قوباد تاڵەبانی دەڵێت: سەرۆک مام جەلال زۆر جار دەیوت یەکێتی کە لە فڕۆکە و بۆمب و موشەک ناترسێت، لە رەخنەی رۆژنامەنوس و تەنانەت چەواشەکاری بە پلانی میدیای لایەنی رکابەریش ناترسێت. قوباد تاڵەبانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی نوسیویەتی: لە کۆبونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی میدیاکار و کارمەندانی دەزگاکانی راگەیاندن لە پارێزگای هەولێر ئاماژەم بەوەدا راستە لە هەولێر و هەندێک ناوچەی دیکە کاری رۆژنامەوانی ئەرکێکی قورسە، بەڵام هەڤاڵانی میدیاکاری ئێمە ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن. دڵنیاشم کردنەوە کە وەک سەرۆک بافڵ لە هەولێر ئاماژەی پێدا یەکێتی وەک چیای سەفین لە پشتی میدیاکاران و هەڤاڵ و کادرانی خۆی رادەوستێت. راشیگەیاندووە: سوپاسیشم کردن کە لە رووماڵکردنی رووداوی چەند رۆژی لەمەوبەری هێرشکردنەسەر هەڤاڵانمان لە کاتی بانگەشەدا زۆر ئازایانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ کرد. جەختیشيکردەوە: یەکێتی نەک تەنیا ئازادیی کاری رۆژنامەگەری مسۆگەر کردووە، بەڵکو رێگریش دەکات لەوەی لایەنی دیکە سنووری ئەو ئازادییە بەرتەسک بکاتەوە.
سەڵاحەدین بەهادین، ئەمیندارى گشتیى یەکگرتووى ئیسلامى ڕایگەیاند، لە بادینان دەسەڵات هیچ شتێک نەماوە بەرامبەر حیزبەکەى نەیکات و بارەگاى سووتاندووە و سەرکردەکانى "شەهید" کردووە. سەڵاحەدین بەهادین لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەڵبەندی 3ـی حیزبەکەى گوتى "یەكگرتووەكانی بادینان بارەگایان سووتێنرا و خوێنیان ڕژا، بەڵام خۆڕاگر بوون". ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، تیشكیشى خستووەتەسەر ئەو ترسانەی دەسەڵات لە یەكگرتوو هەیەتی لە بادینان و گوتی "یەكگرتوو لە بادینان بەردەوامە لە خەباتی مەدەنی و كاری میانڕەوی، دەسەڵات هیچ نەما نەیكات بەرامبەر یەكگرتوو لە بادینان بارەگای سووتاند و سەركردە و کادری پێشكەوتووی لێ شەهید كرد". لەلایەکى دیکەوە ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو لە وتەیەکی بۆ بەشێک لە کادیرانی پێشکەوتوی سنوری مەڵبەندی بەردەرەشى حزبەکەى رایگەیاند: بارودۆخی عێراق جیاوازە و ئێمە وەکو یەکگرتوو لە بابەتی نیشتمانی و نەتەوایەتی لەگەڵ لایەنە کوردیەکان کۆکین و لەگەڵیان دەبین، بەڵام لە بابەتی حزبی و سەفەقاتی بازرگانی و دروستکردنی کێشە بۆ فەرمانبەران و موچەخۆران لەگەڵیان نابین، بۆ ئەم مەبەستە کاندیدانی یەکگرتوو یار و نەیار شایەدی دڵسۆزی و پاکی یان بۆ دەدەن و هەموو کەس دەیاناسێ.
