فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕایدەگەیەنێت هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نا مەدەنی و نا یاسایی، رەشبیگیرییان دەستپیکردوو بەشێکیان تەنها نێتی خۆپیشاندانیان هەبووە و بەشداریان نەکردووە. لەڕاگەیەندراوەکەیاندا ئەوەش دەخەنەڕوو وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەم هەڵسوکەوتە نا مەدەنی و نا یاساییە، پارێزراوی گیانی هەموو دەستگیرکراوان و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو هاوڕییانەمان کە لە زیندان ماون، دەخەینە ئەستۆی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی..  دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕاگەیاندراوی فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دژ بە ڕەشبگیری و پێشێلی مافی مرۆڤ لە سلێمانی بەداخەوە لەکاتێکدا دوومانگە مووچە دابەشنەکراوە، فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی لە دۆخێکی دارایی و دەروونی دژواردا دەژین، لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بە ڕاگەیەندراوێک رۆژی (٢٠٢٠٥/٠٦/٢٤) سەرەتایترین مافی بە خەڵک ڕەوا نەبینی و وتی، ئێستا گونجاو نییە بۆ خۆپیشاندان. بەوهۆیەوە مووچەخۆران و چالاکوانانی مەدەنی بڕیاریاندا بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر دۆخەکە گردببنەوە، بەڵام بەداخەوە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی نا مەدەنی و نا یاسایی، رەشبیگیرییان دەستپیکردوو و دەیان کەس لە مامۆستا، چالاکوانی مەدەنی، ئەندامی پەرلەمان، میدیاکار، چالاکوانی سیاسی و ئەندامانی پارتەسیاسیەکان دەستگیرکراون، کە بەشێکیان تەنها نێتی خۆپیشاندانیان هەبووە و بەشداریان نەکردووە. میدیاکاران تەنها بە ئەرکی پیشەیی چوون بۆ ڕووماڵ و پێشێلی هیچ یاسایەکیان نەکردووە، ئەمە جگە لەوەی دوێنی  (٢٠٢٠٥/٠٦/٢٥)،  وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی رایانگەیاند (١١) کەسیان بە یاسایی ڕێکخستنی خۆپیشاندان، ژمارە (١١)ی ساڵی (٢٠١٠) ماددەی (١٠) دەستگیرکردووە، لە کاتێکدا یاساکە تەنها پۆلیسی ڕاسپاردووە بەجێبەجێکردنی ئەم ئەرکە نەک ئاسایش و هیچ دەزگایەکی تری ئەمنی. ئەم هەڵمەتە نا مەدەنیانەیە بە تەواوی پێچەوانەی هەموو یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە، لە هەمانکاتدا پێچەوانەی درووشمەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کە بەرپرسی ئەو دەزگایانەی ئەندامی ئەون و پارتی دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیەیە. ئێمە وێرای ئیدانەکردنی توندی ئەم هەڵسوکەوتە نا مەدەنی و نا یاساییە، پارێزراوی گیانی هەموو دەستگیرکراوان و دەستبەجێ ئازادکردنی ئەو هاوڕییانەمان کە لە زیندان ماون، دەخەینە ئەستۆی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی و داواکاریشین کۆتایی بە دۆخی سەربازیکراوی شاری سلێمانی بهێنن.  فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (٢٠٢٥/٠٦/٢٦)

  بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسییەی داهاتی ناوخۆ، خەرجییەكانی هەرێم و ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت، شاندێكی حكومەتی عێراق ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەكەن و مەبەست لە هاتنی شاندەكەش ئەنجامدانی رێككەوتنە، ئەمەش بەپێى وتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار. سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم، دەڵێت بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو رێككەوتنەی لە مانگی (2025/2) لەنێوان هەولێر و بەغداد، دۆسییەی داهاتی ناوخۆ، خەرجییەكانی هەرێم و ئاستەنگەكانی بەردەم هەناردەكردنەوەی نەوت، بڕیار وایە ئەمڕۆ پێنجشەممە (2025/6/26) شاندێكی هونەری حكومەتی عێراق سەردانی شاری هەولێر دەكەن. وتیشی: شاندەكەی عێراق لە سبەینێوە كۆبونەوەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و بەوردی باس لە دۆسیەی داهاتی ناوخۆ، كە یەكێكە لە خاڵە ناكۆكەكانی نێوان هەرێم و عێراق دەكرێت. بەگوێرەى زانیارییەکان شاندەکە لە وەزارەتى نەوتى عێراق، کۆمپانیاى سۆمۆ، دیوانى چاودێریی دارایی عێراق و نوێنەرى کۆمپانیاى نەوتى باکوور پێکهاتوون. فوئاد حسێن وەزیرى دەرەوە و جێگرى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەناو شاندەکەدان و پاش گەیشتنیان بە هەولێر بڕیارە کۆبوونەوەکانیان دەستپێبکەن. شاندەکە بە رێنمایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. یەکێک لە تەوەرەکانى کۆبوونەوەکەشیان پرسی دووبارە هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستانە، بەشێوەیەک کە شاندەکە بڕیارى کۆتاییان لایە و دەتوانن رێککەوتن بکەن. ئەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، شاندێکی باڵا لە عێراقەوە دێتە هەرێمی کوردستان کە بڕیاریان بەدەستە و ئومێد دەکەن، لەم دوو رۆژەدا پرسی مووچە چارەسەر بکەن.

ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی ڕایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئەرێنی بووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشیدا لەگەڵ ئۆجەلان، ئەردۆغان و چەند بەرپرسێکی باڵا کۆ دەبنەوە.  وەفدی ئیمرالی گەڕێكی تری كۆبوونەوەی پارتە سیاسییەكانی توركیا دەستپێكرد، پرسی دروستكردنی كۆمسیۆنێك لە پەرلەمانی توركیا بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورد دەستی بەكارەكانی كردووە. رۆژی دووشەممەی ئایندە پارتە سیاسییەكان بۆچوونی نوسراوی خۆیان لەبارەی چۆنیەتی كاركردنی كۆمسیۆنەكە رادەستی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن. هەفتەی داهاتوو وەفدی ئیمرالی سەردانی ئەردۆغان و سەرۆكی (مەهەپە)و (جەهەپە) دەكاتەوەو لەكۆتاییشدا جارێكی تر دەچێتەوە ئیمرالی بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان. وەفدەی  پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی (نوعمان کورتولموش)ی سەرۆكی پەرلەمانی توركیای كرد.  وەفدی (دەم پارتی) پێكهاتووە لە هەریەكە لە (پەروین بوڵدان)و (مەتحەد سانجار) كە لە شوێنی كۆچكردوو (سری سورەیا ئۆندەر) دانراوە.  لەبارەی سەردانەكەیان بۆ لای سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، پەروین بوڵدان رایگەیاند: "پرۆسەکە چووەتە قۆناغێکی نوێ و بۆ ئەمەش سەردانی لایەنە سیاسییەکان و ئیمراڵی دەکەینەوە". "گەیشتووەتە قۆناغێکی گرنگ. ئێمە پێمانوایە گرنگە ئەم پرۆسەی ئاشتییە لەسەر بنەمای دیالۆگ و پەرلەمان بەرەوپێش بچێت. سەردانەکانمان بەردەوام دەبێت. نزیکەی یەک دوو هەفتەی تر سەردانی بەڕێزان دەوڵەت باخچەلی (سەرۆكی مەهەپە)و ئۆزگور ئۆزێل (سەرۆكی جەهەپە)و رەجەب تەیب ئەردۆغان (سەرۆكی توركیاو ئاكەپە) دەکەین لە کۆتایی ئەم دیدارانەدا سەردانی بەڕێز ئۆجالان دەکەین لە ئیمرالی" پەروین بوڵدان وای وت. لە پرسی ئەمجارەی چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی كورددا لە توركیا، گفتوگۆ لەبارەی دروستكردنی كۆمسیۆنێك دەكرێت لە پەرلەمان بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو پرۆسەكە جێبەجێ بكات، بڕیارە ئەم كۆمسیۆنە لە رۆژانی داهاتوودا پێكبهێنرێت. (مەتحەد سانجار) ئەندامی وەفدی ئیمرالی باسی لەوەكرد، گفتوگۆکان سەبارەت بە سروشتی کۆمسیۆنەکەو بارودۆخی کارکردنی و وردەکارییەکانی دیکە بەردەوامن، سەرۆكی پەرلەمان دوای بۆچوونی نوسراوی پارتەكانی كردووە.. رۆژی دووشەممە بۆچوونەکان وەردەگیرێن و پرسەكان لەبارەی جۆری لیژنەكەو چۆنیەتی كاركردنی دەبێت.  بیرۆکەکانیان لەسەر ئەم بابەتە باسکردوەو وەک هەمیشە وتویانە کە ئەوان کراوەن بۆ گفتوگۆ، گومانیان نییە لەوەی بەشداری پەرلەمان ئەم پرۆسەیە دەخاتە سەر پێی.

