هاوڵاتی خزمەکانی کاندیدێکی ئاکەپە هێرشیان کردە سەر بەرپرس و چاودێرانی پارتی چەپی سەوز و لە ئەنجامدا سیاسەتمەداری کورد ئەحمەد تورک و ژمارەیەک کەسایەتی دیکە و چاودێر بریندارکران. ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، خزمەکانی کاندیدێکی ئاکەپە بەناوی فاروق قلیچ لە گەڕەکی ئەشمە لە ناوچەی قۆسەر لە پارێزگای مێردین هەوڵیاندا لە کاتی دەنگداندا بە کۆمەڵ دەنگ بدەن. چاودێرانی پارتی چەپی سەوز لە دژی ئەو هەوڵە ساختەکارییە وەستانەوە. لەو کاتەدا، کۆمەڵێک لە خزمەکانی قلیچ هێرشیان کردە سەر چاودێرەکانی پارتی چەپی سەوز. بەگوێرەی زانیاریەکانی ئاژانسی میزۆپۆتامیا لە ئەنجامی هێرشی ساختەکارانەدا دوو چاودێر بەناوی هاڤاس گونگۆر و کەمال ئەربەی بریندار بوون. پارێزەران دەستوەردانیان لە رووداوەکە کرد و رڕاپۆرتیان لەسەر ساختەکاری و ئاژاوەگێڕیی ئاکەپە تۆمار کرد. ساڵیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و سیاسەتمەدار ئەحمەد تورک سەردانی بریندارەکانیان کرد.

لە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان قەدەغە و فیلتەرکردنی سەر هێڵەکانی ئینتەرنێت لە لایەن دەسەڵاتەوە زیادی کردوە و ئەوەش خەڵکی ناچار کردوە دژە فیلتەر و ڤی پی ئێن بەکاربهێنن. مەهدی ساڵحی، پشپۆری ئینتەرنێت و دنیای گریمانەیی  ئاشکرای کردوە لە ساڵی 2018 مانگانە بە بڕی 50 ملیارد تمەن ئەپلیکەیشنی (VPN) لە ئێران بە مەبەستی دەربازبون لە فیلتەر و قەدەغەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار هێنراوە بەڵام لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی رابردوەوە ئەو بڕە بۆ مانگانە 500 ملیارد تمەن بەرز بوەتەوە. ئێران بۆ چاودێریی و سنوردارکردنی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای مەرگری ژینا قەدەغە و فیلتەری خستوەتە سەر زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداربوانی ئەو تۆڕانە ناچارن دژی فیلتەر (antifilter) و تۆڕی تایبەتی گریمانەیی (VPN) بکڕن. بە پێی ئامارەکان بڕین و چاودێریی ئینتەرنێت بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی نۆ ملیارد دۆلار زیانی لێکەوتوتەوە. مەجید سەدری، سەرۆکی دەستەی ئابوریی بەشی داهێنان و گۆڕانکارییەکانی دیجیتاڵ لە ژوری بازرگانیی تاران، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندبو؛ زیانی راستەوخۆی بڕین و دروستبونی کێشە لە هێڵەکانی ئینتەرنێتی ئێران لە یەک مانگدا 770 ملیۆن دۆلار بوە و زیانی ناڕاستەوخۆشی نزیکەی یەک ملیارد دۆلار بوە. بە وتەی سەدری: زیانە گشتییەکانی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە مانگێکدا یەک ملیارد و 760 ملیۆن دۆلار بوە و لە کاتێکدا بڕینی ئینتەرنێت لە دوای ناڕەزایەتییەکان دەستی پێکردوە لە رابردودا تەنها چاودێریی و سنورداکردنی لەسەر بوە. لە پێنج مانگی دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کە دۆخی هێڵەکانی ئینتەرنێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاسایی نەبوە، لانیکەم هەشت ملیارد و 800 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوریی لێکەوتوەتەوە. پێشتر ناوەندی داتا و زانیاریی لە ئێران ئاشکرای کردبو زیانەکانی بڕینی ئینتەرنێت لە ماوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا 25٪ی ئابوریی ئێرانی گرتوەتەوە و بە زیاتر لە دو ملیارد و 574 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. لە ئامارەکانی ئەو ناوەندەدا ئاماژە بەوە کراوە ساڵی 2022 لانیکەم یەک ملیۆن و 700 هەزار پیشە لە رێگەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەڕێوەچو و سەرچاوەی داهات و بژێویی نۆ ملیۆن کەس لە ئێران بوە.  لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئەوەی هەواڵ و وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی خۆپیشاندان و دۆخی وڵاتەکە بڵاو نەکرێتەوە ، هێڵەکانی ئینتەرنێت روبەڕوی بڕان و سانسۆر کرایەوە و ئەوەش زیانی زۆری بە ئابوریی ئۆنلاین و فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکان گەیاندوە.

دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون و خانو لە پایتەختی ئێران بۆ کەمترین ئاستی 23 ساڵی رابردو دادەبەزێت و کرێی خانوش بەرز دەبێتەوە. پێگەی (ئینتخاب) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای خانو و یەکەی نیشتەجێبون دیاردەی خانوی هاوبەش و بەکرێدانی سەربان لە تاران-ی پایتەختی وڵاتەکە سەریهەڵداوە. ئەحمەدڕەزا سەرحەدی، شارەزای بواری خانوبەرە بەو پێگەیەی راگەیاندوە؛ بەکرێگرتنی خانویەکی 50 مەتری لە باشوری تاران پێویستی بە 100 ملیۆن تمەن پێشەکی و 10 ملیۆن کرێی مانگانە هەیە و ئەوەش هاوسەنگیی لەگەڵ داهاتی خەڵک نییە لە کاتێکدا لە ئێستادا بەهای یەک دۆلار لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 50 ملیۆن تمەن. بە وتەی ئەو: دیاردەی ژیان لەناو کەلاوەکانی تاران چوار دەوری ئەو شارەی گرتوەتەوە و تەنانەت لە ناوچە هەژارنشینەکانی پایتەخت ، کرێ خانو حەوت بۆ هەشت ملیۆن تمەنە. بە پێی ئامارەکان لە ساڵی 2022 رابردودا 30 هەزار و 38 یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست کراوە و کە بەراورد بە رابردو 9% کەمی کردوە ئەوەش بە کەمترین ژمارەی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبون لە 23 ساڵی رابردوی پایتەخت لەقەڵەم دەدرێت. پێشتر مەهدی هیدات، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ناوەندی بوژاندنەوەی شاری تاران بە میدیاکانی ئێرانی راگەیاندبو کە کێشەی سەرەکیی پایتەختی وڵاتەکە کەمیی یەکەی نیشتەجێبونە و بۆ تۆکمەکردنەوەی ئەو شارە پێویستە زیاتر لە یەک ملیۆن بینا و یەکەی نیشتەجێبونی نوێ دروست بکرێت. ئەو رونی کردوەتەوە پێویستە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبون لە تاران دروست بکرێت کە هەر یەکەیەک لە بیناکان لانیکەم پێنج شوقەی نیشتەجێبون لەخۆی بگرێت. بە پێی ئامارەکانی ساڵی 2021 ژمارەی دانیشتوانی تاران نۆ ملیۆن و 39 هەزار کەس بوە لە کاتێکدا لە ئامارەکانی ساڵی 2016 ژمارەی دانیشتوانی ئەو شارەی ئێران زیاتر لە 13 ملیۆن و 267 هەزار کەس بوە کە بە دووەمین شاری قەرەباڵخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و 34ەمین شاری قەرەباڵخی جیهان ئەژمار دەکرێت.    

