ئەمشەو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دوو مامۆستای ناڕازییان دەستگیرکرد دڵشاد میرانی و عوسمان گوڵپی، ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە، سبەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان گردببنەوە، ئەو دوو مامۆستا ناڕازیەش دەستگیرکراون، دەیانەوێت بۆ مووچە خۆپیشاندان بکەن. عادل حەسەن ئەندامى دەستەى مامۆستایانى ناڕازى وتى، کاتژمێر 12ـی شەوى رابردوو، ئاسایشی سلێمانی ناردوویانە بە شوێن مامۆستا عوسمان گوڵپی، ئەندامى ئەنجومەنى ناڕازى بە ناوی ئەوەی چەند پرسیارێکی لێ دەکەن، بەڵام تائێستا ئازادییان نەکردووە و نەگەڕاوەتەوە. دەشڵێت، ئەم دەستگیرکردنە لە چوارچێوەی رێگرییەکانی دەسەڵاتدارانی سلێمانییە، بۆ رێگری لە خۆپیشاندانی سبەینێ. بەپێى زانیاریەکان، کە چەند مامۆستایەکى ئەندامى دەستەى مامۆستایانى ناڕازى پشتراستیانکردوەتەوە، لەشەوى رابردووەوە، دڵشاد میرانى ئەندامى دەستەى مامۆستایانى ناڕازیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى سلێمانییەوە دەستگیرکراوە. لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانیش لەبارەى خۆپیشاندانەکەى سبەینێوە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوا لە مامۆستا، فەرمانبەر و مووچەخۆران دەکات خۆپێشاندان نەکەن، چونکە دۆخەکە هەستیارە.
بڕیارە رۆژی پێنج شەممە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی خۆپیشاندان دژی نەدانی موچە رێكبخەن، لیژنەی ئەمنی سلێمانی دەڵێت لەمكاتەدا خۆپیشاندان گونجاو نیە. لەڕاگەیەندراوەکەى لیژنەی ئەمنی سلێمانیدا ئەوەش خراوەتە ڕوو چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان، ئەمجارەش داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن. دەقی راگەیەندراوەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی: ئێمە لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، پشتیوانیی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان؛ بۆ ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی؛ دەردەبڕین و، باری دژواری ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لەبەرچاودەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا؛ بەهەموو لایەکی رایدەگەیەنین؛ کە دەنگی موچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتۆتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت؛ گونجاو نابێت. بۆیە، وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو. سوپاس بۆ هاوکاریی و پابەندبوون.. لەگەڵ ڕێزدا لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى گەرم لەئاگربەستەکەى دۆناڵد ترەمپ دەکات لەنێوان ئیسرائیل و ئێرانداو دەڵێت: دیالۆگ باشترین بژاردەیە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی. لەتۆڕى کۆمەلایەتى ئێکس نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پەیامێکى بڵاوکردەوە، تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو دەڵێت، "باوەڕی تەواوم بەوەیە کە تاکە رێگە بۆ سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەنەکانە." هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانین ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی دیکە دەکات بۆ پابەندبوونیان بە "دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان لەم کاتە هەستیار و گرنگەدا. دەقى پەیامەکە.. لەباوەڕم وایە کە تاکە ڕێگای بەردەوام بەرەو سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر و لێکتێگەیشتنی یەکتردایە لە نێوان هەموو لایەنەکاندا. سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرۆک ترامپ و سەرکردەکانی دیکە دەکەم بۆ پابەندبوونیان بە دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکییەکان لەم کاتە گرنگەدا.
ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە ڕایگەیاندوە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کارنامەی سەرەکییە و داوای لە هەموو لایەک کرد بەرپرسیارێتی بەستنی کۆنگرە لە ئەستۆ بگرن. هەر بەپێى هەواڵەکەى ئەو ئاژانسەى باکورى کوردستان، ئۆجەلان لە دیدارەکانی پێشوویدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی پەیامی بۆ حزب و بازنە کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ناردوە، لەیەکێک لەو پەیامانەدا داواى لە بارزانی کردوە کە سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکات. بەپێى زانیاریەکانى میزپۆتامیا، ئۆجالان لە چوارچێوەی "بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە دانوستانەکاندا هەوڵی گرنگی بۆ یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد داوە. وەک بەشێک لە بانگەوازەکەی بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدار و نامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە و بەپێیوستی زانیوە لەقۆناغی ئێستادا و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و داننان بە پێگەی گەلی کورد، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە پێویستییەکی بەپەلە دەزانێت و نابێت دوابخرێت. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە چاوپێکەوتن و نامەکانیدا باس لەوە دەکات کە لە ماوەی ٢٠١٣-٢٠١٥دا هەوڵی زۆری داوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بەڵام هاوکات و هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان باس لەوە دەکات کە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی نیشتمانی کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکانی دیکەش هەبووە. ئۆجەلان داوای لە پارتە کوردییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ بەستنی کۆنگرە وەک ئەرکێکی مێژوویی هەڵبگرن. ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە دیدارەکانی پێشووی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی پەیامی بۆ حزب و بازنە کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ناردبوو، لە پەیامە نوێیەکەیدا بۆ بازنەکانی سیاسی کورد لە باکور، باشور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و رەوەند، جارێکی دیکە داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کردووە. بەپێی ئاژانسەکەی باکوری کوردستان، ئۆجەلان لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامێکی تایبەتی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە و داوای کردووە سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکات. عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا دڵنیایی داوەتە بارزانی کە پاڵپشتی لە هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و ئەرکەکانی و پێیوایە رەنگە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆتایی بە دابەشبوونی کورد بهێنێت. لەژێر چاودێری کۆنگرەی نەتەوەییدا، پێویستە کۆمیتەی نەتەوەیی هاوبەش و کۆمیتەی زمان و رۆشنبیری و مێژوو دابمەزرێنرێت و بەپێی پێویست لیژنەی نوێ دابمەزرێندرێت. بەپێویستیزانییوە کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵوێستێکی هاوبەش دیاری بکات و لە بەرامبەر هێرشە چاوەڕوانکراوەکان دژ بە بوونی کورد و ناسنامە و زمان و کولتور و جوگرافیادا هەنگاو بنێت. میزپۆتامیا بڵاوی کردوەتەوە، کە ئۆجەلان رۆڵی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورددا لەبەرچاو دەگرێت و دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو پرسە لە ئەستۆ بگرێت.
نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق باسی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە. بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حکومەتی فیدراڵی ئەو رێکارانەی خستەڕوو کە بۆ گرەنتیکردنی خەرجکردنی مووچە بە شێوەیەکی رێکخراو و گونجاو لەگەڵ بڕگەکانی دەستوور گیراونەتەبەر. لەبارەی پرسی مووچە، چوار سەرۆکایەتییەکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات؛ بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و کێشەکانی دیکەش بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن. بەگوێرەى راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت، تاوەکو حکومەتی عێراق بتوانێت بەردەوام بێت لە ناردنی مووچە و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی دیکە بەگوێرەى دەستوور و یاسا. سەرۆکایەتییەکانی عێراق سەرەکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێرانیان کرد و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناویانبردووە و داوای دەستبەجێ راگرتنی جەنگ دەکەن و نیگەرانن لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. چوار سەرۆکایەتییەکە گفتوگۆیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردووە، کە خواستەکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکان و جەختیان لە پێویستی پاڵپشتیکردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە، لەگەڵ گرەنتیکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا.
