تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ داوا لەدەزگا ئەمنییەکانی شاری سلێمانی دەکات لێکۆڵینەوەی جدی لەسەر هەڵکوتانەسەر ماڵی سەرۆکی حیزبی کڵپەی نیشتیمانی کوردستان ئەنجامدات و دەرئەنجامەکەی بۆڕای گشتی بڵاوبکاتەوە . کارۆخ سەید ڕزگار سەرۆکی حیزبی کڵپەی نیشتیمانی کوردستان بەتۆڕی ١٩ی ڕاگەیاند ، کاتژمێر ١١ی ئەمشەو چەند چەکدارێک هەڵیانکوتاوەتە سەرماڵەکەم لە پڕۆژەی کانی سیتی شاری سلێمانی . کاروخ وتی “من لەدەرەوەی وڵاتم هاتونەتە دەست لێیان وبەپێی ئاسەوارەکان هێرشبەران برینداریان هەیە “ . باسی لەوەشکرد ئێستا خێزانی و یەکێک لە پاسەوانەکانی براون بۆ ئاسایش بەمەبەستی لێکۆڵینەوە . سەبارەت بەوەی کێ تۆمەتبارە بە هێرشکردنە سەر ماڵەکەی وتی “من کەسێکم بەردەوام باس لە داگیرکاری بۆسەرخاکی هەرێم دەکەم و هیچ دوژمنایەتییەکی شەخسیم نییە”. حیزبی کڵپەی نیشتیمانی کوردستان لەساڵی ٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ لەشاری هەولێر دامەزراوە بەوتەی خۆی پاش فشاری پارتی بۆسەرحیزبەکە ئۆفیسیان هێناوەتە شاری سلێمانی و ئەمە دوهەمین جارە هەڵدەکوتنەسەر ماڵی ئەو سەرۆک حیزبە لەشاری سلێمانی . تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ داوای لێکۆڵینەوەی جدی دەکات لەسەر ئەم ڕوداوە و دەرئەنجامەکانی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە 

سەرۆک بارزانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی شەمس، باسی لە چەند پرسێکی گرنگ و تایبەت بە ناوچەکە کرد، هەروەها باسی لە دۆخی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەکە کرد. پێنجشەممە 6ـی تشرینی دووەمی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی شەمس، گوتی: هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە کوردستان بەو شێوەیە بەرەو پێش چووە، سوپاسی ئەو نیعمەتەی خوای گەورە دەکەم. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: هەرێمی کوردستان خواستێکی زۆر گەورەی هەیە، ئەوەی بەدەست هاتووە جێگەی شانازییەکی زۆر گەورەیە، داوای بەدەستهێنانی زیار دەکەین لە ڕووی ئاوەدانی و گەشەپێدان، حکوومەتیش پلانی بۆ جێبەجێکردنیان هەیە قۆناغ بە قۆناغ. سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، دانیشتووانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ستایشی هەرێمەکە دەکەن زیاتر لە خەڵکی هەرێمەکە، خوازیارین هەمان بەرەوپێشچوون لە هەموو ناوچەکانی عێراق بە دی بێت، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان بە دی هاتووە مایەی شانازییە بۆ کورد و عەرەب. لە بارەی بەربەستەکان، سەرۆک بارزانی دەڵێت: بەربەستەکان زۆر ڕوون و ئاشکران، لە هەرێمی کوردستان ئیرادە و پلاندانان هەیە و جێبەجێکردنیش هەیە، لە هەمان کاتدا سەرکردایەتییەک هەیە بۆ پرۆسەکە، بەڵام بە داخەوە لە بەغدا فەوزایە پرۆژەکان هەموو پەکیان کەوتووە، ئیرادەیەکی ڕاستەقینە لە بەغدا نییە بۆ ئەو بابەتە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2003 کۆششێکی زۆرمان کرد بۆ ئەوەی عێراقێکی نوێ بنیات بنێین، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەم خواستە ڕووبەڕووی پەرچەکردار بووەوە، خواستێکی دژی ئێمە هەبوو، تاوەکوو گەیشتین بە خاڵێک کە هەرێمی کوردستان و کورد پێشوازینەکراون لە بەغدا، بۆیە ئێمەش خۆمان گۆشەگیر کرد، بەڕاستی ئەمە خواستی ئێمە نەبوو بەڵکو دۆخەکە فەرزی کرد بەسەر ئێمە کەوا بەجێی بێلێن بۆ ئەوانەی کە پەیوەندیدارن بەو بابەتە لە بەغدا. لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆک بارزانی، گوتی: سەرەتا بیرمان لە بایکۆت کردەوە، ئەو یاسایەی کە هەڵبژاردن پێی بەڕێوە دەچێت، بەڕاستی یاسایەکی دادپەروەرانە نییە، ئەو یاسایە ئەنجامەکانی پێشوەختە دیاریی کردووە، دابەشکردنی کورسییەکان ڕاستەقینە نییە، دواتر لە لایەن دۆستانمان لە بەغدا هەندێک پەیاممان پێگەیشت کەوا ئەوانیش لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی پەراوێزخستن بوونەتەوە، ئەوانیش ئامادەن دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانێتییەکی نوێ پێبکبهێنین بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چاک بکەیەنەوە، تا پرۆسەی سیاسی بخەینە سەر ڕێڕەوە ڕاستییەکە. هاوکات گوتیشی: ئێمە لە دوای هەڵبژاردن دەستنیشانی دەکەین کە لەگەڵ کێ هاوپەیمانێتی دەکەین و لەگەڵ کێ ڕێک دەکەوین، نەک پێش هەڵبژاردن، خوازیارین ملیۆنێک دەنگ بەدەست بهێنین. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پارتی دیموکراتی کوردستان، زیاتر لە 800 هەزار دەنگی بەدەست هێنا، ئەمەش بەبێ نەینەوا و کەرکووک و دیالە، کەواتە ئەگەر دەنگی ئەوە پارێزگایانەی لەگەڵ بێت ملیۆنێک دەنگ تێدەپەڕێنین. لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی ئێمە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە بۆ سیستەمی یەک بازنەیی، لەو سیستەمەدا مافی کەس نافەوتێت و ئاسانتریشە، هەڵبژاردن بەو سیستەمەی ئێستا دادپەروەرانە نییە و پێم وایە بەڕاستی هەڵبژاردن ساختەییە، بەڵام لە داهاتوودا پێویستە ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەکرێتەوە، دەبێت لە داهاتوودا سەرژمێرییەکی دروست بکرێت بۆ ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک نەک ژمارەی کورسییەکان دەستنیشان بکرێت بە گوێرەی پسوولەی خۆراک. گوتیشی: زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی عێراق پێیان وایە کە دەبێت یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەموار بکرێتەوە، خوازیار بووم کە ڕەوتی سەدر و برامان موقتەدا بەشدار بێت لە هەڵبژاردن. سەبارەت بەوەی کە داوا دەکرێت کورد نوێنەری هەموو عێراق بێت، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا ئەمە داواکارییەکی نوێ نییە، ئەمە سیاسەتی بڕوای ئێمەیە، پێشتریش داوام لە کاندیدەکان دەکرد لە پەرلەمان کە دەبێت وا بکەن، بەڵام ئەو جارە زۆر جەختم لەسەر ئەو بابەتە کردووەتەوە، چونکە پێشتر لەگەڵ هەندێک لە شاندەکانی پاریزگاکانی موسەننا، کوت، عیمارە و بەسرە کۆبووینەوە، کاتێک باسی کێشەکانیان کرد تووشی سەرسوڕمان بووین، نە کارەبایان هەیە نە ئاو، هیچیان نییە، کەواتە ئەرکی ئێمەیە داکۆکیان لێ بکەین هەروەکو چۆن داکۆکی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکووک دەکەین. سەرۆک بارزانی هاوکات ڕوونی کردەوە، گرنگ نییە کاندیەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق چۆن سەیری کورد دەکەن و لەگەڵ کورد چۆن مامەڵە دەکەن. خۆتان دەزانن لە ڕابردوودا چۆن چەکی کیمیایی دژ کورد بەکارهێنرا، بەڵام ئەم جارەش بەڕاستی بڕینی قوتی خەڵکی هەرێم لە لایەن بەغداوە پرۆسەیەکی زۆر توندوتیژ بوو، بەڕاستی نامەوێت باسی بکەم. سەرۆک بارزانی سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بەڕاستی ڕۆشنبیریەتی ڕەتکردنەوەی گەلی کورد، ئەم ڕۆشنبیریەتە وای کردووە چەکی کیمایی دژی کورد بەکار بهێنرێت و ئەنفال بکرێت گوندەکان وێران بکرێت، ئەو ڕۆشنبیریەتە لە لایەن هەندێک لە لایەنی شیعی و سونییەکان تا ئێستاش ماوە، بەڵام ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگیی حوکمڕانی وڵات دەکات، بۆیە بەشێکیان بەرپرسیارن لەم دۆخە، نابێت ئەو سیاسەتە دژی کورد بەردەوام بێت، ئەگەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت، عێراق زیانمەندی یەکەم دەبێت، ئەوەی ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەکات و پێی وابێت تا کۆتایی حوکمڕانی لای خۆی بێت، ئەوا ئەو کارە مەحاڵە.

