بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان سەرەڕای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دا لە بازنەی کەرکووک دەنگ بە بەربژێرە کوردەکان بدەن. بەرپرسی مەڵبەندەکەیان دەڵێت، "دەنگمان بۆ بەربژێری ئەو لیستانەیە کە دەردەچن."   ئەمڕۆ دووشەممە 03-11-2025 عیماد کەرکووکی، بەرپرسی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بڕیاری سەرکردایەتیی حیزبەکەی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەکانی هەرێمی کوردستان بایکۆت کراوە، بەڵام لەبەر پرسە نەتەوەییەکە لە کەرکووک بڕیاریان داوە دەنگ بدەن." عیماد کەرکووکی گوتی، "ئێمە کادر و دەنگدەرانی خۆمان ئازاد کردووە، بەڵام باشترە دەنگ بە بەربژێری لایەنێک بدرێت کە دەرچوونی مسۆگەر بێت، لەبەرئەوەی دەنگی کورد لەو بازنەیە نەفەوتێت." لە بازنەی کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کردووە. بەرپرسەکەی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، "باشترە دەنگەکان بۆ ئەو لایەنانە بن کە دەرچوونی بەربژێریان مسۆگەرە، بۆئەوەی دەنگی کورد نەفەوتێت، ئێمەش کادر و لایەنگرانمان ئازاد کردووە دەنگ بە پارتی دەدەن یان یەکێتی، چونکە دەرچوونی بەربژێری ئەو دوو لایەنە مسۆگەرترە."

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا لە موسڵ وتى: هەموو بڕیارێكی ستراتیژی عێراق دەبێت لە عێراق بدرێت، نەك لەم وڵات و ئەو وڵات. لە وتارێکی لە شاری مووسڵ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای ستایشکردنی خۆڕاگریی خەڵکی نەینەوا، نەخشەڕێگا و پڕۆژەی حزبەکەی بۆ بونیادنانەوەی شارەکە و گەڕاندنەوەی شکۆی بۆ خستەڕوو و جەختی کردەوە کە بەبێ سەقامگیریی مووسڵ، عێراق سەقامگیر نابێت. بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارەکەی بە ستایشکردنی مێژوو و قوربانیدانی مووسڵ دەستپێکرد و وتی: "مووسڵ هێمای هێز و خۆڕاگرییە، ئێمە شانازی بە خوێن و مێژووی مووسڵ دەکەین." ئاماژەی بەوەشکرد کە تیرۆرستانی قاعیدە و داعش نەیانتوانی ئەم شارە بڕوخێنن، چونکە "خەڵکی نەینەوا دیواری ئاسنین و خۆڕاگریین لە عێراق." ئەو نەینەوای بە "نموونەی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال" وەسف کرد کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دەژین، جەختیشی کردەوە کە "داینەمۆی نوێبوونەوەی عێراق مووسڵە" و "بەبێ سەقامگیریی موسڵ، عێراق سەقامگیر نابێت." سەرۆکی یەکێتی دڵنیایی دایە خەڵکی نەینەوا کە "یەکێتیی پرۆژەی هەیە بۆ نوێبوونەوەی نەینەوا" و بەڵێنی دا: "ماڵ و گەڕەک و خەونەکانتان بونیاد دەنێینەوە." ئەو ڕایگەیاند کە دەزانن "هاووڵاتیانی نەینەوا نەهامەتی زۆریان چەشتووە،" بەڵام جەختی کردەوە کە ئەوان "بڕوایان بە دادپەروەرییە نەک تۆڵەکردنەوە." لەم چوارچێوەیەدا، بەڵێنی دا کە کار بۆ گەڕاندنەوەی مافی گیراوە بێتاوانەکانی نەینەوا دەکەن و پێویستە هەموو ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. بافڵ جەلال تاڵەبانی گرنگییەکی تایبەتی بە دۆخی کوردانی ئێزدی دا و وتی: "کار بۆ گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی دەکەین" و "خەبات دەکەین بۆ ئەوەی خوشک و برا ئێزدییەکان سەربەرزانە بژین" و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی تیشکی خستە سەر گرنگیی زانست و خوێندن و ڕایگەیاند: "پێویستە گرنگی زیاتر بە