ئیدارەی خۆسەر لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، دامەزراندنی ئیدارەیەکی گشتی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ راگەیاند، دەسەڵاتی گشتی فڕۆکەوانی سوریاش بڕیارەكە رەتدەكاتەوە. كردنەوەی فرۆكەخانەی قامیلشۆی راگەیاند پاڵپشت بە بڕیاری ژمارە (١٣٦) کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی جێبەجێکردنەوە دەرچووە. لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئیدارەی گشتی نوێ، لە ڕووی کارگێڕی و داراییەوە سەربە ئەنجومەنی جێبەجێکاری ئیدارەی خۆسەر دەبێت وهەموو بابەتە کارگێڕی و داراییەکان و کارمەندان بەپێی رێساکان یەکلایی دەکرێنەوە. بڕیارەکەش لە بەرواری دەرچوونی لە (٩)ی حوزەیرانەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار دەکرێنەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر جێبەجێکردنی بکەن. لە بەرامبەردا، دەسەڵاتی گشتی فڕۆکەوانی شارستانی سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە ئێستادا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی قامیشلۆ داخراوه، ئەم داخستنەش بەركارو پابەندکەرە بۆ هەموو هێڵە ئاسمانییەکان و لایەنە پەیوەندارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان. ئاماژەی بەوەشكردووە: دەستەكەیان تاکە دەزگایە کە لەڕووی یاسایی رێگەپێدراوە بە بەڕێوەبردن و كارپێكردنی فڕۆکەخانەکانی کۆماری عەرەبی سوریاو، رێکخستنی هاتوچۆی ئاسمانی لەناو ئاسمانی سوریادا هەیە. جەختیشدەكات لەوەی، فرۆكەخانەی قامیشلۆ داخراوەو بڕیاری کارکردن یان به کارهێنانی تەنیا لەلایەن دەستەكەوە دەردەچێت، هەر هەوڵێکيش بۆ بەکارهێنانی بەبێ هەماهەنگی و رەزامەندی فەرمی، پێشێلکردنی روونی یاساو رێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە رێكخستنی بەڕێوەبردنی کەشتیوانی ئاسمانییە.
ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمارى ئیسلامى ئێران بەشێوەیەکى بەردەوام و 24 کاتژمێری کراوەن و هیچ کێشەیەک دروست نەبووەـ ئەمەش بەپێى وتى کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی. پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە، محەممەد مەحموودیان، کونسوڵی ئێران لە سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا، لەبارەی جەنگی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل و کاردانەوەکان لەسەر جەنگەکە قسەی کرد. کونسوڵی ئێران لە سلێمانی وتى: دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بوەستن، ئێمەش هێرشەکانمان رادەگرین." لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانیش جەختى کردەوە خۆشبەختانە هەر لە دەستپێکی شەڕەکەدا سیاسییەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند. محەممەد مەحموودیان باسی لە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل کرد و وتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرکۆنەکردنی ئەم جەنگە هەڵوێستی خۆیان راگەیاند. کۆنسووڵی ئێران لە سلێمانی باسی لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتەکەی کرد و گوتی، "کراوەن و هیچ کێشەیەک بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دروست نەبووە." رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "شێری راپەڕیو" راگەیاند و هێرشی کردە سەر بنکەی ئەتۆمی و ناوەندە سەربازییەکانی ئێران. لە بەرامبەردا، ئێران ئۆپەراسیۆنی "بەڵێنی راست 3"ـی راگەیاند و بە درۆن و مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
