هاوڵاتی هاوڵاتیانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات ئەمڕۆ دەتوانن لە کونسوڵخانە، باڵیۆزخانە و دەروازە سنوریەکان دەنگ بدەن. لە ٧٣ وڵات، ١٥١ ناوەند کراونەتەوە و ١٦٧ سندوق دانراون، هەڵبژاردنەکە تاوەکو کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ٢٤ی مانگ بەردەوام دەبێت. لە ٢٨ی ئایاردا دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ناوخۆی تورکیاش کۆتایی هات، دەنگەکانی دەرەوەی وڵات لە رێگەی ناوەندە دیپلۆماسییەکانەوە، رەوانەی تورکیا دەکرێن. بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکان کە دوێنێ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڵاوی کردەوە، لە دەرەوەی تورکیا ملیۆنێک و ٦٧٦ هەزار و ٢٦٣ کەس و لە دەروازەکانیشدا ١٤٦ هەزار و ٨٤٧ کەس لە خولی یەکەمی هەڵبژاردندا دەنگیان دابوو، واتە ٥٣٪ی دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو. کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە دەرەوەی تورکیا ٩٦٧ هەزار و ١٨٠ دەنگ و لە دەروازە سنوریەکان ٨٠ هەزار و ٥٦٧ دەنگی بەدەست هێناوە. هەروەها کەمال کڵچدارئۆغڵوش؛ لە دەرەوەی تورکیا ٦٦٥ هەزار و ١١١ دەنگ و لە دەروازە سنوریەکان ٥٦ هەزار و ٣١٨ دەنگی بەدەست هێناوە.

بەرپرسێکی ئێران هۆشداریی دەدات لە بەرزبونەوەی قەرزەکانی حکومەت و زیانەکانی کورتهێنانی بودجە بۆ داهاتوی وڵاتەکە. رەحیم موبینی، جێگری سەرۆکی رێکخراوی بەرنامە و بودجەی ئێران ئەمڕۆ شەممە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند؛ قەرزەکانی حکومەت گەیشتوتەوە زیاتر لە 134 ملیارد دۆلار و کورتهێنانی بودجەی ساڵێک نزیکەی 16 ملیارد دۆلار بوە. موبینی وتویەتی قەرزەکانی حکومەت بە بانک و رێکخراوەکان گەیشتوەتە 22 ملیارد 280 ملیۆن دۆلار و هاوکات قەرزەکانی بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەت بە 37 ملیارد و 880 ملیۆن دۆلار خەملێنراوە. جگە لەو قەرزانە، حکومەت بڕی 74 ملیارد دۆلاری سندوقی گەشەی نیشتیمانیی ئێران قەرزدارە. ئاماژەی بەوە کردوە کە زیانی کۆمپانیا حکومییەکانی ئێران لە ئێستادا زۆر زیاترە لە 6% بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان کە ئەوەش زیانی بە بودجەی وڵاتەکە گەیاندوە. بە وتەی جێگری ناوەندی بەرنامە و بودجە: کورتهێنانی بودجەی ساڵی رابردوی ئێران 15 ملیارد و 880 هەزار دۆلار بوە کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە داهاتوی ئابوریی وڵاتەکە. تێبینی (هاوڵاتی) : سەرجەم قەرزەکانی کابینەی ئێستای حکومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسی بە تمەن بڵاو کراونەتەوە کە لێرە ئەو بڕانە کراون بە دۆلار. لە ئێستادا نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران دەگاتە زیاتر لە 51 هەزار تمەن.

بەرپرسێکی پزیشیکیی ئێران رایگەیاند زیاتر لە 50 هەزار نەشتەرگەریی چاندنەوە گورچیلە لە وڵاتەکە کراوە و ئاشکرای دەکات بەخشینی گورچیلە بۆ هاوڵاتییانی بیانی لەو وڵاتە قەدەغە کراوە. ناسر سیم فرۆش، راوێژکاری باڵای وەزیری تەندروستیی ئێران رایگەیاند؛ چاندنەوەی گورچیلە پرسێکی جیهانییە و ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زیاترین نەشتەرگەریی چاندنەوەی گورچیلەی و جگەری تێدا دەکرێت. بە وتەی سیم فرۆش: پێدان و بەخشینی گورچیلە لە دانیشتوانی ئێران بۆ هاوڵاتییانی بیانی قەدەغە کراوە و هیچ ئێرانییەک ناتوانێت لە ناوخۆی وڵاتەکەدا گورچیلە بە کەسانی دەرەوە یان بیانی ببەخشێت. ئەو پزیشکە هۆشداریی دەدات کە نەخۆشیی شەکرە و فشاری خوێن دوو هۆکاری سەرەکین بۆ زیانگەیاندن بە گورچیلەکانی مرۆڤ و دەبێت مانگی جارێک چاودێریی فشاری خوێن و شەکرە بکرێت. بە پێی ئامارەکانی ئەنجومەنی بەخشینی ئەندامانی جەستەی ئێران ؛ نزیکەی نۆ هەزار کەس بە بەخشینی ئەندامانی جەستەیان لە ئێران بونەتە هۆی رزگارکردنی گیانی 70 هەزار کەس و رێژەی بەخشینی ئەندامانی جەستە لە 20 ساڵی رابردو لە وڵاتەکە زیاتر لە 70 هێندە زیادی کردوە بەوەش ئێران بوەتە یەکەم وڵاتی نێو ریزبەندنی وڵاتانی کیشوەری ئاسیا کە زیاترین کەس ئەندامی جەستەیان بەخشیوە.    

هاوڵاتی ١٤ی ئایار هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكەی توركیا بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكلایی بووەوە و كورسی لایەنەكان لەپەرلەماندا ئاشكرا بوو، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یەكلایی نەبووەتەوەو كێبڕكێكە بەردەوامە. خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ٢٨ی ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت، دەنگدانی دەرەوەی وڵاتیش لە ٢٠ی مانگدا دەستپێدەكات. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە ئۆپۆزسیۆن متمانەی پێ نییەو بەوە تۆمەتباری دەكات كە لەبەرژەوەندی دەسەڵات كاردەكات، هەنگاوێكی دیكەی ناوە كەگومانەكانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەكات. كۆمسیۆن بڕیاری داوە لەو وڵاتانەی كەدەنگی كلچدارئۆغلۆ زیاترە ماوەی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات لەپێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ كەمبكاتەوە. لەوڵاتانی ئەمریكا، ئوستوراڵیا، بەریتانیا، ئیرلەندا، ئیسپانیا، ژاپۆن، كەنەدا و لیبیا كە تێیاندا كەمال كلچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی گەل و سەرۆكی گشتیی جەهەپە لەپێشەوەبووە، ماوەی دەنگدانی لەپێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ كەمكردەوە. لەفەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیكا و هۆڵندا كە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێشەوەبوو، ماوەی دەنگدان دەستكاری نەكراوە. سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئاتا كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا رێژەی ٥.٢٩٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، لە ئێستادا بووەتە ئەكتەری سەرەكی هەڵبژاردن و هەردوو كاندیدەكەی دیكە لەخولی دووەمدا پێویستیان بە دەنگەكانی ئەوەو بەتایبەتی كلچدارئۆغلۆ هەوڵدەدات دڵی ئۆغان رازی بكات.

هاوڵاتی هەستیارییەكانی هەڵبژاردنەكانی توركیا بەرۆكی ئێران دەگرێت بە تایبەت كە ئەو دوو وڵاتە مێژوییەكی دور و درێژییان لە دۆستایەتی و دوژمنایەتیی یەكتر هەیە و لەو سۆنگەیەوە سەركەوتنی یان شكستی ئەردۆغان و كلچدارئۆغڵو جێگەی بایەخە. ئەردۆغان و كلچدار ئۆغڵو كە دوو ركابەری سەرەكیی پۆستی سەرۆك كۆماریین لە توركیا پلانی و بەرنامەی جیاوازیان هەیە و هەر دووكیان جەخت لە توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران دەكەنەوە ئەوەشی رونە كۆماری ئیسلامی وەك چۆن لە ساڵی 2001 پشتیوانیی بۆ ئەردۆغان دەربڕی سەرەڕای هەموو ململانێكان لە ئێستاشدا مەیلی بۆ ئەردۆغان هەیە. لە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ دەسەڵاتی ئەردۆغاندا ململانێكانی تاران و ئەنقەرە لە سوریا و عێراق و هەرێمی كوردستان تا دەگاتە ئازەربایجان و ناوچەكانی قەوقاز زیاتر بوە و هاوشانی ئەو ململانێیە، توركیا رۆڵی فریادڕەسی بۆ هەندێك قۆناغی كۆماری ئیسلامی بینیوە بە تایبەت كە لە كاتی سزا ئابورییەكانی سەر ئێران لە دوای ساڵی 2018 بۆیە دەسەڵاتی ئێستای توركیا لە بەرامبەر داهاتی زیاتردا هاوكاریی كۆماری ئیسلامی كردوە بۆ دەربازبون لە گەمارۆ و سزاكانی رۆژئاوا. ئەردۆغان كە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ئابورییەكانیدا پابەندی گەمارۆ ئابورییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا دژی كۆماری ئیسلامی نەبوە و سەركەوتنی دەبێتە مایەی دڵخۆشیی دەسەڵاتی ئێستای تاران بە تایبەت كە ئێران تا ئێستاش هیچ ئاسۆیەكی رونی لەبەردەمدا نییە بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی و نەمانی سزا نێودەوڵەتییەكان لەسەری. كلچدارئۆغلو رایگەیاندوە لە ئەگەری سەركەوتنیدا پلانی ستراتیژیی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و دەیەوێت لەو چوارچێوەیەدا (توركیا، ئێران، سوریا، عێراق) پێكەو كۆببنەوە و وتیشی بڕوای وایە ئەگەر ئەم چوار وڵاتە لە ژێر چەترێكدا كۆببنەوە ئەوا دەتوانن كێشەكانیان چارەسەر بكەن. لێدوانێكی كڵچدارئۆغلو كە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی توركیا رایگەیاند مایەی سەرنجە، ئەو وتی: عەلەوییە و لە دەرسیم لەدایكبوە و رەچەڵەكی دەگەڕێتەوەوە بۆ دانیشتوانی خوراسانی باكور لە ئێران ئەوەش بۆ سیاسەتمەدارانی كۆماری ئیسلامی وەك پەیامێكی سیاسیی لێكدرایەوە كە ئەویش دەتوانێت دۆستایەتیی و دراوسێتیی تاران و ئەنقەرە گەرموگوڕ بكات. ئەردۆغان و كلچدارئۆغڵو هەردووكیان جەختیان لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران كردوەتەوە بەو جیاوازییەی ئەردۆغان ئەزمونێكی 20 ساڵەی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی هەیە و لەو ماوەیەدا سەرەڕای ململانێكان، حكومەتەكەی ئەو زیاترین پەیوەندیی سیاسیی و هاتوچۆی دیپلۆماسیی لەگەڵ تاران هەبوە بەڵام سیاسەتی گشتیی ئێستای كلچدارئۆغلو بۆ زیندوكرندوەی پەیوەندییە سیاسییەكانە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا كە لەسەر دەستی ئەردۆغان گرژیی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. غاندی توركیا یان كوردی خوراسان كلچدارئۆغلو كە خۆی و پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بە میراتگری مستەفا كەمال ئەتاتورك دەزانێت و سیاسەتی روو لە رۆژئاوا پەیڕەو دەكات و بە غاندی توركیا ناو دەهێنرێت رەنگە لە سزا نێودەوڵەتییەكانی دژی كۆماری ئیسلامی، هاوكاریی زیاتری ئەوروپا و ئەمریكا بكات بۆیە گومانی تێدا نییە لە ئەگەری سەركەوتنی ئەو بۆ سەرۆك كۆماریی توركیا هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا دەكات و ئەوەش نیگەرانیی ئێرانی لێدەكەوێتەوە. ئەو لە پەیامەێكی ڤیدیۆیدا رایگەیاند ئەبێت هەموو كەس ئەوە بزانێت من موسوڵمانێكی (عەلەوی)م و لە دێرسیم لەدایكبووم كە رەچەڵەكی باوباپیرانم دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتوانی خوراسان لە باكوری رۆژهەڵاتی ئێران ئەگەرچی ئەو زۆر ئاماژەی بە كوردبونی خۆی نەكردوە، بەڵام ئەوەی رونە ئەو كوردە و بە پێی مێژوی رەچەڵەكی باوباپیرانی لە كوردەكانی خوراسانە كە خاوەنی مێژویەكن لە بەرەنگاربونەوی دەسەڵاتی عوسمانییەكان لە رابردوودا. كلچدارئۆغلو هیچ پەیوەندیی و ئەزمونێكی سیاسیی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا نییە و تا ئێستا نە دۆستایەتیی كردون و نە دوژمنایەتیی بۆیە بە بڕوای شارەزایانی سیاسیی و دیپلۆماسیی لە ناوخۆی ئێران سەركەوتنی ئەو لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریی توركیا كاریگەرییەكی ئەوتۆی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئەنقەرە و تاراندا نابێت. ئەوەی بەدی دەكرێت كرانەوەی كڵچدارئۆغڵوە لەگەڵ كورد لە باكور و دورنییە بەو بانگەشانەی كە كردویەتی بۆ ئازادیی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوتری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و سیاسەتمەدارانی كورد لەو بەشەی كوردستان بووبێتە مایەی دڵخۆشیی بۆ ژمارەیەك چالاكوان و سیاسەتمەداری كورد لە بەشەكانی دیكە و بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان. ئەگەرچی كورد لە رۆژهەڵات هیچ هیوایەكی ئەوتۆی بۆ گۆڕانكاریی گەورەی سیاسیی لە ئەگەری سەركەوتنی كلچدارئۆغلو هەڵنەچنیەوە، بەڵام شكستی ئەردۆغان وەك دەستكەوتێكی گەورە و بەهێزبونی پێگەی كورد لەقەڵەم دەدەن.   ئاواتی شكستی ئەردۆغان لە رۆژهەڵات هەڵبژاردنەكانی توركیا بۆ كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان كە تا ئێستا عەفرین و كۆبانێ و بە گشتی رۆڵی ئەردۆغان لە داگیركردنی بەشێكی زۆری خاكی رۆژئاوای كوردستان بە هۆكاری سەرەكیی دەزانن، هەستیارە و تەنانەت لە رۆژهەڵات ئامادەكاریی كراوبو كە ئەگەر ئەردۆغان سەركەوتن بەدەست نەهێنێت ئاهەنگ ساز بكرێت. بەهۆی ئامادەكارییەكان كورد لە رۆژهەڵات بۆ ئاهەنگێڕانی شكستی ئەردۆغان، هێزی ئەمنیی زۆر لە شارەكانی ئەو بەشەی كوردستان بڵاوەی پێكرابو. لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا دەركەوتوە ئەو هاوڵاتییانەی توركیا كە دانیشتوای ئێرانن زۆرینەیان دەنگیان بە كلچدارئۆغلو داوە و ئەو توانیویەتی 53.92%ی دەنگەكانی ئەو وڵاتە بۆ خۆی بەدەست بهێنێت و رێژەی 42.8%ی دەنگدەرانی توركیا لەو وڵاتە دەنگیان ئەردۆغان داوە. لە ماوەی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا زۆرترین خۆپیشاندان لە دژی سیاسەتكانی ئەو و توركیا لە رۆژهەڵات كراوە و لە ساڵی 2014 و لە كاتی جەنگی كۆبانێ تا داگیركردنی عەفرین و سەرێكانی لە رۆژئاوای كوردستان دەیان جار لەو بەشەی كوردستان خۆپیشاندانی سەرەتاسەریی ئەنجام دراوە و وێنە و پۆستەرەكانی ئەردۆغان سوتێنراون و لە بەرامبەریشدا ژمارەیەك بە رەچەڵك تورك لە رۆژهەڵات و ئێران پشتیوانیان بۆ ئەردۆغان دەربڕیوە كە ئەوەش هەندێكجار بوەتە مایەی پێكدادانی كورد و تورك. بە گشتی پشتیوانی و دژایەتیی ئەردۆغان لە لایەن تورك و كورد لە رۆژهەڵات و ئێران بەدی دەكرێت و تەنانەت پێشبینیی ئەوە كراوە لە ئەگەری سەركەوتنی ئەردۆغان توندوتیژیی توركە توندڕەوەكانی رۆژهەڵات و ئێران بەرامبەر كورد زیاد بكات.   ئەردۆغان 20 ساڵ دۆستایەتی و دژایەتیی ئێران ئیسلامیبونی ئەردۆغان بۆ كۆماری ئیسلامی سەرنجڕاكێشترە بە تایبەت ئەو كاتانەی ئەو بانگەشەی دژایەتیی ئیسرائیل دەكات رەنگە فێنكاییەك بە دڵی بەرپرسانی ئێراندا بێت، بەڵام لە هەمان كاتیشدا تاران بێ ئاگا نییە لەوەی كە پشتیوانییە نەتەوەپەرستییەكانی ئەردۆغان لە وڵاتی ئازەربایجان هۆكارێكی دیكەی توندبونەوەی گرژییەكانی باكۆ و تارانە. ئەگەرچی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی لەسەرەتای دەركەوتنی پارتی داد و گەشە (ئاكەپە) و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئەو پارتە مەیلی پشتیوانیی بۆ دەربڕیون، بەڵام لە دوای ساڵی 2011 و لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی «بەهاری عەرەبی» توركیا لە زۆربەی ئاڕاستەكاندا پێچەوانەی كۆماری ئیسلامی هەنگاوی ناوە  و جوڵاوەتەوە تەنانەت لە سوریا و عێراق تا دەگاتە میسر و ئەفغانستان دژایەتیی تاران و پشتیوانیی ئەو لایەنانەی كردوە كە نەیاری كۆماری ئیسلامی بون لە ناوچەكە. ئەردۆغان بەوەشەوە نەوەستاوەتەوە لە ئازەربایجان هۆنراوەی بۆ سەربەخۆیی ئازەرییەكانی ئێران وت و ئاواتی سەربەخۆیی بۆ خواستن كە ئەوەش ناڕەزایەتیی توندی كۆماری ئیسلامی لێكەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند هەڵەتێگەیشتن رویداوە و ئێران بە دۆست و دراوسێیەكی گرنگی وڵاتەكەمان دەزانین. توركیا بە پێشەنگایەتیی ئەردۆغان لە 12 ساڵی رابردودا سیاسەتەكانی هەندێكجار لە ململانێوە بۆ دوژمنایەتییەكی ئاشكرای كۆماری ئیسلامی گۆڕیوە بۆ نمونە سەرەتای تێكچونی دۆخی سوریا دژی رژێمی بەشار ئەسەد كە بە هاوپەیمانی تاران لەقەڵەم دەدرێت، وەستایەوە و پشتیوانیی ئەو گروپە توندڕەوە ئیسلامییانەی كرد كە دژی دەسەڵاتی دیمەشق شەڕیان دەكرد. لەمیسر هانی حكومەتەكەی موحەمەد مورسی دەدا كە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران بوەستێتەوە و توركیا چوە ژمارەیەك هاوپەیمانێەتییەكی وەك سعودیە و ئیمارات بۆ هێرشكردنە سەر حوسییەكانی یەمەن كە ئەوانیش سەر بە ئێرانن، لە ئەفغانستان هەوڵی لێكنزیكبونەوەی لەگەڵ رێكخراوی تالیبان دەدا دژی تاران و تەنانەت لەم دواییانەدا بە ئاشكرا لەگەڵ باكو هەوڵی دابڕانی ئێرانیان لە ئازەربایجان دەدا و وای لە كۆماری ئیسلامی ئێران كرد بە بێ لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ باكۆ، پشتیوانیی لە ئەرمینیا بكات. ئەردۆغان بۆ شوێن لێژكردنی ئێران لە بواری غاز و گواستنەوەی نەوت بۆ ئەوروپا هەموو هەوڵەكانی خستەگەڕ و ئەو هەوڵانەی لە دۆزینەوەی نەوت لە باكوری كوردستان و تا دۆزینەوەی غاز لە دەریای رەش هەمووی لە چوارچێوەی پەراوێزخستنی كۆماری ئیسلامی بوو لەو بوارەدا. هەر لە سەردەمی ئەردۆغاندا و بە بیانوی شەڕ دژی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و رێگریی لە كۆچبەران زۆرترین سنوری نێوان باكوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان كۆنكرێت كرا و زۆرترین كامێرای چاودێریی بنكەی سەربازیی توركیا لەو سنورانە جێگیر كران. سەرەڕای هەموو ئەو دژایەتییانەی توركیا لەسەر دەستی ئەردۆغان روبەڕوی كۆماری ئیسلامی ئێران بوەتەوە بەڵام تاران دەسەڵاتێكی هاوشێوەی ئەردۆغان لە ترسی گواستنەوەی دیموكراسی و ئازادیی لە سنورەكانی توركیاوە بۆ وڵاتەكەی بە باشتر دەزانێت. سیاسەتی ئێستای ئەردۆغان بە هاوكاریی و ململانێی هاوكات و ركابەرایەتیی لە بەرامبەر ئێران لەقەڵەم دەدرێت بەڵام تاران و ئەنقەرە لە ئێستادا دۆستێكی ستراتیژییان هەیە كە ئەویش مۆسكۆ-یە بۆیە ئێستا كە ئەردۆغان خۆی بە نەیاری ئەمریكا و رۆژئاوا لەقەڵەم دەدات مایەی دلگەرمیی كۆماری ئیسلامی و روسیایە. لەگەڵ هەمو ئەو دژایەتییانەی ئەردۆغان بەڵام ئەوەیكە لە پێناو بەرژەوەندیی ئابوریدا، توركیا بوەتە شوێنێكی پارێزراو بۆ بازرگانییە شارەواەكانی ئێران و خۆدزینەوە لە سزاكان لە بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیە و پێناچێت سیاسەتی كلچدارئۆغلو كە نزیكایەتییە لەگەڵ ئەوروپا و ئەمریكا لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتی ئێستای تاراندا بێت.   ئابوریی ئەردۆغان لە حەوشەی ئێران لە ئامارەكاندا دەركەوتوە هەناردەی توركیا لە 10 ساڵی رابردودا بۆ سوریا سەرەڕای جەنگ لەو وڵاتە چەند قاتی ئێران بووە و لە ساڵی رابردودا گەیشتوەتە دوو ملیار و 234 ملیۆن دۆلار لە كاتێك هەناردەی ئێران لەو ساڵەدا بۆ سوریا 243 ملیۆن دۆلار بووە كە ئەوەش 10 هێندە لە توركیا كەمترە. مەسعود خوانساری، سەرۆكی ژوری بازرگانیی ئێران ئاشكرای كردوە؛ ئابوریی وڵاتەكەی 500 ملیار دۆلار لە دوای ئابوریی وڵاتی توركیاوەیە لە كاتێكدا ئەو وڵاتە گیرۆدەی گەورەترین هەڵاوسانی ئابوریی جیهانە و دەگاتە زیاتر لە 84%. شیكەرەوانی ئابوریی و سیاسیی ئێران بە دۆڕاوی ململانێی بازرگانیی نێوان ئەنكەر و تاران دەزانن و لە ئامارەكانیشدا دەركەوتوە 30%ی بازرگانیی سوریا لەگەڵ توركیایە بەڵام تەنها 3% بازرگانیی ئەو وڵاتەی كە ئێران شەڕی بۆ دەكات و چەكدارانی پڕچەك دەكات پشكی تێیدایە. بە هەمو ئەمانەشەوە رەنگە بژاردەی ئێستای كۆماری ئیسلامی ئێران ئەردۆغان بێت چونكە لە چوارچێوەی سێ كوچكەی روسیا و توركیا و ئێران دژی ئەوروپا و ئەمریكا دەجۆڵێنەوە.

هاوڵاتی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ژمارەی توشبوانی تای خوێنبەربون بۆ 119 حاڵەت بەرزبوەتەوە، لەنێویاندا 18 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە، یەکێک لە توشبوەکانیش لە شاری هەولێرە. سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندوە، "حاڵەتە پشتڕاستکراوەکانی توشبون بە تای خوێنبەربون بەرزبوەتەوە بۆ 119 حاڵەت، لەنێویاندا 18 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە، کە ئەمڕۆ دو حاڵەتی مردن لە واست و موسەننا تۆمارکراون". ڕونیشیکردەوە، زۆربەی توشبوەکان لە زیقاڕ چڕبونەتەوە کە گەیشتوەتە 35 حاڵەت، دواتر بەسڕە دێت کە 18 حاڵەت لەو پارێزگایە تۆمارکراون. هەروەها لە موسەننا 10 حاڵەت، میسان هەشت توشبو، نەجەف هەشت توشبو، لە بەشی رەسافەی بەغدا شەش توشبو، لەسەڵاحەدین پێنج توشبو، لە کەرخی بەغدا پێنج توشبو، لە دیالە و دیوانیە هەریەکەیان چوار توشبو، لە واست و بابل پێنج توشبو، کەربەلا سێ، ئەنبار دو، لە هەولێریش یەک حاڵەت تۆمارکراوە.  ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین حاڵەتی گیانلەدەستدان لە زیقاڕ بون، کە شەش حاڵەت بون، هەروەها سێ حاڵەتی مردن لە موسەننا تۆمارکراون.  وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەشیخستەڕو، پێویستە لەسەر وەزارەتی کشتوکاڵ هەنگاوی پێویست بگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو مێروەی کە نەخۆشی تای خوێنبەربون دەگوازێتەوە، هاوکات پێویستیشە لەسەر هاوڵاتییان گۆشت لە فرۆشگا ڕێگەپێدراوەکان بکڕن و دوربکەونەوە لە کڕینی گۆشت لەسەر شەقام و رێگەوبانەکان. تای خوێنبەربون، پەتایەكی ڤایرۆسییە، بەهۆی تێكەڵاوبون و لەڕێی ئاژەڵ و مێش و مەگەزەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەروەها لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤیش دەگوازرێتەوە.

بەرپرسێکی ئێران دەڵێت: نوێ کرتنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی غاز بۆ عێراق پەیوەستە بە دانەوەی قەرزەکانی ئەو وڵاتە و هاوکات تورکیا داوا دەکات غازی زۆرتر رەوانەی وڵاتەکەی بکرێت. مەجید چگێنی، راوێژکاری وەزیری نەوتی ئێران بۆ کاروباری غاز رایگەیاند؛ بڕیارە گرێبەستی فرۆشتنی غاز بۆ عێراق نوێ بکرێتەوە بەڵام ئەو وڵاتە هەشت ملیارد یۆرۆ پارەی غازی ئێران قەرزدارە و لەگەڵ یەکلاییبونەوەی چۆنیەتی گەڕانەوەی ئەو قەرزانە، گرێبەستەکە نوێ دەکرێتەوە. چگێنی ئاماژەی بەوە کردوە؛ تورکیا داوای لە ئێران کردوە غازی زیاتر بە وڵاتەکەی بفرۆشرێت. جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رۆژی پێنجشەممەی رابردو لە لێدوانێکدا لە بەغدادی پایتەختی عێراق رایگەیاند؛ بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتنێک لە نێوان تاران و بەغداد واژۆ کراوە بە مەبەستی پەرەپێدانی ئەو کێلگە غازی و نەوتانەی کە لە نێوان دوو وڵاتەکەدا بە هاوبەشی بەڕێوەدەچن. ئەوجی وتویەتی: لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا جگە لە دروستکردنی هێڵی بۆڕی نەوت و غاز لە نێوان دوو وڵاتەکەدا، ئێران کار دەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک لە پاڵاوگەکانی عێراق. بە وتەی وەزیری نەوتی ئێران: تاران لەگەڵ وەزارەتی وزەی عێراق رێککەوتوە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی کڕینی غاز لە ئێرانەوە و کار دەکرێت بۆ نوێکردنەوەی ئەو گرێبەستە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە. بە وتەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی سزاکانی ئەمریکا وای کردوە عێراق نەتوانێت قەرزەکانی غاز و کارەبای لە ئێرانەوە کە دەگاتە 11 ملیارد دۆلار رادەست بکاتەوە.    

هاوڵاتی لانیکەم ٣ هەزار و ٥٧٠ دەنگی پارتی چەپی سەوز لە ئەستەنبوڵ تۆمار نەکراون و پارتەکە سکاڵای لەسەر ٢٣٦ سندوقی دەنگدان تۆمار کرد. رێکخستنی شاری ئەستەنبوڵی پارتی چەپی سەوز سکاڵای لەسەر ٢٣٦ سندوقی دەنگدانی ٢٧ ئەستەنبوڵ تۆمار کرد کە تۆماری خامی ئەنجامی دەنگدان لەگەڵ ئەنجامی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان یەک ناگرێتەوە. پارتی چەپی سەوز لە ٢٧ ناوچەی ئیستەنبوڵ، لە هەرێمەکانی یەک، دوو و سێ کاندیدی هەبوو. پارتی چەپی سەوز ڕایگەیاند، لە ٢٦٣ سندوق دا پێشێلکاری ئەنجامدراوە و بە گشتی ٣ هەزار و ٥٧٠ دەنگی پارتی چەپی سەوز تۆمارنەکراون. دوێنیش ناوەندی هەماهەنگی پارتی چەپی سەوز و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ هەڵبژاردن ئامارێکی لەبارەی دەنگە هەژمار نەکراوەکان بڵاوکردەوە دەڵێت، لە ئاگری ٥.١١٪ ، لە چەولک ٤.٩٥٪، لە وان ٤.٨٥٪، لە سێرت ٤.٨١٪، لە جۆلەمێرگ ٤.٥٤٪، لە بارتین ٤.٥٣٪، لە ئەردەخان ٤.٣٩٪. هەروەها لە ئامەد ٤.٣٥٪، لە روحا ٤.٣٤٪، لە باتمان ٤.٢٢%، لە قەرس ٤.١٦٪، لە بتڵیس ٤.١٦٪، لە زونگولداغ ٤.١١٪، لە ئیدر ٤.٤٪،.لە سینۆپ ٤.١٪، لە موش ٣.٨٠٪، لە سەمسور ٣.٥٣٪، لە خارپێت ٣.٦٧٪، لە مێردین ٣.٦٤٪، لە بوردور ٣.٥٣٪، لە شڕنەخ ٣.٤٩٪ی دەنگەکان بە دەنگی هەژمار نەکراو دانراون. ناوەندی هەماهەنگی پارتی چەپی سەوز و هەدەپە رایگەیاند، هەڵە لە ١٩٣ هەزار سندوقدا هەیە و سکاڵامان تۆمارکردووە و خاوەنداری لە دەنگەکانمان دەکەین."

هاوڵاتی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا کام یەک لە کاندیدەکان سەربکەوێت بەردەوامی بە پەیوەندییەکانیان دەدەن و دەیانەوێت دیموکراسیەکی بەهێز لە تورکیا ببینن. جاک سولیڤیان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی ئاماژەی بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا کرد کە 14ی ئایار بەڕێوەچوو. سولیڤیان رایگەیاند، کام یەک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی لە تورکیا سەربکەوێت، ئەوان ئەمریکا لەگەڵیدا هەوڵی چارەسەری پرسەکانی ئوکراینا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵی تورکیا لە ناتۆدا دەدات. راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی وتی، " خولی یەکەمی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و چاوەڕێی خولی دووەم دەکەین، ئێمە ئامادەین لەگەڵ کاندیدە سەرکەوتووەکەدا کار بکەن و دەمانەوێت دیموکراسیەکی بەهێز لە تورکیا ببینین،" دوو رۆژ لەمەوبەریش جۆن کێربی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندبوو، سەرۆک بایدن بە تامەزرووە چاوەڕێ دەکات لەگەڵ کاندیدی سەرۆکایەتی هەڵبژاردنی تورکیادا کار بکات." رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە قسەکانیدا لە بانگەشەی هەڵبژاردن، زۆر جار هێرشی کردووەتە سەر ئەمریکا و پشتگیری لە روسیا کردووە، بۆیەش چاودێرانی سیاسی دۆخی تورکیا پێیان وایە، ئیدی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا، نایانەوێت ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە. لە ماوەی مانگێکی رابردووشدا، میدیاکانی ئەوروپا و ئەمریکا بە بەردەوامی راپۆرت و هەواڵیان بە ئاڕاستەی پشتگیری لە کلچدارئۆغلۆ بڵاو دەکردەوە.

رۆژنامەیەک ئاشکرای دەکات ئێران لە شەش مانگدا بە بەهای زیاتر لە یەک ملیارد دۆلار نەوتی بۆ سوریا رەوانە کردوە. رۆژنامەی (هائارتز)ی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە؛ لە ماوەی شەش مانگی رابردودا ئێران بە نهێنیی بڕی نزیکەی 17 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتی رەوانەی سوریا کردوە کە بەهاکەی دەگاتە یەک ملیارد و 250 هەزار دۆلار. بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانیەوە؛ ئێران لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردو تا نیسانی ئەمساڵ لە رێگەی کەشتی بێ ناونیشان (کەشتی رۆحەکان) نەوتی بۆ سوریا رەوانە کردوە. پێگەی ( تەنکەر تراکێرز) ئاشکرای کردوە کە لەو شەش مانگەدا 17 کاروانی کەشتی گواستنەوەی نەوت رەوانەی بەندەری بانیاس لە سوریا کراوە. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای (کلپێر) بڵاوی کردوەتەوە کە ئێران رۆژانە 74 هەزار بەرمیل نەوتی گەیاندوەتە سوریا و ئەو بڕەش هەندێکجار گەیشتوەتە زیاتر لە 90 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. بە پێی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر سوریا، رەوانەکردنی ئەو بڕە لە نەوتە لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە بە نایاسایی و پێشێلکردنی سزا و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەم دەدرێت.  

‎هاوڵاتی سەرۆكی ڕێكخستنی جەهەپە لە ئامەد سوپاسی خەڵكی ئەو پارێزگایەی باكوری كوردستانی كرد كە دەنگیان بە كلچدارئۆغلۆ داوە. ‎عەبدوڵا ئاكین سەرۆكی ڕێكخستنی پارتی گەلی كۆماری ( جەهەپە) لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنانەنووسیدا سوپاسی خەڵكی ئامەدی كرد كە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا دەنگیان بە كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆكی جەهەپەداوە. ‎ئاكین وتی، ئەوان قەرزاری خەڵكی ئامەدن و هەڵوێستیان بەرز هەڵدەسەنگێنن، بەڵام خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ماوە و پێویستە زیاتر گەرم و گوڕ بن و لە خولی دووەمدا بۆ چارەسەری پرسی كورد، چارەسەری كێشەی ئابوری و دیموكراسی جارێكی دیكە دەنگ بە كلچدارئۆغلۆ بدەن. ‎ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا كلچدارئۆغلۆ لە ئامەد ٧٢%ی دەنگەكانی بەدەست هێنا. ‎لە لایەكی دیكەوە لە هەموو باكوری كوردستان زیاتر لە ٦٥%ی هاوڵاتیان دەنگیان بە كلچدارئۆغلۆ داوە.

هاوڵاتی بەرپرسانی پارتی چەپی سەوز كە لەپارتی دیموكراتی گەلان( هەدەپە) و چەند لایەنێكی دیكە پێكهاتبوون، ئەوە دووپاتدەكەنەوە كەدەسەڵاتەكەی ئەدرۆغان ساختەكاری گەورەیان لەهەڵبژاردنەكاندا ئەنجامداوەو دەشڵێن:»ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەسەركەوتن نابینین». پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) بەهۆی ئەوەی مەترسی داخستنی لەسەر بوو لەدادگای دەستوری توركیا لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز بەشداری هەڵبژاردنەكەی 14ی ئایاری كردو لەكۆی 600 كورسی 65 كورسیان مسۆگەر كردووەو لەو ژمارەیە 55 یان كوردن. پارتی چەپی سەوز ئەوە دووپاتدەكەنەوە كە»پرسی داخستنی هەدەپە وەك شمشێرێك لەسەر ملی دیموكراسی رێگەی لەپێشبڕكێی یەكسان و دادپەروەرانەی بانگەشەی هەڵبژاردن گرت. بەم شێوەیە مەترسیان لەسەر ئیرادەی ملیۆنان كەس دروستكرد. دیارە كەئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ ئێمە وەك سەركەوتن نابینرێت». هەروەها دەنگەكانیان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كەمال كلیچدار ئۆغلو بوو كە رەجەب تەیب ئەردۆغان ركابەری بوو. ١٤ی ئایار هەڵبژاردنە چارەنووسسازەكەی توركیا بەڕێوەچوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەكلایی بووەوە و كورسی لایەنەكان لەپەرلەماندا ئاشكرا بوو، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یەكلایی نەبووەتەوەو كێبڕكێكە بەردەوامە. لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان كاندیدی دەسەڵات 49.5% دەنگەكان، كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن 44.89%ی دەنگەكان و سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئاتا 5.29% ی دەنگەكانیان بەدەستهێنا. بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن هیچ كاندیدێك رێژەی ٥١٪ی دەنگەكانی بەدەست نەهێنا و هەڵبژاردنەكە چووە خولی دووەم كەبڕیارە ٢٨ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێتەوە. بەپێی ئەنجامە بەراییەكان هاوپەیمانی كۆمار 49.34%ی، هاوپەیمانی گەل 35.59% و هاوپەیمانی رەنج و ئازادی 10.35%ی دەنگەكانیان بەدەستهێنا. لەكۆی ٦٤ ملیۆن دەنگدەری ناوەوەو دەرەوەی وڵات، پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكەپە) ١٨ ملیۆن و ٥٤٨ هەزار و ٧٩٠ دەنگ، پارتی گەلی كۆمار (جەهەپە) ١٣ ملیۆن و ٣٦٧ هەزار و ٥٦٥ دەنگ، پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) پێنج ملیۆن و ٢٣٥ هەزار و ٣١ دەنگ، پارتی باش پێنج ملیۆن و ١٩٥ هەزار و ٦٤١ دەنگ، پارتی چەپی سەوز چوار ملیۆن و ٥٧٤ هەزار و ٢٥٨ دەنگ، پارتی رەفاحی نوێ ملیۆنێك و ٣٩٩ هەزار و ٩٣٨ دەنگ، پارتی كرێكارانی توركیا ٨٢٥ هەزارو ٧٣٠ دەنگیان بەدەستهێناوە. بەم شێوەیە ئاكەپە ٢٦٧ كورسی پەرلەمان، جەهەپە ١٦٩ كورسی، مەهەپە ٥٠ كورسی، پارتی باش ٤٤ كورسی، پارتی چەپی سەوز ٦٢ كورسی، پارتی رەفاحی نوێ چوار كورسی و پارتی كرێكارانی توركیا چوار كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە. بەپێی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ ئاكەپە ٢٠ كورسی و پارتی چەپی سەوز، پێنج كورسیان لەدەستداوە. هەروەها مەهەپە كورسیەك، پارتی باش كورسیەكو جەهەپە و هاوپەیمانەكانیشی ٢٣ كورسیان لەپەرلەمان زیاد كردووە. لەڕۆژی هەڵبژاردنەكاندا پارتی چەپی سەوز كە بەر لەهەڵبژاردنەكانیش، رووبەرووی شەپۆلێكی گەورەی دەستگیركردن و فشاری دەسەڵات ببوەوە، لەیەكەم رۆژی هەڵبژاردنەكانیشدا، هێرش كرایە سەر ئەندامانی و رێگە نەدرا لایەنگرانی دەنگ بدەن. ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا كە بنكە سەرەكییەكەی لەشاری ئامەدی باكوری كوردستانە، چەندین ساختەكاری دەسەڵاتی بەبەڵگەوە ئاشكراكرد. لەچەندین شار كاندیدەكانی ئاكەپە لەگەڵ خزم و لایەنگرەكانیان بەكۆمەڵ روویان لەبنكەكانی دەنگدان كردو دەنگیاندا، بەڵام چاودێرانی پارتی چەپی سەوز رێگریان دەكردو بۆیەش چەندین جار ئاڵۆزی لەنێوانیاندا روویدا، لەشاری مێردینیش دوو چاودێری پارتی چەپی سەوز برینداركران. لەلایەكی دیكەوە، چەندین دیمەنی ڤیدیۆیی بڵاوكرانەوە كە لایەنگرانی پارتی چەپی سەوز بەهۆی ئەوەی ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا نەهاتووە، نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن، هەروەها بەشێكیشیان رایدەگەیەنن كە ناویان وەك چاودێری سەر سندوقەكانی دەنگدان هاتووەتەوە كە پێویست بوو پێشتر دەنگی خۆیان بدەن و رێگریان لێكراوە دەنگ بدەن. یەكێك لەفێڵ و ساختەكارییەكانی سیستمی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كاتێك ئاشكرابوو كە تۆماری خام و پسوڵەی مۆركراوی سندووقی ژمارە ١٢٣٤ لەخوێندنگەی سەرەتایی ئەسما ئۆجاك لە ناوچەی بسملی ئامەد، بەراورد كران. لەو سندووقە ٢٣٣ دەنگ بە پارتی چەپی سەوز دراون، بەڵام لە سیستمی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردندا ئەو دەنگانە بۆ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) نوسراون، مەهەپە لەو سندوقەدا یەك دەنگیشی پێنەدرابوو. گوڵستان ئاتاسۆی هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) لەئامەد لەو بارەوە بەمیدیاكانی باكوری كوردستانی راگەیاند:»بەم جۆرە ژمارەیەكی زۆر سندووق هەیە كە دەنگەكان بۆ مەهەپە نوسراون. تۆماری خام و هەموو پسوڵە تۆماركراوەكان لەسیستمی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەراورد دەكرێن و سكاڵا تۆمار دەكەن. ئاژانسی میزۆپۆتامیا ئاماری ئەو دەنگدانەی بڵاوكردەوە كە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە هەژمار نەكراون و رایگەیاند، لە ٢٣ شاری باكوری كوردستان لانیكەم ٣٢٠ هەزار دەنگ هەژمار نەكراون كەهەمووشیان دەنگی پارتی چەپی سەوز بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەشارەكانی خارپێت، ئەرزەڕۆم، روحا، دیلۆك و بەدلیسی باكوری كوردستان دەنگی دەسەڵات كەمیكردووە. لەشارەكانی سەر دەریای رەش دەنگی ئاكەپە ١٠٪ كەمیكردووە. لە ریزە كە شاری ئەردۆغانە، بەپێی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ دەنگی ئاكەپە بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.  لەئەرزەرۆم دەنگی ئاكەپە لە ٥٤.٨٨٪ەوە بۆ ٤٣.٢٦٪ كەمی كردووە. لەخارپێت لە ٥٤.٦٣ەوە بۆ ٤٠.٢٤، لە روحا لە ٥٢.٧٪ەوە بۆ ٤٢.٩٩٪، لە دیلۆك لە ٥١.٤٥٪ەوە بۆ ٤٤.٩٣٪ و لە بەدلیس لە ٤٤.٧٧٪ەوە بۆ ٣٧.١٤٪ كەمی كردووە. دەنگی ئاكەپە بەگوێرەی هەڵبژاردنەكانی ساڵی ٢٠١٨ لەمەڕەش لە ٥٨.٥٤٪ەوە بۆ ٤٧.٧٠٪، لە كۆنیاش لە ٥٩.٥١٪ەوە بۆ ٤٨.١٤٪ كەمی كردووە. لەئەستەنبوڵیش دەنگی ئاكەپە لە ٤٢.٧٪ەوە بۆ ٣٦.٢٪ و لەئەنقەرە لە ٤٠.٢٪ەوە بۆ ٣٢.٦٪ دابەزیوە.   چاودێرانی نێودەوڵەتی: هەڵبژاردنێكی یەكسان و دادپەروەر نەبوو لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان، چاودێرانی نێودەوڵەتی لەئەنقەرە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی ئەنجامداو راگەیەندراوێكیان خوێندەوە كەتێیدا هاتبوو، « بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بەشێوەیەكی دیموكراسی، زەمینێكی یاسایی نەخوڵقێنراوە». هەروەها ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە كە» ئەردۆغان و دەسەڵات بەسنورداكردنی چالاكیەكانی ئۆپۆزسیۆن رێگەیان نەدا زۆربەی سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن و كۆمەڵگای مەدەنی و میدیای ئۆپۆزسیۆن بەشداری لەپرۆسەكەدا بكەن». هاوكات ئەوەشیان روونكردووەتەوە كە لەپرۆسەی هەڵبژاردندا، لەنێوان كاندید و پارتەكاندا هەلی بەڕێوەبردنی بانگەشەیەكی یەكسان نەبووە و لەو رووەوە لەخولی دووەمی هەڵبژاردنیشدا چاودێریەكی وردیان دەبێت. پەروین بوڵدان و میدحاد سانجار هاوسەرۆكانی هەدەپەو چیدەم كلچگون ئوچار و ئیبراهیم ئاكن هاووتەبێژانی پارتی چەپی سەوز لەئەنقەرە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنووسی هاوبەشیان ساز كرد. ئوچار رایگەیاند:»پرسی داخستنی هەدەپە وەك شمشێرێك لەسەر ملی دیموكراسی رێگەی لەپێشبڕكێی یەكسان و دادپەروەرانەی بانگەشەی هەڵبژاردن گرت.... ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ ئێمە وەك سەركەوتن نابینرێت.» هەروەها پەروین بوڵدان رایگەیاند:» ئێمە لەهەموو كاتێكدا پێداگیریمان لەسەر پاراستنی هاوپەیمانی رەنج و ئازادی كرد، پێویستە بەجددی هۆكارەكانی كەمی دەنگەكان قسەی لەسەربكرێت، ئەم پرسە لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان باس دەكەین.» كەمال كلچدارئۆغلۆ كاندیدی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆكی گشتی جەهەپەش لەدوایین تویتیدا لەبارەی خولی دووەمی هەڵبژاردن رایگەیاند» هێشتا هەل ماوە كە كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەردۆغان بهێنرێت، خولی یەكەم كۆتایی هات و لەسندوقەكاندا پەیامی گۆڕانكاریمان بینی، ژمارەی ئەو كەسانەی گۆڕانكاریان دەوێت زۆرە، بەڵام بۆ ئەوەی لەم دەسەڵاتە رزگارمان ببێت، پێویستە زیاتر كاربكرێت.» هەروەها عەلی باباجان سەرۆكی پارتی دیموكراسی و پێشكەوتن (دەڤە) كە هاوپەیمانی كلچدارئۆغلۆیە رایگەیاند، ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار دەنگ هەیە كە هەژمار نەكراون». خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ٢٨ی ئەم مانگەدا بەڕێوە دەچێت، دەنگدانی دەرەوەی وڵاتیش لە ٢٠ی مانگدا دەستپێدەكات. كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كە ئۆپۆزسیۆن متمانەی پێ نییەو بەوە تۆمەتباری دەكات كە لەبەرژەوەندی دەسەڵات كاردەكات، هەنگاوێكی دیكەی ناوە كەگومانەكانی ئۆپۆزسیۆن زیاتر دەكات. كۆمسیۆن بڕیاری داوە لەو وڵاتانەی كەدەنگی كلچدارئۆغلۆ زیاترە ماوەی هەڵبژاردنی دەرەوەی وڵات لەپێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ كەمبكاتەوە. لەوڵاتانی ئەمریكا، ئوستوراڵیا، بەریتانیا، ئیرلەندا، ئیسپانیا، ژاپۆن، كەنەدا و لیبیا كە تێیاندا كەمال كلچدارئۆغڵو كاندیدی هاوپەیمانی گەل و سەرۆكی گشتیی جەهەپە لەپێشەوەبووە، ماوەی دەنگدانی لەپێنج رۆژەوە بۆ دوو رۆژ كەمكردەوە. لەفەرەنسا، ئەڵمانیا، بەلجیكا و هۆڵندا كە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پێشەوەبوو، ماوەی دەنگدان دەستكاری نەكراوە. سینان ئۆغان كاندیدی هاوپەیمانی ئاتا كە لەخولی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا رێژەی ٥.٢٩٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، لە ئێستادا بووەتە ئەكتەری سەرەكی هەڵبژاردن و هەردوو كاندیدەكەی دیكە لەخولی دووەمدا پێویستیان بە دەنگەكانی ئەوەو بەتایبەتی كلچدارئۆغلۆ هەوڵدەدات دڵی ئۆغان رازی بكات.

شارەزایانی ئابوریی ئێران رایدەگەیەنن بەهۆی خراپ بەکارهێنان و شکستی پڕۆژەکان زیاتر لە 500 ملیارد دۆلار لە وڵاتەکە بەفیڕۆدراوە. رۆژنامەی (شەرق) لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە ماوەی 30 ساڵی رابردودا هەژاریی و بێکاریی بە بەردەوامیی بەرز بوەتەوە و جیاوازیی چینایەتیی بەهۆی گرنگیدان بە شارە گەورەکانی وەک تاران-ی پایتەخت لە پارێزگاکانی دیکە زۆر زیادی کردوە. حوججەت میرزایی توێژەرەی ئابوریی ئاماژە بەوە کردوە کە 85%ی دانیشتوانی ئێران داهاتیان لە دانیشتوانی شاری تاران کەمترە و بێکاریی لە نزیکەی 40%ی دانیشتوان وڵاتەکە دەگاتە زیاتر لە 15%. فەرشاد موئمینی، شارەزا و پسپۆڕی ئابوریی ئێران بە رۆژنامەی شەرقی راگەیاندوە؛ بە هۆی پلانی گواستنەوەی کەرتی حکومی بۆ کەرتی تایبەت، زیاتر لە 350 ملیارد دۆلار بەفیڕۆ دراوە. موئمینی وتوشیەتی لە ماوەی سێ دەیەی رابردودا لانیکەم نزیکەی 200 ملیارد دۆلاری دیکەی نەوەیەکی ئێران بە بیانوی پلانی گواستنەوەی کەرتەکان لە حکومییەوە بۆ تایبەت، لەناوچوە و هیچ بەڵێنێکی دەسەڵات لە چوارچێوەی پلانی کەرتی تایبەتدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە. لە راپۆرتێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و رێگاوبان لە ئێران دەرکەوتوە هەژارەکانی ئەو وڵاتە بە پێی داهاتەکانیان دەبێت 248 ساڵ چاوەڕوان بن بۆ ئەوەی بتوانن پارەی کڕینی خانو و یان شوێنی نیشەجێبونی وەک شوقە کۆبکەنەوە. بە پێی دوایین ئامار هێڵی هەژاریی لە ئێران گەیشتوەتە 21 ملیۆن تمەن کە نزیکەی (400) دۆلار دەکات و زیاتر لە 60%ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە بە هەژار ئەژمار دەکرێن داهاتی خێزانەکان کەمترە لەو بڕە.

بڕیارە بەریتانیا پێداچونەوە بۆ دۆسیەی پەناخوازیی هاوڵاتییانی عێراق و ئێراندا بکات و دۆسیەی مانەوەیان بە خێرایی یەکلایی بکرێتەوە. رۆژنامەی (گاردیەن)ی بەریتانی بڵاوی کردوەتەوە: لە ساڵی رابردودا 132 هەزار دۆسیەی پەناخوازیی لە بەریتانیا هەبوە کە 11 هەزار و 698 دۆسیەی پەیوەندیی بە پەناخوازانی ئێرانییەوە  بوە. بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە؛ وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڕیاری داوە پێداچونەوەی خێرا بۆ 20 هەزار دۆسیەی تایبەت بە مافی پەنابەرێتیی کەسانی عێراقی و ئێرانی بکات و ئاسانکاریی بکات بۆ پێدانی مافی مانەوە بە هاوڵاتییانی عێراق و ئێران. ئاماژە بەوە کراوە، ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بڕیاری پێداچونەوەی بە دۆسیەی مافی پەنابەرێتیی 90 هەزار کەسی داوە کە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەو دۆسیانە پەیوەندیی بە هاوڵاتییانی عێراق و ئێرانەوە هەیە. حکومەتی بەریتانیا لە چوارچێوەی فۆڕمێکدا ژمارەیەک پرسیاری نوسراو ئاڕاستەی پەناخوازن کردوە و بە پێی وەڵامی ئەو پرسیارانە بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ پێدانی مافی پەنابەریی پەناخوازانی وڵاتەکەی یەکلایی دەکاتەوە.    

هاوڵاتی چاودێرانی ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری لە ئەوروپا (OSCE) ڕایانگەیاند، نیگەرانن لە شێوازی ڕوماڵکردنی هەڵبژاردنەکان لەلایەن میدیاکانی وڵاتەکەوە ونەبونی شەفافیەت لە چۆنییەتی مامەڵەکردنی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا (YSK)  لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ڕۆژی یەکشەممە دا. ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە ،" سەرۆکی ئێستای تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حیزبە دەسەڵاتدارەکانی وڵاتەکە سودیان وەرگرتووە لەو هەلومەرجە نایەکسانەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕوبەڕوی بونەتەوە  لە کاتی بانگەشە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن." ڕۆژی دوشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی کە  لەلایەن نێردەیەکی هاوبەشی چاودێریکردنی نووسینگەی OSCE بۆ دامەزراوە دیموکراتییەکان و مافەکانی مرۆڤ (ODIHR)OSCE (OSCE PA) و ئەنجومەنی پەرلەمانی  ئەوروپا (PACE) سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە.  ئەو نێردەیەی کە 401 چاودێری 40 وڵاتی جیاوازی لە  سەرانسەری وڵاتەکە بڵاوکردبۆوە دەڵێت  پارتی چەپی سەوز ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی بەرفراوان بووەتەوە  بەبێ ئەوەی بڵێت کێ بەرپرسیارە و دەشڵێت هەندێک لە سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن لەژێر سنووردارکردندابوون ، بەبێ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتر بدەن. لە کۆنگرەکەدا جان پیتەرسن، سەرۆکی نێردەی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی ODIHR  بە ئەنقەرەی وت "بەداخەوە تێبینی ئەوە دەکەم کە کارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هەڵبژاردن لە شەفافیەتدا نەبوون، هەروەها لایەنگری زۆری میدیا گشتییەکان لە شێوازی ڕوماڵکردندا و سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕینمان تیبینی کردووە." وتیشی،  هەڵبژاردنە کە بە گشتی " ئاشتییانە بوو" سەرەڕای ژمارەیەک ڕووداو هەروەها  شاندەکە ستایشی بەشدارییە ی هاوڵاتیانی کردوو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونی "ڕۆحێکی دیموکراسی بەهێز"ە. باسی لەوەشکرد، "پرۆسەی مامەڵەکردن لەگەڵ سکاڵاکان لە هەموو ئاستەکانی بەڕێوەبەرایەتی هەڵبژاردندا شەفافیەت نەبوو و بڕیارەکانی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن کە بە شێوەیەکی گشتی بڵاوکراونەتەوە بە شێوەیەکی پێویست لێکدانەوەی بۆ نەکراوەو  و وڵامەکان بەپێی پێویست نەبوون" هەروەها فرانک شاوەبی، سەرۆکی شاندی PACE وتی. "دیموکراسی تورکیا بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر خۆڕاگری سەلماندووە. ئەم هەڵبژاردنە بەشدارییەکی زۆری هەبوو و هەڵبژاردنێکی ڕاستەقینەی پێشکەش کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، تورکیا بنەماکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دیموکراسی جێبەجێ ناکات". فرانک شاوەبی  داوای لە حکومەتی تورکیا کرد کە ئازادی ڕاگەیاندن مسۆگەر بکات . کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەی تورکیا بە فەرمی رایگەیاند کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا چووەتە خولی دووەمەوە کە بڕیارە لە ٢٨ی مانگ ئەنجام بدرێت. ئەحمەد یەنەر سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی چووە خولی دووەم و وتی، "28ی ئەم مانگە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڕێوە دەچێت." ئەحمەد یەنەر ئاماژەی بەوەکرد، ئەردۆغان ٤٩.٢١٪، کلچدارئۆغلۆ ٤٤.٨٨٪ و سینان ئۆغان ٥.١٧٪ی دەنگەکانیان بە دەست هێناوە.