پەرلەمانتاری ڕحای دەم پارتی و برازای ڕێبەر ئاپۆ، عومەر ئۆجالان هاوشانی ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکی لە گرتووخانەی ئیمراڵی دیداری بنەماڵەییان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا ئەنجام دا. عومەر ئۆجالان پەیوەست بە دیدارەکە قسەیکرد و گوتی، دوای چەندین ساڵ بۆ یەکەم جارە فاتیمە ئۆجالان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا دیداری ئەنجام داوە. عومەر ئۆجالان دەستنیشانی کرد لە هۆڵی پێشوازییەکان ڕێبەر ئاپۆ بە گەرمی و تامەزرۆییەوە پێشوازی لێ کردوون. عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا هەواڵپرسی لە هەموو دۆست و خزمەکانی سەردەمی منداڵی  و گەنجی خۆی لە گوندەکەیان کردووە و گوتی: "یادەوەرییەکانی ئەو قۆناغەی تەمەنی خۆی گێڕایەوە. هەروەها داوای لە پورە فاتیمە کرد یادەوەرییەکانی کاتی منداڵی خۆیان بگێڕێتەوە." عومەر ئۆجالان بیریهێنایەوە لە ماوەی ساڵێکدا پێنج جارە دیداری ڕێبەر ئاپۆی کردووە و جەختی لەوەکردەوە بەراورد بە یەکەم دیدار ڕێبەر ئاپۆ لەم دیدارەدا زیاتر بە گوڕ و تەندورستتر بینیوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "لە ڕووی جەستییەوە زۆر باش دیاربوو، بەراورد بە دیداری یەکەم کاریگەرییەکانی گۆشەگیر کەمتر بە جەستەیی سەرۆکەوە دەردەکەوت. لە دیداری ٣١ـی تشرینی یەکەم زیاتر بە تەندروست و بە ورەتر بینیمان. بە ورەیی سەرۆک وزەی پێداین. بە گشتی دەتوانم بڵێم زۆر بە هێز بوو." 'گۆشەگیری بە ئێستایشەوە لە هەندێک ڕووەوە بەردەوامە' عومەر ئۆجالان ئاشکرای کرد، گۆشەگیری بە ئێستایشەوە بەردەوامە بەڵام ڕێبەر ئاپۆ زۆر خۆی بەو بابەتەوە سەرقاڵ نەکرد و گوتی: "سەرۆک پەیوەست بە دۆخی خۆی هیچ هەڵسەنگاندێک ناکات. فیداکاری زۆر لە پیناو بەردەوامی پرۆسەکەدا دەکات. گەر لە ئێستادا بڵێن 'یاساکانی جێبەجێ کردن لە ئیمراڵیدا پەیڕەو دەکرێت' ئەوا شتێکی ناڕاستە. زۆر بە ئاشکرا ئەمە دەردەبڕم. دەزانین ئەم دیدارانە بەهۆی پرۆسەی سیاسییەوەیە. لە زیندانەکانی تورکیادا کەم تا زۆر ئەو یاسایەن جێبەجێ دەکرێن. بێگومان لە گرتووخانەکانی دیکەشدا کێشە هەیە، بەڵام لە گرتووخانەی ئیمراڵی قورسترین گۆشەگیری سەد ساڵە پەیڕەو دەکرێت. نادادپەروەرییەکی زۆر لە ئارادایە. گەر وشەکە لە جێگەی خۆیدا بێت، ئەوا بە تەواوەتی گۆشەگیری دەبێت. بێگومان لە چوارچێوەی دیداری بنەماڵەییدا لە ماوەی ساڵێکدا پێنج دیدارمان کردووە. لە ڕووی یاساییەوە پێویستە یاساکانی جێبەجێ کردنی لە سێدارە جێبەجێ نەکرێن، بەڵام گەر پرسیاری 'داخۆ گۆشەگیری ڕەها هێشتا بەردەومە' بکەین، من لەو خاڵەکەدا نیم. دۆخەکە هەندێک سووک کراوە بەڵام هێشتایش گۆشەگیری لە هەندێک لاینەوە بەردەوامە. ڕاستە دیداری پارێزەران و شاند و بنەماڵە لە ئارادایە، بەڵام پێموایە ئەمە هەموو شتێک نییە." 'پێویستە بەرپرسان بوێرانە مامەڵەبکەن' عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند کە پێویستە هەلومەرجەکانی ڕێبەر ئاپۆ باشبکرێن و بگۆڕدرێن و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "لە ئێستادا لەوێ سەرکردەیەک، بەردەنگی سەرەکیی پرسەکە هەیە. پێویستە حکومەت هەلومەرجەکانی کارکردنی ئەو بڕەخسێنێت. حکومەت و دەوڵەت بانگەشەی چارەسەرکردنی پرسەکە دەکات. ڕای گشتییش دەزانێت کە لایەنێکی پرسەکە سەرۆکە. پێویستە بەرپرسانیش لەو چوارچێوەیەدا بوێرانەتر مامەڵەبکەن." عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوە کرد کە پرسی کورد زیاتر لە ١٠٠ ساڵە بەردەوامە و ٥٢ ساڵیشی، تێکۆشان بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ درێژەی هەیە. عومەر ئۆجالان گوتی پێویستە دەوڵەت ئەم ڕاستییە ببینێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "مادام پەیوەندییەکانی کورد و تورک دەبەستنەوە بە قووڵاییەکی مێژووییەوە، مادام باسی مێژوویەکی هەزارساڵە دەکەن، ئەوا پێویستە ئەو پرسە لە خاڵێکدا چارەسەر بکەن. پێویستە ئیرادەیەکی سیاسی بێتە ئاراوە، کە ئەو بوێریی و تێڕوانینە نیشاندەدات. سەرەتا پێویستە هەلومەرجەکانی ئیمراڵی باش بکرێن. دواتریش ڕێ و ڕێبازی جیاواز، دەرفەتی کاری ئازادی سەرۆک بڕەخسێنن. ئەمە بۆ ئێمە، گەلەکەمان و پارتەکەمان زۆر گرنگە." 'ئەو شوێنەی دیداری لێدەکەین، هەمیشە هەمان شوێنە' عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەلومەرجەکانی ئیمراڵییدا گۆڕانکاریی نەکراوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "ئەوە ساڵێکە دەچم و دێم. ئەو شوێنەی دیداری لێ دەکەین هەمان شوێنە. هیچ گۆڕانکارییەک لە گرتووخانەی ئیمراڵییدا نییە. هیچ گۆڕانکارییەک لە هەلومەرجەکانی سەرۆکدا نییە. نازانین لە داهاتوودا چی ڕوودەدات. بێگومان ئەگەر پرۆسەکە سەربکەوێت و پێشبکەوێت، پێویستە ئەم مژارە سەرلەنوێ هەڵبسەنگێنرێت." دەرگا بە دەرگا گەڕان و کارکردن عومەر ئۆجالان باسی لەوە کرد کە پەیوەست بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی گەریلا و کاردانەوە ئەرێنییەکان، هەواڵی داوە بە ڕێبەر ئاپۆ و گوتی: "سەرۆکیش گوتی کە لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییەدا دەرفەت ڕەخساوە. پێی گوتین؛ 'دەرفەتی خۆڕێکخستنکردنتان بۆ دروستبووە. ئێوە پێویستە لەپاڵ گەلەکەماندا ئەم پرۆسەیە بەڕێکخستن بکەن. پێویستە ئەم پرۆسەیە بە بەشداربوونی گەل بەڕێکخستن بکرێت. ئەگەر پێویست بکات دەرگا بە