هەپەگە-نەڕەچە ڕایگەیاند هێرشەکانی سوپای تورک لەسەر هەرێم و تونێلەکانی گەریلا بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک بەردوامە، لە بەرانبەر هێرشکاندا گەریلا لە پێگەی خۆپارێزییدایە و ٤ درۆنی خستووەتە خوارەوە و دەستی بەسەر ٢ درۆنیشدا گرتووە. ڕاگەیاندراوەکی ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە-نەڕەچە) بەم شێوەیەیە: "هێرشەکانی سوپای تورک لە ڕۆژئاوای زاپ و هەرێمی مەتینا لە دژی گەریلا بەردەوامە. لە نێوان ١٢-٢٠ـی حوزەیراندا ٥ جار بە بەتەقەمەنی قورس، ٤٥ جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و گازی کیمیایی، ٤٣ جار بە حەفارە، سەدان جار بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن هێرشی سەر تونێلەکانی گەریلا کراوە. هێزەکانی گەریلامان لە چوارچێوەی پاراستنی ڕەوادا وەڵامی ئەم هێرشانەیان دایەوە. هێرشی سەر هێزەکانمان و وەڵامدانەوەیان بەم شیوەیەیە؛ هێرشەکانی سوپای تورک؛ ١٥، ١٧ و ١٩ـی حوزەیران تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕژئاوای زاپ ٥ جار بە تەقەمەنی بۆردوومان کراون. لە نێوان ١٢-١٨ـی حوزەیران تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕژئاوای زاپ ٢٣ جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو و گازی کیمیایی بۆردوومان کران. لە نێوان ١١-١٤ـی حوزەیران تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی شێلازێ، بێشیلی و دەرگەلێ لە هەرێمی مەتینا ٢٢ جار بە درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆردوومان کران. لە نێوان ١٢-١٩ـی حوزەیران لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ ٤٣ جار هەوڵدار لە ڕێگەی حەفارە و ئامێری زەوی کونکردنەوە تونێلەکانمان لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی داڕوخێندرێت. لە نێوان ١٢-٢٠ـی حوزەیران گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی شێلازێ، بێشیلی، سەری مەتینا، دەرگەلێ لە هەرێمی مەتینا، گۆڕەپانەکانی دێڕەشێ، گرگاشێ، دەشتی کافیا، مژێ، گردی کون، گردی زەنگل، زێڤکێ، حەفتەباخ، سپیندارێ، لە هەرێمی گارە، گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی بەری زینێ، سنین لە هەرێمی خواکوڕک بە چەکی قورس، تۆپ و هاوەن بۆردوومان کران. وەڵامدانەی هێزەکانمان؛ ١٣، ١٥، ١٦ و ١٩ـی حوزەیران لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ هێزەکانی یەژا ستارمانەوە بە تەکنیک گورزییان لە ئامانجێک دا کە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی لە پێگەی هێرشکردندا بوو. درۆنێکی سوپای تورک خرایە خوارەوە. ١٦، ١٧، ١٨ و ١٩ـی حوزەیران لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ بە پێشەنگایەتی هێزەکانی یەژا ستارمان بە تەکنیک گورزیان لە ئامانجێک دا کە لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار لە پێگەی هێرشکردندا بوو. ١٢، ١٣، ١٤ و ١٦ـی حوزەیران لە هەرێمی مەتینا ئەو ئامانجانەی کە لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی سەری مەتینا و بێشیلی لە پێگەی هێرشکردندا بوون و بانگەوازی سوکایەتیکرنیان دژ بە هێزەکانمانیان دەکرد، بوونە ئامانجی هێزەکانمان بە پێشەنگایەتی یەژا ستار. ٣ درۆن خرایە خوارەوە، دەست بەسەر ٢ درۆنی دیکەدا گیرا."
کامەران عوسمان لە رێكخراوی (CPT): سوپای تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی جوتیاران بۆسەر ڕەز و باخەکانیان، زنجیرەیەک تۆپبارانی بۆسەر گوندەکانی بەری گارە و دەڤەری نهێلێ ئەنجامدا. لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا زیاتر لە (100) جار تۆپبارانی گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان لە بەری گارە لە قەزای ئامێدی کردو بە دەیان دۆنم دارستان و ترش و ڕەز و باخی گوندنشینانیان سوتاند. هەر ئەمڕۆ، لە کاتێکدا نوێژخوێنانی گوندەکانی (گوهەرزێ و بەلاڤە) لە دەڤەری نهێلێ بۆ نوێژی هەینی لە مزگەوت بوون، تۆپخانەکانی تورکیا تۆپبارانی ئەو دوو گوندەی کرد و ڕەز و باخی گوندنشینانی سوتاند. لە درەنگانی دوێنێ شەویشەوە تاوەکو ئێستا، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاکەنجی سوپای تورکیا بەسەر گوندەکانی سنوری ئامێدیدا دەسوڕێنەوە و بوونەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ بۆ گوندنشینان.
بڕیاربو ئەمڕۆ دادگاى فیدراڵى تایبەت بە چارەسەرى کێشەى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى ژمارەى ئەندامانى دادگاکە رێژەى یاسایی تەواو نەکرد کۆبونەوەکە بۆ کۆتایی هەفتەى داهاتو دواخرا، سێ مەرجى دادگاکە بۆ هەرێمى کوردستان ئاشکرا دەکرێت. سەرچاوەیەکىش لە دادگای فیدراڵی ئاشکرایدەکات شەش ئەندامی هەمیشەیی و سێ ئەندامى یەدەگى دادگای فیدراڵی نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکردووە. سەرچاوەیەک لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، لەو کۆبونەوەیەى بڕیارە دادگاى فیدراڵى ئەنجامى بدات، دادگاى فیدراڵى ماوەیەکى دیاریکراو بۆ چارەسەرى گرفتەکان دادەتە هەرێمى کوردستان. بەوتەی سەرچاوەکە، هەرێمی كوردستان و بەغداد پابەند دەکرێن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی واتە، بەغداد بە ناردنی موچە و هەرێمیش بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و رادەستکردنی داهاتی راستەقینە کە مانگانە بڕەکەی نزیکەی 150 ملیار دینار دەکات. لەگەڵ تەواوکردنی پرۆسەی بەبانکیکردنی موچە، بۆئەو مەبەستەش دادگای فیدراڵی وادەیەک دیاریدەکات، هەرلایەک پابەندی بڕیارەکانی دادگا نەبو ئەوا مافی دەستوری پێنادرێت، ئەو مافەش بۆ هەرێمی کوردستان موچەی فەرمانبەران و بەشە بودجەکەیەتی.
درۆنێک لە گوندێکی لە چیای قەرەچوغ سەر بە قەزای مەخموور لە پارێزگای نەینەوا کەوتەخوارەوە. شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کاتێک جووتیارێک دەچێتە سەر زەوییەکەی لە گوندی ئازی کەند لە سنووری ناحیەی قەراج لە چیای قەرەچوغ، ئەو دۆرنە دەبینێت کە لە زەوییەکەدا کەوتووەتە خوارەوە. بەگوتەی شێروان دووبەردانی، درۆنەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە و نەپێکراوە. غازی فەیسەڵ فەرماندەی خۆبەخشی پێشمەرگە لە قەزای مەخموور راگەیاند، درەنگی ئێوارەی دوێنێ درۆنێك لە نزیك هێزێكی پێشمەرگە لە چیای قەرەچوغ كە پێنج كیلۆمەتر لەنێو سەنتەری شارۆچكەكەوە دوورە كەوتووەتەخوارەوە بەبێ ئەوەی هیچ زیانێك بەهێزەكەی پێشمەرگە گەیشتبێت. دەشڵێ، دوای كەوتنەخوارەوەی درۆنەكە هێزەكانی سوپای عێراقیان لەناوچەكە ئاگادار كردوەتەوە و ئەمڕۆ تیمێكی شارەزای هەڵگرتنەوەی درۆنیان ناردووەتە شوێنی رووداوەكە و گواستویانەتەوە بۆ بارەگای فیرقەی سوپای عێراق لەناوچەكە. ئەو فەرماندەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشدا ئەوان نازانن درۆنەكە لەلایەن چ وڵاتێكەوە ئاڕاستەی ناوچەكە كراوە.
جەمال كۆچەر، ئەندامى لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دڵنیایی دەدات سەرەڕای گرژییەكانی ناوچەكە حكومەتی عێراق دەتوانێت لەكاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران دابەشبكات و هیچ گرفتێكی نییە. جەمال كۆچەر بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، حكومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواكەوتن لە وادەی خۆیدا دابەشدەكات و دۆخی دارایی عێراق لەژێر كۆنترۆڵدایە و حكومەت نەختینەی پێویستیە لەبەردەستەوە و رووداوەكانی ئێستا هیچ كاریگەرییان لەسەری نابێت. ئەو دەڵێت، حكومەتەكانی پێشتر سەرەڕای شەڕی چەند ساڵ شەڕی داعش و دواتری قەیرانی كۆرۆنا دابەشكردنی مووچەیان داونەخۆستوە و لەكاتی خۆیدا دابەشكراوە و فەرمانبەرانی هەموو ناوچەكانی عێراق پێیان گەیشتوە بۆیە ئێستا بەراورد بەوكاتە رووداوێكی ئەوتۆ لە عێراقدا نیە مەترسی لەسەر بێت. لەلایەکى دیکەوە بڕیارە ئەمرۆ دادگای فیدراڵیی عێراق کۆدەبێتەوە، رەنگە بڕیار لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستانەوە بدات. بەگوێرەی زانیارییەکان، دادوەرانی دادگای فیدراڵی کاتژمێر 12 کۆدەبنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بانگهێشتی میدیاکارانی کردووە رووماڵی دانیشتنەکە بکەن. دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، نامەیەکی لەبارەی مووچە بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە، هیوادارە دادگاکە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان بڕیاربدات.
سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە بارەی مووچەوە ڕایدەگەیەنێت، ئەم بابەتە گرنگترین بابەتە بەلای ئێمەوە . ئمڕۆ ڕۆژی چوارشەممە 18ی حوزەریرانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، كۆبویەوە و سێ بڕگە تاووتوێ دەكات. لەسەرەتاى کۆبونەوەکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی وتى: لەم یەک دوو ڕۆژەدا نامەم بۆ دادگای فیدراڵی ناردووە و چاوەڕوانین و هیوادارین دادگا لە قازانجی خەڵکی کوردستان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بڕیار بدات . فەرمانگەی میدیا و زانیاریی بڵاوی کردووەتەوە، لە بڕگەی یەكەمی کۆبوونەوەکەدا دوایین دۆخی ناوچەكە و شەڕ و ئاڵۆزی و پێشهاتە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان، تاوتوێ دەکرێت. هەروەها بڕگەی دووەمدا تایبەتە بە گفتوگۆ لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ تایبەت بە درێژكردنەوەی كاركردن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ بە ڕێژەی 20% بۆ شەش مانگی دیكە، کە 1ی تەممووزەوە تا 31ی کانوونی یەکەمی 2025 بەردەوام بێت. لە بڕگەی سێیەمدا، بەدواداچوون دەكرێت بۆ بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ژمارە 159 لە ڕێكەوتی 19ی ئاداری 2025 تایبەت بە دامەزراندنی دەرچووانی كۆلێژی پزیشكیی گشتی و خستنەڕووی وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر ئەم بابەتە بە نووسراویان ژمارە 1162 لە 9ی نیسانی 2025.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم كۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ دەستپێكردنەوەی تاقیكردنەوەیان یان دووبارە دواخستی كۆدەبێتەوە. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیار و پێشنیارێک نییە بۆ دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەکان، وابڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لیژنەی باڵای ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە کۆبێتەوە. سەرچاوەكە دەڵێت، لەكۆبوونەوەكەیدا لیژنەی باڵای ئەزموونەكان بە گوێرەی ئەو باردۆخەی ناوچەکە و هەرێمی پێدا تێدەپەڕێت بڕیار دەدات. هەینی رابردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكیدا بڕیاریدا تەواوی تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان بۆ هەفتەیەک دوابخات. شەڕی ئێران و ئیسرائیل پێی ناوەتە رۆژی شەشەمەوەو هەردوولا هێرش دەکەنە سەر یەکدی.
بارزانی پێشوازی لە هەڵسووڕێنەری کاروباری کۆنسووڵخانەی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر دەکات؛ ئەمەش یەکەم دەرکەوتنیەتى لەدواى ئەوەى هەینى ڕابردوو ئیسرائیل هێرشى کردە سەر ئێران. بەپێى ڕاگەیەندراوێکى بارەگای بارزانی، رۆژی سێشەممە 17ی حوزەیرانی 2025 لە سەلاحەددین مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسووڕێنەری کاروباری کۆنسووڵخانەی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر کرد. بەپێی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە دۆستایەتی و پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات کردەوە. هەروەها لەو دیدارەدا بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی سەرکردایەتیی ئیمارات راگەیاند لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان لە قۆناخە جیاجیاکاندا. ئەوەش هاتووە کە بارودۆخی سیاسی و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە. زۆرینەى بەرپرس و سەرکردە سیاسى و حکومیە باڵاکانى هەرێمى کوردستان، لەدواى هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەرئێران کەمترین دەرکەوتن و لێدوانیان هەبوە لەبەرچاوى کامێراکان دووربوون جموجوڵ و دیدارو کۆبونەوەیان ئەنجامدنەداوە. بەرەبەیانیی ڕۆژى هەینی ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئیران، لە هێرشەکەدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازیی وڵاتەکە کوژراون و ئێران لە وەڵامدا، بە درۆن و مووشەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.
