هاوڵاتی کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیکی تایبەت بە راپرسیەکان لە تورکیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە دواین زانیارییەکان لە بارەی سەرکەوتنی کلچدار ئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بەرامبەر ئەردۆغان دەخاتە ڕوو. لە ڕاپرسییەکەدا ئەوە ڕونکراوەتەوە کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا بە جیاوازیەکی زۆر شکست بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات دەهێنێت. کۆمپانیای سۆسیۆ پۆلیتیک راپرسیەکی مەیدانی لەبارەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامداوە کە هەزار و ٥٦٩ کەس بەشداریان لە راپرسیەکەدا کردووە. ئەنجامی راپرسیەکە بەم شێوەیەیە: کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی ئۆپۆزسیۆن ٥١.٧٪ و رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدی دەسەڵات ٤٤.١٪ موحەڕەم ئینجە کاندیدی پارتی مەملەکەت ٣٪ سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانی ئاتا ١.٢٪ دەهێنن. هەروەها بەپێی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییەکانیش بەم شێوەیە دەبێت: ئاکەپە ٣٢.٣٪ جەهەپە ٢٨.٧٪ پارتی چەپی سەوز -هەدەپە ١١.٧٪ پارتی باش ١١.٣٪ مەهەپە ٦.١٪ پارتی دەڤا ٣.٤٪ پارتی سەرکەوتن ٢٪ پارتی مەملەکەت ١.٤٪ پارتی ئاییندە ١.١٪ پارتی کرێکارانی تورکیا ١.١٪ پارتی سەعادەت ٠.٩٪ بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە 14 ی ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمارلە تورکیا بەڕێوەبچێت و ململانێیەکی بەهێز لە نێوان لیست و لایەنەکاندا هەیە.
بەهای تمەن بەردەوامە لە دابەزین و بانکی ناوەندیی ئێران رایگەیاند؛ کڕین و فڕۆشی دراوەکان لە بازاڕدا سنوردار دەکات و داوا لە خەڵک دەکرێت رو لە شوێنە فەرمییەکان بکەن بۆ دابینکردنی دۆلار. محەمەدڕەزا فەرزین، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ئەمڕۆ دوشەممە رایگەیاند؛ بانکی ناوەندیی هەوڵ دەدات بازاڕی نافەرمیی ئاڵوگۆڕی دراوەکان و بە تایبەت دراوی دۆلار سنوردار بکات، چونکە ئەو بازاڕانە بونەتە شوێنی سپیکردنەوەی پارە و زیان بە ئابوریی وڵاتەکە دەگەیەنێت. فەرزین وتویەتی: رێگریی لە ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕە نافەرمییەکان و ئەو شوێنانە دەکرێت کە هەماهەنگییان لەگەڵ بانکی ناوەندیی نییە. لە دوای وتەکانی فەرزین بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی ئێران بەرزبونەوەی زیاتری بەخۆیەوە بینی و بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە نزیکەی 56 هەزار تمەن لە کاتێکدا ئەمڕۆ سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکان لەو وڵاتە بەهای یەک دۆلار 55 هەزار و 100 تمەن بو. لە لایەکی دیکەوە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ئاشکرای کردوە؛ ناوندێکیان لە ناو حکومەتەدا پێکهێناوە بۆ رێگریی لە ئەنجامدانی بازرگانیی بە دراوی دۆلار لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی بەهای دراوی تمەن. هەوڵەکانی ئێران بۆ دابەزینی زیاتری بەهای تمەن دوای ئەوە دێت کە رۆژی یەكشەممە (26/2/2023) بۆ یەكەمجار لە مێژودا بەهای یەك دۆلار گەیشتە 60 هەزار و 50 تمەن و ئەوەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دۆلار لە مێژوی وڵاتەکە لەقەڵەم دەدرێت.