دەرگا ئەم پرۆسەیە و ئەو مۆدێلەی دەمانەوێت دایبمەزرێنین، بە خەڵکی ڕابگەیەنن." ڕێکخستنبوونی کۆمەڵگە نوێنەری دەم پارتی عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند، ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا گوتوویەتی کە دەوڵەت لەبری ئەوەی کە لەسەر ئەو هەنگاوانە بوەستێک کە پێویستە خۆی بیاننێت، لەسەر ئەو هەنگاوانە دەوەستێت کە کورد و تەڤگەری سیاسیی کورد دەینێت و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "لە بنەڕەتدا بایەخێکی زۆر بە ڕێکخستنی جەوهەری و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی دەدات. خۆی ئەم بارودۆخە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە؛ 'بەڵێ، کاتێک سەرەتا دەستمانپێکرد، ژمارەی ئەو وشانەی بەکارماندەهێنا، کەمبوون. ئێمە لەو ڕۆژانەوە گەیشتینە ئەمڕۆ. لە ئێستادا لە زۆر ناوچە دەرفەتی زۆر هەن. هێزی ئەوەمان هەیە کە لە هەموو شوێنێک سیاسەت بکەین. پرسێک نییە کە تەنها بە دامەزراوەکان چارەسەر بکرێت. پێویستە گەلیش لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی هەبێت. پێویستە بۆ ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی کە ئێمە لە لایەکەوە پرۆسەکە بەڕێکخستن دەکەین و لەلایەکیشەوە دایدەمەزرێنین، سوودبەخش بێت.' بەگشتی مامەڵەی سەرۆک بەم شێوەیەیە." 'کردار لە قسە گرنگترە' عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێبەر ئاپۆ لە دیدارەکەدا گوتوویەتی کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توانایەکی گەورەی هەیە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "گوتی لە هەمان کاتدا هێزێکی دیموکراتیکن و خاوەن ئەو تێڕوانینەن کە سیستەمێک دابمەزرێنن. سەبارەت بە بێ متمانەیی گەلیش بەرامبەر پرۆسەکە هەڵسەنگاندنی کرد. سەرۆک بایەخێکی زۆری بە زانینی گەل دەدا. سەرۆک دەیگوت 'گەل مافی خۆیەتی.' بەها و بایەخێکی گەورە دەداتە ئەزموونی گەل، زانینی گەل. بەڵام ڕاستییەک هەیە کە تەنها ئەو کەسانەی دژی یەکدی شەڕدەکەن دەتوانن ئاشتی بکەن. سەرۆک، بۆئەوەی ئەم شەڕ و پێکدادانانەی ئێستا تا هەتایە بەردەوام نەبن، دەستپێشخەرییەکی گەورەی گرتووەتە ئەستۆ. هەوڵدەدات دەوڵەتیش ڕابکێشێتە سەر ئەم هێڵە. سەرۆک زۆر باش دەزانێت، بەشێکی دەوڵەتیش دەزانێت؛ سەرۆک جاروبار باسی 'دەوڵەتی نایاسایی' دەکات. پێویستە دژی ئەمانە هۆشیار بین. کردار لە قسە گرنگترە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە." ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بە مانای چی دێت؟ عومەر ئۆجالان لە بەردەوامیی قسەکانیدا گوتی: "سەرۆک باس لە هەندێک بیرەوەریی خۆی دەکات؛ 'کاتێک منداڵبووم، لەبەردەم دیواری مزگەوتی ئامارا دانیشتم. کەسێکی بەتەمەنی لێبوو. کاتێک باسی هێمای کوردبوونمان دەکرد، پێی گوتم؛ 'مەگەر دەتوانی ڕوح بکەیتە بەر ئەم دارە وشکبووە؟ تێکۆشانی تۆ ئەوەیە.' ڕەنجێکی گەورە، قوربانیی گەورە و تێکۆشانێکی سیاسیی گەورە درا. ئەوانەشی ئێستا بە ناوی کوردایەتییەوە سیاسەت دەکەن پێویستە ڕێز لەو میراتە بگرن و خاوەندارێتی لێ بکەن. من، ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک بە ئاشکرا باسبکەم؛ بەو مانایە دێت کە دەوڵەت ئێوە بە ناسنامەی خۆتان، بە کلتووری خۆتان، بە فکری خۆتان، بە جوگرافیای خۆتان، بە وڵاتی خۆتان، بە باوەڕیی خۆتانەوە قبووڵبکات. واتا بەو مانایە نایەت کە ئێوە واز لە ناسنامەی خۆتان بهێنن، واز لە زمانی خۆتان بهێنن، واز لە خۆبوونی خۆتان بهێنن، واز لە باوەڕیی خۆتان بهێنن و بەشداری دەوڵەت بن." عومەر ئۆجالان بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "ئەگەر کورد بەشداری کۆماری تورکیا ببن، ئەو بەشداربوونە لەسەر بنەمای کۆماری دیموکراتیک دەبێت. لە ڕووی چەمکەوە ئەوە ناوی ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیکە. گەلی کورد سەرەڕای جیاوازییەکانی خۆی دەتوانێت بچێتە دەوڵەتەوە. ئەوە ١٠٠ ساڵیشە داخوازیی گەلی کورد ئەمەیە. لە سیستەمی عوسمانییەکاندا، سەدان ساڵ بە خۆبوونی خۆیانەوە ژیاون. بەڵام ڕاستییەکی سەرۆکایەتی هەیە کە کوردایەتی زیندووکردەوە، هەڵیستاندە سەر پێ و هێمای کوردایەتی بردە ئاستێکی نوێ. سەرۆک، نەخشەڕێی پێکەوەژیانی کورد و تورک، کورد و عەرەب، کورد و فارس، کورد و سریانی داناوە. لە هەمان کاتدا کورد لەناو خۆیدا نەتەوەیەکی زۆر دەوڵەمەندە. کوردانی عەلەوی هەن، هی ئێزدی هەن، هی سونی-ئیسلامی هەن. ئەم ڕێبازەی تێکۆشان، هەموو کوردی لە دەوری مێز کۆکردەوە." 'دەبێت سیستەمی کوردان کاریگەری لەسەر دیمەشق بکات' عومەر ئۆجالان ڕایگەیاند سەرۆک سەبارەت بە باکوو و ڕۆژهەڵاتی سوورایا ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت دەسەڵاتدارانی کۆماری تورکیا لەو خوو و عادەتە سەد ساڵەی خۆیان دووربکەونەوە، کورد دوژمنی هیچ گەلێک نییە؛ دوژمنی دەوڵەتیش نیین، کورد بە شێوەیەکی ڕاستەقینە ناسنامە و بوونی خۆی دەپارێزێت، نوێنەرایەتی هێزێکی ناوخۆی بۆ دیموکراسی دەکات، کورد هیچ گەلێکی ئاسمیلە نەکردووە، تەنیا ویستوویەتی بەرگری لە خۆی بکات، ئەمەش بۆ سووریاش هەمان شتە. سەرۆک سەبارەت بە سووریا دەڵێت ئەو سیستەمەی کە کورد لەوێ دایدەمەزرێنێت دەبێت کاریگەری لەسەر دیمەشق هەبێت، ئەگەر ئەم سیستەمە لە سووریا دامەزرا، ئەوە سووریا دەبێتە وڵاتێک بۆ ژیان، هەروەها تورکیا دەتوانێت نیگەرانیەکانی لەگەڵ لایەنەکانی بەرامبەردا باس بکات، پێموایە ئەم بابەتە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ سەرۆکدا باس دەکرێت. هەروەها من پێشهاتەکانم لە دیدارەکەماندا بۆ سەرۆک باس کردووە، سەرۆک وتی: "بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییەکانی سووریا دەکات." 