هاوڵاتی هەڵبژاردنە گشتییەکانی تورکیا لەلایەن شاند و چاودێرانی فەرمی و سەربەخۆی نێونەتەوەییەوە چاودێری دەکرێن. چاودێرانی نێونەتەوەیی هەڵبژاردنەکان لە ٤٠٣ چاودێر پێکهاتوون و لە سەرانسەری تورکیا چاودێری هەڵبژاردنەکان دەکەن. ١٧٥ کەس لە چاودێرە نێونەتەوەییەکان، پەرلەمانتاری پەرلەمانی وڵاتانی جۆراوجۆر، نوێنەرانی حیزبەکان و چەتر و هاوپەیمانییەکان، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پارێزەران، ئەکادیمییەکان، توێژەران، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی وڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپا پێکهاتوون، لە شارە کوردییەکان چاودێریی هەڵبژاردنەکان دەکەن. دەرویش چیمەن نوێنەری هەدەپە لە ئەوروپا بۆ میدیاکانی باکوری کوردستا رایگەیاند، "بەپێی کەش و هەوای پێش هەڵبژاردن، چاوەڕوان ناکرێت هەڵبژاردنێکی دیموکراتیک و یەکسان و ئازاد لە تورکیا ئەنجام بدرێت." چیمەن وتیشی، "ئەردۆغان بە کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری، میدیا و هەموو دامەزراوە سیاسییەکانی دەوڵەت هەڵمەتی هەڵبژاردنی بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد. لە ئێستادا هەموو کەسێک دەبینێت، کە دەسەڵاتی ٢١ ساڵە دەسەڵات بووە بە ڕژێمێکی دەسەڵاتپەرەستی دیکتاتۆر. شاندی چاودێری سەربەخۆ و فەرمی لەلایەن ڕێکخراوە نێونەتەوەییە جۆراوجۆرەکانەوە نێردراون بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان". چیمەن ئەوەشی وت، لە فەڕەنسا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، ئینگلتەرا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سویسرا، نەمسا، نەرویج، دانیمارک، سوید و فینلەندا چاودێری ١٧٥ چاودێری سەربەخۆ چاودێریی هەڵبژاردن لە شارەکانی ئامەد، چەولیگ، موش، رحا، مێردین، سێرت، شرنەخ، جۆلەمێرگ، ئاگری، قەرس، ئەردەخان، مەلەتی و ئیستەنبوڵ دەکەن.

هاوڵاتی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 دەدرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی نیسانی 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، وا بڕیارە  بەم زووانە لیژنەی دارایی راپۆرتی کۆتایی خۆی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 تەواو بکات. بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، "لەماوەی ئەم هەفتەیەدا دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت" و پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام دەدات، "چونکە پڕۆژەیاسایەکی گرنگە و هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکانی عێراقەوە چاوەڕێی دەکەن".  ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێكی تایبەت لەسەر دەنگدان و پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دەدات، چونكە یاسایەكی گرنگە و هەموو هاوڵاتیانی عێراق لەسەرجەم پارێزگاکان چاوەڕێی پەسەندکردنى بودجە دەكەن. جێگای ئاماژەیە، پێشتر هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بڵاویكردبوەوە، لایەنە سیاسیەكان ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگەیان دیاریكردوە بۆ دەنگدان لە سەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 درەنگانی شەوی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە  بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دووشەممە و دوای گفتوگۆی پەرلەمانتاران و پێشکەشکردنی سەرنج و تێبینییەکان کۆتایی هات بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاساکە. درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسان/ئێپڕڵی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هاوڵاتی راپۆرتی تورکیا دوایین راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راپرسیەکە ئەمشەو دوایین شەوی دەسەڵاتی ئەردۆغانە. جان سەلچوکی بەڕێوەبەری رێکخراوی راپۆرتی تورکیا لە تویتێکدا، ئەنجامی دوایین راپرسی رێکخراەکەی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکردەوە. جان سەلچوکی باسی ئەوە دەکات کە دوای کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە کاندیدی سەرۆکایەتی هاوکێشەکانی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و رایگەیاند بەگوێرەی راپرسیەکەیان دەنگەکانی کاندیدەکان بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ: ٥٠.٥٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان: ٤٥.٦٪ سینان ئۆغان: ٣.٩٪ لە شەقامی تورکیادا، زۆر باسی رووخانی دەسەڵاتی ئەردۆغان دەکرێت و دەگوترێت، ئەردۆغان بە ئاسانی دەسەڵاتی رادەست ناکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ عەبدوڵلا گول یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) کە ماوەیەک لە کابینەی ئاکەپەدا سەرۆککۆمار و سەرکوەزیریش بووە، رایگەیاند، دەسەڵات ئەنجامی دەنگدان قبوڵ دەکات. سبەینێ ١٤ی ئایار لە ٨ی بەیانیەوە تاوەکو ٥ی ئێوارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی بەڕێوە دەچێت. دەنگدانی دەرەوەی وڵات تەواو بووە و نزیکەی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار کەس دەنگیانداوە. سبەینێش زیاتر لە ٦٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکان کە لە دوو مانگی رابردوودا بڵاوکراونەتەوە، ئەگەر لە خولی یەکەمیشدا نەبێت، لە خولی دووەمدا کۆتایی بە دەسەڵاتی ٢١ ساڵەی ئاکەپە و ئەردۆغان دەهێنرێت.

هاوڵاتی قەدەغەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا دەستی پێکرد و تاوەکو سبەینێ دوای هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت. سبەینێ خەڵکی تورکیا بۆ دیاریکردنی ١٣مین سەرۆککۆمار و نوێنەرانیان بۆ ٢٨مین خولی پەرلەمان دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. هەڵبژاردنەکە ٨ی بەیانی دەست پێدەکات و تاوەکو ٥ی ئێراوە بەردەوام دەبێت. لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆوە هەموو بانگەشەیەک و راپرسیەک و هەواڵێکی لایەنگری لە میدیاکاندا قەدەغەیە. سبەینێ کاتژمێر ٩ی شەو قەدەغەی سەر راگەیاندن کۆتایی دێت و وردە وردە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت. سبەینێ لە ٦ی بەیانیەوە تاوەکو ١٢ی شەو هەموو باڕ و دوکانەکانی خواردنەوە کحوڵیەکان دادەخرێن. هەروەها قاوەخانە و ئینتەرنێت کافی و شوێنە گشتیەکان نابێت بکرێنەوە. دوای کاتژمێر ٦ی ئێوارە شوێنە گشتیەکان دەکرێنەوە و دەتوانرێت ئاهەنگی هاوسەرگیری و ئاهەنگەکانی دیکەی کۆمەڵایەتی ئەنجام بدرێن.

