تۆمەتانە بە تەواوی دوورن لە ڕاستییەوە و لەسەر بنەمای ڕاستییەکان دانەنراون، وتى: بەپێچەوانەوە ئێمە دەمانەوێت بچینە ناو سوپای نوێ، بەڵام هەندێک لایەن هەوڵدەدەن پرۆسەی یەکگرتن بەپێی دیدگا تەسکەکان لێکبدەنەوە کە بە دیل دەمێننەوە بۆ عەقڵیەتی دەسەڵاتی پێشوو. ئەو فەرماندەیەى هەسەدە لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا هێما بۆ ئەوەدەکات سوریا بەبێ بەشداری هەمووان نابێتە زێدی هەمووان و ڕێگە نادەن دووبارەبوونەوەی ئەو سیاسەتە ئیستسنایانەی کە سوریاییەکان دەیان ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنن. وتیشى: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە بوونی ئێمە لەناو سوپای سوریا پێشمەرجێکە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئێستا و پاراستنی هەموو پێکهاتەکان، بەڵام ئەم یەکگرتنە دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و هاوبەشی یەکتر بێت نەک بەپێی دیدگای هەندێک لایەنی دیمەشق کە پلانەکانیان لەسەر بنەمای دوورخستنەوە و تەسفیەکردنە. جەختى کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن، چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی گەلەکەمان وەک بنەمای هەر هەنگاوێک دەمێنێتەوە، دەشڵێت: تا ئەو کاتەی حکومەتی ئێستا ڕێوشوێنی ڕاستەقینە بۆ دڵنیاکردنەوەی پێکهاتەکانی سوریا نەگرێتەبەر، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی بەرگری لە بوون و ژیان و ناسنامەی گەلەکەمان لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکدا دەمێنێتەوە. لە سەرەتای دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و دواتر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە، هەزاران شەهیدمان کردە قوربانی بۆ بەرگریکردن لە گەلەکەمان و لە هەوڵی بنیاتنانی نیشتمانێکی هاوبەش بۆ هەموو سوورییەکان. ئێمە دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێناوە و بەردەوامیش دەبین لە بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر کە شایەنی قوربانیدانی گەلەکەمانە. ئەمڕۆ لە سایەی هێزەکانی (هەسەدە) لە ناوچەکانمان بە سەلامەتی و سەقامگیری دەژین، لە کاتێکدا باقی سوریا بەدەست ئاژاوەگێڕی و کوشتنی ڕۆژانە دەناڵێنێت.

لەڕاگەیەندراوێکیدا دەم پارتى، ڕایدەگەیەنێت دادگای سزا قورسەکانی ئاگری سزای ٦ ساڵ و ٤ مانگ زیندانی بەسەر پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە دیاربەکر بەردان ئۆزتورک دەرکردووە. دانیشتنی حوکمی ئەو دۆسیەیە، کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان کە لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن داواکاری گشتیی ئاگری دەستیپێکردبوو،  دادگای باڵای تاوانەکانی ئاگری بەڕێوەچوو. بەپێى ڕاگەیەندراوەکە بەردان ئۆزتورک، پەرلەمانتاری پارتی دیموکرات بۆ دیاربەکر ئامادەی دانیشتنەکە نەبوو، بەڵام پارێزەرەکەی ئامادەبوو. ئەو دادگایەی کە بڕیارەکەی لەسەر دۆسیەکە دەرکرد، بە تۆمەتی "یارمەتیدانی ڕێکخراوێک"، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی دیموکرات، بەردان ئۆزتورک، بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخراوێک" ساڵ و ١٠ مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند. هاوکات سیری ساکیک پەرلەمانتاری دەم پارتى، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کاردانەوەی نیشاندا و ڕایگەیاند: لە ئاگری سزای توندی 40، 30، 24 ساڵ بەسەر 16 هاوڕێماندا درا کە بوونەتە ویژدانی ئەم شارە، ساڵانێکە خەریکی سیاسەتی دیموکراسی بوون، هەمووان دەیانناسن و خۆشیان دەوێن و زۆربەیان بەساڵاچوو و نەخۆشن". یەکێک لەوانە بەردان ئۆزتورک پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتە، ئەمانە کەسانێکن کە چەکیان هەڵنەگرتووە، کەسانێکن کە بە بیر و قسەی خۆیان شەڕیان کردووە. دەشڵێت: ئایا بەم شێوەیە ئیرادەی پێکەوە ژیان و داهاتوویەکی هاوبەشمان بەدەست دەهێنین؟ لەلایەک قسەی ئاشتی و برایەتی و دەستووری نوێ بەرز دەکرێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە سزای ئاوا توند دەدرێت بەو کەسانەی خەریکی سیاسەتن، چ تێگەیشتنێک لە دادپەروەری و لە چ ویژدانێکدا جێدەبێتەوە؟