زانکۆی مووسڵ بدرێت." بەڵێنی دا کە "کار بۆ پێشکەوتن و نوێکردنەوەی زانکۆی مووسڵ دەکەن" و پێشنیازی کرد: "داوای دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆکانی مووسڵ و سلێمانی دەکەم" بۆ ئەوەی ببێتە پردێکی زانستی و ڕۆشنبیری. لە کۆتاییدا، سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی سیاسیی ڕوونی ئاراستە کرد و وتی: "نەینەوا پێویستی بە سیاسەت و ڕێبازی مام جەلالە." جەختی لەسەر سەروەریی عێراق کردەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە تەواوی بڕیارە ستراتیجییەکانی عێراق لە ناوخۆی وڵات بدرێت" و "نەینەوا شوێنی ئەجێندای هیچ لایەن و وڵاتێک نییە." دڵنیاییشی دا کە "یەکێتی لە نەینەوا نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکان دەکات" و "لیستی هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا نوێنەرایەتی هەمووان دەکات.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان دەکاتەوە.  ئه‌مڕۆ دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمه‌رانی کردەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "لە ڕووی بازرگانییەوە بۆ ئێمە گرنگە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین". سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە هەڵکەوتەی جوگرافیای شارەدێ و دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دا و گوتی: "ئێرە شوێنێکی گرنگە، چونکە دەروازەیەکیشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە پێویستە بۆ ئێمە گرنگی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانکاریش بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان بکەین." مەسرور بارزانی دوای کردنەوەی رێگەی دووسایدی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم سەردانی حاجی ئۆمەران دەکەم کە سەردەمێک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانی نەمرە. شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە کە ئێمە ئێستا بەرهەمی دەستی ئەوان دەبینین و لە سایەی زەحمەتی ئەوان ئێستا کوردستانێکی ئازادمان هەیە". مەسرور بارزانی گوتی، "جێی دڵخۆشییە کە لێرەین بۆ کردنەوەی بەشێک لەو رێگەیە کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە و رێکوپێک دروستکراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان. بێگومان خەڵکی ئەم دەڤەرە شایەنی خزمەتی زۆر لەوە زیاترن، ئەوەی لە دەستی حکومەت بێت بەپێی توانا لە خزمەتتان دەبین و پەرە بە گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین". درێژیی رێگەکە 2.5 کیلۆمەترە و تێچووەکەی زیاتر لە 35 ملیار دینارە. دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کە هەردوو پارێزگای هەولێری هەرێمی کوردستان و پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتیەوە، دەروازەیەکی بەردەوام پڕجووڵەی نێوان هەردوو پارێزگایە، کە لە ڕووی هاتوچۆی گەشتیارییەوە 24 کاتژمێرەیە و لە لایەنی بازرگانیشەوە ڕۆژانە لە کاتژمێری هەشتی بەیانییەوە تاوەکوو حەوتی ئێوارە جموجووڵی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەکرێت. لەبارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، پێشتر پارێزگاری ورمێ، ڕەزا ڕەحمانی لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندبوو، بە گوێرەی تۆمارەکان لە ساڵی 2024دا بە قەبارەی هەشت ملیار دۆلار هەناردە و 19 ملیار دۆلار کاڵا بە ترانزێت هەناردەی سنووری هەرێمی کوردستان کراوە