'دەبێت کێشەی سووریا لەگەڵ سووریەکان چارەسەر بکرێت' "دەبێت کێشەی سووریا لەگەڵ سووریەکان چارەسەر بکرێت. هەروەها پێویستە دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر حکومەتی سووریا لەبەر سەربەخۆبوونی زیاتر هەستیار بێت، نابێت زۆر دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتەدا بکات، ئەگەر بیەوێت پەیوەندییەکان گەشە بکات، دەتوانێ لەگەڵ بەرپرسان، سیاسەتمەدار و پێشەنگەکانی کورد لەوێ بکەوێتە پەیوەندییەوە، هەروەها لەبری ئەحمەد شەرع دەتوانن لەگەڵ مەزڵوم کۆبانێ کۆببنەوە. دەتوانن لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد کۆببنەوە. ئەمە شوێنێکە بۆ هەومووان. مۆدێلێکە بۆ هەمووان و چاوی هەموو جیهانی لەسەرە، بۆیە پێویستە دەوڵەتی تورکیاش لەم خاڵەدا لەگەڵیان لە هاودەنگی و هاوکاریدا بێت، ئەگەر هەر جۆرە نیگەرانیەک هەبێت، پێویستە پەیوەندی بە بەرپرسانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکەوە بکات. پەیوەندی و دیالۆگ گرنگە، هەمووان دەتوانن پێکەوە شەڕ بکەن، دەتوانن بە سێ وشە تێکی ​​بدەن، بەڵام دروستکردن، داڕشتن و گەشەکردن بابەتێکە کەمێک دووربینی دەوێت. سەرۆک پێشتر بە ڕوونی بۆچوونەکانی خۆی لەسەر سووریا دەربڕیوە و لە هەمان چوارچێوەدایە. بێگومان سەبارەت بەوەی کێ و چۆن بە چ شێواز و زمانێک دیپلۆماسی بکات، سەرۆک ئەرێنی و بنیاتنەرە." پێویستە تورکیا لەگەڵ کوردانی هەر چوار بەشدا ئاشتی بنیات بنێت عومەر ئۆجالان رایگەیاند سەرۆک بۆ بەرەو پێش چوونی پرۆسەکە لە هەر کەس زیاتر تێدەکۆشێت و وتی: "سەرۆک وەک چاوی ئەم پرۆسەیە دەپارێزێت. سووریاش بەشێکە لەم کارە. هیوادارم لە داهاتوودا لایەنەکان بە لێکتێگەیشتن لەدەور یەک کۆببنەوە و ڕوانگەیەکی ئەرێنییان بۆ سووریا هەبێت. ئەگەر دەتانەوێت وڵاتەکە بە هێز بێت، دەبێت ئاشتی لەگەڵ کولتووری هەر چوار بەشی کوردستاندا بەدی بێنن. هەروەها ئیتر نابێت تورکیا بەردەوام بێت لەسەر ئەم کێشە ناوخۆییانە و گفتوگۆکان سەبارەت بە زمان و هەبوونی کورد. بۆ ئەوەی بتوانێت بە بوێری و جددیترەوە سەیری داهاتوو بکات، پێویستە پرسە ناوخۆییەکانی خۆی چارەسەر بکات، لەبەر ئەوە ناتوانن لە باکوور پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە ببەن و لە ڕۆژئاوا پرۆسەیەکی جیاوازتان هەبێت." پارتی جەهەپە دەبێت بەشداری پرۆسەکە بکات، فریوی یارییەکان نەخوات عومەر ئۆجالان لەبەردەوامیدا ڕایگەیاند سەرۆک سەبارەت بە جەهەپە وتی: "سەرۆک جەختی لەوە کردەوە کە پارتی کۆماریخوازی گەل (جەهەپە) دەبێت بەشداری ئەم پرۆسەیە بکات. نابێت فریوی یارییەکان بخوات، نابێت مل بە ئاژاوەگێڕییەکان بدات. ئەم پرۆسەیە پرۆسەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و پارتی نەتەوە پەرەست (مەهەپە) نییە؛ بەڵکو ئەمە پرۆسەیەکە کە تەواوی دەوڵەت دەگرێتەوە. سەرۆک گرنگی و بەهایەکی زۆر بە بەشداریکردنی جەهەپە دەدات لەم پرۆسەیە. هەروەها کەسانی دیموکرات و خاوەن دیدگایەکی ئەرێنی لەناو جەهەپەدا زۆرن بەڵام ئەوانەی ئاژاوەگێڕی دەکەن بەشێکن کە لە دۆزەخدان. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا گەلی کورد و گەلی تورکیا لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ ئەم پرۆسەیە کردووە، پێویستە گەلانی تورکیا زۆر بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەمە بکەن. هەندێک دەپرسن'بۆچی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سیاسەتی دیموکراتیکی گرتووتە پێش و دەستبەرداری تێکۆشانی چەکداری دەبێت؟' لێرەدا پێویستە گەلەکەمان گرنگی بەم بابەتە بدات و لەوە تێبگات پەکەکە و سەرۆک ٣٢ ساڵە بۆ ئەوەی چەک بەلاوە بنرێت و سیاسەتی دیموکراتیک گەشە بکات تێدەکۆشن." دەبێت کولتووری دیموکراتیک دابمەزرێت عومەر ئۆجالان ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکێک لەو شتانەی کە سەرۆک زۆرتر لە هەموو شتێک پێی باشبوو دابمەزرێت ئەم کۆمیسیۆنە بوو. دەیەوێت ئەو کۆمیسیۆنە درێژبکرێتەوە بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا. هەرچەندە کەموکوڕی تێدایە و ڕەنگە کاریگەریی خۆی کەم بووبێتەوە، بەڵام پەرلەمان بەناوبانگترین دامەزراوەیە لە تورکیا. سەرۆک بۆ ئەم دامەزراوەیە بەهایەکی گەورە دەدەنێت. دەڵێت بنەمای بە یاساییکردن لێرەدایە. جەهەپەش ئەمەی زۆر ئەمەی ویستووە. سەرۆک دەیەوێت ئەزموونی ٥٢ ساڵەی خۆی بۆ کۆمیسیۆن باس بکات، بێگومان بۆ داهاتوو مەبەستیە، بۆ ئەوەی ئیتر ئەو شتانەی ڕوویانداوە دووبارە نەبنەوە، بۆ دامەزراندنی کولتووری دیمۆکراتیک ئەمەی دەوێت." 'پێویستە دەوڵەت هەنگاوی جددی بنێت' ئێوە ئێستا گوێ لە هەمووان بگرن. لەگەڵ ئەوەشدا گوێ لە بەردەنگی سەرەکی ئەم پرسەیە نەگرن و هەستیاری نیشان بدەن، لەم شتانە تێناگەن. دەبێت دەوڵەت بوێری لە خۆی نیشان بدات، جددیتر مامەڵە بکات و هەنگاو بنێت. پێویستە لەگەڵ سەرۆک دیدار بکات و بوێڕ بێت. هەوروەها دەبێت دەوڵەت خۆی لە هیچ شتێک نەبپارێزێت و هەنگاو بنێت. سیستەمێکی نوێ، پرۆسەیەکی نوێ، زمانێکی نوێ و نوێ بوونێک دەستپێبکات."

شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە، پێویستە ڕێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە ڕێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى دەیەم. پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ یەکێتی، دەرکەوت ئەو حزبە نایەتە پێش بۆ ڕێککەوتن تا دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. شاندی دانوستانکاری پارتی، جەختی لەوە کردەوە، چەندین جار یەکێتی لەوە ئاگادار کراوەتەوە، کە ڕێکنکەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندىی هەرێمدا نیە و پارتى ئەوە بە پەسەند نازانێت. پارتی دووپاتی کردەوە، کە هەمیشە بڕواى بە کارى پێکەوەیی هەبووە و بە پێویستی دەزانێت ڕێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە ڕێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى دەیەم. شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان، هاووڵاتییان و دەنگدەرانی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە و دەڵێت: لە پارێزگارىیکردن لە پێگەى هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانى گەلەکەمان بەردەوام لە هەوڵەکانمان دەبین و هیچ ڕێگرییەک نابێتە کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردنى زیاترى هەرێم و دابینکردنى ئاییندەیەکى گەش و داهاتوویەکى ڕووناکتر بۆ خەڵکى خۆڕاگرى کوردستان.  دەقی ڕاگەیەنراوی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان: سەڕەراى دروست کردنى کۆسپ و تەگەرەى زۆر لە بەردەم  هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کە ئامانج لێی ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن یان لاوازکردنى پارتى بوو، بەڵام پارتى بە بڕوا بوون بە جەماوەر و دڵسۆزانی، بەشدارییەکى کاراى لە هەڵبژاردنێکى سەرکەوتوودا کرد کە براوەى یەکەم تیایدا هەرێمى کوردستان بوو، جارێکى تریش پارتى متمانەیەکى بەهێزى گەلى کوردستانى بەدەست هێنا. دواى پەسەندکردنى دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن، پارتى لە ڕوانگەى کارى پێکەوەیی و لە پێناو تازەکردنەوەى شەرعیەتى یاسایى بۆ دامەزراوەکانى هەرێم و رێزگرتن لە ئیرادەى گەلى کوردستان، هەروەکو بەڵێن درا کە دەرگای گفتوگۆ بۆ هەموو لایەنەکان لە سەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی کراوەبێت، شاندەکەمان دەستى بە سەردانى سەرجەم لایەنەکان کە کورسیان بەدەستهێناوە کرد.   لە چوارچێوەی سەردان و گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و لایەنە بەڕێزەکانی دیکە کە کورسی پەرلەمانیان بە دەستهێنابوو، بەشێک لەم لایەنانە بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوونیان هەڵبژارد و ئێمەش ڕێزمان لەو بژاردەیە گرت.   ‎لە ڕێکەوتى 30/11/2024 لە شارى سلێمانى یەکەمین کۆبوونەوە لە نێوان شاندى دانوستانکارى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان  بەڕێوەچوو، لە میانەى چەندین دانیشتن بڕیار درا کە کاربکرێت لە سەر  ئامادەکردنى دیدگایەکى هاوبەشى بۆ قۆناغى داهاتووى حکومڕانى لە هەرێمى کوردستان کە مەبەست لێى پتەوکردنى کارى دامەزراوەیی و هاوبەشىىى بێت لە ئەرک و دەستەڵاتەکان و خزمەتکردنى زیاترى هاونیشتمانیان بۆ بەهێزکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان. لە چوارچێوەى ئەو دیدگا هاوبەشەدا رێککەوتن کرا لەسەر چەندین تەوەرى گرنگ لە بوارە جیاجیاکانى (سیاسى، یاسایی، کارگێرى، خزمەتگوزارى، دارایى و ئابوورى و، سەربازى و ئەمنى). هاونیشتمانیانى خۆشەویست ‎دواى رێککەوتنى کۆتایی لەسەر دیدگاى هاوبەش لە ئایاری ٢٠٢٥ دەستمان کرد بە گفتوگۆ کردن لەسەر شێوازى بەشدارى هەردوولا لە ئەرک و دەستەڵاتەکانى حوکمڕانی لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستە پارتیمان دوو بنەماى خستنەڕوو کە بریتى بوون لە رێزگرتن لە دەرەنجامەکانى هەڵبژاردن و، ڕەچاوکردنى پێگەى هەردوولا و واقیعى هەرێمى کوردستان. ‎لەگەڵ ئەوەى پارتى بە جیاوازییەکى زۆرەوە هێزى یەکەم بووە لەڕووى کورسى و دەنگەوە، لەسەر فەرمانى جەنابى سەرۆک بارزانى، بە نەفەسێکى درێژ و بە دەست کراوەیی بۆ بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان ئەو پەڕى نەرمیمان نیشاندا و  زۆر زیاتر لە شایستەى دەنگ و کورسیەکانى یەکێتى ئامادەى رێککەوتن بووین بۆ دڵنیایی دان بە یەکێتى، هەم لە دیدگاى هاوبەش و هەم لە بەشدارى بەڕێوەبردندا پارتیمان ئامادەیی رێککەوتنى نیشاندا بە شێوەیەک کە: ‎بەشدارییەکى هاوسەنگ لە سەرۆکایەتیەکان لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان بکرێت بە جۆرێک کە ( سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان و جێگرى سەرۆکى هەرێم و جێگرى سەرۆکى حکومەت لاى یەکێتى نیشتمانى کوردستان بن ) هەروەها لە کۆى ٢٢ وەزیرى حکومەتى هەرێم کە کابینە پێک دەهێنن، پێشنیارى پارتى وا بووە کە پێکهاتەکان بە ٢ وەزیر بەشدارى کابینە بن و (٨ بۆ ٩) وەزارەت لاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بن کە تیایدا وەزارەتى گرنگى بوارى(سەربازى، ئابوورى وداراییى و، خزمەتگوزارى) تێدایە، هەروەها بەشداریەکى کارا و کاریگەر لە بوارى ئەمنى و پۆستەکانى تریش لە دەستەکان و فەرمانگەکان.  کوردستانییانى ئازیز لە تەواوى ماوەى دانوستانەکاندا پارتى بە نەفەسێکى درێژ و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتى و هەستیارىى ئەم قۆناغە و لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانى هەرێمى کوردستان هەموو توانایەکى خستەگەڕ و هەموو نەرمیەکى نیشاندا و، لەم پێناوەشدا جەنابى سەرۆک بارزانى بە پەرۆشیەکى زۆرەوە پشتیوانى لە هەنگاوەکانى بەڕێوەچوونى گفتوگۆکان کرد و ئامادەیی هەموو پشتیوانییەکى نیشاندا بۆ سەرخستنى پرۆسەکە و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکى پتەو و زەمانەتى جێبەجێکردنى. لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا دەرکەوت کە یەکێتى نایەتە پێش بۆ رێککەوتن تا ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەنى نوێنەرانی عیراق و چەندین جاریش لەوە ئاگادار کراونەتەوە کە ئەوە لە بەرژەوەندى هەرێمدا نیە و پارتى ئەوە بە پەسەند نازانێت. لێرەدا دەمانەوێ دووپاتى ئەوە بکەینەوە کە پارتى هەمیشە بڕواى بە کارى پێکەوەیی هەبووە و هەیەتى و جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێویستە ڕێز لە ئیرادەى دەنگدەران و خەڵکى کوردستان بگیرێت و نابێت لایەنێک بە هەبوونى هیچ هۆکارێکى نالۆژیکى ببێتە ڕێگر لە بەردەم کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى تازەى حکومەتى هەرێم و هاوڵاتیانى کوردستان و دەنگدەرانى پارتى دڵنیا دەکەینەوە لە پێناو بەدیهێنانى ئەو ئامانجە و پارێزگارى لە پێگەى هەرێم و بەرژەوەندییە باڵاکانى بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان و هیچ رێگریەک نابێتە کۆسپ لەبەردەم خزمەتکردنى زیاترى هەرێم و دابینکردنى ئایندەیەکى گەش و داهاتوویەکى رووناکتر بۆ خەڵکى خۆڕاگرى کوردستان.