وتەبێژی بەنزینخانەكانی سلێمانی ئاشكرایكرد: بەرهەمهێنانی بەنزین بەگشتی كەمبووەتەوە، ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت: تەنیا هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بازرگانەكانن كەزۆربەیان نزیك لە خاوەنی پاڵاوگەكان و دەسەڵاتدارانن.   بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند:  لەشەوی ڕابردووەوە نرخی هەرسێ جۆرەکەی بەنزین موحەسەن و سۆپەر و نۆرماڵ ٥٠ دینار بەرزبوەتەوە، ئەوەشی ئاشكراكرد: ئاستی خواست لەسەر بەنزین تاوەکو ئێستا جێگیرە، بەڵام بەرهەمهێنان کەمبووەتەوە و بەگشتی لەدهۆک و هەولێر چەند ڕۆژێکە گرانبووە و ئێستا سلێمانیشی گرتووەتەوە. هاوكات، كەریم عەلی، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكی تایبەتدا بە شارپرێسی ووت: بەنزین لەهەرێمی كوردستان بازرگانیە، بۆیە لەگەڵ دروستبوونی بچوكترین هۆكار بۆ بازرگانەكان، كەزۆربەیان نزیكن لەخاوەن پاڵاوگەكان و دەسەڵاتدارانەوە، هەلەكە دەقۆزرێتەوە و نرخی بەنزین گران دەكرێت. جەختیش دەكاتەوە: بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین و دابەشكردنی نەوت بەنرخی گران، پێشێلكردنی تەواوی ڕێساو یاساكان و تەواوی ئەو ڕێكەوتنانەیە كەلەگەڵ حكومەتی عێراقی كراوە، بەو پێیەی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەناوی بەكارهێنانی ناوخۆییەوە وەردەگیرێت، دەبێت سەرجەم جۆرەكانی سوتەمەنی بەنرخی پاڵپشتیكراو بدرێتە هاوڵاتیان.

لە سلێمانى نرخى بەنزین گران بوو، هەر لیترێک 50 دیناری چووەتەسەر و، بەهەمانشێوە پێشتریش لە هەولێر نرخى بەنزین بەرزبووەوە. بەوتەى خاوەن بەنزینخانەیەک لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە لە سلێمانی، بەنزینى نۆرماڵ نرخەکەى لە 900  دینارەوە بووەتە 950 دینار و بەنزینى موحەسەن لە  1100دینارەوە بووەتە 1150 دینار و بەنزینى سوپەریش بەهەمان شێوە 50 دینار گران بووە، بەڵام نرخێکى جێگیرى نییە و لە بەنزینخانەیەک بۆ بەنزینخانەیەکى دیکە جیاوازە. ئەوە لەکاتێکدایە لەپاش هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان نرخى بەنزین لەهەولێر گران بوو، سلێمانى بووە دووەم پارێزگاى هەرێمى کوردستان کە نرخى بەنزین تیایدا گران بووە. لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک بەنزین پاڵپشتیکراوی حکومی بە 750 دینار بۆ هەر لیترێک لە ژمارەیەک بەنزینخانە دابەشدەکرێت، بەڵام دوای هەناردەکردنی نەوت بڕەکەی لەو دوو پارێزگایەش کەمبووەتەوە. بەگوێرەى رێککەوتنى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدڕاڵ رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوتى بەرهەمهێندراو بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەکاردەهێندرێت، بەرپرسانى هەرێمى کوردستانیش پێشتر جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە ئەو بڕەنەوتە پێداویستیی بەرهەمەنەوتییەکانى هەرێمى کوردستان دابین دەکات. پێشتر حەمدى شنگالى جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ رایگەیاند، ئێستا ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى خاو لە هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە 215هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە، 165هەزارى هەناردەدەکرێت و 50هەزار بەرمیل بۆ پێداویستى ناوخۆ بەکاردەهێندرێت.

