بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا کێشەی مووچەی ئەو ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگانەی لە دوای 1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە خانەنشین بوونە، چارە بکرێت. چوارشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2025، ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا کێشەی مووچەی ئەو ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگانەی لە دوای 1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە خانەنشین بوونە و مووچەیان لە لایەن حکوومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، چارە بکرێت. بە پێی ڕاگەیەنراوی ماڵپەڕەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی ڕاسپارد سبەی پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، مووچەیەک وەک پێشینە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم، بۆ خانەنشینانی پێشمەرگە خەرج بکرێت و بە زووترین کاتیش کێشەکانیان بۆ چارە بکرێت. پێشتریش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی ڕاسپاردبوو، کە لەگەڵ دەستەی خانەنشینی نیشتیمانیی فیدراڵ، ڕێکارە یاساییە پێویستەکان بگرنەبەر بۆ جێبەجێکردنی باشترین بژاردەی یاسایی کە دابینکەری باشترین مووچەی خانەنشینی بێت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها ئەنجوومەنەکە جەختی لەوە کردبووەوە، کە پشتیوانی لە هەر ڕاسپاردە و بڕیارێک دەکات لە بەرژەوەنديی هێزەکانی پێشمەرگە بێت، بە ئاراستەی باشترکردنی مووچەی خانەنشینی و شایستە داراییەکانیان.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا لە خانەقین ڕایدەگەیەنێت: كەس بۆی نییە كڕین و فرۆشتن بكات بە خاكی خانەقین. بە دیپلۆماسی پێیان ئەڵێین، ئەگەر دیپلۆماسی نەیخوارد شتێكی تر هەیە. لە کەرنەڤاڵی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خانەقین، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر پەیوەندیی مێژوویی نێوان یەکێتی و خانەقین کردەوە و چەندین بەڵێنی بە خەڵکی ناوچەکە دا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو با لەناو حكومەتی هەرێم و لە بەغداد نوێنەرایەتی خانەقین زیاد بكات، وەكو مام جەلال فەرمووی یان كەركوك و خانەقین، یان تاماوین ئەجەنگین. بافڵ جەلال تاڵەبانی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە "خانەقین و یەکێتی هەرگیز لەیەک جیانابنەوە،" و وتی: "چاوی نەیاران کوێر دەکەین و هەرگیز خانەقین جێناهێڵین." هەروەها شانازیی خۆی بە مێژووی شارەکە دەربڕی و ڕایگەیاند: "شانازی بە خانەقین و تێکۆشەر و شەهیدەکانیەوە دەکەین." بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە ڕۆڵی مێژوویی خانەقین کرد لە تێکشکاندنی دوژمناندا و وتی: "خانەقین سەرکەوت بەسەر دیکتاتۆرییەت" و "داعش و بەعس لە خانەقینەوە تێکشکێندران." جەختیشی کردەوە کە "ڕۆحیەتی خانەقین بوو کە عێراقی ڕزگارکرد و داعشی شکاند." لەم نێوەندەدا، یادی فەرماندەی حیزبەکەی"جەبار فەرمان"ی کردەوە و بە "شێرەکەی خانەقین" ناوی برد. سەرۆکی یەکێتی، خانەقینی بە نموونەی پێکەوەژیان و فرەڕەنگی وەسف کرد و وتی: "خانەقین نموونەی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالە." لە دەستپێکی قسەکانیشیدا سڵاوی لە جوانیی ناوچەکە کرد و وتی: "سڵاو لە خانەقین و گەرمەسێڕی هەمیشە سەوز."