لەڕاگەیەندراوێکیاندا، بەرەى گەل، سەرۆکی حکومەت لە وتارێكی بانگەشەی حیزبیەكەی خویدا لەشەقڵاوە زۆر بە روونی و ڕاشکاوی دەست نیشانی ئەوانەی کرد کە لە ڕۆژی 22ی ئاب بە تۆپ و تانك پەلەماری لەلەزاریاندا لە شاری سلێمانی. بەرەى گەل دەشڵێن: ئە م دەربڕینەی سەرۆکی حکومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئە م ڕووداوە بجوڵێنن ، تاكو تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و یاسا سەروەربێت. دەقى ڕاگەیەندراوەکە.. ڕاگەیاندراوێک لە بەرەی گەلەوە ئەمڕۆ بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێكی بانگەشەی حیزبیەكەی خویدا لە شاری شەقڵاوە زۆر بە روونی و ڕاشکاوی دەست نیشانی ئەوانەی کرد کە لە ڕۆژی 22ی ئاب بە تۆپ و تانك پەلەماری لەلەزاریاندا لە شاری سلێمانی ، چەندین کەسیان شەهید و بریندارکرد و سەرۆکی قەوارەی بەرەی گەل بەڕێز لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لەهەڤاڵەکانیان دەستگیرکرد، جگە لەوێران کردنی چەندین باڵەخانە و تاڵان کردنی، گوزمەیەک پارەی یانەی نەورۆزیشیان بەتاڵان برد. بۆیە ئە م دەربڕینەی سەرۆکی حکومەت بەسە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئە م ڕووداوە بجوڵێنن ، تاكو تاوانباران ڕووبەڕووی یاسا بكرێنەوە و یاسا سەروەربێت. بەرەی گەل
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە سلێمانی رایگەیاند، پارتی "بەبێ سلێمانی ناتەواوە." گوتیشی، "ئاسمانی سلێمانی بەشێکی جوانی ئاسمانی کوردستانە، کە ئاسمانی سلێمانی گەشتی کەم بێت، گەشتی ئاسمانی لە کوردستان کەم دەبێت، ئاسمان و خاکی ئێمە یەک ناویان هەیە، ئەویش کوردستانە." نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "کەموکوڕییەکانی ئەم ناوچە مایەی دڵخۆشی نین بۆ پارتی و خەمێکی گەورەن بۆمان." هەروەها پارتیی بە "قەرزداری سلێمانی" زانی و گوتیشی، "وەکو بەشێکی خۆشەویستی کوردستان تەماشای ئەم دەڤەرە دەکەین." لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جێگری سەرۆکی پارتی گوتی، "شەقامێک لە هەڵەبجە یان زاخۆ دروستبکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین. قوتابخانەیەک لە سەیدسادق یان هەریر دروستبکرێت، وەکو یەک پێی دڵخۆشین. نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە کردەوە، نابێت زۆنی سەوز و زۆنی زەرد هەبێت، "دەبێت یەک زۆن هەبێت، ئەویش زۆنی کوردستانە." گوتیشی، داعش هێرشی کردە سەر پێشمەرگە، "نەیپرسی خوێنی کامتان سەوز و کامتان زەردە؟" نێچیرڤان بارزانی داوای لە لایەنگرانی پارتی لە سنووری سلێمانی کرد کە کار بکەن بۆ کۆکردنەوەی یەک ملیۆن دەنگ و زیاتریش. جێگری پارتی باسی لەوە کرد، "ئەزموون سەلماندوویەتی، ئەوەی دەتوانێت خزمەتی کوردستان بکات، تەنیا و تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەو چانسە بدەن بە پارتی بزانن چی دەکات." هەروەها لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا بۆ لایەنگرانی پارتی، گوتی، "کوردستان کە لە ساڵی 2005 دەستووری عێراقی پەسند کرد، دەستووری عێراقی پەسند کرد؛ تەسلیمبوونی پەسند نەکردووە، بەڵکو سیستمی فیدراڵیی لە عێراق پەسند کردووە." نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "بەڕێوەبردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی مەرکەزی، نەهێشتنی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، واتە تەسلیمبوونی هەرێمی کوردستان. ئێستاش لەم رۆژەدا و لە شاری سلێمانی، لە شاری تەسلیم نەبوونەوە، لێرەوە بە دەنگی بەرز بە هەموو کەسێک دەڵێین، پارتی تەسلیم نابێت، گەلی کوردستان تەسلیم نابێت.
مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی لە شەقڵاوە گوتی: مێژووی پارتی دیارە، شاخی سەفین شاهێدی داستانەکانی پارتییە، کوردستانمان لە پشت بێت هەمیشە بەردەوام دەبین لە داواکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و هیچ هێزێک ناتوانێت بمانچەمێنێت، ئەم شارە شاری پێکەوەژیانە، بیروباوەڕی ئایینی جیاوازی تێدایە، شانازی دەکەین کوردستان وڵاتی پێکەوەژیانە، ڕێزگرتن لە هەموو ئایین و نەتەوەکان جێی شانازییە، هەقە ئێوەش شانازی بەو ڕەوشتەی خۆتان بکەن. باسیشی لەوە کرد، زۆر گرنگە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بکەین، پارتی لەسەر ئاستی کوردستان هیچ ڕکابەرێکی نەماوە دەبێت ئەم جارە بچینە بەغدا ڕکابەری بکەین، لایەنە ناحەزەکان هەمیشە هەوڵی وەستاندنی پارتیان داوە، هەوڵی ئەوەیان داوە پارتی سەرکەوتوو نەبێت و بە ئامانجەکانی نەگات، لێرە هەرچی پێیان کرا کردیان، بەڵام نەیانتوانی بمانوەستێنن، ئینجا پەنایان بردە بەر بەغدا، پەنایان بردە بەر دروستکردنی هاوپەیمانێتی، کە بتوانن ئەو لایەنانەی کە بیرۆکەی شۆڤێنیەتیان لەسەردا ماوە، بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن ئامادەبوون کوردستان بشکێنن، ئەمجارەش دەبێت ئێمە بچین ڕێگرییان لێ بکەین و نەهێڵین هیچ هێزێک لە هیچ شوێنێکی ئەم وڵاتە بببێتە بەربەست و ڕێگر لە سەرکەوتنی پارتی. جێگری سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر ئاستی ناوخۆ زۆر لایەن ئیرەییان بە پارتی بردووە، زۆر هەوڵیان داوە چاو لە پارتی بکەن، بەڵام پێیان نەکراوە، ویستیان پارتی بشکێنن چونکە پێیان وا بووە سەرکەوتنی پارتی نەمانی ئەوانی تێدایە، پارتی قەت بۆ خۆی کاری نەکردووە ،پارتی ئامانج نەبووە، بەڵکوو ئامانج خەڵکی کوردستان و خاکی کوردستانە، پارتی هەمیشە ئامادە بووە خۆی لەپێناو سەرخستنی کوردستان بەخت بکات. هەروەها گوتیشی: پارتی بە کردەوە پیشانی خەڵکی کوردستانی داوە کە دەتوانێت چی بکات، بەڵام لایەنەکانی دیکە جگە لە قسە هیچ دەستکەوتێکیان بۆ خەڵکی کوردستان نەبووە، ئەگەر جارێک شانازی بە دەستکەوتێک بکەن لە ژێر سێبەری ئاڵای پارتی بەشدار بوونە لەم دەستکەوتە. مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ناچارم هەندێک ڕوونکردنەوە بدەم، زۆر دژی ئێمە قسە دەکرێت و بوختانمان پێ دەکرێت، گوایە پارتی جیاوازی دەکات لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵام پارتی خۆی بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانێت بست بە بستی خاکی کوردستان خاکی پارتی، بۆیە پارتی خۆی بە بێگانە نازانێت، بۆیە با هیچ کەسێک وا بیر نەکاتەوە خاوەنی بەشێکی کوردستانە و پارتی بێگانەیە بەڵکوو پارتی خاوەنی هەموو کوردستانە.
دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا یانەی وەرزشیی نەورۆز گیرۆدەی دۆخێکی نالەبار بوو؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومـەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە بڕی 450 ملیۆن دینار بە یانەی نەورۆز دەبەخشێت. ئەو هاوکاری و پشتگیرییەی سەرۆکی حکـوومەت، بۆ پشتیوانیی وەرزش و وەرزشوانانی هەرێمە تا بتوانن بە ئاستێکی بەرزەوە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن. یانەی وەرزشیی نەورۆز، نوێنەری شاری سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و بارودۆخی خراپ بووەتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاست و چارەنووسی یانەکە داناوە. یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی یانەی نەورۆز، قەیرانێکی دارایی قووڵ و درێژخایەنە. یانەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ نەیتوانیوە مووچەی یاریزانان و ستافی هونەری دابین بکات، کە لە هەندێک کاتدا گەیشتووەتە 50 ڕۆژ یان دوو مانگ. ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەکە بەچاوی پڕ فرمێسکەوە داوای هاوکاری بکات، کە کاردانەوەی لێکەوتەوە و کەسایەتی سیاسی، هونەرمەند و بازرگانەکان هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتییان بۆ ڕاگەیاند.