ئەحمەد تورك، سیاسەتمەداری باكوری كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح)ی توركی، كە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: نابێت پرۆسەی ئاشتی  تەنها وەک رادەستبونی پەکەکە سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا بکرێت کە زەمینە بۆ دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەکات و برایەتی تورک-کورد تێدەپەڕێت.   راشیدەگەیەنێت، تورکیایەک کە پرسی کورد چارەسەر بکات، بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە دامەزراندنی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە لەوێنە گەورەكەدا وا تەماشای پرۆسەی چارەسەری بكرێت، بۆچونەكانتان هەرچۆنێك بێت پێویستە بەشداری لە پرۆسەی چارەسەردا بكەن.  ئاماژەی بەوەدا، توێژێکی نا سیاسیی لە تورکیادا هەن تا ئێستاش نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن، ئەوان تێناگەن چی روودەدات، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم توێژە روونبکەینەوە، دەبێت باس لەوە بکرێت ئەم پرۆسەیە تەنها پەیوەندی بە کوردەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەحمەد تورک جەختیش دەكات، پرۆسەکە بەهۆی پاڵپشتیی سەرۆک کۆمارەوە بەرەوپێش دەچێت، حساباتەكانی بە وردی دەکات، تەنانەت رەخنەكانیش چاوەڕوانكراوەكانیش لەبەرچاو دەگرێت، لە سەرەتای پرۆسەکەدا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم بابەتە لەگەڵ ڕای گشتی بەش نەكرد، بەڵام لەم دواییانەدا روونی کردەوە کە تا کۆتایی پشتگیریی دەکات. باس لەوەش دەكات، لەکاتێکدا پێشتر لەناو دەوڵەتدا گروپێک هەبوون کە تێڕوانینی زۆر جیاوازیان هەبووە، ئێستا مەیلێکی بەهێز لەناو دەوڵەتدا هەیە كە باوەڕی وایە چارەسەر پێویستە بە هۆی كارلێكە ناوخۆیی و دەرەکییەكان، کۆدەنگییەکی سیاسی بەهێز هەیەو بەڕێز ئەردۆغان وەک بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن رۆڵێکی گرنگی هەیە لەم ڕووەوە. ئەحمەد تورك لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت: سەرۆک لەگەڵ شاندێکی (DEM) کۆبووەوە، دەمەوێت بە دیاریكراوی لەبارەی سوریا قسەی لەگەڵ بکەم، لە ناوچەکەدا پڕۆژەیەکی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەم پڕۆژەیەش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات، لەبری ئەوەی وڵاتانی دیکە دەستوەردان بکەن، پێویستە تورک و کورد کۆببنەوە و بڕیاربدەن چی بکرێت،  پێویستە تورکیا لەوێ لەگەڵ کوردەکان قسە بکات، با لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسە بکەین، بەڵام بە بۆچونی من، پێویستە لەگەڵ کوردەکانی ئەوێش قسە بکەین و گوێ لە بۆچونەکانیان بگرین. لەبارەی هەوڵەكانی پێشوی ئاشتیش لە توركیا دەڵێت: بزوتنەوەی گولەن رۆڵی هەبووە لە شکستی پڕۆسەی ئاشتی پێشودا، بزوتنەوەی گولەن لەو کاتەدا دزەی کردبووە ناو زۆرێک لە ئاستەکانی حکومەتەوە، ئەمەش بە ڕوونی لە دادگاییکردنی (کەجەکە)دا دەرکەوت.  ئاشکرا بوو کە زۆربەی ئەو دادوەر و داواکاری گشتیانەی کە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا دەکرد، پەیوەندییان بە بزوتنەوەی گولەنەوە هەیە، هەروەها حکومەت لەو کاتەدا ئامادە نەبوو، ئێستا پرۆسەکە جیاوازە.