میدیای فەرمی یەكێتی بڵاویكردەوە، دوو كاندیدی رەوتی هەڵوێست پشتیوانی خۆیان بۆ لیستی (222)ی یەكێتی راگەیاندووەوەو چونەتە ناو یەكێتی. لەبەرامبەردا عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لەپەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە: بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی و هەوڵدان بۆ خۆفرۆشی بە یەکێتی، ڕەوتی هەڵوێست دوو کاندیدی دورخستەوە.. یەکێتی بەپارەی قاچاخی و دزی سەرقاڵی خەڵک کڕینە. لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی، سێ كاندیدی بەرەی گەل و دوو كاندیدی هەڵوێست ڕایانگەیاند چونەتە ریزەكانی یەكێتیەوە: کە ئەمانەن - ئەڤین حسێن عەلی كاندیدی ژمارە (8)ی لیستی بەرەی گەل - عەبدوڵا حەمەسەعید كاندیدی ژمارە (11)ی بەرەی گەل - د. ئازاد محەمەد كاندیدی ژمارە (5)ی بەرەی گەل -رێباز شەهید عەبدوڵا كاندیدی ژمارەی (11)ی لیستی هەڵوێست لە بازنەی سلێمانی. - مونیرە عەبدوڵا بەرزنجی، كاندیدی ژمارەی (16)ی لیستی هەڵوێست لە بازنەی سلێمانی
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ مانگی 10 خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان و دەست بە دابەشکردنی دەکەن. بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى تشرینی یەکەم خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکە، ئەمڕۆ 5ی تشرینی دووەمی 2025 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى بودجە و بەرنامەکان (ژمێریاریى سەربازى) دەست بە ئەنجامدانی رێکارە دارایی و ژمێریارییەکان دەکرێت بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییەکان. وەکو لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی پێنجشەممە 6ی تشرینی دووەمی 2025 دەست بە دابەشکردنی دەکرێت. لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی خستووەتەڕوو، لەم مانگەدا زیاتر لە 97%ی ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە لەڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانەی دیکەش لە رێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن.
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی جەماوەی پارتی بۆ پشتیوانی کردن لە لیستی 275، گوتی: ئێمە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان بە منەت نازانین، بەڵکو بە ئەرکی خۆمانی دەزانین. جێگری سەرۆکی پارتی وتی: یەک لەو پرۆژانەی بە خەون دەزاندرا، پرۆژەی ڕووناکی بوو، بەڵام بە ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و خۆڕاگریی پارتی، ماندووبوون و پشوودرێژی و پشتیوانی ئێوە، بە زەحمەت و ماندووبوونی گەنجی پارتی، پرۆژەی ڕووناکی بووە ڕاستی. لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕایگەیاند "ئێمە گوتارمان نییە، چونکە بە ڕاستی کردارەکانمان گوتاری ئێمەیە. ئەو کارانەی پێش ئێستا کردوومانن، شاهێدی لەسەر ئەوەی پارتی چۆن توانیویەتی خزمەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات. پڕۆژەی هەژماری من یەكێكە لەو پرۆژانەی كە زۆر گرنگە بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووری و كردنەوەی دەروازە بۆ گەنجانی ئێمە تاوەكوو ببنە خاوەن بزنسی خۆیان یان دەتوانن قەرزی بانكی وەربگرن و زیاتر سوود لەو خزمەتگوزارییە بكەن كە لە سیستەمی بانكیدا حكوومەتی هەرێم پێشكەش بە هاووڵاتیان دەیكات. هیوای ئێمە ئەوەیە كە چەندە ئەو بەرنامە و خزمەتگوزارییانەی پێشكەش دەكرێن، بەردەوام بن بە پشتیوانیی ئێوە، ئێستاش هیوادارم ئێمە بتوانین جێی باوەڕی ئێوە بین، ئەو باوەڕەی ئێوە بە ئێمەتان داوە، ئێمە بتوانین ئەو ئەمانەتە رابگرین و لە خزمەتی ئێوەدا بین. ئێستاش داوای من لە ئێوە ئەوەیە، ئەگەر ئێوە دیسان باوەڕی خۆتان بدەن بە