ئەردۆغان، دیدارەکەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی بە بەرهەمدار، بونیاتنەر و پڕ هیوا ناوبرد و رایگەیاند، لەم چەند رۆژەدا بەرهەمەکەی دەبینن. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ شەممە 1-11-2025 لە کاتی کردنەوەی باخچەی گەل لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵ، گوتارێکی پێشکێشکرد و پێداگریی نیشاندا لەوەی لە هەوڵی دروستکردنی زەمینەیەکی ئارامن لە وڵاتەکە و دەوروبەریشدا. لە گوتارێکیدا ئەردۆغان باسی لە گرنگیی باش بەرێوەبردنی پرۆسەی چارەسەری کرد و بەبیریهێنایەوە کە رۆژی پێنجشەممە 30-10-2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە و یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا زانیارییان پێشکێشی ئەندامانی ئەو کۆمیسیۆنە کردووە. ئەردۆغان هەروەها لەبارەی کۆبوونەوەی خۆی و شاندی دەم پارتی گوتی: "لە کۆشک پێشوازیمان لە شاندی دەم پارتی کرد. دیدارێکی زۆر بونیاتنەر، بەرهەمدار و پڕ هیوا بۆ داهاتوومان لەگەڵدا سازکردن. پەنا بەخوا لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمی ئەو دیدارە دەبینین. ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور پێمانوایە لەو کارانەی خێریان بۆ وڵات و خەڵک تێدایە، دەبێت بە خێرایی هەنگاو بنرێت" رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 30ی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار پێشوازی لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها کرد. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کۆدەنگییان هەبووە بۆ هاویشتنی ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی ئەوەی پرۆسەکە بە شێوەیەکی خێراتر و دروستتر بەڕێوەبچێت. شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، "شاندەکەمان لە کۆبوونەوەکەدا، کە نزیکەی یەک کاژێری خایاند، بۆچوون و پێشنیازی خۆیانیان سەبارەت بە قۆناخی ئێستای پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و ئەو هەنگاوانەی لەمەودوا دەبێت بنرێن، پێشکێشکرد." شاندەکەی دەم پارتی پێشتریش لە رۆژانی 10 ـی نیسان و 7 ـی تەممووزی ئەم ساڵ لەگەڵ ئەردۆغان کۆببوونەوە.
سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی گوتەکانی قەیس خزعەلی دەداتەوە و دەڵێت: پێویستە باش لەوە تێبگات كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك ڕەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆیان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە. ئەمە دەقی وەڵامەکەیە: قەیس خزعەلی لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ كەناڵەكەی خۆیدا ناوی جەنابی سەرۆك بارزانی و بەڕێزان كاك نێچیرڤان و كاك مەسرووری هێناوە و بە مەرامی خۆی لێكدانەوەی بۆ پێشهات و هاوكێشە سیاسیەكان كردووە، ئێمە پێمانوایە ئەو قسانە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی و چەواشەكارییە، پێویستە باش لەوە تێبگات كە پارتی دیموكراتی كوردستان یەك سەركردایەتی و یەك ڕەئی و یەك بڕیاری هەیە و باشترە دڵی خۆیان بەو جۆرە خەونانە خۆش نەكەن گوایە فرەبڕیاری لەناو پارتیدا هەیە. هەروەها هەموو لایەك ئەو ڕاستیە باش دەزانن كە لەدوای ڕووخانی ڕژێم كەس بەقەدەر سەرۆك بارزانی هەوڵی بۆ بنیاتنانەوەی عێراقی تازە نەداوە، سەرۆك بارزانی زیاتر لە هەموو كەسێك هەوڵی بۆ ئەوە داوە عێراقێكی فیدڕاڵ لەسەر بنەمای دەستوور دابمەزرێت كە تێیدا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن و ڕەچاوی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت. باشیش بزانن نە ئێمە و نە خەڵكی عێراق لەگەڵ ئەو عێراقەدا نین كە تێیدا دەستوور پێشێل بكرێت و پشت لە بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بكرێت و مافیاكان حوكمی وڵات بكەن. سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پارتی دیموكراتی كوردستان 1ـی تشرینی دووەمی 2025