بەپێى ئامارێکى ڕێکخراوى هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ۸۰ حاڵەت واتا ۴۹.۵٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۱۶۱ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ، لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران بووە. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۲۳۵ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۶ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت. لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۶ بەندکراوی سیاسیی عەرەب بەناوەکانی عەلی موجەدەم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خەنفەری، حەبیب دەریس، عەدنان غەبیشاوی، سالم مووسەوی، سامان محەممەدی خیارە و جەواد نەعیمی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۷ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ ژن لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان (۲ حاڵەت)، زەنجان، قوم، نەهاوەند، شیراز، مەشهەد و ڕەشت جێبەجێ کراوە. زەینەب خودابەندە خەڵکی ئیسفەهان، ناهید هێممەتی خەڵکی نەهاوەند و مەحبووبە جەلالی خەڵکی ڕوودسەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون. هەروەها پێنج بەندکراو بەناوەکانی رۆیا عەباسزادە خەڵکی زەنجان، کافیە قوبادزادە خەڵکی ئیسفەھان، سەعیدە خودادادی خەڵکی ئیسفەھان، نەرگس ئەحمەدی خەڵکی قوم و کەتایوون شەمسی خەڵکی مەشهەد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون. شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۲۴۱ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ۱۰ حاڵەت واتا ۴٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۳ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، ژمارەیەک چەکدار بە چەکی ئاڕ پی جی هێرشێکی تیرۆریستی و ترسنۆکانەیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانیان لە شارۆچکەی ئەبو حەمام لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەڵام شەڕڤانەکانی قەسەدە، هێرشەکانیان تێکشکاندووە. هەسەدە جەختی کردەوە کە چەکدارەکان بە ئاڕ پی جی هێرشیان کردووە بەڵام شەڕڤانەکانیان دەستبەجێ وەڵامی چەتەکانیان دایەوە و هێرشەکەیان تێکشکاند، هیچ شەڕڤانێکیان بریندار نەبووە. دەڵێت: "لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی بەهێزی شەڕڤانەکانمان، چەکدارەکان هەڵهاتوون، هێزەکانمان شوێنیان کەوتن و هەرێمەکەیان پاککردەوە، ئاسایش و ئارامییان بۆ هەرێمەکە گەڕاندەوە. هێزەکانمان دووپاتی دەکەنەوە، بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایش و ئاشتیی هاووڵاتیان، بێ دوودڵی وەڵامی بەهێزیان دەبێت. بڵاوبوونەوە و ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانمان لە هەرێمەکە بەردەوام دەبێت، ئەمە ئەرکی ئێمەیە بۆ پاراستنی خەڵکی هەرێمەکە و ئەم جۆرە هێرشە تیرۆریستییە ترسنۆکانە کاریگەرییان لەسەر هەوڵەکانمان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی ناوخۆیی و بەرەوپێشبردنی ئاسایشی هەرێمەکە نابێت".

قوباد تاڵەبانی دەڵێت: سەرۆک مام جەلال زۆر جار دەیوت یەکێتی کە لە فڕۆکە و بۆمب و موشەک ناترسێت، لە رەخنەی رۆژنامەنوس و تەنانەت چەواشەکاری بە پلانی میدیای لایەنی رکابەریش ناترسێت.  قوباد تاڵەبانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی نوسیویەتی: لە کۆبونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی میدیاکار و کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندن لە پارێزگای هەولێر ئاماژەم بەوەدا راستە لە هەولێر و هەندێک ناوچەی دیکە کاری رۆژنامەوانی ئەرکێکی قورسە، بەڵام هەڤاڵانی میدیاکاری ئێمە ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. دڵنیاشم کردنەوە کە وەک سەرۆک بافڵ لە هەولێر ئاماژەی پێدا یەکێتی وەک چیای سەفین لە پشتی میدیاکاران و هەڤاڵ و کادرانی خۆی رادەوستێت.  راشیگەیاندووە: سوپاسیشم کردن کە لە رووماڵکردنی رووداوی چەند رۆژی لەمەوبەری هێرشکردنەسەر هەڤاڵانمان لە کاتی بانگەشەدا زۆر ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد. جەختیشيکردەوە: یەکێتی نەک تەنیا ئازادیی کاری رۆژنامەگەری مسۆگەر کردووە، بەڵکو رێگریش دەکات لەوەی لایەنی دیکە سنووری ئەو ئازادییە بەرتەسک بکاتەوە.