ئێمە، من دەڵێم كرداری ئێمە شاهێدی ئەوەن كە ئێمەش دەتوانین بەردەوام بین لە خزمەتكردنی ئێوە. پارتی لە ڕابردوو قوربانیی زۆری داوە، پارتی ئێستا دەستكەوتی زۆری هەیە كە پێشكەشی ئێوەی كردووە و پارتی بۆ پاشەڕۆژ بەرنامەی زۆر زیاتری هەیە بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵكی خۆمان و بۆ بەهێزكردنی كوردستانی خۆمان، بەڵام بۆ ئەوەی بەرەو پاشەڕۆژ بچین، بەرەو ئاییندەی رووناكتر بچین، پێویستە ئێمە پێكەوە بچین. پارتی جودا نییە لە ئێوە، پارتی بەشێكە لە ئێوە و ئێوە هێزی پارتین، ئەگەر ئێوە دەتانەوێ كوردستان رۆژ بە رۆژ بەرەوپێشتر بچێت، سەركەوتووتر بێت، دەنگی خۆتان بدەنە پارتی تا پارتی سەربكەوێت و ئێوەش سەربكەون و لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمجارە لەو پەرلەمانە سەربكەوێت، گەرەنتیی ئەوە دەدات كە زیاتر پارتی بكەوێتە خزمەتی خەڵكی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی لە بانگەشەی پارتی لە دهۆک رایگەیاند، "بەوەی دەیبینم پشتڕاستم ملیۆنێک دەنگ و زیاتر بەدەستدەهێنین." ئەمڕۆ سێشەممە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، هەردوو جێگرانی سەرۆکی حیزبەکە لە دهۆک کەرنەڤاڵێکی جەماوەرییان بۆ لایەنگرانیان ئەنجامدا. ڕاشیگەیاند، کەس نابێت باسی خەباتی میللەتی کورد بکات ئەگەر باسی خەباتی خەڵکی بادینان نەکات، ئێمە ناتوانین کوردستان بپاریزین ئەگەر پشتیوانی ئێوە نەبێت بۆ پارتی و ڕێبازی بارزانی، خەڵکی بادینان سەلماندوویانە، کە سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە. ئاماژەی بەوەشکرد، بادینان نهێنی سەرکەوتنی پارتییە. نێچیرڤان بارزانی پەسنی ناوچەی بادینانی کرد و گوتی، "سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە و سەرکەوتنی پارتیش لە دەستی بادینانە." لەبارەی ئامانجەکانی پارتی، جێگری سەرۆکی حیزبەکە گوتی، "ئامانجی پارتی لەوکاتەوەی دروستبووە ئێوە بوون، گەلی کورد، ئێوە ئامانجی بارزانی نەمر بوون." نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا "دەستخۆشی" لە مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "سەرباری هەموو ئەو ئاستەنگانەی بۆی دروست دەکرێن، کاروانی ئاوەدانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و رۆژ بە رۆژ پڕۆژە دەکاتەوە و بەردی بناخەی پڕۆژەی دیکە دادەنێت."
دەوڵەت باخچەلی کشانەوەی هێزەکانی پەکەکە لەنێو تورکیا بە "هەنگاوێکی گرنگ" و دەڵێت، "دەبێت پەرلەمانتاران بچنە ئیمراڵی و گوێ لە ئۆجەلان بگرن." ئەمڕۆ دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا-مەهەپە لە چوارچێوەی قسەکردنیدا لە کۆبوونەوەی ئاسایی پارتەکەیدا، دانی بەوەدا نا کە دۆخی ناوچەکە مەترسیدارە، وتیشی عەبدوڵڵا ئۆجالان تا ئێستا بەڵێنەکانی خۆی بردوەتە سەر، وتیشی دەبێت پەرلەمانتاران بچنە ئیمراڵی و گوێ لە عەبدوڵڵا ئۆجالان بگرن و بەقسەی بکەن. دەوڵەت باخچەلی دانینا بە هەبوونی هەڕەشە بۆسەر تورکیا و ئاماژەی بەوەدا ئۆجالان بەڵێنەکانی بردوەتە سەر و مەهەپەش ئامادەی چوونە ئیمراڵییە و دەبێت پەرلەمانتارانیش گوێی لێبگرن. ئاماژەی بوەشداوە، مەهەپەش ئامادەیە بچێتە ئیمراڵی و چاویان بە عەبدوڵڵا ئۆجالان بکەوێت. لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشیشەوە وتی، ئازادکردنی دەمیرتاش دەبێتە مایەی خێر بۆ تورکیا. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە وتی ناوچەکە لەبەردەم هەڵوەشاندنەوە و گۆڕانکارییدایە و ئاماژەی بەوەدا ئێستا ناوچەکە لە چەند شەڕێکی گەورەدایە و نەخۆشییەکانی سیستم تا دێت زیاد دەکات. دەوڵەت باخچەلی وتیشی ئەوان وەک پارتی مەهەپە ڕۆڵیان هەبووە لە قۆناغی گرنگی ئێستای تورکیادا و پێشکەوتنی گرنگیش لە پرسی ئاشتیی و پاراستنی تورکیادا بەدیهاتوە.