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەڵێت، سێی ئەم مانگە یەکەم گەشتی ئاسمانیی هێڵی تورکش ئێرلاین دەگاتە پارێزگای سلێمانی و هەفتانە چوار رۆژ گەشتیان دەبێت. دوای نزیکەی دوو ساڵ، رۆژی 9ی تشرینی یەکەمی 2025 و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بە رەزامەندی و راسپاردەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا. دانا محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەمڕؤ یەکشەممە یەکەم گەشتی ئاسمانی لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا دەستپێدەکاتەوە، دوای هەڵگرتنی قەدەخەکە، بڕیارە کاژێر 01:10ی بەرەبەیانی 3ی مانگ یەکەم گەشتی فڕۆکەی تورکیش ئێرلاین بگاتە فڕۆکەخانەی سلێمانی." بە گوتەی دانا محەممەد، هەفتانە چوار رۆژ گەشتەکان لەنێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و تورکیا بەپێی پلانی کۆمپانیای تورکش ئێرلاین بەڕێوەدەچن. پێشنیاز کرا بوو ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بگۆڕدرێت بۆ "فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی"، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش رەزامەندی داوە. لەبارەی رێکارەکانی گۆڕینی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی، دانا محەممەد گوتی: "هەموو رێکارەکان لە عێراق تەواو بوون، بەڵام هەندێک رێکاری نێودەوڵەتی ماوە؛ دوای تەواوبوونی رێکارە نێودەوڵەتییەکان، لە رێوڕەسمێکدا ناوەکەی دەگۆڕدرێت." یەکەمجار تورکیا لە 3ی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، ئەوەش بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە و زیادبوونی هەژموونی ئەو پارتە لە فڕۆکەخانەکەدا، وەکو تورکیا ئاماژەی پێدەکرد. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ساڵی 2003 بەردی بناخەی دانرا و لە ساڵی 2005 بە فەرمی کرایەوە.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند، گفتوگۆکانی هەسەدە و دیمەشق بە باشی بەڕێوە دەچن؛ هاوکات جەختیشی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و تورکیا ڕوو نادات، دەشڵێت: لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردووە شەممە 1ـی تشرینی دووەمی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا لە کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە ڕایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی سووریا ڕێککەوتنی 10ـی ئاداریان لەنێواندا هەیە، گفتوگۆکانی نێوانیان بە باشی بەڕێوە دەچن و ئامانجیان ڕێککەوتنە. تۆم باراک، ئاماژەشی دا، لە 10 مانگی ڕابردوو سەرەڕای ئاڵنگارییەکان ئەحمەد شەرع،سەرۆکی سووریا کاری باشی کردووە، ئامانجی ئەمەریکاش ئەوەیە گەلی سووریا بە خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەیان بژین. تۆم باراک، کە باڵیۆزی ئەمەریکایە لە تورکیا لە کۆڕبەندەکەدا گوتی: ئاگربەستی غەززە بەبێ تورکیا ڕووی نەدەدا، چونکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حەماس یارمەتیدەر بوو بۆ فشارخستنە سەر ئەو بزووتنەوەیە بۆ ڕازیبوون، بە ئاگربەستەکە. دەشڵێت: ئیسرائیل لە ڕۆڵی تورکیا لە بەشداریکردن لە هێزی ئاشتیپارێز لە غەززە نیگەرانە، بەهۆی ئەو لێدوانە توندانەی لە نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا هەن. ئاماژەی بەوەش دا، ئەگەر ئەم لێکتێگەیشتنە بەردەوام بێت و تیمەکان لە غەززە پێشکەوتن بەدەستبهێنن، بەم زووانە ڕێککەوتنێکی بازرگانی لەنێوان تورکیا و ئیسرائیلدا دەبێت، جەختیشی کردەوە، ئەو دوو وڵاتە بە هیچ شێوەیەک شەڕ لەگەڵ یەکتر ناکەن. هەروەها تۆم باراک لە پاڵ ئەرکەکانی دیکەی، وەک نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ لوبنان کار دەکات و باسی لەوە کرد، لوبنان دەوڵەتێکی شکستخواردووە، بانکی ناوەندی نییە سیستەمی بانکی داڕماوە، کارەبا نییە، خەڵک پشت بە مۆلیدە ئەهلییەکان دەبەستن، خزمەتگوزاری ئاو و بواری پەروەردە بۆ باشترکردنی پێویستی بە کەرتی تایبەت هەیە. گوتیشی: دەوڵەت لە دەستی حزبوڵڵا دایە، بە شێوەیەک لە باشووری وڵات، ئاو و پەروەردە دابین دەکات؛ هاوکات حزبوڵڵا 40،000 سەربازییان هەیە، بەڵام سوپای لوبنان 60،000ـی هەیە، سەربازانی حزبوڵڵا مانگانە 2،200 دۆلار وەردەگرن، لە هەمانکاتدا سەربازانی سوپای لوبنان 275 دۆلار وەردەگرن. ئاماژەشی دا، حزبوڵڵا 15 بۆ 20 هەزار مووشەک و ڕۆکێتی هەیە؛ سەربازانی سوپای لوبنان و کڵاشینکۆفی (AK-47s) هەیە. تۆم باراک لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بڕیارە ئەحمەد شەرع، لەم مانگە بە مەبەستی بەشداریکردنی سووریا لە هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش سەردانی واشنتن بکات.
لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریدا لە هەولێر، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زنجیرەیەک بەڵێن و هەڵوێستی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و هەولێر کرد و جەختی کردەوە، "قەڵای هەولێر سەوزە و دڵنیام ڕۆژی دەنگدان خەڵکی هەولێر سندوقەکان سەوز دەکەن." سەرۆکی یەکێتی ڕایگەیاند، "زیان بە ئابووری خەڵک گەیەندراوە و لەبەرانبەردا هەندێک کەس بوونەتە فیرعەون،" و بەڵێنی دا، کە "کۆتایی بە پاوانخوازی و قۆرغکردنی ئابووری کوردستان دەهێنین." ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "دامەزراندن بۆ خەڵکی کوردستان نییە، بەڵام بۆ نزیکی فیرعەونەکان بەردەوامە." هەروەها وتی، "ڕزگارتان دەکەین لە پاڵاوگە نایاساییەکان و بەهۆی کاری قاچاخچێتی و دزییەوە کارەبا و سووتەمەنی گران بووە." بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی کردەوە کە یەکێتی "دەنگی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستانە لە بەغداد" و "هێزی خەڵکی کوردستانە لە بەغداد." بەڵێنیشی دا کە "لە بەغدادەوە بودجەی کوردستان وەک ساڵانی 2004 لێدەکەینەوە" و "پرۆژەی گەورە لە بەغدادەوە دەهێنینەوە بۆ کوردستان." هەروەها وتی، "لە بەغدادەوە کار دەکەین سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ خەڵک دابین بکەین" و "بازرگانی لە نێوان هەولێر و هەموو عێراق دەبوژێنینەوە." تاڵەبانی ڕوونیکردەوە کە "یەکێتی پردی پەیوەندیی هەرێم و بەغداد دروست دەکات" و دەیەوێت "ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی لەبارەی پرسە گرنگەکان لەگەڵ بەغداد بکات." سەرۆکی یەکێتی بە توندی باسی لە مافی پێکهاتەکان کرد و وتی، "دەبێت پێکهاتەکان لە هەرێم نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەبێت." ئاماژەی بەوەدا کە "هەندێک کەس بە دزین و دەستبەسەرداگرتنی زەوی پێکهاتەکان دەوڵەمەندبوون" و بەڵێنی دا "دەبین بە پارێزەری کریستیانەکانی کوردستان" و "دەبین بە نوێنەری ڕاستەقینەی پێکهاتەی تورکمان." بافڵ جەلال تاڵەبانی هەروەها ڕایگەیاند، "پرسی گەڕاندنەوەی مافی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێم دەکەینە پرسێکی نێودەوڵەتی و لە ئەمریکاوە دەست پێدەکەین." بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی تایبەتی ئاراستەی خەڵکی هەولێر کرد و وتی، "هەولێر بەجێناهێڵین و وەک سەفین لە پشتی خەڵکی هەولێر دەوەستین." ناوبراو ڕەخنەی لە شێوازی ئاوەدانی گرت و وتی، "بینای بەرز و پان هیچ قیمەتی نییە ئەگەر خەڵکی هەولێر ئازاد نەبێت" و "لە هەولێر باڵەخانە و شەقامی زۆر دروستکراوە، بەڵام ئازادی تیادا نییە." هەروەها وتی، "هۆڵی گەورەمان بۆچییە ئەگەر ئەکتەرێک نەتوانێت ڕەخنە لە دزێک بگرێت؟" و بەڵێنی دا "دەمانەوێت هەولێر لە دوکەڵ و پیسی ژینگە پاکبکەینەوە." سەبارەت بە بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتوو، سەرۆکی یەکێتی هەڵوێستی حزبەکەی ڕوونکردەوە و وتی، "ناچینە ناو حکومەتێک کە جیاکاری لەنێوان شارەکان بکات، دەچینە ناو حکومەتێک، کە خزمەتی هەموو هاوڵاتییان بکات." هەروەها جەختی کردەوە، "ئیتر غەدر لە کەس قبوڵ ناکەین و شەڕدەکەین تاوەکو ئێوە وەک پێویست مافی خۆتان وەربگرن."