هاوڵاتی بۆ جاری سێیەم سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایانگەیاند، ئاگربەستی مرۆیییان بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژکردووەتەوە. هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە داوە، بە مەبەستی کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییەکانیان و دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانن بگەنە شوێنە سەلامەتەکان، لەمڕۆ بە دواوە ئاگربەستی مرۆیی بۆ سێ رۆژی دیکە درێژکرایەوە. هەروەها سوپای ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، بە هەوڵی سعوودیە و ئەمریکا، بڕیاریانداوە ئاگربەستەکە بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری دیکە درێژ بکەنەوە. سەرەڕای ئاگربەست کە شەوی ٢٨ی نیسان دەستی پێ کرد، لە خاڵە ناوچە جیاوازەکانی خەرتومی پایتەخت، پێکدادانەکان لە نێوان سوپای وڵات و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوام بوو وهەردوولا یەکتریان بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبار کرد. عەمید نەبیل عەبدوڵڵا گوتی: "ئەگەری زۆرە بە نێوەندگیری ئەمەریکا و سعوودیە و ژمارەیەک لە وڵاتان ئاگربەستە راگەیەندراوەکە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ماوەیەکی زیاتر درێژ بکرێتەوە و ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، نەک بە هێز". ئەو بەرپرسەی سوپای سوودان لەبارەی داخرانی باڵیۆزخانەی ژمارەیەک وڵاتان لە خەرتوومی پایتەخت، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی هاتووەتە ئاراوە، ژمارەیەک وڵات باڵیۆزخانەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی داخستووە و لە ئێستادا سەرقاڵی بردنەوە دەرەوەی هاووڵاتییانیان، بەڵام دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە باڵیۆزخانەکانیان دەکەنەوە و دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
شارەوانیی پایتەختی ئێران رایگەیاند پابەندنەبون بە بڕیارەکانی حکومەت بۆ سەرپۆش و باڵاپۆش سزای لێدەکەوێتەوە و سەرۆکی شارەوانی تاران دەڵێت 12 ساڵە دوژمنان دژی باڵاپۆشیی هەنگاو دەنێن. عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی ئێران رایگەیاند؛ پێنج مانگە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی خانمان دەدرێت بۆ پابەندبون بە سەرپۆش و باڵاپۆشەوە و هەوڵەکانیش 70 وێستگەی میترۆی لە تاران گرتوەتەوە. بە وتەی زاکانی رێوشوێنی کاریگەریان لە دژی خانمانی بێسەرپۆش گرتوەتەوەبەر و لە قۆناغی یەکەمدا هۆشیاریی و لە قۆناغی دەوەمەدا ئەو خانمانە ئاگادار دەکرێنەوە و لە قۆناغی سێیەمدا هاتوچۆیان بۆ میترۆ و بەکارهێنانی هێڵەکانی شەمەندەفەر لەو خانمانە قەدەغە دەکرێت. سەرۆکی شارەوانیی تاران وتویەتی: پابەندنەبونی کچان و ژنان بە یاساکانی باڵاپۆشبون لە کۆماری ئیسلامی 12 ساڵە لە لایەن دوژمنانەوە کاری بۆ دەکرێت بۆیە بەرەنگاری ئەو دیاردەیە دەبنەوە. ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە رێوشوێنەکانی سەپاندنی سەرپۆش و باڵاپۆش لە شوێنە گشتییەکانی تاران توندبوەتەوە و دەیان ناوەندی بازرگانیی و خواردنگە و مارکێت و بازاڕ بە بیانوی بونی خانمانی بێسەرپۆش داخراون.
سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، دوای هەڵبژاردن دەردەکەوێت کە ژمارەیەک کاندیدی لایەنەکان و رۆژنامەنووسان لەلایەن دەسەڵاتەوە کڕدراون. سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە تویتێکدا، هەندێک زانیاری بڵاوکردەوە کە لە میدیاکانی تورکیادا دەنگی دایەوە. دەمیرتاش رایگەیاند، ژمارەیەک کاندیدی لایەنەکان و رۆژنامەنووسان کە خۆیان وەک ئۆپۆزسیۆن لەقەڵەم دەدەن، کار بۆ دەسەڵات دەکەن و کڕدراون و وتی، " دوای هەڵبژاردن راستی ئەو کەسانە ئاشکرا دەبێت." هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە کە حەوت ساڵە لە زینداندایە بانگەوازێکی ئاڕاستەی گەنجان کرد و رایگەیاند، "بڕیاری خۆیان بدەن، دەنگتان بۆ کاندیدە بێبنەماکان مەسووتێنن. کلیلەکە لای ئێوەیە و بێهیوا مەبن و دەست بە گۆڕانکاری بکەن." هەروەها دەشڵێت، داهاتووی کۆمەڵگا گەنجەکان و هاوپەیمانی کۆماری وەک هاوپەیمانی 'تالیبان' لەقەڵمدا و راشیگەیاند، بۆ ئەوەی هاوپەیمانی تالیبان رابگرن، هەلێکی گەورە هەیە و گۆڕانکاری بکەن.
هاوڵاتی لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە پارێزگای شڕنەخی باکوری کوردستان ٤٧ سەربازی تورکیا گیانیان لەدەستدا و بریندار بوون. لە سەر رێگەی شاروچکەی سێگرکیی سەر بە ناوچەی قلەبانی شڕنەخی ئۆتۆبۆسێکی سەربازانی تورکیا وەرگەڕا. بەگویرەی زانیاریەکانی میدیاکانی تورکیا لە رووداوەکەدا، دوو سەربازی تورکیا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها باسی ئەوەش دەکرێت کە ٤٤ سەربازی تورکیا و شۆفێری ئۆتۆبۆسەکە بریندار بوون کە برینی ژمارەیەکیان سەختە. بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەی دەوڵەت لە شڕنەخ گواستراونەتەوە و تیمەکانی سەر بە سوپای تورکیا لە ناوچەکە دەستیان بە لێکۆلینەوە کردووە.
ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و تورکیا دادەبەزێت و هاوردەکردنی غازی ئێرانیش دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت. تورکیا بڵاوی کردەوە؛ لە سێ مانگی ئەمساڵدا ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی لەگەڵ وڵاتی ئێران یەک ملیارد و 370 ملیۆن دۆلار بوە و بڕی زیاتر لە یەک ملیارد و 500 ملیون مەتر سێجا غازی لەو وڵاتەوە هاوردە کردوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئێران بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 14% کەمی کردوە و لەو ماوەیەدا تورکیا بە بڕێ 702 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردە ئێران کردوە کە 2% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە بەڵام کڕینی کاڵا و هاوردەکردنی لەو وڵاتەوە 677 ملیۆن دۆلار بوە کە بەراورد بە رابردو 27% کەمی کردوە. تورکیا ئاماژەی بەوە کردوە لە سێ مانگی ئەمساڵدا بڕی یەک ملیارد و 567 ملیۆن مەترسێجا غازی لە ئێران کڕیوە کە ئەوەش بەراورد بە سێ مانگی ساڵی رابردو 17% کەمی کردوە. ئێران لە سێ مانگی ساڵی رابردودا یەک ملیارد و 891 ملیۆن مەتر سێجا غازی بە تورکیا فرۆشتوە و ئەو بڕە لە ئەمساڵدا کەمی کردوە. بڵاوبونەوەی ئەو ئامارانە لە کاتێکدایە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
کەمال کلچدارئۆغلۆ رایدەگەیەنێت کە دوو حەفتە بۆ هەڵبژاردن ماوە و داوای کرد، کۆتایی بە زمانی قێزەون بهێندرێت کە دەسەڵات بەکاری دەهێنێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ کاندیدی هاوپەیمانی گەل (ئۆپۆزسیۆن) بۆ کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا نیگەرانی خۆی لەبەرامبەر دۆخی بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا پیشاندا و وتی، " دەبێت دەسەڵات دەست لە زمانی قێزەون بهێنێت. خەڵکەکەمان دەزانێت کە دەسەڵات بە یاری پیس و تاوانبارکردن دەیەوێت چی بکات. دەزانم لە ١٠ رۆژی بەر لەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت دەست بە کاری قێزەون دەکەن و پێیان دەڵێم کە عەقڵێکی باش بەکار بهێنن. کلچدارئۆغلۆ باسی ئەوەشی کرد، پێویستە دۆخێک بڕەخسێنرێت کە هاوڵاتیەکانمان بە زەردەخەنەوە بچنە سەر سندوقەکان و بە دڵێکی ئارام بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و دەڵێت، " ئیدی لە جەمسەرگیری بێزار بووین. دەمانەوێت بە راستی ئەم ماوەیە لە دۆخ و کەشوهەوای هەڵبژاردندا تێپەڕ بکەین. ئیدی پێویستە دەست لە نائارامکردنی وڵاتەکانمان هەڵبگرن." کەمال کلچدارئۆغلۆ ئاماژەی بە قسەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی دەسەڵات کرد کە هەڵبژاردنەکانیان وەک کودەتا لەقەڵەمدابوو و وتی، " دەڵێن هەڵبژاردن کودەتایە. لەدژی گەلەکەتان شەڕێکی وەک شەڕی ئۆهۆدیان دەست پێکردووە. گەلەکەمانتان وەک داگیرکەر بەناو کردووە و نازانم ئەمە چ هەڵوێستێکە! ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی راپرسیەکان باس لە شکستی ئەردۆغان و پارتەکەی لە هەڵبژاردندا دەکەن و میدیاکانی جیهانیش گۆمانیان لەوە هەیە کە ئەردۆغان بە ئاسانی دەسەڵات جێناهێڵێت.
کۆمپانیای کۆندا کە تایبەتە بە راپرسی و لێکۆلینەوەکان، راپرسیەکی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا ئەنجامدا کە بڕیارە هەڵبژاردنەکە ١٤ی ئایار بەڕێوە بچێت. بەگوێرەی راپرسیەکە دەنگی پارتە سیاسییە سەرەکییەکان بەم شێوەیە دەبێت: پارتی داد و گەشەپێدان ٣٦.٢٪ پارتی گەلی کۆماری ٢٤٪ پارتی باش ١٣.٧٪ پارتی چەپی سەوز ١٠.٣٪ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ٧.٤٪ ئەوانەی دیکە ٨.٥٪ هەروەها بەگوێرەی راپرسیەکە هیچ یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا ناتوانن، دەنگی پێویست بۆ سەرکەوتن بەدەست بهێنن و بۆیەش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دەکەوێتە خولی دووەم و ئەنجامیش بەم شێوەیە دەبێت. کەمال کلچدارئۆغلۆ (ئۆپۆزسیۆن) ٥١٪ رەجەب تەیب ئەردۆغان (دەسەڵات) ٤٩٪
رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کرد بۆ بەرەنگاربونەوەی ئێران و چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریا بۆمبی نوێ بەکار دەهێنرێت و فڕۆکەی جەنگیی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرێت. رۆژنامەی (وۆڵستریت جۆرناڵ) لە زاری سەرچاوەکانی و بەرپرسان و فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو سوپایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە رێژەی 50% زیاد دەکرێن و بۆمبی تایبەت بە سەنگەرشکێن بەکاردەهێنرێت. رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ئەمریکا بۆمبی 113 کیلۆیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری (وارتاگ) لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبەستێت کە بە ئامانجی تێکشکاندانی سەنگەر و وێرانکاریی حەشارگەکان و بڕینی ئەو شوێنانەیە کە لە ژێر زەویی بە مەبەستی سەربازیی دروست کراون. ژەنەڕاڵ ئەلێکسوس گرینکویچ، یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا رایگەیاندوە ئەو بۆمبانە بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازیی لە فڕۆکە جەنگییەکانی وارتاگ لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست بەکاردەهێنرێن و لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەشدا فڕۆکەی جەنگیی زیاتر رەوانەی ناوچەکە دەکرێت. رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵ جەختی لەوە کردوەتەوە کە ناکۆکییەکان و گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توندتر بوەتەوە و یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆماری ئیسلامی و هێرشکردنە سەر چەکدارانیەتی لە عێراق و سوریا.
بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا دابەزینی بەرچاو بەخۆیەوە بینی و پێشبینی دەکرێت لەگەڵ قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، بەهای دۆلار بەرامبەر تمەن بەردەوام بێت لە بەرزبونەوە. ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ کردنەوەی بازاڕەکانی دراو لە ئێران بەهای یەک دۆلار لەو وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 54 هەزار و 500 تمەن و حکومەتی وڵاتەکەش بەهای یەک دۆلاری بە نزیکەی 42 هەزار تمەن راگەیاندوە. سایتی (ئێقتیساد نیوز) لە ئێران بڵاوی کردوەتەوە؛ بەرزبونەوەی بەهای دۆلار لە کاتێکدایە 20 رۆژە ئەو جۆرە بەرزبونەوەیە روی نەداوە و پێدەچێت بە بڵاوبونەوەی هەواڵی ناکۆکیی و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزێت. لە چەند رۆژی رابردودا سوپای ئێران دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی لە دەریای عوممان راگەیاند کە هەڵگری نەوتی ئەمریکا بوە و دواتر ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرای کرد ئەمریکا پێنج رۆژ پێش ئەوەی سوپای ئێران دەست بەسەر ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرەدا بگرێت، ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێراندا گرتوە کە لە وڵاتی کوەیتەوە رێکەوتوە. لە لایەکی دیکەوە ئەمریکا رەتی کردوەتەوە بڕیاری دابێت لە ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور و لێدوانی حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان واشنتۆن و تاران بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک هاوڵاتیی (ئەمریکی-ئێران) لە لایەن کۆشکی سپییەوە رەت کراوەتەوە. بڵاوبونەوەی هەواڵی ناکۆکی و گرژیی نێوان واشنتۆن و تاران زیاترین کاریگەریی لە دابەزینی بەهای دراوی تمەن هەیە و بڕیارە دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکە لە لایەن سوپاوە، سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران توندتر بکرێنەوە.
ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەوروپا دادەبەزێت و فەڕەنسا هەناردەی بۆ ئەو وڵاتە بەرز دەکاتەوە. ناوەندی ئاماری ئەوروپا (یۆرۆستات) بڵاوی کردەوە؛ ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە دوو مانگی ئازار و نیسان بە رێژەی 9% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و بەهای ئاڵوگۆڕی ئەو دوو مانگە 761 ملیۆن یۆرۆ بوە. لە ئامارەکاندا ئاماژە بەوە کراوە؛ ئاستی هاوردەی وڵاتانی ئەوروپا لە ئێرانەوە 139 ملیۆن یۆرۆ بوە کە بەراورد بە دوو مانگی ئازار و نیسانی ساڵی رابردو 17% کەمی کردوە. ئێران لە ماوەی ئەو دوو مانگەی ئەمساڵدا بە بەهای 622 ملیۆن یۆرۆ کاڵای لە وڵاتانی ئەوروپا کڕێوە و هاوردەی کردوە کە ئەویش بەراورد بە ئازار و نیسانی ساڵی رابردو 7% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە. ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا کە زیاترین ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران هەیە لەو دوو مانگەدا رێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردوە. لە ئامارەکاندا دەرکەوتوە هەناردەی فەڕەنسا بۆ ئێران لەو دوو مانگەدا پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا بە رێژەی 34% بەرز بوەتەوە و بە بەهای 43 ملیۆن یۆرۆ کاڵای هەناردەی ئێران کردوە.
هاوڵاتی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا باڵیۆزخانەکەیان لە وڵاتی سعودیە دەکەنەوە و ئەو وڵاتەش دەست بە کارەکانی دەکاتەوە لە ئێران. لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە لوبنان حسین ئەمیر عەبدوڵا هیان وەزیری دەرەوەی ئێران وتی، رێککەوتننی نێوان سعودییە و ئێران بریتییە لەکردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا. هاوکات باسی لەوە کرد، ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتان بەگشتی و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەتایبەتی لەپێشینەی ئەرک و کارەکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەیەتی. وەزیری دەرەوەی ئێران سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە عێراق و عوممان رۆڵی گرینگ و ئەرێنییان هەبووە لە بەیەکگەیشتنی ئێران و سعوودییە و گەڕانەوەی پەیوەندییەکانیان. ئەوەشی خستەڕوو، تاران بە فەرمی بانهێشتی وەزیری دەرەوەی سعودیەی کردووە سەردانی وڵاتەکەی بکات. دەشڵێت، "پێشوازی لە بانگهێشتەکەی سعودیە دەکەم بۆ سەردانیکردنی ریاز." ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا عەلی شەمخانی سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و موسەید بن محەمەد ئەلعەیبان وەزیری دەرەوەی سعودییە و فانگ یی ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین لە پەکینەوە راگەیاندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی رێککەوتنی سعودیە و ئێران بڵاوکردەوە. دوو رۆژ لەمەوبەر رەزا فاتمی ئەمین، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی و کانزاکانی ئێران، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان وڵاتەکەی و سعوودییەی راگەیاند.
هاوڵاتی سەندیکای پزیشکانی سوودان ئاشکرای کرد کە بەهۆی دووبارە دەستپێکردنەوەی توندوتیژییەکانی شاری جونەینا سەر بە ویلایەتی دارفوری رۆژئاوای سوودان، دەیان کەس کوژراون. لەوبارەیەشەوە سەندیکاکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا هاتووە: "لە شاری جونەینا دووبارە پێکدادان دەستیپێکردووەتەوە. نەخۆشخانەی فێرکاری شارەکە تاڵان کراوە، بەهەمان شێوە بنکە تەندروستییەکان، دامەزراوە خێرخوازییەکان، دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بانکەکان رووبەڕووی تاڵان و سووتاندن بوونەتەوە". هەر لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە بەردەوامی "رووداوە خوێناوییەکان"دا دەیان هاووڵاتیی لە شاری جونەینا کوژراون و برینداربوون بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی رەوشی ئەمنی و بەردەوامی پەلامارەکان بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی، نەتواندراوە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان دیاری بکرێت. - "جگە لە ویلایەتی دارفوری رۆژئاوا رەوشەکە لە هەموو ویلایەتەکان جێگیرە" سوپای سوودان رایگەیاند، جگە لە پێکدادانی خێڵەکانی ویلایەتی دارفوری رۆژئاوا، رەوشی هەموو ویلایەتەکانی دیکە جێگیرە و بەرپرسانی ناوچەکەش لە هەوڵدان بۆ وەستاندنی پێکدادانی نێوان خێڵەکانی ئەو ویلایەتە. راگەیاندنەکانی ناوخۆی سوودان، هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە بەهۆی پێکدادانی سێ رۆژەی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، لە شاری جونەینا لانیکەم ٩٠ کەس کوژراون. دواتریش ئەم پێکدادانە گۆڕاوە بۆ شەڕی نێوان هۆزی ماسالیت و هۆزە عەرەبەکانی دیکە و چەکی قورسیش لە پێکدادانەکاندا بەکارهێندراوە.
ئێران رێوشوێنەکانی سەپاندنی سەرپۆش توند دەکاتەوە و رێکخراوێکی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکات ژمارەیەک ناوەندی بازرگانیی و دوکان و بازاڕ و رێستۆرانت لە چەند پارێزگاکەیەک داخراون. رێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردەوە؛ لە تاران و پارێزگاکانی (لوڕستان، کۆهگیلۆیە و بۆیرئەحمەد، ئازەربایجان، مازەندەران، هەمەدان) لانیکەم 53 شوێنی بازگانیی داخراون و 3270 کورتەنامەی ئاگادارکردنەوە بە بیانوی رەچاونەکردنی سەرپۆش بۆ شۆفێران نێردراوە. زۆربەی ئەو شوێنانە مۆڵ و رێستۆرانت و دەرمانخانە و مارکێت بون کە بە بیانونی پابەندنەبون بە یاساکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرپۆشی بە ناچاریی خانمان لە شوێنە گشتییەکان، داخراون. ئەو رێکخراوەیە ئاماژەی بەوە کردوە؛ ناوەندێکی بازرگانی (ئۆپال) لە شاری تاران کە زیاتر لە هەزار کارمەندی هەبوە بە بیانوی رێگەدان بە کەسانی بێسەرپۆش داخراوە. شارەزایانی یاسایی لە ئێران ئاماژەیان بەوە کردوە بە پێی یاساکانی ئەو وڵاتە سەرجەم داخستن و کلۆملکردنی ئەو شوێنە بازرگانیانە بە بیانوی نەبونی سەرپۆشی خانمان نایاساییەوە و کاسبکاران دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن و داوای قەرەبو بکەنەوە.