شاندی ئیمرالی دەم پارتی لەبارەی کۆتا دیداری لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ڕایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە ڕێبەر ئاپۆ وتویەتی: “دەبێت دیاردەی کورد بە هەموو شێوەیەک لە یاساییبوونی کۆماردا جێگیر بکرێت بۆ ئەمەش دەبێت پرۆسەیەکی ڕاگوزەری بەهێز دابنرێت. ڕۆژی ڕابردوو، شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دوورگەی ئیمرالی دیدارێکی لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا، شاندەکە پێکهاتبوون لە (پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل). سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیدارەکەی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، شاندەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاکردەوە و دەقەکەی بەمشێوەیەیە: “لە ٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، دیدارێکی زۆر ئەرێنیمان لەگەڵ بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمرالی ئەنجام دا و ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێری خایاند. تەندرووستی و مۆڕاڵی زۆر باش بوو، لە دیدارەکەدا بە پوختی ئەم هەڵسەنگاندنانەی کرد: بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیەی کە هەیە بەرەوپێش بچێت، دەبێت جددیتر هەڵسەنگاندن لەسەر مێژوو و سۆسۆلۆژیا (کۆمەڵناسی) بکرێت. گرنگە دان بەوەدا بنرێت کە پەیوەندی تورک-کوردان وەک دوو پایەی دوو هەزار ساڵە گەیشتووەتە ئەم سەردەمە، پێویستە ئەم دوو پایەیە ببیندرێن، لێی تێبگەیەندرێن، ڕاستبکرێنەوە و بەم شێوەیە یەکێتی بەهێز بکرێت. بەشێوەی ستوونی نا، بەڵکو بە درووستکردنی ئاسۆیەک کە کێشەکانی ڕۆژانەشمان لەخۆ بگرێت، مامەڵە بکەین. ئێمە لە هەلومەرجێکی کورت و سنوورداردا بۆ بابەتێکی مێژوویی لەناو هەوڵێکی جددیداین. هەوڵ دەدەین ئاستێکی ئەرێنی درووست بکەین، نەک ئاستێکی نەرێنی و وێرانکەر. دیاردەی کورد دەبێت بە هەموو شێوەیەک لە یاساییبوونی کۆماردا جێگیر بکرێت و بۆ ئەمەش پرۆسەیەکی ڕاگوزەری بەهێز دابنرێت. گواستنەوە لەناو یاساییبووندا وەک دیاردەیەکی گشتگیر دەبێتە هۆی پتەوکردنی بناغە یاساییەکانی کۆماری دیموکرات. دەرفەتەکانی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک کە ئەمڕۆ لە ڕووی سەردەمەوە لەبەردەمماندایە، هەم هەرێمییە و هەم جیهانییە. بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو ئاستێکی ئەرێنی هەنگاوبنێین، زۆر گرنگە هەمووان لەم پرۆسەیەدا بە هەستیاری و جددی و تێگەیشتنێکی بەرپرسیارانەوە مامەڵە بکەن. لەگەڵ ڕێزدا.”
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، تانەکەی وەزارەتی دادی تورکیاى ڕەتکردەوە لە بەرامبەر پێشێلکردنی دووەمی دەستبەسەرکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و بڕیاری ئازادکردنیدا. دوابەدوای ئەو بڕیارە سەڵاحەدین دەمیرتاش ڕایگەیاند، "بێ گومان بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا گرنگە و لە ڕووی یاساییەوە پابەندکەرە. بەڵام نەک تەنها بۆ ئێمە، بەڵکو بۆ ٨٦ ملیۆن هاوڵاتیمان، 'یاسای برایەتی' لە نێوانماندا لە هەموو شتێک بەنرخترە". دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، تانەیەکی تورکیای رەتکردەوە، کە داوای پێداچوونەوەی بە بڕیاری دادگەکە بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش کردبوو. پێشتر تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا، تانەی لە بڕیارێکی دادگە ئەورووپییەکە دابوو کە تایبەت بوو بە پێشێلکردنی مافەکانی و ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، بەڵام ئێستا دادگاکە بڕیاری کۆتایی دا و داواکارییەکەی تورکیای رەتکردەوە. دوای بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە بڕیارەکەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کرد. دەم پارتی رایگەیاند: "دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لە بڕیارەکەی 8ی تەممووزی 2025ـدا، سەبارەت بە دەستگیرکردنی نادادپەروەرانەی دەمیرتاش لە دۆسیەی کۆبانێ، بەڕوونی هەموو نادادپەروەرییەکانی لە پرۆسەی دادگاییکردندا خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا، دەستگیرکردنی دەمیرتاش بە هۆکاری سیاسی بەردەوامە و دەبێت ئازاد بکرێت، بەڵام دەسەڵات لە 8ی تشرینی یەکەمدا تانەی لەم بڕیارەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا گرتبوو". دەم پارتی لە راگەیێنراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، لە کۆبوونەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپادا تانەکەی دەسەڵات (حکومەتی تورکیا) رەتکرایەوە. بەمەش بڕیاری تایبەت بە دەمیرتاش یەکلایی بووەوە. دەم پارتی دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی چەندین بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە هەتا ئێستا لەبارەی هاوڕێیانمانەوە دراون، بەتایبەتی سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی دوایین بڕیاری یەکلاکەرەوەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا کە رۆژی 8ی تەممووزی 2025 دەریکرد، دەبێت هاوڕێیانمان بەبێ دواکەوتن ئازاد بکرێن." دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاریدا تورکیا مادەی 5، بڕگەی 3ی رێککەوتنی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپای پێشێل کردووە. راشیگەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە مافی دادگەییکردن لە ماوەیەکی گونجاو و دادگەییکردنی بێ دەستگیرکردنەوە هەیە. هەروەها رایگەیاند، تورکیا مادەی 18 و مادەی 3ی پرۆتۆکۆلی ژمارە 1ی رێککەوتنی مافی مرۆڤی ئەورووپای پێشێلکردووە. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاشی کرد، بەڵام تورکیا پابەندی بڕیارەکە نەبوو. ئەو بڕیارە لەلایەن لیژنەیەکی دادوەری درا کە لە 17 دادوەر پێکهاتبوو. رایگەیێندرا کە دەمیرتاش لە 20ی ئەیلوولی 2019ـەوە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی خۆپێشاندانەکانی 6-8ی تشرینی یەکەمی 2014 دەستگیرکراوە. دادگەکە رایگەیاند، هێشتنەوەی دەمیرتاش پێشێلکردنی مافەکانییەتی. هەروەها پێشێلکردنی پابەندبوونی تورکیایە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا. دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری دا، دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئازادکردنی دەستبەجێی دەمیرتاش. راشیگەیاند، حکومەتی تورکیا ناتوانێت بیسەلمێنێت دەمیرتاش تاوانی کردووە و زیندانیکردنەکەشی بە بێ بنەما ناوبرد.
بزوتنەوەی گۆڕان بە پشتن بەستن بە ڕاپرسییەکان و وەرگرتنی بۆچونی کەسایەتییەکان هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق ڕاگەیاند و داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکات بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بکەن و لە ناوچە جێناکۆکەکانیش دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان خەباتی پەرلەمانی دەکەن. رۆژی دووشەممە (٣ی ١١ی ٢٠٢٥)، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسیی و بڕیاردان لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەکە، بە پشت بەستن بە ئەنجامی ڕاپرسی ناو گۆڕانخوازان و وەرگرتنی بۆچونی ژمارەیەک کەسایەتی دیار، هاوکات ڕاسپاردەکانی کۆبونەوەی جڤاتی گشتی، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێم، بایکۆتی هەڵبژاردن بکرێت و ئەنجام و ئاکامەکانی بخرێتە ژێر پرسیارەوە. لەبارەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانیش، وەک بەرپرسیارێتیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی، هانی دەنگدەرانمان دەدەین بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دەنگ بەو کاندیدە کوردانە بدەن، لەپێناو کوردستانیەتی ئەو ناوچانە و بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییەکان خەباتی پەرلەمانی دەکەن. دەشڵێت: هەڵبژاردنی ئەمجارە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕاستەقینەی دەنگدەران نییە، بەتایبەت، کە پارە و چەک و پەیوەندییە ئیقلیمییەکان، ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە ڕەنگڕێژکردنی ئەنجامەکان دەبینن، ئەمەش بەردەوام ئاڵوگۆڕی ڕووکەشانەی دەسەڵاتی سیاسیی لێکەوتووەتەوە. لەو ڕوانگەیەوە، ئەزمونی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبەردەم شکست و بێ متمانەیی دەنگدەرە. داوا لە دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان و هاونیشتمانیان دەکەین، بەشداری هەڵبژاردن نەکەن، ئەم هەڵوێستەش گوزارشتە لە واقعێکی تاڵ لەشکستی پڕۆسەی سیاسی و نەمانی متمانەی گشتی، کە پێویستی بە هێنانەدی شێوازێکی نوێی کاری سیاسی هەیە. بزوتنەوەی گۆڕان داوا دەکات بۆ ئەوەی چیتر «هەڵبژاردن» نەبێتە شانۆگەری سەرکەوتنی کاستی دەسەڵاتدار و نائومێدی زیاتر بۆ بەرەی ناڕازی و خەڵک؛ بانگەواز لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەبژێری سیاسیی و ئەکادیمی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی دەکات کە پێکەوە بەرەی بایکۆت پێکبهێنین و لەو ڕێگەیەوە نوێنەرایەتی «بەرەی بایکۆت» بکەین.