لە ڕاگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، سهرۆك مهسعود بارزانی، لهگهڵ ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی پارێزگای دهۆك كۆبووهوه و داوای کرد خهڵك له مهترسییهكانی ماددهی هۆشبهر هوشیار بكهنهوه. ئەمرۆ شەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، له شاری دهۆك سهرۆك مهسعود بارزانی، لهگهڵ ژمارەیەک لە پیاوانی ئایینی پارێزگای دهۆك كۆبووهوه. لهو كۆبوونهوهیهدا سهرۆك بارزانی وتارێكی پێشكهشی ئامادهبووان كرد و تیشكی خسته سهر چهند تهوهرێكی پهیوهست به دۆخی ئێستا و ئاییندهی ههرێمی كوردستان و عێراق. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ سهبارهت به ههڵبژاردن، سهرۆك بارزانی ڕایگهیاند، ههڵبژاردن پڕۆسهیهكی زۆر گرنگه و تێیدا خهڵك بڕیار له چارهنووسی خۆی دهدات و ئێمهش دهمانهوێت میللهت ئازاد بێت و به ئازادی بڕیاری خۆی بدات، ههرچهنده به لای پارتییهوه ههڵبژاردن بۆ بهدهستهێنانی پۆست نییه به قهد ئهوهی كه دهمانهوێ هێز و دهنگی پارتی به ههموو لایەک نیشان بدهین و بهو هێز و دهنگیشهوه بهرگری له مافهكانی خهڵكی كوردستان و عێراق بكهین. له بهشێكی دیكهی وتارهكهیدا سهرۆك بارزانی باسی ئهو زوڵم و زۆردارییهی كرد كه به درێژایی مێژوو له خهڵكی كوردستان به بێ جیاوازیی ئایینی و نهتهوهیی كراوه ههر له دامهزراندنی دهوڵهتی عێراقهوه كه مهرجی دامهزراندنی ئهو دهوڵهته ههبوونی شهراكهت و هاوسهنگی و سازان بوو، بهڵام ئهمه جێبهجێ نهكرا، بۆیهش عێراق به بهردهوامی تا ئێستاش له كێشه و ئاڵۆزیدا دهژیێت. ههروهها ئاماژهی به قۆناغهكانی زوڵم و زۆری و جینۆسایدكردنی خهڵكی كوردستان كرد به موسڵمان و مهسیحی و ئێزدییهوه چ لهسهر دهستی ڕژێمهكانی عێراق یان لهم چهند ساڵهی دواییدا كه داعش كردی. لهو چوارچێوهیهدا سهرۆك بارزانی باسی لهوه كرد كه له كوردستان فهرههنگی پێكهوهژیان و لێبوردهیی زۆر جێگهی شانازییه و له ههموو جیهانیش باسی دهكرێت. بۆیه ئهمه سهرمایهیهكی مهزنه بۆ ئێمه و دهبێ بیپارێزین و زیاتر بههێزی بكهین. له تهوهرێكی دیكهی وتارهكهیدا سهرۆك بارزانی ئاماژهی بهوه كرد، دوای 2003 ههوڵماندا پێكهوه عێراقێكی نوێ بنیاد بنێین، دهستووری ههمیشهیی عێراق نووسرا و زۆربهی كێشهكان له وێدا چارهسهرییان بۆ دانرا، پێمان وابوو ئهگهر ئهم دهستووره جێبهجێ بكرێت عێراق له زۆربهی كێشهكان ڕزگاری دهبێت، بهڵام به داخهوه ئهوهش نهكرا. ئێستاش ئومێدمان وایه دوای ئهو ههڵبژاردنه، لهگهڵ هەندێك لایهنی دڵسۆز ڕێككهوتن بكهین و عێراق لهم میحنهته ڕزگار بێت. داوامان له كاندیدانی خۆشمان كردووه كه دهبێ نوێنهری ههموو خهڵكی عێراق بن به بێ جیاوازی. له بهشێكی دیكهی وتارهكهیدا سهرۆك بارزانی باسی له ئاوهدانی و خزمهتگوزاری و پێشکەوتنەکانی ههرێمی كوردستان كرد و تهئكیدی كردهوه كه پێویسته پشت به خۆمان ببهستین و زیاتر پهره به بوارهكانی كشتوكاڵ و گهشتوگوزار و پیشهسازی بدهین. ههروهها سهرۆك بارزانی داوای له پیاوانی ئایینی كرد كه له لای خۆیانهوه به جددی، خهڵك له مهترسییهكانی ماددهی هۆشبهر هوشیار بكهنهوه كه له ڕووی ئایینیهوه ڕێگهپێدراو نییه و دهردێكی كوشندهی كۆمهڵایهتیشه.