میدیاکانى ڕؤژئاواى کوردستان بڵاویانکردەوە، لەدواین سەردانى پارێزەراندا بۆ ئیمرالى، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە پێوەری هیوا هەنگاوێکە دەبێت دەوڵەت بیگرێتەبەر، ئەمە بابەتێکە کاریگەری لەسەر هەزاران کەس دادەنێت. گرنگە نییە چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، دەبێت لا ببرێت. دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام بدرێت." نووسینگەی یاسایی سەدە پەیوەست بە دیدارەکەی ١٣ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ کە لە ئیمراڵی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ و زیندانیانی دیکە ئەنجامیدا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و بەم شێوەیەیە: "لە ١٣ـی تشرینی یەکەمەی ٢٠٢٥دا لە گرتووخانەی دوورگەی ئیمراڵی وەک پارێزەر لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان و موەکیلەکانی دیکەماندا دیدارمان ئەنجام دا. لە دیدارەکەدا دەربارەی هەلومەرجی موەکیلەکانمان و دۆخی یاساییان گفتوگۆمان کرد و زانیاریمان گۆڕییەوە. بەم بۆنەیەوە هەڵسەنگاندن و بۆچوونی لەسەر بونیاتنانی ئاشتی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکەینەوە. لە دیدارەکەدا دۆخی یاسایی بەڕێز ئۆجالان، لە چوارچێوەی 'مافی هیوا'ـی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بووە مژارێکی گرنگی قسەکانمان. وەک دەزانرێت کۆمیتەی وەزیران ئەنجوومەنی ئەورووپا دوای کۆتا دانیشتنی ١٥-١٧ـی ئەیلوول جارێکی دیکە داوای لە تورکیا کرد مافی هیوا بە گوێرە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بە شیوەیەکی یاسایی چارەسەر بکات. لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێز ئۆجالان دەستنیشانی کرد پێوەری هیوا 'مافی هیوا' زۆر گرنگ و بنەڕەتییە. بەڕێز ئۆجالان لەوبارەیەوە ئەمەی گوت: " پێوەری هیوا هەنگاوێکە دەبێت دەوڵەت بیگرێتەبەر. ئەمە بابەتێکە کاریگەری لەسەر هەزاران کەس دادەنێت. گرنگە نییە چۆن هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، دەبێت لا ببرێت. دەبێت بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام بدرێت. سیاسەت و دادپەروەیش پێویستی بەمەیە."، بەم شێوەیە پێویستی یاسایی خستەڕوو. لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ٢٧ـی شوباتدا ڕایگەیاند دەبێت هەموو باوەڕ و مەزهەبەکان بتوانن بە شێوەیەکی ئازاد گوزارشت لە خۆیان بکەن، هەروەها هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە گوزارشت لە نەتەوەی خۆی بکات و بە شێوەیەکی ئازاد بژی. ئاماژەی بەوەشدا دەبێت کورد بە شێوەیەکی یەکگرتوو لە نێو یاسادا جێگەی بکرێتەوە و گوتی، 'ئەمە جەوهەری ئاشتییە'. جەختی لەوەشکردەوە تا ئێستا کورد لە یاسادا بە نەبوون هەژمار کراوە، لە دەرەوەی یاسا جێهێڵراون، بەڵام دەبێت ئیدی یاسای ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بنیات بنرێت. کاتێک دوورخستنەوەی لە یاسا و ڕاگرتنی فیکری و زیهنی هەڵسەنگاند، ئەمەی گوت، 'ژیان کاتێک ئازادبێت، مانادارە. پێشتریش ئەمەم گووتووە. ئەی ژیان یان بە ئازادانە ئەژیم، یان هیچ بە گرنگت نازانم. ئەمە درووشمی منە. سەرنجەکانی بەڕێز ئۆجالان دەزانرێت کە دەیگوت، لە بناغەی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان نایەکسانی ژن و پیاو هەیە. ئاماژەی بەوەشدا چارەسەری ئەم نایەکسانییە لەڕێگەی پراکتیزەکردنی ژیانی ئازادی ژن و فکری سۆسیالیستییەوە دەبێت. هەروەها ڕاشیگەیاند لە نزیکەوە چاودێری خەباتەکانی ژنۆلۆژی دەکات، زۆر بە بەهای دەیبینێت و سڵاوی تایبەتی خۆی بۆ هەموو ژنە زیندانییەکان نارد. بانگهێشتی ئەو کەسانەی کرد کە دەیانەوێت لێی تێبگەن، بۆ قووڵکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەشداری پرۆسەکە بکەن. هەروەها جەختی لەوەشکردەوە کە کار بۆ ئازادی لە ڕووی بەرەپێشبردنەوە و جێبەجێکردنی پرۆسەکەوە گرنگە."