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان سەرەڕای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بڕیاری دا لە بازنەی کەرکووک دەنگ بە بەربژێرە کوردەکان بدەن. بەرپرسی مەڵبەندەکەیان دەڵێت، "دەنگمان بۆ بەربژێری ئەو لیستانەیە کە دەردەچن." ئەمڕۆ دووشەممە 03-11-2025 عیماد کەرکووکی، بەرپرسی مەڵبەندی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بڕیاری سەرکردایەتیی حیزبەکەی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە بازنەکانی هەرێمی کوردستان بایکۆت کراوە، بەڵام لەبەر پرسە نەتەوەییەکە لە کەرکووک بڕیاریان داوە دەنگ بدەن." عیماد کەرکووکی گوتی، "ئێمە کادر و دەنگدەرانی خۆمان ئازاد کردووە، بەڵام باشترە دەنگ بە بەربژێری لایەنێک بدرێت کە دەرچوونی مسۆگەر بێت، لەبەرئەوەی دەنگی کورد لەو بازنەیە نەفەوتێت." لە بازنەی کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا کردووە. بەرپرسەکەی مەڵبەندی کەرکووکی بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت، "باشترە دەنگەکان بۆ ئەو لایەنانە بن کە دەرچوونی بەربژێریان مسۆگەرە، بۆئەوەی دەنگی کورد نەفەوتێت، ئێمەش کادر و لایەنگرانمان ئازاد کردووە دەنگ بە پارتی دەدەن یان یەکێتی، چونکە دەرچوونی بەربژێری ئەو دوو لایەنە مسۆگەرترە."
بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا لە موسڵ وتى: هەموو بڕیارێكی ستراتیژی عێراق دەبێت لە عێراق بدرێت، نەك لەم وڵات و ئەو وڵات. لە وتارێکی لە شاری مووسڵ، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای ستایشکردنی خۆڕاگریی خەڵکی نەینەوا، نەخشەڕێگا و پڕۆژەی حزبەکەی بۆ بونیادنانەوەی شارەکە و گەڕاندنەوەی شکۆی بۆ خستەڕوو و جەختی کردەوە کە بەبێ سەقامگیریی مووسڵ، عێراق سەقامگیر نابێت. بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارەکەی بە ستایشکردنی مێژوو و قوربانیدانی مووسڵ دەستپێکرد و وتی: "مووسڵ هێمای هێز و خۆڕاگرییە، ئێمە شانازی بە خوێن و مێژووی مووسڵ دەکەین." ئاماژەی بەوەشکرد کە تیرۆرستانی قاعیدە و داعش نەیانتوانی ئەم شارە بڕوخێنن، چونکە "خەڵکی نەینەوا دیواری ئاسنین و خۆڕاگریین لە عێراق." ئەو نەینەوای بە "نموونەی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال" وەسف کرد کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان پێکەوە دەژین، جەختیشی کردەوە کە "داینەمۆی نوێبوونەوەی عێراق مووسڵە" و "بەبێ سەقامگیریی موسڵ، عێراق سەقامگیر نابێت." سەرۆکی یەکێتی دڵنیایی دایە خەڵکی نەینەوا کە "یەکێتیی پرۆژەی هەیە بۆ نوێبوونەوەی نەینەوا" و بەڵێنی دا: "ماڵ و گەڕەک و خەونەکانتان بونیاد دەنێینەوە." ئەو ڕایگەیاند کە دەزانن "هاووڵاتیانی نەینەوا نەهامەتی زۆریان چەشتووە،" بەڵام جەختی کردەوە کە ئەوان "بڕوایان بە دادپەروەرییە نەک تۆڵەکردنەوە." لەم چوارچێوەیەدا، بەڵێنی دا کە کار بۆ گەڕاندنەوەی مافی گیراوە بێتاوانەکانی نەینەوا دەکەن و پێویستە هەموو ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. بافڵ جەلال تاڵەبانی گرنگییەکی تایبەتی بە دۆخی کوردانی ئێزدی دا و وتی: "کار بۆ گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی دەکەین" و "خەبات دەکەین بۆ ئەوەی خوشک و برا ئێزدییەکان سەربەرزانە بژین" و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی تیشکی خستە سەر گرنگیی زانست و خوێندن و ڕایگەیاند: "پێویستە گرنگی زیاتر بە زانکۆی مووسڵ بدرێت." بەڵێنی دا کە "کار بۆ پێشکەوتن و نوێکردنەوەی زانکۆی مووسڵ دەکەن" و پێشنیازی کرد: "داوای دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان زانکۆکانی مووسڵ و سلێمانی دەکەم" بۆ ئەوەی ببێتە پردێکی زانستی و ڕۆشنبیری. لە کۆتاییدا، سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی سیاسیی ڕوونی ئاراستە کرد و وتی: "نەینەوا پێویستی بە سیاسەت و ڕێبازی مام جەلالە." جەختی لەسەر سەروەریی عێراق کردەوە و ڕایگەیاند: "پێویستە تەواوی بڕیارە ستراتیجییەکانی عێراق لە ناوخۆی وڵات بدرێت" و "نەینەوا شوێنی ئەجێندای هیچ لایەن و وڵاتێک نییە." دڵنیاییشی دا کە "یەکێتی لە نەینەوا نوێنەرایەتی تەواوی پێکهاتەکان دەکات" و "لیستی هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا نوێنەرایەتی هەمووان دەکات.