لەیادی ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی كۆبانێدا، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، جەخت لەوە دەکاتەوە کە قوربانیدانی شەڕڤانان و پشتیوانیی جیهانییان لەبیرناچێت کە بووە هۆی تێکشکاندنی داعش و بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر. فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کۆبانێ پەیامێکی لەگەڵ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. مەزلوم عەبدی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، گەل و شەڕڤانان بەرخۆدانێکی باوەڕپێنەکراویان بۆ بەرگریکردن لە کۆبانێ نیشان دان "لەم ڕۆژەدا ئەو هەوڵ و قوربانییانەی کە خەڵک و شەڕڤانان بۆ کۆبانێ و هەموو مرۆڤایەتی لە دژی چەتەکانی د.lعشیان داوە لە بیر دەکەینەوە" هاوکات پشتیوانی و پاڵپشتی جیهانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیمان لەبیرە. مەزلوم عەبدی: ١ی تشرینی دووەم هێمای یەکڕیزی مرۆڤایەتی بوو لە بەرامبەر تاریکیدا مەزلوم عەبدی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم ڕۆژە ڕەمزی یەکڕیزی مرۆڤایەتییە لە بەرامبەر تاریکی و توندڕەوی. پشتیوانی جیهانی ڕێگەی بە گەل و هێزەکانمان دا کە ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە کە هەڕەشە بوو بۆ سەر هەموو جیهان، لە کۆبانێ تێکشکێنین. عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هاوپشتییە وایکرد بتوانن داعش لە کۆبانێ تێکبشکێنن و هەنگاو بنێن بەرەو کۆتاییهێنان بە "خەلافەتەکەیان". وتیشی، ئەم سەرکەوتنە ڕێگەی خۆشکرد بۆ "بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سوورییەکان."
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان پێکەوە یەک پاکێجن و جیا ناکرێنەوە. هاوکات پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە "بڕوای بە هاوبەشیی ڕاستەقینە نییە" و نایەوێت ڕێککەوتنێکی جددی لەگەڵ یەکێتی بکات. لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵ8، سەعدی پیرە جەختی کردەوە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پرسی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان وەک دوو بابەتی لێک دانەبڕاو سەیر دەکات. ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر پارتی بژاردەیەکی دیکەی هەبوایە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەبێ یەکێتی، ئەوا تا ئێستا ئەو کارەی کردبوو. سەبارەت بە چارەنووسی ناکۆکییەکان، پیرە پێی وابوو کە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەو ئاستەدا نین کە ببێتە هۆی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. ناوبراو ڕوونیکردەوە: "بە دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گۆڕانکاریی گەورە ڕوونادات و ئەنجامەکان نزیک دەبن لەم ئەنجامەی ئێستا بەدەستهاتووە،"
تولای هاتیمئۆ غوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) جەختی لە گرنگی بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی کردەوە و ڕایگەیاند کە پڕۆسەکە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە، "ئەو ناوەی ئێمە بۆ ئەم پرۆسەیەمان ناوە 'پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'. دەتوانین زۆر شت بخەینە ژێر ئەم ناونیشانە". لە شاری وان هاوسەرۆکی (دەم پارتی) قسەى بۆ ڕۆژنامەنوسانکرد، وتى: یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە بڕیاری پەکەکە بوو، بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی، دوابەدوای ئەوەش ڕێوڕەسمی ١١ی تەمووز بۆ سووتاندنی چەک بەڕێوەچوو کە یەکێکە لە خاڵە زامنییەکانی ئەم پرۆسەیە. تولای هاتیمئۆ غوڵڵاری، دەشڵێن: لە چاوی خەڵکی جیهاندا، بە سووتاندنی چەک، هەنگاوێک بۆ بنیاتنانی ئاشتی نرا کە جارێکی دیکە هەرگیز دووبارە نابێتەوە”. وتیشی: "بێ گومان دامەزراندنی کۆمسیۆن زۆر گرنگ و بەنرخە، کۆمسیۆن تا ئێستا چەندین دانیشتنی گرنگی ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا هەنگاوی کۆنکرێتیتر هەیە کە پێویستە بنرێت".