هاوڵاتی پارتی چەپی سەوز کە هەدەپە لە رێگەی ئەو پارتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکات، دوایین کۆبونەوەی جەماوەری خۆی لە شاری ئامەد باکوری کوردستان دەست پێکرد. میتینی پارتی چەپی سەوز لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی ئامەد دەستی پێکرد و لایەنگرانی پارتەکە لەژێر گەمارۆی پۆلیس بەرەو گۆڕەپانەکە دەڕوون. لە دوایین کۆبونەوەی جەماوەری پارتی چەپی سەوزدا، میدحاد سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە، بەردان ئوزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکرات گەلان، ئیبراهیم ئاکن هاووتەبێژی پارتی چەپی سەوز، ساڵیحە یڵدز هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی هەرێمەکان، ئایەتوڵلا ئاشیتی سەرۆکی گشتی پارتی ئازادی، بایرام بۆزیەڵ سەرۆکی گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و کاندیدەکانی پارتی چەپی سەوز لە شاری ئامەد بەشداری لە کۆبونەوە جەماوەرییەکە دەکەن و بۆ لایەنگرانیان قسە دەکەن. پۆلیسی تورکیا گۆڕەپانەکەی بە تەواوی گەمارۆداوە و ئەوانەی دەچنە نیو گۆڕەپانەکە دوو جار پشکنینیان بۆ دەکرێت. بڕیارە سبەینێ ١٤ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوە بچێت. بەرپرسانی پارتی چەپی سەوز رایانگەیاندووە کە لە کۆی ٦٠٠ کورسی پەرلەمان ئامانجیانە ١٠٠ کورسی بەدەست بهێنن. پارتی چەپی سەوز لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا دەنگ بە کەمال کلچدارئۆغلۆ دەدات. بەگوێرەی زۆربەی راپرسیەکانیش کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا ئەنجام دراون، کلچدارئۆغلۆ لە پێش ئەردۆغانەوەیە.

بەهۆی کوچ و چونەدەرەوە لە ئێران ئەو وڵاتە روبەڕوی کێشەی کەمیی پەرەستار بوەتەوە و رۆژنامەیەک ئاشکرای دەکات سەرەڕای داواکاریی حکومەت، کەمترین پەرستار هەوڵی دامەزراندن دەدەن. رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ وڵاتەکە پێویستی بە 70 هەزار پەرستار هەیە و حکومەت رازیی بوە بە دامەزراندنی 25 هەزار پەرستار بەڵام کەمترین داواکاریی بۆ دامەزراندن پێشەکەش کراوە. ئەو رۆژنامەیە لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە فۆرمی دامەزراندنی پەرستاریی بڵاو کراوەتەوە و دەرکەوتوە کەمترین کەس ئامادەیی بۆ دامەزراندن دەربڕیوە. ئاماژەی بەوە کراوە؛ کۆچی پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستیی لە ساڵی رابردودا دوو هێندە بەرز بوەتەوە  و نزیکەی 10 هەزار پزیشک ئێرانیان بە مەبەستی کۆچ و کارکردن لە وڵاتانی دەرەوە جێهێشتوە. ناوەندی چاودێریی کۆچ لە ئێران ئاشکرای کردوە 73%ی پزیشکان و پەرەستاران بەهۆی دۆخی ئابورییەوە هەوڵی کۆچکردن دەدەن و هەندێک ئاماریش دەریدەخەن لە ساڵێکدا نزیکەی 30 هەزار پەرەستار و خوێندکاری بواری تەندروستیی ئێرانیان جێهێشتوە. محەمەد میرزابەیگی ، سەرۆکی ناوەندی پەرەستارانی ئێران ئاماژەی کردوە کە پەرستارانی وڵاتەکە بە مەبەستی کارکردن رو لە وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا و ئەوروپا و کازاخستان و هەولێر لە هەرێمی کوردستان دەکەن.  

گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران کەم دەکات و هۆشداریی دەدرێت لە پیربونی خێرای کۆمەلگەی ئەو وڵاتە. محەمەد تەباتەبایی، جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێران رایگەیاند؛ گەشەی ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە لە 3.9% لە ساڵی 1986 بۆ 0.6% لە ساڵی 2021 دابەزیوە و خواستی وەچەخستنەوە لە ناو خێزانەکاندا کەم بوەتەوە. بە وتەی تەباتەبایی، ژمارەی ئێستای دانیشتوانی ئێران دەگاتە 85 ملیۆن کەس و ئەگەر وەچەخستنەوە و گەشەی ژمارەی دانیشتوان لە رێژەی ئێستادا بمێنێتەوە ئەوا کۆمەڵگەی وڵاتەکە روبەڕوی پیربونی خێرا دەبێتەوە. ئاماژەی بەوە کردوە؛ رێژەی گەشەی ژمارەی دانیشتوانی ئێران لە سەرجەم وڵاتانی رۆژئاوای کیشوەری ئاسیا کەمترە و لە 20 ساڵی داهاتودا گەشەی وڵاتەکە بۆ ژێر سفر دادەبەزێت کە مەترسیدارە. بە پێی پێشبینییەکانی جێگری سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکان؛ لە ساڵی 2050 رێژەی 30% کۆمەلگەی ئێران دەچێتە قۆناغی پیری و بەساڵاچونەوە و لە هەر سێ دانیشتوی وڵاتەکە، کەسێک بەساڵاچو دەبێت. لە نوێترین توێژینەوەدا دەرکەوتوە زۆربەی خێزانەکانی دانیشتوی ئێران بەهۆی دڵنیانەبون لە داهاتویان خواستی وەچەخستنەوەیان نییە و هاوکات ژمارەی کەمتری منداڵ بە گونجاوتر دەزانن.

هاوڵاتی بەرپرسانی پارتی سەوزی ئەوروپا رایانگەیاند، پێویستە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا نەکرێت و ئاماژەیان بەوەدا کە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا پشتگیری لە گۆڕانکاری دەکەن. پارتی چەپی سەوزی ئەوروپا راگەیەندراوێکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوکردەوە کە واژۆی میلانی ڤۆگیل هاوسەرۆکی پارتی چەپی سەوزی ئەوروپا و مینا جاک تۆلو ئەندامی کۆمیتەی پارتی سەوزی ئەوروپا و ڤیلا تستی ئەندامی کۆمیتەی پارتی سەوزی ئەوروپای لەسەرە. پارتی سەوزی ئەوروپا لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت، " ئەردۆغان ٢٠ ساڵە تورکیا بەڕێوە دەبات. لە ١٠ ساڵی دواییدا، حکومەت هەم لە تورکیا و هەم لە دەرەوەی تورکیا بەرەو دەسەڵاتێکی تاکەکەسی هەنگاوی ناوە. هێرشەکانی بۆ سەر پێکهاتەی کورد و وڵاتانی دراوسێ تاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە. فشارەکانی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن، میدیای سەربەخۆ، ئازادی ئەکادیمی و مافەکانی ژنان بەردەوامە، مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پێشێل دەکات. هەڵاوسان زیادی کردووە و گەل ئیدی ناتوانێت خواردن و پێویستی رۆژانەی خۆی فەراهەم بکات." پارتی سەوزی ئەوروپا باسی ئەوەش دەکات، " فشارەکانی سەر هەدەپە بەردەوامە و ئێمە دەمانەوێت لە تورکیا گۆڕانکاری دروست ببێت. لەم بڕوایەداین کە تورکیا پێویستی بە دیموراسی هەیە. شەرمێکی گەورەیە کە رژێمی ئەردۆغان هەوڵ دەدات فشار لە هاوکارە سیاسیەکانمان بکات. فشاری ئەردۆغان لەبەرامبەر هەدەپە شەرمەزار دەکەین. هێرشەکانی ئەردۆغان نە تەنیا لەدژی ئۆپۆزسیۆنە، بەڵکو هێرشەکە لەدژی پرۆسەی دیموکراسییە." پارتی سەوزی ئەوروپا لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا وتی، " هیوادارین هاوڵاتیانی تورکیا بۆ مافی دیموکراسی خۆی، رۆژی یەکشەممە بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بانگەوازیمان لە بەرپرسانی تورکیا ئەوەیە کە دەستوەردان نەکەن و رێگە بدەن هەڵبژاردن بە شێوەیەکی ئازاد و یەکسان بەڕێوە بچێت."

ئەمریکا رایگەیاند؛ جموجۆڵەکانی ئێران و رێگریی لە کەشتییە بازرگانییەکان لە کەنداوە هیچ بیانویەک هەڵناگرێت و ئاشکرای کرد ژمارەی هێزەکانی لە کەنداو زیاد دەکات. جۆن کیربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند؛ وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی (پنتاگۆن) بۆ بەهێزکردنی پێگەکانی و سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرقاڵی هەنگاوی نوێیە بۆ زیادکردنی ژمارەی هێزەکانی لە کەنداو. کیربی وتی: ئەمریکا رێگە بە هیچ هێزێکی دەرەکی و ناوچەیی نادات ئازادیی کەشتیوانی و جوڵەی بازرگانیی لە ئاوەکانی کەنداو بخاتە مەترسییەوە بە تایبەت لە گەروی هورمز. بە وتەی ئەو رێگرییەکانی ئێران و بێزارکردنی کەشتییە بازگانییەکان لە کەنداو هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و ئەمریکا دژی ئەو جموجۆڵانە دەوەستێتەوە. وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە؛ لە چەند رۆژی داهاتودا وردەکارییەکانی ئەو هەنگاوەی پنتاگۆن بڵاو دەکرێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ژەنەڕال مارک میلی، سەرۆک ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی پیران (سینا)ی وڵاتەکەی رایگەیاندوە؛ بەرنامەی ئەتۆمیی و هەوڵەکانی ئێران لە رێگای چەکدارانییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرفراوانتر بوە. میلی وتویەتی: پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چەکدارە تیرۆریستەکانی ناوچەکە زۆرتر بوە و ئامانجیەتی لەو رێگەیەوە ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی ئەو ناوچەیەش روبەڕوی کێشە بکاتەوە.

هاوڵاتی بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر گەرم بووەو و گەیشتووەتە توندوتیژی، چوار رۆژی دیكە، واتا رۆژی یەكشەممە ١٤ی ئایار، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا بەڕێوەدەچێت كە بەیەكێك لەگرنگترین رووداوەكان دەبینرێت، بەو پێیەی ئەنجامەكەی كاریگەری لەسەر زۆر پرسی ناوخۆیی و دەرەوە دەبێت و لەهەمووی زیاتریش پرسی كوردە. كێبڕكێ و بانگەشەی هەڵبژاردن تادێت توندتر دەبێت، لەچەندین شارو ناوچەكە، بە چەك هێرش كرایەسەر ئۆفیسەكانی هەڵبژاردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و دیارترینیان، هێرشی لایەنگرانی دەسەڵات بوو لەبەرامبەر ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی گەورە شارەوانی ئەستەنبوڵ لەشاری ئەرزەڕۆمی باكوری كوردستان. ئەو رووداوە كەنزیكەی ٢٠٠ كەس ئیمام ئۆغلۆیان بەردباران كردو بەو هۆیەوە چەندین كەس برینداربوون، گومانی ئەوەی دروستكردووە كەئەگەری هەیە لەحاڵەتی شكستهێنانیدا، ئەردۆغان و پارتەكەی بەئاسانی دەسەڵات جێنەهێڵن. كەمال كلچدارئۆغلوو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی و سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری لەنوێترین لێدوانیدا سەبارەت بەتوندوتیژییەكان رایگەیاند:" ئێمە كارمان بەداروبەرد نییە، ئەوە كاری ترسنۆكەكانە"، ئیمام ئۆغلۆش وتی" بەرپرسیاری هەر جۆرە ئاڵۆزیەك، لەسەر پارتەكەی ئەردۆغانە".   ترسی لەساختەكاری لای لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لەئێستادا ئۆپۆزسیۆن پێداگیری لەسەر دەكاتەوە، پاراستنی ئاسایشی سندوقەكانی دەنگدانەو پێی وایە، دەسەڵات هەوڵی ساختەكاری دەدات و دەبێت بەهەموو شێوەیەك رێگری لێبكرێت.  كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن بەڕوونی نیگەرانی خۆی لەم پرسەدا دەبڕیوەو رایگەیاندووە، هیچ متمانەیەكی بەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیاو وەزارەتی ناوخۆ نییە. بۆیە پارتی گەلی كۆماری رایگەیاند، راهێنانیان بەنزیكەی 500 هەزار چاودێر كردووەو بەشێوەیەكی ورد لەناوەندەكانی دەنگدان چاودێری دۆخەكە دەكەن. هەروەها پارتەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنیش چاودێریان ئامادەكردووەو ئەوانیش، هاوشێوەی جەهەپە، لەلێدوانە توندەكانی بەرپرسانی ئاكەپەو مەهەپە نیگەرانن، بەوپێیەی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی توركیا بەئاشكرا وتی" ئەم هەڵبژاردنە كودەتایەكی سیاسییە". هەروەها رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی دەسەڵات بۆ پۆستی سەرۆكایەتی و دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی گشتی لەزۆربەی كۆبوونەوە جەماوەریەكاندا، ئاماژەیان بەوەداوە كەوڵات بۆ ئۆپۆزسیۆن چۆڵ ناكەن، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ پەكەكە رێككەوتوون و داهاتووی وڵاتیان خستووەتە مەترسییەوە. لەمبارەیەوە پارتی چەپی سەوز لەڕاگەیەندراوێكدا ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە  "دەنگدان تەنیا بەس نییەو پێویستە هەموو دەنگدەرێك لەهەمان كاتدا، چاودێری سندوقەكانی دەنگدان بكات". سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە كەحەوت ساڵە لەزینداندایەو بەشێوەیەكی چالاك لەتویتەردا دەستی بەبانگەشەی هەڵبژاردن لەدژی ئەردۆغان و دەسەڵات كردووە، لەپەیامێكی دەنگیدا دەڵێت:" لەئێوارەی هەڵبژاردندا، ئەگەرێكی زۆر هەیە، دەسەڵات بانگەشەی ناڕاست بڵاوبكاتەوەو بۆیە تائەنجامەكان بەتەواوی ئاشكرانەكرێن، نابێت، ناوەندەكانی دەنگدان چۆڵ بكرێن".   راپرسییەكان: ئەردۆغان شكست دەهێنێت دەنگدانی دەرەوەی وڵات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا ٩ی مانگ كۆتایی هات، لەكۆی سێ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار دەنگدەری دەرەوەی وڵات، كەمتر لەدوو ملیۆن كەس دەنگیانداوە. لەهەڵبژاردنی رابردوودا كە لەساڵی ٢٠١٨ ئەنجامدرا، ئاكەپەو مەهەپە زیاتر لە ٥٠٪ی دەنگەكانی دەرەوەی وڵاتیان بەدەستهێنابوو، بەڵام بەپێی راپرسییەكان، دەنگەكانیان كەم دەكات. دەنگەكانی دەرەوەی وڵات ئێوارەی رۆژی ١٣ی ئایار دەگەڕێندرێنەوە بۆ توركیاو لەئێوارەی ١٤ی ئایاردا لەگەڵ دەنگی هەڵبژاردنی ناوخۆیدا جیادەكرێنەوەو ئەنجامی بەرایی (سەرەتاییەكان) دوای كاتژمێر پێنجی ئێوارە وردە وردە رادەگەیەندرێت. زیاتر لەمانگێكە، بەدەیان راپرسی لەبارەی رێژەی دەنگی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی و پارتە سیاسییەكان بڵاوكراونەتەوەو زۆربەی زۆری راپرسیەكانیش باسی شكستی ئەردۆغان و سەركەوتنی كلچدارئۆغلوو دەكەن. هەروەها راشیانگەیاندووە، بەئەگەرێكی زۆرەوە، ئاكەپە و مەهەپەی دەسەڵاتدار، ئیدی لەپەرلەمان زۆرینە نابن. دوایین راپرسی لەلایەن پێنج كۆمپانیای گەورەی گرەوکرتنەوە ئەنجامدراوە كەپێكهاتوون لەكۆمپانیاكانی (ئێف تی ئێكس، بیتفایەر، پریدیكتلیت، سماركیتس و پۆلایماركێت) رایانگەیاندووە، كەمال كلچدارئۆغلوو كاندیدی ئۆپۆزسیۆن ٥٥٪ی دەنگەكان و رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی دەسەڵات ٤٥٪ی دەنگەكان بەدەستدەهێنن.   چینی گەنج لەدەسەڵات بێزارە راپرسیەكی دیكە لەلایەن كۆمپانیای گەزیجیەوە ئەنجامدرا كەتایبەتە بەلێكۆڵینەوەو راپرسییەكان، راپرسی ئەم جارەی تایبەت كردووە بە رای چینی گەنج لەتوركیا و تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو كە ئەو چینە گرنگەی نێو كۆمەڵگا كەهێزی گۆڕانكاریە لەدەسەڵات بێزارن. بەپێی راپرسیەكەی گەزیجی، پێنج ملیۆن گەنجی تازە پێگەیشتوو، بۆ یەكەمجار دەنگ دەدەن و ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش بكەوێتە خولی دووەمەوە، ئەوا ٤٧ هەزار گەنجی دیكەش كەتەمەنیان لە ١٨ ساڵ تێپەڕ دەكات، مافی دەنگدانیان دەبێت. كۆمپانیاكە لەكۆڵانەكان و شەقامەكانی پارێزگاكانی توركیاو باكوری كوردستان رای گەنجانی وەرگرتووە، لەبارەی دۆخیان و بۆچوونیان و رایانگەیاندووە كە لەم دۆخەی ئێستای توركیا بێزارن. بۆیە زۆربەی گەنجان دەنگ بەلایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و كاندیدەكەیان كەمال كلچدارئۆغلوو دەدەن.   ئەردۆغان لەمیدیای رۆژئاوا تووڕەیە لەماوەی هەفتەی رابردوودا، ئاژانس و گۆڤارەكانی، فایناشناڵ تایمس، بلۆمبێرگ، ئەكۆنۆمیست، ئەسوشێتدپرێس، چەندین راپۆرتیان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیا بڵاوكردووەتەوەو باسیان لەشكستی ئەردۆغان و پێویستی گۆڕینی سیستم و دەسەڵاتی توركیا كردووەو ئەوەش كاردانەوەی توندی دەسەڵاتی توركیای لێكەوتووەتەوە. ئەردۆغان و باخچەلی لەم بارەیەوە قسەیان كردو باسی ئەوەیان كردووە كەئیمپریالیزم پشتگیری لەئۆپۆزسیۆن دەكات و دەیەوێت دەست بەسەر توركیادا بگرێت. سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی توركیا كەزۆرترینجار باسی لەبۆچوونی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریكا لەبارەی هەڵبژاردنەكانی توركیا كردووە، لەنوێترین لێدوانیدا رایگەیاند:" جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، دەسەڵات نەك بە كودەتا، بەڵكو پێویستە بەهەڵبژاردن بڕوات و گۆڤاری دێرشپیگڵی فەڕەنسیش نووسیویەتی، نامانەوێت ئەردۆغان ببینینەوە. بۆیەش دەبێت، هاووڵاتیان وەڵامی رۆژئاواییەكان بدەنەوە". رۆژی یەكشەممە ١٤ی ئایار، ٦٠ ملیۆن و 697 هەزارو 843 دەنگدەر، دەتوانن لەناوخۆی توركیادا، سەرۆك كۆمارێك بۆ پێنج ساڵی داهاتوو و نوێنەرانیان لەپەرلەماندا هەڵبژێرن، كەدەنگەكانیان كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر سیاسەتی دەوڵەت لەناوخۆو دەرەوەی وڵاتدا دروستدەكات.  

هاوڵاتی ئابوریی ئێران لەقورسترین قوناغی مێژویی نیوسەدەی رابردوودایەو رێژەی هەڵاوسانی بۆ 46% بەرزبووەتەوە كەئابورییەكەی رادەماڵێت، لەكاتێكدا زیاتر لە 75%ی دانیشوان بەهەژار ئەژماردەكرێن. پێشبینییەكان بەهێزترە بەبەرزبونەوەی رێژەی هەڵاوسان بۆ زیاتر لە 100% كەهاوشێوەی وڵاتانی سودان لەساڵی 2020 و لوبنان لەساڵی 2021، چونكە رۆژانە لەئێران نرخی كاڵاو پێداویستیەكانی رۆژانە بەرزدەبێتەوەو بەهای تمەنیش بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە. لەئێستادا بەپێی هەموو ئامارەكان داهاتی حكومەت لەفرۆشی نەوت و غاز بەراورد بەڕابردوو 50% زیادی كردووەو دەگاتە نزیكەی 60 ملیار دۆلار، بەڵام بەرزبوونەوەی رۆژانەی هەڵاوسانی ئابوریی و بەرزبونەوەی نرخی كاڵاو پێداویستییەكانی ژیان دانیشتوانی ئێرانی رووبەڕووی زۆرترین رێژەی هەژاریی كردووەتەوە. گومانەكان لەسەر ئابوریی ئێران زۆرە بەتایبەت كە بەپێوەرە داراییەكان داهات زیادی كردووەو لەبەرامبەریشدا هەژاری و دابەزینی بەهای تمەن بەردەوامە، چونكە بڵاوكردنەوەی ئامارەكانی حكومەت لەسەر داهات و فرۆشی نەوت و غازو دۆخی گوزەرانی خەڵك هیچ هاوسەنگییەكی تێدا بەدیناگرێت. داهاتی ئێران لەساڵی 2020 نزیكەی 18 ملیارو 700 ملیۆن دۆلار بووەو لەساڵی 2022 گەیشتووەتە زیاتر لە 58 ملیار دۆلارو هاوشانی زۆربونی داهاتی فرۆشتنی نەوت و غاز، بەڵام هەڵاوسانی ئابوریی لە 35% بۆ 46% بەرزبووەتەوە كە مایەی گومانی زۆربەی شارەزایانی ئابورییە. بەپێی ئامارەكان دۆخی ئێستای گرانیی كاڵاو نەبوونی پێدوایستییەكانی ژیانی دانیشتوانی وڵاتەكە خراپترە لەساڵانی جەنگی هەشت ساڵی نێوان ئێران و عێراق و هێڵی هەژاریی لە 15 ملیۆن تمەن بۆ 21 ملیۆن تمەن بەرزبووەتەوە و بەهای یەك دۆلاریش لەنێوان 52 هەزار بۆ 56 هەزار رۆژانە بەرزو نزم دەبێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا دەركەوتوە ژمارەی ملیاردەرو دەوڵەمەندەكانی ئەو وڵاتە زۆربووە و لەبەرامبەریشدا ژمارەی هەژاران و رێژەی هەژاریی بەرز بووەتەوە. قەیرانی سیاسیی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان بەدوو هۆكاری سەرەكیی ناهاوسەنگیی ئێستای ئابوریی ئێران لەقەڵەمدەدرێن و پێشبینی دەكرێت لەئەگەری چارەسەرنەكردن یان روونەدانی گۆڕانكاریی سیاسیی لەشێوازی دەسەڵاتی وڵاتەكەدا، ئێران رووبەڕووی مەترسیدارترین هەڵاوسانی ئابوریی ببێتەوە كە بە (Hyperinflation) ناودەهێنرێت. لەنوێترین راپۆرتی ئاكادیمیای زانایانی ئابوریی ئێران  پێشبینی كراوە هەڵاوسانی ئابوریی لەو وڵاتە بگاتە سەروی 100% كەئەوەش بە هەڵاوسانی لەكۆنتڕۆڵ دەرچوو كە بە (Hyperinflation) ناودەهێنرێت. لەو راپۆرتەدا نێوەنجی هەڵاوسانی درێژماوەی ئێران لەساڵانی 1960 تا 2020 بە 16% مەزەندە كراوەو دەركەوتوە لەگەڵ كشانەوەی ئەمریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی 2018 هەڵاوسانی ئێران بەخێرایی بەرزبووەتەوەو رەنگە بگاتە 100% بۆیە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە ناچارە چاكسازیی قووڵ و مێژوویی لەئابوریی وڵاتەكەیدا بكات كەگرێدراوی وەرچەرخانی سیاسیی گەورەیە. داهاتی نەوت و غازی ئێران دیار نییە لەبودجەی ئەمساڵی ئێراندا نرخی یەك بەرمیل نەوت بە 85 دۆلار دیاریكراوەو پێشبینی كراوە داهاتی فرۆشی رۆژانەی نەوت 119 ملیۆن دۆلار بێت و لەو ساڵەدا بگاتە زیاتر لە 43 ملیار دۆلار ئەویش بەهەناردەكردنی یەك ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. موحسین مەنسوری، جێگری جێبەجێكاری سەرۆك كۆماری ئێران رایگەیاندووە؛ كەسەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەكان، فرۆشی نەوتی وڵاتەكە گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكداو لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز) بڵاویكردووەتەوە فرۆشتن و هەناردەی نەوتی ئێران لەسێ مانگی ئەمساڵدا گەیشتووەتە یەك ملیۆن و 137 هەزار بەرمیل لەڕۆژێكدا كە ئەوەش زۆرترین هەناردەی نەوتەكەیەتی لەچوار ساڵی رابردوودا. وڵاتی چین سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا رۆژانە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل نەوتی لەئێران كڕیوەو بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانیش ئێران نەوتەكەی بەناوی نەوتی عێراق و بە نهێنی لەڕێگەی كەشتی نەوتهەڵگری بێ ناوو نیشان ساغدەكاتەوە و ئاماری راستەقینەی فرۆشی نەوتەكەی بەبیانوی خۆدەربازكردن لەگەرمارۆ و سزا نێودەوڵەتییەكان ئاشكرا ناكات و روون نییە پارەی فرۆشی نەوت بەچ شێوەیەك دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت. هەناردەی نەوتی ئێران پێش سزاكانی ئەمریكا رۆژانە دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل بووە كە لەساڵی 2019 بەهۆی ئەو سزایانەوە هەناردەی نەوتەكی بۆ كەمتر لە 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزی و بەوتەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی سزاكانی ئەمریكا داهاتی ساڵانەی فرۆشی نەوتی لە 113 ملیارد دۆلارەوە بۆ 13 ملیار دۆلار كەم كردووە.   ئێران لەبەردەم سێ سیناریۆی هەڵاوسان ئاكادیمیای زانایانی ئابوریی ئێران بڵاویكردووەتەوە هەر جۆرە گۆڕانكاریی و چاكسازیی ئابوریی وڵاتە پەیوەستە بەوەرچەرخانی سیاسیی گەورە لەشێوازی دەسەڵات و مامەڵەی نێودەوڵەتیدا بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی ئێستای كۆماری ئیسلامی یان كابینەی حكومەتی ئیبراهیم رەئیسی توانای نییە بڕیاری قورسی لەو شێوەیە بدات. سیناریۆی یەكەمی بەردەم ئێران بۆ كۆنتڕۆڵی هەڵاوسانی ئابوریی چاكسازیی گشتگیری ئابورییە كە بەسەربەخۆكردنی بانكی ناوەندیی و چاكسازیی بنچینەیی ئیداریی لەدامەزراوەكانی حكومەت و دەستنیشانكردنی بودجە بۆ كۆنتڕۆڵی هەڵاوسان و چارەسەركردنی كورتهێنانی بودجەی گشتیی و رێگریی لەبەرزبونەوەی زیاتری هەڵاوسانی ئابوریی لەچوارچێوەی پلانێكی پێنج ساڵەدا بەدی دێت كەئەوەش پێشتر لە 90 وڵاتی جیهان بەسەركەوتویی تاقیكراوەتەوە. سیناریۆی دووەم ئەگەر مانەوەی هەڵاوسانی ئێران لەئاستی 50% كەئەو رێژەیەش دوو بۆ سێ هێندەی هەڵاوسانی 50 ساڵی رابردووی وڵاتەكەیە كە لەوڵاتانی وەك (توركیا، پیرۆ، بەرازیل، بیلاروس، ئەنگۆلا) لەدۆخی هاوشێوەدان، بەڵام راگرتنی ئەو دۆخەش دەبێتە هۆی داڕمانی زیاتری بەهای دراوی تمەن لەئاستی جیهاندا. سیناریۆی سێیەم كە لەهەموو ئەگەرو پێشبینییەكان بەهێزترە بەرزبونەوەی هەڵاوسانی ئابورییە بۆ زیاتر لە 100% كەهاوشێوەی وڵاتانی سودان لەساڵی 2020 و لوبنان لەساڵی 2021 و ڤەنزوێلاو كۆماری زیمابوی لەساڵی 2015 و كۆماری كۆنگۆ لەساڵی 1991 و بیلاروس لەساڵی 1993 دەبێت چونكە هەڵاوسانی ئابوریی رۆژانە لەئێران بەرزدەبێتەوە بەبێ ئەوەی كۆنتڕۆڵ بكرێت و ئەوەش وایكردووە پێشبینیی بكرێت هەڵاوسانی ئابوریی ئەگەر تادوو ساڵی دیكە بەم شێوەیە بەردەوامبێت ببێتە سێ ژمارەیی و لە 100% زیاتر بەرز ببێتەوە كەئەوەش بەلوتكە یان سۆنامی هەڵاوسان وەسف دەكرێت.   دراوی نوێی تمەن دادی ئێران نادات ئێران لەدوای جەنگی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق بەهۆی جەنگەوە رووبەڕووی زیاترین هەڵاوسانی ئابوریی بوەوە و هەڵاوسانی ئابوریی ساڵانی 1994 بۆ 1995ی ئێران لەژێر كاریگەرییەكانی ئەو جەنگە گەیشتە 35% بۆ 49% ئەوەش بەمێژوویەكی تۆماركردنی هەڵاوسانی زۆر لەوڵاتەكە ناودەهێنرێت و بەمەبەستی چاكسازیی ئابوریی چەند جۆرێك تەوژمی نوێ لەدراوی تمەن راگەیەنرا. ئەمساڵیش هەمان سیناریۆ لەئێران خرایەوە بواری جێبەجێكردنەوەو تەوژمی نوێی دراوی 200 هەزار تمەنی لە (11/3/2023 ) خراوەتە بازاڕەوەو تەنها لەتارانی پایتەخت بڕی 900 ملیار تمەن، لەپارێزگاكانی دیكەش بری 700 ملیار تمەن لەو دراوە بەسەر بانكەكاندا دابەش دەكرێت. پێشتر لەئێران دراوی چەكی 50 هەزار تمەنی و 100 هەزار تمەنی وەك دراوی قورس بەكاردەهێنران و لەدوای بڵاوكردنەوەی دراوی 200 هەزار تمەنیش بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار دابەزینی زیاتری بەخۆیەوە دی و بەهای یەك دۆلار لەوكاتەدا گەیشتە نزیكەی 49 هەزار تمەن كەئەو بەرزبونەوەیەی دۆلار تاسنوری 63 هەزار تمەن رۆیشت. دراوی تمەن لەمێژووی چاپكردنیەوە تائێستا نزیكەی 96%ی بەهاكەی لەدەستداوە كە لەدەستدانی 76%ی لەدەستدانی ئەو بەهایە دەگەڕێتەوە بۆ یەك ساڵی رابردوو. ئەنجومەنی جیهانی زێڕ ئاشكرایكردووە كە دانیشتوانی ئێران لەسێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڕی 12 هەزار 900 كیلۆگرام لیرەی زێڕو شمشی زێڕیان كڕیوە و ئەوەش زیاترین رێژەیە لەساڵی 2018 تائەمساڵ كە بۆ كڕینی زێڕ لەو وڵاتە تۆماركراوە چونكە ترس لەدابەزینی زیاتری بەهای تمەن هەیە و خەڵك بۆ پاراستنی داراییەكانیان پەنا بۆ كڕینی زێڕ دەبەن.   ئێران پارە بلۆككراوەكانی دەست ناكەوێتەوە بەهۆی سزاكانی ئەمریكا 100 بۆ 120 ملیار دۆلار لەداراییەكانی ئێران لەجیهاندا بلۆك كراوە كەزیاتر لە 30 ملیار دۆلاری لەعێراق و كۆریای باشورو چین بلۆك كراوە. ئێران پێشتر بانگەشەی ئەوە كردبوو كە بەهۆی رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا بۆ ئازادكردنی سێ هاووڵاتیی (ئێرانی-ئەمریكی) بڕی 10 ملیار دۆلار لەپارە بلۆككراوەكانی ئێران لەوڵاتانی عێراق، ژاپۆن و كۆریای باشور بەمەرج ئازاد بكرێن كەدواتر كۆشكی سپی رەتیكردەوە گەیشتبنەتە رێككەوتن لەگەڵ تاران. لەئەگەری رێككەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران ئەو پارانەی كەبڕیاری ئازادكردنیان دەدرێت تەنها دەبێت بەمەبەستی كڕینی پێداویستییە مرۆییەكانی وەك خۆراك و دەرمان بێت و هیچ جۆرە پارەیەك راستەوخۆ بۆ ئەژمارە بانكییەكانی ئێران ناگەڕێنرێتەوە. جەهانبەخش سەنجابی، سەرۆكی گشتی ژووری هاوبەشی بازرگانیی ئێران و عێراق رایگەیاندووە كە تاران ناتوانێت بەشێوەی فەرمی