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان دەکاتەوە. ئهمڕۆ دووشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمهرانی کردەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "لە ڕووی بازرگانییەوە بۆ ئێمە گرنگە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین". سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە هەڵکەوتەی جوگرافیای شارەدێ و دەروازەی سنووری نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دا و گوتی: "ئێرە شوێنێکی گرنگە، چونکە دەروازەیەکیشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە پێویستە بۆ ئێمە گرنگی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانکاریش بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان بکەین." مەسرور بارزانی دوای کردنەوەی رێگەی دووسایدی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم سەردانی حاجی ئۆمەران دەکەم کە سەردەمێک پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانی نەمرە. شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە کە ئێمە ئێستا بەرهەمی دەستی ئەوان دەبینین و لە سایەی زەحمەتی ئەوان ئێستا کوردستانێکی ئازادمان هەیە". مەسرور بارزانی گوتی، "جێی دڵخۆشییە کە لێرەین بۆ کردنەوەی بەشێک لەو رێگەیە کە بەشێوەیەکی سەردەمیانە و رێکوپێک دروستکراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتییان. بێگومان خەڵکی ئەم دەڤەرە شایەنی خزمەتی زۆر لەوە زیاترن، ئەوەی لە دەستی حکومەت بێت بەپێی توانا لە خزمەتتان دەبین و پەرە بە گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەکەمان دەدەین". درێژیی رێگەکە 2.5 کیلۆمەترە و تێچووەکەی زیاتر لە 35 ملیار دینارە. دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کە هەردوو پارێزگای هەولێری هەرێمی کوردستان و پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتیەوە، دەروازەیەکی بەردەوام پڕجووڵەی نێوان هەردوو پارێزگایە، کە لە ڕووی هاتوچۆی گەشتیارییەوە 24 کاتژمێرەیە و لە لایەنی بازرگانیشەوە ڕۆژانە لە کاتژمێری هەشتی بەیانییەوە تاوەکوو حەوتی ئێوارە جموجووڵی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەکرێت. لەبارەی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران، پێشتر پارێزگاری ورمێ، ڕەزا ڕەحمانی لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاندبوو، بە گوێرەی تۆمارەکان لە ساڵی 2024دا بە قەبارەی هەشت ملیار دۆلار هەناردە و 19 ملیار دۆلار کاڵا بە ترانزێت هەناردەی سنووری هەرێمی کوردستان کراوە
ئەحمەد تورك، سیاسەتمەداری باكوری كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سەباح)ی توركی، كە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاوكراوەتەوە دەڵێت: نابێت پرۆسەی ئاشتی تەنها وەک رادەستبونی پەکەکە سەیر بکرێت، بەڵکو پێویستە وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا بکرێت کە زەمینە بۆ دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆش دەکات و برایەتی تورک-کورد تێدەپەڕێت. راشیدەگەیەنێت، تورکیایەک کە پرسی کورد چارەسەر بکات، بەشدارییەکی بەرچاوی دەبێت لە دامەزراندنی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پێویستە لەوێنە گەورەكەدا وا تەماشای پرۆسەی چارەسەری بكرێت، بۆچونەكانتان هەرچۆنێك بێت پێویستە بەشداری لە پرۆسەی چارەسەردا بكەن. ئاماژەی بەوەدا، توێژێکی نا سیاسیی لە تورکیادا هەن تا ئێستاش نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن، ئەوان تێناگەن چی روودەدات، پێویستە پرۆسەکە بۆ ئەم توێژە روونبکەینەوە، دەبێت باس لەوە بکرێت ئەم پرۆسەیە تەنها پەیوەندی بە کوردەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەحمەد تورک جەختیش دەكات، پرۆسەکە بەهۆی پاڵپشتیی سەرۆک کۆمارەوە بەرەوپێش دەچێت، حساباتەكانی بە وردی دەکات، تەنانەت رەخنەكانیش چاوەڕوانكراوەكانیش لەبەرچاو دەگرێت، لە سەرەتای پرۆسەکەدا بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەم بابەتە لەگەڵ ڕای گشتی بەش نەكرد، بەڵام لەم دواییانەدا روونی کردەوە کە تا کۆتایی پشتگیریی دەکات. باس لەوەش دەكات، لەکاتێکدا پێشتر لەناو دەوڵەتدا گروپێک هەبوون کە تێڕوانینی زۆر جیاوازیان هەبووە، ئێستا مەیلێکی بەهێز لەناو دەوڵەتدا هەیە كە باوەڕی وایە چارەسەر پێویستە بە هۆی كارلێكە ناوخۆیی و دەرەکییەكان، کۆدەنگییەکی سیاسی بەهێز هەیەو بەڕێز ئەردۆغان وەک بەرپرسی دەسەڵاتی جێبەجێکردن رۆڵێکی گرنگی هەیە لەم ڕووەوە. ئەحمەد تورك لە بەشێكی تری قسەكانیدا دەڵێت: سەرۆک لەگەڵ شاندێکی (DEM) کۆبووەوە، دەمەوێت بە دیاریكراوی لەبارەی سوریا قسەی لەگەڵ بکەم، لە ناوچەکەدا پڕۆژەیەکی گەورەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، ئەم پڕۆژەیەش خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات، لەبری ئەوەی وڵاتانی دیکە دەستوەردان بکەن، پێویستە تورک و کورد کۆببنەوە و بڕیاربدەن چی بکرێت، پێویستە تورکیا لەوێ لەگەڵ کوردەکان قسە بکات، با لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسە بکەین، بەڵام بە بۆچونی من، پێویستە لەگەڵ کوردەکانی ئەوێش قسە بکەین و گوێ لە بۆچونەکانیان بگرین. لەبارەی هەوڵەكانی پێشوی ئاشتیش لە توركیا دەڵێت: بزوتنەوەی گولەن رۆڵی هەبووە لە شکستی پڕۆسەی ئاشتی پێشودا، بزوتنەوەی گولەن لەو کاتەدا دزەی کردبووە ناو زۆرێک لە ئاستەکانی حکومەتەوە، ئەمەش بە ڕوونی لە دادگاییکردنی (کەجەکە)دا دەرکەوت. ئاشکرا بوو کە زۆربەی ئەو دادوەر و داواکاری گشتیانەی کە مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا دەکرد، پەیوەندییان بە بزوتنەوەی گولەنەوە هەیە، هەروەها حکومەت لەو کاتەدا ئامادە نەبوو، ئێستا پرۆسەکە جیاوازە.
بەپێى ئامارێکى ڕێکخراوى هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ۸۰ حاڵەت واتا ۴۹.۵٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۱۶۱ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ، لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێران بووە. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۲۴۱ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە ناسنامەی ۲۳۵ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ۶ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت. لەو مانگەدا، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ بەندکراوی سیاسی بریتی لە ۶ بەندکراوی سیاسیی عەرەب بەناوەکانی عەلی موجەدەم، محەممەدڕەزا موقەدەم، موعین خەنفەری، حەبیب دەریس، عەدنان غەبیشاوی، سالم مووسەوی، سامان محەممەدی خیارە و جەواد نەعیمی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ۷ کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانی کەم ۸ ژن لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان (۲ حاڵەت)، زەنجان، قوم، نەهاوەند، شیراز، مەشهەد و ڕەشت جێبەجێ کراوە. زەینەب خودابەندە خەڵکی ئیسفەهان، ناهید هێممەتی خەڵکی نەهاوەند و مەحبووبە جەلالی خەڵکی ڕوودسەر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لەسێدارە دراون. هەروەها پێنج بەندکراو بەناوەکانی رۆیا عەباسزادە خەڵکی زەنجان، کافیە قوبادزادە خەڵکی ئیسفەھان، سەعیدە خودادادی خەڵکی ئیسفەھان، نەرگس ئەحمەدی خەڵکی قوم و کەتایوون شەمسی خەڵکی مەشهەد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لەسێدارە دراون. شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۲۴۱ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ۱۰ حاڵەت واتا ۴٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ۱۳ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