سەڵاحەدین بەهادین، ئەمیندارى گشتیى یەکگرتووى ئیسلامى ڕایگەیاند، لە بادینان دەسەڵات هیچ شتێک نەماوە بەرامبەر حیزبەکەى نەیکات و بارەگاى سووتاندووە و سەرکردەکانى "شەهید" کردووە. سەڵاحەدین بەهادین لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەڵبەندی 3ـی حیزبەکەى گوتى "یەكگرتووەكانی بادینان بارەگایان سووتێنرا و خوێنیان ڕژا، بەڵام خۆڕاگر بوون". ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، تیشكیشى خستووەتەسەر ئەو ترسانەی دەسەڵات لە یەكگرتوو هەیەتی لە بادینان و گوتی "یەكگرتوو لە بادینان بەردەوامە لە خەباتی مەدەنی و كاری میانڕەوی، دەسەڵات هیچ نەما نەیكات بەرامبەر یەكگرتوو لە بادینان بارەگای سووتاند و سەركردە و کادری پێشكەوتووی لێ شەهید كرد". لەلایەکى دیکەوە ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو لە وتەیەکی بۆ بەشێک لە کادیرانی پێشکەوتوی سنوری مەڵبەندی بەردەرەشى حزبەکەى رایگەیاند: بارودۆخی عێراق جیاوازە و ئێمە وەکو یەکگرتوو لە بابەتی نیشتمانی و نەتەوایەتی لەگەڵ لایەنە کوردیەکان کۆکین و لەگەڵیان دەبین، بەڵام لە بابەتی حزبی و سەفەقاتی بازرگانی و دروستکردنی کێشە بۆ فەرمانبەران و موچەخۆران لەگەڵیان نابین، بۆ ئەم مەبەستە کاندیدانی یەکگرتوو یار و نەیار شایەدی دڵسۆزی و پاکی یان بۆ دەدەن و هەموو کەس دەیاناسێ.

لەڕاگەیەندراوێکیاندا، بەرەى گەل، سەرۆکی حکومەت لە وتارێكی بانگەشەی حیزبیەكەی خویدا لەشەقڵاوە زۆر بە روونی و ڕاشکاوی دەست نیشانی ئەوانەی کرد کە لە ڕۆژی 22ی ئاب بە تۆپ و تانك پەلەماری لەلەزاریاندا لە شاری سلێمانی. بەرەى گەل دەشڵێن:  ئە م دەربڕینەی سەرۆکی حکومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئە م ڕووداوە بجوڵێنن ، تاكو تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و یاسا سەروەربێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕاگەیاندراوێک لە بەرەی گەلەوە ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێكی بانگەشەی حیزبیەكەی خویدا لە شاری شەقڵاوە زۆر بە روونی و ڕاشکاوی دەست نیشانی ئەوانەی کرد کە لە ڕۆژی 22ی ئاب بە تۆپ و تانك پەلەماری لەلەزاریاندا لە شاری سلێمانی ، چەندین کەسیان شەهید و بریندارکرد و سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل بەڕێز لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لەهەڤاڵەکانیان دەستگیرکرد، جگە لەوێران کردنی چەندین باڵەخانە و تاڵان کردنی، گوزمەیەک پارەی یانەی نەورۆزیشیان بەتاڵان برد. بۆیە ئە م دەربڕینەی سەرۆکی حکومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئە م ڕووداوە بجوڵێنن ، تاكو تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و یاسا سەروەربێت. بەرەی گەل

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە سلێمانی رایگەیاند، پارتی "بەبێ سلێمانی ناتەواوە." گوتیشی، "ئاسمانی سلێمانی بەشێکی جوانی ئاسمانی کوردستانە، کە ئاسمانی سلێمانی گەشتی کەم بێت، گەشتی ئاسمانی لە کوردستان کەم دەبێت، ئاسمان و خاکی ئێمە یەک ناویان هەیە، ئەویش کوردستانە." نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "کەموکوڕییەکانی ئەم ناوچە مایەی دڵخۆشی نین بۆ پارتی و خەمێکی گەورەن بۆمان." هەروەها پارتیی بە "قەرزداری سلێمانی" زانی و گوتیشی، "وەکو بەشێکی خۆشەویستی کوردستان تەماشای ئەم دەڤەرە دەکەین." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی گوتی، "شەقامێک لە هەڵەبجە یان زاخۆ دروستبکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین. قوتابخانەیەک لە سەیدسادق یان هەریر دروستبکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین. نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، نابێت زۆنی سەوز و زۆنی زەرد هەبێت، "دەبێت یەک زۆن هەبێت، ئەویش زۆنی کوردستانە." گوتیشی، داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگە، "نەیپرسی خوێنی کامتان سەوز و کامتان زەردە؟" نێچیرڤان بارزانی داوای لە لایەنگرانی پارتی لە سنووری سلێمانی کرد کە کار بکەن بۆ کۆکردنەوەی یەک ملیۆن دەنگ و زیاتریش. جێگری پارتی باسی لەوە کرد، "ئەزموون سەلماندوویەتی، ئەوەی دەتوانێت خزمەتی کوردستان بکات، تەنیا و تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەو چانسە بدەن بە پارتی بزانن چی دەکات." هەروەها لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا بۆ لایەنگرانی پارتی، گوتی، "کوردستان کە لە ساڵی 2005 دەستووری عێراقی پەسند کرد، دەستووری عێراقی پەسند کرد؛ تەسلیمبوونی پەسند نەکردووە، بەڵکو سیستمی فیدراڵیی لە عێراق پەسند کردووە." نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی مەرکەزی، نەهێشتنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، واتە تەسلیمبوونی هەرێمی کوردستان. ئێستاش لەم رۆژەدا و لە شاری سلێمانی، لە شاری تەسلیم نەبوونەوە، لێرەوە بە دەنگی بەرز بە هەموو کەسێک دەڵێین، پارتی تەسلیم نابێت، گەلی کوردستان تەسلیم نابێت.

مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە شەقڵاوە گوتی: مێژووی پارتی دیارە، شاخی سەفین شاهێدی داستانەکانی پارتییە، کوردستانمان لە پشت بێت هەمیشە بەردەوام دەبین لە داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەمێنێت، ئەم شارە شاری پێکەوەژیانە، بیروباوەڕی ئایینی جیاوازی تێدایە، شانازی دەکەین کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانە، ڕێزگرتن لە هەموو ئایین و نەتەوەکان جێی شانازییە، هەقە ئێوەش شانازی بەو ڕەوشتەی خۆتان بکەن. باسیشی لەوە کرد، زۆر گرنگە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەین، پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ ڕکابەرێکی نەماوە دەبێت ئەم جارە بچینە بەغدا ڕکابەری بکەین، لایەنە ناحەزەکان هەمیشە هەوڵی وەستاندنی پارتیان داوە، هەوڵی ئەوەیان داوە پارتی سەرکەوتوو نەبێت و بە ئامانجەکانی نەگات، لێرە هەرچی پێیان کرا کردیان، بەڵام نەیانتوانی بمانوەستێنن، ئینجا پەنایان بردە بەر بەغدا، پەنایان بردە بەر دروستکردنی هاوپەیمانێتی، کە بتوانن ئەو لایەنانەی کە بیرۆکەی شۆڤێنیەتیان لەسەردا ماوە، بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن ئامادەبوون کوردستان بشکێنن، ئەمجارەش دەبێت ئێمە بچین ڕێگرییان لێ بکەین و نەهێڵین هیچ هێزێک لە هیچ شوێنێکی ئەم وڵاتە بببێتە بەربەست و ڕێگر لە سەرکەوتنی پارتی. جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی ناوخۆ زۆر لایەن ئیرەییان بە پارتی بردووە، زۆر هەوڵیان داوە چاو لە پارتی بکەن، بەڵام پێیان نەکراوە، ویستیان پارتی بشکێنن چونکە پێیان وا بووە سەرکەوتنی پارتی نەمانی ئەوانی تێدایە، پارتی قەت بۆ خۆی کاری نەکردووە ،پارتی ئامانج نەبووە، بەڵکوو ئامانج خەڵکی کوردستان و خاکی کوردستانە، پارتی هەمیشە ئامادە بووە خۆی لەپێناو سەرخستنی کوردستان بەخت بکات. هەروەها گوتیشی: پارتی بە کردەوە پیشانی خەڵکی کوردستانی داوە کە دەتوانێت چی بکات، بەڵام لایەنەکانی دیکە جگە لە قسە هیچ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە، ئەگەر جارێک شانازی بە دەستکەوتێک بکەن لە ژێر سێبەری ئاڵای پارتی بەشدار بوونە لەم دەستکەوتە. مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ناچارم هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم، زۆر دژی ئێمە قسە دەکرێت و بوختانمان پێ دەکرێت، گوایە پارتی جیاوازی دەکات لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵام پارتی خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت بست بە بستی خاکی کوردستان خاکی پارتی، بۆیە پارتی خۆی بە بێگانە نازانێت، بۆیە با هیچ کەسێک وا بیر نەکاتەوە خاوەنی بەشێکی کوردستانە و پارتی بێگانەیە بەڵکوو پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە.

دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا یانەی وەرزشیی نەورۆز گیرۆدەی دۆخێکی نالەبار بوو؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومـەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە بڕی 450 ملیۆن دینار بە یانەی نەورۆز دەبەخشێت. ئەو هاوکاری و پشتگیرییەی سەرۆکی حکـوومەت، بۆ پشتیوانیی وەرزش و وەرزشوانانی هەرێمە تا بتوانن بە ئاستێکی بەرزەوە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن. یانەی وەرزشیی نەورۆز، نوێنەری شاری سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و بارودۆخی خراپ بووەتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاست و چارەنووسی یانەکە داناوە.  یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی یانەی نەورۆز، قەیرانێکی دارایی قووڵ و درێژخایەنە. یانەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ نەیتوانیوە مووچەی یاریزانان و ستافی هونەری دابین بکات، کە لە هەندێک کاتدا گەیشتووەتە 50 ڕۆژ یان دوو مانگ. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەکە بەچاوی پڕ فرمێسکەوە داوای هاوکاری بکات، کە کاردانەوەی لێکەوتەوە و کەسایەتی سیاسی، هونەرمەند و بازرگانەکان هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتییان بۆ ڕاگەیاند.

ئەردۆغان، دیدارەکەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی بە بەرهەمدار، بونیاتنەر و پڕ هیوا ناوبرد و رایگەیاند، لەم چەند رۆژەدا بەرهەمەکەی دەبینن. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە 1-11-2025 لە کاتی کردنەوەی باخچەی گەل لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ، گوتارێکی پێشکێشکرد و پێداگریی نیشاندا لەوەی لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی ئارامن لە وڵاتەکە و دەوروبەریشدا.  لە گوتارێکیدا ئەردۆغان باسی لە گرنگیی باش بەرێوەبردنی پرۆسەی چارەسەری کرد و بەبیریهێنایەوە کە رۆژی پێنجشەممە 30-10-2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا زانیارییان پێشکێشی ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە کردووە. ئەردۆغان هەروەها لەبارەی کۆبوونەوەی خۆی و شاندی دەم پارتی گوتی: "لە کۆشک پێشوازیمان لە شاندی دەم پارتی کرد. دیدارێکی زۆر بونیاتنەر، بەرهەمدار و پڕ هیوا بۆ داهاتوومان لەگەڵدا سازکردن. پەنا بەخوا لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمی ئەو دیدارە دەبینین. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور پێمانوایە لەو کارانەی خێریان بۆ وڵات و خەڵک تێدایە، دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنرێت" رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار پێشوازی لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها کرد.  شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگییان هەبووە بۆ هاویشتنی ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی خێراتر و دروستتر بەڕێوەبچێت. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، "شاندەکەمان لە کۆبوونەوەکەدا، کە نزیکەی یەک کاژێری خایاند، بۆچوون و پێشنیازی خۆیانیان سەبارەت بە قۆناخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئەو هەنگاوانەی لەمەودوا دەبێت بنرێن، پێشکێشکرد." شاندەکەی دەم پارتی پێشتریش لە رۆژانی 10 ـی نیسان و 7 ـی تەممووزی ئەم ساڵ لەگەڵ ئەردۆغان کۆببوونەوە.

سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی گوتەکانی قەیس خزعەلی دەداتەوە و دەڵێت: پێویستە باش لەوە تێبگات كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك ڕەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆیان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە. ئەمە دەقی وەڵامەکەیە: قەیس خزعەلی لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ كەناڵەكەی خۆیدا ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی و بەڕێزان كاك نێچیرڤان و كاك مەسرووری هێناوە و بە مەرامی خۆی لێكدانەوەی بۆ پێشهات و هاوكێشە سیاسیەكان كردووە، ئێمە پێمانوایە ئەو قسانە  بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و چەواشەكارییە، پێویستە باش لەوە تێبگات كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك ڕەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆیان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە. هەروەها هەموو لایەك ئەو ڕاستیە باش دەزانن كە لەدوای ڕووخانی ڕژێم كەس بەقەدەر سەرۆك بارزانی هەوڵی بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی تازە نەداوە، سەرۆك بارزانی زیاتر لە هەموو كەسێك هەوڵی بۆ ئەوە داوە عێراقێكی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای دەستوور دابمەزرێت كە تێیدا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن و ڕەچاوی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت. باشیش بزانن نە ئێمە و نە خەڵكی عێراق لەگەڵ ئەو عێراقەدا نین كە تێیدا دەستوور پێشێل بكرێت و پشت لە بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت و مافیاكان حوكمی وڵات بكەن. سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی  دیموكراتی كوردستان 1ـی تشرینی دووەمی 2025

بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت، سێی ئەم مانگە یەکەم گەشتی ئاسمانیی هێڵی تورکش ئێرلاین دەگاتە پارێزگای سلێمانی و هەفتانە چوار رۆژ گەشتیان دەبێت. دوای نزیکەی دوو ساڵ، رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025 و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە رەزامەندی و راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا. دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەمڕؤ یەکشەممە یەکەم گەشتی ئاسمانی لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا دەستپێدەکاتەوە، دوای هەڵگرتنی قەدەخەکە، بڕیارە کاژێر 01:10ی بەرەبەیانی 3ی مانگ یەکەم گەشتی فڕۆکەی تورکیش ئێرلاین بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی." بە گوتەی دانا محەممەد، هەفتانە چوار رۆژ گەشتەکان لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا بەپێی پلانی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین بەڕێوەدەچن.   پێشنیاز کرا بوو ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی"، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رەزامەندی داوە. لەبارەی رێکارەکانی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی، دانا محەممەد گوتی: "هەموو رێکارەکان لە عێراق تەواو بوون، بەڵام هەندێک رێکاری نێودەوڵەتی ماوە؛ دوای تەواوبوونی رێکارە نێودەوڵەتییەکان، لە رێوڕەسمێکدا ناوەکەی دەگۆڕدرێت."   یەکەمجار تورکیا لە 3ی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەکو تورکیا ئاماژەی پێدەکرد.   فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.