حكومەتی عێراق تابلێتەكانی تایبەت بە سەرژمێریی دانیشتووان بە دیاری پێشكەشی وڵاتی ئوردن كرد، بۆئەوەی هاوشێوەی عێراق بۆ سەرژمێریی دانیشتووان بەکاریبهێنێت. بەگوێرەی نووسراوێكی ئەمیندارێتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەسەر بنەمای بڕیاری ژمارەی 230ـی رۆژی 25ـی ئازاری ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیران بریاریداوە  تابلێتەكانی سەرژمێری ببەخشێتە ئوردن. لەو چوارچێوەیەدا 12 هەزار تابلێت بەو وڵاتە دەدەن، بۆئەوەی لە سەرژمێری تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەکاریبهێنن، لە کاتێکدا هەریەکێک لەم تابلێتانە 378 هەزار دینار لەسەر حکومەتی عێراق کەوتووە، کۆی گشتیی نرخی ئەو 12 هەزارە، دەگاتە چوار ملیار و 536 ملیۆن دینار. ئایپادەکان رەنگێکی سەوزی ماتیان هەبوو، بە داتا سەنتەرێکەوە گرێ درابوون، کارمەندەکە هەرچی تۆماردەکرد دەسناردە وەزارەتی پلاندانان، کارئاسانییەکی زۆریان بۆ پڕۆسە و ماوەی سەرژمێری کرد لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

  هێزەئەمنیەکانى سلێمانى، تا کاتژمێر ١٢ى ئەمرؤ، زیاتر لە ١٥ ڕۆژنامەنوس و وێنەگرى کەناڵەکانى ڕاگەیاندنیان دەستگیرکردوە بەپاساوى ئەوەى ڕوماڵ و بەدواداچوون و وێنەگرتنى شوێنى خۆپیشاندانەکەى سلێمانى. هەروەها هەریەکە لە عومەر گوڵپی پەرلەمانتاری پێشووی كۆمەڵ و عەلى حەمەساڵح پەرلەمانتارى کوردستان دەستگیركراون. سەنتەری میترۆش، ئیدانەی دەستگیرکردنی تیمی رۆژنامەوانیی کەناڵەکان دەکات و  داوای دەستبەجێی ئازادکردنی تیمی ڕۆژنامەوانیی ئەو کەناڵانە دەکاتان. بەپێى زانیاریەکان تائێستا دوو تیمی رۆژنامەوانی کەناڵی زووم بەناوەکانى (شادۆست فەرهاد، محەمەد دڵشاد، سەرکۆ فایەق، سیروان علی، کاروان عمران) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون ئازاد نەکراون. کەناڵى ئاسمانى پەیامیش ڕایدەگەیەنێت، تیمێکی ڕۆژنامەوانیی کەناڵەکەیان کە پێکهاتوون لە هۆشیار محەمەد و هێمن محەمەد لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیرکراون لەکاتى گواستنەوەو ڕوماڵى خۆپیشاندانى مامۆستایان. تیمێکى کەناڵى سپێدەش دەستگیرکران، هەروەها ڕێگری لە هەردوو تیمی مۆجۆ کورد و پرس میدیا کرا کە رووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی بکەن. هەروەها ڕاگەیاندنکارێکی کەناڵی ئازادی لەشاری سلێمانی دەستگیرکرا، لەگەڵ ژمارەیەک میدیاکاری دیکە و دوای ماوەیەک دەستتگیرکردن ئازاد کراون. سەرچاوەیەک لەمەڵبەندی سلێمانی حزبی شیوعی کوردستان، بە Azadi TV ی ڕایگەیاندوە، ژمارەیەک لەهاوڕییانمان، بۆ پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتی فەرمانبەران، لەبەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوایی سلیمانی ئامادەبوون و لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی سلێمانیەوە دەستگیرکران و دواتر ئازادکران. پێشتریش سەرچاوەوەکى ئاگادار ڕایگەیاند کەمێک لەمەوبەر هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر بارەگای رەوتی هەڵوێست لە سلێمانی. بەوتەى ئەو سەرچاوەیە هەریەکە لە عەلی حەمەساڵح و رێبوار کەریم و غالب محەمەد دەستگیرکران. بڕیارfبوو ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لەدژی دواکەوتنی مووچە خۆپیشاندان بکەن، بەڵام هێزێکى زۆری ئەمنی بۆ رێگری لە خۆپیشاندانەکە بڵاوەی پێکراو نەیانهێشت هیچ گردبوونەوەیەک بکرێت. مونیرە عەبدوڵا یەکێک لە ئەندامانى خوپیشاندانەکە بە زوومى گوت، کاتژمێر 10ـى پێش نیوەڕۆ، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دژی دواکەوتنی مووچە لەبەردەم بیناى بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەى رۆژئاواى سلێمانى خۆپیشاندان ئەنجامبدەن. لاى خۆشیەوە. سەلام عەبدولخالق گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێگەنادەن خۆپیشاندان لە سلێمانی بكرێت، چونکە زانیارییان هەیە چەند دەستێك دەیەوێت خۆپیشاندانەكە تێكبدات و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.

  بڕیارە ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، لەدژی دواکەوتنی مووچە خۆپیشاندان بکەن، بەڵام هێزێکى زۆری ئەمنی بۆ رێگری لە خۆپیشاندانەکە بڵاوەی پێکراوە. مونیرە عەبدوڵا یەکێک لە ئەندامانى خوپیشاندانەکە دەڵێت: کاتژمێر 10ـى پێش نیوەڕۆ، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دژی دواکەوتنی مووچە لەبەردەم بیناى بەڕێوەبەرایەتیى پەروەردەى رۆژئاواى سلێمانى خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن. هاوکات سەلام عەبدولخالق گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێگەنادەن خۆپیشاندان لە سلێمانی بكرێت، چونکە زانیارییان هەیە چەند دەستێك دەیەوێت خۆپیشاندانەكە تێكبدات و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە. پەیامنێرى هاوڵاتى لە سلێمانى وتى: لەشەوى رابردووە، لە شەقامى سالم و چەند شوێنێکى سلێمانى هێزێکى زۆرى ئەمنى بڵاوەی پێکراوە بۆ رێگری لە خۆپیشاندانەکە و تائێستاش ئاسایش 13 کەسی لە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە دەستگیرکردووە کە دەیانەوێت بۆ مووچە خۆپیشاندان بکەن. شەوى ڕابردوش بەرەی گەل لەڕاگەیەندراوێکیدا سەرکۆنەی دەستگیرکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات و دەڵێت: دەستگیرکردنى مامۆستایان ئەوپەڕی ترسە لە خەڵک و دەنگی ئەوانەی ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەیان قبوڵ نییە.

  شاندێکی نێودەوڵەتى، لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی کە بە بانگەوازی ٢٧ی شوبات عەبدوڵا ئۆجەلان دەستی پێکرد، دەچێتە ئیستەنبوڵ. شاندەکە بۆ ماوەی ٢ ڕۆژ کۆبوونەوە ئەنجام دەدات و داواکاری فەرمی پێشکەش دەکات بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئاپۆ. شاندەکە بە ڕۆژەڤی پرۆسەکە دەچێتە ئیستەنبوڵ، لەم شاندەدا کەسانی ئەکادیمی و سەندیکایی و ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەر و پەرلەمانتار و زانا و فێمێنیست و نووسەر و لێکۆڵەر و سەرۆک شارەوانییەکان لە نەمسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، کەتەلۆنیا، فەرەنسا، سویسرا و ژاپۆن، بەشدارن. سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لە ١ ی تەمموزەوە دەست پێ دەکات. شاندەکە سەرەتا سەردانی نووسینگەی یاسایی سەدە دەکات و لەگەڵ پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ کۆدەبێتەوە. پاشان لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان کۆدەبێتەوە، چاوەڕێ دەکرێت لەم کۆبوونەوانەدا بۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن. شاندەکە لە ٢ی تەمموز لە هیل ئوتێلی تەقسیم مێزگردێک ڕێکدەخات. چاوەڕێ دەکرێت لە مێزگردەکەدا هەموو بەشداربووان قسەبکەن و بۆچوون و پێشنیارەکانیان دەربارەی پرۆسەکە بخەنەڕوو. چاوەڕێ دەکرێت دواتر نەخشەڕێگایەک ەربارەی پرۆسەکە ڕابگەیەنرێت. هەروەها شاندەکە لە چوارچێوەی کەمپەینی "دەمەوێت دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجام بدەم" داواکاری فەرمی پێشکەش دەکات بۆ سەردانکردنی ئیمراڵی.

وەزارەتى دارایی وئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تیمی تەکنیکی لیستی مووچەی مانگی شەشى ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کردووە.                     لەڕاگەیەندراوێکیاندا، وەزارەتى دارایی دەڵێن: ڕۆژی چوارشەممە (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥) لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا. ئەمەش لەکاتێکدایە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەغدا لەم یەک بۆ دوو رۆژەدا شاندێک دەنێرێت بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی مووچە". باسی لەوەش کرد، "گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان". مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە کێشەی مووچەی مووچەخۆران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی عێراق و گشتیی ناوچەکەى کرد.  وتی: "دەمەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا بکەمەوە، کە ژیان و مردنی ئێمە بەیەکەوەیە. ئەوەی لە توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێت، هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەستەبەری هەموو مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین.  جەختى کردەوە هیوادارم لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، لەم چەند ڕۆژەدا بگەیەن بە ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی (لەگەڵ حکوومەتی عێراق) و ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکرێت. لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ئەوەی ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەیشتنە رێککەوتن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت مووچە دابین؟ مەسرور بارزانی گوتی، "سەخت دەبێت، چونکە لەم ماوەیە کە نەوت راگیراوە، وایکرد داهات بەشێوەیەکی گشتی کەم بێتەوە".

  تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەكات، ئەندامانی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، (عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی) ئازاد بكەن و لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی، لە رێگەی رێوشوێنی ئەمنی گونجاو، رێكخەران و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە بپارێزێت.  شەوی رابردوو، لە رێی پەیوەندی تەلەفونی بەجیا داوا لە هەردوو رێكخەری خۆپیشاندانەكە، عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی دەكرێت بچن سەردانی ئاسایش بكەن، پاش ئەوەی دەچن، ئیتر سۆراغیان نامێنێت. عادل حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە تۆڕی 19ی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ خانەوادەی دەستگیركراوان چوون بۆ سۆراغیان لە ئاسایشی گشتی سلێمانی، پێیان وتوون، "لای ئێمەن سبەینێ ئازادیان دەكەین، بەڵام تا ئێستا هەر لەوێ ماونەتەوە". رۆژی شەممە، 21ی حوزەیران، دەستەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا  داوایان  لە چین و توێژەكان كرد: ڕۆژی پێنجشەممە بێنە سەر شەقام و دژی گەندەڵی و نادادی و دواكەوتنی مووچە داوای مافی خۆیان بكەن. ئەمەو دوێنێ 24ی حوزەیران، لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێك لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی تیمێكی ئێن ئارتی، (عەلی ساڵح، میر سەركەوت) لە لایەن هێزێكی ئەمنییەوە دەستگیركران و پاش چەند كاتژمێرێك ئازاد كران. دەستگیركردنی تیمەكەی ئێن ئارتی هاوكات بوو لەگەڵ راگەیاندراوێكی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی كە وتبووی، "ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەكەی پێدا تێپەڕدەبێت گونجاو نییە". داوا دەكەن، "خۆپیشاندانەكە بۆ كاتێكی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوكار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەكانیان بەشێوەیەكی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێكی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو". لە بەرانبەردا، مامۆستایان و فەرمانبەران داواكەی لیژنەی ئەمنییان رەتكردەوە و رایانگەیاند راگەیاندراوەكەیان بۆ خۆپیشاندان ئاشتیانە وەك خۆیەتی. تۆڕی هاوپەیمانی 19 داوا دەكات، ئەندامانی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، (عوسمان گوڵپی و دڵشاد میرانی) ئازاد بكەن و لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، لە رێگەی رێوشوێنی ئەمنیی گونجاو، رێكخەران و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكە بپارێزن.  بە پێی پێودانگی مافەكانی مرۆڤ، یاسای ناوخۆی و دەستور، ئەو مافەی بە هاووڵاتیان داوە كە بەبێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە و دوور لە سانسۆر، بتوانن گوزارشت بە لە بیروڕای خۆیان بكەن حكومەت رێز لەمافی ئازادی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادی ڕادەربڕینیان بگرن، ئەمەش نیشاندەری ئەدای ئەو كۆمەڵگایە پیشان دەدات لە بواری مافەكانی مرۆڤدا بە گشتی.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بەغدا لەم یەک بۆ دوو رۆژەدا شاندێک دەنێرێت بۆ گفتوگۆی راستەقینە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی مووچە". باسی لەوەش کرد، "گوشارێکی زۆر خراوەتە سەر هەرێمی کوردستان". مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25-06-2025ـی ئەنجوومەنی وەزیران؛ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باس لە کێشەی مووچەی مووچەخۆران، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و بارودۆخی عێراق و گشتیی ناوچەکەى کرد.  وتی: "دەمەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا بکەمەوە، کە ژیان و مردنی ئێمە بەیەکەوەیە. ئەوەی لە توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بێت، ئەوەی لە توانای خۆمدا بێت، هەموو هەوڵێک دەدەین کە دەستەبەری هەموو مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین.  جەختى کردەوە هیوادارم لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا، لەم چەند ڕۆژەدا بگەیەن بە ئەنجامێکی زۆر ئەرێنی (لەگەڵ حکوومەتی عێراق) و ئەم کێشەیە بەرەو چارەسەر بڕوات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابین بکرێت. لە وەڵامی پرسیارێکدا لەسەر ئەوەی ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەیشتنە رێککەوتن، هەرێمی کوردستان دەتوانێت مووچە دابین؟ مەسرور بارزانی گوتی، "سەخت دەبێت، چونکە لەم ماوەیە کە نەوت راگیراوە، وایکرد داهات بەشێوەیەکی گشتی کەم بێتەوە".   سەرۆکوەزیران باسی لەوەش کرد، "کەمبوونەوەی داهات، جووڵەی بازرگانی و کەرتی تایبەتیش بەرەو لاوازی دەبات، بۆیە بێگومان سەخت دەبێت، بەڵام ئێمە بە هیچ جۆرێک واز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناهێنین".   مەسرور بارزانی زیاتر لەسەر ئەم پرسە قسەی کرد و گوتی، "بەغدا موڵکی تاکە لایەنێک نییە کە ئێمە بچین سواڵکەر بین و ئەوان خاوەن ماڵ بن، هەموومان لەم وڵاتە دەبێت یەکسان بین. خۆشمان بە خاوەن دەسەڵات دەزانین، هەموو هەوڵێکیش دەدەین بگەین بە رێککەوتن و هەموو مافەکان بە یەکسانی و دادپەروەرانە دابەش بکرێت". بەشێکى دیکەى پەیامەکانى مەسرور بارزانى,,, سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین، بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان ئەم قەیرانە بەرەو کۆتایی دەڕوات. چاومان لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە کێشەی مووچە چارەسەر بکات، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق قسەم کرد و ئامادەن لەگەڵ ئێمە گفتوگۆ بکەن. ژیان و مردنی ئێمە و خەڵکی هەرێمی کوردستان بەیەکەوەیە، شاندێکی عێراق بۆ چارەسەری کێشەی مووچە دێنە هەرێمی کوردستان. بەلێنتان پێدەدەم نایەڵین مووچەکانتان بفەوتێت مانگى پێنج و شەشیش، سکاڵای هەندێک لایەنی ناوخۆ ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دەستێوەردانی دادگای فیدراڵی لە بابەتی مووچە .   بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین مافە دەستورییەكانمان كە لە دەستوری عێراقدا هاتووە كەمبكرێتەوە دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا داناخەین. شاندێک بۆ چارەسەکردنی پرسی مووچە دێتە هەولێر، لە ئاستێکی باڵایە، هەژماری من لە سلێمانی بە خێرایی دەچێتەپێش. ئەوەى لەبەردەستمانە دەیدەین بەمووچە بەس نازانم بەش دەکات یان نا، لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێککەوتووین بەڵام لەسەر پۆستەکان کێشەمان هەیە.

ئەمشەو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دوو مامۆستای ناڕازییان دەستگیرکرد دڵشاد میرانی و عوسمان گوڵپی، ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە، سبەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دژی دواکەوتنی مووچەکانیان گردببنەوە، ئەو دوو مامۆستا ناڕازیەش دەستگیرکراون، دەیانەوێت بۆ مووچە خۆپیشاندان بکەن. عادل حەسەن ئەندامى دەستەى مامۆستایانى ناڕازى وتى، کاتژمێر 12ـی شەوى رابردوو، ئاسایشی سلێمانی ناردوویانە بە شوێن مامۆستا عوسمان گوڵپی، ئەندامى ئەنجومەنى ناڕازى بە ناوی ئەوەی چەند پرسیارێکی لێ دەکەن، بەڵام تائێستا ئازادییان نەکردووە و نەگەڕاوەتەوە. دەشڵێت، ئەم دەستگیرکردنە لە چوارچێوەی رێگرییەکانی دەسەڵاتدارانی سلێمانییە، بۆ رێگری لە خۆپیشاندانی سبەینێ. بەپێى زانیاریەکان، کە چەند مامۆستایەکى ئەندامى دەستەى مامۆستایانى ناڕازى پشتراستیانکردوەتەوە، لەشەوى رابردووەوە، دڵشاد میرانى ئەندامى دەستەى مامۆستایانى ناڕازیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى سلێمانییەوە دەستگیرکراوە. لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانیش لەبارەى خۆپیشاندانەکەى سبەینێوە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و داوا لە مامۆستا، فەرمانبەر و مووچەخۆران دەکات خۆپێشاندان نەکەن، چونکە دۆخەکە هەستیارە.

  بڕیارە رۆژی پێنج شەممە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی خۆپیشاندان دژی نەدانی موچە رێكبخەن، لیژنەی ئەمنی سلێمانی دەڵێت لەمكاتەدا خۆپیشاندان گونجاو نیە.  لەڕاگەیەندراوەکەى  لیژنەی ئەمنی سلێمانیدا ئەوەش خراوەتە ڕوو چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان، ئەمجارەش داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن.   دەقی راگەیەندراوەکەی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی: ئێمە لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، پشتیوانیی و پاڵپشتیی تەواوی خۆمان؛ بۆ ماف و داوا ڕەواکانی مامۆستایان و فەرمانبەران و مووچەخۆران بەگشتیی؛  دەردەبڕین و، باری دژواری ژیان و گوزەرانی موچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەوە لەبەرچاودەگرین، لەگەڵ ئەوەشدا؛ بەهەموو لایەکی رایدەگەیەنین؛ کە دەنگی موچەخۆران و ناڕەزایەتییەکانیان گەیشتۆتە هەموو دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، بەڵام ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتی لەم دۆخە هەستیارەی ناوچەکەی پێدا تێپەڕدەبێت؛ گونجاو نابێت.  بۆیە، وەک چۆن پێشتر هاوکار و هەماهەنگ بووین لەپرسی پاراستن و هێنانەکایەی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خۆپیشاندان و سەلامەتیی گیانی خۆپیشاندەران، ئەمجارە بەسوپاس و پێزانینەوە، داوا دەکەین؛ خۆپیشاندانەکە بۆ کاتێکی سەقامگیرتر دوابخەن تا هاوکار و هەماهەنگ بین لەگەیاندنی پەیامەکانیان بەشێوەیەکی شارستانیانە و دوور لەهەر ئەگەرێکی توندوتیژی و ڕووداوی نەخوازراو. سوپاس بۆ هاوکاریی و پابەندبوون.. لەگەڵ ڕێزدا لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٥

  سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى گەرم لەئاگربەستەکەى دۆناڵد ترەمپ دەکات لەنێوان ئیسرائیل و ئێرانداو دەڵێت: دیالۆگ باشترین بژاردەیە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی. لەتۆڕى کۆمەلایەتى ئێکس نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پەیامێکى بڵاوکردەوە، تیایدا ئەوەى خستوەتەڕوو دەڵێت، "باوەڕی تەواوم بەوەیە کە تاکە رێگە بۆ سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەنەکانە."   هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانین ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی دیکە دەکات بۆ پابەندبوونیان بە "دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان لەم کاتە هەستیار و گرنگەدا. دەقى پەیامەکە.. لەباوەڕم وایە کە تاکە ڕێگای بەردەوام بەرەو سەقامگیری و ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە گفتوگۆی گشتگیر و بنیاتنەر و لێکتێگەیشتنی یەکتردایە لە نێوان هەموو لایەنەکاندا. سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی سەرۆک ترامپ و سەرکردەکانی دیکە دەکەم بۆ پابەندبوونیان بە دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی ناکۆکییەکان لەم کاتە گرنگەدا.

  ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە ڕایگەیاندوە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کارنامەی سەرەکییە و داوای لە هەموو لایەک کرد بەرپرسیارێتی بەستنی کۆنگرە لە ئەستۆ بگرن. هەر بەپێى هەواڵەکەى ئەو ئاژانسەى باکورى کوردستان، ئۆجەلان لە دیدارەکانی پێشوویدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵی پەیامی بۆ حزب و بازنە کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ناردوە، لەیەکێک لەو پەیامانەدا داواى لە بارزانی کردوە کە سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکات. بەپێى زانیاریەکانى میزپۆتامیا، ئۆجالان لە چوارچێوەی "بانگەواز بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" لە دانوستانەکاندا هەوڵی گرنگی بۆ یەکێتی نەتەوەیی گەلی کورد داوە. وەک بەشێک لە بانگەوازەکەی بۆ "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدار و نامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە و بەپێیوستی زانیوە لەقۆناغی ئێستادا و لەپێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و داننان بە پێگەی گەلی کورد، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بە پێویستییەکی بەپەلە دەزانێت و نابێت دوابخرێت. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە چاوپێکەوتن و نامەکانیدا باس لەوە دەکات کە لە ماوەی ٢٠١٣-٢٠١٥دا هەوڵی زۆری داوە بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، بەڵام هاوکات و هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئەم پرۆسەیە هەبووە. عەبدوڵڵا ئۆجەلان باس لەوە دەکات کە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی نیشتمانی کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکانی دیکەش هەبووە. ئۆجەلان داوای لە پارتە کوردییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، رێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کردووە بەرپرسیارێتی خۆیان بۆ بەستنی کۆنگرە وەک ئەرکێکی مێژوویی هەڵبگرن.  ئاژانسی هەواڵی میزپۆتامیا بڵاوی کردەوە؛ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە دیدارەکانی پێشووی لەگەڵ شاندی ئیمراڵی پەیامی بۆ حزب و بازنە کۆمەڵایەتییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ناردبوو، لە پەیامە نوێیەکەیدا بۆ بازنەکانی سیاسی کورد لە باکور، باشور، ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات و رەوەند، جارێکی دیکە داوای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کردووە. بەپێی ئاژانسەکەی باکوری کوردستان، ئۆجەلان لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵییەوە پەیامێکی تایبەتی بۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ناردووە و داوای کردووە سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکات.  عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا دڵنیایی داوەتە بارزانی کە پاڵپشتی لە هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد و ئەرکەکانی و پێیوایە رەنگە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆتایی بە دابەشبوونی کورد بهێنێت.  لەژێر چاودێری کۆنگرەی نەتەوەییدا، پێویستە کۆمیتەی نەتەوەیی هاوبەش و کۆمیتەی زمان و رۆشنبیری و مێژوو دابمەزرێنرێت و بەپێی پێویست لیژنەی نوێ دابمەزرێندرێت.  بەپێویستیزانییوە کۆنگرەی نەتەوەیی هەڵوێستێکی هاوبەش دیاری بکات و لە بەرامبەر هێرشە چاوەڕوانکراوەکان دژ بە بوونی کورد و ناسنامە و زمان و کولتور و جوگرافیادا هەنگاو بنێت. میزپۆتامیا بڵاوی کردوەتەوە، کە ئۆجەلان رۆڵی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورددا لەبەرچاو دەگرێت و دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو پرسە لە ئەستۆ بگرێت. 

نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق باسی دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە. بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حکومەتی فیدراڵی ئەو رێکارانەی خستەڕوو کە بۆ گرەنتیکردنی خەرجکردنی مووچە بە شێوەیەکی رێکخراو و گونجاو لەگەڵ بڕگەکانی دەستوور گیراونەتەبەر. لەبارەی پرسی مووچە، چوار سەرۆکایەتییەکە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات؛ بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و کێشەکانی دیکەش بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بکرێن. بەگوێرەى راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆمار، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە و داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، پابەندی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بێت، تاوەکو حکومەتی عێراق بتوانێت بەردەوام بێت لە ناردنی مووچە و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی دیکە بەگوێرەى دەستوور و یاسا. سەرۆکایەتییەکانی عێراق سەرەکۆنەی هێرشەکانی سەر ئێرانیان کرد و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ناویانبردووە و داوای دەستبەجێ راگرتنی جەنگ دەکەن و نیگەرانن لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. چوار سەرۆکایەتییەکە گفتوگۆیان سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردووە، کە خواستەکانی گەلی عێراق بەدیبهێنێت بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکان و جەختیان لە پێویستی پاڵپشتیکردنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووەتەوە، لەگەڵ گرەنتیکردنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا.