هاوڵاتی وەزیرى دارایی عێراق :" پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 ئامادەکراوە و رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کراوە بۆ تاوتوێ و پەسندکردنى". تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، وەزارەتەکەى رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023ى ئامادەکردووە و رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى کردووە بۆ تاوتوێکردن و دواتر دەنگدان لەسەری. وتیشی " ئامادەکردنى ئەو پڕۆژەیاسایە لە دۆخێکى تایبەتدایە کە ئابوورى جیهان پێیدا تێپەڕ دەبێت و پڕۆژەکە هاوتەریب دەبێت لەگەڵ کارنامەى حکومەت و چاکسازى دارایی و ئابوورى، بەگوتەى ئەو، وەزارەتەکەى کار لەسەر جێبەجێکردنیان دەکات." ئەوەشی ڕونکردەوە، پڕۆژەیاسای بودجەى گشتیى 2023، " زیاتر گرنگى بە بوژاندنەوە، پاڵپشتى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتى، پارەدارکردنى پڕۆژەی ستراتیژیی و بوژاندنەوە بەردەوامەکان دەدات." جێگەیباسە،ساڵى 2022 عێراق پڕۆژەیاسای بودجەى پەسند نەکرد و کارى بە سیستمى خەرجکردنى یەک لەسەر 12ى بودجەى خەرجکراوى ساڵى 2021 کرد.

هاوڵاتی فەرماندەی دەزگای دژەتیرۆرئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  کوشتنی والی داعشی لە میانی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە پارێزگای دیالە راگەیاند. لیوا عەبدولوەهاب الساعدی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا قەیس ئەلمحەمەداوی، ڕایگەیاند، "له‌ ئه‌نجامی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە دیالە 22 تیرۆریست کوژران، لەنێویاندا والی داعش له‌ فەللوجە كه‌ ناوی بەرزان عەلییه‌". وتیشی، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی هێزه‌كانیان "چالاکییەکانی داعش لە پارێزگای دیالە بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە و هەمو ئەو تیرۆریستانەی کە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە پشتێنی تەقینەوەیان لەبەردا بوە". هاوکات محەمەد شیعاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردو سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی ئەمنی کرد، دوای ڕوداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگای دیالە و رایگه‌یاند، "مەلەفی ئەمنی لە هەمو عێراقدا گرنگییەکی زۆری لەلایەن حکومەتەوە پێده‌درێت، بەو پێیەی بنەمایەکی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئابورییە".

هاوڵاتی پاسەوانی سنووری عێراق دوێنێ شەممە رایگەیاند، لەسەر سنووری سووریا، دەستیان بەسەر سێ ملیۆن حەبی کاپتاگۆندا گرتووە؛ کە مادەیەکی وزەبەخشی قەدەخە کراوە. له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانیی فه‌رمانگه‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر كه‌ هاووڵاتییانی بێتاوان ده‌كه‌نه‌ ئامانج، درێژه‌ی هه‌یه‌. عێراق کە دەکەوێتە نێوان سووریا، سعودیە، ئێران، کوێت، ئوردن و تورکیا، بووەتە رێڕەوی گواستنەوەی حەبی کاپتاگۆن، کە لە بنەڕەتدا لە سووریا دروست دەکرێت، بەڵام گەورەترین بازاڕی لە وڵاتانی کەنداوە هاوکات لەم ساڵانەی دواییدا، لە عێراقیش بازرگانی و بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بە شێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە. پاسەوانی سنووری عێراق رۆژی شەممە ڕاشیگەیاند ، حەبەکان لەنێو سندووقی سێودا شاردرابوونەوە، لە "بارهەڵگرێکی ساردکەرەوەدا بار کرابوون" و لە دەروازەی سنووریی قائیم، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگای دێرەزووری سووریا و ئەنباری رۆژئاوای عێراق، دۆزراونەتەوە. بەگوێرەی هێزە عێراقییەکە، شوفێری بارهەڵگرەکە دەستگیر کراوە. بەرپرسێکی هێزی پاسەوانیی سنووری عێراق، کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، ئەو حەبانەی لە سووریاوە هێندراونەتە عێراق، دروستکراوی چەند شوێنێکی جیاجیان.    

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا، رێوشوێنەکانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئاشکرا کرد کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت. بەگوێرەی رێوشوێنەکان، تاوەکو کاتژمێر ١٨:٠٠، نابێت هیچ میدیایەک باسی ئەنجامی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندن بۆ هەڵبژاردنەکان بکات. میدیاکان دەتوانن لە کاتژمێر ٢١:٠٠ بەدواوە دەست بە ڕۆماڵ و هەڵسەنگاندن بکەن، بەڵام ئەگەر کۆمسیۆن بە پێویستی ببینێت، دەتوانرێت بەر لە کاتژمێر ٢١:٠٠ رۆماڵی کەناڵەکان دەست پێبکرێت. رۆژی دەنگدان، جگە لە ئەو هێزانەی کە ئەرکیان پێسپێردراوە، نابێت هیچ کەسێک چەک هەڵبگرێت. دوکان و مارکێتەکانی تایبەت بە ماددە کحوڵیەکان نابێت بکرێنەوە. لە باڕ و مەیخانەکاندا، فرۆشتنی ماددە کحوڵیەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەغە دەبێت. هەموو هۆڵێکی بۆنە، ئاهەنگ و کۆبوونەوەکان دادەخرێن. لە رێستۆرانتەکان، بە هەموو شێوەیەک ماددە کحوڵیەکان قەدەغە دەبێت. هاوکات قاوەخانە، چایخانە، ئینتەرنێت کافێ و ناوەندە هاوشێوەکان بە هەموو شێوەیەک پێویستە دابخرێن. هەموو جۆرە قەدەغەیەک کە بە فەرمی راگەیەندراوە، دوای کاتژمێر ١٨:٠٠ دەتوانرێت بکرێنەوە.

ئێران رایگەیاند ژمارەیەک کەسی دەستگیر کردوە کە هۆکاری سەرەکی بون بۆ ژەهراویکردنی کچانی خوێندکار و لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکرابونی راستی روداوەکان بەردەوام دەبێت، هاوکات سوپای پاسدارانیش بەریتانیا تۆمەتبار دەکات. وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ تا ئێستا 100 کەس لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون کە دەستیان هەبوە لە روداوەکانی ژەهراویکردنی کچان لە خوێندگەکانی وڵاتەکەدا. لە بەیاننامەکەدا هاتوە: ژمارەیەک لەو دەستگیرکراوانە بە بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی بۆندار و بە بێ مەترسیی ئامانجیان بوە خوێندگەکان داخرێت و پڕۆسەی خوێندن راگێرێت و ژمارەیەک لەو تۆمەتبارانەش لە ژێر کاریگەریی کەشی دەرونیی زاڵ بەسەر دۆخی ئێستای وڵاتەکە تەنها بە ئامانجی سەرکێشی ئەو کارانەیان کردوە. وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کردوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی دەستی گروپە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی و گروپە تیرۆریستییەکان لەو روداوانە بەردەوام دەبێت. ئەو وەزارەتە رەتی کردوەتەوە لە روداوی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ ، غازی کیمیایی جەنگی و مەترسیداربەکارهێنرابێت. لە لایەکی دیکەوە پێگەی (مەشرق نیوز) کە نزیکە لە ناوەندی هەواڵگریی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ روداوەکانی ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ دەستی باڵیۆزی بەریتانیا لە تارانی لە پشتە بە ئامانجی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکان لە وڵاتەکە.  

هاوڵاتی سەرۆکی دەزگای کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا - ئافاد دەڵێت، گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023 و بوومەلەرزەکانی رۆژانی دواترەوە بۆ 47 هەزار و 975 کەس بەرزبووەوە. لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئەمڕۆ شەممە یونس سه‌زه‌ر سه‌رۆكی سەرۆکایەتی ئیدارەدانی کارەسات و باری لەناکاوی توركیا (AFAD) ئاشكرایكرد، به‌هۆی بوومه‌له‌رزه‌كانی 6ـی شوباتی باكووری كوردستان و توركیا، كه‌ چه‌قه‌كه‌ی شاری مه‌ڕه‌ش بوو، 47 هه‌زار و 975 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. سه‌زه‌ر باسی له‌وه‌شكرد، كاره‌كانی چاككردن و باشكردن له‌ ناوچه‌ی بوومه‌له‌رزه‌كانی 6ی شوبات، به‌ چڕی به‌رده‌وامه‌ و هه‌ڵدانه‌وه‌ی داروپه‌ردووه‌كانیش درێژه‌ی هه‌یه‌.  ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئه‌نجامی بوومه‌له‌رزه‌كاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، زیادیكردووه‌ و رایگه‌یاند، تا ئێستا 47 هه‌زار و 975 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، له‌وانه‌ شه‌ش هه‌زار و 278 یان سووری و خه‌ڵكی بیانین". سەرۆکی دەزگای ئافاد گوتیشی، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکە زیان بە ماڵ و حاڵیان گەیشتووە و ئێستا لە خێوەت و میوانخانە و شوێنە کاتییەکانی دیکە دەمێننەوە نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار کەسە.  ئاماژەی بەوەشکرد، 935 هەزار و 722 کەس لە پارێزگا بوومەلەرزەلێدراوەکانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە گوێزراونەتەوە.  بەرەبەیانیی رۆژی 6ـی شوباتی 2023، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر، کە چەقەکەی مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. لەو کاتەوەش بە گوێرەی ئافاد. 14 هەزار و 144 پاشلەرزە روویانداوە کە 10 پاشلەرزەیان شەش پلە و 55یان پێنج پلە بوون،

هاوڵاتی بەگوێرەی دواییین راپرسی کە لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکان لە تورکیا ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا پارتی داد و گەشەپێدان ئاکەپە ٤٢.٦ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، بەڵام دەنگەکانی بۆ ٣١٪ دابەزیوە. کۆمپانیای لێکۆلینەوەی ئاکسسۆی لە ٢٦ پارێزگای تورکیا بە بەشداری هەزار و ٥٣٧ کەس راپرسیەکی لەبارەی دەنگی پارتە سیاسیەکانی تورکیا ئەنجامدا کە ئەمجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوەیە: پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) ٣١٪ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ٢٨.٤٪ ئیی پارتی (پارتی باش) ١٢٪ پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ١٠.٣٪ کۆمپانیای “پیار”ی تایبەت بە راپرسی و لێکۆڵینەوەکانیش بەیانی ئەمڕۆ، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئەنجامدابوو، کە ئەمجامەکەی بەم شێوەیەی خوارەوە بوو: پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) 32.3٪ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) 30.8٪ پارتی دیموکراتی گەکان (هەدەپە) 11.6٪ ئیی پارتی (پارتی باش) 8.3٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) 7.1٪ پارتی ئاییندە 3.7٪ پارتی پێشکەوتن و دیموکراسی (دەڤا) 2.1٪ پارتی گەورە تورکیا (بەتەپە) 1.8٪ ئەوانەی دیکە 2.3٪ هەروەها راپرسیەکەی کۆمپانیا پیار لەبارەی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار بەم شێوەیە بوو: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی گەل 57.1٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەگەری زۆرە بە فەرمی ببێتە کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار 42.9٪

هاوڵاتی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارانی داعش بۆسەر ژمارەیەک هاوڵاتی کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دومەڵان بون سنوری پارێزگای حەلەب، سێ هاوڵاتی کوژران و 25ی دیکەش رفێندران. روانگەی سوریا  بۆ مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،  لە ناوچەکانی خەناسری سنوری حەلەبی باشوری رۆژهەڵاتی سوریا، ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش هێرشیانکردوەتەسەر ژمارەیەک هاوڵاتی و سەرەڕای کوشتنی سێ کەس بەچەقۆ، 25 کەسی دیکەشیان رفاندوە کە سەرجەمیان کرێکار بون و لەنێویشیاندا ژن هەیە، تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە. هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر هاوڵاتییان لە چەند ناوچەیەکی سوریا بەرەو گەشەسەندن دەچێت و بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی سوریا، لە سەرەتای مانگی شوباتەوە لە ئەنجامی هێرشە لەناکاوەکانی چەکدارانی داعش لەڕێگەی دەستڕێژی گوللـە و تەقینەوەوە، نزیکەی 139 کەس گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان هاوڵاتی مەدەنین.  هاوکات سەرەڕای مەترسییەکان، دانیشتوانی ئەو ناوچانەی هاوسنورن لەگەڵ بیابانی سوریا بەردەوامن لە کۆکردنەوەی دومەڵان کە وەرزەکەی تا مانگی (نیسان/4)ی ئەمساڵ دەخایەنێت و بە نرخێکی زۆر دەفرۆشرێت، نرخی هەر کیلۆیەک لە نێوان پێنج بۆ 25 دۆلاردایە، بەپێی کوالێتی و قەبارەی دومەڵانەکان.

شارەزایەکی بواری ژینگە لە ئێران هۆشدارایی دەدات کە بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکە مەترسیی رۆچونی لەسەرە و کاریگەریی لەسەر ژیانی نیوەی ژمارەی دانیشتوانی جوگرافیای ئەو وڵاتە دەبێت. عەلی بەیتوڵڵاهی، ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران، رایگەیاند؛ لە دوایین توێژینەوە و خەمڵاندنەکاندا دەرکەوتوە بەهۆی وشکەساكی و بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەویی ئێران روبەری زیاتر لە 46 ملیۆن دۆنم لە خاک کە دەکاتە 11%ی روبەری وڵاتەکە روبەڕوی رۆچون بوەتەوە. بە وتەی ئەو رۆچونی ئەو روبەرە کاریگەریی لەسەر ژیانی 39 ملیۆن کەس دەبێت کە دەکاتە 49%ی کۆی دانیشتوانی ئێران. بەیتوڵڵاهی رونی کردوەتەوە لە روبەری خاکی 380 شار و شارۆچکە و نۆ هەزار و 200 گوند رۆچونی زەویی بە رێژەی جیاواز رویداوە. لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتوە؛ زیاترین مەترسیی رۆچون لەسەر روبەری پارێزگاکانی تاران، ئەسفەهان و خوراسان هەیە و تەنها لە ناوچە دەشتاییەکانی مەشهەد سەر بە پارێزگای خوراسان لە هەندێک شوێن سێ سانتیم بۆ 17 سانتیم رۆچونی زەویی رویداوە. ئەو ئەندامی دەستەی زانستیی ناوەندی توێژینەوەی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردوە کە رۆچونی زەوی کاریگەریی قوڵی لەسەر ژینگە و تەنانەت بوارەکانی ئابوریی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەبێت و دۆخی ئێستای رۆچونی ئەو 11% لە خاکەی وڵاتەکە گەیشتوەتە لوتکەی قۆناغی قەیران. بە وتەی بەرپرسانی ئێران وڵاتەکە نزیکەی 30 ساڵە گیرۆدەی وشکەساڵیی بوە و پێشبینیی کراوە تا 10 ساڵی داهاتو قەیرانی کەمئاوایی و وشکەساڵیی لە وڵاتەکە بەردەوام بێت.

هاوڵاتی کاریگەری ڕێکەوتنی ئێران- سعودیەی عەرەبی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزیی وگرژیەکانی نێوان ئێران و سعودیە، هەردوولا دوێنێ لە پەکینی پایتەختی چین ڕێکەوتننامەیەکیان واژۆکرد لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان، ئەمەش کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر ململانێکان  وگۆڕینی سیاسەتی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کەمبوونەوەی ململانێکان لە یەمەن: دوای ڕێکەوتنی هەریەک لە سعودیە و ئێران شارەزایانی سیاسی پێشبینی دەکەن ململانێکان لە یەمەن بەرەو کەمبوونەوە بچن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوو وڵات بە قووڵی تێوەگلاون لە شەڕی ناوخۆی چەند ساڵەی یەمەن،  سعودیە لە ساڵی ٢٠١٥ هاتە ناو ململانێکانەوە و پشتگیری لە حکومەتی دەربەدەرکراوی وڵاتەکەی کرد، ئێرانیش پشتگیری لە یاخیبووانی حوسییەکانی کردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختدا گرت. بەرپابوونی ئاشتەوایی سیاسی  لە لوبنان: کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ڕیاز و تاران دەکرێت  ببێتە هۆی ئەوەی هەردووکیان کاربکەن بۆ ئاشتەوایی سیاسی لە لوبنان کە ڕووبەڕووی قەیرانێکی  دارایی بێ وێنە بووەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدا کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئێران لە مێژبوو پشتگیری لە حزبوڵای میلیشیای شیعەی لوبنانی بەهێز کردووە ، لە کاتێکدا سعودیە پشتگیری لە سیاسەتمەدارانی سوننەی وڵاتەکەی دەکات و ئەمەش ئاڵۆزی وگرژیەکانی نێوانیان زیاترکردبوو وببووە هۆکارێکی ئاژاوەی گەورە لە وڵاتەکە. پەیوەندیەکانی ئیمارات- ئیسرائیل وئەگەری هێرشکردنە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕێکەوتنی نێوان سعودیە و ئێران پێشبینی دەکرێت ببێتە ئەوەی کە ئیماراتی عەرەبیش بیر لەوە بکاتەوە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئێران بەرەو پێش ببات، لەکاتێکدا کە لەماوەی رابردوودا پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردبۆوە، ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆکاری ئەوەی کە ئیسرائیل بەتەنها دژی گەیشتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە پلەی چەک لە ئێران بوەستێتەوە وپەیوەندیەکانی نێوان ئیسرائیل- ئیمارات بەرەو لاوازبوون و گرژی ببات. ئێران و دەرفەتێک بۆ دەربازبوون لە سزاکانی ئەمریکا وڕۆژئاوا ڕێککەوتنی سعودیە و ئێران دەتوانێت  ڕێگەی نوێ بۆ تاران بۆ دەربازبوون لە سزاکان دابین بکات،  کە لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە ئێستاوە ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیا قووڵتر کردووەتەوە و مۆسکۆی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵگری بۆمب لە شەڕی دژی ئۆکرانیا چەکدار کردووە. سعودیە و دەستکەوتەکانی لە فرۆشتنی نەوتی خاودا لەسەروبەندی ڕێوشوێنەکان دژی گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان دەیەوێت دەیان ملیار دۆلار لە پرۆژەی گەورەدا خەرج بکات بۆ ئەوەی شانشینی سعودیە لە نەوتی خاودا پەرەبستێنیت،  ئەمەش لەکاتێکدایە کە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سەپێنراون بەسەر ئەو وڵاتەدا. سوریا ونزیکبوونەوەی بەشار ئەسەد لە سعودیە لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ١٣ ساڵەی سوریا، بەردەوام ئێران پشتگیری لە سیاسەتی ئەسەد کردووە، لەبەرامبەریشدا سعودیە پشتگیری لە گروپ وبزوتنەوەکانی دژ بە سیاسەتیی ئەسەد وحکومەتەکەی کردووە، بەڵام بەهۆی لێک نزیکبوونەوەی سعودیە وئێران دەشێت سیاسەت ودۆخی سوریا گۆڕانکاری بەسەردا دەبێت و ببێتە هۆکاری نزیکبونەوەی سعودیە لە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.  

سەرۆکی ئەمریکا دۆخی نائاسایی وڵاتەکەی بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە و رایگەیاند جموجۆڵەکانی سوپای پاسداران و چەکدارانی سەر بەو سوپایە مەترسی و هەڕەشەن بۆ ئاسایشی وڵاتەکە. رۆژی هەینی کۆشکی سپی ئەمریکا بڵاوی کردەوە؛ جۆ بایدن ، سەرۆکی وڵاتەکە لە نامەیەک بۆ ئەنجومەنی نوێنەران(کۆنگرێس) دۆخی نائاسایی بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران درێژ کردوەتەوە و فەرمانەکە لە 15ی ئەم مانگەوە نوێ دەبێتەوە. بایدن رایگەیاندوە؛ جموجۆڵ و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدان و بەرفراوانکردنی موشەک و چەکی نائاسایی، دروستکردنی تۆڕی چەکداریی تیرۆریستی و هەوڵە تێکدەرانەکانی سوپای پاسداران و هاوشێوە جێگرەوەکانی تا ئێستاش هەڕەشەی راستەقینەن بۆ ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوە و ئابوریی ویلایەتەیەکگرتوەکان بۆیە فەرمانی دۆخی نائاسایی دژی کۆماری ئیسلامی بۆ ساڵێکی دیکە درێژ کراوەتەوە. فەرمانی دۆخی نائاسایی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی بە ژمارە (12957) لە ساڵی 1995 راگەیەنراوە و لەو ساڵەوە بۆ ماوەی 28 ساڵە بە بەردەوامیی نوێ کراوەتەوە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1995 ئەو فەرمانە لە لایەن بیل کلیۆنتۆن، سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەکان لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکرا و دوای شەش مانگ لە فەرمانەکە، واشنتۆن زنجیرەیەک سزای دژی دەسەڵاتی تاران سەپاند.  

پارێزگای بەسرە میوانداری کۆنفرانسی کەشوهەوای عێراق دەکات بە چاوێری و سەرپەرشتی محمد سودانی و بە بەشداری نێودەوڵەتی ئاژانسی هەواڵی  فەرمی عێراق، بڵایکردەوە پارێزگاری بەسرە ، سبەی ڕۆژی یەکشەممە12ی3 و ڕۆژی دوای دووشەممە 13ی3  میوانداری کۆنفرانسی کەشوهەوای عێراق دەکات، بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانی، بە بەشداری بەرفراوانی نێودەوڵەتی و حکومی و سەندیکاکان، بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراق. کۆنفرانسی (کەشوهەوای عێراق) باس لە هۆکار و کاریگەری و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات لەسەر عێراق، هەروەها باس لە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئەو دیاردانەی لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییەدا دێتە ئاراوە، لە پێش هەموویان فراوانبوونی بیابانبوون و کەمی ئاو و زیانەکانی ژینگەیە. سازکردنی کۆنفرانسەکە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکومەت و هەوڵەکانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش وایکردووە عێراق زۆرترین زیانلێکەوتوو بێت.

هاوڵاتی  وەزارەتی دارایی عێراق خشەی داهاتوو خەرجییەکانی ساڵی پاری بڵاوکردەوەو تیایدا هاتووە عێراق لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 160 تریلیۆن دینار داهاتی هەبووە و رێژەی 95٪ـی داهاتیش نەوتی بووە. بەپێی ئەو خشتەیەی کە وەزارەتی دارایی عێراق بۆ داهات و خەرجیی ساڵی 2022 بڵاویکردووەتەوە، عێراق بەڕێژەی 95٪ پشت بە داهاتی نەوتی دەبەستێت. بەپێی خشتەکە، داهاتی عێراق بەمشێوەیە بووە: - داهاتی نەوتی 154 تریلیۆن و 38 ملیار و 649 ملیۆن و 122 هەزار دینار داهاتی نانەوتی 7 ترلیۆن و 658 ملیار و 787 ملیۆن و 624 هەزار دینار کۆی داهات 161 تریلیۆن و 697 ملیار و 436 ملیۆن و 746 هەزار دینار - رێژەی داهاتی نەوتی لەکۆی گشتیی داهات: 95٪ - رێژەی داهاتە نانەوتی لە کۆی گشتیی داهات: 5٪ کۆی داهاتیش بەپێی سەرچاوەکان بەمشێوەیە بووە:  کۆی گشتی: 161 ترلیۆن و 697 ملیار و 436 ملیۆن و 746 هەزار دینار - نەوت  153 ترلیۆن و 623 ملیار و 276 ملیۆن و 913 هەزار دینار - باجی داهات و سامان دوو ترلیۆن و 778 ملیار و 66 ملیۆن و 226 هەزار دینار - باجی شمەک و بەرهەمهێنان یەک ترلیۆن و 133 ملیار و 331 ملیۆن و 16 هەزار دینار - رسومات یەک ترلیۆن و 257 ملیار و 936 ملیۆن و 480 هەزار دینار  - داهاتی گواستنەوە یەک ترلیۆن و 41 ملیار و 742 ملیۆن و 140 هەزار دینار - داهاتی دیکە یەک تریلیۆن و 124 ملیار و 290 ملیۆن و 111 هەزار دینار - داهاتی سەرمایە 97 ملیار و 412 ملیۆن و یەک هەزار دینار   بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی عێراق بڵاویکردووەتەوە، خەرجی لە ساڵی 2022دا زیاتر لە 116 تریلیۆن دینار بووە.     خەرجی بەپێی وەزارەت و فەرمانگەکان بەم جۆرە بووە:   - کۆی گشتی   116 تریلیۆن و 959 ملیار و 581 ملیۆن و 692 هەزار دینار   - ئەنجوومەنی نوێنەران   543 ملیار و 805 ملیۆن و 920 هەزار دینار    - سەرۆکایەتیی کۆمار   52 ملیار و 480 ملیۆن و 215 هەزار دینار   - ئەنجوومەنی وەزیران   7 ترلیۆن و 571 ملیار و 265 ملیۆن و 312 هەزار دینار   - وەزارەتی دەرەوە   268 ملیار و 851 ملیۆن و 976 هەزار دینار   - وەزارەتی دارایی   23 ترلیۆن و 752 ملیار و 232 ملیۆن و 189 هەزار دینار   - وەزارەتی ناوخۆ   12 ترلیۆن و 138 ملیار و 846 ملیۆن و 687 هەزار دینار   - وەزارەتی کار و کارووباری کۆمەڵایەتی   4 ترلیۆن و 765 ملیار و 76 ملیۆن و 344 هەزار دینار   - وەزارەتی تەندروستی و ژینگە   4 ترلیۆن و 34 ملیار و 142 ملیۆن و 422 هەزار دینار   - وەزارەتی بەرگری   6 ترلیۆن و 850 ملیار و 112 ملیۆن و 729 هەزار دینار   - وەزارەتی داد   یەک ترلیۆن و 206 ملیار و 807 ملیۆن و 162 هەزار دینار   - وەزارەتی پەروەردە   دوو ترلیۆن و 441 ملیار و 92 ملیۆن و 531 هەزار دینار   - وەزارەتی وەرزش و لاوان   188 ملیار و 458 ملیۆن و 947 هەزار دینار   - وەزارەتی بازرگانی   9 ترلیۆن و 931 ملیار و 33 ملیۆن و 143 هەزار دینار   - وەزارەتی رۆشنبیری   124 ملیار و 328 ملیۆن و 354 هەزار دینار   - وەزارەتی گواستنەوە   233 ملیار و 501 ملیۆن و 807 هەزار دینار   - وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن   یەک ترلیۆن و 959 ملیار و 581 ملیۆن و 692 هەزار دینار   - وەزارەتی کشتوکاڵ   149 ملیار و 232 ملیۆن و 559 هەزار دینار    - وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان   705 ملیار و 600 ملیۆن و 96 هەزار دینار   - وەزارەتی نەوت   سێ ترلیۆن و 305 ملیار و 35 ملیۆن و 853 هەزار دینار   - وەزارەتی پلاندانان   55 ملیار و 910 ملیۆن و 281 هەزار دینار   - وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان   968 ملیار و 866 ملیۆن و 676 هەزار دینار   - وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی   دوو ترلیۆن و 337 ملیار و 792 ملیۆن و 532 هەزار دینار   - وەزارەتی کارەبا   13 ترلیۆن و 392 ملیار و 462 ملیۆن و 842 هەزار دینار   - وەزارەتی گەیاندن   13 ملیار و 146 ملیۆن و 853 هەزار دینار   - وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران   146 ملیار و 663 ملیۆن و 888 هەزار دینار   - حکومەتی هەرێمی کوردستان   400 ملیار دینار    فەرمانگەکانی نەبەستراوە بە وەزارەتەوە   یەک ترلیۆن و 95 ملیار و 926 ملیۆن و 783 هەزار دینار   - پارێزگای بەسرە   دوو ترلیۆن و 834 ملیار و 700 ملیۆن و 724 هەزار دینار   - پارێزگای نەینەوا   620 ملیار و 475 ملیۆن و 903 هەزار دینار   - پارێزگای بەغدا   سێ ترلیۆن و 596 ملیار و 439 ملیۆن و 364 هەزار دینار   - پارێزگای زیقار   یەک ترلیۆن و 294 ملیار و هەشت ملیۆن و 212 هەزار دینار   - پارێزگای دیالە   یەک ترلیۆن 226 ملیار و 207 ملیۆن و 979 هەزار دینار   - پارێزگای بابل   یەک ترلیۆن و 476 ملیار و 790 ملیۆن و 1 هەزار دینار   - پارێزگای ئەنبار   یەک ترلیۆن و 517 ملیار و 561 ملیۆن و 722 هەزار دینار   - پارێزگای میسان   670 ملیار و 520 ملیۆن و 376 هەزار دینار   - پاریزگای واست   یەک ترلیۆن و 45 ملیار و 870 ملیۆن و 645 هەزار دینار   - پارێزگای نەجەف   یەک ترلیۆن و 38 ملیار و 691 ملیۆن و 688 هەزار دینار   - پارێزگای دیوانییە   یەک ترلیۆن و 40 ملیار و 361 ملیۆن و 765 هەزار دینار   - پارێزگای موسەننا   575 ملیار و 271 ملیۆن و 474 هەزار دینار   - پارێزگای کەربەلا   993 ملیار و 951 ملیۆن و 51 هەزار دینار   - پارێزگای سەڵاحەدین   269 ملیار و 953 ملیۆن و 850 هەزار دینار   - ئەنجوومەنی دەوڵەت   چوار ملیار و 773 ملیۆن و 991 هەزار دینار   - ئەنجوومەنی باڵای دادوەری   413 ملیار و 359 ملیۆن و 26 هەزار دینار   - دادگەی باڵای فیدراڵی   چوار ملیار و 548 ملیۆن و 691 هەزار دینار   - دەستەی گشتیی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان   507 ملیۆن و 663 هەزار دینار

ئەمریکا سزادانی پێنج کۆمپانیای چین و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی و 39 کۆمپانیا و دامەزراوەی ئێرانی بەهۆی خۆدزینەوەی دەسەڵاتی وڵاتەکە لە سزا نێودەوڵەتییەکانی راگەیاند. ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی هاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (شاهید 136) پێنج کۆمپانیا لە چین سزادراون. وەزارەتی گەنجینە رونی کردوەتەوە؛ ئەو پێنج کۆمپانیایە لە چوارچێوەی تۆڕێکدا و بە هاوکاریی بەرپرسێک هەزاران کەرەستە و پارچەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لە وڵاتی چین بۆ ئێران رەوانە کردوە. برایان نێلسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە بواری تیرۆریزم و زانیارییە داراییەکانیان رایگەیاند؛ کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ روسیا، راستەوخۆ بەشدارە لە تاوانی کوشتنی هاوڵاتییانی ئۆکرانیا بۆیە واشنتۆن بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزاکانی دژی تاران. هاوکات وەزارەتی گەنجینە لە بەیاننامەیەکی دیکەدا سزادانی 39 کۆمپانیا و ناوەند و دامەزراوەی دارایی و نەوت و پتڕۆکیمایی کۆماری ئیسلامیی راگەیاند و ئاشکرای کرد تاران بۆ سپیکردنەوە داراییەکانی سودی لە ژمارەیەک کۆمپانیا لە سەنگاپورا و مالیزیا و هۆنگ کۆنگ وەرگرتوە. بە پێی بەیاننامەکەی وەزارەتی گەنجینە سەرجەم ئەو کۆمپانا و دامەزراوانەی کە خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە رۆڵیان هەبوە لە ساخکردنەوەی نایاسایی نەوت و بەرهەمە پتڕۆکیمیاییەکانی ئێران و بونەتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی رابردودا دەیان ملیار دۆلاری بە نایاسایی دەستکەوێت. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە 24 کاتژمێردا زیاترین سزای دژی کۆماری ئیسلامی ئێران سەپاندوە و دوێنی چوارشەمە نۆ بەرپرس و دامەزراوەی ئێرانی خستە لیستی سزاکانیەوە.

زیاتر لە 100 رۆژە دیاردەی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچان لەئێران سەریهەڵداوەو ئەو رووداوانەش باڵی بەسەر وڵاتەكەدا كێشاوە بەتایبەت كەدەركەوتووە بەماددەی كیمیایی دەگمەن هێرش دەكرێتەسەر خوێندنگاكانی كچان كەدەستكەوتنی ئاسان نییە. ژەهراویكردنەكە لەچەند رۆژی رابردوودا گەیشتە خوێندگاكانی كچانی رۆژهەڵاتی كوردستان و لەشارەكانی كرماشان، سنە، ورمێ و ئیلام دەیان كچ رەوانەی نەخۆشخانەكان كران و تائێستا بەگشتی رووداوی ژەهراویبوون 18 پارێزگای ئێرانی گرتووەتەوە. رووداوەكە سەرجەم میدیاو دامەزراوە فەرمییەكان و سەرۆكایەتییەكان و پەرلەمانی ئێرانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووەو بەبێ ئەوەی یەك سەرەداو لەئەنجامدەرانی رووداوەكە دەركەوتبێت یان حكومەت هیچ زانیارییەكی بۆ خەڵك دركاندبێت، چونكە زۆربەی ئەو خوێندنگانەی رووبەڕووی ئەو دیاردە بوونەتەوە تۆماری كامێراكانی چاودێرییان هیچ ئاماژەیەكی تۆمار نەكردووە كە كەسێك یان كەسانێك ئەو هێرشەیان ئەنجامدابێت. بەسەرنجدان لەوێنەو تۆمارە ڤیدیۆییەكانی ناڕەزایەتییەكانی دوای مەرگی ژینا دەردەكەوێت ئامادەبوونی كچانی خوێندكارو ژنان لەناڕەزایەتییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەرچاوەو هەر لەسەرەتای خۆپیشاندانەكانەوە كچان و ژنان بەشێوازێكی جیاواز لەناڕەزایەتییە باوەكان پێشەنگ بوون بەجۆرێك كە بەشۆڕشی ژن ناودەهێنرا. دەیان تۆماری ڤیدیۆیی كچانی خویندكار بڵاوبووەوە كەوێنەكانی خومەینی و خامنەیی لەناو هۆڵەكانی خوێندن دەسوتێنن و تەنانەت ئەو كچانە سەرجەم لاپەڕەی ئەو كتێب و پەرتوكانەی خوێندن كەوێنەی ئەو دوو كەسی تێدابوایە لێدەكردەوەو دەیاندڕاندو دەیانسوتاند. هەموو ئەو وێنەو تۆمارانەی كە لەناڕەزایەتییەكانی كچانی رۆژهەڵات و ئێران تۆماركراوە بەسە بۆ ئەوەی گومان لەوەنەكرێت ژەهراویكردنیان تۆڵەی ئەو رۆژانەیەو تەنانەت هەندێك چالاكوان و كەسایەتییە ناودارە ئاینییەكانیش حاشایان لەوە نەكردووە كەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بەكیمیایی تۆڵە لەو كچە خوێندكارانە دەكاتەوە.   هێرش دەكرێتە سەر خوێندنگاكانی كچان رۆژنامەی (هەم میهەن) لەئێران بڵاویكردووەتەوە؛ لەچەند خوێندگەیەك شتێكی هاوشێوەی تۆپی یاریی لەدەرەوە خراوەتە ناو حەوشەو بینای خوێندگەكان و دواتر بۆنی میوەی رزیوو پرتەقاڵ و نارنج بڵاوبووەتەوەو لەئەنجامدا خوێندكاران بەو بۆنە ژەهراویی بوون. ئەوەی جێگەی سەرنجە تائێستا هیچ كەسێك یان هێرشكارێك لەكامێراكانی چاودێریی و لەلایەن خەڵكەوە نەبینراوە كەڕاستەوخۆ هێرشی كردبێتەسەر خوێندنگایەكی كچان یان ئەو شتەی لەشێوەی تۆپە هەڵیدابێتە خوێندنگەكانەوە. چەند سەرچاوەیەك لەناو ئێران ئاماژەیان بەوە كردووە كەئەو كچانە لەڕێگەی سپرا ژەهراویی كراون و پێشتر گروپێك بەناوی فیداییانی ویلایەت وەك ئاماژەیەك بەپشتیوانیی لەبازنەی دەسەڵاتی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران ئەو رووداوانەیان گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام لەئێستا تەنها گروپی هێزارەگەرا تۆمەتباری سەرەكیی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچەكانە. پزیشكێك ئاشكرای كردووە لە رووداوی بەكارهێنانی ماددەی كیمیایی دژی خوێندكارانی كچ، چەند ماددەیەك بەتێكەڵكراوی بەكارهێنراون كەدەست كەسانی ئاسایی ناكەوێت. محەمەد رەزا هاشمیان، پسپۆڕی بواری چاودێریی وردی پزیشكی لەنەخۆشخانەیەكی تاران رایگەیاندووە لەنزیكەوە چاودێریی ژمارەیەك خوێندكاری كچی كردووە كەژەهراویبوون و هۆكارەكەشی هەڵمژینی چەند جۆرێك ماددەی كیمیاییە كەتێكەڵكراوەو كەسانی ئاسایی ناتوانن ئەو ماددە كیمیاییانە دەستخەن  یان بەكاریبهێنن. عەلی كیمایی ئێران‌ رووداوی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار لەئێران كە بەهێرشی كیمایی لەقەڵەمدەدرێت و پەنجەی سەرەكیی تۆمەتەكان بۆ لایەنگرانی دەسەڵاتی خامنەیی رادەكێشرێت.  عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی بەهۆی رووداوەكانی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار بە «عەلی كیمیایی ئێران» ناوی دەهێنرێت وەك ئاماژەیەك بە عەلی حەسەن مەجید كەتاوانباری كیمیابارانكردنی شاری هەڵەبجە بوو. لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئێران زۆربەی تیرو توانجەكان لەسەر رووداوەكانی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار ئاڕاستەی دەسەڵات دەكرێت و تائێستا دوو گروپ بەناوەكانی (هێزارەگەرا) و (فیداییانی ویلایەت) تۆمەتبارن بەئەنجامدانی ئەو ژەهراویكردنانە كەهەردوو گروپەكە لایەنگری خامنەیین. گروپی فیداییانی ویلایەت لە ساڵی 1988 لە ئێران دوای تەواوبونی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئەو وڵاتەوە رژێمی بەعس دەركەوتوە كە هیچ ناوەند و شوێنێكی فەرمیی نییە و تەنها بانگەشەی ئەوە دەكەن پشتیوانیی لە كۆماری ئیسلامیی و بە دیاریی كراوی ویلایەتی فەقهـی یان بەیتی رەهبەری واتا خامنەیی و دەوروبەرەكەی دەكەن. محەمەد تەقی فازڵ مەیبودی، ئەندامی دەستەی زانایانی ناوەندی مامۆستایانی ئاینیی شاری قوم بەڕۆژنامەی (شەرق)ی  ئێرانی راگەیاندوە؛ رووداوەكە بەئەنقەستەو دەستی گروپێكی توندڕەوی لەپشتە كەدژی خوێندنی كچانن، بەڵام دواتر مەیبۆدی لەژێر فشاری دەزگا ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیدا ناچاربوو لەلێدوانەكانی پاشگەز ببێتەوە. بەوتەی ئەو گروپێكی توندڕەوی شیعە بەناوی (هێزارەگرا) لەئێران دەستیان لەژەهراویكردنی خوێندكاران و قوتابیانی كچدا هەیە كە بە بۆكۆحەرام-ی ئێران ناویان دەهێنرێت. مەولەوی عەبدولحەمید، رێبەرو پێشەوای سوننەكانی سیستان و بەلوچستان رایگەیاندووە؛ ژەهراویكردنی كچان تۆڵەی دەسەڵاتە، چونكە كچان و خوێندكاران زیاترین بەشدارییان لەناڕەزایەتییەكاندا كردووە.   ژەهراویكردنی كچان هاوشێوەی ئەفغانستان و چیچان ساڵی 2004 و ناوچەی خۆبەڕێوبەری كۆماری ئەوسیتیای باكوری (ئالانیا) گروپێكی توندڕەو بۆ رێگریی لەخوێندنی كچان نزیكەی 800 خوێندكاریان بەبارمتە گرت و 160 خوێندكاریان كوژران، تەنها لەبەرئەوەی ئەو گروپە دژی خوێندنی كچان و ژنان بوون و ساڵیك دوای ئەو رووداوەش زنجیرەیەك ژەهراویبوونی خوێندكاران لەناوچەكانی باكوری رۆژهەڵاتی چیچان روویدا. ئەو رۆژنامەنووسەی لێكۆڵینەوەی لەهۆكاری ژەهراویبوونی خوێندكارانی چیچانی دەكرد ساڵی 2007 لە رووداوێكی گوماناویدا كوژراو روسەكان تۆمەتباركران بەكوشتنی ئەو رۆژنامەنووسە، چونكە رەخنەگری هەیمەنەو دەسەڵاتی ڤلادیمیر پوتین لەڕوسیاو ناوچەكە بوو. ساڵی 2016 لەئەفغانستان بەماددەیەكی كیمیایی هێرش كرایەسەر خوێندنگەیەكی كچان لەشاری هەرات لەو وڵاتەو دواتر رێكخراوی تاڵیبان هێرشەكەی لەئەستۆ گرت و رایگەیاند ئەو هێرشە وەك كاردانەوەیەكە بەرامبەر بەخوێندنی كچان و ژنان لەوڵاتەكەدا. رۆژی شەممە (4/3/2023) ژەهراویبوونی كچانی خوێندكار لە 33 شاری ئێران و چوار شاری رۆژهەڵاتی كوردستان روویداو دەیان كچ بەهۆی رشانەوەو كێشە لەهەناسەدان رەوانەی نەخۆشخانەكان كران و تەنها لەتاران رووداوی ژەهراویبوون لە 27 خوێنگەی كچان روویدا. رۆژی یەكشەممە (5/3/2022) تەنها لەشاری زاهیدان لەپارێزگای سیستان و بەلوچستان نزیكەی 800 خوێندكاری كچ بەهۆی ژەهراویبوون رەوانەی نەخۆشخانە كراون كە 200 كەسیان پێویستیان بەچاودێریی پزیشكی بووە لەو رۆژەدا لانیكەم رووداوی هاوشێوە لە 80 خوێندنگەی سەرتاسەری ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان روویدا. ئەگەرچی پێشتر ئەو دیاردەیە لەڕۆژهەڵاتی كوردستان بەدی نەدەكرا، بەڵام نزیكەی هەفتەیەكە دەیان خوێندكاری كچ لەخوێندنگەكانی ئەو بەشە لەكوردستان بەهۆی ژەهراویبوونەوە رەوانەی نەخۆشخانەكان كراوە. شارەكانی ورمێ، سنە، كرماشان، ئیلام و دەیان شاری دیكەی رۆژهەڵات گیرۆدەی دووبارەبوونەوەی زنجیرەی رووداوی ژەهراویبوونی كچان بوون و رۆژ نییە دەیان خوێندكار رەوانەی نەخۆشخانە نەكرێن، بەڵام تائێستاش هیچ كەس یان كەسانێك بەتۆمەتی ئەنجامدانی ئەو كارە دەستگیرنەكراوە.   قوم لەسەر ژەهراویكردنی كچان دەێتە دەنگ ئەنجومەنی زانایان و تووێژەرانی ناوەندی زانستی ئاینیی قوم كە بەپایتەختی ئاینیی شیعە لەقەڵەمدەدرێت لەبەیاننامەیەكدا؛ ئیدانەی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچی لەوڵاتەكە كردو رایگەیاند؛ ئەو هێرشە كیمیایی و بایۆلۆژییانە بۆ سەر كچان تەنها قەیرانی وڵاتەكە قووڵتر دەكاتەوە. لەبەیاننامەكەدا هۆشداریی دراوە بەدەسەڵاتداران كە ئەو هێرشانە بۆ رێگریی لەخوێندنی كچانەو ئامانجی ترس و تۆقاندنی گشتیی ئەنجامدەدرێت و لەگەڵ كێشەی بژێوی و ناكارامەیی حكومەت ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ سەرهەڵدانی قەیرانی نایاسایی بوونی دەسەڵاتی وڵاتەكەو قوڵبوونەوەی قەیران و ناڕەزایەتییەكان. ئەو ئەنجومەنە كەنزیكە لەباڵی ریفۆرمخوازانی كۆماری ئیسلامی ئێران لەبەیاننامە توندەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كەلێدوانی دژبەیەك و ناڕاستی بەرپرسان هێندەی دیكە دۆخەكەی ئاڵۆز كردووەو تەنانەت ئەو هێرشانە هاوتەریبە لەگەڵ ئەو لایەنە توندڕەوە ئاینییەی كە لەڕێگەی پەروەردەی ئاینییەوە دژی خوێندنی كچانەو لەژێرەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتیوانیی لێدەكرێت.   یونیسێف هۆشداریی دەداتە ئێران نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمریكا لەسەر ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچ لەئێران هاتنەدەنگ و نووسینگەی سندوقی منداڵان-ی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكان (یونیسێف) هۆشداریی داوە لەزنجیرەی رووداوی ژەهراویكردنی كچان و خوێندكاران لەوڵاتەكەو رایگەیاندووە؛ كاریگەریی خراپی لەسەر باری دەروونیی ئەو خوێندكارانەو كۆمەڵگە دروستكردووە و پڕۆسەی خوێندن رووبەڕووی كێشە بووەتەوە. هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەڕێگەی وتەبێژەكەیەوە رایگەیاند؛ خوێندن مافی كچان و ژنانەو واشنتۆن چاوەڕێی ئەوەیە هۆكارەكانی ژەهراویكردنی خوێندكارانی كچ لەئێران ئاشكرا ببێت. نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وتوویەتی: نیگەرانین لەژەهراویكردنی كچانی خوێندكار لەئێران و چاوەڕێین لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت و هۆكارەكانی ئەو رووداوانە ئاشكرا بكرێن.   گومانەكان لەسەر دەسەڵاتە ئەگەرچی تائێستا دەسەڵات لەئێران هیچ هۆكارێك یان كەسانێك كەدەستیان لەو رووداوانەدا هەبێت ئاشكرا نەكردووە، بەڵام زۆربەی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی رایانگەیاندووە كە ئەو رووداوانە گەورە كراونەتەوەو دوژمنان و نەیاران دژی دەسەڵاتی وڵاتەكە بەكاریدەهێنن. شارەزایانی سیاسی و پسپۆڕانی كۆمەڵایەتیی لەئێران بەبەیاننامەیەك هۆشدارییان داوە كەئەو رووداوانە ئەنجامی ژووری بیركردنەوەی دەسەڵاتە بەرامبەر نەیاران بۆ ئەوەی دۆخی وڵاتەكە بگەڕێتەوە بۆ دواوەو دواكەوتوویی باڵ بەسەر ئێراندا بكێشێتەوە. ژمارەیەك لەپەرلەمانتارانی ئێران لەڕۆژی یەكشەممەدا داوایانكرد بابەتی سەرەكیی كۆبوونەوەی پەرلەمان تایبەت بكرێت بە رووداوی ژەهراویكردنی كچانی خوێندكار بەڵام لەلایەن محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆكی پەرلەمانەوە رێگریی لەو كارەو لێدوانی پەرلەمانتاران كراو ئەوەش وایكرد پەرلەمان گرژیی و دەمەقاڵێی تێبكەوێت.   دەسەڵات ئۆپۆزسیۆن و نەیاران تۆمەتبار دەكات میدیاو بەرپرسانی سەر بەدەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو رووداوانەشدا ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندنەكانی دەرەوەی وڵاتەكە تۆمەتباردەكەن بەوەی كە رووداوەكانیان زۆر زیاتر لەقەبارەی خۆی گەورەكردووەتەوە و ئەوەش بووەتە هۆكارێك كە باری دەروونیی كچانی خوێندكار تێكبچێت. دەسەڵاتدارانی ئێران بەوەشەوە نەوەستاونەتەوەو رایانگەیاندووە ئەگەر ئەو ژەهراویكردنانە دەستی لەپشت بێت ئەوا روونە كەئەو جۆرە كارانە لەكێ دەوەشێتەوەو لەبەرژەوەندیی چ لایەنێكە، چونكە دەسەڵات هیچ كاتێك كار لەسەر تێكچوونی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەكە ناكات. ئاژانسی تەسنیم كەزمانحاڵی باڵی توندڕەوی كۆماری ئیسلامی ئێرانە، بڵاویكردووەتەوە؛ كۆماری ئیسلامی لەكاتی جەنگی ئێران و رژێمی بەعس لەعێراق دەستی لەبەكارهێنانی چەكی كیمایی نەبووە، بەڵام رێكخراوی موجاهیدینی خەلق هاوشانی رژێمی بەعس هاوكاریی لەكیمایابارانی هەندێك ناوچەی ئێران و عێراق كردووە. رۆژنامەی كەیهان كە سەر بەباڵی توندڕەوی كۆماری ئیسلامییە نووسیویەتی: ئەو رووداوانە بەشێكە لەجەنگی تایبەت دژی كۆماری ئیسلامی كە لەڕێگەی كلك و كۆیلەكانی دەزگا هەواڵگرییەكانی وڵاتانی رۆژئاوا بەڕێودەچێت. بەگشتی بەهۆی ژەهراویبوونی كچانی خوێندكارەوە دۆخێكی ناسەقامگیر بەسەر ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستاندا زاڵ بووەو دەسەڵاتیش بەئاشكرانەكردنی سەرەداوەكان بووەتە هۆی قوڵبوونەوەی گومانەكان.