سلێمانی، 6ـی تشرینی دووەمی 2025 - کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بۆ پەیوەندییەکان ڕایگەیاند کە ڕیکۆردێکی نوێی جیهانی لە کتێبی گینس تۆمار کردووە لەژێر ناونیشانی "گەورەترین کاری هونەری بە دەرزی و دەزووی ڕەنگاوڕەنگ" بە ڕووبەری 26.6 مەتر چوارگۆشە، ئەمەش ژمارەی پێوانەیی پێشووی تێپەڕاند کە 13.3 مەتر چوارگۆشە بوو. کارەکە ئەمساڵ لە بەغداد تەواوکرا و شاری سلێمانی گەواهیی مەراسیمی پەردەلادانی پڕۆژەکە بوو بە بەشداریی هاوبەشانی سەرکەوتن و نوێنەرانی میدیاکان. ئەم دەستکەوتە تێڕوانینی ئاسیاسێڵ بۆ ڕۆڵی کۆمپانیا نیشتمانییەکان بەرجەستە دەکات، کە تەنها لە سنووری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا نامێنێتەوە، بەڵکو هاندانی کۆمەڵگە و بەهێزکردنی بەهرەی گەنج و پاڵپشتیکردنی ئەو دەستپێشخەرییانە لەخۆدەگرێت کە گوزارشت لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئاواتەکانی داهاتوو دەکەن. بە هاوکاری لەگەڵ هونەرمەند عەلی الراوی، بیرۆکەیەکی بوێرانە گۆڕدرا بۆ ئایکۆنێکی هونەریی بەرجەستە کە لەگەڵ ستانداردە ووردەکانی تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی کتێبی گینسدا یەکدەگرێتەوە، ئەمەش جەختکردنەوەیە لەوەی کە جوانی دەتوانێت لە سادەترین کەرەستەکانەوە دەربکەوێت کاتێک کاری دەستی بە دیدێکی ڕوونەوە ئاڕاستە دەکرێت. باکگراوندێکی سەوزی ڕوون هەڵبژێردرا کە لۆگۆی ئاسیاسێڵ لە ناوەڕاستەکەیدا نەخشێنرابوو، بە مەبەستی بەرجەستەکردنی پابەندبوونی ئاسیاسێڵ بە بنەماکانی بەردەوامی و ڕێزگرتن لە ژینگە و هاندانی پراکتیزەکردنی بەرپرسیارانە لە کارەکانی و دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکانیدا. دەزووە تێکەڵاوەکانی کارە دەستییەکە کارکردنی پێکەوەیی تاکەکانی کۆمەڵگە نیشان دەدات بە مەبەستی دروستکردنی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی. بەڕێز عامر صناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ ڕایگەیاند: "ڕۆڵی ئاسیاسێڵ تەنها لە سنووری دابینکردنی خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکاندا نەماوەتەوە، بەڵکو گەشەی سەندووە بۆ بەتواناکردنی بەهرەی گەنجان و ئیلهام بەخشین بە کۆمەڵگە. ئەم ڕیکۆردە دەرخەری ئەوەیە کە دەتوانرێت چی بەدەست بهێنرێت کاتێک دیدگایەکی ڕوون لەگەڵ داهێنان و کاری بەکۆمەڵ ئاوێتە دەبن." هونەرمەند عەلی الراوی لەمبارەیەوە ڕایگەیاند: "شەرەفمەندم کە ئەم دەستکەوتە لەگەڵ ئاسیاسێڵدا هاوبەشی بکەم. تیمەکە سەلماندوویەتی کە جوانی لە سادەترین کەرەستەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کاتێک پیشەگەری لەگەڵ پلاندانان و بەردەوامیدا یەکدەگرن." ئاسیاسێل سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی هەموو ئەو کەسانە دەکات کە بەشدارییان لە پڕۆژەکەدا کردووە، هاوکات سوپاسی ڕیکۆردی جیهانیی گینس دەکات بۆ پیشەگەری و شەفافییەتیان. دەربارەی ئاسیاسێڵ: ئاسیاسێڵ "کۆماندەکاتەوە"، دابینکاری سەرەکی خزمەتگوزاریى پەیوەندییەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانە لە عێراق و ژماره‌ى به‌شدرابووانی نزیکەی 20 مليۆنە. ئاسياسێڵ وەکو یەکەمین کۆمپانیاى خزمەتگوزاریى مۆبایل ناسێنراوە لە عێراق و یەکەمین کۆمپانیاشە تۆڕەکەی هەموو بەشەکانی عێراق دابپۆشێت. ئاسیاسێڵ خزمەتگوزارییەکانی 4G+ بە کواڵیتییەکی بەرز لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دابیندەکات و تۆڕەکەشى زیاتر 99.06٪ ـى دانيشتوانى عێراق ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه‌ تۆڕه‌كه‌ى ببێته‌ بەربڵاوترین تۆڕى مۆبايل بە فراوانترین ڕووماڵەوە لە نێو کۆمپانیاکانی تری پەیوەندی لە عێراق. ئاسیاسێڵ شانازی بەوەوە دەکات کە لە کانونی دووەمی 2015 ــەوە باشترین دابینکاری خزمەتگوزاری ئینتەرنێتە کە باشترین تۆڕی پەیوەندی بە بەرزترین کواڵیتی لە عێراق دابیندەکات. پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ، بەشی پەیوەندییە گشتییەکان: [email protected] بۆ زانیاریی زیاتر: www.asiacell.com

لە چوارچێوەی هەڵەمەتەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کادر و لایەنگرانی یەکێتی لە دەڤەری راپەرین کۆبوەوە و رایگەیاند خەڵکی دەڤەری راپەرین خۆیان بە خاوەنی یەکێتی دەزانن و سەرەڕای هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی  پێگەی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین، بەڵام بە پاڵپشتی خەڵکە دڵسۆزەکە شکستیان هێناوە.  ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵیان رایگەیاند؛  خەڵکی دەڤەری راپەڕینی ئازیز خۆیان بە خاوەنی یەکێتی دەزانن، ساڵی رابردوو ماوەی مانگێکی بانگەشەی هەڵبژاردن لەناویاندا بووە و لەگەڵ هەزاران کەس قسەی کرد، لە پەرۆشییانەوە بۆ یەکێتی قسەی یەکەم و کۆتایی هەموویان ئەوە بوو کە نابێت ئەمجارەیان بە لاوازییەوە بەشداری لە حکومەتدا بکەن. ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ساڵێکە حکومەت پێکنەهاتووە لەبەر ئەوەی وەک سەرۆک بافڵ وتی بە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش بە خەڵکی دەڤەری راپەڕینیان وت بەسەرچاو، ئێوە چی دەڵێن یەکێتی وا دەکات. دەشڵێت؛ ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە دەڤەری راپەڕینی سەربەرز و لەناو کۆڕی هەڤاڵاندا جەختیان کردەوە یەکێتی حزبی خەڵکە و خەڵک ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە ئومێدیان بە یەکێتییە، چونکە دەزانن داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵك لە بەغدا بەس بە یەکێتی چارەسەر دەکرێت و دەشزانن کە یەکێتی ئێستا بەهێزە و قسە و کرداریشی یەکە. لە کۆتایشدا قوباد تاڵەبانی نوسیویەتی؛ لەوەتی یەکێتی هەیە، نەیارەکانی هەوڵیانداوە کە پێگەی یەکێتی لە دەڤەری راپەڕین لاواز بکەن، بەڵام هەموو جارێک ئەم خەڵکە ئازیزە نەیارانیان بێ ئومێد کردوە و  دڵنیاشە ئەمجارەشیان بە بێ ئومێدییەوە دەیاننرێنەوە بۆ ماڵەوە و دەیسەلمێنن کە هێز نییە یەکێتی و دەڤەری راپەڕین لێک جیا بکاتەوە.

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان دوورخستنەوەى نزیکەى 850 کاندیدى لە کێبڕکێی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق راگەیاند، پێش کەمتر لە هەفتەیەک لە بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە. جومانە غەلاى وتەبێژى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان رۆژى پێنج شەممە لەلێدوانێکی رۆژنامەنوسییدا ئاماژەى بەوەکرد، ئامارى کۆتایی کاندیدەکانى بەشدار لە هەڵبژاردن حەوت هەزار و 744 کاندیدە و 848 کاندید دووخراونەتەوە. کاندیدى هاوپەیمانێتییەکان زۆرترین ژمارەى کاندیدەکان پێکدەهێنن کە زیاتر لە 4 هەزار کاندیدە، پاشان حزبەکان بە زیاتر لە 3 هەزار کاندید، تاکەکەسى 75 کاندید، کە 22 کەسیان کێبڕکێی کورسییە گشتییەکان دەکەن، ئەوانەى تریش کێبڕکێ لەسەر کورسی کۆتاکان دەکەن. هەروەها کاندیدى پێکهاتەکان بەم شێوەیە دابەشبوون: 19 کاندیدى مەسیحى، 14 سابیئەى مەندائی، 7 کاندیدى ئێزیدى، 4 کاندیدى شەبەک، 9 کاندیدى فەیلى. لەناو پارێزگاکاندا بەغداد زۆرترین کاندیدى هەیە بە 2 هەزار و 295 کاندید، پاشان نەینەوا بە هەزار و 47 کاندید، دهۆکیش کەمترین کاندیدى هەیە کە 59 کاندیدە. چاوەڕواندەکرێت بەم نزیکانە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لیستێکی نوێی ئەو کاندیدانە ئاشکرابکات کە لە هەڵبژاردنەکان دوردەخرێنەوە، ئەوەش بەوتەى سەرچاوەیەکى ئاگادار. بەوتەى سەرچاوەکە کە بۆ میدیا عێراقییەکان قسەیکردووە "ئەو لیستە، کە بەم نزیکانە بڵاودەکرێتەوە، ناوی هەندێک کاندید لە لیستە گەورەکان لەخۆدەگرێت، لەنێویاندا بازرگان و خاوەنکار، هەروەها چەند کەسایەتییەکی سیاسی ناسراو". سەرچاوەکە پشتڕاستی کردەوە "هۆکارەکانی بێبەشکردنی ئەو کاندیدانەی کە بڕیارە ناویان ڕابگەیەنرێت بەهۆى سەرپێچیکردنی مەرجی ڕەفتاری باش و ساختەکردنی بەڵگەنامەی پەروەردەیی و هۆکاری دیکەوەیە".