بەپێى ڕاپۆرتى  ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەسەڵاتدارانى ئێران لەدووڕۆژى ڕابردوودا  سزاى لەسێدارەدانى پێنج بەندکراوى کوردى لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان و کەرەج جێبەجێ کراوە، ئەو کەسانە پێشتر بەتۆمەتى جیاواز دادگایی کراون و سزاى لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. دوو بەندکراەیان بەناوەکانی بیژەن قەهاری، خەڵکی شاباد و ئارەش مێهری خەڵکی کرماشانەو بەندکراوێکی دیکەشیان بەناوی شەهرام چنانی خەڵکی کرماشان ئاشکرا کرابووە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو بەندکراوەیان پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بە ئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. سێ لەو بەندکراوانەش پێشتر بە تۆمەتی «دزیی چەکدارانە» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا بوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەزیندانى کەرەج جێبەجێ کراوە. میدیاکانی سەر بەئێران لەسەر ئەو بابەتەنووسیویانە، دەستبەسەرکرانی ئەو سێ تۆمەتبارە پاش چەندین حاڵەتی دزیی چەکدارانە لە مانگی چوارى ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکەکانی جیاوازی تاران و چەند شاری دیکەدا ڕوویداوە. لەم ڕاپۆرتانەدا بۆ پاکانەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم سێ کەسە هاتووە کە کردەوەکانی ئەم سێ بەندکراوە تۆمەتبارە بووەتە هۆکاری « پێکهێنانی ترس و شڵەژان و نائەمنی بۆ هاووڵاتییان..

حەمدى شنگالى، جێگرى بەڕێوەبەرى سۆمۆ، بۆ بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق، لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاشکرایکرد، ئاستى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان رۆژانە زیاد دەکات و ئێستا ئاستى بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 215هەزار بەرمیلى رۆژانە و 165هەزارى لە رێگەى بۆرییەوە هەناردەدەکرێت. ناوبراو وتیشى، هەوڵدەدەن ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت زیادبکەن بۆ 400هەزار بەرمیلى رۆژانە. د.حەمدى شنگالى - جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق بەکەناڵ8 رایگەیاند، رێککەوتنى هەولێر و بەغداد بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت تاوەکو 31ى کانوونى یەکەمى ئەمساڵە، ئەمەش بەو واتایە نایەت کە لەدواى ئەو بەروارە هەناردەکردنى نەوت رادەوەستێت، بەڵکو دیاریکردنى ئەو ماوەیە بە ئامانجى جێبەجێکردنى پابەندییەکانە. حەمدى شنگالى گوتیشى، لەپاش ئەو وادەیە بە واژۆى لایەنەکان رێککەوتنەکە نوێدەکرێتەوە بەڵام ئەمە کاریگەرى لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوت نابێت و هیچ پێشهاتێکى نەخوازراو نەیەتە پێشەوە هەناردەى نەوت ناوەستێت. جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ راشیگەیاند، هەرچەندە لەکاتى گفتوگۆکان بەغدا هەوڵیدا وەک لایەنێک بێتە ناو گرێبەستەنەوتییەکانى هەرێمى کوردستان، بەڵام هەرێمى کوردستان رەزامەند نەبووە و ئەو گرێبەستانە تەنیا لە نێوان هەرێمى کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان وەک خۆى ماوەتەوە. گوتیشى، ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەى کەدێت بەدواداچوون بۆ شێوازى ئەنجامدانى گرێبەستەکان و تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت دەکات، تەنیا لەرووى یاساییەوە بڕیار لەبارەى گرێبەستەکان دەدات و گرێبەستەکان ناخرێتە بەردەم کۆمپانیاکە و وەک پێشتر بەنهێنى دەمێنێتەوە. حەمدى شنگالى جەختیکردەوە، کۆمپانیا راویژکارییەکە دیارییکراوە و ناوى ود مەکەنزییە و پێویستە لەوماوەى کە دیاریکراوە و 60 رۆژە راپۆرتى خۆى سەبارەت بە تێچووى بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان لەسەرجەم کێڵگە نەوتییەکان پێشکەش بکات. جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى سۆمۆ راشیگەیاند، نەوتى هەرێمى کوردستان خواستى زۆرى لەسەرە بەتایبەت لە بازاڕەکانى ئەوروپا چونکە نزیکە و تێچووى گواستنەوەى زۆر نییە.