قەرزەكانی لەعێراق وەرگرێتەوە، چونكە بانكی ناوەندیی وڵاتەكە رێگەپێدراو نییە دراوی دۆلار بۆ ئێران (حەواڵە) بكات و لەجیاتی بانكی ناوەندیی گواستنەوەی پارە لەوڵاتەوە بە رێگەی نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو ئەنجامدەدرێت و ئەوەش وایكردووە ئاستی هاوردەی كاڵای ئێرانی لەعێراقەوە كەم بكات. پێشتر محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی لەبەغداد وتبووی: عێراق 11 ملیار دۆلاری پارەی غازو كارەبای ئێران قەرزارەو تاران لەگەڵ بەغداد رێككەوتووە لەسەر چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە بۆ ئێران. ئێران كەنەتوانێت قەرزەكانی لەدراوسێیەكی نزیكی وەك عێراق وەرگرێتەوە، بۆیە ناكرێت هیوایەكی ئەوتۆ لەپارە بلۆككراوەكانی لەجیهاندا هەڵچنێت و سودیان لێوەرگرێت.   مەرگی ژیناو مەرگی چاكسازیی ئابووری لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی زۆرترین سەرمایەی بازرگانەكانی ئێران رەوانەی دەرەوە كرا كە بەزیاتر لە 10 ملیار دۆلار خەمڵینراوەو لەسێ قۆناغیشدا بەهۆی دابەزینی پشكی كۆمپانیاكان بۆرسەی وڵاتەكە رووبەڕووی زیاترین دابەزینی مێژوویی لەپشكەكاندا بووەتەوە كە ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە كەئاستی ناڕەزایەتییەكان وایكردووە شڵەژانی ئابوریی رووبدات. هێڵی هەژاریی لەئێران لە 18 ملیۆن تمەن كەدەكاتە 320 دۆلار بۆ 21 ملیۆن كەدەكاتە نزیكەی 380 دۆلار بەرزدەبێتەوە لەكاتێكدا ناوەندی موچەی كرێكارێك هەشت ملیۆن تمەنە كەدەگاتە نزیكەی 140 دۆلارو هەر خێزانێكیش ئەگەر داهاتی لە 380 دۆلار كەمتر بێت لەهێڵی هەژاریدا دەژیت و بەو پێیە زیاتر لە 75%ی دانیشوانی وڵاتەكە بەهەژار ئەژمار دەكرێن. فەرامەرز تۆفیقی، چالاكوانی كرێكاریی و نوێنەری پێشوی كرێكاران لەئەنجومەنی باڵای كار لە ئێران رایگەیاند؛ حكومەت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە تەنها بە رێژەی 27% موچەی كرێكارانی بەرزكردووەتەوە لەكاتێكدا هەڵاوسانی ئابوریی زیاتر لە 50% بەرزبووەتەوە و بەپێی هەندێك ئامار لەزاری شارەزایانی ئابوریی هەڵاوسانی ئێستا دەگاتە زیاتر لە 80%. لەئامارە فەرمییەكاندا ئێران لەچوار ساڵی رابردودا بەبەردەوامیی هەڵاوسانی ساڵانە زیاتر لە 40%ی تۆمار كردووە لەكاتێكدا لەساڵی 2008 و بەسەرهەڵدانی قەیرانی ئابوریی جیهان ئاستی هەڵاوسانی ژمارەیەك وڵات گەیشتە 10% و لەسەردەمی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو رێژە لەهەڵاوسانە لەهەندێك وڵات دووبارە تۆمار كرا بەڵام هەڵاوسانی ئابوریی بەو رێژەیە بۆ ئێران بووەتە خەونێكی بەدینەهاتوو. مەترسییەكانی هەڵاوسانی ئابوریی وای لە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی كرد كە لەوتارێكدا رایگەیاند ئەگەرچی پرسی سەرپۆش و باڵاپۆشبوون گرنگە، بەڵام دەبێت ساڵی (1402)ی كۆچی لەئێران ببێتە ساڵی كۆنتڕۆڵكردنی هەڵاوسانی ئابوریی.  

هاوڵاتی موحەڕەم ئینجە سەرۆکی پارتی مەمەلەکەت کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کاندید کردبوو،  کشایەوە و ئەمەش کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە و کاندیدەکانی دیکەی پۆستی سەرۆکایەتیش لەم بارەیەوە بۆچوونی خۆیان دەربڕی و وەها دەردەکەوێت کە ئەردۆغان بەم هۆیەوە نیگەرانە. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) لەم بارەیەوە وتی، " پێشتریش بانگەوازم بۆ موحەڕەم ئینجە کردووە و تاوەکو ئێستاش بانگەوازییەکەم بەردەوامە. نیگەرانی و تووڕەیی جاران بخەرە گۆشەیەکەوە ئیدی. چاوەڕێ دەکەم بەڕێز ئینجە بێتەوە سەر سفرەی تورکیا. تکایە فەرموو و وەرەوە." رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و کاندیدی دەسەڵات بۆ پۆستی سەرۆکایەتیش رایگەیاند کە بەهۆی کشانەوەی ئینجە نیگەرانە و وتی، " کاندیدێکی تاک بوو و کشایەوە. بە راستی نیگەرانی کردم. خۆزگە لەم کێبڕکێیەدا تاوەکو کۆتایی بەردەوام بوایە." سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا بۆ پۆستی سەرۆکایەتیش ئاماژە بەوەکرد کە تاوەکو کۆتایی لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ دوو راپرسی لەبارەی دەنگی کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا بڵاوکرانەوە. کۆمپانیاکانی یونەیلەم و کۆندا ئەنجامی راپرسیەکانیان بڵاوکردەوە و بەگوێرەی راپرسیەکان، کەمال کلچدارئۆغلۆ دەتوانێن ٤٩٪ و زیاتری دەنگەکان بەدەست بهێنێت. لە بەرامبەردا دەنگەکانی ئەردۆغان لە ٤٤٪ تێپەڕ ناکەن. لە راپرسیەکانیشدا دەنگەکانی موحەڕەم ئینجە لەنیوان ١.٥٪ و ٢٪ بوون، بەڵام لەم حاڵەتەدا کە ئینجە کشاوەتەوە، بەهۆی ئەوەی دەنگدەرانی پێشتر دەنگدەری جەهەپە بوون، ئەگەرێکی زۆرە هیچ نەبێت نیوەی دەنگدەرانی، دەنگ بە کلچدارئۆغلۆ بدەن و بەم شێوەیە، پێشبینی دەکرێت، کلچدارئۆغلۆ لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا شکست بە ئەردۆغان بهێنێت.