سکرتێری یانەی نەورۆز ڕایگه‌یاند، سوپاسی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ 450 ملیۆن دیناری بۆ ناردون و داوایان لێكردوه‌ به‌رده‌وام بێت، ده‌شڵێت، نوێنه‌ری بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی 350 هه‌زار دۆلاری بۆ ناردون و به‌ڵێنیشیداوه‌ مانگانه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت. شێرکۆ کەمال، سکرتێری یانەی نەورۆز ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، "سوپاسی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ 450 ملیۆن دیناری پێداوین و داوامان لێكردوه‌ كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ به‌رده‌وام بێت نه‌ك ته‌نها بۆ ئێمه‌ به‌ڵكو بۆ هه‌مو یانه‌كان بێت، هه‌روه‌ها سوپاسی بافڵ تاڵه‌بانی ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ڕێگه‌ هاوڕێ شێخ دارۆ بڕی 350 هه‌زار دۆلاری بۆ دابینكردوین و به‌ڵێنیشیداوه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ مانگانه‌ به‌رده‌وام بێت، به‌وه‌ش ده‌توانین پێداویستیه‌كانی خۆمان دابین بكه‌ین".  ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌ندێك كه‌س توانیویانه‌ هاوكاریان بن و بڕی 51 ملیۆن و 290 هه‌زار دیناریان بۆ كۆكردونه‌ته‌وه‌ و وه‌ریان گرتوه‌، سوپاسی عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، بڕیارده‌ری ڕه‌وتی هه‌ڵوێست و هاوڕێكانی ده‌كه‌ن كه‌ بڕی 10 هه‌زار و 200 دۆلار (102 گه‌لا)یان پێداون، هه‌روه‌ها سوپاسی فاخیر هه‌ریری ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵمه‌تی  له‌باره‌ی بونی 240 ده‌فته‌ر دۆلار كه‌ ده‌وترێت له‌ ڕوداوه‌كه‌ی لاله‌زار ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌، سکرتێری یانەی نەورۆز وتی، "ئێمه‌ هیچ زانیاریه‌كمان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ نیه‌، باوه‌ڕیش ناكه‌م ڕاست بێت". 2ی ئه‌م مانگه‌ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا كە 450 ملیۆن دینار پشتوانی دارایی یانەی نەورۆز بكات، كە لە ئێستادا بە قەیرانێكی سەختی داراییدا تێدەپەڕیت. یانەی نەورۆز، خاوەنداری بۆ لاهور شێخ جەنگی دەگەڕیتەوە و لە دوای ڕوداوەكانی لالەزارەوە ڕوبەڕوی چارەنوسێكی نادیار بوەتەوە، كە بەوتەی پارێزەرەكەی لاهور شێخ جەنگی، "دو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار لەكاتی ڕوداوەكەدا دیارنەماوە"، و سەرۆكی یانەكە داوایكردوە بۆیان بگەڕێننەوە. هاوكات هەفتەی ڕابردو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كەمپینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ یانەكەی ئەنجامدرا.

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن، قوتابخانەکانیان رادەستی کۆمیسیۆن کردووە.  رۆژی پێنجشەممە، ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرجەم قوتابخانەکانیان رادەستی کۆمیسیۆن کردووە، بۆیە دەوام لە هەموو قوتابخانەکان وەستاوە.  هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت. رۆژی 09-11 دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانی گشتیی ئەنجامدەدرێت.  دەنگدانی تایبەت لە 809 بنکە و 4,501 وێستگە بەڕێوەدەچێت و دەنگدانی گشتی لە 8,703 بنکە و 39,285 وێستگە بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو، بەهۆی بەکارهێنانی قوتابخانەکان بۆ هەڵبژاردن، رۆژی 06-11 تاوەکو 12-11 لە تەواوی قوتابخانەکان پشووی فەرمی دەبێت. 

دوای دوو مانگ کارکردنی بەردەوام، دامەزراندنی ئۆفیسی WordsWarriors لەقامیشلۆ تەواوكرا کە خاوەنەکەی (مایڵز کاگینز)ى وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)ه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ڵێت، "جگه‌ له‌كنه‌و پشكنینى نه‌وت، كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كه‌ له‌بوارى بیناسازیشدا كارده‌كات". به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى به‌شارپرێس دراون، یه‌كه‌م كۆمپانیاى ئه‌مریكى، له‌ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ستى به‌كاركردن كردوه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)ه‌. سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، "باره‌گاى سه‌ره‌كى كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كه‌ له‌شارى قامیشلۆى ڕۆژئاواى كوردستانه‌و له‌هه‌ردوو بوارى كنه‌و پشكنینى نه‌وت‌و هاوكات بیناسازیشدا كارده‌كات". لاى خۆیشیه‌وه‌ مایڵز کاگینز ئاشكرایكردوه‌، کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری بەناوی وۆردز وەریەرز Words Warriorsدامەزراندوەو لقێكى سه‌ره‌كى لەشاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان کردوەتەوە. وه‌كو کاگینز وتویه‌تى، "ڕاوێژ دەده‌ینه‌ کۆمپانیا ئەمریکی‌و ئەوروپییەکانی بواری نەوت‌و گاز بۆئەوەی لەڕۆژئاوای کوردستان‌و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دەستبەکاربکەن، کۆمپانیاکەم کارئاسانی دەکات بۆ تێگەیشتن لەناوچەکەو وەرگرتنی مۆڵەتی بازرگانی لەبەرپرسان". کاگینز باسى له‌وه‌شكردوه‌، "بۆ سەرکەوتنی کارەکانمان، پێویستە کۆمپانیاکان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرو حکومەتی سوریا لەدیمەشق هەبێت، ئێمه‌ش له‌وۆردز وەریەرز، بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانمان لەگەڵ سەرکردەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دەتوانین ئەو پەیوەندییانە دروستبكه‌ین". زیاتر له‌باره‌ى كاره‌كانیان له‌ڕۆژئاواى كوردستان مایڵز کاگینز جه‌ختیكرده‌وه‌، "کۆمپانیاکەم جگه‌ له‌هه‌سه‌ده‌، لەگەڵ دەستەی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکاش کاردەکات‌و پڕۆژەی بیناسازیی بچوکیش لەبنکەکانی سوپای ئەمریکاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسوریا ئەنجامده‌دات".   سەبارەت بەهەلی کار، کاگینز ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "ئامانجمان دامەزراندنی خەڵکی ناوچەکەیەو لانیکەم 90٪ی کارەکان لەلایەن خەڵکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئەنجامدەدرێن‌و کۆمپانیاکەم تەنها ژمارەیەکی کەم لەڕاوێژکارو ئەندازیاری ئەمریکی دەبات کە خاوەن بڕوانامەو ئەزمونی پێویستن بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکان". هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان‌و بەشێک لەپارێزگاکانی ڕەققەو دێرەزورو حەلەبی-شى لەژێر دەستدایە، ئه‌و ناوچانه‌ش نزیکەی 70%ی کێڵگەکانی نەوت‌و گازی سوریای تێدایەو کێڵگە سەرەکییەکان بریتین لەکێڵگەی نەوتیی عومەر لەدێرەزور، کێڵگەی نەوتیی ڕمێلان‌و کێڵگەی سوەیدیە لەحەسەکە.

بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا کێشەی مووچەی ئەو ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگانەی لە دوای 1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە خانەنشین بوونە، چارە بکرێت. چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا کێشەی مووچەی ئەو ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگانەی لە دوای 1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە خانەنشین بوونە و مووچەیان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، چارە بکرێت. بە پێی ڕاگەیەنراوی ماڵپەڕەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی ڕاسپارد سبەی پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، مووچەیەک وەک پێشینە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم، بۆ خانەنشینانی پێشمەرگە خەرج بکرێت و بە زووترین کاتیش کێشەکانیان بۆ چارە بکرێت. پێشتریش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی ڕاسپاردبوو، کە لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابینکەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها ئەنجوومەنەکە جەختی لەوە کردبووەوە، کە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەنديی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستە داراییەکانیان.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا لە خانەقین ڕایدەگەیەنێت: كەس بۆی نییە كڕین و فرۆشتن بكات بە خاكی خانەقین. بە دیپلۆماسی پێیان ئەڵێین، ئەگەر دیپلۆماسی نەیخوارد شتێكی تر هەیە. لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خانەقین، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر پەیوەندیی مێژوویی نێوان یەکێتی و خانەقین کردەوە و چەندین بەڵێنی بە خەڵکی ناوچەکە دا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو با لەناو حكومەتی هەرێم و لە بەغداد نوێنەرایەتی خانەقین زیاد بكات،  وەكو مام جەلال فەرمووی یان كەركوك و خانەقین، یان تاماوین ئەجەنگین. بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە "خانەقین و یەکێتی هەرگیز لەیەک جیانابنەوە،" و وتی: "چاوی نەیاران کوێر دەکەین و هەرگیز خانەقین جێناهێڵین." هەروەها شانازیی خۆی بە مێژووی شارەکە دەربڕی و ڕایگەیاند: "شانازی بە خانەقین و تێکۆشەر و شەهیدەکانیەوە دەکەین." بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی خانەقین کرد لە تێکشکاندنی دوژمناندا و وتی: "خانەقین سەرکەوت بەسەر دیکتاتۆرییەت" و "داعش و بەعس لە خانەقینەوە تێکشکێندران." جەختیشی کردەوە کە "ڕۆحیەتی خانەقین بوو کە عێراقی ڕزگارکرد و داعشی شکاند." لەم نێوەندەدا، یادی فەرماندەی حیزبەکەی"جەبار فەرمان"ی کردەوە و بە "شێرەکەی خانەقین" ناوی برد. سەرۆکی یەکێتی، خانەقینی بە نموونەی پێکەوەژیان و فرەڕەنگی وەسف کرد و وتی: "خانەقین نموونەی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالە." لە دەستپێکی قسەکانیشیدا سڵاوی لە جوانیی ناوچەکە کرد و وتی: "سڵاو لە خانەقین و گەرمەسێڕی هەمیشە سەوز."

میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە، دوو كاندیدی رەوتی هەڵوێست پشتیوانی خۆیان بۆ لیستی (222)ی یەكێتی راگەیاندووەوەو چونەتە ناو یەكێتی. لەبەرامبەردا عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لەپەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە:  بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی و هەوڵدان بۆ خۆفرۆشی بە یەکێتی، ڕەوتی هەڵوێست دوو کاندیدی دورخستەوە.. یەکێتی بەپارەی قاچاخی و دزی سەرقاڵی خەڵک کڕینە. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی،  سێ كاندیدی بەرەی گەل و دوو كاندیدی هەڵوێست ڕایانگەیاند چونەتە ریزەكانی یەكێتیەوە: کە ئەمانەن - ئەڤین حسێن عەلی كاندیدی ژمارە (8)ی لیستی بەرەی گەل  - عەبدوڵا حەمەسەعید كاندیدی ژمارە (11)ی بەرەی گەل  - د. ئازاد محەمەد كاندیدی ژمارە (5)ی بەرەی گەل  -رێباز شەهید عەبدوڵا كاندیدی ژمارەی (11)ی لیستی هەڵوێست لە بازنەی سلێمانی.  - مونیرە عەبدوڵا بەرزنجی، كاندیدی ژمارەی (16)ی لیستی هەڵوێست لە بازنەی سلێمانی

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ مانگی 10 خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان و دەست بە دابەشکردنی دەکەن. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى تشرینی یەکەم خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکە، ئەمڕۆ 5ی تشرینی دووەمی 2025 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریى سەربازى) دەست بە ئەنجامدانی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان دەکرێت بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان. وەکو لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی پێنجشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2025 دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی خستووەتەڕوو، لەم مانگەدا زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی دیکەش لە رێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی جەماوەی پارتی بۆ پشتیوانی کردن لە لیستی 275، گوتی: ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی  کوردستان بە منەت نازانین، بەڵکو بە ئەرکی خۆمانی دەزانین. جێگری سەرۆکی پارتی وتی: یەک لەو پرۆژانەی بە خەون دەزاندرا، پرۆژەی ڕووناکی بوو، بەڵام بە ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و خۆڕاگریی پارتی، ماندووبوون و پشوودرێژی و پشتیوانی ئێوە، بە زەحمەت و ماندووبوونی گەنجی پارتی، پرۆژەی ڕووناکی بووە ڕاستی. لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند "ئێمە گوتارمان نییە، چونکە بە ڕاستی کردارەکانمان گوتاری ئێمەیە. ئەو کارانەی پێش ئێستا کردوومانن، شاهێدی لەسەر ئەوەی پارتی چۆن توانیویەتی خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات. پڕۆژەی هەژماری من یەكێكە لەو پرۆژانەی كە زۆر گرنگە بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووری و كردنەوەی دەروازە بۆ گەنجانی ئێمە تاوەكوو ببنە خاوەن بزنسی خۆیان یان دەتوانن قەرزی بانكی وەربگرن و زیاتر سوود لەو خزمەتگوزارییە بكەن كە لە سیستەمی بانكیدا حكوومەتی هەرێم پێشكەش بە هاووڵاتیان دەیكات. هیوای ئێمە ئەوەیە كە چەندە ئەو بەرنامە و خزمەتگوزارییانەی پێشكەش دەكرێن، بەردەوام بن بە پشتیوانیی ئێوە، ئێستاش هیوادارم ئێمە بتوانین جێی باوەڕی ئێوە بین، ئەو باوەڕەی ئێوە بە ئێمەتان داوە، ئێمە بتوانین ئەو ئەمانەتە رابگرین و لە خزمەتی ئێوەدا بین. ئێستاش داوای من لە ئێوە ئەوەیە، ئەگەر ئێوە دیسان باوەڕی خۆتان بدەن بە ئێمە، من دەڵێم كرداری ئێمە شاهێدی ئەوەن كە ئێمەش دەتوانین بەردەوام بین لە خزمەتكردنی ئێوە. پارتی لە ڕابردوو قوربانیی زۆری داوە، پارتی ئێستا دەستكەوتی زۆری هەیە كە پێشكەشی ئێوەی كردووە و پارتی بۆ پاشەڕۆژ بەرنامەی زۆر زیاتری هەیە بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكی خۆمان و بۆ بەهێزكردنی كوردستانی خۆمان، بەڵام بۆ ئەوەی بەرەو پاشەڕۆژ بچین، بەرەو ئاییندەی رووناكتر بچین، پێویستە ئێمە پێكەوە بچین. پارتی جودا نییە لە ئێوە، پارتی بەشێكە لە ئێوە و ئێوە هێزی پارتین، ئەگەر ئێوە دەتانەوێ كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەوپێشتر بچێت، سەركەوتووتر بێت، دەنگی خۆتان بدەنە پارتی تا پارتی سەربكەوێت و ئێوەش سەربكەون و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارە لەو پەرلەمانە سەربكەوێت، گەرەنتیی ئەوە دەدات كە زیاتر پارتی بكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان.